چاوخشاندنێک بەسەر بارودۆخی ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تیی ئێران!… عەبدولڕەحمان گەورکی

نەفرەت لە خۆتان و ئەوەی دەیپەرستن!

وەلی فەقیهی دەسەڵاتدار لە ئێران شەرم ناکات کە دەڵیت شەرعییەتی خۆی لە “خودا”ەوە وەردەگرێت. کەواتە بە وتەی ئەو “خەڵک” هەرچییەک بن، “کۆیلە”ن و پێویستیان بە “وەلی و سەرپەرشت” هەیە!

عەلی خامنەیی شەرم ناکات کە بە کردەوە ئێرانی کردووە بە “زیندان” بۆ ئێرانییەکان و پێڕەوانی ویلایەتی فەقیهیشی کردووە بە زیندانوان و جێبەجێکاری بیر و پلانەکانی خۆی. بە وتەی ناوبراو، شوێنی نەیارانی، “زیندان”ە و دەبێ لە سێدارە بدرێن و بکۆژرێن و لە دەرەوەی ئێرانیش تیرۆر بکرێن!

عەلی خامنەیی شەرم ناکات کە بە پێچەوانەی ئیدیعا و پڕوپاگەندەکانی، رژێمەکەی پشتی بە (دانان) بەستووە و “هەڵبژاردن” لە ئێران بوونی نیە و تەنها شتێکی رووکەشییە. چونكه‌ هه‌ر كه‌سێك لە هەر پۆستێک دادەنریت، جێبه‌جێكار و پێڕەوی بیروباوه‌ڕ و سیاسه‌ت و به‌رنامه‌ی وه‌لی فه‌قیهه‌.

لە ڕوانگەی وەلی فەقیهەوە، هەرکەسێک گوێڕایەڵ نەبێت، دەبێت لە ناو ببرێت و پێش لە ناو بردنیشی، جەستە و گیان و موڵک و ماڵی بۆ پێڕەوانی ویلایەت (حەڵاڵ)ە و ئەرکی پێڕەوانیشی بریتییە لە دەست بەسەرداگرتنی جەستە و گیان و موڵک و ماڵی خەڵکدا. کۆمەڵکوژکردنی زیاتر لە (30) هەزار زیندانی سیاسی لە هاوینی ساڵی ١٣٦٧ نموونەیەکی ڕوونی ئەو ڕاستییەیە کە بە بڕوای عەلی خامنەیی، نەک تەنیا مافی ڕەهای ڕژیمەکەی ئەوەیە کە کردی، بەڵکو درێژە پێدانیشیەتی. چونکە “پاراستن و هێشتنەوەی رژێم” هەم ڕەوایە و هەم پێویستە. کوشتاری کورد لە گوند و ناوچەکانی کوردستانی ئێران لە لایەن پاسدارانییەوە و سەرکوتکردنی کەمینەکانی دیکەش نموونەکانی تری ئەم راستییەن!

بە بڕوای عەلی خامنەیی خوێنڕێژ، ئازادی بە واتای سەرکوتکردن و سەربەخۆیی، بە واتای نکۆڵیکردن و نەهێشتنی نەیاران و یاساکانیش کارئاسانیکردنە بۆ جێبەجێکردنی فەرمانەکانی وەلی فەقیهی ئێڕان و لە ئەنجامدا لە خزمەت پاراستنی ویلایەتی فەقیهیدا دەبێت. یاساکان بەو شێوەیە نووسراونەتەوە کە “عەلی خامنەیی” دەیەوێت. چونكه‌ ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌ها له‌ ده‌ستی وەلی فه‌قیهدایە‌ و یاسا به‌ واتای به‌دامه‌زراوه‌ییكردنی سته‌م و سەرکوتکردنە.

بە لای وەلی فەقیهەوە، پیاوانی ویلایەت دەتوانن لە شەقامەکان و لێرە و لەوێ، خەڵکانی برسی و هەژار کوشتار و موڵک و ماڵیان تاڵان بکەن و خانەوادەکانیان بە بارمتە بگرن. لە ئێران بە فەرمانی عەلی خامنەیی، تاوان و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ، جل و بەرگی ساختەی “ئیسلام”یان بە بەردا دەکرێت و دادەپۆشرێن. هەربۆیە (سیستەمی ویلایەتی فەقیهی) بە بەبێ گوێدانە سەرکۆنەکردنە نێودەوڵەتییەکان بەردەوامە لە پێشێلگردنی مافەکانی مرۆڤ. لە ماوەی یەک ساڵی رابردووی سەرۆکایەتی (ئیبراهیم ڕەئیسی)ی خوێنرێژدا، زیاتر لە ٥٢٠ زیندانی لە سێدارە دراون!

بە بڕوای عەلی خامنەیی، کۆشک و تەلار بۆ پێڕەوانی ویلایەت “حەڵاڵ” و بۆ خەڵک “حەرام”ە. ئەمەیش بە دامەزراوەیی کراوە و خەڵکانی برسی و هەژار بە “تاوانبار” و “دوژمنانی خودا” ناسراون، کە دەبێ بە تاک یان بە جووت یان بە کۆمەڵ لە سێدارە بدرێن. لەم رژێمەدا، چەقاندنی سێدارە لەبەردەم ماڵان و کۆڵانەکاندا، داب و نەریت و شێوازی حوکمڕانییەکی دروستە و و واتای داد دەناسرێت!

بە لای (عەلی خامنەیی)یەوە.. (بە پێچەوانەی قورئانی پیرۆز، كە دەڵێت “لااكرە فی الدین”، هەركەسێك لەگەڵمدا نەبێت دوژمنمە و دەبێت سەرکوت بكرێت و ئەگینا دەبێت بكوژرێت و هەركەسێكیش توانیویەتی ئێران بەجێبهێڵێت بەبێ ئامادەبوونی و بە غیابی، سزای “لەسێدارەدان”ی بۆ دەرچووە و هەرکەسێکیش “دژی ویلایەتی فەقیهە” و ئێرانیی نییە، پێویستە لەسەر ڕووی زەوی بسڕدرێتەوە. تیرۆر و بۆمبانانەوە لە هەموو شوێنێکی جیهان و دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتان لە نێویاندایە.

لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهیدا، نابێت خەڵک بیر لە مافە سەرەتاییەکانی خۆیان بکەنەوە، بەتایبەتی “ئازادی” و “ئاسایش”، و بۆ کۆنترۆڵکردن و جێبەجێکردنی ئەمەیش، داو و دەزگاکانی ویلایەت بە شەو و رۆژ لە کاردان تا نەکا کێشەیەک بۆ “نیزامی ویلایەت” بە نازناوی “ئیسلام” و “ئێران” و “کۆماری ئیسلامی” روو بدات!

بە بڕوای عەلی خامنەیی، کوشتارکردنی کەمینەکان و گەندەڵی و لەشفرۆشی، گرانی و بێکاری و هەژاری و، فرۆشتنی ئەندامەکانی جەستە، کۆڵبەری، سووتەمەنیبەری، کۆکردنەوەی زبڵ و کارتۆن خەوی و … هتد وەک شتێکی سروشتی لێکدەدرێتەوە، و حکومەت لێی بەرپرس نیە و خودی “خەڵک”، هۆکار و بەرپرسن و هێز و داو و دەزگاکانی حکومەت مافی ئەوەیان هەیە “بە ئارەزووی خۆیان” تەقە لە خەڵک بکەن یان لەسێدارەیان بدەن. چونکە گرینگ “مانەوە و پاراستنی نیزام”ە. کوشتنی ڕۆژانەی کۆڵبەرانی کورد و سووتەمەنیبەرانی بەلوچ و لێدانی ڕۆژانەی خەڵک لە سەراسەری ئێران لەمجۆرە کارانەیە.

بە بڕوای عەلی خامنەیی و خەڵکانی گوێڕایەڵی ویلایەت، ئێرانی ئێستا “دیموکراتیکترین” و “ئەمنترین” وڵاتی جیهانە، کە خاوەنی “هەڵبژێردراوترین”، “دەسەڵاتدارترین” و “بە ئابوریترین” حکوومەتە و وڵاتێکە کە نە “ئەمریکا” و “ڕۆژئاوا” توانیویانە رێوشوێنی سەربازی لە دژی بگرنەبەر و نە “داعش” و “ئەلقاعیدە”یش توانیویانە لە دژی کار بکەن. چونکە “خەڵک”ی ئێران “حکومەت” و وەلی فەقیهیان خۆشدەوێت و حکومەت و وەلی فەقیهی دەسەڵاتداریش لە خۆشویستنی خەڵکدا “باڵاترین”ن. زۆر سەیرە گوڵم!

بە روانگەی عەلی خامنەییەیە، مرۆڤەکان کاڵان و “ژن” کاڵای دەستی چەندەمە. “پیاوان” لە ژنان باڵاترن و ژنان مافی جیابوونەوەیان نییە و مافی وەرگرتنی پۆستە گرنگەکانی حکومەتیشیان نییە. چونکە ژنان بە پیاوانەوە پێناسە دەکرێن. هەر بۆیە لە روانگەی وەلی فەقیهەوە، ژنان بۆ سەرکوتکردن و دەستگیرکردن و ئەشکەنجە و لە سێدارەدان باڵاتر و شایستەترن.

لە یاسا و کولتوری بە دامەزراوەییکراوی ئەم حکومەتەدا، ژنێک کە لەلایەن کەسوکارەکەیەوە بکوژرێت، بکوژەکەی “ئازاد”ە و کاتێک پیاوێک لەلایەن هاوسەرەکەیەوە بکوژرێت، دەستبەجێ بکوژەکە شایەنی “مەرگ”ە ، سزا دەدرێت.

بە بڕوای عەلی خامنەیی، درۆکردن، ئاسانە و هەڵخەڵەتاندن باوە و دەجاڵکاری رێگەپێدراو و ڕەوایە. چونکە بۆ “پاراستنی حکومەت”، هەموو تاوان و تاکتیکێک ڕێگەپێدراوە! دێواندن و پیلانگێڕان لە دژی نەیارانی حکومەت لەم پۆلەن!

بە بڕوای وەلایەتی فەقیهی دەسەڵاتدار، دیاردەی “کۆرۆناڤایروس”، “لافاو” و “بومەلەرزە” گرانی و بێکاری و بێ حاڵ و ماڵ کردنی سەدان هەزار ئێرانی “بەخششێکی ئیلاهییە” کە دەبێ وەک “دەرفەتێک” بۆ پاراستنی حکومەت دابنرێت و وەک ئامێرێک سەیر بکرێت بۆ “هەڵوەشاندنەوەی سزا نێودەوڵەتییەکان”.

لە روانگەی عەلی خامنەییەوە، پلان و پرۆژەی وەک “بە هاوسەرکردنی کجانی منداڵ” و “زۆر خستنەوەی منداڵ” و … هتد، لە لایەن ویلایەتی فەقیهەوە پەسند کراوە، ئێران دەکاتە “گەنجترین” و “بەختەوەرترین” و “خوێندەوارترین” وڵاتی جیهان(!)، نەک دەستهەڵگرتن لە، بەرهەمهێنانی بۆمبای ئەتۆم و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و هەڵایسانی شەڕ و ئاژاوە نانەوە و تیرۆر و کوشتار و فرەخوازی و هەڕەشەکردن و چاوترسین کردن لە ناو کۆمەڵگا و هەروەها دابینکردنی خزمەتگوزاییە مرۆییەکان لە پێناو دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی خەڵک بۆ ئەوەی ژیانێکی تەندروستیان هەبێت!

هەموومان ئەوە دەزانین کە زۆربەی ئەو کەسانەی لە بەندیخانەکانی ئێران لە سێدارە دراون یان کۆمەڵکوژ کراون یانیش لە سەر شەقامەکاندا دراونەتە بەر دەسترێژی گوللە و شەهید کراون، گەنجترین و شادترین و خوێندەوارترین کەسانی کۆمەڵگای ئێران بوون، کە لە حکومەتی ویلایەتی فەقیهیدا بێ بەش کرابوون لە مافی سەرەتاییەکانیان!

لە روانگەی عەلی خامنەییەوە، فرۆشتنی کەشوهەوای ئێران و خاک و سەروەت و سامانی دیکەی خەڵکی ئێران لەلایەن ڕێژیمەوە بە وڵاتانی وەک چین و ڕووسیا و ئەنجامدانی گرێبەستی چەند ملیارد دۆلاری لەسەری، پڕۆژەی نامرۆڤانە وەک بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی، پاراستنی دیکتاتۆری سوریا و کوشتارکردنی خەڵکی ئەو وڵاتە، دابینکردنی چەک و کەرەستە و ژیانێکی خۆشگوزەران بۆ میلیشیا و گروپە تیرۆریستییەکان لە عێراق و یەمەن و لوبنان و وڵاتانی دیکە، دامەزراندنی داو و دەزگای تیرۆریستی وەک “بەرگریکارانی حەرەم” و “ڕاوێژکارانی سەربازی” و… لە دەرەوە لە ئێران، و… رێگەپێدراو و بێ کێشەیە. لە كاتێكدا لە ناوخۆی ئێران خەڵک بێ بەش دەکرێن لە ڤاكسێنی دژە كۆرۆنا، یان بە بیانووی دزینی تاقە مەڕێك لە سێدارە دەدرێن، یانیش بەهۆی هەژارییەوە ناچارن ئەندامەكانی جەستەی خۆیان بفرۆشن بۆ ئەوەی منداڵەكانیان لە مردن رزگار بکەن و…

جێی خۆیەتی بە زمانی قورئان بە وەلی فەقیهی دەسەڵاتدار و لایەنگرانی بووترێت “أُفٍّۢ لَّكُمْ وَلِمَا تَعْبُدُونَ“ واتا “نەفرەت لە خۆتان و ئەوەی دەیپەرستن”. هەر بۆیە خەڵکی ئێران لە ڕاپەڕینەکانیاندا هەمیشە خوازیاری گۆڕینی حکومەت و ڕووخاندنی ڕژێمی ویلایەتی فەقیهین.

عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی

کۆتایی




قەسیدەی جگە لە ئەوینی تۆ… ستیڤان شەمزینی

شاعیرێک بووم
هەموو شتێکم رەت کردەوە
ئەو جەنگانەی
دەبنە زەریایەکی شەپۆلاویی خوێن
ئەو کورسییانەی
لەش لەسەریان کرمەڕێز دەبێت
ئەو خەڵاتانەی پادشا
لە کیسەی نەداران دابینیان دەکا
ئەو ماڵە کریستاڵییەی
دڵ تێیدا دەبێتە پارچەیەک پۆڵا
ئەو گۆپاڵانەی
لە پشتی ئازادیی دەوەشێنرێن
ئەو چرایانەی
ناپاکییان لە رووناکی کرد
ئەو یادەوەرییانەی
دەستیان ناوەتە قورگی ئێستاوە
ئەو تارماییە رەشانەی
چۆلەکەی شەوق شەوارە دەخەن
ئەو چەقۆیانەی
لەشی بیرکردنەوە قاش دەکەن
ئەو سەربەستییەی
بیرکردنەوە لەناویدا زیندانی هەتاهەتاییە
هەموو ئەمانەم پێکەوە رەتکردەوە
تەنها ئەوەی نەمتوانی رەتی بکەمەوە
خانمەکەم
ئەوینی هەمیشە داگیرساوی تۆ بوو
شاعیرێک بووم
هەموو شتێکم رەت کردەوە
ئەو دەریایانەی
جگە لە سەراب هیچی تر نەبوون
ئەو بەلەمانەی
بەنێو چۆمی وەهمدا رێگایان دەبڕی
ئەو پشکۆیانەی
زمانی خەیاڵ دەچزێنن
ئەو غەڵبەغەڵبانەی
سەری بێدەنگی پان دەکەنەوە
ئەو شەوە دڵڕەقانەی
خەون دەکەنە دەرەوە
ئەو قەفەزانەی
بۆ بولبولی روانین ئامادەکراون
ئەو گوێیانەی
لەبەردەم هەقیقەتدا کاس بوون
ئەو لووتانەی
ناتوانن بۆن بە خۆشەویستییەوە بکەن
ئەو دەستانەی
نەیانتوانی باخی جوانی ئاو بدەن
ئەو قاچانەی
سڵ لە پیاسەی نێو ئاگر دەکەنەوە
هەموو ئەمانەم پێکەوە رەتکردەوە
تەنها ئەوەی نەمتوانی رەتی بکەمەوە
خانمەکەم،
زایەڵەی عەشقی ئەبەدیی تۆ بوو
شاعیرێک بووم
هەموو شتێکم رەت کردەوە
ئەو خودایانەی
لە کارگەی ئاینەکاندا دروستکراون
ئەو گۆڕە قووڵانەی
بۆ هەتاو هەڵکەنراون
ئەو بۆشاییانەی
دەبوو بە فرمێسک پڕ بکرێنەوە
ئەو قوڕانەی
لەشی باڵندەی غروریان سواغ دا
ئەو مەرکانە خەفەتبارانەی
ئومێدیان لێ ناچۆڕێت
ئەو کەنارانەی
پێشوازیی لە رێبواران ناکەن
ئەو نیشتمانەی
بووەتە سۆزانی پیاوانی سیاسەت
ئەو غوربەتەی
ختوکەی بن باڵی خۆکوشتن دەدات
ئەو تەنهاییانەی
ئاوس نین بە شێتێتی خۆم
ئەو کۆڵانانەی
ماڵێکیان تێدا نییە بۆ عەشق
هەموو ئەمانەم پێکەوە رەتکردەوە
تەنها ئەوەی نەمتوانی رەتی بکەمەوە
خانمەکەم،
قەدەری خۆشەویستی تۆ بوو
وا هێمن هێمن
بە ناو رۆحما رۆدەچێ
شاعیرێک بووم
هەموو شتێکم رەت کردەوە
ئەو شەقامە قەرەباڵغەی
ئەوسەری لە تەنهاییەوە دەردەچێ
ئەو دەرگایانەی
گێژەڵوکەی ماتەم لێیانەوە دێتە ژوورەوە
ئەو قومارانەی
ئەڵماسی گەنجیی تێدا ئەدۆڕێنرێت
ئەو غەزەلانەی
لەنیوەی رێدا بە هەنسکەوە هەڵدەوەرێن
ئەو پیاوانەی
بەختی سپی ژنان رەش رەش دەکەن
ئەو ژنانەی
نیگای پیاو پڕ دەکەن لە ژەهری دڵڕەقی
ئەو شێوەکارانەی
پۆرترێتی پەرتبوونی گەڵا دەکێشن
ئەو مۆسیقارانەی
نغرۆبوونی پێکەنین دەکەنە سەمفۆنیا
ئەو سەربازانەی
فیشەک دەنێن بە مێژووی مۆمەوە
ئەو بازرگانانەی
لە هەموو وەرزەکاندا مردن دەفرۆشن
ئەو شیعرانەی
ناتوانن برینی پەروانەیەک ساڕێژ بکەن
ئەو چیرۆکانەی
خوێنەر قایل ناکەن بە هەڵاتنی خۆر
هەموو ئەمانەم پێکەوە رەتکردەوە
تەنها ئەوەی نەمتوانی رەتی بکەمەوە
خانمەکەم
گەردەلولی هەڵکردووی دڵی تۆ بوو
شاعیرێک بووم
دوای رەتکردنەوەی هەموو شتێک
وەک زریانێکی شپرزە و
سەرلێشێواو هاتم
لە باوەشی میهرەبانی تۆدا
هێور بوومەوە
وەک کۆمەڵێک
وشەی پەرش و بڵاو هاتم
لە ئامێزی تۆدا
بوومە کتێبی خۆشەویستی

18-5-2019
ئەڵمانیا – بیلەفێلد
نەخۆشخانەی گلیاد ئاینس
شتاسیۆنی نۆرۆلۆگی




بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا…23…شەماڵ بارەوانی

بەشی بیست و سێ/

لەسەر گوێگرتن لە گۆرانی شکاتم لە دوو فەقێکرد.!

پێشووتر و لەبەشی یەکەمی بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گومڕادا باسم لەوەکرد، کە من فەقێیەکی زۆر وشک باوەر و فێندەمێنتالیستێکی زۆر ناحاڵی بووم و هەر لەو سۆنگەیەشەوە زۆرێک لەشتەکانم لە خۆم حەرام و قەدەغە و بە تابۆ کردبوو، یەکێک لەوانە گوێگرتن بوو لە میوزیك و گۆرانی بوو.

ماوەیەکی باش، جگە لە سروودی ئایینی گوێم لە هیچ گۆرانیەک نەدەگرت و گۆرانی و مۆزیکم لا حەڕام و تاوان و لادان بوو.
یەک دوو نامیلکۆکەی سەلەفیگەراکانم سەبارەت بە حوکمی مۆسیقا و گۆرانی، لە ڕوانگەی ئایین و قورئان و ڕیوایەت(فەرموودە) و سەحابە و شتەوە خوێندبوویەوە.

سەبارەت بەوە، چەند بیرەوەری و بەسەرهاتێکی سەردەمی فەقێیاتیم هەیه، دەمەوێ بۆ خوێنەرانی ئازیز باسیان لێوەبکەم.
ئەوە ساڵی دوەمی فەقێیاتیم بوو، کۆمەڵەک فەقێی تری نوێمان بۆ هاتنە حوجرە، هەموویان هی دەڤەری برادۆست و سۆران و ئەو ناوە بوون، ئەوان فەقێی زۆر دڵ پاک و سادە بوون، وەکوو من هێندە بە وشکی و ناحاڵیانە و ڕادیکاڵانە و بە تووندی دەستیان بە ئایینەوە نەگرتبوو.
هەیان بوو جارجار گەر بەیانیان بە زۆر خەبەرمان نەکرابایەتەوە، نوێژی لێدەدان.

ئەوان هەیان بوو گوێی لە گۆرانی دەگرت، کوڕە یەک دوو دانەیەکیان، خوایە بوختان نییە و خۆم چەندین جار بە چاوەکانی خۆم ئەوەم بینیوە، کە چاویان لە کچ و شتیش دەگێڕان.

قوتابخانەیەکی کچان لە تەنیشت حوجرەکەی ئێمە بوو، لە گەڕەکی ئیسکان، جا هەم لەسەر بانی مزگەوتەکەی(حاجی قەرۆك)و، هەم لە ژووی حوجرەکەیش، کە کونێکی لێ بوو، به نهێنی سەیری کچانیان دەکرد. جارێك لەسەر بانێ بەسەردا هەڵووم، کەمنیان بینی و منیش وەزعەکەم بینی، پێکەنین.

جا ڕۆژەکی فەقێیەك لەو دوو فەقێیه دیقەتم دا، گۆرانی زەکەریا عەبدولڵا و ئەیوب عەلی لە مۆبایلەکەیدا خەزنکردووە و وا خەریکی گوێگرتنیەتی لەگەڵ فەقێیتر.

منی بیر و باوەڕ ڕادیکاڵ، کەوەم بینی دەهری بووم و تابڵێیت بەوە قەڵس و توڕەبووم و گووتم: وای وای وای، وڵا هەر ئەوەمابوو، قەحپەخانەیه و لە حوجرە گۆرانی لێدەدەن. هاهاها.
یەکسەر چوومە لای مەلا(سەید.س) بەڕێوەبەری (مدرسە المحمدیە للعلوم الشرعية- قوتابخانەی محەمەدیە، بۆ زانستە شەرعیەکان) و نەشەرم و نە هاوڕێیەتی و نە ئعتیبار وحیسابم بۆ هیچ کرد و جوان جوان شکاتم لێکردن و گووتم: ئەوە لادان و بێ ئەخلاقی و گوناه و تاوانە بەڕاستی.
چۆن دەبێت فەقێ بیت و لە حوجرەش بیت و گوێ لە گۆرانی دڵداری و حوبن حوبێن و بێ ئەخلاقی بگرێت؟!

جا ئەوکاتەی من چووم، یەك دوو مەلایتریش کە مامۆستاشمان بوون لە قوتابخانەی(محەمەدیه)، لە ژووری بەڕێوەبەرایەتی قوتابخانە دانیشتبوون، کەوام گووت، لە جیاتی بەڕێوەبەرەکەمان، مەلا(م.زەڵمی)، کە ئەو توڕەییەی منی بینی، خەندەگرتی و وڵامی دایەوە و گووتی: کەس بە گوێ گرتن لە گۆرانی و میوزیک کافر نابێت و لە ئایین دەرناچێت.

ئەو هەستی بەوە کردبوو و دەیزانی من تۆزەک توندڕۆم، مەلا.م.زەلمی مەلایەکی هەتا بڵێیت بەڕێز و لەسەرخۆبوو، وانەی نەحو و زمانی عەرەبی پێدەگووتین، لە بابەتەکەش خراب نەبوو و زۆر بە جوانی فەقێی حاڵی دەکرد و زۆریش کەیفی بەمن دەهات و ڕێزی دەگرتم. منیش زۆر خۆشم دەویست و ڕێزم دەگرت و لە شێوازی وانەوتنەوەکەی ڕازی و مورتاح بووم.

مەڵا. م. زەڵمی، کەوای پێگووتم، لە دڵی خۆمدا گووتم ئای ئای، دیارە من هەڵەم و مادام گوێ گرتن لە گۆرانی شتێکی نۆرمەڵە و هێندە تاوانێکی گەورە نییە، دەی شەرت بێت ئیتر بێ دڵی خۆم نەکەم و بە دڵی خۆم کامە گۆرانی حەزی پێ بکەم گوێی بۆ شلکەم.
دواتر ڕێک چووم پڕی ناو مۆبایلەکەمم گۆرانی هەمە جۆر کرد و لەو ساوە، دووبارە دەستم بە گوێ گرتن لە گۆرانی و مۆسیک کردەوە و ئینجا دواتر کۆمەڵێک کتێبی ترم سەبارەت بە حەڵاڵێتی و ڕەوایەتی گۆرانی و میوزیك خوێندەوە، لەوانە: یوسف قەڕەزاوی
“فقه الغناء والموسيقى في ضوء القرآن والسنة” و “مجموع الفتوی)کەیم هەردووك خوێندنەوە، قەرەزاوی دەڵێت گوێ لە گۆرانی دڵداریش بگرن ئاساییە و ئێوە کاتێک لەو گۆرانیانە گوێتان لە وشەی دڵداری و ڕۆمانسی و ئیرۆتیکی دەبێت، دەتوانن تەئویلی کەنەوە بۆ هاوسەرەکانتان و خەیاڵتان بۆ هاوسەرەکانتان بگوازنەوە، نەک کەسیتر و کچی تر. بەڵێ شتێک لەو بابەتەی باسکردبوو و ئینجا محەمەد ئەلغەزالى لە کتێبەکەی”السنة النبوية بين أهل الفقه وأهل الحديث” گوێگرتن لە گۆرانی و میوزیک بە شتێکی ئاسایی دادەنێت و ئیمام غەزالی(ابو حامد الغرالی) لە “إحياء علوم الدين)ـەکەی سەبارەت بە گۆرانی و میوزیک دەڵێت:”من لم يحرّكه الربيعُ وأزهاره، والعودُ وأوتاره، فهو فاسدُ المزاج ليس له علاج”(٭).
ئیبنولحەزمی زاهیریش لە (المحلی)دا دەڵێت هەرچی ڕیوایەتێک سەبارەت بە میوزیک هاتووە هیچی ڕاست نین و هەمووی(منقطع) و مەوزوعە و ئەو ڕیوایەتەی لە عایشەی خێزانی پەیامبەر دەکاتە بەڵگەی موباحی و ڕەوایەتی گۆرانی و میوزیك، کە دەڵێت” أن جاريتين كانتا تغنيان فدخل أبو بكر فنهرهما وقال : أبمزمور الشيطان في بيت رسول الله فقال الرسول :” دعهما يا أبا بكر فإنها أيام عيد”.
عەلی باپیریش لە “چەند مەسەلەیەکی باوی سەردەم” و لە ” سروودی و مۆسیقا و چەند بابەتێکی هونەری لەبەر ڕۆشنایی قورئان و سونەتدا” هەمان شێوە میوزیک بە حەڵاڵ دەزانێت و هەمان قسەکانی قەرەزاوی و ئەم و ئەوی هێناوە و تەنانەت ناوی کتێبەکەی دووەمیشیان:سروود و مۆسیقا و شتەکە دەڵێم، ناونیشانکەیشی دەڵێیت لە فیقه الغنا والموسیقاکەی قەرەزاوی وەرگرتووە و تەنها تۆزەک بە دەستکارییەوە کورداندوویەتی. لە بەشیتری(بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا)دا، لەداهاتوو زیاتر باسی عەلی باپیر و کتێبەکانی و شێوازی نووسین و زۆر شتیتری ئەو پیاوە دەکەم.

بەو چەشنە، دوای خوێندنەوەی ئەو هەموو کتێب و شتە، مەسەلەی گوێ گوێگرتن لە گۆرانی و مۆزیک زیاتر لام خاو ئاسایی بووەوە و ئەو حەرامێتی و تابۆ و قەدەغە و شتەی پێشووتر سەبارەت بەوە کە لە مینتاڵێنت و مێشکمدا جێگیرم کردبوو، بە تەواوێتی دیلیتم کرد و فڕێمدایە دەرەوە.

….
١-أبو حامد الغزالي: (ت 505هـ/1112م)، إحياء علوم الدين،2/269، بيروت، دار المعرفة، 1402هـ/1982، 2/275.




لە شـێرەژنـانی کورد ـ فـاتە رەش (١٨٨٨ـ ١٩٥٥)… رەزا شـوان

زۆرن ئـەو نـاودارە کوردانـەی، چ پیاوان چ ژنان، کە لە بـواری سەربازی و لە هەموو بوارەکانی تردا، خزمەتی دەوڵەتی ئیسلامی و عـەباسی و دەوڵەتی عوسمانییان کردووە. یا خـزمەتی دەوڵەتی عـیراق و ئێـران و سوریایان کردووە. بەرگرییان لە گەلانی تورک و عـەرەب و فـارس کـردووە. بە هـەزاران قـوربانییان لە شەڕ و بەرگریکردنیاندا داوە. چەندین داستانی قارەمانێتی و نەبەردییان تۆمار کردووە، بۆ نموونە سەلاەدینی ئەیوبی، ئەبو موسـلم خۆراسانی، ئیبراهـیم هەنانۆ. شێخ مەحمودی نەمریش لە ساڵی (١٩٢٠) بە لەشکرێکی گەورەوەی سوارەی کوردەوە، لە شۆڕشی ساڵی (١٩٢٠) لە حەبانییە و شوعـێبەی لە خـوارووی عـیراق. بە هـانای برایـانی عـەرەبی چـاوڕەشمانەوە چـوو و بەشداریی شەڕی کرد. چەنـدین کورد لەو شـەڕەدا کـوژران. بەڵام تەنیـا عـەرەبێکـیش نەچـووە پـاڵ شـۆڕشـەکەی شـێخ مەحمـوود. تەنانەت بە قـسەش پشتگیرییان لێنەکرد.
بە دەیان ناوداری تر کوردمان کە بەرگرییان لـەو گەڵانەی کە بە ناوە برامانن کردووە.
بەڵام برایانمان زۆر سـفـڵەن و زۆر بە نامەردی و ناپیاوی و دڕنـدەیی و بێ بەزەییانە، پـاداشـتی قـوربانـیـدان و پیـاوەتی کوردیـان داونـەتـەوە و دەدەنـەوە. بە ژینـۆسـایـد و رەشەکوژی و کیمیاباران و ئەنفـال و داگیرکردنی کوردستان و بە تاڵانی و سووتاندن و وێـرانکـردن و دەربەدەرکردنی کورد و گۆڕینی دیمۆگـرافـیای کوردستان پاداشتی چاکە و قـوربانیـدانی کوردیـان داوەتـەوە و دەدەنـەوە. ئەگەر کورد ئەو هەمـوو قـوربانییەی لە پێنـاوی دامەزرانـدنی دەوڵـەتی سـەربـەخـۆی کوردیـدا بـدایە، دەمـێکبـوو دەوڵـەتی کوردستانمان دامەزراندبوو. چونکە وەکوو دەڵێن “هەزار ساڵ بکەیت بێگانە پەرستی هـەر دەهـێنیـت نـوشستی”. بـە داخـەوە تـا ئەمـڕۆش کـورد دۆسـت و دوژمـنی خـۆی ناناسێت و پەنـد و وانەشـمان لە شکستییەکان و لە نەهـامەتییەکانمان وەرنەگـرتـووە.
ئەتاتـورک، باش ئـەوەی دەزانی، کە بەبێ لایەنگـیری و بەبێ بەدەستهێنانی یارمەتی و بەشـداریکردنی کورد لە شەڕدا، ناتوانێت لە شەڕەکانیدا سەرکەوتـن بەدەست بهـێنێـت.
لە کورد نزیک بـۆوە و لەژێـر عەبـایی ئاینی ئیسلامی و جیهـادا، کەوتە درۆ و دەلەسە بۆ لە خـشـتەبـردن و تەفـرەدان و هـەڵخـەڵـەتانـدنی کـوردی خـۆشـباوەڕ، ئـەوەی کردە ئەقـڵیانـەوە، کە کـورد و تـورک بـرایـن و ئیسلامـین و داگـیرکەران گـومـڕان “کافـرن” پێویستە پێکەوە جیهـاد بکەین. سوێنـدی خوارد و بەڵـێنیشی دا کە سەربکەون، بەبێ جیاوازی بە زیادەوە هەموو مافێکی کورد دەدەین. گەر پاڵپشتیکردن و بەشداریکردنی کورد نەبـوایە ئەتـاتـورک نەیـدەتـوانی بەسەر یـۆنانییەکـان و روسـیادا سەربکەوێت و لە تـورکـیادا دەریـان بـکەن و بتوانێـت دەوڵـەتی تـورکـیای ئەمـڕۆ دابمـەزرێـنن.
ئەتاتورک چۆن پاداشتی قوربانیـدان و مافـەکانی کوردی دایـەوە، بەڵـێ بە رەشەکـوژی و ژیـۆسایـد و تـاڵان کـردن و بە داگیرکـردن و وێرانکردنی کوردستان و نکوڵیکردن لە بوونی کورد، وەڵامی قوربانی و پیاوەتیی کوردی دایەوە. تا ئەمڕۆش هەتیـوەکانی دوای خـۆشی، درێـژە بە هـەمـان ئایـدۆلـۆژیـای بـۆگـەنی رەگـەزپـەرستی دەدەن و دژایـەتی کورد دەکـەن و حاشا لە بـوونی کـورد دەکـەن.
ئەم باسە قـسەکردنی زۆر زیاتر هەڵـدەگرێت. دێنە سەر کـرۆکی باسەکەمان دەربـارەی شـێرەژنێکی جەنـگاوەری کوردمـان، بە نـاوی “فـاتە رەش” لە باکـووری کوردسـتان.

فـاتە رەش یا “فـاتێ رەش” کـێـیە؟

فـاتە رەش، کچی (یـوسـف ئاغـا) ی سـەرۆکی هـۆزێ گـەورەی مەرعـەشی سـینمـیلی ناسراوی کـوردە، لە ناوچـەی (مـەرعـەش) لە پارێـزگـای (ئـەرەزەڕووم)ی باکـووری کوردسـتان. لە ئەنـادۆڵ.. فـاتە رەش لە ساڵی (١٨٨٨) لـە گـونـدی (چـای) سـەر بـە ناحیەی (عەشکالێ)ی سەر بە ئەرزەڕووم لە بنەماڵەیەکی ناسراوی کورد لەدایکبووە.
دکتۆر کامەران ئەمین ئـاوە، لە کورتە نووسینێکـدا، کە لە ویکـیپیدیای تـورکـییەوە بە ناوی (فـاتمەڕەش شێرەژن) وەریگـرتـووە، لە رێـکەوتی (٧/ ٧/٢٠١٨) دا، لە سایتی (ئەمـڕۆ) دا، بڵاویکردۆتەوە، نووسیوێتی:”فـاتێ رەش نازناوی (ئایشـە خانـم)ە، کچی (حاجی عـوسمان بـەگ) ە، خـەڵکی (ئانـدرین)ە”ی سـەر پارێـزگایی مەرعـەشـە.
نووسینێکم دەربارەی بینباشی (ئایـشە) خوێندەوە، کە لە تورکیدا بە (بـینـباشی ئایشە) ناسراوە، (بینباشی : رائـید) بە کوردی (ئایشەی سەرکرەی هـەزار) دەگەیەنێت. ئایشە لەگەڵ هاوسەرەکەی لە (ساڵۆنیک) لە یۆنان ژیاون، هاوسەرکەی ئەمیش سەرباز بوو، لە شەڕی قەفـقاسدا کوژرا. لە رووی خـێزانیشەوە جیاوازی لە نێوان (ئایشە بینباشی) و (فـاتە رەش) دا هـەیە. باسی ئەوەش نەکراوە کە ئایشە کورد بێت. بەڵان هەمان ئەو شەڕانە و ئازایەتی و قارەمانییەتییەی بە ناو فاتە رەشەوە تۆمارکراون، هەمان شەڕ و سەرکـەوتن و رۆڵیـش، بە نـاوی بینباشی (ئایـشە) شەوە تـۆمـارکـراون. بـۆیە لـێرەدا، گۆمانێکمان لا دروسـت دەبێـت، کـامیان راستن (فاتە رەش) یا رائید (ئایشە). یا ئەوەتە بۆ چەواشکاری و ناوبـزکـردنی رۆڵی ئـەو شـێرە ژنە کوردەمانە. بە ئەنقەست ئەم دوو ناویـان بـردووە!. ئایا رائید (ئایشە) هەر (فاتە رەش)ە ؟!. بەڵام دوو وێنەی جیاوازیان هـەیە. جیـاوازیش لە ساڵ و لە شوێنی کۆچکردنیان هـەیە. (ئایـشـە بیـنباشی) لە ساڵی (١٩٤٩) لە ئیزمیر کۆچی کردووە، بەڵام (فاتە رەش) لە ساڵی (١٩٥٥) لە ئەستەنبوڵ کـۆچی دوایی کـردووە. کەواتە، فـاتە رەش و ئایـشە بینـباشی دوو ژنـی جـەنـگـاوەری جـیـاوزن و هەمـان کەسـایەتی نیـن.

نەک هـەر ئـەم ناوە بەڵکو چەنـد ناوێـکی جیاوازی تـریش، دراونـەتە پـاڵ نـاوی فـاتە رەش و باوکی و هـاوسەرەکەشی. بەڵام لە زۆربەی ئەو سایـت و نووسینە تـورکییانەی کە من خـوێنـدمەوە، نـاوی فـاتە رەش بە (فـاتیمە سـێهـر ئاردن) ناونووسـیان کردووە، (سـێهـر ئـاردن) نـاو نییـە، وەک نـازنـاو هـاتـووە. زۆربـەی نـووسینەکانیـش، جەخـت لەسەر ئەوە دەکەن کە ناوی باوکی فاتە (یوسف ئاغا) یە. بەپێ ناسنامەکەی و تۆماری سەرژمێریی (سەریکامیش) ناوی راستی فاتە ناوی (ماهـی) یە خەڵکەی ناوچەکەشیان هـەر بە مـاهـی ناویـان بـردووە.
وانەبێژی یاریدەدەر دکتۆر (ئۆرون) لە کۆلێژی ئاداب و زانیاری لە زانکۆی (کوجایلی) لە تـورکیا، لە بارەی مێـژووی تـورکیا، دەربـارەی فـاتە رەش دەڵێـت:”نازناوی راستی فـاتیمە سێهـر خـانم، کە بە ـ کـارا فـاتـمە ـ فـاتە ڕەش ـ ناسـراوە، “سافـاشـێـر”ە.
فـاتە رەش، کچـێکی ئەسمەری رەشتاڵەی کورتە بـاڵا و لاواز، ئەنـدام تونـدوتـۆڵ بوو، چاوەڕەشەکانی دەبـریسکانەوە. زۆر خاکی بوو، بەزۆری ستایـلی ئەو جلوبـەرگەکەی لەبـەری دەکـرد، پیاوانە بـوون. کەوایـەکی رەشی شـۆڕێ لەسەر جلـەکانیـیەوە لەبـەر دەکرد. فاتە رەش شۆڕە سوارێکی لێهاتووبوو، شـێرەژنـێکی زۆر ئازا و چاونەترس و جەربەزە بـوو. خەنـجـەرێک و دەمانچەیەکی لە پشتێنە پانەکەی قـایم دەکرد. تـفـەنگی درێـژی هـەڵـدەگـرت. پشـت و شانەکانی بە فـیشەکـدان داپـۆشـرابـوون. شـمـشـێرێـکی درێـژیـشی دەگرتە دەسـتەوە. رمـێکـیـشی بە لایـەکی ئەسپەکەیـەوە هـەڵـدەواسی. فاتە رەش نیشانشکـێنـێکی لـێهـاتـووش بـوو.
دوو بـرای هـەبـوو، ناویان (سـلێـمان) و (سەلاحـەدیـن)ە، لە هـەمـوو شـەڕەکـانیـدا لەگەڵـیـدا بـوون. هـەردووکیـشـیان لە شـەڕدا لە پێـناوی تـورکیـادا کوژران.
فاتە رەش، لەگەڵ (دەروێـش بـەگ) هـاوسەرگیری کرد. کە ئەفـسەرێکی جەنـگاوەری ئازای کورد بـوو، لە سوپای عـوسمانیـدا، هـەر لە هـۆزەکەی خۆیـان بـوو. لە گەڕەکی (کایکـوی) لە (ئەرزەڕووم) لەدایک ببـوو. ماڵیان لە شارۆچـکەی (ئەدرنـە) بوو. دوو کوڕ و کچـێکـیان بـوو. ناوی کوڕەکانی (سەیـفەدیـن) و (محەمـەد)، ناوی کچـەکەشی (فـاتیمە) بـوو. کوڕەکانی و کچەکەشی وەکوو خـۆی ئازابـوون و لە هەمـوو بەرەکانی شەڕدا لە گەڵ دایکیانـدا لە شـەڕدا بـوون.
وا باس دەکرێت کە هاوسەرەکەی فاتە رەش (دەروێش بەگ) زیندانی کـرابـوو، گـوایە فـاتە رەش لە پێناوی ئازادکـردنی هـاوسەرەکەی لە بەنـدیخـانە، چەکی هەڵگـرتـووە و شەڕی کردووە. تـوانی ئازادی بکات. بەڵام لە هـیچ لەو نووسینانەی مـن خـوێنـدمەوە، باس لە زینـدانیکـردنی هـاوسەرەکەی فـاتە رەش ناکـەن. تەنیـا دکتۆر کامەران ئەمـین باسی ئەم زینـدانیکـردنەی هـاوسەرەکـەی فـاتە رەش کـردووە.
یەکەم شەڕ کە فاتە رەش بە شداری تێـدا کرد شەڕی بەڵـقان بوو، (١٠) ژنی ئازای لە خـزمانی و بنەماڵەکەی چەکـدار کرد. منداڵەکانی لە ماڵی خزمێکـیان بەجـێـیانی هـێشت. لەگـەڵ ئـەو دە ژنـە و هـاوسەرەکەی لە ساڵی (١٩١٤) دا، لە شـەڕی بەرگـریکـردن و رزگارکردنی (ئـەدرنە) لە دژی بـولـگارییـەکان شـەڕێکی قـارەمانـانەی بێوێنـەی کـرد، لەم شەڕەوە ناسراو و وەکوو جەنـگاوەرێـکی قـارەمـان و جـەربـەزە نـاوی دەرکـرد.
فـاتە رەش دەڵێـت:”فاتـیمە کچـیشم کە تەمەنی (٩) ساڵ بـوو، وازی ناهـێنا و دوامـان کەوتـووبـوو، بێ ئەوەی بـزانێـت شـەڕ و مەرگ چـییە، نـان و ئـاوی بـۆمـان دەهـێنا”
فاتە رەش لە دوای شەڕی ئەدرنە، لەگەڵ هاوسەرەکەی و چەندین ژنی کورد بەشداری لە شەڕکرد، زیاتر ناوی دەرکرد. لە ساڵی (١٩١٩) دا بە فەرمی وەکوو جەنگاوەرێکی شەڕکەر لە سوپای عـوسمانیدا تۆمارکرا. پلەی (عەریف) یان پێبەخشی. هەر لە ساڵی (١٩١٩) دا، هـاوسەرەکەی (دەروێـش بـەگ) لە شـەڕیکـدا لە (سەریکامیـش) کوژرا. فاتە رەش دوای کوشتنی هـاوسەرەکەی بۆ ماوەیەک گەڕایەوە بۆ ئەرزەڕوومی زێـدی خـۆی و کەسوکارەکەی. دوایـش لەگەڵ منـداڵەکـانی و بـراکانیـدا لە ساڵی (١٩١٩) دا، باریان کـرد بۆ ئەستەنبـوڵ، کە زۆربەی ناوچەکانه لەژێـر دەستی یۆنانییەکاندا بـوون.
هەر لە ساڵێ (١٩١٩) دا، کە زانی مستەفـا کەماڵ (ئەتاتـورک) لە شاری (سیواس)ە، کۆنگـرەیەک دەبەستێت. جلێکی باڵاپۆشی و دەموچاوپۆشی رەشی لەبەرکرد و لەگەڵ چەنـد سوارەیەکدا بەرەو سیواس بە رێکەوت. دوای سێ شەو و رۆژی بـڕینی رێگای سەخـت و بەنـاو بەفـردا، گەیشتنە سیواس، لـەوێ مستەفـا کەمـاڵی دەبینێـت. لە پێشا مستەفـا کەماڵ زۆر بە رەقی قـسەی لەگەڵـدا کرد و وتی دەتەوێـت باسی چـیم لەگەڵـدا بکەیـت؟ فـاتە رەش، باڵا پـۆشییەکەی لەخـۆی دەکـاتەوە و بە مستەفـا کەماڵ دەڵێـت: “سوورم لەسەر ئەوەی بۆ مـاوەی خولەکـێک گوێـم لێبگـریت، هـاوسەرە شەهیـدەکەم لەژێـر خاکـدایە، منـداڵـە هـەتیـوەکانیـشم لە ئەستەنبـوڵـن، لە ئەدرنە لە دژی داگـیرکەر شەڕم کـرد، سەربـازە بـرینـدارەکان بە کـۆڵـم هـەڵـیانـم گرت، ژنانم هـانـدا کە گـۆرەوی و بلـوز و قـات بۆ سەربازەکان بچـنن و بـدوورن. بەڵام ئامـانە بەس نـین، کارێکـم پێ بسپـێرە دەمەوێـت شـەڕی دوژمـن بـکەم، دەمەوێـت لـەو شـوێنـەوە کە هـاوسەرەکەم وەسـتا، درێـژە بە شـەڕ بـدەم”.
مستەفا کەماڵ نـاوی لێ دەپـرسێـت و ئەوەشی لێ دەپـرسێـت: ئایا دەتـوانیـت تـفەنـگ بەکاربهـێنیت؟ دەزانیت چـۆن سواری ئەسپ ببیـت؟ لە شـەڕکردن ناتـرسیت؟ کە فـاتە رەش وەڵامی پـرسـیارەکـانی دایـەوە. مسـتەفـا کـەمـاڵ زۆر دڵـخـۆش بـوو و وتی:
“خۆزگە هەموو ژنان وەکوو تۆ دەبـوون فـاتمە رەش” بە تورکی “کارا فاتـمە” ئیتر لەو رۆژەوە (فـاتـیمە، فـاتە، فـاتێ) لە تورکیـادا بە (کـارا فـاتـمە) ناویـان دەبـرد.
لە کوردیـشدا، وشەی “رەش” خـراوەتە پاڵ پیاوان و ژنانێک، کە ئەسمەر یا رەش و رەشتاڵەبن، وەکوو: کاکەرەش، حەمەڕەش، عەبەرەش، کچەڕەش، گوڵەڕەش،…هـتد.
دوای ئەوەی کە مستەفا کەمـاڵ داواکەی قـبووڵ دەکات بە پێکهـێنانی هـێزێکی سوارەی شەڕکەر، فـاتە رەش و هـاوڕێـکانی دەگـەڕێنـەوە بـۆ ئەستەنبـوڵ. بە هەزاران کەس لە خەڵکی ئەستەنبوڵ کە ناوبانگی فاتە رەشیان بیستبوو، هـاتنە سەر رێگا و شەقـەمەکان بۆ ئەوەی فاتە رەشی شیرەژنی شەڕڤـانی کورد ببینن. کە گەیشتنە (سەرا سکـیران) لە پێـش هەمـوویـانەوە (رەزا پاشا) بە گـەرمی پێـشوازیی لـێیان کـرد. لە قـاوەخـانـەکان و ماڵان و لە هەموو شوێـنێکی ئەستەنبوڵـدا، باس تەنیا باسی ئازایەتی فـاتە رەش بـوو.
بارەگایەکی لە (ئوسکۆدار) دا کردەوە، لە سەرەتا (٣٠٠) شەڕڤانی خۆبەخشانە خۆیان لە سوپاکەیدا تۆمارکرد، لە دواییدا ژمارەیان گەیشتە (٧٠٠) پیاو و (٤٣) ژنی سوارەی شەرڤـان. بـراکانی و کوڕەکانی و فاتـیمەی کچـیشی کە تەمـەنی (١٣) ساڵ بـوو ئەویش شەڕکەرێک بوو، بەشی هەرەزۆری لەشکرەکەی کەسوکار و لە هۆزەکەی خۆی بوون. تەمەنیان لە نێوان (١٦بـۆ ٦٠) ساڵ بـوون. لە قەوقـازەوە بۆ بەڵقان لە چەندین شەڕی دژواری دەستەویەجەدا، بەشـدارییـان کرد و رۆڵـێکی پاڵەوانانەیـان بیـنی. بە زۆریشی هـێڵەکانی پشتەوەی نەیارانیان پێ سپاردبـوون، دەچوونە پشتی سوپـای یـۆنانییەوە، بە رۆژ لەنـاو دارستانە چـڕەکانـدا خـۆیـان دەشاردە و بە شـەویش هـێڕشیان دەکـردە سەر سوپای گریکییەکان. گەرچی هـێزەکەی فاتە رەش کە لە شکری (٢٠) ی سوارە بوون، سەر بە تیپی (٨) ی سوپای عوسمانی بوون. بەڵام لە راستیدا فاتە رەش سەربەخۆبوو لە شەڕەکانـدا، خـۆی نەخـشـە پلانـەکانی هـێڕشەکانی دادەنـا و جـێبەجـێیانی دەکـرد. لە زۆر شوێـنی ئەستەنبـوڵ و ناوچـەکانی دەوروبـەری، رۆڵـی سـەرەکی بیـنی لە شکانـدن و دەرکردنی هـێزەکانی گریکییەکان. چونکە لە هەموو شەڕەکاندا، لە ریـزەکانی پێشەوە شەڕیان دەکرد. لە رزگارکردنی شاری (ئیزمیر) دا لە (٩/ سیپتەمبەر/١٩٢٢)هـێزەکەی فـاتە رەش، یەکەم هـێزبوو کە چـووە ناو شاری (ئیزمیر) کە سوپای یۆنانی تێـدابـوون.
هەر هـێزەکەی فاتە رەش، بە تەنیا دەستیان بەسەر (کارسیاکا) دا گرت، لە باکووری کەنداوی ئیـزمیـردا.
فاتە رەش چەند جارێک برینداربوو، لە شەڕی (کۆجالی) دا، پارچە گولە تـۆپێک، دوو پەنجەی دەستی راستی بـڕییەوە، دەستی پێچا و درێژەی بە شەڕدا، ئەمجارەیان پارچە گولـەیەک بەر سنگی کەوت. گەیانـدیانە نەخـۆشخـانە و چـاک بـۆوە، بەڵام ئەو پارچە گـولەیە هـەر لە سنگـیدا مایەوە. فـاتـیمەی کچـە (١٣) ساڵانـەکەشی لە شـەڕدا، گـولە تـۆپێک بەر دەستی راستی کەوت و دەستی پەڕانـد.
چۆن پلەی (ئەفسەرـ مولازم) یان بە فاتە رەش بەخشی؟ فاتە رەش لە بیرەوەرییەکانیدا کە لە ساڵی (١٩٤٤) دا بە تورکی نووسیوێتی و چاپکراوە. لەوانەیە بۆیا نووسیبێتەوە چـونکە باس لـەوە نەکـراوە، کە فـاتە رەش خوێنـدەواری هـەبێـت. دەڵێـت:”پـێـش دوا هـێڕشی شـەڕی سەربـەخـۆیی، لە ساڵی (١٩٢٢) دا، ئاهـەنـگی پـێـشانـگای گـوڵ لە (ئەنقـەرە) سازکـرا. مـن بانگ کرام و یەکێک بـووم لە میوانەکان، لەناو میـوانەکانـدا، ئەتاتورک و باڵیـۆزی روسیا و سەرۆک و جێگری پەڕلەمان و هەنـدێ لە بەرپرس و کاربەدەستی باڵای حکـومەت ناوەکانیانم لەیاد نەماون، ئامادە بـوون. لە پێـشانگاکەدا، قوتوویەکی زیوینی جگەرە دانرابوو. ویستیان بە فرۆشتنی زیادکردن بیفرۆشن. دوایی پێشـنیاری ئەوەیان کرد، کە نیشان بنێنەوە، ئەوەی بـردییەوە، قـوتووەکەی پێشکەش بکرێت. داوایان لە منیش کرد کە بەشداری بکەم. لەم پێشبڕکێیەدا بە یەکەم دەرچووم. قوتووە زیوینییەکەیان پێشکەشم کرد. ئەتاتورکیش پلەی ئەفسەری(مولازم) ی دامێ”. بەم پێیەش فـاتە رەش، بـوو بە یەکـەم ئەفـسـەری ژن لە سـوپـای عـوسـمانیـدا.
فاتە رەش، لە شەڕی (ئینـۆنـو) دا، هـێزەکەی بەشداری کـرد، شەڕێکی زۆر قـورس بـوو،. ژمارەیەکی زۆر لەکەسوکار و ئەو ئەو ژنانەی کە لەگەڵیدابـوون، لەم شەڕەدا کوژران. (٢٨) لە ژنـەکان کـوژران. خـۆشی بـرینـداربـوو.
فـاتە رەش، دوو جار لە لایـەن سوپای گریکـییەکانەوە بەدیـل گـیرا، هـەردوو جارەکە توانی خۆی رزگار بکات. جاری دووەمیان. لە شەڕی (هـێڕشی گـشتی) دا لە ئـیزمیر، سوپـای یـۆنـانی (فـینـدیک تەپـە) یان گـرت، لەوێـدا فـاتە رەشـیان بەدیـل گـرت.
فاتە رەش لە بیرەوەرییەکانیدا، دەگێڕێتەوە و دەڵێت:” چاومیان بە دەستەسڕێک تـوند بەستەوە، دوو کاتـژمێر دووریان خـستمەوە و بردیماینە پشتەوەی سەربازگاکانیانەوە، لە دێی (سورمیلی) دا چاومیان کردەوە. رۆژانە ئەشکەنجـەیەکی زۆریان ئەدام، هـێزم تێدا نەما، لێکۆڵینەوەیان لەگەڵمدا کرد، بەڵام هـیچ نهێنییەکم نەدرکان و پێچ و پەنام بە وەڵامەکانـم دەدا. بە پێی دیمانەیەک کە لە رۆژنامەی (تانـین) دا بڵاوکـراوەتەوە، لە بە دیـل گرتـنی دووەمـیدا، فـاتە رەش دەڵێـت:”بـردمیان بـۆ بارەگـای ل سەرکردەی گـشتی هـێزە شەڕکەرەکانیان، ژەنـەڕاڵ (نیکـۆلاوس تریکـۆپـیس) بۆ لێکـۆڵینەوە، کە بینـیمی، سەیـری کردم و زۆر بە سەرسوڕمـانەوە لـێمی دەڕوانی، وتی:”تـۆی فـاتە رەش؟ سێ جـار نـاومی دووبـارە کـردەوە. لە دوای ماوەیـەک لە سـەرسـۆڕمـانـەکەی تـێگەیـشـتم، دەرکەوت ئەوان لەو خەیاڵەدا بوون، کە فاتە رەش شـتێکی زەبـەلاح بێت. بەڵام من لە وەڵامدا پێـم وت:”مـن بەهـێزتـرین فـاتمە رەشی ئەنادۆڵـم” لە شوێنێکـدا بەندمیانکرد. لە پێـشا چـوار پاسەوانیـان بـۆ چـاودێـریـم دانـا، دوایی کـردیـان بە یـەک پاسـەوان. رۆژێک هاوڕێیەکی پاسەوانەکەم هات بۆ لای، پێکەوە ئارەقـیکی زۆریان خواردەوە و سەرخۆش بوون. دوایی هاوڕێ میوانەکەی رۆیـشت. پاسەوانەکە درێـژەی بـە ئـارەق خـواردنـەوەکـەی دا. دیـاربـوو کە زۆری خواردبۆوە، چونکە کە بەیـانی دیـم ئاگای لە خۆی نەبـوو، گـێژببـوو، هـاوسەنگی تـێکچـووبوو و بەلادا دەهات، لە پێـشا بـڕوام بە سەرخۆشییەکەی نەکـرد. بـەڵام کـە دوانـم، بـۆم دەرکـەوت کە بە راستی سەرخـۆشە و ئاگای لە خۆی نییە. چەکەکەیم هەڵگرت و دوورکەوتمەوە، پێش ئەوەی تاریکی بکات ئەو شوێنەم بەجـێهـێشت. دوای (١٩) رۆژی بەنـدکردن و ئەشکەنجەدان و بێ هـێزی، زۆر بە زەحـمەت تـوانـیـم هـەڵـبـێم و خـۆم بـگـەیـەنـمەوە نـاو لەشکـرەکـەم. کـە ئـەم هـەواڵـە بـڵاوبـۆوە، بـە هـۆی ئـەم سەرکەوتـنەمەوە، یەکسەر پـلەی سەربـازیمـان بۆ (مولازمی یەکەم) بەرزکردەوە. بە گوڕ و تینێکی زیاتر، دڕێژەمان بە شەڕەکانمان دا”
رۆژنامەی (نیویۆرک تایمز) لە (٢٥/ ئەپـریل/ ١٩٢٢) دەربارەی ئازایەتی فاتە رەش نووسیوێتی:”ئەم ژنە کە بە فـاتیمە ناودەبـرێت، عەریفـێک بوو، پێشەنگی پێـشرەوی دەکـرد، بە زۆری هـەمـوویـان ژن بـوون، کە هـێڕشی کـردە سـەر هـێـزەکـانی دوژمـن بە گـرتنی (٢٥) دیـلەوە گەڕایـەوە، کە ئەفـسەرەکەشـیان لە نێـوان دیـلەکانـدا بـوون”.
(سیمیۆن ئیڤانۆڤیش) کە لە نێوان دیپلۆماسییەکانی روسیای سۆڤیەتی بوو لە تورکیا، لە کتێبی ئالۆڤ (یادەوەرییەکانی دیپلۆماسی سۆڤـێتی لە تورکیا) ناوی فاتە رەشی هێناوە و نووسیوێتی:”رەقـیب فاتیمە جەنگاوەرێک بوو، چەندین جار هـات بۆ باڵیۆزخانەکەمان. فاتیمە رەقیب سەرۆکی ئـۆردوویەک بوو، لە دژی گـریک و یاخـیبووەکان شەڕی کـرد. مـولازم فـاتیمە کـورتە بـاڵا بـوو، لاواز بـوو، دەموچـاوێـکی تاریـکی چـالاکی هەبـوو، چاوێکی پیـرەژنانەی هەبـوو. کوڕە گەورەکەی لەگەڵـیدا دەهـات بۆ باڵـیوزخانە، کە لە شەڕەکاندا لەگەڵ دایکیدا شەڕی دەکـرد. فـاتیمە کەوایەکی رەشی درێـژی لەبەردەکـرد، کە پشـتی پۆشیبوو، تەنـوورەیەکی خەت خەتی لە بەردەکرد. فـیشەکـدانێکی پانیشی لە پشت بوو، فـیشەکـدانێکـیشی لە شان بـوو،…”
فاتە رەش لە ( ١٩١٩ـ ١٩٢٣) لە هەموو شەڕەکان، کە بە (شەڕی کریمە) یا (شەڕی سەربەخـۆیی) ناویان دەبـرد، وەکوو سەرکردەی لەشکرێکی کوردی لە شەردا بوو، لەم شەڕانەدا، هاوسەرەکەی و منداڵەکانی و براکانی و ژمارەیەکی زۆری لە بنەماڵەکەی و لە خـزمەکانی کـوژران. تەنیا (فـاتیمە) کچی مایـەوە، ئەویش دەستی راستی لە شـەردا پەڕیبـوو. شـووی کردبـوو، دوو کوڕی هـەبـوو. لە دوای تـەوابـوونی شـەڕ فـاتە رەش خـۆی خـانەنشـین کرد. مووچـەی مـولازمی یەکـەم، مانـگانە (٥٠٠٠) قـورشـیان بـۆ بڕییەوە. فـاتە رەش وتی:”مـن لە پێناوی پارەدا شەڕم نەکـردووە، بەرگریـم لە وڵات کردووە” مووچەی مانگانەکەی پیشکەش کرد بە (کیزیلاری ـ مانگی سووری تورکی).
وەک رێزلێنان بۆ ئەو خزمەتەی، مەدالـیا گەل و ویسامی سەربەخـۆییـان پـێبەخـشی.
فاتە رەش، لە ساڵانی کوتاییەکانی ژیانیدا، لە ژوورێـکی پەرپـووتی سارد و سردا، لە ئەسـتەنبـوڵ، زۆر بەبـێ نـازی و کـوێـرەوەری و نەبـوونی و بـرسێـتی و تـوێـنێـتی و کولەمەرگی و گۆشەگیری دەژیا. تەنانەت رۆژێکیان هـیچ نەبـوو بیخـۆن دوو منداڵە نەوەکەی، چوون سواڵیان کرد و (١٠٠) قروشیان هێنایەوە و دایەن دەست داپیرەیان کە شتێکـیان بـۆ بکـڕیت و سکی برسیان تـێربێت. ماوەیەکـیشی کەنیسـەیەکی روسی رۆژی قاپێک شۆربایان دەدایێ. ئەم هـەواڵە لە رۆژنـامەکان بڵاوبۆوە، ئینجا پارێـزگار و سەرۆک شارەوانی ئەستەنبـوڵ لە ساڵی (١٩٥٤) دا مانگانەیەکیان بە بڕی (١٧٠) لـیرە بۆ بـڕییەوە. هـەردوو نەوەکەشیان لە بەشی ناوخـویی قـوتابخـانەکان وەرگـرت.
فاتە رەش دواڕۆژەکانی ژیانی لە (دارولاسزە ـ خانەی پاراستن بۆ هەژاران و پیرەکان، کە لە سەردەمی عوسمانییەکانەوە، لە لایەن شارەوانی ئەستەنبـوڵەوە بەڕێـوە دەبـرا) بەسەربـرد. تا لە رۆژی (٢/ یـۆلیـۆ/ ١٩٥٥) لە نەخۆشخـانەدا کـۆچی دوایی کـرد. لە گۆرستانی (کولاکسـیز) لە ئەستەنبوڵ بە خاک سپیردرا. لەوەدوا گۆڕەکەی بەر شەقام کەوت و تێکـیانـدا. لە (٢٠١٥) دا هـەر لە ئەستەنبوڵ گـۆڕێکی تریان بۆ دروستکرد.
بەکتاشی سـینەماکار، سەرۆکی کۆمـەڵەی (ئیلکـنـور) لە تورکیا، سیناریـۆی فـیـلمێکی نووسی دەربارەی ژیانی فاتە رەش (فـیلمبیۆگرافی) ساڵ و نیوێک خەریکی دەرهـێنانی بوو. بەکتاشی دەڵێت:”ناوی راستی فاتیمە (ماهی) یە خەڵکی بەم ناوە بانگیان کردووە، ناوی باوکـیشی، ئیبراهـیم یەحـیا” یە. بەکـتاشی دەشـڵێـت:” ناسـنامە مـۆرکـراوەکـەیـم دۆزییـەوە.. پێـویستە ئەوەش بـزانـرێـت کە پاڵـەوانێـک هـەیـە نـەک ئەفـسانەیـەک”.
نووسەر و توێژێنەر (محەمەد بەیرەق) لە کتێبی (ژنـانی کورد لە دەوڵەی عـوسمانیدا) لە بارەی چارەنووسی “فاتیمە رەش” بە درێـژی باسی لەوە کـردووە. کە چـۆن تورک لەگەڵ تێپەڕینی کاتـدا، راستییان چەواشە کـردووە و کـردوویانە بە “ژنـێکی تـورک”.
لەسەرەوە باسمان لەوە کرد، کە چون ئەتاتورک و موریدەکانی دوای خۆی بە نامەردی و دڕندەیی وەڵامی قـوربانیدان و پیاوەتـیی گـەلی کوردیان دایەوە و دەدەنـەوە. چۆنیش بە هەمـوو شـێوە و شـێوازێـک، راسـتییەکان و میـژوو لە بەرژەوەنی خۆیـان چەواشە دەکـەن. لە هەمـوو ئـەو نووسینانەی دەربـارەی فـاتە رەش خـوێنـدمەوە، هـیچـیان دان بەوەدا نانـێن، کە فـاتە رەش بە رەسـەن کـوردە و تـورک نیـیە.
هەندێکیش دەڵین: بۆ ناوبانگ بزرکردنی (فاتە رەش)ی کورد. تورکەکان فاتە رەشێکی وەهمی تریان لە تورکیا بە ناوی (کارا فاتمە) وە، کردووە بە پاڵەوانی داستانەکانی فاتە رەشی کورد. ئەمەش بە لای ئێـمەی کوردەوە نامـۆ نیـیە، چـونکە تـورکان گـەلێ کاری قـێزەوەنی لـەم جۆرەیان کردووە. بەڵام هەزاران (کارا فاتمە) ی ساختە دروست بکەن. بێ سوودە، چونکە تەنیا یەک (فاتە رەش) هەیە ئەویش شێرەژنە کوردەکەی باکوروی کوردستانە. فاتە رەش خانمە، فـاتە رەشەکەی کوردستانە. فـاتە ئەمـازۆنەکەی کوردە. جـا مـلازم فـاتە رەش بێـت یا ژەنەڕاڵ فـاتە رەش بێـت، هـەر فـاتە رەشەکەی خۆمانە.
هەر لە خوێندنەوەی ئەو نووسینانەدا، گۆمانم لە هەندێ لە قـسەکانی نووسەرەکانیان هـەیە، کە لە سـوودی خـۆیانـدا، بە دەمی فـاتە رەشـەوە قـسەیـان هـەڵـبەســتووە.
تا ئەمڕۆش (ئـینسکلۆپیـدیا) و فەرهـەنگێکی یەکگـرتووی نووسینەوەی (بیـۆگرافی)ی کوردیمان، نییە، تا کەسایەتییە ناودارە میژووییەکانمان، چ پیاون و چ ژنان، لە هەموو بوارەکاندا، لە لایەن پسپۆرانی کوردمانەوە، بە شێوە و شێوازێکی ئاکادیمی ژیانامەیان بنـووسنەوە و لە چـەواشەکاری رزگاریان بکەن.

(*) بۆ نووسینی ئەم بابەتە، سوود لە چەنـد سایتـێکی تـورکی و لە چەنـد نـووسینێکی نـووسەرانی تـورک وەرگـرتـووە.
رەزا شـوان
نەرویـج: ٢٤/ ئاوگوست/ ٢٠٢٢




کورد، کورد نەبووە؟… زانا ڕزاق

خۆی هەموو حزبێک کە دروست دەبێ بە دوو قۆناغ دروست دەبن:
قۆناغێک قۆناغی ڕزگاریی نشتیمانییە، قۆناغی دواتر قۆناغی گەشەپێدان و بەرەو پێشبردنی نشتیمانە. حزب یان هەر ناوێکی تری لێبنێین ئەوا بەدوو شێوە دێنە بوون: یەکێکیان بۆ ڕزگارییە دواتر پاش ڕزگاری کارکردنە بۆ ئامانجەکان. ئەوەی دووەمیش لەناو نشتیمان و پاش ڕزگاری دێتەبوون و دامەزراندن، ئەمەشیان بە کۆمەڵێک ئامانجی دیاریکراوەوە .

بۆ ئێمەی کورد دۆخەکەی ئالۆزە، ئالۆزی بەو مانایەی دابەشکراوین و پەرتکراوین بەسەر چوار ووڵاتدا، بۆیە سەرەتا دەبوایە و دەبێ لەهەر پارچەیەک هەموو هێز وحزبەکان ئامادەییان هەبێ و هی هەمووان با، پاشان با ململانێ هەبا هەر ئاوا بۆ کورد و نشتیمانەکەی باشە، چونکە گەر ململانێ نەبوو ئەوا کارکردن و ترس لە یەکتری نابێت یانی پێشکەوتن ڕوونادات، بۆیە پێویستە لە هەموو پارچەکان هەموویان هەبن بەس با هێزەکانی پارچەی تر دەستتێوەردان نەکەن ئەگەر هاوکاری پارچەکانی تر بکەن ئەگەریش هاتوو لایەنگری و جەماوەری لە پارچەی تر هەبوو با حزبێک لەوێ دروست بێ ڕێگەشی پێبدرێت چونکە هی ئەوانیشە ، هەروەک ووتم بۆ ئەوان باشە کە دەسەڵاتدارن ڕێگە بەوانی تر بدەن یانی هێزەکانی تر چونکە بەهۆی ئەوانی تر کار دەکات خۆی ماندوو دەکات، چونکە ململانێ دروست دەبێ.
ئێمەی کورد چەندین ئایدۆلۆژیای ترمان هاتووتە ناو پێویستە ئەوان و ئەوانی تریش دوو شێوە سیاسەت لێکجیابکەنەوە :
یەکێکیان بۆ ناوەخۆی ووڵاتە
دووەمیشیان بۆ دەرەوەی ووڵاتە
بەداخەوە کاتێک سەیری ئەو حزبانە و ئایدۆلۆژییانە دەکەین یەک ئاڕاستەی سیاسەتیان هەیە یانی هەم بۆ ناوەخۆ هەمیش بۆ دەرەوەی ووڵات هەمان سیاسەتە، دەبوو وانەبوایە، بەڵکو ئەو دوو جۆرە لێکجیاکرابایەوە هەروەها بۆ ناوەخۆیی ووڵات و هەلوێستی بابەتی نشتیمانی و حزبیش لێکجیاکرابایەوە .

بۆ نموونە شتێک بەسەر کوردێکدا هەتبا ئەوانی تر پێشوەختە ڕەچاوی لایەنداری و نەداری ئەو کەسەیان نەکردبا بەڵکو وەک مرۆڤێک دواتر کوردێک لێیان ڕوانیبا هەموویان لەگەڵ هەموو مرۆڤەکانی نشتیمان وایان کردبا نەک لایەنداری بێت وابکات لایەنداری نەبێ وا نەکات ،حزبەکانی ئێمە و مرۆڤەکانی ئەگەر وایانکردبا ئێستا لەدۆخی تر دەبووین هەموویان و هەموومان بەرگریمان لەیەکتری دەکرد ،هۆیەکیش کە وامان نەکردووە ئەوەیە هەر یەکەیان بەرگری لە هی خۆی دەکات بۆ ئەوانی تر نایکات بۆیە وای لێهاتووە ئەوانی تریش بۆ ئەوانی تر واناکەن یانی هەر یەکەیان بیانوییان هەیە بۆ ئەمە ئەویش ئەوەیە مادام ئەوانی تر بەرگری لە هی ئەو ناکەن ئەویش واناکات؟

ئیدی خۆی شتێکی تر گرنگتر هەیە ئەویش ئەوەیە متمانەی سیاسی لەنێوان لایەنەکان نییە ئەوەش هەم ترسی لای هەموو لایەنەکان هەیە هەمیش مەترسییە چونکە ئەگەر نموونەیەک بهێنینەوە کاتێک حزبێک چاکسازی دەکات ئەوا ئەو کەسانە دەکەونە ناو ئەوە لە بەرژەوەندییان دەدرێت یەکسەر و زۆرجاریش وابووە دەچێتە ناو هێزەکەی تر ؟!لە کاتێکدا نابا وابوایە چونکە ئەوە یەکەمجا لە دوورمەودا زیان بۆ ئەوانە بۆیە پێویستە لەمە و متمانەی سیاسی پەیمانێک لەنیوان لایەنەکاندا هەبێ ئەمەش ئەگەر لە کورتمەودا سودی پێبگەیەنێ لە دوورمەودا زیانی پێدەگەیەنێ

25 8 2022




هەشتەمین دیداری شانۆی کوردی “یۆتۆبۆری” لە وڵاتی سوید به‌ڕێوه‌چوو

-مەنسوور جیهانی

هەشتەمین دیداری شانۆی کوردی “یۆتۆبۆری” به هه‌وڵی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی نێوده‌وڵه‌تی یۆتۆبۆری له شاری یۆتۆبۆری لە وڵاتی سوید به‌ڕێوه‌چوو.

هەشتەمین دیداری شانۆی کوردی “یۆتۆبۆری” به هه‌وڵی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی نێوده‌وڵه‌تی یۆتۆبۆری Internationella Sköna Konster، بە دروشمی “بەسە ژن کوشتن لە کوردستان” و بە نمایشی شانۆگەری “مەرگی ئاو” کاتژمێر ٦ی ئیوارێی رۆژانی 19 و 20 ئۆگۆستی ٢٠٢٢ له شانۆی “دڕاماتیکی گۆتێبۆڕگ” Dramatiska teater i Göteborg له شاری یۆتۆبۆری لە وڵاتی سوید به‌ڕێوه‌چوو.

ئەم شانۆگەریە بەرهەمی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی یۆتۆبۆری، لە نووسینی “یەڵدا حوسێن” و له دەرهێنانی “بەکر ڕەشید”ه که تیایدا “کامەران کەماڵ” و “ئەرینا موحه‌مەدی” ڕۆڵیی سه‌ره‌کی ده‌گێڕن و هەروەها کاری دیزاینی دیکۆری لە لایەن هونەرمەندی شێوەکار “ئەحمەد نامۆ” بۆ ئه‌نجامدراوه و “ئاسۆ دیلان” هونه‌رمه‌ندی موزیکزانی کوردی دانیشتووی وڵاتی سوید به ژه‌نینی ئامێری عوود تیایدا به‌شداریی کردووه.

شانۆگەری “مەرگی ئاو” له لایه‌ن هۆگرانی هونه‌ری شانۆ و هه‌روه‌ها ئامادەبووانه پێشوازییه‌کی باشی لێکرا به شێوه‌یه‌ک که به‌رپرسانی هەشتەمین دیداری شانۆی کوردی “یۆتۆبۆری” ئیزنیاندا کە لە هەر ڕۆژە و دوو جار، ئه‌م شانۆگەریه نمایش بکرێت، واتە لە دوو رۆژی دیداردا چوار جار نمایش کرا.

ئەم شانۆگەریه لە ڕووداوێکی ڕاستەقینە له هه‌رێمی کوردستان وەرگیراوە کە لەم ساڵدا لە شاری هەولێر ڕوویدا کە “ماریا سامی” به‌داخه‌وه بە دەستی کەسووکاره‌که‌ی کوژرا.

دیداریی ئەمساڵی شانۆی کوردی “یۆتۆبۆری” به سه‌رۆکایه‌تی بەشی هونەری “عیزه‌ت ڕه‌ئووف” و هەروەها به سه‌رپه‌‌ڕه‌شتی سەرۆکی کۆمەڵە “شەمال ئیبراهیم” و بەرپرسی ئیداری دیدار بەڕیز “محه‌مه‌د تۆفیق” و به‌شی ته‌کنیکی ڕووناکی و ده‌نگ له لایه‌ن “نه‌وزاد باهیر” به‌ڕێوه‌چوو.

کۆمەڵەی هونەرە جوانەکان لە خۆئامادەکردندایە بۆ سازدانی نۆهەمین دیداری فیلمی کوردی “یۆتۆبۆری” کە لە رۆژانی 26 و 27ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢ لە هۆڵی سینەمایی “فۆڵکت هیووس” Fulket Hus له ناوچه‌ی “هەمەرکۆلەن” Hammarkullen له شاری یۆتۆبۆری بەڕێوەدەچێت و هەر لێرە لە هەموو فیلمسازانی کورد داوا دەکات کە پێیان خۆشە نوێترین بەرهەمەکانی خۆیان بۆ ئه‌م ڕووداوه سینه‌ماییه بنێرن.

بۆ زانیاریی زیاتر:
https://www.facebook.com/kurdiskafilmtraffen

راگەیاندنی گشتیی هەشتەمین دیداری شانۆی کوردی یۆتۆبۆری.