ئەبوبەکر ئەلڕازى… ئولریش ڕودۆلف… لە ئەڵمانییەوە کاوە جەلال

ماوەیەکى کورت دواى مەرگى کندى دەرکەوت کە پێویستە لە کولتوورى ئیسلامیشدا فەلسەفە و تیۆلۆگیى لە یەکدى جیابکرێنەوە. با کندى ڕێزى لە کارى تیۆلۆگەکان گرتبێت؛ با تیۆلۆگەکانى سەردەمى کندى جەختیان لە ڕاسیۆنالێتیى خۆیان کردبێت، یان تەنانەت گرنگییان بە دیالێکتیکى ئەڕیستۆتێلیس (تۆپیک) و هەندێک کۆنسێپتى تایبەتى فەلسەفەى سروشتى ئەنتیکە دابێت، سەرەڕای ئەوە دوای چەند دە ساڵێکى کەم ڕوانگەى هەڵوێستنوێنەکان گۆڕرا: لەو میانە ڕیالیستییەوە کە لە نێوان هەردوو زانستەکەدا هەبوو، میانەگیرییەکى ئاگامەند هاتە گۆڕێ، ئەوجا هێندەى نەخایاند شێوەى بەرەگەرایى وەرگرت.
هۆکانى ئەم گۆڕانە هەمەلایەنین و بە چەند دێڕێک پوخت ناکرێنەوە. وەلێ سەربارى ئەوە دەتوانین ببێژین، ئەم گرژبوونەوەیەى پەیوەندییەکان کە دەتوانین لە وەرچەرخانى سەدەى نۆیەم بۆ سەدەى دەیەمدا ڕەچاوی بکەین، لە لایەن نوێنەرانى هەردوو بەرەوە دەردەچوو. کاتێک تیۆلۆگەکان ماوەیەکى درێژخایەن ئامادە بوون بە جیاوازترین پاڵهێزە هۆشەکییەکان (بێگومان بە میراتەکەى ئەنتیکەشەوە) کار بکەن، ئەوا ئێستا بە پێچەوانەوە جەختیان لە پێوارەیى ترادیسیۆنى ئیسلامی دەکرد. لەم هەڵوێستەدا ئەلئەشئەرى (935 مردووە) و ئەلماتوریدى (944 مردووە) بەشدار بوون و بەشداریکردنەکەیان بوو بە پاڵهێزێکى ئاڕاستەدەر ڕووەو ئایندە. بێگومان ئەمان پشتیان نەکردە بەکارهێنانى بەڵگەهێنانەوەى ئاوەزمەندانە، وەلێ دەیان گۆت کە دەبێت هەموو دۆگمێگ لە قورئانەوە یان لە ترادیسیۆنى پەیامهێنەوە (واتا لە سوننەوە) بناغەی بڕێژرێت (ئەلئەشئەرى) یان مسۆگەر بکرێت (ئەلموتاریدى). بەمەش ئەوان ئەو چێوەیەى تێڕوانیان گۆڕى کە لە نێویدا مەزەنەگەراییە تیۆلۆگییەکان دەبزوان، هەروەها مشورى ئەوەیشیان خوارد کە تیۆلۆگییەکى “سوننی”ى پابەند بە ترادیسیۆنەوە پێشتری وەربگرێت. بە پێچەوانەشەوە فەیلەسوفەکان ئامانجى تەواو جیاوازیان هەبوو. لێرەدا ڕەوشێکی سوودمەند بۆ ئەوان لەوەدا بوو کە تەنانەت پاش مەرگى کندی هێشتا هەر بەردەوام تێکستى دیکە لە گریکى و سریانییەوە بۆ ئەرەبى وەردەگێڕران، ئەمەش بناغەى لێهزرینەکانى ئەوانى چاکتر کرد، وەلێ هەروەها بوو بەهۆیەک بۆ بەرزکردنەوەى ڕادەى داواکارییەکانیشیان کە لەم لێهزرینانەوە وەک دەرئەنجام دەردەکێشران. فەیلەسوفەکان چیدى بەند نەبوون بەو گریمانەیەوە کە گۆیا فەلسەفە گەرەکە (بەگوێرەی تێروانینەکەی کندی) ئەرگومێنت و مۆدێلەکانى ڕوونکردنەوە بخاتە خزمەتى دۆگمى ئیسلامییەوە، بەڵکو بە پێچەوانەوە ئێستا دەیان گۆت کە فەلسەفە دەبێت خۆى لە سەرجەم پێشمەرجە ئایینییەکان ئازاد بکات و شوێن بیردۆز و مێتۆدەکانى خۆى بکەوێت، هەر بەم شوێنکەوتنەش تەقەلا بۆ زانینى سەربەخۆى ڕاستى بدات.
داواکارییەکەى ئەبوبەکر ئەلڕازى (865-925 یان 932) بەم چەشنە بوو. ئێمە لەتەک ڕازیدا بە یەکەم هزرڤانى ناوچەى کولتوورى ئیسلامى دەگەین کە بەتەواوی داواى ئوتۆنۆمیى فەلسەفەى دەکرد. ڕازى لە بنەڕەتدا پزیشک بوو و لەم سیفەتەیشیدا پێزانینى گەورەى پێبڕا. بەدیهێنانە (نەجاحە) مەیدانییەکانى لە بوارى پزیشکیدا شتایش کران. نووسینەکانى سەبارەت بە بابەتە پزیشکییەکان پێوەرى نوێیان دانا. ئەم نووسینانەى ڕازى نەک تەنیا زانینى ترادیسیۆنیى گریکەکان (و هەروەها هیندیش)یان لە فۆرمێکى نموونەیدا پوخت کردەوە، بەڵکو هاوکات بە شارەزایى فرە پەرەیان پێدا و لەبەر ئەم هۆیەش بەدرێژایى چەند سەدەیەک وەک بناغەى پێگەیاندنى پزیشکان بەکاردەهێنران. وەلێ مەسەلەکە پەیوەست بە نووسینەکانى دیکەى ڕازییەوە لە بوارى پرسیارە فەلسەفەییەکاندا جیاواز بوو. ئەم نووسینە فەلسەفەییانە نە لە لایەن هاوچەرخانییەوە وەرگیران و نە لە سەردەمانى پاش ڕازى خۆیدا ناسێنران، بە پێچەوانەوە، لەبرى ئەوە لە گشت لایەکەوە ڕەتکرانەوە، بەڵێ تەنانەت پەرچەکردارى تووڕە ئاڕاستەیان کرا کە ئیدی لە سەرئەنجامدا ڕازى وەک زەندیقێک ناوبانگى پەیدا کرد.
سەرجەم بەرهەمەکەى رازى، بەهۆى ئەو جۆرە بڕیاردانەوە بەسەر نووسینە فەلسەفەییەکانیدا، بەناباشى گەیەنراوە. گەر شتێکى ئەم بەرهەمە مابێتەوە، ئەوا تەنیا تێکستى کورت و فراگمێنتن، کە ڕەسەنێتیان هەمیشە جەخت نییە. بۆیە ئێمە بەزۆری بەندین بە دەربڕینى نووسەرانى سەردەمانى درەنگترەوە. ئەمەش لە حاڵەتى ڕازیدا بەتایبەتى نالەبارە، چونکە سەرجەم نووسەرانى پاش خۆى دەیانویست دژبێژیى تێڕوانینەکانى بکەن و لێرەشەوە تێڕوانینەکانى ئەویان تیژتر پێشان دەدا لەوەى کە خۆیان لە ڕاستیدا چۆن بوون. سەرەڕاى ئەوە دەتوانین بنەڕەتەکانی هزرى ڕازى (بە ڕەچاوکردنى ئەو ئاگادارکردنەوە نابراوانەى سەرەوە) هەڵبەستینەوە. ئەمەش لایەنى کەم سێ کایەبابەت دەگرێتەوە، کە پێدەچێت ڕازى بەتایبەتى گرنگیى پێیان دابێت: مێتافیزیک (کە پرسیارەکانى ڕێبازی پرنسیپەکان و کۆسمۆلۆگى پێکەوە گرێدەدات)؛ تیۆریى مەئریفە (کە لەنێو کۆنتێکستەکەیدا هاوکات تێڕوانینەکانى ئەو لەبارەى پەیامهێنى لەگۆڕێن)؛ لە کۆتاییدا تێڕوانینەکانى ئەو سەبارەت بە ئێتیک کە لە لایەن خوێنەرانییەوە ئاسانتر وەرگیران و لەبەر ئەم هۆیەش لەنێو تێکستە ماوەکانى ئەودا بەباشترین شێوە دۆکومێنت کراون.
هزرینی نائاسایی ڕازى بەتایبەتى لە لێهزرینە مێتافیزیکییەکانیدا خویا دەبێت. ڕازى لەو باوەڕەدایە کە بتوانێت بوونى ئافرێنراو (خولقێنراو) نەک بۆ یەک تاکە پرنسیپ، بەڵکو بۆ پێنج پرنسیپ بگەڕێنێتەوە: لەپاڵ خودادا (کە بە زەینى / ئینتەلەکتی کامیلی دادەنێت)، کات و فەزا، دەروونى گەردوونى و ماتەرییەکى بێبونیادى لە ئەتۆم پێکهاتوو هیچ سەرەتایەکیان نییە (واتا نەئافرێنراون – و). ڕازى دەبێژێت، ئەم پێنج پرنسیپە لە سەرچاوەدا لە یەکدى جیا بوون و هیچ پەیوەندییەکیان بەیەکەوە نەبووە، وەلێ پاشان ڕووداوێک قەوما کە پرۆسەیەکى پڕئەنجام و تا ئەمڕۆ نەبڕاوەی لێکەوتەوە، ڕووداوەکەش ئەوە بوو کە دەروون هەوڵى دا فۆرم بە ماتەری بدات و لەتەکیدا یەک بگرێت. وەلێ ئەم هەوڵەى دەروون بەهۆى بەرهەڵستیى ماتەرییەوە شکستی هێنا، بۆیە خودا، دوای ئەوەی بەزەیی بەو هەوڵە شکستهێناوانەى دەرووندا هاتەوە، دەستى نایە نێو پرۆسەکەوە، ئەویش بەوە کە جیهانەکەمانى ئافراند و بەمەش دەرفەتى بۆ دەروون ڕەخساند بچێتە نێو ماتەرییە فۆرمپێدراوەکانەوە. پاشان گەردیلەکانى دەروون کە لەو کاتە بەدوواوە لەنێو جیهانى ماتەریدا بوون، خودا بەشداریکردنى لە زەینى خۆیدا پێبەخشین. ئێمە بە یاریدەى ئەم بەشداریکردنە لە زەینى خودادا دەتوانین ڕەچەڵەکى خۆمان و تایبەتمەندکراویمان بناسین، چونکە زەین پێشانمان دەدات کە دەروونەکانمان بە هیچ شێوەیەک بە لەشەکان ناگونجێن، بەڵکو دەبێت سەرلەنوێ بگەڕێنەوە بۆ سەرچاوەى خۆیان. ڕێگەى گەڕانەوە ڕووەو ئەو سەرچاوەیە بەسەر زانین و کردارى دروستدا تێدەپەڕێت. هەموو یەکێک لە ئێمە دەتوانێت ئەم ڕێگەیە بگرێتە بەر، چونکە سەرجەمی مرۆڤان هێندە زەینیان هەیە کە ئیدی بەڕێیەوە دەتوانن دەروونیان ڕزگار بکەن. هەر ئەوەندەى ئەم ئەرکە بەدیهێنرا، ئیدی جیهانى ئافرێنراو لەناودەچێت و دۆخى سەرەتایى سەرلەنوێ دادەمەزرێنرێتەوە. بەدووى ئەوەشدا ئیدی دەروونى گەردوونى چاک کراوەتەوە: وەک دۆخە سەرچاوەییەکەى خۆى لێهاتۆتەوە، بێگومان ئێستا هێندە نەبێت کە دەروون بە بڕى ئەو مەئریفەیە دەوڵەمەندتر بووە کە ئەو تایبەت نییە بە یەکگرتن لەتەک ماتەریدا.
ئەم ئەفسانەیە کە ڕازى لێى دەدوێت، زۆر جار ڕاڤە کراوە، لێرەشدا مرۆڤ دروست ئاماژەى بۆ پەیوەندیى ڕازی بە فەلسەفە دێرینەکانەوە داوە: بە پلاتۆنیزمەوە، ئەمەش لە کۆنسێپتى دەمیورگ (وەستا = خودا / و) و دەربڕینەکانى ڕازیدا سەبارەت بە ڕێگەکەى دەروون ڕوون دەبێتەوە؛ ئەوجا ئەنتى ئەڕیستۆتێلیزم کە دیاریکەرى دەربڕینەکانى ڕازییە لەبارەى فیزیک (واتا لەبارەى کاتى ڕەها، فەزاى ڕەها پێکەوە لەتەک بۆشاییدا، ئەتۆمیزم)؛ ئەوجا لە کۆتاییدا نزیکیى ڕازى لە مەزەنە کۆسمۆلۆگییەکان کە مرۆڤ لە ئایینە جیاوازەکانى ئەنتیکەى دەمەو کۆتاییەوە، پێش هەمووشیان مانیشێئیزم، دەیان ناسێت. سەرەڕای ئەوە ئەفسانەکەی ڕازی، جا گەرچی نزیکە لە ترادیسیۆنە هزرییە دێرینەکان، هێشتا هەر لە خزمەتى فەلسەفەیەکى نوێدایە. بێگومان ڕازى ئەو کۆنسێپتە ناوبراوانە دەپەرچێنێت، وەلێ ئەو بەتایبەتی بەکاریان دەهێنێت تاکو لە خەریکبوونییەوە لەتەکیاندا گۆڕان بە تێڕوانینەکانى خۆى بدات، ئەم تێڕوانینانەشى لە ڕەوتى داڕشتنەکانیدا دەردەکەون. ڕازى لەم تێڕوانینانەیدا گریمانەى سێ تەوەرە بۆ ڕوودانى جیهان دەکات: خودایەک، کە لە زانینى سەروەر و میهرەبانییەوە کردار دەنوێنێت؛ یەکگرتنەوەى مەرجە فیزیکییە پێشتر هەبوو و لە خودا سەربەخۆکان (ئەزەلییەتى کات و فەزا و ماتەری)؛ ئەوجا لە کۆتاییدا دەروونى چوست کە تەقەلا بۆ کامیلێتى دەدات و مێژووە بگۆڕەکەى هاوکات مێژووى جیهان و مرۆڤ پێکدەهێنێت.
ئێمە گەرەکە لێرەدا ڕەچاوى ئەوە بکەین کە پرۆسەى کامیلبوونى دەروون لە لایەن زەینەوە ڕابەرایەتى دەکرێت. ئەمە دەمان بات بۆ تێماکەی دیکە: واتا بۆ تیۆریى مەئریفە، کە ئەمیش لەنێو لێهزرینەکانى ڕازیدا پێگەیەکى گرنگ وەردەگرێت. ڕازى لێرەش وەک هزرڤانێکى ناترادیسیۆنى دەردەکەوێت، چونکە ئەو جیاواز لە فەیلەسوفەکانى پێش خۆى (کندى) و پاش خۆى (فارابى، ئیبن سینا، ئیبن روشد) لە خەریکبوونیدا بەم کێشەیەوە دەربڕینەکانى ئەڕیستۆتێلیس لەبارەى زەینى چالاک و زەینى ناچالاک ناکات بە دەرچە، بە پێچەوانەوە، ڕازى دەیەوێت بەتایبەتى پنتێکى دیکە دیارى بکات. ئەم پنتە خۆى لەو بڕوا پێشاندراوەدا دەبینێتەوە کە هەموو مرۆڤێک تەنیا بە یاریدەى زەین، کە خودا پێى بەخشیوە، دەتوانێت بە زانین بگات و خۆى فرمانەکانى بەگونجاوى لە جیهاندا ئەنجام بدات. ئەم بنەمایە لە یەکەم لێوردبوونەوەدا وەک گەشبین دەردەکەوێت، لێ لە بنەڕەتدا ئەوها نییە، چونکە ڕازى زۆر چاک ڕەچاوى شیمانەى شکستهێنان دەکات، بەڵێ ئەو تەنانەت بۆ ئەو شکستە پێشبینیى سزایەکیش دەکات، چونکە، بە دیدی ئەو، کێ ژیانى خۆى بۆ زانین و ئەو کردارە دروستە کە لەو زانینەوە وەک سەرئەنجام دەکەوێتەوە، بەگەڕ نەخات، دەبێت حساب بۆ ئەوە بکات کە جارێکى دى وەک زیندەوەرێکى پلە نزمتر لەدایکبێتەوە. سەرەڕای ئەوە لەم ڕەوشەشدا هێشتا هەر تەنیا هیوایەک بۆ کۆتاییەکى باش دەمێنێتەوە، چونکە ئەو کەسە لەم دۆخە نوێیەشدا تەنیا هەلێکى بۆ هەڵدەکەوێت تاکو هەڵەکانى ڕاست بکاتەوە و لە پرۆسەى هەڵچوونى دەرووندا بەشدارى بکات. ئێستا بەمە ساغ دەبێتەوە کە سەرجەم مرۆڤان، لە هەر کاتێکدا بێت، هێزە زەینییەکەیان بەگەڕ دەخەن و دەروونیان ئازاد دەکەن.
بێگومان دەشێت ئەم بڕوایەش بگەڕێنرێتەوە بۆ هەندێک پێشبینیی ئەنتیکە. ئەم بڕوایەى رازى، بەهێزتر لە لێهزرینە کۆسمۆلۆگییەکانى پێشین، دەمان بات بۆ پلاتۆنیزم، ئەمەش جێى سووڕمان نییە. ئاخر ڕازى پزیشک بوو، ئەو بەچوستى نووسینە دوور پەلهاویشتووەکانى گالنى دیراسە کرد (لەم نووسینانە تا کۆتایى سەدەى نۆیەم پتر لە سەد دانە بۆ ئەرەبى وەرگێڕرابوون). بێگومان گالن تەنیا بەوە نەناسرا بوو کە ئەو دەروازەیەکى فراوانى فەلسەفەیى هێنایە نێو پەروەردەى پزیشکییەوە، بەڵکو ئەو هاوکات لایەنگرێکى پلاتۆنیزم بوو و تەنانەت توێژینەوەیەکی (لەپاڵ هەندێکى دیکەدا) نووسى کە تێیدا بە وەستایەتییەکى فێرکارییانە پێوەرى خوێندنەوە پلاتۆنییەکانى پوخت کردەوە.
وەلێ ڕازى لێرەشدا هەمان هەڵوێستە بنەماییەکەى خۆى وەردەگرێتەوە: ئەو نەک تەنیا ئەو موڵکە فێرکارییەى بەبێ دەستکارى وەرنەگرت، بەڵکو هەروەها خستییە نێو کۆنتێکستێکى نوێوە. مۆرکى ئەم پەیوەندییە نوێیەى کێشەکە لەوەدا بوو، کە ئێستا زانینى ئاوەزمەندانە زانینێکى هاڤرکێکەرى بۆ پەیدا بوو، ئەمەش ئەو زانینە بوو کە ڕووى دەکردە سروشى (وەحی) خودایەتى. ڕازى، پابەند بە تیۆریی مەئریفەکەیەوە، بەتوندى داواکارییەکانى ئەو زانینە ڕەتدەکاتەوە، چونکە ئەو لەو بڕوایەدایە، کە خوداى میهرەبان و بەداد توانستى زانینى بە سەرجەم مرۆڤان بەخشیوە، لەبەر ئەم هۆیە، بە دیدی ڕازى، نەشیاوە کەسانى تاک زانینێکى دیکەى تایبەتى سروشییان (وەحیان) لە لایەن خوداوە بۆ بێت. دەرئەنجامێکى ئەم بڕوایە ئەوەیە کە پەیامهێن وجودی نییە. بەڵێ، زۆرتر لەوەش: کێ ببێژێت کە گۆیا خاوەنى کاریزماى (واتا بەخشراوى) پەیامهێنییە (موسا، ئیسا، محەمەد)، دەبێت ئەو کەسە هیچی دیکە نەبێت جگە لە فریودەرێک. ئەو مرۆڤە وەک فریودەر پەیڕەوى سروشێک دەکات کە ئەو لە بنەڕەتدا بە هیچ شێوەیەک وەک سروش بۆى نەهاتووە، ئەوجا ئەو کەسە لە پشتى خۆیەوە کۆمەڵێک کەسى گۆیا ئیمتیاز پێدراو کۆ دەکاتەوە، ئەم کۆمەڵەش هیچ کارێکى باشترى لێناوەشێتەوە جگە لەوەى لەدژى کومەڵەکانى دی، کە ئەوانیش بە هەمان شێوە واى دادەنێن خاوەنى ڕاستیى سروشییانە بن، جەنگ بگێڕێت.
ئەم جۆرە دەربڕینانەى ڕازى وایان کرد کە زۆر هاوچەرخی ئەو بە زەندیقێکى خودانەناسی دابنێن. ئەمەش بێگومان ڕوونە لەنێو کۆمەڵگەیەکدا کە تەنیا لە یەک پەیامهێنەوە ئاڕاستە وەردەگرێت. سەرباری ئەوە تۆمەتەکان بە هیچ شێوەیەک مەبەستی خۆیان نەدەپێکا. ئاخر مەبەستى ڕازى ئەوە نەبوو کە هەبوونی یان واتاى خودا بخاتە ژێر پرسیارەوە. بەگوێرەى ئەوە کە ئێمە تا ئێستا بینیمان، ڕازى دەیویست خودا وەک گەرەنتییەکى تاک و ڕاستەوخۆ بۆ خەڵاسی (ڕزگاریى) سەرجەم مرۆڤان دیارى بکات. ئەم ڕەهەندە چە مێتافیزیک و چە تیۆریى مەئریفەکەی ئەوى تەنی بوو، ئەمەشمان جارێکى دى بۆ دەردەکەویتەوە، گەر ڕوو بکەینە تێڕوانینە ئێتیکییەکانى ئەو.
ڕوانگەکانى ڕازى لە کایەى ئێتیکدا کەمتر هەژێنەر و شێوێنەر بوون. ڕەنگە لەمەدا بێت هۆى مانەوەى ئەو دوو توێژینەوەیە کە ڕازى لەسەر ئەم تێمایە نووسینى (“پزیشکیى هۆشەکى” و “شێوە ژیانى (سیرەى) فەلسەفەیى”). ڕازى لە یەکەم توێژینەوەیاندا ڕوونی دەکاتەوە کە چۆن دەشێت دەروون بە پەروەردە ڕەوشتمەند بکرێت. لەم پەروەردەیەدا دوو لایەن رۆڵ دەگێڕن: بەرهەڵستیکردنى سۆزەکان و هەروەها متمانەکردن بەوە، کە ئەوە زەینى مرۆڤە پێوەرى ڕاست بۆ سەرجەم کردار و چێژەکان دادەنێت. توێژینەوەی دووەم، کە پێدەچێت ڕازى ماوەیەکى کورت پێش مەرگى خۆى نووسیبێتى، زۆر مۆرکى کەسیی لە خۆ دەگرێت. ڕازى لەم نووسینەیدا لەدژى ڕەخنەگران بەرگرى لە خۆى دەکات. پێدەچێت ئەو ڕەخنەگرانە لۆمەى رازییان کردبێت کە گۆیا ئەو ژیانى بەڕەوشتى (بەتایبەتى ژیانی ئاسکێزیى (زاهیدی)) بۆ مرۆڤانى دیکە ڕاگەیاندووە، وەلێ ئەو خۆى لە ژیانیدا بەگەڕى نەخستووە.
وەڵامى رازى بۆ ئەم لۆمانە (ئەمەش بە ناونیشانى توێژینەوەکەدا دەردەکەوێت) بریتییە لە “شێوە ژیانى فەلسەفەیى”. ڕازى لێرەدا بەدەورى فیگورى سۆکراتێسدا دەسووڕێتەوە، کە وەک نموونەى مرۆڤى زانەر و بەڕەوشت پێشبینیى دەکات. بە دیدی رازى هەروەها سۆکراتێس ناچار بوو سەرەتا خۆى بۆ ئەم چۆنێتییانەى زانین و ڕەوشت پێبگەیەنێت. ئاخر سۆکراتێس لە گەنجێتیدا زۆر یەکلایەنی بیرى لە ژیانێکى ئاسکێزى (زاهید) و دوورەپەرێز کردبۆوە (ئەمە بە ڕاڤە کینییەکەى فیگورى سۆکراتێس دەگونجێت)، لێ سۆکراتێش درەنگتر ئەم هەڵوێستەى خۆى گۆڕى، چونکە ئێستا وەک پیاوێکى کامڵ فێر بوو بوو خۆى بەو داواکارییانە بگونجێنێت کە پێویستە مرۆڤێک بۆ خۆى بەرزیان بکاتەوە (ئەمیان بە ڕاڤەى پلاتۆنییانەى سۆکراتێس و پرۆگرامە فەلسەفەییەکەى ڕازى خۆی دەگونجێت). داواکارییەکان بریتین لەمانە: گەڕان بەدووى زانیندا؛ کردارى بەداد؛ هەبوونى بەزەیى بۆ کەسانى دی؛ سەنگاندنى پڕمەغزاى (ئەمدنیایى و ئەودنیایى) چێژەکان؛ متمانەکردن بە خودایەکى میهرەبان؛ هەروەها ئەو بڕوایە کە ئێمە دەروونمان بە یاریدەی زانین و ڕەوشت ئازاد دەکەین و دواى مەرگمان بەرەو ڕووى ژیانێکى بەختیار دەڕۆین.

Ulrich Rudolph، Islamische Philosophie، München 2004




بارانى جێنیوەرى… كاروان محەمەد فەتاح

«ئەوە بۆچى دایکم، لەگەڵ خۆرئاوابووندا ناتوانێت یەک وشە بڵێت و لە ڕۆژدا عەیبى نییە؟» ئەمە ئەو پرسیارەیە لە ماوەى ئەو چوار مانگەدا، کە دایکى هەواڵى مەرگى (عەلى)ـى براى پێ دەگات و دواتریش بەسەر لەیدییەوە دەمرێت، بەردەوام لەناو سەرى ئۆسکاردا دەخولێتەوە.
کاتێک ماڵى باپیرى (باوکى دایکى) لە شارێکى ترەوە دەگەن، لەیدى لەناو باخچەکەدا جۆلانێ دەکات. «دواى مردنى ئۆسکارى برای، وا باشترە لەیدى لێرە نەمێنێتەوە و ڕێگەى بدە لەگەڵ ئێمەدا بژى.» پێش ئەوەى بێن، ئەمە بە باوکى دەڵێن و ئەویش بە داواکەیان ڕازى دەبێت. باپیرى کێشەى لەگەڵ ناوەکەیدا هەیە و نازانێت بڵێ لەیدى، دەڵێت لەیلى. باوکى ئەو ناوەى لێ ناوە.
یەکەم بەفرى ساڵى نوێ داى کرد. ڕۆژێک دواتر بارانى جێنیوەری. شۆفێرەکان لایتى ئۆتۆمۆبیلەکانیان پێ دەکەن و ئێمە شەوقى لایتەکان لەسەر شەقامە تەڕەکە دەبینین. هەر چوارلاى ترافیکەکە بە هۆتێل و ئاپارتمانى بەرزبەرز دەورە دراوە. لەناو پاسەکەدا چاوەڕێى ترافیکین سەوز بێت. بارانەکە هەر دەبارێ. شۆفێرەکان لە پشتى جامەکانەوە بە تەڵخى دەبینرێن. هەڵمى سەر جامەکە دەسڕم. لەلاى ڕاستەوە دوو کچ دەچنە تاکسییەکەوە. لە ڕادیۆى پاسەکەوە گوێمان لە ‹ئەى بارانە و بارانە› دەبێت. خشانى تایەى ئۆتۆمۆبیل و هۆڕنێکى بەرز ناچارم دەکات جارێکى تر هەڵمى سەر جامەکە بسڕمەوە. جارێکى تر هەڵمى سەر جامەکە دەسڕمەوە. منداڵێکى کلێنکسفرۆش لەسەر شەقامەکە کەوتووە. خێرا دەچمە سەرى، تاساوە. لە باوەشى دەکەم و دەیخەمە ناو تاکسییەکەوە. باران نایلۆنى کلێنکسەکانى تەڕ کردوون. دەگەینە نەخۆشخانە و منداڵەکەم لە باوەشدایە، ڕێک هەست دەکەم ئەو ساتەیە لەیدى لەدایک دەبێت و دایکى بەسەریەوە دەمرێت.
دواى ئەوەى لە دەوام دەگەڕێیتەوە، گەرمیی خۆرى ئەم چوارشەممەیەى ناوەڕاستى بەهار ناچارت دەکات خۆت بشۆیت. لە گەرماو دێیتە دەرەوە. خۆت وشک دەکەیتەوە. لە ژوورى نووستن پاڵ دەکەوی. تابلۆیەک هەڵواسراوە؛ ژنێکە، قژى کردووە بە دوو پەلکى درێژ. لە تابلۆکەدا چاوە ڕەشەکانی پێت دەڵێن دڵتەنگە. منداڵەکەى لە باوەشدایە. لەسەر زەوییەکە سێوێک دانراوە، منداڵەکە دەستى بۆ دەبات، دەستى پێى ناگات. منداڵەکە لە تابلۆکەدا وا دەرناکەوێ دڵتەنگ بێت. خۆت دەخەیتە سەرپشت و دەستەکانت لەژێر سەرت دادەنێیت. پانکەکە بە جووڵە هێواشەکەى کار لە گەرمیى ژوورەکە ناکات. ئاگات لە خۆت نەماوە و دەکەویتە سەر دەم، لیکى دەمت سەرینەکەى تەڕ کردووە؛ لیکى دەمت تەنیا شتێکە پێت بڵێت وا خەریکە خەو دەتباتەوە. خەو دەتباتەوە. هاوڕێیەکتە و تەلەفۆن دەکات، بەدەم خەوەوە هەڵیدەگریت، دەنگە شێواوەکەى گوێت بە «ئۆسکارى کوڕت…» دەزرنگێنێتەوە. دەنگەکە دەلەرزێت و دەستى تۆیش. «نازانم چۆنت پێ بڵێم…» دەنگەکە وا دەڵێت. «چیم پێ بڵێیت؟!» بە شپرزەیییەوە وا دەڵێیت. هەر ئەوەندەى دەڵێت «ئۆتۆمۆبیل لێى داوە و…» پێى دەبڕیت «نەڵێى مردووە!» ئەمە بە دەنگێکى بەرز دەڵێیت. هاوڕێکەت تەواوى دەکات «بەڵام سەلامەتە و لە نەخۆشخانەیە.» مۆبیلەکە دادەخەیتەوە و بە ڕاکردن دەچیتە خوارەوە. پلیکانەکان زۆرن و تۆ خێرا دەیانبڕیت. دوو کەروێشک بەناو چیمەنەکەدا دێن و دەچن و تۆ نایانبینیت. ئەو تاکە نەعلەى پیاوى کرێچییەکە گرتییە پشیلەکەى لەیدى، لەناو حەوشەکەیە و تۆ نایبینیت. ‹لەیدى›ى پێنجساڵان لە باخچەکەدا جۆلانێ دەکات. پیاوى کرێچییەکە لەسەر کورسییەکەى ڕۆژنامە دەخوێنێتەوە. پشیلەکەى لەیدى لەسەر دیوارى حەوشەکەیە و سەیرت دەکات، چاوەکانى بچووک دەکاتەوە و ‹میاووو!› تۆ لەیدى، پیاوى سەر کورسییەکە و پشیلەکەى لەیدییش دەبینیت. «خێرە؟ هیچ ڕووى داوە؟» پیاوەکە دەپرسێت و تۆ بەبێ وەڵام دەرگەکە بە یەکدا دەدەیت.
لەیدى لە ماڵى باپیریەتى و ئەوە مانگێکە نەتبینیوە، ساڵێکیش بەسەر مردنى ئۆسکارى کوڕتدا تێپەڕیوە. شەوێک بە تەنیا دەچیتە دەرەوەى شار و لە بەرزایییەکەوە لێى دەڕوانیت، لەو دوورەوە گڵۆپەکان دەڵێى وردەشووشەن و تیشکى ڕووناکییان بەرکەوتووە. دێیتەوە ناو شار. دەچیتە کافێیەکى تێکەڵ لە دووکەڵى جگەرە و دەنگى مۆسیقا. کەسێک شیعر دەخوێنێتەوە و دەگاتە «مەڵێ من تۆم ناوێ/ تۆ میوانى خەونەکانمى/ مەڵێ لە ئێوارەدا نایەم/ تۆ لە ئێوارەدا جوانى» و دەچیتە دەرێ. چەند مەترێک دەڕۆیت و بە دەرگەى مارکێتێکدا دەتەقى. ژنێکى دووگیان بەناو مارکێتەکەدا دێت و دەچێت، ژنێکى تر دایبییەک و یەکێکى تر شامپۆیەکى بەدەستەوەیە. هەر لەوێ هاوڕێیەکت دەبینى وەکوو هەمیشە سپاگێتى دەکڕێت و پێت دەڵێت «تۆیش بیکڕە، بۆ ئەم تەنیایییەت خراپ نییە.» تۆ نایکڕیت. خێرا بۆ ماڵ دەگەڕێیتەوە. منداڵەکانى کۆڵان لەناو گوێیەکانى تۆدا ڕا دەکەن و هاوارهاواریانە. ڕادەکشێیت. پەنجە بە ڕیمۆتکۆنتڕۆڵەکەدا دەنێیت. درامایەکە، دوو کچن پێکەوە، بێتاقەت دەردەکەون:

  • چۆنى؟
  • هەندێ جار باش و هەندێ جاریش خراپ. ئەى تۆ؟
  • هەندێ جار خراپ و هەندێ جاریش خراپتر.
    لیکى دەمت سەرینەکە تەڕ دەکات؛ لیکى دەمت تەنیا شتێکە پێت بڵێت وا خەریکە خەو دەتباتەوە. خەو دەتباتەوە.
    لەناو جێگەکەى خۆتدایت. دەتەوێ هەستیت و بۆ دەوام بڕۆیت، هەمیشە لەم کاتەدا خەوت گرانە. لە قاتى خوارەوە سەرەتا دەنگى پیاڵە دەبیستیت کاتێک دەکەونە ناو سینکەوە. دواتر تیڤییەک ئیش دەکات، گۆرانییەکە، شادە. ئەمە خووى ژنى کرێچییەکەیە «مامۆستا، گوێم لە گۆرانی نەبێت ناتوانم ئیشى ماڵ بکەم.» جارێک لە وەڵامى گلەییەکى تۆدا ئەمەى گوت. هەرچۆنێک بێت خۆت ئامادە دەکەیت، لە ئاوێنە بچووکەکەى قەد دیوارەکەدا هەوات کردووەتە گوپى ڕاستت و گوێزانەکەى پێدا دەهێنیت، بەشى زۆرى تاڵەمووەکان سپین و دەکەونە ناو دەستشۆرەکەوە. لە خوارەوە پیاوی کرێچییەکە دەبینیت لەسەر کورسییەکەى دانیشتووە، سەرى بەرز دەکاتەوە و «مانگانەکە زۆرى ماوە؟» بە سەر وەڵامى دەدەیتەوە «بەڵێ» و دەرگەى حەوشە دەکەیتەوە. لە ماڵەکەى بەرانبەرتانەوە منداڵێک دەچێتە دەرەوە، دایکى سەر لە دەرگەوە دەردەهێنێت «ئەگەر زوو نەیەیتەوە بەو گەوادە دەڵێم.» گەوادەکە مێردەکەیەتى. ئەو لە جۆرى ئەو ژنانەیە جوێن بە دار و دیوار دەدەن. «دڵم بەوە خۆشە دار و دیوار وەڵامى نادەنەوە.» مێردەکەى وا دەڵێت.
    وەک هەمیشە لەسەر کورسییەکەى ڕۆژنامە دەخوێنێتەوە پیاوى کرێچییەکە. چاویلکەکەى دادەنێ و «مانگانەکە زۆرى ماوە؟» «ئاخر شوکر ئاوا تووشى لەبیرچوونەوە هاتبوویت، بۆیە خێرا ماڵنشینیان کردیت. چەند جارم گوت عەیبە، ئەوەندە ئەو پرسیارە مەکەرەوە.» ژنەکەی وای پێ دەڵێت. کە منیش دەبینێت «ئەرێ مامۆستا مانگانەکە زۆرى ماوە؟» ئەوە تەنیا قسەیەکى گرنگە لەگەڵ مندا هەیبێت، ڕەنگە لەگەڵ ژنەکەیشیدا. لەیدى خۆش دەویست، لە من زیاتر بە ڕۆیشتنى کاریگەر بوو، هەندێ جار لەگەڵ کڕینى ڕۆژنامەکاندا دیاریی بۆ ئەویش دەهێنایەوە. لە ژوورەوە تەماتە سوور دەکرێتەوە، بۆنەکەى تێکەڵ بە بۆنى پیاز و دایبیی فڕێدراو دەبێت و دەگاتە قاتى سەرەوە. دەنگى گریانى کوڕەزاکەى دێتە حەوشە. کوڕە تاقانەکەیان کاتێک زانکۆ تەواو دەکات، لەگەڵ هاوڕێیەکى خۆیدا هاوسەرگیرى دەکات. دواى منداڵێک جیا دەبنەوە. خانووەکەى باوکى دەفرۆشێت و ڕێگەى ئەوروپا دەگرێت، منداڵە یەکساڵانەکەى لاى ئەمان جێ دەهێڵێت، ئەوە ساڵێکە کرێچیى ماڵى باوکى ئۆسکارن. «بۆنى تەماتە، پیاز و دایبیی فڕێدراو تەواو نابن لەم ماڵە کاولبووە.» بە کەمێک بێزارییەوە وا دەڵێت پیاوى سەر کورسییەکە. ژن بە «تۆ کەى لە جیاتى ئەو ڕۆژنامە بێسوودانە، شتى باشترت هێنایەوە، شەرت بێ منیش خواردنى خۆشترت بۆ ئامادە بکەم.» وەڵامى دەداتەوە. لەم دیمەنە دووبارە بێزار دەبم، دێمە ژوورەوە و پشوو دەدەم. بە دیوارەکەوە وێنەیەکى منداڵیم هەڵواسراوە، بەوەى هیی چەندین ساڵ پێش ئێستایە تۆزێک شوختى بەر کەوتووە، وێنەکە ڕەشوسپیى لێڵە و دەستێک لە پشتەوە گرتوومى، بەبێ بیرکردنەوە دەڵێم دەستى دایکمە.
    جارێکى تر لەو دەستانە ورد دەبیتەوە.
    بەڵێ، دەستى دایکمە.

ڕۆژێکی چوارشەممەیە و خۆر بەرەو ئاوابوون دەچێت، دایکى ئۆسکار لەناو حەوشەکەدا ئاوى گوڵەکان دەدات. سکى بەو کچە پێنجمانگییەوە هەیە، کە دواتر باوکى ناوى دەنێت لەیدى. لە مۆبیلەکەیەوە زەنگ لێ دەدرێت. هەڵیدەگرێت، ئۆسکارى حەوتساڵانە و «دایکە، خاڵە عەلی مرد.» مۆبیلەکە لە دەستى دەکەوێتە خوارەوە، یەک وشە نایەتە سەر زمانى و خێرا دەبوورێتەوە. چەند مانگێگ دواى ئەو ڕووداوە و بە دیاریکراوى یەک مانگ پێش هاتنەدونیاى لەیدى، لە شەوێکى سەرەتاکانى هاویندا، تۆ و ئەو لەناو چیمەنى حەوشەکە لە سەرپشت پاڵ دەکەون، لەو بەشەى هیى دایکى ئۆسکارە. تۆ بە دەستەکانت وێنەیەک دەکێشیت؛ دڵ، چەندین ئەستێرە دەکەونە ناو دڵەکەوە. ئەو پێدەکەنێت. ئەو گوێ دەگرێت و تۆ ئەم شیعرەى ‹خانی›ـی بۆ دەڵێیت:
مـــەم گوتی: بـۆت گەلێ بــەتاســەم گیان بێنەوە بەر بـای ھەناسـەم
بۆی ژیاوە مەمۆ بــــە گفتی زینـــێ بووژایەوە بەشـــــــــبڕاو لە ژیـنـێ
دەتەوێت بوەستیت و ئەو بە ئاماژە پێت دەڵێت بەردەوام ببە:
ھەر چاوی کەوت بە مەستی چاوی تین ھاتەوە بەر دڵ و ھــــــەناوی
لەگەڵ پێکەنینێکى هێمندا، ئاهێکى ساردیش هەڵدەکێشێت، وەکوو ئەوەى بیەوێ بڵێت «زۆر جوانە و سەرسامت کردم.» بەڵام نایڵێت، دروستتر ناتوانێت بیڵێت. بۆ ڕۆژى دواتر، کاتێک لە خەو هەڵدەستیت، ئەو قاپ دەشوات، لە قاپشتندا بڕواى دەستکێش نییە «بە دەستکێشەوە ناتوانم قاپ بشۆم.» جارێکیان وا دەڵێت و داوات لێ دەکات بە شیعر ئەمەى بۆ دابڕێژیتەوە «چێژى قاپشتن لەوەدایە لەمسیان بکەیت. دەستکێش ئەم چێژە دەکوژێت.» ئەو پێدەکەنێت، چاوێکت لێ دادەگرێت و بە دەستى لایکت بۆ دەکات. وا خەریکە لە حەوشەکەوە ماچێکى بۆ هەڵدەدەیت، لەناکاو دەنگى زڕەى پیاڵە و شڵپەى پوولى دۆمینۆکان بەئاگات دەهێننەوە. چایخانەکە پڕە لە دووکەڵ؛ ئێرە بە گشتى پیاوانى بەتەمەن ڕووى لێ دەکەن. پیاوێک، بە سیمایدا وا دەردەکەوێت پەنجاى تێپەڕاندبێت، بە چاکێت و پانتەڵۆنێکى ڕەساسیى خەتخەتەوە خۆى بە ژووردا دەکات و تۆ پێت وایە لەسەر کورسییەکى نزیکى تۆ دادەنیشێت. لەسەر کورسییەکى نزیکى تۆ دادەنیشێت. تۆ دەڵێى ئێستا داواى ماست و چا و نانى گەرمیش دەکات. داواى ماست و چا و نانى گەرمیش دەکات. بیر دەکەیتەوە ئێستا ڕۆژنامە لوولکراوەکەى گیرفانى چاکێتەکەى دەردەهێنێت و دەیخوێنێتەوە. ڕۆژنامە لوولکراوەکەى گیرفانى چاکێتەکەى دەردەهێنێت و دەیخوێنێتەوە.
تا لەبەر ئەو بارانە منداڵە کلێنکسفرۆشەکە دەخەیتە ناو ئەو تاکسییەى کەمێک پێش ئێستا دوو کچ چوونە ناویەوە، ترافیکەکە چەندین جار سوور و چەندین جاریش سەوز دەبێت. دواتر بۆت ڕوون دەبێتەوە ئەوانە کچ و دایکن. هەرچۆنێک بێت دەیگەیەنیتە نەخۆشخانە، هەندێ لە ژنەکان جلەکانیان تەڕە و منداڵەکانیان لە باوەش کردوون. چاوت دەچێتە سەر منداڵێک، جووڵەى نییە، پێت وایە مردووە. نەمردووە. منداڵە کلێنکسفرۆشەکەت لە باوەشدایە، ڕێک دەڵێى ئەو ساتەیە لەیدى لەدایک دەبێت و دایکى بەسەریەوە دەمرێت.

كاروان محەمەد فەتاح




ئازادی ژیان لەگرەوی ژیانی ئازاددایە!… حەمید تەقوایی

دەربارەی کۆماری ئیسلامی و هەوڵی تیرۆرکردنی سەلمان ڕوشدی
وەرگێڕانی بۆکوردی:کاوە عومەر

خۆشبەختانە سەلمان ڕوشدی لە هەوڵی تیرۆر رزگاری بوو، بەڵام ئەمە لە دڕندەیی و قێزەونی ئەم تاوانە کەم ناکاتەوە. هێرشێک بە مەبەستی کوشتنی نووسەرێک بە “تاوان”ی نووسینی ڕۆمانێک، لەلایەن هەر بزووتنەوەیەکەوە بێت، هێرشێکی ڕوونە بۆ سەر ئازادی و بیرکردنەوەی ئازاد و مرۆڤایەتی، کە پێویستە هەموو حکومەت و دامەزراوە و کەسێک کە ئیدیعای بەرگری لە ئازادی ڕادەربيین و مافە مەدەنیەکان دەکات بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە و بێچەندوچون ئیدانە بکرێت. تا ئێستا ژماره‌یه‌ك له‌ حكوومه‌ت و كه‌سایه‌تییه‌ ئه‌ده‌بییه‌كانی رۆژئاوا ئه‌م تاوانه‌یان ئیدانه‌ كردووه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك به‌س نییه‌. لە ڕاستیدا پێویستە لە دژی ئەم تاوانە و ئەنجامدەران و فەرمانەکەی بوەستین. بکوژەکە کۆماری ئیسلامییە.
بە گوێرەی ئاژانسەکان، هێرشبەرەکە ئیسلامییەکی لوبنانییە و بە ڕەچەڵەک ئەمریکییە بە ناوی هادی مەتار و لایەنگری حزبوڵا و سوپای پاسدارانە و لەگەڵ سوپای قودس لە پەیوەندیدا بووە. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش نه‌بوایه‌ ئەوە لە به‌رپرسیارێتی ڕاسته‌وخۆی کۆماری ئیسلامی له‌ هێرش بۆسەر سه‌لمان ڕوشدی که‌م نه‌ده‌بووه‌وه‌. هەوڵی تیرۆرکردنی سەلمان ڕوشدی تاوانێکی دەوڵەتیە نەک کردەوەیەکی تاکەکەسی. ئەندازیار و هاندەر و لایەنگری ئەم تاوانە کۆماری ئیسلامییە، واتە حکوومەتێک کە هێشتا لە دەسەڵاتدایە. وە ئەمەش وەک تەقەکردنەکەی ئەم حکومەتە لە فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگر، لە مێژووی جیهانی مۆدێرندا بێ وێنەیە.
خومەینی سی و چوار ساڵ لەمەوبەر فەتوای کوشتنی سەلمان ڕوشدی دەرکرد و هەژدە ساڵ لەمەوبەریش خامنەیی ئەم بڕیارەی بە نەگۆڕ ناوبرد. لەم ماوەیەدا دامودەزگا پێوەندیدارەکانی حکوومەت، وەک دەزگای 15 خورداد، ئاژانسی هەواڵی فارس، و “دیجیتاڵ میدیای شۆڕشی ئیسلامی”، جگە لە ورووژاندنی ئاشکرا و هاندانی “موسڵمانانی جیهان” بۆ ئەنجامدانی ئەم تاوانە، پاداشتێکی نزیکەی ٤ ملیۆن دۆلاریان بۆ بکوژی سەلمان ڕوشدی داناوە.وە میدیاکانی حکومەت و ئیمام جومعەکان و “سەرکردە حکومیەکان”ی دیکە چەندین جار باسیان لە پێویستی کوشتنی “سەلمان ڕوشدی” لادەر کردووە. ئەم پشتگیرییە ئاشکرایە تەنانەت لە دوای هێرشی سەر سەلمان ڕوشدیش بەردەوامە. کۆماری ئیسلامی تا ئێستا بە فەرمی هەڵوێستی نەبووە، بەڵام میدیاکانی حکوومەت، ڕۆژنامەکانی وەک ئێران، جام جەم، جەوان، کەیهان، پێشوازییان لەم تاوانە کردووە. ڕۆژنامەی کەیهان کە لە ڕاستیدا تریبۆنی خامنەییە، بە ڕوونی نووسیویەتی کە دەبێ دەستی هێرشبەرەکەی سەلمان ڕوشدی “کە بە چەقۆ قوڕگی دوژمنی خودای دڕاند” ماچ بکرێت. ئەم جۆرە لێدوانانە لە ڕاستیدا گوزارشت لە هەڵوێستی کۆماری ئیسلامی دەکەن. تەنانەت کەسێکی وەک عەتاوڵڵا موحەجەرانی، یەکێک لە کەسایەتییەکانی “دو خوردادی” و وەزیری پێشووی فەرهەنگ و ئیرشادی کۆماری ئیسلامی کە لە لەندەن دەژی، کتێبێکی نووسیوە بۆ بەرگریکردن و ڕوونکردنەوەی فەتوای خومەینی، کە چەندین جار لە ساڵی ٢٠١٩دا بڵاوکراوەتەوەلە ئێران.

هه‌روه‌ها به‌شێك له‌ به‌رپرسانی پێشووی كۆماری ئیسلامی كه‌ له‌ وڵاتانی رۆژئاوا وانه‌ ده‌ڵێنه‌وه‌ و له‌ میدیاكاندا وه‌ك ئه‌كادیمیك ده‌رده‌كه‌ون، به‌رده‌وام به‌رگرییان له‌ فه‌توای خومه‌ینی كردووه‌. محەممەد جەعفەر مەحەلاتی، مامۆستای کۆلێژی ئۆبەرلین لە ولایەتی ئۆهایۆی ئەمریکا یەکێکە لەو جۆرە ئەکادیمییانەیە. ئەم ڕاستیانە بەو مانایەیە کە، بە پێچەوانەی کردەوە تیرۆریستییەکانی داعش و قاعیدە و گرووپە ئیسلامییە هاوشێوەکانیەوە، لێرە بە فەرمی و بە ئاشکرا دەوڵەتێک و حکومەتێک کە هێشتا لە دەسەڵاتدایە، نەخشەداڕێژەرو زەمینەخۆشکەر و پشتیوان و هاندەری کوشتنی نووسەرێکە.
کۆماری ئیسلامی لە ماوەی حوکمڕانی دۆزەخی خۆیدا تاوانی کەمی نەکردوە. لە لە سێدارەدانی بە کۆمەڵ، تا تەقەکردن لە خەڵکی ناڕازی، تا بە زنجیر کوشتن، تا تەقەکردن لە فڕۆکەیەکی نەفەر هەڵگر، تا تیرۆرکردنی نەیاران لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات، تا قامچی لێدان و بەردبارانکردن و بڕینی ئەندامەکانی جەستە. ئەمانە بەشێکن لە کەیسی ئەستوور و تاریکی فەرمانڕەوا. بەڵام پشتیوانی و هاندانی فەرمی و جەماوەری بۆ کوشتنی نووسەرێک لەسەر “تاوان”ی نووسینی ڕۆمان، ئاستێکی نوێی تاوانی دەوڵەتە. ئەمە تاوانێکە لەسەر ئاستی تەقەکردن لە فڕۆکە لەڕووی قێزەونی و بێڕێزییەوە. وە پێویستە بە ناڕەزایەتی دەنگدانەوەی جیهان وەڵام بدرێتەوە، لە نووسەران و کەسایەتییە ئەدەبی و هونەرییەکانەوە تا ناڕەزایی لایەنە سیاسییەکان و حکومەتەکان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان.
لە کاردانەوە بە تیرۆری سەلمان رۆرشیدی، دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەوڵی ئەوەدان کە بەرپرسیارێتی خۆیان لە ئەستۆ بگرن و بە جۆرێک هۆکاری ئەوە دەگەڕێننەوە بۆ پیلانگێڕی هێزەکانی دژبەری دانوستان و ڕێککەوتنی نەخشە ڕێگای کاری هاوبەشی هەمەلایەنە(برجام). بەڵام ئەمە جگە لە بەرگێکی دیپلۆماسی و هەڵوێستێکی بەتاڵ هیچی تر نییە. تەنانەت ئەگەر فەتوا و خەڵاتەکان و هتد لەبەرچاو نەگرین، پشتگیری و دەربڕینی خۆشبەختی حکومەت و میدیای نیمچەحکومی بۆ تاوانێکی لەو شێوەیە لە وڵاتێکدا بەسە بۆ ئیدانەکردنی حکومەتی هەریەکەیان. بۆ ساتێک بیهێنە بەرچاوت ئەگەر بۆ نموونە ڕۆژنامەی گاردیان، لۆمۆند یان واشنتۆن پۆست هەڵوێستێکی هاوشێوەی ڕۆژنامەی کیهان بگرنەبەر، ڕووبەڕووی چ جۆرە کاردانەوەیەک دەبنەوە لەلایەن حکومەت و خەڵکی ئەو وڵاتانەوە. “میانڕەوی” دیپلۆماسی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەدژی تیرۆری سەلمان ڕوشدی دۆسیەی تاوانەکانی حکوومەت قورستر دەکات نەک سووککردنی.
ئێستا کە هەوڵی تیرۆرکردنی سەلمان ڕوشدی سەرنجی جیهانی ڕاکێشاوە، پێویستە جارێکی دیکە دۆسیەی تاوانەکانی ئەم حکومەتە لەبەردەم جیهاندا بکرێتەوە، جۆلان ڕێگە بەو کەسانە دەدات کە نەک تەنها بەشدارییان لە تاوانەکانی حکومەتدا کردووە لە ماوەی “قۆناغی زێڕینی”دا خومەینی” و حکومەتەکانی دوای ئەو، بەڵام هەروەها تا ئەمڕۆش بەرگری لە تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی دەکەن، بۆ ئەوەی دادگایی بکرێن. حكومەتە نەخشەداڕێژەرەکەی هەوڵی تیرۆركردنی سەلمان ڕوشدی پێویستە لە جیهاندا بایكۆت بكرێت و رەتبكرێتەوە و گۆشەگیر بكرێت و بەرپرسەكانیشی بە تاوانی تاوان دژ بە مرۆڤایەتی تۆمەتبار بكرێن، تاوانی بە ئەنقەست كوشتنی سەرنشینانی فڕۆكە، تاوانەكە لە کوشتنی خۆپیشاندەران لە شەقامەکانی ئێران، و تاوانی کوشتنی زنجیرەی نووسەران و هونەرمەندان.لە ئێران و بۆ تاوانی تیرۆرکردنی نەیاران لە ئێران و جیهان و دواجاریش بۆ تاوانی نەخشەداڕێژان و هەوڵدان بۆ کوشتنی نووسەرێک. تیرۆرکردنی سەلمان ڕوشدی تیرۆرکردنی ئازادی قسەکردن و قەڵەمە. پزیشکان ژیانی سەلمان ڕوشدییان رزگار کرد و ئێستا نۆرەی مرۆڤایەتی شارستانییە کە بۆ بەرگریکردن لە ژیانی ئازادی بوەستنەوە. ئازادی ژیان لە گرەوی ژیانی ئازاددایە.

٢٤ی مردادی ١٤٠١، ١٥ی ئابی ٢٠٢٢




نەوەیەكی وێڵ… ئومێد شێخ كریم

ئێمەنەوەی سەردەمی

جەنگە یەك لەدوای یەكەكانبوین

سەردەمی شۆڕشوخەباتو

نیشتمان پەروەریو

جاشەیەتی زۆرداران بوین

ئیمەنەوەی

شۆرش ونسكۆو هەڵسانەوەو

ئاش بەتاڵبوین

نەوەی شەڕی دەستەویەخەی

خوێن ڕشتنی براكان بوین

ئەوەی فێربوین

ئەبو ئەڵقەودەمانچەو كڵاشینكۆفبو

پۆستەرونوسینی سەردیوارو

شیعری پڕحەماس بو

نیشتیمان دایكمان بو

نیشتیمان باوكمان بو

دینمانبو ئاینمان بو

هەموشتێئك لەپێناوی نیشتیمانبو

حزب ڕابەرو ڕێ نیشان دەرمانبو

زیندانیو شەهیدبون

مایەی فەخروشانازیبون

ئەونەوەیەین

لەڕوناكی خۆمان ئەشاردەوە

لەتاریكی دەرئەكەوتین

فێری خۆشاردنەوەو هەڵاتن بوین

فێری ڕقو تۆڵە لەیەكتربوین

فێریان كردین

ڕقمان لەدەوڵەمەندو سەرمایەدار

ببێتەوە

خۆمان بەدڵسۆی هەژاران بزانین

فێربوین

ئەوەی لەگەڵ ئێمە نەبو

هەرچ بەرگێ بو

هەرچ دەنگێ بو

لەبەرەی دژی گەلابو

ئەوەی دڵخۆشی ئەكردین

تەنیا سوكایەتیو

ئەتكردنی یەكتری بو

فێریان كردین

ئەوەی بەرگی وەك من نەبو

كاسكێتو جامەنەكەی

وەك من نەبو

زمانی ئاخاوتنی وەك من نەبو

تەنانەت گوڵنكەی تەسبیحەكەشی

وەك من نەبو

وەكونەیار تەماشای كەین

فێریان كردین

بەوڕێگایەی ئەواندا قەد نەڕۆینەوە

لەوكانیەی ئەوان ئاویان لێخواردەوە

گەرلەتینواندا بخنكێین

قومێكی لێ نەخۆینەوە

ئەبێ ئەم هەموچاڵی پڕلەڕقوكینەیە

تازە بەچی پڕكەینەوە

……….ئومێد شێخ كریم….




(ناگەیت بەو جوتە نەعالەی کە دکتۆر عەبدولواحید پێی دەڕواتە( WC) سەرئاو)..! شەماڵ بارەوانی

هاونیشتمانی ئازیز و هاوڵاتی بەڕیز، هاوفەیسبووکی خۆشەویست و قەدرگران،
ئاگاداربە داعش لەبەردەم ماڵەکەتە.
ڕەنگ بێت یەکێک لە هەرە جیاوازیە زەقەکانی نێوان داعش گروپە تیرۆرستەکانی تر، بە تایبەتی قاعیدەی تیرۆرست ئەوەبێت، قاعیدە و ئەوانیتر سیما و شێوەیان یەک تۆپەلە ڕیش و شت بوو، وەلێ داعش ڕیشی دەتاشێت و خەنافس بەردەدات و مۆدێلش بەکاردێنێت و سیما گرنگ نییە زۆر لای ئەو گرووپە ڕادیکاڵ و تیرۆرستە لە شوێنێک کە دەسەڵات و هێزی نەبێت، گرنگ هزرە تۆندڕیەکە و بیرە داعشیەکەیه.

لە وتاریتریش گووتومەو لێرەش دەیڵێمەوە:
داعش هەموو ئەوانەن دڵ و دەروونیان پڕە لە ڕقی ئایدۆلۆژی و ڕەگەزپەرستی و دەمارگیری ئایینی و هێڵنجی مەزهەبی و لەسەر جیاوازیەکان ڕقیان لە مرۆڤ دەبێتەوە. داعش ئەوانەن ئەویتر قبوڵ ناکەن، نەخۆشی ڕاسیزم بوون کوێری کردوون و رێز لە مرۆڤ بوونی مرۆڤ ناگرن و لە پێش ئایین و ئایدۆلۆجیاكەی، لە پێش نەتەوەو ڕەنگ و ڕەگەزەکەی مرۆڤ بوونی بەرامبەر نابینن، داعشەکان ئەمانەن بەشداری تاڵی و سوێری، خۆشی و ناخۆشی مرۆڤەكان ناکەن و تراژیدیاو ئازارەكانی ئەوانیتر نایانگریێنێت.
داعشەکان باوەڕیان بە فرەیی و پێکەوەژیان و جیاوازی و یەکترقبوڵکردن و زمانی دیالۆگ و ڕەخنە نییە.
داعشەکان ئەوانەن پیرۆزبایی كردنی جەژنی ئایینەکانی تر بە کفرو تابوو دادەنێن و بەبینینی شوێنکەوتەی ئایینەکانی تر دەماری ڕەگەزپەرستیان دەگيرێت و گیڤ و قەڵسدەبن. داعش ئەوانەن لەبەر جیاوازی ئایینی، خواردن و خواردنەوەی ئەوانیتر ناخۆن و پسووڵەی نەفرەتی خوداوەندو چونە دۆزەخیان بۆ دەبڕنەوە. داعش ئەوانەن تەنها خۆیان بەڕاست و پاک و فریشتە دەزانن و هەموو حەقیقەتەکان مۆنۆپۆڵ و تاپۆی خۆیان دەکەن و هەموو دیدەنیگاو ئاڕاستەو خەڵکی جیهان بەگشتی و لەنێو حەفتاو سێ گروپی خۆشیاندا بە تایبەتی هەموان بە دۆزەخی دەژمێرێن، تەنها گروپەکەی خۆیان نەبێت. داعشەکان ئەوانەن کە دەڵێن کچ و کوڕ لەناوەندەکانی خوێندن لێکتری جیابکەنەوە، داعشەکان ئەوانەن ژەنین و گوێگرتنی مۆسیقا حەرام و خوێن ڕشتنی مرۆڤ حەڵاڵ دەکەن.
داعشەکان ئەوان بێ ڕێزی بە سروودی ئەی ڕەقیب و جەژنی نەتەوەی و نەوزۆرمان دەکەن.

داعشەکان جۆریان زۆرە، مەرج نییە بابای داعش، داعشێکی تەمام عەیاربێت و جڵێکی رەشی پۆشیبێت و پەنجەی هەڕەشەو شمشێری سەربڕین بەرزبکاتەوەو فیزیکییەن سەری خەڵک ببڕێت.
داعش فیکرە، بەرلەوەی مومارەسەبێت، داعش قسەیە. داعشبوون دیدەنیگاو تێڕوانینە. داعشبوون کومێنتی نزم و جنێو و سوکایەتیە. داعشبوون دڵ ڕەقی و دڕندەیی و بێ ویژدانیە. ڕەنگە من و تۆو ئەوەیتریش بەشێک لە داعشبوونمان تێدا بێت و هەستی پێنەکەین!

قسەیەک لەناو کورد هەیە دەڵێت: حەفتاو سێ جۆر شێت هەیە. هەڵبەت دەتوانین بڵێین هەفتاوسێ جۆر داعشیش هەن!
بۆیە ئەزیزم، ڕەنگ بێت داعشی نووستوو لە ماڵەکەت بێت و پێت نەزانی بێت. ڕەنگ بێت ئێستا
داعش مامۆستا، یان قوتابیت بێت. یان لەگەڵت یاری فتبۆڵێن بکات و نوکتەت بۆ بڵێت و پێبکەنێت، یان لە کافتریا لەگەڵت دانیشتبێت و خەریکی نێرگەلە کێشان بێت، یان قات و ڕیباتی لەبەربێت و لە ڕوو ئەفەندیانە و مۆدێرنانە دەربکەوێت، وەلێ بە مێشک و لەناخەوە داعشبیر و توندۆڕ.

ئینجا بابێینەوە سەر ئامانجی نووسینەکەم، بێگوومان بەهۆی ڕەخنەکانم و دژە باویم و بەوەی من بۆ عەقڵ و میزاجی حەشامات نانووسم، بڕواناکەم کەس هێندەی من لە سۆشیال میدیا جوێنی بۆ هاتبێت و سوکایەتی و بێ ڕێزی پێکرابێت لە لایان دەمشڕەکانی سۆشیال میدیاوە، هەڵبەت من نە بەجوێن و سوکایەتی و بێ ڕێزیەکانیان قەڵس دەبم و نەیش گوێی پێ دەدەم. بەڵکو مەبەستی من لێره مەترسی ئەو ئەقڵیەتەی پشت جوێنەکەیه.

ئەو کۆمێنتەی لەو نووسینە دەبینن، لە لایان هاوشاریەکی خۆمەوە لە دژم کراوە، دەمتوانی لە ڕێگای دادگا و یاساوە ئەو جوێن و سوکایەتیەی لەگەڵ یەکڵایی بکەمەوە، وەلێ گووتم:نا، با بیدەمە دەست ویژانی خۆی و لاپەڕەی ماڵپەڕ و ڕۆژنامەکان و با هەموان بیبینن. ئینجا بۆ لە نێو ئەو هەزاران جوێن و سوکایەتی و بێ ڕێزیەی تا ئێستا بەهۆی وتار ونووسینەکانمەوە پێم کراوە، بۆچی هاتووم و تەنها کۆمێنتی ئەو مامۆستا بەڕێزەم سکرین کردووەو لە ڕۆژنامە و ماڵپەڕەکان وتارم لە دژ نووسیوە؟!
وڵامەکەی ئاسانە، هەڵبەت بۆیە، چونکوو ئەو یەکەم:بەڕێوەبەری قوتابخانەیەکی دیاری ناو شارۆچکەی بەردەڕەش(ئامادەیی بەردەڕەشی کچان)ـە، کە تازە کردوویانە بە بەڕێوەبەر لەو قوتابخانە،.

دوو: ئەو لەگەڵ من لە کۆمەڵەی خوێنەرانی کتێب ئەندام بوو.
ئینجا کارەسات ئەوەیه، بەڕێوەبەربیت و خوێنەربیت و بێیت و بەرگری لە داعشبیرێک بکەیت و لەسەر جیاوازی بۆچوون و ڕەخنەگرتن و بەرگری کردن لە کوردستان و مرۆڤ بوون و ویژان و ئازادی، جوێن بە نووسەرێک بدەیت و بێ ڕێزی پێ و سوکایەتی بکەیت و پێی بڵێیت:ناگەیت بە نەعلەکانی عەبدولواحید، ئەو نەعالەی کە پێی دەڕواتە سەرئاو(WC).

ئەرێ ئەوە کەسێکی وا بەتەمەن و مامۆستا و بەڕێوەبەرەی قوتابخانەیەکی مەزن و لەناو سەنتەری شار و قەزایەکی گەورە هێندە جوێندەربێت و بە ڕەخنە قەڵس بێت و هەڵبچێت و جوێن بدات، ئەی دەبێت حاڵی گەنجێگی هەرزەکار و بێ ئەزموون و بێ پاکگراوەند و نەخوێنەوار چۆن بێت؟!

یان دەبێت چی جۆرە قوتابیەک لەژێر دەستی ئەو جۆرە مامۆستایه پەروەردەبێت و ئەو مامۆستایە چۆن لە ڕووی دێت لەناو قوتابیەکانی و لە پۆل باسی زمان پاکی و پەروەردەو ئەخلاق و هێمنی بکات ؟!
ئەرێ کاتێک قوتابیەکانی ئەو جوێنەی مامۆستا و بەڕێوەرەکەیان ببینن لە پەیجەکان و لە سۆشیاڵ میدیا، دەبێت ئەوان چی بکەن و چاوەڕێی زۆر خراپتر و کارەساتتر و چیتریان لێبکرێت؟!

ئەمڕۆ مامۆستا و بەڕێوەرێک لەبەرامبەر نووسەرێک و ڕخنەگرێک کە ڕەنگبێت تەنها تاوانی ئەوە بێت، ڕەخنەی لە ئیسلامی سیاسی و داعشبیرێک گرتبێت و بەرگری لە خاک و نەتەوە و وڵاتەکەی خۆی کردبێت، هێندە هەڵبچێت و بەو شێوەیە سوکایەتی بکات و جوێن بدات. بۆ ئاسایی نەبێت و نابێت، بەیانی قوتابیەکانی لە ژێر کاریگەری کۆمێنتەکەی ئەو، بێن و سەری هەمان نووسەر ببڕن؟!

ماوەتە بڵێم:هیوادارم ئیتر فلتەرێک و سنوورێک بۆ جوێندەرەکانی سۆشیال میدیا دابندرێت. هەرچەندە دەڵێن(پڕۆژە یاسایەك لە لیژنەی ڕۆشنبیری پەرلەمانە، بۆ ڕێكخستنی بواری سۆسیال میدیا). تۆش هاووڵاتی ئازیز، هەرکەسێک جوێنی پێدایت و بێ ڕێزی و سوکایەتی پێکردیت، گەر کەسەکە لە دەڤەر شار و شوێنەکەی خۆت بوو، دەتوانی بێ بڕینی ڕێگایەکی زۆر و ماندووبوون بگەیت بەدادگا، ئەوە یەکسەر ڕێگای یاسایی لە دژ بگره بەر و لە دادگا سکاڵای لەسەر تۆمار بکە و داوای مافی خۆتی لێ بکە، بۆ ئەوەی چیتر کەس نەتوانێت وا بە ئاسانی بێ ڕێزی و سوکایەتی بەبەرامبەر بکات و ببێت بە پەندیش بۆ هەموان. دەی با لێرەوە دەست پێ بکەین.




یەکڕیزی دژی سەرکوتکردن… وەرگێڕانی بۆ کوردی: کاوە عومەر

دیمانەی شەهلا دانیشفەر لەگەڵ حەمید تەقوایی

لەسەر بنەمای چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کەناڵی جەدید ئامادەکراوە

شەهلا دانشفەر: کاتێک سەیری دۆخی کۆمەڵگا دەکەیت، لە لایەکەوە دەبینیت بارودۆخی زۆر گڕکانیە، ڕێکخراوتر، شەڕانگێزتر و توندڕەوتر بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان ڕۆژانە بەهێزتر سەرهەڵدەدەن، و ئەوان لەسەر شەقامن، بە ئاشکرا داوای شەڕ لە هەموو حکومەت دەکات. لە لایەکی ترەوە ئەو حکومەتە دەبینیت کە بە شێوەیەکی دڕندانە جێبەجێکردنی سزا ئیسلامییەکانی چڕ کردووەتەوە. لە سێدارەدانەکانی چڕتر کردووەتەوە و سەرکوتەکانی چڕتر کردووەتەوە. لەم دۆخەدا دەسەڵاتدارانی حکومەت ڕۆژانە یەکتر لە مەترسی شۆڕشی خەڵک ئاگادار دەکەنەوە. لە هەمان کاتدا هەموو خەڵک باسی لەناوچوونی ئەم حکومەتە دەکەن. ئەگەر بە ڕوونتر باسی بکەین، کۆمەڵگا بەرەو گۆڕانکارییەکی گەورە دەڕوات و لەم نێوەندەدا هەندێک کەس دەڵێن کۆماری ئیسلامی وەک ڕاپەڕینەکانی پێشوو لەڕێگەی سەرکوتەوە و پاشەکشە بەکۆمەڵگە دەکات. بەڵام هەندێکی دیکە پێیان وایە دوای ئەو ڕاپەڕینە جەماوەرییانەی کە کۆمەڵگا پێیدا تێپەڕیوە، گۆڕانکاری زۆر ڕوویانداوە. وە ئەوەی ئەمڕۆ لە کۆمەڵگادا ڕوودەدات درێژەی ڕاپەڕینی ئابانە لە ڕەهەندێکی قووڵتردا و ئێمە شاهیدی ناکۆکییەکی ڕۆژانەین لە نێوان خەڵک و تەواوی دەسەڵاتداین. حەمید تەقوایی ودید و ڕوونکردنەوەت چییە بۆ ئەم دۆخە؟ هەڵوێستی کۆماری ئیسلامی چییە؟

حەمید تەقوایی: سەبارەت بەم دوا پرسیارە دەبێ بڵێم کە کۆماری ئیسلامی لەم چوار دەیەیەدا لە لاوازترین پێگەی خۆیدایە. سەرکوتکردن شتێکی نوێ نییە. لە یەکەم ڕۆژەوە ئەم حکومەتە دەستگیری کردووە و دۆسیەی کردووە و لە سێدارەی داوە، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانە و سەرەڕای ئەم سەرکوتکردنانە، بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان، چ بزووتنەوەی کرێکاری بێت یان بزووتنەوە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگا، نەک هەر پاشەکشەیان نەکردووە، بەڵکو توندترو فراوانتر بوونەتە و ئەمڕۆ ئەمە بە ڕوونی دەبینین. من دەمەوێت بڵێم بەدەر لە هەر شیکردنەوە و تیۆرێک، ئەگەر ئەزمونی چوار دەیەی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی لەبەرچاو بگرن، دەبینن کە ناڕەزایەتییەکان بەردەوام ڕێکخراوتر و فراوانترن، لەگەڵ کەسایەتی دیارتر، لەگەڵ دامودەزگا و کۆمیتەکان کە پێکهاتوون، لەگەڵ ئەنجومەنەکان و شوراکان، بەرەوپێشچوە. بۆ نموونە خەباتی سەرتاسەری کرێکاران لە کەرتە جیاجیاکان، مانگرتن و خەباتی کرێکارانی نەوت، کە ماوەیەکی زۆر دەیانگوت پیشەسازی نەوت لەژێر کۆنترۆڵی توندی حکومەتدایە و هتد، لەسەر ئاستی سەرتاسەری پێک هات. لە لایەکی دیکەوە ڕاپەڕینەکانی ساڵانی ١٣٩٦ و ١٣٩٧ و ١٣٩٨ و چەندین جوڵانەوە لە شارەکانیش بناغەکانی حکومەتیان هەژاندووە. من دەمەوێت بڵێم بێ گوێدانە هەر شیکردنەوەیەک، ئەگەر ڕەچاوی پرۆسەی بابەتیی دۆخەکە و ئەم مێژووە بکەیت، دەبینیت سەرەڕای چڕبوونەوەی سەرکوتەکان، خەباتەکان تا دێت بەرفراوانتر و هێرشبەرانەتر بوون. دوایین نموونە ڕاپەڕینی ژنان بوو لە دژی حیجاب، کە حکوومەتی ناڕەحەت کرد و ناچاری کرد پاشەکشە بکات. بۆیە دەبێت بگوترێ ئامانجی حکومەت لەو سەرکوتانە بەدی نەهاتووە. حکومەت بەم سەرکوتکردنانە دەیەوێت کۆمەڵگا ئارام بکاتەوە، دەیەوێت گۆڕستانێک دروست بکات، دەیەوێت کپکردن زاڵ بکات، بەڵام لەم سیاسەتەدا بە تەواوی شکستی هێناوە. ئەمە هەڵسەنگاندنی منە بۆ دۆخەکە.

شەهلا دانشفەر: حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی “یەکڕیزی دژی سەرکوت” لە دژی ئەو سەرکوتانە ڕاگەیاندوە. پێگە و بایەخی ئەم هەڵمەتە چییە و چۆن دەکرێ بەشێوەیەکی بەهێز بەڕێوە بچێت؟
حەمید تەقوایی: زەروورەتی راستەقینەی ئەم هەڵمەتە وەڵامدانەوەی گرتن و دۆسیەی ئەمنی حكومەتە لە دژی خەڵكی ناڕازی و دژی چالاكوانی بزووتنەوە ناڕازیەكان. ئەمە کێشەیەکە کە هەموو خەڵک و هەموو بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان ڕووبەڕووی دەبنەوە. سەرکوتکردن، گرتن، زیندانیکردن، تۆمارکردن، دانپێدانانی زۆرەملێ و دادگاییکردنی زۆرەملێ تەنیا لە بزووتنەوەیەکی دیاریکراودا سنووردار نین. کرێکاران، مامۆستایان، خانەنشینان، ژنان، بزووتنەوەی دژی حیجاب، بزووتنەوەی داواکاری، بزووتنەوەی جووتیاران کە دەرئەنجامی جیاوازی هەبووە و هەموو کۆمەڵگاش هەمان کێشەیان هەیە. ئەگەر گرنگی بدەیت، یەکێک لە داواکارییەکانی هەموو ئەم جوڵانەوانە، بە هەر داواکارییەک دەستیان پێکرد بێت، ئازادکردنی دەستبەجێی دەستگیرکراوەکانە. ئەمە بە شێوەیەکی بابەتیانە و بەڕاستی داواکارییەکی گشتییە.
حکومەت شمشێری خۆی لە دژی هەموو بزووتنەوە و خەڵکی ناڕازی لە شەقام و خۆپیشاندان و گردبوونەوە و مانگرتن و هتد کێشاوە. کەسێکی وەک سپیدە ڕێشنۆ کە کچێکی ئازا و چالاکی سیاسی نییە، بەڵکو هاووڵاتییەکی ئاسایی کۆمەڵگایە کە ئازادی دەوێت، دەگیرێت و ئەشکەنجە دەدرێت و ناچاری دەکەن کە لەدژی خۆی دانپێدانان بکات. هەموو کۆمەڵگا بە ئەم سەرکوتکردنە دڕندانەیە داپۆشراوە. ڕوونە کە لەم دۆخەدا وەڵامەکە یەکڕیزییە لە دژی سەرکوتەکان: یەکڕیزی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان، یەکڕیزیی چالاکوانان لە هەر بوارێکدا بێت، یەکڕیزی کۆمیتە و دامودەزگاکانی بانگەشە لە بزووتنەوەی کرێکاری، لە بزووتنەوەی ژنان و لە بزووتنەوە جۆراوجۆرەکاندا، یەکێتی کەسایەتییە ناڕازییەکان و ئەو کەسانەی کە لێدوان دەدەن. یەک دەنگ بەیەکەوە لەدژی دڕندەیی ڕژیم بوەستێت. مادام سەرکوتکردن بابەتێکی هەمەلایەنەیە و دژی هەموو بزووتنەوەکانە، بە شێوەیەکی سروشتی وەڵامەکە یەکڕیزییەکی هەمەلایەنەیە دژی سەرکوتکردن لەلایەن هەموو بزووتنەوەکان و هەموو خۆپیشاندەرانەوە. سادەیی ولۆژیکی بانگەوازەکەمان ئەمەیە.
شەهلا دانشفەر: تا چەند زەمینەکانی ئەم هاوپەیمانێتییە لەدژی سەرکوتگەریەکانی دەسەڵات هاوپشتی خەباتکارانە لە نێوان خەڵکدا دەستەبەر دەکات و تا چەند کۆمەڵگا لەم بوارەدا پێشکەوتووە؟

حەمید تەقوایی: زەمینەکانی ئامادەیە، چونکە دەبینین لە کە بزوتنەوەکان بەو ئاراستەیە دەجووڵێن. هه‌موو لایه‌ك پشتیوانی له‌و چالاكوانانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ده‌ستگیركراون، به‌تایبه‌ت بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی چه‌وساندنه‌وه‌دا مێژووێكی درەوشاوەی هه‌یه‌. ئەم بزووتنەوەیە لە پێشەنگی بەرەنگاربوونەوەی ئەشکەنجەدان و بەرەنگاربوونەوەی دەستگیرکردن و بەرەنگاربوونەوەی لێپێچینەوەکاندایە. ئه‌مڕۆ هه‌موو کۆمه‌ڵگا ناڕه‌زایه‌تی له‌ دژی سه‌رکوتی حکومه‌ت ده‌رده‌بڕن، به‌ڵام ده‌بینین که‌ هه‌موو لایه‌ک بۆ پشتیوانی له‌ سپیده‌ رێشنۆ هاتوونه‌ته‌ مه‌یدان و هه‌موو لایه‌ک ناڕه‌زایه‌تی ده‌رئەبڕن. بەم مانایە دەمەوێت بڵێم زەمینەی بابەتیی هەیە بۆ فراوانکردن و بەرەوپێشبردنی هەڵمەتی یەکگرتووی دژی سەرکوت.
خواستێکی هاوبەشی هەموو بزووتنەوەکان تەنیا ئازادیی چالاکانی خۆیان نییە بەڵکو ئازادیی هەموو زیندانیانی سیاسییە. ئەمە داوای بزووتنەوەی دادخوازیە، داواکاری بزووتنەوەی کرێکارییە، داواکاری بزووتنەوەی مامۆستایانە، بەم مانایە زەمینە هەیە بۆ ئەم یەکێتیە. من پێم وانییە کەسێک هەبێت کە زەروورەتی ئەم هاوپەیمانییە بخاتە ژێر پرسیارەوە یان وابیر بکاتەوە کە ئێستا لە پێشینە نییە و هتد. لە هەموو بزووتنەوەکاندا ئەو هەنگاوەی کە پێویستە بنرێت ئەوەیە کە هەموو چالاکوانان کۆببنەوە و پێکەوە ناڕەزایەتی دەرببڕن، بانگەوازێک بدەن، بانگەوازێک بۆ گردبوونەوە، بانگەوازێک بۆ مانگرتن، بانگەوازێک بۆ خۆپیشاندان دژی دەستگیرکردنەکان. داواکاری ئازادکردنی گیراوان و سەرجەم زیندانیانی سیاسی لە ئێستادا سەرتاسەرییە، بەڵام پێویستە هەنگاوێک بەرەو پێشەوە بنرێت بە کۆکردنەوەی هەموو چالاکوانان و پێکهێنانی ئەم هاوپەیمانێتییە لە ئاستێکی باڵاتردا.

شەهلا دانشفەر: یەکێک لە جەختکردنەوەکان کە هەمانبوو، دیارە لە زۆرێک لە باسەکانتدا جەختت لەسەر کردۆتەوە، یەکخستنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بوو لە دەوری داخوازییە سەرتاسەریەکان. وە ئەم هاوپەیمانییە سەکۆیەکی ئامادەی هەیە. لە نێوان شتەکانی تردا کاتێک سەیری مامۆستایان، کرێکاران، خانەنشینان، پەرستاران، خوێندکاران، دایکانی دادخواز، بنەماڵەی دادخوازان دەکەین، هەموو ئەمانە لە ناڕەزایەتییەکانیاندا تەوەری هاوبەشیان هەیە. واتە خواستە هاوبەشەکانیان بەیەکەوەیان دەبەستێتەوە. وە خاڵی هاوبەشی هەموویان خواستی کۆتاییهێنان بەم هەموو سیستەمە دڕندەیی و کۆیلایەتییە. هەموو ئەمانە دژی هەژارین، دژی هەڵاواردن، دژی نایەکسانی، دژی گەندەڵی و دژی ستەمکارین. لەم چوارچێوەیەدا دەبینین تەنانەت دروشمی ناڕەزایەتیش چەند هێندە دەبن. وە زۆر جار ئەم بزووتنەوانە بەیەکەوە لەسەر شەقام دەبینین و وەک باست کرد بزووتنەوەی کرێکاری هاوشانی بزوتنەوەی ڕزگاری ژنان، خانەنشینان و چین و توێژەکانی تری کۆمەڵگا لەسەر پرسە کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکان لێدوانی هاوبەش دەدەن. وە ئێمە لە یەکی ئایاردا، لە هەشتی مارسدا، لە بۆنە جیاوازەکاندا و بە هاوسۆزی لەگەڵ یەکتردا شاهیدی ئەوە بووین. یەکڕیزی دژی زوڵم پرسێکی دیکەی خەباتە کە دەتوانێت کەرتە کۆمەڵایەتی و خەڵکە جیاوازەکان لە ئاستی کۆمەڵگادا کۆبکاتەوە بۆ ئەوەی بتوانن بە هێزێکی زیاترەوە دژی دەستدرێژییەکانی حکومەت بوەستنەوە و خەباتەکانیان بەرەو پێشەوە ببەن. ئەمەش واتە کاتێک حکومەت هێرش دەکاتە سەر مامۆستایان، بۆ نموونە، تەواوی کۆمەڵگای کردۆتە ئامانج و پێویستە هەموو خەڵک بە یەکگرتوویی دژی بوەستنەوە. کەرەستەی زوڵم و زوڵم لە حکومەت بە هاوپەیمانی خەبات وەربگیرێت. وەک باس کرا لە سێدارەدان زیادی کردووە. حکومەت هەوڵ دەدات سزا ئیسلامییەکان بە کارایی زیاتر جێبەجێ بکات. لە هەواڵەکاندا باس لە بڕینی دەست و دەرهێنانی چاوەکان دەکرێت. وە لەگەڵ هەواڵی هێرش بۆ سەر بەهاییەکان، دەبیستین کە حکومەت وەک ئاژەڵێکی بریندار وایە و بەربووەتە ژیانی کۆمەڵگاکە، ئێوە جەختان لەسەر “یەکڕیزی دژی زوڵم” کردەوە. باسی بوونی زەمینەی گونجاوت کرد بۆ دامەزراندنی ئەم هاوپەیمانێتییە. باست لەوە کرد کە هەنگاو بەم ئاراستەیە نراوە. بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەمانە، چۆن دەکرێت ئەم هاوپەیمانییە لەسەر ئاستی سەرتاسەریدا دابڕێژرێت و پێکبهێنرێت؟

حەمید تەقوایی: سەرەتا ئەمە دەستی چالاکوانان و ئەو کەسانە ماچ دەکات کە لە بزووتنەوەی جۆراوجۆردا بەشدارن. ئەم گردبوونەوانە کە دەیبینین، بۆ نموونە لە خەباتی مامۆستایان، خانەنشینان، کرێکارانی نەوت و بەشە جۆراوجۆرەکانی بزووتنەوەی کرێکاری، ئەمانە لەسەرخۆ و لە خوارەوە ناکوڵێن، کرێکارانی نەوت و ڕێکخراوەکانی دیکەش بەشدارن، و یەکێک لە هۆکارەکانی بۆچی ئێمە ڕووبەڕووی خەباتی سەرتاسەری دەبینەوە، چ بۆ خانەنشینان و چ بۆ مامۆستایان و کرێکارانی نەوت، لەبەر ئەوەیە کە ڕێکخراوە. بۆیە لە ئێستادا دامەزراوەکان و ڕابەرە عەمەلیەکانی بزووتنەوەکان ڕۆڵێکی چارەنووسسازیان هەیە. ئەوان ڕۆڵێکی بنەڕەتییان هەیە لە داڕشتنی بزووتنەوەی یەکڕیزی دژی زوڵم. بانگەوازی من ئەوەیە کە ئەم چالاکانە بە هەمان دروشمی هەمووان دژی سەرکوت پێکەوە بوەستن، بە هەمان دروشم کە پێویستە هەمووان ئازاد بکرێن و هتد. ئەوەی مەبەستمە لە پێکەوە وەستانەوە ئەوەیە کە ئەوان بانگەوازی هاوبەش دەکەن بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین، کۆبونەوە، خۆپیشاندان، مانگرتن لە هەر شوێنێک کە بتوانرێت بۆ ئازادکردنی هەموو زیندانیانی سیاسی. دەتوانن بە ڕوونی لیستی هاوبەشی ئەو کەسانە بدەن کە لە چەند مانگی ڕابردوودا دەستگیرکراون. پێویستە لیستێکی هاوبەشی دەستگیرکردنەکان لە بزووتنەوەی خانەنشینان، بزوتنەوەی مامۆستایان، بزووتنەوەی ئازادی ژنان، بزووتنەوەی دژ بە حیجاب، بزووتنەوەی دادگاییکردن و بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی دیکە بدەن و بە کۆی دەنگ داوای ئازادیی هەمووان بکەن. زۆر گرنگە بانگەوازێکی تایبەتمان هەبێت بە دەیان واژۆ نەک تەنها لە تاکەکان، بەڵکو لە دامەزراوە و لیژنە و ئەنجومەن و شورانی تێکۆشان کە چەندین جار بانگەوازیان کردووە. بە وتەی ئێوە لە ٨ی مارس و ١ی ئایاردا دەبینین کە زۆر بەیاننامەی هاوبەش لەلایەن ئەوانەوە دەدرێن. لەم حاڵەتە تایبەتەدا مەسەلەکە ئەوەیە کە پێویستە ئەو دامودەزگا و چالاکانە کۆببنەوە، بە یەک دەنگ و بەهاوبەشی بانگەواز و لێدوان بدەن و داوای ئازادیی هەمووان بکەن. دەکرێت داواکارییەک ئامادە بکرێت، دەکرێت دەست بە گوتارێک بکرێت لەسەر ئاستی سۆشیال میدیا و بە تەواوی فەزای سۆشیال میدیا داگیر بکرێت، دەکرێت گردبوونەوەیەک لەسەر ئاستی شەقام ئەنجام بدرێت، خۆپیشاندان ئەنجام بدرێت و هتد. من ناچمە ناو لایەنی تایبەت و پراکتیکییەوە، تەنیا دەمەوێت ئەوە بڵێم کە لەڕووی ئاراستەکردنی گشتییەوە، ئەو هەنگاوەی کە پێویستە بگیرێتەبەر، یەکگرتنی کردەیی هەموو دامەزراوە و کۆمیتە و چالاکانی بزووتنەوە جۆراوجۆرەکانی دژ بە سەرکوتکردنە. بەڕای من ئەمە یەکەم هەنگاوی گرنگە کە ئەم هەڵمەتە دەتوانێت بیگرێتەبەر.

شەهلا دانشفەر: وەک ئاماژەتان پێدا، تا ڕادەیەک کۆمەڵگا خۆی لەم یەکگرتنەوە لە دژی سەرکوتەکانی حکومەت مۆدێلی بەدەست هێناوە. بە تایبەتی مامۆستایان لە پێشەنگی هەڵمەتە بەهێزەکاندا بوون. دادگاکانیان کردە قۆناغی ناڕەزایەتیەکانیان. لەلایەکی دیکەوە دەستبەسەرکردنی هاوکات و بەکۆمەڵی مامۆستایان و کرێکاران و چالاکانی کۆمەڵایەتی و تۆمارکردنی دۆسیەی ئەمنی بۆیان بە کردەوە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان لە بەرەنگاربوونەوەی زیندان و سەرکوت نزیک دەکاتەوە. بۆ نموونە لە دۆسیەی دەستگیرکردنی دوو چالاکی کرێکاری فەرەنسی و دەستبەسەرکردنی ژمارەیەک چالاکی کرێکاری و مامۆستا و چالاکی کۆمەڵایەتی لە ژێر ناونیشانی “هاوکاری لەگەڵ پیلانی سیخوڕی”دا، حکومەت بە شێوەیەکی کردەیی بزووتنەوەی کرێکاری و مامۆستایان و… چالاکوانانی کۆمەڵایەتی لەلای پێکەوە. بنەماڵەکانیان پێکەوە بەیاننامەیەکی هاوبەشی ناڕەزایەتییان بڵاوکردەوە و لەم هەفتەیەدا زریانێکی تویتەر بۆ بەرگریکردن لە کرێکاران و مامۆستایانی زیندانیکراوەکان بەڕێ خست. واتە دۆخەکە بە جۆرێکە کە یەکڕیزیی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و هەموو خەڵکی دژی سەرکوت بۆتە بابەتێکی ژیانی. لە ئێستادا، لەم کەیس سازکردنەدا، ماوالە زەمانیدا دەبینین کاتێک مەترسی مردنی هەڕەشەی لێدەکات و کۆمەڵگا دەبێت کارێک بکات و لەم ڕووەوە کاردانەوەی هەبێت. یان هەر ئێستا چوار پێشمەرگەی حیزبی کۆمەلەێیان دەستگیر کردووە و تۆمەتباریان کردوون کە سەر بە موسادی ئیسرائیلن. وە بەم سیناریۆیە دەیانەوێت تەواوی کۆمەڵگا و کوردستان مسۆگەر بکەن. وە هەموو ئەم حاڵەتانە کە نموونەی زۆریان هەیە، پەیوەندییان بە هەموو کۆمەڵگاوە هەیە، بەو مانایەی کە حکومەت هێرشەکانی بۆ سەر هەموو بەشەکانی کۆمەڵگا چڕتر کردووەتەوە و ئەم هێرشانەش یەکگرتنی زیاتری لە نێوان خەڵکدا دروست کردووە. لێرەدا جەختی ئێمە ئەوەیە کە ئەم یەکڕیزییە لە خەبات دژی سەرکوتەکانی حکومەت دەبێ فۆرمێکی هۆشیارانەی بدرێتێ. پێویستە پێکهاتە و ڕەهەندی ڕێکخراوەیی پێ بدرێت. وە وەک ئاماژەتان پێدا ڕابەران و هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەکان لەم بوارەدا ڕۆڵی سەرەکییان هەیە. کەواتە لێرەدا پرسیارەکەم ئەوەیە چۆن ئەم ڕۆڵە سەرەکییە ببینین و بە تایبەتی پەیامتان چییە بۆ هەڵسوڕاوان و چالاکوانانی کۆمەڵایەتی و ئەوانەی سەیری بەرنامەکەمان دەکەن؟

حەمید تەقوایی: با سەرەتا ئەمە بڵێم. ئەم هاوپەیمانێتییە دژی سەرکوتە دەبێت یەکلایی بکرێتەوە، دەبێت دروشمێکی دیاریکراوی هەبێت، دەبێت ئیرادەیەکی هەبێت کە هەموو کۆمەڵگا پشتگیری بکات. با گریمانە بکەین کە هەمووان دژی سەرکوتکردنن. بە وتەی ئێوە مامۆستایان زۆر جار بانگەواز دەکەن و ناڕەزایی دەردەبڕن و داوای ئازادکردنی چالاکوانەکانیان و سەرجەم زیندانیانی سیاسی دەکەن. بەڵام ئەگەر دروشمی “هەموو دژی سەرکوت” یان “یەکڕیزی دژی سەرکوت” ڕابگەیەنن و هاوار بکەن، ئەوا بزووتنەوەی “هەموو دژی سەرکوت”یان پێکهێناوە. وەک بزووتنەوەی دادگاییکردن کە ناو و نەریتی هەیە، چالاکوانێکی هەیە، ناسراو و دیارە، واژۆی هەیە. یان بزووتنەوەی دژ بە حیجاب، یان هەڵمەتەکانی ئێستا، با بڵێین بۆ حەقدەستی زیادە، کە بزووتنەوەیەکی تایبەتە بە دروشمی تایبەت بە خۆی و داواکاری خۆی. بە هەمان شێوە دەتوانرێت بزووتنەوەی یەکڕیزی دژی سەرکوت پێناسە بکرێت و بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە. پێویستە “هەموو دژی سەرکوت” ببێتە گوتار و دروشمی “هەموو دژی سەرکوت” لە بانگەواز و ڕاگەیاندنەکاندا بۆ هەر بزووتنەوەیەکی ناڕەزایەتی بخرێتە ناو بانگەواز و ڕاگەیاندنەکانەوە. كۆماری ئیسلامی قامچی له‌ سه‌ر هه‌موو كۆمه‌ڵگا ده‌دات چونكه‌ هه‌موو كۆمه‌ڵگا، له‌ سه‌دا 90ی خه‌ڵك، ئێستا ناڕه‌زایه‌تی ده‌كه‌ن، توڕه‌ن، ڕقیان له‌ حكومه‌ت هه‌یه‌ و به‌شێكی چالاكی كۆمه‌ڵگا هاتووه‌ته‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان، كۆده‌بێته‌وه‌، ناڕه‌زایه‌تی ده‌رده‌بڕێت. تەنانەت ژنان بە تاک بە قارەمانانە دژیان دەوەستنەوە و لە شەقام و گەڕەکەکاندا سروود لە دژی دەڵێنەوە. لە سەردەمی ئاباداندا بینیمان ژنێکی ئازا لە بەرامبەر هێزە سەرکوتکەرەکاندا دروشمی دژ بە خامنەیی دەوتەوە و ناڕەزایی خۆی بەرز کردەوە.
ئێستا کۆمەڵگا لە زیندوویی ناڕەزایەتییەکی بێ وێنەدایە. هەر لەبەر ئەمەشە کە سەرکوتی کۆماری ئیسلامی هەمووان دەگرێتەوە. تەنانەت حكوومەتیش خەڵكی ئاسایی لە كۆڵاندا دەستگیر دەكات و مەلەفی ئەمنی و پەیوەندی لەگەڵ دوژمنانی بیانی و هتد بۆ ئامادە دەكات و دەیەوێت لە هەموو كۆمەڵگاكەدا لێبدات. هەر دژی ئەمەیە کە دەڵێین پێویستە بزووتنەوەیەکی دیاریکراو بە ناو و ستایلێکەوە، بە دروشمی هەمووان دژی زوڵم پێکبهێنرێت. هەڵسوڕاوانی ئەم بزووتنەوەیە هەڵسوڕاوانی هەموو بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانن و پێویستە هەموو لایەک ئازادی هەموو لایەک ڕابگەیەنێت لە هەمان کاتدا داوای ئازادکردنی دەستگیرکراوەکانی خۆی دەکات. لێرەدا وەک وتم لیستی هاوبەش گرنگە. لیستێکی هاوبەشی ئەو کەسانەی کە دەستبەسەر کراون، لەوانە ئەوانەی تازە باست کردوون: ڤالێ زەمانی و سپیدە رێشنو، و هەمان ئەو چوار پێشمەرگەیەی کە لەم دواییانەدا دەستبەسەر کراون. بەداخەوە لیستەکە وردەکارییەکانی تێدایە. ئەم لیستە ئامادە بکەن و بە هاوبەشی داوای ئازادکردنیان بکەن.
ئەوەندەی پەیوەندی بە هەڵسوڕاوانی حیزب و حیزبی ئێمەوە هەیە، بانگەوازەکەم ئەوەیە کە لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانماندا ئەم هەنگاوانە بنێین و ئەم ئاڵایە لە هەموو کەرت و بزووتنەوەیەکدا هەڵبکەین کە چالاکین و لە هەموو ئاستێکدا چالاکین و ئەوە تەواوە، با وەربگێڕین ئەو داواکاری و دروشمانەی کە باسم کرد بوونە پرسێکی گشتی فراوان.
ئەم هەڵمەتە تایبەت نییە بە حیزبی ئێمە، تەنانەت تایبەت نییە بە کۆمۆنیستەکانیش. هەرکەسێک تامەزرۆی ئازادییە و خوازیاری ڕووخانی کۆماری ئیسلامییە و دەیەوێ ئەم دۆزەخە کۆتایی پێ بێنێ، دەبێ خۆی بە ئەندامی ئەم بزووتنەوەی یەکڕیزی دژ بە سەرکوتە بزانێ.
پێویستە چالاکانی حیزب بە دیدێکی بەرفراوان و هەمەلایەنەوە ئەم ئاڵایە بەرز بکەنەوە و لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیان و لە پەیوەندیی هەڵمەتەکانیان و لەگەڵ هاوڕی کانیاندا ئەم بابەتە تاوتوێ بکەن، ڕێکخراوێک بدۆزنەوە و بە تایبەتیش سۆشیال میدیا کە ئامرازێکە بۆ شەقامی نیرۆ کەڵکی لێ وەربگیرێت .کۆکراوەتەوە بۆ بەکارهێنان. ئەمڕۆ سۆشیال میدیا ئامرازێکە بۆ کۆکردنەوەی هێز بۆ هەڵمەتی مەیدانی. لەم حاڵەتەدا چالاکوانان دەتوانن سۆشیال میدیا بە شێوەیەکی بەرفراوان وەربگرن و لە خزمەت پێکهێنانی بزووتنەوەیەکی بەهێز و سەرتاسەری دژی ستەمکاریدا بەکاری بهێنن.

شەهلا دانشفەر: خاڵێکی سەرنجڕاکێشت خستەڕوو، هەمووان دژی سەرکوتکردنن، یەکڕیزی دژی سەرکوتکردنن. ئەمانە دەتوانن هاشتاگی سۆشیال میدیا بن. جگە لەوەش کۆمەڵێک گوتار لە دەوری ئەم پرسە هەیە، وەک قەدەغەکردنی تۆمارکردنی دۆسیە، قەدەغەکردنی کەفالەت، قەدەغەکردنی قامچی لێدان، هەڵوەشاندنەوەی سزا ئیسلامییەکان. لە ئێستادا، دەبینن کە هاشتاگی هەمان گوتار هەیە، کە لە ڕاستیدا ڕوونکردنەوەیەک لە “یەکڕیزی دژی سەرکوت” و ناوەڕۆکی ئەم یەکێتییە دەدەن. بەو مانایەی کە جەختمان لەسەر ئازادکردنی زیندانیانی سیاسییە. وە ئەشکەنجەدان قەدەغە بکرێت، بێبەشکردنی زیندانییەک لە دەرمان و چارەسەر قەدەغە بکرێت و بە تاوان هەژمار بکرێت. لەم هەڵمەتەدا لیستی ئەولەویەتەکان هەبوو. لیستێک لەو کەسانەی کە ژیانیان لە مەترسیدایە. بۆ نموونە هەندێک جار ژیانی دەکەوێتە مەترسییەوە. ژیانی سپیدە ڕێشنۆ لە مەترسیدایە، یان ئەو چوار پێشمەرگەیەی باسمان کرد لە مەترسیدایە و بەداخەوە وەک وتت لیستەکە درێژە. وە ئەمەش لە ڕاستیدا ئاماژەیە بۆ گۆڕەپانە جیاوازەکانی شەڕ لە کۆمەڵگادا. واتە شەڕێکی بەرفراوان لەناو کۆمەڵگادا دژی حکومەت. یەکڕیزی دژی سەرکوت هەنگاوێکی گرنگە لە بەهێزکردنی خەباتی جەماوەری و بەیەکەوە بەستنەوەی خەباتی بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگا و پێشخستنی بزووتنەوەی ڕووخاندن. لە هەر حاڵەتێکدا وا دیارە کاتی بەرنامەکە کۆتایی هاتووە، ئەگەر شتێک مابێت پێم بڵێن.

حەمید تەقوایی: جارێکی تر جەخت لەسەر ئەم بانگەوازە دەکەمەوە. خاڵی باشت خستەڕوو. کاتێک دەمانەوێت وەک بزووتنەوەیەک دژی زوڵم بوەستین، ئەو کاتە دەتوانین داواکاری زۆر فراوانتر بکەین. داواکاری بەپەلە بۆ ئازادکردنی سەرجەم زیندانیانی سیاسی خاڵی یەکەمە، ناڕەزایی دژی تۆمارکردنی دۆسیەکان، دژی ئەشکەنجەدان لە زیندانەکان، دژی قەدەغەکردنی سەردان، دژی کەفالەتی ئازادی – ئازادی دەبێت بێ مەرج بێت-، داواکارییەکە بۆ… دابینکردنی دەرمان و چارەسەر بۆ زیندانیانی سیاسی و هاوشێوەکانی گوتاری ئەم بزووتنەوەیە دەبێتە… ئەم بزووتنەوەیە دەتوانێت لەم ڕووەوە داواکاری تایبەتتر ورووژێنێت. بەڕای من مەیدانێکی بەرفراوان هەیە بۆ کاری بزووتنەوەیەکی لەو جۆرە و هیچ گومانێکم نییە کە ئەم بزووتنەوەیە لەلایەن هەموو خەڵکی ناڕازییەوە پێشوازییەکی بەرفراوانی لێدەکرێت. چونکە تیغی کۆماری ئیسلامی گەیشتۆتە هەمووان. وەک وتم هەوڵی کۆماری ئیسلامی دژی کۆمەڵگایەکی ڕاپەڕیوە و دژی ئەو ناڕەزایەتیانەیە کە لە هەموو لایەکەوە حکوومەتی گەمارۆ داوە. هەر لەبەر ئەمەشە کە کۆماری ئیسلامی بەو شێوە بەرفراوانە کۆمەڵگە داگیر دەکات. ئەمە هێرشی لاوازی و بێدەسەڵاتە. ئەگەر ئێمە لە دژی ئەم هێرشە بە یەکگرتوویی بوەستین، دەتوانن دڵنیابن کە دەتوانین کۆماری ئیسلامی پاڵ بنێین بۆ دواوە، دەتوانین زیندانیانی سیاسی ئازاد بکەین، دەتوانین هەنگاوێکی گەورە بەرەو ڕووخانی حکوومەت بنێین.

١٠ی ئابی ٢٠٢٢
سوپاس بۆ ئەمیر تەوەکۆلی بۆ جێبەجێکردنی دەقی سەرەتایی ئەم چاوپێکەوتنە.




شیعر/ گــــوڵ و ئــەفیون… نەوشیروان ئـازاد

گوڵە کانی ئەم باخچەیە
بەبۆنی ئەفیون سەرمەستن
بۆیە بولبل
لەئاوازو
لەچریکە و سەدا وسۆزی ،
عەشق هەڵدێ
…………

کاتێ لەمەعشوق بێزارە
لۆمەی مەکە
کەعاشقێ ڕوەو سارا
لە دڵزاری دڵی هەڵدێ…
…………

چراغستان بێ ، شاری شەو
ئەی ئەزیزم ،،،چ فایدە یە
کەپرچی خۆرە ، ژاکاوەو
لەتاو دەیجوری شەوهەڵدێ
…………

پەڵاسی دوێنێ فڕێ دەین
زبانی ژیری بێتە گۆ
خەونی دوێنێمان وەلانێین
ئاسۆ بۆ سبەی بێتەگۆ …

نەوشیروان ئـازاد
سلێمانی 8/7/2018