کارەساتێک بە ناوی “هاوسەرگیری منداڵان “!.. حەمید تەقوایی

وەگێڕانی بۆ کوردی:کاوە عومەر

لە كۆماری ئیسلامیدا، هاوسەرگیریی منداڵان، یان وردتر بڵێین، دەستدرێژیكردنە سەر كچان، كارەساتێكی فرەڕەهەندەیە. کارەساتێک کە بە تەواوی لە یاساکانی شەریعەت و ئەخلاقی ڕزیوی ئیسلامی و تێڕوانینی ئیسلام و حکومەتی ئیسلامی بۆ ژن وەک کاڵای سێکسی و ئامرازێک بۆ چێژوەرگرتن بۆ پیاوان دێتە ئاراوە.
بەپێی ئامارەکانی حکومەت، لە چەند مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، هاوسەرگیری کچان بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو بەڕێژەی ١٩٪ زیادی کردووە و گەیشتووەتە ٦٧٤ حاڵەت. واتە ٦٧٤ کچی بچووک بە شێوەیەکی یاسایی دەستدرێژیان کراوەتە سەر. ئەمە تەنها ئاماری فەرمی حکومەتە؛ ئامارە ڕاستەقینەکان بێ گومان زۆر لەوە بەرزترن.
کاربەدەستان و “شارەزایان”ی حکومەت ئەم کێشەیە بە هۆکاری هەژاری و کلتوری خەڵکی گوندەکان و تەنانەت “پێدانی دەرماڵەی حکومەت بۆ هاوسەرگیری” دەزانن، بەڵام هەموو ئەمانە بەیەکەوە گرێدراون تا ئەو کاتەی حکومەت راستەوخۆ بەرپرسیار دەبێت لە کارەساتەکە لە دەستدرێژیکردنە سەر ژنان و منداڵان بە شێوەیەکی ئیسلامی ڕزگارت بێت لە شەڕانگێزی کۆمەڵگایەک کە هەرگیز ئەم دڕندەییەی قبوڵ نەکردووە. هاوسەرگیری منداڵان لە ئێران تاوانێکی دەوڵەتیە.
لە یاساکانی کۆماری ئیسلامیدا کەمترین تەمەنی هاوسەرگیری بۆ کچان ١٣ ساڵ و بۆ کوڕان ١٥ ساڵە. ئەم سنووردارکردنی تەمەنە نموونەیەکی ڕوونە لە دەستدرێژی یاسایی بۆ سەر کچان، بەڵام ئەمە تەواوی کارەساتەکە نییە. بەپێی یاساکانی حکومەت، هاوسەرگیری لە خوار ئەم تەمەنەوە، تەنانەت لە خوار تەمەنی باڵغبوونی شەرعیشەوە کە بۆ کچان ٩ ساڵە، تەنها بەو مەرجە ڕێگەپێدراوە کە باوک یان باوکی باوک مۆڵەتی پێدابێت. بەپێی یاسا شەرعیەکان “بەڵام [باوک یان باپیر] دەتوانێت ژنێک بۆ منداڵەکە دابنێت بەپێی پێویست”. دانپێدانانی پابەندبوون بەم “بەرژەوەندییە” بۆ دادگا دەسپێردرێت! سەرپەرشتی بەرژەوەندی؟! نازانرێت کام “بەرژەوەندی” دەتوانێت پاساو بۆ دەستدرێژیکردنە سەر کچانی خوار ١٣ ساڵ بهێنێتەوە و کام دادگای ستەمکاری ئیسلامی کە هیچ دوودڵییەکی نییە لە دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ منداڵان، بڕیارە بەرگری لە منداڵان بکات!
لە دادگاستەم کارەکانی کۆماری ئیسلامیدا یاسا ئیسلامییەکان جێبەجێ دەکەن. ئەو یاسایانەی کە تەنانەت هاوسەرگیری لەگەڵ کچانی کۆرپە و هەر جۆرە چێژێکی سێکسی لێیان لەبەرچاو دەگرن تەنها بەو مەرجەی “چونەناوەوە ڕونەدات” بە تەواوی ڕێگەپێدراوە و ڕەوایە. ئەم مەرجە هەڵدەوەشێتەوە دوای ئەوەی کچەکە دەگاتە ٩ ساڵ. واتە هەر پیاوێك دەتوانێت هاوسەرگیری لەگەڵ کۆرپەیەک بکات کە مۆڵەتی باوکی وەرگرتبێت و بیخاتە ژێر هەموو جۆرە دەستدرێژییەکی سێکسی و چێژوەرگرتنەوە و دوای تەمەنی ٩ ساڵی دەستدرێژییەکی تەواو بۆ ئەم دەستدرێژییە سێکسییانە زیاد بکات. ئەو کچە بچوکە کە قوربانی ئەم ڕێکەوتنەی نێوان باوکی و مێردی سەپێنراوی بێت، تەنانەت دوای گەیشتن بە تەمەنی باڵغبوون، مافی ئەوەی نییە سەرپێچی بکات و پابەند نەبێت.
ئەم ڕەفتارە سێکسییە لەگەڵ کچان لە هەر سیستەم و کۆمەڵگایەکدا کە بۆنی شارستانیەت و مرۆڤایەتی لێ بێت، بە تاوانێکی گەورە دادەنرێت و تاوانبارانیشڕوبەڕووی لێپرسینەوە دەکرێن و دادگایی دەکرێن. بەڵام لە ئێران خودی حکومەت هۆکاری ئەم دڕندەییەیە.
لە ئاستێکی بنەڕەتیتردا، کارەساتی هاوسەرگیری منداڵان بەشێکە لە سیستەمێکی فەلسەفی-ئەخلاقی پێش سەدەکانی ناوەڕاست کە لە لەدایکبوونەوە ژن بە کۆیلەی سێکسی پیاوان دەزانێت. ئه‌م مێشک وشکیە‌ فیکرییه‌یان له‌خەرمانەیەک لە پیرۆزی و فه‌رمانه‌ ئیلاهییه‌کاندا پێچایه‌وه‌ به‌ ناوی ئیسلام و نه‌وه‌ له‌ دوای نه‌وه‌ به‌سه‌ر ژیانی مرۆڤه‌کانی ناو کۆمه‌ڵگه‌ ئیسلامیه‌کانیاندا سه‌پاند.
ژن لە بیرکردنەوەی ئیسلامیدا بوونەوەرێکی سەربەخۆ نییە کە ئارەزوو و پێویستی مرۆڤی هەبێت، بەڵکو کاڵایەکی سێکسییە کە بۆ چێژوەرگرتن و چێژی پیاوان دروستکراوە. داپۆشینی ژنان لە منداڵییەوە پێچانیان لە چادر و حیجاب، ئاپارتایدی سێکسی و جیاکردنەوەی کچان و کوڕان و پیاوان و ژنان لە شوێنی کار و پەروەردە و شوێنە گشتییەکان، بڵاوبوونەوەی کوشتنی لەژێر ناوی شەرەفدا، کە لە جیاتی پەروەردەی سێکسی لە قوتابخانەکاندا، دوور و دابڕان لە ڕەگەزی بەرامبەر و ئەوان کچان فێر دەکەن کە شەرم لە جەستەیان و هەستەکانیان بکەن، کە کچ مافی ئەوەی نییە بە ئازادی لەگەڵ کوڕانی تەمەنی خۆی پێبکەنێت و دڵخۆش بێت و یاری بکات و وەرزش بکات، کە مافی ئەوەی نییە پێش زەواجکردن سێکس بکات، ئەو هیچ مافێکی نییە کە بەبێ ڕەزامەندی باوک هاوسەرگیری بکات ومافی ئەوەی نیە کە بەبێ ڕەزامەندی هاوسەرەکەی جیاببێتەوە، مافی سەفەری نییە بەبێ مۆڵەتی مێردەکە، هەروەها دەیان قەدەغە و سنووردارکردنی دیکە هەمووی لەسەر بنەمای سەیرکردنی ژنانە وەک کاڵای سێکسی.
دیاردەی هاوسەرگیری منداڵان دەرئەنجامی ئەو سنووردارکردن و ناعەدالەتیانەیە. هه‌رچه‌نده‌ هه‌ژاری و نه‌هامه‌تی ئه‌و بنه‌ماڵانه‌ی كه‌ له‌ ڕاستیدا كچه‌كانیان ده‌فرۆشن، و نه‌ریتی پیاوسالاری و سێكسیستی، بێ كاریگه‌ر نین له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی دیارده‌ی هاوسه‌رگیری منداڵان، به‌ڵكو ته‌نانه‌ت هۆكاری دروستبوون و بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و دیارده‌یه‌ و هه‌ژاری و نه‌هامه‌تییه‌ و پیاوسالاری سەروو کۆنەپەرسستی، خۆیان کۆماری ئیسلامی و ئەو یاسا و کولتوور و ئەخلاقە ڕزیوانەیە کە بەسەر کۆمەڵگەیاندا سەپاندووە.
کۆمەڵگا هەرگیز ئەم یاسا و پەیوەندییە ڕزیوانەی چاخی بەردینیان قبوڵ نەکردووە. سەدان دامەزراوە و ڕێکخراوی ناحکومی و گروپی بەرگری لە مافی منداڵان لە هەموو شارەکانی سەرتاسەری وڵاتدا تەحەدای ئەو سیاسەت و یاسا ڕزیوانە دەکەن کە حکومەت ڕۆژانە دەیسەپێنێت، جموجۆڵی منداڵانی کار و سەرشەقام بزووتنەوەیەکی بەربڵاوە لە کۆمەڵگادا، کچان و ژنانی ئازادیخواز لەبەرکردنی حیجابی ئیجباریان بەکردەوە هەڵوەشاندوەتەوە و دیاردەی پێشکەوتنخوازی هاوسەرگیری سپی بەردەوام لە کۆمەڵگادا فراوانتر دەبێت. مرۆڤەکان ژیانێکی مۆدێرن و مرۆڤدۆستانەیان دەوێت، کۆمەڵگایەکیان دەوێت کە پەیوەندی سێکسی گەورەساڵان لەگەڵ یەکتردا بابەتی تایبەتی خۆیان بێت و هیچ مەرجێک جگە لە ڕەزامەندی لایەنەکان حوکمی نەکات. ئەوان دەیانەوێت سێکسی نێوان گەورەکان و منداڵان بە تاوان هەژمار بکرێت بە هەر شێوە و شێوازێک بێت، دەیانەوێت تازەپێگەیشتوان لە قوتابخانەکان پەروەردەی سێکس وەربگرن و ئازاد بن لە سێکسکردن لەگەڵ یەکتردا. خەڵک لە ناوبردنی ئاپارتایدی سێکسی و هەڵوەشاندنەوەی هەموو پیرۆزی و تابۆ و نەریت وکلتورەکانی ئیسلام دەوێت.
کۆمەڵگای ئێران سەد و هەشتا پلە دژی حکوومەتە لە پێوەندی لەگەڵ مافی منداڵان، هەروەک بوارەکانی دیکە. دەتوانین و پێویستە لە بەرەنگاربوونەوەی تاوانی هاوسەرگیری منداڵان هەنگاوی زیاتر بنێین و بەرەیەکی ڕوبەڕوو بونەوەی چالاکتر و هێرش بەرانەتر بکەینەوە. ڕوبەڕوبونەوەیەک کە دەتوانێت ڕۆڵێکی کاریگەر لە پێشخستنی بزووتنەوەی وسەرنگوم خوازی تەواوی کۆمەڵگادا بگێڕێت. تاوانی هاوسەرگیری منداڵان لە ئێران دیاردەیەکی دەوڵەتییە. وە ڕێگای مامەڵەکردن لەگەڵیدا ڕزگاربوونە لە حکوومەتی دژە منداڵ و دژە ژنی کۆماری ئیسلامی.

٣٠ی ئابی ٢٠٢٢




خەنجەری خێڵ.. بەشی یەك(١)… شەماڵ بارەوانی

ئەوە چارەنووسی تۆیه هەڵاڵە،
کە خەنجەرێک شاخە و شاخ، شارە و شار و وڵاتە و وڵات شوێنت بکەوێ، تا لێرە لە ستۆکهۆڵم، لە گەڕەکی فلەمینسبرگ، نهۆمی چوارەمی باڵەخانەی ژماره هەژدە لە سنگت بچەقێ.. کێ دەزانیێ ئەو خەنجەرە له کێڵانی ئێستای ونبوونیدا قەفی پشتێنی چەند نەوە لە پیاوانی وڵاتی بەردی پشکنیوە؟ سنگی چەند نەوە له ژنانی وڵاتی بارانی هەڵدڕیوە؟”(١)
ئاری گیان زۆر دەترسم بەختی تۆ چارەنووسی منیش، هەمان شێوەی هی هەڵاڵە بێت و خەنجەری نەریت شارە شارە و وڵات به وڵات و کیشوەر به کیشوەر شوێنمان بکەوێت و سنگمان بپشکنێت.

تکایە ڕۆندك گیان، واز لەو بیرکردنەوە نەرێنی و ئەهریمەنیانە بێنە.
ئێمەدەدەین لەشەقەی باڵ و دەفڕین بۆ کەشکەڵانی ئاسمان، دەڕۆینە ژێر سێبەری عەرشی خوداوەند، لێره ون دەبین بۆ دوورگەیەکی خاڵی لە کەڵبەی نەریت و خەنجەری خێڵ، دەرۆین بۆ کیشوەرێکی هێمن، شوێنێک، نە کولتووری نێرسالاری تیابێت و نەیش دەستی عەشیرەتی وێ بگات.
هەرێمك، مەزهەبی تیایدا یاساخ بێت و عیشق دەستوور بێت.
ئاری گیان، تۆ مرۆڤێکی زیاد لە حەد خەیاڵیت و زۆر ڕۆمانتیکیانە بیردەکەیتەوە.
ئێمە هەرگیز لە کەڵبەی نەرین و خەنجەری خێڵ ڕزگارمان نابێت.

ئاخ لەدەست ئەو ڕەشبینیه بێ تامەی تۆ ڕۆندک گیان، ئاخ.

ئاری گیان:”
کورد هەمو ئامراز و ئامێرە هاوچەرخ و تازەکان بەکار ئەهێنێت کەچی کە قسەی لەگەڵ ئەکەیت بەزمانی خێڵ ئەدوێ !
ئێمە شوناس و پێناسەی هەڵەمان هەیە بۆ شارستانیەت و مەدەنیەت و پێشکەوتن و ، مامەڵەیەکی تەقلیدی لەتەک فۆرم و لێکەوتەکانی دنیای هاوچەرخ و نوێ ئەکەین بە جۆرێک نەدەستبەرداری کلتور و نەریتی دواکەوتوی خۆمان ئەبین و نە برواو قبوڵی عەقڵانیەت و شارستانیەتی پێشکەوتوی مرۆڤایەتی ئەکەین .”(٢)
ڕۆندک گیان، ئێمە، دەبێت شۆڕشێک لە مینتاڵێنت و ئەقڵیەتی خەڵک بکەین و هەوڵدەین دەسەڵاتی دەرەبەگ و ئاغا و شت لاواز کەین و لە ڕێگای چەکی مەعریفە و هێزی هۆشیارییەوە، مرۆڤەکان لە ئافاتەکانی ئەقڵیەتی عەشیرەگەرێتی و لە دەست خەنجەری نەریت و کولتووری نێرسالاری و دێوەزمەی مەزهەب قورتارکەین.
ئاریەکەم، کتێبی(مینتەڵێتی خێڵ)ت خوێندووەتەوە؟
نەخێر،
هیوادارم بیخوێنیتەوە، من چوار ساڵ بەر لە ئێستا خوێندمەوە
دەی ڕۆندک گیان، تۆزەک واز لە خێڵ و مێڵ بێنە.
خۆشم دەوێیت بە قەد هەموو دنیا
زۆر منت خۆش دەوێت ئاریەکەم؟
بەڵێ گیانەکەم زیاتر لەخۆم و لەهەموو شتێک، تەنها دایکم نەبێت.
ئاری دەزانت ئیشق جەنگێکی بێ ئامانە و یان دەتکوژێت یان شێتت دەکات، یاخود کەرت دەکات.
بەڵێ گیانەکەم، ئەی ئەوە نییە ئیشقی تۆ، تا سنووری شێت بوون و کەربوون بردوومی!
گیانەکەم، من ئامادەم لە پێناوت کێوی بێستون هەڵکۆڵم و لەگەڵ دێو بجەنگم و ئەستێرەت بۆ لە ئاسمان داگرمەخوارەوە.
نا، زور سوپاس ئاریەکەم، من ئەوانەم هیچ ناوێت.
ئەی؟
تەنها پاک و دڵسۆز و بە وەفاو ڕاستگۆبە، لەگەڵ من و ئیشقەکەت.
چییە، متمانەت بەمن نییە گیانە؟
با، بەڵام پیاوێک دەناسم دوو هۆزی بەردا یەکتری لە پێناو خۆشەویستی کچێك،
کەچی دواتر و دوای دەمێك، لەگەڵ ژنێکی تر دەستی تێکەڵ کرد و هاوسەرەکەی خۆی بەسەرگەردانی جێ هێشتوو هاوسەرگیری لەگەڵ ئەو ژنەیتر پێکهێنا.
بەو چەشنە، ئەو مەعشوقەی جارانی، کە سوێندی بەسەرەوە دەخوارد و دەیگووت: هەموو دنیا لەچاوی تۆوە دەبینم و لە پێناوتدا ئاینەکەشم دەگۆڕم و دەسبەرداری هەموو پڕەنسیپەکانم دەبم و هەر
هۆنراوەی ڕۆمانسی بەسەردا دەخوێندەوە، لە پڕ بە تەنیایی و دڵتەنگی و دڵشکان و حەسرەت و ئازارەوە سپارد.

ئاری گیان:
گیان، رۆندکی چاوەکانم، قلەکەم، هەناسەکەم، دیدەم، هەموو دنیام، ئیمپڕاتۆڕی هەرێمی دڵم، ئەمرکە و کۆیلەکەت لە خزمەتدایە.

ئاریەکەم:
“وا دابنێ تۆ حەزت لە ژنێکە، زۆر شەیدای ئەویت، گەر ببێتە هاوسەرت دەتوانیت بەهەشتێکی بۆ درووست بکەیت، ژیانی بۆ بڕازێنیتەوە، بەڵام ئەو کەسەی خۆشتدەوێت گوێی لە دەنگی تۆ نییە، هەست بە هیچ هەستێکت ناکات، دەڕوات و فەرامۆشت دەکات…
تۆ لە تەنیایی و تاریکی خۆتدا نوقم دەبیت، ئەوە دەتخنکێنێت کە دەبینی ئەو کەسەى خۆشتدەوێت نرخی دەنگی تۆی نەزانی، فەرامۆشی کردوویت.
بەڵام ئەو خۆشەویستە دەڕوات و پاش ماوەیەکی درێژ دەگەڕێتەوە، هەست دەکات ژیانی شتێکی گرنگی کەمە، هەست دەکات بەهەڵەدا ڕۆشتووە، هەست دەکات بە جۆرێک لە جۆرەکان لە جێگایەکدا هەڵەیەکی کوشندەی کردبێت کە بۆ دواوە دەگەڕێتەوە، دەگاتەوە بەردەمی تۆ، تۆ کەسێکی نەخۆش و تێکشکاوی، ئەو کەسەی تۆی تێکشکاندووە ئێستا لە بەردەمتدایە، بەڵام زەمەن ناگەڕێتەوە.”(٣).
تۆ ئاوام بەسەر بێنیت، دواتر من هەرگیز قبوڵت ناکەمەوە . من خاوەنی دڵێکی هێنده گەورە و لێبوردەییەکی لەو شێوە نیم. هاهاها
دڵنیابە ڕۆندک گیان، تۆش جێم بێڵیت، منیش ئەوکات هەرگیز دوایی شیعری وات بۆ ناهونمەوە و پێت ناڵێم”
دەترسم لە دووریت
گۆرانییەکانم
پڕبن لە دڵ شکان
و
زمانی حەرفەکانم
هێشووە ترێی لاڵی بگرێت

دەترسم
گڵۆپی چاوەڕوانیم بکوژێتەوە
و
شکان لەباڵی چۆڵەکەی شیعرم بڕوێت

دەترسم
پەڕەسێلکەی شەوی تەنیاییم
بگەڕێتەوە
و
قەڵەمی مەراقم
مان بگرێت

دەترسم
کەمانچەی دڵم
بێ ناز بکەوێت
و
کەس نەبێ
هۆنراوەکانم بژەنێت

کەس نەبێت
فوو لە ئاگری تامەزرۆییم
بکات
و
مۆمی خەڵوەت لەمیحرابی ڕۆحم
داگیرسێنێت

لە چاوەڕوانی تۆ
لۆچی پیری
لەسەرتابلۆی تەمەنم
ڕوا
و
پشتی ئاواتم چەمایەوە

قەسیدەم
گۆچانی حەسرەتی گرتە دەست
و
سۆمای خەونەکانم کوژایەوە

لە چاوەڕوانی تۆ
پەرێزی ڕۆحم
بوو بە خۆڵەمێش
و
پەرداخی مەستیم
پڕبوو لەفیراق

لەچاوەڕوانی تۆ
کەس نییە
کەوچکێک ماچ
و
کولێرەیەکی خۆشەویستیم
بداتێ

کەس نییە
قاوەی عەشقم
بۆ بگرێتەوە
و
لانکی مەراقم
ڕاژەنێ

کەس نییە
ببێتە مۆسیقای حەرفەکانم
و
دەستی خەیاڵم پڕکات لە ئیلهام

کەس نییە
تنوێتی شیعرم بشکێنێت
و
چاوی خامەم تەڕکات

کەسێ نییە
سوراحی گریانم لێوان لێوکات
لە خەندە
و
کراسی پێکەنینم
لەبەرکات”(٤).
ــــــــــــــــــــــ
١-گرەوی بەختی هەڵاڵە، عەتا نەهایی، ڕۆمان، چاپی سێیەم٢٠١٨، چاپخانەی:ئەندێشه، لاپەڕە(٧).

٢-کورد؛ بۆ ئەقڵی خێڵ تێناپەڕێنێ !؟، عەلی حەمە، ڕۆژنامەی(زەمەن)، ٢٣/٦/٢٠٢١.

٣- کەشتی فریشتەکان، بەختیار عەلی، ڕۆمان.

٤-پارچە شکاوەکانی دڵم، شەماڵ بارەوانی، شیعر(پەرەسێلکەی شەوی تەنیایی)، چاپی یەکەم٢٠٢٢، چاپخانەی: کارۆ، لاپەڕە(٧٣-٧٤).




ئەرز و حاڵێک… شیعری / نەوزاد بەندی

دەریشــــــــــکەوی دەرناکەوی وەک جاران
تۆیش لێمــــان بووی بە بەفر و تاوە باران
وشکەســـــاڵیی ، لە زۆر شتا ڕوویــــداوە
ڕووینەدابوو پێشـــــــــــــتر خەزانی یاران
ئەوا ڕووی دا ، ڕوو لە کوێ کەی ،ڕوو نیە
لە بێزاریی دێیتە دەر ناو بێــــــــــــزاران
کە شەو دادێ ، مات و ماندوو ..تێکشـکاو خەو قاتیە و .. ئەچیتە ناو بێــــــــــداران
یەک بست نەما ، شاخ و پێدەشت وڕوبار بوو به موڵکی ئاغا و نەخوێنـــــــدەواران
هەموو شتێ ژەنگی پارە پیســــــــی‌ کرد
لە گشت لا دێ بۆگەنــــــــــــی پارەداران
لە لاکەی تر ، کە ئـــــــەڕوانی بە ووردیی
ملکچەییــــــــــــە و کۆیلایەتیی هەژاران
دەسا خوایە ، ئەوانەی نوغرۆت کــــردن
لەگەڵ ئەمڕۆ لە یـــەک تەرازوو ، (بار)ان
چ سڕێکە ، ئەمەی ئێســــــــــتا ئەیبینین
تا بێ ئەستوورترە مــــــــــــلی بەدکاران؟




باسێک لەسەر مەرجەعبوون؟… زانا ڕزاق

سەرەتا مەرجەعیەت چەمکێکە پێناسەی وایە کە زانین و ئەزموون زۆر شتی لەسەر ئەو بنەمایەی کە دینیە یان سیاسیە یان نەتەوەییە دەبێ هەبێ یانی کەسانی تر کە ئەویان کردۆتە مەرجەع دەبێ لەو شتانە شارەزا نین و زانیاریان لەسەری نیە بۆ ئەو دەگەڕێنەوە ئەو قسەی لەسەر دەکات وەک هەقیقەتێک و زانینێک و ڕابەرێک.

سەرەتا مەرجەعیەت بوون واتە هی هەمووان هەمووان بەهی خۆیان بزانن چۆنیش بەهی خۆیان دەزانن ؟ یەکەم دەبێ بەیەکسانی سەیری هەموومان بکات دووەمیش ئەگەر لەناو گۆڕەپانەکە لایەنی تریش هەبوون ئەوا دەبێ ئەوانیش ڕەوایەتی بە مەرجەعیەتبوونی بدەن یانی ئەوانیش بیکەنە هی خۆیان چونکە ئەوانیش لایەنگریان هەیە کاتێکیش لایەنگریان دەبێ لایەنگرەکانیان لەسەر قسەی خۆیان دەڕۆن نەک ئەوەی خۆی کردۆتە مەرجەع چونکە وەکو ئایدۆلۆژیاکان وان لەسەر ڕێچکەی خۆیان دەڕۆن هەقیقەت لای خۆیانە.

هەر بۆیە کەسێک کاتێک لەناو سیاسەتە دواتر لە سیاسەت دووردەکەوێتەوە ئەگەر بووە مەرجەع و خۆی بە ئاشکرا باسی کرد ئەوا هەر وەکو ئەوە وایە کە پێشتر چۆن لایەنگری هەبووە ئاواش کە واز لە سیاسەت دەهێنێت هەر ئەو لایەنگرانە بەهی خۆیانی دەزانن نەک هەمووان.

یەک شتی گرنگیش هەیە لەسەر مەرجەعیەتبوون ئەویش ئەوەیە کە سەرەتا ئەو ووشە دروست بووە بەکارهاتووە کەسێک بۆتە مەرجەع ئەوا دوای ئەو ووردە ووردە کەسانی تر بوونەتە مەرجەع زۆر بوونە مەرجەعیەت فراوان بووە ئەویش بەهۆی ئەوەی ئەو کەسەی مەرجەعبووە نەیتوانیوە کەسانی پاش خۆی وا پەروەردە بکەن کە یەکێک ببێتە مەرجەع نەک بەهۆی هەندێک شتەوە ئاوا فراوان بن

دواتر خەڵکانێک پاش ئەوەی یەکەم کەس کە ڕەوایەتیان پێداوە ئاوا پاش ئەو ڕەوایەتی بەکەسی تریان نەداوە هەروەها هەندێکیش بەهۆی پێش ئەوەی کەسی یەکەم بمرێت دابەش بوون بەسەر کەسەکاندا ئاوا پاش ناکۆکی هەر لەگەڵ ئەو کەسانە ماونەتەوە کە بە خۆی بەڕەوا زانیوە ڕەوا زانینیشی بەهۆی ئەو کەسانە و جەماوەرەکەی بووە …

ئەوە بەکورتی و پوختی

تێبینی نەمویستوە لەسەر لایەنی مێژوویی و زانیاری لەسەر مەرجەعەکان بنوسم

31 8 2022