خاک فرۆش… شوان عەباس بەدری

خاکەکەم ئاسمانەکەی قاوەیی و
کانیاو و ڕووبارەکانی بەردین و
سەوزایی و دەشت و دەوەنی
بە چیمەنتۆ زیندانی کراوە و
مرۆڤەکانی
لە سەرەی ژیاندا ڕۆح دەسپێرن و
شاخ و داخی بە کڵبەی شۆفڵ و دەراق
تاشراوە و
هێلانەی چیمەنتۆیی کوندەپەپوو و
داڵەکەرخۆرەکانی لەسەر بنیات نراوە

ئەم خاکە ئیتر نەجێی زیرەک و دیلان و کابانی تیا ئەبێتەوە و
نە مەردان و تاهیر تۆفیق و چالاک
لە سووچ بە سووچی
گورگ و کەمتیار خۆیان مەڵاس داوە و
گوێی بە دەنگی قەلە ڕەشەکانی ووشە و موزیک
کاس کراوە و
بەرگی بووکێنی بەبەردا دادڕاوە!
ئێمە لێرە
لە ئامیزی تاریکیدا وون بووینە و
هەموو ساتێ
جرجێکی بۆگەنی نێو زێرابەکانی کۆمەڵگە
سەر بەرزئەکاتەوەو
بەرەو ئامێزێکی بۆگەنی پڕ لە دۆلار
خۆی هەڵئەدات و
مشتێک خاکی گرانبەهای نیشتمان
لە خۆی مارە ئەکات!
ئەی خودایە
ژانی بێ دەرەتانی چ ئازارێکە!
لێرە جەستەی مرۆڤەکان دەمێ ساڵە مردووە و
دەروونیان یەخسیری دەستی نائومێدی و
ژیانیان بە دەستی بازرگانەکانی خوێن و مۆدێل کەلەپچە کراوە!
چەند جوان فەرمووی
بەکر عەلی کاتێ نووسی:
((ئەم سەدەیە ، سەدەی دۆلار و قەحبەیە))
لێرە مرۆڤ
وەک سەگی ڕاو بۆن بە پارەوە ئەکەن و
لە هەچ شوێنێک بۆنەکەی بێت
دەبێتە قیبلەگەیان و
مشتێ دۆلار وەک تەوق لە ملیان ئەئاڵێنن و
حەپە حەپی بەردەم هێلانەی خاوەنەکەیان
وڕ و کاست ئەکات!
هۆۆۆۆۆۆۆ مرۆڤەکانی سەر گۆی زەمین
لێرە بستێک خاک هەیە
عاقڵەکانی شێت و شێتەکانی عاقڵن
زۆربەی سیاسییەکانی کۆتر باز و کۆتربازەکانی سیاسیین
زیندانییەکانی لە خەڵکە ئازادەکەی دەرەوەی زیندان
ئازادترن !
هۆۆۆۆۆۆۆ مرۆڤەکانی سەر گۆی زەمین
خاک ئەفرۆشم
کەسێک هەیە کە ئەم خاکەی
بە هەناسەیەکی پاک و چکێ دڵنیایی و سەرپەنایەک و زەردەخەنەیەک
پێ بفرۆشم !؟




تیرۆر وەک ئەکتێکی دەسەڵات و قۆستنەوەی وەک ئەکتێکی ئۆپۆزیسۆنی پۆپۆلیستی… هەڵوێست جەلال

ئاشکرایه لە ڕابردوودا زۆرجار کەسایەتییە جوان و دەنگە ئازادیخوازەکان ڕووبەڕووی هەڕەشەی مەرگ و تیرۆر بوونەتەوە. ئەفسوس کەم نین ئەو دەنگە یاخی و ئازادیخوازانەی لە هەرێمی کوردستان تیرۆر کراون.
تیرۆرکردن ڕیشەیەکی دێرینی هەیە، گەر کونجکۆڵانە گەشتێک بکەین بەنێو مێژووی حیزب و بزوتنەوە سیاسییەکانی کوردستان، دەبینین لە شۆڕشی ئەیلول و شۆڕشی نوێوە تا هەنوکە، دەیان و سەدان کارەکتەری ڕۆشنبیر و دەنگی یاخی، تەنانەت لەنێو حیزبەکانی خۆشیاندا خەفە کران و بوونە قوربانی عەقڵیەتی خێڵەکی و دژە ئازادیی سیاسەتی کوردی!

ئەوەی بۆ من پتر جێی سەرنج و تێڕامانە، ئەوەیە کە کردەی تیرۆر و شەهیدکردنی ئازادیخوازان، زیاتر لە حیزب و لایەنێک تێیدا بەشدارە. بە چەشنێک تەنانەت بەر لە شەهیدبوون و کردەی تیرۆرەکە، بێجگە لە کەس و لایەنی تاوانبار، نەخشە و پیلانەکە لە جێیەکی دیکە و لای لایەنێکی دیکە داڕێژراوە! وەلێ جەخار هەرگیز وەک پێویست ئاوڕ لەم کەیسانە نەدراوەتەوە. تەنیا و تەنیا وەک دروشمێک ناوی شەهیدەکان گوتراوەتەوە و عەیامێکە نائاگایانە کراوەتە وێردی سەرزمان.

دەپرسین تیرۆرکردنی ئازادیخوازان لە بەرژەوەندیی کێیە؟
جگە لە بکەر و تاوانباری سەرەکی، ئایا هەندێک کەسایەتی و لایەنی سیاسی بۆ بەرژەوەندیی ڕامیاری خۆیان ئەم پرسانەیان ورووژاندووە یان نا؟ گەڕان بەدوای ئەم پرسیارانە، وا دەکات بە چاوی گومان و ڕەخنە لە لایەنی دیکەیش بڕوانین، کە تا ئێستا ئاماژەیان پێ نەدراوە.

نموونە لە مەرگی “سۆرانی مامە حەمە، کاوە گەرمیانی و سەردەشت عوسمان”دا بەر لەوەی بە دەست جووت حیزبی دەسەڵات، فیزیکییەن تیرۆر بکرێن، ئەم لاوە خوێنگەرمانە بەهۆی سۆز و کەم ئەزموونی خۆیانەوە، لەلایەن دۆستەکانی خۆیانەوە کرانە نیشانە بۆ تیری دوژمن و بوونە قوربانی سیاسەتی ئۆپۆزیسۆنی بەرژەوەندیخواز و پۆپۆلیست.

بۆ ڕاستی ئەم بۆچوونە باشترە سەیری توندوتۆڵی و دۆستایەتی نێوان تیرۆرکراوان و بزووتنەوە دڵخوازەکانیان بکەین. لە ڕابردووی نووسین و بەشدارییە ڕامیارییەکانیان بکۆڵینەوە. ئەوکات تێدەگەین، بۆچی بەو شێوازە هاندراون لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە. وەختێ ئەم لاوانە قەڵەمیان هەڵدەگرت و دەیاننووسی، ئایا ئۆپۆزسیۆن نەیدەزانی ئەم کارە مەترسیدارە؟! بەر لە تیرۆرکردنیان، هەڕەشە لەم شەهیدانە دەکرا، بۆچی لەپاش هەڕەشەی مەرگ، سۆران و زەردەشت و کاوە، زیاتر هاندران بۆ نووسین؟ تەنانەت داوایان لێکراوە کە ناوی ڕاستەقینەی خۆیان بنووسن لە وتارەکانیاندا. گەر بڕێک زیاتر، هاوپیشە و سەرنووسەری گۆڤار و ئۆپۆزسیۆن ئاگاداری ئەم لاوانە بوونایە، هەرگیز کۆتایییەکان بەو چەشنە نەدەبوون.

دەبێت ئەم پرسیارە بوروژێنین ئایا بەرژەوەندی ئۆپۆزسیۆن بەتایبەتتر بزووتنەوەی گۆڕان چی بوو لەم کەیسەدا؟
بزووتنەوەی گۆڕان کە ئەو دەمە جەنگی دەسەڵات و پرۆسەی هەڵبژاردنی دەکرد، لە جەوهەردا بزووتنەوەیەکی پۆپۆلیستی بوو. سوار تەوژمی ناڕەزایی خەڵکی دەبوو. پیشەیان ختوکەدانی هەست و سۆزی جەماوەر بوو. هەر لێرەوە سەردەشت عوسمان، سۆران و کاوە گەرمیانی بوون بە دروشمی هەڵبژاردنەکانیان. هەمیشە لەنێو ڕیکلام و بەرنامە تەلەفیزیۆنییەکانیاندا مەرگ و تیرۆری ئەم لاوانە دەبوونە تەوەری باسەکانیان، تاکوو سۆزی جەماوەری ناڕازی کوردستان بەدەست بێنن. تەنانەت پاش مەرگی کاوە گەرمیانی، بزووتنەوەی گۆڕان خێزانی کاوە گەرمیانی بۆ خولی پەرلەمان کاندید کرد. لێرەوە تێدەگەین خوێنی شەهیدان لای بزووتنەوە پۆپۆلیستەکە ئامرازە بۆ کۆکردنەوەی دەنگ و فراوانکردنی پێگەی جەماوەری. ئەم کەیسانە دەرخەری نیەت و مەرامەکانی بزووتنەوەی گۆڕان بوو.

زیادەڕۆیی نییە گەر بڵێم: فرمێسکی ئۆپۆزسیۆن بۆ تیرۆرکراوان و شەهیدان هەمیشە فرمێسکی تیمساحییە .
بۆچی مەرگی شاعیر و ڕوناکبیری کورد شەهید( بەکر عەلی ) لە هیچ گۆڤار و چاوپێکەوتن و سۆشیال میدیایەکی ئۆپۆزسیۆنەوە هەرگیز باس نەکرا؟ هەرگیز تاقە وشەیەکی لەبارەوە نەنووسرا؟

بۆ ئێمە تیرۆرکردنی بەکر عەلی نەک هیچی لەمەرگی شەهیدان کەمتر نییە، بەڵکو زیاترە. وەلێ بۆ ئۆپۆزسیۆن و گۆڕانخوازەکان جیاوازە. بە درێژایی تەمەنی نەوشیروان مستەفا و لایەنگرانی هەوڵی پینە و پەڕۆکردنی تیرۆرکردنی بەکر عەلی و هاوڕێ کۆمۆنیستەکانی دەدەن. چونکە بەرپسیارێتیی تاوانەکە، لە ئەستۆی سەرۆکی بزووتنەوەکە و دەستەی دامەزرێنەرانی گۆڕان بوو. شەهیدکردنی سۆرانی مامە حەمە، کاوە گەرمیانی و سەردەشت عوسمان، تاوانی قێزەون بوون. بەڵام کەم نەبوون ئەو لایەنانەی موزایەدەیان بە خوێنی ئەوانەوە دەکرد و پارەیان پێ پەیدا دەکرد. لەڕاستیدا ئەم تاوانانە، گەر پارتی و یەکێتی بکەرەکەی نەبوونایە، بۆ هیچ کەسێک گرنگ نەبوو! ئەوەتا خوێنی “بەکر عەلی” شاعیر، هیچ گرنگییەکی نییە بۆ شاری سلێمانی! ئاخر بۆچی باسی تیرۆرکردنی بەکر عەلی بکرێ؟!
کێ باسی بکات؟! کێ لەبارەیەوە بنووسێت؟! هەر یەک لە ڕۆشنبیران: بەختیار عەلی، مەریوانی وریا قانع و ڕێبین هەردی، فاروق ڕەفیق، هتد… هاوڕێی “نەوشیروان مستەفا” بوون و مانیفێستی گۆڕانیان بۆ نووسی!
کاتێک بکوژەکە “نەوشیروان مستەفا”یە ، ئیدی ڕۆشنبیران و خەڵکی سلێمانیش وەک هەمیشە یان نکوڵی دەکەن یان بێدەنگی هەڵدەبژێرن، چونکە بکەرەکە کوڕی شارەکەیە و سیمبولی سلێمانییە. تاوان و گەندەڵی لای ڕەهەندییەکان و زۆرێک خەڵکی سلێمانی، تەنیا ئەوکاتە قێزەونە، کە پارتی و یەکێتی بکەرەکەی بن، ئەویش لەکاتێکدا کە “نەوشیروان مستەفا” حزووری نەبووبێت و تێوەنەگلابێت لەو تاوانەدا.

لە کۆتاییدا دەڵێین: تیرۆرکردنی بەکرعەلی، نوری حەمە عەلی، شەفیق ئاغا و عەبدولی سۆران، سدیق ئەفەندی و شەهید وریا، قادر محەمەد، مام ئاراس، و کۆمەڵکوژی قڕناقە و پشتئاشان و کۆمەڵکوژی کۆمۆنیستەکان …هتد تاوانی قێزەونن، نابێت هەست و سۆز و ژەهری شارچێتیی و هزرەی تیرۆر لەوە زیاتر کەڕ و کوێرمان بکات و نابێت ئیدی لەژێر هیچ بەهانەو پاساوێکدا ئەم تاوانانە پەردەپۆش بکرێن.

هەڵوێست جەلال




دۆخە دەرونییە سەیرو سەرسوڕهێنەکان!… هەژار عوسمان

مێشک ئەو ئەندامەیە کە سەرکردایەتی‌و چاودێریی ئیش‌و کاری هەموو ئەندامەکانی تری خوار خۆی دەکات، لێدانی دڵ، هەناسەدان، بزوتن‌و هەستکردن (بینین، بیستن…)، ئاخافتن، قوتدانی خۆراک‌و شلەمەنی، هەرسکردنی خۆراک‌و بەتاڵکردنەوەی میزدان‌و ڕیخۆڵە… هەموی لەمێشکەوەو بەمێشک دەڕوات بەڕێوە.
مێشک لەهەموو ئەندامەکانی تری جەستە زۆرتر ئۆکسجین‌و خۆراک بەکاردێنێ بۆ بەڕێوەبردنی کارە جۆراجۆرەکانی، بەرامبەر هەموو ئەو ئەرک‌و فەرمانانەی سەرەوە ئەرکێکی هەرە گرنگی تری مێشك هەست‌و شعورکردن‌و بیرکردنەوە‌و زیرەکیە کە هەر ئەمانەشن مرۆڤیان کردووە بەسەروەرو پاشا بەسەر هەمو زیندەوەرەکانی ترەوە.
ژنێکی ساغ‌و بێخەوش لەپڕ لەگۆدەکەوێت‌و ناتوانێت یەک وشەو دەنگ دەربڕێ، دکتۆری قوڕگ‌و لوت‌و گوێ، دوای تێڕونینێکی ورد بەدەسگاکانی پێی دەڵێ: “زمان‌و زارو ئەوک”ت کە پێکەوە دەنگ دروستدەکەن تەندروست‌و ئاسایین، هیچت نیە. ژنێکی تری گەنج کوتوپڕ نابینا دەبێت‌و ناتوانێت بەچاوەکانی هیچ شتێك ببینێ، باشترین دکتۆری چاو دوای تێڕوانینێکی ورد بەدەسگاکانی پێی دەڵێ چاوەکانت بێخەوشن وهیچیان نیە.
کوڕێکی گەنج لەپڕو بێ هیچ هۆیەک دەست‌و پەلی چەپ یا ڕاستی لەبزوتن دەکەوێت‌و ناتوانێ کاری پێبکات، وێنەی تیشکیی مێشك (تەنوری) کە چین بەچینی مێشک لەسەرەوە تا خوارەوە بەڕونی‌و جوانی نیشاندەدات هیچی نائاسایی وەک لو یا کیس یا هەوکردن یا خوێنبەربونی.. تێدا نیە، ئەمیش دکتۆری مێشك‌و دەمار پێیدەڵێت هیچت نیە.
لەشەوی پەمەیی بوک‌و زاوا، یەک زاوای پێشتر پڕ لەحەزو جۆش‌و خرۆش بۆ دەسگیرانەکەی ئێستا لەم ساتە مێژوییەدا! دەڵێی خۆڵەمێشی ساردوسڕە‌و هیچی پێناکرێ، ئەمە لەکوردەواریدا پێی دەڵێن (بەستران)، دکتۆری گورچیلەو میزەڕۆ دوای تێڕوانینی ورد بەدەسگاکانی، پێیدەڵێ هیچی ناسروشتی‌و نائاساییم نەبینی، هیچت نیە، زاوای داماو ئینجا دەبێتە نێچیرو تۆپی شەقشەقێن‌و بانکی پارە بۆ جادوگەرو فاڵچی‌و هەموو ئەوانەی لە ژێر ناوی ئاین‌و شتی تری سەیروسەمەرەی جۆراوجۆردا (زانستی پزیشکیی پێغەمبەران……) خۆیان کردوە بەدکتۆری بلیمەت کە سەرەتانیش چارەسەردەکەن!
لەشەوی بوک‌و زاوایەکی تردا ئەمجارەیان بوک دەبێتە کێشەو گرێکوێرەو بەهیچ جۆرێ ناهێڵێت زاوا بچێت بەلایدا! دکتۆری نەخۆشیەکانی ژنانەو منداڵبون دوای تێڕوانینی ورد پێیدەڵێت هیچت نیە.
خوێنەری هێژا ئەمەی دەیخوێنیتەوە فیلم نیەو بەرهەمی فەنتازیای ڕۆماننوسێکی ناودارنیە، دەتوانم لەسەر هەموو ئەندامەکانی جەستەی مرۆڤ (پێست ، گەدە و ڕیخۆڵە..) نمونەی سەدان نەخۆشتان بۆ بێنمەوە گیریانخواردوە بەدەست کێشە جەستەییەکانیانەوە کە لەژێری ژێریانەوەو لە پشتی پشتیانەوە شەرم‌و ترسی جۆراو جۆرو کێشەو گرێ‌و گرفتی دەرونی‌و کۆمەڵایەتیی ڕەنگاوڕەنگ خۆی مەڵاسداوەو خۆی شاردۆتەوە، دکتۆرەکانی کوردستان بەدەگمەن دەوێرن بەم جۆرە نەخۆشانە بڵێن بچۆ بۆ لای دکتۆری دەرونی، چونکە بەسەرسوڕمان یا توڕەییەوە بەدکتۆرەکە دەڵێن: خۆ شێت نیم! لەناچاریدا پێیان دەڵێن: هیچت نیە، یا هەر قەلەقت هەیەو ئینشائەڵا چاکدەبیتەوە!




چوار شیعرى سامى شۆڕش

باوەشم دە
دڵ ئەشکەوتى دەرگا بزر.
باوەشم دە..
لەچاومایە فرمێسکى کەو.
لەگیانمایە سۆزى کۆتر.
باوەشم دە..
تاڤگەى قژت بڕژێنە ڕووم.
با خەرمانەى نەرمى بەفر
لە شەودا بۆم بێ بە پێخەف.
باوەشم دە..
بۆ قەندیلەى فتیل کزر.
بۆ ئاسمانى دەم پڕ لە کەف.
منم هەتاو. منم ئاگر
باوەشم دە..
منم هەتاو
منم ئاگر.

ڕۆژنامەى هاوکارى، ژمارە (52) 2/1/1970.
——————————-

لە دەفتەرى عاشقێکى هەتاوەوە

1
برسى برسیتى تربێ.
ئەوەند عەشقى گوڵەگەنم و باران ئەبێ،
شەوگار هەر چەند درێژتربێ.
ئەوەند غەریب شەیداى خۆرى ئاسمان ئەبێ،
منیش هەر چەند کوشتن بە گیانم فێر ئەکەن
بەرى هەتاوم لێ ئەگرن.
ئەوەند عەشقى ژیان ئەبم.
ئەوەند هەتاوم خۆش ئەوێ.
2
ئەى ئەو بنجە گوڵەى لەبەر
جۆگەى خەمبارى برینى مندا ئەڕوێى.
لەسای مەرگى مندا شکۆفە دەرئەکەى
تاکەى نەتوانم بلبلى عەشقخوانى دەنگى خوێنم
بێنمە سەر چڵت بێنم.
پڕ بە دەنووکى ئارەزووم
بۆ هێلانەى خۆر بخوێنم.
3

ڕێگا .. تەور

گیانە درەخت چەند لقوپۆپى ببڕن.
ئەوەند ڕەگ و ڕیشەى بەرەو قووڵتر ئەڕوا،

دنیا شەوە و دنیا بەفرە.

شەوان خۆر خۆشەویست ئەبێ.
بەفرە ڕۆژیش.
برین ئەبێتە ئاگردان

گیانە ڕێگا چاڵە و نزمە

خۆشەویستم
ئاشقى خۆر .. هەردەم ئەڕوانێتە ئاسمان.

ڕۆژنامەى هاوکارى، ژمارە( 176) 20/7/1973.
————————————–

مەم لەسەر مەزاری زیندا

ئەی زین .. سەرچاوەی ئاگر،
گەر پەرچەمت .. نسار نەکا،
گەر مەمەکانی تۆ نەڕوێ،
گەر خۆر لە چاوەکانتەوە دەرنەکەوێ،
نەورۆز نایە..
ئەی زین .. ئەی سەرچاوەی ئاگر،
هاتنی نەورۆزى – بۆتان –
لە هەڵقوڵانی تۆ دایە!

کە دێمەوە..

ئەترسم خاک هەڵتلووشێ..
نەیەیتەوە،
مەترسە، خاک..
کە ڕۆژ دادێ ئەمکاتە گوڵ
لە بەرۆکی زێڕینی هەتاوم ئەدا،
کە شەو دادێ
هۆن هۆن لە گۆمی ئەشقی پاک
ئاوم ئەدا،

کە دێمەوە؟

لە دەمی برسێتی شارا
ئەتکەین بە نان،
کە دێتەوە..
لە تینووێتی گوڵەگەنما
ئەتکەین بە بارینی باران،

کە دێمەوە؟
کە وەک دەرگایەکی سەوز
لە دیواری چاوەکانتا ئەکرێمەوە.

سەرلەنوێ ئەحمەدی خانی
بە ئاوازێکی گەرمتر
لە دەمی خۆری مرۆڤا..
ئەمانکاتەوە گۆرانی!

ڕۆژنامه‌ی برایه‌تی، ژماره‌ (14) 24/8/1972.
————————

لە پەراوێزەکانی شێخ ڕەزای تاڵەبانییەوە

1- وشەم پەنجەی گڕ و بارووت
ئەنێتە ناو چاوی تاوان!
هێڵی ژیانی سنوورەکانم ڕەت ئەکا،
وشەم لە سێبەری دەرگای درۆ و فێڵا..
نایەتە سەر چۆکی گریان،
ڕەشەبای خوێن..
لەناو زامە بێ دەنگەکانما هەڵ ئەکا!
2- کۆچەری بووم .. لە هەر کوێ دا
ڕەشماڵی ژانی خۆم هەڵدا.
خەمی کام پارچە زەمینم،
بۆ برسێتی شمشاڵەکەم..
ئەکردە نان،
ئەمدی وەکو ئاسمانە بێ ساماڵەکەم
وەک کوردستان،
یەک خەنجەر بوو
ڕەگی زامەکانی ئەبڕی،
یەک -حەمەی وەستا فەتاح- ڕقی ئەفرۆشت
هەر یەک شێخ ڕەزاش بوو، پەردەی
ئەم شانۆگەریانەی ئەدڕی!
3- کە هۆنراوەم لە دایک ئەبێت،
دوومەڵە گڕگرتووەکانی ژێر زمانم
ئەتەقنەوە!
عەورەتەکانی لەشی شار..
لە گەرماوی وشەکانما ڕووت ئەبنەوە!
شاعیرەکان..
ئارەقەی کێش و قافیەی پیرە شیعرێ ئەخۆنەوە.
جوانکیلەکان..
هەڵئەگژێنە گەردەنی سنووری شار،
لە ڕووباری یاخی بوونا..
دەم و چاویان ئەشۆنەوە!
4- تێر نابم نا..
ڕەگی درەختی هەڵبەستم
چەکی تۆقێنەری دەستم..
برسێتیمە!

  • ڕۆژنامه‌ی برایه‌تی، ژماره‌ (7) 7/7/1970.



کۆمەڵگای کوردستانی لەنێوان مەدەنیەت و چەکداریدا؟… زانا رەزاق

سەرەتا کۆمەڵگای کوردستانی کۆمەڵگایەکە روحیەتی هێزی تێدایە لەگەڵ کەمێک روحیەتی مەدەنیەت، بۆیەش ئەوانەی ڕوحیەتی هێزیان تێدایە ئەوە ئەمە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە نەستی خۆیاندا وێنەیەک هەیە ئەویش ئەوەیە هەست بەهێزێک لە پشتەوەی خۆیی و پاڵپشتی خۆی دەکات ، بەهەمان شێوەش مەدەنیەکەش لەپشتەوەی خۆی هەستی و ڕوحیەتی مەدەنیەت هەیە بۆیە وایە .
ئەوجا ئەوەی لەپشتەوەی خۆی هەست بەهێزێک دەکات هۆیەکەی ئەوەیە ئەوان هێزی چەکداریان هەیە بەهەمان شێوەش ئەوانەی هێزی مەندەنین و مەدەنیەت بەسەریاندا زاڵە هەست بەمەدەنیەت دەکەن .

بۆ نموونە

ئەگەر هێزێک چەکداری لەژێر کۆنترۆڵی خۆی بێ ئەوا بەشێوەیەکی گشتی مرۆڤەکانی لەگەڵ ئەو هێزە لەگەڵ یەکێکی مەدەنیەت گفتوگۆ بکات، ئەوا ئەو بەشێوەیەکە یان ئەتوانی لەگەڵ کەسانێک گفتوگۆ بکەی کە هێزی مەدەنیەتیان بەسەردا زاڵە بەڵام بۆ ئەوانەی هێزی چەکداریان هەیە وانیە، بەڵکو ئەوان بەشێوەیەی تر مامەڵە دەکەن یان بەشێوەی تر تۆ ئەتوانی و بێئەوەی ڕووبەڕووی هیچ توندوتیژیەک ببیەوە پشوەختە لەگەڵ مەندەنیەتەکە گفتوگۆیەکە بکەی، بەڵام بۆ ئەوەی تر کە هێزی سەرباز و چەکداریان هەیە نا چونکە زۆرێکیان بەو شێوەیەن کە ئەگەری شتێ بەدڵی نەبی تووشی جۆرێک توندوتیژی ببیەوە یان نەتوانی بێترس گفتوگۆی لەگەڵ بکەیی و هەموو شتێک بڵێیی.

هەر بۆیەش کەسانێک هەن کە دەڵێن یەکگرتوو هێزێک بووە لەچاو ئەوانی تر کە چەکداریان نەبووە بەهێزێکی باشی دەزانن بەڵام ئەوانی تر کاتێک هاتنەوە ناو شار هێزی چەکداریان هەبووە بۆیەش ئەوان وەکو یەکگرتوو نەبوون و ڕوحیەتی چەکداری تا ئێستاش لەنێویان بەزەقی دەبینرێت .

لە کۆتاییدا خاڵی یەکەمی بۆ مەدەنیەت و هەنگاونان بۆی ئەوەیە کە هێزەکان و مرۆڤەکانیان هێزی چەکداریان نەمێنێت بەڵکو بچێتە ژێر فەرمانی دام و دەزگاکانی دەوڵەت هەروەها هەنگاوی یەکەم و سەرەتایە بۆ چوونە نێوی کۆمەڵگایەکی کراوە کۆمەڵگای کراوە یانی قبوڵکردنی هەموو بیروبۆچوونەکان بێ توندوتیژی …

19 8 2022