دوا مانیفێستی من.. شێرزاد حەسەن

‘دەسپێکی درامای راپەڕین و تراژیدیایەکی نەبڕاوە’

+دوای سڵاڤ و رێز .. بە بێ زێدەڕۆیی لە دوای چەند ساڵێکی کەم و لە ناوەراستی نەوەدەکان و گەرمەی دڵگەرمی و جۆش و خرۆشی ‘راپەڕین’ی خەڵکانی باشووری کوردستان/١٩٩١، کە لە میانەی ئەو رۆژگارەدا و لە پەراوێزی ئازادییەکی داپۆشراو بە تەم و مژ و ئاراستەکراو بەهرەمەند بووین، پەیدابوونی کەناڵەکانی راگەیاندن و ماس-میدیایەکی سەرەتایی و سادە و کەم ئەزموون و فشۆڵ، کە وایکرد هەر حیزب و گروپ و کەسانێکی دەسترۆیشتوو و هەم دەستەڵاتدار کەوتنە راگەیاندنی بیر و بۆچوونەکانی خۆیان سەبارەت بە خودی راپەڕین و ئاکام و دەرهاوێشتە و جوانییەکی زۆر و زەوەند کە زێدەڕۆیی تێدا بوو، بەڵام بە کەمترین پەردە هەڵدانەوە لەسەر ناشیرینییەکانی ئەو رۆژگارە و لە پاڵ شآردنەوە کەموکورتییەکانی، لەسەر ئاستی رامیاری و ئابووری و کۆمەڵایەتی، لەوساوە تاوەکو ئێستا و بەردەوام هەفتانە و مانگانە کە دەکا پتر لە (٢٥) بیست و پێنج ساڵی رەبەق؛ جۆرەها کەس پەلاماریان داوم و هەراسانیان کردووم، لەسەر ئاستی زارەکی و راگوزەری و رۆحی و هەم تۆمارکراو بە دەنگ و بە نووسین، بە تایبەتی دوای پەیدابوونی تێکنۆلۆژیای کۆمیونیکاسیۆن و پەیوەندگیری و ڕایەڵەکان و پردی پەیوەندی ئاسانی ‘دیجیتاڵ’ ، بە ناوی راستەقینەی خۆیانەوە بووبێت یان خوازراو و نادیار، کە هەندێکیان بانگخواز و ئەندامی کارا و دەستڕۆیشتووی حیزبە ئیسلامییەکان بوون تا دەگات بە هەرزەکارانی مەزهەبزەدە و فەریکە دیندار، هاوکات غەیرە ئیسلامیشی تێدەکەوێت، جا چ خۆیان بە چەپگەرا یان ڕاستڕەو بزانن، یان فەریکە ناسیونالیستی دەمارگیر بووبن، کە دیارە رەخنەی من پتر لەو حیزبانە بووە کە خۆیان بە سێکیولار/ عەلمانی و ناسیونالیست و دایک و باوکی نەتەوەگەری و کوردایەتی زانیوە، یان ئۆپۆزسیۆنی خەونفرۆش و چەواشەکار، کە بە رەهایی جێگەی پرسیار و گومانی من بوون، بگرە سەرچاوەی مەینەتی بوون و شکستی خەونی ‘راپەرین’یان تۆمار کردووە، لەسەر ئاستی رامیاری و ئابووری و کۆمەڵایەتی…هتد.


زۆرینەیان کەسانی داخ لە دڵ و ناحەز بە بیرکردنەوەی من کە سەر بە چین و توێژ و ئایدیۆلۆژیا و مەزهەبی جیاواز بوون، هەندێکیان بێلایەن کە سەر بە هیچ گروپ و حیزبێکی سیاسی نین، بەڵام ناحەز و دژن بە وتار و نووسین و ئەدەبیات و دیبەیت و لێدوانەکانی من بوون، کە سەبارەت بە گرفت و ئاریشەکانی رامیاری و ئابووری و کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و کایە جیاوازەکان بوون، کە هەر هەمووی پەیوەست بوون بە چالاکی مرۆیی لەسەر ئاستی هەر هەموو کایەکاندا، کە بەردەوام لە رێگەی کەناڵەکانی ماس-میدیای دیجیتاڵ و تۆڕی کۆمەڵایەتی و ئامرازەکانی کۆمیونیکاسیۆن جنێوی سووک و هەڕەشە و گوڕەشە دەنێرن کە گوایە من سەر بە تابووری پێنجەمم و کەسێکی نەتەوەپەرست نیم وەک ئەوان تا ئەندازەی ناساندنم وەک کەسێکی نا-نیشتمانپەروەر، هاوکات ژمارەیەکی بەرچاو لە مەزهەبزەدکان من بە خودانەناس و بە دژی ئایینی ‘ئیسلام’ و تێکدەری بونیادی کۆمەڵایەتی دەناسێنن، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە کامە ئیسلام؟ ئیسلامەکەی ‘ئیبن حەنبەل، یان “ئیبن تەیمییە” یان “ئیبن ئەلقەییم”، یان “فارابی” و “ئیبن روشد”، یان ‘حەلاج’ و ‘سەهرەوەردی’ یان رێبازی ‘وەهابیزم’؟ سەرزەنشتی ئەوەم دەکەن کە ئەوە منم سڵ ناکەمەوە لە درکاندنی روانین و بڕواکانی خۆم کە گوایە هەست و نەستی موسڵمانان بریندار دەکەم، کە من وای دەبینم کە هەق نییە ئەوان ئەوەندە قیچکە تەنگ و دڕدۆنگ بن، ناکرێت ئیمانیان وا تەنکۆڵە و لەرزۆک بێت، بەڵکو ئەوەیان پێچەوانەکەی راستە کە ئەوان هەست و نەستی من بریندار دەکەن کە بێ پرسیار و گومان داگیرکەرانی خۆیان دەپەرستن!


  • بڕواداری کوێرانە:
    ئینجا لەبەرچی؟ ئاخر ئەوان کە خودایەکی مەزن و پێغەمبەرێکی خاتەم و ‘قورئان’ێکی تەقەت هەڵگیراویان هەیە کە لە ئەزەلەوە لە )لەوحی مەحفوز- اللوح المحفوظ -/ تۆمارێکی تەقەت پارێزراو( بووە. ئەگەر ئەوان ئایین و ئیمانێکی وا تۆکمەیان هەبێت کە ژمارەکە لە ملیارێک و نیو تێپەڕیکردووە. ئاخۆ چۆن بە چەند گومان و پرسیارێکی من شلوێ و شێلوو دەبن و دەمارگیرانە بەرپەرچی من دەدەنەوە، نەک بە دیالۆگ، بەڵکو بە زمانی تانە و تەشەر و ناو و ناتۆرە بەخشینەوە، ئەوەیان جۆرە زمانێکە کە هی گفتوگۆ نییە!
    ئەوان هەقە لە خۆیان بپرسن کە ئەگەر خودی سروشتی داهێنەر و خوڵقێنەر یان “خودا” خۆی منی دروست کردبێت و ئاوەز و دەماغێکی پێبەخشیوم و رێگای داوم بیر بکەمەوە و قسان بکەم و تا هەنووکە خودی “زاتی ئیلاهی” نەهاتووە دەمم دابخات و کەڕولاڵم بکات یان بمکوژێت و مەحفم بکاتەوە، کە ئەم رستە و دەستەواژانە، لە پاڵ تەغارێک لە ئەدەبیاتی سووکایەتی پێکردن کە هی سەر زاری ناحەزەکانی منە کە بێشومارە، کە من بە ناحەزیان نازانم، بەڵگەش ئەوەیە کە من تاوەکو ئێستاکێ بە یەک رستەش بە هەمان زمان و مێتۆد کاردانەوەی نەرێنی و نێگەتیڤم نەبووە، بەڵکو خودی کتێبەکانم و کۆڕ و سێمینار و دیبەیت و ئەم مانیفێستەم بۆ خۆی وەڵامێکی شارستانییە کە دوای (٣١/ سیی و یەک) ساڵ هەراسانکردن کە بە جۆرەها شێوە لەکەدارم دەکەن، کەواتە ناکرێت رستەیەکم بۆ ئەوان نەبێت، خۆ ئەگەر بە زمانی لۆژیک و خوێندەارانە، وەڵامی ئەم مانیفێستەم بدەنەوە، ئەوسا منیش قسە و گوزارشتی خۆم دەبێت!

هەڵبەتە نەوەیەکیش پەیدا بوون کە بە هەزارەهایە و زمانی عەرەبی نازانن و هەر بە سیڵەی رەحم و هاوخوێنی و وەک میراتگری داپیران و باپیران موسڵمانن، کە هیچ هونەرێکی تێدا نییە، بێجگە لە فاکتەری مێژوویی، فاکتەری جوگرافیاش هەن کە دەستیان هەیە لە دەستنیشانکردنی مەزهەب و ئایین و ئایدیۆلۆژیای هەر تاکە کەسێک لەسەر زەمین، کە ئەگەر لە هەرێمی “تبێت/ تەیبت ” لە دایک بوونایە، دەبوون بە ‘بوودیست’ و “گواتما بوودا”یان بە پێغەمبەری خۆیان دەزانی، “دالای لاما”ش بە رەهبەری دینی و رۆحانی، یانژی خوانەناس و نادیندار دەبوون کە لە هەر حەوت کێشوەرەکەدا هەن و بە ملیۆنەهایە کە هیچ ئایینێکیان نییە، بە خۆڕسک یان بە هەڵبژاردنی خۆیان هیچ ئایین و مەزهەبێک ناخوازن، یاسا و رێساش پشتگیریان لێدەکات، کە لە هەندێك کۆمەڵگا و وڵاتدا رێژەکە دەگاتە پەنجا دەر سەدی کۆی وڵاتەکە، چ زۆر و چ کەم، ، بیر لەوە بکەنەوە کە بیرمەند و نووسەر و مێژووناسێکی وەک “یوڤان نوح هەراری” بڕوای وایە کە مرۆڤ بەر لە ( ٧٠٠٠٠/ هەفتا هەزار ساڵ) لەمەوبەر زمانی پژاوە و هێدی هێدی فێری زمان بووە، رێک هەر وەک منداڵێکی پێڕەوگە، ، کەواتە لە دێر زەماندا بۆ هەزارەها ساڵ مەردمگەل هیچ ئایینێکی نەبووە و نەناسیوە و بە بێ کتێبی پیرۆز و ئاسمانی ژیاوە، بە بەڵگەی ئەوەی هەر سێ ئایینە ئاسمانییەکە تەمەنیان لە چوار هەزار و سەد و هەفتا و دوو زیاتر نەبووە، بە گوێرەی زانیارییە بڵاوکراوەکان کە دیارە خودی مێژوو بەروار و ژمارەی جیاوازمان دەداتێ کە لە پێنج هەزار ساڵ تێپەڕ ناکات، کەواتە خودی یەزدان و پەیامبەرەکان و هەر سێ کتێبە بەناو ئاسمانییەکان بوونێک و مەخلووقاتی زمانەوانین و بەس!.

هەڵبەتە ژمارەیەکی بێشوماریش هەن لە خەڵکی خۆمان کە ناشزانن ناوەرۆکی ئەو ئایینەی کە ئەوان پەیڕەوی لێدەکەن لە چی دەدەوێت، هەموو تێگەیشتنەکەی ئەوان لەسەر زاری ژمارەیەک لە پیاوانی مەزهەبزەدە و شێخ و مەلا و کەهەنوت و حاخام و قەشە و کاهین و ئاخوندەکانەوە سەرچاوە دەگرێت، کە لەسەر مینبەرەکانەوە بە فەرمی و نافەرمی خۆیان بە وتەبێژ و پارێزەر و زمانحاڵی ‘خودا’ دەزانن بێ ئەوەی بتوانن بێنە پای دیالۆگ و لۆژیک و گفتوگۆیەکی زانستی و شارستانیانە.


+مەرگی دیالۆگ:
هەڵبەتە ئەمن بە درێژایی ژیانم وەڵامی تەکفیر و تەخوین و تەجریم و تەجریح و هەڕەشە و گوڕەشەی ئەو مەردمگەلەم نەداوەتەوە کە مەزهەبزەدە بن یان ئایدیۆلۆژیستی توندڕەو کە دەکرێت ناسیونالیستی بێ پەیام بن، یان خۆ بە چەپگەرا و ڕاستڕەو، چونکە هیچ جوانی و رێزێکی تێدا نابینم بۆ دیالۆگێکی کراوە، کە بە گشتی دیبەیت و دەمەتەقێی شارستانی بۆ هەزارەها بۆتە مەحاڵ کە دەتوانم ناوی بنێم ‘مەرگی دیالۆگ’ دەنێو ئەم دەڤەرەی خۆمان و زۆربەی وڵاتانی ‘خۆرهەڵاتی ناوەراست’؛ نە لەناو خانەوادە و ماڵ و نە لە مەکتەب و نە لە مزگەوت و نە لەنێو حیزبە چەپڕەو و راستڕەو و مەزهەبگەراکانیشدا دیبەیت و گفتوگۆی بەرهەمهێن دەگمەنە؛ دیالۆگێک بە مەرجی رێزگرتن لە جیاوازییەکان ئەستەم بووە، کە دیالۆگیش نەما؛ جەنگ و ناکۆکی نامرۆیانە و کینەبازی جێگەی دەگرێتەوە کە ئاکامەکەی ئەم کوشتارگا و قەسابخانەیە بەرپا دەبێت کە ‘رەشهەڵاتی ناوەراست-ی’ لە خوێن و ئارەقە و فرمێسک گەوزاندووە، لەو لاوە “دەریای سپی ناوەراست” بۆتە گۆڕستانی گەنجانی سەرهەڵگرتوو کە کۆچ و ڕەوێکی بێ وچان بەردەوامە کە من ناوی دەنێم “دەریای سووری ناوەراست” کە لە دێرزەمانەوە لە ئاسمان و سەرزەمینی ئەم جوگرافیایە خوێنبارانە و وشکی ناکاتەوە!


پێویستە ئەو راستییەش بدرکێنم کە پارادۆکس و موفارەقە و تەوسەکە لەوەدایە کە ئێمەی کوردگەل بە بێ خوێندنەوەی مێژووی سەرهەڵدانی ئیسلام و هۆکارەکانی؛ ئەم ئایینەمان وەکو خۆی وەرگرتووە کە کۆی ئەدەبیاتی دینی و میراتەکە زادەی مێژووە، بە ژمارە کەمن ئەوانەی کە بە چاوێکی رەخنەگرانە و عەقڵانییەوە شەن و کەویان بۆ کردبێت، بەلکو پشتاوپشت و نەوە دوای نەوە وەک میراتێکی پیرۆز پێشوازیان لێکردووە و بە ‘دۆگماتیزم’ کۆتایی هاتووە کە دەکا وشکە بڕواداری و سەهۆڵبەندانی عەقیدەیی بنبەست.
لێرەدا من نێونیگا و روانینی “ئیبن راوەندی: ٨٢٧-٩١١”ی زایینی بە نموونە دێنمەوە کە بیرمەندێکی رەخنەگر و سەرسەخت بووە، کە چەندەها جاریش لەسەر زمانی بیرمەند و نووسەرانی دیکەشدا دووبارە و دە بارە کراوەتەوە، کە دەفەرمووێت، ” ئەگەر ئەم ‘قورئان’ە بە زمانی کوردی بهاتبایەتە خوارەوە، مەحاڵ بوو یەک عەرەب-زمان ئامادە بووایە موسڵمان بێت و پێشوازی لێبکردایە!” دیارە هەمان رەتکردنەوە بۆ فارس و تورکەکانیش راستە کە خودی کتێبە پیرۆزی و ئاسمانییەکە فەرامۆش دەکرا> گەر بە زمانی کوردی بووایە!
کە دیارە لەودیو ئەم قسەیەوە دونیایەک راز و نیازی تێدایە کە پڕە لە تانە و تەشەر و لاقرتێ و کاڵفامی بۆ ئێمەی کورد، کە بە هەق دەبوو ئێمە خۆمان خاوەنی ئەو گومانەی ”ئیبن راوەندی” بووینایە یان هەمان پرسیارمان لە خۆمان بکردایە کە بیرمەندێکی ناودار بەلاش بە ئێمەی بەخشیوە، دیارە زانای شیعە مەزهەب: ‘دکتۆر ئەحمەد قوبانچی’ هەمان رازی’ئیبن رەواندی’ دەدرکێنێت و پێداگیری لەوە دەکات کە ئەم وەک عەرەبێک بۆی هەیە وەکو خۆی وەریبگرێت، بەڵام بۆ ئێمەی کوردی نیشانەی پرسیار و سەرسامی داناوە بۆ تێفکرتین!
لە ڕاستیدا قورئان خۆی دان دەنێت بە تێڕوانینەکەی “ابن الرواندی” وەك لە ئایەتی (١٩٨-١٩٩) سورەتی “الشعراء” هاتووە!


“زاڵبوونی ناعەقڵانی و پاشەکشێی تێفکرین”

  • ئەمن بڕوام بە وتە دروستەکەی فەیلەسووفی ئەلمانی “کارل مارکس: ١٨١٨-١٨٨٣” هەیە کە ناوەرۆکەکەی شیدەکەمەوە کە دەڵێت: پێشمەرجی هەر هەموو رەخنەیەک سەبارەت بە هەر ئایدیا و بەهایەک و کایە و چالاکییەکی مرۆییانە بێت، ناچێتە خانەی رەخنەگرتنەوە، ئەگەر لە رەخنەکاری ئایینەوە دەست پێنەکات.”
    دیارە مەبەست لە رەخنەگرتن بە تەنها زەقکردنەوەی دیوە نێگەتیڤ و دزێوەکان و خراپییەکەی نییە کە دەکرێت بە زەقی دیار و ئاشکرا بووبن، یان پەنهان و حەشاردراو، بەڵکو رەخنەگرتن واتا هەڵسەنگاندن و شیکاری عەقلانی و دەرخستنی دیوە پۆزەتیڤ و درەوشاوە و جوانییەکانی و هەم ناجۆر و کرێت و خەسڵەتە کوشندەکانی هەر کایە و بەها و چالاکی و بونیادێکی فیکری و مەزهەبگەرایی بێت. کە دیارە لای منیش ئەم پێشمەرجەی “مارکس” زێدە پەسندە چونکە خودی ئایین وەک کایەی تێفکرین زادەی توێژنەوە و تەئویل و تەفسیرێکە کە بە تەنها “خودا” و “پێغەمبەرەکان” کایەیان تێدا نەکردووە، بەڵکو بۆ ماوەی هەزارەها ساڵ ژمارەیەکی بێ شومار لە پیاوان و نێرگەل و نیرەوز سەرگەرمی راڤە و توێژینەوە و شیکاری بوون و شەنوکەویان تێدا کردووە، کە هەندێکیان بەو نیاز و مەرامە کاریان تێداکردووە کە بە رۆحێکی داخراو و دۆگماتیک و نێرانە و ئایدیۆلۆژستانە روانین و خواستی خۆیان جێگیر کردووە، نەک تێڕامانێکی مرۆڤپەروەرانە، بەڵکو لە بەرژەوەندی خودی نێرینە شکاوەتەوە..نەک مێینە، کە خودی گومانی من لەوەدایە کە زۆرینەیان نێرینە بوون تا ئەندازەی خۆپەرستی و خۆویستیی و نارسیست-بوون و خودئەڤینی، هەرەوەها هەندێکجار لە سوودمەندی و بەرژوەندی خەلیفەکان و سوڵتانەکان و میرزادەکان و پادشاکاندا دایانشکاندۆتەوە، ئەم گومانە بۆ هەر سێ ئایینە ئاسمانییەکە ڕەوایە، بە روانینی من کرۆکی کارەساتێکی گەورەیە کە لەودیو ئەو هەموو پیاوانە کە سەرگەرمی تەئویل و تەفسیر و شیکاری بوون، زۆر کەم و بە دەگمەن ژنانێک دەبینین کە شان بە شانی پیاوەکان کایەیان دەنێو کتێبە ئاسمانییەکاندا کردبێت، گەر بەشدارییەکی کەم و کورتیشیان کردبێت، بایەخی پێنەدراوە و فەرامۆش کراون!
    لە هەمووی خراپتر ئەوەیە کە پیاوان و هەم ژنان خۆیان لەم هەقیقەتە تاڵە نەبان و خامۆش دەکەن و هەم لە دێر زەمانەوە کردوویانە، گوایە جێگەی گونجاو بۆ ژنان و کچان ناو ماڵەکانی خۆیانە و بەس، کە ئەوەش وایکرد ژنان لە داهێنان و تێفکرین و چالاکییە مرۆییەکان دوور بن، کە بە بۆچوونی من کۆی ئەدەبیاتی ئایینی و یاسا و رێسا و لێکدانەوەکانی لە بەرژەوەندی پیاوانی خۆپەرست و خۆسەپێن و زاڵدا بوون، بە بیانووی ئەوەی کە ژنان کاڵفام و کەم عەقڵ و هەم دوورە دین و ئیمانن، کە بووە مایەی ئەوەی خانمان نەتوانن لە ناو زانست و ماریفەت و فیکر و ئاییندا کایە بکەن و راڤە و شرۆڤەی تایبەت بە خۆیان هەبێت.
    بە درێژایی پتر لە چوار هەزار ساڵی رابردوودا. بە گشتی نێرینە ئاسوودە نەبووە باس لەم نایەکسانی و بێدادی و ئەو رەگەزپەرستی و جیاکارییە بکرێت لەسەر ئاستی چینایەتی و مەزهەبی و هەم جێندەریی، بە تایبەتیش لە “ڕەشهەڵاتی ناوەراست”، کە بۆ من ئەوەیان زادەی تڕۆکردن و دەرکردنی کۆی ژنان و مێینەیە لە مێژوودا کە بە تەنها پیاوان قۆرغیان کردووە و بە کەڵەگایی رەفتاری تێدا دەکەن، کە هاوکات دیسکۆرس و گوتاری نێرینەسالاری زاڵ دەکەن کە ئەوەیان ئەوپەڕی نامرۆیی و ناشارستانییە، جێگەی گومان و پرسیارە کە سەر لەبەری مێژوو میراتەکەی لەسەر نێرینە تاپۆ کراوە و هی پیاوەکانە.. نەک هی ژنان، بە تایبەتی لە ناوئاخنی کایەی ئایین و سیاسەت و سەرمایەگوزاریدا بە بێ هاوبەش و قاندڕ و رکابەر !

+میراتێکی پیرۆز یان عەمبارەپۆ؟
هەڵبەتە میراتێکی فیکری و فەلسەفی هەبووە کە لە لۆژیک و ئاوەزداری و عەقڵزەدەیی سەرشار بووە، بەڵام ئەوەی کە هەنووکە زاڵە و هەم دەچێتەوە سەر میراتی فیکری ‘ ئەبو حامید غەزالی: ١٠٥٨-١١١١’ و ‘ئیبن تەیمییە: ١٢٦٣-١٣٢٨’ و ‘ئیبن ئەلقەییم: ١٢٩٢-١٣٥٠’ ، بە واتا پێچەوانەکەی دەبینین کە کۆمەڵیک بزافی وەک ‘ئیخوانییەکان’ و ‘قاعیدە’ و ‘بۆکۆ حەرام’ و ‘داعش’ و ‘تاڵیبان’ و ‘سەییافەکانی فلیپین’ و ‘ئەنسار الاسلام’ و ‘جەیشی شەباب’ی خوڵقاند کە خاوەنی سەدەها سەرچاوەی کوشندە و ترسناکن کە تا هەنووکە پەرەی پێدەدرێت، بە بێ گومان و پرسیار؛ نموونەی سەرانی ترسناکترین رێبازی “وەهابیزم” و “ئیخوانیزم”ی بەرەی توندڕەو نەک میانڕەو، کە پەیڕەوکەرانی ئەو دوو زاتەی سەرەوەن کە بوون بە مایەی فەزایەکی تاریکستان ئاسا لە نێو دونیای عەرەبی و ئیسلامی و سەرانسەری جیهاندا، کە تا هەنووکەش بەردەوامە کە بە تەحریم و تەجریمکردنی عەقڵ و تێفکرینی بوێرانە کۆتایی هاتووە.


هەڵبەتە هەر ئایدیۆلۆژستێک خۆی پیرۆز کرد بە دۆگماتیزم و خوێنباران کۆتایی دێت کە لە ئەزموونی شۆرشی ئۆکتۆبەری “١٩١٧”دا و لە “سۆڤییەت/ یەکێتی شۆرەوی” دەریاچەی خوێنی بەرپاکرد، بە واتا چ بە ناوی ‘ناسیۆنالیزم’ بووبێت یان ‘نازیزم’ و ‘فاشیزم’ و کۆمۆنیزم و وەهابیزم: ئاکامەکانی مەرگەسات و بەدبەختی بووە بۆ مرۆڤایەتی. کەواتە ئایدیۆلۆژیا چ ئاسمانی بێت یان دونیایی بە خۆپیرۆزکردن جێگیر بووە کە بێجگە لە مەرگەسات و تراژیدیا هیچ بەرهەمێکی دیکەی نەبووە و نابێت، کە ئەوەیان شاڕەگی گومان و پرسیاری منە بە درێژایی نیو سەدەی تەمەنی خۆم، کەواتە ئێمە لە هەنووکەدا بە جەستە لە سەدەی بیست و دوو ـدا دەژین، بەڵام بە ‘عەقڵ’ و رۆح و تێڕوانین بۆ کۆی میراتی تیۆلۆژی و ئایینداری تاوەکو ئێستاکێ سەدەی سێزدەی زایینیمان تێپەڕنەکردووە و تیایدا دەژین، کەواتە ئێمە هەشت سەدە لە دواوەین، بە بێ گومان و پرسیار؛ نموونەی سەرانی ترسناکترین رێبازی “وەهابیزم” و “ئیخوانیزم”ی بەرەی توندڕەو و تەکفیری و قیتالی، نەک دیندارانی میانڕەو و بڕوادار بە ئاشتی و خۆشەویستی و فرە مەزهەب و فرە کولتووری تا ئەندازەی لێبوردەگی رەهایی، کە بە داخەوە لە کوردستان و ‘رۆژهەڵاتی ناوەراست’ دەبن بە کەمینە گەر وا بڕوات، لە ئاکامدا فەزایەکی تاریکستان ئاسا لە نێو دونیای عەرەبی و ئیسلامی و بەشێکێ بەربەرینی جوگرافیای جیهاندا بەرپا دەبێت!
پارادۆکس و موفارەقە و تەوس و تەڵزگەکە لەوەدایە کە ئەمن بە رەوای دەبینم ملیارێک و نیو موسڵمان هەن لەسەر زەمین، بەڵام لە نێو ئەو ملیارەهایە، ژمارەیەکی بەرچاو هەن لە خەڵکانی خۆمان و کورد-زبان کە بەرگەی ئەوە ناگرن هیچ پرسیار و گومانێکمان هەبێت، کە لە ناو ئەدەبیاتی هەر ئاینێکدا، بە ئیسلامیشەوە، پانتاییەکی بەربەرین هەیە بۆ گومان و پرسیار و رەخنەکاری، هاوکاتیش پێیان ئەستەمە کە رەخنەگری بڕێكی ئەم کولتوور و میراتەی باب و باپیران بین کە بڕێکی کەم یان زۆری ئەو میراتە هەم دەستکردی مەردمگەلێکی نێرینەن، نەک یەزدان، کە هەمدیس جێگەی هەڵوەستە و گومان و پرسیاری من و خەڵکانی دیکەن، بە واتا بڕێکی کەم و زۆری ئەو میراتە شایستەی هەڵوەشاندنەوە و مایەی سەر لە نوێ بونیاتنانەوەیە، کە تیایدا دین/ ئایین کە بۆتە بەشێکی تۆکمە و قەبە دەنێو ژیانی کۆمەڵایەتی و کۆبەندی کولتوورەکەمان کە بە ناهەق پیرۆزکراون تاوەکو ئەندازەی نەهێشتنی تێفکرین و تێرامان و تەڵاقدانی عەقڵ!


  • ئەفسانەی هەقیقەتی رەها:
    روانین و لێکدانەوەی منیش زادەی ئاوەز و عەقڵ و تێفکرین و تێڕامانێکی منە بۆ دین و دونیای لای خۆمان کە بایی ئەوەندەش هۆش و گۆشم هەیە کە ‘هەقیقەت’ی رەها لای من نییە و هەرگیز بە تەنها بۆ خۆمی قۆرغ ناکەم، چونکە من بڕوام بە “یەقین” و “تەلقین” و “نەقل” و تاکڕەویانەی هەقیقەتپەرستی رەها نییە کە دەگاتە ‘دۆگما’ و وشکە باوەڕداری و ئیمانێکی کوێرانە، کە سەهۆڵبەندانی عەقیدەیی لێ دەخوڵقێت کە ئیمانێکی تاریکپەرستانە بە دوای خۆیدا دەهێنێت، کە بە ناوی پیرۆزکردنەوە تەکفیری “عەقڵ” دەکات و تیفکرین و رەخنەکاری بنەبڕ دەکەن!
    مەرجە ئەو بەهەشت-نشینانە بزانن کە خودی ‘خودا’ی ئیسلام ئامادە بووە کە سەرگەرمی گفتوگۆ و دیالۆگ بێت، روو بە روو بەرامبەر بە “ئیبلیس”ی یاخی کە ملکەچی خودا نەبووە بۆ کڕنۆشبردن و سوژدەبردن بۆ “ئادەم”، چونکە بە بڕوای ‘ئیبلیس’ سوژدەبردن و کڕنۆش تەنها بۆ ‘خودا’ی تاک و تەنیا رەوایە و بەس، بەڵام لە روانگەی ‘ئیبلیس’ەوە کڕنۆش بردن بۆ ‘ئادەم’ شیرک بووە، واتا دروستکردنی هاوبەشێک لەتەک یەزدان، بەڵام لە قۆناغی یەکەمدا سزاکەی سەر ‘ئیبلیس’ دۆزەخ و کوشتن نەبووە بە فەرمانی خواهانە، بەڵکو سزاکەی بۆ ئەو کاتەیە کە ‘قیامەت’ رادەبێت، بەڵکو هاوکاتیش خودا دەکەوێتە گفتوگۆ و دیالۆگێکی درێژخایەن، بگرە وەک خەڵقەندە و دوژمن و قاندڕی خۆی دەمی ‘ئیبلیس’ داناخات، بەڵکو بە رێزەوە ‘ئیبلیس’ دەدوێنێت و گوێی بۆ رادەدێرێت کە رێک وەک ئەوەی کە هاوکووف و هاوشانی خۆی بێت. بەهەرحاڵ سزاکەی “ئیبلیس” کە قسەی ‘باری تەبارەک وەتەعالا’ی شکاندووە، بە تەنها ئەوەیە کە لە ‘دیوانی ئیلاهی’ بێبەری دەکرێت و نازناوی ‘عەزازیل’ی لێدەسەندرێتەوە. بگرە یەزدان ‘ئیبلیس”ی سەربەست و رەها کردووە لەوەی کە لە فریودان و لە خشتەبردنی مەردمگەل تا هەنووکەشی لەگەڵدا بێت بەردەوامە.

هاوکات خودی ‘خودا’ گەڵیک بە میهر و رێز و شکۆمەندییەوە مامەڵە لەتەک ‘ئیبلیس’دا دەکات، کە من لەم سەردەمە تازەیەدا پێچەوانەکەی دەبینم کە بە سەدەها لە جەنگاوەرانی ئاسمان یان بەندەکانی ‘خودا’م بینیوە کە لە سۆنگەی گوناهی زۆر سادەی خەڵکێکی بێچارە؛ بە ناوی ‘خودا’وە قورسترین سزای ئەو کەسانەیان داوە کە دەبوو چاوەڕوانی قیامەت بوونایە کە بزانن خودی ‘خودا’ لە نێو دادگا باڵاکەی خۆیدا دەیانبەخشێت یان سزایان دەدات؟ بە بەڵگەی ئەوەی گوایە ئێمە لەم دونیایەدا لە تاقیکردنەوەیەکی بەردوامداین بە درێژایی تەمەن و زەمان!
دیسانەوە بە هەمان پێوودانگ گەر ئاوڕ لە ‘نەخێر’ و هەڵگەڕانەوەی ‘ئادەم’ و ‘حەوا’ بدەینەوە بەرامبەر بە ‘خودا’ کە رێنمایی کردوون کە لە “درەختی نەمری” یان “درەختی ژیان” یان هی ‘ماریفەت و زانین’ و هەم ناسراو بە ‘درەختە حەرامکراوەکە’ نزیک نەبنەوە و نەیخۆن، بەڵام خواردیان و سزاکەیان بەرگ داماڵێن و وەدەرنانیان بوو لە بەهەشت و فڕێدانیان بۆ سەر زەوی و بەس، نەک کوشتن و لە دۆزخ توندکردن!
ئەگەر خودا دەنێو هەر سێ ئایینە ئیبراهیم-ییەکەدا، بە تەنها خودای بڕوادارەکان بێت، ئاخۆ خودای بێ دین و غەیرە دینەکان لە کوێ بێت؟ یاخود ئایا بەر لە پەیدابوونی هەر سێ ئایینە ‘ئیبراهیم’ییەکەدا بە ملیۆنەها لە مەردمگەل مردن و نەمان، بێ ئەوەی “خودا” و پێغەمبەرەکان و ‘تەورات’ و ‘ئینجیل’ و ‘قورئان’ بناسن: ئاخۆ ئەوانە دەچن بۆ دۆزەخ یان بەهەشت؟ یان بێبەش دەبن لە هەردووکیان؟ یان وەک گیاندارەکانی ناو سروشت کە جۆرەهان و دەمرن بەبێ بینینی ‘قیامەت’ و دادگای باڵای ئاسمان؟ کە بۆ من مایەی پرسیار و گومانێکی کوشندە و سەرەخۆرەیە کە هەتا گەر سەری خۆیشم بێت. هەر بە راست تۆ بڵێیت من ئەوەندە ترسناک و ئاوقات و بەرباد بم کە بتوانم ئایینی ئیسلام هەڵبوەشێنمەوە کە پتر لە چواردە سەدەیە ڕەگوریشە دادەکوتێت؟


“پێداگۆکی ستەمدیدە
و
جێگۆڕکێی چەوسێنەر و قوربانی”

  • منێک کە بۆ دەیەها ساڵ کادرێکی پەرەوەردە بووم و و بڕوام وایە کە وانەی یەکەم و ئەرکی پەروەردەکاری رەسەن و تازەگەر ئەوەیە کە لە ”قۆناغی خوێندنی ناوەندی”ییەوە دەست پێبکەین بەوەی کە کچان و کوڕانی نەوجەوانی خۆمان وەک نەوەیەکی نوێ و ڕاچەنیو فێری ئەوە بکەین کە ئێمەی کوردگەل بۆ هەزارەها ساڵە داگیرکراوین لە لایەن چەندەها نەتەوەی جیاوازەوە، بگرە لەسەر ئاستی دونیادا بە خاک و خەڵکەوە بووین بە موستەعمەرە و کۆلۆنیالێکی نێونەتەوەیی و جیهانگیری و گلۆبال، چ بە ناوی ‘خودا’وە بووبێت یان گەمەی چەپەڵی سیاسەتی نێودەوڵەتی کە لە پەیمانی “لۆزان”ەوە بە خەڵک و خاکەوە لە خاچ درواین و چوارمێخەمان کێشراوە، یانژی ستەمدیدە و بندەستی چوار وڵاتی بە ناو موسلمان و خوداناس بەسەرماندا زاڵن، کە سنوورمان لەگەڵ هەر هەموویاندا سنووری خوێناوی بووە، کەچی قسەکردن بە زمانی دایک بۆ ئێمە بە رەوا نابینن، پێچەوانەی ئەم ئایەتە رەفتار دەکەن کە دەژنەوێت، “يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَاكُم مِّن ذَكَرٍ وَأُنثَىٰ وَجَعَلْنَاكُمْ شُعُوبًا وَقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا ۚ إِنَّ أَكْرَمَكُمْ عِندَ اللَّهِ أَتْقَاكُمْ ۚ إِنَّ اللَّهَ عَلِيمٌ خَبِيرٌ: سورەتی الحجرات/ ئایەتی: ١٣”.
    کەواتە ئەوان دژی ‘خودا’ی خۆیان دەوەستنەوە کە لەبری ئەوەی سەرگەرمی یەکتری ناسین بین بەو مانایەی کە لە ئاشتیەوانیدا بژین و پێکەوە هەڵبکەین، کەچی بە درێژایی مێژوو دەستیان لە کوشتن و قڕکردنی ئێمە هەڵنەگرتووە و هەم ئاگر و ئاسن و کیمیاییمان بەسەردا دەبارێنن و بەردەوامیشن، کەواتە مادامەکێ بە ملیۆنەها لە خەڵکانی ئەم چوار وڵاتە بارباریستە بە نیازی چوونە ‘بەهەشتن’، دیسانەوە من دۆزەخێک هەڵدەبژێرم بۆ خۆم کە لە چاو ئەو چوار دۆزەخەی ‘عێراق’ و ‘تورکیا’ و ‘ئێران’ و ‘سوریا’ ئەهوەنتر و خەفەترە، چوار وڵاتی فاشیست، ئەمن پێم رەواترە دۆزەخەکەی ئاسمان هەڵبژێرم کە دڵنیام ئاگرەکەی بێ سوێتر بێت لە جەهەننەمی ئەم چوار هاوسێ شۆڤێنیست و بارباریستە!
    ئێمە لە ناوەکانی خۆمانەوە تاوەکو ناوەرۆک و سەر پەڕەی رۆح و مۆخمان داگیر کراوین، پرۆسەی داگیرکاری و ئاکام و دەرئەنجامە زۆر خراپ و کوشندەکانی وانەی یەکەمی پەرەوەردەناس و فەیلەسووفی بەرازیلی “پاولۆ فرێری: ١٩٢١-١٩٩٧”ییە کە فێری کردووم بە عەقلێکی پاک و رەخنەگرانەوە لە مێژووی داگیرکاری ئەوانیدیکە بەسەر خۆماندا ورد ببمەوە و لێی بکۆڵمەوە بۆ سەر لە نوێ خۆبونیاتنان و رابوون و خۆ رزگارکردن لە دۆخی کۆیلەبوونێکی مێژوویی، هەستانەوە و خۆتەکاندن لەم گۆڕستانەی کە دوژمنەکان بۆ ئێمەیان دروست کردووە. لە رێگەی کتێبە دانسقەکەی “پاولۆ فرێریری” بە ناوی “پێداگۆگی ستەمدیدە” پتر ئاشنا بووم بە مێژووی ستەم و چەوساندنەوەی نەبڕاوە و درێژخایەن، کە تیایدا بە قووڵی ئاماژە بەوە دەدات کە ستەمدیدە و ستەمکار بۆ هەمیشە جێگۆڕکێ دەکەن، چونکە رۆحی داگیرکاری لە لای هەردووکیان پتەوە و بنەبڕ نەکراوە تا هەنووکە، بە تایبەتی لە “ڕۆژهەڵاتی ناوەراست” ئەم جێگۆڕکێیەی نێوان قوربانی و جەللاد، سەردار و کۆیلە، سەردەستە و بندەست، بەردەوامە و وا زووش کۆتایی نەهاتووە و نایەت!

  • پارسەنگی نێوان زیان و قازانج:
    کۆی مێژووی سەرەتای سەرهەڵدانی ئیسلام کە عەرەبی بیابان-نشینن پێوەی دەنازن، کە بوون بە خاوەنی میراتێک کە لە بەرژوەندی شۆڤێنیزمی مەزهەبی و هەم فاشیزمی میلیتاری و عەسکەرتاری و پان-عەرەبیزم بە ئاکام گەیشتووە، کە هەزار و چوار سەد ساڵ پترە بەو رۆحە جەنگاوەری و خوێنخۆری و ئەتکەر و بارباریستە کوردگەل و نەتەوەکانی دیکە دەچەوسێننەوە، ئەوەی بۆ من سەیر و سەمەرەیە و هەم هێدمەگرتیم دەکات ئەوەیە کە ماقووڵ نییە داگیرکەر و چەوسێنەری خۆمان بە ناوی ئاسمانەوە لێمانبخوڕن و ملکەچمان بکەن، کەچی پرسیار و گومانێکمان نەبێت بۆ ماوەی چواردە سەدە؟ لەوەش کوشندەتر وەک بەرخ و کاوڕ چەقۆی جەللاد و قەسابەکەی خۆمان بلێسینەوە بەر لە سەر بڕینمان، کەچی بانگەشەی ئەوە بکەین کە ئێمە لە ئاگرپەرستی رزگار کراوین و ئازاد بووین!
    کەواتە پێشمەرجی پەروەردە و فێرکردن هەر لە وانەی یەکەمەوە تا دوا وانە پێویستییەکی هەمیشەییە کە مەرجە بە درێژایی ژیانمان کۆشش بۆ ئەوە بکەین کە خوێندنەوە و هەڵكۆڵین و پشکنین سەبارەت بەوە بێت کە ئێمە لە ساڵی “٦٤٤-زایینی”ی و لەسەردەمی خەلیفەی دووەم ‘عومەری کوڕی خەتاب’ و بە سەرکردایەتی ‘خالیدی کوڕی وەلید’ داگیر کراوین لەسەر ئاستی رۆحی و رەوانی و فیزیکی کە بە داگیرکردنی ‘مێشک’ و مێژوومان قفڵ و جێگیر بووە؟ کە من بڕوام وابوو کە دەکرێت بە دزییەوە بێت یان بە ئاشکرا، مەرج بوو کوردگەل لە نێو هەموو دونیادا سەدەها سەنتەر و ناوەندی فەرهەنگی و فیکری و ستراتیژی هەبووایە بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە و شیکاری و راڤەی ئەوە بکەن کە ئاخۆ ئێمە لە داگیرکردنی “عەرەب” و “فارس” و ” تورک” و زاڵبوونی هەژموونی هەمە لایەنەی ئەوان بەسەر ئێمەدا؛ ئایا چیمان بردۆتەوە و قازانجی ئەو داگیرکارییەی هەرێمی و جیهانگیرییە چی بوون لەسەر ئاستی مێژوویی و رامیاری و ئابووری و کۆمەڵایەتی و کۆبەندی کەلەپور و کولتووری ئێمە؟ خۆ ئەگەر دەرچوو قازانجێکی زۆر و زەوەندمان کردووە، ئەوسا ناکرێت بسرەوین و مەرجە کە لەوەش بکۆڵینەوە ئاخۆ لە دەرئەنجامی ئەو داگیرکردنە سەرومڕە و کۆگیرییەی عەرەب و عەجەم و تورکە تۆڕانییەکان چیمان لە کیس چووە؟ ئاخۆ ئێمەی کوردگەل چیمان دۆڕاندووە و چ زیانێکی قەبە و کوشندەمان لێکەوتووە لەسەر ئاستی ئینسانی و نەتەوایەتی لە دێر زەمانەوە تاوەکو ئێستاکێ؟ لە ئاکامدا بەراوردی نێوان بردنەوە و دۆڕانەکان بکەین، قازانج و زیانەکان لەسەر هەر هەموو ئاست و رەهەندەکان، بۆ زانینی بەرز و نزمی پارسەنگی زیانەکان لە بەرامبەر قازانجەکان، ئەوسا ئیدی دەکرێت خۆخوێندنەوەکی رەخنەگرانە و راشناڵ و سەرتاپاگیر بکەین و بیر لە چەشنە رابوون و خۆبونیادنانێک بکەینەوە سەر لە نوێ، سەر و مڕ بۆ خۆمان و نەوەی داهاتوو، ئەوەی مایەی غەمناگییە کە بە هەزارەها لە خەڵکی هەر چوار پارچەی کوردستان کەوتوونەتە نێو ‘رۆژئاوا’ و بگرە لە نێو هەر حەوت کێشوەرەکان بوونمان هەیە، کەچی لەسەر ئاستی رامیاری/سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و فیکری و فەرهەنگی “لۆبی”ییەکی راستەقینەمان نییە لەسەر خوان و سفرەی تەبایی و تفاقی و هاوتوخمی و هاوخوێنی یەکدی بگرینەوە.. ئەفسووس!

  • نیشتمان لە نێوان خانەخوێ و کرێچی:
    مەرجە بپرسین: بۆچی و لەسەر چی و چۆن بووین بە کۆیلە و کرێچی و کرێگرتەی سەر خاکی خۆمان؟ بۆچی دوژمنانی داگیرکەر بوون بە خانەخوێ و سەرداری ئێمە؟ بە چ زمانێک و ئامرازێک و بیانوویەک و ئامانجێک وایانکرد داگیرکەرانی خۆمان بپەرستین و هیچ گومان و پرسیارێکمان نەبێت، گەرچی خەڵکێکی زۆر دەنێو کوردگەل هەن کە روویان لە ئاسمانە و دەستەونەزەر نزا دەکەن و دەپاڕێنەوە و دەگرین کە تاوەکو ئاسمان بەزەیی هەبێت و دەریچەێکمان لێبکاتەوە، کە لەسەر زەمین دۆزەخی هەمیشەیی بۆ ئێمە هەڵایساوە و خۆمان و خاکەکەمان بووینەتە سووتماک و قەرەبرووت؟ بە راست ئێمەی کوردگەل رۆڵمان هەبووە لە میانەی پرۆسەی بە کۆیلەبوونی خۆمان؟ ‘هەر بۆ نموونە: تاکە عاریفی گەورەی کورد، شێخی ئیشراق سەهرەوەردی: ١١٥٥-١١٩١’ کە خەریک بووە ناوبانگی جیهانی ئیسلامی بتەنێتەوە، کە تەمەنی تەنها سی و شەش بەهار بووە، کەچی لەولاوە “سەلاحەدینی ئەیوبی” بە فیت و گوشار و گەلەکۆمەکی ‘یەکێتی مەلاکانی’ ئەو رۆژگارە دوور و دێرینە کە ‘سەهرەوەردی’یان بە وێڵ و لە رێلادەر گوناهبار ناساندووە، ئیدی فەرمان دەکات بە “زاهیر شا”ی کوڕی کە لە لە ساڵی ‘١١٩١’ لە شاری ‘حەلەب’ بیکوژێت، گەرچی ‘زاهیرشا’ زۆر بە نیگەرانی و نابەدڵ ئەم فەرمانە جێبەجێ دەکات، چونکە دەزانێت نەخشە و پلانی کۆمەڵێک ئاییندار و ئاخوند و مەلای ناحاڵی و بەغیل و کینەباز تەڵەیان بۆ داناوەتەوە، ئیدی لە قەڵای ‘حەلەب’ دەخرێتە ناو زیندانەوە، رێگەی دەدەن کە جۆری مەرگی خۆی هەڵبژێرێت، کە شکۆمەندانە خۆی مەرگێکی دوور لە زەبروزەنگ هەڵدەبژێرێت کە ئەویش بێبەشیکردنی بوو لە نان و ئاو تا گیان سپاردن!
    سەرەرای ئەوەش.. لە مانگی گەلاوێژی ساڵی (١٩٢٣)دا و لە سەروبەندی هاوپەیمانی “لۆزان”دا وڵاتانی سوپەر پاوەر و زلهێزەکانی دونیا، دوای جەنگی جیهانگیری دووەم، بە کۆدەنگ ئێمەیان بە خاک و خەڵکەوە لە خاچدا، بە پلان و ئەندازەسازی و نەخشە و پیلانی زلهێزەکان توانیان ژیانی ئێمە لەسەر ئاستی رامیاری و ئابووری و کۆمەڵایەتی و مەزهەبزەدەیی و فەرهەنگییەوە بە کلکی چوار وڵاتی فاشیست و داگیرکەر ببەستنەوە، بەوە کۆتایی هات کە سمیان پێوەنا کە ئێمە ببین بە سواڵکەر و دەرۆزەکەرانی سەرزەمین بۆ تۆزێک خڵتە و پڵتەی سەربەستی کە تا هەنووکە لێی بەهرەمەند نەبووین؟ یان هەتیوەکانی ژێر دەواری دڕاو و هەلاهەلای رژێمە بارباریست و وەحشیەتگەری وڵاتانی دراوسێ کە هەر هەموویان خۆیان بە جەنگاوەرانی ئاسمان و خودا و ئایینەکەی دەزانن.. کە وا نییە؟

“کارل مارکس” بڕوای وایە کە “ستەمی رۆژهەڵاتیی” ستەمێکە کە وێنەی نییە لە توندوتیژی و وەحشییەتگەری لەسەر ئاستی رامیاری و کۆمەڵایەتی کە تا هەنووکەش ئەو روانینەی ‘مارکس’ بەردەوام و بەرجەستەیە. کە ئەمن لە رۆحی داگیرکاری و دڕندانەی ئەو چوار وڵاتەدا دەیبینمەوە کە بە ئاگر و ئاسن ئێمە لێدەخوڕن: تورکیا، ئێران، عێراق و سوریا کە بەوەوە دەنازن کە خۆیان بە دەوڵەتی تیۆلۆژی و ئایینپەروەر و موسڵمان لە قەڵەم دەدەن کە خراپترین چوار ولاتانی دونیان لەسەر هەموو ئاستەکاندا کە داتا و ئاماری ساڵانە دەیسەلمێنن کە شتێک نییە دەنێو ئەم چوار وڵاتە کە ناوی مافی مرۆڤ بێت، نەک دەرهەق بە ئێمەی کوردگەل، بگرە بۆ ناوخۆی وڵاتەکانیش کە تیایدا جۆرەها شێوازی ستەم و نایەکسانی و چەوسانەوە تیایدا کردە و ئاکتێکی رۆژانەیە، هەڵبەتە لە پاڵ ئەو چوار وڵاتەی سەرەوە؛ مەرجە ئاماژە بە حوکمڕانی دکتاتۆریانەی ئەفغانستان و پاکستان و سودان و سعودییەی عەرەبی و بەنگلادێش بدەین کە دۆزەخێکیان بۆ خەڵکانی خۆیان ئاگر داوە!


” لە خاچدانی کوردگەل بە خەڵک و خاکەوە”

  • هاوکات ئەوەشمان لە یاد نەچێت کە لەسەر دەستی “جۆزێف ستالین ـ ی دکتاتۆر: ١٨٧٨-١٩٥٣” کە بەڵێن بوو لە دوای شۆرشی ‘ئۆکتۆبەر’ قەوارەیەکیش بە ناوی “کوردستانی سوور” بۆ کوردگەل دابمەزرێنن، لە بری ئەم بەڵێنە خەونئامێزە بۆ کوردانی نیشتەجێ لە ژێر ئیمپراتۆرییەتی “روسیا”یی کە گوایە “یەکێتی شۆرەویی/ سۆڤییەتی” بڕوای بە ئازادی کەمینەیی نەتەوەکان هەیە، کەچی بە ‘کونفەیەکون’ “ستالین”ی ستەمکار کوردەکانی بەسەر نۆ لەتە کۆماری دیکە دابەش کرد کە یەکەمین جێلەقکردن و “ئەنفال”ی ئەو رۆژگارە بووە، لە کاتێکدا “شیوعییەکان”ی لای خۆمان، بەو کەسانەشەوە کە بۆ خوێندن یان گەشتیاری و بازرگانی دەچوونە ئەوێندەرێ، زۆرینەیان بێ هەرڵاوێردکردن، وەک ئەوە وابوو کە لە سەفەری “فیردەوس” و جەنناتی نەعیم گەڕابێتنەوە.. جەخار و ئەفسووس و هەزار مخابن!

ئەم گومان و دڵەراوکێ و پرسیارانەی سەرەوە بۆ هەر خانەوادە و ماڵبات و تیرە و هۆز و خێڵ و مەزهەبدار و نەتەوەیەک پێویستە و پێشمەرجی زیندووییەتی هەر خەڵک و نەتەوەیەکە کە ئێمەی کوردگەل، لەسەر ئاستی کوردستانی گەورە، لە بواری پەروەردەدا تا هەنووکە ئەو پرسیارەمان لە خۆمان نەکردووە، گەرچی بێ قەوارەیی و دابەشکردن و لکاندنی ئێمە بە چوار وڵاتی زاڵ و خۆسەپێن و فاشیست-رەفتار فاکتەرێکی راستەقینە و کوشندە بووە، ئاخۆ ئێمە ئەو پرسیارەمان لە خۆمان کردووە و دەیزانین؟ بەڵام وەک نەخشە و پلانێکی ستراتیژیک و دوور مەودا کارمان بۆ نەکردووە لەسەر ئاستی رامیاری و ئابووری و کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی، بە تایبەتی لە کوردستان-ی باشووردا کە گوایە ئازادین، کە دیارە کە خاوەنی قەوارەی خۆمان نەبین و هاوکاتیش دەوڵەتداری چوار وڵاتی فشۆڵ و سێنترالیست و ستەمکار جڵەومان بکەن، ئەستەمە لە هەنووکەدا و تا دەورانێکی درێژخایەن بتوانین لەم دۆخە تراژیک و دراماتیکە دەربچین!
ئایا بۆچی نەتەوەیەکی چل ملیۆنی بە درێژایی مێژووی رۆحی بەرگری و خوێنباران و بەرخۆدان و ململانێکار نەگەیشتووین بە ‘داری ئازادی؟’ سەرباری بەردەوامبوونی چەوساندنەوەی ئێمە و شكستی دراماتیک و تراژیکی شۆڕشەکانمان و هەڵواسین و کوشتن و زیندانیکردنی رابەرەکانمان، بێجگە لە تاراوگەنشینی هەزارەهای بەرزەدەماغ و شۆڕشگێڕ، کەچی تاوەکو ئێستاکێ پلان و نەخشەیەکی سیاسی و ستراتیژی و لۆبییەکی یەکگرتوومان نییە لەسەر ئاستی رامیاری و ئابووری و کۆمەڵاییەتی و فەرهەنگیی، کە هیچ نەبێت وانەیەک و پەندێک لە تێكۆشانی خەڵکانی ‘جوولەکە’ وەربگرین کە وەک ئێمە خاوەنی مێژوویەکی خوێناوی بوون، بەڵام توانیان وەک “قەقنەس” لە ناو خۆڵەمێشی خۆیاندا زیندوو ببنەوە.
بۆ ئێمەی پەراوێزخراو و دەرکراو لە مێژوودا کە لە کۆتایی ساڵی (٢٠٢٣)دا دەکەوینەوە ناو بازنە و سەر یادی پەیماننامەی “لۆزان”ی شووم و بەدیوم کە لە بەرواری (٢٤/٧/١٩٢٣)دا بووین بە قوربانی و وەک بەرخەکەی “ئیبراهیم” پێغەمبەر سەر بڕاین و خوراین. گوایە دەوڵەتە سەرکەوتووەکانی دوای ‘یەکەمین جەنگی جیهانگیریی’ بە چاکیان زانیوە، بێجگە لە کوردگەل، زۆرینەی نەتەوەکانی دیکەی “ڕەشهەڵاتی ناوەراست” شایستەی قەوارەیەکی سیاسی خۆیان بن، بێجگە لە ئێمە کە وەک (یەسوعی مەسیح) بە خەڵک و خاکەوە لە خاچ دراین و چارەنووسی ئێمە بە فەرامۆشییەکی کوشندە و خوێناوی سپێردرا کە تا هەنووکەش بەردەوامە!

  • لەژێر سێبەری شمشێردا:
    “رەجەب تەیب ئێردۆغان”یش کە خۆی بە جەنگاوەری ئاسمان و ئیسلام و خوداناس دەزانێت، هەم خەونی ئەوەی هەیە کە ببێت بە سەردار و رابەری “ئیخوانییەکان”ی نێو جیهانی ئیسلامیی، هاوکاتیش مرخی لەوە خۆشکردووە کە دیسانەوە لە رێگەی “فتوحات و غەزەوات”ەوە کە چلۆن بەشێکی لە کوردستانی “رۆژئاوا” و “باشوور”ی داگیر کردووە، گوایە وەک خۆی رایگەیاندووە و سەرانی ژمارەیەک لە حیزبە ئیسلامییەکان و چەندین کارەکتەری دەستەڵاتدار و سیاسەتباز کە خۆیان بە باوک و دایکی کوردایەتی و نەتەوەگەری دەزانن، کە بڕیاربەدەستی لای خۆمانن، هاوسۆزی لەتەک ئەم فاشیست بارباریستە دەنوێننن، گوایە بە موبارەکەی ‘خودا’ و دونیا، لە خەونی ئەوەدایە کە ‘ئیمپراتۆرییەتی عوسمانلی’ دێرین و لە دەستچوو لەسەر دەستی ئەم زیندوو بکرێتەوە و خودی خۆیشی ببێت بە ئیمپراتۆری ‘عوسمانلی تازە و نوو’، هەموومان ئەو رۆژگارەمان لە یادە کە بە بەرچاوی هەموو دونیای دوون و خەوتووەوە، دەنێو هەر حەوت کێشوەرەکاندا، هاواری کرد ئێمە بەرەو “عەفرین” دەچین، هەر وەک چلۆن باوک و باپیرانمان دەچوون بۆ “فتوحات و غەزەوات”، بە واتا وانەی یەکەمی ئەوان داگیرکردنی خەڵک و خاکی دیکە بوون کە کوردگەل تیایدا زۆرینە بوون، لە دێر زەمانەوە تا هەنووکە، هەر هەمان کات و سات ‘موفتی’ دەوڵەتی تورکیا فەرمان دەردەکات کە لە شەوی داگیرکارییەکانی ‘عەفرین’ و شارۆچکە و گوندەکانی دیکەدا، مەرجی ئیمان و خوداناسییە کە هەر هەموو مەلاکانی مزگەوتەکان و هەر خوێندەوارێک ‘سورەتی فەتح’ بخوێنن و سەرگەرمی سەڵەوات و سوبحانەڵلا بن.
    کەچی هاوزەمان “الشیخ یوسف القرضاوی ” زانای ناوداری ئیخوانییەکان و سەرۆکی یەکێتی جیهانی زانایانی ئیسلام لە ساڵی “٢٠١٦”دا و لە کۆنگرەی یەکێتییە خامۆش و سەرکزەکەی گوتی، ” ئەوە ‘ئێردۆغان’ە کە خەمی میللەتی ئیسلامی لە ئەستۆ گرتووە و “اللە” و پێغەمبەر و جبرائیل و ئیماندارانی چاكەخواز و فریشتەکان پشتیوانی لە ‘ئێردۆغان’ دەکەن و ئاماژەی بە ئایەتی چوارەمی سوورەتی “التحریم” کرد کە دەڵێت:
    {فَإِنَّ اللَّهَ هُوَ مَوْلاهُ وَجِبْرِيلُ وَصَالِحُ الْمُؤْمِنِينَ وَالْمَلائِكَةُ بَعْدَ ذَلِكَ ظَهِيرٌ.} ئەوەیان لە کاتێكدا بوو کە کوڕان و کچانی شەڕڤانگەلی “رۆژئاوای کوردستان” شەڕی داعشیان دەکرد و بەرگریان لە خاکی ڕزگارکراوی کوردستان دەکرد. بەڵام ئەوەیان چ مۆڕاڵ و ویژدانێکە کە چوار وڵاتی موسلمان بە موبارەک-بایی خۆیان و موبارەکەکردنی زلهێزەکانی دونیاوە بۆ هەتاهەتایە لە خاچمان بدەن، لەولاوەش ‘خودا’ و ئاسمان و فریشتەکانی خامۆش و بێباکانە سەیری کاولکاری و خوێنباران و مەرگی هەزارەها دەکەن و نقە ناکەن ؟

بیرمەندی ئانگلۆ-ئایرش”جۆناثان سویفت:١٦٦٧-١٧٤٥” دەڵێت: “ئێمـە بڕی ئەوەندە زۆر و زەوەند ئایینمان هەیە کە بۆ هەمیشە کینەباز بین و رقمان لە یەکتری ببێتەوە، بەڵام هەرگیز بایی ئەوەندە دین و ئایینمان نەبووە کە یەکتریمان خۆشبوێت!”
ئەو روانینەی ‘جۆناثان سویفت’ مێژوویەکی دێرینی هەبووە لە “رۆژئاوا”دا بۆ ماوەی چەندەها سەدە، کە هەنووکە دەنێو ‘ڕۆژهەڵاتی ناوەراست’ و دونیای ئێمەدا تا ئێستاش لە برەودایە و خوێنبارانەکەش زەریای خوێنی بەرپاکردووە و هەر هەموومان مەلەی تێدا دەکەین!
“ئێردۆغان”ێک کە بە هەزارەها لە موسڵمانانی رۆژهەڵاتی ناوەراست، بە کوردیشەوە، هەن کە ئەم چنگ خوێناوییە بە نموونەی باڵای خۆیان دەزانن، بێ ئەوەی تەماشا بکەن کە ئێمە خاوەن چ دیرۆکێک و چارەنووسێکین کە تا هەنووکەش بەسەر خاچەوەین و خوێنمان لێدەچۆڕێت، گوایە چاوەڕوانی دونیای دوون و بێ مۆڕالین کە لەو خاچەوە دامانبگرنە خوارێ کە داروبارەکەی لە تەختە و درەختەکانی خۆمان ئەو خاچەیان بۆ ئێمە دروستکردووە!

  • هەڵوەشاندنەوەی دادگای باڵا:
    پرسیاری کوشندەی من ئەوەیە کە ئەگەر “خودا” دادگاییەکی باڵای خۆی هەیە لە ئاسمانێ کە لە قیامەتێ و سەروەختی ‘حەشر و نەشر’ دادگایی هەموومان دەکات، مەڕ بە پێی خۆی و بزن بە پێی خۆی بە قەنارەوە هەڵدەواسرێت، دەی.. کەواتە ئەم سەدەها دادگا و داواکاری گشتییە چین و کێن کە بە هەزارەهایە و بە ناوی ‘خودا’و ئاسمانەوە لەسەر زەمین دایانمەزراندووە؟ ئەو هەزارەها و ملیۆنەهایە چلۆن وەکالەتی عام و خاسیان لە ‘خودا’ وەرگرتووە؟ کەنگی و لە کێندەرێ و بە چ هەق و مافێک؟ ئەوەی ئەوان دەیکەن رێک هەڵوەشاندنەوەی دادگای باڵای “یەزدان”ی خۆیانە لە ئاسمان و لەسەرزەمین!
    لە باری دەروونگەرایی و سایکۆلۆژییەوە ئەمن وای دەبینم کە ئەوانەی بە درێژایی مێژوو، بە ناوی خوداوە، خاک و خەڵکەکان پێکەوە تاڵان دەکەن و هەم دەکوژن و ئەتکی کچان و ژنان دەکەن، تەڕ و وشک بەیەکەوە دەسووتێنن، هۆشیار بن یان بێئاگا و غافڵگیر، خۆیان لێ بووەتە ‘خودا’ یان خەلیفە و سێبەری خودا، بە ئەندازەیەک کە واهیمەیەکیان هەیە کە مادامەکێ تەنها “خودا” خۆی دەتوانێت ژیان و زیندوێتی بە ئێمە ببەخشێت، هەمدیس هەر خودا خۆی دەتوانێت بمانباتەوە و بمانمرێنێت، کە دیارە بە بڕوای ئەوانی خوداناس بێجگە لە زاتی ئیلاهی کەسێکی دیکە نییە و ناتوانێت ژیان ببەخشێت و مەرگ بسەپێنێت، بەڵام گەر وابێت.. کە گوایە مرۆڤی رەسەن و دیندار و بڕوادار خەلیفەی خودایە لەسەر زەمین کە بە ئایەت سەلمێندراوە، کەواتە جەنگاوەرانی ‘قاعیدە’ و ‘بۆکۆ حەرام’ و ‘تاڵیبان’ و ‘سەییافەکانی فلیپین’ و ‘ داعش’ و سەدەها گروپی دیکەی جیهادیست و تەکفیری و قیتالی دەخوازن لەسەر ئەم ئەستێرەیە رۆڵی “خودا” ببینن، کوشتن و بڕین بۆ ئەوانی دەردەدار و سایکۆپات تیماری برینەکانی خۆیانە کە زۆریان هەستی نوقسانی و کەمبوودی و گرگنی وایکردووە ئەو وەهمەیان هەبێت کە بە هەق خۆیان عابد و بنیادەمگەلێکی ئاسایی نین، بەڵکو خۆیان لێ بۆتە سێبەر و داربەدەستی ‘خودا’، کە مادامەکێ پیشەسازی مەرگ و کارگە و ئاشی ئەوان بە خوێن دەگەڕێت بۆ ئەوانی جەنگاوەری ئاسمان، ئەمەیان رێک قەرەبووکردنەوەی هەر هەموو ئەو شکست و نشوستی و ستەم و چەوساندنەوە و تێکشکان و هەر دۆڕانێکە کە لە بواری رامیاری و ئابووری و کۆمەڵایەتی و فیکری و رۆحییەوە بە درێژایی ژیانی خۆیان جەنگەوەرانی ئاسمان چەشتوویانە، دیارە فاکتەر و هۆکاری دیکەی دەروون-بیماری دیکەش زۆرن بۆ وەهمی “خۆ-بە خودا-زان” کە لێرەدا جێگەی نابێتەوە بیانژمێرم. بۆ هەمیشە هێزی وێرانکردن و شەڕانگێزی هاوشانە بەو زەمان و تەمەنەی کە تیایدا خۆش و باش نەژیاوین و بگرە ستەمدیدە و چەوساوە و ئازارچەشتوو بووین، هەر هەمان ئەم دۆخە نالەبارە و تەنگژەباری رۆح و رەوانی وایکرد بە تەنها بە خوێنرشتن و خوێنخواردن جەنگاوەرەکانی بڕوادار و خاوەنی ئیمانی فاڵسۆ و عەمبارەپۆ و ساختە ئۆرگازم بن بۆ هەتا هەتایە!

ئەو راستییەی کە من درکاندوومە، ئەوان کە خۆیان بە جەنگاوەرانی ‘یەزدان’ دەزانن، نەک نکۆڵی لێناکەن، بگرە شانازی پێوە دەکەن، بۆ نموونە “ئیبن قەییم” بە کتێبێک ئەم راستییە دەسەلمێنێت بە ناوونیشانی {اعلام الموقعین عن رب العالمین}. بە واتا کەسانێک هەن کە خۆیان بە موفتی و ولایەتی فەقیهی و هەم مۆڵەت پێدراو دەزانن کە گوایە لە لایەن یەزدان و پێغەمبەر-وە وەریانگرتووە و دەتوانن لە بری “خودا” مۆر و واژۆی خۆیان لەسەر هەر بڕیارێکی خراپ و خوێناوی بدەن، کەچی واهیمەی ئەوەشیان هەبێت کە ئاسمان خەڵات و دیاری و پاداشتی خێریان دەداتەوە. کەواتە ئەرکی پیرۆزی هەر هەموو ئاییندارانی رەسەن و ئاشتیخواز ئەوەیە کە ئەو ‘خودا’یە لە چنگی خوێناوی ئەو جەنگاوەرانە بستێننەوە کە بە هەق ئابڕووی ئاسمان و سەرزەمینیان بردووە!


  • بەرزەخی نێوان دۆزەخ و بەهەشت:
    ئەمن لە کۆتایی ئەم مانیفێستەدا بۆ هەمووان دوا راز و نیازی خۆم رادەگەێنم و دەدرکێنم، گەر ئێمە لە قیامەتێ و ئاخیر زەماندا، چ بەهەشت-نشین بین و چ دۆزەخ-نشین بین، من حەزمە زیندوو ببمەوە و دادگایی بکرێم و جا بە دۆزەخ-نشین بم یان لەسەر بەرزەخەکە چاوەڕوان بم کە لەسەر پردی ‘سیڕات’دا بە کام لادا دەکەوم: جەههەننەم یان فیردەوس، وەلی ئەگەر لە دادگاکەی ‘باری تەعالان’ ماف و هەقی ئەوەم هەبێت لە بەرامبە ‘زاتی ئیلاهی’ چەند راز و نیازێک بگۆڕمەوە و بیدرکێنم، ئەوسا چەند راستییەکی گەڵێک تاڵ و کوشندە هەن کە ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵکی خۆمان هەگیزاوهەرگیز حەزیان نەکردووە لە منی ببیستن، گەرچی خۆیان بە خوداناس دەزانی، چونکە پڕبوو لە گومان و پرسیار و سکاڵای جەرگبڕ و بگرە دادگایی تۆپی زەمان و ئاسمان، خۆ گەر ئاسمانیش گوێی لێنەگرتم و بە دۆزەخی گەیاندم، ئەوسا دەزانم کە ئیدی ناچارم لەگەڵ دۆزەخدا هەڵبکەم و ئاشنا بم بە ئاگر و سووتانەکەی، ئاخر سەیر نییە.. چونکە من سەر بە خانەوادە و گەڕەکێک و شار و وڵاتێک و نەتەوەیەکم کە لە ناو جەهەننەمدا ژیاین و زیندەگیمان گوزەراند، کە وا مەزەندە دەکەم کە چەندە ئەستەمە کە دوای بینینی هەزارەها دۆزەخی سەرزەمین؛ ئاخۆ رەوای هەقە دیسانەوە و سەر لە نوێ بچینەوە دۆزەخ؟ گەر وا بوو، من دەبم بە سەرقافلەچی کاروانی هاودەم و هاوکووفی خۆم لە نێو کوردگەل، یان پاسەوان و پاشکۆی کاروانسەرای روو لە دۆزەخ، کە شکۆمەندانە رووەو دۆزەخی هەڵایساو بە بەرگی بڵێسە و ئاگرەوە رێدەکەین و چش لە ‘سەڕسەڕ- صَرْصَرٍ’ و ‘زەمهەریر- زمهرير’ و ‘زقوم- الزقوم’، چونکە نە بەهەشت بەو شێوەیەی کە وەسفکراوە بە درێژایی مێژوو: جێگەی خۆشحاڵی منە و نە دۆزەخیش جێگەی نیگەرانی و ترس و تۆقاندنی منە.. هەرگیزاوهەرگیز!
    دوا راز و نیازی من نیگەرانی و حەسرەتێکە لە دڵمدایە کە سەبارەت بە تکا و رێنمایی ‘پلکە زارێ-ی’ دایکم بووە کە دەیخواست ئاگام لە ئیمان و دینەکەم بێت بەو نیازەی من و ئەو لە ‘بەهەشت’دا یەکتری بگرینەوە، وەڵامی کورت و هەمیشەیی من بۆ دایکم ئەوە بووە کە دەمگوت، “هۆ.. دایە گیان.. خۆ دۆزەخیش هەر ماڵی خودایە وەک بەهەشتەکەی.. دەی چما وا نییە؟!”
    لە وەڵامدا غەمناک و لێوبەبارانە و بە قەهرەوە دەیگوت، ” ئەشهەدوو رۆڵە گیان.. بەڵام دڵی من وا ناڵێت!”
    چەندە دراماتیک و کوشندە بوو کە دڵی دایکم دەشکاند کە بۆ هەمیشە لە دۆخی وادا دەدایە پڕمەی گریان، رێک وەک ئەوە وابوو کە من و ئەو چارەنووسمان وا بێت کە لە دووڕیانێکدا گیرمان خواردبێت، کە بەرزەخی نێوان دۆزەخ و بەهەشت بووبێت کە ئیدی دەبوو جیاببینەوە، دروست وا بوو، دڵی دایک ئەوە ناخوازێت کە جگەرگۆشەکەی دۆزەخ-نشین بێت!”
    بۆ هەمیشەش دڵنیای دەکردمەوە و دەیگوت کە ئەم دەزانێت من لەتەک ئەودا، لە بەهەشت پێکەوە دەبین، چونکە دەیگوت کە ئەمن لە خوێنێکی پاک خوڵقاوم، کە مەبەستی یەکەمین خوێن بینین و وەستانی سوڕی مانگانەی خۆی بووبێت، بە واتا نەباڵق بووە کە بەشوو دراوە.. ئیدی من زادەی یەکەمین داڕسانی خوێنی پاکی ئەو بووبم کە بە ملیۆنەها لە ژنان و پیاوانی ئێمە بە خوێنێکی پیسی دەزانن، بۆ هەمیشە “زارێ”ی دایکم متمانەی هەبووە بەوەی کە “یەزدان” بە گشتی تەماشای هەموو دڵەکان دەکات، بە تایبەتیش تەماشای دڵی دایکەکان.. خۆ هەر دەبێت واش بێت!
  • هاوینی/٢٠٢٢/ باشووری کوردستان
  • سەرنجێک: بەر لە بڵاوکردنەوەی دوا پاکنووسی ئەم مانیفێستەم، هەر لە سەر و بەندی سەرەتای ئەمساڵدا بوو کە نیوەی ئەم مانیفێستەم بڵاوکردەوە، بەڵام هەستمکرد کە ماوییەتی بەرکەماڵ و تێری بکەم و کۆی تێرامان و تێفکرینی خۆم بخەمە ڕوو، کە لە بنەڕەتدا راگەیاندنی راز و نیاز و وەڵامێکی منە بۆ کۆی ئەو هەرا و زەنا و گۆبەندەی کە لە سەرەتای ئەمساڵدا بەرپابوو سەبارەت بە نێونیگا و روانینی من بۆ بونیاتنانی پەروەردەیەکی تازەبابەت و مرۆڤدۆست و بەدەر لە ئایدیۆلۆژیای گەمژەکار و چەواشەکار بە ناوی رامیاری بێت یان مەزهەبزەدەیی، هاوکاتیش وەڵام و باگۆی ئەو فشارەیە کە مەزهەبزەدە توندڕەوەکان دەرهەق بە من پیادەی دەکەن بە ئامراز و و شێواز و زمانێک کە هیچ لۆژیک و ئاوەز و ئەتەکێتێکی تێدا نییە!



نەخێر، نەژادپەرستیی ناتوانێت کەس رزگار بکات و مەرگخوازییش شایستەی کەواندنە.. د. سەڵاحەدین ئەحمەد شێرزاد

نەخێر، نەژادپەرستیی ناتوانێت کەس رزگار بکات و مەرگخوازییش شایستەی کەواندنە: دەربارەی بەدباوەڕەیی و فەتواگەریی حدکاوییەکان لە هەمبەر رۆشنگەریی و بە خەڵکدا رابینین

د. سەڵاحەدین ئەحمەد شێرزاد

لە ووتارێکی کورتدا بە ناونیشانی ”نەژادپەرستیی ناتوانێت کەس ئازاد بکات: سپاردنی پێشمەرگە بە رابووردوو، کۆتاییهێنان بە شۆڤێنیزم، و رێگرتن لە بەرهەمهێنانەوەی فاشیزم” کە ٢٩ی ئۆکتۆبەر لە دەنگەکان بڵاوبووەوە لەسەر چەند کێشەیەکی بەیەکەوە گرێدراو وەستاوم:

١- کێشەی ناکەساندنی ملیۆنەها ئینسان و کورتکردنەوەیان لە یەک ووشەدا ( واتا ”کورد”) و گشتاندنی ئەو وێنەیە لە رێگەی گوتارێکی نوخبەویی نەژادپەرستدا؛

٢- خۆ بە خاوەنکردنی ئەو هێما کورتکراوەیە و دووبارە نەفیکردنی ئیرادەی سیاسیی و توانستی عەقڵانیی و پێوانەی ویژدانیی ملیۆنەها تاکەکەسی کوردی بێناو و بێڕوخسار و بێدەنگ؛

٣- موقەدەسکردنی پیشەسازیی مەرگ لە رێگای موقەدەسکردنی پێشمەرگایەتییەوە؛ و

٤- بێبایەخکردنی ژیانی ئینسانی پەراوێزخراو و بەختکردنی وەکو قۆچی قوربانیی؛

٥- دروستکردنی مەترسییەکی وجودیی لەسەر هەمەڕەنگیی داهێنەرانەی شارسستانیی و فرەڕەنگیی فەرهەنگیی لە رۆژهەڵات.

ووتارەکە هیچ مافێکی خەڵکی کوردستانی نەخستووەتە بەر گومانگەریی، بەڵکو بە پێچەوانەوە داکۆکیکردنە لە مافە ئینسانیی و سیاسییەکانی خەڵکی کوردستان و شوێنەکانی دیکە لە ئێران. مەرجی هەرە بنەڕەتیی بۆ پشتیوانیکردن لەو مافانە ئەوەیە کە هەموو هەوڵێکی بەڕەعییەتکردن رەتبکرێتەوە، جا هەر گرووپێک بن ئەوانەی کە ماندێتی ئەوەیان بە خۆیان داوە کە بە ناوی خەڵکەوە قسە بکەن. باوەڕبوون بە سەروەریی هەر میللەتێک پێش ئەوەی هەر شتێکی دیکە بێت پێڕابینینە. پێڕابینین پێش ئەوەی هەر شتێک بێت ئەوەیە کە بەناوی پێڕابینراوانەوە قسە نەکرێت. کەواتە، ئەوانەی بە ناوی میللەتێکەوە قسە دەکەن، جا قسەکەیان هەر شتێک بێت، لە ریزی یەکەمی پێشێلکارانی بنەمای سەروەرییەوەن لە پەیوەند بەو میللەتە. ئەم راستییە فەلسەفییە دەتوانێ شەرحی حاڵی فاشیزم بکات لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە ماوەی سەد ساڵی رابووردوودا.

ووتارەکە چەندین جار بە راشکاویی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە بابەتی رەخنەکە نوخبەگەلێکن کە وەکو زمانحاڵی خەڵکێک دەدوێن کە لە راستییدا پێڕانەبینراون و ژین و گیان بێنرخکراون لە دیدگای خودی ئەو نوخبانەوە. ئەو نوخبانە رۆژانە مومارەسەی دەسەڵات دەکەن بە شێوەیەکی دژە-دیموکراتیک و سەرکوتگەر. هەڵبەت چەمکی دەسەڵات تەنیا هێزی توندوتیژیی ناگرێتەوە، بەڵکو کایەیەکی سەرەکیی دەسەڵات بەرهەمهێنانی نوخبەوەییانەی زانیارییە و دەسەڵاتگەریی لە دەرکەوتەیەکی هەرە سەرەکییدا دیاردەیەکی زمانەوانییە کە لە بونیادی گوتاردا خویا دەبێت. بگرە توندوتیژییش بە تەنیا ئاماژە نییە بۆ گورزی فیزیکیی، بەڵکو توندوتیژیی زۆرتر لە ئاستی مەعنەوییدا نکۆڵیی لە ئینسانییەتی پەراوێزخراوان دەکات، جا بە ناوی ڕقەوە بێت یان بە ناوی خۆشەویستییەوە، بە ناوی ئاینەوە بێت یان بە ناوی زانستەوە، بە بیانووی ئاسایشیی نەتەوەییەوە بێت یان بە بیانووی رزگاریی نیشتمانییەوە.

بە کورتی: بە ناوی میللەتێکەوە قسەکردن نکۆڵیکردنە تەنانەت لە گریمانەی سەروەریی و لە هەمان کاتدا ئینکارکردنێکی راستەوخۆی توانای عەقڵیی کەسەکانی سەر بەو میللەتەیە کە گوایە دیفاعی لێدەکرێت. ئەوەی کە بە ناوی خەڵکەوە قسە دەکات هەر بەو کردەوەیە مافی خەڵک لە پەیوەند بە تەعبیرکردن لە ئیرادەی سیاسیی خۆیان پێشێل دەکات. لەبەر ئەوە، ئەو گوتارە باوە نەژادگەرە ئیهانەکردنە بە هەموو چەمکێکی سەروەریی و سەربەخۆیی. پاشان، ئەو گوتارە زادەی جیهانبینییەکە کە گوتاری خومەینیزمیشی بەرهەم هێناوە. بەڵێ، ئەو گوتارە زادەی فاشیزمە، لە هەردوو رووی تیۆریی و عەمەلییەوە.

لە ووتاری ” نەژادپەرستیی ناتوانێت کەس رزگار بکات” ووشەی ناسیۆنالیزم نەهاتووە، و هۆکارەکەش ئەوەیە کە ئەو نوخبانە ناسیۆنالیست نیین و هەرگیز نەیانتوانیووە ناسیۆنالیست بن و ئێستاش هیچ پڕۆژەیەکی دەوڵەتداریی و دەوڵەتمەدارییان نییە. هەموو جووڵانەوەیەکی ناسیۆنالیست شایستەی لێکدانەوەی سەربەخۆیە، و دەشێت هەندێک جووڵانەوە شایستەی پشتیوانییش بن. هۆی ئەوەی کە لە ووتارەکەدا ئەو نوخبانەی کە باس کراون بە ناسیۆنالیست ناوزەد نەکراون ئەوەیە کە خەسڵەتەکانی ناسیۆنالیزمیان نییە. ناسیۆنالیزم، باش بێت یان خراپ، پرۆژەی هەیە. ئەو نوخبانە هیچ پرۆژەیەکیان نییە. ئەو پەڕی ئەوەیە کە هەندێکیان (نوخبە سیاسییەکەیان) ناسیۆنالیستی ئێرانی بن. ئەوەش نایانکات بە ناسیۆنالیستێکی باش. بەڵام لەناو ناسیۆنالیستە ئێرانییەکانیشدا، ئەو نوخبە کوردانە لە راستییدا بە گومانەوە سەیر دەکرێن. وەکو دیکەش بە راشکاوی دژایەتی خۆیان لەگەڵ هەموو هێزێکی پێشکەوتوخوازدا، بە تایبەتیی لە کوردستان، دەردەبڕن. بە کورتی دەربارەی ناسیۆنالیزم و ئەو نوخبە کوردانە تەنیا ئەوەندە هەیە کە لێرەدا شایانی تۆمارکردن بێت: ئەوان، لە باشتریین حاڵەتدا، ناسیۆنالیستی درۆزنی ئێرانیین. لە واقیعیشدا، وەکو لە دژایەتیکردنیاندا بۆ هەموو چەپایەتییەک روونە، هاوسۆزی ناسیۆنالیستە هەرە فاشیستە فارسەکانن. کەواتە لە بنەڕەتدا نەژادپەرستییەکەیان پەیوەندیی بە رزگارییخوازیی نەتەوەییەوە نییە بەڵکو پەردەپۆشکردنێکی نەستییانەی رق-لە-کورد بوونە و بەو پێیەش تەماهیکردنە لەگەڵ فاشیزمدا.

مافایایەک (کە لە راستییشدا ووشەی مافیای لێوە وەگیراوە) لە سنووری سیسیلیادا چالاکە و زۆربەی ئەندامەکانی سیسیلیین. با فاشیزمی ئیتالییش دەسەڵاتی رۆمی بە دەست بێت، ئەمە مانای ئەوە نییە ئەو مافیایە لە بەرژەوەندی خەڵکی سیسیلیادا دەخەبتێ. بە پێچەوانەوە، ئەمە مانای ئەوەیە سیسیلیا تووشی بەڵایەک بووە کە بەڵای مافیاگەرییە. مافیا نە جووڵانەوەیە نە حیزب، بەڵکو رێکخراوێکی نیمچە نهێنی و نیمچە ئاشکرایە و دەبێ بە بەربەست بۆ گەشەکردنی ئامرازەکانی ئیرادەی سیاسیی و مەترسیی لەسەر هەل و مەرجی ژیان و سەلامەتیی خەڵکی ئەو ناوچەیەی کە تیایدا چالاکە. مافیا داوای دەوڵەت ناکات، بەڵکو وەکو بەدیلی دەوڵەت خۆی دەسەپێنێت بەسەر خەڵکی مەدەنیی بێدیفاعدا. مافیاگەرێتیی کارەساتبارترە لەو شوێنانەدا کە خودی دەوڵەت یان تەواو لاوازە یان لە ژێر کۆنترۆڵی هێزێکی رەگەزپەرست یان مەزهەبیی یان فاشیستدایە. ئەو نوخبانەش کە من باسیان دەکەم، هیچ ستراتیجێک یان ئامانجێکیان نییە کە لە سەر تەوەری دەوڵەتداریی و رێزگرتن لە دامەزراوەی گشتیی و دابەشکردنی دەسەڵاتی سیاسیی دروستبووبێت. بە پێچەوانەوە، کەمتریین رێز لە ئیرادەی سیاسیی و دامەزراوە مەدەنییە جیاوازەکانی خەڵکی کوردستان ناگرن. بەڵگە بۆ ئەمە ئەوەیە کە بەبێ دوودڵیی بەناوی هەموو دانیشتوانی کوردستانەوە قسە دەکەن، و لەو گوتارە خۆسەپێنەرەشدا، ”کورد” هەمیشە رۆڵی مێیینەیەکی بێتوانا و نوقسانی پێدراوە. ئەم کێشەیەی دوایی جۆرێکە لە پیاوسالاریی کە نازییەکان بێئاگایانە پەیڕەویان دەکرد. بۆ وێنە، هیتلەر لە کاتێکدا خۆی بە ویژدان و عەقڵی ئاڵمان دەزانی وەکو مێینەش ناوی خەڵکی دەبرد. کێشەی نەژادپەرستەکان زۆرتر کێشەی لیبیدۆیە نەک کێشەی ناعەدالەتیی و ستەمی نەتەوەیی. بڕوانە ”کوردستان” چۆن هەمیشە سیفەتی مێینەی دەدرێتێ لە تەشبیهکاریی زمانە شیعرییەکانی ئەو نوخبە کوردانەدا. لە هەمان کاتدا خۆیان رۆڵی ئابڕوپارێز و بەرگریکەری قارەمان و لە مەرگ نەترساو وەردەگرن. لە دەرئەنجامدا، ئەوانەی کە دەدرێن بە کوشت، قەت دەنگیان نابیسترێت، ئەوانەشی کە هەموو شتێک دەڵێن بە ناوەی نیشتمان و خەڵکەوە لە دەرەوەی هەموو خەتەرێکی راستەوخۆدا ژیان رادەبوێرن.

بەڵێ، پێشمەرگایەتی بەڵایەکە دەبێ رێگەی لێبگیردرێت

ئەمەی خوارەوە ئەو دوو رستەیەیە کە نوخبە پڕۆکسییەکان هەڵایان لەسەر ناوەتەوە کە گوایە سەڵاحەدین ئەحمەد نووسیوێتی سەردەمی دەوڵەت بەسەر چووە:

پێشمەرگە، ئەگەر بەزوویی تەقاوت نەکرێت، دەبێت بە یەک دانە دەعبای وەها کە لە جێی فەرهەنگی کوردەواریی کەوتن و مافیاگەرێتیی و کولتوری ئابڕوتکاندن دروست دەکات لە رۆژهەڵات. ئەو حیزبانەش کە شەرعییەتیان لە پێشمەرگایەتییەوە وەرگرتووە جۆرە بەڵایەکی وەهان کە دەتوانن لە ئایندەدا وێنەی دەوڵەتی سەرکوتگەری بەسەرچوو لە یادەوەریی گشتییدا بکەن بە بابەتی شیعری نوستالجیک.

ئەمە پێمان دەڵێ پێشمەرگایەتی، ئەگەر رێگەی لێنەگیردرێت، لە ئایندەدا مافیاگەرێتییەکی وەها بەرپا دەکات کە خەڵکی بێدیفاعی کوردستان خۆزگە بە رۆژگاری تاریکی دەوڵەتی سەردەمی جمهوریی ئیسلامیی بخوازن. پێویست بە ووتن ناکات کە خۆزگە خواستن بە سەردەمێکی ئاوها بەو واتایە هاتووە کە ئاماژە بێت بە رەوشێکی تەواو تراژیدیی (ئەوەندە خراپ کە خراپتریینەکەی ئەمڕۆ لە چاویا جێگای نۆستالجیا بێت). واتا، ”دەوڵەتی سەرکوتگەری بەسەرچوو” ئاماژەیە بە جمهوریی ئیسلامیی، بەڵام پڕۆکسییەکان بە بێ ئیقتیباسکردنی رەستەکانی من، ئەرکی خوێندنەوە و شەرحکردن و رێبەریی ئەخلاقییان گرتووەتە ئەستۆی خۆیان کە بە خەڵک بڵێن کە گوایە سەڵاحەدین ئەحمەدی چەپ پێیوایە کە سەردەمی دەوڵەت بەسەرچووە و کوردستانییەکان توانستی خۆبەڕێوەبردنیان نییە و هتد.

لەوەش سەیرتر ئەوەیە کە هەر ئەوانەی کە ئاستی خوێندنەوەیان ئەوندە پەرێشانە، لە پەشێوییدا بێئاگایانە خۆیان دەکەن بە نموونەی حاشاهەڵنەگری یەک بە یەکی ئەو هەڵانەی کە ووتارەکە رەخنەیان دەکات. هەر لە کورتکردنەوەی ئیرادەی دانیشتوانی کوردستانەوە تاوەکو خۆبەزمانحاڵکردنی ”کورد” مورەتەب هەلاکەتی هزریی بەیان دەکەن لە ئیمتیحانێکدا کە کەس زۆری لێ نەکردوون کە بیدەن. وەکو لە ئیمتیحانەکەشدا دەکەون، دەرفەت لە کیس نادەن کە هەم رەخنەی ووتارەکە بەسەر خۆیاندا بهێنن و هەم بکەونەوە سەفسەتەی شوڤێنیستەوە.

سەڵاحەدین ئەحمەد، بە قەولی ئەم خۆ بە پان-کوردستانی زانانە، لە رۆژهەڵات تێناگات. بۆ؟ تەنیا لەبەر ئەوەی خەڵکی ئەوێندەر نییە. کەم گریمانە هەیە بەو شێوە بێشەرمە ناوچەگەر (و لەبەر ئەوە، شۆڤێنیستیش) بێت. لێدوانێک کە گریمانەی لەم جەشنە دادەمزرێنێ بۆ ئەوە دەشێت کە وەکو نموونە لە کتێبی مەنهەجییدا دەربارەی شۆڤێنیزم بە کاربهێنرێت. لە تەمەنی خۆمدا، لایەن و کەسانی شۆڤێنیست و فاشیست، جنێویان پێداوم، تەهدیدیان کردووم، ناچاری مەنفایان کردووم، و چەند جارێکیش زیندانیان کردووم، بەڵام هەرگیز نەمبیستووە پێم بگوترێت لەبەر ئەوەی تۆ خەڵکی فڵان شوێن نییت، لێی تێناگەیت، لە کاتێکدا زۆربەی هەرە زۆری نووسینەکانم بە سێ زمان (جگە لەوانەی کە تەرجەمەکراون) لەسەر رەگەزپەرستییە هەر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە تا ئەوروپا و ئەمریکاکان. دوا ووتارم بە ئینگلیزیی لە سەر خەسڵەتە فاشیستەکانی ناسیۆنالیزمی روس و هاپەیمانانی ناتۆیە. بەڵام، بۆ نموونە، کەس نەیووتووە لەبەر ئەوەی تۆ روس نییت، لە روسیا تێناگەی.

هەڵبەت ئاگاداری هەموو ئەو شتانە نییم کە لە سەر ووتاری ”نەژادپەرستیی ناتوانێت کەس رزگار بکات” بڵاوکراوەتەوە، بەڵام دەزانم هەمووشیان سەر بە هۆسە و پەلامەرە فەتواگەرییەکە نیین. بەڵکو چەند کەسێەک بە بایەخەوە هەوڵییان داوە کە لە ووتارەکە تێبگەن یان سەرنجی لەبارەوە بدەن، گەرچی خوێندنەوەکەشیان ورد و دروست نەبێ. ئەوەی کە مەبەستمە ئەم تێبینیانەی لەسەر بنووسم، پەلامار و هۆسەکەیە کە خەتێکی دیاریکراوی نوخبە قەڵسبووەکان لە شپرزەییدا دروستیان کردووە. بەڵام نە ناوەکان دیارن نە تێکستێکیان بەرهەمهێناوە کە سنوری پڕوپاگەندە و سەفسەتە تێپەڕێنێت. ئەوەی کە روونە تەنیا ئەوەیە کە سەرچاوەی زۆربەی هەڵمەتە فەتواگەرییەکە پڕۆکسییەکانی حیزبی دێموکراتە. حدکاوییەکان و لە حدکاچووەکان و پرۆکسییەکانی دیکە زۆر سەهوون ئەگەر وەها بزانن تیرۆریزمی گەلەکۆمەکیی و تاکتیکی ژێرزەمینیی مافییاگەرێتی تێکستەکە لە شوێنی خۆیدا دەکوژێت.

لە روانگەی پرۆکسییەکانی حیزبی دێموکراتەوە (ئەگەر ئەوە شیاو بێت کە بگوتڕێ پرۆکسی روانگەی هەیە) سەڵاحەدین ئەحمەد پێشینەو و شارەزایی پێویستی نییە کە لەسەر رۆژهەڵاتی کوردستان قسە بکات. داخۆ حیزبی دێموکرات چییە کە دەسەڵاتی ئیجازەدان و ئیجازەنەدانی ئەکادیمیبوون و کوردبوون و شێخبوون و شەهیدبوون و هەناسەدانی هەبێت. ئەم هێزە چییە کە سوپایەک لە پرۆکسیی و دەمەتەقێنووسی بندیواری هەیە بۆ ئەوەی لە رۆژهەڵات خۆی وەکو هەڵگری بەیداخی سەربەخۆیی و بونیادنەری دەوڵەت بناسێنێت لە کاتێکدا کە هەموو کردەوەکانی ئەوەمان پێدەڵێن کە تێگەیشتنێکی نییە بۆ رێزگرتن لە بنەما فەلسەفییەکانی سەربەخۆیی و سەروەریی. جگە لەوەش، لەسەر ئاستە هەرە رووکەشییەکەش، حدکا یەک لێدوانی نییە کە جەخت لە وویستی سەربەخۆبوون بکاتەوە. شانازیی هەرە مەزن و سەرچاوەی رەوایەتیی بەخۆدانی ئەم هێزە ئەوەیە کە ”شەهیدی” داوە، ئەمەش دەکاتە ئەوەی کە ژمارەیەکی زۆر کوڕ و کچی بەدبەختی خانەوادەی بەدبەختی بە کوشت داوە. لە پێناو چییدا؟ کامەیە ئەو ئامانجە رزگاریخوازەی کە گوایە ئەو هەموو مەرگە تەبریر دەکات؟ بەڵێ جمهوری ئیسلامیی لەو کوشتارە بەرپرسیارە، بەڵام عەقڵییەتێک کە خۆ بە کوشدان تەشجیع دەکات و ئەژدیهاکانی زوحاکی ئەم سەردەمەی ئێران بە خوێنی کوڕ و کچی بەدبەختی ووڵاتەکەی خۆی ئاسودە دەکات عەقڵییەتێک نییە کە بتوانێت رزگارییخواز بێت یان بزانێت ئازادی چ جۆرە راستییەکی فەلسەفییە و چ جۆرە مەرجێکی ژینگەی کۆمەڵایەتییە. نوخبەیەک کە مەرگ پیرۆز بکات بە ناوی شەهادەتەوە و بە خۆشی بڵێت سێکیولار، هەم هەمەجییە هەم دووڕوو.

حدکا نە دیموکراتە نە کوردستانییە، بەڵام ئێرانییەکی درۆزنە

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) نە دیموکراتە نە کوردستانییە. حدکا ئێرانییە بەڵام ئێرانییەکی بەدباوەڕ. لە هیچ دۆکیومێنتێکی حدکادا داکۆکی لە سەربەخۆیی نەکراوە. کەوایە، هۆی چییە کە وەکو هێزێکی سەربەخۆییخواز ناوی دەرکردووە؟ بە پێچەوانەوە هەموو دۆکیومێنت و لێدوانە رەسمییەکانی دەسەڵاتی یەکەمی حدکا جەخت لەسەر ئێرانییبوونی حدکا و خەڵکی رۆژهەڵات دەکەنەوە. هەڵبەت هەچەند دەسەڵاتی یەکەمی حدکا رییایی بۆ شاپەرستەکان بکەن، پان-ئێرانییە فارسەکان متمانە بە حدکا ناکەن، بەڵام ئەوە تەنیا لە دووفاقیی حدکاوەیە نەک لە کوردسدتانییبوونێوە. کەوایە، بۆ دەبێ خەڵک بە قسەی نوخبە پڕۆکسییەکانی حدکا و حدکاوییەکان و لە حدکاچووەکان باوەڕ بکەن کە گوایە سەربەرخۆییخوازن؟ یەکەم بەدیهییەت ئەمەیە: ئەوانەی لەبەدباوەڕییدا دەژیین، ناشێت جێگای باوەڕی هیچ ئینسانێکی هۆشیار بن.

هێزێک کە کەمتریین گرنگیی بە ژین و خۆشگوزەرانیی دانیشتوانی کوردستان نادات، چۆنە کە لە کاتێکدا کە گەڕەکێکیشی بەدەستەوە نییە، سوپایەک شەقاوە و دەمکوتکەر و فەتواچیی هەیە؟ بۆ ئەوەی لەم رەوشە ناجۆرە تێبگەین دەبێ پێکهاتە سەرەکییەکانی هێزی حدکا شییبکەینەوە، گەر بە کورتییش بێت.

حدکا مەخلوقێکی شێواو خولقە، بەڵام دەرهاویشتەی ژینگەیەکی پڕ لە ستەم و بێئومێدیی و بەدبەختییە، ئەگینا نابێت بە جێهیوای ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵکی دڵپاک و خۆنەویست. هێزێکە لەسەر ژانی کوردێکی زۆری بێچارە دەژی و گەشە دەکات. ئەوانەی کە لە مەداری کاریگەریی ئەم بوونەوەرە دان دەکرێت دابەش بکرێن بەسەر چوار گرووپدا. دوو گرووپیان نوخبەن، دوو کرووپەکەی دەکەیان قوربانیی فریودراو. گرووپی دووەم بەشێکی راستەوخۆ نیین لە تەشکیلاتی حدکا، بەڵام وەکو پڕۆکسیی حدکا کاریگەریی دروست دەکەن. گرووپی چوارەمیش بەشێک نیین لە حدکا بەڵام دەکەونە بەر کاریگەریی حدکا و حدکاوییەکان.

١- گرووپی یەکەم بێگومان ئەوانەن کە حدکا بەڕێوە دەبەن. ئەمانە لەسەرەوەی هەرەمی دەسەڵاتی رەسمیی بونیادەکەن و بڕیاردەری سەرەکیین. شتێکن بە بێ ئەوەی شتێک بن. شکی تێدا نییە کە ئەمانە نوخبەیەکی دەسەڵاتدار و دەسەڵاتگەرن لە سنوری هێزێکی چەکداردا کە لەسەر بەرهەمی کاری کوردی مەدەنیی و لەسەر حیسابی سەلامەتیی خەڵکی گوندنشیین دەژی.

٢- گرووپی دووەم ئەوانەن کە راستەوخۆ خۆیان بە حدکا ناناسێنن بەڵام بەشێکی سەرەکیین لە دەسەڵاتی نوخبەویی حدکا. ئەم گروپە بە رەسمیی ئەندامی حدکاش نەبن، حدکاویین. گرووپی حدکاوییەکان لەو نەژادپەرستانە پێکهاتووە کە رای گشتیی دروست دەکەن.. لەو کاریگەرییە مەعنەوییەدا درێژە بەو لێڵییە زیهنییە دەدەن کە تیایدا خەڵکی بێچارە لە حدکادا بەڵێنی کوردستانێکی ئازاد ببینن.

٣- گرووپی سێیەم زۆرینەی پێشمەرگەکانی حدکان. ئەوانەن کە لە بێهیوایی دەربازبوون لەو هەموو بەدبەختیی و زوڵم و بێچارەییەی کە ئەزمونیان کردووە، خۆیان و میللەتەکەیان گرێداوە بە خەونێکەوە کە ناویان لێناوە حدکا. زۆربەی ئەمانە رۆمانسیین، نییەت پاکن، خۆنەویستن، بەڵام بەدەم خەوەوە رێدەکەن. دەشێت زۆربەیان قەت بەخەبەر نەیەن. ئەم گرووپە چەندە دڵپاکن، ئەوەندە جێگای مەترسیین، چونکە دەشێت دەسەڵاتی حدکا هەر شتێکیان پێبکات بە ناوی نیشتمانپەروەریی و کوردپەروەرییەوە. ئەو بەشەیان کە دەمێنێتەوە و نادرێت بە کوشت، لە قۆناغی داهاتوودا دەبن بە ئامرازی کوشتن و بڕینی ئەو کوردە بێچارانەی کە دەسەڵاتی حدکا وەکو مەڕوماڵاتی خۆی تەماشایان دەکات.

٤- گرووپی چوارەم ئەو خەڵکە بێچارەیەن کە هەردوو قۆڵی دەسەڵاتی حدکا (واتا نوخبەکان، واتا گرووپی یەکەم و گرووپی دووەم) بەردەوام بەختیان دەکەن و لەگەڵ هەموو کارەساتێکیشدا سەرمایەی رەمزیی حدکا زیاتر دەبێت.

نوخبەکان هیچ پلانێکیان نییە جگە لەوەی کە رەوشێکی وەها بهێننە کایەوە کە خەڵکی رۆژهەڵات هیچ پەنایەکیان نەمێنێت. ئەوەی بفەوتێت دەفەوتێت ، ئەوەشی کە نەمرێت ناچار دەکرێت لەبەر پەلاماری سوپا و هێزی چەکداری دیکەی سەر بە تاران دەست لە شار و شارەداریی و گوند و ئاوەدانیی هەڵگرن و روو لە شاخەکان بکەن. نوخبە نەژادپەرستەکان هیچ کێشەیەکییان نییە لەگەڵ چارەنووسێکی ئاوهادا بۆ خەڵکی بە ناو دیفاع لێکراو.

بە پێی زیهنییەتی حدکاوییەکان، ئەگەر من ئەمەم بۆ کێشە بێت، ئەوا دژایەتی مەسەلەی کوردم کردووە. ئەوە زیهنێتێکی فەتواچیی سەرکوتگەرە کە بەو جۆرە دەخوێنێتەوە و حوکم دەدات و خۆی دەکات بە چاوساغی خەڵک. ئەگەر سبەینێ بۆی بلوێ بچێتە هەر شارێکەوە دەیکات بە گەوەڕێک بۆ حوکمی هەرە قەشمەرەکان و جەهەنەمێک بۆ زۆرینە. ئەم شتانە تەنیا بۆ حدکا نا، بەڵکو بۆ ووردە هێزە رەجعییەکانی دیەکەش دروستن کە لە کوردستاندا چالاکن. هەڵبەت مەبەست لێرەدا باشور نییە، چونکە باشور دەمێکە بووە بە جەهەنەم بۆ زۆرینەی بێدەنگکراو و تەویلەیەک بۆ حوکمی شەقاوە و قەشمەرەکان. لەوێش، سەرلەبەیانی کارەساتەکە بە دەمکوتکردن و راستڕەویی دەستی پێکرد. لەوێش پێشمەرگایەتی موقەدەس بوو هەتا سەرتاپای هاووڵاتیبوون و شارستانیبوونی لە هەموو حورمەتێک داماڵی. لەوێش پڕۆکسییەکان کاری ئیبتیزالکردنی هەموو شتێکی فەرهەنگیی و بیریارییان لە ئەستۆ گرت. ئەمە لە چەند رۆژێکدا رووینەدا، بەڵکو ساڵانی پێچوو. فاشیزم لەوێش فاشیزمی پرۆکسییەکان بوو، کێشەی لیبیدۆی خەفێنراو و رق-لە-کورد-بوون بوو، و بە شەرتی کوردایەتی دەرخواردی زۆرینەیەکی ستەمدیدە درا. ئەمئێستا خەڵک هەیە لە حەیبەت ئەو عەزابەدا کە تێیدا دەژیین خۆزگە بە رۆژگاری دەوڵەتی بەسەرچووی بەعس دەخوازن. کامانەن ئەو بلییمەتانەی حدكا كە گوایە پڕۆژەیەکی جیاوازییان هەیە بۆ رۆژهەڵات؟ شاعیرانی پێشمەرگایەتی جگە لە شعورفرۆشی و مەرگپەرستیی و بەدباوەڕیی و جڵقی دروشمبازیی چی دیکەیان پێشکەش کردووە تا بکرێن بە زمانحاڵی رۆژهەڵات؟

فەتوا لە دژی رەخنە و ترسی نوخبەکان لە بیرکردنەوەی خەڵک

لە نووسینی ووتاری ”نەژداپەرستیی ناتوانێت کەس رزگار بکات” پێشببینی ئەوەم دەکرد کە زۆر کەس پێی قەڵس ببن. سروشتی دیدگای نوێ وایە کە شێلگیرانە بەر نەفرەت بکەوێت. فەرهەنگی فەتواگەریی ریشەی قووڵ و دەرکەوتەی فرەڕوخساری هەیە لە کۆمەڵگە زۆرینە موسوڵمانەکاندا. نوخبەکان نایەنەوێ خەڵکی ئاسایی بۆ خۆی بڕیار بدات، بەڵکو دەیانەوێ باوکئاسا باش و خراپ، حەڵاڵ و حەرام، بۆ میللەتەکانیان دیاریی بکەن. ئەوەی کە بەرچاوم کەوتبێ، پەلاماردەرەکان تەنانەت دەستیان تێنەچووە کە هاوپێچی ووتارەکەش دانەن چونکە نایانەوێت خوێنەر بۆ خۆی ووتارەکە بخوێنێتەوە، چونکە سروشتی فەتوا وەهایە کە کاردانەوەیەکە بۆ رێگەگرتن لە بیرکردنەوەی سەربەخۆ. ئەگەر لە دیدگای گرووپە خۆماڵییە سەردەستەکاندا تێکستێک خەتەر بێت، فەتواچییەکان دەیانەوێ بە پەلە بە نەفرەتی بکەن پێش ئەوەی تێکستەکە دەرفەتی هەبێت پرسیارکردن لە رژێمی باوی بیرنەکردنەوە بڵاوبکاتەوە. فەتواکان لە کاردانەوەیاندا بەرانبەر بە تێکستێک کە پرسیارهێنەر و گومان وورووژێنەر بێت، کە گۆمی مەنگی گوتاری باو بشەڵەقێنێ، بە تەبیعەت دەکەونە ناکۆکییەکی زاتییەوە. موفتییەکانی رژێمی بیرنەکردنەوە کە کاریان لەسەر بە عەوامکردن وەستاوە لەلایەکەوە پێمان دەڵێن کە تێکستەکە هیچ بایەخێکی نییە و لە لایەکی دیکەوە و لە هەمان کاتدا بە شپرزەیی فەتوای حەرامدن و کفراندن و حەقیرکردنی لەسەر دەردەکەن. ئەم شەڕە شەڕی نێوان ئیبن تەیمییەکان و ئیبن روشدەکانە، شەڕی نێوان خورافە و زانستە، پەلاماری موجاهیدە مێشک قورمیشکراوەکانی عەقیدەتە لە دژی بیریارێک کە زات بکات لە بیرکردنەوەدا سەربەخۆ بێت.

زۆر لە پێش خومەینییەوە فەتواگەریی دژی بیری ئازاد و داهێنانی پرسیارهێن هەبووە. ئەمڕۆ، لە زۆر هێزی دەرەوەی بازنە مەزهەبییەکانیشدا فەتواگەریی نەریتێکی جێگرتووە گەرچی هەندێک لەو هێزانەی کە پیادەی دەکەن بە روواڵەت سێکولار بن و تەنانەت (بە لێکدانەوەی خۆیان) لە سەنگەری دژە خومەینیزم و وەهاببیزمیشدا بن. جیهانبینیی فەتواگەر توانای خوێندنەوەی شتێکی نییە کە دەستکاری چوارچێوەی چەمکسازیی و ماناکان و گوتارەکان بکات، بەڵام هەست بەو جۆرە تێکستە دەکات کە خەتەرن بۆ چوارچێوە باوەکان، و هەر بۆیەش پاسەوانانی رژێمی گوتاری باوی ناو جڤات ناتوانن ئەو جۆرە تێکستە فەرامۆش بکەن گەرچی ئەگەر بۆیان بکرێت قەدەغەی دەکەن، دەیسوتێنن، و رەنگە نووسەرەکەشی بسووتێنن. بۆیە ناوی دەبەن بۆ ئەوەی بڵێن گرنگ نییە، و دەڵێن گرنگ نییە بۆ ئەوەی ناوی نەبەن. لەگەڵ ناوبردندا، خەتاباری دەکەن، و لەگەڵ خەتاباکرندا پەلاماری کەسایەتی نووسەرەکە دەدەن. پەیامەکەیان لە یەک شتدا کورت دەبێتەوە: ئەم نووسەرە ”دوژمنی گەلە” ( بیرهێنانەوە: شانۆگەرییەکەی ئیبسن بەو ناونیشانە).

یەکێک لە خەسڵەتەکانی نەژادپەرستیی خۆ-بەکەم-زانییە، یەکێک لە نیشانەکانی خۆ-بەکەم-زانینیش لێرەدا دەردەکەوێ: مادام سەڵاحەدین ئەحمەد کوردە، یەکسەر گومان دەخرێتە سەر شارەزاییەکانیشی. وەلێ، کێشەیەک هەیە! سەڵاحەدین ئەحمەد خۆی بڕوانامەی ئەکادیمیی بەخۆی نەداوە، وەکو جەماعەتی تەکێکانی نەژادپەرستیی، بەڵکو زانکۆکانی رۆژئاوا ئاوهایان ناساندووە. ئەمە وای کردووە قەیرانی هەندێک لە پەلاماردەران سەختتر ببێت. هەندێکیشیان نەفرەتیان لەو زانکۆیەش کردووە کە سەڵاحەدین ئەحمەد دەرسی تێیدا دەڵێتەوە. ئەگەر نووسەرەکە کورد نەبوایە، ئەوا هەر چۆنێک پەلاماریش بدرایە، مۆڵەت و کرێدێنشیاڵەکانی نەدەبوونە جێگای مشت و مڕ و نەدەخرانە ژێر گومانەوە. ئەمەیە پەیوەندی قووڵی نێوان نەژادپەرستیی و خۆبەکەمزانیین. واتا، نەژادپەرستیی لە راستییدا دەمامکێکی سایکۆلۆجییە بۆ شاردنەوەی خۆبەکەمزانیینی خودی نەژادپەرست لەگەڵ خۆیدا.

هەموو ئەم قەیرانە لەوەوە دێتە کایەوە کە کەسێک زاتی کردووە کە باس لەوە بکات کە ژیانی ئینسانەکان و رێزگرتن لە ئیرادەی سەربەخۆی کەس و جڤات و میللەتەکان و دانهێنان بە توانای عەقڵیی و مەدەنیی و سیاسییاندا زەرورەتە نەک تەقدیسی چەکداریی و گوتاری مەرگەساتبار و مەرگپەرستیی خاک و خوێن. قودسییەتی پێشمەرگە لە پێشخستنی مەرگەوە سەرچاوەی گرتووە. عەقیدەتێکیش ئەوەندە ژیانی بۆ هەرزان بێت و ئەوەندە قەڵس ببێت بە بیستنی دەنگێک کە بەرگریی لە ژیانی ستەمدیدەکان بکات هی ئەوەیە هەواڵەی مێژوو بکرێت. ئەگەر قەرار بێت پێشمەرگایەتی کوردایەتی پێناسە بکات، ئەوا کوردایەتی نەک هەر ناتوانێت رزگارییخواز بێت، بەڵکو ناشتوانێت نە بیر بێت نە پڕۆژەیەکی سیاسیی. ئەگەر کوردایەتییەک قودسییەت بە مەرگەوە ببەستێت، ئەوا کوردایەتییەک نییە کە تاک و جڤات و کۆمەڵگەی کوردی پێ شایستەی ژیان بێت چ جا ژیانێکی بە کەرامەت و سەربەست. ئەم زاتانەش کە گوایە پاسەوانی کوردایەتیین، نەک رزگارییخواز بەڵکو گۆستاپۆن، نەک لە بەرانبەر هیچ هێزێکی سەرکوتگەر و داگیرکەردا بەڵکو لە بەرانبەر بەدبەختەکانی ووڵاتی خۆیاندا.

لە کۆمەڵگەدا جگە لە ژیانی ئینسان وەکو تاکەکەسی ئازاد قودسییەتدان بە هەر شتێک، پیشەیەک، ناونیشانێک، باوەڕێک، رەمزێک یان هێزێک و سەپاندنی بەسەر جڤاتێکدا وەکو موقەدەس کارێکە لە دژی رۆشنگەریی و بەو پێیەش لە دژی رزگاریی راستەقینە. دەبێ پێشمەرگایەتیی لە قودسییەت بخرێت پێش ئەوەی گیانی مقاوەمەت و مەدەنییەت لە رۆژهەڵات بکوژێت و ئەزموونی رۆشنگەریی لە بەین ببات. ئەم ووتەیە بە ئاشکرا دژی پڕۆژەیەکی دیاریکراوە نەک دژی و مافی کوردان بۆ رزگاریی. بە پێچەوانەوە، ئەساسەن تێزەکە تێزێکی رزگارییخوازە، بەڵام نوخبەکان لەسەر ئەوە راهاتوون کە کوردبوون یەکسان بکەن بە خۆیان، و هەر دیدگایەک ناکۆک بێت لەگەڵ باوەڕی خۆیان، بە دژە-کورد ناوزەدی دەکەن. یەکێک لە فێڵە لەمێژیینەکانی هێزە پاشکەوتخوازەکان ئەوەیە کە ”ئەگەر دوامان نەکەوی کەواتە لە دژی پرسی عادیلانەی نەتەوەکەمانی.” ئەم کردەوەیە بەخاینکردنە، واتا بە خاین ناوزەدکردن، و وەکو توخمی گوتار، یەک شتە لەگەڵ فەتواگەرییدا. کردەوەیەکە لە دژی هوشیاریی و لە باوەڕ نەبوون بە توانستی خەڵکەوە سەرچاوەی گرتووە. چونکە لە دیدگای نوخبەکاندا خەڵک وەکو نوقسان دەبیندرێت، تەنانەت یەک ووتاری بە راستیی رەخنەیی دەتوانێت بیانخاتە رەوشی شپرزەیی و پەشێوییەوە. ئەگەر تێکستێک بڵاوبووەوە، نوخبەکان ماکینەی فەتوادان دەخەنە کار نەبا تێکستەکە خەڵک لە خشتە ببات.

نەخێر، نەژادپەرستیی ناتوانێت کەس رزگار بکات. نەخێر ئەمە مانای ئەوە نییە مەسەلەی رزگاریی نیشتمانیی بێبایەخە و هەموو دەوڵەت-نەتەوەکان و هەموو ستەمکار و ستەمدیدەکان وەکو یەکن. بەڵکو مانای ئەوەیە خەڵکی ستەمدیدە شایستەی ئەوە نیین کە وەکو نوقسان سەیر بکرێن؛ مانای ئەوەیە نەژادپەرستەکان لە راستییدا میللەتی بەناو دیفاع لێکراویان پێ بەشەر نییە. بۆ ووردەکاریی ئەم تێڕوانینە، خوێنەر بانگهێشت دەکەم کە بە خۆی ووتاری ئاماژەبۆکراو بخوێنێتەوە و بە خۆی تەفسیری بکات.

زوو یا درەنگ، سەردەمی مورشیدەکان و پاسەوانەکانی موقەدەس و پۆلیسەکانی ئەخلاقی جەمعیی دەبێ کۆتایی بێت و سەردەمی دانهێنان بە ئینساندا وەکو تاکە کەسی خاوەن ماف و کەرامەت و ئازادی بیرکردنەوە دەستپێ بکات. نابێت نوخبەکان بەردەوام موڵەتی زمانحاڵبوونی نەتەوەیی و دەسەڵاتی بەرهەمێنانی حەقیقەتیان پێ بدرێت. دەبێ پەراوێزخراوان پێشەنگ بن بۆ رۆشنگەریی نەک بکرێن بە موستەزعەفینێکی بەناو دیفاع لێکرا و لە راستیدا تەعدالێکراو. با خومەینییە بچوکەکانی ئەمڕۆ را نەیەن لەسەر ئەوەی تێکستەکانمان بۆ تەفسیر بکەن و باش و خراپمان بۆ دیارییبکەن، ئەگینا سەردەمی موفتی و خومەینییەکان لە هەڵقەی داهاتووی ئەم مێژووە نائینسانییەدا درێژە دەکێشێ و ئینسان بێبایەختر دەکرێ. رزگاریی پێویستی بە موفەتیشی ویژدانی گشتیی و پۆلیسی بیر و مەزارگەی ئەولیا نییە، بەڵکو پێویستی بە لە کارخستنی رژێمێکی کۆمەڵایەتییە کە تیایدا ئینسان تەنیا وەکو بەختکراو رێزی لێدەگیردرێ و مان و نەمانیش تەنیا سەرقافڵەکان بڕیاری لەسەر دەدەن.

لە دەرئەنجامدا، دەربارەی ئەوانەی کە خۆیان وەکو پاسەوانی مەسەلەی کورد دەناسێنن بەڵام سەبر و سەلیقەی خوێندنەوەی دوو سێ لاپەڕەیان نییە و هەموو شتێک لایان دووبارەبوونەوەی شتێکی ترە کە پێشتر گوایە بیستوویانە یان زانیویانە، هەمان پرسیاری سەرەکیی دێتە پێشەوە: ئەگەر لە گواستنەوەی ناوەڕۆکی تێکستێکی کوردییدا ئەوەندە کۆڵەوار بن، داخۆ چی بەڵایەکن بۆ ئەو میللەتەی کە بە ناوێوە دەدوێن و گوایە نوێنەرایەتی ئیرادەی نەتەوەیی دەکەن؟




ڕووخانی کۆماری ئیسلامی و پرۆسەی گواستنەوە بۆ سیستەمی ئایندە.. دیمانەی خەلیل کەیوان لەگەڵ حەمید تەقوایی

وەرگێڕانی بۆ کوردی:کاوە عومەر
لەسەر بنەمای چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کەناڵە جەدید ئامادەکراوە

خەلیل کەیوان: کۆمەڵگا بە ئیرادەیەکی پتەو و هەنگاوی پتەو و یەکگرتوو و هیواخوازانە بۆ ڕووخاندنی حکومەتی ئیسلامی بەرەو پێشەوە دەڕوات. پرسیار ئەوەیە ئایا کۆماری ئیسلامی دەڕوخێنرێت یان نا، بەڵکو پرسیارەکە ئەوەیە کە چۆن بە خێرایی و چۆن دەڕوخێنرێت. حکومەت لە لێواری داڕماندایە، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش هەندێک هێز باس لە پێکهێنانی حکومەتێکی کاتی و ئینتقالی دەکەن. تایبەتمەندی ئەم قۆناغە چی دەبێت؟ حکومەتی کاتی چۆن دیاری دەکرێت؟ پێکهاتەکەی چۆن دەبێت؟ شۆڕش چی دەوێت و گەرەنتی چییە کە حکومەتی کاتی لە ڕۆژی ڕووخاندا داواکارییە سەرەتاییەکانی خەڵک جێبەجێ بکات؟ ئەگەر حکومەتی کاتی داخوازییەکانی شۆڕش جێبەجێ نەکات، چی ڕوودەدات؟ سیاسەتی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری لە قۆناغی گواستنەوەدا چییە؟
حەمید تەقوایی هێزگەلێک باس لە حکومەتی کاتی و ئینتقالی دەکەن. دۆخی سیاسی لە قۆناغی گواستنەوەدا ئاسایی نییە. تایبەتمەندییەکانی ئەم قۆناغە چین؟
حەمید تەقوایی: قۆناغی گواستنەوە ئەو قۆناغەیە کە بەزۆری لە شۆڕشەکاندا بە مەودای نێوان ڕووخانی حکومەت و دامەزراندنی سیستەمی داهاتوو ناودەبرێت.
خاڵی یەکەم ئەوەیە کە ئەم باسە کە ئێستا هەندێک لە هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن لەبارەی حکومەتی کاتی و ڕیفراندۆم و دەستوور و ناوی سیستەمی ئایندە و مەجلیسی دامەزرێنەر و هتد هەیانە، تەنیا دەرکەوتنی ئەم پەرەسەندنەیە. ناچنە ناو ناوەڕۆکی دۆسیەکە، ئەم سەردەمە چییە و خەسڵەتەکانی چین و با گریمانە بکەین کە ڕۆڵی خەڵک چییە، ڕۆڵی حزبەکان چییە و هتد. باسەکە لەسەر لایەنی فەرمی ڕیفراندۆم، دەستوور، یان ئەنجومەنی دامەزرێنەر و هتد نییە. بنەمای کەیسەکە ئەوەیە کە قۆناغی ئینتقالی تایبەتمەندییەکی هەیە کە وا دەکات بە تەواوی جیاواز بێت لە بارودۆخی کۆمەڵگایەکی ئاسایی.
دەبینیت کاتێک باس لە قۆناغی ئینتقالی دەکەین، وا گریمانە دەکەین کە کۆماری ئیسلامی ڕووخێنراوە. دیارە چ دەسەڵاتێک ڕووخانی. سروشتییە خەڵکی شۆڕشگێڕ توانیویەتی خۆی ڕێکبخات و بە بەردەوامی خەباتێکی وا بەڕێوەببات کە حکومەتیان هێناوەتەخوارەوە و ڕووخاندوویەتی. بۆیە لەو ماوەیەدا دەسەڵات لەسەر شەقامە. قۆناغی ئینتقالی واتە قۆناغێک کە هیچ کەسێک لە ڕێگەی پەرلەمانەوە یان خوێن و پەیوەندی بۆماوەیی دەسەڵات ناباتە پێشەوە، یان هەڵبژاردنی سەرۆک، سەرۆکی حکومەت، کابینە و …هتد، کەس لە سەرەوە حوکمڕانی بەسەر خەڵکدا ناکات، بەڵام هەروایە ئەو خەڵکە خۆیان کە لە کاتی شۆڕشدا دانیان بە دەسەڵاتی خۆیاندا نا، یەکگرتوو بوون، هاتنە مەیدان و حکومەتێکیان ڕووخاند. ئەمەش گرنگترین تایبەتمەندی قۆناغی گواستنەوەیە. قۆناغی بەرزبوونەوە و بەهێزکردنی جەماوەر، ئەو خەڵکەی شۆڕشیان گەیاندە سەرکەوتن. ئەم ڕاستییە پێویستە هەموو هێزەکان دانی پێدا بنێن، جا چ هێزی شۆڕشگێڕی ڕادیکاڵ وەک حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری یان هەر هێزێکی تری ئۆپۆزسیۆنی ڕاستڕەو و هتد. ئەمەش گرنگترین تایبەتمەندییە.
خاڵی دووەم ئەوەیە کە قۆناغی ئینتقالی ئەو قۆناغەیە کە کۆمەڵگا دەیەوێت نیزامێک دیاری بکات و دابمەزرێنێت کە وەڵامی داواکارییە شۆڕشگێڕییەکانی بداتەوە. چونکە شۆڕش بە هەمان ئارەزوو و بە هەمان ئایدیاڵ و بە هەمان ئاڵا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە. حکومەتی ڕووخاند و ڕزگاری بوو لێی، بەڵام دەبێت داواکارییەکانی جێبەجێ بکرێن.
تایبەتمەندییەکی دیکەی قۆناغی ئینتقالی ئەوەیە کە دەبێت هەلومەرجێک دروست بکرێت بۆ ئەوەی گەل بتوانێت بە داواکارییە شۆڕشگێڕییەکانی خۆی بگات، واتە ئەو حکومەتەی داهاتوو کە دادەمەزرێت، حکومەتێک بێت کە بە تەواوی بە ئیرادەی ئازادی گەل هەڵبژێردرێت و بەڕاستی نوێنەرایەتی گەل بکات هیوای خواست. قۆناغی ئینتقالی خەسڵەتێکی تری هەیە کە دواتر دەکرێت ڕوونی بکرێتەوە، تەنیا جەخت لەوە دەکەمەوە کە قۆناغی ئینتقالی قۆناغی بەهێزکردنی ئەو خەڵکەیە کە دەیانەوێت خواست و ئامانجە شۆڕشگێڕییەکانیان بەدی بێت.
خەلیل کەیوان: حکومەتی کاتی بە چ هێزێک و چۆن دیاری دەکرێت؟ پێکهاتەکەی چۆن دەبێت؟ ئایا دەکرێت حکومەتی کاتی تاک حزبی بێت، یان تەنانەت دەسەڵاتی یەک کەسیش تێیدا یەکلاکەرەوە بێت؟
حەمید تەقوایی: با سەرەتا باس لە ناوەڕۆکی ئەم دەسەڵاتە کاتیە و چۆنێتی دیاریکردنی بکەین، نەک پێکهاتەکەی چییە، ئایا تاکەکەسییە یان بەکۆمەڵ و هتد، چونکە ئەمانە زیاتر لایەنی لاوەکی بابەتەکەن.
وەک ڕوونم کردەوە قۆناغی تێپەڕین سەردەمی دەسەڵاتی خەڵکە. بۆیە حکومەتی کاتی و هەر هێزێک کە لە دوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامی دێتە سەر کار، دەبێ دەسەڵاتی خۆی لە شەقامیش وەربگرێت. حکومەت نەماوە و هەڵبژاردن نەماوە و کەس جێگەی کەسی نەگرتووەتەوە. شۆڕشێک ڕوویداوە، ماشێنی دەوڵەت شکێنراوە و خراوەتە لاوەو فڕێیان داوەتەلاوە. بۆیە هەر هێزێک کە بیەوێت لە شوێنی دابنیشێت و بتوانێت تەنانەت بۆ ماوەیەکی کاتیش دەست بەسەر کۆمەڵگادا بگرێت و سیاسەتەکانی جێبەجێ بکات، پێویستە جێی متمانە و ڕێکەوتنی جەماوەری خەڵک بێت .بێگومان ئەم ڕێککەوتنە بە دەنگدان نەکراوە. بە پێچەوانەی بارودۆخی ئاسایی دەنگدان ناتوانێت دیاری بکات کێ سەرۆکی حکومەتە و کێ نوێنەرە و هتد. ڕاستییەکە ئەوەیە کە لە سەردەمی شۆڕشدا، هێز و کەسایەتی و حیزب و دەزگا کە لە دڵی شۆڕشدا پێکهاتبوون، بەندە بەوەوە کە چ ڕۆڵێکیان لە پڕۆسەی شۆڕشدا هەبووە، چ کاریگەرییەکیان هەبووە، چەندە جەماوەری بوون ، چەندە کاریگەری کۆمەڵایەتیان بەدەست هێناوە، دوای ڕووخان، بەهەمان ئەندازە دەبنە جێی متمانەی خەڵک و پاڵیان پێوەدەنرێت بۆ پیشەوە. بۆیە دەکرێ بگوترێ ئەمە وێنەی ڕاستەقینەی دۆخەکەیە، کە دوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامی، حکوومەتی کاتی دەبێتە تێکەڵەیەک لەو هێزانەی پشت بە شەقام دەبەستن. ئێستا ئەگەری ئەوە هەیە کە تەنها یەک هێز بەڕاستی بتوانێت ببێتە هێزی متمانەپێکراوی هەموو مرۆڤەکان، حزبێک یان تەنانەت کەسێکیش ئەم هەڵوێستەی هەبێت، یان چەند هێز و چەند حزب و کەسایەتی و ڕوخساری شۆڕشگێڕانە لەلایەن بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگاوە متمانەیان پێ بکرێت. لە هەموو حاڵەتێکدا حکومەتی کاتی دەبێتە تێکەڵەیەک لەو هێزانە.
بێ گوێدانە پێکهاتەی حکومەتی کاتی، خاڵی سەرەکی ئەوەیە کە هیچ هێزێک لە دوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامی تەنانەت بۆ یەک ڕۆژیش ناتوانێت لە دەسەڵاتدا بێت بەبێ ئەوەی متمانەی جەماوەری شۆڕشگێڕ بەدەستبهێنێت و ئەم متمانەیە لە پرۆسەی شۆڕشدا. لێرەشدا وەک لە پرسیاری یەکەمدا وتم دەسەڵاتی خەڵک یەکلاکەرەوەیە.
خەلیل کەیوان: هەموان بەیەک شێوە بیر لە ڕووخان ناکەنەوە. بەڕای ئێوە ڕوخاندن مانای چییە؟ ئامانجەکانی شۆڕش چین؟ سەرکەوتنەکەی مانای چییە؟ و لە کۆتاییدا کۆمەڵگا ئارامی بۆ دەگەڕێتەوە؟
حەمید تەقوایی: ئەحزاب و هێزە سیاسییە جیاوازەکان وەڵامی جیاوازیان دەبێت بۆ ئەم پرسیارە. دەبینیت کۆمەڵگا ڕاپەڕیوە و بە دەسەڵاتی شۆڕشگێڕانەی خۆی حکومەتی ڕوخاندووە. پرسی یەکەم ئەوەیە کە ئەمە مانای چییە؟ چی ڕوویداوە؟ کەی دەڵێین حکومەت ڕووخێنرا؟ ئایا بۆ نموونە خامنەیی دەبێ بەجێبهێڵرێت، یان کابینە دەست لەکارکێشانەوە ڕابگەیەنێت، حکومەت ڕووخێنراوە؟ ئایا مەسەلەکە تەنها لەسەر لابردنی بەرپرسەکانە یان گریمان دەزگاکانی حکومەت و ئەنجوومەنی ئیسلامی و هتد هەڵدەوەشێنینەوە؟
هێزە سیاسییە جیاوازەکان وەڵامی جیاواز بەم پرسیارانە دەدەنەوە. حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکان، ڕاست، چەپ، ناوەند، هێزە جۆراوجۆرەکان کە ئێستا هەموویان دژی کۆماری ئیسلامین و دەیانەوێت بیڕووخێنن – تەنانەت ئەو هێزانەی کە تا سێ مانگ لەمەوبەر باسی ڕووخاندنیان نەدەکرد- بۆچوون و لێکدانەوە جیاوازەکانیان هەیە بۆ ڕووخاندن. ئێمە هێزێکمان لە ئۆپۆزسیۆن هەیە کە دەیەوێت جۆرێکی تری ئیسلام بهێنێت، ئەوان ئەم حکومەتە بە حوکمی ئاخوندی ناودەبەن و ئەوانیش دەیانەوێت حوکمڕانی جۆری ئیسلامی خۆیان بکەن. ئێمە هێزمان هەیە مەلاکان دابەش دەکەن بەسەر خراپ و باشدا، دەڵێن ئێمە ڕۆحانییە خراپەکان بە لایەکدا جێدەهێڵین، بەڵام ڕۆحانییە باشەکان پێویستن. ئێمە هێزێکمان هەیە کە دەیانەوێت سوپا و هێزە چەکدارەکان بپارێزن و هەندێک جار هۆشداری دەدەن لەوەی کە شۆڕش نەگاتە ئاستێک کە هێزی پۆلیس و هێزە چەکدارەکان و هتد ببنە پەراوێز یان هەڵوەشێنەوە.
ئەمانە تێگەیشتنی جیاوازن لە قۆناغی گواستنەوە. بەڵام پێم وایە شۆڕش لێرەدا ناوەستێت. ئەو خەڵکەی بۆ شۆڕش هەڵسانەوە، تەنیا ئەوە نییە کە دەیانەوێت خامنەیی دەست لەکار بکێشێتەوە، یان کابینەیەک دەست لەکار بکێشێتەوە، یان مەجلیسی ئیسلامی هەڵبوەشێتەوە و مەجلیسێکی تر هەڵبژێردرێت. بە بۆچوونی من شۆڕش دەیەوێت سەروژێری بکات، دەیەوێت لەڕێشەی بدات، نەک هەر دەیەوێت ئەم حکومەتە وەک ڕوخسارو نوێنەری ستەم و هەڵاواردن و سەرکوتکردن لاببات، بەڵکو دەیەوێت هەلومەرجێک دروست بکات کە بەهیچ شێوەیەک دیکتاتۆرییەکی تر نەتوانرێت پێکبهێنرێت، ڕۆژێکی نوێ سەرلەنوێ هەندێک کەس بێنە سەر دەسەڵات، ئێستا بە جلوبەرگێکی جیاواز و لەژێر ناوێکی جیاوازدا، هەمان سیستم بەسەر کۆمەڵگادا بسەپێنن.
تێگەیشتن و لێکدانەوەی ئێمە بۆ ڕووخاندن، کە پێموایە زۆرینەی خەڵک لەگەڵیدا هاوڕان، ئەوەیە کە هەموو بەرپرسانی گەورە و بچووک، بەرپرسانی ئێستا و پێشووی کۆماری ئیسلامی لەم چل و ئەوەندە ساڵەدا ، دەبێت هەموویان لاببرێن ، دەبێت زۆرێکیان لێکۆڵینەوەو پێداچوونەوە لە کەیسەکانیان بکرێت و دادگایی بکرێن، ئەبێت هێزە چەکدارە سەرکوتگەرەکان، زیندان ودەزگاکانی ئەشکەنجە، هێزەکانی دژە ئاژاوە و جلوبەرگ مەدەنیەکان، سوپای پاسداران و بەسیج و سوپا و وبەگشتی ئەو هێزە چەکدارەکانەی کە لە خەڵک جیان و پیشەگەرەکان.پێویستە هەڵبوەشێنرێتەوە، پەرلەمان و هەموو دامودەزگا نیمچە ئایینییەکان، نیمچە حکومییەکان هەڵبوەشێنرێنەوە، هەموو یاساکانی کۆماری ئیسلامی، لە دەستوور و یاسای کارەوە تا هەر یاسایەکی تر کە دەرچووبێت لەم چل ساڵەدا، پێویستە هەڵبوەشێنرێتەوە، و بەم شێوەیەش، لە ڕووی یاساییەوە، لە ڕوانگەی ئەو بەش و دامەزراوانەی ئەم حکومەتە بۆ تاڵان و دزی و سەرکوتکردن دروستی کردووە، لە ڕوانگەی بەرپرسانی بچووک و گەورەی حکومەتەوە لە شارەوانی و قایمقامیەت لە ئاستی پەرلەمانتاران و ئەندامانی کابینە و سەرکردایەتی و سەرۆکی مافیای ئابووری و هتد، پێویستە هەموو ئەمانە بکرێت.بۆ ئەوەی فڕێ بدرێنەکەنارەوە و لە کۆمەڵگا دوور بخرێنەوە. کاتێک دەڵێین ڕووخاندن، مەبەستمان ئەوەیە نەک هەر ئەم حکومەتە و ئەم سیستەمە بڕووخێن، بەڵکو ئەو دەزگا و یاسا و پەیوەندیانەی کە هۆکاری جیاکارین و دەبنە هۆی هاتنە سەر دەسەڵاتی دیکتاتۆریەتێکی تر، هەموو ئەمانە دەبێت هەڵبوەشێنرێنەوە.
ئەمە لێکدانەوەی ئێمەیە بۆ ڕووخاندن و پێمان وایە شۆڕش پێویستی بەو جۆە دەربڕینەی ئێمە هەیە؛ ئەمە ئاڵایەش دەهێنێتە مەیدان. دەبینین هەموومان دەزانین شۆڕشی ١٣٥٧ بە ڕاپەڕینی بەهمەن کۆتایی نەهات، شا چوو و خومەینی هات، بەڵام شۆڕش بەردەوام بوو تا دواجار لە ٣٠ی جۆزەردانی ١٣٦٠، واتە دوای دوو ساڵ توانیان شکست بە شۆڕش بهێنن. لەم ماوەیەدا خەڵک شوراکانی خۆیان پێکهێنابوو، دەیانویست دەسەڵات بگرنە دەست، زۆر کارگە بەدەست شوراکانی کرێکارانەوە بوو، خوێندکاران زانکۆیان بە شورا بەڕێوە دەبرد، لە هەموو شوێنێک شورا دروست دەکرا، خەڵک ئازادی و دیموکراسییان دەویست لەگەڵ شورا، مەبەستیان ئەوە بوو ئ، و حکومەت تەنها توانی لە ٣٠ی حوزەیرانی ١٣٦٠دا دەسەڵاتی سەرکوتکەری خۆی لەسەر کۆمەڵگا بەکاربهێنێت بۆ هێرشکردنە سەر کوردستان و هێرشکردنە سەر کرێکاران و هێرشکردنە سەر زانکۆکان و دواجار شکستپێهێنانی شۆڕش.
ئەم نموونەیە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە دوای شۆڕش جەماوەری خەڵک ئامادەن بچنە قووڵترین ئاست و بەڕاستی دەست بۆ ڕیشە بەرن و حزبی ئێمەش خۆی ئامادە کردووە، گوتار و سیاسەتەکانی هەمیشە بەو ئاراستەیە بووە کە پێویستە شۆڕش پێویستە هەموو سیستەمی جیاکاری و ئیستغلال و ستەم و نایەکسسانی بڕوخێنرێت و پێموایە کۆمەڵگا داوای ئەمە دەکات و پێشوازی لە هێزێکی لەو شێوەیە دەکات.
خەلیل کەیوان: باست لەوە کرد کە شۆڕش دژی دەسەڵاتە. یەکێک لە دەرکەوتەکانی ئەم ڕاستییە ئەوەیە کە خەڵک تەحەمولی حکومەتی کوێخایەتی ناکات. لەگەڵ ڕووخانی کۆماری ئیسلامی ئۆرگانەکانی ئیرادەی خەڵک پێکدەهێنن. ڕۆڵی ئەو ئۆرگانانە لە پێکهێنانی حکومەتدا چییە و پەیوەندییەکانیان لەگەڵیدا چۆن دەبێت؟
حەمید تەقوایی: دەسەڵاتی ڕێکخراویش دەستکەوتێکی گرنگی شۆڕشی خەڵکە، کە لە قۆناغی گواستنەوەدا ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت.
سەیرکە، خاڵی یەکەم، وەدیهاتنی ڕووخاندنە بە مانای قووڵ و هەمەلایەنەی وشەکە کەڕوونم کردەوە. خاڵی دووەم ئەوەیە کە لەم قۆناغەدا خەڵک داواکاری بەپەلەی هەیە کە دەبێت دەستبەجێ جێبەجێ بکرێن. داواکارییەکانی وەک هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی سزای لەسێدارەدان، وەک ئازادکردنی دەستبەجێی سەرجەم زیندانیانی سیاسی- هەرچەندە پێدەچێت زۆرێک لە زیندانیانی سیاسی لە دڵی شۆڕشدا ئازادکرابن، بەڵام پێویستە وشەی زیندانیانی سیاسی یان زیندانیانی سیاسی لە کۆمەڵگا دووربخرێتەوە. پێویستە وەڵامی داواکاریی خۆشگوزەرانی دەستبەجێی خەڵک بدرێتەوە، بۆ نمونە دەبێت دەستبەجێ مووچەی یەک لەسەر پێنجی خوار هێڵی هەژاری بگۆڕدرێت و ئاستی حەقدەستیش بە پێی ستانداردێکی بەرز و ژیانێکی ئاوەدان و دادگاییکردنی ئاشکرا و دادپەروەرانە دیاری بکرێت دەبێت دەست پێبکرێت بۆ دادگاییکردنی هەموو تاوانبارانی دەسەڵات، دەبێت لە قۆناغی ئازادییە بێ مەرجەکاندا بێت. ئەم خاڵە کۆتاییە زۆر گرنگە چونکە قۆناغی گواستنەوە قۆناغێکە کە مرۆڤەکان دەیانەوێت بە ئازادی و ئاگادارانە سیستەمی داهاتوو لە هەلومەرجێکی سەلامەتدا هەڵبژێرن. بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە ئازادی ناڕەزایەتی، ئازادی خۆپیشاندان، ئازادی مانگرتن، ئازادی پێکهێنانی حزب، ئازادی ڕادەربڕین و بیروڕا، نەک تەنها ئەو هێزانەی کە لە حکومەتی کاتیدان بەڵکو هەموو هێزە سیاسییەکانی ناو کۆمەڵگا، بە بێ مەرج دانیان پێدا بنرێت . کۆمەڵگا لە هەلومەرجی ئازاددا ڕێگەی پێبدرێت هەناسە بدات و گفتوگۆ و ڕاوێژ و هەڵبژاردن بکات. بە واتایەکی تر، جگە لە داواکارییە دەستبەجێیەکان، جگە لە بەرەوپێشبردنی ڕووخاندن بە مانای قووڵ و هەمەلایەنەی وشەکە، ئازادییە سیاسی و مەدەنی و سەندیکاکانی کرێکاران لە ئاستێکی بەرفراوان لە کۆمەڵگادا بناسرێن و دابین بکرێن بۆ ئەوەی کۆمەڵگا بتوانێت بە ئازادی هەڵبژێرێت.
و لە کۆتاییدا دوا خاڵ ئەو خاڵەیە کە باست کرد. کە خەڵک هیچ جۆرە حکومەتێک لە سەرووی خۆی و بەناو سەرووتر قبوڵ نەکات. وەک لە قۆناغی ڕاگوزەردا وتم، جگە لە شەقام هیچ دەسەڵاتێکی تر نییە و ئەم شەقامەش بێ شێوە نییە، خەڵک لە هەموو جۆرە شوراکان و لیژنە و هەموو جۆرە ڕێکخراوێک لە شوێنی کاردا، لە شوێنی نیشتەجێبوون، لە زانکۆکان، لە کارگەکان و لە هەموو ئەوان ڕێکخراون. شۆڕش چارەسەریش دەخاتە سەر مێز. شۆڕشێک کە سەرکەوتوبێت لە ڕووخاندنی ڕژێمێکی خوێناوی و سەرکوتگەری وەک کۆماری ئیسلامی، دەسەڵاتی ئەوەی هەیە کە لە سیستەمی داهاتوودا قسەی کۆتایی بێت و بڕیاردەر بێت و داهاتووی سیاسی خۆی کۆنترۆڵ بکات. ئەمە هیچ مانایەکی نییە جگە لەوەی کە خەڵکی ڕێکخراو لە شۆڕشدا – لە پڕۆسەی شۆڕشدا و لە هەلومەرجی ئازادییەکانی دوفاکتۆدا کە لە دوای ڕووخاندنەوە دروست دەبن – لە هەموو وڵاتدا دەبێت ڕاستەوخۆ دەستوەردان لە بڕیاردەرەکان و لە ئیدارەدا بکەن لە کۆمەڵگا. نەک هەر لە هەڵبژاردنی حکومەتی داهاتوودا، نەک تەنها لە قۆناغی گواستنەوە و ئەو هەلومەرجەی کە سیستەمی داهاتوو تێیدا دادەمەزرێت، بەڵکو لە خودی سیستەمی ئایندەشدا دەسەڵاتی خەڵک و بەشداری ڕاستەوخۆی خەڵک دەبێت لە ئیدارەی کۆمەڵگەدا گەرەنتی بکرێت.
دەبینیت لە هەموو ئەو شۆڕشانەی کە تا ئەمڕۆ هەمانبووە، دوای ڕووخان، بەزۆری خەڵک دەنێردرێتەوە ماڵەوە.
هەموو شۆڕشەکان بە ناوی ئازادی و بەناوی ڕزگاری ئەنجام دەدرێن. دروشمی سەرەکی شۆڕشی گەورەی فەڕەنسا ئازادی و یەکسانی بوو، بەڵام کاتێک دەسەڵات ڕادەستی دەستی چینێکی نوێ دەکەن، جەماوەری خەڵک دەنێرن بۆ ماڵەوە، دەڵێن کۆتایی هاتووە، ڕۆڵی ئێوە کۆتایی هاتووە، بیدەنە دەست ئیمە، ئێمە دەیبڕین و دەیدوورین، لەسەرووی ئەوەشەوە مەجلیسی دامەزرێنەر و یاسایی دادەنێن و دواتر هەر چوار ساڵ جارێک دەنگ لەسەر ئەوە دەدەن کێ حوکمڕانی خەڵک دەکات. ئێمە دەڵێین نابێت ئەمە دووبارە ببێتەوە. چونکە بە تایبەت لە مێژووی ئێراندا لەم سەد ساڵەی دواییدا، هەر شۆڕشێکمان هەبووە، سەریان بڕیوە. تەنانەت ئەگەر وەک شۆڕشی ١٣٥٧ سەربکەوێت، بینیمان چ کارەساتێکیان لە ئێراندا دروستکرد. شۆڕشی دەستووریش هەمان کارەساتی بەدوای خۆیدا هێنا. هەموو شۆڕشەکانی سەد ساڵی ڕابردوو بەم شێوەیە بوون. ئەم سێهەمین شۆڕشە لە سەدەی ڕابردووی لە ئێراندا دەتوانێ و دەبێ چارەنووسێکی دیکەی هەبێت، بەو مانایەی کە خەڵک لە دوای ڕووخانی حکوومەت نەچنەوە ماڵەوە، بەڵکو دەبێ لە گۆڕەپانی سیاسیدا بە ڕێکوپێکی بمێننەوە و ئەمڕۆش تەکنەلۆجیای کۆمپیوتەر بە تەواوی ڕێگە دەدات ڕاگیری لەسەر ئا ئاستی جەماوەریدا ئەنجام بدرێت، بڕیاردانی بەکۆمەڵ ئەنجام بدرێت، پێویست ناکات چوار ساڵ چاوەڕێ بکەین بۆ هەڵبژارین!
وەک ڕوونم کردۆتەوە کۆمەڵگا ئینکاری دەکات، ڕەگی دیکتاتۆرییەت و هەموو هەڵاواردنێک ڕەتدەکاتەوە و یەکێک لەو دەزگا گرنگانەی کە دەبێتە هۆی هەڵاواردن و چەوساندنەوە، حکومەتە لە سەرووی خەڵکەوە. حکومەتێک لە سەرووی خەڵکەوە بڕیار بدات بە خەڵک دەڵێت ئێوە شۆڕشتان کرد، زۆر سوپاس، بڕۆنەوە ماڵەوە. لە شۆڕشی ١٣٥٧ بەنی سەدر، یەکەم سەرۆک کۆماری هات و وتی هەموو شوراکان بەریەکداتێکشکێنراوە، وتی شوراکان لەناوچوون، ئشوراکان هەڵوەشاونەتەوە، بڕۆ سەر کار و ژیانی خۆت. نابێت ڕێگە بەم کارە بدەین و ڕێگەیش نادەین و بەم مانایەش چەمکی حکومەت لەسەرووی خەڵکەوە بەم شۆڕشە نکۆڵی لێبکرێت و دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی خەڵکی ڕێکخراو جێگەی بگرێتەوە. ئەمە گرنگترین شتە کە پێویستە لە ماوەی گواستنەوەدا ئەنجام بدرێت.
خەلیل کەیوان: ئەگەر حکومەتی کاتی ئیرادەی خەڵک و ئامانجەکانی شۆڕش جێبەجێ نەکات یان بە تەواوی جێبەجێی نەکات، چی ڕوودەدات؟
حەمید تەقوایی: یەکێک لە دەرەنجامەکانی شۆڕش ئەوەیە کە هێزە سەرکوتگەرەکان لەلایەن خەڵکەوە تێکشکاون. زانیاری زیاتر لەسەر بەسیج و سوپا، جل و بەرگ شەخسیەکان، وەرگرتن و داخستنی و ئەم قسانە نییە. لەم دۆخەدا ئەگەر حکومەتی کاتی بیەوێت پشت لە خەڵک بکات، باشە، ئەو خەڵکەی کە دەسەڵاتی ئەوەندەی هەبوو بۆ لەناوبردنی کۆماری ئیسلامی، حکومەتی کاتییش تێدەپەڕێنن. حیزبێکی وەک ئێمە لە مەیداندایە، ئەگەر پشکی لە حکومەتدا نەبێت، ڕێگە نادات ئامانج و داواکاری شۆڕشگێڕانەی خەڵک بێ وەڵام بمێنێتەوە. ئەو ئامانج و سیاسەتانەی کە باسم کرد دەبێت لە قۆناغی گواستنەوەدا جێبەجێ بکرێن و بەدی بهێنرێن و حکومەتی کاتیش پابەندی هیچ کام لەمانە نەبووە، بۆ نموونە پابەند نەبووە بە داواکاری دەستبەجێی خەڵکەوە، بۆ نموونە پابەند نەبووە پەیڕەوی لە لێپێچینەوەی دەسەڵاتدارانی پێشوو بکە، یان ئیستسنای کرد، یان سازشی کرد.. یان ڕێزی لە پێوەرە دیموکراسیەکان نەگرت، ئازادی بیروڕا، ئازادی ڕادەربڕین، ئازادی حزبایەتی ڕێگری لێکرا، بە بیانووی ئەوەی ئێستا شۆڕشمان هەیە، دوژمنی دەرەکی بۆ نموونە ئێمە دەخاتە مەترسییەوە، ئەو خەڵکەی لە شەقامن، ئەگەر دەسەڵاتیان ئەوەندە بەهێز بێت کە توانیبێتیان کۆماری ئیسلامی بڕووخێنن، دەتوانن حکومەتی کاتییش بڕوخێنن. بەم مانایە لێرەشدا ئێمە پێمان وایە کە مومکینە و نابێت ڕێگە بدات حکومەتی ئینتقالی پشت لە خواستی خەڵک بکات و بە پشت بەستن بە دەسەڵاتی شەقام ئامێرێکی دیکە بژەنێت.
خەلیل کیڤان: سیاسەتی حیزب لە قۆناغی گواستنەوەدا چییە؟
حەمید تەقوایی: بەڕای ئێمە سەرکەوتنی شۆڕش بەو مانایەیە کە نەک هەر ئایین لە حکومەت دەربچێت و لە پەروەردەوخوێندن جیابکرێتەوە و لە یاساکان بدوربخرێتەوە. نەک هەر داواکاری بەپەلەی خەڵک، کە هەندێکیان باسم کردووە، دەبێ دەستبەجێ بەدی بهێنرێن، بەڵکو دەبێت هەڵاواردنەکان، لەوانەش هەڵاواردنی چینایەتی و ئابووری، هەڵبوەشێنرێنەوە، بۆشایی نێوان موچەی گەردونی و نەهامەتی گشتی نەهێڵرێت، کۆیلایەتییەکی مووچە نابێت هەبێت، ئیستغلالکردن نابێت هەبێت، نابێت ڕێگە بدەین کێوی سامان لە دەستی کەمینەیەکدا کۆببێتەوە و دەریای هەژاری زۆرینەی کۆمەڵگا لە خۆیدا بخنکێنێت، ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین. ستەمکاری نەتەوەیی، میللی، ڕەگەزی، مەزهەبی، هەموو ئەمانە دەبێت لەناوببرێن. هاووڵاتییانی خاوەن مافی یەکسان دەبێ لە سەرانسەری ئێران لە پارێزگا سنوورییەکان و هەموو پارێزگاکان بە یەکسانی بناسرێن. ئازادی بێ مەرجی ڕادەربڕین و بیروڕا و ڕێکخستن و ناڕەزایەتی و مانگرتن مسۆگەر و زامن بکرێت، ڕێگە نەدرێت حکومەت سەروو خەڵکی پێکهێنرێت، ئەبێت خەڵکی ڕاستەوخۆ دبەشداری لە سیاسەت و ئیدارەی کۆمەڵگادا بکات، وە لە وشەیەکدا ئەبێت ئەو ئاسۆو و ئامانجانە ئینسانیانەی کە لە دروشمەکانی وەک بژێوی ژیان مافی سەلمێنراوی ئێمەیە و ژن ژیان ئازادییدا حەشار دراون، دەبێت بەدی بهێنرێت. ئەم شۆڕشە سەبارەت بەم شتانەیە. ئەمە ئەو پرۆسە و ئاڕاستەیە کە شۆڕشی ئێستا دەیگرێتە بەر. ئێستا، نەوەی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو کە هاتوونەتە پێشەوە، لە ڕاستیدا خاوەنی ئایدیاڵێکی وەها و وەها وێنەیەکی ئایندە، ئازادی و ڕزگاری و خۆشگوزەرانییە. پێویستە ئەم ئایدیاڵەی ئازادی و یەکسانی و خۆشگوزەرانی و ڕزگاری وەربگێڕین وەربگێڕین بۆ هەندێک کردار ، بۆ چاوەڕوانی و چاوەڕوانییەکی بەرز لە کۆمەڵگادا، بۆ ئەوەی ڕێگە نەدەین هێزە جیاوازەکان شۆڕشەکە بەلاڕیدابەرن، بێگێڕنەوە دواوە، یان ببنە هۆی شکستی. ئەمە ئەو هێڵەیە کە تا سەرکەوتنی تەواوەتی شۆڕش بەردەوام دەبین.

٨ی نوڤەمبەری ٢٠٢٢
سوپاس بۆ ئەمیر تاوەکولی بۆ نوسینەوەی دەقی سەرەتایی ئەم چاوپێکەوتنە.




ئایا هیچ لایەنێک لە دواڕۆژی نەوەی دوای هەزارەکان خۆی بە بەرپرس دەزانێت؟.. جەمال کۆشش

کۆڵانە تەسک و خانووە تەواونەکراوەکانی گەرەکە هەژارنشینەکانی شارەکان، كچ و کوڕە تازە پێگەیشتووەکانی نێو خانووە (١٢٠) مەتری و (١٥٠) مەترییەکان. نەوەیەک کە هەموو ماڵێک (٣) تا (٤) کوڕ و کچی یان زانکۆیان تەواوکردووە، یان لە پۆلی پێنج و سەشی ئامادەییدا وازییان هێناوە و ڕژونەتە نێو بازاڕیکی شێواو وپڕ گومان ، تا نیوەی شەو بە ڕۆژانەیەکی زۆر کەم کار دەکەن وشەوەکەشی بەدیار چامپیزلینگەکانەوە وەنەوز دەدەن.
ئەم نەوەیە، تەماشای برا و خوشکە گەورەکانی دەکات، لە ماڵەوەن و دەرفەتی بەختەوەرییان لە دەستداوە. خۆیانیش کاتێکی کەمی ڕزگاربوونی لەدەست ماوە. لایەنێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی جددی نیە متمانەی پێبدات و فەنتازیا و خەون و ئامانجەکانی بۆ فۆڕمۆڵە و ئاراستە بکات و ڕاپەڕین بەرپا بکات، کە هەموو زەمینەکانی وەک ئیران و عێراق ئامادەن.
سەرکێشی دەکات:

  • قەرز دەکات و دەچێتە نێو بازاڕی مامەڵەوە و لاوێتی خۆی بزر دەکات و خەونەکانی لە گۆڕ دەنێت و بەیانی تا ئێوارە هاوار دەکات وخەریکی کارت فرۆشی و بازاڕی لەنگەو کاری سەرپێێ دەکات… دەکەوێتە ژێر قەرزەوە..
  • سەرخۆی هەڵدەگرێت و بەرەو ئەوروپا، مان و نەمانی پێوە گرێدەدا.
    لە هەموو ماڵێکدا، باوک، دایک، خوشک و برا، داپیرەو باپیرە، گیرۆدەی سەرگەردانی و بزربوونی ئەم نەوەیەن.کێشەیەکی یەکجار گەورەی خێزانی و کۆمەڵایەتی و ئابوری و کلتووریـیە. ئەگەر هەر باوکێک تەنها چەند چرکەیەک تەماشای فەیس بووکی کوڕەکەی بکات، ئیدی تاقەتی چوونە سەر کاری نامێنێ (هیچ شتێک لەم ژیانە نیە، پێکەنینم پێببەخشێ)، (مەرگم بەچاوی خۆم دی کە دیپۆرتکرامەوە، بەڵام ئەمجارە بشمرم هەر دەڕۆمەوە). چۆن پەروەردەیان بکات. چۆن هانی خوێندنەوە و سەرکەوتووییان لە قوتابخانە و زانکۆ بدات. چۆن کەشێکی کۆمەڵایەتی هاوسەنگ پەیدا بکات بۆ هەڵدان و گەشەکردنیان. لەدایکەکان بگەڕێن، کە نازانێت لە حەژمەتتان چ بکات؟
    هێشتا ساڵ نەسوڕاوەتەوە، کە ئازار و مەرگ و ناڵەی مناڵانی پەنابەرانی عێراقی لە بێلاڕوسیا، وێنەی دەستە وردەکانی ژێر تەلە دڕکاوییەکان، ڕەقبوونەوە لەسەرما و خواردنی ورچی کێوی بووە گەرمترین هەواڵەکان.
    لەبەرامبەر ئەم تڕاژیدیایەدا سەرۆکی حوکومەتی هەرێم (مەسرور بارزانی)، بە ڕۆژنامە ئەڵمانیەکانی وەک (فاز) و (ئەلگماینە فرانکفۆرت) دەڵێت ئەوان فریوخواردووی نێو باندە قاچاخچییەکانن. لە واقعدا کۆچ و ڕەوی بە کۆمەڵی لاوانی کوردستان بۆ دەرەوەی وڵات و بەهرەبەرداری قاچاخچییەکان لێیان و دژواری و مەرگەساتێک کە ڕووبەڕووی دەبنەوە هەمووی لەئاکامی سیاساتەکانی دەسەڵاتدارەتی حکومەتی هەرێمە.
    نەک هەر ئەوەش دوای ئەم هەموو کارەساتە حکومەتی هەرێم هیچ بەرپرسیارەتییەک لەخۆی نیشان نادات و هیچ پلانێک بۆ چارەسەری ناخاتە دەستوری کارییەوە، بەڕاستی سەیرە کەمتر حکومەتێک لە جیهانی سەرمایەداری ئەمڕۆدا دەبینیت کە وا بێ خەم و بێ دەربەست بێت بەرامبەر هاوڵاتیانی! بۆیە لەژێر سایەی ئەم دەسەڵاتەی هەرێمەدا، تڕاژیدیای کۆچ و ڕەوی بەکۆمەڵی لاوان کاروانێکە کۆتایی نایەت.
    حزبەکانی دەسەڵاتدار و حکومەت و دامەزراوە پەروەردەیی و ڕۆشنبیریـیەکانی کوردستان بە هەققەت، شایانی توڕەیی، هەڵشاخانی لاوانی کوردستانن، لەبەرئەوەی بە سیاسەت و پلانە ئابووریی و ئیدارەییەکانیان، ڕێگرن لەدابننکردنی لانی کەمی ژیانی ئەمڕۆی لاوانی کوردستان.
    جیاوازی چینایەتی کۆمەڵگای شارە گەورەکانی کوردستان، زۆر ڕۆشن و بەرچاو لە سەرتاپای ژیاندا، لەوپەڕی توندوتیژیدا خۆی دەنوێنێ. ئەوەتا لاوانی كچ و کوڕی کوردستان، ئەوانەی خوێندنیان تەواو کردووە زوربەیان بێکارن، وە بەشێکی بەرچاویشیان بەناوی ئەزموون وەرگرتنەوە بەناچاری بە خۆڕایی کاردەکەن لەژێر ناونیشانی کاری خۆبەشدا، هەم لە ناوەندەکانی کار بۆ خاوەنکار و سەرمایەداران، وەهەم لە فەرمانگەکانی دەوڵەتیدا، بەو هیوایەی کە لە ئایندەیەکی نادیاردا دابمەزرێن. ئەمە لە کاتێکدایە کە ژمارەی ملیۆنەرەکان تادێت لە زیادبووندایە. ئەم ناکۆکیـیە چینایەتیـیە کە لە کیشەی لاواندا یەکجار بەرجەستەیە، کە پەیوەست دەبن بەریزی کرێکارانەوە ، دەچنە نێو پرۆسەی دەرگیری خەبات و کێشمەکێشە کۆمەڵایەتیەکانەوە، کێشدەکرێن بەرەو ئاسۆیەکی مەزن. ئالتەرناتیڤیش هەر ئەمەیە. لاوان لەناو بزووتنەوەی چینایەتی خۆیاندا وەک ووزەیەکی نوێ وخاوەن ئایدیای نوێ و چاونەترس و دەستپێشکەر، هەوڵدەدەن چارەنوسی خۆیان، خۆیان دیاریبکەن.



سەفەری جاویدانیی.. شیعری: عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

هەموو لەوێستگە جیاجیاکانی سەفەری جاویدانەدا وەستاوین و بەنیازین
لەزەمەنێکی ئەبەدیدا بانگی ژیان بکەین
هەموو لەنێو ساتە کورتەکانی تەمەندا
دەستمان بە چرکەکانەوە گرتووە
تا لە شەمەندەفەرە گەورەکەی زەمەن جێنەمێنین
بەڵام ئەفسووس، بەر لە خوێندنەوەی دواین شیعر
بەر لە بیستنی دواین گۆرانی
بەر لە دواین ماچ
دواین سڵاو، دواین ماڵئاوایی
بێئەوەی دەستی لێکدابڕان هەڵبڕین، دەڕۆین
دەڕۆین بەنێو زەەمنیکی دێوانەدا
زەمەنێک؛ نەهەناسە دەناسێ و نە پێکەنین و نەجوانی
ئا لەو ساتە لەگەڵ خۆمان،
لەگەڵ گەردی تەپوتۆزی ئەم بوونەدا ئاشت دەبینەوە
لەو خاڵەوە ئیتر ڕەنگە لەخۆمان بگەین و
بزانین ژیان چ مانایەکی هەیە و
بوونی ئێمە دەچێتە نێو چ هاوکێشەیەکی ئاڵۆزەوە!
*
لە بینگ بانگەوە بەشوێن ناسینی توخمەکانی ژیانەوەم
لە یەکەمین چرکەکانی زەمەنەوە خەریکم پێناسەیەک بۆ خۆم بدۆزمەوە
هەسارە بە هەسارە و گەردوون بە گەردوون وێڵی شیکارکردنی هاوکێشەکانی وجودم
وەک گەڕیدەیەک؛ کەشکۆڵی پرسیارەکانم بە کۆڵەوە بووە و
ڕوئیایەک نەبووە بمبات بەرەو کاکێشانەکانی بێدەنگی و تاریکە کپەکەی نێو بۆشایی
مانگ و ئەستێرەکانم هەڵگێڕ و وەرگێر کردووە و پەنجەرەیەکم نەبینیوە خۆمی تیا ببینم جگە لێرە
بەڵام هەیهوو من لە کوێم و شیکاری پرسیارم لەکوێ؟
تازە بەم کتێبە سەرەتاییەی زانست و
بەم عەقڵە زۆر بچووکەی خۆمەوە ناگەم بە ئەستێڵە گەورەکەی ژیان
من هێشتا گەریدەیەکم لەسەرەتای سەفەرێکی درێژ و بێکۆتایی
بە کۆڵەپشتێ لە شیعر و
بە بەروانکەیەک لە وەهم و خۆگێلکردن؛ ناگەم بە پەرژینەکانی خەمە گەورەکانی ژیان
تازە درەنگە و نە من و نەئێوەش ناتوانین لەو کەشتییەوە بچینە نێو زەریای گەردوون
هەیهات؛ ئیتر ئەم خەمە دەسپێرم بە گەردیلە تەنیاکانی بوون
بە ماسییەکانی ڕۆحی یاسای ڕاکێشان
بە ئێوە، ئەی بوونەوەرە زیرەکانی نێو ئەم زەریا تاریکەی بوون.

تشرینی دووەمی ٢٠٢٠




خەنجەری خێڵ..(12).. شەماڵ بارەوانی

بەشی دوازدە/

کەرێکی پۆست مۆدێرن..!

بەهار بازیاتر بۆتی باسکەم کە چیم بینی؟

لە خــــەودا بینیم:

بەرازێكی کریستیانی به مەزهەب كاتۆلیک دەیگوت :من تێناگەم بۆ بەر لە رۆژی دوایی، دووبارە حەزرەتی مەسیح دەگەڕێتەوە و جینۆسایدماندەكات !

قەڵەڕەشێكی بناژۆخوازی سەر و شەکڵ نابووت، کە نازانم لەوێ چی دەکرد پێی گوت: قەدەری خوایە و نكۆڵیكردنی كفرە.

مراوییەک:ئەرێ لە ڕاهی غەوسی ماڵ لە بەغدایێ، یەکێ پێم ناڵێت ئەو پۆست مۆدێڕنانە کێن؟ دەڵێن هەموو شتێکیان لا ڕێژەییە، تەنانەت چڵمی لوتیش !

كەرێکی سوریالستم دەیگوت: تا جەنگی یەكەمی جیهانیم لە یاد بێت، ئیتر ناتوانم هەرگیز، بڕوا بە ڕۆشنگەری و ئەقڵانییەت بێنم.

میشكێكی سەر بە قوتابخانەی فڕانكفۆرت لە وڵامدا پێی گوت :خاڵەگیان منیش هەر لە بەر فاشیزم و نازیزم بوو تووشم بە تووشی ماخولیانی و رەشبینی بوو و عەقیدەم بە رۆشەنگەری و شت لەق بوو و بڕوام بە مۆدێڕنێتە نەما.

كەنغەرێكی سیكۆلاریست: بۆ خاتری ڤۆلتیری، بەسیکەن و بیبڕنەوە و چیتر هاوشێوەی کەریمۆکە گەوادی باوکی ئەو کچەی کە ئێستا وا سەیرمان دەکات، شەڕاب و شەربەت و شۆربا تێكەڵ مەكەن.

باشە ئێوەی کەرباب پێم ناڵێن هێتلەر و مۆسۆلۆنی و فرانکۆی تڕکەن چی پەیوەندییەکیان بە ڕۆشنگەری و گوو و شتەوە هەیە !

کاکە ئێوە گوو لە مێشکتانە و بۆ تێناگەن کە دروست بوونی کەری وەکو فرانکۆ و هیتلەر و مۆسۆلۆنی لادان بوو لە بنەماكانی عەلمانیەت ؟

ژوژكێكی هۆمۆسێكشوێڵ کە ئەو قسەی کەنغەرەکەی بیست پێی گوت: بژیت بۆ ئەم كۆمێنتە لۆژیكی و مەوزعیەت.

بەهار دەزانی بە چی زۆر پێکەنیم و تا هێزم تیابوو داما قاقا.

هەموو ئاژەڵ و پەلەوەرەکان بە واق وڕماوی سەیریانکردم !

کەرێکیان گوتی:لێی مەگرن کچی کەریمۆکە ژن کوژی گەواد و مرۆڤی حیزی ئیتر.

دەزانی بە چی پێکەنیم؟

رێویێكی چیژگەرا و هیدۆنیزم دەیگوت:من خۆم ئەپیكۆریانە دەژیم و گۆشتی مریشکی ماڵی کەریمۆکە ژن کوژ و چێژی ژیان تەنها پێوەرە لام.

پەپولەیەكی سۆزانیش لەوێ بوو دەیگوت: دەبێ سەلەفیەکان ئێدی فێری ئەوەبن رێز لە ئازادی دادایستەكانیش بگرن و دەست لە خۆراک و خەون و خەیاڵ و خولیا و ئەندێشەو و ڕێنەیان وەرنەدەن.

گورگێكی ئیمپریكی (زانستگەرا- تەجریبی)قسەیەکی زۆر جوان و ماقووڵی کرد، هەمان قسەی تۆماز هۆبێز(مرۆڤ گورگی مرۆڤە)ی پێچەوانە کردبووەوە دەیگوت: گورگ مرۆڤی گورگە و چاکترین سیستەم دەوڵەتی لیڤاتان و ئەژدیهاكەی هۆبێزە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی گورگەكان.

داینەسورێكی ئانارشیست لە وڵامدا گوتی: زۆر ڕاستە ئازیزەکەم، بوونی دەوڵەت و سیستەم واتا كۆیلێتی.

مراویەكی نەهیلست و پوچگەرا بە تۆنێکی تۆزەک بێزارکەر :هاوڕێیان دەزانن ژیان لە بەردەكەی دەستی سیزیفە خوێڕی کوڕی سەگ بەوڵاوەتر نییە؟

بەبەغایەكی ریئالست و واقیعگەرا: مۆدێرنێتە یەكسانە بە نەمانی ئەفسانە و پڕ و پووچی سیحر و خورافیات.

كونە پەپویەكی جادووگەر و كۆنزەرڤاتیڤ، وڵامێکی توندی توتیەکەی دایەوە: هیچ وانییە، تا ئیستاكێش خەڵك و بنیام هەزار و یەك حیساب بۆ بوونم دەكەن و بازاڕی خوڕافە و شەتەحات و پیرۆزیەکان و نوشتە و تفەڕك و پەڕۆی سەوز جممەی دێت.

كیسەڵێكی مێی عەولەمی: هەنگاوەكانم خێران كەواتە منیش چەشنی دیكارت هەم.

جوانە گایەكی سادیک: لە كاتی چوون بۆ لای مانگاخان نەك یەك كون بەڵكو هەموو بوونی كون بێت دڵم ئاوی جنس ناخواتەوە.

بەهار ئەوان لەو دیالۆک و قسانەدابوون، لە نکاوڕا ورجێکی ورگ زل خۆی کرد بە قاوەخانەکەدا و ئاگر لە چاوەکانی دەبارین زۆر بە تۆڕەیی و بە تۆنێکی تا بڵێیت ترسناک و هەڕەشە ئامێز گوتی:من پرۆژە تەواو نەبووەکەی مۆدێڕنێتەم، من نوێنەری یۆرگن هابرماسم و کوا ئەو پۆست مۆدێڕنە قەحپە باوکانەی تازه گوێم لێبوو زەمی مۆدێڕنێتەیان دەکرد و گوویان دەخوارد؟

هەموان متەقیان لە خۆیان بڕیبوو کەس نەیوێرا وڵام داتەوە و یەک وشە گۆ بکات و هەمووی وەکوو بى ناو ئاو دەلەرزین لە ترساندا.

ورچە سەرک قەوی و زگ زل و قون ئەستورەکە گوتی:گوێ بگرن هاوڕێیان، ببوورن کە تۆزەک بە ناشیرینی هاتمە ژوورەوە و وەکوو مرۆڤەکان دوام، ئەو پۆست گوانە جەویان گرتم و لە دەماری مۆدێڕنێتە بوونیان دام، بۆیه هەندۆکەک هەڵچووم.

ئینجا گوێ بگرن با سەبارەت بە مۆدێڕنێتە هەندەک بۆتان بدوێم و وڵامێکی ئەو پۆست مۆدێڕنانە، یاخود گونجاوتر و باشترە پێیان بڵێین:پۆست حیز و پۆست گووانەیش بدەمەوە.

دەزانن تەنها یەک کتێب بەسە بۆ ئەو پۆست گووانە کە بیخوێننەوە تا بزانن چەندە گێڵ و نەزانن سەبارەت بە گرنگی و فەزڵ و نیعمەتەکانی مۆدێڕنێتە.

ئەویش کتێبی”دیموکراسی لەنێوان مۆدێرنێتە و پۆست مۆدێرنێتەدا”

باش گوێ بگرن هەی تەرەس بابینە با تۆزەک لە میانی ئەو کتێبەیە هەندەک باسی جیاوازی نێوان مۆدێڕنە و پۆست مۆدێڕنەتان بۆ بکەم.

دڵنیام گەر لە جیاتی دەماخ گوو لەمێشکتان نەبێت و، ئەقڵتان وەکو هی مرۆڤەکان بە بەستەڵەک نەبووبێت، لەو قەناعەتی پۆست گووەتان پەشیمان دەبنەوە و لەکەری پۆست گووییتان دێنە خوارەوە و وەکو من لە ڕێگای

“دیموکراسی لەنێوان مۆدێرنێتە و پۆست مۆدێرنێتەدا”

واز لە بیری پۆست مۆدێرنێتە، یان وەک نووسەری کتێبی”دیموکراسی لەنێوان مۆدێرنێتە و پۆست مۆدێرنێتەدا” وتەنی: (تراویلکەی پۆست مۆدێرنێتە) دێنن.

ئازیزان:

من کاتێک لە قۆناغی گرێی فکری دابووم، لە تەمەنێکی زۆر زووەوە، لەپاڵ خوێندنەوەی بەرهەم و کتێبەکانی کۆمەڵێک سۆسیۆلۆگ و فەیلەسوف و ئەندێشمەندی قوتابخانە و فێرگەی فەلسەفەی فرانکفۆرت(هەرسێ جیلەکەی فرانکفۆرت) و، پوچگەرا و ڕەشبین و نهلیستی لە نموونەی: شۆبنهاوەر، کامۆ، سارتەر، کافکا..تاد..و کاریگەربوون پێیانەوە.

دەستم دا بەرهەمەکانی بیرمەند و فەیلەسوفە مۆدێرنە و پۆست مۆدێرنێتەکانیش و بە تامەزرۆیی و حەماسەتێکی زۆرەوە، زورم لەسەر مۆدێرنێتە و بونیادگەری و هەڵوەشانەوە(تفکیک)و هێرمۆنتیکا، ئیگزیسستانسیالیزم(بونگەرایی)، پۆست مۆدێرنێتە، دادایزم، سوریالیزم ..تاد.خوێندەوە.

ئەوکاتەی هۆشیاری و وەعیم بۆ گەڕایەوە و لە غەیبووبەی فیکری و قۆناغی هەرزەیی هزری رزگارم بوو و لەناو بازنەی داخراو تونێڵی فیکری ئەوکاتەم هاتمەدەر.

ئەو فیکر و ئایدیۆلۆژیایەی ئەقڵی مومیاکردبووم و وای لێکردبووم کە هەموو شتەکان پێچەوانە و ئاوەژووببینم !

هەڵبەت بەهۆی ئەوەی جارێ خاوەنی پاکگراوەندێکی ڕۆشنبیری و فیکری و فەلسەفی و مەعریفی قووڵ نەبووم، بۆیە هەر زوو کەوتمە ژێر کاریگەری کۆنسێپتگەڵێکی وەک:فەوزەویەت و ئەنارکیەت و نهلیست و عەدەمیەت و چی و چیەت و تووشم بە تووشی جیهانبینی و تێگەیشتنە دوا نوێ گەریەکان بوو و منیش چەشنی پۆست مۆدێرنیزمەکان، هەرچی ستالین و فرانکۆ هیتلەر و جەنگی یەکەم و دووەمی جیهانی و هۆلۆکۆست و لادان و تراژیدیاو ئافات هەبوو، هەمووییم دەخستە ئەستۆی مۆدێرنەتە و مۆدێرنەتەم پێ تاوانبار دەرکرد و هەر ئەویشم بە هۆکار و بە تاوانباری سەرەکی هەموو ئەو کارەسات و لادانانە دەزانی و حەداسەتم رەتدەکردەوە و هەرگیز دانم بەو مەشروعە تەنویریە تەواو نەبووەی یۆرگن هابرماس دانەدەنا!

بەتایبەتی کتێبە دوو بەرگیەکەی نیچە(ڕەخنە لە مۆدێڕنە) بوو، ناوێکی وا قۆڕبوو و باشم بیرنەماوە، ئەو کتێبه هەستی دژە مۆدێڕنێتەبوونی لا گەیاندم بە تڕۆپک و بووم بە کەسێکی مۆدێڕنۆفۆبیا.

وەلێ ئەو پەرتۆکە( “دیموکراسی لەنێوان مۆدێرنێتە و پۆست مۆدێرنێتەدا)

زۆر شتی لە تێڕوانینم گۆڕی لە بارەی مۆدێرنێتە و پێداچوونەوەیەکی باش بوو بەو دیدەنیگا و تەسەوراتە پۆست مۆدێرنانەی کە لە سەردەمی هەرزەیی فیکریمدا، گیرۆدەیان ببووم.

بەڕاستی “دیموکراسی لەنێوان مۆدێرنێتەو پۆست مۆدێرنێتەدا”

تاڕادەیەکی باش دەتوانم بڵێم کودەتایەک بوو بەسەر جیهانبینی و دیدەنیگا و هزری من لەبارەی پۆست مۆدێرنێتەوە.

ئەو پۆست مۆدێرنێتەی مونەزیر و موفەکیــــــــر و فەیلەسوفەکانی خۆشیان بەشێکی زۆریان دواتر باوەڕیان پێی نەماو لێی پەشیمان بوونەوە و وازیان هێنا، لەنموونەی فۆکۆ، بۆردیار، ئالان تۆرین، بۆدلێر ..تاد.!

کەچی تازە بە تازە کەرێکی نەخوێنەواری سوریالستی و مشکێکی فڕانکفۆرتی مرۆڤێ کوڕی کوڕی دێن و پۆست گوومان پێدەفرۆشنەوە !

هەی ئەو سەر وکەلەپووچەتان بگێم، مۆدێڕنێتە لە ژیان و مێژوویی ئاژەڵیەت(بەشەریەت) بێننە دەر، جگە لە گووی مرۆڤ و ئاژاوە و کەرێتی مرۆڤایەتی چیترمان بۆ دەمێنێتەوە؟

بیرتان نەچێت، من سەڕەڕایی دەستبەرداربوونم لە قەناعەتی پۆست مۆدێڕنەیی بوونم، ئێستاش نیچەم زۆر خۆشدەوێ و لە زۆر شت، هێشتا نیچە بتی منە، نیچە ڕوگە و خوداوەندی منە.

نیچە فێری کردم کە چەکوچێک هەڵگرم و بکەومە گیانی هەرچی بتی گوواوییە و بلێم ئیتر کاتی ئاوابوونی بتەکانە.

تێبینی(دیموکراسی لەنێوان مۆدێرنێتە و پۆست مۆدێرنێتەدا) کتێبێکی بەڕێز:مەلا بەختیارە.