رایبۆسۆماڵ rRNAی چییە؟.. رەهەند سابیر

rRNA, what is it؟

دروستکردنی پرۆتیین، پرۆسێسێکی گرنگە لە هەموو خانە یوکاریۆتیکەکان**، لەبەر ئەوەی پرۆتیین، شکڵی هەیکەلیی structural component هەر خانەیەک پێکئەهێنێت و ضەرورە بۆ ژیان. زۆرجار پرۆتیین پێیئەگوترێ بڵۆکی بونیادنانی خانەکان the building block of cells . هاوکات، سێ فۆرمی سەرەکیی RNA بوونی هەیە:-

  1. مەسنجەر RNA (rRNA )
  2. ترانسفێر RNA (tRNA )
  3. رایبۆسۆماڵ RNA ( rRNA )
    DNA ی جڵەوی هەموو چالاکییەکانی خانە ئەکات، هەروەها کاتێ DNA دروست ئەکرێ کە خانەکە، پێویستی بە پرۆتیینی زیاترە. لە پرۆسێسی چێکردنی پرۆتیین protein synthesis، بەشێکی بچووکی DNA بۆ RNA ئەگۆڕێت.

ئایا RNA لە DNA ی دروست بووە؟ ?Is RNA made from DNA

کاتێک خانەیەک پێڕۆی زانیارییە بۆماوەییەکانی Genetic instruction ئەکات، بەشێک لە DNA لە شێوەی جینێک کۆپیی ئەکات بۆ ئەوەی تەغییری DNA بۆ نیوکڵۆتایدێکی RNA بکات. بە دوو شێوەی شکڵیی Distinct ways ، RNA لە DNA ی جیاواز ئەبێت. نیوکڵیۆتایدەکانی RNA دروستکراوە لە شەکری رایبۆوس و پێیئەگوترێ رایبۆنیوکلیۆتایدەکان Ribonucleotides . DNA ، دیۆکسیڕایبۆس Deoxyriboseی هەیە، وەکو پێکهاتەی شەکر sugar content ،هاوکات، RNA هەمان بەیسەکانی DNAی هەیە کە ئەدینین adenine، گوانین guanine، سایتۆسین cytosine و ثایمینن thymine، هەمان کەیس لە RNAیدا دووبارە ئەبێتەوە، بەڵام لە جیاتیی ثایمین، یۆراسیل Uracil هەیە! هاوکات، سترەکچەری DNA و RNAی زۆر جودان لە یەکتریی، لەبەر ئەوەی DNA لە دوو زنجییری هێڵیکس(پێچخواردوو) پێکهاتووە و RNAی لە زنجییرێکی سنگڵ. زنجییرەکانی RNA، ئەتوانن بچەمێنرێنەوە بۆ چەندیین شێوەی موتەنەوع، بە هەمان شێوەی زنجییرەکانی پۆڵیپێپتاید ئەچەمێنرێتەوە بۆ پێکهێنانی شکڵی کۆتایی پرۆتیینێک.

چەند تایپی سەرەکیی RNAی هەیە؟ ?How many main types of RNA are there

سێ تایپی سەرەکیی RNAی هەیە کە بەرهەم ئەهێنرێ لە شێوەی مۆڵیکیوڵەکان، لەناو ناوکی خانەکانی ئینسان و حەیوانات. هەروەها RNA، ڵۆکەیت(شوێن)ەکەی ناو سایتۆپلازمی خانەیە Cytoplasm of cell. سایتۆپلازمی خانە، بریتییە لە هەموو ئەو پێکهاتانەی دەرەوەی ناوکی خانە کە لە لایەن تاکە پەردەیەکەوە پەرژیین کراوە کە بە پەردەی خانە Plasma membrane ناسراوە. RNA، سێ تایپی سەرەکیی هەیە، ئەوانیش، مەسنجەر RNA، ترانسفێر RNA، رایبۆسۆماڵ RNA. هەر یەک لە سێ تایپەکەی RNA، وەظیفەی جیاوازیان هەیە لە دروستکردنی پرۆتین، لە ترانسکریپشن*** ، کۆدکردنەوە و ترانسڵەیشنی کۆدی بۆماوەیی DNAیەوە دەست پێئەکات.

پرۆسێسی دروستکردنی پرۆتیین چییە؟ ?What is the process of protein synthesis

ترانسکریپشن**، یەکەم خەطوەی چێکردنی پرۆتیین(دروستکردنی پرۆتیین)ە کە مەسنجەر RNA، رۆڵێکی گرنگ لەو شانۆگەرییە ئەبینێت. مەسنجەر RNA، پێکهاتەیەکی ناسەقامگییرە و تەمەنی زۆر کورتە، هەروەها تەنیا کاتێک پرۆتیین دروست ئەکرێ کە پێویستن بۆ گەشەکردن و تەدمیمسازیی خانەکان(چاکسازیی خانەکان).

ترانسکریپشن کاتێکە کە زانیارییە بۆماوەییەکان Genetic informationی ناو DNAی خانەیەک، ئەجەڕێنرێ بۆ مەسیجێک لە فۆرمی RNA (واتە mRNA ). پرۆتینەکانی کارای ترانسکریپشن، زنجییری DNA راست ئەکاتەوە، بۆ ئەوەی ئەنزیمی پۆلیمەرەیسی RNA ، یەک، زنجییری DNA کۆپیی بکات. DNAی لە چوار بەیسی نیوکڵیۆتاید کە ئەدینین و ثایمین، گوانین و سایتۆسینن، پێکئەهێنرێ. نیوکڵیۆتایدەکانی DNA، بە شێوەی دووانە، ئەدینین لەگەڵ ثایمین و گوانین لەگەڵ سایتۆسین، لە هەر دوو زنجییرەکەوە پەیوەست کراون و بەهۆی بۆندی هایدرۆجینییەوە قەید ئەبن! کاتێک RNA، DNAی ئەنووسێتەوە بۆ مۆڵیکیولی مەسنجەر RNA، هاوزەمان، یۆراسیل دەرئەکەوێ لە جیاتیی ثایمین(خوڵاصەی مەبەست ئەوەیە کە RNA، تاک زنجییرە و لە جێی ثایمین، یۆراسیل لە RNAی هەیە کە لە DNAیدا نییە!!). لە کۆتایی پرۆسێسی ترانسکریپشن، مەسنجەر RNAی داغڵی دەرەوەی ناوک ئەکرێ و ئەچێتە ناو سایتۆپلازمەوە.

دواتر، پرۆسێسی ترانزڵەیشن***، بە درێژایی موعالەجەکە دەست پێئەکات، ترانسفێر RNA، رۆڵێکی گرنگ لە شانۆگەریی دروستکردنی پرۆتیندا، ئەگێڕێت. سەرەڕای ئەوەیش ترانسفێر RNA، بچووکتریین جۆری RNAیە و عادەتەن درێژییەکەی لە دەوروبەری ٧٠ بۆ ٩٠ نیوکڵیۆتایدە ( سەرەچاوەیەکی تر ٧٠ بۆ ١٠٠ ئەنووسێ!). تراسنفێر RNA، وەرگێڕانەکە لەسەر زنجییرە نیوکڵیۆتایدەکانی RNAیدا ئەکات و ئەیگۆڕێت بۆ زنجییرە ترشە ئەمینییەکان. ترشە ئەمینییەکان لەگەڵ ترشە ئەمینییەکانی تردا وەصڵ ئەبن بۆ پێکهێنانی پرۆتیینەکان کە پێویستە بۆ کاری خانەکان. پرۆتیینەکان، لە تاقمێکی ٢٠ ترشی ئەمینیی پێکئەهێنرێ. هاکات، ترانسفێر RNA، هەمان شکڵی گەڵای کڵۆڤەری هەیە کە سێ حەلقەی تێدایە. هەروەها ترانسفێر RNA، شوێنی لکاندنی ترشی ئەمینیی هەیە، لەگەڵ ئەوەیشدا، بەشێکی لە حەڵقەی ناوەڕستدا هەیە کە پێیئەگوترێ جێگەی ئەنتیکۆدۆن Anticodon site. جێگەی ئەنتیکۆدۆنی (tRNA)یەکە، کۆدۆنی سەر مەسنجەر RNAیەکە ئەناسێتەوە ( کۆدۆنی AUGیە و پێیئەگوترێ کۆدۆنی دەستپێک). هەر کۆدۆنێک لە سێ بەیسی نیوکڵیۆتاید پێکهاتووە کە ترشێکی ئەمینیی دروست ئەکات، هەروها ئاماژەیە بۆ کۆتایی پرۆسێسی ترانزلەیشن. وێڕای ئەمانەیش، ترانسفێر RNA و رایبۆسۆمەکان، کۆدۆنەکانی مەسنجەر RNAی ئەخوێننەوە بۆ بەرهەمهێنانی زنجییری پۆڵیپێپتاید کە چەندیین جەڕاندنی بەسەردا دێت، پێشئەوەی بتوانێت ببێتە پرۆتینێکی کارا Functioning protein.

رایبۆسۆمەڵ RNA ( یان rRNA )، ئەرکی تایبەتی هەیە. بەهەرحاڵ رایبۆسۆمەکان، لە رایبۆسۆمەڵ پرۆتیین و رایبۆسۆمەڵ RNAی دروست ئەکرێن. رایبۆسۆمەڵ RNA، بە نزیکیی لە صەدا شەستی بارستەی رایبۆسۆم پێکئەهنێت، عادەتەن لە یەکەیەکی لاوەکیی گەورە و یەکەیەکی لاوەکیی بچووک (Large subunit and Small subunit ) دارێژراون. سەبیونتەکان لە ناوکدا، لە لایەن ناوک خۆیەوە چێ ئەکرێن. لەوە زیاتریش رایبۆسۆمەکان لە سروشتدا نادرن، چونکە لەناو یەکەیەکی لاوەکیی گەورەی رایبۆسمیی(رایبۆسۆمەڵ)دا، یەک شوێنی پێکەوەبەستن( binding site)ی بۆ مەسنجەر RNAی و دوو شوێنی پێکەوەبەستنی ترانسفێر RNA لەسەر لۆکەیشنی RNA تێدایە. یەکەیەکی لاوەکیی بچووکی رایبۆسۆمیی، بە مۆڵیکوڵێکی RNAی ئەلکێت و لەهەمان کاتدا، مۆڵیکوڵێکی ترانسفێر RNAی دەستپێکار، زنجییرەیەک کۆدۆنی دیاریکراو لەناو هەمان مۆڵیکوڵی رایبۆسۆمەڵ RNAی لە کاتی ترانزڵەیشندا ئەناسێتەوە و پێوەی ئەبەستێتەوە. دواتر، ئەرکی rRNA، یەکەیەکی لاوەکیی گەورەی رایبۆسۆمیی طەوق ئەکات کە ئەچێتە ناو ئاڵۆزییەکی تازە پێکهێنراوەوە The newly formed complex، پاشان هەردوو یەکە لاوەکییە رایبۆسۆمییەکە، بە درێژایی مۆڵکیوڵی مەسنجەر RNA ئۆغر ئەکەن تاوەکو کۆدۆنەکان لە تەواوی زنجییرە پۆڵیپێپتایدەکە ترانزڵەیت ئەبێت کاتێک بە سەریدا گوزەشت ئەکەن. رایبۆسۆماڵ RNA، بۆندەکانی پێپتاید، لە نێوان ترشە ئەمینییەکانی ناو زنجییرەی پۆڵیپێپتاید دروست ئەکات. کاتێک ترانسفێر RNA ئەگاتە سەر کۆدۆنێکی وەستانی مۆڵیکوێکی مەسنجەر RNA، پرۆسێسی ترانزڵەیشن ئەوەستێت و زنجییرەی پۆڵیپێپتایدەکە لە مۆڵیکیوڵی ترانسفێر RNAی جیا ئەبێتەوە، هەر لەو کاتەدا، رایبۆسۆمەکە لەت ئەبێتەوە بۆ یەکە لاوەکییە گەورە و بچووکەکانی سەرەتای قۆناغی ترانزڵەیشن.

لە کۆتاییدا، دەرگای باسەکە بەوە کێلون ئەدەم کە rRNA، باوتریین جۆری RNAیە و پێکهاتەیەکی سەرەکیی رایبۆسۆمەکانەوە و رۆڵ لە دروستکردنی پرۆتییندا ئەگێڕێت، بە واتایەکی تر، ترانزڵەیشنی mRNAی بۆ پرۆتیین، ئەم پرۆسێسەیش لەناو ناوکی خانەدا رووئەدات، دواتر پرۆتیینەکە دەرئەدرێتە ناو سایتۆپلازم.

  • یوکاریۆتیکەکان، ئەو خانەیە کە خاوەن ناوکێكی واضح و دیاریکراو بێت.
    ** ترانسکریپشن Transcription، پرۆسێسی کۆپییکردنی پارچەیەکی DNAیە بۆ RNA.
    *** ترانزڵەیشن Translation، ئەو پرۆسێسەیە کە RNA بەکار ئەهێنێت بۆ بەرهەمهێنانی پرۆتیین.
    ئەم لینکەیش، شاخیان لە یەکتر گییر ئەبێت و باسەکە ئەداتە بەر رۆشنایی زیاتر:-
    https://youtu.be/8_f-8ISZ164

سەرچاوە:-
https://sciencing.com/rrna-what-is-it-13714456.html




دیالۆگی نێوان من و ئەهریمەن لە دۆزەخدا.. شەماڵ بارەوانی

بیرمە قوتابخانەم جێ هێشت و ڕۆشتمە سەربازی، وام زانی سەربازی کەشخەیی و پۆزلێدان و خۆفشکردنەوە و گەشت و گەڕانە، توزانم هێشتا بە تەواوی جلی سەربازیت نەکردۆتە بەر و پێت نەناوەتە نێو سەربازگە و هەر کەناوت تۆمارکرا، پێت دەڵێن:گلێش، ڤی جگارێ دێ ب ئەستۆیێ تە ڤەمرینم و پۆستالی کەمەد دەڤێ تەدا!

ئای هاوار چیم بەخۆم کرد و چۆن بە نەزانی و گێلێتی خۆم قوڕم بۆخۆم گرتەوە و ژیانی خۆم وێران کرد و تازە بە ترشی بێت، یاخود بەخۆشی، دەبێت سێ ساڵ و شەش مانگی تر بەملی شکاوم لەو دۆزەخە درێژە بە ژیانی سەربازی بدەم و بیقەتێنم، یان دەبێت شەش مانگ بڕۆمە زیندان، وای باوکە ڕۆ زیندان؟
من لە مناڵییەوە فۆبیای زیندانم گرتووە، لەو ساتەی لە فیلمەکانی هۆلیوددا زیندانی باستێلم بینیبوو، لەوساوە زەندەقەم لە زیندان ڕۆشتبوو.
…بە نەفرەت بیت، من بۆ هاتم بۆ ئێرە و بۆ ئەم کەراتیەم کرد؟

دەنگێکی نادیار بە گوێمدا چرپاندنم:بێ مێشکی سەرک ئەستووری کەڵە پڕی کەستەک، من تاوانم چییە تا نەفرەتم لێ بکەیت و جوێنم پێ بدەیت و من خەتاباربکەیت؟ پێم گوتی ملت بشکێنەو وەره سەربازی؟
ئێوەی مرۆڤ کەردەگێن، دزی دەکەن، درۆ دەکەن، غەش دەکەن، ژیان وێران دەکەن، جەنگی جیهانی جاڕدەدەن، خاک و ماڵی یەکتری داگیردەکەن و یەکتری دەخۆن و دەکوژن و هەزار و یەک تاوان و لادان و بێ ئەخلاقی و دزێوی دەکەن و خەتاکەیشتی هەمووی دەخەنە ئەستۆی من!
کەرە کەر، خۆت ئەوەت دەویست، خۆت دڵناسک بوویت و سەرەڕای ئەوە زیرەکترین قوتابی قوتابخانەبوویت و مەحبووبی بەر دڵی هەموو مامۆستاکان بوویت،
تەنها لەسەر ئەوەی جارێک بەڕێوەبەرەکەت، پێی گوتیت:پتە پت مەکە لەژێرەوە وەکو پیرەژنەکان، توڕە بوویت و بڕیاری جێ هێشتنی قوتابخانەتدا.
کەچی ئەو بەڕێوبەرەی دواتر داوای لێبوردنی لێ کردیت و کاتێک ڕۆشتی بۆ سەربازی و ماڵەوە هەموان بۆت دەگریان، هاتە ماڵەوە و بە دایک و براکانتی وت:من دەرۆمە سەربازگەی: زاویتە-دهۆک و دەلێمە ئەفسەرەکان ئەو کوڕە یەتیمەو لە نەزانی هاتووە بۆ ئێرە و دەبێت بیبوورن و ڕێگەی بدەت دووباره بگەڕێتەوە قوتابخانە و خوێندنەکەی تەواو بکات و هێشتا مناڵە و مووی لێنەهاتووەو ئەوە چۆن دەتوانێت چەک هەڵگرێت و لەو چیاو چۆڵەی کۆرێ گاوانان و مەتین و گارا ئەرکی سەربازی تەواو کات؟

من لەگەڵ خەیاڵی ماڵەوە و بیرکردنەوە لە هاوڕێکانم و قوتابخانە، یەکەم شەوی سەربازیم، منیان ناردە نوقتەی نۆبەتداری، ترس و خەم و بیری ماڵەوە تێکەڵ ببوو.
لەو دەمایە، کاتێک ئەهریمەن دوای قسەکردن، لە شێوەی تارماییەک خۆی لێ دەرخستم و بێ چاک و چۆنی سڵاو کردن، وتی:

گوێ بگرە مناڵە لوسکەی گوێ درێژ، دەزانم زۆر بیری دایه و ماڵەوە و قوتابخانەو هاوڕێکانت دەکەیت و نەدەبوو هەرگیز، خۆت تووشی ئەو سەرئێشەیه بکەیت و بچووبایتە دۆزەخ، بەڵام هەرگیز؟، نەدەبوو بێیتە وەها شوێنێک.
بویه من خەتام نییە و خۆت کەراتیەکەت کردووە و دەبێت هەرخۆشت باجی ئەو کەراتیەو بەیت.
باشه تۆ پێم بڵێ:تۆچۆن لەو بادینیانە حاڵی دەبیت و بۆ نەڕۆشتی بۆ شوێنێتر و بۆ هاتیە ئەم ناوە؟
من زۆرحەزم لێیە فێری زاراوەی کورمانجی ببم و بڕۆم مەموزینەکەی ئەحمەدی خانی بخوێنمەوە،
دەساڵە خەریکیم کەچی هیچی وای لێ فێر نەبووم، بنچکە فس، تۆ چۆن لەمانە حاڵی دەبیت و وا زوو فێری کورمانجی دەبیت؟!
دەی بەهەرحاڵ، لەوەگەڕێ.
وەره بامن یارمەتیت بەم بەشکو لێرە نەجاتێت بێت.

من ڕێگایەکت پێ دەڵێم بۆ خۆ قورتارکردن،

  • تکایە؟ ئەو ڕێگایە چییە؟
    -دە مانگی تر بە ملی شکاوت دەبێت بیقەتێنیت بەهەرحاڵێک بیت، ئینجا مانگی سەت دینارت موچەت هەیه تۆ لێرە، هەمووی دانێ سەریەک و تەنها بە نیسک و سەموون و مەرەگەی باینجان(ئەومەرەگەیەی هەموو سەربازەکان پێی دەڵێن:ئافکا باینجانێ).
    دوای دەمانگی تر دەتوانیت خۆت بکڕیتەوە و لەو دۆزەخە قورتارت بێت، کە پێی دەڵێن سەربازی و دووبارە بگەڕێیتەوە باوەشی ژیانێکی مەدەنی.

بەڵام کەرە وڵاخ بیرت نەچێت، تۆ دوای ئەوەش تەنها بە ڕۆژەکەی لەسەر بازری قورتارت دەبێت!
-چۆن؟!

  • باپێو بڵێم چۆ، تۆ شەش مانگ هەموو شەو تۆ کابووسی عەسکەری لە کۆڵت نابێتەوە و یەخەی خەونەکانت بەرنادات و تۆ لەخەوندا هەر وا لەسەربازیت و دەڵێیت:ڕاست چەپ، ڕاست چەپ و ئەفسەرێک بە دیار سەرتەوەیە، ڕێک دەڵێیت لە ئەڵمانیای سەردەمی نازیەت و لە دەزگای گێشتاپۆ دەورەی بینیوە، قسەی خۆشی ئەمەیە:گلێش، مخەڕبەت، لەزێ بکە، ئەگەرنا ڤی پۆستالی، یانژی دێ کەڤرەکێ کەمە دەڤێتەدا.

دوای وازهێنانم لەسەر بازی ڕێک ئەو قسەیەی کاکە ئیبلیس هاتە جێ و دوو جار دایکم پێی گوتم:کوڕم شەو تو هەر ڕاست و چەپتە؟ چییە دەستی ڕاست، یان چەپت خوا نەخواستە ئەزیەتیان پێگەیشتووە؟
هاهاها.. ئەوەش بزانە گەلحۆ، من بەزەییم بە هیچ کەسێکدا نایەتەوە و تەنها خراپەی مرۆڤەکانم دەوێت و لە ڕقی خوای گەوره و ئادەمی باوکە گەورەتان، شەرت بێت تامابن لە ژیاندا بەشەریەت بەدەست منەوە گوو و ئازار و نەهامەتی بچێژن و بیان کەم بە پەڕۆی بێ نوێژ و پەند و قەشمەر.

بەڵام نازانم بۆ؟
بۆ تۆ بۆ وانیم و ئەو ڕق و تۆڵەیەم لەدڵدا نییه و هەستدەکەم هەندەک بەزەیی کەوتووەتە دڵم و دەمەوێت بە هەر ڕێگایەک بێت لەو جەحیمە قورتارت کەم.
-بۆ باوکە ئادەم و خوای گەوره چییان لێت کردووە؟
-دەم ڕووت گیان، گێلەی هیچ نەزان، با پێو بڵێم و قسەی من بکە بە گوارەو بیخەره گوێچکەکانتەوە، لەو زەمانە سەگبابەی هەرگیز، نەکەیت هەڵەی وا بکەیت و چاکە و پیاوەتی بکەیت!
من هەستام و پیاوەتیم لەگەڵ خوای گەورەکرد و کڕنۆشم بۆ ئەو برد و گوتم تۆ شایەنی ئەوەیت و ئافرێنەری مرۆڤ و گەردوون و جیهانیت، نەک ئادەمێکی لە تۆپەڵێ قوڕ دروستکرا و کەسێکی بێ دەسەڵات و مرۆڤێکی ئاسایی کە پارچە پەڕۆیەکی پێ پەیا نابێت تا گەل و گونی خۆی پێ داپۆشێت و ناچار هانای بۆ گەلا و شت بردووە.
کەچی خوای گەورە تەوقی نەفرەتی خستە گەردنم و بەو شێوەیه پیاوەتی و چاکەی دامەوە.

  • بەنەف..
  • نەکەی ئەو گوو خواردنەت تەواو بکەیت، دەنا سوێند بە خوای گەورە پیاوەتی و چاکە لەگەڵ تۆش ناکەم و بە تەنهات جێتدێڵم تا ببیتە قەشمەرجاڕ و گاڵتەجاڕی هەموو مەعەسکەر.
    ناچار نەفرەتەکەم قوتداوەو گوتم:بەڵام تکایە چیتر کفری مەکە و من موسڵمانم و ئەوەتا لەو تەمەنەم قورئانیشم خەتم کردووە و قورئانەکەم لەگەل خۆم هێناوەتە سەربازگە و ڕۆژانە دەیخوێنمەوە.

-گوێ بگرە:
قورئان دەخوێنیت و ناخوێنیت، چاوەت دەریەت و ملت بشکێت و ئەوە کێشەی خۆتە و من عیلاقەم چییە؟!
دەی هەتیوی لوسکە، من تاقەتی گوێ گرتن لە قسەی قۆڕم نییە و کاتم مەکوژە و ئەرکم زۆرە و دەبێ زوو بڕۆم، بەڵام بەر لە ڕۆیشتنم، باش بڵش گوێم بۆ بگرە، گێڵە مرۆڤ ڕێگایتریش هەیه بۆ ڕزگارت بوونت لەو دۆزەخە
-توخوا پێم بڵێ چییە ئەو ڕێگایە کاکە ئیبلیس گیان؟،

  • دەتوانیت دەستنوێژت قایم کەیت و چاوەکانت بنووقێنیت و دەست بخەیتە سەر پەلەپیتکەی تفەنگەکەت و گوللەیەک بنێیت بە قاچتەوە، ئیتر بڵێ لەدەستم دەرچوو و بەو شێوەیە دەبیت به خاوەن پێداویستی تایبەت و بەکێڵ سەربازی وشت نایەیت و بە یەکجاری دەتنێرنەوە ماڵەوە فەسڵت دەکەن.

ئەها بیرم کەوتەوە، یان دەتوانی خۆشت شێت کەیت و جوێن بەخۆت و عارد و عاسمان بدەیت و خۆت لە ناو گوواو زێراب بگەوزێنیت و قیچەک پۆستاڵ و نیسک تێکەڵ کەو بڕۆ بە عەریفەکەو بڵێ:گەورەم خواردنێکی تایبەت و زۆر تایبەت و خۆشم لە چێشتخانەی ئەهریمەن هێناوە، وەرە با پێکەوە بیخۆین هاهاها.. هەندێک پێڵەقەو چلاقە دەخۆیت و ئیدی دەڵێن ئەو مناڵە شێت بووەو بەکەڵکی ئێمە نایەت.
مەشترسە، بەخوا نەسەرت دەتاشن و نەیش دەتخەنە زیندان.
خەمت نەبێت، کاکە بەخوا گەر وانەکەیت هەر خۆت شێت دەبێت تا سێ ساڵ و شەش مانگیتر.
هاهاها
-پێم ڕادەبوێری؟ هەی بە نەف
-پیاوی ئەو گووخواردنەت تەواو دەکەیت،
بزان چۆن عەرشت دەهەژێنم و ئەژدا و ئابائت دێنمە بەرچاوکانت.
من لەو دیاڵۆک و خەیاڵەدابووم لەگەڵ کاکە ئبیلیس گیان.
هەرهێندەم زانی لای پشتەوە شاپە زلەیەکی هێدی بەر بنا گوێم کەوت!
-کوڕۆ کی گوتیە تە تو بچیە ڤێرێ؟
کا بێژەمن زویکا؟
-ها؟ گەورەم وڵا هیچ کەسێک.
-زویکا وەرە پشت ساتری،
-تودزانی تە چ کریه؟
-ناوڵا سەیدی.
-کوڕۆ دەماخ سز، عەمرێ تە چەندە؟
-شانزه ساڵم گەورەم
-پاتۆ چاوا هاتیە ڤێرێ؟
تو هێشتا بچیکی و کی گوتە تە تو بهێیه عەسکەریێ؟
دەما کو تو حەرەسییێ دگری، لازمە تو ل ناڤ ساترێ دابیت، نەک پشت ساتری.
تو دزانی تە چ خەڵەتی کریه؟
هەر باشە پەکەکە ب قەناسێ دل و مێلاکێ تە هویر نەکریە!
سەحکێ دا ئەز بۆتە بێژم:جارەکا دی ئەڤێ خەلەتیێ دووبارە نەکەی، بلا جانۆ؟
-بەسەر چاو گەورەم.
-خودێ تا شانس هەیە و تو هێش بچیکی و دلێ من ماب بتەڤە، نەکو دائەز سەرێ تە سفر کەم و تەکەمە زیندانێ دا،
وەی باوکەڕۆ زیندان. دووبارە ترسی باستێڵ هەموو گیانی داگرتم.
-کاوەرە بلەز دگەل من دا ئەم بچین، بابۆ خودێ تو بکێل حەرەسییا ڤێرێ ناهێیت.
لە چیای (کۆرێ گاوانان) هاتینە خوارەوە و هەر بەو شەوە منی برد بۆ شوێنی مانەوەی ئەفسەرێکی هەم لە تەمەن و هەم لە پلە لە خۆی گەورەتر.

لەژێر لێوەوە گوتم:وەی باوکە ڕۆ، وڵا تازە تێچووم و بەیانی لە گۆڕەپانی مەشق و ڕاهێنان لە زاویتە، لە بەردەم هەزار و سەت سەرباز بە دەحرجە و تەقلە لێدان دەمکەن به پەندی زەمانە و فلیمم دەسووتێنن.

-تەچ گوت کوڕۆ؟
-هیچ سەیدی، دەڵێم دنیا تۆزەک ساره.
-چنینە دێ چێبت، ل دویف من وەرە، دێ ڤێگافکێ تو بەمە جهەکێ دی دا تۆ گەرم بیت.
-وەی باوکە ڕۆ، ئەوە لەگەڵ چیتی؟ بەو خوایه ئێستا سافیرە لێدەدات و هەموو مەعەسکەر دێنێتە دەرەوەو لەبەردەم هەموان لە ناو زێرابم وەردەدەات.
من لەو مەنەلۆگ و فیکر و خەیاڵە پڕ لە ترس و فۆبیایانە ڕۆچووبووم،
هەرهەێندەم زانی گوتی:ئەڤه ئەم گەهشتین.
-کانێ گەورەم لکیڤەیە، کا مقەدەم فلان نەل ڤێرێیه؟
-نەخێر، دێ پیچەکیدی زڤریت، ئەز بێژم چوویە فەرماندا گشتی یا دهۆکێ.
-باش، ئەز خەفەرم لازمە بچم سەر ساتر و نوقتێت حەرەسیێ بزڤرم، بەڵام هەکە سەیدی هات، بیراتە نەچت، بێژێ ئەو کوڕه بچیکە گەلەک و بکێل حەرەسیێ نایەت، هەما بڵێ هەر ئێڤاری سەعاتەک ئانژی دوو سەعاتان لێ ڤێرێ و لبەر دەریێ ژوورا ڕێزدار مقەدەمی ببتە حەرەس.

-بلا سەیدی سەرچاڤا ، کەنگی هات دێ بێژمێ.
-من بەخۆم و تفەنکی دەستم لە پشت دیوارەکە و تۆزەک ئەولاتری دەرگای ژووری جەنابی مقەدەم و لە چاوەڕوانی موقەدەم و سەیدی وەستاوم،
دوعاش دەکەم کەهات هیچ هەڵەیەک نەکەم و ئەویش وەکو ئەو ئەفسەرەی تر دنیایەک ڕەزیلم نەکات و وەک دەیانگوت قاتێکم بۆ نەدووریت، لەو فیکرو خەیاڵانەدابووم
دەنگی ئوتۆمبیلی سەیدی هات،
Shamal Ismael Kareem
هێشتا باش لێم بەدیار نەکەوتبوو لە پشت دیواربەرەو ژوور دەهات و من لە تاریکایی وەستابووم،
یەکسەر سڵاوێکی سەربازیم بۆی کرد و تا هێزم تیابوو پۆستاڵەکانم لە زەوی داو و تفەنگەکە لەدەستم کەوتە خوار،
برا ڕۆ، موقەدەم یەک مەتەر خۆی فڕێدا و بەعەجا.

کاتێک لێم نزیک بووەو سەیرێکی کردم و تێم ڕاما،
-ماڵاتە، تەئەز بستاندنم(تۆ منت تۆقاند)،
تو تکەی ل ڤێرێ؟
کی گوتە تە وەرە ڤێرێ؟
عەمرێ تەچەندە؟
مقەدەمەم چی؟ زەلامێکی تەمەن پەنجاساڵی کەلەگەتی ورگ ئەستووری سمێڵ زل.
بۆنێکی لێدەهات، یەع، خوایه کاس بووم.
تا دوای نزیکەی پانزە ساڵێک لە دوای ئەو شەوە، لەگەڵ عولە و عوسەو عەزیزی هاوڕێم لە دانیشتنێکی سیتەک، ئەوان شتێکی خواردوەوە و پێیان دەگووت:عەرەق.
ئەوکات تێگەیشتم و زانیم ئەو بۆن تەرسەی کە ئەو شەوە کە لەدەمی جەنابی موقەدەم دەهات، عەرەق بووە.
-تەنەگوت تو چەند ساڵی؟
-ئەها، ببووره، سەیدی شانزه ساڵم.
-کا تفەنگا خوە بدە من و گەل من وەرە ژوورڤە،
ڤێرێ سارە.
لە ژوورەوە زۆر ڕێزی گرتم و دنیایەک خواردن و شتی لەبەر دەمم دانا و سۆپای داری داگیرساند و گوتی:وەره پێش و خوە گەرم کە، تە سارە.
برازایێ من یێ بچیک، ڤێجە باش سەحکە مامێ خوە، ل بەر دەری من گوتەتە کا سیلاحا خوە بدەف من، تو چاڤا سیلاح دامن، کوڕۆ تو هێشت بچیکی خودێ نەکو دا ئەز تو خراپ عقوبه کەم، توجارا دەما تو لحەرەسیدای سیلاحا خوە نەدە تو کەسەکێ، تەزانی؟ ئەڤ قانونا سەربازییێیە و قەدەخەیە، باش؟
باش سەیدی.
دوای چوارمانگ لە ماشەقەت و مەشق و ڕاهێنان و دۆزەخ، پشووەکم هاتەوە بەر و قۆناغی مستەجدیم تەواوکرد و مەراسیمی دەرچوونمان بۆکرا و دڵنیا قەرەداخیان بانگهێشت کرد و تا شل و کوت بووین لەگەڵ گۆرانیەکانی خاتوو دڵنیا سەمامان کرد و هەڵپەڕین و ئینجا دوای مۆلەتی پانزە ڕۆژ،
هەر هەزار و سەت سەربازەکەی خولی دە، بەسەر فەوەجە جیاوازەکانی ئەتروش و زاویتە بامەڕنێ، کۆرێ گاوانان و کوێ و کوێ دابەشکراین.
من، ئاواتم بوو ناوم لە ئەتروش بێتە، نزیک بوو بۆ ماڵەوەمان،
کەچی لە بێ شانسیم ناوم لە بامەڕنێ هاتەوە و لە کۆرێ گاوان لەگەڵ کۆمەڵێک سەربازیتر ڕۆشتین بۆ بامەڕنی و دواتر و دوای مانگێک، دووبارە لە بێ شانسیم، کاتێک لە مۆلەتبووم، گوتیان:فەوجەکەی ئێوە هەمووی گواستراونەتەوە بۆ(باتیفا)، عەزرەتی غەوس، باتیفا لە کۆێی ئەو هەسارەیە؟!

ئەی هاوار منی مناڵ، هێشتا نازانم سلێمانی دەکەوێتە کامە کیشوەر و لەهەموو ژیانم تەنها دوو جار هەولێرم بینیوەو

دهۆکیش لە مەسیرەیەکی کاتی مستەجدی و لەکەشێکی باراناوی لە زاویتە تا دەرزاوەکەی ڕۆشتووم و ئەویش ناوەوەیم نەبینیوە، ئێستا من چۆن دەتوانم سەعاتێک بڕۆم بۆ پشت زاخۆ و سنووری باکوری کوردستان؟
خوایە فریام کەوە ون نەبم.

بەهەر شێوەیەک بوو ڕۆشتم بۆ دهۆک لەوێ بۆ نەقلیاتی زاخۆ و لەوێش بۆ باتیفا.

لەوێ، من گچکەترینی ناو فەوج بووم.
کاتێک من لەسەربازی وەرگیرام، بەهۆی ئەوەبوو دوو ساڵ لە ناسنامەکەم گەورەکرابووم، هاوڕێیەکەم لە دێ، پێکەوە ڕۆشتین ناومان لەسەربازی تۆمارکەین، ئەو شەش حەوت مانگ لە تەمەندا لەمن گەورە تربوو، ئەمیان وەرنەگرت و گوتیان هێشتا دوو ساڵت ماوە.
من بەهۆی گچەکەیی تەمەنم و ئینجا شێوەشم زۆر لەو تەمەنەشم بچوکتر دەینواند.
بۆیە هەموو ئەفسەرەکان زۆریان خۆش دەویستم و بەزەییان پێم دەهاتەوە.

هەر لەو سۆنگەیەشەوە، زۆرجار لە کاتی ڕێزبوونی بەیانیان من لە حەرەسی شەو دەبووردرام.
ئەفسەرەکە سەیری دەکرد هەر سەربازێک پشتە مل و ڕیشی خۆی نەتاشیبوایه، یاخود پۆستالەکەی بۆیە نەکردبوایه.
دەیگوت:مخەربەت، سبەهی باش ڕویهێ خوە تەحلی کەو پۆستالا خوە بتەیسینە، ئامر حەزیر، دوو سەعات حەرەسییا ئەڤی مخەربەتی زێدەبکەن و ناڤێ شیمال ل قائیمێ حەرەسیاتی دەرخینن.

دووجار ویستم دژی ئەوە بوەستمەوە و بڵێم:من قبوڵم نییە کەسیتر لە جێگای من حەرەسی بگرێت و ویژدانم هەرگیز، ئەو ستەمە قبوڵ ناکات، ئەفسەرەکە پێی دەگووتم:چیم وت ئیتر هەر ئەوەیه، خۆت هیلاک مەکە و شەو تێر بخەوە.

ڕائید بژار،
وابزانم لە عەشیرەتی بەرواری بوو، ئامر فەوجمان بوو لە باتۆفا، مرۆڤێکی تا بڵێیت میهرەبان و هێمن و قسە شیرینی و باش بوو.
ئەفسوس، دواتر لە سەتەڵایتی کوردستان تیڤی زانیم، کە لەکاتی شەڕی تیرۆستانی داعش شەهید بووە. بەڕاستی شەهید بوونی گریاندمی زۆر.

کاتێک خۆم کڕیەوە و سەربازیم جێ هێشت، ڕائید بژار لە باتیفا لە دووی ناردم و چوومە لای، وتی: تو کوڕکەکی گەلەک ئاقل و بێ قسور و خلەتی بوویت و من گەلەک پێ نەخوەشە کو تو کارەکێ وەسا کرییە.
ئەڤ دە ڕۆژن کو تۆ نەهاتبی دەوامە خوەو ویەک ڕۆژژی ناڤێ تە، مە ب نەهاتی( غائیب) نەنڤیسییە، چونکی تۆ کوڕکەکی هندی ڕێزدار و پابەند و بێ زیان بووی.

من نەزانی کو ئەهریمەن ئەو لە مەژیێتە چاندی تا تو پارا بدەیت و مە قەت ئاگەهداری وێ یەکێ نەبین و تو بێی کو بێژیە مە ڕابووی و توچووی لە فەرماندەها زاویتە، هەمی تشتەک ب دوماهیک ئینایه.
من ئەڤ سەرێ سێ ڕۆژانە، بە ئامر سریێتە(سینان) دبێژم، هەڕە دیف ویڕا و ئەڤ کوڕکێ باش بزڤڕینە، کا بووجی ئەڤ نەزڤڕیە، خودێ نەکەت قەمی کارەساتەک بۆوی چێ بیە و مە ها ژێ نینە؟
ئەڤە سالەک و شەش مەهن، تو نەڕۆژەک مۆڵەت وەرگرتنە نەژی ڕۆژەک تو غائیبی و نەهاتن هەنە.
بڕاستی ئەس دڵگران و عێجزم گەلەک، خۆزیکا هەمی فەوجا من با، بس تۆ نە.
ل مە ببوورە، ل هەر کێماسیەکێ و ئەکید دیارە کو مە ئیزعاجی و عێجزیەک ژبۆتە چێ کریە؟

  • نەخێر، بەڵام هەر خۆم لە یەکەم ڕۆژەوە حەزم لە سەربازی نەبووە و پەشیمان بومەوە.

من ساڵێک و هەشت مانگ سەربازیم کرد، تەنهاجارێک سزادرام.
ئەوە عەریف (ڕەبۆ)یەک هەبوو(کوردی ئێزدی)بوو وابزانم خەڵکی باعەدرێبوو و بەداخەوە، دواتر بە ڕووداوی ئۆتۆمبیل گیانی سپارد ولە ناو ئوتۆمبیل سوتا.

جارێک فەسیلەکەی ئێمە، فەسیلی نۆزده، سەیری فەسیلەکەی ئەوانماندەکرد و عەریف ڕەبۆ دەیگوت: تا دەها بژمێرم، کتەکێژ وە نەمابیت و تەڤ ل سیاری زیلێ بت، تا دەی ژمارد، دوو سەرباز فریا نەکەوتن سواری یەکێک لەو زیلە سەربازیە ببن کە هەموو ڕۆژ دوای مەشق و ڕاهێنانی سەربازی لە زاویتە فەسیلەکانی سێزدە تا بیست پێی دەڕۆشتینەوە بۆ کۆرێ گاوانان.

ئەو دوو سەربازه، کاتێک عەریف ڕەبۆ وتی:دەهـ
تا هێزیان تیا بوو ڕایانکرد و لە زیلەکە دوور کەوتنەوە، چونکوو دڵنیابوون گەر وانەکەن ئێستا عەریف ڕەبۆ بەو حەیزەرانەی دەستی پشتیان دەکوتێت.
دیمەنەکە دەتکوت فیلمێکی کۆمێدیه، زۆر پێکەنیناوی بوو
من لەوکاتەدا داما قاقا هاهاها

عەریف ڕەبوو کەمنی بینی ڕێک دەهریبوو،
کوڕۆ قەشمەر تو بچ دتکەیه کەنی؟
یەلە بەرەکێ بکە دەڤێ خوەدا،
بەردێکی بچووکم کردە دەمم،
گوتی:وەل حەیوان ئەڤ بچیکە،
هابۆتە کەڤرەکێ،
تاشه بەردێکی دەستدایەو گوتی بکە دەڤێخوەدا،
-عەریفی: عەیب نەبێت دەمم دەدڕێت، ناتوانم ئەو تاتەبەردە بکەخەمە دەممەوە.
گوتی: لەگەلی بەدەستت بیگرە.
لەو کاتەدا خۆم و هەموو فەسیل و عەریف ڕەبۆ تێر تێر بەمن پێکەنین و هەر کە عەریف ڕەبۆ پشتی دەکەوتەمن، بەردەکەم دادەنا، کەسەیری دەکردم، کوڕۆ قەشمەر، نەدەینە، بکە ددەڤێ خوەدا.
ئەوە تاقەسزابوو بەتەنها لەو ساڵ و هەشت مانگەی عەسکەری چەشتم.
بەلام بەجەماعی و بەپێی یاسای تەڕو وشک پێکەوە دەسووتێن، هێندە تەقلەیان پێ لێدابووین وەکو کۆتری تەقلە بازمان لێهاتبوو.

میلازم سابر جومعە ئاکرەیی،
بەداخەوە کە لەو یەک دوو ڕۆژە لە ڕووداوێک گیانی سپارد،
لە سریەکەی ئێمە، سریەی سێ، فەوجی سێ، هەڵەنەبم یان معاون عەسکەری، یان ئامر فەسیڵ بوو، باشم بیرنەماوە.
ئەو کەسێکی زۆر هێمن و ئاقڵ و میهرەبان بوو.
ئەفسەرەکان زۆر بوون و هەندێکیان زۆر ڕۆشنبیر کز و دیکتاتۆر و ناحاڵی بوون لە مامەڵەی سەربازەکان، بە تایبەتی ئەوانەی نەیان خوێندبوو و بە منا و منا کرابوون بە ئەفسەر،
وەلێ میلازم سابر جیاواز بوو،
میلازم ئازادێکیشمان هەبوو، وا بوو، ئەکادیمی سەربازی زاخۆی تەواو کردبوو.

میلازم ئازاد خەلکی دهۆک بوو، ئەو زۆرجار دەهات قورئانەکەی منی دەبرد و دەیخوێند و زۆر پێی دەگووتم:
شیمال تۆ خراپی خراپ، ناهێیەدەڤ من، کا بێژە من تو پێتڤی تشتەکێ نینی؟ تە پارە، یانژی تە ئیجازە دڤێت؟
بێژە دا ئەز ئیجازێ بدەمە تە، جارێک کوڕێکی ڕێکانی لە حەزیرەکەی من بوو خەڵکی دێرەلۆک بوو جوێنی پێدام و بێزاری کردم و ویستی لێم بدات، من کوڕێکی زۆر بێ دەنگ و هێمن و فەقیرحاڵ بووم لە سەربازی، فەسادێکیش ڕێک چووبوو ئەوەی لای میلازم ئازادی باس کردبوو. میلازم ئازاد ئامر فەسیلمان بوو، زۆر منی خۆش دەویست و دەیگوت تو برایێ منی.
هات ئاگر لە چاوەکانی دەباری، گوتی:فەرهاد دەرکەڤە ژدەرڤه،
باران دەباری و ناو مەعەسکەرەکەی باتۆفە هەمووی قوڕ و لیتە بوو.
:حەیوان، خوە ڕیس کە تنێ پانتۆلێ بهێلە بەرخوە، بەو باران و سەرما و سۆڵەی زستان ئەو کوڕەی لەناو ئەو قوڕ و لیتاوە دەگەوزاند و بە دیاریەوە وەستابوو هەر فرمانی بەسەردا دەکرد:بزڤرە، ب دەحرەجە هەڕە، تەقلێ لێبدە..
ئەو کوڕە بەستە زمانەی وەکو مریشکی خوساو لێکرد.
هەموو مەعەسکەر وەکو فیلمێک سەیری ئەو دیمەنەیان دەکرد کەسیش بوێری نەدەکرد و نەیدەوێرا بڕۆت بڵێت:تکایە کوشتت، با بەسبێت، میلازم ئازاد زۆر هێمن بوو، ئەو هەرگیز توڕە نەدەبوو، بەڵام ئەو ڕۆژە جیاوازبوو، ئاگر لەچاوەکانی دەباری.
من بۆ حاڵی فەرهاد گریام وئاگر لە ویژدانم بەربوو و چیتر بەرگەی ئەوەم نەگرت و ئینجا کەسێک بە هۆی منەوە وای لێ بەسەر بێت، ئەوە هەر زۆر ئازاریدام، ڕۆشتم و گوتم تکایه گەورەم بەسه، بەدەست ئاماژەی بۆ کردم، وەک ئەوەی بڵێت: لە شوێنی خۆت بوەستە و نێیتە پێش و من جارێ مەشغۆلم و کاتی تۆم نییە.
وتم:ئەو هیچ هەلەیەکی نەکردووە، ڕاستیەکەی خەتای من بوو، گوتی:بێژمە تە نە ئاخفە، هەرکەسەکادی با، دا ئەز ویژی سزا دەم، ئاخ چبکەم، توویی توو.
میلازم ئازاد،
تا هیلاک بوو ئەو کوڕە بەستەزمانەی لە قوڕ و لیتاو گەوزاندو گوتی جارەکادیژی یەک ئیزعاجی بۆ شیمالی چێ بکەی، هەوارلحالێ تە.
بەمنیشی گوت:ٚ تا بۆتەژی بێژم :گەر هەرکەسەکی ئیزعاجیا تەکر، ئێکسەر تو دهێیت و دێبێژییه من، باش؟
گەرنا بەری هەمیان دێ تو عقوبەکەم.
خەلەف حەجی کە ئێستا لە ئەڵمانیایە، کوردی ئێزدی باعەدرێ بوو وئەویش وەکو مامێک ئاگای لێم بوو و خۆشی دەویستم و لەگەڵم میهرەبان بوو ئامر حەزیریشم بوو، میلازم ئازاد پێی گوت: جهێ وی فەرهادی دویرخە ل جهێ شیمال و هەکە جارەکادی ئیزعاجیەکدی بۆ چێکر، بێژەمن.

دواتر ڕۆشتم بۆ لای فەرهاد و باوەشمان کرد بەیەکتریدا و زۆر داوای لێبوردنم کرد، گوتی، نەخێر، لازمە ئەز داخازا لێبورینێ ل تەبکەم، تو برایێ منی، من خلەتی لە هەمبەر تەکرد، دوای ئەوە من و فەرهاد وەکو برامان لێهات

بابێمەوە سەر مەسەلەی میلازم سابر ئاکرەیی، ناویم بیرچووە، ئەو چێشخانەی کە خواردن و چای و شتیان بۆ سەربازەکان تیا ئامادە دەکرد، ناوێکی تایبەتیان پێدەوت.

ڕۆژەک دەچووم چای بۆ سەربازەکان بێنم. چێشخانەکە ڕێک لەبەردەم ژووری ئەفسەکەرەکاندا بوو،
تومەز میلازم سابیر لە ژوورەوە لەبەر پەنجەرەکە سەیری من دەکات.

میلازم (سابر ئاکرەیی،) ئەوکات گەنج بوو و تازە دوو ئەستێرەی لەسەر شان بوو و میلازم ئەوەل بوو.
دەستم دا قۆری چایەکە، قۆریەکە زۆر گەورە بوو، دوو مەتر دەڕۆشتم و دەوەستام و پشووەکەم وەردەگرت.
میلازم سابر
یەکسەرهاتە دەرەوەو قۆریە چاکەی لێوەرگرتم، وتم:سەیدی نابێت،
-گوتم:دەبێت.
بانگی سەربازێکی کرد و گوتی :وەرە ئەو چایە بەرە بۆ سەربازەکان بە ئامر حەزیریش بڵێ، ئەوجاره ئەو کوڕە بنێرێتە چای، سزای دەدەم.
میلازم سابر جومعه ئاکرەیی بوو، بە بادینی و سۆرانی قسەی لەگەڵ کردم و سۆرانیەکەی باش بوو،
ئینجا گوتی:وەرە لەگەڵم، ڕۆشتینە ژوورەکەی ئەو، گوتی دانیشە جانۆ،
دانیشتم
-تەمەنت چەندە؟
-شانزە ساڵ
-تو بچیکی گەلەک، ئەز بێژم تو هیش بچیکتری،
مانێ شکل و شێوەیاتە هۆسا دیاردکەت.
بابێتە ساخە؟
-نەخێر گەورەم، من تەمەنم ساڵێک و شتێک بووە، ئەو بە شێرپەنجە مردووە.
-خودێ وی عەفی کەت.
کابێژەمە من، تو پێدڤی تشتەکێ نینی؟
بیرا دەیکاخوەو خوشک و برایێ خوە ناکی؟
تە ئیجازه دڤێت؟
تە چ دڤێت بێژە، ئەز ل خزمەتاتەدامە
تو بۆچی هاتی ڤێرێ؟ هەوە عائیلەک فەقیرن؟ مانە؟
سەرێ هەیڤێ ڕاتبا منە، وەرە تەچەند پێتڤی بوو دا ئەز بدەمەتە.
-نا سەیدی سوپاس، من پارەم ناوێت،
-شەرم نەکە، ئەز برایێ تەمە.
تو کوڕێ عایلەکا فەقیر و بەلەنگاز نەبیت چاوا دایکا تە دل دهێت تە فڕێکەتە وێرێ؟
-ڕاستی سەیدا ئەمن لەبەر پارە و شت نەهاتووم بۆ ئێره،
من پێوەبووم بێوە!
-چاوا؟
مەسەلەی هاتنە سەربازیەکەی خۆمم لە نوکەوە بۆی باسکرد.
-ئەها، ئاخ.
چیرۆکا منژی تەقریبەن وەکی چیرۆکا تەیە.
ئاخ من چ ل خۆکر.
ئەس قوتابی بیم وپۆلا دوازدێ من دەرەجەکا،باش ئینا، شوینا ئەس بچمە قانونێ، ئەزمانێ کوردی، ئینگلیزی، نزا چ و چ، ئەز ڕابووم وچویمە ئەکادیمیا سەربازی ل زاخۆ،
من خویندناخوە هەمی فەوتاند ومن مالا خوە ب دەستا خوە شەوتاند و ئەز هاتم ڤێرێ.
یەکسەر دەرگاکەی پێوەدا و دوو نەجمەکەی سەرشانی هێنا خوارەوە و دوو تفی لێ کرد و خستیە ژێر پێڵاوەکانی.
کەوای کرد،
بەری بڕۆم گوتیه من، دەڤ چ کەسەکێ ئەڤی تشتێ نەبێژی بلا، گوتم بێ خەمبە و تا لە ژیاندابوو ئەوەم به نهێنی هێشتەوە.




کتێبی (ژنە بەدرخانییەکان) چاپ و بڵاو دەکرێتەوە

(ژنە بەدرخانییەکان) ناونیشانی نوێترین کتێبی نووسەر (بوخاری وشیار)ە و بڕیارە لەم نزیکانەدا ناوەندی ڕۆشنبیریی مەم و زین لە هەولێر چاپ و بڵاوی بکاتەوە.
کتێبەکە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونێکی مێژووییە لەسەر بنەماڵەی بەدرخانییەکان بەگشتی و ژنە هەڵکەوتووەکانی ئەم بنەماڵەیە بەتایبەتی. لە سەرەتای کتێبەکەدا کورتە مێژوویەکی سەرهەڵدان و ناو و پێگەی میر بەدرخان دواهەمین میری ئەمارەتی بۆتان خراوەتە ڕوو، سەرهەڵدان و ئاوابوونی بەهێزترین میرنشینی کوردی ئەم سەردەمە قسەی لەسەر کراوە و دواتر قۆناغی دوای ڕووخانی میرنشی بۆتان خراوەتە ڕوو. کتێبەکە لە سێ بەش پێک هاتووە و لە هەر بەشیکدا کار لەسەر ژنە هەڵکەوتووێکی بنەماڵەی بەدرخانیان کراوە. لە سەرەتای هەر بەشێکی کتێبەکەدا نووسەر ڕۆڵی باوکی ئەم ژنانەی خستووەتە ڕوو و دواتر بە وردی ژیان و بەسەرهاتی ژنە بەدرخانییەکانی نووسیوەتەوە و ڕۆڵ و پێگە و کارەکانیانی خستوەتە ڕوو. ئەم ژنە بەدرخانییانەی لەم کتێبەدا کاریان لەسەر کراوە بریتین لە: ١- (لەیلا بەدرخان ١٩٠٨-١٩٨٦) ئەستێرەی گەشی سەما و مۆسیقای کوردی و یەکەمین ژنە سەماکاری کورد لە مێژوودا. ٢- (ڕەوشەن بەدرخان ١٩٠٩-١٩٩٢) ژنە چالاکوان و نووسەر و وەرگێڕی کورد. ٣- (سینەم بەدرخان ١٩٣٨) ڕووناکبیر و نووسەر و کەسایەتی کورد.
سینەم جەلادەت بەدرخان لە پێشەکی کتێبەکەدا نووسیویەتی: ( بەر لە هەموو شتێک دەمەوێت سوپاسێکی بێ پایانی نووسەری هێژا بوخاری وشیار بکەم، کە دڵسۆزانە گرنگی بە مێژووی بنەماڵەی بەدرخانییەکان داوە و لەم کتێبەدا ژنە بەهرەمەندە بەدرخانییەکانی بەسەر کردووەتەوە و بیۆگرافیای نووسیونەتەوە و ئاوڕیکی پێویستی لە مێژووی بنەماڵەکەمان داوەتەوە. ئەوەندەی منیش لە دەستم هاتبێت بۆ ئەم کارەی یارمەتیم داوە و تا توانیبێتم ئەرشیفی بنەماڵەکەمانم خستووەتە بەردەستی بۆ نووسینەوەی ئەم مێژووە…)
بنەماڵەی بەدرخانیەکان یەکێکن لە بنەماڵە هەرە دێرینەکانی کورد و جێ پەنجەیان لە مێژووی سیاسی و ئەدەبی و ڕۆژنامەوانی ئێمەدا دیارە و چەندان کەسایەتی دیاریان لێ هەڵکەوتووە و هەمیشە خزمەتیان بە بزاڤی ڕۆشنبیری کوردی کردووە و بۆ دۆزی کورد زەحمەتی زۆریان کێشاوە. ئەم کتێبە سەرچاوەیەکی باش دەبێت بۆ زیاتر ئاشنابوون بە بنەماڵەی بەدرخانییەکان و ئەم ژنانەی کە لەم بنەماڵەیەدا هەڵکوتوون و جێ پەنجەیان بەسەر مێژووی کورددا دیارە




بەسەرچاو.. نووسينى: نەوشيروان ئازاد

                                             

(بەسەر چاو ) : دەستەوادەيەكى كۆ ن و سواو , لەو ڕۆژەوەى لێ ى تێدەگەم و گوێم لێ يەتى , ڕقم لێ يەتى , واهەست دەكەم بارێكى قورسەو لەسەر شانمە .دەبێت هەر بيبيستم لە ئاخ و ئێشيدا هەروا بڵێم . تازة ڕاهاتووين لە گەڵيدا , هەرچەندە دەزانم لە مجامەلە و درۆكردن لەگەڵ يەكتريدا شتێكى ئەوتۆى لێ سەوز نابێت .

دەستەواژەيەكى تا سەر ئێسقان ناشيرين و دزێو . لاى من وايە ڕەنگە لاى زۆربەى كەسى تريش وابێت , ئەمەگرنگ نيە . بەڵام  گرنگ ئەوەيە ئايا ئەو خەڵكەش وەك من تێ ى گەيشتوون وەك من دەزانن تەنيا بەڕێكردنى خەڵک و درۆكردن و ڕيايى كردنە و هيچى تر .

ئايا دەزانن لەو ڕۆژەوەی كە ئەم چەند ووشەيە خۆى خزاندۆتە نا فەرهەنگى كورديەوە گیرۆدەى دەستى بەڵێنى بێ بەڵێنەكانەو , لێ ى رِەها نابێت ؟ . ڕەنگە زۆريش لەپێش بزاڤەكەى ئێمە لە هەوڵ و تێكۆشانا بوبێت خەباتى  بێ وچانى كردبێت , تا بە ئازادى  ڕەهاى خۆ بگات .

زۆر دەترسم تێکۆشانى ئەويش وەك ئێمە ئەسيرى دەستى خۆ خۆرى وگەندەڵى بێت , بەڵام بۆچى بترسم خۆ ئەو نەكەسى دى و نە هیچ گروپ و دەستەيەكى دى لەگەڵيدا هاو خەبات نيە تا ببێتە رکابەر و منافسى  ئيتر شەرِى خۆكوژى لە گەڵ كێدا بكات , تا نەهێڵێت خەبات بە ئامانج بگات , بۆيە ڕۆژێک دێت بگاتە دوا مەنزڵ  و ئاڵاى سەربە خۆيى  خۆى هەڵبكات  , خۆی لە فەرهەنگى كوردى پاك بكاتەوە و ئيتر جارێكى تر نەيەتە سەر زارى هيچ كەسێك .

ئەوكاتە خۆى بە تەنها ئەبێتە مەملە كەتێكى دڵڕفێن  و جوان كە هەموو پيرە دارێكى بێ فەڕ لە ڕەگەوە هەڵ ئە كێشێت , ئەوان ئيدى لە زمانى ئاخاوتندا تەنيا كاتێك ووشەى (بەسەر چاو) بەکار دێنن كە بۆ بە ئەنجام گەياندنى بەڵێنەكانيان ئامادەبن سەريشيان دابنێن  , ئيدى مەملەكەتى ئەوان دەبێتە دەوڵەتێك سەربەخۆ و خاوەن ئاڵا و جوگرافيا بۆ داهاتوشيان مێژوويەکی پرِ سەروەرى دروست ئەكەن . ئەوسا لەم هەرێمەى ئێمەشدا نوێنەريان  دەبێت و لەسەر باڵە خانەى نوێنەر خانەكەيان دەنوسن ( نوێنەرخانەى مەملەكەتى بەسەر چاو ) لە كارنامەى كارنامەكەشياندا تێزێک بۆ ئێمە دەنوسن و دەڵێن ئێمە لەداخى بەڵێنە درۆكانى ئێوە خۆمان كردە مەملەكەت و دەوڵەت , ئێستاش لە ووڵاتە بێ بەڵێنەكەى ئێوەدا بارەگاو نوێنەرمان هەيە  , پێتان دەڵێين : ئەگەر ئێوەش حەز بە كيان و دەوڵەت و سەر بە خۆيى رِەها دەكەن تكا دەكەين واز بێنن لە درۆ و گەندەڵی و وادەى بێ بەڵێن , تكا دەكەين با بەسەر چاوەكانيش چاوى چۆلەكە نەبن و بەس.

نەوشیروان ئازاد




نووسین و وردەکاری؟ زانا رەزاق

سەرەتا نووسەر دەبێ بەشێوەیەک بیرۆکەکانی بنووسێت پڕ بێت لە ووردەکاری یانی بە پڕۆسەیەکی زانستی وورد بڕوات نەک بەنووسینێک یان نووسینانێک کە خەیاڵێکی کامڵ بنووسێت یانی خەیاڵە کامڵەکان وورد وورد بێ هەروەها ئەو ووردە ووردەش ڕوون بێت. بۆ نموونە کاتێک تۆ دەڵێی مرۆڤێکی بەتوانا و لێهاتوو لە شوێنێک دابنرێت دەبێ ئەو توانا و لێهاتووە ڕوون بکەیتەوە وە بزانی ئەو لێهاتوو توانایە کێییە و چۆن چۆنییە یان بۆ هەموو مرۆڤەکانی تر بە هەموو پیشەکانەوە .
لێرەدا دەکرێت بڵێین ئەمەی باس دەکەم کێشەیە باس نەکراوە نەک لەو سەردەمە بەڵکو لە سەردەمەکانی پێشووش تەنانەت لەنێو فەیلەسوفەکانیش هەن بیرۆکە و شتەکانیان بە ووردەکاری نەنووسیوە بەڵکو بە خەیاڵێکی کامڵ نەک خەیاڵەکە کامڵەکە وورد وورد بکەن هەروەها بۆ هەموو شتێک پێویستە بنچینەوەو هۆکاری شتەکانیان فێربکەین دواجاریش دەبێ کاتێک ئێمە خەڵکی تر فێری بەڵێ و نەخێر دەکەین دەبێ فێری ئەوەشیان بکەین بۆ چ شتێک بەڵێ بۆ چ شتێک نەخێر ئەمەش بە ووردەکارییەوە یەک شتیش ئەویش ئەوەیە واقیع گۆڕینیش بەپڕۆسە و ووردە ووردە دەبێ نووسەر ئەمەش بزانێت ووردە ووردە بەدوای بڕوات یانی وەک چۆن بناغە دروست دەکەین دواتر ووردە ووردە شتەکانی تر نووسینیش ئاوایە یان مێزێک کە پێش دروستی دەکەین هەموو پێداویستی مێزەکە دابین دەکەین دواتر بەپڕۆسە بۆی دەڕۆین تا تەواو دەبێ ئەمەش ئاوایە.




شۆڕکردن، جون، جوێن.. دڵشاد تاقانە

لەزمانی کوردیدا بەکرمانجی و سۆرانی نوسراو هەتا شێوەزار و زارگۆیە گۆتراوەکانیش لەباتی ڕق و کینە دەردەبڕێ. ناخۆشترین کاردانەوەی جوندان ئەوکاتەیە جوێندەر کەسەکەی بەرامبەری ڕیسوا دەکا بەجوندان بەباب و داک و خوشکی، صەگباب، داک و خوشکت بگێم! بێگومان لۆ شکاندنی پیرۆزیەکانی بەرامبەرە لەکاتێکدا جوێندەرەکە هیچ کێشەی لەگەڵ باب و داک و خوشکی کەسەکە نیە بگرە لەوانەشە بەئاسایی ڕێزگریانبی بەڵام کاتی هەڵچوونەکە ئەو وشە و دەستەواژە نالەبارانە دەدات. جارەک کوردەک لەئەوروپا شۆڕدەکاتە ئەوروپیەک و هەوڵدەدا جونەکەی وەرگێڕتە سەر زمانی وی و پێیدەرێ: داکت بگێم؟ کابرای ئەوروپیش بەساردیەوە دەرێ: جائەمن حەقم چیە؟ داکم چ ئیشی بەکێشەکەی من و توەوەیە! هەرشتەکت لێی دەوێ بڕۆ لەخۆی داوابکه. زۆر ئاساییە لەکلتوری عەرەبەوەش خوازرابیتەوە لەپێڕەوی ئاینەکەیان وابەستەیی کورد پێیەوە. کورد دەڵێ: شەڕوشۆڕ واتا  شەڕ لێدانەکە و شۆڕیش جونەکانیتی کە ڕاگەیاندن و هێرشە. زمانپیسی بەشەکی کلتورە هەرچەندە ئێستا جوێنوس و جوندەری سۆسیال میدیا پەڕۆیان لەبەر دەرینایە هەیانە ڕۆژانە بەخەڵکدا نەڕشێتەوە ژان ئەیگرێ. جوندەری سیاسی دەوپیسترن بۆنی نۆینیان لێدێ کە دەمیان دەکەنەوە ئەوان تڕ  بەدەم دەکەن. زۆرینەمان ئەو خوە خراپەمان هەیە، چارەش زۆر ئاسانە کەتوڕەبووی تەنیا دەمت داخە و دوایەش بەشەرمەندەیی داوای لێبوردن مەکە چونکە چاک دەزانی لەلاوازیتەوەیە جون دەدەی.

                                 دڵشاد تاقانە