تێگەیشتن لە چەمکی ئازادی.. نووسینی: ڕۆزا حەمە ساڵح

ژۆن لۆک (١٦٣٢-١٧٠٤) فەیلەسووفی ئینگلیزی، دە‌ڵێت: (ئازادی تەواو گوزارشتە لە جووڵە لە چوارچێوە‌ی یاسا سروشتییەکان و توانای بڕیاردانی كە‌سایە‌تی و بڕیاردان سەبارەت بە موڵکیەتی تایبە‌ت بە بێ كۆتوبە‌ندەکان و سنووردانان بەو شێوەیەی، کە مرۆڤ خۆی دەیەوێت، بەبێ ئەوەی پێشێلی مافی کەسانی تر بکات).
ئازادی یەکێکە لەو مافانەی، كە‌ دە‌كرێت مرۆڤ هەمیشە بەدوایدا بگە‌ڕێت، وەک ئازادی بیرکردنەوە و ڕادەربڕین، بیروباوەڕ ، بڕیاردان، ھە‌ڵسوكە‌وتكردن و مامەڵەکردن بە شێوەیەک کە پێشێلی یاسا و ڕێسا گشتییەکان و ئازادی کەسانی تر نەکات و زیانیان پێ نەگەیەنێت، ئازادی مرۆڤ لە‌ ڕۆح و گیانیدایە‌، مرۆڤ بە بێ ئازادی ژیانی سنووردار دەبێت و ئیرادە و عەقڵی لێدەسێنرێت.
واتا ئازادی بەو مانایە دێت، کە هەڵسوکەوت و جووڵەکانمان ئازادانە بێت، هەر بەرهەڵستییەک و رێگەگرتنێک لە کار و کردارمان بە چەوساندنەوە و پێشێلکردنی مافەکانمان دادەنرێت.

ئازادی ڕادەربڕین
باروخ سپینۆزا (١٦٣٢- ١٦٧٧)، فەیلەسووفی هۆڵەندی دەڵێت: (ئەو یاسایانەی دەمەکان دادەخەن و قەڵەمەکان دەشکێنن، هەر خۆیان خودی خۆیانی پێ لەناو دەبەن).
مرۆڤ بە‌ سروشتی خۆی ئاره‌زووی لێدوان و قسه‌كردن ده‌كات له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه‌ی ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندییان به ژیانییەوە هەیە. هه‌ڵكه‌وته‌ی مرۆڤ وایە‌، كه‌ هەمیشە دەیەوێت له‌ ڕێگه‌ی ده‌ربڕینی بیر و بۆچوونییەوە بوونی خۆی بسه‌لمێنێت. ئازادی ڕاده‌ربڕین بنەمایەکە پشتیوانی لە دەربڕینی ئازادانەی مرۆڤەکان دەکات لە ناو کۆمەڵگادا، واتا هەموو کەسێک بتوانێت بە بێ ترس و تۆقاندن، بە بێ زۆرلێکردن، بێ سزای یاسایی و چاودێریکردن ئازادانە بۆچوونی خۆی دەرببڕێت، مافی ئازادیی دەربڕین لە دێرزەمانەوە بابه‌تێكی گرنگی زۆرێك له‌ شاره‌زایان و پسپۆڕانی بواری مافه‌كانی مرۆڤ بووه‌ و لە ژێر سایەی یاسای نێودەوڵەتیدا جێگیرکراوە، لە ڕۆژئاوا و لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا تا ڕادەیەکی باش ئازادییەکی ڕەها بەرجەستە و زامنکراوە، بەڵام لە زۆر لە وڵاتاندا کەموکوڕییەکان لە بواری جێبەجێکردنیدا هەیە و لە زۆر وڵاتیشدا دەسەڵات ئازادیی هاوڵاتییان پێشێلدەکات.
لە هەرێمی کوردستان و بە پێی ئاماری ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بەرتەسکردنەوەی ئازادی ڕادەربڕین ساڵانە لە هەڵکشاندایە. كۆمەڵگەیەكی دیموكراسی پێویستی بەوە هەیە دامودەزگا میدیاییەكان و چالاكوانان و ڕەخنەگران توانای ئەوەیان هەبێت بە بێ ترس و تۆقاندن و بە بێ سانسۆر ڕوماڵی بابەتە گشتییەکان بكەن، هەروەها هاوڵاتییانیش مافی دەستكەوتنی زانیاری ڕاست و درووستیان هەبێت، هەموو تاکێکی ناو کۆمەڵ کاتێک نادادی و گەندەڵی و کەمی مووچە و خزمەتگوزاری لە ناو وڵاتەکەیدا دەبینێت مافی ئەوەی هەبێت، کە خۆپێشاندان بکات و ناڕەزای دەڕببڕێت و داوای مافەکانی خۆی بکات. بەداخەوە دەسەڵاتی باشوور ڕێگرە لە بەردەم ئازادیی ڕادەربڕیندا و سانسۆری خستۆتە سەر هەموو جووڵەکان، کاتێکیش ڕەخنەی لێدەگیرێت، کە ئەمە ڕێگرییە لە ڕای ئازاد، ڕۆڵەکانی بە سیخوڕ و تیرۆرست ناوزەند دەکات.
ئازادی بەرپرسیارێتییە
ژان پۆڵ سارتەر (١٩٠٥ – ١٩٨٠)، فەیلەسووفی بوونگەرایی، دەڵێت: (مرۆڤ دەبێت ئازادبێت، چونکە بە بێ ویستی خۆی فڕێدراوەتە ناو دونیاوە، بەڵام بەرپرسیارە لە هەموو کارێک، کە دەیکات).
سارتەر لەم وتەیدا پێمان دەڵێت، کە ئازادی و بەرپرسیاریەتی دوو کرداری گرێدراون پێکەوە، مرۆڤ هەرچەندە ئازاد بێت، ئەگەر بێتو لەگەڵیدا بەرپرسیار نەبێت ئەوا ئازادی بۆی دەبێت بە چەکێکی کوشندە، هەم خودی خۆی پێ لەناودەبات و هەم زیان بە چواردەوری و کۆمەڵگاش دەگەیەنێت.
هەنوکە لە ناو کۆمەڵگای باشووردا و لە ڕێگەی سۆسیال میدیاوە کۆمەڵێک لە گەنجان بە کچ و کوڕەوە دەرکەوتوون، حزبەکان بە پێی بەرژەوەندییەکانی خۆیان هەڵیاندەسوڕێنن، کە بە هیچ شێوەیەک لە مانای ئازادی تێنەگەیشتوون، ئازادی لە تێڕوانینی ئەوانەوە بە تەنها خۆنمایش و خۆدەرخستنە، هیچ ڕێگرییەک لە بەردەمیاندا نییە و بە بێ هیچ سانسورێک و بە شێوەیەکی یەکجار مەترسیدار خۆیان دەردەخەن و کۆمەڵگایان بەخۆیانەوە سەرقاڵ کردووە و بوونەتە هۆی تێکدانی زۆرێک لە دابونەریتی کوردەواری و کاریگەری خراپیان لە سەر گەنج و منداڵ درووستکردووە و هیچ بەرپرسیارێتییەک هەڵناگرن، وا دەزانن ئازادی ئەوەیە هەرچیت بوێت بیڵێت و بیکەیت، بە بێ ئەوەی ڕێز لە کۆمەڵگەکەت و چواردەورت بگریت و هەستی بەرامبەرت ڕابگریت، کاتێکیش ڕەخنەیان لێدەگیرێت دەڵێن ئێمە ئازادیین و چیمان بووێت دەیڵێن و دەیکەین.
لەبەرئەوەی تاکی ناو کۆمەڵگەی ئێمە لە بنچینەوە و لە ناو خێزانەکەیدا و لە پرۆسەی خوێندن و لە ناو ڕاگەیاندنەکان و دامودەزگا حکومییەکان لەگەڵ ئەم چەمکەدا پەروەدە نەکراوە و لە بنەماکانی ئازادی یان ئازادبوون تێنەگەیشتووە و هەر لە منداڵییەوە زۆر کار و ماف و ئەرک هەن، کە ڕۆژانە مرۆڤ بەرکەوتەی هەیە لەگەڵیدا لێی قەدەغەکراوە، هەر بۆیە لە گەورەبوونیشدا تێگەیشتن لەم چەمکە قوورس و ئاڵۆزە و لێی تێناگات.
ژنان بە گشتی لەگەڵ ئەم چەمکەدا زیاتر تووشی دەردەسەری دەبن، بە هۆی ئەوەی ڕەگەزی مێ هەر لە تەمەنی منداڵییەوە تا گەورەبوون و پێش پرۆسەی هاوسەرگیری گەلێک شتی لێ قەدەغە دەکرێت و سەرپشک ناکرێت بە ئازادیی ڕای خۆی دەرببڕێت و کارەکانی ئەنجام بدات و هەمیشە دەبێت پیاوێک لە پشت بڕیارەکانییەوە بێت و چاودێری بکات ئیتر ئەو پیاوە باوک بێت یان برا.. هتد. جا هەر بۆیە کاتێک گەورە دەبێت ئەوەی، کە بە منداڵی ڕیگەپێدراو نەبووە بۆی وەک گرێیەک لە ناو ناخ و دەروونیدا ماوەتەوە و ئەو گرێیە لەگەڵیدا گەورە بووە، جا بە هەر شێوەیەک بێت دەیەوێت خۆی لە کۆتوبەندەکان دەرباز بکات، وا دەزانێت بەو جۆرە دەتوانێت کەسایەتی و بوونی خۆی بسەلمێنیت، هەندێ جار دۆخێک دەخولقێنیت کە دواتر دەبێتە مایەی نائارامی بۆ خودی خۆی و خانەوادەکەشی و کۆمەڵگاش بە کەسێکی ناسروشتیی دەیبینن و بە نەرێنی لێی دەڕوانن.
لە لایەکی ترەوە دەمەوێت باس لە بابەتێکی دیکە بکەم، کە ڕووبەڕووی بەشێک لە گەنجان دەبێتەوە کاتێک کە ڕوو لە هەندەران دەکەن و تێکەڵاوی واقعێکی تاڕادەیەکی زۆر ئازادتر لە واقعی ڕابردووی خۆیان دەبنەوە، وەک گووتم چونکە لە بنەرەتدا بەو چەمکە ئاشنا نەبوون و ئەو ئازادییەیان نەبینیوە، ئەوا هەر زوو دەکەونە ناو هەڵەی گەورە و نابەرپرسیارانە ئەو ئازادییە بەکاردەهێنن و خۆیان تووشی چەندین کێشەی دەروونی و کۆمەڵایەتی دەکەن، هەندێکیان تووشی ماددەی هۆشبەر دە‌بن و زیادە‌ڕە‌وی لە‌ خواردنەوەی ماددە کحولییەکان دە‌كە‌ن و پەنا بۆ چەندەها فرتوفێڵ دەبن، بەو کار و کردەوانەیان ئازاری کەس و کار و چواردەوری خۆیان دەدەن.
ئازادی بەرپرسیارێتییەکی زۆر قورسە بە تایبەتی لەم سەردەمەدا و بەهۆی بەکارهێنانەکانی زۆری سوسیال میدیاوە، هەموو کەسێک ناتوانێت دەرهەقی بێت، ئەگەر بێتو بە هۆشیارییەوە لەگەڵیدا مامەڵە نەکەیت ئەوا دەتخاتە ناو داو و تەڵەی خۆیەوە، خۆ ئەگەر بتوانیت لەگەڵیدا بە بەرپرسیاریەتییەکی تەندروستەوە مامەڵە بکەیت، ئەوا دەتوانیت ڕۆڵی کاریگەرت هەبێت لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگاکەت و ببیت بە جێگای شانازی بۆ گەل و نیشتیمانت.




کاتێ کوردبوون، نەژادییانە لێک ئەدرێتەوە!.. کامیار سابیر

چەمکی “کوردبوون”، لە رووی سیاسیی، زمانیی، کولتووریی و ئینتێلێکچواڵییەوە، بە هەڵە لێکدانەوەی بۆ ئەکرێ. زۆربەی شرۆڤەکانی ئەم بابەتە سیاسیی و ئۆنتۆڵۆژییە ( زانستی بوون)، بە خراپیی، لە ماوەی دوو دەیەی رابردوودا، کەوتووەتە ناو ئەدەبی کوردیی ناوەڕاستەوە. لە ئەدەبی هیچ نەتەوەیەکی ئەم سەرزەمیینەدا، ئەستەمە خۆخواردنەوە و کڕوزانەوە و پییشخواردنەوەی سیاسیی، بە زووخاوی شیعر و ئەدەبی لەخۆدان، لەسەر بونیادی نەژادیی یان نەتەوەیی بوونی هەبێت، بەراورد بەوەی لە ناو کورددا هەیە. بڕۆن لە گووگڵەوە بۆ گووگڵ سکۆلار، بۆ سێرچی داتابەیسە جیهانییەکان، سێرچ بکەن، نە لە زمانەکانی دەوروبەرماندا شتی وا هەیە و نە لە ئینگلیزییدا، شتێ نییە بە ناوی ( کونە عرب) یان ( فارس بودن) کە ئاماژە بۆ ستەم و چەوساندنەوە بکات لە مێژووی گەلانی عەرەب و فارسدا، تەنانەت لە زمانی تورکییشدا، چەمکی ( Türklük) کە تورک بە بوونەوە گرێ ئەدات، بۆ دۆخە سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و کولتوورییەکە نییە، بەڵکو رێک بۆ تورکچییەتیی یان تورکایەتیی(Turkishness ) لەسەر وەزنی ناسیۆنالیزمی کوردایەتیی Kurdishness ( بۆ ناسیۆنالیزمی کوردیی) و ناسیۆنالیزمی عەرەبیی بۆ عەرەب، بەکار ئەهێنرێ. لێرەدا مەبەست ئەوەیە کە نەژادییەکانی کورد، کاتێ چەمکی کوردبوون بەکار ئەهێنن، لە نەست و هەستیاندا، مەبەستیان کوردایەتییە بەڵام بە زەخرەفەیەکی زمانیی و سەفسەطەی ئەکادیمییەوە.

بە واتایەکی تر، جگە لە ئۆجەلان لە ناو سیاسییەکانی کورددا کە توانییویەتیی لە کۆنتێکستێکی دروستدا، کوردبوون فۆرمەلە بکات و تەوظیفی سیاسیی بە شێوەیەک بکاتەوە کە رێک لە هەمبەر کوردایەتییدا بوەستێتەوە، هیچ سیاسییەکی کورد، ئەمەی نەکردووە. لە کاتێکدا زۆربەی هەرە زۆری ئەوانەی لە کرمانجیی ناوەڕاستدا بەکاری ئەهێنن، رێک دەغدەغە نەژادییەکە و حەماسە نەتەوەییە چەپێنراوەکەیان، وایانلێئەکات کە کوردبوون بەکاربهێنن، لە واقیعیشدا، ئەم کوردبوونەی ئەوان بەکاریئەهێنن، هەر زمانە سیاسییەکەی ئەدەبی شاعیرانەی کوردییە کە لە شەستەکان، حەفتاکان و هەشتاکاندا، بۆ مۆبەڵایزی خەڵک لە لایەن ناسیۆنالیزمی نەژادییەوە هاوار ئەکرا کە رژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق، بەس لەبەر ئەوەی کوردین! ئەمانچەوسێننەوە؟! لە واقیعدا، ئەوە درۆیەکی زۆر گەورەی مێژووییە کە بۆ ناسیۆنالیزمی عەرەبیی، لەسەردەمی مەلیکیی و جهمورییشدا هەڵبەستراوە، کاتێ ستەم لە خەڵكی کوردستان کراوە، بەشی هەرە زۆری بەهۆی رەدفیعلی ناسیۆنالیزمی عەرەبییەوە بووە لە هەمبەر فیعلی کوردایەتییدا کە حەرەکەی کوردیی لە شێخ مەحمودەوە بۆ بارزانیی و تاڵەبانیی( بە کۆمەڵەی رەنجدەران و حشع و ئیسلامییەکانیشەوە) هەموویان بە دەستوری موخابەراتی وڵاتانی تر، کاری تەخریبیان لە عێراقدا کردووە و قەضییەی کوردییان بۆ ئەجێندا حیزبیی، شەخصیی و بنەماڵەیی و بەرەبابیی خۆیان، بەکارهێناوە و بیزنسیان پێوەکردووە. بەرهەمەکەیشی دەسەڵاتدارییەتی پرۆکسییانەی ٣١ ساڵەی پڕ لە دزیی و تاڵانیی و چەتەگەریی و گەندەڵیی و عەمالەتی ئیقلیمیی، باشتریین نموونەیە.

لە عێراقدا( بە تایبەتیی دوای ٢٠٠٣)، هیچ جۆرە ستەمێکی سیاسیی لە گەلی کورد ناکرێ، ئەوەی هەیە موخابەراتی ئیقلیمیی لە رێگەی حکومەتی هەرێم و حیزبەکانیەوە، دەست لەکاروباری عێراق وەرئەدات و ماڵی بارزانیی بۆ ئەجێنداکانی خۆیان تەحریک ئەکەن و مەلەفی نەوت و غاز، وەکو چەکێک دژی بەغداد بەکارئەهێنن. بەتەنیا ماڵی بارزانیی ئەڵێم، چونکە لە یەکێتییەوە بۆ گۆڕان، بۆ تەواوی حیزب و حیزبۆکە نەتەوەیی و نەژادیی و ئیسلامیی و چەپە جۆراوجۆرەکان( بە زۆربەی شیوعییەکان و هەڕمێنەی ژیژەکییەکان و تەرتە و وەرتەکانی ترەوە)، زۆریینەی رەهایان بوونە بە مولحەقی پارتیی و بە کردەوەیش، بە مەرجەعی سیاسیی خۆیان، قبوڵیان کردووە.

لە پێوەند بە کوردبوونەوە، عەرەببوون بە نموونە بهێنینەوە، سەمیر قەصیر، نووسەری لوبنانیی( تێر-ۆرکرا لە لوبنان) لە ( Being Arab) دا باسی ئەوە ئەکات کە (عەرەب-بیت بە مورادیفی عەرەببوون)، بەدبەختییە، چونکە بە بڕوای ئەو، عەرەبەکان بەدبەختتریین Most wretched خەڵکی سەر ئەم زەمیینەن، قەصیر لەو دیدە کولتوورییەوە سەیری عەرەبی ئەکرد کە تەوەزەل و بێهێزن( Malaise )، ئارگیومێنتەکانی ئەوە بوون کە نەوەی بێسەرپەرشت، زۆر ئەخەنەوە و شارەکان زۆر بەسەریەکدا ترشاون، رێژەی نەخوێندەواریی زۆرە، گاپی نێوان هەژاریی و دەوڵەمەندیی، گەورە و گەورەتر ئەبێت و نەتەوەیەکن ناتوانن خۆیان لەگەڵ مۆدێرنیزم و لیبراڵیزمدا بگونجێنن. لێرەدا، گرنگە جەخت لەوە بکرێتەوە ئەم پەرۆشیی و غوبن وغەمخۆرییەی قەصیر بۆ بەدبەختییەکانی گەلی عەرەب، کولتووریی و کۆمەڵایەتیی بوو، تەنانەت ئەگەر سیاسییش بووبێت، ئایدیۆلۆژییانە، تاوانەکەی نەخستووەتە سەر نەتەوە و نەژاد و دیینەکانی ترو بە ئەهریمەنی نەکردوون، بەڵام شیین و واوەیلێی رەهەندییە نەژادییەکان و ئەوانەی پێیانئەگوترێ نوخبەی نەتەوەیی، ئایدیۆلۆژییانە لە توخم و نەژادی کورد ئەڕوانن و بەدبەختییەکانی wretchedness ئینسانی کورد و کێشە سیاسییەکانی کورد، لە خودی ئەوەدا ئەبییننەوە کە ئێمە کوردین، بەهۆی کوردبوونمانەوە! عەرەب و فارس و تورک ( زووخاوەکانی جەمال نەبەز، هەڵئەهێننەوە) ئەمانچەوسێننەوە، کاتێ کە کوردیشین، ئەبێ وەکو کورد ( وەکو جوولەکە بە تێرمەکەی ئارێنت و رەهەندییە نەرجسییە خۆهەڵکێشەکان)، داکۆکیی لە خۆمان بکەین! بە زمانی شەعبیی، ئەبێ ئێمەی کوردیش بکەوینە کوشتوبڕی عەرەب و فارس و تورک و ئاذەریی..تاد، تا کەمێک عاقڵ و بن و واز لە حەماقەتی نەژادیی خۆیان بهێنن!؟ لە واقیعدا ئەم دیدە زۆر پاسۆکییانە و کاژێکییانەیە، تەنانەت فاشییانەشە، هەروەها زۆر عارێکی گەورە و نەقصێکی بەربادە کە مرۆڤی بە حیساب ئینتێلێکچواڵی کورد، بەم عەقڵییەتە شاعیرییە و بەم مێنتاڵیتییە ئەدییبییە نەژادییە موقییتەوە، بییر بکاتەوە و کوردبوون بە مەغزی ئایدیۆلۆژیی و نەژادیی و تەنانەت فاشییانە لێکبداتەوە.

——————————————————-
ئەمەی سەرەوە، بەشی سێیەم بوو لە ” ئایا لەسەر کوردبوون، دوژمنایەتیی کورد ئەکرێ؟ چۆن تێزەکەی ئارێنت، فاشیزمی کوردیی بەرهەم ئەهێنێت؟”

کامیار سابیر




(ژینا) چووە ریزی (نەمران)ەوە!.. عەبدوڕەحمان گەورکی

لە کۆمەڵگایەک و وڵاتێکدا کە لێوانلێوە لە “سەرکوتکردن” و “دیکتاتۆر” خۆی وەک (خوا) بەسەر خەڵکدا فەرز دەکات، “ڕووداوێک” یەکسەر دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی توڕەیی و ڕق و کینەی خەڵک بەرامبەر بە حکومەت. ئەمەش ئاماژەیە فح ئامادەبوونی هەلومەرجەکانی کۆمەڵگا بەرەو شۆڕش و راپەڕین!
پەلاماردان و لێدانی ژینا ئەمینی (مەهسا) لەلایەن پاسدارانی حکومەتەوە لە تاران و لە رۆژی ٢٢ی خەرمانانی ئەمساڵ (13ی سێپتەمبەری 2022) تەنها “ڕووداو” نەبوو کە باسی زنجیرەیەک لە تاوانەکانی حکومەتی بکات و روانگە و بۆچوونی حکومەتی ویلایەتی فەقیهی لەسەر خواست و ویستی کۆمەڵەگای ئێران و بە تایبەت کێشەی (ژنان و پۆشش) بخاتەڕوو، بەڵکو هەروەک چۆن لەسەر کێلی مەزارەکەی نووسرا، ناوی ژینا بوو بە “رەمز” و لەناو کۆمەڵگادا دەنگی دایەوە و جارێکی دیکە تەلیسمی ئەم روانگە کۆنەپەرستانەیەی تێکشکاند!
لەسەر کێلی مەزارەکەی ژینا نووسرابوو “تۆ نامری!”، کەوایە رەمزی ژین و ژیان و ئازادییە کە باس لە مردن و لەناوچوونی دیکتاتۆرییەت و روانگەی دەسەڵات بەرامبەر بە پرسەکانی کۆمەڵگا دەکات. ئەمە هەر ئەو هەلومەرجە لەبارەی کۆمەڵگایە بەرەو ڕاپەڕین و شۆڕش و داوا لە هەموو مرۆڤێکی ئەم سەرزەمینە دێرینە دەکات کە “راپەڕن” و ئاڵای شۆڕش و ڕاپەڕین لە دژی دیکتاتۆرییەت هەڵبکەن!
ژینا چووە تارانی پایتەخت و لەوێ لەلایەن پاسدارانەوە شەهید کرا و تەرمەکەی گەڕێندرایەوە بۆ سەقز لە کوردستان کە شوێنی لەدایکبوونیەتی. سەقز راپەڕی و سنە هاتە پاڵپشتی و دوای پەیامی خاتوو مریەم ڕەجەوی کە دەستبەجێ هاوخەمیی خۆی بۆ بنەماڵەی ژینا (مەهسا ئەمینی) دەربڕی و کوشتنی ژینای بە “دڕندانە” وەسف کرد و ماتەمینی گشتی لە سەرانسەری ئێراندا ڕاگەیاند. ئینجا سەراسەری ئێران هەستایە سەر پێ بۆ رێزگرتن لە ژینا. خاتوو ڕەجەوی وتی لە پەیامەکەیدا وتی: “پێویستە هێزی گەڕۆکی دوژمن بە ژنانی سەر بە ئیرشاد رژێمی ئێران هەڵبوەشێنرێتەوە. داوا لە ژنانی بە غیرەتی ئێران دەکەم بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی سەراسەری دژ بە رژێمی ژنکۆژ و پەلشتی ئاخوندی راپەڕن! زوڵم و زۆرداریی ئاخوندان و پاسدارانی نه‌زانی و تاوان، به‌ خۆڕاگری و بەرخۆدانی ژنانی ئێرانی تێکدەشکێت. بە تەواوی هێز و تواناوە دەبێت بەرەوڕووی ئەم رژێمە و هێزە گەڕۆکە سەرکوتکەرەکانی ببینەوە”. ئینجا لایەنە سیاسییەکانی ئۆپۆزیسیۆن مانگرتن لە کوردستانیان ڕاگەیاند کە لە لایەن جەماوەرەوە پێشوازی لێکرا.
بەڕێز (مەسعوود رەجەوی)یش لە پەیامێکدا ڕایگەیاند کە ” نابێت سنە و سەقز بە تەنیا بمێننەوە. پێویستە لە خۆڕاگریی ژنان و لاوانی تێکۆشەری شاری سنە وانەیەک وەربگیرێت. لاوانی شۆڕشگێڕ بۆ پشتیوانیکردنی خەڵکی شاری سنە، لە شارەکانی دیکە راپەڕن. ڕژیم دەبێ وڵامی یەک بە یەک خوێنڕشتن و تاوانەکانی وەربگرێتەوە”.
لاوان و زانکۆیی و چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگای ئێران لەدژی ڕژێمی ژنکوژی ئاخوندی و ئەو تاوانە نوێیەی رژێم، ڕاپەڕین و ئەوەیش وایکرد ناوی (ژینا) لە سەراسەری ئێران دەنگ بداتەوە.
بەم شێوەیە ناوی ژینا بوو بە “ڕەمزی خروش”ی ئەو خەڵکەی دژی بێ عەدالەتی ڕژێمی ویلایەتی فەقیهی وەزاڵە هاتبوون. لە زۆربەی شارەکانی ئێران و بە تایبەت تاران، ناڕەزایەتی جەماوەری دژ بە حکوومەت گیانێکی نوێی بە بەردا کرا و لە کوردستانیش جگە لە پەرەسەندنی ڕاپەڕین و ناڕەزایەتییەکان، مانگرتنەکانیشی لەسەر زیاد کرا بەرانبەر بە تاوانی دڕندانەی حکومەت دژ بە ژینا و سروودی مەرگ و نەمانی حکومەتیان دووپات کردەوە. بەڵێ ژینا نەمردووە و زیندووە. ژینا رەمزی بزووتنەوەی دادخوازییە.
ئەم ڕووداوە نیشانی دا کە بە وتەی کاربەدەستانی فەرمی ئێران “حکومەتی ئێڕان گەیشتووەتە کۆتایی خۆی” و ئەوە بووە بە سەرەتای ڕاپەڕینێکیتر بەرەو ڕووخاندنی دیکتاتۆرییەتی ئایینی لە ئێران. ئەم ڕووداوە ژیانێکی نوێی بە کۆمەڵگای ئازادیخوازی ئێران بەخشی تا شوێنی (عەلی خامنەیی) و ڕژێمەکەی بخاتە لەرزین و ئەوەیش ڕووی دا! (لە کوردستانەوە تا تاران زوڵم لە دژی ژنان. مەرگ و نەمان بۆ دیکتاتۆر. ئەیکوژم، ئەیکوژم ئەوەی خوشکەکەمی کوشت. مەرگ و نەمان بۆ خامنەیی.. ژن، ژیان و ئازادی و … هتد) بوون بە دروشمی گەل و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بوو بە (ترێند)ی چەند ملیۆنی. رادەیەک لە شکۆمەندی هاودەنگی و یەکڕیزیی خەڵک لە دژی دیکتاتۆرییەتی ئایینی، کە هەموو سیناریۆکانی حکومەتیان خستە پەڕاوێزە کە نەخشەی بۆ داڕشتبوون بۆ مانەوەی لە دەسەڵات!
ئەم توڕەییە هەڵچنراوە ڕۆژی شەممە ٢٦ی خەرامانانی ١٤٠١ و لە کاتی ناشتنی تەرمی مەهسا ئەمینی (ژینا) لە سەقز گەیشتە لوتکەی خۆی. خرۆشێک بە هەناسەیەکی نوێوە کە بەرەو ئەوە هەنگاوی نا کە وا لە دیکتاتۆر بکات کۆتایی خۆی ببینێت!
زۆر سەرنجڕاکێش و گاڵتەجاڕانەیە کە ئیبراهیم ڕەئیسی، کە وەک خوێنڕێژ و میرغەزەبێک لە لایەن خامنەییەوە دانراوە لە پۆستی سەرکۆماریی ئاخوندان لە ئیران، وەزیری ناوخۆی کابینەکەی، واتا پاسدار تیرۆریست (ئەحمەد وەحیدی) ڕاسپاردووە بۆ لێکۆڵینەوە لە کەیسی شەهیدبوونی ژینا ئەمینی (مەهسا). کە ئەوەیش نەک هەر برینەکانی بنەماڵەی شەهید سارێژ ناکات، بەڵکو دەبێتە هۆی پەرەسەندنی رق و توڕەیی خەڵکی ئێران و کوردستان دژ بە حکومەت. بە تایبەت کاتێک پاسدار ئەحمەد وەحیدی وتی کە “ژینا هەر لە منداڵییەوە کێشەی مێشکی هەبووە و پیاوانی حکومەت هیچ ئامێرێکی لێدانیان پێ نەبووە و ژینا بە هۆکاری سروشتی مردووە!” زۆر بێ شەرمانەیە قسەی واکردن و دەملارکردنەوە بەرانبەر بە خانەوادەی شەهید و خەڵکی ئێران!
ئەمە پەندێکی بەناوبانگ و ئاشنایە لە ئێران کە دەڵێت “لەگەڵ گورگدا مەڕ و چەوری دەخوات و لەگەڵ شوان فرمێسک دەڕێژێت!”. تاوانبار ئیبراهیم ڕەئیسی، هاوسۆزی خۆی بۆ بنەماڵەی ژینا ئەمینی دەردەبڕێت، لە هەمان کاتدا، وەزیری کابینەکەی ڕادەسپێرێت بۆ لێکۆڵینەوە! بەدڵنیاییەوە دەملارکردنەوەی ئیبراهیم ڕەئیسی بۆ بنەماڵەی شەهید و خەڵکی ئێران،جگە لە توڕەیی و ڕق و کینەی خەڵک بەرامبەر بە ڕژێمی بکوژان بەرهەمی نابێت.
هەر بۆیە لە لایەن بنەماڵەی مەهسا ئەمینی (ژینا) و خەڵکی کوردستانەوە، قسە و وتەکانی پاسدار ئەحمەد وەحیدی بە “گاڵتەجارانە” و ئەو فیلم و کلیپانەی لە میدیاکانی حکومەت پەخش کرا بە “پچر پچر” و هاوسۆزی سەرانی حکومەت بۆ بنەماڵەی ژینا، بە “فرمێسکی تیمساح” دەزانرێت.
دەرئەنجام..
گۆڕانی سەردەم، کە هێنانە سەرکاری ئیبراهیم رەئیسی دەرخەریەتی، راستە و هەل و مەرجەکان بۆ شۆڕش ئامادەن. عەلی خامنەیی، ئیبراهیم ڕەئیسی هێناوەتە سەر کار بۆ ئەوەی بەر بە شۆڕش و راپەڕینە جەماوەرییەکان بگرێت. بەڵام ئەوەی دەبینرێت ئەو راستیەیە کە “ئیبراهیم ڕەئیسی دوا سەرۆکی ئەم ڕژێمە دەبێت”. خەڵک بڕیاری خۆی داوە کە لە “ڕووداوەکان” ڕاپەڕین و لە ڕاپەڕینەکانە “شۆڕش و سەرکەوتن” بەرهەم بهێنێت. ئازادیخوازانی ئێرانیش هەر لەبەر ئەم هۆکارە زیندوون و هەناسە دەدەن. ئەوان دڵیان بۆ ئازادی گەل و نیشتمان لێدەدات!

عەبدوڕەحمان گەورکی، نووسەر و لێکۆڵەری سیاسی




کانیی ڕۆح بژیێنینه‌وه‌.. زیاد ڕەشاد قادر

جاران هیچ كه‌س ئاوا نه‌بوو
بۆ واى لێ هات به‌داخه‌وه‌
شه‌قام و شار و ئاوایی
دڵشكاون له‌ ناخه‌وه‌
×××
مه‌كینه‌ى كینه‌ و ئیره‌یی
ڕۆحى گشتمانى هاڕیوه‌
جه‌نجاڵى و غوبارى دونیا
هه‌ناسه‌ى جوانیی بڕیوه‌
×××
بێنه‌ بیرت ساڵانى زوو
خه‌ڵك چه‌نده‌ دڵى شا بوو
له‌ خوڵك و خوو و مامه‌ڵه‌دا
به‌ ماڵ گه‌دا، به‌ دڵ شا بوو
×××
نه‌ شه‌ڕ، نه‌ تاوان و كێشه‌
وا میر و مێرى مه‌یدان بوون
نه‌ خزمه‌ت و خزمایه‌تى
زه‌لیلى زیقى زیندان بوون
×××
درێغا بۆ ئه‌و ڕۆژانه‌ى
بۆ یه‌ك ده‌بووین به‌ سا و سێبه‌ر
گوێمان له‌ خه‌مى یه‌ك ده‌گرت
به‌شمان ده‌كرد كۆست و كه‌سه‌ر
×××
ده‌بوو پێكه‌وه‌ برسی بین
نانێ با ده‌كرایه‌ دوو كه‌رت
خوان و خێزان كۆك و كۆ بوون
نه‌ك وه‌ك نووكه‌ په‌شێو و په‌رت
×××
ده‌ى با هه‌موو هیممه‌تێ كه‌ین
ئاشته‌وایی ئاشت كه‌ینه‌وه‌
به‌ پرووشه‌ به‌فرى ئه‌وین
كانیی ڕۆح بژیێنینه‌وه‌
×××
له‌ شین و شایى هاوده‌م و
له‌ كاردا ته‌با و ڕه‌با بین
بۆ به‌رى باخى ئارامى
نمه‌ى وه‌شت و شنه‌با بین
×××
كۆشى دایه‌ و لوتفى بابه‌
ببێته‌ ئۆخژن و نه‌وا
خوشك و برا، خزم و هاوسێ
بۆ ده‌ردى یه‌ك ببنه‌ ده‌وا.

زیاد ڕەشاد قادر
هەولێر