گەر پۆلیسەکە نەیکوشتابام.. دەقی پەخشان: ڤینۆس فایەق.. وەرگێرانی لە عەرەبییەوە: ڕۆزا حەمە ساڵح

نەفرەت لەو پۆلیسە، گەر لە سەرمی نەدابایە‌، ئەمڕۆ دەمتوانی هەموو شتێکی وڵاتەم بەبیربهاتایەتەوە، کە بیست وپێنج ساڵە دڵی ڕەشی پۆشیوە‌ وبە‌ ئیرادە‌یە‌كی بە‌رزە‌وە‌ خۆی نیشان دەدات، چونکە پێی وایە ئاسۆیەکی نوێ لەچاویەوە دوور نییە، بەڵام هێندەم بیردێتەوە بە ئامۆژگاریی ناو کتێبەکەم کرد، چارشێوەکەم بە‌ سە‌رمدا دا و درزی مەمکم شاردە‌وە، لەگەڵ دایکمدا بۆ بازاركردن لە ناو تارانی پایتەخت رامکرد، کە بە تاسەی پیاسەیەک بووم تیادا لەگەڵ براکەمدا. تاوە‌كو ئەو پۆلیسە کورتەبنەیە لە‌ ناکاو دای بە‌سە‌رمدا.
ئاە‌ براکەمم بیرکەوتەوە، ئەو پۆلیسە لەعنەتیە لە‌ ئە‌ویشی داو لێمی دورخستە‌وە‌، کاتێک دەستمی گرتبوو تاوە‌كو نەمخە‌نە‌ ناو ئۆتۆمبێلی پۆلیسی ئەخلاق و لە‌ گە‌ڵ كارتێكی بە‌لاش بە‌ ڕە‌نگی خۆێن بمنێرن بۆ ئە‌و دونیا.
ئەگەر ئەو پۆلیسە نەفامە‌ ‌ زۆر بە دڕندانە پەلكێشی ناو ئۆتۆمبێلی پۆلیسی ئە‌خلاقی نەکردابام، ئێستا لە‌ ماڵە‌كە‌ی خۆمدا بە كراسە‌ مۆرە‌کەمەوە ‌ دانیشتبووم و قژە ڕەشە درێژەکەم دادە‌ھێنا و دەمکرد بە‌ كە‌زی و لێواری كراسە‌ مارۆنێكە‌مم بە‌ بۆنی گوڵە بە‌یبون و سە‌وسە‌ن وجریوەی چۆلەکە وهاژەیی ڕووبار دەچنی و گوێم لە‌ گۆرانییە‌كانی “خالقی” كە‌ عاشقی دە‌نگیم و” حە‌سە‌ن زیرە‌ك” كە‌ ڕۆژڕێك پێش كوشتنم سە‌ردانی گۆڕە‌كە‌یم كرد دەگرت. ھە‌نوكە‌ لە سپێتیی بەیانیان و قرچە قرچی ئاگری ناو ئاگردانە‌كە‌ی بەر پێم سەرپۆشێکم دە‌دوری، بەڵام نە‌فرە‌ت لە‌و پۆلیسە.
ئه‌گه‌ر ئه‌و پۆلیسه‌ گەمژە‌یه‌‌ به‌و دڕندەییە ڕاینه‌کێشامایه‌، وا بە توندی لێی نەدامایە، منی مرۆڤ وئەوی گیاندارێکی درندەی کوێر بە کەڵبەی گورگەوە پەلاماری نەدابام، ئێستا له‌ ژوره‌که‌مدا دانیشتبووم و سەرم خستبووە سەر کتێبێکی مێژوو، شکۆمه‌نده‌کانی ڕابردووی گەلەکەمم ده‌خوێندەوە‌، دەنگە خنکاوەکانی ئەمڕۆمان، ناڵەکانمان کە سنگمانی گوشیوە و چیرۆکی ئەو چڵە قژەی کە کۆتای بە ژیانم هێنا.
پۆلیسی گەمژە، ئەگەر نەتکوشتمایە، ئێستاکە لە قوماشی خۆشەویستی بۆشاکم بۆ شەش منداڵەکەم کە دمهێنانە ژیانەوە، لە کەتانی بەختەوەری شەڕواڵ بۆ کوڕەکانم و لە پەموی خۆشبەختی کراس بۆ کچەکانم دەدوری، فێرم دەکردن چۆن ژیانیان خۆش بوێت و ڕێز لە مرۆڤایەتیی خۆیان بگرن کە کوشتنی ئاسانترە لە وەستانییان لەبەردەم ئاوێنەیەکدا و ناشرینی ناخیان پێشان بدات.
بەنەفرەت بیت، ئەگەر نەتکوشتمایە، ئێستاکە لە یەکێک لە سوچەکانی ماڵەوەمان دور لە چاوی دایک و باوک و براکەم خۆم حەشاردەدا و لە وشە ئاوریشمیەکان پەیامێکم بە هەموو ڕەنگەکانی پەلکە زێرینە دەنووسی، بە گاڵتە بە خۆشەویستەکەم دەوت خۆشم ناوێت، بە پەلە دەمسڕییەوە و بۆم دەنووسی کە چەندە خۆشم دەوێت و چەندە ئاواتە خوازم لە نێو کۆڵانەکانی شارەکەمان سەقز پێکەوە ون ببین.
ئەگەر ئەو گەمژەیە نەیدەکوشتم، هەنووکە خەونەکانم بە دارتێلی گەڕەکەکەماندا هەڵدەواسی وئاواتەکانم لە ناو گوڵدانی بەختەوەریدا دەچاند و هەموو ڕۆژێک بە روونی وشێنایی ئاوی قەزوین ئاوم دەدان .
ئەگەر چارەنووس لەو ڕۆژە شومە ڕەشەدا ئەو پۆلیسەی نەدەهێنایە سەر رێگەم، ئێستاکە پزیشکێک دەبووم و تێماری نەخۆشەکانم دەکرد، یان پارێزەرێک دەبووم و بەرگریم لە ستەملێکراوەکان دەکرد، یاخود هونەرمەندێکی شێوەکار دەبووم وبە ڕەنگە بێزراوەکان تابلۆی نەفامیتانم دەکێشا، یان گۆرانیبێژێک دەبووم و تراژیدیاکانی ژیانمان دەکردە گۆرانی، یان تەنانەت سەمام دەکرد وەک ئەوەی پێتان بڵێم چەندە مرۆڤم و شایەستەی ژیان و مردنێکم کە شایستەی میهرەبانییەکەم بێت.
ئاە ئەی نەفرەت لێکراو، ئەی پێغەمبەرەکەتان وسێتی بۆ نەکردوون کە لەگەڵ شووشە عەترکان میهرەبان بن، کە ئێمەی ژنین، کە دەڵێت: ” رفقاً بالقواریر”؟
ئەگەر بە پرچم پەلکێشت نەکردابام، ئێستا نەدەبوومە هەزاران پارچە شوشەوە، کە ئەستەمە بۆتان کۆیانبکەنەوە، دەنگم بڵاو نەدەبووەوە ونەدەگەیشتە هەموو مەملەکەتەکەتان کە بە ئێسک و پروسکی شەهیدان هەڵتانچنیوە.
دەبینیت پۆلیسی گەمژە، كە‌ چۆن دەنگم چووە ناو قوڕگی ملیۆنان کەس، توڕەییم چووە‌ ناو دڵیان و ئازارەکانم بوونە شۆڕشێک کە پە‌ردە‌ی لە سە‌ر بۆگەنییە‌كانتان ھە‌ڵماڵی و بۆنی ڕزیوتانی بە هەموو نیشتماندا بڵاوکردەوە و زە‌نگی لە‌ناوچوونتانی بەم نزیکانە پێیە؟

  • لە‌ زاری ژێنا ئە‌مینی، یان “مەهسا ئەمین”ی کوردوە‌.

    وەرگێرانی لە عەرەبییەوە: ڕۆزا حەمە ساڵح




کام نووسین و کام وردەکاریی؟!.. سەدیق سەعید ڕواندزی

بە هۆی دنیای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە و هەبوونی دەیەها مینبەری گوتن و نووسین، جۆرە فەزایەکی کراوە لە بەردەم هەموواندا هاتۆتە ئاراوە، کە بنووسن و سەرنج و ئایدیاکانیان تێدا بخەنە ڕوو. ئەم فەزا کراوەیە، جۆرە گوتارێکی بەرهەم هێناوە، کە بنەماکانی لە چی گوتن دایە، نەک چۆن گوتن، بەو مانایەی هەموومان دەنووسین و شتێک دەڵێین، بە بێ ئەوەی پێویست و گرنگ بێت، لە ڕووی مەعریفی و ڕۆشنبیرییەوە، یاخود ئیزافەیەک بخاتە سەر گوتاری ڕۆشنبیری کوردییەوە. ئەم بێ بایەخکردنەی نووسین، وەک کایەیەکی گرنگی مەعریفی، هیچ جۆرە شکۆیەک و بەهایەکی بۆ دنیای نووسین نەهێشتۆتەوە، لەو سۆنگەیەشەوە ڕۆژانە ئێمە، بەر سەدەها بە ناو نووسین و وتار دەکەوین، کە بێ قوڵایی و بێ ناوەڕۆک و هەڵگری هیچ ڕەهەندێکی ڕۆشنبیری نین. بە جۆرێک مرۆڤ زۆرجار قێز لە دنیای نووسین دەکاتەوە. لە کاتێکدا نووسین، یەکێکە لە کردە هەرە قوڕس و ئالۆز و هزریەکان. بۆیە هیچ کاتێک نابێ ئەو فەزا کراوەیە، لە پەراوێزی بە ناو هەبوونی ئازادی دەربڕینەوە دڵخۆشمان بکات بەوەی کە هەموو شتێک دەنووسرێت، بەڵکو لەوە گرنگتر هەڵوەستەکردنە لە ئاست ئەوەی دەنووسرێت، چونکە هەموو نووسینێک کە بڵاو دەبێتەوە، دەرەنجام خوێنەر لە خوێنەوە و هەڵسەنگاندنیدا دەبێتە پێوەر و ئەوە دواجار بەهایەک بەو نووسینە دەدات، بەوەی کە چەند پێویستە و ماهیەتی لە چۆن گوتن دایە یان چی گوتن. ئەگەر گوزەرێکی خێرا، بە ناو ئەو دنیا ئاڵۆز و شێواوەی نووسینی کوردی بکەین، ڕۆژانە بەر دەیەها نووسینی کرچ و کاڵ و بێ ناوەڕۆک و لەشکرێک قەڵەم بەدەست دەکەوین، کە هەر تەنها مەبەستیانە شتێک بنووسن، نەک ئەوەی چی دەنووسن. بۆ نموونە: هەیانە، چەند دەردەڵێک بە ناو شیعر بڵاو دەکاتەوە، کەچی لە شکرێک قەڵەم بەدەست، دەکەونە شانامە و ستایشی شیعرەکانی دەکەن، لە کاتێکدا نە زمان، نە وێنەی شیعری، نە شیعریەت و جوانی لە شیعرەکانی ئەو بە ناو شاعیرە نییە، جگە لە قسە ڕێزکردنێک. بڕوام وایە، ئەو خۆشی ڕەنگە پێ شاعیر نەبێت، وەلێ کاتێ دەبینێت، پەسن و ستایش دەکرێت و بەوە ناوی دەبەن، کە شیعرەکانی داهێنەرانەن و جێگای هەموو شتێکیان تێدا دەبێتەوە، ئیدی خۆی لێ دەگۆڕێت و بەردەوام دەبێت لە سەر ئەو دەردە دڵانە، هەیانە ڕابردووی خۆی کە سەردەمانێک بۆ نموونە فەقێ بووە، دەکاتە کەرستەی گاڵتەجاریانەی نووسین، بە بێ ئەوەی بۆ ئەوانیتر هیچ مانایەکی هەبێ، ئەمانە و دەیان و سەدان نموونەی تر، کە ئێمە ڕۆژانە بەریان دەکەوین. ئەم دۆخە لە غیابی ڕەخنەی جدی و شرۆڤەییەوە بەردەوام بوونی هەیە، بە تایبەتیش کە نووسەر و خوێنەری بیرکەرەوەو بە سەلیقە زۆر کەم بۆتەوە، کە حەوسەڵەی ئەوەی هەبێت ئیستێک لە ئاست ئەو هەموو بە ناو نووسینانە بکات. بێگومان هەر وشەیەک کە دەینووسین بەرپرسیاریەتیەکی گەورەی فەرهەنگی و ڕۆشنبیرییە، نووسین دەبێ پەیام و مەبەستێکی هەبێت و شوێنێک لە هزر و دیدی خوێنەران بگرێت، نەک تەنها ڕەشکردنەوەی لاپەڕەکان بێت. نووسەر کاتێ باس و بابەتێک لە نووسینەکەی دەخاتە ڕوو، دەیوروژێنێت، دەبێ لە چاوەڕوانی ئەوەش دابێت، خوێنەرانێک هەبن، لە پەراوێزی خوێنەوەی ئەو نووسینەی ئەو پرسیاریان لادروست بێت و گومان بکەن لەوەی نووسەر دەیەوێت چی بڵێت؟ لەو سۆنگەیەوە، وەک خوێنەرێک دەمانەوێت هەڵوەستە لە ئاست وتارێکی ( زانا ڕەزاق) بە ناوی ( نووسین و وردەکاری) بکەین، بە مەبەستی گفتوگۆ و پرسیار لە چیەتی نووسین. ئەم بەڕێزە، ماوەیەکە لە ڕێی هەندێک کورتە وتاری دووسێ دێڕی، هەر جارە و دەیەوێت وەک مەلای دوانزە عیلم لە بارەی شتێکەوە بنووسێت و وەعز بە هەموومان بدات و گوایە، مەعریفە و زانینمان فێردەکات. کێشەکە لەوە دانییە چی دەنووسێت، بەڵکو گرفتی گەورە لەوە دایە، ئەو بابەتانەی هەڵیان دەبژێرێت، نەک بە نووسینێکی سادە و بێ ناوەڕۆکی چەند ڕستەیی ئەو مافی تەواویان بۆ قسە لەسەر کردن پێ نادرێت، بەڵکو هەیانە پێویستیان بەوەیە، دەیان کتێبیان لە بارەوە بنووسرێت. ئیدی نازانم، ئەم چۆن بوێری ئەوەی هەیە، بەو کورتە بە ناو نووسینانە، قسە لە سەر ئەرز و ئاسمان بکات؟ ئەم بەڕێزە، لە نووسینێکی کورتی دیکەیدا، بە ناوی (نووسین و وردەکاری) کە لە ماڵپەڕی پڕ خوێنەری دەنگەکان بڵاو بۆتەوە، چەندین بۆچوونی سادە و هاودژ دەردەبڕێت وگوایا ڕێنوینی هەمووان دەکات چۆن بنووسن. سەیر و شۆخی لەوە دایە، باس لەوە دەکات، کە ئەوەی ئەم دەیڵێت، تاکو ئێستا کەس نەینوسیوە و بگرە فەیلەسوفە کۆنەکانیش باسیان نەکردووە، لێرەوە کارەساتەکانی دنیای بێ ڕەخنەیی دەردەکەوێت، کاتێ نووسەرێکی گەنج لە کورتە وتارێکدا باس لەوە دەکات کە قسەی جیاوازتر لە فەیلەسوفانی دنیا دەکات و ئەوان مەعریفەی هەموو شتێکیان نەبووە. نووسەر لە دەسپێکی ئەو کورتە وتارەیدا دەنووسێت:(سەرەتا نووسەر دەبێ بە شێوەیەک بیرۆکەکانی بنووسێت پر بێت لە ووردەکاری یانی بە پرۆسەیەکی زانستی ورد بڕوات نەک بە نووسینێک یان نووسینانێک کە خەیاڵێکی کامل بنووسێت یانی خەیاڵە کامڵەکان وورد وورد بێ هەروەها ئەو ووردە ووردەش ڕوون بێت) هەڵبەتە سەرەتای نووسینە کورتەکەی ئەوم وەکو خۆی نووسیوەتەوە، کە ڕەچاوی هێچ ڕێسایەکی خاڵبەندی نەکردووە، کە بۆ هەر نووسەرێک کە بیەوێت بنووسێت، ئەلف و بێی سەرەتای نووسینە ئەمە لەلایەک، لەلایەکی دیکەوە، گەر بە وردی لە سەر ئەو پەڕەگرافە بووەستین، جگە لە قسە ڕێزکردنێک هیچ مانای تر ناگەیەنێت، چونکە بنووسی ئەو دێڕانە، باس لە شتێک دەکات، گومان دەکەم خۆشی درکی پێ بکات. سەرەتا با ئەو پرسیارە بکەین، بیرۆکەی پڕ وردەکاری چییە؟ مەگەر لە دنیای نووسیندا، شتێک هەیە بە ناوی بیرۆکەی پڕ وردەکاری و هەمە لایەنە؟ بێگومان بیرۆکە نانووسرێت وەک ئەوەی ئەو تێی گەیشتووە، بەڵکو گەڵاڵە دەکرێت. بیرۆکەی هەر کارێک، سەرەتا لە داڕشتنی ئایدیایێکی سنووردار و بێ وردەکاری دەست پێ دەکات، پاشان لە میانەی کارکردن لەسەر بیرۆکەکە، ئەو وردەکاریە دەست پێ دەکات. ئەمەی ئەو نووسیویەتی، ڕەنگە ناشارەزایی بێت، لە دنیای نووسین، چونە بیرۆکەی کارێکی زانستی، لە کارێکی ئەدەبی و هونەری جیا ناکاتەوە، دەشێ لە کارێکی ئەندازەیی، زانستی، پزیشکی، بیرۆکەی پڕ وردەکاری هەبێت، بەو مانایەی ڕەچاوی هەموو لایەنەکان بکرێت، بەڵام لە دنیای نووسیندا، هیچ کارێکی ئەدەبی و بگرە هونەریش نییە، بیرۆکەی هەمە لایەنەی هەبێت. نووسینی پەیوەندی بە هێزێکی شاراوەی نێو ناخ و هزری مرۆڤە هەیە و زۆرجار پلانی نووسینی هیچ شتێکمان نەبووە، کەچی بە هۆی ڕووداوێک، کارەسات و دیمەنێک، لە پڕ بیرۆکەی نووسینێکمان لا گەڵاڵە بووە. نووسین، بە تایبەتیش لە دنیای ئەدەبیاتدا، کارێک نییە لە سەرەتاوە بە هەموو شتێکەوە دەست پێ بکات و کۆتایی بێت، بەڵکو سات وایە، لە بیرۆکەیەکەوە، یان ڕووداو و دیمەنێکەوە، یان خەیاڵکردنێک دروست دەبێت. هیچ شیعر و چیڕۆک و ڕۆمانێک نییە، هەر لە سەرەتاوە ناوەڕۆکەکەی بە هەموو لایەنەکانەوە داڕێژرابێت، بە دەیان و سەدان نووسەر هەن، لە میانەی ئەزموونی خۆیان لەگەڵ دنیای نووسیندا، باسیان لەوە کردووە، کە کارەکەیان سەرەتا لە بیرۆکەیەکەوە دەستی پێ کردووە، پاشان درێژ بۆتەوە، یاخود لە دەرەوەی ویستی ئەوان، ڕووداوەکان بەو شێوەیە هاتوون. لە ڕۆمان و چیڕۆکدا، گرێچن هەیە، کە لە خاڵێکەوە دەست پێ دەکات و دواتر وردەکاریەکانی کات و شوێن و ڕووداو، کارەکتەر بینا دەکرێن. نووسین پیشەی زانستی نییە، تا نووسەر بە ئارەزووی خۆی دابنیشێت و نەخشەو کڵێشەی پڕ وردەکاری نووسینەکەی دابنێت، وەک ئەوەی ئەندازیارێک نەخشەی خانووێک بە هەموو پێکهاتەکانییەوە دادەڕێژێت. گۆران ئەگەر سەردانی هەورامانی نەکردبووایە، شیعرێک نەدەبوو بە ناوی گەشتێک بۆ هەورامان، بەو مانایەی ئەو ئەستەم بوو بتوانێت بیرۆکەی پڕ وردەکاری ئەو شیعرە دابڕێژێت. ڕەنگە کەس ئەوەندەی شاعیران، سەروکاریان لەگەڵ دنیای شاراوەی نووسین نەبێت. شاعیران، زۆرجار بە بێ ئەوەی توانا و دەسەڵاتییان بە سەر نووسین هەبێت، ئەوا هێزێکی شاراوە و بزر ئاراستەیان دەکات. هەیانە، بە ساڵ شیعرێک نانووسێت، هەیانە شیعرێک دەنووسێت و تەواوی ناکات و دوای چڵ ساڵ تەواوی دەکات، هەیانە، بیرۆکەی شیعرێکی کورتی هەبووە، کەچی بۆتە قەسیدەیەکی درێژ. هەموو ئەو ئەزموونانە، ئەزموونێک نین لە پێشدا ئامادەسازیی وردیان بۆ کرابێت وەک ئەوەی زانا ڕەزاق تێی گەیشتووە، بەڵکو مامەڵەکردنە لەگەڵ دنیای شاراوەی نووسین. ئەگەر بڕیار بێت، بیرۆکەی ورد و پڕ پلان بۆ دنیای نووسین هەبێت، ئەوا نووسەران و ئەدیبان بە تایبەتی، چیان مەبەست بێت، لە پەراوێزی داڕشتنی بیرۆکەکانیانەوە ئەوە دەنووسن، لە کاتێکدا بە پێچەوانەوەیە. من ساتی وا هەبووە، کاتژمێر دووی شەو، بێدار بوومەتەوە، چونکە لە پڕ بیرۆکەی وتارێکم بە خەیاڵ داهاتووە، یەکێکیش لە سرووشتەکانی ژیانم ئەوەیە، کە مەحاڵە بنووم، قەڵەم و تێنووسم لە ژێر سەرین نەبێت. هیچ بیرۆکەی ئەوەشم نەبووە، بنووسم، چ جای ئەوەی ڕەچاوی وردەکاری بکەم، وەک ئەوەی ئەم بەڕێزە دەیڵێت.ئەم کڵێشازییە بۆ نووسینی وشک و بریشکی ئەکادیمی ڕەنگە، دروست بێت،بەڵام نووسین مامەڵە کردنە لەگەڵ دۆخێکی زۆر تایبەت، کە زۆرجار لە دەرەوەی ویست و دەسەڵاتی نووسەرە. هەر لە درێژەی ئەو نووسینە کورتەیدا، نموونەی سەیرو سەمەرە دەهێنێتەوە و دەنووسێت :( کاتێ ئێمە خەڵکی فێری بەڵێ و نەخێر دەکەین، دەبێ فێری ئەوەشیان بکەین بۆ چ شتێک بەڵێ بڵێن و بۆ چ شتێکیش نەخێر بڵێن و ئەمەش بە ووردەکارییەوە یەک شتیش ئەوەیە واقیع گۆڕینیش پرۆسەیەکە، ووردە ووردەیە) هەروەها دەنووسێت:( ئەوەی من دەیڵێم کەس نەیگوتووە نە لە پێشوو، نە لە ئێستاشدا تەنانەت فەیلە سوفەکانیش ئەمەیان نەگووتووە) بێگومان ڕاست دەکات، چونکە تا ئێستا کەس بوێری ئەوەی نەبووە، قسەی لەو شێوەیە بکات. ئاخۆ کەس تا ئێستا، قسەی سەیرو سەمەرەی لەو جۆرەی کردووە؟ ئەمە لەلایەک، لەلایەکی دیکەوە، مەگەر ئەرکی ئێمە ئەوەیە خەڵک فێری بەڵێ و نەخێر بکەین، یان خۆیان هوشیاری هزری ئەوەیان هەبێت، فێری بەڵێ و نەخێر بن؟ ئایا مرۆڤ توتییە، تا ئەوەی کەسێک چی وت هەمووان دووبارەی بکەنەوە؟ بەڵێ و نەخێر لە هیچ شتێکی ژیاندا، ڕەها نییە بەڵکو ڕێژەییە، ئەوە مرۆڤە دەبێ خۆی فێری ئەوە بێت، چۆن بڕیار دەدات و لە چ کاتێک بەڵێ و لە چ کاتێکی دیکە نەخێر دەڵێت. مەرج نییە ئەوەی لای تۆ بەڵێ بێت، لای بەرانبەرەکەشت هەمان شت بێت. دەبێ مرۆڤەکان خۆیان هوشیاری ئەوەیان هەبێت و درک بکەن، کە گوتیان نەخێر بۆچی دەبێ بڵًێن نەخێر و کە وتیشیان بەڵێ، بۆچی دەیانەوێت بڵێن بەڵێ. ئەوانەی دەیانەوێت خەڵک فێری بەڵێ و نەخێر بکەن نەک خۆیان فێری بن، ئەوانەن کە دەیانەوێت میللەتێکی مێگەل و دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر و ستەمکار هەبێت. ئەم جۆرە لە کردەی بەڵێ و نەخێر بێگومان، ئەو دۆخە دێنێتە ئاراوە. کاتی خۆی سەددام وتەیەکی هەبوو دەیگوت:(گەر سەددام گوتی واتا گەلی عێراق گووتی ) بۆیەشە بینیمان لە هەمووهەڵبژاردنەکاندا، لە سەدا سەدی دەنگەکانی دەهێنا. نابێ مرۆڤ لە سەر ئەو بنەمایە فێر بکەین، کە من چیم ویست، ئەویش ئەوەی بووێت. بەڵکو دەبێ خۆی ئازاد بێت لە بیرکردنەوە و هەڵبژاردن. ئەم جۆرە کولتوورە کە لە ڕۆژهەڵات باوە، هەمیشە مایەی نەهامەتی بووە بۆ ئێمە، چونکە بەردەوام نەمانتوانیوە گوتارێکی جیاواز بەرهەمبێنین. مرۆڤ دەبێ خۆی فێری هەموو شتێک بێت لە ژیان، بە تایبەتیش کاتێ قۆناغی منداڵی دەبڕێت. هەڵبەتە ئەمە بەو مانایە نییە مرۆڤ پێویستی بە ئامۆژگاری نەبێت، بەڵکو بەو مانایەی دەبێ خۆی سەربەست و ئازاد بێت لە هەڵبژاردن و ڕەت کردنەوە. هەر لە نووسینێکی دیکەی کورتیدا، زانا رەزاق باسی داهێنان دەکات و دەنووسێت:_( داهێنان جاری یەکەم زەحمەتە دووەم جارو سێیەم جار ئاسان دەبێت) ئەم برادەرە، وا لە داهێنان گەیشتووە، کە کارێکی زۆر ئاسایی و ڕۆژانەیی بێت و هەموو کەسێکیش دەتوانێت داهێنەر بێت، بێ ئاگا لەوەی داهێنانەکان یەکجار لە ژیان دێنە ئاراوە و ئەوانی دواتر هیچ بەهایەکیان نییە. مەگەر لە دوای گۆران دەیان شاعیری دیکە، شیعری ئازادیان نەنووسی؟ بۆچی تەنها گۆران بە نوێکەرەوەی شیعری کوردی و داهێنەری شیعری ئازاد دەناسرێت؟ چونکە لە بنەڕەتدا داهێنانەکە هی ئەو بوو، بۆیە ئەوە نییە داهێنان هەموو کات و سەردەمێک، هەموو ڕۆژگار و قۆناغێک، لە هەموو ڕووێکە بێتە ئاراوە، یان کەینێ ویست و مەبەستمان بوو، داهێنان بکەین. ئەم شێوە تێڕوانینە بۆ داهێنان تەنها لە خەیاڵی ئەودا هەیە. دواجار دەڵێم هیوادارم وردترو بە دیقەتتر بێت، لەو وتارانەی لەمەو دوا دەیاننووسێت، بۆ ئەوەی بزانێت خوێنەرانێک هەن، دەخوێننەوە و هەڵوەستە دەکەن و پرسیاریان لادروست دەبێت، هەروەها ڕەچاوی خاڵبەندیش بکات و بەهەڵە بە کاری نەهێنێت، چونکە ڕستە هەیە، پرسیاری تێدا نییە کەچی نیشانەی پرسیاری بۆ دا ئەنێت، هەیانە سەرسوڕمان نییە، کەچی نیشانەی سەر سوڕمانی بۆ دا ئەنێت .

سەرنج: نووسین و وردەکاری، کورتە وتارێکی (زانا ڕەزاق) ە لە 16/9 لە ماڵپەڕی دەنگەکان بڵاوبۆتەوە.




ده‌سته‌چیله‌یێك شیعری ئه‌رمه‌نی.. و: نه‌ژاد عزیز سورمێ

• كه‌وانه‌ی مانگ
ئا . ئه‌سڵان(1)

بێ هه‌ست و خوست پێكگه‌یشتین
ده‌رگای سێبووریمان لێ به‌سترا
كزه‌ڕۆشنایی سه‌فه‌ر
كه‌وانه‌ی مانگی گۆشه‌ی خه‌ڵوه‌ت
له‌ ئاسمانا
تینوو بوو
یادگارییه‌كانی ده‌نووسی ..

دوو چاوی گه‌وره‌
ڕووبه‌ڕووی چاوه‌كانم
بۆچی كز بوون و
ناكاو پێكه‌نین و گڕژینه‌وه‌ ؟
دوو پیاڵه‌ی سپی
له‌سه‌رخۆ شكان
ئه‌ستێره‌ی سه‌حه‌ر
جوانه‌ئه‌سپی ، سپی خۆی تاودا ..
كه‌ گوڵی لێوی پشكووت
ئه‌ستێره‌یێ له‌ ئاسمان
به‌ سه‌رسامییه‌وه‌ داڕژا .

• ده‌نگی خوێن
ئا . ئه‌سڵان
نه‌ ئه‌ستێره‌ی به‌ربه‌یان بوو
نه‌ مانگ
چاوی تۆ بوون
به‌ چاوه‌كانم پێكه‌نین ..

نه‌ شایی بوو نه‌ ئاهه‌نگ
ده‌نگ و ئاوازی خوێنی من بوو
له‌ژێر پێی تۆدا
ئاوزنگی ده‌دا ..
نه‌ باڵدارێ بوو
نه‌ خه‌ون
سێبه‌ری تۆ بوو ڕۆیی
تا جارێكی دی دڵه‌كه‌م
هه‌لا هه‌لا كات .

• مۆتـه‌كـه‌
زۆرایر میرزاییان(2)
ئاسمان مووه‌كانم ڕاده‌كێشێ
زه‌مینیش خۆی به‌ له‌شم هه‌ڵواسیوه‌
منیش په‌نا ده‌به‌مه‌ به‌ر دڵی شه‌و
له‌ هانام بێ ..
هاواری من ،
كه‌ وه‌ك گڕیی ئاگر كڵپه‌ ده‌كا
یه‌كه‌م قرچه‌ی سووتان
له‌ هه‌نییه‌ی سڕم ده‌چه‌قێ ..
زمانی مه‌شخه‌ڵداری شه‌و
ڕێڕه‌وه‌ ڕۆشنه‌كان ده‌لێسێته‌وه‌ ..
به‌ڵام من خلۆر ده‌بمه‌وه‌
له‌ ناو پێچی گه‌رده‌لوولدا خلۆر ده‌بمه‌وه‌
ده‌سته‌ قوڕاوییه‌كانیشم
به‌ ده‌م و چاومه‌وه‌ گرتووه‌ .

پـاسـه‌وان
ئارشاویر مه‌گه‌ردیچ(3)
دێرزه‌مانێكه‌ هه‌تاو
به‌ چه‌كووشی په‌لكه‌زێڕینه‌ی ڕه‌نگینی
ئه‌شكه‌وتێكی بۆ دروست كردووم
هه‌موو ماڵ و ده‌وڵه‌تی من
به‌ دیواری ئه‌شكه‌وته‌وه‌
چوار وێنه‌یه‌ ،
چوار وێنه‌ی پارچه‌ پارچه‌ :
خاك ، برسی و گۆشه‌گیره‌
ئاو ، به‌ لێوی وشك هه‌ڵاتوو
ئاگر ، به‌ چاوی بێ ڕوناهی
با ی بریندار ،
له‌سه‌ر پێخه‌فدا كه‌وتووه‌ ..
له‌ ده‌روازه‌ی ئه‌شكه‌وته‌كه‌م
گوڵبه‌ڕۆژێ پاسه‌وانه‌
به‌رابه‌ر
هێرشی خۆر وه‌ستاوه‌ .

• سه‌ت ساڵی تر
گالۆست خانس(4)
سه‌ت ساڵی تر
یه‌كێ دێت و ده‌ڵێت :

  • لێره‌
    له‌سه‌ر ڕووی ئه‌م كاغه‌زه‌
    له‌ هه‌ناسه‌ی ئه‌م خاكه‌دا
    له‌ خانوویه‌كی ئه‌م كۆڵانه‌ خواره‌دا
    مرۆڤێ ده‌ژیا
    به‌ دڵێكی گه‌وره‌
    به‌ هه‌ستی پاك و پیس
    به‌ عه‌شقی یه‌كڕه‌نگی و به‌ بێ وه‌فایی
    به‌ پێی ماندووی نه‌سایه‌وه‌
    به‌ ده‌ستی بۆ ئاسمان به‌رز
    به‌ چاوی بۆ تیشك شێت
    به‌ گفتوگۆ و قسه‌ی ناخۆش
    مرۆڤێ ده‌ژیا
    مرۆڤێ
    هه‌موو شتێ به‌ كه‌چ تێده‌گه‌یشت
    له‌باتی نان
    تریفه‌ی ئه‌ستێره‌ی ده‌جووی
    گردی به‌ پێیان وه‌نه‌بوو
    له‌ جیاتی جه‌سته‌
    گیانی ئافره‌تی ده‌ویست ..
    ئه‌وه‌ی خۆش ده‌ویست لێی بێزار بوو
    وه‌ك ئاده‌مزادێكی سه‌رڕاست
    ڕێی گرتبوو
    هیچ وه‌ختێ كڕنۆش بلردنی نه‌ده‌ویست ..
    ئا ئه‌و مرۆڤه‌ی
    سه‌ت ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ژیاوه‌
    ئه‌و مرۆڤه‌ دلێرانه‌
    ئاوازی زوڵمی بیستووه‌ و
    وتوویه‌تی :
    سه‌ت ساڵی تر
    یه‌كێ دێت و ده‌ڵێ :
    لێره‌
    له‌سه‌ر ڕووی ئه‌م كاغه‌زه‌
    مرۆڤێك ده‌ژیا
    ئینسانی خۆش ده‌ویست
    هه‌موو شوێنێكی پشكنیوه‌ و
    تاڵی چه‌شتووه‌
    له‌ ته‌واوی ڕێبوارانی پرسیوه‌
    به‌ڵام لای هیچ كه‌س
    له‌ هیچ كوچه‌یێ
    ناو ونیشانی (عه‌داله‌ت)ی نه‌دۆزیوه‌ته‌وه‌ .

(1) ئا . ئه‌سڵان ، شاعیرێكی ئه‌رمه‌نییه‌ ساڵی 1907 له‌دایك بووه‌
له‌ زۆربه‌ی ڕۆژنامه‌ و گۆڤاره‌كاندا شیعری بڵاو كردووه‌ته‌وه‌
به‌ تایبه‌به‌تی له‌ گۆڤاری (واردزنونه‌د)دا
و به‌ یه‌كێك له‌ شاعیره‌ له‌پێشه‌كانی ئه‌رمه‌ن داده‌نرێ .

(2) زۆرایر میرزاییان ،1916 له‌ دایك بووه‌ ، میرزاییان جگه‌ له‌وه‌ی
شاعیر بووه‌ ، چیرۆكنووس و وه‌رگێڕیش بووه‌ . چه‌نین به‌رهه‌می ناوازه‌ی
كردووه‌ به‌ ئه‌رمه‌نی له‌وانه‌ چوارینه‌كانی بابا تایه‌ری هه‌مه‌دانی .
(3) ناوی ته‌واوی ( ئارشاویر مه‌گه‌ردیچیان)ـه‌ 1913 له‌دایك بووه‌ .
(4) گالۆست خانس ، 1910 له‌دایك بووه‌ ، یه‌كه‌مین به‌رهه‌می 1928 بڵاو كردووه‌ته‌وه‌ .

(*) كۆی شیعره‌كان له‌ ژماره‌ (11) ی ئۆردیبه‌هه‌شتی ساڵی 1349ی
هه‌تاوی گۆڤاری (سخن)ی فارسی تایبه‌ت به‌ ئه‌ده‌بیات و كولتوور
كراون به‌ كوردی .




ژیان بە جووتێ نەعلەوە.. نەوزاد بەندی

ساڵانێکە خۆم حازر ناکەم بۆ زستان ..
نە نەوت ئەکڕم ..
نە کومبار ..
نە گوێز‌ ..
نە دەستکێش و گۆرەوی خوری ..
وەک ئەوەی هیچ ڕووی نەدابێ ،
بە تەنیشتیدا ڕەت ئەبم ..
ساڵانێکە خۆم حازر ناکەم بۆ بەهار ..
نە جلی کوردی ..
نە کڵاشی پەڕۆ ..
نە سەیران …
وەک چۆن خەڵک خۆیان حازر ناکەن بۆ سەری مانگ ..
وەک چۆن سەری مانگ هیچی پێ نییە بۆ خەڵکی ..
وەک نائومێدبوونی خەڵک له پەرلەمان ..
وەک چۆن ئازادی هیچی پێ نیە بۆ خەڵکی ..
ئاوا ساڵانێکە ، خۆم حازر ناکەم بۆ سەری ساڵ ..
نە سەفەر ..
نە ئاهەنگ ..
نە پیاسە ..
وەک چۆن خەڵک نائومێد بوون لە شۆڕش ..
وەک چۆن شۆڕش کۆمەڵێ بازرگانی پشتا و پشتی خستە کۆڵی خەڵکی ..
وەک چۆن خەڵک ، خۆیان حازر نەکرد بۆ هەڵبژاردن ..
وەک چۆن هەڵبژاردن خەڵکی لە هەموو هیوایەک داڕنی ..
وەک چۆن مناڵ خۆی بۆ مەکتەب حازر ناکا ..
وەک چۆن زانکۆ ، ووڵاتی پڕ کرد لە خاوەن بڕوانامەی بێ ئیش ..
وەک چۆن شەقام بوو بە ژێر عەرەبانە و سواڵکەرەوە ..
وەک چۆن مزگەوت تەنها کوشکێکی ڕەنگا و ڕەنگ بوو ، خاڵیی لە باوەڕدار ..
وەک چۆن باران خۆی دزییەوە لە پاییز ..
وەک چۆن بەهار گیرفانەکانی پڕ بوون لە قالۆنچە ..
ئاوا ساڵانێکە خۆم حازر ناکەم بۆ نیشتمان ..
هیچ شەقامێکی بانگم ناکا بۆ پیاسە ..
خۆم بۆ هیچ ئاهەنگێکی حازر ناکەم ..
شەوان تەماشای هەواڵی ئەلجەزیرە ئەکەم ..
سەیری درامایەکی ئینگڵیزی ئەکەم ..
تەماشای شەقامەکانی ئەستەنبوڵ ئەکەم ..
وەک چۆن ئیبراهیم ئەمین باڵدار دوای ئەوەی هەموومانی فێری خوێندەواریی کرد ، لە غەریبیی مرد ..
وەک چۆن حاجی قادری کۆیی ، دوای ئەوەی هەموومانی فێری نیشتمانپەروەریی کرد ..ڕۆحی لە تورکیا کێشرا ..
وەک چۆن نالی ، لە ئەستەنبوڵ نەگەڕایەوە ..
وەک چۆن ئەمین فەیزی لە خانەی پیرانیی غەریبیی ، گیانی بەخشی ..
ئاوا خۆم بۆ هیچ هەواڵێکی بە پەلەی کورد حازر ناکەم . ..
هیچ گۆڤارێکی ناتوانێ قژی سەرنجێکم داهێنێ..
خۆم بۆ وادەی دابەشکردنی هیچ کتێبێکی حازر ناکەم ..
هیچ نوسەرێکی هەستی شانازیم تێدا ناوروژێنێ ..
خۆم بۆ بینینی هیچ کچێکی حازر ناکەم ..
ناتوانم شیعر بۆ هیچ دیمەنێکی بنوسم ..
گۆرانییەکانی تەریقم ئەکەنەوە..
ئەوەی ئەیبینم هەر تەنەکەی خۆڵە ..
بۆگەنی زبڵ دیارترین داهێنانە لێرە ..
من بۆگەنی زبڵ بوومایە خۆم کاندید ئەکرد ،
دەنگی ملیارێک مێش مسۆگەر بوو ..
ئاوا خۆم بۆ شەوچەرەی پاییز‌ حازر ناکەم ..
لە پەنایەکا بە دیار گوگڵ ترانسلەیتەرەوە ،
خۆم به زمانێکی ئەنگلۆ سەکسۆنیەوە سەرقاڵ ئەکەم ..
هیچ شەوێ خۆم بۆ خەوتن حازر ناکەم ..ئاخر لێرە خەون به چییەوە ببینم ؟
وەک چۆن دادگاکان پڕ بوون لە تەڵاق ..
وەک چۆن دەریاکان پڕ بوون لە کوردی خنکاو ..
وەک چۆن شەقامەکانی دنیا ، پڕ بوون لە کوردی بێ ئیش ..
وەک چۆن مەدفەع و فڕۆکە و درۆنەکانی دنیا ، بەیانیان دەستنوێژ هەڵئەگرن و خۆیان بۆ کورد حازر ئەکەن ..
وەک چۆن هەرچی کافر و خەلیفەی دنیایە ، چێژ لە کوشتنی کورد ئەبینن ..
وەک چۆن کورد خۆیشی ، سەگ ببینێ کورد نەبینێ ..
ئاوا لە هیچ شتێکا خۆم بۆ کورد حازر ناکەم ..
لە بیابانێکدام ، لمێکی زۆری لێ ڕژاوە ،
ئیتر خۆم بۆ چی حازر کەم ؟
لەجیاتی لە ڕۆژەکاندا بژیم ، وەک سەهۆڵفرۆشێکی بێ ئیش ، خولەک و سەعاتەکان ڕیز ئەکەم و .. بێ ئەوەی خۆمیان بۆ حازر کەم ، ئەتوێنەوە ..
چێشتەنگاو ، خۆر ڕمێ بەرز بۆتەوە و
من لەناو پێخەفدا ئەتلێمەوە …
وەک چۆن جەنڕاڵی پاییز لە خوێنی خۆیدا ئەتلایەوە ..
وەک چۆن حەسەنی قزڵجی کەس نەیزانی چی بەسەرهات ..
وەک چۆن کۆڵبەرەکان لەسەر تاوێرە بەردەکان ، زۆرانبازی لەگەڵ نانا ئەکەن ..
وەک کارەبا …
وەک جامی ڕەشی ئوتومبیل ..
وەکو تیرۆر ..
وەک ئۆپۆزیسیۆنی درۆزن ..
وەک یەکگرتنەوەی هێزەکانی 70 و 80
وەک ئیسلامیی بە خوێنی سەری یەکتری تینوو ..
شتی تریش ..

ـــنەوزاد بەندی ـــــ




یەکێتی بە بەردێک دوو پۆستی لەدەستی پارتیا کوشت.. سامانی وەستا بەکر

سەرەتای گەمەکە:
ئەگەر کەمێک بەووردی لە دیمەنی شانۆی هەڵبژرادنی سەرۆک کۆمار بڕوانی ئەتوانرێ بە ئاسانی لایەنی سەرکەوتووی شانۆکە ببینرێ و هەرئەوەشنا بەڵکو ئەتوانرێ لەوەش تێبگەی کە سیاسەت چ زەلکاوێکە.

ی.ن.ک و سەرۆکەکەیان زۆر بە سانایی ی.ن.ک گەمەیەکی زۆر زیرەکانەیان کردوو و توانیان بەجۆرێک پ.د.ک فریووبەن کە نەک بەس تەنها پۆستی سەرۆک کۆماریان لێبردنەوە و جارێکی تریش مۆری موڵکی یەکێتی پێوەنایەوە، بەڵکو بەجۆرێک گەمەیان کرد کە پارێزگاری داهاتووی کەرکوکیش ئەگەر جارێکیتر بۆ کوردبێ ئەوا هەر بۆ ی.ن.ک ئەبێ.

سەرەتا یەکێتی باش ئەوەی ئەزانی کە سەرۆکی پ.د.ک هەمیشە شەری کۆنە قین ئەکات و شکستی پێشووی فواد حسێنی بەرامبەر د.بەرهەم ساڵح لەبیرناچێ و بەهیچ جۆرێک بەئاسانی ڕێگە بە هەڵبژاردنەوەید. بەرهەم نایەن، هەربۆیە بۆیە بە مسۆگەرکردنی ئەو پۆستە د. بەرهەم ساڵحیان وەک کەپشی فیدا لەدژی خواستی سەرکۆی پارتی دیاریکرد.

کەواتە ئەمەیان بۆ کرد؟
ئەوان باش لەوە تێگەشتبوون و ئەیانزانی کە هەر کەسێک بەربژێر و دیاریبکەن بێ هیچ گومانێ ڕکابەرێکی پارتی بەرامبەر دیاری ئەکرێ، بۆیە ئەبوو ئەو کاندیدە د. بەرهەم ساڵح بێت، کە بەهیچ جۆرێ شانسی متمانە وەرگرتنی پارتی و سەرۆکەکەی نابێ، لەهەمان کاتیشا ترسێکی زۆر لەدڵی پارتی و سەرۆکەکیا دروست ئەکات، بەجۆرێک کە ئەبێتە شورەییەکی گەورە ئەگەر دووجار بەرامبەر هەمان کاندید شکست بهێنن، ئەوەش وا لە پ.د.ک و سەرۆکەکەیان ئەکات کە بۆ دەربازبوون لە شکست داوای کشانەوەی د. بەرهەم ساڵح بکەن، لەبەرامبەریشا هەر کاندیدێکیتر ی.ن.ک دیاریبکات ئەوان دەنگی پێئەیەن، ئەمەش نهێنی ئەو گەمەیە بوو کە یەکێتی کاری لەسەر ئەکرد.
بەو جۆرە ی.ن.ک پۆستی سەرۆک کۆمار هەر لای خۆیان ئەهێڵنەوەو بۆ جاری چوارەم، بەڵام ئەمجارەیان بە ڕەزامەندی پارتی و سەرۆکەکەیان مۆری مۆرکی یەکێتی بوونی ئەو پۆستە بەدەستی خودی پارتی و سەرۆکەکەی لە کۆشکی کۆماری عێراق بۆ یەکێتی ئەنەخشێنن، سەرنجامیش یەکێتی کاندیدە دڵخوازەکەی خۆیان و گەیاندنی پوری سەرۆکی یەکێتی وەک خانمی یەکەمی عێراق بە کۆشکی کۆماری بەدەستئەهێنن، بەمەش ئەوترێ زیرەکی ئەگەر وا بیریان لێکردبێتەوە.

خواستی ی.ن.ک یان بنەماڵە؟
بۆ یەکێتی و سەرۆکەکەی بێگومان کەسێک لەبنەماڵەی خۆیان باشترە تا هەر بەربژرێکیتر، بەتایبەتی ئەگەر ئەو کەسە هاوسەری کارگێڕی مەکتەبی سیاسی حیزبەکە و مێردی پوری سەرۆکی حیزبیش بێت، نابێ ئەوەش لەبیر بکرێ کە کچانی ئیبراهیم ئەحمەد هیچ کاتێ کەیفیان بە خێزانی د. بەرهەم ساڵح نەهاتووەو ناشیەت، پێشتریش ناڕەزای زۆریان هەبوو وە ڕێگری زۆریان کرد تا ڕێگەنەیەن ببێتە خانمی یەکەمی عێراق، بەڵام ئەو کاتە ناچاربوون چونکە د. بەرهەم ساڵح بەربژێری پەسەندکراوی زۆربەی لایەنە عێراقییەکان بوو.

ئەگەر لەسەرەتاوە ی.ن.ک د. لەتیف ڕەشیدی کاندید کردایە بۆ سەرۆک کۆمار هیچ گەرەنتیەک نەبوو بۆ سەرخستنی بۆ ئەو پۆستە، بەڵام زیرەکانە و وەک بەربژێری سەربەخۆ ڕێگەیان لێنەگرت، بەڵام هیچ کاتێکیش وەک کاندیدی ئەو حیزبە ڕەفزیان نەکردەوە، بەڵکو تەنها ئەیان ووت تاکە کاندیدی ئێمە د. بەرهەمە، ئەمەش بەو واتایەی کە ئەو حیزبە بەئاگری سوتاندنی شانسی د. بەرهەم ساڵح ڕێگەی بەردەمی د. لەتیف ڕەشیدی ڕووناک ئەکردەوە.

یەکێتی چی تریشی بردەوە؟
ی.ن.ک بەم کارەی تەنها پۆستی سەرۆک کۆماری بۆ خۆی قۆرخ نەکرد، بەڵکو کارێکی کرد کە بەربژێرە دڵخوازەکەیان لەلایەن پارتی و سەرۆکەکەیانەوە وەک کاندیدی ناچاری پارتی دیاری بکرێ بۆ ڕێگری کردن لە هەڵبژاردنەوەی د. بەرهەم ساڵح، بەوەش یەکێتی نەک هەر سەرۆک کۆماری بردەوە، بەڵکو یاریەکەی بەجۆرێک زیرەکانە کرد کە لەپۆستەکانی تری حکومەتی داهاتوو بێبەش نەبێ، لەهەمان کاتیشا پۆستی داهاتووی پارێزگاری کەرکوکیش هەر بۆ ئەو حیزبەبێت.
لە نەخشە ڕێگای بەرەو کۆشکی کۆماری ی.ن.کوردستانا بەجۆرێک پ.د.ک فریویرا کە بەربژێرە دڵخوازەکەی یەکێتی و سەرۆکەکەیان وەک بەربژێری دڵخوازی پارتی و سەرۆکەیان دەستنیشان بکرێ، بەجۆرەش لە داهاتووا ی.ن.ک داشی سوارئەبێ، ئەتوانێ شەڕی ئەوە بە پارتی بفرۆشێ کە پۆستی سەرۆک کۆمار بەدڵ و خواستی پارتی و سەرۆکەکەیان بووە، بۆیە لەبەرامبەرا ئەبێ پۆستی پارێزگاری کەرکوک بۆ یەکێتی بێت، واتە ی.ن.ک و سەرۆکەکەیان بە بەردێک نەک دوو چۆلەکە بەڵکو دووجار پ.د.ک و سەرکۆکەکەشیان کوشت.

سیمای سیاسەت:
لە کۆی جیهانابەشێوەیەکی گشتی نە سیاسەت کارێکی بێ نیشانەی پرسیارە، نە سیاسەتوانانیش خەڵکانێکی بێ گومانلێکراون، ئەم نێسانەی پرسیار و گومانەش لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکیتر ڕێژەکەی ئەگۆڕێ، تا لە ڕۆژهەڵات نزیک ببیتەوە ڕێژەکە زیائەکا، وە لە عێراق و هەرێمی کوردستان ڕێژەکە بەجۆرێک بەرزە تەنانەت خودی سیاسیەکان لە مێدیاکانەوە باس لە گومان و نیشانەی پرسیار لەسەر ئەو ئەزموونە ئەکەن کە خۆیان خوڵقێنەر و بەڕێوەبەرین.

یەکێک لە نەشارینیەکانی سیاسەت ئەوەیە کە شوێنێک نیە بۆ متمانە بوون و باوەڕکردن، بۆیە هەمیشە مرۆڤە ڕاستگۆو بێ فێڵ تەڵەکەکان تیایا شکست ئەهێنن.
براوەی سیاسەت ئەوانەن کە هەمیشە لەیەک کاتا دوو ڕوو، دوو زمان و دوو دیویان هەیە.
لەسیاسەتا گرنگ نیە چەن وە بەچی پێبکەنی، گرنگ ئەوەیە لەکۆتاییا پڕ بردڵی خۆت پێبکەنی، تاکە ڕێگاش بۆ ئەمە تەنها درۆ، فێڵ، تەڵەکەبازی، فریودان، فرۆشتنی نزیکترین هاوڕێکان بۆ کڕینی کورسی زیاتر.

سامانی وەستا بەکر
١٤-١٠-٢٠٢٢
سوید-ستۆکهۆڵم




سەمای پەنجەکان.. نوسینی: نەوشیروان ئازاد

بە جوڵەی سەری پەنجەکانی.. ئەو ئارامیەک دەبەخشێتە ڕۆحە ماندوەکان ، ئەو بەسەمای پەنجەکانی خشنودیەک دەبەخشێتە گوێگرەکانی .. تۆ لەکوێ بیت ئەو لەوێیە .. ئەو هونەرەکەی بەتەنیا لەماڵەکەی خوێدا قەتیس نەداوە ، دێتەسەر شەقام و بەهەموو میللەت دەڵێ …خەڵکینە جەم بن ..ئارام بن …گوێبگرن ژیان چەن بەچێژە چەند خۆشەئەگەر بەخۆشەویستیەوە لێی بڕوانن و گوێبیستی بن . ئەو جیاوازلەدەستگێڕەکانی ناوبازاڕ ..جەنجاڵی ناداتەژیان..بەسەری پەنجەبزۆزەکانی ئازارەکانی ناخی خۆی دەکات چەپکێ سەمفونیای خۆشەویستی تا ئاسودەگی بکاتەوە بەبەر گیانەماندوەکاندا…

حەمیدی جوان جەمیدی هەمیشە لەدڵاشیرین ..لەدایک بوی گوندەجوانەکەی ئاوەکورتێ و دانیشتوی ئێستای بازیان …دەرچوی پەیمانگەی هونەرەجوانەکانە ئەو پتر لەپەنجا خەڵاتی جوراو جۆر ی وەرگرتوە..ئەو دەیان شارو شارۆچکەی نیشتمان گەڕاوەو لەسەرشەقامەکانی ئەرمینیا و تورکیان و زۆرێک لەشارو شارۆچکەکانی نیشتمان..میوزیکی ژەنیوە ئەو میوزیکی لەستۆدیۆکانەوەگواستۆتەوەبۆ سەر شەقام ،تالەنزیکەوە تێکەڵ بەڕۆحی هەژارو ماندوەکانی شاربێت …ئەولەوجێگەیەیە کەتۆ لەوێیت …ئەو دەروێش عبداللەی سەردەمە…..بەڵام داخەکەم ئەوخەڵکەی کە بۆیاندەژەنێ هەمان خەڵکی سەردەمەکەی دەروێش عەبدوڵان …

ئەوەندەم بیست لەمۆسقاو خرۆشی ڕۆحی بێگانە…

میزاجی کوردەواریم تێکچوە دەروێش عبدوڵا ..

دەخیلت بم دەسا بەو ئای ئای و لاوک و حەیرانە…

سکاڵایەک لەگەڵ ڕۆحی کڵۆڵم کە…

Nawshirwan Azad




بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا…31.. شەماڵ بارەوانی

بەشی سی و یەک/

فەقێیەکــی چــاوچنۆک..!

کاتێک فەقێ بووم و لە حوجرە و خوێندنی ئیسلامی دەمخوێند، هەموو ساڵێک، کاتێک کە مانگی ڕەمەزان دەهات، من و هاوڕێ فەقێکانم بەسەر دێیەکان دا دابەش دەبووین.
لە یەکەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزانەوە، تایەکەم ڕۆژی جەژن لەوێ دەماینەوە و نوێژی تەراویحمان بۆ ئەنجام دەدان و وتاری عەسرانەی ڕەمەزانمان بۆ دەدان، جا جاری وابوو هەندەک لە فەقێیاکان هەرلەناو شاری هەولێر لە یەکێک لە مزگەوتەکان ئەو مەڵایەتیەی ڕەمەزانێمان دەکرد.
ئینجا ئەو خەڵکەی دێ، یان شار، لە بەرامبەردا زەکات و سەرفیترە و خێر و خێراتیان پێدەداین.
بەینی خۆشمان بیت، هەرکاتێک مەڵایەک پێی بگووتباین وەرن بڕۆن بۆ فلان دێیە، هەندەک لە فەقێیەکان، یەکسەر بیرمان بۆ گیرفان و پاره دەڕۆیشت و خێرا و بەر لەهەر شتێک دەمان پرسی: چەورە، یان، نا؟ چەند ماڵن؟ خەڵکەکە سەخی و دەستکراوەن، یان قرچۆک و چاوچنۆکن؟

ئەوەش بەینی خۆمان بیت، منیش لە کاتی فەقێیاتیم، بە فەقێیەکی تۆزەک قرچۆک و چاوچنۆک ناسراو بووم. فەقێکان وایان پێ دەگووتم، هەرچەند ئەوەم زۆر پێ ناخۆش بوو کە وایان پێ دەگووتم. چونکو من هەرگیز خۆم وا نەدەبینی و دانم بەوە دانەدەنا.
هاوڕێ فەقێکانم زۆرجار پێیان دەگووتم: تۆ قەناعەتت نییە، قەناعەت!
ئێ کاکە فەقێیەکی برادەرم هەبوو، ساڵەکی لە مەڵایەتی ڕەمەزانێ، زیاد لە دەفتەرێک دۆلاری وەرگرت، لەناو شاری هەولێر و بە زمانە عەشایەری و بازاڕیەکەی دەڵێت:ڕێک ڕۆیشت ژنەکی بەو زیاتر لەو دەفتەرە دۆلارە ئازیزە هێنا.
منیش لە دێیەکی لای دەڤەری خۆشناوەتی و شەقڵاوەی، دێیەکی لە خۆم چاوچنۆک و قرچۆک تر، سەت دارت لێ بدابان دینارەکیان لێ بەرنەدەبوویە و مەلاکان لە پانزەی ڕەمەزان و ئەو ناوە باسی سەرفیترە و زەکات و شتیان دەکرد،
کاکە بە خوای من هەر لە یەکەم ڕۆژی ڕەمەزانێوە دەستم پێدەکرد و مێشکی ئەو خەڵکەم کاسدەکرد هێندەی باسی فەزلی دەستکراوەیی و خێرکردن و زەکات دان بکەم.
ئینجا نەک هەر ئەو هەموو ئایەت و فەرموودانەی کە لە ئیسلامدا هەن و هانی دەستکراوەیی و خێرکردن و زەکات و شت دەدەن ڕیزم دەکردن،
دەهاتم هەرچی ڕیوایەتی زەعیف و هەڵبەستراو درۆش هەبوو دەمهێناوە و لەسەر مینبەر و لە وتاری جومعە و عەسرانی ڕەمەزانێ دەمگووتنەوە و دەمگووت:ئەو خەڵکە بەستەزمان و عەرەبی نەزان و شەرع نەزانە توزانن ڕیوایەت و حەدیسی سەحیح و مەزوع و حەسەن و مەقتوع و مەرفوع و فلان لیغەیریهی و فیسار لیزاتیهی چییە و کامە قەڵە و کامەی لاواز و کامەیشی درۆیە.
جوان جوان هەموویم دەهێنان و هێندەی تر شەکر و ترش و خوێم پێدادەکردن و بۆم دەگووتن و دەمگووت:دەی مادام لۆ کاری خێرێ و هاندان لۆ چاکەکردنێ و فەزائیلی ئەعمالێیە، درووستە و بە دڵی خۆم ملی شەرعم لۆ خۆم خواردەکردەوە.
ئینجا تۆ لەوە بگەڕێ کە کێ توزانێت مەسەلە چییە و وەڵاهی قسەی بە عەربی بکە و بڵێ:وە فی ڕیوایەتین فی کیتابو”ئەلتەرەب وەلئەغانی لی جەمالول دین ئەلکەسنەزانی” ئەننە ڕەسوڵە الله( سەلەلاهۆ عەلەیهی وەسەلەم) : ڕەئا ڕەجولەن، فەوقەلشەجەرەتی یەئکولو ئەلتوفاحەتی،
هەمووی وادەیزانی ئایەت و حەدیسه هاهاها

لەو دێییە تۆ گەر بشتگووتبایه: خوا و پەیامبەر لە خەون نامەکەی ئیبنولسیرین و فلان کیتابەی فرۆیدی وا دەڵێن، کەسیان نەیدەزانی مەسەلە چییە و تەقەی سەریان دەهات !
هەرهێندە بەسە ناوی خوا و پەیامبەرت بۆ زیادکردبا و تەواو، ئیتر هەمووی سەڵاوەت و سوبحانەاللەیان بۆ دەکرد و بێ لام و جیم وەریان دەگرت.
ئێ چاوەکەم من ئەو هەمووەم کرد و لەگەڵ ئەوەشدا
هەزار دووعا و شەو نوێژ و شتم دەکرد، هەتاکو حەفسەد هەزار دیناری حیزم وەردەگرت.
فەقێی هاوڕێشم دەفتەرێک زیاتر و ئینجا پێشی دەگووتم تۆ قەناعەتت نییە براکەم قەناعەت.
ئێ کو قەناعەتم هەبێت و ئیمان لەکەلەم بمێنێت و دەهری نەبم؟
لە کاتێکدا تۆ سەرووی دەفتەرێک وەربگریت و میش کەمتری له ملیۆنێک؟

ئینجا باسەرتان نەیەشێنم و درێژەی پێ نەدەم و بابێینەوە سەر بەسەرهاتێکی تری ژیانی فەقێیاتیم لەو دێیە.
هەڵبەت، بە پێی فیقه و شەرعی ئیسلامی هەر كەسێكی ساخ و سەلامەت بێت، لە هەموو مانگی رەمەزانێ هەموو ساڵێک دەبێت پڕە پارەیەک، یان بڕێکی دیاریکراو لە یەکێک لەو جۆرە دانەوێڵانەی کە مەزهەبەکانی ئیسلام و بە تایبەتی شافیعی دیاریکردووە بدات بە هەژارەکان، ئەوەی پێی دەڵێن سەرفیترە.
جا ئەو سەرفیترەیە، یان سەر قەبڵاندن و سەرچاکردن، بۆ کەسێک پارەی بدابووایە، لێژنەی فەتوا لە یەکێتی زانایان لەو ساڵەی من تێدا مەلای ڕەمەزانێ بووم لەو دێیەی مەنتیقەی خۆشناوان و نزیک پیرە چیای سەفینێ، بڕەکەی بۆ هەر کەسێک لە تەواوی مانگەکە(٣٠٠٠) هەزار دینار بوو.

بۆ كەسێكیش کە چووە ناو تەمەنەوە و نەتوانێت بە رۆژوو بێت، ئەوا دەبێت بۆ هەر رۆژێك (٣)هەزار فیدیە بدات و لە مانگێكدا و هەرسی ڕۆژەکەی ڕەمەزان دەكات بە (٩٠)هەزار. جا لە فەقێیاتی لەو دێیەی نزیک شەقڵاوەی، کە مەلای رەمەزانێ بووم، هەر رۆژەی دەچوومە مالەكی لۆ نانخواردنێ.
رۆژەك ڕۆشتمە مالەکی، دایە حاجیەک و مامە حاجیەکی زۆر بە تەمەنیان هەبوو، هێندە بە ساڵداچووبوون لە پیریان بە گاگۆلکە دەرۆیشتن، لە دڵی خۆمدا گووتم: لێدە مەلا، وەڵا لۆتی گرت، لۆ وەناکەی، ئۆخەی ئەوجارە بە دڵی خۆت دەبێت، دوو نەفەر دەكاتە(١٨٠)هەزار دینار و نەمردم و لە کۆتاییدا فیدیەیەکی چەوری سەت و هەشتا هەزاری ئەو دووەم مسۆگەركرد.
ئینجا لە خۆشیان وەختابوو بفڕم و لەگەڵیان کەوتمە سوالفە و قسەکردنێ و گووتم: با بەبن گوێیانیان دا بچرپێنم، نەوەک لەو مەسەلەی فیدیە و شت نەزانن. وەکوو ئاماژەم دا خەڵکی دێیەکە هیچ شارەزاییەکیان لە ئایین و شت نەبوو.
پیاو دەهاتن و سەبارەت بە خۆشۆردن و غوسڵدەرکردن و جوتبوون و شت لە ڕووی شەرعەوە پرسیاریان لێدەکردم، بۆم دەردەکەوت کە تائێستا هەموویان بە هەڵەکردووە.

من چەندجار بۆ شۆخی خەڵکەکەم دەگووت: وەڵاهی ئاینی ئیسلام هێشتا نەگەیشتووەتە ئێره و وابزانم من یەکەم کەسم هاتووم تا ئەو دێیە فەتح کەم هاهاها

کە وام دەگووت دەیاندا قاقا.

ئێ سەرتان نەیەشێنم، گووتم: داپیرە گیان، دەزانن ئەو ساڵ دنیا زۆر گەرمە، ڕۆژوو گرتن هەندەک زەحمەت بووە و بە ماندوو بوون و مەشەقەتە، بە تایبەتی بۆ ئەوانەی بە تەمەنن، وەلێ شوكور دینی ئیسلام یەک پارچە ڕەحمەتە و خوا ئاسانکاری بۆ کردوون و ئێوە خۆ ڕۆژووشتان لەسەر نییە، دەتوانن لە جیاتی ئەوە فیدیە بدەن و خودا لە قورئانی پیرۆزدا دەفەروێت(یوریدوالله بیکمولیوسرە، وەلا یوریدو بیکمولعوسرە).
کەوام گووت،
دایە حاجی چیم پێ بڵێ باشە؟
: ئەیەڕۆ كوڕم ئەوە تو چ ئەرێی؟! وەڵاهی رۆحیشم دەرچێت ئەو رۆژووە جوانانەی خۆم ناشكێنم. مامە حاجیەکەش لێی وەرگرتەوە، مامۆستا ئەوە کو درت دێ وابرێیت، ئەمە هەرگیز، ڕۆژووەکانمان ناشێکین.
کە گووتیان ڕۆژەکانمان ناشکێنین، لە شوینی خۆم سارد بوومەوە و خەنجەریان لێدابام، خوێن لە لەشم نەدەهات لە داخان.
زۆرم گووت و هەوڵم لەگەڵدان و یەک دنیا ئایەت و حەدیس و قیلە و قالم بۆ هێنانەوە، کە بە رۆژوو نەبن و لەسەریان نییە، سوودی نەبوو و دەست بەتاڵ لێی هاتمە دەر و سەت و هەشتا هەزارەكە بوو بە(٦)هەزار و ماڵم بە قوڕ گیرا.




عەریزە.. پشکۆ ناکام

                                                              

…..ئەی خودای گەورەتر لە گەورە ، خالقی هەرچییەک کە هەناسە ئەیا لە ڤایرۆسەوە تا حوت و فیل ، بەرپرسی هەرچییەک هەبوە و  هەیە و ئەبێ..سڵاوێک لە ئەرزەوە بۆ خۆت و هەموو هاوکارانی عەرشە مەزنەکەت کە تا ئێستا نازانرێ لەکام تەبەقەی حەوت تەبەقەکەی ئاسمانە..

بەبۆنەی تێپەربوونی هەزار و چوارسەد بەسەر دەرکەوتنی دواپەیامبەر و دوا ئاینت هەقی خۆیەتی وەک عەبدێکی خۆت ڕاز و گلەییەکی خۆم بکەم ،بۆ دەستوەرانن نا لە کاروبارەکانت ، چونکە ئەوەی تۆ ئەتەوێ هەر ئەوەیە و گەڕانەوەی بۆ نیە ، تەنیا وەک سكاڵایەک و هیوام وایە غەزەب نەبارێنی بەسەرما…

هەزار و چوارسەد تێپەڕیوە و تۆ هەر بێدەنگیت ، نە نوتقێ نە سەنگێ نە دەرکەوتنێک ! لەو کاتەوە جگە لە شەڕەکانی سەدەکانی ناوەڕاست دوو جەنگی گەورەی جیهانی ڕوویاوە و مەترسی سێهەمیش هەیە ، بە دەیان ملیۆن کەس تیا چون ، ووڵاتان وێران بوون ، کەچی تۆ لەو بەرزاییەوە بۆخۆت سەیر ئەکەیت وەک چۆن کاتی خۆی قورئانت بۆ عەرەب نارد تا ئاقڵ بن ئەم هەموو شەڕ و شۆڕە کەسێکی وەکو “محمد”ت نەنارد یان کتێبێکی وەک قورئانت نەنارد تا ئەو خەڵکە واز لە یەکتر بێنن و وەک عەرەب ئاقڵ بن ،هەرهیچ نەبێ بۆچونی خۆتت بەیان نەکردوە کەم لایەن لەسەر هەقە و کام لاش تاوانبارە ؟ هەرچەنە بۆمان هەیە پرسیار بکەین کە خۆت خالقی هەموومانی بۆ هەموومانت ئاقڵ دروست نەکردوە تا شەڕ و شۆڕ نەبێ ، خۆ ئەدەواتی دروست کردنمان هەر لای تۆ هەیە، تۆ بڵێ ی شەیتان فورسەتی هێنا بێ و چەن  ئەدەواتێکی دروست کردنی ئینسانی دزی بێ؟  بەڕاستی خۆشی چیە سەیری دونیایەک بکەیت کە پڕ بێ لە کوشتن و بڕین و کاول کردن؟ تۆیەک کە (ارحم الراحمین)یت ، ڕەحمێ بەو عالەمە بکە..

كاتێ هەزار و چوارسەد ساڵ لەمەوپێش ئاینێک و پەیامبەرێکی ترت نارد بۆ ئەوەی دونیا چاک بێ و گوایا لە کافر و مولحید و غەیرە دینیەکان پاک بێتەوە ، لە باتی ئەوە ئەوانەی بڕوایان بە ئاین و پەیامبەرەکەی هەیە هەر لە کەم بوونەوەن و کافرەکانیش سێ یەکی دونیان..! دیارە ئەشکالاتێک لە ئاین و پەیامبەرەکەت هەیە ، ئەگینا نە کارەکانی تۆ و نە خەڵکی سەرئەرز بەم ڕۆژە ئەگەیشتن…بۆیە ئێمە وای ئەبینین کە پێویستمان  بە پەیامبەررێکی تازە بە ئەفکاری تازەوە هەیە ، ئێستا دونیا گۆڕاوە، تەنانەت ئەبێ کتێبێکی ئاینە تازەکەش بنێری ، کۆنەکە بۆ هەزار و چوارسەد ساڵ لەمەوپێش نووسراوە ، لەو ماوە زۆرەیا هەزاران گۆڕانکاری ڕووی یاوە کە ئەبێ حسابی بۆ بکرێت ، دەربارەی پەیامبەر وکتێبە تازەکەت چەن سەربجێکی برایانەم هەیە لوتف بفەرموو بە نەزەری ئیعتیبار وەری بگرن :

@ ڕەچاوی ئەوە بکەیت کە پەیامبەرە تازەکەت هیچ نەبێ شەهادەی ئامادیی هەبێ چونکە ئێستا زۆربەی زۆری خەڵک خوێنەوارن و لە دونیا تێئەگەن و باک گراوندی گۆڕانکارییەکانی ژیان و دونیا ئەزانن و بۆ ئەوەی ئەو بتوانێ بەرگری لە پەیامەکەی تۆ بکا و توانای گفت و گۆی هەبێ و هەر تێکەوت پەنا بۆ شمشێرەکەی”کە رەنگە ئێستا دەمانچە بێ” نەبا ، دوا پەیامبەرت نەخوێنەوار بوو بە زۆری تۆ فێری خوێنەوە و نووسین بوو( هەرچەنە کەس دێڕێکی نەبینیوە)، پەیامبەری نەخوێنەوار بەرامبەر ئەو هەموو کافرە خوێنەوارانە هیچی پێ ناکرێ ،

@ با پەیامبەرە تازەکەت سێ چوار زمان بزانێ تا لەسەفەر و کۆنگرە و کۆنفرانسەکانی  پەکی نەکەوێ و هەر بۆ ناو و شکۆی تۆ جوان نیە پەیامبەرێکت موتەرجیمی هەبێ،،

@ زۆر قسەکردن لەسەر سێکس و ناوگەڵ و بە سوک سەیرکردنی ئافرەت لە لایەن پەیامبەرەکەتەوە بە زەرەری  پەیامەکەی تۆ  ئەگەڕێتەوە چونکە کەسی لەوجۆرە بە پێ ی عیلمی سایکۆلۆجی”کە هەزار و چوارسەد ساڵ لەمەوپێش نەبوە” بە حەشەری و نەخۆش و زیانبەخشی خێزان و کۆمەڵگا دائەنرێ

@ ئاشنایەتی لەگەڵ عیلم بە هەموو بەشەکانییەوە یارمەتی پەیامبەرەکەت ئەیا  لە نزیک بونەوە لە خەڵک بە تایبەتی پەیام و  هەڵگرەکەی  دواجارت لەگەڵ عیلما  وەک دۆ و دۆشاو وابوون…

@نوێنەرایەتی کردنی ئینسانیەت مەرجێکی سەرەکی سەرکەوتن و زوو بڵاوبوونەوەی هەموو پەیامێک ، نابێ پەیامبەرە تازەکەت ڕەگەزپەرست بێ بە ناو و بۆ یەک نەتەوە قسە بکا ،  خەڵک “هیتلەر” ی لەبیر نەچۆتەوە..

دەربارەی کتێبە تازەکەشت:

@ هەوڵ بە  بە چەن زمانێک و لە یەک کاتا چاپ و بڵاوبکرێتەوە ، تا هەرکەس و لایەک بەئارەزووی خۆی و چۆن بۆ پەرژەوەندی سیاسی خۆی گونجاو بوو وا شی نەکاتەوە وەک ئێستا چەن گروپێک خۆیان بە میراتگری نەزانن کە لە ناوەڕکا هەموویان یەک سەرچاوەیان هەیە..

@ کەمتر ئیشارەت بە کوشتن و و بڕین و  توند و تیژی و تۆڵە و ڕق و بوغز بات ، باس لە خۆشەویستی و یەکتر قبوڵ کردن و ئیحساسە ئینسانیەکان بکات، ئەکرێ ئایەتێکی بە ناوی”ڤەڵانتاین” تیابێ بۆ سەلماننی پەیامی خۆشەویستی تۆ بۆ بەشەرییەت……..

@ ترسانن و تۆقاننی خەڵک هەر لە مناڵیەوە بە ئاگر و جەهەنەم و دەیان میتودی تری دژە ئینسانی و ئیرهابی و جەللادیی  کۆمەڵگایەک ئەهێنێتەکایەوە کە خەڵک لە ترسا دوات بکەوێ و عیبادەتت بکا  کە دواجار لە ووشیاربوونەوەیا  باجەکەی زۆر گەورە ئەبێ ، بڕواش ناکەم تۆ کە عەرشێکی ئەبەدیت هەیە حەز بەو باجە بکەیت..

@ئەمڕۆ لە سەرتاسەری دونیا ئەزمەی مەسکەن و نیشتەجێبوون هەیە ، بەڵکو وەک کتێب و دوا شەریعەتەکەت ڕێگە نەیا بە حەڵاڵ کردنی نۆ جار ژن هێنان چونکە ئەو هەموو ژن و مناڵە ئەزمەی مەسکەن قوڵ و سەختر ئەکا ، ئەوەنەی من بزانم تۆش هیچ کۆمپانیایەکی مەسکەن دروست کردنت نیە تا بیبەخشیتەوە بەسەر لایەنگران و پەيڕەوانی ئایینە تازەکەت..

@ لە دونیای ئەمڕۆیا ئارایشت کردن  و خۆجوان کردن گرنگی یان بە جل و بەرگ وەک پیشەسازییەکی لێ هاتوە و بە ملیۆنەها خەڵکی لەسەر ئەژی ، جا جگە لە مەسەلە ئینسانیەکەی ، گەر ئابڵۆقە لەسەر ژنان لابەیت ومەسەلەی حیجاب و بەزۆر خۆ داپۆشین لە کتێب و ئاینە تازەکەت لابەیت ئەو هەموو خەڵکەی لەو  بوارەیا کار ئەکەن بێ کار نابن و مەترسییەکانی بێ کاریش نایەتە کایەوە ڕەنگە بەهەزاران کەس کە لەسەر مەسەلەی ئازادی ژن لە بڕیار یان لەسەر بونیەت و شێوەی خۆی لە تۆوە دوورن نزیکایەتیەک لە نێوانتانا دروست ببێ و بیر لە لایەن گیریی کردنی ئاینە تازەکەت بکەن..

@ تەنیا تۆڵە سەنن زمان و دەقەکانی کتێبە تازەکەت نەبن ، لێبوردنێکی گشتی و دیالۆگ لەگەڵ ئەوانەی لە دوا کتێبا بە مولحید ناویان ئەبەیت ، سەرئەنجامێکی سوود بەخشی ئەبێ و بۆ یەکەم جار لەگەڵ نەیارەکانتا هەست ئەکەیت پێش بڕیار یان دیالۆگ مەترسی ناکۆکی و هێز دوور ئەخاتەوە و هاتنەکایەی دیکتاتۆریەت لاواز ئەکات…

@ لایەنگرانی هەزار و چوارسەدساڵی پیش ئێستای تۆ ، بە ناوی تۆ و بۆ مەرامی خۆیان قەتڵوعامی خەڵکیان ئەکرد ، ئەو کات تەنیا حوشتر و شمشێر و ئەنفال کردنیان هەبوو ، ئەمڕۆ چەک و سیستەمی شەڕ گۆڕاوە ، چەکی نەوەوی  و زەڕە و بایۆلۆجی لە ئارایایە ، ئامۆژگاری کردنی لایەنگرانی ئاینە تازەکەت بکە کە پەنا بۆ چەک نەبەن ، ئێستا ئەوکاتەی جەزیرەی عەرەبی نیە ، شەڕی نەووەی دونیا خاپور ئەکا .  عەرشەکەی تۆش لێ ی پارێزراو نابێ ، جا بۆ ئەوەی تۆش هەر لە گەورە گەورەتر بمێنیتەوە شەڕ بە ناوی تۆوە مەقەڵێکەیە و پریشکی حەوت تەبەقەکە ئەبڕێ…

…..هەر بۆ تاقی کردنەوەی ئەوانەی ئامادەن لە پێباوی تۆیا خۆیان بە کوشت ئەیەن و لەم هەزار و چوارسەد ساڵەیا هەرچی دژە ئینسانیەت هەیە قسوریان لێ نەکردوە ، وەک خۆشیان ئەڵێن بۆ گەیشتن بە بەهەشت سڵ لە هیچ ناکانەوە ، لە یادکردنەوەی ئەم هەزار و چوارسەد ساڵە لای خۆتەوە بڕیارێک دەر بکە و بڵێ :هەر شەوێک و بۆ هەر حۆریەک   پەنجا لیرەی سعودی و بۆ هەر قاپێ شەرابی بەهەشت دە لیرە وەەئەگیرێت و  ئەچێتە قاسەی عەرشەوە ، بزانە چەن کەس لە لایەن گیریی کردنی ئاینەکەت ئەمێنێتەوە…

زۆرم حەز ئەکرد بە جۆرێکی ڕاستە و خۆ ئەم سەرنجانەم بخستایەتە ڕوو ، بەڵام لەبەر دیار نەبوونی شوێنی تۆ ، پەنام بردە بەر عەریزە.

———————————–

تێبینی : فیکرەی ئەم نووسینە ، نووسینێکی شاعیری ناوداری عەرەب”ئەدۆنیس”ە کە لە پەیجی خۆی    “”””بڵاوی کردۆتەوە..