دونيای شيعر.. سەردار جاف

زنجيرە وتاری نووسين بەرەو نووسين

( ١ )

لە زنجيرەکانی پێشوو باسمان لەوە کرد کە لە ناو کورد دا هەموو لە رێوە پەنا بۆ شيعر دەبەن کە قورسترين ژانرە، ئێستايش گەرەکە بزانين کەرەستە پێويستييەکانی شيعر چين؟ وتمان سەرەتا و بێ هيچ ئامادەکارييەک تۆ دەبێ بەهرەيەک لە ناختدا هەبێ و گوژم بدات ئەو بەهرە هەڵقوڵاوی رۆحێکی پاکی شاعيرانە بێت، کە ئەو بەهرەت شک برد، يەکەم کار ئەوەيە کە تۆ ژانرێ دەست نيشان بکەی و لە سەری بنووسيت، ناکرێ تۆ کەشێک بی دژە رۆمانسی و شيعری رۆمانسييەت بنووسی، ياخود کەسێکی دژە فيکر بيت و شيعری فيکری بنووسيت ئەو دەمە نە دەتوانيت ئامانج و مەبەستەکەت بپێکی نە بە رۆحەوە دەينووسيت، يانی هەڵقوڵاوی ناخێکی پاک نابێت، پێويستە شيعری شاعيران و رەخنەگران بخوێنيتەوە، تا سەردەرکردوو بيت لە کون و کەلەبەرەکانی شيعر، کارامەییت لە زمانێکی جوانی شيعرييەتدا هەبێت، ئەمە رەنگڕێژێکی ئێستاتيکایی بە دەقی شيعری دەدا، ئەمڕۆ لە شيعردا زمان کۆڵەکەی سەرەکييە، کاتێکيش شيعرت نووسی و تەواو بووی هەوڵ بدە لە گەڵ هاوڕێکانت بەشدار بيت لە کۆڕ و کۆبوونەوەی خۆیی، ئەوەی بۆ شاعير گرينگە لەم رۆژگارەدا فێربوونی بنەما شيعرييەکان و داڕشتنێتی، دوو کۆپلە لە شيعری خەرمانەی مامۆستا ئەحمەد هەردی دێنينەوە بۆ ئەوەی لە سەر کێشی پەنجە بۆ ئێوەی شیبکەينەوە تا ئاشنايەتی پەيدا بکەن لە بڕگەکانی شيعری؛

چ سڕڕێکت لە ناو دڵدا، حەشارداوە بە پەنهانی
کە چاوت چەشنی ئاوێنە وەها بێ پەردە درکانی
ئەزانم دڵ هەيە، وەک مس ، کە ژەنگ دێنێ بە ئاسانی
دڵی تۆ زێڕی تێزابە لە کوێوە ژەنگی هەڵهانی ؟
جگە لەوەی ئێستا دێين برگەکان دەستنيشان دەکەين، هاوکات زانيتان کە دوو دێڕی شيعر دەبێتە بەيت، دواتر شتی ديکەيش ئاماژە پێ دەدەين با بێينە سەر بڕگەکان ؛
چ / سڕ / ڕێ / کت / لە / ناو / دڵ / دا / حە / شار / دا / وە / بە / پەن / ها / نی
کە / چا / وت / چەش / نی / ئا / وێ / نە / وە / ها / بێ / پەر / دە / در/ کا / نی
ئە / زا / نم / دڵ/ هە / يە/ وەک / مس / کە / ژەنگ / دێ / نێ / بە / ئا / سا / نئ
د / ڵی / تۆ / زێ / ڕی / تێ / زا / بە / لە / کوێ / وە / ژەن/ گی / هەڵ / ها / نی
لێرەدا ئەوەيشمان بۆ دەردەکەوێت کە ئەم شيعرە کلاسيکييە، ١٦ بڕگەييە، ئەوەی بۆ ئێوەی تازە دەست پێکردوو گرينگە ئەوەيە بزانن کە وشەی دڵ لە دێڕی يەکەم و سێيەم يەک بڕگەيە، کەچی لە دێڕی چوارەم پيتی ( ی ) بۆ زيادکرا، ( د ) بە تەنها بووە بڕگەيەک، هەروەها لە وشەی ژەنگ کە لە دێڕی سێيەمدا هاتووە يەک بڕگەيە، کەچی لە دێڕی چوارەم بە زياد بوونی ( ی ) ئەميش بوو بە دوو بڕگە( ژەن ) بڕگەيەک و ( گی ) بڕگەيەکی ديکەيە.
لە شيعر نووسيندا هەوڵ بدەن وشە دووبارە ناکەنەوە، تەنها بۆ جوان بەخشی نەبێ، چونکێ دەبێتە مايەی سواوی بێ مانایی لە دەقە شيعرييەکەتدا، کەچی لە هەندێ حاڵەتدا جوانی دەکات و پێی دەوترێ (( جيناس ))؛
(( جيناس ئەوەيە دوو وشە وەک يەک بن، ئەمەيش چوار جۆری هەيە؛
أ / ” جيناسی تەواو ” ئەوەيە پيتەکانی ئەو دوو وشەيە لە چەشن و ژمارە و ريز و سەر و ژێردا تەن بە تەن يەک بن، جا ئەگەر هەردوو وشەکە يەک وشەيی بوون، ئەوا پێی دەڵێن ” جيناسی تەواوی موماسيل ” وەک لەم بەيتەدا؛

شەبەهی زوڵفە شەه گۆنەيە روو گەردانی
بە سەری ئەو کە بە سەودا سەر و سامانم دا
لێرەدا لە نێوانی دوو وشەی ” شەبەه ” دا جيناسی تەواوی موماسيل هەيە.
خۆ ئەگەر يەکێ لە دوو وشەکان لە دوو وشە دروست کرا بێ و ئەوی تريان يەک وشەیی بێ، ئەوا پێی دەڵێن” جيناسی تەرکيب ” وەک لەم بەيتەدا ؛
موتمەئين خاتر و ئەيمەن مەبە هەرگيز لە شەڕی
نەفسی ئەممارە، کە ئەم مارە لە گەڵ تۆ شەڕيە
ب / ” جيناسی ناقيس ” ؛ ئەوەيە يەکێ لە دوو وشەکە پيتێکی لەوی تريان زياتر بێ، ئيتر ئەو زيادەيە لە سەرەتاوە بێ يا لە ناوەڕاست يا لە دوای وشەدا، وەک وشەی ” پووش” و ” پووشوو ” لەم بەيتەدا:
رەقيب و موددەعی وەک پووش و پووشوون
بسوتێنين کە وەک بەرقين، لە بەر قين
ج / ” جيناسی موحەڕڕەف ” ؛ ئەوەيە کە دوو وشە لە هەموو شتدا يەک بن، تەنها سەر و ژێريان جياواز بێ، وەک ” جەنان ” و ” جينان ” ، بە پێی شێوە نووسينی عەرەبی، لەم بەيتەدا؛
جەنانی وەک جينان کردم بە ماوا
حەبيبەی ” ماڵياوا” ماڵی ئاوا
د / ” جيناسی موزاريع ” ؛ ئەوەيە دوو وشەکە وەک يەک بن و تەنها لە يەک پيتدا جياواز بن و ئەو دوو پيتەش کە تيادا جياوازن لە يەکەوە نزيک بن، وەک وشەی ” ديبا ” و ” زيبا ” لەم بەيتەدا؛
کوڕ تازە و تەڕ مادام سادە وەکوو خوشکی بێ
ئەمما کە روا سەبزە ديبا کوڕ و زيبا کچ
ه / ” جيناسی لاحيق ” ؛ ئەوەيە دوو وشەکە وەک يەک بن و تەنها لە يەک پيتدا جياواز بن و دوو پيتەکەش بە تەواوی جياواز بن، وەک سێ وشەت ” ئاسک ” و ” ناسک ” و ” باسک ” لەم بەيتەدا؛
ئەلا ئەی ئاسکی ناسک بە باسک
شکاندت گەردنی سەد شێری شەرزە)) (١)
شيعر دونيايەکی جوانی ئەفڕاندنە، تۆ کە تازە دەست بە نووسينی شيعر دەکەی گەرەکە لە دەقی شيعريدا رەوانبێژی لە بەرچاو بگريت، بۆ ئەمەيش هەوڵ بدە کێشی شيعريت ناڕێک و لاسەنگ نەبێت، چونکی ئەم لايەنە بەوردی سەرنجی دەدرێتێ، بۆ ئەوەی ئێستاتيکا بە شيعرەکەت بدەی ناکرێ و نابێ ئەم لايەنە فەرامۆش بکەی، هاوکات لە گەڵ ئەوەيشدا تواناکانت لە دوا دێری شيعرەکەدا دەربخە واتا دوا دێڕی شيعرەکەت تەواوی ‌‌ه‌ێزی ژانر و بيرۆکەی شيعرەکەت لە خۆ بگرێت، هەم خوێنەر سەرسام دەکەی هەم چێژيشی پێدەبەخشی و وای لێ دەکەی بۆ خۆی بير بکاتەوە و بە دوای بيری تۆدا وێڵ و عەوداڵ بێت، دەکارێ لە بەراييەوە وا لە خوێنەر بکەی تێکەڵ بە شيعرەکەت ببێ و لە گەڵيدا سەما و لەنجە بکات ئاوێتەی ببێ، تا لە پەيام و مەبەستەکەت هەم ورد بێتەوە هەميش تێبگات، کاتێک کە شيعرت نووسی يەکسەر مەچۆ سەر لاپتۆپ و کۆمپيوتەرەکەت و دەست بە نووسين مەکە، ئەگەر بکرێ دەفتەرێکی بەر باخەڵت هەميشە پێبێت، ناو بە ناو چی بە هزرتدا هات ياداشتيان بکە، بە مەرجێک لە چوارچێوەی يەک ژانردا بێت، يەکەی ژانر لە دەست نەدەی، پێش تايپ کردن بە رەشنووس دەست پێبکە ئەوەی مەبەستتە بينووسيت بە يەک وشە دەريببڕە، پاشان زۆر بە وردی و سەرنجەوە ديقەتی ئەو وشەيە بدە و بيری لێبکەرەوە، زۆر شتت دێتە ياد، تۆ کە لە قۆناغی سەرەتای نووسينی شيعردايت دەشێ چەندينجار ئەو رەشنووسە بسڕيتەوە تا دەگاتە پاکنووس کە ئەوە گرينگە و ئيتر دوای پاکنووس دەست بە تايپ کردنی بکە، کێش و سەرواکانيان دەسکاری بکە، هەندێ جار دەکرێ وێنا شيعرييەکانيش دەسکاری بکەيت و وێنای جوانتر نيشان بدەی، هەوڵ بدە خۆ لە بيری ئاڵۆسکاو و جەنجاڵ و سترێسی دوور بخەوە، پشوو بدە، چارە نەکرا، بچۆ درەوە و تەواو ئارامی بە هزرت ببەخشە با وەڕس و نيگەرانت نەکا، بە ئارامی ئاسوودەیی و هزرێکی نەرمەوە وەرەوە سەر نووسينی شيعرەکەت، ئەو کات بە بيرێکی جياواز و نا ماندووەوە دەگەڕێيتەوە و رەنگە شيعرێکی زۆر جوان بنووسيت و دەستخۆشانەت لێبکرێت، ئەم حاڵەتانە لەبەر چاو بگرە تا دەکەويتە سەر پێی خۆت و دوای ئەوە دەبێتە کارێکی ئاسایی و زاڵ دەبيت بە سەريدا.

سەرچاوە ؛
١ / ديوانی نالی /لێکۆڵينەوە و لێکدانەوەی ؛ مەلا عەبدولکەريمی مودەڕڕيس و فاتيح حەبدولکەريم، پياچوونەوەی ؛ موحەممەدی مەلا کەريم. أنتشارات کوردستان ، سنە




ئێران .. دیکتاتۆر بەرە کۆتایی!.. نووسینی: عەبدولڕەحمان گەورکی

چاوخشانێک بەسەر مەترسییەکان و تایبەتمەندییەکانی راپەڕین و وریایی!
نووسینی عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی

هاوکات لەگەڵ بەرەوپێشەوەچوونەکانی ڕاپەڕینی سەرتاسەری خەڵکی ئێران بۆ ڕووخاندنی دیکتاتۆرییەتی مەزهەبیی دەسەڵاتدار، حکوومەتی ئێران لە بازنەشێوازی دیکتاتۆرەکان و لایەنگرانی، دەیەوێت رێڕەوی ڕاستەقینەی ڕاپەڕینی خەڵک بە لاڕێدا بەرێت و ڕێگری بکات لەوەی گەل بە ئاوات و ئارەزووەکانی خۆی بگات.
پێناسەی ڕاستەقینەی ڕاپەڕین لە ئامانج و دروشمی سەرەکی ڕاپەڕیندایە. هەروەها (کلیل)ی سەرکەوتنی ڕاپەڕینیش لە بەدیهێنانی دروشم و خواستی سەرەکیدایە. لە ئێران خەڵک دەیانەوێت ئەم دەسەڵاتە بە تەواوی بڕوخێنن. ئەم داواکارییە هەڵقوڵاو و بەرهەمی هەلومەرجی پڕ لە ئازاری سیاسی، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و ئابووریی ئێرانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی مەزهەبیە لە ماوەی ٤٣ ساڵی ڕابردوودا و بە “هەڵکەوت” پێنەگەیشتووە بۆ ئەم دروشم و داخوازییە سەرەکییە.
بۆردی ڕاپەڕین!
هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی ڕاپەڕینی خەڵک و ئاسۆی رووداوەکان و هەروەها بۆ نیشاندانی تەواوەتی تابلۆی ڕاپەڕین، پرسیار لێرەوە دەست پێدەکات کە دوای ڕووخاندنی ئەم دەسەڵاتە چی ڕوودەدات؟ بە واتایەکی تر کێ دەڕوات و کێ دێت؟ وەڵامێکی ڕوون بۆ ئەم دوو پرسیارە، تۆشە و دینەمۆی سەرخستنی ڕاپەڕینی گەلە بەرەو شۆڕش و دوورکەوتنەوە لە باریکەڕێ و بە لاڕێداچوونی.
دیکتاتۆری ئایینیی دەسەڵاتدار لە ئێران، سامناکترین و ترسناکترین جۆری ڕژێمە دیکتاتۆرەکانە لە مێژووی ئێراندا. هەربۆیە زیانی ماڵی و مرۆیی ئەم حکومەتە لە کۆی هەموو حکومەتە دیکتاتۆرەکانی ئەم سەرزەمینە زیاترە و تا ڕۆژی ڕووخاندنیشی، دەست لە تاوان و تاڵانکاری هەڵناگرێت.
ئێستا ڕووبەڕووبوونەوەی خەڵکی ئێران بەرانبەر بە دیکتاتۆری دەسەڵاتدار پێی ناوەتە دواقۆناغی خۆی و دەنگی تێکشکانی ئێسک و پروسکی دیکتاتۆر لە هەموو شوێنێکی ئێران بەر گوێ کەوتووە. دەبێ چ بکرێت و مەترسییەکان چین و ئاسۆی چییە؟
هەنگاوەکانی دژ بە راپەڕینی گەل!
بە درێژایی مێژوو، کۆنەپەرەستی و ئیستعمار (کۆلۆنیالیزم ) هەمیشە دژی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی ئێران بووە. ئەگەر بتوانن، بە میتۆدی سەربازی و مەیدانی ڕاپەڕین سەرکوت و بێدەنگ دەکەن. ئەگەر نەتوانن، پەنا دەبەن بۆ لادان لە ڕێڕەوی ڕاستەقینەی ڕاپەڕین و دابەزاندن و کاڵکردنەوەی دروشم و داواکارییەکانی خەڵک. ئەوان توقاون لەوەی “راپەڕین” بگاتە ئاستی”شۆڕش” و “دیکتاتۆر ڕووخان”. هەر لەبەر ئەم هۆکارەشە هەوڵ دەدەن بە شێوازی جیاواز ئاڕاستەی ڕاپەڕینی جەماوەر بۆ ڕووخاندنی دیکتاتۆر بگۆڕن بەرەو “ئیسڵاحات و چاکسازی و مانەوە”ی ئەم ڕژێمە.
ئەگەرچی راپەڕینی خەڵکی ئیران لە ساڵی ١٣٥٧ (1979) زۆر جیاوازە لە راپەڕینی ئەمڕۆی خەڵکی ئێران، بەڵام یەکێک لە تایبەتمەندییە دیارەکانی ئەوەیە کە ناحەزانی خەڵکی ئێران، توانیان لە پیلانێکی گەورەدا “خومەینی” وەک “سەرۆکی شۆڕش” بناسێنن و ئەم لایەنە خوێنڕێژ و کۆنەپەرستە بخەنە سەرە کورسیی دەسەڵات و مەسێری ڕاپەڕینی دژە پاشایەتیی خەڵکی ئێران بە تەواوی بە لاڕێدا بەرن و دیکتاتۆرییەتێکی زۆر خراپتر لە دیکتاتۆری پێشوو لە ئێران بسەپێنن بەسەر خەڵکی ئێراندا. لە هەلومەرجی ئەوسادا، خەڵک بە دروستی هەڵیانبژاردبوو کە دەسەڵاتی پاشایەتییان ناوێت! بەڵام سەرکردە راستەقینەکانی خەڵکی ئێران یان لە لایەن رێژیمی شاوە لە سێدارە درابوون، یان لە ناو زیندان لە ژێر ئەشکەنجەدا بوون. ئەوەش وایکرد کە رەوتی کۆنەپەرستان و کۆلۆنیالیزم بە قۆستنەوە هەلەکە، “بۆشایی سەرکردایەتی” بە “خومەینی” پڕ بکەنەوە. ئەنجام، ئەوەی نەدەبوو ڕووبدات، رووی دا!
پێویستیی درێژەدان بە ڕاپەڕین!
شوبهاندنی ئەم راپەڕینەی ئێستای خەڵكی ئێران بە ڕاپەڕینەکەی ساڵی ١٣٥٧ (1979) هەڵەیەکی گەورەی سیاسی و کۆمەڵایەتییە. چونکە دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئێستاکە، جیاوازە لە دیکتاتۆرییەتی وابەستەی پاشایەتی لەو سەردەمەدا. خەڵکی ئێرانیش خەڵکی ئەو سەردەمە نین. بە وتەی بەڕێز مەسعوود رەجەوی، تەنیا خودای ئەم دوو هەل و مەرجە دەکرێت “یەک” بێت. بەو دەرهاویشتەیە کە کۆتایی هه‌موو دیکتاتۆریه‌تییه‌ک، کەوتنی حه‌تمییه‌ له‌ سەر ده‌ستی خه‌ڵکی ڕاپه‌ڕینکار له‌ ئێراندا.
هەموومان دەزانین کە ڕاپەڕینی ئێستای خەڵکی ئێڕان، ڕاپەڕینێکی خۆڕسک و بێ رێبەڕی نییە کە بێ ئەزموون و بێ ڕێکخستن و بێ ئامانج بێت. بە لای خەڵکی ئێرانەوە ئەوە بە ئەزموون کراوە کە ئەم دەسەڵاتە، هەڵقوڵاوی ناو خەڵک و لە بەرژەندیی خەڵکدا نیە. هەر بۆیە دەبێ کۆتایی پێ بهێندرێت. ڕەنگە جیاوازی بەرچاوی نێوان ڕاپەڕینی ئێستاکە و ڕاپەڕینی خەڵک لە ساڵی ١٣٥٧ (1979)، بەم شێوەیە فۆرمولە بکرێت کە: “ئێستا خەڵکی ئێران دەزانن بۆچی شۆڕشیان کردووە و دەیانەوێت بە چی جێگەی پڕ بکەنەوە”. خەڵکی ئێران زۆر بە جیدی بەدوای حکومەتێکی کۆماری و دیموکراتی و جەماوەری و نیشتمانیدا دەگەڕێن و تێگەیشتنیکی ڕێژەیییان هەیە بەرامبەر بەوەی “چی دەبێ بڕوات” و “چی دەبێ بێت”. چونكه‌ ئه‌م راپه‌ڕینه‌ خاوەن رەگ و ریشه‌یەکی دێرینە لە به‌رخودان و خۆڕاگری به‌رامبه‌ر بە دیكتاتۆری ئایینی لە ماوەی (43) ساڵی رابردوودا و به‌ هەڵکەوت و خۆڕسک رووی نه‌داوه‌، کە شه‌هیدبوونی كچێكی كورد بە ناوەی مەهسا ئەمینی (ژینا) راپه‌ڕینه‌كانی پێشووی گه‌یانده‌ لوتكه‌ و رژێمی دیکتاتۆریی ئێرانی وەلەرزە خستووە!
بۆیە یەکەم وانەی ڕاپەڕینی ئێستا لەوەدایە کە دەبێ بەوپەڕی چڕی ڕاپەڕین درێژەی پێبدرێت بۆ بەدیهێنانی ڕووخاندنی ئەم دەسەڵاتە دیکتاتۆرە و بە هیچ شتێکی کەمتر ڕازی نەبین!
وریابوونێکی پێویست!
ڕۆژانی لوتکەی ڕاپەڕینی جەماوەری تایبەتمەندی خۆی هەیە. بەرەوپێشچوونی راست و دروستی ڕاپەڕین و پاراستنی، پێویستی بە وریایی و جووڵەی رێک و پێک هەیە بە پێوەرێکی دیار و روون. ئاساییە کە دەسەڵاتی دیکتاتۆری و لایەنگرانی بێدەنگ دانانیشن و لە پێناو مانەوەی ڕژێمەکەیان پەنا بۆ هەر تاوانێک دەبەن. ئەوان هەوڵ دەدەن بە چالاککردنی ناکۆکییە لاوەکییەکان یان دروشمی دابەشکەر و دووبەرەکینانەوە(!)، ڕاپەڕینی گەل لە ئامانج و دروشمی سەرەکی لابدەن و بەم شێوەیەش ڕاپەڕینی جەماوەری نەزۆک بکەن. هەربۆیە لەو ڕۆژانەدا زۆر شت دەبینرێن و دەبیسترێن کە پێشتر نەبینراون و نەبیستراون. کەاویە نابێ ڕێگە بدرێت داواکارییەکانی پێشووی خەڵک، جێگەی دروشمی سەرەکی ڕاپەڕین، واتا(ڕووخاندنی ئەم دەسەڵاتە) بگرنەوە!
بەڕێز مەسعود ڕەجەوی لە کاتی ڕاپەڕینی ساڵی ١٣٥٧ (1979)دا وتی “ئێمە نەهاتوین بۆ ئەوەی هەموو شتێک لە ڕاپەڕینەکەدا پشتڕاست بکەینەوە”. ئەمە ئەزموونێکی پراکتیکی نایابە بۆ پێداگری لەسەر پرەنسیپەکان و بە دروستی پێشخستنی ڕاپەڕینی جەماوەری بەرەو سەرکەوتن و گەیشتن بە شۆڕش و ڕووخاندنی دەسەڵات. هەروەک چۆن موجاهێدینی خەلق نەک هەرگیز دەستوور و پلان و سیاسەتی خومەینی و ڕژێمەکەیان پەسەند نەکرد، بەڵکو لە بەرانبەریدا وەستان و باجێکی گەورەیان دا. موجاهیدین هەر لەو ڕۆژەوە کە خومەینی توندوتیژی و توڕەیی بەرانبەر بە خەڵک نیشان دا، لەدژی خومەینی و سیاسەت و بەرنامە و ڕژێمەکەی وەستان و بەرەنگاری بوونەوە و بوونە ئاڵاهەڵگری ڕووخاندنی ئەم ڕژێمە!
دروشمی سەرەکیی ڕاپەڕینی جەماوەری لە ئێران!
پاراستنی ڕاپەڕینی جەماوەری و دەستکەوتەکانی و رزگارکردنی سەرکەوتوانەی لە بۆسەگەلی گەورەی دیکتاتۆر، تەنها کاتێک مەیسەر دەبێت کە پێداگری لەسەر پرەنسیبی بنەڕەتی “ڕوخاندنی ڕژێم” و “پرەنسیبەکانی خەبات و تێکۆشان” بکرێت و وەک هێڵی سوور دابنرێن و بە کەمتر لە ڕووخاندنی دیکتاتۆر ڕازی نەبین.
ئەزموونەکان دەریانخستووە کە دروشمگەلی وەک “حیجابی ئیجباری” و “ئازادی زیندانیانی سیاسی” و “ژن، ژیان، ئازادی” … هتد، هەرچەندە پێشکەوتنخوازن و پێویستە پشتیوانیان لێبکرێت، بەڵام ئەوانە ئەو داواکاریانەن کە ئەگەر جێگەی دروشمی “ڕووخاندنی دەسەڵات” بگرنەوە، ئەوە یەکەم سوودمەند تیایدا، دیکتاتۆری دەسەڵاتدارە.





منـداڵانی بەهـرەمەنـد.. رەزا شـوان

لە روی زانستییەوە، چەندین زاراوە هەن کە گوزارشت لە چەمکی (منداڵی بەهـرەمەند) دەکەن و هەمان مەبەست دەگەیەنن. وەک (منداڵی بەتوانـا)، (منداڵی داهـێنەر)، (منداڵی بـلـیمەت)، (منـداڵی هـەڵـکەوتـوو)، (منـداڵی لـێهـاتـوو)، (منـداڵی بـاڵادەسـت)، (منـداڵی زۆرزان) ، … هـتـد.
ئـەم زاراوانە هـەرچـییەکـبن، گوزارشـت لە پـۆلـێک لە منـداڵانی نائـاسـایی دەکـەن، کە دەکەونە ژێر چەتری پەروەردەی تایبەتییەوە و لە رووی زیـرەکی ئەقـڵییەوە جیاوازیان لەگەڵ منداڵانی ئاسایی هاوتەمەنیاندا هەیە، لەوان بە جۆش و خرۆشتر و هـۆشیارترن.
بێگومـان هـەمـوو خـێزانەکان حـەزدەکـەن کە منـداڵـەکانیـان بەهـرەمەنـد و داهـێنەر و جیـاواز و ناوازەبـن، تا شانـازی بە خۆیـان و بە داهـێنانەکانیـانەوە بـکەن. بەڵام حـەز شتێکە و توانـا و بەهـرە شـتـێکی تـرن.
دەشێ منداڵانی بەهـرەمەنـد، لە بوارێک یا زیاتر لە بوارێکـدا هەڵکەوتووبن، وەکو لە رووی هـزری و داهـێنان و کۆمەڵایەتی و جەستەیی و هـونەریی (موزیک، هەڵپەڕکێ، سەما، گـۆرانی، شـانۆ) و لە بواری ئاکـادیمی و وەرزشی و تەکنەلـۆژی و بـوارەکانی کەدا. ئەم منداڵە بەهـرەمەنـدانە پێویستییان بە ستراتـیژی و میکانیـزمی جیاواز هـەیە. پێویستییان بە بەرنامە و پـرۆگرامی پەروەردەیی پێشکەوتوو هـەیە، کە لە ناوەڕۆکـدا جیـاوازبێـت لەگەڵ بەرنـامە و پـرۆگـرامەکانی منـداڵانی ئاسـاییـدا، چـونکە بەرنـامە و پـرۆگـرامە گشتییەکان، حـەز و ئارەزوو و هـیوا و خەونەکانیـان مەسـت ناکـەن.

منداڵانی بەهـرەمەند لە هەموو توێژەکانی کۆمەڵایەتی و ئابووری و ئاینیدا هەڵدەکەون.
لە توێـژینەوەکانی پسپۆرانـدا، ئەو راستییە دەرکەوتـووە، کە زۆربەی بەهـرەمەنـدان و بـلیمەتـان و داهـێنەران و سەرکـردە هـەڵکەوتـووەکـان، لە خـێـزانە کـەم دەرامـەت و هـەژارەکانـدا پێگەیـشـتوون و هـەڵکەوتـوون.
تا ئێستا گەلێ پێناسەی جیاواز بۆ دیاریکردنی چەمکی (بەهـرەمەنـد) کراوە. بە کورتی و بە چـڕی باس لە هـەنـدێ لەو پێناسـانە دەکـەین:
پێناسە کلاسیکـییەکان، سەرنج وردیان لەسەر ئەوەیە کە توانای ئەقـڵی، کە گوزارشـت لە بەهـرەمەنـدی و زیـرەکی دەکات، تەنیا پێـوەرە بـۆ پێناسەکردنی منـداڵی بەهـرەمەنـد.
ئەم پێناسەیەش، بۆ بـۆچـوونی (هـۆلـینگ ۆرس) و(تیـرمـان) دەگەڕێتەوە. سەرنجـیان لەسەر توانای گشتیی ئەقـڵی بووە. کە لەڕێی تاقیکردنەوەکانی زیرەکییەوە دەردەکەوێت.
کەمترین رێـژەی زیـرەکـیشیان بە (١٤٠) نمرە دیاریکردووە. کە سنووری نێوان منداڵی بەهـرەمەنـد و منـداڵی ئاساییە.
(رینـزولی) بەم شێوەیە پێناسەی بەهەرمەندی دەکات:”منداڵی بەهـرەمەند، ئەو کەسەیە کە تـوانایەکی ئەقـڵیی باڵای لە داهـێنانـدا هـەیە”.
سەبارەت بە پێناسەی (ویـتی) ش، کە ئەو پێناسەیەیە کە کۆمەڵەی ئەمريکی پەسەندی کـردووە و پشـتی پێـدەبەسـتن، ویـتی دەڵێـت:”منـداڵانی بەهـرەمەنـد ئـەو کەسـانەن کە هـەمیشە لە بـوارەکانی مـوزیـک و هـونەر یان سەرکـردایەتیکردنی کـۆمەڵایـەتیـدا، بە پلەیـەکی سەرنجـڕاکێـش نمـایشکاری بـەرزن”.
هەریەکەش لەم زانا پسپۆرانەش (وڵاس، کوچان، کۆکس، دکتۆر ماکینون، ماریا شیڤـل) و زایانی کەش، هەریەکەیان کۆمەڵێک سیما و تایبەتمەندییەکانی منداڵانی بەهرەمەندیان دیاری کردوون.
کـۆمەڵـەی نیشـتمانی منـداڵانی بەهـرەمەنـد (دی سی) لە واشـنتۆن لە ئەمریکا. جەخـت لەوە دەکـاتەوە کە هـەرچەنـدە پێناسەی زۆر بۆ بەهـرەمـەنـدی هـەیە، بەڵام هـەمـوویان تـوخـمێکی هـاوبـەش لەخـۆدەگـرن، واتـە:”بەهـرەمەنـد، کەسـێکە کە ئاستـێکی نـاوازە نیشان دەدات. یا لە ئـەدای کارکردن لە یەکێک یا لە چەنـد بوارێکی دەربـڕیندا، توانـای نیشـانـدانی هـەیە”.
بە کورتی، بەهـرە توانـایەکی جیـاوازە و ئامادەییـەکی رەمـەکی نائاساییە لە لای کەسی بەهـرەمەنـد. دەشێـت توانـایەکی بـۆمـاوە بێت یا وەرگـیراو بێت. توانایەکی ئەقـڵی بێـت یا تـوانـایەکی جەسـتەیی بێـت.
نیشانەکانی منـداڵانی بەهـرەمەنـد
لەوانەیە بپرسن کە چـۆن منداڵانی بەهـرەمەند بناسن. نیشانەکانی منداڵانی بەهـرەمەنـد زۆرن، ئەمانەی خـوارەوە بە کـورتی بەشـێکـن لە نیشانـەکانی بەهـرەمەنـدی:
١ـ منداڵانی بەهـرەمەنـد وەکو مامۆستا دەردەکەون. لە منـداڵانی مامناوەنـد، خـێراتر و ئاسانتر فێردەبن و زانستی وەردەگرن، بە تایبەتیـش لە فـێربوونی زمانـدا بەهـرەیەکی باشیان هـەیە، خـاوەنی وشـە و زاراوەیەکی زۆرن و دەتـوانن لە پێکهـێـنانی رسـتەدا سوودیان لێوەربگرن و بەکاریان بهـێنن. بە ئازادی و ئاسانی و جـوانی و بوێـریشەوە گوزارشت لە هـزر و بیـرۆکە و راکانیـان دەکـەن.
٢ـ منـداڵانی بەهـرەمەنـد، کـراوەن، خـۆدەرخـەرن و خۆیـان دەبنـە پێـشـەوە.
٣ـ خـوێنەری خووگرتـوون، هەمیشە خولیا و شەیـدای خوێنـدنەوەی گۆڤـار و کتێبی بابەت هەمەچەشـنەن. لە خـوێنـدنەوە مەسـت نابـن و حـەز بە زانینی زیـاتر دەکـەن.
٤ـ ئەرکەکـانی قـوتابخـانەیان، لە ماڵەوەدا بە خـێرایی و بە ئاسانی جـێبەجـێـدەکەن و پشـت بە تواناکانی خۆیـان دەبەسـتن.
٥ـ کۆمەڵایـەتین و بە هـۆی زیرەکییانەوە، هـاوڕێتی و ئاشنایەتی لەگەڵ کەسانی تەمەن گـەورەتـر لە خۆیـان دەکـەن. رۆحـی یارمـەتی و هـاوکـاری و دادپـەروەرییـان هـەیە.
٦ـ بـڕوا و متمانەیەکی زۆریان بە خۆیان هەیە. هەردەم هـیوادار و گەشبینن، بوێرن و دودڵنین. هەڵوێستی ئەرێنیان هەیە. خاوەنی ئیرادەیەکی بەهـێزن و ئەستەم بوونی نییە لە لایان. نوێخواز و داهـێنەر و ئەزموونخوازن. لە گفتوگۆ و قـسەکردندا شەرم ناکەن.
٧ـ زۆر دەپـرسـن و زوو تێـدەگـەن و هـەردەمیش وێـڵی دوای زانـین و راسـتییەکـانن.
٨ـ بە شێـوازێکی نـوێ و نـاوازە، توانای چارەسەرکردنی گرفـت و کـێشەکانیان هـەیە.
٩ـ خاوەنی خەیاڵـێکی بەرز و فـراوانی نائاسایین. چـیرۆکی خەیاڵـئامـێز دەگێڕنەوە. بە وردەکارییەکی زۆرەوە، باس لە داهـێنان و لە جیهـانە خەیـاڵییەکان دەکەن.
١٠ـ دڵیان بە کـارە رۆتینیـیە دووبـارەکانی رۆژانە دانـاکەوێـت. وێـڵی دوای داهـێنان و ئافرانـدن و پـێشکەوتـنن.
١١ـ جـوانخوازن و حەزیان لە چـێژی جوانییە. لە رووە جـوانەکانی شتەکان دەڕوانـن.
١٢ـ منداڵانی بەهـرەمەند توندڕەو و دەمارگیر نین، میانـڕەون. ئامادەییەکی زیاتریشیان بۆ داننـان بە هـەڵەکانیانـدا هـەیە. رێـزیـش لە دایـکان و باوکـان و لە مامۆسـتاکانیان و لە هـاوڕێکانیان و لە کەسانی تر دەگـرن. رای جیـاواز قـبووڵ دەکـەن و هەسـتی کەس بـرینـدار ناکـەن.
١٣ـ خاوەنی هەست و سـۆزن، هـەردەمیش گەشبین و هـیواخـواز و کۆڵنـەدەرن بۆ گەیشـتن بە هـیوا و بە ئامانجـەکانیان. لە لایان ناکرێ و ئەستەمیش بـوونیان نییە.
١٤ـ سەرنـج وردن و زوو تێدەگەن و دانامێنن و خێرا وەڵامی پرسیارەکان دەدەنەوە.
١٥ـ بە هـۆی زیـرەکی و باڵادەستی و بەهـرەمەندییانەوە، حەز بە رابەری و پێشەنگی و بـە سەرکـردایەتیکـردنی هـاوڕێکانیـان دەکەن.
١٦ـ لە تەمەنێکی بچـوکدا فـێری قـسەکردن دەبن و زووش پێ دەگرن، زووش فـێری خوێنـدنەوە و نووسین دەبـن. لە قوتابخانەشدا لەچاو هـاوڕێ خوێنـدکارەکانیانەوە کە بەهرەمەند نین و ئاسایین، ئەمان ئاست بەرزترن و نمرەکانیشیان لە وانەکاندا باڵاترن.
١٧ـ رووخۆشـن و حەزیـان لە گفـتوگـۆ و سـوعـبەت و لە قـسەکـردن و لێکـدانەوەیە.
١٨ـ خـاکین و زیـادەڕۆیی ناکـەن و خۆیـان هەڵناکێـشن و کەمتر شانـازی بە خۆیـان و بە کارەکانیانەوە دەکـەن.
١٩ـ حەزیـان لەو یارییـانەیە کە ئاسان نین و پێویستییان بە بیرکردنەوەی قـووڵ و بە یاسا هـەیە. وەکوو یـاریی شەتـرەنج و یاریی هەڵـوەشاندنەوە و پێکەوەنـانی شـتەکان.
٢٠ـ تەندروستییەکی باش و تەنێکی بەهـێزیـان هـەیە.
٢١ـ توانایەکی باشیان لە گوزارشتکردن لە هـزر و لە خەیاڵ و لە بیرۆکەکانیان هەیە. توانای رەخنەگرتنیشـیان لە خۆیـان هـەیە.

رۆڵی خـێزان لە گەشەکردنی بەهـرەی منداڵان

(بـلـوم) لەو باوەڕەدایە، کە خـێزان رۆڵـێکی گـرنگی لە پێکهـێنانی بەهـرەی منـداڵـدا هەیە. گەر خـێزان هـانی منـداڵەکەی نەدات و بەهـرەکانی بە هـەنـد نەزانێت و رێـز و پـێزانینی بۆ توانـاکانی منـداڵە بەهـرەمەندەکەی نەبێت و لە ماڵەوەدا کەشوهـەوایەکی گۆنجاوی گەشەکـردنی و پێـشکەوتنی بۆ نەڕەخـسێنێـت، بەهـرەکانی منـداڵەکەیـان بە کپی و پەنگخـواردوویی و شاراوەیی لە دەروونیدا دەمـێنـنەوە و دەریان نابـڕێـت.

هەریەکەش لە (گـینسبۆرگ) و (هـاریسۆن) یش، جەخـت لەسـەر ئـەوە دەکـەنەوە، کە تا ئەمـڕۆش بەشـێکی زۆری خـێزانـەکان نابـەڵـدن لە گـرنگی رۆڵیـان، لە دۆزینـەوەی منـداڵانی بەهـرەمەنـد.
یەکەم هەنگاو کە پێویستە دایک و باوکی منداڵ بینێن بۆ دیاریکردنی منداڵەکەیان، ئایا بەهـرەمەندە یا ئاساییە. ئەوەیە کە لە لایەن دەروونناسێکی پسپۆری مـۆڵـەتپێدراوەوە، منداڵەکەیان هەڵسەنگـێندرێـت، کە شارەزایی و ئەزموونی مامەڵەکردنی لەگەڵ منداڵانی بەهـرەمەنـدا هـەیە.
مامۆستاکانیش رۆڵێکی گرنگیان لە دۆزینەوەی قـوتابییە بەهـرەمەنـدەکانیان هـەیە. لە میانـەی سەرنـج و تێبینیـیەکانیـان، لە کـاتی وتـنـەوەی وانەکـانیانـدا. دەتـوانـن منـداڵە بەهـرەمەندەکانیان بناسن و ئەوەش بزانن کە توانا و بەهرەکانیان لە چی بوارێک دایە.
چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ منـداڵانی بەهـرەمەنـدا
١ـ پێویسـتە ئێـوەی دایـکان و باوکـان، گرنگی و بایـەخی بەهـرەمەنـدی بـزانن و بـۆ گەشەکـردن و هـانـدانی منداڵەکانتـان بیـقـۆزنـەوە.
٢ـ بـوار و كەشوهـەوایەکی هـێمن و گونجاو بۆ منداڵە بەهـرەمەندەکانتان بڕەخـسێنن. کـاتێک کە دەیـانەوێـت شـتـێک دابهـێـنن یا بیـر لە بابـەتـێکی دیـاریکـراو دەکـەنەوە.
٣ـ لەو بـوارانەی کە منـداڵاکانتان بەهـرەیان تێیانـدا هـەیە، هـانیان بـدەن کە متمانەیان بە تواناکانی خۆیان هەبێت. توانای ئەنجامدانی کاری گەورەیان هەبێت. چونکە متمانە و بـڕوابەخـۆبـوون، هـۆکارێکـن بۆ دەرخـستـنی تـوانـا و بەهـرە متـبوو و شـاراوەکانیان.
٤ـ دابینکـردنی کتێب و گۆڤـاری بابـەت هەمەڕەنـگەی بەسوود، بە پێی تەمەنی منـداڵە بەهـرەمەندەکانتان. کە لە میانەی خوێنـدنەوەیانـدا، خەیاڵیان فـراونتر دەکەن و ئیلهام و مەیلێکی زیاتریان بۆ داهـێنان و ئافـراندن دەبێت. لە ماڵەوەشدا کتێبخانەیان بۆ دابنێن و بە کـتێب و گۆڤـاری هەمەڕەنـگەی گۆنجـاو لەگەڵ تەمـەنیـاندا، بیانـڕازێننـەوە.
هەروەهـا دابـین کردنی کارەستەکانی ئەو یارییـانەی ئارەزوویان لـێیان هـەیە. چونکە یاریکـردن هـۆکارێکی گرنگە بۆ گەشەکردنی بەهـرە و توانا و ئارەزووەکانی منـداڵانی بەهـرەمەنـد. بە تایبەتیـش یارییـە زەینیـیەکان کە پێـویستییان بە بیـرکـردنەوە هـەیە.
٥ـ هەرگـیز نابێـت گـاڵتـە بە تـوانـا و بە خـەیـاڵ و بیـروڕا و بە بیـرۆکەکـانی منـداڵە بەهـرەمەنـدەکانتان بکەن و پێیان پێبکەنـن یا گاڵتە بە کـار و بە پـرۆژەکانیان بکـەن. گـەر ساکاریشبن، بەهـەنـدیان بزانـن. ئەگـینا بـڕوا و متمانەیـان بە خۆیـان نامێنێـت و بەهـرەکانیشیان دەتاسـێن و لەنـاودەچـن.
٦ـ هـەنـدێ کێـشە بخـەنە بەردەم منـداڵە بەهـرەمەنـدەکانتـان، تا بـزانن چـۆن بیـریان لێـدەکەنەوە و چی چـارەسەرێـکی گـونجـاو بـۆ چـارەسەرکـردنیـان دادەنـێن.
٧ـ گێڕانـەوەی چـیرۆک بۆ منـداڵان لە پێـش نـووستـنـدا زیـاتر گەشـە بە بەهـرەکانی منداڵانی بەهـرەمەنـد دەکەن. لێکـۆڵینەوە تـازەکان ئەوەیان سەلـمانـد، کە گێـڕانەوەی چـیرۆک بۆ منـداڵان زۆر بەسوودە. ئەو منداڵانەی چـیرۆکیان بۆیان گێڕاونەتەوە، لە قـوتابخـانەدا زیـرەکترن لە ئەو منـداڵانەی کە گوێیـان لە چـیرۆک نەبـووە.
٨ـ راهـێنانی منـداڵانی بەهـرەمـەنـد، لەسـەر بە دروسـتی بەکـارهـێنانی ئامێـرەکانی کـۆمپیـوتـەر و ئینـتەرنـێـت و ئـایپـاد. کە لەمیانـەیـانەوە دەتـوانـن زیـاتر فـێربـن و وەربگرن و زیاتر گەشە بە بەهـرە و ئارەزووەکانیـان بکەن.
٩ـ پێویستە قوتابخانەکان رۆماڵێکی گشتی بۆ ناسینی قوتابییە بەهـرەمەندەکانیان بکەن.
بە جیـاوازیان بـزانن و پـۆلی تایبـەتی و پـرۆگـرام و بەرنـامەی تایبەتییـان بۆ دابـڕێـژن.
١٠ـ پێـویستـە ئـەو مامـۆسـتایـانەی کە وانـە بە پـۆلی منـداڵانی بەهـرەمەنـد دەڵـێـنەوە، کـۆرس و خـولی تایبـەتییـان بـۆ بکـرێتـەوە و بە بـاشی رابـهـێـنرێـن، تـا لـە لە بـارەی چـۆنیـیەتی مامەڵـەکـردن لەگـەڵ منـداڵانی بەهـرەمـەنـدا هـۆشیار و شارەزابـن.

رەزا شـوان
نەرویـج: ٢٣/ ئـوکتۆبـەر/ ٢٠٢٢




پارادۆکسی “شازادە”ێک کە نایەوێت ببێتە پاشا!.. حەمید تەقوایی

وەرگێڕانی بۆ کوردی:کاوە عومەر

ئاغای ڕەزا پەهلەوی لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەیدا باسی لەو پرسانە کرد کە لە سۆشیال میدیا و میدیاکاندا گفتوگۆی گەرم و بۆچوونی جۆراوجۆری لێکەوتووەتەوە. هەروەها بە پێویستم زانی ئاماژە بە چەند خاڵێک بکەم سەبارەت بە بۆچوون و هەڵوێستەکانی.
کێشەی نازناوی “شازادە”
خاڵی یەکەم نازناوی شازادەیە. نازناوی خوێن و بنەماڵەیە کە تەنیا لە کۆمەڵگا کۆن و سەدەکانی ناوەڕاستدا ڕۆڵی ڕەنگاوڕەنگی لە سیاسەتدا هەبووە، بەڵام لە کۆمەڵگا مەدەنی و مۆدێرنەکاندا جێگەیەکی نییە. لە نێوان شتەکانی تردا، مەدەنی بە واتای کۆتاییهێنان بە ئەرستۆکراسی و پەیوەندییە بۆماوەیی و بنەماڵەییەکان لە سیاسەت و لە حکومەتدا و بە گشتی لە پێگە و ڕۆڵی کۆمەڵایەتی و سیاسی هەر کەسێکدا. کەواتە هێشتنەوەی نازناوی شازادە و دەرکەوتنی لە سیاسەتدا وەک کوڕی پاشا لە بنەڕەتدا پێش شارستانیەت و بە مانا تەواوی وشەکە کۆنەپەرستانەیە. لەم ڕوانگەیەوە دامەزراوەی پاشایەتی نەک هەر لە وڵاتێکی وەک ئێراندا کە هەمیشە دامەزراوەیەکی هاوواتای دیکتاتۆری و ستەمکاری بووە، بەڵکو لە کۆمەڵگا پیشەسازییە ڕۆژئاواییەکانی وەک ئینگلتەرا و دانیمارکدا کە هێشتا توێکڵ پاشایەتیەکەیان فڕێ نەداوە، پەیوەندییەکە کە جیایە لە ڕۆڵی ڕواڵەتی.و تەشریفاتی بە سەپاندنی تێچوون و خەرجییە گەورەکان بەسەر باجدەراندا، دامەزراوەی ئەرستۆکراتی فەرمی کە لەلایەن بەشی پێشەنگ و پێشکەوتنخوازی هەمان کۆمەڵگاکانەوە ناڕەزایەتیی بەرامبەر دەکرێت، هیچ تایبەتمەندییەکی نییە.
بەڵام سەبارەت بە هەلومەرجی سیاسی ئێران و هەڵوێستی شازادە رەزا پەهلەوی، مەسەلەکە لەمەوە تاڵترە. ئەو بانگەشەی بەرگری لە ئازادی دەکات، بەڵام لە سەردەمی باوک و باپیریدا هیچ هەواڵێک لە ئازادی نەبووە. ئەگەرچی کۆماری ئیسلامی دیکتاتۆری تا ئاستی ژیانی تایبەتی خەڵک درێژ کردووەتەوە، بەڵام لە ڕوانگەی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە، ستەمکاری سەردەمی پەهلەوی لە دۆخی ئەمڕۆ کەمتر نەبووە. لە تیرۆری میرزادە عێشقی تا دەگاتە بڕینی زمانی فەرخی یەزدی تا قەدەغەکردنی هەموو حیزبەکان و چاپەمەنی ئازاد و دروست کردنی خنکاندنێک کە بە گۆڕستانی ئارایامیهری ناسرابوو، لە دۆسیەی بنەماڵەی پەهلەویدا تۆمار کراوە. کۆماری ئیسلامی تاوانی بێشوماری ئەنجام داوە، بەڵام تاوانێک بە هەر ڕادەیەک بێت تاوانە. تەنانەت لە ڕووی دووڕوویی و دڵ ڕەشییەوە، لێکچوونێکی گەورە لە نێوان نمایشی محەممەد ڕەزا شا و خامنەییدا هەیە. سووتاندن و تیرۆرکردنی زیندانیانی ئەوین لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا، تیرۆری زیندانیانی سیاسی لە سەردەمی شا لە گردەکانی (ئەوین)مان بیردەخاتەوە. شەوی ٢٩ی فروردین ١٣٩٣ی هەتاوی(١٨ ئەپریل ١٩٧٥وەرگێڕ)، ٩ بەندکراوی سیاسی بەناوبانگ: بیژەن جەزنی، حەسەن زیا زەریفی، ئەحمەد جەلیلی ئەفشار، سەعید کەلانتاری، عەزیز سەرمەدی، محەممەد چۆپانزادە، عەباس سۆرکی، مستەفا جەوان خۆشدێل، سەید کازم زوڵانواری بە بیانوی گواستنەوەیان بۆ زیندانەکانی تر شەو لە گردەکانی ئەویندا تیرباران دەکران. تەنانەت تیرۆری زیندانیانی سیاسیش تەنیا تابەت نیە بە کۆماری ئیسلامی.
تا ئەو شوێنەی کە پەیوەندی بە ئازادییە سیاسییەکانەوە هەیە، رەزا پەهلەوی نەیتوانی تەنانەت ئەو دوو حیزبە دڵسۆزەی دەسەڵاتی پاشایەتی، حیزبی خەڵک و حیزبی ئێرانی نوێ تەحەمول بکات، هەڵیانوەشاندەوە و حیزبی دەستکردی رەستاخیزی خستە شوێنی ئەوان و ڕایگەیاند کە هەرکەسێک بێت ناڕازین لە ئێران جێبهێڵن! پێویستە نەوەی گەنج و نەوەی هەشتاکان کە ئەمڕۆ لە پێناو ئازادیدا چەقۆ لە ئاسمان دەدەن، لەم ڕاستیانە ئاگادار بکرێنەوە بۆ ئەوەی ئەم سووڕەی سەرکوتکردن و کوشتن دووبارە نەبێتەوە. بێگومان لەئاغا ڕەزا پەهلەوی چاوەڕوان ناکرێت ئەم ڕاستیانە لەگەڵ خەڵکدا بەشی بکات- ئەمە کاری هێزە چەپ و پێشکەوتنخواز و مۆدێرنەکانە- بەڵام لانی کەم چاوەڕوانی ئەوەیە کە لە نازناوی شازادە سەرمایەی سیاسی دروست نەکات . ناتوانیت بانگەشەی لایەنگری ئازادی بکەیت و لە دیکتاتۆری پێشوو کریدت بەدەست بهێنیت. نابێ گوناهی باوك له‌سه‌ر پێی كوڕه‌ بنووسرێت، به‌ڵكو ئه‌و كوڕه‌ی كه‌ شانازی له‌ باوكی ستەمكاره‌كه‌ی ده‌كات بۆته‌ به‌شداربووی ئه‌م مێژووه‌.
بێگومان کێشەی کاک پەهلەوی و لایەنگرانی ئەوەیە کە ئەگەر دەستبەرداری نازناوی شازادە بن، هەموو پەیوەندییەکی سیاسییان لەدەست دەچێت. هەموو شوناس و مێژوو و تۆماری سیاسی کاک ڕەزا پەهلەوی لێرەوە سەرچاوە دەگرێت، کە کوڕی باوکیەتی. ئەگەر ئەمە بەلایەکدا بهێڵیتەوە، چیتر ڕوون نییە کە جێگەی ئەو لە سیاسەتی ئێراندا چییە! کاک پەهلەوی ڕایگەیاندووە کە نایەوێت پاشا بێت و هیچ پۆستێکی حکومی هەبێت – ئەمە شتێکی ئەرێنییە کە ڕیالیزمی ئەو دەهێنێت. ئەو تێدەگات کە لە سەدەی بیست و یەکدا تەنانەت لە کۆمەڵگایەکدا کە بە دروشمی ژن ژیان ئازادی دامەزرابوو، بە ئیدیعاکردنی پاشا، مەحاڵە لە سیاسەتدا جێگەیەکی هەبێت. هەر بۆیە لە پاشای داهاتووەوە بۆ باوکی میللەت و هێمای یەکڕیزی نەتەوەیی ڕۆیشتووە. بەڵام هێشتا هەڵگری نازناوی شازادەیە، چونکە دەست شۆردن لە نازناوی شازادە و مێژووی شاهانە کێشەیەکی جددیترە. بە وازهێنان لەم ناونیشانە، پێویستە واز لە تەواوی سیاسەتەکە بهێنرێت. تەنانەت پێگەی مەعنەویی باوکی میللەت و هێمای یەکڕیزی نەتەوەیی و ئەو مەدالیای هاوشێوەیانەی کە کاک پەهلەوی لەسەر سنگی دایناوە، پێویستی بە ئەزموون و چالاکی و تێکۆشان هەیە لەودیو پەیوەندی خوێنی لەگەڵ دیکتاتۆری پێشوودا، کە لە پێشینە تۆمارکراوەکانیدا نادۆزرێتەوە. کاک پەهلەوی، ئەگەر لە واقیع بینیەکەیدا قوڵ و پەیگییر بێت، پێویستەدەست بەرداری ڕۆڵی باوکی میللەتیش ببێت و هەموو سیاسەت ماچ بکات و دەستبەرداری بێت. پارادۆکسی شازادە ئەوەیە کە ئەم نازناوە تێکەڵ بە مێژووی سیاسیی ئەو بووە. ناتوانی درێژە بە یەکێکیان بدات و ئەوی تریان لەبیر بکات.
ئایا “شازادە” لەسەروی حیزبەکانە؟
بانگەشەی کاک پەهلەوی کە لەگەڵ هیچ جۆرە سیستمێکی حکومەتی نییە و تەنیا دەیەوێت ڕۆڵی یەکخستنەوە بگێڕێت، تەنیا خۆدەرخستةێکی سیاسییە. جگە لە نازناوی شازادە، کە بە ئارەزووی خۆی بە دامەزراوەی دەسەڵاتی پاشایەتیخوازەکانەوە دەبەستێتەوە، کە وەک ڕوون کراوەتەوە لە خۆیدا دامەزراوەیەکی کۆنەپەرستانەیە، شوێنکەوتووی سیستەمێکی بەها و فەلسەفە و جیهانبینی سیاسییە کە تەنیا بۆ ئیدیعاکردن نییە بێلایەنی سیاسی و هیچ بوارێک ناهێڵێتەوە بۆ ئەوەی گشتگیر بێت و لە دەرەوەی حیزبەکان بێت، بەڵام بە تەواوی پێچەوانەی ڕۆح و دروشمی ناوەندی و یەکگرتووی شۆڕشی ئێستایە، “ژن، ژیان ئازادی”. کاک پەهلەوی لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەیدا دەڵێت کە لایەنگری “ژن،ژیان،ئازادی “ە بەڵام ناوەندی فەلسەفە و جیهانبینی سیاسی ئەو “کۆڕەش کەبیر و سنوری پرگە وهەرو یەکپارچەیی خاک”ە. ئەم بەها و هێمایانە نەک هەر پەیوەندییان بە “ژن، ژیان، ئازادییەوە” نییە بەڵکو بە تەواوی دژین. مێژووی “شانازی” دوو هەزار و پێنج سەد ساڵی ئێران پڕە لە پیاوسالاری و “شێری نێر”. تەنانەت پاشایەکی ژنیش لەم مێژووە شکۆمەندەدا نادۆزرێتەوە. تەنانەت لە مێژووی هاوچەرخدا باوکی ژنی بە ناقس عەقڵ دەزانی. ئەو خۆی زۆر چاک دەزانێت ئەگەر کچ بووایە ئەمڕۆ لەو شوێنەدا نەدەبوو!
ژیانی سەردەمیشاهەنشای باوکیشیان ئەوەندە بێ حورمەت بوو کە وێرانکردنی کوخەکاکانی دانیشتوانی قەراخ شارەکان کلیلی شۆڕشی ١٩٧٩ بوو. هەروەها ئەرکی ئازادی لە سیستەمی پاشایەتیدا ڕوونە هەر وەک لە سەرەوە ڕوون کراوەتەوە.
خاڵی سەرەکی ئەوەیە کە بە درێژایی مێژووی پیاوسالاری شانشینی، مرۆڤایەتی و ئازادی بە پیرۆزی و تابۆی دژە ئینسانی خاک و سنووری پڕگەوهەر و ئیمپراتۆریەتی باوباپیران و ڕەگەزی ئاری لەژێر پێیاندا پلیشاوەتەوە و ئەمڕۆش هەمان ئەمانە پیرۆزییە دژە مرۆییەکان و تابۆکان پایەکانی سیستەمی فیکری و جیهانبینی شازادە و شوێنکەوتووانین. شۆڕشی ئێستای ژنان ئه‌ركی مێژوویی هه‌یه‌ كه‌ نه‌ك ته‌نها له‌گه‌ڵ دیكتاتۆری ئیسلامی، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و خاک پەرست و دۆگما و پیرۆزی و تابۆیە نه‌ته‌وه‌یی-ئاینیانە یه‌كلایی بكاته‌وه‌ كه‌ له‌ ماوه‌ی سه‌د ساڵی ڕابردوودا دیكتاتۆری دوای دیكتاتۆرییان به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگای ئێراندا سه‌پاندووه‌. بەڵام ئەمجارە هاواری ئازادی نەوەی هەشتاکان کە زیاتر لە مانگێکە شەقامەکانی داگیرکردووە، بە هیچ سیستەمێکی بەهای نەتەوەیی و ئایینی و نەتەوەیی و نیشتمانپەروەرانە وەڵام نادرێتەوە.
وەڵامی ڕوون و راستەوخۆ ئینسانیەت و بەها گشتگیرە ئینسانیەکانە. کەبناغەی یەکڕیزیی خەڵکە لە ئێران، و هاوسۆزی خەڵکی جیهانی لەگەڵ شۆڕشی ژنانە لە ئێران، بەهای ئینسانی گشتگیرە و هەر ئەوە!
لێرەشدا شازادە پەیوەندی بە بارودۆخی سیاسی ئێران و شۆڕشی ئێستاوە نییە. جیهانبینی و سیستەمی حکومی ئەو، بە نازناوی شازادە یان بەبێ ئیدیعای شازادە و بە ئیدیعای پاشایەتی یان بەبێ ئیدعای پاشایەتی، تەواو پێچەوانەی ئەو بەها و ئایدیاڵانەیە کە شۆڕشی ئێستای ئێران ئاڵاکەی بەرز کردووەتەوە.
حکومەتی ئینتقالی و دەستوور
کاک پەهلەوی باس لە قۆناغی ئینتقالی و حکومەتی کاتی و دەستوور دەکات. دەشڵێت، دەبێت ئەو هێزانەی حکومەتی کاتی پێکدەهێنن قبوڵ بکرێن و خەڵک جۆری حکومەتی داهاتوو هەڵبژێرێت. بێ گومان وایە، بەڵام جەختکردنەوە لەسەر ئەم پرسە هیچ شتێک ڕوون ناکاتەوە.
یه‌که‌م ئه‌و خه‌ڵکه‌ی که‌ به‌ ده‌سه‌ڵاتی خۆیان کۆماری ئیسلامییان هێناوەتە خوارەوە، رێگا ناده‌ن هیچ کام له‌ هێزه‌ نه‌خوازراوه‌کانیان ته‌نانه‌ت به‌ شێوه‌یه‌کی کاتیش ده‌سه‌ڵات به‌ده‌ست بهێنن. هێزە متمانەپێکراوەکانی خەڵک ئەو حیزب و ڕێکخراو و دامەزراوەی خەبات و کەسایەتیانە دەبن کە مێژووی چالاکی و خەباتی درەوشاوەیان هەیە لە بزووتنەوەی کرێکاری، لە بزووتنەوەی ئازادیخوازی ژنان، لە بزووتنەوەی خوێندکاری، لە بزووتنەوەی دادگاییکردن و بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی دیکەدا کە بەردەوام لە دژی کۆماری ئیسلامی بەردەوام بوون ئەو هێزانەی کە لە پێناو ئەو داخوازی و ئامانج و دروشمانەدا تێدەکۆشن کە شۆڕش باسی لێوە دەکات، لە کارنامەی خۆیاندا دانابێت. هه‌روه‌ها پێگه‌کان و شێوازی کارکردنی هێز و که‌سایه‌تیه‌کان له‌ پێشهاته‌کانی ئه‌م شۆڕشه‌ی ئێستادا پێوه‌رێکی باش ده‌بێت بۆ جیاکردنه‌وه‌ی خراپ له‌ چاک. لە لایەکی دیکەوە شۆڕش هێڵێک لە چالاکوان و کەسایەتییە شۆڕشگێڕەکان دەهێنێتە مەیدان. هەموو ئەمانەش هێزی متمانەپێکراوی جەماوەری شۆڕشگێڕ دەبن. پێکهاتەی حکومەتی کاتی تا ڕادەیەکی زۆر لە ناخی ئەو شۆڕشەدا دیاری دەکرێت کە بووە هۆی ڕووخانی کۆماری ئیسلامی.
دووەم: مەسەلەکە لەسەر دەستنیشانکردنی دەسەڵاتی خەڵک نییە لە دیاریکردنی حکومەتی کاتیدا، بابەتی گرنگتر و چارەنوسسازتر جۆری حکومەت و پێکهاتە و ناوەڕۆکی ئەو حکومەتەیە کە بڕیارە دوای حکومەتی کاتی دەسەڵات بگرێتە دەست. بێگومان مرۆڤەکان دەبێ هەڵیبژێرن، بەڵام پرسیاری سەرەکی ئەوەیە چ لەڕووی ناوەڕۆکەوە و چ لەڕووی فۆرمەوە، دەبێ چ جۆرە حکومەتێک هەڵبژێرن کە بتوانێت ئایدیاڵ و ئامانجە مرۆییەکانی شۆڕش دابین بکات؟ وەک لە سەرەوە بینیمان جیهانبینی و سیستەمی بەهای شازادە لەم حاڵەتەشدا ڕوانگەیەکی ڕوون ناخاتە بەردەم خەڵک. ناکرێ بەڵێنی ڕابردوو وەک داهاتوو بدرێت بە کۆمەڵگایەک کە پەنجە لە ئاسمان دەدات. نەوەی هەشتاکان بە کۆماری ئیسلامیدا تێنەپەڕیوە بۆ گەڕانەوە بۆ “شانازیە”بووەکانی ٥٠ ساڵ لەمەوبەر و ٢٥٠٠ ساڵ لەمەوبەر.
لە رووی شێوەی حکومەتەوە وەک پرەنسیب “دەبێت خەڵک هەڵیبژێرێت” واتە بەشداری راستەوخۆ و مومارەسەی ئیرادەی خەڵک لە هەڵبژاردنی حکومەتی کاتی و داڕشتنی دەستووردا. هەروەها کەسانێک کە بە هێزی شۆڕشەکەیان توانیویانە کۆماری ئیسلامی بخەنە خوارەوە، دەسەڵات و ئەگەری بەشداریکردنی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیان لە بنیاتنانی داهاتوویاندا دەبێت. جەختکردنەوەم لەسەر بەشداریکردنی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیە. نابێت هیچ حیزب و هێزێک لە سەرەوە ئەرک بە خەڵک بسپێرن. کۆماری ئیسلامی کە بە پێچەوانەی بیروباوەڕ و پڕوپاگەندەی هێزە شاهانەیەکان، هۆکاری شێواندن و سەرکوتکردنی شۆڕشی ١٣٥٧ بوو نەک نوێنەری ئەو، بە هێرشکردنە سەر ئەو ڕێکخراوانەی کە لە ئەنجامی شۆڕشەوە هاتوون، واتە شوراکان و ڕاگەیاندنی “شوراکان بەتەواوی بسڕنەوە” و دواجار بە چەقۆ بەرزکردنەوە بەڕویی ئەو خەڵکەی کە ئارەزووی ئایدیالی ئازادی و هێنانەدی یەکسانی شۆڕشی ١٣٥٧یان دەکرد، توانی دەسەڵاتی دۆزەخی خۆی جێگیر بکات. نابێت ڕێگە بدرێت ئەم کارەساتە دووبارە بێتەوە. خەڵک حکومەتی سەرووی خۆیان و ئاغایان ناوێت بەسەریانەوە بێت. ئه‌مجاره‌ ئه‌و خه‌ڵکه‌ ڕێکخراوانه‌ی له‌ دژی کۆماری ئیسلامی ڕاپه‌ڕینان کرد، ده‌بێ ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ له‌ دیاری کردنی حکومه‌تی کاتی و داڕشتنی ده‌ستوور و به‌ڕێوه‌بردنی کاروباره‌کانیان به‌شدار بن. ئەمە مانای ڕاستەقینەی ئازادییە کە کۆمەڵگا بەدوایدا دەگەڕێت. ناردنی خەڵکی چالاک و ڕێکخراو لە ناخی شۆڕشدا بۆ ماڵەوە دوای سەرکەوتن نوسخەی شکستی شۆڕشە. ئەم کارەساتە نابێت دووبارە بێتەوە. شۆڕشی ئێستا ئەركێكی لەسەر شانە، بۆ ئەوەی بەڕاستی كۆمەڵگا ئازاد بكات، دەبێت كۆتایی بە مێژووی هەر جۆرە حكومەتێك لە سەرووی خەڵكەوە بهێنێت و لە جێگەیدا حكومەت و سیستمێكی سیاسی بگۆڕێت كە لەسەر بنەمای ئۆرگانەكانی خەڵك پێكهاتووە لە ناخی شۆڕشدا.
لە ڕووی ناوەڕۆکەوە پێویستە جەماوەری خەڵک لە ئێستاوە ئاشنا بن بە سیاسەت و بۆچوون و ئامانج و بەرنامەی ئەو حیزب و هێزانەی کە دەیانەوێت لە حکوومەتی کاتی و داهاتووی ئێراندا ڕۆڵیان هەبێت. تا ئەو شوێنەی کە پەیوەندی بە ناوەڕۆکی سیاسەتەکانەوە هەیە، پێداگری لەسەر ئەوەی کە خەڵک هەڵیبژێرن، وەڵامی هیچ شتێک نییە. هەر دەمێنێتەوە لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا، بۆ نموونە لە فەرەنسا، حیزب تەنیا ڕایدەگەیەنێت کە دەبێت خەڵک هەڵیبژێرن! ڕوونە کە مرۆڤەکان لەسەر بنەمای ئەو زانیارییانەی کە هەیانە لەسەر بەرنامە و ئامانج و مێژووی پارتە سیاسییەکان و چالاکانی سیاسی و کەسایەتی و دامەزراوە خەباتکارەکانی ناو بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان هەڵیدەبژێرن و ئەرکی هەموو ئەو هێزانە و بەتایبەت حیزبەکانە، بۆ ئەوەی بە شەفافی و بە ڕوونی بەرنامە و ئامانجەکانیان ڕابگەیەنن.
ئامانج و سیاسەتی حیزبەکەمان لە بەرنامەی دنیایەکی باشتردا بە ڕوونی ڕوون کراوەتەوە. بەڵام پلان و ئامانجی شازادە و حزبە نزیکەکانی چین؟ سنووری پڕگەوهەر و مافی مرۆڤی کورش و یەکپارچەیی خاکی زیاتر لە سیستەمێک لە شتە پیرۆزەکان و تابۆ و سنووردارکردنە بەرامبەر هەموو ئەو کەسانەی کە باوەڕیان بەم شتە پیرۆزانە نییە نەک بەرنامەیەک بۆ ئازادی و یەکسانی و رزگاری. تەنانەت حکومەتی عەلمانی دیموکرات کە لەسەر ئەم جۆرە پیرۆزی و بەهایانە دامەزراوە، توانای بەدیهێنانی ئامانجەکانی شۆڕشی ئێستای نییە.
کەمترین چاوەڕوانی لە حکومەتی کاتی و لەوەش گرنگتر دەستوور کە بڕیارە داهاتووی ئێران لە قاڵب بدات، ئەوەیە کە دژی هەموو هەڵاواردنێک بێت و گەرەنتی ئازادی و یەکسانی و خۆشگوزەرانی هەموو هاووڵاتیان بکات، بە مانا هەمەلایەنە ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتووریەکەی ئەمانە ئامانجەکانن. بنەمای دەستووری حیزبەکەمان بەرنامەی دنیایەکی باشترە. حیزبی ئێمە بە هەموو هێزی خۆیەوە خەبات دەکات بۆ حکومەتێک و سیستەمێک کە هەر جۆرە هەڵاواردنێکی ڕەگەزی، نەتەوەیی، میللی، ئایینی، ئابووری و چینایەتی هەڵبوەشێنێتەوە و دوای کۆماری ئیسلامی کۆمەڵگایەکی ئینسانی و یەکسان و ئاوەدان لە ئێران دابمەزرێنێت.
ئێمە و پێم وایە هەموو خەڵکی ئێران چاوەڕێی ئەوە دەکەین کە هەموو پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن لە حیزبە چەپەکانەوە تا هێزە کۆماریخواز و شاهانە و هتد بە ڕوونی پلان و ئامانجەکانیان ڕابگەیەنن تا خەڵک بتوانێت بە ئاگایانە و ئازادانە داهاتووی خۆی هەڵبژێرێت. باشترە شازادە نازناوی شازادە و مەدالیای یەکێتی نەتەوەیی وەلا بنێت و وەک هاوڵاتییەکی ئاسایی و چالاکی سیاسی بچێتە ناو چاڵەکەوە.

٢٩ی مانگی میهر ١٤٠١، ٢١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢




ساتیرەچیرۆک: ئه‌زمه‌ و به‌دیل.. هێرش رەسوڵ

حه‌ماسه‌ت گرتبوی. ده‌ماری ملی له‌راده‌به‌ده‌ر به‌رزببوه‌وه‌. چاوه‌کانی بز کردبونه‌وه‌. په‌نجه‌ی دۆشاومژه‌ی ده‌ستی راستی راده‌وه‌شاند و به‌ ده‌نگێکی قرخن هاواری ده‌کرد:

  • ئاخر پێم ناڵێن ئێوه‌ له‌ چیتان که‌مه‌؟ بیرتان چۆوه‌ ئێمه‌ ئه‌م گونده‌‌مان له‌ چییه‌وه‌ کرد به‌ چی؟ به‌خوا وێرانه‌یه‌ک بو بۆ خۆی. جاده‌مان بۆ راکێشا. مه‌کته‌ب و خه‌سته‌خانه‌مان بۆ دروستکردن. منداڵی داماوی ئێمه‌ به‌ کوێره‌وه‌ریی زۆر ده‌چن له‌ مه‌کته‌به‌کانی شار ده‌خوێنن، هی ئێوه‌ش له‌ پاڵ ماڵه‌کانی خۆتانه‌وه‌.
    خۆتان هه‌ر ده‌رد و نه‌خۆشییه‌کتان هه‌بێت، له‌ بنکه‌ی ته‌ندروستیی گوند عیلاج ده‌کرێن، بۆ ئه‌مه‌ش ئێمه‌ ده‌بێ بۆ کۆکه‌ و هه‌ڵامه‌تێکی به‌سیت به‌ ناچاری بچینه‌ شار و له‌ موسته‌شفا ده‌ولییه‌کان کۆڵێ فه‌حص و فحوصات به‌ ته‌شتێ دۆلار و یۆرۆ بکه‌ین. بیرم نایه‌ عه‌مودی کاره‌بامان بۆ داناون، چه‌ند ساڵێکیشه‌ وایه‌رمان بۆ لێ به‌ستون و کاره‌باتان هه‌یه‌.
    بۆ مه‌سه‌له‌ی ئاو-یش، کانیی گوندمان بۆ پاراستون، نه‌مانهێشتوه‌ ئه‌و میراته‌ گه‌وره‌یه‌ی باووباپیرانمان له‌وه‌ پیس و لێڵتر بێت، بۆ ئه‌مه‌ش ئێمه‌ خۆمان دڵمان نایه‌ له‌و ئاوه‌ بخۆینه‌وه‌، تاکو که‌م نه‌کات، قیروسیامان له‌ نه‌فسی خۆمان کردوه‌، ئاوی موقه‌تته‌ری که‌س نازانێ چۆنی ده‌به‌ و په‌رداخ له‌ شارانه‌وه‌ دێنین.
    ئا بیرم که‌وته‌وه‌، باسی تیجاره‌ت و هاورده‌مان کرد، ده‌زانن ئه‌م گونده‌ شیرینه‌مان کردۆته‌وه‌ مه‌رکه‌زێکی گه‌وره‌ی تیجاری. ئیتر بازاڕی ره‌ش نه‌ماوه‌، ئێمه‌ بازاڕی ئازادمان بۆ کردنه‌وه‌، چیتان ده‌وێ هه‌مانه‌، له‌ په‌نیر و که‌ره‌ی ئێرانییه‌وه‌ بۆ ماستی تورکی و یۆنانی و هه‌نگوینی کلۆره‌داره‌کانی سعودییه‌، له‌ میوه‌جاتی وڵاتانی عه‌ره‌بییه‌وه‌ بۆ سه‌وزه‌ و ته‌ماته‌ و خه‌یاری ئێران، بۆ خه‌ڵوزی چینی، جلوبه‌رگی ره‌سه‌نی گوندی خۆمان به‌ ده‌ست و په‌نجه‌ی وردیلانه‌ی خوشک و برا چینییه‌کانمان، ئه‌مه‌ش ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی خۆتان و ماڵ و منداڵتان له‌ ده‌ست بۆنی قشپل و ریخ و ته‌پاڵه‌‌ نه‌جاتتان بێ و چیتر له‌و گه‌رما و سه‌رماتاقه‌تپڕوکێنه‌ی گونددا شوان و گاوانی و جوتیاری و کار و کاسبی نه‌که‌ن.
    هه‌مو گوند، به‌ ژن و منداڵ، گه‌وره‌ و بچوک، ته‌نانه‌ت پیر و په‌ککه‌وته‌وه‌ ئاگادارکرابونه‌وه‌ که‌ له‌ ئانی وتاره‌ نایابه‌که‌دا له‌ گۆڕه‌پانی گوند ئاماده‌بن.
    پیاوانی کوێخا، به‌ هه‌موانیان راگه‌یاندبو، ئه‌ورۆژه‌ مه‌کته‌ب و خه‌سته‌خانه‌ و دائیره‌ و ده‌وائیر و هیچ کار و کاسبییه‌ک نیه‌، “ئه‌گه‌ر مردوشن، به‌ جه‌نازه‌که‌وه‌ له‌وێ، له‌به‌ر قرچه‌ی گه‌رما، به‌ پێوه‌ ده‌وه‌ستن و ته‌نها بۆتان هه‌یه‌ چه‌پڵه‌ لێبده‌ن و هوتافی (بژی، بژی) و ره‌زامه‌ندی بۆ جه‌نابی کوێخا بکێشن”. “که‌سمان ناوێ ده‌موچاوی بدابه‌یه‌کدا، یان له‌به‌ر خۆیه‌وه‌ ورته‌ورت بکات، یاخود چرپه‌ چرپ له‌گه‌ڵ ته‌نیشته‌که‌ی قسه‌بکات”.
    کوێخا تا چه‌پڵه‌ی بۆ لێده‌درا، زیاتر که‌یفی به‌ خۆی ده‌هات و ده‌نگی لێهه‌ڵده‌بڕی. جار جار ته‌ماشایه‌کی ئه‌ملاولای خۆی ده‌کرد و هه‌ستیده‌کرد له‌گه‌ڵ هه‌ر چه‌پڵه‌یه‌کدا بست بست باڵا ده‌کات.
    وتاره‌ مێژوییه‌ دورودرێژه‌که‌ی کوێخا له‌به‌ر سێبه‌ری سته‌یجی نێوده‌وڵه‌تیی گوندی (ئاشی نه‌زان) بو، که‌ شاره‌زایان به‌ که‌پر و دار و دره‌خت دروستیانکردبو.
    یه‌کێک له‌ پیاوه‌ هه‌ره‌ متمانه‌پێکراوه‌کانی موکه‌ببه‌ره‌که‌ی بۆ کوێخا گرتبو، ئه‌ویش به‌ قاته‌ شاڵه‌ شینکییه‌ زۆر تازه‌که‌یه‌وه‌، که‌ ئه‌وه‌نده‌ نه‌ده‌بو له‌ کوێخای گونده‌که‌ی ئه‌ولاوه‌ به‌ دیاری بۆی هاتبو، وه‌ستابو، به‌ فیزێکه‌وه‌ ده‌ستی چه‌پی خستبوه‌ به‌ر پشتێنه‌ گوڵگوڵه‌که‌ی، و ده‌ستی راستیشی کردبوه‌ هاوکاری ده‌م و زمانی، تاکو به‌ ره‌وانترین شێواز بیروڕاکانی (دامه‌زراوه‌ی کوێخایه‌تیی گوندی ئاشی نه‌زان) به‌ هاوگوندانی بگه‌یه‌نێ و تازه‌ترین ئه‌حداث و مه‌وقیفه‌کان ده‌رباره‌ی ره‌وشی ئه‌مڕۆی گوند و ناوچه‌که‌یان بۆ لێکبداته‌وه‌.
    له‌وه‌ده‌چو راوێژکاره‌کانی، کوێخایان له‌ میدیاکانی گوند پڕکردبێ و به‌ “تابوری پێنجه‌م” هه‌ژماریانکردبن. به‌ تایبه‌ت باسی هه‌ریه‌ک له‌: رۆژنامه‌‌ی (چاوی گوند)، گۆڤار‌ی (ئاشه‌وان)،‌ رادیۆی (نه‌زان ئێف ئێم)، ته‌له‌ڤزیۆنی (نه‌زان سات)، سایتی (نه‌زان ویکیلیکس) و تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی: (شه‌وچه‌ره‌)، (کانیی ژنان) و (حه‌وزه‌که‌ی به‌ر مزگه‌وت)یان بۆ کردبو، گوایه‌ دژی خۆت و دامه‌زراوه‌ و بڕیاره‌کانت هه‌واڵ و زانیاری و وتاری ناڕاست و پڕ له‌ ناوزڕاندن بڵاوده‌که‌نه‌وه‌.
    دوای دو ئحم، وه‌ک نیشایه‌ک بۆ مسه‌یته‌ری، و بۆ ئه‌وه‌ی که‌مێک توڕه‌ییه‌که‌شی بشارێته‌وه‌، کوێخا ده‌ستیکرده‌وه‌ به‌ وته‌کانی:
    بیستومه‌ له‌ملاولا و له‌ ئیعلامی ته‌قلیدی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ ره‌سم و ڤیدیۆی قۆڕ داده‌به‌زێنن و باسی نه‌بونی موچه‌ و ئاو و کاره‌با و به‌نزین و نه‌وت و غاز و ئه‌و شتانه‌ ده‌که‌ن. ئاخر تو ویژدانتان من بۆ ئه‌وه‌ حوڕڕییه‌تم بۆ فه‌راهه‌مکردون؟ له‌مانه‌ش ناخۆشتر ماوه‌یه‌که‌ سه‌ری زمان و بنی زمانتان بوه‌ته‌ باسی (ویلایه‌تی کوێخایه‌تی)، گوایه‌ مودده‌م به‌سه‌رچوه‌ و یه‌کێک ده‌خه‌نه‌ شوێنم.
    پاش ئه‌وه‌ی کوێخا که‌مێک وه‌ستا و به‌ چاو ئاماژه‌ی بۆ کوپه‌که‌ی سه‌ر مه‌نه‌صه‌که‌ کرد، یه‌کێک له‌ نۆکه‌ره‌کانی کوپه‌که‌ی برده‌ لای زاری و کوێخاش شله‌مه‌نییه‌که‌ی خوارده‌وه‌، که‌ دیارنه‌بو ئاو بو یان عه‌ره‌ق! لەوکاتەشدا، لە دڵی خۆیدا و بە بێ ئەوەی دەمی بجوڵێنێت، دەیگوت: “من ئێوه‌م له‌ پشته‌ ئێوه‌، تا ئێوه‌ بمێنن، تا ده‌نگی ئێوه‌ هه‌بێ، تا بێده‌نگیی ئێوه‌ به‌رده‌وام بێ، تا چه‌پڵه‌ی نه‌زانانه‌ی ئێوه‌ ببیستم، تا چه‌مانه‌وه‌ی به‌رده‌وامی ئێوه‌ ببینم، من هه‌ر کوێخایه‌که‌ی جارانم، دڵنیابن”.
    ئینجا ده‌ستی به‌ سمێڵه‌ ره‌شکراوه‌که‌یدا هێنا و درێژه‌یدایه‌وه‌:
  • ئاخر بیرتان چۆوه‌، جاران چۆن بون و ئێستا چۆنن؟ جاران چییتان هه‌بو و ئێستا خاوه‌نی چیین؟ ئااای چ قه‌ومێکی زاکیره‌ زه‌عیفن!
    من هه‌مو قیتاعه‌کانی گوندم پێشخست، که‌رتی کشتوکاڵ، بازرگانی، پیشه‌سازی… ته‌ناته‌ت نه‌مهێشت له‌ ده‌رهێنانی سامانی ژێر زه‌ویش ئێوه‌ ئه‌زێت بکێشن، خۆم له‌گه‌ڵ کۆمپانیای شاری پێشکه‌وتو رێککه‌وتوم، رێککه‌وتنی ماوه‌درێژ، خۆیان بۆمان ده‌رده‌که‌ن و بۆشمان به‌ڕێده‌که‌ن و بۆشمان ده‌فرۆشن، ئیتر کێشه‌تان چییه‌؟
    من هه‌موتانم حه‌سانده‌وه‌، له‌ کۆڵ و جوتکردن و شه‌نه‌ و ده‌غڵ و دان و توتن و گوڵه‌به‌ڕۆژه‌ و مه‌ره‌زه‌ و فه‌لاحه‌تی و ره‌نجکێشانم کردنه‌وه‌. زۆربه‌تانمان کرد به‌ پۆلیس و ئاسایش و حه‌ره‌س قه‌ریه‌ و گوندپارێز. هه‌ندێکتانم کرده‌ خانه‌نشین بێ ئه‌وه‌ی رۆژێ له‌ رۆژان بۆ یه‌ک ده‌قیقه‌ ئه‌م گونده‌تان پاراستبێت. به‌شێکیشتان بندیوار و به‌رسێبه‌ر و موفته‌خۆر.
    دوای ئه‌وه‌ش، ئاراسته‌ی وتاره‌که‌ی به‌ لای لاواندا گۆڕی:
  • گه‌نجان، لاوان پێم ناڵێن بۆ کوێ ده‌ڕۆن؟ سه‌ری خۆتان بۆ کام گوند و شار و مه‌مله‌که‌ت هه‌ڵده‌گرن.
    ئینجا به‌ دڵی پڕ و چاوی به‌ گریانه‌وه‌، به‌ نه‌غمه‌یه‌کی ناخۆشه‌وه‌ ده‌ڵێت: ئاخر چۆن دڵتان دێ ئه‌م گونده‌ جوان و قه‌شه‌نگه‌ جێبێڵن.
    یه‌کێک له‌ حیمایه‌ تایبه‌ته‌کانی به‌ پارچه‌یه‌ک کلێنس فرمێسکه‌کانی کوێخا ده‌سڕێت. کوێخا به‌رده‌وامده‌بێت:
  • قه‌سه‌م به‌ گیانبه‌ختکردوانی رێگای رزگاریی گونده‌که‌مان.. سوێند به‌ خاک و ئاو و دار و دره‌ختی ئه‌م به‌هه‌شته‌، هیچ گوند و شاره‌دێ و شار و مه‌مله‌که‌تێک به‌ قه‌د ئێره‌ خۆش نیه‌، بڕواتان هه‌بێت. من هه‌مویم دیوه‌، هه‌موی گه‌ڕاوم، کاتێ به‌ دوای دۆزی ره‌وای ئێوه‌ی چه‌وساوه‌وه‌ بوم، کاتێ پێ به‌ پێ به‌ دوای مافی ئێوه‌ له‌ هه‌مو ده‌رگاکانم ده‌دا، زۆر مه‌کانی عه‌جیب و غه‌ریبم بینین، به‌ڵام هیچیان ناگه‌ن به‌ تۆز و خۆڵی ئه‌م جه‌ننه‌ته‌.
    کوێخا به‌ حه‌ماسه‌ته‌وه‌ ده‌یگوت: گه‌نجی هیچ شوێنێک بارته‌قای گه‌نجی ئه‌م دێیه‌ خۆشبه‌خت و ئاسوده‌ نیه‌. ئه‌وه‌تا منداڵ و جحێڵه‌ نه‌گبه‌ته‌کانی خێزانه‌کانی ئێمه‌، که‌ به‌ ناچاری و له‌ ترسی دوژمنی به‌دکار ئاواره‌ی ئه‌و شار و سه‌ڵته‌نه‌تانه‌ بون، ئێستا له‌ خراپترین دۆخی رۆحی و ده‌رونی و جه‌سته‌یی و ته‌ندروستییدان، به‌رده‌وام فرمێسک بۆ مه‌وتنی باب و باپیرانیان ده‌ڕێژن. قه‌ناعه‌تتان هه‌بێت، کاتێ له‌گه‌ڵ گێل فرێند و بۆی فرێنده‌کانیشیان ده‌چنه‌ مه‌سبه‌ح و دیسکۆ و پۆپ و نایتکله‌په‌کانیش هه‌ر بیریان لێره‌یه‌ و تۆزقاڵێک چێژ وه‌رناگرن.
  • لاوانی عه‌زیزی (ئاشی نه‌زان)!
    ئێوه‌ نه‌وه‌ی نوێی ئه‌م گونده‌ن، ئاینده‌ بۆ ئێوه‌ی خوێنگه‌رمه، ئیتر چۆن دڵتان دێت ئه‌م باوه‌شه‌ گه‌رمه‌ جێبێڵن، رێی هات و نه‌هات بۆ ده‌گرنه‌به‌ر؟ دڵنیام دوایی په‌نجه‌ی په‌شیمانی ده‌گه‌زن، به‌ڵام دادتان نادات. بیریشتان نه‌چێت مادام خۆتان بڕیارتان داوه‌ و خۆتان ئه‌م رێگه‌یه‌ هه‌ڵده‌بژێرن، ئێمه‌ ته‌حه‌ممولی هیچ مه‌سئولیه‌تێک ناکه‌ین.
    کوێخا هه‌ناسه‌یه‌کی قوڵی هه‌ڵکێشا و به‌ توڕه‌ییه‌کی زۆره‌وه‌ ده‌ستی به‌ فه‌رمایشته‌کانی کرده‌وه‌:
  • ئێستا له‌ هه‌مولایه‌که‌وه‌ خه‌ته‌ری گه‌وره‌ له‌سه‌ر گونده‌که‌مان هه‌یه‌، هه‌ڕه‌شه‌ی کوشت و بڕمان له‌سه‌ره‌. چیتر له‌ ناحیه‌وه‌ بودجه‌ و موچه‌مان بۆ نایه‌ت، که‌چی ئێوه‌ی ناشکور تۆزێ ته‌حه‌ممولتان نیه‌. چه‌ند رۆژێکی که‌مه‌ ئه‌زمه‌ی بودجه‌ و موچه‌ و نه‌وت و به‌نزین و غاز و ئاو و کاره‌با و …تاد په‌یدا بوه‌ به‌رگه‌ناگردن. ئای چ میلله‌تێکی سه‌یرن.
    له‌ پڕ ژاوه‌ژاوێک له‌ پشت گونده‌وه‌ بیسترا، ورده‌ ورده‌ له‌ شوێنی خوتبه‌ مێژوییه‌ دورودێژه‌که‌ی کوێخا نزیکده‌که‌وته‌وه‌. سه‌ره‌تا کوێخا سورهه‌ڵگه‌ڕا و زۆر شڵه‌ژا، وه‌ستان و پچڕان که‌وته‌ نێو قسه‌کانی، به‌ڵام کاتێ یه‌کێک له‌ پاسه‌وانه‌ تایبه‌ته‌کانی له‌سه‌ر دره‌ختێکی به‌رامبه‌رییه‌وه‌ به‌ ده‌ست و په‌نجه‌ ئاماژه‌ی (ئۆکه‌ی) بۆ کرد، ئاهێکی به‌به‌ردا هاته‌وه‌ و له‌ ژێر لێوه‌وه‌ بزه‌یه‌کی کرد.
    مه‌جموعه‌یه‌ک به‌ جلی ئاڵوواڵاوه‌، به‌ چه‌ند گوێدرێژێکه‌وه‌، که‌ پێده‌چو له‌ گونده‌که‌ی ئه‌وبه‌ره‌وه‌ ته‌شریفیان هێنابێت، خۆیان به‌ ئاپۆڕاکه‌دا کرد و که‌وتنه‌ هاوارکردن: “کوێخا به‌دیلی نیه‌، کوێخا نمونه‌ی نیه‌.. ئه‌گه‌ر نه‌مێنێ کوێخا، کێ جێگامان بۆ راخا؟.. کێ پێی خۆشه‌ با وس بێ، هیتر بمرێ له‌ داخا”.
    کوێخاش وا خۆی پیشاندا گوایه‌ گرنگی به‌ هوتافی ئه‌و گروپه‌ نادات. ده‌ستیکرده‌وه‌ به‌ وتاره‌که‌ی:
  • هاوگوندانی به‌ شه‌ره‌فم.. جه‌ماوه‌ری خۆشه‌ویست و شیرینی گوندی (ئاشی نه‌زان)!
    هه‌مو ئه‌و شتانه‌ی ئێوه‌ ناوتان ناون کێشه‌ و ئه‌زمه‌ و قه‌یران به‌د‌یلیان هه‌یه‌. موچه‌ دواده‌که‌وێت، صه‌بر و ته‌حه‌ممولتان هه‌بێت، مه‌صره‌ف که‌م بکه‌نه‌وه‌، ئه‌وه‌نده‌ مه‌چنه‌ گه‌شت و گه‌ڕان و سه‌یران و صه‌فا، هه‌مو هه‌فته‌یه‌ک گۆشت و پڵاو مه‌خۆن، هه‌مو جه‌ژنێک جل و پێڵاوی تازه‌ مه‌کڕن، واز له‌ کڕینی ڤێللا و خانو و شوققه‌ی سیتی و گونده‌کانی ئه‌ڵمانی و ئینگلیزی و ئیتاڵی و فره‌نسی و خه‌ون و خه‌یاڵ و باخ و شاخ و چیا بهێنن، خانوه‌ قوڕه‌کانتان بیرچۆته‌وه‌؟ چیتر منداڵه‌کانتان مه‌نێرنه‌ مه‌دره‌سه‌ گرانبه‌ها سیستم ئه‌وروپی و ئه‌مه‌ریکییه‌کان، ئه‌ی (سوید)یش ئه‌وروپا نیه‌؟ (سیستمی ئاشی نه‌زان) عه‌یبی چییه‌؟
    کاره‌با نیه‌، به‌دیل هه‌یه‌، ده‌چینه‌وه‌ سه‌ر چراڕه‌شکه‌کانی سه‌رده‌می باب و باپیرانی نه‌مرمان. ئاو نیه، به‌دیل هه‌یه‌، زۆر به‌ که‌می ئاو ده‌خۆینه‌وه‌، جه‌ژناوجه‌ژن خۆمان ده‌شۆین،ده‌ست به‌ ئاوه‌وه‌ ده‌گرین.‌ نه‌وت و غاز نیه‌، به‌دیل هه‌یه‌، ته‌پاڵه‌ بۆ چێشتلێنان به‌کاردێنین. به‌نزین نیه‌، سه‌یاره‌کانمان ده‌سوتێنین، به‌ سواری گوێدرێژ هاتوچۆ ده‌که‌ین، یان هه‌ر به‌ پێ، بۆ صیحه‌تیشمان باشه‌.
    بۆیه‌ چه‌ندباره‌ی ده‌که‌مه‌وه‌: هه‌مو ئه‌و شتانه‌ی ئێوه‌ ناوتان ناون کێشه‌ و قه‌یران به‌د‌یلیان هه‌یه‌، به‌ڵام باش باش بیزانن و وه‌کو ئه‌ڵقه‌ بیکه‌نه‌ گوێچکه‌ گرانه‌کانتانه‌وه‌: ته‌نها من به‌ دیلم نیه‌، من!

28/09/2015 رانیه‌




کۆتایی لە سەرەتاوە.. نەوزاد بەندی

بۆ / ژ …………………ا

بڕۆ ، خۆریشم ناوێ ،
گەر بە تۆ ڕۆژ بێتەوە ..
بڕۆ ..ئەوەندە وون بە ،
هیچ کەس نەتدۆزێتەوە ..

دڵێ به تۆ خۆش ببێ ،
من خۆم ڕایئەوەستێنم ..
بزەیەک تۆ وێنەی کەی ،
من هەڵیئەوەرێنم …

شیعرێ تۆ ئیلهامی بی ،
یەک پیتی لێ نانوسم ..
تۆ قەڵەمی عەشق بی ،
یەک پیتی پێ نانوسم ..

من قەت لە خۆم نابوورم ،
کە چی جوان بوو بۆم نوسیت ..
کە دەربارەی هیچ شتێ ..
شتێکم لێ نەپرسیت ..

وامزانی هەرچی گوڵە ،
بە سپۆنسەری تۆیە ..
نەمزانی بنچینەکەت ،
چنگێ فێڵ و درۆیە ..

بڕۆ ، کێ پارەی هەبوو ،
کێ قۆڵبڕ بوو ، لەوێ بە ..
بە ڕۆژ گوڵە بەڕۆژە و ..
شەو ، شەوچەرەی شەوێ بە ..

نەوزاد بەندی