تڕاژیدیای گوێزانەوە لە شیعری ژیان لە موسافیرخانەدا.. لێکۆڵینەوە: عەلی شێخ عومەر

گەر تێشووی دەق لە ڕێگای گومانەوە، نهێنی گەشتێکی یەقینی هەڵگرتبێ، بییەوێت بگات بە ویستگەیەک، وەرگر ئاڵودەی پرسیارێ بکات، ئایا تا چ ئاستێ نووسینی شیعر و ئەدەب لە ژیانەوە نزیکن! ئایا هەردووکیان بە جۆرێک لە جۆرەکان بە دوای نەمریدا ناگەڕێن! ئایا نووسین دەرخەی مانەوەی یەقین نییە! سڕکردن و تیمارکردنی ئازارەکانی گومان نییە، سیحری ونبوونێکی کارامەش نییە، دۆزینەوەی خود نیشتەجێبوونی لەنێو پێدراوەکانی دەق دا، ئایا ئەزموونی کردنەوەی سەرجەم ئەو دەرگاو دەروازانەنین کە بنووس بە دەقەوە گرێدەدات! ئایا لە دەنگی سادەی دەقەوە ئاوێزانی سەدایی ئالۆزو ڕۆحی دووەمی نووسەر نابین، یان لە هاوسەرگیری شیعر سەفەردا، لەنێو کردەی ڕێککەوتنی نێوان نووسەرو وەرگردا، ناکەوینە نێو دەرهاویشتەکانی یەقین و گومان، ژیان و مردن، بیرۆکەی هەڵگرتنی تێشووی سەفەرێک لە مووسافرخانەی ژیاندا، لە وێنەیەکدا ڕەتووش ناکرێت، لە دوالیزمەی هاودژەکاندا تڕاژیدیای گوێزانەوە لە شوێنەوە بۆ ناشوێن، لە وێنەوە بۆ ئاوێنە، فشارێک ناخاتە سەر فاکتەرەکانی ئاسۆی بوون، لەنێو سروشت و خەون دا، تێڕامان و قەیرانی هاوکێشەیەک دروستناکات، هەڵبەت پێداچوونەوەی خەون و بەرجەستەکردنی لە داکەوتەکانی بەردەست دا، مونتاج کردنی فاکتەکانی ژیانە، زەقکردنەوەی ڕێساکانی مردنە، لەنێو خود دا وێنە و ڕەنگدانەوەی خۆی دەبێت، ئایا نمایشکردنی وێنە لەنێو ئاوێنەدا، بەسە بۆ ناساندنی خودی شاعیر، کاتێ هیچگەرای ژیان وەک سەفەرێک، ڕێگای ئەوەی لێدەگرێت خود بە نەمری لەنێو دەقدا ببینێت، هەڵاتن لە پرسیارەکانی جێگیربوون لەنێو دەقی شیعر و شوێندا، دەتوانێ لە ناشوێندا وەڵامی پرسیارەکانی گومان بداتەوە، بۆ دەژین ئەی بۆ دەمرین، بۆ دەنووسین، لە زیندگیدا هەمیشە حەزدەکەین هەوێنی بۆشاییەکانی سەفر بگرینەوە، خۆمان بنووسینەوە، بیرۆکەی سەرەکی سەفەرکردن، گەر خۆ جیاکردنەوە نەبێت لەوانی تر، ئەءا گەشتێکە بۆ خۆ دۆزینەوەی وێنەیەک، زیاتر لەو وێنیەیەی لە ئاوێنەی گەشتەکەیدا، خۆمان بەدی دەکەین، شیعری “ژیان لە موسافیرخانەدا”1، شیعرێکی نایابی “موحسین ئاوارە” یە، ئەم شیعرە لە نۆ کۆپلە پێکهاتووە، هەر لە ناونیشانەکەیەوە، بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ لەتەک ژیاندا دەکات، ئاماژە بە خەسڵەتی بێ لایەنی شوێندەکات، پابەندنەبوونی خود بەپێی بنەماکانی هاوشێوەبوون، دەکاتە جەمسەری جیاوازی لە تێڕوانیندا، جووڵەی ڕاستەوخۆی خود بە ئاڕاستەی شوێن دەبێتە ڕەهەندێکی زیندوو، لە بیرەوەری شاعیر و لە زمانی شیعریدا شوێنی خۆی دەگرێت، زمانی شیعری خۆی لە خۆیدا، لەنێو زمانی سواوی ڕۆژانەدا گەشتێکە، پارادۆکسێ لە دژی دەستەمۆکردنی شوێن لە دۆگما دا فەراهەمدەکات، ژیان لە موسافیرخانە دا پۆلینکردنی شوێنە، دەرخەی وێنەیەکی تری شوێنە، لە جوگرافیایی خۆیدا دەتوانێ ئاسەوار و تێڕوانین و سنووری دەقی شیعری ئاسایی تێپەڕێنێ، کێشەی سنووری دەقی شیعری، سنووری وێنەی خود و ئاوێنە پێکەوە ببەستێ، گوێنەدانی خود بۆ سروشتی سەفەر، خۆ نەبینینی جیاواز، جۆرێک نییە لە مردن، گیرسانەوە بە هەستێکەوە، بە تاقە شوێنێکەوە، لێکەوتەی چ پەرچەکردارێ لە گووتاری شیعری “موحسین ئاوارە”دا فەراهەمدەکات، چۆن چۆنی لەنێو تێکستدا ئەو فێگەرانە دەخاتە سەرپشت، کە خۆی تێدا شاردووەتەوە، بەڕیزە پەیوەندییەکی دەلالیەوە دەورووخولی ئەو وێنانە دەدات، کە مانا لە ناوەڕۆک، پرسیار لە وەڵام، بنیاد لە هەڵوەشاندنەوە بەرهەمدەهێنێ، بۆ داگەڕان بە نێو دنیای شیعری “ژیان لە موسافیرخانە”دا هەر لە ناونیشانەکەیەوە، لەنێو کردەی ڕێکەوتنی نێوان نووسەرو وەرگردا، ئامبازی ئاخنینی کلیلی کردنەوەی دەروازەکانی دەق دەبین، بەرکەوتنێ لەنێوان دوو شتی جیاوازدا دەکەین، لە پتەوکردنی پەیوەندییەکدا، یەکتر تەواودەکەن، ڕەنگدانەوەی ژیان وەک بگۆڕێ، لە شوێنێکدا هاوشان لە تەکیدا دەگۆڕێ، هیچ مۆرک و پابەندبوون و شووناسێک هەڵناگرێ، نە خاوەن پێشگرێکە، نە پاشگرێک لە دوای خۆی بە جێدەهێڵێت، موسافرخانە چیرۆکی درزێکە، هەوێنی گومانێک، ڕیرەوی ناجێگیرییەک دەخاتە ڕیزی بوونێکەوە، لە دیاردەی نامۆبووندا، ناتوانێ لە خودی شاعیردا تێزی دڵنەوایی دروستبکات، هەمیشە هەستێکی جیاکەرەوە هەیە، پەیامداری لە کارڕایی گەشت، ژیان لە مردن، دنیای واقیع لە خەیاڵ جیادەکاتەوە، لە ناونیشانەکەوە، درک بەوە جیاکارییە نێوان واقیع و خەیاڵ دەکەین، کاروان عومەرکاکە سوور لە شوێنێکدا دەڵێت “ناونیشان خاڵی جیاکردنەوەی نێوان واقیع و خەیاڵە”2 دژوار نییە بۆ پێشچاوخستن، جێگرتنی دەق، ئاماژە بە دەستبژێری چەند کۆپلەیەک بکەین، هەر لە سەرەتاوە شاعیر بەم جۆرە دەرگای دەقە شیعرییەکەیمان بۆ واڵا دەکات، دەڵێت:

ژیانێک بۆ ڕەوت و سەفر
چراکەی داگیرساوە
بە بەهارستانی ویستگە و بازگەکاندا تێپەڕ دەبێ
تا لە دوا بازگەی مەرگەساتەکەدا
چراکەی لێ وەردەگرن و دەیکوژێننەوە
لە تاریکی وەردەپێچن و دەینێرنەوە ! !

بە شێوازێکی ئەبستراکت، دوور لە دیاردەکانی نەرسیسی شاعیرانە، هاوشان لەتەک دنیایی ڕیالیزمدا، “موحسین ئاوارە”ی شاعیر وەک ئاماژەیەک باس لە دۆخی مرۆڤ دەکات، لە کێشانی وێنەیەکی خۆیدا، ناتوانێ خۆی لەو وێنەیە جیاکاتەوە، کە لە ئاوێنەی بێهودەییدا دەدرەوشێتەوە، جیاکارییەکی وەها بەهێز لەنێوان گەشتەکەی و کۆتاییەکانی ژیاندا نابینێ، بیرکردنەوەی شاعیر بوونێکی بریندارە، ئەزموونی ئەم برینداربوونە لە ئاست پێوەرەکانی سەقامگیری و جێگیربووندا، درزێک لەتەک ژیاندا دروستدەکات، لە وێنەیەکدا پارادۆکسێ لەتەک ئەو هێزە پەیدا دەکات، کە لە دوو دیوی یەک دیاردەدا، هەوێنی ترس و گومانێک لە داگیرسان و کوژاندنەوەی ئەو چرایەدا دەگرێتەوە، لە یەک کاتدا هەم هێمایە بۆ بەردەوامی مانەوەوەی ژیان، هەم بۆ کوژاندنەوە، هەموو هەبوونێک تۆی نەبوونی خۆی هەڵدەگرێت، زەقکردنەوەی کێشەکە، خۆی لە هاوشێوەبوونێکی ئەو وێنەیەدا دەبینێ، بەم کردەیەش شاعیر لێکچواندنێ لەنێوان ڕۆحی خۆی و چراکەدا دەستبەردەکات، لە هەمان کاتدا، شاعیر لە بارودۆخێکی دەروونیدا، بە چەمکی ڕیاڵی “لاکان”ی گوزارشت لە داکەوتێک دەکات، هەڵبەت سیستەمی “لاکان”ی بەم جۆرە باس لە ڕیاڵ دەکات و دەڵێت “ڕیاڵ ئەو جێگایەیە، کە نە خەیاڵ، نە ئاماژە، نە زمان، نە دەسەڵات تێدا ئیشناکەن”3، ئێمە لێرەدا لە بەردەم سیستەمێکین بژاردەی تێدا نییە، ساتە خۆشەکان تەمەن، وەرزە کورتە سەوزەکەی سروشت، کە لە بەهاردا خۆی نمایشدەکات، وەک حەزو بگۆڕێک، بە ناچاری دەبێ لەنێو لەمپەڕو ویستگە نەگۆڕەکان دا تێپەڕێت، لە پڕکردنەوەی درزی نەگۆڕەکاندا، بازگە نموونەیەکی گونجاوە بۆ شکستهێنان، هەڵبەت زنجیرەی پچڕانی خۆشییەکان هەمە ڕەنگن، هەمیشە لە سنوورێکدا جێگیرنین، لە گەمەی شاردنەوەو گەڕاندا، لە کۆتایی چاوشارکێی مردن و ژیاندا، ڕزگاری نابێ، لە کۆتایی دوا بازگەدا، دەستپێشخەری دوا ئەجیندای ڕادەستبوونی زۆرەملێ دەستپێدەکات، ڕادەستبوون بە گوێزانەوەی وێنەی زیندووەوە بۆ ئاوێنەی مردوو، لە ڕووناکییەوە بۆ تاریکی، لە داگیرسانەوە بۆ کوژاندنەوە، جوڵانەوە لە ژیان دا، لە ویستگەی یەکەمی گەشتەکەیەوە کارەساتی پەکخستنی بگۆڕەکانە لەنێو نەگۆڕەکان، کوشتنی دنیایی خۆشییەکانە لەنێو چاوەڕوانییەک، لە پڕ لە دوا بازگەدا لێت دەسەنرێتەوە، لێسەندنەوەی چاوەروانی لێسەندنەوەی هیوایە، جێگیربوونییەتی لە جەستەی ڕیاڵ دا، دەرکردنی ڕۆحی خەیاڵە، بە مردن کۆتایی دێ کە لە پەڕگەی یاخبوونەوە لەناوکۆی سیستەمێکی داخراوی ڕادەستبوون دا دەجوڵێتەوە، لە جوڵاندنەوەی مردندا، ژیان دەوەستێ، گومان نامێنێ، چاوەڕوانی کۆتایی پێدێ، سڕینەوەی وێنەی خود لەنێو ئاوێنەی بێهوودەییدا دەبێتە درزێک، ژیان لە مردن، یاخیبوون لە چاوەڕوانی، ویستگە لە بازگە جیادەکاتەوە، لەنێو ئەم جیابوونەوەیەدا، شاعیر بە جۆرێکی پاسیڤ، ئاماژە بە ستراکتۆری دەقە شیعرییەکەی دەدات، لە کۆپلەیەکی دیکەی هۆنراوەکەیدا، لە دەروشاندنەوەی گۆشەنیگایەکی شاعیرانەوە لە بەرانبەر ژیاندا، پەیامە بەرزەکەی ئەدەب ئاشکرا دەکات، دەڵێت:

ڕۆژێ دێ و .
(ئەو) بە دوامدا ڕادەکا و هاوار دەکات
ئاوڕێکم لێ بەرەوە
دەفتەری بیرەوەریت لە لای من جێماوە
کەچی من
بەسەر باڵی سیمرخی تیژ ڕەوی مەرگەوە
تیژ تیژ تێدەپەرم
کاتێ زانی ناگاتە من و منی لێ بزر بووە
بێهودە و نائومێد دەگەڕێتەوە
ئەوە کێ یە؟ !
(ژیان)
دەرخەی کرۆکی ئەدەبی لە ڕووبەرێکدا لەنگەردەگرێ، تایبەتمەندی تاک لە وێنئارای ڕاستینەیەک نیشاندەدات، کە پێکهاتەی ئەدەب جومگەکانی هاوشێوەبوون، پارادۆکسێ لەتەک دامەزراوەکانی دەرەوەی خۆیدا دروستدەکات، شاعیر سیلەی ئەم پێدراوە دەکاتە دەرچەی بیرۆکەو هەستی جیاواز، لە کردەیەکی گرتنەخۆیدا، قسەکردن و داگەڕان لەسەر دۆخی مرۆڤدا دەکات، لە دنیادا گرنگی دەقی ئەدەبی، بە تایبەت شیعر، لەوەدایە، شاعیران بۆ گەیاندنی پەیامەکەیان ناتوانن ڕووداوەکانی واقیع وەک خۆیان بگێڕنەوە، بەم پێودانە “موحسین ئاوارە” لە هەڵڕژانێکی هەمەکیدا، پەنا دەباتە بەر ڕەگەزەکانی خەیاڵ و فانتازیا، هەر لێرەوە، شاعیر لە گێڕانەوەی تێڕوانینی بۆ واقیعی ژیان، لە ڕیگای منی بکەرەوە پێداگری لەسەر ئەگەری ئەدەبێک دەکات، گومانەکانی ترسی مردن، هەستە سادەکانی نێو واقیع بچووک دەکاتەوە، خۆیی پێی گەورە دەبێ، لە گۆشەنیگایەکی دیکەوە، بەرکەوتنێک لەتەک هەستە سادەکانییدا ڕەتدەکاتەوە، لە شوێنێک دا بە لاپرەسەنییکەوە پێدراوەکانی واقیع بەجێدەهێڵێ، ئاوێزانی دنیا بەرفراوانەکەی جەوهەری ئەدەب دەبێت، هەر سەبارەت بەم بۆچوونە “بەختیار عەلی” لە شوێنێکدا دەڵێت “جەوهەری ئەدەب وەک شوێنێک کە تێیدا هەستە سادەکان، ڕەهەندە ڕاستەوخۆ و پێدراوەکەی واقیع بە جێدەهێڵین”4، هەڵبەت لەنێوان ئێستای دەق و ئایندەی ڕۆژێ دێ، ئەو بۆشاییە لەنێودەبات کە هەرگیز منی شاعیر، بە ئەوی ترەوە نالکێنێ، هەرچەندە وێنەی من بوون، هیچ نییە، جگە لە گەڕانەوە و تەماشاکردنی ئەو ئاوێنەیی ئەویتر لە یادەوەریەکانیدا مانایەک هەڵدەگرێ، ئەمی شاعیر بێ سڕینەوەی ئەو مانایەی لە بیرەوەریدا ئەرشیفکراوە، ناتوانی لە ئاست نەرسیسی شاعیریدا خۆی بەسەرکەوتوو بەدیکات، ئەم خۆبینینەی منی شاعیر، لە ئاست نسکۆو پێدراوەکانی بێهوودەی ئەوی ژیان دا لادانێکە لە چەمکی یەک ڕەهەندی ماناو و خوێندنەوە، کە ئەمی شاعیر بە ئەوی واقیعەوە گرێدەدات، نە پەڕینەوە، نە بازدانی تێدایە، گوزارشتکردن لە ناسینی ئەوی دۆگما، گەڕانەوە نییە بۆ ئاشتەوایی و بەرکەوتن، بەڵکو هاوتەریبێکە، دەرخستنی یاخیبوونێکی بوونەگەراییە، پاراستنی شووناس و دۆزی مانەوەیە، ڕادەستنەبوونی ئەدەبە، بە جۆرێک شاعیر لە ڕێگای خەیاڵ و فانتازیا دا، بریاری ئەوە دەدات، خۆی لە دەست وپەیوەندییەکانی واقیعی ئەوی ژیان ڕزگاربکات، پێادەکردنی خەیاڵ، نزیکبوونەوە لە خود، ئاوێتەبوون لە دنیای شیعرو توانەوە لەنێو ئیستێتیکا، دوورکەوتنەوەو پچڕاندنە لە ڕایەڵە دزیوەکانی ئەوی ژیان، هەستی پێشگری گۆشەگیری گووتاری یاخیبوونە لە ئەوی پاشگری ژیان، ئەم پێشگرو پاشگرە لە ململانییەکی هاوتەریبدان، هیچ کات بەیەک ناگەن، وێناکردنی ئەوی ژیان، بە ڕاناوی کەسی یەکەمی تاکی نائامادە، لە چەمکی فانتازیادا فاکتەرێکی گونجاوە بۆ کرانەوەی ئاسۆکانی دەق بەڕووی وەرگردا، لە ڕیچکەی چەمکی فانتازیاوە شاعیر پەیوەندییەکانی بە ئەوی ژیان و شتەکانەوە دەگۆڕێت، لە گرتەیەکدا حزوری منی قسەکەری شاعیر، بەر لە خوێندنەوەی هۆنراوەکە، بوونی نییە، ئەوە کردەی خوێندنەوەی وەرگرە، منێکی نۆیی شایستە بە ئەدەب فەراهەمدەکات، منێک کە لە چەقگەرایی دەسەڵات و ئەزموونی هەستە سادەکانی ئەوی نائامادە دا خۆی ڕزگاردەکات، کە چیتر ئەمی شاعیر نابزوێنێ، بەرکەوتنی لەتەکدا ناکات، گوێ لە هاوارەکانی ناگرێ، ئاوڕی لێناداتەوە، هەرچەندە گووتاری شیعری پێ لە حەقیقەتی نەهێنی دەفتەری بیرەوەریەکان دەنێ، کە وەک شایەد حاڵ و بەڵگەیەک لای ئەوی نائامادە لە دنیایەک بەجێماوە، کە هیچ ڕەهەندی تازەی پێ نییە، وێنەی شیعری بگەیەنێتە ئەندێشەو سۆز، هەڵچوون لە خوڵقاندنی وێنەیەکی نوێدا، جیابوونەوەو جیاوازییەکی تۆکمە هەیە بە دیوێک لەنێوان تێڕوانینی منی شاعیر لە داڕشتنەوەی دونیا بە شێوەیەکی دیکە، بە دیوێکی تر دەرخستنی حەقیقەتی ئەوی ژیانە، لە درککردنی ئەو جیاوازییە، نەبوونی هاوسەنگی لەنێوانیاندا، شاعیر پەنا بۆ باڵندەیەکی ئەفسانی دەبات، سیمرخ دەکاتە هێمایەکی ئەکتیف، تەژی بە ئومێد، بە نەمری، لە کۆدەنگی پێشبڕکێیەکی هەستییدا، ڕوونان لە پیادەکردنی فانتازیا، دەتوانێ گریمانەی پێشوەختی ماهییەتی شیعری سەرخات، دژوارە ئەوی ژیان پێی بگات، دنیایی ئەدەب وەک واقیعی ژیان شکست و خرتوخاو نییە، تێڕوانینی سادەنییە، بۆیە لە چوارچێوەی فانتازیادا، تێکەڵی دنیای ئەدەب دەبێت، کە هاوشێوەبوون لەتەک پێدراوەکانی دونیایی دەرەوەدا، دروستناکات، وەک نووسەرێکی کارامە، یاخی، لە ڕیساکانی ژیان نارەزاییە، شاعیر لە ڕێگای وێناکردنی هەست و خەیاڵەوە، ئاوێتەی دەقە شیعرییەکەی بووە، لەنێویدا دەژی، لەم کۆپلەیەدا، “موحسین ئاوارە” پێچەوانەی کۆپلەکەی پێشوو، ئەو بەدحاڵیبوونە ڕاستدەکاتەوە، دەتوانێ وێنەی نەرسیسی خۆی لە ئاوێنەی بێهوودەیی جیاکاتەوە، تیژرەو بەسەر ئاستانەکانی مەرگدا تێپەڕێ، سنووری شاردنەوەو گەڕان، ونبوون ودۆزینەوەی ئەو گەمەیە، ببەزێنێ کە لە ژێر ڕیساکانی یەک ئاسماندا بۆی کێشراوە، چیتر تێزی شیعربوون لە تەنگەژەیی گیربووندا ناسرەوێ، بەڵکو لە دەرهەستەکی فانتازیدا، بەسەر باڵی سیمرخەوە سیمرخ ئاسا، لە مردن و سووتانی خۆیدا، سەر لەنوێ زیندوو دەبێتەوە بە نەمری دەمێنێتەوە، نووسینی هەر دەقێکی ئەدەبی، دەرهاویشتەی مردنی واقیعێکی ژیانە، نەمری لە دووی خۆی بەجێدەهێڵێت، باڵابوون و فراوانکردنی ئاسۆکانی دیدەی شیعریی، بانگەشەی پۆلینکردنی بەهرەی منی شاعیرە، گەشەسەندنێکی ناوەخنی خودە، دەروشانەوەی منێکی لێدەکەوێتەوە کە چیتر نایەوێت، ئەوی ژیان، لە ئاوێنەی بێهوودەیی دا بدۆزێتەوە، نە دەیناسێت، نەپێیدەگات، ئەوە جێهێشتن و جیاکردنەوەی ئەو وێنەیەی ژیانە، کە لەتەک وێنەی نەرسیسی خود دا لە دنیایی شیعردا یەکنایەتەوە، کە لە دەسپێک و کۆتایی کۆپلە شیعریەکەیدا، بە هەژاری، بە سادە تێڕوانین لەنێو دوو کەوانەدا، بە مردن و بە ڕەهەندەکانی بێئومیدی داخراون، ناتوانن خۆیان لە فانتازیا و ئەدەبی ڕاستەقینەدا زیندووبکەنەوە، بۆیە شاعیر چیتر نایاناسێت، دەکەونە دەرەوەی بازنەی فانتازیا، لەتەک خەیاڵدا لێکەوتن ئەنجام نادات، لەنێو دوو کەوانەدا دیاریدەکات، بە سەرسووڕمانەوە دەڵێت ئەوە کێیە ژیانە، بەرپرسی شاعیر لە پرسی چیگووتن و جوانگووتندا، لە گەشتە شیعرییەکەیدا لە دیمەنێکی ناوازەدا، بە چاوگێڕانەوەیەکی نێو موسافیرخانە، لە ڕیچکەی لادانی واتاییەوە، لە گرتەیەکدا ئەدگارەکانی لێکچواندن و خواستن دستبەردەکات، دەڵێت:
قفڵی داخراو، بە کلیل دەڵێ
وەرە بخزیوە نێو گیانمەوە
بسوورێ بە نێو بەنی هەناومەوە
با رووناکی بگەڕێتەوە ئەو ژوورەی لە تاریکی ترساوە
پاڵکەوتووانی هەڵسنەوە سەر پێ
چیتر باویشک نەدەن لە نێو جێ
ئەی ئەوانەی دۆستی چرا و گوڵ و خۆرن
ئێوە لەگەڵ تاوان و بەدگۆیدا ناجۆرن !!
گەر وێنەی ئەدەب، شیعر بە تایبەت، ڕەنگدانەوەی وێنەی ئەوی ژیان بێت لە منی شاعیردا، دڵەڕاوکێ و بێهودەیی لێبکەوێتەوە، مانەوەی ژیان بەم شێوەیە لە خود دا یەکنایەتەوە، نە لەتەک ناسنامەی شیعرەکەو ناونیشانەکەی، نە لەگەڵ چەمکی گشت و سەفەرکردندا، سەفەرکردن داخراو نییە لە شوێنێکدا، بەڵکو پرۆسەی گەڕان و گۆڕین و کرانەوەیە بە ڕووی دنیا دا، ئەزموونی تازەیەی دەوێت، خۆ تەکاندنە لە گەردو تۆزی ڕابردوو، خۆپاککردنەوەیی دەروونە، ئیلهامە، تیمارکردنی نەرسیسی بریندارە، “موحسین ئاوارە” زیرەکانە لە ڕێگای “خوازەی ژیرییەوە” مامڵەی لەگەڵدا دەکات، “خوازەی ژیرەیی” هەر وەک عبدولعەزیز عەتیق دەڵێت “بریتییە لە دانەپاڵی کار، یان هەرشتێکی دی کە هاوتای کارەکە بێت، جگە لەوەی بۆی دانراوە”5، خۆنووساندنی شاعیر بەم سیلەنیگایەوە، پێدزێکی لەبارە بۆ گوزارشتکردن، لەو ئاخاوتنەی کە دەتوانێ ئەو واتا باوانە تێپەڕێنێ کە پێی ناسراون، مانایەکی دیکە بخاتە سەر واتاکە کە هەڵگری وشە بەکارهێنراوەکەیە، لە وێنەیەکدا بە کردەی دانەپاڵ لە بەکارهێنانی خوازە بەپەیوەندی ئامێری، وشەی قفڵ بەکاردەهێنێ، قفڵ بنڕێژی هێمای نیشانکەرێکە”دالە” ئاماژە بە بنیادی جوومگەکانی گووتاری هۆنراوەی داخراو دەکات، بە دیوێک قفڵ وەک نیشانکەرێک وێنەی خۆیەتی، نەرسیس و بەهرەی شیعری بە نیشانکراوی”مەدلول” نەبێ کە کلیلە ناتوانێ خۆی لە وێنەکە جیاکاتەوە، بە دیوێکی تر، بە بەکارهێنانی کلیل، گومان بە یەقینەوە پەیوەستدەکات، گووتاری هۆنراوەکەی بە ئاخنینی کلیل لەنێو قفڵ دا دەکاتەوە، کلیل وەک نیشانکراوێک بانگەشەی کارکردنێکی ئەکتیڤی خەیاڵ و فانتازیایە، پەڕینەوەیە لە واقیعی داخراو، بۆ خەیاڵ و خەونی بەربڵاو، ئەوە قفڵی داخراوی واقیعە، ئاخاوتن لەتەک کلیلی ڕزگارکەری خەیاڵ دەکات، ئەوە خودی دەقە، گوزارشت لە تەنیایی خۆی دەکات، وێنەی خۆی لە ئاوێنەی واقیع جیادەکاتەوە، بە کلیل دەڵێت وەرە ناو منی شاعیرەوە، تا لە ئەوی تر جیابمەوە، پۆلگرتنی ئومێد لە ئێستای زەمەنی نووسینی شیعردا، بەرخوازێکە، هێشتا نە هاتووەتە دی، ئەگەری شوێنێک لە بۆشاییەکانی دەقدا فەراهەمدەکات، دەروشانەوەی خەیاڵ دەکاتە بزوێنەری گەڕانەوەی ئومێدێک کە لەچوارچێوەی فاکتێک دا، ڕووناکی دەبەخشێت، لەنێو نەستی شاعیردا یەقدەداتەوە، گووتاری ئەوی دیی هەڵدەگرێ، کە پێشتر ئامبازی تاریکی بووە، سڵی لێکردووە، نائارامی پێ بەخشییوە، تاریکی ترس و نارەحەتییە، شاعیر لە کرانەوەیەکی بژوێنەردا، وەک نووسەرێک، لەنێو کردەی نووسیندا، بەدیوێک بیر لە پێگەی خۆیدەکاتەوە، ووریا دەبێتەوە، بەدیوێکی دیکە، بیر لە بەشێک دەکاتەوە کە موسافیری نێو دەقی سەرکەوتوو نین، بێئاگان لە سەفرەکەی نووسەر، بە حسێبی وەرگر، بنووس داوای ووریابوونەوەو هۆشیاریان لێدەکات، دەق شوێنی ئەوەی تێدا نییە، تێیدا بخەویت یان باوێشک بدەیت، لە کۆتایی دەستبژێرێک دا، ئەو وەرگرانە، بۆشاییە تاریکەکانی واقیع بە خەیاڵ و فانتازیا پڕدەکەنەوە، بە کاریگەری تەمەڵی و پاشکۆکانی، گەشتی سەفرەکەی ئەدەب، لە ڕێساکانی نووسەر، وەرگرو دەق تێکنادەن، لەنێو خودی هۆشیارییەوە، ئاشق و مەئشوقی سروشت و ڕووناکی و خۆرن، کە هەردووکیان بە جووتە دوو دیوی یەک دونیان، کە لەتەک تاریکی و ناپاکی دا یەکنایتەوە، کاتێ بەم ڕێچکەیە لە ڕێگای دەقەوە وەرگر ئاگادار دەکاتەوە، لە گومانەوە دەیانپەڕێنێتەوە بۆ یەقین، لە تاریکییەوە بۆ ڕووناکی، لە داخرانی دەقەوە بۆ کرانەوە، لە تاک ڕەهەندییەوە بۆ فرە ڕەهەندی، پەیگیری وەرگر بەم ڕێرەوە، پارادۆکسێ لەتەک چەمکی تێنەگەیشتن لە دەقدا دروستدەکات، کە شاعیربە تاوان و بەدگۆیی دەیخوێنێتەوە.

ئابی 2022

——————————
ژێدەرەکان
1 ـ موحسین ئاوارە ـ عەترێکەو لەنەوەی گوڵخانە ـ چاپخانەی ڕۆژهەڵات ـ هەولێرـ ساڵ 2019 ـ لاپەڕە 12
2 ـ کاروان عومەر کاکەسوور، دواڕۆژ کاکەسوورـ سوارەکان بە قاچاغ بووکیان گواستەوە (ڕۆمان) ـ چاپخانەی ڕۆشنبیری ـ هەولێرـ ساڵ 2011 ـ لاپەڕە 9
3 ـ بەختیار عەلی ـ جوانییەکانی ناڕێکی ـ چاپخانەی تاران ـ چاپی یەکەم ـ ناوەندی ڕۆشنبیری ئەندێشە ـ سلێمانی ـ لاپەڕە 89
4 ـ بەختیار عەلی ـ زنجیرەکانی دۆنکیشۆت ـ چاپخانەی ئەڵوەن ـ چاپی یەکەم ـ ناوەندی ڕۆشنبیری ڕهەند ـ سلێمانی ـ لاپەڕە 154
5 ـ ئیدریس مەحەمەد رەزا ـ وێنەی شیعری لە دیوانی “تەمەن”ی ئەحمەد مەحەمەد داـ چاپخانەی چوارچرا ـ چاپی یەکەم ـ هەولێرـ سال 2021 ـ لاپەڕ 98




ئەدەبی پۆست هۆلۆکۆستی کەنەدی.. ڕیچاڵ کۆرن

ئامادەکردن و وەرگێرانی لە ئینگلیزییەوە : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

هۆلۆکۆست؛ کردەی جێنۆسایدی نزیک بە شەش ملیۆن ئینسانی جوولەکە بوو لەسەر دەستی نازییەکانی ئەڵمانیا و هاوپەیمانەکانی، ئەمە جگە لە پێنج ملیۆن قوربانی تر کە سەرجەم دەکاتە یانزە ملیۆن.. ئەم کردەوە دژی ئینسانییە لە ساڵی ١٩٤١ دەست پێدەکات و لە ١٩٤٥ کۆتایی پێدێت. ئەو کوورانەی بۆ مرۆڤ سووتاندن دروستکرابوون، هەر مرۆڤەکانیان نەدەسووتاند، بەڵکو داهێنان و شارەزایی و لێهاتوویی و زمانناسیی و زانست و فەلسەفە و هونەر و ئەدەب و وەرزش و کلتوور و مێژووییان دەسووتان. ئەو نووسەرە جوولەکانەی لەم سەردەمەدا ژیان و بەهەرهۆیەکەوە بێت ڕزگاریان ببوو و پەرشوبڵاو لە وڵاتانی ڕووسیا و ئەمریکا و ئەوروپا دەژیان، توانیان درێژە بە پەیامی کۆمەڵایەتی ئەدەبیی خۆیان بدەن. ئەم نووسەرانە بە نووسەرانی پۆست هۆلۆکۆست ناوزەد دەکرێن. نووسەر و هونەرمەند و ڕۆشنبیرە جوولەکانی پۆست هۆلۆکۆست توانیان نەک هەر تەنها لە ئیسرائیل، بەڵکوو لە زۆر وڵاتدا بەتایبەتی لەوڵاتی باکووری ئەمریکا خۆیان ڕێکبخەن و دەستگیرۆیی نووسەرانی تری جوولەکە بدەن، کە ڕیچاڵ کۆرن یەکێکە لەو نووسەرانەی بەهۆی ئەو دەستگیرۆیی و سەپۆرتەوە گەیشتە کەنەدا و لە مۆنتریاڵ جێگری دەبێت و ژیانێکی نوێ دەست پێدەکات.

ڕیچاڵ کۆرنی شاعیر و نووسەری کەنەدیی، بەڕەچەڵەک جووکەلە و بەڕەگەز پۆڵەندیی و یدیی زمان (١)لە ١٥ی کانوونی دووەمی ١٨٩٨ لە پۆڵەندە لەدایکبووە. هەر لە تەمەنی مێرمنداڵییەوە دەست بەشیعر نووسین دەکات. لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگی جیهانی یەکەم،خانەوادەکەی دەچنە ڤییەنا و ساڵی ١٩٨١ دەگەڕێنەوە پۆڵەندا. هەر لەو ساڵە (١٩١٨) دەست دەکات بە بڵاوکردنەوەی بەرهەمە ئەدەبییەکانی بە زمانی یدیی لە ڕۆژنامەکانی ئەوکات، کە ڕۆژنامەی جوولەکەکان و سۆشیالیستەکان بوو. ساڵی ١٩٢٨ یەکەم کۆمەڵە شیعر بەناوی گوند و ساڵی ١٩٣٧ دووەم کۆمەڵە شیعر بەناوی گوڵاڵە سوورەکان و ساڵی ١٩٣٦یش یەکەم کتێبی نووسین(پەخشان)ی خۆی لەژێر تایتڵی خاک چاپ و بڵاو دەکاتەوە. ساڵی ١٩٤١ لەسەروبەندی داگیرکاری ئەڵمانیا بۆ رووسیا، ڕیچاڵ لەلایەن دەسەڵاتی ئەوکاتی یەکێتیی سۆڤییەتەوە لەگەڵ نووسەرە جوولەکەکانی تر دەگوێزرێتەوە بۆ ئوزبەکستان و پاشان لە شاری مۆسکۆ دەگیرسێتەوە. ساڵی ١٩٤٦ دەگەڕێتەوە پۆڵەندا و ساڵی ١٩٤٨ دەچێتە مۆنتریاڵ لە کەنەدا. ساڵی ١٩٤٨ چوارەم کتێبی خۆی بەناوی ماڵ و بێخانەولانەیی) بڵاو دەکاتەوە. ڕیچاڵ وەک شاعیری یدیی پۆست هۆلۆکۆست، یانزە کتێب بەزمانی یدیی چاپ و بڵاو دەکاتەوە. ١٠ لە کتێبەکانی وردەگێردرێنە سەر زمانی ئینگلیزی.(٢)

ریچاڵ و شیعر
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی شیعری ڕێچاڵ کۆرن ئەوەیە کە دەقەکانی کورت و چڕ و خاوەن تەکنیکێکی بەرزن کە بەبەروارد بەو مێژووەی شیعرەکەی تیا نووسراوە، دەتوانیت وەک شیعرێکی مۆدێرن و هاوچەرخ ببینیت. شاعیر لەڕێگەی خەیاڵ و چەند وێنەشیعرییەکەوە دەگەڕێتەوە ئەودیو سنوورەکانی شیعر یان خەیاڵ و لەوێشەوە بۆ ڕابردوویەکی دوور یان نزیک. ڕابردووی منداڵی خۆی و بانگ کردنەوەی ئێوارانی دایکی .

لەودیوی شیعرەوە بێستانێک هەیە
لە نێویدا ماڵێک هەیە
سەری بەپووش و سێ دار ئەناناس گیراوە
سێ پاسەوانیش بێ ورتە ئامادەباش ڕاوەستاون

لەودیوی شیعرەوە باڵندەیەکی
قاوەییەکی زەردباو و سینگ سوور هەیە
گشت زستانێک دەگەڕێتەوە و
چەشنی خونچەی نێو دەوەنێکی ڕووتەن خۆی هەڵدەخات

لەودیوی شیعرەوە ڕێگایەک هەیە
باریک هەروەکو تاڵەقژ
کە ونبوویەک بە پێ خاوسی و بە بێ خشپە
بەو ڕێیەدا هەنگاو دەنێ

لەودیوی شیعرەوە شتگەلێکی جوان ڕوو دەدەن
تەنانەت لەم ڕۆژە هەورە غێمەیەشدا
ئەم ساتە بریندارە، هەناسەی تایەکی توند
لە شووشەی پەنجەرە دەدا

لەودیوی شیعرەوە دەشێ دایکم پەیدا ببێ و
لە نێو دەرگاکەوە بوەستێ و نقوومی بیرکردنەوە ببێ
پاشان هەروەک جاری جاران بانگم بکاتەوە
تێر یاری نەبووی ڕۆڵە گیان ئەی نابینی ئەوا شەوە.(٣)
ناوەڕۆکی شیعرەکانی ئەم خانمە شاعیرە دیارە بەتەنها هەر نۆستالیژیا و گەڕانەوە بۆ سەردەمی منداڵی نییە، هەرچەندە وەک جەین دەڵێت ( لای ڕیچاڵ کۆرن یادەوەری تا ئاستێکی بەرز، بریتییە لە ڕابردوویەکی هەڵاتوو.) (٤) بەڵام ئەم ڕابردووە ، ڕابردوویەکی مردوو نییە، بەڵکوو ئینسان و کارەکتەرەکان لەنێو وشە و ڕستەکاندا هەناسە دەدەن و دەژێن. ئەو هۆلۆکۆست دەکات بە ناسنامەی خۆی و لەوێشەوە نامە و پەیامەکانی دەدات بەگوێی ئینسانییەت.
بەرد بارانت کردم خودایە
لەگەڵ هەواڵی کارەساتبار و هۆلۆکۆست
تا ڕووخسارم لەنێو خۆڵدا دەنێژم و
زمانم لاڵ دەبێت.(٥)
ڵاڵبوونی زمانی شاعیر ،ڵاڵبوونی شیعرە لای شاعیرێک کە پەیوەست بێت بە مەسەلە گرنگەکانی ئینسان و ژیانەوە. لای ڕیچاڵیش کە دەربازبووی گەورەترین کوشتارگا بوو لەمێژووی مرۆڤایەتی ، بێدەنگبوون لەو تاوانە گەورەیە لاڵبوونی شعر و مردنی شاعیرە.

ئەم خانمە شاعیرە لەساڵی ١٩٨٢ لە کەنەدا بەیەکجاری ژیانئاوایی لە پەناهەندەیی و شیعر و نووسین دەکات. دوای مردنیشی چەندین کتێبی دەربارە دەنووسرێت و بایەخی شایستەی خۆی پێدەدرێت.(٦)

———————————

پەراوێز و سەرچاوەکان
(١)زمانی یدیی زمانی گروپێکە لە جوولەکە ئەشکەنازییەکان کە دەکەونە ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا وئیسرائیڵ و باکووری ئەمریکا کە بە ئەلفوبێی عیبری دەنووسرێت و زمانی عیبریش نییە. یدیی واتە جوولەکە. هەرچەندە ڕەگی مێژوویی ئەم زمانە دیار نییە، بەڵام بەزۆری کۆکن لەسەر ئەوەی کە لە سەدەی دەیەمدا وەختێک جوولەکەکان لە فەرەنساو ئیتاڵیاوە بەرەو ئەڵمانیا کۆچ دەکەن زمانەکەشیان کە گرێدراوی ژیانیانە لەگەڵ خۆیان دەگوازنەوە و دەستی پێوە دەگرن.
https://jewishpubliclibrary.org/rachel-korn/portfolio/bibliography/2-
3-The Poet’s Craft
Robert J. Ireland
Printed in Canada, 1987 p 239.
4-Canadian Jewish Women’s Poetry by Janis Rapoport
Canadian Woman Studies
Volume 16, Nubmer 4 page 127.
5-https://www.inspirationalstories.com/poems/encounter-rachel-korn-poems/
6- https://en.wikipedia.org/wiki/Rachel_Korn




گۆران مەریوانی..وونبوون لە هوشیاری و بێهودەیی و ئاوێتەکردنی بوون و نەبوون-1- نزار جاف

( 1 ـ 2 )

موزەفەر ئەلنەواب لە هەڵبەستی”ژێ لێدانەکانی شەوانە” دەڵیت:
“ئای لەو سامناکییە گوێ بگرە
لە دوای ئوقیانووسەکانی تۆقینی پڕ لە دێوەکان
قەڵایەکی بێدەنگی هەیە
لەو قەڵایە بیرێکی سامناکە
هەر وەك کۆمەڵە گۆڕێك کە لەسەر یەك بنیات کرابن
دوا گۆڕ بە نهێنی ئاراستەی زیندانێك دەبێتەوە
زیندانەکە قەفەسێکی تێدایە کە کۆمەڵە چڕینێکی لەناوچوو کۆبوونەتەوە بە دەوریدا و
پاشماوەی چۆلەکەیەك لە خۆی درگرێت کە بەر لە سێ سەدە مرداربۆتەوە
ئەوەتا روحم.”
ئەم پارچە هەڵبەتە کە بە دەگمەن لە شیعری عەرەبی نوێدا، تەداعی وئاوێتەکردنی واتا ومەبەستم بەو جۆرە دیبێت، بەڵام ئەوەی سەیرە هەرچەندە ئەم بڕگەیەی نەوابم وتووەتەوە”هەڵبەتە شیعریم ئەوم زۆر لە بەرە”، گۆران مەریوانیم بیرکەوتۆتەوە! هەڵبەتە هاوڕێی کورد و عەرەبی زۆرم هەبوون بەڵام هەمیشە گۆرانم بیر ئەکەوتەوە و، هەرگیز لام سەیر نەبوو، چونکە هیچ هاوڕێیکەم وەك گۆران خۆی لە تەلیسم و نهێنی و تەمدا نە ئاڵۆزانبوو! گۆران هەمیشە خەریکی خوێندنەوەی بە مەبەست بوو، هەمیشە میشکی لە حالەتی گەڕان و پشکنینێکی بێ ووچاندابوو، بۆیە سەرنجی زۆر راکێشام بەلای خۆیدا و، ئەوەی زیاتر سەری سوڕمانم، تێگەیشتنی لە کتێبە فیکری و وێژەییەکانی ئەو کاتە بوو کە هەمەوو ی بە زمانی عەرەبی بوون، هەڵبەتە من وەك خۆم چونکە خوێندنم بە عەرەبی بوو و شارەزاییەکی تەواوم لەو زمانەدا هەیە، زۆر لام سەیربوو کە گۆران بەو جۆرە لە عەربی تێدەگات!
گۆران لە ساڵی 1976دا، واتە لە گەرمەی دەسەڵاتی حزبی بەعسدا، کاتێك پێکەوە لە لای نەخۆشخانەی ناوڕاستەوە بەرەو بەردەکی سەرا دەرۆیشتین، پێشنیاری پێکهێنانی پارتێکی کرێکاری خستەڕوو کە ببێتە ئالتەرناتیفێك بۆ پارتی کۆمۆنیستی عێراق کە ئەو کاتە بە”تەحریفی” ناوزەدمان ئەکرد. گۆران لەو کاتەدا لە تافی لاوێتیدا بوو و، ئەو جۆرە بیرکردنەوە سامناکە لە سەردەمی بەعسی دڕندەدا، بابەتێکی یەکجار سەرنج راکێش و نائاسایی بوو، کەچی بۆ گۆران زۆر بە سادەیی باسی ئەکرد، بەڵام، زۆر گرنگە ئەوەش بڵێم کە ئەو مرۆڤ ناس بوو و هەرگیز سفرەی دڵی خۆی لای هەموو کەسێك هەڵنەدەڕشت.
گۆران کە هاوڕییەتیم لە گەڵیدا دوو قۆناغێ جیاواز دەگرێتە خۆی، یەکەمیان ئەو کاتەی لە ناوەڕاستی حەفتاکاندا لە چایخانەی قەڵادزییەکان بە یەکترئاشنابووین و دوو سێ ساڵی خایاند، پاشان گۆران لەناکاو پێی راگەیاندم کە وڵات بەجێدێڵێت چونکە مانەوەی واتای واژووکردنی بڕیاری مرگیبوو. قۆناغێ دووەمیش کە لە دەرەوەی کوردستان لە ساڵی 2005دا، جارێکی دی پێوەندیمان بەرقەراربووەوە.
جیاوازی لەنێوان ئەو دوو قۆناغەدا زۆر بەرفراوانە، بەڵام ئەوەی لە گۆراندا کۆیان دەکاتەوە، خوێندنەوەی بەردەوام و دەوڵەمەندکردنی ئاستی رۆشنبیری رۆژ لەدوای رۆژ.
نووسینی بابەتی رەخنەگەری و هەڵسەنگاندن، هەمیشە نووسەر رووبەڕووی جیهانێکی بەرفراوان و نائاسایی دەکاتەوە، بە تایبەتی ئەگەر ئەو بابەتەی لەسەری دەنووسیت پەیوەستە بە کەسێکیەوە کە لە 10% ئاشکرایە و لە 90% شاراوەیە! هەڵبەتە گۆران کەسێکی لەو جۆرەیە و، ئەوەی وابزانێت گۆرانی بە تەواوی ناسیوە ئەوا داوای لێدەکەم بە خۆیدا بچێتەوە چونکە ناسینەوەی تەواوی ئەو هەروەك ئەو بڕگە شیعرەی موزەفەر ئەلنەوابە کە لە سەرەتادا هێنامەوە و، چاکتریشە ئەوە بڵێم کە ئەمە یەکەم جار نییە لەسەر گۆران بنووسم، بەڵکو بگرە هەمیشە ئەوەندەم لەسەر هیچ شاعیر و ئەدیبێکی دیم نەنووسیوە بەتایبەتی بە زمانی عەرەبی تا کار گەیشتە ئەوەی هەندێك لە هاوڕێیانی فارس و عەرەب ئەو کارەی منیان لا سەیربوو، بەڵام، من وەك خۆم، هەمیشە گۆران بۆ من وەك ئاسمانێکی بێ کۆتایی وابوو و هەر جارێك کۆمەڵە شتێکی نوێ و سەرنج راکێشم تیدا دەدۆزییەوە.
گۆران گەرچی قسە و باسی زۆر لە نێوانماندا روویداوە، بەڵام باشتر دان بەوە بنێم کە هەمیشە قسە و باسمان لەسەر شعیری ئەو و بابەتی فیکری و وێژەیی بووو، کاتێك گوێبیستی شیعری “پەنجەرە”ی بووم لە چایخانەی قەڵادزییەکان لە ناوەڕاستی حەفتاکانی سەدەی رابردوو، ئەو شیعرە بووە هۆی گەڕانم بە دووایدا کاتێك کە ساڵی 2002، هاتمە هەندەران و، تاساڵی 2005 ئۆقرەم نەگرت تا دۆزیمەوە و جارێکی دی پێوەندیمان بەرقەرار بوو و، زۆر سەرسام بوو کاتێك هەر لە سەرەتای یەکەم پێوەندیکردنی تەلەفۆنیمان داوای شیعری”پەنجەرە”م لێکرد! لەراستیشدا ئەوەی لە”پەنجەرە”دا بینیم، گۆران هەر لەسەەرتاوە لە نووسینی شیعردا خاوەنی روح و نەفەسێکی یاخی بوو و، هەردەم بە دوای بابەتی ورووژێنەربوو و عەوداڵی بوون و نەبوون و بێهودەییەکی بێ کۆتایی بوو تا دوورگەی ئارامی بدۆزێتەوە!
گۆران کەسێك نییە کە تەنها بە دوای نهێنییەکان لە دەوروبەری خۆیدا بگەڕێت بەڵکو پتر لە خۆیدا نقووم دەبووەوە و وەك حەلاجێکی کۆچکردوو بە کەشتییەکەی کۆلۆمبس دەیویست راستی خۆی و ناخی خۆی بزانیت لەسەر چی و بۆچی پێکهاتووە.
لە شیعری پەنجەرەدا گۆران دەڵێت:
“لە دووریا، لە بنی تابووتێکی بێکۆتاییا نووقمم.
ئەرێ تۆ!
پێش ئەوەی سەرم بنێیتەوە،
پەنجەرەیەکم بۆ دانێ!
با هەناسەیەکت هەڵمژم.
من
بێ هەناسەی تۆ
دەمرم!”
یاری کردن بە بابەتە دژ بە یەکەکان و ئاوێتەکردنی جیهانە جیاوازەکان، لەم کۆپلییەی پەنجەردا بە زەقی دەبینین، گۆران کاتێك داوادەکات لە تابووتی مەرگدا سەری بنێنەوە و واتا ئیدی کۆتایی ژیانێتی، کەچی بە پێچەوانەی ئەو واتایە داوادە هەناسەییکی ئەو هەڵمژێت، چونکە بێ هەناسەی ئەو دەمرێت! بەم جۆرە گۆران لە شیعرەکانت یاری بە ووشە واتا و مەبەستەکان دەکات، بەم جۆرە ئەو جیهانانەی کە هەموومان دەیانناسین نەك تەنها تێکەڵاوی یەکدییان دەکات بەڵکو جیهانی دیکەی نوێ کە خۆی دەیخولقێنێت بەو جیهانانەی ئاشکرا دەکات و دەیەوەێت بە راکێشانی پتر لە پردێك و هەروەها دروستکردنی زێتر لە ئاسمانێك رازی بوون و نەبوون هاوکێشەی ئازار و خۆشەویستی چاوەڕوانی بدۆزێتەوە.
ئەم پێشەکەییەم بۆیە نووسی تا لە بەشی دووەمی ئەم نووسینەمدا هەردوو هەڵبەستی” ئیتر من باردەکەم لێرە” و”گرێ” هەڵسەنگێنم، چونکە بەبێ پێشەکییەکی لەمجۆرە ئاسان نییە بۆ خوێنەر لە شیعری گۆران مەریوانی بە گشتی و ئەو دوو هەڵبەستە بە تایبەتی، بە باشی تێبگات.

نزار جاف




شانۆی رەش.. کامەران حاجی ئەلیاس

شانۆی رەش یاخود( شانۆی رووناکی رەش) ،ڕەگ و ڕیشەی ئەم جۆرە شانۆییە ، بۆ ئەفسانەیەکی وڵاتی چین دەگەڕێتەوە، کاتێ یەکێک لە ئیمپراتۆرییەکانی چین کوڕەکەی دەمرێت ،زۆر خەفەت بار دە بێت، بەجۆرێک ناتوانێ کۆستی کوڕەکەی لەبیر بکات ، بۆیە یەکێک لە جادووکەرەکان کە نزیک بوو لە ئیمپراتۆر پێشنیاز دەکات چەند نمایشێکی خەندە ئامێر ئامادە بکرێت وپێشکەش بە ئیمپرتۆر بکرێت، بۆ ئەوەی کۆستی کوڕەکەی لەبیر بچێتەوە ،نمایشەکان بە بەکارهێنانی سێبەری جوڵاو لە دواوەی پەردەیەکی سپی لە رێگەی بەکارهێنانی مۆم بووە واتە( نمایشی خەیاڵی سێبەر) بەم شێوەیە بەپێی تێپەر بوونی کات نمایشی سێبەر گەیشتە وڵاتانی ئەوروپا وەکو چیکۆسلۆفاکیا، بەڵام ئەو نمایشەی ئەمرۆ بەناوی شانۆی رەش پێکەش دەکرێت، زۆر جیاوازە خاوەن شێواز و فۆرمی خۆیەتی لە شانۆی سێبەر ئەو کات ناچێت ، بەڵام هەموو بۆ چوونەکان ئەوە دەردەخەن کە شانۆی رەش پشت بە شانۆی سێبەر دەبەستێت .
شانۆی رەش نوێ لە پەنجاکانی سەدەی رابردوو لەسەردەستی داهێنەری فەرنسی (جۆرج لانیی) خاوەن رووناکی سەرووی بنەوشەیی سەری هەڵداوە ، ئەم رووناکییە سیفەتێکی تایبەتی هەیە ،جگە لەرەنگی سپی و رەنگەکانی فسفۆری،هیچ رەنگێکی تر دەرناکەوێت .
شانۆی رەش،شانۆی داهێنانە بەهۆی ئەوەی شانۆیەکە سەرتاپای بەرەش دادەپۆشێت،بەجۆرێک هەموو شتێک رەشە هەر لەجل وبەرگی ئەکتەرەکان هەموو پەردەکان هەروەها هۆڵی نمایشیش رەش دەبێت ،بەجۆرێک هیچ شتێک دەرناکەوێت ،جگە لە روخساری ئەکتەراەکان یاخود جەستەکانیان دەردەکەوێت، بۆئەم مەبەستە پشت بە سینۆگرافیایەکی بەرچاو وگونجاو دەبەستێت ،هچ شتێک لەسەر تەختەی شانۆ و بینمیچی شانۆ دەرناکەوێت ، تەنیا ئەو شوێنەی کە ئەکتەر مەبەستییەیەتی دەردەکەوێت، رێگا بە هیچ سەرچاوەیەکی رووناکی نادرێت بەکار بێت، جگە لە تیشکی سەروی بنەوشەیی نەبێت .
شانۆی رەش یاخود رووناکی رەش بریتییە لەو نمایشە شانۆییەی ،کە هەموو شانۆییەکە بە پەردەی رەش داپۆشراو بێت ، هەروها سەرجەم ئەکتەرەکان جل وبەرگی رەش لەبەر دەکەن و هەموو دەورپشتیان رەش دەبێت ، هیچ رووناکییەکیش بەکار ناهێندرێت ، بۆ ئەوەی نمایشەکە تێک نەچێت ،تەنیا پشت بە رووناکی سەروی بنەوشەیی دەبەستێت ،کە لەرێگەی لولویی رووناکییەوە دەبێت ،وە بۆ تەواو کردنی دیمەنی شانۆیی رەنگدانەوەی رەنگی فسفۆری بۆ سەر جل وبەرگی ئەکتەرەکان یان بۆ سەر دیکۆر دەبێت ، لەگەڵ بوونی موزیک،کە گوزراشت لە چەمکی شانۆگەرییەکە دەکات .
شانۆی رەش پشت دەبەستێت بەدەرخستنی کەساییەتییەکان ، فۆرمەکان ، نیگارەکان ، دیالۆگەکان لەرێگەی رووناکی بنەوشەیی ،شانۆی رەش هەر لەبنەڕەتدا لەرێگەی زمانی هێما و ئاماژەکان و دیالۆگە بەهێزەکان.. وتووێژ لە گەڵ چاوی بینەر دەکات ،لەگەڵ پشت بەستن بە دەقی وورد و موزیک و کاریگەریە دەنگەییەکان بە جۆرێک هەموو شتێک لەسەر پانتایی شانۆ زۆر بەئازادانە دەجوڵێن و لێک جیا دەبنەوەو یەک دەگەرنەوە،دەردەکەون و وندەبەن لە هەمان کاتدا دووبارە دەردەکەونەوە .
ئەکتەرەکان جل وبەرگی فسفۆری لەبەردەکەن ، یاخود بەشێکی جەستەیان دادەپۆشن، بۆ ئەوەی بەشێکی تری جەستەیان دەربکەوێت وەکو پێیەکان و دەستەکان بەجۆرێک ئەکتەر لێرەدا دەتوانێنێت بەشێکی لە جەستەی خۆی دەربخات، وای نیشانی بینەر بدات کەلەجەستەی خۆی جیاییە بەهۆی داپۆشینی جەستەی لەرێگەی قوماش یاخود لەرێگەی پەمۆ یاخود لەرێگەی ئیسفەنج کە لەسەر جەستەی مرۆڤ جێگر دەکرێت نمایشی شانۆی رەش ،لەچەندین شێوەی وەکو سەر ، شانەکان ، دەستەکان ، پێییەکان پێک دەهێنێت رەنگەکەشی سپی یاخود فسفۆری دەبێت .فۆرمی ئەندازایی ئاژەڵان وەکو باڵندە یاخود گۆی زەوی یاخود نیگارەکان ..ئەوانیش بەرەنگی سپی یان فسفۆری دەبێت بەڵام دەبێت رەچاوی گونجادنی قەبارەکان لەگەڵ یەکترییدا بکرێت .
جیاوازی شانۆی رەش لەگەڵ شانۆی ئاسایی ،ئەوەیە کە چێژ بە چاوی بینەر دەبەخشێت ، خەیاڵی بینەر دەجوڵێنێت ،چونکە ئەوەی بینەر دەبینێت لە نێو قوڵایی تاریکیدا،جا چ جێگیر بێت یاخود جوڵەیی بێت تەنیا بە رەنگی فسفۆری دەبینرێت،ئەویش لەرێگەی سەرچاوەی تیشکی سەرەوەی بنەوشەیی دەبێت .
ئەم جۆرە شانۆییە دەبێ دەرهێنەر تێرامان و خوێندنەوەی تایبەتی بۆ فۆرمەکان هەبێت ،بەجۆرێک لەهیچ لە جۆرەکانی تری شانۆدا بوونی نیە.جیاوازی شانۆی رەش لەگەڵ شانۆیی ئاسایی ئەوەیە کە رەهایەکی گوزارشتێکی ئیستاتیکی زۆر جیاواز دەبەخشێت .
یەکێک لە سیفەتەکانی ئەم شانۆیەش بریتییە لە خێرایی جوڵەی هەمەچەشن لە نمایشەکەدا ،بۆیە دەبێت دەرهێنەر توانستێکی باشی هەبێت لە داهێنان لە هەمان کاتدا هەموو جۆرە پێداویستیە هونەرییەکانی بۆ دابین بکرێت چونکە شانۆی رەش شانۆیەکی داهێنانەیە .
ئەکتەر لە شانۆی رەش دا بەهۆی ئەوەی هەموو جەستەی نغرۆی رەش بووە و جل وبەرەگی رەشی لەبەر کردوە دەرناکەوێت ، بەڵام هەموو جوڵەکانی ئەکتەر لەگەڵ ریتمی موزیک و کاریگەرییە دەنگییەکان و ئەکتەرەکانی تر هاوتەریب دەبێت بۆ گەیاندنی چەمکی شانۆییەکە.دەبێ شانۆ بەگشتی بەپەردەی رەش دابپۆشرێت، لە هەموو لایەک وەکو سندوقێکی رەش دەردەکەوێت،دەبێ هەموو دەروازەکان و دەرگا و پەنجەرەکان،بە رەنگی رەش داپۆشراوبێت .
لەسەر تەختەی شانۆدا، لە لێوارەکانی پەردەکان و لەتەنیشتەکان چەند فسفۆرێک دادەنرێت، بۆ ئەوەی رێگا بۆ ئەکتەرەکان لە کاتی هامووشۆ کردنیان رۆشن و ڕوون بێت .

بۆ ئەم باسە سوود لەم سەرچاوانە وەرگرتووە :
-المسرح الاسود / محسن النێار
-المرسرح الاسود /جمال الشاتی




کتێبی ( شاعیر دەمرێت شیعر نا) چاپ و بڵاوکرایەوە

کتێبێکی دیکەی سەدیق سەعید ڕواندزی، بە ناوی (شاعیر دەمرێت شیعر نا) چاپ و بڵاوکرایەوە. ئەم کتێبیە، لێکۆڵینەوەیەکی شیعری درێژە، کە تیایدا نووسەر خوێنەوەی بۆ دەقی شیعری پاکانەی موزەفەر نەواب، شاعیری ئازادیخواز و کۆمۆنیستی عێراقی کردووە. لەو کتێبەدا، نووسەر قسە لە سەر چەمکی پاکانەکردن، پاکانە و لێکەوتەکانی، پاکانە لە نێوان کولتووری ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا دەکات و ڕوونی دەکاتەوە کە پاکانە لای ئێمە، کردەوەیەکی قێزەوەن و ڕەتکەرەوەیە و کەسی پاکانە کردوو، فڕێ دەدرێتە دەرەوەی بازنەی کۆمەڵایەتی ژیان. هەر لە درێژەی نووسینەکەدا، نووسەر باس لە دیوە شاراوەکانی ئەو دەقە دەکات و وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە کە بۆچی دایک و خوشکەکە، هێندە بە تووندی بە گژ براکەیان دا دێن و نایانەوێت پاکانە بکات؟ ئەمە وێرای ئامادەیی ژن لەو دەقەدا، کە نووسەر هۆکارەکانی خستۆتە ڕوو، لە کاتێکدا نەواب لە شیعرەکەیدا، هیچ ڕۆڵێکی بە کوڕەکە و باوکیشی نەداوە، تەنێ دایک و خوشکەکە دەدوێن. شایەنی ئاماژە کردنە ئەمە شەشەمین کتێبی نووسەرە، کە لە ماوەی ئەو دوو ساڵەدا، دەکەوێتە بەردیدەی خوێنەران.




دوێنێ و تەماشاکانی ئەمڕۆم.. شیعری: عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

جاران ڕۆژەکانم جێدەهێشت و
بەشوێن گوڵە بەیبوونەکانی خۆشەویستیدا
سێبەر سێبەر هەوری خەمم دەڕەواندەوە و
دەچووم لەسەر بەرزاییەکانی ئومێددا
تەماشای ئاسمانی پڕ لە ئەستێرە پشت نووشتاوەکانی تەمەنی خۆمم دەکرد.
جارام خۆمم لێدەبوو بە سەعلوکێکی دەرەوەی مێژوو
یاخی یاخی لە شەوە هەرە تووش و تاریکەکاندا
گۆرانیم بۆ هەتاو دەوت.
لەسەر شووشەی برسێتیدا وێنەی نانم دەکێشا
لەپاڵ دیوارەکانی چاوەڕوانی
بەسەرهاتی تەنیایی خۆمم بۆ عاشقە دڵشکاوەکان دەگیرایەوە
بووم بە بابەتی ڕۆماننووس و سیناریستە سەوداکەرەکان
بووم بە ئاوێنەیەک لە پەشیمانی
بە پەنجەرەیەک لە فڕین
بە هەفتەیەکی پڕ لە سەفەر و لە پشوو
ئێستا دوای ناسینی تۆ و
هەناسە پڕ حەسرەتەکانی شیعر
خەمی هەڵگێرانەوەی ژیان،
بووە بە پۆرترێتی شاعیرێکی خولیاگەر
کەوێنەکانی ئەم ژیانەی لێ تەڵخ کردووم
ئێستا دەبێت لەژێر چەتری ئەو خۆشەویستییە گەورەیەی پێی دەڵێن بوون
ڕەش بکەمەوە سپی و
خەم بە ئومێد و جوانی
جەنگەڵ بە خۆشنوودی و
خۆشمان ببینەوە بە ئینسان.
ئێستا دەبێت هەموو ڕۆژێ بڕۆمەوە دوێنێ و
سەریش لە ئایندە بدەم
تا دڵنیا بم گەڵای زەردی بێهیوایی و فەرامۆشی
لەگەڵ پایزە خەونێکدا هەڵوەریوون.
ئەمڕۆم نە لەدوێنێ دەچێ و
نە ئایندەشم وەک ئەمڕۆ بەتاریکی داپۆشراوە

٢٠٢١




وێستگه‌.. ستار ئه‌حمه‌د

حه‌سره‌تێك ده‌مكوژێ
نه‌نێشه‌ بتوانم له‌ناخمی ده‌ركه‌م
زامێك نییه‌.. مشتێ گڵ له‌ چاوی بیماری وه‌رده‌م
گڵكۆیه‌كه‌ له‌ ئه‌ندێشه‌و خه‌رمانێك له‌ خۆزگه‌
شه‌وانه‌ رامده‌پێچن.. ده‌مده‌نه‌ ده‌ستی شه‌وه‌ی مه‌رگه‌وه‌
ده‌روازه‌ی په‌نجه‌ره‌كه‌م واڵا ده‌كه‌م‌و له‌ ئاسۆ ده‌ڕوانم
ده‌بینم چۆله‌كه‌یه‌ك به‌ ده‌نووكی داڵێكه‌وه‌ ده‌جروێنێ
روحی تۆم دێته‌ یاد ,
هه‌ناسه‌یه‌ك ده‌مباته‌وه‌ رێگای دووری
ده‌ڕۆم نه‌چیا ئه‌نگوستم ده‌پێوێ ,
نه‌به‌ردێك به‌ نسێی هه‌ڵوێستم ده‌نه‌وێ
ته‌مێك له‌ ره‌نگی به‌ورو
هه‌ناسه‌ی كۆڕه‌وی ئه‌و ساڵه‌ ده‌چێ
رووی حه‌زم داده‌گرێ
بارانێك به‌ لێزمه‌
چاوانم پڕده‌كا له‌ نوور
به‌ دوای ره‌شه‌بای ئه‌جه‌لا هه‌ڵدێم
گه‌یشتن ترۆپكی ئاگره‌ ,
هه‌نگاویش جۆگه‌له‌ی برین.
سره‌وتن سنگۆڵه‌ی زریانه‌ ,
هه‌وری سیا تارای بووكێنی مه‌م‌و زین
هه‌وارگه‌ی شه‌وانه‌م , ئه‌ندێشه‌ی چه‌ندین ساڵه‌
گه‌ڵای دار گوێزێك شیعرێكم نانووسێته‌وه‌
لاسكێ نابینم قه‌دی هیوایه‌ك به‌ رووما هه‌ڵواسێ
دوا وێستگه‌م , ئه‌شكی خوێنینی دیده‌ی هه‌وره‌
ده‌ستێك ده‌مژه‌نێ
چۆپیكێش شه‌كره‌ به‌فره‌.

ستار ئه‌حمه‌د




لە نێوان فرانز کافکا و حاڵی کوردستاندا.. نەوزاد بەندی

لە چیرۆکی ( دادگا ) ی فرانز کافکادا ، کاتێ پیاوێکی دەشتەکی دێتە بەردەم دادگا و ناهێڵن بچێتە ژوورەوە .. هەموو ژیانی لەبەردەم دەرگای داخراوی دادگادا بەسەر ئەچێ ، کاتێکیش لە سەرە مەرگدایە ، بە پۆلیسەکە ئەڵێ : ( قەیناکا وا ئەمرم و دەرگای دادگاتان بۆ نەکردمەوە ، بەڵام ئەپرسم : لەو هەموو ساڵەدا هیچ کەسێکی تر پێویستی بە دادگا نەبوو ؟ بێجگە لە من هیچ کەسێک نەهاتە دادگا ..؟؟ )
پۆلیسەکە پێی ئەڵێ : ( بەڵێ ڕۆژانە خەڵکێکی زۆر دێنە دادگا ، بەڵام ئەم دەرگایە تایبەتە بە تۆ !! )
بە ڕاستی کە دەچیتە فەرمانگەکانی باج و باجی خانوو بەرە و تاپۆ و هاتوچۆ ، خەڵکێکی زۆر ئەبینی بە دەست مامەڵەکانیان و پارەدانەوە گیریان خواردووە ، یەک دەوڵەمەند نابینی ..یەک سیاسی ..یەک دەسەڵاتدار نابینی ، لەگەڵ ئەوەیشدا زۆرترینی زەوی و موڵک و ماڵ و باڵەخانە و تاوەر و ڤێلا و مۆڵ و بازاڕ و ئوتومبیل موڵکی دەوڵەمەند و سیاسی و دەسەڵاتدارەکانن .. ئەی ئەمانە کەی دێن باجی ماڵ و مۆڵک و ئوتومبیلە گرانبەهاکانیان ئەدەن ؟
لە ڕاستیدا هەر گریمانەکەی فرانز کافکایە ، فەرمانگەکانی باج تایبەتن بە فەرمانبەر و عەرەبانچی و هەژارەکانی ووڵات ..دەوڵەمەند و سیاسی و دەسەڵاتداران ناچنە ئەو جۆرە شوێنانە …ئەوان بە جۆرێ لە جۆرەکان هەزاران ئەوەندەی خەڵکە هەژارەکە ماڵ و موڵکیان هەیە ، باجیش نادەن ..هەروەها باجیش لە خەڵکەکە وەرئەگرن ، باجی تیکەنانێکی وشک کە پەیدای ئەکەن …