باومگارتن.. کاوە جەلال

١- پوختەی ژیاننامە
ئالێکساندەر گۆتلیب باومگارتن ١٧/٦/١٧١٤ وەک پێنجەم کوڕی خانەوادەکەی لە بەرلین هاتە جیهانەوە. باوکی، یاکۆب باومگارتن، قەشە بوو، دایکی، ڕۆزینا ئێلیزابێت، سێ ساڵ دوای زایینی ئالێکساندەر جیهانی بەجێهێشت، پێنج ساڵ دوای ئەویش باوکی. ئالێکساندەر لە لایەن نەنکییەوە بەخێو کرا؛ ساڵی ١٧٢٧ لەتەک براکانیدا گواستییەوە بۆ شاری هالە تاکو لەوێ بەردەوامی بە خوێندن بدات. باومگارتن ساڵی ١٧٣٠ لە زانستگەی هالە وەرگیرا و دەستی کرد بە خوێندنی تیۆلۆگی، فیلۆلۆگیی کلاسیکی، پۆئێتیک و ڕێتۆریک، کە ساڵی ١٧٣٥ تەواوی کرد و بڕوانامەی ماگیستەری پێدرا، پاشان دوای نیو ساڵ بە توێژینەوەیەکی فەلسەفەیی دکتۆرا (“چەند مەرجێکی هەڵبەست”) مۆڵەتی فێرکاریی پێدرا. باومگارتن ساڵی ١٧٣٧ بوو بە پرۆفیسۆری بێکورسی، هەر لەم کاتانەشدا تووشی نەخۆشیی سیل بوو. سەرباری دوورکەوتنەوە و وەرگرتنی مۆڵەتی نەخۆشی، ساڵی ١٧٣٩ بەرهەمە سەرەکییەکەی بە ناونیشانی “مێتافیزیکا” بڵاوکرایەوە و ساڵی ١٧٤٠ بوو بە پرۆفیسۆری خاوەن کورسی بۆ “دانایی جیهانی و زانستە جوانەکان” لە فرانکفورتی سەر ڕوباری ئۆدەر. ساڵی ١٧٥٠ بەشی یەکەمی نووسینە بەناوبانگەکەی بە ناونیشانی “ئائێستێتیکا” بڵاوکرایەوە. گەرچی تەندروستیی باومگارتن بەردەوام پتر بەرەو خراپی دەڕۆیشت، سەرەڕای ئەوە بەردەوام لە بەشی دووەمی “ئائێستێتیکا”دا کاری دەکرد، کە ساڵی ١٧٥٨ بڵاوکرایەوە. ئەم نووسینە بەتەواونەکراوی مایەوە. باومگارتن ٢٧/٥/١٧٦٢ جیهانی بەجێهێشت. ئەو بە نازناوی “کەشفکەری ئێستێتیک” چووە نێو مێژووی فەلسەفەوە.

٢- باری سێنسێتی بەسەر هونەرەوە

ئایا هونەر چییە؟ ئەمە پرسیارێکی فەلسەفەییە کە باومگارتن دەیکات. پۆئێتیکەکان وەک ڕێبازی هۆنینەوە خۆیان بە ڕێساکانی هێنانەئارای کاری هونەرییەوە خەریک دەکرد، واتا داخۆ چۆن هۆنراوەکە (هەڵبەست، چیرۆک، ڕۆمان، موزیک) چاک بێت. لێ کاتێک باومگارتن دەپرسێت “هونەر چییە؟”، پرسیارەکەی ڕوودەکاتە چییەتیی بوونەوەری هونەر، بەمەش ئەو ڕاستەوخۆ دەکەوێتە بەردەم کێشەی سێنسێتی، چونکە سێنسەکان (حەواسەکان) رۆڵێکی کرۆکی لە هونەردا دەگێڕن. ئێمە بە سێنس دەچێژین، واتا، بە زمانی باومگارتن، توانستی بڕیاردانمان هەیە. گوێ لە چێژتندا بڕیار بەسەر دەنگدا دەدات، ئەوە بە وەرگرتنی یان ڕەتکردنەوەی، کەواتە گوێ دەنگی ساز و نەساز، لەبار و بەد، لە یەکدی جیادەکاتەوە. هەروەها چاو وێنەیەک وەرناگرێت کە بە حساب هینی مرۆڤە، وەلێ پتر لە مەیمون دەچێت. یان لە هەڵبەستدا زرنگەی ساز پێوەرە بۆ کێشی بەیت: “گەر بڕگەی درێژ یان کورتی وشە بە چەشنێک تێکەڵبکرێن کە ئیدی حەزی گوێ چێببێت، ئەوسا بێژتنەکە خاوەنی کێشی بەیتە” (ئائێستێتیکا، پەرەگرافی ١٠١). ئەم بڕیاردانەی سێنسەکان بناغەیە بۆ ڕاستێتی یان چەوتێتی لە هونەردا.
سەرەتا پرسیارێکی فەلسەفەیی لەم پەیوەندییەدا ئەوەیە، کە گەر بابەتێک لە چێژەوە، لە توانستی بڕیاردانەوە، سەرهەڵبدات، ئایا ئەو بابەتە شایانی ئەوەیە کە فەلسەفە خۆی پێوە خەریک بکات؟ ئاخر مەئریفەی فەلسەفەیی تێگەییە، کەواتە خاوەنی گشتێتییە و بۆ نموونە لە بڕیارێکی لۆگیکیی بەم چەشنەدا دێتە دەربڕین: “مرۆڤ بمرە”. سێنسێتی بە پێچەوانەوە تایبەتییە، یان دەرککردنە سێنسییەکان پابەند بە شتی تاکی نێو فەزاوە (ڕاومەوە) سەرهەڵدەدەن. ئەم هەقیقەتەی سێنسێتی لەکاتی پلاتۆنەوە بارێکی قورس بوو بەسەر هونەرەوە. ئاخر هونەر بە دیدی پلاتۆن لە هەژانی ناخەکییەوە دێتەگۆڕێ و ئامانجیشی هەژاندنە. ئەمەش پڕمەترسییە، چونکە هونەرمەند بۆ نموونە وێنەی کورسییەک دەسازێنێت کە دارتاش بە تەختە دروستی کردووە. وەلێ کاتێک دارتاش، پێش ئەنجامدانی ئەو کارە، لەنێو هۆشی خۆیدا لە ئیدێی (واتا لە وێنەی هۆشەکیی) کورسیی ڕوانیوە و پاشان بە کەرەسە (تەختە) لاسایی کردۆتەوە، ئەوا هونەرمەند تەنیا بەو کورسییەی دارتاشەکە دەهەژێت و بە بۆیە لاسایی دەکاتەوە، واتا ئەم ڕووناکاتە “ئیدێ” سەرمەدییەکان، یان لەم پەیوەندییەی ئێرەدا ڕووناکاتە ئیدێی کورسی، بەڵکو پابەندی شتەکانە کە بگۆڕ و تایبەتن بە لەناوچوون. کەواتە لەبەر ئەوەی هونەرمەندان بە دیدی پلاتۆن گرنگی بە “ئیدێ” نادەن، ئەوجا بە کارەکانیان: بە وێنە و پەیکەرە جوانەکانیان، بە هۆنینەوەی ناخهەژێنەر، لە هەمووشیان ستەمتر بە تەمسیلکردن لەسەر شانۆ کە بەڕێیەوە دەمانهێننە پێکەنین یان دەمانخەنە گریان، لە جیهانی ئیدێ دوورمان دەخەنەوە. ئەم گومانە لە سێنسێتی بە درێژایی مێژووی فەلسەفە باڵادەست مایەوە.
باومگارتن سەرەتا ناچارە ئەم بارە بەسەر سێنسێتییەوە، واتا بێتواناییەکەی بۆ مەئریفە، لابەرێت، بۆ ئەم مەبەستەش مۆنادۆلۆگییەکەی لایبنیتس وەردەگرێت و ئەوجا لێرەوە گۆڕان بە ئێستێتیک دەدات وەک لکێکی سەربەخۆی فەلسەفە، یان وەک تیۆرییەکی مەئریفە.

٢-١ مۆنادۆلۆگیی لایبنیتس

پێش لایبنیتس لە فەلسەفەی ڕاسیۆنالیستیدا (واتا هزرینی ئاوەزییانەی مەبەستمەنددا) کە دێکارت بناغەی ڕشت، سێنسەکان وەک نەگونجاو بۆ مەئریفە دادەنران، چونکە زۆر جار بەهەڵەماندا دەبەن. چاو شتێکی ڕەش و دووری بزۆک بە گۆلک دادەنێت، کەچی کاتێک لێی نزیک دەکەوێتەوە دەبینێت کە ئەوە مرۆڤێکی ڕەشپۆشە. بە پێچەوانەشەوە لە ڕاسیۆنالیزمدا گریمانە دەکرا کە ئاوەز بە دیاریکردنی گشتێتییە هەردەم چواندووەکان مەئریفەی ڕاستینەی بوونی هەر شتێکمان پێبدات. سێنسەکان لێرەدا تەنیا رۆڵی نێوەندیار وەردەگرن، ئەویش کاتێک بە دەرککردن پێشبینیی ناڕوون و نائاشکرا لە هۆشی مرۆڤدا دەهێننە گۆڕێ، ئەوجا زەین کاریان تێدا دەکات و تاک تاک ڕوون و ئاشکراییان پێدەدات. لەم ڕەوشەدا زەین و جیهانی ماتەری هیچ پەیوەندییەکیان بە یەکدییەوە نییە. بەم شێوەیە دەلاقەیەک لە نێوان هزر و سێنسێتیدا، لێرەشەوە: لە نێوان دەروون و لەشدا، ئاوەڵا دەبێت، چونکە لەش بە سێنسەکانیشەوە سەر بە جیهانی ماتەرییە. لایبنیتس بە پێچەوانەی ئەم شێوەیەی بنیاتنانی مەئریفەوە کە لە گشتێتییەکانی ماتماتیکەوە دەردەچێت، گریمانەیەکی مێتافیزیکی دادەنێت تاکو ڕێ لە دوالیزمی هزر و سێنسێتی بگرێت، ئەوجا لەو گریمانەیەوە هزرینی خۆی ئاوەڵا دەکات.
لایبنیتس وەک دەرچەی هزرین گریمانەی گەوهەرێکی (زوبستانسێکی)، یان بوونێکی هۆشەکیی سادەی نەشیاوی دابەشاندن و لەناوچوون دەکات، کە ئەتۆمی جیهانی کردەکییە و ناوی دەنێت “مۆناد” (بە گریکی: “مۆناس”، واتا “یەکانە”). مۆنادەکان یەکەم بنەڕەتن و گریمانەکردنیشیان لەم شێوەیەدا ئەو واتایە دەگەیەنێت کە چیدی ناشێت پرسیار سەبارەت بە هۆکاری هاتنەئارای ئەوان بکرێت، واتا ناشێت بە هزرین زنجیرەیەکی هۆکار-ئەنجام تا بێدوایەکی ببرێت. مۆنادەکان دەرچەن. لێرەدا گەرەکە ئاماژە بۆ ئەوە بدەین کە لایبنیتس لە شرۆڤەی جیهانی کردەکییەوە (فاکتییەوە) دەگات بەوە کە مۆنادەکان وەک بنەڕەت بچەسپێنێت. ئاخر لەم جیهانەدا تەنیا ماتەری هەیە، لێ ماتەری هەردەم “ئاوێتە”یە، واتا کشاوە، لێرەشدا ئاشکرایە کە هەموو ئاوێتەیەک لە کەرتی “سادە”ی نەکشاو پێکدێت، واتا ئەگرێگاتێکە (کۆمەڵەیەکی پێکهاتووە) لەو ئەتۆمە سادانە. کەواتە دەبێت بە ئاوەز گریمانەی ئەو مۆنادانە وەک ئەتۆمی جیهان بکەین (ئەتۆمیزم).
بێگومان مۆنادەکان ئەزەلی نین، بەڵکو یەکەم مۆناد (گەوهەر)، واتا خودا، لە “هیچ”ەوە ئافراندوونی. خودا پێش کرداری ئافراندن چەند پێشبینییەکی جیاوازی سەبارەت بە جیهانێکی ئافرێنراو هەبوو، ئەوجا لەبەر ئەوەی خودا بەڕەهایی چاکە و تەنیا چاکەی دەوێت، ئەوا لەنێو پێشبینییەکانیدا بڕیار بۆ چاکترینیان دەدات، واتا جیهانێکی ڕێکخراو و هارمۆنییانەی مۆنادی دەئافرێنێت، ئەوجا وەک بناغەی سازاندنی ئەم جیهانە چاکەی ئێمە دایدەنێت (کەواتە لە نێویدا هیچ جێیەک بۆ خراپە / شەیتان تەرخان نەکراوە).
ڕێکخراویی جیهانی کردەکی، پێکهاتەی کەتوارەکەمان، دەگەڕێتەوە بۆ ڕێکخراوی هارمۆنییانەی مۆنادەکان، چونکە ئەم جیهانە دەرهاویشتەی ئەوانە، بەو هۆیەشەوە کاراییەکی ڕێکخراوی وەرگرتووە و سەرجەم ڕوودانەکانی نێوی یاسامەند و مەبەستمەندن. لەم ڕوانگەیەوە مۆنادەکان، وەک ئافرێنراو، ئافرێنەریی ئافرێنەریان لە خۆ گرتووە، واتا لاسایی بنەڕەتە ئافرێنەرییەکانی یەکەم مۆناد دەکەنەوە و بەمەش لە لایەنی خۆیانەوە دەبن بە ئافرێنەر. هاوکات هەر مۆنادێک کرۆکیانە ئەوە دەژێنێت کە بە هەمان شێوە هەر مۆنادێکی دی سەربەخۆ لە ئەو دەیژێنێت، هەر لەبەر ئەم هۆیەشە کە ئەوان پێکرا خۆیان لە هارمۆنیدا دەبیننەوە، بێگومان بەبێ ئەوەی هیچ پەیوەندییەک لە نێوانیاندا هەبێت. ئێمە خۆمان دەتوانین لە جیهاندا ببینین کە هیچ شتێکی نێو سروشت لە یەکێکی دیکە ناچێت، ئەمەش بۆ ئەو هەقیقەتە دەگەڕێتەوە کە لێرەبوونی (وجودی) بە خۆ تایبەتی هەر مۆنادێک جیاوازە لە لێرەبوونی هەر یەکێکی دی، وەلێ لە سەرئەنجامی نێوچالاکییەکەیاندا، یان هینی کاریگەریی نێویەکییاندا، بۆ ئێمە ئەوها دەنوێنێت کە هەروەک ئەوان پەیوەندییان بە یەکدییەوە هەبێت، جا گەرچی لە بنەڕەتدا ئەوها نییە.
ڕێکخراوی جیهان هەروەها لەش و دەروونی مرۆڤیش لەخۆدەگرێت، بۆیە پێشبینییە سێنسییەکان و مەئریفەی ئاوەزمەندانەی مرۆڤ سەر بە هەمان ڕێکخراوی جیهانن (بە پێچەوانەی دێکارت کە وەک جودا لە یەک دایاندەنێت). گۆڕانی بەردەوامی مۆنادەکان بنەڕەتی گۆڕانە پسیکۆفیزیکییەکانی ئێمەن. لێرەدا دەگەین بە تێگەی دەرککردن لای لایبنیتس کە ناوی دەنێت “پێرسەپسیۆن” و هاوکات لە “ئاپپێرسەپسیۆن” جیای دەکاتەوە.
پێرسەپسیۆن (دەرککردن) لای لایبنیتس “وروژان” نییە وەک سەرئەنجام، بەڵکو ناوەرۆکی یان وێنەی دەرککردنە. ئێمە بە سێنسەکانمان دەرکی ئەو جیهانە دەکەین کە دەرهاویشتەی مۆنادەکانە. لایبنیتس لێرەدا لە “دەرککردنی بچووک” دەدوێت، واتا لە شعورەکان کە هەستپێنەکراو لەنێو ئێمەدا دێنە ئاراوە. شعورەکان پێشبینیی دیارینەکراون، شێواون. لێ ئاپپێرسەپسیۆن ئاگاییە لەبارەی ناوەرۆکەکانی دەرککردن. ئێمە لە ڕەوشی ئەم ئاگاییەدا مەئریفەی پەرچاوەی ناوەرۆکەکەی دەرککردنمان هەیە، کە مەئریفەیەکی پێکهاتەییە و بەو ڕێیەوە دێتەئاراوە، کە ئێمە ناوەرۆکە دەرککراوەکە بە ئاگالێبوون و یادهێنانەوە دیاری دەکەین و پاشان دەبێت بە هینی خۆمان، چونکە لەنێو پەیوەندیی ئاگاییدا پۆلاندوومانە. کەواتە شعورەکان پێش-پلەی دەرککردنی ئاگامەندن، کە ئێمە پاشان لە کارایی نێویەکییاندا لێیان بەئاگادێین. بە دیدی لایبنیتس ڕووداوی جەستەیی و دەروونی جودا لە یەک لەگۆڕێ نین (وەک لای دێکارت)، بەڵکو هاوڕەون، ئەوان لە یەکدی سەربەخۆن و هاوکات بەپاڵ یەکدییەوەن.
ئێمە بە ئاوەز لەبارەی بنەڕەتی مۆنادیانەی جیهان دەزانین، کەواتە توانستی مەئریفەمان هەیە، جا مەئریفەمان پەیوەند بێت بە کێشە تێگەیی و ماتماتیکییەکانەوە یان بە تەجروبەی زانستییەوە، وەلێ ئێمە هەروەها دەرککردنی سێنسیمان هەیە کە ئەمیش مەئریفەیە، چونکە دەرککردنی ئەو جیهانەیە کە مۆنادییانە بنیاتنراوە، هێندە نەبێت کە ئێمە پەیوەند بە هەردووکیانەوە تەنیا پلەی جیای ڕوون و ئاشکراییمان لە مەئریفەدا هەیە. ئاخر ئاوەز و سێنسەکان مۆنادییانە بنیاتنراون. لەم ڕوانگەیەوە نەک تەنیا مەئریفەی ئاوەزمەندانەی کامیل مەئریفەی “ڕاستینە”یە، بەڵکو هەروەها پێشبینییەکانی جیهانیش کە بە دەرککردنی سێنسیانەی جیهان چێدەبن، پێشبینیی “ڕاستینە”ن، ئەوە سەرباری ناکامیلی و ناڕۆشنی و شێواوییان. ئاوەز کە پێدەزانێت، هەروەها سێنسەکان کە دەرکی شتەکانی نێو جیهانی کردەکی دەکەن، لەو “هارمۆنییە”دا پێکەوەگرێدراون کە خودا لە سەرەتاوە چەسپاندویەتی. مۆنادەکان لاسایی یەکەم مۆناد دەکەنەوە و لەم ڕەوتەشدا بەچاکی گەردوون دەخەنەوە. کەواتە پێشبینی لە پەیوەندییەکی سروشتیدایە لەتەک هەر ئەوەکەیەکدا کە پێشبینی دەکرێت.

٢-٢ ئێستێتیکی باومگارتن

باومگارتن بە وەرگرتنی مێتافیزیکی لایبنیتس دەرفەتی بۆ دەڕەخسێت کە ببێژێت، چیدی پێویست نییە گومان لە توانستی سێنسەکان بۆ مەئریفە بکەین، هاوکات پێویستە زانستێکی مەئریفەی سێنسی گۆڕان پێبدرێت کە ناوی دەنێت “ئێستێتیک”.
بێگومان لە فەلسەفەدا جەخت لە یەک باڵاترین فۆرمى مەئریفە دەکرێت کە “تێگەیی”ە و لە بڕیارێکی (حوکمێکی) لۆگیکییانەی بەم چەشنەدا بەرجەستە دەبێت: “بازنە خولگەییە”، ئەم مەئریفەیەش پابەندی زەینە و لێی جیانابێتەوە. بە پێچەوانەشەوە ئێستێتیک وەک تیۆرییەکی مەئریفە بەو بابەتانەوە خەریکە کە سێنسین (مەحسوسن) و بەوەش شیاوی دەرککردنن. باومگارتن بۆ جیاکردنەوەی ئێستێتیک لە مەئریفەی تێگەیی، ناوی دەنێت تیۆریی مەئریفەی پلە نزم.
گەر سێنسێتى بەگشتی وەک بەتوانا بۆ مەئریفە دابنرێت، ئەوا دەبێت ئەو سێنسێتییەش کە خۆى بۆ هۆشى جوان ئاوەڵا دەکات، ناو بنرێت مەئریفە. ئاخر “هزرینى جوان”یش کە سپۆنتان (عەفەوییانە) دێتەگۆڕێ، توانستێکى بڕیارە (Urteilskraft) و تێیدا توانستى وێنا و ژیری، زاکیرە و شعور و هزر یەکدەگرن. هەموو بڕیاردانێک دوو لایەن لە خۆ دەگرێت: توانستێکى سێنسی و توانستێکى زەینی (ئینتەلەکتوێلی)؛ یەکەمیان چێژە، دووەمیان لۆگیکە (ئەمە لە خوارەوە ڕووندەبێتەوە). ئەم دوو توخمە بۆ باومگارتن بناغەى ئێستێتیکن وەک تیۆریى مەئریفە.
ئێمە گەرەکە لای باومگارتن ڕەچاوی ئێستێتیکی ڕسکاوی ناخەکی و بەدیهێنراو بکەین. ڕەوشەکانی شێوەی یەکەم بریتین لە: دەرککردن، ئەندێشە، بەهرەی سروشتی، زاکیرە، بەهرەی هەڵبەستڤانی، بەهرەی چێژی چاک؛ لێ ئێستێتیکی بەدیهێنراو (فێربوو) ڕاهێنانە بە توانستە ڕسکاوەکان. ئێمە لێرەدا هاوکات دەبینین کە لە ئێستێتیکی باومگارتندا جارێ هەردوو لایەنی پرۆدوکسیۆن (بەرهەمهێنان) و ڕێسێپسیۆن (وەرگرتن) سەربەخۆ لە یەک دانەنراون، بە واتایەکی دی، جوانێتی تەنیا پرسی هونەرمەند نییە، بەڵکو هینی وەرگریشە و ئێستێتیکەکەی باومگارتن بەبێ جیاکردنەوەیان پێوەیان خەریکە.
بۆ تێگەیشتنی نزیکتر لە “هزرینی جوان” گەرەکە بڕوانین کە چۆن باومگارتن پێناسەی جوانێتی دەکات. ئەو لێرەدا دوو تێز دەچەسپێنێت: جوان ئەوەیە کە لای مرۆڤ سەرسووڕمان دەخاتەوە، لێ هاوکات جوان ئەوەیە کە کامیلە. ئێمە لێرەدا مێتافیزیکی جوانێتیمان هەیە کە باومگارتن پابەند بە تیۆریی ئافراندنەوە (خولقاندنەوە) ئاوەڵای دەکات: چێژ بڕیاردانی ئێستێتیکییە بەسەر “کامیلێتی”ی بابەتەکەدا، بۆیە پێویستە مرۆڤ، کارێک بڕیار بەسەر شتێکدا وەک “جوان” دەدات، ئاگای لەوە بێت کە داخۆ بڕیارەکە ڕاستە یان هەڵەیە. گەر من بەڕێى سێنسەکانمەوە (چاو، گوێ) بڕیار بدەم، پەیوەندم بە چێژەوە، لێ بۆ ئەوەی بڕیارەکەم ئێستێتیکى بێت، نابێت بەپەلە بڕیار بدەم و لێرەشەوە دەرفەت بۆ هاتنەئارای هەڵە بڕەخسێنم. باومگارتن هەر لەم پەیوەندییەدا جەخت لە بنەڕەتێکی دیکە دەکات: نابێت چێژەکە گەندەڵ بێت. چۆن کرداری ئافراندن لای خودا هاوکات مەئریفە و کردارە، بە هەمان شێوە “هزرینى جوان”یش هاوکات مەئریفە و کردارە و جیهان ئێستێتیکییانە پێشان دەدات. پێشاندانی ئێستێتیکییانەی جیهان لە توانستی بڕیاربەسەردادانەوە سەرهەڵدەدات، کەواتە پێشاندانەکە گشتێتیی هەیە، هێندە نەبێت کە لێرە ئاڕاستەیەک ڕووەو شعور و هەست وەردەگرێت. لەم ڕوانگەیەوە گەرەکە جیهان لە پێشبینیکردنى خۆییدا بەگوێرەی هەقیقەتەکەی دیاربدات، واتا لە کامیلێتییەکەیدا، لەم پەیوەندییەشدا ڕێکخستن و هارمۆنى بە هەمەجۆرێتیى جیاواز دەدرێت.
کەواتە بابەتەکان هەروا ئاسان دیاردەی پەتی و سەربەخۆ نین، بەڵکو لە دیاردانیاندا ئاماژە بۆ ئەو شتە دەدەن کە ئەوان بەڕێیەوە دیاردەدەن – بۆ مۆناد. لەم ڕوانگەیەوە چێژ، یان بە زمانی باومگارتن: توانستی بڕیاردان، تایبەتمەندیی هەرکەس نییە، بەڵکو هینی پسپۆرە وەک تاکە دادوەری هونەر، واتا کەسێتییەک کە پەروەردەیەکی (پرۆسەیەکی فێربوونی) تایبەتیی هەیە: ئەو خاوەنی توانستێکى پێگەییوی بڕیاربەسەردادان و چێژێکى پاڵێوراوە، هەروەها چێژێکی ناسک یان ورد، کە ئیدی کاتێک ئەو بڕیار بەسەر جوانێتیدا دەدات، بڕیاردانەکەی بەسەر هەر شعورێکدا نییە کە سێنسەکان هێناویانەتە ئاراوە، بەڵکو بڕیار بەسەر هەست بۆ جوانێتیدا دەدات. لەم هەستەدا تەواوی بابەتەکە دەرکپێدەکرێت، ئەوجا کاتێک پسپۆر بڕیاردەدات: “ئەمە جوانە”، لێرەدا ئەو تەواوی بابەتە بەدیهێنراوەکە دەناسێت. بۆیە ئێستێتیکی باومگارتن تایبەتە بە سەبژێکت: لە هەموو سەبژێکتێکدا جیهان وێنە دەدرێتەوە، یان: بابەتەکان کە تایبەتن بە بڕیاری چێژ، سەرلەنوێ لە مەئریفەدا پێشبینى دەکرێنەوە (وێنادەکرێنەوە)، جا گەرچی ئەوە بە شێوەی جیاواز: بەرهەمهێنەرانە یان وەرگرانە.
چێژ ڕەچاوى کامیلێتیى جیهان وەک جیهانی جوان دیاردەر دەکات. لە جیهاندا شتەکان بەدووی یەکدا دێن تاکو شکۆی خودا دەربخەن. چۆن تیۆلۆگیى ئافراندن لە مەئریفەی خودادا گەرەنتییەک بۆ سەیرورەی جیهان دەبینێت، بە هەمان شێوە باومگارتن لە توانستى بڕیارداندا (چێژدا) بناغەى هێنانەئاراى کاری هونەرى دەبینێت. پرۆسەی هۆنینەوە هەمیشە ڕوونیی پتر و پتری گشتگیر (ئێکستێنزیڤ) دەخاتەوە، ئەوجا لە کۆتاییدا پێشانی دەدات کە ئەم جیهانە بەڕاستی (بەگوێرەی گریمانەکەی لایبنیتس) پێکهاتەیەکی هارمۆنیانەی باڵاترین کامیلێتیی شیاوە، واتا: چاکترینی سەرجەم جیهانە شیاوەکان. هونەر چاو بۆ کامیلێتیی جیهان دەکاتەوە.
بەم شێوەیە هونەر دەبێت بە لاسایی، چونکە باومگارتن ئافراندنی هونەری پابەند دەکات بە کرداری ئافراندنی خوداوە. هەردوو ئافرێنەر، خودا و هونەرمەند، ئەوجا ئافرێنراوەکانیان، لە پەیوەندییەکی ڕێژەییدان: خودا، وەک گشتگیر و مەزنترین، خۆی لە سەرووی مرۆڤەوە، کەواتە لە سەرووی هونەرمەندەوە دەبینێتەوە، بۆیە جیهانی ئافرێنراوی خودا دەبێت بە پێشنموونەی ئافراندنەکانی هونەرمەند: ئەو لاسایی جیهان، سروشت، دەکاتەوە، بێگومان نەک ئەو سروشتە کە کردەکییانە، وەک دیاردەی فاکتی، لەگۆڕێیە، بەڵکو هونەر لاسایی پێشبینییەکی سروشتە لە کامیلێتی و هارمۆنیدا، کەواتە هینی ئەو سروشتەیە کە بنەڕەتی سروشتی فاکتییە: “سروشت و هەڵبەستڤان شتی هاوشێوە دەهێننە ئاراوە، هەر لەبەر ئەم هۆیەشە کە هەڵبەست لاسایی سروشتە” (پەرەگراف ١١٠).
هەڵبەستڤان بە مەئریفەی ورد و هونەری، وردتر و ڕۆشنتر پێشبینیی ئەو سروشتە هارمۆنییە دەکاتەوە کە خودا ئافراندوویەتی، بۆیە باومگارتن پێناسەی هەڵبەست دەکات وەک “بێژتنی کامیلی سێنسی”، بێژتنیش تەنیا کاتێک کامیلە، گەر هاتوو توخمەکانی تەقەلا بدەن بۆ ئەوەی بە مەئریفەی پێشبینییە سێنسییەکان بگەن (پەرەگرافی ٧). جوانی، جا لە لایەن هەڵبەستڤان، وێنەساز یان موزیکسازەوە بهزرێنرێت، سەرئەنجامی پەیوەندییەکی هارمۆنییە، هینی پێکەوەسازیی (کۆنسێنسوسی) پێشبینییەکان لەنێو یەکدیدا و هەروەها هینی دەستوێژەکانیش کە بۆ گوزارشتکردنی ئەوان بەکاردەهێنرێن. گەرچی هونەرمەند ئازادییەکی تایبەتیی هەیە، سەرەڕای ئەوە ناچارە پابەندی یاساکان بێت تاکو بەڕێیانەوە لە ڕاستیی مێتافیزیکی نزیکبکەوێتەوە.
لێرەدا ڕوونتر ئەدگارێکی کرۆکییانەی ئێستێتیکەکەی باومگارتن دەبینین: هەر شتێک ئێستێتیکییانە چەوت بێت، لە هونەردا جێی نابێتەوە. هەر شتێک سێنسەکان تووڕە بکات و بەو هۆیەشەوە نەتوانن قبووڵی بکەن، چەوتە. سەری ئەسپ بە ملی مرۆڤ ناگونجێت – ئێستێتیکی باومگارتن قبووڵی ناکات. هەر لەم ڕوانگەیەوە هەڵبەستڤانێک ناتوانێت ببێژێت: “سەرمای زستان ناخم گەرم دادێنێت چونکە هینی نیشتمانەکەمە”. ئاخر لێرەدا کاراییەکی پێکڤەیی سێنس و لۆگیک (شعور و زەین) لەگۆڕێ نییە. هونەر نابێت لە بنەڕەتی جوانێتی و چاکە و ڕاستێتی دووربکەوێتەوە، بە شێوەیەکی دی ببێژین، هونەر دەبێت خۆی بەدوور بگرێت لە ناکامیلێتی ی مەئریفەی سێنسی کە بۆ باومگارتن واتای ناشرینی دەگەیەنێت.
لە بنەڕەتدا ئەوە ڕۆمانتیکییەکان بوون کە دوای باومگارتن ناشرینیان ‌هێنایە نێو ئێستێتیکەوە. بۆ نموونە فریدریش شلێگل لەدژی تێڕوانینی “چاکە، ڕاستێتی و جوانێتی” لای باومگارتن دەبێژێت، گەر ئەرکی هونەر ئەوە بێت کە “نەزرەی ڕەها” بگەیەنێت، ئەوا ناشێت کایەی هونەر تەنیا جوانی بێت، چونکە ڕەهایەتی (ئەلموتڵەق) پرۆژە پێچەوانەکەش لە خۆ دەگرێت، واتا: خراپە، نالەباری، ناکامیلێتی، وێرانەیی، بەکورتی: ناشرینی. بێگومان گەرەکە لێرەدا ئاماژە بۆ ئەوە بدەین کە باومگارتن لاریی لە هزراندنی یان داڕشتنی ناشرینی نییە گەر هاتوو بە جوانی ڕووبدات، وەلێ بە دیدی ئەو هزراندنی ناشرینی بەناشرینی لە دەرەوەی هونەرە، ئاخر، وەک پێشتر پێشانمان دا، ناکامیلێتیی مەئریفەی سێنسی بۆ ئەو واتای ناشرینی دەگەیەنێت، ئەمەش بەندە بە مێتافیزیکی جوانێتییەوە لای ئەو.
بە هەر حاڵ، هەوڵەکەی باومگارتن بۆ دانانی هونەر لەنێو چێوەی تیۆرییەکی مەئریفەی سێنسیدا کاریگەریی لەسەر سیستەمە ئێستێتیکییەکانی سەدەم هەژدەیەم نواند. ئەو بوو بە پاڵهێزێکی ڕۆشناییەکان. مرۆڤ لە ڕۆشناییەکاندا دەیویست بە داڕشتنی جوانێتی لە زانستدا و بە بەرجەستەکردنی لە هونەردا، “توانستە” لەیەک جوداکانی ئاوەز و سێنسێتی یەکبخات، تاکو بەو ڕێیەوە کاریگەری لەسەر مرۆڤ بنوێنێت بۆ ئەوەی ببێت بە ئێستێتیکی. هەروەها ئێستێتیکی باومگارتن لە ئیدیالیزمی ئەڵمانیدا بوو بە بنەڕەتێک بۆ کارکردنی هەر یەک لە کانت و شێلینگ و هێگل: ئەمان، بەگوێرەی مێتۆدی هزرینی خۆییان، خۆ گرێداو بە باومگارتنەوە پرسەکانی ئێستێتیکیان بە دیارهێنانی جیاوازی تایبەت پتر ئاوەڵا کرد. بۆ نموونە کانت بەڕێزەوە باومگارتنی ناو نا “شارەزایەکی بلیمەت لەنێو مێتافیزیکییەکاندا”، لێ ئەو مێتافیزیکی جوانێتیی ڕەتکردەوە. بە دیدی کانت جوانێتی هیچ بایەخێکی مێتافیزیکیی نییە و تەنیا بەندە بە خودی سەبژێکتەوە. بابەتی بڕیارى ئێستێتیکی (واتا بڕیارى چێژ) بریتییە لە هەست، هەستیش لە لایەنى خۆیەوە کاریگەری لەسەر هاتنەئارای مەبەستى سەبژێکتیڤى دەنوێنێت، کە ڕاستەوخۆ (واتا بەبێ تێگە) پڕحەزانە شعورى پێدەکرێت. جوانێتی مەئریفەمان پێناگەیەنێت، چونکە جوانێتی بەرهەمی گەمەی ئازادی هێزەکانی مەئریفەیە، واتا هینی توانستی وێناکردن و زەین. ئاخر گەر تێگە نەبێت، مەئریفەش نابێت.

——————————–
سەرچاوەکان:
بە کوردی:
ئانێماری گێتمان زیفەرت: ڕێبەرییەک بۆ ئێستێتیک. لە ئەڵمانییەوە: کاوە جەلال. چاپی دووەم. کوردڕاوم ٢٠٢٢.
بە ئەڵمانی:

Baumgarten, Alexander Gottlieb: Ästhetik. Hamburg 2007.
Hauskeller, Michael: Alexander Gottlieb Baumgarten. In: Klassiker der Kunstphilosophie, hg. Stefan Majetschak, München,2005.
Leibniz, Gottfried Wilhelm: Monadologie. Stuttgart 1994.
Ursula Franke, Baumgartens Erfindung der Ästhetik, Münster 2018
Metzler Philosophen Lexikon. Spektrum.de




وه‌فیق سامه‌ڕائی وه‌ك تاوانباری جینۆساید مرد.. عه‌لی مه‌حمووود محه‌مه‌د

وه‌فیق عه‌جیل حه‌مود سامه‌ڕائی 1-7-1947-30-8-2022, سوپا سالاری خانه‌نشین و جێگیری به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌واڵگری عێراقی و تۆمه‌تباری ژماره‌ یه‌كی لیستی داواكراوانی ئه‌نفال له‌ كۆی 423 كه‌سی داواكراوو, سێشه‌مه‌ 30-8-2022 له‌ له‌نده‌ن به‌ نه‌خۆشی شێر په‌نجه‌ مرد.

بۆ درێژەی بابەت کلیکی ئێرەبکەن..




پاشخان و هۆکارەکانی قەیرانی حکومەت لە عێراق.. وەرگێڕانی بۆ کوردی: کاوە عومەر

چاوپێکەوتنی خەلیل کەیوان لەگەڵ حەمید تەقوایی

لەسەر بنەمای چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کەناڵ جدید ئامادەکراوەتەوە

خەلیل کەیوان: پێکهێنانی هێزی ئایینی لە عێراق گەیشتە قۆناغێکی مەترسیدار. بزووتنەوەكە بە سەركردایەتی موقتەدا سەدر كە لە هەڵبژاردنی ساڵی پێشوودا بە ٧٣ كورسی لە كۆی ٣٢٩ كورسی بردەوە، زۆرینەی پێویستی بۆ پێكهێنانی حكومەت بەدەست نەهێنا و دەستی لە پەرلەمان كێشایەوە. هاوپەیمانی هێزەکانی لایەنگری کۆماری ئیسلامی نەیتوانی حکومەت پێکبهێنێت. نزیكه‌ی ساڵێكه‌ عێراق حكومه‌تی نیه‌. لە هەنگاوێکی نوێدا، رۆژی دووشەممە ٧ی ئەیلول، موقتەدا سەدر لە پەیامێکدا رایگەیاند، کە بۆ هەمیشە لە سیاسەت دەکشێتەوە، بەمەش گڵۆپی سەوزی بۆ لایەنگرانی هەڵکرد بۆ هێرشکردنە سەر ناوچەی سەوزی بەغدا، کە پەرلەمان و کۆشکی سەرۆکایەتی لێیە. جگە لە بەغدا، لایەنگرانی موقتەدا سەدر هێرشیان کردۆتە سەر نوسینگەکانی کەتایب ئەهلی حەق و حزبوڵا لە شارەکانی زیقار و بابل و دیوانیە و بەسرە و ئاگریان تێبەرداون. لە میانی تەقەکردن لە لایەنگرانی سەدر لە ڕۆژانی دووشەممە و سێشەممە، زیاتر لە ٢٥ کەس کوژران و زیاتر لە ٣٠٠ کەسیش بریندار بوون. له‌ به‌رنامه‌ی ئه‌مڕۆدا باس له‌ ریشه‌ و هۆكاره‌كانی بارودۆخی ئێستای عێراق و ئاسۆ و چاره‌سه‌ره‌كانی كۆتاییهاتنی بەقه‌یرانی عێراق ده‌كه‌ین.
حەمید تەقوایی عێراق لە لێواری شەڕی ناوخۆدایە. هێزە شیعەکانی سەر بە سەدر و هێزە شیعەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی ڕووبەڕووی یەکتر بونەتەوە. هۆکاری ئەم قەیرانە لەچیدا دەبینیت؟
حەمید تەقوایی: لە ئاستێکی بنەڕەتیدا هۆکاری ئەم قەیرانە حکومەتی نەتەوەیی-ئایینییە کە دوای هێرشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق دەسەڵاتیان بە دەستەوە گرتوە. حکومەتی عێراق لەسەر بنەمای دابەشکردنی دەسەڵاتە، لەسەر بنەمای نەتەوە و ئایین لە نێوان سێ هێزدا سەرۆکایەتی کۆمار و سەرۆک وەزیران و سەرۆکی پەرلەمان. ئەمانە بەڕیز لە هێزەکانی کورد و شیعە و سوننە هەڵدەبژێردرێن و تا ئەمڕۆش ئەم دابەشکردنی دەسەڵاتە لە هەموو ئەو حکومەتانەدا بەدی کراوە کە دوای ڕووخانی سەدام هاتونەتە سەرکار. عێراق یەكێكە لەو وڵاتە كەمانەی جیهان كە حكومەتەكەی (پەرلەمان و سەرۆكایەتی کۆمار و سەرۆك وەزیران) بە فەرمی و زۆر بە ڕوونی لەسەر بنەمای دەنگی خەڵك و پرەنسیپی یەك كەس، یەك دەنگ نییە، بەڵكو لەسەر بنەمای هاوسەنگی هێز لەنێوان نەتەوە و ئایینەکاندا لەسەریەک دانراوە.. ئەوەشی بۆ زیاد بکەی کە گەندەڵی و تاوان و هەموو ئەو ئازارانەی کە ئەم حکومەتانە لەعێراقدا هۆکاری بوون. لەم نێوەندەدا کاریگەری و دەستێوەردانی کۆماری ئیسلامی و هێزە بەکرێگیراوە چەکدارەکانیشی ئەو فاکتەرەیە کە ئەم دۆخە ڕەشە خراپتر دەکات.
کۆمەڵەی ئەم هەلومەرجانە دۆخێکی لە عێراقدا خوڵقاندووە کە بە بڕوای من بنەمای قەیرانی حکومەتە لەو وڵاتەدا. خەڵکی عێراق ماوەیەکی زۆرە کە ئەم دۆخەیان ناوێت. خەڵک بە ڕوونی ڕایانگەیاند کە پێویستە ئەو هێزە ئایینی-نەتەوەیانە لە دەسەڵات دووربخرێنەوە لەو ڕاپەڕینە جەماوەرییەدا کە بە شۆڕشی ئۆکتۆبەر یان تەشرین ناسرا و لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ەوە چەند مانگێک بەردەوام بوو. ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌مڕۆ ده‌بینین که‌ گرووپه‌ ئاینییه‌کان ته‌نانه‌ت له‌ سوپاکه‌ی هێزه‌ شیعه‌کانیشدا گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، که‌ هێزه‌کانی موقته‌دا سه‌در له‌ به‌رامبه‌ر هێزه‌کانی سه‌ر به‌ کۆماری ئیسلامی ڕیزیان گرتووه‌، له‌ بنه‌ڕه‌تدا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی که‌ خه‌ڵک ده‌یکات هەموو ئەمانەیان ناوێت ولە دژی هەموویان هاتوونەتە سەر شەقامەکان.
هێزێكی چارەنووسساز لە كەشوهەوای سیاسی عێراقدا، دەسەڵاتی شەقام و ناڕەزاییە، كە بۆ یەكەمجار چەند ساڵێك پێش شۆڕشی تشرین سەری هەڵدا، لە هاوینی ٢٠١٥ و لە ساڵانی دواتردا، لە شارە جیاجیاكاندا، لە بنەڕەتدا ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر بە گەندەڵی لە لایەنە حکومییەکان و دروشمی “نە شیعە و نە سوننە” “حکومەتی مەدەنی” بەردەوام بوو. لەم دۆخەدا موقتەدا سەدر کە بەشێکە لە حکومەت، بە سواری شەپۆلی ناڕەزایی خەڵک هەوڵ دەدات فراکسیۆنی رکابەر لە مەیدان دەربکات. بە بڕوای من ئەو ململانێیەی ئێستا کە وایکردووە حیزب و فراکسیۆنەکانی حکومەت لە دوای هەڵبژاردنەکانی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو تەنانەت نەتوانن حکومەت پێکبهێنن، لە بنەڕەتدا دەرئەنجامی ناڕەزایەتی بەردەوامی خەڵکە لە دژی تەواوی سیستەمەکە وحکومەتی ئایینی-نەتەوەی دەسەڵاتدارە.
خەلیل کەیوان: موقتەدا سەدر خۆی رۆڵێکی سەرەکی هەبووە لە قەیرانی ئەم دواییەی حکومەتدا. داواشی لە لایەنگرانی کرد لە پەرلەمان دەربچن و داوای هەڵبژاردنی نوێی کرد. لەسەر چی شەڕ دەکەن؟ ئایا پەیوەندی بە خواستنی پشکی دەسەڵاتەوە هەیە یان بابەتی دیکەی تێدایە؟
حەمید تەقوایی: ئەمە کێشمەکێشێکە بۆ بەدەستهێنانی بەش لە دەسەڵاتدا. لەسەر بنەمای ناکۆکی لەسەر پێگەی باڵای دەسەڵاتە، بۆیە پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە موقتەدا سەدر یەکێک بووە لە هێزە شیعەکان کە بەتەواوی سەر بە کۆماری ئیسلامی بووە. لەگەڵ بەرفراوان بوونی نفوزی کۆماری ئیسلامی لە عێراقدا هاتە مەیدان و جێگەیەکی لە سیاسەتدا دۆزیەوە. موقته‌دا سه‌در له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ردا سه‌ره‌تا له‌ به‌رامبه‌ر خه‌ڵكدا وه‌ستا و ته‌نانه‌ت هێزه‌ چه‌كداره‌كانیشی له‌ سه‌ركوتكردنی خه‌ڵكدا په‌یوه‌ندییان به‌ هێزه‌كانی حكومه‌ت و میلیشیاكانی سه‌ر به‌ كۆماری ئیسلامیەوە كرد. له درێژه ی هه ڵمه ته جه ماوه رییه كاندا، لەکۆتاییدا هێدی هێدی زانی كه چیتر به رژه وه ندی ئه ولە نیزیكبوونەوە له كۆماری ئیسلامیدا نییه و هه وڵی دا خۆی له كۆماری ئیسلامی جیا بكاته وه . داواکارییەکی جەماوەری خەڵک بریتی بوو لە بڕینی دەستی کۆماری ئیسلامی لە بارودۆخی سیاسیی عێراق، کە بە دروشمی “بغداد حرە حرە، ئێران، برە برە” (بەغدا، ئازادە، ئازادە؛ ئێران بۆ دەرەوە، بۆ دەرەوە) هاواریان دەکرد ).
ئەم دۆخە وایکرد موقتەدا سەدر لەوە تێبگات کە بە شوێنکەوتنی کۆماری ئیسلامی ناگاتە هیچ شوێنێک و نابێت گرەو لەسەر ئەسپێکی دۆڕاو بکات. بەو جۆرە حسابانە ڕووبەڕووی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بووەوە و ئەمەش وایکرد لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەدا زۆرترین کورسی بەدەست بهێنێت.
مانۆڕەکانی ئەم دواییەی موقتەدا سەدر و لایەنگرانی لە داگیرکردنی پەرلەمان و دواتر جێهێشتنی پەرلەمان و پێشنیارکردنی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و نوێکردنەوەی هەڵبژاردن و هتد، لەسەر ئەم سەرکەوتنەی لە هەڵبژاردنەکاندامەزراوە. کۆماری ئیسلامی کە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ڕابردوودا دۆڕاوە، لە کۆمەڵگای عێراقدا هێندە بوتە شوێنی نەفرەتی خەڵکی عێراق کە موقتەدا سەدر پێی وایە بە جیاکردنەوەی ئەکاونتەکەی لە فراکسیۆنەکانی لایەنگری کۆماری ئیسلامی دەتوانێت ڕۆڵێکی باڵادەست و چارەنووسساز لە دیاریکردنی حکومەتی عێراقدا بگێڕێت. بۆیە وەک ئاماژەم پێدا، ئەزموونی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی چەند ساڵی ڕابردوو، لە هاوینی ٢٠١٥ تا ئەمڕۆ، نیشانی دەدات کە هیچ کام لە لایەنە دەسەڵاتدارەکان ناتوانن قەیرانی حکومەت لە عێراق چارەسەر بکەن.
خەلیل کیوان: باست لەوە کرد کە سەدر لە ڕاستیدا بەکردوە لە دامێنی کۆماری ئیسلامیەوە پێی گرتوە و لەلایەن ئەوەوە بەرەو پێشەوەی شانۆ ڕاکێشرا. ئەم ڕەوتە لە دوو دەیەی ڕابردوودا لە حکومەتی عێراقدا بووە و هەر بۆیە بەشێکە لە کێشەی خەڵکی ئەو وڵاتە. خەڵک لە شۆڕشی بەناوبراو بە تەشرین (ئۆکتۆبەر)دا هێرشیان کردە سەر نووسینگەکانی هێزەکانی سەدر و ئاگریان تێبەردا. ئایا سەدر لە ژێر کاریگەری شۆڕشی ئۆکتۆبەردا خۆی لە کۆماری ئیسلامی دوور خستۆتەوە، یان لەسەر بنەمایپرەنسیبێک کە خۆی هەیەتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ناگاتە ڕێککەوتن؟ ئایا جیاوازی راستەقینە لە نێوان سەدر و كۆماری ئیسلامیدا نییە؟
حەمید تەقوایی: جیاوازییان لەسەر نفوز و دەسەڵاتی ئەوانە لە عێراقدا. من پێموانییە بنەما سیاسییەکان یان بەرنامەی سیاسی و پرەنسیبە سیاسییەکان بۆ هیچ کام لەمانە گرنگ بن. كۆماری ئیسلامی دەیەوێت كاریگەری خۆی لە عێراق جێگیر بكات و سەرۆك كۆمار دابنێت و سەرۆك وەزیران دابنێت و لە پەرلەمان كاریگەری زیاتری هەبێت و موقتەدا سەدریش دەیەوێت دەسەڵاتی خۆی لە دژی كۆماری ئیسلامی فراوان بكات. بەڵام وەک لە سەرەوە ئاماژەم پێکرد، ئەوەی لە عێراقدا یەکلاکەرەوەیە پەیوەندییەکانی نێوان هێزەکانی حکومەت نییە، بەڵکو دەسەڵاتی ناڕەزایی جەماوەری خەڵکە. لە ڕاپەڕینی ساڵی ٢٠١٥ و ڕاپەڕینەکانی دواتر و بە تایبەت لە شۆڕشی ئۆکتۆبەردا خەڵک ڕایانگەیاند کە پێویستە گروپە ئایینییەکانی سوننە و شیعە واز لە حکومەت بهێنن. دروشمی ئەوان بریتی بوو لە “نە سوننە، نە شیعە، حکومەتی مەدەنی”. خەڵک ڕایانگەیاند کە پێویستە هەموو لایەن و هێزە سیاسییەکانی دەسەڵاتدار لە عێراق بڕۆن. ڕایانگەیاند کە هەموو ئەو هێزانە گەندەڵن، هەموویان تاوانبارن، و دژی هەموویان بە هێزەکانی موقتەدا سەدر و هێزەکانی کۆماری ئیسلامی و هەموو فراکسیۆنە شیعەکان و سوننەکان و کوردیەکان و هتد، کە لە پەرلەمان، لە سەرۆکایەتی کۆمار، و لە حکومەت، و سەرۆک وەزیرانێکەوە ئامادە بوون، هەستان و ئاگریان لە نووسینگەکانی ئەو هێزانە و کونسوڵخانەی کۆماری ئیسلامی و بارەگاکانی هێزەکانی موقتەدا سەدر لە شارە جیاوازەکان بەردا . ئەم بزووتنەوەیە بۆ چەندین مانگ لە عێراقدا بە بەبەهێزییەوە بەردەوام بوو.
ئەم دۆخە وایکرد موقتەدا سەدر لەوە تێبگات کە چیتر ناتوانێت لە پاڵ کۆماری ئیسلامی بوەستێت. داواکارییەکی گرنگی خەڵک، لە پاڵ دروشمی “نە حکومەتی مەدەنی نە سوننە و نە شیعە”، دەرکردنی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بوو لە عێراق. كۆماری ئیسلامی رۆڵی راستەوخۆی لە سەرکوتی خەڵكدا گێڕا و لەگەڵ حكوومەتی مالیكی لەگەڵ هێزە نیزامییەكان و نیمچە سەربازییەكانی وەك حەشدی شەعبی و كەتائیبی حزبوڵادا دەستیان بۆ سەکوتی لە خەڵكی دەبرد. داخوازی خەڵک بۆ دەرکردنی کۆماری ئیسلامی لە عێراق لە راستیدا ناڕەزایەتییەکی راستەوخۆ بوو لە دژی هێزە سەرکوتکەرەکانی حکوومەتی دەسەڵاتدار لە عێراق. موقتەدا سەدر کە خۆی لە سەرکوتکردنی خەڵکدا بەشدار بوو، وردە وردە دانی بەوەدانا کە چیتر ناتوانێت پەیوەندی بە کۆماری ئیسلامیەوە هەبێت. بۆیە هەڵوێستی خۆی گۆڕی و داوای کشانەوەی “هێزە بیانییەکان”ی لە عێراق کرد و ڕووبەڕووی هێزەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی بووەوە. تەنانەت ئیدیعای کرد کە ڕوبەڕوی گەندەڵیەکانی حکومەتدا دەبێتەوە، کە خۆی بەشێک بوو لێی! و بەم شێوەیە پێگەیەکی کاریگەرتر و باڵاتری بە بەراورد لەگەڵ هێزەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی دۆزیەوە.
هه‌روه‌ها پێویسته‌ بگوترێ که‌ له‌ چه‌ند ساڵی ڕابردوودا بارودۆخی ناوچه‌که‌ به‌ شێوه‌یه‌ک بوو که‌ کۆماری ئیسلامی به‌ره‌به‌رده‌ کاریگه‌ری خۆی له‌ده‌ستدا و پێگه‌یه‌کی لاوازتری دۆزییه‌وه‌. لێرەشدا بزووتنەوەی خەڵکی عێراق رۆڵی گرنگی هەبوو. ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی خەڵک لە دژی هێزەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی و داخوازی ڕاشکاوانە بۆ دەرکردنی کۆماری ئیسلامی لە عێراق گورزێکی گرینگی لە کاریگەریی کۆماری ئیسلامیی لە عێراق و ناوچەکە دا. موقتەدا سەدر لەم لێدانەدا کشایەوە و ویستی سواری ئەم شەپۆلە ناڕەزایەتی خەڵک بێت و خۆی دووپات بکاتەوە. په یوه ندییه كانی نێوان هێزه كانی حكومه ت له عێراق به هۆی ئه و بارودۆخانه وه دروست ده بووە.
خەلیل کەیوان: دوای ئەوەی موقتەدا سەدر داوای لە لایەنگرانی کرد ناوچەی سەوز بەجێبهێڵن، بەرهەم ساڵح و کازمی ستایشیان کرد و ڕایانگەیاند کە کەسێکی بەرپرسیارە و باسی پێویستی ئەنجامدانی هەڵبژاردنیان کرد، کە ئەمەش یەکێکە لە خواستەکانی موقتەدا سەدرە. پێت وایە سازشێک هەبووە؟
حەمید تەقوایی: چەند رۆژێك لەمەوبەر موقتەدا سەدر رایگەیاند، لە سیاسەت دەكشێتەوە و نوسینگەکانی دادەخات. بەڵام دوای ڕاگەیاندنی دەستلەکارکێشانەوەکەی، وەک لە سەرەتادا ئاماژەت پێکرد، لایەنگرانی هێرشیان کردە سەر ناوچەی سەوز و کۆشکی سەرۆک کۆمار و ناوەندەکانی هێزەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی لە شارە جۆربەجۆرەکان و نائارامی لە عێراق چڕتر بووەوە.
لەلایەکی دیکەوە موقتەدا سەدر سوورە لەسەر هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و نوێکردنەوەی هەڵبژاردنەکان بەو هیوایەی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا زۆرینەی بەرزتر بەدەست بهێنێت. ئێستا دوای راگەیاندنی دەستلەکارکێشانەوەی سەدر، فراکسیۆنی بەرامبەر بە خۆشیەوە ئەم داوایەی نیشانداوە و باس لە ئەگەری نوێکردنەوەی هەڵبژاردن دەکات. موقتەدا سەدر هەروەها دەڵێت حەشدی شەعبی کە تا دوێنێ هێزەکانی لەگەڵیدا شەڕیان دەکرد، بە هێزێکی گەل دەزانێت و تەنیا کێشەی لەگەڵ فەرماندەکانیان هەیە! وا دیارە سازانێک کراوە، واتە هەمووان ڕازین لەسەر نوێکردنەوەی هەڵبژاردنەکان و لە بەرامبەردا موقتەدا سەدر هێزەکانی خۆی ڕادەگرێت و لە شەقامەکان کۆیاندەکاتەوە.
هەروەها پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە ئەمە یەکەمجار نییە موقتەدا سەدر بانگەشەی کشانەوە لە سیاسەت دەکات. لە ٩ ساڵی ڕابردوودا حەوت جار لە دۆخێکی هاوشێوەدا ڕایگەیاندووە کە مەیدانی سیاسەت جێدەهێڵێت! ئەمە لە ڕاستیدا مانۆڕێکی سیاسییە و دەتوانرێت بە “بەردەوامی سیاسەت بە شێوازی دیکە” ناوببرێت.
لە هەر حاڵەتێکدا وا دیارە موقتەدا سەدر توانیبێتی ڕکابەرەکانی ناچار بکات کە داوا سەرەکیەکەی ئەو قبوڵ بکات کە بریتییە لە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و نوێکردنەوەی هەڵبژاردنەکان. بەڵام ئەگەر هەڵبژاردنیش نوێ بکرێتەوە، پرسی قەیرانی حکومەت لە عێراق چارەسەر نابێت. وەک لە سەرەوە ڕوونم کردەوە، کۆمەڵگای عێراقی دەسەڵاتی هێزە نەتەوەیی و ئایینییەکان قبوڵ ناکات و ئەم جۆرە مانۆڕ و گەمە سیاسییە لەنێوان نوخبەکاندا بەشوێنێک ناگات. خەڵک دەیانەوێت حیزب و گروپە شیعەکان و سوننەکان، هێزە ناسیۆنالیستە جۆراوجۆرەکانی کورد و بەکرێگیراوە چەکدارەکانی سەربە کۆماری ئیسلامی کە هەموویان بوونەتە هۆی گەندەڵی و تاوان لە عێراقدا، لە حکومەت و کۆمەڵگای عێراق دوور بخرێنەوە. تا ئەم داوایەی خەڵک جێبەجێ نەکرێت، قەیرانی حکومەت لە عێراق بەردەوام دەبێت.
خەلیل کەیوان: کاتێک سەیری دیمەنی سیاسیی عێراق دەکەیت، ئەوە هێزە ئاینییەکانن، بەتایبەتی هێزە شیعەکان، یاریی چی مەیدانە کەن. بزووتنەوەی شۆڕشی ئۆکتۆبەر سێ ساڵ لەمەوبەر بە داخوازییەکانی وەک دەرکردنی کۆماری ئیسلامی لە عێراق، دامەزراندنی حکوومەتێکی مەدەنی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، هەروەها بەدیهێنانی خۆشگوزەرانی، کاریگەریی لەسەر گۆڕەپانی سیاسیی عێراق دانا. ئیستا دۆخی ئەم زبوتنەوەیە چییە کە لە کاتی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنادا دابەزینی بەخۆیەوە بینی؟ لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا نزیکەی لە سەدا ٦٠ی خەڵک کە هێزی شۆڕشی ئۆکتۆبەرن، بەشدارییان نەکردووە. ئەم هێزە چۆن دێتە مەیدان و چ رۆڵێکی هەیە لە ئایندەی عێراقدا؟
حەمید تەقوایی: هەروەك وتت بزووتنەوەی جەماوەری ناسراو بە شۆڕشی ئۆكتۆبەر كەمی كردووە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە كە لە گۆڕەپانی سیاسی عێراق دوور خراوەتەوە، یان تەنانەت كاریگەری ناڕەزایی خەڵك لەسەر هەلومەرجی سیاسی ئەو وڵاتە لاواز بووە. لە عێراقدا خواست و مەیلی قووڵی کۆمەڵگا بەرانبەر بە تەواوی سیستەمی دەسەڵاتدار فاکتەرێکی سیاسی گرنگە. لەماوەی ئەو بزووتنەوەیە جەماوەرییەدا کە لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ دەستی پێکرد و چەند مانگێکی خایاند، ئەو خەڵکەی کە چەندین جار هاتنە سەر شەقامەکان و دروشمیان دژ بە هەموو پارت و فراکسیۆنە دەسەڵاتدارەکان بە کورد و سوننە و شیعەکانەوە دەدا، هاواریان دەکرد “نە شیعە، نە حکومەتی مەدەنی “. ، ڕایانگەیاندووە کە کۆماری ئیسلامی هاوبەشی حکوومەتی عێراقە لە سەرکوتکردن و کوشتنی خەڵک و هاواریان کردووە کە “دەبێت کۆماری ئیسلامی دەربکرێت”، هێشتا ڕۆڵێکی کاریگەریان لە هەلومەرجی سیاسی ئەو وڵاتەدا هەیە. ئه‌مڕۆ ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ له‌ شه‌قامه‌دا نییه‌، به‌ڵكو وه‌ك فاكته‌ر و هێزێكی سیاسی گرنگ، كاریگه‌رییه‌كانی له‌ كۆمه‌ڵگای عێراقدا دیاره‌. دەکرێ بە دڵنیاییەوە بڵێین بەبێ ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەر قەیرانی حکوومەت لە عێراق بەم شێوەیە ڕووی نەدەدا. ئەگەر ئەو ناڕەزایەتیە جەماوەرییانە نەبوایە کە تەواوی سیستەمی دەسەڵاتداری هەژاند، حیزب و فراکسیۆنە نەتەوەیی و ئایینییەکان کێشەیەکی ئەوتۆیان لە حکومەتدا نەدەبوو. دەست بە دەست نانیان دەخوارد و چاپیان دەکرد و فەرمانڕەواییان دەکرد. ئەوە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان بوو کە ئەم هێزانەیان بەو شێویە بەردایە گیانی یەکتر و پرۆسەی هەڵبژاردنی حکومەت و سەرۆک وەزیرانی هێنایە وەستان و ئاگری ململانێ و شەڕی دەسەڵاتی نێوان ئەو هێزانەی کە تا دوێنێ یەکگرتو و پێکەوە بوون، خۆشکرد. قەیرانی حکومەت لە عێراقدا ڕەگ و ڕیشەی لە پەیوەندی نێوان حکومەت و کۆمەڵگادا هەیە، نەک پەیوەندی نێوان حکومەتەکانی نێوان گروپە جیاوازەکان. ئەمەی دووەمیان بەهۆی ڕووبەڕووبوونەوەی کۆمەڵگا لەگەڵ تەواوی حکومەتەوە دروست دەبێت.
لەم نێوەندەدا، لەو کاتەوەی خەڵک لە دژی کۆماری ئیسلامی ڕاپەڕیوە، پێگەی هێزە یەکگرتووەکانی لاواز بووە. یەکێک لە دەرئەنجامەکانی ئەمە ئەوە بوو کە هاوپەیمانی لایەنگرانی کۆماری ئیسلامی لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ڕابردوودا تەنیا ١٤ کورسی بەدەستهێنا و هێزەکانی لایەنگری موقتەدا سەدریش ٧٣ کورسییان بەدەستهێنا. ئەم دۆخە سووتەمەنی ئەم وەهمەی لە چاوی موقتەدا سەدر و لایەنگرانی داوە کە شەقام هی ئەوانە، وەک ئەوەی جەماوەری خەڵک لایەنگری ئەوان بن و هەر بۆیەش دەتوانن لەم گەمەی خەباتی دەسەڵاتەدا سەربکەون. لە کاتێکدا کۆمەڵگا ڕایگەیاندووە کە پێویستە هەموو هێزە ئایینییەکان چ شیعە و چ سوننە لە دەسەڵات دووربخرێنەوە.
بەڕای من ئەو هەڵسەنگاندنەی کە موقتەدا سەدر ئێستا کۆنترۆڵی کۆمەڵگای هەیە و بە ڕواڵەت دەتوانێت دۆخەکە هێور بکاتەوە هەڵەیە. تەنانەت ئەگەر خواستی ئەو بۆ نوێکردنەوەی هەڵبژاردن جێبەجێ بکرێت و سەرۆک وەزیران لە نێو لایەنگرانی خۆی دەستنیشان بکرێت، قەیرانی حوکمڕانی لە عێراق کۆتایی نایەت. لە سەردەمی شۆڕشی تشرین یەكێك لە ئامانجەكانی هێرشەكانی خەڵك نوسینگەكانی هێزەكانی سەر بە موقتەدا سەدر بووە و ئەمڕۆش موقتەدا سەدر دەبێتە ئامانجی راستەوخۆی خەڵكی ناڕازی كاتێك ئۆپۆزسیۆن جێدەهێڵێت و دەستی باڵای لە حكومەتدا دەبێت. وەک لە سەرەوە ڕوونم کردەوە، ناڕەزایی گەلی عێراق تەنیا لەسەر ئەمە یان ئەو لقە شیعە یان سوننە نییە، خەڵک هەڵوەشاندنەوەی هەموو ئەو هێزانەیان دەوێت، حکومەت و کۆمەڵگەیەکی مەدەنییان دەوێت، هەروەها دەسەڵات وەرگرتن لەلایەن کەسێکی وەک موقتەدا سەدرەوە سەد و هەشتا پلە دژی ئەم خواستە بنەڕەتیەی خەڵکە.
بەم باوەڕەوە دەتوانین بڵێین هەرچەندە ئەمڕۆ بزوتنەوەی ئۆکتۆبەر لە شەقامەکاندا نییە، بەڵام وەک فاکتەر و هێزێکی سیاسی لە عێراقدا ئامادەیە، یەکلاکەرەوەیە و بێ گومان هەر ئەم هێزەیە کە دواجار داهاتووی عێراق دیاری دەکات .
خەلیل کەیوان: لە ئێستادا هێزە ئایینیەکان و بەتایبەتی شیعە لە عێراق چالاکن. بزوتنەوەی شۆڕشی ئۆکتۆبەر لە گۆڕەپانەکەدا ئامادە نییە و نابینرێت. له‌م دۆخه‌دا ئه‌و چاره‌سه‌ره‌ چییه‌ كه‌ ده‌بێت بخرێته‌ به‌رده‌م كۆمه‌ڵگه‌ی عێراق بۆ رزگاربوون له‌م هێزه‌ نه‌ته‌وه‌یی-ئایینیانه‌؟
حەمید تەقوایی: بەڕای من خاڵی لاوازی سەرەکی ئەو بزووتنەوەیە کە لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ دەستی پێکرد ئەوەبوو کە حیزب و ڕێکخراو و ڕووخسارێکی دیاریکراوی نەبووە و هەر لەبەر ئەم هۆکارەش نەیتوانی وەک پێویست ڕۆڵ لە سیاسەتدا ببینێت. بزووتنەوە جەماوەریەکان و ناڕەزایەتی شەقام، ئەگەر لەلایەن حزبێک یان هێزێکی سیاسی ڕێکخراوەوە نوێنەرایەتی نەکرێت، ئەگەر کەسایەتییەک یان هێزێکی سیاسی لەسەر گۆڕەپانەکە نەبێت کە نوێنەرایەتی داواکاری و مەیلە ڕادیکاڵەکانی خەڵک بکات و ڕێگە بە هێزە کۆنەپەرستەکان نەدات وەک بزووتنەوەی موقتەدا سەدر ناڕەزایەتیەکانی خەڵک بۆ مەرامی خۆیان بەکار بهێنن.، ئەوان ناگەنە هیچ شوێنێک. ئه‌م کەم ‌بوونه‌ كێشه‌ی سه‌ره‌كییه‌ له‌ بارودۆخی ئه‌مڕۆی عێراقدا. ئەمڕۆ هێزە کۆمۆنیستەکان بە تایبەتحزبی کۆمۆنیستی کرێکاری چەپی عێراق کە خاوەنی هەڵوێستی ڕادیکاڵ و ڕوونن، چالاکن، بەڵام بەداخەوە هێشتا دوورن لەوەی ببنە هێزێکی کۆمەڵایەتی کە لە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکاندا بەشدار و کاریگەر بێت. کۆمۆنیزمی کرێکاری لە عێراقدا دەبێ هەوڵ بدات ببێتە دەنگ و نوێنەری بزووتنەوەی عەلمانی و دژە نەتەوەیی-ئایینی لە عێراقدا.
کێشەی بنچینەیی خەڵکی عێراق لەم ساتەدا ڕزگاربوونە لە حکومەتە ئاینییە نەتەوەییەکان و دامەزراندنی حکومەتێکی عەلمانی و بە بڕوای خودی گەلی عێراق “مەدەنی”. ئەم ئەڵقە سەرەکییە دەبێ لەلایەن کۆمۆنیستەکانەوە وەربگیرێت چونکە تەنها کۆمۆنیستەکان نوێنەرایەتی مەدەنی و کۆمەڵگەی مەدەنی و حکومەتی غەیرە قەومی نائاینی لە عێراق دەکەن ئەمڕۆ. ئاینی و نەتەوەی دەسەڵاتدار هەموویان بەشێکن لە کێشەی قەیرانی حکومەت لە عێراق نەک چارەسەر. لە مامەڵەکردن لەگەڵ قەیران و چەقبەستوویی حکومەتی عێراقدا، هێزە کۆمۆنیستەکان بە تایبەت حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری چەپی عێراق، دەبێت ئاڵای شۆڕشی ئۆکتۆبەر بەرز بکەنەوە و پێناسەی بکەن و پلاتفۆرم و بەیاننامە و میساقەکەی، لە سۆشیال میدیادا دابڕێژن و ڕایبگەیەنن و لە میدیا جیاجیاکاندا.ڕەنگدانەوەی دەنگی ناڕەزایی کۆمەڵگای عێراقی، وەستانەوە لە دژی هەموو ئەو هێزە ئایینییە نەتەوەییانەی کە خەڵکی عێراقیان خستۆتە ناو چاڵی تاریکەوە، لەوانەش فراکسیۆنە شیعەکان و سوننەکان و کوردستانییەکان و لایەنگرانی کۆماری ئیسلامی و موقتەدا سەدر و هتد.. حکوومەتی “نا شیعە، غەیرە سوننە، غەیرە قەومی” و کۆمەڵگەیەکی مەدەنی کە خەڵکی عێراق دەیەوێت مانای راستەقینەی بداتێ. بەڕای من ئەمە گرنگترین ئەرکە کە ڕووبەڕووی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان دەبێتەوە، بەتایبەت حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری چەپی عێراق.
٣١ی ئابی ٢٠٢٢




جه‌سته‌ی كوژراو، فیكری ئازاد *.. به‌ختیار محه‌مه‌د

جه‌سته‌ ده‌كوژرێ، به‌ڵام فیكر ناكوژرێ. تازه‌ با جه‌سته‌ی سه‌لمان روشدی بكوژن، به‌ڵام هه‌رگیز ناتوانن فیكری (ئه‌ده‌بی) سه‌لمان روشدی بكوژن. تازه‌ ئیتر ڕۆمانی ئایه‌ته‌ شه‌یتانییه‌كان بووه‌ فیكر (فیكری هه‌موو جیهان)، هه‌رگیز ناكوژرێ (فیكرێك، كه‌ زۆر گه‌وره‌تر، زۆر بێ سنوورتر له‌ جه‌سته‌ی سه‌لمان روشدی). سه‌دان و هه‌زاران ساڵه‌ جه‌سته‌ ده‌سووتێندرێ و ده‌كوژرێ، به‌ڵام هه‌رگیز فیكر (فیكری داهێنه‌ری ئازادیخواز) ناكوژرێ. سه‌لمان روشدیش ئه‌و فیكره‌ ئازادیخوازه‌ داهێنه‌ره‌یه‌، كه‌ هه‌رگیز ناكوژرێ.

ڕاستییه‌كه‌ی، كه‌ جه‌سته‌ تیرۆر ده‌كرێ، فیكر گه‌وره‌تر ده‌بێ و هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌ و هه‌موو دنیاش داگیر ده‌كا (به‌نموونه‌: ئێمه‌ پتر له‌ دوو هه‌زار ساڵه‌ گوێ له‌ حیكایه‌تی مه‌رگی تراژیدیی سوكرات و مه‌سیح ده‌گرین؛ ئه‌و مه‌رگه‌ی، كه‌ گه‌وره‌ترین دوو فیكری فه‌لسه‌فی و میتافیزیكی – لاهووتی له‌ مێژووی مرۆڤایه‌تیدا به‌رهه‌م هێناوه‌). له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌شدا كاتێك – به‌نموونه‌ – سه‌رده‌شت تیرۆر ده‌كرێ، ئه‌و له‌ جه‌سته‌یه‌كی نه‌ناسراوی بچووكه‌وه‌، ده‌بێته‌ فیكرێكی (ڕۆحێكی) گه‌وره‌ و فه‌زای هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌ داگیر ده‌كا و ته‌نانه‌ت سنووری وڵاتیش ده‌به‌زێنێ و ناسنامه‌ تراژیدییه‌كه‌شی – له‌ ڕێگه‌ی ڕاگه‌یاندن و ڕێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤه‌وه‌ – به‌ هه‌موو جیهاندا بڵاو ده‌بێته‌وه‌.

جه‌سته‌ بۆیه‌ تیرۆر ده‌كرێ، تا فیكر به‌ند بكرێ؛ به‌ڵام ئه‌و ساته‌وه‌خته‌ی، كه‌ جه‌سته‌ تیرۆر ده‌كرێ، فیكر نه‌ك هه‌ر به‌ند نابێ، به‌ڵكو ئازادتر و گه‌وره‌تر ده‌بێ. فیكر ساته‌وه‌ختێكه‌ داهێنان ده‌كا و ئیشی به‌ جه‌سته‌ نییه. ئا له‌م ساته‌وه‌خته‌دا فیكر وه‌ك بوركان ده‌ته‌قێته‌وه‌ و ئاگری ساته‌وه‌ختی هه‌ڵایسانی شۆڕشی داهێنانه‌كه‌ی (یانیش دركاندنی حه‌قیقه‌ته‌كه‌ی)، هه‌ر هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌ داده‌گرێته‌وه‌، به‌ دۆست و نه‌یاره‌كانیه‌وه‌ (ئیدی له‌م ساته‌وه‌خته‌دا فیكر په‌كی له‌سه‌ر جه‌سته‌ ناكه‌وێ). هه‌موو ئه‌و بیریار و ئه‌دیب و ڕۆژنامه‌نووس و چالاكوانانه‌ی، كه‌ له‌ مێژوودا تیرۆر كراون، بوونه‌ته‌ فیكری (ڕۆحی) مه‌زنی نه‌مری هه‌ر هه‌موو مرۆڤایه‌تی… به‌ڵێ، سوكراته‌كان به‌م شێوه‌یه‌ خزمه‌تی مرۆڤایه‌تی ده‌كه‌ن: ئه‌و كاتانه‌ی، كه‌ بۆ دنیای تاریكمان،‌ ده‌بنه‌ سووته‌مه‌نیی داگیرساندنی چرای گه‌شی حه‌قیقه‌ت.

به‌ختیار محه‌مه‌د




بۆچی دوای وەرگرتنی ڤاکسینی کۆڤید١٩، مردن لە نێو منداڵانی کچ دا بە ڕێژەی ٥٧٪ زیادی کردووە !؟.. ئامادەکردنی: حەسەن ڕازانی

تێبینی: ماڵپەڕی ذی ئێکسپۆوز ماڵپەڕێکە کە زیاتر بەلای راستڕەویدایەو زیاتر لەو نێوەدا بابەتەکانی دەنووسێت..بۆی هەیە لایەنی چەپ و لیبڕاڵ و لایەنگرانیان زۆر لەگەڵ ئەو بۆچوونەدا نەبن. بەڵام ئەوەی من کە کردوومە بەکوردی ئەوەیە کە لای منیش هەر بۆتە پرسیار کە بۆچی دەبێ کاریگەری نەرێنی ڤاکسینی فایزەر لەسەر منداڵانی کچ زۆرتر بێت وەک لە سەر منداڵانی کوڕ؟ هەروەها من لایەنگری ئەوبۆچوونەم کە پێی وایە و دەڵێت کە دەرمانسازەکان و کۆمپانیا گەورەکانی دەرمانسازی لە پێناو قازانجی خۆیاندا ژیان و سەلامەتی ئیسانەکانیان بەلاوە پلە دووەمە. هەر بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو بۆچوونەی خۆشم من لێرەدا لینکی خۆپیشاندانی خوێندکارانی زانکۆی وێسترن دادەنێم کە لە دژی پێدانی ڤاکسین ناڕەزایەتیان دەربڕی. ئەو خوێندکارانەش دەڵێن مەسەلەکە پەیوەندی بە قازانج و کەڵەکەکردنی سەرمایەیە لە لایەن کۆمپانیا زەبەلاحەکانی دەرمانسازی. هەر بۆیەش لە ٢٩ی ئابی ٢٠٢٢ خوێندکارانی زانکۆی وێسترن لە شاری لەندەن لە پارێزگای ئۆنتاریۆی کەنەدا دەستیان بە ناڕەزایی دەربرین کرد بە هۆی بڕیارێکی سەرۆکایەتی زانکۆکە کە دەبێ پێش دەستپێکردنەوەی دەوام هەموو خوێندکارەکان ڤاکسینیان لێبدرێتەوە..خوێندکارەکانیش بەم بڕیارە ڕازی نین و وای دەبینن کە کۆمپانیا گەورەکانی دەرمان بۆ قازانجی خۆیان لە پشتی ئەم کارەوەن.. لە کۆتایی نووسینەکەدا .لینکی ناڕەزایەتی خوێندکارانی زانکۆم داناوە ..(ح . ڕ)
ڕێژەی مردن لە نێو کجآنی گەنج دا لە پێش ڤاکسین پێداندا هاوتەریب بووە لەگەڵ تێکڕای ڕێژەی پێشبینیکراو لە داتای پێنج ساڵدا. بەڵام بە پێی شیکردنەوەیەک بۆ زانیاریە فەڕمیەکان کە لە لایەن فەرمانگەی ئاماری نیشتیمانییەوە ئامادەکراوە، نیشانی دەدا کە ڕێژەی مردن لە نێو کچانی گەنجدا بە ڕێژەی ٥٧٪ بەرزبووەتەوە هەر دوای ئەوەی کە بۆ یەکەم جار ڤاکسینیان وەرگرتووە.
ئەوەی کە سەلماوەو دەزانرێت ئەوەیە کە بە شێوەیەکی نائاسایی مردن بە هۆی کۆڤید١٩ وە زۆر کەمە لە نێو منداڵاندا، هەر بۆیەش لیژنەی کوتان و بەرگری پێدان لە بەریتانیا ڕازی نەبوو کە پێشنیار بکات بۆ ئەوەی ڤاکسینی کۆڤید١٩ بدرێت بە منداڵان. بەهانەشیان بۆ ئەو ڕازی نەبوونەیان ئەوە بوو کە لایان ڕوون نیە ئاخۆ سوودەکانی ئەو ڤاکسینە بۆ منداڵان زۆرتر دەبن لە مەترسییەکانی ڤاکسینەکە. یەکێک لەو مەترسیانەش کە بەهۆی ئەو ڤاکسین پێدانە تووشی منداڵان دەبێ بریتیە لە هەوکردنی ماسولکەکانی دڵ و دڵیش وا لێدەکات کە توانای بەرێکردنی خوێنی لاواز ببێت و هەروەها دەبێتە هۆی ئەوەی کە دڵ خێراتر لێبدات و جووڵەو لێدانی بەرەو هەڵکشان بروات.
لە کۆتاییدا، هەوکردنی ماسوولکەکانی دڵ دەبێتە هۆی لاوازکردنی دڵ و بە مەش دڵ ناتوانێت وەک و پێویست خوێنی تەواو بۆ بەشەکانی لەش ڕەوانە بکات. هەر لێرەوەیە کە خوێن مەین لە ناو دڵ درووست دەبێ و تۆپەڵەی خوێنی مەیویش لە ناو دەمارەکاندا درووست دەبن و ئەمەش دەبێتە هۆی جەڵتەی مێشک وجەڵتەی دڵیش.
نەخۆشی ترسناکی تریشی بەدوادادێت کە بریتییە لە نەخۆشیەکانی دڵ بە شێوەیەکی گشتی و مردن بە هۆی نەخۆشی دڵەوە.
هیج جۆرێکی سووکی ئەو نەخۆشیە بوونی نیە و هەر بە ڕاستی جێی مەترسییە ئەویش بە هۆی ئەوەی کە دەمارەکانی خوێن تووشی هەوکردن دەبن و ئیتر توانای خۆ تازەکردنەوەیان نابێت. هەر بۆیەش کاتێک کە زیانێک وەبەر ئەودەمارانە دەکەوێت ئیتر وەک میلی کاتژمێر گەڕانەوەی بۆ نییە.
ئەوانەی کە بە ڕێکخستنی داودەرمانەوە خەریکن و پسپۆرن لەو بوارەدا تەواو ئاگاداری ئەوەن کە هەوکردنی ماسوولکەکانی دڵ لە ئەنجامی کاردانەوەی نەرێنی ئنسانەکەیە بۆ ئەو دەرزییەی کۆڤید١٩. بەتایبەتی بۆ ڤاکسینی فایزەر ئیم ئاڕ ئێن ئەی. هەروەها لەوەش ئاگادارن کە زۆرترین قوربانی لەو نێوەدا لاوان و تازە پێگەییشتوانن.
جا بۆیە ئەگەر ڕێکخەری داوودەرمان لەبەریتانیا بەئاگا بێت لە مەترسییەکانی نەخۆشی هەوکردنی ماسوولکەکانی دڵ هەربەدوای پێدانی ڤاکسینی کۆڤید١٩، کەواتە ئێمەش‌ خۆمان بەڕاست دەزانین کە بڵێین کاتێک کە پڕۆفیسۆر کریس ویتی ، سەرۆکی ڕێکخستنی داوودەرمان لە بەریتانیا، ڕازی نابێت بە پێشنیاری لیژنەی هاوبەشی ڤاکسین و بەرگری پێدان کە بۆ حکومەت بوو بۆ ئەوەی ڤاکسینی فایزەر بدرێت بە منداڵان ، کەواتە ئەو پڕۆفیسۆرە زانیویەتی کە ئەم کارە دەبێتە هۆی نەخۆشی هەوکردنی ماسوولکەکانی دڵ لە نێو منداڵاندا.
کریس ویتی و ئەفسەرانی بەشی داوودەرمان لە سکۆتلەنداو وەیڵ و باکووری ئێرلەندا لە ١٣ی سیپتەمبەری ٢٠٢١ دا نامایەکیان دایە حکوومەتی بەریتانیا کە داوا لە حکوومەت دەکەن کە ڕازی نەبێت بە پێسنیاری پێدانی ڤاکسینی فایزەر بۆ منداڵانی سەرووی ١٢ ساڵی چونکە ڕاستەوخۆو هەردەستبەجێ زیانی دەبێ بۆسەریان. سووپاس کە ئەوپلانە سەری گرت لە زەمانێکدا بوو کە ساجید جاوید سکرتێری بەشی تەندرووستی بوو لە بەریتانیا. بۆیە هەر یەک هەفتە دوای ئەو نامەیە ساجید فەرمانی کرد کە نابێت ڤاکسین لە منداڵانی نێو خوێندنگاکان بدرێت.
ئینجا وەرە چاوێک بخشێنە بەوئامارەی خوارەوەداو بۆت دەردەکەوێت کە لەهەفتەی ٣٨ وە دوای نامەکەی ١٣ی سێپتەمەری ٢٠٢١ کە دەکاتە هەفتەی ٣٧ تا هەفتەی ٤٤ ڕێژەی مردن لە نێو منداڵانی ١٠ بۆ ١٤ ساڵیدا لە ئیگلتەراو وەیڵدا بەرەو خوار ڕۆیستووە.
جا ئێمە هاتووین ئامارەکانمان بەراوورد کردووە . ئەو مردنانەی کە لە نێوان ڕەگەزی نێرو مێی منداڵاندا ڕوویان داوە لە نێوانی هەفتەی ٣٨وە بۆ هەفتەی ٤٤ ی ساڵی ٢٠٢١ وە و بەراورد کردنی لە گەڵ ڕێژەی پێنج ساڵی لە ٢٠١٥ وە بۆ ٢٠١٩ لە نێو ئنگلتەراو وەیڵدا. ئامارەکە نیشانی دەدا کە ڤاکسینەکە ڕۆڵی نەرێنی هەبووە لە زیادکردنی ڕێژەی مردن لە نێوان منداڵانی کچدا. ئەو ئامارەش لە لایەن ئۆ ئێن ئێس بڵاوکراوەتەوە.
ئەو هێڵکاریەی سەرەوە ژمارەی کەڵەکەبووی مردنەکان نیشان دەدات لە نێوان هەفتەکانی ٣٨ بۆ ٤٤ لە ساڵی ٢٠٢١ ، واتە لە هەفتەی یەکەمی دوای نامەکەی ١٣ی سێپتەمبەر بۆ حکومەتی بەریتانیا دەربارەی مەترسیەکانی ڤاکسین بۆسەر منداڵان. هەروەها ڕێژەی مردن و ژمارەی کەڵەکەبووی مردنەکان نیشان دەدات بۆ تەمەنەکانی ١٠ بۆ ١٤ ساڵی هی پێنج ساڵ لە ٢٠١٥ وە بۆ ٢٠١٩ لە نێوان تەمەنەکانی ١٠ بۆ ١٤ ساڵی منداڵان.
جا تەماشا کەن جیاوازیەکە چۆن دەردەکەوێت کە ڤاکسین چ ڕۆڵێکی خەراپ دەگێڕێت لە بەرزبوونەوەی ڕێژەی مردن لە نێو منداڵان و بەتایبەتی منداڵانی کچ بە هۆی ڤاکسینی فایزەرەوە.
بۆیە ئەگەربە وردی تەماشا بکەن دەبینن کە جیاوازیەکە بەڕوونی دیارە. دەبینن کە مردن زۆرتر هەبووە لە ٢٠٢١ لە نێو منداڵاندا هەردوای هەفتەی یەکەم کە ڤاکسینی فایزەریان وەرگرتووە. جیگەی داخە کە ژمارەی مردنەکان لە کۆتایی هەفتەی ٤٤ی ساڵی ٢٠٢١ سی و شەش مردنە لە کۆتایی هەفتەی ٤٤ لە داتای پێنج ساڵیەکەی نێوان ٢٠٢١ وە بۆ ٢٠١٩. بەڵام ژمارەکە بەرزبووەتەوە بۆ ٥٢ منداڵ دوای ڤاکسینەکە.
ئەو ژمارەیەش ٤٤٪ دەگەێنێت لە نێوان منداڵانی تەمەن ١٠ بۆ ١٤. چونکە هەموو منداڵانی سەروو ١٢ ساڵی لە سەرەتادا ڤاکسینیان پێدرا. هەروەها بەرزبوونەوەیکی ڕوون و گرنگیش هەیە لە ڕێژەی مردن لە نێو منداڵانی نێرینەدا و لە هێڵکاریەکەشدا بە شێوەی پچڕپچڕ هەفتانە ئەو ڕێژەیە دەردەکەوێت.
وە لەسەر ئەو مەبنایە ئێمەش بڕیارماندا کە چاوێک بە ڕێژەی مردنی کچانی منداڵ بخشێنین لەو ماوەیەی کە لەسەرەوە ئاماژەی پێدراوە. بەداخەوە بۆمان دەرکەوت کە ڕێژەی مردن لە نێو مداڵانی مێیینەدا لە نێو تەمەنەکانی ١٠ بۆ ١٤ ساڵیدا بە بەراورد بە پێش ڤاکسین پێدان زۆر بەرزبووەەتەوە.
ئەو هێلکاریەی سەرەوە ژمارەی کەڵەکەبووی مردنەکان نیشان دەدات لە نێو کچاندا لە تەمەنەکانی نێوان ١٠ بۆ ١٤ ساڵاندا لە نێوان هەفتەی ٣٨ بۆ هەفتەی ٤٤ی ساڵی ٢٠٢١ . بەڕوونی دەردەکێت کە ڕێژەی مردن بە هۆی وەرگرتنی ئەو ڤاکسینەوە لە نێو کچاندا بەرزترە.
دیسان ئەگەر دیقەت بدەی لە یەکەمین هەفتەی سەرەتادا نیشانی دەدا مردن لە نێو مێینەی ئەو مداڵانەی کە ڤاکسینیان پێدراوە بەرزترە بەڵام بە ڕێژەیەکی زۆر نا. بەڵام لە هەفتەکانی ٣٩،٤٠، ٤٣ و هەفتەی ٤٤ مردن لە نێو منداڵانی کچدا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرەو هەڵکشان دەڕوات دوای ئەوەی کە ڤاکسین وەردەگرن بە بەراورد بە ڕێژەی مردن لە ماوەی پێنج ساڵی پێشوودا .
لە کۆتای هەفتەی ٤٤ دا ٢٢ مداڵی کچ هەردوای وەرگرتنی ڤاکسینی کۆڤید ١٩ گیانیان لەدەستدا، بەڵام لە کۆتایی هەفتەی ٤٤ لە پێنج ساڵی پێشوودا ژمارەی مردن لە نێو منداڵانی کچدا تەنها ١٤ کچ بوو. جیاوازیەکە بە ڕوونی دیارە .
ئەمەش لە ٥٧٪ نیشان دەدات کە مردن بەرەو بەرزبوونەوە ڕۆیشتووە لە نێو منداڵانی کچدا بەهۆی ڤاکسینی کۆڤید ١٩ وە.
جا بۆ ئەوەی دڵنیا بین کە هەڵە ناکەین و داتاکانمان درووستە تەماشا ئەو هێڵکاریەش بکە کە لە خوارەوەدا نیشانی دەدات. مردن لە نێوان مداڵانی کچدا لە نێو تەمەنەکانی ١٠ بۆ ١٤ ساڵیدا لە نێوانی هەفتەکانی ٣١ وە بۆ ٣٧ کە ئەو ماوەیەی پێش ڤاکسین پێدانە. ڕێژەکە زۆر نزمتر نیشان دەدات.
جا بۆ زیاتر ڕوونکردنەوە هاتین ئەو هێڵکاریەیەمان درووست کردوو جوانتر نیئشانی دەدا کە مردن بە هۆی وەرگرتنی ڤاکسینی کۆڤید ١٩وە لە نێو منداڵانی کچدا بەرەو هەڵکشان و سەرێ ڕۆییشتووە هەردوای پێدانی ڤاکسینەکە.
خاڵێك کە دەبێ بەلامانەوە گرنگ بێت ئەو ڕاستیەیە کە مردن لە نێو مداڵانی مێینەدا بەرەو بەرزبوونەوە چووە لەبەرامبەر ڕێژەی ئەو مردنەدا لە ماوەی پێنج ساڵی پێشووی پێش ڤاکسین لێداندا. جا بابەتەکە هەر ئەوە نیە کە مردن بە گشتی و بە پێی ئامارەکان لە نێو منداڵاندا هەر نزم بووە بەڵک و ئەوەیە کە مردن بە پێی ئامارەکان لە نێو منداڵانی کچدا زۆر لە هی کوڕان نزمتر بووە.
١-ئایا ئێمە بەڕاستی دەزانین کە بەرزبوونەوەی ڕێژەی مردن لە نێو منداڵانی کچدا بۆ ٥٧٪ هۆیەکەی ڤاکسینەکەیە؟ وەڵام : نەخەیر.
٢- ئایا بەڕاستی دەزانین کە بەرزبوونەوەی ڕێژەی مردن لە نێو منداڵانی کجدا لە ماوەی ڤاکسینەکەدا بە بەراورد بە پێج ساڵییەکە خەتای ڤاکسینەکە نیە؟ وەڵام : نەخەیر
٣- ئایا دەتوانین بڵێین کە بەرزبوونەوەی ڕێژەی مردن دوای وەرگرتنی ڤاکسین لە نێو منداڵانی کچدا هەربە ڕێکەوت بووە؟ هەروەها خەتای ڤاکسینی تێدا نییە؟ وەڵام: بەڵێ
٤- ئایا دەتوانین بڵێین کە بەرزبوونەوەی ڕێژەی مردن لە نێو منداڵانی کچ دا هەردوای وەرگرتنی ڤاکسین بەڕێکەوت بووە؟ وەڵام : نەخەیر
٥- ئایا پێت وایە کە دەبوو دەسەڵاتداران و دەوڵەت پێدانی ئەو ڤاکسینەیان ڕاگرتبایە بۆ منداڵان هەردوای دەرکەوتنی بەرزبوونەوەی ڕێژەی مردن لە نێو منداڵانی کچدا بۆ ٥٧٪ بە بەراورد بە ڕێژەی مردن لە نێویاندا لە پێنج ساڵی پێشوودا.؟ وەڵام: بێگومان دەبوایە ڕایان گرتبایە.
https://expose-news.com/2022/08/22/female-children-57percent-increase-deaths-after-covid-vaccination/?
https://www.youtube.com/watch?v=sOtUXr-KWRk&t=5s

سەرچاوە: ماڵپەڕی ذی ئێکسپۆوز… ٢٢ی ئابی ٢٠٢٢




داستانی گەبە.. سەردار جاف

پانتایی ڕەزێکی بێبەر حەوشەی خەیاڵەکانی بوو، بەدەم وڕێنەوە خەونی بەدیلبوونی مەیلەکانییەوە دەبینی، ئافاتێ ژوانە حەزەکانی گرتەوە، ئیدی قاوشەکانی بیمارستانێ بوونە دارشەقی ڕێڕەوی، بەدەم ھۆنینەوەی کزە دەنگی بنلێوەوە واڵەکەی ئاوەدانبۆوە، تریفەی مانگێ لە نێو واڵەکەوە ھەڵات، چاوەکانی ھەڵگڵۆفت ئاراس ئەوی لەودیو خەیاڵەکانی بوو ، بەدەم تلانەوەی ئازارەوە کەوتە دەمودووی، ھێدی ھێدی کاتیان لەهەڵاتنی خۆرا دەدی، ھێشتان مەیلە غەمزەییەکەی چاو پەی پێنەبردبوون، لە پڕ وێنایەکی لەیلا بیمارستانی سەراپا سەرەوژێر کرد، چاوەکانی سەرەوژێر بوو، وەلێ شەرم سەراپا ئاودامانی تەنیبوو، ئۆقرەکانیش تادەھاتن زێتر دەڕووخا، دەنگێ ئاراسی وەئاگا ھێنا، لەیلا لەوسەری جەمسەرەوە ئیدی دەرگای ڕووپەرمایی کردەوە، ئەرێ لەکام مەملەکەتی سەکزکردن دەژیت، لە کام دۆراندۆری چڕە گوڵی و بۆن ناکەی ، لەکام ھەواری پیاوەتیدا لە ھەست کەوتووی، ڕاچەنی ئیدی ئیشق لە بەردەرگا یەخسیری کرد، ھۆگری بەبارتەقای بیرچوونەوەی زێد و بێشە و کەسوکار بنکۆڵی ئاوەزی ئاراس بوو، بەھەمووی دەگوت لەیلا، لە گەڵ باب و برا و مام و خاڵ و ھاوڕێ دەدوا بەلەیلا ناوزەدەی دەکردن، لەیلا بووە خەون و خەیاڵ و سات و ناسات، شەوانە لە سەر ھەمەری ئێشکگریش داعش و ئاژەڵ و تارمایی لێ دەبوو بەلەیلا، فیشەکەکانی لەئاستیان چرووک دەبوو، ئافاتی بۆ ھاوسەنگەرانی دەخوڵقان، لەیلا و ئاراس داستانی جەمسەری سارد و گەرمن، پێکيش بگەن هەر ئەو چەمکەن…..

ئەڵمانيا
٢ / ٩ / ٢٠٢٢




پێکهێنانی ڕێکخراوی کرێکاری کاری کرێکاران خۆیانە.. مەنسور حکمەت


وەرگێڕانی بۆ کوردی: کاوە عومەر

چاوخشاندنێک بەو داخوازیانەی کە کرێکاران لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا لە ماوەی خەبات و تێکۆشانیاندا وروژاندوویانە، خاڵێکی گرنگ، یان لە ڕاستیدا خاڵی لاوازی و هەڵەیەکی گرنگ لە کاری کرێکارانی پێشەنگدا دەردەخات. ئێمە دەڵێین کرێکاری پێشڕەو، چونکە ئەم کرێکارانە لە داڕشتنی داخوازی و دروشمەکانی خەباتی ئێستای کرێکاریدا ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن و بێ گومان ئەگەر ئەم هەڤاڵانە پەیڕەوی لە هێڵێکی پرەنسیپی و حیسابکراو بکەن، بزووتنەوەی کرێکاری هەنگاوی گەورە بەرەو پێشەوە دەنێت.
بەڵام ئەم هەڵەیە چییە؟ دیتمان لە نێو داخوازییەکانی کرێکاران لە حکومەت و خاوەنکار، واتە لە نێو داخوازییەکانی وەک کەمکردنەوەی کاتی کار، زیاد کردنی کرێ، پشووی پێنج شەممە، ئیمتیازاتی تایبەت، دەرکردنی بەڕێوەبەرانی حیزبوڵڵا و هتد، داخوازی پێکهێنانی هەروەها جار جارە شورایەک و سەندیکایەک بەرز دەکرێتەوە. واتە لە هەندێك حاڵەتدا كرێكاران داوا لە حكومەت و وەزارەتی كار دەكەن شورا و سەندیكایان بۆ دروست بكەن، یان لە حاڵەتێكی تردا كرێكاران داوا لە وەزارەتی كار دەكەن نوێنەرێك بنێرێت بۆ چاودێریكردنی “یاسایی بوونی” شوراكەیان و هەڵبژاردنی سەندیکاکان.
ئێمەی کۆمۆنیستەکان دژی ئەم جۆرە داوایەی شورا و سەندیکاین لە حکومەت. هیچ بەشێک لە چینی کرێکار لە کۆمۆنیستەکان زیاتر بانگەشە بۆ ئەوە ناکات کە کرێکاران ڕێکخراو و ڕێکخراوی گشتی و جەماوەری خۆیان دروست بکەن. ئەمەش مەرجێکە بۆ پێشکەوتنی چینی کرێکار. بەڵام ئێمە دژی ئەوەین کە کرێکاران داوای پێکهێنانی ئەو ڕێکخراوانە و پێکهێنانی ئەنجومەن و سەندیکا لە حکومەت و وەزارەتی کاری سەرمایەدارەکان دەکەن. ئێمە دژی ئەوەین کە کرێکاران داوا لە حکومەت و سەرمایەداران بکەن بە سەندیکا و شورا ڕێکیان بخەن. ئێمە دژی ئەوەین کە کرێکاران بە دەستی خۆیان حوکمڕانی حکومەت دەکەن بەسەر کاروباری کرێکاراندا و داوایان لێدەکەین “سەرپەرشتی” هەڵبژاردنی کرێکاری بکات و بڕیار لەسەر “کارامەیی” نوێنەرانی کرێکاران بدات.
ئێمە دەڵێین پێكهێنانی شورا و سەندیكا كاروباری كرێكارانە و پێویستی بە مۆڵەتی پێشوەختەی حكومەت و سەرپەرشتی نوێنەر یان پشكنەری وەزارەتی كار نییە.
بەڵام هەموو ڕیفۆرمخواز و سندیکالیستێکی ئێسک شکاو کە تەمەنێکە خۆی بۆ مافی سەندیکاکانی کرێکاران کاندید کردووە، بە دڵنیاییەوە ناڕەزایەتی بەرامبەر بە قسەکانی ئێمە دەبێت. دەفەرموێت:
“ئەوە ڕاستییەکە، ئێوەی کۆمۆنیستەکانیش لەگەڵیدا هاوڕان، کە کرێکاران پێویستیان بە ڕێکخراوی جەماوەریی خۆیان هەیە. کرێکاران ناتوانن دانیشتن بکەن، سەیری کەمبوونەوەی حەقدەستی ڕۆژانەیان بکەن و فشار و بێبەشییەکانی کاریان زیاد دەکات و هیچ ناڵێن. وە لەناکاو بەیانییەک دروست دەکەن”. شۆڕشی کۆمۆنیستەکان، حکومەتێکی کرێکاری دابمەزرێنن و هەموو ئەو شتانە جێبەجێ بکەن کە ئێوەی کۆمۆنیستەکان لە بەرنامەکەتاندا هێناتان، کرێکاران دەبێت ڕۆژانە خەبات بکەن بۆ باشترکردنی بارودۆخەکانیان و ئەمەش پێویستی بە ڕێکخراوی جەماوەری و سەندیکای کرێکاران هەیە.”
بەڵێ، تا ئەم خاڵە ئێمەی کۆمۆنیستەکانیش هاوڕاین… و نەک هەر ئەوە، بەڵکو دەڵێین ڕێکخراوە جەماوەرییەکانی کرێکاران تەنیا ئامرازێک نین بۆ باشترکردنی بارودۆخی خۆیان، بەڵکو دەتوانن ببنە بنەمایەک بۆ ڕێکخستنی باشتر و خێراتری کرێکاران لە ژێر سیاسەتی شۆڕشگێڕانەی چینی کرێکاردا، واتە سیاسەتی کۆمۆنیستی ئێمەی کۆمۆنیستەکان تەنیا چاکسازی لەبەرچاو ناگرین، بەڵکو تەنانەت شۆڕشی کرێکاریش بەبێ ڕێکخراوی جۆراوجۆری جەماوەری کرێکاران، واتە بەبێ ڕێکخراوێک کە بتوانێت ملیۆنان کرێکار لەخۆبگرێت، بەکردەیی نازانین.
بەڵام هاوڕێی سندیکالیستمان لێرەوە بەو ئەنجامە دەگات کە:
“باشە، ئەگەر بڕیارە ڕێکخراوە جەماوەرییەکانی کرێکاران وەک سەندیکا، پەیڕەوی لە داواکارییەکانی کرێکاران بکەن، دەبێت لایەنگری حکومەت و خاوەنکار بن. حکومەت و خاوەنکار ئامادە نین قسە لەگەڵ ئەو ڕێکخراوانە بکەن کە ئەو کارە دەکەن”. بۆیە دەبێت ئێمە زمانی خۆشیان لەگەڵ بەکاربهێنین و پێویستە بانگهێشتیان بکەین بۆ بەشداریکردن لە پێکهێنانی شورا و سەندیکاکانمان، پێویستە ڕێگە بدەن کرێکاران پێکبهێنن و نوێنەر بنێرن و سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکانی بکەن، بۆ ئەوەی دواتر ئەوان نەتوانن بڕوبیانو بهێننەوە و شانی خۆیان لە دانوستان لەگەڵ نوێنەرانی سەندیکا خاڵی بکەنەوە…”
بەدڵنیایی ئێمە لەگەڵ ئەم دەرەنجامەدا ناکۆکین. لێرەدا ئەنجامێکی هەڵەم لە پێشەکیە چینیە دروستەکە وەرگرت. ئەمەش پێی دەوترێت دۆستایەتی مام ورچ بەرامبەر بە کرێکاران. بۆچی؟ بەهۆی:
سەرەتا پێویستە تێبینی ئەوە بکەن کە هەموو چاکسازییەک و هەر باشتربوونێک، هەرچەندە کەمیش بێت، لە ژیانی کرێکارانی ناو کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا، دەرئەنجامێکی لاوەکی خەباتی شۆڕشگێڕانەیانە. ئەگەر بتەوێت حکومەت ناچار بکەیت دانوستان لەگەڵ کرێکاران بکات، دەبێت دەسەڵاتی سەربەخۆی کرێکاران لەبەردەم حکومەت و سەرمایەداران ئاشکرا بکەیت. هیچ حکومەتێک، هەرچەندە فریوکاریش بێت، ئارەزووی دانوستان لەگەڵ ئەو کرێکارانەدا ناکات کە ملکەچ و لە یاساخوازن بگرن و پێشتر بزانن کە دەست بۆمانگرتن و خۆپیشاندان و کاری ڕاستەوخۆ نابەن. ئێوە خۆتان چەندین جار شاهیدی ئەوە بوون کە حکومەت لەبەر چاوی کرێکاران سنگی دەرپەڕاندوە و تەنانەت هەڕەشە و سوکایەتی پێکردون. بەڵام کاتێک هێزی سەربەخۆی چڕ و ئیرادەداری کرێکارانی لەبەردەم خۆیدا بینی، کاتێک ڕووبەڕووی هەڕەشە و مانگرتنی سەرتاسەری بووەوە، ملکەچ و ڕازی بووە لەگەڵ نوێنەری ڕاستەقینەی کرێکاران دانوستان بکات. ناتوانیت بە وەرگرتنی ڕەزامەندی حکومەت و خاوەنکار بەرەنگارییان ببیتەوە. کرێکاران دەبێ دەسەڵاتی خۆیان بەسەریاندا بسەپێنن.
هەمان یاسای بنەڕەتی خەباتی چینایەتی پێکهێنان و بە فەرمی کردنی شورا و سەندیکا بەڕێوەدەبات: ڕیفۆرم بەرهەمی لاوەکی خەباتی شۆڕشگێڕانەیە و هەرچاکسازی و باشتربوونی بەشەکی دەبێت بە هێزی هاوپشتی و شۆڕشگێڕی چینی کرێکار بەسەر چینی سەرمایەدارو حکومەتەکەیاندا بسەپێندرێت و. شورا و سەندیکا ئامرازێکن بۆ کرێکاران بۆ خەباتکردن بۆ مافەکانیان. ئەو مافانەی کە سەرمایەدارەکان قۆرغیان کردووە و بە زاراوەیەکی باش نایدەنەوە. بە بەدەستهێنانی ڕەزامەندی حکومەت و سەرمایەدار، ناتوانرێت ئامرازێک بۆ شەڕکردن لە دژی ئەوان دروست بکرێت. هیچ حکومەتێکی بۆرژوازی شورا و سەندیکایەکی راستەقینە بۆ کرێکاران پێک ناهێنێت و رێگا بۆ هەڵبژاردنی نوێنەری راستەقینە و شۆڕشگێری کرێکاران ناکاتەوە. پێویستە رێکخراوە جەماوەرییەکانمان و نوێنەری راستەقینە بەسەر حکومەتدا بسەپێنین. دەبێت کرێکاران حکومەت و خاوەنکار ناچار بکەین بە هێزی هاوپشتی و یەکڕیزیمان دان بە شورا و سەندیکاکەماندا بنێن. ئەمە تەنیا هێزی خۆمانە، هێزی خەباتی یەکگرتوومانە، کە ڕەسمیەت بە ڕێکخراوەکانمان دەبەخشێت و نوێنەرانی ئێمە دەکاتە خاوەنی ” لێهاتوویی”.ئاخر ئەو کەسەی لە پێناو باشتر کردنی بارودۆخی کرێکاران، بەدەستی خۆی مەیدانی دەستێوەردانی حکومەت لە کاروباری چینی کرێکاردا دەکاتەوە، زۆرترین جار دۆستێکی نەفامی کرێکارانە. بەرژەوەندی چینایەتی و بنەڕەتی و گشتیی کرێکاران بە بەرژەوەندییە دەستبەجێ و بەشەکیەکان دەفرۆشێت، کە هەروەها نازانرێت تا چەند دەتوانرێت بە رێگەی ئاشتیخوازانە بەدی بهێنرێت. کۆی خەباتی کرێکاران لەدژی سەرمایەدارەکان خەباتێکە بۆ کورتکردنەوەی دەستی سەرمایە و سەرمایەدارەکان لە ژیانی ئابووری و سیاسی کرێکاران. خەباتێک کە دەبێ تا ڕووخاندنی تەواوی دەسەڵاتی چینایەتی سەرمایەدارەکان بەسەر کۆمەڵگادا بەردەوام بێت. خەباتێک کە دەبێ ببێتە هۆی پێکهێنانی حکوومەتی کرێکاری. بەڵام ئەم دۆستە کورتبینانە کە تەنیا بیر لە “یاسایی کردنی” ئەنجومەن و سەندیکا دەکەنەوە، سەربەخۆیی کرێکاران بە سەندیکایەکی ریفۆرمخواز دەفرۆشن کە حکومەت و سەرمایەدارەکان متمانەی پێدەکەن. بەپێچەوانەوە هیچ كرێكارێكی پێشكەوتوو و زانا دەرگای حكومەت بەڕووی كاروباری كرێكاراندا ناكاتەوە و بانگهێشتی حكوومەت بكات بۆ ئەوەی سبەینێ بێت، بۆئەوەی حكومەت ئامادەبێت قسە لەگەڵ نوێنەرانی سەندیكا بكات سەبارەت بەوەی سبەینێ لەسەدا چەندی موچە زیاد بكرێت وە دەتوانێت کرێکاران بەپێی خواستی خۆی ڕێکبخات، یان هەر نوێنەرێک بەبێ هەراسانکردن یان تەنانەت ئەو سازشکارەی کە دەیەوێت لە سندوقەکە دەربهێنێتەدەرەوە. بە شێوازێکی وا، واتە بە داخوازیی شورا و سەندیکا لە حکوومەت و وەزارەتی کار، جگە لە سەندیکای زەردی لایەنگری حکوومەت و شورای ئیسلامیی بەکرێگیراوی کۆماری ئیسلامی، هیچ شتێک بە کرێکاران نادرێت .
ئەگەر بمانەوێتشورا و سەندیکایەکی ڕاستەقینەمان هەبێت و حکومەت ناچار بکەین بە فەرمی دان بە شورا و سەندیکاکەماندا بنێت، ڕێگاکەی ئەوەیە خۆمان دەست بکەین بە دروستکردنی شورا و سەندیکا و با حکومەت و خاوەنکار و وەزارەتی کار بزانن کە کرێکارانی یەکگرتوو، کرێکارانی پێکەوەگرێدراو، جەماوەری کرێکاری کارگەکان، ئەم شورا و سەندیکایە بە شورا و سەندیکای خۆیان دەزانن، بە دڵەوە پشتیوانی لێ دەکەن و ناهێڵن مووێک لە سەری نوێنەر و سەرکردەکانی بکەوێت. لێرەشدا ئەوە یەکڕیزی و هاودەنگی خودی کرێکارانە کە دەتوانێت حکومەت ناچار بکات تەسلیم بێت.
ئەنجامی هەر جۆرە دەستێوەردانێکی حکومەت لە پێکهێنانی شورا و سەندیکاکان لە ئێستاوە زانراوە. ئایا زۆر جار نەماندیوە و ئەزمونمان نەکردوە کە سیخوڕە حزبوڵاییەکانیان بە ناوی شوراوە بەسەرماندا سەپاندوە؟ ئایا نەماندیوە و ئەزمونمان نەکردوە کە نوێنەرە راستەقینەکانمانیان قبوڵ نەکردوە یان تەنانەت دەستگیریان دەکردن و دەریان دەکردن؟ ئایا نەماندیوە کە نوێنەرانی وەزارەتی کار هەمیشە “کارامەیی” کرێکارانی کۆمۆنیست و شۆڕشگێریان ڕەت کردووەتەوە و بە هەزار تەزویر و فێڵ ڕێگریان لە هەڵبژاردنیان کردووە؟ ئایا بڕیارە دۆخەکە وەک خۆی بمێنێتەوە و ئەم ئەزموونانە دووبارە ببێتەوە؟
لەوانەیە کەسێک بڵێت “ئەم بانگهێشتەی حکومەت بۆدەستێوەردان لە پێکهێنانی ڕێکخراوە کرێکارییەکان بەهۆی ناچاریەوەیە. ئاخر حکومەت لەبەردەم کرێکاراندا دەستی باڵای هەیە”. بەدڵنیاییەوە بێ گومان ئەمەش فاکتەرێکی کاریگەرە بۆ خستنەڕووی ئەم ئیدیعا درۆینە. بەڵام عەقڵیەتی “یاساخواز” و سندیکالیستی بەشێک لە کرێکارانیش لەم پرسەدا دەورێکی گرنگ دەگێڕێت.هەر ئەوەندە بەسە ئەزموونی کرێکارانی چاپخانە لە تاران وەبیر بهێنینەوە. هاوڕێیانی كرێكارانی چاپخانه‌ له‌ تاران دوای راپه‌ڕین، واته‌ كاتێك كرێكاران خاوەن هێز هه‌بوون، بڕیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سه‌ندیكای سه‌رده‌می شایان دا و سه‌ندیكایه‌كی نوێ دروست بكه‌ن. نوێنەرانی سندیکای پێشوو ئیدیعایان کردبوو کە ماوەی نوێنەرایەتی “یاسایی”یان تەواو نەبووە و ناڕۆن تا دەسەڵاتێکی یاسایی نەبێت بۆ دەستبەسەرداگرتنی فەرمانگە و موڵک و پارەی سندیکای ڕادەست بکەن، هەروەها تا دەستەی بەڕێوەبەری نوێ دەست بەکار دەبێت “بە شێوەیەکی یاسایی” دیاری کراو. سەرنج راکێشە! لە دۆخێکدا کە پاشا و یاساکانی و تەواوی دەزگای یاسادانان لە دەستی کرێکارانی چەکدار هەڵهات بوون، نوێنەری سەندیکای شاهانە یاساییبوونی خۆی نمایش دەکرد! بەڵام ئەوەی سەرنجڕاکێشتر و جێگەی داخترە ئەوەیە کە کرێکارانی پێشەنگی چاپکردنیش خۆیان تەسلیم بەم ئارگیومێنتە کرد. بۆ ماوەی سێ مانگ هەموو ڕۆژێک بۆ ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنەکان کۆدەبوونەوە، ئاگاداری هەڵبژاردنیان لە ڕۆژنامەکاندا بڵاودەکردەوە و بانگهێشتی وەزارەتی کاری کۆماری ئیسلامییان دەکرد بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکان و سەرپەرشتیکردنیان. نوێنەرانی “یاسایی” هەروەها لە ڕۆژی هەڵبژاردندا بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە پێویستە خۆیان سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکە بکەن، چونکە بەپێی “یاسا” هەڵبژاردنەکە لەلایەن دەستەی بەڕێوەبەری پێشووەوە بەڕێوەدەچێت. ئەنجامەکەی چی بوو؟ هیچ، درێژەیان بە قسەکانیان دا و دیسان هەر سێیان دیسان لە سندوقی دەنگدان هاتنە دەرەوە. ئەو کرێکارانەی کە لە ڕاپەڕینەکەدا چەکدار بوون، لە بەرامبەر وەهمە یاساییەکانیان و هەوڵەکانیان بۆ دڵخۆشکردنی وەزارەتی کار، چۆکیان دادا و دانیشتنەوە. پێویستە لەم جۆرە ئەزموونانە فێربین!
ئێمەی کۆمۆنیستەکان لە خەباتدا سەربەخۆیی چینی کرێکارمان دەوێت. ئێمەی کۆمۆنیستەکان دەمانەوێت چینی کرێکار بە پشت بەستن بە خۆیان و هێزە سەربەخۆکانیان بۆ بەدیهێنانی داخوازییە چینایەتییەکانیان رێکبخەن و خەبات بکەن.
ئێمەی کۆمۆنیستەکان دەڵێین، کرێکاران! پێکهێنانی شورا و سەندیکا کاری خۆتە و پێویستی بە مۆڵەتی حکومەت و خاوەنکار و سەرپەرشتی وەزارەتی کار نییە.
ئێمە دەڵێین، ئەگەر ئێوە بە شێوەیەکی لێکهەڵپێکراو و یەکگرتوو بەرگری لە ڕێکخراوەکانتان بکەن، ئەگەر خۆتان سەرەتا ڕێکخراوی خۆتان و شورای خۆتان و یەکێتیی خۆتان دروست بکەن و بە فەرمی بناسن و وەک ئۆرگانێکی یەکگرتوو مامەڵە بکەن، هەر ئەوکاتەو تەنها ئەو کاتەیە کە دەتوانێت فەرمی بوونی ئەوە بەسەر هەر حکومەتێکدا بسەپێنێت.
ئێمە دەڵێین ئەوشورا و سەندیکایەی کە حکومەت بۆتان پێکدەهێنێت، تەنانەت ئەگەر ڕازیش بێت، شورا و سەندیکای کرێکاری نابێت. چادرێکی یاری سەندیکایی دەبێت کە بوکەڵەی تێدایە کە لە شێوەی کرێکاردا دروست دەکرێت. شورای ئیسلامی و یه كێتیی زه ردی حكومه ت له ئه نجامی ئه و جۆره میتۆده یه .
ئێمە دەڵێین، پێویستە کرێکاران دەستبەجێ و تەواو سەربەخۆ لە حکومەت دەست بکەن بە پێکهێنانی شورا ڕاستەقینەکانیان. کۆبوونەوەی گشتی کارگەکەیان پێکبهێنن، کۆبوونەوەکانی ڕێکدەخەن و وەک باڵاترین ئۆرگانی بڕیاردەری کرێکاران بناسن و بیخەنە بەردەم حکومەت و خاوەنکار و وەزارەتی کار. کۆبوونەوەی گشتی فەرمی و ئاسایی پایەی یەکەمی شورای ڕاستەقینەیە.
ئێمە دەڵێین، دەبێت کرێکاران بە یەکگرتوویی ڕایبگەیەنن کە حکوومەت مافی ئەوەی نییە دەستوەردان لە پێکهێنانی شورا و سەندیکای کرێکاراندا بکات. پێویستە حکومەت دان بە هەموو نوێنەر و هەموو ڕێکخراوێکدا بنێت کە کرێکاران بە ئیرادەی خۆیان هەڵیانبژاردووە و دروستیان کردووە.
ئێمەی کۆمۆنیستەکان دەڵێین چینی کرێکار تەنیا بە هێزی خۆی ڕزگاری دەبێت. کرێکاران دەبێ لە ڕێکخراوە سەربەخۆکانیان و لە سەرووی هەمووشیانەوە لە حیزبی سیاسی خۆیاندا، لە حیزبی کۆمۆنیستدا یەکبگرن و ڕێکبخەن و خەباتی شۆڕشگێڕانەیان بۆ هەڵوەشاندنەوەی تەواوی سیستەمی سەرمایەداری چڕتر بکەنەوە. هەرچاكسازییەكی بچوك و هەر باش یونێكی بچوك لە بارودۆخی كرێكاراندا، دەرئەنجامێكی لاوەکی ئەم خەباتە شۆڕشگێڕییە دەبێت. كرێكاران هەر كاتێك دەستبەرداری خەباتی شۆڕشگێڕانە بن، لە چاكسازی و باشتربوونی ڕێژەیی دۆخەكە بێبەش دەبن.
کرێکاران! پێکهێنانی ئشورا و ڕێکخراوی کرێکاری کاری خۆتە. داوای ئەمانە لە حکومەت مەکەن و چاوەڕێی مۆڵەت و چاودێری حکومەت مەکەن. به پێچه وانه وه ڕایبگه یه نن كه حكوومه ت مافی ئه وه ی نییه ده ستێوه ردان له م بابه ته دا بكات و ده بێ دان به ڕێكخراوه جه ماوه رییه كانی كرێكاراندا بنێت بەبێ مه رج.
خەباتی سەربەخۆ و پشت بەستن بە دەسەڵاتی جەماوەری زەحمەتکێش تاکە ڕێگایە بۆ سەرکەوتن.

کۆمۆنیست، ئۆرگانی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، ژمارە ٣ – ٣٠ ئازەر ١٣٦٢
٣١\٩\٢٠٢٢




فسیۆلۆجیایی مرۆڤی ( نێرومێ‌ ), تێرامانی سایكۆلۆجی.. نووسینی: ئاری زێندینی

مرۆڤ به‌ ( نێرومێ‌ ) دروستكراووخوڵقاوی قوڕ یا خۆر یا ئاوودلۆپه‌ ئاو به‌باوه‌روكردار هاوڕاین و كۆكین ئێمه‌ی مرۆڤ به‌ هه‌موو ئاین و بیروباوه‌ره‌كان سه‌دا 95 % كه‌ ( خوا ) مرۆڤی دروستكردووه‌ به‌ (نێرومێ‌ ) چ له‌ مرۆڤ چ له‌ ئاژه‌ڵ , هه‌روه‌كو له‌ قورئانی پیرۆز ده‌فه‌رموێ‌ ( خلق الانسان من احسن تقویم ) واته‌ مرۆڤ له‌ باشترین رێكه‌كان خوڵقاوه‌ واته‌ جوانترورێك و پێكتره‌ له‌ هه‌موو ئه‌و زینده‌وه‌رئاژه‌لانه‌ی له‌ سه‌ر گۆی زه‌وی هه‌رچه‌ند زینده‌وه‌روئاژه‌له‌كانیش هه‌ر دروستكراوی خوایه‌ ! بێجگه‌ له‌وه‌ی خوا مرۆڤی به‌ جوانی و رێك دروستكردووه‌ هه‌ر مرۆڤه‌كانیش هۆشیاری و هه‌ستیاریان به‌و جوانییه‌ هه‌یه‌ جوانی و ناشرینی یه‌كلا ده‌كه‌نه‌وه‌ هه‌رچه‌ند ئه‌وه‌ش بڵێن ( جوانی و ناشرین ) مرۆڤ دایهێناوه‌ بارێكی سایكۆلۆجیه‌ و رێژه‌ییه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر ئێستاتیكای مرۆڤه‌كان ( پێوه‌ری جوانی لای مرۆڤ ) واته‌ هه‌موو جوانیه‌ك لای مرۆڤه‌كان وه‌ك یه‌ك نییه‌ هه‌موو ناشرینییه‌ك وه‌ك یه‌ك نییه‌ ! سه‌ره‌تایی دروستبوونی مرۆڤ و مرۆڤایه‌تی هه‌موو شته‌كان یه‌كسان بوون مرۆڤ زه‌وی سامان و پاره‌ یاسا و سیسته‌م دواتر ئه‌مانه‌ به‌ پێی عه‌قڵ و هۆشیاری و بیركردنه‌وه‌ی مرۆڤه‌كان گۆڕانكاری به‌سه‌ر داهات بووه‌ هۆكاری جیاوازی له‌ سه‌ر گۆی زه‌وی هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌یبینین هه‌رمرۆڤه‌وبه‌شێوه‌یك بیرده‌كاته‌وه‌وده‌ژی وهه‌ركه‌س زه‌وی و خاك و ولاتی خۆی هه‌یه‌ هه‌ركه‌س به‌ سه‌لیقه‌و بیروباوه‌ڕی خۆی ده‌ڕوانێته‌ جوانی و كۆی دروستكراوی ئه‌م سه‌رزه‌مینه‌. پاش ئه‌وه‌ی مرۆڤ هۆشیار بوو شاره‌زایی خۆی و ده‌وروبه‌ری خۆی بوو هه‌ر مرۆڤه‌وبه‌ شێوه‌یه‌ك بیرده‌كاته‌وه‌ده‌روانێته‌ به‌رامبه‌ری ده‌زانی جیاوازی خۆی و ئاژه‌ڵ چیه‌, جیاوازی مرۆڤ و مرۆڤ ! له‌ رووی ره‌نگ و شێوه‌وره‌گه‌زی نێرومێ‌ ئه‌مانه‌ هه‌زاره‌ها بیركردنه‌وه‌ی لای مرۆڤ دروستكردوهه‌ستی لای دروستكرد كامه‌یان باشه‌ و خراپه‌وخۆشه‌ و شیرینه‌ و ترشه‌ وبه‌تامه‌ و به‌چێژه‌ و به‌زه‌زوقه‌ ئه‌و هه‌موو جۆراجۆریه‌ هه‌ڵوێست و بیركردنه‌وه‌وبڕیاری مرۆڤ ده‌گۆڕێت و( ئیستاتیكا ) و ( فه‌لسه‌فه‌ ) لای مرۆڤ به‌رهه‌م دێنێت ! مرۆڤ ناتوانێ‌ وه‌ك ئاژه‌ڵ بژی و ئاژه‌ڵیش ناتوانێ‌ وه‌ك مرۆڤ بژی بۆچی ؟ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خه‌ڵق و فسیۆلۆجی مرۆڤ و ئاژه‌ڵ وه‌ك یه‌ك نییه‌ ئه‌مه‌ش كارده‌كاته‌ سه‌ر لایه‌نی سایكۆلۆجی و بیركردنه‌وه‌ی ئاژه‌ڵ و مرۆڤ واته‌ ئاژه‌ڵ ئاژه‌ڵه‌ مرۆڤیش مرۆڤه‌ كه‌واته‌ نێر نێره‌ و مێ‌ مێیه‌ هه‌ریه‌كه‌یان كاروپیشه‌وجوانی خۆی هه‌یه‌ له‌وانه‌یه‌ یه‌كیان له‌ یه‌كێكیتر جوانتروباشتربێت به‌ پێی ئه‌و بارودۆخه‌ی كه‌باسمان كه‌ مرۆڤ گه‌یشتۆته‌ حاله‌تی ئیستاتیكا ( جوانی و ناشیرینی ) داهێناوه‌ بۆ هه‌ردوكیان كه‌له‌ ئه‌ساسدا هیچیان نه‌جوانن نه‌ ناشیرینن به‌ ڵكو مرۆڤن ! بیركردنه‌وی مرۆڤه‌كان جیاوازی و چینایه‌تی دروستده‌كات . گه‌ر مرۆڤی نێر به‌ته‌نها وجوودی هه‌بوایه‌ ژیان به‌رده‌وامی هه‌بوو به‌لام به‌م شێویه‌ نا كه‌ ئێستا هه‌یه‌ وه‌ به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ جۆره‌ ژیانێك بوو له‌ نێوان ئاژه‌ڵ و مرۆڤ واته‌ مرۆڤی ( نێرومێ‌ ) دوو دیوی شتێكن پێی ده‌ڵێن ( ژیان , شارستانیه‌ت , پێشكه‌وتن ) ژیانێكی ته‌ندروست چونكه‌ ئاژه‌ڵیش ژیانی هه‌یه‌ ! ده‌ڵێن ئاووئاوه‌دانی ئه‌وه‌ش راسته‌ بڵێن (مرۆڤ و ئاوه‌دانی ) به‌ڵام له‌ نێوان مرۆڤه‌كان كه‌ نێرومێ‌ یه‌كیان له‌ یه‌كیان ئاوه‌دانترو ئارامترو ئاسووده‌تره‌ بۆ ژپان, به‌ پێوه‌ری پێكهاته‌و سایكۆلۆجیای بیركردنه‌وه‌ی مرۆڤه‌كان به‌ تایبه‌ت مرۆڤی ( مێ‌ ).
مرۆڤی ( مێ‌ ) له‌ هه‌موو سه‌رده‌م و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك جێگایی سه‌رنج و تێرامان و ئاوه‌دانی و مایه‌ی خۆشی و ئارامی و چێژبه‌خشین بووه‌ بۆ مرۆڤی به‌رامبه‌ری كه‌ مرۆڤی ( نێر) له‌ رووی سایكۆلۆجیاو پێكهاته‌وعه‌قڵیه‌وه‌ ئه‌وه‌ روونه‌ و ده‌بینرێت,له‌ رووی بایلۆجیه‌وه‌ خوێن و پێست و هه‌ندێك له‌ ئه‌ندامی جه‌سته‌ی وزه‌وئێنیرجی زیاترو جیاوازتره‌ له‌ هی مرۆڤی ( نێر) مرۆڤی ( مێ‌ ) له‌ رووی پێكهاته‌ی شێوه‌ی خه‌ڵق و دروسبوونیه‌وه‌ واگونجاوه‌وا ده‌خوازێ‌ نه‌رم و نیان و ناسكترومایه‌ی چێژبه‌خشین بێ‌ له‌ مرۆڤی ( نێر ) هه‌ر عه‌قڵیه‌تی مرۆڤ و سایكۆلۆجیه‌تی مرۆڤ به‌ گشتی ئه‌وه‌ی یه‌كلاكردۆته‌وه‌ له‌ سه‌رانسه‌ری هه‌موو جیهان كه‌ چی خۆشه‌ چی جوانه‌ مرۆڤی ( مێ‌ ) یه‌ك له‌و شتانه‌یه‌ كه‌وتۆته‌ به‌ر ئیستاتیكایی زیهن و عه‌قڵیه‌ت و هه‌ستی مرۆڤه‌كان بۆیه‌ مرۆڤی ( مێ‌ )ناسكتروئارامتروچێژبه‌خشتروخۆشتروجوانتره‌ له‌ مرۆڤی ( نێر) هه‌روه‌كو زۆربه‌ی كه‌لوپه‌لوشمه‌ك و شتانه‌ی له‌ به‌ر چاوی مرۆڤه‌ له‌ ژیانی رۆژانه‌ و له‌و جیهانه‌ی ئێمه‌ی تێدا ده‌ژین. هه‌رده‌م مرۆڤی( مێ‌ ) له‌ مرۆڤی ( نێر ) جوانتروناسكتروچێژبه‌خشتره‌ له‌ هه‌موو ئه‌و زینده‌وروئاژه‌ڵ و مرۆڤه‌ نێره‌كان هه‌ربۆیه‌ مه‌رج و موژده‌ی به‌هه‌شتیش هه‌ر ئافره‌ته‌ كه‌ پێی ده‌ڵێن ( حۆری ) ( ئافره‌تی په‌ری ) . هه‌ركاتێك شتێكی ناسك و جوان دێته‌ به‌ر چاوت ئافره‌تت به‌خه‌یال دادێت نموونه‌ : ئاژه‌ڵی بچووك و ناسك وه‌ك پشیله‌ و كه‌روێش و مامز ومریشك و بوبول و چۆله‌كه‌ و قوماشی ناسك و گوڵ و گوشتی ناسك چه‌ندانی تر ئافره‌تت دێته‌ خه‌یال و له‌ زیهنت به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت و شێوه‌ی له‌ ئافره‌ت ده‌كات له‌ ئارامی و ناسكی و توانایی خۆ زاڵكردن به‌ سه‌ریا ! به‌ڵام هه‌ركاتێ شتێكی زه‌به‌لاح و گه‌وره‌و ناشرین وه‌كو خانووی گه‌وه‌رەو ئۆتۆمبیلی گه‌وره‌ و ئاژه‌ڵی وه‌ك كه‌رو مانگاو چێڵ و گامێش و شێرو پڵینگ و كه‌ركه‌ده‌ن و ئاژه‌ڵی دڕنده‌ توانایی زاڵبوونت نییه‌ به‌سه‌ری.
مرۆڤی ( نێر ) به‌ خه‌یاڵ دا گوزه‌ر ده‌كات و دێته‌ بیركردنه‌وه‌ت ئه‌مانه‌ له‌ رووی پێكهاته‌ی زانستی له‌شی مرۆڤ مه‌علومه‌وسه‌لمێنراوه‌ كه‌ له‌شی مرۆڤی ( نێر ) له‌ مرۆڤی ( مێ‌ ) به‌هێزتره‌ له‌لایه‌نی سایكۆلۆجیاش زۆر هه‌ست به‌م بیركردنه‌وانه‌ هه‌ست پێده‌كرێت زۆریش حه‌زی به‌م شتانه‌یه‌ به‌ خه‌یاڵ و به‌ كردار بووه‌ته‌ ئارامی و ئاسووده‌یی رووحی مرۆڤه‌كان به‌تایبه‌ت مرۆڤی نێر كاتێك هاوڕێه‌تی و هاوسه‌رگیری له‌ گه‌ڵ مرۆڤی مێ‌ ده‌كات جێگیرتروئارامتروهێمنتر كاروكاردانه‌وه‌ی ده‌بێت جۆرێك له‌ توانه‌وه‌ له‌ ناو ده‌فری مرۆڤی مێدا , گه‌ر ته‌ماشا بكه‌ین ده‌بینین له‌ شوێنه‌ گشتیه‌كان و بازرگانی و كۆمپانیه‌كان و ماركێته‌كان و له‌ رۆژنامه‌وگۆڤاره‌كان شوێنیان بۆ ئافره‌ت واڵاكردووه‌ چونكه‌ ده‌زانن مایه‌ی سه‌رنج و لێ‌ ووردبوونه‌وه‌یه‌ ئه‌ی ئه‌وه‌ نییه‌ ده‌ڵێن ژنهێنان نیوه‌ی ئیمانه‌ ! بۆیه‌ مرۆڤی نێر له‌ مرۆڤی مێ‌ زۆر جیاوازتره‌ له‌ لایه‌نی رووحی و لایه‌نی فه‌سڵه‌جی ئه‌ی پیاوی نێر و نێری پیاو!




ڕەھەندە یاساییەکانی پەیماننامەی سیڤەر.. ئامادەکردنی/ پارێزەر/ لوقمان مستەفا

ئەم پەیماننامەیە لە ( 10/ ئابی/1920 ) لە نێوان دەوڵەتی عوسمانی و دەوڵەتە هاوپەیمانەكانی سەركەوتووی جەنگ و بە نوێنەرایەتی هەندێ دەوڵەتی تر مۆركراوە. لە كاتی بەستنی ئەم پەیمانە كوردستان بەدوو پارچەیی مابووە وە كوردستانی سەر بە دەوڵەتی عوسمانی و كوردستانی سەر بە ئێران .
ھەڵبەتە ھەلێکی زێڕین بوو بۆ كورد بەپێی ئەو پەیماننامەیە كورد مافی ئەوەی هەبووە ببێتە خاوەن كیانێكی سەربەخۆ و دەیتوانی دەوڵەتی كوردستان رابگەیەنێت، لەچەند بەندێكیدا راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ باس لەو مافەی كورد كراوە. هەندێك لە مێژونووسانیش ئەو پەیماننامەیە بە ‌یەكەم بەڵگەنامەی نێودەوڵەتی دادەنێن كە بەشێوەیەكی روون و ئشکرا ئاماژەی بە کێشەی كورد كردووە، ھەر بۆیە رەهەندێكی یاسایی و نێودەوڵەتی وەرگرتووە و رێگەی پێداوە لە باكوور و باشووری كوردستاندا كورد دەوڵەتی سەربەخۆ پێكبهێنێت.
هەرچەندە ‌پەیماننامەی (سیڤەر) تایبەت بووە بەدابەشكرددنی میراتی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لەدوای جەنگی یەكەمی جیهانی، بەڵام لە سێ ‌بەندی (62، 63، 64) بەڕوونی ئاماژەی بەداخوازی و مافەكانی گەلی كوردستان كردووە. ئەمە سەرەڕای ئەو كەموكورتییانەی لەپەیماننامەكەدا هەبووە، لەوانە فەرامۆشكردنی خۆرهەڵاتی كوردستانی ژێر دەسەڵاتی ئێران، واتا ئەو پەیمانە دابەشكردنی كۆلۆنیالانەی كوردستانی بەرجەستە كردووەو تەنها باسی ئەو بەشەی كوردستانی كردبوو كە لەژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا بووە،
پرسی سەربەخوی كوردستان بە ھوی پێگەی یاسایی و پاڵپشتی نێودەوڵەتیەوە چانسی گەورەی ھەبوە کەلەو پەیماننامەیەدا ھاتووە مافی راگەیاندنی دەوڵەتی کورداستانی لەو دوو بەشەی كوردستاندا هەبووە. ئەم پەیماننامەیە لە ( 13 ) بەش و ( 433 ) بەند پێك هاتبوو،لەبەشی ( 3) و بەندی ( 62–63 –64 )ڕاستەوخۆ باسی كورد و ئایندەی كوردەكانی كوردستانی كردبوو،وە بەیەكەم پەیماننامەی نێودەوڵەتی دادەنرێ كەبەم شێوەیە باسی كورد بكات،هەرچەندە لە بەندەكانی تریش بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ باسی كورد دەكات بەڵام بێ ئەوەی ناوی كورد بهێنێ .
بۆ بەر چاو ڕوونی زیاتر گرنگە بزانیین مادە یاساییەکانی ناو پەیماننامەکە چیە .!؟ تاشی بکەینەوە:-
بەندی (62) ە و تێیدا هاتووە:
(لیژنەیەک، کە مەڵبەندەکەی لە ئەستەمبوڵ دەبێت و لە سێ ئەندام پێک دێت و، هەر ئەندامێک لە سێ دەوڵەتی: بەریتانیا و فەڕەنسا و ئیتالیا دایدەهێنن، لەگەڵ مێژووی بەجێهێنانی ئەم ئۆتۆنۆمییەدا، بە شەش مانگ بۆ دەستنیشانکردنی ئەو ناوچانەی رەگەزی کوردیان تێدایە و کەوتوونەتە خۆرهەڵاتی فوڕات و، باشووری خۆرئاوای ئەرمینیا وە، وەک لە دوایشدا دەست نیشان دەکرێت. سنوورێکیش بۆ جیاکردنەوەی تورکیا، لە سوریا و، ئێڕاق، بەو پێیە دیاری دەکرێت، کە لە دەقی دووەمین و سێیەمین بڕگەی دووی بەندی 27دا هاتووە. بەڵام لە کاتی رێک نەکەوتن لەسەر هەر بابەتێک، ئەوا ئەندامانی لیژنەکە: -کۆمیسیۆنەکە- دەنگ لە حکومەتەکەی خۆی دەگێڕێتەوە، پێویستیشە ئەم پرۆژەیە زامنی تەواوی بۆ پاراستنی کلدان و ئاشووری و، کەمایەتی رەگەز و ئایینی تری نێو ئەم ناوچانەی تێدا بێت، لەبەر ئەوە لیژنەیەک لە نوێنەرانی بریتانیا و فەڕەنسا و ئیتالیا و-ئێران- و کورد، دەگەڕێت بۆ پشکنین و بڕیاردانی راست کردنەوەکە، ئەگەر بینرا پێویستە دەربارەی سنووری تورکیا بکرێت. چونکە بەپێی بەندەکانی ئەم پەیمانە، سنووری باسکرا و، لەگەڵ ئێران-یشدا پەیڕەو دەکرێت).
بەندی 63:
(حکومەتی عوسمانی، لەمڕۆوە پەیمان دەدات لە ماوەی 3 مانگدا لەو مێژووەوە کە تیایدا ئاگادار دەکرێت، بڕیارەکانی هەردوو لیژنەی کۆمیسیۆن، کە لە بەندی 67دا باسکراون، لە ئەستۆ بگرێت و جێبەجێیان بکات).
بەندی 64:
(ئەگەر لە ماوەی ساڵێکدا، لە مێژووی دەستپێکران و جێبەجێکردنی ئەم پەیمانەوە، گەلی نیشتەجێی ناو ئەو ناوچە دەست نیشان کراوانە، کە لە بەندی 62دا هاتوون، داوایەکی پێشکەش بە کۆمەڵی گەلان کرد، کە بڵێ زۆربەی خەڵکی نێو ئەم ناوچانە، ئارەزوو دەکەن لە تورکیا جیاببنەوە و کۆمەڵەی نێوبراویش لەو باوەڕەدا بێت، کە ئەم گەلە دەتوانێت سەربەخۆ بێت و پێسپێری ئەمە بکات، ئەوا تورکیاش لە ئێستاوە پەیمان دەدات ئەو پێ سپێرییە جێبەجێ بکات و دەست بەرداری هەموو ماف و ئیمتیازێکی خۆی دەبێت لەو ناوچانەدا، ئەم دەست بەردار بوونەش بە درێژی، بابەتێکی تایبەتی دەبێت لە نێوان زۆربەی وڵاتانی هاوپەیمان و تورکیادا، بۆیە لە کاتی دەست بەرداربووندا، کە بوو، هیچ بەرهەڵستییەک لە لایەن وڵاتانی هاوپەیمانی نێو هێنراوەوە، ناخرێتە بەرامبەر مەیلی کوردی نیشتەجێی ئەو بەشەی خاکی کوردستان، کە تا ئەمڕۆ، لە ویلایەتی- موسڵ- دان و بە خواستی خۆیان دەیانەوێت لەگەڵ حکومەتە سەربەخۆکەی کوردا یەکبگرن).
لەمێژا ووتراوە لەسیاسەتدا بەرژەوەندی هەیە، نەك دۆستی هەمیشەیی، زۆربەی رێككەوتنەكانیش لەگەڵ كورد بە زارەكی بووە بۆیە هەمیشە سەبارەت بەخواستەكانی پشتی تێكراوە” ئەمە جگەلەوەی كورد هەمیشە لەناوخۆدا ناكۆك و ناتەبا بووەو شكستهێنانی شۆڕشەكانی بەدەستی لایەنەكانی ناوخۆیی گەواهی ئەو راستییەن، ئەمەش گوزارشت بووە لە ئەقڵیەتی ئەو سەردەمەی كورد کە بەداخەوە تائێستاش درێژەی ھەیە، لەگەڵ ئەوەشدا رێككەوتننامەی سیڤەر تەنها رێككەوتننامەیەكە کەبەڕوونی باس لە دروستكردنی كیانێكی سەربەخۆ بۆ كورد دەكات”. هەر وەک باسمان کرد لە بەندەكانی تریش بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ باسی كورد دەكات بەڵام بێ ئەوەی ناوی كورد بهێنێ .
رێككەوتننامەی سیڤەر زۆر بەڕوونی باسی لە دروستبوونی دەوڵەتی كوردی كردووە، دەبوو سیاستمەدارانی کوردی ئەوکات سارد نەبونایەتەوە لەگەڵ ئەو پاڵپشتیە نێودەوڵەتیە بۆ مافەكانی لە خەبات و تێکۆشان بەردەوام بونایە بۆ جێبەجێکردنی ئەو بەندە یاساییانەی کەلە پەیماننامەکەدا ھاتووە.چونکە لە ساڵێ ١٩٢٠ ەوە بۆ ١٩٢٣ کاتێکی زۆر گونجاوبووە بۆ جێبەجێکردنی ئەو بەندانەی کە پەیوەندیداربووە بە دۆزی کوردەوە.
بەڵام تا رۆژگاری ئەمڕۆش نهێنی جێبەجێ‌ نەكردنی ئەو مادانە جێی پرسیارن.!؟ئەگەرچی پەیمانی سیڤەر تا رۆژگاری ئەمرۆش بووە خەونی كورد و بەدی نەهات، بەڵام بێگومان ئەگەر ئەو كات ئەو پەیمانە و بەندەكانی بۆ كورد بچوایەتە بواری جێبەجێ‌ كردنەوە، ئێستا واقیعی ناوچەکە و كوردو كوردستان بە تایبەتی شتێكی تر دەبوو.




چۆن کۆمەڵگایەکی خوێنەر دروست دەبێ؟ ڕێگایەک بۆ خوێندنەوە یان چەند ڕێگایەک؟.. زانا ڕزاق

سەرەتا زۆر کتێب و شت لەسەر ئەوە ووتراوە تەنانەت زۆر نووسەری کتێب نووسینیش گلەیی و ڕەخنەیان بۆ نەخوێندنەوەی کەسانی کۆمەڵگا هەبووە بەڵام دەبێ بەڕێگایەکی یان چەند ڕێگایەکی دروست و ڕاست وا لەخەڵکی کۆمەڵگا بکەیت بخوێننەوە بۆ ئەوەی مرۆڤانێکی ڕۆشنفکرمان هەبێ پەرەش بە تواناکانی بدات .
ئەگەر بێینە سەر ئەو پرسیارەی چۆن خوێندنەوە پەرە پێدەدەی؟
بێگومان ڕێگاکان زۆرن بەس بۆ ئەوە دەبێ خوێندنەوە لایان گرنگییەکی یان چەند گرنگییەکی هەبێ لەیەکسانی کردن لەنێوان کەسەکان نەک خزمخزمێنەو واستەکاری چونکە ئەمە هەبێ هەموو کەس ناخوێننەوە ئەوانی تریش دەخوێننەوە بێهیوا دەکات ووردە ووردەش لە خوێندنەوە دووریان دەخاتەوە ئەمەش زیانی دەبێ هەروەها لە کۆمەڵگاش و بوارەکانیش گرنگی تایبەتی خۆی هەبێ ئەمەش چۆن دەبێ؟
دەبێ لە هەموو بوارەکان مەرجی یەکەمی کارکردن ئەوەبێت لێهاتوویی و توانایی ببێتە خاڵێکی گرنگ کاتێک ئەمە دەبێتە مەرج سەد پرسیاری بۆ کارکردنەو شارەزابوونی لێدەکرێت ئەوا خەڵکیش دەخوێنێتەوە ئەوجا ئەمە نەک ژمارەیەکی کەم بەڵکو ژمارەی زۆری خەڵکیش وا دەکەن دوای ئەوەش بۆ پلەبەرزکردنەوەش لە شوێنەکان ئەوە بکرێتە مەرج لەوێش مرۆڤەکان دەخوێننەوە چونکە ئەگەر لەوێش توانایی و ئاستی بکرێتە پێوەرێک ئەوکات لە نێوان مرۆڤەکان مڵملانێ دروست دەبێ و دەخوێننەوە هەروەکو چۆنیش پاداشتی فێرخوازێک ساڵێکی خۆ فێرکردن و خوێندنەوە دواتر تاقی کردنەوەی پێدەکرێت دەچێتە قۆناغی داهاتوو ئاواش لەو شوێنانەی پلەبەرزکردنەوە خاڵێک و مەرجێکی ئەوە بێ دواتر هەوڵ بدرێت خوێنەرەکان فێری ئامانجێکی ژیان یان چەند ئامانجێکی ژیان بکەن چونکە ئەوەش لەڕووی دەروونییەوە کاریگەری خۆی هەیە.

تێبینی بەرژەوەندی تایبەتیەکان لەکۆمەڵگا و بوارەکان نەهێڵی بەرژەوەندی گشتی پەرە پێبدەی خەڵکیش ناچارە وا بکات و بیخوێنێتەوە چونکە گرنگی دەبێ لەلایان.

1 9 2022




خەیـاڵ لە ئەدەبی منـداڵانـدا.. رەزا شـوان

بێگومان پێشکەوتن و داهـێنان و ئافـراندن، لە هەموو بوارەکانی ژیاندا، بەری خەیاڵ و بیرکردنەوە و تێکۆشانی مرۆڤـن. گەلی جیاوازی و تایبەتمەندی لە مرۆڤـدا هەن، وایان کـردووە کە توانـای داهـێنان و رێکخـستنی ژیـانی خـۆی هـەبێـت و لە ژینـگە تـێـبگات. بتوانێت کولتوورێکی رەوشتی و مادی و زانیاریی گشتی و زانستی زانیاری بنیات بنێت، لەگەڵ دۆزینەوەی پراکـتیزەکردن لە سەرجەم ئەم کارانەدا. لە نێـو ئەم تایبەتمەندییانەدا تایبەتمەنـدی خەیـاڵکـردنە، کە بـریتییە لە بنیاتنانی هـزری نـوێ لە بابـەتە هەبـووەکان. ئەو رۆڵە گرنـگەی کە خەیـاڵ (فـانتـازیا) لە ژیـانی مـرۆڤـدا هەیەتی، هـەر لە سەرەتای مێژووەوە جێگەی گرنگی پێـدانی مرۆڤ بووە. گرنگی بە رۆشنبیریی گشتی و فەلسەفە و ئەدەب و هـونەر و زانستە مـرۆییـەکان داوە، لەوانـەش زانسـتی پەروەردە.
هێشتا هەر خەیاڵ (ئەندێشە) جێگەی گرنگی پێدانە بە هەموو ئەو لقـە زانستییانە. هەر لـقـێکیشی چـوارچـێوەی ئاماژەیی خـۆی هـەیە، لە مامەڵەکـردن لەگـەڵ ئەم دیـاردانەدا.
خەیـاڵ ئەو رووداو و بابـەت و بیـرۆکـانەیە، کە لەنێـو ئەقـڵی مـرۆڤـدا سەرهـەڵـدەدەن. کە بە ئارەزووی خـۆی دروسـت دەبـن، ئەم خەیـاڵانە دەیبـاتە جـیهـانێکی دیکەوە، لەو رێـگەیـەوە دەتـوانێـت کـۆنتـرۆڵی ژیـانی بـکات و رووبـەڕووی ئـەو رووداو و کـارانە بێتـەوە کە دێنـە رێـی. بەبێ ئـەوەی بەربەستێک هـەبێـت رێی پێبگـریـت و رایبگـرێت. خەیـاڵ بـەوەش پێـناسە دەکرێت کە کـردارێـکی ئەقـڵی زانستی یە. خەیـاڵی داهـێـنەرانە پاڵپشتێکی بەهـێزە بۆ داهـێنان و گونجانـدن لەگەڵ ژینگەدا. بە شێوەیەکی گشتی خەیاڵ بەوە پێناسە دەکرێـت کە بریتییە لە توانای ئەقـڵی بۆ تاقیکردنەوە و دۆزینەوەی تـازە و بنیاتـنـان و پـێکەوەنـان. بیـرمەنـدان و رەخـنەگـران و نـووسـەران، لە پـێـناسەکـردن و راڤـەکـردن و دیـاریکـردنی چـەمکی وشـەی “خەیـاڵ” دا، ناکـۆکن و هـاوڕانـین، هـۆی مشـتومـڕیـشیان، ئەوەیە کە خەیـاڵ زاراوەیەکی درکردنە، بەپێی ناوەڕۆکەکان و تیـۆرە زانستییەکان، چەنـدین واتـا دیـاری دەکات. بەڵام هەموویان لە بارەی گـرنگی خەیـاڵ لە ئەدەبـدا هـاوڕان.

(ئەفـلاتـوون) یەکەم کەس بـوو، کە لە ئەدەبـدا گـرنگی بە خەیـاڵ دا. وای دەبـیـنی کە شاعـیر خەیـاڵ بەکـاردەهـێنـێـت، داهـێـنەرە و سـروشی خـوایی هـەیە.

(ئەرستۆ) ش دەڵێت:”خەیاڵ بریتییە لەو پرۆسەیەی کە لە میانەیـەوە وێنەیەکی زیـنی دەنـوێـنیـت”.
خەیـاڵ لە هەمـوو کـات و سەردەمـێکـدا، تـوخـمێکی هـاوبـەشی گـرنـگە لە هـەمـوو بەرهەمـەکان و بـوارەکـانی ژیـانـدا.

(ئەلـبێرت ئەنیشتاین) دەڵێت:”خەیـاڵ گرنگـترە لە زانین”. زۆر جار زانین سنووردارە بەو شتانەی کە هـەیە. بەڵام خەیـاڵ چەمکـێکە، سنوور و لـۆژیکی تێـدا نییە. لـۆژیک لە ئەلـفـەوە بـۆ یـایە، خەیـاڵیـش دەتبـاتە هـەر شـوێـنێک کە دەتەوێت. نە بازگەیە لێ هـەیە و نە پاسپۆرتـیشی دەوێـت. هەر بە خەیـاڵیش ئایندەیەکی دڵخواز بنیات دەنێیـت.

(کارڵ مارکس) دەڵێت:”ئەوەی خەیاڵی نەبێت، باڵـیشی نییە”. بۆیە لەو کەسە هەژارتر نیـیە کە لە خەیـاڵـدا هـەژارە. بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا، وەکو ئەنیشـتاین دەڵێت:” راستی هـەمیشە لە خەیـاڵ سەیـرتـرە”.
شاعـیری ئینگـلیزی (کریستۆڤـەر) دەڵێـت:”یەکەم تـوانا کە پێـویستە گـرنگی پێـبدەین، پێش ئەوەی ژەنگ بگـرێـت، خەیاڵە. ئەوە خەیاڵە وامان لێدەکات، کە هەموو رۆژێک بە تـازەیی لە جـیهـان بـڕوانـین”.
پێویستە ئەوەش بـزانین جیاوازییـەکی زۆر لە پـلەی خەیـاڵکـردن لە نێـوان خـەڵکـیدا هـەیە. هـەیە خەیـاڵ تـیژە، هـەیە خەیـاڵ ناوەنـدییـە، هـەشـە خەیـاڵ کـزە.
خەیـاڵ گـرنگـییەکی زۆری هـەیە لە یارمەتـیدانی منـداڵان، بۆ تێگەیـشـتن لە جـیهـانی دەوروبەریان و بۆ گوزارشتکردن لە خۆیان. خەیاڵ بەشێکە لە چالاکییەکانی رۆژانەی منـداڵان. گەر شتێک هەبێت منـداڵان تێیدا سەرکەوتـووبن، ئەوا توانـای خەیاڵکـردن و دروستکـردنی جیهـانی تایبەتی خۆیـانە. لە هەمـووی گرنگـتر منـداڵان، خەیـاڵەکانیان بۆ گەڕان بە دوای زانیاری و بـیرۆکەی نـوێـدا بەکاردەهـێنن. بـۆ نموونە کە سەردانی رووبـارێـک دەکـەن، دەکـرێـت بـبـێـتە هـۆی خەیـاڵکـردنیـان لـە ژیـان لەنـاو ئـاودا.
خەیـاڵ لە منداڵانـدا، یەکـێکە لـەو شتە بەسوودانـەی کە یارمەتی گەشەکردنی منـداڵان دەدات بە شـێوەیەکی سـروشـتی.
هـەر لە ساڵانی یەکـەمی ژیـانی منـداڵانـدا، خەیـاڵ جـێگەیەکی گـەورە لە چالاکـییەکانی ئەقـڵی منـداڵان پـڕدەکاتەوە. زۆرێک لە بیـرۆکە و یـاری و هـیواکانیان، لەسەر بنەمای خەیـاڵ پێکهاتـوون. خەیاڵیش لە دوو فاکتەر پێکدێت یەکێکیان (دەرەکییە) دەوروبەری منـداڵان. ئەوی دیکەیـان (ناوەکـییە) تـێڕوانیـنیان دەرەبـارەی جیهـان. خەیـاڵ بوارێکی گرنگە و ورووژێنەرە لە گەشەکـردنی منـداڵان. هەموو منداڵێک دەرفەتی ئەوەی هـەیە، کە پـەرە بە داهـێـنان و خەیـاڵی بـدات.
منداڵان لە رێگەی خەیاڵەوە، دەتـوانن بەسەر بەربەستەکانی کات و شـوێن و ئەستەمدا بازبدەن و سـنووری هـێزەکانی خۆیـان تێپەڕێـنن و دەستیان بۆ ئەوشتانە درێـژبـکەن و پەرەیـان پێـبدەن، کە لە راسـتییدا ناتـوانـن بە دەستـیان بهـێـنن. بۆ نموونە منـداڵان، بە خەیـاڵ، لە رێی رۆکـێتێکی کارتـۆنییەوە، یا بە سواری پێنووسێک، دەچـنە سەر مانـگ و هـەسارەکـان. بـەڵام لە راستـیدا ئەمەیـان پێناکـرێت. هەروەهـا لە رێـگەی خەیـاڵەوە، منـداڵان دەتـوانن بەسەر سەخـتییەکانی ژیـانی رۆژانـەدا زاڵـبن و ئاواتەکانیان بەدەست بهـێنن. بەردەوامیـش بە دوای هەمـوو شتـێکـدا دەگـەڕێن کە تـازە و بەسـوودبـن. بەم شـێوەیە گەشـەیەکی گـشـتگـیر و تـەواو و هـاوسەنـگ بەدەسـت دەهـێـنن.
خەیاڵی وەهـمی، لە قۆناغە سەرەتاییەکانی ژیانی منداڵاندا، یارمەتیان دەدات، کە گرنگی بە ئـاژەڵ و باڵـندە و شـتە بێ گـیانەکان بـدەن. خەیـاڵ دەیـانبـاتە جیهـانێکی ئەفـسانەیی ئەفـسووناوی و سەرنجـڕاکێـش. لەم قـۆناغـەدا، منـداڵان خۆشـباوەڕن و باوەڕیان بەوە هـەیە، کـە ئـاژەڵ و بـاڵـنـدە و دار و بـەرد و هـەر هـەمـوو شـتەکـان، زمـان دەزانـن و دەتوانن بە کوردی بـدوین، دەتوان گوێـبگـرن، دڵخـۆشبن، پێـکەنـن، هەڵـپەڕن، بـڕۆن، چـاکە و خـراپە بـکەن، یارمـەتی بـدەن،…هـتد.
منـداڵان لە نێـوان سێ و پـێـنج ساڵـیدا، خەیـاڵ تـیژن. بەڵام ئـەم خەیـاڵەیان لەنـاو ئـەو ژیـنگە تەسکەی تێیـدا دەژیـن سـنووردارە. لـەم قـۆنـاغـەدا خەیـاڵی منـداڵان، رۆڵـێکی گـرنـگ دەگـێڕێـت لـە گـەشـەکـردنیـانـدا. چـونـکە خەیـاڵ رێـگەیـەکە بـۆ رێـکـخـستـنی بەشێکی زۆری چالاکـییەکانیـانیان. بنەمـایەکـیشە بۆ راهـێـنانی توانـا جـووڵـەییەکانیان و چالاکـردنی چـالاکـییەکـانی دیـکەیـان.
منـداڵانی نێوان شـەش و هەشـت و نـۆ ساڵان، خەیـاڵەکانیـان لە بازنـەی سـنوورداری ژینـگە تێـپەڕیـوە. بـەم رۆڵـەش لە رۆڵەکـانی گەشەکـردنی خەیاڵی منداڵان، دەوترێـت رۆڵی خەیـاڵی ئـازاد، کە تـێیـدا تـامـەزرۆی ئـەو وێـنـە زەیـنیـیە ئاڵـۆزانـەن کە بـۆیـان دەکـێشن، یا بە خەیاڵی خۆیان دروستیان دەکەن. بۆیە ئارەزووی چـیرۆک و هـۆنـراوە و پەخـشـان و شـانـۆ و گـەلـێک بابـەتی تـر دەکـەن.
منداڵان تا تەمەنی دوانـزە ساڵان، دەچـنە قـۆنـاغ و رۆڵـێکی تـرەوە. کە لە راستییەوە نـزیکە. بایەخـێکی زۆر بە راسـتی دەدەن، بێ ئـەوەی کە واز لە خەیـاڵکـردن بهـێنن. خەیاڵکـردن لەم قـۆناغـەدا، بە زۆری لەسەر بنەمـای وێنەی بینراوە. لە دوای ئـەوە، منـداڵان مەیلـیان بەرەو خەیاڵی ئەبستراکی”موجەرەد” هـەیە. لەسەر بنەمای هـێما و پێکهـێـنانی بیـرۆکەکان بنیات دەنـرێـن.
بەو پێیەی کە ئـەدەب وێناکـردنێکی خەیـاڵییە بۆ ژیـان و هـزر و هەسـت و سـۆز، لە میانـەی پێکهـاتەی زمانـەوانییەوە. ئەمـەش ئـەوە دەگەیەنێت کە سنووری خەیـاڵ لە ئەدەبـدا، بە ئـەدەبی منـداڵانـیـشەوە بـەرزە. زۆر جـاریـش رێـژەی خەیـاڵ لە ئـەدەبی منداڵاندا بە هـۆی پەیوەندیی بە هێزی خەیاڵ بە ژیانی ئەقـڵی منداڵانەوە، زیاد دەکات.
دەکـرێـت خەیـاڵی مـرۆڤ سـەرچـاوەی ئـەدەب بێـت، بـە ئـەدەبی منـداڵانـیـشەوە.
کەواتا هەموو بەرهەمێکی ئەدەبی دەبێـت هەڵگـری وێناکردنی خەیاڵی بێـت، تەنانەت ئـەو ژانـرە ئەدەبـیـانـەش کە بە راسـتی (ریالـیستی) ناودەبـرێـن، دوورنـین لە خەیـاڵ. چـونـکە وێنـاگـرتـنـێکی فـۆتـۆگـرافـی نیـن.

ئەدەبی منـداڵان، کۆمـەڵـێک بەرهـەمی هـونـەرییە، پێشکەش بە منـداڵان دەکرێت. کە تایبەتـمەنـدی و پێـداویستی و ئاستی گەشەکـردنیـان لەبـەرچـاو دەگـرن. واتـە لە مـانا گـشتـییەکەیـدا، هەمـوو ئەو بابەتـانە دەگـرێتەوە کە پێشکەش بە منـداڵان دەکرێـن. کە مانـا و بـیرۆکە و هـەسـتەکـان بەرجـەسـتەدەکـەن.
گۆمان لەوەدا نییە، کە خەیـاڵ رۆڵێکی گـرنگ دەگـێڕێت لە هەموو ژانـرەکانی ئەدەبی منـداڵان، وەک چـیرۆک و هـۆنـراوە و پەخـشان و شانـۆ، ئۆپـەرێت، رۆمـان، کە پـڕن لە فـانتـازیا، هەموو ئـەو شـتانـەش کە پەیوەندییان بە ئەدەبی منداڵانەوە هەیە. کەواتا خەیـاڵ پێـویستییەکی گـرنگی ئەدەبـیـاتی منـداڵانـە.
لـێرەوە، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێـت، کە پێویستی و تایبەتمەنـدیی یەکـەمی نووسـەرانی ژانارەکانی ئەدەبی منـداڵان، تـوانـای خـەیـاڵکـردنە. لە سایەی خەیاڵ و زمانـدا، بابەتە نـووسـراوەکانیان بۆ منـداڵان دەڕازێنـنەوە.
هەموومان بەشێکی زۆری ئەو چیرۆکانەمان لەیادماون، کە بە منداڵی بۆیان گێڕاینەوە یا خۆمـان خوێنـدمـانەوە، کە لە منـداڵـیدا هـۆگـریان بـووین. خەیـاڵ هـۆیـەکی سەرەکی ئـەم هـۆگـری و لەیـادمـانەوەیە.
یەکـێک لە تایبـەتـمەنـدییـە هـەرە گـرنـگەکـانی چـیرۆکی منـداڵان خەیـاڵە. کە رۆڵـێکی سەرەکیی لە چیرۆکی منداڵانـدا هەیە. ئەوە خەیاڵە منداڵانە بۆ چیرۆکەکان رادەکـێشێت.
پێویستیشە کتێبەکانی منداڵان، لە خەیاڵی ترسناک و تۆقـێنەر و لە کاری لە تـوانابەدەر پـاک بکـرێنـەوە. تێکەڵاوی چـەمـکەکان و تـێکەڵکـردنی راسـتیـش لەگـەڵ خەیـاڵـدا لە چـیرۆکی منـداڵانـدا، نابێـت ببـنە هـۆی جـۆرێـک لە سەرلـێـشـێـوانـدنی منـداڵان.
رەزا شـوان
نەرویـج: ١/ سێپتەمبەر/٢٠٢٢