جارێکی تریش ژن ژیان ئازادی.. ستیڤان شەمزینی
ژان بۆدریاری فەیلەسووفی فەڕەنسی، باسی لەوە دەکرد سەردەمی مودێرن سەردەمی پۆست ئازادییە و مرۆڤ تا دوا توانستی خۆی بەشێوەیەکی زێدەرۆیانە دەستی گەیشتووە بە ئازادیی، وەک بڵێی خودی ئەم ئیمکانە لە ئازادیی ئاوس بێت بە نائازادیی، رەنگە ئەم تێزە سەبارەت بە ژیاری خۆرئاوا فاکتێکی حاشاهەڵنەگر بێت، بەڵام بۆ بەشەکەی تری زەوی “خۆرهەڵات” هەمان ئەو ناوەڕۆکە سەر راستە نییە، بەو پێیەی هێشتا بەشێکی زۆری کۆمەڵگەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەرگیرن لەگەڵ دەوڵەتە تیۆکرات و پلۆتۆکراسەکاندا کە بە توندترین فۆرم بەرزەفت و جڵەوگیر دەکرێن، لەم بەشەی رۆژهەڵاتی هەسارە شینەکە “زەوی” کۆنسیپتی ئازادیی خەونێکی کۆگەلییە بۆ قووتاربوون لە دیسپۆتیزمی ئەو دەوڵەتانە. بۆیە لەو سەردەمەی پێشگری ئازادییەکان بەتایبەت لە خۆرئاوا دەچنە پێش هەموو دەستەواژەکانەوە کە خودی ئازادییان بەرەو کۆیلەیەتییەکی ئارەزوومەندانە و نۆرمێکی تر لە فیتشیزم بردووە، بۆ خۆرهەڵاتی زەمین ئازادیی ئەو پانتاییە گریمانەکراو و بەستێنەیە خەونی پێوە دەبینرێت کە تێیدا تەوق و کەلەپچەکان بشکێندرێن. لەم رەهەندەوە دروشمی ژن ژیان ئازادیی کە تایتڵێکی دەرە ئایدۆلۆژییە تێکڕای هاووڵاتیانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی لە یەک جووڵانەوەی گۆمەڵایەتیدا کۆکردووەتەوە دەبێتە دروشمی شۆڕشگێڕانەی سەردەمێکی نوێ، ئەو تێزەش لەسەر ئەرزی واقیع بەزینی خۆی بینییەوە کە پێیوابوو تێزی شۆڕش چیتر تێزێک نییە بۆ گۆڕانی مێژوویی بەڵکو شۆڕش ڕۆڵەکانی خۆی دەخوات، ئەمە ئەگەر سەبارەت بە شۆڕشە کلاسیکییەکان ئەوانەی لەلایەن حزبێکی ئاڤانگارد و رێبەرێکی کاریزمییەوە سەرکردایەتیان دەکرا بەشێک بووبێت لە راستی، بەڵام لە بزووتنەوەی داگیرکردنی وۆڵ ستریت بەملاوە تا شۆڕشی ژینا شایەتین لەسەر پارادایمێکی تری ئەکتی رادیکاڵ و شۆڕشگێڕانە کە بەشێوەیەکی ئاسۆیی و بێ هەبوونی نەخشەیەکی ئایدۆلۆژیی پێشوەخت خۆی بەڕێوە دەبات. ئەم شۆڕشە شۆڕشی ئومێدە، ئەگەر بتوانێت سەرکەوتوو بێت دەتوانێت دەرگا لەسەر زەمەنێکی تر بکاتەوە، وەک چۆن هاتنە سەر شەقامی خەڵکی ئێران لە ساڵی 57 “1979” میشێل فۆکۆی فەیلەسووفی فەڕەنسی هێنایە سەر ئەو بڕوایەی ئەوەی لە تاران دەگوزەرێت بووژانەوەیەکی تری گیانی شۆڕشگێڕییە.
سەبارەت بە کۆمەڵگەی مەدەنی.. مەنسور حیکمەت
وەرگێڕانی بۆ کوردی :کاوە عومەر
چاوپێکەوتن لەگەڵ ئیسکرا
ئیسکرا: دوابەدوای هەڵبژاردنی خاتەمی، دەستەواژەی “کۆمەڵگەی مەدەنی” بووەتە زاراوەیەکی بەربڵاو لە ئەدەبیاتی ڕاگەیاندنی ڕێژیم و ئۆپۆزیسیۆنی لایەنگری ڕژیم لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتدا. هۆکاری بەکارهێنانی بەربڵاوی ئەم دەستەواژەیە لەم قۆناغەدا چییە و بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە هەندێک جار دەستەواژەی “کۆمەڵگەی مەدەنی” لە ئەدەبیاتی کۆمۆنیزمی کرێکاریدا بەکارهاتووە، جیاوازی باسەکەی حیزب و باسەکانی ئێستا لەم بوارەدا چییە؟
مەنسور حیکمەت: حیزب، وەک حیزب، باسی “کۆمەڵگەی مەدەنی” ناکات. من بە لەوباوەڕەدانیم ئەگەر هاوڕێیان لە وتارەکانیاندا ئەم دەستەواژەیەیان بەکارهێنابێت، لە دەقە ئاڵۆزەکەی ئێستای ئۆپۆزسیۆنی ڕێگەپێدراوی ئێراندا قسەیان کردبێت. دەستەواژەی “کۆمەڵگەی مەدەنی” لە مشتومڕەکانی ئەمڕۆی نێوان ڕژیمی خاتەمی و ئۆپۆزیسیۆنی خاتەمی لە ناوەوە و دەرەوەی ئێران، ناوو کۆد و هێمایەکی کورتکراوەیە بۆ خواستی بە مەرجکردنی سەروەریی ئیسلامی و داننان بە جۆرێک لە مافی تاک و مەدەنی بۆ خەڵک و بۆ دروستکردنی چوارچێوەیەکی نیمچە یاسایی بۆ پەیوەندیی ڕژیم لەگەڵ خەڵکدا ئەم دەستەواژەیە لە ناو ناڕازیانی ڕێژیمەوە سەری هەڵدا و لە لایەن خاتەمی و لایەنگرانی لە دەرەوەی حکومەتەوە برەوی پەیداکرد. بەم شێوەیە باسی کۆمەڵگای مەدەنی بووە تەوەرێکی بەردەوام لە ڕۆژنامەکان و لە نێو شرۆڤەکارانی ڕێگەپێدراو لە ناوخۆی وڵاتدا و ئێستاش لە ئۆپۆزسیۆندا بۆ تەیفیکی فراوانتر بڵاوبووەتەوە. ئه وانه ی له ناو ڕژیمدان، واتا و به کارهێنانی ئه م ده سته واژه یه به باشی ده زانن و له هه مان چوارچێوه ی دژایه تی فراکسیۆنە کان و مه سه له ی مانەوەی ڕێژیمدا باسی لێوە دەکەن. بۆ ئەوان ئەم دەستەواژەیە، هەروەک چۆن مەقولەکانی “تەبایی”، “گونجان”، “مەکتەب یان شارەزایی”، “مەرجەعیەت و ڕابەر”، “قۆرخکاری” و هتد، لە ململانێی دەسەڵاتدا مانایەکی ڕوونی هەیە.
کۆمەڵگای مەدەنی ئاڵای فراکسیۆنی دژ بە ولایەتی فەقیەیە. واتای دەستەواژەی “کۆمەڵگەی مەدەنی” خۆی لە ڕووی مێژووییەوە، لە چ سەردەمێک و لە چ بارودۆخێکدا لە مێژووی بیری سیاسی لە ڕۆژئاوا بەکارهاتووە و جۆن لۆک و مارکس و هیگڵ بیریان لە چی کردووەتەوە، بە تەواوی پەیوەندی بەباسەکەی ئەمڕۆی ئێرانەوە نییە. ناڕازییە سیاسییەکانی ناو خودی حکوومەت، ئەو ئاخوندەی کە سەرۆکایەتیی ڕێژیمی گرتۆتە ئەستۆ، و تەیفەکانی دەوروبەری ڕێژیم کە لە هەمەکارەیی باڵی دەسەڵاتدار نیگەرانن و بە مەترسیداری دەزانن بۆ داهاتووی ڕێژیمی ئیسلامیی ، ئەم دەستەواژەیە بەکار دەهێنن بۆ وروژاندن دروشمی وریایی و خۆگونجاندن و شەڕەکەیان لەگەڵ فراکسیۆنی بەرامبەردا دەبەنەپیشەوە . هەموو مرۆڤەکان تایبەتمەندی ئەم دەستەواژەیە و بنەچەکەی دەزانن. بەڵام کاری هەندێک کەس ئەوەیە کە ئەم مشتومڕە سیاسییە وەک ململانێیەکی مێژوویی و مەعنەوی و تیۆری بنەخشێنن. ئەرک و ڕۆڵی کۆمەڵایەتی ڕۆشنبیری چینی دەسەڵاتدار هەمیشە ئەوەیە گێڕانەوەیەکی فکری قووڵ بۆ ئیرادە و کردەوەی سیاسی سیاسیەکانی خۆی بتاشێنێت و بەم شێوەیەش شەرعیەت و قبوڵکردنی کۆمەڵایەتی بۆ بەرژەوەندی چینی خۆی و جەماوەری خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشانی لە تێگەیشتنێکی ڕوون و بەشداریکردنی ڕاستەوخۆ لەم ناکۆکیانەدا زۆر دوورە بخەنەوە. ڕوونکردنەوەی بزووتنەوە تێزابەکانی محەمەد خاتەمی و حاج ئاغا بێهزاد نەبەوی و لێکدانەوەی دادگایی کردنی کەرباسچی و دەرکردنی نووری و ناڕەزایەتی نوێی سروش و خانەنشین بوونی لاجوردی، پێویست ناکات پێداچوونەوە بە بۆچوونەکانی هۆبز و هیگڵ و مارکس سەبارەت بە کۆمەڵگەی مەدەنی بکرێت . پێویستە بەشداری بکەین لە گفتوگۆی کۆمەڵگەی مەدەنیدا. هەروەک چۆن پێویستە بەشداری بکەین لە باسکردنی دەسەڵاتی ئایینیدا. بەشداری نەک هاوبەشیکردن.
ئێمە پێویستە خەڵک ئاشنابکەین بەرژەوەندی ڕاستەقینە و دروشم و ئەو سیاسەتانەی کە لە ژێر پەردەی ئەم باسە و ئەم دەستەواژەیەدا پێشنیار دەکرێن. مەسەلەی ڕێژیمی ئیسلامی، بەڵێ یان نەخێر، ڕۆڵی خاتەمی و ئەگەر یان مەحاڵبوونی گۆڕینی ڕێژیمی ئێران لە ناوەوە، ئەو سیستمە سیاسییەی کە خەڵک خوازیارە، ئەمانە هەمووی باسگەلێکی هەنووکەیی و گرنگن لە کۆمەڵگەی ئێراندا. بەڵام باسی کۆمەڵگای مەدەنی فۆرماتێکە کە یەکێک لە ئیدیعاکارانی دەسەڵات، واتە فراکسیۆنی میانڕەوتری حکومەت، دەیەوێت ئەو مشتومڕانە بەکاربهێنێت. کونێکە کە لە ڕێگای خەبات بۆ ئازادی لە ئێراندا دەیکەن. باسکردنی کۆمەڵگای مەدەنی تەنها لەبەرامبەر ولایەتی فەقیەدا نییە، بەڵکو لەبەردەم داواکارییە ڕادیکاڵتر و ڕاشکاوانەتر و کۆنکرێتییەکانی خەڵکدایە: داواکاری ئازادی، نەهێشتنی هەڵاواردن، حکومەتی نائاینی، خۆشگوزەرانی، یەکسانی نێوان ژن و پیاو، دەستەبەرکردنی مافە تاکەکەسییەکان و مەدەنییەکان، بەدواداچوون بۆ تاوانبارانی دوو دەیەی تاوانی ئیسلامی، داواکاری عەلمانی و مۆدێرنیزم و سۆسیالیزم. با دووبارەی بکەمەوە کە بەڕای من ئەوانەی بابەتەکانی گۆڤارە ڕێگەپێدراوەکانی ناوخۆ لەگەڵ کێشەی ڕاستەقینەی کۆمەڵگا تێکەڵ دەکەن، ئەوانەی کەسایەتی و هێزی ئۆپۆزسیۆنی ڕێگەپێدراو لەگەڵ هێزە ڕاستەقینەکانی بەشدار لە چارەنووسی ئەم کۆمەڵگایە تێکەڵ دەکەن، ئەوانەی کەجیهانی ڕاگەیاندنیان لەجێگای جیهانی جیهانی واقیعی داناوە بە ڕووداوەکانی داهاتووی ئێران تووشی شۆک دەبن. لە ڕێگای شەڕی ڕووخاندن، کرێکاران و جەماوەری خەڵک بە خێرایی ئەم کارەکتەرانە و ئەم فەزایە و ئەم دەستەواژانە تێدەپەڕێنن. نازانم چەند کەس لە ڕووسیا هێشتا زاراوەی گلاسنۆست و پرۆسترۆیکایان لەبیرە. ئەمە باسی ئەوان بوو لەسەر “کۆمەڵگەی مەدەنی” کە بە خێرایی لە ڕەوتی پراکتیکی مێژووی ڕووسیادا بێمانا بوو. شەڕ لە ئێراندا سەبارەت بە ئازادی و یەکسانی و ئەو سیستمە کۆمەڵایەتییە کە دەتوانێت زامنی بکات. کێشەکە هەر بەو سادەییە.
ئیسکرا ژمارە ١١
٩ی شهریور ١٣٧٧ – ٣١ی ئابی ١٩٩٨
hekmat.public-archive.net #1370fa.html
مردن بە بێ دەنگیی.. نەوزاد بەندی
ئەو هەموو گەڵا سەوزە ی
بە ئەشکەنجە و ئازار زەرد بوون ،
بێ ئەوەی هیچیان داوای دەنکێ پاراسیتۆڵ بکەن ..
بێ ئەوەی هیچیان بچێتە لای پزیشک و ..
فەحسی ڕۆماتیزمە و خوێن خەستبوونەوەی بۆ بنوسرێ ..
سۆنەر و ئێم ئاڕ ئەی و دۆپلەر بۆ دەمارەکانی بکرێ بزانرێ چەندیان گیراون …
بێ ئەوەی هیچیان لە ووتاری هەینیدا ، نزای چاکبوونەوەی بۆ بکرێ ..
هێشتا گەڵایەکی بریندارتان بینیوە لەسەر عەرەبانە ، سواڵی پێ بکرێ ؟
بە بێ دەنگیی زەرد بوون و ..
ــقرچ ـ لە لقەکانیان لێ بوونەوە ،
بۆ سەر شەقامێکی سارد وسڕ ..
٭ ٭ ٭
لەوەیش ناخۆشتر ،
کەس بۆیان نەگریا ..
کەس بە خاکی نەسپاردن ..
کەس بروسکەیەکی ماتەمینی
بۆ نەناردن ..
کەس لافیتەیەکی ڕەشی بۆ هەڵنەواسین ..
خێمەیەک و چوار کورسیی بۆ دانەنان ..
هیچ قورئان خوێنێ ، دوو ئایەتی بۆ نەخوێندن ..
تەلقینی گەڵایەکی زەردی نەدا …
هێشتا وێنەی گەڵایەکتان بینیوە ،
هێڵێکی ڕەش بە گۆشەی چەپی سەرەوەیەوە،
کێشرابێ ؟؟
٭ ٭ ٭
ئەگەر گەڵاکان ، وەک ئێمە پیس بوونایە ،
هەموو پاییزێ دنیا بۆگەنی ئەکرد ..
وەک چۆن کاتێ مەغۆل دایان بەسەر بەغدادا ،
بەغدادی هارونە ڕەشید ،
بە لاشەی بەغدادیەکان ، بۆگەنی کرد ..
٭ ٭ ٭
تا ئێستا دیووتانە ئەمبوڵانسێک ،
بە دوو سێ گەڵای نیوە زەردەوە ،
لە ترافیک لایتی سوور بدا و
خۆی بکا بە خەستەخانەی تەواریدا ؟
٭ ٭ ٭
هێشتا نەمدیوە نەک چوارسەد ملیار دینار،
نیو دینار لە بەغدادەوە ،
بۆ گەڵاکان نێررابێ ..
هێشتا بینیوتانە گەڵایەک پەنجا فلس خەرج کا ؟؟