رۆمانی ( گۆشەگيری ) خوێندنەوەيەک لە بن تريفەی مانگە شەو و شەپۆلە نەرمەکانی زنە-2-… سەردار جاف

{ بەشی دووەم }

زمان و ڕێنووس
زمان خۆی لە خۆيدا بنەما و کۆڵەکەی هەر دەقێکی ئەدەبييە، ديارە مەبەست لە هێنانەوەی زمان لێرەدا مەبەست لەو زمانەيە کە بۆ ئەدەب بەکار بهێندرێت دەنا جياکردنەوەی مرۆڤ لە ئاژەڵەکانی دی زمانەکەيەتی، ئیدی گەرەکە ئەو زمانە بە جۆرێ بێت شايستەی ئەو دەقە بێت.
رۆمان، کارێکی هونەرييە ئێستاتيکای زمان و پانتایی ئەندێشە پێکەوە گرێدەدات، زمان لە رۆماندا فاکتەر و ئامانجن پێکەوە، زۆر جياوازترە لە زمانی شيعر، شيعر زمانێکی تايبەت بە خۆی هەيە و شآعير هێندە لە سۆراغی وشەی جواندا دەبێت بۆ ئەوەی شيعرەکەی بخزێتە خانەی ناوازەکانەوە، رۆمانووسی ئەلبانی ئيسماعيل کادارێ لە بارەی زمانەوە دەڵێ (( هەميشە شيعر دەنووسم، چونکە شيعر مرۆڤ ناچار دەکات ياری بە زمان بکات ))1.. ناکرێ لێکچوون لە نێوان زمانی رۆژنامە و رۆماندا هەبێت، يەکەميان هەواڵ بە چەمکێکی سادەوە دەگەيەنێتە بینەر و بيسەر کە رۆژانە پەيگيری رووداوگەلێکی سياسی و ئابوری و سەربازی و کۆمەڵايەتی و رۆشنبيری دەکەن، بە سادەیی لێیحاڵی دەبن، ئەو کاتە داڕێژەری هەواڵ هەست بە ئاسوودەیی دەکات کە مەبەستەکەی پێگەياندون، لێرەدا ئەو بۆچوونەی ( ئەندرێ لالاند) لە فەرهەنگی تەکنيکی و رەخنەی فەلسەفی دێتە پێشەوە کە دەڵێ: (( لە واتای راستەقينەدا / کاری دەربڕينی ئاخاوتن لە بيری دەرەکی و ناوەکییە، بەم پێيە بێت زمان جۆرێکە و ئاخاوتنی دەرەکی رەگەزەکەيە، بە واتايەکی گشتگير تر، هەموو سيستەمێک ئاماژەن، دەکرێ بەکاربهێندرێت وەک هۆکاری پەيوەندی))2 لێرەدا ئەوە ساغ دەبێتەوە، کە زمان جۆرێکی سەرەکی و بنەڕەتی پەيوەندی نێوان خودی مرۆڤەکانە، کە ئێمە مەبەستمان ئەوەيە رۆمانيش زمانی خۆی هەيە.
هەندێک پێیان وايە قسەکردن لە سەر زمان بە تايبەت بۆ رۆمان گێلکردن و خۆ دوور خستنەوەيە لە کرۆکی ژانرەکەو نەزانينە لە قوڵایی شرۆڤەکاری زانستی و ئەکاديميايانە، نەخاسمە بۆ شرۆڤەکردنی رۆمان زمان بە کارێکی کردەیی نازانن و چ پێويست ناکات باس بکرێ، ئێمە پێمان وايە ئەو کەسانە بۆ خۆيان کاڵفام و نەزانن، بە داخەوە ئەوانە بە ناکامڵی پێگەيشتوون، دەنا زمان کرۆکی رۆمانە، بۆ کێی دەنوسێ و چۆن دەنوسێ و چی دەنوسێ بە چ زمانێ دەدوێ.زمان بۆ رۆمان مشتومڕی زۆری خوڵقاندووە، نەمازە لە ناو عارەب کە زمانێکی جگە لە قوولی و بەرفراوانييەکەی هەمەجۆر و هەمەچەشنەيە لە ڕووی ئاخاوتنی خۆجێی ( محلي ) يان هەر وڵاتێک بە جؤرێکە و زمانی رێنوسيشيان هەيە، کە زمانێکی گشتگير و يەک ئاراستەيە، لە ئێراقدا بە ( جڵفی و قواعدی ) رۆيشتووە.
زمان بۆ خۆی ململانێی نێوان بوون و نەبوونی بيرمەندانە، کە بوونێتی خۆی تێدا ساغکردۆتەوە، لێرەوە نامانەوێ باسوخواسەکەمان بە لاڕیدا بەرين و دێینە سەر کرۆک، بەم پێیە پێويستە هەڵوێستە لە سەر زمانی ئەم رۆمانە بکرێت و نامانەوێ لێی باز بدەين، جگە لەوەی کە بە زمانێکی سادە و بێقووڵبوونەوە نوسراوە، لەگەڵ ئەوەی ناو بە ناو دەستەواژەيەکی تێئاخنراوە کە سەر لە خوێنەر دەشوێنێ و ئەندێشەبيری تێکدەشکێنێ، لە کاتی خوێندنەوەدا خوێنەر يەکسەر هەست دەکات لاوازی رستە و وشە لای نوسەر هەيە، بە کەسێکی هەژاری نێو فەرهەنگی کوردی لە قەڵەم دەدات، ئیدی ئێمەيش لە گەڵ ئیوە دەکەوينە ديقەتدانی زمانەوانی… (( وەک ئەوەی قسەيەکی ئاسایی بکات، هەر وەک ئەوەی لە نێو بۆشاييەکی تايبەت بە خويدا پەرشی بکاتەوە، وەک ئەوەی دووکەڵ نەبێت)) لاپەڕە ١٢ ی رۆمانەکە.
نمونەيەکی دی، تەماشا چون لە گەڵ کات مامەڵە دەکات: (( ئەمە کاتێک روو دەدات کە سۆزی بەوپەڕی بێزارييەوە لە راڕەوەکە دەڕوانێت و هێشتا هاموشۆکارانی دوای نيوە شەو جەنجاڵی نەکردووە، ئەمە کاتێکە سۆزی هيچ شتێکی ديکەی نييە، جگە لە گاڵتەکردن نەبێت بە سۆزانييەکانی هاوپيشەی، لەو کاتانەدا…. )) ل ١٣.
جگە لە وەڕسبوون و بێزاری خوێنەر بە دەست وشەی ( وەک ئەوەی ) کە جۆرێکی سواوی پێبەخشيوە لە هەمانکاتدا لاوازی نوسەر لە نوسينەوە دەخاتە روو، سەبارەت بە کاتيش بە هەمان شێوە ئەو حاڵەتەی دووبارە کردۆتەوە سەر لە خوێنەر تێکدەدات هێندە ناوی کات دێنێ، خوێنەر هزری بەرەو ئەوێ دەڕوا کە هەمان کات نەبێت و لە کاتێکی تردا ڕوودرابێت، ئەگەر وەهايش بێت چۆن لە يەک رستەدا دەخرێتە روو، هاو شێوەی جۆرێکە کە باسی نەکردبێت، با خوێنەر لێرەيش ورد بێتەوە هەر لەم کورتە نوسينەدا چونکە باس لە ( وەک ئەوەی ) دەکەين، بۆ ئێمەيش هەمان کار هاتە پێشەوە و خۆمان لێدەرباز کرد هاوشێوەی جۆرێکمان بەکارهێنا، نوسەر سەليقەیی لەوەدايە لە نوسينی ئەدەبيدا دەستەودامێن رانەمێنێت، جا نەمازە رۆمان بێت.. دەچێنە لاپەڕە ١٥ و لە هەمان سوينی وشە بەردەوامە، لەدوو دێردا سێ جار وشەی _ وەک ئەوەی – بەکارهێناوەتەوە، پێمان وايە بۆ خۆی رەنگە بە نوسينەکەيدا نەچوبێتەوە دەنا هەر لە خوێندنەوەدا خوێنەر هەست بە سواسی وشەکە دەکا، (( وەک ئەوەی خەنجەرێک کرا بێت بە دڵياندا، وەک ئەوەی قووڵ و زۆر قووڵتر لەوەی هەمووان مەزندەی دەکەن بريندار بوو بن، وەک ئەوەی لە پڕێکا نامورادی خۆيان بيرکەوتبێتەوە)) ل١٥ .
بۆيە زمان لە بەدەم نوسەر ئەرکێکی قورس و گران و زەحمەتە کە دەبێ زۆر بە سەليقەییەوە بەکار بهێندرێت و گەمەی پێبکرێت، ئەو دەمانەی گەمەکردن بە زمان غيابی دەبێت ئەوا ژانرێکی کرچ و کاڵ دەخرێتە بەر ديدی خوێنەر، گەمەکردن هەم هانی خوێنەر دەدات لە خوێندنەوە دانەبڕێت هەميش چێژ لە دەقەکە دەبينێت ، نەک وەڕسبوون و بێزارکردن، ئەگەر خوێنەر مکوڕ بێت لە سەر تەواوکردنی ئەو رۆمانە يان نوسينە ئەوا رۆژانە لە چەند لاپەڕەيەکی پەنجەکانی يەک دەست تێناپەڕن کە دەيخوێنێتەوە.
لە لاپەڕە ( ٣٥ ) لە بری ئەوەی بڵێ پەرژينە ئاسن، دەڵێ( ئاسنی جياکەرەوە) کە مەبەست لەو پەرژينە یاسنينەيە لە نێوان دوو ڕاڕەوی دژ بە يەکی ئۆتۆبانی ترومبێلە، لە سەر دووبارە کردنەوەی وشە سوواندنی بەردەوام دەبێ و دەڵێ : (( وەک چۆن خاليد لە هەمان گێژاوی ئەشقی بە سەر چووی سۆزيدا دەژيا تاوەکو چەنە رۆژێک لەوەوبەر هەر لەم گێژاوەدا بوو، تاوەکو بووە……)) ل٦٥. لە دێڕ و نيوێکدا سێ جار دەڵێ: (( وەک ، تاوەکو )) نامانەوێت درێژدادەڕی لەم لايەنەوە بکەين چونکە شيتاڵکردنی بە پێی ئەوەی رۆمانەکە نزيکەی ( ٥٠٠) لاپەڕەيە بۆيە لە زۆربەی زمانەوانی و رێنووسەکەيدا پەنا بۆ نمونەيەک يان چەند نمونەيەک دەبەين، تەماشا عەبدولباقی يوسف چۆن لە رۆمان دەدوێ: (( هەميشە رۆمان بە نووسەرەکەی دەڵێ: ئەوە تۆ نيت دەتەوی ببیت بە رۆماننووس، بەڵکو ئەوە منم دەمەوێ ببیت بە رۆماننووس و پێتبگەيەنم، ئەوە من نيم هەر کەس بيەوێت بمنووسێ و بمگێڕێتەوە، بەڵکو ئەوە منم دەتنووسێنم و دەتگێڕێنمەوە و پێشکەشت دەکەم))، کەواتە لەم ديدگاوە ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە نووسەر تەنها ئەوەيە بە زمانێکی روون و رەوان خوێنەر ئاشنا بکا لەو پەيامەی دەيەوێت بيگەيەنێت، ئێمە لە رووی رێزمانيشەوە هەست بە لاوازی و بێهێزی دەکرێت، نەمازە لە رێنووسی کورديدا کار ( فعل ) دەکەوێتە کۆتایی رستەوە، کە تەنها نمونەيەک دێنين و گێگرەوەکەيشی دادەنێین، لە لاپەڕە ٦٨ ی گۆشەگير دەڵێ: (( سوزی لە چواردە ساڵييەوە چاوەڕێی پياوێک بوو دەرگاکانی بەختەوەری لێ بکاتەوە، ئێستاش دوای جيابوونەوەی لە خاليد، دوای چەند ساڵێک، بە تايبەت دوای ئەو بەرەبەيانەی ويسکی خواردنەوەيان کاتێک ڤێسنا پێکەوە لە گەڵ سوزی ، باسی گەشتی مەسيحی بۆ دەکرد))، نووسەر جگە لە کاری رێکخستنی وشەکاندا سەرکەوتوو نەبووە، لە هەمانکاتدا لێڵ بوونێکی لای خوێنەر دروست کردووە کە کاميان سوزی يان ڤێسنا باسی گەشتی مەسيح دەکەن، ئێمە دەڵێین دەبووا نووسەر وا دەستپێکی ئەم بەشەی بکردبا: (( لە چواردە ساڵييەوە سوزی لە چاوەنواڕی ئەو خەون و خەياڵەی بوو کە هەموو کچێ هيوای بۆ دەخوازێت، پياوێک بێت و دەرگاکانی بەختەوەری لێبکاتەوە، ئێستايش دوای چەند ساڵێک لە جيابوونەوەی لە خاليد، بە تايبەت لە کاتێکدا کە لە گەڵ ڤێسنا بوو، دوای ئەو بەرەبەيانييەی وێسکیان پێکەوە دەخواردەوە، باسی گەشتی مەسيحی بۆ دەکرد)) ئەمە لە کاتێک ئەگەر سوزی گەشتی مەسيح بگێڕێتەوە، بە پێچەوانەيشەوە ئەگەر ڤێسنا گەشتەکە بگێڕێتەوە ئەوا وا دەبوو : (( لە چواردە ساڵييەوە سوزی لە چاوەنواڕی ئەو خەون و خەياڵەی بوو کە هەموو کچێ هيوای بۆ دەخوازێت، پياوێک بێت و دەرگاکانی بەختەوەری لێبکاتەوە، ئێستايش دوای چەند ساڵێک لە جيابوونەوەی لە خاليد، بە تايبەت لە کاتێکدا لە گەڵ ڤێسنا بوو، دوای ئەو بەرەبەيانييەی وێسکیان پێکەوە دەخواردەوە، کە ڤێسنا باسی گەشتی مەسيحی بۆ دەکرد)). پێمان وايە بەم جۆرە خوێنەر باشتر دەگاتە خاڵی تێگەيشتن. وا بزانم لە سەر زمان زۆر دواين و لێرەدا چەند نمونەيەکی رێنووس دەخەينا ڕوو کە زۆر بە زەقی ديارن و ناکرێ نووسەر خۆی لەو هەڵە رێنووسيانە ببورێ و بە سەرياندا باز بدات و چاو بنوقێنێت، ئەم وشانە زۆر زەقن دەبێ هەر نووسەرێک لە نووسينەکانيدا فەرامۆشی نەکات (( ئەمەش ، ئەمەيش / ئەم کۆڵانەش ، ئەم کۆڵانەيش / لەوانەشە، لەوانەيشە / باڵەخانەکەش ، باڵەخانەکەيش / ئێستاش ، ئێستايش / خوداش ، خودايش / جيابوونەوەشيان ، جيابوونەوەيشيان/ ئەوەشی لە ڤێسنا نەشاردەوە، ئەويشی لە ڤێسنا نەشاردەوە/ ديکەش ، ديکەيش / لە پەڕينەوەشيدا، لە پەڕينەوەيشيدا / کزۆڵەش ، کزۆڵەيش / ئەوەندەش ، ئەوەندەيش /سەتەلايتەکەش ، سەتەلايتەکەيش )) بە داخەوە زۆر زۆر وشەي تريش لەم جۆرە هەبوون کە هەندێکيان زمانی ئاسایی قسەکردنە، کە ئێمەيش وەک نەتەوەيەک مافی ئەوە بە خۆمان دەدەين کە زمانی نووسين و ئاخاوتنمان جياواز بێت، ئەگەر نووسەر ئەم کارە نەکات، من نازانم ئەرکی نووسەر ئەو کاتە لە بواری زمانەوانيدا چی دەبێت.
بە داخەوە کێشەيەکی ديکەيش کە ئەم نووسەرەيشی گرتۆتەوە، پرسی ( دوو واوە ) من نازانم بۆچی نووسەرێک نەتوانێت خۆی لە قاڵبی ئايديۆلۆژيا قورتار بکات و لە نووسينەکانی بيری لای ئەم پرسە بێت، دەنا جار و دووجار نييە دەيان جار ئەم حاڵەتە چەند بارە کراوەتەوە،لێرە ئەوانيش دەخەينەڕوو(( مەيموون ، مەيمون / بچووک ، بچوک / ڕووس ، ڕوس / ئۆردووگا، ئۆردوگا / نووح ، نوح / گرووپ ، گروپ / بەڵکوو ، بەڵکو/ لێبووردن ، لێبوردن / گووت ، گوت / کوون و کەلەبەر ، کون و کەلەبەر/ مووچە ، موچە …………. )) بەڕای ئێمە هێندە نمونەيەکن، رۆژ لە دوای رۆژيش زمان و رێنووس گۆڕانکاری بە سەردا دێ مرۆڤ بە تايبەت نووسەر دەبێ لەم رووەوە رژد بێت. لە زۆر شوێن (( بوو بوو )) بەکار هاتووە پێمان جوانە ئەم کردارەيش ببێ و بنووسرێ (( ببوو ))، خوێنەر جياوازيش لە کاتی خوێندنەوە بە هەردوو حاڵەتەکە دەکات.

درێژەی هەیە…




خوێندنەوەیەک بۆ بەرهەمە شیعرى(عەورەتى نیشتمان)ى موحسین شوانى… کاروان حەسەن سلێمان

(عەورەتى نیشتمان) نوێترین بەرهەمى شیعرى مامۆستا (موحسین شوانى)یە. کە لەساڵى (2022)دا چاپ و بڵاو بوەتەوە، لەچاپخانەى(چوارچرا) (500)دانەى لێ چاپکراوە. لەدوو توێى (74) لاپەڕە، چاپى یەکەم، کورتەیەک لەژیانى شاعیر و بەرهەمەکانى ترى شاعیر لەکۆتا لاپەڕەدا ئاماژەیان بۆ کراوە.
ئەم بەرهەمە لەدوو بەش پێکهاتووە:
بەشى یەکەم: لە (43)دەقى نیشتمانى پێکهاتووە.
بەشى دووەم: لە (21) دەق پێکهاتووە کە خواناسى و باسى خۆشەویستى دایک دەکەن.
هەوڵدەدەین لەسەر ئەم بەرهەمەدا شتێک بنووسین و بڵێین.
چاوى شاعیر وردتر و باشتر شتەکان دەبینێ لە مرۆڤى ئاسایى بۆیە ئەوەى شاعیر دەرى دەبڕێ دەکرێ لاى مرۆڤێکى ئاسایش هەبێ بەڵام ئەو مرۆڤە ئاساییە بەهەندى وەرناگرێ یان ناتوانێ بیخاتە دووتوێى دەقێک و شیعرێکى لێ دروست بکات.
بەواتایەکى تر شاعیر تاڵى و سوێرى و ژەهراوى ژیان دەمژێ و لەدەقێکى شیعرى بەیانیان دەکات و بەرهەمێکى لێ دروست دەکات. ئەمە جیاوازى نێوان شاعیر و مرۆڤێکى ئاساییە.
شیعر ڕەنگدانەوەى شتە هەڵچووەکانى ژوورەوەى شاعیرە، شاعیر بەچاوى دڵەوە ئەو ئێش و ئازار و مەینەتیانە دەبینێ لەڕێگەى وشەوە دەیانکاتە دەق و شیعریان لێ دروست دەکات، واتا شاعیر لەجیاتى ئێمەش دێتە گۆ و قسەدەکات و ئێش و ئازار و مەینەتییەکان دەخاتە ڕوو.
لێرەوە دەچینە باغە ڕازاوەکەى (عەورەتى نیشتمان).
ئەم بەرهەمە لەدوو بەش پێکهاتووە، لەبەشى یەکەمدا شاعیر یاخییە، دڵپڕە، بێزارە، بێئومێدە ئەمانە و دەیان ماکى ترى نێو حەقیقەتى ژیانى ڕۆژانەى ئەم هەرێمە وایان کردووە مامۆستا موحسین شوانى دەست بداتە قەڵەم و لەڕێى وشە و ڕستەوە دەقێک دروست بکات و شیعرێکى چێژبەخشى لێ بەرهەم بێنێ. چێژ و ئێستاتیکا و بابەت ئەو ڕەگەزانەن کە شیعرى باشیان لێ بەرهەم دێت، ئەمەش وا دەکات کە خوێنەر چێژیان لێوەرگرێ و هەزمیان بکات.
شاعیر هەموو ئەو نائومێدى و بێهیوایەى لە بەرپرس و کاربەدەستانى وڵات هەیەتى دەیانخاتە دووتوێى چەند ڕستەیەک و دەقێکى شیعرى جوانى لێپێکدێنێ. ئەوەتا لە شیعرى(مارنج)دا دەڵێ:
گەر دەمتوانى وەک خۆڵ و کا
تێکەڵتان کەم
وەک قوڕە سوور
لە قالبى خشتتان بدەم
لە قولینچى دیوارى ماڵە هەژارێک
هەموو ساڵێک لە پێنجى سێ
بە مارنجى کوردەوارى
سواغتان بدەم .

شاعیر هەمیشە شتە پەنگخواردووەکانى ناخى دەردەبڕێ و ئەوەى لەمرۆڤى ئاسایی جیاى دەکاتەوە ئەوەیە شاعیر ئەو شتانەى دەیبینێ بە شیعر بەیانیان دەکات و خەڵک و خوێنەریش ئەو وشە و دەق و شیعرانە دەبینن بۆیە شاعیر وردتتر لە شتەکان دەڕوانێ. وشەى (جاش) بووەتە باس و خواسێکى شاعیر لە شیعرێکدا و مامۆستا موحسین شوانى لەوێوە حەقیقەتى ئەو ڕۆژگارە تاڵ و تفتەى بەدەستى جاش، میللەت چەشتوویەتى بەڵام ئێستاش جاش ڕۆڵ و پێگە و قسەیان هەیە و دەستیان دەڕوات کەجێگەى داخ و ئەسەفە! تەنانەت هەندێکیان بەرپرسیشن شاعیر شیعرێکى بەناوى (جاش)ەوە داناوە و زۆر بەڕوونى و بە ئاشکرایی دەڵێ:
من دوێنێم بیرچۆتەوە
کەسیش ناناسمەوە، نەخراپ نەباش
تەنها دەزانم هەردوولا
ڕیشدار و چڵکن و دەست بە تفەنگ و
ڕانکو چۆغە لەبەربوون
پێیان دەگووتن (پێشمەرگە)
پێیان دەگووتن (جاش)
ئێستا هەردووک ئاوێتە بوون
لەنێو حەفتا و لەناو هەشتاش!

ئیدارەنەدانى باش و خراپ بەکارهێنانى دەسەڵات لەلایەن کاربەدەستان و هەندێ بەرپرسى نابەرپرس و گەندەڵ، کە نەیانتوانیوە بەباشى و بەچاکى خزمەتى گەل و نیشتمان بکەن، بێزارى شاعیر و ڕق هەستانى بەرامبەر ئەو جۆرە کاربەدەستانە گەیشتووتە ئەوەى کە شیعرێک لەدایک ببێ بەناوى (عەورەتى نیشتمان) کە ناوى بەرهەمەکەش لەو شیعرەوە سەرچاوەى گرتووە.
نیشتمان جێگەى ژیان و گوزەران وئازادى و کارکردنى تیا نەماوە هۆکاریش بۆ ئەمە زۆرن، ئەوەتا شاعیر لە شیعرى (هەرێم) هەندێ لەو هۆکارانە دەخاتە ڕوو کە لەناو وشەکاندا خۆیان حەشار داوە، ئەو نیشتمانە جێگاى ئازار و مەینەتییە و ژیان تێیدا ئیفلیج بووە و چى خەم و ئازار هەیە بۆتە بەشى هاوڵاتیانى ئەم هەرێمە، شاعیر دێتە گۆ و دەڵێ:
بڕۆ لێرە
ئیتر ئێرە
نە هەناسەى عەشق و جوانى
نە گوڵ نەپەپولەى لێیە
سەر هەڵگرە
مەملەکەتى خەم و ئازار جێ بهێڵە
بەسەردانیش
هەرگیز مەگەڕێوە ئێرە
چونکە لێرە
نە نەمامى خۆشەویستى لێ شین دەبێت
نە بەرهەمى برایەتى لێدەڕوێت
نە پیاو لێرە بوێرە
نە ئافرەت لێرە زێڕە !

لەشیعرى (بەراورد)دا مامۆستا شوانى بەراوردێک لەنێوان خەباتى ئێستا و پێشتر دەکات و زۆر بەڕوونى ئەوە دەڵێ کە پێشان خەبات و سیاسەت باشتربوو کە لەپێناو نیشتمان و میللەت و ئازادى دا بوو بەڵام ئێستا حزب و بەرپرس و کاربەدەست هەر بۆ کورسى و دەسەڵات کاردەکەن و میللەتیان لەبیر نەماوە. ئەوەتا دەڵێ:
نیشتمان ئەوسا خۆشبوو
لە ڕق و ترسى دوژمن
لەسەر دیوارى گەڕەک و قوتابخانە
دەماننووسى(بژى پێشمەرگە، بروخێ بەعسى)
بەڵام ئێستا
لەترس و ڕقى دەسەڵاتى کوردى
لەسەر دیوارى ئاو دەسخانەکان دەنووسین:
(بڕوخێ حزب و سەرکردە و کورسى)

لە شیعرى (دەسەڵات)دا ئەوە ڕوون دەکاتەوە کەوا تەمەن و جوانى و گەنجى دەیان ڕۆڵەى کورد تاڵ کراوە و ژەهرى پێچەشتراوە، بەداخەوە دەسەڵاتى کوردى نەیتوانیوە گەنج بۆ لاى خۆى کێش بکات و بتوانێ لە ئێش و ئازاریان کەمکاتەوە و کێشە و ئاریشەکانیان چارەسەربکات و دەستى باوکایەتییان بەسەردا بێنێ و بیان خاتە ژێرباڵى خۆى. ئەوەتا دەڵێ:
هەرچى جوانى و پاکى هەبوو لێتان سەندم
دونیایەک ناشیرینیتان بۆ جێهێشتم
شیرینى تەمەنم
پێشکەش کردن
ژەهرى ڕۆژگارتان پێ چەشتم

نیشتمان لەلاى شاعیر خۆشەویستە و ئەو خۆشەویستییەش وەک خۆشەویستى دایک وایە، بۆیە شاعیر شانازى بەوەوە دەکات و لە شیعرى(نیشتمان)دا بە ڕوونى ئەوە دەڵێ کە وەک دایک خۆشەویستە و وەک ڕێزگرتن لەباوکى رێز لەنیشتمان دەگرێ و دەنووسێ:
ئەى نیشتمان
بەقەد دایکم خۆشم دەوێى
بەقەد باوکم ڕێزت دەگرم
هەتا ماوم
لەگلێنەى چاوى خۆمدا
هەڵتدەگرم
ڕۆژێ سەدجار
لەپێناوت دەژیم، دەمرم.

لە شیعرى(کۆچ)دا بە دەربڕینى ئاخ و ئۆفى دەیان گەنج و لاوى ئەم نیشتمانە پڕ خەم و ئازارە دێتە گۆ، کە هەزاران گەنج سەرى خۆیان هەڵگرتووە و ڕوویان لەغەریبى و دوور وڵاتى و کەس و کار کردووە کەچى لە دەریاى ئیجە خنکاون و لەپێناو خۆشگوزەرانى ژیان ڕووە و مەرگ هەنگاویان نا.
شاعیر بۆ ئاسوودەیى دەروون و دامرکاندنەوەى گڕ و تینى ناخى قسەدەکات، ئەو قسە لەگەڵ دار و بەرد ڕووبار و دەریا ئاو و ئاگر و شاخ و چیا دەکات و ئەمانە دەدوێنێ و گفتوگۆیان لەگەڵ دەکات. ئەمەش لە شیعرى (ئیجە)دا بەڕوونى دیارە، ئەو دەریایەى هەزاران گەنجى وڵاتى نقوم کرد و کردنییە خۆراکى ماسى، شاعیر بە ئارامى و وەک پاڕانەوەیەک لە ئیجە داوا دەکات کە ئارامبێ و نەیخنکێنێ ئەوەتا دەڵێ:
ئیجە
بەهێواشى بەسەرتدا گوزەر دەکەم
مەمخنکێنە
نیشتمانم لەدەستداوە
بەدواى بستێ خاکدا وێڵم
شەپۆڵ مەدە
هەر ئەمجارە و نایێمەوە
نامۆم لێرە
ناخت مەکە بەگۆڕستان
توڕە مەبە
بە ئارامى
ببە پردى پەڕینەوە.
شاعیر لە گەورە بوون و ڕۆژگارى ئەمڕۆ بێزارە، دەیەوێ بگەڕێتەوە منداڵى و لەهەموو ئەو ماک و پیسى و درۆ و خۆپەرستى و مونافیقی سیاسیە بێزارکەرە کە ئێستا تووشى هاتووە پاک ببێتەوە. ئەوەتا لە شیعرى (گەڕانەوە)دا دەڵێ:
بمبەنەوە بۆ منداڵى
بەرائەتى ئەو سەردەمەم بدەنەوە
بمبەنەوە بۆ مناڵى
چڵکى حیزب و
مونافیقى سیاسەتم لێکەنەوە
لە کۆڵ پیسى و درۆى ڕۆژگارى
خۆپەرستیم بکەنەوە
لەنێو بەندى ژینى ساختە و
مۆدێرنى تەکنەلۆژیا ڕزگارم کەن
بمبەنەوە بەخۆڵ و گڵى پاکى
کۆڵانەکانى گەڕەک بمشۆنەوە
لەهەموو گوناهەکانى تەمەن پاکمکەنەوە.

بەداخەوە دواى زیاتر لە سى و پێنج ساڵ هەتا ئێستاشى لەگەڵدابێت حکوومەتى هەرێم نەیتوانیوە بەباشى و بەڕێکى ئاگادارى ژیانى کەس و کارەکانى ئەنفال بێت و ئاورێکى جددى و باشیان لێبداتەوە، شاعیر لە سۆنگەى خەمخۆرى و نیشاندانى سۆز و خۆشەویستى بۆ خانەوادەى ئەنفالەکان لەشیعرى (ڕووفات)دا ئەو بەرپرس و کاربەدەستانە ڕیسوا دەکات کە تا ئێستا کەس و کارى ئەنفالەکان ناناسن و ئاگادارى ژیانیان نین، مامۆستا شوانى بەزمانێکى سادە و ساکار لێیان دێتە گۆ و دەڵێ:
ئەم کاتژمێرە
ئەم جووتە پێڵاوە
بکەنە مەدالیاى ناپاکى
لە بەرۆکى جاش و ئەنفالچییەکان هەڵیواسن
یان بیکەنە هێماى ریسوایى
بیدەن لە ڕوخسارى
ئەو بەرپرسانەى
کە خانەوادەى ئەنفال ناناسن.
لە هەردوو شیعرى (کۆچ) و (ئومێد)دا کە دوو شیعرى دژبەیەکن لە واتادا شاعیر لە شیعرى (کۆچ)دا بێزارە، نائومێدە.بەڵام لەشیعرى (ئومێد)دا حاڵەتەکە پێچەوانە دەبێتەوە ئەوەتا لە شیعرى (کۆچ)دا دەڵێ:
ئەى نیشتمان !
زوویر مەبە
بەناچارى بەجێت دێڵم
ڕێگەى مەرگى هەندەران و
سەختى غەریبى دەپێوم
کەچى لە شیعرى (ئومێد) دا شاعیر پەشیمان دەبێتەوە بەو مانایەى خۆى دەخاتەوە سەر دۆخى بە ئاگایى و ئومێدێک لەدڵدا بەدى دەکات و لە وشە و ڕستەکانى پێشووى دێتە وەڵام و دەڵێ:
لێرە نارۆم
ئەم هەوارە جێناهێڵم
کەى توانیتان تیشکى خۆر و ڕووناکى مانگ
بشارنەوە
ئەوسا دەڕۆم
بەڕێکەوتیش
سەر لەو خاکە پڕ گەندەڵە نادەمەوە.

کاروان حەسەن سلێمان – هەولێر




کلیلی دەستپێکی ژیان وونکراوە… سامانی وەستا بەکر

پەروەردە یەکەم کلیلی دەستپێکی ژیان:
پەروەردە گەورەترین شۆڕشی بەردەوامی مرۆڤایەتییە. لە مێژووی دووری كۆمەڵگه‌ی مرۆڤایەتییەوە تاكوو ئێستا، پەروەردە مەڵبەند و ناوەندی پێگەیاندنی مرۆڤەكان بووە. لە شارستانییەته‌ دێرینەكانی بابلی و میسری و یۆنانی و ڕۆمانی ‌و فارسییا پەروەردە وەك چالاكییەكی گرنگ بوونی هەبووە.
فەلسەفەی پەروەردە هەوڵدانە بۆ گەشەی تاک و کۆمەڵگە، کارکردنە لەسەر بەدەستهێنانی ژیانێکی شایستەی خۆشبەخت بۆ کۆمەڵگە.
پەروەردە پرۆسەیەكی دێرین و فرەڕەهەندە، سیستەمێكی گشتگیر‌ و فراوان و بەردەوامە، كارێكی مەودا دوور و ئاڵۆز ‌و بەیەكاچووە، دوورە لە هەر هەڵسەنگاندن و تێڕوانینێكی سادە و سەرپێیانە.
پەروەردە یەكێكە لە میكانیزمەكانی مانەوە، بەردەوامیی كه‌لتوور و زانیاری و شارستانییەت، لە ڕێگەی گواستنەوەی كۆی فیكر ‌و مەعریفە و كه‌لتوور بۆ نەوەی داهاتوو.
پەروەردە كلیلی دەستپێكی ژیان و بەردەوامیی گوزەران و ژیاری مرۆڤایەتییە و بۆتە زانستێكی سەربەخۆش.
پەروەردە پرۆسەیەكی تەمەندرێژ و دێرینە، هاوتایە لەگەڵ بوونی مرۆڤا. لەسەرەتایا پەروەردە بەم شێوەی ئێستا ڕێكخراو و ڕێكوپێك نەبووە، پرۆسەیەكی نافەرمی بووە، بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ لە لایەن خێزانەوە ئاراستە كراوە، لە ڕێگەی ئەزموون و لاساییكردنەوە بووە. خێزانیش ڕێگه‌ و شێوازی تایبەتی خۆی لە پەروەردەكردنا جێبەجێ كردووە و بەپێی ئاستی تێگەشتن و دنیابینیی خۆی پەروەردەی منداڵی كردووە. ئامرازەكانی فێربوون بریتی بوون لە: نەریتەكان، سیسته‌می بەهاكان، هونەرەكانی بەرهەمهێنان وەكوو ڕاوكردن، كشتوكاڵ، چنین و هتد.

کۆمەڵگەو پەروەردەی نادروست:
کۆمەڵگەی جیهانی سێیەم بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی دوو جۆر پەروەردەی نادروست لەپاڵ پەروەردەی دروست و تەندروستا بوونی هەیە، لێرەیا تەنها تیشک ئەخەینە سەر دوو جۆرە نادروستەکەیان:

جۆرێکیان ئەوەیە خێزانەکان هەر لە مناڵیەوە بەهۆکاری جیاواز دەستبەرداری پەروەردەی مناڵەکانیان ئەبن و ئەیانێرنە بازاڕی کار و پارەپەیاکردن، ئیتر مناڵ پەروەردەی شەقام و کۆڵان و بازاڕ و گوزەر و سەرقەبرانەکان وەرەگرێت.
لە مێرمناداڵیشا ڕوو لە چایخانە و کافتریا و بلیاردخانە و نێرگەلە و لە پاڵیشیا مادەهۆشبەرەکان و کاری نایاسای و سەرەتاکانی قۆڵبڕین و ووردە دزی فێرەبن.
لە گەورەبوونیشا ڕوو لە قومارخانە و مەلها و یانەی شەوانە و کاری نایاسای و قاچاغ و گیرفانی بڕینی میلەت و گەندەڵی و سیاسەت بە مەبەستی بازرگانی و دانانی حیزب بۆ خۆدەوڵەمەندکردن و داپۆشینی دزی و تاڵانی و قەرزە کەڵەکەبۆکان و تا کار ئەگاتە ئەوەی ئەبن بە مافیای شەوان و سیاسی باڵا بەڕۆژ.

جۆری دووەمیان ئەوەیە کە خێزان بەبێ لێپرسینەوە مناڵەکانیان ڕەوانەی پەرستگاکان ئەکەن بە مەبەستی خواپەرستی بەبێ ئەوەی بزانن لەوێ چی ئەگوزەرێ و باسی چیان بۆئەکرێ.
لە هەنگاوی یەکەما مێشکیان ئەشۆنەوە و ڕایان ئەکێشن بۆ ئەو جۆرە لە باوڕەی کە خۆیان مەبەستیانە و هەر لەسەرەتاشەوە تۆوی ڕق و جیاکاری لە مێشکیان بەرامبەر ئاین و خەڵکانی دەرەوەی بازنەی باوەڕەکەی خۆی تیائەچێنن.
لە مێرمناڵیشا بەتەواوەتی لە کۆمەڵگە دایانئەبڕن و بیری توندڕەوی و ئیرهاب لەژێر ناوی خواوەند و پەڕتوکە ئاسمانیەکان لە مێشکیانا ئەچێنن و ئەیانکەن بەجەلادی ناوماڵ بۆ ئازاردانی خێزان بەگشتی و خۆشکەکانیان بەتایبەتی.
بەشێکیان هانەیەن تا پەیوەندی بە ڕێکخراوە تیرۆرستیەکانەوە بکەن، سەرەنجام هەر لەسەرەتاکانی بەهاری تەمەنیانا جوانەمەرگ ئەکرێن و ناوی تیرۆرست بەباڵایان ئەبڕێت، مۆری ئیرهابیش لەناوچوانیان ئەیرێت و خێزانەکانیشیان سەرگەردان و دایک و باوکیان جەرگ سوتاوئەکەن.
کە گەورەش ئەبن بەشێکیان بۆ خۆ گەورەکردن و گیرفان پڕکردن و بڵاوکردنەوەی ئەو جۆرە لە باوەڕەی کە خۆی بڕوای پێیەتی ئەکرێن بە بانگخواز و لەژێر ناوی بەهەشت و حۆریا هانی گەنج و لاوەکان ئەیەن پەیوەندی بە حیزب و ڕێکخراوە ئیرهابیەکانەوە بکەن لەلایەک، لەلایەکیتریشەوە لە هەوڵی ئەوەیان دوژمن و داگیکەرانی وڵاتەکەت وەک فیریشتە و فریادڕەس پێبناسێنن، تەنها لەبەرئەوەی سەرۆکی دەوڵەتی داگیرکاریش هەڵگری هەمان بیروباوەڕی ئاین و مەزهەب و دنیابینیە..
ئەو بەشەشیان کە ئەمێننەوە ڕایان ئەکێشنە ناو ڕێکخراو و حیزبەوە تا ئەیانکەن بەئەندام پەرلەمان و وەزیر سەرکردایەتی حیزب، ناشترین پەیامیشیان تێرکردنی حەزە سێکسیەکانی خۆیانە لەژێر ناوی جێبەجێکردنی شەریعەیا، چوار ژن لەدەوری خۆیان کۆئەکەنەوە وەک ئەوەی ئەو کارە گرنگترین و تاکە ئەرکی سەرشانیانبێ، بەکوردی و بەکورتی ئەو سونەت بەتامی فەرز جێبەجێئەکەن.

ئەرکی حکومەت:
بەداخەوە حکومەتێکیش هەیە کە ئەکرێ بە حکومەتی ژمارەکان ناوزەند بکرێ، تەنها و تەنها کاری ئەوان بووە بە ساغ کردنەوەی ژمارەکان و کەرتەکانیتریان لەبیرکردووە، بەتایبەتیش کەرتی پەروەردە.
لە فێرگەو خوێندگاکانی کوردستان جگە لەوەی زانستێکی کۆڵەوار هەیە بەڵام پەروەردە بوونی نییە، ئاخر زانستی بێ پەروەردە وەکو لاشەیەکی بێ مێشک و چاو و چاق و دەستە.
ئەوە کاری حکومەتە کە هەر لە مناڵیەوە خۆشەویستی نیشتمان و خاک و گەل لەدڵی فێرخواز و نەوەی سەردەما بڕوێنێ، ئەبێ حکومەت لەڕێی پەروەردەیەکی دروست و تەندروستەوە ئەوە لە مێشکی مناڵانا بچەسپێنێ کە مرۆڤ ئەبێتە هەڵگری ناسنامەی ئەو خاکەی لەسەری ئەژی، ئەبێ لەسەرەتاوە مناڵان تێگەیەنرێ کە هیچ شتێک لە خاک و نیشتمان و خێزانەکەت لەپێشتر نیە، ئەبێ مناڵان فێرکرێ کە خۆشەیستی نیشتمان لەسەرو باوەڕداری و ئاینیشەوەیە، بگرە ئاینەکانیش جەخت لەسەر خۆشەویستی نیشتمان ئەکەنەوە.
کاری حکومەتە هەر لەسەرەتاوە بچێتە ناو قوتابخانە، فێرگە، مزگەوت، کەنیسە و پەرستگاکانیترەوە و بەوانەی پەروەردەی دروست و تەندروست ئامادەی هەبێت و ڕێگەنەیا هەر کەسێک بەئارەزووی خۆی و بەگوێرەی بیرو هزر و باوەڕی خۆی نەوەی پاشەڕۆژ دەرسدابات.
ئەوەتا لە بێئاگای و بێ پلانی حکومەت و نەبوونی پەروەردەی دروست لە فێرگە جیاوازەکانا، ئەگەر نیوەی کۆمەڵگەش نەبێ بەڵام بەشێکی زۆری لایەنی کەم دوودڵ بووە لەوەی ئایا کوردستان پیرۆزترە بۆ تاکی کورد یان مەکە؟
ئەگەر لەسەرەتاوە وانەی پەروەردە بەهەند وەرگیرایە لای حکومەت و گرنگی پێبیرایە ئەوا نەک هیچ کەسێ دوودڵ نەئەبوو کە بەڵێ و وە بێگومان خاکی کوردستان پیرۆزترە لە مەکە بەڵکو بیرکردنەوەکان بەجۆرێک ئەبوو کە هەرگیز پرسیارێکی لەوجۆرە نەبیری کەسا ئەهات و نەئەشکرا.

پرسیاری نابەجێ:
پرسیارێکی تەلقینی لە کەسێکی بەناو باوەڕدار و بانگخوازەوە کە ئایا کوردستان پیرۆزترە یان مەکە؟ تەنها نیشانەی ئەوەیە کە لەو وڵاتەیا تەنها زانستێکی کرچ و کاڵ فێری فێرخوازان ئەکرێ و هیچ گرنگی بە پەروەردە نایرێ.
تەمەنی حکومەتی هەرێم ٣٠ ساڵە، ئەو کەسەی کە ئەو پرسیارە نەشازەی ئاڕاستەی کۆمەڵێک ئامادەبوونی کۆبوونەوەیەک کردووە، پەروەردەی لەخێزانێکی کورد و مامۆستای کورد وەرگرتووە، نیوەی تەمەنی لەسایەی حکومەتی خۆماڵیا بەسەربردووە، بەو واتایەی حکومەتی هەرێم لە ٣٠ ساڵی تەمەنیا سەرکەوتوو نەبووە بەهاکانی گەل و نەتەوە و نیشتمان بەدروستی بگەینێتە ناو خێزان و فێرگەکان و لەوێشەوە ڕۆچیتە ناو کۆمەڵگەوە.
باوەڕناکەمەم خەڵکی مەدینە مەکەی لاپیرۆزتربێ لە مەدینە، خەڵکی قودس، قوم، نەجەف، کەربەلاش بەهەمان شێوە. خەڵکی شارە عەرەبی و وڵاتانی ئیسلامیش هەر شارو وڵاتی خۆیان لە مەکە لاپیرۆزترە، خۆ ئەگەر واش نەبووایە یەمەنییەکان بۆردومانی ئەو وڵاتەیان نەئەکرد کە مەکە بەشێکە لێی.
نزمی ئاستی پەروەردە گەشتۆتە ئەوەی کەسێک پرسیارێکی هێندە نەشاز ئاڕاستە بکات کە ئەوەش لوتکەی خۆ بەکەمزانی و زەلیلی بیرو هەستی نەتەوایەتیە.

لەناو کوردا نەبێت بڕوا ناکەم هیچ موسلمانێکیتر بوونی هەبێ بەم جۆرە داڕوخابێت و نیشتمانی خۆی بە ناپیرۆز تەماشا بکات.
مەکە پیرۆزە بۆ موسوڵمانان بەڵام خاکێک کە شاخی جودی و ئیبراهیمی باوکی پەپامهێنەرانی هەبێ چۆن ئەکرێ پیرۆزترین نەبێ لایەنێ کەم بۆ تاکی کورد.
کەم کەس نکۆڵی لەوئەکات مەکە پیرۆزە بۆ موسوڵمان، بەڵام کەسیش بۆی نیە کوردستان بەکەمتر تەماشاکات، لەکۆتایشا
مرۆڤەکان ئازادن بچن بۆ ئەو جێگەیەی لە نیشتمانەکەی خۆیان بەپیرۆزتر ئەزانن خۆ کەس ڕێی لێنەگرتوون.

سامانی وەستا بەکر
١٣-٨-٢٠٢٢ سوید-ستۆکهۆڵم




گفتوگۆ لەگەڵ فاتح بەهرامی سەبارەت بە سیستەمی پەرلەمانی… وەرگێڕانی: کاوە عومەر

پێگەی پەرلەمان لە سیستمی حكوومەتی دڵخوازی ئێوەدا چییە؟ ئایا سەرۆک کەسی یەکەمی ئەو وڵاتەیە یان سەرۆک وەزیران؟

وەرگێڕانی بۆ کوردی:کاوە عومەر

پەرلەمان لە سیستمی حکومەتی ئێمەدا جێگەی نییە. پەرلەمان تەنانەت باشترین جۆریش وەک وڵاتانی پێشکەوتووی سەرمایەداری ئامرازێک نییە بۆ ئەوەی خەڵک بەشداری لە دەسەڵاتدا بکەن. پشكی بەشداریی خەڵك لە سیستمە پەرلەمانییەكاندا هەمان شتە كە چوار ساڵ جارێك یەک جار دەنگ بدەن. لەم چوار ساڵەدا، تا هەڵبژاردنی داهاتوو، دەنگدەر ناتوانێت نوێنەرەکانی بگۆڕێت، کەس پرسیاری لێ ناکات و گوێی لێ ناگرێت، هیچ ڕۆڵێکی لە پەسەندکردن و ڕەتکردنەوەی یاساکاندا نییە، ئەگەر هەر ناڕەزایەتییەکی هەبێت،دەستی بەهیچ شوێنێک ناگات. بۆیە ڕۆڵ و بەشداریی خەڵک لە حکومەتدا دیارە و پرۆسەی هەڵبژاردن تەنها ئامرازێکە بۆ بەدەستهێنانی شەرعییەتی دەسەڵاتدارێتی و حکومەتە.
ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە کە ئەم بەدەستهێنانی شەرعیەت بۆچی پێویستە و تایبەتمەندییەکانی چین؟ یەکێک لە درۆ گەورەکانی تیۆریسێنان و وتەبێژانی کۆمەڵگەی سەرمایەداری پەیوەندی بە ڕۆڵ و پێگەی حکومەتەوە هەیە. ئەو وێنەیەی کە لە حکومەت دەدرێت بەدەستەوە ئەوەیە کە حکومەت ئۆرگانێکی جەوهەرییە بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا، کە نوێنەرایەتی بەرژەوەندییە گشتیەکان دەکات و دەیپارێزێت و سەربەخۆیە لە چینە کۆمەڵایەتییەکان و بەرژەوەندییەکانیان. لەسەر بنەمای ئەم وێنە درۆینەیە کە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە خەڵک لە هەڵبژاردنێکدا حکومەتی خوازراوی زۆرینەی کۆمەڵگا هەڵدەبژێرێت، و شەرعیەتی پێدەبەخشێت.
ڕاستییەکە ئەوەیە کە حکومەت نوێنەری چینی سەرمایەداری و ئامرازی کۆنترۆڵکردنی جەماوەری خەڵکی ژێر چەوسانەوە و دەزگا سەرکوتگەرەکان بۆ پاراستنی دەسەڵاتی بۆرژوازییە. پێش هەڵبژاردن و پەرلەمان، هێزە چەکدارەکانی بۆرژوازی بۆ پاراستنی بەرژەوەندی چینی دەسەڵاتدار و حکومەت بوونیان هەیە و ئامادەن بۆ تەقەکردن. شانبەشانی ئەم هێزە چەکدارە یاسای تاوانکاری هەیە بۆ بەرگریکردن لە دەسەڵاتی ئەم چینە و بەرگریکردن لە وێنەی ئەو لە کۆمەڵگادا، هەروەها دادگا و زیندانەکانیشیان هەیە بۆ دەستەبەرکردن و جێبەجێکردنی ئەمانە. ئێستا ڕۆڵی هەڵبژاردن ئەوەیە کە یەکێک لە ڕەوتەکانی ناو ئۆردوگای بۆرژوازی بهێنرێت بۆ ئەوەی لە قۆناغێکی دیاریکراودا کار بۆ بەڕێوەبردنی ئەم سیستەمە بکات. بۆیە سەرەڕای هات وهاواری بۆرژوازی سەبارەت بە حکومەت، پەرلەمان و هەڵبژاردن ناتوانن سروشتی چینایەتی حکومەت بشارنەوە. لە هیچ کام لەو وڵاتانەی سیستمی پەرلەمانییان هەیە، خەڵک لە ڕێگەی دەریچەی پەرلەمانەوە نەیتوانیوە بچوکترین کاریگەرییان لەسەر سیاسەت و کردەوەی حکومەتەکان هەبێت.
جگە لەم خاڵە گشتییانە، لە ئەمریکا و ئەوروپای ڕۆژئاوا کە بۆرژوازی شانازی بە دیموکراسییەکەیەوە دەکات، پەرلەمان دۆخی باش نییە. خەڵک لەدەست دەست کردنی دەسەڵاتی نێوان دوو سێ حیزب لەم وڵاتانەدا بێزار بووە و قەیرانی ئابوری و بێ توانای سەرمایەداری لە وەڵامدانەوەی کێشەکانی خەڵک قەیرانی بەرەو پەرلەمانەکان بردووە.
سه باره ت به به شی دووه می پرسیاره كه ، سه رۆك کۆمار و سه رۆك وه زیران به شێكن له سیستمی حكومه تی په رله مانی بۆرژوازیین، یه كێكیان یان هه ردووكیان له سه رۆكی حكوومه تدان. بەڵام لەو سیستمی حکومەتیە جێ مەبەستی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری جۆرێکە لە حکومەتی شورایی. دابەشكردنی كار لە حكومەتی شورایدا چییە و چۆن بەرپرسیارێتییەكان لە شوراكاندا دابەش دەكرێت یان كەسێكی وەك سەرۆك وەزیران لە سەرۆكیایەتی شورایی سەرتاسەریدا هەیە یان نا، ئەمانە هەموو ئەو پرسانەن كە خودی شوراكان بڕیاری لەسەر دەدەن وە کاروباری شوراکان دەبێت. هەندێک خاڵ کە دەتوانرێت لەمەودوا وەک بنەمای گشتی بگوترێ بریتین لە:
١- مومارەسەی دەسەڵاتدارێتی لەسەر ئاستە لۆكاڵی و سەرتاسەریە جیاوازەكان لەلایەن خودی شوراكانی خەڵکەوە ئەنجام دەدرێت، شوراكان هەم وەك یاسادانەر و هەم وەك جێبەجێكاری یاسا كاردەكەن. ٢- باڵاترین ده‌زگای حكومه‌تی وڵات بریتییه‌ له‌ كۆنگره‌ی سەرتاسەری شوراکانی خەڵک. ٣- ئەو کەسانەی کە لەلایەن خەڵکەوە وەک نوێنەری خۆیان یان بۆ پلەو و پۆستێکی دیاریکراو لە شوراکاندا هەڵیانبژاردووە، هەرکاتێک دەنگدەران بیانەوێت دەتوانن لەکارەکانیان دووریان بخەنەوە. ٤- هه‌ر كه‌سێك كه‌ ته‌مه‌نی 16 ساڵ زیاتر بێت به‌ ئه‌ندامی ده‌نگده‌ری شورای ناوچه‌كه‌ی داده‌نرێت و مافی خۆپاڵاوتنی هه‌یه‌ بۆ سه‌رجه‌م به‌رپرسیارتیەکانی شوراکانی خۆجێی و پۆسته‌كان یان نوێنه‌رایه‌تی له‌ ئه‌نجومه‌نی باڵا.
لەمانەوە ئاسانە تێبگەین کە تەنیا لەم سیستەمە دەسەڵاتدارێتیەدایە کە بەکارهێنانی ڕاستەوخۆ و بەردەوامی ئیرادەی خەڵک و بەشداری خەڵک لە بابەتی حوکمڕانیدا دەبێتە پراکتیکی. بۆرژوازی کە ناتوانێت بەرگری لە دیموکراسی نوێنەرایەتی خۆی بکات لە بەرامبەر سیستەمی شورادا، تووشی وەهم دەبێت و پەنا بۆ ئەوە دەبات کە سیستەمی شورایی ئاژاوە دروست دەکات و خەڵک ناتوانن ڕۆژانە کۆببنەوە و بڕیار بدەن. لە وەڵامی ئەمانەدا تەنها دەبێ بڵێین کە پێویستە چەک و دادگا و زیندان و ئەشکەنجەدانەکانتان بپێچنەوە، کە پێویستە بۆ پاراستنی سیستەمی ئێستا، و بۆ ماوەیەک ددان بە جەرگی خۆتاندا بنێن، و ئەم ئامرازانە بەکارمەهێنن لە تاوان، و با خەڵک بە شوراکان وڵات بەڕێوە ببات، ئەنجامی “ئاژاوە” و بڕیاری ڕۆژانە ببینە. سروشتییە بۆرژوازی بە زمانێکی خۆش ئەم ئامۆژگارییە قبوڵ ناکات و دەبێ بە شۆڕشێکی کۆمەڵایەتیەوە لە سەر ڕێی مرۆڤایەتی ڕابماڵرێن.
بەڵام چ شتێک گەرەنتی ئەوە دەکات کە حکومەتی شورایی بە پێوە بمێنێتەوە و ڕووبەڕووی هەمان کێشەی حکومەتەکانی دیکە نەبێتەوە؟ بەڕای من لێرەدا دوو فاکتەری سەرەکی ڕۆڵیان هەیە. یەکەم: لە لایەنی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەم حکومەتەوە ئەوە خەڵک خۆیانن کە هەم یاسا دەردەکەن و هەم جێبەجێی دەکەن. ڕوونە کە خەڵک یاسا و بڕیار بە پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەرناکەن.
دیارە ئەو خەڵکەی کە دەسەڵاتیان بەدەستەوەگرتووە و ژیان و خۆشگوزەرانی خۆیان و منداڵەکانیان و هاوشێوەکانیان بۆ ئەوان گرنگن، ئامادە نین ڕۆڵی خۆیان لەم حکومەتەدا لەدەست بدەن یان بە هەر نرخێک بێت زیان بەم حکومەتە بگەیەنن .
خاڵی دووەم و زۆر گرنگە کە لە ڕاستیدا بناغەی یەکەمیانی پێوە بەستراوەتەوە، پەیوەندییە ئابوورییەکانە. ئێمە باسی حکومەتی کرێکاری دەکەین، واتە حکومەتێک کە تیایدا ئچەوسانەوەی مرۆڤ هەڵدەوەشێتەوە و لەم پەیوەندییەدا سیستمی سورایی دادە مەزرێت. بە واتایەکی تر کاری کرێ هەڵوەشاوەتەوە و خاوەندارێتی تایبەتی ئامرازەکانی بەرهەم نەماوە و هەموو زەوی و ئامرازەکانی بەرهەمهێنان بوونەتە موڵکی بەکۆمەڵی کۆمەڵگا (نەک حکومەت). لەم جۆرە پەیوەندییانەدا کە هیچ ئیستغلالکردنێک نییە و کاتێک ئامانجی بەرهەمهێنان دابینکردنی پێداویستییەکانی مرۆڤە لەبری قازانج بێت، ئەوا بەرژەوەندی تاک و کۆمەڵگا بەیەکەوە دەبەسترێتەوە و بناغە کولتوورییەکانی کۆمەڵگا بە ئاراستەی دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی ئینسانی دەگۆڕدرێن.
لە وەها دۆخێکدا کۆمەڵگا بە تەواوی توانایەوە تێدەکۆشێت بۆ پاراستن و لەسەرپێ مانەوەی ئەو پەیوەندیانەی کە بۆ یەکەمجار بەختەوەری و خۆشگوزەرانی و ئازادی مرۆڤەکان وەک ئامانجی خۆی دادەنێت و بە توندی دەوەستێتەوە. دەبێت جەخت لەوە بکەمەوە کە ئەوەی ئەمڕۆ بۆرژوازی و وتەبێژەکانی دەیکەن لە دژی کۆمۆنیزم و دژی سیستەمی سورایی وەک بەشداری ڕاستەوخۆی خەڵک لە بابەتی حوکمڕانیدا تەنیا ڕێگریکردنە لە دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی نوێ لەسەر بنەمای نکۆڵیکردنی لە بناغەی پەیوەندییەکانی سەرمایەدارییە.

١٤\٨\٢٠٢٢




ڕانانێکی کورت بۆ چیرۆکی (لوتبەرزی)… شەماڵ بارەوانی

لوتبەرزی/
چیرۆکێکی خاتوو(ڕۆزا حەمەساڵح)ی نووسەر و وەرگێڕکارە.

نووسەر لەو چیرۆکەدا باس لە کچێک دەکات بەناوی (ئاشنا).
ئاشنا، پاڵەوان و کارەکتەری سەرەکی چیرۆکی (لوتبەرزی)یە.
ئەو کچێکە گیرۆدەی پەتای لوتبەرزی و خۆبەزلزانی دەبێت و بەدەستەکانی خۆی قوڕ بۆ ژیانی خۆی دەگرێتەوە و ئەو لوتبەرزی و لەخۆباییەی کە سەرەتای هەموو ئەو کارەسات و ئافاتانەیە، دواتر بەسەری دێت و ژیانی لێدەکات به ژار و قوزەلقورت و دۆزەخ.
بەو چەشنە، ئاشنا لوتبەزی و غروریەکەی و گوێ نەگرتنی لە هاوڕێ دڵسۆزەکەی تووشی هەڵدێر و ماڵوێرانی دەکات.

لە (لوتبەرزی)دا
خاتوو ڕۆزا، باس لە ئافاتێکی تری کۆمەڵی نێرسالار و خێڵەکی و عەشایەر بیر و باوەڕ دەکات،
کۆمەڵێک کە لە ڕوانگەیەکی زۆر نزم و نامرۆڤانە و پیاوسالارانە لە ژن و کچ دەڕوانێت.

کۆمەڵێک، هێشتا وەکو پله دوو و سێبەر و کۆپی و پاشکۆی پیاو سەیری ژن دەکات.

لوتبەرزی/
دەیەوێت پێمان بڵێت کە کۆمەڵێکی پاتریارکی ناشارستانی، کۆمەڵێک کاتێک ژن جیا دەبێتەوە بەکەم سەیری دەکەن، لە کاتێکدا پیاو ڕۆژی لە سەت دانە جیابێتەوە عەیب و نەنگیەکی تیا نییە، وەلی بۆ ژن بەسە تا کۆتایی تەمەنی لەوەها کۆمەڵێکی عەشایەر ونێرسالارادا پێی بگوترێت:گەر باشبوایت تەڵاق نەدەدرایت و دووجار شوت نەدەکرد و تامردن لۆمە و سەرکۆنە بکرێت و وەکو خەجاڵەتیەک بە نێوچاوانی دابدرێتەوە و بکرێت بە لەکێکی عار و بەتەوێڵیەوە بڵکێندرێت.

لەوەها کۆمەڵێکدا، کە ڕەگی خۆی لەسەر بنەماکانی پێیاوسالاری داکوتاوە،
کۆمەڵێک، بە جەستە و فیزێکی لەسەردەمی مۆدێرنەدا بژیت و غەرقی ناز و نیعەمەتەکانی جیهانی تازەگەزێتی بووبێت، وەلێ بە مینتاڵێنت و ئەقڵیەت و بیرکردنەوە، هێشتا سەدەکانی ناوەڕاستی تێنەپەڕاندبێت و گیرۆدەی دەستی ئەقڵیەتی پیاوسالاری بووبێت و بە پیاو بڵێت مادام ژنەکەت کوڕت بۆ ناخاتەوە، ژنێکی تری بەسەردا بێنە
:(دایکم کوڕی نەبوو، هەمیشە بە چاوی وجاخ کوێر لێیان دەڕوانی، هەتا باوکم لەگەڵماندابوو بەردەوام هانیان دەدا بۆ ئەوەی ژنی دووەم بێنێت، تاوەکو کوڕی ببێت.).

نووسەر لە لوتبەرزی/دا
دەیەوێت پێمان بڵێت:لەوەها کۆمەڵێکدا، هێشتا ژن وەکو ئامڕازی وەچەخستنەوە و مناڵ بەخێوکردن و خزمەتکاری پیاو بۆ مەبەستی جنس لێی دەڕواندرێت،
نەک وەکو ژنێکی خاوەن ئیرادە و بە هێز، وەکو مرۆڤێکی یەکسان و هاوشان لەگەڵ پیاو، وەکو کەسێکی خاوەن ماف و ئازادی و کەڕامەت و کەسایەتی.

نووسەر لە لوتبەرزی/دا
لە میانی چیرۆکی هاوسەرگیری کردنی(ئاشنا) لەگەڵ(ڕێبوار)دا،
دەیەوێت پێمان بڵێت، هەر پرۆسەیەک لەسەر لێک تێگەیشتن و خۆشەویستی و بەڵێنکی پاک و درووست، لەسەر بنەمای یەکترقبوڵکردن و ڕاستگۆیانە نەبێت، ئەوە بێگوومان پرۆسەیەکی شکستخواردوو بێ مانادەبێت.

هاەر پرۆسەیەک لە پێناو ماڵ و سامان و پول بێت، چارەنووسەکەی هەڵوەشاندنەوە و نەمان دەبێت،
هەمان شێوەی چیرۆکی هاوسەرگیری کردنی ئاشنا، لەگەڵ ڕێبواردا.

لوتبەرزی/
دەتوانین بڵێین ژننامەیەکە، چیرۆکی ئازارەکانی ژنێکە و نووسەر لە میانیدا خەم و خەون و ناخۆشی و نەهامەتیەکانی ژنی نووسیوەتەوە.

لوتبەرزی/
چیرۆکێکی ٢٢ لاپەڕەییە. چیرۆکێکی بچووک بە قەبارە، وەلێ مەزن لە مانادا. چیرۆکێک هیچی کەمتر نییە لەو چیرۆک و ڕۆمانانەی نەوال سەعداوی و فەزیلە فاروق نووسیویانە، چیرۆکێک هەڵگری پەیامێکی جوان و مرۆڤانە و قوڵە.

لە لوتبەرزی/دا
چەند کەسایەتی و کارەکتەرێک ڕۆڵ دەگێڕن،لەوانە:

ئاشنا/
پاڵەوانە شکستخواردووەکەی چیرۆکی لوتبەرزی.
ئەو کچەی کە خۆی قوڕدەکات بەسەر خۆیدا و بە هۆی لوتبەرزیەکەوە تەواوی ژیانی خۆی وێران دەکات.

سۆران/
کارەکتەرێکی فێڵباز و فریوەر و نامرۆڤ، ئەو پیاوەی تەنها وەکو ئامڕازی خۆ خاڵی کردنەوە و ئامێری سێکس لە ڕەگەزی مێ دەڕوانێت.
ئەو پیاوەی لەپاڵ لوتبەرزیەکەی، ئەمیش بەژدارە لە زیاتر خەستکردنی قوڕی ژیانی ئاشنا و ئاشا تووشی گەورەترین هەڵەی دەکات و وای لێدەکات ناپاکی لە پرۆسەی هاوسەرگیری بکات و بەڵێنی درۆینەی پێ بدات و دواتر لە هاوسەرەکەی جیای بکاتەوە و خۆیشی پشتی تێبکات و ئاشنا سەرگەردان و ماڵولێران و بێ کەس بکات، لە دوورە وڵاتی و تاراوگەدا.

ڕێبوار/
ئەو کوڕەی خاوەنی کارەکتەرێکی ئەرێنی و جوانە و زۆر بە پاکی ئاشنای خۆشدەوێت. ئەو ئاشنایەی تەنها لە پێناو ماڵ و سامان شووی پێدەکات و پرۆسەی هاوسەرگیری پێک دێنێت، نەک سۆز و خۆشەویستی.
ماوەتەوە بڵێم:
دڵخۆشم بەوەی کاتێک دەبینم، خانمێکی کورد لە جیاتی ئەوەی پیاو بێت باس لە ژن بکات و چیرۆک و ڕۆمانی لەسەر بنووسێت، ئەو خۆی بەو ئەرکە پیرۆزە هەڵساوە و خەم و موعانات و خەون و ئازارەکانی ژنی نووسیوەتەوە.
بێگوومان چیرۆکێک ژن، ژنی تێدا بنووسێتەوە زۆر جیاوازترە لەوەی پیاوێک دەیکات!

بە گشتی لوتبەرزی چیرۆکێکی کاریگەر و جوان و بەهێزە، چی لە ڕووی زمان و تەکنیک، چی له ڕووی سەرد و گێڕانەوە و نووسەر بەزمانێکی تابڵێیت ئەدەبی و پاراو جوان و دەوڵەمەند نووسیویەتی.
دڵنیام ئەو چیرۆکە یەک تۆزیتر لق و شتی بۆی زیاد کردبوایە، ڕۆمانێکی یەجگار ناوازەی لێدەردەچوو.




قەڵەم بەدەستانی کورد و پەکەکە و چالاکی و هەردوو لایان… زاهیر باهیر

جێگای داخە کە زۆرێك لە قەڵەم بەدەستانی کورد بە ناوی دڵسۆزی بۆ پەکەکە و باکور و ڕۆژئاوای کوردستنانەوە گەورەترین خزمەت بە دەوڵەتی تورکیا و لە سەرویانەوە ئاکەپە و ئەردۆگان دەکەن.
ئەمانیش وەکو میدیای دەوڵەتی تورکیا و میت بەڵام بە وتار و نوسین و بە مەبەستی جیاواز تەواوکەری سیاسەتی ئێستای ئاکەپەن. ئامانجی سەرەکی بەناوی بەرگرییکردن لە کورد و باکور و باشوور دنەی شەڕی بەردەوامی نێوان پەکەکە و تورکیا دەدەن، هانی ڕشتنی خۆێنی زیاتر و سوتانی جەرگی دایکان و باوکانی گەریلاکانی پەکەکە دەدەن، ئەمانە خەنجەر لە کا دەدەن ، بەنزین بەسەر ئاگری کڵپەسەندووی چەند دەیەیەك دەکەن کە چی تر تین و گەرمی گڕەکەی کارایی نەماوە و کاتی کوژاندنەوەیەتی و گۆڕین و بەکارهینانی ئەو وزە و تینە لە کە ناڵێکی دیکەی تێکۆشانەوە: خەباتی جەماوەریانەی سەرانسەری تورکیا.
ئەمانە خەریکی ئەو کارە قێزەوندەن، کاری هاندان و بەردەوامیدانی بە خوێنڕشتن بە کوشتاری بە کۆمەڵ ، بە وێرانکردنی خاك و نیشتمان و ژینگە کە لە لە کاتێکدا زۆربەی ئەم ئەفەندییە قەڵەم بەدەستانە لە دەرەوەی کوردستان دەژین و لە تەڕ دەخۆن و لە وشک دەنون . زۆریان لەم وڵاتانەدا بەردێك ناخەنە سەر بەردێك و وەکو تەڕاح لێیکەوتوون و جار بە جار بۆ دەستخۆشی لێکردنیان و لایك و کۆمنێنت و وتارەکانیان پۆستێکی قەبیح یا وتارێکی بێ ناوەرۆك و بێ بەڵگە بۆ بەردەوامیدانی شەڕ دەنوسن کە گوایە ڕێگەی سەرەکی ڕزگاری کوردە.
گەر بەڕاستی دەتانەوێت دۆستی کورد بن، ڕاستگۆ بن، بە ویژدان بن با هەڵوێستتان هاریکاری و ڕەخنە بێت . پەکەکە و بزوتنەوەی ڕۆژئاوا زیاتر لەوەی کە پێویستیان بە هاوپشتی و دەستخۆشی هەبێت، پێویستیان بە ڕەخنەی جددییە، پێویستیان بە سەرەکۆنە لەسەر سیاسەتی هەڵە و چالاکییەکانیانە کە تەنها کوشتن و بڕینی زیاتر دەهێنیت نەك ڕزگارکردنی بستێك زەوی.

لام وایە وەختی ئەوە هاتووە کە بوەستین لە لایکباران و دەستخۆشی ‌هێڕشی هەسەدە لە کوژرانی چەند سەربازێکی لەشکری تورکیا کە زۆر نزیکە کوردیش بن نەك تورك .

هاوکاتیس ئایە وەختی ئەوە نەهاتووە کە پەکەکە پێداچونەوەیەك بە سیاسەتەکانی خۆیدا بکات؟

دیارە ئەوەی کە من دەیڵێم پێشنیار نییە بۆ پەکەکە چونکە حیزب بە سەرکردە و بە بنکردەوە هەرگیز خۆیان بە هەڵە نازانن و و بە قسەی کەسیش ناکەن. ئەم تێڕوانینەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی هەمیشە سەرکردەکان و ڕابەرانی حیزب خۆیان لە هەموو کەس بە باشتر و بەتواناتر و زیرەکتر و ئاوەزدارتر دەبینن. کاری ئەوان کۆنترۆڵکردنی ئەندامان و کەرتکاریی نێوانی هاووڵاتیان و ململانێی دەسەڵات و کورسییە.

ئەوەی کە دەیڵێم دەربڕینی سەرنج و هەڵوێست و خوێندنەوەیەکە. پەکەکە بە بارودۆخێکی ئێکجار سەختدا تێدەپەڕیت کە هیچ حیزبێکی کوردستانیی و عێراقیی لەو بارودۆخە مەترسیدار و نادیارەی ئایندەدا ناژین.* پەکەکە لە قەیرانێکدایە کە تەنها و تەنها مەگەر هەڵبژاردنی حوزەیرانی ساڵی ئایندە بە گۆڕانی ئاکەپە ڕزگاری بکات ئەویش بە دەستپێکردنەوەی وتووێژ. بێ گومان ئەمەش هۆکاری زۆری هەیە بەڵام هۆکاری هەرە سەرەکی لەو قەیرانەی کە پەکەکە تێیدا دەژی و شکستی تەواویش بە ڕۆژئاوا دەهێنێت هەر وەکو چۆن بە هەدەپەی هێنا من لە دوو خاڵێ سەرەکیدا کۆی دەکەمەوە. ئەو دوو خاڵەش :

یەکەم: پەکەکە هیچ جۆرە پێداچونەوەیەك بە سیاسەتەکانی خۆیدا ناکات.
بڕوانە لە تەموزی2015 وە پەکەکە هەزار کەسی زیاتر لێکوژراوە، کوردستانی باکور وێران بووە، تورکیاش بە پاساوی بوونی پەکەکە لە باشووردا ناوچەیەکی تەواوی وێرانکردووە ژیان و سروشتی لە هەزاران دانیشتوی بناری قەندیل سەندۆتەوە، لەو لاشەوە هەرکەسێكی بوێت بە بێ ترس و بەو پەڕی ئازادییەوە دەیکوژێت. هاوکاتیش ئەم حەوت ساڵ شەڕەی نێوانی پەکەکە و ڕژێمی تورکیا نەك هەر کێشەی کوردی باکوری بستێك نەبردۆتە پێشەوە بەڵکو ئەوەندە زەرەری لێداوە کە هەگیزا و هەرگیز نایەنەوە جێگای خۆیان.
لەمانەش سەیرتر ئەو دیمانە و قسە بێ سەرو بەرانەی سەرکردەکانی پەکەکە وپەیەدە، ڕۆژئاوا دەیکەن جێگەی تێڕامانە کە کەسێك 40 بۆ 50 ساڵ لە حیزب و بزوتنەویەك بیت کەچی قسە لە هەوادا بکات!!! لەمانەش خراپتر کەسێك نییە لەناو پەکەکەدا چالەنجیان بکات؟ چەپڵەلێدەرەکانی دەرەوەی پەکەکەش هەر دەستخۆشی دەکەن و هانی شەڕ دەدەن بێ ئەوەی خۆیان لەسەفەر و گەشتی تورکیا و کڕینی کاڵای تورکی و تورکیا و سەیرکردنی دراما توڕەهاتەکانی تورکیا دوور بگرن!!
پرسیارەکە ئەوەیە ئایە وەختی ئەوە نەهاتووە کە پەکەکە تەنها بۆ دەقەیەك بیر لەوە بکاتەوە کە بەم شەڕە چییان بەچی کردووە؟ خەڵکی مامەڵەیەك دەکات، ڕەدەڵ و بەدەڵێك دەکات، دوکانێك دادەنێت، کە پاش ماوەیەکی کەم کە دەزانێت زەرەری لێدەکات ئیتر بیر لە چارەسەرێکی دیکە دەکاتەوە.

دووەم: ئەم ڕووداوە جەرگبڕانەی کە یەك بە دوای یەکدا لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا ڕوویان داوە و ڕوودەدەن کە لەڕێگەی درۆنەکانی تورکیاوە ڕوودەدات یاخود لە ڕێگەی تیرۆرکردنەوە. لە هەموو ئەم ڕووداوانەدا پەکەکە پەنجە بۆ پارتی و دەزگەی سیخوڕی پارتی ڕادەکێشێت بێ گومان ڕەنگە بەشێکی کاری هاوبەشی نێوانی دەزگەی سیخوڕیی پارتی و میتی تورکیا بێت. بەڵام دەکرێت لە کاری تیرۆرکردنی درۆنەکاند ، دوو خاڵ ڕەچاو بکرێت:
یەکەم: کوشتارەکان پێشوەخت پلانی بۆ کراوە ئەوە نییە کەسێك پەیوەندی بە بەشی سەربازیی تورکییەوە کردبێت یا بە میت ڕابگەیەنێت . بەڵکو ئاگەدارکردنەوەکە زۆر وردەکاری تێدایە تەنانەت میت یاخود بەرپرسانی درۆنەکان پێشوەخت تەواوی پلانەکانیان پێدەدرێت و دەزانن : کەی ئەم سەیارەیە دەردەچێت، چەندکەسی تێدایە، لە کوێ دەوەستن ، مەنزڵگەیان کوێ و کوێیە.
گەر ئەمانە نەبێت چۆن درۆنێکی تورکی دەتوانێت سەیارەیەك لە ڕێی کەلار بکاتە ئامانج. گەر وا نەبێت چۆن دوو کەس لە ئەزمڕ لەناو دەیەها کەسدا دەکوژرێت؟ گەر پلانی پێشوەخت نەبێت چۆن لە دەروازەی موسڵدا درۆن تەعین دەبێت و هەڵدەکوتێتە سەر سەیارەیەك؟ گەر وا نەبێت چۆن مام زەکی و دیار غەریب دەبنە قوربانی بە درۆن یا ئامرازێکی دیکە؟ گەر پلانەکە زانراو نەبێت چۆن 3 لە ژنانی شەرڤانان کە یەکێكیا جێگری سەرەکی مەزڵوم کۆبانییە هەر ئاوا بە ئاسانی دەکوژرێن؟ چۆن ژنێکی دیکەی خاوەن ئەزموون و مێژوی تێکۆشان لە کەمپێکی خەڵکانی ڕۆژئاوادا لە عەربەتدا نەك شوینانی ژێر دەسەڵاتی پارتی دەکوژرێت؟ چؤن هەر لەم مانگەدا ئەو قوربانیانە دەدرێت بە تایبەت کەسی وەکو ڕێزان جاوید؟ کە هەڵسو کەوتی ئەم هەڤاڵە و جێگرەکەی مەزڵوم کۆبانی و کوشتنی مام زەکی و دیار غەریب و ئەوانی تریان.. کە جوڵەی ئەمان زۆر دیاریکرا و نهێنی بووە و لە دانیشتنێکی تایبەتیدا باس کراوە و بڕیاری لەسەر دراوە. بە داخەوەم کە کاتێك دەڵێم لە ئایندەدا زۆری تریشی بە دوادێت.
ئەوانەی کە دەمێننەوە فەرماندەکانی قەندیلن نەك لە بەر ئەوەەی کە سەر بە دەوڵەتی تورکیان بەڵکو لەبەر ئەوەی کە مانەوەیان پێویستە بۆ بەردەوامیدان بە جەنگ ، جەنگێکی ماڵکاولکەر، شەڕێکی نیشتمان وێرانکەر، جەنگێکی بێ مایە و بێ دەسکەوت کە 3 کوردستانی بە خۆیەوە کاولکردووە .

دووەم: ئامانجی تیرۆرکردنەکان هەڵبژاردەیە و قوربانییەکان یەکیی یەکین و کوردانی ڕۆژئاوا و باکور و ڕۆژهەڵاتن، نەك کوردی باشوور. باشە چۆن دەکرێت کە یەکێکی وەکو زەکی چەلەبی، ڕێگای پێبدرێت نزیکەی ساڵێك لە حیواردا بێت لەگەڵ میتی تورکیدا؟!!. ئەمە جێگای سەرنج و تێڕامانی وردە دیارە ئەم کابرایە ئەوەندە ساویلکە بووە کە باوەڕی نەبووە کە دەیکوژن، یاخود بەو پەیوەندییەی کە هەیبووە لە خشتەیان بردووە کە بێ خەم بێت ناکوژرێت. زەكی دەبوایە هەر لەیەکەم حیوارەوە ژمارەکەی بگٶڕیایە و ئیحتیاتی وەرگرتایە. ئێمە نازانین چی وتراوە و چی نەوتراوە، بەڵام بڵاوکردنەوەی ئەو حیوارە بۆ من زۆر قسە هەڵدەگرێت و زۆر وردەکاری دەردەخا. تکایە وا مەزانە کە من زەکی تاوانبار دەکەم بە هەبوونی پەیوەندیی لەگەڵ مییت-دا.

ئایا ئەی قەڵەم بەدەستانی کورد ، ئەی پیاوان و ژنانی هەلهەلەکێشی جەنگ و دەستخۆشی لێکەری پەکەکە ئەی ئەندامانی ڕیزەکانی خوارەوەی پەکەکە و پەیەدە هەرگیز ئەو پرسیارەتان لە خۆتان کردووە کە بۆچی دەوڵەتی تورکیا ئۆجەلان بەرنادات؟
دەوڵەتی تورکیا نایەوێت ئۆجەلان بەربدات لەبەر ئەوەی کە دەزانێت ئۆجەلان زۆر دەمێکە گەیشتۆتە ئەو قەناعەتەی کە شەڕی چەکداریی لە قازانجی کورد نییە و دەبیت بە هەر نرخێك بێت بوەستێت. دەزانێت گەر ئۆجەلان بەر ببێت ئیتڕ شەر وشەڕکەران دەوەستێنێت ، نەک هەر ئەوەش زۆرێك لە سەرانی پەکەکەش وەدەر دەنێت و نزیکیشە کە دادگاییان بکات .
دەسەڵاتدارانی تورکیا دەزانن بوونی بزوتنەوەی چەکداریی پەکەکە گەورەترین سوودیان پیدەگەیەنێت، هۆکاری سەرەکی مانەوەیانە، هاندەرێکی باش و بیانوویەکی چاکە بۆ وێرانکردنی تەواوی کوردستانی باکور ، هۆکارێکی گرنگە لە ڕوونەدانی مانگرتنی گشتی و خۆپیشاندان و پرۆتێستی زۆر گەورە لە تورکیا، چونکە میدیا و پاگەندەی تورکیا توانوێتی کە هاووڵاتیانی ئاسایی تورکیا بگەیەننە ئەو قەناعەتەی دووژمنی سەرەکی ئەوان ” تیرۆریزم و تیرۆریستانە ” کە هەڕەشە لە کییانی گەلی تورك و دەوڵەتەکەیان دەکەن .
وەستانی ئەم شەڕە هەتا زووتر بێت سوودمەندترە ، ئاگربەستی یەكلایەنانە بۆ هەمیشە، باشترین خزمەتێکە کە پەکەکە بیکات بە خۆی و مانەوەی و بە میللەتی کورد و بە چینی کرێکاران و هەژارانی تورکیاش. کاتی ئەوە هاتوە کە دەستبەرداری چەك ببن دەبێت ئەوە تێبگەن کە ئەزموونەکان و ڕووداوەکان و گۆڕانی بارودۆخەکە بزوتنەوەی چەكداری و چەکبازیی توڕداوەتە زبڵدانی مێژووەوە.

زاهیر باهیر
14/08/2022
…………………………..

*لە 31/12/2017 ئەم وتارەی کە لەم لینکەدا هاتووە بە هەردوو زمانەکە، کوردی و ئینگلیزی، لەسەر پەکەکەم بڵاوکردۆتەوە. تکایە گەر خوازیاری بیبینی کلیکی لەسەر بکە.

*https://zaherbaher.com/2018/01/10/%d9%be%db%95%da%a9%db%95%da%a9%db%95-%d8%a8%db%95%d8%b1%db%95%d9%88-%da%a9%d9%88%db%8e-%d9%85%d9%84-%d8%af%db%95%d9%86%db%8e%d8%9f/

Zaherbaher.com




ڕۆڵی ژن له‌به‌یت و باوی فۆلکلۆری كوردی ‌دا… ره‌سوڵ بۆسكێینی

به‌پێی ئه‌و شاره‌زایانه‌ی له‌بواری گۆرانی و مۆزیك و فۆلكلۆریان كۆڵیوه‌ته‌وه‌، ده‌ربڕینی گۆرانی له‌هه‌ستی ناخی مرۆڤ دا زۆر كۆنه‌، له‌وانه‌یه‌ سه‌ره‌تا به‌نزا و پاڕانه‌وه‌ی ئایینی بۆ خواوه‌ند ده‌ستی پێ كردبێ و دواتر به‌ئاوازی ئه‌ده‌بی جۆش و خرۆشی ناخی مرۆڤ گه‌شه‌ی سه‌ندبێ، تا له‌ ئازار و نه‌هامه‌تی ڕۆژگار بحه‌سێته‌وه‌ و كه‌مێ‌ گوڕ و تینیان به‌به‌ردابێنێته‌وه‌.
كوردیش وه‌ك مرۆڤێكی خاوه‌ن زه‌وق و هه‌ست ناسك، بۆ كه‌یف و خۆشی، له‌گه‌ڵ دیمه‌نی دڵڕفێن و سروشتی سه‌رنجڕاكێشی نیشتمانه‌كه‌ی‌، له‌داوێنی كه‌ژ و كێو و بناری چیا و پێده‌شتی نیشتمانه‌كه‌یدا، له‌زه‌ماوه‌ند و ژنهێنان، له‌گه‌شت و سه‌یران، له‌كار و دروێنه‌ و خه‌له‌ و خه‌مان، ده‌نگی لێ هه‌ڵبڕیوه‌ و گۆڕانی چڕیوه‌ و هه‌رجاره‌ی له‌هه‌وایه‌ك ناخی خۆی هه‌ڵڕشتووه‌، كوڵی دڵی خۆی به‌گوێی چیاكان داداوه‌و ده‌روونی خۆی دامركاندۆته‌وه‌‌. له‌كاروانی به‌رده‌وامی ڕۆژگار و له‌ئاكامی هه‌وراز و نشێوی ژیاندا، به‌یت و حه‌یران و گه‌لۆ و لاوك و مه‌قام و قه‌تار و هۆره‌ و سیاچه‌مانه‌ و ئاوازه‌ كوردییه‌كانی‌ داهێناوه‌، به‌شی زۆری له‌و به‌یتانه‌دا لاواندنه‌وه‌ و پێداهه‌ڵگوتن و شینگێڕانه‌، به‌مه‌ش خه‌می خۆی ڕه‌واندۆته‌وه‌.
بێگومان له‌ناو ئاواز و فۆلکلۆری کوردیدا‌ ژنیش جێگای دیاری هه‌یه‌، له‌كاتی كار و هه‌ڵسوكه‌وتی ڕۆژانه‌یدا گۆرانی وتووه‌ و ده‌نگی‌ زوڵاڵی‌ بردۆته‌ پاناوك و لاپاڵی چیا و نێو ئه‌شكه‌وت و گوێچگه‌ی‌ ئه‌و خانمه‌ شۆخانه‌ی‌ سه‌ركانی و كانیاوه‌كانی‌ به‌ئاوازه‌ خۆشه‌كانی پڕ كردووه‌، ده‌کرێ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ئاوڕێك له‌به‌یته‌ فۆلكۆریه‌كانی وه‌ك: مه‌م و زین، خه‌ج و سیامه‌ند، لاس و خه‌زاڵ، قه‌ر و گوڵه‌زه‌ر، بارام و گوڵندام، كاكه‌میر و كاكه‌شێخ، شۆڕمه‌حمود و مه‌زرزینگان… بده‌ینه‌وه‌، كه‌ ژن له‌م به‌یتانه‌دا ئاماده‌یی ‌باشی هه‌یه‌، له‌م ڕوانگه‌یه‌وه‌ ‌له‌دیدى زۆرێك له‌هونه‌ردۆستان، ژن ســێ وێناى هه‌یـه‌ له‌ هونه‌ردا:
یه‌كه‌م/ ژن وه‌ك به‌رهه‌مهێنـه‌رى هونه‌ر (سـه‌رچاوه‌ى هونه‌ر)
دووه‌م/ ژن وه‌ك بینـه‌رو بیسه‌رى هونـه‌ر (كارتێكراوى هونـه‌ر)
سێیــه‌م/ ژن وه‌ك بابه‌تى هونه‌ر
بێگومان ژن له‌هه‌رسێ بواردا ئاماده‌یی ته‌واوی هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێمه‌ مه‌به‌ستمانه‌ ژن له‌ به‌رهه‌مهێنانی ئه‌ده‌بی فۆلکلۆردا چ ڕۆڵێکی هه‌بووه‌‌؟ یان چ ڕۆڵێکی پێ دراوه‌، چونكه‌ ئه‌مه‌ جیاوازی هه‌یه، له‌نێوان ڕۆڵ بینینی ڕاسته‌وخۆ یان ڕۆڵ پێداندا.
له‌خاڵی دووه‌م و سێیه‌مدا ڕۆڵی ژن وه‌کو که‌سایه‌تی بینه‌ر یاخود كه‌سایه‌تی چیرۆک ده‌بێته‌ پرس، به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌لای ئێمه‌وه‌ گرنگه‌ خاڵی یه‌كه‌م پرسی سه‌ره‌کی بریتیه‌‌ له‌ڕۆڵی ژن، وه‌کو به‌رهه‌مهێنی چیرۆک، له‌و باره‌یه‌وه‌ ڕه‌هبه‌ر مه‌حمودزاده‌ ده‌ڵێت: “پرسیاری یه‌که‌م‌ له‌ چۆنیه‌تی ئۆبژه‌ بوونی ژن له‌ناو ئه‌ده‌بی فۆلکلۆری‌ ده‌کۆڵێته‌وه و پرسیاری دووه‌م له‌ چۆنیه‌تی سووژه بوونی ژن له‌ کۆمه‌ڵگای نه‌ریتی کورد ورد ده‌بێته‌وه‌، پرسیاری یه‌که‌م وه‌کو فانتازیایێکی خوڵقاوی ده‌ستی پیاو گرنگی به‌ ژن ده‌دا، به‌ڵام پرسیاری دووه‌م واقیعێک، ژن بۆخۆی دروستی ده‌کا و به‌ ناوی ژن ده‌یناسێنێ، به‌رجه‌سته‌ ده‌کاته‌وه‌، پێم وایه‌ وه‌باڵ کێشان بۆ ئه‌و ڕاستییه زۆر دژوارنییه‌، له‌ کۆمه‌ڵگایه‌کی نه‌ریتی ‌دا ده‌وری ژن وه‌کو ئۆبژه‌ به‌رچاوتربووه‌، هه‌تا وه‌کو سووژه‌، ‌ژن فانتازیای پیاوبووه‌، ڕاسته‌ جوانترین و زۆرجاریش گرنگ‌ترین فانتازیای پیاوبووه‌، به‌ڵام کاتێک خودی ژن فانتازیایێکی هه‌بووه‌ نه‌یتوانیوه‌ به‌ ئازادی بیکا به‌ به‌رهه‌مێکی ئه‌ده‌بی و هونه‌ری، هه‌ر نه‌بێ هێنده‌ی پیاو ئه‌و ئازادییه‌ی نه‌بووه‌، که‌وایه‌ سه‌یرنییه‌ ئه‌گه‌ر بڵێین له‌ کۆمه‌ڵگای نه‌ریتی‌دا سیمای ژن زیادتر له‌ چوارچێوه‌ی ئۆبژه‌ دا له‌ قالب دراوه‌ و که‌متر له‌ چوارچێوه‌ی سووژه‌دا خۆی نواندووه‌.
به‌سه‌رنجێكی دڵگیرانه‌ له‌زۆربه‌ی به‌یته‌كوردیه‌كاندا به‌ڕواڵه‌ت ژن هۆنه‌ر و داڕێژه‌ری به‌یته‌كه‌یه‌، به‌ڵام ئێمه‌ هه‌ر له‌زاری پیاوانه‌وه‌ بیستومانه‌‌، ده‌نگی هیچ ئافره‌تێك به‌تۆماركراوی نه‌ماوته‌وه‌، به‌یتی كاكه‌میر و كاكه‌ شێخ، ئازیزێ، به‌شێكی زۆر له‌حه‌یرانه‌كان، به‌یتی سوارۆ، زۆر به‌یتی دیكه‌مان هه‌ن، له‌ڕواڵه‌تدا خوڵقێنه‌ری ئه‌و به‌یتانه‌ ژن بووه‌، كه‌چی به‌ده‌نگی ئافره‌ت به‌رهه‌مێكمان له‌به‌رده‌ستدانیه‌، ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ له‌زاری پیاوانه‌وه‌ به‌ئێمه‌ گه‌یشتووه‌، هه‌رچۆنێك بێت وردبوونه‌وه‌ له‌و به‌یت و حه‌یرانانه‌ ڕاستیه‌كمان بۆ ڕوون ده‌كه‌نه‌وه‌، به‌هۆكاری نه‌ریتی كۆمه‌ڵگا یان نه‌بوونی ده‌رفه‌ت، ژنی كورد وه‌ك پیاوان مه‌یدان و ڕێگای پێ نه‌دراوه‌، له‌مه‌یدانی گوتن و خوڵقاندنی حه‌یران و به‌یته‌ فۆلكۆریه‌كاندا ئه‌سپی خۆی تاو بدا،عه‌لی خزری نووسه‌ر و ڕووناكبیری ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌دیمانه‌یه‌كدا له‌باره‌ی حه‌یرانه‌وه‌ ئاوا وه‌ڵامی دیمانه‌كار جه‌عفه‌ر حسین پوور (هێدی) ده‌داته‌وه‌:
“هه‌ندێك جار ده‌گوترێت حه‌یران له‌لایه‌ن ژنانه‌وه‌ گوتراوه‌، یا كاری پیاوان نه‌بووه‌، بۆچوونێكی ته‌واو ئه‌قڵ په‌سنده‌، ڕه‌نگه‌ بووبن، یان تائێستاش هه‌بن ژنانێك حه‌یران بڵێن، دڵنیام له‌ چوارپارچه‌ی كوردستان ڕاده‌یان ناگاته‌ ده‌كه‌س، به‌پشتیوانی كام به‌ڵگه‌ و بنه‌ما ئه‌م قسه‌یه‌ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ی ده‌یڵێن باللۆره‌یه‌، حێ بووكێ یه‌، هه‌ی ته‌خته‌ ته‌خته‌یه‌، هه‌وای مه‌شكه‌ژاندن و مانگا لاواندنه‌وه‌یه‌، لای لایه‌ی منداڵ و شینی مردوو…یه‌، نه‌ك حه‌یران، له‌كاتێكدا هیچ پیاوێك به‌دی ناكه‌ی باللۆره‌ یان هه‌وای مانگا لاوانده‌نه‌وه‌ی تایبه‌ت به‌ژنانه‌ كوتبێته‌وه‌، یان وه‌ك شتێكی پیاوانه‌ بیڵێته‌وه‌، به‌ڵێ حه‌یران خۆشتربوو، ژن گوتبای، به‌ڵام ژنی كورد هه‌رچه‌نده‌ له‌چاو ژنانی نه‌ته‌وه‌ هاوسێیه‌كانه‌وه‌ سه‌ربه‌ستی زیاتر بووه‌، به‌ڵام هیچ كات ئه‌و سه‌ربه‌ستیه‌ نه‌گه‌یوه‌ته‌ ئه‌و ڕاده‌ی له‌مۆسیقادا چالاكی هه‌بێت، ئه‌گه‌ر كوڵ و كۆیه‌كی له‌ ده‌رووندا بووبێ، به‌بیانوی لاواندنه‌وه‌ی منداڵ، ئه‌گه‌ر ویستویه‌تی ڕه‌خنه‌بگرێ و ڕق و كین بڕێژێ به‌باللۆره‌ و ئه‌گه‌ر ویستوویه‌تی به‌ڕیتم ده‌روونی له‌گرفته‌كانی ڕۆحی پاك بكاته‌وه‌، به‌ئاهه‌نگی مه‌شكه‌ژاندن سوكنایی هاتوه‌تێ، ژنی كورد زگماك هۆنه‌ربووه‌، ئه‌وه‌ی ئه‌و له‌ لایه‌لایه‌ و باللۆره‌ و مه‌شكه‌ژاندن و شینگێڕی مردوو و …دا، وه‌ك هۆنراوه‌ خوڵقاندوویه‌تی له‌باری ناوه‌رۆك و جوانیناسیه‌وه‌ بێ وێنه‌یه‌ و پیاوی كورد له‌كاری مۆسیقادا، ئه‌و سوژه‌ و دیالێكتانه‌ی له‌ژن وه‌رگرتووه‌ و‌ له‌حه‌یران دا له‌زمان كیژه‌وه‌ ده‌گوترێ، ئه‌مانه‌تدارییه‌كه ‌له‌لایه‌ن پیاوه‌وه‌، ئه‌گینا ژن ئه‌ویش ڕاسته‌وخۆ، كه‌ی ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی بووه‌،‌ توانا‌كانی خۆی له‌ مۆسیقادا بێنێته‌ مه‌یدان، ئه‌ویش له‌سه‌رده‌مێكدا ته‌نانه‌ت بۆ پیاویش گۆرانی كوتن به‌كارێكی سووك دانراوه‌.
به‌سه‌رنجدان له‌وه‌ی ئه‌ده‌بی فۆلكلۆر ئه‌ده‌بی به‌ر له‌ خوێنده‌واری و قوتابخانه‌ی گه‌له‌، ده‌بێ ئاوڕ له‌و شوێنانه‌ بده‌ینه‌وه‌ ئه‌و ئه‌ده‌به‌ی لێ به‌رهه‌م هاتووه‌، له‌وێوه‌ په‌ره‌ی پێدراوه‌، هه‌موو به‌ڵگه‌كان ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنن، شوێنی په‌ره‌پێدانی به‌یت و پشتگیری به‌یتبێژان دیوه‌خانی ئاغا و ده‌ره‌به‌گه‌كان بووه‌، پێشتر دیوه‌خان باڵاترین ده‌سه‌ڵاتی نێوكۆمه‌ڵگای كورده‌واری بووه‌، له‌دیوه‌خانه‌كاندا حه‌یرانبێژ و خۆشخوان كۆكراونه‌ته‌وه‌ و پاداشت و به‌خشیخش كراون.
له‌لایه‌ك دیوه‌خان شوێنی كۆبوونه‌وه‌ی پیاوان بووه‌ و ژن به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ڕێی نه‌كه‌وته‌وه‌ته‌ دیوه‌خان‌ و له‌ئاكامدا هیچ پاڵپشتێكی نه‌بووه‌، كه‌سه‌یری ئه‌و لایه‌نه‌ی دیكه‌شیان ده‌كه‌ین، ته‌نانه‌ت پیاوه‌كانیش ڕێگای هونه‌ره‌كه‌یان بێ كۆسپ و له‌مپه‌ر نه‌بووه‌، به‌رده‌وام مه‌ترسی فتوایه‌كی ئایینیان له‌سه‌ربووه‌، ده‌ی ده‌بێ ژن چ ڕێگایه‌كی له‌به‌ر بووبێت، ئه‌و چه‌ند نمونه‌ی هێنامانه‌وه‌ ڕوون و ئاشكرا پێمان ده‌ڵێن هۆكاری ون بوون و دیارنه‌مانی ده‌نگی ژن چ بووه، پێوه‌ندییه‌کانی ناو کۆمه‌ڵگا زۆر که‌م‌ تر بواری ئه‌وه‌یان پێ داوه خۆی تابڵۆیه‌ک بنه‌خشێنێ.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌ئه‌ده‌بی به‌رهه‌مهاتووی فۆلکلۆری‌ دا ژن ڕۆڵی دیاری هه‌یه‌، ته‌نانه‌ت له‌باری جوانی‌ناسانه‌وه سیما و ئادگاری به‌ شێوه‌یێکی زۆر ناسک و مینیاتۆریش‌ نه‌خشاوه‌ و ده‌ستی ته‌واو نه‌به‌ستراوه‌‌، ڕاسته‌ سیمای ژن وه‌کو سووژه‌ له‌ناو ئه‌ده‌بی فۆلکۆری‌ دا کاڵ‌تره،‌ به‌ڵام ته‌واو ون و نادیاریش نییه‌، بۆ نموونه‌ له‌ ئه‌ده‌بی فۆلکلۆری ‌دا حه‌یرانی ژنان و گۆرانیی ژنان هه‌یه‌، له‌‌م به‌رهه‌مانه‌دا تێم و گۆشه‌نیگا به‌ڕاستی له‌گه‌ڵ گۆشه‌نیگا و تیمه‌ باوه‌کانی ناو ئه‌ده‌بی فۆلکلۆری‌دا جیاوازییان هه‌یه‌، له‌و به‌رهه‌مانه‌‌دا ژن ده‌ورێکی کارا ده‌بینێ و خۆی تابڵۆ ده‌نه‌خشێنێ و تا ڕاده‌یێک فانتازیاکانی له‌ کروته‌ونێکی هونه‌ری‌دا ده‌چنێ. به‌یتی لاس و خه‌زاڵ یان قه‌ر و گوڵه‌زه‌ر نموونه‌یێکه‌ بۆ ئه‌و به‌یت و چیرۆکانه‌، له‌ گه‌ڵاڵه‌ی چیرۆکی ئه‌م به‌یتانه‌ دا ته‌نانه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی ژن وه‌کو سه‌رۆک عه‌شیره‌تێکیش ده‌ور بگێڕێ، هیچ سڵه‌مینه‌وه‌یه‌ک له‌گۆڕێ ‌دا نییه‌.
مامۆستا هێمن موكریانی ده‌فه‌رموێت: “سه‌ره‌ژنی واش هه‌بوون، له‌وه‌ختی ئاساییدا به‌یت و حه‌یرانیان بۆ مه‌جلیسی ژنان ده‌گوت و له‌شینگایان به‌ئاهه‌نگێكی زۆر پڕسۆز به‌مردوویان هه‌ڵده‌گوت، قه‌تم ده‌نگی خۆش و ئاهه‌نگی پڕسۆز و به‌جۆشی فاته‌ڕه‌شی لاچینی و ژنی ئاغای له‌بیرناچێته‌وه‌، مه‌نیج حه‌یران و زڵه‌خا چوختیش، دووژنی بێباك و‌ شاری مه‌هاباد بوون، ده‌فه‌یان لێ ده‌دا و گۆرانی داوه‌تیان ده‌گوت و شایه‌ری شایی بوون، هیچ له‌پیاوه‌كانی ئاواڵیان نه‌ده‌مانه‌وه‌، به‌تایبه‌تی مه‌نیج كه‌ خه‌ڵكی سابڵاغ و له‌خێزانێكی ده‌وڵه‌مه‌ند و به‌ناوبانگ بوو، بۆ خاتری هونه‌ره‌كه‌ی ده‌ستی له‌خزمه‌كانی هه‌ڵگرتبوو.
مه‌نیج حه‌یران له‌ سه‌رده‌مانێكدا هاتووه‌ته‌ مه‌یدانى هونه‌ر و حه‌یرانبێژیدا، كۆمه‌ڵگا‌ى كوردى زۆر به‌چاوی گومانه‌وه‌ رووانیویانه‌ته‌ هونه‌ر و گۆرانی، له‌و سه‌رده‌مه‌ هه‌موو پیاوێك زاتى ئه‌وه‌ى نه‌ده‌كرد بێته‌ دنیاى هونه‌ر و گۆرانییه‌وه‌، نه‌خوازه‌ڵا ژنێك بیه‌وێ هه‌ڵبكه‌وێت، له‌ناو كۆمه‌ڵگا‌یه‌ك كه‌ زۆر له‌مێژ نه‌بوو رێ به‌ژنان درابوو بچنه‌ قوتابخانه‌، ده‌بێ چه‌ند ئه‌سته‌م بێت بۆ ژنێك بیه‌وێ بێته‌ ناو دنیای هونه‌ره‌وه‌، بۆیه‌ لێره‌دا گرنگی ده‌ركه‌وتنی ئه‌م ژنه‌ زیاتر ده‌رده‌كه‌وێت.
نه‌سرین شێروان یه‌كێكه‌ لەو ‌ژنه‌ بوێرانه‌ی له‌سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی ڕابردوو له‌دایك بووه‌ و دواتر ده‌ستی به‌گۆرانی كردووه‌، له‌و سه‌رده‌مه‌ ئه‌و كاری هونه‌ری كردووه‌، ژن نه‌یوێراوه‌ گۆرانی بڵێ، كه‌ له‌ تێڕوانینی باوی كۆمه‌ڵگای كوردی گۆرانی ووتن بە تایبەتی بۆ ژنان عه‌یبه‌ و شوره‌یی بووه‌، ئه‌و ژنانه‌ی گۆرانییان ده‌گوت به‌په‌نجه‌ی ده‌ست ده‌ژمێردران، ئه‌و توانیی زاڵ بێ به‌سه‌ر به‌ربه‌سته‌ نه‌ریتیه‌كانی كۆمه‌ڵگای ئه‌و سه‌رده‌مه‌ و ئه‌و كۆت وبه‌ندانه‌ی شكاند، به‌و په‌ڕی جورئه‌ته‌وه‌ هاته‌ ناو دونیای هونه‌ر و توانی گه‌نجینه‌ی گۆرانی فۆلكۆری ده‌وڵه‌مه‌ند بكات.
یه‌كێكی تر له‌و ژنانه‌ زولێخا وه‌لی له‌باشووری كوردستان، ئاواز و گۆرانی ده‌خوێند و گۆرانی داوه‌تی ده‌گوت و شایه‌ری شایی بوو، ته‌نانه‌ت من (نووسه‌ر) بینیومه‌ له‌شایی پیاواندا گۆرانی وتوه‌ و هیچ له‌پیاوه‌كانی ئاواڵی كه‌مترنه‌بوو، زۆر ژنیش هه‌بوون به‌ئاوازی شینگێڕی له‌پرسه‌ی مردووه‌كانیان به‌رهه‌می جوانیان ده‌خوڵقاند، هه‌رچه‌نده‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی بچووك و داخراوى ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا، گۆرانی گوتن و ده‌فلێدان له‌ شایى و زه‌ماوه‌ند به‌تایبه‌ت بۆ ژن كارێكی ناپه‌سند بوو‌، ئه‌وپه‌ڕی شاره‌زایی و هونه‌ری خۆیان نیشان داوه‌.
له‌م تێڕوانینه‌وه‌ ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێندرێت حه‌یرانبێژ له‌هه‌ردوو ره‌گه‌زدا هه‌بووه‌ و ته‌نانه‌ت زیاتر به‌لای ئه‌وه‌دا ده‌شکێته‌وه،‌‌ حه‌یران زیاتر به‌رهه‌می راز و مرازی خه‌فه‌کراوی ژن بووبێت، تا له‌وه‌ی گوزارشت له‌وه‌ی پیاو بکات، ته‌نانه‌ت زۆرێک له‌و حه‌یرانانه‌ی پیاوانیش ده‌یچڕن، پڕن له‌ داخوازی و حه‌سره‌ته‌کانی ژنان، که‌ گوایه‌ کچه‌تیم حه‌یران به‌ کوڕه‌تیم حه‌یرانی وه‌ها و وه‌های گووتووه‌، ته‌نانه‌ت زێده‌ڕۆیی نابێت ئه‌گه‌ر بگوترێت؛ کاره‌کته‌ری سه‌ره‌کی و ته‌وه‌ری سه‌ره‌کی زۆرێک له‌ حه‌یرانه‌کان ژن و راز و ئه‌ڤیندارێتی ژنه‌‌، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌خاته‌ڕوو‌ حه‌یران تاڕاده‌یه‌ک مۆرکی ژنانه‌ی پێوه‌ دیاره، پاشان له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونی قۆناخه‌کانی باڵاده‌ستی پیاوسالاریدا تاهاتووه‌ پیاوانیش داخوازی و راز و حه‌سره‌ته‌کانی خۆیان تێوه‌ ئاخنیوه و تێکه‌ڵی راز و نیازه‌کانی ژنان بووه،‌ که‌ دابونه‌ریت و باوه‌ڕییه‌ کۆنه‌پارێزه‌کان خه‌فه‌ و چه‌پاندوویانه‌‌، ته‌نانه‌ت هه‌ندێک له‌و حه‌یرانانه‌ی حه‌یرانبێژانی ژن ده‌یچڕن تایبه‌تن به‌ خودی ژنانه‌‌، وه‌ک شێوازێکی لاواندنده‌وه‌ و سه‌ردولکه‌ و شیوه‌نگرتن له‌ کۆڕ و مه‌جلیسی ژناندا گووتوویانه‌، له‌مه‌وه‌ بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت له‌به‌یت و گۆرانی كوردیدا ژن ئاماده‌یی ته‌واوی هه‌بووه‌، چ وه‌ك پرسی چیرۆك و چ وه‌ك خوڵقێنه‌ری چیرۆك له‌ به‌یت و باوی فۆلكۆری دا.
تێبینی: سه‌رچاوه‌كان له‌لای نووسه‌ر پارێزراون.




یەکپۆشی یان دیکتاتۆریەتی زۆرینە؟!.. شەماڵ بارەوانی

تێناگەم ئەو وڵاتە بۆ وای لێ بەسەرهاتووە و شتەکان بەرەو ئاڕاستەیەکی ئیخوانیانە و ئاقارێکی خراپ‌ و نەرێنی و ناسروشتیدا دەڕۆن!
خەریکە منیش وەکو مامۆستایەکی هاوڕێم بڵێم: کوردستان لە لێواری قەندەهاربووندایه.

ماوەیەک قسەکردن لەسەر یەکپۆشی لە زانکۆکان بووەتە بابەتێکی گەرمی ڕۆژەڤ و باس و خواسی نێو میدیا و سۆشیال میدیای کوردی.
تەنانەت من لەهەندێک پەیجی ئیخوانیزم و ئیسلامیه سیاسیەکان بینیم داوایان دەکرد کە ئەو یەکپۆشیە لە قوتابخانەکانیش بەسەر مامۆستاکانیشدا بسەپێندرێت!

هەڵبەت من وەک مرۆڤێکی لیبڕاڵ و سیکۆلار دژی یەکپۆشی و سەپاندنی جۆرێک لە پۆشاکی دیاریکراوم بەسەر خوێندەکاری زانکۆ و ئەو یەکپۆشیەیش بە دژایەتی کردنی فرەیی و ئازادی تاك دەزانم.

ئەوەی جێگەی دڵخۆشی و دەستخۆشیە، لە بەرنامەکەی کاکە ڕەنج سەنگاوی(لەگەڵ ڕەنج)دا سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە-سلێمانی-دهۆک و تەنانەت وەزیری خوێندنی باڵاش لەگەڵ یەکپۆشی نەبوون.
وەزیری خوێندنی باڵا گوتی: من کەسێکی ئاڕاستە لیبڕاڵم و هەرگیز دەنگیش بۆ ئەو پرۆژەی یەکپۆشی نادەم.

تەنها سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین نەبێت کە دەتگووت:کادرێکی بزوتنەوەی ئیسلامیه، هێندە بە حەماسەت و گەرمیەوە بەرگری لە یەکپۆشی دەکرد!

بێگوومان سەبارەت بەو یەکپۆشیە ئەوەی تێبینیم کرد لە سۆشیال میدیای کوردی و کەناڵە ئیسلامیەکان، ئیسلامی سیاسی لە خۆشیان شاگەشکە کردووە و بەرنامەی لەسەر دادەنێن و چەپڵەی بۆ دەکوتن و زۆر زۆریان بەدڵە.

هەڵبەت ئەو پشتگیری کردنەی ئیسلامی سیاسی و سەلەفیەتی ئایینی لەو یەکپۆشیە، لەخۆڕا نییە و ئەقڵیەت و بیرکردنەوە و مینتاڵێنتێکی کۆنە خوازانە و ئیدەلۆژیایەکی بناژۆخوازانەی لە پشتەوەیە.
چونکوو ئەوان هەڵگری ئایدیۆلۆژیەتێکی تۆتالیتار و شمولی و خاوەنی دیدەنیگایەکی پۆپۆلیستین.

ئێ بە دڵنیاییەوە ئەو یەکپۆشیە ڕێک لەگەڵ خواست و مەیل و ئیدەلۆژیا و نەفەس و نەهج و پەروەردە و میزاجی ئەو هێزە ئوسوڵی و پۆپۆلیست و کۆنزەرڤاتیڤانە یەکدەگرێتەوە.

ئیسلامی سیاسی و سەلەفیزم، دوو هێزی تۆتالیتارن.
هێزە تۆتالیتار و شمولیەکانیش دایمە هەوڵی سڕینەوەی چەمکی پلورالیەت و جیاوازیەکان دەدەن. هەرکاتێک دەسەڵات و دەرفەت و هێزیشیان بوو،

خاتری هیچ هێزێکی لیبڕاڵ و لایەنێکی سیکۆلار و ڕێکخراوێکی مەدەنی و کۆمەڵی دیموکراسی ناگرن و بێ سێ و دوو، ئەجێندای خۆیان بەسەر تەواوی کایەکانی ژیان دەسەپێنن.

هەموو ڕەنگێکی جیاواز لە بۆتەی تاقە ڕەنگێکدا دەسڕنەوە و هەرچی دەنگی نا ئیسلامیزم(حزبی ئیسلامی) و ناسەلەفیزم هەیه، دەست دەنێنە گەروویەوە و جوان جوان دەیخنکێنن.

هەموو جیاوازیەکان لە ناو دەبەن و چەمکی ئازادی ئیبادە دەکەن و دیموکراسیەتی بەستەزمانی بەناو سیکۆلاریستە موجامەلەچی و دۆڕاوەکانیش گۆشە و گۆش سەر دەبڕن.

خوا بکات هەر ئەو یەک پۆشیە ئیدە لۆجیای ئیسلامی سیاسی و دەست و فیتی ئەوانی لەپشت نەبێت و لە ژێر فشاری ئەوان نەبێت.
ئاخر بینیمان لە ژێر لۆبی و فشاری ئەو هێزه ئیسلامیە سیاسیانە چۆن وەزیری پەروەردە داستنانێکی (داستانی دەروێش عەڤدی)فۆلکلۆری نەتەوەیی سەتان ساڵەی کوردی لە پرۆگرامی خوێندن لابرد!
بینیمان چۆن لە ژێر فشاری ئیسلامی سیاسیدا بەڕێز:وەزیری پەروەردە چەندین جار هات و سەبارەت بە گۆڕانکاری لە بابەتی (پەروەردەی ئیسلامی) لە قوتابخانەکان، بە شەرم و ترس و شێوازێك لە موجامەلەو پاڕانەوە لە بەردەم ڕاگەیاندنەکان قسەی کرد و نەیتوانی دەستکاری(نەک لابردن- کەس هەڵە لێکدانەوە بۆ قسەکەم نەکات) چەندین دێڕ و لایەنی ئەو بابەتی پەروەردەیە بکات، کە بە نەفەس و ڕۆحیەتێک نووسراوە، ڕێک دەڵێیت لە مەڵبەندی یەکگرتووی ئیسلامی و ماڵی عەلی باپیر و مەکتەب عەسکەری کۆنی بزووتنەوەی ئیسلامی و بە پێی میزاج و خواست و فرمان و ئەجێندای ئەوان و لە پێناو حزب و بەرنامە و ئیدەلۆژیاکەی ئەوان نووسراوە.

نەک پەروەردەیەک بێت لەگەڵ دنیای پێکەوە ژیان و ئازادی ویژدان و بنەمای مرۆڤایەتی و ڕۆحی سەردەم و زانست و کوردایەتی و ئەو تێگەیشتن و تەفسیرە جوان و پڕ لە تەسەوف و ڕۆحانیەت و کرانەوە و هیومانیستەی مەلای گەورە و شێخ محەمەدی خاڵ و مامۆستا عەلائەدین سوجادی و مەلا عەبدولکەریم مودەڕیس بۆ ئایین بگونجێت و یەکبگرێتەوە.

ئەوان(ئیسلامگەراکان) دەیانەوێت تەعریبەکەی ئیخوان و ئەجێندا ڕادیکاڵ و جیهانبینیە ناڕەسەنەکەی خۆیان تێکەڵ بە هەموو سێکتەرەکانی ژیان و کونج و کەلەبەرێکی کۆمەڵی کوردەواری بکەن.

هەر لە وەزارەتی پەروەردە بگرە، تا دەگات بە وەزارەتی پێشمەرگە.
ئەوان دەیانەوێت سیستەمی یەک ئایین و یەک ئەقیدە و یەک مەزهەب و یەک ڕۆئیا و یەک ئیدەلۆژیا، بەسەر هەمواندا بسەپێنن.
ئەوان هێندە ڕاسیزم و دەمارگیرن، مردنیان لا خۆشترە، لەوەی گوێیان لە ناوی زەردەشتیەك و جووەك و ئێزدیەك بێت و کەسێکی لائیک باوەڕ، یان سیکۆلار ببینن.

ئینجا ئەو یەکپۆشیەی کە ئیسلامیەکانی هێناوەتە شایی و بزەخەنە، گوایە جیاوازی چیانایەتی دەسڕێتەوە، سەیرە!
ئەزیزم جیاوازی چینایەتی هەرگیز بە یەکپۆشی لەناو ناچێت و بنەبڕنابێت و ناسڕدڕێتەوە.

جیاوازی چینایەتیتان لە جڵ و بەرگ و یەکپۆشیدا کورتکردووەتەوە، لەکاتێکدا سیستەم و ئەقڵیەت و هەموو شتێکمان کاپیتاڵیستانە بێت و جیاوازی نێوان زانکۆیەکی حکومی و ئەهلی ئاسمان و ڕێسمان بێت. دەیان جیاوازیتری چینایەتی گەوره هەیه لە کومەڵ، دەتوانین کار لەسەر نەهێلانیان بکەین و هەوڵی سڕینەوەیان بدەین،
نەك بابەتێکی سادەی وەکو پۆشاک.

بێگوومان ئەو یەکپۆشیە دژی ئازادی تاک و مافەکانی مرۆڤ و فەلسەفەی لیبڕاڵیەتە.
ئەوە ڕەنگە لەداهاتوودا سەر بکێشێت بۆ شتی تر و سەپاندنی تر لە ژێر ناوی زۆرینە.
بێگوومان لە یەکپۆشیدا مرۆڤ بوونی مرۆڤ ون دەبێت و ئازادی تاک پێشێل دەکرێت.
وەک سەروکی زانکۆی سلێمانی لە بەرنامەکەی کاکە ڕەنج ئاماژەی بۆ کرد:
لەو یەکپۆشیه زیاتر فۆکەسەکە خراوەتە سەر ڕەگەزی مێینە و ئامانج لێی کچەکانە زیاتر. دەیانەوێ لەو ڕێگەیەوە ڕێگە بگرن لە هەر کچێک جلێکی مۆدێرنانە، یان بە ویست و حەز و ئازادی خۆی پۆشاکێك بپۆشێت. بەدڵنیاییەوە ئەوەش داواکاری و خەون و ئاوات و بەرنامەی ئیسلامیەکانە.

هیوادارم لە داهاتوو لەسەر خواستی برایانی کۆمەڵ و خوشکانی یەکگرتوو و کچانی بزووتنەوەی ئیسلامی، یەکجاری بیکەن بە باڵاپۆشی، دڵنیام ڕاپرسی بۆ ئەو باڵاپۆشیەش بکەن ٧٠٪ی دەنگ و زیاتریش دەهێنن، چونکوو ئەو کات بەشێکی زۆری کچان لە ترسی ئەوەی ئیسلامیە سیاسیەکان پێیان نەڵێن: ئەها دژایەتی جبە و باڵاپۆشی و دینی خوا دەکەن و لە کۆمەڵ وەک دڕندەیەک پێناسەنەکرێن و دژایەتی نەکرێن و بە بێ ئەخلاق وەسف نەکرێن، دەنگ بە باڵاپۆشی دەدەن.

ئینجا سەبارەت بەوەی لە فلان زانکۆ ٧٠٪گوتوویەتی بەڵێ لەگەڵ یەکپۆشین و
بابای ئیسلامی سیاسی(پەڕلەمانتارێکی کۆمەڵەکەی عەلی باپیر) بەژدار بووی بەرنامەکەی ڕەنج دەیگووت: زۆرینە گووتوویەتی لەگەڵیم، دەبێ ڕێز لە ڕای زۆرینە بگرین، جارێ بابای ئیسلامیست تۆ و حزبەکەت کەی باوەڕتان بە زۆرینە و جەهەر و ڕەهەندەکانی دیموکراسیەت هەیه؟!

ئەزیزم دواتر بەو لۆژیکەی زۆرینە و کەمینە بێت، مادام سەتا هەفتا گووتی: هەرکرانەوەیەکی کۆمەڵ و ئازادیەکی تاک و تازەگەریەک و تێکەڵی هەردووک ڕەگەز لە قوتابخانە و جیاوازی جل وبەرگ قەدەغەبکرێت،
کەواتە لە وڵاتێکی وەکو هیندستانیش، کاتێک زۆرینەی خوێندەکارە هیندۆسەکانی دژ بە لەچک و باڵاپۆشی چەند کچە خوێندەکارێکی موسڵمان بوون و زۆرینەیان دەنگ بۆ قەدەغەکردنی ئەو باڵاپۆشیە بدات، ئەوە بڕیارێکی ڕەوا و دیموکراسیانەیە و مادام بۆچۆن و خواستی ٧٠٪ بێت و لێرە دەبێت کەمینە و ٣٠٪ کە ناچاری پابەندبوون بێت بە هەر بڕیارێکی زۆرینە و بچیتە ژێر سەپاندن و دیکتاتۆریەتی زۆرینە!

لە وتاری تریش گووتوومە و لێرەش دەیڵێمەوە:
ئەزیزم ئەوە تێگەیشتنێکی زۆر سەقەت و ناساخڵەم و دیماگۆجیانەیە بەرامبەر بە چەمکی دیموکراسی و بەرەواژو و هەڵە حاڵی بوونە لە چەمکی زۆرینە و کەمینەیش، قوربان زۆرینە بە واتای عەنتەری و سەپاندن و دکتاتۆریەت نایەت.
لە دیموکراسیەتدا، ٩٩٪ لەسەر بۆچوونەك بن و یەک کەسیش تەنها لەسەر بۆچونێکی دژ و پێچەوانەبێت، دەبێت حیساب بۆ بۆچوونی ئەو تاکە کەسە بکرێت و ڕێز لە حەز و خولیاو ئازادیەکانی بگیرێت.
لە دیموکراسیەتدا تۆ ئازادی ڕەنگی سور بپۆشیت و من سپی، ئەویتر سەوز، یان ڕەش، یان زەرد و شین.
نەک تۆ بێیت و ستایلێکی دیاریکراو ڕەنگێگی دیاریکراو تەنورەیەکی هێندە درێژ، یان کورت، یان واو وا بەسەر خوێندەکاراندا پسەپێنیت.
بێگوومان پێچەوانەی ئازادی تاک و فەلسەفەی لیبڕاڵیەتە.




قورئان لە ئاگردا!… حەمید تەقوایی

وەرگێڕانی بۆ کوردی کاوە عومەر

دوای ئەوەی قورئان لە لایەن خۆپیشاندەرانی ڕێوڕەسمی عاشورای کۆماری ئیسلامی لە شاری هامبۆرگ ئاگری تێبەردرا، تەنانەت لە نێو نەیارانی کۆماری ئیسلامی و مولحیدەکانیشدا باس لە ڕەخنەگرتن لەم کردەوەیە کراوە.
ئەوان دەڵێن ئەم شێوازە ناڕەزایەتییە سوکایەتیە بە بیروباوەڕی موسڵمانان، هەست و سۆزیان دەوروژێنێت و ڕێگای گفتوگۆی عەقڵانی و گفتوگۆ لە ڕەخنەگرتن لە ئیسلامدا دادەخات. هەندێک کەس بەراوردی دەکەن لەگەڵ سووتاندنی کتێب لەلایەن فاشیستەکانەوە و لە حیزب دەپرسن ئایا ئێوە پشتگیری دەکەن یان پێشنیاری سووتاندنی قورئان دەکەن؟
ئەمڕۆ لەو سیمینارەدا کە لەسەر ئەم بابەتە هەمبوو، وەڵامی ئەم خاڵ و پرسیارانەم دایەوە، بەڵام هەواڵی هەوڵی تیرۆرکردنی سەلمان ڕوشدی کە چەند کاتژمێرێک لەمەوبەر بڵاوکرایەوە، وای لێکردم لەسەری بنووسم. بەڕای من هێرشی سەر سەلمان ڕوشدی جارێکی تر نیشان دەدات کە بۆچی خەڵکی ئازادیخواز قورئان دەسوتێنن.
بیروباوەڕی ئایینی و ئازادی بێ مەرجی قسەکردن و بیروڕا
سەرەتا پێویستە جەخت لەوە بکرێتەوە کە ڕەخنەگرتن لە ئایین بنەما و میحوەری ئازادی قسەکردن و بیروڕا و ئازادییە مەدەنییەکانی دیکەیە. چ لە ڕووی کردەیی و چ لە ڕووی مێژووییەوە، خەبات بۆ ئەو ئازادییانە لەگەڵ خەباتی دژ بە ئایین لە سەردەمی ڕۆشنگەری و ڕێنێسانس و شۆڕشی گەورەی فەرەنسادا تێکەڵ بووە و لە ڕووی شیکارییەوە ئازادیی قسەکردن و بیروڕا بەستراوەتەوە بە ئازادی ڕەخنەگرتن لە ئایین و پیرۆزییە ئایینییەکان. پاپا و قەشە و ئایەتوڵڵا و مەلا و دەسەڵاتدارانی هەر ئایینێک هەمیشە ئازاد بوون لە میحراب و مینبەر و کڵێسا و مزگەوت و میدیا و پلاتفۆرمی دەوڵەت و نادەوڵەتیەوە خورافاتەکانیان لەگەڵ خەڵکدا بەیەکەوە باس بکەن. وە لەلایەکی ترەوە ئەم ئاتەئیست و ڕەخنەگرانی ئایین و خورافات و تابۆی ئایینی و داکۆکیکارانی زانست و حەقیقەت کە زمانیان بڕیون ، ئەشکەنجە دراون و لە سێدارە دراون، وەک جیۆردانۆ برۆنۆ، یان وەک سەلمان ڕوشدی بە زیندووی سووتێنراون، سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپاوە . ئازادی بیروڕا و ڕادەربڕین لە جەوهەرەکەیدا هیچ مانایەکی نییە جگە لە ئازادی ڕەخنەی بێ مەرج و هەمەلایەنە لە ئایین. ئەوانەی بانگەشەی ئەوە دەکەن کە لەگەڵ ئازادیی قسەکردندان بەو مەرجەی “سوکایەتی بە پیرۆزە ئایینییەکان نەکرێت” لە ڕاستیدا هیچ شتێک لە ئازادی قسەکردن بەجێ ناهێڵن. ئه‌مه‌ به‌ تایبه‌تی له‌ کۆمه‌ڵگه‌ ئیسلامیه‌کانی وه‌ک کۆماری ئیسلامیدا زیاتر له‌ هه‌موو شوێنێکی دیکه‌ ڕاسته‌.

کوفرکردن
یەکێک لە ئارگیومێنتەکانی نەیارانی سووتاندنی قورئان ئەوەیە کە “نابێت سووکایەتی بە بۆچوون و کلتوری خەڵک بکرێت”. بەتایبەت لایەنگرانی تیۆری رێژەگەرایی کولتووری و فرە کولتوری تەنیا دژی ئەم تابو شکاندنانە و هەر رەخنەیەک لە ئیسلام و هەر ئایینێک بەگشتی نین، بەڵکو “رێزگرتن لە بیروباوەڕی ئایینی خەڵک” بە جۆرێک لە ئازادیخوازی و نیشانەی شارستانییەت دەزانن. لێرەدا ڕێزگرتن لە مرۆڤەکان هاوتا دەکرێت لەگەڵ ڕێزگرتن لە بۆچوونەکانیان. مرۆڤ ڕێزی لێدەگیرێت، بەڵام ناتوانرێت ڕێز لە هەموو بۆچوونێک بگیرێت. باوەڕبوون بە تاوانەکانی وەک شەق لێدان و بەردبارانکردن، باوەڕبوون بە تۆڵەسەندنەوە و بڕینی ئەندامەکانی جەستە، باوەڕبوون بە کوشتنی فەرزی ئەو موسڵمانانەی کە وازیان لەئیسلام هێناوە و لەسێدارەدانی هاوڕەگەزخوازان، باوەڕبوون بە ژێردەستەیی ژنان و دەستدرێژیکردنە سەر کچان لەژێر ناوی هاوسەرگیری شەریعەت و هاوشێوەکانی نەک هەر ڕێزی لێناگیرێت، بەڵکو پێویستە ڕەخنەی قووڵ و بەردەوامی لێبگیرێت. هەندێک کەس بانگەشەی ئەوە دەکەن کە باوەڕیان بە ئیسلام هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەم حوکمانەدا نین. بەڵام باسەکە لەسەر لێکدانەوەی جیاوازی ئیسلام نییە. هەرکەسێک لێکدانەوەیەکی بۆ ئیسلام هەبێت، کۆماری ئیسلامی بەم جۆرە حوکمانە، کە دەقی ڕوونی قورئانە، تیغی بەسەر کۆمەڵگادا ڕاکێشاوە. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش پێویستە مرۆڤ بە توندی ڕووبەڕووی باوەڕ بە خودا و پێغەمبەر و فەرمانە ئیلاهییەکان و شتە پیرۆزەکان و تابوەکان ببێتەوە کە بنەمای ئەم حوکمە بەربەریانەن لە ئیسلام و هەموو ئایینەکاندا. دەبێت ڕێز لە مرۆڤەکان بگرین هەرچەندە لەگەڵ بیروباوەڕەکانیان ناکۆک بین، بەڵام ڕێک لەبەر ڕێزگرتن لە مرۆڤ و مرۆڤایەتییە کە ئەرکە لەسەرمان ڕەخنە لە بیروباوەڕی خورافات و دژە مرۆڤایەتی بگرین. ئەوە ڕێزگرتنە لە مرۆڤەکان و ڕێزگرتنە لە مرۆڤ و مرۆڤایەتی کە پێویستی بە ڕەخنەگرتن و دەسنیشان کردنی بیروباوەڕی ئایینی هەیە.
و لە کۆتاییدا پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە تا ئەو شوێنەی کە پەیوەندی بە کۆماری ئیسلامیەوە هەیە، ئیدیعای وەک “سوکایەتیکردن بە بیروباوەڕی موسڵمانان” یان “ئازاردانی هەستی خەڵکی موسڵمان” هتد تەنیا بەرگێکە بۆ بەرگریکردن لە بەرژەوەندییە زەمینی و مادییەکان ئێران و هێزەکانی تری بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسین. لەگەڵ بڵاوبوونەوەی کتێبی ئایەتە شەیتانیەکاندا یان کارتۆنەکانی چارلی عیبدۆ یان سووتاندنی قورئان، ئەوە جەماوەری خەڵک نییە کە هەست بە سووکایەتی دەکەن، بەڵکو کۆماری ئیسلامییە کە هەست بە ڕووخانی دەکات. ئەمانە کەسانی ئاسایی نین کە چەپڵە لێدەدەن و چەقۆ دەسوڕێنەوە، بەڵکو ئەوان حیزبوڵایی و هێزەکانی سەر بە حکومەتن کە مانەوەیان بەندە بەو چەقۆ هەڵسوڕانەوە . ئایەتە شەیتانیەکان و چارلی عیبدۆ و سووتاندنی قورئان، وەک نەبەستنی حیجاب، تەواوی بوونی کۆماری ئیسلامی دەخاتە مەترسییەوە. بیانووی “سوکایەتیکردن بە بیروباوەڕ و پیرۆزی و هەستی خەڵک” لە دەستی ئەو خەڵکە لاببرێت.
لە ڕۆشنگەرییەوە تا خەباتی سیاسی و مەیدانی
لەوانەیە کەسێک ئەم باسەی جیاوازی نێوان ڕێزگرتن لە تاکەکان و ڕێزگرتن لە بیروڕای تاکەکان قبوڵ بکات، بەڵام کردارێکی وەک سووتاندنی قورئان بە فۆرمێکی گونجاو بۆ ڕەخنەگرتن لە بیروباوەڕی ئیسلامی نازانێت. هەندێك كەس دەڵێن ئەم جۆرە كارە رێگەی رەخنەیەكی رۆشنگەرانە و عەقڵانیانە لە ئیسلام دەگرێت. هیچ گومانێک لە زەروورەتی ڕۆشنگەری و هۆشیاری دژ بە ئیسلام و هەموو ئایینەکان بەگشتی نییە، بەڵام کێشەکە لەوەدایە کە ئیسلام بە تایبەت لە ئێران تەنیا بۆچوونێک نییە، بەڵکو ئامرازێکی زوڵم و تاوانە لە دەستی حکوومەتدا. ئیسلام لە ئێران ئەمڕۆ ئایدۆلۆژیای دەوڵەتە و یاسا و سیاسەتی حکومەتێکی هار و تاوانبار کە زیاتر لە چواردە دەیە ژیانی هەشتا ملیۆن کەسی کردووە بە دۆزەخ، ئاراستەدەکات. لێرەدا تەنیا باسی لۆژیکی و ڕەخنەی ڕۆشنگەرانە بەس نییە. دەتوانرێت و پێویستە ڕۆشنگەری بدرێت لە دژی باوەڕ بە بەردبارانکردن، یان باوەڕ بە ژێر دەستەیی ژنان، یان باوەڕ بە لە سێدارەدانی هاوڕەگەزبازان، بەڵام کاتێک ئەم بیروباوەڕانە دەبنە یاسای کۆمەڵگا و کارکردنی حکومەت، کاتێک دژە بیروباوەڕی مرۆڤ دەبێتە کردارێکی دژە مرۆڤ، ئەوا دەبێت بچیتە شەڕی مەیدانی خەباتی کۆمەڵایەتی و سیاسیەوە لەگەڵیدا. سووتانی قورئان لەم مەیدانەدا ڕوودەدات. ئەمەش دەربڕینی توڕەیی و ناڕەزایەتی کۆمەڵگایە، نەک دژی بۆچوونی تاکەکان، بەڵکو لە دژی کردەوە تاوانکارییەکانی حکومەتە کە بە پشت بەستن بە حوکم و ئایەتەکانی قورئان خوێنی کۆمەڵگای ڕژاندووە. کاتێک ئیسلام دێتە سەر سیاسەت، ناڕەزایی سیاسی و مەیدانیش لە دژی پیرۆزیە ئیسلامییەکان دێنێتە ئاراوە. ئەوە خودی کۆماری ئیسلامیە کە قورئانی سوتاندوە. ئەوە خودی کۆماری ئیسلامییە کە شمشێری لەدژی کۆمەڵگا هەڵدەکێشێت و بە پشت بەستن بە قورئان و “ئایەت و فەرمانە ئیلاهییەکان” ، تاوانەکانی ڕەوایەتی پێ ئەدات. بۆیه‌ ئه‌مه‌ به‌ ته‌واوی تێده‌گه‌یه‌نرێت و ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ له‌م هەلومه‌رجانه‌ بێزارن پێویسته‌ مافی ته‌واویان پێ بدرێت قورئان و کتێبه‌ پیرۆزه‌ ئیسلامیه‌کان بسوتێنن. لەسەر بنەمای حوكمەكانی ئەم كتێبەیە كە گیانی خەڵكی ئێران ئاگری تێبەردراوە، كە لە چوار گۆشەی جیهاندا تیرۆر و تاوان ئەنجام دەدەن، كە نووسەران و كاریکاتۆرییستەكانی چارلی هێبدۆ تەقەیان لێدەكرێت، كە فەتوایەک دەردەکەن بۆ کوشتنی سەلمان ڕوشدی و لێسەندەوەی ژیانی، ئەوان پلانی تیرۆرکردنیان داناوە. سوتاندنی قورئان شێوازێکی ڕەمزی و توڕەیی ئامێزە لە ناڕەزایەتی بەرامبەر بە هەموو ئەم تاوانانە.
شێوازی بەرەنگاربوونەوەی ئایین حیزبەکەمان
لێمان دەپرسن ئایا حیزب پێشنیاری سووتاندنی قورئان دەکات یاخود خۆی سەرقاڵی ئەم جۆرە شێوازانە دەبێت؟ نەخێر خەباتی حیزبی جیاوازە لە ناڕەزایەتی تاکەکان. ئێمە وەک حیزبێک شێوازی خەباتی خۆمان هەیە، سووتاندنی قورئانیش یەکێک لەو ڕێگایانە نییە، بەڵکو مافی ناڕەزایەتی و خەبات لەدژی کۆماری ئیسلامی و بەهەموو شێوەیەک بەخەڵک دەدەین. لە لێدانی عەمامی مەلاکانەوە لە شەقامەکان تا دەگاتە دامەزراندنی “ئاهەنگی حوسێن” و تا گاڵتەکردن بە خودا و پێغەمبەر و ئیمام و پیرۆزە ئیسلامییەکان لە سۆشیال میدیادا، تا دەگاتە سووتاندنی قورئان و تا دابەشکردنی “نوقڵ ونەبات” بۆ ئیسلام و ئایەتوڵڵاکان لە… میترۆ و پاس و ڕێگا گشتییەکان و هتد و هتد. ئەمانە هەمووی ماف وشێوازی جیاوازی ناڕەزایی و هەڵچونی توڕەیی خەڵک لە دژی حکوومەتی ئیسلامین.
شانبەشان و لە ناخی ئەم هاتنەدەرەوە دژە ئایینییەی کۆمەڵگادا، ئێمە وەک حیزبێکی سیاسی لە بواری خەباتی دژ بە ئاییندا، وەک هەر بوارێکی دیکە، بە ڕێکخستنی ڕوبەڕوبونەوە و هەڵمەتی کۆمەڵایەتی، لە دژی حکومەت و ئایدۆلۆژیای ئیسلامییەکەی دەجەنگین . وەک نموونەیەک لە مامەڵەکردن لەگەڵ ڕێکخستنی عاشورای کۆماری ئیسلامیدا، هەموو ساڵێک لە شاری تۆرۆنتۆی کەنەدا، ناڕەزایەتییەکی توند و کردەوەی کۆمەڵایەتیمان ڕێکخستووە و ساڵانە کۆماری ئیسلامیمان زیاتر بۆ دواوە بردووە. تا ئەو ڕادەیەی ئەمساڵ توانیمان هەموو دەزگایی ماتەمینی عاشورا لە شەقامەکانی تۆرۆنتۆ کۆبکەینەوە. نۆزدە ساڵ لەمەوبەر توانیمان ڕێگری بکەین لە دامەزراندنی دادگای ئیسلامی (دادگای شەریعەت) لە ئۆنتاریۆی کەنەدا، بە ڕێکخستنی هەڵمەتێکی بەرفراوان کە چەند ساڵێکی خایاند. ئەم خەباتانەی ئێمە لە راستیدا گوزارشت و وەرگێڕانی ناڕەزایی تووڕەی خەڵکە لە دژی حکومەت و پیرۆزی و تابۆ ئیسلامییەکانی لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی.
دوا خاڵ ئەوەیە کە ئێمە بە تەواوی پابەندی ئازادیی بێ مەرجی ڕادەربڕین و بیروڕا و حزبایەتیین چ لە ئۆپۆزیسیۆن و چ کاتێک دەگەینە دەسەڵات. حکومەت و سیستەمی دڵخوازمان، کۆماری سۆسیالیستی، سیستەم و حکومەتێکی ئایدیۆلۆژی نییە. لە سیستمی دڵخوازی ئێمەدا ئەوەی قەدەغەیە كاركردنە لەسەر بیروباوەڕی دژە مرۆیی و تێكدانی ئازادی و مافەكانی هاوڵاتیان، بەڵام باوەڕبوون بە بۆچوونە ئایینییەكان یان هەر تیۆرێكی تری كۆنەپەرستانە و دژە مرۆڤایەتی، تەنانەت دەربڕینی ئەوان، تاوان نییە. ئێمە بە هۆشیارییەوە دەچینە شەڕی ئەم بیروبۆچوونانە نەک بە یاسا و فەرمانی حکومەت. مرۆڤەکان مافی ئەوەیان هەیە کە لەسەر بنەمای هەر بیروباوەڕێک، تەنانەت ئیسلام یان هەر ئایینێکی دیکە، چالاکی فەرهەنگی و میدیاییان هەبێت، کتێب چاپ بکەن و گۆڤاری دەوری بڵاوبکاتەوە، حیزبێک پێکبێنێت و وەک باقی هەموو مافە مەدەنییەکان و ئازادییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بەهرەمەند بێت هاوڵاتیانی کۆمەڵگا.هەیە هەروەک چۆن مبێ ئاینەکان و دژە خواکان، کە بەدرێژایی مێژوو ستەمیان لێ کراوە، هەموو ئەم مافانەیان هەیە. جیاوازییه‌ك له‌ نێوان كۆماری سۆسیالیستی و سیستمه‌كانی دیكه‌ی تا ئێستا له‌ داننان به‌ ئازادی بێ مه‌رجدایە‌ بۆ ره‌خنه‌گرتن له‌ ئایین له‌ هه‌ر ئاستێك و به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت. له‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی وادا هه‌موو كه‌س ئازاده‌ گاڵته‌ به‌هه‌ر شتێكی پیرۆز بكات و هه‌ر كتێبێك بسووتێنێت، به‌ڵام پێویستی به‌مه‌ نامێنێت. کاتێک ئایین دەبێتە بۆچوون، شەڕی دژ بە ئاینیش لە بابەتێکی کولتووری و ڕۆشنگەریشدا کورت دەبێتەوە و لەم شەڕەدا ئێمەی دژە ئایین سەردەکەوین چونکە حەقیقەت لای ئێمەیە.
١٢ی ئابی ٢٠٢٢




دڵم نایەت بمرم… شیعر: ستیڤان شەمزینی

چۆن دڵم بێت بمرم؟
هەموو رۆژێک مەمکی ژیان دەگوشم
هەموو شەوێک لە سرووتێکی نەشئەئامێزدا
لەگەڵ ئەستێرەیەکی بریندار سەما دەکەم
هەموو بەیانییەک سڵاوی کازیوە
دەگەیەنمە
ئەو شارە خۆڵەمێشییەی تێیدا ون بووم
هەموو نیوەڕۆیەک لە شیعرێکدا
جۆگەی ماچی ژنێکی دوورەدەست هەڵدەقوڕێنم
هێشتاش هەست بە تینوێتی دەکەم
چۆن دڵم بێت بمرم؟
هەموو رۆژێک عەشق دەمنوسێنێت بەخۆیەوە
دنیا لە چاوی منەوە دەبینێت
هەموو شەوێک ماچ دەمخاتە بۆسەوە
هەموو بەیانییەک چەپکێک تیشک دەخەمە
گیرفانی تەنگ و بەتاڵی وجودەوە
هەموو نیوەڕۆیەک
لە شەقامی تەنهایی ژنێکدا
ئاوازێک بۆ ئاوێتەبوون دەژەنم
بۆ تەڵێکی بەجێماوی پرچی
ناو نوێنەکەم دەگەڕێم
چۆن دڵم بێت بمرم؟
هەموو رۆژێک بزەیەکی سەرخۆش
ختوکەی قوڵپی گریانم دەدات
هەموو شەوێک مانگ بە تریفەدا
نامەیەکی پرشنگاویم بۆ دەنێرێت
هەموو بەیانییەک
“با”یەکی هێمنی نیشتمان
تۆزی غوربەت لە شانم دەتەکێنێ
هەموو نیوەڕۆیەک
ژنێک میوانی خەیاڵمە
پێکەوە لەسەر سیسەمی فەنتازیا
دەست لەملانین
هەڵاوی خاکی وڵات
لە مەمکەکانییەوە هەڵدەستێ
چۆن دڵم بێت بمرم؟
هەموو رۆژێک
سەری تەزیو و بەستووم
بە یەک مژدەی بەهار دەتوێتەوە
هەموو شەوێک هەسارەیەکی دەنگخۆش
ئازارەکانم دەکاتە گۆرانییەکی شاد
هەموو بەیانییەک کانییەک لە جوانی
لە پەنجەی ئەوینمەوە هەڵدەقوڵێت
هەموو نیوەڕۆیەک
ژنێکی لە خاچدراو بە غەم
بە کەژاوەی گریانەوە
بەرەو رووم دێت و
لە نیشتمانی موحیبەتمدا
داوای پەناگەیەک دەکات
چۆن دڵم بێت بمرم؟
هەموو رۆژێک
بە پەیژەی خۆشەویستی
سەردەکەوم بۆ سەربانی ژوان
هەموو شەوێک پۆلێک فریشتە دێنە لام
تاکو رۆژ دەبێتەوە کەمانچە دەژەنن
بۆ ئەو رۆژە کڵۆڵانەی بە چاوەڕوانییەوە
بەسەرم بردن
هەموو بەیانییەک
دڵۆپێک فرمێسکم پێ دەبەخشرێت
تا بە چاوی تامەزرۆییمدا بێتە خوار
هەموو نیوەڕۆیەک ژنێک لە دوورەوە دێت
پۆشاکی زام لەبەرم دادەکەنێ
بە گەرمی لەشی خۆی دامدەپۆشێت
چۆن دڵم بێت بمرم؟
هەموو رۆژێک سیحرێکم لێ دەکرێت
ژیان لەبەرچاومدا
تارای گەشبینی دەکاتە سەر
هەموو شەوێک ئومێدێکی چەتە
جانتای سەفەری ئەبەدییم لێ ئەدزێت
هەموو بەیانییەک کەناریی شیعر
دەبێتە قورگی زوڵاڵی ئازارەکانم
هەموو نیوەرۆیەک
ژنێکی نەسیم ئاسا
گۆرانییەکم بۆ دەڵێ
هێشتا نەمبیستووە
بە لەشێکی رووتەوە هاتووە
دەیەوێت رۆحی من بپۆشێت
ئیتر چۆن دڵم بێت بمرم؟
کاتێک دەبینم مردن لەبەرم هەڵدێ
ژیانیش توند بەخۆیەوە دەمگوشێت
نا، جارێ دڵم نایەت بمرم
دڵم نایەت بمرم

5-12-2018
بیلەفێلد – نەخۆشخانەی گلیاد ئاینس
شتاسیۆنی نۆرۆلۆگی




فەقێیەکی گوومڕا…22…شەماڵ بارەوانی

بەشی بیست و دوو/

مارکس فەقێ بوو..!

لە بەشی پێشووتر و بەشەکانی سەرەتا، باسم لەوە کرد کە من و کۆمەڵێک فەقێی تر تووشی گۆڕانی فیکری بووین. هەڵبەت وەک بیرمەندی هزری ئیسلامی د.محەمەد ئەرکون دەڵێت:”دەبێ ڕازی بین بە هەموو ڕێچکە و گوزەرەکاندا بڕۆین و لە ونبوون سڵ نەکەینەوە، بەڵام دەبێ ئەو گەڕان و ڕۆیشتنە لە پێناو حەقیقەتدا بێت. نابێت لە هیچ گرفت و ئاستەنگێك، یان لە هیچ سەرکێشیەکی فیکریی ڕۆح بترسین. دەبێ خەبات و ململانێ بکەین بێئەوەی بڵێین ئێمە خاوەنی حەقیقەتین”(١).
من وەک لە بەشەکانی تر ئاماژەم بەوە کرد کە فەقێیەکی زۆر فزوڵی بووم بۆ مۆتاڵا و خوێندنەوەی کتێب و هەرچی کتێب هەبوو، لەو سەری ڕاستەوە، بۆ ئەو پەڕی چەپ، لە هەموو ئەو کتێبانەی مارکس و نیچە و شۆنهاوەر و کافکا و سارتەر و کامۆ و هەرچی کتێبی سەبارەت بە ئیلحاد و مارکسیەت و عەدەمیەت نووسرابوون، تا زۆربەی ئەو کتێبانەی کە فێندەمێنتالیست و ڕادیکاڵەکانی لە نموونەی ئیبنولتەیمیە و ئیبنولقەیم ئەلجوزی و عەبدوڵلا عەزام و ئەبو ئەعلای مەودودی و سەید قوتب و محەمە قوتب و محەمەد عەبدولوەهاب و حەسەن بەناو کێ و کێیتر نووسیبوویان دەخوێندەوە.
لە دەرگای هەرچی قوتابخانەی فیکری و فەلسەفیە هەیه، دەچوومە ژووروە و سەرم دەکرد بە ماڵی هەموو شتێکی دژەبا و کتێبێکی جیاواز و ئایدیۆلۆژیا و بیر و باوەڕ و ئایدیایەکی جیهان، تا بزانم چی دەگووزەرێت و چی دەڵێن و چی هەیە.
هەرچی فەلسەفە و ڕێچکە و ڕێباز و مەزهەب و ئایینە هەوڵمدەدا بیانخوێنمەوە و لە بارەیانەوە زانیاری بەدەست بێنم.
وەکو ئەرکون دەڵێت”بەڵکو هەوڵ بدەم تا دوورترین سنوور ئاسۆی تێگەیشتن و مەعقولیەت قووڵ بکەمەوە”(٢).

هەرچەندە سەرەتا زۆر دەترسام و فۆبیایەکیان لا درووست کردبووم سەبارەت بە مارکس و ئیلحاد و فەلسەفە و هەموو ئەو کتێبانەی باسی ئەوجۆرە بابەتانەیان دەکرد و لە قوتابخانە فیکری و فەلسەفیەکان دەدوێن.

دەترسام شوشەی یەقینەکەم بشکێت و دۆگمەکانم هەڵبوەشێتەوە و ئیمان و بیر و باوەڕەکەم لەق بێت و ئایینەکەم لەدەست بدەم و تووشی گوومڕایی و لادان و کفر و بێ بڕوایی و ئیلحاد ببم.

کاکە ئیسلامیەکان مارکس و شیوعیەت و فەلسەفەیان وەکو دەعبا و دێو دڕندەیەک پێناساندبووین!

وەلێ دواتر هێدی هێدی ئەو ترس و فۆبیایەم لا نەما و لەگەڵ دۆخەکە ڕاهاتم و کامە نووسەر و فەیلەسوف و ڕۆماننووس و وەرگێڕ و ڕووناکبیرە، کە بە خەتەر و هێڵی سوور و بۆمب و بڤە ناسراوبوون بۆ سەر بیر وباوەڕی ئایینی و پێیان دەگووتن: عەلمانی و ئشتراکی و مارکسی و مولحید(ئەتایست) و نهلیست و بێ دین و دژە دین، من دەڕۆیشتم نووسین و کتێب و بەرهەمەکانیانم دەکڕی و دەمخوێندنەوە.
لە نموونەی:شاکر نابلسی، محمەد ئەرکون، نەسر حامید ئەبو زەید، محەمەد عابد جابری، کەریم مەروە، هاشم ساڵح، نەوال سەعداوی، تەسلیمە نەسرین، ئەحلام مەنسور، عەبدولڵا ئەلقوسەيمی، فەرەج فۆدە، فوئاد زەکەریا، جۆرج تەرابیشی، سەلمان ڕوشدی، ڕیچارد داوکینز، نیچە، فرۆید، داروین، سارتەر، کامۆ، شۆپنهاوەر، مارکس و فیورباخ و کێو کێیتر.

کتێبەکەی مەریوان هەڵەبجەیی “سێكس و شەرع و ژن لە ئیسلامد” لە قۆناغی هەڵەنەبم دوو، یان سێی کۆلێژی شەریعە(زانستە ئیسلامیەکان)و لە حوجره خوێندمەوە.
ئەو کتێبەشم خوێندەوە، کە وەک وڵامێک بۆ ئەو کتێبەی کاکە مەریوان نووسرابوو.

ئەو کتێبەی ئەوکات ئیسلامیەکانی توڕەکرد و لە دژی خۆپیشاندانیان کرد و لە بارەیەوە دەیانگووت:هی خۆی نییە و نووسەرەکەی کەسێکی پارس نەژادە و مەریوان هەڵەبجەیی وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی و بەناوی خۆیەوە بڵاوی کرووەتەوە.

جاوەک ئاماژەم بۆ کرد، بەهۆی ئەوەی دەستم بۆ کتێبی بڤە و خەتەر دەبرد، بە تایبەت کتێبی مارکسی و چەپەکان. فەقێیەکمان لەگەڵدابوو، کە دەیبینی من خەریکی موتاڵا و خوێندنەوەی ئەو جۆرە کتێبانەم، بۆ شۆخی پێی دەگووتم:مارکس فەقێیەکی قشت بوو.

جا ئازیزان من چۆن گۆڕام و بە چی جۆرە کتێبێک گۆڕام و بووم بە فەقێیەکی گومڕا؟
لە میانی باسکردن لە چۆنیەتی بوونم بە فەقێیەکی گومڕاو سەر لێ شێواو لە دین دەرچوو، وەک هەندێک لە فەقێ و مەڵاکان وایان پێ دەگووتم.

یەکێک لەو نووسەرانەی کە کاریگەری زۆری لەسەر دید و تێڕوانینم دروست کردووە و بووە هۆکاری ئەوەی من بگۆڕێم و ببم بە فەقێیەکی گوومڕا، عەبدولکەریم سروش بوو. بە تایبەتی کتێبەکەی«ڕێگا ڕاستەکان».

جۆرج تەرابیشی سەبارەت بە کتێبەکەی محەمەد عابید جابیری(نقد العقل العربي) دەڵێت”ئەم کتێبە تەنیا مرۆڤ روناکبیر ناکات بەڵکو دەیشیگۆڕێت، ئەوەی بیخوێنێتەوە چیتر دوای خوێندنەوەی وەك پێش خوێندنەوەی نابێت”(٣).

بەڕاستی ڕێگا ڕاستەکانیش بۆمن وابوو، ئەو بۆ من ڕاچڵەکینێک بوو، سەبارەت بە قۆناغی بەنج و غەیبووبە و دۆگمایی بوونی فیکری و بەستەڵەکی ئەقڵی و بیرتەسکی و ئاسۆداخراویم و تەنها بەڕاستی زانینی تاقە ڕێگایەک و قۆرخکردنی ڕاستیەکان و حاڵی نەبوون لە پیرۆزی چەمکی پلورالیزمی ئایینی.

سروش ئەو کەسەبوو، کاریگەریەکی زۆری لەسەر دروستکردم. دانراو کتێبەکانی(ڕێگا ڕاستەکان، نیوەی پەنهانی فەیلەسووف، کەلەپوور و سیکولاریزم، ئەقڵ و ئازادی، تەنها ئەزموونی پێغەمبەر، سیاسەت و ئایینداری، پلورالیزمی ئایینی، ئاینێکی سیکۆلار، ئاین لەسەردەمی مۆدێرنەدا) و بەتایبەتی (ڕێگاڕاستەکان)،
دەروازەیەکی زۆر گرنگ و باشبوون بۆ ئەوەی من تووشی کرانەوەی فیکری و توانەوەی ئەو بەستەڵەکەی ئەقڵ ببم و لەو تونێڵە تاریکەی ئایدیۆلۆژی بێمە دەر و لەوە تێبگەم، کە دنیای مرۆڤایەتی گەلێ لەو حوجرە داخراو چاڵە فیکریەی من تێیکەوتووم، فراوانتر و ڕێگاکانی ڕاستی و حەقیقەتەکانیش، زۆر لەو ڕاستیە ساختەیەی من بانگەشەی بۆ دەکەم و پێی تەڵقین و گەوج و گۆشکراوم زۆرترن.
Shamal Ismael Kareem
گەر بیرتان بێت، لەیەکەم بەشی بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕادا باسم لەوەکرد کە بیگومان مرۆڤ تازیاتر لێکۆلینەوە و تێڕامان بکات و بیربکاتەوە و بەراوردکاری بکات و بخوێنێتەوە، ئاسوی بیرکرنەوەی فراوان تر و دیدی واڵاتردەبێت، تا زیاتر ئاشنای ڕوانگە و دیدی جیاواز و، قوتابخانەی فیکری و فەلسەفی زیاتر بێت و زێدەتر گوتەو تێزی زانایان و عاریفان و ئەندێشەمەندان و فەیلەسوفان بخوێنێتەوە، زیاتر تێدەگات و زیاتر هەڵەکانی پێشووی خۆی بۆ ڕۆشن دەبێتەوە و دەستبەرداری بیری دەمارگیری و تێگەیشتنی مەزهەبیانە و قاڵبی ئیدەلۆجیانە دەبێت.

پەراوێزەکان:
١-دەربارەی عەلمانییەت و ئایین(هەڵبژاردەیەک لە بەرهەمەکانی ئەرکون، د. محەمەد ئەرکون، وەرگێڕانی:د.نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد،چاپی یەکەم-٢٠١٨، سلێمانی،پ٥٢.
٢-سەرچاوەی پێشوو، پ٨٦.
٣-جۆرج تەرابیشی، گۆڤاری دابڕان،ژمارە4ی ئەیلولی2016، لاپەڕە٨٦.