ڕەخنەگری میلـلی و پەزپەزەی چەمکی خوێنەر.. کاروان عومەر کاکەسوور

لە دوو هاوڕێی جیاوازەوە پەرەگرافێکم پێ گەیشتووە، کە هیی نووسینێکی (ئارام سدیق)ـە و لەبارەی (چەمکی خوێنەر)ـەوەیە. ئەگەرچی لە لام سەیر نییە، ئەو ڕەخنەگرە بە زمانی میلـلی، ئەو زمانەی ڕۆژانە خەڵک لە ناوەندە کۆمەڵایەتییەکاندا بە کاری دێنن، لەبارەی چەمکەکانەوە بدوێت، کە هەر خۆم هەوڵم داوە لە کتێبی (گەڕانەوەیەکی کاتی بۆ دایەلۆگێکی بەردەوام)دا هەموو ئەو چەمکانە هەڵبگرمەوە و ئاستە شاراوەکانیان دەربخەم، کە ئەو فڕێی داون، بەڵام بەوەدا هێشتا بەردەوامە، بگرە دەستی لەوە هەڵنەگرتووە بە پێوەری چاکە و خراپە، کە ناوم ناوە (پێوەری چوخ)، نووسەران هەڵبسەنگێنێت، تا بەمیان بڵێت داهێنەری مەزن و ئەویان بە مایەپووچ بزانێت، بۆیە بە پێویستی دەزانم وەک خوێنەرێک لەسەر ئەم پەرەگرافەیشیدا هەڵوێستە بکەم و هاوکات لە دیدگەی خۆمەوە باسێک لەبارەی (چەمکی خوێنەر)ـەوە بنووسم. دیارە لە بەرهەمەکانی پێشوویشمدا ئەو چەمکە ڕووبەڕووم بووەتەوە و دەتوانم بڵێم لە ڕێی دایەلۆگ لەگەڵ کۆمەڵێک سەرچاوەی گرنگەوە لێوەی دواوم، بە تایبەتی لە کتێبی (کوشتنی فیل و پاراستنی دووکانی شووشەوات)دا، کە دەبێتە پاڵپشتی ئەم بابەتەیشم.

سەرەتا با پەرەگرافەکەی (سدیق) وەک خۆی بنووسینەوە:

{بێگومان پۆلێنکردنی خوێنەر، یەکێکە لە سەختترین پۆلێنەکان، بەو پێیەی خوێنەر بوونەوەرێکە سەختە لە ژێر چەتری چەند پێناسەیەکدا کۆ بکرێنەوە، بەڵام لە ڕووە گشتییەکەیەوە و بە وردبوونەوە لە سیمای دەرەوەیان دەتوانین بۆ سێ شێوە پۆلێنیان بکەین، کە ئەوانیش ئەمانەن: یەکەم ”خوێنەری کاتی”. دووەم ”خوێنەری پچڕ پچڕ” (ڕاگوزەر). سێیەم ”خوێنەری هەمیشەیی”.}.

لە ژێرەوە ناوی خۆی نووسیوە و ئاماژەی بەوە داوە، گۆیە لە وتارێکیەوە وەرگیراوە.

هەوڵ دەدەم لەم ڕووەوە نووسینەکەم بۆ دوو تەوەرە دابەش بکەم. لە تەوەرەی یەکەمدا ناوەرۆکی پەرەگرافەکە بە هەمان زمانی کۆمەڵایەتی لێک دەدەمەوە. واتە زمانی منیش لێرەدا سادەیە و بۆ ئەوەیە لایەنە پێکەنیناوییەکەی پێشان بدرێت. لە تەوەرەی دووەمدا، کە بنەڕەتییە و پێشتریش گوترا باسێک لەبارەی (چەمکی خوێنەر)ـەوە دەنووسم. مەبەستمە بڵێم چۆن ئەو چەمکەی لە کاتێکدا کۆمەڵێک ڕەگی لەناو فەلسەفەدا هەن و کۆمەڵێک بیرمەندیش پێوەی خەریک بوون، لە لای ڕەخنەگری میلـلی دەچێتە ئاستی میلـلی و بە زمانی ڕۆژانە وەسف دەکرێت.

لێرەدا دەمەوێت بڵێم وشەی (پەزپەزە)م لە جیاتیی وشەی (کۆمیدیا) لە ناونیشانەکەدا نووسیوە. لە سەرەتا و ناوەڕاستی هەشتاکاندا کۆمەڵێک هاوڕێ بووین، لە (پارکی ڕووناکی)دا کۆ دەبووینەوە، گۆیە خەریکی خوێندنی کتێبی فێرگەین، بەڵام زیاتر کاتمان بە گفتوگۆوە دەبردە سەر. (هۆشەنگ وەزیری)، (سائیب ئەکرەم)، (فەتحی کەریم)، (ئازاد ئەحمەد)، (کاروان کۆیی) و هیی تر ڕۆژانە دەهاتن. هەندێجار دەنگی بەرزمان ئەوانەی دیکەی بێزار دەکرد. ئێوارەیەک یەکێ لە باخەوانەکان تووڕە بوو: (ئەو پەزپەزەیەتان لە چییە؟ خۆیشتان نازان چی دەڵێن). لەمەوە کاتێ یەکێکمان بەبێ هیچ زانیارییەک بۆچوونی دەردەبڕی، ئەوانەی دیکە پێیان دەگوت: (پەزپەزەیە)، یان (واز لە پەزپەزە بێنە!) و هیی دیکە.

*    *    *    *

تەوەرەی یەکەم:

(سدیق) نووسیویەتی: (بێگومان پۆلێنکردنی خوێنەر، یەکێکە لە سەختترین پۆلێنەکان).

ئایا لە توێژینەوەدا وشەی (بێگومان) بایەخی هەیە؟ ئایا ناکرێت گومان پێشڕۆ بێت، تا لە زانراوەوە بەرەو نەزانراو ئاڕاستە ببێت؟ (سدیق) پێشتریش گوتوویەتی پرسیار گرنگ نییە و ئەوەی پرسیار بکات، مایەپووچ دەبێت، وەک لە کتێبی (گەڕانەوەیەکی کاتی بۆ دایەلۆگێکی بەردەوام)دا باسم کردووە و لەو بارەیەوە بەشێکی تایبەتم نووسیوە. ئایا بووە نووسەرێک پرسیاری لە لا بێنرخ بێت و لەبارەی (چەمکی خوێنەر)یشەوە بدوێت؟ بەڵێ، ئەگەر بەو زمانە بنووسێت. دواتر لە تەوەرەی دووەمدا پێشانی دەدەین ئەو چەمکە چ شەڕێکی بە فیلۆسۆف و ڕەخنەدۆزان فرۆشتووە، کە لێرەدا خراوەتە ئاستی شمەک و هەڕاج کراوە.

دەڵێت: (پۆلێنکردنی خوێنەر، یەکێکە لە سەختترین پۆلێنەکان).

جارێ با بڵێین پۆلێنکردن لە فیکری ڕەخنەییدا شوێنی نییە. پۆستمۆدێرنیزم سنووری نێوان ژانرەکانی سڕییەوە و هەموو بنەماکانی تێک شکاندن، کە لەمەوە پۆلێن هێندەی دیکە هێزی لە دەست دا. وەک (جاک دێریدا) پێی وایە تێکستەکان بە شێوەک بە یەکدا ڕۆ چوون، شتەکە لەوە دەرچووە ماناکانیان دەستنیشان بکرێن. چەمکی دەقئاوێزان (intentionality)یش هەر لێرەوە هاتووەتە کایەوە و گەشەی کردووە. (مۆریس بلانشۆ) وا لە چەمکی (ژانری ئەدەبی) دەڕوانێت، کە بەتاڵە و ناتوانێت هیچ کاریگەرییەکی هەبێت، بەو مانایەی پۆلێن پێوەندیی بە پێکهاتەی تێکستەوە نییە. مادام ناواخنی تێکست خاوەنی بونیادی تایبەتی خۆیەتی، ئەوە توخمی ڕەتکردنەوەی پۆلێنکردنی هەڵگرتووە و وەریناگرێت، چونکێ هیی دەرەوەیە.

 ئایا  سەیر نییە تۆ پێشتر ناوی کۆمەڵێک لەو فیلۆسۆفانەت هێنابن، کە دژی پۆلێنکارین، لەولایشەوە ئەو چەمکە زەق بکەیتەوە، بێ ئەوەی هیچ لە بارەیەوە بڵێیت؟ شتی سەیرتر لەوەدایە، کە ئەوەی لێرەدا پۆلێن دەکرێت، ژانری ئەدەبی نییە، بەڵکوو خوێنەرە. دواتر دەگوترێت سەیرەکەی لە کوێدایە. من هەر لەو کتێبەی خۆمدا یەک بەشم بۆ ئەو باسە تەرخان کردووە. بۆچوونی کۆمەڵێک فیلۆسۆف و ڕەخنەدۆزم هێناوەتەوە، بە تایبەتی هیی (ڕۆلان بارت)، کە (سدیق) خۆی چەند جارێک ناوی هێناوە، بێ ئەوەی دوو دێڕی گرنگی لەو بارەیەوە نووسیبێت، بگرە بە پێچەوانەوە شتی هێندە سەیری گوتووە، دەتهێنێتە پێکەنین. (ئەگەر وا نییە، با بێتە دەنگ!)… ڕەخنەدۆزی ئەمەریکی، (جۆناتان کولەر: Jonathan Culler) لە کتێبی (بارت: پێشەکییەکی زۆرکورت: Barthes: A Very Short Introduction)دا دەڵێت: (بەشێکی زۆری کارەکانی بارت ڕەنگاوڕەنگ و خاوەنی شێوازی ناوازەن. هەڵگری تایبەتمەندێتیی دەگمەنن و دەکەونە دەرەوەی سنووری ژانرەکانەوە). (بارت) خۆیشی لە وەڵامی پرسیارێکدا، کە پێوەندیی بە سیستەمی کتێبخانەوە هەیە، بەوەی نازانرێت بەرهەمەکانی بخەنە چ خانەیەکەوە، بگرە هەیانە لە زیاتر لە خانەیەک دانراوە؛ شتی نزیک لەوانەی گوتوون. گفتوگۆکە لە پاڵ کۆمەڵێک گفتوگۆی دیکەی لە کتێبی ( Roland Barthes: The Grain of the Voice, Interviews 1962–1980)دا بڵاو کراوەتەوە. پرسیارەکە بەم شێوەیەیە: (سەرنجم داوە کتێبەکانت لە یەک شوێنی کتێبخانەدا نمایش ناکرێن، بەڵکوو لە شوێنی جۆراوجۆر دانراون، وەک زمانەوانی، فەلسەفە، کۆمەڵناسی، ئەدەب و هیی دیکە. ئایا ئەو پۆلێنە ئالۆزکاوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە شێوازی لەیەکنزیکردنەوەی بابەتەکان دەگریتە بەر؟)… بە (بەڵێ) وەڵام دەداتەوە و ئاماژە بە (ژان پۆول سارتەر) دەکات، بەوەی ئەویش فیلۆسۆف، ڕەخنەدۆز، شانۆنامەنووس، گوتارنووس و هیی دیکە بووە.

من لە (سدیق) دەپرسم، ئاخۆ دەتوانێت لەبارەی پۆلێنکارییەوە چەند دێڕێک بنووسێت، تا بزانین چۆنی لێ تێگەیشتووە؟ دەکرێت لانی کەم بە هاوڕێیەکی نزیکی خۆی بڵێت مەبەستی لەو وشەیە چییە؟ ئایا لێرەدا هیچ شتێکی لەو بارەیەوە گوتووە؟ ئایا تەنانەت لە ئاستی ڕستەسازییشدا دروست دەریبڕیوە؟

(پۆلێنکردنی خوێنەر، یەکێکە لە سەختترین پۆلێنەکان). ئێمە وشەیەکمان هەیە، ناوی (پۆلێن)ـە و دەمانەوێت پێناسەی بکەین. ئایا دەکرێت بڵێین (پۆلێن پۆلێن)ـە؟ نەدەکرا بیگوتبووایە (یەکێکە لە سەختترین کارەکان)، یان لانی کەم بینووسیبووایە (پۆلێنکردنی خوێنەر لە پۆلێنکردنی هەر شتێکی دیکە سەختترە)؟ بەوەدا ئاوەڵناوی (سەخت)ی داوەتە پاڵ، مانای وایە دەیزانێت، بۆیە هیوادارم پێمانی بڵێت. نازانم بۆچی لێی شاردووینەتەوە! پۆلێنکاری پێوەندیی بە سیستەمی ڕێکخستنی کتێبخانەوە هەیە. چ کتێبێک لە کوێ دابنرێت و چ ژمارەیەکی پێ بدرێت؟ بۆ ئەوانەی قاڵب و کڵێشە لە بەرچاو دەگرن، دەشێ گرنگ بێت بزانن شیعر چۆن بنووسرێت و ڕۆمان لە چەند وشە پێک بێت، دەنا وەک گوترا لای ڕەخنەدۆزانی جیاوازی، کە ڕەخنەیان لە شوناس گرتووە، سنووری ژانرەکان کاڵ بووەتەوە و ئەمیان لەویان وەردەگرێت. هەم لە کتێبی (گەڕانەوەیەکی کاتی بۆ دایەلۆگێکی بەردەوام) و هەم لەو گفتوگۆیەی (شاخەوان سدیق) لەگەڵیدا کردووم و لە ژێر ناونیشانی (ڕۆمان لە تاکدەنگەوە بۆ فرەدەنگ)دا چاپ کراوە، هەوڵم داوە بە وردی لەو باسە بدوێم.

ئینجا (سدیق) نووسیویەتی: (خوێنەر بوونەوەرێکە سەختە لە ژێر چەتری چەند پێناسەیەکدا کۆ بکرێنەوە). کاتێ دەگوترێت (خوێنەر بوونەوەرێکە)، واتە تاکە، بۆیە (کۆ بکرێنەوە) هەڵەیە. پێویستە سەرتاپێی وشەکان دابڕێژرێنەوە، تا سروشتی خۆیان لە دەست نەدەن، بە مەرجێ هەتا بۆ سروشتی خۆیشیان بگەڕێنەوە، هێشتا لە ڕووی تێگەیشتنی ڕەخنەیییەوە پرسیارمان دەمێنێت. تۆ ڕەخنەگر بیت و کۆمەڵێک کتێبت چاپ کردبن، ئینجا بێیت و خوێنەر بە (بوونەوەر) بزانیت، بۆ من پێکەنیناوییە، کە وەک دواتر دەبینین هەر بە ڕاستی بە بوونەوەری زانیوە و بە شێوەی مۆرفۆلۆجی بینیویەتی. بوونەوەر واتە (Organism)، کە مرۆڤ، ئاژەڵ، ڕووەک و هیی دیکە دەگرێتەوە. لێرەدا مەبەستی مرۆڤە. ئەوەتە نووسیویەتی: (بەڵام لە ڕووە گشتییەکەیەوە و بە وردبوونەوە لە سیمای دەرەوەیان دەتوانین بۆ سێ شێوە پۆلێنیان بکەین).

لە فەلسەفەدا چەمک واتە لایەنی نادیاری شت، کە بێسنوورە و لە بێژمار ئاڕاستە پێک دێت. ئایا بۆ نموونە چەمکی (دەستەڵات) لای (فۆکۆ) بریتییە لەو کەرەستانەی حوکمیان پێ دەکرێت؟ (سدیق) خوێنەری لە مرۆڤدا بەرجەستە کردووە. واتە ئەوانە بە شێوەی فیزیکی هەن و کتێب بە دەستەوە دەگرن، کە دەتوانیت بیانژمێریت. ئینجا وشەگەلی وەک (لە ڕووە گشتییەکەیەوە و بە وردبوونەوە لە سیمای دەرەوەیان) تەنیا بە مەبەستی فریودانی خوێنەر نا، بەڵکوو فریودانی جەماوەر ڕیز کراون، دەنا هیچ ئەرکێکیان لە ئەستۆدا نییە. دەسا ئەگەر هەیانە، خۆزگە دەهات و لەو بارەیەوە بۆمان دەدوا! با بزانین ئەو سێ شێوەیە چین، کە پۆلێنی کردوون: {یەکەم ”خوێنەری کاتی”. دووەم ”خوێنەری پچڕ پچڕ” (ڕاگوزەر). سێیەم ”خوێنەری هەمیشەیی”}.

دەیگوت پۆلێنکردنیان کارێکی سەختە، کەچی دەبینین هەر زۆر ئاسانە. ئەرێ مرۆڤ بەو مەبەستەی ئەم پەرەگرافە، بگرە هەزاران پەرەگرافی لەم شێوەیە بنووسێت، پێویستی بە وردبوونەوە هەیە؟ بۆیە دەپرسم، چونکە نووسیویەتی: (بە وردبوونەوە لە سیمای دەرەوەیان). وردبوونەوەی بۆ چییە؟ هەر کەسێکت بینی، کتێبی پێیە، خوێنەرە و ئەوەی پێی نییە، فت. ئەوەی زووزوو بە دەستیەوە دەگرێت و دەیهێنێتە قەرەباڵغی، ”خوێنەری هەمیشەیی”یە، ئەوەی ناوەناوە هەڵیدەگرێت، ”خوێنەری پچڕ پچڕ” (ڕاگوزەر) و ئەوەی کەمجار پێی دەبینرێت، ”خوێنەری کاتی”یە.

ئایا لە پەنجاکاندا خاوەنی کتێبخانەیەک نا، بەڵکوو خەڵووزفرۆشەکەی بەرانبەری، یان نانەواکەی تەنیشتی نەیدەتوانی بەو ئەنجامە بگات، کە هەندێک کەس بە شێوەی کاتی کتێب دەکڕن، هەندێک جاروبار و هەندێکیش بەردەوام؟ یەکێ لە خەسڵەتەکانی ڕەخنەی میلـلی، ئەوەیە، کە تۆ دەتوانیت لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا بۆ هەر شتێکی دیکەی بە کار بهێنیت. لە پەنجاکان دوور ناکەوینەوە و پیاوێکی هەژار دێنینە بەر چاومان، کە دەیەوێت نۆکاو بفرۆشێت. دەچێتە گەڕەکەکەی ئەوبەر و سەرنج لەو نۆکاوفرۆشەی ئەوێ دەدات. بۆ ماڵەوە دەگەڕێتەوە و بە هاوسەری دەڵێت: {بێگومان پۆلێنکردنی نۆکخۆر، یەکێکە لە سەختترین پۆلێنەکان، بەو پێیەی نۆکخۆر بوونەوەرێکە سەختە لە ژێر چەتری چەند پێناسەیەکدا کۆ بکرێنەوە، بەڵام لە ڕووە گشتییەکەیەوە و بە وردبوونەوە لە سیمای دەرەوەیان دەتوانین بۆ سێ شێوە پۆلێنیان بکەین، کە ئەوانیش ئەمانەن: یەکەم ”نۆکخۆری کاتی”. دووەم ”نۆکخۆری پچڕ پچڕ” (ڕاگوزەر). سێیەم ”نۆکخۆری هەمیشەیی”.}.

ئایا هاوسەری لێی ناپرسێت: (بۆچی، گیانەکەم، تۆ بەبێ ئەوەیش ئەمەت نەدەزانی؟)؟ ڕەنگە ئەو پیاوە هەر بە سروشتی خۆی زمانی کوردی بزانێت و ئەو هەڵانە نەکات، کە (سدیق) کردوونی. بۆ نموونە وشەی (پچڕپچڕ) وەک ئەو لە یەک جودا ناکاتەوە، مادام ئاوەڵناوە. هەروەها ئەو پێشەکییە ناڵێت، کە وەک بینیمان یەک ئەرکی لە ئەستۆ نەگرتووە، بەڵکوو تەنیا بۆ فریودان نووسراوە. خۆزگە ئەوانەی بەو پەرەگرافە سەرسامن، وەک هاوسەری نۆکاوفرۆش لێیان دەپرسی، ئەرێ تۆ شتێکت گوتووە، ئێمە نەیزانین؟  ئایا وشەی (پچڕپچڕ: intermittent) لە شێوەی ناو، یان ئاوەڵناودا بە کار دێت؟ دەگوترێت: (مام پچڕپچڕ لە دەرگەی دا)؟ (منداڵێکی پچڕپچڕە و لە دایکە پچڕپچڕەکەی دەچێت)؟ (کتێبە پچڕپچڕەکە دەنگی داوەتەوە و بە دڵی خەڵکە). تا ئێستا نەمزانیوە بەندبێژێک گوتبێتی: (جاران پیاوێکی درێژ بووم، ئێستا هەر وەک تۆپ خڕم… کەوتوومەتە بەر شەقی یاری پچڕپچڕم. فش نابمەوە بە هیچ کەس، چونکە تا بڵێی پڕم). ئەرێ (پچڕپچڕ) هاوواتای (ڕاگوزەر: transient)ـە؟

من لەو کەسانە نیم سنوور بۆ زمان و دەربڕین دادەنێن، بەڵام ئەگەر بەم شێوەیە لەسەر گرفتی زمانەوانیدا دەوەستم، ئەوە تەنیا دەمەوێت پێشانی بدەم ئەم تێگەیشتنە تا چ ئەندازەیەک ڕووکەشە و چۆنیش ڕێ بە خۆی دەدات لەبارەی ئەو چەمکانەوە زانیاریی ساختە بخاتە ڕوو. زمانی ئەم نووسینە لە پێناوی (شت) لە سروشتی خۆی دوور کەوتووەتەوە، بەڵام زمانی ئەو نۆکاوفرۆشە بەوەدا پێوەندیی بە (ژیان)ـەوە هەیە، سروشتی خۆی لە دەست نەداوە. زانیاریی هەڵەی نۆکاوفرۆشەکەمان هیچ زیانێک ناگەیەنێت، بەڵام زانیاریی هەڵەی ئەم نووسینە بیرکردنەوە بە لاڕێدا دەبات.

ئایا (سدیق) تا ئێستا ناوی چەمکێکی هێناوە، کە ئێمە خۆمان پێشتر باسمان لێوە نەکردبێت؟ فیکری یەک فیلۆسۆف، یان هیی ڕەخنەدۆزێکی ئەدەبیی پێ ناساندووین، بڵێین ئەوە یەکەمجارە لە بارەیەوە دەخوێنینەوە؟ ئایا بەو زمانە میلـلییەی هەر ئەوانە ناڵێتەوە، کە خۆمان پێشتر نووسیومانن؟ دیارە دوای ئەوەی لە ناوەرۆکیانی بەتاڵ کردوون. دوای ئەوەی لە ئاوی میلـلییان هەڵدەکێشێت، ئینجا بۆمانی دێنێتەوە. دەکرا ئەو وەک ڕەخنەدۆزانی دی هەم چەند کتێبێکی گرنگی لە زمانەکانی دیکەوە وەربگێڕابوونایە و هەم ورد لەبارەی کۆمەڵێک چەمکەوە بینووسیایە، کەچی ئەوەتە نەیتوانیوە بە زمانی خۆی پەرەگرافێکی هێندە ڕووکەش دابڕێژێت!

ئەوە یەک پەرەگرافە لەو گوتارەی. ئایا لە خۆی ڕادەبینێت تەواوی گوتارەکەم بۆ بنێرێت، تا بەم شێوەیە بیخوێنمەوە؟

ئێستا دوو پرسیاری زۆر سادە دەکەین، کە تەواو لە ئاستی پەرەگرافەکەدان: ئایا مەرجە هەر کەسێک زۆر کتێب بکڕێت، خوێنەرێکی قووڵ بێت؟ بە لاکەی دیکەیشدا ئایا ناشێ کەسانێک کەم بخوێننەوە، بەڵام خاوەنی تێگەیشتنی زیندوو و فرەوان بن؟ ئەرێ مەرجە ئەوانەی لە دەرەوە کتێبیان پێ نابینرێت، لە ماڵەوە نەیانبێت و نەخوێننەوە؟ ئایا زۆریی ژمارەی کتێب گرنگە، یان جۆری ئەو کتێبانەی دەخوێنرێنەوە؟ ئەوە هەڵەی لۆجیکییە و بە (Style over Substance Fallacy) ناسراوە. واتە هەڵەی لۆجیکیی زاڵکردنی شێوە بەسەر ناوەرۆکدا. ئەو کاتەیە، کە ڕووخساری بریقەداری شت فریومان دەدات. مرۆڤی ئێمە بێ ئەوەی وەک (سدیق) بانگەشەی ئەوە بکات (هایدیگەر) و فیلۆسۆفانی تری ناسیون، خۆی لەو هەڵە لۆجیکییە دوور گرتووە و گوتوویەتی: (هەر شتێک بدرەوشێتەوە، مەرج نییە زێڕ بێت). لە کتێبی منداڵیمدا نووسیومە بە مەبەستی فریودانی باوکم، بەردەوام کتێبی فێرگەم بە دەستەوە گرتووە، بێ ئەوەی هەر بیخوێنمەوە، کە ئەوەم بە شێوەیەکی دی لە چیرۆکی (جیهان لە فنجانی قاوە)یشدا بە کار هێناوە. ئایا گوتار و کتێبی ئەو هەموو فیلۆسۆف و ڕەخنەدۆزەی لە بەرهەمەکانیدا ناوی هێناون، بوونەتە هۆی ئەوەی ئەم پەرەگرافە نەنووسێت؟ ئەرێ ئەگەر چوار دێڕی یەکێ لەو فیلۆسۆفانەی خوێندبێتەوە، ئەم پرسیارانە دەورووژێنێت؟ کوا کاریگەریی ئەو کتێبە کوردییانەی، کە پێی گوتووین داهێنانی مەزنن؟ ئایا نەیخوێندوونەتەوە، یان ئەوانیش لە هەمان ئاستی تێگەیشتنی خۆیدا نووسراون؟ با بڵێین دروست بۆی چووە و ئەو سێ شێوە خوێنەرەمان هەن. دەیەوێت چی بەو ئەنجامە بکات؟ ئەوە کێیە، پێویستی بە زانینی ئەم ئەنجامەیە؟ هەر بە ڕاستی گرنگە ئێمە ئەوە بزانین؟ ئەگەر وایە، سیخوڕانی ڕێژیمە سەرکوتکەرەکان لە پێش هەموومانەوە داهێنەرن، بەوەی دەیانەوێت بزانن کێ چی و چەند دەخوێنێتەوە.

لەو ماوەیەدا هەندێک خوێنەری ئاسایی کۆمەڵێک نووسین و ڤیدیۆی نووسەرانیان هەر بە مەبەستی پێکەنین بۆ ناردووم. هەندێکیان هیی (ئارام سدیق) و سێ دانەیان هیی (ئارام کاکەی فەلاح)ن، کە ئەگەر پێیان خۆشە بزانن ئەو بابەتانە چین، ئامادەم پێیان بڵێم. یەکێکیان ئەم پەرەگرافەیە، کە ئەوەتە قسەی لێوە دەکەین. هیی نووسەرانی دیکەیشیان ناردووە. ڕەنگە هەندێک نەزانن ئەمڕۆ لەلایەن خوێنەری وریا و چاوکراوەوە ئەو بابەتانەی، خۆیان پێیان وایە داهێنانی مەزنن، وەک نوکتە سەرنجیان دەدرێتێ و بۆ یەکتری دەنێرن. بۆ نموونە (دلێر سەلیم) ئەوە نزیکەی دوو دەیەیە خەریکی ئەم کارەیە. دیارە مەبەست لە نووسینی نووسەرە، نەوەک نووسەر خۆی، لە کاتێکدا هەر فیکرێک، ئینجا هیی سەرۆکی حیزبە، یان هیی سەرۆکی دەستگەیەکی کولتووری، هیی ڕۆماننووسی بەناوبانگە، یان هیی شاعیری ناسراو، بۆ ئەوەیە بکرێتە بابەتی نوکتە و پێکەنین. ئەوەی لە لای من نەکراوە و ناکرێت، گۆڕینی بوونی مرۆڤە بۆ بابەت، کە پێشتریش گوتوومە ئەوەی بوونی کەسێک دەکاتە بابەت، هاوکات بەوە ڕازییە بوونی خۆیشی بۆ بابەت بگۆڕێت.

ئایا بۆچوونی ئەو ڕەخنەگرە میلـلییە گرنگە، چ کاتێ پێتدا هەڵدەڵێت و چ کاتێ دەتشکێنێت؟ ئایا ئەو نووسەرانەی بە داهێنەری زانیون، هەر بە ڕاستی داهێنەرن؟ ئایا بەو تێگەیشتنەی هەندێک نووسەری وای وەک داهێنەر پێ نەناساندووین، کە بەرهەمەکانیان بۆ خوێنەری سەرەتاییش سادەن؟

(حسێن عارف) لە سەرەتای حەفتاکاندا چەند گوتارێکی لەبارەی شەپۆلی هۆشەوە نووسیون و کتێبێکی وەک (شەپۆلی هۆش لە ڕۆمانی نوێدا)ی (ڕۆبێرت هەمفری)ی بە خوێنەر ناساندووە، کە تا ئەمڕۆیش ئەو کتێبە بایەخی خۆی لە دەست نەداوە. پاش پەنجاودوو ساڵ (ئارام سدیق) بەم زمانە لەبارەی (چەمکی خوێنەر)ـەوە دەدوێت! هەر لە سەرەتای حەفتاکاندا ئەدەبی ڕوانگە و گرووپی کفری چاو هەڵدێنن و لە بەرانبەریاندا کۆمەڵێک گوتاری ڕەخنەیی دەنووسرێن، کە بە هەموو سادەییی خۆیان، دەکرا ببنە سەرەتای گرنگ بۆ دامەزراندنی فیکری ڕەخنەیی، کەچی ئەوەتە (سدیق) لە دوای نیو سەدە و بە زمانی میلـلی، بگرە لە خوار زمانی ڕۆژانەی خەڵکیشەوە دەنووسێت! (حەمید عەزیز) لە ساڵی (1979)دا کتێبی (سەرەتایەک لە فەلسەفەی کلاسیکی یۆنان)ی چاپ کردووە، کە نزیکەی دە ساڵ پێشتر وەک زنجیرەگوتار لە ڕۆژنامەی (هاوکاری)دا بڵاو کراوەتەوە.

ئەگەر بۆ ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی ئەو سەردەمە بگەڕێینەوە، کۆمەڵێک ڕیپۆرتاجمان بەر چاو دەکەون، کە بۆ ئەوە کراون، ئاخۆ کتێب چەند دەفرۆشێت و چەند جۆر خوێنەر هەن. لە خۆم ڕادەبینم بڵێم لەوەی (سدیق) جوانتر نووسراون، کە وەک توێژینەوەی ئەدەبی بڵاوی کردووەتەوە.

فیلمێکی کۆمیدیی میسری هەیە، ناوی (دۆکتۆر فەرەحات)ـە و (فەوزی جەزایرلی) ڕۆڵەکە دەبینێت. دەرهێنەری ئیتاڵی، (تۆگۆ میزراحی) لە ناوەڕاستی سییەکاندا دەریهێناوە، کە باس لە پیاوێکی هەژارە و بە هەڵە لە هۆتێلێکدا وەک وەرگێڕ وەردەگیرێت، لە کاتێکدا بەپێی لێکدانەوەی هاوسەری وشەی (ترجمان: وەرگێڕ) واتە قاپشۆر و خۆیشی هەر وا تێگەیشتووە. (دۆکتۆر حیلمی)یش لە لەندەن دەگەڕێتەوە و لەو هۆتێلە دادەبەزێت. داهێنانی زۆری لە بواری پزیشکیدا کردووە و ڕۆژنامەنووسان دەیانەوێت بیدوێنن، لە کاتێکدا دەزانن بە دزی گەڕاوەتەوە و بە ناوێکی خوازراویش لە هۆتێل دابەزیوە، بۆیە دەڵێن دیارە ئەو پیاوە سەیرەی ناوی (فەرەحات)ـە، لەو زیاتر، کەسی دی نییە. گفتوگۆی لەگەڵدا دەکەن و ئەویش وەڵامی سەیریان دەداتەوە، بەوەی هیچ شتێک لەبارەی پزیشکییەوە نازانێت و هاوسەریشی پێی گوتووە بۆ ئەوەی وەک قاپشۆر لەو هۆتێلەدا وەربگیرێت، پێویستە هەر شتێکی لێ دەپرسن، بڵێت دەزانێت و وەڵام بداتەوە. (دۆکتۆر حیلمی) بۆی دەردەکەوێت ئەو پیاوە بە شێوەیەکی زۆر پێکەنیناوی هەڵسوکەوت دەکات. ئینجا لە دوورەوە پێوەندیی دڵداریی لەگەڵ کچێکدا بەستووە، لە کاتێکدا لە لای ڕوون نییە، ئاخۆ کچە لە دڵەوەیەتی، یان لەبەر ناوبانگ و سامانەکەی دەیەوێت ببێتە هاوسەری. وای بە چاک دەزانێت ئەو پیاوە دەشتەکییە هەژارە لە جیاتیی خۆی بنێرێت، بەو مەبەستەی تاقیی بکاتەوە. هەر بە ڕاستی باوکی کچە پێی ڕازییە و خەڵکیش تەنیا لەبەر ئەوەی، گۆیە پزیشکە و خاوەنی سامانە، ڕێزی لێ دەگرن، بگرە سەرسامیی خۆیان لە ئاستی گوتە ساکارەکانیدا دەردەبڕن، لە کاتێکدا کچەکە هەست بە نائومێدی دەکات.

دیارە نامەوێت لەوە زیاتر لەبارەی فیلمەکەوە بدوێم، بەڵام مەبەستمە بڵێم، کە ئەمڕۆ لەناو دنیای نووسینماندا نموونەی ئەم (دۆکتۆر فەرەحات)انە زۆرن. جیاوازیی نێوان (دۆکتۆر فەرەحات)ی فیلمەکە و ئەوانەی خۆمان، ئەوەیە، کە ئەم بێ ئەوەی ویستبێتی، ئەو ڕۆڵەی پێ دراوە، لە کاتێکدا ئەوانەی ئێرە بە ئارەزووی خۆیان پێی گەیشتوون. (فەرەحات) کاتێ وەک وەرگێڕ وەردەگیرێت و بە ڕێکەوت لە هەندێک هەڵوێست ڕزگاری دەبێت، دەڵێت: (من وام دەزانی پیشەی وەرگێڕی زۆر سەختە، کەچی دەرکەوت تا بڵێی ئاسانە). بە ڕاستی ئەمڕۆ نووسین هێندە ئاسان بووە، کە ساڵانە دەتوانیت بە زمانی ڕۆژانەی خەڵک چەند کتێبێک بنووسیت و کەسانێکی زۆریش، وەک ئەوانەی بە گوتەکانی (دۆکتۆر فەرەحات) سەرسام بوون، پێیان سەرسام ببن. ناوەناوەیش بڵاوکردنەوەی پەرەگرافی لەم شێوەیە پێویستە. کۆمەڵێک لایک و کۆمێنتی جەماوەر بە دەست دەهێنیت و دەبیتە ناوێکی دیار. تۆیش کاتێ ڕووبەڕووی ئەم تێگەیشتنە دەبیتەوە، بە ناچاری دەبێت لەو ئاستەدا بدوێیت. ئایا دەکرێت چاو لەم نووسینانە بپۆشین، کە زانیاریی ساختە دەگەیەنن؟

*  *  *

تەوەرەی دووەم:

تیۆریی خوێنەر/وەرگر لە ناوەڕاستی شەستەکانی سەدەی بیستەم لە فێرگەی کۆنستانس (Constance School)ی ئەڵمانیای خۆرئاوادا چاو هەڵدێنێت، کە (هانس ڕۆبێرت یاوس: Hans Robert Jauss) و (ڤۆلفگانگ ئایزەر: Wolfgang Iser) وەک دوو ڕەخنەدۆز و تیۆریستی ئەدەبی ڕۆڵی گەورە لە پێکهێنانیدا دەبینن. یەکەمیان بایەخی بە ئێستاتیکای وەرگر (aesthetic of reception) و دووەمیان بە خوێنەری ناوەکی (implied-reader) داوە. ئەم دووانە و ئەوانەی تریش، کە دواتر ناویان دەهێنرێت، ئەگەر لە هەندێک ڕووەوە جیاواز بن، ئەوە لە گەوهەردا لەسەر ئەوە کۆکن، کە دەبێت خوێنەر بەهای پێ بدرێت و ئەو بەهایانەیشی بۆ بگەڕێنرێنەوە، پێشتر لەسەر حیسابی نووسەر، بگرە لەسەر حیسابی تێکستیشدا لێی سەندراونەتەوە.

پێویستە هەر لە سەرەتاوە بگوترێت ئێمە بە گشتی باسی چەمکی خوێنەر دەکەین و کەمتر ڕۆ دەچینە قووڵاییی تیۆرییەکانەوە، کە وەک پێشتر گوترا مەبەستمانە بە پلەی یەکەم ئەوە پێشان بدەین ئەم چەمکە چ قورسایییەکی لە لای فیلۆسۆف و ڕەخنەدۆزان هەیە، لە کاتێکدا ڕەخنەگری میلـلی تا ئاستی زمانی تێگەیشتنی ڕۆژانەی خەڵک، بگرە خوارتریشی دابەزاندووە. خۆ ئەگەر پێویستی کرد بە تایبەت لەبارەی هەر یەکێ لەو تیۆرییانەوە قسەی زیاتر بکەین، ئەوە لە ئاییندەدا بە خۆشحاڵییەوە بۆ باسێکی لەم شێوەیە دەگەڕێینەوە. وەک گوترا پێشتریش لەو بارەیەوە کارمان کردووە.

بەوەدا ئەو تیۆرییە، یان دروستتر ئەو تیۆرییانە لە کتوپڕێکدا نەهاتوون، بەڵکوو لە کۆمەڵێک سەرچاوەی گەورەوە هەڵقوڵاون، ئەوە ناکرێت ئەگەر بە کورتییش بێت، ئاوڕیان لێ نەدەینەوە. ڕاستییەکەیشی وا پێویست دەکات تیشک بخەینە سەر بەشێک لەو سەرچاوانە، تا پتر قووڵاییی چەمکەکەمان بۆ دەربکەوێت.

ئەو چەمکە هەر لە سەردەمی فەلسەفەی یۆنانیدا ئاماژەی پێ دراوە، بە تایبەتی لە لای (ئەریستۆ)، کە هەرسێ توخمی تێکست، نووسەر و وەرگری باس کردوون، لە کاتێکدا ڕۆڵی هەر یەکەیانی دەرخستووە. پێی وایە شاعیر لە لایەک بە حەقیقەت و واقیعەوە پێوەستە و لە لایەکی دی بە وەرگرەوە. ئەو لە کتێبی (هونەری شیعر)، لە چوارچێوەی شیعری شانۆییدا، کە پێوەستە بە تراجیدیا و کۆمیدیاوە، بایەخ بە چەمکی وەرگر و ئێستاتیکای وەرگر لە وەرگرتنی تێکست دەدات، بەوەی بینەرانی شانۆ ڕۆڵی گرنگ لە تاوتوێکردنی کاری هونەریدا دەبینن. لەچاوکردنەوە (Imitation) لایەنی دەروونی دەگرێتە خۆی، کە ورووژاندن و ناکاوی (Surprise) دەهێنێت. ئەوانە لە شێوەی ترس (fear) و بەزەیی (pity)دا دەردەکەون. بەوەدا ئەرکی شیعر ئەوە نییە واقیع ڕێک وەک ئەوەی هەیە، بگوازێتەوە، لێرەدا ناچاوەڕوانکراوی (unexpected)ی لێ دەکەوێتەوە، کە بە ورووژان و سەرسامییەوە پێوەستە. واتە بایەخ بە لایەنی چێژ دەدات، بەوەی لە ئێستاتیکادا بەرجەستەیە. لەبارەی ترجیدیاوە دەڵێت کۆتاییی دڵخۆشکەر (happy ending) دڵخۆشمان ناکات، بەو مانایەی وەرگر زیاتر بە ڕووداوی چاوەڕواننەکراو دەورووژێت و چێژ دەبینێت.

لانی کەم لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردووەوە تا ئەمڕۆ فیلۆسۆف و ڕەخنەدۆزان ئاوڕیان لەو چەمکە، چەمکی خوێنەر داوەتەوە و پێوەی خەریکن. (سارتەر) لە کتێبی (ئەدەب چییە؟)دا هەوڵی داوە بە شێوازی خۆی لە چەمکی خوێندنەوە بکۆڵێتەوە و دەپرسێت بۆچی دەنووسین؟ دەڵێت پرۆسێسی خوێندنەوە وا دەکات کاری ئەدەبی بێتە کایەوە. واتە بە هاوکاریی نووسەر و خوێنەر بەرهەم دێت. ناکرێت ئەوە لە بیر خۆمان ببەینەوە، کە بە گشتی ڕێبازە فەلسەفییەکان لە کۆتاییی سەدەی نۆزدەمەوە زەمینەیان بۆ دەرکەوتنەوەی خۆش کرد و وردەوردە دەستەڵاتی نووسەر خرایە ژێر پرسیارەوە، کە لە زمانی ئینگلیزیدا وشەی نووسەر (Author) بە وشەی دەستەڵات (Authority)ـەوە پێوەستە. بۆ نموونە لە بیرۆکەی (مەرگی خواوەند)ی (فریدرێک نیتشە)وە بیرۆکەی (مەرگی نووسەر) لە لای (ڕۆلان بارت) و (مێشێل فۆکۆ) دێتە کایەوە، کە (بارت) لە (مەرگی نووسەر)دا دەڵێت پێویستە لەدایکبوونی خوێنەر لەسەر حیسابی مەرگی نووسەر بێت. لە کتێبی (چێژی تێکست)دا پێی لەسەر دادەگرێت، کە خوێنەر لە جیاتیی ئەوەی ببێتە بەکاربەری تێکست، دەبێتە بەشدارێکی چالاک لە بەرهەمهێنانیدا. پێوەندییەکەی بە تێکستەوە وەک پێوەندیی دڵدارە بە دڵبەرەکەیەوە. (بارت) بەم شێوەیە خۆی وەک خوێنەر پێناسە دەکات: (من عاشقی زمانم، کەواتە عیشقی خۆم بۆ نووسراو ڕادەگەیەنم). خوێنەر لە ڕێگەی چێژەوە یاخی دەبێت و لە یاسا دەردەچێت، بەوەی خاوەنی خوێندنەوەیەکی جیاوازە. بۆیە چێژ دەبینێت، چونکە تاکە و خاوەنی جەستەی خۆیەتی. لە کتێبی (ڕەخنە و حەقیقەت)دا پێی وایە ئەوە تەنیا خوێندنەوەیە شەیدای کاری ئەدەبییە و پێوەندیی شەهوەتئامێزی لەگەڵ دادەمەزرێنێت. کاتێ دەخوێنینەوە، مانای وایە شەهوەتمان بۆ کاری هونەری بزوواوە. هەروەها دەڵێت نووسین بنەبڕکردنی هەموو دەنگ و سەرچاوەیەکە، ئەو بێلایەنییەیە، ئەو پێکهاتە و پێچ (oblique)ـەیە، کە خودە چالاکەکانمانی تێدا وێڵ دەبن. ئەو ڕەشایی و سپێتییەیە، کە هەموو شوناسێکی تێدا ون دەبێت، لە شوناسی ئەو جەستەیەوە دەست پێ دەکات، کە دەنووسێت. مەبەستی ئەوەیە ئێمە نازانین کێیە لەناو تێکستدا، واتە لەو شوێنە بێلایەنەدا دەدوێت. پێشتر هەم (ستیفان مالارمێ) و هەم (پۆول ڤالێری)یش بە شێوەیەک لە شێوەکان (دانەر)، یان (نووسەر)یان بە گرنگ نەزانیوە. (فۆکۆ) خۆی (بوونی زمان) دەخاتە پێش (existential primacy of language) مرۆڤەوە، بەو مانایەی زمان لە مرۆڤدا دەدوێت، بۆیە لە ڕاڤەکردنی چەمکدا، گەڕانەوە بۆ نووسەر بە پێویست نازانێت، بەوەی لەناو تۆڕی فرەوانی چەمکەکاندا ئەو مرۆڤە هەر ونە. ئەوە چەمکەکانیشن (خود)یان پێک هێناوە، نەوەک (خود) ئەوانەی دروست کردبن، کە (بارت) جەخت دەکاتەوە هەر تێکستێک لە کۆمەڵێک تێکستی دی وەرگیراوە، بۆیە لەوەی دوور دەخاتەوە بە پێوەری ڕەوشت بخوێنرێتەوە، لە کاتێکدا بکەرەکەی بە لاوە نراوە. واتە لەگەڵ ئەوەدا نییە بگوترێت، ئاخۆ ڕاستە، یان درۆیە، کە ئەوەیشە وا دەکات تێکست لە نووسەر داببڕێنرێت و توانای ئەوەی هەبێت دەقئاوێزان (intentionality) پێک بهێنێت. بەردەوام پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت، کە مەرگی نووسەر، واتە لەدایکبوونی خوێنەر. مەبەستی ئەوەیە کاتێ نووسین بە هیی نووسەر دەزانین، ئەوە سنووری بۆ دادەنێین و مانای کۆتاییی پێ دەدەین. لێرەدا بایەخ بە کرانەوەییی تێکست دەدات، بەو مانایەی ئەو تێکستە نەکرێتە ڕووبەرێک بۆ حوکمی ڕەها و ئاڕاستەکان لە خاڵێکدا کۆتایییان نەیەت، بۆ ئەوەی خوێندنەوە ببێتە کارێکی داهێنەرانە و بەشداریی خوێنەر لەو پرۆسێسەدا دەربکەوێت. (هیچ حەقیقەتێکی بابەتی و خودی بۆ خوێندنەوە نین، بەڵکوو تەنیا حەقیقەتێکی یاریکەر هەیە). ئەو حەقیقەتە یاریکەرە چەسپاو نییە و لە جووڵەدایە، کە دەکرێت هەر خوێنەرێک بە شێوازی خۆی لێکی بداتەوە. ئەو حەقیقەتە یاریکەرە یارمەتیمان دەدات دوالیزمەکان تێبپەڕێنین.

(جیل دولووز) بە شێوازی خۆی ڕەخنە لە دەستەڵاتی نووسەر دەگرێت، کە لە شێوازی نووسینی کلاسیکدا بەرجەستەیە، بەوەی شێوەیەکی چەسپاو و تاکڕەهەندە. لە کتێبی (هەزار بان: A Thousand Plateaus)دا، کە بە هاوکاریی (فلێکس گواتاری) نووسیویەتی، هەوڵ دەدات لە ڕێی چەمکی  ڕایزۆم (rhizome)وە، دروستتر لە ڕێی (نووسینی  ڕایزۆمییانە: rhizomatic writing)ـەوە ڕووبەڕووی لۆجیکی درەخت ببێتەوە. ( ڕایزۆم، یان ڕایزەم، یانیش ڕیزوم، ڕووەکێکە لەسەر زەویدا دەردەکەوێت و ڕەگی نییە). پێیان وایە دوالیزمی درەخت/ڕەگ لە دنیا و نووسینیشدا ڕەنگی داوەتەوە. نووسین وەک درەخت سەرەتایەکی هەیە و دەگاتە کۆتایی. درەخت خاوەنی ڕەگ، لق، گەڵا و بەرهەمە. نووسینی کلاسیک وەک خۆیان ناوی دەنێن، لاساییکردنەوەی درەختە. لە درەختدا ڕەگ هەیە و لە نووسیندا گرفت. درەخت لە ڕێی لق و گەڵاکانیەوە بڵاو دەبێتەوە، نووسینیش بە هۆی ڕاڤەکانیەوە. درەخت بەر دەگرێت و نووسینیش ئەنجام بە دەست دێنێت. بەم شێوەیە (دولووز) و (گواتاری) دەیانەوێت ئەو لۆجیکە تێک بشکێنن، کە تەنیا چەسپاوی و وەستان بەرهەم دێنێتەوە. سەرجەم بوارەکانی بایۆلۆجی، سیاسی، ئابووری و ئەوانەی دیکەیش بەپێی ئەو لۆجیکەی درەخت بە ڕێوە دەچن، لە کاتێکدا شتەکە لە سروشتدا جیاوازە، بەوەی سروشت پێچەوانەی فیکر، ڕێی ئەو دوالیزمە نادات، تێیدا کار بکات، لە کاتێکدا خاوەنی خەسڵەتی دینامیکییە. درەخت شێوەیەکی دیاریکراوی هەیە، کە شاقووڵییە، بەڵام  ڕایزۆم ئاسۆیییانە دەکشێت و قووڵاییی نییە، بەڵکوو لەسەر زەویدا بڵاو دەبێتەوە. واتە هیچ شتێک ناشارێتەوە، کە مەبەستی (دولووز) و (گواتاری) مێتافیزیکە. ناونیشانی کتێبەکەیش (هەزار بان)، یان (هەزار ڕوو)ـە.  ڕایزۆم خاوەنی پرینسیپی گەیاندن و جۆراوجۆری (Principles of connection and heterogeneity)یە، بەو مانایەی پێویستە شتەکان (چەمکەکان) جیاواز و هەمەڕەنگ بن، بۆیە پێچەوانەی درەخت بە هەموو لایەکدا دەجووڵێت و لقی جۆراجۆری لێ دەبێتەوە. کتێب تەواو بووە و داخراوە، لە کاتێکدا  ڕایزۆم بەردەوامە و بەسەر هەموو ئاڕاستەکاندا کراوەیە، کە هەر خاڵێکی دەگریت، پێوەندیی بە خاڵێکی تریەوە هەیە و هەر خاڵێکی ئێرە بە خاڵێکی ئەوێ دەگاتەوە، بۆیە پێچەوانەی درەخت سەنترالیزمی تێدا ونە. ڕایزۆم ئەگەر لە خاڵێکدا بپچڕێت، دەست پێ دەکاتەوە، کە ئەو خەسڵەتە لە درەختدا نییە. بەم شێوەیە پێچەوانەی درەخت، لە بەردەم هەر گۆڕانکارییەکدا کراوەیە و ڕێ دەدات دەستکاریی بکەیت. ئەوان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دۆخی مۆدێرنیزم، کە لەسەر بنەمای بیری دژبەیەک (Binary thinking) دامەزراوە، ڕێی  ڕایزۆمییانە (rhizomatic approach) دەگرنە بەر، بەوەی شتەکان هەموو کاتێ پێوەندیی  ڕایزۆمییانە (Rhizomatically interconnected)یان پێکەوە هەیە و ئاماژە بە هەمەڕەنگی دەدەن. ئەوە لە لایەک وەستانەوەیە لە دژی پرینسیپی هۆکار و ئەنجام، کە لە درەختدا بەرجەستەیە، بەوەی سەرەتا و کۆتاییی هەن، لە لایەکی دیکە بەلاوەنانی سیستەمی کرۆنۆلۆجییە، بەو مانایەی کولتوور بەرەو ئامانجی دیاریکراو ناچێتە پێشەوە، بەڵکوو کۆچەرییانە ڕێ دەگرێت. ئەو تێگەیشتنە، کە مەبەستیەتی شێوازی نووسین بگۆڕێت و دەرگەکانی بەسەر دەرەوەدا بکاتەوە، مانای دەرکەوتنی خوێندنەوەی جیاواز و بەشداریی خوێنەرە لە کاری هونەریدا. نووسەر و خوێنەر پێوەندیی ڕایزۆمییانەیان پێکەوە هەیە. نووسینی ڕایزۆمییانە جووڵەیەکی ڕوواڵاییانە (arbitrary)یە و ئامانجی دیاریکراوی نییە، وەک چۆن خوێندنەوەی  ڕایزۆمییانە ئازادە و گوێ بە هیچ یاسایەک نادات.

سەرەڕای ئەو بایەخە گەورەیەی (بارت) و ئەوانەی دی بە خوێنەری دەدەن، کەچی هێشتا لای تیۆریستانی تیۆریی وەرگر (reception theory) کەمە، بەوەی زیاتر بۆ تێکست ئاڕاستە کراوە. لێرەوە کۆمەڵێک ڕەخنەدۆزی وەک (هانز ڕۆبێرت یاوس)، (ولفگانگ ئایزەر)، (ئومبێرتۆ ئیکۆ)، (جاک ڕیفاتێر) و هیی دیکە پێوەی خەریک دەبن و لەم ڕووەوە چەند چەمکی وەک (خوێنەری ناوەکی)، (خوێنەری نموونەیی)، (خوێنەری باڵا)، (خوێنەری ڕاستی) و زۆری تر دێنە کایەوە. هەر لەم نێوەدا ناکرێت چەمکی هەڵوەشاندنەوەی (جاک دێریدا) فەرامۆش بکەین، کە ئەو فیلۆسۆفە بە شێوازی خۆی بایەخ بۆ خوێنەر دەگەڕێنێتەوە. هەر ئەوەی ڕەخنە لە مێتافیزیکای ئامادە (metaphysics of presence)، یان (سەنترالیزمی عەقڵ) (Logocentrism) دەگرێت، مانای وایە مەبەستی تێکشکاندنی دەنگی نووسەرە، تا دەنگی خوێنەر دەربکەوێت. پێی وایە هەمیشە لە ئاستی تێکستەکاندا ڕووبەڕووی دوالیزمە دژەکان (Binary Oppositions) دەبینەوە، وەک ڕۆح/ جەستە، عەقڵ/ ناعەقڵ، قسە/ نووسین، گەرم/ سارد، ڕەش/ سپی، ژیان/ مردن، چاک/ خراپ، جوان/ ناشیرین و زۆری تر، کە مێتافیزیکا لەو ڕێگەیەوە مانای پێشوەختی خۆی دەسەپێنێت، مانایەک، وا خۆی دەردەخات قەوارەیەکی یەکگرتوو (Coherent) و هاوتوخم (Homogeneous)ی هەیە و بووەتە سەنترالی عەقڵ، دواجار لە شێوەی حەقیقەتێکی نەگۆڕدا دەردەکەوێت. لەم دیدگەیەوە نووسەر/خوێنەر وەک دوالیزم سەیر کراون و دووەم لە ڕێی یەکەمەوە بە بیر هاتووەتەوە، بەڵام بە پلەیەکی نزمتر، کە تێکشکاندنی ئەو سەنترالیتییەی نووسەر، گەڕاندنەوەی بەهایە بۆ خوێنەر. لە کتێبی (نووسین و جیاوازی)دا بە شێوازی خۆی جەخت لە چەمکی یاری دەکاتەوە، بەو مانایەی یاری بۆ خودی خۆی دەگەڕێتەوە، کە یاریی بەردەوامی ماناکان سڕینەوەی سنووری نێوان چەمکەکان و دەرکەوتنی ڕاڤەکانە، تا لەوێوە هەر ڕاڤەیەک بتوانێت تێکستەکە بە شێوەی خۆی پێک بهێنێتەوە (reshaping). پێی وایە (هیچ شتێک لە دەرەوەی تێکستدا نییە)، بەو مانایەی تێکست لە هەموو سەرچاوەکانی دەرەوەی خۆی دابڕاوە. پڕە لە دژایەتی، دوورە لەوەی چەسپاو بێت و هیچ چەق (سەنترال)ێکیشی تێدا نییە. بەم شێوەیە کراوەیە و بە خاڵی کۆتایی ناگات، کە هەر خوێنەرێک بە ڕێگەی خۆی دەیخوێنێتەوە. واتە ئەوە خوێنەرە مانا بە تێکست دەبەخشێت و هەر ئەویشە مانای جیاواز بەرهەم دەهێنێت. لە ڕێی یاریی بێکۆتایی (infinite play)یەوە ڕاڤە بێکۆتایی (infinite interpretations)ـەکان دێنە دی و نادیار (absence) دەردەکەوێتەوە، بەوەی ئەو پرۆسێسە کارلێکی نێوان دیار و نادیار پێک دەهێنێت.

تەوژمە ڕەخنەیییەکانی پۆستمۆدێرنیزم بە گشتی و پۆستسترەکچرالیزم بە تایبەتی وەک هەڵوەشانەوە (deconstruction)، هێرمۆنتیکا (hermeneutics)، ئاماژەناسی (semiology) و تیۆریی وەرگر (reception theory) بایەخیان بە وەرگر، یان خوێنەر داوە.

تیۆریستانی تیۆریی وەرگر بە گشتی ئەو بۆچوونەیان بە لاوە نا، کە پێی وایە تێکستی ئەدەبی ڕەنگدانەوەی ژێرخانە، بەو مانایەی بونیادی تێکست لەگەڵ بونیادی کۆمەڵایەتیدا هاوڕێکە. ئەو تێگەیشتنە بایەخ بە ژیاننامەی نووسەر دەدات و مەبەستیەتی لە بارودۆخی مێژوویی و کۆمەڵایەتیی بکۆڵێتەوە. بە مانایەکی دی، ڕەهەندی ئامانجداری (teleological dimension) بایەخی یەکەمی هەیە، کە دەیەوێت هونەر بە بارودۆخی کۆمەڵایەتییەوە گرێ بدات و هەر لەوێیشەوە لێکی بداتەوە.

*  *  *  *

ئێستا دەگەینە ئەوەی بڵێین تیۆری، یان تیۆرییەکانی وەرگر لە خوێندنەوە، پێداچوونەوە و ڕەخنەی بۆچوونەکانی پێشووی ئەو ئاڕاستە ئەدەبی و فەلسەفییانەوە هاتوونەتە کایەوە و گەشەیان کردووە. دەکرێت لەم ڕووەوە ئاماژە بە هەندێک سەرچاوەی دیکەیش بکەین:

فۆرمالیستەکانی ڕووس ئیلهامبەخشی ئەو تیۆرییانەن. ئەوان لە چارەکی یەکەمی سەدەی بیستەمدا دەرکەوتن. بەوەدا پێیان وایە ئەدەب بەرهەمێکی سەربەخۆیە (Autonomous Product)، ئەوە شێوە بایەخی بەرچاوی هەیە و هەموو کاریگەرییە دەرەکییەکان بە لاوە دەنێن، بەوەی ئەوانە بە ناوەرۆکەوە پێوەستن، لە کاتێکدا ئەوان ناوەرۆک دەدەنە دواوە. واتە فاکتەری مێژوو، کۆمەڵایەتی، ئابووری، سایکۆلۆجی و ئەوانەی دیکە بە گرنگ نازانن، بۆیە دژی ئەو تیۆرییە وەستانەوە، کە (جۆرج لۆکاچ) نوێنەرایەتیی دەکرد و وا لە ئەدەبی دەڕوانی، ڕەنگدانەوەی واقیعە. ئەوە دەخەنە ڕوو، کە مێژووی شێوازە ئەدەبییەکان لە مێژووی واقیعەوە دەگوازرێتەوە. واتە ئەو ئاستە چییە، شێوەی هونەر پێی گەیشتووە؟ نەوەک ئەو هونەرە چۆن دامەزراوە؟ بەم شێوەیە لە لای ئەوان ئەدەب هیچ پەیامێکی کۆمەڵایەتی و ئایدیۆلۆجیی نییە. هەر لەم دیدگەیەوە چۆنیەتیی پارچەپارچەکردنی ڕووداو و داڕشتنەوەی لە ئاستی هونەریدا گرنگە، نەوەک خودی ڕووداوەکە خۆی. لێرەوە بایەخی خۆیان ئاڕاستەی ئەو بابەتانە کرد، کە بە بونیاد و زمانەوانی (Linguistics)یەوە پێوەستن، تا گەیشتنە ئەوەی زمانی ڕۆژانە تێک بشکێنن و بیخەنە ئاستێکی دیکەی جیاوازەوە. دیارە هەر بایەخێک بە وردەکارییەکانی زمان، هاوکات بایەخە بە شیعریەتیش. بەم شێوەیە فۆرمالیستە ڕووسەکان بایەخیان بە تێکست دا، کە دواتر لای (بارت) و ئەوانەی تر ئەو بایەخە زیاتر کرا، تیۆریستانی تیۆریی وەرگریش سوودیان لەو ئەزموونانە وەرگرت.

فینۆمینۆلۆجیای (هۆسێرل) سەرچاوەیەکی دیکەی گرنگی تیۆریی خوێنەرە. فینۆمینۆلۆجیا واتە ئەوەی ڕاستەوخۆ لە هەستدا دەردەکەوێت. تەنیا ئینتیوشن (حەدەس) هەیە، نە بیرکردنەوە لە ئارادایە و نە حوکم. لێکدانەوەی واقیع وەک ئەوەی لە هۆشیاریی ئێمەدا دەردەکەوێت، بەڵام هەر هۆشیارییەک بریتییە لە هۆشیاری لەبارەی شتێکەوە. کاتێ بیر دەکەمەوە، ئەوە بیرم لەم دۆخەدا ئاماژە بە شتێک دەدات. واتە پێوەندییەکی ناوەکی لەنێوان پرۆسێسی بیرکردنەوە و بابەتی بیرکردنەوەدا هەیە، بەو مانایەی هەستی من بە شێوەی نەگەتیڤ شتەکانی دەرەوەم تۆمار ناکات، بەڵکوو وێنەیان دەکێشێت. کەواتە زانینی ئەو شتانە لەوەوە دێتە کایەوە، کە بەر هەستم دەکەون. ئەو شتانە بوونەتە دیاردە و کاریان تێ کردووم. ئەو هۆشیارییە لە لای ئەو هەمیشە مەبەستگەرا (ئینتێنشنالیتی: intentionality)یە، بەوەی ڕووی لە بابەت (object)ـە. بەم شێوەیە مەبەستگەرایی واتە گۆڕینی دیاردە دەرەکییەکان بۆ بابەتی مەبەستدار، بەو مانایەی بابەت تەنیا بە بڕی مەبەستی هۆشیاری دەردەکەوێت و لە ڕێی کرداری هۆشەکییەوە بۆ ئەو بابەتە ئاڕاستە دەبێت، کە مەبەستە. لێرەوە چەمکی ترانسێندەنتەل (transcendental) دەردەکەوێت، کە مانا لە هەستدا بە شێوەی بێگەرد پێک دێت. واتە کاتێ لە دنیای ماتێریەلی دەرەکییەوە بۆ دنیای بێگەردی ناوەوە دەپەڕێتەوە. ئەو مانایە تایبەتە بە تاک و خەسڵەتەکانیشی هەر تایبەتن بەو تاکە، بە ڕادەیەک هیچ شتێکی دەرەکی لە بەرچاو ناگیرێت. بەم شێوەیە ترانسێندەنتەل وا دەکات بابەتی هەستپێکراو (object perceived) لەو شتانە دوور بخرێتەوە، کە پێوەی پێوەستن، بەو واتایەی تێگەیشتنی دیاردە ملکەچی توانای خودی و هەستی بێگەردی تاکە. واتە ڕوانین لە خودەوە بۆ بابەت، بەو مانایەی لە دەرەوەی چوارچێوەی خودزانین (self-perceived)دا نە هیچ زانین و تێگەیشتنێکی بابەتییانە و نە هیچ دیاردەیەک لە ئارادایە. هەر مانایەک پوختەی تێگەیشتنی بێگەردی ئەو تاکەیە، کە وەک گوترا ئەمە بە ترانسێندەنتەل ناو دەبات.

پێویستە بگوترێت فینۆمینۆلۆجیا هەر لە بنەڕەتەوە لە ڕەخنەگرتن لە کۆجیتۆی (دیکارت)ـەوە سەری هەڵدا، کە (هۆسێرل) پێی وایە داخراوە و لە بەرانبەردا پێ لەسەر هۆشیاریی مەبەستگەرا دادەگرێت. کاتێ باس لە هۆشیارییە، وەک ئەوەیە باس لە خودیش بێت، کە پێی وایە لە زانستەکانی ئەمڕۆدا ئەو خودە لە بیر کراوە. ئەمە بۆ نووسەری ئەدەبی گرنگە. ئەوە مێتۆدی ڕەخنەیە لە مەعریفە. لێرەوە ئەو هۆشیارییە سروشتییە وێنە بەرهەم دەهێنێت، کە (هۆسێرل) بە فەنتازیا ناوی دەبات و خەیاڵێکی ئازادانەیە، بۆیە ئەو دیاردەیە زیاتر بەو مانایەیە، کە لە خەیاڵدا پێک دێت، نەوەک لە ئاستی فیزیکدا، بە مەرجێ ئەویش دەگرێتەوە. گەڕانەوە بۆ سەرەتا و بنەمای مەعریفە، کە لێرەدا بە شێوەیەک لە شێوەکان بە هەڵگێڕانەوەی بەهای (نیتشە) دەگاتەوە. کەواتە فینۆمینۆلۆجیا لە ڕێی هۆشیاری و ئەزموونی مرۆڤەوە ئەوەی هەیە، دەخوێنێتەوە، بێ ئەوەی پەنا بۆ دەرەوە ببات. بەم شێوەیە فینۆمینۆلۆجیا پێچەوانەی زانستی سروشتی و بەشێکی زۆری زانستی کۆمەڵایەتییش ڕاڤەی خۆی لە خودەوە دەست پێ دەکات و بۆ دنیای دەرەوە ئاڕاستە دەبێت، نەوەک لە دنیای دەرەوەوە بەرەو خود بچێت. ڕاستییەکەی پێشتریش گوترا وەک کاردانەوەیەک لە دژی فەلسەفەی عەقڵ هاتە کایەوە، کە دەیویست حەقیقەتی ڕەها دابمەزرێنێت. بەپێچەوانەوە هەوڵی دا حەقیقەت لەو ڕەهایییە دابماڵێت و بە شێوەی ڕێژەیی مامەڵە لەگەڵ شتەکاندا بکات، کە لێرەوە ئەدەب بە سروشتی خۆی لەگەڵیدا ڕێک دەکەوێت. پێی وایە زانینی تەواوی جیهان بەوە نایەتە دی، هەوڵ بدرێت شتەکان لە دەرەوەی خوددا ڕاڤە بکرێن، بەڵکوو بەوە دەبێت خود خۆی شی بکرێتەوە، کە ئەو جیهان دەناسێت.

ناکرێت باس لە فینۆمینۆلۆجیای (هۆسێرل) بکەین، ئەگەر هاوکات بۆچوونەکانی (ڕۆمان ئینگاردن)ی لە بەرچاو نەگرین. ئەوەی لەم ڕووەوە (ئینگاردن) لە (هۆسێرل)ی تێدەپەڕێنێت، ئەوەیە، کە بایەخ بە ئۆنتۆلۆجیای فینۆمینۆلۆجی دەدات و ڕوو لە فەلسەفەی هونەر دەکات، بەو مانایەی دیاردەی هونەری مرۆڤ بە دنیای واقیعەوە گرێ دەدات، تا لەوێ ئامانجەکانی بێنێتە دی. وەک چۆن لە دیدی (هۆسێرل)دا فینۆمینۆلۆجیا مرۆڤ بە گەردوون دەبەستێتەوە، بە مەرجێ دەرەوە بریتی نییە لە شتگەل و واقیعێکی ئامادەکراو، (ئینگاردن)یش پێی وایە کاتێ لە هەر دیاردەیەک دەکۆڵینەوە، پێویستە لە هەموو ئەو شتانەی دوور بخەینەوە، کە پێوەی پێوەستن. واتە بەلاوەنانی ئەو بۆچوونانەی پێشوەخت لەو بارەیەوە هەمانن. ئەوە ڕوانینێکی ئێستاتیکییانەیە بۆ کاری هونەری. ڕەخنە لە (هۆسێرل) دەگرێت لەوەی پێوەندیی بە ئایدیالیزمی ترانسێندەنتەل (Transcendental idealism)ـەوە هەیە، کە پێی وایە مەرج نییە فینۆمینۆلۆجیا هەر بە ئایدیالیزمی ترانسێندەنتەل بگات. لەم ڕووەوە هەوڵ دەدات بۆچوونەکانی (هۆسێرل) تێبپەڕێنێت، کە لەو تێپەڕاندنەدا دۆخی هەندێک لەو چەمکانە دەگۆڕێت، بەوەی پێی وایە ئەو تێگەیشتنی دروستی بۆیان نەبووە. بەر لە هەرچی ئەو ترانسێندەنتەلەی (هۆسێرل) دەخاتە ئاستی پراکتیزەی کاری ئەدەبییەوە، کە ئەوەیان بریتییە لە کارلێکی نێوان بونیادی تێکست و کرداری تێگەیشتن. ئەو دوالیزمەی واقیع و ئایدیال لە ڕاڤەی مەعریفەدا دەداتە دواوە. لەم نێوەدا چوار چین دەردەخات: یەکەم، دەنگی وشە. دووەم، مانای وشە. سێیەم، ئەو شتانەی تێکست نوێنەرایەتییان دەکات. چوارەم، نەخشەگەرایی. (ئینگاردن) هەر لە سییەکانەوە بایەخ بە پێوەندیی نێوان تێکست و خوێنەر دەدات، کە پێی وایە مادام تێکست وەک پڕۆژەیەکی ئاماژەیی و جوانکاری بە تەواوی لە نووسەرەوە نایەت، ئەوە خوێندنەوە، (خوێندنەوەی چالاکی مەبەستە)، دەتوانێت بۆشایییەکانی پڕ بکاتەوە. واتە ئەوە خوێنەرە مانا بە تێکست دەبەخشێت، بەوەی لەسەر شێوازی خۆی هەوڵی پڕکردنەوەی بۆشایییەکان دەدات و لەو ڕێیەوە کاری هونەری پێک دەهێنێت.

لە فینۆمینۆلۆجیادا فیکر و بوونی دیاردەی شت پێک دەبەسترێنەوە، بەو مانایەی خود و بابەت لە ڕێی دایەلۆگەوە کار لە یەک دەکەن، بە ڕادەیەک نەتوانرێت ئەمیان لەویان جودا بکرێتەوە، کە ئەمە زەمینە بۆ لەدایکبوونی مانا خۆش دەکات. ئەوە هەمان پرۆسێسی خوێندنەوەی تێکستە لەلایەن خوێنەرەوە، کە لە ڕێی تێگەیشتن و ڕاڤەوە مانای نوێ بەرهەم دێنێت. لەو نێوەدا ئێستاتیکا دەردەکەوێت. خوێندنەوە بەو مانایەی خود و تێکست لە بابەتدا یەک دەگرن، تا تێگەیشتن و ڕاڤە لە دایک ببن.

هێرمۆنتیکای (هانز جۆرج گادامێر)یش سەرچاوەیەکی دیکەی گرنگی تیۆریی خوێنەرە. لە دیدی ئەو فیلۆسۆفەدا هێرمۆنتیکا بریتییە لە تێگەیشتن و ڕاڤەی مانا. لەو ڕێیەوە بایەخی مێژوو لە بەرچاو دەگرێت، بەوەی بەرهەمهێنانەوەی مانا و دامەزراندنی مانا دەگرێتە خۆی. لەم ڕووەوە چەمکی پێکبەستنەوەی ئاسۆیی (Fusion of horizons) بە کار دەهێنێت، تا ئەوە پێشان بدات تێگەیشتن توانای هەیە ڕابردوو و ئێستا پێک ببەستێتەوە، بگرە بیانکاتە یەک، چونکێ بەبێ ڕابردوو ئێستا نایەتە کایەوە، ئەوە ئێستایشە وا دەکات ڕابردوو هەبێت. بەم شێوەیە (ئێستا) دۆخی خۆی جێ دەهێڵێت و بە (ڕابردوو) دەگات، بگرە بەها بەو (ئێستا)یە دەبەخشێت، تا تێگەیشتن دروست ببێت. لەنێوان گەیەنەر و وەرگردا ئەو تێگەیشتنە بە ڕوونی دەردەکەوێت. بە هەمان شێوە خوێنەر لە خوێندنەوەی تێکستدا ئەو تێگەیشتنە پێک دەهێنێت، کە وەک گوترا بە (پێکبەستنەوەی ئاسۆیی) ناوی دەبات. لەو پرۆسێسە هاوبەشەدا خوێنەر مانا بە تێکست دەبەخشێت و تێکست مانا بە خوێنەر دەگەیەنێت. جەخت لەسەر خودی خوێنەر دەکاتەوە وەک هێزێکی کاریگەر لە تێگەیشتن و ڕاڤەکردنی مانادا. تێگەیشتن کردارێکی مێژوویییانەیە و بە درێژاییی کات پێوەندیی دایەلۆگییانەی تێکستەکان لە خۆی دەگرێت. لێرەدا بایەخی (گادامێر) بە مێژوو لەوەوە سەرچاوە دەگرێت، کە پێی وایە تێگەیشتنی هەر فاکتێک، بەستراوەتەوە بەو ئەنجامانەی لێیەوە هاتوون، چونکێ مێژووی ئەو ڕاڤە و ئاماژە تایبەتانەی بە ڕووداوێک، یان بە کارێکەوە پێوەستن، توانامان پێ دەبەخشێت وەک ڕاستییەک و بە شێوەی جیاواز لەوەی هاوچەرخەکان لێی تێگەیشتوون، لێی تێبگەین، کە خاوەنی خەسڵەتی فرەمانایییە. ئەوە کەی؟ کاتێ کارەکە تەواو بووە و بووەتە ڕابردوو. لێرەدا ئەزموونی ژیانی تایبەتی تاک بڕیار دەدات چۆن هەست بە بابەتەکانی دەرەوەی بکات. بەم شێوەیە مێژووی ئەو تاکە لەو تێگەیشتنەدا ڕۆڵی هەیە، کە ئەو ئەزموونەی بۆ پێک هێناوە. هەر مانایەک پابەندی هەڵوێستی مێژوویییانەی ئەو کەسەیە، کە کرداری ڕاڤەی کارەکە دەگرێتە ئەستۆ، بەوەی هەر ڕاڤەیەکی ئەدەبی ڕابردوو، لە دایەلۆگی نێوان ڕابردوو و ئێستاوە هەڵدەقوڵێت. بەم شێوەیە ڕاڤە توانای هەیە ڕابردوو ملکەچی تێگەیشتنی تایبەتی خود بکات، بەوەی ئەو خودە پێوەندیی بە ڕابردووەوە نەپچڕاوە و تێگەیشتنی ئەو ڕابردووەیش تەنیا لە ڕێی فاکتەکانی ئەم ئێستایەوە بە دەست دێت.

ئەو تێگەیشتنەی (گادامێر) بۆ مێژوو بووە یەکێک لە کۆڵەگەکانی تیۆریی وەرگر/خوێنەر. تیۆریستانی ئەو تیۆرییە، بە تایبەتی (یاوس) بایەخی مێژوو لە بەرچاو دەگرن. ئەگەر سترەکچرالیزم گرنگیی بە هاوکاتی (synchronicity) دەدا و لەوێوە دەیڕوانییە زمان، بەوەی هەموو فاکتەرێکی دەرەوەی تێکستی بە لاوە دەنا، گۆیە ڕایەڵی پێوەندییەکانی ناوەوەی تێکست خۆیان حەقیقەتی خۆیان دادەمەزرێنن، بێ ئەوەی پەنا بۆ هیچ سەرچاوەیەک ببەن، ئەوە تیۆریی وەرگر/خوێنەر مێژوو بە پێکهاتەیەکی گرنگی ئەو پێوەندییە دادەنێت، بەوەی هەم نووسەر و هەم خوێنەر دەگەنەوە تێکستەکانی پێشوو، کە بە هەمان ڕەگەزی ئەدەبییەوە پێوەستن. پێویستە لێرەدا بگوترێت تیۆریی وەرگر وەستانەوەیە لە دژی حوکمی بابەتییانە و پێشوەختەی مێژوو، کە هەر کاتێ ئەو تێگەیشتنە خودییە دەردەکەوێت، حوکمەکانی مێژوو هێزی خۆیان لە دەست دەدەن و ئەو پێوەندییەی نێوان ئەدەب و مێژوو گۆڕانی بەسەردا دێت، بگرە دەچێتە دۆخێکی دیکەی جیاوازەوە. (یاوس) چەمکی (ئاسۆ) لە (گادامێر) وەردەگرێت و وشەی (چاوەڕوانی)ی دەخاتە پاڵ، تا ببێتە (ئاسۆی چاوەڕوانی). بەم شێوەیە چەمکی ئاسۆی چاوەڕوانی (Horizon of Expectation) واتە ئەو کاریگەرییەی کاری ئەدەبی لە لای خوێنەری جێ دەهێڵێت. کارلێکی نێوان تێکست و خوێنەر لە لای (یاوس) مەرجی سەرەکییە بۆ بەرهەمهێنانی مانا، بۆیە وا پێویست دەکات هەم نووسەر و هەم خوێنەر خاوەنی خەیاڵی بەپیت و ئاگاییی فرەوان بن. لێرەدا مەبەست مانای کڵێشەدار و ئامادە نییە، بەڵکوو جەختکردنەوەیە لەسەر ئەوەی تێکست بتوانێت خەیاڵی خوێنەر ببزووێنێت و بیخاتە ئاستی دینامیکییەوە. خوێندنەوەکانیش بەپێی کات و شوێن گۆڕانیان بەسەردا دێت. تێکست هەیە لە سەردەمی خۆیدا سەرنجڕاکێش نەبووە، بەڵام لە کات و شوێنی تردا پێچەوانە کەوتووەتەوە. پێی وایە تێکستی ڕوون ناتوانێت سەرنجی خوێنەر ڕابکێشێت و بەرهەمدار نابێت. پێویستە کاری ئەدەبی بتوانێت ئاستی تێگەیشتنی خوێنەر هەڵبکشێنێت و وای لێ بکات بەو ڕووبەرانە بگات، کە پێشتر پێیان نەگەیشتبوو. بەوەدا لایەنی کۆمەڵایەتی، کولتووری، ئایدیۆلۆجی و سۆمبۆلیی کۆمەڵگە لە پێکهێنانی تێکستدا بەشدارن، ئەوە تێیدا ڕەنگ دەدەنەوە و دەچنە باری ڕاڤەی دیکەوە، بۆیە ئەو پێکگەیشتنەی نووسەر و خوێنەر لە تێکستدا توانای گۆڕانکاریی هەیە. (ئایزەر) پێی وایە ئەو کاریگەریی (effect)ـە گرنگە، کە تێکست لە لای خوێنەری جێ دەهێڵێت. واتە لە دەروونی خوێنەردا چ گۆڕانێک بەرپا دەکات. بەوەدا ئەو خوێنەرە ئەزموونی ئەدەبیی هەیە، ئەوە کاتێ بەر تێکست دەکەوێت، شتی نوێ دێتە کایەوە. خوێنەری زیرەکی ڕەخنەدۆز دوای خوێندنەوەی تێکستێکی قووڵ ئاستی ئێستای جێ دەهێڵێت و دەگاتە ئاستێکی تر، وەک چۆن هەر ئەو پێوەندییە ئاستی تێگەیشتنی نووسەر بەرز دەکاتەوە. لێرەدا مەبەست لەو کارە ئەدەبییەیە، کە سەرسامی دەهێنێت، ئەو شتانە دەڵێت، کە نوێن، تا وەرگر بخەنە دۆخی ڕاچەنینەوە، بگرە پێویستە نائومێدی بۆ ئەو وەرگرە بهێنێت. (لە حەفتاکانەوە تا ئەمڕۆ بیستوومانە و دەیبیستین چۆن ڕەخنەگری میلـلی دەڵێت نووسەر قسەی ناو دڵی منی کردووە، بۆیە بەرهەمەکەی داهێنانێکی گەورەیە، لە کاتێکدا ڕەخنەدۆزان دەڵێن پێویستە کاری ئەدەبی نائومێدی بۆ خوێنەر بهێنێت).

(فێرگەی فرانکفۆرت)یش کەموزۆر کاریگەریی بەسەر تیۆریی وەرگرەوە هەیە. بۆ نموونە سوودی لە ئێستاتیکای نەگەتیڤی (تیۆدۆر و. ئادۆرنۆ) (The Negative Aesthetics of Adorno) وەرگرتووە، کە دژی هەموو مانایەکی ئامادەیە و پشتگیری لە سەربەخۆییی هونەر دەکات، بەوەی پێی وایە تا ئەو کاتەی هونەر ملکەچی یاسا باوەکان نییە و خاوەنی یاساکانی خۆیەتی، زیندووە و توانای هەیە لە ڕێی ڕەخنەوە بە گژ عەقڵی ئامێرگەرا (instrumental mind)دا بچێتەوە. بەم شێوەیە هونەری نەگەتیڤ هەر ساتێ دەستی لە سەربەخۆییی خۆی هەڵگرت، ئەوە دەبێتە بەشێک لە میکانیزمی ئەو کۆمەڵگەیەی لەسەر ئەوە دامەزراوە چۆن هەموو شتێک بۆ شمەک بگۆڕێت، وەک چۆن کاتێ بەسەر خۆیشیدا دادەخرێت، دەشێ دیسان لەو دامودەستگەیانەدا بتوێتەوە و بکەوێتە ژێر ڕکێفی بازاڕەوە، بۆیە لە دژی ئەو تێگەیشتنە دەوەستێتەوە، کە لەسەر ئەوە دامەزراوە، گۆیە هونەر تەنیا ڕەنگدانەوەیەکی کاڵی واقیعە، بەڵکوو پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت، کە هونەر پێویستە ئەو شتە دابهێنێت، پێشتر نەبووە و دەبێت پێوەندیی خۆی لەگەڵ هەموو ئەو شتانەدا ببڕێت، کە هەن، بەو مانایەی واقیعێکی دی دروست بکات، تێیدا ئازاد ببێت، نەوەک نامۆ. ئەو لەگەڵ دامەزراندنی فەلسەفەیەکی هونەرییانەیە، کە لە دژی مێتافیزیکادا بجەنگێت، وەک ئەوەی (نیتشە) لە دژیدا جەنگا، لە کاتێکدا ئەوەی (نیتشە) بە هونەری دەزانێت. ڕەخنەی ئەو لە شوناس و هەموو بیرکردنەوەیەکی شوناسییانەیە (identity thinking)، بەو مانایەی هونەر پابەندی شوناس نییە، بەڵکوو خاوەنی خەسڵەتێکی ناشوناسییانە (non-identity)یە، بۆیە حەقیقەتی ڕەها بەرهەم ناهێنێت، بەڵکوو هەمیشە مەودایەک لەنێوان مرۆڤ و شتەکاندا جێ دەهێڵێت.

ئینجا بەوەدا تیۆرییەکە بە شێوەیەک لە شێوەکان دەگاتەوە تیۆریی گەیاندن، ئەوە کاریگەریی ئەو فێرگەیە لێرەیشدا دەردەکەوێت، بەوەی ڕەخنەدۆزانی توانیویانە تیۆریی ڕەخنەیی دابمەزرێنن، کە هەر لەناویدا تیۆریی کرداری گەیاندن (The Theory of Communicative Action) چاوی هەڵهێناوە، بە تایبەتی لە لای (یۆرگن هابرماس)، کە ویستوویەتی لەو ڕێیەوە ڕووبەڕووی عەقڵی ئامێرگەرا ببێتەوە و لە بەرانبەردا عەقڵێک لەسەر بنەمای گەیاندن و پێوەندیی ڕەخنەیییانە دابمەزرێنێت، تا توانای هەبێت لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا لێکتێگەیشتنی عەقڵانی پەرە پێ بدات.

لە لایەکی دیکەوە ناکرێت کاریگەریی فەلسەفەی (نیتشە) بەسەر تێکڕای ئاڕاستە ئەدەبییەکانی سەدەی بیستەم و بیستویەکەم لە بیر بکەین، کە تیۆریی وەرگریش لەو کاریگەرییە بە دەر نییە. ڕەخنەی ئەو فیلۆسۆفە لە حەقیقەت، کە پێوەستە بە چەمکی هەڵگێڕانەوەی بەها (Transvaluation) و جینیالۆجیای ڕەوشتەوە، ڕوانینێکی دیکەی بۆ هونەر هێنایە کایەوە، چونکێ کاتێ حەقیقەت تێک دەشكێت، ژیان بە فرەوانییەکەی دەردەکەوێت. لە کتێبی (جینیالۆجیای ڕەوشت: On the Genealogy of Morality)دا ڕەخنە لە سیستەمی ڕەوشتی باو دەگرێت، کە نەک هەر لە وەهمدا نغرۆ بووە، بەڵکوو شێواوە و لە بنەمای ڕەسەنی خۆی دوور خراوەتەوە. لەم ڕووەوە دەنووسێت: ئێمە پێویستمان بە ڕەخنەی بەهاکانی ڕەوشت (moral values)ـە و بەر لە هەر شتێکیش پێویستە لێیان بکۆڵینەوە. ئەمەیش ئەوە دەخوازێت لەو هەلومەرج و بارودۆخانە بگەین، کە تێیاندا گەورە بوون. واتە جینیالۆجیا پرسیارە لە خودی بەها، کە لەو ڕێیەوە نەک خۆی، بەڵکوو ئەوانەیش تێک دەشکێنرێن، کە ڕایان گرتووە و هێشتوویانەتەوە. لە ڕێی هونەرەوە ڕووبەڕووی دۆخی مۆدێرنیتی دەبێتەوە و تێیدەپەڕێنێت، کە ئەوەیە ناهێڵێت مەعریفەی عەقڵانی دەست بەسەر غەریزەماندا بگرێت. ئەو دەیویست لە هونەردا حەقیقەت بدۆزێتەوە، نەوەک لە زانستدا، چونکێ ئەو حەقیقەتەی هونەر پێکی دەهێنێت، هیی ژیانە و بێسنوورە، پێچەوانەی هیی زانست، کە سنووردارە و ناتوانێت ڕووخسار تێبپەڕێنێت، تا بۆ ئەودیوی ئەو ڕووخسارە بپەڕێتەوە، بەوەی زانست هەر ئەو کارە دەکات، کە مێتافیزیکایش کردوویەتی و وەک ئەو ملکەچی پرینسیپی ئایدیالیزمە. بەم شێوەیە هونەر لاساییکردنەوەی سروشت نییە، بگرە لاساییی هیچ شتێک ناکاتەوە، بەڵکوو چالاکییەکی مێتافیزیکییە و سروشت تێدەپەڕێنێت. پێی وایە هونەر بریتییە لە هێزی دایۆنایسز (Dionysus) و جوانیی ئەپۆلۆ (Apollon). دایۆنایسز، کە سۆمبۆلی خۆشی و نەشوە (ecstasy)یە، توانای سەما و چێژبینینی هەیە، بەوەی ئازادە و ژیان بە قووڵی دەردەبڕێت، بۆیە خاوەنی هێزی نوێبوونەوەی بەردەوامە و نامرێت. ئەو وزەیەیە، کە مرۆڤ و مرۆڤ، مرۆڤ و سروشت پێک دەگەیەنێتەوە. هەر ئەویشە لە عەدەم (Nothingness)مان دوور دەخاتەوە و تەنیا لە ڕێی هونەریشەوە دەکرێت جیهان ڕاڤە بکەین، دەنا هەر ڕاڤەیەکی دیکەی ناهونەری، بێکەڵکە. لەمەوە هونەر بە جەستەوە پێوەست دەکات، بەوەی توانای هەیە مانای ڕاستینە و بێگەرد لە خۆی بگرێت، وەک چۆن لە دەستی دێت حەقیقەت دەربخات، بۆیە پێ لەسەر لایەنی فیزیۆلۆجی دادەگرێت، بەو مانایەی بڕوای بە دوالیزمی جەستە/ڕۆح نییە، بگرە پێی وایە دایۆنایسز فیلۆسۆفێکە و خۆی بە شاگردی دادەنێت. دایۆنایسز نوێنەری گێرەشێوێنی، ناڕێکی، ناهاوسەنگی، ناشێوە، تەوژمی ژیانێکی سەختە، لە کاتێکدا ئەپۆلۆ هونەری شێوەسازی، ڕوونی، ڕووناکی، پێشبینی، میوزیک و پێوەری تێدا بەرجەستەن، کە (نیتشە) ئارامی و عەقڵی تێدا دەبینێت.

گەشەکردنی هونەر پێوەستە بە دوالیزمی دایۆنیسز و ئەپۆلۆوە، کە ئەو دوو غەریزە جیاوازەی لە سروشتەوە هەڵقوڵاون، شانبەشانی یەک دەچنە پێشێ و لە ململانێدان. واتە بەرزکردنەوەی غەریزە و ژیان لە پێناوی پاراستنی جۆرەکە. بە یەکگرتنی ئەو دوو غەریزە جیاوازە، هونەری باڵا لە دایک دەبێت، کە ئەوە دەربڕینی قووڵاییی تراجیدیایە. تیکەڵبوونی پیاوەتیی زبری ئەمیان و ژنێتیی هێمنی ئەویانە. ئەپۆلۆ دەتوانێت ئەو شتانەی دایۆنایسز لە شێوەی جواندا دەربخات، بەوەی هونەرمەندی شێوەسازە. ئەمەیە هێز بە هونەر دەدات، تا بەهای جوانی بە شتە ناشیرین و بەدڕەوشتەکانیش ببەخشێت، وەک لە کتێبی (لەدایکبوونی تراجیدیا)دا دەڵێت. هەر لەوێدا ئەوە دەردەبڕێت، کە مەگەر تەنیا وەک دیاردەیەکی جوانیناسییانە پاساو بۆ ڕەوایەتیی هەتاهەتایەی بوون و جیهان بێنینەوە. (it is only as an aesthetic phenomenon that existence and the world are eternally justified). واتە ئەو جوانییە وامان لێ دەکات چاو لەو هەموو ناشیرینییەی دنیا بپۆشین، لە کاتێکدا جوانی پێویستی بەوە نییە پاساوی بۆ بهێنرێتەوە.

پێی وایە ئەو چێژە مێتافیزیکییەی لە تراجیدیادا هەستی پێ دەکەین، حیکمەتی غەریزەی ناهۆشیاریییانە (unconscious)ی دایۆنیسیەتە و بۆ زمانی وێنە گۆڕاوە. ئەوە لە ویست (Will)دا بەرجەستەیە، کە دەیەوێت لە پێناوی ئاسوودەییماندا خۆی لە ناو ببات. ئینجا ئەپۆلۆ، بەوەدا نوێنەری هونەری شێوەسازییە و لایەنی جوانکاری لە خۆی دەگرێت، لە ڕێی ئەو جوانییەیەوە بەسەر ناخۆشییەکانی ژیانماندا زاڵ دەبێت، کە لە لای (نیتشە) ژیان دەکەوێتە سەرووی حەقیقەت و هەر شتێکی دیکەیشەوە. لە بەشی (354)ی لەژێر ناونیشانی (زیرەکیی جۆرەکان: genius of the species) لە کتێبی (زانستی هۆژی: The Gay Science)دا دەڵێت هۆشیاری تەنیا لەژێر فشاری پێویستیی بۆ گەیاندن (the need for communication)دا گەشە دەکات. سەرەتا ئەو هۆشیارییە پێویست و بەسوود نییە، تا ئەو کاتەی دەچێتە نێو پێوەندیی مرۆڤەکانەوە، بە تایبەتی لەنێوان ئەوانەی فەرمان دەردەکەن و ئەوانەی بە جێی دەهێنن (those who commanded and those who obeyed). هۆشیاری بەپێی ڕادەی ئەو پێویستییە گەشە دەکات. واتە هۆشیاری تەنیا بۆ پێداویستییە کۆمەڵایەتییەکانە، بەوەی لەو ڕێیەوە هەستی دڵنیاییی بۆ دابین دەبێت. هەر لێرەیشەوە زمان هاتووەتە دی، بەوەی زمان ئەو ڕووبەرەیە، کە مێتافیزیکا تێیدا دەردەکەوێت وا دەکات مانا ئەزەلیەتی خۆی بپارێزێت. واتە مێتافیزیکا مەبەستیەتی شوناس و تاکڕەهەندیی مانا لەسەر حیسابی جیاوازی، درێژە پێ بدات. بەم شێوەیە هۆشیاری بە ژیانەوە پێوەست دەکات و لەو پێناوەدا ڕووبەڕووی حەقیقەت دەبێتەوە. بنەمای حەقیقەت بۆشە، بەوەی تا ئەو کاتە درێژەی دەبێت، کە سوود بە ژیان دەگەیەنێت. کاتێ حەقیقەت بە ژیانەوە پێوەست دەکەین، ئەوە ئەو حەقیقەتە لە پێناوی خۆیدا حەقیقەتە، نەوەک لە پێناوی شتی تردا، کە سوود خۆی دەخزێنێتە ناویەوە. پێی وایە حەقیقەت لە وەهم زیاتر شتێکی دی نییە، بەڵام ئێمە لە بیرمان چووەتەوە، کە بەم شێوەیەیە. بەو مەبەستەی ئەوەمان بۆ دەربکەوێت، پێویستە پەنا بۆ جینیالۆجیای بەهاکان ببەین.

ئایا ڕوانینی (هایدیگەر) بە تایبەتی ئەوەی پێوەندیی بە (کاری هونەری)یەوە هەیە، یەکێک نییە لەو سەرچاوانەی، تیۆریی وەرگریان لێ هەڵقوڵاوە؟ بەوەدا هەوڵم داوە لە هەردوو کتێبی (گەڕانەوەیەکی کاتی بۆ دایەلۆگێکی بەردەوام) و (کوشتنی فیل و پاراستنی دووکانی شووشەوات)دا بە وردی لەو بارەیەوە بدوێم، بۆیە لێرەدا بە پێویستی نازانم باس لە کاریگەریی ئەو فیلۆسۆفە بکەم بە گشتی لەسەر تیۆرییەکانی ئەدەب و بە تایبەتی لەسەر تیۆریییەکانی خوێنەردا.

وەک سەرنج دەدەین تیۆریستانی تیۆریی وەرگر هەوڵیان داوە هەموو ئەو تەوژمە ئەدەبی و فەلسەفییانە بەسەر بکەنەوە، تا لە داڕشتنەوەی تیۆرییەکەدا بیانخەنە ڕوو. بەم شێوەیە ئەو تیۆرییە لە لایەک ڕەخنەیییە و بۆچوونەکان دەداتە دواوە، لە لایەکی دی لێیان وەردەگرێت، بەو مەبەستەی ڕوانگەیەکی تۆکمە، بەڵام ڕوون دابمەزرێنێت. مەبەستیەتی لەوێوە بڕوانێتە هەموو ڕەهەندەکانی ئەو چەمکە و هەوڵ بدات گۆڕانی گەورەی بەسەردا بهێنێت.

بەم شێوەیە ئەو خوێنەرەی پێشتر، (واتە پێش دەرکەوتنی ئاڕاستە فەلسەفی و ئەدەبییەکانی نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەم، کە بە شێوەی جۆراوجۆر بەردەوامییان هەیە و کاریگەرییان لە تیۆرییەکانی وەرگردا بەرجەستەن) لە دەرەوە بوو و تەنیا پەیامی پێ دەگەیشت، ئێستا لە ناوەوەیە و وردەکارییەکان دەبینێت. هەوڵی تێگەیشتن دەدات، لێکدانەوە دەکات و بۆچوون دەردەبڕێت، کە ئەوە بە (realization) ناسراوە، بەو مانایەی خوێنەر لەو ڕێیەوە لایەنی ئیستاتیکیی تێکست دەگرێتە ئەستۆ (aesthetic)، لە کاتێکدا ئەوەی نووسەر لایەنی هونەرییە (artistic). واتە خوێنەر لەسەر هەردوو ئاستی تیۆری و پراکتیدا چالاکە. هەموو ئەو خرۆشان، چێژبینین، هەڵچوون، سەرسامی و ئەوانەی دیکە، کە لای خوێنەر دروست دەبن، خۆیان لە لایەنی ئێستاتیکادا دەبیننەوە. بەم شێوەیە خوێنەر جەخت لەسەر ماناکانی نووسەر ناکاتەوە، بەڵکوو خۆی مانا دادەمەزرێنێت، بگرە تێکست وەک گوتارێکی گەیاندن (communication) هەر خۆی لەناو هۆشیاریی خوێنەردا هەڵدەچنرێت. بە مانایەکی دی، کاری ئەدەبی تەنیا ساتێ بە دەست دێت، کە بەر زانینی خوێنەر دەکەوێت، چونکێ ژیان کاتێ دەخزێتە نێو کاری ئەدەبییەوە، کە دەبێتە بابەتی تێگەیشتن. (یاوس) ناو لەمە دەنێت ئێستاتیکای وەرگر (aesthetic of reception)، بەوەی ئەو خوێنەرە لە دیدگەی خۆیەوە کاری ئەدەبی دادەڕێژێتەوە. واتە بەرهەمهێنانەوەی تێکست (text reproduction) بە شێوەیەکی جیاواز، کە دوورە لە خواستی نووسەر. دەسا نووسەر هەر خۆی خوێنەرە، خوێنەری تێکستەکانی پێشووە، کە سەر بە هەمان توخمن. دەکرێت بگوترێت لایەنی هونەری، کە نووسەر نوێنەریەتی، بریتییە لە بونیادی زمانەوانی، مانای شاراوە، ئاماژە مەعریفی و ئایدیۆلۆجیاکان، لە کاتێکدا لایەنی ئیستاتیکی، ئەوەی خوێنەر دەگرێتەوە، خۆی لە خوێندنەوە، ڕاڤە و پڕکردنەوەی بۆشایییەکاندا دەبینێتەوە، کە دەتوانێت تێکست لە دۆخی ڕووتەوە بباتە دۆخی هەستپێکراوەوە، بەوەی هەم بینین و هەم هۆش لەو پرۆسێسەدا بە کار دەهێنێت. واتە چەمکی خوێندنەوە فرەڕەهەندە، کە ڕەهەندەکانی دەروونی، کۆمەڵایەتی، ئێستاتیکی، جەستەیی و زۆری دی لە خۆی دەگرێت. بەم شێوەیە خوێندنەوە جۆرێکە لە نووسینەوەی دەق و هەر ئەویشە بەرهەمهێنانەکەی واڵا دەکات. خوێنەر لەناو تێکستدا دوو ڕۆڵ دەبینێت، ڕۆڵی خوێنەر و ڕۆڵی نووسەر، نووسەرێکی جیاواز لە نووسەری پێشوو، هاوکات دەبێتە خوێنەرێکی جیاوازیش لەوەی هەبوو. دیارە لێرەدا هۆشیاریی خوێنەر ڕۆڵی هەیە لەوەدا پێوەندی بە چ تێکستێکەوە بکات، چۆن ئاماژەکان بخوێنێتەوە و چییان لێ پێک بهێنێت. واتە پرۆسێسی هەڵبژاردن، گەڕان و هەڵکۆڵین دەگرێتە ئەستۆ. خوێندنەوە واتە خود، تێکستیش واتە بابەت. یەکگرتنی خود و بابەت (خوێندنەوە و تێکست) ڕاڤە بەرهەم دێنێت.

نووسەری داهێنەر بە سروشتی خۆی پێی خۆشە بەر خوێنەری نموونەیی بکەوێت، ئەو خوێنەرەی (ئیکۆ) هیوای بۆ دەخوازێت، کە تواناکەی لە هیی نووسەر کەمتر نییە و خاوەنی ئەزموونی گەورەیە. دەگەینە ئەوەی بڵێین لەو پرۆسێسی گەیاندن (communication process)ـەدا پاشخانی کۆمەڵایەتی و کولتووریی خوێنەر و تێکست ئامادە دەبن و بەر یەک دەکەون، تا ڕەهەندی مێژوویی دەربکەوێت، بەو مانایەی ڕابردوو و ئێستا لە هەمان ئاسۆدا پێک دەگەنەوە. لەناو تێکستدا نووسەر وەک ڕابردوو و خوێنەر وەک ئاییندە بەر یەک دەکەون، کە ئەو بەریەککەوتنە سڕینەوەی نێوان دۆخەکانی کاتە. لێرەدا مێژوو بە مانای ڕووداوی زنجیرەیی نایەت، بەڵکوو بریتییە لە بەسەرکردنەوەی تێکستە جۆراوجۆرەکان. ئەو نووسەرەی تێکستێک بەرهەم دەهێنێت، خوێنەری کۆمەڵێک تێکستی دیکەیشە، وەک چۆن ئەو خوێنەرەی دەخوێنێتەوە، ئەزموونی لەگەڵ چەند خوێندنەوەی دیکەدا هەیە. لەم ڕووەوە (یاوس) پێی وایە ئەزموونە ئێستاتیکییەکانی ڕابردوو دەتوانن ببنە پاڵپشت بۆ نەوەکانی دواتر و دەوڵەمەندیان بکەن. واتە ئەو خوێنەرە لە یەک گۆشەنیگاوە ناڕوانێت، بەڵکوو لە چەند لایەکەوە سەرنجی دەداتێ، بۆیە توانای هەیە لە ڕێی ڕاڤەوە بە ئەنجامی جۆراوجۆریش بگات. لەبەر ئەوەیشە ئەوەی بە دەست دێت، کاری ئەدەبییە، کە تێپەڕاندنی ئاستی تێکستە. واتە ئەوەی لەنێوان هەردوو تەوەرەی هونەری و ئێستاتیکادا بەرهەم دێت، کاری ئەدەبییە، کە لە تێکست ترازاوە، بەو مانایەی لەگەڵ تێکست و دەرکەوتەکانی هاوڕێک نییە، بۆیە کاری ئەدەبی بە شێوەیەکی دینامیکییانە ئاستێکی دیکەی نێوان هەردوو تەوەرەکە پێک دەهێنێت. تێکستی فرەئاڕاستە هەر جارێ خوێنەری ڕەخنەدۆزی بەر بکەوێت، تازە دەبێتەوە و پتر لە ئاستی خوێندنەوەدا خۆی دەکاتەوە، کە ئەو ئازادییەی خوێنەر لەو فرەئاڕاستەیییەوە دێتە کایەوە. خوێنەری ئازاد مانای ئازاد بەرهەم دێنێت، کە ئەو مانا ئازادە توانای جووڵەی هەیە و لە دۆخێکدا قەتیس نابێت، بەڵکوو لە هەر کات و شوێنێکدا خۆی نوێ دەکاتەوە. وەک گوترا لە کاری هونەریدا تەنیا نووسەر نییە داهێنەرە، بەڵکوو خوێنەریشە. بە مانایەکی دی، تێکست بەو ئەندازەیەی کەناڵێکە بۆ دەرخستنی تواناکانی نووسەر، ڕووبەرێکیشە بۆ دەرکەوتنی بەهرەی خوێنەری ڕەخنەدۆز، کە لەو بەریەککەوتنەدا تواناکان بەر یەک دەکەون و تەقینەوە گەورەکە دروست دەکەن. ئینجا تێکشکانی قاڵب و کڵێشەکان لە لایەک و کاڵبوونەوەی سنووری نێوان ژانرەکان لە لایەکی دیکەوە وایان کرد خوێنەر پتر ئازادی بە دەست بێنێت لەوەی چۆن تێکست بخوێنێتەوە و چۆنیش مانای لێ پێک بهێنێت.

دەگەینە ئەوەی بپرسین چ تێکستێک دەتوانێت خوێنەر لە دەرەوە بهێنێتە ناوەوەی خۆی؟ ئەو تێکستەی خاوەنی نهێنییە، نەوەک ئەو تێکستەی ڕوونە. چ خوێنەرێک دەرەوە جێ دەهێڵێت و بەرەو ناوەوە دێت؟ ئەو خوێنەرەی توانای دۆزینەوەی نهێنیی هەیە. دەکرێت بەم شێوەیە دایبڕێژینەوە: ئەو تێکستەی ئاستی زانراوی تێپەڕاندووە و چووەتە ئاستی ئاماژەوە، ڕێ بە خوێنەری داهێنەر دەدات مانای جیاواز و فرەڕەهەند بدۆزێتەوە. نە تێکستی سادە دەتوانێت خوێنەری داهێنەر ببزووێنێت و نە تێکستی قووڵیش سەرنجی خوێنەری سادە ڕادەکێشێت. بەلاوەنانی مەبەستگەرایی لای تیۆریستانی تیۆریی وەرگر واتە گۆڕینی دەستەڵاتی نووسەر بە دەستەڵاتی خوێنەر، بەو مانایەی دەکرێت ڕاڤەی جیاواز بۆ تێکست بکرێت. هەر تێکستێک ئەوە هەڵدەگرێت لە گۆشەنیگای جیاوازەوە لێی بڕوانرێت و مانای جیاوازی تێدا بدۆزرێتەوە. (ئیکۆ) ئەوە دەخاتە ڕوو، کە تێکست هەموو شتێک ناڵێت، بۆیە خوێنەری نموونەیی ئەو شتانە دەدۆزێتەوە، کە نەگوتراون، بەوەی هەر ئەوانەیشن توانایان هەیە کارلێکەکە بێننە دی. بە بڕوای (ڕیفاتێر) پرۆسێسی گەیاندن، کە لەنێوان تێکست و خوێنەردا دەردەکەوێت، هەمان ئەوەیان نییە، کە لە پرۆسێسی گەیاندنی ئاساییدا هەیە. گەیشتنی خوێنەر بە تێکستی ئەدەبی هەر خۆی ئەزموونی شتێکی تاقانەیە، کە ئەمە ئەنجامە سەرەکییەکەی شێوازە. شێواز بۆ خوێنەر لە ڕێی ناڕێزمان (ungrammaticalities)ەوە دەردەکەوێت. واتە تێکست لە شێوەی کۆد و ئاماژەدایە و خوێنەر خۆی دەیاندۆزێتەوە، کە ئەوە ڕێگەی لەدایکبوونی شێوازە. ئەوە یاساکانی ڕێزمان نین شێواز دێننە کایەوە، بەڵکوو ئەو بیرۆکانەن بە ناڕاستەوخۆیی لەو تێکستەدا شوێنیان هەیە. (ئایزەر)یش پێی وایە هەر تێکستێک شیوازێکی خوێندنەوەی تایبەت بە خۆی دەخوازێت.

دەکرێت بگوترێت تیۆریی وەرگر بایەخی خۆی ئاڕاستەی چوار تەوەرە دەکات: یەکەم، نووسەر وەک بەرهەمهێنەری تێکست. دووەم، وەرگر وەک ئەوەی لەو بەرهەمەدا بەشدار دەبێت. سێیەم، ژینگە وەک ئەوەی بواری کۆمەڵایەتی، کولتووری و ئایدیۆلۆجی دەگرێتە خۆی. چوارەم، مێژوو وەک ئەوەی توانای پێکبەستنەوەی هەموو توخمەکانی هەیە و دەتوانێت بەرەو تێگەیشتن و ڕاڤە ئاڕاستەیان بکات، کە لەوێوە کاری هونەری پێک دێت، بەو مانایەی تێپەڕاندنی ئاستی تێکستە.

خوێنەری ڕەخنەدۆز، یان خوێنەری ڕاڤەکەر خۆی نە بە لایەنەگر و نە بە دژی نووسەر دەزانێت. دەستەڵاتی خوێنەریش لێرەوە دێتە کایەوە، کە ئەو تێکستە ئاستی زانراوی تێپەڕاندووە و مانای جیاوازی لە خۆی گرتووە. بە دەربڕینێکی دی، خوێنەر کاتێ ڕووبەڕووی تێکست دەبێتەوە، پەنا بۆ تواناکانی خۆی دەبات، تا مانا شاراوەکان لێک بداتەوە. بەم شێوەیە مەبەستی گەیەنەر و وەرگر بە ناچاری لە یەک دەترازێن، مادام مانا شاراوەکان هەم زیاتر لە خوێنەرێک دەهێننە گۆڕێ و هەم کۆمەڵێک ئاڕاستەی جیاوازیشیان لێ دەبێتەوە. شێوازی دەستەڵاتەکەیش دەگۆڕێت، کە ئەگەر پێشتر لە سەرەوە بۆ خوارەوە بوو، واتە لە نووسەرەوە بۆ خوێنەر دادەبەزی، ئێستا ئەو هەرەمە تێک شکاوە. هیچ سەنترالیتییەک نەماوە، بەڵکوو کۆمەڵێک ئاڕاستەی بێسنوور هەن. بەرزی و نزمی سڕاونەتەوە و ڕاڤەکان ئازادانە دەجووڵێنەوە. ڕێ بە خۆم دەدەم بڵێم تێکستی کراوە توانای هەیە خوێنەر و نووسەر پێکەوە کۆ بکاتەوە، تا هەم جیاوازی و هەم ڕێککەوتنەکانیان بخەنە ڕوو. زۆریی خوێنەر ناهێڵێت تێکست چەسپاو بێت، بەڵکوو دەیخاتە ئاستی بەردەوامی و دینامیکییەوە، کە ئەوە پێدانی ژیانە بە تێکست. وەک ڕەخنەدۆزی کەنەدی (نۆترۆپ فرای: Northrop Frye) پێی وایە ئەدەب دوو جۆر هێز دەخوازێت، یەکەمیان، خوڵقاندنی لەلایەن نووسەر و دووەمیان، تێگەیشتنی لەلایەن خوێنەرەوە. هەر (فرای) پێ لەسەر چەمکی (ترازان: displacement) دادەگرێت، کە تەکنیکێکە و بۆ ئەوەیە دڵنیامان بکاتەوە خوێنەری ئەفسانە و فەنتاسیا پەیامی دروستی چیرۆکی پێ گەیشتووە. بە مانایەکی دی، ترازاندن بە ڕاستی دێتە کایەوە، کاتێ خوێنەر لە جیاتیی بەشێکی ئایدیۆلۆجی (partial ideology)، کۆخەیاڵ (complete fiction)ی بە دەست هێناوە.

*  *  *  *

ئێستا لێرەوە بۆ تەوەرەی یەکەم دەگەڕێینەوە و دەپرسین: ئایا ئەوانەی (ئارام سدیق) و زۆرینەی ڕەخنەگرە میلـلییەکانی دیکە لەبارەی چەمکەکان بە گشتی و چەمکی خوێنەرەوە بە تایبەتی، دەیانڵێن، لە ڕێی دایەلۆگەوە هاتوون، (دایەلۆگ لەگەڵ ئەو سەرچاوانەوە)، یان تەنیا وەرگرتنی چەمکەکانە بە هۆی هەستەوە، تا بۆ ئاستی میلـلییان بگەڕێننەوە و لەوێدا بە زمانی ڕۆژانەی خەڵک وەسفیان بکەن؟ ئایا سەختە ئەوان بزانن چەمکێک هەیە و ناوی (خوێنەر)ـە، یان هەر شتێکی دیکەیە؟ ئایا لەوە ئاسانتر هەیە بەم زمانە کۆمەڵێک کتێب لە ماوەیەکی کورتدا بنووسن؟ ئەرێ سەختە ناوی بێژمار فیلۆسۆف و ڕەخنەدۆز ڕیز بکەن، بێ ئەوەی ویستبێتیان لێیان تێبگەن؟ ئایا بەبێ دایەلۆگ لەگەڵ ئەو سەرچاوانە، دەکرێت ئێمە ئەدەبی داهێنەرانە بنووسین؟ ئەو پرسیارەی تەوەرەی یەکەمیش دووبارە دەکەینەوە: ئایا ئەو ناوانەی ڕەخنەگری میلـلی زەقی کردوونەتەوە، لە کاتێکدا وەک خۆیان بە هەمان زمانی جەماوەر دەنووسن، داهێنەرن؟ ئایا کاتێ ڕەخنەگری میلـلی دەڵێت فڵان چەمک زۆر سەختە، بێ ئەوەی بە چەند وشەیەک لێوەی بدوێت، فریودان نییە؟ ئەرێ ئەوانە کەی لەبارەی ئەو چەمکانەوە دەنووسن؟ بۆ نموونە کەی نۆرەی چەمکی (پۆلێن) دێت و ئێمەی خوێنەر دەزانین هەر بە ڕاستی کارێکی سەختە، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا ئەو ڕەخنەگرە ڕووبەڕووی بووەتەوە؟

بەگشتی نووسین لە لای ڕەخنەگری میلـلی ڕیچوەڵە و تێیدا ئەوە گرنگ نییە، ئاخۆ زانین پێوەندیی بە بەهای ژیانەوە هەیە، یان نا، بەڵکوو گرنگە ئەو شتانە دووبارە بکاتەوە، کە هەن. بۆ نموونە کاتێ گوتەیەکی (هایدیگەر)ی لە شوێنێکدا بەر چاو دەکەوێت و بۆ ناو گوتارێکی دەگوازێتەوە، هەست بە دڵنیایی و ئارامی دەکات، هەتا ئەگەر لە مەبەستی گوتەکەیش نەگەیشتبێت، یان هەر لە بنەڕەتەوە ئەو گوتەیە هیی سەرچاوەی حەوت و هەشت بێت، بە ڕادەیەک خودی ئەو نووسەرەی لێیشی وەرگرتووە، شتێکی ئەوتۆ لە بارەیەوە نەزانێت. هێندەی بەسە، کە زانیویەتی (هایدیگەر) فیلۆسۆفێکی مەزنە. ئینجا ئەو گوتەیە چ گۆڕانکارییەک لە هۆشیاریی ئەودا دێنێتە کایەوە و چیی نوێ بۆ ناو ژیانی دەهێنێت؟ ئەوانە هێشتا نەبوونەتە پرسیار.

ڕەنگە بپرسرێت، ئاخۆ پەرەگرافێک دەتوانێت بابەتێکی لەم شێوەیەت پێ بنووسێت. ڕاستییەکەی پێشتر وەڵامی ئەم پرسیارەم داوەتەوە و ئێستایش دەیڵێمەوە، کاتێ لە بەردەم چەمکداین، هیچ سنوورێکمان نییە، ئایا بە چەند وشە لەو بارەیەوە دەدوێین و چ مێتۆدێک دەگرینە بەر. هیچ چەمکێک تەواو نەبووە، بەوەی نە سەرەتایان هەیە و نە کۆتایی، بەڵکوو هەر یەکەی خۆی لە بەردەم ڕاڤەی بێپسانەوەدا دەکاتەوە، بە تایبەتی کاتێ ئێمە ئارەزووی ڕاڤەمان لە دەست نەداوە. ڕۆژانە لە ناوەندە کۆمەڵایەتییەکانی وەک ماڵ، فێرگە، کۆڵان، بازاڕ و ئەوانەی دیکەدا چەمکی خوێنەر دەبیستین، کە شتێکی سەیر نییە ڕەخنەگری میلـلییش وەک هەر کەسێکی دیکە بیزانێت و چەند وشەیەکی سادە لە نووسینەوەیدا بە کار بهێنێت، بەڵام هەر هێندە بەو ئاستەی ڕازی نەبووین و ویستمان بە دوای ئاست و ڕەهەندی دیکەیدا بگەڕێین، ئەوە ئێمە لە زانراوەوە و بەرەو نەزانراو دەچین و لەوێدا بە زمانێکی دی، بە تێگەیشتنێکی تر و بە ڕوانینێکی دیکەی جیاوازەوە دەدوێین. لەم نووسینەمدا هەوڵم داوە بڵێم (ئارام سدیق) ئەوانەی گوتوون، کە هەر کەسێکی دیکەی کۆمەڵگە، بێ ئەوەی خۆی وەک نووسەر ناساندبێت، دەیانزانێت، بەڵام ئەوانەی نەگوتوون، وا من لێرەدا پێشانم داون. لە کتێبی (گەڕانەوەیەکی کاتی بۆ دایەلۆگێکی بەردەوام)دا نووسیومە: {خەڵکی ئاسایی هەم بەر لە (ئەریستۆ) و هەم دوای ئەویش ڕۆژانە باسی ئاو، خاک، ئاگر و هەوایان کردووە، بەڵام ئایا وەک ئەو لێیان ورد بوونەتەوە و توانیویانە بەو شێوەیە قووڵایییان ببینن؟ ئەو شتانەی فیلۆسۆفەکان لە بارەیانەوە دەنووسن و مانای نوێیان تێدا دەدۆزنەوە، هەر ئەوانەن، کە خەڵکی تریش دەیانناسن، بۆیە ئەوە ناوی شتەکان نییە، بەڵکوو ئەو مانا نوێیانەن، کە لێیانەوە بەرهەم دێن، زمان و تێگەیشتنی کەسێک لە هیی کەسێکی تر جودا دەکەنەوە}. ئەو چەمکانەی (ئەریستۆ) لێکی داونەتەوە، تا ئەمڕۆیش بە شێوەی جیاوازتر ڕاڤە دەکرێن، بێ ئەوەی تەواو ببن. پێناسەی فەلسەفە لە لای من بریتییە لەو جووڵەیەی بە هێزی پرسیار لە (زانین)مانـەوە دەستی پێ دەکەین، تا بەرەو ڕووبەری (نەزانین)مان ببات. لێرەوە ئێمە بەو شتانە دەگەین، کە پێشتر نەماندەزانین. ئەو پرۆسێسە بێپسانەوەیە و ناگاتە ئەنجامێک، بەڵکوو بەردەوام ئەو (نەزانین)ـە بۆ (زانین) دەگۆڕێت، بێ ئەوەی ڕووی لە (نەزانین) وەربگێڕێت. من لەم ڕوانگەیەوە دەڕوانمە چەمکی خوێنەر و هەر چەمکێکی دیکەیش.

نووسەرێکی بەتەمەن دەچێتە کتێبخانەیەکی گەورە و باسکەکانی لە یەک گرێ دەدات، تا بڕوانێتە قووڵاییی کتێبخانەکەوە. بە وێنەگرێکی شارەزایشی گوتووە، وێنەیەکی بگرێت، بە مەرجێ زۆرترین کتێبی لەگەڵ دەربچووێنێت. هەر بە ڕاستی وێنەگرەکە دەتوانێت وێنەیەکی لەم شێوەیەی بۆ بگرێت. ئەم وێنەیە بەتاڵ دەبێتەوە، کاتێ ئەو نووسەرە دەستەکانی لە یەک دەکاتەوە و بۆ یەکەمجار لە ژیانیدا کتێبێکیان پێ دەگرێت، تا بە چاوێکی جیاواز بیخوێنێتەوە. دەسا ئەگەر لە کتێبخانەکە هاتە دەرێ و کتێبی بە دەستەوە نەگرت، ئەوە لە ژێر وێنەکەدا دەنووسێت: (من نووسەرێکی داهێنەری مەزنم و ئەوانەی دی چاویان پێم هەڵنایەت).

ئەمڕۆ زۆرن ئەو وێنانەی پێشان دەدرێن و شتیان لە ژێردا دەنووسرێت.




(جلال خالد)، یەکەمین ڕۆمانی کرێکاریی عێراقیی و کورتە خوێندنەوەیەک.. عەبدوڵا سلێمان(مەشخەڵ)

ڕۆمانی (جلال خالد) لە نووسینی مەحموود ئەحمەد ئەلسەیدە، دوای نزیک بە سەدەیەک لەبڵاوبوونەوەی چاپی یەکەمی، جارێکی تر لەساڵی ٢٠١٧ ئەو ڕۆمانە چاپ و بڵاو دەبێتەوە.(١) ئەم ڕۆمانە بە یەکەمین ڕۆمانی عێراقی دادەنرێت کە بەزمانی عەرەبی نووسرابێت و هەروەها بە یەکەمین ڕۆمانی کرێکارییش لەبزووتنەوەی ئەدەبی عێراقیدا ئەژمار دەکرێت، چونکە مەحموود ئەحمەد ئەلسەیدی نووسەر نەک هەر لەم ڕۆمانەیدا، بەڵکو لە سەرجەم بەرهەمە ئەدەبییەکانیدا بێ دوودڵی هەڵوێستی سیاسی چینایەتی خۆی لە بەرژەوەندی چینی کرێکار وەک مارکسیستێک ڕاگەیاندووە. (٢)ئەم ڕۆمانە لە دوو بەش و پێشەکییەک پێکدێت. لەپێشەکییەکەدا نووسەر دەیەوێت ئەوە بەخوێنەر بڵێت کە ئەو شێوازە ئەوتۆبایۆگرافییەی کەلەڕۆمانەدا بەکارهاتووە هیچ پەیوەندییەکی بەنووسەرەوە نییە و نووسەر بەشێک نییە لە ڕووداوەکان. بەڵام لە دنیای واقیعدا جەلال خالد هەر خودی نووسەری ڕۆمانەکەیە. بەشی یەکەمی ڕۆمانەکە باس لە ڕۆشنبیرێکی عێراقی دەکات کە لەڕێگەی دەریاوە و بەهۆی پاپۆڕی (بارجورا)ەوە لە شاری بەسرەوە بەرەو بۆمبی هیندستان دەچێت. لەسەر پاپۆڕەکە خێزانێکی عێراقی جوولەکە دەبێنێت و دڵی دەچێتە سەر سارا کیژە جوولەکەکە. لە هیندستانیش ماوەی ئەو ساڵ و چەند ڕۆژە لەگەڵ (ف.سوامی) کە ڕۆشنبیرێکی چەپی هیندییە بەسەر دەبات و جەلال خالد دەکەوێتە ژێر کاریگەری بۆچوونەکانی سوامی. دوای گەڕانەوەشی بۆ عێراق، کۆمەڵێ نامە لەنێوان جەلال خالد و ک س و ئەحمەد موجاهید ئاڵوگۆڕ پێدەکرێت و نامەکان لە بەشی دووەمی ڕۆمانەکە دانراوە. ئەوەی کە ئەم ڕۆمانەی پڕ بایەخ کردووە ئەوەیە کە خاڵی وەرچەرخانە لەمێژووی ئەدەبی گێرانەوەی عێراقی نوێدا، کە بە ڕوئیایەکی نوێ و بەدیدگایەکی تازەوە بۆ واقیعی عێراق دەڕوانێت.(٣)ڕوانینێک کەلەم ڕۆمانەدا باڵا دەستە، ڕوانینێکی ڕۆشنبیری چەپە کەخۆی و ژیانی خۆی تەرخان کردووە لەپێناو مەسەلە بەرهەقەکانی کرێکاران و جووتیاران لە دەیەی بیستەکان و سییەکانی سەدەی بیستەم لەسەر ئاستی عێراق و جیهان. دەڵێم جیهان چونکە تێڕوانینەکانی وەکو ئەنتەرناسیونالیستێک دەخاتە بەرچاو و تەنانەت پێشبینی شۆڕشی ١٩٤٩ی چین دەکات. با لەم هەڵوێست و تێڕوانینانە ورد بینەوە : (گەر بتوانیت کرێکاری کارگەیەک ببینیت کە جلێکی دڕاو سادەی لەبەردایە و گەرما خەریکە دەیسووتینێت و کاری بەردەوام و بێ وەستانیش نائومێد و دەستی لەخۆ پێ بەردەدا و زانیشت کە هەقدەستەکەی بەشی ناکات و داخت بۆی خوارد و بەزەییت پێداهاتەوە. هەست بە نەفرەت لەو سیستەمە دڵڕەق و زاڵمانەیە دەکەیت کە زۆرینەی خەڵک دەچەوسێنێتەوە لەپێناو تاکێک یان کەمینەیەک….). (٤) یانیش دەڵێت ( بەڵێ ژن ستەملێکراوە و مافی وەکو ئەو کرێکارانە پێشێلکراوە. لەسەر من و تۆیە پەیوەست بین بەو چینەوە کە خەبات دەکات..تا ژن یەکسان بێت بە پیاوان.) (٥) و هەروەها بە ڕۆشنبیری ئایینی سەدەکانی ناوەڕاست دەڵێت تریاک.) (٦). ئەمانە ئەو ستوونە تووند و پتەوانەن کە تێڕوانینەکانی نووسەریان بەرز ڕاگرتووە.
دۆخی وڵاتی عێراقی تازە دروستکراو لەو سەردەمە کەلەدوای هەرەسی ئیمپراتۆری عوسمانی و داگیرکاری بەریتانیا ، دۆخێکی تابڵێی نالەبار و خراپ بوو لەڕووی ئابوورییەوە جگە لە چەند کارگە و دامەزراوێکی سەربازی و بەندەرەکان ئاماژەیەکی تر بە بەرەوپێشچوونی ئابووری نەدەبینرا. لەڕووی کۆمەڵایەتیشەوە تابڵێی دواکەوتوو و نەخوێندەوار و فەرهەنگ لەخوار بوو. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەو سەردەمە سەرباری دۆخە نالەبەرەکە، جموجۆڵی سیاسی هەبووە و گەلێ خوێندەوار و شۆڕشگێڕی ئەو سەردەمە لەپێناو باوەڕی ئینسانییاندا تێکۆشاون و خەباتیان کردووە، کە مەحموود ئەحمەد ئەلسەید خۆی یەکێک بووە لەوان.(٧) نووسەر لە ڕۆمانەکەلەزمانی کەسی دووەمی تاکەوە پاڵەوانی سەرەکی ڕۆمانەکەمان بەم سیفەتانە ڕەنگڕێژ دەکات :
یەک : ڕۆشنبیرێکە لە دەرەوەی پرۆسەی بەرهەمهێنانی کۆمەڵگەوەیە.
دوو : تێڕوانینی چەپ و مارکسیستییە و نێونەتەوەییانە بیر دەکاتەوە.
سێ : هەڵگری شانازی نەتەوەییە و وەک بۆرژوازییەکی نیشتمانی دژ بە پەیوەندییەکانی فیوداڵی و مەسەلەی عێراق بۆ ئەو گەوهەرییە.
لە ڕۆمانەکە باس لە چینی کرێکار و مەسەلەی ئافرەت و ئایین و دۆخە کۆمەڵایەتییە دواکەوتووەکان کراوە. ئەم بابەتانەش بۆ ئەو قۆناغ و سەردەمە تا بڵێی گرنگ بوون.(٨) مەحموود ئەحمەد ئەلسەید جگە لە ڕۆمان ، چیرۆکنووسیش بووە و لەبواری کردەیشدا یەکێک بووە لە ڕابەرانی ڕێکخراوی پیشەوەران لەگەڵ محەمەد ساڵح ئەلقەزاز و هاوڕێکانی کە مێژوویەکی درەوشاوە و جوانیان لە بزووتنەوەی کرێکاری عێراقدا نەخشاندووە.

ئەم ڕۆمانە لەڕووی تەکنیکەوە ڕەنگە زۆر لەبەر دڵان نەبێت، بەڵام بۆ ئەو سەردەمەی کە ئەدەبی گێرانەوە لە عێراق لەسەرەتای گڕوگاڵی خۆیدا بوو، هەست دەکەیت هونەرییانە دارێژراوە و نووسراوە. لەلایەکی تریشەوە پێداگری نووسەر لەسەر مەسەلە بنەڕەتییەکانی ژیان و بەستنەوەیان بە ململانێی چینایەتی، بۆتە شوناسی شۆڕشگێڕانە.
مەحمود ئەحمەد ئەلسەید، وەک ڕۆماننووسێک و چیرۆکنووسێک، لەڕێگەی ئەم ڕۆمانەوە توانیویەتی وەک نووسەرێکی پێشرەو و پێشکەوتووخواز بۆ یەکەمجار لەمێژووی بزووتنەوەی ئەدەبی عێراقدا، شاکارێکی وەک (جلال خالد) مان پێشکەش بکات. کە بە بۆچوونی من دەبێ هەموو کرێکارانی عێراق شانازی بەم ڕۆمانەوە بکەن و بیخوێننەوە.

عەبدوڵا سلێمان(مەشخەڵ)
حوزەیرانی ٢٠٢٢

سەرچاوە و پەراوێزەکان :
(١)جلال خالد اول روایة عراقیة محمود احمد السید ١٩٢٨، دار السطور للنشر و التوزیع ٢٠١٧.
(٢)تا ئێستا کۆدەنگییەک لەنێو ڕەخنەی ئەدەبی عەرەبی عێراقی هەیە بەوەی کە ڕۆمانی ( دارخورما و دراوسێ)ی غائب طعمە فرمان کەلەساڵی ١٩٦٦ دا نووسیویەتی بە یەکەمین ڕۆمانی پێگەیشتووی عێراقیی دادەنرێت کە شێوازی هونەری و ڕەگەزەکانی ڕۆمان لەخۆدەگرێت. بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە الروایة العراقیة و استعجال المئویة موقع العربي الجدید https://www.alaraby.co.uk
هەروەها بڕوانە : الملامح الفکریة السیاسیة لمحمود احمد السید دکتور علي ابراهیم موقع ملاحق المدی https://almadasupplements.com/print.php?cat=17629

(٣)جلال خالد روایة النشآة و التحول احمد عواد الخزاحي موقع الناقد لاعراقي https://www.alnaked-aliraqi.net/article/44376.php
(٤)و(٥)و(٦)جلال خالد اول روایة عراقیة محمود احمد السید ١٩٢٨، دار السطور للنشر و التوزیع ٢٠١٧ لاۆپەڕەکانی ١٤ و ٢٣ و ٣١.
(٧)بڕوانە کتێبی مێژووی چینی کرێکاری عێراق دکتۆر کەمال مەزهەر ئەحمەد وەرگێرانی فوئاد مەجید میسری چاپی دووەم لەبڵاوکراوەکانی ناوەندی کۆمۆن. لاپەڕە ١٦٩.
(٨)ئەو سەردەمەش کە ڕۆمانەکە باسی دەکات ١٩١٩ تا ١٩٢٣ یە.




گۆڤاری نما ژمارە ٥٥

بۆ خوێندنەوەی ژمارە ٥٥ی گۆڤاری نما کلیکی ئێرەبکەن..




کورتە چیرۆک\ عیشقی ئەبەدیم.. ئەڤین نوسرەت

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە کلیکی ئێرەبکەن…




بەڵێن بدە کە لە دوونیاکەی تردا ژیانێک دروستبکەین.. نوسینی: یوسف اسماعیل عەزیز

خەریکی گەڕانی ڕۆمانێک بووم لە پیشانگایەکی کتێب، ئەوەندە خەلکی لێبوو کە نەم دەتوانی بەجوانی لەنێو ڕۆمانەکاندە بگەڕێم، لە کۆتایدا بڕیارمدا بگەڕێمەوە بۆ ماڵەوە بەیانی زوو بێم و بە هێمنی بە دوای ئەو کتێبە دڵخوازەی خۆم بگەڕێم، لەنێو خەلکدا هەناسەدانم تەنگ ببوو.
کەس هاوکاری کەس ناکات، یەکەو لەڕاست خۆیەوە قسەیەک دەکات، دەنگەگان زۆر بەرزە و گوێیەکان زیاتر دەبیستن، من زیاتر لە قسە گوێبیستی شاوەشەکەی نێو خەلکەکەبوو، شوێنێکم دۆزیەوە بۆ خۆڕزگارکردن لەم قەڵەبالغی ئەم خەلکە، هەنگاومدا بۆ شوێنە چۆڵەکە کاتێک تێپەڕبووم شانی چەپم خۆم لە کچێکی گەنجێکی تازە پێگەیشتوودا، کتێبەکانی لەدەست کەوتنە خوارەوە، هیچ کاردانەوەیەکی بەم ڕووداوە نەبوو بە لەسەر خۆی دەستیکرد بە کۆکردنەوە کتێبەکانی، منیش وەکو ڕێزێک خۆم چەماندەوە و کتێبەکانم لەگەڵی کۆکردەوە و دەم بەدەستی، وتم: ” ببورە ”
” نا ئاساییە بەڕێزم”
بەبزەیە جوانەکەی و ڕووەخۆشەکی لەبەرچاوان وونبوو، بەڕاستی کەسێکی تێگەیشتوو و لەسەر خۆ بوو.
لە پیشانگادا دەرچووم و گەڕامەوە بۆ ماڵ، بەیانی لەگەڵ زەنگی مۆبایلەکەم هەڵسام و بەپەلە خۆم ئامادەکرد بۆ ئەوە بەخێرایی بچم بۆ پێشانگا و تا خەڵک رووی تێنەکردووە من ڕۆمانەکە بدۆزمەوە و بیکڕم، کێشەکەی من ئەوە بوو نەمدەزانی ئاخۆ ئەم ڕۆمانە هی کام چاپخانەیە؟
کاتێک گەیشتم و بینیم کەسێکی زۆر کەمی لێیەو هێشتا دەمێکی ماوە خەلکەکە ڕووی تێبکەن، ئاهێکی دڵخۆشم کرد و دەستم بەگەڕانی ئەم کتێبەکرد، لەکاتی گەڕانم دا چەند ڕۆمانێکی باشم دەست کەوت و ئەوانیشم کڕێ و خستمە بن هەنگڵم و گەڕان بەردەوام بوو.
” بێزەحمەت کاکە، ئەمە بەچەندە و چەند بەرگی هەیە؟ ”
ئاوڕێکم دایەوە ئاخۆم ئەم دەنگە کێیە؟ ، بینیم هەمان ئەکچەیە کە دوێنی بەڕێکەوت شانم لە نێوخەلکەکەدا پێکێشا.
” ببورە دوێنێ نەمتوانی بەتەواوی داوای لێبوردن بکەم بۆ ڕوداوەکەی دوێنێ ”
” کێشە نییە، تۆش خوێنەری؟! ”
” بەڵێ، خوێنەرێکی جدی ”
” زۆر پێ خۆشحالبووم، چۆنە دووبارە هاتیتەوە بۆ پێشانگا؟ ”
” بەدوای ڕۆمانێک دەگەڕیم بەڵام بەرچاوم ناکەوێت ”
” ناوی چییە؟ لەوانەیە بتوانم هاوکارت بم، خۆم خوێنەری ڕۆمان و شعرم ”
من ناوەکەم پێدا و ئەو تۆزێک بەو ڕۆمانە پێکەنی و دواتر بە هێمنی وتی:
” ئەو ڕۆمانە چاپی نەماوە، مەگەر کەسێک پێشوو کریبێتی و پێتی بدات ”
” بەڕاستیتە، ئەوە شتێکی خراپە هاوڕێی خوێنەرم نییە ”
” کێشە نیە من پێتی دەدەم بەڵام بە دوو مەرج، یەکەم کە خوێنتەوە بۆمی بگەڕێنیەوە، دووەم بۆچی ئەم ڕۆمانەت هەڵبژاردووە؟ ”
” زۆر باشە، یەکەم تۆ لەگەڕاندنەوە شکت نەبێت، دووەم هاوڕێکی کۆنی خۆم پێشوو دایم باسی ئەو ڕۆمانەی بۆ دەکردم و دایم بەدەستەکانیەوە بوو، بەڵام بەداخەوە ئێستا لەژیان نەماوە. ”
ئیتر کتێبەکانی خۆم زوو پێدەدام کە ئەوەنەی دەست نەدەکەوتن، ببوین بە باشترین هاوڕێ، ئەو مامۆستای قوتابخانەیەکی بنەڕەتی بوو کە بە خۆبەخشی وانەی دەوتەوە، سەبارەت بە منیش من دەرچووی کۆلێژی ئادابم بەڵام کارەکەی من جیاواز لەوە کە لە خوێندن تەواوم کردووە، دوکانی کۆمپیوتەر و پرۆگرامینگم هەیە، ئیتر ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لەیەکترەوە نزیک دەبووین تا ئەکاتەی بەڵێنی هاوسەرگیریمان بەیەکدا، بەڵام نەمان توانی هاوسەرگیری بکەین، دوای ماوێک لە نەخۆشخانە دکۆرەکان وتیان ئەمە نەخۆشی درێژخایەنی گرتووە، لە کۆتا ڕۆژەکانی تەمەنیەتی.
منم ڕۆژانە سەرداینم دەکرد تا کۆتا ڕۆژ کە بانگی منی کرد و وتی:
” تکایە دەکرێت ئێمە بۆ چەند خولەکێک جێبهێڵن”
هەمووان ژورەکەیان جێهێشت، من لەسەر کورسی بەرامبەر قەلەوێرەکەیەوە دانیشتبووم و دەستم لە دەسیەکانی جیانەدەبوونەوە، بە هێمنی و لەسەرخۆی وتی:
” من سێ داواکاریم هەیە بۆتۆ دەبێت بەجێیان بگەیەنی، یەکەم بەلێن بدە کە هاوسەرگیری بکەی دووەم کتێبەکانم لای خۆت هەڵبگیت تا بتوانم لەگۆرەکەم ئازات بم، سێیەم بەڵێنم پێبدە کە لەدونیاکەی تردا ژیانێک دروست بکەین. ئێستاش بڕۆ و هیچکاتێک مەگەڕێەوە ”
لەنەخۆشخانە هاتمە دەرەوە و لە بن دیوارێک دانیشتم و سەرئێشەکەم وازی لێنەدەهێنام تا بەئاگاهاتمەوە بە دەنگی کچەکەم، کە هاواری دەکرد و دەی وت:
” باوکە هەڵسە درەنگە کەی دەمگینیتە قوتابخانە”
هاڵسام و سەیری کتێبەکانم کرد و وتم: ” بەڵێن بێت لە دونیاکەی تردا ژیانێک دروست دەکەین”

نوسینی: یوسف اسماعیل عەزیز




مردووان گۆرانی زه‌ویی دووه‌میان ده‌ڵێن.. سه‌باح ڕه‌نجده‌ر

یەکەم بونه‌وه‌ر مێروولەیە بۆنی پەڵە دەکات
خۆی توند ده‌گرێ و باراناو له‌ شاری لا ده‌دا
لە ئاهەنگی چل ساڵه‌دا
چەندین گۆرانیبێژ بەشداربوون
یەکیان لەناو ڕووناکی چلپه‌ڕدا
مەستانە ئاواز و ته‌زووى بە بەردی تەزیویش دەدا
گۆرانی چاوه‌ڕوانی گۆرانیبێژه‌ گه‌رووی نه‌خه‌ڵه‌تێنێ
گورانیبێژێك ده‌نگ لێی یاخی بوو
باڵندەی چلئاواز بەناو ڕووناکی چلپه‌ڕدا هات
لەناو لەپی دوو هێلکەی چلخاڵی دانا
باڵی سووك لێكدا و چل جار له‌ هێلکەکانى خشاند
خۆر گەرم بێ دەترووکێن و پرچی نه‌رم دایاندەپۆشێ
دەبیەوە منداڵی دەست بە ترش و شيرينى به‌رات
مانگ کانی پڕ ڕووناكی چلپه‌ڕ و مه‌ودای ڕێ دەکا
ژیان درێژبێتەوە لە کۆمەڵە یادگارییەک زیاتر نابێ
دەفتەری خامۆشییت دەکرێتەوە و هێڵەکانی درێژنابنەوە
ئاگر فریوخواردووی به‌خته‌وه‌رییه‌
نازانێت بنووسێ فریشته‌ و خوداوه‌ند دیارنین
هەمووشمان لەناو
ئاوێنە و به‌ترس هه‌نگاونان دەمێنینەوە و داناگیرسێین
***
خوێ فرمێسكی ماسی و ده‌مه‌بۆڵه‌ی قرشە
ده‌توانین وێنه‌ی ده‌ریای چل ڕووبار به‌ كه‌ف بكێشین
خۆری له‌ژێر دارهه‌نار تێرخه‌وبوو
بە ئارامیی بەسەريدا تێناپەڕێ
گیای کەناریش بەرزن
باڵی ئارەقەکردووی باڵندەی
بەناو ڕووناکی چلپه‌ڕدا هاتوو دەشۆن
بۆ به‌ره‌و هێلکە ترووکانێکی تر
گۆرانیبێژی مەست ئامادەدەبێتەوە
پێی باڵندە نەرمە
لەناو لەپی منداڵی ساواش ڕاوەستێت ئازاری نادا
ڕوون و ڕه‌وان
پێروو و تەرازوو دەگەنەیەک و ده‌ستیان له‌سه‌ر ملی یه‌كتر گه‌رمده‌بێ
ئه‌وه‌ی ده‌یبینم نایشارمه‌وه‌
لایه‌كی زه‌وی چاو و ئارامی پڕ سه‌روه‌رییه‌
***
په‌ڕی چلباڵ و ئه‌نگوستیله‌‌ى چلنقێم
لە ماتى و مه‌لوولیم وردمەبنەوە
خودا ئاشقی كردم و پێناسه‌ی خۆی و ئه‌شقم پێنه‌كرا
دێو و دوژمنیشم لەزۆربوونن
دڵم خسته‌ هه‌وێنی ڕووناکی چلپه‌ڕی شیعر و به‌هاری بێده‌نگ
دروشمێکم بۆ دێو و دوژمن زۆربوون نەدۆزییەوە
ڕێگا ده‌ستی بۆ درێژكردم و ڕۆشتم
هونه‌ری ڕه‌وانبێژی و ڕوانین فێربووم
گوڵەمێلاقه‌ ڕۆخ ئاوم
ماڵم کەوتووەتە تاجى چلپه‌ڕی زەوی
ڕووناکی چلپه‌ڕ هۆی دۆزینه‌وه‌ی یه‌كه‌مین ئاوێنه‌ چییە
ڕوون و ڕه‌وان
بەهێمنی و بێدەنگیش ماومەتەوە و هه‌سته‌كانم له‌ ئاگرن
باڵندەی چلئاواز وەڵامی پێ بوو
ڕەگ لە گەڵا و گوڵ جوانترە
زەویش دەیشارێتەوە
ڕەگ سۆراخ ده‌كا و ناز به‌ به‌روبووم ده‌دا
وەک بیابان ناولەپی بەتاڵ نییە
***
ئادەم ئەگەر سێوەکەت تەواو نەخواردووە
شتێکی بدە من
نائومێدیی دەکوژم و هەستم تینی تێدەکەوێت
زەوی لە ڕەگ شاردنەوە ئاگاداردەکەمەوە
کفنی پرچ خاوان شێدار مەکە
ئەمڕۆ یەکەم زەنگم لێدا
چل شه‌و و ڕۆژ بەسەر مردووەوە نامێنمه‌وه‌
باخچەیەکم به‌ دیواری گۆڕستانه‌وه‌ هەیە
ئاسمانی چل پیرۆزەی به‌ ته‌نافی شۆڕكردووه‌ته‌وه‌
ڕوخساری جۆشمان دەدا و به‌ دوو ده‌ست
یادگاری و پیت و فه‌ڕی هه‌ڵگرتووین
هێز و هەستە نزیکەکانی بوون و ئارەزوو بەجێمان ناهێڵن
کەشتیمان دەخەنەوە ناو ئاو و ڕووناکی چلپه‌ڕی ڕاو
کاتژمێر بە دیواری کەشتی هەڵناواسرێ
دەستیشمان بە کلیل و قوفڵی دەرگاوه‌ نامێنێتەوە
***
چاوی بیرکردنەوە
بێ خوشک و برایە
بێ ئاگر و مۆمە
بێ ڕووبار و بەردەبازە
بێ نامە و نامه‌به‌ره‌
زەویش هێشتان داوادەکات مرۆڤی پرچ نه‌رم لەسەری لەدایکبن
چیرۆكی سه‌یر و نامۆ له‌باره‌ی مرۆڤ گێڕدراوه‌ته‌وه‌
په‌ڕی تاووس هه‌ڵده‌كێشێ و ده‌یكاته‌ گێسك
ماڵیشی پێ خاوێن ناكرێته‌وه‌
***
په‌یوه‌ندییه‌كی پڕ هه‌ست
نه‌وتی ناو چرا مرۆڤ ناسووتێنێ
ده‌بێته‌ ڕووناكی چلپه‌ڕ
داری سووتاو خۆڵەمێشەکەی
ناوی کەسوکار و منداڵەکانی دەژمێرێ و ستێ و به‌رده‌ستێین
ڕەگ
لك
په‌لك
ئەو بیرکردنەوانەی تێپەڕین
لە شەو و ڕۆژێکدا کات کۆتایی دێت
شوێن بەرزدەبێتەوە
ناتوانین تەماشای بکەین
ڕێگا چۆن له‌دایكده‌بێ
***
له‌ ڕووناكی چلپه‌ڕ هاتوو
خوداوه‌ندێكی چلپه‌راسووه‌ له ده‌ستنووسی گه‌نمدا
ڕوخسارمان بۆ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌
ڕوخسار مه‌ودای ڕێگا نزیك و ڕووناك ده‌كاته‌وه‌
به‌هار مووچڕكی دڵنیایی له‌ جه‌سته‌ی زه‌وی ده‌گێڕێ
زه‌وی چاوی به ‌گریان سوورهه‌ڵنه‌گه‌ڕاوه‌ و خه‌واڵووش نییه‌
مریه‌م به‌سه‌ر له‌دایكبوونی عیساوه‌ مرد
گولله‌ له‌ ناوچه‌وان ده‌رناچێ و ڕوون و ڕه‌وان
سووڕی خوێن پاراو ده‌كات
گۆرانیبێژێك له‌ ناوچه‌وان نێژراوه‌
زه‌وی بووه‌ته‌ ئاواز و گۆرانی و بۆنیخۆشی دره‌ختی زگپڕ

gتشرینی یه‌كه‌می 2022 هه‌ولێر




یەکگرتوویی شۆڕش و ڕۆڵی حیزبەکان… حەمید تەقوا یی

وەرگێڕانی بۆ کوردی کاوە عومەر

مانگرتنە سەرتاسەرییەکان کە لە ٢٤ی ئەم مانگەوە دەستی پێکرد، جارێکی دیکە فراوانی بێ وێنەی هێڵی شۆڕشگێڕی بۆ ژیانی ئازادی و یەکگرتوویی ژنان و پشتیوانیی کەرت و چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگای لەم بزووتنەوە مەزنەدا نیشان دا. ئێستا نەک هەر خوێندکاران لە دەیان زانکۆ مانیان گرتووە، بەڵکو لە چوار ڕۆژی ڕابردوودا، بازرگانان و دوکاندارەکان لە زیاتر لە ٥٠ شاری سەرتاسەری ئێران، کرێکارانی ئاسن توانەوەی ئیسفەهان، کرێکارانی ستی سەنتەری شاری ئەسفەهان، کرێکارانی کۆمپانیای کروز، کرێکارانی تایەی ئێران، و هەندێک لە ناوەندە کرێکارییەکانی دیکەش مانیان گرتووە. هەروەها شورای هاوئاهەنگی سەندیکای کرێکاری مامۆستایان ڕایگەیاندووەکە، مامۆستایان ، وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر کوشتنی منداڵان بۆ ماوەی سێ ڕۆژ مان دەگرن.
ئەم مانگرتنانە لە چوارچێوەی خۆپێشاندان و ڕاپەڕینە بەربڵاوەکانی تری ئەمڕۆی شارەکانەدایە کە بەهەمان شێوە تەشەنەی کردووە بەرەو گوندەکانیش، کۆبوونەوەی ناڕەزایی پزیشکان و پارێزەران، لێدوان و کلیپی دژە حکوومەتی سینەماکاران و وەرزشکاران و هونەرمەندان و خۆپیشاندانی سەدان هەزار ئێرانی و… غەیرە ئێرانی لە شارە جیاوازەکان.لە وڵاتانی جیهان ڕوودەدات. کۆمەڵگای ئێران بە یەکگرتوویی هەڵکشاوە و خەڵکی شەریفی جیهانیشی لەگەڵ خۆی هێناوە.
بەم شێوەیە شۆڕشی ئێستای ئێران، زیاتر لە هەر ئەزموونێکی تر، سروشتی گشتگیر و هەمەلایەنەی شۆڕشەکان پیشان دەدات. جارێکی تریش بە شێوەیەکی حاشا هەڵنەگر دیارە کە هەموو شۆڕشێک دیاردەیەکی گشتگیرە، بزووتنەوەیەک کە جەماوەری خەڵک واتە ٩٩٪ دەهێنێتە سەر شەقامەکان. سروشتی گشتگیر و هەمەلایەنەی شۆڕشەکان لەسەر بنەمای خواستی هاوبەش بۆ گۆڕینی حکومەت و ئەوسیستەمەی کەهەیە. لە شۆڕشی ئێستادا دروشمی ژن ژیان ئازادی بەرجەستەکردنی خواستی هاوبەشە بۆ ڕزگاربوون لە شەڕی کۆماری ئیسلامیی. ئازادی لە حوکمڕانی حکومەتێکی دژە ژن و دژە ژیان و دژە ئازادی!
خەڵکی سەربەرزی ئێران بە وریاییەوە پارێزگاری لە یەکگرتوویی هەمەلایەنە و یەکگرتوویی ڕیزەکانی شۆڕش دەکەن. “لە زاهیدانەوە تا تاران خوێناویە، هەموو ئێران”، سنە زاهیدان چاو و ڕووناکی ئێران” و “یاشاسین کوردستان، بژی ئازەربایجان”، هەروەها “سنە زاهیدان، پەیوەندیتان پیرۆزە”. بەبێ لەبەرچاوگرتنی شوناسی نەتەوەیی ومیللی و ئاینیان.
ئه م جه ختکردنه له سەر یەکگرتوویی و هاوپشتی گشتی به ڕامبه ڕ کۆماری ئیسلامی له پێشکه وتن و سه ڕکه وتنی شۆڕشدا ڕۆڵی سه ڕه کی ده گێڕێت. ئەم تەبایی و یەکڕیزییە پڕ سۆز و پڕ لە سۆزە، ئێستا لە شەقام و لەسەر ئاستی مەیدان بەدیهاتووە. دەکرێ بڵێین یەکڕیزی و تەبایی خەڵکیش وەک شێوازە داهێنەر و کاریگەرەکانی خەباتە کەیانە لە شۆڕشی ئێستادا، لە لابردنی حیجاب و سوڕانەوەی حیجابەوە تا تێکەڵکردنی خۆخزمەتکردن لە زانکۆکان و وتنەوەی دروشم لە ماڵەکانەوە شەوانە و بەردبارانکردن ، گوڵدان و ئاسن و کورسی.سەرۆک و بەکرێگیراوانی حکومەت، لە پەنجەرە و باڵکۆنەوە، تا دەگاتە عەمامە لێکردنەوە، داتای خۆبەخۆی شۆڕشن. ئەمە دەرکەوتەی هاوپشتی شکۆمەندی شەقامە بەرامبەر بە حکومەتێکی “دژە ژن و دژە ژیان و دژە ئازادی”!
ئێمە دەتوانین سیمای گشتی شۆڕش لە دەرەوەی وڵات ببینین. خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی جەماوەری لە وڵات و شارە جیاجیاکانی جیهان، لە کۆبوونەوەی ٨٠ هەزار کەس لە بەرلین تا خۆپیشاندانی دەیان هەزار کەس لە ڕۆژانی شەممە لە سەدان شار و دەیان وڵات، گشتگیریی شۆڕشی ئێستا لەسەر ئاستی جیهانی نیشان دەدات .
چەپ و یەکڕیزی ڕیزەکانی شۆڕش
لەسەر ئاستی گشتی هەموو شۆڕشێک سیمایەکی نەرێنی هەیە، دژی نەزمی هەبوو و بۆ تێکشکاندنی هەنگاوی ناوە و ئەم ئامانجە هاوبەشە پێکەوەلکێنەری ناوەکی ڕیزەکانی خەڵکە. بۆیە هەر پلەیەک دانانی ئامانج و بەرنامەی ئیجابی لە لایەن حیزبەکانەوە، چ ڕاست و چ چەپ، لە دڵی شۆڕش و لە مەیدانی خەباتی شەقام و جەماوەری بۆ ڕووخاندنی حکومەت، هەنگاوێکە بە پێچەوانەی ڕێڕەوی بابەتیی لە شۆڕش و سیما نەرێنی و گشتگیرەکەی و تەنیا دەتوانرێت بەپەراوێزکەوتووتنی ئەو هیزە کۆتایی بێت.
لە دڵی شۆڕشی ئێستادا، هەر هێزێکی سیاسی، بە حیزب و ڕێکخراو یان تاک و کەسایەتی چالاکەوە، تەنیا بە ڕووبەڕووبوونەوەی تەواوی بارودۆخی هەنووکەیی بە ڕادیکالیزمی خۆی و ڕەخنەگرتنی ڕیشەیی و قووڵ لە سیستەم و حکوومەتی کۆماری ئیسلامی، دەتوانێت کاریگەری و ئیعتبار بەدەست بهێنێت .بۆ بەدەستهێنان پێوەر بۆ پاڵنانی بەرەو پێشەوە لە ناخی شۆڕشێکدا و بەدەستهێنانی متمانەی جەماوەری شۆڕشگێڕ، ڕەخنە و نکۆڵیکردنە لە سیستەم و حکومەتی هەنووکە و هەرچەند ئەم ڕەخنە و نکۆڵییە ڕادیکاڵتر و هەمەلایەنەتر بێت، ئیرادەی شۆڕش هەمەلایەنەتر و بەهێزتر دەبێت.
ڕەخنەگرتن و لەقاودانی هەر هێزێکی ئۆپۆزسیۆن کە لە ڕاستیدا سیاسەتەکانی دابەشکەر و سازشکارانە و بە ئاراستەی بەهێزکردنی حکومەتدا بێت، بەشێکە لەم ڕەخنە و نکۆڵیکردنە قووڵەی حکومەت. لە دڵی شۆڕشدا پێویستە هێزە سیاسییەکان بە ڕۆڵ و کاریگەرییان لە پێوەندی لەگەڵ شۆڕشدا مەحەک و پێوانە بکرێن. لێرەدا بە تایبەتی دەبێ بۆ هاوڕێیانم لە بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستیدا، جەخت لەوە بکەمەوە کە لەقاودان و سنووردارکردن لەگەڵ هێزەکانی دیکەی دژ بە حکومەت، لەبەر ئەوەی کە ئەوان کۆمۆنیست نین یان مێژووی خەباتکردنیان نەبووە و تازە هاتوونەتە مەیدان، دەرئەنجامێکی جگە لە گۆشەگیری و پەراوێزکەوتنی ئەوان خۆیانی نابێت. ڕادیکالیزمی ئێمە لە ڕەخنەی بنەڕەتیترمان لە کۆماری ئیسلامی، لە ڕەخنەی سۆسیالیستیانە لە هەموو هەڵاواردن و ئازار و نادادپەروەرییەکان، لە لێکدانەوەی بنەڕەتیتر، ئینسانیانەتر و شەفافترمان بۆ ژن ،ژیان، ئازادی و ڕووبەڕووبوونەوەمان لەگەڵ هەر هێزێک کە بیەوێت ئاستەنگ لەسەر ڕێگای شۆڕش دروستبکەن. ئەمڕۆ هێزی شۆڕش زۆر کەسایەتی وەرزشی و سینەما و کەسایەتییە ناودارەکانی ناوەوە و دەرەوەی ئێران هێناوەتە پیشەوە و تەنانەت حکومەت و حیزبە حکومییەکانی وڵاتانی جیاجیا پاڵ دەنێن بۆ ئەوەی خۆیان لە کۆماری ئیسلامی دوور بخەنەوە و پاڵپشتی شۆڕشی ئێران بکەن. سنووردارکردن و ” لەقاودان”یان شۆڕش بەهێزتر ناکات، بەڵکو لاوازی دەکات و لە ڕاستیدا بە قازانجی کۆماری ئیسلامی کۆتایی دێت.
هەندێک لە دۆستانی چەپ پێیان وایە دژایەتی کۆماری ئیسلامی بە ڕادەی پێویست چینایەتی و ڕادیکاڵ نییە. و هەر بەم هۆیەشەوە سنوورەکان لەگەڵ نەیارانی دیکەی کۆماری ئیسلامی ئاشکرا دەکەن و دیاری دەکەن، بەجۆرێک کە پێیان وایە خەباتیان ڕەگداکوتاو و قووڵتر کردووەتەوە. بەڵام ئەمە قووڵبوونەوەی خەبات نییە، ئاستەنگکردنی خەباتە. کۆکردنەوەی هەموو هێزەکان بۆ لابردنی سیاسی چینی دەسەڵاتدار کە لە شۆڕشی ئێستادا بە مانای ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامییە، ڕەگداکوتاوترین و قووڵترین شێوەی خەباتی چینایەتییە.
کۆمۆنیستیک لە دڵی ئەم خەباتەدا، لەبری ئەوەی سەرنجی لەسەر ئەوە بێت کە کۆماری ئیسلامی بڕوخێنێت خەریکی سنووردانان و “لەقاودان” بێت لەگەڵ هەر غەیرە کۆمۆنیستێک کە پشتیوانی شۆڕشی ئێران بکات، نە تێگەیشتنێکی ڕوون و دروستی لە سیاسەت و خەباتی سیاسی هەیە ، نە لە شۆڕش و خەباتی چینایەتی تێگەشتووە.

پەیوەندی نێوان هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن لە هەلومەرجی شۆڕشگێڕانەدا

جەختکردنەوەمان لەسەر سەرەکی بوونی خەبات دژ بە کۆماری ئیسلامی بێ بەرپرسیارێتی ناهێڵێتەوە بەرامبەر بە هێزەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆن، بەڵکو پێوەرێکی دروستمان پێدەبەخشێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هێزەکانی دیکە.
ئەوەندەی پەیوەندی بە کۆمۆنیستەکان و بە تایبەتی حزبی ئێمەوە هەیە، پێوەرمان بۆ هێزە سیاسییەکانی دیکە پەیوەندییان نییە لەگەڵ حزبەکەمان یان لەگەڵ کۆمۆنیستەکان بە گشتی، بەڵکو لەسەر بنەمای پەیوەندییان لەگەڵ خەڵکدایە. وە لە هەلومەرجی ئەمڕۆدا ئەم پەیوەندییە لەگەڵ خەڵک پێش هەموو شتێک لە ڕوانگەیان بۆ پێشهاتە شۆڕشگێڕییەکان دەردەکەوێت. ئێمە بە ئەرکی خۆمانی دەزانین ڕەخنەگرتن و ئلەقاودانی هەر سیاسەت و هەڵوێست و ئەدای هەر هێزێکی ئۆپۆزسیۆن کە ئامانجی لاوازکردنی شۆڕش بێت. لە قۆناغەکانی پێشوودا ڕەخنەگرتن لە سیاسەت و سیناریۆکانی ڕژێمی چێنجی(واتە گۆڕنی ڕژێمەکان لەسەرەوەو بەپشتیوانی ئەمریکاو ڕۆژئاوا.وەرگێڕ) و ڕیفراندۆم و سازشکردن لەگەڵ بزووتنەوەی سەوز و وەنەوشەیی و هتد، لەلایەن هێزە ڕاستەکانی ئۆپۆزسیۆنەوە ڕەخنەیان لێگیرا و ئەمڕۆش هەوڵی دەرزی لێدانی پیرۆزی نەتەوەیی و میللی نیشتیمانی شاهەنشای بۆ ناو بزووتنەوەکانی شەقام، ڕەفتاری فالانژی هەندێک لەو هێزانە لە خۆپیشاندانەکانی دەرەوەی وڵات، سەپاندنی خۆیان بەسەر کۆبوونەوەکان و هەوڵەکانیان بۆ ڕفاندنی خۆپیشاندانەکان جێگای ڕەخنەی ئێمەیە. بە بۆچوونی ئێمە خودی هاتنە مەیدانی شۆڕش بە دروشمی ئیناسی و جیهانداگری ژن ،ژیان،ئازادی ، ڕاستڕەوەکانی ئۆپۆزسیۆنی پەراوێز خستووە. وە ئەم هەوڵانەی کە لە هەندێک هێزی ڕاستڕەوەوە دەیبینین، لەم ڕاستییەوە سەرچاوە دەگرن.
خاڵێکی دیکە سەبارەت بە پەیوەندیی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن لەگەڵ یەکتردا، وەهمی هاوپەیمانی و یەکگرتوویی حزبییە. بەشێک لە چین و توێژەکانی خەڵک و تەنانەت بەشێک لە هەڵسوڕاوانیش یەکگرتوویی حیزبەکان بە هۆکاری یەکگرتنی ڕیزەکانی خەڵک دەزانن. ئەمە بیرۆکەیەکی دروست نییە. وەک ڕوون کراوەتەوە، هاودەنگی و یەکڕیزیی خەڵک لە شۆڕشی ئێستادا لە دەوری ئامانجی ڕادیکاڵ و ڕەخنەی قووڵ و گشتی و ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە دەسەڵات و سیستەمی هەنوکەیی پێکهاتووە. بە واتایەکی تر کلیلی یەکگرتنی خەڵک کۆکردنەوەی هەموو هێزە سیاسییەکانی ئۆپۆزۆسیۆنی کۆماری ئیسلامی نییە، بەڵکو قووڵی و هەمەلایەنەی ئەم دژایەتییە. دژایەتیکردنی کۆماری ئیسلامی بەهۆی دژە عەرەبی، بەهۆی ئەفسوس بۆ سەردەمانی ڕابردوو، جەختکردنەوە لەسەر بەها نەتەوەیی-نیشتمانپەروەرییەکان و ناسیۆنالیزمی فارس و کوروشی گەورە، ڕەخنەگرتن لە ئیسلام وەک ئایینێکی عەرەبی یان ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە “شێواندنی” ئیسلام لەلایەن حکومەت و هتد تەنها فاکتەری هاودەنگی نییە.وە یەکڕیزی ڕیزەکانی شۆڕش هۆکاری دابەشبوون نییە. هەر جۆرە هاوپەیمانی و یەکگرتنێک لە نێوان هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن لە دەوری ئەم جۆرە سیاسەت و بەهایانە، بە کردەیی بە مانای ڕووبەڕووبوونەوەی شۆڕش و ئاوکردنە بەئاشی ڕژیمدا.
ئێمە جەخت لەسەر یەکڕیزی و یەکگرتوویی جەماوەری خەڵک لە شەڕی دژ بە ڕژێم دەکەینەوە و ئەمەش تەنیا بەندە بە ڕەخنە و ناڕەزایەتییەکی ئینسانیانەتر، گشتگیرتر و ڕادیکاڵتر و ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە سیستەم و نیزامی کۆماری ئیسلامی.

بیرۆکەی پۆستمۆدێرنیستی یەکگرتوویی خەڵک

بیرۆکەیەکی دیکەی یەکگرتوویی خەڵک هەیە کە بە تایبەتی لەلایەن هێزە نەتەوەیی و نەژادیەکانەوە وروژێنراوە. بیرۆکەیەک کە لەسەر بنەمای تێڕوانینی پۆستمۆدێرنیستی کۆمەڵگاکان دامەزراوە. ئەم بۆچوونە سەرەتا کۆمەڵگاکان بەسەر گروپە نەتەوەیی و میللی ونەژادیە جیاوازەکاندا دابەش دەکات و دواتر هەوڵ دەدات بە نوسخەیەکی وەک فیدراڵیزم کۆیان بکاتەوە. ئەم وێنەیە ١٨٠ پلە پێچەوانەی مەدەنیەت و بناغەکانی کۆمەڵگە مەدەنییەکانە. کۆمەڵگای مەدەنی لە بنەڕەتدا بە چەمک ومەقولەی مافی هاووڵاتی و هاووڵاتیبوون لە کۆمەڵگە خێڵەکییەکانی سەدەی ناوەڕاست دابڕاوە. لە ناوەندی شۆڕشی ئێستادا جێگرتنەوەی سیستەمی سەردەمی کۆنی کۆماری ئیسلامی بە سیستەمێکی مۆدێرن و مەدەنی و شارستانی سەدەی بیست و یەکی هەیە.
شۆڕشی ژن ،ژیان، ئازادی دەیەوێت ژن بە هەر شوناسێکی نەتەوەیی و ئایینی و نەژادی ئازاد بێت کە بۆ خۆی هەڵیگرتووە یان بەپەسەند دانراوە و وەک هاووڵاتییەکی سەربەخۆ و خاوەن مافی یەکسان بناسرێت، دەوێت ژیانی هەموو هاووڵاتیانی لەگەڵ بژێو و کەرامەتی ئینسانیداپێکەوە بێت، وە دەیەوێت هەموو مرۆڤەکان ئازاد بن کە هەر ئایینێکیان هەبێت یان هیچ ئایینێکیان نەبێت، هەر زمانێک بیانەوێت قسە بکەن، هەر جلوبەرگێک کە بیانەوێت لەبەر بکەن و هتد و هتد. کۆماری ئیسلامی خۆی ڕوخساری دابەشکردنی خەڵک بوو بەسەر ئاین جیاوازو نەتەوەی جیاوازو خێڵی جیاوازو پاسەوانی جۆرەها هەڵاواردنی ئاینی و نەتەوەیی و میللی و ڕەگەزیە. ئەڵتەرناتیڤ، دانپێدانان بەو دابەشبوونانە بە داوای مافی تایبەت نییە، بەڵکو دەستەبەرکردنی مافی هاووڵاتیبوونی هەموو دانیشتووانی جوگرافیای سیاسی ئێرانە. شۆڕشی ئێستا نەک تەنها بۆ حکومەتە ئایینییەکان، بەڵکو بۆ هەموو تێڕوانینە نامرۆڤانە و پۆست مۆدێرنیستەکان بۆ کۆمەڵگا و حوکمڕانی و یاساکان دەبێتە خاڵی کۆتایی
یەکڕیزی بە دوورکەوتنەوە لە حیزبەکان بەدی نایەت
تێڕوانینێکی تری هەڵە بۆ یەکڕیزیی خەڵک ئەوەیە کە وەک ئەوەی ناسنامەی حزبی هەڵسوڕاوان یان بەشداریکردن لە خۆپیشاندان و کەمپینەکان بە ناو و وێنەی حزبەوە دەبێتە هۆی دووبەرەکی! ئه م دیارده یه له ئێستادا له ده ڕه وه ی وڵاتدا دیاره که ئاماده بوونی ئاشکرای حزبه کان لەتوانادایه ، به ڵام ده توانێت به کردنه وه ی پانتایی سیاسی له ناوخۆی وڵاتیشدا تەشەنەبکات .
ئەم تێڕوانینە ڕەگ و ڕیشەی لە جۆرێک لە دواکەوتوویی جیهانی سێهەم لە کۆمەڵگە دیکتاتۆرییەکاندا هەیە کە خەڵک ئەزموونی حزبایەتی و چالاکی حزبییان نییە. لەم کۆمەڵگایانەدا بێ لایەن بوون و “من سەر بە هیچ حیزبێک نیم” جۆرێکە لە فەزیلەت. ئەم ڕەوتە دەبێت بەرپەرچ بدرێتەوە. لێرەشدا پێویستە جەخت لەوە بکرێتەوە کە یەکگرتوویی و یەکڕیزیی ڕیزەکانی شۆڕش لە ئەنجامی نەبوونی حیزبایەتی هەڵسوڕاوانییەوە نییە، بەڵکو لە سیاسەت و ئامانجی حیزبە چالاکەکانی شۆڕشەوەیە. پێویستە ڕێگە بدرێت کۆمەڵگا بە ڕوونی و شەفاف سیاسەت و ئەدای حزبەکان ببینێت و هەڵیبژێرێت. ئەم ئاشکرابوونە لە کەشوهەوای سیاسی ئێراندا بە وردی لەبەر ئەوەی دیکتاتۆری حوکمڕانی بووە، قبوڵ ناکرێت. کۆمەڵگای ناحیزبی و ناڕەزایەتی ناحزبی و مانگرتن و شۆڕش ئاڵۆزییەکانی دیکتاتۆریەتەکانن و دەبێ بگوترێ کە یەکێکە لە سوودەکانی دیکتاتۆری بۆ چینە دەسەڵاتدارەکان. لە کۆمەڵگای ئێراندا، لە ناوچەیەکی وەک کوردستان کە مێژوویەکی دوور و درێژی خەبات و ناڕەزایەتی بە هۆی هۆکاری مێژووییەوە هەیە، حیزب و حیزبایەتیش باو و قبوڵکراوە. وە خاڵێکی بەهێزی ناڕەزایەتییەکانی کوردستان، وەک نموونەی مانگرتنی سەرتاسەری کە لە سەرەتای شۆڕشی ئێستاوە بە بانگەوازی حیزبەکان لە زۆرێک لە شارەکانی کوردستان پێک هاتوون، حزبایەتی کۆمەڵگایە. ئەمە لە پارێزگاکانی دیکەی ئێراندا نییە و ئەمەش لاوازییەکە کە دەبێت مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
بەڵام ئەگەر هاوسەنگی هێز لەناوخۆی وڵاتدا هێشتا ڕێگە بە چالاکی گشتیی حیزب نەدات، لەدەرەوە هیچ بەربەستێکی لەو شێوەیە نییە. بە تایبەت لە هەلومەرجی دوو مانگی ڕابردوودا کە خۆپیشاندانی بەرفراوان لە شارە جیاجیاکان لەژێر کاریگەری شۆڕشی ئێران بەڕێوەچووە، پێویستە حیزبەکان بە ناو و داب و نەریتی خۆیانەوە دەرکەون. ڕوونە کە باسەکە لەسەر حزب و هێزەکانە کە بەدوای ڕووخاندندا دەگەڕێن. لەم حاڵەتەدا نەریتی خۆپیشاندان و گردبوونەوە لە وڵاتانی ڕۆژئاوا نموونەیەکی باش دەخەنە ڕوو. ئەگەر لە یەکی ئایارو هەشتی مارس یان خۆپیشاندان و ڕێپێوان بە هەر هۆکارێکی تر، حیزبەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا بە ناو و ئاڵای خۆیانەوە بەشداری بکەن و لە تریبونەکان بە ناسنامەی حزبی خۆیان وتار بدەن، لە خۆپیشاندانەکانی پەیوەست بە شۆڕشی ئێران ، ئەوانیش دەبێ ئەو هەمان پێوەرەکانی پەیڕەو کردبێت.
ئەوەندەی پەیوەندی بە حزبی ئێمەوە هەیە، لە هەر کوێیەک بانگهێشتکەر بووین، ڕامانگەیاندووە کە هەموو لایەنەکان بە ناو و وێنەی خۆیانەوە دەتوانن بەشداری بکەن و لە سەکۆی ئازاددەوە قسە بکەن و قسەکانیان بخەنە بەر گوێی خەڵک. تەنانەت لەو شوێنانەی کە تەنیا لە نێو بەشداربووان بووین، بە ناسنامەی حیزبی و لافیتە و پلاکاردی خۆمانەوە خۆمان نیشان داوە. بێگومان ئەمە بەو مانایە نییە کە ئێمە مەیدان بدەین بە هێزەکانی وەک فالانژیە شاهانەییەکان کە ئەرکی خۆیان سەپاندن و ڕفاندنی خۆپیشاندانەکانە. یان ئەو جۆرە هێزانە دەبێت لەلایەن پاسەوانی خۆپیشاندان و پشتبەستن بە یاساکانی هەر وڵاتێک مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت. بەڵام هەر حزب و هێزێکی سیاسی کە نەزم و ئامانجەکەی بە خۆپیشاندان ڕابگەیەندرێت، بۆ نموونە لە بارودۆخی ئێستادا، بۆ پشتیوانی لە شۆڕشی خەڵک لە ئێران و گەیاندنی هاواری خەڵکی ئێران بە گوێی جیهان، بەبێ گوێدانە ئەوەی کە سیاسەتەکانی چەندە باش لەلایەن بانگهێشتکارانەوە قبوڵکراون، یان نا مافی ئەوەی هەیە بە ناسنامەی حزبەکەی خۆی بەشداری خۆپیشاندان و گردبوونەوەکان بکات.
پابەندبوون بەم پێوەرانە لە دەرەوەی وڵات بە تایبەتی گرنگە بەو مانایەی کە سبەی لەگەڵ گۆڕانی هاوسەنگی هێز لە ناوخۆی وڵاتدا ڕووبەڕووی هەمان بارودۆخ دەبینەوە. ئێستاش بەو پێیەی دەرەوەی وڵات و ناوخۆی وڵات لە ڕێگەی تەلەفزیۆنی مانگی دەستکرد و سۆشیال میدیاوە بەیەکەوە گرێدراون، ڕەچاوکردنی پێوەرە مۆدێرن و دێموکراتیکەکان لە بەڕێوەچوونی هەڵمەتەکاندا کاریگەریی ئەرێنی ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر بەدەستهێنانی متمانەی خەڵکی ئێران بە حیزب و هێزە سیاسییەکان.
سەرابى “یەکێتی” لە دەوری ڕابردوو!
هێزە ڕاستڕەوەکانی ئۆپۆزسیۆن بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئاڵای سێڕەنگ نوێنەرایەتی هەموو ئێرانییەکان دەکات. بەڵام وابەستەبوونیان بە ئاڵا بە هۆی یەکڕیزییەوە نییە، بەڵکو بەهۆی خەونی گەڕانەوەیانە بۆ ڕابردوو. ئەو ئاڵایەی کە لۆگۆی شێرۆ خورشیدی لەسەرە، کە لە بنەڕەتدا لەلایەن هێزە شاهانەییەکانەوە ئامادەکراوە و بە شێوەیەکی بەرفراوان لە نێوان ئێرانییەکاندا دابەشکراوە، نە هێمای ئێرانە و نە یەکگرتوویی گەلی ئێرانە، بە پێچەوانەی ئەو پڕوپاگەندەیانەی لەسەری دەکرێت. بەڵکو نیشانەی ڕژیمی ڕوخاوە. ئەم ئاڵایە لۆگۆی سیاسی ئەو هێزانەیە کە دەیانەوێت سیستەمی ڕابردوو زیندوو بکەنەوە و بەم مانایەش بە مانای وردی وشەکە دواکەوتوانە یان کۆنەپەرستانەیە. بەڵام مەرج نییە ئەوەی ئاڵای دەست بکەوێت، لایەنگری دەسەڵاتی پاشایەتی بێت و نایەوێت بگەڕێتەوە بۆ ڕابردوو. زۆربەی خەڵک ئاڵای سێڕەنگ بە هێمای ئێران دەزانن نەک حکومەتی ئێستا یان ڕابردووی ئێران. بە هەڵکردنی ئاڵا، دەیانەوێت بڵێن ئێمە ئێرانین و هەر لەبەر ئەم هۆکارەش، هەموو جۆرە ئاڵایەکی سێ ڕەنگیان دەست دەکەوێت، بە دروشمی ژن ،ژیان، ئازادی، بەبێ هیچ نیشانە و لۆگۆیەک یان تەنها بە خۆرێک لە… ناوەڕاست.
پاشایەتیخوازەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئاڵاکەیان هێمای یەکگرتوویی خەڵکە، بەڵام واقیعەکە تەواو پێچەوانەیە. ئاڵای شێر و خۆر، چ بە هۆی نوێنەرایەتیکردنی ئەو سیستمە شاهانەییەی کە کۆمەڵگای ئێرانی بۆ یەکجارەکی و بۆ هەمیشە لەگەڵیدا نیشتەجێ بووە، چ وەک هێمای گەورەیی ناسیونالیزمی فارسی، هۆکارێکە بۆ دابەشبوون لە نێوان خەڵکدا و نیشانە نییە لە یەکگرتوویی و یەکدەنگی. ئاڵای سێ ڕەنگەکە، بەتایبەتی بە لۆگۆی شێر و خۆر، ئاڵای میللی – نیشتیمانی – نەتەوەیی ، کورد، تورک، بەلووچ و هتد دەهێنێتە مەیدانەکە و دیسانەوە، کۆمەڵگەی مۆزایکی “فرەگەل ” ی ئێران، ئەمجارەیان لە شێوەی شەڕی ئاڵای ڕەنگاوڕەنگ، دژی مەدەنیەت و کۆمەڵگەی مەدەنیدا دەوستێتەوە.
بەڵام بەدەر لەم مانای نەتەوەیی – نیشتمانیە ئاڵا، ناتوانین بەڵێن بە خەڵکی ئێران، بەتایبەتی گەنجان و هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو کە لە پێشەنگی شۆڕشدان، بەڵێنی ڕابردوویان وەک داهاتووبدەیتێ! ئەمە چیتر باسی یەکگرتن و دابەشبوون نییە، بەڵکو باسی ڕاکێشانی کۆمەڵگایە بۆ قۆناغی پێش کۆماری ئیسلامی. کۆماری ئیسلامی پێشەنگی لە هەمووان دزیوە لە کوشتن و تاوانەکان کە شاهانەییەکان لەسەر پەشیمانی بۆ ڕابردوو حسابیان بۆ کردووە. بەڵام ئەم حساباتە خەلیل ئومێدێکیخۆڕایی و بێ بنەمایە. دڕندەیی و دواکەوتوویی کۆماری ئیسلامی شۆڕشێکی مۆدێرن و ئینسانیانەی لەدژی خۆی و پێشکەوتنێک کە خەریکە چەقۆ لە ئاسمان دەدات، کۆکردۆتەوە. شۆڕشێک کە نەک هەر ڕەزامەندی بە ڕابردوو نادات، بەڵکو دەیەوێت بگاتە دوا سنوورەکانی شارستانییەت و مرۆڤایەتی و دەستکەوتە زانستی و کولتووری و کۆمەڵایەتییەکان و ناسیۆنالیزم و پۆستمۆدێرنیزم و هەموو پیرۆزی و تابووە نەتەوەیی-ئاینییەکان فڕێبدات و جیهان بەرەو پێشەوە ببات لەگەڵیدا. خۆشەویستی بۆ ئاڵا لە عەقڵیەتی ساڵانی هەشتاکان و شۆڕشی ژن ژیان ئازادی ئەواندا جێگایەکی نییە.
ئەوەندەی پەیوەندی بە ئاڵای وڵاتانەوە هەیە، نەک لۆگۆ و سیمبولی سیاسی حزبەکان، ئاڵای هەر وڵاتێک لە حکومەتەکەی جیا نییە. هەروەها ئاڵای ئێران ئاڵای کۆماری ئیسلامییە کە لە سەردەمی شۆڕشی ئێستادا لەلایەن خەڵکەوە لە شەقامەکانی ئێراندا ئاگری تێبەردراوە. ئەگەر ناڕەزایەتییەکانی دەرەوەی وڵات دەیانەوێت هاوئاهەنگ بن لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران، پێویستە ئاڵای سێڕەنگی کۆماری ئیسلامی بسوتێنن.
هەر هێزێک مافی ئەوەی هەیە بە هەر ئاڵایەکەوە بێتە سەر شەقام، بەڵام بە بۆچوونی ئێمە ئاڵا هیچ بایەخێکی مێژوویی و نەتەوەیی- نیشتمانپەروەری و ناسیۆنالیستی نییە، بەڵکو تەنیا نیشانەی جوگرافیایەکی دیاریکراوە کە نوێنەرایەتی وڵاتێکی دیاریکراو دەکات لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان یان لە پێشبڕکێ و پێشانگە وەرزشییەکاندا. ئەگەر کەسێک بەڕاستی بیر لە یەکخستنی خەڵک دەکاتەوە، پێویستە هەر پەیوەندییەک لەگەڵ ئەو ئاڵا سێڕەنگەی کە لە ڕابردوودا لە هەر وەشانێکدا هەیبوو، وەلا بنێت و ئاڵای داهاتوو، ئاڵای شۆڕش، ئاڵای ژن ژیان ئازادی هەڵبکات.
ئەنجام
شۆڕش بزووتنەوەیەکی گشتگیر و نەرێنییە. یەکگرتوویی جەماوەری خەڵک و پتەوکردن و فراوانکردنی ڕیزەکانی شۆڕش نەبە هاوپەیمانی حیزب و هێزەکان و نە بە ئاڵا و هێمای نەتەوەیی ـ نیشتمانی دیکە بەدی نایەت. دوورکەوتنەوە لە حیزبایەتیش ڕەوتێکی دواکەوتوویی و دەرئەنجامی دیکتاتۆریەتە و بنەمای یەکڕیزیی خەڵک نییە.
هاوپشتی و یەکگرتوویی و یەکێتی ڕیزەکانی شۆڕش پەیوەستە بە بەرزکردنەوەی ڕادیکاڵترین و مرۆڤدۆستانەترین و هەمەلایەنەترین ڕەخنە لە تەواوی ئەوسیستەمەی کە هەیە . بە تایبەتیش ئەرکی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانە کە هەموو هێزی خۆیان لە هەلومەرجی شۆڕشگێڕانەی وەک هەلومەرجی ئەمڕۆی ئێراندا چڕ بکەنەوە بۆ چەسپاندنی هاوپشتی و یەکگرتنی ڕیزەکانی شۆڕش لە دەوری ڕەخنەی سۆسیالیستی لە هەموو نایەکسانی و هەڵاواردن و نادادپەروەرییەکان. ئەمە تاکە ڕێگایە بۆ پێشکەوتن و سەرکەوتنی شۆڕشی ئێستا.
٢٠ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢




دوێنێ و تەماشاکانی ئەمڕۆم.. شیعری: عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

جاران ڕۆژەکانم جێدەهێشت و
بەشوێن گوڵە بەیبوونەکانی خۆشەویستیدا
سێبەر سێبەر هەوری خەمم دەڕەواندەوە و
دەچووم لەسەر بەرزاییەکانی ئومێددا
تەماشای ئاسمانی پڕ لە ئەستێرە پشت نووشتاوەکانی تەمەنی خۆمم دەکرد.
جارام خۆمم لێدەبوو بە سەعلوکێکی دەرەوەی مێژوو
یاخی یاخی لە شەوە هەرە تووش و تاریکەکاندا
گۆرانیم بۆ هەتاو دەوت.
لەسەر شووشەی برسێتیدا وێنەی نانم دەکێشا
لەپاڵ دیوارەکانی چاوەڕوانی
بەسەرهاتی تەنیایی خۆمم بۆ عاشقە دڵشکاوەکان دەگیرایەوە
بووم بە بابەتی ڕۆماننووس و سیناریستە سەوداکەرەکان
بووم بە ئاوێنەیەک لە پەشیمانی
بە پەنجەرەیەک لە فڕین
بە هەفتەیەکی پڕ لە سەفەر و لە پشوو
ئێستا دوای ناسینی تۆ و
هەناسە پڕ حەسرەتەکانی شیعر
خەمی هەڵگێرانەوەی ژیان،
بووە بە پۆرترێتی شاعیرێکی خولیاگەر
کەوێنەکانی ئەم ژیانەی لێ تەڵخ کردووم
ئێستا دەبێت لەژێر چەتری ئەو خۆشەویستییە گەورەیەی پێی دەڵێن بوون
ڕەش بکەمەوە سپی و
خەم بە ئومێد و جوانی
جەنگەڵ بە خۆشنوودی و
خۆشمان ببینەوە بە ئینسان.
ئێستا دەبێت هەموو ڕۆژێ بڕۆمەوە دوێنێ و
سەریش لە ئایندە بدەم
تا دڵنیا بم گەڵای زەردی بێهیوایی و فەرامۆشی
لەگەڵ پایزە خەونێکدا هەڵوەریوون.
ئەمڕۆم نە لەدوێنێ دەچێ و
نە ئایندەشم وەک ئەمڕۆ بەتاریکی داپۆشراوە

٢٠٢١




کینیا لە پەنجەرەکەی پێشەوا کاکەییەوە.. هۆشەنگ قادر

گەڕانەوەم بۆ ئەفریقا
کینیا لە پەنجەرەکەی پێشەوا کاکەییەوە

هۆشەنگ قادر

سەرەتا:
ئەم کۆمەڵە کتێبە (گەڕانەوەم بۆ‌ ئەفریقا)، تایبەتە بە گەلانی کینیا، [ڕۆمانەشیعر]ە، کە بە جیا، [دەقی‌واڵا، بەیتی نوێ، چامە-شیعر، شیعر]ە کە خۆی لە یانزە بەرگ دەبینێتەوە لەناو بۆکسێکدا، دنیابینی پێشەوایە، سەفەرێکی خەیاڵییە بەرەو ئەفریقا و کینیا. هاوشێوەی سەفەرە خەیاڵییەکەی کۆمیدیای ئیلاهیی دانتی ئەلیگێرییە.
ڕوانینێکی گەلدۆزییە، ناسین و کەلتوور و داب و نەریەت و ئەدەبیاتی نەتەوە و کۆمەڵگاکانی ئەفریقایە. گوتەیەک هەیە دەڵێت: هاوڕێکانی سپینۆزا کەمێک لە دێڕەکانی، فەلسەفەکەی سپینۆزایان دەبینی، بەڵام هەرگیز سەرتاپای سیستەمی عەقڵە پەتییە قووڵەکەی سپینۆزایان نەدەبینی. هیوادارم ئێمەی هاوڕێیانی پێشەوا بە دەردی هاوڕێیانی سپینۆزا نەچین، بەڵکوو لانی کەم بەشێکی بەرچاوی شیعرەکانی پێشەوا ببینین.
هەروا ڕووکەش سادە لە وشە و ڕستە و دەقەکان نەڕوانین تا پێمان بکرێت قووڵ ببینەوە. کە دەڵێین ئەفریقا ڕاستەوخۆ نیگا و سەرنجمان دەچێتە سەر کیشوەر و خاک و مرۆڤ و پنتی ڕەش. ڕەش بە مەیلێکی قاوەیی وەک پێکهاتەیەکی سەرەکی لەپاڵ ڕەنگەکانی تردا. ئەفریقا لە مەنزومەی سەرمایەوە، واتا هێزی کار و هێزی بزوێنەر و بونیادنانی شارستانیەتییەکان. ئەفریقییەکان لە هەر شوێنێک هەبن، ئیشپێکەر و بناغە و درووستکەرن، هەر لە کووچەکی هەڕەمەکانەوە بگرە تاکوو بابل و سۆمەر و هیت و تەنانەت بۆ شارستانیەتی ڕۆژاوا و بەرهەمی شۆڕشی کشتوکاڵی نوێش، بەشێکی بۆ بازوو‌ و دەستی هێزی کاری ئەفریقییەکانە.
لەکاتی پێویست، کۆمپانیاکانی ڕۆژاوا بۆ دۆزینەوەی کرێکار دەچوونە سەر مانگ، بەڵام بۆ ئەوان ئەفریقا لە مانگ نزیکتر بوو. واتای هێزی دەستی مروڤی ئەفریقی دۆزینەوەی گەورەترین کانگای سەروەت و سامان زێدەتر گرینگتر لە هەر بەرهەمێکی سرووشتی تر. ئەفریقییەکان وا هەژمار کراون کە خەڵکانی بە ئەزموون و لێهاتووی هەمەچەشنن. نووکتەیەکی کۆمیدی هەیە دەڵێت: ئەورووپییە سورفلە پێستەکان چەند پێست ناسکن کە بەرگەی هیچ ناگرن تەنانەت لە کردەی سێکسیشدا جێگەی ڕەزامەندی ژنەکان نین. بە پێچەوانەوە، ئەفریقییە ڕەشکەڵە و زبرەکان بەرگەی هەموو نەخۆشییەک و دۆخێک دەگرن.

جا لێرەدا کە پێشەوا کاکەیی ئەفریقای هەڵبژاردووە، بژاردەیەکی درووستی کردووە، ئەدەب و کولتوور و جواناسییەکەی دەسنیشان کردووە. دێت جوانییەکانی مرۆڤی ئەفریقی بەیان دەکات، ئەگەر لە ڕوانگەی سەرمایەوە ئەفریقی هێزی بزوێنەر و بەرهەمهێن بن، ئەوا لە ڕوانگەی پێشەواوە ئەفریقا کانگای شیعر و ئیستاتیکا و جوانییە.

لەنێو ماساییەکاندا: بەشی یەکەم؛

سەرەتا شاعیر دەڵێت: (بوونتان لەپێش هەموو شتێکەوە )یە؛ کە مەبەستی بوونی ماساییەکانی کینیایە. خوێندنەوە بە زمانی کوردی، نەوەک فارس مێژوو بخوێنێتەوە، فارس کە زمانی کوردی بە لقێکی هیی خۆی دەزانێت؛ یاخود پێشەوا وەک ئایدیۆلۆژیستە تورکەکان نییە هەموو شتێک بۆ سەر ئەسڵ و فەسڵی خۆی گرێ بداتەوە و ئەوانی تر بە نەتەوەی پلە دوو یان نەتەوەی ناڕەسەن دابنێت؛ یاخود کاکەیی وەک موفەکیری ئیسلامی نییە هەموو شتێک بۆ خۆی قۆرخ بکات، زەمەن زەوی بە ڕەوای خۆی بزانێت؛ بەڵام ئەوەتا زمانی کوردی وەک ئەوەی شاعیر دەڵێت: (پڕیشکی وشەم بەر دەیان شوێن کەوتووە ).
پێشەوا، بە جیهانبینییە کوردیەکەیەوە، بە زمانی مائایی کە زمانی یەکەمی ئاخێوەرانی ماساییەکانە، دێت ڕەسەنایەتی بوونی کینییەکان، شوناس، ئایین و زمان وەک خۆی وەک ئەوەی هەیە تیا بخوێنێتەوە، بیانناسێنێت، پێناسەیان بکات.
شاعیر دەڵێت: (بەم وشکەساڵییە ڕاهاتوون، پزیشکانی دنیا پشتیان کردۆتە ئێرە، کەچی هەمووشیان چاویان بڕیوەتەوە گیای ئێرە .)

واتە چاویان بڕیوەتە کینیا. واتە ئەفریقا کانگای سرووشتی گژوگیا و تاکە سەرچاوەی پەیداکردنی دەرمانە؛ بەڵام لە هەر حاڵەتێکی نەخوازراو، پزیشکی جیهانی پشت لە ئەفریقا دەکات. واتە وەک ئەوەی بەروبوومی درەخت و گوڵ و گژوگیای سرووشتی سەرچاوەی دابینکردنی دەرمانی بەشێکی جیهانە، کەچی لە دۆخی ناهەموار پزیشکانی جیهانی پشت لە ئەفریقا دەکەن. ئەوەیە بەختڕەشی کیشوەری ڕەش. شاعیر دەڵێت:
(لە ئاسک و مامز بڕوانن، بزانن چۆن گیانیان دەلەرزێ!
دڵشاد نین، با سەری شێریش خوێنی لێ بچۆڕێ .)

بەڵێ ئەمەیان بنچینە و بنەمای یاسای دارستانە. ئەگەر بە دەست ئاسک بێت ئەوا کاغەزەکە بە بەتاڵی ئیمزا دەکات، کە ڕاوکردن قەدەغە بکرێت. ئەگەر بە دەستی مرۆڤی ئەفریقی بێت، ئەم کیشوەرە لە ڕەشەوە سەرتاپای ڕەنگەکەی بۆ سەوز دەگۆڕێت. کێ هەیە نەخوازێت هەرێم و وڵاتی خۆی نەکات بە بەهەشت، تاکوو ببێتە جێگەی ڕەزامەندی ئەوانی تر. ئەگەر بە دەستی ئەفریقییەکان بێت ئەوا گوڵی هەموو کیشوەرەکە دەخەنە ئینجانەکەی کینیاوە، پێشکەشی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەکەن لە پێناو تەندروستی باشتر بۆ مرۆڤایەتی و ئاییندەی گەشتر. ئەگەر بە دەستی ئەفریقییەکان بێت ئەوا بە‌ ڕەگی درەختە درێژەکانی کە ڕۆ چووەتە ناو قووڵاییی زەوی، ناو لم و بیابان، ئەوا ئەو ڕەگانە سوودیان لێ وەربگیرێت، لانی کەم بۆ بنبڕکردنی نەخۆشی شێرپەنجەی مەمک، ئەفریقا ئەو دایکەی شیر بە مرۆڤایەتی دەدات.
ئەگەر لە سەدەی نۆزدە و بیست دەوڵەتە کۆڵۆنییەکان ئیمپریالیزمی جیهانی ئەفریقایان پشتگوێ خستبێت کە کەمتر ئاوە گەرمەکانی لێ بێت، ئەوا پزیشکە ڕۆژاواییەکان ئەفریقایان داگیر کردووە، واتا ئەگەر کەمترین خاکی ئەفریقی کەوتبێتە ژێر پۆستاڵی داگیرکاریی، ئەوا گشت بیابانی پان و فراوان کەوتوونەتە ژێر ڕەحمەتی زەڕەبینی نێو تاقیگە پشکنینەکانی دکتۆرە ڕۆژاواییەکانەوە.
کەواتە ئەفریقا بێبەش نەبووە لە داگیرکاریی سەرتاسەری. ئەفریقا کێڵگەی مرۆڤایەتی، ئەو بیابانە سەختە فروانەی کە مرۆڤ پێویستی بە ئارامی و پشوودرێژی هەیە، هەر کەسێک بەشێکی بیابانی گەرمی بڕیبێت ئەوا بێشک خاوەن ئەزموونێکی قووڵە.

بەشی دووەم: گیکویوو و تیرەی کچانی مۆمبی:
شاعیر پێشکەشی کردووە بە (خانی) و نگووگی وا سیۆنگۆ.
ئادەم و حەوا وەک ڕەگەز و پنت و بنەڕەتی مرۆڤایەتییە. ئەوا لە کینیا ڕەگەزی کینییەکان ڕەگەزیان دەگەڕێننەوە بۆ سەر گیکویوو و مۆمبی. کاتێک چوونەتە کێوی کینیا، کە گیکویوو بە مانای (درەختی هەنجیر) و مۆمبی بە مانای (درووستکەر) دێت؛ ئەم دووانە واتا گیکویوو و مۆمبی، خاوەنی دە کچ بوونە و کوڕیان نەبووە. هەموویان شوویان کردووە یەکێکیان هەر بە قەیرەیی ماوتەوە و شووی نەکردووە. کچەکان هێمان بۆ ئاشتی و وە هەریەک لەو کچانە دوای ئەوەی شوو‌ دەکەن، ئەوا دەبنە خاوەن تیرەیەک. مێژووی ئەفریقییەکان، مێژووی تیرە و خێڵەکانە کە ئەفریقایان گەیاندۆتە ئێرە‌، بڕینی زەمەنێکی زۆر زەمەنی مێژووی مرۆڤایەتی.

چەمکی گەڕانەوە لە ڕووی فەلسەفییەوە:
کارل کاوتسکی، لە کتێبی بناغەکانی مەسیحیەت باسی چەمکی گەڕانەوە دەکات، کە سەرجەمی مێژوو لە بازنەیەک دەچێت کە هەمیشە دەگەڕێتەوە ناوخۆی، دووبارەبوونەوەیەکی ئەبەدی هەمان خەبات کە تیایدا تەنها عادەتەکان دەگۆڕێن بەبێ ئەوەی مرۆڤایەتی هیچ هەنگاوێک بەرەو پێشەوە بنێت. نیچە ئەم ئایدیای گەڕانەوە بۆ سەردەمی سوکرات و یۆنانی کۆن دەگەڕێنێتەوە. ئایدیای گەڕانەوە هەمیشە خولانەوەی بازنەی مێژووە. نیچە بە گەڕانەوە بۆ هیراکلیتۆس ڕەمزە ئاینییە یۆنانییەکان دەیەوێت ئەفسانەیەکی نوێی ئایینی درووست بکات کە مەسیحیەت تێپبەڕێنێت. چەمکی گەڕانەوە بۆ ڕەگ و ڕیشەی ئایدیا فەلسەفییەکان بنەمای تێگەییشتن و پێشکەوتنی خودی فەلسەفەیە.
گەڕانەوە بۆ فەلسەفەی کۆن، کلیلی کردنەوەی دەرگا سەرەتاکانی فەلسەفەن، بەوەدا چەمکی گەڕانەوە زادەی هونەری فەلسەفەیە . چەمکی گەڕانەوە لە ڕووی دینیشەوە گەڕانەوەیە بۆ سەرەتای ئیسلام بۆ سەردەمی کۆن، سەردەمی زێڕینی ئیسلام و هتد… لە بەرانبەر چەمکی گەڕانەوە، چەمکی پێشکەوتنیش هەیە، چەند لە مێژووی فەلسەفەدا بگەڕێینەوە، هێندە دەرگای پێشکەوتن بەرەو ڕوو دەکرێتەوە. پێش ئەوەی بێمە بەشی سێیەم، حەز دەکەم دێڕە شیعرێکی پێشەوا کاکەیی بخەمە پیش چاوتان کە لە شیعری (لە ئاوەوە هاتم بە خاکدا تێپەڕیم)ـدا شاعیر دەڵێت؛
(گوتم: ئەی کیژۆڵەی داماو!
لە چیای قەندیلڕا هاتووم
تا لە ژیانی ئۆجەلان بکۆڵمەوە،
لە باڵوێزخانە، خەریک بوو منیش دەستبەسەر بکەن،
لەبری قەرز، بە تورکیام بسپێرنەوە .)

ئەو دێڕە شیعرە هەموو هەژموونی دەسەڵاتی کینیا دەخاتە ژێر پرسیار و گومانەوە، کە هێشتا کینیای سیاسی، یارمەتی فاشیەتی تورک دەدات. بەمەش دۆسیەی سیاسی کینیا لە ناشیرنێک زیاتر‌ چیتر نییە. بۆیە پێشەوا کاکەیی لەسەر ئەو دێڕە شیعرە، هەقی خەڵاتکردنی هەیە.

بەشی سێیەم: ئێمبوو و ئێمبێرێیەکان، وەک درەختێکی لێکئاڵاو:
ئەم بەشە پێشکەش کراوە بە حاجی قادری کۆیی و تۆنی موچاما
بەشی چوارەم: وەک مێروویەک باڵم گرت بۆ لای مێرووەکان:
ئەم بەشە پێشکەش کراوە بە سالم و مووانا کووپۆنا

بەشی پێنجەم: بە حەیرانی ساراکا و چووکایی بم:
لەم بەشە، کاکەیی چیرۆکەکە بە شێوەی بەیت و حەیران و بالوورە دەگێڕێتەوە. بە لەهجەی پشدەر بیتوێن نووسراوە تێکەڵ بە ناوچەی هەولێر کراوە، هەڵبەت ئەمەش جوانی جیهانبینی شاعیرە کە لەسەر یەک شێوەزار نانووسێت، هەڵبەت ئەوەش مەرجە بۆ دەوڵەمەندبوون و تێڕامانی کاکەیی لەمەڕ زمان و شێوە‌زارەکانی. زۆر کەم هەڵدەکەوێت هەورامییەک خۆی لە قەرەی لەهجەی هەولێر یان پشدەر و حەوزی بیتوێن و دۆڵی مەلەکان بدات، بەڵام بۆ پێشەوا کاکەیی ئەمانە گرفتێک‌ نیین.
چەقی چیرۆکەکە ئەمەیە (دۆریس نسیگا و ئانسۆنی باراسا نیۆنگێسا)، هەردووک عاشقی یەکدی بوون و لێک دابڕان و یەکدییان نەدۆزیيەوە. دۆریس نسیگا، کچێک بوو، چاوقاوەیی، ساراکایی بوو، ئانسۆنی باراسا نیۆنگێسا، کوڕێکی چووکایی و دڵشکاوی کولتووری ساراکایی بوو، دایبابانی دۆریس پێیان خۆش نەبوو کچەکە لە خێڵی خۆیان دوور کەوێتەوە.
ئانسۆنێ، لە ڕێ شیعرێکی لەسەر پێنج گەڵای دار نووسیبوو، کە خۆزگەی بە مۆریس خواستبوو:
بەشێک لە شیعرەکە وەردەگرین و دەڵێت؛
(گەر مەمکت دوو بزوێنی خڕ نەبن بۆ حاڵی بەیت!
ئامان لە پەنجەکانم!
دە بزوێنی درێژن و مەقامن بۆ هەر پێنج بەیت .)

دۆخێکی ئیرۆتیکی هەستبزوێنە، کە هەم مەمک بزوێنە و هەمیش پەنجە دەستبزوێنە، کە کردە فسیۆلۆژییەکە و عیشقەکە دەبنە تەواوکەری یەکتری. هەروەها شاعیر دەڵێت:
(نە ژیان لە زماندا تێر دەبێ و
نە مردنیش شوناسی خۆی بیر دێتەوە .)

لێرەدا زمان وەک بوونێکی ئۆنتۆلۆژی، بنەڕەتی ژیان، ئەوەی هایدگەر دەیڵێت زمان ماڵی بوونە، واتا دازاین، بوون لێرەولەوێ بەردەوامیدانە بە ژیان تا زمان چالاکتر بێت لە ژیان بە جووڵەتر و گەشاوەتر دەبێت. بە جووڵەتر و گەشاوەتر دەبێت، زمان ڕەوایەتیدانە بە ژیان. تا زمان بمێنێت، شیعر هەر دەمێنێت، بەڵام دوا جار مەرگ وەک دواهەمین ئیمکان دێت.

بەشی شەشەم: غەڕغەڕەم بە وشەی یاکووەکان کرد:
شاعیر لەم بەشەیدا دەڵێت: (نەهاتووم فریوتان بدەم و پیشەتان پێ بگۆڕم، گۆڕینی جیهان ئیشی من نییە. هاتووم جیهانی خۆم نیشان بدەم کە هەڵواسینی وشە لە شیعرمدا پیشەی من نییە .) بەڵێ ئیشی شاعیر جوانترکردنی وێنەی دنیایە، ئەفڵاتوون شاعیرەکان لە ئەکادیمیەکەی خۆی دەردەکات، فەلسەفە و مەعریفە لەپێش شیعر دادەنێت. لەمەیاندا مارکس دژی ئەفڵاتوونە، مارکس دەڵێت گەر بەهرەی شیعریم هەبوایە، ئەوا دەبووم بە شاعیر. بەڵێ هەموو وشەیەک قابیل نییە لە شیعردا تەوزیف بکرێت، بەڵام دوا جار ئەوە وشەیە نیگای جوانی دەبەخشێتە شیعر.

بەشی حەوتەم: ئیلچامووس و خەونی ڕاوەماسی:
ئەم بەشەیان پێشکەش کراوە بە گۆرانی شاعیر و مارگارێت ئۆگالا.

بەشی هەشتەم: ڕۆشانیی و تاریکاییی تووگێن و پۆکۆتەکان:
ئەم بەشە پێشکەش کراوە بە دایە تەروێزی هەورامی و نینگا.
شاعیر لە شیعری (ئەو کچە ڕەشتاڵەی بە نەریەتی خۆیانی ناساندم)ـدا دەڵێت: (شەو بێدەنگ و هەوا پاک، ئاسمان پڕ ڕێ و خەیاڵم تاکەڕێ، چونکوو چۆلەکەی نێو دڵم کە دەفڕێ، زمانێک شک دەبا پێی بجریوێنێ، ئەویش ئەوینە و بێدارە، هاتووە بۆ لای تۆ بفڕێ .) یاخود شاعیر دەڵێت:

(زەوی
خۆی کیمیایە و هەموو شتێ شی دەکاتەوە،
خۆی فیزیایە و هەموو وزەیەک وە گەڕ دەخات،
خۆی ڕۆحدۆستە،
لە سکیدا، کرم دەیجوێ و خۆ نابزوێنێ،
لە چاویدا،
هه‌رچى ماسییە مەلە دەکات و پێڵووی لێک نانێ،
بەسەر پشتیدا، هه‌رچى گیاندارە، ختووکەی دەدەن و
ئاوڕ ناداتەوە، نێوچاوانی گرژ بێ .)

بەڵێ زەوی دایکە، ئاسمان باوکە، زەوی کۆمپانیای بەرهەمهێنەری خۆراکە، زەوی خانوویەکی جوانە پڕ لە کۆشک و تەلار و‌ ڕازاوەیە، شاخی بەرز و ناوازەیە، زەوی تاقیگەیە. زەوی عەترێکە هەموو کۆمەڵەی خۆر بۆندار دەکات.

بەشی نۆیەم: ناندی و تێریک و کیپسیگیس، وەک سیانەیەک لە چاوی مندا:
ئەم بەشەیان پێشکەش کراوە بە مەولەویی کورد و مووگۆ گاسێرۆ.
شاعیر دەڵێت:
(کچۆڵەیەکی ڕەشتاڵه‌
سینگی میوەگرتوو،
قوباد با دەیگوت وای لە کوزت!
کووزێکم بدەیە لە نارنج یان پڕتەقاڵت.
منیش سەرقاڵ بووم بە کات و زمانه‌وه‌،
ده‌ترسام لە واوێکدا هەڵملووشێ و
لە دووەم واودا فڕێم بداته‌وه ‌!)

لێرە ڕەگەزدۆزی شیعرییە، کوز وەک میتافۆر هەم وەک ئەندامی مێینەی ژن و هەمیش وەک هاوتای قاشە میوە. بە دیوێکی تر، ناوهێنێنانی قوبادی جەلیزادە و گوزارشتی کوز و ئیرۆتیک دەچێتە خانەی ڕەخنەوە، باشتر و لایەقتر و گونجاوتر دەبوو، بێ مەبەست، بەبێ ناوهێنانی هیچ شاعیرێک. بەڵێ شیعری قوباد زیاتر لەسەر ژن و سرووشتە، بەڵام دوور لە جیهانی بۆکۆفسکی. ئیتر ئەم دێڕە شیعرە کە دەڵێت: (قوباد با دەیگووت وای لە کوزت!) نەگونجاوە بۆ کەسایەتی شاعیر قوبادی جەلیزادە.

بەشی دەیەم: شەش کێڵگەی کالێنجین:
پێشکەش کراوە بە جەلالەخانمی لوڕستانی و جاوید ئانگێرا.
ئەم بەشە تایبەتە بە ژانی ئەفریقییەکان. جیهان لەسەر هێزو و بازووی ئێوە پێش دەکەوێت، کەچی هەر ئەفریقییەکان باجەکەی دەدەن.

بەشی یازدەم: لە هەر گەلێکدا شیعرم کاژی خۆی فڕێ دەدا:
شاعیر لە شیعری (ئاوازێک لەناو ئاوەزی شیعرمدا)دا دەڵێت
(…
بەڵام بۆ دڵتەنگی خۆی ئاواز دەژەنێ و
نایەوێ منداڵێک بێنێتە دنیا
کە نەتوانێ بە زمانی خۆی بخوێنێ و
هەر چەک هەڵگرێ و
چەک هەڵگرێ و
چەک هەڵگرێ…
دواییش پێی بگوترێ منداڵی شاخی و
نەتوانێ لەنێو شاردا
شیعرێک بۆ هاوڕێ تورکزمانەکەی بنووسێ و
بڵێ برا ئەز دەخوازم دەستمان لەنێو دەستی یەکتردا بێ !)

شیعر زادەی ئیلهام و خەیاڵە، دەشێت لە هەر ئان و ساتێکدا، لە هەر کات و شوێنێک بێت، شیعر بێتە بوون. دەشێت بە ڕێکەوت تۆ‌ لەو کاتەدا دەرگەی سەلاجەکەت بکەیتەوە بە دەم خواردنی وشەترێیەک یان بە دەم گەڕان بەنێو ماڵدا شیعر بێتە بوون.
ڕۆژاوا، ئەفریقا داگیر دەکات، کەچی هێشتا چووکی دەستکردی ئەفریقی ڕەش لە لایەن ژنانی سپیپێستی ئەفریقی دڵخوازە. ژنی سپیپێست حەز و ئارەزوی ئەفریقی قووڵەڕەش دەکات و بە پێچەوانەوە پیاوی سپیپێست ئارەزووی ژنی ڕەشپێست دەکات. لە هەردوو باردا، ئەفریقییەکان هەم دەچەوسێنرێنەوە و هەمیش دڵخوازیشن. هیوای بەردەوامی و سەرکەوتن بۆ کاک پێشەوا کاکەیی دەخوازم، ئومێد دەکەم سەفەرە خەیاڵیەکەی پێشەوا وڵاتانی تریش بگرێتەوە، دوا جار ببێتە سەفەرێکی واقیعی!




بیرەوەریيەکانی فەقێیەکی گومڕا(36).. شەماڵ بارەوانی

بەشی سی و شەش

خودا شاهیدە، کاکە مەلا ئەتوو موخالیفی..

ژیانی فەقێیاتیم، دنیایەک یادگاری زۆر خۆش و شیرینی تێدایە و هەرگیز، بیرم ناچنەوە.

با ئەوەش بڵێم، من بەو بیرکردنەوە لیبڕالانە و ئاڕاستە سیکۆلاریستانەیەی ئێستام ،ناتوانم هەمان شێوەی ئەوسا، بۆ دوو ڕۆژیش لە حوجرە و ژیانی فەقێیاتی و لە بەردەستی مەلایەک و پیاوەکی ئایینی دا بخوێنم و بمێنمەوە.

ژیانی فەقێیاتی، بە تایبەتی لەو حوجرە و مزگەوتانەی ئێمەمانانی تیابووین و لەوێ دەمان خوێند، هیچ ئازادییەکی وامان نەبوو.

بە تایبەتی سەرەتای ژیانی فەقێیاتیم و ئەو یەک دووساڵەی سەرەتای چوونە حوجرەم.

هەموو شتێکمان بۆ دیاری کرابوو، بەوەی چی دەخوێنین و چی بخوێنینەوە و چی بکەین و کەی بڕۆینە دەرەوە و کەی بگەڕێینەوە حوجرە.

برۆینە کامە مزگەوت و گوێ بۆ وتاری کامە واعیز و وتاربێژ و مەلای ئیسلامی سیاسی ڕادێرین.

ئاگاشمان لە وتاری کامە مەلای حیزبی تری ئیسلامی سیاسی و واعیز و وتاربێژەکانیان بێت و نەکەوینە ژێر کاریگەریەکانی.

سەردانی بارەگای کامە حیزبی ئیسلامی بکەین و سەربە کامە خەت و کامە ئایدیۆلۆژیای هێزی ئیسلامی سیاسی بین و بە ملیم لێی لانەدەین.

چی عەقیدەیەکی سیاسی و چ مەزهەبێکی فیقهیمان هەبێت.

توخنی کامەی حزبی تری ئیسلامی سیاسی نەکەوین و خۆمان لە کامە بیر و باوەڕ و مەزهەب و مرۆڤی تری دەرەوەی ئەو حزب و مەزهەب و ئایدیۆلۆژیایەی خۆمان بە دوور بگرین.

ئەمینداری کامە حزبی ئایینیمان خۆش بوێت و وەک کەسایەتییەکی پیرۆز و نیمچە ئەفسانەیەک و کارێزمایەکی بێ وێنە و پاڵەوانێکی ئیسلامی و باوکێکی ڕۆحی و سۆپەرمان و ڕزگارکەری ئیسلام لێی بڕوانین و حیسابی نیلسۆن ماندێلا و گیڤارا و مەهاتما گاندیەکی ئیسلامی و مەحەمەد مەهدی و موعجیزەیەکی بۆ بکەین و وەک موجەددێک و تەقریبەن نێردراوێکی خواوەند بۆی بڕوانین.

حیساب بۆ سەرۆک حزب و ڕابەر و ئەمیری کامە بزاوتی فێندەمێنتالیست و حزبی تری ئیسلامگەرایش نەکەین…

بەو چەشنە کۆمەڵێک بوت و دۆگم و هێڵ و یاسا و ڕێسایان بۆ دانابووین، نەدەبوو بە موو لێیان لابدەین.

دوای چەندساڵێک و کاتێک هێدی هێدی و ئینجا بە تەواوی هۆشیاربوومەوە و لە غەیبووبەی فیکری وەئاگا هاتمەوە، کێشەی سەرەکی من و پرسیار و گومانەکانی من و ترسەکانی من، ئەوەبوو، لە ئامانج و ئیدەلۆژیا و دۆگم و عەقیدەی ئەو هێزە فێندەمێناڵیستە، بە تایبەتی ئەو لایەنەی کە منی تێدا ئەندام بووم، ئەو هێزەی لە قۆناغی هەرزەیی و ناکامڵی و سۆز و عاتیفەوە کەوتمە ژێرکاریگەری گوتار و ئایدیۆلۆژیاکەی. وەلێ ئێستا لە ڕێگای ویژدان و هێزی ئەقڵەوە، لێی کەوتوومەتە گومانەوە.

لەگەڵ خۆم دەکەوتمە مەنەولۆگەوە !

باشە هەر بەڕاستی ئێوە باوەڕتان بە ئازادی تاک و پلۆرالیەتی مەزهەبی و دینی و سیاسی و کۆمەڵایەتی و جیاوازی ڕاو مافەکانی ژن و مرۆڤ بوون و ئەویتر هەیە!؟

هەر بە ڕاستی ئێوە گەر خوانەخواستە، بەیانی بێنە سەر دەسەڵات(چاوەکانم کوێربێت و ئەو ڕۆژە ڕەشە نەبینم) ئازادی بە ژنێکی بێ لەچک و سفۆر، یان ژنەفێمێنیستێک و کەسێکی سیکۆلار و نا ئیسلامی دەرەوەی بازنەی حزبەکەی خۆتان دەدەن، کە بوونی هەبێت و بە ئازادی و وەک ئەوەی خۆی دەیەوێت بژیت و بانگەشە بۆ سیکۆلار و یەکسانی جێندەری بکات؟

خۆبینیمان ماوەیەک بەرلەئێستا و لە زانکۆی هەڵەبجە، چۆن بە فیت و دنەدانی ئەو هێزە فێندەمێنتاڵیستانە و کۆمەڵێک گەنجی فێندەمێنتالیست و بیرداعشی سەربە یەکێک لەو هێزه کۆنزرڤاتیڤانە ڕێگری لە کۆڕێکی یەکسانی جێندەری کرا !

ئەوە لە کاتێکدا کە هێشتا تەوالێتیکیان بەدەستەوە نییە، ئەی ئەگەر کاتێک هەموو وڵات بکەوێتە ژێر دەستیان؟

ئاخر ئەزیزم حزبێک، قبووڵی نەبێت کچێکی بێ لەچک و سفوور و کوڕێکی جگارەکێش و کەسێکی مەیخۆر و موسوڵمانێکی نوێژنەکەر و ناپابەند بە ئایین، مەسیحییەک و ئێزدییەک، زەردەشتی و کاکەییەک، جووێک و بێ ئایینەک، تێیدا ببێتە ئەندام و هەر لە ئێستاوە، کە هێشتا هیچی بەدەستەوە نییە داستانی دەروێش عەبدی لە پرۆگرامی خوێندن لاببات و ڕێگری لە کۆڕی یەکسانی جێندەری بکات و کۆنسێرتی هونەرمەندی میسری(ئەحمەد ڕەمەزان) بە پارێزگاری یەکێک له پارێزگاکانی کوردستان هەڵوەشێنێتەوە و هەرچی شتێک نەچێت بە میزاج و ئەقڵیەت و مەیلی داعشگەرایانەی لە سۆشیاڵ میدیا، هاشتاگی نەخێر و نای بۆ پێک بێنێت و دژی بوەستێتەوە و دەروێشەکانی خۆی و مێگەڵی کوردەواری لە دژ هان بدات.

چۆن ئازادی خوازان و ئەوانیتر لێی نەترسن!؟ چۆن فەقێیەکی وەکوو منی گومڕا و یاخی، دەتوانێت لەگەڵ دۆگم و ئایدیۆلۆژیای حزبێکی وا تۆتالیتار و ئاسۆ تەسک و دید داخراو هەڵبکات و لەناو هێزێکی لەو چەشەدا، جێگای ببێتەوە و بەرگەی حزبێکی هێندە مەزهەبی و ئایدیۆلۆژیست و دۆگمایی بگرێت و ترسی ئەوەی نەبێت و گرەنتی چییە کاتێک وڵات بکەوێتە دەست ئەو هێزه فێندەمێنتاڵیستە، ئەزموونی کابول و ئەفغانستان و تاڵیبان پێڕەوی لێ نەکات ؟

منێك، کە بەردەوام لەناو ئەو حزبە کەسێکی خەتەر و نەخوازراو ڕەزاگران بووم و دەروێشەکانی حزب، ئەوانەی دایمە بە سۆز و عاتیفەی دینی کاریان دەکرد و لەسەر ئەساسی بەیعەت دان و گوێڕایەڵیەکی کوێرانە و وەکو موریدێک، پەیمانی دڵسۆزییان بە شێخ دابوو.

ئەو دەروێشە دەمارگیرانەی بەبەغە ئاسا و زۆر بە تووندی تەریقەتیان وەرگرتبوو و سەری ڕەزامەندی و ئەزبەنییان بۆ هەموو بکە و نەکە و قەول و قیلە و قالێکی شێخ دەڵەقاند و هیچ ناڕەزایەتی بوونێک و ڕەخنەیەک و لام و جیمێکیان لەهەمبەر حزبی پیرۆز و شێخی مەعسووم نەبوو و تووتی ئاسا، حزب و شێخ چییان گووتبا، هەر ئەوە یەقینی سەر و گومان و سەر و ڕەخنە و، ئایین و قەولی پیرۆز و ڕاستی ڕەهابوو.

کاکەگیان، ئەوان بە کورتیەکەی بە ئەقڵیەتی ڕاعی و ڕەعیەت کاریان دەکرد و مەڕبوونیش بە من نەدەکرا. ئەوە پێش ئەو کاتەی تووشی گۆڕانی فیکری بم و دەست بەرداری زۆرێک لە دۆگم و تێگەیشتنەکانی پێشووترم ببم.

ئەو دۆگم و تێگەیشتنانەی ڕۆژگارێک و لە قۆناغێکی ژیانی فیکریمدا، وەکوو یەقین و سەرو ڕەخنە و ڕەها و پیرۆزییەک وەرم گرتبوون و زۆر بە خوێن گەرمی و حەماسەتەوە بەرگریم لێدەکرن.

بەرلەوەی ببم بە کەسێکی سیکۆلاریست و سەت و هەشتا پلەو بە ڕێگەیەکی زانستی و پلە بە پلە و قۆناغ بە قۆناغ و لە ڕێگای خوێندنەوەی زۆر و بیرکردنەوە و تێڕامان و بەراوردکاری نێوان ئایینەکان، تووشی گۆڕانی هزری ببم.

ئەوکاتە ئەوان وەک بۆمبێکی مەترسیناک لێیان دەڕوانینم و پێیان دەگووتم: ئەو کوڕە خەتەره، فەقێیەکی عەجووڵە، فەلسەفە و بابەتی فیکری دەخوێنێتەوە، خۆتانی لێ بە دوور بگرن، ئەو تووشی گۆڕانی فیکری و لادانی عەقائیدی بووە، فەلسەفە تێکی داوە، ئامان و سەت ئامان ئەو کوڕە با فیکرتان تێک نەدات.

ئای کە بۆ منێک، منێکی هەمیشە و لەوەتەی بیرم دێت و خۆم ناسیوە، جۆرێک لە یاخی بوونم لە هەمبەر هەر شتێک هەبووە، کە نەچووبێت بە دڵما و لە ئازادی دابێتم و ویستبێتی ژیانم بکات بە قەفەس و شێوازێک لە سیستەمی کۆیلایەتیم بە سەردا بسەپێنێت و بیرکردنەوە و جوڵەکانم لە قاڵب بدات.

بۆیە هەمیشە دەمارێکی یاخی بوون لە لەشی مندا، لەجوڵەدابووە و خوێنی یاخی بوون لە دەمارەکانم دا، هاتووچۆی کردووە و بەردەوام لە شەڕێکی هۆشیاری و ڕۆشنبیری و مەعریفی و ئەقڵانیدا بوومە، لەگەڵ حزبێکی وا ئایدیۆلویست و نادیموکرات و تۆتالیتار لە بەرنامە و فیکر وتێڕوانین دا.

لەگەڵ کۆمەڵێک شت لە دەور و بەر و لەگەڵ بڤەکانی کۆمەڵدا، لەگەڵ مینتاڵێتی خێڵگەرێتی و بیری نێرسالاری و ئەقڵیەتی داخراو ڕێساکانی نەریت و دەسەڵاتی مەزهەب و ئایدیۆلۆژیاکان و تێگەیشتنی مێگەڵدا.

کە من زۆر لەمێژە هەمووییم بە جۆرێک لە بوت و تەلبەند داناون، لەبەردەم ئازادییەکانی تاک و سەربەستیەکانی ژن و پێشمەرج و هەنگاوەکانی مرۆڤ بوون.

لە بەردەم هۆشیاربوونەوە و ژیانێکی شارستانیانە و ڕۆشنگەرانە. لەبەردەم هێزی ئەقڵانیەت و کەشێکی مەدەنیانە.

لەبەردەم ئەو هەموو ڕێسا و یاسا و قیلە و قالە و بت و متانە.

سەرتان نەیەشێنم و بێینەوە سەر بەسەرهاتێکیتری ژیانی فەقێیاتیم،

ئەوە تازە ڕۆشتبوومە فەقێ یاتی، مەلایەک کۆمەڵەک ڕێسای مەلایەتی و یاسای فەقێیاتی و ڕستێک ڕێسای حوجرەی داپێمان و گووتی: ئێمە واریسی پێغەمبەرانین و نەهەنگەکان لە نێو دەریاکان و فریشتەکان لە ئاسمانەکان و مێروولەکان لە کونەکانیان سەڵاوەت لەسەر قوتابی زانستە شەرعیەکان( فەقێیکان) لێ دەدەن و ئێمەی فەقێ ڕێزەکی تایبەتمان لای خوداوەند هەیە. بۆیە دەبێت لە ئاست ئەو بەرپرسیارێتیەدا بین و جیاوازبین لە خەڵکیتر و لە مەجلیس یەکەم قسە هەر خۆمان بین و لە ڕۆیشتندا دەبێت لە پێشەوەی خەڵکی بڕۆین و کاتێک ڕێگا دەکەین دەبێت بە پەلە و خێرا ڕێ بکەین..تاد.

من کە ئەوەم بیست یەک هەستی خۆبەزلزانی و خۆفشکردنەوە و لوتبەرزی گرتبوومی، هەر مەپرسن ! دەمگوت:من فەقێم و زۆر موهیمم و فەزڵم بەسەر هەموو کۆمەڵەوە هەیە.

جا بەو بۆنەیەوە، ئەوە ڕۆژەکی من و فەقێیەکی هاوڕێیم لە حوجرە، لە مزگەوی حاجی قەرۆکی لە گەڕەکی ئیسکان، بە پێیان ڕۆیشتین لۆ بازاڕ ، بە مەبەستی کڕینی هەندەک پێداویستی. لەڕێگا پێم گوت: کاکە ئێمە نابێت وەکو خەڵکی ئاسایی، ئاسایی ڕێبکەین. دەی عەیبە با هەندەک خێرا ڕێبکەین و جیاواز بڕۆین، هێندە خێرا دەڕۆیشتین، دەتگوت سوسکەین هاهاها

بە یەک لەحزەی گەیشتینە بازاڕ و خۆمان کوتا ناو قەیسەری. فرۆشگایەک، یەک دەرزن مەنجەڵی هەڵواسیبوون و فەقێیەکەی برادەرم، کە دەتگوت سوسکەیە و بە شێوەیەک خێرا دەڕۆیشت، ڕێک سەری خۆی لەمەنجەرەکیدا و جاماناکەی سەری یەک مەتر فڕی.

لەسەر ئەو بێ ئیجازەیی و موخالیف بوونەی خۆیشی، تووڕەیی هەموو بوونی داگرت و لە گەڵ ساحێب دووکانەکەی بە دەمەقاڵەهات و گوتی: توخوا بە من بڵێ، ئێرە کەی جێگەی مەنجەڵ هەڵواسینێیە؟!

کابراش گوتی: خودا شاهیدە کاکە مەلا، ئەتوو موخالیفی.




لەناو دڕکەکاندا.. نەوزاد بەندی

شوشەیەکی زۆر شکان …
هیچیان چاک نەبوونەوە ..
دەریایەکی زۆر تێکەڵ
بە زێراب و قوڕاو بوون ..
هیچیان پاک نەبوونەوە ..

چرای دڵی زۆرینە ،
کوژایەوە و تاریک بوو ..
هیچ ڕوناک نەبوونەوە ..

ئەو سەری دنیا دەرکەوت ،
لەمسەری باشتر نەبوو ..
کەچی نازانم بۆچی ،
هیچیان لە عەشقی دینار ،
پەشیمان نەبوونەوە ..

ئاگر ڕۆحی سوتاندن ،
باران داوەتی کردن ،
قەپیان کرد به پشکۆدا و
ئاوەدان نەبوونەوە ..

تەنانەت کاتی گیاندان ،
لە گیان جیا ئەبوونەوە و
کەچی لە ماڵ و سامان ،
یەکبوون ، جیا نەبوونەوە ..

یەک دڵۆپەی تیا نەما ،
هێشتا هەر ڕاوەستابوون ،
هەڵهاتن دەری کردن ،
هەر ئاوا نەبوونەوە ..

گیاندار و ڕووەک
یەک یەک ..
لەو دۆخە بێزار بوون و
دنیایان ڕەتکردەوە ..
هەر مرۆڤ بوو .. هەر مرۆڤ ،
هیچ ئەشکەنجەیەک دنیای
لە دەستی نەکردەوە …

لەگەڵ هەزاران ئازار
وا لای دا لە هەشت ملیار

ــنەوزاد بەندی ــــــــــــــــــ