کورتەیەک دەربارەی تراجیدیا… نوسینی: ئاراس سەعید

وشەی “تراجیدیا- trageady” وشەیەکی لاتینییە، سەرچاوەی ئەم وشەیە دەگەڕێتەوە بۆ زمانی لاتینیی کلاسیک. لە ڕووی زمانەوانییەوە لە دوو بڕگە پێکهاتووە، ئەوانیش: “tragos – بزن” و “oide – سروود”،
هەردوو بڕگەکە پێکەوە بە واتای “سروودی بزن” دێت.
لە یۆنانی دێرییندا، “سروودی بزن” بەو مەراسیمە ئاینییە گوتراوە، کە یۆنانییەکان سروتە ئایینیەکانیان خوێندووەتەوە و بزنیان بۆ خوداوەندەکانیان کردووە بە قوربانیی، یان بەو بۆنە ئاینییانە دەگوترێت کە گۆرانییان تێدا گوتووە و ڕوخساریان بە پێستی بزن داپۆشیوە[1].
“ئیلیز” لە کتێبی (ئەسڵی تراجیدیای یۆنانیی و شێوەی یەکەمی تراجدیدیا)دا، ئەوەی ڕەتکردووەتەوە، کە تراجدیدیا بە واتای “سروودی بزن” بێت، بەڵکو (تراجیدیا نازناوی ئەو کەسانە بووە کە لە تراجیدیادا پێشبڕکیانکردووە و خەڵاتی براوەی کێبڕکێکە بزنێک بووە [2]).
دەکرێت بەم جۆرە پێناسەی چەمکی تراجیدیا بکەین: (بەو مەڕاسیمە ئاینییانە دەگوترێت کە مرۆڤ قوربانیی پێشکەشی خوداوەندەکان کردووە).
تراجیدیا دیاردەیەکی یۆنانیی پەتییە و چەکەرەکردنی تراجیدیا لە دەرەوەی کولتووری یۆنانییدا، هەتا ڕادەیەک ئەستمە.
یۆنانییەکان ئەفرێنەری تراجیدیا بوون، ئەفسانەکانی یۆنان لە چوارچیوەی تراجیدیا دەخولێنەوە وەکو: شەڕی خوداکان و ئەهریمەنەکان، ئەفسانەی باوککوژیی، ململانێی لەگەڵ ئازار مەینەتیی و ململانێ لەگەڵ چارەنووس.
لە زمانی عەرەبییدا بەرانبەر وشەی تراجیدیا کەڵک لە وشەگەلێکی وەکو (فاجعة، مأساة، حزن) وەرگیراوە. لە زمانی کوردییشدا کەڵک لە وشەگەلی وەکو: (ڕوداوی دڵتەزین، کارەسات، مەرگەسات، غەم و ناسۆر) وەرگیراوە.
“ئەرستۆ” لە کتێبی “هونەری شیعر”دا بەم شێوەیە باسی تراجیدیا دەکات: (تراجیدیا بە تەنها لاساییکردنەوەی کردنەوەیەکی تەواو نییە، بەڵکو ترس و بەزەییش دەوروژێنێت. ئەم کارتێکرنەیش ئەو کاتە سەرهەڵدەدات، کە ڕوداوەکان بەبێ ئەوەی چاوەڕوانبکرێن، ڕوبدەن و بەدوای یەکدا بێن[3]).
واتا: تراژیدیا بریتییە لە نمایشکردنی زنجیرە ڕوداوێکی چاوەڕواننەکراو، کاریگەریی لەسەر دەرونی بینەر بەجێدەهێڵێت، وەکو: مەرگێکی چاوەڕواننەکراو، ئازار، نەگەیشت بە ئامانجێک و… هتد.
“شۆپنهاوەر” بەم جۆرە پێناسەی تراجیدیای یۆنانیی دەکات:(بریتییە لە ڕەهەندی سامناک و ترسێنەری ژیان. لەم ڕووەوە ئازار و مەینەتیی ئادەمیزاد، باڵادەستیی ڕێککەوت و هەڵەکان، بەقوربانییکردنی “حەق” لە بەرپێی “هێز”دا، باڵادەستیی ئەهریمەن بەسەر هێزە دادخوازەکان و بە گشتیی زاڵبوونی ئەو لایەنانەی “بوون” وا ڕاستەوخۆ لەگەڵ خواست و ئیرادەی ئێمەدا دژ و پێچەوانەدێنەوە، هەموویان بەسەریەکەوە ڕەهەندە بنەڕەتییەکانی تراجیدیا پێکدەهێنن[4]).
تراجیدیا هەمیشە چارەنووس لە خۆشبەختییەوە بەرەو ئازار و مەینەتیی دەبات، حەق لە بەرپێی هێزی ناهەقدا، شکستدەهێنێت و زۆربەی تراجیدییەکان بە مەرگی کارەکتەر کۆتاییدێت. بۆ نموونە: چارەنووس ئۆدیب لە لوتکەی خۆشگوزەرانیی و دەسەڵاتدا بەرەو ئازاری ویژدان و لەدەستدانی چاوەکانی و خۆکوشتنی دایکی دەبات.
تراجدیا کۆمەڵە ڕوداوێکی ترسێنەر و سامناکە، لەبارەی ئازار و مەینەتییەکانی مرۆڤەکانەوە، کە لایەنە نێگەتیڤەکانی ژیان بەسەریدا زاڵە.
“واڵتەر کاوفمان” بەم جۆرە پێناسەی تراجدیا دەکات: (بریتییە لە زنجیرە ڕوداوێکی پڕ لە ناسۆر و مەینەت ڕووبەڕووی خوداوەندەکان و کەسانی پاڵەوان دەبێتەوە[5]).
واتا: کارەکتەرە تراجیدییەکان کەسانی ئاسایی نیین، بەڵکو توناکانیان لە توانای مرۆڤی ئاسایی بەدەرە. ئەوانەی کارەکتەری ڕوداوە تراجدییەکانن، یان خوداکانن، یان پاڵەوانەکان مەرج نییە، بە تەنها پاڵەوانی تراجیدیا تاکەکەسێک بن، زۆر جار پاڵەوانەکان کۆمەڵە کەسێک، یان مەملەکەتێکن.
———————————————————————-

  1. ویکبیدیا، الموسوعة الحره، المأساه
  2. حسێن لەتیف: ڕوانینێک لە تراجدیدیا، چاپخانەی ڕۆژهەڵات چاپی یەکەم، 2018.
  3. ئەڕستۆ: هونەری شیعر (پۆیەتیكا ) ، و. محەمەد كەمال، دەزگای چاپ‌و پەخشی سەردەم ، چاپی یەکەم، سلێمانی 2010.
  4. Schopenhauer, The World as Will and Representation. New York: Dover Press. 1966..
  5. والتر كاوفمان، ترجمه؛ كامل يوسف، التراجيديا والفلسفة، المؤسسة العربية للدراسات و النشر، سنة ١٩٩٣.ص٥٨



ئەنفالی بارزانییەکان… موحەممەد گەڵاڵەیی*

بارزانییەکانیش کوردن و برای ئێمەن و ئێمەیش برای ئەوانین، بۆ بەندە بەشێک لە خوێندکارەکانم دانیشتوی ناوچەی بارزانن و یان خەڵکی ئەو ناوچەیەن کەسی بەرێز و بەتوانان، ھاوپۆلەکانم لە قۆناغی سەرەتایی، ناوەندی، ئامادەیی و زانکۆدا بەشێکیان بارزانی بون تا ئێستایش ھەندێک لەو ھاوپۆلانە بەردەوام لە پەیوەندیداین چ وەک ھاوڕێی جاران و مامۆستایەتیی لە زانکۆ، ھەندێک لە ھاوپیشەکانم لە قۆناغی مامۆستایەتیی ئامادەیی و ئێستای زانکۆدا بارزانین، دراوسێ و دۆستی بارزانیمان ھەبوە و ھەیە کەسی بەوەفا و قەدرگرانن، نایشارمەوە خۆشی و ناخۆشیشان پێکەوە ھەبوە.
لە سەرەتای ھەڵایسانی شۆڕشی ئەیلولدا و بەتایبەتی لە ساڵی ١٩٦٣ بارزانییەکان ھاتنە ناوچەی باڵەکایەتیی و گەڵاڵە، لە ئەنفالی بارزانییەکاندا لە ئۆردوگای دیانا لە ١٩٨٣ مام حاجی شەفیعی ماوانێ سێ بارزانی ھێنابونە ماڵی باوکم (حاجی ئەحمەد ئاغای گەڵاڵێ) لە کۆمەڵگای گەڵاڵە و چەند ڕۆژێک مابونەوە و دواتر مامی کۆچکردوومان ھەزار ڕەحمەتی لێبێ (مام مارف) چەند قاتە جلوبەرگی خۆی پێدابون و گەیاندبونییە دەستی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، وەک دەگێڕنەوە کارەساتێکی گەورە بوە، چونکە خەڵکی کۆمەڵگاکانی گەڵاڵە و دیانا کە لە خەڵکی گەڵاڵە، دۆڵی ڕوستێ وبارزانییەکان و موھاجیرەکان و برادۆستیەکان پێکھاتبو، مەزەندەی ئەوەیان کردبو کە دوای بارزانییەکان، نۆبەتی ئەوانیش دێت، بۆیە ئەوەی لە توانایان دابوە لە رزگارکردنی بارزانییەکان(بەتایبەتی پیاوەکانیان)لەدەستی گاردی کۆماری کردوویانە، دواتریش وەک کەسوکاری خۆیان مامەڵەیان لەگەڵ کەسوکاری ئەنفالکراوان کردوە، خەڵکی باڵەکایەتیی بەگشتی لە ئۆردوگاکانی دیانا، حەریر، قوشتەپە و سێبیران ھاوسۆز و ھاوکاری کەسوکاری ئەنفالکراوان بونە.
ھەقە لێرەیش، دوو ھەڵوێستی جوامێرانەی جەنابی مام جەلال تاڵەبانی و کاک نەوشێروان موستەفا ئەمین، بیری خەڵکی کوردستان و برا بارزانییەکان بخەینەوە کە لەو کارەساتەدا چ ھەڵوێستێکی نیشتمانیان ھەبوە:

یەکەم: مام جەلال لە کتێبی دیداری تەمەن؛ باسی یارمەتیدانی خێزانەکانی کەسوکاری ئەنفالکراوانی بارزانی ئەکات لەڕووی مالییەوە لە دوای ساڵی ١٩٨٣ و دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی سەرکردایەتیی بەرەی ی.ن.ک. ھەروەھا لە وتاری سوورداش و گفتوگۆکانی ی.ن.ک لەگەڵ حکومەتی بەعس دا جەنابی مام جەلال لە پێش ھەزاران کەس داوای ئازادی و چارەنووسی بێسەروشوێنکراوانی بارزانی کرد، لەوکاتیشدا ھیچ ڕێککەوتنێک لە نێوان حزبەکانی کوردستان دا نەبو و کە ی.ن.ک چوبوە گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی عێراق لە ژێر فشارێکی گەورەی ھێزە دژبەرەکانی ناوخۆی کوردستان دابو.
دووەم: کاک مەسعود عەبدولخالق ئەگێڕێتەوە، کە دوای گەیشتنی زانیاری بە کاک نەوشێروان موستەفا ئەمین کە سکرتێری کۆمەڵەی ڕەنجدەرانیش بوە لە ناو بەرەی ی.ن.ک دا کە سەرۆک جاشێک لە ئۆردوگای قوشتەپە ئەیەوێت زوڵم لە کەسوکاری ئەنفالکراوانی بارزانیەکان بکات، ڕاستەوخۆ فەرمان دەرئەکات بەناردنی مەفرەزەیەک بۆ دەشتی ھەولێر بە سەرکردایەتیی شەھید شەوکەتی حاجی موشیر ومەسعود عەبدولخالق، بۆ تەمبێکردنی ئەو سەرۆک جاشە و چاودێریکردنی ڕەوشی ئۆردوگای قوشتەپە و کەسوکاری ئەنفالکراوان.
بۆیە ڕووم لەخەڵکی کوردستان، دۆستان، خزمان و ھاوڕێیانە، کە پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسیەکان ھەر چۆنێک بێت، دواجار ئەوان لەسەر یەک مێزی گفتوگۆ و بەرژەوەندییەکان کێکەکە لە نێوان خۆیان بەش ئەکەن و پێک دێن جا بە ڕێگەی شەڕ یان ئاشتی بێت، بەڵام ئەوەی گرنگە خەڵکی کورد، برایەتیی و ھاونەتەوەیی و ھاوسۆزییان لەکاتی لێقەومان و کارەساتە نیشتمانییەکان و بۆنە و یادە تراژیدیەکانی وەک ئەنفال و کیمیاباران ببپارێزن.
لەلای بەندە؛ ئەنفالی فەیلەییەکان، بارزانییەکان، گەرمیانیەکان، بادینان، کیمیاباران، ڕاگواستن و سووتماککردنی خاکی کوردستان، تاوانی تەعریب و کاولکردنی کوردستان، لە سێدارە دراوەکان و زیندانیانی سیاسی و پێشمەرگە دێرینەکان و شەھیدەکان و کەمئەندامانی سەنگەر، ئەمانە ھەمویان ئیعتبارێکی مێژوویی و نیشتمانی مەزنیان لەلای من ھەیە، لەسەرووی ھەمو ئیعتبارێکی سیاسی و شەخصی دان.
خوای گەورە ڕۆحی ھەمو ئەنفالکراوانی کوردستان لەبەھەشی پڕ نووری خۆیدا جێگەداریان بکات، سەبووری و دڵنەوایی کەسوکارەکانیان بکات.
*مامۆستا له‌به‌شی مێژووی فاكه‌ڵتیی ئاداب له‌ زانكۆی سۆران.




فەقێ کە نەبوو بە مەلا، لە حوجرەدا دەمێنێتەوە!.. وەڵامێک بە ئیرەجی فەرزاد… کامل احمد

“شەهید سامان ئەم کاتەت باش، بەڕاستی دوای تیرئەندازییەکەی ئیرەجی فەرزاد، تۆمان لە دەستچوو، بەداخەوە. ئەرێ بە ڕاست هەواڵی ئەو دونیا چییە؟ بەهەشت، دۆزەخ، حورییەکان و ….؟ ئەڵێم لە بیری نەکەیت کە بە و برادەرە بڵێیت جیهانی نا مادی هیچی ڕاست نییە و خۆی هەڵنەخەڵەتێنێت و دوای شتی میتافیزیکی و سەروو سروشتی نەکەوێت. نا هەر ئەوەندەو بەس. کاتێکی خۆش”.
بەڕاستی من لە دەستپێکی ئەم وەڵامە کورتەمدا دەمەوێت بە ئیرەجی فەرزاد بڵێم هەتا دەکرێت و دواکەوتوویی هەبێت، دواکەوتووە. لە سەروو واقیع و کۆمەڵگەوەیە و پای لە کەشکەلانی فەلەک دەخوولێتەوە. من وەڵامی ڕق و کینە و فەرهەنگە دواکەوتوو و ناسیۆنالیستانەکەی ئەو نادەمەوە. ناسیۆنالیزمێک کە خۆی بە ژێردەستە دەبینێت و خەو بە سەربەخۆیی یەوە دەبینێت، بێ ئاگا لەوەی مێژوو سەربەخۆیی لەگەڵ خۆی بردووە.
ئیرەجی فەرزاد لە وەڵامەکەیدا دەیەوێت شتێکی پایەیی بە ئێمە بڵێت ئەویش ئەوەیە کە فیکر و پراتیکی مەنسور حیکمەت دوو شتی جیاوازن. پێمان دەڵیت “بە نظر من…… برای “اعلام برائت” از مبانی کمونیسم کارگری “آویزان” نشود” بۆچی؟! . مەسەلەکەی ئەوەیە کە خوداو پەیامبەرەکان دەبێت لە زمینەی مادی و سروشتی دووربخرێنەوە، ئەگەر نا تیۆری غەیبی چەسپی پێکەوەلکانی خۆی لە دەست دەدات. دەیەوێت مەنسور حیکمەت وەکو “خوا” نیشان بدات و وەک کەسێکی موقەدەس لە شوێنێکدا دایبنێت کە هیچ کەس بۆی نییە ڕەخنەی لێبگرێت. لە سەروو ئەحزابی کۆمۆنیزمی کرێکارییەوە، لە حالێکدا خۆی حزبەکانی دروستکردووە و ١١ ساڵی ڕەبەق بەرپرسی یەکەمی هەموو کار و سیاسەتەکانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێران بووە.
ئیرەجی فەرزاد لەم هەوڵەی دا نەک هەر سەرکەوتوو نەبوو، بەڵکو دەقاودەق ئەو ڕەخنانەی ئێمە دەسەلمێنێت. ئەو بە بێ ئەوەی بە خۆی بزانێت دووچاری ئەو تەناقوزە گەورەیە بووە کە دەیەوێت کەﻟلەکە لە پاکە جیابکاتەوە. دیارە ئیرەجی فەرزاد بیری چووە کە جگە لەوەی مەنسور حیکمەت خۆی دامەزرێنەری کۆمۆنیزمی کرێکاریی یە، بەڵکو وەک ڕابەری ئەو ڕەوتەش زیاتر لە ١١ ساڵ بە عەمەلی خەریکی بردنەپێشەوەی ئەو جۆرە لە بۆچوونەکانی خۆی بووە و بە هەموو شێوازێکیش هەوڵی داوە کە فیکر و عەمەلی خۆی جووت بکات و ئەوەی بیری لێدەکاتەوە لە مەیدانی عەمەلیشدا جێبەجێی بکات. پێدەچێت تۆ بیرت چووبێتەوە کە کە یەکێک لە ڕابەرانی بردنەپێشەوەی ئەم خەتە فیکرییە بوویت و هەوڵیشتداوە کە بە عەمەلی دەریبهێنیت لە پاڵ مەنسور حیکمەت دا؟! بە مانەیەکی تر تۆ دەتەوێت لە هەوڵێکی نەزۆکانەدا پراکتیک و تیۆر لە یەک جیابکەیتەوە. کەواتە ئەگەر ڕەخنەیەک هەبێت بەر لەهەر کەس و حزبێک لە “کەﻟلەکەیە” نەک لە “پاکە” و بەم مانایەش لە مەنسور حیکمەتە. کێشەکە لە خودی ئەم بیرکرنەوە و تیۆری حزبیەکەدایە کە ئەو پراتیکانەی بە شوێن خۆیدا هێناوە، نەک بە پێچەوانەوە گوایە شوێنکەوتووانی نازانن پراکتیک بکەن. ئەی باشە ئەو ١١ ساڵەی کە هاوڕێ مەنسور حیکمەت خۆی کەسی یەکەمی حزب بووـ چی لێهات؟!. سەرنج دان لە مانیفێستی کۆمۆنیست و لە جیاوازی نێوان ئەحزابی کۆمۆنیستی و پڕۆلیتاری دەتوانێت بە ڕۆشنی ئەوەمان نیشانبدات کە حزب پایەیەکی کۆمەڵایەتی یەو جیاکراوە نییە لە چینی کرێکار. ئەمە ئەو هەڵەیەیە کە تۆ تێیکەوتوویت. مارکس و ئەنگلز لە مانیفێستدا دەڵێن:
“كۆمۆنیستەكان، حزبێكی جیاواز بەرانبەر باقی حزبەكانی چینی كرێكار پێك ناهێنن. ئەوان، هیچ بەرژەوەندییەكی تایبەتی و جیاواز لە بەرژوەندی كارگەرانیان نییە. ئەوان لە خۆوە هیچ چەشنە شێوازێكی گرووپی ناهێننە كایەوە كە بزووتنەوەی كارگەری پێ بخەنە قاڵبەوە. جیاوازی كۆمۆنیستەكان، لەباقی حزبەكانی چینی كرێكار تەنیا لەوەدایە كە:

  1. لە خەباتی نەتەوەیی پرۆلیتاریای وڵاتانی جۆراوجۆردا، ئەوان، لە هەر نەتەوەیەك بن، بەرژەوەندی هاوبەشی هەموو چینی كرێكار دەبینن و دەیخەنە پێشچاو.
  2. لەو پلە جۆراوجۆرانەی پێشڕەوی و هەڵداندا كە خەباتی چینی كرێكار دژی بۆرژوازی دەبێت لێی تێپەڕبێت، ئەوان هەمیشەو لە هەر شوێن قازانج و مەسڵەحەتی سەرتاپای بزووتنەوەكە بە تێكڕا، دەخەنە بەرچاو.”
    بۆیە ئەگەر ڕەخنەیەک هەبێت، ئەوا ڕووی ڕەخنەکە لە مەنسور حیکمەتە بەر لە هەر کەسێکی تر و بەر لەو حزبانەی سەر بەو بزووتنەوەیەن. ئەو ڕابەر و دامەزرێنەر و خەتدەر و هەوڵدەربوو بۆ بە پراکتیک دەرهێنانی ئەو جۆرە لە حزب کە حزب لە شوێنێکە و پڕۆلیتاریا و چینی کرێکار لە شوێنێکی تر و دەیویست بزووتنەوەی کرێکاری بخاتە ئەو جۆرە لە قاڵبەوە و بە بێ ئەوەی پڕۆلیتاریا و ڕابەرانی لە مەیداندابن حزبیان بۆ پێکدەهێنرێت و دواتر بانگەواز دەکرێن کە ئەم خەتە قبووڵ بکەن. ئەمە دەقاو دەق پێچەوانەی مانیفێست و بۆچوونی مارکسە بۆ بنیاتنانی حزبی پڕۆلیتاریا.
    ئیرەجی فەرزاد لە خەڵوەتدایە و هێشتا ناتوانێت لەوە تێبگات کە ئەگەر ئەو حزبە پڕۆلیتێری بوایە و هەڵقوڵاوی ناو کێشمەکێش و نەبەردە چینایەتیەکانی کرێکاران بوایە و حزبێکی کۆمەڵایەتی بوایە و جیاکراوە نەبوایە لە چینی کرێکار، ئەوە بە دڵنیاییەوە هەموو ئەو ئینشقاق و جیابوونەوانەی کە ئاوها بە ئاسانی ڕوویاندا، بە ڕۆشتنی خۆشتەوە، ئاوها بە ئاسانی ڕوویان نەدەدا. پڕۆلیتاریا هەزار و یەک حساب دەکات لە هێزهاوسەنگی و لە یەکلاکردنەوەی نەبەردە چینایەتییەکانی خۆیدا و بە ئاسانی دەستبەرداری نە حزب و نە خەباتەکەی خۆی نابێت.
    لە کۆتاییدا دەمەوێت بڵێم کە بە دڵنیایی یەوە هیچ بارانێک بێ هەور نییە. ئەوە تۆی کە ئاگات لێ نییە. بڕۆ تێزەکان بخوێنەرەوە و باسە پایەیی یەکانی ئێمە بخوێنەرەوە، ئەو کات دەزانیت ئێمە چی دەڵێین. هەرکەس دەیەوێت ئاڕاستە و مێتۆدی بیرکردنەوە و پراکتیکی ئێمە بزانێت ئەوا دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ باسەکانی ئاڕاستەی مارکسیستی هاوچەرخ، بڕۆ تێزەکان بخوێنەرەوە. تۆ لە حوجرەدا نایەیتە دەرەوە خەتای ئێمە چیە؟!
    لە ڕاستیدا مەوقعیەتی تۆ چییە کە ئەم ڕەخنانە دەگریت؟! ئەوە تۆی کە دەبێت لە ئاسمانەوە بێیتە سەر زەوی نەک ئێمە. نموونەی بێ پرەنسیپی و بێ فەرهەنگی سیاسی و دواکەوتوویی تۆی کە نازانیت پلیمیکی سیاسیش بکەیت. ئەوە تۆی کە بێ پەروا دەتەوێت فیکر و پراتیکی مەنسور حیکمەت لەیەکتر جیابکەیتەوە و بڵێیت کە تۆ هەڵگری فیکری ئەویت. ئەوە بزانە فیکر و پراتیکی مەنسورحیکمەت لەیەک جیاناکرێتەوە و ئاوێتەی یەکترن. ناکرێت حەرەکەتەکە نامارکسیستی وناپرۆلیتێری بێت و فیکرەکە تەواو بێت. ئەوەی تۆ دەیکەیت تەنها ئایدۆلۆژیەتە و تۆ خۆت کردووە بە نوێنەری مەنسور حیکمەت و لە هیچ شوێنێکیشەوە دیار نیت! بمبەخشە کە پێت بڵێم تۆ وەک ئەو فەقێیەت بەسەرهاتووە کە ناتوانێت ببێت بە مەلا و بۆ هەتا هەتایی بە فەقێیی دەمێنێتەوە لە حوجرەدا.

    کامل احمد
    kamil.ahmed.f@gmail.com
    ٣٠ ی تەموزی ٢٠٢٢




حیجابی بەبێ حیجاب!… دیمانەی کەیوان جاوید لەگەڵ حەمید تەقوایی

وەرگێڕانی بۆ کوردی: کاوە عومەر
لەسەر بنەمای چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کەناڵە جەدید ئامادەکراوە

کەیوان جاوید: کۆماری ئیسلامی ٢١ی ئازار وەک ڕۆژی حیجاب و پاکیزەیی ڕاگەیاند و ڕووبەڕووی کاردانەوەی توند و بەربڵاوی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز بووەوە. هه ڵسه نگاندنتان بۆ ئه م كرده وه ی كۆماری ئیسلامی و هێرش بۆ سه ر خه ڵك چییه ؟

حەمید تەقوایی: هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ژنان و توندی لەمەڕ جلوبەرگی ژنان و حیجاب هەمیشە کردار و زەمینەیەک بووە بۆ هێرشکردنە سەر هەموو کۆمەڵگا. حکومەت بۆ ترساندنی هەموو کۆمەڵگا، بۆ بێدەنگکردنی هەمووان، هێرش دەکاتە سەر ٥٠٪ی کۆمەڵگا. کۆماری ئیسلامی لە چەند مانگی ڕابردوودا ڕووبەڕووی دەریایەک لە ڕق و تووڕەیی خەڵک بووەتەوە و لە بەرامبەر ئەم هەلومەرجانەدا هەوڵ دەدات بە هەر ڕێگەیەکی مومکین ناڕەزایەتییەکانی خەڵک سنووردار بکات و کۆمەڵگا ترساندن و پاڵنانی بۆ دواوە. یەکێک لەو شێوازانە قامچی لێدانی ژنان و دەستدرێژیکردنە سەر ژنانە. بەڕای من هۆکاری ئەوەی کە ئەمساڵ ٢١ی ئازاری وەک ڕۆژی پاکیزەیی و حیجاب ڕاگەیاند و هەوڵیاندا ژنان بخەنە ژێر هەموو جۆرە فشارێکەوە لە شەقام و ئۆفیس و شوێنی کار و هەموو شوێنێک بەهۆی حیجاب بەستن یان حیجاب نەبەستنەوە، یەکێک بوو لە کردەوەی نائومێدی، کە لە ئەنجامدابە هیچبەشوێنێکیش نەگەشتووە. توڕەیی و ڕق و کینەی خەڵک بەرامبەر بە حکومەت و ئاستی ناڕەزایەتیی چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگەو بەتایبەت ژنان قووڵتر و فراوانترە لەوەی کە حکومەت بتوانێت بەم جۆرە ڕێکارانە پاشەکشە بەخەڵک بکات. بە پێچەوانەوە ناڕەزایەتیەکان شەڕانگێزتر و چەقێنەرتر دەکات. رێک ئەمەیە لەگەڵ حیجابدا روویدا. هەرخۆی ڕاگەیاندنی ڕۆژی حیجاب و پاکیزەیی بەس بوو بۆ ئەوەی بزووتنەوەی دژ بە حیجاب و دژی بێ مافی ژنان بەگشتی بگاتە بەرزایییەکی نوێ و بەرفراوانتر و هێرشبەرانەتر لە جاران بێتە مەیدان.

کەیوان جاوید: حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری هەمیشە خەباتی کردوە لە دژی حجابێکی زۆرەملی کە کۆماری ئیسلامی سەپاندویەتی بەسەر ژناندا.ئایا ئیوە دژی حجابی ئیجبارین یان هەر دژی خودی حجابی ئیسلامیشن؟

حەمید تەقوایی: ئێمە دژایەتی هەردووکیان دەکەین، بەڵام ئەم دژایەتییە لە دوو مەیدانی جیاوازی خەباتدا ڕوودەدات. لە لایەنی یەکەمەوە، واتە حیجابی بەزۆر داسەپاو، دەمانەوێت ئەم یاسایە هەڵبوەشێتەوە و حیجاب ئیجباری نەبێت. ئێمە لەگەڵ بێ حیجابی ئیجباری نین، بەڵام دژی حیجابی ئیجبارین و پێمان وایە ئەمە هێرشە بۆ سەر مافی ژنان و پێویستە هەڵبوەشێتەوە. بزووتنه وه ی دژ به حیجاب بزووتنه وه یه که به هه مان داواکاری بۆ هه ڵوه شاندنه وه ی حیجابی ئیجباری له یه که م مانگی هاتنه سه رکاری ڕژێم ده ستی پێکرد. لە ٨ی ئازاری ١٩٧٩ کە هێشتا حکوومەت تەمەنی نەگەیشتبووە یەک مانگ، کاتێک خومەینی فەرمانێکی دەرکرد کە تێیدا حیجابی ئیجباری کردبوو، یەکەم و گەورەترین ناڕەزایەتی دژی کۆماری ئیسلامی ڕوویدا. دەیان و سەدان هەزار ژن و پیاوی ئازادیخواز لە دژی حیجاب هاتنە سەر شەقامەکان بە دروشمی “ئازادی نە رۆژهەڵاتی و نە رۆژئاواییە، جیهانییە” و “بۆ گەڕانەوەمان بۆ دواوە شۆڕشمان نەکرد”. ئه‌مه‌ بزوتنه‌وه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ که‌ تا ئه‌مڕۆش به‌رده‌وامه‌ و حیزبه‌که‌مان هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ دژی حیجابی ئیجباری بووه‌ و له‌ دژی شه‌ڕی کردووه‌
ئەمە یەکێکە لە لایەنەکانی بابەتەکە. لەلایەکی ترەوە ئێمە دژی حیجابی ئیسلامین وەک زەلیلکردنی ژنان و سەیرکردنی ژنان وەک کەلوپەلی سێکسی. حیجاب خۆی واتە ژن بە کۆیلەی سێکسی دادەنرێت. لە ڕاستیدا حیجاب پێچێکی ئایینییە بۆ ئافرەت بەجۆرێک کە تەنها خاوەن کاڵاکە دەتوانێت بەکاری بهێنێت، واتە ئەو پیاوانەی کە بۆیان حەڵاڵکراوە. داوای لێبوردن دەکەم کە ئەم وشانە بەکار دەهێنم، بەڵام ئەمە فەلسەفەی ئیسلام و حکومەتی ئیسلامییە. لە ئیسلامدا ژن شوناسێکی سەربەخۆی نییە؛ لە ژێر سەرپەرشتی پیاوانی بنەماڵە، باوک، برا یان مێرددایە و لە لایەکی دیکەشەوە بە هۆکاری گوناه و لادانی پیاو دادەنرێت. بۆیە بە بۆچوونی ئیسلام پێویستە حیجاب بهێڵێتەوە بۆ ئەوەی لە چاوی ئەو پیاوانە بپارێزرێت کە سەرپەرشتیاری یاسایی ئەو نین! مافی مێرد بۆ بەکارهێنانی تایبەت بە ژن خۆی لە حیجابدا نیشان دەدات. لە عەقڵی بەبەردبوو و نەخۆشی مەلای فەرمانڕەوا و مرۆڤە ئاینییەکاندا، جەستەی ژن هۆکارێکە بۆ خراپەکاری، دەبێتە هۆی وەسوەسەی پیاوان و گەندەڵی پیاوان، هەربۆیە دەبێ لە حیجابێکدا داخراو بمێنێتەوە بۆ بەکارهێنانی تایبەتی ئەوانەی کەبۆیان حەڵاڵ کراوە! ئەمە تەواوی فەلسەفەی حیجابی کۆماری ئیسلامییە و بەم مانایە ئێمە وەک سیستەمێکی فکری و بەهایی، لە بنەڕەتدا دژایەتی فەلسەفەی حیجاب دەکەین. لە کاتێکدا ئێمە پێمان وایە دەبێت لە ڕوانگەی یاساییەوە حیجابی ئیجباری هەڵبوەشێتەوە، بەڵام دەمانەوێت لە ڕێگەی خەباتی کولتووری و هۆشیاری و ڕۆشنگەرییەوە ڕەگ و ڕیشەی حیجاب لە کۆمەڵگا هەڵبکێشین. حیجاب لە ڕاستیدا قەفەسێکی جوڵاوە بۆ ژنان، واتە دیواری ئاپارتایدی سێکسی و جیاکردنەوەی ژن و پیاوە لە کۆمەڵگادا و بەو پێیەش ئێمە لە بنەڕەتدا دژی حیجابی ئیسلامین. بەڵام ڕێگای بەرەنگاربوونەوەی ئیگۆی حیجاب ئەوەیە کە بێ حیجاب ڕۆشتنی ناچاری نییە، بەڵکو ڕۆشنگەری و هۆشیارییە.
با ئەوەش بڵێم کە ئێمە پێمان وایە پێویستە حیجابی منداڵان بە شێوەیەکی یاسایی قەدەغە بکرێت. حیجابی منداڵ، چ خۆبەخش بێت یان ناخۆبەخش بێت، پێویستە قەدەغە بکرێت، چونکە هێشتا منداڵەکە نەگەیشتووەتە تەمەنی هەڵبژاردەیی. منداڵان هیچ ئایینێکیان نییە. منداڵەکە هێشتا نەگەیشتووەتە ئەو تەمەنەی کە ئاینەکەی خۆی هەڵبژێرێت یان غەیرە ئایینەکەی، یان حیجاب بپۆشێت یان نا. حیجابی منداڵ دژایەتی ژیانی خۆش و چالاک و یاریکردن و وەرزشی کچان دەکات. بۆیە جگە لە هەڵوەشاندنەوەی حیجابی ئیجباری، پێویستە حیجابی منداڵانیش قەدەغە بکرێت.

کەیوان جاوید: شتێک کە رێک دوای ئەم ڕۆژی پاکیزەیی و حیجابە ڕوویدا ئەوە بوو کە دروشمی حیجابی بەبێ حیجاب بە شێوەیەکی بەرفراوان باو بوو. لە لایەکی دیکەوە دژایەتی حیجابی ئیجباری هەمیشە بابەتێکی گفتوگۆ بووە. ئایا پەیوەندی لە نێوان ئەو دوو دروشمەدا هەیە؟ ئایا ئەم دروشمە جیاوازانە سەر بە بزووتنەوە جیاوازەکانن؟

حەمید تەقوایی: وەک وتت ئێستا دوو دروشم لە کۆمەڵگادا زۆر بەربڵاون، کە هەرچەندە پێشتر باسیان لێکرابوو، ئێستا بوونەتە گوتاری گشتی. یەکێکیان حیجابە بەبێ حیجاب و ئەوی تریان هەڵوەشاندنەوەی حیجابی ناچارییە. ئەم دووانە بە دڵنیاییەوە پەیوەندییان بەیەکەوە هەیە و لە پرسیاری پێشوودا پەیوەندییەکەم ڕوون کردەوە. کاتێک کەسێکدروشمی حیجابی بەبێ حیجاب دەڵێ، ئەوە مانای ئەوەیە کە ئێمە دژی ڕۆحی حیجابین و واز لە حیجاب دێنین و بەم مانایە ئەو فەلسەفەیە، ئەو دیدە، ئەو سیستەمە بیرکردنەوە دەخاتە ژێر پرسیارەوە کە حیجاب وەک نیشانەی پاکیزەیی دەبینێت و دەڵێت کە ئەمە قبوڵ ناکات. لە ڕاستیدا دروشمی حیجاب بەبێ حیجاب هێرش دەکاتە سەر ڕەگی حیجاب و دیدگای ئیسلامی بەرگریکاری حیجاب. داوای هەڵوەشاندنەوەی حیجابی ئیجباریش داوای ئەم بزووتنەوەیە دژە حیجابە، رێک لەبەرئەوەی حیجاب وەها زەلیل و بێ رێزی بەسەر ژناندا دەسەپێنێت و ناچارییەکەی بە یاسایی کردنی ئەم زەلیلکردن و سوکایەتییە بە ژنان. حیجاب بەبێ حیجاب فەلسەفەی گشتی حیجاب دەخاتە ژێر پرسیارەوە، حیجاب وەک قەفەسێکی جووڵاو بۆ ژنان دەخاتە ژێر پرسیارەوە، هەروەها هەڵوەشاندنەوەی حیجابی ئیجباری دەڵێت لەڕووی یاساییەوە دەبێت ژن ئازاد بێت لە هەڵبژاردنی پەردە خۆی. بێگومان کەسانێک هەن کە دژی حیجابی ئیجبارین. ئەوان ڕەخنەیەکی قووڵیان لە حیجاب و سیستمی بیری ئایینی نییە کە پاساو بۆ حیجاب بدات، بەڵکو بە بەشێک لە بزووتنەوەی دژ بە حیجابیش دادەنرێت. هیوادارم نەیارانی حیجابی ئیجباری لە پرۆسەی ئەم خەباتەدا درک بە سروشتی پەرچەکرداری حیجابی ئیسلامی بکەن. لە هەر حاڵەتێکدا دەبێ بگوترێ کە ئەم دوو دروشمە بە تەواوی پێوەندییان بە یەکەوە هەیە و دەبینین کە ئەمڕۆ هەردوو دروشمی هاوتەریب لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی ژناندا بەرز دەکرێنەوە و هەم ژن و هەم ژن ئەم دروشمانەیان لە دژی کۆماری ئیسلامی گرتووە.

کەیوان جاوید: هەندێک کەس دەڵێن باڵاپۆشی بەشێکە لە ئایدۆلۆژیای حکومەت و پرسێکی شوناسە بۆ حکومەت، هەندێک کەسیش بە پرسێکی تەنیا سیاسی دەزانن. ڕای ئێوە چیە؟ ئایا جەختکردنەوەی حکومەت لەسەر حیجاب پرسێکی سیاسییە یان پرسێکی ئایدیۆلۆژییە؟

حەمید تەقوایی: بە بڕوای من هێرشێکی سیاسییە کە وەک هەر سیاسەت و هەڵوێستێکی دیکەی حکوومەت، بە پشت بەستن بە ئیسلام ڕوونی دەکاتەوە و پاساوی بۆ دەهێنێتەوە.
بەهیچ شێوەیەک، ئەوەی کە حکومەتێک لەژێر ئاڵای ئیسلامدا هاتە سەر دەسەڵات لە ئێراندا بابەتێکی سیاسی بوو نەک بابەتێکی ئایدۆلۆژی. لەبەر ئەوە نەبوو کە کۆمەڵگا بیروباوەڕی ئایینی هەبوو، لەگەڵ مەلاکاندا بوو، یان لەبەر ئەوەی کۆمەڵگا بەڕاستی حەزی دەکرد ئایینی ئیسلام بخرێتە ناو یاساکانەوە. کۆمەڵگا لە دژی دیکتاتۆری شاهانە ڕاپەڕیبوو و شۆڕشێکی گەورەی پێکهێنابوو، بەڵام هێزێکی دژە شۆڕش بە ناوی خومەینی و ئیسلامیەکان هاتبوون و سواری ئەو شۆڕشە بوون و ئەم کارەساتەیان بەسەر ئەو کۆمەڵگایەدا هێنا کە ئەمڕۆ دەیبینین.
هەربۆیه‌ ناوکی کۆماری ئیسلامی له‌گه‌ڵ ئیسلامی سیاسیدا بڕاوه‌. ئیسلام کە دژی ئازادی و یەکسانی و هەموو ئایدیاڵ و ئارەزووەکانی مرۆڤایەتی وەستاوە کە لە شۆڕشی ١٩٧٩دا وروژێنران و تا ئێستاش بە شێوەیەکی بەرفراوان لە کۆمەڵگەدا بەرز دەبنەوە. بۆ ئەم حکومەتە ئیسلام سیستەمێکی ئایدیۆلۆژییە کە دەتوانێت پشتی پێ ببەستێت بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتە دژە مرۆییەکانی.
ئەگەر لەبیرتان نەچوبێتەوە دوای ڕاپەڕینی بەهمەن ئەو کۆمەڵگایە نەچووە ماڵەوە. لە ڕاستیدا شۆڕشەکە تا ٣٠ی حوزەیران ١٣٦٠ بەردەوام بوو. ناڕەزایی خەڵک لە هەموو شوێنێک بڵاو دەبووەوە. لە هەموو شوێنێک شوراکان دروست دەکرا. خەڵک ئازادییان دەویست، یەکسانی و خۆشگوزەرانییان دەویست، چاوەڕێیان دەکرد بە ڕووخانی سیستەمی شاهانە خواستەکانیان بەدی بێت. رۆژنامەی جیاواز بڵاودەکرانەوە و لە بوارە جیاوازەکاندا حزب و چالاکی جیاواز دروست بوون. لە زانكۆكان، لە كارگەكان، لە كوردستان و لە هەموو كۆمەڵگادا خەڵك پێداگریان لەسەر داخوازییەكانیان دەكرد.
کۆماری ئیسلامی ئاڵای ئیسلامی لەدژی ئەم کۆمەڵگا دینامیکە بەرزکردەوە و بە قامچی دان لە ژنان دەستی پێکرد بە هێرشکردنە سەر هەموو کۆمەڵگە. سەرەتا قامچی لە ژنەکانی دا و دواتر هەموو خەڵکەکە. زانکۆکانی وێران کرد، تەقەی لە کرێکارە بێکارەکان کرد، هێرشی کردە سەر تورکمان سەحرا و کوردستان و کوشتاری ئەنجامدا. فەلسەفە و هۆكاری سیاسی بۆ دامەزراندنی وەها حكومەتێك بۆ خنكاندنی هەنگاوی یەكەمی شۆڕشی 1957 بوو، لە هەنگاوی دووەمیشدا بۆ بێلایەنكردنی چەپ و ئەو مەترسییە بوو كە بە بۆچوونی ئەوان سەرهەڵدانی چەپ لە ئێرانی دراوسێدا خەریکی دروستکردنی بوو. نەک هەر چینی سەرمایەداری و دەوڵەمەندەکانی ئێران، بەڵکو بۆرژوازی جیهانیش گەیشتبووە ئەو بڕوایەی کە پێویستە ئیسلامییەکان بۆ چەقاندنی شۆڕش بەکاربهێنن.
بەم شێوەیە لە بەردەم شۆڕشێکی زەبەلاحی ئازادیخواز و یەکسانیخواز و مرۆڤدۆستانەدا، کۆماری ئیسلامی هاتە سەر کار و ئەرکی مێژوویی خۆی بەجێ هێنا و شەڕی کرد و کوشت، کە تا ئەمڕۆش بەردەوامە.
بۆ ئەم حکومەتە ئیسلام ئایدۆلۆژیایەک و ئامرازێکە بۆ ڕوونکردنەوە و پاساو هێنانەوە بە سیاسەتی سەرکوت و کوشتن، بەڵام ئەوەی کە پێویستی بەم سیاسەتە هەیە، بەرژەوەندی زەمینی سەرمایەدارە سەربەرزەکانە، کە چ لە ئێران و چ لە ئاستی جیهانیدا، ئیسلام وەک… دوایین چەک دژی هێزی چەپ و ئازادی و یەکسانی.داواکاری بۆتە پێویست. لەم چوارچێوەیەدا دەبێ میزۆژینی لە کۆماری ئیسلامیدا سەیر بکرێت. ئه‌مڕۆ حیجاب ئاڵای نه‌ک ته‌نها کۆماری ئیسلامیه‌، به‌ڵکو بزووتنه‌وه‌ی سه‌رپه‌ڕه‌ کاردانه‌وه‌ی ئیسلامی سیاسیه‌ له‌ هه‌موو شوێنێکی جیهاندا. بزووتنەوەیەکی دژە ئینسانی کە لە هەموو شوێنێک لەبەردەم بزووتنەوەی رزگاریخوازی ژنان و بزووتنەوەی بێدین و دژە ئایین و هەموو بزووتنەوە ڕاست و یەکسانیخوازەکاندایە.

کیڤان جاوید: دەسەڵاتدارەکان دەڵێن حیجاب تەپۆڵکەی یەکەمە، ئەگەر لێرەدا شکستمان هێنا، ناتوانین قەڵاکانی دیکە بپارێزین. ئه‌مه‌ واتای چییه‌? مەبەستیان چییە? بۆچی حكومەت حیجاب بە یەكەم تەپۆڵکە دەزانێت؟

حەمید تەقوایی: پێم وایە ئەوان ڕاست دەکەن و ئێمە پێش ئەوەی ئەوان دانی پێدا بنێن ئەمەمان وتوە. ئێمە هەمیشە وتوومانە کە حیجاب ئاڵای حکومەتە ئیسلامیەکان و بزووتنەوەی دژە ئینسانی و لەڕادەبەدەر کۆنەپەرستی ئیسلامی سیاسییە لە ئێران و هەموو شوێنێکی جیهان. دەبینیت تا پەنجا ساڵ لەمەوبەر بوونی ژنانی پەردەپۆش لە شەقامەکانی ئەوروپادا بە ئاسایی هەژمار دەکرا. جۆرێک لە جل و بەرگ بوو و هێما و دەرکەوتنی جووڵەیەکی دیاریکراو نەبوو. لە خودی ئێران و لە باقی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا هەمان شت بوو. بەڵام ئەمڕۆ ژنی باڵاپۆش نیشانەی بزووتنەوەیەکی کۆنەپەرستانەیە. بزووتنەوەیەکی تیرۆریستی دژە مرۆڤ، کە ئێمە پێی دەڵێین بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسی و ئەم بزووتنەوەیەش لە وڵاتانێکدا دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە. بە تایبەت کۆماری ئیسلامی بڕبڕەی پشتی ئەم بزووتنەوەیە و حیجاب ئاڵای ئەم حکوومەتە و ئاڵای بزوتنەوەی ئیسلامی سیاسییە.
بۆیە دەبێت بگوترێ کە ئەوان ڕاست دەکەن، ئەگەر ئەم ئاڵایە لە دەستیان بکەوێت، خەڵک بە هەمان شێوە تەپۆڵەکەکانی دیکەش داگیر دەکەن. لە ئێران ئەم یەکەم تەپۆڵکەیە تا ڕادەیەکی زۆر لەلایەن کۆمەڵگاوە داگیرکراوە. ئێمە دەزانین کە سەرەڕای هەموو هەوڵەکانی، حکومەت لەم هەموو چل ساڵە نامۆدا نەیتوانیوە
حیجاب بکەنە گشتی. نەك هەر نەتوانراوە، بەڵكو رۆژانە نەبوونی حیجاب و حیجابی خراپ بەربڵاوتر بووە، رۆژانەش بەشێکی زیاتر لە كۆمەڵگەدا تێگەیشتوون كە حیجاب چەكی حكومەتە بۆ سەركوتكردن، بۆ سەپاندنی بێ مافی نەك تەنها بەسەر ژنان بەڵکو بەسەر هەموو کۆمەڵگەدا. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش بزووتنەوەیەکی گەورە کە لە ژنان تێدەپەڕێت دژی حیجاب دروست بووە.
بۆیە دەبێت بگوترێ دەسەڵاتدارەکان دەستنیشانکردنێکی دروستیان کردووە. هەمیشە وتومانە ژیانی حکومەت بەندە بەتاڵە مویەکی قژی ژنانەوە. ئەمە هەم بە شێوەی ڕەمزی و هەم بە شێوەی واقیعی ڕاستە. ئەمڕۆ خۆیان ئەمە دەڵێن. دەکرێ گریمانە بکرێت ئەو ڕۆژەی کە ژنان تەنانەت ٥٠٪ی ژنانیش بێ حیجاب دێنە سەر شەقام، فاتحەی حکومەت خوێندراوەتەوە و دەبێ بڕوات. هەمووان ئەمە دەزانن.

کەیوان جاوید: دەسەڵاتدارەکان پڕوپاگەندەی قێزەون و نابەجێیان لە دژی ژنان کردووەتەوە، کە تەنانەت خەڵکیش هەست بە شەرم دەکەن بیڵێن. دەڵێن ئەمڕۆ حیجاب دەکەنە سەر دارێک و سبەی شۆرتەکەیانیانی لەسەر دەکەن. ئایەت و فەرموودە لە محمد و قورئان و دەسەڵاتە ئیسلامیەکانی ترەوە هەیە کە هەموو جەستەی ژن عەورتە. سەرەتا بۆچی ئەم قسانە دەڵێن و دووهەم کاردانەوەی کۆمەڵگە بۆ ئەم وشە قێزەونانە چییە؟

حەمید تەقوایی: بەم شێوەیە هێزی شەڕەنگێزیان کۆدەکەنەوە و ئامادەیان دەکەن و دەیانهێننە سەر خەت! سوکایەتی و بێڕێزی بە ژنان لە ڕاستیدا ڕووبەڕووی شەپۆلێکی ڕق و کینە دەبێتەوە لەلایەن لە ٩٩٪ی کۆمەڵگەوە، بەڵام لە ڕوانگەی حکومەتەوە هەوڵێکە، پاساوێکە، بۆ ئەوەی ئەو بەچەقۆکێشەکانیانی خۆیان بە قورئان و محمد و هتد پڕچەک بکەن. ، و بەیاندەنە گیانی کۆمەڵگە. ئەم جۆرە هەڵیت وپەڵیتە لە مێشکی بەبەردبوو و دواکەوتوو و نەخۆش و بۆگەنی ئیسلامیەکان و مەلا دەسەڵاتدارەکانی ئێرانەوە سەرهەڵدەدات. تەنها دەرئەنجامی ئەم فەزیحەیە ئەوەیە کە توڕەیی و ڕق و کینەی کۆمەڵگا بەرامبەر بەم حکومەتە زیاتر دەبێت و دەستدرێژییەکان بۆ سەری بەربڵاوتر و ڕادیکاڵتر دەبێت، وەک چۆن بووە. ئەمانە جۆرێکە لە بێهیوایی حکومەتە. ئەو حکومەتانەی کە دەزانن خۆریان لەئاوابوندایە، دەزانن کە دوور نین لە کەوتن و بە ناچاری پەنا بۆ قێزەونترین و بۆگەنترین پڕوپاگەندە دەبەن، مەگەر بە جۆرێک هێزەکانی سەرکوت وروژاندنی مۆڕاڵی لەدەستچوویان و خەڵکی زیاتر بکوژن. ئەم قێزەونانە هیچ جۆرە دەرئەنجامێکی بۆ حکومەت نابێت، بەپێچەوانەوە زیاتر و زیاتر ژێر پێی حکومەت خاڵی دەکاتەوە و لە کەوتنی نزیکتری دەکاتەوە.

کەیوان جاوید: با ئەزموونێکی شەخسیتان بۆ بگێڕمەوە، کۆمەڵێک دۆست و چالاکی ئێران دەیانگوت کاتێک کۆماری ئیسلامی ڕۆژی حیجاب و پاکیزەی ڕاگەیاند، ئێمە لەجوڵانەوەیەکی ناڕەزایەتیدا هاتینە سەر شەقامەکان و بەبێ حیجاب لە شەقامەکاندا نمایشمان کرد. دەیانگوت خەڵکانی سەر بەحکومەت چاودێری ئیـەیان دەکرد و دەیانویست بمانترسێنن و ناڕەحەتمان بکەن، ئێمە چووینە دەرەوە بۆ ناو قەرەباڵغی، واتە لە شوێنە تایبەت و چۆڵەکان چووینە دەرەوە و چووینە ناو قەرەباڵغی، خەڵکیش دەیانگوت ئەگەر بێزارتان بکەن لێیان دەدەێن. ئەمە نموونەیەکە. نموونەیەکی دیکە ئەوە بوو کە دۆستانێک کە خوێندەوار و ڕۆشنبیرن ئامۆژگارییان دەکرد کەئەم کارە زۆر مەترسیدارە بە تەواوی بەبێ حیجابی لە شەقامدا بڕۆن. کەمێک چاودێری بکە. چۆن ئەمە ڕوون دەکەیتەوە؟ دەبێت چی بوترێت بەو کەسانەی هەم پشتگیری دەکەن و هەم ئاگاداری ئەوە دەکەنەوە کە ڕووتبوونەوە مەترسیدارە؟
حەمید تەقویی: ئەو بزووتنەوەیە گشتییەی کە لیدانی دەماری کۆمەڵگە و رێبازی گشتیی کۆمەڵگا نیشان دەدات، لایەنی یەکەمە؛ واتە پشتیوانی ژن و پیاوی ئازادیخواز بۆ ئەو کەسانەی کە سەپۆشیان لەسەر نییە، و پشتیوانییەکی بەرفراوان لە ژنانی بێ حیجاب لە دژی دەستدرێژیی جەماعەتی حکومەت. زۆر کلیپ هەیە کە دەریدەخات چۆن خەڵک ڕوبەڕو دەبنەوە ولەتی ئەم چەقۆکێشانە دەضشکێنن کە بەناو خراپە قەدەغە دەکەن و هێرش دەکەنە سەر ژنان. بە بڕوای من ئەمە ئێستا تایبەتمەندی سەرەکی و بەربڵاوی بزووتنەوەی بێ حیجابیە. لەکۆتاییدا که‌سانێکیش هه‌ن و ده‌ڵێن کە ئەمە توند ڕەوییە و یان نابێت ئه‌م بابه‌ته‌ لاوه‌کییه‌ بکرێتە مه‌سه‌له‌ی سه‌ره‌کی و هتد. ئەم جۆرە هەڵوێستە دوو لایەنی هەیە. لایەنێکی ئەوەیە کە ئەوانەی ئەمە دەڵێن هێشتا لە ڕابردوودا دەژین و ئەمڕۆش هاوسەنگی هێز نابینن. پێم وایە کۆمەڵگای ئەمڕۆ هەموو ئەم جۆرە کۆنەپارێزاانەی بەجێهێشتووە. هاوسەنگی هێز بە جۆرێکە کە ژنان بەبێ حیجاب دێنە سەر شەقامەکان و کلیپی جموجۆڵەکانیان دروست دەکەن و لە سۆشیال میدیا بڵاوی دەکەنەوە. هەر لەم ڕۆژەدا چەندین کلیپی ژنانی بێ حیجاب بڵاوکرانەوە. واتا ژن نەک هەر بە بێ حیجاب لە کۆڵان دەردەکەوێت، بەڵکو ڤیدیۆکەش ئاشکرا دەکات بۆ ئەوەی هەزاران و ملیۆنان کەس بیبینن، بە ڕووخساری خۆیان و بە ناسنامەی خۆیانەوە! ئەمەش ئەوە دەردەخات کە کۆمەڵگا ئەم جۆرە ڕەچاوکردن و کۆنەپارێزیەی تێپەڕاندووە. حکومەت لە دۆخێکدا نییە کە بەبێ حیجاب لەبەردەم ژناندا دەربکەوێت. لە هەر شوێنێک ئەم کارەی کردبێت، ئەنجامەکەی وێنەی گیراوە.
جگە لەم باسەی هاوسەنگی هێز، لایەنێکی دیکە ئەوەیە کە کەسانێک لە پێگەیەکی نیمچە دوی خودادییەوە ڕایدەگەیەنن کە لەگەڵ حیجابدا هاوڕان، بەڵام دژی ئیجباری کردنی حیجابن. هەندێکیان خۆیان وەک ژنی سەرپۆش بەسەر خۆیان دەناسێنن دژی حیجابی ئیجبارین و نیگەرانی ئەوان ئەوەیە کە حیجابی ئیجباری سیستەمەکە لاواز دەکات! هەندێک ئەمە لە زەرفی بەزەیی بۆ ژنانی بێ حیجاب و مەترسی نەبەستنی حیجاب و هاوشێوەکانیدا دەڵێن. لە ڕاستیداحیجاب لەسەر سەرت بهێڵەرەوە، بەڵام دەڵێن بڵێ نابێت ناچاری بێت!
وەک لە سەرەوە باسم کرد دژایەتی حیجابی ئیجباریش بەشێکە لە بزووتنەوەی دژە حیجاب و رزگاریخوازی ژنان، بەڵام بەم جۆرە پاساوەوە نا. مرۆڤ پێویستە لە بەرامبەر ئەو مەیلەدا بوەستێت کە ڕەخنە و ناڕەزایەتی بۆ حیجاب سنووردار بکات بە دژایەتیکردنی سروشتی ئیجباری و بەرگریکردن لە حیجابی ئیسلامی ئیختیاری. ئەمە هێڵێکی سیاسی دیاریکراوە کە ڕەگ و ڕیشەی لە مەیلی دوو خوردادیەکاندا هەیە. ڕەوتێک کە لە هەموو کۆمەڵگادا گەیشتووەتە کۆتایی. دروشمی “چیرۆک کۆتایی هاتووە” دۆسیەی ئەم جۆرە وتارانەی بۆ هەمیشە داخستووە.

کەیوان جەواید: هەڵسەنگاندنتان بۆ ئەم دۆخەی ئێستا چییە؟ ئایا ئەم ململانێیە بە قازانجی کۆماری ئیسلامی کۆتایی دێت یان لە بەرژەوەندی ژنان؟
حەمید تەقوایی: بە بڕوای من ئەمە شەڕێک بوو کە تێیدا کۆماری ئیسلامی دۆڕاوێکی تەواو بوو. حکومەت هەوڵیدا جارێکی تر بە هێرشکردنە سەر ژنان لە دژی ئەو شەپۆلە توڕەیی و ڕق و کینەیەی کە هەموو کۆمەڵگای گرتۆتەوە، لە بەرامبەر مانگرتن و گردبوونەوە و ناڕەزایەتی کرێکاران و مامۆستایان و ژنان و دادخوازی و خانەنشینان و هتد، خەڵک بترسێنێت.. پاشەکشەی پێبکات، بەڵام ئەمەش بە سەرخۆیدا شکایەوە توڕەیییەکی کۆمەڵایەتی فراوانتری لێکەوتەوە. خەبات دژی حیجاب و بەگشتی دژی ئاپارتایدی سێکسی و سوکایەتی و زەلیلکردنی ژنان هەمیشە لە کۆمەڵگادا بەردەوام بووە، بەڵام ئەم جوڵانەوەیەی ڕژیم هاتە دەرەوە و ژیانێکی نوێی بەم بزووتنەوەیە بەخشی. بووە هۆی ئەوەی بزووتنەوەی دژە حیجاب زۆر بەربڵاو بێت و بەشەکانی دیکەی کۆمەڵگا وەک مامۆستا و کرێکار و نووسەر و هونەرمەند و کەسایەتی ئازادیخوازیش سەرنجی ئەوانی ڕاکێشا و پەیوەست بوون بەم بزووتنەوەیەوە. ئێستا داواكاری و بەناو زریانی تویتەری بۆ بەرگریكردن لە دروشمی حیجابی بێ حیجاب و هەڵوەشاندنەوەی حیجابی ئیجباری، كە دەیان و سەدان هەزار كەس بەشداری دەكەن، دەستی پێكردووە و ئەمەش گۆڕاوە بۆ شەپۆلێكی فراوان دژ بە.حیجاب. ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ نه‌ك ته‌نها وه‌ك بزووتنه‌وه‌یه‌كی رزگاریخوازی ژنان به‌ڵكو وه‌ك به‌شێكی گرنگی بزووتنه‌وه‌ی رووخاندن ژیانێكی نوێی گرتووه‌ته‌به‌ر. پێویستە گرنگی بەم بابەتە بدەین و درک بەوە بکەین کە پرسی ژنان و بە تایبەتی پرسی حیجابی ناچاری یەکێکە لە ئەڵقە سەرەکییەکان و گۆڕەپانە سەرەکییەکانی شەڕی دژی کۆماری ئیسلامیە بە گشتی و لەم شەڕەدا کۆمەڵگا هەنگاوی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە تا ئێستا. بزووتنەوەی رزگاریخوازی ژنان بەهێزتر بووە و بەهۆی ئەمەوە بزووتنەوەی گشتیی خەڵک لە دژی کۆماری ئیسلامی بەهێز بووە و ئەمەش هەنگاوێکی گەورەیە بۆ پێشەوە بۆ لێدانی گورزی کۆتایی و ڕووخاندنی حکومەتی دژە ژنانی کۆماری ئیسلامی .

٢٨ی تەمموز ٢٢ی تەمموز
سوپاس بۆ ئەمیر تاڤاکۆلی بۆ ئامادەکردنی دەقی سەرەتایی ئەم چاوپێکەوتنە




زەنگی قڕکردن… سامانی وەستا بەکر

لەم وتارەیا مەبەستمە تاکی کورد هۆشیارتر درک بە ترسناکی و مەغزای قوڵی ستراتیژی سیاسەتی تۆتالیتاری بۆ قڕکردنی کورد لەلایەن تورکەوە بکا و بەیەکگرتووی بەرەنگاری ببێتەوە، هەروەک چۆن مەبەستمە خوێنەر باشتر لە میتودە تێبگا کە تورک بەرامبەر کورد بەکاری ئەهێنێ بەمەبەستی فەوتان و قڕکردنی گەلی کورد.

میلەتێکی تۆتالیتار:
لاپەڕەکانی مێژوو پڕن لە ناوی مرۆڤی تینوو بە خوێن ڕشتن، پڕن لە ناوی دیکتاتۆر و کەسانی خۆپەرست، پڕن لە بوونی ڕژێمی تۆتالیتار و چەوسێنەر، پڕن لە بوونی حوکم و دەسەڵاتی نەتەوەپەرست و داپڵۆسێنەر، بەڵام زۆر بە دەگمەن تا ئاستی نەبوون ئەتوانی گەلێکی تۆتالیتارخواز و دڵ پڕ لەقین و داخ لەدڵی هاوشێوەی تورک بدۆزیتەوە بەرامبەر بە کورد.
بەڵێ هەڵبەتە کاتێ ئەڵێم تورک مەبەستم لە نەتەوەی تورکە لەناو سنوری ئەو زەریە داگیرکراوەی کە بەزۆری زۆرداری ئێستا بە تورکیا ناسێنراوە.
سەیرە میلەتێک بەکۆ ڕق و بوغزی بەرامبەر نەتەوەیەکی تر لەدڵابێت، بەدەگمەن تا ئاستی نەبوون کەسێکی بەنەتەوە تورک بڕوای بەبوونی نەتەوە و گەلێکی تر هەبێت وەک ئەوەی تورک بەرامبەر کورد هەیەتی.
لەسەروبەندی داگیکاریەکەی عەفرینا لەگەڵ خانمێکی هاوکاری تورکا کەوتمە گفتوگۆ کە هەمیشە خۆی بە مرۆڤ دۆستێکی بێ وینە ئەناسێنێ، کاتێ بەندە باسم لە مێژووی بوونی کورد و خاوەندرێتی خاکی کوردستان ئەکرد بە عەفرینیشەوە هەروەکچۆن باسم لە زوڵم و داگیرکاری تورک و میلیشیاکان ئەکرد، وەڵامی ئەو خانمە تورکە زۆر ڕاستگۆیانە بوو، ئەو ووتی “ئەبێ من تورک نەبم ئەگینا هیچ تورکێ توانای گوێگرتن و باسی کوردستانی نیە”.

دەوڵەتێکی تۆتالیتار:
کەرتی پەروەردە یەکێکە لەگرنگترین کەرتەکانی بوونیاتنان، ئەکرێ لەڕێی پەروەردەوە میلەتێکی میانڕەو ئاشتیخواز وەک وڵاتانی ئەسکەندەنافیا دروست بکرێ، وە بە پێچەوانەشەوە ئەکرێ هەر لەڕێی کەرتی پەروەردەوە میلەتێکی دڵ پڕ لەقین، تینوو بەخوێن، خۆبەزلزان، تۆڵەسێن، بێ بەزەیی دروست بکرێ هاوشێوەی تورک بەرامبەر کورد لەسەر ئەوە زەویە داگیرکراوەی کە بە وڵاتی تورکیا ناسێنراوە.
بە درێژاییی مێژوو، مرۆڤ خەباتی كردووە بۆ تێپەڕاندنی ئەفسانەی “حەتمییەتی غەیب یان نادیار”، بۆ ڕزگاربوون لە سەرکوتکردنی ئەو هێزانەی كە بە ناوی قەدەر و فەرمانی خواوەندەکانەوە خەڵكیان كوشتووە و سزای ترسناكیان سەپاندوون. پەروەردەی تۆتالیتاریزمیش بە هەمان میكانیزم كار ئەكا، بەڵام بەپێی لۆژیكێكی پێچەوانەوە كە حەتمییەتی نادیار یان غەیب ئەگۆڕێ بە حەتمییەتی زانستی.
واتە هەروەك چۆن تێرۆریستە باوەڕهێنەرەکان بە غەیب، بە ویژدانی ئارامەوە قوربانییەكانیان لەناو ئەبەن و باوەڕ بە خۆیان ئەهێنن گەر قوربانییەكان گوناهبار بن، دەبێ بكوژرێن و گەر بێ گوناهیشبن قەدەری ئیلاهی ئەوەی خواستووە كە بكوژرێن، تۆتالیتاریزمیش بە هەمان لۆژیك، بەڵام بە لنگەوقوچی پاساو بەدڕندەیی ئەبەخشێ.
ناکرێ بەئاسانی تۆتالیتاریزم بناسین و لە چەند هێڵێکی گشتییا سیما سەرەکییەکانی بزاوت و ڕژێمی خاوەن دەسەڵاتی تۆتالیتار پێناسە بکرێ.
ناشکرێ ئەو ڕژێمە وەک دامەزراوەیەکی سادە نیشان بەین کە بەپێی تاقە ئایدۆلۆجیایەک و لە پێناو جێبەجێکردنی ئامانجێکی ستراتیژیی دوورخایەنا ڕەوایی “بوون و مانەوە” بەخۆی ببەخشێ.
ناكرێ ڕژێمی تۆتالیتار بەسادەیی پێناسە بكرێ و هەروا بخرێتە ناو ئەو پۆلێنكردنە باوەی بیری ڕامیارییەوە كە ڕژێمەكان دابەش ئەكا بەسەر “سته‌مكار، ئۆتۆكرات، دیكتاتۆری، دیموكراتی و په‌رلەمانی….هتد”، چونكە ڕژێمی تۆتالیتار ڕژێمێكی ئاڵۆز و فرە ڕەهەندە، پشت ئەستوورە بە بەرهەمەكانی زانستی مۆدێرن، هونەری بیرۆكراتییەتی كارگێڕی، بەگەڕخستنی هۆیه‌كانی ڕاگەیاندن، ورووژاندنی سۆزی میللی، ئاراستەكردنی ئامرازەكانی بانگەشەی ئایدیۆلۆژی و بەئەفسانەكردنی كێشە سیاسییەكان….هتد، هەروەك چۆن بەووردی كار لەسەر پاوانكردنی بواری ئابووری و پەروەردیی و ڕۆحییەتی مێژوویی و لۆژیكی زانستی و فەلسەفییش ئەكا.
بەندە بەمەبەست ئەو پێناسەو دەستەواژانەی لای سەرەوەم خستۆتە بەردیدی خوێنەر تا ڕوونتر لە ئامانجی تورک تێبگا و باشتر درک بەوەبکات کە ئەوان چۆن کارئەکەن تا کورد قڕبکەن و چۆنیش پاساو بۆ خوێنڕێژی و تاوانەکانیان ئەهێنەوە لەناو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیا. واتە کاتێ بەتاوانی کورد بوون ئەکوژێ و هەوڵی قڕکردن ئەیا بەڵام لە کۆمەڵگەی نێودەڵەتیا وەک ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر باسی لیوەئەکا و ئەیناسێنێ، بەکوردیەکەی بەبێ تاوان ئەتکوژێ و بەتاوانبار تۆمارتئەکا و ئەتناسێنێ.

مێژووی سیاسی و تۆتالیتاریزم:
مێژووی سیاسی، چەندین جۆر سیسته‌می داپڵۆسێنەری بەخۆوە بینیوە، بەڵام هیچیان لە سیسته‌می تۆتالیتاری نەچوون. چونكە هەرچەندە ڕژێمە دیكتاتۆر و “ئیستبداد” سەرکوتکەرەكان توندوتیژیی زۆر ترسناكیان لە پێناو مانەوە و پاراستنی ئاسایشی دەسەڵاتدارانا پەیڕەو كردووە، بەڵام ڕژێمی تۆتالیتار توندوتیژی پەێڕەو ئەكات نەك وەكوو ئامراز، بەڵكوو وەكوو ئامانج و ستراتیژیی دوورخایەنیش، بەم پێیەش توندوتیژی ئەكاتە یاسایەك و حەتمییەتی زانستی و مێژووییی پێ ئەبەخشێ.
واتە تەنیا پەنا نابا بۆ توندوتیژیی فیزیكی، بەڵكوو پەنا ئەبا بۆ پاساوی ڕەمزی و عەقڵییەتی زانستگەری و حەتمییەتی مێژووییش، تا هەموو ڕەوانێکی بەرەنگاری لەو كەسانە داماڵێ كە ئەچنە خانەی نەیارانەوە، تا بە ویژدانێكی ئاسوودەوە سزایان با و تەنیا وەك دوژمنی خۆی نیشانیان نەیا، بەڵكوو وەك دوژمنی مێژوو و زانستیش وێنایان بكا و وەك خەڵكانێكی بێهودە لێیان بڕوانێ، كە بەگژ ڕاستییەکی مێژوویی و زانستی ڕەهایا ئەچنەوە هەروەک ئەوەی تورک بەرامبەر کورد ئەیکا، لەمێژووی دروستکردنی ئەو زەویە داگیرکراوەی کە بە تورکیا ناسێنراوە بەردەوام کار لەسەر ئەوە کراوە کە شتێک بوونی نییە بەناوی کوردەوە بەڵکو ئەوە کۆمەڵە خەڵکێکی یاخین بەگژ ڕاستیەکی مێژووییا ئەچنەوە کە مەبەستی تورکەکان لەوەیا ئەوەیە کە “کوردیش هەر تورکن، تورکی شاخاوین بەڵام دان بە تورک بوونی خۆیانا نانێن” کە ئەمە هەموو سنورەکانی داگیرکاری تێپەڕانوەو کار لەسەر سڕینەوە و فەوت کردنی گەلێکی ڕەسەن ئەکا لەسەر زێد و خاکی خۆی.

کاری ڕژێمی تۆتالیتار:
ڕژێمی تۆتالیتار كاتێ یەنە سەر حوكم، هەمیشە پەیمانی سەقامگیركردنی دۆخی وڵات بە جەماوەرەكەی ئەیا، بەڵام هەرگیز ئەو پەیمانەی خۆی جێبەجێ ناكا و وڵات لە دۆخێكی ناجێگیر و نائاساییی بەردەوامدا ئەهێڵیتەوە، واتە هەرگیز ڕێگە نایا هەستكردن بە ئارامی و كۆتاییهاتنی باری نائاسایی لە ناخی خەڵكییا بچەسپێ.
لەو پێناوەیا ڕژێم پێوستی بە جه‌نگی بەردەوام و دوژمنی بەردەوام و سازدانی سیناریۆی بەردەوام هەیە سەبارەت بەوەی كە وڵات و شۆڕش لە بەردەم مەترسییان.
ئەوەی ئەردۆگان و تورکەکان ئەیکەن کت و مت ئەمەیە، ئەوان بەبیانووی بوونی پارتی کرێکارانی کوردستانەوە هەمیشە بەردەوامی بە قڕکردن و کورد کوژی ئەیەن، هەمیشە کورد بە دێوەزمە و دوژمنی قەستەسەری تورک ئەناسێنن.

هزری تۆتالیتاریزم:
داروین ئەڵێ مانەوە تەنها بۆ بوونەوەرە بەهێزەکانە، ماركسیش گەشەكردنی ڕژێمی سیاسی و ئابووریی ئاشکرا كرد وەك یاسایەكی مێژووییی حەتمی كە قابیلی بەرەنگاربوونەوە نییە، بگرە هەر بەرەنگارییەكی ئەو یاسا مێژوویییە بەر زەبری خودی مێژوو ئەكەوێ و چارەنووسیشی هیچ نییە جگە له‌ لەناوچوون و دۆڕان.
لە سەردەمی یەكێتیی سۆڤیه‌تا بۆلشەفیكەكان، بەتایبەتی ستالینییەكان، وەرگێڕانێکی زۆر ترسناكیان بۆ ئەو دیدەی ماركس كرد، كاتێ ڕەوایەتیی زانستی و ئایدیۆلۆژی و ئەخلاقییان ئەبەخشییە تاوانەكانیان بۆ قەتڵ وعامی سەدان هەزار كەس، بەو پاساوەی ئەوانە كەسانێكن بەحەتمی ئەبێ لەناو بچن، چونكە بەگوێرەی حەتمییەتی مێژوویی و زانستی، ئەوانە چینی ڕوو لە مەرگن.
بە هەمان شێوە نازییەكان لە تیۆریی ڕەگەزپەرستیا سوودیان لە هەمان تێزی داروین وەرگرت، بەتایبەتی لەو خاڵەیا كە ئەڵێ “مانەوە تەنیا بۆ بوونەوەرە بایۆلۆژییە بەهێزەكانە” بەڵام لای ئەوان مانەوە تەنیا بۆ ڕەگەزە ئەڵمانە باڵاكان بوو، كە ئەبێ ڕەگەزەكانی تر، یان ملكەچیان بن یان بەحەتمی و بێ دوودڵی قڕ بكرین و لەناو بچن.
ئەمە بیرو هزری تاکی تورکیشە بەرامبەر کورد، لای ئەوان کورد بوونەوەرێکی بێ هێز و بێ کەڵکە بۆیە ئەبێ بۆ مانەوە و بەهێزی تورک کورد لەناوبچێ و نەمێنێ.
نازییەکان بەئاشکرا کاریان بۆ فەوتان و وقڕکردنی جولەکە ئەکرد، تورکیاش هەمان کار بەرامبەر کورد دووبارە ئەکاتەوە، بەڵام سیستمی سیاسی و جیهانبینی وخێرای بڵاوبوونەوەی هەر هەواڵێک لە ئێستایا وای کردووە کە تورکەکان بەئاشکرا بانگی قڕکردنی کورد ڕانەگەیەنن ئەگەرچی بەکردار و سیاسەت هەر هەمان کاریشئەکەن.

کوردی بی ئاگا:
ناکرێ چیتر لەوە زیاتر کورد چاوپۆشی لە دوژمنایەتی و سیاسەت و ستراتیژیەتی قوڵی قڕکردنی کورد لالایەن تورکیاوە بپۆشێ، گربنگە تاکی کورد هۆشیارتربێ، ناکرێ ئەو ڕۆژانە بە تۆپ و فڕۆکەو ئاگر و کیمیای هەوڵی قڕکردنی کوردبات بەڵام تاکی کورد بۆ گەشتکردن و بەسەربردنی پشووەکانی بچێتە ئەو وڵاتە، یان خوردنی سەر سفرەکەی تورکیبێ.
کاتێ باسی بایکۆتی کاڵای تورکی ئەکرێ وەک چەکێک بەرامبەر ئەو داگیرکاری وکوشتن و بڕینەی تورک بەرامبەر کورد ئەیکا، زۆرجار گوێت لێئەبێ کەسێک ئەڵێ بەتەنیا بەمن هیچ ناکرێ کە ئەمەش بێ هێزی و لاوازی و نەبوونی متمانە نەبوونی تاکی کورد بەرامبەر بەخۆی پیشانئەیا.
نەبوونی متمانە بەخۆبوون زۆر لە داگیرکاری و کوشتن و تۆپ و فرۆکەی دوژمن ترسناکترە، چونکوم تەنها بە متمانە بۆخۆبوون مرۆڤ ئەتوانێ ڕووبەڕووبوونەوە بکات وبەرەنگاری دوژمن بێتەوە، ئەکرێ چەند کەسێک بەتمانەیەکی تەواوە بەرەنگاری هێزێکی گەورەتر لەخۆی بێتەوە و سەرکەوتووشبێ، پێچەوانەکەشی ڕاستە، بۆیە گرنگە لەناو خێزان و فێرگە و شوێنە گشتیەکانا کار لەسەر گەڕنەوەی متمانە بەخۆبوون بکرێ و وابکرێ کە هیچ کەسێک خۆی پێ کەم نەبێ و بۆ نمونە نەڵێ بایکۆتی کاڵای تورکی تەنها بەمن ناکرێ و سودی نیە بەڵکو ئەبێ خۆی وەک ئەو دڵۆپە ئاوە ببینێ کە دەریایەک دروست ئەکات.

سامانی وەستا بەکر
٣٠-٧-٢٠٢٢
سوید-ستۆکهۆڵم




دۆستایەتی ڕاستەقینە کێیە؟… زانا رەزاق

خۆی سەرەتا هەر ناوی ڕاستەقینە بۆ هەموو شتێک واتە ئەو شتە وەک خۆی ، جا دۆستی ڕاستەقینە ئەو کەسەیە مرۆڤ وەک خۆی قبوڵ دەکا لەهەمان کاتدا تۆش وەک خۆی قبوڵی دەکەی .
زۆرێک مرۆڤەکانی کۆمەڵگای ئێمە دەڵێن دۆستایەتی وەک خۆی نەماوە چونکە سەردەمەکە گۆڕاوە ،بۆ ئەوەش دەبێ بگەڕێینەوە سەرەتای بۆچی وای ڵێهات؟

لەبەر ئەوە وای لێهات خۆی سەرەتا دۆستایەتی سەقەت بووە دواتر کە بەرەو ڕووی جیهان و ووڵاتان کراینەوە ئەوەش هۆیەکی تر بوو کە وای لێهات

بۆچی؟ یان ڕوونتری بکەینەوە؟
بۆ ئەمە نموونەیەک یان دوو نموونە دەهێنینەوە

ئەوەیش یەکەمیان: لەبەر ئەوەیە دەڵێن دۆست بەدوای بەرژەوەندی تایبەتە ، دووەمیش پێیان وتراوە و چۆتە مێشکیان بۆ خۆیان بژین.

یەکەم کە باسی بەرژەوەندی دەکرێ مانای وانیە ئەوەی داوای هاوکاری کرد ئەوە بەرژەوەندییە چونکە بەرژوەندی و هاوکاری دوو شتی جیاوازن لەهەمان کاتدا بەهەڵە ڵێی تێگەیشتوون پاشانیش ئێستا زۆر تێکەڵ نین یان هاوتۆچووی یەکتر ناکەن ئەمەش هۆیەکی ئەوەیە کە ئەوان بەهەڵە بۆ خۆ ژیان تێگەیشتوون وا دەزانن کە تەنیا بژین و هاتوچۆی کەس نەکەن؟!

30 7 2022