شۆڕشەکان بۆ سەردەمی ئێستا چیمان پێدەڵێن؟.. نەجمەدین فارس حەسەن

چەمک و مەهامی شۆڕش، بەپێی ڕەوتی مێژوو، جگە لەوەی تێگەشتن وخواستی جیاوازی بەپێی سەردەمەکانی دیاریکراوە ،خواست و وویستی گۆڕانی جیاوازیشی لە خۆگرتووە.یان سپاردویەتیە دەست گروپێکی تر ، هەمان هەستی چینایەتی وبەرژەوەندخوازی و خۆپەرستی ڕابردوویان هەبووە. سەرەتای دروست بوونی ناڕەزایەتی و شۆڕش، بۆ سەرەتای دروست بونی فرماسیۆنی کۆمەڵایەتی چینایەتی دەگەڕێتەوە . لەبەر ئەوەی هەموو کردارێکی بە ئازارو نایەکسان، پەرچەکردارێکی دژوو پێچەوانەی هەبووە و هەیە. ئەمەش گۆڕانی لەڕووی چۆنایەتی و چەندایەتییەوە بەدوای خۆیدا هێناوە. سەردەمی کۆنی گۆڕیوە بۆ سەردەمی نوێ،وپەیوەندی کۆمەڵایەتی و ئابووری نوێی بەرهەم هانیووە. گۆڕانی ماددیی مێژوو ، چەند فرماسیۆنێکی ئابووری کۆمەڵایەتی جیاوازی بەرهەم هێناوە، تا گەشتووەتە ئێستای سەرمایەداری . کرداری چەوساوەکان و ململانێی چینایەتی لە ناو پرۆسەی بەرهەم هێنان و شۆڕشەوە کارەکتەری دروست بوونی هەلومەرجی نوێیە،بەردەوامیش دەبێت تا سیستەمی جیاوازی چینایەتی کۆتاییان دێت.
هۆکاری جیاواز جیاواز ئاگری شۆڕشیان هەڵگیرساندووە لە مێژوودا،هۆکارەکانیش بەپێی سەردەمە جیاوازەکان دەگۆڕێت، بەڵام داخوازی بۆ یەکسانی وماف و ئازادیەکان ،خاڵی هاوبەشی هەموو شۆڕشەکان بووە. بەپێی بڕواو بۆچونی زۆرێک لەبیرمەندانی مێژووە جیاوازەکان و بەپێی سەردەمەکانیان ،ڕوودانی شۆڕش بۆ چەند هۆکارێک دەستنیشان دەکەن،ولێکدانەوەی جیاوازیان بۆکردووە.
بیروبڕواجیاوازەکان لەمێژوودا لە بارەی ڕودانی شۆڕشەوە:
ئەفلاتون ٤٠٠ساڵ پێش زایین، بڕوای وایە، کاتێک مرۆڤ ڕووبەڕووی چەوسانەوە وئازاری برسێتی وسەرماو چەندین جۆری ئازاردان دەبێتەوە، ئەگەرسزایەکی ڕەوابوو ،ئەوا بەڕووی دەسەڵاتدا شۆڕش بەرپاناکات ،بەڵام ئەگەر زانی قوربانی دەستی زۆرداریە، ئەوا بەتووڕەییەکی پڕاوپڕ لە هەڵچون وداچون شۆڕش بەرپادەکات، تێدەکۆشێت لە پێناوی ئەوەی خۆی پێی دادپەروەرانەیە. هەموو ناڕەحەتیەکان تەحەمول دەکات تا سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت……….
بەپێی بڕوای ئەرستۆ کە خوێندکاری ئەفلاتون بووە، لە هەموو جۆرەکانی حکومەت ودەسەڵاتەکاندا(ئۆلیگارشی ،دیموکراسی ، ئەرستۆکراسی ،….) ، مرۆڤەکان شۆڕش بەرپائەکەن لەپێناوی بەدەستهێنانی یەکسانیدا. لەیۆنانی کۆندا بەرزکردنەوەی پەرچەمی ئازادی و یەکسانی داخوازی چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگای یۆنانیەکان بووە.
لەدوای ئەو سەردەمە سەردەمی ئیسلام دێت، بڕواوبۆچونەکان لە ئیسلامدا لەمەڕ شۆڕش ، هەر هاتنە دەرەوەیەک لەماڵ ،خۆپیشاندان و ڕژانە سەر شەقامەکان و مەیدانەکانی شار،بەمانای دەربڕینی توڕەیی ونەمانی سەبروپشودرێژی و بەرگەگرتن دێت. بەڵام لەبەرئەوەی ئاینی ئیسلام خۆی بەکۆتا ئاینی ئاسمانی دەزانێت، هەر هەڵسوکەوتێک کە دژ بە حوکم ودەسەڵاتی خەلیفەی مسوڵمانان بکرێت بە ناشەرعی و بەدژی ڕاسپاردەکانی خوای لەقەڵەم دەدەن، و دژی دەوەستنەوەو وەڵامی داخوازیەکانی خەڵک نادەنەوە، وەکو ئەوەی لەمێژووی ئەودەسەڵاتانەی خەلافەتەکانی ئیسلامدا ڕوویان داوە.

بیریارانی سەدەی حەڤدەو سەدەکانی دواتر تێڕوانینەکانیان جۆراو جۆرن. بۆ نمونە ،لەلای جۆن لۆک، مافی بەرەنگاری و شۆڕش،بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە ، کە دەسەڵاتدار بەشێوەیەکی ناشەرعی بڕیاری مانەوەی دەدات و جێبەجێ دەکات . واتە ئەگەر دەسەڵات شەرعیەتی هەبوو ، پێویست ناکات شۆڕش بەڕویاندا بەرپابکرێت هەتا ئەگەر دڕندەش بێت. شەرعیەت پێدان بەهۆی دەنگی خەڵکەوە دروست دەبێت، وە مەرج نیە هەموو شەرعیەت پێدانێک ڕاست و دروستی و عەدالەتی دەسەڵات پێشان بدات .
باکۆنین ،بڕوای وایە ،کۆتایهێنان بە داگیرکاری وکۆمەڵگای چەوسێنەر، لەڕێگەی تێکۆشانی شۆڕشگێڕانەوە دەبێت،وە کۆتایی نایەت ئەگەر هەموو سەرکردایەتیەکان لە ناوەندەکاندا هەڵنەوەشێتەوە. شۆڕش ،هاندانی هەموو شارێک و هەموو گوندێک و هەموو کۆمۆنەکانە ، بە بەرپاکردنی جەنگەتایبەتیەکانی خۆیان. لەسەر مرۆڤەکان پێویستە ،کەبێجگەلە بەرەنگاریکردنی سوپا کە خاوەنی یەک سەرکردایەتییە،شۆڕش بە هەڵچونە سۆزداریە شۆڕشگێڕانەکە ئەبێتە سەرکەوتنێکی چەسپاوو بێگوومان کردن. ئەم بۆچونەی باکۆنین ، پشت نابەستێت بە کردەیەکی دیاری کراوی سازدراوی ئامانج ڕوون. کاری خودبەخودی وبەرهەمێکی نادیارو بێ ئامانجی گۆڕینی کۆمەڵگای سەرمایەداریە بەپەیوەندیەکی کۆمەڵایەتی نادیار، ئەمەش بیروکرداری ئانارکیستەکانە، لەهەر کوێیەک بن.
بەبڕوای مارکس ، جیاواز لە بۆچونەکانی پێشتر، کاتێک شۆڕش وادەی هات، چینی کرێکار شۆڕش بەرپادەکات، بەرژەوەندی کۆمەڵگای شۆڕشگێڕ(بەمانای ئەرک و ئامانجی ڕەوتی ماددی مێژوویی چینی کرێکاربۆ گۆڕانی مێژوویی کۆمەڵگای سەرمایەداری بۆ سۆسیالیزمی زانستی) ئەکات بەسەرچاوەی خۆی لەوکاتانەدا، هەموو ئەو پێوویستیە ماددیانە بەرجەستەو دابین دەکات ، کە لە پێناوی چالاکی شۆڕشدایە، بۆلە ناوبردنی دوژمنەکانی، وە هەموو ئەو سازاندن وپێویستیانە لەبەرچاو دەگرێت،کە پێوویستیەکانی ئەو تێکۆشانە پڕدەکاتەوە، بەرەنجامی کارەکانی پاڵی پێوەدەنێت بۆ بەکارهێنانی دوورترین و ووردترین بیرووبۆچونی خزمەتکار بەشۆڕش، وەئەمەش ناچێتە سەر بابەتی توێژینەوەیەکی تێووری لە هەمان کاتدا.

دروستترین بۆچوون بۆ بە ئەنجام گەیاندنی شۆڕش لەم سەردەمەی ئێستادا،بۆچوونی مارکسە ،لەبەر ئەوەی وەڵامدەرەوەیەکی گشتگیری بۆ سەرکەوتنی شۆڕش بەئاڕاستەی ڕەوتی ماددی مێژوویی بەرجەستەدەکات لە کۆمەڵگاکاندا، ئالیەتی سەرکەوتنی بەڕوونی پێشانداوە ، دژبوونی خۆی بۆ کاری خۆبەخۆی و بێ بەرنامەی لە سەرکەوتنی شۆڕشدا پێشانداوە. سەرکەوتنی شۆڕشەکان بەندە بە سازاندن وبەرجەستەکردنی پێویستیەکانی هەڵسوڕانی و ئامانجی ڕوون ، بەرجەستەکردنی گۆڕانکاریە لە سیستەمی چەوسێنەرانەی پەیوەندی کارو سەرمایە،وپەیوەندی کۆمەڵایەتی و سیاسی سیستەمی سەرمایەداری . گۆڕانی دەمووچاوێک بەدەمووچاوێکی تر لە هەمان سیستەمدا،شۆڕش نیە، واتای بەرپاکردنی شۆڕش لە سیستەمی سەرمایەداریدا، بەرجەستەکردنی گۆڕانی پەیوەندی ئابووری کۆمەڵایەتی و سیاسی چینایەتیە ،بەکۆمەڵگایەکی ئابووری کۆمەڵایەتی بێ چین و توێژە کۆمەڵایەتیەکان .
شۆڕشەجیاوازەکان وئەنجامەکانیان لەمێژوودا: ئەوانەی لەڕابردوودا بەشۆڕش ناویان هاتووە، هەندێکیان شۆڕشن بەواتای گۆڕانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی ئابووری، هەندێکیشیان ماک و ناوەڕۆکی شۆڕشیان پێوە نیە، لەبەرئەوەی گۆڕانی بنەمای ئابووری کۆمەڵایەتی تیایدا ڕونەداوە.
یەکێک لەو جوڵانەوانە، ڕوداوی ساڵی ١٢١٥زی ئینگلترایە، ناڕەزایەتی و جوڵانەوەی ئەرستۆکراتەکان بوو دژی مەلیک جۆن. داوایان دەکرد پاشا دان بنێت بە مافی خەڵکیشدا، مەبەستیش لێی زیاتر فراوانکردنی دەسەڵاتی ئەرستۆکراتەکان بوو،وە ئەنجامیشیاندا. واتا سیستەم نەگۆڕا ، بەرژەوەندی چینێک سەنتەری جوڵانەوەکە بوو لەناو هەمان فرماسیۆنی سیاسی ئابووری کۆمەڵایەتیدا، ئەمەش گۆڕانی شۆڕشی کۆمەڵایەتی ئابووری نیە.
لەمێژوودا چەندین شۆڕشی زانستی هەیە، توانیویانە سەرجەمی تێڕوانینەکانی ڕابردوو بەباری ڕووی ڕاستی خۆیدا بگۆڕن. یەکێک لەو شۆڕشە گرنگانە ،شۆڕشی کۆپەرنیکۆس(١٤٧٣-١٥٤٣)زی بوو، بەوەی کە هێنانەخوارەوەی ووتەکان بوو لە ئاسمانەوە بۆ سەر زەوی، ئەوەش بەدەرخستنی ئەو زانستەی کە خۆر بریتیە لە سەنتەر و ناوەندی کۆمەڵەی خۆر، زەوی ئەو ناوەندە نیە، ئەو تێووریە گەورەترین شۆڕش بوو لە مێژووی زانست و فەلەک ناسیدا.
جووڵانەوەکانی کرۆمۆیڵ١٦٦٦ز ،دوای لە ناوبردنی پەرلەمان، لە ئینگلترادا دەسەڵاتێکی دیکتاتۆریانەی دامەزراند، پێچەوانەی گەڕانەوەی پاشایەتی و لەناوبردن و دەرکردنی خێزانی ستیوارت و گوێزانەوەی دەسەڵاتی پاشایەتی بۆ ولیام و ماری ساڵی ١٦٨٨ز. ئەم جۆرەش لە جوڵانەوانە، نەیتوانیوە پەیوەندی ئابووری سیاسی کۆمەڵایەتی بگۆڕێت،ئەم جوڵانەوانەو گۆڕانی سەروچاو، ناچێتە خانەی شۆڕشەوە هەرچەندە لە مێژوودا بەشۆڕش ناوی هاتبێت.
جۆرێکی تری ناونانی جوڵانەوەکان بەشۆڕش، ناوزەدکردنی شۆڕشی ١٧٧٦زی ئەمریکایە. ئەم جوڵانەوەیەی خاوەن سەرمایەو زەویوو زارو کۆیلەکان بوو ،دژی هەمان چین بوو لە ناو دەسەڵات ودەوڵەتی پاشایەتی ئینگلترادا .ئەم جوڵانەوەیە نەیتوانی باری گرانی ژیانی کۆیلەداری کۆیلەکان لە ئەمریکادا بگۆڕێت. ئەو جوڵانەوەیە نەبووە هۆکاری گۆڕینی فرماسیۆنی کۆمەڵایەتی ،بە فرماسیۆنێکی تر. بەڵکو کۆیلەداری بەردەوام بوو هەتا هەموواری سیازدەی دەستووری ئەمریکا لە ساڵی ١٨٦٥ز. ئەمەش نەیتوانی لەسەر ئەرزی واقع کۆتایی بە کۆیلەیەتی بهێنێت، تەنها مرەکەبی سەرکاغەز بوو. ئەم جووڵانەوەیە ناتوانیت بەشۆڕشی کۆمەڵایەتی بیچوێنی،تەنها وەکو ڕزگاری نیشتمانی چاولێدەکرێت، واتا تەنها ڕزگاری خاوەن زەوی و سەرمایەکان بوو لەژێر چنگی باج و خەراجی دەوڵەتی پاشایەتی ئینگلیز ، هەتا لە دواتریشدا دەوڵەتی کۆمارییانیش دامەزراندبێت.

لەو شۆڕشانەی کە فرماسیۆنی کۆمەڵایەتی گۆڕی، شۆڕشی ساڵی ١٧٨٩زی فەڕەنسی بوو، شۆڕشی بۆرژوازی بوو،وەهەڵگری گۆڕانی فکری وئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی بوو. گۆڕانی بنەڕەتی دروستکرد لە پەیوەندی ئابووری کۆمەڵایەتی وسیاسی ،پەیوەندیەکی نوێی چینایەتی سەرمایەداریانەی هێنایە ئاراوە، سەرکەوتنی چینی ناوەند بوو بەسەر پاشاو ئەرستۆکراتەکاندا، کۆتاییان بەکۆیلەی کشتوکاڵیدا هێنا، سیستەمی سیاسی و ئابووری وکۆمەڵایەتی سەرمایەدارانەی چەسپاند ،هەروەها بەشۆڕشی نیشتمانی و دێموکراسی دیاری دەکرێت. بەڵام شۆڕشی ١٨٤٨زی فەڕەنسا، بەشداری پرۆلیتاریا بوو ، ئەمەش سەرەتای دەستپێکی ڕووبەڕووبونەوەی سەرمایەداران و پرۆلیتاریا بوو، شێوەیەکی شۆڕشی کۆمەڵایەتی لە خۆگرتبوو ،هەرچەند پرۆلیتاریا سەرکەوتنی یەکجارەکی بەدەست نەهێنا،و کۆماری دووەمی بۆرژوازی فەڕەنسای بەرجەستە کرد، بەڵام بوو بە چاوگێک بۆ شۆڕشەکانی تری ئەورووپا ، وبەرجەستەکردنی بەشێک لە مافەکانی مرۆڤی بە شێوەیەکی ڕێکوپێکتر بەیان کردوو شیعاری ئازادی وبرایەتی و دادوەری بەیان دەکرد .ئەم شۆڕشەش زۆرتر لایەنداری مرۆڤانەو کۆمەڵایەتیانەی پێشان دەدات.شۆڕشی ١٧٨٩زی شکڵی شۆڕشێکی گەلیانەی لەخۆگرتبوو بەکاریگەری وهاندانی بیری بۆرژوازیانەی بۆرژوازی.بەڵام ئەوەی ١٨٤٨زی ململانێیەکی چینایەتیانەی لەخۆگرتبوو.
بەڵام جیاواز لە شۆڕشەکانی تر، لەسەردەمی هاتنە ئارای سەرمایەداری شۆڕشێکی چینایەتی پرۆلیتاریای فەڕەنسی ساڵی ١٨٧١زی بوو، بەکۆمۆنەی پاریس ناسراوە ، تەمەنی لە نێوان ١٨ئازار بۆ ٢٨ئایار ی ١٨٧١زی درێژەی کێشا، یەکەم حکومەتی شۆڕشگێڕی چینی کرێکار بوو. لەوکاتەدا ئەم شۆڕشەش نەبووە گۆڕانکاری و گوێزانەوەی سیستەمی سەرمایەداری بۆ سۆسیالیزم و کۆمۆنیزم، ئەگەر ئەمەش بەهۆکاری کەمی تەمەنی و فرەیی لە ڕاوبۆچونی جیاوازی ناو کۆمۆنارەکان ، ولەلایەکی تریش گەمارۆو پیلان گێڕانی دەوڵەتانی ئەوروپا دژی کۆمۆنەی پاریس لەترسی لەدەستدانی دەسەڵاتی خۆیان،تەمەنێکی کورتی بەڕێکرد. بەڵام وەرچەرخانێکی گەورەی لەسەر ئاستی ئەوروپاو جیهان خوڵقاند، بووە هۆکاری ئەوەی وڵاتانی ئەوروپا باشتر مامەڵە لەگەڵ کرێکاراندا بکەن لەڕووی ماف وکرێکانیانەوە.
شۆڕشی ئۆکیۆبەری ١٩١٧زی ڕوسیا ،ئەمیش بەیەکێک لەو شۆڕسانە هەژماردەکرێت،دوا سەنگەری دەرەبەگایەتی و کۆیلەی کشتوکاڵی لە ئەوروپادا تێکشکاند و لە جێگەی سیستەمی پاتریارکی وکشتوکاڵی ،سیستەمی سەرمایەداری دەوڵەتی دامەزراند، ئابوریەکی پیشەسازی و کشتوکاڵی و سەربازی پێشکەوتووی خستە جێگەی ئابووری کشتووکاڵی وسیستەمی پاتریارکی ڕابردوو. ئەم شۆڕشە لەگەڵ ئەوەی بە شۆڕشی سۆسیالیستی ناویان دەبرد، بەڵام هیچ بنەمایەکی ئابووری کۆمەڵایەتی سۆسیالیستی پێوە دیارنەبوو ودانەمەزراند. دەسەڵاتی پاتریارکی کشتوکاڵی گۆڕی بۆ دەسەڵاتی گروپێکی حیزبی وسەربازی بەدسپلین و ڕێکخراو. هەرچیەک بوو بێت ، تەنها سۆسیالیزم نەبووە ،و ئابووری کۆمەڵایەتی و سیاسی دەوڵەت کەوتووەتە چنگی گروپێکی سیاسی و سەربازی حیزبیەوە.لەگەڵ ئەوەشدا ئەم شۆڕشە بە پاڵنەری ئەوەی شۆڕشێکی سۆسیالیستی بووە ،کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر شۆڕشەکانی ئەوروپا وئەوروپای ڕۆژهەڵات و ئاسیاو ئەمریکای لاتیندا هەبووە ، لە بەشێکی بیرکردنەوەی سیاسی و دامەزراندنی سیستەمی سەرمایەداری دەوڵەتی چین و کوبادا ڕەنگیداوەتەوە بەشێوەیەکی بەرچاو.

شۆڕشی ساڵی ١٩٥٤زی چین،گۆڕانی کۆمەڵگایەکی دابەشبووی چەند چین وتوێژێکی کۆمەڵایەتی وئابووری دواکەوتوو بووبوو.ئەوانەش خاوەندارانی زەوی وزار،و چینێکی کۆمپرادۆر لە دێهاتەکان کە وابەستەی سەرمایەی بێگانەی دەرەوەی ،و ووردەبۆرژوازی کە نوێنەرایەتی خاوەن زەوییە کشتوکاڵیەکان ،وپیشەسازییە دەستیەکان و توێژێکی بچوکی ڕۆشنبیرو خوێندەوارەکانی دەکرد ،ئەمەش توێژێکی گەورەی کۆمەڵگای پێکدەهانی . وە شەریحەیەکی تری کۆمەڵگای چین بریتی بوون لە چەشنەکانی پرۆلیتاریا، کە پێکدەهاتن لە زۆرینەیەکی جوتیارانی کشتوکاڵی خاوەنانی زەوییە بچوکەکان ،وجوتیارە هەژارەکان، وخاوەنانی پیشەسازی دەستی و،کرێکارانی شوێنە پیشەسازییەکان ،وفرۆشیارە گەڕۆکەکان. چینی پرۆلیتاری پیشەسازیش بەپێی کۆمەڵگای چین ژمارەکەیان کەمترە. شۆڕشی چین ئەم پەیوەندیە ئابووری کۆمەڵایەتی سیاسیەی گۆڕی بە کۆمەڵگایەک کە سەرچاوە ئابووریەکانی خستە دەستی دەوڵەتەوەو ، سەرکردەکانی دەوڵەتیش ،ئەوانەبوون کە ئەندامانی حیزبی شوعی چین بوون ،وەکو یەکێتی سۆڤیەت. هەروەها شۆڕشی ١٩٥٩زی کوباش ،وەکو چین پێکهاتەی کۆمەڵایەتیان بریتی بوون لە خاوەن زەویەکان ،و بۆرژوازی کۆمپرادۆری وابەستە بە سەرمایەی ئەمریکیەوە، ئەمانە دەسەڵاتیان بەدەستەوە بوو. شۆڕشی کوباش وەکو شۆڕشەکانی چین و ڕوسیا، نەیانتوانی کۆمەڵگایەکی ئابووری کۆمەڵایەتی بێ چین وتوێژەکۆمەڵایەتیەکان دامەزرێنن. هەرسێ شۆڕشەکەو ئەوانەی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا، گۆڕانی سیستەمی کۆمەڵایەتی ئابووری سیاسی سەرمایەداری ،نەگۆڕی بە سیستەمێکی ئابووری کۆمەڵایەتی بێ چین و چەوسانەوە. تەنها گۆڕینی سەرمایەداری بازاڕی ئازاد بوو بە سەرمایەداری دەوڵەتی، شۆڕشی سۆسیالیستی نەبوو وەکو هەندێک لە بیریارانی بۆرژوازی ولیبراڵی بەیانیان دەکرد.
بەپێی بڕوای هەندێک لە نووسەرە بۆرژوازی و نیشتمانییەکان، کودەتاکانی کە ڕوویانداوە لە کیشوەرەکانی ئاسیاو ئەفریقیا دا ،بە شۆڕش ناویان بردوون. وەکو کودەتای ٢٣یولیو١٩٥٢زی میسر دژی پاشایەتی. هەروەها کودەتای ١٤تەموز١٩٥٨زی عێراق دژی پاشایەتی . وەکودەتای بەعسیەکانی سوریا لە ساڵی ١٩٦٣زی دژی دەرەبەگایەتی. هەروەها کودەتای ١٧-٣٠تەموزی ١٩٦٨زی بەعسیەکانی عێراق، دژی سیستەمی کۆماری عبدلڕەحمان عارف. هەموو ئەم کودەتایانەو ئەوانەشی کە ناومان نەبردوون، نەیان توانیووە سیستەمی کۆمەڵایەتی ئابووری بگۆڕن، بەسیستەمێکی بێ چین و چەوسانەوەو بێ کاری بەکرێ.لەسەردەمی سەرمایەداریدا شۆڕش کاتێک پایەو مانای دەبێت کە گۆڕانی بنەڕەتی بکات لە پێکهاتەی ئابووری کۆمەڵایەتی چینایەتی بە کۆمەڵگایەکی بێ چین و چەوسانەوە، بەداخەوە ئەمەش هەتا ئێستا ڕوینەداوە.
ناونانی جوڵانەوە و خۆپیشاندانەکانی باکوری کیشوەری ئەفریقا ، بەشۆڕشی بەهاری عەرەبی ، ناوو ناونیشانێکی هەڵەیە و ماکی گۆڕانی ڕیشەیی پەیوەندیەکانی ئابووری و کۆمەڵایەتی هەڵنەگرتبوو وە بەرجەستەی نەکرد لە کۆمەڵگاکانیاندا. بنەڕەتی ناوی بەهاری عەرەبی دەگەڕێتەوە و ئیلهامی لە شۆڕشەکانی بەهاری ١٨٤٨زی ئەوروپاوە وەرگرتبوو،یان پێیان بڕیبوو. ئەمانەش نەیان توانی سیستەمی سەرمایەداری بگۆڕن بە سیستەمێکی شایستە بەژیانێکی سەردەمیانەی ، بێ چەوسانەوەو کاری بەکرێ بۆ مرۆڤەکان. هەر جووڵانەوەیەک و خۆپیشاندانێک، گۆڕینی دەمووچاوو مانەوەی هەمان سیستەمی ڕابردوو لە خۆبگرێت،لە ئێستای سیستەمی سەرمایەداری، ماناو دەلالەتی ڕوودانی شۆڕش لەدەست دەدات.

خۆپشاندانەکانی ئێران لەبەر ڕۆشنایی شۆڕشەکانی ڕابردودا:
لە ڕوانگەی ئەو شۆڕشانەی لە ڕابردوودا ڕویانداوە، باسێکی کوورت لە ناوەڕۆکی جوڵانەوەو خۆپیشاندانەکانی ئێران دەکەین. ئەوەی دەگەڕێتەوە سەر جوڵانەوەکان و خۆپیشاندانەکانی ئێران و پلاتفۆڕمی (ژن- ژیان- ئازادی ) ، پەرچەمێکی ڕیفۆرمیستی و فمینیستانەی ناگشتگیرە، نەیتوانیووە دەربڕی ناوەڕۆکی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی گشتگیری هەمەلایەن بێت ولەخۆبگرێت ، هەرچەندە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگای ئێران بەشداری تێدابکەن. هێزەکانی خەڵک لە دەرەوەو ناوەوەی ئێران ،هێشتا نازانن بەڕوونی چیان دەوێت و لەدواتردا چی دادەمەزرێنن، پەیوەندیە کۆمەڵایەتی وئابووریەکان چی بەسەردێنن. لەئێستای سەرمایەداریدا، هەر گۆڕانێک کە سیستەم لە بنەڕەتەوە هەڵنەتەکێنێت، و سیستەمێکی ئابووری کۆمەڵایەتی بێچین دانەمەزرێت لە جێگایدا،ناچێتە خانەی شۆڕش و شۆڕشگێڕیەوە. لەخۆوە هەر جوڵانەوەیەک و خۆپیشاندانێک بە شۆڕش بزانرێت دەکەوینە هەڵەیەکی گەورەوە، هەروەکو ئەوەی بانگەوازدەکرێت بۆ پشتیوانی کردن ولەگەڵمان بن لەشۆڕشی ئێراندا، بڕواش بە ڕێکخراوی چینایەتی نەبێت ، بانێکە ودووهەوا. لەگەڵ بوون واتای ڕێکخراوبوونە ،کۆبوونەوەیە لە چوارچێوەی ئامانجێکدا . بیرکردنەوەو گرنگیدان بە کاری خودبەخود، هەمان ئەو بیرکردنەوەیە کە بۆ خۆپیشاندانەکانی ئێران بیردەکرێتەوە،هەمان بیرووبۆچونە کە هەیەجانی سۆزوعاتیفە ئەکاتە ئامانجی سەرکەوتنی شۆڕش ، هەمان بۆچوونی ئانارکیانەی باکۆنینیان هەیە. ئەمەش سەرکەوتنی شۆڕش بە خوا ئەسپێرێت. لەلایەکی تر کۆمەڵێک لە بێ ئامانجی و ناڕوونی خۆپیشاندانەکانی ئێران ، بەرگی کوردایەتی دەکات بەبەردا، لەبەرئەوەی ئاگری ئەو خۆپیشاندانانە، بە پریشکی گیان لەدەستدانی کچێکی کورد خۆش بوو.لەلایەکی تر کۆمەڵێک ئاڵای شاهنشاهی ڕابردووی ئێران بەرزەکەنەوە. ئەم ڕاکێشان ڕاکێشانە، بەڵگەی ئەوەیە کە یەکگرتوویەکی کۆمەڵایەتی چینایەتی لەسەر ئاستی کۆمەڵگای ئێران بوونی نیە ،خۆپیشاندانەکان ئامانجی ڕوونی سەرتاسەری شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی ئابوورییان نیە. ئەو بۆچوونەی کە لەپێشتردا بەیانمان کرد بۆ سەرکەوتنی شۆڕش گرنگی گەورەو گەرەنتی سەرکەوتن دەکات. لەبەر ئەوەی خۆپیشاندانەکانی ئێران لاشەیەکی بێ سەرە ، لەهەرکاتێکدا بێت دەکەوێتە چاڵێکەوەو سەردەنێتەوە. لەبەرئەوە لەسەر کۆمۆنیستە زانستیەکان پێویستە پەرە نەدەن بەکاری خودبەخودیانە و داڵدەی سۆزدارییانەیان بۆ هیچ خۆپیشاندان و جوڵانەوەیەک بڕوای پێنەهێنن و نەبێت، هەرجوڵانەوەو خۆپیشاندانێک ئامانجدار بکەن بەئاڕاستەی هەڵوەشانەوەی سیستەمی سەرمایەداری و دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی بێچین و چەوسانەوەی مرۆڤ لەبەرچاوبگرن ئامانجمان بێت .لاشەیەک چاوی نەبێت ومێشکی نەبێت ناتوانێت بەئاڕاستەی دروست ڕێبکات. مارکس دەڵێت،تێکۆشان دژی سەرمایەداری، بەشێوەیەکی سەردەمیانەو لە سنورێکی باڵاترداو بەبایەخێکی ترەوە، تێکۆشانی کرێکاری کرێگرتەیە دژی سیستەمی بۆرژوازی(سیستەمی سەرمایەداری لیبراڵی)،ئاوات وئارەزوی شۆڕشی سۆسیالیستی نوێ(زانستی) بریتیە لەسەرکەوتنی پرۆلیتاریا بەسەر بۆرژوازیدا.ڕێکخستنی کۆمەڵگایە بەشێوەیەک کە هەموو جیاوازیە چینایەتیەکان لەناوببات. وەکو ئەوانەی کە لە ڕابردوودا بە شۆڕش ناویان بردوو ئەوئەرکەشی جێبەجێنەکرد. ئەوەی ئێستا لە ئێران دەگوزەرێت ، خۆپیشاندەران هەڵگری شیعاری بۆرژوازین کە خۆی لە ناو (ژن – ژیان – ئازادی) مەڵاسداوە. ئازادی فۆڕمی بیرکردنەوەی شۆڕشی بۆرژوازی فەڕەنسی بوو، وە بیریارانی لیبراڵی دایان ڕشتووەو پێیدەناسرێتەوە، ئازادی لە لای لیبرالیزم ،هەڵسوکەوتی ئازادانەی مرۆڤە بە بەهاکانی بۆرژوازی و سەرمایەداریەوەو ، خۆی لەئازادی خاوەندارێتیدا دەبینێتەوە.
ئەو وتەیەی مارکس دەکەم بەکۆتا تێڕوانین لە بارەی شۆڕش لە سەردەمی سەرمایەداریدا،دەڵێت: کۆمۆنیزم لە هەموو بزووتنەوەکانی ڕابردوو هەتا ئێستا جیاوازترە، ئەوەیە کە هەموو پەیوەندیەکانی بەرهەم هێنان وهەڵسووکەوتەکانی ڕابردوو ژێرەوژوور دەکات، هەموو مەلوومەرجە مەرجدارە سروشتیەکانی ڕابردوو، کە بەرهەم هاتووی ڕابردووی مرۆڤن هەتائێستا،داماڵراوە لەشێوە سروشتیەکەی و خراوەتە ژێرچنگی دەسەڵاتداران، بەهوشیاریەوە چارەسەری دەکات.

١٩کانونی یەکەم٢٠٢٢

—————————————————-
سەرچاوەکان:
١-افلاطون :جمهوریة،دار الوفاء لدنیا لطباعة والنشر.
٢-ارسطو :السیاسة ،منشورات الجمل.
٣-آنجلس: آلباکونینیة فی آلعمل،دار الفارابی.
٤-جون لوک:فی الحکم المدنی،اللجنة الدولیة لترجمة الروائع.
٥-حنە ارنیدت:رآی فی الثورات،الهیئة العامة لقصور الثقافة.
٦-عبدالرضا الطعان:مفهوم الثورة،دار المعرفة.
٧-مارکس،آنجلس: الایدیولوجیة الالمانیة،دار دمشق.
٨-مارکس:النظال الطبقی فی فرنسا من ١٨٤٨الی ١٨٥٠،دارالتقدم.
٩-مارکس: الحرب الاهلیة فی فرنسا، دارالتقدم.
١٠-الموسوعة السیاسیة، مفهوم الثورة،




‌ئێمه‌ و جه‌نده‌ر و ئیسلام.2.. سەلام عەبدوڵڵا

ئێمه‌ هه‌ر ئه‌وه‌نده‌مان ده‌وێت ته‌واوی شێوه‌كانی سته‌مكاری دژ به‌ ژنان له‌ ره‌گه‌وه‌ هه‌ڵبووه‌شێنینه‌وه‌و ئه‌مه‌ش به‌بێ هه‌ڵته‌كاندنی سیستێمی‌ سه‌رمایه‌داری به‌رابه‌رایه‌تی ژنانی شیوعی، مه‌حاڵه.
پاش تێپه‌ڕبوونی نزیكه‌ی 100 ساڵ به‌سه‌ر شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ر، نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان 5 ساڵ گفتوگۆیان كرد تا له‌ 18.دیسه‌مبه‌ر. 1979 رێككه‌وتننامه‌ی له‌ناوبردنی جیاكاری دژ به‌ ژنان(CEDAW) له‌ 30 مادده‌ راگه‌یاند. ئێستا 190 و تا 24.10.2012، واته‌ له‌ ماوه‌ی 33ساڵ، 20 وڵاتی عه‌ره‌بیش ئیمزایان كردووه‌(المغرب والجزائر، تونس وليبيا، مصر ولبنان، الأردن والسعودية، العراق والكويت، اليمن وجزر القمر، موريتانيا والإمارات العربية المتحدة ،جيبوتي والبحرين، سوريا وعُمان، قطروفلسطين. وڵاتانی ئه‌مریكا، ئیران، بالاو، صومال و سودان ئیمزایان نه‌كردووه‌(سه‌رچاوه‌: المصری الیوم)
ئیمزاكه‌رانی ئه‌م به‌یاننامه‌یه‌ و به‌یاننامه‌ی جیهانی مافی مرۆڤ و به‌یاننامه‌ی پاراستنی مافی مناڵ به‌خۆیان سیستێمی دابه‌شكردنی كاریان داهێناوه(نامۆبوونی مرۆڤ له‌ ئامرازه‌كانی به‌هه‌مهێنان-وه‌ك مرۆڤ شوناسی خۆی له‌ده‌ستده‌دا)و‌(كاری ماڵ و كار له‌ ده‌ره‌وه‌ی ماڵ) و ژن و پیاو له‌یه‌ك جیاكرده‌وه‌. ژن له‌ ناو چوار دیواری ماڵ و گیان و روح پڕوكێنیان به‌سه‌ر سه‌پاند(وه‌ك مرۆڤی خاوه‌ن مافی یه‌كسان، شوناسی خۆی له‌ده‌ستده‌دا)، پیاو له‌ناو ماڵیشدا بوو به‌ خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات، ئه‌و‌جا ئیسلامییه‌كان به‌ هه‌مان شێوه‌ به‌ناو ئاین و شه‌رعه‌وه‌ ده‌رچوونی ژن له‌ ماڵ به‌ ناپه‌سه‌ند و خه‌تا ده‌زانن!. هه‌ردوویان(ژن/مرۆڤ و پیاو/مرۆڤ)سه‌ر به‌ چینێكی دیاریكراو، له‌سایه‌ی ئه‌م سیستێمه‌ شوناسی مرۆڤبوونیان له‌ده‌ستده‌ده‌ن. ژیانمان بنه‌مای(مه‌تریالستی و له‌سایه‌ی به‌رهه‌مهێنانی سه‌رمایه‌داری و له‌چوارچێوه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی)، بۆیه‌ رزگاربوون له‌م سیستێمه‌ رێگه‌چاره‌یه‌.
دۆخی ژنان له‌و ماوه‌یه‌ به‌ ئیستاشه‌وه، به‌هۆی سیاسه‌تی بازاڕی ئا‌زاد و جه‌نگه‌كانی، خراپتربووه‌.
لینین به‌بۆنه‌ی تێپه‌ڕبوونی دوو ساڵ به‌سه‌ر شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ر ده‌ڵێ: له‌گه‌ل هه‌موو وشه‌ گه‌وره‌كان له‌باره‌ی په‌روه‌رده‌ و رۆشنبیری و شارستانیه‌ت و ئازادی له‌ هه‌موو كۆماره‌ سه‌رمایه‌داره‌كانی سه‌رزه‌مین، یاساگه‌لێكی زۆر قیزه‌وه‌ن و پیس و دڕنده‌ هه‌یه‌، یاساگه‌لێك كه‌ نایه‌كسانی بۆ ژنان جێگیرده‌كه‌ن سه‌باره‌ت به‌ هاوسه‌رگیری و جیابوونه‌وه‌، نایه‌كسانی بۆ مناڵه‌ سرووشتی و((یاساییه‌كان))و ئه‌متیازات بۆ پیاوان جێگیرده‌كه‌ن و زه‌لیلی ژن و به‌كارهێنانی توندوتیژی له‌گه‌لدا.(لینین و المرأة، تعريب زينب نبوه).
ئێستا پاش تێپه‌ڕبوونی نزیكه‌ی 100 ساڵ به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی سۆڤێت، هه‌ڵوه‌شاندنی هه‌موو سته‌مكارییه‌كان دژ به‌ ژنان، كۆمه‌ڵێ فێمینسیت له‌ناو جه‌رگه‌ی وڵاتانی ئیمپریالیستی، شان به‌شانی فۆكۆ و چه‌ندین بیرمه‌ندی بێ به‌دیلی بۆ دوژمنی سه‌ره‌كی سته‌مكاری دژ به‌ ژنان، به‌پشتیوانی خودی سه‌رمایه‌دار و ده‌زگا ئیدۆلۆژیه‌كانیان(زانكۆ)و راگه‌یاندن، هه‌وڵ ده‌ده‌ن تیئۆری(كڤێر) له‌ جیهان بڵاوبكه‌نه‌وه.
ئایا هه‌ر به‌ڕاستی ‌چه‌وساوه‌كان و له‌ پێشیانه‌وه‌ ژنانی چه‌وساوه‌ و شارستانیه‌تی مرۆڤایه‌تی پێوستیان هه‌یه‌ به ‌ئیدۆلۆژیا(هاوڕه‌گه‌زبازی)ی سیستێمی سه‌رمایه‌؟ پێویستیان به‌ تێڕوانینی ره‌شبین هه‌یه‌ بۆ ژیان‌؟‌ به‌ بێهوده‌كردنی مرۆڤ له‌ خه‌باتی بزووتنه‌وه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان‌؟ به‌ گه‌وجاندی رای گشتی دژ به‌ رۆڵی چاره‌نووسسازی ژنانی شیوعی و‌ بزووتنه‌وه‌ی چینی كرێكار؟.
پیاوسالاری سیستێمێكه‌ په‌یوه‌ندی به‌ سه‌رمایه‌دارییه‌وه(جێگره‌وه‌ی ده‌ره‌به‌گایه‌تی)‌هه‌یه‌ و بووه‌ به‌ هۆی ئه‌م نایه‌كسانیه‌ نێوان ژن و پیاو و مه‌سه‌له‌كه‌ وه‌ك هه‌ندێ ره‌وتی فێمێنیستی كۆنه‌په‌ره‌ست و لیبڕاڵ باسی ده‌كه‌ن، مه‌سه‌له‌ی كلتوور و شوناس نیه‌ و به‌ ته‌بابوون و سازش له‌گه‌ل سیستێمی مرۆڤخۆری سه‌رمایه‌، نه‌ ژن و مرۆڤایه‌تی له‌م وه‌حشیگه‌رێتییه‌ رزگاری ببێت، بۆیه‌ به‌ڕاستی(جوانترین ژنی دنیا، ژنی كۆمۆنه‌ی پاریسه‌!- سروودێكه‌ به‌زمانی ئه‌ڵمانی له‌باره‌ی رۆڵی مه‌زنی ژنانی پاریس دژ به‌ حكومه‌ته‌كانی ئۆروپا بۆ پاراستنی حكومه‌تی كۆمۆنه‌).
مۆدێلی جێنده‌ر به‌ پشتوپه‌نای كۆمپانیا سه‌رمایه‌داره‌ زلهێزه‌كان به‌رهه‌می پۆستمۆدێرنه‌. فۆكۆ ده‌ڵێ: بەرخۆدان “هەرگیز لە دەرەوەی دەسەڵات نییە”، بۆیە تەنیا”بەرخۆدانێکی”نائەگەری، خۆبەخۆ، کێوی، تاکەکەسی، هەماهەنگ، چەقۆکێش، توندوتیژ، بێ لێبوردن، سازشکار…هتد.(میشل فۆکۆ: سێکسیزم و ڕاستی، ل1100- كابرایه‌كی كورد له‌ گفتوگۆیه‌كی چاودێر، ئه‌م بۆچوونه‌ وه‌ك بۆچوونی خۆی پیشانداوه-)
پێشنیاری عه‌مه‌لی تیۆری ئه‌م روانگه‌یه‌ ئەوەیە پێشنیاری وا ده‌كه‌ن دەکات کە تەنانەت سووکترین ڕیفۆرمخوازیش وا دەکات ڕادیکاڵ دەرکەوێت. بەم کاره‌ بە تەواوی دەکشێتەوە بۆ بواری کولتووری و زمانەوانی. پێویستە “چەمک”ێکی نوێ بۆ ناسنامە دروست بکرێت، “ڕێزمان”ێکی نوێ پەرەی پێبدرێت، یان “ئەخلاقێکی نوێ” (گەیڵ ڕوبینز) دابڕێژرێت. بۆ ئەوەی وەهمی سێکسی سروشتی “پووچەڵ بکاتەوە”، باتلەر بانگەشە بۆ “پارۆدی”کردنی ناسنامەی ڕەگەزی دەکات، بۆ نموونە بە ستایلکردنی خۆت وەک butch/femme2، یان لە ڕێگەی travesty3. ئەمە تاکە پێشنیاری پراکتیکییە لە تەواوی کتێبەکەیدا بۆ پرسی کێشەی جێندەر!
بیرمه‌ندانی ئه‌مه تیئۆریه‌ له‌باره‌ی پرسی خۆیان كردووه‌ به‌ كه‌ره‌ستی ده‌ستی سیاسه‌ت و ئابووری سه‌رمایه‌ و وه‌ك لیبڕاڵ و پێشکەوتنخواز خۆیان نمایش ده‌كه‌ن. له‌و کۆمپانیا بانناسیونانه‌ كه‌ پشتیوانیان ده‌كه‌ن، وەک(شركة اوبر،شركة تويتر، شركة أبل، ديزني، گوگل” شركة أيكيا، جونسون أند جونسون، شركة بي بال، مايكروسوفت، أدوبيز، شركة نايك، تويوتا، ئەپڵ یان کۆکا کۆلا، شركة ايستوود، شركة جنرال ميلر، GAP، BMW، مايكروسوفت، ديزني)كه‌ له‌ پرۆسه‌ی كاردا، ملیۆنان کرێکار ده‌چه‌وسێننه‌وه‌. ئێستا ده‌زانین بۆچی له‌ ئاهەنگەکان کحولی بێبەرامبەر هه‌یه‌. جا قازانجی ساڵانه‌ 835 ملیارد دۆلار بۆچی خراپه‌؟
له‌”ره‌حمه‌تی” قازانجی ئه‌و كۆمپایانه‌، له‌ هه‌رێم ئه‌م هه‌نگاوانه‌ نراوه‌:

  • راوێژكار جه‌نده‌ر بۆ سه‌رۆكی هه‌رێم دامه‌زراوه‌ و به‌ فه‌رمانی سه‌رۆكی وه‌زایران پرسی جه‌نده‌ر ویه‌كسانی(یه‌كه‌ی یه‌كسانی له‌نێو ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران) دامه‌زراوه‌.
  • دامه‌زراندنی 25 سه‌نته‌ری تۆژینه‌وه‌ی جه‌نده‌ری له‌ نێوه‌نده‌ ئه‌كادیمییه‌كان.
    لە راستیدا(جه‌نده‌ر)نه‌ك هه‌ر هیچ زیانێكیان بۆ دەسەڵاتداران نیه‌، به‌ڵكو له‌ خزمه‌تیشیان كارده‌كه‌ن، بۆیه‌ به‌ ملیونان یۆرۆ خه‌رجده‌كه‌ن بۆ پرۆفیسۆر و توێژینه‌رانی جێندەر و راگه‌یاندنه‌كانیان بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌.
    پرسی ژن به‌نده‌ به‌ خه‌بات له‌پێناو سۆسیالیزم. بۆنموونه‌
  • له‌ گفتوگۆیه‌ك له‌گه‌ل( Nancy Fraser – پرۆفیسۆری زانستی سیاسه‌ت كۆمه‌ڵگه و مامۆستا له‌ قوتابخانه‌ی سۆسیال ریسێرچ له‌ نیویۆرك) ده‌ڵێ: به‌رای من ئه‌و سه‌رده‌مه‌ به‌سه‌رچوو كه‌ یاری‌ فێمینیزم دژ به‌ سۆسیالیزم یان ماركسیزم(Marx und Feminismus, Marx200).
  • ناددیجدا كروبسكایا: سه‌ركه‌وتنی ته‌واوی ئه‌و كرێكارانه‌ كه‌ خه‌بات له‌پێناو گۆڕینی ئه‌م سیستێمه‌ به‌ سۆسیالیزم ده‌كه‌ن، ژنان ده‌توانن به‌ته‌اوی رزگاریان ببێت.
    زۆربه‌ی بزووتنه‌وه‌ فێمینیسته‌كان، ژن له‌ نموونه‌ تاتشه‌ر و ژنه‌ وه‌زیره‌كانی به‌رگری ئه‌ڵمانیا و فینله‌ندا و هۆڵه‌ندا و هیلاری كلنتۆن و ژنه‌پاشای به‌ریتانیا و به‌ڕێوبه‌ری كۆمپانیا و سه‌رۆك په‌رله‌مانه‌كان به‌رهه‌مده‌هێنن كه‌ به‌كرده‌وه‌ به‌شێكن له‌ سیستێمی بۆرژوای پیاوسالار بۆ درێژه‌دان به‌ چه‌وساندنه‌وه‌ی ژنان له‌ به‌رهه‌مهێنانی ژنی ئاواره‌، هه‌ژار، بێكار، دره‌وون شێواو، ژنه‌ مۆدێل، له‌شفرۆش. جه‌نده‌ر نایه‌كسانی ته‌نها وه‌ك مه‌سه‌له‌یه‌كی”كلتووری”ده‌بینێ نه‌ك ده‌سه‌ڵاتی بۆژوا و سیستێمی سه‌رمایه‌داری وه‌ك درێژه‌ی(بۆ نموونه‌) فرۆششتنی ژن به‌ 6 سه‌نت له‌ به‌رییتانیا- به‌ مه‌رجێك ژنه‌كه‌ قبووڵ بكات!- و قه‌ده‌غه‌كردنی ژن له‌ خوێندنی ئه‌نجیل سه‌رده‌می هنری هه‌شته‌م چونكه‌ پیسن. ئه‌گه‌ر كێشه‌كه‌ كلتووری بێت، ئه‌وا ئه‌مه‌ش به‌شێكه‌ له‌ سه‌رخان، به‌ڵام ئه‌وه‌ی بڕیارده‌ره‌، ژێرخانه‌ به‌ پله‌ی یه‌كه‌م(هه‌رگیز ماركسیزم له‌ گرنگی سه‌رخان كه‌منه‌كردووه‌- ئه‌مه‌ بۆچونی ماركسه‌.)
    ته‌واوی مێژووی ماركسیزم، مێژووی خه‌بات و به‌رگری و تۆژینه‌وه‌ و تیئۆری بووه‌ بۆ رزگای‌ ژنان و ژنانی شیوعیش به‌خۆشیان رۆڵی رابه‌رایه‌تیان هه‌بووه‌ بۆ له‌ناوبردنی سه‌رمایه‌داری :
    كلارا زێتكین به‌ پێچه‌وانه‌ی تێروانینی ژنانی بۆژوازی و بۆرژاوی بچووك كه‌ پێیان وابوو خه‌بات له‌ پێناو مافه‌كانی ژنان به‌ خۆی ئامانجه و جیایه‌ له‌ خه‌باتی چیتایه‌تی، ‌ده‌ڵێ: ئێمه‌ داوای ماف یه‌كسان ده‌كه‌ین له‌گه‌ل پیاوان بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین له‌گه‌لیاندا پێكه‌وه‌ هه‌موومان له‌ كۆتی ئاسنین رزگارمان ببێت و بتوانین ئه‌م سیستێمه‌ تێكبده‌ین.



فراون بوونەوەی مانگرتنە کرێکاریەکان بەریتانیای هەژاندووە!.. نوری بەشیر

قەیرانی بەریتانیا بەشێکە لە قەیرانی دنیای سەرمایەداری:

لەگەڵ درێژەکیشان و قوڵبوونەوەی قەیرانی ئابوری و سیاسی سەرمایەداری لە جیهاندا و بەتایبەتی قەیرانی ئێستا کە درێژکراوەی قەیرانی ساڵی ٢٠٠٨ ە، هەموو هەوڵ و رێگاکانی بۆرژوازی و حکومەتەکانیان بۆ شکاندنەوەی ئەم قەیرانەیە بەسەر کرێکاران و خەڵکی کەمدەرامەتی کۆمەڵگە لەڕێگای بەرزبوونەوەی نرخی پێداویستیە رۆژانەییەکانی خەڵک و لەوەش واوەتر بەرزبوونەوەی خەیاڵی نرخی خواردن و سوتەمەنی و جیا لەخراپی هەلومەرجی کارکردن و زیادنەکردنی موچە و زیادکردنی تاکس و بەرزبوونەوەی سودی بانک، خەڵکی بەگشتی توشی هەلومەرجێکی وا خراپ کردووە کە هەموو هاواری لێهەڵساوە بەوانەشەوە لەسەر کارن کە موچەکانیان بەشی لانی کەمی ژیان ناکات.

بەریتانیا یەکێکە لە وڵاتەی کە قەیرانی ئابوری و سیاسی سەراپاگیرە و لەم چەند ساڵەدا چەندین جار سەرۆک وەزیرانی گۆڕیوە و حکومەتی چەندجار لەبەردەم هەڵوەشانەوەدا داناوە. قەیرانی ئابووری بەشی خوارەوەی کۆمەڵگەی هەراسانکردوە، هەربۆیە ناڕەزایەتیەکی سەراسەری و توڕەیی کۆمەڵگای داگرتووە، بەتایبەت لەمانگی جوڵایەوە مانگرتنی کرێکاران بە بەردەوامی دەستی پێکردوە. لەبەرانبەر ئەو هەلومەرجە سەختەدا ناڕەزایەتیە کرێكاریەکان لە ئەوروپا و ئەمریکا وە بەتایبەتی لەبەریتانیا پێی ناوەتە دەورەیەکی نوێ لە مانگرتن و رۆژانە فراونبوونەوەی چوارچێوەی ئەو ناڕەزایەتیانە.

فراوانبوونەوەی مانگرتنە کرێکاریەکان لە بەریتانیا:
مانگرتنەکانی ئێستای کرێکارانی بەریتانیا بەفراوانی کە هەموو کۆمەڵگەی هەژاندووە بۆ زیادکردنی موچەیە و باشکردنی هەلومەرجی کارە، کرێکارانی خستۆتە بەردەم ئەم هەڵوێستە کە رێگاچارەی جیا لەخۆ رێکخراوکردن و ناڕەزایەتی بۆ خواست و داواو مافەکانیان نیە، رێگایەک کە شێلگیرانە راوەستان لەبەرامبەر حکومەتی ریشی سوناک کە هاتووە کە دەسەڵاتی بۆرژوازی لەو قەیرانەی تێیدایە رزگار بکات لەسەر حسابی ژیانی کرێکاران و بەشی خوارەوەی کۆمەڵگا.
مانگرتنەکانی کرێکارانی هاتۆچۆ لە قیتار و پاسەکان و هێڵی ئاسن لە بەریتانیا کە لە چڵ ساڵی رابردوودا بێوێنەیە، هاوکات مانگرتنی کرێکارانی پۆست، فڕۆکەخانە، هێزەکانی سنوور، زۆرێک لەبەشی خوێندن و مامۆستاکان، کارمەندانی زانکۆکان، کرێکارانی ڕێگای خێرا … و لەم مانگەدا پەرستاران بڕیاری مانگرتنیاندا کە لەیەک سەدەی رابردوودا بێوێنەیە کە لەسەرانسەری بەریتانیادا پەرستاران لە رۆژەکانی ١٥ی دیسەمبەردا مانیانگرت و لە ٢٠مانگیشدا قەرارە مانگرتنەکە بەردەوام بێت و بەپێی قسەوباسی سەندیکای پەرستاران نزیکەی سەد هەزار پەرستار مانیانگرت و بەردەوام دەبن ئەگەر نەگەنە رێکەوتن لەگەڵ حکومەتدا لەسەر ئەو رێژەیەی پەرستاران داوای دەکەن ئەوا چەندین بەشی تر لە ئەمبولانس و دکتۆر و فریاگوزاری پەیوەست دەبن بە مانگرتنەکەوەو قەرارە رۆژەکانی ٢١ و ٢٨ دیسەمبەریش کرێکارانی ئەمبولانس مانبگرن.

لە کاتێکدا بەریتانیا بەدەست کەمی کرێکار، دکتۆر، پەرستار، ئەمبولانس، کارمەندی نەخۆشخانە دەناڵێت، حکومەت زۆر لە خزمەتگوزاریەکانی گرتۆتەوە و ئامادە نیە دامەزراندن بکات و ئامادەش نیە لەبەرامبەر هەڵئاوسانێکی کەمەر شکێندا موچە زیاد بکات، بۆیە رێگایەکی لەبەردەم کرێکاراندا نەهێشتۆتەوە جیا لە ناڕەزایەتی و ئەوەی کە بڵێت یەکێتی بەهێزیە وەک لەو دروشمەی کرێکاراندا دیارە.
ئەم مانگرتنانە لە دیسەمبەردا گەشتۆتە ئەوپەڕی و قەرارە هەر لە ئێستاوە بەردەوامبێت تاکو جەنیوەری ساڵی نوێ ٢٠٣٣. ئەم خشتەیە مانگرتنەکان تاکو ساڵی داهاتوو بەڕۆشنی نیشاندەدات. وە بەشێکی تری سەندیکا و یەکێتیە کرێکاریەکانی بەشە جۆراوجۆرەکانی لەسەرانسەری بەریتانیا لە کۆبونەوەکانیاندا قسەوباسی ئەوەیان کردووە پشتگیری ئەم مانگرتنانە بکەن یان پەیوەیست بن پێیەوە. وە لەچەند بەشی جۆراوجۆری تر کرێکاران دەستیان داوەتە مانگرتن یان بەنیازی مانگرتنن بۆ زیادکردنی موچە، لەوانە کرێکارانی کۆمپانیای خواردن ئامادەکردن بۆ مارکێتە گەورەکان.

سیاسەتی دەوڵەت لە وەڵامنەدانەوە و تێکشانی ئەم مانگرتنە کرێکاریانە:
ئەم مانگرتنە کۆمەڵگای هەژاندوە، کۆمەڵگا بەو مانایەی کە دەوری کرێکاران بەگشتی و کرێکارانی هاتۆچۆ لە قیتار و پاسەکان چەندە گرنگە، پەرستاران و ئەمبولانسەکان چەندە لە ژیانی خەڵکدا گرنگە، بەتایبەتی نیشانی دا کە ئەگەر کرێکاری ئەم بەشانە کار نەکەن چۆن کۆمەڵگە توشی ئفلیجی دەبێت، بەڵام دەسەڵاتی حزبی پارێزگاران و حکومەتەکەی ئەمە نابینن یان باشترە بڵێین نایانەوێت وەڵام بەخواستەکانیان بدەنەوە کە لەبەرژەوەندی سەرمایەداراندا نیە، لەکاتێکدا خەڵک هەژار و هەژارتر دەبێت بەڵام سەروەتی سەرمایەداران زیاد دەکات. بەڵام ترس و دڵەڕاوکێی حکومەتی پارێزگاران و سەرۆک وەزیرانە دژی کرێکاریەکە ڕیشی سوناک لە فراوانبوونەوەی ئەم مانگرتنانە و ئامادەییەکانی یەکێتیە کرێکاریەکان و رابەرانی و سەندیکای پەرستاراندا، خەریکی هەڵخراندنی هەلومەرجی کۆمەڵگایە بەدژی کرێکاران و یەکێتیە کرێکاریەکان و لەچەند رێگایەکەوە بۆ شکاندنی مانگرتنەکان و داواکاریەکانیان و پاشەکشە پێکردنیان:

• لەهەندێک بەشدا کرێکاران کێشەکانیان لەگەڵ خاوەن کار چارەسەر کردوە و وەڵامیان داوەتەوەو موچەیان زیادکردووە بەپێی رێكەوتنی کرێکاران لەو بەشانەدا مانگرتنەکەیان وەستاندوە، وەک پارێزەرانی کەیسی تاوان، شۆفێری پاسی ئاریڤا، هەندێک بەشی کارمەندانی تەندروستی و کرێکارانی پاک کردنەوەی خۆڵ و خاشاک.
• حکومەت خەریکی تۆمەت دروستکردنە لەبەرامبەر مانگرتنەکانی کرێکارانی شەمەندەفەر و پاسەکان دا لەلایەک، ئەم هەنگاوە بەدژی خەڵک و وەستانی کاروکاسپی ناوزەد دەکات، لەلایەکی ترەوە لەبەرامبەر مانگرتنی پەرستاراندا لەم هەلومەرجەی شەڕی روسیا و ئۆکرانیا لەبەرژەوەندی روسیا ناوزەدی دەکات. یەکێک لە رابەرانی کرێکاران دەڵێت ئێمە دژی خەڵک نین و نامانەوێت کریسمسەکەیان لێ تێک بدەین ئەوە ئێوەن موچە زیاد ناکەن و ئەو وەزعە دروستدەکەن.
• هەوڵی داوە سود لە هێزی سەربازی و هەندێک خەڵکی مەدەنی بکات و دەخالەت پێبکات بۆ شۆفێری ئەمبولانسەکان، یان دانانیان لە جێگای کرێکار و کارمەندانی فڕۆکەخانەکاندا کە ئەمەش هەمووی شارەزایی و مەهارەتی دەوێت لە ڕاهێنانی چەند مانگە و بەڵام تەنها بۆ بەڕێکردن سێ رۆژی داناوە بۆ ئەم راهێنانە.
ئەمە هەر ئەو هەنگاوانەیە کە لەدنیادا و بەتایبەت لەوڵاتانی رۆژهەڵاتنی ناوەڕاست و ئاسیادا کە بۆرژوازی و حکومەتە قەومی و ئیسلامیە سەرکوت وکۆنەپەرستەکان لەبەرامبەر هەموو ناڕەزایەتیەکی هەقخوازانەی جەماوەردا، هەموو رێگایەک دەگرنە بەر بۆ وەڵامنەدانەوەو تێکشانی ناڕەزایەتیەکان و لەوانە تۆمەتێکیان بۆ دادەتاشن یان دەڵێن ئەمە دەستی دەرەکی لەپشتە.
ئەم ناڕەزایەتی و مانگرتنانەی کرێکارانی بەریتانیا سەرجەم حکومەتی بەریتانیا بە دەسەڵاتدارێتی حزبی پارێزگاران و هەتاکو ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازیشی تووشی قەیران کردووە خەریكە لەبەرامبەر ئەو ناڕەزایەتیە فراوانەی کۆمەڵگا و بەتایبەت کرێکاراندا زیاتر لێک نزیک دەبنەوە. بەڵام لە هەندێ لایەنی ترەوە قەیرانەکە و مانگرتنەکان هێندە گەورەن و ترس لەبەردەوامی هەیە ناکۆکی خستۆتە نێوان دەسەڵات، لەوانە ئادەم رادکین سەرۆکی دەزگای سەربازی بەریتانی دەڵێت ئەم شەڕە شەڕی ئێمە نیە، ئێمە ئەرکی ترمان هەیە وەک هێزی سەربازی و فریای کاری تر ناکەوین.
حکومەتی نوێنەری بۆرژوازی و سەرمایەداران ئەمڕۆ لە میدیاکانەوە رایگەیاندوە کە لەم نزیک سەری ساڵەدا بەهۆی مانگرتنەکانی کرێكارانەوە تەنیا لەلەندەن دوو بلیۆن پاوەند زەرەر دەکرێت، بەڵام ترس لەوەڵامدانەوە بە خواستەکانیان و جێگاوڕێگای چینی کرێکار لەئایندەدا ئامادە نیە موچە زیاد بکات، لەکاتێکدا نرخی هەموو شتێک چەند قات چۆتە سەرەوە.
دەورەیەکی نوێی هاتنەمەیدان و ناڕەزایەتی کرێکاری:
ئەم مانگرتن و ناڕەزایەتیە سەرانسەریەی کرێکاران لەبەریتانیا نیشانەی دەورەیەکی نوێیە لەهاتنەمەیدانی چینی کرێکار بەگشتی، بەتایبەت کە ئۆپۆزیسیۆنی چەپی حزبی لەیبەر بەتەواوی بەرەو راست وەرگەڕاوەو کرێکاران هیچ چاوەڕوانیەکانیان لێی نیە، هەر لەم دەورەی چالاکبوونەوەی یەکێتیە کرێکاری و رابەرەکانیان ژمارەی ئەندامانیان زیادی کردوە و یەکێتیە کرێکاریەکانی بەشە جیاوازەکان نزیکایەتی زیاتریان دەست پێکردووە. ئەم دەورەیە بۆ چینی کرێکاریی بەریتانیا ڕاوەستانە بۆ خواست و داواکانیان چ لەکەرتی تایبەت لەگەڵ سەرمایەدارانی خاوەن کۆمپانیاکان و چ لەکەرتی گشتی لەگەڵ دەوڵەتدا، بۆ چاکردنی رەوشی کار و زیاکردنی موچەدا پیشنیاری خۆیان کردوەو چەندین جەولە دانشتنیان کردوەو لەو شوێنانەی لەکەرتی تایبەتدا کە توانیویانە رێژەی زیادکردنی موچە بەدەست بێنن مانگرتنیان راگرتوە، ئەمە بەمانای ئەوەنیە پشت بکە مانگرتنەکانی کرێکارانی ئێستا. بەڵام لەو شوێنانەی کە تاکو ئێستا لەبەرامبەر پیشنیارەکانی دەوڵەت و سەرمایەداراندا کە بەڕێژەیەکی کەم موچەیان زیادکردوەو شوێنی رەزامەندی کرێکاران نیە وەک مانگرتنەکانی کرێکارانی قیتار و پاسەکان بۆیە کرێکاران رازینەبوون.
هاوکات کرێکاران و یەکێتی و سەندیکاکانیان هیچ باکێکیان بۆ تۆمەت دروستکردن نیە کە دەوڵەت هەوڵی بۆ دەدات، لەبەرئەوەی کرێکاران و یەکێتیەکانیان یەک دەستن و دووەم رێژەی هەژاری و برسێتی و گرانی و سەرماو سۆڵە لەسەر خوارەوەی کۆمەڵگا ڕوو لەسەرەوەیە و سێهەم درۆو بەڵێنی زۆری ئەم دەسەڵات و حکومەتەیان و قەیرانەکەیان زۆر بیستووە باوەڕ بە قسەکانیان ناکەن.
یەکێک لە دروشمەکانی ١٥ی دیسەمبەری پەرستاران ئەوەیە کە پارەی پسوڵەمان بۆ مەدەن موچەکانمان زیاد بکەن.

خاڵێکی گرنگ ئەوەیە کە کرێکارانی بەریتانیا لەم دەورەیەدا بەجیا لەوەی لەگەڵ خواست و داواکانی سەرانسەری کرێکارانی بەریتانیادان، هەروەها لە هەوڵی هاوپشتیدان لەگەڵ کرێکارانی وڵاتانی تردا لەوانە: نامەی هاوپشتی بۆ مانگرتنی کرێکارانی قیتاری فەرەنسا، هاوپشتی لەگەڵ کرێکارانی ئێران و بەدژی سەرکوتی جمهوری ئیسلامی ئێران.
هەربۆیە هاوپشتی و لەپاڵدا وەستانی ئەم مانگرتنە کرێکاریانەی بەریتانیا چ لەناوخۆی بەریتانیا و دەرەوەدا، شتێکی گەورەو گرنگە. بەسەرکەوتن گەیشتنی ئەم مانگرتنە کرێکاریانە و بەدەستهێنانی خواستەکانیان دەتوانێت گورزێکی توند بێت لە حکومەتی پارێزگاران و سەرمایەداران و ئۆپۆزیسیۆن و دەستەکەوتێکی گەورە بێت نەک تەنها بۆ هەموو چینی کرێکار لەبەریتانیا بەڵکو بۆ باشتر کردنی هەلومەرجی ژیانی سەرجەم خەڵکی کەمدەرامەتی کۆمەڵگە لە ئێستا، وە دەرسێکی باش دەبێت بۆ کرێکارانی سەرجەم ئەوروپاش.

١٩/١٢/٢٠٢٢




بەهایى کتێب!.. نووسینى / ئارى زێندینى

شارستانیەت و رۆشنبیرى لەوکاتەوە دەسپێدەکات کە (نووسین ) پەیدابوو ئەو نووسینانەى سەردیواروبەردودارودرەخت ! ژیارومەدەنیەت ئەوکاتە پەیدابوو کە (کتێب ) پەیدابوو نووسینى لە باوەش گرت . کتێب چاپکرا و ئامادەکرا و هەڵگیرا و کەوتە بەردەستان وبەرچاوان ، کتێب باسى هەموواان دەکات زەوى و ئاسمان بەس باسى خۆى ناکات بەلکو ئێمە باسى دەکەین ! ئیمە دەیپارێزین و تەقەتى دەکەین و لەماڵەکان و شوێنە تایبەتى و گشتیەکان شوێنێک پێى دەلێن ( کتێبخانە ) بەپێوەرولێکدانەوى شارەزایان و پسپۆران وفەیلەسوفان پێناسەیەکى گشتى کتێبخانە واتە ( ئاوەدانخانە ) . لەو رۆژەوەى کتێب هاتۆتە دونیاوە ململانێى و کێبرکێ مرۆڤەکان زیاتربووە ژیان بەرەوەپێشچووە ژیان خۆشتر بووە ژیان ناخۆشتربووە کتێب داینەمۆى مرۆڤەکانە بۆ مانەوە بۆگەران بۆ شەر بۆ ئاشتى بۆ یەکترناسین بۆراستیەکان مرۆڤى سەرئەم زەمینە کتێب رێنمایى دەکات کتێب دەیژێنێ کتێب گۆشى دەکات کتێب نەخشە رێگایى بۆ دادەنێ خوێندەوارى چراى ژیانە کتێب سەرچاوەى مان و نەمانى مرۆڤەکانە هەرکتێبە رابرووئێستاوداهاتوو دەنووسێتەوە. ( کتێب — زێڕ– پارە ) جیهانیان راگرتووەودەجولێنن و دەنەخشێنن و دەسوڕێنن کتێب سامانێکى مەعنەوى بەنرخ بەنرخى ( زێروپارە) چەندەها کتێب هەیە بە پارەوسامان نایەتە کڕین دەتوانى باشترین و جوانترین خانوو ئۆتۆمبیل بەدەستبهێنى بەلام ناتوانى بچوکترین کتێب و نامیلکە بەدەست بهێنى گەر بەدیارى و بە خۆشەویستى نەبێت ! لەناوچوونى کتێب واتە لە ناوچوونى مرۆڤ و شارستانیەت و ئەقل و معریفەت چەندەها کتێب لە مێژودا فەوتان و لە ناوچوون لە گەڵ خۆى چەندەها شارستانیەت و ئەقل و مەعریفەت و حیکمەت لە ناوبردوو بزرکرد هەتا کو ئێستاش شارستانیەتى هەتیو کرد. ( خوا – پەروەدگار ) لە رێگایى کتێب ئێمە هوشیاروئاگادارکردەوە بۆیە گەوەرەیى و پیرۆزى کتێب لەوەیە (خوا – پەروەدگار) خاوەن کتێبە! بیروباوەڕوئاینەکان لەرێگایى کتێب هاتن و بلاوبوونەوە کەوتنە مێشکى و مرۆڤەکان و چاوى مرۆڤەکان راستە رێ بوون و راستیەکانیان زانى و دەرکیان پێکرد و باوەڕیان بە ( خودا و پێغەمبەر ) هێنا. فەیلەسووف و زاناکان لە رێگایى کتێب زانست و زانیارى و مەعریفەت و پەندوئامۆژگارى وفەلسەفەى خۆیان پەخشکرد گەر کتێب نەبا ئەوان نە فەیلەسوف بوون نە زانا، کتێب هۆکارێکە بۆ ئێمە وەک مرۆڤ بژین بۆ مانەوەو بەردەوامى ژیان . لە سەردەمى نوێ و شارستانیەتدا لە قوتابخانەوخوێندنگە بچوک و بەرزەکان هەر کتێبە روح و گیان و سەرچاوەى بەردەستى قوتابیان دۆزینەوەى شتە شاراوەکان و شتە تازەکان و داهێنانەکان بۆ خزمەتى مرۆڤایەتى و مانەوەى مرۆڤایەتى ، کتێب رووناکى رابردوو رووناکى ئێستا رووناکى داهاتوو، کتێب کلیلى دەروازەى مەعریفەت و زانست و ئەدەب ورۆشنبیریمان بۆ دەکاتەوە. کتێب چاونەترسترین مرۆڤە بۆ ئاشکراکردنى راستیەکان و هەڵدانەوەى لاپەڕەکانى مێژوو بە چاک و خراپیەوە بە رەش و سپیەوە بە تاڵ و شیرینەوە بە شەوورۆژیەوە بە دوورونزیکیەوە بەبێ مننەتى و دڵە راکێوودوودڵیەوە ملیۆنان کتێب بە حیبرومەرەکەب تەنانەت بە خوێن دەنووسرێتەوەونووسراوەتەوە.




“ئایندە” لە نێوان خەیاڵ و واقیعدا.. فازیل شەوڕۆ

هەرچەندە ئەستێرە خوێندنەوە و ڕمڵلێدان و هانابردن بۆ کاهین و پیاوانی ئایینی و غەیب خوێندنەوە، لە دێڕینەوە، ئامرازی بەردەستی مرۆڤ بوون بۆ خوێندنەوەی ئایندە و مێژووی پاشا و میر و قەیسەر و ئیمپراتۆرەکان پڕن لە حیکاتی سەرسوورهێنەری ئەم تەرزە بابەتە. لێ لەڕاستیدا، کانگاو و چاوگەی کۆنترین خوێندنەوەی ئایندوە، لە “مەتنی ئەفسانەکان” دایە ـ ئەفسانەی هەموو نەتەوەکان. جا چونکێ یەکێک لە خەسڵەتە دیارییەکانی مرۆڤ “پرسنیی و ترس”ە، هەمیشە، ئەو بوونەوەرە خوولیای ئەوەبووە بزانێ سبەینێ چ ڕوودەدات تا نەختێ ترسی خۆی لە ڕۆژگاری داهاتوودا بڕەوێنێتەوە. هەرچەندە فرە لێکۆڵینەوەکانی تایبەت، لە فڕە ڕشتە و زانست و بابەتە جیاوازەکانی پەیوەست بە “خودی مرۆڤ”، ڕۆشنایی دەخەنە سەر ئەو خاڵەی کە دەڵێ:”لە بەراییەوە، کە مرۆڤ خەلق بووە، تا ئەو چرکەساتە، هیچ گۆڕانکارییەک بەسەر جەوهەری ئەودا دانەهاتوو، لە ڕوانگەی خێر و شەڕ و، چاکە و خراپە و، فریشتەیی و شەیتانییەتی دا.”
دەکرێ، لە سادەترین پێناسەدا، بڵێین:”ئایندە، ئەو کاتەیە کە دوای ڕابردوو و ئێستایە. هاتنی بە گوێرەی یاساکانی فیزیک شتێکی حەتمییە. هەمیشە بەش و تەڵەسێمکی ئایندە، بریتییە لە شتەگەڵێک کە لە ئێستا و ڕابردوودا، چ بۆ هەمیشەیی، چ بۆ ماوەی کاتی، بوونیان هەیە و هەبووە. لێ هەرگیز ئایندە بۆ دواوە ناگەڕیتەوە. بەڵام لە ڕوانگەی فەلسەفەی “زەمەن: دا، ئێستاگەرایی بریتییە لەو باوەڕە، کە تەنیا “ئێستا” بوونی هەیە، داهاتوو و ڕابردووش ناڕاستەقینەنە. “یەکەکان”ی ڕابردوو و داهاتوو وەک بنیاتنانی “لۆژیکی یان خەیاڵی” لێکدەدرێنەوە. هەرچی کۆمەڵناسییە ـ زانستی کۆمەڵ، دەڵێ:” ئایندە، چۆنیەتیی ژیان و کارکردنی مرۆڤەکان لە داهاتوودا.” بەڵام دەرووناسی، لە گۆشەنیگای “هیوا و مەرام و مرازەوە” ئایندە دەخوێنێتەوە و دەڵێ:” خودی مرۆڤ باشە، ئەوە ڕووداو و ژینگەیە کە مڕۆڤەکان دەگۆڕن، جا خوێندنەوەی ئایندە پەیوەستە بە تێگەیشتن و تێڕاونینی مرۆڤ بۆ ئایندە، بە کام چاوی تەماشای دەکا، چاوی گەشبینی و هیوا، یان چاوی ڕەشبینی و نائومێدی؟ واتا ئایندە هیواخوازییە.”
ئیمڕۆ، ڕێک نیو سەدە دەبێ”ئایندەناسی” وەک زانستێکی سەربەخۆ، لە چەندان زانکۆی ناوداردا. ئەکادیمیانە لێکۆلێنەوەی لەسەر دەکرێت و دەخوێندرێت. لە سەرەتادا، لە زاراوەی “دووربینیی Foresight” قەتیس کرا، کاتێک بۆ یەکەمجار لە ساڵی دا،١٩٣٢ ئێج. جی. وێڵز ئاماژەی پێدا. دواتریش پڕۆفیسۆری ئەڵمانی ئۆسیپ ک. وەک “ئایندەناسی” زاراوەکەی خستە نێو ئینسایکلۆپیدیاکاندایی زانستەکان. کە هێندێجار بە زاراوەی”ئایندەگەرایی’یش ناودەبرێت و بریتییە لە لێکۆڵینەوەیەکی سیستماتیکی لە نێوان زانستیی و گشتگیریی، لە پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و تەکنەلۆژیا و ڕەوتە ژینگەییەکاندا. ئامرازە سەرکییەکەشی ” تەکنیککارییەکانی پێشبینیکردنە”. ئیمڕۆ ئەو زاراوانە هەموویان ئاماژەن بۆ “ئایندەناسی”:
(Futurology, Futures studies, Futures Research, Futurism)
ئەگەر دوێنێ، ئەستێرەناسی بە مەرامی دوورکەوتنەوە لە بارودۆخە مەترسیدارەکان و ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت هانای بۆ برابێ، ئەوا ئیمڕۆ. ئایندەناسی لە توێژینەوە مۆدێرینەکانیدا پشت دەبەستێتیت بە(پرسیاکردن و کێبڕکێ لە نێوان پێشبینییەکاندا). کە لە ساڵی (١٩٦٠) مەترسی هەڵگیرسانی جەنگی ئەتوومی لە نێوان ئەمریکا و کوبا هاتە ئاراوە و دواتریش لە ساڵی ١٩٦٩، بۆ یەکەمیجار مرۆڤ لەسەر مانگ دابەزی، پرسیارێکی بێ وەڵام کەوتە سەر زاران:”ئێمە بەرو کوێ دەچێن؟”، ئەو بوو گۆڤاری(فیوچەریبڵ ئینتەرناشناڵ) لەسەر بنەما زانستییەکان و دیسپلینی ئەکادیمی کەوتەخۆ بۆ وەڵام دانەوەی ئەم پرسیارە قورسە. تاکو ئێستا، بیرمەند و زانایان، درێژە بە وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە دەدەن و نەگەیشتوونەتە خاڵی کۆتایی.
لەم کورتە باسەدا، خۆم لەم دوو ڕەهەندەی پەیوەست، بە دوور دەگرم.(بۆ قەڵەمبەدەستانی دیکەیان بەجێدێڵم):
یەک: ڕەهەندی ئایینی: کە لە ڕووانگەی ئایینی ئیسلامدا، بە پووختەیی قسەی خۆی تێدا کردوە و لە چەندان ئایەتیدا لە قورئانی پیرۆز ئاماژەی پێدراوە، وەک”: قُلْ لَا يَعْلَمُ مَنْ فِي السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ الْغَيْبَ إِلَّا اللَّهُ.” (النمل:٦٥) غەیب لە باوەڕی ئیسلامیدا ئەو زانستەیە کە تایبەتە بە خودا، شکۆمەندی هەر بۆ ئەوە. زانینیی لە توانای ئێمەدا بەدەرە.
دوو: قسە لەسەر پێشبینییەکانی گۆڕانکاریی لە تەکنەلۆژیی ئایندە و زانستەکەنیدا ناکەین. (ئەمە بابەتێکی سەربەخۆیە).
مەودای خوێندنەوە و پێشبینییەکان بۆ ئایندە فرە زەمەنە، هەیانە خەریکی لێکۆڵینەوەن بۆ دە ساڵی دیکە، هەیانە بۆ ٥٠ ساڵ و ١٠٠ ساڵ و ٥٠٠ ساڵ… تاد.
پرسیارە بایەخدارەکە ئەوەیە: “دەبێ خێزان و کۆمەڵگا، لە ئایندەی نزیک و دووردا چیان بەسەر بێ؟”
ئێستا، هەقمانە بپرسین:
“چۆن زانایانی ئەم زانستە، پێشبینیی ئایندە دەکەن و بنەماکانی ئیشەکەیان چنە؟”
“ئەو زانایانە، لە پێشبینییەکانیاندا، چەندە نیشانەکان دەپێکن، یان سەرچیغ دەکەن؟”
“ئایا، ئایندەی ئێمە، چەندە بە ئەنقست، بە مەرامی تایبەتدا، بەدەر لە خواستی ئێمە، بەلاڕێدا دەبرێت؟”
هەر تاکێک لە ئێمە، لە نێو دوو چوارچێوەدا لە قالب دراوە: چوارچیوەی ناوەکی، واتا جیهانی ناخ و ناوەوەی مرۆڤەکان و چوارچێوەی دەرەکی، واتا جیهانی خێزان و کۆمەڵ. جا زانایانی ئایندەگەریی ئیش لەسەر چوارچیوەیەکی تیۆریی گەنجاو و شیاو دەکەن بۆ خوێندەوەی ئایندەی مرۆڤ و کۆمەڵگاکان، ئەمەش بە ئیشکردن لەسەر چوار ڕێباز:
یەك: پێشبینییە کۆمەڵایەتییە ئەزموونییەکان: واتا دەرس و عیبرەت هەڵهێنجان لە ڕابردووی هەر کۆمەڵگایەک و خوێندەوەی ئایندەی ئەوان.
دوو: شیتەڵکاریی بنەما کۆمەڵایەتییەکان: ئەمەش لەسەر وێناکردنی ئایندە بە پشتبەستن بەو گۆڕانکارییانەی بەسەر ئەستوونگ و کۆڵەکە و بنەمای ئەو کۆمەڵگایەداهاتووە.
سێ: ڕەخنە و پرسیار لە بیرکردنە وە ئاراستەی ڕێڕەوی ئەو کۆمەڵگایە، کە دەیەوێ بەرەو کوێ بڕوات. واتە دانانی نیشانەی پرسیار لەسەر هەر ڕوودا و گۆڕانکارییەکی دیار و بەرچاوی ئەوان. پرسیاریش، وەڵام دادەهێنێ.
چوار: فێربوون لە کۆمەڵگاکانی هاوشێوە: واتا بۆ خوێندەوی پێشبینییەکانی ئایندە نەتەوەی کورد، بۆ نموونە، ئەزموونی ئەوانە دەخوێێنەوە کە لە ڕۆژایەکدا وەک ئێمە بوون.
هەرچەندە، هەر چوار ڕێبازەکە، لەسەر بنەمای ئەگەر و گریمانەن، بەڵام هێندێجاریش دەچێنە خانەی پلانی ئیستراتیژیی ئایندەی نەتەوەیەک یان کۆمەڵێک یان تێکڕای کۆمەڵگای مرۆڤایەتی.
بمانەوێ یان نەمانەوێ، ئێمرۆ کۆی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی، بەسەر دوو جیهاندا دابەش بوون: جیهانێکی بەکار و کارامەی ئەقڵمەند لە داهێندندا، کە تا ڕادەیەک کلیلی ئایندەیان لە دەست دایە، وە جیهانێکی بەکاربەری سست و لاواز و ڕابردووپەرستی خاو و خلیچ، کە کلیلی ئایندیەیان نییە یان هەیانە و لەدەست ئەواندا نییە.
جیهان یەکەم، هەمیشە لە ئامادەباشی دایە و کاردەکا بۆ زامنکردنی ئایندەی خۆی، وەک نەخشە و پلانی بۆ کێشاوە. جیهانی دووەم، بێئاگا و خەواڵۆ و ناهۆشیارە و دەستی دەرەکی دەیجولێنێ و دەیبزوێنێ ـ بەگوێرەی بەرژەوندیی دەستە دەرەکییەکان.
گۆڕانکارییە پێشبینیکراوەکانی جیهانی یەکەم، بەگوێرەی “ئایندەناسی” سنووردارن و چاوەوڕوانکراون. بۆ نموونە، لە ساڵی (٢٠٥٠) دا بە زەحمەت فەڕەنسییەک، لە فەڕەنسا دەدۆزیتەوە، خوێنەکەی پاک فەڕەنسی بێ. ژن و ژنخوازیی لەگەڵ غەیرە فەرەنسییەکان، (خوێنی پاکی فەڕەنسایی) دەتوێنێتەوە. ژمارەی منداڵ، لە نزمی دەدات و ژنان حەزدەکەن دوای تەمەنی سی ساڵی ببن بە دایک. ژنهێنان و شووکردن، نزمترین ئاست بەخۆیەوە دەبینی و خێزان زۆر پەرتەوازە دەبێ و تاکەکان پتر بەدوای پەیداکردنی نان و دابینی کردنی ژیانی خۆیان سەرقاڵ دەبن. دەزگا حکومومییەکانی وەکو پەروەردە و تەندرووستی، بەهێزتر و کاریگەرتر دەبن لە پێکهاتەی خێزان و خانەوادە و هەژموونی ئەوان زاڵتر دەبێ بەسەر ویستی کەسەکاندا. لایەنییە ڕۆحییەکان پتر پەرش و بڵاودەبن و پەیوەستبوون بە فەلسەفەکانی بیروڕا و ئایدیا زۆر درزییان تێدەکەوێ.
ئەگەر، بە پشتبەستن بە ڕێبازەکانی “ئایندەناسی” دوو قسە لەسەر گۆمەلگای کوردانی باشووری کوردستان بکەین و چوار ڕێبازەکەیان هەڵسەنگێنێن، دەکرێ بڵێین:
چاوخشانێکی خێرا، بە زمانی سریانی و ئەمازیغی، ئایندەیەکی ڕەچاونەمکراومان بۆ وێنا دەکا. زمانی سریانی، تاوەکو سەرهەڵدانی دەوڵەتی عەباسی، لە تورکیا و ئەرمینا زمانی فەرمی وڵات بووە و لە زۆر ناوچەی ڕۆژەڵاتی ناوەند بەکاردەهات. لە سەردەمی ئەمەوییەکانیشدا، لە پاڵ زمانی عەرەبی، زمانی دیوانی وەزاڕەتەکان بووە. تاوەکو ساڵی(١٩٥٢) نیوەی دانیشتوانی لیبیا بە زمانی (تیفتیتاغ) ــ زمانی ئەمازیغی، قسەیان دەکرد. پلان و ڕاوودونان و قەتل و عامکردنی سریانییەکان و ئەمازیغییەکان و بەربەرەکانی کردنیان و وەدەرەوەنانیان لە زێدی خۆیان و شاڵاوهێنان بۆ سەر خاک و ئاو و زەوی و زاری وان، ئەوانیان گەیاندە ئەم ڕۆژەی ئیمڕۆ.
لەو ٣٠ ساڵەی دواییدا، پێکهاتەی خێزانی و کۆمەڵایەتی و ژینگەیی باشووری کوردستان گۆڕانکاریی زۆری بەسەرداهاتووە. بە ئەنقەست و بێئەنقەست، بە نەخشە و پیلان و بێ مەبەست و مرازی دەستی ناوەخۆ و دەرەکی، گۆڕانکاریی دیمۆگرافی گەورە بووە بە واقیێحاڵێکی حاشاهەڵنەگر. ئەو هەزاران هەزار، غەیرە کوردە، وردە وردە گۆرانکارییەکان لەسەر زمان و فەرهەنگ و کەلتوور و باری ئابووری و کۆمەڵایەتی و ـ تەنانەت سیاسی و سەربازیشدا، دەهێنە ئاراوە. باشووری ساڵی (٢٠٥٠)، باشووری ئیمڕۆ نابێ، زمان و زارەکان، شێوە و شێواز و دەستووری نوێ دادەهێنن. ژن و ژنخوازی، کەلتوور و داب و نەریتەکان ئاوێتەی یەکتری دەکەن، شتگەلێکی نوێ دێتە ئاراوە. پارسەنگی نەتەوایەتی و نیشتمانیی لاسەنگ دەبێ ــ نابێ ئەوەش فەرامۆشبکەین کە نەوی ئیمڕۆی کورد، کەمتر حەز لە فرەمنداڵی دەکات، لە کاتێکدا، غەیرە کوردکان، لەبەر زۆر هۆ، حەزدەکەن وەچە زۆر بنێنەوە. باری ئابووری و پیشە و پیشەسازی وەکو ئیـمڕۆ نامینێ. ئاساییە، کە غەیرە کوردێک ببێتە ئەندام پەرلەمان یان پارێزگار یان وەزیر یان سەرۆکوەزیرانی کابینەی حکوومەتی کوردستان بە شێوەیەکی یاسایی و دەستووری.
ژینگە و شێواز و ژیان کوردەواری، نەک هەر لە شارەکان، بەڵکوو لە گوند و دیهاتە دوورە دەستەکانیش، ئەوا لە پاڵ ئەو شاڵاوە بەهێزەی عەولەمەی سەردەمیش، هێندە دەگۆڕێن، بە ئاستەم بۆن و بەرامەی کوردروارییان پێوەدەمینێ ــ گەر هەموو شتەکان بە ئاست و ئارستەی ئیمرۆ بەردەوام بن. خۆشمان نازانین و بێئاگاین کە ناحەزانمان چ نەخشە و پیلان و دەسیسەکیان بۆ ئایندەمان داڕشتوە.
وڵلە اعلم.

فازیل شەوڕۆ ـ کۆیە




دەقی شعری… کانیاوێک پەیڤی وشک.. موراد عەلی

وشەکان لە ناخم ھەڵدێن
خۆیان بە دووکەڵ دەفرۆشن
پەنجەکانم لە جەستەم ڕادەکەن و
لەسەر ملی « با» ڕادەکشێن
ھەموویان بە ڕابردووم دەگۆڕێتەوە ئەویش
کە ڕابردووشم دەگات بە ژوانت، دەمرێت.
٭٭٭٭

دەمگوت: شاعیرانە ژیان، تەنێ بۆ باڵندەکان دەلوێ
بۆچی بریندارت کردم؟
٭٭٭٭

ئارەزووم بوو ببم بە قەرەج
فاڵم بۆ کەسیش نەدەگرتەوە
تەنیا تۆ نەبی!
لەوەشدا درۆم دەکرد…
ھەموو شتێکی خۆمم
بە چارەنووسی خۆت بۆ باس دەکردی.
٭٭٭٭

ئێستا خەریکی تۆڵەکردنەوەم
تۆڵە لەو کاتانە دەکەمەوە
لە خۆمم خیانەت دەکرد
لەگەڵ تۆدا
ھێندەشم بەسە کە لەگەڵ خۆمدا
لەتۆ خیانەت بـکەم.
٭٭٭٭

زووتر دێمە ماڵەوە شەوانی ئێستا
هەمووان پێیان وایە گۆڕاوم
ژیرترم لە جاران
نامەوێ بڵێم:
گیرفانم بەشی شەوی ئەم وێرانە سەرمایەدارییە ناکات!
٭٭٭٭

شەوە،
درەختەکان پـشوویانە و
ئاسمانیش تەنگەنەفەس
چارەسەری ھەموو ئەوانە لای تۆیە
وەرە بەر دەرگـا…
گەر بە قژی تەڕیشەوە بیت!

نوسینی: موراد عەلی




چەنـد شێوازێکی ستراتـیژی لە پـەروەردەکردنی منـداڵان.. رەزا شـوان

پەروەردەکردنی راست و دروستی منـداڵان ئەرکـێکی پیـرۆزە و کـارێـکی جیـاوازە و وەک هـیچ کارێکی تر نییە، چونکە پەروەردە بنەمای ژیانە و داهـاتووی هەر گەل و وڵاتـێکی پێـوە بەنـدە. لـە ئەمـڕۆدا پەروەردەکـردنی منداڵان بۆتـە کاری لە پێـشینە و پـرۆژەی ستراتیـژیی گـەلان. بەڵکـو گـرنگـیـدان بە پـەروەردەکـردنی منـداڵان، بـۆتـە پێـوەر بـۆ هـەڵسەنـگانـدنی رادەی پـێـشکەوتـن و شارسـتانی گـەلان و وڵاتـان.
پەروەردەی دروست و ئەرێنی منداڵان کارێکی ئاسایی و ئاسان و بێ ماندووبوون نییە. بەڵکو سەخـترین و قـورسـترین و هەستیارتـرین و چارەنـووسسازتـرین ئەرک و کارە. بە زۆریـش ئـەم ئەرکـە دەکـەوێتـە ئەسـتۆی دایـکان و باوکـان و بـاخچـەی منـداڵان و قـوتـابخـانەی بنـەڕەتی. بـۆیە پەروەردەکـردنی ئەرێنی و دروستی منـداڵان پێویستی بە شـارەزایی و هـۆشـیاری و زانـستی و شـێوازی سـەرکـەوتـن و هـاوسـەنـگی هـەیە.

(ئەلـیزابێـت ماخـت) دەڵـێت:”لە کاتی ئەنجامدانی پەروەردەکردنی منـداڵەکانمانـدا، هەر هـەڵـەیـەک بـکەیـن، دەبێـتە هـۆی دۆڕانـدنی جەنـگـێک کە لـە پێـناوی داهـاتـوویـەکی باشتردا، دەستمان پێکـردووە”. لەم روانگەیەوە پێویستە ئەوە بـزانین کە چ ئەرکێکی پیـرۆز و هـەستـیار چـارەنـووسسازمان لـە ئەسـتـۆدایە. ئـەو داهـاتـووە گـەشـەی کە هـیواخـوازیـن بـێـتەدی، لـە سـایـەی پـەروەردەکـردنی راسـت و دروسـت و ئـەرێـنی منـداڵاکـانمانـدا دێتـەدی. چـونـکە منـداڵەکـانی ئەمـڕۆمـان، داهـاتـوومـانـن و هـەمـوو کـاروبـارێـکی کوردسـتانی شـیرینمـان بـەڕێـوەدەبـەن.
لەم سەردەمەدا، سەردەمی گـڵوبالیزمی و شۆڕشی تەکنەلـۆژیا و گۆڕانکارییە خێراکان و داهـێنای سەیـر و سەمەرەدا، هـێـندەی تر پەروەردەکـردنی منـداڵان قـورستر بـووە. بۆیـە پێویستیمان بە شارەزاییەکی زیـاتر و مودێـرن هـەیە. بە شێواز و رێبـازی نـوێ منـداڵەکانمان پەروەردە بکـەین و رایـابهـێنین و ئامادەیـان بکـەین. تا نابـەڵـەد و نامـۆ نەبن و بتوانن لەگـەڵ رەوتی پێشکەوتـن و جیهـانگـیریـدا دەربـەرن و رامـان و دامـان نەبـن. چونکە پەروەردەی کلاسـێکی و شـێواز سەپانـدن و تەڵـقـین ئاسایی ئێکـسپایەر بـووە و بـۆ منـداڵانی ئـەم سەردەمـە ناگـونجـێـت.. بۆیە پێویستیمان بە گۆڕانکارییەکی ریشـەیی لە پەیـڕە و پـرۆگـرامەکـانی پـەروەردەکردن و فـێرکـردن و خـوێنـدنـدا هـەیە. کە لە ئاستی خۆاسـت و هـێوا و خـەونەکانی منـداڵانی چاوکـراوەی ئەم سەردەمەدابـن.
لە ئەمـڕۆدا، باس و لێکۆڵـینەوەی ئاکادیمی زۆر لەسەر رێبـاز و شێوازی ستراتـیژیی نـوێی پـەروەردەکـردنی راست و دروست و ئەرێـنی منـداڵان دەکـرێـت و گـەلێ تيـۆری پـەروەردەیی و ئەزمـوونی تـازە هـاتـوونەتە ئـاراوە، گەلێ تـوێـژینەوەی پـراکـتیکی و مەیدانی لەم بوارەدا لەسەر ئاستێکی باڵا ئەنجامـدراون. کە هـاندەرن بۆ گەشەکردن و پێشکەوتـنی پەروەردەیی منـداڵان و وەرگـرتی شارەزایی زیـاتر لە بواری پەروەردەی منـداڵانـدا. تەنیـا لە سایـەی بیـردۆزی تـازە و لـێکـۆڵـینەوە و بـاس و هـیواخـوازی و دروشمدا، ئامانجەکان لە پەروەردەکردنی دروستی منـداڵان نایەنەدی. بەڵکو پێویستە پێـداویستیـیەکانی گەشەکـردن و پێشکەوتـن و هەموو خـزمەتگـوزارییەک لە هەمـوو بوارەکـانـدا بۆ منـداڵان دابیـن بکـرێـن. پـەروەردەی ئەرێـنی کاریـگەریـیـەکی قـووڵی لەسەر گەشـەکـردنی جەسـتەیی و دەروونـی و سـۆزداری و رەفـتاری و رەوشـتی و هـەستیاری و زەیـنی و هـۆشـیاری و کـۆمـەڵایەتی منـداڵانـدا هـەیە.
رێبـاز و میتـۆدی نوێی زۆر هـەن، بۆ پەروەردەکردنی دروسـت و ئەرێنی منـداڵان، کە پێویستە دایکان و باوکـان و دادەکـان و مامۆستایانی قوتابخانەی بنەڕەتی بیانزانن، لە پەروەردەکـردنی منـداڵەکـانیـان و قـوتـابییەکـانیانـدا بە کـرداری پەیـڕەویـیـان بـکەن. لەگەڵ ئەمەشدا، هـیچ رێبـاز و شـێوازێکی سـتانـداردی دایـکایەتی و باوکـایەتی نیـیە، کە بـۆ هەمـوو دایـکان و باوکـانی هـەمـوو منـداڵان بـشـێـن.
لە ماڵپەڕی (ئەمازۆن. کـۆم) دا، نزیکەی (٤٠) هـەزار پەرتووکی پەروەردەیی هەیە، دەربارەی دایکایەتی و باوکایەتی و پەروەردەکـردنی منـداڵان. مـژدە خۆشـەکە ئەوەیە کە دایـکان و باوکـان، دەتـوانـن بیـرۆکە و چـەمـکی نـوێی پـەروەردەیی فـێربـبن.

بە کورتی و بە چـڕی، باس لە چەنـد شـێوازێکی سـتراتـیژی پـەروەردەی دروسـت و ئەرێـنی منـداڵان دەکـەین، هـیواداریـن دایـکان و بـاوکـان سـوودیـان لـێـوەربـگـرن:
١ـ سـۆز و خـۆشـەویـسـتی و مـیهـرەبـانی هـەمـیـشـەیی: لـە پـێـشـەنـگی شـێـوازی ستراتـیژیی پەروەردەکردنی نـوێی راست و دروست و ئەرێنی منـداڵان دایە. زانایانی دەروونناسی منـداڵان و پەروەردەکاران، هـەردەم جـەخـت لەسەر ئەرێـنی ئەم لایەنە دەکـەنەوە. بە پێـدانی سـۆز و خـۆشـەویستی لـە لایـەن ئێـوەی دایـکان و باوکـانەوە، ئاسوودەیی و دڵـنیایی و گەشـبینییەکی زیـاتر بە منـداڵەکانتان دەبەخـشن، هـۆیەکیشن بـۆ باشترکـردنی کـواڵـێـتی پەیـوەنـدییـەکـانتـان لەگـەڵ منـداڵەکـانتـان دا.
٢ـ هـانـدان و ستایش و دەستخۆشی و خـەڵاتکـردنی منـداڵەکانتان لە پاداشتی رەفتاری باش و کاری جـوان و داهـێـنان و سەرکـەوتن لە بـواری ئاکادیـمی و لایـەنەکانی کەدا: هـیچ شـتێک بە قـەی سـتایش کاریگەریی ئەرێـنی لەسەر دەروونی منـداڵانـدا نیـیە. بە ستایش و هـانـدان، متمانەیەکی زیاتر بە منـداڵەکانتان دەبەخــشن. تێـدەگـەن کە رێـز و پێزانینتان بـۆ کـارە جوانەکانیان هـەیە. هـەست بە شانازیش دەکەن. بە پێچەوانەشەوە، پێـویستە لـە لـۆمـەکـردن و تـەریـقکـردنـەوە و هـەسـت بـرینـدارکـردنی منـداڵەکـانتـان دووربکەونەوە. هەرگـیز لە بەردەم هـاوڕێکانیانـدا مەیـانـشکـێنـنەوە. زۆر ئافەرینێک یان چـاپـڵەلـێـدانێـك، یا هـەربـژیـت، رەنـگە چـێژ و کاریـگەریی خـەڵاتێکـیان هـەبێـت.
٣ـ هـاوبەش و هـاوکاربن لە چـارەسەرکـردنی ئەو گرفـت و کـێـشانەی کە رووبـەڕووی منـداڵەکانتان دەبنەوە: پێویستە لە پێشا خۆتان تێ هەڵنەقـورتێنن و بـوار بە منداڵەکانتان بـدەن، پشت بە خۆیان ببەستن، بیربکەنەوە و هەوڵـبدەن و خۆیـان چارەسەری گونجـاو بۆ گرفـت و کـێشەکـانیـان بـدۆزنـەوە. ئەگـەر لە تـوانـای خـۆیـانـدا نەبـوون، ئەوسـا لـە دانـانی چـارەسـەری گـونجـاودا بەشـداربـن.
٤ـ دانانی سنوور و یاسا و دیسپلین لە ماڵەوەدا: دیسـپلـین لە هەموو ماڵـێکـدا پێویستە. ئـامـانجـیـش لە سـنـوور و دیـسـپلـین یـارمـەتیـدانی منـداڵانە بـۆ هـەڵـبژاردنی رەفـتـارە ئەرێنییە قبووڵکراوەکان و فێربوونی خۆکۆنترۆڵکردن و رێزگرتنە لە یاسا و دەستوور. لەوانەیە منداڵەکانتان ئەو سنوورانە تـاقی بکەنەوە کە ئێـوەی دایکان و باوکان بـۆیان دادەنێن. بۆ نموونە: بۆیـان نەبێـت تا ئەرکەکانی قوتابخـانەیان جـێبەجێ نەکەن، نابێـت سەیری تەلەفزیۆن و ئایپاد بکەن. ناشبێت لە ماوەی دیاریکـراو زیاتر سەیریان بکەن.
٥ـ بە مۆدێلکـردنی ئەو خەسڵەتە جـوان و پێویستییانەی کە دەتانەوێت لە منداڵەکانتاندا بەرجەستەیان بکەن: وەکو: خۆشەویستی، رێزگرتن، هاوڕێتی، راستگۆیی، میهرەبانی، نیشتمان پەروەری، دڵـسۆزی، هـاوکاری، ئازایەتی، خـۆنەپەرستی، لێبووردن،… هـتد.
٦ـ هـانـدان و راهـێنانی منـداڵەکانتان، بۆ متمانەبەخـۆبـوون و پشتبەستن بە تـوانـاکانی خۆیـان و هەڵگـرتنی بەرپـرسـیارێتی: زۆر گرنگە منـداڵەکانتـان وا پەروەردەبکەن کە بـڕوا و متمانەیان بە تـوانـاکانی خۆیـان هـەبێت، بتوانن بەرپـرسبن لە ئەنجـامی کار و رەفـتارەکانیان. ببن بە خـاوەنی ئیرادە و بتوانن بـڕیـار لەسەر ئەنجامـدانی کارەکـانیان بـدەن و لە هـەڵـە و شکـستی نەتـرسن و ئەزمـوون لە تاقـیکردنەوەکانیان وەربگـرن.
٧ـ رێـزگـرتن لە کەسـایـەتی منـداڵان و بە هـەنـد زانـینیان: منـداڵان وەکـو گـەورەکان، خاوەنی هەست و سۆز و کەسایەتی و شکۆداری خۆیـانن. پێویستە لەو بـڕیارانەی کە پەیـوەنـدییان بە چارەنووسی خۆیانەوە هەیە، بەشداریان بکەن و پشتگـۆێیان مەخەن. ئەوسا منـداڵـەکانتـان هـەسـت بـەوە دەکـەن، کـە بـە هـەنـدیـان دەزانـن و رێـزتـان بـۆ کەسایەتییان هـەیە و پـێزانینتان بۆ راو و بۆچوونەکانیان هەیە. خۆیان بە بەشێک لە خـێزانەکانیان دەزانـن و هـاوبەش دەبـن لە بەرپـرسیارێتی ئەنجامەکانی بڕیارەکانتان. لایەکی کەشەوە، پەیوەنـدییەکانتان لەگەڵ منداڵەکانتانـدا بەهـێزتـر و شـیرینتر دەکەن. دەشبـن بە خـێزانـانی رێـکـوپـێک و تەبـاو و بەختـەوەر.
٨ـ بە کۆمەڵایەتی کردنی منـداڵان: هـانی منداڵەکانتان بـدەن کە پەیوەندییەکی هاوڕێتی راسـت پێکـبهـێنن و هـاوڕی دڵسـۆزی هـاوتـەمەنیـان بگـرن. هـەمیـشە رووخـۆش و کـراوە و خاکی بن. چونکە هـاوڕێتی لە گۆشەگـیری و تەنیایی و دووریان دەخەنەوە. هـانیـان بـدەن لەگـەڵ منـداڵانی تـردا یـاری بـکەن. تا لە داهـاتـوودا ببـن بە کەسـانی کـۆمەڵایـەتی و یەکـتری قـبووڵ بکەن.. لەگـەڵ کەسانی تـردا هـەڵـبکەن و بسازێـن.
٩ـ تووڕە مەبن و هـاوار بەسەر منـداڵەکانتان مەکەن: لە تـوێـژینەوەیەکدا کە لە ساڵی (٢٠١٤) دا ئەنجـام دراوە، ئـەوەی دەرخـسـتووە کـە هـاوارکـردن بەسـەر منـداڵانـدا، ئەگـەری تووشبوونیان بە خەمووکی زیـاتر دەبێت و زیـاتـریش یاخی و بەلەسە دەبن. ناتوانـن لەڕێی هـاوارکردن و قـیژانـدنەوە، دەیسپلینی منـداڵەکانتـان بکەن. دەتـوان بە گـفـتوگـۆ و دیـالـۆگ و بە قـسەی خـۆش و بە زمـانێکی شـیریـن و دیـپلـۆمـاتی لێـیان تـێـبگەن و هـەمـوو راز و نیـاز و کـێشەکانیـان بـۆتـان باس بـکەن.
١٠ـ هـەرگـیز قـسەی ناشـیریـن و نەشـیاو و هـەسـت بـریـنـدارکـەر بـە منـداڵەکـانتـان مەڵین. وەک: گەمـژە، گەلحـو، نالەبـار، تەمەڵ، کـەر، شێـت، هـیچ لەبار،… هـتد. ئەم وشە ناشیرینانە، کاریگەری خراپی لەسەر دەروونیان دەبێت. خۆیان بە کەم دەزانـن و واش هـەست دەکەن، کە ئێوەی دایـکان و باوکانیان خۆشـیان ناوێـن و سۆزتان بۆیـان نیـیە. هـەڵـەیەکی گەوەرەشە کە منـداڵەکانتان بە منـداڵانی تـر بەراورد بـکەن و لـەوان بە کەمتریان بزانن. ئەم بەراورکردنانە دبنە هـۆی رق و ئیـرەیی بردن بە منـداڵانی تر.
١١ـ جیـاوازی نەکـردن لـە نێـوان منـداڵـەکـانتـان لـە رووی رەگـەزی و ئـەقـڵی و کـەم ئەنـدامی یا هەر جیاوازییەکی تر: وەکو یەک سـۆز و خـۆشـەویستیتان و میهـرەبـانیتان بـۆیان هـەبێـت. تا منـداڵەکانتان یەکـتری قبـووڵ بکەن و دووربـن لە رق و لە ئیـرەیی.
١٢ـ پێویستە ئێـوەی دایکان و باوکـان، لە رەفتـار و هەڵسوکەوت و قـسەکانتـان، ببن بە پێشەنـگ و سەرمەشـق بۆ منـداڵەکانتان: چونکە منداڵان چاولێکەرن، چاو لە ئێوە دەکەن. نابێت هەرگیز درۆیـان لەگەڵـدابکەن، یا شـەڕ و ئـاژاوە لە بەردەمیانـدا بکەن.
١٣ـ پێـدانی رووبەرێـکی ئـازادیی فـروان بە منـداڵەکانتان: ئازادی وەک هەوای پاک و ئـاوی شـیرین و خـۆراک و خـەو، بـۆ منـداڵان و بۆ گەورەکانیش پێویسـتییەکی ژیـانە. تا منـداڵان بەبێ تـرس و بە راشکاوی گوزارشت لە راو و بۆچـوونەکانی ناخی خۆیان بـکەن. ئەوەش بۆ ئێـوەی دایـکان و باوکـان دەردەکـەوێـت، کە چی هـیوا و خـەون و خـۆزگە و راز و نیـازێـک لە خەیـاڵ و لە بیـری منـداڵـەکانتانـدا هـەیە. بـۆیـە ئـازادی شـێوازێکی سـتراتـیژی پێـویـست و گـرنـگە لە پەروەردەکـردنی دروسـتی منـداڵانـدا.
١٤ـ دابین کردنی پێداویستییەکانی گەشەکردنی بەهـرە و ئارەزووەکانی منـداڵەکانتان: بێگـومـان هـەر منـداڵـێک بەهـرەیـەک یا ئـارەزوویـەک، یا زیـاتـریان هـەیە، وەکـو: وەرزش، وێنەکـێشان، موزیک و گۆرانی، هەڵـپەڕەکی، شانۆ، خوێنـدنەوە و نووسین، یا هەر بەهـرە و ئارەزوویـەکی تـر. پـەروەردەی نـوێ، بایـەخ و گـرنگـییەکی زۆر بە گەشـەکـردن و پـێـشـکەوتـنی بەهـرە و ئـارەزووەکـانی منـداڵان دەدات. بە سـروشـتی منـداڵان حەزیـان لە خـۆدەرخـستـن و پـێـشانـدانی بەهـرە و تـوانـاکانیـان هـەیە.
١٥ـ رێی یاریکـردن لە منـداڵەکانتان مەگـرن: یـاری پێـویستییەکی پێـویستە و بەشێکی گـرنگە لە ژیـانی رۆژانەی منـداڵەکانتـان، لە رووی جەستەیی و دەروونی و کەسایەتی و کـۆمـەڵایەتییەوە، بە تایبەتیش یـاری بە کـۆمـەڵ، سوودێـکی زۆریان پێدەبەخـشـێت. زانایـانی دەرووناسی و پەروەردەکـاران، هـەردەم جەخـت لە گرنگی یـاری بۆ منـداڵان دەکـەنەوە. تەنیـا وانـەی وەرزش لـە قـوتـابخـانـەدا، منـداڵان مـەسـتی یـاری و شـادی ناکات و لە دەرەوەی قـوتابخانەدا خۆیـان مەستی یاری دەکەن. سوود و گرنگـییەکانی یـاری بۆ منـداڵان هـێـندە زۆرن، هـەژمـار ناکـرێن. یـاری شـێوازێـکی زۆر گـرنـگ و ئاسـان و خـۆشـە، لە فـێرکـردن و پەروەردەکـردنی دروسـت و ئەرێـنی منـداڵانـدا.
١٦ـ گرنگی گـێڕانەوە یا خوێنـدنەوەی چـیرۆک بۆ منـداڵەکانتان: بەبێ جیاوازی هەموو منـداڵـێک حەز لە چـیرۆکی خـۆش دەکات ـ بە گـێڕانەوە یا خـوێنـدنەوە بێـت ـ دایـکان و باوکانی هۆشیار و بەڵەد، دەزانن کە بە پێی تەمەنی منداڵەکانیان چی جـۆرە چـیرۆکێکی گونجاویان بۆ هەڵـدەبژێرن. کام چەمک و بیرۆکە، کە زەحمەتە منداڵان لـێیان تێ بگەن، گەر بە شێوەی چـیرۆکێکی خۆش یا هـونـراوەیەکی ئاسان و شـیرین و یا لە شانـۆیەکدا یا بە ئـۆپـەرێـت دابـڕێـژرێـن، بە ئاسـانی لـێیان تێـدەگەن. بـۆیـە چـیرۆک بە تایبـەتی و ئەدەبیاتی منـداڵان بە گشتی، هـۆکـارێکی گـرنگە لە پەروەردەکردنی دروستی منـداڵان.
١٧ـ هـانـدانی منـداڵەکانتـان بۆ بە دروستی بەکـارهـێنانی ئینتەرنێت و ئایپاد: لە سایەی شۆڕشی تەکنەلـۆژیـادا، بە دەیـان ئامێر و کەرەستەی سەیـر و سەمەری سوودبەخـش هـاتـوونەتە ئـاراوە و بـوونە بە پێویستیـیەکی رۆژانـەی زۆربەی خـەڵکی. منـداڵانیـش وەک گەورەکـان سوودیـان لێـوەردەگـرن. بە تایبەتیش: تەلـەفـزیـۆنی رەنگاوڕەنـگ و ئینتەرنێـت و ئایپـاد و ئایفـۆنی زیـرەک. هەمـوو ئـەم ئامـێرانە سـوودێـکی زۆریان لە فـێرکردن و پەروەردەکردنی منـداڵانـدا هـەیە. بێگومان خراپ بەکارهێنانیان زیانیشیان بـۆ منـداڵان هـەیە. بـۆیـە پێـویسـتە لەژێـر چاودێـری و کـۆنتـرۆڵی ئێـوەی دایـکان و باوکانـدابـن.. مـاوە و مەرج و سـنوور بۆ منـداڵەکـانتـان لە بەکـارهـێنانیـان دابنـێن.
١٨ـ ئامـانج لە پەروەردەکردنی منـداڵان یەکە، بەڵام شێواز و رێبـازی زۆری هـەیە: پەروەردە هـونەر و زانستییە، شێواز و رێبازی پەروەردەکردن لە هەموو خـێزانەکاندا وەکـو یەک نـین. ئەمەش بۆ چەنـد هـۆیـەک دەگـەڕێتـەوە. وەکو: جیـاوازی لە ئاسـتی رۆشـنبـیریی خـێزانەکـان، بـاری ئابـووریش کـاریـگەرییـەکی زۆری لەسـەر جیـاوازی ئاسـتی پـەروەردەکردن لە نێـوان خـێزانە هـەژارەکـان و خـێزانە هـەبـووەکانـدا هـەیە. ئەمـانە و چەنـدین هـۆی تـریـش هـەن.
رەزا شـوان
نەرویـج: ٢٠٢٢




ئەگەر دزو ساحێب ماڵ یەك بن، گا بەكونی دەرزیدا دەبەن.. دایکی دابان

ئەم پەندە کوردیە ئەمڕۆ بەدروستی لە زانکۆی سلێمانی و بەتایبەت کۆلیژی هونەر ڕەنگی داوەتەوە،سەرەتا دەڵێم پیشەی مامۆستایی پیرۆزترین و سەخترین پیشەیە ،گەر مامۆستا لە ژینگەی ئینسانەکان دەربهێنرێت خەڵوەتگایەکی بێ مۆڕاڵ و دوور لەبەهای جوانی دەمێنێتەوە،هەر بۆیە ئاستی هوشیاریی کۆمەڵگە بە پلەی یەکەم بۆ مامۆستا دەگەڕێتەوە،بەڵام کاتێک مامۆستا خۆی ببێتە لەمپەرو هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ڕێگاکان بدات تا بە بەرژەوەندی خۆی بکەوێتەوە ئەوە کارەساتە، سەلماندنی ئەم بۆچونەش لەڕێی یاسای نایاسایی یاخود خاوەن ماڵەوە جێبەجێ دەکرێت ،وەک دەبینین بەمەبەستی ڕێکخستن و دوور کەوتنەوە لە کاری گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستی کردووە بە گۆڕانکاری لە پۆستەکانی خوێندن ،لەسەرۆکی زانکۆو جێگرەکانیەوە تا دەگاتە ڕاگرەکان ،لەژێر ناوی تەواوبوونی ماوەی یاسایی خزمەتکردنیان بۆ ئەو مەبەستە هەوڵیداوە کەسانی شیاوو دەستپاک و داوێنپاک و شارەزا بۆ ئەو پۆستانە دابینبکات بەمەرجێک پلەی زانستیان لەو مامۆستایانەی دیکە بەرزتربێت کە داواکاریان پێشکەشکردووە بۆ پۆستەکە وە ناشبێت لە کەیسی هیچ گەندەڵیەکەوە گلابن،واتە دانانی کەسی شیاو لە جێگەی شیاو ، بەڵام بەداخەوە نەک هەر سەرکەوتوو نەبوون لەم هەنگاوەیانداو بە پێچەوانەی پەیامەکەی خۆیان ڕەفتاریان کردووە، بەڵکو لەژێر فشاری حیزبیدا هەوڵیانداوە ڕوخساری کەسە گەندەڵەکانیان جارێکی دیکە بهێننەوە سەر تەختەی شانۆی خوێندن و پیشانی کۆمەڵگەی کوردی بدەنەوە بۆ نموونە: دکتۆر دڵشاد مستەفا ڕەحیم کە نوسەرەو دکتۆرای لە فیلمسازیدا هەیە لەسەر گەندەڵی لە لایەن زانکۆی سلێمانیەوە لە7.6.2022 سزای سەرزەنشت(التوبیخ) ی پێدەدرێت(بەپێی بەڵگەنامەی فەرمانی زانکۆ ژمارە343 کۆپیەکەیم داناوە) کە قورسترین سزای فەرمانبەرانە دادەنرێت لەسەر بردنی پارەی کۆلیژ بەنایاسایی لەکاتێکدا بە پێی یاساو بە ئامادەبوونی داواکاری گشتی دادگای سلێمانی تاوانی دزیەکەی بە بەڵگە بەسەریدا سەلمێندراوە، کەچی مەخابن ئەم کارەکتەرە هەڵدەبژیرێن بۆ ڕاگری کۆلیجی هونەرەجوانەکانی زانکۆی سلێمانی،جگە لەوەی ئەم نووسەرە،شانۆکارە، فیلمسازە هەڵساوە بە دانانی وانەیەک لە کۆلیژی هونەرو مانگانە پارەی لەسەر وەرگرتووە لە کاتێکدا وانەکە وجودی نەبووەو شاراوەبووە،هەرچەندە پێشتر لە پەیمانگاش پێش ئەوەی بێتە کۆلیژی هونەر لەسەر گەندەڵی جارێکی دیکە تێوەگلاوەو جارێکی دیکەش لە فرۆکەخانەی سلێمانیش بە قۆڵبەستکراوی لەلایەن پۆلیسەوە لەسەر داوای وەزارەتی رۆشنبیری لەسەر کەیسی گەندەڵی پارە تەسفیە نەکردن گیراوەتەوە.
من دەپرسم ئایا ئەمە جێی شەرم نیە بۆ شاری سلێمانی کە بەشاری رۆشنیری ناسراوە کەسانی لەم جۆرە ببنە روخساری هونەرو ئەدەبی کوردی،ئایا زانکۆی سلێمانی و یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە باڵا دەستە لەم زۆنە چۆن وەڵامی خوێندکارانی زانکۆکان دەدەنەوە،چۆن ڕێگە دەدەن کەسانی تۆمەتبار پۆستی گرنگ وەربگرن ،لەکاتێکدا چەندین کەسی بەتواناو پلەی زانستی بەرزترو بەئەزمون و ئیداری دەستپاک لەم شارەدا حزوریان هەیەو شایەنی ئەو جۆرە پۆستانەن، تاوانە کەسانی دڵسۆز ئیهمال بکرێن چ لەناوەوە یاخود لەدەرەوەی کۆلیژی هونەر ،ئەستەمە کەسێک فەرمانی سزای بۆ دەرچوبێت لەماوەی پێنج مانگدا پۆستی بۆ بەرز بکرێتەوە بەڕاستی کارەساتە کارەسات.
هیوادارم بەزووترین کات ڕێگە لەم جۆرە هەوڵ و کارانە بگیرێت تا بەتەواوی خوێندنیش لە قاڵب نەدرێت و ڕێزو توانای مامۆستاش بە پیرۆزی بمێنێتەوە.




بیرەوەریيەکانی فەقێیەکی گومڕا-(40).. شەماڵ بارەوانی

بەشی چل

فەقێیەکی ئیخوانی و دوو ڕۆژنامە نووسی کافر..!

لەو دێی گەڵۆزییەدا، کە لە بەشی پێشوو باسم کرد، پیاوێکی ئیسلامی، کە زۆر هاوڕێ بووین، گوتی:مامۆستا دوو بێ دین، دوو ڕۆژنامەنووسن، لە هەموو ژیانی خۆیاندا نەهاتوون بۆ مزگەوت، جەلالی و بێ باوەڕن، لە کەرکوک، لە ڕۆژنامەیەک دەنووسن و کاردەکەن.

تازه وا خەریکە خودا هیدایەتیان دەدات و هێدی هێدی دەستیان کردووە بە نوێژ و دانەیەکیان جار جار دێت بۆ مزگەوت.

گەر تۆ بتوانیت کاریگەرییان لەسەر دروست بکەیت و بەڵکو بەرەو بیر و باوەڕی خۆمانیان بهێنیت و دەعوەیان لەگەڵدا بکەیت.

گوتم:چۆن بتوانم ئەوە بکەم؟

گوتی:سەردانییان بکە و قسەیان لەگەڵ بکە. گوتم زۆر باشە، مادام هەندەک بڵاوکراوە و نامیلکە و شتی ئیسلامیانەی خۆشمانم لایە و بۆیان دەبەم.

گوتی:ئەوە هەر زۆر باشە.

ڕۆژی هەینی هات و من لە وتار، کە سەری ساڵ بوو، وتارەکەم تایبەت بە لە دایکبوونی مەسیح بوو و خراپ دابەزیمە سەر کرێسمس و جەژنی سەری ساڵ و مەسیحیەکانم بە گومڕا و لادەر و کافر وەسفکرد و گوتم وەڵاهی، سومە وەڵاهی، سومە وەڵاهی، مەسیح لە ئێوەی خاچ پەرست و بەراز خۆر بەرییە.

کۆمەڵەک ئایەت و ڕیوایەت و شتی ئیسلامیم هێنایەوە سەبارەت بە مەسەلەی سێکوچکەی ( باوک و کوڕ و ڕۆحی پیرۆز) و ئاگر لە دەمم دەباری و خراپ دەم شیڕاند و تا هێزم تیابوو دەنگم بەرزدەکردەوە و لەگەڵیشد جوڵەم بە دەستەکانم دەکرد.

کاتێک وتارەکە تەواوبوو.

ڕێکەوتێکی چەند سەیربوو !

من خۆم بە تەمابووم بڕۆمە سەردانیان و بەو مێشکە بچووکە و ئەقڵیەتە سەخیفەی ئەوسام، عەلەساس دەعوەیان لەگەڵدا بکەم و بییانکەم بە ئیخوانی.

دانەیەکیان دوای وتارەکە، هات و تەوقەیەکی گەرمی لەگەڵدا کردم و گوتی مامۆستا دەبێت لەگەڵ من بێیت.

لە دڵی خۆمدا گوتم: ئۆخەی، بە خوای لۆی گرتم و دەرفەتەکی زۆر باشه لۆ دەعوەکردنێ. من توم لە عاسمانێ دەویست، کەچی تۆ لە عاردی و بە پێیەکان خۆت، هاتووتیەت بەردەستەکانم.

ڕۆیشتم لەگەڵ کاکەی ڕۆژنامە نووس. لە ماڵێ گوتی:مامۆستا بەڕاستی وتارەکەت زۆر جوان و بەهێزبوو.

تۆ لە داهاتوو دەبیت بە مەلایەکی زۆر زیرەک و جیاواز. بەڕاستی مەلای تر، لەگەڵ ڕێزم هیچی وایان پێ نییە و مرۆڤ هەر تاقەتی نییە گوێیان بۆ بگرێت.

کەوا مەدحی کردم، خەریکبوو باڵ بگرم و بفڕم لە خۆشیان و تابڵێیت کەیف بەخۆم هات.

جامن تەبیعاتێکم هەبوو، بەشێکی فەقێکانی تریش وابوون، حەزمان لێبوو لە وتار خۆمان فشکەینەوە و بگۆڕێنین و شیڕه شیڕ و قسەی قەڵەو بکەین و لاسایی فلان مەلای ئیسلامی بە هات و هاوار و فیسار مەلای تری وتار ئاگرین بکەینەوە، تا خەڵک بڵێن وای ماشااللە لەو مەلا زیرەکەی، کوڕە وتارەکانی چەند خۆش و بە قووەتن هاهاها

جامن، هەموو جار کەوتار تەواو دەبوو، بە خەڵکەکەم دەگوت: وتارەکەم چۆن بوو؟ بە دڵتانبوو؟ ئەرێ بەلاتانەوە خۆش بوو؟

هاهاها

ئینجا دوای ئەوەی ڕۆشتمە ماڵی ڕۆژنامە نووسەکە.

هاتمەوە هەولێر و حوجرە و گوتمە فەقێیەکان، ئەوڕۆ، ڕۆژنامە نووسێک زۆر مەدحی وتارەکەی کردووم و خۆم هەڵدەکێشا و فەخفەخەم لێدەدا، یانی من زۆر موهیمم نەک هەر خەڵکی عەشایەر هەمووی زۆریان وتارەکانی من لا دڵگیر و خۆشە، تەنانەت ڕۆشنبیر و ڕۆژنامە نووس و نووسەرەکانیش.

حەققەت واشبوو، من لە نێوان فەقێکان دەتوانم بڵێم تاقە فەقێ بووم، وتارەکانم هێندە دەچووە ناو دڵی خەڵکەوە، فەقێ لوقمان برادۆستیشمان لەگەڵ بوو، خەڵکی سیدەکان و ئەو ناوە بوو، کە زۆر هاوڕێ بووین.

دوای ئەوەی ئەو کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکانی(سلێمانی) و منیش کۆلێژی زانستەئیسلامیەکانی زانکۆی سەلاحەدین(هەولێر)م تەواوکرد و ڕۆشتین بۆ شاری وان، لە باکوری کوردستان و ئەو لە زانکۆی(یوزونجیل) من لە کۆلێژی( ئیلاهیات) و بەشی فەلسەفە، ماستەرم لە فەلسەفەی ئیسلامی تەواو کرد. ئەویش ماستەر لە (زانستی فەرمودە) و پار پێی گوتم کە ئێستا لە کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکانی زانکۆی سەلاحەدین مامۆستام و وانە دەڵێمەوە.

فەقێ لوقمانیش وتارەکانی جوان و توند و خۆم ئاسا به شیڕە شیڕ بوو هاهاها

بەلاغەت و فەساحەت و هونەری دەربڕین و ئەتەکێتی وتاربێژی باش بوو و هەردووکمان سەرەتا لە حوجرەی یەکگرتوو دەمان خوێند، وەلێ لە ژێرەوە زیاتر مەیلمان بۆ کومەڵی ئیسلامی و عەلی باپیرهەبوو. من و ئەو فەقێ لوقمانە پێکەوەش قورئانمان لەبەردەکرد لە حوجرە و قوتابخانەی(محەمەدیه، بۆ زانستە شەرعیەکان). من هەموویم لەبەرکرد و ئەویش وابزانم تا پانزە جوئێک ڕۆیشت و ئیتر هەڵە نەبم وەستا.

وەک وتم من و فەقێ لوقمان ڕەوانبێژ و وتاربیژی و شتمان باشبوو، دەنا فەقێکانی تر هیچی وایان تێدا نەبوو وەک ئێمە وتاری خۆش و بەهێز، یان لە وتارداندا زاڵ بن.

کاکە بە خوای ئەو خەڵک و عەوامە، بە تایبەتی لایانگر و ئەندام و جەماوەری بزوتنەوەی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی، حەزیان لەو جۆرە وتارانەبوو کە پڕی جوێن و قسەی ڕەق و توند بوو لە بەرامبەر حکومەت و خەڵکی مەیخۆر و گۆرانی بێژ و سیکۆلار و مەسیحی و قەشە و کێ و کێیتری دەرەوەی بازنەی ئیدەلۆژیا و بیروباوەڕە ئیسلامیستەکەی خۆیان و دەیانگوت فڵان مەلا بە غیرەتە و ناترسێت.

من خۆشم وام دەگوت. فەقێی تریش کە هاوڕێم بوو، دوایی بوو بە داعش و ڕۆشتە سوریا و لەوێ کوژرا. هەشیان بوو چووە سەرمەزهەبی مەلا کرێکاری و دواتر لە ئاسایش ماوەیەک گیرا، هەروای دەگوت. من سەرەتای فەقێیاتیم، ئەو مەڵا و وتاربێژ و واعیزانەم زۆر خۆش دەویستن، کە لە وتارەکانیان توند و لە بیر و باوەڕ توندڕۆبوون.

با زۆر درێژەی پێنەدەین و بێینەوە سەر مەسەلەی دوو ڕۆژنامە نووسە کافرەکە !

هەڵبەت من دانەیەک لەو دوو ڕۆژنامە نووسە، تەنها لە مزگەوت هەرهێندەم بۆ ڕێککەوت کە تەوقەیەکی لەگەڵدا بکەم و تەواو، ئیتر.

ئەو پیاوەیتریان تەعزییەک لە دێیەکە هەبوو، من قورئان و فاتیحام دەخوێند، دەم دەمیش پشووم دەدا. لەپاڵم دانیشتبوو، قسە و گفتو گۆی فیکری و سیاسیمان دەکرد. حەققەت زۆر شارەزا و لێهاتووبوو و جوان باسی ئێران و ڕۆژئاوا و بابەتی عەولەمە و تەکنەلۆژیا و شتی دەکرد.

ئیتر دوای ئەوەی گوتیان بێیتەوە ئەو دێیە، پشتت لە زگت نەرمتر دەکەین.  جارێکیتر من توخنی ئەو دێی گەڵۆزییە نەکەوتمەوە. تەنها ئەوە نەبێت، کە هەموو جار کاتێک بەڕێگای کەرکوک دەڕۆم بۆ سلێمانی و لە ڕاست گەڵۆزی یادگارییەکانم دێنەوە یاد و تێر تێر پێدەکەنم.

ئەوەبەسەرهاتی من بوو لەگەڵ ئەو دوو ڕۆژنامە بەڕێزەی کە ئێستا نازانم چیان لێهاتەوە !

ئایە گەڕانەوە سەر کافریێتی پێشوویان و وەک من، بە یەکجاری دەستیان لە نوێژ و مزگەوت و ئایین و شت هەڵگرت هاهاها یان سەرەنجام بوونە دوو کەسی فول دۆگمایی و فێندەمێنتاڵیستی تەمام عەیار ؟

هەڵبەت وشەی کافریم لێرە وەک تەنز و جڕت بۆ ئەو قۆناغە هەرزەییەی فیکری ئەوسام بەکارهێناوە.

گەرنا من، دوای ئەوەی هۆشیار بوومەوە و بووم بە کەسێکی (لائیک)، وشەی کفرم بە تەواوی لە فەرهەنگ و بیرکردنەوەی خۆم دا سڕییەوە.

لە کۆتاییدا ماوەتەوە بڵێم: ئایینداری زۆربەی ئاییندارانی نێوبازنەی هەموو ئایینەکان، هەمووی لە ڕێگەی عاتیفە و بۆماوەیی و ڕێکەوتی جوگرافییەوەیه. زۆر کەمن، ئەوانەی لە ڕێگای لۆژیک و بەراوردکاری نێوان ئایین و فەلسەفەکان و بیرکردنەوەیەکی ئەقڵانی و زانستیانە و بابەتیانە، بوون بە هەڵگری ئاینێکی دیاریکراو.

هەمووی باوک و دایکی، یان ئەندامانی خێزانەکەی، عەشیرەت و دێهات و گەڕەک شارەکەی، وڵات و دەڤەرەکەی، هەڵگری فلان ئایین و فیسار مەزهەب و ئەم بیر و باوەڕ و ئەو ئیدەلۆژیان، بۆیە ئەمیش.

بەو شێوەیە،  ئەنتوان ڕۆکینتانی عەدەمی بەدەست گرێی هێڵنجەوە دەتلێتەوە و هێڵنجی لەهەموو شتێک دەبێتەوە و

کەوتووەتە ناو تونێڵی هێڵنجێکی کۆشێنەر و دەروون پڕۆکێنەر و ئاسۆیەک نابینێتەوە، تا لەو هێڵنجە دەروونییە بە ئازارە  قورتاری بکات.

سەرەڕای ئەو هێڵنجەقورس و دژوارەیش ئەو حەزی لێیه گوێ لە گفتوگۆی خەڵک بگرێت و پشکنین بۆ  کردەوەکانیان بکات. بۆیێ بڕیاردەدات وەک پڕۆژەیەک دوای ئەوەی داوای لێدەکرێت پەڕتۆکێک لەسەر ژیانی “مەرکیز دور ڕۆلبۆن” بنوووسێت و لەپاڵ ئەوەیش یاداشتی ڕۆژانەی ژیانی لە تێنووسێکدا دا تۆماربکات.

ئەو، ئیدی لە شارە خەیاڵیەکەی بۆفێل  دەست بە نووسینی یاداشتەکەی دەکات و وەک خوێنەر و لێکۆلەرێک و نووسەرێک، لە پارک و کافێ و پەڕتووک خانە و مۆزەخانەی شاردا دسوڕێتەوە و لە دیمەنی شەقام و مرۆڤ و ژیان دەکەوێتە تێڕامان و دەنووسێت و پێداچوونەوە بە نووسینەکەی  دەکات و دێڕێک زیاد دەکات و دوو وشە دەسڕێتەوە و ڕستەیەک پاڵفتەدەکات و جێ گۆڕکێ بەو چەمک و، ئەو واتا دەکات و دەکەوێتە بیرکردنەوە بۆ دواتر، کە دەبێ چی بکات و چی نەکات؟

بەو چەشنە ڕۆکینتان ئەوماوەی لە بۆفێل دەمێنێتەوە، لە ورد و درشتی ئەو شارە و ژیان و مرۆڤ وردەبێتەوە و سەیری هاتووچۆکەران دەکات لەسەر شەقامەکانی شار و سەرنجی دیواری فرۆشگا و دیمەنی باخ و کافێکان دەدات و بە قوڵی له هەموو جوڵەیەک قاڵ دەبێتەوە.

تابتوانێت خوێندنەوەیەکی تایبەت و قووڵ  بۆ دەور و بەر و شتەکان بکات و قسە لەسەر تێڕوانین و لایەنی دەروونی و مێشک و سرووشت و میزاج و حەزی مرۆڤەکان بکات و بە وردی و بابەتیانە و زانستیانە، لەبارەیانەوە بنووسێت و هەموو شتێک بە لۆجیکی خۆی شلۆڤەبکات و بیانخاتە ژێرنەشتەری ئەو لۆژیکە هێڵنجاوییەی خۆیی و لەسەر بنەمای لۆژیکی بێزاری قسەیان لەسەربکات.

ئیدی بە قووڵی ڕۆدەچێتە بیرکردنەوە،  تابیسەلمێنێت ئەو هێشتا لەو ژیانە پووچەدایە و نەمردووە !

“من بوونەوەرێکم، بیر دەکەمەوە، کەواتا من هەم ….”.

ئەنتوان ئەوکارە و نووسین دەکات، نەک لەپێناو ئەوەی مەبەست لێی نووسین بێت، بەڵکوو تا لەو هەستە تاڵ و تەنیاییە دەروونیەی تێی کەوتووە ڕزگاری بێت، یاخود هەر هیچ نەبێت ئەو خۆخەریکردنەی بە نووسین، کەمێک لە باری ئازارە ڕووحی و فشارە دەروونییەکەی کەم کاتەوە و لەو ڕێگایەوە ڕوو بە ڕووی  سەختی و عەبەسییەتی ژیان ببێتەوە و ئەو ئلتیهابە فیکرییەی چارەسەربێت و ئەو دڵ گوشینە یەخەی بەردات.

چونکوو بۆ ئەو نووسین هیچ بەها و پیرۆزی و گرنگییەکی نییە. ئەو هەموو شتێک لەتێڕوانینیدا پووچە.

بۆیە ئەو، وەک ئەرک و پرۆژە نووسین ناکات. بەڵکوو دەیەوێت لە ڕێگای نووسین و خۆخەریککرنی بەو کتێبەوە، ئەو قەڵەقی و هەستە کابووساویە لە خۆی دوور بخاتەوە و خۆی لەو هێڵنجە دەروونییەی ناوەوەی خاڵی کاتەوە و ئارامی ڕۆحی و دەروونی بۆ بگەڕێتەوە.

ئەو هەرکاتێک  هەست بەوە بکات لە هەستە هێڵنجاوییەکەی چاک بووەتەوە، دەست بەرداری نووسین دەبێت و دەچێتە خەوێکی ئارام و قوڵەوە و دەڵێت”دەخەوم  من چاک بوومەوە”.

وەڵێ ئەفسووس ئەو سەرەڕای گەڕان و تێکەڵ بوون بە خەڵک، ئەو کابووسی هەستکردن بە تەنیاییە، وازی لێ ناهێنێت !

“دۆخەکە خەراپە زۆر. من هەست بە خەراپی دەکەم. ئەو بێزەوەرییە، ئەو هێڵنجە، ئەو جارە شێوازێکی نوێیە. لە کافێکە بووم، تووشم بوویەوە !”.

ئەو هەستە ناخۆشە وای لێدەکات دووای نووسینی چەند لاپەڕەیەک، دەست لە نووسین هەڵبگرێت !

ئیتر نە یاداشتی ڕۆژانەی ژیانی خۆیی و نە ئەو کتێبەیش کە ئەدیب و ڕۆشنبیرێک داوای لێدەکات لە بارەی ژیانی”مارکیز دۆر ڕۆلبۆن”ی ئەرستۆکراتی فەڕەنسی سەدەی١٨ بنووسێت.

هیچیان تەواو ناکات و بە نیوە ناچڵی دەستیان لێ هەڵدەگرێت.

ئەو نووسینەی وەک یاداشتێکی ڕۆژانەی نووسیویەتی. لە پڕۆژەی کتێبکدا خۆی دەبینێتەوە و ناوی پەڕتۆکەکەیش دەنێت”هێڵنج”و لەوبارەوە دەڵێت :”کۆمەڵانی خەڵکی ئەو ڕۆمانەی دەیخوێننەوە و دەڵێن ئەنتوان ڕۆکینتان ئەوەی نووسیوە..”.

ئیدی ئەو یاداشتەی گەشتی ژیانی ئەنتوان ڕۆکینتان”سارتەر”، خۆی دەبێتە ئەو ڕۆمانەی قسەمان لەسەرکرد.

دووای “هێڵنجیش”حاڵەتە هێڵنجاوییەکەی ئەنتوان ڕۆکینتان، هەر بەردەوامی دەبێت و ئەو هێڵنج لە شەقامەکان، لە شار، لە پەڕتووکخانە، لە مرۆڤ،  لە نووسین و هەمووشتێک دەکات.

 ئەو هەستە ناخۆشە یەخەی بەرنادات و جێی ناهێڵێت.

سەرەڕای قورسایی دۆخەکە ئیدی ڕۆکیتان ناچار دەبێت بچێتە ژێر ئەمری واقیع و لەگەڵ ئەو هێڵنجه خۆی ڕابێنێت. سەرەنجام دەگات بەو بڕوایەی کە ئەو هێڵنجە دەبێتە بەشێک لە کەسایەتی و کەینوونە و ژیان و بوونی ئەو و تازە وا زوو لێی جیانابێتەوە.

“هێڵنج جێم ناهێڵێت، هەست ناکەم بەو خێراییە و وازوو جێشم بێڵێت. بەڵام چیتر بەرگەی ڕوبەڕو بوونەوەی ئازارەکانی ناگرم. چیتر ئەو نەخۆشی نییە، بەڵکو ئەو منم”.

بۆ دەرچوون لەو تونێلە تاریکەدا، شاری بۆفێڵ بەرەو پاریس جێ دێڵێت و لەوێ دەچێتە هۆڵی هونەری و گوێ لە مۆسیقادەگرێت. وەک دەربازبوون لەو دۆخە دۆزەخییەی تێیکەوتووە و هەستدەکات هونەر تاقە ڕێگەیە بتوانێت یارمەتی بدات و لەو هەست و هێڵنجاوییە فریای بکەوێت و ئارامیْ ڕۆحی و دەروونی بۆ بگەڕێنێتەوە.

ئەو ئیتر دەیەوێت لە جیاتی نووسین و بیرکردنەوە، بە مۆسیقای جاز چارەسەری هێڵنجەکەی و حاڵەتە دەروونییەکەی بکات.

ڕۆکیتانی پاڵەوان وەنەبێت کەسێکی ڕەش بین، یاخود دژە ژیان بێت. به پێچەوانەوە ئەو ئەوپەڕی هەوڵی خۆی خستەگەڕ تا لە هۆکاری ئەو دۆخە دەروونی و هێڵنجە سایکۆلۆجییەی کە گیرۆدەی ببوو چارەسێک بدۆزێتەوە و ڕزگاری بێت.

بۆ ئەمەیش کۆمەڵێک ڕێگای تاقی کردەوە، وەک خوێندنەوە و بیرکردنەوە و نووسین و گەشت و گەڕان و دووایینیان مۆسیک.

تا دووباره لەو هێڵنجەی لێی ببوو بەگرێ کوێرە و بۆی نەدەبوویەوە و لێی حاڵی نەدەبوو تێبگات !

تاچارەسەرێکی بۆ بدۆزێتەوە و تێکەڵ بە ئاوەدانی و خەڵک و ژیان ببێتەوە و ئەو نامۆبوون و تەنیایی و  هێڵنجە یەخەی بەربدات.

وەڵێ ئەفسووس، مرۆڤ هەرچەند هەوڵی نەجات بدات سودی نییە، وەک خۆی دەیڵێت”

هیچ سودی نییە، مرۆڤ هێڵنج دەوری دەدات، وا دەبیندرێت ئەوە چارەنووسی مرۆڤ دەبێت لە ژیان”.

ئەو پیاوێکی عاشق بوو، خۆشەویستی هەبوو(ئانی). ڕۆکینتان بەرەوام لەگەڵ یادگارییەکانی دەژیا و بیری لەو چرکە ساتە خۆشانە دەکردەوە کە لەگەڵ خۆشەویستەکەی پێکەوە بەسەریان دەبرد.

ئەو، ئاواتەخوازبوو دووبارە بە دیداری بگاتەوە و ژوانی لەگەڵ ببەستێت و هەرەها باسی لەوکاتانە دەکرد کە خۆی لە وڵاتی جیبۆتی و ئانی لە عەدەن بوو.

ئەو، لەسەرەتا و تا کۆتایی چیڕۆکەکە، باس  لە خۆشەویستەکەی ئانی و، یادگارییەکانی و وردو درشتی ژیانی دەکات  و لەو جیابوونەوە تاڵ و بەئازارەی نێوانیان دەدوێت.

جیاوبوونەوەک کە زام و برینێکی ساڕێژنەکراوی هەمیشەیی لە دەروونیدا جێهێشت و ڕۆحی خستەئازارێکی بە سوێی نەبڕاوە و هەموو خەونەکانی تێک و پێک شکاند و ئاواتەکانی لە گۆڕنا و ڕێڕەوی ژیانی گۆڕی و گشت بەختەوەری و ئارامی و ئاسوودەیی و چێژێکی ژیان لەگەڵ جیابوونەوە لە ئانی لێی جیابوویەوە و هیچ لە کەسایەتی و بوونی نەمایەوە، جگە له پیاوێکی تەنیا و سەرگەردان و نامۆ و هێڵنجاوی و دابڕاو گۆشەگیرنەبێت.

ماوەتەوە بڵێم:

هێڵنج، بەرجەستەکەری دیدەنیگا و جیهان بینی و تێڕوانینە عەبەسیەکەی سارتەرە لەمەڕ بوون و گەردوون و ژیان و مرۆڤ و سارتەر  لەڕێگای کارەکتەری(ڕۆکینتان ئەنتوان)، فەلسەفە عەبەسییەکەی خۆی لە هێڵنج دا دەخاتەڕوو. “من کلیلی کەینونە و بوونی خۆم دۆزییەوە، کلیلی هێڵنجەکەم، کلیلی خودی ژیانم. لە ڕاستیدا ئەوەی لە دواییدا بە دەستم هێنا وەک ڕزگاربوونێک لەو عەبەسییەتە سەرەکیەدایه”.

هێڵنج وەک گەشتێکی سەختی ڕوکینتان ئەنتوانە. گەشتێک گوزارشتە لە ڕەتکردنەوەی گەڕانەوە بۆ ڕابردوو و لۆژیکی بوونی گەردوون و ڕووداو شتەکان و دووپاتکردنەوەیه لە فەوزایی بوونی وجوود و بێ مانایی ژیان.

سارتەر له هێڵنجدا دەیەوێت پێمان بڵێت لە هیچ و بێ مانایی و عەدەمەوە هاتووین بۆ ژیانێکی بێ ماناو بە پووچگەرێتی دەوردرا و  بەرە و عەدەمێکی بێ ماناو پووچیش دەڕۆینەوە و دەبینەوە بەهیچ و عەدەم.

هێڵنج پێمان دەڵێت خۆتان فریو مەدەن بەوەی ئەو ژیانە شوێنی ژیان و خۆشی و ئاسوودەیی و دڵنیاییە.

هەرگیز، لەو ژیانە،  مرۆڤ بە ئارامی و بێ هێڵنج و دوور له دڵەڕاوکێ و بێزاری ناژیت و ژیان بە عەبەسیەت و ئازار و نەهامەتی و تراجیدیا دەورورداوە و مرۆڤ کائینێکی خەفەتناک و گۆشەگیر و دابڕاوە و تەنیایی بوون سیمایەتی و هیچ ئایین و ئایینزا و ئایدۆلۆژیا و فیکر و ئایدیا و فەلسەفە و زانستێک و هیچ شتێک لە توانای دا نییە ئەو عەبەسیەت و ئازار و نەهامەتییەی ژیان لابەرێت و واتا بۆ ئەو ژیانە پووچ و بێ مانایە بدۆزێتەوە.

ئەی چارەسەر چییە وەک حەلێکی بوونگەرایی و  وجوودی بۆ ئەو وجودەی سارتەر لای پووچ و عەبەساوی و  بێ مانایە!؟

سارتەر لە ڕێگای پاڵەوانە نهلیستەکەیەوە، پێمان دەڵێت هەروەندەمان لەدەست دێت لەو ژیانە بێ ماناو پووچەیه، لە ڕێگای ئەدەب و  هونەر و مۆسیکەوە، تۆزێک ئارامی بۆ دەروون بگەڕێنینەوە و گەر تاقە دەروازەیەکی خەلاس و ڕێگایەکی ڕزگاربوونیش هەبێت، ئەوە جگە لە ئەدەب و هونەر و مۆسیک، چیتر نییە بتوانێت ببێت بەو هێزەی بەسەر نیگەرانی و قەڵەقە وجودییەکاندا زاڵ بێت.

………

شەماڵ بارەوانی