گرفتەکانی مێژووناسی و مێژوونووسینی ڕووداوەکان-2-.. مەحمود چاوش

بەشی دووهەم

تێڕامانێک لەسەر نوسینەکەی یۆهانس لێپسیۆس

ئازار تایبەتمەندییەکی کەسییە، هەر مرۆڤێک بە شێوەیەکی خۆیی (ئیندیڤیدوێڵ) ئازارەکانی هەستپێدەکات. ئازار جۆری زۆرە، هەندێکیان تەندی / فیزیکی و هەندێکی تریان دەروونین. دیارە ئاژالەکانیش بێبەشنین لە ئازارەکان. ئازار ستونی تین و سەختێتی خۆی هەیە، هەندێجار بە هەمیشەیی لە تەنماندا دەمێننەوە و بەدرێژایی ژیانمان هاوڕێگامانن.
هەندێک ئازار هەن، کە لە چوارچێوە و سنورەکانی کەسی تێدەپەڕن و شێوەی گەلەکی (دەستەجەمعی) لەخۆدەگرن، ئازارێکن کە وابەستەی ئێستاو هەندێجار ڕابردووشمانن. ئازارەکانی ڕابردووش ڕەنگە بە “ئازاری مێژوو”یی ناوزەدبکرێن، لێ بەسەرهاتێکن، کە گروپێک، بیروبارەڕێک، دیانەتێک یان گەلێک بەشێوەی کۆلێکتیڤ لەخۆیانی دەگرن. مەبەستی ئەم نووسینەش جۆری ئازارەکانی بەدەنی نین، زیاتر باس لە ئازاری هەندێک لە ڕووداوە مێژووییەکان دەکەن، کە دەستەجەمعین و بوونەتە ئازارێکی کڕۆنی (هەمیشەلەخۆگر). لێرەدا جێی خۆیەتی ئەو پرسیارە لەخۆمان بکەین، داخۆ ئازار لەتەک مێژوودا لە چ پیوەندییەکدا بێت. مێژوو هەندێجار ئازارلەخۆگرە، ڕووداوەکانی جەرگبڕن، هۆکارەکانی نادیارو فاکتەکانی سەرەوژووکراون. پێداچونەوەی هەندێ ڕووداوی مێژوویی ئازارێکی دەروونی و تەزوویەکی ساردە، کە بەجەستەماندا تێدەپەڕن. بۆیە گرنگە بەشوێن فاکتە زانستییەکانیاندا بگەڕێین. ڕەنگە گەر ئەم دیاردەیە بە “ئازاری مێژوویی” بناسێنین، لەشوێنی خۆیدابێت. هەموو ڕوودارێکی مێژوویی هۆکاری خۆی هەیە، پێشبینییەکانی / باکڕاوندەکانی هەندێجار دیار و هەندێجار شاراوەن، شوێنەوار و پاشماوەکانیان لەناوبراون. ئەم خەسڵەتەش دەبێتە هۆی ئەوەی، نەتوانین لەچاوگەکانیان شێوەیەک لە فاکتی زانستی هەڵهێنجین، لێ فاکتەکانیان دزراون، ڕاستییەکانیان ئاوەژووکراون.
لەم بەشەدا تەنها باس لەڕوودا و ساتە پڕئازار و سەختەکانی مێژوو ناکەین، بەڵکە لەخۆهەڵبەستی (ئیدعا) و بێفاکتی زانستییانەی ڕووداوەکان دەکەین، کە لەلایەن بەناو “مێژووناس”انەوە هەڵبەستراو و ئاوەژووکراونەتەوە، لێ هەڵگێڕانەوەی ڕووی ڕاستی ڕووداوەکان
لەخۆیاندا پڕئازارن، مەبەست لە ئازاری مێژووە. بەهانەی جەنگ و تەنگژە جۆراوجۆرەکانی ڕابووردوو بەڵگەیەکی زیندون لەبێویژدانی بەناو نووسەران / مێژوونووسانی ئەم ڕووداوانە. نموونەیەکی زیندوو و لەبیرنەکراوی ڕوداوەکانی یەکەم جەنگی جیهانی و کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان دەکرێتە جێی باس و هەوڵدەدرێت لە ڕوانگەی مێژوونوس و قەشەی ئەڵمانی “یۆهانس لێپسیوس”1 ەوە شیکاربکرێت. لەبەر گرنگی ئەو کتێبەی2، کە لەسەر ئەم ڕووداوە مێژووییە نوسیویەتی، جێگای سەرنجە لەناوەڕۆکی شیکارەکەی قوڵتر بڕوانین. ئەم باسەش، کە تەنها پەیوەندی بە ڕووداوەکانی کۆمەڵکوژی ئەرمەنییە مەسیحییەکانی دەورانی یەکەم جەنگی جیهانییەوە هەیە، ئاوێنەیەکی هەموو ئەو ڕووداوە مێژووییە پڕ ئازارانەن، کە ئێمەی کوردیش لە کارەساتە پڕ ئازارەکانی مێژودا چێشتومانن. ئەم نووسینە توێژینەوەیەکی زانستی ڕووداوە مێژووییەکە نیە، بەڵکو هەڵهێنجانی بیروڕاکانی نووسەری کتێبەکەیە و بەو شێوەیەی کە نووسەر باسیان دەکات دەخرێتە بەردەم خۆێنەرانی کوردزمان. گرنگی کتێبەکەی لێپسیۆس لەوەدا نییە، کە تەنها باس لە ڕوداوەکانی ئەو کارەساتە دەکات، بەڵکو زیاتر لەوەدایە، کە نووسەر خۆی لە کات و شوێنی هەندێک لە ڕووداوەکاندا ئامادە بووە و لە هەندێکیانیشی زۆر لە نزیکەوە ئاگادار بووە. ئەمەش جۆرێک لە نرخی مێژوویی دەداتە ئەم کتێبە. بێگومان هەندێک لە بیروڕاو شیکارەکانی لێپسیۆس بۆ ئەم ڕووداوانە و باس لە دەوری هەنێک لایەنی بەشداربوو لەم چوارچێوەیەدا بابەتیانە نین و بێبەرن لە فاکتی مێژوویی.
مەبەست لەم نووسینە ئەو ڕوونکردنەوەیەیە، کە نووسینەوەی بەشێک لە مێژووی کورد، جا گەر لەلایەن ڕۆژهەڵاتناسە ئەوروپییەکانەوە یان لەلایەن مێژوونووسانی ئیسلامەوە ڕاڤەکرابێتن، مەرج نییە لە خانەی توێژینەوە و شیکاری زانستیانەدا کاتێگۆری بکرێن. زۆرێک لەم مێژوونووسانە، بە ئەرەبی ئیسلامی، یان فارس و تورکە ئیسلامیەکانیشەوە، بێ چاوگی زانستیانە لەسەر بابەتی مێژووی کورد و ڕووداوەکانی شیکاریان کردووە. گەلێک هۆکاریان بە ئارەزومەندانە پەڕاندووە، ڕق و کینە و مەرامی سیاسیان پێوە لکاندووە. ئەم کتێبەش لەهەندێ جێگەدا بێبەر نیە لە بەرهەمی جۆرێک لە ڕق و کینەش دەربارەی نووسینەوەی مێژووی ئەو دەمەی ڕووداوەکان.

جێگای خۆیەتی لەڕوانگەی ئەم کتێبەوە پێناسەیەکی “کوشتار” بکەین، کە تەواوی ڕووداوەکاندا باس دەکرێن. کوشتار یان کۆـکوژی، کوشتنی بەدەستەجەمعی، لەناوبردن و سڕینەوەی گروپێک، ئێتنیەک، یان هەڵگرانی باوەڕێک، لەلایەن دەستەیەکی دەسەڵاتدارەوە، کە سنوورەکانی دادپەروەری و مرۆڤپەروەری دەبەزێنێنن. یەکێک لە خەسڵەتەکانی کوشتار، کۆـکوژی، ئەوەیە، کە لە هاوکێشەیەکی نایەکسان و پێچەوانەییدایە، زۆرکوشتن ـ زووکوشتن، بەواتای زۆر بکوژە ـ زوو بیکوژە. ئەم هاوکێشەیە لێوانلێو بۆ “کۆمەڵکوژی” ئەرمەنە مەسیحییەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیمپڕاتۆریەتی عەسمانی دەگونجێت. خەسڵەتێکی تری کۆـکوژی سڕینەوەی زۆرینەی شوێنەوارەکانی ئەم ڕووداوانە و بەزوو ئەنجامدانیان بووە. مێژووی قەتڵوعامەکانی هێرشی “فتوحاتی ئیسلامی” (بەرفراوانکردن/بەرفراوانبوون) و داگیرکردنی بەشێکی زۆری وڵاتان و خاکی غەیرە ئیسلام نموونەیەکی زیندوی ئەم ڕوونکردنەوەیەن.
لەکاتێکدا نووسینەکانی لێپسیۆس دەخۆنێنینەوە، زۆر بەئاشکرا بۆمان ڕوندەبێتەوە، کەئەم مێژوونوسە لەکاتی نووسینی ڕووداوەکانی کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان ئازارێکی کەسی بەرجەستە بووە، ئاخر یۆهانس لێپسیوس باس لە بێویژدانترین و دڵڕەقترین سیستەمێک دەکات، کە ڕووداوەکان بە ئارەزوو و بەرژەوەندییاکانی خۆی و بەدرۆ و ئاوەژوکراو دەهۆنێتەوە، باس لە ڕۆڵی دووڕوییانە و بەرژەوەندلەخۆگری وڵاتانی ئەوروپی مەسیحی دەکاتەوە، کەلەپێش چاویاندا ملیۆن و نیوێک ئەرمەنی و کەمایەتیەکانی سەر بە ئیمپڕاتۆرییەتی عەسمانی و دوای ئەوانیش کۆمەڵکوژکراون. کاربەدەستانی ئەوکاتەی ئیمپڕاتۆری عوسمانی و دام و دەزگای سوڵتان عەبدولحەمیدی ٢ ، لەپاشدا مێژوونوسان و نووسەرانی تورک ڕاستی ڕووداوەکان بە هەڵگێڕانەوەیی و نادیار و تەنها لە بەرژەوەندی سوڵتاندا تۆماریان کردوون، کە لێپسیوس بە فڕوفیشاڵ و درۆ و بێبنەمای زانستی ناویان دەبات. لێپسیوس لەم بارەوە دەنووسێت: “بکەرانی کۆمەڵکوژییەکە لەلایەن فەرمانبەرانی سوپاو سیڤیلەوە (مەبەست لە دانیشتوانی ئەوکاتەی تورک خۆیەتی، وەرگێڕ) جێبەجێکراون/ بەئەنجامگەیەندراون، کەدەستیان زیاتر بەسەر هەشت فەرمانداریدا درێژەی کێشابوو. بەڕادەیەکی زۆر لەکاولکردن و ڕاووڕووت / غارەتگەری، لەپالیشیاندا بەزۆره ملێهێنان بۆ سەر ئایینی ئیسلامی گەلێکی ئەرمەنی مەسیحی بەئەنجام گەیەندران. گەر مرۆڤ بیرتیژانە بڕوانێت باس لە جەنگێکی کراوە (ڕووبەڕوو) ناکرێت، بەڵکو باس لە جێبەجێکردنی بکوژوببڕی و ڕاو و ڕووت، کە پەلاماردانەکانی بەنهێنی بمێنێتەوە و شوێنپەنجەیان بەزوترین کات لەسەر شوێنی ڕووداوەکان بسڕدرێنەوە، کارێک بەئەندازەیەکی باڵا لە تێکشکاندن و دوواوەبینی / وریایی و کارامەیی لە ڕێکخستندا دەخوازێت. ئەمە جیاوازە لە بزواندنی جەنگێک (جەنگێکی کراوە و ڕووبەڕوو). مرۆڤ دەبێت ئەوەش بدرکێنێت، کە بکەران و بەرهەمهێنەرانی کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان بێشەک (بێگومان) بەڵگەیەکی ڕەونەقدار و بریسکەدار لە تواناکانیان دەخەنە بەر دەستمان، بەڵگەیەک، کە تەنانەت لە مێژووی ئیمپڕاتۆری تورکی خۆشیدا بەدەگمەن ئەو دێوەزمە بەدو نەگریسەی تێدا بەکارهێنراوە.”3 ئەمە ڕاستیەکی مێژووییە بۆ ئەو ڕووداوانەی پێش 126 ساڵ بەر لە ئێستا نوسراونەتەوە. جێگای سەرسوڕمان نییە، کە لەم تێکستەدا باس لە لەناوبردنی شوێنەواری ڕووداوەکان دەکرێت، کە لە سەرجەم مێژووی ئیسلام و ئیمپڕاتۆریەتەکانیدا شوێنەواری ڕووداوەکان بە شێوەیەکی زۆر خێرا بەلاوەبراون و بۆ هەمیشە سڕدراونەتەوە. ئەم تایبەتمەندێتییە لە هەناوی سەرجەم مێژووی ئەو دەڤەرەی ئێمە، بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشەوە، بونەتە هۆکاری ئەوەی مێژووی ئەو ناوچانە بێبەربن لە بنەما زانستییەکان و فاکتە مێژووییەکان، ئاخر چۆن بتوانین لە ڕاستییەکانی ئەو ڕوداوانە تێبگەیەن، گەر شوێنەوارەکانیشیان سڕدرابووبێتنەوە یان پاش چەند مانگێک بە تەزویر باسکرابێتن. لێپسیۆس باس لەساختەبازی و تەزویری ڕووداوەکان لەلایەن مێدیاکانی تورکەوە دەکات و بەتەوسەوە دەنوسێت: “بەڵێ، سوپاسگوزاری بۆ کاریگەری مێدیاکان لە ساختەبازی (تەزویر) بۆ نێو بیروڕا فەرمیەکاندا بوونە هۆکاری ئەوەی، ڕاستییەکان (ڕاستی ڕووداوەکان، وەرگێڕ) پاش چەند مانگێک ئاشکرا بکرێن”4. واتە بەدوای کوشتارەکاندا بە چەند مانگێک. ئەمە گرفت و لەهەمانکاتدا ئازارەکانی مێژووی ڕووداوەکانە. لەبەر نەبوونی فاکتە مێژووییەکان ڕەنگە تەواوی بەرفراوانکردنی/بەرفراوانبوونی ئیسلام لە هێرشەکانی بەناوی “فتوحاتی ئیسلامی”یەوە هەمان دیاردەی لە سڕێنەوەی شوێنەوارەکانیان لەخۆگرتبێت.

بکەرانی ڕووداوەکانی کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان
خاڵێکی پڕگرفت و گرنگی تر لەم باسەدا بکەرەکانی ڕووداوەکانن، کە لەلایەن کاربەدەستانی ئەو کاتەوە بەهۆکاری جیاواز و نادیار ئاوەژوو باسکراون. لێپسیۆس باس لە ترسی کاربەدەستانی ئەوکاتەی دەوڵەتی عوسمانی لەسەر سنوورەکانی ڕوسیادا دەکات، کە زۆرینەی دانیشتوانەکانیان ئەرمەنی بوون، وە بەوە تاوانبار کراون، کە هەمئاهەنگیان لەگەڵ ڕوسیادا کردبێت، بەڵام وەڵامی کۆکوژی ملیۆن و نیوێک لە دانیشتوانی سیڤیڵی ئەرمەنی لەو ناوچانەدا ناداتەوە.
بکەرانی ڕاستەقینەی کۆمەڵکوژییەکان بەپلەی یەکەم بەفەرمانی سوتانی عەسمانی، سوڵتان عەبدولحەمیدی ٢، بەئەنجام گەیەندراون، دانیشتوانی سیڤیلی تورکیش، کە پڕ ڕکینە بوون بەرامبەر ئەرمەنییە مەسیحییەکان، بەشداری ڕاوستەوخۆی کۆمەڵکوژییەکەیان کردووە. مەلا بەنێو دیندارەکانی ئەو دەمەش لە منارەی مزگەوتەکانەوە کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکانە مەسیحییەکانیان حەڵال کردووە و هاندەری زۆرینەی کۆمەڵکوژییەکان بوون. یۆهانس لێپسیۆس لەم کتێبەدا بە وردی باس لەم بەشداربوونە دەکات. کە مەخابن کوردەکانیش بە فڕوفێڵی سوڵتان و فەرمانبەرانی ئیمپڕاتۆرییەتی عەسمانی و بەرژەوەندییە کەسییەکانیان هەڵخەڵەتێنراون و لە هەندێ ناوچەدا بەشداری کۆمەڵکوژییەکەیان کردووە.
لێپسیۆس دەنووسێت: “کارێکی زۆر ڕون و ئاشکرایە، فەرمەنبەرانی جەنگی و سیڤیڵیش لەئامادەکردن و بەرپابوون و جێبەجێکردنی ئەم کۆمەڵکوژییەدا سەرجەمی کارەکانیان بەدەستەوە بووە.ئەو هەموو تاوان و ڕیسواکردن و شوورەیی و ئەتککردنە (نووسەر مەبەستی لە لاقەکرنیشە) بەتەنها لەلایەن دانیشتوان سیڤئڵەوە بەئەنجام نەدەگەیەنران، بێ فەرمان و فریودانی خەڵکەکە بۆ ئەم تاوانانە و زانیاریپێدانیان، ئەمانەن بوونەتە هۆکاری ئەو سزادانانەی لە پاشدا ڕوویاندا. ئەمە ئاشکرایە بۆ هەموو کەسێک، کە چاوێک بە ڕاستیەکاندا بخشێنێت”4
لێپسیۆس زۆر بەڕونی و ئاشکرا لە لاپەڕە 45 دا باس لە بەئیسلامکردنی زۆرەملێیی مەسیحیە ئەرمەناکان لە لایەن فەرمانبەرانی تورکەوە دەکات. ئەرمەنیەکان لەژێر کاریگەری ئەشکەنجە و زۆرەملێ کراونەتە موسوڵمان، ئەو ئەرمەنیانەی نەچونەتە سەر ئایینی ئیسلام، لەشوێنی خۆیاندا کوژراون یان بەندکراون، بەزۆر واژویان پێکراوە، هێرشیان کراوەتەسەر، ئەم هەموو تاوانە بەرامبەر گەلێکی مەسیحی ئاشتیخواز لە چوارچێوەی ئیمپڕاتپریەتی عوسمانیدا بوونەتە ئازارێکی بێوێنەی ویژدانی نوسەرێکی وەک لێپسیۆس، کە لە لاپەڕەی 92 دا بە ڕونی و بە شێوازێکی تەوسەوە دەریدەبڕێت، کە نیوملیۆن ئەرمەنی بێبەشکران لە سامان، لە خانوبەرەیان، لە دانەوێڵە وئەمبارەکانیان، لە جلوبەرگ و سەرجێگە و بژێوی ڕۆژانەیان، نێردران بۆ برسێتی و مردن، ئەم کارەساتانە بێبەربوون لە بەزەیی و ویژدانێک، کە لەلایەن کاربەدەستانەوە نەجوڵاوە، ئەو هەموو مرۆڤە ڕەوانەی مردن و کۆکوژی بکرێت؟ ئەمە پرسیارەکەی لێپسیۆسە، کە ئاڕاستەی وڵاتانی مەسیحی ئەوروپای دەکات و جارجار بە شێوازی سەرزەنشت و هەندێجار بە توڕەبوون و هەیەجانێکی دەروونییەوە سكاڵای قوربانییەکانی ئەرمەن دەخاتە بەردەمیان.
لێپسیۆس جارێکی تر بەڕوونی باسی بکەرانی کۆمەڵکوژیەکە دەکات: “هەرکەسێک بابەتی ئێمەی بە هۆشیاری/هۆشمەندی خوێندبێتەوە، زۆر بەخێرا بەو دەرئەنجامە دەگات، کە کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان جگە لە ڕێنمایێکی کارگێڕی، کە لەلایەن سوڵتان و دەوڵەتی ناوەندییەوە فەرمانی پێدرابوو، بەئەنجام گەیەندراوە. ناچارییە لێرەدا بەڵگەکان بۆ هەموو ئەو کەسانەی جێگای باوەڕپێکراون هەنارد بکەین، کە زۆر ئاسانە لە ڕاستییەکان تێبگەن.”5
دیارە لێپسیۆس ڕەخنەکانی لەدژی وڵاتە ئەوروپیە مەسیحییەکان و پەرچدانەوەکانیان بەرامبەر ڕووداوەکان لە نووسینەکەدا بە ئاشکرا ڕوندەکاتەوە:”موسوڵمانێک دەڵێت، ئیمەی موسڵمانە محەمەدییەکان دەبینە لم (چقڵ) لەچاوی جیهاندا. سوڵتان ڕێگەدەدات، هەموو ئەرمەنەکان کۆکوژبکرێن، ئەوروپاش جورئەتی ئەوەی نیە، تەنانەت پەنجەیەکیش هەڵبڕت.”6
لە کەپیتڵی 10دا لەژێر ناونیشانی “ئەنجامەکانی ئەم بەسەرهاتە بەدوای خۆیدا چیدێنێ” لێپسیۆس باس لە کاریگەرییەکانی ئەم کۆمەڵکوژییە بۆ دانیشتوانی تورکی دێهاتنشینەکان و تەنانەت هەرێمەکانی تری ژێر دەسەڵاتی ئیمپڕاتۆریەتی عەسمانی دەکات و دەنوسێت:”لە گوندەکاندا جوتیارەکان سکاڵای ئەوەیان دەکرد، ئەو شمەکانەی کە پێشتر لە بازرگانە ئەرمەنییەکانەوە بە نرخێکی هەرزان دەکڕی، کە بە ناوچەکەدا گەشتیان دەکرد. ئێستا بە ئەرک و ماندوبوونێکی زۆر و بە نرخێکی سێ یان چوار هەند بەدەست دێنن. ئەمەش دەرئەنجامەکانی ئەو سیستەمە ئابوریە دەڕوخاوەی ئەو ساتەمان بۆ ڕوندەکاتەوە.7
لێپسیۆس ئەمە بە “دەرەنجامی بەرەڵایی ئابوری” ناوزەد دەکات.

خوێنڕێژیەکان لە ڕوانگەی هەواڵنامەی (ڕاپۆرتی) دیپلۆماتە ئەوروپییەکانەوە
هەر لەهەمان کتێبدا باس هەندێک ڕاپۆرتی لەدیپلۆماتە ئەوروپییەکان وەک خۆیان نووسراونەتەوە و وەک نمونە خراونەتە بەر دەم خوێنەر، لەهەمان کاتدا ئەم ڕاپۆرتانە بۆ کاربەدەستانی وڵاتەکانیان هەنارد کردووە. یەکێک لەو هەواڵنامانە لە لایەن “گێرهارد هێنری فیتزماوریس”8ی بەریتانیەوە، جێگری کۆنسوڵی ئەوکاتە بووە لە تورکیا و باس لە کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان لە شاری عورفە دەکات، کە لە 16.03.1896 دا نوسیویەتی:”ڕون و ئاشکرایە، کەهەموو پلانی کۆمەڵکوژیەکەی عورفە لە سەنتەری فەرماندارێتی حکومەتی سوڵتانەوە فەرمانی پێدراوە”.هەروەها دەنوسێت:” ئاشکراکردن و فاکتەکانی ئەم ڕاپۆرتە لەسەر کۆمەڵکوژییەکەی عورفە ئامادەکراون، بەشێوەیەکی گەلەک سەخت قورسایی دەخاتە سەر حکومەتی عوسمانی، وە منیش بەرپرسیاریەتێکی تاوانلەخۆگر دەخەمە ئەستۆم ئەم کارە لە ڕاپۆرتێکی فەرمیدا یاداشت بکەم (تۆماربکەم). هەرچەندە ئەو سیستەمە فریودەر و تۆقێندەرەی، کە لەلایەن بەڕێوبەرایەتی تورکەوە بەکاردەهێنرێت، فاکتەکان بەڕوونی و ئاشکرا بخەنە بەردەست، هەروەک لەلایەن دادگای باڵای ئەوروپیەوە دەخوازرێت. من توانیم لە پاش هەوڵێکی زۆر زانیاریەکانم وردبین و کارامە لە بێژەنگ بدەم. بەشێکی زۆریانم لە چاوگە محەمەدییەکانەوە هەڵهێنجاوە(بەدەستگەیشتووە) یان لەلایەن دەسەڵاتدارەکانیانەوە دانیان پێدانراوە.9 لێپسیۆس باسی کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان لەلایەن سەربازانی سوڵتان و دانیشتوانی ناوچەی زێڵێ Zileh دەکات، کەلەپاش هێرشکردنە سەر ئەرمەنەکان و کوشتنیان بەکۆمەڵ، تەواوی سامان و شمەکی دوکانەکانیان لەلایەن دانیشتوانە تورکەکان و سەربازەکانەوە تاڵان دەکرێن، بەبەهانەی ئەوەی، کە سەروەت و سامانیان موڵکی سوڵتانە. بەم شێوەیە هەنگاو بە هەنگاو ناوچەکانی تورکیا لە ئەرمەنەکان چۆڵدەکەن و سامانیشیان بەتاڵان دەبرێن. جێگای باسە، کە بەشدارنی ئەم تاڵان و کۆمەڵکوژییە لەلایەن موسوڵمانە تورکەکانی ناوچەکەوە بەئەنجام گەیەندراون، لێ خوێنی ئەرمەنی و مەسیحی و سامانیان حەڵاڵی ئەمانن. لە زۆرینەی هێرشەکاندا ژنە تورکەکان بە هەلهەلە هاوشانی مێردو کوڕەکانیان بەشداریان کردووە و مەلای مزگەوتەکانیش پێشتر خۆێنی ئەرمەنەکانیان لە منارەی مزگەوتەکانەوە حەڵاڵ کردووە. لەهەمان ڕاپۆرتدا بەم شێوەیە باس لە بکەرانی تاوانەکان دەکات:”لەدوای ئەنجامدانی ئەم هەموو وەحشەتگەرییە، فەرمانداری شارەکە بەدەنگی بەرز بە بکەرانی ڕووداوەکە دەڵێت، چالاک و بەکاربن، دەست لە کوشتار و تاڵان و دوعاکردن بۆ سوڵتان هەڵمەگرن.”10
جێگری قونسوڵی بەریتانی دەنوسێت:”ئەرمەنەکان بەکەسانی لەیاسالادراو دەبینرێن، تەنانەت لە ڕوانگەی محەمدییەکانەوە لەو سنورەش تێدەپەڕێت، کە ئەرمەنبوون جۆرێکە لە تاوانکاری سەرمایە.”11
لە لاپەڕەکانی 207 و 227 دا باس لەو ڕاپۆرتانە دەکرێت، کە بەچاودیتوەکان (شایەد عەیانەکان) بەچاوی خۆیان ڕووداوەکانیان دیتووە و هەندێکجار بەشداری ڕووداوەکانیش بوون ڕاپۆرتەکان بەزۆری لەسەر ئەم بابەتانەن:
ـ بەزۆرکردنە ئیسلامی ئەرمەنەکان، بەتایبەتی قەشەکانیان بۆ سەر ئایینی ئیسلام
ـ وێرانکردنی سەدەها کەنیسەی شار و دێهاتەکان و کردنیان بە مزگەوت
ـ لاقەکردن و سوکایەتی بە ژن و کچی خیزانە ئەرمەنییەکان
ـ تاڵانکردنی سامان و زەوی و دوکان و ماڵی زۆرینەی ئەرمەنەکان
ـ کوشتنی هەزاران مرۆڤی بێتاوان و بێبەشداربوو لەم هێرشە یەکلایەنەدا، بەتایبەتی منداڵ و ژنان و کەسانی بەساڵداچوودا
ـ بێدادگا تاوانباردردنی هەزاران مرۆڤی بێتاوان و بەشدارنەبوو، زیندانکردنیان بەتۆمەتی جیاوازەوە.
ئەمەش بەو مانایە دێت، لە سیاسەتی تورکی عوسمانی و لاوە تورکەکانیش سڕینەوەی تەواوی میلەتێکی مەسیحی ئاشتیخواز بووە لەسەر زەوی باوانیان.
لەکۆتایدا دەنوسێت:”ئەمە ئەو بابەتانەن، کە ئێمە دەبێت مۆڕالانە بەرپرسیاریان بینەوە، پەنا بە خودا کە هێزە (دەسەڵاتە) ئەوروپییەکان لەداهاتویەکی نزیکدا ڕێگەچارەیەرێک بدۆزنەوە، سەرەڕای هەموو گیروگرفتەکان، کارەساتی ئەرمەنەکان بەزوویی کۆتایی پێبهێنن.”12
مەخابن کوردەکانیش بە فڕوفێڵی سوڵتان و فەرمانبەرانی ئیمپڕاتۆرییەتی عەسمانی و بەرژەوەندییە کەسییەکانیان هەڵخەڵەتێنراون و لە هەندێ ناوچەدا بەشداری کۆمەڵکوژییەکەیان کردووە. بۆ ئەوەی ویژدانمان بەرامبەر مێژوو هەمیشە زیندو بهێڵینەوە، دەبێت فاکتە مێژووییەکان وەک خۆیان بخەینە بەردەستی نەوەکانی داهاتوومان، کەئەوەش بەشداربوونی هەندێک لە خێڵ و عەشیرەتە کوردەکانی ئەو کاتە و بەشداری “سوارەکانی حەمیدی” بوون لەم کۆمەڵکوژییەدا، کە دەبنە بەشێک لە مێژووی گەلەکەمان.
ڕەنگە لێچواندنی ئەم باسانە لەگەلێک ڕووداوەکانی مێژووی کورددا پێکبێننەوە و هەمان ئازاری دەستەجەمعی هەردوو گەلی ئەرمەن و کوردا ئاوێتەبن . مەخابن مێژوونووسانی ڕووداوەکانی ئێمەی کوردیش لە زۆرینەی سەرچاوەکانەوە، بەتایبەتی فارسی و ئەرەبی، تورکی، تەنانەت بیانیەکانیشەوە گەلەک جار بە نادیار و ئاوەژووکراوە وەسف کراون.
بەداخەوە لە ڕوانگەی ئەم کتێبەشەوە ناتوانین بەڵگەکانی ئەم نووسەرەش لە خانەی مێژووناساندا کاتێگۆری بکەین، لێ ئەم کتێبەش جۆرێک لە لایەندارێتی و نابابەتیانەی پێوەدیارە، بەتایبەتی لە باسی بەشداری کوردەکان و قەرگیسیەکان لەم کۆمەڵکوژییەدا، کە بە شیوەیەکی گشتی تاوان دەخاتە سەر کوردەکان، نەک لەسەر سوارەکانی حەمیدی، کەلەژێر فەرمانی سوڵتاندا هەندێ کوشتاریان ئەنجام داوە.پەیڤ و کڕۆکی نووسینەکە گەلەک کەلێنی زانستی و فاکتی مێژوویی لەخۆگرتووە، بەتایبەتی لایەندارێتی بۆ مەسیحیەکان. کەمایەتی و گەلەکانی نێو دەوڵەتی عوسمانی هەندێجار بەشێوەیەکی زۆر نێگەتیڤ باسکراون، کە ئەوان فەرماندارێتی و بکەرانی سەرەکی کۆمەڵکوژییەکە نەبوون. ئەمەش بێبەرە لە لێچون و وەرگرتنی بیروڕاکانی لایەنەکانی تر، کە بەداخەوە لە نرخی کتێبەکە دادەبەزێنێت. ڕاستە ڕووداوەکان وەک کارەسات و واقعێکی تاڵلەخۆگری گەلی مەسیحی ئەرمەن باسدەکرێن، بەتایبەتی خەڵکی بێتاوانی سیڤیل و مناڵ و ژن و پیرساڵان، بەڵام هۆکاری سەرەکی و بەشداربوونی وڵاتە ئەوروپیەکان و ڕۆڵی ئەوان لەم کارەساتەدا بە شێوەیەکی ڕوون باسناکرێن. بەشێوەیەکی بابەتی و فاکتی زانستیانە بەکارنەهێنراوە، ئاوڕدانەوەیەک لە ڕۆڵی ڕوسیا لەسەر ئەو سنورانەی، کە ئەرمەنەکان نیشتەجێی بوون. کورد بەشێوەیەکی گشتی تاوانبار دەکات، کە لەهەمان کاتدا، کوردەکان ژیانی زۆرێک لە ئەرمەنەکان ڕزگار دەکەن و هەردوو گەل هاوکار و هاوڕەنجی چەوساندنەوەی دەوڵەتی عەسمانی بوون. ڕەنگە هۆکاری ئەم لایەندارێتیەی نووسەر بۆ کاروفەرمانی نووسەو بگەڕێتەوە وەک قەشەیەک و مژدەبەرێکی ئەڵمانی. دیارە لێپسیۆس ڕووداوەکانی بە چاویلگەی مەسیحیانە، نەک زانستیانە و ڕەخنەلەخۆگرانە هەڵسەنگاندووە. لایەن و بیروڕاکانی تری بەلاوە خستووە، جەختی تەنها لەسەر ئەوە لایەنە کردووە، کەخۆی باوەڕی پێیبووە یان بۆیان باسکردووە یان بەنووسین بۆیان ناردووە.

——————————————

  1. یۆهانس لێپسیۆس لە 15.12.1858 لەدایک بووە، لە 03.02.1926 دا کۆچی دوایی کردووە. تیۆلۆگێکی پڕۆتێستانت و ڕۆژهەڵاتناسێکی (ئۆرێنتالیست)ی باش بووە، بەتایبەتی لەسەر مێژووی گەلی ئەرمەنی. لە ساڵی 1880 دا دوکتۆرای لەبەشی فەلسەفەدا بەدەستهێناوە و لەکۆتاییدا سەرقاڵی دراساتی تیۆلۆگی (زانستی خوداناسی) بووە. ئەندامی دامەزرێنەری “پەیامبەرانی مەسیحی ڕۆژهەڵاتناسانی ئەڵمانیا” بووە. لە نزیکەوە و بە شێوەیەکی زانستی توێژینەوەی لەسەر جێنۆسایدی ئەرمەنەکان لە تورکیادا کردووە.
  2. Lepsius J.: Armenien und Europa. Eine Anklage-Schrift wider die christlichen Großmächte und ein Aufruf an das christliche Deutschland Berlin Westend 1896. ئەرمێنیا و ئەوروپا. سکاڵانامەیەک دژی وڵاتە زلهێزە مەسیحییەکان و بانگەوازێک (جاڕنامەیەک) ئاڕاستەی ئەڵمانیای مەسیحی.
  3. Lepsius J.: Armenien und Europa. Eine Anklage-Schrift wider die christlichen Großmächte und ein Aufruf an das christliche Deutschland Berlin Westend 1896. ئەرمێنیا و ئەوروپا. سکاڵانامەیەک دژی وڵاتە زلهێزە مەسیحییەکان و بانگەوازێک (جاڕنامەیەک) ئاڕاستەی ئەڵمانیای مەسیحی.، لاپەڕە 45،46
  4. هەمان سەرچاوە لاپەڕە 124
  5. هەمان سەرچاوە لاپەڕە 46
  6. هەمان سەرچاوە لاپەڕە 96
  7. هەمان سەرچاوە لاپەڕە 122
  8. هەمان سەرچاوە لاپەڕە 122-124
  9. هەمان سەرچاوە لاپەڕە 150-151
  10. هەمان سەرچاوە لاپەڕە 147
  11. هەمان سەرچاوە لاپەڕە 207
  12. هەمان سەرچاوە لاپەڕە 207



رۆمانی ( گۆشەگيری ) خوێندنەوەيەک لە بن تريفەی مانگە شەو و شەپۆلە نەرمەکانی زنە-5-.. سەردار جاف


{ بەشی پێنجەم و کۆتایی }

کات و شوێن
کات کەرەستەيەکی ماتريالی نييە بيبينين و بيگرين، يان بۆنی بکەين، يان تامی بکەين، لە ناوەوەی هەر يەکێکمان پانتاییەکی گەورەی قۆرخکردووەو سڵی لێدەکەيەنەوە و دەترسين، زۆرجاريش گوێمان لەوە بووە کە لێرەو لەوێ دەوترێت ” کات نەيبڕی دەتبرێ ” بۆ چەمکە شمولييەکەی رەنگە وا نەبێ جونکە لە کۆتاييدا هەر کاتە دەمانبڕێت، وەلێ بۆ مەيسەربوونی کارێ بۆ کاتێکی دياريکراو دەشێ زۆر لە خۆت بکەيت و بەر لە کاتی دياريکراو بەرهەمەکەت بە دەست بێنيت. کات ژنێکی هێندە شۆخ و شەنگ و بێوێنەيە هەموو زيندەوەرێک ئاشقی بووە تەنانەت لای ئاژەڵەکانيش، ئەوە نييە لە ئەو فيلمە کورتانەی لە سەر ئاژەل نيشان دەدرێت لە زۆربەی هەموو زۆرياندا دەگوترێت ” ململانێ لە پێناو مانەوە “. کەواتە کات ئەو ژنە شۆخەيە هيچ کامێکمان لە خەونيشدا ئەو جمالييەتەی ژنەکەمان نەديوە. ئاشقين و دەستمان لێی بەر نابێت و لێی دەترسين. هەندێکی ديکە بە ديکتاتۆر دەيشوبهێنين کە بە سەر هەر هەموودا زاڵە و دەسەڵاتێکی رەهای هەيە و تەنيا خۆيشی دەمێنێتەوە، تەماشا لە ” ئيفلاتون ” و ئەرستۆ ” وە تا بە کانت و هايدگر و بۆ ئيمڕۆيش شۆڕ دەبێتەوە، باسکردنی کات کۆتایی پێنەهاتووە و کۆتاييشی پێنايەت، ئەوانەی ژيانيان جێهێشت و دوا ماڵئاواييان کرد، مردن و کات هەر نەمرد و وەک خۆی ماوەتەوە و وا ئێمەيەکی زۆر زۆر بچوکيش باسی دەکەين و نابڕێتەوە.
کات توخمێکی سەرەکی رۆمانە وەک کەسايەتييەکان و شوێن، پانتاييەکی بەرفراوان هەم لە خودی رۆمانەکە و هەميش لە زهنی خوێنەر دەخوڵقێنێت، چەمکێکی بەرفراوانی هەيە و پێويستە رۆماننووس هەر زوو خوێنەر ئاشنای سەردەمی رووداوەکانی رۆمانەکە بکات، ئەگەر لای ئێمە ئاشنا بوون بە کات بە سادەیی ديقەت بدرێ و وا بە ساناييش لێی تێبگەين، ئەوا لای بيرمەندان و فەيلەسوفان چەمکێکی قووڵ و پانتایی و فەزايەکی هێجگار زۆری هەيە.رۆمان بۆ خۆی هونەری کاتە، واتا کات ئێستاتيکا بە رۆمان دەدات بە جۆرێک کە خوێنەر پڕ جێژ دەکات، کاتێک کە خوێنەر ئاشنای کاتەکە بوو ئيدی لە ئێستای خۆی ون دەبێت و دەچێتە ئەوکاتی رووداوەکان و بە ئامان دامانيش دەسبەرداری خوێندنەوە نابێت، با لێرەوە رۆچينە نێو رۆمانەکە سەبارەت بە کات، کاتێک خوێنەر دەخزێتە نێو رۆمانەکە ئەوەی عەوداڵی دەکات و لە سۆراغی بێت زەمەنی رووداوەکانی رۆمانەکەيە، زۆرێک لە سەر ئەوە کۆکن کە کات لە رۆماندا سێ ئاراستەی هەيە، ” زەمەنی رووداوەکان، زەمەنی نووسينی رۆمانەکە، کاتی خوێندنەوەی رۆمانەکە” بيروبۆچون و ديدگای بەرفراوانتريش لەم بارەوە هەن ، کە هەم هونەريانە و هەميش زانستيانە لێی دەدوێن، پێمان وايە ئەوەندەی لای خوێنەر گرينگە زەمەنی رووداوەکان بزانێت، هێندە لای گرينگ نييە کە بزانێت کەی نووسراوە، ئەو کاتەيشی دەيخوێنێتەوە لای ئێمە ئەوە کاتی ناوەوەی مرۆڤە هەستی پێناکات، جونکێ خۆی لە ناو کاتەکەيە. نووسەر لە لاپەڕە (١٨) شتێکمان بە گوێدا دەچرپێنێ دەربارەی کات ؛ (( ئەمە هەموو تێگەيشتنی سوزی بوو بۆ چيڕۆکە پڕ تراژيديەکەی راکردنی ڤێسنا لە دەست جەنگ و ماڵوێرانی کوشتنی بە کۆمەڵ . ئەمە تێگەيشتنی سوزی بوو کە هەموو جارێک ڤێسنای دەخستە گريان،ل ١٨ )) نووسەر لە چەند شوێنی ديکە باس لەوە دەکات کە ڤێسنا لە يۆگسلافيای کۆنەوە هەڵهاتووە، لێرەدا بيرمان بەرەو دونيای شەر و ئاژاوەکانی ئەم وڵاتە دەبات، کە لە ساڵانی ١٩٩١ بۆ ٢٠٠٢ درێژەی کێشا، وەلێ لوتکە و گەرمی شەڕەکان لە نێوان ١٩٩١ بۆ ١٩٩٥ بوو، ئەمە کاتی هەڵاتنی ڤێسنايە وەلێ ئەوان لە سەردەمێکی تردان، جارێکی تر کە دێتەوە سەر زەمەن ئاڵۆسکاوی تری دەکات کە دەڵێ ؛ (( لە کۆنەوە ناوی لە ليستی پۆليسی تاواندا هەبوو، لە زەمەنی حکومەتی ” هيلمۆت کۆڵ “وە، کە بە زەمەنی “مارکی ئەڵمانی” دەناسرێت، ناوی لە مەخفەرەکانی پۆليسی بەرلين و فرانکفۆرت و ميونشن و تەنانەت هامبۆرگيش هەبوو، ل ٣٧)) بە هەڵە نەچووبم ” هيلمۆت کؤڵ” لە حەفتاکانی سەدەی رابردووەوە تا کۆتایی نەوەتەکان پێنج جار هاتۆتە دەسەڵاتەوە، هەر دەگەڕێين و لە سۆراغی سەردەمەکەين، : (( بە رای زۆرێک لە پيشەوەرانی گۆشتی سوور، تەنها دراوێکی نوێی وەک يۆرۆ، بازاڕی ئەڵمانی و کرێی کرێکاری خۆماڵی تێکنەدا، نەخێر….ل ٤٥)). بۆ يەکەمجار يۆرۆ لە ١ / ١ / ٢٠٠٢ کەوتە بازاڕەکانەوە، ئێستا شتێکمان بۆ ساغبۆوە لە زەمەنەکە، بيرمان نەچێت کە هەر بەشێک لە بەشەکانی (( دوو مێينەکە / کۆڵانی قەيسەر / ئيگۆيەکی دوور؛ جاکۆمۆ کازانۆڤا / ئەنۆبيس )) کە چوار بەشی رۆمانەکەن، هەست بە جياوازی کاتەکانی رووداوەکانيان دەکرێت، ئەوەی گوتمان لە بەشی يەکەمدايە، پێويستە بۆ خوێنەر لە بری نووسەر ماوەکە شيبکەينەوە” ماوەی رووداوەکانی رۆمانەکە” کە لە دوا بەش و لە ” ئەنۆبيس ” سەفەر دەکات بۆ قاهيرە ناراستەوخۆ کاتەکەمان پێ دەڵێ؛ (( لە فڕۆکەخانەی قاهيرە توانی لە دە خولەکدا ڤيزە وەربگرێت و لە گەڵ يەکەم تاکسيدا خۆی کرد بە جەنجاڵی قاهيرەدا، لە تاکسييەکەدا، شۆڤێرەکە باسی ئەوەی بۆ کرد ئيخوانەکان هەموو گەشتياری بيانيان بە گسکی ئيمانی مورشيدی ئەعلا راوناوە، ل ٢٢٥)) ئێستا زەمەنی ئيخوانەکانە کە دەکەوێتە نێوان ( ٢٤ ی يونيوی ٢٠١٢ ) بۆ ( ٣ ی يوليوی ٢٠١٣ ) ، بەم پێيە ئێمە دوای ٢٢٤ لاپەڕە خوێندنەوە لە بەش و لايەنێکی زەمەنی رووداوەکانی رۆمانەکە بە جۆرێک لە جۆرەکانی زەمەنی ناوەکی ئاشنا بووين. ئێمە دەمانەوێ بە سادەیی لە رۆماندا لە کات تێبگەين جونکە رۆمان شيعر نييە بۆ دەستەبژێر بنووسرێت، (( دەگوترێت لێرەدا دوو پرسياری بنەڕەتی سەر هەڵدەدات، دەکارێ لە بارەی کاتەوە بيانسەپێنيت، يەکەميان ئەوەيە کە ؛ کات چييە، دووهەميشيان ؛ چۆن کات پێوانە دەکەين، پرسياری يەکەم پەيوەستە بە فەيلەسوفەکان و دووهەميشيان بە فيزيککاران و زانايانەوە، زۆرينە پێيان وايە پرسياری يەکەم بێوەڵام دەمێنێتەوە، لە بەر دژواری و سەختی خەياڵکردن لێی، ” سانت ئۆگستن ” لە دانپێدانانەکانيدا دەڵێ؛ ئەگەر کەس پرسيارم لێ نەکات کات چييە ئەوا دەزانم، وەلێ گەر ويستم بۆ پرسيارکەرێ شرۆڤەی بکەم، ئەوا نازانم))٢٣. کەواتە کات شرۆڤەکردنێکی سەخت و قووڵی هەيە، کاتێک دێينە سەر ئەوەی چۆن کات پێوانە بکەين، ئەوا گۆشەگيری لەم بيرە فەلسەفييەمان دەئاڵێنێ، وەک سەرپێيش ديقەتی بدەين ئەوا هێشتا زەمەنی رۆمانەکەمان نەدۆزيوەتەوە، (( ‘ کانت ‘ جەخت لەوە دەکاتەوە کات چەمکێکی ئەمپێريا نييە لە ئەزموونەوە وەرگيرا بێت، جونکێ لەگەڵبوون هاوشێوەی بە دوای يەکبووندايە، هەستی پێناکەيت ئەگەر بنەمايەک بۆ کات دانەنێيت، بەم جۆرە خەياڵکردنی شتێک لە چوارچێوەی ئەم مەرجەدا بە تەنها توانایی هەيە، کات پێشينە بە دەستدراوێکە، لە بەر ئەوە دەکارێ تەنها پێشبينی دياردەکان بکەين کە چاودێری دەکەين، بەم شێوە دەتوانين خەياڵکردنی دياردەکان رەشبکەينەوە، وەلێ ناتوانين کات بسڕينەوە کە بۆ خۆی پيشينەيەکە ” بوونی هەيە ” ، لە بەر ئەوە هەڵدەستين بە تێگەيشتنی دياردەکان، لە سەر ئەگەری کاتە لە پێشينەکان، توانای پرنسيپە يەقينييە پەيوەندييەکانی کات دادەمەزرێت، کات جگە لە تەنها رەهەندێک هيچی ديکەی نييە، کاتەکان جياوازن پێکەوە نين وەلێ بۆ خۆيان بە دوای يەکەوە دێن )) ٢٤. لێرەدا ئەوەمان بۆ ساغ دەبێتەوە کە نووسەر خۆی نەيتوانيوە بە زنجيرە گرێمان بدا بە کاتەوە لێ گەڕاوە ئێمە بۆ خۆمان لەو سۆراغەدا بين، نموونەيش لە بەر دەست هەن، لەم دوو هەڵە مێژووەی ناو رۆمانەکەوە؛ (( جاری يەکەم لە دوای شکستی کۆماری مهاباد بوو لە ساڵی ١٩٤٦ کە ژەنڕاڵ مەلا موستەفای گەنج بەرەو مەنفای سۆڤيەتی کۆچی کرد و جاری دووهەميش بە پيری لە ساڵی ١٩٧٥ بەرەو مەنفای ئەمريکا کۆچئ کرد ل ١٢٣))، راستە کۆماری ديموکراتی کوردستان لە ١٩٤٦ دامەزرا و هەر لە هەمان ساڵ رووخا، وەلێ مستەفا بارزانی لە ١٨ / ٦ / ١٩٤٧ ئاوارەی يەکێتی شوورەوی بوو، جاری دووهەميش مستەفا بارزانی ١٩٧٥ ئاوارەی ئامريکا نەبوو، وەلێ شۆڕشەکە لە ١٩٧٥ بە پيلانێکی نێو دەوڵەتی شکستی هێنا دەنا بۆ خۆی ئەگەر هەڵە نەبم لە ١٩٧٦ بەرەو ئامريکا رۆيشتووە.

قسەيەکی باوی ئەفلاتۆن هەيە دەڵێ؛ (( هەموو قۆناغێک لە رووداوێکی پێشووەوە بۆ رووداوێکی دادێ دەڕوات )). ئێمە وای دەبينين لەم رووانگەوە رووداوەکان بە تێپەڕبوونی هەموو قۆناغەکان بە هەموو کايەکانييەوە پێکەوە گرێدراون، کەوابوو هەموو ئەو جيرۆک و رووداوانەی ناو رۆمانێک پێکەوە گرێدراو و پەيوەست بە يەکن و بە جۆرێ لە جۆرەکان رايەڵەی پەيوەندي نێوانيان بە هێزە.

شوێن
لە گەڵ ئەوەی توخمێکی سەرەکی و گرينگی رۆمانە، هاوکات جێ بايەخی بيرمەندان و رەخنەگران و خودی رۆماننووسانيشە، ئیدی چەند نووسەر کاريگەريانە وەسفی بکات، ئەوا لای خوێنەر رەهەندێکی دەروونی و هێماگەلێکی توند و کاريگەرتر بە قووڵایی ناخی هزر و بيريدا دەگەيەنێت، ئەوە دەکەوێتەوە سەر پانتایی بير و هزری نووسەر کە بە عەقڵانيەتێکی ئەوتۆ بێتەگۆ خوێنەر لە گەڵ رۆمانەکە بکاتە يەک جەستە. ئێمە ئەگەر بێتو بە وردی شرۆڤەی کات لە گۆشەگيريدا بکەين ئەوا ئەوەندەی تا ئێستا نووسيومانە زۆر زۆر کەمن تەنها ئەگەر بۆ شوێنی بنووسين، ئێمە هاتووين زۆر بە کورتی بەرکوڵ و بەرچاو روونييەک لە هەمبەر هەمەلايەنی ئەم رۆمانە بخەينە بەر ديدی خوێنەر، هەرچەندە دڵنياين لايەنی زۆری رۆمانەکەيش فەرامۆش دەکەين، چونکە مرۆڤی ئەمرۆ بە داخەوە حەوسەڵەی ئەوەيشی نييە لە تۆڕە کۆمەڵايەتييەکان لايکێک بۆ هاوڕێکەی بکات، چ جای بێتە سەر ئەم درێژکردنەوەی شرۆڤەيە.
هەر تاکێکی ئاسایی لە هەر شوێنێک بێت بايەخ بە شوێنی خۆی دەدات، ئيديۆمی کورديش هەيە دەڵێ ؛ (( بزن بۆ شەوێ جێگای خۆی خۆش دەکا ))، کەواتە شوێن بۆ هەموو زيندەوەرێک گرينگی هەيە، ئیدی جوان و پاک راگرتنی شوێنيش وەک ئەوەيە نووسەر بە جوانی و سەليقەييەوە تەوزيفی شوێنەکەمان بۆ بکات، ديقەت بدە، سەبارەت بە ئەو لايەنە باوەی لە کوردستەندا هەيە، باسی گەلانی ديکە ناکەين رەنگە زۆر لە پاشتريش هەبن، وەلی بە دڵنياييەوە زۆر پێشکەوتووتر هەيە، کاتێک پياوی ماڵ دێتەوە ناوماڵ بە سەر يەکەوە شێواوە هاواری لێهەڵدەستێ کە بۆچی ناوماڵەکە وا لەوتاو و پيس و پۆخڵە، ئەگەر لە ئەوروپايش بيت کە دێيتەوە بە نەرمی ئەو پرسيارە بە ديوێکی ديکە دەکەيت و خودی خۆتيش هاوکار دەبی لە رێکخستنەوەی ماڵەکە، ئەميش بەڵگەيەکی ديکەيە کە شوێن لای هەر تاکێکمان جێ بايەخی خۆی هەيە.
ئێمە پێويستمان بەوە هەيە نووسەر نەشارەزایی ئێمە بکا بە ئاشنا بوونێکی تەواوی ئەو شوێنانەی رووداوەکانی تێدا روو دەدەن، کۆڵانی خوار و خێچ کە جێ مشتومڕی سوزی و ڤێسنايە، لە رووی تەوزيفکردنييەوە ناتەواو و و هەژارە، زۆر شۆڕنابينە نێو ژانرەکەوە، کۆڵانی قەيسەريش کە پاژی سێيەمی رۆمانەکە هەر بە ناوی کۆڵانی قەيسەرەوەيە بە هوردی بۆ مان شيناکاتەوە، با بزانين چۆن لێی دەدوێ، لە لاپەڕەی يەکەمی کۆڵانی قەيسەر دەڵێ؛ (( لە سەر سووچی کۆڵانەکەی تر راوەستابوو کە بە ” کۆڵانی قەيسەر ” ناسرابوو،ڵ ٨٧)) پاشان و دوای چەند دێرێک لەمە دەڵێ (( مامە عەزە لە سەرەتای ” کۆڵانی قەيسەر ” وەستابوو، کە بە کايسەر گاسە “Kaiser Gasse ” ناسراوە، ئەو کۆڵانەی تەنيشت فراون گاسەوەيە ” Frauen Gasse ” کە مانای کۆڵانی ژنان دەگەيەنێت، ئەم کۆڵانەيش بە پێچێکی بچوک دەچۆوە سەر ” خانەی ژمارە چل و حەوت ” کە ئەويش لەشفرۆشخانەيەکی يان بڵێين بۆردێلۆيەکی گەورە بوو، بۆ ماوەی بيست و چوار کاتژمێر لە بەردەم پياوە ئازادە ………. کراوەبوو، لە سەرێکی ترەوە دەچووە سەر ئەو کۆڵانەی ڤێسنا ناوی نابوو ” کۆڵانە خوارەکە” کە ئەويش دواجار دەکەوتە سەر شەقامە سەرەکيەکە.ل٨٧ )). پێمانوايە بۆ رۆمانێکی ئاوا ئەم دەستنيشآنکردنەی کۆڵانی قەيسەر نەمازە کە بەش يان پاژێکی تايبەتی رۆمانەکەی وەرگرتووە هەم کەمە هەميش لای خوێنەر ناڕونە، دوای چەند لاپەڕەيەک گۆڕەپانی فردريکيشی بۆ زياد دەکات؛ (( سنوورەکانی ئەم وڵاتە توند و داخراو بوون، ئەو لەو زەمەنەوە، ئەم هاتوچۆی کۆڵانی قەيسەر و کۆڵانی ژنان و گۆڕەپانی فردريکی چواردە” Friedrich der Vierzehnte ” دەکات.ل ٩٩)) بابزانين دواتر چی دبێژێت، ؛ (( ئەم هەموو خەمە وردانەی تێدا تەقاندبۆوە و لە سەر سوچی کۆڵانی قەيسەر چەقی بەستبوو، کە بە نێوی قەيسەرە شکۆدارەکانەوە ناونرابوو، کە راستييەکەی کۆڵانی شکۆ نەبوو. ل ١٣٤ )) خوێنەر پێويستی بە ئەوەيە هەر لە سەرەتاوە بە وردی هەم ئەم کۆڵانە و هەميش کۆڵانی خوار و خێچ و هەميش ئەو پانتاييە بەرفراوانەی سێ کيشوەر ئەوە دەهێنێ لە رۆمانێکی وادا دە لاپەڕەيەکی بۆ تەرخان بکەی (( شوێن لە ڕۆماندا گرينگييەکی زۆر داگير دەکات، نەک لە بەر ئەوی توخمێکی هونەریيە، يان شوێنی ئەو رووداوانەيە کە تێيدا روودەدەن، و کەسايەتييەکان تێيدا جوڵە دەکەن، بەڵکو لە هەندێ کاری ناوازەدا بۆ کەشێک دەگۆڕدرێت هەموو توخمەکانی رۆمانی تێدا بەرجەستە دەبێت، بە رووداگەل و کەسايەتييەکانەوە، و ئەو پەيوەنديانەی لە نێوانياندا هەيە، ئەو پانتاييە دەڕەخسێنێت کە کاری تێدا دەکات، و بيروبؤچوونی خۆی تێدا دەردەبڕێت، خودی خۆی دەبێتە هاوکارێک بۆ گەشەکردنی بونياتی رۆمانەکە، و هەڵگری ديدگای پاڵەوانەکە، و نوێنەرايەتی و تێڕوانينی دانەريش دەکات، بەم جۆرە شوێن وەک پارچە کۆتاڵێک نييە سەبارەت بە تابلۆيەک، بەڵکو ئەو پانتايەيە کە لە تابلؤکەدا دەيخوڵقێنێت )) ٢٤. ئەم سەرچاوەيش بۆ زێتر بەرچاوڕوونی خوێنەرانی ئەم شرۆڤەيە هێنامانەوە.

کەسايەتييەکان و گفتوگۆ
ئەگەر نەڵێين تەواوی بنەما سەرەکييەکانی رۆمان هەر هەموو پێکەوە گرێدراون ئەوا جگە لە نێو رۆمانيش ژيانی ئاسایی مرۆڤ خۆی لە خۆيدا گرێدراوێکی بتەو بەهێزی (( کات و شوێن بۆ کەس و گفتوگۆ )) هەرگيز بێدابڕان نابن.کەسايەتيش وەک هەر توخمێک لە توخمەکان بە بۆچوونی ئێمە نەبوونی کەسايەتی لە رۆماندا وەک ئەوەيە زەوی کەسی لە سەر نەژی، ئەمە بۆ رۆمانە ئەفسانەييەکانيش راستدەکەوێتەوە، لەوێش لەبری مرۆڤ زيندەوەر يان بێگيان کەسايەتييەکانن، کەسايەتی بۆ خۆی سەر بە چيرۆکەکەيە نەک بە وتار، رۆماننووس گەرەکە هەر لە رستەی يەکەمەوە ئاماژە بەسيمای کەسايەتی و کێشمەکێش و رەوتی نێو رۆمانەکە بدات، نووسەر هاتووە لايەنی دووەمی ئەنجام داوە، وەلی ئەو کەسايەتييانە رۆڵی ناوەنديان لە رۆمانەکەدا هەيە، واتا ئەو کەسايەتييانە نين پاڵەوانی سەرەکی بن. کاتێکيش خوێنەر بە پاڵەوان ئاشنا دەبێت، لە چوارچێوەی ئەودا وەک لوغزێک شاردراوەتەوە، ئەمە پێدەچی هەمان ئەو ڕێچکەی کافکا بێت کە لە کەسايەتی ” کۆشک ” دا بە پيتی ” کاف ” باسی دەکات، هەرچەندە کافکايش لەم کارەيدا داهێنانی نەکردووە وەلێ لە ناو کۆمەڵی ئاوروپایی وەرگرتووە، بە دەستکارييەوە، ئەمە رێچکەيەکی هاوچەرخی ئەدەبە، لە هەمانکات ناکرێ خوێنەر لە قوڵایی کەسەکان تێ نەگات، لەوانە ئێمە ” ئەو ” لەم رۆمانەدا بە کەسايەتييەکی سووڕاو دەبينين وەک رووەکانی؛ کەلتوور و داب و نەريتی رۆژهەڵاتی، پاشان هەڵگەڕانەوە و لە دونيای گاڵتەجاڕی خۆيدا ريسوای دەکات، وەک لە سەفەرەکەی قاهيرەيدا دەردەکەوێت، ديوێکی ديکەيش هەڵگەڕانەوە بۆ کەسێکی هەوەسبازی سيکسی کە لە گۆمەڵگای خۆی وانەبووە، ” وايش بوو بێت وەک ئاوروپا بە ئاشکرا نەبووە” ،(( کەسايەتی رۆمان لای هەندێک لە رەخنەگرە فەڕەنسييە هاوچەرخەکان ، هەروەک ، کەسايەتی سينما؛ يان شانۆييە، لە دونيای ئەندێشە دانابڕێت، کە بە بەنرخی دەزانيت، لە زيندەوەران و شتەکان تێيدا، ناکرێ کەسايەتييەک لە هزرماندا بوونی هەبێت، وەک ئەوەی هەسارەيەکی دی بێت، بەڵکو پەيوەستە بە سيستماتيکێک ، بە هۆيەوە، تەنها ئەو بە هەموو رەهەندەکانييەوە لە ناوماندا دەژی )) ٢٥. ديسانەوە لە رۆمان کەسايەتی رووکەش يان بڵێين خەسڵەت جێگير هەيە، ئەم دوو ديوە کەسايەتييە چەند رەهەندێکيان هەيە؛(( رەهەندی دەرەکی، رەهەندی ناوەکی” دەروونی ” ، رەهەندی کۆمەڵايەتی، رەهەندی فيکری )) دوای خوێندنەوە هەست بە غيابی بەشێک لەم رەهەندانە دەکەين.
گفتوگۆ بەشێکی هەرە گرينگی نێو چيرۆکە بێ گفتوگۆ تەواوی رۆمانەکە لە جيهانی لوغز دەسووڕێتەوە، تەنانەت لە چيرۆک و فيلمە ئەفسانەييەکانيش دەبينين ئاژەڵەکان لە گەڵ يەکدی گفتوگۆ دەکەن، ئەم گفتوگۆيانەيش لە ناو چيرۆک و نۆڤێلت و رۆماندا سێ جۆريان هەيە؛ (( گێڕانەوە، راستەوخۆ يان ” بەدوای يەک ” ، خودی )) ، لە رۆمانی گۆشەگيريدا ئيسماعيل حەمەئەمين جۆری يەکەميانی پێڕەو کردووە، لە ڕێی گفتوگۆکانی کەسايەتييەکانەوە خوێنەر ئاشنای خودی کەسايەتييەکان و نهێنييەکانيان تا دەگاتە خەسڵەت و ئاکار و بيرکردنەوەکانيان دەبێت، هەر گفتوگۆ کێشەکان ئاڵۆز دەکات و دەيگەيەنێتە ترۆپکی پڵۆتەکە” الحبکة ” هەر ئەويش دايدەمرکێنێتەوە و بەرچاوڕوونييەک دەداتە خوێنەر و ئاوەزی بەئاڵۆسکاوی جێناهێلێت، هەروەها فاکتەرێکی گرينگە بۆ چارەسەرکردنی لايەنی مێژوویی رۆمانەکە و بە سانایی چارەسەری دەکات، فاکتەرێکی ديکەی کۆکردنەوەی زانيارييەکانە بۆ گەياندنی بە خوێنەر، کاتێک خوێنەر ئەو هەموو گێڕانەوەيە دەخوێنێتەوە دووچاری وەڕسبوون و بێزاری دەبێت کە نۆبەتی گفتوگۆ دێت مێشکی پشوويەک دەدات و هەناسەيەکی درێژەدانی خوێندنەوە هەڵدەکێشێ هەندێ جار دەگاتە ئەو ئاستەی وەک ئەوە بێ کە هيچ ناخوێنێتەوە ئەمە لە کاتێک ڕوودەدات کە خوێنەر بە جۆرێ ئاوێتەی رۆمانەکە بووە دەيەوێت هەرچی زووترە بە دەرئەنجام بگات، کارێکی گرينگ لايەنی سۆزدارييە کە ئەويش هەر لەم رێگايەوە جارەسەر دەکرێت، لە کاتێکدا زۆربەی ئەوانەی بايەخ بە لايەنی هونەری دەدەن هەستێکی ترس و دڵەڕاوکێ ختوکەيان دەدات، بۆيە فەزای سۆز و پێکەنين و گريان غيابی دەبێت، هەڵبەت مەبەستمانە ئەم حاڵەتانە لای خوێنەر بخوڵقێنێت، من لێرەدا بۆ گۆشەگيری هيچ ناڵێم چونکە هەر تاکێک لەوەی رۆمانەکەی خوێندبێتەوە بە ئاشکرا هەست بە لايەنی لاوازی دەکات،
لە ڕووی گفتوگۆوە ئەوەی سەرنجی ئێمەی راکێشا بێت، بە هەق دەموودوويەکی نێو رۆمان و واقيعيانەی نێو کۆمەڵ بێت، ئەوەی لە نێوان ڤێسنا و سوزی هەر لە سەرەتاوە روو دەدات، دواييش ئەو گفتوگۆيەی لە ” کۆڵانی قەيسەر” هەست پێدەکەين ، لە ؛ “ئێگۆيەکی دوور؛ جاکۆمۆ کازانۆڤا” نووسەر هەندێ ساردبوونەوە يان بێزاری پێوە دەرکەوتووە، وەلێ لە “ئەنۆبيس ” دا، هێندەی باکگراون دەبينرێ هێندە واقيعی رۆمانەکە و گفتوگۆ نابينين.
دەرئەنجام….
سەرباری هەموو ئەو تێبينيانەمان بە گيانێکەوە مامەڵەمان لە گەڵ رۆمانەکە کردووە کە دوورونزيک پەيوەندی بە ناسين و نە ناسينی نووسەرەوە نييە، برای ئازيزمان کاک ئيسماعيل حەمەئەمين نووسەرێکی ديار و خاوەن قەڵەم و رێچکەی تايبەتی خۆيەتی، لايەنە باشەکانی رۆمانەکە هەر کەسێک رۆمانەکەی خوێندبێتەوە هەستی پێکردووە ئێمەيش هەروەها دەستخۆشانەی لێدەکەين، بە هيوای سەرکەوتن و بەردەوامی. لە دوماهيشدا ئەم چەند خاڵە دەخەمەڕوو؛
١ – دەکرا ئەم رۆمانە چوار رۆمان بوايە لە بری يەک رۆمان، ئێمە لای خۆمانەوە ئەو خەسڵەتانەی تێدا دەبينين، وەک چۆن ” نەجيب مەحفوز ” سييانەی هەيە، با ئيسماعيل حەمەئەمينيش جوارانەی هەبايە، ناڵێين چوارينە با نەچێتە خانەی شيعرەوە، دەکرا لەو چوار رۆمانەدا چارەسەری تەواوی کەموکورتييەکانی بکردايە و ئەو پەلەپرووزێيەيشی پێوە ديار نەدەبوو.
٢ – ئەگەر نووسەر بۆ جێ پێگەيەکی پێوانەیی کار دەکات، کە ئەوە خواست و ماندووبوونی هەموو تاکێکە هەر يەک لە بوارەکەی خۆيدا، ئەوا بەڕای ئێمە رۆمانەکە لە چوارچێوەی” هاوڕەگەزخوازی” دا بووايە، سنوورێکی تری دەگرت و لە دەرگايەکی تری دەدا، هەر جەندە لێرە زۆرزۆر بەکەمی باسی لێوە کردووە.
٣ – لە کات و شوێن و سەردەم و گێڕانەوەی باکگراون، گەڕانەوە بۆ رابردوو خوێنەری تووشاری وەڕسبوون کردووە، نووسەر بە کارزانی و لێزانانەی خۆی دەيتوانی ئەم حاڵەتانە چارەسەر بکات.
٤ – دووکاری گرينگ لە رۆمانەکە لە بيرکراون کە لە ناوەوەيش بە کورتی باسمان لێوەکرد، ئەويش لايەنی سۆزە، هەموو رۆمانەکەمان خوێندەوە نەگرياين نە پێکەنيين، کەسێکی گرژ و مۆن لە ناو غەريزە هيچ و پوچەکانمان پەنگمان دەخواردەوە و هيچی تر. لە عەوداڵی ئەو دەربازبوونەيش بووين لەو دونيا ئاڵۆسکاوەی بۆی خوڵقاندين و نەگەيشتينە دەرئەنجام.
ئەوەی ماوە لە يەک دێردا بڵێين: ئەوەی باسمان کردن بەکورتی و پوختی بوو، جا يا راستەوخۆ يا ناراستەوخۆ لێی دوواين.
بمێنن بە خۆشی و ماندووم کردن …..

——————————————————————–

ئەو سەرچاوانەی سوودم لێوەرگرتوون ؛
1 – خەونی نووسين لە روانگەی هەشت نووسەری هاوچەرخەوە / لە فارسييەوە دڵشاد خۆشناو / دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم – ٢٠٢٠.
2 – رۆمانی گۆشەگيری / ئيسماعيل حەمە ئەمين – پرۆژەی کولتور بە هاوکاری ناوەندی کەپر/ ٢٠٢٠.
3 – أنطولوجيا اللغة عند مارتن هيدجر – أبراهيم أحمد ، أستاذ جامعة مستغانم – الجزائر/ الدار العربية للعلوم الناشرون – منشورات الأختلاف – ٢٠٠٨.
4 – شۆبنهاوەر الفلسفة و العزلة / عبدالرحمن کيبش / سايتی ASJP لە رۆژی ٣٠ / ١٢ / ٢٠١٣
5 – هەمان سەرچاوەی پێشوو .
6 – أشکالية الوجود و التقنية عند مارتن هيدجر- أبراهيم أحمد – منشورات الأختلاف – الدار العربية للعلوم – ناشرون، الجزائر – ٢٠٠٦
7 – الحلقة المفقودة، الکشف عن أصل البشري الأول – کۆلين تادج – و – جوش يونج – ترجمة مروة هاشم – منشورات الکلمة – أبوظبي – الأمارات ٢٠١١
8 – فەرهەنگی زاراوەکانی ئەدەب و زانستە مرۆڤايەتييەکان – د . نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد . لە بڵاوکراوەکانی ناوەندی غەزەلنووس بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە، ٢٠١٥
9 – هەمان سەرچاوە…
10 – هەمان سەرچاوە.
11 – بنية الشکل الروائي – الفضاء ، الزمن ، الشخصية – حسن بحراني / المرکز الثقافي العربي – بيروت ١٩٩٠
12 – هەمان سەرچاوە
13 – فێرجينيا وۆڵف – بێرنارد بلاکستون – دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، لە فارسييەوە ناهيد رۆستەمی/ ٢٠٢٠
14 – خەونی نووسين، لە روانگەی هەشت نووسەری هاوچەرخەوە / لە فارسييەوە دڵشاد خۆشناو.دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم – ٢٠٢٠
15 – فێرجينيا وؤلف – بێرنارد بلاکستون – دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، لە فارسييەوە ناهيد رۆستەمی- ٢٠٢٠
16 – جينالوجيا التراث ، الأصول التراثية، للهوية الثقافية، علي أسعد وطفة ، موقع watfa.net في ٧ / ٣ / ٢٠٢١.
17 – الرواية بين الأيديولوجيا والفن، الرواية الأردنية أنموذجا/ د . حنين أبراهيم معالي / عمان- الأردن، الان ،
18 – الرواية السياسية و التخيل السياسي / بقلم جميل حمداوی ، ديوان العرب . ١١ / ٣ / ٢٠٠٧
19 هل يمکن تحييد الأيديولوجيا عن ملامح النص الروائي / يوسف المحيميد / جريدة الشرق الأوسط / الملاحق- ثقافة / ١٢ / ٢ / ٢٠١٧
٢١- الحبکة و أنواعها في الرواية – نهضة الشريفي – موقع أشراقات قرآنية / ليوم ٢٢ / ١ / ٢٠٢٠ ، والمسندة الی ” في النقد الأدبي الحديث’ ١٣٣
٢٢ – هەمان سەرچاوەی پێشوو .
٢٣ / المکان والزمان لدی کانط / بقلم مثنی حامد / مجلة الکلمة اللندنية العدد ٤٣ في نوڤمبر ٢٠١٠ .

٢٤ – جمالية المکان في الرواية / بقلم ، أحمد زياد محبک – ديوان العرب الألکترونية، ٦ / ٦ /٢٠٠٥
٢٥ – في نظرية الرواية / بحث في تقنيات السرد / د. عبدالملک مرتاض – المجلس الوطني للثقافة والفنون والآداب / الکويت . ١٩٩٨
• عەبدولباقی يوسف / رۆماننووس و ئەديبی کورد – ١٩٦٤ لە هەسەکە لە دايک بووە، لە سەر ئاستی وڵاتانی عارەبی نووسەرێکی ديار و بەرچاوە. دەيان بەرهەمی چاپکراوە، هەر لە رۆمان و چيرۆک و توێژينەوە.
• پی. دی . جێمز، يەکێکە لە بەرجەستەترين و خۆشەويستترين نووسەرانی بەريتانيا، ئەو ماوەيەکی زۆر بە ( شاژنی تاوان ) ناسراوە، و بە پێشڕەوی رۆماننووسەکانی دەقی پۆليشی دەژمێردرێت، ساڵی ١٩٢٠ لە ئۆکسفۆرد لە دايک بووە ، لە تەمەنی ٤٢ ساڵيدا لە ١٩٦٢ يەکەمين رۆمانی خۆی بە ناوی” دەموچاوی داپۆشە” بڵاو کردۆتەوە.

———————-

بۆ خوێندنەوەی بەشەکانی تر کلیکی لینکەکانی خوارەوە بکەن..

بەشی یەکەم…

بەشی دووەم…

بەشی سێیەم…

بەشی چووارەم…




دەسبەسەریی و دیلیی قەرز.. زاهیر باهیر

زۆرن ئەو وڵاتانەی کە بە ڕەهن لە لایەن دەزگەی دراوی نێودەوڵەتی و بانقی جیهانی و کۆمپانیا زەبەلاحەکانی ئەمریکا و وڵاتانی خۆرئاواوە گیراون. ئەم وڵاتانە لەژێر مەرجی قورس و پابەندبوونێك کە لێدەرچوونی نییە وەکو دیلێك دەناڵێنن و کۆتێك کراون کە ناتوانن بیپسێنن.
ئەمریکا و بریتانیا هەر بە جەنگی کوشتن و بڕین نەنیشتونەتە وێزەی هەندێك نەتەوە و وڵات، بەڵکو جەنگێکی دیکە کە چەپی کەمە لەو جەنگەی تر، بەڵام درێژخایەن و کاریگەرتر بە سەپاندنی هەل و مەرجی سەختی خۆیان بۆ تاڵانکردنی سەرەوەت و سامانی ئەو وڵاتانە و زێدە قازانجی کۆمپانیاکانیان و کۆنترۆڵکردنیان لە ژێر ناوی دانی قەرز و هاوکاری و ئاوادانکردنەوە و پێشەوەجونەوە، بە ناوی چەندەها پرۆژەوە کە یەکێکیان ” ڕێکخستنەوەی هەیکەلی دامەزراوەکانی وڵاتە…” ئا لەو ڕێگایانەوە ئەو جەنگەشیان بەرپاکردووە.
هەندێك لە وڵاتانی ئەمەریکای لاتینی و ئەفەریقا دووچاری ئەو قەرزە نەدراوە و و نەبڕاوەیە بوون، زۆربەشیان لە ڕێگای ئەو بڕە سووەی کە بەسەریاندا سەپێنراوە دوو جار و سێ جار ئەو قەرزەیان داوەتەوە، بە واتایەکی دیکە ئەمان بە درێژی نیمچە تەمەنێك هەر سوویان داوەتەوە لە بری قەرزە ئەسڵییەکە.
بانکەکان، دەزگە دراوییەکان و بازرگانەکان لەلایەن گروپی حەوتەوە، G7 ، ‘ئازاد کراون’ و ئۆکەیان لەو ڕاو و ڕووتەدا بۆ کراوە. ئەمان لە چین تاوانبارترن سەبارەت بەوەی کە بەسەر ئەو وڵاتانەدا هێناویانە و دەیهێنن.
زیاتر لە 20 ساڵ لەمەوبەر کەمپەینێك لە ژێر ناوی ” دادوەری قەرز ” یا ڕاستتر دادوەری لە قەرزدا ڕاگەیانرا. لە ڕێڕەوی ئەم کەمپەینەدا زانیاری زۆر کەوتە بەرچاو لە ناوی وڵاتەکان و بڕی قەرزەکان و ڕێژەی سوو و هەل و مەرجی سەپێنراو. لەوانە حکومەتەکانی ئەفریقا سێ ئەوەندەی قەرزی بانکەکانی رۆژئاوا و بەڕێوەبەرانی سەروەت و سامان و بازرگانانی نەوت و دوو هێندە زیاتریش سوودیان لێ وەردەگیرێ.
وڵاتانی ڕۆژئاوا ئەم لایەن و دەزگایانە بە هەڵە تەنها وڵاتی چینیان بە هۆکاری شکستهێنانی پێشکەوتن لە داڕشتنەوەی قەرزەکاندا تاوانبار کردووە. لەگەڵ ئەوەشدا ڕاستییەک لەمەشدا هەیە کە ماوەیەکە چینیش پەلی کوتاوە بۆ وڵاتانی ئەفەریقا و ئەمەریکای لاتین و ئێستاش ئاسیای ناوەڕاست و هەندێکیش لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوین لەوانە عێراق.
پرۆژەکانی چین لەم وڵاتانە زیاتر پرۆژەی قورسی ڕێگا و بان و دروستکردنی فڕۆکەخانە و بەنداو و تونێل و پردن، کە ئەمانیش هەل و مەرجێکی قورسیان داناوە بۆ بەرخستنی سەرمایەکەیان لەدەسکەتنی قازانجی زیاتر لەو بوارانەی سەرەوەدا.
ڕێکخراوی دادوەری قەرز حیسابی کردووە کە 12%ی قەرزی دەرەکی حکومەتەکانی ئەفریقا قەرزاری قەرزدەرانی چینن و ئەمە لە کاتێکدا 35% قەرزاری قەرزدەرانی ڕۆژئاوان. نیوەی 22 وڵاتی ئەفریقی کە زۆرترین قەرزیان لەسەرە، زیاتر لە٪ 30 قەرزاری قەرزدەرە تایبەتەکانن، واتە کۆمپانیاکان، لە کاتێکدا تەنها شەش وڵاتیان بە هەمان ئاست قەرزاری چینن.
بەپێی ئامارەکانی بانکی نێودەوڵەتی، پەتای کۆرۆنا و قەرزی دەرەکیی وڵاتانی کەم داهات، پاڵنەر بوون بۆ بەرزترین ئاست لە ماوەی 50 ساڵدا، نزیکەی دوو لەسەر سێی وڵاتان تووشی ناڕەحەتی قەرزەکان بوون یان مەترسیی نەدانەوەی قەرزەکانیان لەسەرە. لەشکرکێشی ڕووسیاش بۆ سەر ئۆکرانیا نیگەرانی زیاتری بەدوای خۆیدا هێناوە بەهۆی کارایی شەڕەکە لەسەر نرخی خۆراک و کاڵاکان.

نموونەیەك لەو وڵاتانەی ئەفەریقا وڵاتی زامبیایە کە یەکێکە لە دیلەکانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی. پەتای کۆرۆنا ئازارە ئابوورییەکانی زامبیای ئاڵۆزتر کرد، کە هۆکارەکەی بۆ چەندین ساڵ خراپ بەڕێوەبردن و گەندەڵی بوو، کە وڵاتەکەی لە نەدانەوەی قەرزەکانیدا کۆڵەوارتر کرد. زامبیا بەهۆی بونی گەندەڵی و کەمی داهات و پەتای کۆرۆنا بە دەست قەرزەکانییەوە دەناڵێنێت ، نەك هەر ئەوە بەڵکو ناتوانێت بڕی سووەکەش بداتەوە، بۆیە داوای لە صندوقی دراوی نێودەوڵەتی کرد بە دانی قەرزێکی دیکە کە لەسەر قەرزە کۆنەکەی کەڵەکە دەبێت . پاش هێنان و بردنێکی زۆر و حساب و کیتابێکی بێ ئەندازە ئەم دەزگەیە رەزامەندی دەربڕی کە بە بڕی 1.3 ملیار دۆلار (1.1 ملیار پاوەند)، قەرزی پێبدا لە کاتێکدا ئەم وڵاتە لە هەوڵێکی سەختددایە بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی ئابوورییەکەی کە تووشی قەیران بووە، بە هۆی ئەوەی کە لە ساڵی 2020 دا نەیتوانی قیستی قەرزە دەرەکییەکانی بدات.
بێ گومان دانی ئەم قەرزە نوێیەش کە ڕۆژی 5شەمە، 01/09 ڕاگەیاندرا و چەند مانگێکە دانوستانی لەسەر دەکرێت بارو دۆخی ئابووریی زامبیا باش ناکات چونکە دانی ئەم قەرزەش کۆمەڵێك مەرجی پێوە بەستراوەتەوە کە نیوەی ئەم قەرزە نوێیە بۆ دانەوەی قەرزەکانیێتی بە قەرزدەرەکانی کە بریتین لە فەرەنسا و بریتانیا و چین ، سەرەنجامیش پاڵ بە بەردەوامبوونی سیاسەتی دەستگرتنەوە ، تەقەشوف، دەنێت و کە فشارێکی زۆر دەخاتە سەر خەڵکی زامبیا، هەر ئاوا قەیرانەکە بۆ چەندین ساڵی داهاتوو بەردەوام دەبێت.
خەڵکی زامبیا لە ساڵانی ڕابردوودا بەدەست بڕینی زۆری خزمەتگوزارییە گشتیەکانەوە دەناڵێنن، کە خەرجییەکانیان لە نێوان ساڵانی 2019 بۆ 2021 بە ڕێژەی 21% دابەزیوە، هۆکاری سەرەکی ئەمەش تێچووی قەرزی تایبەتە کە سوودێکی زۆرە، بە پلەی یەکەم لەلایەن قەرزدەرەکانی تایبەتەوە وەک کۆمپانیای بلاک ڕۆک، BlackRock وەستاوە بۆ ئەوەی قازانجی گەورە بەدەستبهێنێت ئەگەر بە تەواوی بدرێت”.

هاتنەوەی هەناسە بە زامبیا بە دانی قەرز کە پێرێ 5شەمە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی رایگەیاند، بڕیارە دەستبەجێ پارەی 185 ملیۆن دۆلار وەربگرێت. دوای چەند مانگێک لە دانوستانەکانی نێوانیان، قەرز بە قەرزدەرە سەرەکییەکانی زامبیا دەبێت بدرێنەوە کە بریتین لە فەرەنسا و بەریتانیا و چین. نزیکەی نیوەی قەرزەکانی وڵاتەکە بۆ قەرزدەرەکانی تایبەتی ڕۆژئاوایە. لەگەڵ ئەوەشدا صندوقی دراوی نێودەوڵەتی لە ڕاگەیاندنێکیدا لۆمەی زامبیا دەکات و دەڵێت ” گەشەکردن زۆر نزم بووە بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەکانی هەژاری و نایەکسانی و بەدخۆراکی کە لە بەرزترین ئاستی جیهاندان”
بە دڵنیاییەوە ئەو هۆکارانەی سەرەوە کە لەسەر زامبیا ڕۆڵیان هەبووە لەسەر سەرجەمی وڵاتانی گیرۆدەبوو بە قەیران لە ئەفریقا و وڵاتانی دیکەدا، کارایی خۆیان داناوە وەکو قەیرانی گەندەڵی ، ئیدارەدانی زۆر خراپ، خراپی ژینگە و کەش و هەوا، جەنگی ناوخۆ ، کە هەر هەموو ئەمانە سەرچاوەکەی دەسەڵاتە و دەوڵەتە کە دەوڵەت و دەسەڵاتیش هەموو ئەو نەگبەتیانە لەگەڵ خۆیاندا دەهێنن.

زاهیر باهیر
03/09/2022
Zaherbaher.com




بژاردەیەک بۆ عێراقی هەمووان.. چالاک ئاغجەلەری

لۆجیکێکی عەقڵانی و بژاردەیەک کە بتوانێت وەڵامێک بێت بە دۆخی سیاسی عێراق و وەک جێگرەوەی ئەم دۆخە چەقبەستوەی ئێستا کە هەموو خەڵکی ووڵات داهاتوویان بە ڕووی کەشێکی پڕ تەم و ئەنگوستەدا دەکاتەوە. دەست بردن بۆ ئەم پرسە و ڕاڤەکردنی پێویستی بە ئاگابوونە لە مێژووی ئەم هەیکەلە سیاسیە ، چۆن و کێ و بەچی جۆرێک بەرخود بە پرسە ئیداری و سیاسیەکانی کراوە لە مێژووی دوور و نزیکدا؟ دەکرێت لە خۆمان بپرسین ئایا بە تەنها هێزی (بیرۆکراتی) دەسەڵاتە دەوانێت فەزایەکی بێدەنگ دەستەبەربکات وەک بە شێک لە مێژووی ئەم سیاسی ئەم ناوچەیە لە بۆ هەر ناڕازاییەتیەک و وورتە و پۆڵە بۆڵێکیش ڕاوەشانی قامچیەکی بەدوادا بێت وەکو ئەوەی بەعس لە مێژووی خۆیدا کردیە بەشێک لە میثۆدی سیاسی . مێژووی دێرینی ئەم دەڤەرە بەرفراوانە بە حوکمی بەپیتی زەوی و زارەوە خاوەن خەڵکانێکی جیاوازن لە نەژاد و ئاینزا، هاودەم ئاشنای چەندین حوکمی جیاواز بووە هەر لە ئەکەدیی و سۆمەری و بابلی کۆن و نوێوە بیگرە تا دەسەڵاتی میزۆپۆتامیا ، هەندێکیان سەروو ٥٠٠ ساڵ حوکمیان کردوە ! بە گەڕانەوەش بۆ دەرهاویشتەکانی جەنگی جیهانی یەکەم و بەدوای کەوتنی ئیمپراتۆریەتی عوثمانی، ناوی عێراق لە سنورێکی بەرتەسکی جوگرافییەوە بووبە دەوڵەتێک لەسەر نەخشەی جیهان و لەسەر دەستی بەریتانیا خۆی کرد بەئەمری واقع ، فەیسەڵیان هێنا و کردیان بە شای ووڵات ، هەرچەندە بەشێک نەبوو لە خواستی شیعەکان و کورد بەڵام بەریتانیا وەکو چارەسەرێک بۆ نێوانی شیعە و سونە ئەم بژاردەیەی پێ پەسەند بوو چونکە بنەماڵەی فیسەڵ ٣٨ هەمین پشتی پێغەمبەر( محمد) بوو ، بەردەوامییان لە دەسەڵات لە ساڵی ١٩٢١ تا ( شۆڕشی) ١٤ی تەمموزی ١٩٥٨ درێژەی کێشا و هاوکات کێشە سیاسیەکانی عێراقیش بەردەوامی بەخۆیدا و خامۆش نەبوو .

جیاوازی نەتەوە و مەزەهەب و تائیفی لە عێراقی نوێدا خاڵی ناسەقامگیری و کوشت بڕ و بەدبەختی خەڵکەکەیەتی، هۆکاری بنەڕەتی ئەم کێشانەش گروپ گەلە سیاسیە جیاوزەکان و سەرکردەکانە نەک خەڵکی سڤیل، هەر بۆیە کاتێک بیر لە مژارێکی عەقڵانی دەکەیتەوە هەزار و یەک چقڵ بەڕووتدا دێتەوە و تەخوین و نامۆ دەکرێیت دیارە ئەم ئاستەنگانەش هەر لەسەر دەستی ئەحزابەکانە و بە مەبەست رێگری لە ئاشتەوایی گشتی ووڵات دەکەن.

ئەمڕۆ دوای چەند دەیەیەک لە حوکمی بێ سەرو بەری عێراق دەبینین چی دەگوزەرێت، شەڕ لەسەر کورسی و دەسەڵات داهاتووی خەڵکی کردۆتە بەردەم هەڕەشەیەکی جدی لێرەوە دەبێت خەڵک پرسیارە لۆژیکی جدییەکە لە خۆیان بکەن بۆ ژیانی ئەمڕۆ و داهاتوویان لە ووڵاتدا ، چی لۆژیک و رەهەندێک ئاسۆیەکی گەشیان بەڕوو دەکاتەوە؟

لە وەڵامی ئەم پرسیارە بۆ من تێگەیشتنە لە جیاوازییەکان و قبوڵکردنەیانە دوور لە هەر ڕەهەندێکی دۆگما و سڕینەوەی بەرامبەر، هاوکات بەغدا بێت یان کوێرە دێیەک ببێتە چەقی بڕیار بەڵام بە پشتیوانی و کۆدەنگی سەرجەم پێکهاتەکانی ووڵات و تۆلەرانس ببێتە بناغە بۆ عێراقی سبەی . بەدوای ئەم بژاردەیەدا کێ ئامادەی قبوڵکردنی ئەم ڕەهەند و بیرکردنەوەیە لەم ووڵاتەدا؟،هەرچەندە هەلومەرجی سیاسی ئەمڕۆی عێراق تەژییە بە بەریەکەوتن لە نێوان پێکهاتە سیاسیەکاندا ، کاتێک بابەتێکی لەم جۆرە ئاراستە دەکەیت بەتایبەت لە ساحەی کورییدا ، بێشک بەدەر نابین لە ڕەخنە، خوێندەوەی دروست لە دونیای بەرژەوندی و پێکدانە قێزەونەکاندا دەست گرتنە بە عێراقەوە بە هەموو هەڵبەز و دابەزە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابورییەکەیەوە. دەست بردن بۆ جیاگەرا و دەوڵەتی کوردی وەک بینیمان لە مەحەڵ مەحاڵترە بۆ ئەمڕۆ، هەربۆیە ڕێگە ڕاستەکە دەست گرتنە بە عێراقی دانپێنراوەوە بە هەموو کەمو کوڕییەکانیەوە وەکو دیاریشە ئەم خواستەی ئاماژەم پێدا خەون نیە ئەگەر هوشیاری گەل هاوتا و باڵا بێت ، هاوکات خەونێکی خۆشە کاتێک نەژاد پەرستی و مەزهەب گەرایی دەستیان کردبێتە بینە قاقای گەلەوە وەکو پێشتر هەڵوێستەم لەسەری کرد ـ ئەرکی هێز و لایەنەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنە چیتر لەبری خەڵک بیرنەکەوە و بەرژەوندی باڵای گەل بە کۆی پێکاتەکانەوە لەبەر چاوبگرن و دەست بەرداری بەرژەوەندیە تایبەتیەکانی خۆیان و ووڵاتانی زلهێز و دراوسێکان بن و خەڵکی ووڵایتش وەک ئایکۆنێکی بەقوربانی کراو بەردەوام و هەمیشە سەودای پێوە نەکرێت.




شانۆنامەی “کۆتایی” ساموێل بێکێت بۆ سەر زمانی کوردی وەرگێڕدرا

شانۆنامەی “کۆتایی” ساموێل بێکێت بە هەوڵ و تێکۆشانی “پێشەوا ڕەهبەری” نووسەر و وەرگێڕی گەنجی پاوەیی بۆ سەر زمانی کوردی وەرگێڕدرا.

ئەو شانۆنامەیە خەرمانانی ئەمساڵ لەلایان بڵاوکراوەی “زایەڵە”ی شاری مەریوان چاپ و بڵاو کراوەتەوە. پێشەوا ڕەهبەری لە پێشەکی کتێبەکەیدا ئەڵێت: “شانۆنامەی کۆتایی، بریتییە لە چوار کارەکتەر. ئەم کارەکتەرانە، بەپێچەوانەی شانۆنامە، گوزارشت‌ئامێزەکانەوە کە هیچ جۆرە ناوێکیان نییە، هەر یەک لەو کارەکتەرانە ناوی تایبەت بە خۆیان هەیە. “هام” بە مانای چەکوش، “کلۆڤ” لە زمانی فەڕەنسیدا بە مانای بزمار، “نیل” ئیرلەندیدا بە مانای بزمار، “ناگ” لە زمانی ئەڵمانیدا بە مانای بزمار. ئەم چوار کارەکتەرە لە ژوورێکی چۆڵن. بێکێتی بێدەنگ بە شێوەیەکی سەرسامکەر بەم کارەکتەرانە گەمە دەکات. سەرسامیەکە لەوە دایە کە سێ کارەکتەری هام و ناگ و نیل بە درێژایی شانۆگەرییەکە دانیشتوون و توانای هەر جۆرە جووڵەیان لێ بڕاوە…. هەروەها لە شوێنێکی دیکەدا جەغد لەسەر باباتێکی گرینک دەکات و دەڵێت: ڕەخنەگرە گەورەکان، ئاماژەیان بەوە کردووە کە شانۆنامەی کۆتایی، زۆر نزیکە لە شانۆنامەی شالیری شەکسپیر و هەر وەهاش گەمەی شەترەنج. هام کە بێ جووڵە لەسەر کورسییەکەی دانیشتووە، پاشای گەمەکەیە. دوو تەنەکە خۆڵەکەش، دوو قەڵای ئەمسەر و ئەوسەری گەمەکەن. بەڵام ئەوەی جێ پرسیارە ئەوەیە کە کێ لەم گەمەیەدا دژی هامە؟ یان هام بۆ هێندە باس لە کۆتاییپێهاتن دەکات؟ لەم گەمەیەدا جووڵانەوە و هاتوچۆکردن سنووردار و دیاریکراوە. کارەکتری هام بە درێژایی شانۆکە لەسەر کورسییەکەی دانیشتووە و چیرۆکی بێمانا دەگێڕێتەوە و کلۆڤیش کە بەردەوام دێت و دەچێت و بێ ئەوەی ئاگاداری هیچ بێت خەریکە بە قسەی هام دەکات. یەکێک لە پرسە گرینگەکانی ئەم شانۆیەش ئەوەیە کە هام و کلۆڤ بگەنە کۆتاییی. بەڵام ئایا ئەم کۆتایە، کۆتایی گەمەکەیە یان کۆتایی ژیان؟ هام هەر لە سەرەتای شانۆکەوە بەردەوام باسی کۆتایی دەکات.”

پێشەوا ڕەهبەری چەندان کاری وەرگێڕانی‌تری وەک “کاتژمێرێک چاوەڕوانی” یەک لە شانۆنامە دیارەکانی ئەدەبی جیهانی لە نووسینی هاینریش بۆیڵ و “سۆزانییە بەڕێزەکە” لە نووسینی ژان پۆل سارتەر وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی و چەندین بەرهەمی تری وەک: “چیرۆکی ورچە پانداکان” و “کورسییەکان” و “کرێکار” … لە ژێر چاپ دایە.




بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا…25.. شەماڵ بارەوانی

بەشی بیست و پێنج/

لەبەشی پێشوو ئاماژەم بە هەردووک چەمکی:
ستایش و زەم)کرد و گووتم: بەو مەڵایەی هاوڕێی سەردەمی فەقێیاتیم گووت:کە هەم زەم و هەم مەدحیشت تێدایە، لەو چەند بەشەی (بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا)
کە تۆی تێدایت و زیاتر سەبارەت بە تۆیه.

حەزدەکەم لە یەک دوو بەشی بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕادا تۆزەک لەسەر مەدح و زەم بوەستم،
ئینجا لە بەشەکانی دوای ئەو بەشە، دێینەوە سەر بابەتی گۆرانی و شت.
هەڵبەت، لە مەدح و زەمدا، مەبەستم ئەوەبوو کە سیفەت و سال و خەت و هەڵسوکەوتەکانی سەردەمی حوجرەی ئەو فەقێیەی ئەوساو، مەڵایەی ئێستا وەکو خۆیان باس بکەم. ئینجا لە کوێ بۆی بوو بە مەدح، وەک دەڵێن:ئەوە خێر عەل خێر و، لە کوێیش بوو بە زەم، تاوانی منی تیا نییە و حەقیقەت و واقیعەکە وابوو و قورئانیش سەبارەت بە وتنی حەقیقەتەکان و ڕاستیەکان وتوویەتی:((وَإِذَا قُلْتُمْ فَاعْدِلُوا وَلَوْ كَانَ ذَا قُرْبَىٰ)(١). یان
((كُونُوا قَوَّامِينَ بِالْقِسْطِ شُهَدَاءَ لِلَّهِ وَلَوْ عَلَىٰ أَنفُسِكُمْ أَوِ الْوَالِدَيْنِ وَالْأَقْرَبِينَ )) (٢)و (قوَّام)کە، لێره سیغەی موبالەغەیه،
واتا:دایمە سەبارەت بە هەموو شتێك زۆر ڕاست و دادپەروەربن لە هەموو قسەکانتانا و ئەگەر دژی دایک و باوک، یان خزم و کەس و کارەکانتان، یان تەنانەت لە دژی خۆیشتان بوو، لە حەق لامەدەن.

منیش له (بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا)دا، تەنانەت لە دەیان شوێن گێڕانەوە و بیرەوەریەکان دژی خۆم بووەوە و زەمی خۆمی تیا بووە و ڕەخنەم لە بیرکردنەوەو هەڵسوکەوتی خۆم گرتووە، بێ هیچ دەستکاری و گۆڕانکاری و ماکیاج و کەم و زیادکردن وخوێ و ترش پێداکردنێک و خۆ بە پاڵەوان کردنێک و جوانکردنێک، وەکو خۆی بەسەر هات و بیرەوەریەکانم گێڕاوەتەوە و باسم لە چیرۆک و ڕووداوەکان کردووە.

وە هەر لەو سۆنگەی باوەڕیم بە ڕاستگۆیی و حەقیقەت و عەدالەت دا، لە نووسینەوەی (بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا)دا، هەوڵمداوە زۆر بە ڕاستگۆیی و وەکو خۆیان بیرەوەری و بەسەر هات و چیرۆکەکان بگێڕمەوە و دوور لە کاریگەری بیر و باوەڕ و بۆچوونی خۆم و گێڕانەوەیەکی بێ ویژدانانە، یان لە ژێر سێبەری ڕقێکی کۆن، یان دیدەنیگاو ئایدیۆلۆژیایەکی دیاریکراو بۆتەیەکی تاریك، بۆ مەبەستێکی دیارکراو، یان بۆ شکاندنەوەی ئەویتر، یان خوا نەخواستە ڕقێکی شەخسی و بۆ ئامانجێکی تایبەت بی نووسمەوە.

هەرلە و سۆنگەیەشەوە، لە کاتی نووسینەوەی هەربەشێکی بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕادا، زۆرجار گەر بیرەوەریەک و بەسەرهاتێکم باش بیرنەمابێت، چ لە ڕێگای ماسنجەر و ڤایبەرەوە، یاخود له ڕێگای واتسئاپ و تەلەفۆنەوە پەیوەندیم بە و فەقێیانەوە کردووە، کە خۆیان بەشێک بوون لە بیرەوەری و بەسەرهاتەکە، یان ئاگاداری بوون، تا نەکەومە ناو هەڵەو بێ ویژدانییەوە و بتوانم بیرەوەریەکان وەکو خۆیان و بیرەوەری لە تەنها لە پێناو بیرەوەری و بە ئەمانەتەوە بگێڕمەوە.

ئینجا سەبارەت بە بیرەوەری، هەڵبەت”کتێبی بیرەوەری یەکێکە لەو ژانرانەی کە زۆر کەس پەنایان بۆبردووە، هەر لە کەسایەتیی سیاسی و هونەرمەندەوە تا ئەدیب و ڕۆژنامەنووس. بیرەوەری وەک دواوتە، دواهەناسەی مرۆڤ، کتێبی بیرەوەری کتێبی نەگوترواوەکان، ئەوەی کە نەگوتراوە، دەگوترێ.”(٣) و وەکو لەتیف هەلمەت دەڵێت:” هەندێک بیرەوەری جۆرێکن لە ڕۆمان”(٤).
“ئەوەی بیرەوەری دەنووسێتەوە، چیرۆکی ژیانی خۆی دەگێڕێتەوە، بەڵام لە ڕێگەی ژیانی خۆیەوە ڕووداوە جۆراو جۆرەکانی سەردەمی خۆیشی باس دەکات. بەپێی کار و پێگەی ئەو کەسە، کەشی بیرەوەریەکە دەگۆڕێ کەشێکی ئەدەبی، یان سیاسی و یاخود کۆمەڵایەتی … خاڵێکی دیکە لە نووسینی بیرەوەریدا گرنگیی پێدراوە، ئاشکراکردنی کردەی سێکسی و چیرۆکی عەشق و ناوهێنانی بکوژ و ناپاک لە بیرەوەریدا زۆر هاتوون و گرنگیان پێدراوە.
زۆرجار ئەمە لە ڕووی سایکۆلوژییەوە جۆرێکە لە خۆخواردنەوەر مرۆڤ.

کەسایەتیی نووسەری بیرەوەری شتێک لە دڵیدایه و ساڵانێکی زۆر خۆی دەخواتەوە تا لە دوانووسینیدا دەری دەبڕێ. ئەمە، ئەمەندێک جار بۆ تۆڵەسەندنەوە و هەندێک جاریش بۆ نیشاندانی واقیعە. هەندێک جاریش بۆ خۆپاککردنەوەیە لە ڕووداوە نەشیاوەکان.”(٥)
بە تایبەتی ئەو بیرەوەریانەی مۆرکێکی سیاسیان بەسەردا زاڵە و باسی شۆڕش و شاخ و شەڕی نێو خۆیی دەکەن و زۆر چێرۆکی کوشتن و ناپاکی و ستەم و شتی تێدایه.

پاشان، نووسینەوەی بیرەوەری تەنها گێڕانەوەیەکی ڕووتی چیرۆک و بیرەوەریەکان نییە، بەڵکو ڕەخنە هەمیشە خاڵێکی سەرەکیە و پانتایەکی باش داگیردەکات لە کاتی گێڕانەوەی بیرەوەریەکاندا.
وە من وەکو زۆرێک لە نووسەرانی تر کە بیرەوەری و یاداشتەکانیانمان خوێندووەتەوە، بە تایبەتی نووسەرە کوردەکان، هەست دەکەم ڕق و تۆڵە و ڕەخنەی زۆر بریندارکەر و توند و ئسلوبی بەرامبەرشکاندووەوە و بێ ویژدانی و بێ ئینسافی کردن و بەکارهێنانی دەیان وشەی زبر و قسەی نەشیاو لادان لە ڕێچکەی ئاکادیمی بوونی نووسین و مۆڕاڵی نووسەرێتی و تەنانەت بێ ڕێزی و تا ئاستی سوکایەتیشی تیایە به هەندێك لەو کەسانەی کە لە بیرەوەری و یاداشتەکانیاندا نووسیویانە.

هەمووی هەر لەڕەخنە لە بەرامبەر دەگرێت و هەڵە و شکست و تاوانەکان دەخاتە ئۆباڵ و ئەستۆی بەرامبەر و دەیەوێت خۆی وەکو بەرزەکی بانان لێی دەربچێت و دایمە خۆی لە شێوەی پەپولە و بێتاوان پیشان بدات!

هەڵبەت گەر یەکەم بەشی(بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا)تان و خوێندبێتەوەو سەرنج و دیقەتتان دابێت، من هەر لە سەرەتای نووسینەکەو یەکەم بەشی بیرەوەریەکە، بەر لە هەر کەسێک بە ڕەخنەگرتن لە خۆم دەستم پێکردووە.

ئینجا منیش مرۆڤم و مرۆڤیش قابیلی هەڵەیه، هیوادارم له نووسینەوەی هەموو بەشی “بیرەوەریەکانی فەقێیەی گوومڕا”دا دووربم لەو ئاکار و هەلسوکەوتەی ئەوجۆرە نوسەر و بیرەوەری و یاداشتانەو وە تابۆم کرابێت هەوڵمداوە بابەتیانەو بێ لایەنانە ڕەخنە بگرم و بە دوور بم لە وشەی نەشیاو ڕق و کاردانەوە و هەرشتێک کە شیاو نەبێت، نووسەر لە نووسین و بیرەوەریەکانیدا بئاخنێت و سەنگ و بەهای بیرەوەری و نووسینەکانیشی به هۆیەوە لەدەست بدات.

ڕەنگ بێت من هەندەك وشەی وەکوو:فێندەمێنتالیست، توندڕۆ، بناژۆخواز، کۆنزەرڤاتیزم(کۆنەخواز)، نەریتگەرا، خێڵگەرا.. تاد.م بەکاربردبێت، کەسانێک وای لێ تێبگەن ولێکی بەنەوە و خوێندنەوەی بۆ بکەن، کە بە مەبەستی سوکایەتی وام نووسیبێت و ئەو وشانەم بەکارهێنابێت.

نەخێر، هەرگیز، ئەوە مەبەستی من نییە، بەڵام کەسێک دژی فەلسەفە و ئەقڵانیەت و مرۆڤ بوون بێت، لۆژیک بەهەرتەقە و کفر و زەندەقە دابنێت و دژایەتی مۆدێرنێتە و هەر تازەگەریەک بکات و کوشتەی دەستی بیری خوڕافەگەرێتی و، ڕابردوگەرێتی بێت و عەلمانیەت بە بێ ئەخلاقی و چەمکی یەکسانی جێندەری بە بەڕەڵایی پێناسه بکات و لە گۆشەنیگایەکی تەسک و چاڵێکی داخراو لە ڕوانگەیەکی ئیدەلۆژی و دیدێکی مەزهەبی و پەنجەرەی فیقهێکی کلاسیکیەوەو لە چەمەکەکان و شتەکان و مرۆڤایەنی و ژیان بڕوانێت و باوەڕی بە فرەیی نەبێت و پێکەوەژیان ڕەتبکاتەوە و بیەوێ بمانباتەوە دەرەوەی مێژوو و لێنەگەڕێین شان بەشانی شارستانیەت هەنگاو بنێین و
داوای گەڕانەوە بۆ شێوەیه ژیانێکی سەرەتایی و بەدووانەی هەزار وچوارسەت ساڵ لەمەوبەری دوورگەی عەرەب بکات و قەناعەتی وابێت، فلان و فیساری ناو مێژووی عەرەب و سەدەی حەوتەم و هەشتەمی زاینیی هیچیان بۆ ئێمە نەهێشتووەتەوە و هەمو شتێکیان گووتووەو ئەوەی لەسەر ئێمەیە تەنها شوێنکەوتنێکی کوێرانەودامارگیرانەو بێ لام و جیمانەی ئەو سەلەف و پێشینانە بین و ژیانی ئێستا وسەدەی بیست و یەک و سەردەمی شۆڕشی زانستی و شەڕی تەکنەلۆژی و داهێنانی ڕۆبۆت و چوونە سەرمانگ و چی و چی هەمووی دەبێت بکەین بە قوربانی و پاشکۆ و کۆپی فەتواو تێگەیشتنێکی کۆنینەو، مردووی ناو گۆڕ، تەحەکوم بە ژیانی زیندووەکانەوە بکەن و پێمان بڵێن چی بکەین و چۆن بڕۆینە تەوالێت و چی بخۆین و چی شێوازێک بخەوین و چی جلێک بپۆشین و چۆن سەلام بکەین و کەلام نەکەین!
ئێ تۆ ئینجا چاوەڕێ لە منی لیبڕاڵ و هیومانیست دەکەیت، بێم و بەشان و باڵی ئەو بیرکردنەوە ئێکسپایەربووەدا هەڵبڵێم و پەسنی ئەو جۆرە مینتاڵێنت و ئەقڵیەتە بدەم و بە ئیبنولتەیمیەی تیورسەنی هزری توندڕۆی و باوکی ڕۆحی تیرۆرستان بڵێم: سوقراتی سەردەم و سەید قوتبی ڕادیکاڵ بکەم بە ڤۆڵتێر و مارتن لۆتەر و ئیمامی شافیعی بکەم به گۆردانۆ برۆنۆی مێژووی عەرەب و گۆرانی بەشان و باڵی فیقه و مەزهەبە شۆڤێنی و دەمارگیریەکەی و بیرە عروبیەکەی دا هەڵبڵێم و شاباش بەسەر ڕادیکاڵێکی وەکو ئەحمەدی کوڕی حەنبەل و ئیسلامیست و ئیخوانیزمێکی لە شێوەی حەسەن بخوێنمەوە و به حەکیم و ڕووناکبیر و زاناو پاڵەوان و قارەمانی سەدەی بیستەمی بژمێرم؟!
هەرگیز چاوەڕێی وەها شتێک لەمن نەکەن.
وە ئەو دەستەواژە و وشانەی کەئاماژەیشم پێدا، هەرگیز ناچنە خانەی جوێن، یان سوکایەتی و بێ ڕێزییەوە و لە دنیای نووسین و لای نووسەرانی ئاڕاستە لیڕاڵ و سیکۆلارست و دیموکراسیخواز، بەکارهێنانی ئەو جۆرە وشەو ڕەستەواژانە، لەبەرامبەر هێزە سەلەفیگەراکان و ئیسلامگەراکان، شتێکی زۆر نۆڕمەڵە.
….

١-سورەتی ئەنعام، ئایەتی١٥٢.
٢-هەمان سورەت و هەمان ئایەت.
٣- مەحمود نەجمەدین، گۆڤاری (ڕۆڤار)، ژمارە85، لاپەڕە ٥٣.
٤-ئەو ڕۆژانەی نیشتمان هی هەمووان بوو، هەڤاڵ کوێستانی،چاپی پێنجەم،2021، لاپەڕه ٦.
٥-مەحمود نەجمەدین، گۆڤاری (ڕۆڤار)، ژمارە85، لاپەڕە لاپەڕە ٥٤.




دەزگا هەواڵگرییەکان چۆن کار دەکەن لەسەر وڵاتانی تر؟.. زانا رەزاق

دەبێ شەڕێک لەنێوان لایەنەکان لە هەموو ووڵاتێکی ڕۆژهەڵاتی ڕووبدات یان ڕوویداوە لە ناو هەموو ووڵاتەکانی ڕۆژهەڵاتی بەو هۆیەوە ڕقێک دەچێنن تا ماوەیەکی زۆر کاریگەری دەمێنێت بەس ئەو گەلە زۆر لێهاتووە کە ئەو ڕق وکینە و دووبەرەکییە نەهێلێت چونکە پەرت بوون و شەڕ دوو خاڵی گرنگن که وا دەکات کۆمەڵگا لەڕووی ئابوری و پێکەوە هەنگاونان کارنەکردن زیانێکی زۆریان لێبدات یان بەشێوەی تر ئەو دوو خاڵە نەمێنێنن ئاشتی و تەبایی لەگەڵ هۆشیاربوونەوە لەوەی کە ئەو ڕق و کینەیە دەستکردە نەک سروشتی یانی بۆیان چاندووین نەک خۆی ئاوا چاندرابێت

تێبینی زۆرێک دەوڵەت و ووڵاتی ڕۆژهەڵاتی جۆرە دەستێوەردانێک لە وڵاتەکانی تر دەکەن ئەمەش بۆ ئەوەی پێشنەکەون یانی تەقینەوە و تیرۆر زۆر دەکەن دواتر هێزەکانی ووڵاتەکە پێکەوە خەریک دەکەن چونکە بۆ ئەوان باشە ئەوان کار دەکەن ئەوانەی پێکەوەش خەریکن هەر بیریان لە کارکردن نیە بەڵکو حەزیان لێییە یەکتر بڕوخێنن زۆر جاریش بەیەک ڕستە دەزگا هەوالگیرییەکان شەڕێک لە ووڵاتی تر دروست دەکەن یانی زۆرێک لەشەڕەکان دەستکردە نەک سروشتی نموونەش ئێراق.

تێبینی تر ئەمە لە زۆرێک ووڵاتە ئەوڕوپییەکانیش ڕوویداوە