پرۆژه‌ یاسای (به‌ره‌‌نگاربوونه‌‌وه‌‌ی توندوتیژیی خێزانی)، و هەڵوێستی مەلای سەلەفی-جیهادیی کوردی ناو زیندان و ناو پارلەمان.. سەروەر پێنجوێنی

مەلا (ئیسماعیل سووسەیی)، مەلایەکی سەلەفی-جیهادیی تر بوو، کە بەتوندی دژی ڕەشنووسی یەکەمی پرۆژه‌ یاسای (به‌ره‌‌نگاربونه‌‌وه‌‌ی توندوتیژیی خێزانی) (ژماره‌ ٨ ی ساڵی ٢٠١١) کاتی خۆی لێدوانی دا، و کێشەکەیشی هەر ئەوە بوو ئەو پڕۆژە یاسایە خاڵی وای تێدایە کە پێچەوانەی قورئان و شەریعەتە، وەکوو فێرکاری و ڕێنمایی لێدانی ژن لە قورئاندا “واضربوهن” (النساء: ٣٤)، و وەکوو خەنەتەی مێینە کە ئیسلام لە کاتی خۆیدا بەگشتی بە کارێکی باشی داناوە، و لە ڕێبازێکی فیقهیی وەکوو ڕێبازی شافیعییشدا “واجیب”ـە. بەمەش ناوبراو داکۆکیی لە شەق‌وەشێنیی پیاو و لە داب‌ونەریتی کۆنی خەتەنەی مێینە کرد.
وەکوو لە کاتی خۆیدا لەسەری نووسیمانە، وتاری “یاسای به‌ره‌‌نگاربونه‌‌وه‌‌ی توندوتیژیی خێزانی و مه‌لای پاسه‌وان ـ له‌ په‌راوێزی باس‌وخواسی یاسای توندوتیژیی خێزانی و به‌ره‌نگاربونه‌وەی هه‌ندێک له‌ مه‌لاکان”(١).
بۆیە ئێستەش هەر پارلەمانییەکی ئیسلامی هەر کێشەی ئایینیی لەگەڵ پرۆژە یاساکە هەیە، و سەرنجەکانی تریان هەر بیانوون.
مەلا سووسەیی مەلایەکی سەلەفی-جیهادیی سەربەخۆ بوو، ئەندامی حیزبێکی ئیسلامی نەبوو بەرگریی لێ بکات و بیگەیەنێتە پارلەمان. لە هەمان کاتدا سەلەفی-جیهادییەکی ڕاستگۆ بوو: ئامادە نەبوو بچێتە پارلەمان. مەلا سەلەفی-جیهادیەکانی ناو “جەماعەی ئیسلامی”، “جەماعەی عەدالەت”ی ئێستە، سەلەفی-جیهادین بە تامی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران و بنەمای “تەقییە”ی شیعەگەری، کە جۆرێکە لە دووڕوویی پیرۆزکراو. بۆیە سەلەفی-جیهادیەکانی ناو پارلەمانی ئێمە؛ لە پارلەمانیشن و باوەڕیشیان بە ڕەوایی یاسادانان نیە بۆ پارلەمان ئەگەر یاسایەکی نوێ دابنێت کە دووبارەکردنەوەی هەمان حوکمە شەرعیەکە نەبیت، یان چاکسازییەکی نوێ بێت.
دەکرێت کەسێک لە پارلەمان بێت و ئەندامی دەسەڵاتێکی یاسادانان بێت و باوەڕیشی بە دەسەڵاتی یاسادانان نەبێت و خودی یاسا بە “شیرک” بزانێت؟! دەی ئەمانە وا بیردەکەنەوە، و خۆیان گەیاندووەتە پارلەمانیش.
لە زنجیرەیەکی داهاتوودا بیروباوەڕەکانی مەلا (هەورامان گەچێنەیی) ڕوون‌دەکەینەوە.

سەروەر پێنجوێنی

————————————–

پەراوێز:
(١) بڕوانە: بلۆگی نووسەر:
https://sarwar-penjweni.blogspot.com/2012/08/blog-post_18.html?
fbclid=IwAR38DoaSUpfUwUk_V_LeyOAvyYgsiIddDzKIzE0Tus3LI1NJdOxoccNzhr0
و دیواری فەیسبووکی نووسەر:
https://www.facebook.com/photo/?fbid=455347451153438&set=a.191509284203924

تێبینی: ئەم کورتە وتارە دوو جار لە ئەکاونتی فەیسبووکی نووسەر بڵاوکراوەتەوە، بەڵام بە ڕیپۆرتی مێش‌ومەگەزی ئەلیکترۆنیی ئیسلامیەکان لەلایەن ڕۆبۆتی فەیسبووکەوە لادراوە، و ئێستە لێرە بڵاودەبێتەوە.

بۆ بینینی فەیسبوکی نووسەر کلیکی ئێرە بکەن..




مۆزەخانەی قەڵای هەرمۆتە.. فازیل شەوڕۆ

بۆ ئیدارە و قائیمقامیەتی قەزای کۆیە

دوای سڵاو و ڕيز

بەرێزان ئەو پێشنیارەتان دەخەمە بەردەم خۆزگە بە هەندتان وەردەگرت.

دوای ئەو (٤) کارەساتە گەورەیەی بەسەر قەڵای هەرمۆتە داهات لەو نیو سەدەی دوایدا، پێشنیار دەکەم کە ئەو قەڵایە نۆژەن نەکرێتەوە و ئێستاکە چۆنە دوای ئەم مووشەکبارانە، وەکو خۆی بهێلدرێتەوە و بکرێتە مۆزەخانەیەکی هەمیشەیی بۆ شارەکە و بۆ کوردستان.

لەوێدا وێنە و بەڵگەنامە و شتومەکی هەموو شەهیدانی وراتی کۆیە و شەهیدانی ڕۆژهەڵاتی تێدا بپارێزن. دواتر لەگەڵ رۆژگاردا، دەکرێ هونەرمەندان و شێوەکاران و پەیکەرتاشان، بە چەندان کاری هونەری و پەیکەر، ڕۆح بێنەوە بەر ئەو قەڵایە و ببێتە پەڵەیەکی ڕەش بە نێو چەوانی دوژمنانی کورد و هەموو خەڵکی دونیا بە چاوی خۆیان تاوان و جینایەتەکانی ڕژێمەکانی بەغدا و تاران ببێنن و نەوەکانیشمان دەرس و عیبرەتی لێ وەرگرن و بزانن کێ دۆستمانە و کێ دوژمنمانە و مێژوومان چۆن بووە.

(٤) کارەساتەکەی ئەو قەڵایە؛ (١) دروستکردنی قەڵایەکە بۆ سەرکووتکردنی شۆڕشی کورد؛ (٢) ڕۆژانی ڕەشی نیو قەڵا لە ڕۆژانی ئەنفال دا لە (١٩٨٨)؛ (٣) مووشەکبارانی یەکەمجاری قەڵا لە لایەن ڕژێمی ئیرانەوە لە (٨ /٩/ ٢٠١٨ )؛ (٤) مووشەکبارانی دووەمی قەڵایەکە لە لایەن ڕژێمی ئێرانەوە لە (٢٨/٩/٢٠٢٢).

تکایە هەرچی وێنە و دۆکیومێنتان هەیە بیانپایزن بۆ نمایشکردنیان لەو مۆزەخانەیە بە کارە ئەدەبییەکانیشەوە. هونەرمەند و ڕۆشنبیران دەتوانن بە بیرۆکەی جوان و داهێنەرانە کاری جوانی بۆ بکەن.
گۆڕستانی شەهیدانیش لەوێ ببێتە بەشێک لەو پڕۆژەیە.

سەربەرزی بۆ شەهیدان و ڕووڕەشی بۆ داگیرکەران.
ئێوەش سەرکەوتوو بن.

فازیل شەوڕۆ
١/١٠/٢٠٢٢ دوبلن




کوشتنی ژنێک کە ناکوژرێ.. شيعر: نزار قبانی/ وەرگێڕانی: پشکۆ ناکام

بەڵێنم پێت یا

بەڵێنم پێت یا کە خۆشم بۆییت
بەرامبەر ئەو بڕیارە گەورەیە، ئەقڵم لەدەست یا
بەڵێنم یا:
لە پەرۆشی بینین نەمرم
بەڵام هەر مردم
و
چەندین جار بەڵێنم یا
و
چەندین جار بڕیارم یا
واز بێنم
لە بیرم نایە وازم هێنا بێ
بەڵێنی شتی گەورەتر لە خۆمم یا
ئاخۆ سبەی ڕۆژنامەکان چیم لەسەر ئەڵێن !
دڵنیام ئەنووسن کە شێت بووم
یان ئەنووسن کە خۆم کوشتوە !
بەڵێنم پێت یا کە بێ وورە نەبم
بەڵام، وابووم…!
و
كە شیعر بەسەر چاوەکانتا نەڵێم
بەڵام ووتم
و
بەڵێنم یا کە نەء
…..و نەء
…..و نەء
كاتێ بە گەمژەیی خۆم زانی، پێکەنینم هات


بەڵێنم یا
كە گوێ نەیەمە قژت کاتێ بە بەردەمما هات و چۆ ئەکا
كاتێ وەک “شەو” باڵ بەسەر شۆستەکانا ئەکێشێ
……هاوارم لێ هەستا…..
بەڵێنم یا
چەن سۆزم هەبێ
گوێ بە چاوەکانت نەیەم
و
كاتێ دیم ئەستێرە ئەبارێنن
….. هەناسەم هەڵکێشا….
بەڵێنم یا
هیچ نامەیەکی خۆشەویستیت بۆ بنێرم
بەڵام سەرەڕای هەموو شتێ ، هەر نووسیم
بەڵێنم یا
لە هیچ شوێنێ نەبم تۆی لێ بی
بەڵام کە زانیم بانگێش کراوی
بێ یەک و دوو ، یەکسەر چووم
بەڵێنم یا کە خۆشم نوێیت
چۆن و …..کەی..؟
و
كەی ئەبینی کە بەڵێنم یا بێ
لەو پەڕی ڕاست گۆییەوە. درۆم کرد
و
سوپاس بۆ خودا ،کە…درۆم کرد


بەڵێنم یا
بەوپەڕی خوێن ساردی و گەمژەییەوە
هەموو ژنەکان بکوژم
و
جەنگی خۆمم بەرامبەرت ڕاگەیان
و
كاتێ چەکم لەسەر مەمکەکانت بەرزکردەوە
….دۆڕام….!
كاتێ دەستە بێ گوناهەکانتم دی
…..شەرم دای گرتم…..!
بەڵێنم یا
كە نەء…و..نەء….و..نەء
هەموو بەڵێنەکانم
دووکەڵێ بوون ، تێکەڵ بە هەوام کرد


بەڵێنم یا
كە شەو تەلەفۆنت بۆ نەکەم
و
كە نەخۆش کەوتی بیرت لێ نەکەمەوە
و
بۆت نیگەران نەبم
و
گوڵت پێشکەش نەکەم
و
دەستەکانت ماچ نەکام
و
خۆم دژ بە خۆم، شەو تەلەفۆنم کرد
و
گوڵیشم نارد
و
نێوانی هەردوو چاوەکانتم ماچ کرد
تا تێر بووم
بەڵێنم یا کە نەء…و نەء….و..نەء
كاتێ بە گەمژەیی خۆمم زانی ،پێکەنینم هات


بەڵێنم یا
كە: پەنجا جار سەرت ببڕم
كاتێ خوێنم بەسەر جلەکانمەوە دی
زانیم کە ئەوە منم سەر بڕاوم
بۆیە: چەن توڕە بم، چەن لە خۆم دەرچم
چەن ئاگرم لێ بکەوێتەوە ، چەن بکوژێمەوە
بە “پێ داگرتن” لێم وەرمەگرە
لەوپەڕی ڕاستگۆییەوە ، درۆم کرد
سوپاس بۆ خودا ، درۆم کرد


بەڵێنم یا کارەکان بە زوویی بەلا بخەم
و
كاتێ فرمێسکی بە خوڕی چاوەکانتم دی
…..شڵەژام….
كاتێ جانتاکانم لەسەر ئەرز دی
درکم کرد کە بەو ئاسانییە ناکوژرێیت
تۆ ووڵاتی…و…تۆ هۆزی
تۆی شیعر ، تۆ پێش دروست بوونی شیعری
تۆ یاداشت ، تۆ سەفەرەکانی
تۆ” تەمەنی مناڵی”….تۆ پەیام بەری


بەڵێنم یا
بە لابردنی چاوەکانت لەدەفتەری یادەوەرییەکان
و
نەمزانی کە ژیانی خۆم لا ئەبەم
و
نەمزانی سەرەڕای ناکۆکییەکان
“من”، تۆیت
“خۆم”،تۆیت
بەڵێنم یا کە خۆشم نەوێیت
ئای لە بێ ئەقڵی
چیم لە خۆم کرد..!!
لەو پەڕی ڕاستگۆییەوە درۆم کرد
و
سوپاس بۆ خودا ، درۆم کرد


بەڵێنم پێت یا
دوای پێنج دەقیقە لێرە نەبم
بەڵام بۆ کوێ بچم!
شەقامەکان بە باران شۆراون
بۆ کوێ بچم!
چایخانەکانی شار بەر ناکەون
بە تەنیا لە کام دەریا بگیرسێمەوە
و
تۆ هەموو دەریاکانی
و
تۆ ساتە وەختی گەیشتنەکانی
و
تۆ هەموو سەفەرەکانی
بۆم هەیە دە دەقیقەیەکی تر بمێنمەوە
تا بارانەکە خۆش ئەک !؟
مسۆگەر دوای ڕۆشتنی هەورەکان
و
دوای هێور بوونەوەی”با”یەکە ، ئەڕۆم
گەر نا ،
میوانت ئەبم تا…بەیانی


بەڵێنم پێت یا
جاری دووەم وەک شێت خۆشم نەوێییت
وەک چۆلەکە پەلاماری دارە بەرزەکەی سێوەکانت نەیەم
و
كە لە خەوا بوی ، قژت دانەهێنم
…..پشیلە خۆشەویستەکەم
بەڵێنم یا، چیتر
ئەقڵم لەدەست نەیەم
گەر ئەستێرەیەکی پێ پەتی
كەوتە سەر لەشم
و
بەڵێبم یا “شێتی”تیەکەم ئەهوەن کەمەوە
و
خۆشحاڵم کە تا ئێستاش
ڕێک وەک جاران
لە خۆشەویستیا هەڵبەز و دابەز ئەکەم


بەڵێنم یا
تا ساڵێک خۆشەویستیت لەگەڵا نەگۆڕمەوە
و
بە درێژایی ساڵێک
ڕووخسارم بە دارستانەکانی قژت نەشارمەوە
و
لە کەناری چاوەکانتەوە
ڕاوی ناو دەریا نەکەم
بە درێژایی ساڵێک…!!؟
چۆن ووتەیەکی وا بئ مانا بڵێم..!!؟
كە چاوەکانت ماڵەکەم و ماڵی ئاشتییە
و
چۆن ڕێم بۆ خۆم یا ، هەستی “مەڕمەڕ” بریندارکەم..!؟
و
نێوانی من و نێوانی تۆ
نان …و خوێ
و
چریکەی کۆتر
تۆ لە هەر شتێک
دەست پێ کردنی
و
هەر تۆ کلیلی داخستنی


JULAY/2022