سپینۆزای فەلسەفەی ژیان و فەلسەفەی خودا… دڵشاد كاوانی

ئەگەر باس لە گەورەترین بیرمەندانی ڕابردوو بکەین، ئەوا بە دڵنیاییەوە ناوی فەیلەسووفی ڕۆشنبیری هۆڵەندی بەنێدکت سپینۆزا (١٦٣٢-١٦٧٧) دەبیستن.
سپینۆزا بە “فەیلەسووفی بارۆک” ناسراوە، چونکە جیهانبینییەکەی هەمەچەشنترینە و توخمەکان تێکەڵ دەکات: میتافیزیک، ستۆیکیزمی کۆن، عەقڵانیزمی سەدەی ناوەڕاست، مرۆڤگەرایی رێنێسانس و دواجار زانستی سروشتی.
باروخ دی سپینۆزا لە بنەماڵەیەکی جولەکەکانی سێفاردەوە هاتووە کە باوباپیرانیان دوای دەرکردنی لە پورتوگال لە ئەمستردام کۆتاییان هات. لە دووەم هاوسەرگیری مایکل دی سپینۆزا لەگەڵ هانا دیبۆرا لەدایکبووە. باوکی ئەو کوڕە كارگەیەكی میوەی هەبوو. کاتێک باروخ تەمەنی شەش ساڵ بوو، دایکی بە نەخۆشی سیل کۆچی دوایی کرد.
باروخ لە منداڵیدا نێردراوە بۆ ئێتز چایم کە قوتابخانەیەکی ئاینی سەرەتاییە و لەوێ فێری زمانی عیبری و تەورات و تەلمود بووە و هەروەها فێری تیۆلژیا و ڕیتۆریکی جولەکە بووە. ئەو گەنجە لە ڕۆژانی خوێندندا بەرهەمەکانی ئاریمۆتێلێس و ئەڤیسینا و ئاڤێرۆس و فارابی بە ڕێکخستنی مایمۆنیدس دەخوێندەوە، هەروەها مایمۆنیدس خۆی و ئەبراهام ئیبن عەزرا و گێرشۆنیدەس و ئەبراهام کۆهین هێرێرا و فەیلەسووفەکانی تری جولەکە. یەهودا ئابەربانێلی نیوئەفلاتونی. جگە لە زمانی عیبری، زمانەکانی لاتینی و فەرەنسی و ئیتاڵی خوێندووە و بە زمانی پورتوگالی و ئیسپانی و هۆڵەندی قسەی کردووە.
دوای مردنی باوکیان، باروخ و گابرێلی برای دەستیان بەسەر کاروباری خێزانەکەدا داگرت. بەڵام زۆری نەخایاند باروخ تووشی کێشە بوو. لەبەرئەوەی زۆرجار بۆچوونی هەڵەی دەردەبڕی و لەگەڵ نوێنەرانی دانپێدانانەکانی نەتەوەکان و بەتایبەت هاوکارەکانی و پرۆتستانتەکانی بەرکەوتەی هەبووە، لە ساڵی ١٦٥٦دا بە بیدعەچی تۆمەتبار کرا و لە کۆمەڵگەی جولەکە دەرکرا.
باروخ ناوی خۆی گۆڕی بۆ بینیدیک و پشکی خۆی لە کاروباری خێزانەکەی بە براکەی فرۆشت و ڕووی لە ئۆڤەرکێرک (گەڕەکێکی گەڕەکی ئەمستردام) کرد. بەڵام دوای ماوەیەک گەڕایەوە ئەمستردام و چووە ناو پەیمانگای تایبەتی یەزیدی پێشووی ڤان دێن ئێندێن. ئەو گەنجە لەماوەی خوێندندا زمانی لاتینی بەرەوپێش دەبات و یۆنانی و فەلسەفە و زانستە سروشتییەکانی خوێندووە، هاوکات فێری وێنەکێشان و وردکردنی چاویلکەی بینایی بووە. هەروەها لە کۆلێژ زمانی عیبری خوێندووە.
وردە وردە لە دەوری بێنتۆ یان (بینیدیکت سپینۆزا)، بازنەی هاوڕێ و خوێندکارەکانی کۆبوونەوە. لە هەمان کاتدا کۆمەڵگەی جولەکە لە ئەمستردام زۆر نیگەران بوون لە چالاکییەکانی و ئەو کاریگەرییەی لەسەر مێشکی كە هەیبوو. لە ساڵی ١٦٦٠دا کەنیسەی ئەمستردام بە فەرمی بانگەوازی ئەنجومەنی شارەکە کرد کە ئەم گەنجە لادەرە تاوانباری بکەن، چونکە نوێنەرایەتی “هەڕەشەیەک” دەکات بۆسەر لە خوا ترسان و ئەخلاق. دوای ئەوە، سپینۆزا ناچار بوو بۆ هەمیشە خاکی زێدی خۆی بەجێبهێڵێت.
لە گوندی ڕینسبورگ لە نزیک لایدن نیشتەجێ بوو، کە ئەوکات ناوەندێكی قەرەباڵغ بوو. لێرەدا پیشە و پەرەی بە بۆچوونەكانی دا، کە لە کۆلێژدا و داهاتێکی بەردەوامی بۆ بەدەستهێنا. لە شاری ڕینسبورگ، سپینۆزا یەکەم کتێبەکانی کتێبی (کورتەیەک لەسەر خودا و مرۆڤ و بەختەوەرییەکەی، نامەیەک بۆ باشترکردنی عەقڵ، بنەماکانی فەلسەفەی دیکارت و ئەخلاق)ی نووسیوە.
كەم كەم سپینۆزا لەناو بازنە زانستی و فەلسەفیەکانی ئەوروپادا ناوبانگێکی زۆری پەیدا کرد. زۆرجار ڕاوێژی بە خوێندکارانی زانکۆی لیدن دەکرد، و لە ساڵی ١٦٦١ سپینۆزا سەردانی یەکێک لە سەرکردەکانی ئەکادیمیای شاهانەی لەندەنی دەکرد، هێنری ئۆڵدنبێرگ (١٦١٨-١٦٧٧). دوای ئەوە ساڵانێکی زۆر نامەی بۆ دەنێرنێت.
لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ١٦٦٣دا، سپینۆزا ڕووی لە شاری واربۆرگ کرد کە لە نزیک لاهای. لەوێدا کریستیان هیوگنس (١٦٢٩-١٦٩٥)، فیزیازان و بیرکاری بەناوبانگی ئەو سەردەمەی ناسی، هەروەها فیلۆلۆژیست گێرهارد ڤۆس (١٥٧٧-١٦٤٩) کە بەرهەمەکانی کاریگەرییان لەسەری هەبوو.
گاگا لە ساڵی ١٦٦٤دا کتێبی (بناغەکانی فەلسەفەی کارتێزی) بڵاودەکاتەوە، کە تاکە بەرهەمی تەواوی ژیانی سپینۆزا بوو، کە لەژێر ناوی خۆیدا چاپ و بڵاوکرایەوە، هەروەها کتێبی (مێتافیزیکی رەنگدانەوەی)، لە ساڵی ١٦٧٠دا کتێبی (تیۆلۆژی-سیاسی) بە بێ ناو بڵاوکرایەوە، دوای ئەوە نووسەر بە سیكۆلارێكی توندڕەو دادەنرا. فەیلەسووف تەنیا بە پاڵپشتی برایانی دەسەڵاتداری ئەوکاتی دی ویت (یەکێک لەوانە یان دی ویت (١٦٢٥-١٦٧٢) پابەند بوو بە بۆچوونەکانی کارتێزیەوە) بۆیە بە شێوەیەکی زۆر جددی گۆشەگیری نەدەکرا.
لە مانگی ئایاری ساڵی ١٦٧٠ سپینۆزا ڕووی لە گاگا کرد. لە ساڵی ١٦٧٣ پێشنیارێکی هەڵبژێردراوانی ئەوکاتی ژوورەکەی ڕەتکردەوە بۆ وەرگرتنی کورسی فەلسەفە لە زانکۆی هایدلبێرگ و بانگێشەی بۆ دەکرد کە ئازادی ڕادەربڕینی لێ زەوت کراوە. لە ساڵی ١٦٧٥دا ئەخلاقی تەواو کرد و بۆچوونە فەلسەفییەکانی خۆی بە سیستماتیک کرد، بەڵام بۆ ماوەیەکی زۆر لە بڵاوکردنەوەیان دوودڵ بوو ، چونکە تا ئەو کاتە برایانی دی ویت لە ئەنجامی هەڵچوون و شۆڕشە سیاسییەکان کوژران. حکومەت لە وڵات دروست کرا. لەڕاستیدا وێنە دەستنووسەکانی کتێبەکە لە نێو نزیکترین هاوڕێکانی سپینۆزادا بڵاودەبوونەوە




دەنگی خودا لە تەنیاییم دەزرینگێتەوە… سەبری عەبدی

بیر لە بێدەنگی ئەو مردووشۆرە دەکەمەوە
شوشە عەترێک
بەسەر کفنەکەم دەپڕژێنێت
ئاسمان پڕ بووە
لەتەمی نیشتیمانێکی ڕەشداگەڕاو
زەویش ئەو حیکایەتە بوو
مانگاکەی بنی هەڵخلیسکا
قەدەرێکی خاڵیی دەبینم
شووناسەم نا
ناوی خۆم دەدەمە ده‌ست ئەو پۆستەچیانەی
لەدوورەوە هاوار دەکەن
هەمدیس
گریانی بەدگومانیی زەویمان بۆ هێناون
چۆن ماسییەکان فێر بکەم
سپێدەیەک بەر لەهەڵاتنی خۆر
لەنزیک ژنبوونم وچان بدەن
چۆن دەستی پیاوێک بگرم
لەڕێگه‌دایە لەگەڵ
ئەستێرەیه‌کی لە ئاسمان تۆراو
زەمی بێوەفایی مانگ دەکەن
بە تەنیایی بڵێم ئەو پیاڵەیەش
لەبەر چاوە بێبەزەییەکانی تۆ بنۆشێ
پێی بڵێم لەگەڵ هەر پێکێک پیاوێک هەڵدەوەرێ
پێنووسەکەم ڕا دەهێنم
ئەو ئاگری ئادەمیییە
نەخاتە لاپەڕە سپییەکانی ژن
پێی دەڵێم چارەنووس ئەوکاتەبوو لە گچکەییمدا ڕێی دەکرد
ساڵەکان درەنگ دەکەوتن
ورزەکانیش زوو
ژن ساڵ و وەرز ناناسێ
بەیانییه‌ک لەگەڵ دەنگی کەڵه‌شێر بانگم بکە
هێلانەی ئەو ڕەشۆلانە دەگوازینەوە
کە تۆ ڕەشبینانە گومانت لێ دەکردن
نامەوێت لێرە بەتەنیا بمێنمەوە و
لەگەڵ باڵندەکان سەفەر بکەم
بۆ شاره شکاوەکانی کوردایەتیی
ئەز ناخازم بچمە ئەڤان ئێواران
ڕۆحم بەدیار کاڵبوونەوەی دڵم دادەنیشت و
جگەرەی ونبوی خۆی دەکێشا
ڕۆحێکی یاخی
ئاوازێک بەر لەوەی نۆتەکانی دەربچێ شەهید بوو
نامەیه‌کی دایە دەست ئەو فریشتانەی لەسەر گۆڕەکەی پەنجەی چەقۆیان دەگوشی
وتی بەخودا بڵێن
مانگاکە و زەویش داوای لێخۆش بوون دەکەن
بەر لەقاش قاش بوونی هەنار وەرە
بەر لە ڕۆندکێ دایکێ
بەر لەوەی خودا مشتێ لەتەنیایی خۆییم پێ ببەخشێ.




ئێران.. شەڕێکی قورسی دژ بە دیکتاتۆرییەت!… عەبدوڕەحمان گەورکی

تێڕوانینێک بە سەر بەرەنگاربوونەوەی دیکتاتۆرییەت لە ماوەی ٤٤ ساڵی ڕابردووی ئێراندا!

شۆڕشگێڕان و ئازادیخوازانی ڕاستەقینەی خاکێک، لە هەر کوێیەک بن، دڵیان بۆ گەلەکەیان و نیشتمانەکەیان لێدەدات. ئەوان هەرگیز شەڕ بەرانبەر بە داگیرکەرانی زێدی خۆیان پشتگوێ ناخەن. موجاهێدینی خەلقی ئێران وەک نموونەیەکی زەقی ئەم راستییە. ئەوان لە هەموو کاتێکی دوورکەوتنەوەی نەخوازراویان لە خاکی خۆیان، شەڕی خۆیان لە دژی دەسەڵاتی ئێران زیادتر کردووە. چونکە ئەوان ئەم شتە بە رەمزی “وەفاداربوون بۆ بەڵێن و قوربانیدانی بێکۆتایی” دەزانن و هەر لە سەرەتاوە ئەوەیان داوەتە بەر خۆیان و لەسەری پێداگرن و گرێدراوی بەردەوامبوون و هەمیشەیی بوونیانە.
روونیشە کە بەر لە هەمووان، رژێمی ئێران ئەم ڕاستییە دەزانێت و چەندین جار شایەدی لەسەر داوە(هەڵبەت بە زمانی دەسەڵات خۆی). لە هەمان کاتدا ئەم ڕاستییە لەلایەن کۆڕ و کۆمەڵە سیاسییە ئاگادارەکان و شارەزایانی کاروباری ئێران جەختی لەسەر کراوەتەوە. هەر ئەمەیشە کە له‌ ماوه‌ی چوار ده‌یه‌ی رابردوودا “ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران”ی وەک “تاكه‌ ئاڵتڕناتیڤی ئه‌م رژێمه‌” پاراستووە کە موجاهیدینی خەلق ئەندامی سەرەکییە تیایدا.
بە ڕووخاندنی ڕژێمی دیکتاتۆرییەتی شا لە لایەن خەڵک و هێزە سیاسییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی شادا لە ساڵی 1979 و هاتنە سەرکاری ڕژێمی مەلاکان، (خومەینی) بە پێچەوانەی خواست و چاوەڕوانییەکانی خەڵکی ئێران، هەر زوو دیکتاتۆرییەتێکی زۆر خراپتری بەسەر کۆمەڵگادا فەڕز کرد و کەش و هەوای کراوەی سیاسیی کۆمەڵگای داخست و ئازادییەکانی سەرکوت و هێزە ئازادیخوازەکانی کۆمەڵگای لە ژێر ناوی ئیسلام(!)دا زیندانی کرد و دوای ئەشکەنجەدان و لە سێدارەدان و لە زۆر حاڵەتیشدا قەتڵوعامی کردن، کە کۆمەڵکۆژکردنی زیاتر لە (30) هەزار زیندانیی سیاسی لە هاوینی 1988 یەکێکە لە نموونە زەقەکانی. پرۆسەیەک کە تا ئەمڕۆیش هەر بەردەوامە.
ئەم هێزە هاوکات لەگەڵ درێژەدان بە خەبات لە دژی دەسەڵات و بە گواستنەوەی سەرکردایەتی موقاومەتی ئێران بۆ سەر سنووەکانی ئێران (عێراق) لە ساڵی ١٣٦٦دا، “ئەڕتەشی ئازادیبەخشی میللیی ئێران”ی دامەزراند و لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا، توانیی وەها گورز لە ڕژێمی ئێران بووەشێنێت کە (خومەینی) خۆی، کاتێک بینی ڕووخاندنی ڕژێمەکەی نزیک بۆتەوە، دەستبەجێ ژەهری ئاگربەستی نێوان ئێران و عێراقی نۆشی، کە ئەگەر ئەو کارەی نەکردبایە، بە دڵنییاوە ئێستا ئەو و ڕژێمە نەمابوو و ئێران و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەنانەت جیهانیش لە دۆخێکی جیاوازدا دەبوون!
پێشهاتەکانی پەیوەندیدار بە عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣، هەرچەندە ئاڵۆزبوونی دۆخ و هاوکێشەکانی ناوچەکەی زیاد کرد، بەڵام بە هەمان پێوەر، موقاومەتی ئێران توانی ئاستەنگ و سەختییەکانی سەر ڕێگا، یەک لە دوای یەک، وەلا بنێت و بە سەرکەوتوویی بەسەریدا تێپەڕێت. چونکە داگیرکردنی عێراق، هەرچەندە لەژێر ناو و ئاڵای ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا ئەنجامدرا، بەڵام لە ڕاستیدا داگیرکەری سەرەکی عێراق (ڕژێمی ئێران) بوو، کە جگە لە داگیرکردنی ئەم بەشە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، توانیبووی هێزەکانی موقاومەتی ئێران لە “ئەشرەف 1” و پاشان “ئەشرەف 2” گەمارۆ بدات و زۆر جار هێرشی سەربازی و مووشەکی و زەمینی و تیرۆریستی بکاتە سەریان. بەڵام لە ماوەی ١٤ ساڵ خۆڕاگرییەکی شکۆداردا، موجاهیدین نەک هەر توانیان خۆیان بگرن و لەسە پێ بمێننەوە، بەڵکو بوون بە “ئاستەنگێکی پۆڵایین” لە بەرانبەر دەستدرێژیکردن و داگیرکارییەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر ناوچەکە.
ئەگەر چی لە میانەی پێشهاتەکانی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣دا، بەڕواڵەت ئاراستەی جوڵەی هێزەکانی موقاومەتی ئێران پێچەوانە دەردەکەوت کە گوایە موجاهیدینی خەلق خوازیاری دوورکەوتنەون لە ناوچەکە، بەڵام ئەوان بە ستراتیژی و پێوەرەکانی تایبەت بە خۆیان لەمەڕ خەبات و تێکۆشان، دۆخەکەیان کردە “پردێک بەرەو تاران” و بە دەرچوونیان لە عێراق لە ساڵی 2016، هاوکێشەکەیان گۆڕی، بە جۆرێک کە رژێمی ئێرانی خستە دۆخێکی قەیراناوی و بێدەرەتانیدا. وەک ئێستا دەبینین دۆخی ڕێژیمی ئێران ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر هەستیارترە و ئەم رژێمە لە هەنگاوەکانی پێشووی خۆی “پاشگەز” و لە داهاتووی خۆی “نیگەران”ە. چونكه به پێچەوانەی گەشەسەندن و پەرەسەندن و بەرەوەپێشچوونی موقاومەتی ئێران، ئەم رژێمە لە هەموو روویەکەوە “لاوازتر و بێ تواناتر”ە.
هەر بۆیە دەکرێت تابلۆی سیاسی شەقامی ئێران بەم شێوەیە وێنا بکرێت کە موقاومەتی ئێران، جگە لە فراوانبوونی چالاکییەکانی لە سەرانسەری جیهان و دامەزراندنی “ئەشرەف ٣” لە وڵاتی ئەلبانیا، کە ناوازە و بێ هاوتایە لە مێژوودا، ” ئێستا خاوەنی هەزاران (یەکینەی شۆڕش)ە لە سەرانسەری ئێراندا کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا و بە تایبەت لە رەوتی ڕاپەڕینی ساڵی 2019دا، لێهاتوویی و کارامەیی خۆیان لە هەموو ڕوویەکەوە نیشانداوە و ئەگەر دۆخەکە بگاتە خاڵێکی “خوازراو”، دەتوانن چارەنووسی خەڵکی ئێران لە بەرامبەر ڕژێمی دیکتاتۆری دەسەڵاتدار یەکلایی بکەنەوە!
“یەکینەکانی شۆڕش” ئێستا جگە لە کاری ڕێکخستن و بەڕێوەبردن لە سەراسەری شار و شارۆچکەکانی ئێراندا، خاوەنی پوتانسییەل و ورە و شەڕەوانییەکای ئەوتۆن کە تەنگیان بە ڕێژیم و هێزەکانی حکومەت هەڵچنیوە و هەموو لیڤەرەکانی دێواندنی موقاومەت لە لایەن ڕێژیمەوە و پیلانگێڕییەکانی حکومەت دژ بە موقاومەتی ئێرانی پووچەڵ کردۆتەوە و هەموو رێگەکانیشی بەسەر (بە لاڕێدابردنی راپەڕین بەرەو رووخاندنی دەسەڵات) داخستووە کە ئاشکراکردنی پڕۆژەی “ڕەزا شا ڕۆحت شاد” کە پرۆژەیەکی دەستکردی وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێرانە و بۆ بە لاڕێدابردنی ڕاپەڕین و شەرعیەتدان بە سەرکوتکردن و لە کار خستنی موقاومەتی ئێران هێنرابووە مەیدان، یەکێکە لە نوێترین نموونەکانی.
ئێستا زنجیرەیەک هەڵمەتی نێودەوڵەتیی موقاومەتی ئێران لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، چ لە ناوەوە و چ لە دەرەوەی ئێران، دوا قۆناغی ڕاستەقینەی ئێرانی خستۆتە بەرچاوی گەلانی جیهان. سەرکەوتنەکانی موقاومەتی ئێران لە بواری یاسایی و دادگاکاندا و لەوانە لە وڵاتی سوید و بلژیکا، کە بووە هۆی زیندانیکردنی کرێگرتە تیرۆریستییەکانی سەر بە رژێمی ئێران، لە دەستکەوتەکانی ئەمدواییانەن، کە قەدەغەکردنی گواستنەوە و گەڕاندنەوەی دیپلۆمات تیرۆریستێکی وەک (ئەسەدوڵڵا ئەسەدی) کە لە نێوان حکومەتی بلژیکا و بانکەوانی تیرۆریزمی جیهانی (واتا رژێمێ ئێران) رێککەوتننامەی لەسەر کرابوو، دوایین ئاڵقەکانیەتی تاکو ئەمڕۆ.
ئێستا بەهێزبوونی تاکە ئاڵتڕناتیڤی دێموکراتیکی رژێم، واتا (ئەنجومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران) بووەتی راستییەکی حاشا هەڵنەگر و بەرەو ئەوە هەنگاوی دەنێت کە گۆڕانکارییەکی گەورە لە ئێراندا ڕووبدات!

کۆتایی

عەبدوڕەحمان گەورکی، نووسەر و لێکۆڵەری سیاسی




ناوی كتێب: نۆڤلێتی شه‌قامه‌ بازنه‌ییه‌كان… رەسوڵ بەختیار


• ناوی نووسه‌ر: رسول به‌ختیار
• هه‌ڵه‌چنی: عه‌بدوڵڵا ره‌حمان
• دیزاین: عیماد حه‌سه‌ن
• چاپی یه‌كه‌م 2022

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن….




پزیشکێک لە گێژاوی هەست و سۆزە چڕو پڕەکان دا… هەژار عوسمان

لە بواری کاری پزیشکی و بە تامێکی کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیریی گشتی و کەمۆکەیەکیش چینایەتی و سیاسی، پزیشکی پسپۆڕی بێهۆشکاری هاوپیشە و هاوڕێم د.هەڤین کەمال شا محەمەد بە کتێبی (لوب دوب) کتێبخانەی کوردیی دەوڵەمەند کرد. بۆ ئەم کارەی لە ناخی دڵەوە پیرۆزبایی لێدەکەم. د.هەڤین لە نەخۆشخانەی ئیمێرجێنسی (فریاکەوتن) کاری کردوە و ئێستا لە نەخۆشخانەی نەشتەرگەریی جوانکاری و سوتاوی لە سلێمانی کاردەکات. د.هەڤین هەر لە منداڵیەوە کتێب خوێندنەوە دەبێتە خولیای و بە مە ژێرخانێکی بتەوی ڕۆشنبیریی گشتی بۆ خۆی دروست دەکات . د.هەڤین لەسەرەتای کتێبەکەیدا دەپرسێ بۆ خەڵک پێی سەیرە پزیشک چیرۆکنوس و شاعیر بێت ، پرسیارەکە پێچەوانەدەکاتەوە کە بۆ ئەوانە نەبێت؟ مادام پزیشک ڕۆژانە سەروکاری لەگەڵ ئێش و ئازار و خۆشیی ژیان و فریاکەوتن و ژیاندنەوە و ناخۆشیی مردن و ئاخ و ئۆفی مرۆڤ هەیە ئیتر پێویستی بە ڕامان و گەڕانی زۆر بە دوای هزر و ئایدیا و وێنە خەیاڵیەکان نیە، هەر ئەوەی بەسە تۆماری ئەوە بکات ڕۆژانە لە کارەکەیدا دەیبینێ و دەیبیسێ و دەژی لە ناویدا. ئەو لە دورەوە شەیدای نوسینەکانی نوسەرێکی ناودار دەبێت ، گەنجینەی بیرەوەریەکانی وەک پزیشکێک لێوانڕێژە لە بەسەرهاتی نەخۆشەکانی ، ناڵە و فیغانی نەخۆشە پڕئازارەکانی دڵە هەستیار و ناسکەکەی نائارام دەکات و خەو دەزڕێنن لە چاوانی . بە هیوای ئەوەی نوسەرەکە لە چواچێوەیەکی ئەدەبی دا بەسەرهاتەکان بکاتە چیرۆک و ڕۆمان ، بە چەند بازنەیەک دەکەوێتە نوسینەوەی ڕوداو و بەسەرهاتەکان و پەیتا پەیتا دەیاننێرێ بۆی، لە کۆتایی کتێبەکەیدا بۆی دەردەکەوێ کە نوسەرەکە زۆر نەخۆش بوە بۆیە پۆستەکەی ئەمیان نەداوەتێ و دواتر مردویشە، ڕۆژێک هەمو پۆستە نێردراوەکانی بۆ دەهێنن بۆ نەخۆشخانە و ڕادەستی دەکەنەوە.
ئینجا وەرە لەم کۆمەڵە و لەم هەرێمە پڕ کێشەیەدا ژنێکی پڕ لە هەستیاری و هاوسۆزی بیت، دوکتۆرێکی بۆ کارکەت دڵسۆز و کەسێکی ڕۆشنبیریش بیت، لە سیستمی تەندروستی (کە ئیمڕۆ بوە بە بازاڕی تەندروستی) و لە سیستمی حوکمی کوردی هەست بە هەمو کەم و کوڕیەکان بکەیت و لە نەخۆشخانەیەکی کەرتی گشتی دا کاربکەیت کە پەیوەندیی بە فریاکەوتنی دۆخە ترسناک و لەناکاوەکانی نەخۆشەوە هەبێت ، پسپۆڕیەکەشت لە ئێش و ئازارەکانی مرۆڤ بەگشتی و هی کوردیش بە تایبەتی بێت، دەبێ بار و دۆخی ئەم پزیشکە خۆی چۆن بێت؟ نا نا وامەزانە د.هەڤین لە نائومێدی و ڕەشبینیی کاتی دا توشی سستی و خاوی و شلی بێت لە کاری ڕۆژانەیدا، ئەوهەڵوێستە جوان و چاک و مرۆڤدۆستیەکانی کەسانی دەور و بەر دەبینێ و هێز و وزەیان لێوەردەگرێ و بەردەوامی دەدات بە کارەکەی.
ڕۆژێک بە پەلە دەیبەنە سەر(خەندە) ی تەمەن بیست بەهار، خەندەی چی ! وێرانە وێران،نزیکەی هەمو جەستەی سوتاوە و ئاه و ناڵەی دەگاتە ئاسمان، نوسەر بە دڵدانەوە و بە دەرزیی ئازارشکێنی بەهێز فریای دەکەوێت.وەک دایکی زۆربەی ئەو کچ و ژنانەی خۆیان دەسوتێنن دایکی خەندە ش دەڵێت نەوتی کردۆتە زۆپاوە و کراسەکەی گڕی گرتوە، د.هەڤین دەیان جار ئەم درۆیانەی بیستوە و بە ئاسانی بە دایکی خەندە دەردەخات کە کچەکەی خۆی سوتاندوە ، هۆکەشی ئەوە بوە ڕۆژێ پێشتر باوکی بە زۆر مارەی کردوە لە ئامۆزایەکی، بەمە خەونی خەندە ،کە ئەوە بوە خوێندن تەواوبکات و ببێتە مامۆستا و ئینجا شو بکات بەو کوڕەی ماوەیەکە یەکتریان خۆشدەوێ، دەبێتە هەناسەیەکی سارد و لە ئاسمانی بێکۆتایی دا بزردەبێ. خەندە لە بێهۆشیەکی قوڵ قوڵ و بەردەوام دایە و هەرگیز ناگەڕێتەوە بۆ ژیان ، نوسەر کە هۆڵی نەخۆشەکان ئارام دەبێتەوە دەچێتە تەنیشت چرپاکەی خەندە و بەسەرهاتەکانی بۆ دەگێڕێتەوە.
نوسەر ئاوێنەیەکی زیندوت دەداتە دەست کە تێیدا هەمو نەخۆشی و کارەسات و مەرگەساتەکان وکەم و کورتیەکانی ئەم کۆمەڵەت بە گێڕانەوەیەکی پڕ لە هەست و سۆز پیشان دەدات ، ئەو زۆر جار خۆی پێناگیرێ ودانەدانەی مرواریی سروشکە بەسۆزەکەی دەبارێنی بەسەرنەخۆشەکانی دا.
باسی کچی بەزۆر بەشودراو دەکات چۆن خۆی دەکات بە کڵۆیەکی ڕەژو و ئەم کە دەبینێ ناتوانێ ڕزگاری بکات یا ئێشەکانی کەمبکاتەوە چۆن خۆزگەی مردنی وەک جۆرێک لە ڕزگاربون بۆ دەخوازێ. باسی قوربانیەکانی شەڕی براکوژیی دوای ڕاپەڕین و باسی دەس و قاچ پەڕیوەکانی مین و بۆمبا فڕێدراوەکان دەکات کە چۆن لە نەخۆشخانەی ئیمیرجنسی چارەسەر کراون و بەهۆیانەوە نەخۆشخانەکە ناونراوە نەخۆشخانەی قاچ پەڕیوەکان. نوسەر باسی ئەو کچە دەرچوە ی زانکۆمان بۆ دەکات کە ڕۆژی دوازدە کاتژمێر لە کارگەیەکی ماست دا کاردەکات و لەتاو ئێشی جومگەکانی هاتوە بۆلای بۆ چارەسەر. باسی ئەو کچۆڵە ناسکە پڕلە هەست و زیرەکیەمان بۆ دەکات کە بەهۆی جیابونەوەی باوک و دایکی ، ئەم لەژورێک دا لای باوکە کتێب فرۆشەکەی دەژی، لەڕێی کتێبەوە ژیانی خۆش و ئایندەی ڕوناک و کۆمەڵی بەختەوەر و دەسەڵاتی دیموکرات و دادپەروەر دەناسێ بەڵام لەسەر کاغەز ، ڕۆژێک چاوەڕوان نەکراو هاواری لێ هەڵدەسێ و بە باوکی دەڵێ کەی ئەمە ژیانە ئێمەی تێداین . نوسەر بە نمونەی زیندو بڕوات پێدەهێنێ کە دەسدرێژی کردنی سێکسی بۆ سەر منداڵ لەم کۆمەڵەدا هەیە ، کە هەندێ پیاوی ڕاهاتو بە مادەی هۆشبەر بۆ بەدەستهێنانی مادەکە ئامادەیە خۆی و ژن و منداڵەکەشی بفرۆشێ . باسی قوربانیانی ڕوداوەکانی هاتوچۆدەکات، د.هەڤین لەسەر چەقی جادە فریای کوڕێکی گەنج دەکەوێت کە بەهۆی ئەوەی پارەی نەبوە دەرمانی پەرکەمەکەی بکڕێ دەبورێتەوە و دەکەوێت. (دڵارام) ی شۆخ و شەنگ لە تافی لاویدا شێرپەنجە چڕنوکە بێ بەزەییەکانی لە بینی گیردەکات، ڕۆژێک بە نوسەر دەڵێت خۆزگە شێرپەنجە دەبو بە مرۆڤ و توشی نەخۆشیی شێرپەنجە دەبو و هەمو ئەو ئازارانەی دەچەشت کە ئێمە دەیچێژین بۆ ئەوەی کەمێک لە ئازارەکانمان تێبگات، حەزدەکەم شێرپەنجە بمرێت بۆ ئەوەی کەس وەک من ئازار نەچیژێت. باسی (ئەحمەد) ت بۆ دەکات ، ئەو شاعیرە گەنجەی کە دو دیوانی شیعری بەچاپ گەیاندوە ، لە نەبونی و دەستکورتیی دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ دەبێتە مین هەڵگرەوە و بە تەقینەوەی مین لاقێکی لەدەست دەدات ، پزیشکی نەشتەرگەر و نوسەر و یاریدەدەرەکانیان لە لێواری مردن دەیگێڕنەوە بۆ ژیان، لە وەڵامی ئەوەی لە بێهۆشیە قوڵەکەی تێی کەوتبو چیی بینیوە، ئەحمەد دەڵێت ” ئەوەی بیرمە خەوێک بو، لە خەوەکەما زۆر دڵخۆش بوم، گەڕابومەوە بۆ دێکەمان، ئێوارە بو، لە ژێر دار ئەرخەوانەکەی بەردەمی ماڵمان دانیشتبوم، کزەبایەک یاریی بە شەرواڵ و کراسەکەم دەکرد ، منیش بە هێمنی دانیشتبوم شیعرم دەنوسێ “، دەبێت تیمی پزیشکان و یاریدەدەرەکانیان چۆن لە خۆشیی ڕزگارکردنی ئەحمەد باڵیان لێ ڕوابێت! نوسەر ڕەخنەگرانە باسی مێشک و دڵی ئەو توێژە کەمەی کچ و ژنی سەرمایەداران ودەسەڵاتدارانی کوردی دەکات کە جگە لە خەمی ڕواڵەتی جەستەیان و خۆجوانکردن هیچی تریان تێدا نیە. نوسەر وەک ڕۆشنبیرێک دەیان پەند و بیر و هزری جوان و قوڵی بیرمەندان و فەیلەسوفانی دنیامان بۆ دێنێ و دەیانبەستێتەوە بە باسەکانی. د.هەڤین باسی ژیانی تایبەتیی پزیشک دەکات و بە گشتی بەرگریان لێدەکات کە چۆن خزمەتی نەخۆشەکانیان دەکەن و چۆن ئەوانیش کێشەی خۆیان هەیە و پێش ئەوەی پزیشک بن مرۆڤن وەک هەر مرۆڤێکی تر، بەڵام ڕەخنەش لەو دوکتۆرانە دەگرێت کە ڕەوشتی پزیشکیان لاوازە و لە پێناوی پارەدا قوربانی بە لایەنی مرۆڤدۆستیی پیشەکەیان دەدەن . نوسەر زۆر جوان باسی پاڵەوانە ڕاستەقینە گومناوەکانی ئەم کۆمەڵە دەکات و ڕەخنە لەو کەسانە دەگرێت کە جگە لە قسەی زل و بێکردار هیچی تریان لێنایەت، باسی فشەڕۆشنبیر و ڕۆژنامەنوسی ڕواڵەتی و نادڵسۆزمان بۆ دەکات و لێیان دەپرسێت کوا کۆڵینەوە و بنکۆڵکاریەکانیان بۆ ئەم کۆمەڵەی لە ژێر سەدان دەردی کوشندەدا دەناڵێنێ.
نوسەر بەرگری لە مافی ژن دەکات وەک ئینسان و تەکەز لە سەر ئەوە دەکات کە ژن هەر جەستە و بوکەڵەی ڕازاوە و جوانی بەردەست پیاو نیە ، ئەو دوپاتی دەکاتەوە کە پیاوسالاری بەسەر ئەم کۆمەڵەدا زاڵە و سوارە، بەڵام کوێرانه بەرد لە پیاوان ناگرێ و بەرگریی کوێرانەش لە ژنان ناکات، ئەوەتا ڕەخنەی توند و ڕەوا لە ڕێکخراوەکانی ژنان دەگرێت کە چالاکیەکانیان لە گەشت و سەیران و دەعوەت و قسەی بێکرداری بەر مایکرۆفۆنی ڕادیۆ و تەلەفیزۆنەکان و ناو سیمینارەکان تێپەڕ ناکات و زۆربەیان ئاگایان لە ئێش و ئازارە زۆر و جۆرا و جۆرەکانی ژنانی کوردستان نیە.
بێ دودڵی (لوب دوب) شایەنی خوێندنەوەیەکی ورد و شێلگیرە، دڵنیام ئەمە تەنیا کتێبی د.هەڤین
نابێت و کتێبی تریشی بە دوادا دێت، چاوەڕوانین.
هیوادارم پزیشکانی کوردستان بە تایبەتی پزیشکە لاوەکان کتێبی (لوب دوب) بخوێننەوە و گرنگی بە بوارە جۆراوجۆرەکانی ئەم ژیانە ڕەنگاوڕەنگە بدەن نەک هەر قەتیس بمێنن لە تونێلی تەنگی زانستە پزیشکیەکان، بێگومان دەبێت بەردەوام لە بواری پزیشكیدا خۆیان نوێبکەنەوە و ئاگایان لە دوا پێشکەوتنەکانی پزیشکی بێت لە دنیا دا ، بەڵام لە هەمان کات دا دەبێت بەردەوام ئاگایان لە کۆمەڵی کوردستان و باری سیاسیی هەرێم و عێراق بێت و بزانن باری کۆمەڵایەتی و ئابوری و دەرونیی نەخۆشەکانیان چۆنە، ئێمە چەند پێویستمان بە پزیشکی پسپۆڕی زانا هەیە بە هەمان ئەندازە پێویستامان بە پزیشکی ڕەوشت بەرز هەیە کە ئاستی ڕۆشنبیریی بەرز و فراوان بێت و لە خەباتی مەدەنیی خەڵک دا بۆ بەدەستهێنانی مافە خوراوەکانیان بەشداریی کاریگەر بکات.
لە ئەنجامی سیاستی هەڵەی حکومەتی هەرێم ئیمڕۆ نەخۆشخانە و بنکە تەندروستیە حکومیەکان بە هۆی کەمی یا نەبونیی دەرمان و کەرەسەی نوێی پزیشكی و خزمەتگوزاری، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرەو پوکانەوە و چۆڵەوانی دەڕۆن، ئەو بەسەرهات و ڕوداوانەی ڕۆژانە ڕودەدەن تێیان دا ، گەر هەمو وردەکاریەکانیان تۆمار بکرێن لە لایەن پزیشکان و یاریدەدەرەکانیانەوە ، کەرەسەی دەیان ڕۆمان و فیلمی دۆکومێنتار و فیلمی سینەماییان تیادەبێت کە دەشێت بکرێنە بەڵگە لە سەر گوێ پێنەدانی حکومەتی هەرێم بەم بوارە ی خەڵک کە پەیوەندیی بە ژیان و مردنیانەوە هەیە.




شمشێر*… به‌ختیار محه‌مه‌د

{پێشكه‌شه‌ به‌ (شنگال) ی شه‌هید}

ئه‌وان له‌ بیابانه‌وه‌ هاتن:
به‌ كێری ئه‌ستووری شمشێریی و
به‌ زمانی دووفاقی شمشێریی و
به‌ ئه‌سپی عا‌ره‌بیی شمشێریی و
به‌ ئایه‌تی پیرۆزی شمشێریی و
به‌ فتوحاتی خوێناویی شمشێریی…
هاتن، به‌ مه‌سحه‌فی پڕ له‌ شمشێره‌وه‌ هاتن
ئێستا من كۆیله‌ی خۆشباوه‌ڕی شمشێرم
ئێستا من كۆیله‌یه‌كم،
به‌رگریی سه‌رسه‌خت له‌م شمشێرانه‌ ده‌كه‌م.
ئێستا من به‌م شمشێرانه،
هه‌روه‌ك به‌رانه‌كه‌ی ئیسماعیل و ئیبراهیم
گۆشاوگۆش خۆم سه‌ر ده‌بڕم:
مێژووم، زمانم، به‌رگم، ڕۆحم، خاكم، وڵاتم…
هه‌ر هه‌موو شتێكی خۆم سه‌ر ده‌بڕم.
ئێستا من تازه‌
چیتر ناتوانم
به‌ زمانی خۆم
خوا بپه‌رستم،
به‌ زمانی سه‌رپه‌ڕێنی (الله‌ اكبر) ی
شمشێر نه‌بێ.

به‌ختیار محه‌مه‌د




له‌ نێوان بەیت و قەسیدەدا… ر‌سوڵ بۆسكێنی

به‌یتی كوردی له‌ به‌سه‌رهاتی ‌چیرۆك ئامێز و تایبه‌تمه‌ند پێكهاتووه‌، دارشتنی به‌یته‌كان به‌شێوه‌یه‌كی شیعری جوان و ڕه‌وان، له‌سه‌ر كێشی خۆماڵی‌ و تایبه‌تی، بۆ ده‌ربڕینی مه‌به‌ستێك گوتراوه‌، شێوه‌ی به‌یته‌كان جۆراوجۆرن، جاری واهه‌یه‌ نیوه‌ شیعره‌كانی ته‌واوێك درێژن و جاری واش هه‌یه‌ زۆر كورتن، به‌ڵام له‌هه‌موو حاڵێكدا كێش و مۆسیقا پارێزراوه‌ و شیعری بێ قافیه‌ی تێدانییه‌، به‌ڵام له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی ڕێك وپێك دانه‌نراوه‌، جاری واهه‌یه‌ زۆر له‌سه‌ر قافیه‌یه‌ك ڕۆیوه‌ و جاری واش هه‌یه ‌هه‌ر تاقه‌ دوو نیوه‌ شیعر له‌سه‌ر یه‌ك قافیه‌ن، وشه‌گه‌لی ڕه‌سه‌ن و شیرینی كوردیان به‌كارهێناوه‌، ناوه‌رۆکی زۆربه‌ی به‌یته‌کان به‌سه‌رهاتێك یان ڕووداوێكی مێژوویی و خۆشه‌ویستی نێوان دڵداران ده‌گێڕته‌وه‌.
له‌هه‌مان كاتدا قه‌سیده‌ شێوه‌ی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌، له‌شیعری كلاسیكی دا هه‌موو غه‌زه‌لێك له‌پێنج دێڕه‌ شیعر پێكدێ، تا ده‌گاته‌ هه‌ژده‌ دێڕه‌ شیعر، ئه‌مه‌ غه‌زه‌لی پێ ده‌ڵێن، له‌دوای ئه‌وه‌ قه‌سیده‌ی پێ ده‌ڵێن، ئه‌م بابه‌ته‌ شیعره‌ وشه‌ و ڕسته‌ی عه‌ره‌بی زۆری تێدابه‌كاردێ، بێگومان هه‌ر غه‌زه‌ل و قه‌سیده‌یه‌ك له‌سه‌ر كێشی عه‌رووزی پێكدێ و ده‌بێ یه‌كێتی قافیه‌ش پارێزراوبێ‌.
قەسیدە یەكێكە لە فۆرمەكانی شیعری كلاسیك، لە پێشدا لەنێو عەرەبەكاندا باو بووە، دوای ئەوەی خەڵكی ئێران دێنە سەر ڕێبازی ئیسلام، شاعیرە فارسەكان بە لاسایی‌ كردنەوەی عەرەبان لەو جۆرە شێعرە دەهۆننەوە و شاعیرانی كوردیش هەروا، شیعری كوردی له‌ڕێگای شیعری فارسییه‌وه ‌كێشی عه‌رووزی وه‌رگرتووه‌، خۆی قەسیدە واتە شێعری مەبەستدار، شێعرێك تایبەت بۆ مەبەستێك نووسرابێت، دوكتۆر سیرووس شەمیسا لە كتێبی جۆرەكانی ئەدەب‌دا دەڵێ: قەسیدە یەكەم جۆرێكی شیعرە، لە ئەدەبیاتی فارسی دوای هاتنی ئیسلام‌ بە لاسایی ‌كردنەوە لە شیعری عەرەب هاتووەتەدی.
دكتۆر مارف خه‌زنه‌دار له‌ مێژووی ئه‌ده‌بی كوردی به‌رگی دووه‌م ده‌ڵێت: ئه‌م هونه‌ره‌ شیعریه‌ی قه‌سیده‌‌ له‌ئه‌نجامی تێكه‌ڵ بوونی مه‌ده‌نیه‌تی نه‌ته‌وه‌ موسڵمانه‌كان (به‌تایبه‌تی عه‌ره‌ب و فارس و تورك و كورد) په‌یدابووه‌، له‌ناو كورددا له‌سه‌رده‌ستی مه‌لای جزیری له‌ باكووری كوردستاندا گه‌یشته‌ پله‌یه‌كی به‌رز، كه‌له‌ڕووی هونه‌ریه‌وه‌ له‌شاعیرانی فارسی هاوچه‌رخی خۆی كه‌متر نیه‌.
قەسیدە خۆی لە ڕاستیدا شیعرێكە بۆ پەسنبێژی و پێداهەڵگوتن ده‌وترێ. قەسیدە فارسییەكان پەسنی دەسەڵاتدار و ئەمیرەكانی سەردەمی ژیانی شاعیرانه‌، شاعیر لە پێناوی ئەو قەسیدانەدا شاباشی وەرگرتووە، قەسیدە لە چەند بەشێك پێك دێ. بەشی یەكەمی قەسیدە پێداهەڵگوتنە بە هەڕەتی لاوێتی و تایبەتمەندییەكانی ئەو قۆناغەی تەمەن و بە عەرەبی پێی دەڵێن: “تەشبیب”. بەو پێیە یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی ئەو قۆناغە، ژیانی دڵداری و خۆشەویستییە، بۆیە ئەم بەشەی قەسیدە هەر باسی عەشق و دڵدارییە، لە بەشی دووەمیدا كە پێی دەگوترێ “تەخەلوس” شاعیر ئەو باسە دڵدارییە بە بەیتە شیعرێك وا لێ دەكا بەبێ ئەوەی هەست بە دابڕان و پچڕانێك بكرێت بای دەداتەوە سەر پەسن و پێداهەڵگوتن بەمیر یان پادشادا. بەشی سێهەمی هەمووی پێداهەڵگوتنە و بەشی كۆتایی یان چوارەمیشی هەر دوعاكردن و هیوای تەمەندرێژییە بۆ ئەو كەسەی پێیدا هەڵدەڵێ.
بەیتە كوردییەكان لەو ڕووەوە زۆر لە قەسیدە نزیكن، بەیتبێژ لە پێشدا كوڵ و كۆی دەروونی خۆی هەڵدەڕێژێ و بەخۆی هەڵدەڵێ و دوای ئەوە دێتە سەر باسە سەرەكییەكەی، كە پێداهەڵگوتنە بە قارەمانی بەیتەكە و لە هەندێ شوێندا بەیتبێژ یان گێڕەرەوە یان قارەمانی بەیتەكە لەناخی خۆیدا و لەگەڵ خۆی دەدوێ. لێكچوونی بەیت و قەسیدە، نەك لەم لایەنە نێوەرۆكییەدا، بەڵكو لە لایەنێكی فۆرمی و پێكهاتەیی ‌دا زەق دەبێتەوە، بەیتە درێژەكان لە سەرەتاوە هەتا كۆتایی چەندین بەشی جۆراوجۆر لە خۆ دەگرن، كە مەنتیقی فۆرمیی و ناوەرۆكیی ئەم بەشە جۆراوجۆرانە تاڕادەیەك پێكەوە جوداوازییان هەیە. بەیت لە هەندێك بەشیدا بە وەسفی ناسك و ئەویندارانە شێوازێكی لیریك و غینایی بەخۆیەوە دەگرێ، لەم بەشانەدا زۆرتر پیاهه‌ڵدان و نزایەكی ئەویندارانە و پاڕانەوەیەكی دڵسووتاوانە لە قاڵبی مۆنۆلۆگدا بەدی دەكرێن.
لە باری نێوەرۆكیشەوە لێكچوونێكی زۆر لە نێوان بەیت و قەسیدەی فارسیدا هەیە، دوكتۆر سیرووس شەمیسا لە كتێبی جۆرەكانی ئەدەبدا دەنووسێ: قەسیدە، فۆرم و قاڵبی واتا و ناوەرۆكی پاڵەوانێتی و حەماسییە و باسی پاڵەوانێك دەكا كە دەچێتە سەفەری پڕ مەترسی و هات و نەهات و بە تەنیا لەشكرێكی گەورە قەڵتوبڕ دەكات، شەڕەكانی ئەو پاڵەوانە لایەنی نەتەوەیی یان ئایینیان هەیە و پەلامار دەباتە سەر كافران یان دوژمنانی وڵاتەكەی.
سه‌بات حه‌مید له‌ كتێبی ڕۆڵی ئافره‌ت له‌ به‌یته‌ فۆلكلۆریه‌كاندا، ده‌ڵێ: به‌یت گێڕانه‌وه‌ی سه‌ربرده‌ و هه‌ندێك جاران كاره‌سات یان پاڵه‌وانێتی كه‌سێك پیشان ده‌ده‌ن، به‌یتی لاس و خه‌زاڵ هه‌م پاڵه‌وانێتی و هه‌م دڵداری و به‌كاره‌ساتیش كۆتایی دێت‌، لاس پاڵه‌وانێكی بێ وێنه‌ و عاشقی خه‌زاڵی سه‌رۆك عه‌شیره‌تی مه‌لا نه‌بییان ده‌بێت و دواجاریش به‌تیری دوژمنان تێداده‌چێت. لە بەیتی سوارۆشدا، سوارۆ دەچێتە سەفەری كاولە لەحسایە و نازدار حەیرانەكەی پێی دەڵێ: یاخوا خەبەری مەرگی تۆم بۆ بێ، بەڵام نەبیستمەوە تۆ سەری كەحێلەكەی خۆتت لە بەر هەزار و پێنسەد سواران وەرگێڕاوە و بە تێکشكاوی و بەزیوی گەڕاویتەوە و منت لە نێو ناسك و نازداراندا شەرمەزار كردبێ.
بەم پێیە بەیت و قەسیدە لە هەر دوو بواری فۆرم و نێوەرۆكدا لێكچووییان پێكەوە هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا جیاوازییەكانیشیان زۆر لەوە زیاترن كە لێرەدا بە كورتی ئاماژە بە چەند خاڵێكی جیاوازییەكانیان دەكەین.
جیاوازییەكانی نێوان بەیت و قەسیدە
دەكرێ بنەما و گرنگترین جیاوازیی نێوان بەیتە فۆلكلۆرییەكان و قەسیدە لە كێش و سەروایاندا دەسنیشان بكەین، قەسیدە لەسەرەتاوە هەتا كۆتایی لە سەر یەك كێشی دیاریكراو دەڕوات، زۆر جار وشه‌ و ڕسته‌ی عه‌ره‌بی تێكه‌ڵاوه‌، كه‌چی به‌یته‌ فۆلكۆریه‌كان به‌زمانێكی جوان و ڕه‌وان وتراوه‌ و وشه‌گه‌لی ڕه‌سه‌ن و شیرینی كوردیان به‌كارهێناوه‌، میسرەعەكانی قەسیدە له‌سه‌ر كێشی عه‌رووزیه‌ و لە دەستپێكەوە هەتا كۆتایی لەسەر یەك كێش دەڕۆن، بەڵام به‌یت به‌زۆری گێڕانه‌وه‌ی تێدایه‌ و كێشی بەیتەكان كێشی خۆماڵییە، كێشی بڕگەییە و میسرەعەكانی كورت و درێژن. بۆ وێنە:
“ئەوە كیژ دەرێ سوار ئەگە دەچیە وان سەفەرێ
ئەوەت وەسیەت بێ لە سەر دەستی من
پەڕەوە لە چۆمی عوودێ لە دەریای عومانێ
ئەسپێكەخۆت باژوێ لە كەناری دەسواران
بریا سوار ئەمن خەبەری تۆم بۆ هاتبا كوژرابایەی
ئەوە درابایە بەر وەودای شیر و خەنجەر و قەناران
نەوەك ئەتۆ هەڵاتبای و سەرێ كەحێلێ خۆت وەرگێڕابا
لە بەر هەزار و پێنج سەد سواران چونكە ئەمنت خەجاڵەت دەكرد
لە كن شەدەشل و شل‌ومل و چاوبەكل و ناسك و نازداران”
وەك دەبینین هەر دێڕەی بڕگەكانی لە چاو بڕگەی دێڕەكەی دیكە كورتتر یان درێژترە، ئەگەر قەسیدە پشت بە كێشی عەرووزی دەبەستێت، ئەوا بەیتە فۆلكلۆرییەكان پشت بە كێشی خۆماڵی و لە ڕاستیدا مۆسیقای ناوەوە دەبەستن و لەوەیاندا لەگەڵ شێعری نوێدا لێك دەچن.
لە بارەی بەندەكان (میسرەعەكان)ی بەیت چەند دێڕی هاوسەروان و بە گشتی دوو جۆرن. جۆری یەكەم ئەو بەندانەن كە دێڕەكانیان كورتن و هەر دێڕەی لە دە بڕگە تێناپەڕێنێ. جۆری دووهەم ئەو بەندانەن، دێڕەكانیان درێژن و لەوانەیە دێڕێك، هەتا بیست و دوو بڕگەش درێژ بێتەوە.




بە “حەسەن زیرەک”بوون،ڕەنجی فەرهادی گەرەکە… نووسین و توێژینەوە: هۆمەر نۆریاوی

شمشاڵێک..مرد
ئاوازەکانی چوونە سەر مەزارەکەی
کە سەیریان کرد:
لق و پۆپی دارتووەکان
بوونەتە”خاوکەر”ی سەوز و
باڵندەکانیش بە گوڵی
دارئەرخەوان!
(شمشاڵ،شێرکۆ بێکەس،ل499)
وشەی بەرایی:
کورد،نەتەوەیەکی هەستپاکژ و زووباوەڕە و هەست و نەست بەسەر ئاوەز و ئەقڵیدا زاڵە،هەر لەم سۆنگەیشەوە بەدرێژایی دیرۆک زەرەرمەند بووە.
بۆ ماوەیەک دەچێت یەک لە ئەستووندەکە سەرەکییەکانی موزیک و گۆرانی کوردی،”حەسەن زیرەک”بووەتە پرسێکی سەرەکی نێو کۆڕ و کۆمەڵانی خەڵک و بگرە کۆمەڵەی ڕۆشنبیریی کوردی و لە نێو چەقی پرسەکەدایە و لە بن نسێی ئەم گەورە هونەرمەنەدا هەر یەکە و بە جۆرێک لە مەیدان و گۆڕەپانەکەدا ئامانجەکەی خۆی بەرەوپێشەوە پاڵ پێوە دەنێت. بەڵام گەلێک ڕوون و خویایە ویژدانە بێدارەکان هەردەم لە مەیدانەکەدا ئامادەنە و کەسیش ناتوانێت تۆسقاڵێک لە سەنگ و قورسایی ئەم هونەرمەندە ڕاستینەیە کەم بکاتەوە چونکە بە شایەتی خودی مۆسیقا و گۆرانیی ئێستای کوردی،هێشتاکە زۆرینە هەر لەبەری هونەرە واڵاکەی حەسەن زیرەک دەخواتەوە.
دیوی ڕاستینەی پرسەکە:
لەمێژە ئەم ڕستەیە بووەتە بنێشتەخۆشەی سەرزاران کە “حەسەن زیرەک نەخوێندەوار بووە”. بەڵام کێ بێت و نەزانێت حەسەن زیرەک بۆ مۆسیقای کوردی دەوری دایک دەبینێت و بە خەزنەی ئاواز و مێلۆدی کوردی دادەنرێت. ئەم هونەرمەندە لە ئامێزی هونەری ڕەسەنی نەتەوەیەکی خودان هونەردا پەروەردە بووە و لە بن سێبەری بەخت و چارەنووسەکەی خۆدا بست بە بستی خاکی کوردستانەکەی دەگەڕێت. ئەم گەشت و گەڕانە زۆرە، سامانێکی فرەوانی ئەوتۆ دەخاتە بەردەست حەسەن زیرەک کە کورد نەک ئەمڕۆکە بەڵکوو بۆ هەتایە لێی بەهرەمەند دەبێت و شانازییشی پێوە دەکات.
“عه‌لی مه‌ردان”ی مه‌زن به‌مجۆره‌ باس له‌ زیره‌کی نه‌مر ده‌کات: ” ته‌نیا خودا بۆ خۆی ده‌زانێ که‌ من چه‌نده‌ حه‌سه‌ن زیره‌کم خۆش ده‌ویست و به‌ نه‌مانی زیره‌ک،گۆرانییه‌کانی له‌ گه‌روومدا خنکان. من قه‌ت حه‌سه‌ن زیره‌ک لە‌ ‌بیر ناکه‌م و ئه‌و باشترین گۆرانیبێژ بوو”.
ئەمە وەڵام و بەرسڤێکە بۆ ئەوانەی نازانم لەبەر چ هۆکارێک دەیانەوێت شکۆی هونەری نەتەوەیەک بشکێنن!
ژه‌نیاری هه‌ره‌ ناودیاری کورد “موجته‌با میرزاده”‌که‌ خزمه‌ته‌که‌ی به‌ حه‌سه‌ن زیره‌ک لای که‌س شاراوه‌ نییه‌،سه‌باره‌ت به‌ هونه‌ری باڵای زیره‌ک ده‌ڵێ :”حه‌سه‌ن زیره‌ک ئه‌رچی نه‌خوێنده‌وار بوو،به‌ڵام شیعری زۆربه‌ی گۆرانییه‌کانی هه‌ر هه‌مان ساتی تۆمارکردن ده‌هۆنییه‌وه‌.ئه‌و خاوه‌نی بیرگه‌ و زه‌ینێکی تیژ و بۆ له‌به‌رکردنی شیعر و مێلۆدی و مه‌قام، که‌سێکی ناوازه‌ و که‌موێنه‌ بوو و حه‌سه‌ن زیره‌ک ئیدی له‌ مۆسیقای کوردیی دا دووباره‌ نابێته‌وه‌،چونکه‌ جوانترین و له‌به‌ردڵانترین مێلۆدی و گۆرانی به‌ گوڵجاڕی گۆرانی کوردی به‌خشی”.
کاتێک موجتەبا میرزادە بەو چەشنە لەسەر ئاستی وریایی هونەریی حەسەن زیرەک دەدوێت ئیدی مرۆ سەری سووڕ دەمێنێت بۆچ خودی خۆمان بەردەوام هەڵە زەقەکە پاتە دەکەینەوە و پێوەرمان بۆ خوێندەواری تەنێ بڕوانامەیەکی ڕواڵەتییە کە هەزاران بڕوانامەی باڵا بە گەردی بەرپێی بەرهەمێکی حەسەن زیرەک نابێت!
موزیکزان و ژه‌نیاری هه‌ره‌ به‌توانای کورد “ع.ج.سه‌گرمه”یش‌ به‌مجۆره‌ وه‌سفی زیره‌ک ده‌کات: “حه‌سه‌ن زیره‌ک لووتکه‌ی گۆرانی کوردی له‌ سه‌ده‌ی بیسته‌م دایه‌”.
ئەمە تەنیا ڕا و بۆچوونی چەند گەورە سیمایەکی هونەری کوردی لەسەر حەسەن زیرەک بوو کە کورد گوتەنی”هەر کەسێ کەسە، حەرفێکی بەسە”.
کەس نییە حاشا لەم ڕاستییە بکات کە حەسەن زیرەک بەڕاستی زیرەک و وریا و بلیمەت بووە و لە سەخڵەتترین ڕۆژگاری ژیندا هەرگیز یاری بە هونەری نەتەوەکەیەوە نەکردووە و قەت لە دووی گیرفان ئاخنین نەبووە و بەرانبەر میللەتەکەی تا سەر ئێسقان ڕاستبێژ بووە.
تا باسی حەسەن زیرەک دێتە ئاراوە، دەگوترێت نەخوێندەوار بووە کەچی سامانی هونەریی و بەرهەمەکانی ئەم هونەرمەندە بۆ خۆی بەڵگە و شایەتن بۆ ئاستی باڵای وریایی و وشیاری.
حەسەن زیرەک لە سەردەمێکدا داهێنەر و پێشەنگ بووە کە کورد خاوەن میدیا و دەنگی خۆی نەبووە. بەڵام حەسەن زیرەک دەرفەتە چکۆڵەکانی بەردەم خۆی بە باشترین شێواز بۆ پێشخستنی هونەری نەتەوەکەی قۆستووەتەوە و سەرباری کەند و لەندە بەرفرەوانەکانی بەردەم،بەوپەڕی تواناوە خزمەتی هونەری نەتەوەکەی کردووە؛ڕاستە دەیان سیمای خەمخۆر و لێهاتووی وەک موجتەبا میرزادە،عەلی مەردانی مەزن و …دەبنە پاڵپشت و یارمەتیدەری بەڵام حەسەن زیرەک بۆ خۆی هەگبە هونەرییەکەی لێوڕێژی مێلۆدی و ستران بووە.
حەسەن زیرەک لەپڕێک و گۆترە و تەنێ لە سای بەهرەی دەنگخۆشییەوە نابێتە حەسەن زیرەک. ئەم هونەرمەندە سەرانسەر نیشتمانەکەی دەگەڕێت و ئاشنا بە هەموو سووچ و قوژبنە هونەرییەکانی نەتەوەکەی بووە و دەگەڵ سەدان هونەرمەنددا دادەنیشێت و کار دەکات.
ئەم هونەرمەندە لە سەردەمێکدا دەبێتە حەسەن زیرەک کە ئامێرەکانی تەکنۆلۆژیا وەک ئەمڕۆ ئەوەندە پێشکەوتوو نەبوونە کە هەر نووزەیەک بە ناوی هونەرەوە فەخر بە میللەتەکەی بفرۆشێت و لە مەیدانێکی ئامادە و بەرفرەواندا لەم سامانە زەنگینە هونەرییە بەهرەمەند ببێت و بگرە بەناڕەوایش تەراتێنی تێدا بکات.
ئەمە هەر لە هونەرە بەرزەکەی حەسەن زیرەک دەوەشێتەوە هەرکە گوێبیستی گۆرانییەکی دەبیت، ڕاست دەتباتەوە تا نێو خودی شاخ و داخ و دۆڵ و بنار و چیای نیشتمان چونکە ناخی سیخناخە بە بەرامەی ئاواز و مێلۆدییە ڕەسەنەکانی گوند،شار،شارۆچکە و یەک بە یەکی ناوچە و دەڤەرەکانی کوردستان و ئەمەیش دەرەنجامی ئەزموونە دەوڵەمەندە هونەرییەکەی ئەم هونەرمەندەیە.
لە نێو ڕووبەری هونەری کوردیدا کەم گەروو و قوڕگی هونەرییت پێ شک دێت ئەوەندەی حەسەن زیرەک بێخەوش و پاکژ بێت و ماف و حەقی تەواوەتی بە وشە کوردییەکان بدات و وەک خۆ بێژەیان بکات.
ئەو پێوەندییەی هەموو چین و توێژێکی کۆمەڵ بە گۆرانییەکانی حەسەن زیرەکەوە دەیگرێت لە کەمتر هونەرمەندێکدا دەبینرێت. هۆکاریش ئەوەیە گۆرانی زیرەک دەڵێی لە گەرووی خودی جووتیار و شوان و …کوردەوە دەردەچێت.
حەسەن زیرەک بەسەر سەدان پردی گچکە و گەورەی هونەردا دەپەڕێتەوە و لە ئاواز و مێلۆدی هەر ناوچە و دەڤەرێکی کوردستانەکەی توێشەبەرەیەک پڕ دەکات و لە سای لێزانیی و کارامەیی خۆیەوە پتر لە 1500گۆرانیی ڕەسەنمان پێ دەبەخشێت کە هونەرمەندانی ئەم سامانە هەر لە دوێنێوە تا سبەیەکی دوور دوور لە بەرەکەی دەخۆنەوە و سەرپاکیش قەرزباری ئەم گەورە هونەرمەندەن.
حەسەن زیرەک هۆبە بە هۆبە،دیوەخان بە دیوەخان و هەوار بە هەواری نیشتمانەکەی پشکنیوە تا زیرەکی لێ دەرچووە کەچی بە سەد داخەوە ئەمڕۆکە ژمارەیەک مرۆی کاڵفام و هەلپەرستی بەناو دەنگخۆش دەیانەوێت لە ڕێی ئەم سامانە فرەوانە هونەرییەوە لەپڕێک ببەن بە کوڕێک و دووکانێک بۆ خاپاندنی جەماوەر بۆ خۆ بکەنەوە،ڕاستە جەماوەر هێشتاکە بە هەست و نەستەوە بڕیار دەدات لێ شوکر هەنووکە ئاستی وشیاریی هونەریی خەڵك بەرز بووەتەوە و هەست بە جیاوازییەکان دەکات.
هەرگیز دژ بە بەهرە و توانای کەس نەبوومە و نیم و ناشبم بەڵام گەییشتن بە ئاستە واڵا هونەرییەکەی حەسەن زیرەک شەونخوونییەکی زۆر و ڕەنجی فەرهادی گەرەکە.
حەسەن زیرەک یەکە و قەتیش پاتە نابێتەوە. ڕەنگە بە هەزاران سەوداسەر و ڕێبواری قوتابخانە و ڕێبازە هونەرییەکەی بن بەڵام هەمووان تەنێ لەبەرە هونەرییەکەی زیرەکی مەزن دەخۆنەوە و سامان زیرەک،ئیحسان زیرەک و … تەنیا تامی خودی خۆیان دەدەن و نە زێتر.
ئای چەندە بەختەوەرە زیرەکی نەمر تا دێت ڕێبوار و شەیدای هونەرە ڕەسەنەکەی سەر لە ئاسمان دەسوێت!!!
دوا پەیڤ:
یەکەم: پتر لە 50 ساڵ بەسەر مەرگی جەستەیی حەسەن زیرەک دا تێدەپەڕێت کەچی هێشتاکە زۆربەی بەناو هونەرمەندی ئەمڕۆکەی کورد قەرزباری هونەرە بەرزەکەیەتی و هێشتایش پەنا بۆ ئاواز و مێلۆدییە ڕەسەنەکانی ئەم هونەرمەندە دەبەن.
دووەم: حەسەن زیرەک،زادەی دەڤەرێکە سیخناخ و لێوڕێژ بە تۆرە و ئەدەبی کوردی؛هەر بۆیە ئەم سامانە ئەدەبییە دەبێتە گەورەترین پاڵپشت بۆ حەسەن زیرەک و زووتر پێدەگات.
سێیەم: ئەوانەی پێیان وایە تەنیا لە سای بەهرەی دەنگخۆشییەوە دەتوانن کتوپڕ بەسەر پەیژەکانی هونەردا سەر بکەون و هەر بە شەوێک یەک بە یەکی قۆناخە هونەرییەکان ببڕن،تەواو لە هەڵەدان و هەرگیز هونەرمەندێکت پێ شک نایە لەپڕێک بووبێتە کوڕێک.
چوارەم: حەسەن زیرەک،خاوەنی بیرگە و زەینێکی تیژ بووە و هەرکە جارێک شیعرێکت بۆ خوێندبایەوە ،دەستبەجێ لەبەری دەکرد و بە بێ هەڵە و پەڵە و بە زمانێکی پاراو،بەرگی گۆرانی بەوەردا دەکرد.
پێنجەم: حەسەن زیرەک ،نەک حەوت مەنزەڵ بەڵكوو هەفتا قۆناخی هونەر دەبڕێت تا دەبێتە ئەو زیرەکەی کورد تا هەتایە شانازی پێوە دەکات و نەوە لە دوای نەوەیش پتر شوێن هونەرە واڵاکەی دەگرێت. چونکە حەسەن زیرەک مڵکی نەتەوەیەکە و هەرگیز ناتوانیت بە شار یان دەڤەرێکەوە بیبەستیتەوە.
شەشەم: حەسەن زیرەک ڕەنجی هەزار فەرهاد دەکێشێت و سەدان لەمپەری سەرڕێ لا دەدات تا ئەو حەسەن زیرەکەی لێ دەردەچێت کە کورد و ناکورد پەسنی دەدات و ڕێز لە هونەرە بەرزەکەی دەنێت.
حەوتەم: لە ڕۆژگارێکدا گەلانی وریا و وشیار تۆڕە جڤاکییەکان بە باشترین شێواز دەخەنە خزمەت پێشخستنی ئاستی وشیاریی گەلەکەیان،سەد حەیف و سەد مخابن ئەم دەستکەوتە بۆ نەتەوەکەی من بووەتە سەرئێشە و بگرە مێمڵ و هۆکارێکیش بۆ لەخشتەبردنی کۆمەڵ. دیارە ئەم پرسەیش لە ڕێی ژمارەیەک مرۆی هەلپەرست و کاسبکاری تەواو ئامادە و تەیاری نێو گۆڕەپانەکەوە ئەنجام دەگرێت و بە دوای ئامانجێکی پۆخڵ و دزێویشدا دەچێت کە هیچ لە بەرژەوەندی هونەر و کولتووری کوردیدا نییە و بگرە خۆڵ لە چاوی جەماوەر دەکات و خەڵک چەواشە یان بە واتایەکی ڕاستتر دەخاپێنێت. هەر بۆیە ئەرکی گشت مرۆیەکی وریا و وشیاری سەردەمە دژ بەم گێژەڵووکە هەژێنەرە بوەستێتەوە و ڕاستییەکان وەک خۆ بخاتە بەردەم جەماوەر.
شیاوی ئاماژەپێدانە ھونەرمەندی به‌ناوبانگی کورد”حەسەن زیرەک”، ساڵی 1921 (1300ی هه‌تاوی )لە شاری “بۆکان”چاوی له‌ ڕووی ژیان هه‌ڵدێنێت و پاش عومرێک چه‌رمه‌سه‌ریی و ده‌ربه‌ده‌ریی و ته‌مه‌نێک خزمه‌تکردنی گۆرانی کوردی، ڕۆژی 4ی پووشپه‌ڕی ساڵی 1351(1972) نه‌خۆشی به‌رۆکی ده‌گرێت و سه‌ره‌نجامیش ئه‌م گه‌وره‌ هونه‌رمه‌نده‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌ی بۆکان به‌ نامورادی سه‌ر ده‌نێته‌وه‌ و بۆ هه‌میشه‌ گۆرانییه‌کانی به‌ کوردستان ده‌به‌خشێت.له‌سه‌ر وه‌سیه‌تی خۆی “ناڵه‌شکێنه‌”ده‌بێته‌ دوا هه‌واری ژینی. زیره‌ک بۆ هه‌تایه‌ به‌ ده‌نگێکی ڕه‌سه‌نی نێو گۆرانی کوردی ده‌مێنێته‌وه‌ که‌ تێپه‌ڕینی زه‌مه‌ن،قه‌ت توانای ئه‌وه‌ی نابێت گه‌ردێک بخاته‌ سه‌ر چریکه‌ی ده‌نگه‌که‌ی.
ژێدەر:
1 – دیوانی شێرکۆ بێکەس،بەرگی یەکەم،چاپی دووەم،سلێمانی 2002،لە چاپکراوەکانی پرۆژەی کتێبی دانسقە
2 – پەندی پێشینیان،شێخ محەممەدخاڵ،چاپی سێیەم،سلێمانی 2000،دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم
3 – گۆرانیبێژە نەمرەکان،بەشی دووەم،باکووری،چاپی یەکەم،هەولێر 2002،دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس
4 – چریکەی کوردستان،میدیا زەندی،پەخشکاری بۆرەکەیی،1376ی هەتاوی(1996)
5 – حەسەن زیرەک ،لووتکەی گۆرانیی کوردیی سەدەی بیستەم،هۆمەر نۆریاوی،دووحەوتەنامەی “دیار کهن”،ژمارە 84،گەلاوێژی 1394ی هەتاوی(2015)




نمایش فیلمی سینەمایی “نامۆ” ڕۆژی دووشه‌مه لە سینەما “سالم”ی سلێمانی ده‌ست پێده‌کات

  • مەنسوور جیهانی

نمایشی گشتی فیلمی سینەمایی “نامۆ” لە دەرهێنانی “نادر ساعی وەر” و بە ڕۆڵ بینینی ئەکتەری بەئەزموونی کورد “بەختیار پەنجەیی” ڕۆژی دووشه‌مه ٨ی ئۆگۆستی ٢٠٢٢ لە سینەما “سالم” لە شاری سلێمانی ده‌ست پێده‌کات.

نمایشی گشتی فیلمی سینەمایی “نامۆ” (بێگانە) Namo لە دەرهێنانی “نادر ساعی وەر”، لە بەرهەمهێنانی هاوبەشی خاتوو “مەستانە موهاجیر” و “تەهوورا ئەبوالقاسمی” و بە سەرمایەی هاوبەشی ئەکتەری ناوداری کورد “نەوید محەمەدزادە” و ئەکتەری ناوداری سینەمای ئێران “پێژمان بازغی” و بە ڕۆڵ بینینی ئەکتەری بەئەزموونی مەهابادی “بەختیار پەنجەیی” و چەندین ئەکتەری ناوداری دیکە، لەوانە: سویل شیرگیر، نادر مێهدی لوو، ناسر هاشمی، هادی ئیفتخارزادە، فیرووز عاقلی و تارا ئاقاجانی؛ ڕۆژی دووشه‌مه ٨ی ئۆگۆستی ٢٠٢٢ لە سینەما “سالم” لە شاری سلێمانی پێته‌ختی ڕۆشنبیری هه‌رێمی کوردستان ده‌ست پێده‌کات و هه‌ر به‌م بۆنه‌یه‌وه “نادر ساعی وەر”‌ دەرهێنه‌ر و “بەختیار پەنجەیی” ئه‌کته‌ری ئه‌م به‌رهه‌مه په‌یامێکی تایبه‌تیان ئاراسته‌ی لایه‌نگران و هۆگرانی هۆنه‌ری سینه‌ما لە هه‌رێمی کوردستان کردووه.

بەختیار پەنجەیی: یه‌کێک له سه‌رچاوه‌کانی “نامۆ” که‌سایه‌تییه‌کی‌ ڕووناکبیریی کوردستانییه
“بەختیار پەنجەیی” ئه‌کته‌ری کوردی فیلمی سینەمایی “نامۆ” له په‌یامه‌که‌یدا ده‌ڵێت: “سڵاو و ڕێز، زۆر به‌خته‌وه‌رم که به بۆنه‌ی نمایشی گشتی فیلمی سینەمایی “نامۆ” له باشووری کوردستان خه‌ریکم له‌گه‌ڵتان ده‌دوێم. من پێموایه له‌وانه‌یه “نامۆ” به‌شێک له سینه‌مای کوردی نه‌بێت، به‌ڵام پیشاندانی ئه‌م فیلمه له هه‌ر شوێنێکی کوردستان، به جۆرێک گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ یه‌کێک له سه‌رچاوه‌کانی ئه‌م فیلمه. چونکه ئه‌م به‌رهه‌مه یه‌کێک له سه‌رچاوه‌کانی که‌سایه‌تی ڕووناکبیری کابرایه‌کی کوردستانییه. هیوادارم که له بینینی ئه‌م فیلمه چێژ وه‌رگرن و هیوادارم که له یه‌کێک له سینه‌ماکاندا چاوم به دیدارتان شاد ببێته‌وه، زۆر سپاس.”

نادر ساعی وەر: زۆر به‌خته‌وه‌رم که فیلمی “نامۆ” له کوردستان نمایش ده‌کرێت
هه‌روه‌ها “نادر ساعی وەر”‌ دەرهێنه‌ری فیلمی سینەمایی “نامۆ” له په‌یامه‌که‌یدا ده‌ڵێت: “سڵاو، زۆر به‌خته‌وه‌رم که فیلمی “نامۆ” له کوردستان نمایش ده‌کرێت. زۆر یه‌ک له هه‌ڤاڵان له‌ چه‌ندین هه‌فته‌ی ڕابردوودا هه‌وڵ و یارمه‌تی زۆریاندا تاکوو ئه‌م فیلمه بگاته قۆناغی نمایشی گشتی لە هه‌رێمی کوردستان، که زۆر سپاسی هه‌موویان ده‌که‌م. زۆرم پێخۆشه که به هاوڕێیه‌تی له‌گه‌ڵ ئێوه فیلمه‌که له‌سه‌ر په‌رده ببینم و پێکه‌وه له‌سه‌ر فیلمه‌که وتووێژ و ئاخاوتنی زۆر باش بکه‌ین. هیوادارم که ئه‌م ئاواته به زوویی بێته‌دی. تامه‌جرۆی بینینی ئێوه‌م و زۆر سپاس.”

“نامۆ” دووهەمین هاوکاری سەرمایەی هاوبەشی “نەوید محەمەدزادە” و “پێژمان بازغی” دوای فیلمی سینەمایی “ناهید” لە دەرهێنانی خاتوو “ئایدا پەناهەندە”یە کە بۆ یەکەمین جار لە تەنیشت بەرهەمی فیلمسازانی بەرچاوی سینەمای جیهان لە بەشی “فڕۆم” Forum لە حەفتایەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “بەڕلین” Berlinale لە ئەڵمانیا نمایش کرا.

ئەم بەشە تایبەتە بە بەرهەمە سینەمایی، بەڵگەفیلم و ئەزموونییەکان لە سەرتاسەری جیهان بە تەرکیز لەسەر دوایین بەرهەمی فیلمسازانی لاو و داهێنەر و لەم ساڵانەی کە “بەڕلینالە” بەڕێوەچووە، فیلمسازانی بەرچاو بە فیلمەکانی خۆیان لەم بەشەدا ئامادەبوون.

نمایشی گشتی فیلمی سینەمایی “نامۆ” بە هاوکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیای ئەڵمانی “ئاڕت هوود ئینتێرتەیمێنت” ArtHood Entertainment بڵاوکەرەوەی نێودەوڵەتی ئەم فیلمە لە سینەمای شارە جۆراوجۆرەکانی هەرێمی کوردستان پیشان دەدرێت.

ئەم بەرهەمە سینەماییە لە درێژەی بەشدارییە نێودەوڵەتییەکانی خۆیدا لە کۆمەڵێک فێستیڤاڵی جیهانی بەشداریی کردووە، لەوانە: شەست و شەشەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “تائۆرمینا” Taormina لە وڵاتی ئیتالیا، چل و چوارەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “هۆنگ کۆنگ” Hong Kong، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی دووساڵانەی “فڕانکفۆڕت” لە وڵاتی ئەڵمانیا، دەهەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “تاوان و دەردیسەر”ی Crime and Punishment ئەستەنبووڵ لە وڵاتی تورکیا و هەروەها چەندین ڕووداوی هونەری دیکە.

ئەم بەرهەمە سینەماییە خەڵاتی باشترین فیلمی لە دەهەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “تاوان و دەدیسەر”ی ئەستەنبووڵ، خەڵاتی باشترین فیلمی لە دەهەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “بیجینگ” Beijing لە وڵاتی چین و هەروەها “بەختیار پەنجەیی” بۆ ڕۆڵ بینین لەم فیلمە خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاوی لە شەست و شەشەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “تائۆرمینا” لە وڵاتی ئیتالیا و هەروەها خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاوی لە چل و چوارەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “هۆنگ کۆنگ” بەدەستهێناوە.

هەندێک لە ستافی فیلمی سینەمایی “نامۆ” بریتین لە:
دەرهێنەر: نادر ساعی وەر، نووسەرانی هاوبەش: جەعفەر پەناهی و نادر ساعی وەر، بەڕێوەبەری وێنەگرتن: وەحید بیتووتە، مۆنتاژ: جەعفەر پەناهی، دەنگهەڵگر: عەبدوالڕەزا حەیدەری، دەنگدانەر: حوسێن قوورچیان، بەڕێوەبەری بەرهەم: سامان ئێران نیژاد، یاریدەدەری دەرهێنەر: ئەمیر ئێتمینان.

بۆ زانیاری زیاتر:
https://www.arthoodentertainment.com/eng/arthood-library/namo_32

لینکی دانلۆدی په‌یامی ده‌رهێنه‌ر و ئه‌کته‌ری فیلمی سینەمایی “نامۆ”:
https://we.tl/t-4BL1sWnDdG

لینکی دانلۆدی ترەیلەرەکانی فیلمی سینەمایی “نامۆ”:
https://we.tl/t-6F4EWpuwfW




سوبحان اللە بۆنی بەهەشتێ هات!… شەماڵ بارەوانی

مناڵ بووم و بیرمە، لە دێیەکەمان(دێی بارەوان) لە بەردەڕەش، گۆڕستانێکی لێبوو، لە خوار دێ و دەکەوتە نێوان هەردووك: بارەوانی گەورە و گچکە. جا خەڵکی دێ، ئەفسانە و چیرۆکی سەیر سەیریان سەبارەت بە گۆڕستانەکە دەگێڕایەوە، یەکێک لەو چیرۆکانە ئەوەبوو: کە جارێک مردووێکی ناو گۆڕستان شەو دەبێت، بە فانۆسێک دەکەوێتە دوو پیاوێکی دێی بارەوانەکەی تر.

تازە ڕۆیشتبوومە حوجرە و قوتابخانەی ئایینی و ببووم بە فەقێ، ڤیدۆیەکم کردبوو ناو موبایلەکەم، کوڕێک بوو، نیوەی کرابوو بە بەراز و نیوەکەیتریشی مرۆڤ.

زۆر جوان و هونەرمەندانە کاری مۆنتاژیان بۆ کردبوو، دەتگووت فیلمی هاریپۆتەر و بەرهەمی سینەمایی هۆڵیودە. گوایە ئەو کوڕە تاریکولسەڵات بووە و نوێژی نەکردینە و خوداوەند لە تۆڵەی ئەمە، کردوویەتی بە پەند!

جا ڕۆژێکیان کۆمەڵەك میوانمان هەبوون، منیش هەم فەقێ و هەم ئیسلامی و یەکگرتوو بووم و زۆر باوەڕم بە ئەفسانە و ئەو جۆرهخوڕافیاتانە هەبوو، منیش هینامەدەر و پیشانی هەموانمدا، عەیب نەبیت، ڤیدۆکە دەلێم، تا لە خوداوەند بترسن و نوێژەکانیان بە ڕێک و پێکی ئەنجام دەن، خزمێکان، کاکە(س)پێشووتر کەسێکی ڕادیکاڵ و بزووتنەوەی ئیسلامی بوو، دواتر لێیان هەڵگەڕابوویەوە، ناوی کوڕەکەشی نابوو: زەردەشت، وەک هێمایەک بۆ زەردەشت، کە پێغەمبەری کوردانە.
جا کە ڤیدۆکەی بینی، گووتی: وڵاهی درۆی ئیسلامیەکانە.

بێگومان ئەقڵی خوڕافی، ئەقڵێکی شێواو جێگای بەزەیی و زۆر خۆشباوەڕ و نالۆجیکی و نازانستی و نابیرکەرەوە و داماوە.
فەزای کۆمەڵی کوردیش ئێستا بە حکومی ئەوەی لە سۆشیال میدیا، ئیسلامێکان چاڵاکان و سەتان گرووپ و پەیج و چی و چیان داناوە و لێشاوێک وتار و وەعزی خوڕافی و نائەقڵانی و دژە زانست و لۆژیکی پیاوانی ئایینی و بانگخوازانی سەر بە ئیسلامی سیاسی و سەلەفیگەراکان بڵاو دەکەنەوە و کاریگەری لە سەر هزری هەرزەکاری بێ ئەزموون و سادەلەوح و بێ پاگراوەند و نا ڕۆشنبیر دروست دەکەن و خەڵکێکی لەو چەشنە لە ژێرکاریگەری گوتاری ئیسلامی سیاسی و سەلەفیگەرێتیدایه، ئەو ئەقڵیەتە ئەفسانەچی و خوڕافیچیەی بەسەردا زاڵە و لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی ئیسلامی سیاسی و سەلەفیزم هەژموونیان بەسەر مینتاڵێنت و ئەقڵیەتی بەعزێکی زۆر لە تاکی کوردیەوە هەیه و خوڕافەو درۆی وایان بە ناوی ئایین و پەڕچو و موعجیزەوە دەرخوارد دەدەن و مێشک و ئەقڵ و بیر و هۆشیان بەو جۆرە خوڕافیات و درۆیانە هاکدەکەن و تێک و پێک دەدەن.

کارەسات ئەوەیه: خەڵکێک زانکۆ و شتی تەواو کردبێت و عەوامانە بیربکاتەوە و باوەڕ بەو جۆرە خوڕافیاتە بکات.

مامۆستایەکی برادەرم فیزیای تەواو کردووە و لەقوتابخانە زانست دەڵێتەوە و لێرەڕا دەڕواتە نەجەف و کەربەلا، بۆشین و ڕۆ ڕۆ و لەخۆدان و قوڕ پێوان.
برادەڕێکیترم قانون و شتی تەواو کردووە و حاکمە لە دادگاو لە یادی عاشورادا، لە حوسێنیه جەستەی خۆی خەڵتانی قامچی و شەڵاڵی خوێن دەکات!

کەسێکیتر دەناسم، پزیشکی گشتی تەواو کردووەو دەروێشی تەریقەتی عەبدولقادری گەیلانیە و بڕوای وایە:شێخ داویەتی لەشەقەی باڵ و فڕیوە!

لەحوجرەیەک دەمامەوە کاتی فەقێیاتیم، ماڵە شێخێک سەرپەرشتیان دەکرد، ڕۆژانە دەیان کچە خوێندەکاری زانکۆ و پەیمانگاو ژنە مامۆستا، دەهاتنەلای شێخ ژنێکی نەخوێنەوار، بۆ نوشتەو مراز حاسڵ بوون و گرێی بەخت کرانەوەو شت!

کەسێکیتر دەناسم واعیزێکی تەمام عەیارە، وەلێ لە بەرگی دەروونناسیدا. کابرا مامۆستای زانکۆ و سایکۆلۆژیست و پڕۆفیسۆرە و دابەزیتە ئاستی نەخوێندەوارترین مەڵا و ڕۆڵی خوڕافەگێڕێک دەگێڕێت و فرۆید و دەروونناسی تێکەڵ بە گوتارێکی ئایینی لێواو لێو لە عاتیفە و خوڕافه دەکات و لە شێوەی واعیزێکی سەربەئیسلامی سیاسی و پیاوێکی ئایینی قسە دەکات و بازاڕ بۆخۆی گەرم دەکات و مێگەڵ لەدەوری خۆی کۆدەکاتەوە.

کابرایەکیتر دەناسم، لە فەڕەنسا و سۆربۆن و دکتۆرای خوێندووە و خۆی پێ سارتەر و کامۆ و ئەندرێ بریتۆن و، فەیلەسوفی کوردە و لە تەسەروفات و هەڵسوکەوت و قسەکردن، دادەبەزێتە ئاستی کەسێکی شێت و فەریکە فەقێیەکی نەخوێنەوار و دەستی مەلا عەلی کەڵەک ماچ دەکات و بازاڕی فاڵ و فێڵ و نوشتە دەبووژێنێتەوە.

ئیتر ئاوایە ئازیزەکەم، لە کۆمەڵی ئەقڵ خوڕافیدا، هەزارجار بڵێیت خەڵکێک ڕۆیشتە سەرمانگ و ناسا ئاوی لەسەر مەریخ دۆزیەوە و ستیڤن هۆکینگ باسی مەترسی بونەوەری ئاسمانی کردووە لەسەر ئاییندەی مرۆڤ، زانست و ئەو قسانە قۆڕانە فلسێکی سوتاو ناهێنێت و هەزار و یەک جوێن و سوکایەتی و بێ ڕێزی بۆیەت، مادام جندۆکەی مەزهەب و دووپشکی زل زلی سزای ناوگۆڕ و موعجیزەی پەیامبە(د.خ) نەبێت، کە گوایه وەکو بەلوعە ئاو لە پەنجەکانی دەڕۆیشت.

لە کۆمەڵی خوڕافە تۆ بڵێ:
لەسەر شاخی پیرەمەگرون نووسراوە:لا ئیلاهە ئیلا اللە و لەسەر هێڵکەی مریشكێك و زگی مانگایەک و پشتی بزنێك نووسراوە(اللە)،
هەزاران وەی سوبحان اللە و ماشااللەت لە کۆمێنت بۆ دێت!

وەکو چون بینیمان لەو یەك دوو ڕۆژی بەرێ گەنجێک مرد، گوایە ئەو گەنجەی کە سەر بەئیسلامی سیاسی بوو و گرنگی بە ڕیوایەت و دین و شت داوە، بۆنی میسك و شت لە لەشی هاتووە و ئەم پەیجی ئیسلامی سیاسی داماو، بۆ ئەویتری بەستەزمان، ئەو هەواڵە خوڕافی و تڕوهاتەیان حەواڵە دەکرد و لە لایان لەشکری خورافه و کۆمەڵی مێگەڵ و مرۆڤی نابیرکەرەوە و ئەفسانە پەروەر، هەزاران کۆمێنتی ماشااللە و سوبحان اللە و شتی بۆهات!

هەڵبەت پەیام و ئیدەلۆجیا و گوتاری ئیسلامگەرا و سەلەفیگەراکان خاڵییە لە ئەقڵانیەت و لۆژیك. ئیسلامگەراکان و سەلەفیگەراکان دوژمن و نەیارێکی سەرسەختی ئەقڵ و ئەقڵانیەت و بیرکردنەوەی ئەقڵانین.

ئەوان هەڵگری گوتارێکی بارگاوی بە عاتیفە و لێوان لێو لە خوڕافەن و بە حوکمی لاوازییان لە لۆژیک و ئەقڵانیەتدا هەرگیز، ناتوانن دیالۆک و موخاتەبەی ئەقڵ بکەن و بکەونە گفتوگۆ و دیبات لەگەڵ ئەقڵ.

بۆیە ئەقڵ و ئەقڵانیەت لە کوێ بوو ئەوان دژایەتی ئەو شوێنەدەکەن و لە ترسی ئەو شوێنە ڕادەکەن و ئەقڵ و لۆژیك و فەلسەفە وەکو دەعباو دڕندەیەک و دوژمنی خواداوەند پێناسەکەن.

ئاخر کەسابەت و بازاڕی ئەوان لەسەر خوڕافە و بیری ئەفسانەگەرێتی و لەناو مێگەڵدایە، نەک لە لای مرۆڤی هۆشیار و کێڵگەی زانست و هەرێمی ئەقڵانیەت.

ئەوان هەڵگری بیرکردنەوەیەکی مێژووی و کلاسیکی و ئیدەلۆژی و دۆگمایی و فیقهی سادە و زۆر سەرەتایی و تاخواحەزبکات خوڕافین.

چیرۆکەکان سەبارەت بەو جۆرە خوڕافە و ئەفسانە پڕۆ پوچانە هێندە زۆرن، پێنج کتێبیان لەسەر بنووسرێت تەواو نابێت.
ئەوە بیرمە ماڵمان لە دێی بارەوان بوو و مناڵ بووم، کچێک لە دێیەکی نزیک دێیەکەمان، دێی(ت…) گوایە ڕۆشتووە بۆ بەهەشت و گەشتی دۆڵەکانی دۆزەخی کردووە و زڕدایکەکەی لە دۆزەخ و دایکی حەقیقی خۆیشی لە بەهەشت بینیوە و، بووە بە فریشتەی ئاسمان و خوداوەند هەموو شتێکی پێ بەخشیوە و تەنانەت مەلەوانی لەناو حەوزی کەوسەرێ کردووە.
خزمێکمان هەبوو زۆر کۆمێدی بوو، دەیگووت: وڵاهێ درۆی دەکات، شەو لەبەر خەوێ میزی بەخۆی داکردووە و دەڵێت لە حەوزی کەوسەرێ مەلەوانیم کردووە.

جا خەڵک لەسەرتاسەری کوردستان و تەنانەت لە دەوڵاتانی تری وەکو تورکیا و سوریا و ئێرانیش پۆل پۆل دەهاتن بۆلای، بە مەبەستی مراز حاسڵ بوون و مناڵ بوون و چاکبوونە و چوونە بەهەشت و شتی لەوجۆرە.

بیرمە شەوێک کۆمەڵێک پیاوی دێیەکەمان، کە مەڵای دێیەکەشمانی لەگەڵدابوو، هەموو ڕۆیشتن بۆلای ئەو کچە، لەوێ کوڕی پلکم، کە پێشووتر شەلەل لە دەم و لێو و شتی دابوو، گووتی بە کچە بڵێن با بێت، کچە هات و تا هێزی تیابوو دوو شاپی لە قڕ و قەپۆزی دا، تا بگەڕێتەوە سەر شێوەی سروشتی و ئاسایی جارانی خۆی.

لە ڕێگا، کە دەگەڕاینەوە بۆ دێی بارەوان، شەو بوو و هەموان لەناو پاشی پیکابێکی مۆدیل هەشتاو دووبوو، سێ بوو باشم بیرنەماوە، دابووین، مەڵای دێیشمان لەگەڵدابوو، وەکو ئاماژەم پێکرد، ئەوە کۆتایی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو دەڵێم.

هەڵەنەبم تەنها من و منداڵێکی تر لەنێویاندابووین، جا لە ڕێگا هەرهێندەمان زانی مەڵا: گووتی سوبحان اللە سوبحان اللە، هەموان وتیان چیبوو، چیبوو؟!

مەڵا گوتی:نەتان بینی؟ نورێک لە سەر ئەو دێیه و ڕێک لە ڕاست ماڵی کچە بەرزبووەوە بۆ ئاسمان، هەموان پێکەوە دامانە سەڵاوەت لێدان و ئەستەغفیر و الڵە و اللە و ئەکبەر و، اللە و مەسەڵی عەلا سەیدینا موحەمەدمان یەک بەدەنگ پێکەوە دەگووتەوە و دەنگمان دەگەیشت بە کەشکەڵانی ئاسمانێ.

جا ئەو مەڵایە لە دێیەکەمان، هەموو وتارێکی ڕۆژی جومعان دەیگووت: دەجال لە ئێرانێ بە زنجیر بەستراوەتەوە و ئاخیری زەمانە و هەبزانە زنجیرەکان بپسێنێت و بێت. زەندەقم لە دەجال چووبوو شەو بە ترسی دەجالەوە دەخەوتم و چەندینجار لە ترسی دەجال شەو میزم دەکرد بەخۆم داو دەمگووت: کێ ناڵێت کاتێک خەڵکی دێ هەموان لە پڕمەی خەوداین و دەجاڵ نایەت و بدات بەسەرماندا و جینۆسایدمان بکات و سەرمان ببڕێت؟

زۆرجار بەهۆی فۆبیای هاتنی دەجالەوە دەڕۆیشتمە سەر بانێ و سەیرم دەکرد بزان دەجال نەهات هاهاها.

جا سەبارەت بەو نورەی مەڵا، ڕۆژی دواتر، بێ ئەوەی خۆم نوور و شتم بینی بێت، بە ماڵەوە و دایکموانم گووت: بەو خوایەی شەو، بەهەردووک چاوەکانی خۆم بینیم نوور لە ئاسمانی دێی ماڵی کچەکە بەرزبووەوە، ئەوانیش هەموان دایانە سەڵاوەت دان و وەی ماشاالڵە و شت هاهاها
جا پلکە (خا..) هەبوو، خزم و جیرانمانبوو بە قەد دایکمم خۆشدەویست، ڕۆحی شادبێ لەگەڵ ڕۆحی دایکم.
Shamal Ismael Kareem
ڕۆژێک لەماڵی ئێمە لەگەڵ هەموو ماڵەوە پێکەوە دانیشتبوون و وەک چۆن لە هەموو دەر و دەڤەر دێ، باس باسی ئەو کچە و موعجزەکانی بوو، لە ماڵی ئێمەش ئەو باسه بوو.
من و کاکە شەعبانی هاوڕێی سەردەمی مناڵیم، ڕۆیشتینە دەرەوە و لەبەر پەنجەرەی ژوورەوە، ئەوکات (ساڵی١٩٩٩)، بۆنێکی فەڕەنسی هەبوو، بۆنی زۆر تیژ بوو، باو باوی ئەو بۆنەبوو، جا من و شەعبان بۆنێکی فەڕەنسیمان لابوو لە بەر پەنجەرەکە تۆزێکمان ڕژاند و بۆنی خێرا بەو ناوەدا پەرش و بڵاو بووەوە و گەیشتە ژوورەوە، دایکم و پلکە( خ) گوتیان سوبحان اللە سوبحان اللە، ئەوانەی لە ژوورەوە بوون گوتیان:چیبوو، چیبوو؟!
ئێمەش لەبەر پەنجەرەکە گوێمان بۆ شڵکردبوون بزان چی دەڵێن،
دایکم و پلکە(خا…)گوتیان: سوبحان اللە لە گەورەییت خودایه، چۆن باسی ئەو کچەمان کرد و یەکسەر بۆنی بەهەشتێ هات!
من و شەعبانی هاوڕێم بە پێکەنینەوە چوینە ژوور و حەقیقەتی چیرۆکی بابەتی بۆنەکەمان بۆ باسکردن، هەموان دایانەقاقا و دایکم و پلکە(خ)یش تێر قسەیان پێگووتین.