رۆمانی ( گۆشەگيری ) خوێندنەوەيەک لە بن تريفەی مانگە شەو و شەپۆلە نەرمەکانی زنە-4-… سەردار جاف

{ بەشی چوارەم }

سياسەت يان ئايديۆلۆژيا
نەماندەويست توخنی ئەم لايەنەی رۆمانەکە بکەوين، جگە لەوەی پانتاییەکی فراوانی هەيە، لە نێو کورديشدا بە پێی پەتی تێی کەوتووين و ئیدی بۆتە هەموو ساتێکی ژيانمان، نووسەريش بۆ خۆی پەلکێشمان دەکات، ناکرێ ئێمەيش لێی بێدەنگ بين، نەجيب مەحفوز هەرچەندە لە خێزانێکی ئينتيمای سياسی پەروەردە و گۆشکراوە، کاتێ مناڵ بووە لە ماڵی ئەواندا باسی سەعد زەغلول کراوە و لە سەر ئەو رەوتە ژيانی هێناوە، کەچی کاتێک لە بارەی رۆمانی ” ميرامار” پرسياری کەسايەتييەکانيان لێ دەکەن، دەڵێ ‘ بە هيج مەبەستی سياسی ئەو کەسايەتيانەم دەستنيشان نەکردووە، کەچی خزايە نێو سياسەتەوە”، وەلێ نووسەری گۆشەگير باس لە ديدێکی ديکە دەکات و سياسەتی تێدا چڕ کردۆتەوە، ئێمە نامانەوێ بەراورد کارييەکی ناپێويست بکەين، تەنها دێين شرۆڤەيەکی سەرپێيانە لەو دونيا قووڵ و بەرفراوانەی ئايديۆلۆژيا لە ناو رۆمانەکە دەکەين، هەڵبەتە ئاشکرايە کە رۆمان خۆی لە خۆيدا رەنگدانەوەی واقيعی ژيانی مرۆڤايەتييە، وەلێ ئەم واقيعە لە ناو رۆمان و بۆ ئینتيمای ئايديۆلۆژی، لە رووی ئەندێشەييەوە نووسەر دەتوانێ بە رووداوە راستييەکانی کۆمەڵی خۆيەوە گرێی بدات، دەنا وەک خۆی گواستنەوەی ئەوا دەبێتە وتارێکی ئايديۆلۆژی و لە رێی رۆمانەوە نووسەرەکە ناخی خۆی دەردەبڕێت.
ئاخۆ نووسەر چۆن دەتوانێ واقيع بگوازێتەوە بۆ نێو رۆمان، بە رای ئێمە نووسەر ناکرێ واقيع وەک خۆی بۆ رۆمان بگوازێتەوە هەر کات ئەوەی کرد ئەو کات دەبێتە دەمسپی لايەنێک دژ بە لايەنێکی ديکە، مەرجيش نييە لايەنداری بکات يان بۆنی لايەنداری پێوە ديار بێت، ئەمە لە حاڵەتێک ئەگەر نووسەر بە ئەنقەست و دەستی مەبەستەوە پەنا ببا بۆ بواری سياسی و ئايديۆلۆژی، وەک ئیسماعيل حەمە ئەمين لێرەدا ئەو کارەی بۆ مەبەستێک کردووە، ئەو مەبەستەيش دەشێ روون بێت، ئەگەر زێتر بە وردی لێکۆڵينەوەی لە سەر بکرێت، هەموو نووسەرێکيش کاتێک دێتە سەر باری سياسی و ئايديۆلۆژييەتی حزبی، هيچی کەمتر نييە لەو دەزگا رۆژنامەوانامەوانييانەی لە خانەی بەرهەڵستکارين و ئامانجيان راستکردنەوەی هەڵەکانی حوکمڕانان نييە. ئێمە لێرەوە پێويستمان بەوەيە بزانين چ پەيوەندييەک لە نێوان ئەدەب و کۆمەڵگا هەيە، کاتێک لە رۆمانی سياسی دەنووسن، (( ئەدەب بە يەکێک لەو هونەرانە دەژمێردرێت کە پەيوەستە بە کۆمەڵگاوە، ديدگايان ديدگای ئەديب بۆ کۆمەڵگا لە رێگای ئاوێتەکردنی واقيع و خەياڵەوەيە، ديدگايەک يان چەند بيروبۆچوونێک بە شێوازێکی تواناداری دەخاتەڕوو، کە کاريگەری بە جۆرێک لە جۆرەکان لە سەر خوێنەر دابنێت))١٧. ئێمە باسەکەمان رۆچوون نييە بە شرۆڤەکردنی ئايديولۆژيا ئاخۆ ئينتيمابوونی سياسيش ئايديولۆژيايە يان نا، کە ئەمە مشتومڕێکی زۆر زۆر هەڵدەگرێت و وا بەسانایی لە بن هەنگڵی دەرناچين، لە کاتێکدا ئەم دەستەواژە جاڵجاڵۆکەییە ديدگای جياوازی لای بيرمەندانی وەک هێکڵ و مارکس و ئنگلس و نيچە و فرۆيد و هايدگەر و …… تاد خوڵقاندووە، کە هەر يەکە و بە تێگەيشتنی خۆی و بە پێی سەردەم و جوگرافيا و سنووری خۆی ديدگای خۆی خستۆتەڕوو، زۆرجار لە رووی ئالۆسکاوييەوە بۆ بيری کۆمەڵايەتی و سياسی و فەلسەفی و ئابووری قووڵبۆتەوە، ئێمە ئايديولۆژيا وەک ئەو بيرە سياسييە ديقەت دەدەين و قسەی لە سەر دەکەين بۆ ئەم رۆمانە. رۆمانی سياسی بۆچی دەنووسرێت، هەروەک گوتمان بۆ ئاشنابوون و بەرچاوراستی رووداوەکان لای خوێنەر، ئەگەر درزێک هەبێت رۆمانی سياسی ببێتە بەشێکی گرێنگ لە ئەدەب، وەلێ جگە لەوە خزاندنی لایەنی سياسی بۆ ناو رۆمانيش ئاماژەمان پێدا، (( رۆمانی سياسی زۆرجار سەرنج دەخاتە سەر پرسە سياسييە ناوخۆیی و نيشتيمانی و نەتەوەییەکان تاوەکو لە چوارچێوەی ئاراستە جوايەزەکان و چەندين ميحوەرەوەچارەسەريان بکات، جێگای ئەو قۆناغە جوايەزانە دەگرێتەوە کە پرسەکە پێیدا تێپەڕيوە))١٨. نووسەرە لەم رۆمانەدا تەنها لە سەر پرسە نێوخۆیی و نيشتيمانی و نەتەوەييەکان هەڵوێستەی نەکردووە، بگرە پەلی بۆ زۆر لايەن کوتاوە و رەنگە بۆ خۆيشی لە خۆی تێنەگات بۆ ئەم هەموو پرسەی ئاڵۆسکاندووە لەو پەڕی چەپەوە بۆ پرسی شۆڕشگێڕیی نەتەوەیی و دواتر ئیسلامی سياسی، نووسەر کاتێک بۆ خۆی تەنانەت ئينتيمايەکی سياسيشی هەبێت دەبێت ملکەچی داوا و خواستی حزبەکەی نەبێت بۆ ئەوەی ديدگای حزبەکەی بسەپێنێت، لە گۆشەگيری ئەمە نەکراوە وەلێ ئەم پرسە ديوێکی ديکەی هەيە و لێرە باسی ناکەين، (( لە نووسين و ديدگاکانی رۆماننووسی پورتوگالی ” خۆزيە ساراماگۆ ” ئەوەمان بۆ ساغ دەبێتەوە کە لە ساڵی ١٩٦٩ تا مردنی سەر بە حزبی شيوعی پورتوگالی بوو، مەرج و ياساکانی جێبەجێ نەکردوون، رۆمانەکانيشی رەنگڕێژی ديدگا و ئاراستەی حزبي نەبوون، بەڵکو بە فەلسەفەيەکی جياوازەوە دەينووسی هەموو جارێک خوێنەری سەرسام کردووە، لە کاتی نووسيندا گۆڕدراوە بۆ کەسێکی داهێنەر بە ئەندێشەيەکی ناوازەوە، ئەوەيە مەبەستم لە پێويستی جياکردنەوەی کاريگەری تەواو لە نێوان پێگەی هزری و ئينتيمای ئايديولۆژييەکانی نووسەرو دەقە رۆمانە داهێنەرەکانيدا )) ١٩. ئێمە نەهاتووين بڵێين نووسەر لە گۆشەگيريدا لاگيری ئينتيمای سياسی کردووە، يان بە پرسی حزبی رۆمانەکەی داڕشتووە ئێمە دەڵێين لە پشت خستنە رووی ديدگای سياسييەوە نە بەرژەوەندی گروپی خودان ئايديولۆژی لە بەرچاو بگرە نە بەرژەوەندی تاکە کەسی، خوێنەر لە خوێندنەوەی رۆمانەکەدا هەست بە مەبەستداری نووسەر دەکات بۆ هەر يەکێک لەو دوو بەرژەوەندييانە بێت.
ئینتيمابوون بۆ چەپ و هەڵگيڕانەوە، لە نێو رۆمانەکەدا هەست دەکرێ ئەو کەسێکی چەپی سەر بە بزاڤێکی” مارکسی – لينينيزم ” بزانين پاشان چۆن دێت و دەهری دەبێت و چ دەڵێ ؛ (( دەهری و بێزار بوو لەم گيرخواردنەی لەو وڵاتە تاريک و سارد و پڕ مافيا و جەردە و نەخۆشی سفلس و گۆناريايەی کە ناوی سۆڤيەت بوو، سۆڤيەت و بلۆکی سوسياليستی جگە لە مرۆڤی سەرخۆش و دز و قۆڵبڕ و تلياکخۆر و لەشفرۆشی هەرزان و مافيا نەبێت، هيچی لە دووی خۆی بەجێنەهێشووە،ل ١٤١ )) پێمان وايە ئەمە رێخۆشکردنێکە لە رۆمانەکەدا بۆ زێتر شۆڕبوونەوە بە لايەنی نەرێنی بلۆکی سۆسياليستی، هەر لە هەمان لاپەڕە و دوای چەند دێرێک دەڵێ ؛ (( گولاک ئەو سەربازگە تاريک و ترسناکانەی هەواڵگيری سۆڤيەت بوو، کە مرۆڤی تێدا لەتوپەت دەکرا و بۆ ئەبەد تامردن لەوێ بەند دەکران و کاری قورسيان پێدەکرا، سۆڤيەت رای وەها بوو، گۆرانی دەبێت هەر بۆ شۆڕش و لينين و ستالين و سۆڤيەت و کرێکار بێت، گۆرانی ديکە دەچنە خانەی چێژی سەرمايەدارێتی و دژە کرێکاری و کۆمۆنيستەوە، لە دوای ئەوەی کۆی سۆڤيەت و کۆی بلۆکی سۆسياليستی رووخا، خەڵکی هەناسەی ئازادييان هەڵکێشا، بەڵام هەناسە هەلکێشانێکی ژەهراوی، ل ١٤١ و ١٤٢ )). مرۆڤ لە شێوازی دەربڕينەکە هەست بە رک و کينەی نووسەر دەکات، نەک لێرە ئەگەر نەڵێين لە تەواوی رۆمانەکەدا ئەوا لە زۆربەی هەرە زۆری رۆمانەکەدا نە بەو جۆرە دەدوێ کە زمانێکی زبرئامێزە نە بە سۆڤيەت دەڵێ يەکێتی سۆڤيەت، نووسەر پێويستە لە ناو کەسايەتييەکان و گرێ و رووداوەکانی رۆمانەکە خۆی نەکاتە پاڵەوان لێگەڕێت با پاڵەوانەکان خۆيان رۆڵ بگێڕن، وەک گوتمان رۆمانەکە پێت بڵێ وەرە بمنووسە با پێشکەشی خوێنەرت بکەم، (( تەنها بيری لەوە دەکردەوە چۆن لەم پەرستگايەی ديۆنيزۆسە سەما بکات، لەوەدا وەک خۆی مەزندەی دەکرد بە دووی جێگە پێيە ئاوريشمينەکانی جاکۆمۆ کازانۆڤادا دەڕوات و دەيەوێت پشت بکاتە جڕتەکانی رۆشنگەری…. ل ١٥١ )). نووسەر نەک لێرەدا بێلايەنی پێيەوە ديارە بگرە لە تاو حەزی بۆ سەما چۆن دەدوێ بەڵکو بەرائەتيشی پێوە ديارە، تا دەگاتەی ئەوەی ” دەيەوێت پشت بکاتە جڕتەکانی رۆشنگەری” لێرەدا هەڵچوون و ئاوێتەبوونەوەی نووسەر بە رۆمانەکەوە دەردەکەوێتەوە. خۆی پێدا دەکاتەوە، ئەمجارەيان قێز لە رۆشنگەری دەکاتەوە، کە نووسەر تاکێکی بوارەکەيە. لە دونيای چەپەوە بەرەو خەباتی باشوور دەچين(( جونێت دوورا و دوور ئەوی وەک کوردە لات و بێپارەکانی رووسيا و سۆڤيەتی کۆن دەناسی، بەڵام دوای ئەوەی جارێکيان پێکەوە ڤۆدکايان خواردەوە و زانی ئەو لە ” شۆڕشکەرە” دێرينەکانە، ئەوی خۆشويست و هەستی دەکرد هەڤاڵێکی ونبووە. جونێت هێشتا خۆی بە مرۆڤێکی شۆڕشگێڕی مارکسی لينينی تێدەگەيشت و يارمەتی پەکەکەی دەدا لە ئاوديووکردنی کەسە تايبەتەکانيان بۆ ئەوروپا و تورکيا و بە پێچەوانەيشەوە، هەر بۆيە سومپاتی هەبوو لە گەڵ رابوردووی ئەو وەک شۆڕشگێڕێکی هەشتاکانی کوردستان، هەموو کاتێک کە جونێت باسی بەرخودانی کوردانی بۆ دەکرد ئەو بێزار دەبوو و دەيگوت؛ تکايە جونێت شۆڕش لە دونيادا کەرەکان پێهەڵدەستن و دۆڕاو و قەحپە و گەوادەکان لە بەرەکەی دەخۆن.ل ١٦٣ )). هەڵبەتە وشەی کوردستان بە چەمکە ئاوروپاييەکەی مەبەست لێی کوردستانی باشورە، کاتێکيش هەر دوای ئەوە دەڵێ ؛ (( راوەستە با شۆڕشەکەی تۆيش بێتە دەسەڵاتەوەو تامی پارە بکەن ئەوسا تێدەگەيت بۆچی لينين کتێبی ” دەوڵەت و شۆڕشی نووسيوە.ل ١٦٣ ))، لێرەدا نووسەر دوای قسەی عەوامی خەڵک کەوتووە، کە دەسەڵاتدارانی کوردستان پارەيان بيني بێت، بە ڕای ئێمە دەبووايە بڕێک لەو ديدە نێودەوڵەتيانەيشی باسکردبا، واتا ئەوديوی رووداوەکانيشی ببيني بايە، نەک يەک ئاراستە بڕوات، ئەوە وا دەکات خوێنەر تێبگات کە نووسەريش بووە بە يەکێ لە پاڵەوانەکانی پێکەوە لە ناو رۆمانەکەن.

نووسەر کە باسی مەلا مستەفا بارزانی دەکات ناوی مامە عەزە دێنێتە ئاراوە و دەڵێ؛ (( ئەو زەمەنە هێشتا مەلا موستەفا بارزانی لە مەنفای ئەمريکیی خۆيدا لە ژێر ئازاری دڵشکاندا دەيناڵاند، کەچی مامە عەزە لە مەنفای باشوری ئێراقدا لە ژێر ………. ل ١٢٤ )). ئەمە بەراوردکردنێکی ساغلەم نييە، راستە هەم مامە عەزە و هەميش مەلا مستەفا لە روانگەی مرۆڤبوونەوە مرۆڤن، لێ مرۆڤەکان هەميشە جياوازيان هەيە. ديقەت بدەن لە ماڵێکدا دوو برا لە خەسڵەتەکانيان جودان، لای دايک و باوکيش هەميشە نەرم نيان و خودان ئاکارە بەرزەکە خۆشەويستترە. چ جای بگاتە مرۆڤەکان هەر لە کردار و رەفتار و بەها ئاکارييەکان و دونيايەک خەسڵەتی ديکەی مرۆڤايەتی، لە بەزەیی و سۆز و ئەوينداری تا بە دڵفراوانی و بەرگەگرتنی ئازار و زەحمەتی و ماندووبوون و نەهامەتی دەگات، جا ئەمە لە ئاستی تاکی مرۆڤدا بێت، ئاخۆ لە سەر ئاستی سەرکردەوە دەبێ چی راگوزەر بکات، کە تراژيديای يەک گەل و نەتەوەی دەکەوێتە ئەستۆوە و بەرگەی دەگرێ و پێيەوە دەناڵێ و لە تێکۆشانيش کۆڵنادات و بێوچان بەردەوام دەبێت، نەدەبووا ئەم حاڵەتە لێرەدا ببا. سياسەت پانتاييەکی زۆر لە ژيانی مرۆڤەکان داگير دەکات، ئیدی هەندێ جار تاکەکان بەدەر لە خواستی خۆيان دەخزێنە نێو دەمودوو و گفتوگۆی سياسييەوە، ئەديبانيش لەم حاڵە بە دەر نين لە نووسينەکانيان وەلێ گەرەکە ئەديب هۆشيارانە تر مامەڵە لە تەک ئەم لايەنەدا بکات، جونکە ئەديب بۆ چارەسەر دەکەوێتە نێو باسەکەوە وەک تاکی ئاسایی نييە نەک بۆ ورووژاندن و جێهێشتنی بە بێ چارەسەرکردن، (( بيرمەند و رەخنەگری ئینگليزی تيری ئیگلتون وای دەبينێتەوە کە زانايان و فەيلەسوف و تيۆريستەکان بارگرانی ئەو وتارە يەکشێوازيانە لە ئەستۆدەگرن، لە بەرامبەردا ئەديبان پانتایی هەست و ئەزمونی باڵای بەها و رێزلێنان داگير دەکەن)) ٢٠. کەواتە ناکرێ ئەديب وەک سياسييەک بير بکاتەوە. لێرەدا لەم دوو نمونەی دەيهێنينەوە نووسەر وەک سياسييەک دەدوی ؛ (( ئەمەيش جيرۆکەکی ترە، بەوەی هێشتا شازدە ساڵی تەواو نەکردبوو کە شۆڕشی مەلا مستەفا بارزانی لە ساڵی ١٩٧٤ دا هەڵگيرسا، ل ١٢١ )). ئێمە پێمان وايە شۆڕش شۆڕشی نەتەوەيەک بوو لە کوردستانی باشوور بە سەرکردايەتی مەلا مستافای بارزانی نەک شۆڕشی مەلا مستەفا بارزانی، ئەو کات هەموو کورد لەم پارچەيە يەکدەنگ و يەکڕەنگ بوو، (( بەڵام کە شؤڕشی نوێ دەستيپێکردەوە، مامە عەزەی گەنج يەکەم کەس بوو رايکردەوە شاخ، بێگومان ئەو شانسی هەبوو کە لە کارەساتی هەکاری ١٩٧٨ رزگاری بوو. ل ١٢٤ )). کە دەڵێ شۆڕشی نوێ واتا شۆڕشی نوێی گەلێک يان نەتەوە و ميللەتێک، کە لە کاتێکدا شۆڕشی ئايديولۆژيايەکی تايبەت بوو، هەر خۆيشی نووسەر ئەو یايديولۆأيايە ساغ دەکاتەوە کە باس لە شەڕی هەکاری دەکات، لێرە وەک سياسييەک دوواوە کە پێويستە وەک ئەديبێک بدوێ، کە شۆڕشی مەلا مستەفا بارزانی شۆڕشی ئەيلول و گەلێک بووە، شۆڕشی نوێيش شۆرشی ئايديولۆژيايەکی تايبەت بووە دەبووا نووسەر لەو ئينتيما سياسييە خۆی دەرباز بکردبا، کە رەنگدانەوەی مێژوو و رابردووی کۆنی پێوە ديارە لە رۆمانەکەدا، لێرەدا باسوخواس لەمەڕ ديدی ئايديولۆژی لە رۆمانەکەدا کورت دەکەينەوە و نامانەوێ درێژدادڕی تێدا بکەين . لێ ئەوەی کە ئێمە دەمانەوێت لە رووی سياسييەوە کۆتایی پێ بێنين، ئەوەيە ؛ (( کێ مەزندەی ئەوە دەکات خەڵکانێک هەبن ئەوەندە گێل بن لە حەوشەی پشتەوەی مەخفەری پۆليس شەڕەچەقۆ بکەن و يەکتر شەڵاڵی خوێن بکەن، کێ مەزندەی کەرێتی کوردیی دەکات، جگە لە کورد نەبێت. ل٤٥٦ )). هێندە دەڵێین ئەگەر نووسەرێکی ” عارەب يان تورک ياخو فارس ” کوردی بە کەر لە قەڵەم بدابايە چ فەوزايەک دەخوڵقا، دەبووە هەرايەک ئەوسەری ديار نەبووايە، ئەم تەوزيفکردنە دەستەو گروپ و کەسانێک ناگرێتەوە وەلێ بە شمولی باسی کەرێتی کورد دەکات، کە کورد کەر بێت ئەی نووسەر بە زمانی کوردی بۆ کێ دەنووسێت.

پڵۆتەکە ” الحبکة “
چەند کەيفساز و زێتر ئاوەدان دەبووين ئەو دەمانەی بە نێو دونيای مەجاز و ريتم و هارمۆنييەت و پانتایی و فەزايەکی ناوازە و بە سەليقەدا تەيمان بکردبا و ترۆپکی ئێستاتيکامان لە نێو گۆشەگيردا شەن و کەوی بکردبا و نەوەی نوێمان وەئاگا بهێنابايەتەوە کە دەتوانن جوانناسی و ديقەتدانی فەزای رۆمان لە گۆشەگيرەوە فێرببان، چەندە ئێمەيش دونيايەکی ئەدەبيمان قووڵتر دەکردەوە و هێندەی لە سۆراغی سەرچاوەو ژێدەری لابەلا دەبووين لە دونيای ئەدەب و پانتایی و فەزای رۆماندا نوقم دەبووين، بە هەر حاڵ دونيايەکی لەو جۆرەمان لە پانتاییەکی بەرفراوانی ژينگەکەدا بەدی نەکرد، لە سەرەتاييشدا باسمان لەوە کرد رەخنەگر بۆ خۆی کە دەکەوێتە شرۆڤەکاری ژانرێکی ئەدەبی لە دڵەوە دەيخواست بۆ خۆی ئەو داهێنانەی بنووسيبا تا کون و کەلەبەرە ناتەواوەکانی بە جوانی کەفماڵ بکردبا و رەونەقێکی ناوازەی ببەخشيبا. پڵۆتەکە يان پلان ياخود گرێ کە بە عارەبی دەکاتە ” الحبکة ” بۆ رۆمان يەکێکە لە بنەما سەرەکييەکان پێويستە نووسەر چۆن ئاوەزی” عقل ” ی خوێنەر شێلو دەکات بە هەمان جۆر روونی بکاتەوە، با بزانين گرێ چييە(( ئەو رووداوگەلانەن لە چيرۆکدا روودەدەن بە ستراونەتەوە بەرايەڵەيەکی پەيوەست کە بە پەيوەندی هۆکارانەی نێوانيان هەرگيز لە کارەکتەرەکان جيانابنەوە، گێڕەرەوە هەميشە کارەکتەرەکانيمان وا نيشان دەدات کە ئاوێتەی رووداوگەلێکن، کاريگەريان بە سەر يەکەوە هەيە بە هيچ شێوەيەک لە شێوەکان لە يەکتری جيانابنەوە)) ٢١. هەر لە درێژەیدا و لە پێناسەی گرێ دەڵێ ؛ (( ئەو رێگە چارەسەرە تەکنيکييە کە نووسەر لە سەر کەرەستەی خاوی چيرۆکەکەی دەيگرێتە بەر)) ٢٢. کەواتە پێويستە نووسەر هەر لە سەرەتاوە ئاشنامان بکات بە کەسايەتييەکانی رۆمانەکەی و ژينگەکەی ئەو گرفت و ئاريشانەی دەيخوڵقێنێت، سەرەتا خوێنەر وا تێدەگات کێشەکە ئەوەيە کە لە نێوان ” سوزی ” و ” ڤێسنا ” لە سەر ئاشنا بوون بە زمانی ئەڵمانی يان کۆڵانی خوارو و خێچە: (( نازدار کە نێوی خۆی نابوو سوزی، هێمنتر و پڕتر بوو لە وشە و دەستەواژەی ئەڵمانی. جارجارەيش بۆ سوژنکردنی ژنانە بە ڤێسنادا هەندێک وشەی بەکار دەهێنا کە ئەمەيش ڤێسنای تووڕە و دەهری دەکرد، بۆ نمونە وشەی ” ئۆپتيميست – Optimist ” ئەو وشەيە بوو هەموو جارێک سوزی بەکاریدەهێنا و هەموو جارێکيش دەبووە هۆکارێک بۆ سەلماندنی گەوجێتی ڤێسنا.ل ١٠ )) دەربارەی کۆڵانی خواريش لە هەمان لاپەڕە دبێژێت ؛ (( کاتێک بە کۆڵانی سەر شەقامە گشتييەکە پێکەوە تێپەڕ دەبوون و خێرا دەيگوت ؛ سوزی دەزانی ئەم کۆڵانە خوارە… ئيدی سوزی رادەوەستا و دەيگوت ؛ گێلە کوا کۆڵانی خوار هەيە لەم دونيايەدا… ئاوها شەڕەکە دەستيپێدەکردەوە.ل١٠ )) ئەم مشتومڕە لە نێو رۆمانەکە لە نێوان ئەم دوانە دەبێتە مشتومڕ و دەموودوو، خوێنەر وا هەست دەکات ئەمە گرێکەی رۆمانەکەيە و پێويستە نووسەر بيگەيەنێتە ترۆپک و پاشان هێدی هێدی بۆ خوارەوە و چارەسەرێکی بداتێ. خوێنەر لە لاپەڕە ١٣٧ کە دەگاتە ” ئيگۆيەکی دوور ؛ جاکۆمۆ کازانۆڤا” دوای خوێندنەوەی چەند لاپەڕەيەک لەم ئيگۆيە هەست دەکات دەچێتە نێو رووداوگەلێکەوە تێچڕژاو و ئاڵۆسکاو خوێنەر پێويستی بەوە دەبێت بە هێمنی لە سەرخۆ بە بيرێکی فراوانەوە بچێتە نێو رووداوەکان، کێشەکە لە وێدايە ئەو هەموو رووداوگەلە دوای تەواو بوونی رۆمانەکە زۆربەی رووداوەکانی بۆ يەکلا نابێتەوە، بشێ نووسەر بە ئەنقەست کردنەوەی دەرگاکانی بە رووی خوێنەردا واڵا کرد بێت بۆ ئەوەی بۆ خۆی رۆمانێکی تەواو نەکراو تەواو بکات …

درێژەی هەيە..

بەشی یەکەم…

بەشی دووەم…

بەشی سێیەم…




بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا…24…شەماڵ بارەوانی

بەشی بیست و چوار/
مـەلایەك گـوێ لە ئـوم کـەلـسوم دەگـرێت!

هەر سەبارەت بەو گۆرانی و شتە، لە سەردەمی سەرەتای فەقێیاتیم،
فەقێیەکمان لەگەڵ بوو(مەڵا. ڕ. ن)،پەیمانگای ئیسلامی تەواو کرد و ئێستا پێش نوێژ و ووتارخوێنە لە شاری هەولێر .
پێشووتریش:کارگێری لقی هەولێری یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان بوو.

ماوەیەک:بەڕێوەبەری مزگەوتەکان و پشکنین لە دیوانی وەزارەتی ئەوقاف وکاروباری ئایینی بوو.
ئێستا نازانم لەو پۆستە ماوە یان نا.
پێشی گووتم: کە راهێنەری مرۆیی نێودەولەتیشم ئێستا.

جا ئەو کاتەی پێکەوە فەقێ بووین.
دەیگووت:مەلا سەید ئەحمەد پێنجوێنی گوێ لە گۆرانی ئوم کەلسوم دەگرێت!
ئەو مامۆستا ئایینیە بەڕێز و و کۆنە فەقێیەی هاوڕێی سەردەمی فەقێیاتی و حوجرەم، لە کاتی نووسینەوەی ئەو بەشەی (بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا)دا.

(٢٠٢٢/٨/١٩) کە دەکاتە ڕۆژی هەینی، لە ڕێگای نامەگۆڕینەوە و تێلی واتسئاپەوە پێوەندیم پێوەکرد بۆ دڵنیایی بوون لەو بەسەرهاتەی کە ئایه بیریەتی وەختی خۆی لە فەقێیاتی پێگووتم کە مەلا سەید(ئە) پێنجوێنی گوێ لە گۆرانیەکانی ئوم کەلسوم دەگرێت؟ گووتی: نەک هەر ئەو، زۆرێک لە یەکگرتووەکانی تریش گوێ لەم و لە گۆرانی تریش دەگرن.
لەگەڵ ئەو مەڵایەی هاوڕێم، زۆر قسەمان کرد و باسی دنیایەک یادگاری و بەسەرهات و بیرەوەریەکانی سەردەمی فەقێیاتیمان کرد و تێر تێر پێکەنین وپێی گووتم: بیرەوەریەکانت لە کوێ بڵاو دەکەیتەوە؟
گووتم:هەفتەی بەشێک لە ڕۆژنامەی(ڕێگای کوردستان) و لە هەریەک لە ماڵپەڕەکانی(دەنگەکان) و (دابڕان) و (وتاری کورد) و (قەندیل24) و پاشان لە ماڵپەڕی(کوردپێدیا) ئەرشیڤ دەکرێت.
گووتی لینکەکەیم بۆ بنێرە با بیانخوێنمەوە.

ئینجا گووتی:منیش وتار بڵاو دەکەمەوە، لە گۆڤاری(گوڵان) و دوو وتاری بڵاوبووەوەی خۆی بۆ ناردم، یەکیان سەبارەت(حوكمی ڕەگەزی سێیەم لە ڕووی شەرع و لە ڕووی كۆمەڵایەتییەوە)و ئەوەیتریشیان باسی( پێکەوەژیانی و ئایینی و نەتەوەیی بوو لە کوردستان) و خوێندمەوە. حەققەت شتێکی جوانی نووسیبوو و دڵخۆشی کردم بەمە و پێم گووت:بەڕاستی دڵخۆشم کەمن و تۆ لەو تێگەشتنە داخراو تەسکەی پێشووتر و سەردەمی حوجرە هاتووینەتە دەرو گەیشتن بێره و باوەڕ بە پێکەوە ژیان و ڕێزگرتن لە ئاینەکانیتر بکەین به پڕەنسیپ و، هەر بەڕاستی من کاتێک بیر لە هەندەك ڕفتار و شێوازی بیرکردنەوەی پێشووتر و سەردەمی حوجرە و خوێندنی ئیسلامی و فەقێیاتیم دەکەمەوە، قێز و گاڵتەم بەو بیرکردنەوە و تێگەیشتن و جیهانبینیەی ئەوسام دێتەوە و لە هەمان کاتیشدا تەریق دەبمەوە و هەست بە خەجاڵەتی و شەرمەزاریەکی بێ ئەندازە دەکەم و لەخۆم دەپرسم: هەر بەڕاستی ئەوە من بۆ وا بووم و هێند کەسێکی بیروشك و ڕادیکاڵ و ناحاڵی بووم؟!
جا من و ئەو مەلا بەڕێزەی هاوڕێم لە کاتی فەقێیاتیماندا، هەردووکمان یەکگرتووی ئیسلامی بووین و دواترهەردووکمان بە تەواوی وازمان له یەکگرتووو ئیسلامی و ئایدیۆلۆژیای ئیسلامی سیاسی هێنا.

پێم گووت: حەققەت من هەموو ئەو مامۆستا ئایینی و(بە تایبەتی ئەو مەلایانەی کە ئنتیمایان بۆ هێزە ئیسلامیە سیاسی و گرووپە سەلەفیزمەکان نییە و ئایین تێکەڵ بە سیاسەت ناکەن و خەڵکی تەکفیر ناکەن)، مرۆڤە لیبڕاڵ و، ئەتایست و ئەکتەر و نووسەر و شاعیر و ئەو کەسانەم زۆر خۆشدەوێت، کە باسی پێکەوە ژیان دەکەن و باوەڕیان بە پلورالیەتی ئایینی، سیاسی و کۆمەڵایەتی هەیه و چەمکی تولەرانس(لێبوووردەیی) ڕەتناکەنەوە و ڕێز لە جیاوازیەکان دەگرن و هێرش ناکەنە سەر ژیانی تایبەتی مرۆڤەکان و هەرگیز، پەلاماری ئازادی و حەز و ویستی هیچ کەسێک نادەن لە وتار و وەعز و شیعر و قسەکانیاندا.

گووتم:منیش لە چڵ(٤٠) ڕۆژنامە و گۆڤار و ماڵپەڕدا بابەتی هەمەجۆر و وتار و شیعرم بڵاو دەبێتەوە.

پێشم گووت:
لە سێ بەشی (بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا)دا باسی تۆ دەکەم و ڕوحمت پێناکەم و باش لە حەقت دێم و دەتکوتمەوەو ئەو ڕووداوەش باس دەکەم کە کاتێک ئەو شەوەی حوجرە لە ساڵی(٢٠٠٧) تابلۆیەکی ئایینیمان لە کاتی شەڕە بالیفی فەقێکان شکاند و تۆ ئەمیر و براگەورەی حوجرە بوویت و لێمان توڕەبوویت و جوێنێکی زۆر مزرت پێداین و لە بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕادا جوێنەکە دادەنێم، پێکەنی و گووتی:ئەوەی نەنوسی هاهاها بۆشەی بدێ ( ……..)
گووتم:خەمت نەبێت هەر دەینووسم، بەڵام بەهۆی ڕەچاوکردنی ئیتیکی ڕۆژنامەوانی و ئەتەکێت و مۆڕاڵی نووسینەوە، دەیکەمه پیت پیت و جوێنەکە وەکو خۆی بەو زەقیەوە دانانێم.
(لە بەشەکانی داهاتوودا باسی ئەو جوێنە و بیرەوەری زیاتر سەبارەت بەو مامۆستا ئایینیە بەڕێزە باسدەکەم).

جا گووتم هەم زەم و هەم مەدحکردن تێدایە لەو چەند بەشەی بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا سەبارەت بەتۆ. هاهاها پێکەوە دامانە قاقاو گووتم: بەڵام لە زەم کردنتدا ناوم نەهێناوی و دڵنیا بە تەنها من و فەقێیەکان دەتناسینەوە لەو بەشەی بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا و گووتی: ئاساییە و حەزدەکەیت ناویشم بێنە و:( چی دەنووسی بنووسە
بەس بە زەمیرەوە، سەبرت هەبێ، هاهاها).

حەققەت لاریشی نەبوو ناوی بێنم، بەڵام من، گووتم نا، نەخێر، من هەرگیز ناوت ناهێنم و من هەر شتێک زەمی تێدا بێت، هەوڵم داوە ناوی ئەو فەقێ، یان مامۆستا ئایینی و مەڵا بەڕێزانە نەهێنم، کەبیرەوەری و چیرۆکەکە پەیوەست و تایبەتە بەوەوە و تەنها بە پیت ئاماژەی بۆ بکەم، یان بڵێم:فەقێیەك، یان مامۆستایەکی ئایینی و مەلایەك.

ئینجا دواتر ئەو مەلایەی هاوڕێی سەردەمی فەقێیاتیم، زانیاری سەبارەت به بڕوانامە و وەزیفە و کارەکانی خۆی داپێم و منیش زۆر سوپاسم کرد بۆ ئەو هاوکاریکردنەی و پشکێش کردنی ئەوزانیاریانەی بە (بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا)و
پێم گووت:بڕۆ تۆ وتاری جومعەت هەیه با درەنگ نەکەویت، خۆ وەکو من نیت نوێژ نەکەیت و نەڕۆیتە مزگەوت هاهاها پێکەوە دووبارە دامانەوە قاقا گووتم: کوڕە مامۆستا من ئەو فەقێیەی جاران نیم و بەو خوایە ئێستا یەک نوێژان ناکەم و دووبارە دامانەوە قاقاو گووتی:
:ئەویش باش دەبیت اشاللە. ئیتر خواحافیزیمان لەیەکتری کرد.




خەیاڵ ماناکردن… دڵکەش قادر

سەفەرکە با خەیاڵی شیعرت
بە ئاقاری گوماندا ڕەت نەبێ
با چناری شیعرم
لە بسکی کیژێک
لە تەپوتۆزی مناڵێک
لە چۆڵەوانی شەقامێک
ون نەبێت
با دڵی من لە سوچێکێ ئەم گەردوونەدا ون نەبێت
با من و تۆ لە سوچێکی شاردا
بۆ ئێوارەیەکی مانا نەگەڕێین
من لە خوانی ماناوە بۆ ژوانی گەردوون
دڵم لێدەدات و
تۆش لە جوانی ماچێک
لە شانۆی شارێک
لە پیاڵەی مەستبوون
تێناگەی
چ تاڵە بێ خەوی
چ وێرانە خۆشخەیاڵی.
کاتێ شەپۆلی شیعرم مانایەک ناهێڵێتەوە
نەوڕەسێک لە سەماکردن
لە وتنی ستران
جوانییەک تەوزیف دەکات
هەتا عیشق هەیە
ڕستە لە میتای زمان ناوەستێ
پەڕەگرافێک پەیڤ
خەیاڵ ماناکردن.

دڵکەش قادر




کۆمەڵگاو سیستەمەکانی بوارەکان؟… زانا ڕزاق

خۆی هەموو کۆمەڵگایەک کۆمەڵێک بواری هەیە ئەو بوارانەش هەر یەکەیان بۆ ئەوەی گەشەبکات دەبێ سیستەمێکی سەربەخۆی هەبێ ،هەر کۆمەڵگایەکیش ئاستی لەگەڵ کۆمەڵگای تر جیاوازە ، سیستەمەکانیش وەکو سیاسی و تەندروستی ،خوێندنی باڵا و پەروەردە، سەربازی و هەموو ئەوانی تر دەبێ بە شێوەیەک بێ کە سیستەمی نووسەران و ڕۆشنفکران لەگەڵ ئەو هەموو سیستەمانی تر بەشداربن.

هەر سیستەمێکیش دادەنرێت دەبێ هەلکەوتووی و دروستکەری ئەو سیستەم یان سیستەمانە هی ئەو ووڵاتەو کەسانی بێ نەک سیستەمی ووڵاتێک کۆمەڵگایەکی تر بهێنی کە ئاستی لەهی ووڵاتەکەت بەرزترە خەڵکەکەشی ئاستی هۆشیاری باشترە .

لێرەدا کاتێک سیستەمەکان ئازاد دەبێ نابەسترێنەوە بە سیستەمی سیاسی ئەوا ئەو جۆرە سیستەمانەی بوارەکان ووردە ووردە پێشدەکەون بەڵام کاتێک سیستەمەکان لە ووڵاتە دواکەوتووەکان دەبنە پاشکۆی سیستەمی سیاسی ئەویش بە ئارەزووی خۆی کار لەسەر سیستەمەکان دەکات و چۆنیشی بوێت بخاتە ژێردەستی خۆیەوە ئەوا زوو ئەو سیستمانە پێشناکەون چونکە ئازادنین کاتێک ئازادیش لە بیروڕا و جوڵە نەبێ ئەوا ئاوا هەمووی خراپییەکەی دەکەوێتە ئەستۆی سیستەمی سیاسی چونکە ئەو بەخۆی بەستۆتەوە نەک کردبییەتیە سیستەمانێکی سەربەخۆی کاتێکیش سیستەمی سیاسی ئەو سیستەمانەی تر ئازاد دەکات کە لەسەر ڕێچکەی ڕاست و زانستی بڕوات ئەوا چاکەکەش و گەشەکردنیشی بۆ ئەو سیستەمە سیاسییە دەگەڕێتەوە کە ئەوانەی ئازاد کردووە هەردوو لایەنی زیانی و سودی بەسترانەوەی بە سیستەمی سیاسی و کردنی بە سیستەمانێکی سەربەخۆ لە دوورمەودا دەردەکەوێت.

28 8 2022




کورتە چـیرۆک بۆ منـداڵان/ داپـیـرەم حـەزی لە کـارە.. رەزا شـوان




 


داپیـرەم هـەر لە منـداڵـیـیەوە، چـالاک و ئـیـشکەر بـوو. لە ئـێستادا تەمەنی لە نـەوەت سـاڵ زیـاترە، لە دەست و پـێیـەکانی نەکەوتـووە. حەز لە جـووڵە و لە کارکردن دەکات. داپیـرەم رۆژەکـانی هـەفـتەی بـەم شـێوەیـە دابەشکـردووە:

شەممە: مەڕەکەی بـریـنگە دەکـات (خـوریەکـەی دەبـڕێتـەوە).

یەکشەممە: خورییەکە پاک دەشواتەوە و لەبەر خۆردا هـەڵیدەخات، تا وشک دەبێتەوە.

دووشەممە: خـورییـەکە شیـدەکـاتـەوە و دەیـکات بە دەسـتـپـێچـک.

سێ شەممە: بە تەشی خـۆرییەکە جـوان دەڕێـسێـت و دیکات بە بەنـێکی بـاريـک.

چوارشەممە: بەنەکە رەنگ دەکات و هەڵـدەیخات.. کە وشک بـۆوە، دەیکات بە گـڵۆڵە.

پێنج شەممە: بە قـولاب بەنـەکە دەچـنـێـت و.. دەیـکات بە بـلـوزێکی جـوان بـۆ خـۆی.

هـەینی: داپیـرەم بلـوزە تازە جـوانەکەی لەبەردەکات و لەگەڵ پـوورە گوڵەی هـاوڕێ و هـاوتـەمـەنی، دەچـن بـۆ پیـاسە و گـەڕان و قـسەی خـۆش بـۆ یەکـتری دەکـەن.  

نەرویـج: ٢٠٢٢




بەڵگە نەویست… شیعری / نەوزاد بەندی

بۆم دەرکەوت هیچ شوێنێ خۆش نییە …
هیچ تەمەنێ جێی متمانە نییە ..
ئەوەی ئەمانهێڵێتەوە ، کاسەی سەرێکی
پڕ لە خەون و خەیاڵە …
ئەگینا بە کیسێ میز و عەلاگەیەک پیسایی و سەتڵێ خوێنەوە ، شام و شیراز ئەکەین ..
ئەگینا بە گەدەیەکی هەمیشه بەتاڵەوە ، وەخت و ناوەخت مڵچە مڵچمان دێ ..
پارچە هەورێکمان لێ ئەبێ بە جیهانێکی پڕ له جوانیی ..لە کاتێکدا کۆمەڵێ ئاو و تەپ و تۆزە و .. تەنگاو نەبێ ، نابارێ ..
دارستانێکمان لێ ئەبێ به دنیایەکی پڕ لە نهێنی ..ئەویش کۆمەڵێ داری نەخۆش و تۆزاوین ، زۆربەیان چاوەڕێی دەمی تەورێکن ، ڕزگاریان کا لەو وەزعی ئیستیعدادە …
بۆم دەرکەوت هیچ کەسێ جوان نییە ..هیچ شتێ باش نییە ..هیچ تامێ خۆش نییە.. هیچ بۆنێ سەرنجڕاکێش نییە ..
یادگارییەک بۆنێکمان بۆ ئەکا به کلیلی جیهانێکی پڕ له گوڵ ..
هەندێ هۆرمۆنی سێکسیی ، کەسێکمان لێ ئەکا بە شاژنێکی دەگمەن ..
برسێتیی ، تامێکمان بۆ ئەڕازێنێتەوە ، وا ئەزانین ناوازە و بێ وێنەیە ..
کە بەیانی لە خەو هەڵئەستین ، هەموویان لە یاد چۆتەوە .. بە سەر و چاوێکی قوپا و ..لە دو توێی بیجامەیەکی چرچ و لۆچ ، باوێشکێک تا دەست شۆرەکە بە ڕاکێشان ڕامانئەکێشی .. بۆ ئەوەی مەشکەیەک میز بکەین … پێش ئەوەی دوو بارە خەیاڵ ، لای ئاوێنەکە ڕامانوەستێنێ و .. گوێزانە چواردەمەکە بە ڕوخسارمانا بێنێ و .. بۆنی کەف و گوڵاوەکە ، بمانباتەوە بۆ ناو چیرۆکێکی ئێدگار ئاڵن پۆ و .. بگەڕێینەوە بۆ سەر لوتکەی خەیاڵ پڵاوەکان .. خۆ له جلی تەسک و بۆینباخی خنکێنەر و پێڵاوی ئەشکەنجەدەر ، هەڵکێشین .. قایشی توند لە ناوقەدمان ببەستین وەک ئەوەی کوڕی ڕۆمانێکی خەیاڵیی بەستبووی …
زۆربەی درۆیە .. یان هەمووی ..
هەمووی خەیاڵە ..یان زۆربەی ..
لە پارەی جل و خواردن و دەرمان ، زیاتر بۆ چا و قاوە و جگەرە و نێرگەلە و ئەلکهول خەرج ئەکەین ، چونکە ئەوانە زیاتر ئەمانبەنە ناو خەیاڵەوە و .. کەمتر ئەهێڵن بۆمان یەکلا بێتەوە کە دنیا یەک پولی قەڵب ناهێنێ .. کە مرۆڤایەتیی درۆیەکی گەورەیە .. کە هەر چی ئەیبینی، له هیچ هیچترە ..
ئەمانەوێ بە هەر نرخێ بووە ، لە پاڵ خەیاڵێکا ، خۆمان مات بەین و .. چیرۆکێک بە خەو بنوسینەوە ، کە خۆمان تیایدا کوڕه ئازاکەین .. کە هەرچی شتی جوان و خۆشە چاوەڕێمانە ..کە دنیا کۆتایی نایەت و .. باشتر وایە هەرچی زووترە ، ئەوەی جەنگیزخان و هیتلەر و ناپلیۆن پێیان تەواو نەکرا ، ئێمه تەواوی بکەین ..

٭ ٭ ٭
هەر لە مناڵییەوە بۆم دەرکەوت ،
ئەم دنیایە بە بێ درۆ و فێڵ و خەیاڵ ،
تەنانەت شۆرت و فانیلەکەیشی پێوە نامێنێ ..
درۆیەکی گەورەیه و
شتێکی تیا نییە ڕاست بێ ……

ــــن .بەندی ــــــــــــــــــــــــــــــــ




نا بۆ بێسەروشوێنكردن, بەڵێ بۆ دیاریكردنی چارەنووسی قوربانیان

ئەمرۆ 30ی ئاب رۆژی بێسەروشوێنكراوانە لە جیهان, كوردستانیش هەرێمێكە لە وڵاتێك كە عێراقە یەكێكە لەو 84 وڵاتەی جیهان كە ژمارەیەك زۆر لە هاووڵاتیانی بێسەروشوێنكراون بەهۆكاری سیاسی, جیاوازی نەتەوەیی و ئاینی و مەزهەبی, لە جیهاندا ژمارەی بێسەروشوێنكراوانی راگەیەنراو بە 52250 كەس دیاریكراوە, كە ئەوانەن تۆماركراون لە ناوەندە جیهانییەكان بە تایبەت نەتەوە یەكگرتووەكان و خاچی سوری جیهانی و هاوپەیمانی جیهانی دژ بە بێسەرو شوێنكردن و …. لە كاتێكدا تەنها ژمارەی بێسەرو شوێنكراوانی كوردستان لە قوربانیانی ئەنفال و بارزانی و فەیلی و ئێزیدی و …چەندین بەرابەری ئەو ژمارەیەیە, بە شێوەی گشتی ژمارەی بێسەروشوێنكراوان لە جیهان خۆی دەدات لە 50 ملیۆن كەس, لە ناویشیاندا لە 30 وڵات زیندانی نهێنی هەیە, عێراقیش یەكێكە لەوان, بەشی زۆری بێسەروشوێنكراوان لە پیاوان پێك دێن.
لە سوریا لە ساڵی 2011 ەوە 82000 كەس بێسەروشوێنكراوە, 2000 زیاتری لە لایەن ئۆپۆزسیۆنەوە ئەنجامدراوە, لە سریلانكا 60 بۆ 100 هەزار كەس بێ سەرو شوێنكراوە, تەنانەت بەشێك وەك ئەنفالكراوانی كوردستان ئەوانەن خۆیان داوەتە دەستەوە, لە ئەرجەنتین 30000 كەس بێ سەرو شوێنكراوە لە ساڵانی نێوان 1976 بۆ 1983.

ئەوانەی تۆماركراون لە عێراق 16544كەسە, لە سریلانكا 12226هاووڵاتییە, ئەرجەنتین 3449, گواتیمالا 3155, پیرۆ3009, سلفادۆر 2661, كۆڵۆمبیا 1235 كەسن.
تەنها لە نیوەی ئەمساڵ 11000 كەس بێسەروشوێنكراون لە عێراق.
ئێمە پێمان وایە:
•بێسەرو شوێنكردن هەموو كات تاوانە, دەوڵەت ئەنجامی بدات یان میلشیاو گروپی چەكدار بەهەر پێناسێكەوە بێت.
• بَسەروشوێنكردن تاوانێكی زەقی مافی مرۆڤ و یاسای نێو دەوڵەتی و جاڕنامەی گەردونی مافی مرۆڤە, بە پێی پەیمانامەی رۆما دەچێتە چوارچێوەی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییەوە, كات و شوێن تاوانەكە بە زیندویی دەهێڵێتەوە , بنەماڵەی قوربانی مافی قەرەبوو و زانینی راستیەكانیان هەیە.
•هیچ دەسەڵات و گروپێك مافی بێسەروشوێنكردنی هاووڵاتیانیان نییە, كە تاوانكار بە پێی یاسای نێودەوڵەتی نابێت لە سزا رزگاری بێت.
•بێسەرو شوێنكردن پێشێلی مافی یاسایی تاك, مافی ئازادی و ئاسایش, مافی ئەشكەنجە نەدان, مافی ژیان, مافی ناسنامە, مافی دادگاییكردنی دادپەروەرانە, مافی پاراستنی مافی مرۆڤ لە كاتی گلدانەوە, مافی قەرەبوكردنەوە, مافی وتنی راستییەكان, مافی ئابووری, كۆمەڵایەتی, رۆشنبیری, مافی خێزانداری, مافی ئاستی ژیان, مافی تەندروستی و فێربوون, مافی كەرامەت و داوای لێبوردنكردنی قوربانی, مافی كەسایەتی یاسایی ………هەیە.
لەم بۆنەیەدا وێڕای ئیدانەكردنی بوونی سەدان دیاردەی بێسەروشوێنكردن بەهۆی عەقیدەی سیاسیەوە لە باشوری كوردستان و دەیان هەزار لە پارچەكانی دیكەی كوردستان لە لایەن رژێمە دكتاتۆرییەكانی ناوچەكەوە, داواكارین :
1- حكومەتی هەرێمی كوردستان لیستی ناوی بێسەروشوێنكراوان, هۆكاری بێسەروشوێنكردن و هۆكاری مردن, شوێنی مردنیان بڵاو بكاتەوە, ئەوانەشی ماون ئازادیان بكات.
2- شوێنی كۆكردنەوەی بێسەروشوێنكراوان بپارێزرێت و بۆ یاداوەری بێسەرو شوێنكراوان و دروست كردنی مۆنمێنتی یاداوەرییان.
3- بە یاسا بێسەروشوێنكردن لە كوردستان قەدەغە بكرێت.
4- داوای لێبوردن لە بنەماڵەكانیان بكرێت و پەیمانی دوبارە نەكردنەوەی بدرێت.
5- روفاتی قوربانییەكان بگەڕێنرێتەوە بۆ كەسوكاریان.
6- قەرەبووی ئابووری كەسوكاریان بكرێتەوە بۆ ماوەی رابردوو, ژیانێكی شەرافەتمەندانەیان بۆ دابین بكرێت لە روی دارایی و خوێندن و چارەسەری تەندروستی.
7- مافی كەسوكاری بێسەروشوێنكراوانە هەموو راستییەكان لەسەر بێسەروشوێنكردنی رۆلەكانیان بزانن, تەواوی زانیارییەكانیان لە بەرواری بێسەروشێوێنكردنەوە بۆ ئاشكرا بكرێت.
8- بە یاسا پارێزبەندی بۆ كەسوكاری قوربانیان, پارێزەرەكانیان, رێكخراوەكانیان دیاری بكرێت بۆ وتنی راستییەكان و داكۆكیكردن لە مافەكانیان.
9- پێویستە زیندانەكانی كوردستان سجلی هاتووان و دەرچوانی هەبێت, هیچ كەسێك لە دەرەوەی زیندانە فەرمییەكان زیندانی نەكرێن و زیندانی نهێنی وەك تاوان سەیر بكرێت.
10- پشكنین بكرێت بۆ قوربانیانی گۆڕە بە كۆمەڵەكان بۆ ناسینەوەیان.

رێكخراوی كوردستان بێ جینۆساید
Kurdistan without Genocide
30-8-2022