لەپەنا دیواری ئەکادیمییەوە؛ سێرەگرتن لەتێکۆشانی ئازادیی.. 1-نووسینی: دیار سیروان بیلال

بەشی یەکەم..

(گرفتە زیهنی- دەروونییەکانی د.بورهان یاسین)
وەڵامنامە

1. دوو وتە
2. سەبارەت بە پێشەکییەکەی د.بورهان
3. لەپەنا دیواری ئەکادیمیبوونەوە سێرەگرتن لە تێکۆشانی ئازادییدا
4. سەبارەت بە تێکۆشانی گەلی فەلەستین و ئەزموونە شکستخواردووەکەی فەتح
5. سەبارەت بە ئەزموونی تێکۆشانی گەریلایی پەکەکە
6. سەبارەت بە چەمکی لوبنانیکردن
7. دەرئەنجامەکەی د.بورهان
8. دەرئەنجام

——– بەشی یەکەم ——-

لەپەنا دیواری ئەکادیمییەوە؛
سێرەگرتن لەتێکۆشانی ئازادیی

(گرفتە زیهنی- دەروونییەکانی د.بورهان یاسین)
وەڵامنامە

نووسینی:
دیار سیروان بیلال

1. دوو وتە
2. سەبارەت بە پێشەکییەکەی د.بورهان
3. لەپەنا دیواری ئەکادیمیبوونەوە سێرەگرتن لە تێکۆشانی ئازادییدا
4. سەبارەت بە تێکۆشانی گەلی فەلەستین و ئەزموونە شکستخواردووەکەی فەتح
5. سەبارەت بە ئەزموونی تێکۆشانی گەریلایی پەکەکە
6. سەبارەت بە چەمکی لوبنانیکردن
7. دەرئەنجامەکەی د.بورهان
8. دەرئەنجام

  1. دوو وتە
    -١-
    لە مێژوو و ئەمڕۆشدا؛ بە ژمارە کەم نین ئەو ناوەندە ئاکادیمیی و زانستیی و ئەو کەسە ئەکادیمسیێن و نووسەرانەی کەوا خزمەتێکی بێسنووریان بە سیستەمی دەسەڵاتگەرا و دەوڵەتگەرا و رەوتە فاشیستی و شۆڤێنیستی و رەگەزگەرا و نەژادپەرستەکان و داگیرکارانی وڵاتەکەیان کردووە و لەمیانەی توێژینەوەی بەناو ئەکادیمی و زانستییەوە رەوایەتیان پێداون و بەهێزیان کردوون و پشتیوانیان لێکردوون. هەروەها لە ئاستی کوردستانیشدا لە مێژوو و ئەمڕۆشدا کەم نین ئەو رۆشنبیر و نووسەرانەی لەخزمەت داگیرکاریی و چینە باڵادەستە خائین و بەکرێگیراو و ستەمکار و گەندەڵ و پاشڤەڕۆییەکەی کورددا بوونە و هێشتاش بێ شەرمانە دەیکەن. ئەمە پەتا و دەردێکی کوشندەی ئەنتلێنجێسایە (رۆشنبیرە) کە بەدرێژایی مێژوو تا بە ئەمڕۆ دەگات رۆڵیان لە هێشتنەوە و بەهێزکردن و خۆسەپاندنی ئەو سیستەم و رەوت و چینە پاوانخواز و دەسەڵاتخوازانەدا بینیوە. بەمەش ئەنتلێنجێسا و ناوەندە ئەکادیمیا و زانستییەکان چەندە بەرگی پیرۆزیی و ئەقڵانییەتیان پۆشیبێت و دەمامکی رۆشنبیربوون و ئەکادیمیبوون و زانستیبوونیان لە رووخساریان دابێت، بەڵام دواجار هەر لەگەڵ داڕووخان و لەناوچوونی ئەو سیستەم و رەوت و چینەدا ئەو کراس و دەمامکانە لەبەر ئەو توێژەدا داماڵراون و راستینەیان ئاشکرا بووە و کەوتوونەتە بەر خۆری راستیی و حەقیقەتەکان. ئەگەر ئەمە لەئاستی مێژوودا، لەپانتایی جیهاندا راستییەک بووبێت، ئەوا لە کوردستانیشدا ئەمە پێویستی بە هەوڵێکی زۆرترە تا ئەو کراس و دەمامکە لە جەستە و رووخساری ئەو توێژە مفتەخۆر و مشەخۆر و بێویژدان و بێ پرەنسیپە داماڵرێت. مسۆگەر ئەمەش تەنیا لەرێگەی کردنەوەی کۆدەکانی ئەقڵییەت و دەروونی ئەو توێژە و شیکردنەوەیان دەتوانرێت هەوڵەکان ئەنجامگیر ببن.
    گرنگە بپرسین؛ ئەم توێژی رۆشنبیرە، بۆچی بەو ئاقارەدا ئاراستەگیر دەبن، کە دژ بە گەل و کۆمەڵگەکەی خۆیان و شۆڕش و بزاڤە ئازادیخوازەکانی بن؟ چ هۆکارێک لەپشت ئەم ئاراستەگیربوونەیانەوە هەیە؟ ئایا هەر تەنیا بەرژەوەندیخوازیی و ئیمتیازخوازیی شەخسی و تایبەت دەکرێ ببنە هۆکاریی سەرەکی رۆیشتنیان بەو ئاقارەدا؟ یان دەکرێ گرفتێکی زیهنیش هەبێت تا لەگەڵ بەرژەوەندییەکانیان یەکانگیر ببنەوە و ببنە پاڵنەریان؟ بەم ئاراستەگیربوونەیان بەرەو کوێ دەچن و لە چ سەنگەرێکدا خۆیان دەبیننەوە؟ لەبەر ئەوەی ئەمە بابەتی بنچینەیی ئەم نووسینەم نییە، نامەوێ بە فراوانی وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەمەوە، بەڵام ئەگەر زۆر بە پووختی بێت، ئەوا دەتوانم بڵێم؛ غەفڵەت و غەفڵەتبوون سەرچاوە و هۆکاری بنچینەیی ئەو ئاراستەگیربوونەیە. غەفڵەت چییە؟ گرفتێکی زیهنییە، دەرکنەکردنە بە راستینەی مێژوویی و ئێستایی کۆمەڵگە و گەلەکەی خۆی، دەرکنەکردن بەوەی کۆمەڵگە و گەلەکەی بەم دۆخەی خۆیەوە بەرەو کوێ دەچێت و چی لێبەسەر دێت. هەروەها دەرکنەکردن بە راستینەی ئەو هێز و پۆتانسێڵەی کە وەک دووژمن و دژبەری ئەو کۆمەڵگە و گەلە هەن. تەنانەت دەرکنەکردنە بە رۆڵ و پێگە و پەیام و ئەرک و مافەکانی خۆی وەک مرۆڤ و توێژێکی نێو کۆمەڵگە، کە دەکرێ بەم دەرککردنە ببنە ویژدانی کۆمەڵگە و بەرجەستەکاری بەها مەعنەویی و فیکریی و جوانناسیی و داهێنانەکان بکەن لەنێو کۆمەڵگەدا. مسۆگەر دەرککردن بۆخۆی ئاستی بەرزی هۆشیاریی دەخاتەڕوو، ئاستێکی زیهنیی باڵای هۆشیارییە، دەرکنەکردنیش گرفتێکی زیهنیی و ئاستی نزمی ناهۆشیارییە. بۆیە غەفڵەت واتا پەتایەکی زیهنیی و دەرکنەکردن و نزمیی ئاستی هۆشیاریی. باشە چۆن دەبێت رۆشنبیر بێت و ئاستی هۆشیاریی و دەرککردنەکەی ئەوەندە نزم بێت تا بکەوێتە غەفڵەتەوە؟. خۆی گرفتە زیهنییە بنچینەییەکە لەم خاڵەدا خۆی شاردۆتەوە، کە هەم رۆشنبیر بیت و هەمیش لە غەفڵەتدا بیت، ئەمە دۆخێکی پارادۆکسیی سەیرە و تەنانەت گەلێک رۆشنبیری وەک عەزراپاوەند و هایدگەریش تێیکەوتوون، کە پشتیوانیان لە فاشیزم کردووە.
    رەنگبێ مرۆڤ هەندێک واتا بەوە بدات کە مرۆڤێکی ئاسایی دەرەوەی کایەی رۆشنبیریی دووچاری غەفڵەت ببێت و لەغەفڵەتدا بیربکاتەوە و هەڵسوکەوت بکات، بەڵام ئەمە قورسە و تراژیدی-کۆمیدیایە بۆ رۆشنبیرێک بکەوێتە نێو غەفڵەتەوە و دۆخی غەفڵەتگیریی ببێتە دۆخە ئاساییەکەی ژیانی و بیرکردنەوەی و کارەکانی. چونکە غەفڵەت و رۆشنبیری هەروا بەئاسانی بەیەکەوە ئاوێتە نابن، لەبەرئەوەی عیلە و مەعلولی نەهێشتنی یەکترن، ناکۆکن بەیەکەوە و هەروا بەبێ گرفتێکی زیهنی نابنە دووانەیەکی پارادۆکسی لەیەک زیهن و کەسێتییدا. بۆیە رۆشنبیرێکی غافڵ زیاتر جێی رەخنەیە تا کەسێکی ئاسایی دەرەوەی کایەی رۆشنبیریی. ئەگەر لەم رووەوە هانا بۆ چەمکی نەزانی و پۆلینکارییەکەی سوقرات ببەین باشتر ئەو هەڵوەستەیەمان رووندەبێتەوە. سوقرات نەزانی بۆ دوو دۆخ پۆلین دەکات، کە ئەویش نەزانی سادە(جهل البسيط) و نەزانی تێکچڕژاو(جهل المركب)ە. دۆخی نەزانی سادە مرۆڤەکە دەزانێت کە نازانێت، کە ئەمەش بۆخۆی زانین و دەرککردنێکی زۆر گرنگ و مەزنە. بۆیە بەم هۆیەوە دەتوانێت ئیدی هەوڵبدات و بیزانێت و پلە بەپلە ئاستی زانینەکەی و دەرککردنەکانی بەرز و بەرزتر بکاتەوە. بەڵام لە دۆخی نەزانی تێکچڕژاودا مرۆڤەکە نازانێت کە نازانێت، هەر پێی وایە کە دەزانێت. بۆیە تا دێت ئاستی نەزانییەکەی قووڵتر و فراوانتر دەبێت، ئاستی زانینەکەیشی نزم و نزمتر دەبێتەوە.
    بەڵام پێم وایە کە دۆخێکی تری نەزانیش هەیە، کە دەکرێ بە دۆخی سێیەمی نەزانی ناوزەد و پۆلینی بکەین، کە ئەویش دۆخی نەزانیی دۆگمایی(جهل الدوغمائي)ە. ئەم دۆخەش نەک هەر نازانێت کە نایزانێت، نەک هەر کار بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی زانینەکەی خۆی و رزگاربوون لەو نەزانییە ناکات، بەڵکو لەرووی بیرکردنەوەوە چەقدەبەستێ و زۆر پێداگرییش لەسەر زانایی خۆی دەکاتەوە و بەشێوەی رەها پەیوەستە بە بۆچوون و راکانییەوە و دەیەوێت بەسەر ئەویتر و ئەوانیتریشدا بیسەپێنێت. جا “نەزانیی دۆگمایی” کوشندەترین جۆری نەزانییە. چونکە پێی وایە هەموو راستییەکان لای ئەوە و نوێنەراتی هەموو راستییەکان دەکات. ئەوەی جێی تێڕامانە؛ نەزانی بەهەر سێ رەهەندەکەیەوە کراوەیە بۆ تووشبوون بە پەتای فۆبیا و فۆبیابوونەوە.
    هەروەها ئەگەر ئەو پۆلینکارییەی سوقرات لەگەڵ پۆلینکارییەکی رێبەر ئۆجەلاندا بێنینە لای یەکترەوە ئەوا رەنگبێ وێناکەی زانین و نەزانین(کە غەفڵەت شێوەیەکی نەزانییە) باشتر روون ببێتەوە. رێبەر ئۆجەلان جیاوازیی لەنێوان زانین(معرفة) و تێگەیشتن(فهم) دەکات، بەوەی زانین کەڵەکەبووی رێژەیەکی کەم یان زۆری رووت(مجرد)ی زانیارییەکانە و پەیوەست نییە بەوەی چەندە و چۆن کرداری لێدەکەوێتەوە یان نا. هەرچی تێگەیشتنیشە ئەوەیە کە ئەو زانیارییە کەڵەکەبووانە چەندە و چۆن لەرووی کرداریی و بەجێهێنانییەوە لە ژیان و بیرکردنەوە و کار و هەڵسوکەوتدا رەنگدەداتەوە. واتا ئەگەر زانین زانیاریی کەڵەکەبووی رووت بێت ئەوا تێگەیشتن زانیاریی بەکرداریکراو و بەرجەستەکراوە. رادەی تێگەیشتن پەیوەستە بە رادەی زانیاریی بەکرداریکراو. هەر لەم روانگەیەوە “ئازادی”ی هەر تەنیا پەیوەست نییە بە رادەی زانینی رووتەوە، بەڵکو ئازادی، وەک سپینۆزا پێی وایە، راستەوراست پەیوەستە بە تێگەیشتنەوە. واتا ئازادیی؛ تێگەیشتن و بەرپرسیارێتییە. رادەی تێگەیشتن و بەرپرسیارێتییەکانت رادەی ئازادیتە. ئیدی مرۆڤی ئازاد ئەو مرۆڤەیە کە ئاستێک لە تێگەیشتن و بەرپرسیارێتی هەیە، جا ئەو مرۆڤە لە زینداندا بێت یان لەدەرەوەی زیندان، لەهەر کات و سەردەمێکدا بێت و لەهەر پێگەیەکیشدا بێت. مرۆڤی کۆیلەش ئەو مرۆڤەیە کەمترین ئاستی تێگەیشتنی هەیە و کەمترین بەرپرسیارێتیش لەئەستۆ دەگرێت، جا لەهەر کوێیەک و لەهەر کات و سەردەمێکدا بێت و لەهەر پێگەیەکیشدا بێت. لێرەوە دەکرێ چەمکی “ئیرادە” و “ئیرادەبوون”یش پەیوەستبکەین بە چەمکی زانین و تێگەیشتن و ئازادییەوە، کە ئەو وزە و باوەڕیی و هێزەیە کەوا مرۆڤی خاوەن ئیرادە لەپانتاییەکدا ئازادییەکەی بەرجەستە دەکات. مرۆڤی بێ ئیرادەش خاڵییە لە زانین و تێگەیشتن و ئازادییەوە، کە دواجار بەرەو کۆیلەبوونی دەبات…
    جا کاتێک ئەم جۆرە پۆلینکاریی و تێگەیشتنە لە زانین و نەزانی، ئازادیی و کۆیلەییە بێین و دۆخی رۆشنبیری نەزان (غافیل)ی پێبێوین رەنگبێ باشتر لە دۆخەکە تێبگەین و کێشە و گرفتەکە روونتر دەستنیشان بکەین.
    جا کێشە گەورەکە هەر لەوەدا راناوەستێت، بەردەوامبوون لەغەفڵەت بە ئاقارێکی مەترسیدارتردا دەچێت، کە ئەویش پێی دەڵێن؛ خیانەتی رۆشنبیران. چ پەیوەندییەک لەنێوان غەفڵەت و خیانەتدا هەیە؟ غەفڵەت بۆخۆی دەرگە و دەروازەی چوونە نێو خیانەتەوەیە، پردی دۆزەخ بە بەردەکانی غەفڵەت چنراوە. واتا نانی خیانەت لەهەویری غەفڵەت شێلراوە، نەک هەر خیانەت، وەک ئەفڵاتوون دەڵێت؛ سەرچاوەی هەموو تاوانەکان نەزانییە، هەڵبەتە نەزانیش ئاستێکی غەفڵەتبوونە. من ئەوەشی دەخەمەسەر کە سەرچاوەی نەزانییش لاوازی پەروەردە، دژەپەروەردە و خۆپەروەردە نەکردنە (خۆڕۆشنبیرنەکردن و خۆهۆشیارنەکردنەوەیە)، کە دواجار بەواتای ناهۆشیاریی دێت. ناهۆشیارییش گرفتێکی زیهنیی قووڵە و بەهۆی سرووشتی پێکهاتەیی زیهنییشەوە، هەروا بە ئاسانی و لەخۆیەوە مرۆڤی تووشبوو بەو گرفتەوە لێی رزگار نابێت، رەنگبێ مرۆڤی تووشبووی ئەم گرفتە تا ئاستی فۆبیابوون بەوەی لێی لەغەفڵەت دایە، بچێت. مخابن لاپەڕەکانی مێژوو پڕیەتی لەو رۆشنبیرە غەفڵەتگیر و غافڵ و نەزانانە، جا یان ئەوەتا لە خەوی غەفڵەتدا وەئاگا هاتوونەتەوە و دەرکیان بە دۆخەکەی خۆیان و ئینجا دۆخی کۆمەڵگە و گەلەکەیان و دووژمنەکەیان کردووە و جارێکی تر بوونەتەوە ویژدانی کۆمەڵگە و گەلەکەیان، یانیش هەر لەو خەوە غەفڵەتگیرییەی خۆیانەوە پەڕیونەتەوە نێو زەڵکاوی خیانەتەوە، یاخود نە وەئاگادێتەوە و نە خیانەتیش دەکات بەڵکو هەر لەغەفڵەتدا دەمێنێتەوە و دەژیت. زۆر سەبارەت بە غەفڵەت و خیانەتی رۆشنبیران نووسراوە و بە پێویستیی نازانم لێرە درێژە بەم باسە بدەم. با ئەوەش بڵێم؛ نە غەفڵەت و نە خیانەتیش دوو دەستەواژەی تۆمەتبەخشین یان دەستەواژەی بارگاوی بە جنێوداریی نین، بەڵکو دوو دۆخی کۆمەڵایەتیین، کە دەکرێ رەوتێک، بزووتنەوەیەک و حیزبێک، یان رۆشنبیرێک، سەرکردەیەک و سیاسییەک و هەر کەسێتییەکی تری نێو کۆمەڵگەش تێیبکەوێت.

-٢-
لەم ماوەیەدا و لەیادی قەڵەمبازی ١٥ی ئابی تێکۆشانی گەریلایی تەڤگەری ئازادیی کوردستان، د.بورهان یاسین لەنێو دوو کەوانەدا (توێژینەوە)یەکی بەناوی “بە لوبنانکردنی هەرێمی کوردستان” بڵاوکردۆتەوە. دیارە بڵاوکردنەوەی ئەو (توێژینەوە)یەی لەیادێکی وەهادا مسۆگەر بێ مەبەست نییە، د.بورهان پێشتریش لە ساڵانی رابردوودا لە ساڵوەگەڕەکانی پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی ١٥ی شوباتی ١٩٩٩دا زنجیرەیەک سیمینار لەسەر وازهێنانی رێبەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە دەوڵەتی سەربەخۆ رێکخستووە . کەواتە دەبێت لەبڵاوکردنەوەی وتار و سیمینار و توێژینەوەکانی لەسەر پەکەکە و رێبەر و بیرمەندی تێکۆشانی ئازادیی رێبەر عەبدوڵڵا ئۆجەلاندا، هیچیان رێکەوت نەبن. ئەوەشمان لەبیرە کاتێک کە پیلانگێڕییە نێودەوڵەتییەکەی ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ روویدا و لەمیانەیدا رێبەر ئۆجەلان رادەستی تورکیا کرایەوە، د. بوڕهان و چەند رۆشنبیرێکی تری باشوور بەیاننامەیەکی توندیان دژ بە پەکەکە و رێبەر ئۆجەلان بڵاوکردەوە .
باشە دەبێت گرفتی د.بورهان یاسین چی بێت ئاوا زیاتر لە ٢٥ ساڵە بێوچان خەریکی سەنگەرگرتن و تیرهاوێشتنە لە تێکۆشانی ئازادیی پەکەکە و رێبەر ئۆجەلان؟! ئەمە لەکاتێکدا مرۆڤی ئەکادیمی لەڕێگەی میتۆدی ئەکادیمییەوە دەبێت گرفتەکان شیبکاتەوە و هەڵسەنگاندنی بابەتیانەیان بۆ بکات، رێگە لەبەردەم چارەسەرکردنی گرفتەکان بکاتەوە، کە ئەمە لایەنی کەمی ئەرکی لەپێشینەی ئەکادیمیبوون و میتۆدی ئەکادیمییە. ئەی بۆ د.بورهان پەیوەست نییە بەم پرەنسیپە ئەخلاقی و زانستییەی ئەکادیمیبوونەوە؟! ئەمە پرسە بنچینەییەکەیە کە دەبێت بە وردی قسەی لەسەر بکرێت و بخرێتە ژێر پرسیارەوە.
لێرەدا؛ دەکرێ ئەو (توێژینەوە)یەی بەناوی “بەلوبنانیکردنی هەرێمی کوردستان” وەک نموونەیەک وەربگرین و وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە کە د.بورهان بۆ پەیوەست نییە بە پرەنسیپە ئەخلاقی و زانستییەکانی ئەکادیمییبوونەوە؟! با ئەوەش بپرسین؛ ئایا د.بورهان یاسین لەچی و بەچی گرفتارە؟ مسۆگەر بەپێویستی نابینم بچمە نێو بنج و بنەوانی گرفت و مەسەلە کەسییەکانی د.بورهان و هەڵوێستە سیاسییەکانی لە باشووردا، دەمێک لایەنگری دەسەڵاتی باشوور و دەمێکیتر سواربوونی شەپۆڵی ئۆپۆزسیۆن و ناڕەزاییەتییەکانی خەڵکی باشوور… ئەمانە لەم نووسینەدا جێی نابێتەوە و پێویستیش نییە.
ئەو (توێژینەوە)یەی د.بورهان یاسین لە پێشەکییەک و سێ بەش پێکهاتووە. هەوڵدەدەم لەمیانەی هەندێک رەخنە و سەرنجەوە لەسەر ئەو توێژینەوەیەی و – هەندێکجاریش دەچمە سەر سیمینارەکەی دانیمارک – وەڵامی ئەو پرسیارانەی سەرەوە بدەمەوە.

2. سەبارەت بە پێشەکییەکەی د.بورهان
د.بورهان پێشەکییەکی درێژی بۆ (توێژینەوە)کەی نووسیوە کە سێ یەکی (توێژینەوە)کەیەتی. باشە، ئەم پێشەکییە درێژە بۆ؟ چونکە خودی پێشەکییەکە ئەسڵ و کرۆکی بابەتەکەی د.بورهانە. گرفتی د.بورهان لە پێشەکییەکەیەوە دەستپێدەکات. دەکرێ ئەو گرفتەی د.بورهان بە گرفتێکی زیهنی-گرێیەکی دەروونی خودی د.بورهان ناوزەدی بکەین. چونکە د.بورهان لە پێشەکییەکەیدا یەکسەر داوامان لێدەکات کە نەکەوینە نێو هەردوو بەرەی “لەگەڵبوون” یان “دژبوون”ی تێکۆشانی پەکەکەوە. کار بە لۆژیکی رەش یان سپی نەکەین. بەڵام گرفت و گرێیەکەی د.بورهان ئەوەیە پێش هەر سیمینار و نووسینێکیدا خۆی یەکلاییکردۆتەوە کە دژ بە رێباز و تێکۆشانی پەکەکە و پارادیگمای نوێی رێبەر ئۆجەلان بێت. پێشتر بڕیاری داوە کە دەرئەنجامی سیمینار و (توێژینەوە)کانی دەبێت دژ بە پەکەکە و رێبەر ئۆجەلان بێت. پەیامی بنچینەیی و کرۆک و ئامانجی هەموو سیمینار و نووسینەکانی د.بورهان لەسەر تێکۆشانی ئازادیی، سەنگەرگرتنە لە پەکەکە و رێبەر ئۆجەلان. ناویشی لەم سەنگەرگرتنەشی ناوە توێژینەوە و رەخنەکردنی ئەکادیمی. باشە د.بورهان بۆ وادەکات؟

درێژەی هەیە….
———————–— پەراوێزەکان..…………………..

١- داوا لە خوێنەرانی بەڕێزی ئەم وتارە دەکەم کەوا؛ پێش ئەوەی ئەم وتارەم بخوێننەوە با سەرەتا بە وردی وتارەکەی د.بورهان یاسین بخوێننەوە، ئینجا ئەم وتارە بخوێننەوە، پاشانیش خۆیان دەتوانن هەڵسەنگاندن و رەخنەی خۆیان و داوەریی خۆیان بکەن.

٢- سیمینارەکەی د.بورهان بەناوی (عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانەوە بۆ دژە دەوڵەت) بوو، لەشوباتی ٢٠٢٠ دا لە دانیمارک بەڕێوەی بردووە. ئەو سیمینارەی د.بورهان لە چەند خاڵێکەوە بەپێویستم بینی لەم پەراوێزەدا قسەی لەسەر بکەم، چونکە ئەم وتارەی د.بورهان درێژکراوەی هەمان سیمینارە:
١. لەبنچینەدا ناوەڕۆکی سیمینارەکەی د.بورهان پووختەی وتارێکی جانیت بێل-هاوژین و هاوڕێی مورای بۆکچینە کە لە کۆنفرانسی”تەحەدیاتەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی: چەمکە ئەلتەرناتیڤەکان و دۆزی کورد” کە لە شاری هامبرۆگی ئەڵمانیا لە ٣-٥ی شوباتی ساڵی ٢٠١٢دا پێشکەشی ئامادەبووانی کۆنفرانسەکەی کردووە. واتا پێدەچێت کەوا د.بورهان نە کتێبەکانی مورای بۆکچینی خوێندبێتەوە و نە کتێبەکانی رێبەر ئۆجەلانی خوێندبێتەوە، بەڵکو چی لە وتارەکەی جانێت بێلدا هاتووە، ئەو بەناوی توێژینەوەی خۆیەوە، بەشێوەی سلاید. خاڵ بە خاڵ کە زۆربەی لە وتارەکەی جانێت بێلدا هاتووە. نووسیبوی و ئەویش قسەی خۆی لەسەر کردووە. بۆنموونە:
لەوتارەکەی جانێت دا باسی کۆڕۆنۆلۆژیا و باکگراوەندی چەپبوون و دواتر ئەنارکیستبوونی مورای بۆکچین دەکات، هەروەها باسی کڕۆنۆلۆژیا و باکگراوندی چەپبوونی رێبەر ئۆجەلان دەکات، باسی کاریگەربوونی رێبەر ئۆجەلان بە ئایدیاکانی بۆکچین دەکات، رێک د،بورهانیش بە سلاید و قسەکردنەکانی لەسەر سلایدەکانی، هەمان ئەو خالانە دووپات دەکاتەوە، وەک ئەوەی خۆی لێکۆڵینەوەی کردبێت نەک لە وتارەکەی جانێتی وەرگرتبێت.
لە وتارەکەی جانێت دا باسی دژایەتی بۆکچین و رێبەر ئۆجەلان بۆ سیستەمی دەوڵەت-نەتەوە دەکات، د،بورهانیش هەمان خاڵی لێ وەرگرتووە و باسی دەکات. جانێت باسی ناڕوونی لە پڕۆژەی کۆنفیدراڵی دیموکراتی رێبەر ئۆجەلان دەکات، ئەویش هەمان خاڵ دێنێت و باسی دەکات، تەنیا ئەوەی بۆ زیاد دەکات کەوا بەچەند خاڵێکی نا لۆژیکی و نازانستی ئەو ناڕوونیە شیدەکاتەوە و تیۆریزەی دەکات، ئەمە لەکاتێکدا رێبەر ئۆجەلان زۆر بە ڕوونی و کۆنکرێتی پڕۆژەکەی خۆی ڕوونکردۆتەوە و پڕ بە وردەکاریی باسی کردووە.
بەگشتی سیمینارەکەی د.بورهان رێک کۆپییەکی وتارەکەی جانێت بێڵە و ئەو لەشێوەی سیمیناردا پێشکەشی کردۆتەوە. ئەمەش جێی تێڕامانە کە کەسێکی ئەکادیمیسێن بێ ئەوەی ئاماژە بە سەرچاوەی سەرەکی سیمینارەکەی بدات، بێت و بەناوی خۆیەوە، وەک ئەوەی خۆی توێژینەوەی کردبێت و دەرئەنجامی توێژنەوەکەی خۆی سیمینارەکە پێشکەش دەکات. بۆ زیاتر جەختکردنەوە لەسەر ئەم راستییە، لە کۆی سیمینارەکەی د،بورهاندا تەنیا ناوی یەک پەرتووکی رێبەر ئۆجەلان دێنێت کە ئەویش بە ئینگلیزی بڵاوکراوەتەوە، بێ ئەوەی ناوی یەک پەرتووکی تری رێبەر ئۆجەلان بهنێنێت کە هەر هەموو بەرگرینامەکانی بە زمانی کوردی و عەرەبی و فارسی و چەندین زمانی دیکە بڵاوکراونەتەوە و د.بورهان دەیتوانی بیانخوێنێتەوە سوودیان لیوەربگرێت، تەنانەت ناوی یەک پەرتووکی مورای بۆکچینیش ناهێنێت کە سوودی لێوەرگرتبێت. بۆ زیاتر تێگەیشتن لەوەی چۆن د.بورهان وتارەکەی جانێتی کردۆتە سەرچاوە و بنەمای سیمینارەکەی ئەوا لینکی وتارەەکەی جانێت بێڵ بە ئینگلیزی و عەرەبی دادەنێم و خوێنەران دەتوانن بە وردی لەگەڵ سیمینارەکەی د.بورهان بەراودی بکەن و خۆیان راستییەکان ببینن. دەکرێ لە دەرفەتێکی تردا سەبارەت بەم سیمینارەی د.بورهان هەڵسەنگاندنێکی رەخنەیی بنووسم.
هەڵبەتە ئەم وتارەی جانێت بێڵ بە زمانی کوردیش لەلامە، بەڵام لەبەرئەوەی هێشتا بڵاونەکراوەتەوە، بۆیە بێ لینکە و ناکرێ هەموو وتارەکە بەکوردی لیرە دابنێرێت، بۆیە لینکی وتارەکەی جانێت بێڵە بە ئینگلیزی و عەرەبی لیرە دادەنێم، تا خوێنەر خۆی بەراوردی ناوەڕۆکی سیمینارەکەی د.بورهان و وتارەکەی جانێت بێڵ بکات، تا ببینێت چەندە لەیەک دەچن!!.
لینکی ئینگلیزی:
http://new-compass.net/articles/bookchin-%C3%B6calan-and-dialectics-democracy
لینکی عەرەبی:
https://ara.yekiti-media.org/%D8%A8%D9%88%D9%83%D8%AA%D8%B4%D9%8A%D9%86%D8%8C-%D8%A3%D9%88%D8%AC%D9%84%D8%A7%D9%86-%D9%88%D8%AC%D8%AF%D9%84%D9%8A%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D8%AF%D9%8A%D9%85%D9%82%D8%B1%D8%A7%D8%B7%D9%8A%D8%A9-13/
دەقی وتارەکەی جانێت بێل بە ڤیدیۆ ببینە:
https://www.youtube.com/watch?v=djhIUsALCBA

٢. لەو سیمینارەیدا،
لەدەرەوەی ئەو زانیاری و شرۆڤانەی لە وتارەکەی جانێت بێڵی وەرگرتووە، د.بورهان لەشێواندنی فیکری رێبەر ئۆجەلاندا کەمتەرخەم نەبووە و لەمیانەی فێڵی بەمووچینگ دەرهێنانی رستە لە سیاقی بابەتەکەدا دەیەوێت بەگوێرەی خۆی فیکری ئۆجەلان لەقاڵب بدات.
٣. د.بورهان هەر بەڕاستی هیچ پەرتووکێکی رێبەر ئۆجەلانی نەخوێندۆتەوە، کەچی سیمینار و توێژینەوەی لەسەر دەکات!!.
٤. د.بورهان هاتووە وتەی کەسانی تر وەک خەتیب دیجلە، ساڵح موسلیم، دەکاتە بنەما بۆ فەلسەفەی ئۆجەلان بەڵام لە خودی ئۆجەلان جگە لە چەند رستەیەک هیچی دیکەی وەرناگرێت و شیناکاتەوە.
٥. هەر لە سیمینارەکەیدا؛ بە هەڵچوون و چەند جارێکیش بە جۆرێک لە ئوسلوبی لاقرتێوە باسی ئایدیاکانی ئۆجەلان و پەکەکە بۆ چەپ و ژن و تێکۆشان لەئاستی جیهاندا دەکات. تەنانەت رێبەر ئۆجەلان بە قەزافی دەچوێنێت. کە ئەمانە لەگەڵ ئەتیک و ئەخلاقی کەسی ئەکادیمیسێندا ناکۆک و ناتەبان.
٣- جگە لەوەی لەم پیلانگێڕییەدا دەیان دەوڵەت تێیدا بەشداربوون کەچی ئەو ئەمە بە پیلانگێڕییەکی نێودەوڵەتی نازانێت و تەنیا بە دەرئەنجامی رێککەوتنی نێوان تورکیا و سوریاوە پەیوەستی دەکات، ئەمە لەکاتێکدا لەو پیلانگێڕییە نێودەوڵەتییەدا تورکیا و سوریاش کەمترین رۆڵیان لەو پیلانگێڕییەدا هەبوو، و تەنانەت بوڵند ئەجەویدی سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتە لە لێدوانێکی بۆ رای گشتی رایگەیاند: ئێمە نازانین بۆچی ئۆجەلانیان رادەستکردووینەتەوە. بەڵام د.بورهان بە لۆژیکی “بشفڕێ هەر بزنە” دەڵێت ئەو پیلانگێڕییە نێودەوڵەتی نییە ئەگەر زیاتر لە 30 دەوڵەتیش بەشداری تێدا کردبێت کە زۆربەیان ئەندامی ناتۆن.
هەروەها دیارە لەوکاتەدا لەگەڵ چەند نووسەرێکی تری باشوور، بەیاننامەیەکیان دژ بە رێبەر ئۆجەلان و پەکەکە نووسیوە و بڵاوکردۆتەوە، بێ ئەوەی بەیەک وشەش ئەو پیلانگێڕییە شەرمەزار بکەن….!! پێم باشە کە د.بورهان ئەوە بزانێت کە نە پەکەکە و نە کۆمەڵگەی کوردی بێ یادگە و بێ هزر نییە تا راستییەکان نەبینێت و زوو زوو بە قولابی ئەوانەوە وەبێت کە قولابەکانیان دەهاوێژنە ئاوی مەنگەوە، یان لەپشت و پەنا دیوارەکانی ئەکادیمیبوون و ئەکادیمسێنیدا سێرە لە پەکەکە بگرن و تیرە ژەهراوییەکانیان بهاوێژن.

٤- هەر سەبارەت بە تێڕوانینی بۆ ئەم چەمکانە لە سیمینارەکەی دانیمارکیدا ئەو تێگەیشتنە ئایدیۆلۆژییانەی لیبڕالیستانە بەڕوونی دەردەکەوێت. تەنانەت بە ئەنارکیزم دەڵێت: “فەوزەوی”!! ئەمە ناولێنانێکی سیستەمی سەرمایەداریی و تەنانەت چەپە دەسەڵاتخواز-دەوڵەتگەراکانە، کە بە بزاڤی ئەنارکیزم دەڵێن: ئاژاوەگێڕ و فەوزەوی. ئەگەرنا بزاڤی ئەنارکیزم بزاڤێکی ئازادیخوازی دژە دەسەڵاتەکان – دژەدەوڵەتە، نەک ئاژاوەگێڕ و فەوزەوی.!!

٥- خۆ ئەگەر هەر دەستەواژەی گەریلای لەسەر دڵی گرانە و نایەوێت دان بەوەدا بنێت کە ناوی شۆڕشگێرەکانی پەکەکە لەناو هەپەگەدا “گەریلا”یە ئەوا بەلایەنی کەم وەک “أضعف الإيمان”ێکیش بووایە، دەیتوانی وەک لە راگەیاندن و پەرتووکە بە زمانی ئینگلیزییەکاندا دەستەواژەی جەنگاوەر(Fighter) یان تێکۆشەر و میلیتان (militant)ی بۆ گەریلاکانی پەکەکە بەکاردەهێنرێت، بەکاری بهێنابایە. بەڵام ئەوەش ناکات، بێگومان بە مەبەست ئەمە ناکات، بۆ ئەوەی سیفەتی شۆڕشگێڕێتی و رێکخراوێتی و پەیوەستبوونە ئایدیۆلۆژیی و سیاسیی و جەماوەرییەکەی لێبسێنێتەوە و هەر بە چەکداری پەتی و رووت لەقەڵەم بدرێت، پێیان دەڵێت “چەکدار و چەکدارانی پەکەکە”. ئەمەش لەگەڵ سیفەتی ئەکادیمیبوون و بێلایەنیبوونی نووسەر یەکانگیر نابێتەوە و ناکۆکە، کە خۆی بانگەشەی بۆدەکات.

٦- لەم لینکەدا کە ماڵپەڕی “رۆژنیوز” بڵاویکردۆتەوە، ناوی بەشێکی زۆر لەو پەرتووکانەی کەوا رێبەر ئۆجەلان لە زینداندا لە ساڵانی نێوان(١٩٩٩-٢٠١٥)دا خوێندوویەتیەوە هەیە:
https://rojnews.news/%D9%83%D9%88%D8%B1%D8%AF%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D9%86/%D9%86%D8%A7%D9%88%DB%8C-%D8%A8%D9%87%E2%80%8C%D8%B4%DB%8E%D9%83-%D9%84%D9%87%E2%80%8C%D9%88-%DA%A9%D8%AA%DB%8E%D8%A8-%D9%88-%DA%AF%DB%86%DA%A4%D8%A7%D8%B1%D8%A7%D9%86%D9%87%E2%80%8C%DB%8C-%DA%95/

٧- بێگومان لە سیمینارەکەی دانیمارکیدا، مرۆڤ کەمێک لە سەرچاوە و هۆکاری رق و کینە و ئەو دژایەتییەی بۆ رێبەر ئۆجەلان و پەکەکە دەدۆزیتەوە، کە لە وەڵامی پرسیاری بەڕێزێکدا کە پرسیبووی لە ساڵی ١٩٩٩دا بەیاننامەیەکی هاوبەشتان لەگەڵ چەند رۆشنبیرێکی تردا دژ بە رێبەر ئۆجەلان و پەکەکە دەرکردووە، ئایا ئێستا لەسەر هەمان بۆچوونی خۆتیت؟ د.بورهان بە هەڵچوونێکی زۆرەوە وەڵامدەداتەوە و دەڵێت:”حەزدەکەم هەر بەڕووتی بڵێم؛ ئەمە بێویژدانییەکی زۆر زۆرە، ئە و نووسینەی ئێمە نووسیمان لە ١٩٩٩ ئێستاش ئەینووسمەوە، ئەزانی ئەم نووسینە چیبوو؟…” ئینجا بەگوێرەی خۆی باسێک دەگێڕێتەوە و دەڵێت گوایە؛ کاتێک کە رێبەر ئۆجەلان لە رۆما بووە و لەمیانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تیڤیدا بە کۆمەڵێک رۆشنبیری بەشدرابووی نێو بەرنامەکە دەڵێت:” ئێوە شەڕفسزن و نامووسزن”. بەڵام چۆن رێبەر ئۆجەلان وایگووتووە و بۆ وایگووتووە باس ناکات، سیاقی باسەکە چی بووە روونی ناکاتەوە. کە من خۆم باوەڕ ناکەم رێبەر ئۆجەلان بەو شێوەیە و لە کەناڵێکی تیڤیدا بە کۆمەڵێک رۆشنبیر بڵێت؛ شەڕەفسز و نامووسز. ئاخر بۆ وایان پێبڵێت؟ چی روویدابوو تا وایان پێبڵێت؟؟ ئیدی ئەویش بەم هۆیەوە رقی هەڵساوە و لەگەڵ چەند رۆشنبیرێکی دیکە بەیاننامەیان دژی رێبەر ئۆجەلان و پەکەکە دەرخستووە. بەڵام رێبەر ئۆجەلان ئەگەر ئەوکاتە لە رۆما بووبێ وەک بەخۆی دەڵێت؛ ئەوا لە ساڵی ١٩٩٨ لە رۆما بوو، ئەو بەیاننامەیەی ئەوان دەریانخستووە وەک خۆیشی دەڵێت لە ساڵی ١٩٩٩دا و دوای پیلانگێڕییە نێودەوڵەتییەکەدا دەریانخستووە. کەواتە ئەمە واتا جۆرێک لە پاساوهێنانەوەیە بۆ هۆکاری دەرخستنی ئەو بەیاننامەیان، پاشان نکۆڵی لەوە دەکات کە بەیاننامەیان بۆ یەکێتی ئەوروپا دەرخستبێت و رێبەر ئۆجەلان و پەکەکەیان بە تیرۆریست لەقەڵەم دابێت. ئەگەر ئەم قسەیەی د.بورهان راستە با دەقی ئەو بەیاننامەیە وەکو خۆی بڵاوبکاتەوە و با هەموو لایەک بینین کە چی تێدا نووسراوە، تا کەسی تر لەمەودوا وەک خۆی دەڵێت؛ بێ ویژدانیی بەرامبەردا نەکات.

٨- زۆر جێی سەرنج و تێڕامانە کە د.بورهان دەستەواژەی “چۆکپێدادان”ی پەکەکە بەکاردێنێت!!. چونکە ئەم دەستەواژەیە پێشتر و گەلێک جار لەلایەن دەزگا راگەیاندنییەکانی دەوڵەتی تورکیا و لێدوانەکانیان بەکارهاتووە. لەهەمووی سەرنجراکێشتر ئەم دەستەواژەیە لەلایەن دەزگای ئاسایشی میللی (MGK)ی تورکیاوە لە ساڵی ٢٠١٤دا ناوی لە پیلاننامەیەکی شەڕ و هێرشکردنە سەر پەکەکە بە ناوی “پیلانی ئەژنۆشکاندن” ی داڕشتبوو. واتا چۆک شکاندن و چۆکپێذانانی پەکەکە. پێم وا نییە، ئەم بەکارهێنانەی د.بورهان بۆ ئەم دەستەواژەیە هەروا رێکەوت و بێ مەبەست بێت.

٩- وەک ئەگەرێک لەوانەیە ئەگەر هاوپەیمانێتی سێقۆڵی نێوان رەوتی سەدر- پەدەکە- رەوتی سووننە سەریگرتبا و حکومەتیان بەسەرۆکایەتی مستەفا کازمی ئاواکردبا و ئەمریکا، و تورکیا و بریتانیا و کۆی ناتۆش پشتیوانیان لەو حکومەتە کردبا ئەوا ئەگەری رێککەوتنێکی وەها شیمانەکراو و پیلان و رێککەوتن دژ بە پەکەکە بکەن، هەبوو. بەڵام وەک بینیمان ئەو هاوپەیمانێتییە سەرینەگرت و بێئەنجام بوو و خودی هەر سێ هێزەکەی نێو ئەم هاوپەیمانێتییە کەوتنە نێو قەیران و گێژاوێکی قورسترەوە.

١٠- لەم لینکەی ماڵپەڕی رۆژنیوزدا؛ ئاماری شەڕ و بەرخۆدانی گەریلاکانی هەپەگە تەنیا لە پێنج مانگدا بخوێننەوە، بزانن سوپای تورکیا چ زیانێکی گیانی و ماددیی بەرکەوتووە. با د.بورهانیش لەلای خۆیەوە زەحمەت بکێشێت و نرخی ئەو تەکنۆلۆژیا سەربازییە تێکشکێنراوانەی ئەم پێنج مانگە بقەبڵێنێت و بە داتا حیساب و کیتابی بکات و بزانێت تێچووی تەنیا پێنج مانگی تەکنۆلۆژیا سەربازییەکەی تورکیا و ناتۆ چەندە کە تێکشکێنراون، ئینجا با بە لێکدانەوەکەی خۆیدا بچێتەوە، بزانێت لەماوەی چل ساڵ شەڕدا لەڕووی گیانی و ماددییەوە چەند زیان بە تورکیا و ئابوورییەکەی گەیشتووە:
https://rojnews.news/%d9%83%d9%88%d8%b1%d8%af%d8%b3%d8%aa%d8%a7%d9%86/%d9%87%db%95%d9%be%db%95%da%af%db%95-%d8%a6%d8%a7%d9%85%d8%a7%d8%b1%db%8c-%d9%be%db%8e%d9%86%d8%ac-%d9%85%d8%a7%d9%86%da%af%db%8c-%d8%b4%db%95%da%95%db%8c-%d8%a8%da%b5%d8%a7%d9%88%d9%83%d8%b1%d8%af/

١١-گرفتێکی سەیری د.بورهان ئەوەیە کە نازانێت “بەرگری رەوا واتای چییە، بۆیە، لە سیمینیارەکەی دانیمارکیدا دەڵێت:”بەرگری رەوا(بەرگری لەخۆکردن) واتا خەباتە چەکدارییەکەی خۆمان”!! دەستەواژەی “خۆمان” مەبەستی بزووتنەوەی چەکداریی(پێشمەرگایەتی) باشوورە. کە ئەمە بۆخۆی هەم جۆرێکە لە چەواشەکردن، هەمیش دیارە دەرک و جیاوازیی ناکات لەنێوان ئەوەی بزووتنەوەیەک هێزە گەریلاییەکەی رۆڵی سەرەکی و ستراتیژیی لەگەیشتن بە ئامانجەکانی ببینێت و لەگەڵ ئەوەی ئەو هێزە بچێتە دۆخی بەرگری رەواوە و زەبروزەنگ ناکاتە بنچینەی خەباتەکەی. واتا جیاوازیی ناکات لەنێوان چەمکی “زبروزەنگ” وەک رێگە و ئامرازیی ستراتیژی و بنچینەیی لەگەڵ چەمکی “بەرگری رەوا”، کە ئەمە بۆخۆی گرفتێکی میتۆدییشە کە چەمک و زاراوە سەربازیی و گەریلاییەکان و پێگە و رۆڵی لەپێشینەیی یان لەپاشینەییان لە خەبات و تێکۆشاندا، تێکەڵ و پێکەڵ دەکات و دەرک بە جیاوازییە جەوهەرییەکانی نێوانیان ناکات.

  1. هەم لە سەرەتای سیمینارەکەیدا و هەمیش لە پێشەکیی ئەم (توێژینەوە)یدا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئەو ئایدیۆلۆژیانە لە مەسەلەکان نزیکنابێتەوە و لێی ناڕوانێت. بەڵام ئەو خۆی لیبرالیستانە و بە ئایدیۆلۆژیای لیبرالیزم دەڕوانێتە رێبەر ئۆجەلان و پەکەکە و تێکۆشانەکەی. لەوانەیە بتوانێت خۆی هەڵبخەڵەتێنێت و بڵێت من ئایدیۆلۆژیست نیم، بەڵام ناتوانێت خوێنەری هۆشیار بەوە بخەڵەتێنێت کە بیرکردنەوە و بۆچوونەکانی ئایدیۆلۆژیستانەی لیبراڵیستانە نییە. نەک هەر ئایدیۆلۆژیستێکی لیبراڵە، بەڵکو لەقووڵایی ئەم ئایدیۆلۆژیایەدا غەرق بووە و تێیدا خنکاوە. هەر لە روانگەی ئەو بۆ چەمکی دەوڵەت و دەوڵەت-نەتەوە و چەپ و سۆسیالیزم و ئەنارکیزمە وە تا دەگاتە مەسەلەی خەباتی چەکداریی و گەریلایی و بەرگری رەوا و زۆر چەمک و بابەتی تر کە لە سیمینارەکەی و ئەم (توێژینەوە)یەدا، تەواو ئایدیۆلۆژیستانە و بە ئایدیۆلۆژیای لیبرالیزمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی بیردەکاتەوە و لێیان دەڕوانێت. بێگومان، سەنگەرگرتن و هاویشتنی تیرەکانی بۆ تێکۆشانی ئازادییش بەرلەهەمووشتێک سەنگەرگرتنێکی ئایدیۆلۆژیانەیە و ئەمە زۆر بە روونی پێیەوە دیارە. ئەوەی د.بورهان دەیکات، بەر لەوەی سەنگەرگرتن بێت لە پەکەکە، بەرگریکردنییەتی لە ئایدیۆلۆژیاکەی خۆی و ئەو سیستەمەی لەسەر بنەمای ئەو ئایدیۆلۆژیایە بونیادنراوە، کە سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییە. هەڵبەتە لێرەدا مرۆڤ ماف بە خۆی نادات بڵێت؛ د.بورهان بۆ هەڵگری ئەم ئایدیۆلۆژیایەیت؟ بۆ باوەڕت بە لیبراڵیزم هەیە و دڵت بە مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی خۆشە و بۆی لێدەدات و لیبڕاڵیستانە سەنگەرت لە فیکر و فەلسەفە و تێکۆشانەکەی رێبەر ئۆجەلان و پەکەکە گرتووە. چونکە ئایدیۆلۆژیا و پارادیگمای لیبرالیزم – کە د.بورهانیش هەڵگرییەتی- لەگەڵ ئایدیۆلۆژیا و پارادیگمای رێبەر ئۆجەلان و پەکەکە تەواو و جەوهەرییانە لەیەک جیاوازن و تەنانەت تەواو لەگەڵ یەکتریدا ناکۆکیشن. بەڵام ئەوەی کە دەبێت لێی بپرسرێت و رەخنەی لێبگیردرێت ئەوەیە کە تۆ ئایدیۆلۆژیست بیت و هەڵگری ئایدیۆلۆژیای لیبراڵیزم بیت، کەچی بێیت و بیشاریتەوە و بڵێیت؛ “من ئایدیۆلۆژیست نیم و ئایدیۆلۆژیانە بیر ناکەمەوە و من توێژینەوەی ئەکادیمیی دەکەم”!!. ئەمە خاڵێکی جەوهەریی گرنگە، کە سەنگەرگرتنەکەی د.بورهان هەروا بێلایەنانە و بێ مەبەست و بێ ئامانجیش نییە. جا ئەمە دەرکی پێدەکات یان نا، ئەمە گرفتی خۆیەتی.
  2. د.بورهان لە من باشتر دەزانێت کە پرەنسیپێکی بنچینەیی هەر توێژینەوەیەک دەبێت بێلایەنی بێت. هەر بابەتێک بچێتە ژێر شەنوکەوکردن و تاوتوێکردنی ئەکادیمییەوە دەبێت رەخنەکردن “بە لایەنە ئەرێنی و نەرێنی”یەکانی بابەتە توێژینەوە بۆکراودا تێبپەڕێت. کەچی د.بورهان ئەم پرەنسیپە ئەخلاقی و زانستییەی ئەکادیمیاییبوون و توێژینەوەی زانستی پێشێل دەکات و بە ئێمەی خوێنەر دەڵێت؛ پێویستە لەدەرەوەی ئەم دوو بەرەی “لەگەڵبوون” و “دژبوون”ی پەکەکە و رێبەر ئۆجەلان بین. بەڵام خۆی وەک پێشداوەرییەک بڕیاری خۆی داوە و لەبەرەی “دژبوون”دا جێی خۆی گرتووە. هەم ئەم توێژینەوەیەی و هەمیش سیمینارەکانی لەسەر پەکەکە و رێبەر ئۆجەلان گەواهی ئەو خۆیەکلاییکردنەوەیەی د.بورهان دەدەن. کەواتە د.بورهان یەکێک لە پرەنسیپە ئەخلاقی و زانستییەکانی توێژینەوەی زانستی و ئەکادیمییبوونی لەدەستداوە. با هەندێکی تر بە وردی لەسەر پێشێلکردنی ئەو پرەنسیپانە لەلایەن د.بورهانەوە قسە بکەین.
  3. پرەنسیپێکی تری توێژینەوەی زانستی و ئەکادیمییبوون ناوهێنانی هەر شتێکە بەناوی ئەسڵی خۆیەوە. هەرشتێک چ ناوێکی هەبێت، دەبێت بەو ناوە ناوزەد بکرێت. نەک توێژەر خۆی چۆنی دەوێت وەها ناو لە شتەکان و بابەتە توێژینەوە بۆکراوەکەدا بنێت. هەر لە مانشێتەکەوە و لە کۆی (توێژینەوە)کەیدا بە تێکۆشەرانی چەکهەڵگرتووی پەکەکە دەڵێت (چەکداران)، ئەمە لەکاتێکدا ناوی ئەو تێکۆشەرانە گەریلایە. گەریلا لە زانستی سەربازیی و شەڕناسیدا نە پێشمەرگەن، نە هێزی سوپای نیزامیین، نە میلیشیا و چەکدارن. بەڵکو ئەوانە پارتیزانن و ناویان “گەریلا”یە. د.بورهان باش دەزانێت دەستەواژەی “چەکدار” یان “چەکداران” دەکرێ بۆ هەموو کەسێک یان کەسانێک کە چەکیان هەڵگرتووە بگووترێت “چەکدار” یان “چەکداران”، جا چۆن و بۆ هەڵیانگرتووە گرنگ نییە. ئەم دەستەواژەیە دەستەواژەیەکی بێلایەن نییە. ناونانی کەسێک یان کەسانێک کە هیچ ناسنامەیەکی سیاسی و ئایدیۆلۆژیی و رێکخستنییان نەبێت ئاساییە بە “چەکدار” ناوزدە بکرێن. بەڵام گەریلاکانی پەکەکە خاوەن ناسنامەیەکی ئایدیۆلۆژیی، سیاسی، رێکخستنی و بەرنامە و پەیڕەوی ناوخۆی خۆیانن. لەپێناو ئامانجێکی دیاریکراودا کە ئازادیی و بەدەستهێنانی مافە رەواکانی گەلی کورد و گەلانی خۆرهەڵاتی ناوینە تێکۆشانی شۆڕشگێڕیی خۆیان دەستپێکردووە و دژ بە فاشیزم و داگیرکاریی و سیستەمی ناتۆ لە تێکۆشان و بەرخۆدان دان. گەریلاکان کەسانێک نین بە چەکدار یان چەکداران ناوزەد بکرێن، وەک راگەیاندنەکانی پەدەکە و هەندێک راگەیاندنی تری کوردی وەها ناوزەدیان دەکەن. ئایا توێژینەوەی زانستی رێگە بە د.بورهان دەدات بەو تێکۆشەر و شۆڕشگێڕانە بڵێت چەکدار؟! خۆ د.بورهان باش دەزانێت لە کوردەواریی بە کەسێک یان کەسانێک دەگووترێت “چەکدار” کە تەنیا چەکهەڵگرن، دەکرێ بە کۆمەڵێک دز و مرۆڤکوژ و چەتە و جاشیش بگووترێت “چەکدار” باشە بۆ د.بورهان گەریلاکانی پەکەکە بەناوی خۆیانەوە ناوزەدیان ناکات و پێیاندەڵێت چەکدار؟ ئەگەر ئەمە سووکایەتی و بێڕێزیکردن نەبێت بە گەریلا چییە؟! ئەگەر ئەمە چوونە بەرەی دژبوون”ی پەکەکە نەبێت چییە؟! د.بورهان خۆ دەزانێت تەنیا راگەیاندنەکانی پارتی(پەدەکە) و هەندێک لە ئیسلامییە ئیخوانییەکان بە گەریلاکانی پەکەکە دەڵێن چەکدارانی پەکەکە. راگەیاندنەکانی تورکیای فاشیستیش دەڵێن: “تیرۆریستان”. کە لەناواخنی هەردوو دەستەواژەدا ناوزڕاندن و لێسەندنەوەی ناسنامە ئایدیۆلۆژیی و سیاسی و رێکخستنییەکەی گەریلایە. جۆرێک لە تەشهیرکردن و سوکایەتیکردنە بە گەریلا. لێرەدا د.بورهان ئەگەر رەخنەی لەسەر گەریلاش هەیە دەتوانێت رەخنەی خۆی بکات و بڵێت؛ فڵان رەخنە و فیسار رەخنەم لەسەر گەریلای پەکەکە و تێکۆشانەکانیان هەیە. بەڵام کەس ئەو مافەی بە د.بورهان نەداوە بە گەریلا بڵێت “چەکدار”. راستە گەریلاش چەکی هەڵگرتووە، بەڵام ناوێکی لەخۆی ناوە و خۆی پێناسەکردووە و خۆی لەهەموو جۆرە چەکدارییەکی دیکە جیاکردۆتەوە. تەنانەت خۆی لە دەستەواژەی پێشمەرگەش جیاکردۆتەوە کە پێشمەرگایەتی لەرووی پۆلێنکردنەوە دەچێتە نێو لیتەراتۆری “نیمچە پارتیزانی- نیمچە نیزامی”یەوە. بەڵام گەریلایەتی نیمچەیی نییە، بەڵکو دەچێتە نێو لیتەراتۆری “پارتیزانی”یەوە و هەر خودی پارتیزانێتییە. بەڵام د. بورهان وەک راگەیاندنەکانی پەدەکە بە گەریلا دەڵێت؛ چەکدارانی پەکەکە. وەک ئەوەی گەریلا کەسانی چەکداری بێ فیکر و بێ پڕەنسیپ و بێ رێکخستن و بێ سیاسەت و بێ پەروەردە بن !!
  4. هەر توێژینەوەیەکی زانستی لەسەر هەر بابەت و هەر بزووتنەوەیەک بکرێت مەرجێکی بنچینەیی میتۆدی زانستی ئەوەیە کە لە توێژینەوەکەیدا پشت بە سەرچاوەی ئەسڵی ئەو بابەتە و ئەو بزووتنەوە توێژینەوە لەسەرکراوەکە ببەستێت. نەک بۆ ئەوەی تەئیدی ئەو سەرچاوەیە بکات، بەڵکو بۆ ئەوەی کە باسی بزووتنەوەیەک دەکەیت و توێژینەوەی لەسەر دەکەیت ئەو بزووتنەوەیە بۆچوون و فیکری خۆی لەسەر ئەو بابەت و مژارە هەیە کە کەسی توێژەر توێژینەوەکەی لەسەر کردووە. بۆ نموونە؛ چۆن دەکرێ زنجیرەیەک سیمینار لەسەر تێزەکانی ئۆجەلان سەبارەت بە نەتەوە، دەوڵەت-نەتەوە، کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی رێبەر ئۆجەلان بکەیت و کەچی یەک سەرچاوەی خودی رێبەر ئۆجەلانیش بەکارنەهێنیت؟! ئایا ئەمە لەکوێی توێژینەوەی زانستی و ئەکادیمییبووندا جێی دەبێتەوە؟ زۆر مەرجە کە توێژەر را و بۆچوون و فیکری ئەو بزووتنەوەیە و خودی ئەو کەسەش دەرهەق بەو بابەتە وەک سەرچاوە بەبنەما وەربگیرێت و توێژینەوەی لەسەر بکرێت جا چ بە رەتکردنەوە و پووچەڵکردنەوەی را و بۆچوون و فیکرەکانی بزووتنەوەکە بێت یان بە تەئیدکردن و راستبینینی. ئەمە مەرجێکی بنچینەیی هەر توێژینەوەیەکی زانستیی بێلایەنە. ئێستا لەوانەیە د.بورهان بڵێت:” جا وەرە ئەو کابرایە من فێری مەرجەکانی توێژینەوەی زانستی و ئەکادیمییبوون دەکات. منێک کە دکتۆرام هەیە و پسپۆڕم، ئەوە کێیە دەیەوێت من فێربکات؟!” من دەزانم کە د.بورهان باش لە مەرجەکانی توێژینەوەی زانستی دەزانێت، بەڵام گرفتەکەی د.بورهان لەوەدا نییە کە نایزانێت، بەڵکو گرفتەکەی لەوەدایە کە دەیزانێت و جێبەجێی ناکات. بۆ؟ ئا ئەمە گرفت و گرێیە زیهنی و دەروونییەکانی د.بورهانە کە ناهێڵێت زانستیانە بیربکاتەوە و زانستیانە توێژینەوە بکات و خۆی لەو فۆبیا و گرفتە زیهنی و گرێ دەروونییەی خۆی لەبەرامبەر بە پەکەکە و رێبەر ئۆجەلان رزگار بکات و بێت زانستیانە رەخنەیان لێبگرێت و بەمەش هەم سوود بە پەکەکە و رێبەر ئۆجەلان و گەلی کورد دەگەیەنێت، هەمیش سەنگ و پێگەی زانستی و ئەکادیمیی خۆی ناخاتە ژێر پرسیار و پاڵەپەستۆی گرێ دەروونیی و گرفتە زهنییەکانی خۆیەوە.
    دەکرێ بپرسین لەم (توێژینەوە)یەی د.بورهاندا ئایا یەک سەرچاوەی هەپەگە، پەکەکە، کەجەکە و رێبەر ئۆجەلانی بۆ توێژینەوەکەی بەکارهێناوە سەبارەت بە تێکۆشانی گەریلایی؟ نەخێر. ئایا تەنانەت سوودی لە یەک لێدوان، یەک پەرتووک و نامیلکە تەنانەت یەک رستەی بزووتنەوەی پەکەکە وەرگرتووە بۆ توێژینەوەکەی؟ نەخێر. تەنانەت لەکۆی سیمینارێکی دوو کاتژمێر و نیویی تەنیا بە مووچنگ سێ چوار دێڕی لە یەکێک لە پەرتووکەکانی رێبەر بە زمانی ئینگلیزی وەرگرتووە، کە ئەویشی لە نووسینەکەی جانێت بێل وەرگرتووە، وەک ئەوانەی چۆن ئایەتی (ولاتقربوا الصلاة و وانتم سکارا) دێن ئایەتەکە بەشێکی لادەبەن و دەڵێن ئەی ئەوە نییە خودا لە قورئان دەفەرمووێ: ولا تقربوا الصلاة- توخنی نوێژ نەکەون) ئەمە شێواندن و چەواشەکردن نەبێت چییە؟ لەکۆی زیاتر لە هەزار لاپەڕەی بەرگرینامەکان و نزیکەی هەزار دەقی چاوپێکەوتنەکانی رێبەر ئۆجەلان لەگەڵ پارێزەرەکانی و خانەوادەکەی، تۆ بێیت و تەنیا سێ چوار رستە و ئەویش لە سیاقی راستەقینەی خۆی دەربخەیت و بڵێیت من توێژینەوەی ئەکادیمی لەسەر ئۆجەلان دەکەم. یان دوای دوو کاتژمێر و نیو ئینجا بڵێیت؛ ئۆجەلان روون نییە چیدەوێت و دەیەوێت چ بڵێت و ئۆجەلان لە قەزافی دەچێت. ئەمە رێک وەک ئەو کەسانە وایە کەوا حیلەی شەرعی دەکەن و مەسەلە شەرعییەکان بەگوێرەی خۆیان دەشێوێنن و دەگونجێنن. د.بورهانیش هاتووە دەقەکانی رێبەر ئۆجەلان دەشێوێنێت و دەڵێت ئەوە ئۆجەلان وادەڵێت… کەواتە د.بورهان توژێنەوە لەسەر بابەتێک دەکات کە سوودی لەیەک سەرچاوەی خودی ئەم بابەتە وەرنەگرتووە، کە وەریدەگرێت بە هەوەسی خۆی دەیشێوێنت… کە توێژینەوە لەسەر خەباتی گەریلایی پەکەکە دەکات، کەچی لە توێژینەوەکەیدا یەک سەرچاوەی پەکەکەی بەکارنەهێناوە. ئەی کەواتە تۆ چۆن رێگە بە خۆت دەدەیت ئەم هەموو توێژینەوە و سیمینارانە دژ بە پەکەکە و رێبەر ئۆجەلان بکەیت و کەچی یەک سەرچاوەیان بەکارناهێنیت، نەک بۆ تەئید و راستبینینی تێز و بۆچوونەکانیان، بەڵکو هەر بۆ دژایەتیکردنیش ناوی یەک سەرچاوە و یەک دەستەواژە و یەک تێزی پەکەکە و رێبەر ئۆجەلان بەکارناهێنیت. باشە د.بورهان رێگە بە من یان کەسانێک دەدات بێ ئەوەی هیچ سەرچاوەیەکی نووسین و کتێبەکانی خودی د.بورهان بەکاربێنم و بێم توێژینەوەی لەسەر بکەم؟ نەک هەر توێژینەوە بەڵکو بێم رەخنەی بکەم و هەموو تێز و فیکرەکانی بەهیچ و بێ واتا و هەڵە و دژ بە ستراتیژی نەتەوەیی و نیشتمانیی کوردی لەقەڵەم بدەم؟! ئایا د.بورهان رێگە بە من یان کەسانێکی تر دەدات ئەمە دژ بە ئەو بکەن؟! بێ ئەوەی یەک پەرتووکی یان سیمیناری یان توێژینەوەیەکی بخوێنینەوە و بێین تاوتوێی فیکری د.بورهان بکەین و رەخنەی بکەین و ئینجا بەناوی توێژینەوەی زانستیش پاساو بۆ دژبوون بە د.بورهان بهێنینەوە؟ ئایا ئەمە پەسند دەکات؟ مسۆگەر نەخێر، رێگەمان نادات. ئەی چۆن د.بورهان رێگەی بەخۆی دەدات کەوا سیمینار لەسەر تێزەکانی ئۆجەلان بکات و یەک پەرتووکی ئۆجەلان وەک سەرچاوەش بەکارناهێنێت؟! توێژینەوە لەسەر خەباتی گەریلایی پەکەکە دەکات و یەک سەرچاوەی هەپەگە و پەکەکە و کەجەکەش بەکارناهێنێت…!! ئایا ئەم پەرتووکانەی دەستنەکەوتووە؟ یان تاقەتی خوێندنەوەی هەزاران لاپەرەی بەرگرینامەکانی رێبەر ئۆجەلانی نەبووە و هاتووە لەهەواوە تیرەکانی بەناوی توێژینەوەی زانستی بهاوێژێت.. ئایا ئەمە چەند لەگەڵ پرەنسیپ و مەرجە زانستییەکانی توێژینەوەی ئەکادیمیی دەگونجێن؟! بۆ د.بورهان ئەم پرەنسیپەی توێژینەوەی زانستی ژێرپێ دەخات و بێ گوێدانە ئەو پرەنسیپانە توێژینەوە لەسەر پەکەکە دەکات؟ ئایا توێژینەوەیەکی وەها دەچێتە خانەی توێژینەوەوە یان دەچێتە خانەی قسە هەڵبزڕکاندن و سەلماندنی ئەوەی کەوا چۆتە بەرەی دژ بەپەکەکەوە؟ بۆ دەیەوێت بەناوی توێژینەوەی زانستی و ئەکادیمیبوونەوە تیرە ژەهراوییەکانی بهاوێژێتە تێکۆشانی شۆڕشگێڕانە و بەرخۆدانی پڕ شکۆی گەریلاکانی ئازادییەوە؟ دەبێت بۆ وەڵامی ئەم پرسیارانە لە گرفتە زیهنیی و گرێ دەروونییەکانی د.بورهاندا بۆی بگەڕێین.
    بێگومان وەک گریمانەیەک؛ ئەگەر پەکەکە خاوەنی ئەدەبیاتی فیکری و سیاسی و توێژینەوە و لێکۆڵینەوە نەبووایە، دەکرا بڵێین کە مادام پەکەکە و رێبەر ئۆجەلان هیچ ئەدەبیاتێکی فیکری و سیاسییان نییە و خاوەنی هیچ توێژینەوە و لێكۆڵینەوەیەک نین، ئەوا دەکرێ بڵێین مافی د.بورهانە کە بەپاساوی نەبوونی ئەو ئەدەبیاتە یان لەبەردەستدا نەبوونی ئەو ئەدەبیاتە قسە و توێژینەوە لەسەر پەکەکە و رێبەر ئۆجەلان بکات… بەڵام هەم خودی رێبەر ئۆجەلان و هەمیش پەکەکە هەزاران پەرتووکیان لەبواری فیکری و سیاسی و زانستی و هونەری جەنگ و رێبازیی گەریلایەتی و هەموو بوارەکانی دیکەی ژیان و تێکۆشان هەیە. هەر خودی رێبەر ئۆجەلان لەماوەی نێوان (١٩٩٩-٢٠١١)دا زیاتر لە حەوت هەزار لاپەرەی سەبارەت بە تێزە فیکری و سیاسییەکانی خۆی لەچوارچێوەی بەرگرینامەکانیدا نووسیوە و پارادیمی خۆی زۆر بە قووڵی و فراوانی و لێبڕاوانە و بەروونی خستۆتەڕوو و بە کوردی و گەلێک زمانی دیکەی جیهانیش چاپ و بڵاوکراونەتەوە. د.بورهان پەکەکە وەک بزووتنەوە یان حیزبێکی چەکداریی کلاسیکی هاوشێوەی ساڵانی شەستەکان و حەفتاکان و هەشتاکانی باشوور دەبینێت. ئەمەش گرفتێکی دیکەی زیهنی د.بورهانە کە بەهەڵە زانستی بەراوردکاریی بەکاردێنیت. بەڵام پەکەکە بەرلەوەی بزووتنەوەیەکی گەریلایی(پارتیزانی) بێت، بزووتنەوەیەکی فیکریی، کولتووری، کۆمەڵایەتی، ئینجا سیاسی و ئینجاش گەریلاییە. مسۆگەر پەکەکە و رێبەرەکەی لەئاستی کوردستان و خۆرهەڵاتی ناوین و تەنانەت جیهانیشدا لە تەمەنی پەنجا ساڵەی خۆیدا خاوەنی زۆرترین ئەدەبیاتی فیکری و سیاسی و کۆمەڵناسی و مێژووناسیین. چۆن دەکرێ توێژینەوە لەسەر تێزەکانی خودی رێبەر ئۆجەلان بکەیت و هیچ یەکێک لە پەرتووکەکانیشی وەک سەرچاوە- جا بۆ دژایەتیکردنی تێزەکانی بێت یان بۆ پشتیوانی لە تێزەکانی بێت- بەکارنەهێنیت؟!
    تا چەند پرەنسیپ و مەرجە زانستییەکانی توێژینەوە، رێگە بە توێژەرێک دەدات توێژینەوە لەسەر تێکۆشانی گەریلایی بکات و بێ ئەوەی یەک پەرتووکی ئەکادیمیا گەریلاییەکانی هەپەگە و کەجەکە و پەکەکە و بەڵگەکانی کۆنگرە و کۆنفڕانسەکانیان و خودی رێبەر ئۆجەلان کە بیرمەند و رێبەری ئەو تێکۆشانەیە وەک سەرچاوە بەکاربێنیت، بێ ئەوەی یەک لێدوان و چاوپێکەوتنی فەرماندەکانی گەریلا وەک سەرچاوە بۆ توێژینەوەکە بەکاربێنیت؟؟ د.بورهان بۆ گرفتی لەگەڵ بەکارنەهێنانی ئەو سەرچاوانەی خودی ئەم بزووتنەوەیە هەیە؟ ئێ توێژینەوە واتا دەستگەیشتن بە سەرچاوە ئەسڵییەکان و راستەوخۆکان و سەلمێنراوەکان. نەک تیۆرییەک و دووان بێنیت و بەسەر پەکەکە و تێکۆشانە گەریلاییەکەیدا بسەپێنیت و بڵێیت؛ ئەوە من توێژینەوە دەکەم. ئەم گرفتە زیهنییەی د.بورهان بۆ وابۆتە گرێیەکی دەروونی ئەوتۆ کە هەرچی پرەنسیپی توێژینەوەی زانستی و ئەکادیمیایی هەیە بیخاتە ژێر ئەو گرفت و گرێوگۆڵانەی خۆیەوە؟!
    مسۆگەر نە رێبەر ئۆجەلان و نە خودی پەکەکەش، نە لە زانست و نە لە توێژینەوەی زانستی و ئەکادیمیبوون و نە لە رەخنەش ترساون و دەترسن. رێک بە پێچەوانەوە پەکەکە وەک بزووتنەوەیەکی رۆشنگەریی کوردستانی و خۆرهەڵاتی ناوینی و جیهانی، خاوەنی پاراداییمێکی فەلسەفی، فیکری و زانستیین. بنەما و بنچینە فەلسەفی و فیکرییەکانی رێبەر ئۆجەلان و پەکەکەش کە لەسەر ئەو بنەما و بنچینانە تێکۆشانی هەمەلایەنە دەکات، دوای توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی هەزاران لاپەڕە، سەبارەت بە مێژووی مرۆڤایەتی و ناوچەکە و کوردستان، ئینجا بەو تێز و پارادایمە گەیشتوون کە ئێستا جێبەجێی دەکەن. هەر بۆ نموونە با سەیری لیستی ئەو پەرتووکانە بکات کەوا رێبەر ئۆجەلان لەساڵانی نێوان (١٩٩٩-٢٠١٥)دا توانیویەتی بخوێنێتەوە، ببینێت رێبەر ئۆجەلان بۆئەوەی لە مێژوو و ئەمڕۆ و داهاتوو تێبگات و پارادیمی خۆی داڕێژێت چەند پەرتووکی لە خراپترین دۆخی زینداندا خوێندۆتەوە . نەک هەر ئەمە، تا ئەم ساتەش ئەو توێژینەوە و لێکۆڵینەوانەی رێبەر ئۆجەلان و ئەکادیمیا و دەزگا فیکرییەکانی پەکەکە و کەجەکە بەردەوامە و تادێت قووڵتر و فراوانتر دەبێت… لەهەمووی گرنگتر ئەو رەخنە و رەخنە لەخۆگرتنانەی رێبەر ئۆجەلان لە خودی خۆی و پەکەکەی گرتووە، تا ئێستا کەس بەو رەنگە قووڵ و فراوانە رەخنەیان لە رێبەر ئۆجەلان و پەکەکە نەگرتووە. کەواتە پەکەکە وەک بزاڤێکی رەخنەیی و رەخنەلەخۆگرتن هیچ کاتێک نەک هەر لە رەخنە نەترساوە، تەنانەت بەبێ رەخنە و رەخنە لەخۆگرتن ناتوانێت بچووکترین پێشکەوتن و گۆڕانکاریی ئەنجام بدات. بەڵام هەموو ئەمانە بۆ د.بورهان هیچ واتا و گرنگییەکیان نییە، بێ گوێدانە خوێندنەوە و تێگەیشتن لەو تێزە لەمیانەی خودی پەرتووکەکانی خاوەن تێزەکە، وەک کەسێکی تەواو دوور لە پرەنسیپی ئەکادیمیبوون و میتۆدی زانستی دێت بەحیساب توێژینەوە لەسەر تێزەکانی رێبەر ئۆجەلان و پەکەکە دەکات. د.بورهان بۆ وەها سەیری رێبەر ئۆجەلان و بزووتنەوەی پەکەکە دەکات؟ چ گرفتێکی زیهنی و چ گرێیەکی دەروونی لەگەڵیاندا هەیە؟
    بێگومان کاتێک دەڵێین؛ گرفتی زیهنی و گرێی دەروونی، هەر توێژەرێک لەسەر هەر بابەتێک بنووسێت و گرفتاریی زیهنی و گرێی دەروونی هەبێت، هەرچی بینووسێت ناچێتە خانەی توێژینەوەی زانستی و ئەکادیمییەوە. لەبەر هۆکارێکی سادە؛ ئەویش گرفتە زیهنی و گرێ دەروونییەکان کەسی توێژەر لە میتۆدی زانستی و ئەکادیمیی دوور دەخاتەوە. چونکە هەبوونی میتۆدی زانستی بۆخۆی بۆئەوەیە کە توێژەر گرفتە زیهنیی و گرێ دەروونییەکانی تێکهەڵکێشی توێژینەوەکانی نەکات. رەق و کینە و هەڵوێستە شەخسییەکانی نەکاتە بنەما و پاڵنەر بۆ توێژینەوە و قسەکردن لەسەر بابەتێک یان بزووتنەوەیەک… ئەگەر ئەمە رەچاو نەکرێت نە توێژینەوە واتای دەمێنیت و نە ئەو دەرئەنجامانەی لە توێژینەوەیەکی بارگاوی بە گرفتە زیهنیی و گرێ دەروونییەکاندا هەڵدەهێنجرێت سوود و کاریگەرییەکی بەرچاویان دەبێت.. لەوانەیە کەسانێک یان خەڵکانێک هەبن بکەونە ژێر کاریگەریی ئەو جۆرە بەناو توێژنەوانەوە، بەڵام ئەمە پێوەر نییە و پێوەر نابێت بۆ زانستیبوون و ئەکادیمییبوونی بەناو توێژینەوەیەک کە هەڵقوڵاوی گرفتە زیهنی و گرێ دەروونییەکان بێت.
    ئەگەرنا، میتۆدی زانستی و توێژینەوەی زانستی بۆ ئەوەیە ببێتە هۆی لێگەڕین و گەڕان بەدوای راستیی و حەقیقەتدا، بەتاڵکردنەوەی رەخنە لە رق و کینە و بەرژەوەندیخوازیی و گرفتە زیهنیی و گرێ دەروونییەکان. نەک ببێتە چەکی دژایەتیکردن و بێواتاکردنی تێزە فیکرییەکان و تێکۆشان و بەرخۆدانی بزووتنەوە و بیرمەند و رێبەرێکی ئازادیی. ئەگەر توێژینەوە و رەخنەیەک ئەمە بنەمای نەبێت ئەوا دەچێتە خانەی ناپاکی زانستی و ئەکادیمییەوە.
    ئەم هەموو قسە و باسەم لەسەر پێشەکییەکەی د.بورهان لە(تویژینەوە)کەیدا بۆ ئەوەیە کە خودی د.بورهان لەپێشەکەییەکەیدا داوای ئەوەمان لێدەکات زانستیانە بیربکەینەوە و خۆبەدوور بگرین لە هەڵویستی لەگەڵبوون یان دژبوونی خەباتی گەریلایی پەکەکە، کە ناوی لێناوە (خەباتی چەکدارانی پەکەکە)!!. بەڵام خۆی هەر لەناوونیشانی (توێژینەوە)کەی خۆیدا ئەم داوایەی خۆی، خۆی جێبەجێی ناکات و پێچەوانەکەی دەنووسێت.!!
  5. هەڵبەتە لێرەدا قسە لەسەر تیۆریی ناوەند-کەنار(رۆخ) ناکەم. چونکە ئەمە تیۆرییەکە و دەکرێ لەتوێژینەوەی زانستیدا و بۆ گەیشتن بە هەندێک راستی و حەقیقەت-نەک هەموو راستیی و حەقیقەتەکان- سوودی لێوەربگیردرێت. بیرمەند سەمیر ئەمینیش گەلێک سوودی لەم تیۆرییە وەرگرتووە. تەنانەت خودی رێبەر ئۆجەلان لە بەرگرینامەکانیدا، هەم سوودی لێوەرگرتووە و هەمیش رەخنەی ئەم تیۆری و میتۆدەی کردووە. واتا ئەم تیۆرییە، وەک هەر تیۆرییەکی دیکە تاقانە تیۆریی و تاقانە میتۆدی توێژینەوە و گەیشتن بە راستیی و حەقیقەتەکان نییە و دار عەسا سیحراوییەکەی مووساش نییە، کە پەرجوو بخوڵقێنێت. تیۆرییەکە وەک هەر تیۆرییەکی دیکە کە دەکرێ لەهەندێک رووەوە و بۆ هەندێک توێژینەوە سوودی خۆی هەبێت. بەڵام کەی و چۆن و لەچیدا دەکرێ سوومەند بێت بۆ توێژینەوەی زانستی، ئەمە دەکرێ مرۆڤ بگەڕێتەوە بۆ خودی تیۆرییەکە و ئەو رەخنانەی لەبارەی خودی تیۆرییەکە هەن، دەرک بە چییەتی و رادەی گرنگی بە بنەماوەرگرتنی خودی ئەم تیۆرییە بکات…
  6. د.بورهان لە پێشەکییەکەیدا دەڵێت:” خاڵێکی لێوەدەرچوونی ئەم باسەی بەردەست ئەوەیە کە دۆخەکە تا بڵێی مەترسیدارە نەک هەر بۆ پەکەکە و خەباتە دوور و درێژەکەی، بەڵکو بە رادەی زێدەتر مەترسیدارە بۆ چارەنوسی هەرێمی کوردستان. تەنانەت خەریکە ئەمڕۆ ئەم مەترسیە لەسەر هەرێم لە خاڵی یەکلاکەرەوە نزیک دەبێتەوە، ئەو خاڵە چارەنووسسازەی کە تیایدا تورکیا لە هەمان کاتتدا چۆک بە پەکەکە دابدات و باشووری کوردستانیش شکستێکی کەمەرشکێنی بەر بکەوێ! هەر بە نموونە، دەکرێ لە رێککەوتنێکی گشتگیردا لە نێوان ئەنقەرە و بەغدا لە هەمان کاتدا، بە شێوەیەکی کەمەر شکێن، پەکەکە و دەسەڵاتی باشووری کوردستان لە رێککەوتنێکی ئەوهادا بە ئامانج بگیرێن! ئەوەی لە ئێستادا سیناریۆیەکی ئەوها دوادەخات ئەم دۆخی پاشاگەردانییەیە کە عێراقی تیایە، چونکە ئەگەر عێراق بیەوێ دەرفەتی رێککەوتنێکی گشتگیری لەگەڵ تورکیادا هەبێ ئەوا دەبێ توانای بڕیاری گەورە و یەکلاکەرەوەی هەبێت، کە هەڵبەتە لە ئێستادا نییەتی.
    بەم قسەیەی دەیەوێت پێمان بڵێت کەوا: دۆخی ئێستا بۆ پەکەکە و هەرێمی کوردستان تابڵێی مەترسیدارە و هۆکارەکەش ئەوەیە کە پەکەکە باشووری کوردستانی بە لوبنانی کردووە. ئینجا دەیەوێت بڵێت: هاکا پەکەکە چۆکی شکێنرا و زەبری کەمەرشکێنی بەرکەوت و لەناوبچێت، کە لەئەگەری رێککەوتنی نێوان ئێراق و تورکیا هەم پەکەکە لەناو دەچێت و هەمیش هەرێم زەبری کەمەرشکێنی بەربکەوێت. د.بورهان دەڵێت؛ ئەو توێژینەوەیەشی بۆ ئەوە نووسیوە تا کێشەی نێوان تورکیا و پەکەکە لە دۆخی زیانگەیاندن دەربهێنرێت.!!
    هەڵبەتە د.بورهان دۆزی گەلی کورد لەگەڵ رژێمی تورکیا بە کێشەی نێوان تورکیا و پەکەکە لەقەڵەم دەدات، نەک نێوان گەلی کورد و رژێمی تورکیا. ئەمە لەکاتێکدا دەیان ساڵ پێش پەکەکەش کورد خاوەن دۆز بووە لە تورکیا. بەڵام کە پەکەکە لەدایکدەبێت خاوەندارێتی لەو دۆزە دەکات و تێکۆشان بۆ چارەسەری ئەم دۆزە دەکات.
    د.بورهان پاساوێکی سەیر بۆ وێناکردنی دۆخەکە بەمشێوە ترسناکە بە ئەگەر و شیمانەیەک دێنێتەوە کە سیناریۆی رێککەوتنی نێوان هەردوو حکومەتی ئێراق و تورکیایە دژ بە پەکەکە و هەرێمی کوردستان. هەر خۆیشی دەڵێت؛ ئەوەی ئەم سیناریۆیە دوادەخات دۆخی پاشاگەردانییەکەی ئێستای ئێراقە. بێگومان د.بورهان شتێکی نوێ لەبارەی رێککەوتنی نێوان دەوڵەتانی داگیرکاری کوردستان کەشف نەکردووە، چونکە دەوڵەتانی داگیرکاری کوردستان، لەم 100 ساڵەی رابردووی دەوڵەت-نەتەوەکانیاندا بەدەیان رێککەوتن و پەیماننامە و هاوپەیمانێتییان بەیەکەوە دژ بە کورد واژۆکردووە و جێبەجێکردووە. بەڵام هەمیشە گرنگ ئەو لەهەڤهاتنانەی نێوان ئەو دەوڵەتانە نەبووە، بەڵکو ئەوەی گرنگ بووە هەڵوێست و کاردانەوەی کورد و بزووتنەوەکانیان چیبووە لەبارەی ئەو لەهەڤهاتنانەدا. هەر بۆ نموونە؛ رێککەوتنەکەی جەزائیری ساڵی ١٩٧٥ی نێوان ئێران-ئێراق، بزووتنەوەی ئەوکاتەی کورد بڕیاری ئاشبەتاڵی لە تێکۆشان دا، بۆچی ئەم بڕیارە مەرگەساتبار و تەسلیمکارییەی دا؟ ئایا نەدەتوانرا بەردەوامی بە تێکۆشان بدرێت؟ ئێستاش کە ئەگەر ئەو سیناریۆیەی نێوان تورکیا-ئێراق بە رێککەوتنێک بگات – ئەوا ئەگەری زۆرە دیسان دەسەڵاتی هەرێم ئاشبەتاڵێکی دیکە رابگەیەنێت و تەسلیم ببێت. خاڵێکی تر کە گرنگە لێرەدا بە کورتی ئاماژەی پێبدەم ئەوەیە کە بەڕاستی ئێراق بەم پێکهاتە و دۆخەی ئێستایەوە، کەی و چۆن دەگاتە ئەو ئاستەی کەوا بچێتە سەر ستراتیژی داگیرکاریی و فاشیستانەی رژێمی تورکیا و دەست بەو شەش پرۆسەیەی “نکۆڵیکردن، قڕکردن، کۆمەڵکوژی، تواندنەوە و خۆبەخۆتواندنەوە، پارچەکردن و راگواستن”ی گەلی کورد لە باشووری کوردستاندا بکات؟ ئایا بەڕاستی ئێراق ئەو زەمینەیەی تێدا هەیە وەکو تورکیا ئەو شەش پرۆسەیە بەسەریەکەوە جێبەجێ بکات؟ ئایا ئێراق توانست و زەمینەی ئەوەی بۆ رەخساوە یان دەڕەخسێت کەوا لەداهاتوویەکی نزیک یان دووردا، ببێتە پەیڕەوکاریی ستراتیژییە ئەختەبووتئاسا شەش قاچەکەی رژێمی تورکیا؟ بێگومان ئەو پرسیارانە بۆ خودی د.بورهان و خوێنەران و توێژەرانی بەجێدێڵم.
    بەڵام ئیدی لەئەگەری جێبەجێکردنی هەمان سیناریۆ دژ بە گەلی کورد لەباشوور و دژ بە پەکەکەدا ئایا گەلی کورد لە باشووردا بێدەنگ و بێهەڵوێست لێیدادەنیشێت؟ بێگومان نەخێر و مافی بەرگری لەخۆکردنی هەیە و مسۆگەر دەیکات. ئەی پەکەکە؟ ئایا پەکەکە ئاشبەتاڵ لە تێکۆشانی شۆڕشگێڕانەی خۆی دەکات؟ مسۆگەر نەخێر. نەک ئەم سینایۆیە، بەڵکو سیناریۆی زۆر لەمە مەزنتر و مەترسیدارتریشی لەدژدا بەڕێوەچووە و کۆڵی نەداوە و تەسلیم نەبووە و بەرخۆدان و هەڵوێستی شۆڕشگێڕانەی بە بنچینە وەرگرتووە. خۆ هەمان رێککەوتن و سیناریۆی د.بورهان باسی لێیەوە دەکات، لە ساڵانی نێوان ٢٠٠٧-٢٠١١دا بەڕێوەچوو و لەژێر ناوی “کۆردیناسیۆنی سێینەی دژ بە پەکەکە” لەنێوان (ئەمریکا-تورکیا-ئێراق) جێبەجێ کرا، لەڕاستیدا کۆردیناسیۆنەکە سێقۆڵی نەبوو، بەڵکو چوارقۆڵی بوو و پەدەکەش بە نوێنەرایەتی کەریم سنجاریی “ئەندامی م.س و وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان” بەشداریی ئەو کۆردیناسیۆنەی کردبوو. گەلێک بڕیار و هەنگاویشیان دژ بە پەکەکە هەڵێنا. بەڵام ئاکام چیبوو؟ توانیان چ ئەنجامێک بەدەستبهێنن؟ رەنگبێ هەندێک زیانیان بە پەکەکە گەیاندبێت، بەڵام پەکەکە نەک هەر چۆکی نەشکا و چۆکیدانەدا، بەڵکو ئەو کۆردیناسیۆنە نەزۆک و بێئاکام بوو. رەنگبێ ئێستاش بەجۆرێک لە جۆرەکان ئەو کۆردیناسیۆنە بەردەوامی هەبێت، بەتایبەتی لەبەرامبەر بە خەڵکی ئازادیخوازی شەنگال و وارگەی پەنابەرانی مەخموور و ئاڵوگۆڕکردنی زانیاریی هەواڵگریی نێوانیان هەبێت. بەڵام ئەمانە دووژمنن و لە پیلانگێڕیی و رێککەوتنی نێوانیان دژ بە کورد و بزووتنەوە ئازادیخوازەکەی بەردەوام دەبن. بەڵام گرنگ ئەوەیە کورد و بزاڤەکەی چۆن هەڵسوکەوت لەگەڵ دۆخێکی وەهادا دەکات؟. ئەوەی جێی سەرنجە، د.بورهان پێی وایە کە لەئەگەری جێبەجێبوونی سیناریۆیەکی وەها لەنێوان ئێراق-تورکیادا ئەوا پەکەکە چۆکی دەشکێنرێت و هەرێمیش بەهەمان شێوە زەبری بەردەکەوێت. لەراستیدا ئەوەی لە هەرێم زەبری بەردەکەوێت بە پلەی یەکەم زیاتر توێژە دەسەڵاتدارەکەیەتی. ئەوە دەسەڵاتەکەی باشوورە کە بەهۆی ئەو پەیوەندییە بارمتەگیرییەی دەسەڵاتی هەرێم بۆ تورکیا، زەمینەی هەموو زەبربەرکەوتنێکی خەڵکی باشووریشی رەخساندووە، نەک پەکەکە. بەڵام د.بورهان زۆر بەمەبەست کاغەزەکانی تێکەڵاو کردووە و دەیەوێت هەر زەبربەرکەوتنێک بە خەڵکی باشوور و قەوارەکەی، هەر لە ئێستاوە بیخاتە ئەستۆی پەکەکە. بۆ؟ چونکە گوایە پەکەکە هەرێمی کوردستانی بە لوبنان کردووە.!! بەڵام د.بورهان بەهیچ شێوەیەک باسی دوو خاڵی زۆر ستراتیژیی و چارەنووسساز ناکات:
    یەک: پەیوەندی سی و یەک ساڵەی نێوان دەسەڵاتدارانی باشوور، بەتایبەتی پەدەکە، لەگەڵ حکومەتە یەک لەدوایەکەکانی تورکیا لەسەر بنەمای: بەبارمتەگرتنی دەسەڵات و خەڵکی باشوور، تاڵانکردنی سامانی ژێرزەوی و سەرزەوی باشوور، داگیرکردنی سەربازیی، ئەمنی، سیاسی، ئابووری و کولتوورییانەی باشووری کوردستان و زەبروەشاندن لە بزووتنەوەی ئازادیی کوردستان و زۆر بەتایبەت پەکەکە و تەنانەت زەبروەشاندن لە خەڵکی و بزووتنەوەکانی رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی کوردستانیش، بووە. خۆ هەموو بەچاوی خۆمان دەبینین کە لەجیاتی ئەوەی قەوارەی باشوور رووی لە بەغداد بێت، لەباوەشی ئەنقەرەدا دژ بە بەغداد بووە. کە ئەمە بۆخۆی هۆکارێکی زۆر بەرچاوە لەوەی کە ئەگەر حکومەتی ئێراق بەهێز ببێتەوە، ئەوا مسۆگەر هیچ کات ئەم دۆخی بەبارمتەگرتنەی هەرێمی کوردستان و ئەو تاڵانی و داگیرکارییەی تورکیا پەسند ناکات و هەڵوێست و کرداری دژبەرانەی دژ بە تورکیا و دەسەڵاتی هەرێم دەبێت. ئایا لە دۆخێکی وەهادا حکومەتی ئێراق دژ بە خودی خەڵکی باشووری کوردستانیش هەڵوێست و کرداری دژبەرانەی دەبێت یان نا؟ ئەمە هێشتا روون نییە. د.بورهان دەیەوێت وا نیشان بدات کە هیچ جیاوازییەک لەنێوان بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی خەڵکی باشووری کوردستان و بەرژەوەندییە بنەماڵەیی و حیزبییەکانی دەسەڵاتدارانی باشوور نییە و هەمان شتن. ئەمە لەکاتێکدا ئەمڕۆ و لە 31 ساڵی رابردووشدا بەرژەوەندییەکانی دەسەڵاتدارانی هەرێم لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی خەڵکی هەرێم تەواو ناکۆک و دژ بەیەک بوونە و هیچ کات هەمان بەرژەوەندیی نەبووە. بۆیە کاتێک دەڵێت؛ هەرێمی کوردستان زەبری کوشندەی بەردەکەوێت، ئەوە روون ناکاتەوە کێی هەرێمی کوردستان زەبرەکەی بەردەکەوێت؟ خەڵکی باشووری کوردستان یان دەسەڵاتدارەکانی هەرێم؟. ئینجا دەیەوێت لە شاردنەوەی ئەم راستییەدا، پەکەکەش هەر لە ئێستاوە بەوە تۆمەتبار بکات کە زیانی بە هەرێمی کوردستان گەیاندووە و دەگەیەنێت. ئەمە کرۆکی شاراوەی هەموو ئەو (توێژینەوە)یەی د.بورهانە. بۆ ئەوەی ئەم تۆمەتبارکردنەی سەر پەکەکەش بسەلمێنێت هاتووە چەندین شێر و ڕێوی هێناوەتەوە و لەمیانەی خراپ بەکاربردنی “تیۆری ناوەند-رۆخ و میتۆدی بەراوردکارییدا دەیەوێت بیسەلمێنێت کە مادام پەکەکە هەرێمی کوردستانی بەلوبنانی کردووە، ئەوا هەر زەبروەشاندنێک بەر هەرێمی کوردستان بکەوێت ئەوا پەکەکە خەتابارە. ئیدی د.بورهان بۆ سەلماندنی ئەم خەتابارییەی پەکەکە لە پێشەکییەکەیدا دەڵێت:” ئەم وتارە هەوڵێکە بۆ دەرهێنانی کێشەی تورکیا و پەکەکە لە هاوکێشەیەکی زیانبەخش، کە تیایدا زهنیەتی “یان رەش یان سپی” وەیا حوکمی “لەگەڵ یا دژ،” کە لە چوارچێوەیەکی سنوورداری ئایدیۆلۆژی و حیزبیدا باڵادەستە”. هەروەها دەڵێت:” پرسیاری سەرەکی ئەم وتارە ئەمەیە: ئایا هەرێمی کوردستان چۆن “بە لوبنانی” کراوە و چ ئاکامێک لەو حاڵەتی بە لوبنانیکردنە چاوەڕوان دەکرێ؟”
    لەلایەکەوە دەیەوێت بڵێ؛ هەر کەسێک وەکو من پەکەکە خەتابار نەکات و وانەزانێت کە هەرێمی کوردستانی بە لوبنانی کردووە، ئەوا بەئەقڵییەتی رەش یان سپی و لەگەڵ یان دژ و ئایدیۆلۆژیانە و حیزبیانە بیردەکاتەوە، لەلایەکی تریشەوە دۆزی کورد لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا بە کێشەی تورکیا و پەکەکە لەقەڵەم دەدات. ئەمە ئەو میتۆد و تیۆرییەیە کە د.بورهان دەیەوێت لەو (توێژینەوە)یەدا پێمان بسەلمێنێت. بەڵام خۆیشی لەم (توێژینەوە)یەدا هەر لەسەرەتاوە بە تۆمەتبارکردنی پەکەکە بەوەی هەرێمی کوردستانی بەلوبنانیکردووە، “سەنگەری دژ”ی هەڵبژاردووە و لەروانگەیەکی زۆر بەرتەسک و نا ئەکادیمیانەوە لە دۆخەکە دەڕوانێت.
    دوو: د.بورهان بەهیچ شێوەیەک باسی مەسەلەی ویلایەتی موسڵ و ستراتیژی داگیرکاریی تورکیا بۆ باشووری کوردستان ناکات..!! کە ئەمە کاکڵ و ئەسڵی مەسەلەکەیە و لێی رادەکات و وەک خۆی دەڵێت؛ بە رۆخی رۆخی ئەم بابەتەوە خەریکە… واتا وازی لە مەسەلە ستراتیژییەکە هێناوە، کە هەوڵە ستراتیژییەکانی تورکیایە بۆ باشووری کوردستان و جێبەجێکردنی پڕۆژەی عوسمانییەتی نوێیە، باسی هۆکاری هەبوونی دۆزی کورد لە تورکیا و خۆرهەڵاتی ناوین و لەدایکبوونی پەکەکە وەک بەرئەنجامی ئەو دۆزە ناکات، باسی ستراتیژیی تورکیا بۆ باشووری کوردستان و کۆی ویلایەتی کۆنی موسڵ ناکات، باس لە یەکێک لەئاکامەکانی ئەو دۆخە دەکات کە هەبوونی پەکەکەیە لە گۆڕەپانی تێکۆشاندا، لەناو ئەو گۆڕەپانانەشدا وەک هەر بەشێکی تری کوردستان لە باشووری کوردستانیشدا تێدەکۆشێت. باشە بۆ د.بورهان خۆی لەباسکردنی کرۆک و ئەسڵی بابەتەکە دەدزێتەوە و دێت باسی یەکێک لە دەرئەنجامەکانی هەبوونی دۆزی کورد دەکات کە تێکۆشانی گەریلایی پەکەکەیە لە کۆی کوردستان و زۆر بەتایبەتیش باس لەهەبوونی تێکۆشانی گەریلایی لە باشووری کوردستان دەکات و ناوی دەنێت بەلوبنانیکردنی هەرێمی کوردستان؟ ئەمە لەبنچینەدا ئەو گرفتە میتۆدیی و ئەکادیمییەیە کە د.بورهان گیرۆدەی بووە. چونکە د.بورهان هیچ مەبەستی نییە باسی هۆکاری دەستپێکردن و بەردەوامیدانی تێکۆشانی گەریلایی تا ئێستا بکات، کە خودی هەبوونی دۆزی گەلێکە بەناوی دۆزی کورد، هەبوونی ستراتیژییەتێکی داگیرکارییە بەناوی ستراتیژییەتی عوسمانییەتی نوێ. کە تۆ باسی ئەسڵی بابەتەکە ناکەیت و دێیت دەچیتە سەر هەبوونی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان، کە زۆر روونە پەکەکە چۆن و کەی هاتۆتە باشوور و بۆ لە باشوورە و لە باشوور چیکردووە و چیدەکات و چ دەرئەنجامێکی ئەو هەبوونەی لە باشووردا بۆ تێکۆشانەکەی و بۆ گەلەکەی بەدەستهێناوە، بەڵام مەبەستتە لەو خاڵەوە تیرێک لە تێکۆشانی ئازادیی گەلەکەت بدەیت و هۆکار و دەرئەنجامەکانی هەبوونی پەکەکە لە باشوور و تەنانەت کۆی خەباتە گەریلاییەکەی بشێوێنیت و ئەمەش بەناوی ئەکادیمییبوون و بەڕێگەی هەڵەبەکارهێنانی تیۆریی و میتۆدێکەوە ئەمە دەکەیت، ئەمە بۆخۆی جێی تێڕامان و لێوردبوونەوەیە.
    ئەگەر د.بورهان لەگەڵ باسکردنی ئەم دوو خاڵەی سەرەوە باسی هەبوون و ئاکامەکانی تێکۆشانی گەریلایی پەکەکە و دەرئەنجامی هەبوونی ئەم تێکۆشانەیشی لە هەرێمی کوردستاندا بکردبایە ئەوا لەوانەبوو، توێژینەوەکەی کەمێک بە ئاراستەی راست رۆیشتبا و دەرئەنجامی راستی لێوەدەرهاتبا. بەڵام بێیت و هەبوونی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان لەهەموو ئەم مەسەلانە داببڕێنیت و لەمیانەی چەمکی بەلوبنانیکردنەوە لە راستییەکان و ئەسڵی مەسەلەکە رابکەیت و ئینجا پەکەکەش بەوە تۆمەتبار بکەیت کە هەر زیانێک بە هەرێمی کوردستان بکەوێت (لەئەگەری رێککەوتنی نێوان تورکیا-ئێراقدا)، ئەوا بەهۆی بەلوبنانیکردنی هەرێمی کوردستانەوەیە لەلایەن پەکەکەوە. باشە ئەمە لەکوێی توێژینەوەی ئەکادیمیی و تیۆریی رەخنەیی و بەراوردکاریی و زانستیبووندا جێی دەبێتەوە؟! ئەی مەرجی بنەڕەتی هەر توێژینەوەیەکی ئەکادیمی و زانستی ئەوە نییە کە باس لە دیاردەیەک، دۆخێک، کێشە و گرفتێک بکرێت، دەبێت بەر لەهەمووشتێک باس لەو دۆخە بکرێت کە ئەو مەسەلە باسلێکراوە تێیدا دەرکەوتووە و پەیدابووە؟ دەبێت باس لەو هۆکارانە بکرێت کەوا ئەو مەسەلە باسلێکراوە بەهۆیانەوە سەریهەڵداوە؟ ئەگەر ئەمە مەرجێکی بنچینەیی هەر توێژینەوەیەک بێت، ئەی بۆ د.بورهان، ئەم مەرجەی لە (توێژینەوە)کەیدا لەبەرچاو نەگرتووە و پەیڕەوی نەکردووە؟ ئەمە ئەو گرفتە زیهنی و گرێ دەروونییەیە کە بەهۆیەوە د.بورهان هیچ لای مەبەست نەبووە، بەلای ئەسڵی بابەتەکەدا بچێت، بەڵکو ئەوەی بەلایەوە گرنگ بووە تەنیا بیسەلمێنێت کە پەکەکە خەتابارە بەوەی هەرشتێک لەمیانەی رێککەوتنی نێوان تورکیا-ئێراق بەسەر هەرێمی کوردستان و کورد بەگشتیدا بێت. چونکە هەرێمی کوردستانی بە لوبنانیکردووە و دەستبەرداریی کۆی تێکۆشانی گەریلایی نابێت و لاسایی فەلەستینییەکان ناکاتەوە.
  7. هەرچەندە لەپێشەکییەکەیدا بەسەرەقەڵەمێک و راگوزەرانە باس لەوە دەکات کە: ” بەهەر حاڵ لەم رووەوە دەتوانین هەرنەبێ بە ئاسانی بڵێین کە لاوازکردن و تەنگپێهەڵچنینی پەکەکە (لە باشوور و رۆژئاوای کوردستان) ئامانجێکە کە لەوێدا خواست و بەرژەوەندییەکانی تورکیا و پارتی دیمۆکراتی کوردستان “یەکانگیرن.” بەڵام خۆی لە باسکردنی خاڵی یەکەمی سەرەوە لادەدات و بە گرفت و کێشەی نابینێت. باس لە هۆکاری ئەم یەکانگیربوونەیان و دەرئەنجامەکانی ئەو یەکانگیربوونە لەگەڵ خۆیدا هێناویەتی ناکات، بۆ رەنگبێ وەک دەڵێن؛ “زیانی بۆ پەزەکانی هەبێت”؟!!. ئەمە لەکاتێکدا هەر ئەم یەکانگیربوونە بۆخۆی یەکێک لەهۆکارە زۆر روونەکانە لەهەبوونی پەکەکە لە باشووردا، نەک هەبوونی پەکەکە لەباشوور بووبێتە هۆی ئەم یەکانگیربوونە و بووبێتە هۆی ئەوەی هەرێمی کوردستان زەبری بەربکەوێت. بەڵکو ئەوە ئەو یەکانگیربوونەی نێوان تورکیا-پەدەکەیە کە پەکەکەش لەبەرامبەر بەم یەکانگیربوونەدا بەرگری لەخۆی دەکات و لەکوێ پێویست بێت بەرگری بکات دەیکات.
  8. ئینجا د.بورهان هەر لە پێشەکییەکەیدا بۆئەوەی خەباتی گەریلایی تەواو رەش بکات و بەبێ ئەنجام و سەرچاوەی زیانگەیاندن بە گەلی کورد نیشان بدات دەڵێت:” ئەم رەهەندانە هەموویان بەیەکەوە، کورد بە گشتی، وە بە تایبەتی پەکەکە و ئەزمونی باشوری کوردستان لە خاڵی یەکلابوونەوەی مەترسیدار نزیک دەکاتەوە: لە لایەکەوە تا بڵێی دۆخی هەرێمی کوردستان هەستیارە، وە لەولاشەوە بە هەموو پێوەرێک خەباتی چەکداری پەکەکە، هەر نەبێ لە باکوری کوردستان، لە باشترین حاڵەتدا، گەیشتۆتە رادەیەک لە بنبەست و بێ کاریگەر کراوە، ئەوەی ماوەتەوە شەڕی “خۆپارێزییە” لەسەر خاکی هەرێمی کوردستان. کات نە لە بەرژەوەندی پەکەکەیە وە نەش لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستانە!”
    بێگومان دۆخەکە بۆ پەکەکە و تێکۆشانی گەریلایی تەواو پێچەوانەی ئەم بانگەشەیەی د.بورهانە. هەر بۆ نموونە؛ ئەگەر هەر تەنیا ئاکامی شەڕ و بەرخۆدانی گەریلا لە پێنج مانگی رابردوودا بڕوانین دەبینین کەوا ئەو لێکدانەوەیەی د.بورهان چەندە وەهمی و ناڕاستە سەبارەت بە کاریگەرییەکانی تێکۆشانی گەریلایی و ئەو زیانانەی لە داگیرکاریی تورکیای داوە.
    بەڵام کامانەن ئەو پێوەرانەی کەوا وای لە د.بورهان کردووە هەروا بەئاسانی و هەڕەمەکی و بێ توێژینەوە و خستنەڕووی داتاکان بڵێت؛ گەیشتۆتە رادەیەک لە بنبەست و بێکاریگەرکراوە؟ د.بورهان خۆی لەباسکردنی ئەو پێوەرانە دەدزێتەوە و دەڵێت ئەوەی ماوەتەوە شەڕی خۆپارێزییە. ئێ ناوی هێزەکانی گەریلا هەر لە ساڵی ٢٠٠٠وە بووە بە “هێزەکانی پاراستنی گەل(هەپەگە)”. واتا ئەو شەڕ و بەرگری و بەرخۆدانانەی گەریلا بەڕێوەی دەبات بەرگری رەوایە و خۆپارێزییە، نەک رێگە و رێبازێک بۆ چارەسەری پرسی کورد .
    لێرەدا ناچمە سەر ئەو هەموو شرۆڤە و توێژینەوانەی کەوا رێبەر ئۆجەلان و پەکەکە و کەجەکە و هەپەگە لەبارەی هۆکاری پێداویستیی هەبوونی هێزەکانی پاراستنی گەل و بەردەوامیدانی بە دۆخی بەرگری رەوا، تەنیا لە پەیماننامەکەی کەجەکەدا لە چەند ماددەیەکدا زۆر بەڕوونی باسی ئەم پێداویستییە دەکات. لە پەیماننامەی کەجەکەدا لە بەشی جاڕنامەی دامەزراندندا رێبەر ئۆجەلان دەڵێت:” کۆنفیدراڵیزمی دیموكراتی بەبێ پەنابردنە بەر توندوتیژی و زەبروزەنگ بەرێگای ئاشتییانە چارەسەركردنی كێشەكانی كۆمەڵگا بەبنەما وەردەگرێت، واتە پشت بە سیاسەتی ئاشتیخوازانە دەبەستێت. بەرامبەر بەو هێرشانەی كە دەكرێنە سەر وڵات، گەل و ئازادییەكان و پێشێلكارییەكانی ماف و یاسا لە رەوشی بەرگری رەوا(الدفاع المشروع)دا دەبێت.”
    هەروەها کەجەکە لەماددەی (٤) بڕگەی (ل)دا دەڵێت:” لەدژی هێرشەکانی سەر رێبەرێتی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی، وڵات، گەل و ئازادییەکان و تا دەگاتە کۆمەڵکوژییەکانی سەر چاندەکان و هەموو رەفتارەکانی دەوڵەت-نەتەوەدا، لەسەر بنەمای بەرگری رەوا تێدەکۆشێت.” و لە ماددەی(٦) و بڕگەی (ل)شدا دەڵێت:” مافی گەلان و کۆمەڵگەکان هەیە بە ئازادی چارەنووسی خۆیان دەستنیشان بکەن. لەبەرامبەر بە فشار، تواندنەوە، لەناوبردن و داگیرکارییدا مافی بەرخۆدانی گەلان و کۆمەڵگەکان رەوایە.”
    هەروەها سەبارەت بە رەوشی پاراستنی رەوا لە ماددەی(٣٣)دا دەڵێت:” ئەگەر لەدژی سیستەمی کۆما جڤاکێن کوردستان و رێبەرەکەی هێرشێکی کرداریی پێکبێت. ئەو داگیرکارییەی بەواتای سیاسی لەسەر کۆمەڵگەی کوردستان خۆی سەپاندووە بەردەوام ببێت، بەواتای ئابووریی؛ برسێتی، بێکاریی، هەژاریی و تاڵانی بەردەوام ببێت، لەڕووی چاندیییەوە؛ تواندنەوە، ژنکوژیی و قڕکردن(ژینۆساید) بەردەوام ببێت و دژ بە دۆخی داگیرکاریی سەربازیی، شەڕی پاراستنی رەوا پێویست دەبێت.”
    ئەمەو لەچەندین ماددە و بڕگەی تردا کەجەکە وەک سیستەمێکی جڤاکی گەلی کوردستان مەسەلەی بەرگری رەوا و شەڕ و ئاشتی و بەرپرسیارێتییەکانی هێزەکانی بەرگری رەوادا زۆر بە روونی و کۆنکریتی باسی لێیانەوە کردووە. بەڵام د.بورهان بەلایەوە گرنگ نییە کەی پێویست بە بەرگری رەوا هەیە و کەی دەکرێ دەستبەرداریی لێبکرێت؟ کەی و چۆن دۆخی شەڕ یان ئاشتی دێتەدی و چۆن بڕیار لەبارەیەوە وەردەگیردرێت؟ ئەوەی بەلایەوە گرنگە ئەوەیە کە دەبێت پەکەکە دەستبەرداریی خەباتی گەریلایی ببێت و چەکدابنێت و تەواو. دەرئەنجامەکەی ئەمە چیدەبێت و چۆن دەبێت بەلای د.بورهانەوە هیچ گرفت و کێشەیەک نییە.!! ئاخر ئەم جۆرە بیرکردنەوە و بۆچوونە چەندە لەگەڵ لۆژیکدا دەگونجێت؟ دەستبەردان لە خەباتی گەریلایی و چەکدانان چەندە لەگەڵ راستینەی دۆزی کوردستان و راستینەی ستراتیژە داگیرکاریی و فاشیستانەکەی تورکیا و رژێمەکانی تری سەر کوردستان و راستینەی چینی بەکرێگیراو و بەبارمەتگیراوی کورد و راستینەی کۆی دۆخی ئاڵۆزی خۆرهەڵاتی ناوین و جیهانی پڕ لە شەڕ و پەلاماردان و خۆپڕچەککردندا یەکانگیر دەبێتەوە؟ ئەمانە بەلای د.بورهانەوە جێی باس و خواس نین و هەردەبێت پەکەکە دەستبەرداریی تێکۆشانی گەریلایی و چەک ببێت و لاسایی ئەزموونە شکستخواردووەکەی فەلەستینییەکان بکات و تەواو.
  9. ئینجا بۆ سەلماندن و بەرەواکردنی ئەم تەرح و داواکارییەی لە پەکەکە، د.بورهان لە پێشەکییەکەیدا دەڵێت:” هەردوو خەباتی چەکداری فەلەستینییەکان و پەکەکە هیچ جارێک لە ناوەندەوە نەبووە، بەڵکو بەردەوام لە رۆخەوە بووە، بەمەش ئەم شێوازە لە خەبات (لە رۆخ) کۆمەڵێک ئاکامی زیانبەخشی بۆ هەردوو جوڵانەوە چەکدارییەکە و رۆخە جوگرافییەکانیش، وەک ژینگەی ئەم جوڵانەوە چەکدارییانە، هەبووە، ئەو رۆخە جوگرافییە سەرەتا بۆ فەلەستینییەکان کەرتی غەزە و بۆ پەکەکەش باکوری کوردستان بوو. لەوەش زیاتر، ئەو جوڵانەوە چەکدارییانە زیانبەخش بوونە بۆ ئەو وڵاتانەی، کە وەک رۆخی رۆخ، واتە پێگەی جوڵانەوە چەکداریەکە، رۆڵییان بینیوە: هەڵبەتە لە حاڵەتی فەلەستینییەکان ئەو وڵاتە ئوردن و دواتر لوبنانە و لە حاڵەتی پەکەکەشدا هەرێمی کوردستانە. لە هەردوو حاڵەتیشدا رەهەندێکی هاوبەش ئەو راستییەیە کە “ئەگەر خەباتی چەکداری، یا بە مانایەکی تر نەبەردی سەربازیی لە خودی ناوەنددا نەکرێ، ئەوا خەباتە چەکدارییەکە دوور دەمێنێتەوە لە کاریگەرییەکی راستەوخۆ لەسەر بڕیار و هەڵوێستەکانی رژێم یا دەسەڵاتدرانی ناوەند.”
    جارێ بەرهەموو شتێک ئەزموونی دەستبەرداربوونی بزووتنەوەی فەتح لە تێکۆشانی چەکداریی خۆی ئەزموونێکی تەواو شکستخواردوو و تەسلیمکارانەیە، نەک هەر هی ئەوە نییە لاسایی بکرێتەوە، بەڵکو هی ئەوەیە بەر رەخنەی توند بدرێت، کە چۆن گەلی فەلەستینی گورگانخواردوو کرد و بێ بەرگریی رەوای هێشتەوە و دۆزی فەلەستینییەکانی قووڵتر و ئاڵۆزتر کردەوە. چونکە بزووتنەوەی فەتح لەبەرامبەر بە چەمکی “یان دەبێت تەسلیم بیت یان بە تیرۆریزم ناوزەدت دەکەم”دا بژاری تەسلیمبوونی پەسند کرد، بۆ ئەوەی سیفەتی تیرۆریزمی لێببێتەوە..!! راستە فەلەستینییەکان دەستبەرداریی تێکۆشانی چەکداریی بوون و چەکەکانیان دانا، بەڵام دوای زیاتر لە 34 ساڵ دۆزی فەلەستینییەکان چی بەسەرهات؟ چارەسەر بوو؟ ئایا خەباتی چەکداریی فەلەستینییەکان کۆتایی هات، یان دیسان سەریهەڵدایەوە؟ ئایا لەوکاتەوە تا ئێستا دۆزی فەلەستینییەکان یەک هەنگاو چۆتە پێشەوە؟ یان بۆتە کارتێک بەدەست تورکیا و هەندێک دەوڵەتی عەرەبی و ئێرانەوە؟ ئایا د.بورهان ئەمەی لە پەکەکە دەوێت؟ بێگومان پەکەکە ئەمەی نەکرد و ناشیکات. نە تەسلیم دەبێت و چەکدادەنێت و نەش پێوەلکاندنی سیفەتی “تیرۆریزم” لە خەبات و بەرخۆدان ساردی دەکاتەوە. بەڵکو هات رێی سێیەمی هەڵبژارد، کە رۆڵ و پێگەی چەک(تێکۆشانی گەریلایی) گۆڕی، چەک و گەریلای خستە دۆخی بەرگری رەواوە و لەوەی دەرخست ببێتە رێگە و رێبازی سەرەکی چارەسەرکردنی پرسی کورد، لەجیاتی ئەوە، وەک لە پەیماننامەکەی کەجەکەشدا بەڕوونی دیارە، رێگە و رێبازی ئاشتیی و سیاسی کردۆتە رێگە و رێبازی چارەسەرکردنی پرسەکە. لەهەمانکاتیشدا خۆیشی دانەماڵیوە لە چەک. ئەمە ئەو دۆخەیە کە د.بورهان نەیتوانیوە بیبینێت و نایەوێت واتای پێبدات. لەم وتارەی د.بورهاندا ئەوەندەی بە ئەقڵییەتی رەش یان سپی کاردەکات واتا داوا لە پەکەکە دەکات یان لەناودەچێت و چۆکی پێدادەنرێت و هەرگیز سیفەتی تیرۆریزمی لێنابێتەوە یانیش دەبێت چەکدابنێت و خۆی لە چەک داماڵێت. لە راستیدا د.بورهان لەوەش زیاتر دەڕوات و تەنیا یەک رێگە لەبەردەم پەکەکەدا دەمێنێتەوە ئەویش لەناوچوونە…!! چونکە پێی وایە پەکەکە چەکدانەنێت لەناودەچێت، بەڵام ئەوەش باس ناکات کە ئەگەر داواکەی د.بورهان جێبەجێ بکات و چەکیش دابنێت هەر لەناودەچێت.!! ئایا ئەمە ئەقڵییەتی رەش یان سپی یان بڵێین تاکڕەهەند روانین نییە کە د.بورهان بۆ پەکەکەی پێشنیاز دەکات؟ یان هەر سەپاندنی قەدەری لەناوچوونە بەسەر پەکەکەدا؟!



ڕەبولعالە… مین.. عومەر سەید

گەر فڕۆکەیەکی نەفەربەر، لە فڕۆکەخانەی ئەستەمبووڵەوە بفڕێت بەرەو وەڵاتی مالیزیا. گەر وایدابنێین ئەم فڕۆکەیە، لە بەرزی سی و دوو هەزار پێوە یا زیاتر، بەسەر ئاسمانی هەرێمی کوردستاندا، تێپەڕێ.
ڕەنگە لەو بەرزاییەوە و لە پەنجەرەی بازنەیی فڕۆکەکەوە، پیاوێکی مووسڵمانی مالیزی پۆشتەوپەرداخ، پرۆفیسوێری جوگرافیناس. بڕوانییت و شاگەشکە ببێ بەو سەرزەمینە سەخت و دژوارە و لە دڵی خۆیدا بڵێت”ئاخۆ لە نێو ئەم چیا سەخت و دوورە دەستانەدا، مرۆڤ چۆن دەتوانێت بژێت؟!” بێ ئەوەی بزانێت کە ئەو ناوچە سەختە، سەدان ساڵە لە ژێر چاوی تەماع و هێرشی دوژمنانێکی زۆردایە و شیوەکانی پڕە لە هاژەیی خوێنی قوربانی و خوێنی داگیرکاران.
لەوانەیشە هەر لەو بەرزایی ئاسمانەوە، دوو دەستی بۆ خودا بەرز بکاتەوە و لە ژێر لێوەوە بڵێت”سەد شوکر بۆ تۆ خودایە کە لە جێیەکی وا نەتهێنامە دنیاوە… ئامین… ئامین… یا ڕەب لعالەمین…” لەوانەیشە وەک پسپۆڕێکی جوگرافیا، دەست ببات و لە نێو جانتا ڕەشەکەی، کتێبێکی قەبەی بەرگ ئەستوری ئەتڵەس دەرهێنێ و لاپەڕە لاپەڕەی پڕ وێنەی نەخشی هەمەهێڵ و هەمەڕەنگ هەڵداتەوە. ئەتڵەسێکی پڕ نەخشە و نیگاری سەرزەمین. سەرەتا با وایدابنێن، دەچێتە سەر بەشی نەخشەکانی خۆرهەڵاتی ناوڕاست، بە دیاریکراوی ناوچەی نێوان هێڵەکانی، ٢٩ بۆ ٤١ ی باکور، ٣٥ بۆ ٥١ ی ڕۆژهەڵات. پاشان لە شاشەکەی بەردەمیدا، شوێنی فڕینی فڕۆکەکە دیاری دەکات. دەیەوێ بزانێت، خوارەوەیی سەخت، دەکاتە کوێی ئەم دنیایە.
بێ ئاگا لەوەی جگە لەو هێڵە وەهمیانە، هێڵی تری واقعی هەن. هێڵی دابڕان و ترازان، هێڵی خوێن و دڕکەزیی، هێڵی لە وەهم وەهمتر، بەڵام تیژ و بڕ و کاولکار…
پرۆفیسۆر، ئەو هێڵانە نابینی کە وەک ڕمی جەنگاوەرێکی عوسمانی، یان سەفەوی، تیژ دێت و تێدەپەڕێ. چیا و شیو و دەشتەکان، باخ و دەریاکان دوو لەت دەکات! ڕمێکی سەر ئاسنینی مێژوویەکی ژەنگن، تیژ و سەخت کە هەموو شتێک دوولەت دەکات. ڕمێک هێڵێکی تۆخ و ئەبەدی بە دوایی خۆیدا دەکێشێت. هێڵێک، گوند لە گوند و ڕانەمەڕ لە شوان و کانی لە باخی ئاودامانی دەکات! دوو برا، هەر یەکەیان دەخاتە لایەکەوە! دوو کەو، هەر یەکەیان دەکەونە ئاسمانێکەوە! دار بەڕویەکی پیر، لە ناوڕاستەوە دەکاتە دوو کەرتەوە، دوو لەتە بەڕووی سیس و نەخۆش. پۆلە کچێکی دووی کنگر و ڕێواس، بۆ ئەبەد ڕێی گەڕانەوەیان لێ دەگیرێت! مانگایەک کەوتۆتە ئەمبەری هێڵەوە و بۆ گوێرەکەکەی دەبۆڕێنێت کە هەرگیز ناتوانێ پێی بگاتەوە. باڵندەی دەنگخۆشی ئەمبەر، ناتوانن بفڕنە ئەوبەر و هی ئەوبەریش، لە دووری هێڵی ڕمی سەر ئاسنین، دورا و دوور، کز و غەمگین دەنگ هەڵدەبڕن. کێ باسی چیرۆکی جەنگاوەرانی هەر دوو بەرەی هێڵەکە بە درێژایی مێژوو بگێڕێتەوە! ئەو کاتی برا و برا، ئامۆزا و ئامۆزا یەک دەکوژن. بەسەر هێڵێکی وەهمییەوە کە پلەی گەرما و ڕێژەیی باران بارین و گژوگیا و ڕووەکی هەردوولا، هەر یەکن! دوو دۆزەخ دەخوڵقێ! زنجیرە چیایەکی لە ناوڕاست دوو لەت و ڕووبارێکی دوو لەت کە هەر دوو لەتەکەی، هەمان ئاوی شیرین و سازگار، هەمان قوڵی و شینی و هەمان ماسی کە هێڵێک لێناگەڕێ ئاوێتە ببن! دوو ئاوی هەمان پێکهاتە تێکەڵ نابن! ئەمەیە موعجیزە ڕاستەقینە و تراژیدیاکەی ژیان!
لە نێو ئەم هێڵە وەهمیانەدا کە ڕێژەی ئازار و فرمێسک و خوێن و تیژییەکەی، ڕەنگە بگاتە سێ سەد ملێون سکۆفیلی بیبەری تیژ!
ئەو پرۆفیسۆرە مالیزییە کە تا ڕادەیەکی زۆر، هەموو شتێک سەبارەت بە جوگرافیای گۆی زەوی دەزانێ. دەزانێت پاڵەپەستۆی هەوا، چۆن دەبێتە هۆی خوڵقاندنی ڕەشەبا و زریان. دەزانێت چ ناوچەیەک بەستەڵەکە و کوێ بیابان. هەموو هێڵەکانی سەر ڕووی زەمین دەناسێت و ئاشنایە بە هێڵی ئیستیوایی. بەڵام هەرگیز نازانێت چۆن فیشەکی سەربازێکی ئینگلیزی، دیسانەوە هێڵێکی تر، لە تەوێڵی ئەم خاکەدا دەنەخشێنێ! فیشەکێکی ئاگرین کە بە دوای خۆیدا هێڵی جەنگ و هێڵی مین، هێڵی ئاگربارین و تەلەزی دەخوڵقێنێ. هێڵی وەهمی، چێنراو بە سەربازگە و مین! بێ ئاگا لەو هێڵە ڕاستەقینانە، بە ویژدانی ئاسودەوە و بێ ترس، لەو بەرزی بەرزەوە، خپ لێی دەخەوێت!
گەر چەند گەشتیارێکی بیانی، بۆ گەشتوگوزار بە ئۆتۆمبیل ڕوو بکەنە نێو چیا و شیو و ڕەوەز و سروشتی سەختی ناوچەکە. دیسانەوە ڕەنگە بە بینینی خەڵکی ناوچەکە و ململانێیان لە تەک سروشتی سەختدا، ئەو پرسیارەیان لە لا درووست ببێت کە مرۆڤ چۆن لە ئاوها شوێنێکدا بەرگەی ژیان دەگرێت. یا ڕەبولعالەمین…
سەرسام و پڕ پرسیار دەڕوانن و لە نێوان خۆیاندا دەڵێن. ئێرە بۆ وایە، یا ڕەبولعالەمین… کێ بێرەدا تێپەڕیوە! ئەم خاکە بۆ سووتاوە! قەد پاڵی ئەم گرد و تەپۆڵک و هەورازانە، بۆ دەڵێی سەری بڕاوی گان و پێستیان داماڵڕاوە! شوێنەواری ئەم ئاوەدانییە خاپورکراوانە، بۆ چ سەدە و ڕۆژگارێک دەگەڕێنەوە؟! ئەم هەموو هێما و بەردە کەڵەکانەی کێڵگەی مینە چییە؟ کەلاکی ئەم هەموو مەڕوماڵاتە، ئەم هەموو جێ چاڵی تۆپ و مووشەکە، لقوپۆپی شۆڕ و شکاوی ئەم هەموو درەختە، ئەم هەموو گۆڕستانە کۆن و نوێیانە چییە یا خودایی ئایین؟! ئەم قامیشەڵانانە بۆ بە با ئاوا دەناڵێنن! باڵندەی ئەم ناوچەیە، بۆ هێندە ئاوازی دەنگیان غەمگینە؟! ئەم مانگا بەڵەک بەڵەکانە بۆ وا لەڕ و لاوازن؟! ئەم تاشە بەردانە بە چ داخ و ئازارێک، واقڵیشاون؟! مەگەر خودای ئێرە، کێیە و بۆ پشتی لێرە هەڵماڵیوە؟!
خۆ ئەگەر تۆ خۆت کورد بیت و بەسەر کەرێکەوە، بەرەو گوندەکەی خۆت بەڕێوە بیت. ئەوجا دەزانیت ئەم ناوچە سەختە، چ ڕۆژگارێکی ڕەش و چ زنجیرە جەنگێکی خوێناوی و کاولکاری بینیوە! ئەم چین لەسەر چین، توێژاڵە خوێنە قەتماغە گرتووە کە هەموو شتێکی داپۆشیوە، چ مانایەک دەگەیەنێت. یان چەند چاوی تەماحی دوژمن و هەوڵ و هەڕەشەیی داگیرکردنی لەسەرە! کابرایی سەر کەرە سپی لە هەر تەماشایەکیدا بۆ پێدەشت و بەرزە زنجیرە چیای دەوروبەری، بە دڵنیاییەوە لە دڵی خۆیدا دەڵێت”یەکەم مین کە درووستکرا، لێرە لەم خاکەدا، نێژرا! ئای چەند سووتان و مەرگ و کاولکاریمان بینی یا ڕەبولعالمین…”
گەر تۆ ڕێکەوتی ئەو پیاوەی سەر کەرە سپییە بکەیت و پێی بڵێی”خاڵۆ، چیرۆکی حەمە و مین دەزانی؟”
بێ یەک و دوو دەڵێ”ئەی چۆن، کەرەکەیشم دەیزانێت… کەس نییە نەیبیستبێ کوڕم”
هاوشانی کەرە سپی پێ هەڵگرە و گوێ بدەرە چیرۆکەکە کە بۆت دەگێڕێتەوە…
پاش زنجیرە جەنگێکی درێژخایەن، داماوی و هەژارییەکی سەخت ڕووی کردە خەڵک، ژیان بە بارێکی زۆر قورس و تاڵدا وەرگەڕا.
حەمەمین، لە پێناو پەیداکردنی هەندێ خەرجی بۆ تەدارەکی گواستنەوەی ئامینی دڵخوازی، کە لە مێژ بوو چاوەڕێی کۆتایی جەنگ و هەڵهاتنی خۆری ئارامی و ئاشتی بوون. تا پێکەوە زەماوەند بکەن و ژیانی هەنگوینی بژێن. کەوتە خۆیی و قۆڵی کار و کەسابەتی لێ هەڵماڵی. بەڵام بە هۆی پاشماوەی جەنگە درێژەکەوە، کەس، یان کەم کەس دەیتوانی بچێتەوە سەر زەویوزاری خۆی. کێڵگەکان ببوون بە کێڵگەی مین. رۆژ نەبوو لێرە و لەوێ، خەڵکی ئاواییەکان نەکوژێت، یان کەلەپاچە نەکات.
نێو دەشت و شیو و چیاکان، پڕ بوون لە کەرەستە و تفاق و گوللەتۆپ و خڕکە شکاوی پاشماوەی جەنگ. بە درێژایی هێڵە دەستکردەکە، قەوانە تۆپی ڕەنگ ئاڵتونی و لەوح و چینکۆ و ئاسن و مس و فافۆن ڕژابوون. هەموو ئەو میتاڵانەش پارەیان دەکرد و دەڵاڵ و بازرگانانی خۆیان هەبوو و نرخی باشیان لە سەر دادەنا. ئیدی خەڵکی گوندە دوورەدەستەکان، کە بە هۆی مینەوە، نەیاندەتوانی مەڕداری و کوشتووکاڵ بکەن. بە لێشاو ڕوویان کردە سەر هێڵەکان، بۆ ئەو جێ قایم و هەوارە کۆن و خاپورانەی سەربازگەکانی ڕۆژگاری جەنگ، بۆ شوێنەواری ڕەبایە و بنکە و مۆڵگە و گۆڕەپانی جەنگەکان و بە دوای ئەو شتانەدا دەگەڕان کە پارەی بۆ دەکردن. ژن و پیاو کەوتنە دەشتودەر، بە کەر و وەڵاخ، لەوح و چینکۆ و تۆپەڵە دڕکەزی و قەوانیان دەهێنایەوە.
خۆرهەڵاتنێک، حەمەمین بە دەم باسوخواسی دنیاییەوە، هاوشانی مینا بێوەژن بە شیوەکەدا داگەڕان. شیوی دامێن ئاوایی، سەدای دەنگێکی بە سۆزی پڕ تراژیدیایی لێوەهەڵدەقووڵا.
قەت لە دونیادا نەبوو، بێجگە لە ناخۆشی بەشم…
ئەی خودا چەند بێکەس و بەدبەخت و چەند چارەڕەشم…
مینا لە مێژبوو پیاوەکەی ببووە قوربانی جەنگ و حەوت منداڵی سەر خڕ سەر خڕی بەسەردا جێهێشتبوو. ئەمیش بە دوو شۆڕە مەمکی زلەوە، کە تا سەر ناوکی هاتبوون. لە نێو شەڕواڵێکی خاکی پیاوانەدا، ڕۆژ تا ئێوارە ناوچەی شەڕگەکانی دەپشکنی. جودا لەوانی تر، مینا، تاقەتی کۆڵەبار و سەرئێشەی زۆری نەبوو. تەنها بە دووی ئێسکوپرووسکی قوربانییەکانەوە بوو. بست بە بستی خاکە پڕ بارووتەکە دەگەڕا و قوورسی ملی ئەو سەربازانەی دەدۆزییەوە کە بێ گۆڕ و بێ ناونیشان بزر ببوون. لە بەختی ئەویش، بە هۆی ساڵانی زۆری جەنگەوە، لەو قوڕسە ئیستیلانە زۆربوون. منداڵەکانی هەمیشە تێروپڕ و قەڵەو بوون.
دەگەڕا و ئەو پارچە ئستیلە بە زنجیرە ئاسنەی ناوێکی لەسەر هەڵکۆڵرابوو، دانە دانە دەدۆزییەوە و لەگەڵ تورەکەیەک لە ئێسکوپرووسک، ڕادەستی سەربازگەکەی ئەو دیو هێڵی دەکرد و لە بەرامبەردا، فەردە ئارد و برنج و ڕۆنی وەردەگرت. مینا ئاوها بە مەدالیای ملی مرۆڤانێک کە لە مێژ بوو نەمابوون، منداڵەکانی تێر و گەورە دەکرد.
هەمووی چارەکە کاتژمێرێک نەبوو لە یەک جیاببوونەوە و هەر یەکەیان بەلایەکدا، حەمەمین بۆ ئاودیوکردنی کۆڵەبارەکەی کە هەندێ جار مس و فافۆن بوو، هەندێ جاریش جیوە بوو. لە پڕ ناڵەیەکی گەورە و هات و تەپوتۆز و دووکەڵ چوو بە ئاسماندا. لە ژێر پێی حەمەمیندا، مینێک تەقییەوە. دوو قاچ و دەستێک و چاوێک، چەند باریکە پەنجەیەک و هەندێک تۆپەڵە بەز و گۆشت و مووی سەر، بە ئاسماندا دەفڕین! هاوکات هەرچی باڵندەی ئەو ناوە هەبوون، فڕیین.
جەستەیەکی نغرۆی خوێنیش، هەلاهەلا و پرژاڵ پرژاڵ، کەوتبووە نێو داروپەردووی ڕەبایە کۆنەکەوە و لە نێو تەپوتۆز و دوکەڵدا، بە ئاستەم نرکە و ناڵەی دەهات.
وەک هەموو جارەکانی تر، ئەو مەخلوقانەی لەو دەوروبەرەدا، گوێبیستی ناڵەکە بوون. بە پرتاو خۆیان گەیاندە شوێنەکە، شپرزە و پڕ ترسولەرز لە مینی تر، بە پێ خشکە و بازدانی سەر ئەم بەرد بۆ ئەو تاشەبەرد، خۆیان گەیاندە حەمەمین و خێرا خۆیان و پارچەکانیان کۆکردەوە و لە ناوچە مەترسیدارەکەیان دوور خستەوە.
خێراتر کەری هەگبە باریان هێنا و بەرەو ئاوایی ڕێچکە ڕێگایان گرتە بەر. تایەک حەممەمین و تایەک دەست و قاچە قرتاوەکانی. لە تایەکی هەگبەکەوە، پێیەکی خوێناوی و چوار پەنجە دەست و دەمی زەردی دوو قەوانە تۆپ، بە دەم لەنجەولاری کەرە سپییەوە دەشەکانەوە. تاکەی تریش سەری حەمەمین، پڕ شووخت و چۆڕاوگەی خوێن، بە یەک چاوی تەڵخەوە دەیڕوانی. ڕوانینێکی هێندە عاشقانە و گووناهانە بوو، بە ئاشکرا دیاربوو کە بیر لە چارەنووسی خۆیی و ئامینەی عاشقی دەکاتەوە. خاوەن کەر و بارەکە، لە دواوە خێرا خێرا نەقیزەی کەرەکەی دەدا و یەک لەسەر خۆی و شپرزە هاواری دەکرد. هەچە… هەچە دەی…
کاتێک گەیشتنە نێو گوند. حەممەمین هێندە خوێنی لەبەر ڕۆشتبوو، لە هۆش خۆی چووبوو. بە پەلە وەک پارچە سیپاڵێک کردیانە پشتی پیکابێکەوە و تیژ بەرەو شار ڕفاندیان.
ئەوەی مایەوە دەست و قاچ و چاوێک و هەندێ تۆپەڵە گۆشت بوو. لە سێبەری کزی دیواری مزگەوتەکەدا هەڵیانڕشتبوو. مناڵومەزمی ئاوایی و پیر و پەککەوتەکان، بە دیارییەوە هەڵکوڕمابوون و بۆی دەگریان. بۆ حاڵی و پرژاڵ پرژاڵی بە داخ بوون. بە چاوی فرمێسکاوییەوە، گەورە و بچوک، لەگەڵ یادەوەرییەکانیدا دەژیان. خەیاڵی جوانییەکەی، بە تەنگەوەهاتنی کێشەکانی ئاوایی، لەفز شیرینی و ئازایەتییەکەی، قوڵپ قوڵپ بە گریانی خستبوون. ناهەقیان نەبوو، کوڕی بە جەرگ و ئازای وەک ئەم جەستە هەلاهەلاییەیان هەرگیز نەبینیبوو. کەسێک ئاوا خۆشەویست و هاوخەمی هەمووان. لە کاروباری درەو و کێشە و خەلەوخەرمانا، کاری بۆ هەموان دەکرد. پایزان، هاوشانی خاوەن ماڵ، خۆی لە قوڕ دەنا و دیواری سواغ دەدا. زستانان بەفری بەر ماڵانی گوندی ڕادەدێرا. بەروبوومی ڕەز و باخی بۆ باخەوانەکان دەڕنی و هەمیشە لە پێشەوەی کوڕگەلی ئاوایی بوو بۆ کاری هەرەوەزی. ژن و پیاو، پیر و گەنج، ئەو ڕۆژە و بە بیستنی هەواڵەکە، خەم و گریان هەموویانی چەشنی بەفری زستان داپۆشی. سپی نا، ڕەش و مات و غەمگین.
پەیتا پەیتا دەچوونە سەر لەتەکانی جەستەی.
بە دیارییەوە باوکەڕۆیان دەکرد و لە ناخی دڵەوە بۆی دەگریان.” وای براڕوووو… کوڕی جوان و هاوخەمی گوندمان ڕۆۆۆۆ…”
” قوربانی ئەم دەست و مەچەکە زەردهەڵگەڕا و سیسەت بم کە دوێنێ ئەم حەلانە بژارت بۆ دەکردم…”
پیرە پیاوێک، نەرم و لەسەرخۆ، نێو لەپە زبرەکەی بە قاچە خوێناوییەکەدا دەهێنا و قورت قورت دەگریا.
” باوکەکەی باوکم، پێرێ ئەم حەلە بەم قاچەت قوڕت بۆ کەفماڵی خانووەکەم دەشێلا…
ئەو ڕۆژە و دوای کارەساتەکە، ناوی حەمەومین، وێردی سەر زاری هەموان بوو.”
ئامینی عاشق، بە بیستنی هەواڵەکە، ئاگر لە هەناوی بەربوو. لە تاو قوڵپی گریان، خۆی لە تەنوربانەکەدا شاردەوە تا برا و باوکی بەو حاڵە پەرێشانەوە نەیبینن. هێندە بە کوڵ گریا، ئاوی پێی داهات. شپرزە و بە چاوی پڕ گریانەوە. بە بیانووی هێنانی ئاوەوە، گۆزەی خستە سەر شان و بە کۆڵانی تەنگەبەری مزگەوتدا تێپەڕی. حەشاماتی دەوری لەتوپەتی یار، هێندەی تر بە گریانیان خست! کاتێ بینی لە نێو حەشاماتەکەدا، ئافرەتیش هەن. کەمێک ترسی دامرکایەوە و ئەویش بە گۆزەی سەر شانەوە، خۆی کوتا و بە پاڵەپەستۆ چووە دیار نیوە یارەکەی. بە دیمەنەکە دڵی هەڵشێواو و هێڵنجی دا. هەر زوو بە تاتۆ سەوز کاڵەکەی سەر نەرمایی دەستەکە کە گێڕ و نابووت نوسرابوو ” مین” زانی حەمەومینەکەی خۆیەتی. “ئاخر ئەو مینە هەمان ناوەکەی خۆی بوو! پێشتر دەیان جار حەمەمین، لە جێژواندا پیشانی دابوو و هەموو جارێکیش پێی وتبوو، ئەمە ناوی تۆیە، لەبەر لۆمە و ترسی خەڵک، ئاکەم نەنووسیوە.”
چاوی پڕ گریانی خستە سەر ئەو پەنجە خوێناوییە سیسانەی کە چەندین کەڕەت مەمکیان گووشیبوو. سەر ئەو چاوە تاریک و بێ ڕەونەقەی سەدان جار خۆی تێدا بینیبوو. سەر ئەو پەنجەی شایەتومانەی کە دەیان جار لە جێژواندا، بە گاڵتە و وەهم، بە دوو پەنجە ناسکەکانی، ئەلقەی هاوسەرگیری لێ هەڵکێشابوو.
قوڵپی گریان لە ناخەوە، وەک شەپۆل هورژمی هێنا. دەستی خستە سەر دەمی و لە شەرمی حەیا و حورمەتی خۆی، تیژ تێپەڕی و لە هەواڵەکە دڵنیابووەوە. ئەو هەموو ڕۆژەکە، یان لەو کاتەوەی هەواڵەکەیان پێڕاگەیاندبوو. هەزاران جار بەدەم هەنسک و قوڵپی گریانەوە، لە دڵەوە یان بە دەنگی بەرز، هاواری کردبوو( خودایە ئەو نەبێت، خودایە ئەو نەبێت، خودایە ئەو نەبێت…) تێپەڕی و لە بری ئاوی کانی، گۆزەکەی سەر شانی بە فرمێسکی چاوە خومارەکانی پڕ پڕ کرد. هاوکات ئاهێک لە ناخیدا کڵپەی سەندو و کردییە دوو لەتەوە. ئای سەرەتا بوو بە هەڵم و ئەوەی لە خۆیی و لە ناوی مایەوە، تەنها و تەنها مین بوو، وەک مینی سەر بازووە قرتاوەکە. مین عشقەکەی هەپروون بە هەپروون کرد.
لای مەغریب و پاش نوێژ، مەلا بە کوڕگەلی وت”ئەم گۆشتە تا بۆگەنی نەکردووە بنێژن. گۆڕێک لێدەن و ئەم دەست و قاچەی تێخەن و بە تاشەبەرد دایپۆشن، تا سبەی بەشە مردووەکەی تری دەگات” هەمووان هاوڕای مەلا بوون کە دەبێ گۆڕەکە پڕ نەکرێتەوە. کەس بڕوا بەوە ناکات حەمەمین بە زیندوویی بگەڕێتەوە ئاوایی. ئەوەی جەستە بێ پەلوپۆ و شیتاڵ شیتاڵ و خوێنینەکەی دیبێت. بۆ یەک ساتیش گوومانی لە مردنی نەدەکرد.
پاشماوەی قوربانییان خستە گۆڕەکەیەوە و لەترسی سەگ و چەقڵ، نەک زەفەری پێ بەرن بە تاشەبرد دایانپۆشی.
سبەی تا ئێوارە هیچ خەبەر و باسێک نەبوو. درەنگانێک، برایەکی حەمەمین گەڕایەوە و لە بەردەم مزگەوتەکەدا، خەڵکی گوند بۆ هەواڵ پرسین دەوریان لێدا. دەستی برد و لە تورەکەکەی بن هەنگڵی پێیەکی سیسی دەرهێنا و وتی:” دکتۆرەکان ئەم قاچەشیان لە خوار ئەژنۆیەوە بڕییەوە، ئەمیش بەرن و بیخەنە لای بەشەکانی تری…”
دیسانەوە براکەی وتی:” حەمەمینی برام هێشتا بێ هۆشە، دکتۆرەکان دەڵێن، تا چل کاتژمێری تر نەمرێت. لە مەترسی دەربازی دەبێت و دەژێت. دووعای خێری بۆ بکەن بە سەلامەتی بگەڕێتەوە ناومان” کاتی زیاتر تێپەڕی و حەمەمین نەمرد.
پاش هەفتەیەک، مەلا بە کوڕگەلی ئاوایی وت:” بچن گۆڕەکەی پڕ بکەنەوە، ئەجەل بە دەستی پەروردگارە، وادیارە هێشتا ڕۆژی تەواو نەبووە. ئەلبەقائو فەقەت لیلاە… خۆ هەر دەمرێت. ئەوکات بەشەکەی تریشی هەر لەم گۆڕەدا دەنێژین. خۆ بە نیوە جەستەیەکەوە ناتوانێت لە پردی سیرات بپەڕێتەوە…” گۆڕیان پڕ کردەوە و دوو کێلیشیان بۆ دانا. بەڵام نە مەلا و نە کەس نەیدەزانی بۆ ئاوا حاڵێک، بۆ نیوە کەسێک دەبێ چۆن چۆنی تەلقین بدرێت! یان چی لەسەر کێلەکە بنووسرێت!
تا بارین، شاعیری گوند هات و بە بۆیەی سپی لەسەر کێلێکیان نووسی.
ئامین… ئامین
یا ڕەب لعالەمین
ئەمە گۆڕی مینە
خودا دانا و عەلیمە
حەمە هێشتا لە ژینە
لەتێک مردوو لێرە ئەمینە
لەتێک هێشتا بە تەمایی ئامینە
تەلقینی ناوی شەهیدی مینە
نامرێ و زیندووە، لایی ڕەبولعالەمینە
حەمەمین بوو بە دوو لەتەوە، لەتێک لە گۆڕ و لەتێک لە خەستەخانە. بوو بە وێردی سەر زاری خەڵک، باس هەر باسی چیرۆکی ئەو بوو. حەمە و مین، نەک وەک مەم و زین، وەک شیرین و فەرهاد، لەیل و مەجنوون، چیرۆکی ئەو وەک ئەو چیرۆکە تەقلیدیانە نەبوو. خەڵکی هەرگیز نەیاندەوت چیرۆکی حەمەمین و ئامین، چونکە ئەو خۆی قوربانی و قوربانی بوو. هەر لە خۆیدا وەک هاوکێشەیەکی کیمیایی دابەش ببو بەسەر خۆیدا، لە ناو خۆیدا وەک ئەمیبیایەک، ببوو بە دوو بەشەوە، جیاوازتر لەوەیش، ئەم دوو بەشی هاو دژ بوو. بەشێک مردوو لە گۆڕدا، بەشێک زیندوو لە ژیندا! خەڵکیش ببوونە دوو بەشەوە، بەشێک بەشە مردووەکەیان بە پیرۆز دەزانی و دەچوونە سەر گۆڕی مین، نزایان بۆ دەکرد و بە دەم گریانەوە نیازی دڵی خۆیان دەگرتەوە. بەشێکیش بۆ هەواڵ پرسینی، بە مەنجەڵە ماستی گەورەوە، دەچوونە خەستەخانە و لە نێو قاوشەکاندا، بەدەم پێچانەوەی سیگارەوە و بە دەنگی بەرز دوعایان بۆ دەکرد. هیوای شەفاعەت و تەندروسی باشیان بۆ دەخواست.
پاش سێ مانگ، حەمە بە سیمایەکی لاواز و قووپاوەوە، بە تاقە چاوێکەوە، بێ دەستی ڕاست و هەر دوو قاچیی، گەڕایەوە ئاوایی. خەڵک بە چەپڵە لێدان و هەلهەلەی خۆشی و دەهۆڵ و زوڕناوە، پێشوازییەکی گەرمیان لێ کرد. لە تەختایی دامێنی ئاواییدا، حەشاماتی ورد و دڕشت، نێر و مێ، بە جلی ئاڵوواڵاوە تێکچڕژابوون. حەمە کە بەسەر شانی پیاوێکی کەتەوە بوو، بە هەموو لایەکدا و بە تاقە دەستە چوار پەنجەکەی، ماچی هەوایی بۆ هەڵدەدان. ماچی هەڵدەدا و تاقە چاوەکەی بۆ ئامین دەگێڕا. سێ مانگی ڕابردوو بە هێزی چاوە ڕەشەکانی ئەو بەرگەی ئەو هەموو ئازارەی گرتبوو. سێ ڕیز پیاو و ژنیش، بە کاریگەری دەنگی بەرزی دەهۆڵ و زۆڕناکە و گۆرانی خێرای بەیتبێژەکان، سێ پێیی هەڵدەپەڕین و بە ناو یەکدا دەچوون. تەپوتۆز و بۆنی عارەقی بن باڵی پیا و ژن، فەزای گوندی داپۆشی. نیوە جەستە و نیوە ڕۆح حەمە پڕ پڕ بووەوە لە ژیان. تا دەمەو ئێوارە، حەشامات شاییولۆغانیان کرد. ڕیز ڕیز، دەچوون و ڕوومەت و تاقە دەستە چوار پەنجە پڕ برینەکەیان ماچ دەکرد! لەو ڕۆژە مێژووەی حەمەدا، ئەوەی دەرنەکەوت، ئەو تاقە کەسەی ئەو پێویستی پێبوو، لە هیچ لایەکەوە نە خۆیی و نە هەواڵێکی نەبوو.
دواجار بە ڕێوڕەسمێکی ئاهنگسازییەوە بە ڕێکەوتن بەرەو گۆڕستان. وەک ئەوەی بووک بەرن بۆ لای زاوا، تاقمی دەهۆڵ و زوڕنا و گۆرانی بێژان و سەماکەران، کەوتنەپێش. بە دوایاندا، ئەو پیاوەی حەمەی خستبووە سەر شان، هاوشانی مەلا و ئەنجومەنی گوند و یەک دوو پیاوماقوڵی تر ڕێیان دەکرد. حەشاماتی خروشاویش، لە ڕێچکەیەکی درێژدا، شاد و بەکەیف بە دوایاندا هەنگاویان هەڵدەهێنا. حەمە تاوناتاوێک، زەلیلانە ئاوڕی بۆ دواوە دەدایەوە، بەو ئومێدەی لە قەرەباڵغێکەدا، تاقە چاوەکەی بکەوێتە سەر جووتە چاوە ڕەشەکەی ئامین. ئەوە تاقە خەونی ئەو ڕۆژەی بوو کە نەهاتە دی.
حەشامات یەکوڕاست ملیان نا بۆ بەرزایی گۆڕستانەکە، بۆ سەر گۆڕەکەی خۆی. وەک ڕێزێک بۆ ماڵی مردووان، دەهۆڵ و زوڕنا و قوون بادان نەمان و ماتی و بێدەنگی جێی گرتنەوە. تێکڕا پێکەوە بە دەوری گۆڕەکەدا فاتیحایان خوێند. تێکڕا و پێکەوە نێو لەپیان هێنا بە سیمایاندا و بە کۆرس هاوریان کرد:”ئامین…” لە شیوی دامێن ئاوایشەوە، دەنگی گۆرانییەکی بە سۆز دەهات.
عەترم پێیەو بە دیاری دەیدەم بە تۆ…
حەمە هاوکات دەستی خستە سەر شووشە عەترەکەی بن باخەڵی، ئەوی هێنابووی تا بە دیاری بیداتە ئامینی عاشقی. لە ژێر لێوەوە وتی:”خودایە ئەم دەست و چاو وقاچانەم لە عەزابی قەبر ببخشە، ئەوان هیچ گووناهێکیان نییە، ئەوەی کردوویانە من لێی بەرپرسم. تا ڕۆژی گەیشتنە لایان، بە ڕەحمەتی خۆت بیانپارێزە و ئەوەی کردوویانە لە ئەستۆی منە، ئەم نیوە عەبدە زەلیلەی بەردەمت یا ڕەب لعالەمییییین…” پاشان مەلای گوند تێهەڵچوو:”ئەمە یەکێکە لە موعجیزەکانی ڕەب لعالمین، عەبد لە یەک وەقتا، هەم مردووە هەم زیندوو. لە ئادەمەوە تا ئێستا، ڕووی نەداوە لە تاریخی میللەتاندا، عەبدی خودا لە سەر گۆڕی خۆی فاتیحا دادات! ئەڵڵە لەم موعجیزەییە! قەتعی ئەی موسڵمانان، ئەوەی دەگەڕێتەوە مین نییە، مین لە حزوری خودادایە بۆ ئەبەد، ئەوەی دەگەڕێتەوە حەمەیە کە ئەمڕۆ یا سبەی وەفاتی قەتعی دەکات. ئەمڕۆ دەست و قاچی و سبەی سەر و خەیاڵات و تەماحەکانی. واقعی حەدەسی ئەم حیکایەتە یەکێکە لە ئایەتە زۆرەکانی خودا، ئێوەش وەک ئەم مەخلووقە زەلیلە، بەشێکتان لە تاوان و گوناهدا مردووە، بەشێکیشتان هێشتا ئەمەلی تێدا باقییە، لە ئیمتیحانی ڕەب لعالمیندایە… شوکری خودا بکەن تا نیوە دنیایەکەتان لە چڵک و مەلەزاتی حەیات دەرباز بکەن و پاک و بە تەقوا بگەڕێنەوە قاپی خوداوەند…”
هەر لە سەر قەبران، شاعیری ئاوایی خۆی هەڵدایە سەر گۆڕێکی هەڵبەستراو و بە دەنگێکی دڵێر و بەرز هاواری کرد:
مین قوربانییە
حەمە بەرنگارییە
نامرن ئەو دەست و قاچانەی
تا ئێستا خەباتیان کارییە
شاخ وتی دامێنم دادەڕمێ
بەڵام لووتکەم هەر باقییە
هەڵۆ وتی کلکم قرتاوە
ئەمما باڵم فێرە بەرزەفڕییە
خاک وتی مین لە لام لەوپەڕی ئارامییە
حەمە تا زیندوو بێ بۆ من دڵنیاییە
ئامین یا ڕەب لعالمین
حەمە بپارێزە لە هەرچی هەیە لە سەر زەمین
لە مین لە مین لە مین…
تەفروتوونای کە هەرچی هەیە کارگەی مین
ئامین ئامین ئامین یا ڕەبولعالە مین…
جەماوەر تێکڕا دایان لە چەپڵە و بە دەمی پڕ درووشم و هاتوهاواری، نامرێ نانوێ حەمە بێ مین، زیندووە نامرێ ڕۆحەکەمان، بەرەو خوار داگەڕان.
تا کونی ماڵەوە بەڕێیان کرد. برا و خوشکەکانی لە خۆشحاڵیدا دەگریان، حەمە لە مێژبوو دایک و باوکی مردبوون. خوشکە گەورەکەی بە گریانەوە دەیوت:”خۆزگە دایە و بابە، ئەم ڕۆژە پیرۆزەیان دەبینی. دەیانبینی ڕۆڵەکەیان چۆن بووەتە قارەمانی نیشتمان، چۆن بووەتە هێمای بەرخوردان و نەمری…”
ڕۆژانی دواتر، پەیتا پەیتا، خەڵک دەهاتن و دەچوون. بە لێشاو دیاری و پارە و خۆراکیان دەکرد بە ماڵەکەیدا. چ وەک خێر و چ وەک خۆدەرخستن. ئیدی ببووە ڕەمزێکی گەورەی ناوچەکە، سەد و یەک حسابیان بۆ دەکرد. تەنانەت کەری واهەبوو پێڵاوەکانی خۆی بۆ دەهێنا، بێ ئاگا لەوەی کە قاچی نییە! حەمە ببووە موعجیزەیی سەردەم. بەڵام پەست و غەمگین، هەمیشە چاو لە ڕێی یار بوو. گەرچی هەمووان هاتن، بەڵام دڵی ئەو تەنها ئامینی دەویست.
پاش هەفتەیەک، کاتێ قەرەباڵغی سەر سەری ڕووایەوە و هەناسەیەکی تەنهایی هەڵمژی. وەک خەواڵوویەک، یان کەسێک بەنج بەریدابێت. سەرلەنوێ شێتانەتر لە عشقەکەی بە ئاگاهاتەوە، کەوتە وڕینە، خەیاڵی پێکگەیشتن لە دڵە لاوازەکەیدا دیسانەوە کەوتە ترپە ترپ. ئاگری ئامین لە ناخیدا، وەک مین دەتەقییەوه. لە خەیاڵی خۆیدا دەیهێنا و دەیبرد. لە دڵی خۆیدا دەیوت، ئامین بۆیە تا ئێستا دەرنەکەوتووە، دەیەوێت بە تەنها و دوور لە حەشامات، لە جێژواندا بمبینێ و تێر بە دڵی خۆی لە ئامێزم بگرێت.
ئەو هەفتەیە و تەنانەت سێ مانگی سەر قەرەوێڵەی خەستخانەش، بە سەدان جۆر لە ناخی خۆیدا و بە خەیاڵ، وێنای یەکەم دیداری خۆی و ئامینی کردبوو.” ئامین بە پرتاو دێت و توند لە ئامێزی دەگرێت و هەناسە سارد دەڵێت، ئۆخەی کە نەمردیت. ئامین بە خاوی دێت و دەڵێت، کەی دەنێریتە خوازبێنیم. ئامین بە خەندەوە دێت و دەڵێت، نیوە پیاو هەر خۆشمدەوێیت. ئامین بە مەکرونازەوە دێت و دەڵێت، بۆ گۆی مەمکەکانم، گرنگ سەر پەنجەکانتە کە شوکر ماون…”
بە هەزاران جۆری تر خەیاڵی یەکەم دیداری پاش نیوەبوونی خۆی و یاری دەکرد.
دەیویست بچێتە جێژوان و نەیدەتوانی.
بێ قاچووقول ڕێگاکردن مەحاڵە، چۆن بگاتە ژێر دار گوێزەکە؟!
بەو حاڵەوە، خەم و حەسرەتی عشق وەک مۆرانە لێیدا و تا دەهات ڕەنگ زەرد تر و بێ ئۆقرەتر دەبوو. بەسەر قەرەوێڵە شەقوشڕەکەیەوە، هەر دەجوڵا و جیڕە و زیکەی شڕە قەڕەوێڵەش تا بەرەبەیان نەیدەهێشت خوشک و براکانی بنوون. بۆ ڕەوینەوەی خەمەکانی و کەمێک فراوانکردنەوەی فەزایی ژیانی. براکەی لە تایەیی کۆنی تراکتۆر، لە شێوەی پێڵاو، ڕاخەرێکی بۆ قاچە نیوە بڕاوەکەی درووست کرد، تا لە خشاندا ئازاری پێنەگات. دارشەقێکی کورتیش بۆ بن قۆڵە قرتاوەکەی. پاش مەشقێکی زۆر بە نێو حەوشەکەدا، قورس و لاسەنگ دەیتوانی بجوڵێت. حەزی جێژوان و لە ئامێزگرتنی ئامین، هەوێنی ئەو هێزە پەنهانەی ناخی بوو کە پاش هەفتەیەک، وەک تەتەر دەجوڵا و قنج و قیت بە حەوشەکەدا پیاسەی دەکرد.
یەکەم شوێن کە دەرگای گەورەی حەوشەی بۆ ترازان، جێژوان بوو. پێشتر بە خوشکەکەی وتبوو:”کەمێک ڕێک و قۆزم کە، دەچمە دیداری ئامین…”
کڵاووجامانییەکی قووتی بۆ بەست، جلێکی کەشخە، قات و مراخانییەکی ڕەنگ خاکی لەبەر کرد و ئەو شوێنانەی زیادە بوو بۆ کەسێکی کەمئەندام مەقەستی لێنا و پڕ بە بەری ڕێکیخست. بۆنی خۆش و تیژی لێدا و بەرەو جێژوان بەڕێیخست.
پایز بوو، گەڵا بە ڕێز دەوەرین. سەرما بە ئاستەم، موچڕکەی بە لەشدا دەهێنا.
خشەخش کەوتە ڕێ. تا ژێر دارگوێزی نێو باخەکە، جێژوانی هەمیشەیی پێشوویان. گەلێک چاوەڕێی کرد. بەڵام ئامین دەرنەکەوت. لەگەڵ کەوتنی گەڵای دار گوێزە باڵاکەدا، خەونی دڵ و فرمێسکی تاقە چاوەکەی ئەویش، ئەو ڕۆژە بێ هوودە داکەوتن.
چەندین ڕۆژ لەسەریەک بە هەمان جلوبەرگ و هەمان گەرموگوڕییەوە چووە جێژوان. دەیڕوانییە گەڵاڕێزان، دیمەنی سەیری هەورەکان، شپرزەیی سمۆرە و مارومێرۆکان، ڕۆح و خەیاڵی ئاوێتەی دەنگی حەسەن دەکرد کە لە شیوەکەوە بە ئاستەم دەگەیشتە بەر گوێی. هەموو ڕۆژێک ئەمە حاڵی بوو، گەڵاو و فرمێسک دادەباران. کەچی کۆڵی نەدەدا و هەموو ڕۆژێک بە ڕێگاوە بوو.
دواجار ئێوارەیەک خوا کردی و خۆشەویستەکەی هات. مەعشووق بە ترس و شەرمەوە بۆ لای داگەڕا! جیاواز لە هەموو وێنای نێو خەون و خەیاڵی! بێ هەست و بێ خۆ ڕازانەوە، هات و لە لا تەنیشتییەوە بێ دەنگ هەڵکوڕما!
بە بینینی یار، حەمە وەک گوڵێکی ژاکاو، سەرلەنوێ گەشایەوە. تەزووی لەزەت، سەرتاپای جەستە لەت و شەکەتەکەی گرتەوە. لە بەختەوەریدا، خەریک بوو قاچ و باڵی دیسانەوە بڕوێنەوە.
بە پێچەوانەوە ئامین مات و غەمگین! جارانی پێشوو هەر کە دەگەیشتە ژێر ئەم درەختە، پڕ شەوق و لەزەت و پێکەنین دەبوو. پێشتر خۆشەویستەکەی قنج و قیت و بێ کەموکوڕی بوو، کوڕێک بوو دوو بازووی گەرم و دوو قاچی پتەو و ڕێک، مرۆڤێک لە ئیرادە و جەربەزەیی. سەرچڵ و بە ئاگا، پشت و پەنا و ئومێدی خەڵکی ئاوایی. سەروسیایەک و جوانییەک کە هەموو کیژانی گوند بۆی سووتابوون. ئەمێستا ئەوەی ئامین بۆ لای هاتووە. سیمایەکی پڕ شووخت و تاقە چاوێکی ڵێڵە، بنچکە دڕکێکە و بە زەوییەوە نووساوە! حەمەمین پێکەوە تەبا و گوونجا و جوانخاس بوو.
ئەمەی هەیە حەمەیەکی نیوە ناچڵ و پڕ عەیب و عارە! هاتبوو تا وەکوو ئەمەک و وەفایەک بۆ ئەو چەند ساڵەی پێکەوە سەدان بەڵێنی ڕەنگاوڕەنگیان بە یەک دابوو، داوای لێبوردن و مەرەخەستی بکات. هاتبوو تا پێی بڵێ بەم زوانە شوو دەکات و بۆ ئەبەد لە بیری بکات. بە گریانێکی نەرم و درۆزنانەوە، چاوە گەشەکانی بە چمکی کراسە گوڵگوڵییەکەی داپۆشی و لە ژێر لێوەوە وتی:” باوکم بە زۆر و زۆرداری لە ئامۆزایەکی خۆمی مارە کردووم. بەم زوانە دەمگوازنەوە بۆ شار…” بەڵام دیار بوو درووی دەکرد.
حەمە بە تاکە چاوە پڕ فرمێسکەکەی لێی ڕوانی و پێی وت:” تۆ گفتت بە من دا هەرگیز جێمنەهێڵی…”
کچە دیسانەوە وتی:”ئەو ڕۆژەی واتلێهات، لە حەیبەتانا ناوکم کەوت و تا ئێستا نەهاتۆتەوە جێی خۆی. ئای ناوەکەشم کەوت و لەو ڕۆژە بوومەتە مین، تەنها مینی ڕووتوقووت.”
کچە زیاتر لە پرمەی گریانی دا و لووشکە لووشک دیسانەوە وتی:” من حەمەمینم خۆشدەویست، بڕوانە خۆت؟! تۆ ئەو نیت، تۆ نیوەی ئەوی، نیوەت لە گۆڕستانە، کوا ئەو بازووەی ناوی منت لەسەر نەخشاندبوو؟! تۆ ئەوەتا بێ پەلوپۆی، قاچەکانت نەماون، گوومان دەکەم قاچی سێیەمیشت مابێ… ئیتر بە کەڵکی ژن هێنان نایەیت و چیتر بیر لە من مەکەوە…”
حەمە تاقە دەستە چوار پەنجەییەکەی بۆ درێژ کرد و توند دەستە نەرم و گەرمەکەی لە نێو لەپیدا گووشی و بە حەسرەتەوە و لە ژێر لێوەوە پێی وت:” کەواتە بە جێممەهێڵە و وەرە لەگەڵ من، پێکەوە و دوو بە دوو دەبینەوە بە حەمەمین.”
ئامین دەستی بە بەزەیی خستە سەر شانە داخورماوەکەیی و هەناسە سارد و غەمگین پێی وت:”هەرگیز ناتوانین پێکەوە ببینەوە بە حەمەمینی پێشوو. ئەمڕۆ تەنها بۆ ماڵئاوایی هاتووم. ئەمە دوا دیدارمانە و ئیتر قەت چاوەڕوانی من مەبە…”
هەر هێندە و دیسانەوە بە دەم گریانێکی مەکراویی و درۆزنانەوە هەڵهات.
حەمە، دڵ شکاو و تەنها، سەری داخست و لەگەڵ دەنگی بە ئاستەمی حەسەن کە لە نێو چەمەکەوە دەهات. ڤورت قورت کەوتە گریان. بە دەنگی بەرزی ئاوێتە بە گریان هاواری ئاوێتەی دەنگی حەسەن بوو” قەت لە مین خۆشنابم کە مینی لێم کرد…”
قەسەم بە زوڵف و پەرچەمت دینێ مەڕۆ دینێ
خاڵی جوانی دەورەی دەمت خاڵەکەی ئامینێ
دەبم بە شەریکی غەمت دینێ مەڕۆ دینێ
من دەبم بە شەریکی غەمت بەه لە بەر ئامینێ…
لەوە بە دوا حەمە تێگەیشت کە کەوتووەتە بارودۆخ و دنیایەکی نوێوە. دنیایەکی دۆزەخی، بێ هەست و بێ خۆشەویستی. هەر بە ڕاستیش دنیا گۆڕا، نەک حەمەمین بە تەنها! هەمووان گۆڕان. تەنانەت لەبەر یەک هەڵوەشان. هەموو عەبدلعەزیزەکان بونە دوو لەتەوە و عەزیزەکەیان لێ کەوت و تەنها بە عەبد مانەوە، جەنگ و برسێتی لەگەڵ پاشگرەکەیان لێکیدابڕین. ئیدی هیچ شتێک و هیچ کەسێک، پێکەوە تەبا نەبوون. سەردەمی هەڵوەشانەوە بوو. نەنە پیرەژنێک وتی:”تا ئێستا بەنیی واهەڵوەشاوم نەبینیووە، خوری چۆن وا دەبێ بئاڵۆسکێ؟! زەمەنی ئێمە، ئەو هەموو قالیی و بەڕە و کوڵەبانەمان درووست کرد. ئێستا هیچ شتێک پێکەوە هەڵناکات! جاران هەموومان پێکەوە بووین، ئێستا کەس نابینی لەگەڵ خۆیدا پێکەوە بێت و گۆرانی بڵێ…”
حەمە زوو تێگەیشت و گەڕایەوە بۆ ناخی خۆی. دنیایی لەبیر کرد بە ئامینیشەوە. موودەتێکی زۆر خۆیی دایە خوداپەرستی و نوێژ و ڕۆژوو. بە سەعات دەچووە سەر گۆڕەکەی خۆیی و سورەتی یاسین و فاتیحای دەخوێند. بەرۆکی خەڵکی دەگرت و باسی قیامەتی بۆ دەکردن. لەسەر نیوە گۆڕەکەی خۆیەوە و لە نیوەی شەودا، پڕ بە تاریکی ئاواییەکە هاواری دەکرد( بگەڕێنەوە بۆ ڕێگای خودا ئەی زەندیقینە، ئەی مەلعونیینە… نیشانەکانی ئاخر زەمان دەرکەوتوون… بگەڕێنەوە، بگەڕێنەوە، بگەڕێنەوە…) لە نێو گۆڕستانەکەوە، تا بەرەبەیان وەک سەگ بە ئاوایی دەوەڕی.
بەڵام ژیان بە زوویی کۆتایی نایەت. لە نێوان سورەتی یاسین و دین، مین و ئامین، مرد هێند بڵێ بگەڕێنەوە، مرد هێندە بڵێ، پەنام بە تۆ گرت ئەی ڕەبولعالەمین…
بەو حاڵەشەوە، خەڵکی گوند، بەردەوام خێر و حەسەناتیان دەخستە چنگی حەمە و لە ڕووی سۆز و بەزەییەوە یارمەتییاندەدا. لە نێوان خۆیاندا دەیانوت” ناهەقی نییە داماوە شێت ببێت”
هەر بە ڕاستیش خەریک بوو شێت دەبوو. هەمیشە توڕە و تەوسن، لە نێو بێ هودەیی و فەوزادا دەژیا، پەرشوبڵاو و بێ ئامانج، شەڕی بە هەمواندەفرۆشت و لەسەر بچوکترین شت دەیکردە گاڵەگاڵ. هەتا دەهات توندڕەو تر دەبوو. تا دواجار هەموو ئاراستەی خۆی، بەرەو دراو گۆڕی. ئاین و ئیمانی تۆڕهەڵدا و ئەمجارەیان خوی دایە پارە کۆکردنەوە.
ئەو کە ئیدی ڕۆحی پێوە نەمابوو. پارە و سەروەتوسامان هێدی هێدی گۆڕییان و کردیانە مرۆڤێکی تر. سیحر و ڕەونەقی دینار، دین و خودای لا کاڵ کردەوە. دەنگی زرنگانەوەی کانزای پارە، خستیانە سەر سکەی تەماحی زۆر. لە قوڵاییدا، دیوە تەماحکارییەکەیان تێدا زیندوو کردەوە. هەر هێندەی خۆشبوو کە لە سێبەری مزگەوتەکەدا، کاتێک سەرشۆر گرمۆڵە ببوو. ئیماندارێک وەک خێر، دینارێکی ئاسنی فڕێدایە بەردەمی. بە دوایدا درهەمێکی تر و ئیدی بوو بە سواڵکەر.
پریاسکەیەکی کردە کۆڵ و حۆلحۆل دەگەڕا و لەپە چوار پەنجەیەکەی بۆ سواڵکردن دەخستە بەردەم چاوی ڕێبواران. هەرچی پارەی زیاتری بهاتایەتە چنگ، چرووک تر و ڕەزیل تر دەبوو. نە خوشک و نە برا، کەس کەس نەیدەزانی پارەکانی لە کوێ دەشارێتەوە! ئەو کە لە مێژ بوو، مرۆڤ نەمابوو. چەشنی سمۆرە و مێرولەکان، هەرچی چنگ بکەوتایە وەک ئەوان خێرا دەیشاردەوە. لە کون و کەلەبەرانێک، کە هێز نەبوو پەی بە شوێنەکانی بەرێت! بە تەواوەتی گۆڕا. بۆ هەموو چواردەوری ببووە قیرسچمەیەکی بستەبنەی ڕەزاگران، تەنانەت چەند جارێک لەسەر وردە پارەیی کەم، لەگەڵ خوشک و براکانیدا کردی بە شەڕ و گاڵەگاڵ و لە نێو گونددا کردیانی بە دز و حەیایی پێوە نەهێشتن! ئەوانیش چیتر تەحەموولیان نەکرد و برا گەورەکەی، شڕوشیتاڵی لە ماڵەکە هەڵدایە دەرەوە و ڕێکوڕەوان پێی وت:”ئیتر تۆ حەمەمینی برامان نیت، نیوەی یا هەموو مێشکیشت وا لە گۆڕەکەتدایە، بۆ کوێ ئەڕۆی بڕۆ، یەک جاری تر نایەڵم پێ بخەیتەوە ئەم ماڵە…”
حەمە هیچ نیگەران نەبوو، لە دڵی خۆیدا وتی: “زۆرترین پارە، مانایی زۆرترین دەسەڵات و خۆشترین ژیان، کەسم پێویست نییە…”
پێچەوانەی ئەو ڕۆژەی بە دەهۆڵ و زوڕنا، پێشوازی شاهانەیان لێکرد. تەنها و بێدەنگ، لە ئاوایی وەدەرهات.
بەدەم سواڵەوە و گوند بە گوند و پێ بە پێ کەوتە گەڕان تا گەیشتە شار.
شار بۆ ئەو دنیایەکی نوێ و فراوان بوو. دەیان مزگەوت و شەقام و کۆڵان، هەزاران هەزار مرۆڤی هەمەچەشن و هەمەجۆر، بوون بە پرۆژەی تەماحی. خەونی بەوەوە دەبینی دیسانەوە دوولەت و سەد لەت بێت. لە یەک کاتدا، لە هەموو پنتێکی قەرەباڵغی شاردا دەست بۆ پارە پانکاتەوە. ئۆقرەی نەدەگرت. لەم چوارڕیانەوە دەچووە ئەو چوارڕیان، لەم مزگەوتەوە بۆ بەردەمی ئەو مزگەوت. بیری لەوە دەکردەوە چۆن بتوانێ لە یەک کاتدا، پارەی هەموو خێر و حەسەناتێکی شار تەنها بۆ گیرفانی ئەم بێت. لە یەک کاتدا لە هەموو شوێنێک بێت.
هەر زوو سواڵکەرانی شاری بە دوژمنی باوەکوشتەی خۆی دانا و بۆی بکرایە هەموویانی شار بەدەر دەکرد.
خەونی بەوەوە دەبینی پارەی هەموو شار لووشداتە گیرفانەکانیەوە. چەندین شەو بەدەم یەک خەوەوە ڕادەچەڵەکی! لەبری دەست و قاچەکانی، هەزاران گیرفانی گەورە گەورە، قووڵ قووڵ هێندەی شیوە قووڵەکانی ناوچەکەی، لە هەموو جەستەیەدا ڕوا بوون. پڕ پڕ لە دراو و لیرە و ئاڵتوون، هەزاران گیرفانی قورسی پڕ دیناری ئاسنی هانکەهانک بە دوای خۆیدا کێش دەکرد! بەردەوام لە خەونەکەیدا، شوێنێک شک نابات ئەو هەموو پارەیی تیا حەشار بدات و لە ترسی سواڵکەرانی تر و دز و پیاو خراپ، بەدەم هاوارێکی بەرزەوە ڕادەچەڵەکێ.
خەڵکی شار لە زۆر شوێن ڕێکەوتیان دەکرد و یارمەتییاندەدا. زۆربەی کات لە چوارڕەیانی شەقامەکەدا لار و خێچ ڕادەوەستا. بە نێو ئۆتۆمبیلە ڕاوەستاوەکاندا زیکزاک تێدەپەڕی و بە چاوێکی خەماویی و پڕ بەزەییەوە لە سەرنشینەکانی دەڕوانی و بە زمانی حاڵ داوای پارەی لێدەکردن. بە سەرما و بە گەرما، دەتبینی. لە جلکێکی شڕوشیتاڵ و چڵکندا، کە توێژالێک لە دووکەڵی ئۆتۆمبیل، دایپۆشیبوو. سیمایەکی ڕەقەڵەی ڕەشداگەڕاوی نابووت، بە کەشکۆڵی لا کەمەر و گیرفانە هەڵئاوساوەکانییەوە، لە نێرە چۆلەکەیەکی دەرچووی نێو خۆڵەمێشی تەنوربانی دەکرد. نەک بەنیئادەم.
هەندێ جاری تریش، لە نێو جەرگەی بازاڕە قەرەباڵغەکاندا، لە بن دیوارێک هەڵدەکورما. سەری بەسەر دەستەسڕەکەی بەردەمیدا شۆڕ دەکرد و بە جۆرێک هەڵدەنیشت، هەموو ڕێبوارێک قاچ و دەستە قرتاوەکەیان بە یەکەم نیگا، هەست پێدەکرد.
جارێک ڕێکەوتی ڕووداوێکی سەیر بوو. دەستێکی سپی پڕ بازنگی ئاڵتوون، تا سەر دەستەسڕە چڵکنەکەی داگەڕا و دوو دیناری ئاسنی بۆ دانا. حەمە لەگەڵ سەر هەڵبڕیندا، دڵی داخورپا، ڕەنگی لە ڕەشی چڵکنەوە، گۆڕا بە زەردی شەرمەزاری! تاقە چاوەکەی کەوتە سەر سیمایی سپی ئامین. لە یەک ساتدا و بۆ چەند چرکەیەک نیگایان یەکانگیر بوو. یەکترییان ناسییەوە. ڕەنگی ژنەش لەپڕ هەڵبزوڕکا و خێرا هاواری لە کوڕەکەی دوای خۆی کرد.” ئەمین پێ هڵگرە…” تیژ هەڵهاتن.
هەتا لە نێو قەرەباڵغی خەڵکدا لە چاو ونبوون، حەمە لە دواوە تەماشای کردن. زیاتر چاوی لەسەر مێردمنداڵەکە بوو و بەردەوامیش لە ژێر لێوەوە ناوەکەی دەوتەوە. ئەمین، ئەمین، ئەمین…
تاوێکی باش بە تاقە چاوەکەی فرمێسکی دڕشتی ڕشت. یادەوەری هەڵیپێچا بۆ ڕۆژگاری دوور، بۆ گفتوگۆی شیرینی جێژوان. ئەو کات بڕیاریان وابوو گەر کوڕیان بوو، ناوی بنێن ئەمین، گەر کچیش بوو ناوی بنێن گوڵچین. قوڵپ قوڵپ دەگریا و لەبەر خۆیەوە قسەی دەکرد” گەر مین نەبوایە، ئێستا ئەمین کوڕ گەورەی من بوو”
بە خەیاڵ گەڕایەوە بۆ سەردەمی گەنجێتی و قیت و قۆزێکەی، بۆ ڕۆژگاری کوڕێنی ناو ئاوایی کە هەمووان خۆشیاندەویست و بە چاوی ڕێز و خۆشەویستییەوە لێیان دەڕوانی. بۆ ڕۆژگاری سەروەری و دڵداری و دڵی پڕ هیوا. گریا گریا زۆر گریا. پاشان دامرکایەوە و دوو دینارەکەی خستە گیرفانی سەر دڵە غەمگینەکەی و هەناسەیەکی قووڵی خۆشبەختی هەڵمژی. بەڵام دیسانەوه یادەوەری هەڵیپێچا، دیسانەوه کەوتە گریان. تا ئێوارە، هەر کەسێک پارەی بۆ دانایە، دراوسێ پێڵاو بۆیاخچییە هەرزەکەی تەنیشتی بە لاقرتێوە دەیوت” پارەکەت هەڵگرەوە، ئەمڕۆ پشوومانە کار ناکەین…”
پاش ساڵانێکی زۆر، ئەو بە هەموو جێگاکان ئاشنا بوو. لە هەموو شوێنێک دەبینرا. لە مۆڵەکان، لە بەنزینخانەکان، لە سەر پرۆژە گەورە و بچووکەکان، لە باخە پڕ تاوسەکان و شوێنە گەشتیارییەکان. بە ڕادەیەک بەرز بووەوە، دۆلاری ناسی! بوو بە یەکەم سواڵکەری دۆلار، هەوایی کەشوفش و خۆ بە گەورەزانی تێیگەڕا و ئیتر هەمیشە لە ژێر لێوەوە دەیگووت:” ئیتر من هاوشانی پیاوە کەچەڵەکەی سەر سەد دۆلاریم…”
حەمە وەک ساحیر لە یەک کاتدا فریایی هەموو جێیەک دەکەوت! لە هەموو شوێنێک پارەی کۆدەکردەوە. گەیشە ئاستێک کە ئیتر وەک ڕابەر و سەرکردە، گروپی سواڵکردنی دروست کرد. دەیان منداڵی بێ کەس و بێ لانەی لە خۆی کۆکردەوە. خەونی خۆی هێنایە دی و لە یەک کاتدا، سەدان منداڵ و مێردمنداڵ، لە تەواوی شاردا و لە ژێر دەستی ئەودا پارەیان کۆدەکردەوە، یان پارە و ئاڵتونیان بۆ دەدزی. گروپێک کە سڵیان لە هیچ نەدەکردەوە. ڕۆژ و شەو، لە هەموو کونج شوێنێکی شاردا هەبوون و کاریان دەکرد. ئیتر حەمە شاهانە دەژیا و شەوانە دەوری قەرەباڵغ و باشترین ویسکی دەخواردەوە. باخەکەی پڕ کردبوو لە تاوس و کچی جوان.
وەک ئەوەی بەشە جوان و خوداییەکەی لە مێژ بێ مردبێت. بونەوەرێک بوو لە تەماح و چاوچنۆکی، تەنها وەک منە غەریزە و شەیتانییەکەی مابوو. وەک ئەوەی لە دابەشبوونیدا، هەموو مرۆڤ بوونی بەر گۆڕ و هەموو پۆخڵەواتەکانی بەر مانەوە کەوتبێ. مرۆڤێک بوو، مین لە ناوڕاستەوە هەرچی جوانی هەبوو کوشتبێت و هەرچی ناشرینیش هەبێت مابێتەوە.
هێدی هێدی زەمەن کاری خۆی لەسەر دەکرد. تاقە دەستەکەی کەوتە سەر لەرزین. تاقە چاوە پڕ تەماحەکەی کز و کزتر بوو، بە ئاستێک بەهای پارەکانی بۆ جیا نە دەکرایەوە. لە نێوان دۆلارێک و دینارێکدا، نەیدەزانی کامیان بە بەهاترە. دز و تەماحکار پەیتا پەیتا پارەیان لێ دەکێشایەوە. سووکوڕیسوا و بێ کەس و سەرلێشێواو نەیدەزانی دەبێ چی بکات.
وەک هەر مرۆڤێک، داڵغە و خەیاڵی شوێنی لە دایکبوون، هەواریی عشقەکەی، گۆڕی مینی نیوەکەی، لە کەللەیی دا و پاش سی و دوو ساڵ لە سواڵ و کۆکردنەوەی پارە، پیر و دەردەدار، گەڕایەوە گوندەکەی خۆی. خەڵکی هەوارەکەی سەرەتا نەیاناسییەوە. ئەو بە دوو باردا تەواو گۆڕابوو. وەک خۆی بچووکتر و گرمۆڵەتر و پیرتر ببوو. سەروقژ تێکچڕژاو و ماشووبرنجی، دەموددان کەل و قووپاو وەک تەنکە شکاوێکی سەر سەگوردان. بەڵام لە جلوبەرگێکی پاک و کەشخەدا. لە هەمووی سەیرتر، ئەو ئیتر بە خشەخش نە دەڕۆی. بەسەر عارەبانەیەکی کەمئەندامی نوێی و ئۆتۆماتیکییەوە بوو کە بە کۆنترۆڵی پەنجەکانی دەجوڵا. ئەوەی کە دەستی چووبووە خۆی و پارەکانی، لای خەڵکی والێکدرایەوە کە نیشانەی نزیکبوونەوەی مەرگێتی.
سی و دوو ساڵە، نیوە جەستە و نیوە ناو دەژێ. خەڵکی ناهەقیان نییە وادەڵێن. هەرچۆنێک بێت هەر سێ ساڵی تر دەتوانێ بەرگەی ئەم دنیایە بگرێ. هاکا بەلادا کەوت و ڕۆحی دەرچوو…
کەس لە پێشوازیدا نەبوو، هێندە نابوت و قێزەون بوو، هێندە چرووک و نا مرۆڤ بوو، خەڵک وەک گەڕێک، وەک پەتادارێکی کوشندە و بێ ئەرزش تەماشایان دەکرد! شکڵ و شێوەیەکی هێندە قێزەون و پەڵەداری هەبوو، مرۆڤ لێی دەترسا. لە کاغزە پارەیەکی کەم ئەرزش و ژاکاو و چڵکن دەچوو.
بەر لەوەی داکشێ بۆ ناو ئاوایی، یەکوڕاست ملی گۆڕستانەکەی گرتەبەر. بە عارەبانەکەیەوە گەیشتنە سەر گۆڕەکەی مەحاڵ بوو. لەو ماوە درێژەدا هێندە خەڵک مردبوون، دەوروبەری گۆڕەکەی هەموو کێل بوون. بە ناچاری لە عارەبانەکەی دابەزی و دیسانەوە خشەخش داکشا بەرەو نیوەکەی خۆی. زۆرێک لەوانەی کاتی خۆی چاوەڕێی هێنانەوەی تەرمەکەی بوون تا لەگەڵ دەست و قاچەکانیدا بینێژن، مردبوون. مەلای گوند و برا گەورەکەیی و ئەو جووتیارەی هەمیشە لە دامێنی شیوەکەدا و بە دەم کارکردن لە نوێکردنەوەی ڕەزەکەیدا، بەردەوام بە تەسجیلێک و موکەبەرەیەکی گەورەوە، گۆرانییەکانی حەسەنی لێدەدا و بە هەموو فەزاکەدا دەنگی دەدایەوە، لەگەڵ خەڵکوخوایەکی زۆری گوندا، مردبوون.
مەلای گوند، نیوە شەوێک لە شیرینی خەودا، کچ و کوڕ و ژنەکەی دەیخنکێنن. لە بەردەم دادوەریشدا، بێ شەرم و ترس دەڵێن:”کووشتمان چوونکە درۆی زۆر دەکرد!”
زۆری تری گۆڕەکان، لەسەر کێلەکانیان نووسرابوو بە کارەساتی مین گیانیان لە دەستداوە، یان لە شەڕی ناوخۆدا کوژراون، لێیانخۆشبە ئەی ڕەبولعالەمین…
لە نێو قەفەزی گۆڕی جووتیارە عەوداڵەکەی حەسەن زیرەکیش، تەسجیلێکی گەورە و وێنەیەکی خۆی و دوو وێنەی زیرەک هەبوون. لە چوارچێوەیەکیشدا، بە خەتێکی جوان وتە هەمیشەییەکەی سەر زاری نووسرابوو”خەڵک دەوڵەتیان هەیە، ئێمەش حەسەن زیرەک”
بەر لە حەمە، چەند کەنجێک کە هاتبوونە سەر گۆری ئازیزێکیان، پەنجەیان بە دووگمەی تەسجیلەکەدا نابوو. حەسەن پڕ بە سروشتە جوان و واڵاکە، دەنگی، ڕۆحی بە بەر دار و درەخت، چیا و ئاسمانە ساف و بێگەردەکەدا دەکرد.
حەمە لە خۆخشان و زیکزاکیدا بۆ سەر گۆڕەکەی خۆی. ڕووی تەقی بە کێلی شاعیری گونددا، تاوێک وەستا و نوسینی سەر کێلەکەی خوێندەوە.
ئامین… ئامین
ئەمە گۆڕی هەموو مێژوومانە دوای زایین
بارین نازناوی شاعیری سەردەمی ئازار و تۆقین
لێرە لەم گۆڕە ڕاکشاوە بۆ ئەبدلئابدین
لەسەر وەسێتی خۆی ئەم چەند دێڕە دەنووسین
خواعەلیمە دوژمن نەیهێشت بژێت لە سەرزەمین
تۆ بیپارێزە لە عەزابی قەبر و نار و جەحیم
لە بەهەشتی بەرین، شادیکە گەورەمان بارین
ئەجمەعین یا ڕەبولعالەمین…
ئامین… ئامین
حەمە ژیان دڵی گۆڕیبوو بە بەرد، دڵێک وەک بەرد ڕەق. مەرگی هیچ کەسێکی بۆ گرنگ نەبوو.
گەیشت و بە دیار گۆڕی خۆیەوە هەڵکوڕما. لە ژێر لێوەوە سڵاو و درودی بۆ بەشە مردووەکەی خۆی نارد. ژیان بە ڕادەیەک ماندووی کردبوو، لە ژێر لێوەوە وتی”خۆزگە ئێوە لە جێی من و منیش لە جێی ئێوە دەبووم…”
فاتیحای بۆ خۆی خوێند و لە ژێر لێوەوە وتی”ئامین”
هاوکات حەسەن دەنگی لێهەڵبڕی”ئامینێ و ئامین… وەی دەردم تاوتاوە… شەو لە ناڵەی من، ئەی سیروان بێ ئاوە…” حەمە بە دەنگی حەسەن و خەیاڵی ئامین، کەوتە نێو پووچی خۆیەوە. دەستی خستە سەر گیرفانە هەڵئاوساوە پڕ پارەکەی و مات و غەمگین، سەری شۆڕ کردە بەر قاچە بڕاوەکانی. دەیزانی کۆتایی نزیکە، دەیزانی لە ئەسپێکی قاچ شکاو دەچێت. تەمەنای دەکرد کەسێک فیشەکێکی ڕەحمەت بنێ بە نێوچەوانییەوە! هێندە دنیادیدە بوو و دەیزانی چیتر کەڵکی ژیانکردنی پێوەنەماوە. هێندەش ترسونۆک کە هەرگیز نەیدەتوانی خۆیی بکوژێت. پڕ گریانی پەشیمانیی و شەرمەزاری، دەستە چوار پەنجەکەی بردە باخەڵییەوە و لە نێوان سەفتە پارەی ژاکاوی سواڵیدا، قورئانە بچووکەکەی دەرهێنا. ناوی خودایی هێنا و کەوتە خوێندنەوەی سوورەتی یاسین.”وَالْقُرْآنِ الْحَكِيمِ، إِنَّكَ لَمِنَ الْمُرْسَلِينَ”
حەسەنیش، بەرزتر و پڕ بە گۆڕستانەکە و هەموو مێرگ و کەند و لەند و هەوراز و نشێوە و پەسێو و هەڵدێرەکە، پڕ بە بەندەن و باخ و مێرگ و تەلانەکە، پڕ بە سروشتە پانوبەرینەکە، تەبا و هاوگونجاو. دەنگ و ئاوازی، هاوشەپۆلی شنەی کوێستان، ژیانی بەبەر هۆبە و هەوار و لادێ و چیا بریندارەکەدا دەکردەوە.
“ئامینێ و ئامین، هەر تۆی دنیا و ژینم
کۆڵەکەت دانێ بیکە بە سەرینم
چوونکێ تاقانەی هەی مەرگت نەبینم
ئامینێم تاقانەی، هەی مەرگت نەبینم…”

عومەر سەید




بنبەستی کەلتووری.. منسو حکمت.. وەرگێڕانی بۆ کوردی: کاوە عومەر

ئیسلام لەناوچوندایە. ئیسلام لە ژیانی خەڵکی ئێراندا بەرەو نەمان دەچێت. نەک هەر لە حکومەت و پەروەردە، بەڵکو لە دیمەنی شارەکان، لە جیهانی ناوەوەی هەر مرۆڤێک، لە قووڵایی هەست و سۆز و کولتووری تاکەکەسی، لە هۆشیارییان، لە پەیوەندیی ڕۆژانەیان لەگەڵ یەکتر. ئیسلام لە داڕماندایە، هەروەک چۆن ئایین و نەزانی بەگشتی دەبێ لەناوبچن. دەبێت پشت سەر بنرێت. ئێران کاردانەوەی بەرفراوانی دژە ئیسلام بەخۆیەوە دەبینێت. دەسەڵاتی سیاسی ئایندەی ئێران چ چەپ بێت یان ڕاست، شۆڕشگێڕ بێت یان کۆنەپەرست، تەنیا دەتوانێت نائایین بێت. خەڵک بناغەکانی شوناسی ئایینییان هەژاندووە. کۆماری ئیسلامی ناتوانێ بمێنێتەوە، لەوانە و بە تایبەت لەبەرئەوەی ئایینییە. ئیسلامییە باڵی ڕاست بە لێدانی تەپڵی ئیسلامیەت تەنیا بێزاری گشتی زیاد دەکات و ئاگری یاخیبوون و ڕاپەڕین هەڵدەدات. بەڵام لە دووی خوردادیەکانیش هیچ چارەسەرێکیان پێ نییە. بیرۆکەی ئەوەی کە خەڵکی ئێران لەدژی ئیسلامی محەمەدی ڕاپەڕن و بێنە مەیدان، پاشان ئیسلامی “پرۆتستانت”ی نیوە کوڵاو بخەنە سەر تەخت و لەنێوان عەمامەکاندا هەڵدەبژێرن، بە شێوەیەکی گاڵتەجاڕانەو گەمژانەیە. ڕەوتی پێشهاتەکانی داهاتوو لە ئێراندا چوارچێوەی ئیسلامیزم دەشکێنێت و لەگەڵیدا هەموو ڕەوتە ئیسلامیەکان، لە خاتەمی و ڕاپەڕینی ئازادییەوە تا دەگاتە بەشی فراوانی ئۆپۆزسیۆنە ئیسلامییەکان و ڕۆژهەڵاتخوازەکان(شەرقیەکان،وەرگێر) کە لە ئەنجامی هەڵوەشاندنەوە و گۆڕانکارییەکانی حیزبی توودە و بەرەی میللی دروست دەبن بەرەیەک کە بە مانایەکی مێژوویی فراوانتر بەڕاستی دەبێ لەئەندێشەی ئیسلامییە ” خۆمانە”یەکانەوە هەژمار بکرێن هێندەی تر گۆشەگیرتر و دابڕاو بن. دووهه‌می: خۆردادیه‌كان هه‌رچی بچێنن، خۆیان دروێنه‌ی ناکەنەوە. ئەمە کەمپێکی ناپایەدارو تێپەڕکردنە.
کێشەکەیە ئەمەیە. ناتەبایی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ژیانی ئابووری ئێراندا، ئیتر چاوەڕوانی و پێداویستی سیاسی و فەرهەنگی زۆرینەی رەهای خەڵکی ئاشکرا بووە و خەباتێکی بەرفراوانی کۆمەڵایەتی بۆ چارەسەرکردنی ئەم دژایەتییە لە ئێران دەستی پێکردووە. کۆماری ئیسلامی لە لێواری هەڵدێردایە. باڵی ڕاست ناتوانێت دەسەڵات بپارێزێت. چەکی سەرکوتکردن و ترساندن بێ کەڵکە و خاو دەبێتەوە. گۆڕانکارییەکی قووڵی دۆخەکە حەتمییە. بەڵام پەرەسەندن لەو شوێنەدا ناوەستێت کە خوردادی دووەم دەیانەوێت. هیچ خاڵێکی هاوسەنگی لە ئیسلام نوێدا نییە.


سێبەری ئەم ڕاستییە قورسایی لەسەر هەموو سیاسەت و کردارەکانی فراکسیۆنەکانی حکومەت دادەنێت. فراکسیۆنەکانی ڕێژیمی ئیسلامی بە بێ ئەوەی بەڕاستی نیازی بردنەوەی یەکتریان هەبێت، شەڕی یەکتر دەکەن. لە یەکتر دەدەن بەبێ ئەوەی بەڕاستی هەوڵی لەناوبردنی بەرامبەرەکەیان بدەن. ئەوان بانگهێشتی ئارام دەکەن بەبێ ئەوەی بیانەوێت ئارام بمێننەوە. ئەوان لە کودەتا دەترسن بۆ ئەوەی ناچار نەبن ئەو کارە بکەن. ناچارن شەڕی یەکتر بکەن، چونکە لە سەرکەوتنی تاکلایەنەی لایەنی بەرامبەردا لەناوچوونی هەموو سیستەمەکە دەبینن. ئه‌م شه‌ڕه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ که‌ سه‌روه‌ری نیزام بگرێته‌وه‌ که‌ ته‌نیا چوارچێوه‌یه‌ بۆ پاراستنی ده‌سه‌ڵاتی هاوبه‌شی ئیسلامییه‌کان له‌ ئێراندا. ئەمەش خستنەڕووی سنووری کۆتایی ململانێی نێوان ئەو دوو فراکسیۆنە، هەروەها شێوازی نزیکبوونەوەی هەریەکەیان لە گەل و بزووتنەوەی رادیکاڵ لە ئێراندا.
هه‌روه‌ها واقیعه‌ ئابووری و سیاسی و فه‌رهه‌نگییه‌کانی ئه‌مڕۆی ئێران و چەقبەستوویی هه‌موو لایه‌نه‌ی ڕێژیمی ئیسلامی و ئیسلامی سیاسی له‌ ئێراندا هێڵه‌کانی ژیانی دوای کۆماری ئیسلامیش ده‌خاته‌ ڕوو. چ هێزێک دەبێتە ئەکتەری سەرەکی لە گۆڕەپانی ڕووخاندن و دیاریکردنی وێنەی سیاسی داهاتووی ئێراندا. هاوتەریبەکانی ستراتیجیتر لە کۆمەڵگای ئێراندا چی دەبن؟ چ سیستمێکی سیاسی چانسی سەرکەوتنی هەیە لە ئێران؟ دەبێت لە بەشەکانی داهاتوودا ئاماژە بەم خاڵانە بکەین.

مەنسوور حکمەت: بەرهەمە هەڵبژێردراوەکان.
دوا پەردە: تێبینی لەسەر قەیرانی سیاسی ڕێژیمی ئیسلامی.
3- چەقبەستوویی کولتووری: (ل1521-1522)




زنجيرە وتاری نووسين بەرەو نووسين.. سەردار جاف

بە چ ناوێک بڵاو بکەمەوە

سەردار جاف

    رەنگە زۆر کەس لای سەير بێت، باس لە هەڵبژاردنی ناوێک بکەين کە کەسی نووسەر بۆ خۆی دەستنيشانی بکات تاوەکو پێی بناسرێت و شانازی پێەوە بکات، خودی ناونان پرۆسەيەکی گرينگە جا چ لە کاتی لە دايک بوون بێت ياخود هەر تاکێکی ئاسایی دوای درککردن بە ناقايلبوونی بە ناوەکەی دەکەوێتە هەڵپەی گۆڕينی ناوی خۆی، ناو بۆ مرۆڤ گرينگييەکی زۆری بۆ ژيان هەيە، بەشی يەکەم و سەرەکی مرۆڤ پێکدێنێت، جوڵەوبزاوتنی بە ناوی خۆوە و لە گەڵ ئەوانی ديش هەر بەم ناوەوە هەڵسوکەوت و رەفتار دەنوێنێ، هەروەها ناو بە جێی شانازی دادەنرێت، دەگوترێ هەر مرۆڤێ خودان بەختی خۆيە لە ناوەکەی، هەر مرۆڤێک ناوی بزڕێندرێت يان لەکەدار بکرێ، دووچاری تەنگەتاوی سەغڵەتی دەبێت، هەندێجاريش لە دادگاکان سکاڵا تۆمار دەکرێ لە بەرامبەر ناوزڕاندن داوای قەرەبووکردنەوە دەکرێت، ئەمە بۆ تاکی ئاسایی وابێت داخوا بۆ کەسێکی نووسەر کە مەيلی لە ناوێکە خۆزگە و تەمەننا دەخوازێت بەو ناوەوە ناوزەد بکرابا، کۆمەڵێ کێشە و گرفت لە رووی ناوەوە دووچاری نووسەران و ئەديبان دەبێتەوە، هەندێ جار ناوی لێکچوو لە ناو نووسەران وا دەکات، تێکەڵ و پێکەڵييەک لای خوێنەر لە بەرهەمەکانيان دروست بکات، بۆ ئەوەی خاوەنی خود بيت و لێکچوون نەخوڵقێت هەر لە تەمەنی بەرایی نووسينەوە ناوێ دەستنيشان بکە کە نەبێتە هۆی سەر ئێشەو پەشيمانی لە داهاتوودا، بەدەر لە شاعيرانی سەردەمی کلاسيکی کە هەر يەکێک لە ئەوان چەمکێکی تايبەت بە خۆی هەڵبژاردووە و دواتريش بوون بە ئەو شاعيرە مەزنانە کە ئێمە ئيمڕۆ شانازييان پێوە دەکەين، هەر يەکێکيش لە ئێمە ئەگەر پرس بە خۆمان بکرابا بۆ ناونانمان، ئەوا کەسمان قايل نين بە ناوی خۆ، بەدەر لەو حاڵەتەيش لێکچوونی ناو سەر ئێشەيەکی گەورەيە بە تايبەت بۆ ئەديبان و نووسەران، سەرباری ئەوانەيش هەندێ ديقەتدانی سەير و سەمەرە بۆ ناو هەيە، کەسانێ هەن پێيان وايە پاشناوی خێڵ و دەڤەر و شار و شتی لەو جۆرە، هەڵپەيەکە بۆ کۆيلايەتی دواکەوتنی کۆمەڵ، نامانەوێ لە سەر ئەم باسە درێژەی پێ بدەين هێندە دەڵێين، ئەوە کاری تاک و گروپ نييە، کاری دەسەڵاتە ئەو مليۆنان دۆلارە بەو ئاراستەيە خەرج نەکات، هەڵبەت مەبەستم لە کورد نييە بەڵکو لە تەواوی دونيا هەر لە بەريتانياوە تا بە هەموو سيستەمێکی پاشايەتی دەگات لە دونيادا، کەواتە دەکرێ بلێين رێگری کردنی تاک يان گروپ نالۆژيکييە.

     ئەوی دی لە رێگای ناوەکەيەوە دەناسێندرێت نەک کەسايەتييەکەی، بۆيە ناو لە سەر هەموو ئاستەکان دراوێکی گرانبەهايە، بۆ ئەمڕۆ نا کارێکی سانا نييە وەک پێشوو، نە وێنەکەت نە کەسايەتييەکەت دەرخەری تۆ نين، ناو دەرخەری کەسايەتی و خودی خۆتە، تەماشا بکە؛(( کتێب لە ناوەکەيەوە دەخوێندرێتەوە )) ناونيشانی تۆيش بۆ خود و دۆراندۆرت ناوەکەتە، مرۆڤ لە ژيانيدا جگە لە شانازی کردن بە ناوەکەی هەم بەرگری لێ دەکات هەميش بەرز رايدەگرێت، هەڵبژاردنی ناو کارێکی سەخت و دژوارە، ناوی ئەوتۆ هەن ئازار بەخشە بۆ خودی کەسەکە، ئی ئەوتۆيش هەن جێی خۆشبەختی و شانازييە، هەيە قورسە و هەيە سووکە، بۆيە ئەگەر نووسەران ويستيان ناوێ بۆ خۆيان دەستنيشان بکەن ئەوا بە عەقڵێکی هۆشيارەوە دوا بڕياری لە سەر بدات و نەبێتە مايەی پەشيمانی.

     بە هەر حاڵ تۆی رۆشنبير کاتێ هزرت ئاوەدان و پڕ پاشخانێکی رۆشنبيری دەبێ ئەو کات بۆ خۆت ئەو ناوەت لاپەسەند نابێت، نەک رێگريت لێبکرێ، کە ڕێگری کرا رێک وەک ئەو دەسەڵاتەيە ئازاديت قۆرخ دەکات، ناشکرێ ئەو ئازادی تۆ قۆرخ بکات و بانگەشەی ئازاديش بکات، بە داخەوە لە ناو کورددا ناو بۆتە کێشەيەک هەندێجار لە بری جارێک بيرکردنەوە چەندينجار پێويستی بە بيرکردنەوەيە، تۆ نووسەری بە يەکێ لە ناوەکان نووسەرێکی دی پێش تۆ کتێب بەچاپ دەگەيەنێت هەمان ناوی تۆی هەيە، ناچار تۆی پەنا بۆ ناوێکی دی ببەيت تا لە لێکچوون جودا بکرێيتەوە.

   لێرەوە دەمانەوێت ئەوە بڵێين کە بۆ هەڵبژاردنی ناو يان ئەوەتا بە ناوەکەی خۆت قايل دەبيت و بێدەنگی لێ دەکەی، وەک کوردستانييەکی باشووری ناوی خود و باوک دەبێتە ئەو ناوە ناسراوەت، خەسڵەتێ هەندێ تاکی کورد نەمازە نووسەران بەهرەيەک و باکگراونێکی باشی مەعريفی هەيە و کوڕی کەسێکی ناسراويشە، ئەو کاتە دەيەوێ بە ناوی باوکييەوە نەناسرێت نەک بە هۆی باوکييەوە رێزی لێ بنێن و زياتر ناسراو بێت، دەيەوێت خۆی خۆی بێت، دەيەوێت بزانێت خۆی چييە نەک کوڕی فڵانە، ئەوە حاشاکردن نييە لە باوک ئەگەر ئەوە حاشاکردن بێت لە باوک بۆ خێڵەکەيش بە هەمان جۆرە، هەوڵ بدە ناوێک بۆ خۆت دانەنێيت کە ببێتە مايەی گومان کردن، بۆ نمونە نووسەرێ بە کوردی دەنووسێت کەچی پاشناوی کوردی بەخۆوە لکاندووە، بۆ نووسەرێکی کوردی عارەبی نووس يان هەر زمانێکی دی بنووسێت لەبار و شياوە، کە مەبەستت بێت ناوت هەر بگۆڕيت هەوڵ بدە يەکێ لەو لايەنانە هەڵبژێريت کە بوونی لە نێو کەسايەتی تۆدا هەبێت، يانيش ئەو بوارەی تێيدا دەنووسيت، بە پێی ئەو لۆژيکەی ئەمرۆ دەبێتە رێگر ئەو ناوانەی لە سەرەوە باسمانکردن خۆتی لێ دوور بگرە، رەنگە رۆژێ دابێت ئەو ناوانە رەواجدارتر بێت، ئەمەيش بەو ئاراستەی فەرمانکردن و رێگريکردن و قۆرخکاری ئازادييە باسی لێوە ناکەم، وەک گوتم هەر کەسێک ئازادە چ ناوێک لە خۆی دەنێت، چونکی ئەوە ئاوێنەی خۆتە و هيچ هێزێک ناتوانێت بيشکێنێت، لە کۆڵانێک رێگەت پێنادرێت دەيان کۆڵان دەرگات بەسەردا واڵادەکات، گرينگترين شت ئەوەيە ئازادی من نەشێوێنی تا رێز لە ئازادی تۆ بگرم. هەندێجار شاعير يان ئەديب حەز دەکات نازناو بۆخۆی دابنێت لە بری ناو و پاشناو، هەروەک شاعيرانی کلاسيک پەيڕەويان کردووە.

      خوێندنەوەی تێر و پڕ هاوکارێکی زۆر باشی ئەوەيە کە بە عەقڵانييەتەوە لەم دەروازە بدەيت و بە سەرکەوتوویی لێی قورتار ببيت و لە دادێی ژيان و تەمەنتدا گرفت رێت پێ نەگرێت و تووشاری سەرئێشە نەبيت، هەوڵ بدە ئەمە نەببێتە کێشە و نەببێتە مايەی بيرکردنەوەت، بە شتێکی لاوەکی لە نووسين ديقەتی بدە….

ئەو سەرچاوانەی سوودم لێوەرگرتوون ؛

  • ما أهمية أن يکون لک أسم ، بقلم: أحمد سالم الفلاحي، جريدة عمان ليوم ٣ / ١٢ / ٢٠٢١.



دیالۆگی نێوان من و ئەهریمەن لە دۆزەخدا.(٣).. شەماڵ بارەوانی

بەشی سێ/
ئەو کتێبۆکەی ئەقڵی هاککردم..!

پاپیرە گیان:
دەزانیت من سەرەتا نیمچە ڕقێک، لەگەل قێزێکی ئێجگار زۆرم لە جوو و گاور و ئێزدیەکان دەبوویەوە !
دواتر ئەو ڕق و قێزەم لە ڕێگای خوێندنەوەی کتێبێکەوە گەیشت بە تڕۆپك.

بۆچی ڕۆڵەکەم بۆچی؟!
ئاخر ئێمە هەر لە مناڵییەوە وا تێگەیەندرابووین کە ئێزدیەکان شەیتان دەپەرستن، خۆیان ناشۆرن، پیس و گڵاون و دروست نییە جەژنە پیرۆزانە و سڵاویان لێ بکەین و خواردنیان بخۆین !
لە دێیەکەی ئێمە، ئەگەر کەسێک: پیلانگێڕ و ترسنۆک، بێ ویژدان و دز، یان چاوچنۆک فێڵباز و خراپ و شەڕانی بوایە، پێیان دەگوت: جوولەکەی سندۆرێ(سندۆر:دێیەکە لە سنووری پارێزگای دهۆک و بەر لە گەڕانەوەی جووەکان بۆ ئیسرائیل، دانیشوانەکەی جوو بوونە).
من نەمدەزانی جوولەکەکان کێن و چین.
مرۆڤن، وەحش و دڕندە، یان جۆرێکیتر لە بوونەوەرن!
دایکم شەوانە گەر نەخەوتبام، دەیگوت:بخەوە ڕۆلەکەم، گەرنا مەنجەل بەسەر و جوولەکە دێن.
داپیرەم کاتێک بێ عاریەکەم بکردبایە، بە مامەکانمی دەگوت:بکوژن کوڕە بکوژن، ئەو جوولەکە پیس و نەفرەتی و سەرک ئەستوورەی.
باوک، کاتێک دەیویست پەلاماری کوڕەکەی بدات و لێی بدات، پێی گوت:هەی جوولەکەی بێ ئەخلاق، هەر دێیتەوە ماڵەوە، وڵاهی وەکوو جوولەکە بەو دەستانەی خۆم دەتتۆپێنم.

کەسێک هەڵەیەکی گەورەی بکردبا، خەڵکی دێ دەیانگوت:خوێنی حەڵاڵە وەکو خوێنی جوولەکە.

مەلای دێ، لە وتاری ڕۆژانی هەینی، بەردەوام هێرشی دەکردە سەر جووەکان و زۆر بە خراپی و نەرێنی باسی شوێن کەوتەی ئەوسێ ئاینەی(جوو، گاو و ئێزدی) دەکرد و کاتێک دەیویست قسە بە موسڵمانێک بڵێت و ئیهانەی بکات و بە لادەر و بێ ڕەوشت و خراپ وەسفی بکات، پێی دەگوت:ئەوە پیلانی جولەیەکەیە، دەیانەوێت داک و کچو خوشکەکانمان بێ ڕەوشت کەن. هەی جوڵەکەی عادەقخۆر، هەی گاوری گڵاو. هەی ئێزدی شەیتان پەرست.

ئێمە لە دێیەکەمان بەو شێوەیە بیرکردنەوە و ئەدەبیاتی قسەکردن و فەرهەنگی قسەکردنمان تژی بوو لە بەکەم سەیرکردن و نزم ڕوانین و جوێندان و دەمارگیری و ڕق، بەرامبەر شوێنکەوتەی ئایینەکانی تر.
هەرچی کاری دزێو خراپە و شەڕانگێزییەک هەبوو، دابوویانە پاڵ شوێنکەوتەی ئەو سێ ئایینە و هەر بە مناڵی و لە تەمەنێکی زۆر زووەوە، مێشک و دەروونی مناڵیان لەبەرامبەر شوێنکەوتەی ئەو سێ ئایینە پڕی دەکرد لە ڕق و دەمارگیری و جوێن و بیری نالێبووردەیی و دژە پێکەوەژیان.

بیرمە لەگەڵ مناڵانی دێ، هەرکاتێک سەگێک، یان پشیلەیەکمان دەبینی بە بەرد هێرشمان بۆی دەبرد و دەمانگوت:داکی بگێن ئەو جوولەکەیە، قورتاری نەبێت و لێیدەن.
بەداخەوە:
ڕۆڵە شیرینەکەم، ئەوەیە کارەساتەکە، لەجیاتی ئەوەی مناڵ، فێری خۆشەویستی و لێبووردەیی و تولەرەنس و پێکەوەژیان و مانای یەکتری قبوڵ کردن بکەن، دێن و هەر لە مناڵییەوە مێشک و دەروونی مناڵ دەشێوێنن و مناڵ لە سەر ڕقی مەزهەبی و دەمارگیری ئایینی پەروەردە دەکەن و جیهانی مناڵی مناڵ و هۆش و ئەقڵی وێران دەکەن!

ئازیزەکەم:
گووتت لە ڕێگای کتێبێکەوە ڕق و قێزت لە خوشک و برا و هاوخوێنەکانی خۆت، لە ڕۆڵەکانی میترا و مید گەیشت بە تڕۆپک٫! کامه کتێب؟
:ئایە دەزانی جوولەکەکان کێن؟

ئەو کتێبەی منی کرد بە کەسێکی فێندەمێنتالیست و دەمارگیر.. ئەو کتێبەی ڤایرۆسی فیکری ڕادیکاڵی لە مێشکمدا چاند و سەراپای تێڕوانین و بیرکردنەوەکانی گۆڕیم. ئەو کتێبەی پڕی ناخی ڕق وکینە کردم، ئەو کتێبەی وای لێکردم پەیوەندی لەگەڵ باشترین و ئازیزترین هاوڕێم، کە کوردێکی ئێزدی(خەلەف میرزا) و خەڵکی (باعەدرێ) بوو، بپچڕێنم و ژمارە تەلەفۆنەکەی بسڕمەوە و چەندین جار تێلم بۆ بکات وڵامی نەدەمەوە، بە پاساوی ئەوەی ئێزدیەکان کافر و گڵاو پیس و ئەهریمەن پەرستن و دروست نییە هاوڕێیەتییان بکەیت و سەلام و چاک و چۆنی و تێکەڵاوییان بکەیت !

ئەو هاوڕێیەی دوای چەندین ساڵ، دوای ئەوەی هاتمەوە هۆش و ئەقڵ و درکم بۆ گەڕایەوەو لە غەیبووبەی فیکری بێداربوومەوە و لە تونێلی ئایدیۆلۆژی هاتمە دەر و لە بەستەڵەکی تێڕوانین ڕزگارم بوو، چەندە هەوڵمدا بیدۆزمەوە و داوای لێبوردنی بکەم، ئەفسووس نەمدۆزیەوە و هەرهێندە زانیم ڕۆیشتووە بۆ ئەڵمانیا، ئەو هاوڕێیەی ئێستاش هەرکاتێک بیرم دەکەوێتەوە، هەست بە خەجاڵەتی و تەریق بوونەوە و ئازاری ویژدان دەکەم و ڕێژنەی فرمێسک لەسەر گۆنام ڕێچکە دەبەستێت.

سوپاس بۆ ئێزدان ڕۆڵە داسنیەکەم، لە کۆتاییدا حەقیقەتت دۆزییەوە و بە باوەشی باب و باپیران و مێژووی خۆت شاد بوویەوە.
دەی زیاتر سەبارەت بەو کتێبە بۆم بدوێ..

ئایە دەزانی جوولەکەکان کێن؟
ئەو کتێبەی هەستی کوژاندمەوە و مرۆڤ بوون ویژدان و باشترین و ئازیزترین هاوڕێی لێ سەندمەوە.

ئەو کتێبەی وای لێکردم ببم بە کەسێکی ئایدیۆلۆژیست و بچمە ڕیزی یەکێک لە حزبە ئیسلام گەراکان، کتێبێک ڕێک مێشکی هاککردم و ئەقڵی قفڵ دام. وای لێکردم تەنها ڕەنگی ڕەش-سپی ببینم و دنیا بەسەر بەرەی ڕاست و هەلە، کافر و بڕوادار، بەهەشتی و جەحنەمی، دۆست، یان دووژمنی خوداوەند، دابەشکەم.

کتێبێکی بچووک و لە قەبارەی نامیلکەیەک، ئەو کتێبۆکەیەی جوەکانی وەکو مار پیشان دەداو وێنەی مارێکی کوبرای لەپاڵ ناوی جووەکان دانابوو، ئەو کتێبۆکەی وای لە مێشک چاندم، کە هەموو دنیا دژی ئەو مەزهەب و ئیدەلۆژیا و ئایینەی من باوەڕم پێی هەبوو، لە دژایەتی کردن و پیلاندان.

کتێبێک زۆر لە کتێبەکەی( خەباتی من)ی هیتلەر، بە نەفەسێکی نامرۆڤانەتر و ئیدەلۆژیانەو ڕاسیزمانەتر نووسرابوو و زیاتر لەو کتێبەی ئەدۆلف هیتلەر دەمارگیری و ڕاسیزم گەرێتی و ڕەگەزپەرستی و ڕقی تێدا حەشاردرابوو، لەبەرامبەر جووەکان.

کتێبۆکەیەک، تابڵێیت لە دیدەنیگایەکی نزم و ڕاسیزمانە و فێندەمێنتالیستانەوە نووسرابوو.
ئەو کتێبەی خۆزیا، وەزارەتی ڕۆشنبیری ڕۆژێک دا بهاتبا، هەر نامیلکەو کتێبک تۆی دوو بەرەکی و دەمارگیری ئایینی و بیری ڕاسیزمگەرێتی و ڕقی مەزهەبی و لێکترازان لە نێوان مرۆڤەکان دروست دەکات، سانسۆر و قەدەخە دەکرد. خۆزیا فلتەرێکی دادەنا، بۆ ئەو بەرەڵایی و فەوزا و بێ سەر و بەریەی جیهانی کتێب و کتێبۆکە و نامیلکە لە چاپدان. بە تایبەتی ئەوانەی ئایینی و مەزهەبین و ئیسلامگەرا و فێندەمێنتالیست و سەلەفیگەراکان دەیاننووسن و بەو پەڕی ئازادی و بێ هیچ فلتەرێک چاپی دەکەن و بڵاوی دەکەنەوە. ئەو کتێبانەی لەسەدەی بیست و یەک و چاخی ڕۆشنگەری و سەردەمی شۆڕشی تەکنەلۆژیا و زانست و چوونە سەرمانگ و ڕۆبۆتدا، باس لە گەڕانەوە بۆ حوکم و دەوڵەتی سیوکراتی و دۆزخی سەدەکانی ناوەڕاست دەکەن!
ئەو کتێب و نامیلکۆکانەی ڕەوایەتی بە کۆیلایەتی و بە کەنیزەکردنی مرۆڤ دەدەن. ئەو کتێبانەی جیهان بەسەر دوو بەرە و دوو ڕەنگدا، دابەش دەکەن، بەرەی کفر و ئیمان و سپی و ڕەش.
ئەو کتێبانەی دژی خۆشەویستی و لێبوردەیی و فرەیی و ڕۆحی پێکەوەژیان و دیموکراسیەت و مافەکانی مرۆڤ و هەستی نەتەوەیی و مرۆڤ دۆستی و بنەماکانی سیکۆلاریزم و ژیانێکی شارستانی و کۆمەڵێکی کراوە و لۆژیک و ئەقڵانیەت و دەوڵەتی مەدەنین.
ئەو نامیلکۆکە و کتێبانەی پڕن لە ڕقی مەزهەبی و موقەبیلات و پێشەکین بۆ بوون بە فێندەمێنتالیست و داعش. بۆ شۆرینەوەی دەماخی ڕۆڵەکانی کورد و شێواندنی ئەقڵ و هۆشی تاک و ناشیرینکردنی مرۆڤ.
ئەو کتێبانەی پڕی لەو فەتوایانەن، کە لە ئاستێکی زۆر نا ئینسانی و نزمدان، ئەو فەتوایانەی جەژنە پیرۆزەی ئایینەکانی تر حەرام دەکات و سڵاوکردیان بە کفر دەزانێت و تێکەڵاوییان بە لادان. ئەو کتێبانەی مرۆڤ بوونی مرۆڤ دەشێوێنێت و ناخ و بیری خوێنەر ژەهراوی و زەینی کوێر دەکات. ئەو کتێبانەی مێشکی خوێنەر هاک و ئەقڵی بە بەستەڵەک و هێزی بیرکردنەوەی تیرۆر دەکەن. خۆزیا هەر هەر کتێبێک و کتێبۆکەیەک، باس لە توندو تیژی دەکات و هانی دەمارگیری و ڕق و ڕاسیزم بوون و جیاکاری ڕەگەزی دەدات، ڕێگری لە بڵاوکردنەوەی بکرابا و ئەوەی بڵاویش بووتەوە قەدەخە بکرابوایا.

ڕۆڵەکەم:
لەوەوە تێدەگەین کە قۆناخی هەرزەکاری چەندە هەستەوەرە، هەرزەکار چەندە زوو دەکەوێتە ژێر کاریگەری ئەو شتەی گوێی لێ دەبێت و دەیخوێنێتەوەو دەیبینێت. لەو قۆناخەی هەست و سۆز زاڵە و لۆژیک و بیرکردنەوەو ئەقڵ ونە.

زۆر ڕاستە باپیرە.
بۆیه دەبێت ئاگاداری ئەوە بین، چی دەخوێنینەوە و چۆن دەخوێنینەوە. من لەو قۆناخەدابوو ئەو کتێبۆکەیە وای لێ بەسەر هێنام. ئینجا گوتراو(کتێب باشترین هاوڕێیە). وانییە و بەو ڕەهاییە نییە، هەرگیز، هەندێک کتێب هەن، لە جیاتی ئەوەی باشترین هاوڕێ بن، خراپترین دووژمنن. بۆیە دەبێت ئەوە بزانیت مەرج نییە خوێندنەوەی هەموو پەرتوکێک سود بەخش بێت. کتێب هەیه مرۆڤ دەکات بە فاشیست و بە تیرۆرست. مرۆڤ لەمرۆڤ بوون دەخات و ویژدانی لێ دەسەنتەوە و دەیکات بە بابایەکی بێ هەست و ئامێرێکی بێ گیان و وێرانکەر. کتێب هەیە هۆش دەگوشێت و ئەقڵ لە قاڵب دەدات و هێزی بیرکردنەوە دەکوژێت و مرۆڤ دەکات بە بوونەوەرێکی مەزهەبی و ئایدیۆلۆژیست و بیرتەسکی ئەقڵ داخراو وای لێدەکات دوو بست ئەوڵاتری لوتی تێڕوانینی خۆی نەبینیت. کتێب هەیه، مرۆڤ دەکات بە هۆڤ، مازۆکی و سادیک. کتێب هەیه، هونەری کۆیلێتی، ڕاسیزم بوون، ترس، توڕەیی، ڕق، جینۆساید، جەنگ، سوتان، کوشتن و تیرۆر فێری مرۆڤ دەکات.

کتێبیش هەیه فێری تۆلەرانس، ئیشق، لێبوردەیی، ئەزموون، مەعریفە، نەتەوە پەروەری، مرۆڤبوون و مرۆڤ دۆستی، خۆشەویستی ژیان و ئەوانیتر، ئاژەڵ دۆستی و ژینگەدۆستیت دەکات. مەولانا، شێرکۆ، مەلای گەورە، هەژاری موکریانی، هێمنی شاعیر، مارکس، گاندی، تۆلستووی، هیتلەر، ستالین، سەدام، بەغدادی و بن لادنیش کتێبیان دەخوێندەوە و لە منداڵدانی کتێب و هەناوی کتێبخانەکانەوە هاتنە دەرە.

ڕۆڵەکەم:
دەڵێن کەسێک زۆر کتێبی لەسەر ئاژەڵان خوێندەوە، ئاخریەکەی بوو بە گیا خۆر. بۆیە بزانە چی کتێبێک و بۆچی و چۆن دەخوێنیتەوە.