ئێران: لە ڕاپەڕینێك زیاتر!.. عدنان کریم

هێزە ئیسلامیەکانی ئێران بەڕابەریی ئایەتوڵڵا خومەینی لەخۆوە نەیانتوانی بەئاسانی سواری شەپۆلی شۆڕشی ساڵی ١٩٥٧ ی ئێران ببن. نەفرەتی گشتیی خەڵك لە ڕژیمی شای ئەو سەردەمە، پایگای تاڕادەیەك بەهێزی ئایەتوڵڵاکانی ئەوکاتە لە کۆمەڵگای ئێران، ڕەخنەنەکردنی ئەو ڕەوتە دینیە لەلایەن هێزە دیموکرات و چەپەکانەوە لە دوو ساڵی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران ٧٧-٧٩ و ستراتیجیەتی هەموو پێکەوە و دەس لەناو دەست بۆ ڕووخاندنی شا وزۆر هۆکاری تری هاوچەشن توانیان ژینگەیەکی سیاسیی گونجاو بەرهەم بهێنن کە لەئاکامدا لە مناڵدانی شۆڕشی ئەو کاتەوە، کۆماری ئیسلامیی ئێران لەدایك بوو. هەربۆیە لە ڕیفراندۆمی ساڵی ١٩٨٠ دا %98 ی بەشداربووانی ڕیفراندۆمێك کە بۆ هەڵبژاردنی جۆری سیستمی سیاسی ڕێکخرا، دەنگیان دا بە بژاردەی کۆماری ئیسلامی.
ڕاپەڕینی سەراسەریی ئێستای گەلانی، بەمانایەك لە ماناکان، لەناوەڕۆکی خۆیدا بۆ ڕاستکردنەوەیەکی درەنگ وەختی ئەو هەڵە مێژووییەیە. خومەینی بەهاوکاریی هێزەکانی وەکوو بەرەی میللی و نەهزەتی ئازادی و تەیفێك کەسایەتیی نیمچە لیبرالی وەکوو کەریم سنجابی و حەسەنی بەنی سەدرو مەهدی بازرگان و سادقی قوتب زادە، کە سەرانی ڕەوتی نیشتیمانی – لیبرالی ئەو سەردەمەبوون، توانی پایەکانی نیزامێکی فاشیی دینی لە ئێراندا دابمەزرێنێ. بەڵام ئەوە هەڵەیەکی مێژوویی گەورەیە گەر پێمان وابێ تەنها دیماگۆجیەتی ئایەتوڵڵاکان و دەستگرۆیی لیبرالەکان و دەستەپاچەیی و گومڕایی چەپەکان و دەستسووککردنی ڕۆژئاوا بوو کە بواری گونجاویان ڕەخساند بۆ ئەو وەرچەرخانە مێژووییە و تێپەڕاندنی ئەو تراجیدیە سیاسیە تالە کە ئاکامەکەی دامەزراندنی ( جمهوریی ئیسلامیی ئێران ) ی لێکەوتەوە وەکوو نیزامێکی سیاسی کە لەسەر بناغەی دەستووریی ( ویلایەتی فەقیه ) و هەژموونیی ئایەتوڵڵاکانی ئەو وڵاتە و جێبەجێکردنی حوکمی شەریعەتی ئیسلامی ڕاوەستاوە.
کاریگەریە قووڵەکانی ٤٣ ساڵ دەسەڵاتی ئەم (جمهوری)ە نەك تەنها گێڕانەوەی ئێران بوو وەکوو وڵاتێکی خاوەن ڕابوردووی شارستانی و پایگایەکی ڕۆشنبیری بۆ دواوە، بەڵکوو پریشکی ئەم ( غەفڵەتە مێژوویی ) یەی بەسەر گەلانی ئێراندا تێپەڕی هەر زوو سنوورەکانی ئەو وڵاتەی بەزاند و ئاخوندەکانی جمهوری ئیسلامی زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە و قەیرانە سیاسی و ئابووریەکانی ناوچەکەیان کرد بە شانۆی ناردنە دەرەوەی ئەو ( فاشیزمە ئیسلامی ) یەی کە هەموو توانا ئابووری و جیۆپۆلیتیکی و شارستانی و بەها مێژوویەکانی ئێرانی لەو کارزارە دا خستەگەڕ و زۆریش سەرکەوتوو بوو تیایدا.
پێئەچێ ٤٣ ساڵ لە حوکمڕانیی ئیسلامیەکان لە ئێراندا نەیانتوانیبێ میزاج و عەقڵیەت و فەرهەنگی ژیاندۆستی و ئازادیخوازی و پێشکەوتنپەروەری و ئاواتی دەسگەیشتن بە جیهانێکی شکۆفا و سەردەمیانە لەناو خەڵکی ئێراندا بچەپێنن وخەفەی بکەن. کوشتن و زیندان، سەپاندنی زۆرەملێی جیاوازیی جێندەری و حوکمی شەریعەت، دەسەڵاتی دەیان دامودەزگای سەرکوت و خەفەقان و …. تاد، شکستیان هێنا لە وەرچەرخاندنی ئاراستەی خواست و ڕەوڕەوەی شارستانی و فەرهەنگیی گەلانی ئێران. ڕاستە لەسەرەوە و بەڕواڵەت دەسەڵاتێکی ئیسلامیی خاوەن ئەجیندای سەدەکانی ناوەڕاست لەو ٤٣ ساڵەدا لەسەرکار بووە بەڵام لەولاشەوە تەفاعولاتی شۆڕشگێڕانە و ئازادیخوازانە و یەکسانیخوازیی ملیۆنەها مرۆڤی ئێرانی لەناو ئەو مەنجەڵی ئیستیبداد و ستەمە هەمەلایەنەیەدا لە کوڵان و تەفاعول و ئامادەسازیەکی بێوێنەدا بووە وبۆ ڕۆژێك گەڕاوە کە تای تەرازوو بە قازانجی ئەوان بگۆڕێت.
خەڵکی شۆڕشگێڕی ئێران لەم ڕاپەڕینەدا دژایەتیی خۆیان لەگەڵ جەوهەریترین بونیادەکانی ئەم ڕژیمە ئاینیە فاشیەدا ڕاگەیاندووە. ئەوان نەخوازیاری ئیسلاحی ڕژیمی ئێستان نە لایەنگری ئەم باڵ و ئەو باڵی دەسەڵات. ئەوە جیاوازیی چۆنایەتیی سەرەکیی ئەم ڕاپەڕینە شۆڕشگێڕانەیەی ئێستایە لەگەڵ بزووتنەوەکانی سەوزەکان یا بزووتنەوەی داخوازیی خەڵکی لەسالی ٢٠١٩دا. بەومانایە بە جیاواز لە هەموو قۆناغەکانی پێشووتر، ئەم ڕاپەڕینە بەرهەمی گەشەی کەڵەکەبووی خودجۆشی هۆشیاریی فەرهەنگی و سیاسیی زۆربەی کۆمەڵگای ئێران و بەتایبەتی ئیلیتی لاوانی وڵاتە بە تایبەتیش بەو ڕۆڵە مێژوویی و دەگمەنەی کە ژنانی ئێران ئەیگێڕن.
جۆر و ناوەڕۆکی ئەو خودئاگاهیە سنووری نەتەوە و ئاین و مەزهەبەکان و ناوچە جوگرافیەکانی وڵاتەکە تێئەپەڕێنێت.هەر بۆ نموونە کوردی ئێرانی خواستەکانی لە بواری ستەمی نەتەوەیی و دژایەتیی شۆفینیزمدا ناخاتە بەرانبەر هیچ پێکهاتە و گەلێکی تری ئێران بەڵکوو سۆراغی ئەو ئامانجانەی لەڕێگەی ڕووخاندنی ڕژیمی ئێستا و خەباتی هاوبەش ویەکگرتووی خۆی لەگەڵ گەلانی تری ئێراندا ئەکات بۆ بەدیهێنانی ئازادی و دیموکراسی و فرەیی و یەکسانی لەهەموو ئێراندا.
سروشتی خودجۆشی بزووتنەوەی گەورەی جەماوەریی ئێستای ئێران بەو مانایە نیە کە ڕەوت و باوەڕی فکری و سیاسی و مەیل و ئاراستەی کۆمەڵایەتی و چینایەتی تیایدا نیە بەڵکوو بوونی ئەو ئاراستە و بیروباوەڕانە دیاردەیەکی زیندوو و پۆزەتیف و بەدیهیە. خودجۆشی و سروشتی بوونی ئەم بزووتنەوە سەرتاسەریە بەو مانایەیە کە دروستکراوی هیچ هێز و حیزب و ڕێکخراوێکی ناوخۆ یا ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی دەرەوە نیە بە چەپ و ناوەڕاست و سەنتەرەوە. دروشم و بانگەواز و سیمای سیاسی و فکریی ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕە ئەسیلە لە کتێبەکان و بەرنامەی حیزبەکان و وەڵامدانەوە بە داواکاریی هێزە سیاسیە تەقلیدیەکانەوە دەرنەکێشراوە بەڵکوو ڕەنگدانەوەی خودهۆشیاریی خەڵك بەگشتی و چالاکوانانی ناو شار و وڵاتەکە و تەفاعولی زیندووی ئەوان و تاقیکردنەوەی ساڵەهای ساڵ خەبات و بەرەنگاریی ئەوانە لە ناوەوە. هیچ یەك لە شێوازەکانی خەبات و داخوازی و تەکتیکەکان و هونەری خەباتگێڕی لەجەرگەی ئەم بزووتنەوەیەدا لە دونیای کتیب و بەرنامەکانەوە سەری دەرنەهێناوە و بگرە ئەساڵەتەکەی لەوەوەیە کە ڕەنگدانەوە و بەرهەمی دەستوپەنجە نەرمکردنی ڕابەرانی فیعلیی ناودڵی ڕاپەڕینەکەیە بە سابیقەی سیاسی و عەمەلیانەوە. ئەو قسەیە بەومانایە نیە کە بەرنامە و هۆشیاری و فکر و تیۆری کەم بایەخە یاخود لای ئەو چالاکوانانە جێگەیەکی نیە بەرڵکوو بەو مانایەیە کە گشت ئەو پێویستیانە بە پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆ بە ئیمکانات و تواناییەکانی خودی بزووتنەوە شۆڕشگێڕەکەوە گرێدراوە و ڕاستی و دروستی هەریەکەیان بە پێوانەی پێویستیەکانی ئەو بزووتنەوەیە پێوانە ئەکرێت.
جگە لەوانەش گرێ و پرسیاری وەکوو ڕابەری و ڕێکخستن وهەروەها چاوەڕوانی و سۆراغکردنی ئەو جۆرە مەسەلانە بە عەینەکی میتۆدی سواوی کلاسیکی و ئایدیۆلۆجی ڕەنگبێ تووشی جۆرێك لەگومڕاییمان بکات. بزووتنەوەیەك بەو تایبەتمەندیانەوە، خۆی بەستەری دەرکەوتن و خەمڵاندن و بەهێزبوون و دەرکەوتنی چەندین شێوازە لە ڕێکخستی سروشتیی وا کە لە تەفاعولاتی ئەم کردە شۆڕشگێڕە گەورە و کەم وێنەیەوە سەردەردێنێت کە سەرچاوەی سەرەکی بەڵام نەك تەنهای هۆشیاریەکەی، خودی بۆتەی ئەم ڕاپەڕینەی ئێستایە.
لەلایەکی ترەوە کۆسەرنجی تێکۆشەرانی شۆڕشگێڕی ئێستای ناوخۆی ئێران چەقبەستووە لەسەر دروشمێکی سەنتراڵ کە بریتیە لە ڕووخانی ڕژیم بەهەموو بونیاد و ڕیشە و دام و دەزگاکانیەوە. ڕاستەر کە ڕووخانی ڕژیمی ئێستا دەرگا ئەخاتە سەرپشت لەسەر ململانێیەکی دوورودرێژ سەبارەت بە کێشە قووڵەکان و مەسەلە ستراتیجیەکانی کۆمەڵگای ئێران، بەڵام ئەو بەستەرە دیموکراتیکەی کە ڕووخانی ڕژیم بەدەسەتی خودی خەڵك و بەشێوەی شۆڕشگێڕانە فەراهەمی دێنێت، و مانەوە و درێژەی حوزوری خەڵك لەدوای ڕووخانی خەڵکیش زامن ئەکات و بەوجۆرەش ڕێئەگرێ لە دووبارەبوونەوەی ئەو سیستمە حیزبۆکراتیەی کە لەسەر بنەمای نەتەوەیی و ئاینی و مەزهەبی وتایفی لە عێراقی دوای ٢٠٠٣ دا ( بۆ نموونە ) ، سەریان دەرهێنا.
ڕەوتی تا ئێستای ڕاپەڕینی ئێران پاکژی و خاوێنیی خۆی پاراستووە لە زۆرێك لە خەوش ودەردەکانی بزووتنەوە سیاسیە کلاسیکیە جەماوەریەکانی ناوچەکە بەتایبەتی ئەوانەی ناسراون بەبەهاری عەرەبی. یەکگرتوویی ئەوان، یەك ئامانجیان، گیانی هاوخەباتی و هاوچارەنووسیی هاوبەشیان، یەکسانی و برایەتیەك کە لەناو پێکهاتە ئەسنی و ناوچەییە جۆراوجۆرەکاندا سەری دەرهێناوە، بەتەنگەوەهاتنی یەکتری و هاوپشتیی نێوانیان، بەشداریی فراوان و کەم وێنەی ژنانی هۆشیاری ئێران لە ڕیزی پێشەوەدا، ئازایەتی و جەسووریان لەبەرانبەر ڕژیمی هار و دیکتاتۆری ئیسلامیدا و خۆدوورگرتن لەهەموو جۆرە دەمارگرژی و ناتەباییەکی نەتەوەیی و ناوچەیی، یا پێداگریی بێمانای فکری یا سیاسی، خۆدوورگرتن لە پاڵەوانبازیی ئایدیۆلۆجی و بەرزەفڕیی بێناوەڕۆکی سیاسی و دەیان دیاردەی پرشنگداری تر، ئومێدی سەرکەوتن لەم قۆناغی یەکەمەدا، کە شتێک نیە جگە لەڕووخانی ڕژیم، بەهێزتر و ئاسۆدارتر ئەکەن.
گرەوکردن لەسەر سەرکەوتنی ئەم ڕاپەڕینە لە ئێراندا لەوێدایە کە چۆن پان و بەرینتر ئەبێتەوە لە جوغرافیای هەموو ئێراندا. لەگرەوی ئەوەدایە کە چەند بەشەجۆراوجۆرەکانی تری کۆمەڵگای ئێران پێوەی پەیوەست ئەبن و ئەبن بە مایەی هێز و وزەیەکی فراوانتر. سەرکەوتن لەئاسۆی قووڵکردنەوەی زیاتری گیانی خەبات و تێکۆشانی هاوبەش و یەکپارچەی گەلانی ئێراندایە. لە ڕێزگرتنی جیاوازیەکان و چەسپاندنی مافی هەموو گەلانی وڵاتەکە و یەکسانیی نێوانیان وبنەبڕکردنی ئاکامەکانی سیاسەتی شۆفینیی ڕژیم و ڕەوتە دژی خەڵکیەکان و جێخستنی شوناسی دەوڵەتی هاوڵاتی و بنیاتنانانەوەی پەیوەندیی نێوان هەموو هاوڵاتیانی ئێران و دەسەڵات لەسەر بناغەی ئەرك و ماف وەکوو کۆنتراکتی نێوان دەوڵەت و خەڵکدایە. یەکسانیی جێبدەری و مافی تەواوی ژنان بەشێکی دانەبڕاو و پێوەرێکی گرنگیشە بۆ بەرجەستەکردنەوەی ڕەوت و ماناکانی سەرکەوتن و ماهیەتی دەسەڵاتی داهاتووش. جێگیرکردنی خواستی دادی کۆمەڵایەتی و چاری هەژاری و نادادیی جینایەتی وەکوو نەخشەی ئاڵای ڕاپەڕینی ئێستا، زامنی ئەوەیە هەنگاوێکی باش لەسەرکەوتن نزیك ببنەوە. خەڵکی شۆڕشگێڕی ئێران بەم ڕاپەڕینەیان دەنگی خۆیان بەرزکردەوە لەدژی هەر جۆرە سیستمێکی سیاسی کەلەسەر بناغەی نەتەوەیی یا ئاینی دامەزرابێت.
لەکۆتاییدا نابێ ئەوەش لەیاد ببەینەوە کە هەرچۆن دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی لە ئێراندا سەرەتای وەرچەرخانێکی نێگەتیف و کارەساتباربوو لە ئاستی ناوچەکە و جیهاندا و بەتایبەتیش ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوینی تووشی دەیان کێشەی دینی و مەزهەبی و ململانێی تەسك و کۆنەپەرست کرد و ئاراستەی دەیان مەسەلەی وەکوو فەلەستین و بەرگریی لەلوبناندا ئاوەژووکردەوە و ناوەڕۆکیانی لێخن کرد و بەگشتی دەستێوەردانەکان و درێژکردنەوەی کلکی لەناوچەکەدا گەورەترین کارەساتی بەدواداهات، بەهەمان شێوە ڕووخاندنی لەپرۆسەیەکی سالمی شۆڕشگێرانە و لەخوارەوە و بەدەستی خودی خەڵکی شۆڕشگێڕ و هۆشیاری خەڵك، ئەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە گۆڕینی ئاراستەی سیاسەت و خەبات وبەو جۆرەش تیكۆشانی خەڵکی ناوچەکەش بەرەو ڕەوتێکی ئازادیخواز و مەدەنی ئاراستەبکات.
بە ڕووخانی شۆڕشگێڕانەی ( جمهوریی ئیسلامی ) یەکێك لەکۆڵەکەکانی ئیسلامی سیاسی وەکوو بزووتنەوەیەکی فاشی لە جیهان و ناوچەکەدا هەرەس دێنێت و پایگای ئیسلامی سیاسیش بەگشتی لاوازتر و ناپایەدارتر دەبێت.هەر بۆیە ئەمڕۆ ئێران بەوەرچەرخانێکی گەورەی جارەنووسسازدا تێئەپەڕێ. سروشتی ئەو جووڵانەوە شۆڕشگێڕە، بووە بە ئەڵقەی مەرکەزیی لە پرۆسەی شۆڕشگێری و خەباتی ئازادیخوازانەی ناوچەکە. لەم ڕووەوە، تەرخانکردنی هەموو تواناکان بۆ سەرخستنی ئەو بزووتنەوەیە و پاڵپێوەنانی بەرەو ترۆپکی شۆڕشێکی سەرتاسەری کە ئێران لە سەنگەری دەستێوەردانی کۆنەپەرستانە و قەڵای فاشیزمی ئیسلامیەوە بگۆڕێت بۆ چرای شۆڕش و پەناگای مەدەنیەت و ئازادیخوازی لەناوچەکە و جیهاندا، ئەرکی لەپێشەوەی هەموو کەس و بزووتنەوەیەکی ئازادیخواز و شۆڕشگێڕە.

ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢




بنەچە و کێشی چوارین، لە هۆنراوەی کوردیدا. ﴿توێژینەوەیەکی پەسنی ــ مێژووییە﴾.. ئامادەسازی:عومەر عادل عەبدوڵا

سنووری توێژینەوەکە:
سنووری تۆێژینەوەکە،لە دەوربەری چوارینەکان دەخوڵێتەوە لە هۆنراوەی کوردییدا،لە سەرەتادا هەوڵمداوە چەمکی چوارینەکان لە چوارچێوەی ئەدەب و هۆنراوەدا ڕوونبکەینەوە و پاشان دەچینە سەر ناوەڕۆک و ڕووخساری چوارینەکان له ئەدەبیاتی کوردییدا و هەندێ بابەتی تر…

گرفتی تۆێژینەوەکە:
گرفتێکی ئەوتۆمان نەهاتە پێشەوە کە شایەنی باسکردن بێت.تەنها ئەوە نەبێت،کە بە وۆردی مۆبایل نووسیمانەتەوە.کە هەندێک درەنگی خستیین.ئەوەی ڕاستی بێت،قەسەکردن و لێدوان لە بارەی مێژووەوە،خۆی لە خۆیدا گرفتێکە،چونکە پێویستی بە بەڵگاندن و خستنەڕووی هەندێک سەرچاوەی مێژووی ڕاست و دروست هەیە.

ڕێبازی توێژینەوەکە:
ڕێبازی تۆێژینەوەکە،ڕێبازێکی پەسنی ـ مێژووییه،کە لە ڕێگەی پەسنکردنی چوارینەکانەوەتەقەلامان داوە بگەین بە ڕاستییەکی مێژووی بۆ ئەم بابەتە و هەندێک بۆچوونی مێژووی کۆبکەینەوە و بیدەین لە بێژەنگی ڕاستی.چونکە لەو سەرچاوانەی کە لە ڕابردوودا باسی لێوە کراوە،هەندێک هەڵە تێگەیشتن و لاربوونەوەیەکەی تێدایه.

پێشەکی:
ئەمەی ئێمە خستوومانەتە ڕوو و داوامانەتە بەر تیغی توێژینەوە،بابەتێکی کورت و پوخته.لە ڕاستییدا،ئەمەش پێش ئەوەی توێژینەوە بێت،کۆکردنەوەیەکە بۆ خۆی،چونکە هەستاوین بە کۆکردنەوە هەموو ئەوە بۆچونانەی لەلایەن چەند نووسەرێکی کورد و ناکوردەوە بۆ چوارین و مێژووی چوارین کراوە.چونکە مێژووی چوارین زۆر لەوە دوو درێژتره هەندێک بۆچوونی لە بارەوە خراوەتە نێو باسەکان.هەروەها بە پێی تێگەیشتی خۆمان،هەوڵمان داوە،تیشک بخەینە سەر چەند هەڵەیەک.

پێناسەی چوارین:
ئەمە،یەکێکە لە کۆنترین ئەو هونەرە شیعریانەی،کە هۆنراوەکانی پێی نووسراوەتەوە.لە ئەدەبی(وێژەیی) عەرەبی و فارسی پێیدەوترێت(رباعی).هەروەها لە پاڵ ئەم ناوەشدا،(دوبیتی)بۆ بەکاردەهێنن.لە ئەدەبیاتی ئینگلیزیشدا بە(quaitran)دەناسرێتەوە.
بەڵام دکتۆر مارف خەزنەدار بەراوردەی نێوان(چوارین و دووبەیت)کردووە بەوەی دەڵێت:((زاراوەی دووبەیت و چوارین لە ئەدەبیاتی کوردی‌ دا هاوسەرن.لەباتی یەکتری بەکاردهێنرێن،چونکە لە زۆر ڕووەوە لە یەکتری دەکەن.دووبەیت بەو واتای دوو دێرە شیعرە،…))۱بەڵام لە خوارووی پەڕەکەوە،جیاوازییەک دەخاتەڕوو:((بەڵام ئێمە لێرەدا مەبەستمان ئەوەیە دووبەیت بۆ هونەرێکی شیعری تر لە کوردییدا بەکاردەهێنرێ ، ئەم هونەر لە ئەدەبیاتی دیاڵێکتی گۆرانی دا ئاشکرا و دیارە.بە تایبەتی لە شیعری ئاینی یارسان.دووبەیت لەسەر کێشی دە سیلابی و وەستان لە ناوەڕاست دەبێ و هەر چوار دێڕە شیعرەکە لەسەر یەک قافیە دەبێ.شیعری بابە سەرهەنگ دەودانی و پیر شالیار و شا خۆشێن و بابا ناوس و هی تر بەم شێوەیە خۆیان دەنوێنن.))۲وەکو نموونیەیەکەیش،بۆ بۆ ڕوونکردنەوەی دووبەیت لە ئەدەبیاتی یارسانی و زیاتر ڕوونکردنەوەی مەبەستەکەی(د.مارف)ئەم هۆنراوەی سەرهەنگ دەودانی٭ دادەنێنین:

((ها یاگەم چۆڵەن،ها یاگەم چۆڵەن
وە وێنەی فەرهاد ها یاگەم چۆڵەن
ڵاڵم نەباڵەن پۆستم نە کۆڵەن
هامدەمم کۆفەن،یاران نەهۆڵەن

واتە:ئەوا جێگە و شوێنم بۆتە چۆڵی و بە وێنەی کەوتومەتە دەشت و بیاو‌ان و‌ ئاوارە بووم، وە ڵاڵ و بازیوەنی خواناسی لە باڵمە و پێست و کەڵپۆسم له کۆڵە و هاودەم و هاوڕازم کێوە یارانم هان لە تێکۆشانی پەیداکرنمدا و هەمووین ئاوارەبوون.)).۳
کەواتە بە پێی بۆچوونی د.مارف بێت،لە ئەدەبیاتی کوردییدا،دووبەیت جیاوازە لە چوارین.چیاوازیەکەش لە ڕووی ناوەڕۆکییەوە،بەڵام ئێمە لەو باوەڕەداین،کە چوارین و دووبەیت هەمان هونەریی شیعرین.دووبەیت و چوارین تەنها جیاوازییان لەوەدایە:کە
بەم هونەر شیعرە،لە کوردییدا دەوترێت چوارین،وەڵێ لە فارسییدا پێدەوترێت(دووبەیت)واتا جیاوازییەکەی جیاوازی زمانییە،نەک واتایی و مەبەستی.
چونکە هەروەکو خۆی لە پێناسەی چواریندا پێی وایە کە ناوەڕۆکی چوارینەکان خۆشەویستی و سۆفێگەری و ئاینی و…،جا ئەگەر لە دووبەیتەکانی بابە سەرهەنگ دەودانی و ئەو شاعیرانی تر بڕوانین کە ئاماژەی پێداون،ئەو هیچ بەدەر لەو خەسڵەتانەی کە خۆی باسی کردوون.
سەبارەت بە بە پێناسەی چوارین گەلێک پێناسەی لە بارەوە کراوە.ئێمەش،هەوڵ دەدەین ئەو پێناسانە کۆبکەینەوە،کە کەڵەبیرمەندان و هەندێک لە لێکوڵەرانی تر،بۆ چوارینییان کردووە.
(جواد مصطفی)،لە پەرتووکی(في تراث العربي ـ جزء الاول) دەڵێت:((چوارین(واتا:رباعی)بەلای هەڵبەستوانانەوە، گوزارشتە لە دوودێر(الدوبیت).
کە دوو دێری شیعرین هاوسەروا و هاوکێشن و مەرجیش نیە نێوەدێری سێیەم هاوسەروا بێت.))٤
هەروەها(ئەحمەد هاشمی)لە پەرتووکی(میزان ذهب في صناع شعر العرب)بەم چەشنە پێناسەی دەکات:((ئەم کێشە هونەرە،لە فارسییەوە گواستراوەتەوە و به(دوبیت)گۆکراوە و لە دوو وشە پێکدێت.وشەی یەکەم بە مانایی دووان دێت وشەکەی دووەم ماناییەکی عەرەبی هەیه.))٥مەبەستی لێکۆلەر کە وا دەڵێ((ماناییەکی عەرەبی هەیە))،واتایی(بیت)ە بە مانایی(دێر)دەدات لە زمانی کوردییدا.
(د.سیروس شمسیا)لە بارەی (چوارین)ەوە دەڵێت((چوارین(رباعی) لە زماندا بە مانای چوار دانە دێت‌ و لە چوار بەش پێکدێت…)).هەروەها لە فارسییدا چەند ناوێکی تر بۆ دانراوە،وەکو((دوبیتی،ترانە،(چهاردانە)چواردانە،(چهارخانە)چوارخانە)).٦
(حەبیب یغمالی)،کە مامۆستای ئەدەبیاتی فارسییە، بەم چەشنە دێتە پێناسەی چوارین و دەڵێت:((چوارین چوار نێوەدێرە،کە لەسەر کێشی(لاحول و لا قوة الا بالله)هۆنراوەتەوە و سەروایەکەی سنوورداری هەیە.))۷لەم پێناسەیشدا،بۆ ڕوون دەبێتەوە،کە لە کلاسیکدا چوارین کێشی تایبەتی خۆی هەیە و بە شێوازی تایبەتی خۆی دەهۆنرێتەوە.
لە نێو لێکوڵەرانی کورددا،لە بارەی ناساندنی)چوارین)ەوە هەندێک بۆچوون خراوەتەڕوو.بۆ نموونە (د.مارف خەزنەدار)دەڵێت:((چوارین پارچه شیعرێک یان کارێکی ئەدەبی سەربەخۆ و تەواوە بۆ مەبەستی سۆفیزم و دڵداری و فەلسەفە و شەراب و مەیخانە و پەند و قسەی نەستەق و دانایی و شتی تر بەکاردەهێنرێ.))٨
(عەزیز گەردی)لە بارەی پێناسەی ئەم جۆره شیعرەدا ئێژیت:((بریتییە له چوار لەتی سەربەخۆ مانایەکی ورد وقوڵ دەردەبڕێ،دەڵێن چوارین وەکو ئەوە وایە شاعیر بیەوێ یەک دەریای ئاو لە پەرداخێک بکا))بەو واتایەی چوارین:دەربڕینێکە، هەرچەندە لە چوار لەتە شیعر پێکدێت،وەڵی ماناکەیەکی گەورە و فراوان دەدات بە دەستەوە.هەبۆیە بە(چوارینەکانی خەیام)یش زۆرجار دەوترێت چوارینە فەلسەفیەکانی خەیام.هەروەها،(عەزیز گەردی)لە کتێبی(فەرهەنگی کێشناسی)،دەڵێت:((بریتییە له چوار لەت بە یەکەوە یەکەیەکی شیعری پێك دێنن.بە هەر چوار لەت دەگوترێ(بەیت).))۹
شێوە جیاوازەکانی چوارین لە ئەدەبییاتی کوردییدا:
چوارینەکانەکان،بە شێوەیەکی گشتی بە چەند شێوەیەک دەردەکەون و هەر جارەوە بەرگێکی ئەدەبیاتە دەپۆشن،بەڵام بەشێوەیەکی گشتی دەتوانین دابەشییان بکەین بەسەر ئەم شێوانەی لای خوارەوە:

ٲ.چوارینی بالوولی:
لە ئەدەبیاتی عەرەبییدا بەم شێوە چوارینەیە دەوترێت (مخالص)،كە بە مانای(تەواو)دێت.ئەمە کۆنترین و دێرینترین قاڵبی بەکارهێنراوی (چوارین)ە،لە ئەدەبیاتی کوردییدا.چونکە لە سەرەتاکانی هۆنراوەی کوردییدا یەکەمجار(بالوولی ماهی)بەکارهێنراوە،بە پێی ئەو ڕێزبەندی کە(سەدیق بۆرەکەیی)بۆ مێژووی وێژەی کوردی کردوویەتی.لەم جۆرە چوارینەیەدا،((مەرجە هەردوو دێرەکە بە دوو وشە کۆتاییان پێهاتبێت،هاوچەشن بن.))[ئەحمەد هاشمی:٢٠١٢:١٤٢].ئێمە لە ناونانی ئەمجۆره قاڵبەدا،تەنها ڕەچاوی مێژووی هۆنراوەمان کردووە و لە سۆنگەی ئەو مێژووەوە،ئەم ناوەمان بۆ دیاری کردووە و ڕەچاوی ئەدەبیاتی فارسییمان نەکردووە.

بەڵام لە ئەدەبیاتی فارسییدا، ئەو شاعیرانەی ئەم قاڵبەی پەیڕەویان کردووە(شێخ بەهائی و ئەبو سەعید ئەبو خێر و…)بەڵام هەموو ئەمانە،دوای بالوولی ماهی ژیاون.ئەم چوارینە،هەر چوارلەتەکەی پابەندی یەک سەروان،بەم شێوەیە(AAAA).هەر بۆیە ناونراوە چوارینەی تەواو چونکە هەموو لەتەکانی هەڵگری یەک سەروان.نموونەی ئەم شیعره لە ئەدەبیاتی کوردیدا لە پارچه شیعری(نیشتمان۱۰ی(ئەسیری)دا دەردەکەوێت:

خۆشەویستی نیشتمانت باعیسی ئیمانتەA
چوڵ و وێرانی وڵاتت مووجەبی فەوتانتەA
تۆزێ ئەم خاکە عەزیزە مەرهەم و دەرمانتەA
کەڵبەز و ئەشکەوتی کێوی قەسرتە ئەیوانتەA

ب.چوارینی تاهیری:
لە ئەدەبیاتی عەرەبییدا.تەنها پێیوتراوە(رباعی).ئەم جۆرەیان بە ناوبانگترین قاڵبی چوارییانە،چونکە لە هەموو قاڵبەکانی تر،زیاتر بەکارهێنراوە.چوارینەکانی(عومەری خەیام)و(بابا تاهیری هەمەدانی)باشترین گەواهیدەری ئەم لێدوانەن.ئەم چوارینە((لە ناوی بابا تاهیری هەمەدانییەوە هاتووە کە یەکەم جا ئەو ئەم داشبوونە سەروایەی لە چوارین بەکارهێناوە))۱۱ئەم جۆرە قاڵبە،د.مارف خەزنەدار به چوارینەی(بێ گونك)٭ناوی بردووە.چوارینی تاهیری دابەشبوونی سەروایی بەم شێوەییە:لەتی یەکەم و دووەم و چوارەم هاوسەروان،بەڵام لەتی سێییەم ناسەرواییە((چوارین دابەشبوونی سەروای جیاجیای هەیە،هەرە باوەکەیان ئەمەیە:(ا ا ب ا).چوارین زۆر جۆری هەیە)).کەواتە،دوای چوارینی بالوولی ئەم شێوە چوارینە کۆنترین و دێڕینترین شێوەی بەکارهێنراوی چوارینە لە ئەدەبیاتی فارسی و کوردییدا.نموونەی ئەم چوارینە هەموو ئەو شاعیراندا کورددا له چوارینێکی(عەبدوڵا گۆران)دا دەردەکەوێت:
نووستبووم،ژێریك لە خوما فەرمووی:
کێ بە خەو پشکووت غونچەی ئارەزووی؟
خەو برا مەرگە،تا زیندووی مەمرە،
کە مردی لە ژێر خاکا تێر ئەنووی! ۱۳

ج.چوارینی شکسپیری:
ئەم جۆرەیان،هەر لە ناوەکەیدا ڕا دیاره، قاڵبێکی ناڕەسەنە و لە ئەدەبیاتی جیهانییەوە به شێنێ خۆی خزادۆتە نێو ئەدەبیاتەکەمانەوە.چەند ناوێکی تریش هەیە،وەکو:سەروای موتەناویب و دەوری و پاڵەوانێتی..)(عەزیز گەردی)لەم بارەیەوە دەڵێت:((ئەم سەروایەیە بە شێوەی دەوری یەک لەدوای یەک دووبارە دەبنەوە…))۱٤.ئەم چوارینە،لەبەر ئەوەی ناونراوە چوارینەی شکسپیری،چونکە شکسپیر یەکەمجار بەکاری هێناوە.لەم جۆرەدا لەتی یەکەم و سێیەم هاوسەروان و لەتی دووەم و چوارەم هاوسەروان،واتا،ڕێزبوونی قاڵبەکەی بەمشێوەیە (ا ب ا ب).نموونەی ئەم قاڵبه لای گەلێک شاعیرانی کوردی بەدی دەکرێت،وەکو(شێخ نووری شێخ ساڵح)لە هۆنراوەی(دەردی دڵ خۆم)۱٥دا پەیڕەوی کردووه:

دەردی دڵی خۆم،جوملەیەکی بێنمە تەقدیرA
ئنس و مەلەک و جن و پەری دێنمە گریانB
بێ شک موتەحەیر دەبێ،دێوانە لە زنجیرA
سەد ئاقڵ و هۆشیار ئەخەمە کێو و بیابانB

ح.چوارینی پترارکی:
ئەم جۆرەیان،بە ناوی(فرانچسکۆ پترارک)ی شاعیر و نووسەر و مێژوونووس دەروونناسی ئیتاڵییەوە ناونراوە.چونکە پێیان وایە ئەو یەکەمین کەسە،لە هۆنینەوەی هۆنراوەکانیدا پەیڕەوی ئەم قاڵبەی کردووە.بێجگە لەم ناوەش چەند ناوێکی تری لێنراوە، وەکو(موتەعانیق،لە ناو یەک،لەباوەش یەک)بەڵام((زیاتر هەر بە چوارینەی پترارکی ناو دەبرێت،چونکە پترارک لەو چوارینانەی کە ل سۆنێتەکانیدا بەکاری دەهێنا،ئەم قاڵبەی داناوە))۱٦،ئەم جۆرەیان سەروای یەکەم و چوارەم هاوسەروان و سەروا دووەم و سێیەم هاوسەروان واتا بەم شێوەییە(ABBA)،نموونەی ئەم جۆرەیان بە ڕوونی لە شیعرەکانی(گۆران و شێخ نووی شێخ ساڵح)دا بوونی هەیە،بۆ نموونە(عەبدوڵا گۆران)لەم شیعری(مەدەنییەت)۱۷دا دەردەکەوێت:

قەومی کوردی هەژاری بێچارەA
وێڵی تەیهی جەهالەتە،هاوار!B
ماندوو،مردووە غەرقی تۆز و غوبارB
تەی ئەکا ئەم موحیتی ئەسرارە!A

شایەنی باسە،چەندین قاڵبی تری چوارین هەن،لە هۆنراوەی کوردییدا.بەڵام ئەو چواردانەی سەرەوە بەناوبانگترین قاڵبی بەکارهێنراو و دیارن.

شوێنی لە دایکبوونی چوارین و ڕا جیاوازەکان:
لە بارەی شوێنی لە دایکبوونی چوارینەکان،ڕاوبۆچوونی جیاواز هەیە و هەریەکەوە داکۆکی لە ئەدەبیاتەکەی خۆی دەکات.ڕاوبۆچوونەکان لە نێوان کورد و فارسدا چەقییان بەستووە.ئێمە هەوڵ دەدەین دادوەرێکی بە ویژدان بین لە یەکلایی کردنەوە ئەم بابەتەدا و هەندێک لە بۆچوونە جیاوازەکان بخەینەسەر مێزی لێکوڵێنەوە.
فارسەکان،ئەم هونەره شیعره بە موڵکی نەتەوەی خۆیان دەزانن و دەیگەڕێنەوە بۆ شاعیره دێرینەکانییان.هەر لەم بارەیەوە،چەند بەڵگەیەکییان کۆکردۆتەوە،بەڵام نازانین ئەم بەڵگانە تا چەند لەڕاستییەوە نزیک و دوورن.ئەوەتا(د.سیروس شمسیا)له پەرتووکی(سیر رباعی)دەڵێت:((لە بارەی داهێنانی شێوەی هۆنراوەیی و کێشی تایبەتی چوارین،دوو بەسەرهاتی هاوشێوەی لە پەرتووکی پێشیناندا هاتووە.بە گوێرەی گێڕانەوەی یەکەم بێت،لە کتێبی(در المجم فی معابیر اشعار العجم)ئاماژەی پێکراوە:
ڕۆژێک(رودکی)٭لە یەکێک لەو سەیرانگایانەی(غزنین)گەڕاوە.لەوێدا دەڕوانێت،کە کۆمەڵێک به گوێزەوە سەرقاڵی یاری منداڵان.منداڵێکی ڕووجوانی بینی لە سەروبەندی یاریکردندا،زمانی شیرینی دەکرد و لە کاتی قسەکردن لەگەڵ خۆیدا کۆمەڵە سەرواییەکی ڕێک و هاوکێشی بەکاردەهێنا،یەکجار لە کاتی کەوتنی گوێزەکەدا،بەرەوە کەندەڵانەکە،خڵۆر دەبوویەوە.
بەهۆی بەرکەوتنی لەگەڵ گوێزیکی تردا.بەڵام پشاوپاش بەڕووی کەندەڵانەکە وەرگەڕا و منداڵەکە وتی:((خڵۆر خڵۆر هەمووی ڕۆشت تا بنی گۆم))هەڵبەستوان ئەم وشانەی بەلاوە دڵگیر بوو،چونکە بە یاساکانی عەرووز پێداچوونەوەی پێداکرد و لەگەڵ یەک لەو کێشەکانی بەحرەی هەزەج هاوکێشن بوون.
پاشان ئەم جۆرە کێشە به شیعرانێک دەوترا لە چواریندا(دوبیت)،دێری یەکەم بڵاو و دێری دووەم وەستاو بوو.چونکە ئەم کێشەم لە بنەڕەتدا لەلایەن کودکی هۆنراوەتەوە و تازە بوو.ئەم شێوە شیعرە،بە (ترانە) ناوی دەکرد.))۱٨
هەر لە هەمان سەرچاوەدا،نووسەر بۆچونێکی نزیک لە یەک دەخاتە ڕوو:((لە گێڕانەوەیەکی تردا،لە پەرتووکی(ٚتذكرة الشعرا دولتشاه سمرقندی)لە ساڵی(٨۹۲)واتا به نزیکراوەیی دوو سەد و نیو دوای کتێبەکەی تر چاپکراوە،لەو گێڕانەوەدا شرۆڤەی کردووە و ڕایگەیاند بوو،کە هاوشێوەی گێڕانەوەکەی(دولتشاە)ٚیە

((دەیگرێنەوە کە(یەعقوب بن لیس سفار)…کوڕێکی بچووکی هەبوو،ئەوپەڕی خۆشەویستی پێدابو ڕۆژی چەژن ئەو منداڵە لەگەڵ منداڵەکانی تردا،گوێزی هەڵدەقرچاند.فەرمانڕەوا بەسەر کێوەکەوە ڕۆشتە سەرەوە،بە دیار منداڵەکەیەوە،نزیکەی کاتژمێرێک وەستا.منداڵەکەیشی گوێزی فرێ دەدا و حەوت گوێز بە ڕووبارەکەدا کەوتنە خراوە و یەکێکی هاتە دەرەوە.کوڕەمیر نائومێد بوو،پاش ئەوەی گوێزەکە بەو شێوەی پاشەوپاش تەنیشت گۆمەکە گلۆرەوە بوو.کوڕەمیرەکەش،بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە تێپەڕی وتی:((خڵۆر خڵۆر هەمووی ڕۆشت تا بنی گۆم)).۱۹ەمانە،ئەو دوو بەڵگە زەقەن کە(د.سیروس شمسیا)لە پەرتووکی(سر رباعی)داکۆکی لە مافی خاوەندارێتی چوارینەکان کردووە و گەڕاندوویەتی بۆ گەنجینەی دێرینی ئەدەبیاتی فارسی.
جا ئێمە ئەگەر بمانەوێت لە شیعری کوردییدا بگەین بە سەرەتاکانی هۆنراوەی چوارین،ئەوە دەبێت پاشەوپاش بگەڕێنەوە بۆ بنەڕەتەکانی دروستبوونی وێژەیی کوردیی.چونکە سەرەتایی ئەدەبیاتی کوردی تۆمارکراو،ئەدەبیاتی ئاینی یارسانی وشوێنکەوتووانی
(ئەهلی حەق)ە.هەروەها ئەوان قاڵبی چوارینییان پەیڕەو کردووە،لە هۆنینەوەی خەیاڵ و دەروونییان.ڕەنگە ئەمەش بۆ کورتی و کەمی ئەم قاڵبە بگەڕێتەوە لە نووسینەوەدا،چونکە شاعیر دەتوانیت لە چواریندا بە کەمتری وشە زۆرترین دەربڕین لە خۆبگرێت.
هەروەها((هەموو هۆنراوەکانی باڵووڵ و هاورێیانی،بە چوارینەی بڕگەیی هۆنراوەنەتەوە))[ڕەحیم فەتووحی:۲٦:۱۳۹٤].ئێمە ناتوانین،به تەواوەتی و دڵنیایی پەنجەی خاوەندارێتی یەکەم کەس،چونکە تەنها بە پێی ئەو ڕیزبەندی لەسەری ڕۆشتووە بۆ مێژووی کوردی دیاریکراوه.لە نێو وێژەی کوردانیشدا،چەند سەرچاوەیەک هەن،کە باس لە مێژووی ڕەنگدانەوەی چوارین دەکەن،لە ئەدەبیاتی کوردییدا.بۆ نموونە،(د.مارف خەزنەدار)
دەڵێت:((کۆنترین شاعیری کورد بابا تاهیر،بەم جۆرە شیعرە زۆربەی هەرە زۆری هونەری خۆی نواندووە)).۲۰
یان (عەزیز گەردی)لە چوارینەی باباتاهیرییدا ئەوە دەخاتەڕوو:((ئەوروپییەکان لەبەر نەشارەزایی داویانەتە پاڵ خەیام چونکە بابا تاهیر نزیکەی دوو سەد ساڵ پێش خەیام هاتووە.))۲۱)ڕەحیم فەتووحی)،دەڵێت:((هۆنراوەی چوارینەی بڕگەیی پیرشالیار و باڵووڵ تا سەدەی هەشتەم و هەڵمەتی گۆڕانی سەنسهاک.فۆرمی زاڵە بەسەر وێژەی یاری دا.))۲۲ئەمەش گەورەترین بەڵگەیە،کە هونەری شیعری چوارین دەگەرێتەوە بۆ ئەدەبیاتی یارسانی.بەڵام توێژەر لێرەدا بە هەڵەدا چووە،نازانم ئایا هەڵەی ڕێنووسی بووە یاخود هزری.چونکە نووسەر لێرەدا:(چوارین)و(چوارینە)بە یەک شت داوە لە پێنووس.واتا لە خۆی وایه(چوارینە)ش هەر بە مانای زنجیرە چوارینێک دێ.کەچی(چوارینە) لە بەرامبەر وشەی(رباعیات)دێ،کە مانای کۆمەڵە(چوارین)ێک دەگەینێی پێکەوە و(چواربەند)ی پێدەوترێت.چونکە((ئەوەیە کە شاعیرێک هۆنراوەیەکی دوور و درێژ بهۆنێتەوە لەسەر یەک بابەت بەڵام دابەشی پارچەی چوار لەتی بکا))۲۳
(بالوولی ماهی)یەکێکە لە دێرینترین ئەو شاعیرانەی، کە چوارینی پەیڕەو کردووە،(سدیق بۆرەکەیی)بەم شێوەیە باسی لە ژیاننامەی بالوول کردووە،((هۆنەرێکی کوردی سەدەی دووەم و سێیەمی کۆچییە.ناوی ‌ئەم هۆنەرە خواناسه عەمر کوڕی لەهەب و نازناو بەهلوول یان بالوولە.بە پێی پەرتووکی دەستنووسی سەرئەنجام،لە ساڵی ۱٤٦ کۆچی لە دینەوەر لوڕستان پێی ناوەتە مەیدانی ژیانەوە.وە لە ساڵی۲۱۹ی کۆچیدا لە دەوربەری تەنگوڵ کۆچی دوایی
کردووە و لەوێدا نێژراوە.))هەر لە پەڕەی دواتر نووسەر بەڵگەیەکەی باشتر بۆ دەخاتەڕوو لەمەڕ بابەتەکەی ئێوەمەوە پێشکەش دەکات و دەڵێت:
((ئەوەش دەبێت بزانین کە هۆنراوەی کوردی لە سەرەتای داهاتنی ئیسلامدا زۆرتر به چەشنی دوو بەیتی بووە،وە هۆنراوەکانی بەهلوولیش هەمووی دووبەیتییە و زۆربەی ئەو دوو بەیتاییە ڕاز و نیازی ئاینییە)).
عەزیز گەردی و د.مارف خەزنەدار تەنها له قاڵبی(ب ب ا ب)ەوە بڕیاری لەسەر بنەچەی چوارین داوە،لە هۆنراوەی کوردییدا.بەڵام قاڵبی(ب ب ب ب)دێرینترین قاڵبی چوارینە لە ئەدەبیاتی کوردییدا.چونکە یەکەمین شاعیر کوردی یارسانی کە بە قاڵبی(ب ب ب ب) هۆنراوەی چنوەتەوە،(بالوولی ماهی)بوو.ڕەنگە هۆکارەکەشی ئەوەبێت،ئەوان نەگڕاونەتەوە بۆ مێژووی وێژەی کوردی و لەسەر بنەمای بوون و نەبوونێتی دیوانی شیعری بڕیارییان لەم بارەیەوە داوە.
لە ئەدەبیاتی فارسییدا،رودکی ڕۆڵ و بارستاییەکی زۆری هەبوو له چەسپاندنی هونەری چواریندا،چونکە((رودکی چوارینی تەواوکرد و هەڵچنی و جێگیر و ناسراوی کرد))[سیروس شمسیا:۳۱:۱۳۲٤].ئەمەش بە پێچەوانەی ئەو پێشبینی کردنەیە،کە خۆمان کردوومانە، کە هەر کە باسی چوارین دەکرێ لە ئەدەبیاتی فارسییدا ڕاستەوخۆ عومەری خەیامان
دێتەوە هزر.هەر وەکو چۆن ئیمەش لە بارەی چوارینەکان دەکرێت ڕاستەوخۆ(بابەتاهیر)مان بیر دەکەوێتەوە.
لەسەرچاوەی عەرەبییدا،لە بارەی دزەکردنی چوارین بۆ نێو شیعر و ئەدەبیاتی عەرەبی،توێژەرێک بە ناوی(علی زین عابدین)وتوویەتی:((چوارین یەکێکە لەو هونەرێکی شیعری فارسییه.لەسەردەمی جاهلییدا عەرەب ئاشنایی نەبووە.هەروەها عەرەبەکان کاریگەر نەبوون بەم جۆرە شیعرە تا سەردەمی(صدری الاسلام)
و(ئەمەوییەکان).یەکەم کە ئەم هونەر شیعریی هێناوە نێو ئەدەبیاتی عەرەبی،سوڵتانی ئەوینداران (عومەر کوڕی فارز)بوو.))۲٥یان((چوارینەکان جۆرێکن پێڕەوی چوارین شاعیرانی عەرەب لە فارسەوە وەریانگرتووە.لەلای ئەوان پێی دەوترێ(الدوبیت).))
[سميرة صادق شعلان:۲۰۰۷:۷۹].ئەمەش دوو بەڵگە داکۆکی لەوە دەکەن کە چوارینەکان لە فارسییەوە گوازراوەتەوە نێو ئەدەبیاتی عەرەبیی.
بە هۆی ئەو ڕا جیاوازانەوە،دەتوانین بڵێین:دەشێ هەر جۆرە(قاڵبێک)لە نێو نەتەوەیەکدا سەرهەڵدابێت و پاشان گوازرابێتەوە بۆ نێو نەتەوەکانی تر،بەهۆی بازرگانی و هاتوچۆدا لەسەردەمە کۆنەکاندا.بۆ نموونە وەک قاڵبی (پترارکی)عبدوڵا گۆڕان و شێخ نووری شێخ ساڵ لە ڕێگەوە ئەدەبیاتی توورکییەوە گوازستوویانەوە بۆنێو ئەدەبیاتی کوردی،ڕەنگ ئەدەبیانی توورکیش،له ڕێگەی ئاشنایەتی بە گەلانی ئەروروپا ئەم قاڵبەیانوەرگرتبێت و بەم شێوەیە لە نێو ئەدەبیاتی کوردی و فارسیدا بڵاوبۆتەوە.
چونکە لەو سەردەمانەدا،دونیا تەلنکۆڵوژیا ئەوەنده بەرفراوان نەبووه،کە مرۆڤ بتوانێت زۆر به سانایی هەموو شتەکانی چنگ کەوێت،بەڵکو پرۆسەکە بەشێوەیەکی لەسەرخۆ ڕۆشتووە بە ڕێوە.

کێشی چوارینەکان،لە هۆنراوەی کوردییدا:
پێش ئەوەی دەرگا لەسەر پشتی بابەتەکەدا بکەینەوە،وا باشتره،لەسەرەتادا باسێکی کێشی شیعری بکەین و ئاخۆ کێشی شیعریی چیه؟و لێکوڵەران و توێژەرانی پێش خۆمان چ لە نێو کورد و چ نێو بێگانەدا چۆن باسییان لێوە کردووە؟لە درێژەی بابەتەکەماندا،هەوڵدەدین چەند پێناسەیەکی کێشی شیعری بخەینە بەر هەتاوی توێژینەوە.
(د.هیوا نوورەدین عەزیز)،دەڵیت:((کێش ڕەگەزی یەکەم و سەرەکی شیعرە لە هەموو زمانانی جیهاندا، لەوەتەی شیعر سەریهەڵداوە کێشی هەبووە))۲٦کەواتە،کێش لە شیعرەدا یەکێکە لە گرنگترین پایەکانی هۆنراوە و هەر گەل و میللەت کێشی تایبەتی خۆی هەیە و تایبەتە بە زمانەکەی خۆی،ئەگەر چ هەندێک کێش هەن لە نێو مللیەتدا هاوبەشن.چونکە((گەر لە هەریەکێک بپرسین:هۆنراوە چییە؟ئەو ڕاستەوخۆ وەڵامت دەداتەوەئەو پەخشانەیە،کە کێش و سەروا لە خۆبگرێت)).۲۷
(د.مەحەمەد بەکر)له دەرئەنجامەکانی کتێبی(کێش و ڕیتمی فۆڵکلۆری کوردی)،ئاوا پێناسەی:((کێش لە شیعری کێشراوی جیهاندا،بریتییە لە هاوژمارەیی بڕگەکان لە هەردوو نیوەدێری شیعردا.))۲٨
(مصطفی الحركات)یش،بە چەشنە پێناسەی دەکات:((کێشی دێر کۆمەڵە زەنجیرەیەکی وەستاو و جوڵاوی بەرهەمهاتووە.))۲۹ئەم توێژەرە،به پێی کێشی عەرووز ناساندنی بۆ کێش کردووە،واتا بە شێوەیەکی تایبەتی پێناسەی بۆ کێش کردووه،نەک لە ڕووی گشتەوە.
(پەرویز نال خانلری)،لە کتێبی(حول اوزان شعر)بەمشێوەییە دێتە سەر ناساندنی کێشی شیعریی:((‌هۆنراوەکارییەکە دەکەوێتە نێو دەنگەکانی قەسەکردنەوە.بە دڵنیایەوە،ئەم ناساندێکی گشتی و ناڕوونە،بەڵام لە بەرامبەردا،هەموو جۆرەکانی کێشی هۆنراوە دەگرێتەوە.))۳۰
كەواتە بە پێی ئەو پێناسانە بێت، گەیشتن بەو ڕاستیەی،کێش کلکێکی نەبڕاوەی شیعرە و بەبێ کێش شیعر پێی شیعریەتی خۆی لە دەست دەدات و بە لەنگی دەمێنتەوە.واتا ئەگەر کێش لە شیعر دەربهێنین،ئەوەی لە شیعر دەمێنتەوە پەخشانە.

مەبەست لە کێشی چوارینەکان کێشی ئەو شیعریانەیه،کە چوارینووسەکان لە بەکاریانهێناوە،
لە سەروبەندی نووسینەوەی چوارینەکانیاندا.عەزیز گەردی لەم بارەیەوە دەڵێت:((لە کوردییدا،
چوارین به هەر کێشێکی عەرووزی و هەرکێشێکی ژمارەیی دەنووسرێت))۳۱.عەزیز گەردی زۆر بەکورتی باسی لێوە کردووە.بەڵام ئێمە خوارەوە درێژه دەدەین به مەبەستەکەی:
دەمانەوێت سەرەتا لە بارەی کێشەکانەوە بدوێین.لە چوارین ئەو کێشانەی پەیڕەو کراوە،هەردوو کێشی بڕگەیی و عەرووزیین.واتا ئەو شاعیرانەی کلاسیک بوون،لە ئەدەبیات و شیعری کوردییدا،کێشی عەرووزییان بەکارهێنراوە.کێشی عەرووزیش،
کێشی هۆنراوەیی عەرەبییه و شاعیران به هۆی کاریگەر بوونییان لەو ئەدەبیاتەوە وەریانگرتووە.
بۆ زیاتر شارەزا بوون لە کێشی عەرزووی دەتوانین بگەڕێنەوە بۆ ئەو لێکوڵێنەوانەی،کە لە بارەی کێشی عەرووز و ڕووخساری چوارینەکان کراون لە ئەدەبیاتی کلاسیکی کوردییماندا.
هەرچی شاعیران نوێخوازیشە،واتا ئەو شاعیرانی کە کۆتوبەندەکانی کلاسیکییان تێکشاند،کێشی بڕگەییان پەیڕەو کردووە،ئەم کێشەش،کێشیکی ڕەسەنی نەتەوەی کوردە،له سەردەمەی زەردەشتەوە بوونی هەیە و ئەو گاتاکانی پێهۆنیوەتەوە.پاشانیش ئەدەبیاتی یارسان و ئەو شاعیرانەی سەربەم ڕێبازەن،کێشی بڕگەییان پەیڕەو کردووە.ئێستاش وەکو بەرچاو ڕوونییەک هەوڵ دەدەین،چوارینەکان بەسەر دوو تەوەردا دابەشبکەین:

چوارینی کێشی بڕگەیی:
کێشی ژمارەیی و سیلابی و پەنجەیشی پێدەوترێت، چونکە ئەوەندە کێشێکی لەسەر زمان سووک و ساناییە،دەتوانرێت هەر بە پەنجەکانی دەست بژمێردرێت.لە بارەی کێشی بڕگەیەوە،لەلایەن توێژەران و ڕەخنەگران و شاعیرانی کوردەوە،زۆر شتی لە بارەوە خراوەتەڕوو.(ئومێد ئاشنا)دەڵێت:((بریتییە لە ڕیکخستنی ئەوەندەی یەکتری ژمارەی بڕگە لە هەر پێیەکەی هەڵبەستا))۳۲یان(د.هیوا نورەدین)دەڵێت:((ئەم جۆرە کێشە لە دووبارەبونەوەی ژمارەیەکی دیاری کراوی بڕگە دروست دەبێت بەبێ گوێدانە کورتی و درێژی یان هێزدار و بیهێزی بڕگەکان…))۳۳.کەواتە کێشی بڕگەیی یەکێکە لەو کێشانەی کە خاسیەت و تایبمەندی لەگەڵ زمانی کوردی و وشەکانی زمانی کوردییدا دەگونجێت.چونکە کێشی بڕگەیی جیاواز لە کێشی عەرووزی گوێ نادات بە کورتی و درێژی یان جوڵاو و وەستاوی بڕگەکان.
ئەحمەد هەردی لەم بارەیەوە دەڵێت:((لە کێشی پەنجەدا پێویستە بڕگەکانی بە ژمارە ئەوەندەی یەکبن واتە ئەگەر هەنگاوێکی(تەفیعلەیەکی)بەیتەکە پێنچ بڕگە بێ،پێویستە هەنگاوەکانی تریش هەر ئەوەندە بن،ئیتر پێویست ناکات پیتی بزواو و نەبزواو بەرامبەر یەک بێ وەکۆ کێشی عەرووز)).۳٤

کێشی بڕگەیی مێژووییەکی دێرینی هەیە،لە نێو ئەدەبیاتی کوردیدا،به جۆرێک کە کۆنترین دەقە شیعرەکان بە کێشی بڕگەی هۆنراوەتەوە.(عەزیز گەردی)دەڵێت:((ئەمە کێشی ڕەسەنی کوردییە.هەموو شیعری میللی کوردی بەم جۆرە کێشە گوتراوە.هەروەها نزیکەی هەموو شیعری گۆران بەم کێشە نووسراوە.)).۳٥

هەروەها بۆ باشتر سەلماندنی ئەم کێشە لە هۆنراوە کوردیدا،(ئومێد ئاشنا)بۆچونێکی دەبڕیەوە: ((بۆ ئەوە ڕادەی پەیوەندی کێشی بڕگەیی بە هەڵبەستی کوردیەوە تێبگەین،پێویستە سەرنجی پشکنین بگرینە دوو ئاراستەی جیاواز.یەکەم:ئەو بەرهەمانەی لە وێژەی شێوەی گۆرانی و لە فۆڵکلوری نەتەوەیدا ئێستا بە دەستەوەیە.دووەم:ئاوڕدانەوەی بەرەو پاش بە مێژوودا ئەوەندەی وزە بێت بۆ ئەو سەرچاوانەی،کە زمان و وێژەی کوردیی ئێستایان لێ پەیدا بووە،…))۳٦ئێمەش گەر پشتاوپشت به خێرای پیاسەیەکە بە نێو بە کوڵانەکانی وێژەی کوردییدا بکەین،ئەوە بە تەواوەتی بۆمان ڕاست دەبێتەوە،کە ئەم کێشە ڕەگی کۆنی داکوتییەوە و ئەمەش یەکێکە لەو بەڵگە بەهێزانەی،کە دەسەلێمنن، هونەری شیعری چوارین لە زووەوە لە ئەدەبیات و وێژەیی کوردیدا بوونی هەیە و ڕەگەکەی دەگرێتەوە بۆ زیادە لە سەدان ساڵ.لەم بارەشەوە چەندەها نموونەی چوارینی کێشی بڕگەیی بوونییان هەیە.وەکو(بابە حاتەمی لوڕستانی)۳۷دەڵێت:

ڕەمز دێوانە،ڕەمز دێوانە
حاتەمەنانێ ڕەمز دێوانە
دانای عامەنان وە بێ بەهانە
ئەز وێڵم چەنی ئی رەوو و رانە

وەکو دەبینین،ئەم چوارینەیەکی بالوولییە و بە کێشی دە بڕگەیی نووسراوەتەوە
چوارینی کێشی عەرووزی:
ئەم جۆرەییان لەبەر ئەوە کێشێکی ناڕەسەنی کوردییە و شاعیرانی کلاسیکی کوردی سەپاندوویانە بەسەر هۆنراوە و وێژەی کوردییدا،کەمترە لە کێشی بڕگەی باسی لێوە کراوە.(د.هیوا نوردەین عەزیز)لە ناساندنی کێشی عەرووزدا دەڵێت:((زانستی عەرووز لە بنەڕەتدا تایبەت بە کێشی شیعری عەرەبی و لەگەڵ تایبەتمەندییەکانی زمانی عەرەبی دەگونجێت))۳٨

مەبەست لە تایبەتمەندی زمانی عەرەبی جوڵەیی سەر پیتەکانن وەکو(ضمة،فتحة،كسرة…)،کە یەکێکن لە تایبەتمەندەکانی زمانی عەرەبی.هەروەها(حاجی خلیفة)
لەم بارەیەوەدەڵێت:((زانستێکە، لە دەوربەری کێشە بایەخپێدراوەکان دەکۆڵێتەوە))دیارە مەبەست لەکێشە بایەخپێکراوەکان کێشەکانی زانستی عەرووز،وەکو(هەزەج و ڕەمەل و…)۳۹یان(فارس حەمەخان)دەڵێت:((عەرووز زانستێکی تایبەتییە،کێشی ڕاست و دروستی شیعری،لە کێشی لەنگ و چەوتی شیعر،لە هەموو زمانێکدا پێ جیا دەکرێتەوە،هەروا شیعر جیادەکاتەوە لە پەخشان.))٤۰هەروەها(قاسم بن اسماعيل عباد)پێناسەی عەرووز دەکات و دەڵێت:((بریتییە لە کێشێکی شیعریی،پارچەکراوەکەی بە کێشدارەکەی دەناسرێتەوە.هەروەکو چۆن نەحو پێوانەی قسەکردنە عەرەبێنراوە بە ئاوازدانەراوەکە دەناسرێتەوە.))٤۱ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە کێشی عەرووز ناسنامەی هۆنراوەیی عەرەبییە.
هەروەها((وەکو زانراوە،زانستی عەرووز لەسەر دەستی زانای عەرەبی خەلیلی کوڕی ئەحمەدی ‌ فەراهیدییەوە دانراوە))٤۲پاشان بە هەر یەک لەو گەلانەی کە ئیسلام و ئاینی ئیسلام کاریگەری کردبووە سەریان پەیڕەویان دەکرد ئەم کێشەییان بەکارهێناوە.
بەڵام((شاعیرانی نەتەوەکانی غەیرە عەرەب وەکو کورد و فارس و تورک کاتێک شیعرییان نووسیوە ئەم کێشە عەرووزییە لەگەڵ تایبەتمەندییەکانی زمانەکەیان نەگونجا بۆیە کۆمەڵێک زیحاف و عیللەیان بۆ دروست دەکرد بۆ ئەوەی لەگەڵ زمانەکەیان بگونجێنن.))واتا ئەم کێشە تایبەتە بە ڕێنووسی و دەنگه زمانییەکانی زمانی عەرەبی،گەر بەسەر ڕێنووسی زمانێکی تردا بیسەپێنین ئەوە لەنگی تێدەکەوێت و چارەسەرکردنی ئەم لەنگەیەش، دەکەوێت سەر توانا و درککردنی شاعیر.نموونەی ئەم چەشنە هۆنراوەیەکەی لە نێو شاعیرانی کلاسیک و پاشان کلاسیکدا زۆرە،وەکو(شێخ نووری شێخ ساڵح)
دەڵێت:
برا من حەز لە شیرینی جەماڵی ئاشکرا ناکەم
پڕووپووچە لە لام من بۆ مەزاهیر قەت ڕیا ناکەم
جەمالی نەفسە مەحبووبی حەقیقی گەر تەماشاکەی
بەغەیری ئەو،تەمەننای وەسڵی مەحبووبێ لە خوا ناکەم
وەک دیارە،ئەم چوارینە بە کێشی عەرووری بەحرەی هەزەجی هەشتی تەواو نووسراوەتەوە و لەسەر کێشی(مفاعیلن مفاعیلن مفاعیلن مفاعیلن)دانراوە.۱۲

سەرئەنجام:
۱.له لێکدانەوەی پێناسەکاندا گەیشتین بەو دەرئەنجامی که چوارین(رباعی) و دووبەیت هەر یەک شتن،گەرچی لە هەندێک شوێندا جیاکراونەتەوە. بۆنموونە وەکو:(د.مارف خەزنەدار)لە مێژووی ئەدەبی کوردی بەرگی یەکەمدا جیایی کردۆتەوە. .چونکە دوبەیت بە واتای دوودێر دێت فارسەکان ئەم ناوەیان لێناوە.
۲.بە پێی مێژووی وێژە و ئەدەبی کوردی،هۆنراوەی کوردی نوسراوە،هەر بە چوارین دەستپێکردووە و دەگرێتەوە بۆ بالوولی ماهی و هاوڕێبازەکانی.واتا گەر فارسەکان پێی رودکی بە یەکەم چوارینووس دابێنن،ئێمە لە بەرامبەر رودکی(بالوولی ماهی)مان هەیە.
۳.هەروەها لە بابەتەکانی دوایدا،بۆمان ڕاستەوە بوو کە لە ئەدەبیاتی کوردیدا،چوارین بە هەردوو کێشی بڕگەیی و عەرووزی دەنووسرێتەوە،عەزیز گەردیش ئەمەس ڕاستکردۆتەوە.کە هەندێک کەس پێیان وایە کە چوارین لە ئەدەبیاتی کوردیدا تەنها بە کێشی عەرووزی نووسراوەتەوە.

——————————–

پەراوێزەکان:
.۱مارف خەزنەداری،مێژووی ئەدەبی کوردی.لا۱٦۲

۲.هەمان سەرچاوە،لا۱٦۲

۳.سدیق بۆرەکەیی،مێژووی وێژەی کوردی.لا٦۳

. جواد مصطفی،ي تراث العربي ـ جزء الاول،لا۲ ٨٤

٥.احمد هاشمی،میزان ذهب في صناعة شعر العرب.لا۱٤۱

٦.د.سیروس شمسیا،سیر الرباعی،لا ۱۳

۷.حبیب یغمالی،علم قاافیە،لا۲٨

٨.د.مارف خەزنەدار،مێژووی ئەدەبی کوردی لا،۱٦۲

۹.عەزیز گەردی،فەرهەنگی کێشناسی،لا۷۳

۱۰.دیوانی ئەسیری،کۆکردنەوەی مستەفا عەسکەری،لا٦٥

۱۱.عەزیز گەردی فەرهەنگی کێشناسی،لا۱۰٨

۱۲.فەرهەنگی کێشناسی،لا۷۳

.دیوانی عەبدوڵا گۆران،کۆکردنەوە و پێشەکی محەمەدی مەلا کەریم،لا۳۷۲

۱٤.عەزیز گەردی،فەرهەنگی کێشناسی،لا۱۰۹

۱٥.دیوانی شێخ نووری شێخ ساڵح،ئازاد عەبدولواحید،لا ۳۹۱

۱٦.عەزیز گەردی فەرهەنگی کێشناسی،،لا۱۱۱

۱۷.دیوانی عەبدوڵا گۆڕان،کۆکردنەوە و پێشەکی مەحەمەدی مەڵا کەریم،لا٨۳

۱٨.سیروس شمسیا،سیر رباعی.لا ۲۷

19..هەمان سەرچاوەی پێشوو،۲٨

۲۰.مارف خەزنەدار،لا۱٦۲

٢١..عەزیز گەردی فەرهەنگی کێشناسی،لا۱۰٨

۲۲.ڕەحیم فەتووحی،ڕێباز و شێوازەکانی لە وێژەی کورد دا،لا۲۹

۲۳..عەزیز گەردی کێشناسی کوردی،لا ۲٨٦

۲٤سیدیق بۆرەکەیی،مێژووی وێژەی کوردی،لا٤۷

۲٥فن رباعی،لینک….

۲٦.د.هیوا نوردەین عەزیز،عەرووزناسیی شیعری کلاسیکی کوردی،لا٦

۲۷.برویز ناتل خانلری،احول اوزان الشعر،لا٥٥

۲٨.د.مەحەمەد بەکر،کێش و ڕیتمی فۆڵکڵۆری کوردی،لا۱٦۹

۲۹.مصطفی الحركات،اوزان االشعر،لا۷

۳۰.برویز ناتل خانلری،حول اوزان شعر،لا٨۱

۱.عەزیز گەردی،فەرهەنگی کێشناسی،۷٥

۳۲.ئومێد ئاشنا،گۆران نوسین و پەخشان وەرگێڕاوهکانی.لا۱٥٨

۳۳.عەرووزناسی شیعری کلاسیکی کوردی،لا۷

۳٤..بابەتی کێش و سەروای م.زانیار،ئەویش لە(کێش لە شیعری کوردیدا،ئەحمەد هەردی،گۆڤاری برایەتی،لا۱۰)وەریگرتووه.

۳٥.لەگەڵ عەزیز گەردی،کێشناسی کوردی،لا۲۳۹

۳٦.ئومێد ئاشنا،گۆران نوسین و پەخشان و وەرگێڕاوەکانی،لا۱٥٨

۳۷.سدیق بۆرەکەیی،مێژووی وێژەی کوردی،لا٥۷

۳٨.د،هیوا نورەدین عەزیز،عەرووزناسیی شیعری کلاسیکی کوردی،لا٤

۳۹.عبدالعزیز عتیق،علم عروض و قافية،لا ۷ ئەویش لە(حاجی خەلیفە،کتاب کشف ظنون ج ۲ ص ۱۱۳۲)وەریگرتووە

٤۰فارس حەمەخان،عەرووزی کوردی،،لا۷۳

٤۲..د.اسیل بدیع یعقوب،معجم االمفصل في العروض و قافية و فنون شعر.لا٥

٤۱.قاسم اسماعيل بن عباد،،الاقناع في العروض و تخريج القوافي،لا ۳

٤۳.د.هیوا نوردین عەزیز،عەرووز ناسی شیعری کلاسیکی کوردی،لا٤

٤٤.دیوانی شێخ نووری شێخ ساڵح،کۆکردنەوە ئازاد عەبدولواحید،لا٥۹۰

سەرچاوە کوردییەکان:

۱.سدیق بۆرەکەیی،مێژووی وێژەی کوردی،بەرگی یەکەم

۲.د.مارف خەزنەدار،مێژووی ئەدەبی کوردی،بەرگی یەکەم

۳.ڕەحیم فەتووحی،ڕێباز و شێوازەکانی لە زمانی کورددا.

٤.عەزیز گەردی،فەرهەنگی کێشناسی.

٥.عەزیز گەردی،کێشناسی کوردی

٦.م.زانیار بابەتی کێش و سەروا

۷.ئومێد ئاشنا،گۆران نوسین و پەخشان و وەرگێڕانەکانی

٨.کێش لە شیعری کوردییدا،ئەحمەد هەردی ،گۆڤاری برایەتی

۹.عەزیز گەردی،ڕابەری کێشی شیعری کلاسیکی کوردی.

۱۰.د.مەحەمەد بەکر،کێش و ڕیتمی شیعری فۆڵکلۆری کوردی.

۱۱.نووری فارس حەمەخان،عەرووزی کوردی

۱۲.د.هیوا نوورەدین عەزیز،عەرووز ناسی کلاسیکی کوردی.

دیوانی شاعیرانی کورد:

۱۳.دیوانی ئەسیری،کۆکردنەوەی عەلی عەسکەری

۱٤.دیوانی گۆران،کۆکردنەوەی و پێشەکی مەحەمەدی مەلا کەریم.

۱٥.دیوانی شێخ نووی شێخ ساڵح،کۆکردنەوە ئازاد عبدالواحید

سەرچاوە فارسییەکان:

۱٦سیروس شمسیا،سیر رباعی

۱۷.دکتر پرویز ناتلی خانلری،وز شعر فارسی

۱٨.حبیب یغمالی،علم قافیە.

۱۹.سدیق سفی زادە،مشاهیر اهل حق

۲۰.سدیق سفی زادە،نوشتهای پراکندە دربارە یارسان

سەرچاوە عەرەبییەکان:

۲۱.‌باقر جواد الزجاجی و جعفر علی عاشور،قوالب
(الدوبیت)الشعریة منشاة ـ تطورـشكلـ المضمون

۲۲.احمد هاشمی،میزان الذهب في صناعة شعر العرب

۲۳.سميرة صادق شعلان،معجم مصطلاحات الادب

۲٤.جواد مصطفی،ي تراث العربي ـجزء الاول

۲٥.حول وزن الشعر،د.پرویز ناتل خانلری،ترجمە محمد محمد یونس.

۲٦.محمد علي،موسوعة كشاف اصطلحات الفنون و علوم،الجزء الاول.

۲۷.مصاحب بن عياد،کتاب الاقناع في العروض و تخريج القوافي. ۱٤

۲٨.ابي اسماعيل بن القاسم بن عباد،کتاب الاقناع في العروض و تخريج القوافي.

۲۹.د.اسيل بديع يعقوب،معجم مفصل في علم العروض و قافية و فنون شعر.

۳۰.د.عبدالعزيز عتيق،علم عروض و قافية.

۳۱.سعيد محمود عقيل،الدلیل في العروض.

۳۲.عبدالصاحب المختار،دائرة الوحدة في اوزان شعر العربي




بەشێک لە قەسيدەی سێوە.. سەردار جاف

کچی دونيا، بای نيشتيمان
لە يەکەم شەپۆلی گۆمی خۆرئاوای شار و کوچە و بەر داڵانەکەت بڕوانە تۆ
بە دەم نەرمە سەمای ئاوا،
حەرفەکانی شيعرم لە سەر گەڵا زەردێکی کەنارا،
شەونمی داباريوە و خۆ دەلەنگێنێ
پاييز شەکەت و ماندوو
بێنەوە يادت
ئەو دەمانەی سەربووردەی تاڵی رابردووم
بووە کراس ئاڵی خۆری دەمکەلی مزگەوتە سوورە و
تاريکی لەوديو رۆحيانەتەوە بە لێزمە رووەو فەنابوون شۆڕ بوو
رێبوارێکی هەميشە رێبواری هيلاک و ماندووی رێ
نازانم لە کوێ دەتبينم، لێم دەبييەوە بە قەقنەس
ئەم پاييزە گۆرانيم لە ژمارە تاکەکانی گوشييەکەتەوە دەست پێکرد
سێوەی سێوان
کيژی شنە و کچی سەما و بووکی دار
چرپەکانت هێزی دامێ، رۆحی تۆی بە بەرما کرد
ژوانەکان چەکەرەی کرد
کە لە دوور را دەڕوانمە هەنگاوە بە پەلەکانت
تا حەرفە سەر شێتەکانی سەر گەڵا زەرد ببينييەوە
شەنگەبێرييەکی بە دووی هەستەکانما
وێڵ و لە سۆراغ و چاوگێڕ
لەم پاييزە لە جێی گيژەڵوکە بوويە باران و با
ئاااای سێوەچ بارانێکی چ تۆفانێکی رووت لێمناوە
لە بەر تەوژم و خووڕەی شەستەبارانت خۆ ناگرم
خودا بۆ خۆی دەزانێ چ بەختەبارانێکی بە خووڕی و هەڵدەکەی
گوژم دەدەی بە نێو لق و پۆپەکانی رۆخی زرێی خۆرئاوادا
دەمخنکێنی … دەمتاسێنی … دەمتەزێنی
چ سەرما و تۆفێکی دێی
پێت راناگەم
کەنگێ دێمەوە لە غوربەت
سەفەر دەکەم
بۆ باوەشی ئەبەدييەت
ئەو دەمانەی گەڵا بە سەر کوڵمەکانتەوە نيشتووە
سێبەرن بە سەر رووی مانگت
لەم ساتەدا، ئەوين دەرکەوت، لە ياساغی قورتاری بوو
بە دەم نەسيمی زرێبار، رووەو شار و ئاوەدانی ئۆغرت کرد
نها بە تەنێ نيت و دەستت لە مل حەرفەکانمە
نازانم تۆم لە ئامێزە، يا تۆ حەرفەکانی منت لە باوەشدا هەڵگرتووە
ئەو دڵە نەرمەی دەيناسم، بەرە بەيان لە سپێدە
بە چۆمی وڵات ناسکتر و نيانتر خۆی دەنوان
من دەچمەوە بۆ داهاتوو
ئەمێستاکە کە پاييز دێ، رۆژانی زوو، نازانم لە دايکبوونتە يان يەکناسين؟
هاوتەريبێکە لە ڤالانتاين بريسکەی ئاگردانەکەی گەرم گەرم داهات
دێتە يادم ئەو پاييزە پڕ خەرمانە، ئەو رۆژانەی کە تۆفانە
ئەو شەوگارە پڕ رۆژگارە
ئەو وشانەی لە دەفتەری دوێنێ بوونە شيعری من و
بوون بە قاپ قورئانی ئاڵتون، گەردانە لە گەردن ئاڵا
بوو بە مەيدانی چوارچرا، ئاڵای منی تيا هەڵکرا
ئەو پارچە سپييە بێگەردەی، يەخسيربوونی تيا جاڕدرا
ساتمەی ژين و رۆحی مرۆی پاکيزەیی تيا گڕ درا
تۆ هەر ئالوودەی بە تەوژمی سەرماکەت
هەتا زووتر بمتەزێنی، بمخەيتە نێو زستانێکی پڕ ئاگر و بمسوتێنی و جێمبهێڵی
بگەڕێوە
بە دەفتەری يادەکانما بچۆرەوە
بزانە لە کەنگێ ڕا ئەو دڵەم بۆ ژوان بۆتە خەرمان
بۆتە جێی گاسنی کێڵان
بۆتە جێ گێرە و جەنجەڕی بێ بەزەييان




له‌ ده‌قه‌كانی محه‌مه‌د ماغووت.. و: عه‌بدولڕه‌حمان فه‌رهادی

        ▪️كالانێكی كوردی▪️ 

دەنگێكی نووساو، وەك دەنگی كەشتییەكی خنكاو 

 دەریا دەبڕێ‌

بە دەنگێكی قەبە لەبارەی ئەوشتانە دەدوێ‌ كە خۆشم دەوێن

لە شیعر و

شانۆ و

ئازادی ‌و

منداڵی ‌و

بەهار و

منیش لە نیشتمان یان لە تاراوگەدا

هیچم لە هیچدا نییە.

***

ئەی گوڵە دوورەكانی هەنار

ئەی جۆلانەكانی منداڵی

لەوەی تێیكەوتووم ڕزگارمكەن

لە ژینێمدا كولێرەیەكم نەدزیوە و

مێروولەیەكم ئازار نەداوە و

دراوسێیەكم بێزار نەكردووە و

لە ئەركێكمدا درێخیم نەكردووە و

بەدرۆ سوێندێكم نەخواردووە و

قسەشم بەكەس نەبڕیوە

لەگەڵ هەندێش

تا ئێستایش لە هەر شوێنێكدابێ،‌ تاوانباری یەكەمم

ئەو تارماییەم كە دایكان منداڵەكانیان پێ‌ دەترسێنن

وەختێ‌ ناخۆن یان ناخەون.

▪️دەشتەكییەك لە دەرگا▪️

ڕێوبان و ئاراستە تەواوەكانتانم پێدان

پێڵاوەكانم بۆ جێ‌ بێڵن

دوا شیوی نهێنی و

قاپ و كەوچكەكانم بۆ جێ‌ بێڵن

زەنگی كلێسا و زوڕنای سەركەوتن

دەنگدانەوەكەم بۆ جێ‌ بێڵن

دوا بلێسە

خۆڵەمێشیەكەم بۆ جێ‌ بێڵن

ڕابردوو و ئێستا و داهاتوو

ڕابردوو و ئێستا و داهاتوو

هەلی خۆپارێزێم بە هەرشتێ‌ بێ‌ بدەنێ‌

***

خودایە

بڵێسە نیم تا دواتكەوم

قسەم بۆ ناكەی.. گوێت بۆ بگرم

نزیك ناكەویەوە.. دەستت بگەینمێ‌

ناپشكوێی تا بۆنتكەم

ناگریێی   

بۆ ئەوەی دەست بخەمە سەر شانت

تەنانەت هێڵە تەریبەكانیش لە بێزاری ‌و تەنیایی دەگەنەوە یەك

▪️لانە▪️

سڵاو ئەی خۆرهەڵات

سڵاو ئەی خۆراوا

سڵاو ئەی بیابان

ئەی دەریا

ئەی زەریاكان

بۆ چی گوێڕایەڵی سەركردە بم؟

بۆ شیعر؟ یاسا هەیە

بۆ گەل؟ گێرەشێوێنی هەیە

بۆ ڕاست؟ ئازادی هەیە

بۆ چەپ؟ توندڕۆیی هەیە

بۆ دادگاكان؟ پشووی دادوەری هەیە

بۆ پەرلەمان؟ یاسا فریاگوزاریەكان هەن

بۆ هاوین؟ تۆزوبا هەیە

بۆ زستان؟ قوڕەلیتە و چڵپاو هەیە

بۆ پاییز؟ خەمێكی كوشندە هەیە

بۆ بەهار؟ سووكە خۆشیەك هەیە

نا..

تەنانەت نایەمە سەر جادەش

هەرچەندە هەراسان و تەنیاش بم

بۆ چایخانەش، هەرچەندە لەوێ‌ داواكان زوو بێنەدی

بۆ چێشتخانەش چەندی ژەمەكان بەتام بن

بۆ پێشانگاكانیش چەندی تابلۆی تازە و هونەرمەندانی بەهرەداربن

بۆ سینەماش چەندی وێنەكان روون‌ و وەرگێڕانیان وردبن

بۆ بەرگدروو

بۆ سەرتاش

بۆ دارتاش

بۆ ئاسنگەر

تەنانەت بۆ ئامبولانسیش ناچم

چەندی لە مەترسیدا بم و خزمەتگوزارییەكان دەمودەست بن

چونكی من لە دەرەوەی دەفتەرەكانم.. ون دەبم!!

▪️شتێ‌ مەدڕێنە▪️

سەكردە: ئەرێ‌ هەموویان تەسلیم بوون؟

عەریف: جگە لە یەكێك

سەركردە: بەچی بەرگری دەكات؟

عەریف: بە گۆرانی

سەركردە: گۆرانیبێژێكی ناسراوە؟

عەریف: ناسراوە و لە ڕەوتە تازەكانیشە

سەركردە: زۆری پێكاوین؟

عەریف: زۆۆر

سەركردە: تا كات بەسەرنەچووە هەر دەبێ‌ تەسلیم بین

***

كە لە رازیكردنی یەكێك فەشەل دێنم

بە بۆچوونی خۆم:

بە ئەزموونی بەرچاو و

پەندی پێشینان و

بیانوو بە بیانوو و

بە شیعرو

بە شانۆ و

بە ڕۆژنامەگەری و

بە دروشم و

بە گۆرانی

پەنا دەبەمە بەر گاڵتەجاڕی!

***

مەرگ وروژاندمی و من خەوتووم

بەڵام ئێستا..

بە ئاگام!

***

زۆرم لەبارەی مردنەوە نووسی بێ‌ ئەوەی لێی بترسم

بەڵام ئێستا

تەواو لەبارم و لێی دەترسم و

خوێن دەبەخشمە نەخۆش و گەدایان .

▪️تاوانبار▪️

تاوانبارم دەكەن بە پەنهانی

ئەرێ‌

ئەم ئاسمانە ڕوونە؟

دادپەرورەی ڕوونە

سیاسەت ڕوونە

ئەڤین ڕوونە

ویژدان ڕوونە

خودا ڕوونە؟

بۆ زیاد لە وزەی خۆم

چەشنی سیزیف لە گەنجێتیدا

لێم بار دەكەن؟

***

من وەك نەخۆشییەكی كوشندە

بەهێواشی گەشە دەكەم و

هیچ چارەسەریم نییە

***

ئادەی منداڵان

ڕۆژێكی پڕ لە كڕوزانەوە و دەرۆزەمان

لەبەردەمدایە

***

متووی هەڵە بەسەرچووەكانمم

وەك چۆن متووم بە دەنگی فەیروز و قاوەی بەیانیان

▪️ستالین▪️

دەمەوێ‌ بەهار، پاییز، هێڵەكانی دڕێژی و پانی و هەموو وەرزەكان

بێنە ئۆفیسەكەم هەر ئێستا

دەریا و بیابان

ئاسۆ و باڵندە

ڕەژوو و ئاڵتوون

بەندە و میر

پاپا و لینین

یەهودا و مەسیح

خەرجییەكانی تەندروستی و كاری خۆبەخشی

ناڵەی برسێتی و نیشاندانەكانی جلوبەرگ

فرمێسكەكانی ئیلزا و سەمای شمشێران

كتێبەكانی ماركس و ئەنگلس و هونەری چێشت لێنان

شەبقەكەی  گیڤارا و جگەرەكەی كاسترۆ و ئاسوودەیی شۆپان

دژە ژار و مەرگەمووش

بۆ ئەوەی خەندە نەمرەكەی تۆقین

لەسەر هەردوو لێوی ستالین نەخشە بكێشم

كە لە جەژنەكانی شۆڕش و یەكی ئایار

بە دەستەكانی ئاماژە دەكات و

قوربانی و نەیارەكانیشی لە هەموو لایەكی ئاوەدانیدا

دیارن .

بەڵام نازانم چۆن خیانەت بكەم

چونكی كاتم نییە و

گێلێكی گەورەم

▪️خۆشەویستییەكی ئەفلاتوونی▪️

هەموو ئەو ڕۆژانەی بەسەرم بردن بێ‌ خۆراك بوون

شەوانیش بێ‌ نووین و

هەموو گاڵتە جاڕییەكانی شڕو وڕیم لە جەژنان

هەموو شەوانم بە ئاوارەیی لەسەر جادان بەسەربرد

یان لە شینایی و باخچان نووستم

هەر ئەسپێیەكی ئەو سەرتاشە یان ئەو پشكنەرە لەسەرمدا

دیتیەوە و

هەر قونكە جگەرەیەكی لە دەممەوە فڕێ‌ درایە سەرجادە و

هەر جارەكی ئاو بڕابێ‌ و لە خۆشتندا بووبم و

خەریكی ڕیش تاشین بووبم

یان بە تەلەفۆن لە قسەكردندا بووم و كارەبا كوژاوەتەوە و

هەموو جارێ‌ خوێندنەوەی ناوم لەبەرنامەی گۆرانیی داواكراو

ڕەت كراوەتەوە

یان لە پۆستەی خوێنەرانیش ناوم نەهاتووە و

لە هیچ حزبێ‌ وەرنەگیراوم و

لە هیچ گەمانێك یان خۆپیشاندانێك پێك نەكراوم

یان نەیانهێشتووە وەك ناوبژیوان یان فیكەلێدەر بچمە سینەما یان شانۆ

یان دەرگا یاخود پەنجەرەم بەڕوودا داخراوە

لە چایخانان یان لە مەیخانان یان لە كارێك یان لە قوتابخانە دەكراوم

نرخەكەی بە شیعرێك دەدەم

یان وێنەیەكی شیعرێی نوێ‌

هەرچی بوو.. ڕۆیی

—————————

◾️محمد الماغوط- البدوي الاحمر




خەنجەری خێڵ..(9).. شەماڵ بارەوانی

بەشی نۆیەم

سەروینی ئانارشیست..!

بەهار با تۆزێکیتر قسە لەسەر ئەو شیعرگێ و گووسەر و گووگرانی ئەدەبی بکەین، ئینجا دێینەوە سەر باسی خەونە سوریالیستەکەم.

بەهار ئاگات لێیەتی فشەکەرێکیتریش پەیابووە، هەرچەندە زۆرم خۆشدەوێ و لە شیعر و نووسینەکانی ڕا دیاره کە کوڕێکی یاخی بوێر و یەکسانی خوازە. بەڵام ئەو ڕۆژە لە دیدارێکی ڕۆژنامەی “ڕێگای کوردستان” و لە چاوپێکەوتنێکیتریش بینیم لە یەکێک لە ڕادیۆکان، گووی دەخوارد و لەبارەی شیعرێکی خۆی و وەکو تەنزیش بۆ هەندێک شیعری خەڵکیتر، وشەی میعری بەکاردێنا.

هیوادارم ئاگای لەدەمی خۆی بێت ئیتر، ئەگەرنا سەروینی لەو یاخیتر، بەزەیی بە هیچ کەسێکدا نایەتەوە و بەخوا کورد وتەنی دوایی دەیکەم بە پەڕۆی بێ نوێژ .

کچێ دەزانی ئەو ڕۆژە گووسەرێک، هاتبوو چی نووسی بوو؟

وەرن با فێرتان بکەم، چۆن گووبگرن و گووی بخۆن و چۆن هێڵکەی شیعر بکەن و شیعر بنووسن و قسەی قۆڕ بهۆننەوە !

نووسیبووی بۆ ئەوانەی شیعری ئازاد، یان کلاسیک دەنووسن، بەهار یەک دنیا قسەی بێ مانای ڕێزکرد بوو و فەردەیەک شەتەحات و سەتڵێک قۆڕیاتی فڕێدابوو ئەو گۆڕەیی و لە وێنەی کاهینێک ئامۆژگاری سەروینی یاخی و شاعیرانی کردبوو کاتێک کە شیعردەنووسیت، دەبێت بە پێی کۆمەڵێک ڕێسا و یاسا و بوت و پێوەری گوواوی بینووسیت ! نووسیبووی بۆ ئەوانەی شیعری ئازاد دەنووسن، با برگەکانی سێ و چوار و پێنج وا بێت و هی دووەم و یەکەمیش وابێت.

خشتە دانان و وانەی بیرکاری و بابەت دابەشکردنی میرات و زەرب و تەقسیماتە. نانا، سەربازییە، ڕاست، چەپ، ڕاست، چەپ. پشوودە، وریابە. هاهاها

بەپەلە:کۆمپانیای شیعرگێیان، بۆ شیعر دانان! ئۆڤەرێکی شیعرگاین ڕادەگەیەنێت و پێویستی بە چوار کارمەند هەیه بۆ شیعر نووسین، بە مەرجێک، هەمووی لەڕەگەزی مێ، یان پیاوی موو نەرم بێت و باش لە زمانی شیعرگاین بزانێت و دووساڵ ئەزموونی گووگرتنی هەبێت لە بواری ئیلهام تڕاندن و گووگری ئەدەبی و پاشان دەبێت هەموو ئەو بت و پێوەر و میتۆد و گووەی کە بۆ شیعرکردنمان داناوە، پێیەوە پاپەند بێت هاهاها.

بەهار وابزانم شێرکۆی نەمر بوو، کابرایەک پێی گوت:شیعرێکم بۆ بنووسە ! گوتی:بۆ کاکە من خەیاتم؟!

بەهار دانەیەکیتر لە یەکێک لە ماڵپەڕەکان نووسیبووی لە جیهانی ئەدەبدا دنیایەک قوتابخانە و ڕێبازی شیعری جیهانی هەن، هەر یەک لەو ڕێباز و قوتابخانە و شتە پشت بە میتۆد و ڕێبازێک دەبەستن و ڕێچکەی تایبەت بە خۆیان هەیە و پشت بە جۆرێک لەبیروڕا و جیاوازی دەبەستن.

بەهار: گوتم سەروین تەعریفی خۆی هەیە بۆ شیعر، تەعریفی من جیاوازە، تەعریفەکەی سەروین نە بت و نە قسەی قۆڕ و بێ مانا و نەیش تەعریفێکی گوواوییە.

بەهار گاڵتەم کرد، خۆی هەر شتێک تەعریفت بۆی دانا، ئیتر دەبێت بە بت و لە قاڵب دان.

بەهار هەر شتێک تەعریفی بۆ داندرا، چوارچێوە و قاڵب دروست دەبێت، چوارچێوە و قاڵب درووست بوو، بت دێتە گۆڕی، بت هاتە گۆڕ، پەرستن لە دایک دەبێت، پەرستن لە دایک بوو، ئازادی بە گایین دەچێت، ئازادی بە گایین چوو، کۆیلایەتی و عبوودیەت دەبێت بە سیستەم.

تۆ سەیرکە، ئەو تەعریف گەرا و بتگەرا و پێوەرگەرایانە، خودایان تەعریف کرد، چییان بەسەر هێنا !

ئایینیان بۆ دروست کرد، سەربڕین و دەست بڕین و ژن کوشتن و داگیرکردن و سەبایە و هەرچی کاری قێزەون و قۆڕییات و وەحشیگەرێتییکە، بەناوی خوداوە هێنایە وجودەوە.

تای چەوساندنەوەی ئافرەت، تائێک دەبێ ئیتر بکرێت بەتای شورەیی و خەجاڵەتی و لە تەوێڵی پیاوساڵاری بدرێت.

پیتی شەرم، یان تائێکی گوواوی، تائێک پیرۆزی نەفتەوەیهی و سیبەوەیهی و جورجانی و ئیبنولعەقیل و ئیبنولعەزرائیلەکانتان بێت.

تائی تەئنیس، تای تف کردن لە ڕووی ئەقڵیەتی نێرسالاری و تێک و پێکشکاندنی جیاوازی زمان.

تای شەرمەزاری. تای خەساندنی ئەقڵی پیاو و تیرۆرکردنی ژنبوون و مرۆڤ بوونی ژن.

کوڕە هەی لە هەرچی تا و پیتی نێر و مێتانە بەم باشە هاهاها

بەهار:ئێستا ئەو کاهینە شیعرگێیانەی کە ناوی گووگری ئەدەبییان لە خۆیان ناوە، دەیانەوێت دووبارە هەمان هەڵەی پیاوانی ئایینی و ئایینەکان و ئەخلاقچیەکان دووبارەکەنەوە و، بێن و دەرزنێک گوو و تەعریف و قاڵب و بت و پێوەر و تەلبەند بۆ شیعر داتاشن و کۆیلەی شیعری دابهێنن !

کوڕە هەی لە خۆتان و هەرچی قوتابخانە و مەزهەب و ڕێباز و پێوەر و میتۆد و قاڵب و فۆرم و بتی شیعریتانە بەم.

دەبەنگینە ئەوجە با پێتان بڵێم تەعریفی سەروینە ئەنارشیست چییە؟

بەڵام نەکەن دوای من، بێن و وەک چۆن هەرچی دادایزم و ئانارشییەت و نهلیست و چی و چییە لە دوای خاوەنەکانیان کە هەموویان دژی لە قاڵب دان و بت و چوارچێوە و بەستەنەوە بوون، هاتن و کردتان بە ئایین و مەزهەب و بت و قاڵب و قوتابخانە.

ئەوە دیاره شیعر بە تیوری ڕێژەیی خاڵە ئەنیشتاین و بیگ بانگی کاکە ستیڤن هۆکینگ و بیردۆزەکانی حاجی نیوتن و زانست و فیزیا حاڵی بووە هاهاها

بەهار نووسینێکی زۆر جوانی نووسەر و لێکۆلەرەوەیێکم بینی سەبارەت بە شیعر، هەرچەندە ئەویش یەک قیچ هەستت دەکرد تاڕادەک تەعریفاندن و لە قاڵباندنی تێدا بوو. بەڵام، بە گشتی سەرنجێکی جوان بوو لە بارەی شیعرەوە.

گوتبووی” بێگومان هه‌ر یه‌كێكمان ناساندنێكی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌ بۆ شیعر، به‌ڵام به‌و په‌ڕی ساده‌یی، كۆمه‌ڵێك وشه‌ی ریزكراو هاوشێوه‌ی ملوانكه‌یه‌ك، به‌مه‌رجی كاردانه‌وه‌ی هه‌ست و بیری به‌رامبه‌ر، ئه‌وه‌ خۆی شیعره‌.

هه‌ر كه‌سێك توانای جیا كردنه‌وه‌ی ره‌نگه‌كانی هه‌بێ و راست و چه‌پی خۆی بناسێ و بتوانێ بڕواو بگه‌ڕێته‌وه‌ … دیاره‌ ئه‌و كه‌سه‌ خاوه‌نی هه‌ست و نه‌سته‌ …! واته‌ كه‌سێك شعوری به‌گشت له‌وازمه‌كانی حه‌یات بشكێ، ئه‌وه‌ ئه‌و كه‌سه‌ شاااااااااعییییییره‌.”٭

بەهار: ئەو دەربڕینە، وەکو گوتم ئەگەرچی تەعریفاندن و بتاندنی پێوەدیارە، بەڵام جوانیشە.

دیسان ئەو نووسەرە گوتبووی” به‌جۆرێكیتر … هه‌ر كه‌سێك قه‌ڵه‌م بگرێته‌ ده‌ست و ئه‌لف و بێ لێك جیا بكاته‌وه‌، بێگومان توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه‌، له‌هه‌ر وه‌زع و مه‌وزوعێك كه‌بیه‌وێ ته‌عبیرێك ده‌رببڕێ، به‌و شه‌رته‌ی پێشینه‌یه‌كی باشی بۆی هه‌بێ … مادامێك هه‌ست و نه‌ستی به‌رامبه‌ر ده‌ربڕێ، ئه‌وه‌ بۆ خۆی شیعره‌و شعوری مرۆڤێكه‌ كه‌ پێی ده‌ڵێن: شاااااااااعییییییر.”٭

فەوزەوی و ئەنارشیست و بت گێ و پێوەرگێ، بگێن هاهاها !.

بتەکانی مامۆستا و بەڕێوەبەر و قوتابخانە، بتەکانی خێزان و باوک برا و مام و ئامۆزا، بتەکانی کۆمەڵ، بتەکانی فەرمانگە، بتەکانی حاجی جادر و مامە باندڕ و خاڵە خدر، بتەکانی فلان سیاسەت و فیسار قانوون، بتەکانی سمێڵ، بتەکانی خێڵ، بتەکانی نەریت، بتەکانی مەزهەب و ئایین، بتەکانی ئەخلاق، بتەکانی ڕەخنەگر، بتەکانی شیعرگێ، بتەکانی عەیبه، بت، بت بت..

کوڕە دەبڕۆن هەی بڕیم بەسەر هەرچی بتتانە. ئێوە دیاره هێشتا هێزی سەروین و توانای سەروین و یاخی بوونی سەروینتان نەناسیوە؟

هەی بت پەرستنیە، باش ئەوەبزانن کە خەیاڵتان خاوە و سەروینی ئەنارشیست هەرگیز، بە هیچ بتێک لەو هەموو بتە گواویەتان ، زیندانی و لە قەفەس و دیل و بە کەنیزه ناکرێت.

-دەفتەری بیرەوەریەکانم-
“بەهاری حاجی ئاکۆ”
٨ی گوڵانی ١٩٧٣، دێی: ماڵی خێڵان-ڕێگای کانی ژن کوژان.


٭په‌ڵه‌یه‌ك هه‌وری ئه‌وین،

له‌ ئاسمانی هێڤار ‌ته‌نیاوه‌ ده‌بارێ، قه‌ڵه‌می:ئامانج شارباژێڕی.




شیعر\ خوێن بەرامبەر پارە.. نەوزاد بەندی

بۆچی خوێنتان ڕشت ؟
بتانووتایە : پارەمان ئەوێ ..
70ساڵ کوردتان بۆچی دا بە کوشت ؟

٭ ٭ ٭

32 ساڵی ڕێک ،
پاسێکی سوورت پێ دابین نەکرا ،
بیکەیتە قۆڵی جادەی شارەکان ..
هەمووی بۆ خۆت بوو ..
هەموو پارەکان ..

٭ ٭ ٭
خەوتن باشترە هەتا بینینی ،
ئەو وێرانەیەی
ناوت ناوە شار ..
مردن باشترە ، لەو گاڵتەجاڕەی
ژیانی تیا بووە
بە دوپشک و مار ..

٭ ٭ ٭

هەزار شەقام و کۆشکی تایبەتیت،
بۆ خۆت بنیات نا ،
باخچەی شاهانە ..
مۆڵ ..
باڵەخانە ..
خەڵکیش : وێرانە ..
شار : عەرەبانە ..
دەرچووی زانکۆکان : تەنها خۆبەخشیی ..
شەرمەزار نابی ؟
ناچی بە عەرزا ؟
ناڕەسەن .. وەحشی ..!

ـــنەوزاد بەندی ـــــــــ