ژینا، مەرگێک بە ووزەیەکی گەورەوە.. ئەحمەد ڕەسوڵ

خۆپیشاندانەکان و دروشمبازیی کامپنشیینان

زۆرینەمان ئەو دەستەواژەیەمان بیستووە کە دەڵێت فەلسەفاندن واتا فێربوونی ئەوەی چۆن بژیین، بەڵام ڕێک لە پێچەوانەی ئەمەدا سیسرۆ یان سیسرۆن “فەیلەسوف و وتاربێژی گەورەی ڕۆمانیی ١٠٦ پ.ز. – ٤٣ پ.ز.” لەبارەی فەلسەفە و مەرگەوە دەستەواژەیەکی سەرنجڕاکێشی هەیە، دەڵێت: “فەلسەفاندن ئەوەیە فێر ببیت چۆن بمریت” هەرچەندە لە ڕواڵەتدا ئەم دوو دەستەواژەیە لەبارەی فەلسەفەوە پێچەوانەن بەڵکو لە ناواخندا هەمان شتمان پێذەڵێن. ئەگەر فەلسەفە ئەوە بێت فێرببین چۆن بژیین هەڵبەت ئەوەش فێر دەبین چۆن بمرین. سیسرۆن لە دەستەواژەیەکی سەرنجڕاکێشی دیکەیدا دەڵێت: “با مردن ژیانت بگۆڕێت” بە واتای ئەوەی کە مرۆڤ نەوەکو لە ژیاندابوونی گۆڕانکاری بسازێنێت ڕووداو دروستکەر بێت و کاریگەی بەسەر تاک و گروپە کۆمەڵایەتییەکانەوە و کۆمەڵگاوە بە گشتی دابنێت، بەڵکو مردنیشی گۆڕانکاری و ڕووداو بێت هەم بۆ خودی خۆی و هەم بۆ ئەوانیدیکەش. مەرگێک کە مێژوو دروستبکات یان وەرچەرخان دروست بکات لە نێو مێژوودا.

ئەوەی ئێمە بەرەوڕووی بووینەتەوە مەرگێکە بەبێ بیرلێکردنەوە و بەبێ فەلسەفاندن. هێزی ئەم مەرگە و ئەو ووزەیەی دەیخاتە نێو جڤات و مێژووەوە لە بەرائەت و پاکیییەکی بێئەندازە لەلایەکەوە و زوڵم و ناحەقییەکی بێئەندازە لەلایەکیترەوە سەرچاوە دەگرێت. ژینا ئەمینیی، مەرگی بوونێکی پڕ لە بەرائەت و مەرگێکی هێندە ستەمگەرانە و بە زوڵمێکی هێندە گەورەوە، لە مێژوودا دەنگدانەوە و تێپەڕینی بە نێو زەمەن و شوێندا ناکۆتا و ئەبەدییە.

خۆپیشاندانی ئازایانە و ئازادییخوازانەی خەڵکی کوردستان و تەواوی گەلانی ئێران دژ بە کۆماری کۆنەپەرستیی دژە مرۆڤ و دژە ئازادیی سێدارەی ئێران، سەرباری ڕەوایەتیی و حەققانییەتی بێئەملا و ئەولای، بۆ هەر ئینسانێکی داکۆکییکار لە ئازادیی و دادپەروەریی و وەکیەکیی مرۆڤەکان، پشتگیریی و هاوسۆزیی دەربڕین لە تەکییدا بێچەندوچوونە.

خەڵکی کوردستان و گەلانی دیکەی ئێران نە دەرگیرن بە شەڕێکی قەومیی و نە شەڕێکی مەزهەبیی. بەڵکو لە شەڕێکی ڕاستەوخۆدان دژ بە سەرانی بازرگانانی مەوادی موخەدیر و مەزهەب لە سەرەوەی هەڕەمی دەسەڵاتدارێتیی جمهوریی سێدارەی ئیسلامیی و دەستوپێوەندەکانیان. هاوبەشیی و هاوچارەنووسیی خەڵکی کوردستان و گەلانی ئێران وەکو ئاوی کانیاوەکانی کوێستانەکانی کوردستان ڕوون و وەکو خۆری نیوەڕۆ ڕۆشنە.
ئەوانەی دەیانەوێت ئاسۆی ئەم هاوبەشیی و هاوچارەنووسییە لێڵ و تاریک بکەن بە دروشمبازیی ناسیۆنالیستیی و شۆڤێنیی نەوەکو هاودەرد و هاوخەمی خەڵکی کوردستان نیین و بە بەرژەوەندیی ڕاستەقینەی خەڵک ناکۆکن، بەڵکو هێندەی کۆماری شەللاق و سێدارە دژ بە ئازادیی، ژیان و بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان و گەلانی دیکەی ئێرانن.
گرنگە خەڵکی هۆشیار و ئازای کوردستانی ئێران لەسەرووی هوتافاتی کۆنەپەرستانە و چەواشەکارانەی قەومیی شۆڤێنییانەی بەشێک لە تاقمە سیاسییە چەکدارە پڵاوخۆر و ویسکییخۆرەوە کامپنشینەکان جێگەبگرن. هەروەک گرنگە بە شیعاراتی سیاسیی ئەو حزب و گروپانەش فریو نەخۆن کە بەیاننامە و نەخشەڕێگای ڕاپەڕین و ۺۆڕش دەخەنە بەردەمی خەڵکی کوردستان و بە دەستەواژەگەلی لەبابەت “چینی کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستان” دەستپێدەکات.
هەموو ئەو کۆمەڵە و گروپە سیاسییە لە ڕواڵەتدا جیاوازانە، نەوەکو خۆشخەیاڵن بە دەستگرتن بەسەر “بە ئەگەرێک” شۆڕش و ڕاپەڕینی بەئاکام گەیشتووی خەڵکی کوردستان و جێگە و ڕێگە سازکردن بۆ خۆیان لەسەرەوەی کۆمەڵگا و مامەڵەکردنی خەڵک وەکو ڕەشەخەڵک، عەوام و ڕەعیەت و سەپاندنی ژێردەستەیی و ژیانێکی نە ئازاد و شکۆمەندانە و نە خۆشگوزەرانانەش بەسەریاندا و لە بەرامبەردا خۆیان ژیانێکی شاهانە و ئەریستۆکراتیک، بگرە هەر ئێستا لەم ڕۆژگاری کامپنشینییەیاندا سەرانی زل و سەرەوەی ئەو حزبانە لە ژیانێکی ئەریستۆکراتیی هەر لە خواردن، خواردنەوە و پۆشاکی گرانبەها و گەشتە ڤی ئای پییەکانیان بۆ ووڵاتانی خۆرئاوا و ماڵ و خانەوادەشیان هەمانشێوە بەڵام لە مامەڵەیەکی سەردار و کۆیلە ئاسادان لەگەڵ خودی ئەو چەکدارانەی کە پاسەوانیی دەکەن لە خۆیان و ژیانە خۆشگوزەرانەکەیان و کامپ و شۆڕشە کامپنشیینییەکەیان و ئەو پێشمەرگانەیان “بە قەولی خۆیان” لە بێپارەیی و بێئاسۆیی کۆمەڵایەتیی و بەڵکو لە برسێتییدا ڕاگرتووە تا ڕاددەی ئەوەی کە تەنها صەمونە ڕەقە و شۆربایەکی نیسکێنە لەگەڵ بڕێک پووڵ کە بەشی جگەرەکانیان دەکا و ناکا. ئەم پێکهاتە و مامەڵە ئەریستۆکراتیک و عەقڵییەتە شێخایەتیی و ئاغاواتییە وێنەیەکی ڕۆشن بە هەرکەسێک کە لانیکەمی ئاگایی و سەرنجدانی هەبێت لە شێوازی بەڕێوەبردن و دەسەڵاتدارێتییان پیشاندەدا ئەگەر لە ئاییندەدا شتێک لە دەسەڵات و هەژموونیان بەسەر خەڵکدا هەبێت.
هەروەها گرنگە خەڵکی ڕاپەڕیو و خۆپیشاندەر نەکەونە ژێر کاریگەریی گوتاری پفدراوی لەلایەک زوڕناژەنە ناسازەکانی کەناڵە نەوتییەکان و خزمەتکارەکانی دەسەڵاتدارێتییە خێڵەکیی، ئاغاواتییە تاڵانچییەکەی کوردایەتی لە هەرێمی کوردستان لە پەیوەند بە خۆپیشاندانەکانی خەڵکی کوردستانەوە کە ناسیۆنالیزمێک دەڕشێنەوە لە فاشیزمێکی ڕووت زێدەتر چیدیکە نییە، لەلایەکی دیکەشەوە، ئەمە سەرباری بووقی دڕاوی ئەو دەیان و بگرە سەدان بڕوانامەدارانەی خەڵکی کوردستانی عێراق و کوردستانی ئێران و نیشتەجێی وڵاتانی خۆراوا “ئەمریکا، کانەدا و ئەوروپا” و ئوستڕالیا کە لە مووچەی قەبەی بندیواریی دەسەڵاتدارێتییە کلیپتۆکراسییە ئۆلیگارشییەکەی کوردایەتیی مشەخۆرن و دەلەوەڕێن و لەبەرامبەردا سەرقاڵ بە حەقارەت و تەحقیریی ناسیۆنالیستیین.
خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییە فراوانەکانی خەڵکی کوردستانی ئێران جگە لە ڕەوایەتیی و بەرحەقبوونیان، لە ئەگەری بەئاکام گەیشتنیان گرنگە خەڵک فۆڕمێکی بەڕێوەبردنی کۆمەڵایەتیی لەبەرچاوبگرن کە لێوە بەرهەمهێنانی ستەم و بێمافیی و پلەبەندیی هاونیشتمانییان و مشەخۆربوون و بەئاغابوونی دەستە و تاقمێک یان چەند دەستە و تاقمێک بەسەر خەڵکەوە، ئەگەرێکی هەرە لاواز بێت، هەروەها بونیادنانی باشترین پەیوەندی لەسەر هەموو ئاستەکان لەگەڵ تەواوی گەلانی دیکەی ئێران.
نە حزب و گروپە کامپنشیینەکان و نە کەڕەنا دەنگ نەشازە خزمەتکارەکانی دەسەڵاتدارێتییە ئاغاواتییەکەی هەرێم و نە بڕوانامەدارەکانی نیشتەجێی ئەوروپا و ئەمریکا بۆیان نییە ڕێگە چارە و نەخشە و پلان بخەنە بەردەمی ئێوە و فۆڕمی ئایندەی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگاتان بۆ بخەنە ڕوو، هەڵبەت منیش وەکو نووسەری ئەم نووسینە نە ڕێگە بە خۆم ئەدەم و نە ئەو مافەشم هەیە بەدیل و پلاتفۆڕمی سیاسیی و ئیداریی بۆ بەڕێوەبردن بخەمە بەردەمتان.
ئەوە ئێوەن خۆتان لە ڕووبەڕووبوونەوەدان لەگەڵ ئاگر و ئاسنی سوپای کۆماری ئیسلامیی و ئەوە ئێوەن بە خوێنی خۆتان و قوربانییدانی خۆتان ئەگەرێک بۆ باشترکردنی ژیانتان دەسازێنن. ئەوە ئێوە خۆتانن لەگەڵ ووردەکارییەکانی ژیانی پڕ لە قەساوەت و هەژارانەی خۆتان دەرگیرن. ئەوە ئێوەن لەگەڵ ستەم و نادادیی و ڕەشەکوژیی دەسەڵاتداران بەرەوڕوون.
لەبەر هەموو ئەوانە، هەر ئێوەش بۆتان هەیە بیربکەنەوە و گفتوگۆ بکەن و شێوازێک لە بەڕێوەبردنی جڤاتتیانە بۆ ئاییندەی خۆتان و منداڵەکانتان هەڵبژێرن کە ئەگەری لێوە فەرامەهەمبوونی ژیانێکی باشتر، شارستانییتر و دادپەروانەتر ئەگەرێکی بەهێز بێت.
هەموو خۆپیشاندانە جەماوەرییە فراوانەکان لە هەموو شار و ووڵاتێک لە دنیادا دژ بە هەر دەسەڵاتدارێک و هەر دەسەڵاتدارێتییەک کە بەبێچەندوچوون ڕەوا و حەقخوازانەن لەسەر بنەمای ئەو ئارگیومێنتەی هەر دەسەڵاتدارێک و هەر دەسەڵاتدارێتییەک بەرمەبنای کاتیگۆرییە کۆمەڵایەتیی و دابەشبوونە چینایەتیی و بونیادە خۆسەپێنیی و هەژموونگەرەکەی دەکەونە خانەی دژەحق و خەڵکیش جا کۆی گروپ و توێژە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگا بن پێکەوە یان توێژێک و چێنێک وە یان چەند چین و توێژێکی کۆمەڵایەتیی پێکەوە لە ناڕەزایەتیی و خۆپیشاندانیاندا لە بەرامبەر هەر دەسەڵاتدارێک و دەسەڵاتدارێتییەکدا لە خانەی حەقخوازانن، کۆمەڵێک ئەگەر و شەیمانە بەڕوویاندا کراوەیە، هەروەک چۆن لە بەرئەنجامی پێکدادان و ململانێی هێزەکان و سەنگی هێزەکان و ئەگەرەکان، هەمیشە ئەگەرێکیان ڕوودەدات و ئەو ڕووداو و گۆڕانکارییانەی کە دواتر دین بەو ئاڕاستەیەدا دەڕۆن کە ئەگەرەکە هەڵگریێتیی. خۆپیشاندانەکانی شارەکانی کوردستانی ئێرانیش، بە ئەگەرێکی دیکە ئەگەر لە هەمان دۆخی ئێستای خەڵکدا کۆتاییان بێت، هێشتا سەرکەوتنێکی گەورە و قۆناغێکی نوێ دەبێت لە پەیوەندی نێوان خەڵک و دەسەڵاتداران و دەسەڵاتدارێتییەکەیاندا. سەرکەوتن لە پاشەکشەپێکردنی دەسەڵاتدارێتیی و دەسەڵاتداران لە هێرشە بەردەوامەکانیان بۆ سەر ئازادیی، ژیان و گوزەرانی خەڵک ئەگەر بۆ ماوەیەکی کاتییش بێت، ئەمە سەرباری پیشاندانی خواستە کۆمەڵایەتتیە فراوانەکەی خەڵکی کوردستان بۆ ئازادیی و ژیانێکی شکۆمەندانە و بەرجەستەبوونی ئیرادە و هێزی دەستەجەمعیی خەڵک.

ئەحمەد ڕەسوڵ




ئایا شۆڕشێک لە ئارادایە؟.. وەرگێڕانی بۆ کوردی:کاوە عومەر

لەسەر بنەمای چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کەناڵەجەدید ئامادەکراوە
دیمانەی خەلیل کەیوان لەگەڵ حەمید تەقوایی

خەلیل کەیوان
: لەگەڵ فراوان بوونەوەی ناڕەزایەتییەکان لە دوای کوشتنی مەهسا ئەمینی، کۆمەڵێک رسیاری گرنگ هاتوونەتە ئاراوە. لەوانەش ئایا شۆڕش لە ئێران دەستی پێکردووە؟ ئایا دەکرێت بە فراوانبوون و بەردەوامبوونی ئالۆزی شەقامەکان حکومەت ڕووخێنرێت؟ چی بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م ناڕه‌زایه‌تیانه‌ وه‌ك ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی ١٣٩٦ و ١٣٩٨ سه‌ركوت نه‌كرێن؟ مانگرتنی گشتی بۆ ڕووخاندنی كۆماری ئیسلامی گرینگی و پێگەی چییە؟ ڕۆڵ و كاریگه‌ری لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌ پێشهاته‌كانی ئێستادا چییه‌؟ ئەم پرسیارانە و چەند پرسیارێکی تر لە بەرنامەی ئەمڕۆدا لەگەڵ حامید تەقواییدا تاوتوێ دەکەین.
کۆماری ئیسلامی چەندین تاوانی ئەنجام داوە. کوشتنی مەهسا یەکێکە لەوانە. هەروەها کۆمەڵگاکە ناڕەزایی لەبەرانبەر بە تاوانەکانی دیکەشدا دەربڕیبوو. بەڵام ناڕەزایەتییەکانی ئێستا لە هەموو ڕوویەکەوە جیاوازن. ئێستا ئێمە شاهیدی ناڕەزایەتین لە هەموو لایەکەوە کە فراوانتر و توندوتیژترە. خەڵک یەکگرتوو بوون. یەکگرتنێکی ناوازە دروست بووە. ئایا شۆڕشێک ڕوودەدات؟ هەڵسەنگاندنی ئێوە بۆ ئەم دۆخە چییە؟

حەمید تەقوایی: ئەم تایبەتمەندیانە کە باستان کرد، دۆخی ئێستا و ڕاپەڕینی ئێستا جیاوازتر دەکەن لە ئەزموونەکانی ڕابردووی وەک ڕاپەڕینی ١٣٩٦ و ١٣٩٨. لێرەدا تەنیا چەند خاڵێک دەخەمەڕوو. یەکەم: ئەمجارەیان ناڕەزایەتی شارەکان لە دەوری تاوانێکی ئاشکرا و قێزەون و شۆککەری حکومەت ڕوودەدات. کوشتنی ژنێکی گەنج تەنها لەبەر “حیجابی خراپ”! ئێمە دەزانین کە پرسی حیجاب لە مێژە ململانێی نێوان کۆمەڵگا و حکومەت بووە. حیجاب ته‌نیا وه‌ك جۆرێك له‌ جلوبه‌رگ نییه‌، به‌ڵكو وه‌ك چه‌كێكه‌ كه‌ حكوومه‌ت له‌ڕێگه‌یەوە كۆنترۆڵی كۆمه‌ڵگا ده‌كات و قامچی لێده‌دات، له‌لایه‌ن جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك ناڕه‌زایه‌تی ده‌بێته‌وه‌. تەنانەت حیجاب لە زوڵم و چەوساندنەوە لە ژنان و بێبەشکردنی ئاشکرای ژنان لە مافەکانیان تێدەپەڕێت. حیجاب بۆتە ئاڵا و هێمای حکومەتێکی سەرکوتکەر دژی هەموو کۆمەڵگا. دەسەڵاتداران ماوەیەک لەمەوبەر خۆیان وتوویانە کە حیجاب سەنگەری یەکەمە، ئەگەر خەڵک ئەمە بگرێت سیستەمەکەمان دەڕوات. ئەوان ڕاست دەکەن و خەڵک ئەمەیان ناسیوە و لە ڕاستیدا خەریکی داگیرکردنی ئەم سەنگەرەن. ئەمە تایبەتمەندییەکی ئەم قۆناغەیە.
یەکێکی دیکە لە تایبەتمەندییەکان ئەوەیە کە حکوومەت تاوانی گرتن و کوشتنی مەهسای لە دۆخێکدا ئەنجامدا کە لە هەرلەوکاتەدا کۆمەڵگاکە لە تەقینەوەدا بوو. ماوەیەکی زۆرە خەڵک توانای بەرگەگرتنی ئەم دۆخەیان نەماوە و عەزمیان جەزمکردوە بۆ تەواوکردنی کارەکە. لە ناو ئەم دۆخەدا کە مەسەلەی کوشتنی مەهسا ڕوویدا، وەک پریشکێک تووڕەیی خەڵکی هەڵگیرساند. بەم مانایە ئەو هەلومەرجانەی کە هەبوون بە تەواوی ئامادە بوون بۆ ئەوەی سەرهەڵدانێکی لەو شێوەیە ڕووبدات.
لە کۆتاییدا دەبێ ئاماژە بەوە بکەم کە ناڕەزایی دژی حیجاب و زوڵم لە ژنان بابەتێکی گشتیی هەموو چین و توێژەکانە. قوتابیان، خانمانی ماڵەوە، فەرمانبەران، کرێکاران و چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگا لە ڕاستیدا حیجابیان ناوێت و ئەمەش بۆتە پرسێکی یەکخستنەوە و سەرتاسەری. وەک نموونەیەک دەتوانم ئاماژە بە مانگرتنی گشتی لە کوردستان بە ڕاپەڕینی شارەکان بکەم. ئێمە لە ساڵانی ڕابردوودا لە کوردستان مانگرتنمان هەبووە و بەزۆری لەسەر بابەتگەلێک بووە کە بە شێوەیەکی سەرەکی تەنیا لە کوردستاندا قەتیس بووە. لەلایەکی دیکەوە ڕاپەڕینی گشتیشمان هەبووە کە هاوکات نەبووە لەگەڵ مانگرتنەکانی کوردستان و تەنانەت ناڕەزایەتی زۆریش لە شارەکانی کوردستان هاوکاتیان نەبووە.بەڵام ئەمجارەیان بابەتەکە تەواو جیاوازە. لە وەڵامی کوشتنی مەهسادا، شارەکانی کوردستان ڕادەپەڕن، شارەکانی ئێران ڕادەپەڕن، خۆپیشاندان دروست دەبێت و لە ناخی ئەودا بە یەک داواکاری و بە یەک ئاڵا مانگرتنی گشتی لە کوردستان دەست پێدەکات. وە ئەمەش هێزێکی گرنگی سەرهەڵدانی ئێستا و زۆر مژدەبەخشە.
هەموو ئەم هۆکارانە دەستیان بەیەکەوە گرتووە و کارەکتەری تایبەتیان بە سەرهەڵدانی ئێستا بەخشیوە. ئەو ڕاپەڕینە کە دەتوانرێت هیوای بۆ بخوازرێت و ئەم دیدەشمان بۆ دەخرێتەڕوو کە دەبێتە هۆی شۆڕشێکی داتەپێنەر و بەیەکەوە گرێدراو و ژێرەوژوورکەر. بە بڕوای من ئەم مەرجانە مژدەی شۆڕشێکی گەورە دەدەن.

خەلیل کەیوان: یەکێک لە نیگەرانییەکان ئەگەری سەرکوتکردنی ئەم ناڕەزایەتیانەیە. کۆماری ئیسلامی چەندین جار ناڕەزایەتییەکانی شەقامی کۆنترۆڵ کردوە. گەرەنتی چییە کە سیناریۆکانی پێشووی وەک ٧٨ و ٨٨ و ٩٦ و ٩٨ دووبارە نەبنەوە؟

حەمید تەقوایی: ئەوەی کە ئەم ڕاپەڕینە جەماوەریانە ساڵێک یان دوو ساڵ جارێک دووبارە دەبنەوە و حکومەت سەرەڕای سەرکوتکردنی نەیتوانیوە کۆمەڵگا ئارام بکاتەوە، ئەوە نیشان دەدات کە سەرکوتکردن کاریگەری نەماوە. لە پێشهاتە سیاسییەکاندا کەس ناتوانێت بە وردی پێشبینی ڕەوتی دۆخەکە بکات یان گەرەنتی ئەوە بکات کە پێشهاتەکان بەرەو چی دەبەن، بەڵام هەموو شتێک ئاماژەیە بۆ دروستبوونی شۆڕشێکی گەورە. کۆمەڵگا دەمێکە هاوار دەکات کە ئەم حکومەتەی ناوێت و لە چوار ساڵی ڕابردوودا چەندین جار بە دروشمی مەرگ بۆ دیکتاتۆر ڕژاوەتە سەر شەقامەکان. تەنانەت ئەمڕۆش بمرێ دیکتاتۆر و و کۆماری ئیسلامیمان ناوێت دروشمێکی سەرتاسەریە و ماوەی چوار ڕۆژە لە تاران، شیراز، ئەسفەهان، سنە، ڕەشت، کرماشان و دەیان شاری دیکەی ئێران دەوترێتەوە. نەک هەر ئەم جۆرە دروشمە توندانە دژ بە تەواوی حکومەت، بەڵکو پێکدادان لەگەڵ هێزەکانی پۆلیس و تێکشکانی ئۆتۆمبیلەکانیان، لابردنی حیجاب و سووتاندنی حیجابیش بۆتە بزووتنەوەیەکی گشتی و سەرتاسەری. کۆمەڵگا چیتر بەرگەی ئەم بارودۆخانە ناگرێت. تەنانەت لەو قۆناغانەشدا کە حکومەت توانی خۆپێشاندانەکانی شەقام بە شێوەیەکی کاتی کۆبکاتەوە، کۆمەڵگا ئارام نییە و هەموو جۆرە ناڕەزایەتی و مانگرتن و گردبوونەوە و خۆپیشاندانێک لەناو کۆمەڵگادا دەگوزەرێت. ئەمڕۆ ئەم بزووتنەوەیە بە شێوەیەکی یەکگرتوو و بەرفراوانتر و هێرش بەرانەتر لە جاران ڕوودەدات.
خاڵێکی تر ئەوەیە کە لەم دۆخەی ئێستادا تەقەکردن لە خەڵک باجێکی زۆرە گەورەی بۆ حکومەت دەبێت. بێگومان ئەم تاوانبارانە هەموو شتێکیان لەدەست دێ. بەوتەی ڕابەرە تاوانبارەکەیان دەتوانن ڕۆژێک بڕیار بدەن تەقە لە خەڵک بکەن، بەڵام پێموایە بەم شێوەیە حکومەتەکەیان هەنگاوێک لە ڕووخاندن نزیک دەکەنەوە. لە لایەکەوە خەڵک لە ڕاپەڕینەکانی پێشوو ئەزموونی پەیدا کردووە و لە لایەکی دیکەشەوە ڕیزەکانی حکومەت لە جاران شێواوترە. لەسەر بنەمای ئەو جۆرە مەرجانەیە کە چەندین کەسایەتی ناسراو و ناودار و وەرزشوان و هونەرمەند و گۆرانیبێژ لە وڵات و دەرەوەی وڵات لەگەڵ خەڵک و دژی حکومەت چالاک بوون. زۆرێک لە کەسایەتی و هونەرمەندان و کەسایەتییە نێونەتەوەییەکان لە ئینستاگرام و سۆشیال میدیا، تەنانەت حکومەت و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک لێبوردنی نێودەوڵەتی و کۆمیسیۆنی باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆماری ئیسلامییان بە کوشتنی مەهسا شەرمەزار کردووە و پشتیوانیان ناڕەزایەتییەکانی خەڵکیش کردووە
لە وەها دۆخێکدا پێم وایە تەقەکردن لە خەڵک زۆر گران دەبێت بۆ حکومەت. ئەگەری ئەوە هەیە ئەمجارەیان تەقەکردن لە خۆپیشاندانەکان ئەم ناڕەزایەتیانە ڕانەگرێت. وەڵامێکی کاریگەرانەی خەڵک دەتوانێ بڵاوکردنەوەی خۆپێشاندانەکانی خۆجێی بۆ گەڕەکەکان و بڵاوەپێکردنی هێزە سەرکوتگەرەکان بێت و لەوەش گرنگتر دەست بە مانگرتنی گشتی بکات. بەڕای من کۆمەڵگا بڕیاری ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی داوە لە ئاستێکی زۆر فراوانتر و یەکگرتووتر لە جاران و ئەم بزووتنەوەیە بە شێوەی جۆراوجۆر بەردەوام دەبێت.

خەلیل کەیوان: لە وتووێژەکانی پێشوو و لەو وتارانەی کە بڵاوتان کردۆتەوە چەندین جار باسی گرنگی مانگرتن لە ڕووبەڕووبوونەوەی کۆماری ئیسلامی کردووە. ڕۆڵی مانگرتن چییە، لە مانگرتنی کرێکاری لە کارگە و بوارە جیاجیاکانەوە تا دەگاتە مانگرتنی سەراسەری و گشتی لەم دۆخەی ئێستادا؟

حەمید تەقوایی: پێموایە مانگرتن ڕۆڵێکی زۆر چارەنووسساز دەگێڕێت. هیچ شۆڕشێک لە جیهاندا بەبێ مانگرتن نەیدەتوانی بەدی بەئەنجام بگات. نەک هەر لە شۆڕشەکاندا، بەڵکو لە هەلومەرجی ئاساییشدا، مانگرتنی چەکێک و ئامرازێکی کاریگەرە بۆ مومارەسەکردنی ئیرادەی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش بۆ بەدیهێنانی داخوازییە ڕەواکانیان. بەبێ گوێدانە ئەوەی کە خۆپیشاندانی سەر شەقام هەیە یان نا، بەبێ گوێدانە ئەوەی کە کۆمەڵگا لە شۆڕشدایە یان نا، مانگرتن دەتوانێت ئابووری لەکاربخات و بەم مانایە حکومەتەکان ئیفلیج بکات. دیارە لەم دۆخەی ئێستای ئێراندا ئەگەر کرێکارانی نەوت و پترۆشیمی مانگرتن بکەن پشتی حکوومەت دەشکێت. ئەگەر کرێکارانی کەرتی خزمەتگوزاری وەک هێڵی ئاسن و شۆفێری بارهەڵگر و کارمەندانی پاس و میترۆ و کرێکارانی شارەوانی مانگرتن بکەن بەهۆی ئەو پەیوەندییە نزیکەی کە لەگەڵ ژیانی کۆمەڵایەتی ڕۆژانەدا هەیانە، حکومەت ئیفلیج دەبێت. زەحمەت نییە بە خەیاڵدا بێت کە دوای دوو هەفتە لە مانگرتنی، کرێکارانی هێڵی ئاسن و بارهەڵگران ڕژیم، بەچۆکدا بێت. من دەمەوێت بڵێم مانگرتن هاوشان لەگەڵ خۆپیشاندانە جەماوەرییەکاندا دەسەڵاتێک دەداتە خەڵک، کە دەتوانێت ببێتە هۆی ڕووخانی حکومەت.
لە چوارچێوەی هەلومەرجی شۆڕشگێڕانەی وەک ئەمڕۆدا، مانگرتن دەتوانێت سیمایەکی گشتی و سەرتاسەری وەربگرێت. واتە نەك تەنیا مانگرتنی كرێكاران لە سێكتەرە جیاجیاكاندا، كە دەكرێت تەنانەت لەمڕۆشدا چارەنووسساز بێت، بەڵكو دەكرێت مانگرتنی سەرجەم فەرمانبەران، مانگرتنی خوێندكاران، مامۆستایان، مانگرتنی دوكانداران و تەنانەت فەرمانبەرانی حكوومیش لەم هەلومەرجانەدا پێكبهێنرێت.
مەرجێک بۆ ئەوەی مانگرتنی گشتی ئەنجام بدرێت ئەوەیە کە یەک داواکاری هەبێت؛ خواستێک کە بە ڕادەی پێویست کۆمەڵگای توڕە کردبێت، سەرتاسەری بێت، دەتوانێت جەماوەری خەڵک بهێنێتە سەر شەقامەکان و ئەمڕۆش ئەم خواستە بوونی هەیە. خەڵک بە کۆی دەنگ ڕایانگەیاندووە کە حیجابیان ناوێت، دەڵێن ئەبێت دەورییەکانی ڕێنمایی کردن هەڵبوەشێنەوە، دژی هێزەکانی پۆلیس هاتوونەتە گۆڕەپانەکە. پێم وایە داواکاری ڕوون بۆ هەڵوەشاندنەوەی حیجابی ئیجباری و هەڵوەشاندنەوەی هێزە سەرکوتکەرەکان دوو داواکاری سەرەکین. هەردوو ئەم داواكاریانە بە مانای ڕووخاندنی تەواوی حكومەتە، بەڵام بە شێوەیەكی سروشتی ئەو كەسەی مانگرتن دەكات، ناتوانێت ڕایبگەیەنێت كە بە ئامانجی ڕووخاندن مانگرتن دەكات. ڕووخاندنەکە بە ڕاپەڕین و خۆپێشاندان و زنجیرەیەک مانگرتن و ناڕەزایەتی و خرۆشان بەدی بهێنرێت. مانگرتن لە دەوری داخوازییەکی دیاریکراو پێک دێت و ئەمڕۆش ئەم داخوازییە تایبەتە ئازادیی ژنانە؛ ئەمڕۆ ئەم داوا تایبەتە بریتییە لە هەڵوەشاندنەوەی حیجابی ئیجباری و شکاندنی ئاپارتایدی سێکس و کۆکردنەوەی دەوریەی ڕێنمایی و هەموو دەوریەیەک بۆ ڕێگریکردن لە خراپەکاران و چەقۆکێشەکانی حکومەت لە شەقامەکان. خەڵک ئەمەیان دەوێت. هەڵوەشاندنەوەی هێزە سەرکوتکەرەکان و هەڵوەشاندنەوەی حیجاب، ئەم دوو داواکارییە سەرەکیە، بە بڕوای من، دەتوانن ئەمڕۆ مانگرتنی گشتی پێکبهێنن، و هیوادارم، و حیزبەکەمان هەموو دەسەڵاتی خۆی بەکاربهێنێت، کە کۆمەڵگا بەو ئاراستەیەدا هەنگاو بنێت . ئێمە ئەم ئەزموونەمان لە کوردستاندا هەبووە و تەواو ئەگەری ئەوە هەیە کە ئێمە شاهیدی پێکهاتنی مانگرتنی سەرتاسەری لە هەموو ئێراندا بین.

خەلیل کەیوان: مەبەستت ئەوەیە کە مانگرتنی گشتی لە سەرانسەری ئێراندا لەم بارودۆخەی ئێستادا ئەگەری هەیە و توانادا؟

حەمید تەقوایی: پێموایە ئەمە بە تەواوی مومکینە. بێگومان مەبەستم ئەوە نییە کە بەیانییەک لەپڕ لە خەو هەڵدەستیت و دەبینیت هەموو کۆمەڵگا مانیان گرتووە. بێگومان ئەمە پرۆسەیەکە هەنگاو بە هەنگاو بەڕێوەدەچێت. بە بڕوای من ئەم پرۆسەیە دەتوانێت بە مانگرتنی خوێندکاران و مامۆستایان لە هەلومەرجی ئەمڕۆدا دەست پێبکات، دوو ڕۆژی تر قوتابخانەکان دەکرێنەوە و ئەگەری ئەوە هەیە کە مامۆستایان بە مانگرتن و گردبوونەوە جارێکی دیکە بێنە مەیدانەکە. ئەمەش دەبێتە فاکتەری فراوانکردن و بەهێزکردنی خۆپیشاندانەکان. لە هیچ بارودۆخێكدا و لە هیچ كاتێكدا مانگرتوو ناچێتەوە ماڵەوە، بەڵام بەتایبەتی لە هەلومەرجی شۆڕشگێڕانەدا كە خۆپیشاندان لە شەقامەكاندا بەڕێوەدەچێت، مانگرتن بە واتای ئامادەكردنی جەماوەرێكی زۆر گەورەترە بۆ ئەوەی لەسەر شەقامەكان بن. بەم مانایە دەمەوێت بڵێم مانگرتنی خوێندکاران واتە داخستنی پۆلەکان و نەچوونە بۆ پۆلەکان و لە هەمان کاتدا گردبوونەوەی خوێندکارانی مانگرتوو لە خۆپیشاندان و لە حەوشەی زانکۆ و لە شەقامەکاندا. مانگرتنی مامۆستایانیش هەر بەو شێوەیە دەبێت و مانگرتنی كرێكاران وەكو مانگرتن دەبێت. بەڕای من قوتابیان و مامۆستایان یەکێکن لەو کەرتانەی کە ئەمڕۆ ئامادەی مانگرتنە، سروشتییە کە ئەم شەپۆلە دەست پێدەکات کەرتە جیاوازەکانی چینی کرێکاریش دێنە مەیدان. وەک وتم ئاڵای ئازادی ژنان لە حیجابی ئیجباری و هەڵوەشاندنەوەی هێزە ستەمکارەکان (گەشتی ئیرشاد و بەکرێگیراوانی تر) دوو داواکاری گشتین کە سیمایەکی یەکخستنەوەیان هەیە و خەڵک بەیەکەوە دەبەستنەوە و دەتوانن مانگرتنی گشتی پێکبهێنن.
هەر لەبەر ئەم هۆکارانە من لەو ڕوانگەیەوە دەیبینم کە کۆمەڵگا بەرەو پێکهێنانی مانگرتنەکان دەڕوات و تەنانەت ئەگەر سەرەتا لە بەشەکاندا بەشێوەی سنووردار دەست پێبکات، خێرا بڵاو دەبێتەوە و مانگرتنی گشتی دەبین.

خەلیل کەیوان: با باسی پێگەی ڕابەرایەتی بکەین لە ناڕەزایەتی و شۆڕشەکاندا. تا ئێستا خرۆشان و خۆپیشاندانی شارەکان بەبێ بانگهێشتکردنی حیزب دروست بووە. ئایا ئەم پرۆسەیە دەتوانێت بەبێ بەشداری حیزبەکان ببێتە شۆڕشێکی سەرکەوتوو؟ پێگەی ڕابەراایەتی لەم ناڕەزایەتیانەدا چییە؟

حەمید تەقوایی: شۆڕشەکان بەبێ بانگەوازێکی تاک و حیزبی ڕوودەدەن. شۆڕش شەڕێک نییە کە بە پلانێکی پێشوەختە دیاریکراو و بە فەرمانی ستافی فەرماندەیی دەست پێبکات. شۆڕش لە بنەوە دەکوڵێت، جەماوەری خەڵک دێنە سەر شەقامەکان و دژی حکومەت دەوەستنەوە بەبێ ئەوەی سەرەتا سەرکردەیەکی دیاریکراویان هەبێت. نزیکەی هەموو شۆڕشەکان حیزبییەکانیان تووشی سەرسوڕمان کردووە.
ئێمە لە ئێران چەندین جار ئەمەمان بەسەر هاتووە. شۆڕشی ١٣٥٧ و راپه‌ڕینه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كانی ١٣٨٨ و ١٣٩٦ و ١٣٩٩ پێشبینیكراو نه‌بوون و ئه‌مڕۆش هه‌مان شت شاهیدی ده‌بین. لە ئەنجامدا بەدیهاتنی ڕاپەڕینە شۆڕشگێڕەکان بەو مانایە نییە کە شۆڕش بەم شێوەیە تا سەرکەوتن بەردەوام بێت. سەرکەوتنی شۆڕش پەیوەستە بەبەشداری و چالاکی حیزبە شۆڕشگێڕەکانەوە. ئەو هێزانەی ئاڵای شۆڕش بەرز دەکەنەوە و نوێنەرایەتی دەکەن و ڕێکدەخەن و سەرکردایەتی دەکەن. خۆپێشاندانەکان بەبێ بانگەواز بەڕێوەدەچن، بەڵام مانگرتنەکان، بەتایبەت مانگرتنی گشتی و ڕاپەڕینی چەکداری کە گورزی کۆتایی دەگەیەنن، بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی ڕوونادەن. ئەبێت حیزبەکان لە مەیداندا بن و بانگەواز بکەن و ئەمە ڕێکبخەن. شۆڕش بەبێ گوێدانە پرسی مانگرتنی گشتی، بۆ سەرکەوتنی پێویستی بە سەرکردایەتی هەیە. ئەم سەرکردایەتییە دەتوانێت حیزب بێت، دەتوانێت دامەزراوە و ڕێکخراوی جۆراوجۆر بێت، تەنانەت دەتوانێت کەسێکیش بێت. حیزبەکەمان هەوڵ دەدات ئەم ڕۆڵە ببینێت. ئێمە بە هەموو هێز و تواناکانمانەوە هەوڵ دەدەین وەک نوێنەر و ڕێکخەر و هێمای ناڕەزایەتی خەڵک لە گۆڕەپانەکەدا بین و شۆڕش بەرەو سەرکەوتن ببەین.

خەلیل کەیوان: با زیاتر باسی شۆڕش بکەین. شۆڕش پێویستی بە یەک ئاسۆ و یەک ئامانج و یەک داواکاری و یەک دروشمە. ئایا دەکرێت کۆمەڵگا لەسەر پرسی ژن و حیجاب دەست بە شۆڕش بکات؟

حەمید تەقوایی: شۆڕشەکان بە پرسی تایبەتەکان دەست پێدەکات. شۆڕشی تونس دوایین نموونه‌یه‌، كه‌ به‌ خۆسووتاندنی ناڕه‌زایه‌تیانه‌ی دەستفرۆشێک به‌ناوی بوعه‌زیزی ئاگری گرته‌وه‌ و دواجار توانی حکومه‌تی بن عه‌لی بڕوخێنێت. بەگشتی شۆڕشەکان بەم ڕووداوانە دەست پێدەکات کە بەڕواڵەت بچووکن بەڵام زۆر شۆککەرن.
تەنانەت ئەمڕۆش لە ئێران ئەم ڕۆڵە بە کوشتنی شۆککەری مەهسا لەلایەن چەقۆکێشەکانی حکومەتەوە دەبینرێت. بەڵام دیارە ئەو کەسانەی بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەم پرسە هاتنە سەر شەقامەکان تەنها لەبەر ئەم تاوانە نین. ناڕەزایی بەربڵاوە. پرس و کێشەکان لە گرانی و هەڵاوسانەوە، هەژاری، بێکاری، تا بێبەشکردنی ئەوپەڕی مافی ژنان، تا دەگاتە سەرکوت و لە سێدارەدان، گرتنی بەربڵاوی چالاکوانان و هتد و هتد، لە کۆمەڵگادا بەربڵاون و بزووتنەوەی بەرفراوانیان پێکهێناوە. تا ئەمڕۆ هەموو ئەم ئازار و بزووتنەوەیە ناڕەزاییانە لە دەوری یەک پرس چڕبوونەتەوە و ئەویش بێ مافی ژنان و زوڵم و ستەمی بەرگەنەگیراوە لە ژنان و دەبێت بگوترێ، تاوانەکانی حکومەت دژ بە ژنان. تەنانەت ئەمڕۆش خەڵک دروشمی “لە کوردستانەوە بۆ تاران، زوڵم لە ژنان” دەڵێنەوە. بەم شێوەیە خەڵک یەکڕیزی خۆیان و ناوەڕۆکی ناڕەزایەتیەکانیان نیشان دەدەن. بەڵام ئەوانەی ئەم دروشمە دەڵێنەوە لە هەمان کاتدا هاواری مەرگ بۆ دیکتاتۆر دەکەن، هاوار دەکەن کە ئێمە کۆماری ئیسلامیمان ناوێت.
بەم مانایە زوڵمێکی دیاریکراو و تاوانێکی دیاریکراو و ئارەزوویەکی دیاریکراو ئاگرێکی هەڵداوە کە ماوەیەکی زۆرە لە ژێر خۆڵەمێشدا بوونی هەیە. ئەمڕۆ ئەم ئاگرە تەشەنەی کردووە و هەمووان بڵێسەکانی دەبینن. ئەم ئاگرە توڕەیی و ڕق و کینەی جەماوەری خەڵکە بەرامبەر بە حکومەتی ئیسلامی. ئەمڕۆ لە دەیان شاردا شاهیدی خۆپیشاندانی داتەپینەرین. ئەم خۆپێشاندانانە لە پەرەسەندندان و لەگەڵ هێرشی خەڵک بۆ سەر هێز و بەکرێگیراوە سەرکوتکەرەکانی حکوومەت، رۆژ بە رۆژ هێرش بەرانەترو داتەپێنەرتر دەبن. رۆژانە شاری زیاتر ڕادەپەڕێت، زانکۆی زیاتر دەچنە پاڵ ئەم بزووتنەوەیە و خەڵکێکی زیاتر دێنە گۆڕەپانەکە. تەنانەت ئێمە شاهیدی ئەوە دەبین کە لە ئاستی جیهانیدا هێز و دامەزراوە و کەسایەتی پێشکەوتنخواز و ئازادیخواز و تەنانەت هەندێک لە حکومەتەکان ئیدانەی کوشتنی مەهسا دەکەن.
بەم شێوەیە لە وەڵامی کوشتنی مەهسادا بزووتنەوەیەکی زەبەلاح دروست بووە و لە پێشڕەویدایە. ئێمە هەمیشە جەختمان لەوە کردووەتەوە کە شۆڕش لە ئێران ژنانە دەبێت، واتە بێ مافی ژنان، زوڵم و اتەم و هەڵاواردنی لە سەدا پەنجای کۆمەڵگا، هەروەها ڕۆڵی بەرچاوی ژنان لە ناڕەزایەتییەکاندا، مێینەیەک بە شۆڕشی ئێران دەبەخشێت کاراکتەری. شۆڕشی ئێران دژی تەواوی سیستمی هەنووکەییە، دژی هەژاری و دزی و گەندەڵی و مافی فەلەکی و نەهامەتی گشتییە، دژی ئیستغلالکردنە و دژی هەموو هەڵاواردنێکی چینایەتییە، بەڵام ژنانەیە، واتە پرسی بێمافی ژنان و ژنان هێزی ژنان ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە شۆڕشدا.
چەند ساڵێک لەمەوبەر، یاداشتێکم بە ناونیشانی “کۆماری ئیسلامی بە حیجابەوە هات، بێ حیجاب دەڕوات”م بڵاوکردەوە. وا دیارە ئەم پێشبینییە خەریکە دێتە دی. ژنان حیجابەکانیان دادەکەنن و وەک ئاڵای ناڕەزایەتی بە دەوری سەریاندا دەجووڵێنن و فڕێی دەدەنە ناو ئاگرەکەوە. سوتاندنی لەچکەکان ناڕەزایییەکی ڕەمزییە لە دژی تەواوی حکومەت. بە واتایەکی تر، هەرچەندە توڕەیی و ناڕازیبوونی خەڵک قووڵترە لە تەنها زوڵمکردن لە ژنان، بەرگریکردن لە مافی ژنان، بەرگریکردن لە “ژن، ژیان، ئازادی” کە خەڵک لە خۆپیشاندانەکانیاندا هاوار دەکەن، تابوەتە ئاڵای یەکڕیزی و ناڕەزایی جەماوەریی… خەڵک دژی تەواوی حکومەت..

خەلیل کەیوان: حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێران و تۆش وەک لیدەری حیزب، لەم دۆخەدا چ ڕێنمایی و چارەسەرێکتان هەیە؟ بانگەوازی تۆ چییە؟

حەمید تەقوایی: بانگەوازەکەم پێش هەموو شتێک ئاراستەی چالاکوانانە. بانگەوازی من بۆ دامودەزگاکان، کۆمیتەکان، کەسایەتییەکانی ناو بزوتنەوەی کرێکاری، لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی ژنان، لە بزووتنەوەی ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی، لە بزووتنەوەی دژ بە سزای ئێعدام، لە بزووتنەوەی خوێندکاری، لە بزووتنەوەی بەرگری لە مافەکانی منداڵان ، و لە هەموو بزووتنەوەکاندا ئەوەیە کە پێکەوە ئەوان کۆببنەوە و پێکەوە بێنە مەیدان. پێویستە ئێمەی هەڵسوڕاوان بتوانین بەرەیەکی یەکگرتوو بە بەیاننامە و ناڕەزایی بەکۆمەڵ و بە بڵاوکردنەوەی داواکاری و واژۆکردنی داواکاری لە سۆشیال میدیا و لەناو شەقام و بە بانگەوازی هاوبەش ڕیزێکی یەکگرتوو پێکبهێنین و بەم شێوەیە بزووتنەوە ناڕەزایەتییە جیاوازەکان بە هەریەکەیانەوە بەستراوەتەوە بە بابەتە گەرمەکانی ئەمڕۆی کۆمەڵگە بە واتای ستەمکردن دێت، و پێویستە بڵێین تاوان، دژی ژنان. شۆڕش، خۆپێشاندان، مانگرتن هەمیشە بە دەستپێشخەری و هەنگاونان بۆ پێشەوەی هەندێک چالاکوان دروست بووە. بۆیە یەكەم داواكاری من ئەوەیە كە كەسایەتی و چالاكوان و دامودەزگا و لیژنەكان، كە خۆشبەختانە لە بزووتنەوەی كرێكاریدا لە ئاستێكی بەرفراواندا ئامادە و چالاكن، یەك بگرن و پێكەوە دەربكەون. ئەم هەنگاوە بە خێرایی دەبێتە هۆی جوڵەی شەقامی فراوانتر.
خاڵێکی دیکەی گرنگ ئامادەکردن و ڕێکخستنی مانگرتنەکانە. لە مانگرتنی خوێندکاران و مامۆستایانەوە تا دەگاتە مانگرتن لە ناوەندە جۆراوجۆرەکانی کرێکاری. وەک لە سەرەوە ئاماژەم پێکرد مانگرتن فاکتەرێکی گرنگە بۆ بەهێزکردنی خۆپیشاندانی سەر شەقامەکان و دەتوانێت تەواوی حکومەت ئیفلیج بکات. ئامادەکاری بۆ مانگرتنەکە دەستی چالاکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بە تایبەت بزووتنەوەی کرێکاریش ماچ دەکات.
خاڵی داهاتوو بانگکردنی جەماوەری خەڵکە. پێویستە ئێمەی خەڵک بە هەر شێوەیەک کە بتوانین ناڕەزایی دەرببڕین، لە گەڕەکەکاندا، لە گۆڕەپانی شارەکان، لە شوێنی کارەکان، لە زانکۆکان، کارگەکان، تەنانەت فەرمانگەکانیش. با بە فراوانترین ئاست بێینە سەر شەقام و هەوڵ بدەین خۆپیشاندانە ڕێکخراوەکان بەرەو پێشەوە ببەین.
چۆن هێزە سەرکوتکەرەکان بێلایەن بکەین، چۆن خەڵکی زیاتر بهێنینە سەر شەقامەکان، چۆن ئاسایشی خۆپیشاندانەکان بپارێزین. چۆن دەتوانین ناڕەزایەتی بهێنینە شوێنی کار، بۆ زانکۆکان، بۆ کارگەکان، چۆن دەتوانین زەمینە بۆ مانگرتن دابین بکەین. ئەمانە پرسگەلێکن کە دەبێت خەڵکی ناڕازی وەڵامێکی ڕوونیان بۆ بێتەوە، وەڵامی ئێمەش ئەوەیە کە دەتوانین بە یەکگرتویمان، لەگەڵ ڕێکخراوبونمان، لەگەڵ پێکهێنانی ڕێکخراوە ناوخۆییەکان، لەگەڵ پێکهێنانی دامەزراوە و کۆمیتەی شۆڕشگێڕانە، لە کارگەکاندا وەڵامی ئەم ئەرکانە بدەینەوە لە زانکۆکان، و گەڕەکەکاندا.
وە لە کۆتاییدا ڕوی قسەم لە بەدەنەی هێزەکانی پۆلیسە. ئەوانەی لە نێو چین و توێژە بێبەشەکانی کۆمەڵگادان. ئاگاداریان دەکەمەوە و داوایان لێدەکەم پێش ئەوەی درەنگ بێت ریزەکانی حکومەت بەجێبهێڵن و بچنە ناو خەڵکەوە. خەڵک بە توڕەیی و ڕقەوە لە هەموو حکومەت هاتوونەتە گۆڕەپانەکە. ئێوە کە لە لایەن ئایەتوڵڵا تاوانبارانەوە بۆ سەرکوتکردنی خەڵک نێردراونەتە سەر شەقامەکان لە ژێر هێرشی خەڵکی توڕەدان و ئەم هێرشە هەر ئێستا دەستی پێکردووە. پێش ئەوەی درەنگ بێت بچنە ڕیزەکانی خەڵکەوە و با مەلا ملیاردێرە دەسەڵاتدارەکان بەتەنها بن لەبەردەم خەڵکدا. ئەو ڕۆژە زۆر دوور نییە کە خەڵک گورزی کۆتایی لە تەواوی حکومەت بدات و کۆمەڵگا لە کۆماری ئیسلامی ڕزگاری بێت.
هیوادارم ئەو شەپۆلە ناڕەزایەتییە بەربڵاوانەی کە دەستی پێکردووە، بە مانگرتن و بزووتنەوەی ڕێکخراوی خەڵک و خۆپیشاندانی ملیۆنان کەس، شۆڕشێکی ژێرەوژورکەر بەدوای خۆیدا بهێنێت و بتوانین بە دەسەڵاتی یەکگرتوو و ڕێکخراومان، کۆماری ئیسلامی بنێرینە زبڵدانی مێژوو.

21 ئەیلوولی 2022




زنجيرە وتاری نووسين بەرەو نووسين.. سەردار جاف

خەسڵەتە جێگيرەکانی نووسين

وتمان شەرم توور بدە دەنا بە هيچ ناگەی، بۆ خۆت بەهرەيەکت هەيە، لێی حاڵی نيت نازانی چييە، کەچی کە کتێبێ يان رۆژنامەيەک دەبينی، رۆژانە چەندين باسوخواسی هەمەڕەنگی تێدايە، رۆژانە نا بەڵام لە ماوەی هەر دە رۆژجارێ ياخود پانزە رۆژجارێ چەند ناوێک بەرچاوت دەکەون چەندينبارە دەبنەوە، لە ناخی هەر تاکێکمان ئيرەیی بردنێک بە يەکدی هەيە و هەستی پێناکەين، هەر ئەوەيشە کە کورد دەڵێ ” باوک حەز ناکا براکەی لە خۆی پياوتر بێ، وەلێ حەز دەکا مناڵەکەی لە خۆی پياو تر بێ” لێرە دەستەواژەی پياو بە مانا نێرسالارييەکەی نييە بە چەمکە شمولييەکەيەتی، لە هەموو بوارەکان، بە کايە مەعريفی و پۆست و پلە و دەوڵەمەندی و ….. تاد دێت.
هەڵەشە مەبە، واتا هيچ پەلە مەکە لە خۆ ناسين وەک ئەوانەی لە رۆژنامەکاندا ناويان چەند بارەدەبێتەوە، ئەوانە بە ئەزمونێک تێپەڕيوون و وەک تۆ بابەتی کرچ و کاڵيان نووسيوە و هەر يەکێکيش لەوانە کەسێکی تر دەستی گرتووە، بۆ سەردەمی ئێوە زۆر باشە هەر شتێکی کرچ و کاڵيش بنێری ئەم زۆری و بۆری بڵاوکراوە و سايتە ئەليکترۆنيانە وای کردووە دەست بە جێ بڵاو بکرێتەوە، بە بڵاوکرنەوەی ئەو جۆرە پێگانە فريو مەخۆ، هەوڵ بدە جێگا و دەزگا و گۆڤارێکی جێ ئيعتيبار بە هەند وەرتبگرێ و بايەخ بە نووسينەکانت بدات، هەرگيز لە شکاندنەوە سڵ مەکەوە مەگەر کورد نەيوتووە” سوار تا نەگلێ نابێتە سوارچاک” ، لە سەردەمی ئێمەدا يەکەم؛ بڵاوکراوە زۆر زۆر کەم بوو لە پەنجەکانی دەست تێنەدەپەڕين، لە گەڵ ئەوەيش کە بەندە سەرباز بووم گۆڤاری ( رۆشنبيری نوێ ) م لێياساغ بوو، لە بازگەکاندا لێپێچينەوەيان لە گەڵمدا کردووە، کە ئەو گۆڤارە لەلايەن وەزارەتی رۆشنبيری سەردەمی ڕێژێمی بەعسەوە دەردەچوو، بە بيانووی ئەوەی سەربازم و ناکرێ خۆ لە باری رۆشنبيری وەر بدەم نەمازە بۆ کورد، ئێستا و لەم سەردەمەدا بۆ ئێوە ئەو دەرگايەيش واڵايە، کارێکی دی کە ئێمەيان پێ سارد دەکردەوە، پۆستەی خوێنەران بوو لە گۆڤار و رۆژنامەکانی ئەوی سەردەم، زۆر لەوانەی کە نها تۆ ئيرەييان پێدەبەی رەنگە دەيانجار لەو پۆستەی خوێنەرانە پێی گوترابێت داوای لێبووردن دەکەين بابەتەکەت کرچ و کاڵ بوو بە کەڵکی بڵاوکردنەوە نەهات، يان پێيان وتووە شيعرەکەت تەنها ئەم چەند دێرەی بۆ بڵاو کردنەوە دەشێت، هيوادارين زياتر خۆ سەرقاڵی خوێندنەوە بکەن، بۆ خۆم چەندينجار وام پێگوتراوەو کۆڵيشم نەداوە، قەت لە بيرم ناچێ جارێکيان رەخنەم لە رەوانشاد شێرزاد عەبدولڕەحمان گرت، کە پەيامنێری رۆژنامەی هاوکاری بوو، زۆر بەکورتی وەڵاميان دامەوە، دەيانزانی ئەوەی من گوتوومە راستە وەلێ پشتگيری پەيامنێرەکەی خۆيان گرت، لە کۆتایی نەوەتەکان جارێکيان پێکەوە باسمان کرد، هەقی پێدام، ئەم نمونانەم وەک رێگری کردنی ئەو سەردەم بۆ هێنايتەوە تا زوو بە زوویی کۆڵنەدەيت و بە قسەی يەک دووانێکی بە ئەزمون دوورەپەرێز مەبە، ئەگەری هەيە ئەو کەسە ئەزموندارە ئيرەییت پێببات کە جوانت نووسيوە و داهێنانيشت کردووە، کۆڵ مەدە، تۆيەک کە ئەو بەهرەت تێدا بێت بۆ بەردەوام نابیت، کەواتە دادێی رۆشن چاوەنواڕيت دەکات، يەکەم هەنگاو بۆ چؤنێتی نووسين ئەوەيە نە هەڵەشە بە، نە زوو بڕووخێ خۆڕاگربە.
خوێندنەوە کاری هەرە لە پێشينەی خۆت بێت بۆ دەربڕينی هەست و بيرکرنەوە و ئاوەزی پڕت، خوێندنەوە سەرچاوەی گەيشتنە بە ئەو ئيلهام و ئارەزووەی لە ناوەوە دنەت دەدات، بۆيە دەبێ بزانی چی دەخوێنيتەوە، باشتر وايە بۆ دونيای ئەدەب لە کلاسيکەوە دەست پێبکەی، لە سەرهاتە کۆن و شيعرە کلاسيکە جێ بايەخەکانەوە دەست پێبکەی، هەوڵ بدە لە سەرەتاوە ئاشنايەتييەک لە گەڵ دونيای ئەدەبی جيهانی پەيدا بکەيت، بۆ گەيشت بەم مەرامەيش بەدووی رۆشنگەریدا وێڵ بە، پانتایی رۆشنبيری لای فەڕەنسييەکان دەبينيتەوە، بۆ خۆت لێی ئاشنا بە ئەگەر ئينگليز شانازی بە ئەوەوە بکەن زمانەکەيان لە دونيادا پڕ رەواجترينە و زمانێکی تا ئەندازەيەک ستاندارتی جيهانييە، ئەوا فەڕەنسييەکان لە رووی رۆشنبيرييەوە لە پێشترن، بۆيە لێرەوە دەڵێم لە دونيای رۆشنبيری فەڕەنسييەوە دەست بکە و پاشان بە کەلتوری نەتەوە و گەلانی دونيا، بۆ کەسانی کوردستانی باشوور لە تەک زمانەکەی خۆی زمانی عارەبيش تێيدا پريفێکت بێت، ناکرێ تۆ لە رووی ياساییەوە سەر بە دەوڵەتێک بيت و زمانەکەيشی نەزانيت، نەمازە بۆ نووسەر و ئەديبيش، ئەمە بۆ رۆژئاواييش رەوايە، لە پاڵ ئەوەدا گرينگە نووسەر لە باشوور پێش زمانی ئينگليزی زمانی فارسی باش ئاشنا بێت، بايەخيش بە زمانی تورکی بدات، پاشتر روو لە زمانی ئينگليزی بکات. کە زمانێکی جيهانييە، ئەم حاڵەتە ئەگەرچی کەسێ نەبوو پێمان بڵێ و رێنيشاندەرمان بێت، ئەوا بۆ نەوەی دادێ ئەم لايەنە گەلێک گرينگە و نابێ فەرامۆشی بکات، هەر ئەمەيش وای کردووە بەرهەمی کوردی کەمتر لە نێو زمانەکانی دونيادا هەبێ، ئەگەرچی دەتوانين بڵێين رەنگە هەر نەبێ بە تايبەت لە بواری ئەدەبدا، ئەرکە قورسەکە دەکەوێتە ئەستۆی نەوەی دادێ کە دەبێ هەم خۆی گۆش بکات هەميش نەتەوەکەی لە رووی بوارەکەی خۆيدا بە جيهان بناسێنێت، يەکێک و دووان لێرەو لەوێ هەڵکەوتبێت و ئەوا ناکاتە ئاشنا بوونی بەرفراوان، ئاشنابوون ئەوەيە، فارس و تورک و عارەب و هيندييەکان جێ پێی خۆيان لە پانتایی جيهاندا هەيە، ئێمە نها پێويستيمان بە ئەوەيە رۆشنبير رۆڵی خەباتی نەتەوەیی لەم بوارەوە دەست پێبکات، ئەوەيش بە شمولی لە سەر نەوەی دادێ پەيوەستە، ئەگەر بتەوێ خوێندنەوە بە لايکێک و رستەيەک بگۆڕيتەوە ئەوا نەبوونی حەوسەڵە وات لێ دەکات هيچ کاتێک نەفەس درێژ نەبيت، ئەمە ئەگەر بۆ تاکێکی ئاسایی گونجاو بێت ئەوا بۆ تۆی بايەخدەر بە کايەی ئەدەبی کارێکی نەشياوە، هەر يەکێک لە ئێمە خۆشحاڵە تاک پەنا بۆ لايک و کۆمێنتی کورت دەبات، هەنگاوێکە بەرەو هۆشيارکردنەوەی تاک و کۆمەڵ، وەلێ بۆ تۆی نووسەر و ئەديب ئەگەر کورت مەودا و کورت بين و کەم حەوسەڵە و کەمتەرخەم بی لە خوێندنەوەی بابەتی درێژ و بە هەمان نەفەسی تاک بخوێنيتەوە و بنووسيت، ئەدی چۆن دەتەوێ ببيتە نووسەر و رۆمان بنووسی يانيش ئاوەزی ناوەوەت هێندە دەوڵەمەند بکەی بتوانيت دەمودوو و مشتومڕ لە مەڕ پرسە هەستيارەکاندا هەم بخولقێنی هەميش تێيدا سەردەرکردوو بيت. بۆيە نەفەس درێژيش خاڵێکی ديکەی تۆی بەهرەمەندە بۆ پێگەياندنی خود. هەرگيز لە خوێندنەوەی دوور و درێژ جاڕس مەبە، بۆ ئەوەی فێری خوێندنەوەی دوور و درێژ بيت، سەرەتا ئەو رۆمانانەيش بخوێنەوە کە بەرەو خۆی پەلکێشت دەکات و دەڵێ جێم مەهێڵە وەرە تا دوا ڕستە و تەواوی حەرفەکانم بخوێنەرەوە، تۆيش ئەو دەم هەست بە چێژێک دەکەی لەو خوێندنەوە هاوتای رۆمانەکە دەڵێی درەنگ دەچمە سەرنان خواردن بە دەم چای و قاوەيشەوە دەتخوێنمەوە لێت دانابڕێم، بەم جۆرە دەتوانی نەفەس درێژيش بۆ خۆ دروست بکەی.
خوێندنەوەی کرچوکاڵ، ئێستا لەم کاتەدا پێويستيت بەم جۆرە خوێندنەوانە نابێت و هەوڵ بدە دوورە پەرێز بيت لێی، دەنا ئيفليجت دەکات، دەبييە نووسەرێ بە دەوروپشتی کرچ و کاڵدا دەچيت ئەمە ئەگەر کۆڵ نەدەی ئەگەرنا کۆڵدان دەبێتە هاوسەفەری ژيانت و دەپوکێيتەوە، لە سەردەمی خۆمان زۆرمان بينی بە گەرمی هاتن و دواتر پوکانەوە کە نيشانەی بونيادنانی نەخۆش بوو، بۆيە لە خوێندنەوەی نووسینی کرچوکاڵ سەرەتا دوور بگرە، وەلی دواييش بۆ خۆت بە يەک دوو نووسينی ئەو کەسانە دەتوانی سەرنجی خۆت بدەيت و لە پەراوێزيان بئاخنی. وريابە ئەمەيش خاڵێکی گرينگە دەبێتە هۆی ئەوەی لە نووسينت داببڕێنێت.




دووڕیان.. زیاد ڕەشاد قادر

پێكه‌وه‌ بووین
سبه‌ینان پێكه‌وه‌ له‌ یه‌ك كوپدا شیرمان ده‌خوارده‌وه‌
ده‌مه‌و نیوه‌ڕۆیان به‌ یه‌ك كه‌وچكه‌ چا
بنكڕى مه‌نجه‌ڵى شیرمان ده‌لێسته‌وه‌
هێوارانیش وێكڕا دانمان بۆ مریشكه‌ شامییه‌كان ڕۆده‌كرد و
به‌رخه‌كانمان ئاو ده‌دا
سه‌ر له‌ به‌یانییه‌كى ته‌مومژاوى منداڵیمان ون كرد و
ئه‌من گه‌وره‌ بووم و ئه‌ویش هه‌روا
ڕۆژگار هات و ڕۆیشت و ئێمه‌ش كه‌وتینه‌ سه‌فه‌ر
سه‌ره‌نجام له‌ دووڕیانێكدا یه‌كدیمان به‌جێهێشت
ئه‌و چووه‌ به‌غدا و له‌ به‌رده‌م ته‌ختى هاڕوونه‌ ڕه‌شید
كه‌مێ چه‌ماوه‌ و شیعرى بۆ به‌نى عه‌بباس و به‌رمه‌كییه‌كان گوت
منیش له‌ به‌سرا
له‌نێو كوخه‌كه‌ى ڕابیعه‌ى عه‌ده‌وى
ده‌رسى عیرفان و ته‌وازوع فێربووم
ئه‌و له‌ سه‌مه‌رقه‌ند له‌به‌رده‌م چلچراى غه‌زنه‌وییه‌كاندا
كردى به‌ به‌زم و چه‌پڵه‌ و خۆبادان
ئه‌زیش له‌ ئه‌سفه‌هان
له‌حزوور چرا كزه‌كه‌ى عومه‌رى خه‌یام
هه‌تا توانیم شه‌رابى شیعرم تێر تێر هه‌ڵقوڕان
ئه‌و له‌و باكووره‌ بووه‌ ده‌رگاوانى میرى حه‌سه‌نكێف
من له‌ مزگه‌فتێ سۆرى بۆتانێ
بوومه‌ میوانىغه‌زه‌ل و قه‌سیده‌ى مه‌لاى جزیرى
تا ده‌هات درزى نێوان من و ئه‌و گه‌وره‌ گه‌وره‌ ده‌بوو
چه‌شنى گه‌وره‌یی
زوهدى رابیعه‌ وپه‌یڤى جزیرى و فه‌لسه‌فه‌ى خه‌یام
تا ده‌هات نێوانى من و ئه‌و ته‌ڵخ و ته‌مومژاوى ده‌بوو
ته‌مومژاویتر
له‌ مێژووى ته‌ڵخ و تاریكى
كۆشكى ڕه‌شید و بازاڕى غه‌زنه‌وییه‌كان و
باغ و باغاتی میرى حه‌سه‌نكێف
نها من
هه‌موو شتێكم هه‌یه‌
دڵته‌نگى و ڕاكه‌ڕاكه‌ و سامان نه‌بێ
نها ئه‌و
هه‌موو شتێكى هه‌یه‌
كتێب و عیشق و ئیمان نه‌بێ

زیاد ڕەشاد قادر
هه‌ولێر




خولێک بۆ فێربوونی هەڵەی ڕێنووس و زمان.. پێشەوا کاکەیی

ڕەخنە لە دەفتەرەشیعری (خولێک بۆ فێربوونی گریان)ـی قوبادی جەلیزادەدا

ئەوەی لێرەدا لەگەڵیدا ڕووبەڕووم، ئەزموونی شیعری پاتبووەوەی (قوبادی جەلیزادە)یە، کێڵگەی شیعرەکەشی ناوی (خولێک بۆ فێربوونی گریان)ـە. لەم کتێبە شیعرییەدا، کە خۆی لە (٢٣٠) لاپەڕەدا دەبینێتەوە و (١٧١) دەقی شیعرین و لەژێر هەر ژمارەیەکی دەقدا، ناونیشانێکی سەرەکی و ناونیشانێکی لاوەکی لێوە هەڵتۆقیوە. لە سەرەتای دەستپێکەکەی بە ناوی (شیعرائیل) تا کۆتاییەکەی، پڕ لە هەڵەی ڕێنووس و زمان و خاڵبەندییە. هەروەها، سەرلەبەری ئەم دێڕانە لەناو خۆیدا پات بووەتەوە. واتە ئەم ئەزموونە، دێڕە شیعرەکانی ناو کتێبەکەی جووینەوەی دێڕە شیعری دیوانەکانی خۆیەتی. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە شاعیر ئاگاداری ئەزموونی خۆی نییە، وەکوو (خەسارناسی شیعر) لە شیعری خۆیدا.

ئەرکی شاعیر ئەوەیە کە شیعرەکانی خۆی لە بێژنگ بدات لە کوێدا پات بووەوەیە. ئەمە بۆ شاعیرێکی هەرزەکار ئاساییە درکی پێنەکات، چۆن ڕێی لە بەردەمدایە، بەڵام ئەم شاعیرە ئەزموونێکی چلساڵەی هەیە لەگەڵ خۆیدا، کە تووشی خوێنبەربوونی شیعر بووە لە خۆیدا. ئەم شیعرانە وەها ڕۆیشتوونە دەرەوە، کە دەماری شیعری فش بووە و دێڕە شیعری خۆی پێدا دێنە دەرەوە؛ وەک بڵێین ئەگەر ئەم دێڕە لە دیوانێکی پێشوویدا هەبێت، ئەوا لەم دیوانەدا پات بووەتەوە لەپاڵ دێڕێکی تری شیعری تازەیدا. ئەمە وشە نییە بێت و شاعیر ئازادانە مامەڵەی لەگەڵدا بکات، چونکی شاعیر کاتێک چەند وشەیەک دەهێنێت و لە دێڕێکدا دەری دەخات، دەبێت پارێزگاری ئەم بۆتەیە بکات و بیپارێزێت، نەک بیری چووبێتەوە کە بە ڕاستی پێشتر لە بۆتەیەکدا لە قاڵبی داوە؟! لە قاڵبدانی وشە لە دێڕە شیعرێکدا، بەرپرسیاریێتییە بەرانبەر زادەی وشە! هەر لەبەر ئەمەشە، ئەم شاعیرە، لەو کتێبەیدا، دوای چل ساڵ، تووشی خوێنبەربوونی شیعر بووە و سەرەڕای ئەوەش دەبوایە شاعیر خوڵقێنەری زمان و ڕێنووسکاری باش بوایە و ئەزموونێکی باشی بۆ خوێنەر جێ هێشتبایە، نەک بەردەنگ کاتێک بەر ئەو شیعرانەی دەکەوێت، وەک ئەوەی بە شەقامێکدا بڕوات، پڕ تاسە بێت و زووزوو قاچی بکەوێتە ناو چڵپاوەوە و دەستبەرداری شەقامەکە بێت. ئەگەرچی هەر چۆنێک بێت، من بەو شەقامەدا ڕۆیشتم، ئەوەی بۆی جێی هێشتم، تووڕەیی بوو لەو شەقامەدا، کە جلوبەرگی قوڕاوی کردم و پێڵاوکانی پڕ کردم لە چڵپاو.

ئەوە هیچ بیانوویەک نییە بۆ نووسەری ئەم کتێبە، کە بڵێت من کاری پیتچنینم نەکردووە، چونکی هەر لە سەرەتاوە ئاماژە بەوە دەدات کە نووسینی ئەم دەقانەی لە فەیسبووک بڵاو کردۆتەوە. کەواتە کە نووسەر بڕوای بە هەڵەچن و ڕێنووسکاری نەبێت، دەبێت ئەم ڕەخنانەش لە ئەستۆ بگرێت کە ڕووبەڕووی دەکرێتەوە. نووسەر خێرا لە فەیسبووکەوە خستوویەتە سەر وۆرد و ناردوویەتیە دیزاینەر؛ چونکی پیتچنینێک لە ناسنامەی کتێبەکەدا نییە. کەواتە خۆی پیتچنینی کردووە. ئەوانەی بۆشیان چاپ کردووە، بە ڕێنووس و خاڵبەندی و زمانەوانییەکەیدا نەچوونەتەوە. هەڵبەت ئەمەش لە خۆبەگەورەزانینی بنووسانی دەقەوە دێت کە لەناو کورددا زۆر دەگمەنە کەسێک بیەوێت بە نووسینەکەیدا بچێتەوە، پێی لەنگییە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم ناوەندی چاپکەرە هەر چاپی کردووە و خەمی زمانی نەبووە. لێرەدا با ئەوە بۆ خوێنەر بخەمە ڕوو، کە ناوەرۆکی بە دیزاینێکی هێجگار جوان خراوەتە ڕوو، فۆرمەکەی لە داڕشتندا باشترە لە کتێبەکانی تر و سەری خۆی دەر هێناوەتەوە، بەڵام ناوەرۆکی هەمان جووینەوەیە بە کەمێک دەستکارییەوە. ئەگەرچی ڕێکسختنی ناوەوەی کتێبەکە هێجگار جوانە، بەڵام ئەم جوانییە کار ناکەتە سەر ئەوەی من فریو بدات، کە کتێبێکی هێجگار خراپە لە ڕووی ڕێنووس و خاڵبەندی و ڕێزمانی و هەتا زمانییشەوە. ئەم کتێبە باشترین کێڵگەیە بۆ هەڵەبژێری و ڕێنووس کە من کەمێکی دەخەمە ڕوو، بەڵام نووسەرانی وەکوو حەمەسەعید حەسەن و دەیانی دیکە، با خۆیان لە برادەرایەتی ببوێرن و کنینەی ئەم دەقانە بکەن، بزانن بەسەر چیدا دەکەون. لێرەدا چەندین هەڵە تەنیا لە چەند لاپەڕەیەکی کەمدا دەخەمە ڕوو؛
١. لە لاپەڕە (٤)دا، هەر لە سەرەتای وشەوە نووسیویەتی (لەرۆژی ٢٠٢١/٦/٢٥ بڕیارمدا)، کە سێ هەڵەی تێدایە، دەبێت بنووسرێت: (لە ڕۆژی ٢٥ـی ٦ـی ٢٠٢١ـدا، بڕیارم دا. واتە هەم لە ڕۆژ و هەم ژمارەکە و هەمیش بڕیارم دا، نەک بڕیارمدا.
٢. ئەو هێشتا خۆی بۆ ساخ نەبۆتەوە کە لە سەرەتای وشەدا، پیتی (ڕ، ر) کامیان بنووسێت، ئەگەرچی دوو ڕا هەیە، بەڵام ڕای یەکەمیان ستاندارترە، کە لە سەرەتای وشەدا (ڕ) دەنووسرێت نەک (ر)، بەڵام هەڵەی هێندە زۆرن لە هەژمار نایەت، هەیە بە (ر) نووسیویەتی و هەیشە بە (ڕ) نووسیویەتی. بۆیە دەتوانن خۆتان بە دوایدا بگەڕێن و بیخوێننەوە لە هەر لاپەڕەک و دێڕێکدا بەرچاوتان دەکەوێت.
٣. هەر لە لاپەڕە (٤)دا، نووسیویەتی: (ببم ودەقێکی تازە) هەڵەیە، (ببم و دەقێکی تازە) درووستە. (بدۆزمەوەو) هەڵەیە و (بدۆزمەوە و) درووستە. لەدوای وشەکە فاریزە دادەنرێت، نەک وشە، بۆشایی ئینجا فاریزە بێت، وەکوو (لە فەیسبووک ، بڵاوی بکەمەوە) هەڵەیە و (لە فەیسبووک، بڵاوی بکەمەوە) درووستە. دیسانەوە (لە رۆژی٢٠٢١/٦/٢٦) هەڵە هاتۆتەوە ناو نووسین. هەروەها (دەقی نوێ ،) نا، بەڵکوو (دەقی نوێ،) درووستە. هەروەها (رۆژانی٩ و ١٠ ی مانگی یازدە بوو ،) نا، بەڵکوو (ڕۆژانی ٩ و ١٠ی مانگی یازدە،) درووستە. (قەستەرەو شەبەکەو بالۆنم بۆ کرا) نا، بەڵکوو (قەستەرە و شەبەکە و بالۆن/ باڵۆنم بۆ کرا) درووستە. هەروەها (لەماوەی) نا، بەڵکوو (لە ماوەی). (سەدوحەفتاو یەک ڕۆژدا) نا، بەڵکوو (سەد و حەفتاویەک ڕۆژدا). (لە شوێنێکی نادیارەوە بۆ شیعر دێتە خوارێ..وەک ئەوەی بیانەوێ…) نا، بەڵکوو (لە شوێنێکی نادیارەوە بۆ شیعر دێتە خوارێ، وەک ئەوەی بیانەوێ). (جۆرە پێغەمبەرێکە لە دەرەوەی ویستی خۆی) نا، بەڵکوو (جۆرە پێغەمبەرێکە لە دەرەوەی ویستی خۆی) واتە دوو بۆشایی/ سپەیس لە نێوان وشەکان بەڵکوو یەک بۆشایی پێویستە. لێرەوە لەسەر بۆشایی نێوان وشەکان قسە ناکەین، سەدان وشە ڕستە و وشەی ئاوها هەیە کە بە هەڵە دوو بۆشایی تا سێ بۆشایی کەوتۆتە ناو وشەکانەوە. ئینجا نووسیویەتی: (دەکرێتەوە.لای ئەوان جبرائیل ، (شیعرائیل )ەو پەیامهێنەو کاری شاعیریش تەنیا وەرگرتن و نوسینی پەیامە هاتووەکەیە…) کە ئەم دێڕە دەبێت ئاوها بێت: (دەکرێتەوە. لای ئەوان جوبرائیل/ جبرائیل، (شیعرائیل)ە و پەیامهێنە و کاری شاعیریش تەنیا وەرگرتنی نووسینی پەیامە هاتووەکەیە).
٤. لە بەشێکی دیکەی (شیعرائیل)ـدا ئاوهای نووسیوە: ((من پرۆسەی بەرهەم هێنانی شیعر بەتەواوی پێجەوانەی ئەوە دەبینم.نا هەرگیز شاعیر چاوەڕێی پەیامهێن ناکات، بەڵکو خۆی بەدوای دۆزینەوەی دەقدا دەگەڕێ و کنە دەکاو هەڵدەکۆڵێ ودەپشکنێ ولێرەو لەوێ دەیاندۆزێتەوە. من پێموایە لە ئەزەلەوە هەموو دەقێکی شیعری هەیەو هەبووە بەڵام شاعیر وەک ئاسەواردۆز(منقب) دەبێ ورد ورد بگەڕێ و بیاندۆزێتەو پاکیان کاتەوەو دووبارە بەزمانی سەردەمەکە داینڕێژێتەوە لە مۆزەی شیعردا نمایشیان بکات.)) ئەگەر سەیری ئەم نووسینە بکەین، پڕە لە هەڵە، (بەرهەم هێنانی) نا، بەڵکوو (بەرهەمهێنانی). (بەتەواوی) نا، بەڵکوو (بە تەواوی). (دەبینم.نا هەرگیز شاعیر چاوەڕێی پەیامهێن ناکات) نا، بەڵکوو (دەبینم. نا هەرگیز شاعیر چاوەڕێی پەیامهێن ناکات). (بەڵکو) نا، (بەڵکوو). (بەدوای) نا، بە دوای دۆزینەوەی دەقدا دەگەڕێ. (دەکاو هەڵدەکۆڵێ) نا، (دەکا و هەڵدەکۆڵێ). (ودەپشکنێ ولێرەو لەوێ دەیاندۆزێتەوە) نا، بەڵکوو (و دەپشکنێ و لێرەولەوێ دەیاندۆزێتەوە). (پێموایە) نا، (پێم وایە). (هەیەو هەبووە) نا، (هەیە و هەبووە). ئینجا دوای هەیە و هەبووە، فاریزە دادەنرێت، ئینجا بەڵام دەنووسرێت. (بیاندۆزێتەو) نا، (بیاندۆزێتەوە و). (کاتەوەو) نا، (کاتەوە و). (بەزمانی) نا، (بە زمانی).
لێرەدا تەنیا هەڵەی لاپەڕەی (٤) بوو خستمانە ڕوو، با ڕەخنەگرێکی دیکەش لە لاپەڕە (٥)ـدا بیدۆزێتەوە، یان نووسەر خۆی پێیدا بچێتەوە کە ڕێنووس و خاڵبەندی و ڕێزمانی تووشی چ دەردێک کردووە.

لێرەدا لەبارەی دوو دەقی ژمارەی شیعرەکانییەوە، هەڵەکان و سەرنجی خۆم دەخەمە ڕوو نەک هەر سەد و ‌حەفتاویەک دەقەکەی؛
١. دەقی ژمارە (١)، بە ناوی (کەنداو)، لاپەڕە (٦-٧)، هەر لە سەرەتاوە دەڵێت: (بەجۆگەم گوت؛) دەبێت بنووسرێت: (بە جۆگەم گوت؛ دواتر دەڵێت: (بۆوا) کە (بۆ وا) درووستە. (ڕێدەکەی) نا، بەڵکوو (ڕێ دەکەی) درووستە. نانەویت !) نا، بەڵکوو (نانەویت!) کە هەرگیز لەدوای وشە ئینجا بۆشایی ئینجا خاڵ، فاریزە، سەرسڕمان، پرسیار و خاڵبۆر نایەت. نووسەر خۆی بۆ ساخ ناکرێتەوە و شارەزایی لە (یەک ‘واو’ و دوو ‘واو’دا نییە) و هەر لە دوو دێڕی بەدوای یەکدا، دوو هەڵە دەکات، دەنووسێت: (بیگەیەنم بە دەستی ڕووبار. بەڕوبارم گوت؛) کە لێرەدا (بەڕوبارم) گوت دوو هەڵەی تێدایە، دەبێت ئاوها بنووسرێت: (بە ڕووبارم گوت). دیسانەوە (کەدەست/ بەقژی/ هاورێیەکم/ تینووەو/ دواکەوم/ بەکٶڵ/ بۆبەرم) نا، بەڵکوو ئەمانە (کە دەست/ بە قژی/ هاوڕێیەکم/ تینووە و/ دوا کەوم/ بەکوڵ/ بۆ بەرم) درووستن. ئەوە هیچ لەبارەی خاڵبۆرەوە قسە ناکەم، چونکە لە هیچ شوێنێکی ئەم دەقانەیدا بە درووستی داینەناوە، دەنا بە سەد لاپەڕەش ئەم نووسینە تەواو نابێت. ئەم بەڕێزە هەر خۆی لەو ژمارەدا دەنووسێت: (بەزێی/ لە جۆگەلەی/ لەکانی) کە (بە زێی/ لە جۆگەلەی/ لە کانی) درووستە، واتە لە جۆگەلەیی درووستی نووسیوە، کەچی وشەی پێشتر و دواتری هەڵە بە کار هێناوەوەتەوە! هەروەها لە ڕۆژبەری نووسینەکانی دەقەکەدا، پێچەوانەوە نووسراوە، گشتیان بە هەڵە نووسراون، بۆ نموونە: (٢٦/٦/٢٠٢١) درووستە، ئەو (٢٠٢١/٦/٢٦)ـی نووسیوە.

٢. دەقی ژمارە (٢)، لاپەڕە (٨)، تووشی جووینەوەی شیعری خۆی بووە. بە هەڵەی ڕێنووسی خۆی شیعرەکەی دادەنێمەوە و دواتر لەبارەی دەدوێم و ڕاستی دەکەمەوە. ئەمەش شیعرەکەیە؛

(لەشەوێکی سەرماو سۆڵی پایزدا،
کەدارستان خەریکی خۆ ڕووت کردنەوە بوو؛
هەور بەتۆبزی
لەچکێک و
مانتۆیەک و
مەقنەیەکی ،
کرد بەبەری مانگدا.
دەنا مانگ،
لە ڕەچەڵەکدا؛
ژنێکی عەلمانی سفوورە
هەمیشە تەنوورەیەکی کورت کورتی لەبەردایە،
کە لەبەردەممانا سەردەکەوێتە سەرپەیژەی ئاسمان،
دەرپێ زیوینەکەی دەدرەوشێتەوە.)

هەر لە یەکەم دێڕییەوە تا کۆتاییی ئەو شیعرەی، پات بوونەوەی دێڕ و وشە جووینەوەی خۆیەتی و هیچی پێ نییە بۆ گوتن، تەنیا یەک شتی گۆڕیوە لەم شیعرەدا، ئەویش دێڕە شیعری لێکداون و ناونیشانی (عەلمانی) بۆ زیاد کردووە. تێگەییشتنەکە بۆ عەلمانی درووستە، بەڵام شیعرەکە چووەتە باری خەسارناسی شیعرەوە.
ئەوە هەڵەکانیش لێرەدا هەندێکیان دەخەمە ڕوو؛ (لەشەوێکی) نا، بەڵکوو (لە شەوێکی). (سەرماو سۆڵی) نا، بەڵکوو (سەرماوسۆڵی). (کەدارستان) نا، بەڵکوو (کە دارستان). (مەقنەیەکی ،) نا، بەڵکوو (مەقنەیەکی،). (لەبەردەممانا) نا، بەڵکوو (لە بەردەمماندا/ لە بەردەممانا). (سەرپەیژەی) نا، بەڵکوو (سەر پەیژەی).

٣. دەقی ژمارە (٣)، لاپەڕە (١٠)، ناونیشانە لاوەکییەکە ئاوهای نووسیوە: (ئەم دەقەم لەپێکەشەرابێکی موکریدا ، دۆزییەوە)، ڕاستییەکەی دەبێت ئاوها بێت: (ئەم دەقەم لە پێکەشەرابێکی موکریدا، دۆزییەوە). هەر لە سەرەتای ئەم دەقەوە، (لە)ی بیر چووە، نووسیویەتی: (دوای مردنی “موکری”دا بێ هاوڕێ مامەوە) کە دەبێت ئاوها بێت: (لەدوای مردنی “موکری”ـدا، بێ هاوڕێ مامەوە). نووسیویەتی: (من مرۆڤی نابیناو نابیست و ناگۆم خۆشتر دەوێن.) هاتووە (نابیناو) بەسەرەیەکەوە نووسیویەتی و (نابیست و) جیای کردووەتەوە، کە دەبێت (من مرۆڤی نابینا و نابیست و ناگۆم خۆشن دەوێن) بێت. لە پەراوێزەکەشدا، لە لاپەڕە (١١)دا، لەبری (ڕۆماننووس)، (ڕۆامننوس)ـی نووسیوە. نووسیویەتی: (نەتوانێ قسە بکات.ڵاڵ) دەبێت بۆشایی هەبێت لەدوای خاڵی بکات، ئینجا ڵاڵ بنووسێت.

خوێنەری بەڕێز، ئەگەر بێت و من هەموو ڕەخنەکانم بخەمە ڕوو، دەبێت نووسینەکەم دوو هێندەی کتێبەکەی ئەو درێژتر بێت. من ئەو کاتەم نییە دابنیشم بۆی چاک بکەمەوە و بۆی دەستنیشان بکەم. ئەو لە زۆر شتدا ناشارەزایە، لەبری (ساز)ی دەمیرتاش بنووسێت، تەنبووری نووسیوە. ئەو تەنبوور و سازی جیا نەکردۆتەوە. گرفتەکە لە ئاگاییی خۆیەوەتی کە نائاگایە بە زمان و ڕێنووس و خاڵبەندی و ڕێزمان. ئەگەر من بم، ئەو کتێبە هەڵدەگرمەوە لە بازاڕەکان، نەک لە بۆنەدا بە واژۆوە خۆمی پێوە دەربخەم. من تەنیا لە لاپەڕە (٤ بۆ ١١)م دیاری کردووە، ئەو زبڵخانەیەم بەرچاو خستن، ئاخۆ ئەگەر هەمووی بخەمە ڕوو، چۆن و چ دەبێت؟ بۆیە ئەم کتێبە فێڵی لە من نەکرد، ئەگەر دیزاینەکەی ناوەوەی جوانیش بێت، ڕاستییەکەی نووسینی ناوەوەی زۆر ناخی هەژاندم کە ئەمە زمان و ڕێنووسی شاعیرێکی چل ساڵ بێت.

پێشەوا کاکەیی




دیالۆگی نێوان من و ئەهریمەن لە دۆزەخدا.(٢).. شەماڵ بارەوانی

بەشی دوو/

ڕۆڵەکەی میتراو نەوەکەی مێد،

ئیتر تۆ وەکوو ئەو کەسەی پێشووتر کۆتاییت پێهات و مردیت، ئیتر دووبارە و بە ناوێکیتر و بوونێکیتر و ڕۆحێکیتر و فیکرێکیتر و شێوازێکیترەوە لە دایک بوویتەوە و لەمەودووا من پێت دەڵێم:ئێزدین.

تەواو؟ پێی ڕازیت و قبوڵتە ئەم ناوە؟

باپیرەگیان: هەرچەندە من:باوەڕم بە:(مذهب تناسخ: ئاڵوگۆڕ بوونی گیان لەپاش مردن) نییە.

وەلێ گەیشتووم بەو قەناعەتەی کە  هەر لە ژیانەدا و  بەر لەمردن،

دۆنادۆنێکی ڕۆحیانە و سایکۆلۆجیانە و  فیکریانە و مەعنەویانە بۆ زۆرێک لە مرۆڤەکانی ئەو سەردەمە، ئەرک و ئەخلاق و تابڵێیت پێتڤی و گرنگە، بە تایبەتی ئەو مرۆڤانەی، کە بە کۆمەڵێک فاکتەر و هۆکار، لە مرۆڤایەتی دوورخراونەتەوە و لە ئینسانی بوون داچۆڕاون، ئەوانە پێویسته لەو بەرگە قێزەونەی فیکری فاشیتەت و دەمارگیری ئایینی و تۆندڕۆیی ئیدەلۆژی و پەتای مەزهەگەرایی و مێنتاڵێتی خێڵگەرایی بێنە دەر، پێویستە لەو شێوە ناشیرینەی بیرکردنەوە و فۆرمە قێزەونەی بوونیان بێنە دەر، ئەوانەی هەموو شتێکن تەنها مرۆڤ نەبێت، باشترە لەڕێگای دونادۆنەوە، بڕۆنە ناو بەرگی سەگ، کەر، پشیلە، جرجێک،  یاخود مانگایەک، دڵنیام ئەوکات زۆر لەو مرۆڤبوونە نامرۆڤ و کارتۆنیەی ئێستایان بێ زیانتر و بەوەفاتر و بە سوودتر و باشتر دەبن.

زۆر ڕاستە، بەڵام تۆ وڵامی پرسیارەکەت نەدامەوە ڕۆڵەکەم؟

باپیرەگیان: ئاساییە، پێم دەڵێیت:ئاهۆرا، میترا، ماد، دیاکۆ، ئێزدین، ئەهریمەن، یان ناوێکی یارسانی و هەرچی، گرنگ ناوێکی کوردانەی ڕەسەن بێت و گوزارشت بێت لە ئازاری کوردبوون و ناسنامە و مێژووی کورد بوونم.

هەر چەندە من: سەبارەت بە کەسێکی لائیکم، وەلێ من بێ خوانیم و باوەڕدارم و ئینجا ئێزدیاتیش وەکو و زەردەشتیاتی و یارسانی مێژوو و ڕابردووی من و  ئایینی باب و باپیرانی منە و پاشان من،  هەرگیز، حاشا لەو مێژوو و ڕابردووەی خۆم ناکەم و شانازیشی پێوە دەکەم.

هەر کەسێک و نەتەوەیەکیش مێژووی نەبێت، ئێستا و داهاتووشی نابێت.

ئینجا چۆن ئەو باپیرەی لە دۆزەخی ڕزگارکردم و لە هانای ڕۆڵەکەی خۆی هات، قسەی دەشکێنم؟

ئافەرین ڕۆڵەکەی من، داسنی ڕەسەن و نەوەی میترایی، ئاری ڕەگەزەکەی خۆم، تۆ هەڵۆی زاگرۆسی، زاگرۆس.

باپیرە دەزانی چی؟

چی؟

ئەوڕۆژه لە چات، بە هاوڕیێەکی یارسانیم لە شارۆچکەی خەبات وت:ناوێکی کاکەییانەم دەوێت، ناوێک، کە لەناو ئێوە پیرۆز بێت،

دەزانی چی ناوێکی بۆ نووسیم؟

چی؟

عەلی!

هاهاها یارسانیم ڕۆ، کوردبوونم ڕۆ، ئایین و مێژووی باب و باپیرانم ڕۆ.

پێم وت: عەلی چی کاکە، عەلی ناوێکی عەرەبی و ئیسلامیە و یارسانی ئایینێکی ڕەسەنی کوردە و مێژووەکەی بۆ هەزاران ساڵ بەر لە هاتنی ئیسلام بۆ کوردستان دەگەڕێتەوە.

ڕۆڵەکەم: سونە و شیعە، لەژێر ناوی مەزهەب و شتەوە سەتان ساڵە ڕۆڵەکانی من، کوردی ڕەسەن پەرت و وێران و بە تەعریب و بە مەزهەب گەرا دەکەن و هەوڵ دەدەن هەست و ڕۆح و هەموو شتێکی کوردانەیان لە ناخدا بکوژن.

ئینجا ئەو برادەرە کە ناوی عەلی داوە بە تۆ، لە نەشارەزایی و بێ ئاگایی و بەستەزمانی خۆیەتی سەبارەت بە ئایینی یارسان و، مێژووی یارسانیەت( بۆ سەردەمی میترایییەکان ٤٠٠٠–٥٠٠٠ ھەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەرێتەوە) “

هەرچەندە”سوڵتان سەھاک گۆرانکاری خستۆتە ناو ئەم ئایینە کوردییە کۆنە، بۆ پارێزگاری لە ئایینەکە و ھەوڵدانی ڕواڵەتی ئاینەکەی بە عەلی کوری تالیب داپۆشیوە بۆ ئەوەی بتوانێت یار و یاوەرانی بپارێزێت. “(١).

گەرنا ئایینی یارسانیەتیش، یەکێک لە ئایینە ڕەسەن و ئێزدانییەکان.

تۆسەیرکە هەریەک لە ئاینی زەردەشتی، یارسانی و عەلەوییەکانی باکور،  لە چەندین ئەرک و شێوازدا لە یەک دەچن. کە هەموویان بە ئاینەکانی ئێزدانی ناسراون. لە:

-ھەبوونی پیر

-ڕێزگرتن و پیرۆز زانینی سەرچاوە سروشتییەکان وەک ئاو، ھەوا و ئاگر

-بەکارھێنانی موسیقا، وەک دەف و تەموورە، بۆ ڕێوڕەسمی ئایینی

-ھێشتنەوەی سمێڵ-لەناو یارسانی و ئێزدیدا

ھەر چوار ئایینەکە چوارشەم بە پیرۆزترین ڕۆژ دەبینن

لەبەرکردنی جلی و بەرگی ڕەنگ سپی بۆ پیاوانی ئاینی”(٢).

گیانەکەم،  ئینجا ئەو برادەرە کەوا ناوی عەلی بۆتو نووسیوە ئەوەیە مەسەلەکە وەک گوتم.

ڕۆڵەکەم:

 ئێستاش ئەوە کاریگەری شیعەگەرێتی و کاری شیعەیه، دەیەوێت یارسانەکان وەکو کوردانی فەیلی لێ بکات و بە هەمان دەردی مەزهەبگەرێتی ماڵیان وێران بکات.

ئەو کوردە داماوەیش هێندە دڵپاک و سادە لەوح و خەشیم حاڵە، هەزا ساڵە بەسەر عەلی و عومەر و کێ دابەش بووەو شەڕێکی خۆ تڕێن و بەتاڵ و بێ مانا و بۆش بۆ کلتور و مێژوو و زمانی خەڵکی تر دەکات و وازی لە مێژوو و ڕابردووی خوی هێناوە.

ئاخ ڕۆڵەکەم ئاخ،  ئەو کوردە تاکەی ئاقڵ نابێت؟!

هێندەی پاشکۆیەتی و شەڕی بۆ عەلی و عومەر و کێ و کێ کرد و  خۆی بۆ خەڵکیتر کرد بە قۆچی قوربانی، چارەگی ئەمە،  شوێن کەیخوسرە و  دیاکۆکانی خۆی کەوتبوایە و شەڕ و بەرگری بۆ خاک و زمان و  شەڕەفی  خۆی  بکردبوایە، ئێستا نەک دەوڵەت، بەڵکو خاوەنی ئیمپڕاتۆڕێکی مەزنی کوردی بوو لە نموونەی ئمپڕاتۆڕیەتی مێد بوو.

وەلێ ئەفسوس ڕۆڵەکەم،

دوژمنانی ئایین و مێژوو و هەموو شتێکی کورد هاتن و  لەسەت ڕێگاوە هەوڵیان دا لە ڕابردووی خۆمان نامۆمان بکەن و مێژوو و ئایین  و کولتوور و زمان و هەموو شتێکمان بە عەرەب و تورک و پارس بکەن.

تۆ سەیرکە،

ڕۆڵەکانی من(ئێزدیەکان) سەرەڕای زیاتر لە هەفتا و سێ فەرمان و جینۆساید، وەلێ ئەوان ڕادەستی هیچ هێزێکی تاریکپەرست و گرووپێکی هۆڤەکان نەبوون، دەستبەرداری زمان و نەریت و ئایین و کولتوور و ڕابردوو و مێژووی کوردانەی خۆیان نەبوون.

گەرچی دووژمن: عەرەب ،تورک و پارسە ڕاسیزم و شۆڤێنی و ڕەگەزپەرستەکان، بە چەندین ڕێگەی جۆر بە جۆرەوە، سەتان ساڵە، هەوڵدەدەن هەستی نەتەوەیی ئێزدیەکان لاوازبکەن و کوردبوون لە ناخیان بکوژن و لە کورد بوونیان جیابکەنەوەو بیان کەن بە عەرەب، یان هەرهیچ نەبێت، وایان لێبکەن بڵێن ئێمە کورد نین!

 گەرچی لەو هەوڵە نەزۆکەیان توانیان وا لە هەندێک لە ڕۆڵەکانی میترایی و  نەوەکانی ماد و

Shamal Ismael Kareem

کوردانی ئێزدایی لە چەشنی (نادیەموراد) بکەن، بڵێن ئێمە کورد نین، بەڵام نەیان توانی بەو پیلانە شۆڤێنی و نەگریسە و هەوڵە فاشیستەیان تۆی ئەو قەناعەتە باتل و بەتال و بۆشە، لە دڵ و دەروونی زۆربەی ئێزدیەکان بچێنن، بۆیە شکستیان خوارد.

باپیرە گیان زۆر ڕاستە.

 نادیه خان، ڕاستە دڵشکاو، بریندار  و ماتەمدارە، ئێمە لە ئازار و موعاناتەکانی تێدەگەین و وەکو کوردێک هاوبەشی خەم و ئازارو فرمێسکەکانی ئەوین، بەڵام دەبێ ئەوەش بزانێت، هەر هەوڵێک، جا هەر کەسێک بێت بۆ جیاکردنەوەی کوردانی ئێزدی لە کوردبوون و دابڕانی شنگال لە کوردستان، ئەوە پیلان و ئەجێندای نەیارە و لە بەرژەوەندی ئامانجە گڵاوەکەی دوژمنانە و بە زیانی کوردانی ئێزیدی دەشکێتەوە و چاکە و فەزل و حەسەناتەکەی هەمووی دەچێتەوە سەبەتەی گلێشی نەیار و گیرفانی دوژمنانی خاتو نادیە و هەموو کوردەوە.

 ئەو دوژمانەی (تورک وپارس و عەرەب)ــە ڕەگەز پەرست و دەمارگیرەکان، گەر لە هیچ شتێک تەبا و یەک و یەکگرتوو نەبن، ئەوا بۆ پەرتەوازکردن و لاوازکردن و پاکتاوکردن و  لێدان و لەناوبردن و جینۆسایدکردن و فەرمانکردن و قڕکردن و ئەنفالکردن و دووژمنایەتی کردنی کورد تەباو براو زۆر یەکگرتوون و ئەوەی لە دەستیان بێت و هاتبێت، کەمتەرخەمیان لێ نەکردووەو ناشیکەن هەرگیز.

 ئە ودوژمنانەی چۆن لە ڕۆژهەڵات، لەمێژە هەوڵدەدەن کوردانی بەختیاری لە کوردبوون دوور بخەنەوەو وایان لێ بکەن بڵێن: ئێمە کوردنین، لە باکوری کوردستانیش هەوڵدەدەن وا لە کوردە عەلەوی و زازاکیەکان بکەن. لە ڕۆژئاواو لە باشوری کوردستانیش ئێزدیەکان و کوردانی شەبەک و فەیلی.

 جا بە پیلانی ئایینی، یاخود مەزهەب، یان ترساندن و تیرۆر و بە زۆر سەپاندنی ئایین، یان داگیرکردن و گۆڕینی دیموگرافیاو جوگرافیای کوردستان، یاخود بە شۆرینەوەی دەماغ و ئەقڵ بێت، ئەوە دوژمنانمان لەهەوڵدان ناکەون و بەردەوامن لە جێبەجێکردنی پیلانە دۆزەخیەکانیان.

 لە دەرەنجامی ئەو هەوڵە بەردەوام و نەفرەتاوی و نەزوکەیان، گەر بەڕێژەیەکی کەمیش بێت، توانییان بەشێکی کەمی کوردانی ئێزدی، شەبەک ، فەیلی،(تەنانەت لەناوکوردانی هەورامیش دەنگێکی نەشاز درووست بووە دەڵێت ئێمە کورد نین) والێ بکەن لە خشتەبەرن و فریوی نەیاران بخۆن و بڵێن:ئێمە کورد نین!

بەڵام دواجار ئەوە کەمێکی زۆر کەمن و زۆرینەی ئەوانەیتریان شانازی بە کوردبوونی خۆیانەوەدەکەن.

بەداخەوە ڕۆڵە شیرینەکەم، زۆر ڕاستە هەندێک لە ڕۆڵەکانی منیان وا لێکرد کە فریو بخۆن و بڵێن ئێمە کورد نین، نەخێر، ئێمە کوردی ڕەسەنین، چاوگی کوردایەتین، دوژمنان هەزاران ساڵە هەوڵی کوشتن و ئایین گۆڕینمان دەدەن، بەڵام چەندمان لێ بەزۆر و لە ژێر فشار و هەڕەشە و فەرمان و کوشتن بکەن بە هەر ئایینێکی تر،  لەوانەی خۆ ڕاگرنەبوون

دەنا ئێزدی نابێت ئیرادەی لاواز بێت و چۆک دابدات و سەری خۆی بۆ پیلانی دووژمن و هۆڤان بچەمینیت و دەبێ وەکوو پیاو ژنە قارەمانەکانی کۆجۆ بن و مەرگ هەڵبژێرن، مەرگ،  نەک دۆڕان و ئایین گۆڕین.

—–

١-یارسانەکان کێن و یارسانی چییە ؟،  ماڵپەڕی:کوردستان پۆست، زانیار ٧\٢\٢٠٢٢،

٢-هەمان سەرچاوەی پێشوو.




لە ڕەخنەی لۆمپنیزمی نەتەوەیی-ئایینیدا.. دیمانەی خەلیل کەیوان لەگەڵ حەمید تەقوایی

وەرگێڕانی بۆ کوردی:کاوە عومەر
٢٣\٩\٢٠٢٢

خەلیل کەیوان: ڕیشە و سەرچاوەی ئاوخواردنەوەی لۆمپەنیزم لە کۆمەڵگا و لە سیاسەتدا کوێدایە؟ بۆچی هەندێ هێزی ڕاستڕەو هاوسۆزی و یاوەری بەکرێگیراوان و ئەلیکترۆنیەکانی ڕێژیم دەکەن لە دروستکردنی ژینگەیەکی پیس و ژەهراوی لە فەزای مەجازی و سۆشیال میدیادا؟ هێزی ڕاست و ئایینی لەم بوارەدا چ خاڵێکی هاوبەشیان لەگەڵ یەکتردا هەیە؟ چۆن دەتوانیت مامەڵە لەگەڵ ئەم رێبازە وێرانکەرەدا بکەیت؟ ئەم پرسیارانە لەگەڵ حامید تەقواییدا دەخەینە بەرباس.
حەمید تەقوایی لە دوو هەفتەی ڕابردوودا دوو حاڵەتی پڕ لەهات وهاواری لۆمپنیزممان بەرەوڕوو بووینەوە، ئابی گۆرانیبێژی پۆپی فارسی بە بیانووی ئەوەی لە کۆنسێرتێکدا گۆرانی “خەلیحی هەمیشە فارسی”ی پێشکەش نەکردووە، تووشی سووکایەتی و بێڕێزی و تەنانەت هێرشی شەخسی بویەوە لە دوبەی. چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، دوای کۆچی دوایی ڕەزا براهنی، شاعیر، نووسەر، ڕەخنەگری ئەدەبی، چالاکی سیاسی، ڕووبەڕووی هەمان دۆخ بووین. بۆچی حکومەت و سایبریەکان لەگەڵ هەندێک هێزی ڕاستڕەودا پێکەوە دەوەستن و دەبنە یەک دەنگ لەم حاڵەتانەدا و هەندێک جاریش بە چەکی لۆمپنیزمەوە دێنە مەیدان؟ بۆچونی ئێوە لەم بارەیەوە چیە؟
حەمید تەقوایی: بە بڕوای من لۆمپێنیزم یەکێکە لە سیما هاوبەشەکانی ئایین و ناسیۆنالیزم. نەک هەر لە کۆمەڵگای ئێراندا، بەڵکو لە هەموو شوێنێکی جیهاندا، دەبینیت کە لۆمپنەکان ئەو چینانەن کە خۆیان قوربانی کۆمەڵگای چینایەتین، لە ئێرانیشدا بە کڵاوی مەخمەلی، کەسانی نەزان و هتد ناویان دەبەن، ئەمانە هەمیشە ئەو چینانەن کە… ئامرازەکانی بزووتنەوە ئاینییەکان و یان ڕەوتە ناسیۆنالیستەکان بوون. هەرچەندە توێژی لۆمپنەکان خۆیان هیچ بنەمایەک و هیچ ڕێبازێکی فیکری و ئەخلاقیان نییە، بەڵام تووشی جۆرێک لە دەمارگیری و بیروباوەڕ بووە کە لەسەر بنەمای دۆگما و تابۆی ئایینی-نەتەوەیی-نیشتمانپەروەری دامەزراوە. بۆ نموونە خۆشەویستی بۆ “مەولا عەلی” سیمایەکی خەڵکە نەزانەکانی ئێرانە، یاخود ڕەخنەگرتن لە خاک و ئاڵا و “جەنگاوەرانی دێرین” هتد هەمیشە سیمایەکی لومپەنەکان بووە. دەتوانن لە هێرشەکانی ئەم دواییەی هێزە ڕاستڕەوەکاندا کە باستان کرد و ئەو کەشوهەوا ژەهراوییەی کە دروستیان کردووە، شوێنەواری ئەم جۆرە لۆمپنیزمە دەبینن.
خەلیل کەیوان: ڕەنگە تۆ ئاشنای گۆرانی “هەمیشە کەنداوی فارس” بیت، کە ئابی بەزۆری لە کۆنسێرتەکانیدا دەیڵێت. ویستم بپرسم ڕای ئێوە چییە لەسەر ئەو مشتومڕانەی لەسەر ئەم گۆرانییە هاتە ئاراوە و ئەو هێرشانەی کە هێزە ڕاستڕەوەکان و میدیاکانی حکومەت بۆ سەر ئیبی دەستیان پێکرد؟
حەمید تەقوایی: ئەبی ساڵانێک لەمەوبەر ئەم گۆرانییەی وتبوو، جارێکیش ڕەخنەی گرتبوو لە وتنی گۆرانییەکی لەو شێوەیە لەژێر ناونیشانی “نۆستالژیک بووم”، بەڵام لە هەر حاڵەتێکدا وەک گۆرانیبێژێک مافی ئەوەی هەیە هەر گۆرانییەکی خۆی لە شوێنێک بڵێت و لە لە شوێنێکی تر نەیڵێتەوە. ئەم هێرشە ڕاستڕەو و فاشیستییە کە لە ئێستادا بۆ ئەبی دەکرێت، هێرش دەکاتە سەر خاڵە بەهێزەکەی، واتە بۆچی ئەم گۆرانییەی نەگوتەوە. بەڕای من ئەو مشتومڕانەی لەسەر ئەم پرسە دەستیپێکردووە، بەڕوونی ئەوە دەردەخات کە بۆچی ئەم گۆرانییە کۆنەپەرستانە و تەفرەقە ئامێزە. ئەمە گۆرانییەکی کۆنەپەرستانەیە کە ناوەرۆکەکەی ئاو کردنە بەئاشی هەمان ئەو هێزە ناسیۆنالیستیانەدا کە ئێستا هێرش دەکەنە سەر ئابی. باسەکە لەسەر ئەوە نییە کە هەڵوێستی سیاسی ئابی چی بووە یان چییە؟ من ناچمە ناو ئەم باسەوە. هه ر هه ڵوێستێكی هه بێت، به رگریكردن له ئابی له به رامبه ر هێرشی ڕاسته كاندا به مانای به رگریكردن له هه ڵوێسته كانی نییه ، به ڵكو به مانای داكۆكیكردنه له گۆرانیبێژێك كه مافی هه یه له هه ر شوێنێك بیه وێت هەر گۆرانییه ك بڵێت یان نه ڵێته وه . وە دووەم: وەڵامێکە بۆ ڕەفتارێکی تەواو قێزەونی دژە مرۆڤانەی لۆمپنیە بۆ گۆرانیبێژێک بۆ بڕیاری دروست بۆ خۆبەدوورگرتن لە وتنی گۆرانییەکی ڕقاوی و ئاژاوەنێرەوە. هیوادارم لە هیچ شوێنێک ئەم گۆرانییە نەڵێت.
بەڵام بەبێ گوێدانەمامەڵە لەگەڵ گۆرانییەک، تەواوی ئەو مشتومڕەی کە لەسەر ناوی خەلیج دەستیان پێکردووە، تەواو بێمانایە. باسەکە لەسەر ناوێکە. هەروەها کەنداوی مەکسیکمان هەیە، زەریای هیندیمان هەیە، زۆر حاڵەتمان هەیە کە ناوی وڵاتێک لەسەر زەریایەک یان دەریاچەیەک یان کەنداوێک بێت و هتد. ئەمەش مافێکی تایبەت بە خەڵکی ئەو وڵاتە نادات، هەروەها بە مانای ئەوە نییە کە خەڵکی دیکە لە تەنیشت ئەو وڵاتەوە ناژین یان مافی بەکارهێنانیان نییە. گۆڕینی ناو هیچ شتێک ناگۆڕێت، بەڵکو ناسیۆنالیزم بەدوای گەورەییدا دەگەڕێت بەدوای پیرۆزی و ڕێوڕەسمی خۆیدا دەگەڕێت لە ناوەکاندا، چونکە ئامانجە چینایەتییەکانی پێویستی پێیەتی. لە ڕاستیدا جەماوەری خەڵک هیچ ڕەخنەیەکیان لە ناوەکان نییە. خەڵک دەیانەوێت بە یەکسانی سوودمەند بن لە دیارییەکانی دەریا و زەریا و کەنداو و ڕووبار کە لە نزیکیەوە دەژین. شەڕ لەسەر ناوەکە لەلایەن ئەو کەسانەوە دەستپێدەکات کە گرنگی بە مافی مرۆڤ و یەکسانی هەموو مرۆڤەکان نادەن، سەربەخۆ لەو شوناسە نەتەوەیی و نیشتمانپەروەر و ئایینی و نەتەوەییەی کە پێیانەوە بەستوون. بیرتانه له سه رده می شادا هه مان شتیان له سه ر ناوی (شه ت العرب) و ڕووباری ئه لوه ند ده سیتی پێكردبووه . ئەگەر ئاماژە بە ئینسایکلۆپیدیاکان بدەیت یان ئەمڕۆ ئاماژە بە ویکیپیدیا بکەیت، ئەوا تووشی ناوی شەتولعەرەب و کەنداوی فارس دەبیت. ئەم ناوانە لە سەردەمی ئێمەدا ئاسایی و نەریتن و هەتا و هەتایی نین. ئەگەر ناسیۆنالیستەکان خەڵک بە تەنیا جێبهێڵن کەس کێشەی لەگەڵ ئەم ناوانەدا نییە. ئەوە ناسیۆنالیزمە کە ئەم ناوانە دەکاتە ئاڵا، بە ڕێوڕەسم وپیرۆزی بۆ هێرشکردنە سەر بێگانەکان و هێرشکردنە سەر بیانیەکان و بڵاوکردنەوەی ڕق و دووبەرەکی لە نێوان فارس و عەرەبدا. ناسیۆنالیزمی فارسی دەستەواژەی شاتولعەرەب قبوڵ ناکات و ناسیۆنالیزمی عەرەبیش ناوی کەنداوی فارس قبوڵ ناکات. لە هەردوولا ئەم شەڕە بەتەواوی کۆنەپەرستانەیە، دژە مرۆڤە، و هیچ پەیوەندییەکی بە خۆشگوزەرانی و ژیانی خەڵکەوە نییە، و ئازادی و شارستانییەتی ئەو کۆمەڵگایانەی کە ئاوا دابەشیان دەکەن. دەبێت لەبەرانبەر ئەم دابەشکردنانەیاندا بوەستینەوە. ئەم ناکۆکییە لەسەر ناوی کەنداوی فارس، سووتەمەنی شەڕەکانی داهاتووە، باروتی شەڕی نەتەوەیی-میللیە و لە ڕابردووشدا ئەم ململانێ ناسیۆنالیستییە بنەمای ململانێی نێوان ئێران و عێراق بوو لەسەر شەت ئەلعەرەب لە سەردەمی… دەسەڵاتی شا و شەڕی هەشت ساڵەی سەردەمی کۆماری ئیسلامی تەنانەت ئەمڕۆش شەڕی بەردەوامی ئۆکرانیا بە هەمان جۆری مەیلە گەورەیی خواز و ناسیۆنالیستی سووتەمەنی پێدەدرێت.
پێویستە لە دژی ئەم دووبەرەکییە نەتەوەیی-ئایینانە بوەستینەوە و پوچەڵیان بکەینەوە. یەکێک لە ڕێگاکانی پوچەڵکردنەوەی ئەم جۆرە مشتومڕانە سود وەرگرتنە لە بەکارهێنانی ناوی بێلایەنانە. دیاردە سروشتییەکانی وەک دەریا و کەنداو و هتد، دەتوانن ناوی وڵاتانیان هەبێت، بەڵام کاتێک ئەمە دەبێتە ئامرازێک بۆ ڕق و کینەیەکی ناسیۆنالیستی، پێویستە ئەو ناوانە هەڵبژێردرێن کە مانای نەتەوەیی-نیشتمانپەروەری-نەتەوەیییان نییە.
لە هەموو حاڵەتێکدا کرۆکی ئەم ململانێیە لەسەر ناوەکان دژی بەرژەوەندی خەڵکە لە هەردوو وڵاتی عەرەبی و ئێراندا.
خەلیل کەیوان: بە جۆرێک باسی ڕەگ و ڕیشەی کێشەکەت کرد، ویستم بپرسم چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو هەستە نیشتمانپەروەری و ناسیۆنالیستیانەدا بکەین کە لەسەر ئەم جۆرە ناوانە سەرهەڵدەدەن و هەندێک جار هەڵدەقوڵێن و دەگۆڕدرێن بۆ شەڕ و ململانێیەکی گەورە، هەروەها هۆکاری ئەم جۆرە دەمارگیریە نەتەوەییەکان.وە نیشتمانپەروەری چییە؟
حەمید تەقوایی: بەرژەوەندییە زەمینیە زۆر تایبەتەکان، بەرژەوەندییە چینایەتییە زۆر تایبەت و دیارەکان لە پشتی ئەم جۆرە لە دەمارگیری نەتەوایەتی و نیشتمانپەروەرانەن و باسەکە تەنیا پەیوەندی بە ناوی کەنداوی فارسەوە نییە. ئەمڕۆ پرسی ئاڵای سێ ڕەنگ، یەکپارچەیی خاک، مێژووی باوباپیران، کورشی گەورە، خاوەندارێتی سێ دوورگەی تونب و گەورە و بچووک و ئەبو موسا و هتد، هەمووی کۆمەڵەیەکن کە سیستەمی بەهای ناسیۆنالیستەکان پێکدەهێنن. ئەمانە زنجیرەیەک ناون، زنجیرەیەک ئایکۆن و زنجیرەیەک هێما کە دەبێت ببینرێت، چی لەپشتەوەیە؟ بۆچی ئەمانە زۆر گرنگن؟ بۆچی ئەم هێمایانە لە چاوی ناسیۆنالیستەکاندا بەهای دەیان و سەدان جار زیاترە لە ژیانی مرۆڤەکان؟ بۆچی ناوی کەنداو بۆ ئەوان گرنگە و هەژاری و بێ مافی ئەو جەماوەرەی کە لە هەردوو دیوی کەنداودا دەژین گریمانە نەکرێت ؟ نە ئەو کوشتنی شەرەفانەی کە ڕۆژانە لە ئێران ڕوودەدەن و نە ئەو هەزار و یەک بەڵایەی کە ڕۆژانە خەڵکی عەرەب و فارس ڕووبەڕووی دەبنەوە؟ ئەوان ئەمە نابینن، بەڵام کاتێک پیرۆزی و تابۆی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەرییان دەخرێتە ژێر پرسیارەوە، دەمارەکانی ملیان دەردەکەون.
لە پشت ئەم فاشیزمەوە کە دەیبینین، ئەم لۆمپنیزمەی کە دەیبینین، بەرژەوەندی چینێکی دیاریکراو هەیە. چینی سەرمایەداری، ئەوانەی ئەمڕۆ پێیان دەوترێت لەسەدا یەک، لە ڕاستیدا لە ژێر ناوی نیشتمان، نەتەوە، یەکپارچەیی خاک و هتد، بەرگری لە بەرژەوەندییە چینایەتییەکانی خۆی دەکات. وڵات و میللەت بوارێکی تایبەتی قازانج و بازاڕی کار و بازرگانییانە. پیرۆزی سنوورەکان بەو مانایەیە کە ئێمە دەمانەوێت بازاڕەکەمان، خاکەکەمان، کاریگەری و هەژموونی خۆمان بپارێزین، تەنانەت ئەگەر ئەو کەسانەی لەوێ دەژین نەیانویستبێت. پیرۆزی یەکپارچەیی خاک واتە ڕووبەڕووبوونەوەی بەشێک لە کۆمەڵگا کە ڕەنگە لەبەر هەزار و یەک هۆکار نەیەوێت لەژێر ناوی ئەو وڵاتەدا بژی. دەیەوێت ژیانێکی تر بژی، یان ببێتە ئۆتۆنۆم، یان سەربەخۆ بێت و هتد. پیرۆزی سنوورەکان بنەمایەکە بۆ ناسیۆنالیزم کە ئامادەن خوێن بڕێژن. ئامادەن هەزاران کەس بەکوشن بدەن، بەڵام یەکپارچەیی خاک بپارێزرێت. ئەم جۆرە تابۆ و پیرۆزیانە بۆ پاراستنی بازاڕ و بارودۆخی ئابووری و سامانە سروشتییەکان و ناوچەی کاریگەری و کارکردی سەرمایە و قازانجیان پێویستن. ئەمە بنەمای کێشەکەیە.
هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە کە لە سیستمی بەهای ناسیونالیزمدا چ ناسیۆنالیزمی توندڕەو و ناتوندڕەو، جێگایەک بۆ مرۆڤ و بەها گشتگیر و یەکسانە ئینسانییەکان نییە، بەڵکو بە تەواوی سێبەری هێما و ئایکۆنەکانی وەک سنوور و ئاڵا، مێژوو و مێژووی باوباپیران، باڵادەستی نەتەوەیی و بێگانەپەرستی. زۆرترین قسە لەسەر ئێرانییەکان دەکەن، کە تا ئەو ڕادەیە ڕێزیان لێدەگیرێت کە ڕێز لە سنوور و ئاڵا و ئاو و خاک دەگرن، ئەگینا پێیان دەوترێت خائین و نیشتیمان فرۆش و هتد.
تەوەری مشتومڕەکانی ئەم دواییە لەسەر ناوی کەنداو هیچی تر نییە جگە لەوەی ئێران و ئێرانییەکان لە عەرەبەکان باڵاترن. ئەم مشتومڕە دەتوانێت بچێتە شەڕی دراوسێیەتی و کوشتنی “بیانییەکان”. مرۆڤ پێویستە زۆر وریا بێت بەرامبەر بەم ڕق و کینە، و ڕێگە نەدات دزە بکەنە ناو کۆمەڵگاوە.
خەلیل کەیوان: پێشتریش زۆر حاڵەتی ئەم جۆرە سوکایەتی و بێڕێزیکردنە ڕوویداوە. بۆ نموونە ماوەیەکی زۆر نەبوو، لە یەکێک لە ژوورەکانی کڵاب هاوس، لە کاتێکدا سەرکردەکانی پارتێکی ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستڕەویش ئامادە بوون، لایەنگرانی ئەوان بە شێوەیەکی شەخسی و سووکایەتی پێکردن مامەڵەیان لەگەڵ مینا ئەحەدیدەکرد. سکرتاریەتی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری لەم بارەیەوە ئاگادارییەکی دەرکرد و شەرمەزاری کرد. هەروەها پارتی دەستووری چەند ڕۆژ لەمەوبەر ئاگادارییەکی بڵاوکردەوە و داوای لە ئەندامانی “ئارەزوومەندانە”ی کرد لە کۆبوونەوەکانیاندا سووکایەتی و بێڕێزی نەکەن. بۆچی هێزە ڕاستڕەوەکان تا ڕادەیەک بە لۆمپنیزم تێوەدراون؟ ئایا پەیوەندییەک هەیە لە نێوان هەلومەرجی سیاسی کۆمەڵگای ئەمڕۆدا لەگەڵ ئەم جۆرە ڕووبەڕووبوونەوەی لۆمپنیستی؟ ئایا ئەو ڕاگەیاندنەی کە حیزبی دەستووری سەبارەت بە ئەندامە ئارەزوومەندەکانیان کردوویەتی و وتی سوکایەتی و بێڕێزی مەکەن بەسە؟
حەمید تەقوای: تا ئەو شوێنەی کە پەیوەندی بە بەشی یەکەمی پرسیارەکەتەوە هەیە، دەبێ بڵێم پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لە نێوان هەلومەرجی سیاسی ئەمڕۆ و سەرهەڵدانی لۆمپنیزمی ناسیۆنالیستیدا هەیە. لە هەلومەرجی سیاسی ئەمڕۆدا، هێزە ڕاستڕەوەکان، وەک پارتی دەستووری و هتد، ئاسۆ و ئامانجی سیاسی ستراتیژییان لە دەستداوە، واتە گەڕانەوەی دەسەڵاتی پاشایەتی. چونکە گێڕانەوەی دەسەڵاتی پاشایەتی بەبێ کەسێک کە کاندیدی تەخت بێت شتێکی بێمانایە و دەزانین ئەمڕۆ کاندیدیان نییە. نوێنه ری ئه وان و ئیدیعای پاشایه تی داهاتوو له ئێران ساڵێك پێش ئێستا تاجی خۆی دانا و به ڕاشكاوانه رایگه یاند كه سیسته می پاشایه تی دژی مافی مرۆڤه و ته نانه ت پێشبینیشی كرد كه داهاتووی ئێران سۆسیالیستی بێت. بەم شێوەیە لە ڕووی سیاسییەوە فەرشەکە لە ژێر پێی شاهانە ڕاکێشرا و لە بۆشایی ئاسمان هەڵواسرابوون. ئێستا دیار نییە هۆکاری بوونی ئەو حیزبە دەستوورییە چییە؟ پاشایەتی بەبێ سوڵتان شتێکی بێمانایە و ئاسۆ و دیدگای خۆیان لەدەست داوە. بۆیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن جارێکی تر جێگه‌یان له‌ سیاسه‌تدا هه‌بێت، گوتاریان هه‌بێت، په‌یوه‌ندییان هه‌بێت، ناچار ده‌بن ته‌پڵی هه‌مان جۆره‌ ‌لەڕادەبەدەر‌ کۆنەپەرستانەی ‌ به‌ها نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانپه‌روه‌رییهکانیان لێبده‌ن. ئەم چەقبەستووییەی هێزە ڕاستڕەوەکان وایکردووە زیاتر و زیاتر ڕوو لە جۆرێک لە لۆمپنیزم بکەن لە مامەڵەکردن لەگەڵ نەیارەکانیاندا. ئەوەی کە ئێوە وتتان کە حیزبی دەستووری لەم بارەیەوە ڕاگەیەندراوێکی داوە، خۆی لە خۆیدا هەنگاوێکی ئەرێنییە، بەڵام بە هیچ شێوەیەک بەس نییە. پرسیار ئەوەیە ئایا ئەوانیش ئیدانەی شەعبانی بێ مێشک دەکەن؟ ئایا هەروەها ئیدانەی کودەتای ١٩ ئاپی ١٩٥٣ دەکەن کە لەسەر شانی لۆمپنەکان ڕوویدا؟ ئەندامە چالاكەكانی حیزبەكەیان و سەركردەكانیان لەو كۆبوونەوەیەدا ئامادە بوون كە تیایدا مینا ئەو بێڕێزیەی پێکرا لەو كۆبوونەوەیەدا نەمدیت هیچیان بڵێن. تازە ڕایانگەیاندووە. ئەمە بەس نییە. پێویستە بە ڕوونی و یەکلاکەرەوە بوەستنەوە لەبەردەم ئەم سوکایەتیانە و ئەم لۆمپنیزمەدا کە لە ژێر ناوی نیشتمان و یەکپارچەیی خاکی ئاڵا و هتد چالاک کراوە. ئەمە بەشێکە لە پڕوپاگەندەی ئەمانە ئەحیزابێکن، کە بوار بە لۆمپنیزم دەدەن. قسەی ناشرین و سوکایەتی بە هەر کەسێک کە پیرۆزی ئاڵای سێ ڕەنگ و یەکپارچەیی خاک و هتد قبوڵ نەکات، بەشێک بووە لە پراکتیکی ئاسایی شاهانە و حیزبە ڕاستڕەوەکان، کە بە شێوەیەکی قێزەون لە مامەڵەکردن لەگەڵ هاوشێوەکاندا دووبارە بووەتەوە لە ئەبی و ڕەزا بەراهینی.
ئەوەی لە هێزە سیاسییەكانی راست چاوەڕوان دەكرێت ئەوەیە كە بە ئاشكرا ئیدانەی ئەم لۆمپنیزمە بكرێت و حسابەكانیان جیا بكرێتەوە. لە ئەدەبیاتی خۆیاندا، لە نووسراوەکانیاندا، و لە قسەکانیاندا، مامەڵە لەگەڵ هیچ کەسێکدا ناکەن کە بە کەنداوی فارسی بە کەنداو یان کەنداوی عەرەبی ناوبردبێت، یان وتوویەتی ئەگەر مرۆڤەکان لەکۆمەڵگادا بیانەوێت جیاببنەوە، مافی خۆیانە بە جیا بژین.
تا ئەو کاتەی پارتە ئۆپۆزسیۆنە ڕاستڕەوەکان خۆیان سووتەمەنی ئەم جۆرە گوتارە بدەن، لۆمپنیزم بوارێکی بۆ کوشتن دەبێت. وەک چۆن ئیسلامی دەسەڵاتدار بوارێکی لە کۆمەڵگادا بەخشیوە بە لۆمپنیزمی حیزبوڵا. ئێمە دەبێ بە هەموو هێزمانەوە دژی ئەم لامپۆنیزمە ئایینی-ناسیۆنالیستییە بوەستین و ئەمە لە بنەڕەتدا ئەرکی چەپەکانە. لە هەلومەرجی سیاسی ئەمڕۆدا، یەکێک لە هۆکارەکانی شکۆمەندکردنی ئەم لۆمپنیزمە ئەوەیە، لە کاتێکدا ڕاست زیاتر و زیاتر گۆشەگیر بووە، چەپ لە هەڵمەتە مەیدانییەکان، لە گوتارەکان، لە بزووتنەوەی دادگاییکردن، لە بزووتنەوەی مامۆستایان و کرێکاران و… خانەنشینەکان، لە بزووتنەوەی دژی حیجاب و ئاپارتایدی سێکسیدا بەهێزتر و بەهێزتر بوون لە بزووتنەوەی دژی لە سێدارەدان و هتد. ئەم جنێوە قێزەونانە کاردانەوەی زەبونانەیە بەرامبەر بە سەرهەڵدانی چەپ لە کۆمەڵگادا. بەم مانایە ئەرکی چەپەکانە کە لەبەردەم ئەم جۆرە چالاکییە سەروو ڕاست و لۆمپنیستیانەدا بوەستن و بیخەنە لایەکەوە.
خەلیل کەیوان: لومپنیزم کێشەیەکی نوێ نییە، بەڵام ئەمڕۆ بەهۆی سۆشیال میدیا و فەزای مەجازییەوە زۆر فراوانتر بووە و پێگەیەکی وێرانکەرتری دۆزیوەتەوە. دەبێت چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخەدا بکەین و بە تایبەتی ئەرکی حیزب و ڕێکخراو و هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان لەم ڕووەوە چین؟
حەمید تەقوایی: وەک باسم کرد هێزی سەرەکی دژیان هێزی چەپی ناو کۆمەڵگایە، بەڵام ئامانجیان لە بنەڕەتدا هێرشکردنە سەر چەپەکانە.
دەبینیت ئێستا کۆماری ئیسلامی و ناسیۆنالیزم خاڵی هاوبەشی زۆریان دۆزیوەتەوە. کۆماری ئیسلامی بە حەتمی ڕوو لە ناسیۆنالیزم و پیرۆزی ئاو و خاک و نیشتمان کردووە، بە شێوەیەکی سەرەکی لەبەرئەوەی ئیسلام چیتر ئەو کەڵکەی نەماوە و بانگەواز بۆ ئیسلام زیاتر و زیاتر ڕق و کینە لە ڕێژیم زیاتر دەکات. لەم پرسەدا گۆرانییەکانی ئەبی و “هەمیشە کەنداوی فارس”ی کۆماری ئیسلامی بە تەواوی لە لایەنی ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستەوە دەرکەوت. لە هێرشی کردنە سەر چەپیشدا هەمیشە پێکەوە بوون و شان بە شانی یەکتر بوون. ئایین و ناسیۆنالیزم هەمیشە شان بە شانی یەکتر ڕۆیشتوون. بۆیە هێزی سەرەکی دژیان هێزی چەپی کۆمەڵگایە. مەبەستم تەنیا چەپی ڕێکخراو و پارتەکانی وەک حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری نییە، بەڵکو چەپی کۆمەڵایەتی بە گشتی، ئەو چەپەی کە ئێستا لە شەقامەکان لە خەباتی مەیدانیدا دەیبینین، لە بزووتنەوەی کرێکاریدا، لە بزووتنەوەی دادخوازی و هتد، لە… بزوتنەوەی مامۆستایان و خانەنشینان و هتد، ئەمە هێزێکە کە ئەو ئاڵای بەها مرۆییەکانی بەدەستەوەیە.
بە پێچەوانەی بەها نەتەوەیی-ئیسلامی-لۆمپنیەکانەوە، بەها مرۆییە سۆسیالیستیەکان دەبێ دابنرێن، بەها مرۆییە چەپەکان دابنرێن و مرۆڤ پشت بە نوێترین دەستکەوتە گشتگیرەکانی شارستانیەتی مرۆیی ئەمڕۆ ببەستێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم جۆرە دەمەرگیری و بەم جۆرە سیاسەتە کۆنەپەرستانە و دژە مرۆییە. ئەمە مەیدانێکی فراوانە، لە سۆشیال میدیاوە تا گوتاری سیاسی، لە بزووتنەوەی مەیدانی و ناڕەزایەتیەکاندا، لە پڕوپاگەندە و لە هۆشیاریدا و لە بەرگریکردن لە مرۆڤایەتی و زانست و شارستانییەتی مۆدێرن، لە هەموو ئەم بەرانەدا پێویستە مرۆڤ لە دژی ئەم لۆمپنیزمە نەتەوەییە ئیسلامییە بوەستێت.و تێکی بشکێنە. بە بڕوای من کۆمەڵگای ئێران نەک هەر ئەم لۆمپنانە قبوڵ ناکات و ڕەوتێکی سەرەکی کۆمەڵگا نین، بەڵکو مشەخۆرن کە لە ڕاستیدا دەیانەوێت بزووتنەوەی ئینسانی خەڵک لە ئێراندا بشێوێنن و ژەهراوی بکەن.
بەڕای من ڕەوتی سەرەکی، گرایشی سەرەکی لە کۆمەڵگادا بەرەو پێچەوانەی لۆمپنیزمی نەتەوەیی-ئایینی هەنگاو دەنێت. بۆ ئەوەی هێرش بکەنە سەر کۆماری ئیسلامی و ئەم مەیلە ڕاستڕەو و ناسیۆنالیستی و مەزنانەی کە لە ڕاستیدا خزمەت بە کۆماری ئیسلامی دەکەن. ئەمڕۆ هەلومەرجی سیاسی-کۆمەڵایەتی زیاتر لە جاران بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئایین و ناسیۆنالیزم و لۆمپنیزم لەبەردەستدایە.

—————————

ئەم بابەتە لەسەر بنەمای چاوپێکەوتنێکی کەناڵە جەدید وەرگیراوە
سوپاس بۆ ئەمیر تەوەکۆلی بۆ ئامادەکردنی دەقی سەرەتایی ئەم چاوپێکەوتنە.
٣٠ی ئازاری ٢٠٢٢




بۆچی ژن دەکوژرێت؟.. زانا رەزاق

ئەو پرسیارە لەوانەیە زۆر جار کرابێت سەرمایە و مادیەکی زۆریش بۆ ئەوە خەرج کراوە بەڵام هێشتا ژنکوشتن بەردەوامە ، خۆی دەبێ سەرەتا بۆ ئەو کاتە بگەڕێینەوە کە ژن لەو کۆمەڵگایە کوژراوە ئەو کاتیش لە هۆکارەکانی بکۆڵینەوە ، کۆمەڵگای ئێمە کاتێک بەرەو پێشدەڕوات دەبێ ئەو بەرەو پێشچوونە تەنیا لە دام و دەزگاکانی حکومی ناحکومی نەبێت بەڵکو لە هەموو شوێنەکانی کۆمەڵگا بێ ئەمەش ووردە ووردە بێ، یانی بەشێوەیەک چۆن منداڵ لە قوتابخانە فێری پیتەکان دەکرێت دواتر خوێندنەوەی ووشەکان دواتر ڕستەکان ئاواش دەبێ ئەمە و هەموو بوارەکانی تر و شتەکانی بەو شێوەیە بڕوات چونکە ئەگەر ئاوا نەڕۆیشت ناهاوسەنگی لە ئاستی هۆشیاری و تێگەیشتن  دروست دەبێ ئەمەش هۆکارێک دەبێ بۆ توندوتیژی تا ڕادەی ئەو ژن بکوژرێت ،یان بەشێوەی تر ئێمە هەستی خۆ بەگەورەزانینمان تێدایە ئەمەش بەهەڵە وەرمانگرتووە  هەروەک چۆنیش زۆرجار گوێبیستی بووینە کە دەڵێن ژن بە مرۆڤ نازانرێت مەبەست لێی ئەوەیە لەنێو شوێنەکان حیساب بۆ ژن و ڕاو بیروبۆچوونی ناکرێت.

20 9 2022