ئەلڕازى و گومانگەرایى فەلسەفەیى.. گێرت ‌هێندریش- کاوە جەلال لە ئەڵمانییەوە

 

ئەوە کە پێشتر گۆتمان (واتا پشتگوێخستنى وەڵامدانەوەى پرسیارە فەلسەفەییەکان بۆ خاترى وەڵامدانەوەى ئایینى کە لاى کندى بینیمان – و) دووەم سیستەماتیکییە مەزنەکەى سەدەى نۆیەم ناگرێتەوە: ئەبوبەکر محەمەد ئیبن زەکەرییا ئەلڕازى. ئەم وەک گومانگەرا و ڕەخنەگرێکى ناوداری ئایین دەیگۆت کە فەلسەفە پێشتریی لە ئایین هەیە. وەلێ پەیوەند بە ئەمیشەوە تەنیا چەند بەشێکى بەرهەمە فەلسەفەییەکەیمان پێگەیشتووە، بۆیە داڕشتنێکى سەرجەمییانەى بەرهەمەکەى زەحمەتە. ڕازى هەروەها لە لایەن چەرخى ناڤینى لاتینییەوە دەرککرا، بێگومان سەرەتا نەک وەک فەیلەسوف، بەڵکو وەک پزیشک. ئەو لە ئەوروپا کە بە ناوی “ڕازێس” ناسرا بوو، ڕیزێک نووسینى پزیشکیى بەجێهێشت و ئەمڕۆ پتر لە پەنجا دانەیان ماونەتەوە. ئەم نووسینانە نەک تەنیا پوختەى تێکستى گریکى و ئەرەبین، بەڵکو بەتایبەتى توێژینەوەى مەیدانیى پزیشکین و ڕازى پەیوەندی کردوون بە گۆزارەی تیۆریانەوە، لێرەشدا گۆزارەکانی خۆی ڕەخنەییانە یان بە ڕاستاندن ڕاڤە کردووە. هەر بەم شێوەیە ڕازی تەنانەت ڕەخنە ئاڕاستەی مەزنترین ناسێنراوە پزیشکییەکەی چەرخی ناڤینیش دەکات، واتا گالن، کە پزیشک و فەیلەسوفێکی گریکی-ڕۆمی بوو (129-199). بەرهەمە سەرەکییە پزیشکییەکانی ئەو بریتی بوون لە: ئێنسیکلۆپێدیای “ئەلجامیع ئەلکەبیر” (کۆبەرهەمی گشتگیر)، ئەوجا “ئەلحاوی فی ئەلتوب” (دەفری پزیشکی)، هەڵبژاردەیەکی ئەم نووسینەش ساڵی 1279 لە سیسیلیا بە ناونیشانی “کتێبی پاراستن” (Liber Continens) بۆ لاتینی وەرگێڕرا و ساڵی 1486 لە برێشا (Brescia) بە چاپکراوی بڵاوکرایەوە. ئەوجا لە سەدەی هەژدەیەمدا کتێبەکەی ڕازی کە لەبارەی نەخۆشییە درمییەکان (“لەبارەی ئاوڵە و سورێژە”) نووسیبووی، لە ئێنگلاند بڵاوکرایەوە، ئەوە بێگومان وەک کەرەسەیەک بۆ ئەو ناکۆکییە کە سەبارەت بە شیمانەی کوتانی پاراستن لە ئاوڵە سەریهەڵدابوو. تێکستەکانی ڕازی بەدێژایی چەرخی ناڤین لەپاڵ زانا کلاسیکەکانی ئەنتیکە و “کانۆن ی پزیشکی”یەکەی ئیبن سینادا گرنگترین نووسراوی ناسێنراوی بواری پزیشکی بوون. ڕازی سەر بەو هزرڤانانە بوو کە لە زانستە سروشتییەکان و پزیشکیدا پتر پشتیان بە توێژینەوەی ئەمپیری (تەجریبی) دەبەست نەک زانایانی ناسێنراوی پێش خۆیان وەک دەرچەی هزرین دابنێن. ئەمەش چۆنێتییەکی باڵای بە نووسینەکانی ئەو دەدا و هەر بەو هۆیەشەوە گەلێک بەرز دەنرخێنران. وەلێ هەر خودی ئەو هەڵوێستەی ڕازی لە لایەکی دیکەوە بوو بە مایەی تانوتدان لێی، کە گۆیا ئەو “ئازادانە تێڕوانینەکانی خۆی دەهزرێنێت” و نەک تەنیا پسپۆرە ناسێنراوەکان دەخاتە ژێر پرسیارەوە، بەڵکو لە کۆتاییدا سەرجەمی ناسێنراوانیش (ئۆتۆرێتییەکان). ئێمە ئا لێرەدا گەیشتووین بە واتای فەلسەفەیی ڕازی.

  زەکەرییا ئەلڕازى خەڵکى “ڕاى” بوو، ناوچەیەک کە دەکەوێتە باشوورى تارانەوە و تەنیا چەند کیلۆمەترێک لێوەى دوورە. کەواتە ڕازى یەکەم فەیلەسوفى بەواتاى ڕەچەڵەک فارسییە، لێ بۆ ئەو ئەرەبى زمانى زانست بوو و شوێنى کارکردنى سەرەکیشى بەغداد بوو، کە لە سەدەى نۆیەمدا سەنتەرى جیهانى ئیسلامی بوو. ئێمە زۆر کەم لەبارەى ژیانى ڕازى دەزانین: ئەو ساڵى 865 هاتە جیهانەوە، لە ڕاى سەرجەم کانۆنی (پرنسیپی – و) بەشە زانستییە ناسراوەکانى ئەو سەردەمەى خوێند. پێدەچێت ئەو سەرەتا وەک توێژەرێکى ئەمپیرى خۆی بە کیمیاوە خەریک کردبێت کە بە ئەرەبی ناودەنرا “ئەلخیمیا”. ئێمە پێویستە لە لایەک لە “ئەلخیمیا” ڕاڤەیەکى خوازەیی-تەسەوفییانەى کاردانەوە کیمیاییەکان تێبگەین، لە لایەکى دى، لە مەغزایەکى مۆدێرندا، وەک هەوڵدان بۆ پشکنینی سیستەماتیکییانەی پێکهاتەى ماتەرى لێی تێبگەین. هەردووکیان لە زانستى ئەرەبى-ئیسلامیدا تێکەڵ دەبن. ئەمە هەروەها ڕازیش دەگرێتەوە. ڕازى وەک پزیشک گواستییەوە بۆ بەغداد و لەوێ ڕابەرایەتیى دروستکردنى نەخۆشخانەیەکى کرد، کە پێدەچێت هەر خۆی پاشان بووبێت بە بەڕێوەبەرى. ئەو لە کۆتایى ژیانیدا کوێر بوو و ساڵى 925 یان 932 مرد. ئەلبیرونى لەبارەى ناوبانگى ڕازى وەک پزیشک دەگێڕێتەوە: “ئەو لە هونەری چارەسەرکردندا بە ناوبانگێکى بڵند گەیشت؛ پاشا مەزنەکان داوایان دەکرد، بەدوویاندا دەنارد و ڕێزیان لێدەنا؛ ئەو بەردەوام بە ئەوپەڕى پەرۆشەوە خەریکی دیراسە بوو” (Albiruni, 1991, 148). بێگومان فەیلەسوفە کلاسیکییەکانیش سەر بە لێتوێژینەوەکانى ڕازی بوون و لێرەشدا وەک نووسەرێکى زۆر ڕەخنەیى و هەروەها زۆر بەبەرهەم دەرکەوت. بەداخەوە زۆرینەى بەرهەمە فەلسەفەییەکانى بزر بوون. ئێمە بڕێکى زۆرى هزرى ئەو لە داڕشتنى نووسەرانى دیکەوە دەناسین، لێرەشدا هەڵوێستی ڕەتکەرەوەیان بەرانبەر ڕازى ئەو مەترسییە لەتەک خۆیدا دەهێنێت کە بڕێکى زۆرى بیرۆکەکانی تەنیا بەتەزویرکراوى بە ئێمە گەیەنرابن.(1)

فەلسەفەى ڕازى بەتایبەتى پشت بە ئەتۆمیستە گریکییەکان، واتا دێمۆکریت و ئێپیکور دەبەستێت، لێ هەروەها بە “تیمایۆس”ى پلاتۆن. بێگومان ڕازى ئەم دیالۆگەى پلاتۆن لە پوختەکراوەکەى “گالن”دا دەناسێت. ئەو لەم خەریکبوونانەوە گۆڕان دەدات بە کۆسمۆلۆگى و ئێتیک و ڕەخنەى ئایین. هەرسێکیان لاى ئەو پەیوەندییان بە یەکدییەوە هەیە و شێوەیەکى سیستەمى فەلسەفەیى دەخەنەوە. ڕازى سەرەتا لە پێنج پرنسیپى ئەزەلییەوە دەردەچێت: ماتەری، فەزا، کات، دەروونى گەردوونى و ئافرێنەر (خولقێنەر). ئەلبیرونى ئەم دەستپێکەى ڕازى بەم چەشنە پوخت دەکاتەوە:

“هەر پێنجیان (واتا پێنج پرنسیپە ئەزەلییەکە) پێشمەرجى زەروورین بۆ هەر شتێک کە هەیە. ئەوە کە لە بوونەوەردا بە سێنسەکان دەرک دەکرێت، بریتییە لە “هیولە” (کەرەسە – و) (2) کە بەڕێى ئاوێتەبوونەوە فۆرمى وەرگرتووە، ئەوجا لەبەر ئەوەى هیولە لە فەزادایە، ئەوا دەبێت فەزایەک هەبێت. ئەو ڕەوشە جیاوازانە کە ماتەری موئایەشەیان دەکات، بەزەرووری بەندن بە کاتەوە، چونکە هەندێک (ى ڕەوشەکان) زووتر و ئەوانى دیکەیان درەنگترن. هەروەها مرۆڤ بەڕێى کاتەوە لەبارەى ئەزەلیبوون و سەرهەڵداویى، هەروەها لەبارەی زووتر و درەنگتر و هاوکاتێتى دەزانێت. بۆیە دەبێت (کات) هەبێت. لەنێو بوونەوەردا زیندە هەیە، کەواتە دەبێت دەروون (گیان – و) هەبێت، لەنێو ئەوانیشدا زیندەى ئەوتۆ هەن کە ئاوەزمەندن. هەروەها ئافراندن باڵاترین کامیلکردنە، کەواتە بەزەرووری ئافرێنەرێکی دانا و زانا و کامیلکەر هەیە کە ڕژانى ئاوەز لە خودى خۆیەوە بۆ چاککردن (ى مرۆڤ) دەشێنێت” (رازى، رازى ئەلفەلسەفییە، بەیروت، 1982، 195(3))

کاتێک ڕازى لە “هیولە” دەدوێت، لێرەدا ئەوها دەنوێنێت هەروەک ئەو خۆی گرێ بدات بە تێڕوانینی ماتەرییەوە لای ئەڕیستۆتێلیس. وەلێ ئەم ماتەرییە لە ڕاستیدا هەمیشە “ئاوێتەیە”، بێگومان ئاوێتەیەکی پێکهاتووە لە ئەتۆم. کەواتە ماتەری ئەوها نییە کە ئەڕیستۆتێلیس گریمانەى دەکات، واتا ماتەری شیاوى کەرتاندن نییە تا بێدوایەکى، بەڵکو لە بچووکترینی گەردیلەکانیدا بریتییە لە “ئەتۆمۆس” (بەگریکى واتا “نەشیاوى کەرتاندن”). ئێستاش ئافراندنی خودایی هیچی دیکە نییە جگە لە ڕێکخستنی ئەم ئەتۆمانە و بەم ڕێیەشەوە گەردوونى ماتەرییانە (ماتەریەل) دەسازێنێت. کاتێک ئەتۆمەکان ئەزەلین (نەئافرێنراون – و)، بە پێچەوانەوە فۆرمەکەیان تەنیا سەرئەنجامى کردارێکى ئافرێنەرانەیە. کەواتە ئافراندنەکەی خوداش کردارێکە لە کاتدا. ڕازى لێرەدا خۆی بە “تیمایۆس”ى پلاتۆنەوە گرێ دەدات: لە “تیمایۆس”دا دەمیورگى (وەستای – و) ئەفسانەیى، واتا ئافرێنەرەکەى جیهان، گەردوون بە یەک دەگەیەنێت، بێگومان ئەو گەردوونە کە لە بنەڕەتدا کردەکێتییەکی پەتیى ماتەریانە بوو و وەک ئەوەش نە فۆرم و نە دەروونى هەبوو. وەلێ ماتەری بە پێکەوەلکاندنی دەبێت بە سەرجەمێک و “نادیارەکە”ى بوون، واتا دەروونى جیهان یان ئیدێکان، بۆ نێو خۆی وەردەگرێت. (4)

تیۆریی ئەتۆم، وەک سەرئەنجامی ئەمەش تیۆریی جیهانى ماتەریی ئافرێنراو، خودادیدیى ڕازى دیارى دەکەن. سەرەتا بونیادى ئەتۆمى لە لایەنی خۆیەوە ئەزەلییە، ئەوجا خودای ئافرێنەری جیهان ئەو بونیادە ئەتۆمییە وەک سەرجەمێکى ڕێکخراوى پڕمەغزا دەسازێنێت؛ خودا دەروونى پێدەدات، ئەم دەروونەش بریتییە لە ئاوەزى پەتى. گەر خودا لە زەروورەیەکەوە بۆ ئەم ڕێکخستنە ناچار بکرابایە، ئەوسا ئەو چیدى خودا نەدەبوو، بەڵکو تەنیا هۆکارێک دەبوو لە کاتدا؛ ئەوسا دەبوو خودی ئەم هۆکارە دوایەکى بووایە و هەروەها هۆکاری هەبووایە. لەبەر ئەم هۆیە دەبێت خودا تەنیا بە خواستی خۆی گەردوونى وەک ماتەریی ڕێکخراو ئافراندبێت. ڕازى ئەم کردارەى ئافراندن وەک نیشانەى خۆشەویستى و چاکیى خودا دەبینێت. خودا لە بەزەیی خۆیەوە جیهانى ناڕێکخراوى ئەتۆمى دەبووژێنێتەوە، ئەوجا بە ڕژاندنى ناخەکیترین کرۆکى خۆی شیمانەیەک بەم ژیانە دەدات کە لەنێو مرۆڤدا خۆى سەرلەنوێ لە فۆرمى ماتەری جیا بکاتەوە و خۆى لەتەک خودادا بهاوشێوەێنێت. کەواتە توانستى ئاوەز لاى مرۆڤ نیشانەیەکە بۆ خۆشەویستیى خودا، لێرەشدا ڕازى سەرلەنوێ پشت بە “تیمایۆس”ى پلاتۆن (30a) دەبەستێتەوە. ڕازى درێژە بەو ئافراندنەی جیهان دەدات کە لە “تیمایۆس”دا داڕێژراوە، ئەویش کاتێک جیهان وەک دوایەکى (کۆتامەند) دیارى دەکات. کۆتایى جیهانى ئافرێنراو لەو ساتەدایە کە دەروون دەگەڕێتەوە بۆ دۆخە سەرچاوەییەکەى هۆشەکێتیى پەتى، واتە “بۆ لاى خودا دێت”. لەبەر ئەم هۆیە ئەرکى مرۆڤان ئەوەیە کە خۆیان بە یاریدەی فەلسەفە بهۆشێنن و بەوەش خۆیان لە ماتەری جیا بکەنەوە.

لێرەوە پرسیارێک سەرهەڵدەدات: گەر دەروونى هۆشەکى ی ئازادکراو لە ماتەری، باشترینى سەرجەم ڕەوشە شیاوەکان بێت، ئیدی ئایا لەبەر چە هۆیەک خودا لێرەبوونى (وجودی) ماتەرییانەی ئافراند؟ پەیوەست بەم پرسیارەوە ئەبو حاتەم ئەلڕازى (932 مردووە) دانوستاندنێکی نێوان خۆى و زەکەریا ئەلڕازی دەگێڕێتەوە (al-Munazarat, ar-Razi 1982, 291-316). بەم پێیە وەڵامى ڕازى پەیوەند بەم پرسیارەوە ئەوە بووە، کە گرێدانێک لە نێوان دەروون و ماتەریدا خۆزگەى خودا بووە، ئەویش تاکو دەرفەتێک بە دەروونى توانامەند بۆ ژیری (vernunftbegabt) بدات کە پەیوەند بە قەدەری خۆیەوە ئازادانە ئیختیارێک بکات. ئاخر دەروونێک کە ئازادانە کردار بنوێنێت، باشترە لە دەروونێکی جڵەوگیراو. ئا لێرەدا گەردووندیدیى ڕازى دەچێتە نێو ئێتیکەکەیەوە. مرۆڤ بوونەوەرێکى دەرووندار و ئاوەزمەندە، بۆیە هەروەها بوونەوەرێکى ئازادە. ئەو بە کردارى ئافراندنی خودا داواى لێکراوە کە خۆى فۆرمى لێرەبوونى دیارى بکات. ئەو بێگومان دەتوانێت بە کایەى ماتەرییەوە پابەند بمێنێتەوە، وەلێ ئەو لەم ڕەوشەدا ناتوانێت بە لێرەبوونێکى ڕاستینە بگات؛ ئەو هەروەها دەتوانێت بەڕێى هۆشەکێتیى خۆیەوە هەڵزنێت بەرەو فۆرمێکى باڵاترى لێرەبوون، کە ئیدی ڕزگاری دەبێت لە مەزنەگوناهى پێکەوەگرێدانەکەی ماتەری و هۆش. بێگومان ئەم مەزنەگوناهە لەو شێوەیەدا نییە کە لە تێڕوانینى بیبلیانە و قورئانیدا جەختی لێدەکرێت، واتا “دواى” ئافراندن سەرهەڵنادات، هەروەها بەند نییە بە گوناهى خودى مرۆڤەوە (ئادەم و حەواوە – و)، بەڵکو لەنێو خودى کردارى ئافراندنی خودادایە. پێدەچێت هەروەک خودا بییەوێت نەهێشتنی ئەو گوناهە کە ئەو خۆى لە ئافراندنی جیهاندا کردوویەتى، بۆ مرۆڤ جێبهێڵێت. نەهێشتنی گوناهەکە، هاوشێوەى نوێپلاتۆنیزم، بە بزووتنێکى هەڵچوو دەشێت، کەواتە ئەمیش پشت دەکاتە فۆرمى ماتەرییانەی یان فۆرمى زەمینیانەى لێرەبوون، هێندە نەبێت کە ئەم بە پێچەوانەى نوێپلاتۆنیزمەوە بەبێڕێزى لە لێرەبوونى ماتەرییانە ناڕوانێت. ڕازى لە نووسینە گەیەنراوەکەیدا بە ناونیشانى “شێوازى ژیانى فەلسەفەیی” (ئەلسیرە ئەلفەلسەفییە، 97-112) بەرگرى لە خۆی دەکات وەک کەسێک کە پابەندی نموونەى کەسی “دانا” بووە، ئەم دانایەش بە دیدی ئەو لە سۆکراتێسدا بەرجەستە بووە. ئێمە بێگومان لێرە سۆکراتێسى ترادیسیۆنى ئەرەبیمان هەیە کە تێکەڵکراوە بە مۆرکەکانى دیۆگینێسى سینۆپەیى: هەروەها سۆکراتێسەکەى ڕازیش لەنێو کووپەیەکدا و تەنانەت هەندێک جار لە بیابانێکدا دەژى (5). پاشان، وەک ڕازی دەبێژێت، سۆکراتێس واز لەم شێوازە ئاسکێزییەی (زاهیدییەی) ژیان دەهێنێت تاکو خۆى بۆ فەلسەفە تەرخان بکات، ئەم فەلسەفەیەش هەروەها واتاى دانایى پراکتیکییانەى ژیان دەگەیەنێت، چونکە سۆکراتێس دەچێتە پەیوەندیی هاوسەرییەوە، زارۆک دروست دەکات، چێژ لە خۆراکى بەتام وەردەگرێت و (بە ڕێژەیەکى کەمتریش) لە شەراب، جگە لەوە وەک هاوڵاتى فرمانەکانى خۆى بەجێدەگەیەنێت، ئەویش کاتێک لەدژى دوژمنانى شارەکەى دەجەنگێت. کەواتە دوژمنایەتیکردنی پەتیى لەش و ئەوجا ئاسکێز (زوهد) ڕێگەیەک نین ڕووەو لێرەبوونێکى هۆشەکییانەى باڵاتر، بە پێچەوانەوە تەقەلادانى فەلسەفەیی ئەو ڕێگەیە پێکدەهێنێت، بێگومان تەقەلادانێک کە گەرچی دەیەوێت خۆى لە لەش جیابکاتەوە، سەرەڕای ئەوە نابێت لەتەک لەشدا بکەوێتە ناکۆکییەوە، بەڵکو گەرەکە ڕێگەیەکى نێوانى بگرێتە بەر.

ئەم تێڕوانینە هەروەها لەتەک تێڕوانینێکی ڕازیى پزیشکدا یەکدەگرێتەوە کە ئەو سەبارەت بە پەیوەندییەکانى موئاناتی ئۆرگانى و پسیکۆیی هەیەتی. کاتێک گالن، لەتەک ئەویشدا ژمارەیەکى زۆری شوێنکەوتووانی لە چەرخى ناڤیندا، بڕوایان وا بوو کە ڕەوشی پسیکۆ بەندە بە ساغیى لەشەوە، ئەوا ڕازى خۆگرێداو بە ڕەچاوى مەیدانیانەى نەخۆشخانەییەوە ئەم ڕوانگەیە هەڵدەگێڕێتەوە: پسیکۆ دەشێت مایەى نەخۆشکەوتنى لەش بێت یان نیشانەی نەخۆشیی لا دیاربهێنێت، بەبێ ئەوەى لێرەدا نەخۆشییەکى ڕاستینەى ئۆرگانى لەگۆڕێ بێت. بەم شێوەیە بیرۆکەی نەخۆشکەوتنى پسیکۆسۆماتى (پسیکۆ-لەشەکی) دێتە ئاراوە و بەتەواوى لە لایەن پزیشکیى ئەرەبى-ئیسلامییەوە وەردەگیرێت. بۆ نموونە پزیشکە ئیسلامییەکان هەوڵیان دەدا کە تا ڕادەى شیان بە ئانامنێزەیەکی تەواوەتی و گشتگیر هۆکارى “دەروونیانە”ى سەرجەم نیشانەکانی نەخۆشی بدۆزنەوە. کەواتە بۆ ڕازى ڕووکردنە هۆشەکێتی گرنگترە لە پشتکردنە لەشەکێتى. ئەم هەڵوێستە بۆ کەسی “دانا” کە نموونە و ئیدیالى ڕازییە، واتایەکی ئەوتۆ دەگەیەنێت کە ئەو خۆى وەک بەرپرسیار دەبینێت “لە چاکێتیى بێسنوور و کۆششکردن بۆ خاتری پێشکەوتنى سەرجەم مرۆڤان”: “ئەو ژیانە کە فەیلەسوفە مەزنەکانى ڕابردوو بەڕێوەیان بردووە، دەشێت بە چەند وشەیەکى کەم دیارى بکرێت: ژیانی بەو چەشنە بەدادییە بەرانبەر سەرجەم مرۆڤان” (Zit. Nach Jockel, 131, 1981). ئێمە، وەک بوونەوەری ئاوەزمەند، خاوەنی ئازادین بۆ وەرگرتنی ئەو هەڵوێستە، وەلێ ئێمە هاوکات بانگکراوین بۆ ئەوەی خۆمان بەڕێى فەلسەفەوە کامیل بکەین. بە هەر حاڵ، ئاوەز میدیەمەکەیە چە بۆ خەڵاسی کەسى خۆ و چە بۆ بەڕێوەبردنى ژیانێکى چاک و بەداد. هەروەها ڕازى لێرەشدا ڕەهەندی بەگەڕخستنەکەى کارکردن بە ئاوەز دەبینێت، ڕەهەندەکەش بەشێکە لە پلانى خودایانەى ئافراندن:

“ئافرێنەر زەینی پێداین تاکو بەڕێیەوە هەر پێشکەوتنێک بەدیبهێنین کە گەرەکە بەگوێرەی جۆری خۆمان و ئەودنیاش دەرگیری بین. ئەوە مەزنترین چاکەی ئافرێنەرە لەتەک ئێمەدا، هیچ شتێکیش پڕبەهاتر نییە لە مشورخواردنی ئەو بۆ پێشکەتن و سوودی ئیمە. […] ئێمە بە یاریدەی زەین لە شتی ئەوتۆی نامۆ و ئەوبەرەکی تێگەیشتووین کە پێشتر نهێنی و لێمان شارراوە بوون. ئێمە بە یاریدەی زەین ڕووبەری زەمین و ئاسمانمان ناسی، یان بارستایی خۆر و مانگ و ئەستێرەکان، دووری و بزووتنیان. تەنانەت بە یاریدەی زەین گەیشتین بە مەئریفەی ئەو مەزنە، هینی ئافرێنەرمان، ئەوەش شکۆمەندترین بوو کە ئێمە هەوڵی گەیشتمان پێی دەدا و سوودمەنترین دەستکەوتیشمان بوو. […] کە ئەمە بێت بەها و پلە، نرخاندن و واتای زەین، ئیدی هەقە لە پێگەی باڵای خۆی داینەگرین یان بە هەر شێوازێک ڕسوای نەکەین، بەڵکو لە هەموو دۆزەکاندا ڕاوێژی پێبکەین، ڕێزی بگرین و پشتی پێببەستین، ئەویش بەوە کە دۆزەکانمان بەگوێرەی فەرمانی ئەو بەڕێوەبەرین و هەر بەگوێرەی فەرمانی ئەویش کۆتاییان پێبهێنین.” (هەمان سەرچاوەی پێشوو، لا 129 بەدوواوە)

کەواتە بە دیدی ڕازى نەک خودا، نەک پەیڤى خودا کە لە نووسراوێکى سروشیدا تۆمارکراوە، پێوەری گەرەکی بایەخپێدانە لە لایەن مرۆڤەوە، بەڵکو بڕیارى ئاوەزی خۆیی ئۆتۆنۆم پێوەرە. هەر بەگوێرەی ئەم بنەمایە ڕازى هەڵوێستێکی ڕەخنەیى، بەڵێ ڕەتکەرەوە بەرانبەر ئایینە سروشییەکان وەردەگرێت. بە بڕواى ئەو پەیامهێنى (پێغەمبەرایەتی) شتێکى ناپێویستە، چونکە مرۆڤ تەنیا بە کۆششى فەلسەفەیی خۆی، واتا بە کۆششى هۆشەکى، دەتوانێت خەڵاسی خۆیی بەدیبهێنێت. سەرجەمی مرۆڤان دەتوانن ئەم ڕێگەیە بگرنە بەر. ڕازى بەم تێڕوانینە یەکسانگەرییە بەئاشکرا لە سەرجەم فەیلەسوفانی دیکەی ئەرەبى-ئیسلامی جیا دەبێتەوە، کە گەر تەنانەت جەختیان لە باڵادەستییەکەی جیهاندیدیى فەلسەفەیى-ئاوەزمەندانە کردبێت، هێشتا هەر هەموویان نزیکەى بە یەک دەنگ دەیانگۆت کە پەیامهێنی، وەک ڕێبازێکی دانایى، پێویستە بۆ گەلی سادە. جگە لەوە ڕازى تێڕوانینێکی ڕەخنەیی سەبارەت بە خودى ئایینیش هەیە. ئەو دەبێژێت کە نەشیاوە خودایەکى میهرەبان و بەداد هەرگیز پەیامى خۆى بۆ گەلێکى “هەڵبژێرراو” (ئەلموختار) بنێرێت. گەر هەر یەکەى ئایینەکانى یەهودى و کریستیانی و ئیسلام بەرانبەر یەکدى جەخت لە بەربژێریی خۆی بکات، ئەوا لەو ڕاگەیاندنەدا بڕوایەکی چەوت خویا دەبێت کە تەنیا ناکۆکى و جەنگی لێدەکەوێتەوە. هەر بەگوێرەی ئەم تێڕوانینەش پەیامهێنانى هەر یەکەى ئایینەکان گومانی ئەوەیان لێدەکرێت کە خۆیان تەنیا لە تەماحى دەسەڵات و لەخۆباییبوونەوە بە پەیامهێنى خودا دانابێت، کە ئیدی بەو ڕێیەوە مرۆڤانیان فریوداوە و خستویاننەتە نێو ناکۆکیى بێواتاوە. ڕەنگە گۆتەی “سێ فریودەرەکە” (De tribus impostoribus) کە لەبارەی موسا، ئیسا و محەمەد دەربڕراوە و لە چەرخى ناڤینى کریستیانی و هەروەها ئیسلامیشدا بڵاوبوو، ڕاستەوخۆ بۆ ڕازى بگەڕێتەوە، جا گەرچى هیچ کتێبێکى ئەو لەم بارەیەوە بە ئێمە نەگەیەنراوە.(6) لە سەدەکانى ئایندەدا تەنانەت زانایانى ڕەخنەیى و واتامەندى فەلسەفەى ئیسلامى خۆیان بە تووڕەییەکی زۆر کەم شارراوە لەبارەی ڕازى دەردەبڕن، ئەمەش پێشانى دەدات، کە ڕەخنەى ئەو لە ئایین بەڕاستى بنەڕەتى و ڕیشەیى بوو. سەبارەت بەمە ئەلبیرونى تێبینى دەدات:

“ئەو لە ڕووى ئایینەوە نەک تەنیا بەوە ڕازی بوو کە سەرکەشانە ئایین پیشتگوێ بخات یان بێدەنگانە وەلاوەی بنێت، بەڵکو ئەو تەنانەت دەستی دایە تەوسگرتنە ئایین و بە بەرهەمى خێو و شەیتانی دەدەنا. […] مرۆڤ دەتوانێت ڕاستاندنى ئەم دەربڕینانەم لە کۆتایى کتێبەکەیدا لەبارەى پەیامهێنى ببینێت، کە ئەو تێیدا ئابڕوبەرانە لەبارەى پیاوانى شایانی ستایشکردن دەدوێت. ڕووهەڵماڵراوییەکى بەم چەشنەش بێئەدەبییە” (ئەلبیرونى، 1991، 146).

ئەم دەربڕینە گەلێک بەواتایە بۆ نرخاندنى قۆناغى “کلاسیکى”ى کولتوورى ئەرەبى-ئیسلامى، ئەویش چونکە ڕازى دەیتوانى تێڕوانینى ئەوها ڕادیکالی هەبێت بەبێ ئەوەى لەتەک نوێنەرانى ئۆرتۆدۆکسیى ئایینیدا یان دەسەڵاتى دەوڵەتدا بکەوێتە ناکۆکییەکەوە. ئەمە سەرلەنوێ نیشانەیەکە بۆ کەشى لیبەرالى هۆشەکى کە لە چەرخى ناڤینى ئیسلامیدا لایەنى کەم تا ڕادەیەک سەروەر بوو. وەلێ ئەوە تێگەیشتنێکی سەهوو دەبێت گەر ڕوانگەیەکى ئاتێئیستى (ئیلحاد) بدرێتە پاڵ ڕازى. لە ڕاستیدا ڕەخنەى ئەو لە ئایین تا ئەو ڕادەیە ئایینییە، کە خوداى ئافرێنەری میهرەبان نەک تەنیا جیهانى ماتەری ى لە پەیوەندیدا بە هۆش و دەروونەوە ئافراندووە، بەڵکو ئەو بە ڕژانى خۆی دەرفەت بۆ مرۆڤ دەڕەخسێنێت کە ببێت بە بوونەوەرى هۆشمەند. وەلێ خوداکەى ڕازى خوداى فەیلەسوفەکانە، نەک خوداى کتێبە پیرۆز و دۆگمە ئایینییەکان. بەتایبەتى بەم خوادیدییە ئاوەز لاى ئەو پێشتری وەردەگرێت. ئەمە و جەختکردنە زۆرجارییەکەى ڕازى لە بەرپرسیاریى مرۆڤ بۆ کردارى بەداد و چاک، دەیکەن بە هومانیستێکى مەزنى فەلسەفەى چەرخى ناڤین.

     ڕەخنەى ئایین لای ڕازى هەڵوێستێکی بێهاوتا نەبوو لە مێژووى هزرى ئەرەبى-ئیسلامیدا  – وەک چۆن زۆر جار نووسینە ئەوروپییەکان جەختی لێدەکەن. ئیبن ئەلڕەوەندى (نزیکەى 910 مردووە)، کە پێدەچێت خەڵکى وڵاتى فارس بووبێت، لە ڕازى ڕادیکالتر بوو. ئەو سەرەتا سەر بە نێوەندى موئتەزیلە بوو، هەروەها تیۆلۆگێکى ناسێنراو و ڕێزلێگیراو بوو. وەلێ پێدەچێت کە بیروباوەڕە موئتەزیلەییەکان نەیانتوانى بێت تینوێتیى ئەو بۆ زانین بشکێنن و وەڵامى پرسیارە ڕیشەییەکانى بدەنەوە. کۆششى تیۆلۆگى-فەلسەفەیى ئیبن ئەلڕەوەندی لە کۆتاییدا گەیشت بە ڕەخنەیەکى ڕادیکالى ئایین، وەلێ ئەوە بە چەشنێک کە ئیدی نەک تەنیا پەیامهێنیى وەک شتێکى زیادە دەبینی، بەڵکو تەنانەت قورئانى بە “پەرجو”ى سروشى خودایی دانەدەنا، بە پێچەوانەوە دەیگۆت کە قورئان تەنیا هەوڵێکى ئەدەبییە لەنێو کولتوورى ئەرەبیدا. “پەرجو” بۆ ئیبن ئەلرەوەندى هیچى دیکە نەبوو جگە لە “وەهم” یان فریودان. ئەو هەروەها سەرجەمى ئەو دۆگمە ئایینییانەى ڕەتدەکردەوە کە بە ئاوەز بەڵگەیان بۆ نەدەهێنرایەوە، لێرەشدا بە بڕواى ئەو زۆرینەى دۆگمە ئایینییەکان بەدەر بوون لە بەڵگەهێنانەوەی ئاوەز. کەواتە هیچ جێى سوڕمان نییە کە ئەلڕەوەندى لە چاوى موسڵمانانی ئیمانداردا زەندیقێکى پڕمەترسى بوو، وەک سەرئەنجامى ئەمەش بەرهەمە فەلسەفییەکەى، بەهێزتر لەوەى ڕازى، بەر نالێبوردەیى و هۆشی ئینکاری سەردەمى پاش خۆى کەوت: ئێمە تێڕوانینە فەلسەفەییەکانى ئەلڕەوەندى زۆر ناتەواو لە داڕشتنەکانى دەستى سێیەمەوە دەناسین، داڕشتنەکانیش تەواو هێرشبەر و دوژمنانەن، بۆیە ناتوانین بەوردی لەبارەى فەلسەفەى ئەلڕەوەندى بدوێین. ناوبانگى ئەو تەنیا وەک ڕەخنەگرێکى ڕادیکالى ئایین ماوەتەوە. باوەجو ڕەخنەى ئایین زۆر دەرخراوتر وەک لە فەلسەفەدا لاى هەڵبەستڤانان دەبینرێت. ئەبو نەواس (753-811) گاڵتەجاڕێکى ساتیری بوو لە دژى هەموو شێوەیەکی دۆگماتیزم و دوژمنایەتیکردنی حەزەکان. سرودەکانى سەبارەت بە خۆشەویستى و شەراب بەناوبانگن. هەروەها بە نموونەى ئەبو ئەلا ئەلمەئەری (975-1058) دەگەین بە هەڵبەستی هزریی فەلسەفەیى. ئەو لە هەڵبەستەکانیدا وێنەى پەیامهێنانى ئایینە جیهانییەکان، واتا وێنەی “سێ فریودەرەکە”، گرێ دەدات بە ئاشکراکردنی ئەو ڕەوشەوە کە چۆن ئایین کراوە بە ئامرازی سیاسی: “ئەو مەزهەبە جیاوازانە کە تەفرەقە لە نێوانتاندا چێدەکەن / تەنیا هەڵبەستراون بۆ مسۆگەرکردنی دەسەڵاتی دەسەڵاتداران” (Zitiert nach Jockel 1981, 169).

 پەراوێز

(1) بڵاوکراوەیەکی بەرهەمە کەمەکانی ئەو کە بە ئێمە گەیشتوون، هەروەها هەواڵنامەکانی سەردەمانی درەنگتر لەبارەی فەلسەفەکەی لە ساڵی 1939دا بە ناونیشانی “ڕەسائیل فەلسەفییە / Opera Philosophica” بە ئەرەبی لە بەردەستدان.

(2) “ئەلهەیولا” بەئەرەبیکردنی “هیولە”ی گریکییە؛ لێرە نەک تەنیا بۆ ماتەریی بەرجەستە بەکارهێنراوە، بەڵکو لەکاتی ئەڕیستۆتێلیسەوە ئەم واتایەش دەگەیەنێت: “شیاو بۆ فۆرمپێدان”، کەواتە: شیمانەی فۆرم لە پەیوەندیدا بە کردەکێتییەوە.

(3) لە: ئەلبیرونی، فی ئەلقودەما ئەلخەمسە (“لەبارەی پێنج پرنسیپە ئەزەلییەکە“)، 191-216.

(4) هەروەها ئەم بەشەی کۆسمۆلۆگییەکەی ڕازیمان وەک هەواڵ لە دەستی دووەمەوە پێگەیشتووە، لە لایەن ناسڕی خوسرەو: “لەبارەی دەروون و کۆسمۆس” (بڕوانە ئەڵڕازی 1982، 282-290).

(5) پزیشک و زانا ئیبن جولجول ی کۆردۆبەیی (944-994) زۆر جوان ئەم وێنەیەی لە وەسفکردنی سۆکراتێسدا داڕشتووە. بڕوانە: Fleischhammer 1991, 139f..

(6) پێدەچێت سەرای کایزەر فریدریشی دووەم کە سەر بە خانەوادەی شتاوفەکان بوو، ئەم ڕەخنەیەی ئایینی بە چەرخی ناڤینی لاتینی ناساندبێت. ئەم کایزەرە لە نیوەی یەکەمی سەدەی سیازدەدا پەیوەندییەکی چڕی بە جیهانی ئیسلامییەوە هەبوو، هەروەها ناسرابوو بە کراوەیی و لێبوردەیی بەرانبەر کولتووری ئیسلامی. بۆ یەکەم جار ساڵی 1562 ناوی کتێبێک بە هەمان ناونیشانەوە هاتووە، یەکەم داڕشتنە چاپکراوەکەی ساڵی 1688. ڕەخنەیەکی ئایین کە ساڵی 1719 بە زمانی فەڕەنسی نووسراوە، تەنیا بە ناونیشانەکەی لەتەک ڕەشنووسە ئەرەبییەکەدا یەکدەگرێتەوە.

سەرچاوە:

Geert Hendrich, Arabisch-Islamische Philosophie, Frankfurt / M 2005

فەرهەنگۆک

ئانامنێزە: یادهێنانەوەی مێژووی نەخۆشییەکانی پێشین

پسیکۆسۆماتی: (پسیکۆ، واتا ژیانی ناخەکی، سۆماتی، واتا لەشەکی) ئەو نەخۆشیانەن کە هۆکارەکانیان بەتەواوی ئۆرگانیانە ڕوونناکرێنەوە. پسیکۆسۆماتیک ڕێبازێکی “سەرجەمیانە”ی چارەسەرکردنی نەخۆشییە.




رەهەندییە ئینشانووس و نەرجسییەکان: شێتخانەی نەژادیی.. کامیار سابیر

لێرەدا کە جەخت لە رەهەندییەکان ئەکرێتەوە، ئەمانە گرووپێک بوون وەکو ئاردی ناو دڕک، تەرتە و وەرتە بوون، بەشێکیان بوون بە موبایەعەچیی دەسەڵاتی سیاسیی و موهەڕیجانە، هەلاهلهێلە بۆ پادشای دەوڵەتە کوردییەکەی موخابەراتی تورکیا لێئەدەن، بەشێکیان، خەریکی فەلسەفە و رۆمان و بابەتی شیعریین، بەشێکیشیان، خەریکی تەخویینکردنی هەموو ئەوانەن کە رەخنە لە بۆچوونە نەژادیی و نەتەوەییەکانیان ئەگرن، ئەمانەی دوایی، رەخنەگرانیان، زۆر نەرجسییانە بە ئینشانووس لە قەڵەم ئەدەن، بەڵام تێکستەکانی خۆیان، لەگەڵ تێکستی نووسەرە راستەوخۆکانی دەسەڵاتدا نا، بەڵکو لەگەڵ ئەوانەی لە مێدیای سێبەر و سۆشیاڵ مێدیادا ئەنووسن، نەک هەر پارچە و بورغویان بۆ یەکتر ئەبێت، بەڵکو، وەکو ئەجێندای سیاسیی، وەکو حیقدی نەژادیی و قیین و غوبن لە ( جیۆگرافیای عێراق و پێکهاتەکانی)، رێکوڕەوان، لە رووی ستراتیژیی و تاکتیکییەوە، خزمەتی ئەو پرۆژە موخابەراتییە تورکییە ئەکەن کە بە پرۆژەی سەربەخۆیی ئابووریی، دەستی پێکرد و بە داعش و ریفراندۆم، ویستیان، بە مۆری لکاندنەوەی ویلایەتی موصڵ بە تورکیاوە( هەرێمی کوردستانی عێراق بە کەرکوکیشەوە)، لاشەی عێراقی عەرەبیی( بە قەولی رەهەندییەکان) هەڵبدڕن و ریخۆڵەکانی عێراق، وەکو مارمارۆکە، بە دۆی دەوڵەتی کوردییەوە، بخۆن.

ئەم شێتخانە نەژادییە لە ژێر ناوی ئەکادیمییبووندا کە زۆر بە خۆیاندا هەڵئەدەن و سەنای خۆیان ئەکەن، بەڵام ئاستی ثەقافیی و مەعریفییان، ئاستی فیکری سیاسییان، رێک لە ئاستی ئەو رەیعخۆر و بندیوارانەی مێدیا سێبەرەکانی دەسەڵات و ئەوانەدایە کە ئەیانویست بە بەردانەوەی ئاوی بەنداوەکان، بەغداد نغرۆ بکەن و یان ئێستا دوعا ئەکەن شەڕێکی ناوخۆیی شیعە و شیعە روو بدات و لافاوی خوێن، عێراق رابماڵێت! دەی ئەم رەهەندییە نەرجسییانەیش، تەمەننا ئەکەن عێراق هەڵوەشێتەوە و بەردەوام باسی ئەوە ئەکەن کە عێراق شوناسی نییە و نابێتە وڵات، تەنانەت زۆرتریش ئەڕۆن و ئومێدەوارن ئێرانیش هەڵوەشێتەوە، تا بە کامی دڵە نەخۆشە نەژادییەکەی خۆیان بگەن و دەوڵەتی کوردیی مورتەزیقەی سەر بە تورکیا، بە چاوی خۆیان ببینن! ئەم نووسەرە رەهەندییانە، دێن دیکۆرات و زەخرەفە بۆ تەئەمولاتە سیاسیی و خۆزگە ئایدیۆلۆژییەکانیان، بەوە ئەهێننەوە کە کوردایەتیی، وەکو شوناسێکی کولتووریی کورد، سەیر ئەکەن و لەبەرامبەر ئەو بۆچوونەدا، دایئەنێنن کە پێیانوایە عوروبە، بە مەعنای هەوییەی گەلی عەرەب و زمانی عەرەبیی و مێژوو و کولتووری عەرەبیی، دێت. مێژوونووسانی عەرەب، عەبدولعەزیز ئەلدوریی و محەمەد عابد ئەلجابریی…تاد، کە مێژووی عوروبە، بۆ پێش سەردەمی ئیسلامیش ئەگێڕنەوە، لەگەڵ قەومییەی عەرەبییدا، جیایان ئەکەنەوە. دیارە ئەم تێگەیشتنە ئیشکالییاتی سیاسیی، مێژوویی، کولتووریی و ستراکتۆرییشی هەیە، بەڵام ڤێرژنە کوردییەکەی ئەم جۆرە عوروبە کولتووریییەی ئەو نووسەرە عەرەبانە، باسی ئەکەن، کوردایەتیی ناگەیەنێت بەڵکو کوردەوارییەکەی خۆمان ئەگەیەنێت!

لە واقیعدا، چەمکی”کوردایەتیی”، رێک ناسیۆنالیزمە عەرەبیی و ناسیۆنالیزمە تورکییەکەیە، بەڵام بە ڤێرژنی کوردیی، پێشتر بە درێژیی لەگەڵ”هونەر تۆفیق”دا، لە توێژیینەوەیەکدا باسی ئەوەمان بە وردیی کردووە کە لە رووی مێژوویی و سیاسیی، کولتووریی و ئایدیۆلۆژییەوە، کوردایەتیی، کۆپی و پەیستی ” القومیة العربیة”یە و قەومییەی عەرەبییش( ناسیۆنالیزمی عەرەبیی)، مۆتیڤەکەی لە ناسیۆنالیزمی تورکییەوە، کەوتە بواری پراکتیکەوە، بە دڵنیاییشەوە، ناسیۆنالیزمە تورکییەکەیش، بە تایبەتیی لەسەروبەندی داغانبوونی ئیمپراتۆریای عوثمانییدا، سوود و ئیلهامی لە هەردوو ڤێرژنە فڕانسیی و ئاڵمانییەکەی ناسیۆنالیزمی ئەوروپیی، وەرگرتووە. بە لەبری دانان، حرکة القومیة الکردیة، لەبەرامبەر حرکة القومیة العربیة دا شاخیان لەیەک گییر کردووە و دواتر القومیة الکردیة( ناسیۆنالیزمی کوردیی)، بە جەڕاندنی کوردیی، “الکردیة” بووە بە کوردییەت، کوردییەتیش، جەڕاندنی زیاتری بەخۆیەوە دیوە و بە کوردایەتیی( کوردایەتی) جێکەوت بووە. بە کورتیی و پوختیی، کوردایەتیی رەگێکی سیاسیی، ئایدیۆلۆژیی و فیکریی هەیە و لە دوورونزیکەوە، پێوەندیی بە جڤاکە کولتووریی و زمانیی و کۆمەڵایەتییەکەی “کوردەواریی”ەوە نییە، هەروەها پێوەندیشی بە ئۆنتۆڵۆژیای کوردبوونەوە نییە. بەیەک رستە، کوردایەتیی، رێک پۆتێنشیاڵی( پۆتێنسیاڵ) ناسیۆنالیزمی کوردییە و زیاتریش ناسیۆنالیزمە نەژادییەکەیە، لە دە ساڵی رابردوویشدا، بە حوکمی ئەوەی ماڵی بارزانیی، کونترۆڵی حکومەتداریی و دەسەڵاتیان کردووە، لەگەڵ بوعدە طائیفییەکەی ئەردۆغان و سوننەکانی عێراق( بە تایبەتیی عوروبییە بەعثییەکان)دا، ئاوێزانیان کردووە، زیاتر رەهەندێکی طائیفیی وەرگرتووە.

ستێریۆتایپی کوردایەتیی، ئەم رەهەندییە نەژادیی و نەرجسیی و ئینشانووسانە، یان بە زمانی خاکیی، کڵێشەییبوون و دەقگرتن بە خووی سیاسیی و غوبنی ئایدیۆلۆژیی کوردایەتییەوە، ئەوەندە دوور رەتاندوونی بۆ ناو جەنگڵستانی ئایدیۆلۆژیی و وەهمی سیاسیی شاعیرانە، بە کاڵیی و بە کوڵاویی، لەبری کوردایەتیی، کوردبوون، تەوظیف ئەکەن. ئەم سیستەمە فۆنەتیکیی و زمان جەڕاندن و فێڵە زمانیی و کەیدە سیاسییە بەرجەستەیە، جۆرێکە لە ناز و کولانەوەی زامە شیعرییەکانی ئەو دونیا هەواجیسەی کوردایەتیی، لە روویان نایەت، باسی کوردایەتیی بکەن، چونکە ئەزانن ئەوەندە هەڵشەپێنراوە و راستەوخۆیش بە ناسیۆنالیزمە تاڵانیی و چەتەگەریی و عەمالەتە ئیقلیمییەکەی بنەماڵە سیاسییەکانی کوردستانی عێراقەوە، شەتەک دراوە، دێن گەمەی زمانیی، شیعریی، ئەدەبیی و کلاواتی ئەکادیمیی ئەکەن و بە لەبری دانان، کوردبوون لەبری نەهجە نەژادییەکەی کوردایەتیی، تەبەنیی و تەجەلا ئەکەن.

ئەم تێکەڵکردنەی کوردبوون و کوردایەتیی، دوو جۆرە، یەکەمیان ئەوەیە بە نەزانیی و خاکەسەرایی ئەکرێ کە لە نەهجی سیاسییدا، جەهالەتی واضیح( conspicuously ignorant)ی پێئەگوترێ. دووەمیان، بە عەمدەن و بە ئەنقەست و بە ساختەچییەتیی ئەیکەن، لە روویان نایەت، داکۆکیی لە هەیبەت و مێژووی پڕ لە فەشەل و پڕ لە عەمالەتی ئیقلیمیی کوردایەتیی بکەن، تەنانەت جورئەت ناکەن خاوەندارییەتیی لە ناسیۆنالیزمی کوردایەتییش، بکەن، چونکە ئەوەندە مێژوویەکی ناشیریینی هەیە و هاوکات ئەوەندە بەر رەخنە دراوە، وەهمێکی سیاسیی، کولتووریی و زمانییان داهێناوە( دیارە ئیلهامیان لە تەوظیفی کوردبوونەکەی ئۆجەلان وەرگرتووە)، دێن تەجسیدی کوردایەتیی و ناسیۆنالیزمە نەژادیی وسوننییگەراییەکە، لە ژێر ساباتی کوردبووندا، ئیستیبیانی کڕووزانەوە و خۆخواردنەوەی بۆ ئەکەن.

ئەم رەهەندییە مێنتاڵ شاعیرییانە، غەم و هەمی ئەوەیانە کە ناسیۆنالیزمی کوردیی، بە دڵنیاییەوە لای ئەوان کوردایەتیی و لە ژێر زەبری رەخنەی فیکریی و سیاسییدا، ئەیکەن بە کوردبوون، جا ئەم کوردبوونەی ئەوان تەوظیفی سیاسیی بۆ ئەکەن، جۆرێکە لە درۆودەلەسە ( falsity) لەگەڵ گەلی کورد و لەگەڵ ناخی خۆیشیاندا، ئەیکەن. هاوکات، حەماسەتی نەژادییان هەیە کە ئەم کوردایەتییە، دەوڵەتۆکەیەکیان بۆ دروست بکات! ئەندەرسن لە جڤاکە وێنەکراوەکاندا( ئێدیتی ١٩٩١)، رەخنەی توند لەو بۆچوونەی ئێرنست گێڵنەر ئەگرێ کە پێیوایە فیکری ناسیۆنالیزم، نەتەوە دروست ئەکات، ئەندەرسن ئەمە نەک هەر بە هەڵەیەکی سیاسیی و زانیاریی چەواشە و ئیرادەگەریی ئایدیۆلۆژیی ئەخوێنێتەوە، بەڵکو ئەو داهێنان و دروستکردنی نەتەوەیەی گێڵنەر، جەختی لێئەکاتەوە، ئەندەرسن بە درۆودەلەسە( falsity) ئەیچوێنێ و پێیوایە کە نەتەوەکان، جڤاکی وێنەکراون و لە سیستەمێکی کولتووریی و کۆمەڵایەتییدا، ئۆقرە ئەگرن و بەرفراوان ئەبنەوە، هەروەکو چۆن پێیوایە کە ناسیۆنالیزم بە درۆ و ساختە، ناتوانێ نەتەوە دروست بکات، بەڵکو بە خەیاڵکراویی( وێنەکراویی) و بە کارکردی سیاسیی ئەنجام ئەدرێت، هەروەها جڤاکەکان، بە پڕوپاگەندەی رەسەنایەتیی و درۆودەلەسەی ناسیۆنالیستیی، چێ ناکرێن ( Anderson, 1991:6). لێرەدا ئەکرێ بگوترێ زۆربەی نەژادیی و طائیفیی و نەتەوەییەکانی کورد، لەگەڵ بۆچوونەکەی گێڵنەردا، یەک ئەگرنەوە، بە تایبەتیی ئەوانەی کوردایەتیی و ناسیۆنالیزمی نەژادیی، مەغز و ئاگایی سیاسییانی، قوفڵ داوە. ئەم رەهەندییە ئینشانووسە نەژادییە مێنتاڵ ئەدییبانەش، ئەیانەوێ طاغوتێک، عەمیلێک یان مەرجەعێکی وەهمیی، موستەعمەرەیەکی کوردییان بۆ دروست بکات بەس ناوەکەی کوردیی بێت و بۆن و بەرامەی دەوڵەتۆکەیەکی نەتەوەیی بدات، ئیتر نۆستاڵژیا و ئۆخژنی نەژادییان، ئەحەسێتەوە.

ئەمەی سەرەوە، بەشی دووەم بوو لە ” ئایا لەسەر کوردبوون، دوژمنایەتیی کورد ئەکرێ؟ چۆن تێزەکەی ئارێنت، فاشیزمی کوردیی بەرهەم ئەهێنێت؟”

درێژەی هەیە..
کامیار سابیر




بەغداد لە نێوان شەڕی میلیشیاکاندا.. عوسمان حاجی مارف

پەنا بردن بۆ شەڕی چەکدارانە لە نێوان سەرایە سەلامی سەدرو هێزەکانی هاوپەیمانی لە شاری بەغدا، هاوکات شەڕ لەگەڵ دەستەی چەکداری خەزعەلی لە شاری بەسرە، نیشاندانی داخستنی تەواوی ئەو ڕێکەوتنەیە کە هێزە میلیشیاکانی شیعە دەیانویست حکومەتێک بەشێوازی تەوافق و بەشبەشێنە کە پێش چەندین ساڵ لەسەری ڕێککەوتبون، پێک بهێننەوە. واتە ئەنجامی بن بەست بون بۆ پێکهێنانی حکومەت لە عێراقدا بە ڕێکەوتنی نێوان هێزە میلیشیاکانی تائفی و ئیسلامی و عروبە تا ڕادەیەک بە شوێنی خۆی گەیشتووە، لەو نێوەشدا بە هەڵکوتانە سەر پەرلەمان و دامودەزگا حکومیەکان خەریکە دانیشتوانی شاری بەغداد دەخەنە ناو ئاگری دۆزەخی شەڕەکەیانەوە.
ئەم شەڕە چەکداریەی سەدر لە بەرانبەر عامری و خەزعەلیدا پێشبینی دەکراو کردارێکی چاوەڕوانکراو بو، چونکە ئاکامی کێشمەکێشی نێوانیان نەیتوانی و ناتوانێ هیچ نەخشەو پلانێکی گونجاو بۆ ڕێکەوتن لەسەر بەردەوامی بە جەردەیی و تاڵانی و گەندەڵی پێکەوە لە حکومەتێکدا بدەن بەدەستەوە، یان ڕۆشناییەک بخەنە بەردەم ئەو قەیرانانەی کەدەرگیری عێراق و ناوچەکە بووە، بۆیە ئاکامەکەی دەبێتە شەڕی نێوانیان.
هەوڵەکانی سەدر بۆ پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە جۆرێکی ترە لە پێکهێنانی حکومەتی تەوافقی لەگەڵ هیزە میلیشیاکانی پارتی و حەلبوسی و هێزگەلێکی تردا، تا لە بەرامبەر ئەو هێزە میلیشیایانەی پاشکۆی بەرژەوەندیە سیاسیەکانی ئێراندان بوەستنەوە، ئەم هەوڵەش ئاشکرابو کە هەر لەسەرەتاوە سەری نەگرت
عێراقێک کە غەرق بووە لە گێژاوی سیاسی و گەندەڵیدا و تەواوی ئەم هێزە میلیشیایانەش فاکتەرێکی کاریگەری ئەو دۆخەن، تەواوی بونیان و پلان و دەوری سیاسیان بەبەردەوامی هۆکاری قوڵکردنەوەی ئەو گێژاوو ناجێگیریە سیاسیەن، هەر هەوڵ و شیوازێکی تر لە دەورو دەخالەت و کێشمەکێش و شەڕی نێوانیان هۆکاری سیناریۆی نەرێنی زیاترو کارەسات بار تر دەبن.
تەواوی ئەم هێزە مافیا گەندەڵ و جەردانەی لە عیراق و کوردستاندا کە بەهێزی میلیشیا نوێنەرایەتی دەسەڵاتی سیاسی دەکەن، وێنایەکی نمونەیی ئەوپەڕی ڕیسوایین لە شێوازدان بە چوارچێوەی حوکمرانیەکی تایبەت لە ناوچەکەدا، تا ئەو ئاستەی تەواو ناکۆکن بەو ئاڵوگۆڕانەی پێویستە پێشبینی بکرێت بۆ ناوچەکە بە ئاراستەی دابینکردنی ئەمنیەت بۆ سەرمایە گوزاری، بە مانایەک گەر پرۆژەی ئارامی سیاسی و دابینکردنی ئەمنیەت بۆ سەرمایەگوزاری پێداویستیەکی ناچاری بێت، ئەوە بەڵگە نەویستە کە تەواوی ئەو هێزانەی چەندین ساڵە لە شانۆی سیاسی عێراقدا وەک هێزی میلیشیا سەپێنراون، ئێستا کەوتونەتە بەر چارەنوسێک بۆ خۆشیان ڕۆشن نیە ئایندەی سیاسی و مافی دەسەڵاتداریەتیان تاکەی بڕدەکات و بەرەو کوێیان دەبات. هەر هێزکیان لەو نێوەدا بەخت و چارەنوسی خۆی لە ناو ئە ئاڵوگۆڕانەدا تاقی دەکاتەوە. بە مانایەکی تر هەر لایەنێکیان بەهەر شێوازو سیناریۆیەکی گونجاو بۆیان بەدی بێت لە هەوڵی ئەوەدان هاوسەنگی هێزەکەی تاقی کاتەوەو هەوڵئەدات نیشانی بدات هێزێکە ئەتوانێ کە خاوەنداریەتی ئایندەی دەسەڵاتی سیاسی لە عێراقدا بەدەستەوە بگرێت. بە بۆچونی من ئەم جۆرە لە هەوڵدان بۆ هەر لایەنێکیان قومارێکی گەورەو مەترسیدارە، دەبینین کە ئاکامی کێشمەکێشەکایان جگە لەوەی دەبێتە پێکدادان و بارگرژی و نائارامی زیاتر بۆدۆخی سیاسی عێراق، هیچ شتێکی تری لێ سەوز نابێت، هەرلایەنێکیان پێگەو نفوزی سیاسی و چەکداری خۆی تاقی دەکاتەوە تا گرەوی باڵادەستی بەسەر گەندەڵیدا تەواو بخاتە ژێر هێژمۆنی خۆیەوە.
ئەم هێزە میلیشیایانەی کە بەدوای ساڵی ٢٠٠٣ وە لە مەیدانی سیاسی عێراقدا ناسنامەی سیاسی خۆیان بە ئیسلامی و تائفی و عروبە ناساند، وەک چەند گروپ و دەستەوتاقمی مافیا ئاسا، گەورەترین تەوریان بەسەر درەختی بەهاری عێراقدا وەشاند، عێراقیان کردە چەند پارچەیەک کە تا ئێستا هەر تاقمە مافیایەک ناوچەیەکی خستۆتە ژێردەسەلاتی هێزە دڕندەکەی بۆ سەپاندنی ئەوپەڕی کۆنەپەرستی و مامەڵەی دژە ئینسانی. لە هەمان کاتدا هەریەک لەو هێزانە ئەوەیان سەلماند کەبە هیچ جۆرێک توانای ئەوەیان نیە و ناتوانن مەرکەزیەت بۆ باڵادەستی دەسەڵاتی سیاسی لەعێراق دابین کەنەوە، هەر ناوچەو هەر شارێک یاساو رێسای میلیشیایەک بەرێوەی دەبات، هەر هەولێک بۆ گەڕانەوەی مەرکەزیەت لە سایەی ئەم مافیایانەدا بەشکست و کارەسات کێشراوە.
موقتەدا سەدرو هێزەکەی لە هەوڵی خۆ ئامادەکردنیان بۆ مامەڵە لەگەڵ ئەو پێشهات و ئاڵوگۆڕانەی پێوێستە لە عێراق و ناوچەکەدا بەدی بهێنرێت، سەرەتا هەوڵیاندا لە ڕێگەی فشارهێنان بە خۆپیشاندانە جەماوەرکەیان، لە بەرامبەر هاوپەیمانی و لایەنەکانی تردا مەرجەکانی بۆ پێکهێنانی حکومەت بەدەست بهێنێت، بەڵام ئەم ڕێگایە بۆ سەدر کارساز نەبو، جگە لە کات کوشتن، نەبووە دەستکەوتێک تا نانی سەرکەوتنی پێکهێنانی دەسەڵاتی لێ بخوات، بۆیە سەدرو هێزەکەی ڕێڕەوی جوڵەی سیاسی خۆیان گۆڕی بۆ هێرشی چەکداری، ئەم شەڕەش بۆ سەدر جارێکی تر جگە لە زیانێکی زۆر لەهێزەکەی و کەم بونەوەی ئعتباری سیاسی ڕەوتەکەی ئەنجامێکی تری نەبو، لە هەمان کاتدا لە ژێر فشاری ئێران و بەڕەنگاربونەوەی هێزی هاوپەیمانی، لەبەرامبەر پاشەکشەو شکستێکدا خۆی بینیەوە. بەم جۆرە دۆخەکەی لە خۆی و لە هێزەکانی تریش ئاڵۆزترو نالەبارتر کرد.
لەلایەک واقعیەتی بارگرژی و نالەباری و نائارامی کە ساڵانێکە بۆتە دیاردەیەکی دانەبڕاوی بەرچاو لە ناوچەکەدا، لەلایەکی ترەوە ئەو ئاراستەیەی بەتەنگ ئەو ئاڵوگۆڕەوەیە بە گەڕانەوەی ئارامی و ئەمنیەت بۆ سەرمایەگوزاری، ڕێگە نادات بەشەڕی درێژماوەی نێوان هێزە میلیشیاکان، بۆیە نەک سەدر، هەرهێزو لایەنێک لە مەیدانی شەڕی ناوخۆدا خۆی تاقی کاتەوە بۆ سەپاندنی هێزەکەی، لە بەڕێخستنی شەڕێکی درێژماوەدا، بێشک لەبەردەم پاشەکشەو شکستدا خۆی دەبینێتەوە، هەربۆیە سەدر بە زوویی ناچار بە پاشەکشەو شەرمەزاری بو. ئەمە واقعیەتی سیاسی ئێستای ئەو دۆخەیە لە ناوچەکەدا کە لە ناو ناکۆکی و ئایندەیەکدا قەتیس بووە، ناتوانرێ لە ئایندەیەکی نزیکدا دەرکەوتەکانی بەدی بکرێت، ئەمەش هێزە میلیشیاو مافیاکانی خستۆتە ناو چاوەڕوانی و سەرەگێژیەکەوە، نازانن چۆن وە دەست پێبکەنەوەو لەکوێ وە سەر دەربێننەوە، بۆیە هەمیشە ئیمکانی ئەوە هەیە پێکدادانی تر لە چەشنی سەدرو هادی عامری و خەزعەلی دوبارە بێتەوە، بەڵام ناتوانێ درێژماوە بێت.
مەسەڵەیەک کە گرنگە لەم نێوەداو جێگای سەرنجی جەماوەری ناڕازی بێت لە عێراقدا، ئەوەیە بە هیچ جۆرێک خەڵکی نەبنە قوربانی و سوتەمەنی ئەم جۆرە شەڕانەی نێوان هێزە میلیشیاکان، تەواوی ئەم هێزانە بە ڕێکەوتنیان، بە شەڕەکانیان، گەورەترین دەردو بەڵاو موسیبەتن بۆ دانیشتوان، خۆپاراستن و دورکەوتنەوە لەشەڕەکانیان گرنگترین ئەرکە پەیڕەوی بکەین، لە هەمان کاتدا ڕێگای کارساز بۆ کۆتایی بەم دۆخە، خرۆشان و ڕاپەڕینی جەماوەری ناڕازیە کە سەربەخۆبن لە ئاسۆی بزوتنەوەی ئیسلامی و تائفی و قەوم پەرستی، لە هەوڵی ڕاماڵین و پاکردنەوەی عێراق و کوردستاندا بین لەم هێزە میلیشیایانە.




ململانێی خود و كۆمه‌ڵگه‌ له‌ (چیڕۆكی په‌نجه‌ مۆری ته‌نیایی) دا.. سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی

كاره‌كته‌ر، به‌ یه‌كێك له‌ ڕه‌گه‌زه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی بینای هونه‌ری ده‌قی چیڕۆك داده‌نرێت. كه‌ ڕۆڵێكی بنه‌ڕه‌تی ده‌بینێت له‌ وازیكردنی ڕووداوه‌كاندا. كاره‌كته‌ر چ وه‌ك گێڕه‌ڕه‌وی ڕووداوه‌كان، واته‌ له‌ یه‌ك كاتدا هه‌م پاڵه‌وانی ڕووداوه‌كان و هه‌میش گێڕه‌ڕه‌وه‌ی ڕووداوه‌كان وه‌ك كه‌سی یه‌كه‌می تاك، یاخود ته‌نها به‌ ڕۆڵبینینی بێت له‌ ڕووداوه‌كان و بگێڕه‌وه‌ نووسه‌ر بێت، له‌ هه‌ردوو كاتدا بایه‌خی خۆی هه‌یه‌. هیچ ده‌قێكی چیڕۆك و ڕۆمان نییه‌، كه‌سایه‌تی وه‌ك ڕه‌گه‌زێكی ده‌ق، یه‌كێك له‌ پێكهێنه‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی نه‌بێت. له‌ چیڕۆكی (په‌نجه‌ مۆری ته‌نیایی) دا، كاره‌كته‌ری چیڕۆكه‌كه‌، ڕۆڵێكی سه‌ره‌كی و بنه‌ڕه‌تی له‌ بینای هونه‌ری چیڕۆكه‌كه‌ هه‌یه‌ و فه‌زای چیڕۆكه‌كه‌، باسكردنه‌ له‌و كاره‌كته‌ره‌ كه‌ ناوی (كانیاوه‌) وه‌ و له‌ میانه‌ی دیالۆگی له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌نووسێكدا، باسی خۆیمان بۆ ده‌كات. كاره‌كته‌ری چیڕۆكه‌كه‌، كه‌سێكی ئاسایی نییه‌، به‌ڵكو له‌ سه‌ره‌تاوه‌ هه‌وڵده‌دات ئه‌و نۆڕمه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و ئایینی و په‌روه‌رده‌ییانه‌ تێك بشكێنێت، كه‌ ڕه‌نگ ڕێژی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ تیایدا ده‌ژیت. بۆیه‌شه‌ له‌ بارێكی ده‌روونی ئاڵۆزدایه‌ و به‌ وردبوونه‌وه‌مان بۆ ڕه‌فتار و شێوه‌ی قسه‌كردن و جوڵانه‌وه‌ی ، درك به‌وه‌ ده‌كه‌ین كه‌ كاره‌كته‌ری چیڕۆكه‌كه‌، چیڕۆكێكی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌، كه‌ له‌ هی هیچ كه‌سێك ناچێت . كانیاو، نازناوی دایكی وه‌ك شوناسێك له‌ بری باوك بۆ ناساندنی خۆی، به‌ كار هێناوه‌، واتا ئه‌گه‌ر مرۆڤه‌كان له‌ ڕێگه‌ی باوكییانه‌وه‌ بناسرێنه‌وه‌، به‌و مانایه‌ی له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا، ده‌بێ هه‌مووان باوكێكی ڕاسته‌قینه‌یان هه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك زۆڵێك له‌ تێڕوانینی ئه‌وانی دیكه‌وه‌ نه‌ناسرێن، ئه‌وا كانیاو باوكی دیار نییه‌ و ته‌نها دایكی هه‌یه‌. به‌ دیارنه‌بوونی باوكیشی، واتا ئه‌و كوڕی ڕاسته‌قینه‌ی باوكێك نییه‌ و ده‌شێ دایكی له‌ په‌یوه‌ندییه‌كی سێكسی و ناشه‌رعیدا، كانیاوی هێنابێته‌ دنیاوه‌. بۆیه‌ ئه‌ویش هه‌ست ده‌كات كه‌سێكی جیاوازه‌ له‌وانیتر و ده‌شێ ئه‌و جیاوازییه‌، به‌ مه‌رگی خۆشی ته‌واو بێت. به‌ڵام پرسیاری ئه‌وه‌ ده‌كات، بۆ نابێت كه‌سێك به‌ دایكییه‌وه‌ له‌ بری باوكی بناسرێته‌وه‌ ؟ جیاوازی چییه‌ دایك یان باوك بێت؟ مه‌گه‌ر منداڵ زاده‌ی هه‌ردووكییان نییه‌؟ ئه‌مه‌ش سه‌ره‌تای هه‌ڵگێڕانه‌وه‌ و تێكشكاندنی ئه‌و نۆڕمه‌ ئایینی و په‌روه‌رده‌ییانه‌یه‌، كه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا، وه‌ك خاسیه‌تێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و كه‌سی بۆ ناسینه‌وه‌ی كه‌سه‌كان ده‌بێته‌ شوناس. كانیاو، ده‌زانێت جیاواز و تایبه‌ت له‌وانی دیكه‌ بیرده‌كاته‌وه‌ و دنیا ده‌بینێت، بۆیه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ئه‌و جیاوازییه‌ی خۆی، به‌ ترس و دڵه‌ڕاوكێ و دوو دڵیه‌كی زۆره‌وه‌ ده‌ناسێنێت (من ناوم كانیاوه‌، ته‌مه‌نم سی و چوار ساڵه‌، كانیاوی باجی سه‌بری، ته‌مه‌نم سی وچوار ساڵ و شتێكه‌، ناوی سیانیم له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی باوكم بێت دایكمه‌. نا وا مه‌زانن ئه‌مه‌ ڕسته‌یه‌كه‌ زۆر ساده‌ له‌ ده‌مم دێته‌ ده‌ره‌وه‌) گه‌ر سه‌رنج بده‌ین، ده‌بینین كانیاو له‌ میانه‌ی خۆناساندنی له‌ به‌رده‌م كامێرادا، دوو جار ته‌مه‌نی خۆی ده‌ناسێنێ، به‌ڵام به‌ دوو شێوه‌ی جیاواز. به‌ بڕوای من، ئه‌م جۆره‌ له‌ دوودڵی و گومانه‌ له‌ ناساندنی ناسنامه‌ی خۆی، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و باره‌ ده‌روونیه‌یه‌، كه‌ كانیاو تیایدا ده‌ژیت و مه‌به‌ستیه‌تی له‌ ده‌ره‌وه‌ی ستایلی ئاسایی ژیانی ئه‌وانیتر، جیاواز بژیت، چ له‌ ڕووی ناونانه‌وه‌، چ له‌ ڕووی ناساندنی له‌ ڕێگه‌ی دایكیه‌وه‌ نه‌ك باوك. بێگومان هه‌موومان ده‌زانین له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا، منداڵ له‌ ڕێگه‌ی باوكییه‌وه‌ ده‌ناسرێته‌وه‌ و به‌بێ شوناسی باوك، گومان له‌ بوونی ڕاسته‌قینه‌ و ڕه‌وای كه‌سه‌كان هه‌یه‌، چونكه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌، به‌ هۆی ئه‌و پاشخانه‌ ئایینی و كولتوورییه‌ی هه‌یه‌تی، ده‌بێ هه‌موو منداڵێك باوكێكی ڕاسته‌قینه‌ی هه‌بێت و له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ ئایینی و خێزانیی و یاساییه‌، ئیدی مرۆڤ بێ ناسنامه‌ و بێ شوناسه‌. كانیاو هه‌وڵی زۆر ده‌دات، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ڕێگه‌ی فه‌رمانگه‌ی باری كه‌سییه‌وه‌، به‌ فه‌رمی نازناوی دایكی بخاته‌ سه‌ر ناوه‌كه‌ی و ئیدی له‌ بری باوكی به‌ دایكی بناسرێت، به‌ڵام ئه‌مه‌ له‌لای فه‌رمانبه‌ری فه‌رمانگه‌كه‌، هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌یه‌ له‌و نۆڕمانه‌ و بۆیه‌ به‌ گاڵته‌كردنه‌وه‌ به‌ كانیاو ده‌ڵێت:_(ئێ ڕۆڵه‌ باوكت كێیه‌، وا زانیمان مریه‌می ئازیز خوا فووی پێدا كردووه‌، ئه‌ی دایكت كێ فووی پێدا كردووه‌؟ منیش وه‌ڵامم دایه‌وه‌ خۆ دایكان شمشاڵ نین تا فوویان پێدا بكرێت) لێره‌دا، ئاستی هوشیاریی كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕۆشنبیری كانیاو، ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ڕاده‌ی هوشیاریی فه‌رمانبه‌ری نفووس، گوزارشت له‌ دوو تێگه‌یشتن و دنیابینی جیاواز ده‌كه‌ن. كانیاو، به‌لایه‌وه‌ ئاساییه‌ كه‌سێك هه‌بێت، باوكی نه‌بێت و نازناوی دایكی بخرێته‌ سه‌ر ناسنامه‌كه‌ی، به‌ پێچه‌وانه‌ی فه‌رمانبه‌ره‌كه‌، كه‌ گوزارشت له‌ پێكهاته‌ی كولتووریی و په‌روه‌رده‌یی كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك ده‌كات، كه‌ تووند ده‌ستی به‌و هه‌موو نۆڕمه‌ ئایینی و په‌روه‌رده‌ییانه‌ گرتووه‌، كه‌ دواجار ده‌یانكاته‌ پێوه‌رێك بۆ ناسنامه‌ و شوناسی كه‌سه‌كان، وه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌بێ هه‌ر هه‌مووان باوكێكییان هه‌بێت، ئه‌گه‌رنا دایك به‌ ته‌نها هیچ به‌هاو پێگه‌یه‌كی نییه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش ناراسته‌وخۆ باسكردنه‌ له‌و جیاوازییه‌ ژێنده‌ریی و مرۆییه‌ی، له‌ نێوان نێر و مێ له‌ كۆمه‌لگه‌ی ئێمه‌دا هه‌یه‌. كانیاو، دژی ئه‌وه‌یه‌ ژن ته‌نها وه‌ك فابریكایه‌كی دروستكردنی منداڵ و كاڵایه‌ك له‌ خزمه‌ت پیاودا، به‌ مه‌به‌ستی تێركردنی ماكه‌ سێكسییه‌كه‌ی ببینرێت و له‌ چوارچێوه‌ی بازنه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی داخراودا، له‌ ژێر سته‌می نێردا بوونی هه‌بێت. بۆیه‌ به‌ توانجه‌وه‌ به‌ فه‌رمانبه‌ره‌كه‌ ده‌ڵێت ( خۆ ژن شمشاڵ نییه‌، فووی پێدا بكرێت!) ئه‌مه‌ش ڕه‌خنه‌كردنی ئه‌و ئه‌قڵه‌ پیاوسالاریه‌یه‌، كه‌ خێزانی كوردی له‌ سه‌ر بونیاد نراوه‌ و تیایدا ژن وه‌ك ئامێری دروستكردنی منداڵ و وه‌چه‌ خستنه‌وه‌ ده‌بینێت. هه‌روه‌ك فه‌رمانبه‌ره‌كه‌ به‌ كانیاو ده‌ڵێت ( باوكت گونی هه‌بووه‌ له‌ دروستكردنی تۆ یان ده‌ستی هه‌بووه‌؟) جه‌ختكردنه‌وه‌ لێره‌دا له‌ گونی مرۆڤ، كه‌ سه‌رچاوه‌ و دروستكه‌ری ئه‌و ئاوه‌یه‌ كه‌ منداڵی لێ دروست ده‌بێت، ده‌رخه‌ری ئه‌و ڕاستیه‌یه‌ كه‌ پیاوی كورد، ژن ته‌نها وه‌ك كاڵانێك بۆ شمشێره‌كه‌ی ده‌بینێت و ئه‌گه‌ر كه‌سێك هه‌موو ئه‌ندامه‌كانی جه‌سته‌شی كار بكه‌ن، به‌ڵام توانای سه‌ر جێیی نه‌بێت، ئه‌وا به‌ پیاو به‌ تێگه‌یشتنه‌ باوه‌كه‌ی كۆمه‌ڵَگه‌ دانانرێت. بۆیه‌ كه‌ فه‌رمانبه‌ره‌كه‌ ئه‌و پرسیاره‌ له‌ كانیاو ده‌كات، مه‌به‌ستیه‌تی دڵنیا بێت كه‌ ئایا ئه‌و به‌رهه‌می ئه‌و گونه‌یه‌ كه‌ هی باوكییه‌تی، یان ده‌شێ گونه‌كه‌ هی كه‌سێكی دیكه‌ بێت؟ چیڕۆكنووس زۆر هوشیارانه‌ و وه‌ك ده‌روونناسێك، یه‌كێك له‌لایه‌نه‌ دۆگماو شاراوه‌كانی پیاوی كورد ده‌ناسێنێت، كه‌ ئه‌ویش شانازیكردنه‌ به‌ پیاوبوون، كه‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی له‌و توانسته‌ سێكسییه‌وه‌ هاتبێت كه‌ هه‌یه‌تی. بۆیه‌ فه‌رمانبه‌ره‌كه‌ به‌ گومانه‌ له‌وه‌ی كانیاو، به‌رهه‌می ئه‌و توانایه‌ی باوكی بێت و پرسیاری ئه‌وه‌ی لێ ده‌كات كه‌ باوكی ده‌ستی هه‌بووه‌، یان گون له‌ دروستكردنیدا. به‌ڵام كانیاو دژی ئه‌م جۆره‌ ئه‌قڵیه‌ت و بیركردنه‌وه‌یه‌، كه‌ مافێكی سه‌ره‌تایی هه‌موو مرۆڤێكه‌، چۆ ده‌ژیت و چۆن خۆی ده‌ناسێنێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی خودا له‌ سه‌ره‌تادا، مرۆڤی به‌ ئازادییه‌وه‌ دروستكردووه‌، ئیدی ئه‌وه‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌، ڕه‌نگ ڕێژی ژیانی مرۆڤه‌كان ده‌كات و ئه‌و ئازادییه‌ كه‌سی و تایبه‌تییانه‌ له‌ مرۆڤ ده‌سێنێته‌وه‌. كانیاو وه‌ك كاره‌كته‌رێكی جیاواز، به‌رده‌وام ده‌بێت له‌وه‌ی كه‌ هه‌ر ده‌بێت فه‌رمانبه‌ره‌كه‌، به‌ ناوی دایكییه‌وه‌ ناوی سیانی تۆمار بكات. سه‌ره‌نجام دوای ئه‌وه‌ی چه‌ند دیكۆمێنتێك و ڕه‌زامه‌ندی دایكی پیشانی فه‌رمانبه‌ری نفووس ده‌دات، فه‌رمانبه‌ره‌كه‌ ڕازی ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان، شه‌ڕ و ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌كانی ئه‌و، له‌ ململانێی فه‌رمانبه‌رێكه‌وه‌، ده‌بێته‌ شه‌ڕ و ململانێی هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌ به‌ گشتی. بۆیه‌ فه‌رمانبه‌ره‌كه‌ پێی ده‌ڵێت (من ئه‌مه‌ت بۆ ده‌كه‌م، به‌ڵام ڕه‌نگه‌ هه‌موو ژیانت بكه‌وێته‌ به‌ر تانه‌ و توانجی خه‌ڵكی، خه‌ڵكێكی زۆری بێ ئیش ده‌كه‌ونه‌ وێزه‌ت، ته‌نها له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی پاشناوه‌كه‌ت به‌ ناوی دایكته‌وه‌یه‌) كانیاو به‌ دووڵییه‌وه‌ ده‌پرسێت (خۆمن زیانم بۆ كه‌س نییه‌) بۆیه‌ له‌ نێوان پاشگه‌زبوونه‌وه‌، له‌و به‌ ناوكردنه‌ی ناسنامه‌كه‌ی به‌ ناوی دایكی و چوونه‌ سه‌ر ڕیتمی ژیانی هه‌مووان، بژارده‌ی دیكه‌ی نییه‌، به‌ڵام كانیاو سوور ده‌بێت له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌ر ده‌بێت، ناسنامه‌كه‌ی به‌ ناوی دیكییه‌وه‌ (كانیاوی باجی سه‌بری) بكرێت. بۆیه‌ قسه‌كانی فه‌رمانبه‌ره‌كه‌، كانیاو وه‌ك تاكێك، كه‌ شه‌ڕی ناسنامه‌ی خۆی ده‌كات، سارد ناكاته‌وه‌، سه‌ره‌نجام فه‌رمانبه‌ره‌كه‌ ڕازی ده‌كات، به‌ڵام ململانیێ و شه‌ڕی گه‌وره‌ی كانیاو لێره‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌كات، چونكه‌ ئه‌گه‌ر له‌ پێشدا، ته‌نها فه‌رمانبه‌ره‌كه‌ تانه‌ی ئه‌وه‌ی لێدا بێت، كه‌ چۆن ده‌بێت پیاوێك ناسنامه‌كه‌ی به‌ ناوی ژنێكه‌وه‌ بێت، ئیدی له‌مه‌ودوا هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌، ده‌كه‌ونه‌ تانه‌ و گاڵته‌ كردن به‌ كانیاو. فه‌رمانبه‌ره‌كه‌ پێی ده‌ڵێت (من كاره‌كه‌ت بۆ ده‌كه‌م، به‌ڵام ده‌كه‌ویه‌ به‌ر گاڵته‌ی هه‌مووان) به‌ڵام كانیاو سور ده‌بێت، له‌ سه‌ر شه‌ڕی ناسنامه‌ و سه‌پاندنی بوونی خۆی وه‌ك تاكێكی جیاواز له‌ هه‌مووان له‌ نێو كۆمه‌ڵگه‌دا. به‌م شێوه‌یه‌ ناوی ده‌بێته‌ ( كانیاوی باجی سه‌بری) له‌دوای ئه‌مه‌، به‌ هۆی ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ری نۆڕمه‌ باوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ جوڵاوه‌ته‌وه‌، ئیدی ده‌كه‌وێته‌ به‌ر نه‌فره‌تی هه‌مووان و فڕێ ده‌درێته‌ ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ باوه‌كه‌ی ژیان و كۆمه‌ڵگه‌ و له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و ئه‌قڵیه‌ته‌ جێگه‌یه‌كی نامێنێته‌وه‌ بۆ ژیان. ئاخر ئه‌گه‌ر كه‌سێك پیاو بێت، چۆن ده‌بێت له‌ بری باوكی به‌ هۆی دایكییه‌وه‌ خۆی بناسێنێت و ناسنامه‌ی هه‌بێت؟ مه‌گه‌ر دایك و باوك، وه‌ك دوو ڕه‌گه‌زی جیاواز له‌ یه‌كتری وه‌ك یه‌كن، به‌ تێگه‌یشتنی ئه‌وانی دیكه‌؟ به‌م شێوه‌یه‌ كانیاو گۆشه‌گیر و ته‌نها ده‌بێت و هه‌موو ڕۆژێك، به‌ چاوی پڕ فرمێسكه‌وه‌، له‌ سۆنگه‌ی ئه‌و گاڵته‌كردنه‌ی به‌ هۆی ناوی دایكییه‌وه‌ پێی ده‌كرێت، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ماڵه‌وه‌ ( وایان كرد، به‌ره‌ به‌ره‌ خۆم گۆشه‌گیر بكه‌م، بگه‌ڕێمه‌وه‌ ناو خۆم، ته‌ریك و ته‌نیا و بێ هاوڕێ، حه‌زم نه‌ده‌كرد بچمه‌ ده‌ره‌وه‌ و تێكه‌ڵاوی كه‌س بم، هه‌ر جارێكیش چووبمه‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ چاوی پڕ گریان هاتوومه‌ته‌وه‌) هه‌موو ئه‌و توانج و گاڵته‌و به‌كه‌م ته‌ماشاكردنه‌ی كانییاو له‌لایه‌ن ئه‌وانی تره‌وه‌ كه‌ كۆمه‌لگه‌یه‌، كانیاو له‌و خواسته‌ تاكایه‌تی و سه‌ربه‌ستیه‌ی خۆی سارد ناكه‌نه‌وه‌، به‌ڵام ده‌كه‌وێته‌ دۆخێكی ده‌روونی دژواره‌وه‌، كه‌ به‌ ته‌نها له‌ ماڵه‌وه‌ ده‌ژیت و ئه‌و ته‌نهایه‌ وای لێ ده‌كات، به‌تایبه‌تیش دوای ئه‌وه‌ی كه‌ دایكی ده‌مرێت، چیڕۆك و حیكایه‌ت بۆ ئینجانه‌كان بگێڕێته‌وه‌ و له‌ میانه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی نێوان خۆی و گوڵدانه‌كانیشدا، گوڵدانه‌كان له‌ بری گوڵ، كتێب ده‌رده‌كه‌ن و ئه‌مه‌ش بۆ هه‌مووان، شتێكی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌یه‌. ته‌نانه‌ت هاوڕێ باڵا كورته‌كه‌ی خۆشی، بڕوا به‌م ڕووداوه‌ ناكات. تاكو سه‌ردانی كانیاو ده‌كات و به‌ چاوی خۆی ئینجانه‌كان ده‌بینێت و چه‌ند هه‌وڵده‌دات ناتوانێت كتێبه‌كان لێ بكاته‌وه‌.
لێره‌دا، چیڕۆكنووس وێنه‌یه‌كی هارمۆنی و هاوواتایی له‌ نێوان چیڕۆكی ژیانی خۆی وه‌ك تاكێك و كتێبی نێو گوڵدانه‌كان دروستكردووه‌. چونكه‌ ئه‌گه‌ر له‌لایه‌كه‌وه‌ كه‌س نه‌توانێت ئه‌م كتێبانه‌ لێ بكاته‌وه‌، ئه‌وا پێشتریش وێرای ئه‌و هه‌موو گاڵته‌ و سووكایه‌تیه‌ی له‌ پای ناونانی به‌ ناوی دایكییه‌وه‌ پێی كرا، به‌ڵام كه‌س نه‌یتوانی، كانیاو له‌و خواسته‌ كه‌سی و ئازادیییه‌ی خۆی په‌شیمانی بكاته‌وه‌، یاخود بێته‌ سه‌ر ڕیتمی ژیانی كلاسیكییانه‌ی ئه‌وانیتر، كه‌ هه‌ر ده‌بێ ناسنامه‌كانییان به‌ ناوی باوكییانه‌وه‌ بێت، بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك منداڵێكی ڕاسته‌قینه‌ و كوڕی باوكێك بناسرێن. كه‌ هه‌ردوو كاره‌كه‌ش مه‌حاڵن. بێگومان له‌ په‌راوێزی، دیالۆگی نێوان كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی چیڕۆكه‌كه‌ و فه‌رمانبه‌ره‌كه‌، ئێمه‌ خه‌سڵه‌ت و تایبتمه‌ندی كه‌سی و كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌روه‌رده‌ییانه‌ی نێوان تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی ده‌بینین. به‌و پێیه‌ی هه‌ر یه‌ك له‌و كه‌سایه‌تییانه‌، نمایینده‌ی دوو تێگه‌یشتن و دنیابینی جیاواز ده‌كه‌ن. كانیاو، كه‌سێكی یاخی، ئازاد و سه‌ربه‌ست، بڕوای به‌ ئازادی ژیان و تیۆری چۆن ژیان هه‌یه‌، به‌مه‌ش هه‌موو ئه‌و نۆڕمه‌ په‌روه‌رده‌یی و كولتووریانه‌ تێكده‌شكێنێت، كه‌ لای مرۆڤی كورد پیرۆز و ڕێزلێگیراون. له‌ به‌رانبه‌ردا، فه‌رمانبه‌ری نفووس، گوزارشت له‌و ئاراسته‌ كۆمه‌ڵایه‌تیی و دنیابینییه‌ گشتییه‌ی مرۆڤی كورد له‌ كۆمه‌لگه‌ی كوردی ده‌كات، كه‌ ناسینه‌وه‌ له‌ ڕێی باوك و به‌ كه‌م ته‌ماشاكردن و جیاوازیكردن له‌ ڕووی ماف و ژیانه‌وه‌، له‌ نێوان ژن و پیاودا، یه‌كێكه‌ له‌ خاسیه‌ته‌ كۆمه‌لایه‌تییه‌كانی. گه‌ر سه‌رنج له‌ زمان و ئاستی هوشیاری هه‌ردوو كاره‌كته‌ره‌كه‌ش بده‌ین، ڕوونتر ئه‌مه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت. بۆ نموونه‌ فه‌رمانبه‌ره‌كه‌، چه‌ندین وشه‌ی زبر و برینداركه‌ر و میللی، به‌رانبه‌ر ژن ده‌رده‌بڕێت، كه‌ ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ هیچ بڕوای به‌ ژن، وه‌ك ڕه‌گه‌زه‌كه‌ی دیكه‌ی ژیان نییه‌. به‌ڵام كانیاو، وێرای ئه‌و هه‌موو برینداركردن و شكانه‌وه‌ و به‌كه‌م ته‌ماشاكردنیشی، كه‌ چی به‌و په‌ڕی ئاكار و بڕوابوون به‌ مرۆڤ و ئازادییه‌كانی ده‌دوێت و وه‌ڵامی ئه‌وانیتر ناداته‌وه‌، به‌مه‌ش له‌ به‌رده‌م مرۆڤێكی دیكه‌ی جیاواز داین.وه‌ك ئه‌وه‌ی خۆشی ده‌یڵێت( گه‌ر مرۆڤ له‌ به‌رده‌م ته‌نیایی خۆی وه‌ستایه‌وه‌ و لار نه‌بوه‌وه‌ ئیدی به‌رگه‌ی هه‌موو شتێك ده‌گرێت) چونكه‌ شه‌ڕی گه‌وره‌ی مرۆڤ له‌ پێناو مانه‌وه‌ی خۆی، له‌ خودی خۆیه‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌كات. كانیاو، سه‌ره‌تا له‌ به‌رانبه‌ر ناخی خۆی، دواتر ئه‌وانیتر، پاشان هه‌مو كۆمه‌لگه‌ ده‌وه‌ستێته‌وه‌ و یاخی ده‌بێت. ده‌سپێكی ئه‌و یاخیبوونه‌ش، له‌ هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ی نۆڕمێكی جێگیری كۆمه‌ڵگه‌ كه‌ وه‌ك پیرۆزییه‌ك و به‌هایه‌كی گه‌وره‌ی خێزانی و میللی سه‌یر ده‌كرێت، كه‌ ده‌بێ هه‌ربه‌ باوكمانه‌وه‌ بناسرێینه‌وه‌، ده‌ست پێ ده‌كات و سه‌ره‌نجام له‌ سه‌ر پێی خۆی ده‌وه‌ستێت و له‌ ململانێی نێوان خود و كۆمه‌لگه‌دا، براوه‌ ده‌بێت و ژیانێكی جیاواز و تایبه‌تی ده‌بێت.
ئه‌م چیڕۆكه‌، هه‌ڵگریی گه‌لێك ده‌لاله‌تی سیاسی و مێژوویی و كه‌سی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌، كه‌ ڕه‌نگه‌ هه‌ر یه‌كه‌یان پێویستی به‌ باسێكی سه‌ربه‌خۆ بێت، چونكه‌ له‌ گه‌لێك خاسیه‌ت و ڕه‌هه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی به‌ شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ دواوه‌. ئه‌مه‌ش له‌ ڕێگه‌ی ئه‌و ده‌ربڕین و دیالۆگانه‌ی له‌ چیڕۆكه‌كه‌دا، له‌ نێوان كاره‌كته‌ره‌كاندا هه‌ن. بۆ نموونه‌، خانمی پێشكه‌شكاری تیڤییه‌كه‌ ده‌ڵێت 🙁 بۆ ئه‌وه‌ی له‌ شاشه‌ لاواز ده‌ربكه‌وم، تا ئێستا پڕ به‌دڵ نانم نه‌خواردووه‌) ئه‌مه‌ ده‌رخستنی ڕووێكی كاری ڕاگه‌یاندنه‌ له‌ نێو ئێمه‌، كه‌ ته‌نێ جوانی ڕووخسار و لاش و لار ده‌كه‌نه‌ پێوه‌ر. چیڕۆكنووس ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێت، كه‌سانێك له‌ بری هزر، جوانی بكه‌نه‌ پێوه‌ری كاركردن، ده‌توانن هیچ گۆڕانكارییه‌كی هزریی و ڕۆشه‌نبیری بێنه‌ ئاراوه‌؟ یاخود ده‌ڵێت: ( تا كه‌سێكی ڕاستگۆ ده‌بینییه‌وه‌، هه‌زاره‌ها درۆزن په‌یدا ده‌بن) ئه‌مه‌ دروست وێناكردنی واقیعی ژیانی تاكه‌كانی ئێستای كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌یه‌. له‌م چیڕۆكه‌دا، چیڕۆكنووس سه‌ركه‌وتووانه‌ له‌ ڕێگه‌ی ته‌كنیكێكی سه‌رنجڕاكێشه‌وه‌، بینای هونه‌ری چیڕۆكه‌كه‌ی داڕشتووه‌.كاتێ ده‌ست به‌ خوێنه‌وه‌ی چیڕۆكه‌كه‌ ده‌كه‌ین، وا هه‌ست ده‌كه‌ین ئه‌وه‌ ده‌سپێكی ڕووداوه‌كانه‌، كاتێ په‌یامنێره‌كه‌، بۆ به‌رنامه‌یه‌ك له‌ باره‌ی گوڵه‌كانی كه‌ كتێب له‌ بری گوڵ ده‌گرن، سه‌ردانی كردووه‌ و دیمانه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ ده‌كات، به‌ڵام دواتر كه‌ چیڕۆكه‌كه‌ ته‌واو ده‌كه‌ین، ده‌بینین دوایین ڕووداوه‌كانی چیڕۆكه‌كه‌، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر سه‌ره‌تای ڕووداوه‌كان، چونكه‌ هاوڕێكه‌ی داوا له‌ كانیاو ده‌كات، ئاگاداری به‌رنامه‌ی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ بكاته‌وه‌ تاكو بێن ئه‌و شته‌ سه‌یره‌ی گوڵه‌كان، بكه‌نه‌ به‌رنامه‌یه‌ك و له‌ پڕۆگرامی شته‌ سه‌یرو سه‌مه‌ره‌كان پیشانی بده‌ن. ئه‌م شێوازه‌ له‌ڕێكخستن و گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌كان، فۆڕمێكی هونه‌رییانه‌ی جوانی به‌ چیڕۆكه‌كه‌ داوه‌، كه‌ گێڕانه‌وه‌كه‌ بازنه‌یی نه‌بێت. دواجار ده‌ڵێم كاك ئارام، یه‌كێكه‌ له‌ چیڕۆكنووسه‌ دیار و به‌ تواناكانی ئێمه‌، كه‌ ستایلێكی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌ له‌ نووسینی چیڕۆكدا. له‌ هه‌مووشی گرنگتر ئه‌وه‌یه‌، كه‌ بایه‌خێكی زۆر به‌ دیوی ناوه‌وه‌ و لایه‌نی ده‌روونی كاره‌كته‌ره‌كانی ده‌دات و له‌ په‌راوێزی ئه‌و خاسیه‌ته‌ ده‌روونی و سایكۆلۆژییانه‌، خوێندنه‌وه‌ بۆ ڕه‌فتاره‌كانی مرۆڤ و دیارده‌كانی نێو كۆمه‌ڵگه‌ ده‌كات. ده‌ستخۆشانه‌ له‌ نووسه‌ر ده‌كه‌م به‌ هیوای چیڕۆكی جوانتر.

سه‌رنج: په‌نجه‌مۆری ته‌نیایی، چیڕۆكێكی (ئارامی كاكه‌ی فه‌لاح) ه‌و له‌ ژماره‌ (2) ی گۆڤاری سه‌نگینی (وانه‌ر) بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.

*ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ ژماره‌ 6 ی گۆڤاری (وانه‌ر) حوزه‌یرانی 2022 بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.




خەنجەری خێڵ.. (٣) شەماڵ بارەوانی

بەشی سێ

ئەو ڕۆژەی بەهار بوو بە پایز..

ڕۆندک گیان:
هەر لە دێیەکەی ئێمە، کاتی خۆی لە خێڵەکەی ئێمە پیاوێک لەسەر بابەتی زەوی و زار، پیاوێکی خێڵی دێی(عەشیرەت ئاوا)دەکوژن، ئەو دێیەی کە گوتم: لەسەر قازێک، سیانزە زەلام لە نێوان دوو خێڵدا کوژران.
دواتر لە بەدەل خوێن، جوانترین کچی خێڵەکەی ئێمە داوا دەکەن، دایکم دەیگوت:بەهار کچێکی هێندە جوان بوو، نموونەی نەبوو لەو دەڤەرەی عەشایر سەبعە، ڕێک سەمیرە تۆفیق، خێڵی لێ کوژراو هەرلەلایان خێڵێکی تری دێیەکەمان پێیان گوترابوو کە حاجی ئاکو کچێکی زۆر ناسک و جوانی هەیە و بڵێن ئەو نەبێت نامانەوێت.
ئەوانیش عینادگرتنی گوتیان یان پیاوێکتان(برای بەهار) لە تۆڵە لێدەکوژینەوە، یان ئەوکچە.

ناچار پیاوماوڵان و ڕیش سپیانی خێڵەکەمان گوتیان:لە پێناو ئەوەی خوێنیتر نەڕژێت و نێریتر و پیاویتر نەبێت بە قوربانی، با ئەو کچە بکەین بە قوربانی و ئەو سوڵحە عەشایەریەی پێ بکەین.
گوتی: ڕۆژی سوڵحەکە، حەوت جوانەگایان سەربڕی و ژنانی خێڵ هەموو خڕبووینەوە بۆ چێشت لێنان و دەخێڵیتر لەو مەنتیقەی عەشایەر سەبعە(دەڤەری حەوت عەشیرەتەکە) ئامادەی دانیشتن و سوڵحە عەشایەریەکە بوون و کێشەی خوێن و دوژمنداری و ناکۆکی خێڵایەتی لە دیوەخانی ماڵی ئاغای دێ کۆتایی هات و مەلای دێ بەهاری لەو پیاوەی خاوەن خوێن مارە بڕی وەلێ تراژیدیا و دۆزەخێکیتردەستی پێکرد، بەهار، ئەو ڕۆژە کاتێک ئەو هەواڵەی پێگەیشت کە لە پیاوێک مارە بڕدراوە لەتەمەنی شەست ساڵیدا و دوو ژنی تری هەیە،
خوایە ئەوەی من بینیم ئەو ڕۆژە، ئێزدی باعەدرێ و گاوری ئەڵقوش و جولەکەی سندۆرێ نەیبینن.
بەهاری گوڵ، تازە لە بەهاری تەمەند دابوو، چواردەساڵی تەمەنبوو، چوار مامی بەهار و نیوەی پیاوی خێڵەکەمان هەر لە تەمەنی حەوت ساڵیدا، دەستیان لەسەردانابوو و سوێندیان بە قورعان و خێڵ و خەنجەر و تەڵاق خواردبوو، کە بەهار یان بۆ خاک، یان بوکی کوڕەکانیان دەبێت، وای بەهارەکەم، ڕۆڵە بێ نازەکەم، بۆت نەمێنم و جەرگم بسووتێت و ئاگرم تێ بەربێت، وەک چۆن ئەو ڕۆژە ئاگرت لە دڵی سێبەشی خەڵکی دێی ماڵی خێڵان بەردا.

بشم کوژن من شوو بەو پیرە پیاوەناکەم، خۆم دەسوتێنم و دڵنیابن و بەڵێن بێت دەبەیەک نەوت دەکەم بە خۆمدا و گڕ لە خۆم بەردەدەم گەر یەک ڕۆژ بەبەر تەمەنمەوە مابێت.
ئەیهاوار بۆچی من دەکەن بە سوتەمەنی ئارەزووی ناوگەڵ و قوربانی غەریزەی شەڕانگێزی خۆتان، تاکەی کچ دەکەن بە قوربانی ئەقڵیەتی خێڵ و سوڵحی کەرایەتی(عەشایەری).

خودایه خۆت دەبینیت کەس گوێم بۆ ناگرێت و لێم تێناگات، هەر هیچ نەبێت دەتۆ دەمت بکەرەوە و شتێک بڵێ.
بۆ بێدەنگی و تاکەی هەروابێدەنگ دەمێنیتەوە؟!ٚ

تۆبه خودایه، ئەستەغفیرەڵڵا، دەزانم کفری دەکەم و ئەو قسانەم هەمووی کفرە، بەڵام ژن هەر لەگەڵ یەکەم چرکەساتی دەسپێکردنی مێژووی ژن بوون و پێخستە ناو ژیان و مێژووەوە بە تۆمەتی خواردنی سێوێکی پووچ تاوانبارکرا و تەوقی نەفرەت خرایه ملی!

خودایە تکایە بابەس بێت، لە بەڵای خێڵ قورتارمانکە و باچیتر کچ نەبێت بە قوربانی نەریتی خێڵ و مێنتاڵێتی خێڵ.
دوێنی سەروین و ئەمڕۆ من، بەیانی و تا ڕۆژی حەشر دەبێت کێیتر و چەندان کچیتری بێ تاوان ببن بە قوربانی ئەقڵیەتی نێرسالاری و خێڵ سالاری.

بەهار خۆی لەناو زێراب و جۆگەڵەی دێ دەگەوزاند و قژی خۆی دەڕنی و یەخەی کراسەکەی دادەدڕی و هەرچی گلەیی و لۆمە و وشەی کفر بوو ئەوڕۆژە بۆ ئاسمان و خوداوەندی بەرزکردەوە و چی تف و نەفرەت و توڕەیش بوو لە ڕووی مەلای دێ و مەزهەب و خێڵ و پیاوسالاری و نەریتدا ڕژاندنی و جوێنی وای دەدا و بوێری وای نواند دایکە حەوا وا بکردبووایە، من دڵنیام ئەو ڕۆژەی کە بە تۆمەتی خواردنی سێوێکی گەنیو بێ نرخ و خوێڕی تاوانباکراو بەهۆیەوە لە بەهەشت دەرکرا، خوداوەند لەو بڕیاری دەرکردنەی باوکە ئادەم و دایکە حەوا لە بەهەشت پەشیمان دەبوویەوە و ژن و مرۆڤیش فڕێی ئەو سەرزەمینە نەفرەتیە نەدەدراین.
خودایه:دیاره تۆش ڕۆشتوتیە بەرەی خێڵ و خەنجەر، خۆتۆ سورەتێکت لە قورئانی پیرۆز بەناوی ژنەوە کردووە، کەچی لێرە نققەت لەخۆت بڕیوە!
تکایە قسەیەک بکە و هەر ئەمڕۆ نەگات بە ئێوارە هەرچی پیاو خێڵ و نەریتە، وەکو قەمی لوت، هەر هەمووی لە زەوی بەرەخوارەوە، باچیتر ژیان ئارام بێتەوە، ژیانێک ئیتر نەخێڵ و نەپیاو نەنەریتی تیا نەبێت.

هەموو خەڵکی دێو و هەرچی خێڵ هەبوو لە دێ، بەژن و پیاو، پیر و مناڵ و گەنجەوە، هەمووی سەیری ئەو دیمەنە تراژیدیک و خەفەتناک وناخ هەژێنەمان دەکرد.

بەهار پڕ بە گەرووی دەیگوڕاند:نەفرەت لە خێڵ، گوو بە نەریت، تفووووو لە نێرسالاری.

ڕێک لەو ساتەیا کەریمۆکی مامۆی بەهار، دەهری بوو و ئیمان لەکەلەیا نەما و وەکو شێت و هارێک، پەلاماری بەهاری بەستەزمان و بێ دەسەڵاتیدا و خەنجەرێک کە دایمە لە بەر پشتوێنەکەیبوو، لە کێڵانەکەی دەرهێنا و خستیە سەر گەردنی بەهار و وتی:یەک گووی تر بخۆیت و یەک کفری تر بکەیت و بێڕێزیەکیتر لە بەرامبەر پیرۆزی خێڵ و سەروەری نەریت بدرکێنیت، هەرئێستا خەڵتانی خوێنت دەکەم و سەرت لەلاشەت جیا دەکەمەوە و بە جەحنەمت دەسپێرم، سەگی بەڕەڵاو گڵاوی پیس، تۆ چیت تا بوێری و بێ ڕێزی وا بکەیت و لە ڕووی بڕیاری خێڵ و پیاوانی خێڵ بووەستیتەوە؟

هەی قەحپەی بێ تەربێتی بێ لغاو، دەی قسە بکەو گوویتر بخۆ تا بە جەحننەمت موشەڕدەف کەم.
هەی دێلە سەگی بێ ئەخلاق، دەتەوێت لە پیرۆزی خێڵ بدەیت و سەری خێڵەکەمان شۆڕبکەیت و حەیامان بەریت؟ قسە بکە دەی با بۆ شوێنێکت بنێرم ڕۆژی سەت جار، لەسەر ئەم هەموو کفرو بێ ڕێزی و گوو خواردنەت، بتکەن بە دارەوە و لەشیشت بدەن، هەی بێ حەیای ناکەس پەچە.

“خەنجەرەکەت دەر بێنە، بیدە لەو شوێنەی مرۆڤ بە ئاگادێنێتەوە.”(١). هەی نامەردی بێ غیرەت، وادەزانی من لە خێڵ و تەڕەماش دەترسم؟ هەی مرۆڤ کوژ، پیاو نیت و زەڕەیەک کەرامەت و بەهات نییه، دڵنیام کە نیشتە، گەر هەر ئێستا ئەوەی وتم وانەکەیت.

دایکم گوتی: کە بەهار وا بە بوێری و بەبێ منەتی لە ڕووی مامۆی وەستایەوە، بەر لەوەی کارلەکار بترازێت وبەهار بکوژێت، حەوت ژن خۆمان هاوێشتە بەرپێی کەریمۆک و کەوتینە ماچکردنی پێڵاوەکانی تا ئەو کارە نەکات و بەهار نەکوژێت و بە هەزار تکا و پاڕانەوە و بەقوربانت بم و نەکەی توخوا توخوا، تا خەنجەرەکەی لەسەر گەرووی بەهار لابرد و لە بەهارمان دوور خستەوە.
بەهارمان تۆزێک برد بۆ ئەولاتر و حەوت ژنیتر و پانزە پیاو ماقوڵ و ڕیش سپی تری خێڵ هاتن و کەوتینە قسە لەگەڵ بەهار و پێمان گووت:دەزانین ئەوە زوڵمە لە تۆ دەکرێت، نە ئێمه قبوڵمانە و نەخوای گەورە، چی بکەین و چیمان لە دەست دێت؟
تۆ دەتەوێت قوڕەکە خەستر بێت و کێشەکە ئاڵۆزتر و گەورەتر بێت و کاروانی برات بکوژن لە تۆڵەی ئەوەی کەریمۆکی مامت بەر لە چەند ساڵە پیاوێکی لە خێڵەکەی ئەمان کوشتووە؟
دەتەوێت ئەو برایەی کە هەمیشە لەبارەیەوە دەتگوت:من ئامادەم لە پێناویدا خۆم بخەمە ئاگرەوە و گیانم بکەم بە قوربانی کاروانەکەم و تاقانە براکەم؟، ئەو برایەی بڕواناکەین کەسێکیتر هەبێت لەو دنیایە بەقەد ئەم تۆی خۆش بوێت و بەقەد تۆیش کەسیترهەبێت ئەو تاقە برایەی خۆش بوێت.

بەهار گیان:دەتەوێت جەرگی باوکت و دایکت بسووتێت و تۆیش بێ برا و ماڵ وێران بیت؟

گوتی:کەوامان گووت:بەهار گوتی ڕازیم، تەواو.
ئەوجاره کاروان هاوار و فیغانێکی کرد، دەنگی گەیشت بە کەشکەڵانی ئاسمان و هەموو ئەوانەی لەوێ ئامادەبووین، چ فیغان و هاوارێک، خودایه کێوی دەتواندەوە و بەردی دەکرد بە ئاو کافر بە بینینی ئەو حاڵەی کاروان موسڵمان دەبوو، کاروان خۆی هاوێشتە سەرپێیەکانی بەهار و قاچەکانی ماچ کرد و گوتی:تکا دەکەم خوشکەئازیزەکەم، بەهاری براکەت، شیرینی ژیانم، بەسۆزترین خوشکی ژیانم، هەموو دنیام، نەکەی بەو هاوسەرگیریە و پیرە پیاوە و بەو ژیان وێرانکردنەی خۆت ڕازی بیت، هەرگیز، تکایە بەهاری من، بڵێ نەخێر و یاخی بە، مەترسە و بوێربە، من لە پشت تۆم، تۆ بەس بڵێ نەخێر، با من بکوژن، تکایە ماڵی خۆت کاوڵ مەکە و بەدەستەکانی خۆت قوڕ بۆ ژیانی خۆت مەگرەوە و بەهاری عومرت بە پایز مەکە.
تکایه، با ئیتر یاخی ببین و له ڕووی خێڵ و خەنجەر و نەریت و نێرسالاری بوەستینەوە و چیتر ڕادەستیان نەبین. تکایه بە قسەم بکە، هەرگیز، زەرەرناکەیت، بەهارگیان، گیانی براکەت.

بیرتە باوکم دەیگوت:بەهار بڵێت شوو بە کوڕی پاشای هۆڵەندا دەکەم و دڵم بۆ ئەو لێدەدات، دەیکەم بە شاژنی هۆڵەندا، بەهار تۆ داوا بکەو فەرمان بکە، تا باوکت نەک خێڵێک، بەڵکوو ئیمپڕاتۆڕیەتێکت لە پێناودا بڕوخێنێت. باوکە، ئەی تۆ هەمان ئەو باوکەی جاران نیت کەوات دەگوت و تا درهەمێکت بە من دەدا، دوو درهەم بە بەهار و دەتگوت:بەهارجەرگی منە، دڵ و هەناسەی باوکەیه، ئەی بۆچی ئێستا بێ دەنگیت و لە بەرامبەر ئەو غەدرە گەورەیە هیچ شتێک ناکەیت و هیچ ناڵێیت؟!
کە کاروان وای بە باوکی گوت.
حاجی ئاکۆ تا هێزی تیابوو ڕایکرد بەرەو کچەکەی و باوەشی کرد بە بەهاردا و دایه پڕمەی گریان گوتی:ناچار بووم لە نێوان مەرگی تۆ و کارواندا، یەکێکتان هەڵبژێرم، مەرگی تۆم هەڵبژارد، دەزانم ئەوەی تۆش مەرگ کچە ماڵوێران بووەکەم، بەهارەکەم، دەزانم ئەو هاوسەرگیریە ناچاری و بەزۆریە خێڵگەرایە، هەڵوەرینی خونچەی ژیان و به پایزکردنی تەمەنتە.
بمبوورە کچەشیرینەکەم، بەهاری باوکەی، توخوا لە باوکت دەبووریت؟
دەزانم من شایەنی تف و نەفرەت و ڕقم تا مردن، نەک بەزەیی و لێخۆشبوون و لێبوردن، توخوا گەر مردم، مەیه بۆ پرسه و سەر تەرمەکەم، تەنها یەک جار نەبێت، ئەویش کاتێک بە خاکیان سپاردم، وەره و تا هێزت تیایه تفێک بکە لە گۆڕەکەم و بڵێ:نەفرەت لەو باوکەی کە ناپاکی لێکردم و منی لە سوڵحێکی عەشایەری و لە یاریەکی قۆمارئاساو گەوادی دا دۆڕاند.
تفو لەو باوکەی کە لە لوتکەی نازداریمدا، هەموو ئەو نازانەی لێ سەندمەوە کە پێشتوور پێی بەخشی بووم و ئاوا بێ ناز و ماڵێوانی کردم.
نەفرەت لەو باوکەی کە فریوی دام و تا دوێنێ دەیگوت:بەهار هەموو ژیانی منە، بەهار دڵی بابە و ڕۆح و هەناسەی منە، کەچی ئەمڕۆ، دڵ و هەناسە و ڕۆح و ئەو هەموو ژیانەی خۆی گەلێک شەرمانە و لە ماوەی پێنج خوڵەکدا و زۆر بێ ویژدانانە لە شێوەی جگەرەیەکی بێ نرخ لەبەردەم خوا و هەمواندا سوتاند.

تکایه، کچە شیرینەکەم هەرگیز نەکەیت هەڵەی وا بکەیت و بمبووریت.
وای چ چرکە ساتێکی ناخۆش و چ دیمەنێکی تراژیدی بوو خودایە.
حاجی ئاکۆ و هاوسەرەکەی(نەسرین خان) و بەهار و کاروان باوەشیان کردبوو بە یەکتریدا و فرمێسک و فیغان و شیوەنیان هەموانی خستە جەحنەم و سوتان و گریان.
بەو شێوەیه لە ژێر هەڕەشەی خەنجەر و بە پێی یاسای خێڵ، دوو پیاوی خێڵ هاتن و بەهاریان لەباوەشی باوک و دایک و براکەی دەرهێنا و بردیان بۆ دێی (عەشیرەت ئاوا) و ڕادەستی ئاغا(سەیفواللە)یان کرد و وەرزی بەهاریان کرد بە پایز.

١- نەبەز گۆران، میرنشینی خاک و خۆڵ، چاپی دووەم٢٠٢٢، چاپخانەی: ئەندێشە،لاپەڕه:٧٤.




تریفەکانی گزنگ لەکوێوە دێن؟.. وریا ئازاد سەلیم

ژنبوون نەك گۆچان
بەڵکو ستێری ئاواتی نێرینەیە لەم چاخه
نابینی چۆن رەگەزەکانی بۆ دەگۆڕدرێن؟
تۆ دەڵێی” تا چاوەڕوانی هەبێت ، نزیکم لەسەرەتاوە”
مەگەر نەتزانییوە تۆ خۆت هارمۆنیای نێوان سەرەتاو کۆتاییت،
شەو ورۆژ، سپی و رەش، باکوورو باشوور..
چونکە دەروونی شاعیر واڵایە، هێندەی بەرفراوانی گەردوون
بۆیە ناهێڵیت نەمامی پەیڤەکان وشك بن
هەمیشە بەو گیانە پاراوە ئاو دەدرێن
ئەو کاتە سۆزی ژنبوون چڕ دەبێتەوە و دەگاتە ترۆپك
کە بە پێنووسێکی پەمەیی لەسەر کاغەزێکی نێرینە
شیعرێکی کامڵ لە دایك دەبێت
دڵنیابە تۆ لەم گەردوونە ئاڵو واڵا قەرەباڵغە
بەتەنیا جێ نەهێڵراوی
پیاوانی رەسەن لە نێو جێدا شەوانە بڵند دەبن و
دەستیان دەکەن بە رایەخ بۆ ئەو پەیڤانەی
پڕاو پڕ وەفاو راستگۆیی و پاکیزەییان لێ دەتکێ
تاکو لە قوڕاوی جادەکانی ئەو دەڤەرە قیرتاونەکراوەدا
جوانییەکانیان بزر نەبێت
مەگەر نەتزانیوە لە رۆژهەڵات و رۆژئاوا
بۆنی ژن لەم زەمەنە دێ
مەگەر نەتزانیوە شەویش هەر رۆژەو
کاراکتەری پشت بڕیاری سەرۆك و دادوەرو بەڕێوبەرەکان
هەر ژنن، گەر راستەوخۆ خۆشیان نەبن
گوێم لە ژنێکی بە ئەزموون بوو دەیگوت:
پیاوەکەم وەکو منداڵ وایە هەر کاتێ ئافەرینی دەکەم
زیاتر لەپی دەستەکانیم بۆ دەکاتەوە،
تەنانەت بە کارەکانی منیش ڕا دەبێ
مەگەر نەتزانیوە هەموو دەرگایەك کلیلی هەیە بۆ کردنەوە؟
سوپاس بۆ شیعر
کە فێری کردین رۆژێك هەیە هەرگیز خۆری ئاوا نابێت
لێیەوە دەپەڕینەوە بۆ هارمۆنیاکانی گەردوون




سەهیم عومەر خەلیفە کار بۆ فیلمێکی نوێی سینەمایی دەکات

‘میزۆپۆتامیا کافێ’ نوێترین بەرهەمی بڵندی سینەمایی سەهیم عومەر خەلیفە، دەرهێنەری کوردە و ئێستا ئامادەکاری بۆ بەرهەمهێنانی دەکرێت.

سیناریۆی فیلمەکە لەلایەن سەهیم عومەر نووسراوە و لەلایەن دەزگای سینەما لە بەلجیکا پاڵپشتی دارایی لێکرا، بوودجەی بۆ تەرخانکراوە و بەم دواییە بودجەی بۆ ئامادەکاریکردن بۆ بەرهەمهێنانی پڕۆژەکە تەرخانکرایەوە.

دەرهێنەری فیلم ئێستا کار بۆ دیارییکردنی ئەکتەر و ستافی فیلمەکە دەکات و بڕیارە لە 2024 کاری وێنەگرتنی دەستپێبکات.

چیرۆکی فیلمەکە باس لە کافێیەک لە برۆکسلی بەلجیکا دەکات، گەنجێکی باشووری کوردستان بەناوی ئارام سەردانی دەکات، بۆ پێکهێنانی ژیانی هاوژینی لەگەڵ ئامۆزاکەی هاتووەتە ئەو وڵاتە، بەڵام دواتر پلانی دەگۆڕێت و ژیانی هاوژینی لەگەڵدا پێک ناهێنێت.

سەهیم عومەر خەلیفە، بەردەوام لەلایەن دەزگای سینەمای سەر بە حکومەتی بەلجیکاوە پاڵپشتی لە پڕۆژە سینەماییەکانی دەکرێت کە ساڵانە تەنیا پاڵپشتی لە پڕۆژەی چەند فیلمسازێکی ئەو وڵاتە دەکات.

لەلایەکی دیکەوە، فیلمی سینەمایی ‘میسیی بەغداد’ـی خەلیفە کارەکانی تەواو بووە و بۆ چەند فیستیڤاڵێکی گرنگی سینەمایی نێردراوە.

‘میسیی بەغداد’ پێشتر وەک کورتە فیلم بەرهەمهاتووە و دەنگدانەوەیەکی زۆی هەبوو و زیاتر لە 60 خەڵاتی لە فیستیڤاڵە سینەماییەکاندا بەدەستهێنا، دواتر بڕیاری بەرهەمهێنانی وەک فیلمێکی درێژ درا.

سەهیم عومەر خەلیفە، لە دایکبووی زاخۆی سەر بە پارێزگای دهۆکی باشووری کوردستانە و لە بەلجیا دەژی، بڕوانامەی ماستەری لەو وڵاتە بەدەستهێناوە، خاوەنی چوار کورتەفیلم و دوو فیلمی بڵندی سینەمایی و بەڵگەفیلمێکی درێژە، لە رێگەی فیلمەکانییەوە 110 خەڵاتی بەدەستهێناوە، دوو ساڵ بەسەریەکەوە کورتەفیلمەکانی لە کورتە لیستی کورتە فیلمە بەربژێرکراوەکان بۆ خەڵاتی ئۆسکاردا بوو.