کاریگەریـیەکانی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانە لە ئێران، بەزێنەری سنووری وڵاتان و نەتەوەکانە.. موئەیەد ئەحمەد

ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری ئێستا لەدژی سەرکوتی ژنان و حیجابی زۆرەملێ و ڕژێمی ئیسلامی سیاسی لە ئێراندا، پاڵنەرێکی بەهێزە بۆ خەباتی ژنان، چینی کرێکار، کۆمۆنیستەکان و ڕزگاریخوازان لە عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
لە شۆڕشەکانی میسر و تونسەوە و لە ساڵی (٢٠١١)وە، سەرەڕای هەموو ئەو پاشەکشە و سەرکوتە دڕندانەیەی کە ڕووبەڕووی هەوڵ و تێکۆشانی ملیۆنان کرێکار و زەحمەتکێش و خەڵکی نەدار بۆتەوە، بۆ ڕزگاربوون لە چنگی ڕژێمە سەرکوتکەرەکانی ئیسلامی و ناسیۆنالیستی بۆرژوازی؛ پارێزەران و نوێنەرانی سیستەمی سەرمایەداری و بەربەریی سەرمایە، نەک هەر ئەم خەبات و هەوڵانە نەوەستا، بەڵکو دووپاتیان کردەوە کە سیمایان شۆڕشگێڕ و چینایەتییە و سنووری وڵاتان و نەتەوە و مەزهەب و ئایین و ڕەنگ و ڕەگەز و جەندەر تێدەپەڕێنێنن.
هه‌روه‌ها ڕاپه‌ڕینی ئۆكتۆبه‌ری (٢٠١٩) لە عێراق و هاوكات له‌گه‌ڵیدا بەردەوامی خۆپیشاندانه‌كانی لوبنان و خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ر له‌ ئێران دژ به‌ گرانبوونی نرخی به‌نزین، وێستگە بەیه‌كتر به‌ستراوەکانی خه‌باتی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی كرێكار و زه‌حمه‌تكێش و چه‌وساوەی ئەم وڵاتانە بوون. ئەوەی ئێستاش لە ئێراندا دەگوزەرێت، قۆناغێکی دیکەی پێشکەوتووی ئەم خەباتەیە، بەو پێیەی کە ڕاپەڕینێکی شۆڕشگێڕانەیە لەدژی بەکۆیلەکردن و ستەمی ژنان، و بەم مانایەش پرۆسەی شۆڕشگێڕانەی لە هەموو ناوچەکەدا بە ناوەڕۆکێکی کۆمەڵایەتی فراوان و قووڵ دەوڵەمەند کردووە.
بۆ یەکەمجارە دوای ساڵانێکی دوورودریژ لە کۆنترۆڵی ئیسلامی سیاسی بەسەر ژیان و گوزەرانی جەماوەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، خرۆشانێکی لەم چەشنە و بەرپەرچدانەوەیەکی بەهێزی ئاوا دێتەمەیدان بۆ ڕووخاندنی دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسی بەسەر ژیان و چارەنووسی ژناندا. ئەمە جگە لەوەی کە یەکەمجاریشە چالاکی سیاسی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری کرێکار، چ ژن و چ پیاو، لە ناوچەکەدا بەجۆرێک سەرهەڵدەدات کە چەقی ئەم چالاکیـیە لەسەر ڕووبەڕوبوونەوە دژی سەرکوتی ژنان و حجابی زۆرە ملێ ڕاوەستابێ، و هیز و تواناش لە پرسی ڕزگاربوونی ژنان و یەکسانیان وەربگرێت.
وەک هەموو پرسێکی گەورەی کۆمەڵایەتی دیکەی مێژوو، ئەوەی چارەنووسی ژنان و ڕزگاری کۆتایییان لە ڕەوەندی پێشهاتەکانی ئەم ڕاپەڕینە شۆڕشگێڕانەدا دیاری دەکات، بە تایبەت لە ئەگەری سەرکەوتنیدا، پێشڕەویی شۆڕشە بۆ گەیشتن بە ئامانجە کۆتاییەکەی، کە لە شۆڕشی ئێستادا، لەناوبردنی ئەو كۆڵەکە بنەڕەتیانەیە کە کۆیلەکردنی ژنانی لەسەر وەستاوە، کە ئەویش سەرمایە و سیستەمی سەرمایەدارین، بەڵام ئەم پێشکەوتنە لە ڕەوتی شۆڕشدا، بێگومان پێویستی بە پەرەسەندنی خەباتی یەکگرتووی چینی کرێکار و ژنی چەوساوە و هەموو هەژاران هەیە. کەواتە ڕوونە کە کاریگەرییەکانی ئەوەی ئێستا لە ئێراندا ڕوودەدات، لە چوارچێوەی ئەم وڵاتەدا قەتیس نامێنێتەوە، نەک تەنیا لەبەر فراوانی و گەورەیی ئەو گورزەی کە هەتا ئیستا ڕاپەڕین لە ڕژیمی ئیسلامی ئیرانی داوە، بەڵکو لەبەرئەوەی ئەم ڕاپەڕینە جەماوەرییە شۆڕشگێڕانەیە لەسەر بنەمای خەبات دژی بە کۆیلەبوونێکە، کە نەک هەر کۆماری ئیسلامی لەسەر ڕاوەستاوە، بەڵکو سەرمایە و سیستەمی سەرمایەداری لە ئێران و وڵاتانی تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خۆی پێ بەرقەرار کردووە.
کاریگەرییەکانی شۆڕش لە دژی حیجابی زۆرەملێ و ڕژیمی ئیسلامی ئێران، لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا، لە ویژدان و هۆشیاری ملیۆنان ژن و ئازادیخوازانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕەنگی داوەتەوە. ڕووبەرووبونەوەی ژنان و ئازادیخوازان دژ بە دەسەڵات و چەپۆکی ئیسلامی سیاسی و ڕژێمەکەی بەسەر ژنان لە ئیران، و ڕاپەڕین بەسەر سیمبولی ئەم دەسەڵاتەدا؛ حیجابی زۆرەملێ، واقیعێکی نوێ و قۆناغێکی پێشکەوتووی لە خەباتی ڕزگاریخوازانەی ژنان و جەماوەری کریکاران و خەڵکی زەحمەتکێشی ئەم وڵاتەدا دروست کردوە و بەمەش توخمێکی چۆنایەتی بۆ توخمەکانی پرۆسەی شۆڕشگێڕی لە تەواوی ناوچەکەدا، بە عێراقیشەوە، زیاد کردووە.
ئەم واقیعە نوێیە خۆی دەسەپێنێت بەسەر کارنامەی هەر هەڵچوونێکی جەماوەری داهاتوودا کە شایەنی ئەوە بێت بە شۆڕشگێڕانە وەسف بکرێت. ئەگەر لە ڕوانگەیەکی ماددی مێژووییەوە ئەم ڕووداوانەی ئێران هەڵسەنگێنین، دەبینین ئەگەرەکانی سەرکوتکردنی ڕاپەڕینی ئێستا، یان گۆڕینی هاوسەنگیی ئێستای هێزی نێوان جەماوەری شۆڕشگێڕ و هێزەکانی دژە شۆڕش بە قازانجی ئەمەی دووەمیان، هیچ له‌و ڕاستیه‌ ناگۆڕێت که‌ ئەم ڕووداوانە پرسی ئازادی و یه‌کسانی ژنانی، وە بە شێوه‌ی کردارێکی جەماوەری، کردە به‌شێکی سه‌ره‌کی‌ پڕۆسه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ لە ناوچه‌که‌دا.
ئەمەش، بە سادەیی، بەو مانایەیە کە ناتوانرێت نە ڤێرژنێکی سەرکەوتووی نوێی شۆڕشەکانی میسر و تونس لە ناوچەکەدا دووبارە بکرێتەوە، وە نە ڤێرژنێکی نوێی سەرکەوتووانەی ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەری عێراق، بەبێ تێپەڕین و زاڵبوون بەسەر یەکێک لە خاڵە لاوازە سەرەکییەکانیاندا، کە ئەویش جێگیرکردنی ڕزگاری و یەکسانی ژنانە لە تەوەرەی ئەولەویەتەکانی ئەم شۆرش و ڕاپەرینانەدا.
ڕژێمی خوێنڕێژی ئیسلامی لە ئێران ڕۆژانە تاوان لە دژی ڕاپەڕین ئەنجام دەدات و تا ئێستا دەیان کەسی کوشتووە و بەردەوامیش دەبێت. هه‌روه‌ها هێزه‌ دژه‌ شۆڕشه‌ بۆرژوازییه‌كان؛ دەوڵەتان و حزبەکان و ڕه‌وت و جه‌مسه‌ره‌ ئیمپریالیستی و ناوچه‌ییه‌كان، یه‌كگرتوو ده‌بن بۆ سه‌ركوتكردنی ئەو ڕاپەڕینە شۆڕشگێڕ و جەماوەریانە له‌ ناوچه‌كه‌دا و به‌ هه‌موو ڕێگه‌یه‌ك لە هەوڵدا دەبن بۆ لەباربردنیان، وە له‌گه‌ڵ پەرەسەندنی دۆخی شۆڕشگێڕانەدا، به‌ ڕێگه‌ و شێوازی جۆراوجۆر، هه‌وڵ ده‌ده‌ن کە وڵاتانی ئەم ناوچەیە نوقم بکەن لەنێو شەڕ و میلیتاریزم و شەڕی بەوەکالەت و تاوانەکانی دیکەدا، بەڵام کرێکاران، خەڵکی زەحمەتکێش، بێبەشان، ژنانی چەوساوە، لاوانی کرێکار و ئازادیخواز، هێزێکی گەورەی کۆمەڵایەتی و سیاسی و فەرهەنگی پێکدەهێنن کە دەتوانن سەربکەون.
یەکێک لە فاکتۆرە هەرە گرنگەکانی سەرکەوتنی ئەم ‌هێزە چیانیەتیەی کرێکاران و زەحمەتکێشان ئەوەیە کە هەمان ئەو سیستەمەی کە زوڵمیان لێدەکات و ئازادی و ژیانێکی ئاسوودە و خۆشگوزەرانی لێی زەوت کردوون، لەسەر شیلەی گیانی هەمان ئەم هێزە بنیات نراوە و لە سەر بەرهەمی کار و زەحمەتی ئەو بەرێوە ئەچێ. ئەم واقعیەتەش بۆ خۆی سەرچاوەی سەرهەڵدانی خەباتی چینایەتی کریکاران و زەحمەتکێشانە بە بەردەوامی، نەک تەنها لەناو وڵاتێکی دیاریکراودا، بەڵکو لەناو سیستەمێکی جیهانی پێکەوەگرێداروی سەرمایە و پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریدا.
ئەنجامدانی خەبات لە دژی ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی ستەم و هەڵاواردن و پەراوێزخستنی چینی کرێکار و ژنان و هەموو تۆێژە هەژار و بێبەشەکان، و یەکخستنیان لە یەک خەباتی چینایەتیدا، لەناو وڵاتێکی دیاریکراودا و لەسەر ئاستی وڵاتانی جیاواز، و بەرزکردنەوەی ئاڵای شۆڕشگێڕ و سۆسیالیستی وئینترناسێۆنالیستی لە لایەن حیزبەکانی کرێکاران، گەرەنتی سەرکەوتنی خەباتی ئەم چین و گروپە کۆمەڵایەتییانەیە.
خەبات لەدژی بەکۆیلەکردنی ئێستای ژنان لە ئێران و عێراق و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، و لەدژی فۆرمی ئیسلامی و ناسیۆنالیستی پیاوسالاری ئەم بەکۆیلەکردنە و دژی ئەو ڕژێمە سیاسییەی کە بەرجەستەی دەکاتەوە، هەنگاوێکی گەورەی شۆڕشگێڕانەیە لەسەر ڕێگای خەباتی شۆڕشگێڕانە لە دژی تەواوی ئەو سیستەمە ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی و کولتووریەی کە ئەم بێبەشکردنە بەرهەم دەهێنێتەوە.
با بەهەموو هێزوتواناوە پشتیوانی لەو خەباتە شۆڕشگێڕانەیە بکەین کە لە ئێراندا دەگوزەرێت لە دژی زوڵم و چەوساندنەوەی ژنان و حیجابی زۆرە ملێ و لەدژی ڕژێمی ئیسلامی سیاسیی دەسەڵاتدار، با بوەستینەوە بە ڕووی هەموو ئەو ڕەوت و حیزبە بۆرژوا ناوخۆیی و دەوڵەتە ئیمپریالیست و ناوچەییانەی کە دەیانەوێت ئەم ڕاپەڕینە شۆڕشگێڕانەیە بۆ ئامانجە سیاسیەکانی خۆیان و بۆ بەرژەوەندیەکانیان لە ململانێی جیۆ سیاسی و جیۆ ئابوری بقۆزنەوە.
٢٣ی ئەیلولی ( سبتێمبەری) ٢٠٢٢




دەنگی کرێکار\ ژمارە ٣٩

بۆ خوێندنەوەی ژمارە ٣٩ی رۆژنامەی دەنگی کرێکار کلیکی ئێرە بکەن..




تەوارەکانی ڕۆژهەڵات.. فازیل شەوڕۆ

دوو پشکۆی ئەبەدین
ئەو دوو چاوانە
لە تەندووری خۆر گەش کراونەتەوە
شاپەڕی ئاگرینت
دیاریی خوداوەندی فڕینە
تا بەرزتر
بۆ تۆقەڵەی ئاسمان بچێت
جوانتر دەبینیت
باشتر دەبیستیت
چرنووکی پەنجەت
زریانە و
سیڕڕەت سەدای گەردوون
تا پتر لە قووبەی ئەفلاکا
بە دەووری بازنەی
مەرگی خۆتدا بسوڕێتەوە
گەشتر دادەگیرسێت و
نەمرتر زیندوو دەبیتەوە
تەبعی تەوارە
سووتان لە پێناو ئاگر و
خنکان بۆ خاتری ئاو و
ڕۆحبەخشین بۆ ئازادکردنی ئازادی
سەمای تەوارە
لەسەر عەمامەی ژێر پێی ژیناکان
بانگی تەوارە
لەبن گوێی جیهانی کاس و وڕ
تۆڵەی تەوارە
لە ژنکوژ و ژیانکوژ و ئازادیکوژانی
ڕۆژهەڵات
تەوار
کە باڵە ئاگرینەکانی کردەوە و
بوو بە برووسکە
تەخت و تاراجی تاریکپەرستان
گڕ دەدات و
باڵای بەرزی شەهیدان
دەکاتە بەیداخی سوور.
تەوار
لە قەندیل تەوارە و
لە شار ژینایە و
لە شەقام
بڵێسە.

٢/١١/٢٠٢٢ دوبلن




کورتەنامەی شیعریی..16.. فەتاح حەسەن

( بەشی شازدەم )

ئەو ڕۆژەی

قاوە بێ تۆ بخۆمەوە

چەند شەکری تێبکەم،

هێشتا هەر تاڵە.

ئەو شەوەی

بێ تۆ سەر بخەمە سەر، سەرین

بەیانییەکەی پشتییەکە

لچم لێهەڵدەقورچێنێ.

ئەو ڕۆژەی

باران بەخوڕ دەبارێ

چەتری خۆم نا..

چەترەکەی تۆ، هەڵدەدەم.

ئەو شەوەی

ئەستێرە دەژمێرم

دەنگی تۆ دێتە گوێم..

دەڵێیت

ژماردنی کاکێشان، زۆر گرانە.

ئەو ڕۆژەی

گوڵی لالۆ عەباس

دەم دەکاتەو

تۆی دەم خونچەم

دێنێتەوە یاد.

ئەو شەوەی

ئەستێرە لەگەڵ مانگ

شەڕ دەکات..

شەڕەکانی خۆمانم

دێنێتەوە یاد.

ئەو ڕۆژەی

بەفر دەبارێ

کلوەکانی بەناخی تۆ،

بەراورد دەکەم..

لەبەرخۆمەوە دەڵێم

ئای کە، ڕەشە.

ئەو شەوەی

کە، پێی دەڵێن یەڵدا

چاوەڕوانیی خۆم

بیردەخاتەوە..

بۆ یەکەم دەمی ژوان

ئەو ڕۆژەی

کە، تۆ دییت

خونچە وەرزی لێتێکدەچێ و

بەزستان دەپشکوێ.

ئەو شەوەی

تاریك و نوتەکە

مانگ بەدەر دەکەوێ

ئەستێرە دەجریوێنێ

کە، تۆ دێی.

فەتاح حەسەن

دانیمارك / ڤالبی




زنجيرە وتاری نووسين بەرەو نووسين\ دونيای شيعر.. سەردار جاف

( 2 )

نامانەوێ ژانر و باسەکانمان درێژدادڕی تێدا بکەين تاوەکو تۆ تووشاری وەڕسبوون نەبيت، بە چێژ و خرۆش و پشووی ئاوەزتەوە دەست بە خوێندنەوە بکەی، ناکرێ لە ئێستاوە بە نووسينی دوور و درێژ تاقەت پروکێنت بکەين، شيعر بۆ خۆی کارێکی هێندە سانا نييە بە چەند دێڕێک کۆتایی پێ بهێنين، ديقەت بدە لەوەتەی شيعر بوونی هەيە بەردەوام لە سەری دەنووسرێت و گۆڕانی بە سەردا دێت و گەشە دەکات و خودی مرۆڤيش بۆ زاخاوی هزر و پشوودان بە بيری ئاڵۆسکاوی ناو بە ناو پەنا دەباتە بەر خوێندنەوەی شيعر، بۆيە لە باس و دواندنی بەکورتی زەحمەتە بگەينە چەمکی تەواوی بە دەستەوەدراوی شيعر، ئەوانەی تازە دەست دەدەنە نووسين تێر نابن و پێويستە بە نەرمی و ئارامی بەرەو مەنزڵی تەواوەتی بگەيەنرێن.
تۆ لە چەند وشەيەک بيرۆکەيەک دەخەيتە بەر دەستی خوێنەر، خوێنەريش بە بێ ئەوەی تەواوی واتاکە لە دەست بدات وێنای نووسينەکەی تۆی پێدەگات، هەرچەندە ئێمە لە پاش شرۆڤەکردنێکی ئەم چەمکە دێينە سەر شرۆڤەی شيعری غەزەل تا بەرچاو روونييەکت لەلا گەڵاڵە بێت، ئەم چەمکە نمونەی فلاوەری پێدەگوترێت، چەند هەنگاوێک لە خۆ دەگرێت، ئەو هەنگاوانە دەری دەخەن چۆن گەشە بە پرۆسەی نووسينی خود بدەی، بە قۆناغ و ستراتيژێکدا تێدەپەڕيت کە پلان دابڕێژيت بۆ باشترين بيرکرنەوە لە نووسيندا، ئەوی لە هزرتدا دەخولێتەوە دەتەوێ بيگەيەنيتە خوێنەر، لە رێی دەقێکەوە هەوڵی گەياندنی دەدەيت لە سەر خوێنەريش پێويستە بەوردی کنەی تێدا بکات، سەرەتا باسمان لەوە کرد کە ئەمڕۆ هۆکارەکانی گەياندن فرە بوون هەم لە رووی بڵاوکراوە ئەلکترۆنييەکان هەميش دەزگا ميدياکانی بينين و بيستن، تۆ لێرەدا کە دەقێک دەنووسی بە پێی نمونەی فلاوەر هەم بێژەری هەميش نووسەر، دەکرێ دەقەکەت کورت يان درێژ بێت، گرينگ تۆ کاری خۆ دەکەيت.
دەکارێ ئەم دەقەت لە گەڵ هاورێکانت دەمودووی لەسەر بکەی و لێی بە ئاگا بيت تا چەند توانيووتە کرۆکی دەقەکەت بۆ هاوڕیکەت روون بکەيتەوە، و تاچەند ئەو بڕوای بە لۆژيکی دەقەکەت هەيە، ئاخۆ رێکوپێکی بەژانرەکەوە ديار بوو يان پەرت و بڵاو بوو و هيچ رێکخستنێک لە ئارادا نەبووە، هەروەها توانيووتە بيرکردنەوەکان بگەيەنێت و ئامانجت بپێکيت يان نا .

غەزەل بۆ خۆی پياهەڵدان و گۆرانی گوتنە بە باڵا و جوانی ياردا، دوو جۆر غەزەل هەيە، يەکەميان غەزەلی؛ پاک و بێگەرد يان غەزەلی کۆچەری، دووەم غەزەلی؛ روون و راشکاو، هەروەها غەزەلی شارستانیشی پێدەگوترێت، پێشتر باسمان لە بەهرەی خۆرسکيانەی شا‌عير و ئەندێشە و هەست و سۆزی بێگەرد و پاکی شاعير کرد بۆ گەزەليش هەمان ئەم خاڵانە باسی سەرەکی و پێويستن سەرباری بنەما و خەسڵەتە سەرەکييەکانی بونيادی شيعری، لە غەزەلدا شێوازی دەمودوو بە جۆرێک بەکار دێت سەرنج راکيش بێت وەک وتی و وتم. ناسکی و نەرمی و سانایی نواندن لە دەربڕين لە بەکارهێنانی ئەو وشە شيعريانەدا، پابەند بوون بە بڕگە يان بحوری شيعری کورت کورت، شاعيڕ ستايشی خۆی بکات و بەم ستايشانە دنەی يارەکەی بدات بۆ ئاوێتەبوونی ئەوين و ئيشق.
ئێمە ئەمڕۆ لە بەردەم غەزەلی نوێ و غەزەلی کلاسيکداين، بە کورتی دەتوانين بلێين غەزەلی ئەمڕۆ غەزەلی شارە واتا بەشی دووەمی کە ئاماژەمان بە دوو جۆرەکەدا، هەروەها لە گەزەلی نوێدا دەبێ يەکەی ژانر وابەستەی يەک بن ناکرێ دێرەکان پاش و پێشی پێبکرێت، حاڵەتێکی دی لە غەزەلی نوێ يان غەزەلی شار ئەوەيە کە پێويستە زمان زمانێکی سەردەميانە بێت ناکرێ هەر بە زمانی کۆن تێبکەويت، تائێستايش کەسانێک هەن لە مانای غەزەل ناگەن کەچی دەنووسن و پێدەچێ هەر لە غەزەل و شيعری شاعيرانی کلاسيکەوە وشەکان وەربگرن و ريزی بکەن و لە قاڵبی شيعر و غەزەلی خۆيان دابنێن، نمونەيش زۆرن و باسی کەسيش ناکەين، ئەوەی دەمێنێتەوە خاڵی جياوازی ئەوەيە، چەمک و پەيام لە غەزەلی نوێ، هەروەک کەمێک پێش ئێستا باسمان لە نمونەی فلاوەر کرد، ئێستا پێويستە بزانين ئەمە چييە، نمونەيەکی زۆر سانايە، ” کۆمەڵە هەنگاوێکە دەريدەخات چۆن گەشە بە پرۆسەی نووسين بدەی، ئەو قۆناغ و ستراتيژيانەی پێيدا تێپەڕ دەبێت، وا لە نووسەر دەکات بە جۆرێکی کاريگەرتر پلان دابنێت بۆ ئەوەی باشترين بيرۆکە بەرهەم بهێنێت، ئەمانە هەمووی لە خەسڵەتە باشەکانی نووسەری چاکن” ، لە بەشەکانی رابردوودا ئاماژەمان بە ئەو بيرۆکەدا کە پێويستە نووسەر يان شآعير لە دەقەکانيان بيگەيەنن بە خوێنەر لەم نمونەيەدا زياتر ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە نووسەر رۆڵی کەسێکی گەيەنەر دەبينێت لە نێوان بيرکردنەوەکانی و خوێنەردا، رێک وەک ناوی مرۆڤە کە هەموو شتێکی تاکە و دەربڕی خۆيەتی، لێرەيش هەمان حاڵەت دووبارە دەبێتەوە، کە نووسەر بۆ خۆی کارمەندێکی گەيەنەرە، هەم خۆيەتی و هەميش خۆی نييە، (( نووسەر بيرۆکەکانی لە چەندين وشەدا دەخاتەڕوو، خوێنەر وێنايەکی بە بێ لەدەستدانی واتا پێدەگات)).
بۆ شيعر بە گشتی و غەزەل بە تايبەتی هەمان نمونە پەيڕەو دەکرێ، نەمازە بۆ غەزەل کە باس لە ميتۆدی کۆن و نوێ دەکرێ، لە کۆندا رەنگە لای زۆر لە شاعيرەکان پاشوپێشکردنی دێڕەکان کێشەيەک نە بووبێت و گرفت دروست نەکات، وەلێ لە غەزەلی ئەمڕؤدا شاعير پێويستە پابەندی يەکەی ژانری بەدوای يەک پەيوەست بوونی دێڕەکان بە دوای يەکەوە بێت، دەنا لە قاڵبی غەزەلی شار دەردەچێ، ئەمەيە غەزەلی نوێ، بە هيواين بتوانن گەنج و لاوان لە سەر ميتۆدی نوێ بڕۆن و بەرگی نوێ بە شيعرەکانيان بکەن. ئەمەيش نمونەی فلاوەر؛

ئەو سەرچاوانەی سوودم لێ وەرگرتوون ؛
• مهارة الکتابة و نماذج تعليمها // أبراهيم علی ربابعة . ألوکە نێت.




درۆی منداڵان.. محەمەد بەرزی

منداڵ کاتێک گەورە دەبێت فێری درۆ دەبێت . جا هەرچەندە درۆکردن لە نێو منداڵاندا کارێکی ئاساییە ، بەڵام دایک و باوک بە درۆ زۆر بێزار و دڵگران دەبن . ئەم دۆخەش ڕووبەڕووی زوربەی هەرە زۆری دایکان و باوکان دەبێتەوە . بێگومان پێویستە دایک و باوک هۆکارە باوەکانی درۆی منداڵ بزانن ، دوای ئەوە دەتوانن چارەسەری گونجاوی بۆ بدۆزنەوە . نابێت درۆی منداڵ پشتگویێ بخرێت ، تا نەبێت بە بەشێک لە کەسایەتییان ، زۆریش ئەستەم و دژوارە لە گەورەییدا بتوانرێت چارەسەری بۆ بکرێت . بە گشتی منداڵان بە چەندین هۆکاری جیاواز درۆ دەکەن ، وەک :
١ – دەربازبوون لە سزا . ئەو منداڵانەی لە سزا دەترسن ، پەنا بۆ درۆ دەبەن ، چونکە منداڵ نایەوێت دان بە شتێکدا بنێت ، کە تووشی ئازاریی جەستەیی ، یان زارەکی دەکات .
٢ – درۆدەکەن تا شتێک بە دەستبهێنن ، یان تووشی کێشە نەبن ، یان خۆیان لە شتێک ڕزگار بکەن.
٣ – داپۆشینی هەڵە بۆ دروستنەبوونی کێشە .
٤ – هەڵخەڵەتاندنی کەسانی گەورەتر لە خۆیان، کە حەزیان لە چارەیان نییە .
٥ – پێیان وایە ئەگەر ڕاستی بڵێن ، باوەڕیان پێناکرێت .
٦ – ترسان لە کاردانەوەی گەورەکان .
٧ – بێ بیرکردنەوە قسەکانیان دەکەن
٨ – پێیان وایە درۆی دایک و باوک کارێکی چاکە و چاو لەوان دەکەن .
٩ – درۆ دەکەن تا سەرنجی دەورووبەر بە لای خۆیاندا ڕابکێشن .
١٠ – لەوانەیە بزانن درۆکردن هەڵەیە ، بەڵام پاڵنەری بەهێزتریان هەیە بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی تر .
ئەوەی شایانی باسە ئەرکی دایک و باوکانە منداڵەکانییان فێری ڕاستگۆیی بکەن . توێژینەوەکان پێمان دەڵێن : ( تووڕەبوون و چاوسورکردنەوە و هەڕەشە و هاتوهاوار بەسەر منداڵدا ، ئارەزووی شاردنەوەی ڕاستییەکانی لا زیاتر دەکات ، چونکە هۆکاری سەرەکی درۆ ترسە ، هەر بۆیە زۆر گرنگە لەو هەڵسوکەوتانە دووربکەوینەوە و بە هێمنی و ئارامی لە منداڵان نزیک ببینەوە و کەشێکی هێمن و ئارامیان بۆ دروستبکەین ، تا بتوانن ڕاستییەکان ئاشکرا بکەن ، چونکە تا ترس هەبێت درۆکانیش تەواو نابن . بێگومان هەنگاوەکانی چارەسەرکردنی درۆ و هاندانی منداڵیش بۆ ڕاستگۆیی بریتیین لە :
١ – لە هۆکاری درۆکردنی منداڵەکەت تێبگە :
یەکەم شت پێویستە دایک و باوک ئەوە بزانن ، کە درۆکردن بەشێکە لە گەشەکردنێکی ئاسایی لە منداڵاندا . کاتێکیش منداڵ درۆدەکات ، ئەوا پێویستە بیربکەیتەوە ، تا بزانی ئامانجی منداڵەکەت چییە . پاشان درۆکانی پۆڵێن بکە ، ئەمەش ئاسانکاریت بۆ دەکات چۆن بەرامبەر هەر درۆیەک هەلسوکەوت بکەیت . بۆ نموونە مامەڵەکردن لەگەڵ درۆی منداڵدا بە هۆی خەیاڵ ، یان تێنەگەیشتنێکی هەڵەوە ، جیاوازە لە مامەڵەکردنی منداڵێک ، کە درۆ بۆ گەیشتن بە ئامانجێک ، یان بۆ گزیی و تۆڵە سەندنەوەوە دەیکات .
٢ – تەمەنی منداڵەکەت لەبەرچاو بگرە :
لە ڕاستیدا منداڵی بچووک لەو ڕاستییە ناگەن ، کە درۆکردن کارێکی خراپە ، چونکە تا گەورە نەبن ، بەشی پێشەوەی مێشکیان بە تەواوی گەشە ناکات و ناتوانن لەو خووە زۆر خراپەی درۆ بگەن . هەر بۆیە پێش ئەوەی کاردانەوەی خراپت هەبێت . ، پێویستە تەمەنی منداڵەکەت لەبەر چاو بگریت .
٣ – کێشەکانی منداڵەکەت چارەسەر بکە :
بزانە منداڵەکەت چی بەسەردا هاتووە ، تووشی کێشەی جەستەیی ، دەروونی ، یان سۆزداری بووە و لە چ بارودۆخێکدایە ، تا بە پێی توانا یارمەتی بدەیت و کێشەکانی بۆ چارەسەر بکەیت .
٤ – لەگەڵ منداڵەکەتدا سنگفراوان و بەخشندە و لێبوردە بە :
ئەرکی تۆی گەورەیە پەیوەندییەکی توند و تۆڵی دۆستانە لەگەڵ منداڵەکەتدا دروست بکەیت . گفتوگۆی لەگەڵدا بکە و بۆی دربخە ، کە باوەڕی زۆرت پێیەتی ، تا هەست بە ئارامی و ئاسایش بکات و ڕێزت لێبگرێت و گویێ لە ئامۆژگارییەکانت بگرێت و بە دڵییەوە بنووسێت . توێژینەوەکان ئەوەیان دەرخستووە ، ئەو منداڵە گەورانەی ئەو جۆرە پەیوەندییە باشانەیان لەگەڵ دایک و باوکیاندا هەیە ، پەنا بۆ درۆ نابەن ، یان زۆر کەم درۆ دەکەن ، چونکە نایانەوێت متمانە و پەیوەندییە باشەکانی ئەوان لە دەست بدەن . بێگومان لە ناو ئەو خێزانانەی شەڕ و ئاژاوە و هاتوهاوار و دایک و باوکی توند و تووڕە هەیە ، هەمیشە منداڵەکانیان بێزار و بێ تاقەتن و لە ترساندا پەنا بۆ درۆ دەبەن .
٥ – لە سزادانی منداڵەکەت خۆت بە دوور بگرە :
کاتێک منداڵەکەت درۆیەک دەکات و پاشان ڕاستییەکان دەڵێت ، ئەوا لێی خۆشبە ، یان سزاکەی کەمبکەرەوە ، تا لەسەر وتنی ڕاستییەکان ڕابێت . ئەگەر منداڵەکەت ڕاستی وت و هێشتا سزا درا ، ئەوا هیچ سودێک لە ڕاستگۆیی نابینێت و بەردەوام پەنا بۆ درۆ دەبات ، تا لە سزادان ڕزگاری بێت . پاشان پێویستە دایک و باوک لە کاتی لێپرسینەوەدا پارێزگاری لە ئارامی خۆیان بکەن و نەرم و نیان و لەسەرخۆبن و هانی منداڵەکەیان بدەن سەرلەنوێ چیرۆکەکەیان بە ڕاستگۆیی بۆ بگێڕێتەوە .
٦ – بۆ منداڵەکەت نموونەیەکی باش بە :
لەبەردەمی منداڵەکەتدا خۆت بە دووربگرە لە فێڵ و درۆکردن ، ئەوان لە تۆوە فێری فێڵ و درۆ دەبن . پاشان بەهیچ جۆرێک داوایان لێ مەکە درۆت بۆ بکەن . نابێت دایک و باوک هەتا درۆی بچووکی سپیش لەگەڵ منداڵەکانیاندا بکەن ، نابێت هەرگیزیش منداڵەکانیان بـە درۆزن ناوبەرن.
٧ – بەڵێنەکانت بۆ منداڵەکەت بەرەسەر :
منداڵ لە پاکانە و بیانوی دایک و باوک ناگات . کاتێک بەڵێنەکانییان بۆ نابەنەسەر ، لەم کاتەدا منداڵ دایک و باوکی بە درۆزن دەزانێ .
٨ – بە یەکسانی هەڵسوکەوت لەگەڵ منداڵەکانتاندا بکەن :
بە یەک چاو سەیری منداڵەکانت بکە و جیاوازییان لە نێوانیاندا مەکە ، ئەگەر چیش یەکێکیان لەوی تریان تەمەڵ و سەرکێش و بزێو تربێت . چونکە منداڵی پشتگویێ خراو ، هەست بە کەمی و ناڕەزایی دەکات و پەنا بۆ درۆ دەبات ، تا ئەو جیاوازییانە نەهێڵێت و پێویستییەکانی بە دەستبهێنێت ، هەر بۆیە گرنگە یەکسانی نێوان منداڵەکانتان بپارێزن .
٩ – منداڵەکەت فێری بەرپرسیارێتی بکە :
پێویستە منداڵ لە پاداشت و لێپرسراوێتی ئاگاداربکرێتەوە . کاتێک منداڵێک درۆ ، یان کارێکی خراپ دەکات ، پێویستە پاداشت و لێپرسراوێتی بۆ ماوەیەکی دیاریکراو ڕابگیرێت . ئەم سزایەش منداڵی گەورە دەگرێتەوە ، کە بەردەوام درۆ دەکات . بەمەش منداڵەکە تووشی خەم و ئازار دەبێت ، بەڵام دەبێت بزانیت ئەوە ئەنجامی درۆکردنە و تەنها بە وتنی ڕاستییەکان دەتوانێت پاداشت و لێپرسراوێتی دایک و باوکی سەرلەنوێ وەربگرێتەوە .
١٠ – بیرکردنەوە لە هۆکارەکانی دەرەوە : لەوانەیە کەسێک منداڵەکەتی فێری درۆی کردبێت ، یان چاوی لە هەڵسوکەوتی کەسێکی تر کردبێت . یان لە خزمەکانییەوە فێری درۆ بووبێت ، زۆر گرنگە منداڵەکەت لەگەڵ منداڵی ڕاستگۆدا تێکەڵ و هاوڕیێ بێ ، چونکە هاوڕیێ کاریگەریی گەورەیان لەسەر منداڵەکانمان هەیە ، هەر بۆیە گرنگە هاوڕێکانییان بە چاکی بناسین و لە هاوڕێی خراپ و درۆزن دووریان بخەینەوە .
١١ – بە گشتی ئەو منداڵانەی ڕاستگۆن ، زوو ڕاستییەکان ئاشکرا دەکەن . هەست بە نیگەرانی ناکەن و لە ڕوخساریاندا ئارامی هەیە ، بەڵام کاتێک منداڵ درۆ دەکات ، چەند نیشانەیەکی لێ دەردەکەوێت وەک : ماوەی نێوان پرسیار و وەڵامەکەی درێژە ، تۆنی دەنگی بەرزترە لە دەنگی ئاسایی ، بابەتەکە دەگۆڕێت بۆ بابەتێکی تر ، بێ دەنگ نابێت و وتەکانی تێکەڵ دەکات ، جووڵەی چاوەکانی بە ئاشکرا دیارن و شێواوی و دڵەڕاوکێ بە ڕوخسارییەوە دیارە . لێرەدا پێویستە دایک و باوک هەڵویست وەربگرن . چونکە لەوانەیە کێشەی نەفسی هەبێت ، جا یان بە شێوەیەکی سروشتی گەشەی نەکردووە ، یان تووشی کارەساتێک بووە ، یان هاوڕیی نییە و هەست بە تەنهایی دەکات . بۆیە پێویستە بۆ چارەسەرکردنی پەنا ببرێتە بەر پزیشکی پسپۆڕ .
١٢ – منداڵانی ساوای پێش خوێندنگا ( ٢ بۆ ٤ ) ساڵ ، تازە زمانییان گرتووە ، هێشتا نازانن ڕاستییەکان لە کوێوە دەستپێدەکات و لە کوێشدا کۆتایییان دێت . لە مانای درۆ ناگەن و نازانن بۆچی خراپە . جا چونکە منداڵی ساوا زۆر بچووکن ، ناکرێت سزا بدرێن. باشتر وایە دایک و باوک لە ڕێگای ئامۆژگاری و خوێندنەوەی گۆڤار و کتێبی بە سودی منداڵانەوە فێری ڕاستگۆیییان بکەن . بۆ منداڵی سەروو ٤ ساڵیش ، پێویستە هەموو دەرفەتێک بەکاربێت و بۆیان ڕوونبکرێتەوە ، کە درۆ چییە و بۆچی ڕەفتارێکی زۆر خراپە .


تێبینی : بۆ ئەم بابەتە سود لە چەند سەرچاوەیەکی ئینگلیزی وەرگیراوە .




پڕۆسەی پڕۆسەکانی ئەتک کردنی زمانی کوردی.. فازیل شەوڕۆ

وشەی (پڕۆسە process( بە ڕەچەڵەک لاتینی کۆنە، فەرەنسییەکان لەوانیان خواستووەتەوە و ئینگلیزەکانیش لە فەڕەنسییەکانیان قەرزکردوە.
لە فەرهەنگی زمانی ئینگلیزیدا، ئەو وشەیە، لە بابەتەکانی بازرگانی و بازاڕ، دارایی و ئابووری، پیشەسازی و کشتوکاڵ، دادگا و ئاسایش، تەکنەلۆژیای سەردەم و داهێنانە تازەکان، ڕیزمان و نووسین، بواری سەربازی و جەنگ، وە لە بواری هەموو زانستەکاندا بەکار دێ. واتای ئەو زاراوەیە بە دیاری کراوی، ئەمانەن:(پێشکەوتن / شتێک ڕوودەدات / چالاکی یان ئەرکێکی سروشتی یان بایۆلۆژی بەردەوام / تەواوی ڕێڕەوی ڕێوشوێنەکان لە ڕێوشوێنێکی یاساییدا / پشکنین یان شیکاری / هەنگاوەکانی… تاد.)
ئیمڕۆ، بە ناوی شارستانییەتیی پێشکەوتوو و خۆ ڕەپێشکردن بۆ گەیشتن بە ئاستیی ئەو کۆمەڵانەی (گۆیا پێشکەوتوون(، لە میدیای کوردیدا، چەندان وشەی بیانیی بێ سەروبەر، بە پێلەقان، دەخزێننە ناو فەرهەنگی زمانی شیریینی کوردی. جا یەکێک لەو وشە ڕەزا قورس و ئێسکگرانانە وشەی (پڕۆسە)یە، کە، بەداخەوە، گەیشتۆتە سەر زاری وتاربێژ و مامۆستایانی مزگەوتانیش.
جا سەیرەکەی لەوەدایە، لە فەرهەنگی زمانی خۆیدا، بۆ نموونە زمانی ئینگلیزی یان زمانی فەڕەنسی، قەت قەت بۆ سۆدرەی سەران، بەو شێواز و دەستوور و ڕیزمانە بەکار نایەت، کە هێندێ لە ئاخێوەرانی کورد بەکاری دەهێنن. قەت نەبووە ئینگلیزێک بڵێ:”پڕۆسەی زەواج!”
خوێنەری بەڕێز، ئەوانەی لە خوارەوە دەیخوێنیتەوە، دەقەکانم وەکو خۆیان، لە زاری میدیای کوردی، لە لای خۆم تۆمارکردووە:

(پڕۆسەی زەواجتان کردووە؟)
نەنکم دەیگوت: “حەمەدم ژنی هێناوە و وەنەوشەم لەسەر شوو کردنە. لە خێران بوهارێ مێردی دەکا. دوو ڕۆژی دیش خانەگوڵێی پلکە پەریی دراوسێمان بە بووک دەبەن..”

(لە پڕۆسەی ڕاوکردنیدا ون بووە. )
باوکم دەیگوت:”کە چووینە ڕاوێ، سمایلمان لێ بزر بوو.”!

(پڕۆسەی هێڕشەکەی داعش لە دیالە…. )
پەکی ئێرانێ دەیگوت:”لە ئاکامی پەلاماری چەکدارەکان لە نزیک گوندی ماوەت… .”

(پڕۆسەی خوێندن کەی دەست پێدەکات؟)
مامۆستایەک گوتی:”جاران، سەرەتای ئەیلول ساڵی خوێندن دەستی پێدەکرد و لە کۆتایی مانگی پێنج خوێندن کۆتایی پێدەهات.”.

(پڕۆسەی ئەزموونەکان حەفتەیەک دواخرا. )
بەڕێوەبەرەکەم گوتی:”ئەزموونەکانمان بۆ حەوت ڕۆژ دواخران..”

(پڕۆسەی چاندنی داری سێو لە گوندی . … )
کاکە سواری ڕەزەوان دەیگوت:” لەسەرخێران، ئەمساڵ شەش نەمام سێوی کانی ئومەراغەم ڕواندووە.”.

(پڕۆسەی گواستنەوەی مامۆستایان ڕاگیرا. )
هاوڕێیەکم گوتی:”وادەی گواستنەوەی مامۆستایان ڕاگیراوە، نیگەرانم!.”

(کاتی پڕۆسەی دادگایکردنەکە دیاری نەکراوە. )
دادنووسەکە پێیگوت:”جارێ، کاتی دادگایکردنەکە دیار نییە..”

(پڕۆسەی چنینەوەی گەنمەکان دەستی پێکردوە. )
سەید عەوڵای مام دەروێشی دەیگوت:”دەمێکە ئێمە دەستمان بە دووروێنەی گەنم کردوە..”

(پڕۆسەی پشکنینی ڕووداوەکەی شەوی ڕابردوو هەر بەردەوامە. )
مفەوەز عەزە گورگە گوتی:”بەردەوامین لە پشکنین و لێپێچینەوە لە ڕووداوەکەی دوێنێ شەو.”.

(پڕۆسەی ڕێنووسی کوردی زۆر گۆڕانی بەسەر داهاتووە. )
مەمحموود زامدار گوتی:'”هەیهوو! ڕێنووسی ئێمڕۆی زمانی کوردی زۆر گۆڕاوە لە چاو ئەوەی شەستەکان..”

خوێنەر و نووسەری بەڕێز، زمانی کوردی زۆر شیریین و خۆش و ڕەوان و هاسانە. هیچ دەمخوارکردنەوەی ناوێ، تەنها لاسایی داپیرە و باپیرە و پیاو و ژنە بە تەمەنەکان بکەنەوە. هەر ئەوەندە.
هەر زمانەکەمان ماوە دوژمن زەفەری پێبەرێ، پاراستنی ئەمانەتە لە ئەستۆی ئێوەدا.
ئێوە و خوای خۆتان!

فازیل شەوڕۆ ــ دوبلن




ژینا ئەمینی سونبولی گەلـێكی ماف و نیشـتمان داگیرکراوە.. رەزا شـوان

دڕنـدەتـرین و خوێنڕێـژتـرین و رەگـەزپەرستریـن و نامەردتـرین دەوڵـەت لە جـیهـادا، دەوڵەتـانی داگیرکەری کوردسـتانن. کە لە دروستبوونیانەوە تا ئەمڕۆ، بە دڕنـدەتـرین شێوە و بە کوشندەتـرین چەکی مودێرزمی قەدەغـەکراو، بێ دەست پاراست لە منـداڵی ناو لانکیشمان، زۆر نامەردانە و بێ بەزەییانە بە ئاگر و ئاسن رەفتاریان لەگەڵ کوردی بێتاوانی ماف زەوتکراو و نیشـتمان داگـیرکراودا کردوون و دەکەن. بە کوشتن و بـڕین و تـۆقـین و بە رەشـەکـوژی و بە کـۆمـەڵکـوژی، بە بەنـدکـردن و ئەشـکەنجـەدان و لە سـێدارەدان وەڵامی مافـەکان و داخـوازییەکانی گەلی کوردمانیان داوەتـەوە و دەدەنـەوە. سیاسەتی زەویی سـووتـماک لە کوردسـتانـدا جێبەجێ دەکـەن. مـاڵـیان لـە خـاوەن مـاڵ داگـیرکـردووە، بـە هـەزاران کوردیـان بە زۆرەمـلێ لە زێـدی هەزاران ه ساڵەی باب و باپیرانیان دەرکـردوون و ئاوارە کردوون. ماڵ و سامانیان داگیر کردوون، بە زۆرداری بـۆ دوور لە زێـدی خۆیـان گواسـتیانـنەوە. دیمـۆگـرافـیای ناوچـە کوردسـتانییەکـانیان گـۆڕیـون و سیاسەتی رەگەزپەرستی بە فـارسکـردن و بە تـورک کردن و بە عـەرەب کـردنیان جێبەجێکردوون و دەکـەن. ئەم رژیمە رەگەزپەرستانە هـیچ مافـێک بە گەلی کوردمـان رەوا نابیـنن. خۆیـان بە ئاغـا و کورد بە نوکەریاـن دەزانـن.
ئـەم دەوڵـەتە داگیرکەرانەی کوردسـتان، بە گـەلـەکـۆمـەیی و بە پیـلانێکی قـیزەوەن و نەگریز، لەژێر عەبای ئیسلامی و ئاڵای (اللـە اکبر) و جیهادا کەوتنە کورد قڕانکردن و وێـرانکـردنی کوردسـتان. بەڵکو تا ئەمـڕۆش نیـازی گڵاویـان قـەدەغـەکـردنی زمـانی کوردی و سـڕینەوەی ناسنامەی نەتـەوەیی کوردمـانە. ئەو تاوانـانەی کە داگیرکەرانی کوردستان، دەرهـەق بە گەلی کوردمان ئەنجـامیان داون و دەدەن، لە هـیچ شـوێـنێکی دونیـادا نەکـراون. رژێمی ئاخووندەکان لەسەر چەنـد تاڵە قـژێک کچێکی لاوی بێتاوانی کوردیان شەهـید کرد.. بەڵام تەواوی پاشەڵی خوێناوی و گـواویی خۆیان بەدەرەوەیـە!
ئـەوە ئەستەمـە کە داگـیرکەرانی کوردستان، بتوانـن هـێڵی راست و چەپ بەسەر زیاتر لە (٥٠) ملیـون کـورد دا بهـێةنن. یا بتـوانن چوکمان پێـدادەن و هەستی نەتـەوەیی لە رۆحـمان دەربکەن.. ئیمـەی کـورد نە تـورکین و نە فـارسین و نە عـەرەبین، گەلـێکی جیاوازین، وەکو ئەوان مافی ژیـان و ئازادی و بڕیاردان لە چارەنووسی خۆمان هـەیە. ئێمەی کورد دژی هـیچ گەلێک نین، بەڵام ئێمەش دەمانەوێت مافەکانی خۆمان بەدەست بهـێنـین. تا کورد نەگات بە مافە رەواکانی خـۆی، نە تورک و نە فارس و نە عەرەبیش ناتوانن بە ئاشتی و ئاسوودەیی بـژیـن. تا رۆژی زووتـر دان بە بـوونی گەلی کوردمان و بە مافـەکانمانـدا بنێن. زووتـر ئاشـتی و ئاسوودەیی لە ناوچـەکەدا بەرقـرار دەبێـت.
لەو رۆژەوە، کە ئاخونـدە کۆنەپەرستەکان، شەمشەمەکوێرەکانی رژێمی کوماری پەت و سـێدارەی ئیسلامی ئـێران، کە بەزۆر خۆیـان سەپـانـد و دەسەڵاتیان قـورخکـرد و پەتی سـێدارەیان بۆ ئـازادی و دیمـوکراتی و دادپـەروەری و بۆ مافـەکانی مرۆڤ هەڵـواسی، نە کورد و نە گـەڵانی ئازادیخـوازی ئیـران و نە گەلانی ناوچـکـەکەش حەساونـەتـەوە، نە ئاشـتی و ئاسوودەیی و ئارامیـش لـە رۆژهـەڵاتـی کوردسـتان و لـە ئـێرانـدا هـەیە. رۆژهـەڵاتی کوردستان و ئێـرانیـان کـردووە بە دۆزەخـێک بـۆ گـەلی کـورد و گـەلانی ئـێران. رژێـمی کۆماری سـێدارە، بە ئاگر و ئاسن، بە سەرکوتکـردن و دەمکوتکـردن وەڵامی داخوازییـە رەواکانی گەلی کـورد و گـەلانی ئیـرانیان داوەنەتـەوە و دەدەنـەوە. ئـەم ئاخـووندانە لە ڤـایـرۆسی کورۆنـا پیسترن. خۆیان بە خودای سەر زەوی دەزانن.
شەهـیدکردنی کچە کوردی بێتاوان (ژینـا ئەمـینی) تاوانـێکی ترە لە دەریـایەکی تـاوانە قـێزەوەنەکانی رژێمی تیرۆریستی کۆماری پەت و سـێدارە بەرانبەر بە گـەلی کوردمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان. ئەم تاوانە هـێندەی تر رق و تووڕەیی گەلەکەمانی وروژانـد، چونکە تاوانێکە بەرانبەر بە هەموو کوردێک، بەرانبەر بە هەموو کچان و ژنانی کورد. شەهـید (ژینـا ئەمـینی) بـوو بە (سـونـبولی راپـەڕیـن) لە رۆژهـەڵاتی کوردسـتان و لە سەرجەم ئێراندا. بوو بە مەشخەڵی شۆڕشێکی ژنان لەژێر ناوی (ژن، ژیـان، ئـازادی). لە ئەمڕۆدا هەموو کچێکی کورد ژینا ئەمینییە. دەمێکە کاسەی سـتەم و رەگەزپەرستی و نامـەردی لە ئێرانـدا پـڕبـووە و لـێی دەڕژێـت. کەچی رژێـمی خـوێـنڕێـژی ئێـران، لە جیاتی ئەوەی کە وەڵامی داخـوازییەکانی گەلی کورد و گەلانی راپەڕیوی ئیران بداتەوە، کە بە شــێوەیەکی شارسـتانی و ئاشـتییانە ناڕەزایی خۆیـان بەرانبـەر بە شەهــیدکردنی ژینا ئەمـینی و نەبـوونی ئازادی و مافەکانی مـرۆڤ دەربـڕی. کەچی رژێمی دیکتاتۆر و نامەردی ئـێران، بە ئاژاوەچی ناویان دەبات. بە کوشتن و گرتن وەڵامی داخوازییەکانیان دەداتـەوە. تا ئێستا زیاتر لە (٢٨٠) کەس لە خۆپێشاندەران لە رۆژهەڵاتی کوردستان و لە ئێران، بە دەستڕێژی گوللـەی ئەمنییەتی پاسداران شەهیدکران، بە سەدان برینداریش هـەیە. بە هـەزاران خۆپێشاندەریشیان بەنـد کـردوون، پیسترین ئەشکەنجـە جەستەیی و دەروونـییان دەدەن. بە تـوومـەتی (ئاژاوەچـی) و (دژی خـودا) تاوانبـاریان کـردوون.
بەڵام کورد وتەنی: هەمـوو شتێک لە باریکیدا دەبچـڕێـت، تەنها سـتەم لە ئەستووریـدا دەپسێـت. ئەو رۆژە نـزیکە بۆتەوە، کە رژێمی کوماری پەت و سێدارە، کـونە مشکـیان لێببێـت بە قەیسەری و تـۆڵەی ئەو هەمـوو خەڵکە بێتـاوانەیان لێبکـرێتەوە و بە سزای خۆیانیان بگەیـەنن و گـۆڕبەگـۆڕیـان بـکەن.
شەهـیدکردنی ژینا ئەمینی، لەسەر ئاستی ناوخۆیی و جیهانی، کاردانەوە و ناڕەزاییەکی زۆری لێکەوتـەوە، لە زۆر لە شارەکانی وڵاتـانی جـیهـان لەژێـر دروشـمی (ژن، ژیـان، ئـازادی) خۆپێشانی ناڕەزایی و تووڕەییان سازکرد و پاڵـپشتـیی خۆیان بۆ گەلی کورد و بۆ گـەلانی راپـەڕیـوی ئێـران دەربـڕی. بە تـونـدیش پـرۆتـیسـتۆی تـاوانـەکانی رژێـمی ئـێرانیان کـرد. هـاواریشـیان دەکـرد مـردن بـۆ رژێـمی دیکـتاتـۆرریی ئێـران.
کەچی ئەمنیەت و پاسدارانی داردەستی رژێـمی سەرکوتکەری ئـێرانی، هـەڕەشەی بە کارهێنانی هـێزی زیاتر و چەکی قـورستر و تونـدوتیژیی زیاتریان لە خەڵکی راپەڕیوی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێـران کـرد و دەکـەن بۆ تۆقـانـدن و وازهـێنانیان. بەڵام گەلی کوردمـان بە تایبەتی و گـەلانی ئێـران بەگشتی. قاڵەوەبـووی تێکۆشان و خـۆڕاگـری و کۆڵنـەدانـن، لە هـەڕەشەکانی رژێـمی دیکتـاتـۆری کۆمـاری سـێـدارە ناتـرسـن.
پێویستە گەلی کوردمان لە رۆژهـەڵاتی کوردستاندا، ژیـرانە و زیـرەکانە، مامەڵە لەگەڵ ئەم بارودۆخـەدا بکات. لەگەڵ گەلانی تری ئـێراندا هاوکار و هەماهەنگبن، یەکـدەنگ و هـاوپـلانبـن بۆ تەنگهـەڵچـنـین بە رژێـمی دیکـتاتـۆری و رەگـەزپەرستی ئـێران.
هـەلێکی باش هـاتـۆتە ئـاراوە بۆ لاوازکـردن و راماڵین و رووخانـدنی رژێمی ئێـرانی و رزگارکردنی گەلی کورد و گەلانی ئـێران و ناوچـەکەش، لە زۆرداری و لەسـتەمی ئـەم دەعـبا قـێزەوەنـانە. بـۆ هـێـنانەدیی ئـەم خـواسـت و ئامـانجـەش، پێویستی بە راپـەڕیـن و بە شـۆڕشـێکی سـەرتـاسەری کـورد لە رۆژهـەڵاتی کوردسـتان لـە ئێـرانـدا هـەیە. بە تـێکـۆشـان و بە قـوربـانیـدان و خـۆڕاگـری و کـۆڵـنـەدان، هـەمـوو مـافـێکی زەوتکـراو وەردەگـیرێـت.
هـیچ رژێـمێکی ستەمکار و زۆردار و دیکتاتـۆری، هەرچەنـد بەهـێزیش بێت، ناتـوانێت لە بەردەم شەپۆلەکانی تسۆنـامی راپەڕیـن و و شۆڕشی تووڕەیی گەلانی سـتەمـلێکـراو و مـاف زەوتکـراو و نیشـتمان داگـیرکراودا، بتـوانێت خۆی بگـرێت. زووبێت یا درەنگ بێـت، رژێـمی ئاخـوونـدەکانی ئیرانیـش بە رۆژی رەشـیان دەگەیـەنـن و هـەواڵـەی سـەر زبـڵخـانی مێـژوویـان دەکـەن.

رەزا شـوان
٣١/ ئـوکتـۆبـەر/٢٠٢٢




خەنجەری خێڵ..(10).. شەماڵ بارەوانی

جەنابی گوو..!

بەشی دەیەم/

من هاتووم تا کش لە خێڵم بکەم، کش لەهەرچی ناوی سمێڵە بکەم، کش لەو هەموو بت و قاڵب و بڤە و سنوور و هێله بکەم .

من هاتووم تا جاڕی مەرگی مێژوو و ئیدەلۆژیا و هەرچی بت و قاڵب و پێوەر و خێڵ و گوو خواردنتانە دەم.

بەهار: گەر تائێستا، مێژوو گێیەکان، قۆناغەکانی مێژوویان بەسەر دەرەوەی مێژوو و مێژووی پێش زایین و سەردەمەکانی ناوەڕاست و چاخی ڕێنسانس و چاکسازی دینی و ڕۆشنگەری و پۆست مۆدێڕنە و چی و دابەشکردبێت، ئەوە لەمڕۆ بەدواوە مێژوویەکی تازە لە دایک دەبێت، کۆتاقۆناغی مێژوو، مێژووی قۆناغی پۆست گووخواردن.

ئیتر تەواو لە سەروینەوە، لە ١ی ١ی ١٩٧٠، مێژووی حەقیقی بەشەریەت لە دایک دەبێت و ئەوە کۆتا قۆناغی مێژووی مرۆڤایەتی دەبێت و مرۆڤ دوای سەروین بە چەکی کۆکوژ و خۆتڕێن و یەکترگێ و ژیان گێ دەکەونە ویزەی یەکتری و هەرچی گەردوون و بوون و بنیادەمە هەمووی خەڵتانی جەنگ و بۆمب و بارووت و خوێن دەکەن و جنسی خەبیس و گڵاوی ئەو بوونەوەقێزەونەی کە خوای گەورە بە هەڵە ناوی ناوە بەشەر، کۆتایی دێت و تۆی نەگریسی دەبڕێتەوە.

بەهار من باسی تیورە گوواویەکەی (فرانسیس فۆکۆیامای تیۆریسیه‌نی لیبڕاڵی ئه‌مریکایی‌) ناکەم، کە لەو کتێبەی کۆتایی گوو و دوایین گوو هاهاها.

مەبەستم کتێبی “کۆتایی مێژوو و دوایین مرۆڤ” باسی ئەوە دەکات، کە دوای ئەوەی یەکێتی سۆڤێتی ١٩٨٩ دەڕووخێت و سیستەمە بەناو سۆسیالیستەکە گووی تێوەر دەبێت و دەڕمێت. خاڵە فۆکۆ دێت و قسە لەسەر ئەوەدەکات کە مێژوو له‌ خۆرئاوا کۆتایی پێدێت و‌ لیبڕاڵیەت تڕۆپکی مێژوو و کۆتایی مێژوو و دوایین قۆناغی گۆڕان و پرۆسەی پەرەسەندی مێژوو و ژیار و بەشەریەت و گۆڕان و ته‌واوبوونی مرۆڤایه‌تییه‌ و ئەو ڕۆحە جیهانیەی کە هێگڵ لە جەستەی ناپلیۆن دا بەرجەستەی کردبوو گووی دەخوات و کۆتایی پێ دێت و هەرگیز، ئەو تیورە قۆڕ و خەونە گوواوی و پێشبینیه حیزەی حاجی هێگڵ نایەتە دی و لیبڕالیەت دوایین شێواز و ستایلی حوکومڕانی و دەوڵەتداری و بەڕێوەبەردنە و ئیتر جەنگە سارد و گەرم و شلەتێن و گووتێنەکان کۆتاییان دێت و ئەوەی کە لە ساڵی ١٩٨٩دەیبینن، کۆتایی شەڕی ساردی نێوان بلۆکی ئشتراکیەت و کاپیتاڵیزم و هەردووک جەمسەری ڕاست و چەپ دوو ئیدەلۆژیای جیاواز نابێت، بەڵکو گەیشتنی مرۆڤە، بە کۆتا ستایل و فۆرمی ئیدەلۆجی خۆی، ئاشنابوون و بە جیهانی بوونی هەموو جیهانە، بە لیبڕالیزمی خۆرئاوایی و ئەمریکایی .

کامڵ بوون و تەواو بوون و قفڵ بوونی ئیدەلۆژیای بەشەریەت و قوناغەکانی مێژوو و پەرەسەندنە و ئیتر دەبێت دنیای هەمووی بە خۆشی بێت، یان به ترشی، باوەشی خۆی بۆ لیبڕاڵیەتە حیزەکەی کاکە فۆکۆیامە بکاتە، چونکە ئەوە لوتکەی مێژووە و هیچ قۆناغ و ڕێگایەکیتر لەبەردەم مرۆڤ نەماوە.

بەهار:من باسی کۆتایی هەموو ئایدیۆلۆژیاکان و حەکایەتە گەورەکان و چیرۆکە خورافیەکان دەکەم.

بە لیبڕالیەتە گوواویەکەی خۆرئاوایشەوە، ئەو لیبڕالیەتەی وەکو خێر و خێرات و زەکات و سەدەقەی ئایینەکان بە دڵی خۆیان و بە هەزار منەت و ڕوو شکاندنەوە و مەرج و پێوەری ڕەش و سپی و گوواوی بە کۆمەڵە خەڵکێکی دیاری کراوی دەدەن و هەزاران چینیتر و خەڵک و وڵاتی تری لێ بێ بەش دەکەن.

ئامۆزاى شیرین و ئازیزەکەم، بەهاری گوڵ، کچە نازدارەکەی مامە ئاکۆی میهرەبان، لە دەفتەری بیرەوەریەکانت بنووسە: مێژووی بەشەریەت لەگەڵ سەروینەوە لە دایک بوو و دەبێت لەگەڵ سەروینیشەوە کۆتایی پێ بێت. بنووسە سەروینە سۆپەرمان، سەروینە باتمان، سەروینە سپایدەرمان، سەروینە گریندایزەر.

بەهار من چەکوشەکەی نیچەم. ئەو سنوورەم کە نەوال سەعداوی شکاندنی، من ڕەگەزەکەی سیمۆن دیبۆڤوارم، ڕۆحی هەموو ژنە کارەکتەرە یاخیەکانی ناو ڕۆمانەکانی فەزیلە فاروقم. من هیچ پێوەر و بتێک ناناسم و زۆر بێ منەتانە دەکەومە ویزەی تابووکانتان.

دیارە ئێوە هێشتا منتان نەناسیوە ! من، سەروینی هێڵ نەناس و بڤە تڕێنم. من سەروینی یاخی و سنووربەزێنم. من سەورینی پێوەرگێ و بت شکێنم.

هاتووم تا لە هەرچی دیسپڵینی گوواوی و میتۆدی حیزتانە بەم. هاتووم تا بە هەرچی قاڵب و قوتابخانەتانە دابڕیم.بۆ من کەری کەریمۆکە سمێڵاویم، تا بێن و بە دڵی خۆتان سوارم بن و لێم بارکەن و هەوسارم لە مڵ کەن؟

من سەروینم، سەروین، لە دار و بەرد و عەرد و عاسمانتان یاخیم. نەک هەر فلان خێڵ و فیسار ئاغا و ئەم بت و ئەو قەفەس ناتوانن کۆنتڕۆڵم بکەن، تەنانەت خودای گەورەیش.

ئینجا نۆرەی ئەو گووگرانی ئەدەبی و ڕۆمانگێ و ئەدەب تڕێنانەیە، تا بێن و دنیایەک قسەی حیز و بۆن فس، بەناوی ڕەگەز و تەکنیک و تەڕەماش و نازانم چی و چییەوە فڕێ بدەن و خەیاڵ و فانتازیا و هزر و قەڵەم و ئازادی نووسەر و بنووسی چیرۆکەکانی سەروین و کارەکتەری سەورین لەناو ئەو ڕۆمانەی کە سەروین دەبێت بە پاڵەوان و کەسایەتی سەرەکی، لغاو دەست و پێ بەسترا و کۆنتڕۆڵ کەن.

بەهار:یەکێ دەڵێ گووۆ فسکی وا دەڵێت و یەکێتر دەڵێت تڕۆ فسکی وای گوتووە و دانەیەتر دەڵێ کیرۆفسکی وای گوت و یەکێتر دەڵێت فسۆفسکی وادەڵێت و یەکێ دەڵێ لەسەردەمی ڕەحمەتی خاڵە دۆستۆیڤسکیەوە، تا ئێستا، تەنها دوو جۆر لە ڕۆمانمان هەن، ڕۆمانی تاکدەنگ و ڕۆمانی فرەدەنگ.

یەکێتر دەڵێت تا کاتی دەرکەوتنی چەمکی ڕۆمانی فرەدەنگ لەلایەن حاجی میکایل باختینـەوە، ئێمە وەکو جەماوەری خێڵی کەریمۆکی شتێکمان نەبووە بە ناوی تاک دەنگی و ڕۆمانی تاکدەنگەوە و یەکێتر دەڵێ ڕۆمان ناوێکی گشتییە و جەنابی هەر دەقێک مادام، لە شێوەی گێڕانەوەدا نووسراوبێتەوە و سنووری چیرۆکی درێژی تێپەڕاندبێت، دەتوانین خاتری ئەکبەر واحید نەگرین و زۆر بێ منەتانە پێی بڵێین ڕۆمان.

فشەفشچییەکیتر دەڵێ لە ڕۆمانا دەبێت دەنگی نووسەر زاڵبێت و یەکێک دەڵێت نەخێر کارەکتەرەکە و یەکێ دەڵێ دەبێ ڕۆمانی مێژوویی وابێ و ڕۆمانی خەیاڵی- زانستی وابێت و ڕۆمانی ڕۆمانتیک وا و هی پۆلیسی و چی و چیش وا. یەکێ دەڵێ ئەوە ڕۆمانی ژیاننامەیە و ئەویتر دەڵێ نەوەڵا بیرەوەرییه.

یەکێ دەڵێ لە ڕۆمانی سیاسی دەنگی سیاسەت دەبێت زاڵ و تڕی سیاسیش زڵ بێت. یەکێتر دەڵێ لە ڕۆمانی مێژوویی دەبێ ڕۆماننووس بەو شێوەیه گووی بخوات و ئاوا ڕووداوە مێژووییەکان لە قاڵبێکی ئەدەبی و ستایلێکی گوواوی دابڕێژتەوە. یەکێ دەڵێت فلان تەکنیکە و فیسار توخمەی ڕۆمانەکە نەئەبوو وابێت !

یەکێکیتر دەڵێت دەبێت ڕۆمان ڕەگەزی کات و دانەکیتر دەڵێت ڕەگەزی شوێن و ئەویتر دەڵێت ڕەگەزی ژەهر و نازانم چی ی چی تێدابێت.

یەکێتر دەڵێت لە فیسار جۆری ڕۆماندا کارەکتەری جیاواز و سەرەکی و ناسەرەکی و دووم و سێیەم و چوارەم و پێنجەم هەن و کاکە کارەکتەری شەشەم دەبێت وابێت و خاڵە کارەکتەری حەوتەم واڕێبکات و دەروێش کارەکتەری نۆیەم وا بخەوێت و بتڕێت و بزڕێت و کۆیلە کارەکتەری نۆیەمیش وا بدوێت !

یەکێ دەڵێ ڕۆمان دەبێ باڵای ئەوەندە مەترە درێژ و دانەیەتر دەڵێت دەبێ هەیکەڵی ڕۆمان هێندە قەڵە و خرپن بێت.

یەکێتر دەڵێ ڕۆمان دەبێ بنەماکانی قەوی و ئەستوور بێت و زمانی گوو و هونەر و فۆرمی ڕۆمانێتی ئاوا و ئاوا بێ. یەکێک دەڵێت لە ڕۆمانی تاک دەنگدا، نووسەر دەبێت دیکتاتۆرێکی ڕەها بێت و دەسەڵاتێکی بێ سنووری هەبێت و دەنگ هەردەنگی خۆی بێت و هەموو شت هەربەخۆی بێت و تاک دەنگی جەنابی نووسەری ڕەهای گوو نووس و ڕۆمان گێ و کارەکتەر تڕێن، بەسەر تێکڕای کارەکتەرەکان و جەمیعی ڕووداوەکاندا زاڵ بێت و هەر خۆی خودا و خوڵقێنەر و هەڵسوڕێنەری کارەکتەرەکان و شەترەنچی ڕووداوەکان بێت و چۆنی ئارەزوو و میزاج کرد ئاوا پاڵەوانە کارتۆنیەکەی وەک بووکەڵەیەکی بێ ئیرادە بێنێت و ببات و نووسەری خوێڕی ڕۆمانەکە بە دڵی خۆی هاوشێوی کۆیلە و کەرێک و کەسێکی بێ ئیرادەکراو، ئایدیۆلۆژیا و بار و پەیام و کێری خۆی لێ باربکات بە میزاجی خۆی، ڕاست و چەپ و بۆ پێشەوە بڕۆ و بۆ دواوە بسووڕێوەیان پێ بکات و بڕیار و بکە و نەکەکانی خۆیانی بەسەردابسەپێنێت و لە ژێر ناوی تاک دەنگیدا گووی خۆی دەرخواردی کارەکتەرەکانی بدات.

بەو شێوەیە بەهار لە تاک گووخۆریدا نووسەری ئازادیگێ و کارەکتەرگێ و هەموو شت گێ، خۆی هەڕەم و سەید و خودایە و توخمە گەواد و حیز و ترسنۆکەکان هەڵدەسووڕێنێت. نووسەر خۆی یاساداڕێژەرە و تەنها خۆی بڕیاردەدات و ڕووداوەکان بەو ئاڕاستەیەدا دەبات کە میزاجە گوواویەکەی دەیخوازێت.

بەهار:یەکێتر دەڵێت لای فولان جاگیشان نووسەری ڕۆمانی فرەدەنگ پشت بە گووکردن و گۆکردن دەبەسترێت و لای فسار نووسەری ڕامبۆ کارەکتەرەکان کۆیلەن و هیچ دەسەڵاتێک و ئازادیەکیان نییە.

ڤاندام لە ڕۆمانی مۆنۆلۆگیک وا دەکات و بڕۆسلی لە ڕۆمانی کارەکتەر تڕێن دەڵێت دەبێت نووسەری گووخۆر سێنتراڵ و کابە و بت و خودا و هەموو شتێک بێت و تەواوی کارەکتەرەکان و پاڵەوانە ساختە و کارتۆنیەکەیش بە دەوری مەیل و میزاج و ئیدەلۆژیا و فرمانەکانی جەنابی گووسەری ڕۆماننووس دا بخولێنەوە.

یەکێکیتر دەڵێت ڕۆمانی فرەگوو و فرەگۆ و فرەدەنگ دەبێت لە چیرۆکگەلی زۆر و ورد و جیاواز پێک بێت و هیچ چیرۆکێکیشیان بەسەر ئەوەکەیتردا زاڵنەبێت.

یەکێک دەڵێ خۆزیە سەراماگوای گووتی، کەواتا کارەکتەر گوتی. یەکێتر دەڵێت کوێخا واڵت ویتمان ئەوهای گوتووە. یەکێ دەڵێ دادە ڤێرجینا وۆلف وای پێباشە و خاڵە کافکا دەڵێت سەروین لە ناو ڕۆمانەکان دەبێت هاوشێوەی کارەکتەرەکانی من ڕەشبین و ترسنۆک و لاواز بێت و وەک گریگۆر سامسا ببێت بە قاڵۆنچە و گاڵتەجاڕی دەستی دێوەزمەی سیستەمی خێڵ و کاپیتاڵیزم. یەکێتر دەڵێت مامە مێلان کۆندێرا بۆ کارەکتەر گایین ئەو مەرجەی داناوە، کە دەبێت کچەکەی کەریمۆکی وەک خۆی ترسنۆک بێت و چۆن ئەو لە چیک لە ترسان و بۆ سەلامەتی قنی خۆی، سەری هەڵگرت و خێرا ڕایکرد بۆ فەرەنسا و لەوێ دەستی کرد بە گوو خواردن و خۆفشکردنەوە و قسەی قەڵە و زل و ڕەخنەگرتن لە حکومەتە کۆمۆنیستەکەی چیک، منیش ئاوا لە دەست خەنجەر و خێڵ و سمێڵ ڕابکەم بۆ فەرەنسا و لە دوورەوە و لە دەرەوەی وڵات، له دژی سیستەمی خێڵ و خەنجەری کەریمۆکە خوێڕی و تائیفەی سمێڵ زڵان گووی بخۆم !

یەکێک دەڵێت ئەزبەنی جەیمس جۆیس دەڵێت بەهیچ شێوەیەک ئەوە نابێت و کوێخا ولیام فۆکنەر و خەلیفە مارسێل پرۆستیش لەگەڵ ئەوەدا نین کە سەروینی کارەکتەر، ئازاد و دەم درێژ و بێ سنوور و بت گێ و گووخۆربێت. یەکێتر دەڵێ جەنابی سارتەر دەڵێ دەبێت کارەکتەر تەنها هێڵنج بیگرێت و بڕشێتەوە و هۆگۆی سەرک ئەستووریش بە ئەژدیها و لیڤیتانەکەی ئازادی هەموو کارەکتەرەکانی لۆش دەدات و مامە بەلزاکیش بۆچوونی وایە کە کارەکتەرەکان سێ ژەمەتەنها نیسک و کولێرە بخۆن و حاجی ڕۆڵان بارتیش پێی باش نییە کارەکتەرەکان ئەو دەسەڵاتەیان هەبێت تف بکەن لە ڕووی نووسەری تاک دەنگ و تاک عەقیدە و دیکتاتۆر و ڕەها.

ئاغای تۆلستۆیش بە مەرج ژنێکی وەک ئاناکارنیناکەی کردووە بە پاڵەوانی ڕۆمانەکانەی. یەکێتردەڵێت هاوڕێ گابرێل گارسیا مارکیز دژی ئەوەیە عەسای ڕیالیزمی جادوویی بدرێتە دەست هیچ کارەکتەرێک، نەوەک یاخی بێت و لە دەست دەربچێت و هاوشێوەی سەروینی کچی کەریمۆکە ژنکوژی دوایی دۆ ودۆشا و زەمەنەکان تێکەڵ بکات و سەر لە هەرچی خوێنەر و گووگری ئەدەبی و ڕۆمان خوێنە بشێوێنێت و شتگەڵێک هێشتا ڕویان نەداوە و ساڵی دوو هەزار و بیست و پێنج ڕودەدەن و هێشتا لە هیچ کون و قوژبنێک و شوێنێک دیار نیینە، ئەو بێت و لە ڕێگای دەفتەری بیرەوەریەکانی خاتوو بەهاری کچی حاجی ئاکۆی ماڵی خێڵانی و لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو باسیان لێوە بکات و تۆماریان بکات ! یەکێتر دەڵێت حاجی جۆرج ئۆروێڵ پێی باش نییە کارەکتەرەکان ئەو دەسەڵاتەیان هەبێت بە دڵی خۆیان چییان ویست بیپۆشن و چییان ویست بیخۆن و چشیان ویست بیڵێن و وەکو ئاژەڵەکانی مەزرای ئاژەڵان بژین.

کۆڕە لە تڕی هەرچی حاجی جۆرجی ئازادی گێ و ڤێرجینا وۆڵفی تڕزل و کافکای لاواز و تۆلستۆی سمێڵ حیز و سارتەری حەسود و هەمینگوای دەروون نەخۆش واڵت ویتمانی ئیرەیی چی و مارکیزی ڕیالیزم گێ جادوو گوواوی و جەیمس جویسیی شەپقە میزاوی و میلان کۆندێرای ترسنۆک و کافکای خوێڕیتانە بەم باشە.

کوڕە تەرەس بابینە، دیسان دەستان پێکردەوە ! دیارە ئێوە هێشتا عارتان دانەناوە و تەمێ نەبوون. هەی لە هەرچی تەکنیک و توخم و کات و شوێن و دیالۆگ و دیکتاتۆریەت و خۆفشکردنەوە و لوت بەرزی و مەرج و تاک گووییی و فرەگوویی و تەڕەماش و قسەی قۆڕتانە بەم.

سەرسەری و بوودەڵەینە،دیارە ئێوە کێشەی تێگەیشتان هەیە، بۆیە تێناگەن ! من بە ئێوەی قاڵب پەرست و بتاوی و هێڵاوی وخەیاڵ گواوی دەڵێم.

بەو داعشە ئەدەب گێیانە، کە دێن و هەمان شێوەی ڕادیکاڵە ئەقڵ گوواویەکان دنیایەک بت و هێڵ و بڤە و تابوو و سنوور لەبەردەم ئازادی و ئێنەرژی و هێزی سەروین دا قووت دەکەنەوە، تەنها ئەوە جیاوازیتانە، داعش لە بەرگی ئاییندا و ئێوە لە بەرگی ئەدەب گاییندا. باش گوێبگرن هەی ئەدەب گێینە، لای من، هەرچی هەوسار و قفڵ و قاڵب و بت و هێڵ و پێوەر و مەزهەب و قەفەس و قسەی گوواوی و تەڵبەندی خوێڕی و شتی قۆڕی ناوگیرفانی خۆتانە کە لەبەردەم ژیان و خەیاڵ و بیری ئازاد و ئینجا دنیای بەرین و فراوان و ئازادی ئەدەب و داهێنانی ئەدەبدا ڕۆتان ناوە، یەک تاکە نەعلە و فلسێکی سوتا ناهێنێت. بۆ دیارە ئێوە بە ڕۆبۆت لە ئێمە حاڵی بوون، تا بێن و بە ناوی ڕەگەز و تەکنیک و گوو و نازانم چی و چی، دەست و پێ و ئەقڵ و ئازادی و هۆش و هۆشیاریمان ببەستنەوە؟! دیارە نەتانزانیوە کە من چەندە لەمێژە فەلسەفەی مەڕێتی و سیستەمی کۆیلێتیم کردووە به پێڵاو و من نە سێبەر و پاشکۆ و کۆپی هیچ کەسێکم و نەکەسیش دەکەم به پێوەر و قاڵب و بت.

دیارە ئێوە ڕۆمان و ئەدەب بە ڕاپۆڕت و ئینشا تێگەشتوون و نەتانزانیوە کە ئێمە کاتێک “ڕاپۆرتێک دەخوێنینەوە کەسەکانمان وەک ڕۆبۆت دێنە پێش چاو، بەڵام لە ڕۆماندا، کەسەکان لە گۆشت و خوێن و هەست پێک هاتوون و ئازادانە هەڵسوکەوت دەکەن، نووسەری ڕۆمانەکەیش ناچێت بە ئارەزووی خۆی بیانجووڵێنێت.

بەهار: ئەمڕۆ مامە نووسەرێک نووسیبووی: یه‌كه‌مین لاپه‌ڕه‌ی ڕۆمانێكم هه‌ڵدایه‌وه‌ پاڵه‌وانی سه‌ره‌كی به‌گریانه‌وه‌ ڕووی تێ كردم ڕۆماننووس درۆم به‌ زمانه‌وه‌هه‌ڵده‌به‌ستێت”

کوڕە ئەو ڕۆمان نووسەی ژیانی سەروین دەکات بە ڕۆمان، گووی خواردووە، درۆم بە دەمەوە هەڵدەبەستێت و قسەیەک بە ناونی منەوە بکات، لەگەڵ من و کەسایەتی من، من و بیرکردنەوە و یاخی بوون و بێ منەتیەکانی من یەکناگرێتەوە. کچێ نووسەری چیرۆکەکانی من گووی خواردووە بە پاساوی تاک گوویی و تاک تەڕەماش و تاک ژەهری و تاک دیکتاتۆری و تاک دەنگیدا دێت و ئاوا مامەڵەم دەکات. بەخوا لە ناو گۆڕی ڕۆمانەکە دێمە دەرەوە و دەیقەشمەرێنم.

بەهار لە ڕۆمانی سەروینی کەریمۆکی، واتا ڕۆمانی فرە گوو خواردن و پۆست گوو خواردن و پۆست مۆدێرن دا، لە سەر دەستی سەروینی پاڵەوان تەپکە قوڕ دەکرێتە دەمی نووسەری تڕ زل و دەنگ زاڵ و هەناسە ڕەها و میزاجە گوواویەکەی کاکی ڕۆماننووس دەخنکێنم و ئیتر دەنگی نیرۆنیانەی ڕۆماننووس لەسەر دەستی سەروینی کەریمۆکە سمێڵاوی کپ دەکرێت و حیسابی سەلکە توورێکی قوڕاوی بۆ ناکرێت و ڕەهایەتی و گوو و دەسەڵاتی موتڵەق لە جەنابی دیکتاتۆری عەزیزم و حەفیزەهواڵڵاهو وەرەعاهو لە ئەلنووسەری تاگ گوو دەسەندرێتەوە و دەگەڕێندرێتەوە بۆ سەروینی پاڵەوان و کارکتەرە مافحوراو بە مەڕ کراوەکان. لێدە بەهار، لۆوەناکەی ئەوجە دەسەڵاتی تەواو بە بەتۆ و بێخاڵ و بەناز و هەموو کچە کارەکتەرە یاخی بووەکانی تر دەدەم، تا بە دڵی خۆتان و زۆر بێ منەتانە و ئازادانە، تف بکەنە ئەقڵیەتی خێڵ و نەفرەت بەسەر حوکمی سمێڵدا ببارێن و ڕوبەڕوی کەریموکە خوێڕیەکان ببنەوە. بەهارگیان: ئینجا باشتێکیتر بەو فشەکەر و گووگرانە بڵێم: ئەو نووسەرەی دێت و چیرۆکی سەروینی یاخی دەنووسێت، یەک کیلۆ گووی خەستی خواردووە، سەروین دەکات بە دەنگی خۆی و کۆپیەک لە خۆی. من سێبەری هیچ کەسێک نیم و هەرگیز، قبوڵ ناکەم جگە لەخۆم، لە هیچ کەسێکیتر بچم.

بۆ من کۆیلەی نووسەرم، تا بێت و وەک ئەمیر و خەلیفە و والیەکان بە دڵی خۆی لە رۆمانەکەیدا، کەی ویستی سوارم بێت، لێم بدات، یاسا و شەریعەت و عەقیدەی خۆییم بەسەردا بسەپێنێت و ڕۆژی سەدجار بە پێی سستەمی کەنیزە وکۆیلایەتی و چەشنی کاڵایەکی مادی و بێ گیان، لە بازاڕی تاگ گوویی و بێ مروەتی و بێ مۆڕاڵیدا، کڕین و فرۆشتنم پێوە بکات. بمکات بە کەنیزە و بوونەوەرێکی بێ ئیرادە و ئازادی ئەتکرا و دەستبەسەرداگیرا و ڕۆبۆت ئاسا، بە کۆنتڕۆڵی ئەقڵ و کێری خۆی و بە پێی میزاجی خۆی کەی ویستی بمخاتە سەماو و جووڵە و گۆکردن و گووکردن. کەیش ویستی بمدۆڕێنێت، شکستم پێ بدات، لەناوم بەرێت و لە بەرامبەر خەنجەر و خێڵ و سمێڵ و ئەو هەموو گووەی کۆمەڵ، دوای ئەو هەموو یاخی بوون و ڕوبەڕوبوونەوە و بوێرییەم بێت بوێری و گووخۆری و ناماقووڵی وا بکات و گووی وا بخوات و لە کۆتا بەشی ڕۆمانەکەیدا، ئاڵای ڕادەست بوونم پێ بەرزبکاتەوە ! حەدی چییە. ئەژدا و ئابای دێنمەبەرچاوەکانی و عەرشی دەهەژێنم.

بەهار:نووسەری چیرۆکی ژیانی من، با باش ئەوە بزانێت، من نەک دەنگە حیز و موجامەلە چییەکەی ئەو نیم، من هەرگیز، دەنگی هیچ کەسێکی دیاری کراویش نابم.

من دەنگی هەموان و هی هیچیان نیم. من دەنگی هەموو بێ دەنگکراوەکانم. من تەنها دەنگی گەوادەکان نیم ! بەهار دەزانی گەوادەکان کێن؟

من هەرچەندە بڕوام بە پێناسەکردن نییە، پێناسە واتا بە بتکردن و لە قاڵبدان، بەڵام گەر لە هەموو ژیانمدا پێناسە تەنها بۆ تاقەشتێک بکەم، ئەوە بۆ چەمکی گەوادیم دەکرد و ژن کوژم بە گەواد پێناسە دەکرد.

بەهار:من لێرە دەنگی خۆمم، تۆزەک لەولاتر دەنگی پورە فاتم و دوێنی دەنگە خنکاوەکەی دایکم و بەیانی دەنگی تۆم و دوو بەیانی دەنگی کپکراوی ژنێکی ئەتکراو سێ بەیانی دەنگی قەحپەیەکی ستەم لێکراو ناو کەسایەتی و سومعە ورووشێندراوم.

بەهار: ئەگەر هات و من بەر لەتۆ مردم، لە دەفتەری بیرەوەرەکانتدا تۆماریکە، کە من وەکو سەروینی یاخی ئامۆژگاریم بۆ ئەو نووسەرەی دێت و چیرۆکی ژیانی من دەکات بە ڕۆمان، ئەوەیە کە تەنها ڕەچاوی ڕەگەزی گوو بکات. بۆ ئەوەی هەموو ئەو گووگر و ئەدەب گێیانەی هاتوون و باسی ڕەگەز و تەکنیک و نازانم چی و چی دەکەن، تا ئەوە بزانن کە من هاتووم تا ئەو هەموو گووخۆریەیان سەبارەت بە ڕەگەزەکانی ڕۆمان بەتاڵ و پووچکەمەوە. با دەنگی زاڵ لەو ڕۆمانەی منی تێدا دەکرێت به پاڵەوان، تەنها توخمی گوو بێت.

نەدیالۆگی گوو، نە کات و شوێنی گوو، نە کارەکتەر و دەنگی گوواوی گووسەر و ڕۆمانگێ و ڕۆماننووس هیچیان ڕەچاو نەکرێن و هەرچی ئەو تەکنیک و مەرج و پێوەری حیز و دەستکرد و گووایەی کە لە شێوەی بت لە بەردەم ڕۆماندا قووتیان کردووەتەوە، باشاپێک بدات لە قنیان و ژێرپێیان بخات.

بەهار:دەزانی ئێمە لە گووەوە هاتووین و لەناو گوو دەژین و دەڕۆینەوە بۆ گوو؟ کۆجیتۆی گووت بیستووە؟ من گووم، کەواتە من هەم. بەهار ئێره گووستانە !

گوو گوتی، گوو دەڵێت، گوو بڕیاریدا، گوو کوشتی، گوو جەنگی جیهانی هەڵگیرساند، گوو پەلاماریدا، گوو وێرانی کرد، گوو لە هاوسەرەکەیدا، گوو هەڕەشە دەکات.، گوو چەکی کیمیاوی بەکارهێنا، گوو خاکی کوردانیان دابەش و داگیرکرد، گووی بەعس بەبەرچاوەکانی گووی و نێودەوڵەتی و گووەیەکگرتووەکان و ئەنجومەنی گووی نێودەوڵەتی، کوردیان کیمیاباران و ئەنفال و کۆکوژ کرد، ئەو هەموو گووەی نێودەوڵەتی و گووە یەکگرتووە ئەنجومەنی گووەکان هیچ کاردانەوە و هەڵوێستێکیان نەبوو !

گوو سنووری دانا، گوو بڤەی دروست کرد، گوو بتی داتاشی، گوو هێڵی دیاری کرد، گوو چی قێزەونی و گووە دایهێنا، ئیزا قال ئەلگوو، قال ئەلگووەکانی تر.

بژی گوو، بەڵێ بۆ گوو، گەورەم ئەلگوو، بتی گوو، قاڵبی گوو، پێوەری گوو، سنووری گوو، یاساکانی گوو، نەریتی گوو، ئایدیۆلۆژیای گوو، سیستەمی گوو، مینتاڵێتی گوو، تیوری گوو، ستراتیجیەتی گوو، فیقهی گوو، مێژووی گوو، مەزهەبی گوو، دەستووری گوو، وانەی گوو، ڕێبازی گوو، خەنجەری گوو، عەیبەکانی گوو، شەهامەتی گوو، ستایلی گوو، ئەفەندی گوو، بەڕێز گوو و جەنابی گوو، ئەتەکێتی گوو، دیالیکتیکی گوو، ئیدیۆمی گوو، گۆرانی گوو، سنوورەکانی گوو، هێڵ و بت و بڤە و تابووکانی گوو، ڕێککەوتنی نێوان گووەکان، فەلسەفەی گوو، فەیلەسوف گوو، ڕەخنەگرگوو، نووسەر گوو، داهێنەر گوو، ئەکتەر و شانۆکار گوو، ڕاگەیانکار و پێکەشکار گوو، ئەفەندی گوو، شاعیرگوو، هەست ناسک گیان گوو، جیقڵدان تەنگ گوو، ژن کوژ گوو، ئەقڵیەتی گوو، خاڵە گوو، مامە گوو، حاجی گوو و شێخ گوو، گوو، گوو، گوو.

بەهار هیوادارم ئەوەی دوای نەمانم ژیانم دەکات به چیرۆک و ڕۆمان، لە ڕەگەزی ژن بێت، یان گەر نێریش بوو بە هەست و ڕۆحیەتێکی ژنانە بیانووسێتەوە و دایان بڕێژێتەوە.

وەک ئەو هەموو پیاوە ڕۆماننووس و چیرۆک نووسە سمێڵ زلانە نەبێت، کە تائێستا کارەکتەری ژنیان لە دوو توێی چیرۆک و ڕۆمانەکانیان وەکو کەسێکی پاسیف و لاواز و پاشکۆ و قوربانی و شکست خواردوو بەرجەستەکردووە.

کوڕە ئەو نووسەرەی من دەکات بە پاڵەوان کەرەسەی ڕۆمان و چیرۆکەکانی، گووی خواردوو و دێت و بوێری و کەرایەتی وا دەکات و دەڵێت:سەروینیان بە زۆر بەمێرد دا، سەروین پیاوەکەی بیست ساڵ لەخۆی گەورەتربوو. سەوین سەر بە هەوێ شووی کرد، سەروین خۆی کوشت، سەروینان کوشت (سەروینیان کوشت) ، کوڕە بەخوای تا هەموو سمێڵە حیزەکانتان دانە دانە نەبڕم و هەمووتان نەکوژم، خۆم لێرە ناڕۆم هاهاها

بەهار لە بیرت نەچێت ئەوەش تۆمارکە، بەو نووسەرە بڵێ:من کارەکتەرێکم، وەک چۆن زەمەنەکان بە میزاج و حەزی خۆم تێکەڵ دەکەم، مێژووی سەردەمە جیاوازیەکانیش ئاوا، بە دڵی خۆم و هەر بە هەوەس و عەنتەری دەستکاری پاش و پێش دەکەم.

من سەروینی پوچگەرا و نهلیست، سەروینی یاخی و ئانارشیستم و حیساب بۆ هیچ هێڵ و بت و قاڵب و پێوەر و گووێک ناکەم

. بەهار پێیان بڵێ واز لەو قسە قۆڕ و بێ مانایانەتان بێن و بەسە بۆ خۆتان ئاقڵ ئاقڵ لێی دانیشن، باشە ئۆخەی گیان؟

دەنا بە هەردووک چیای هەڵگورد و ئاگری قەسەم، هێشتا هیچم نەگوتووە و ئەوەی تا ئێستا لە بارەی ئەو گووگر و گونگرەی ئەدەبی و شیعرگێیانە گوتوومە، کورد وتەنی هێشتا لێ لێیه و لۆلۆ ماوە.

دڵنیابن، من ئەو کەسە بە ڕۆبۆت کراو کەسایەتی تیرۆرکراو ترسێندراوە نابم کە ئەدەب گێیان و گووگرانی ئەدەبی و خێڵ و خەنجەر و ئاغا و سمێڵ دەیانەوێت.

هەرگیز، چاوەڕێی وەها کارەکتەرێکی دۆڕا و بە جەبانکرا و لە من نەکەن.

گرنگ من تا لە ژیاندا بم و بووم، وەک خۆم و بۆخۆم دەژیم و ژیام و بۆ ئەویتر و بە میزاجی ئەویتر نەژیام.

بنەماکانی خێڵ و یاساکانی سمێڵ و مەزهەبی کۆیلایەتی و سیستەمی فۆتۆکۆپیکردن و یاسای بە سێبەرکردنم سەرلەبەری هەڵوەشاندەوە و ڕەتکردەوە.

ئینجا ئێوەش ئازاد بن لە گوو خواردن و بە دڵی خۆتان و تا ملتان دەشکێت و چاوتان دەردێت، وەک سەگێک پێم بوەڕن و بڵێن:سەروینە سەرسەری، سەروینە بەڕەڵا، سەروینە بێ ئەدەب، سەروینە بێ مۆڕاڵ، سەروینە بێ حەیا، سەروینە سۆزانی. سەروینە بت گێ و سنوورگێ و پێوەرگێ.

بەهار: هیواداریشم وەک دایکم، دوای مردنم، یان با بڵێم نەمانم، ئەگەر بێ گۆڕ و ناونیشان نەبم، هەر سمێڵ حیزێک و ئەدەب گێ و گووگرێک، هاتە سەر گۆڕەکەم، درێخی نەکات لە جوێن پێدان و نەفرەت کردن و تفبارانکردنم. ئاخر ئێوە هەر جوێندان و دەمشڕی و دڵ ڕەقی و کەرایەتی و ژن کوژیتان لێدێت.

نەک میهرەبانی و هەست ناسکی و بەزەیی و یژدان و نزا و چاکە. بۆیە هەرگیز، نەکەن گووی وا بخۆن و بوێری و هەڵەی وا بکەن و دوای کوشتنم لە لایان کەریمۆکەوە، هەمان شێوەی ژنانی تر کاتێک باوک و برا و مێرد و کەس و کاریان دەیان کوژن. (کوڕە کەریمۆک و هەرکەسێک حەدیان چییە من دەکوژن. هاهاها.)

ئینجا دێن و لەسەر گلکۆکەشیان لەجیاتی ئەوەی بە زاراوە نێرگەراکەیان و بە پێی مەزهەبی زمان و تای تەئیسی گوواوی و تای موزەککەر و کێراوی خۆیان بڵێن:المەقتولە و لمەزلومە، دەنووسن :ئەلمەرحومە فولانە بینتو ئەلسەگباب ژن کوژ ئەلعەلان و من عەشیرەت ئەلتەلان، ئینجا بێنە سەر گۆڕەکەم و دەست بکەن به گریان فاتیحا و نزان و قسەی قۆڕ و نازانم چی !

وەیش چەند میهرەبان و فرمێسکاوین. ئەها چەند باشن، دەمان کوژن و پاشان لەبەردەم چاوەکانی زۆر بەڕێز کاکە یاسای بێدەنگکرا و لە سوڵحێکی گوواوی و نێراوی و عەشایەریدا و بێ ئاگاداری خودا و ڕوخسەتی خۆمان، کۆمەڵێک سمێڵ حیز، ئەو سمێڵ حیزانەی ژن کوشتن و ئاو خواردنەوەیان لا وەک یەک وایە.

زۆر بێ شەڕەفانە و بێ شەرمانە و بێ مۆڕاڵانە و ڕوو قاییمانە، دێن و لە دیوەخانی سمێڵ زلاندا مامەڵە و سەودا بە خوێنمانەوە دەکەن و لەسەر بێشەڕەفی ڕێکدەکەون کە هەرکاتێک ژنێکیان لەسەر شەڕەف کوشت، زۆر بێ منەتانە و بە ڕۆژی ڕووناک و لەبەرچاوی هەموان و بێ دەنگی خەڵک و خوادا، داکی هەرچی یاسا و ئەخلاق و شەڕەفە بگێن هاهاها.

-دەفتەری بیرەوەریەکانم-

“بەهاری حاجی ئاکۆ”

٨ی گوڵانی ١٩٧٣، دێی: ماڵی خێڵان-ڕێگای کانی ژن کوژان.


٭ حەمەسەعید حەسەن، ئاگری بێ دووکەڵ، ڕۆژنامەی:هەولێر.

٭موکەڕەم تاڵەبانی.