گۆڤاری زمان و زار.. ژمارە ٤
گۆڤارێکی زمانناسیی وەرزییە…
گۆڤارێکی زمانناسیی وەرزییە…
وەرگێڕانی بۆ کوردی:کاوەعومەر
لە سەر بنەمای چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کەناڵ جەدید ئامادەکراوە
خەلیل کیوان: دوابەدوای ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی ئێران، وەرچەرخانێکمان لە سیاسەتی وڵاتانی ڕۆژئاوا و تەنانەت نەتەوە یەکگرتووەکاندا بینی. پەرلەمانەکانی فەرەنسا، هۆڵەندا و ئەڵمانیا، گەڵاڵە و بەیاننامەی ئیدانەکردنی کۆماری ئیسلامی و پشتیوانی لە خەڵکی ئێرانیان پەسەند کرد. دادگای ئۆنتاریۆ لە کەنەدا سوپای پاسدارانی خستە لیستی تیرۆرەوە. هەروەها سەرۆک وەزیرانی کەنەدا، سەرۆکی فەڕەنسا، سەرۆکی پەرلەمانی ئەورووپا و هەندێک لە بەرپرسانی دیکەی حکومەتەکانی ڕۆژاواییش بە ڕاشکاوانە پاڵپشتی شۆڕشی خەڵکی ئێرانیان کردووە. لەم دواییانەدا حکومەتی ئەمریکا داوای کردووە کۆماری ئیسلامی لە کۆمیتەی ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەربکرێت و ئەنجومەنی پیرانی ئوسترالیاش پلانێکی هەیە بۆ پشتیوانی لە خەڵکی ئێران.
هۆکاری ئەم هەڵوێست گیرانە چییە؟ ئایا حکومەتە ڕۆژئاواییەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بە ئامانجی دروستکردنی ئەڵتەرناتیڤ، پشتیوانی لە تێکۆشانەکانی خەڵکی ئێران دەکەن؟ ئایا هەڵوێستگیری سیاسی ئاشکرایان کاریگەری کردەیی دەبێت یان تەنها لە ئاستی قسەدا دەمێنێتەوە؟ ئایا داواکردن لە حکومەتەکان بۆ پشتیوانیکردن لە شۆڕشی ئێران بڵاوکردنەوەی خۆشخەیاڵی و وەتەوەهم نییە؟ حزبە ئۆپۆزسیۆنەکان دەبێت چ ڕێبازێک بگرنە بەر لەبەردەم وڵاتانی ڕۆژئاوا و کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکان؟
حەمید تەقوایی، بەڕای تۆ هۆکاری پشت هەڵوێستەکانی ئەم دواییەی حکومەتەکانی ڕۆژئاوا لە مەحکوومکردنی کۆماری ئیسلامی و پشتیوانی لە خەڵکی ئێران چییە؟ ئایا ئەم ئاراستە نوێیە بە ئامانجی بەدیل دروستکردن لە دەستوردا دانراوە ؟
حەمید تەقوایی: یەکەم خاڵ کە پرسیارت کرد سەبارەت بە هۆکاری ئەمە، پێموایە هۆکارەکەی ڕوونە. نزیک بە دوو مانگ و نیوە شۆڕشێکی زۆر خێرا و بەربڵاو لە ئێراندا بەڕێوە دەچێت و سەرنجی ڕای گشتیی خەڵکی لە هەموو جیهاندا، سەرنجی حیزبەکان، حکومەتەکان و هتد بۆی ڕاکێشراوە ئەم شۆڕشە. گۆڕانی هەڵوێستی حکومەتەکان و دەسەڵات و دەسەڵاتە نێودەوڵەتییەکان کە ئاماژەت پێکرد، ڕەنگدانەوەی زۆر ڕوونی شۆڕش و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی گەلی ئێرانە. هیچ هۆکارێکی تر نییە. ئەگەر ئەم پێشهاتانە لە دوو مانگ و نیوی ڕابردوودا نەبوایە، ئەم حکومەتانە هەر سەرقاڵی دانوسانەکانی لەسەر بەنامەی هەلایەنەی کاری هاوبەشەکەیان (ناسراو بە برجام،وەرگێڕ) و درێژەدان بە پەیوەندییە ئاساییەکانیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا دەبوون و هەرچەند حزبەکانی وەک حزبی ئێمە کۆماری ئیسلامییان پێ ناساندبان ، تاوانەکانیمان بۆ ژماردن و داوامان لێدەکردن هەڵوێست لە دژی کۆماری ئیسلامی وەربگرن، کاردانەوەیان نەبوو. حکومەتەکانی ڕۆژئاوا زۆر بایەخیان بەو ڕاستییانە نەدا کە لە ئێراندا دەگوزەرا و ئەو تاوانانەی کۆماری ئیسلامی ئەنجامی دەدا، بەڵام شۆڕش هەموو شتێکی گۆڕی و سیاسەتی دژە ئینسانی و تاوانە ترسناکەکانی کۆماری ئیسلامی هێندە ڕوون و حاشا هەڵنەگر خستە بەر دیدەی هەموان کە پشتگوێ خستنیان، ئەوەندە ئاسان نییە بۆ حکومەتەکان.
پێموانییە ئەمە لەبەر ئەوەیە کە ئەوان دەیانەوێت بەدیل و هتد دروست بکەن. بەڵێ ئەوە ڕوونە کە ئەم حکومەتانە هیوادارن لە دوای کۆماری ئیسلامی هەلومەرجێک لە بەرژەوەندی ئەوان سەرهەڵبدات و بەرژەوەندییەکانیان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوام بێت و هتد. ئەوان بەدوای ئەمەدا دەگەڕێن، بەڵام هەڵوێستەکانی ئەم دواییەیان لەبەر ئەم هۆکارە نییە. بەڕای من دوو هۆکاری سەرەکی هەیە بۆ ئەم هەڵوێستانە. یەکەم: لەبەردەم بیروڕای گشتیدا خەڵکی خۆی ناتوانێ بێدەنگ دابنیشێت و هەڵوێست نەگرێت و هەمان پەیوەندییەکانی پێشوو لەگەڵ کۆماری ئیسلامی درێژە پێبدات. وە هۆکاری گرنگتر ئەوەیە کە دەبێت دەنگی خەڵکی وڵاتەکەیان هەبێت بۆ ئەوەی پێگە و کورسیەکانیان بپارێزن. ماوەیەکی زۆر نەبوو شرۆڤەکارێکی ئەوروپی قسەی دروستی کرد. قسەکانی ئەو ئەوە بوو کە بەرلین، واتە ئەو کۆبوونەوەی هەشتا هەزار کەس لە شاری بەرلین، دەنگەکانی ئەوروپای گۆڕی. مەبەستی ئەوە بوو کە خەڵک لە ئێراندا دەرکیان بە ڕاستییەکان کردووە و ئەمەش فاکتەری گرنگە لە دەنگدانی هەڵبژاردن لە وڵاتی خۆیاندا. سیاسەتمەدارانیش ئەمە دەبینن. ئەوان لەوە تێدەگەن کە مەحاڵە لە تەنیشت کۆماری ئیسلامی بوەستن و چاوەڕێی ئەوە بکەن کە لە وڵاتی خۆیاندا ئیعتباریان لەناو خەڵکدا هەبێت. پێم وایە ئەم هۆکارانە بوونەتە هۆی ئەوەی ئەم حکومەتانە ئەم جۆرە هەڵوێستانە بگرنەبەر. بەڵام حیساباتی حکومەت هەرچییەک بێت، هەڵوێستەکانیان لەدژی کۆماری ئیسلامی و پشتیوانی لە شۆڕشی ئێران لە هەر حاڵەتێکدا هەنگاوێکە بەرەو بەهێزکردنی خەباتی خەڵک و شۆڕشی خەڵکی ئێران. خەڵکی ئێران بە شۆڕشەکەیان چاوەڕێی ئەوە دەکەن کە نەک هەر حکومەت و سیاسەتمەداران، بەڵکو دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان هەڵوێستی پشتیوانی لە خەڵکی ئێران و دژ بە کۆماری ئیسلامی بگرنەبەر و بەم شێوەیەش یارمەتی شۆڕش لە ئێران بدەن.
خەلیل کەیوان: ئەوەی تا ئێستا لە لایەن ئەو حکومەتانەوە کراوە، بە شێوەیەکی سەرەکی هەڵوێستێکی سیاسییە. پێت وایە ئەم سیاسەت و هەڵوێستانە دەبێتە هۆی کردەوەی کردەیی؟
حەمید تەقوایی: کەم تا زۆر لێرە و لەوێ ڕێوشوێنی کردەیی فەرمان دراوە، وەک دانانی بەشێک لە بەرپرسانی ئێرانی لە لیستی سزاکان یان قەدەغەکردنی چوونە ژوورەوەی بەسیج و بەرپرسانی سوپای پاسداران بۆ کەنەدا و هاوشێوەکانی. هەروەها هەڵوێستی لەو جۆرەش هەن. بەڵام بە شێوەیەکی سەرەکی مانۆڕێکی دیپلۆماسییە.
پێویستە هەوڵبدەین ئەم هەڵوێستانە ببێتە هۆی ڕێوشوێنی پراکتیکی، بەڵام ئەم هەڵوێستە دیپلۆماسیانە بێ بایەخ نین. لە سیاسەتدا حکومەتەکان چی دەڵێن دەربارەی حکومەتێکی تر و چ پڕۆژە یاسایەک لە پەرلەمانەکەیان پەسەند دەکەن، ئیدانەکردنی تاوانەکانی حکومەتێک، پشتیوانیکردن لە خەباتی خەڵک لە وڵاتێکدا و هتد، بە مانای گۆشەگیرکردن و بێناوبانگکردنی حکومەتی هەریەکەیان دێت. ڕاستییەکە ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی لە ئێراندا هێندە ئاشکرا بووە و ڕاستییەکان هێندە ڕوونن کە تەنانەت حکومەتە ڕۆژئاواییەکانیش کە زۆر نزیک بوون لە کۆماری ئیسلامی ئیتر ناتوانن نکۆڵی لێ بکەن و بیهێننە سەر خۆیان. لەم ڕوانگەیەوە پێموایە ئەم هەڵوێستانە گرنگن. بەڵام ڕوونە کە ئەمە بەس نییە. حیزبەکانی وەک حیزبی ئێمە هەوڵ بدەن ئەو هەڵوێستانە ببنە هۆی ڕێوشوێنی کردەیی دژ بە کۆماری ئیسلامی.
خەلیل کەیوان: هەندێک کەس دەڵێن داوای پشتیوانی لە حکومەتەکان بڵاوکردنەوەی وەهمەکانە. تەنانەت هەندێک کەس دژایەتی وڵاتانی ڕۆژئاوایی بۆ کۆماری ئیسلامی ئاشکرا دەکەن و دەڵێن ئێمە بەدوای بەرژەوەندییەکانی خۆماندا دەگەڕێین. بیر له چی دهكهیتهوه؟
حەمید تەقوایی: بەڵێ حکومەتەکان بە دوای بەرژەوەندی خۆیاندا دەگەڕێن، بەڵام ئێمە دەبێت شتێک بکەین کە لە کاتێکدا ئەوان بەدوای بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا دەگەڕێن، ئەوان زیاتر و زیاتر لە کۆماری ئیسلامی دوور بن. پێویستە حکومەتەکان بگەنە ئەو بڕوایەی کە چیتر بەرژەوەندییان لە پاراستنی کۆماری ئیسلامیدا نییە.
بەگشتی کاتێک حکومەتێک لە لێواری داڕماندایە لە ئەنجامی شۆڕشدا، حکومەتەکانی تر هەوڵ دەدەن خۆیان لێ دوور بخەنەوە، چونکە نایانەوێت گرەو لەسەر ئەسپێکی دۆڕاو بکەن. ئەوان نایانەوێت کاریگەری خۆیان، پەیوەندییەکانیان، بەرژەوەندییەکانیان لەو هەرێمە یان لەو وڵاتە شانبەشانی ئەو حکومەتە لەدەست بدەن. بەڵێ، هەوڵی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەدەن، بەڵام ئەو بەرژەوەندییانە وایان لێدەکات لەبەردەم کۆماری ئیسلامیدا بوەستن. لە ڕوانگەی خەڵکی ئێرانەوە و لە ڕوانگەی شۆڕشی ئێرانەوە، هەموومان دەمانەوێت هەموو حکومەتەکانی جیهان، گرنگ نییە ئەو حکومەتە چەندە کۆنەپەرستانە بێت یان ئەگەر دەستەکانی لە ئێستاوە بە تاوان پیس بووبێت، کە ئەوەیە بەزۆری وا، بۆ پچڕاندنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، ئیدانەکردنی و گۆشەگیرکردنی. ئەمەش بۆ قازانجی شۆڕشی خەڵکی ئێرانە. بابەتەکەی من پرسیارکردن لە کەس نییە. وەک وتم بنەمای کارەکانمان فشارخستنە سەر. ئێمە دەمانەوێت پشت بە حیزب و خەڵک و بیروڕای گشتی و هێزە پێشکەوتنخوازەکانی ئەم وڵاتانەی ڕۆژئاوا ببەستین بۆ ئەوەی گوشار بخەینە سەر ئەو حکومەتانە بۆ ئەوەی تا دەکرێت خۆیان لە کۆماری ئیسلامی دوور بخەنەوە و تا دەکرێت بە ڕوونی مەحکومی بکەن و ڕێوشوێنێک لە دەستوری خۆیاندا دابنێن. باسەکە سەبارەت بە فشارخستنە سەر بە پشتبەستن بە دەسەڵاتی شۆڕش لە ئێراندایە. سیاسەت و دیپلۆماسی لێرەوە دێت. ئاخر لە شەقامەوە سەرچاوەی گرتووە و کاتێک شۆڕشێکی وەک شۆڕشی ئێستای ئێران بەڕێوە دەچێت، دەسەڵاتی شەقام دەبێتە یەکلاکەرەوە. هه مان ده سه ڵات که وای کردووه حکوومه ته کان خۆیان له کۆماری ئیسلامی دوور بخەنەوە ، دەتوانێت بەرده وام بێت بۆ دابڕانی ته واوی حکوومه ت. ئێمە هەوڵ دەدەین دەسەڵاتی شۆڕش بکەینە وەسیلەی گوشار لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا بۆ ئەوەی حکومەتەکان ناچاربن تا دەتوانن خۆیان لە کۆماری ئیسلامی دوور بخەنەوە و پاڵپشتی شۆڕشی خەڵکی ئێران بکەن.
خەلیل کەیوان: لە ڕابردوودا کە ئەوەندە دوور نەبوو، وڵاتانی ڕۆژئاوا بایکۆتی ڕژێمی ئاپارتایدیان لە باشووری ئەفریقا کرد. ئایا دەکرێت سیاسەتێکی لەو شێوەیەش بەرانبەر کۆماری ئیسلامی بگرنەبەر؟
حەمید تەقوایی: پێموایە ئەمە بەتەواوی مومکینە. وەک ئاماژەت پێدا، ئێستا ئەزموونی ئەفریقای باشوور لە بەر چاوی ئێمەدایە و کۆماری ئیسلامی لە ڕووی دڕندەیی و توندوتێژیەوە لە ڕژێمی ئاپارتایدی ڕەگەزی کەمتر نییە. ڕژیمێکی ئاپارتایدی سێکسی لە ئێراندا هەیە کە هەمووان بزانن چۆن ژیانی خەڵکی ئێرانی کردووە بە دۆزەخ. بە تایبەت تاوانەکانی لە دوو مانگ و نیوی ڕابردوودا ڕیکۆردی هەموو دیکتاتۆرەکانی لە ڕووی کوشتن و دڕندەییەوە شکاندووە. بۆیە بە ڕەهایی مومکینە هیوایەک هەبێت و هەوڵ بدرێت کە حکومەتەکان نەک هەر خۆیان لە کۆماری ئیسلامی دوور بخەنەوە و شەرمەزاری بکەن، بەڵکو باڵوێزخانەکانی دابخەن و باڵوێزەکانی خۆیان بانگهێشت بکەنەوە و کۆماری ئیسلامی وەک دەوڵەتی ئێران نەناسێنن. ئێمە هەمیشە گوتوومانە کە کۆماری ئیسلامی بکوژی گەلی ئێرانە، نوێنەری ئەوان نییە و نابێ دانی پێدا بنرێت و کۆماری ئیسلامی بکوژی گەلی ئێرانە ئێستا تەنانەت کەیسێکە لەسەر مێزی هەمووان. هەموو ڕۆژێک ئەو تاوانانە دەبینن کە حکومەت ئەنجامی دەدات. با بزانن بە دانپێدانانی دەسەڵاتدارەکان خۆیان لەم دوو مانگ و نیوەدا بە تەقەی ڕاستەوخۆ ٣٠٠ کەسیان کوشتووە (بێگومان ئامارە ڕاستەقینەکە زۆر لەوە زیاترە). کوشتنی خەڵک تەنها لەبەر ئەوەی حیجابیان داکەند، لەبەر ئەوەی لە شەقام بوون، چونکە ناڕەزایەتیان دەربڕی و سکاڵایان کردوە. ئەم کارەساتانە کەیسەکانی، ئامارەکانی، تەنانەت کلیپ و فیلمەکانیشی لەبەردەم چاوی هەموواندایە. بۆیە بۆم ڕوونە کە کۆماری ئیسلامی تەنانەت بە مانای تاوانکاری و قەزایی وشەکە بکوژی خەڵکی ئێرانە. بۆیە دەکرێت زۆربەی حکومەتەکان لەژێر فشاری بیروڕای گشتیدا ناچار بکرێن کە دەست نەدەنە دەستی حکومەتێکی مرۆڤکوژی ئاوا، هیچ پەیوەندییەکیان لەگەڵدا نەبێت، هەموو پەیوەندییەکانیان ببڕن و هتد. ئەمەش بە واتای بایکۆتی سیاسی، فەرهەنگی و وەرزشی کۆماری ئیسلامی بە ناوی حکومەتەکان و دامەزراوە و دەسەڵاتە نێودەوڵەتییەکانەوە دێت. ئەمە خواستێکە کە ئێمە دەمێکە ئاڵاکەی مان بەدەستەوەیە و ماوەیەکی زۆرە خەباتی بۆ دەکەین و ئەمڕۆش بە بڕوای من مەرجەکان لە هەموو ڕۆژێکی تر گونجاوترن بۆ ئەوەی بەڕاستی ئەمە بێتە دی.
خەلیل کەیوان: ئێوە نزیکەی دە ساڵ و نیو لەمەوبەر سیاسەتی ڕەتکردنەوە و گۆشەگیرکردن و بایکۆتکردنی کۆماری ئیسلامیتان دەست پێکرد. حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێران لە ئێستادا بەو ئاراستەیە کار دەکات. ئێستا ئەم گوتارە تا ڕادەیەکی زۆر کرایەوە و زۆرێک لە چالاکوانان کەم تا زۆر هەمان سیاسەتیان هەیە. هەڵسەنگاندنی ئێوە بۆ پێشکەوتنی ئەم گوتارە چییە؟
حەمید تەقوایی: پێموایە دەستکەوتێکی گرنگی شۆڕشی ئێران دووری حکومەتەکان و دەسەڵاتە نێودەوڵەتییەکانە لە کۆماری ئیسلامی. ئەو شۆڕشەی ئەمڕۆ لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دەگوزەرێت، ئامانجێکی دیاریکراو بەدوادا دەگەڕێت. دەکرێ بگوترێ کۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی وڵات دەڕوخێنرێت. خەڵکی ئێران ئەمەیان دەوێت.
ڕاستە حیزبی ئێمە ماوەیەکی زۆرە ئەم سیاسەتە بەرەوپێش دەبات، بانگەشەی بۆ دەکات و کاری بۆ دەکات، بەڵام ئێستا بە شێوەیەکی بابەتیانە جەماوەری خەڵک لە ئێراندا بەم ئاراستەیە ڕۆیشتوون، ڕایانگەیاندووە کە کۆماری ئیسلامی دەبێ بڕوات، و دەزانن بۆ ئەوەی ئەم حکومەتە بکەوێت، دەبێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ جیهاندا ببڕێت، پێویستە گۆشەگیر بێت. گومانم نییە کە ئەگەر چەند وڵاتێکی ئەوروپیش بایکۆتی کۆماری ئیسلامی بکەن، ڕووخاندنی لە ئێراندا زۆر ئاسانکاری بۆ دەکرێت و چەند هەفتەیەکیش ناخایەنێت تا لە ناوەوەشدا بڕوخێنرێت. ئەمەش بەو مانایەیە کە ئێمە دەڵێین ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی وڵات مومکینە، بە کردەیی و مانای ئەم ڕووخانە بایکۆتێکی هەمەلایەنەی کۆماری ئیسلامییە. پرسیارکردن یان نووسینی نامەیەکی کراوە نییە، پێویستە لۆبی و کاری دیپلۆماسی بکرێت، بەڵام ئەمە بنەمای کارەکانمان نییە. بنەمای مەسەلەکە کۆکردنەوەی دەسەڵاتی هەموو ئەو کەسانەیە کە سەرنجیان بۆ شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی ڕاکێشاوە و وەک وەسیلری گوشار بۆ سەر حکومەتەکان کەڵکیان لێوەرگرن بۆ پچڕاندنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی. ئەمە سیاسەتی ئێمە بووە و ئەمڕۆ زۆر دڵخۆشم کە زۆرێک لە هێزی سیاسی تر، زۆر کەسایەتیش هەمان شت دەڵێن. ئەوان دەیانەوێت بایکۆتێکی هەمەلایەنەی کۆماری ئیسلامی بکرێت. با ئەوەش بڵێم کە ئامانجی کۆتایی ئێمە بایکۆتی سەرتاسەری کۆماری ئیسلامییە کە ئێمە پێی دەڵێین بە ئەفریقای باشووری کردنی کۆماری ئیسلامی. واتە هەمان شت کە لەگەڵ ڕژێمی ئاپارتاید لە باشووری ئەفریقا ڕوویدا، هیوادارین هەمان شت لە دۆسیەی ئێراندا دووبارە بێتەوە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە مەسەلەکە ڕەش بێت یان سپی، مەسەلەکە ئەوە نییە کە ئەوە دەکرێت یان هیچ ڕوونادات. لەم نێوەندەدا دەتوانرێت زنجیرەیەک کار ئەنجام بدرێت. هەر لە مەحکوومکردنی زارەکیی کۆماری ئیسلامیەوە کە زۆرێک لە حکومەتەکان کردوویانە، تا گەمارۆدانی بەرپرسانی حکومەت، داخستنی هەژمارەکانیان، دیپۆرتکردنەوەی ئەو کەسانەی دەستیان لە تاوانەکانی کۆماری ئیسلامیدا هەیە، یان دادگاییکردنیان لە دەرەوەی وڵات، ڕێگەنەدان بە چوونە ژوورەوەی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئەم وڵاتانە، دانانی سوپای پاسداران و بەسیج لە لیستی سزاکان و هتد. ئەمانە ڕێوشوێنن کە دەکرێ لەم نێوەندەدا بگیرێنەبەر، بەڵام بە سروشتی ئامانجی ئێمە ئەوەیە کە ئەم ڕێوشوێنانە لەمانە تێپەڕێنن و بەرەو دابڕانی تەواوەتی کۆماری ئیسلامیی بڕوات. ئەمە خواستی خەڵکی ئێرانە و چاوەڕێی ئەوە دەکەین هەموو لایەنەکان ڕێز لەو خواستە بگرن و بە کردەیی پەیڕەوی لێ بکەن و تا بتوانن فشارەکان لەسەر حکومەتەکانی ڕۆژئاوا زیاد بکەن، بۆ ئەوەی دواجار بتوانن پەیوەندی خۆیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا بپچڕێنن و بایکۆتی بکەن.
٣٠ی نۆڤەمبەر ٢٠٢٢
سوپاس بۆ ئەمیر تەوەکولی بۆ جێبەجێکردنی دەقی سەرەتایی ئەم چاوپێکەوتنە.
( ٣ )
ئێوارەيەک ملوانکەکەی گەردنی ، ئاڵۆسکاوی نێوان پەنجە دڕەکانم بوو
لە پرياسکەی رووخساريدا و
لەو ديو پەنجەرە تەڵخەکەوە دەرکەوت و
شپڕێوی من بريسکەی مۆمی ژوورەکەی هەراسان و بێ حەوسەڵە کرد
لەو کاتەوە تا ئەمڕۆ چاوەکانم لە شەققەی باڵيان داو بۆ مەملەکەتی ئاوێتەبوون غلۆر بوونەوە
چاويلکەکەم بە دەم باوە ياخی و وڕک گرتوو
قەڵەمەکەم هەڵات و ژانی جواناوێ لە هەست ئاڵاو
لە نێوان هەڵاتن و ياخی بوونا
خۆم ونکردووە ، لێم مەگەڕێن …..
بڵندگۆی مزگەوتەکان مەکە ناونيشانی هەواڵپرسين
پۆليس و دەزگا سۆراغچييەکانم لێ تێمەگەيەنن
ئەم ئێوارە لە چاوە شەهلاييەکان پياسەيەک بۆ ئەبەد دەکەم
بە دەم پياسەی ونبوون و توانەوەی خۆم
نوێژی شەوی لەيلەتولقەدر بۆ يار دادەبەستم
شەوێ هەر گيرۆدەی مووروو هۆنينەوە دەبم
شەوێک دەبێتە شيعر و
دەنکە زەنگيانە و موورووی شين شين
دەبێتە منارەی تەسبيحەکەی دەستم و گەردانەکەی گەردنی
ئەم حەشاماتی مووروو و زەنگيانانە چين لە ناو چاوم داگيرساون
ئەو ژاوەژاوی پولەکانە بۆ کەوتوونەتە پياسە بە سەر سيما و لەشما
دەڵێی شەوی بەراتە و لە خزمەت يارم
ئەو گريانە پێکەنينانەيش فرمێسکی رووناهی گەردنێک و هەڵدێن
بە قەد ئاگرەکەی ئەو ديو ماڵە باوانييەوە
خۆمان دەشۆين
پاک دەبينەوە لە گوناهەکانی دوێنێ
فيراقی کام مەملەکەتە بۆ باوەشی شارم دەباتەوە
توو خوا با هەر ئێوارە بێت و شەو دانەيەت
نە با بسوتێين و کوژانەوەمان تاريکستانی شار جاڕ بدا
بە دەم زيکری ديققەتی لەيلەتولقەدرەوە ديق بکەين
ئەڵـانيا
٤ / ١٢ / ٢٠٢٢
ئەو..سبەینان
بەڕێحانە ڕەشەی قژی
ئاوپرژێنم ئەکات و
بەپەڕی لێوی
بێدارم ئەکاتەوە
منیش، دەستی سۆز
بەسەر خەرمانەی
ڕوخساریا ئەهێنم..
هەموو بەیانیانەکان
بۆ من فەیروزیاتە..
ئەو.. بەسەمفۆنیایەکی خامۆشەوە
دەمباتە خەوێکی قووڵەوە
ئەو..بەخوناوی چاوەکانی
تەڕم ئەکات..
بەپەنجە تووتەی
ئاماژەی کیسبوون ئەکات1
منیش دەبم بە با
تفی سەر نینۆکەکانی
وشک ئەکەمەوە
ئەو.. ملوانکەی خەیاڵم ببپچڕێ
دانە..دانە ئەیان هۆنێتەوەو
فوو لەخەمەکانم ئەکات
بەدەم شەوچەرەوە
گۆرانی بۆ،
حەسرەتەکان ئەڵێن
تاکو خەوی،
جڕناوفڕنا نەبینین
ئەو شەوانەی وڕێنە بکەم
لەئامێزم ئەگەرێ و
لایلایەم بۆ ئەکات..
ئەو.. هەموو عەسرانێک
زرینگە لەپیاڵەکانەوە دێنێ
منیش دەست لەسینە
لەبەردەم مەعشووقەکەم،
ڕائەوەستم و
ماچە لەدەست چوەکانم
قەرەبوو ئەکەمەوە
ئەو.. زۆر میهرەبانە
ئەزانم لێمخۆش ئەبێت
هەر ژوانێکم،
بەهەزار بۆ ئەژمار ئەکات
ماچەکانیش.. بەبێ ئەژمار.
13/2/2022
——————-
1-کیس، زیزبوون لەناوچەی کەرکوک
2- دووشک، لەناوچەی هەولێر
3- بەعز، لەناوچەی سلێمانی
بێدەنگ بێدەنگ لەڕۆخ جادە پڕ لە چاڵ و چۆڵەکەی تێفکریندا پیاسەم دەکرد
بیرم لە بێمانایی ترس و هیچوپووچی سڵکردنەوە دەکردوە
ساتمەم دەکرد لە چرکەکانی تەمەن و
کۆخەکۆخی ئەم ژیانەی غەرقی کردووین لە تەنیاییەکی کوشندە
تێدەفکریم لەوەی ئێمە دەمانزانی چۆن لاپەڕەی کتێبی پڕ لەچرچ و لۆچی تەمەنمان هەڵدەینەوە و
ئەو دەریایە لە ئەنگێزە و لە باوەڕ و ورە و تێکۆشان ببینین
دەمانزانی ڕۆژێک دادێ ئێمەی بێدەست و بێنینۆک
دەبین بە حەسرەتێکی ئەستوور بۆ سەر دڵی ستەمکاران
ڕۆژێک دادێ؛ بەسەر پەرژین و دیوارە کۆنکریتەکان هەڵدەگەڕێین
دەست دەبەین بۆ ئاسمان و مانگ دادەگرین
ڕۆژێک دادێ هەرچی تامی پرتەقاڵ و لیمۆ هەیە
لە گیرفانەکانمانەوە دەگەنە لووتی ژیان
بە پێکەنینەوە باوەش بە باخچەکانی تەمەندا دەکەین و
پەیتا پەیتا خۆ لە ڕووباری ئاسوودەیی هەڵدەکێشین.
ڕۆژێک دادێ: دایکەکانمان دڵی لامان نەبێت و
ترس نەبێتە سنووری ڕۆژی شەو
ئەو ڕۆژە بەڕیز دەچینە بەردەم تاوەرەکانی بەخشش
دەچینە نێو مەتەڵەکان
بە چیرۆکەکاندا ڕۆدەچین و دەبین بە ڕۆمانێکی نوێ
ئەو ڕۆژە ئێمە ئیتر هەتاوین و ژیان لەچاوماندا بریسکەی دێ
خەندەیەکین بەسەر هەموو لێوەکانەوە
خەونێکی تازەین لەئامێزی تەڕ و بڕی ژیانەوە
ئەوڕۆژە ئیتر کاتییەتی بۆ هەمیشە بین بنێین بە ئاوی سازگاری تەمەن و
پڕ بە مانای وشەی(ژیان) بژێین بۆ داهێنان و جوانی
بژێین بۆ هونەری بەرز و ئینسانیی
ئەو ڕۆژە دێت، من دڵنیام ئەو ڕۆژە دێت
بەڵام کەی دێ؟
شیعری : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
ئاب و ئەیلوولی ٢٠٢٢
ئەم كتێبە لەبواری دەروونزانی كۆمەڵایەتییە پەخشى ئەو بابەتانە دەکات کە پەیوەستن بە شوناس و كەسایەتی و ژیان و بوون، لەگەڵ ئەوەشدا چەندین تیۆر و ڕاو بۆچوونی زانایانمان باس كردووە لەسەر كەسایەتی و شوناس، هەروەها كۆمەڵێك بابەتی دیكەمان باسكردووە كە كاریگەرییان لەسەر شوناس و كەسایەتی هەیە و ڕۆڵیان هەیە لە ئاراستەكردن و گۆڕینییان. هەوڵێكە بۆ جیاوازی دروستكردن و پێشكەوتن.
هەوڵى ئەم كتێبە بۆ ئەوەیە هاوسەنگى لەنێوان واقیع و هەقیقەتدا بپارێزێت، دهتخاته سهر ڕێگای ههقیقهت بهڵام دژه واقیعیش نهبێت، بهڵكو ئامانجی گۆڕینی بهشه خراپهكهی واقیعه.
ئەم كتێبە دەروازەیەكە بۆ بونیادنانی ئینسان و كۆمەڵگەیەكی باش و چاك لەڕێگەی دووبارە بونیادنانەوە و پەروەردەكردنەوە.
ئەم كتێبە لە دوو توێی (304) لاپەڕە پیكهاتووە
نەفەرێکی پاسەکە ئەڵێ: هیچ شتێکم بە دڵ نیە
نە ڕادیۆ..نە ڕۆژنامەی بەیانیان..نە قەڵای گردەکان
….ئەمەوێ بگریم
شوڤێرەکە ئەڵێ:
چاوەڕوان کە تا ئەگەینە گەراج
تا ئەتوانی بۆ خۆت بەتەنیا بگری
خانمێک ئەڵێ:
هیچ شتێکم بە دڵ نیە
كوڕەکەم بردە سەر گۆڕەکەم
بە دڵی بوو ، دوایی خەوی لێکەوت و ماڵ ئاوایی لێ نەکردم
قوتابییەکی زانکۆ ئەڵێ:
هیچ شتێکم بە دڵ نیە
“ئەرکۆلۆجیا”م تەواو کردوە
بێ ئەوەی ناسنامەی بەرد بدۆزمەوە
بەڕاستی من ، “من”م !!
سەربازێکیش ئەڵێ :
هەروەها منیش، هیچ شتێکم بە دڵ نیە
هەمیشە ئابڵۆقەی مۆتەکەیەک ئەیەم
كە ئابڵۆقەی یاوم
شوڤێرە توڕەکە ئەڵێ :
لە دوا وێستگەمان نزیک بوینەوە
ئامادە بن بۆ دابەزین
هەموو هاوار ئەکەن:
ئەمانەوێ بۆ دوای وێستگەکە بچین
…….دەرچۆ
بەڵام من ئەڵێم:
لێرە دائەبەزم
وەک ئەوان میش هیچ شتێکم بە دڵ نیە
بەڵام لەسەفەر کردن
ماندوو بووم………
“””””””””””””””
26/okt/2022
بەشی سی و هەشت
وەڵاهی کاکە مەلا، ئەتو ئەو ژنانەت هەموو لێهارکردینە..!
لە کۆمەڵی نێرسالاریدا. هەموو کاتێک. ژن لە نزمترین ئاستدا سەیردەکرێت. ڕوانگەیەکی زۆر نێرسالارانە و نێگەتیڤ و نامرۆڤانە لە هەمبەر ڕۆڵ و پێگە و کەسایەتی ژندا هەیە!
ئەو کۆمەڵگەیەی پیاوە نێرسالارەکان لە هۆشیاربوونەوە و بێداربوونەوی ژن دەترسن و ئازادی و کەرامەت و کەسایەتی ژنیان به پەرژینی نێرسالارانە و تەڵ دڕییەکی نامرۆڤانە دەورداوەو مێینەیان لە چوارلاوە، بە دیواری نێرسالاری تەوقکردووە و بۆمبی بیری نێرگەرێتیان لە هەموو لایەکی ژیانی مێ چاندووە و ژیانی ژنیان پڕکردووە لە هێڵ و حەرام و عەیبە و بڤە و تابوو و کوتەک و کابووسی نیرساڵاری.
کۆمەڵگەیەکی نەخۆش و لادەر لە پڕەنسیپەکانی مرۆڤ بوون. کۆمەڵگەیەک هێزی مەچەک و کوتەکی پیاو تێیدا باڵادەست و مێنتەڵێنتی پاتریاریکی هێز و بڕیاردەر و دەسپێک و هەموو شتێکە.
کۆمەڵگەیەک، پیاو تێیدا هەموو شتێکە. یاساو سیستەم، دابوونەریت، پێوەرەکانی ژیان، کەڵبەکانی خێڵ هەمووی لەبەرژەوەندیی پیاو دژی کەرامەتی ژن داڕێژراون.
کۆمەڵگەیەک، نزیکە بڵێین ژن هیچ نییە تێیدا و سفری دوای ژمارەکانە.
کۆمەڵگەیەک، ژن هیچ ڕۆڵ و بەهاو پێگەیەکی نییە. ژن جگە لە گوێڕایەڵیکردنێکی بێ لام و جیمی پیاو نەبێ، هیچیتر نییە !
کۆمەڵگەیەک، هەموشتێک لە دەست پیاوەوەیە، سوڵتە و سیاسەت، یاسا و خێزان، سامان و هەموو شتێک.
ژن لە پەراوێزی کومەڵگەدایە و وەک بوونەوەرێکی پلە دوو کەم ئەقڵ و کەسایەتیەکی پاسیڤ و دەستەمۆکراو لاواز و ساویلکە لێی دەڕواندرێت و بە پەتی ئەهریمەن و هۆکاری ئاژاوەی کۆمەڵ و هارکردنی گورگی هەوەسی پیاو و تێکدانی ڕەوشتی نێر و لادان لە بەهاکانی خێڵەکی دێتە ژمارتن !
کۆمەڵگەیەک، ژن تەنها وەک ئامرازێک بۆ حزمەتکردنی حەز و ئارەزووەکانی پیاو سەیردەکات ژن دەبێت لە دوای سیبەری پیاودا هەنگاو بنێت. دایمە پێگیری فەرمانەکانی پیاو بێت و بێ هیچ ناڕەزایەتی بوونێک ورد و درشتی لیستی داخوازییەکانی پیاو جێ بەجێ بکات.
کۆمەڵگەیەک، ژن وەک نەنگی و شەرمێک دەبینێت و وەک مرۆڤێکی ناکامڵ و پێنەگەیشتوو و پاشکۆی پیاو مامەڵەی ژن دەکات.
ژن لە کۆمەڵە ڕۆژهەڵاتییە نێرسالارییەکاندا، لە ململانێ و ناکۆکییەکی سەختی دەروونی قوڵدا دەژیت. ململانێیەک لەگەڵ ئەو کەسایەتییەی خۆی دەیەوێت. کەسایەتییەک ئازاد بێت لە هەموو کۆت و بەندەکانی نێرسالاری و کۆدەکانی کۆمەڵ. کەسایەتییەکی تریش، دەستەمۆکرا و چەوسێندراو، کەسایەتییەکی ژێردەستە و ماف خوراو سەربەستی زەوتکراو بەش خورا.
بەوچەشنە، کەسایەتی ژن هەر لە منداڵییەوە بەسەر ئەو دوو ئاڕاستە پێچەوانە و کەسایەتییە دژ بەرەدا دابەش دەبێت و بوونی دوو کەرت دەبێت.
لەلایەک دەیەوێت یاخی بێت لە پێناو ئازادی و کەرامەت و مافەکانی و خۆی ئازاد بکات لە کابووسەکانی کۆمەڵی باوک سالاری. لەلایەکەیتریش خۆی ڕادەستی چارەنووس و چەوسانەوە و بێ هێزی و دۆڕان دەکات و سەری ژن بوونی خۆی شۆڕدەکاتەوە کۆشی و دەستەو سان و بێ جۆڵە و هەوڵ و یاخی بوون و شۆڕش و خەبات لێی دادەنیشێت.
ئەو ناکۆکی و ململانێیەی ژن، ژیانی منداڵی، قوتابخانە و خوێندن، هاوسەرگیری لە هەموو ژیانی کۆمەڵایەتی بەردەوامی دەبێت و ژن دایمە لە ناخی خۆیدا لە نێوان ئەو بەرداشی یاخی بوون و تەسلیم بوونەدا ژیانی وێران دەبێت و کەسایەتی دەتلێتەوە و هەموو تەمەنی بە دەست ئازاری ململانێی ئەو دووکاسەیەتییەی ناخەوەی دەناڵێنێت و ئازار دەچێژێت.
ئەو کەسایەتییەی (نەوال سەعداوی) لە ڕۆمانی((دوو ژن لە ژنێکدا)) باسی کردووە.
کەسایەتییەکی بوێر و یاخی. کەسایەتییەک دایمە دنەی دەدات بۆ دەنگ هەڵبڕین و نەڕازی بوون و یاخی بوون. کەسایەتییەکەی تریشی کەسایەتییەکی ترسنۆک و بێ دەسەڵات و دۆڕا و شکست خواردوو. کەسایەتییەک کە بەردەوام تۆی وسوەسەی کۆیلێتی و دەستەمۆیی لە دەروونیدا دەچێنێت و ئاوازی خۆڕادەستکردن بە قەدەر و بەرەنگاری نەکردن بە گوێچکەکانی دا دەچرپێنێت و پێی دەڵێت چیتداوە لە چەمکی یەکسانی جێندەر و مافو ئازادییەکانی ژن ؟!
بەو سوپاس گوزار و ڕازی بە، کە پیاو پاروەنانێک و قومێک ئاوت بۆ دابین بکات و پێڵاو دەستەجڵێکت بۆ بکڕێت و چێشتخانەیەکی ڕێک و پێکت بۆ درووست کات و تۆیش ئاقڵ و بێ دەنگ و سەلامەت هەر خەریکی چێشتخانە بەو چێشتی خۆش لێ بنێ و وەچە بۆ مێردەکەت بخەوە و ئارەزوە سێکسیەکانی تێربکە و ژیانت لە نێوان چواردیواری زیندانی ماڵەوەدا بخوڵێنەوە.
ئێ چیترت دەوێت خانم گیان لەوە زیاتر؟ مەگەر بەترانی و بەڕەڵایی!
بەداخەوە، لەو زەقکردنەوەی بیری نێرسالاری و لێدان لە کەسایەتی ژن، وەک مرۆڤێکی خاوەن ماف و کەرامەت و ئیرادە و ئازادی، بەشێکی پیاوانی ئایینی و مەلاکان تاوانبارن.
ئەو پیاوە ئایینی و مەلایانەی کە هەڵگری ئەقڵییەت و گوتارێکی نێرسالارانەن و دایمە لە وتار و وەعزەکانیان پیاوگەرێتی زاڵە.
بۆ نموونە هەرگاو، ئەو ڕیوایەت و مەقولە دینی و مەزهەبیانە دێننەوە، کە هانی هەستی نێرساڵاری و بە کەللەگاکردن و عەنتەرکردنی نێردەدات و لە پێگەی ژن و پیرۆزی ژن و چەمکی یەکسانی جێندەری دەدات.
وەک: – هەرپیاوێک داوای سێکس لەژنەکەی بكات، ژنە گەر لەکاتی کولێرە دروستکردنیش بیت، دەبێت ڕانی بۆ بەرزکاتەوە ونابێت هەرگیز، بڵێت: نایدەم !
گەرنا تابەیانی فریشتەکان لەسەر ئەو گان نەدانەی بە پیاوەکەی، نەفرەتی لێدەکەن
-ئافرەت کێم و ئادابی برینی مێردەکەی بڵستەوە، هێشتا هەر ناتوانێت مافی پیاوەکەی بدات
-زۆربەی دانیشتوانی دۆزەخ، چینی ژنانن
-ژن پەتی شەیتانییە
ژن، کەم ئەقڵ و کەم دینن
-زۆربەی پیاوان گەیشتن بە پلەی کەمال، بەڵام ژنان جگە لە ئاسیەی ژنی فیرعەون و مەریەمی کیژی عیمران و خەدیجەی کیژی خوەیلد نەبێت ئەوانی تر نەگەیشتن بە كەمال
-مەسەلەی بەهەشت و هەفتا و دوو حۆری و، پیاو بۆی هەیە تاچوار ژن بێنێت و !
-ژن بە خواری و لە پەراسووی پیاو دروستبووە و هەرچیشی لێبکەیت ڕاست نابێتەوە
-ژن و گوێ درێژ و سەگی ڕەش، بەبەردەم نوێژ دابڕۆن، نوێژەکە بەتاڵ دەبێت
ژنی داوێن پیس لە دۆزەخ بەمەمکەوەهەڵدەواسرێن
-ژن، دەنگ و قژ وڕەنگ و هەمووشتێکی عەورەتە
ژن نابێت ئەو جورە جل و ستایلە بپۆشێت، ژن دەبێت وا ڕێبکات، وا بخەوێت، وا بکات و وا نەکات
-ژن، ژن، ژن، ژن، ژن..
لەبەرامبەر ئەو هەموو بە ڕامبۆکردن و فشکردنەوەی نێر و گچکەکردن و بە کۆیلەکردن و به کەنیزەکردنەی ڕەگەزی مێینە، دەبینن هیچ شتێک بۆ ئافرەت دانەدراوە و تەنانەت بە پێی ڕیوایەت و کەلەپووری دینی و لای ئەو جۆرە پیاوانی ئایینی و تێگەیشتنە نێرسالانەیە، هەرچی محەمەد مەهدی و خەلیفە و والی و چی و کێیە، هەمووی هەر نێر و پیاون! تەنانەت دە مژدەدەری بەهەشت(عشرە المبشرە)یش، هەرهەمووی پیاون و یەک دانە ئافرەتیان تێدانییە.
وەک بڵێیت بە تەزکیە و واسیتەی پەیامبەر(د.خ)داندرابن !
لەوێ مەگەر دیسان ئاسیای کچی موزاحیم و کێ و کێیتر شوکرانە بژێوی خوداوەند بکەن، کە لە پیاوی یەکەمیان دەسەندرێنەوە و پێشکەش دەکرێن بەم و ئەو پیاو!
جاوەک وەک پێشووتر ئاماژەم بۆ کرد، فەقێکان لەمانگی ڕەمەزانێ دەرۆشتینە دێیەکان و مەلایەتی ڕەمەزانێم بۆ دەکردن.
من سەرەتا فەقێیەکی زۆر دژە ژن و مافی ژن و یەکسانی جێندەری بووم، بەڵام کاتێک هۆشیاربوومەوە، سەت و هەشتا پلە گۆڕام و هاتمەوە سەر سکە ڕاستەکەی مرۆڤایەتی و بە تەواوی و بۆ هەتا هەتایه، دەست بەرداری بیری نێرسالاری و نەخۆشی نێر سەنتەری بووم و لە وتار و وەعزەکان،
پێچەوانەی ئەو مەلایانەی کە تەنهاباسی ماف و عەرز و عەزەڵاتی پیاو نێر دەکەن بەسەر ژن، ئەوەی باسی مافی ژنیش دەکات، هەر هیچ مافێکی وەهای ژن باس ناکات و ئەوەی باسیشی دەکات، لە چوارچێوەی فیکری دینی و ڕێساو یاسای مەزهەبی و ئیدەلۆژیی و شتەوە باسی دەکات، لەحەقیقەتدا ماف و ئازادیەکان ژن، زۆر لەوە زۆرترە و ژن زۆر لەوە باڵاتر و پیرۆزترە، مەزهەب و ئیدەلۆژیا و ڕێساو یاسا و بکە و نەکەی بۆ دابنێن،
باسەرتان نەیەشێنم و بێمە،سەر بەسەرهاتەکە، ڕەمەزانەکی، لە دێیەکی لای شەقڵاوەی مەلا بووم، جا من سەرەتا لەوتاری ڕۆژانی ڕەمەزان، دوای نوێژی عەسر، بە زنجیرە، بەرلەوەی باسی مافی پیاو بەسەر ئافرەتەوە بکەم،(وەک مەلاکانی تر) بە زنجیرەیەک وتار، باسی مافەکانی ژن، بەسەر پیاوم دەکرد.
پیاوەکان دەیانگوت: یەکەم جارە ببینین مەلایەک لایەنگری ژن بێت و ئاوا لە بەرژەوەندی ژنەکان قسەبکات !
ڕۆژێک، لەکاتی وتاری عەسرانەی ڕەمەزانێ، لە مزگەوتێ ، گەرم ببووم و بە حەماسەتەوە دەمگوت:پیاوینە گوێ بگرن باش، هەرگیز، بۆتان نییە لە ژن بدەن و ئازاری ژن بدەن، ژن وەک ئێوە مرۆڤن و هیچیان لە ئێوە کەمتر نییە، خودا سورەتێکی بۆ گەورەیی و فەزلی ژن ناو ناوە(النساء)، تەنانەت ئیمامی شافیعی دەڵێت:ژن دەتوانێت شیر بەبێ بەرامبەر نەدات بە مناڵەکەی و لە بەرامبەردا داوای پارە بکات
پیاوێکی تەمەن سەرو پەنجا ساڵی(مام: ز) لە مزگەوتێ پێی بڕیم و گۆتی: وەڵاهی کاکە مەلا، ئەتو ئەو ژنانەت هەموو لێهارکردینە.
منیش گۆتم:دەستم خۆش بێت
هاهاها، هەموان دایانە قاقا
شیعری / نەوزاد بەندی
ئەم ئێوارەیەیش
وەک هەڵبژاردەیەکی دۆڕاو
گەڕایتەوە ماڵ ؟
ئەم ئێوارەیەیش
خۆت بەسەر ژیانا هەڵواسی ،
بە هەزار حاڵ ؟
ئەم ئێوارەیەیش
دڵخۆشیی خۆت بەوە دایەوە ،
کە هەناسە ئەدەیت و
خاوەنی جووتێ قاچی و
جووتێ باڵ ؟
جووتێ گوێچکەت هەیە
هێشتا ئەبیستن و
زمانێکت هەیە
لە ئاستی دەسەڵاتا لاڵ ؟!
شتی تریش ….