ئەرکەکانی زمان لەڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستیدا.. عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

بەرایی

زمان وەک خۆی، کە لە وشە و ئاماژە پێک دێت و بەشێوازی دەربڕین و بونیادییەکەی جا بە قسەکردن بێت یان بە نووسین یان بە هێما، میتۆدی بنەڕەتی سیستەمی کۆمینیکەیشنی ئینسانەکانە. جگە لەهۆکاری تێگەیشتن و زانیاری گۆڕینەوە، دەروازەیەکیشە بۆ گوزارشتکردن لە ناخ و دڵ و بیر و باوەڕ. زمان جیاوازییەکی بنەڕەتی هەیە لەگەڵ سەرخانی کۆمەڵگە و بەرهەمی سەرتاپای مێژووی کۆمەڵگە و هەروەها بەرهەمی چینێکی دیاریکراوی کۆمەڵگە نییە، بەڵکوو بەرهەمی سەرتاپای کۆمەڵگەیە، بەرهەمی هەموو چینەکانە کە بە هەوڵ و کۆششی سەدان نەوە هاتۆتە بوون(١)زمان دەتوانێت ئاراستە ببەخشێتە کایەکانی پەروەدرە و فێرکردن و ئەدەب و ڕۆشنبیریی. لەوێشەوە بەهۆی بیر و ئایدیۆلۆژیا جیاجیاکانەوە ئاراستەکردنی تەواوی کۆمەڵگە ڕووەو داهاتوو ڕێنوێنی بکات. ئەوەی زمانیش ئاراستە دەکات بریتییە لە هۆش و تێگەیشتن لە ئاریشەکانی ژیان و کۆمەڵگە. ئەگەر زمان لە کۆمەڵگە دەربکێشیت، لەوانەیە ئیتر ژیان شێوازێکی تر وەربگرێت. واتە زمان کۆدی بەرزی ژیانی ئینسانە لەم سەردەمە پڕ لە کێشمەکێشەدا. شوناسی زمان و ئەرکەکانی لە کۆمەڵگەی هاوچەرخی ئەمڕۆ، سنوورەکانی نەتەوە و ئایین و کلتوور و فەرهەنگ تێدەپەڕێنیت و دەتوانێت وەک ئامڕازێکی یونیڤێرساڵ بجەنگێت. زمان هەروەک ئاماژە ڕۆڵی یەکلاکەرەوە دەبینێت لە کار و پرۆسەی کاردا. ئەمڕۆ زمانی کۆمیونیکەشن خەریکە تەواوی بازاڕی ڕیکلام و پرۆسەی بەرهەمهێنانی بازرگانی دەخاتە ژێر هەژموونی خۆیەوە. لەم نێوەشدا زمان نەک لە ئەرکە سروشتییەکەی خۆی دوورخراوەتەوە، بەڵکو لەلایەن سیستەمی سەرمایەداری چاوچنۆکەوە دووچاری ستەم بۆتەوە. هەرچەند ئەم پرسە فرە ڕەهەند و فرە ئاراستەیە و پەلوپۆ دەهاوێت بۆ زۆر قوژبن و کەلێن، کە ئاوڕلێدانەوەی لەتوانای ئەم کورتە وتارەی مندا نییە. بەڵام ئەوەی من دەمەوێت فۆکسی لەسەر بکەم ئەرکی بونیادی زمانە لە ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستیدا.

بونیادی نووسین و کارگەریی زمان

ڕەخنەگری بەناوبانگی مارکسیستی بلیخانۆڤ پێی وایە کە زمانی دەقی ئەدەبی و شێوازەکەی و پێکهاتەکەی و شێوە ئیستاتیکییەکەی، ناوەڕۆکی دەقەکە دیارییان دەکات، واتە بەو تێڕوانینەی کە نووسەر بۆ واقیع دەستەبەری دەکات، بەو ئەزموونەی کە هەیەتی و بەو ئایدیۆلۆژیایەی کە گوزارشتی لێوە دەکات. (٢) ئەمەش واتا زمانی دەق ناکەوێتە دەرەوەی پەیوەندی دیالەکتیکی نێوان شێوە و ناوەڕۆکەوە. ناوەڕۆکی دەقی ئەدەبی لەلێکدانەوە و شڕۆڤەی ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی ڕۆڵی دزاینکەر دەبێنێت، بەوشەیەکی تر جێوڕێی نووسەر لە ململانێێ خەباتی چینایەتی و هەروەها ئینتمای نووسەر بۆ ئەو ململانێیە دەتوانێت ڕۆڵی یەکلاکەرەوە ببینێت لە دیاریکردنی زمانی نووسین. کاتێک باس لە زمانی نووسینی دەقی ئەدەبی دەکەین، واتا ئێمە قسە لەسەر ڕۆڵی کۆمەڵایەتی نووسین دەکەین. ئەم ڕۆڵە کۆمەڵایەتییەش ئایدێندتی خۆی لە ئینتمای نووسەر بۆ خەباتی چینایەتییەوە وەردەگرێت. واتا بەوپێیەی کە زمان ئامڕازێکی گوزارشتی هەست و تێڕوانینە چینایەتییەکانە، بەو ئەندازەیەش ئەرکێکی سۆسیۆلۆژیانە لەئەستۆ دەگرێت لەدیاریکردنی شوناسی دەق و جێوڕێی نووسەر و ئەدیب لە خەباتی چینایەتی. لێرەدا نموونەیەک دەهێنمەوە: وەکچۆن باسکردنی پایز و سەفەر و ئێوارە و کۆڵان هیچ شیعرنووسێک ناکات بە شاعیر، ئەگەر خەیاڵ و زمانی نووسەر نەتوانێت شیعرییەت لەوشەکان بەرجەستە بکاتەوە، ئاواش بەکاربردنی وشەگەلی وەکوو زەحمەتکێش و کرێکار و ئایار و سەرمایەدار ناتوانێت بیکات بە شاعیری کرێکاریی بێ ئینتمای شاعیر بۆ خەباتی چینایەتی و پەیوەستبوون بە ململانێی نێوان کار و سەرمایە. زمانی ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی لەناسینەوەی چینەکان و ململانێیە کۆمەڵایەتییە – چینایەتییەکاندا پێویستە باڵادەستی خۆی بنوێنێت. زمانی ڕەخنەی ئەدەبی بۆرژوازی کە زمانێکی بەناوەڕۆک کۆنەپەرستانەیە ئیشی پاراستنی بەرژەوەندی چینایەتی سەرمایەدارانە بۆیە زمانناسان و زانایانی بۆرژوازی دڵنیایی دەدەن بەوەی کە بیردۆزەکانیان و نووسینە زمانەوانییەکانیان هیچ مەترسییەکیان نە بۆ خوا و نە بۆ سەرمایەداری نییە. هەرچی زمانی شۆڕشگێرانەی ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستییە بەپێچەوانەوە ئیش لەسەر بەتاڵکردنەوەی سیحری بەها بۆرژوازییەکانی نێو دەق دەکات و هەوڵ دەدات خوێنەر لەو وەهمانە دەرباز بکات. ئەگەر لەزمانی ڕەخنەدا هەمیشە دەستێکی نادیار وەسفی خۆی بکات، ئەوا لەزمانی ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستیدا دەستە نادیارەکە بەرژەوەندییە چینایەتییەکانی پرۆلیتاریایە دژ بە سەرمایەداران.
لەلایەکی تریشەوە کاریگەری زمان لەسەر خوێنەر و هەروەها ڕەنگدانەوەی ئەو کاریگەرییە لەسەر پانتایی زەین و بیرکردنەوەی ئینسانەکانی کۆمەڵگە بەئاسانی هەست پێدەکرێت، بەتایبەتی ئەوکاتەی زمان دەبێتە بەشێکی دانەپچراو لە پرۆسەی بەرهەمهێنان و بازرگانی. ئەم پرۆسەیەش لەم سەردەمی جیهانگیرییە و گەشە خێرایەی تەکنەلۆجیا چەند بەرابەر بۆتەوە و سنوورەکانی زمانی لۆکاڵی و جیهانی کاڵ کردۆتەوە. زمان تواناکانی ئێمە لەسەر تێگەیشتنی جیهان و بیرکردنەوە لە جیهان سنووردار ناکات، بەڵکوو هۆش و بیرکردنەوەمان لەسەر لایەنە دیاریکراوەکانی جیهان چر دەکاتەوە. چەندین نموونە هەیە دەربارەی چۆنیەتی کارگەری زمان لەسەر هۆشمەندی.(٣) چونکە هەر زمانێک نەک هەر بە تەنها زمانی ئینگلیزی، بەڵکوو تەنانەت زمانی کوردیش کە زمانێکی لۆکاڵە و پێشکەوتوو نییە، ڕەنگدانەوەی بەهاکان و ئەوتێڕوانینەیە کە ئێمەی کوردزمان بڕوامان پێیەتی.
.

ئەرکەکانی زمان لە ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستیی
زمانی ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی، زمانی جنێو و تەشهیر و سووکایەتی پێکردن نییە و لەهەمان کاتیشدا زمانی ستایش و پیاهەڵدان و نازکێشانی نووسەران و ئەدیبان نییە. بەڵکو زمانێکە ئیش لەسەر دۆزینەوەی کۆدەکانی دەق دەکات لەپەیوەند بەجیهانە بەرفراوانەکەی ململانێی چینایەتی و ئاریشە ئیستاتیکییەکان. ئیش لەسەر کەشفکردن و نیشاندانی ئاماژە چینایەتییەکانی نێو دەق دەکات. ئەو ڕایەڵە هەستییانە دەبینێتەوە و نیشان دەدا کە دەقێک نادیارانە و ناڕاستەوخۆیانە لەخۆیدا بەرجەستەی کردوونەتەوە و ڕەگیان بەنێو ڕستە و پەرەگرافەکاندا ڕۆچووەتە خوارێ .
ئەم زمانە زمانێکی تێکچڕژاو و ئاڵۆز و ناڕوون نییە، بەڵکو بەوپەڕی سادە و تووندتۆڵ و تۆکمەییەوە پشت بەستوو بەو باوەڕەی کە دەبێت بۆ خوێنەرانی کرێکار (کرێکارێکی هۆشیار) بنووسرێت. بابەتی خۆی بۆ ئارگیومێنت دەخاتە بەر دیدەی خوێنەرانی. زمانێکە دوور لە درێژدادڕی و بگرەوبەردەی بێسوود و بێبەها، دەقی ئەدەبی دەخوێنێتەوە و ئەوەی پێویست بێت لەبارەیەوە نیشانی دەدات. بێڕتووش و بەبێ ڕەچاوکردنی هیچ پرەنسیپێکی ڕەخنەیی تەقلیدی بۆرژوازی، ئەرکەکانی خۆی ، ئەرکە ئیستاتیکییەکانی خۆی ڕایی دەکات.
زمانی ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی هەڵگری کۆمەڵی کۆد و ئاماژە و ئاماژە پێدراوە کە لە کۆی خۆیدا میتۆدێکی زانستی لێکدانەوە و لێکۆڵینەوەیە و لە دووتوێی دەقی ئەدەبیدا وەک پشکنەری کارەبا، پشکنین بۆ تەزووی هەستە چینایەتییەکانی یەکە بە یەکەی وشەکانی نێو دەقە ئەدەبییەکە دەکات و هەڵیان دەسەنگێنی و دۆخی چینایەتی و ئیستاتیکیییەکانیان دەستنیشان دەکات.
ئەرکێکی تری زمانی ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی خۆپاڵاوتنە لە وشە و گوزارشت و فرەیزە فیئوداڵی و بۆرژوازییەکان و بەکاربردن و جێخستنی ئەو وشە و گوزارشتانەیە لە ئەدەب. لەهەمان کاتیشدا ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕێ لە ڕەخنە لە ناواخنی زمان و دەربڕینە فیئوداڵی و بۆرژوازییەکان کەپڕە لە وشەگەلی لێوڕێژ لە سووکایەتی و بێحورمەتی بە ئینسان و زیندەوەرانی تر. ڕەخنەگرتن لە شوبهاندنی ئینسان بە سەگ و کەر و چەقەڵ و ڕێوی و گورگ و نێونانی مرۆڤ بە ناو و ناتۆرەی کۆمەڵایەتی ناپەسند و لکاندنی سیفەتی بێمانا بە مرۆڤەکانەوە تا دەگات بەوەی لە دەربڕینەکاندا ئینسان زەلیلی زمان دەکەن. زمانی ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی دەبێت بکەوێتە ئەودیو سنوورەکانی سووکایەتی و ئەم سووکایەتییەش لەهەر دەقێکی ئەدەبیدا بوونی هەبێت بکوتێتەوە، بەمەش زمانی خۆی لە خڵتە چینایەتییەکانی بۆرژوازی پاک دەکاتەوە و بە وشەگەلی پڕ لە هەستی ئینسانیی وەک پێدانی ئۆکسجین بە کەسێکی نیمچەخنکاو جوان دەگەشێتەوە و باڵا دەکات.
زمانی ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی زمانێکە نامۆ نییە بە زمانی دەق و تەنانەت بە زمانی نووسینی وتاری سیاسی و تەحریزی. ئەم زمانە پشت بە ئەو ‌هاوکێشە ئیستاتیکییانە دەبەستێت کە ڕەخنەگر وەک مەبنای ئیش لەسەر کردن دێتە ئەژمار. ڕەخنەگری ئەدەبی مارکسیستی دەبێت خاوەن زمانێک بێت لە نووسین، توانای قەناعەت پێکردنی خوێنەری لەئاستێکی بەرزدا بێت. زمانێک توانای شیتەڵکردن و ئینجا لێکگرێدانەوەی هاوکێشەکانی نێو دەقی ئەدەبی هەبێت بەو ئاراستەیەی کە خزمەت بە بزووتنەوەی ئەدەبی مارکسیستی بکات. زمانی ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی بەچەندین ڕایەڵە بە زمانی سیاسەت و نووسینی وتاری سیاسی نییە. بەوپێیەی کە ئەدەب وەک دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی بەرهەمی پێویستی ململانێی نێوان چینەکانی کۆمەڵگەیە، ئەو زمانە خۆی لەقەرەی گەلێ مەسەلە و ئاریشە و بابەت دەکات کە سیاسین. بەواتایەکی تر لەجیهانی واقیعدا سنوورێک بوونی نییە لەنێوان زمانی ئەدەبی و زمانی سیاسی. ئەم دوو زمانە لێکهەڵپێکراون و لەزۆربەی قۆناغەکانی ژیانی کۆمەڵگە وەک یەک زمان دەردەکەون. هەر بۆیەشە گەلێ سیاسەتمەدار هەیە ئەدیبن و گەلێ ئەدیب هەن سیاسەتیش دەکەن و وتاری سیاسیش دەنووسن.
وەکچۆن ناوەڕۆکی دەقی ئەدەبی لەگۆشەنیگای هەڵسەنگاندنی ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستییەوە گرنگە و گرنگترین شوێنی نەشتەرگەری ڕەخنەیە، ئاواش فۆرمی ئەدەبی کە زمان خۆی بەشێکە لەو فۆرمە، شوێنی ئیشی ڕەخنەیە. ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی ئەرکییەتی زمانی دەق و نووسین بەردەوام لە بەردەم شیتەڵکردندا دابنێت و بایەخی زۆر جیدیی پێبدات. ئەوکاتیش ئەرکی ڕەخنەگری مارکسیست لەوانەیە زۆر ئاڵۆزتر بێت کاتێ لە هەڵسەنگاندنی ناوەڕۆکەوە بەرەو هەڵسەنگاندنی شێوە وەردەچەرخێ.(٤) چونکە پانتایی ئیشکردنەکەی ڕەخنە دەگۆڕێت.

ڕۆڵی کلتوور لە ئاراستەکردنی زماندا

زمان و کلتوور لە کارلێکەری بەردەوامدان لەگەڵ یەکتر. کلتوور زمان بەڕێڕەوێکدا دەبات کە بەپێی پێویستی گەشەی خۆی لەقالبی دەدات. بۆیە گوزارشتە زمانەوانییەکان، فرەیزەکان و تەنانەت وشەکانیش گوزارشتن لە دۆخێکی کۆمەڵایەتی و ئابووری وسیاسی دیاریکراو. گومانی تێدا نییە کە مرۆڤەکان لە کۆمەڵگەکان پەیوەستن بە کلتووری کۆمەڵایەتی و ئاستی ژیاریی ئەو کۆمەڵگەیە و هەروەها بە ململانێی نێوان کار و سەرمایە لەو کۆمەڵگەیەدا. بۆیە دەبینین کلتوور بەتۆخی کاریگەری هەیە بەسەر ژیان و نووسین و زماندا. هەر لەناونانی مرۆڤ و شتەکانەوە بگرە تا دەگاتە بڕوا هێنان بە وەهم و خورافە و ئەفسانە دروستکراوەکان. کاریگەری کلتوور لەسەر زمان یەک لایەنانەیە و ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی دەبێت ئەو کاریگەرییە تاک لایەنییە ئاوەژوو بکاتەوە و بەزمانێ خۆی واتە بەزمانی ڕەخنەی مارکسیستی ئەو هەژموونی ئەو کاریگەرییە کاڵ بکاتەوە و تەنانەت هەڵیگێڕێتەوە و بتوانێت کلتوور بەرەو ئاراستەیەکی تر ببات. دیارە ئەم ئەرکە تەنها بە زمان جێبەجێ ناکرێت و گەلێ هۆکاری تر هەن کە ڕۆڵی گرنگ دەگێڕن لەم پرۆسەیەدا کە ڕەنگە باسکردنیان لەم کورتە نووسینەدا پێویست نەبێت. وەکچۆن لەنێو هەناوی زماندا بەتایبەتی لە نووسینی دەقی ئەدەبیدا لێکچواندن و میتافۆر و ..تاد هەن. ئاواش زمان ڕەنگڕێژە لە ئیدیۆم و پەندی پێشینان و قسەی نەستەق کە ئاوێنەی ڕووی کۆمەڵن بەباری چاک و خراپییەوە. زمانی ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی زمانێکی کلتووری کۆنسەرڤەیتیڤ نییە، بەڵکو زمانێکە پشت بەستوو بە لەکەپوورێکی گەورە و فراوان لە وتزا و فرەیز، کە ڕۆڵی کلتوور دەنەخشێنن لە ئاراستەکردنی زماندا. زمانی دەربڕینی کلتوور ئینسانیی و دەستکەوتە زانستییەکان و گەشەی تەکەنەلۆجیا کەم تا زۆر ئاشنا و تەبان بە زمانی ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی. لە فەلسەفەی مارکسیزمدا، باڵادەستی فەرهەنگی باڵا دەستی چینی دەسەڵاتدارە بەسەر کۆمەڵگەوە، باڵادەستییە بەسەر بیروباوەڕ و لێکدانەوەکان و بۆچوونەکان و بەها و نەریتەکان.(٥) ئەم باڵادەستییە، هەیمەنەیە بەسەر کلتوور کەزمان ئاراستە دەکات. نابێت ئەوشمان لەبیر بچێت کە بەوپێیەی کۆمەڵگە چینایەتییە و چینە سەرەکییەکانی کۆمەڵگە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان لە ململانێدان، بەوجۆرەش زمان لە پرۆسەی پاراستنی بەرژەوەندییەکان بەشدارە و تەنانەت زمانیش هەرچەندە زمانی سەرجەم کۆمەڵگەیە، بەڵام بەرژەوەندی چینایەتی چینە کۆمەڵایەتییەکانی پێ دەناسرێتەوە. زمانێک کە گوزارشت لە خەبات و تێکۆشانی کرێکاران دەکات لە کۆمەڵێ دەبڕیندا جیاوازترە لە دەربڕینی زمانێک کە بەرگری لە بەرژەوەندی بۆرژوازی دەکات. چونکە تەمەنی زمان بەقەد تەمەنی هۆشیارییە. زمان وەکو هۆشیاری تەنها لەپێداویستییەوە دێتە ئاراوە. بەوپێیەی هۆشیاری هەر لە سەرەتاوە بەرهەمی کۆمەڵایەتییە(٦) زمانیش بەرهەمی ئاتکی کۆمەڵایەتی ئینسانەکانە لە کۆمەڵگە. جگە لە ئەمانەش زمان گرنگترین هۆکاری پەیوەندی مرۆڤەکانە بەیەکترەوە. یەکێتیی زمان و شکڵگرتنی بەرەوپێشچوونی بێ هیچ بەربەستێک گرنگترین هۆکاری بازرگانی ئازادی ڕاستەقینە و بەرفراوانی گونجاوە بۆ سەرمایەداری نوێ، لەپێناو کۆکردنەوەی ئازادانە و بەرفراوانی خەڵک.(٧)ئەم پەیوەندییەی نێوان زمان و کلتوور، زمان و ئەفسانە، زمان و کەلەپوور، زمان و فەرهەنگ درێژ دەبێتەوە تا زمان و سیاسەت بەسەر یەک راستەڕێ دەبنە شوێنی کاری ڕەخنە و لێکۆڵینەوە ئەدەبی و سۆسیۆلۆژییەکان.

ئەنجام
زمان وەک ئامڕازێکی کۆمیونیکەیشنی نێوان ئینسانەکان لە کۆمەڵگە، ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە ئاڕاستەکردنی کۆمەڵگە ڕووەو داهاتوو. زمانی ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی جیاواز لە زمانی دەربڕینی ئاسایی و نووسین، دەتوانێت کاریگەری هەبێت بەسەر بزووتنەوەی ئەدەبی و کلتوورییەکان و وەڵامدانەوە بە ئاریشەکانی بەردەم گەشە و بەرەوپێشچوون. زمانی ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی گوزارشتە لە ئاستی خەبات و تێکۆشانی چینایەتی و گەشەی کۆمەڵگە، لەهەمان کاتیشدا دەتوانێت ڕۆڵی گرنگ بگێڕێت لە بردنەپێشەوەی ئەو تێکۆشانە لەڕێگەی بەتاڵکردنەوەی سیحری بەها بۆرژوازییەکان. زمانی ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی زمانی جنێو وناوناتۆرە و تۆمەتبەخشینەوە نییە، بەڵکو زمانی خوێندنەوەی دەق و دیاریکردنی ئاریشەکان و شیتەڵکردن و لێکگرێدانەوەی کۆدەکانی دقە. ئەم زمانە لەئاستێکی بەرزی بەرپرسیارێتیدا ئەرکەکانی جێبەجێ دەکات. زمانی ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی زمانێک نییە لەئاسمانەوە دابەزیبێتە خوارەوە، بەڵکوو هەمان زمانی بەکارهاتووی ناو کۆمەڵگەیە بەڵام بە دەربڕینی جیاواز و بە بەرجەستەکردنەوەی بەرژەوەندی چینایەتی جیاوازەوە گوزارشت لە پەیوەندییەکانی نێوان ئینسانەکانی ئەم کۆمەڵگە چینایەتییە دەکات.

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
کەنەدا نیوەی دووەمی ٢٠٢١

——————————————-

سەرچاوەکان

1-Marxsim and Problems of Linguistics J.V. Stalin
Published in the June 20, July 4, and August 2, 1950 issues of Pravda
Transcription/HTML Markup: M. and Charles Farrell
Online Version: Stalin Reference Archive (marxists.org) 2000
(٢)الفن و التصور المادي للتاریخ جورج بلیخانوف ترجمة جورج طرابیشي دار الطلیعة للطباعة و النشر بیروت لبنان الطبعة الاولی ١٩٧٧ ص ٤١.
3- More than words: how language affects the way we think by Marielle Zagada
https://www.gofluent.com/blog/how-language-affects-the-way-we-think
(٤)ئەناتۆلی ڤاسیلیڤیچ لۆناشارسکی دەربارەی ئەدەب و هونەری پێشکەوتووخواز، چەند تێزێک دەربارەی گرفتەکانی ڕەخنەی مارکسیستی. بۆزانیاری زیاتر بڕوانە:
Thesese on the Problems of Marxist Criticism
A.V. Lunacharsky 1928
https://www.marxists.org/archive/lunachar/1928/criticism.htm

5-https://en.wikipedia.org/wiki/Marxist_cultural_analysis

6-studies in language and Capitalism
Marnie Holborow
University of Dublin page 5

7-V. I. Lenin, “The Right of Nations to Self-Determination ” Selected Works in Two Volumes, Eng. ed., Moscow, 1952, Vol. I, Part 2 pp. 318-19.




شێوازی توندوتیژی مرۆڤەكان لەنێو خێزان و بنەماڵەدا.. رەسوڵ بۆسكێنی

لە ژیانی كۆمەڵایەتیدا ڕەفتار و هەڵسوكەوتی مرۆڤ لەچوارچێوەی پەیوەندی نێوان پیاو و ژن دێتەئاراوە، زیادەڕۆیی و دەسەڵاتدارێتی ئاكامەكەی بەتوندوتیژی دەگات، توندوتیژی لەبنەماڵە و لەنێوان هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵایەتی لە تەمەنی جیاواز، ڕەگەزی جیاواز، لەشێوەی جیاوازی ژیان بەهۆی كەموكوڕی سەرهەڵدەدات، توند و تیژی دەتوانێت بەشێوەی كرداری هەڕەشە و گوڕەشە بەردەوام یاكاتی بێت، دیاردەی توندوتیژی بەرامبەر منداڵ لەماوەیەكی كورت یان درێژخایەن كاریگەری پێك دێنێ.
توندوتیژی لەنێو خێزان و بنەماڵەدا لەهەركات و سەردەمێك بێت، چ لەسەرەتای ژیان یان بەتێپەڕبوونی ساڵانی تەمەن بێتە ئاراوە، توندوتیژی بۆی هەیە جەستەیی، دەروونی، سیكسی، بەرژەوەندی ئابووری، یا خۆشەویستیانەبێت، هەروەها پێش گرتنی خواستی كەسایەتی شێوازێكە لە توندوتیژی، لەژێر سایەی هەموو شێوەكانی توندوتیژی لایەنی بەرامبەر دەكەوێتە ژێر كاریگەری دەروونی و ئێش و ئازارەوە.
هەرچەندە پیاوانیش دەكەونە بەرمەودای توندوتیژی ژنان، بەڵام زۆربەی توند و تیژیەكان لەناو خێزان و بنەماڵەكاندا بەتایبەت شێوازی هەڕەشە و ترساندن و كوشتن لەلایەن پیاوانەوە بەرامبەر بە ژنان و كچان ئەنجام دەدرێت، لەبەرئەوە بەپێی ڕاگەیاندنەكانی پەیوەندیدار بەتوندوتژی سەبارەت بەژن و منداڵان بەیەكەم قوربانی دەژمێردێن و پیاوان وەكو كەسانی پێشێلكار ناوزەد دەكرێن، چونكە ئاماری گشتی دەربارەی توندوتیژی لەدنیادا بەڕێژەی 90%ی قوربانیانی توندوتیژی لەنێو خێزان و بنەماڵەكاندا ژن و منداڵانن و لە 10%ی پیاوانن.
توندوتیژی جەستەیی و هەر شێوازێك لەهێرشی فیزیكی و لێدان بەبێ ویستی خۆی بەتوندوتیژی زۆرەملێ دادەنرێت، ئەگەرچی كاردانەوەی بەنهێنی بمێنێتەوە، بەڵام گەورەترین كاردانەوەی لەدەرووندا هەیە، ئەم ڕەفتارە بەشێوەیەكی بەردەوام و درێژخایەن دەبێتە دیاردەی توندوتیژی، هەروەها دەستدرێژی سیكسی بەشێوەی زینا شێوازێكی ترە لەئەنجامدانی توندوتیژی لەناو كۆمەڵگادا، لەزۆربەی وڵاتان كردەوەیەكی دژە یاساییە و سزای توندی وەك: كوشتن و بەردباران كردن و بەندكردنی لەسەرە، تەنانەت ئەنجامدانی كاری سیكسی لەگەڵ هاوسەرەكەی، بەشێوەیەكی زۆرەملێ پیاو هاوسەری ناچار بكات، لەفەرهەنگی زۆربەی وڵاتان دیاردەی بەزۆرەملێ ئەنجامدانی سیكسی ئەژماردەكرێت و سزای لەسەرە، بەڵام لەفەرهەنگی ئەو وڵاتانانەی پیاو خۆی بەخاوەنی ژن دەزانێت، ئەگەرچی ئەوە وەكو خواستی پیاو ئەژمار بكرێت، لەگەڵ بڵاوكردنەوەی پەروەردە و هوشیاری، پێویستە یاسا بەرپرسیارێتی لەئەستۆ بگرێت و ئەم كارە بەپێی یاسا ڕێكبخرێت و نابێ بەشێوەی ناچاری و زۆرەملێ ئەنجام بدرێت.
هەروەها توندوتیژی لەڕووی زمانیەوانیەوە كاریگەری گەورەی دەروونی لەسەر لایەنی بەرامبەر هەیە، بەكارهێنانی قسەی ناشیرین و هێرشی ناڕەوا بۆ سەر بەرامبەر بەئەنجامدانی وتەی خراپ و نەشیاو، جنێو و تانە و تەشەر لەناو كۆمەڵگادا، دەربڕینی بەشێوەی توندوتیژی و بەكەمزانین و سوك سەیركردن، كە ببێتە هۆی ئازاری دەروونی، تەنانەت بەكارهێنانی قسەی ناشیرین و سوكایەتی كردن بەبەرامبەر لەچوارچێوەی بنەماڵەدا دەبێتە هۆكاری توندوتیژی، لەناو خێزاندا بەكەمزانین و شكاندن و سوكایەتی كردن بەژن لەبەرچاوی منداڵ و كەسوكاری بەشێوەی دەربڕین و قسەی ناشیرین، لەڕوانگەی دەروونناسانەوە ئەمانە و چەندین شێوەی بەكارهێنانی تری لەم جۆرە لەقسە و هەڵسوكەوتدا، كەپەیوەندی هەیە بەباری ژیانی تاكی ناو كۆمەڵگاوە، كە ببێتە هۆی لاوازی یاخود ببێتە هۆی بەرەنگارەبوونەوە بە توندوتیژی ئەژماردەكرێت، هەروەها دەنگ لێوەرگرتن و بەخشینی ئازارەكەی بەندازەی قسەی ناشیرین، كە زۆرجار پیاوان بۆ برینداركردن و بەرزەم كردنی هەستی كچان و ژنانی ناو خێزان و بنەماڵەدا بەشێك لەپیاوان وەك ڕق و كینە بەكاری دێنن، بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەكانی خۆی و سەپاندنی بۆچوونەكانی خۆی، پێ دادەگرێت، بەشێوەیەكی ناڕەوا دەیەوێت تۆڵە بستێنێت، ئەمانە هەمووی بەشێكن لە سەرهەڵدانی توندوتیژی.
لەلایەكی تر ئەنجامدانی كردەوەی توندوتیژی جەستەیی و لێدان و ئازار گەیاندن، شوێنەواری ئاشكرا بەجێ دێڵێ، وەك شكانی ئەندامانی لەش و سوتان و شین بوونەوەی جەستە، بەڵام ئەنجامدانی بەخشینی ئازار بەشێوەی نادیار بەچاونابینرێ، وەكو بەكارهێنانی بوغز و كینە، درۆكردن، دركاندنی نهێنیەكانی ژیانی بەرامبەر، بایەخنەدان بەداخوازی و بەڵێنەكانی بەرامبەر، درەنگ ڕۆیشتنەوە بۆ ناو خێزان و ماڵ، بەخشینی ترس و دڵەڕاوكێ بەهەر هۆكارێك بێت، ڕژدی و قرچۆكی و ڕێگاگرتن لە خۆشیەكانی ژیان، ئەمانە هەمووی دەبێتە هۆی داڕمانی دەروونی و ڕێگاخۆش دەكات بۆ توندوتیژی لەناو خێزان و بنەماڵەدا.
بەپێی لێكۆڵینەوەیەكی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی كەلەماوەی 7 ساڵ ئەنجام دراوە، 24 هەزار ژن لەوڵاتەكانی ئاسیا، ئافریقا، ئەوروپا، ئەمریكای لاتین بەشداریان تێدا كردووە، ئەم لێكۆڵینەوەیە سەرەتا لە ئەمریكای باكوور ئەنجام دراوە، بەپێی ئاماری ئەم ڕێكخراوە نێودەوڵەتیە لەمەڕ توندوتیژی كۆمەڵایەتی لەسەر ژنان ئەنجام دراوە، یەك لەسەر شەشی 1/6 ژنان بەدەستی هاوسەر و كەسوكاریانەوە دەبنە قوربانی یاخود دەكەونەبەر هەڕەشە و توندوتیژی، لەسەر ئەم بابەتە ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی ئاماژەی بەوەداوە، لەهەر 18 چریەكدا ژنێك دەكەوێتە بەر هێرش و پەلامار و هیچ شتێك، تەنانەت دووگیانیش لەتوندوتیژی نایانپارێزێ.
بەپێی لێكۆڵینەوەی ئەم ڕێكخراوە لەهەموو كۆمەڵگایەكی دەوڵەمەند و هەژار توندوتیژی ئەنجام دەدرێت، زۆربەی ژنان لەو بڕوایەدان پیاوان دەتوانن لەهەموو بارودۆخێكدا توندوتیژی بەكاربێنن و نابێ یان ناتوانن ڕاستەوخۆ دان بەپێشێل كردنی مافیان دابنێن لەبەرامبەر پیاواندا.
بەپێی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی كاردانەوەی توندوتیژی لەسەر سەلامەتی ژنان بەبێ لەبەرچاوگرتنی شوێن و كات گرنگی تایبەتی خۆی هەیە، لەبەرئەوە خوازیارە هەرچی زووترە بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی توندوتیژی كۆمەڵایەتی ببنەوە، بەشێوەیەك خۆشبەختی و ئاسوودەیی بۆ كۆمەڵگا و خۆشگوزەرانی بۆ مرۆڤ بەتایبەت ژن و منداڵان دەستەبەر بكرێت.




کامە جامی کام جیهانە!؟.. عەبدوڵڵا ساڵح

بە بۆنەی (جامی جیهانی، فیفا قەتەر ٢٠٢٢)

پێش ئەوەی بچینە ناوەڕۆکی بابەتەکە، با چاوێک بەم یاریەدا بخشێنین کە ناوی تۆپی پێیە و کەمێک باسی نهێنی خۆشەویستی ملیۆنەها کەس بکەین بۆ ئەم یاریە کەمن خۆم یەکێکم لەوان .
تۆپی پێ هونەرە، هاوشێوەی هونەرەکانی تر، هونەرێکی باڵایە، هەوڵێکی بەکۆمەڵە لە پێناو گەیشتن بە یەک ئامانج، ئەویش سەرکەوتن و بردنەوەیە ، تەنانەت، ئەگەر ڕێگەمان پێبدرێت، دەکرێ بڵێین شێوازێکە لە ململانێ، ئەم هەوڵە بەکۆمەڵە، تێکەڵ بە پلانی دروست وسەرکەوتوانەی ڕاهێنەر و ئەدای هونەری یاریزان ، و یەکگرتوی و هاوئاهەنگی یاریزانەکان هەمووی پێکەوە دەکرێ وەک سمفۆنیایەک وێنابکرێ و تابلۆیەک لەهونەری جوان بخرێتە پێش چاوی عاشقان و هەواداران و شوێنکەوتوانی ئەم یاریە .
تۆپی پێ، لەپێشەنگی زوربەی یاریە وەرزشیەکاندایە کە هەستێکی دەرونی وئینسانی دروست دەکا، بەتایبەت کاتێک تیمە میللیەکان یاری دەکەن ، هەستی “سەر بەوڵاتێک بوون” ، ئەگەرچی ئەو هەستە لەکۆتاییدا ئاوێکەو دەڕژێتە ناو ئاشی دەسەڵاتدارانەوە ، بەڵام ئەستەمیشە بەرگری لێبکرێ، چونکە ، لانیکەم بۆچرکەساتێکیش بێ ، ئەم یەکگرتنە خەم وئازار بیردەباتەوە و تەماشاکەر دڵخۆشدەکا بەتایبەت لەکاتی بردنەوەدا. ئەمە حاڵەتێکی مادی بەرجەستە نییە، بەڵکو دۆخێکی دەروونی و سۆزداری مرۆڤە ، منداڵ و گەنج و ژن وپیاو وخەڵکانی بەتەمەنیش دەگرێتەوە.
ئەوەی دوێنێ ( ٢٩ – ١١ – ٢٠٢٢ ) کۆتایی یاریەکەی ئەمریکا وئێرانی بینیبێ کە بەئەنجامی ( یەک و سفر ) بە سودی تیپی ئەمریکا تەواو بوو ، چۆن یاریزانە ئەمریکیەکە( ئەنتۆنی ڕۆبسن ) باوەشی کرد بەیاریزانە ئێرانیەکەدا ( ڕامین ڕەزاییان ) کاتێک ئەوبەکۆڵ دەگریا چونکە تیمەکەی دۆڕابوو، وەسەری خستە سەر شانی خۆی ودڵنەوازی کردەوە، وە هەردووک یەکتریان کردە باوەش، گۆشەیەک لەم حاڵەتە ئینسانیەی بۆ دەردەکەوێ کە سیاسەت ناتوانێ سنووری بۆ دانێ .
بەڵام وەک چۆن سیستمی سەرمایەداری کونجێک نەماوە لە ژیاندا سەریپێدا نەکاو نەیشێوێنێ ئاواش هاتۆتە ناو ئەم وەرزشەوە و دەستی نگریسی گەیاندوەتێ، تەنانەت لەو چێژوخۆشیەشی زۆرکەمکردۆتەوە … ئەوەتا ملیاردێرە زەبەللاحەکانی جیهان فڕکان فڕکانیانە بۆکڕینی یانە بەناوبانگەکانی ئەوروپا ، ئەویش لەپێناو قازانج وکەڵەکەکردنی سەرمایەکانیان لەسەر حیسابی زەوق و ئارەزووی هاندەر وتەماشاکەر ، ئەوانە نەک یانەکە، بگرە یاریزانەکانیش دەکڕن بەشێوازێک کە تەنانەت خەو وخۆراک و جلوبەرگ و ژیانی کۆمەڵایەتیشیان دەکەوێتە ژێر کۆنترۆڵی ئەو سەرمایەدارانەوە، کە دەکرێ وەک جۆرێک لە سیستمی کۆیلایەتی سەیر بکرێ ، ڕاستە لەبەرامبەردا یاریزانەکان مووچەی زەبەللاحیان پێدەدرێ ، بەڵام لەخۆشترین ساڵەکانی تەمەنیاندا بێبەشدەکرێن لە جێژی ژیان، هەرهەمان ئەو یاریزانانە کاتێک تەمەنیان دەچێتە سەر، چارەیان گران دەبێ و بەجۆرێک لە جۆرەکان دەردەکرێن بەبێ گوێدانە هیچ بەهایەکی مرۆیی .
لایەنێکی تاریکی کەی ئەو دەستێوەردانە، بازاڕی گرەوە کە ئەویش بەجۆرێک گیرفانی شوێنکەوتوان بەتاڵدەکا ، هەرئەم گرەوە ئەو یانەوەرزشیانەی کردوە بە جۆرێک لە قومارخانە، ئەمە جگە لە بازاڕی بەناوبانگی دەڵاڵەکان بۆ کڕین و فرۆشتنی یاریزانەکان ، یاخود گەندەڵی لەناو بەشێک لە ناوبژیواناندا، بەتایبەتی هەڵبژاردە و یانەکانی وڵاتانی کەنداو، بۆیە لەزوربەی پاڵەوانەتیەکانیانداپەنا دەبەنە بەر ناوبژیوانی ئەوروپی.
ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٠ی ١١ ی ٢٠٢٢، جامی جیهانی فیفا لە قەتەر دەستیپێکرد، دوای ئەوەی فیفا (فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی یەکێتی تۆپی پێ) لە کۆتایی ساڵی 2010 مافی ڕێکخستنی ئەو پاڵەوانەتیەی دا بەو وڵاتە. ئەم بەخشینە لەپرۆسەیەکی پڕاوپڕ لەگەندەڵیی و بەرتیلداندا ئەنجامدرا و تا ئەمڕۆش گومانی لەسەرە ! هەر ئەم پرۆسەی گەندەڵیە کاریگەری لەسەر سەرۆکی فیفای ئەو کاتە (جۆزێف سێپ بلاتەر) و سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپای ئەو کاتە (میشێل پلاتینی) دانا وهەردوکیان بەتۆمەتی گەندەڵی درانە دادگا و ناچارکران دەستبەرداری پۆستەکانیان بن . ئەم مافی میوانداریکردنەی قەتەر بۆ پاڵەوانێتییەکە مشتومڕێکی زۆری بەدواداهات کەتائەمڕۆش بەردەوامە. پەردەیەک لەم شانۆگەری مشتومڕە لەو دووڕووییەدایەکە وڵاتانی ڕۆژئاوا بەرامبەر قەتەر نمایشی دەکەن، وەک چۆن لە بواری مافی مرۆڤدا ڕەخنەی لێدەگرن، بەڵام لە بەرامبەر سیاسەتەکانی تریدا بێدەنگی هەڵدەبژێرن. قەتەر پیشتیوانەیەکی بەهێزی مادی ومەعنەوی ڕێکخراو وهێزە ئیسلامیە توندڕەوە چەنگبەخوێنەکانی وەک تالیبان و داعش بوو تا ئەومڕۆشی لەگەڵ بێ ، جگەلەوە خەزێنەی وڵاتەکەی بۆ دیکتاتۆرێکی خوێنڕێژێ وەک ئەردۆگان کردۆتەوە تا فاشیزمە نەتەوەیەکەی لەناوچەکە باڵادەست بکا و بەبەرچاوی ئەمریکاو هاوپەیمانانیەوە ئەم ڕۆڵە بە ئاشکرا دەگێڕێ .
لەم مۆندیالەدا، قەتەر درکی بەوە کرد کە جبەو عەمامەی ئیسلامی ناتوانی بەر بەو شاڵاوو ئەو هەموو ڕەخنانەبگرێ کە ڕۆژانە ڕوبەڕوی دەبنەوە، هەر بۆیە ئێستا خۆی خزاندۆتە ناو چەفتەو عەگاڵی نەتەوەییەوە تا خەڵکێکی ” ساوێلکە ” بەوە فریوبدا کە گوایە قەتەر بۆیە دوژمنایەتی دەکرێ چونکە وڵاتێکی عەرەبیە !
لە نێو هەوڵەکانی قەتەر بۆ لادانی سەرنج لەو ڕەخنانەی کە ئاراستەی دەکرێت، کڕینی هەندێک یاریزان و کەسایەتی بەناوبانگی تۆپی پێ یە(وەک پیپ گواردیۆلا و دەیڤد بێکهام و کاکای بەڕازیلی) و هەندێکیتر، ئەمەش وا دەکات وێنەکەی لێڵتر دەرکەوێ نەک ڕوناکتر ، چونکە ئەمە لە گەمەیەکی پۆخڵی پارە و خەڵاتبەخشینەوە زیاتر شتێکی تر نیە .
دروستکردنی ئەم دامەزراوە وەرزشییە زەبەلاحانەی قەتەر لەسەر حیسابی ژیانی هەزاران کرێکاری بیانی بوو کە وەک کۆیلە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرا و چەندین ڕێکخراوی مافی مرۆڤیش ڕاپۆرتی وردیان لەسەر ئەو بارودۆخە سەختانەی کە ئەو کرێکارانە تێیدا دەژیان بڵاوکردۆتەوە ، ئەم پێشێلکاریانەی مافی کرێکارانی بیانی، پەڵەیەکی خوێناویە کە مۆندیال و قەتەر دەگرێتەوە ، بەگوێرەی ئەو ئامارانەی ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی بڵاویکردۆتەوە بەهەزاران کرێکاری هیندی و بەنگلادیشی و نیپاڵی و سریلانکی و پاکستانی هەرەلەسەرەتای دروستکردنی ئەم دامەزراوە وەرزشیانەوە تا ئەمڕۆ گیانیان لەدەست داوە، ئەویش لە ئەنجامی سەختی کار و زۆری سەعاتی کار بەتایبەت لەهاویندا کە پلەکانی گەرما لەسەروو بەنجا پلەوەن هەروەها نەبوونی هیچ جۆرە خزمەتگوزاریەک لە شوێنی حەوانەوەیاندا ، جگە لە پێنەدانی مووچە تەنانەت کار گەیشتە ئەوەی کە لەلایەن هەندێک “رێکخراوی خێرخوازیەوە” خۆراکیان پێبدرێت! ئەوان دامەزراوەی وەرزشی و کۆشکە لوکسەکانیان لەسەر حیسابی ژیانی ملیۆنان کرێکار دروست دەکەن . لێرەدا پرسیاری داهاتوو ئەوەیە: ئایا ئەوانەی لەم یاریگایانەدا دادەنیشن بۆ تەماشای یاریەکان ئەم تراژیدیایە دەبینن ؟ ئەوشمان بیر نەچێ کە دیاردەی کەمی ئامادەبووان لە یاریگاکاندا بە بەراورد بە مۆندیالەکانی پێشوو بە ئاشکرا دیارە ، ئەمەش وای کردوە ، وەک هەندێک دەزگای ڕاگەیاندن لە ڕۆژئاوا باسی دەکەن، گوایە هێنانی هاندەران لەلایەن قەتەرەوە بە پارە وبلیتی خۆڕایی و مانەوە لەئوتێلی پێنج ئەستێرە بۆتە دیاردە.

لەکۆتاییدا دەبێ بڵێین تۆماری پێشێلکاریەکانی قەتەر لە بواری مافەکانی مرۆڤ وە بەتایبەتی مافی ژنان و مافەکانی کۆمەڵگەی هاوڕەگەزخوازانیش پەڵەیەکی ترە بە تەوێلی ئەم وڵاتەوە . بەداخەوە ئەمڕۆ جیهان وایلێهاتوە بۆ هەر شوێنێک بچین، دەبینین ئەهریمەنە سەرمایەدارییەکە لەبەردەم چاومان وەستاوە، ئیتر باسی چ جامێک و چ دونیایەکمان بۆ دەکەن ، دونیایەکی پڕاو پڕ لە ناڕەزایەتی و برسێتی و کوشت وکوشتار و شەڕ، بەڕاستی ئەم جیهانەو بونەوەرەکانی شایستەی ئەم بەربەرییە تە نین.

٣٠ – ١١ – ٢٠٢٢




ئارامی بەر لە گەردەلوول.. نوسینی: یوسف اسماعیل عەزیز

پاش نیوەڕۆیەک بڕیارمدا بچم بۆ چایەخانەیەک و کەمێک هەوای پاک هەڵمژم، دەمێکی زۆرە لە کارەکەم مۆڵەتم وەرنەگرتووە تا بتوانم ڕۆژێک پشووم هەبێت و گەڕانێکی کورت ئەنجام بدەم، داوی مۆڵەتم لە بەڕێوەبەری کارەکەم کرد، ئەویش زۆر بە روخۆشیەوە وتی: ڕۆژی یەکشەمە با پشووی تۆبێت.
حەزدەکەم کەمێک لە مێز و چواردەوری دیوارەکەم خۆم بشارمەوە، لەگەڵ ئەم پشووە بڕیارێکم دا، کە بەپیادە بچم بۆ بازاڕ، خۆشم دوور بگرم لە قسە و گفتوگۆ، بەیانی کاتژمێر هەشتی بەیانی بە ڕێکەوتم بۆ بازاڕ، بە کوچەو کۆڵانەکان خۆم گەیاند بۆ بازاڕو لە چایەخانێک لامدا بۆ خواردنی چایەک. ” ببورە دەکرێت چایەکی کەم شەکرم بۆ بێنیت ” چایەکی گەرم و ڕۆژنامەیەکی بۆ هێنام و وتی: ” فەرموو ئەمەش ڕۆژنامەی ئەمڕۆیە ” ، ” زۆر سوپاس ”
چاوەکانم بە ڕۆژنامەکە کەوت کە زۆر بیرم کردوە، لەبەر تەلەفزیۆن ناتوانم نەک رۆژنامە تەنانەت کتێبەکانیشم پشتگوێ خستووە، لاپەڕەی رۆژنامەکام هەڵایەوە و دەستم کرد بە خوێندنەوەیان لەم کاتەدا دوو پیاوی بەتەمەتی ڕیشدار لە نزیک منەوە دانیشتن بێ ئەوەی سڵاوێکێش بکەن، لەدڵی خۆمەوە وتم کە ئەمە لەبەر من بووە کە تام و چێژی خۆوێندنەوەکەم لێ تێک نەچێت، خەریکی خوێندنەوە بووم ئەوان دەستاین بە گفتوگۆکردن کرد، یەکدیان بەناوی حاجی بانگدەکرد، زوو زووش داوای چایەی گەرم و تازەیان دکرد.
گفتوگۆکە لەوە دەستی پێکرد کە حاجی وتی:

  • چی بکەین؟ ژیانێکی دوبارەیە لەکار بۆ ماڵ.
  • حاجی منیش هەروام بەڵام چ کارێک کە خۆت دەیزانی کە ئەو کارە لە کەسێکی بەتەمەن ناوەشێتەوە، هاوتەمەنەکانی خۆم هەموویان خانەنشین بوون منی داماو نەبێت کە هەر بەشم ڕاکردنە بۆ کار.
  • جا حاجی ئەمە کەی ژیانە، ئێرە بووە بە گۆڕستان کە وەک گۆڕێکی بێ خاوەن.
  • باشە چی دەبوو ئەوکاتەی ژیان دابەشکرا ئێمەی کورد لە کیشوەرێکی تر بایین؟
  • چۆن چی دەبوو؟ ئێمە دووانە هەر واین جا چ کیشوەرێک بێت.
  • نا ڕەنگە باشتر بووباین، لەوەتەی هەم چێژم لەم ژیانە وەرنەگرتووە، تۆ دەڵێی چی؟
  • هەمان ڕەئیی جەنابتم هەیە، جگە لەوەی کە ئەو ڕۆژە نەبێت کە خودا کوڕێکی پێبەخشیم، ئەوکاتە باوکێکی سەرکەوتوو بووم، ئێستا چی کە لەکۆتایی تەمەندام و هەر ڕاکە ڕاکەمە بۆ ژیان.
  • ژیانێک هاوشێوەی گەردەلوول، سەرەتاکەی دیارە و کۆتایەکەی وونە.
  • حاجی کۆتایی ئەم گەردەلوولە بە تێکشکانی مرۆڤ لەم ژیانە کۆتایی دێت، ڕەنگە ئێمە لەم گەردەلوولەدا خۆمان وون بکەین، بیرم دێت کە منداڵ بووم حاجی لە گەڕەکەکەمان سینەما هەبوو کە هەفتەی یەک جار نمایش دەکرا، من هەفتێک کارم دەکرد و لە کۆتایی هەفتە هەرچی کۆم کردبوویەوە بۆ بلیتێک سەرفم دەکرد، ئەمە بەت بەختیە؟!
  • حاجی ئێمە هەر لە منداڵیەوە دیوای خۆشبەختیمان ڕوخاند، کە ئەو دیوارە هیچ وەستایک ناتوانێت چاکی بکاتەوە، ئێرە کۆتایی رێگایە.
  • لە کۆنەوە ڕوخاندمان کە کاتێک گەردەلوول دەستی پێکرد و شوێنێک نەما بۆ خۆ حەشاردان، گەردەلوول ئێمەی لەگەڵ چارەنوسی خۆی برد.
  • دەزانی بیری ئەکاتانە دەکەمەوە کە جوانترین جلەکانم دەپۆشی و لە بازاڕەکانی شاردا دەخولامەوە، یاخوت لەبەر دەرگای دوکانەکانی نێو بازاڕ دەواستام و قەڵام و دەفتەر تێبینەکەم دەر دەهێناو دەستم بە نوسین دەکرد.
  • چی بەو کاتانەی لە کۆڕەکان شعرم دەخوێندەوە و سەیری خەلکەکەم دەکرد ناخم ئاسودەی پێدەبەخشیم.
  • حاجی هەڵسە با بگەڕینەوە بۆ ماڵ وا نیوەڕۆیە.
    ئەوان چایەخانەکەیان جێهێشت و منیش هەڵسام و لە خاوەنی چایەخانەکەم پرسی ئاخۆ ئەم دوو بەڕێزە کەی دێن بۆ ئێرە، وتی: ” ئەو دوو کەسە خەلکی کۆنی ئەم شارەن، هەموو بەیانێک دێن و تا نزیک نیوەڕۆ دمێنەوە ” بڕیارم دا کە زوو مۆڵەت وەربگرم و خۆم بگەیەنم بۆ لای ئەم دوو بەڕێزە کە زۆر سرنجی منیان راکێشا، بڕیارم دا گەر ئەم جارە بگەڕێمەوە دیدارێکیان لەگەڵ سازدەکەم…..

نوسینی: یوسف اسماعیل عەزیز




ڕووی شـاراوه‌ ئه‌بستراكـتی جه‌نـگـه‌ڵ.. نه‌ژاد عزیز سورمێ

به‌ری خۆرنشینی دڵ مه‌گره‌
جه‌نگاوه‌ری كه‌پك و خه‌ره‌ندان !
ده‌بینی ئێمه‌
ئاسووده‌یی لێك ده‌ستێنینه‌وه‌
تاریكی پێك ده‌ڵێین
گۆشه‌گیریمان ،
به‌ سێبه‌ری هێشووه‌ گرمۆڵه‌بووه‌كانی
ڕه‌زی ته‌لانان سپاردووه‌
خه‌رمانه‌ی ڕوئیاكانمان
له‌ چاڵی ڕوومه‌تی
كچانی خه‌ون ون كردووه ..
چ شه‌پۆلێكی تووشه‌ ئه‌م شه‌پۆله‌
ڕووی له‌ به‌نده‌ری خولیاكانمان كردووه‌
دێت و ناگه‌ڕێته‌وه‌ ..
چ ئاوازێكی خامۆشه‌
له‌ شه‌وی سه‌ركه‌شی برۆنزیمان ئه‌دا ..

بزه‌یه‌ ، بزه‌یه‌ ، بزه‌ .
ڕۆحی مه‌رگ ،
دوای ده‌یان كۆستی دره‌وشاوه‌
پاش سه‌تان په‌ژاره‌ی ئاسنین
گه‌رداوی قایه‌خی كون كون
له‌ ئاوێنه‌ی ده‌ستی
ڕووهه‌ڵگران ده‌رده‌كه‌وێته‌وه‌ ..

گلێره‌یه‌ ، گلێره‌یه‌ ، گلێره‌ .
گیانی ته‌ره‌بووی باران
سه‌مایه‌كی ژاكاو
چه‌شه‌خواز
شاڵاو دێنێ و
جه‌سته‌ی تووكنی چیایان ده‌كوتێ ..

ئێمه‌ له‌ كوێ و
عه‌شقی ژه‌نگاوی له‌ كوێ .. ؟
ئێمه‌ له‌ كوێ و
ئه‌ته‌می هێللانه‌ی باڵندان له‌ كوێ ؟
ئێمه‌ له‌ كوێ و
ڕه‌ونه‌قی
نان و ئاوی سبه‌ی له‌ كوێ ؟
ئێمه‌ له‌ كوێ و
تامانی باڵانوێنی په‌سیوان له‌ كوێ ؟
ئێمه‌ له‌ كوێ و
لاله‌زاری عه‌تر و
بۆنی مه‌له‌ تۆراوه‌كان له‌ كوێ ؟
پاسه‌وانی عه‌ییار و
له‌ككه‌ی نه‌هلستییان له‌ كوێ ؟

ببینن !
ژووره‌ بنمیچ شووشه‌ییه‌كان
به‌ چ شه‌یدایی و نیازه‌وه‌
تارای ڕه‌ش
به‌سه‌ر خه‌یاڵی ئومێدا ئه‌ده‌ن ..
ببینن !
كێڵگه‌كانی هه‌ناومان
ده‌شته‌ كاكی به‌ كاكیه‌كانی بینایمان
چیمه‌نه‌ چه‌رمووه‌كانی سنگمان
بڕستی هه‌نگاومانه‌
به‌سه‌ر سنووری
قه‌ڵه‌مڕه‌وی تاسان و
پێخوستی سه‌هه‌ند و
ئه‌ندازه‌ی دارایی .. ببینن !
ژێـی ده‌نگمان ببینن
كه‌ نازانین موبته‌لای چی بوون
بۆ له‌ پێكه‌نین و گریان كه‌وتن ..
ئه‌ی قیبله‌نماكان په‌یجووری چیان كرد ؟
ببینن !
په‌نجه‌ره‌ و كڵاوڕۆژنان ببینن
چۆن وه‌رزی كوژاوه‌ی پێدا دێن ..

چ خه‌مێكی موچڕكداره‌ (جیهانایه‌تی)
چ هه‌وایه‌كی ته‌وژمداره‌
یه‌كه‌مینایه‌تی ..
شنه‌ی دێ ناڵه‌ی عاشقان
زه‌مین بڕبڕه‌ی ناخمان
له‌ ڕووی زبر و تینووی ده‌سوێ ..
له‌م باخچه‌یه‌دا
ئیتر دره‌خت
به‌ په‌ینی پاك ته‌رز ناوێن ، هه‌ڵناچن
ڕووباره‌كان به‌ هه‌ڵه‌داوان ، بێ ئاوڕدانه‌وه‌
تێده‌په‌ڕن
شتێكیان ون كردووه‌
نازانن چییه‌ ..
هه‌ڵۆ به‌ هاواری كوشنده‌وه‌
سه‌ره‌وخوار ده‌بنه‌وه‌
گوڵه‌گه‌نم
له‌ ژنانی ئه‌ندێشه‌ ڕووتترن ..

( ئای له‌و بنبه‌سته‌ هه‌ڵایساوه‌
له‌م ونگه‌یه‌ سه‌حه‌ركوژه‌ )
فرمێسك وای ده‌گێڕێته‌وه‌ .

تشرینی دووه‌می 2022




لایەنی خراپ و باشی پێشبینی.. زانا رەزاق

یەکێک لەو ئامرازانەی بۆ سودی کۆمەڵگایە پێشبینی و خوێندنەوەیە بۆ داهاتووی کار و هەموو شتەکانی تر ،بەڵام بەداخەوە لەم ووڵاتە زۆر گرنگی بە پێشبنی و خوێندنەوە نەدراوە یان پێشبینی و خوێندنەوە وەک لایەنداری دەبینرێت.

یانی دوو لایەن بیت

لایەنێک بیست پێشبینی بکات لایەنی تریش بەهەمان شێوە ئەوجا لەو دوو لایەنە بێگومان ڕاستی پێشبینی تێدا دەبێ هەڵەشی تێدا دەبێ
یان لەو بیست پێشبینیە هەمووشی ڕاست بێ ئەوەی تر هەمووی هەڵە بێ پێشبنی نیە چونکە هەر ڕاستی تێدا دەبێ لەو دوو لایەنە دژبەرە ،چونکە خۆیان لایەندارن لەهەمان کاتدا یەکێکیان هەر ڕاست دەبێ بەڵام بۆیەش پێشبینی نیە چونکە لایەندارانەن نەک ئەکادیمیانە .

خۆشی ئەکادیمیانە هەم پێشبینی خراپ هەمیش چاک ئەوا بۆ شوێنەکە باشە باشیەکەی لەوەیە ئەگەر پێشبینی و خوێندنەوەکە خراپ بێت ڕێ لە پێشبنییەکە بگریت ئەگەر چاک بێ ئەوا ڕێگە بۆ ڕوودانی بکەیتەوە بەس پێشبینیەکان بە ووردەکاری بێ سودی هەیە یانی کە چۆن پێشبینیەکە ڕوودەدات چۆنیش ڕوونادات

ئەوانەشی لایەندارانە پێشبینی دەکەن دەبێ بزانن لایەندارانە زیانی هەیە نەک سود چونکە کاتێک تۆ پێشبینیەکی چاک دەکەی کە واش نیە ئەوا هیچ شتێک ناکەی لەبەر ئەوەی بە باشت زانیوە بەڵام کە ڕاستیانە و زانستیانەت کرد یەکەمجار سود بۆ خۆتە ئەوجا خەڵک و کۆمەڵگاکەت

30 11 2022