بونیادی زمان لە کۆشیعری (وشەکانم بەسەر باڵی پایزەوەن).. عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

بەرایی
زمان لە کۆشیعری (وشەکانم بەسەر باڵی پایزەوەن)(١) زمانێکە سادە و ڕوون و بێ گرێوگۆڵ؛ کە خوێنەر بێ ئەوەی زەحمەتییەک بێتە ڕێی، دەتوانێت پەیامی کۆمەڵایەتی دەقە شیعرییەکان و مەبەستی شاعیر لەیەکەم خوێندنەوەدا دەستەبەر بکات. ئەمەش بەو مانایە نییە کە زمانی شیعرەکان سفت و بەهێز نییە. نا؛ زمانی شیعرەکان کەم تا زۆر ئیشی لەسەر کراوە، بەڵام لەئاست چاوەڕوانی خوێنەری جیددیدا نییە. بەدەربڕینێکی تر، زمان لەم کۆشیعرەدا ئیشی لەسەر کراوە، وەلێ ئاگایانە ئیشی لەسەر نەکراوە. من دەزانم شاعیر تێکٶشاوە دەست بۆ ئیقاعی شیعریی جوان و وشەی مۆسیقی و دەربڕینی گونجاو بەرێت، بەڵام نەیتوانیوە شیعرەکان بگەێنێتە ئاست شیعری ئەمڕۆ. دیارە ئەمە بەو مانایە نییە کە ئەم شیعرانە شیعر نین، بەڵکو زیاتر مەبەستمە ئەوە بڵێم کە شاعیر پێویستی بە قاڵبوونەوەی زیاتر و شارەزایی زیاترە لە کێشە ئیستاتیکییەکان و گرفتەکانی شیعر. ئەم قاڵبوونەوەیەش دەبێتە هۆی تۆکمەبوونی مەعریفەی شاعیر سەبارەت بە زمان و تەکنیک و ئیستاتیکای شیعریی کەدواجار تەنها خۆی و شیعر لێی سوودمەند دەبن. بابەتێک کە من لەم کورتە نووسینەم لێی دەدوێم بونیادی زمانی شیعرییە. من لێرەدا دەمەوێت لەڕێگەی دوو ڕۆچوونی ڕەخنەییەوە بگەم بە خاڵی مەبەست. بگەم بەو جێگەیەی کە لە ڕێگەی ئەم خوێندنەوەیەوە هەندێک قسە لەسەر زمانی شیعریی لای عارف کوردەی شاعیر بکەم.

دوو ڕۆچوون

ڕۆچوونی یەکەم : ڕۆچوون بەنێو واتا و پەیام لەڕێگەی دەربڕین و گوزارشتە شیعرییەکانەوە.
لە دووتوێی ئەم کۆشیعرەدا بۆ خوێنەر ئاسان نییە بتوانێت دوو کات و وسەردەمی جیاوازی نووسینی شیعر لای عارف کوردەی شاعیر ببینێت و بیان ناسێنێتەوە؛ مەگەر کەسێک یان خوێنەرێک لە نزیکەوە شاعیر بناسێت یان ئاگاداری مێژووی نووسینی شیعری شاعیر بێت.(٢) چونکە شیعرە سەرەتاکانی شاعیر زۆربەیان شیعری کرێکاریین و هەڵگری پەیامی شٶڕشگێرانە و کۆمۆنیستین.

ئایاره‌..
بۆرژوا گوێ گره‌!
لێره‌ بێ یان له‌وێ
كۆته‌ره‌ی شیكاگۆین
(ئاگرین؛ شۆرشین
شۆڕشی كڵپه‌سێن)
له‌ ڕووی تۆ ناكوژێن
ژیله‌مۆین؛
په‌نگرین.
هەتاوین تۆڵەسێن. (٣)
عارف کوردەی شاعیر خۆیشی وەک مارکسیستێک هەوڵی داوە لەگەڵ خۆی و شیعر و خوێنەر ڕاستگۆ بێت. هەربۆیەش بەوپەڕی سادەیی بەڵام ڕاستگۆییەوە گوزارشتی لە هەستە چینایەتییەکەی کردووە. لەشیعری بۆ شاپوورەکان دەنووسێت :
شاپوره‌كان بوون به‌ مۆم و
كۆلیته‌ تاریكه‌كانیان ڕووناك ده‌كرده‌وه ‌و
ئه‌م تونێڵه‌یان بۆ ئێمه‌ جێهێشت
ئێمه‌ش.. له‌م ئۆقیانووسی كپ بوون و مەینەتی و نایەکسانییە
چراین و هەر وەکو ئەوان ڕاوی تاریکایی دەنێین
وەکو ئەوان سروود بۆ ڕزگاری ئینسان
بۆ دادپەروەری ژین دەڵێین.(٤)
ئیتر ئەم بیروباوەڕە ئینسانییەی شاعیر هەر تەنها لە شیعرێکدا قەتیس نابێت، بەڵکوو سەردەکێشێت بەناو ژمارەیەک لە شیعرەکانی.(٥) زمان لەم شیعرە کرێکارییانەی شاعیردا ڕاستەوخۆ و سادە و ساکارە، بەڵام تەژییە لە هەستی ئینسانیی و شۆڕشگێرانە. دەربڕینە شیعرییە چینایەتییەکان و گوزارشتە شۆڕشگێرەکان باڵادەستییان بەسەر زمانی شیعرەکاندا هەیە و توانیویانە شوناس بە زمانە شیعرییەکە بدەن. هەموو ئەم ئیشکردنانەش ( هەڵبژاردنی وشە، سەروای گونجاو، جەغد کردنە سەر بابەت) لەناو زماندا ڕوویانداوە. چونکە وەک مارکس دەڵێت : “بیرۆکەکان بەجیا یان لەدەرەوەی زمان بوونیان نییە” (٦) ئەمە ئەو گۆشەنیگا و تێڕوانینەیە کە مارکس دەیخاتە بەردەستمان کە دەتوانین بایەخی زمان و تەنانەت نووسین و بۆچوونەکانیش لە هەناوی زماندا ببینین و بخوێنینەوە. هێزی گوزارشتی زمان دەتوانێت نەک هەر شوناسی دەربڕینەکان بێت، بەڵکو شوناسی کۆی نووسین بێت لای نووسەرێک.
هەرچی شیعرەکانی تری شاعیرن، بەتایبەتی لەدوای ساڵی ١٩٩٥ ەوە؛ لەڕووی پەیامی کۆمەڵایەتی و مەبەستی شیعریی ئاڵوگۆڕیان بەسەردا هاتووە، کە بە بڕوای من ئەو شیعرانە دەربڕی تووڕەیی و دڵشکانی شاعیرن لە دۆخی سیاسی و خەباتی کۆمۆنیستیدا. زمانی ئەم شیعرانە، زیاتر زمانێکی کۆن و کات بەسەرچووە کە ئەو زمانە ناتوانێت لەگەڵ گەشەی سەردەم و ئاڵوگۆرەکانی کۆمەڵگە بێتەوە. کە من دەکۆشم لە ڕۆچوونی دووەمدا زیاتر لەسەر ئەم زمانە کۆنە دەوەستم.

ڕۆچوونی دووەم : ڕۆچوون بەنێو تێکچڕژانەکانی زماندا لەڕێگەی وردکردنەوەی زمان.
ئەم کۆشیعرە بچکۆلانەیە کە زمانەکەی لەنێو بەرداشی گوزارشتی شۆڕشگێرانە و دەربڕینی کۆندا دێت و دەچێت؛ پێکهاتەکەی بەمشێوەیە دزاین کراوە.
یەک : کۆشیعرەکە لە ١٤٦ لاپەڕە پێکهاتووە.
دوو: نزیک بە ٥٢٠٠ وشەیە.
سێ : ١٠ تابلۆی هونەری تێخزێنراوە کەلە ئەنتەرنێتەوە وەرگێراون.
چوار : ٦٥ تا ٧٠ هەڵەی ڕێنووس و تایپی تێدایە.
پێنج : ٣٨ بۆ ٤٠ وشەی ئەفسانەیی و ئاینیی تێدا بەکار هاتووە، وەکو ( جنۆکە، شەوە، خاچ، خوا، نوێژ، قیامەت، بەهەشت، حەرام، ئەهریمەن، دوعا، زیکر، ئیبلیس، دۆزەخ، ..تاد)

خەریکن..
ئەهریمەن بۆ بەهەشت
ئەنێرنەوە و
بەهەشتییەکانیش بۆ دۆزەخ.(٧)
شەش : ناوی ٣٢ ئاژەڵ و باڵندەی تێدایە، بۆ نموونە ( تیترواسک، پاساری، کەروێشک، کەناری، کوکوختی، پشیلە،جرج،ئاسک، ئەسپ، قەلەڕەش، شاباز، هەڵۆ، کوندەپەپوو، حاجی لەقلەق، کەڵەباب، قەلەپاچکە، چۆلەکە، قەقنەس، ماسی، تیمساح، نەهەنگ، شێر، داڵ، جاڵجاڵۆکە، تاوس، کۆتر،..تاد)

کەروێشکێکی خەواڵووم و
لەنشێوی چارەڕەشیی
سەرسم ئەدەم.(٨)

حەوت : نزیک بە ٢٠ وشەی کۆنی دەرەوەی چوارچێوەی زمانی مۆدێرنی تێخزێنراوە لەچەشنی ( شەغرە، بێڵەقانێ، کلدان، کانی ژنان، کەپر، مەشکەژەن، چارۆکە، سەردوولکە، تەزبیح..تاد)
پرسیار لێرەدا ئەوەیە کە ئایا تا چەند ئەو وشانە لەگەڵ ئاڵوگۆڕەکانی نێو گۆمەڵگەدا دێنەوە؟ بۆچی شاعیر پەنای بردۆتە بەرد چەندین دەستەواژەی سەردەمی فیوداڵی؟
پەتی زوڵم چەند ئەستوور بێ
شغرەی جیڕی کۆنە ساڵە دەیپسێنێ. (٩)
ئەم دزاینەی زمان بەمجۆرەی لەم کۆشیعرەدا نمایش کراوە، بێگومان کاریگەری دەبێت بەسەر کەمڕەنگکردنەوەی کێشکردنی خوێنەر بۆ دەقە شیعرییەکان. ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە زمانی شیعری لای شاعیر ئەو گۆڕانە جەوهەرییەی بەسەردا نەهاتووە کە دەبوو بەسەریدا بێت. لەبونیادی زمانی شیعرەکانی عارف کوردە تێکچڕژانێک دەبینرێت. ئەم تێکچڕژانەش لە زمان پەیوەستە بە بەرز و نزمبوونەوەی ئاستی ئومێد و ڕەشبینی، یان وردتر بڵێم ڕەنگە پەیوەست بێت بە بەرز و نزمبوونەوەی دۆخ و هەلومەرجە شۆڕشگێڕییەکان و گوزارشتکردن لەو هەلومەرجە.

ئەنجام
سەرەنجام لە ئاکامی خوێندنەوەی ئەم کۆشیعرەی شاعیر دەگەین بەو ڕایەی کە نووسەری وشەکانم بەسەر باڵی پایزەوەن، سەرباری هەوڵەکانی لەبواری زمان و بونیادی زماندا، بەڵام هێشتا نەیتوانیوە زمانی شیعریی تەریب بە گەشەی سەردەم بسازێنێت. بۆیە بەبڕوای من شاعیر لەبەردەم هەڵبژاردنێکی سەختدایە. یان ئەوەتە درێژە بەم زمانەی ئێستای دەدات کە سەرەنجام نەک ناتوانێت گەشە بکات، بەڵکو لەوانەیە توانا شیعرییەکانیشی تووشی سستی و لەبارچوون بکات. وەیان ئەوەتا ئاڵوگۆڕێکی چۆنایەتی لە بونیادی زماندا دەسازێنێت و لەوێشەوە تەکانە شیعرییەکانی دەدات و بەرەو پێشەوە هەنگاوە پڕ لە داهێنانەکانی لەنێو بزووتنەوەی شیعری رادیکاڵی کوردیدا دەنێت.

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
حوزەیرانی ٢٠٢٢

سەرچاوە و پەراوێز :
(١)وشەکانم بەسەر باڵی پایزەوەن عارف محەمەد کوردە چاپخانەی ئاڤێستا کەرکووک چاپی یەکەم ٢٠٢١.
(٢)سەرەتای پەیوەندی ئەدەبیی نێوانمان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٨٨ کە شیعرێکی ئەم شاعیرە (بولبولی کارگە) لەژێر ناوی (نەوزاد) لە گۆڤاری ڕابەر ئۆرگانی حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست بڵاو کردەوە. لە دەیەی نەوەدەکانیش شاعیر کۆشیعرێکی دەستنووسی بۆ ناردم و منیش دوای خوێندنەوەی بە کۆمەڵی سەرنج بۆم ناردەوە و ئەویش وەک ئیلتزام و ڕێزگرتن لە شیعر وبۆچوونەکانم، دەستنووسەکەی بڵاوی نەکردەوە. ئیدی لەودەمەوە ئەو پەیوەندییە ئەدەبییە بوونی هەیە تا ئەوەی ساڵی پار هەوڵم لەگەڵدا کە شیعرەکانی کۆ بکاتەوە و لە کتێبێکدا چاپیان بکات، ئەوە بوو ئەم کتێبەی لێهاتە بەرهەم.
(٣)وشەکانم بەسەر باڵی پایزەوەن عارف محەمەد کوردە چاپخانەی ئاڤێستا کەرکووک چاپی یەکەم ٢٠٢١ لاپەڕە ٨٨.
(٤)هەمان سەرچاوەی پێشوو لاپەڕە ٩٦.
(٥)بۆ نموونە شیعرەکانی ( کاتێ بەڕک نەبوو، هەوری ئێستا ئاو دانادات، بۆ ئەوانەی لەغوربەتدا ئەژین، وەفایەک بۆ هاوڕێ ئاراس، ماسیحە ،کوانوویەکی بێ خۆڵەمێش، و ..تاد)
Karl Marx, Jon Elster “Karl Marx: A Reader”, p.53, Cambridge University(٦) Press(1986)
(٧)وشەکانم بەسەر باڵی پایزەوەن عارف محەمەد کوردە چاپخانەی ئاڤێستا کەرکووک چاپی یەکەم ٢٠٢١ لاپەڕە ١٣٧.
(٨)هەمان سەرچاوەی پێشوو لاپەڕە ١٠٠.
(٩)هەمان سەرچاوەی پێشوو لاپەڕە ١٠٢.




ئیرادەی جەماوەر لە ئایندەی شۆرشی ئێراندا.. عوسمانی حاجی مارف

بێئیرادەکردنی ئینسانەکان لە پێکهاتەو خەسڵەتەکانی سیستمی سەرمایەداریە، بەو مانایەی ئەم سیستمە ئینسانەکان ناچار دەکات کێشبن بۆ بازاڕی کار تا هێزی کاریان بفرۆشن، کرێکارانیش تا بتواننهێزی کاریان وەک کاڵایەک لە بازاردا ساغ کەنەوە، وەبە ناچاری بژێوی ژیانیان دابین بکەن،لە ناو بازاڕی سەرمایەداریدا،هیچ هەڵبژاردەیەکیان نیە کە ئارەزوو دەکەن یا دەتوانن چ کارێک ئەنجام بدەن.!، بەڵکو کارو مامەڵەی کار کە سەرمایەداران پێویستیانە بڕیار دەدات کرێکاران دەبێت چ کارێک بکەن، واتە چارەنوسی بژێوی کرێکار لەژێر سایەو ڕەحمەتیمامەڵەی بازاڕدایە، نەک ئیرادەو خواست و ئارەزوی کرێکار خۆی. ئەمەش ئەو پەڕی بێ ئیرادەکردنی ئینسانەکانە کە دەچێتە ناو قاڵبی چوارچێوەیەکەوە، لە هەر شوێنێکی دنیای پەیوەندیەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریدا بێت بێئیرادەیی ئیسانەکان و قەبوڵکردنی کاری نەخوازراو دەکاتە حاڵەتێکی دیفاکتۆ، هەربۆیە “ئازادی” لەناواخنی کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا،تابڵێی ووشەیەکی زۆر پوچ و نابەجێ دەمێنێتەوە، دەستەواژەی “ئازادی” لەبەردەم نەبونی ئیرادەو خواست بۆ هەڵبژاردنی کارو ژیان و گوزەران، لەبەردەم چەوسانەوەی ئینسان لەسەر ئینسانتەنها مانای ئازادیە بۆ بازاڕو مامەڵەکردن بە هێزی کار لەلایەن سەرمایەدارانەوە.بەم جۆرەش گەڕانەوەی ئیرادەو شكۆی ئینسان تەنها لە ڕێگەی هەڵوەشانەوەی پەیوەندیەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری و بازاڕەکەیەوە دەستەبەر دەبێت و مانا پەیدادەکات.
هەر لەم ئاراستەیەوە دەتوانین بڵێین دەسەڵاتی سیاسی لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا لە هەر فۆرمێکدا رەنگ بداتەوە،ئەو ماناو ئامرازەیە کە بێئیرادەکردنی ئینسانەکان عەمەلی وبەرجەستە دەکاتەوە. دەسەڵاتی سیاسی لە هەر شێوازو فۆرمێکدا لەلایەن چینی بۆرجوازیەوە ڕێکخرابێت و دامەزرابێت تەنها ئەو دەزگایەیە کە دەستورو یاساو بڕیارەکانی باڵادەستی کەمینەیەک بەسەر زۆرینەی کۆمەڵگەدا بە هەند وەردەگرێ و کاری پێدەکرێت.
مەترسیدارترین شێوازیش لە جۆرەکانی دەسەڵاتی بۆرجوازی بۆ زیاتر بەرجەستەکردنەوەی بێئیرادەیی و گۆشەگیرکردنی خەڵک بۆ دەوریان لە هەڵسوڕانی سیاسی و دەسەڵاتی سیاسیدا، ئەو جۆرەیە لە دەسەڵات کە ئایدۆلۆژیاژیەک دەکاتە هێمای پیرۆزی بۆ دەوڵەت و پاراستنی دەسەڵاتی سیاسی، جا ئەو ئایدۆلۆژیایە هەرچیەک بێت ئاینی بێت یا نەتەوەیی، تائیفی بێتیان ڕەگەزی …جیاوازیان لە ڕادەی بێئیرادەکردن و چەوسانەوەی کرێکاران و زەحمەتکێشاندا نابێت و چەندین پاساو دەکەنە مایەی رەسمیەتدان بە چەوسانەوەی ئینسان لەسەر ئینسان.
لەم سەرەتایەوە دەمەوێت بچمە ناو جۆرێک لەدەسەڵاتی سیاسی کە ٤٣ ساڵە کۆماری ئیسلامی لە ئێران پەیڕەوی دەکات، دەسەڵاتێک کەبە هیچ جۆرێک ماناو فرسەتی بۆ ئیرادەی ئینسانەکان نەهێشتوەتەوە، دۆزەخێکی وەهای بۆ دانیشتوانی ئیران هێناوەتە گۆڕ، کە هیچ جۆرە مافێکی بۆ ژنان و منداڵان و کرێکارو زەحمەتکێش تیا بە ڕەسمی ناناسرێت، ئاینی ئیسلام و مەزهەبی شیعەیان کردۆتە ئایدیۆلۆژیەکی پیرۆز بۆ لە قاڵبدانی ژیان و گوزەرانی تەواوی دانیشتوانی ئێران، کە سەرکوتی ئیرادەوهەموو بێمافیەک و بەرخوردی نائینسانی بە حوکمی کوتەک و سێدارە دەسەپێنێرێت.
هێژمۆنی و دەخالەتی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە تەواوی ژیان و گوزەرانی ئینسانەکاندا چوارچێوەیەکی وەهای فەراهەمهێناوە کە هەموو جومگەکانی ژیانی خەڵکی کۆنترۆڵکردوە، هەرلە پۆشاک تا خواردن و بگرە پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانیشی لەخواست و ئارەزوو ویستی خەڵک داماڵیوە، هەموو ئەمانەو زیاتریش بەمانایەک تەعبیر لە مامەڵەی ئەوپەڕی بێئرادەکردنی ئینسانەکان دەکات، کە تەنها لە پێناو ئەوەدایەکە دەبێت ئێران وەک کۆمەڵگەیەکی سەرمایەداری، کاری بەکرێی هەرزانی تێدا بەڕیوەببرێت، واتە ئاینی ئیسلام ئایدیۆلۆژیایەکە دەتوانێت بەکاربهینرێت بۆ رەخساندن و سەپاندنی هێزی کاری هەرزان، بۆ سەپاندنی بێئیرادەکردنی ئینسانەکان، بۆسەپاندنی دەسەڵاتی کەمینە بەسەر زۆرینەی کۆمەڵگەدا، واتە دینێکە گونجاوە بۆ دەسەڵاتێکی سیاسی کەدەستکراوەیە بەدڕندانە ترینشێواز تەعبیر لە خۆی بکات، هەربۆیە روخانی کۆماری ئیسلامی و جیایی دین لە دەوڵەت و پەروەردە پێداویستیەکی حەیاتی و گرنگ و هەر ئێستایە بۆ دانیشتوانی ئێران.
تەنها ڕێگا بۆڕزگاربوون لەم بارودۆخە پەردەهەڵماڵینە لەو بارودۆخ و ئایدیایانەی بێئیرادەکردنی ئینسانەکان بەرجەستە دەکەنەوە،هەوڵدان و کارکردن و خەباتە بۆ گەڕانەوەی ئیرادەی ئینسانەکان بۆ بریاردان لەسەر دیاریکردنی چارەنوسی خۆیان و بڕیاردان لەسەر چۆنیەتی ژیان و گوزەرانی خۆیان. ئەمەش تەنها لەڕێی جێگیربونی دەسەڵاتێکەوەیە مانا پەیدا دەکات کە تەعبیر لە زۆرینەی دەنگ و دەوری خەڵک بکات، دەسەڵاتێک کە تەعبیر لە دەورودەخالەتی ڕاستەوخۆی خەڵک بکات، بەمانایەکی بەرجەستەتر واتا دەسەڵاتی شورایی.
دەسەڵاتی شورایی دەتوانێت ئەو دەسکەوەتەبێت بۆ بەشەریەت، کە تەواوی زۆرینەی خەڵك لەهەر شوێنکی دنیادا بن، دەبێتتەعبیر بێت لەوەی کە ئینسانەکان بە ئیرادەی خۆیان بڕیار دەدەن لەسەر ژیانی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی خۆیان، دەسەڵاتی شورایی لەڕێگەی ئیرادەیەکی شۆرشگێرانەی جەماوەریەوە بەدەست دێت کە نەفی هەموو جۆرە نمونەیەکی دەسەڵاتی بۆرجوازی و سەرو خەڵکی بکاتەوە.
خرۆشان و ڕاپەڕینی جەماوەری بۆ وەستانەوە لە بەرامبەر دەسەڵاتی سیاسیدا و بۆ روخانی هەر جۆرە دەسەڵاتێکی سیاسی کە پارێزەری کاری بەکرێ و خاوەنداریەتی هۆکانی بەرهەمهێنانە، ئەو ساتەوەخت و هەنگاوەیە کە جەماوەری تورەو ناڕازی دەیانەوێت رۆڵی شکۆی ئیرادەی خۆیان بگەڕیننەوە، هەر بەم مانایە خرۆشان و ڕاپەڕینە جەماوەریەکانی خەلکی ئێران ئەو هەنگاوە پێشڕەوەیە کە دەیانەویت شۆرشێک بەرپابکەن تاکۆتایی بە بێئیرادەکردنی ٤٣ ساڵەیان بسڕنەوە، ئەم خرۆشانە هەنگاوێکە بەرەو شۆرشێک لەپێناو بەدەستهێنان و جێگیرکردنی ئیرادەی خەڵکی ئێران، بۆیە دەبێت سەربەخۆیی و شکۆی ئەو ئیرادەیە تەواو پارێزراوبێت، پارێزراوبێت بەو مانایەی پێویستە بەر بەوە بگیرێت کە هیچ هێزو لایەنێک نەتوانن لەناو ئەم خرۆشانە جەماوەریەدا کاری پاڵەوانێتی و سەروخەڵکی بەهەر پاساوو بیانویەک ئەنجام بدەن و بسەپێنێن، هەرهێزو لایەنێک گەر دەیانەوێت ببنەبەشێک لەمبزوتنەوە شۆڕشگێڕیە جەماوەریە، پێویستە پێشوەخت پابەندبێت بەمەرجی پاراستن و پەیگیربونی ئیرادەی خەڵک بۆ دەورو دەخالەتی راستەوخۆیلەدەسەڵاتی سیاسیدا، پابەند بێت بە جێگیر بونی دەسەڵاتی شوراییەوە.
هەرهێزێک لەم چوارچێوەیە دەربچێت کە لەدەرەوەی ئیرادەی خەڵک و دەسەڵاتی شورایی هێژمۆنی هێزەکەی بکاتە مەبنا، بەمانای ئەوە دێت کە جارێکیتر بە جۆرێکیتر یان بەڕێگایەکیتر لەباری عەمەلیەوە ئەو هێزە هەوڵدەدات بۆ بێئیرادەکردنەوەی خەڵکی ئێران و دەبێتە هێزێکی دژ بە شۆرش.




ئەکزەلەرەیتی زەمەن.. شیعری: عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

زوو زوو مەزەندەی فڕین دەکەم
فڕین بەنێو کتێبێکی پڕ لە وێنەی شاعیرێکی سەعلوک
فڕین بەلێوار خەیاڵی تۆزاوی قەراغ ڕووداوێک
فڕین بەنێو کێلونی دەرگای پرسە سەرەڕۆکان
چ پانتاییەکە فڕین وەختی بەباڵی عەشقەوە
شیعر..شیعر کتێب بەسەر دەکاتەوە.
چەند جوانە وەختێ خەیاڵ دەچێتە بەردەم
دەروازەی وشە غەمبارەکانی بوون
ئای لە فڕین ..چۆن مەزەندەی شیعرم دەکا بە مەززەی خۆی!.
*
هەورەکان لە ئاسمانی شارەوە زووخاویان لێ دەبارێ
دارگەڵا وەرەمی گرت
ڕووبار شیلەی ئیرەیی ڕشت
تابلۆیەکی تابڵێی غەمگین بوو هەتاو
زنجیری پانتۆڵەکەی نەبەستبوو
مانگ و ئەستێرەکان بەدزییەوە پێی پێدەکەنین.!
*
هیچ شتێک هێندەی بەفر ڕەش ناچێتەوە
وەختێ لەمەوعیدی توانەوەی خۆی دوا ئەکەوێ
تەنانەت پاسارییەکانیش کە گەروویان
بەهەناسەی مرۆڤ تەنگ دەبێ
جریوەیان خامۆش دەبێ.
*
کەس ناتوانێ ڕێکەوتنی نێوان شیعر و شاعیر تێبگات
مەگەر خەیاڵێکی چەتوون بەدزییەوە
لەپەناو کەلێنی کاتتدا گوێی لێیان هەڵخستبێ!
*
شیعرم جاران مەلێکی تەریوو بوو
تابڵێێ سەربەست و تیژڕەو بوو
هەموو ڕۆژێ بە ئاسمانی نەهامەتی هەڵدەفڕی و دەنیشتەوە
وەختێ بۆنی گوڵاوی نێو وشەی دەمی شیعرمیان کرد
باڵیان بەست و وتیان باسی سیاسەت و و سۆشیامیزم و ئازادی و تادوایی مەکە
خۆت خەریک بکە بە ئیشەوە
لەو ساتەوەی قەسیدەی پڕ ئومێدیان برد برد
هەر بە ئومێدەکانی دڵی خۆی باڵبەستیان کرد
بە شەرابی ئەشکەنجە و خەمی تەنیایی خۆی مەستییان کرد
ویستیان شیعرم بکەن بە پەند
بەڵام لە دڵی خەڵکیدا گۆرانی بۆ دادپەروەری ئینسان دەچڕێ و
وشەکانی بۆ ستەم بوو بە کۆتوبەند.

٢٠٢٢




مانگرتن و ناڕەزایەتییەکان لە تورکیا بۆ زیادکردنی کرێ و مووچە لە بەرانبەر بەرزبوونەوەی هەڵاوسانی پارە *.. و: زاهیر باهیر

نوسینی : Hassan Yildirim
19/09/2022

و: زاهیر باهیر

مانگرتن و پرۆتێستەکان بۆ کرێی زیادە لە تورکیا لەگەڵ زیادبوونی هەڵاوسانی پارە لەگەشەدایە. ملیۆنان کەس لە تورکیا لە هەژارییەکی قووڵدا دەژین و بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان لە ململانێیەکی گەورەدان، لە کاتێکدا نرخی خۆراک و وزە بە بەردەوامی لە بەرزبوونەوەدایە و هێرشکردنە سەر بارودۆخی ژیانی چینی کرێکارانیش لە زیادبووندایە.

لە مانگی ئابدا ڕێژەی فەرمی هەڵاوسانی دراوی ساڵانەی تورکیا بۆ 80% بەرزبووەوە. ڕێکخراوی ENAG کە ڕێکخراوێکی سەربەخۆی توێژینەوەیە، هەڵاوسانی دراوی تورکیای بە ڕێژەی 181% تۆمار کردووە. بەگوێرەی ماڵپەڕی ئابووریی بازرگانی، هەڵاوسانی فەرمی دراوی تورکیا لە پلەی چوارەمی جیهاندایە لە دوای زیمبابۆی، سۆدان و سووریاوە.
بەرزبوونەوەی هەڵاوسانی دراوی تورکی بەشێکە لە بەرزبوونەوەی نرخەکان لە جیهاندا کە بەهۆی چاپکردنی بەرفراوانی پارە لەلایەن بانکە ناوەندییەکانەوە لە سەروبەری پەتای کۆڤید- 19 دا لە سەرانسەری جیهاندا بۆ یارمەتیدانی سوپەر دەوڵەمەندەکان هەروەها بەهۆی شەڕی ناتۆ و ڕوسیاوە لە ئۆکرانیا خراپتر بووە. هەر ئاواش بەهۆی سیاسەتی دارایی حکومەتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارەوە کە بەرگریی لە قازانجی کۆمپانیا زەبەلاحەکان لەسەر حسابی پێداویستییە سەرەتاییە کۆمەڵایەتییەکان دەکات زۆر خراپتر بووە.
چینی دەسەڵاتدار باری سەرەکیی قەیرانەکەی بەسەر چینی کرێکاراندا سەپاندووە. لە کاتێکدا بەهای لیرەی تورکی لە دابەزیندا بەردەوامە، هاوکاتیش بەرزبوونەوەی بەردەوامی نرخی هەموو کاڵاکانیش بە تایبەت پێداویستییە سەرەتاییەکان لە بەرزبوونەوەدایە. بەم هۆکارە توانای کڕینی کرێکاران تەنانەت بە زیادبوونی مووچەشیانەوە هێشتا بە بەردەوام لە خوار هەڵاوسانی دراوەوە هەرەس دەهێنێت، تا ئەو ڕادەیەی “سنووری برسێتی” خەرجی مانگانەی خۆراکی خێزانێکی چوار کەسیی لە تورکیا زیاترە لە لانی کەمی مووچە کە لە مانگی تەموزدا بە ڕێژەی کەمتر لە 30% زیادی کردووە و گەیشتووەتە 5500 لیرەی تورکی .

کۆنفیدڕاسیۆنی سەندیکاکانی لایەنگری حکومەت، تورک-ئیس، ڕایگەیاند داهاتی حەدی هەژاریی، واتە ئەو بڕە پارەیەی دانراوە وپێوەرە بۆ ڕادەی هەژاریی، لە کۆتایی مانگی ئابدا بۆ 22 هەزار و 440 لیرە بەرزبووەتەوە و ڕادەی برسێتی (خەرجی مانگانەی خۆراك بۆ خێزانێکی چوار کەسی) بۆ 6 هەزار و 890 لیرە هەڵکشاوە.

لانی کەمی مووچە بووەتە تێکڕای مووچەی ملیۆنان کەس لە تورکیا. بەپێی راپۆرتێکی مانگی کانوونی دووەمی 2021 ی کۆنفیدڕاسیۆنی سەندیکاکانی سەر بە ئۆپۆزسیۆن، دیسک، 64%ی سەرجەم کرێکارانی تورکیا (12.5 ملیۆن کرێکار) لەسەر لانی کەمی مووچەن یان کەمێک زیاترە، هەروەها لە سەدا 70ی کرێکارانی کەرتی تایبەت مووچەیان تەنیا لانی کەمی مووچەیە.

سەرەڕای ئەوەی سەرەوە 3.4 ملیۆن کرێکار (18٪ی سەرجەم کرێکاران) داهاتیان کەمترە لە لانی کەمی مووچە، زۆرینەی زۆریان پەنابەر و کرێکاری کۆچبەرن کە ڕووبەڕووی چەوساندنەوەی دڕندانە بوونەتەوە. بەپێی راپرسییەک کە لە مانگی ئازاری رابردوودا لەلایەن جەمعییەی مافی بەکاربەرانەوە ئەنجامدراوە، لە 90%ی دانیشتوانی تورکیا لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین.

ملیۆنان کرێکار تا دێت ناتوانن سەرەتاییترین پێداویستییەکانیان دابین بکەن. لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ژمارەی ئەو خێزانانەی کە تەنها بە هاوکاری و کۆمەکی کۆمەڵایەتییانە توانیویانە پارەی کارەبایان بدەن بۆ دوو ملیۆن و 300 هەزار کەس بەرزبووەتەوە.

لە نێوان وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوی هاوکاری و گەشەپێدانی ئابووریدا، تورکیا لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا زۆرترین بەرزبوونەوەی نرخی وزەی بەخۆیەوە بینیوە. بەپێی ئاماری یۆرۆنیوز، نرخی جوملەی غازی سروشتی لە كۆمپانیای دەوڵەتی توركیا (بۆتاس) بەڕێژەی 1330% بەرزبووەتەوە. ئەم بەرزبوونەوەیە بەڕێژەی 997% لەسەر بەشی پیشەسازی و بەکارهێنەرانی، هەروەها بە ڕێژەی 216% بۆ بەکارهێنانی لە لایەن دانیشتوانەوە کارایی خۆی داناوە.
لە 1ی ئەیلولەوە نرخی غاز بەڕێژەی 20.4% و نرخی كارەباش بەڕێژەی 20% لە سەر خێزانەكان بەرزبوونەتەوە. لە کاتێکدا ملیۆنان کەس پرسیار دەکەن کە چۆن دەتوانن لەم زستانەدا ماڵەکانیان گەرم بکەنەوە. هەروەها جارێکی دیکەش لە کارگە پیشەسازییەکانیشدا غاز بە ڕێژەی 50.8% و کارەبا بە 50% زیادی کردووە، ئەمەش دەریدەخات کە بەرزبوونەوەی نوێی نرخی وزە نرخی نزیکەی هەموو کاڵاکان بە پێداویستییە سەرەتاییەکانیشەوە بەرزدەکاتەوە.
لە بەرزبوونەوەی هەڵاوسانی دراودا، زیادبوونی مووچە زۆر بە خێرایی کاریگەری خۆی لەدەست دەدات. ” لە مانگی تەموزدا لانی کەمی مووچەیان بە بڕی 1250 لیرە بەرزکردەوە . ئێمە گوتمان شتێکی باشە بەڵام دواتر هەموو شتێکی دیکە زیادی کردووە “. کرێکارێکی کانزا لە هاس چەلیک بە ڕۆژنامەی ئێڤرێنسێلی وتووە.
لەلایەکی دیکەوە، نورەدین نەباتی، وەزیری دارایی و وتەبێژی بۆرصەی بانکی تورکیا، بە شانازیی و خۆهەڵکێشانەوە دەڵێت: “سەرەڕای ئەم پێشهاتانە، کە بە دەستێوەردانی ڕووسیا لە 24ی شوبات دەستیپێکرد و بەردەوامە تا ئێستا، کە لە جیهاندا کاریگەرییەکی بەهێزی لەسەر کۆی گشتی هەبووە بەڵام تورکیا سەرکەوتنی بەرچاوی بەدەستهێناوە.” بەپێی ئامارەکانی دەزگای ڕێکخستن و چاودێری بانکی (BDDK) قازانجی کەرتی بانکی تورکیا لە شەش مانگی یەکەمدا بەڕێژەی 400% زیادی کردووە بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو و گەیشتووەتە 169 ملیار لیرە.

لەگەڵ چڕکردنەوەی دژە شۆڕشی کۆمەڵایەتیی لە لایەن چینی دەسەڵاتدارەوە و هاتنی پەتای کۆرۆنا و شەڕی ناتۆ لەگەڵ ڕووسیا لە ئۆکرانیا، ململانێی چینایەتیش چڕتر دەبێتەوە.
شەپۆلی مانگرتنە کێوییەکانی مانگەکانی یەکەمی ئەمساڵ لە مانگی ئابی ڕابردووەوە هێزی خۆی وەرگرتەوە و وزەی پێداوە. لە چوارچێوەی پەرەسەندنی ڕادیکالبوونی کرێکاراندا، کرێکارانی TPI Composite و Standart Profil توانییان کۆمپانیاکان و سەندیکاکان ناچار بکەن بە کردەوەی وۆک-ئاوت (جۆرێک لە مانگرتنی بە کۆمەڵە لە وەستان لە کارکردن، بەدەر لە خواستی سەندیکاش]، داواکارییەکانیان قبوڵ بکەن. هەروەها لە مانگی ئەیلولدا شەپۆلێکی مانگرتن و ناڕەزایەتی نوێ دەستی پێکرد. یاریدەدەری پزیشکی نەخۆشخانەکانی زانکۆ لە 15 و 16ی ئەیلولدا لە سەرتاسەری وڵات مانیان گرت، دوای ئەوەی کە لە “ڕێسای نوێی پارەپێدانی زیاتر” بەدەرکران و ئەوانی نەگرتەوە. لە وەزارەتی تەندروستی بۆ زیادکردنی مووچەی زیاتر ئەمساڵ پزیشكان و كارمەندانی تری تەندروستی لە توركیا چەندین جار لەسەر ئاستی وڵات مانیان گرتووە.
هاوکاتیش 562 هەزار کرێکاری شارەوانی بە گرێبەستی لاوەکی و وەختیی لە سەرانسەری تورکیا داوای گەرەنتی کردنی کارەکانیان بە گشتی دەکەن، واتە ببنە کرێکاری ئەو شوێنەی کە کاری لێدەکەن نەك لە ڕێگای گرێبەستییەوە. لەسەر بانگەوازی کۆمەڵەی کرێکارانی گرێبەستی لاوەکی شارەوانی (TABIB)، کرێکاران ڕۆژی یەکشەممە لە ئەنقەرە خۆپیشاندانێکیان ڕێکخست. ئەوان داوای دڵنیایی کار و هەڵوەشاندنەوەی خانەنشینی ئیجباری و زیادکردنی موچە بەگوێرەی ڕێژەی هەڵاوسانی ڕاستەقینەی دراو و وەرگرتنی پارەی پاداشتی 52 ڕۆژە دەکەن کە بە هەموو کرێکارانی کەرتی گشتی دەدرێت. تەنانەت مامۆستایانی قوتابخانە ئەهلییەکان کە بە کەمترین مووچە و بێ گەرەنتی کار دەکەن، لە بزوتندان و داوای مووچەیەکی بنەڕەتی یەکسان بە مووچەی قوتابخانە حکومییەکان دەکەن. هەروەها مامۆستایانی قوتابخانە حکومییەکان دژایەتی ” پیشەی مامۆستایەتیی/ فێرکردن بە یاسا”، دەکەن کە پابەندیان بە ئەنجامدانی تاقیکردنەوە و ملکەچی “پلیکانەی پیشە/ کار” دەکات.

پارتە بۆرژوازییە ئۆپۆزسیۆنەکان بە سەرۆکایەتی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) کە ڕەخنە لە حکومەتی ئەردۆغان دەگرن لەسەر تێچووی ژیان واتە گرانی ژیان، بەقەد ئەو پارتە دەسەڵاتدارە کە کۆنترۆڵی شارەوانییەکان دەکات، دوژمنایەتی چینی کرێکار دەکەن. لەم دواییانەدا یڵماز بویوکەرسن، سەرۆکی شارەوانی جەهەپە لە شاری ئێسکیشەهیر، ئەو کرێکارانەی کە داوای بەرزکردنەوەی پارەیان کردووە، سەرزەنشت کرد و بە “ئیستفزازیی” ناوی بردوون و هەڕەشەی دەرکردنیان دەکات.

کرێکارانی شارەوانی کادیکۆی کە لە لایەن جەهەپەوە شارەوانییەکە بەڕێوەدەبرێت لە ئەستەنبوڵ بەهۆی نەگەیشتن بە ڕێککەوتن لە دانوستانە گرێبەستییەکان کە دوو هەزار و 300 کرێکار تێیدا بەشدارن، مانگرتن دەکەن. .ئەگەر سەندیکای Genel-Is کە لایەنگر و پەیوەندیدارە بە DISK ، لە کۆتا خولەکدا نەیانفرۆشێت، ئەوە مانگرتنەکە لە دوو مانگی تردا دەست پێدەکات.

لە ساڵی 2021دا مانگرتنێک لە شارەوانی کادیکۆ بوو لە سازشێکی خراپی نێوان سەندیکا و خاوەنکاردا، سەندیکا مانگرتنەکەی فرۆشت بێ ئەوەی خودی کرێکاران بەوە ڕازی بن. لە ماوەی ئەو مانگرتنە کورتەدا، شارەوانیی گەورەی ئەستەنبوڵ کە لەلایەن جەهەپەوە بەڕێوەدەچوو و ئەکرێم ئیمامئۆغڵو سەرۆکی شارەوانییەکە کە لە لایەن پارتە ساختە چەپەکانەوە پشتیوانی لێکرابوو، هەوڵیدا بە بەکارهێنانی کرێکارانی ئیزراب شکێنی کۆکردنەوەی زبڵ و پیسایی، مانگرتنەکە بوەستێنێت.

بە هۆی فشاری سولەیمان سۆیلو وەزیری ناوخۆوە لەسەر ڕێکخراوی IBB 43 کرێکار کە بەهۆی “لێکۆڵینەوەی ئەمنی” یەوە لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە، لە ئێستادا لەبەردەم شارەوانیدا بەردەوامن لە ناڕەزایەتییەکانیان و داوای گەڕاندنەوەیان دەکەن

لە ڕاگەیاندنێکیاندا سەندیکای جێنەل- ئس سەبارەت بە دانوستانەکانی گرێبەست لە شارەوانییەکانی قەزای ئیزمیر هۆشداری داوە لەوەی کە ئەگەری هەیە لە چەند شارەوانییەک مانگرتن هەبێت. گفتوگۆ و قسەکردن لەسەر مانگرتن لە ناو 294 کرێکار لە دیکیلی، 1400 کرێکار لە بوجا، 1580 کرێکار لە بۆرنۆڤا و 1250 کرێکار لە بایراکلی بەردەوامە.
لێدوانەکانی سەندیکاکانی دیسک و جێنێل-ئیس جەخت لەسەر پێویستیی ڕێککەوتنێک لەگەڵ خاوەنکارەکاندا بەبێ مانگرتن دەکەنەوە. جێنەل-ئیس خیانەتی لە دەنگەکانی مانگرتنەکانی ئەم دواییەی کرێکاران کردووە کە دەنگیان بە مانگرتن دا لە زۆرێک لە شارەوانییەکان کە جەهەپە بەڕێوەی دەبەن؛ لە زۆر شوێندا یارمەتی سەپاندنی بەرزبوونەوەی ڕێژەیەك لە کرێ دەکەن کە زۆر لە خوار ڕێژەی هەڵاوسانی فەرمی دراوەوەیە.

ئەم مانگرتن و ناڕەزایەتیانە کە کەرتەکانی کرێکاران دەیکەن گەورەن هەمیشە بەشێکن لە بزووتنەوەی گەشەسەندوی نێونەتەوەیی چینی کرێکاران. لە هەموو شوێنێک کرێکاران ڕووبەڕووی هەمان کێشە و داواکاری بەپەلە دەبنەوە کە لە سەرمایەداری و شەڕەوە سەرهەڵدەدەن. زیادکردنی مووچەی ئاسایی بە ڕێژەی هەڵاوسانی ڕاستەقینەی دراو بۆ کۆتاییهێنان بە زێدە تێچووی ژیان. هەروەها بە نیشتمانیکردنی کۆمپانیاکانی وزە، چاودێری تەندروستی تایبەت و دامەزراوە پەروەردەییەکان لەگەڵ کۆتایی هاتنی جەنگ و خەرجییە سەربازییەکان.

خەبات بۆ ئەم داخوازییانەی سەرەوە پێویستی بە یەکخستنی هەموو کرێکاران لە شوێنی کاردا هەیە، لەسەر ئاستی نیشتمانی و جیهانی، بەبێ گوێدانە سەندیکای سەر بە کۆمپانیا و دەوڵەت. هاوپەیمانی نێونەتەوەیی کرێکارانی کۆمیتەکانی کریکاران و کارگەران (IWA-RFC) ئامرازەکانی بەشداریکردن لەم خەباتە نێونەتەوەییەدا بۆ کرێکاران دابین دەکات.
داوا لە هەموو کرێکارانی تێکۆشەر دەکەین پەیوەندیمان پێوە بکەن بۆ دروست کردنی ئەو جۆرە لیژنانە لە شوێنی کارەکانیان.
…………………

*ئەمە نوسینێکی گرنگە دەربارەی بارودۆخی ئابووری و سیاسی تورکیا کە لە ڕاستیدا ئەم زانیارانە زۆر گرنگ و دەگمەنن کە ئێمەی خوێنەری کورد لێی بێ ئاگاین .

……………..
لینکە ئینگلیزییەکەی نوسینەکەی نوسەر

https://www.wsws.org/en/articles/2022/09/20/stri-s20.html




سیاسەتی “فریوگەرایی” لەژێر پەردەی یاسادا… پارێزەر/ لوقمان مستەفا

هەمیشە هێزە سیاسیە بەرژەوەند خوازەکان بۆخۆسەپاندنیان بەسەر تاکەکان و کۆمەڵگا بەگشتی، باشترین چەک کە پەنایان بۆ بردووە فریودانی خەڵکی بووە ،چونکە بەلای ئەوانەوە” دیماگۆجی” باشترین نمونەی شیوازی کارکردنی سیاسیانەیە بۆ پاراستنی بە رژەوەندیەکانیان ،بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانیان و پاوانخوازی دەسەلاتەکانیان هەوڵێکی زۆریان خستۆتەگەرلەسەرجەم بوارەکاندادا.
گومانی تێدا نیە کە سروشتی هەرهێزێکی سیاسی دەسەڵاتدارو پاوانخواز لە دوای كۆنترۆڵكردنی داهات و سوپا ، ئەوا هەوڵ و كۆشش دەخاتەگەڕ بۆ كۆنتڕۆڵكردنی دەسەڵاتی قەزائیش. و كاتێكیش داهات و دارایی دەبێتە چەكێك بەدەست هێزێکی سیاسیەوە یاخود دیكتاتۆرێكەوە بۆ سەركوتكردن و بێدەنگكردنی ڕكابەرەكانی،ئەوە بێگومان هیچ مانایەک بۆبنەما دیموکراسیەکان و شەرعیەتی دەسەڵات لەووڵاتەدا ناهێڵێتەوە.
كاتێكیش یاسا دەبێتە چەكێك بە دەستی دیكتاتۆرێكەوە یاخود هێزێکی سیاسیەوە، ئەوا چیتر سەروەریی یاسا لە ئارادا نامێنێت. بەڵكو سەروەری بۆ ئەو یاسایانە دەبێت كە دەسەڵاتە تاکرەوەكە هەڵیان دەبژێرێت بۆ خزمەت گەیاندن بە ئامانج و مەرامەكانی خۆی.ئەو كاتە زۆر بە سادەیی یاساكانی دیكە فەرامۆش دەكرێن.
هەردوای لاوازكردنی دامەزراوەكانی دەوڵەت، پرۆسە سیاسییەكە دووچاری قەیران دەبێتەوە و نوخبەی سیاسی وڵاتەكە كۆنتڕۆڵی سەرچاوەكانی داهاتی دەوڵەت و دامەزراوەكان دەكات و بەكاریان دەهێنێت بۆ مانەوە لە دەسەڵاتدا. ئەمەش وادەکات تاڕاددەیەك بوونی دەسەڵاتی شكستخواردوو زەمینە خۆش بكات بۆ سەرهەڵدانی ڕژێمی خۆسەپێنی و دیكتاتۆری و ڕاکێشانی قەیرانەکان یەک بە دوای یەکدا.
چونکە هەموو دەسەڵاتێکی شكستخواردوو ئەگەری ئەوەی لێدەكرێت بارودۆخێكی نائاسایی بهێنتەئاراوە: شەڕی ناوخۆ، قەیرانی ئابووری، دەستێوەردانی دەرەكی، و…. هتد. هەلپەرستە سیاسییەكان دەتوانن لە هەموو شێوە و بەرگێكدا دەركەون وەك فریودانی خەڵک و خۆچەواشەکردن، یان وەک سەرکردەیەکی شەرانگێزی شەڕ. لە زۆربەی حاڵەتەكاندا،ئەم تاكە كەسانە ئەگەری ئەوەیان لێناكرێت ببنە كەسانێكی دیموكرات،بەڵکوبە پێچەوانەوە دەبنە کەسانێکی هەلپەرست وخۆسەپێنەر بەسەرکۆمەڵانی خەڵکەوە. بۆ ئەوەی شوێن پێی خۆی زیاترتوندوتۆڵتر بکات پەنادەبات بۆسیاسەتی” دیماگۆجی” هەڵخەڵەتاندنی خەڵک ،بەقسەی بریقەدارو وادە و بەڵێنی ناراست وفریودانیان بەکردنی ووڵات بەبەهەشت ،رشتنی فرمێسکی تیمساحی بۆنەهامەتیەکانیان و….هتد .
بۆروون کردنەوەی زیاتری واتای ئەم چەمکە(دیماگۆجی) بە هەلخەلەتاندن یان خەلک فریودان لێکدراوەتەوە ..دیماگۆجی بەو سیاسەتی فریودانە دەڵێن کە لە ریگەی بەڵێن و دروشمی بریقەداروو درۆوە چاو بەستیان لێ دەکرێت،جەندین پیناسە کراوە بۆ ئەم جەمکە ،ئەو کەسانەی هەوڵ دەدەن بە درۆو فشاڵ خەلک بۆلای خۆیان رابکیشن و راستی لەبەر جاوی خەلک بشارنەوە بەناوبانگترین ئەو پیناسەیە کە رەخنە گرو کۆمەلناسی ئەمریکی (مێنکن )کردویەتی دەڵێت:
کەسی دیماگۆ ئەو کەسەیە کە ریبازێک دەگریتە بەرو خودی خۆی دەزانیت گێل و نەفامن )کەواتا سیاسەتی دیماگۆجی لەسەر بنەمای درۆ و بەلێنی بەتاڵ دادەرێژریت.
زۆرجار ئەوهێزەسیاسیە لەگەڵ ئەوەی خەڵکی چەواشەدەکات وبەفێڵ وتەڵەکەبازی فریوی دەدات ،بەجۆرێک لەجۆرەکان غروور دەی گرێت وخۆێ وشوێن کەوتوانیشی چەواشەدەکات.
هەربۆیەزانایانی بواری زانستی سیاسی بە دماگۆجیەتی بزووتنەوەی پۆپۆلیستی ناوزەندیان کردوەو بە پێناسەیەکیش جیاوازیەکەیان روون کردۆتەوە ،جیاوازی نێوان ( دیماگۆگی و پوپولیستی )ئەوەیە، دیماگۆگی مەبەستی چەواشە کردنی خەڵکانی دیکەیە ،بەڵام بزوتنەوەی پوپولیستی خۆدی خۆی چەواشە دەکا!.
بە داخەوەلەواقعی ئێستای هەرێمی کوردستاندا ھەردوو حاڵەتەکە ھەست پێ دەکرێت، لە ململانێ ناوخۆییەکاندا بەتایبەت بەروونی ئەم حاڵەتە دەگوزەرێت ،تەنها زەرەر مەندی سەرە کیش کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە کەبە ئاشکراسیاسەتی دیماگۆجیانەیان بەرانبەر دەکرێت و یاری بە چاەونوسیانەوە دەکرێت.




شه‌ش شیعری سامی شۆڕش

كە فەرهاد ئەدوێ

شیرین منە،
منیش نە مەرگم.. نە ژیانم،
نە درووستبوونم.. نە ڕووخانم،
من شیرینم،
شیرینیش وەك چەپكی هەتاو
كە ئەیگرن نایەتە دەست.
كاتێ بەڕەڵڵاشی ئەكەن
لە لەپی دەست نابێتەوە.
* * *
دەنگ.. دەنگدانەوەی خۆی هەیە!
ڕەنگ.. ڕەنگدانەوەی خۆی هەیە!
شیرین.. فەرهادی خۆی هەیە!
فەرهاد.. شیرینی خۆی هەیە.

  • گۆڤاری بەیان، ژمارە (8) 1973.

سووتانی خوێنێكی گەڕۆك

وەك فەرهادێ
قوڵنگم سواری ڕەشەبای زام كردووە،
بێستوونم داوەتە پشت و
(شیرین لە كوێی؟
كام گۆمی مەنگ قووتی داوی؟
كام غەریبی ڕێگای دڵت دەشواتەوە؟
شیرین لە كوێی؟
كەی شیر و هەنگوینت بەناو
جۆگەلەكانی ئەم شارە ئەڕواتەوە؟)
وەك فەرهادێ،
وەك چۆڕە خوێنێكی گەڕۆك
برینی خۆم ون كردووە.
(شیرین لە كوێی؟
خەڵكی ئەم شارە لە زمانی خوێن تێ ناگەن!
خوێن بەسووتوو دائەپۆشن!
شیرین لەكوێی؟
كەی سواری جوانە ماینی گەڕانەوەی
ئەستێرەی بەربەیان ئەبی؟
تا لە فەرهەنگی سنگتا
خەڵكی فێری ئەشق بێت و لە زمانی خوێن تێ بگا؟)
وەك فەرهادێ،
پر بەگەرووی قوڵنگەكان هاوار ئەكەم:
(شیرین لە كوێی؟
شیرین دادێ… دادێ… دادێ!)

  • گۆڤاری نووسەری كورد، ژمارە (7) 1973.

دەست

تۆ ئەو دەستەی
هەركە كەوتم
لە خاك گیر ئەبیت و دیسان بەرزم ئەكەیتەوە،
ئەو هەڵبەستەی
شەوان دڵی خەفەتبارم ئەدەیتەوە،
خۆشم ئەوێیت.
خۆشم ئەوێیت و ئەزانم
بۆ كام ئەنجام ئەهێنیت و ئەمبه‌یتەوە،
خۆشم ئەوێیت.
چونكە گیانە تۆ ئەو دەستەی هەركە كەوتم
لە خاك گیر ئەبیت و دیسان بەرزم ئەكەیتەوە.

  • گۆڤاری ڕۆشنبیری نوێ، ژمارە (10) 1974.

تۆ ئەو خاكەی منی جۆگە ئەخۆیتەوە و تێرت ئەكەم

تۆ چڵ ساڵە هەم دەردیت و هەم دەرمانیت،
تۆ چڵ ساڵە هەم خەنینە، هەم گریانی.
تۆ چڵ ساڵە لە دەریای بێ سەروشوێنما
هەم شەویت و هەم بەیانی،
ئاخ! ئەو داسەی لە بەینی هەردوو پێڵووما
چڵ ساڵە فێری هەڵپەڕكێ و شان بادانی.
فێرت كردم.
كە شەو تاربێ.
سواری تریفەی مانگ بم و بێمە ژوانت،
كە شەو سارد و تەزرەدار بێ
بێمە ناخی ئاگردانت،
فێرت كردم.
لە ئاقاری مەرگی خۆما فێرە ڕاو بم
خۆم نێچیر و خۆیشم داو بم.
(ئێوە فەرهەنگێكی لەنگن
ناهێڵن فێری زمانی یارەكەم بم.
ئێوە چرا كوژانەوەی ئێوارەیەكی درەنگن
ناهێڵن شێوەی یارەكەم بناسمەوە.
بۆ ناهێڵن؟
بۆ نێوانی دڵی من و دڵی یارە نازدارەكەم
بەهەوجاڕی ڕق ئەكێڵن؟
بۆ بەغارغارێنی ئەسپی سەرشۆڕیتان
خوێن و خۆڵی ڕێی ئاواتی گەردنی یارم ئەشێلن؟
خێڵی شوومن!
تف لەبەر پێی خۆتان ئەكەن!
خێڵی شوومن
هەر لە دەریای تفی خۆتانا ئەخنكێن!)
گیانە كێ وەك من بەری پێت گوڵڕێژ ئەكا؟
كێ وەكو من ئەتباتە سەیرانی باغچەی بەرخوێنی خۆی؟
كێ وەكو من خەم ئەكاتە بەردەباز و تۆ بەسەریا بێیت و بڕۆی؟
گیانە كێ وەك من برینی خۆشەویستیت
بەهەتوانی مردنی خۆی ساڕێژ ئەكا؟
چڵ ساڵە وەك داوە خوێنی
بەلالێوی عێراقەوە دێمە خوارێ و ناگەمە خاك،
چڵ ساڵە وەك قومە ئاوێ
جۆگە دەمداتە دەست جۆگە و ناگەمە ڕووبارێكی پاك،
(بۆ ناهێڵن بگەمە خاك؟
بگەمە یار؟ بگەمە ڕووبارێكی پاك؟
بۆ ناهێڵن، بۆ، بۆ، بۆ؟)
تۆ ئەو چڵوپۆپ بڕینەی
ڕەگ و ڕیشەم قایم ئەكەی،
خۆشم ئەوێی
تۆ ئەو هەڵمەی لە خوێنمەوە هەڵدەستیت و
بەسەر دڵما نمەی بارانت دائەكەی،
خۆشم ئەوێی
(خێڵی شوومن
تف لەبەر پێی خۆتان ئەكەن
هەر لە دەریای تفی خۆشتانا ئەخنكێن!)
تۆیش ئەو خاكەی
منی جۆگە ئەخۆیتەوە و تێرت ئەكەم
تۆیش ئەو داسەی لە بەینی هەردوو پێڵووما
بە هەڵپەڕكێ و بەشان بادان فێرت ئەكەم،
خۆشم ئەوێی!

  • ڕۆژنامەی برایەتی، ژمارە (12) 21/1/1974.

هەڵسانەوە

بە هەندرێنی كورد بڵێن!
هەزارەها گوریسە خوێن بە تۆ ئەمانبەستێتەوە.
بە سیروانی دەربەدەری بیابان بڵێن
بۆ هەر كوێیەك فڕێت بدەن
هەزارەها سەرچاوەی ڕوون بە تۆ ئەمانگەیەنێتەوە.
بە هەندرێنی كورد بڵێن!
بە كێو و دەشت و دەر بڵێن
بە هەتاو و سێبەر بڵێن
بە تفەنگ و خەنجەر بڵێن!
بە كەلاوەی سەنگەر بڵێن!
ڕۆژێ دادێ
ڕەشەبا بەردەركی سەرای سلێمانی ئەگرێتەوە.
رۆژێ دادێ
هەوری سووری شۆڕش ئەجمێ و
پێشمەرگە هەڵ ئەستێتەوە.
بەهەندرێنی كورد بڵێن!
قەت كێو بە كێو ناگا، بەڵام
ئێمە بە تۆ ئەگەینەوە.

  • گۆڤاری نووسەری كوردستان، ژمارە (5) 1982. (………)

نووكی قەڵەم بخەرە ناو مەرەكەبی بیابانەوە

لەسەر گەڵای بەخوێن تەڕی درەختەكانا بنووسە:
ئەم زەمینە
كە هەر ئەڵێی لۆكەی تەڕی سەر برینە،
ئەوەندە بارانی مەرگی پیا باریوە.
ئەوەندە لافاوی خوێنی تیا هەڵساوە.
لە هەر لاوە
نووكی قەڵەم بخەیتە ناو
دەشت و شاخ و خڕێ و بیابان و دەریاوە
تكەی خوێنی ئەم زەمینە
كە هەر ئەڵێی
لۆكەی تەڕی سەر برینە،
بۆمان ئەبێ بە مەرەكەبی هۆنراوە.

  • گۆڤاری نووسەری كوردستان، ژمارە (5) 1982.



گرنگیی شیعر لە کتێبی پڕۆگرامی خوێندندا.. ڕۆسته‌م خامۆش

شیعر، ئەو ژانرە گرنگ و ناسک و جوان و هەست بزوێن و پڕ لە سۆز و چێژبەخشەیە، کە پانتاییەکی فراوانی لە نێو ئەدەبیاتدا داگیرکردووە و گه‌یشتووه‌ به ‌ترۆپك. لە ئەدەبیاتی منداڵانیشدا، شیعر هەر پلەی یەکەمی وەرگرتووە و پێگەی تایبەتیی خۆی هەیە و زیاتر لە ژانرەکانی تر نووسراوه‌.

بۆیە ده‌مانه‌وێ باس لە گرنگیی شیعر و ئەدەبی منداڵان بکەین کە لە کتێبەکانی پڕۆگرامی خوێندندا شوێنی بۆ کراوەتەوە و دەخوێنرێ و تا ڕادەیەکی باش بایەخی پێدراوە، بەڵام ڕەنگە وەک پێویست نەتوانرابێ باشترینی ئەو شیعرانە بخرێنە نێو کتێبەکان کە تایبەت به‌ جیهانه‌ پاک و جوانه‌كه‌ی منداڵان نووسرابن، بەڵام دانانی شیعر لە کتێبی خوێندنی قوتابخانەدا، كارێكی زۆر باش و ژیرانه‌یه‌.

وڵاتانی پێشکەوتوو سوودیان لە ئەدەبی منداڵان وەگرتووە بۆ پەروەردە و فێرکردن، چونکە ئەدەبیاتی منداڵان هاوکات لەگەڵ پەروەردە و فێرکردندا، دەتوانێ ڕۆڵ و کاریگەریی خۆی هەبێ له‌ به‌ره‌و پێشبردنی په‌روه‌رده‌دا، چونکە خاڵی هاوبەش لە نێوان ئەدەب و پەروەردەی منداڵاندا هەیە، هەر وەکو دەبینین لە کتێبی خوێندنەوەدا، لە پۆلی یەکەمی بنەڕەتییەوە هەتاکو قۆناغی ئامادەیی، شیعری تێدا جێکراوەتەوە و بووە بە وانەیەکی گرنگ و سوودبەخش و چێژبەخش، به‌ڕاستی ئەوانەی بیریان لەوە کردووەتەوە کە شیعر بخرێتە نێو کتێبی پڕۆگرامی خوێندن و وەکو وانەیەک بخوێنرێ، دەڵێین به‌ڕاستی ئەو کەسانە شارەزا و ئاوەزمەند و ڕۆشنبیر بوون، چونکە زانیویانە شیعر، جگە لەوەی قوتابیان، وەک وانەیەک دەیخوێنن و سوودی لێ دەبینن، حەزی خوێندنەوەشیان زیاتر ده‌كات و لە بیریشیان ناچێتەوە. بۆ نموونە: ئەو شیعرانەی کە لە قوتابخانەدا خوێندومانن و ئەزبەرمان کردوون، زۆربەمان دوای تەواوکردنی خوێندن و بەڕێکردنی تەمەنێکی زۆریش، هێشتا هه‌ر لە هزرماندا ماونه‌ته‌وه‌. بۆیە پێویسته‌ ئه‌م بابه‌تە بە گرنگ بزانرێ و قسەی زیاتری لەسەر بکرێ. بە بۆچوونی من، وا باشه‌، لە دۆخێکی ئارام و کاتێکی گونجاودا، پێداچوونەوەیەکی ورد و زانستیانە بکرێ بۆ ئەو شیعرانەی، کە لە ئێستادا وەکو وانە دەخوێنرێن، ده‌بێ شیعرەکان لە بازنەی ئەدەبی منداڵاندا بن و زۆر به‌ وردی ڕەچاوی تەمەن و قۆناغه‌كانی خوێندن بکرێ. بەڵێ پێویستە: (کەسانێکی ئەدەبناس و دەروونناس و شارەزایان و پسپۆڕانی بواری پەروەردە)، پێداچوونه‌وه‌یان بۆ بكەن و ئەو جۆرە شیعرانە جێیان بکرێتەوە و دابنرێن، کە بە شێوازێکی سه‌رده‌میانه‌ منداڵانیان پێ پەروەردە ده‌کرێن و هانیان ده‌دەن بۆ: (ژینگەدۆستی و چاکەخوازی، هاوکاری و پێکەوەژیان و ته‌بایی، ئاشنا كردنیان به‌ به‌ها باڵاكان و ڕه‌وشته‌ جوانه‌كان، نیشتمانپەروەری و ئه‌مانه‌تپارێزی، ڕاستگۆیی و دەستپاکی، خۆشەویستی و لێبوردەیی.

ڕۆسته‌م خامۆش – هه‌ولێر




بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا…٣٥… شەماڵ بارەوانی

بەشی سی و پێنج/

هەی داکی خێوت بگێم، دەتەوێ بە مەلای وەبدەیت؟

پێشووتر ئاماژەم بەوەکرد کە سەردەمی فەقێیاتیم دوو ساڵی لە دەڤەری کەندێناوە و نزیک دیبەگەی، لە دێیەک مەلا بووم.
ئەوە مانگی ڕەمەزانێ بوو، کارەبا نەبوو، ئەمەش لە ناچاری و بە لایتی نوێژی تەراویح و عیشامان لە حەوشەی مزگەوت دەکرد.
نوێژخوێنان و ئامادەبووانیش لە دووی من، عەیب نەبێت، ڕێزەک پیاو و ڕێزەک ژن بوون.
جائەو گوندە مەنبەعی مار و دوو پشک و جانەوەر و زیندەواران بوو.
ڕۆژەک چوومە تەوالێتی مزگەوتێ، کو دۆخینی شەڕواڵەکەم کردەوە و دانیشتم ،هەر هێندەم زانی، شتەکی قەوی عەیب نەبێت وەکی سۆندەی بوو، لە ئاسمانێ کردی شرپ و کەوتە پێشم.
وەی باوکەڕۆ کە ترسام، سەیرم کرد ماره، حەزرەتی غەوەس هاوارە.
زانیم کو ڕۆشتمە (تەوالێتی) و دانیشتم، بەڵام نەمزانی کو هەستامەوە و ڕامکردە دەرەوە.
بێ ئەوەی دۆخین ببەستەمەوە، خوا پەنامان بدات، کوو دانیشتم ، هەر وا ڕامکردە لۆ دەرێی و ناو حەوشەی مزگەوتێ.
هەرباش بوو، وەختی نوێژان نەبوو و کەس لەوێ نەبوو.
ئەو دێیە، بێتام دووپشک و ماری زۆربوون.
لە ترسی دووپشک و ماران، قەرەوێڵەکیان لۆ هینابووم و ژوورەک لەناو حەوشەی مزگەوتەکە هەبوو، وەکو مەخزەن بەکاریان دێنا، من لەسەر بانی ئەوێ دەخەوتم.
هەموو بەیانیەکش کە دەهاتمە خوارەوە، جارێ هیچم نەدەکرد، هەتا دوو سێ دووپشکم لەژێر کومباری مزگەوتێ نەکووشتبا.
بەسەرهاتکێتریشم لەگەڵ دووپشک دا، لەو دێیە هەیه.
ئەوە شەوەکی نوێژی شێوان و تەراویح بوو من پێشنوێژیم بۆ دەکردن و ژن و پیاوەکانیش لەدوام بە دوو ڕێز وەستابوون.
دیقەتم دا دووپشکەکی ڕەش و قەڵە و زل، وا خەریکه بەرەو ڕووم دێ.
وەختابوو لەترسان دەستنوێژم بەتاڵ بیتەوە.
لە دڵی خۆم کەوتمە تەکبیر و ڕایێ و گوتم: چیبکەم ئەی هاوار! ڕابکەم حەیام دەچێت، بەردەوام بم دەستنوێژم دەشکێت.
خودایه هەر خۆت فریام کەوەوە.
مام(ک) هەبوو، لە ڕیزی یەکەم بوو و دیاربوو ئەویش دووپشکەکەی دیتبوو.
نەعلەیەک لەوڵاتر بوو، خێرا دەستی دایە و بەرەو دووپشکەکە غارییدا و گوتی ئەها دووپشک! هەی داکی خێوت بگێم، دەتەوێ بە مەلای وەبدەی.
دوو پشکەکەی کوشت و گەڕاوە ناو نوێژ و هەموان دامانە قاقای پێکەنین و دووبارە نوێژەکەمان دابەستایەوە.