کۆستی کچ لە نێوان گۆران و شێخ حەسیبدا.. ئەحمەد ڕەزا

” هیرمنیوتیک/ التأویلیة”

ژێدەری دەقی ” بۆ کەژاڵی جوان” بە پێی تیۆری ( پەیوەندیگیریی/ Communication/ التواصل)، کە بەناوی ” ڕۆمان یاکۆبسۆن “ەوە لکێنراوە، ماتەمگێڕییە..
شیعری ماتەمگێڕیی/ الرثاء:
خوێنەر لە ئاستی هەر دەقێکی شیعریی ماتەمگێڕیدا، کە جۆرێکە لە هونەری شیعریی، پێش هەر شتێک چاوی لەسەر نزیکایەتی دانەر/ شاعیری دەقەکەیە، ئەوەش بە مەبەستی خۆئامادەکردن بۆ وەرگرتنی ئەو پەیامەی ئەیگاتێ و لەڕێگەیەوە باوەڕ بە هەڵچوونی ڕاستەقینەی ناو دەقەکە ئەهێنت لەڕووی قووڵایی ئەو خەم و ناسۆرەی بە لەدەستدانی ئازیزێکیەوە بەسەری هاتووە.. بۆ ئەوەی لە گەیاندنی ئەو هەستە ماتەمگێڕییەی دەلالەتە ونەکانی کارەساتەکە بدۆزێتەوە.. هەڵبەت ئەوەش بە پێی تێگەیشتنی هەر وەرگرێک بە جیا.. بەمەش وەرگر ئەگاتە ئاستی ڕێژەیی ئاوێتە بوونی لەگەڵ قەبارەی ئەو کارەساتەی بەسەر شآعیرەکەدا هاتووە.
شیعری ماتەمگێڕیی چەند تایبەتمەندێتییەکی دیاری هەیە، کە گرنگترینیان بریتین لە:
١-شیعرێکی ویژدانییە، بە ڕاستگۆیی و توانای سۆزی ئەناسرێتەوە.
٢-بەپێی شێوازو ئامانجەکەی ئەناسرێتەوە، وەک: ماتەمباریی، دڵتەنگیی، شیوەن و گریان، دەربڕینی هەستێکی قووڵی غەم و پەژارە.
٣-بەهۆی دڵگەرمیی و هەناسەسواریی شاعیرەوە، دێڕەکان کورتن، لە گریانی بەکوڵی واقیعیی کاتی نووسیندا نەبێت.
٤-دەربڕینی هەندێک دەلالەتی دوور.
٥- ناوهێنانی ئایین و باسکردنی – بەهەر بیروڕایەک-
هەموو ئەم تایبەتمەندێتییانە لە دەقی شیعریی ” بۆ کەژاڵی جوان”دا بە ڕوونیی ئەبینرێتەوەو بابەتێکی پەتییە لە دەربڕینی غەم و پەژارەو شیوەنی گەرم بۆ کەژاڵی جوان.
دیمەنی وێنەیی، یان نووسینی پڕ دیمەن:
لە ڕووی جۆرەوە، جۆری دیمەنی وێنەیی هەڵبژێرراوە بۆ گەیاندنی تەواوی ئەو ئازارو هەستە پەنگ خواردووەی باوکێک دوای لە دەستدانی کچە بیست و یەک ساڵەکەی..
” حەبیب مونسيی” ڕەخنەگر بەمجۆرە پێناسەی نووسینی پڕ دیمەن ئەکات: ” ئەو نووسینەیە کە کۆمەڵە وێنەیەکی بەدوایەکی تیا هەڵڕێژراوە، هەروەک ئەوەی شریتێکی جوڵەیی نمایش بکات، پڕە لەو پاشخانانەی سیمبۆلەکان ئەجوڵێنێت ” بەپێی ئەم پێناسەیەو چەندین پێناسەی جیاوازیتری ڕەخنەگران، کە پوختەکەی لە پێناسەکەی حەبیب مونسییدایە، دەقی شیعریی ” بۆ کەژاڵی جوان” شیعرێکی پڕ دیمەنی وێنەییە، کە بە وشە دەرخراوە.. هەڵبژاردنی دیمەنە وێنەییەکانیش لە ڕەگەزێکی دراما نزیک ئەبێتەوە.
لەبەرئەوەی دراما کاریگەرێتیی لەسەر وەرگر زیاترە، بەهۆی ئەوەوە کە دیدو بۆچوون لە کارەکەدا بابەتییترەو گێڕانەوەسازییەکە لە ” جووڵە/ وێنە”دا ئەگاتە بەرامبەر، بەوەش ئەو ڕووپۆشە خودگەرایی و ڕا تاکگەراییە لە دەقەکەدا ون ئەبێت.. بە خواستنی چەند دیمەنێکی سینەمایی، وێنە شیعرییەکان بەرجەستە ئەبن و زەینی وەرگر لە خوێندنەوەی دەقەوە، ئەگۆڕن بۆ بینینی دیمەنەکان، کە ئەمەش تازەکی لە دەقی نوێگەریدا سەری هەڵداوە، بۆ نمونە لای عەرەبەکان لە ساڵی 2000 ەوە، زیاتر دەرئەکەوێت .. کەچی ئەم دەقە ساڵی 1983 بەرهەم هاتووەو بەوجۆرەو شێخ حەسیب قەرەداخی کۆچکردوو بە ” شێواز/ اسلوب” ی باوی خۆی نووسیویەتی.. لە پێشتریشدا وێنە شیعرییەکان دیمەنێکیان بەو شێوەیە نیشانداوە، یان شانۆیی شیعریی هەبووە، بەڵام بە ئامانجگرتنی دیمەنی وێنەیی لە شیعری هاوچەرخدا سەری هەڵداوە، بەوەی کە دەقێک بە تەواوی بونیادی پێکهاتەییەوە لە کۆتاییدا ببێێتە چەند گرتەیەکی وێنەگیراوی سینەمایی لە زەینی خوێنەردا.
دەقی ” بۆ کەژاڵی جوان” بە ڕووی ڕەگەزەکانیتردا کراوەیە.. دەقەکە بیرۆکەیەکی تەواوکراوی کورتە فیلمێکی سەرکەوتووە، تەنها سیناریۆیەکی پێویستە بۆ ئەوەی دەستبدات ببێتە کورتە فیلم، هەرچەندە لە سەرەتاوە، بەشێک لە سیناریۆکەو کات و لۆکەیشن و کارەکتەرەکان و سینۆگرافیاکەشی تۆمار کردووە:
چوار شەممە 15ی حوزەیرانی 1983،
دەمەوبەیانی … کەژاڵی جوان،
کەژاڵی شۆخ، دێت و دەچێت،
چاوەڕێیە
ژیان وەکو ساوایەکی بەر مەمکانە
لە باوەشی چاوەکانیا پێ ئەکەنێ،


دوای نیوەڕۆی 15ی حوزەیران
کەژاڵی جوان وەکو مەلێ
بڕوانامەی کرد بە باڵ و بەرەو شاری سلێمانی
ڕێگەی کرد بە شریتێکی تازە تۆماری گۆرانی
لە پێشوازیی چاوەکانیا ئەمبەرەو بەر
ڕاوەستابوون نێرگز فرۆشی ڕێی تەمەن
چەپڵە ڕێزان (( زۆر نموونەی دیاریتریش وەک سیناریۆ لە دەقەکەدا هەن))
دەقی مێژوویی:
” ڕووداوە مێژووییەکان، لە ڕووداوە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان ناچن، گەر نەچنە چوارچێوەی گێڕانەوەسازیی مێژووییەوەو دووبارە نابنەوە ” ئەگەر بە چەمکە هێراکلیتۆسییەکە چەمکی مردنی کەژاڵ و بەهاری کچانی شێخ لێک بدەینەوە، هەڵبەت دووبارەبوونەوەی مێژوو نییە.. لەبەرئەوە لە ئاست دەقی ” بۆ کەژاڵی جوان”دا، وەرگر لەبەردەم پێشوازیی دەقێکی مێژووییدایە، چوون دەقەکە ئەدەبییە، وەرگریش پێشوازیکەرێکی ئاسایی نییە، بەڵکو بەدوای مەدلولدا وێڵە.. وەک ئەوەی کە هەموو کەسێک پێشوازیکەرە، بەڵام هەمووی ئامادەیی تێگەیشتن و لێکدانەوە نییە.
لادان یان هەڵخزانی زمانەوانیی:
ئەم دەقە لەڕووی لادان یان خزانی زمانەوانییەوە، هەردوو جۆرەکەی لادان ” دەلالیی و پێکهاتەیی” لەخۆی گرتووە.. ” دکتۆر صلاح فضل” لەبارەی ئەم دوو جۆرەی لادانی زمانەوانییەوە ئەڵێت:
” لادانی دەلالیی: دەرچوونە لە ڕێساکانی هەڵبژاردنی سیمبۆلە زمانەوانییەکان، وەک دانانی کەسێک لە بری کۆمەڵ، یان وتەیەکی نامۆ لەبری وشەی باو، یان ئاوەڵناوێک لەبری ناو ” لەم دەقەشدا نموونەی زۆری ئەمجۆرە لادانە بەکارهاتووە:
بە ناو هێڵی تەلەفۆن دا ڕۆڵەڕۆیەک گەیشتە لام


جگەر سووتاوی خاکی خەم


من باوکی سۆز و خەم بووم
لادانی پێکهاتەیی:
دکتۆر صلاح لە بارەی ئەمجۆرە لادانەشەوە ئەڵێ:
” پەیوەندیی بە ڕەوتی ئاماژە زمانەوانییەکانەوە هەیە، کاتێ لە ڕێساکانی پێکهاتنی سیستمەکان دەرئەچن، وەک جیاوازیی لە ڕێکخستنی وشەکان، گەر زمان چەشن یان یاسایەکی دیاریکراوی سەپاندبێت، لادان لەم یاسایە پێی ئەوترێت لادانی پێکهاتەیی، گەر دەرچوونیش بێت لە زنجیرەی ئاخاوتنی ڕێکخراویش؛ واتە پێشخستن و دواخستنیش بێت. “
نموونە لە دەقەکەدا:
دەستەوسانی! دەستەوسانی!
هەتا ئەمڕۆ،
لە شیعریشا بە قورسایی تۆم نەزانی


ئەی ڕۆڵە گیان خەم بڕیمی و پەنا ئەبەم بۆ دەفتەرم
بۆ دیوانم، بۆ سەفەرم
بۆ وەڵامی پرسیارێکم
بۆ چیرۆکی ئازارێکم
دەستم چزا بە داماویی دەربڕینا
دووام لە تەک هەزار چامەی ماتەمینا.

لە نێوان ” بۆ کەژاڵی جوان” و دەقی ” شیوەنی گوڵاڵە”ی گۆراندا:
ئەم دێڕەی دوایی ” دووام لەگەڵ هەزار چامەی ماتەمینا” بە دوو دێڕی دوای خۆی، بەبێ ئەوەی تەنها دێڕێک لە دەقی شیوەنی گوڵاڵەی گۆرانی مەزن وەرگرێ، تەواوی دەقەکە ئەهێنێتەوە زەینی وەگر.. دوو دێڕەکەش بەمجۆرەیە:
من دەروێشی مەولەوییم و
شەیدای شیوەنی گۆرانم
بەڵام دواتر ناوی گوڵاڵەو عەنبەر خان ئەهێنێت، کە کەژاڵیان پێ ئەچوێنێت و خۆیشی بە گۆران و مەولەوی.
لێکچوونێکی زۆر لە نێوانی هەردوو دەقی ” بۆ کەژاڵی جوان و شیوەنی گوڵاڵە”دا هەیە، بە تایبەت لە ئاستی نەبینینی سەبەبکاری ڕاستەقینە لە هۆکاری مردنەکە.. هەرچی گۆرانە هانا ئەباتە بەر هەموو شتێک ” ئەجەل، ئاسمان، عەرشی خوا، حەکیم، عیلمی بەشەر، دەرمان، دەوا” دواتریش یەخەی چەرخ و زەمانە ئەگرێت، وەک خۆی ئەڵێت ” گریان سیلاحی عاجزی زنجیر لە گەردنە” لە کۆی دەقەکەیدا ئەوە ئەزانرێت کە نازانێ یەخەی کێ بگرێت لەسەر مەرگی گوڵاڵە:
کچم خۆ تۆ نەماوی تا ببینی
کە باوکت چەن بە ناسۆرە برینی!
نە تۆی پێ دێتەوە نە عەقڵی ئەبڕێ،
لە سەر تۆ کام یەخە، کام ئەستۆ بگرێ؟
دواتریش هەندێ سەبەبکار دیاری ئەکات و هانایان بەر ئەبات، کە خۆی بە گومانیشە لە هەر یەکێکیان:
ئەجەل داد! ئاسمان داد! عەرشی خوا داد!
حەکیم، عیلمی بەشەر، دەرمان، دەوا داد!
کچێکم بوو، کچــــــێ، تەنیا کچێ، بەس!
ئەویشت ئاخری کوشت چەرخی ناکەس!
شێخ حەسیبیش بە هەمان شێوە نازانێ یەخەی کێ بگرێت و داد بباتە بەر کێ، لە دوواییدا لە گەورەیی ئازاری خۆی بەرۆکی دائەدڕێ:
ئۆف ڕۆڵە گیان بۆ داخی دڵ
عەرشێ نەبوو بیلەرزێنم
گڕ گڕ بۆ خۆم گەڕامەوە
با یەخەی خۆم دادڕێنم.
شێخ جارێکیتر ئەگەڕێتەوە سەر وەحدەی وجود، کە تیایدا سەرقاڵی لێکدانەوەی یەکێتیی سروشت و خواوەند بووەو پێیەکی لە جیهانی سۆفیزم گیربووە، کاتێ ئەم کارەساتە ڕوویداوە، لەو کاتەدا لە ڕەتکردنەوەی جیهانی دەرکەوتوو بووە وەک ابن العربي، یان لە لێکدانەوەی باوەڕی سپینۆزادا نقوم بووە ” هیچ شتێک لە بووندا نییە، جگە لە خودا، خودا هەبووی هەقە، هیچ هەبوویەکیتری هاوشێوەی ئەو بوونی نییە ” لە کاتی ڕوودانی کارەساتەکە:
من باوەڕی وەحدەی وجود گێژی پێدام
کاتێ کە هۆشم کردەوە
لە ناو گۆمی مەنگی تۆدا، شەخڵی لێدام.
ئەمەش جۆرە گلەیی و نادادییەکە لەو ئایکۆنەی گێژی پێداوە لە وەحدەی وجوددا، واتە گلەیی کردنێکی ناوەکییە لە خودا.. واتە پرۆتستۆ کردنیەتی، بە بێ ئەوەی بە ڕوونیی ئاماژەی پێ بدات.
گۆرانیش دوای ئەوەی بەرۆکی خاک و قەبر ئەگرێت لەسەر ئەم کۆستەی:
قەبر! ئەی خاکی ڕەش، ئەی چاڵی تاریک
دڕنـــــدەی لاشــەخـــــۆری بــــــاوک و داییک!
دوابەدوای ئەوە ئەگەڕێتەوە، بۆلای ئەو کەسەی کاروباری خاک بەڕێوە ئەبات، کە خۆی ناوی ئەهێنێت و ئەڵێت ئەگەر ئاسمان و ئەگەر خوایە، پرۆتستۆی ئەکات:
ئەگەر، ئەی خاکی زاڵم، ئیختیارت
نییە، ناچارییە تۆیش کاروبارت،
لە کردارت ئەگەر مەسئوول سەمایە،
تەبیعەت، هەرچی… حەتتا زاتی خوایە
بەڵێ: هەرچی و هەچ کەس بێ سەبەب کار،
پرۆتستۆی ئەوم مەتڵووبە ئێجگار
ئەڕێژم ئەشک، ئەکێشم ئاهی بێ بن؛
سیلاحی عاجزی زنجیر لە گەردن!
تێبینیی ئەکەین لە دوا دێڕدا، گەڕانەوەیە بۆ یەخە دادڕینی خۆی و دان بە عجزو بێدەسەڵاتیی خۆیدا ئەنێت.. بە واتا لە هەردوو دەقەکەدا تەنها هەڵکێشانی ئاهی بێ بن و یەخە دادڕینی خودە.. لێرەدا هەریەک لە گۆران و شێخ حەسیب ئەبن بە پرۆتستۆکار، نەک کەسی بێ باوەڕ بە میتافیزیک.
هەر دەقێک تا خوێنەر هۆگری نەبێت – جا بە تەنها جارێکی خوێندنەوە، یان چەند جار دووبارە کردنەوەی- نابێتە ئەو دەقەی تۆپۆگرافیاو دەلالەتەکانی دیاریی بکرێت و جوڵەی مەدلولەکانی بناسرێتەوە.. لەبەرئەوە هەردەقێک لە هۆگر بوونیدا ئەبێتە ئەو دەقەی لێکبدرێتەوە/ تەئویلی بۆ بکرێت و مەبەستگەراییەکەی ئاشکرا بێت.

هیرمنیۆتیک و مەبەستگەرایی/ المقصدیة:
دوو چەشن لە مەبەستگەراییدا، لە واقیعی خوێندنەوەدا، جیاوازییان هەیە.. یەکەمینیان پێیوایە خوێندنەوەی دەقی ئەدەبیی، دۆزینەوەی مەدلولە ڕاستەقینەکان و دۆزینەوەی مانایە.. بەڵام چەشنی دووەم باوەڕی وایە، کە خوێندنەوە لێکدانەوەی دەقی ئەدەبییە بەپێی توانای تێگەیشتن لەو دەقە ( واتە ئاستەکانی وەرگرتن لەلایەن وەرگرەوە) یان بەپێی نیەت و مەبەستگەرایی ئەو خوێنەرە، ئەمەش بەواتای ئەوەی ئەو خوێنەرە چۆن لە مەدلولەکانی دەقەکە ئەگات و چەند لە بنەڕەتی فیعلیی دەقەکە تێ ئەگات و چەند لێی دوور ئەکەوێتەوە.
” حمید لحمداني” ئەڵێت: ” بنەڕەت چەشنی یەکەمەو چەشنی دووەم لادان و خوێندنەوەی لابەلایە.. بەوپێیەش ئەم ئاسەوارانە لەسەر خوێندنەوەو لێکدانەوەی چەشنی یەکەم کەڵەکە ئەبێت:
١- مەدلولەکان لە دەقدا جێگیرن لە هەموو کاتێکدا.
٢- مەدلولەکان هەن، پێش ئەوەی لە دەقێکی ئەدەبیدا بجوڵێن و دەربکەون.
٣- مەدلولەکان مەبەستدارن و پابەندن بە ئیرادەی بگۆوە، واتە نوسەرەکەی.
٤- خوێنەریش ئەبێت مەبەستی ڕاستەقینە بدۆزێتەوەو تێبگات، بتوانێ شیکردنەوەی واقعیشی هەبێت بۆ دالەکان و لە لێکدانەوە/ تأویلدا سوودیان لێوەرگرێت . “
ئەو نزیکایەتیی و کارتێکردنەی دەقی ” شیوەنی گوڵاڵە” لە دەقەکەدا، وایئەبینم کاریگەرێتیی دەقێکی زیندووە لە زەینی هەموو وەرگرێکدا ئەمێنێتەوەو هەر کەسێکی داهێنەریتر بکەوێتەوە ئەو هەڵوێستەوە، هەمان دەقی لا زیندوو ئەبێتەوە، کە ئەمەش کاریگەرێتییەکی ئاساییە وەک فرۆید ئەڵێت: ” هەرگیز نکوڵیم لەوە نەکردووە، کە لە ئەدەبدا ڕەگەزی واقیعیی هەن، گەر وا نەبووایە نووسەر نەیئەتوانی سوود لە یادەوەریی خۆی وەرگرێت لە نووسیندا، ئەگەر سەرەتا لای نووسەر پرۆژەیەک گەڵاڵە بێت، نائاگایی بە شێوەیەکی ڕازییکەر، بە سیمبۆلەکان و وێنەکانیەوە بەشداریی ئەم پرۆژەیە ئەکات، مانای ” شاراوەی گشتیی” پێ ئەبەخشێت و بەوەش دەقی داهێنەرانە چۆن ئەبێتە پێگەیەک بۆ ئبستمۆلۆژیا، ئاواش ئەبێتە ماددەیەک لە پێناوی ئبستمۆلۆژیاد.ا “
بەم لێکدانەوەیەو بەهۆی کاریگەرێتیی کۆستی گەورەی شاعیرو ئازارە قورسەکەیەوە، ئەتوانین بڵێین ئەو کاریگەرێتییە تەواو جوڵەی یادەوەریی و بیرکەوتنەوەی دەقە دیارەکەی گۆرانە، نەک ئینتەرتێکست/ intertext ێک بێ و بە کاریگەرێتیی ئەو دەقە نووسرابێت.
مەبەستگەرایی لە تەواوی ئەم دەقەدا دەرخستنی هەستی باوکێکە لە ئاست کۆستێکی گەورەیدا، بەڵام بەردەوام ” من” ئامادەییەکی بەرفراوانی هەیە، وەک پەیکەرێکی بنەڕەتیی، کاریگەر بە هەموو ڕۆشنبیریی زمانەوانیی و ژیانی خۆی.
لەم دەقەدا شێخ حەسیب و لە دەقی ” شیوەنی گوڵاڵە” شدا گۆران، ” من” ئامادەیی بەردەوامی زیاترە لە ” کەژاڵ و گوڵاڵە” واتە ئەوەندەی دەقەکە لاواندنەوەی خودە، زۆر کەمتر یادەوەریی ” کەژاڵ و گوڵاڵەیە” واتە بابەت لکێنراوە بە هەڵچوونی شاعیرەکانەوەو لەناو هەڵچوونی خۆیاندا کاردانەوە لەسەر بابەتەکە نووسراوەتەوە، بەمەش هەردوو دەقەکە ئەبن بە دەقی ماتەمگێڕیی، بە تۆمارکردنی ئەو بارە دەروونییەی دوو باوک تیایدا ژیاون لە ساتە وەختی کۆستە گەورەکاندا.
ناکرێت شاعیر خودگەریی خۆی لەدەست بدات، چ لە ڕووی شێوازگەرییەوە، چ لە ڕووی داڕشتنی پێکهاتەییەوە، چ لە ڕووی تێکەڵ نەبوون بە بیروڕای ئەوانیترەوە، بەمەش سەربەخۆیی خۆی ڕەوانتر ئەپارێزێت.. لەبەرئەوەی دەقیش پەیوەندیی سەرەکی بە هەڵچوونەکانی خودی دانەرەوە هەیە- نیتچە – کەواتە ڕەواترە لە کۆستێکی وا گەورەدا، دانەر وەک هەر کەسێکی ئاساییتر کاردانەوەو دڵتەنگیی خۆی بەرامبەر بە بابەتە کۆمەڵایەتییەکە دەربڕێت.




ئێمه و جه‌نده‌ر و ئیسلام..3.. سەلام عەبدوڵڵا

به‌شی سێهه‌م

له‌راستیدا جه‌نده‌ر له‌ دیبه‌تی هیچ ره‌وتێكی فێمنستی‌ ده‌ستی پێنه‌كردووه‌، به‌ڵكو له‌ 1963له‌لایه‌ن ده‌روونناسی ئه‌مریكی (Robert stollerوه‌ ده‌ستیپێكردووه‌(نووسه‌رانی جێنده‌ر به‌نادرووستی بۆ حه‌فتاكان ده‌یگه‌ڕێنه‌وه‌ و نووسه‌ر لیلی الرفاعی له‌ وتاری-مفاهیم جندریه‌- ده‌یگه‌ڕێنێته‌وه‌ ئان ئوكلی)و مه‌به‌ستی له‌ جه‌نده‌ر(‌تایبه‌تمه‌ندی تاك‌ وه‌ك ئه‌نجامی بنیاتنانی كۆمه‌ڵایه‌تی). ره‌وتێكی فێمنستی ئه‌م زاراوه‌كه‌ی به‌ وته‌كه‌ی سیمۆن دی بوڤوار گرێدا كه‌ ده‌ڵێ(ژن وه‌ك ژن له‌دایك نابێ). ئه‌م چه‌مكه‌ سته‌مكاری دژ به‌ ژنان به‌(كلتوور) و شوناس ده‌زانن و بۆ بنه‌مایه‌كی فه‌لسه‌فی‌ به‌رزی كرده‌وه‌‌‌ و پرسی فه‌لسه‌فه‌ی ماركسی و خه‌باتی چینایه‌تی و یه‌كگرتنی چینی كرێكار دژ به‌ سه‌رمایه‌ و پیاوسالاری له‌ پێناو دامه‌زراندنی سۆسیالیزم، پشتگوێ خست.
ره‌وتی جه‌نده‌ر به‌شێوه‌ی ئۆرۆسێنتریست و ره‌گه‌زپه‌ره‌ستانه‌ پرسه‌كه‌یان ده‌خه‌نه‌ روو و پێیان وایه‌ ژێرده‌سته‌یی ژن بۆ پیاو(wo-man….Hu-man)ه و ئه‌كه‌ر(man)بسڕێته‌وه‌ كه‌سایه‌تی ژن نامینێ و ئیدی ده‌بێ هه‌موو ژنانی دونیا گوێڕایه‌ڵیان بن‌. ئه‌م به‌ڕێزانه‌ وا ده‌زانن هه‌موو دنیا به‌ زمانی ئه‌نگلیزی قسه‌ ده‌كه‌ن! ئه‌ی نازانم(ژن یان مرأه‌ یا زن، ئه‌رواد)یش هه‌یه‌ بۆ مێیینه‌ و بۆ نێرینه‌(پیاو، رجل، ئه‌ركه‌ك و مرد)هه‌یه‌؟
یاریكردنی به‌ زمان لایه‌نێكی تری جه‌نده‌ره.
له‌ جه‌نده‌ر(جۆری ره‌گه‌ز) باس له‌‌(رۆڵی ره‌گه‌زی) ده‌كه‌ن و پرسیارده‌كه‌ن : مه‌به‌ست له‌ ره‌گه‌ز لایه‌نی بیلۆگ(مه‌به‌ست ئه‌ندامی زاوزێ)یه‌ یان ره‌گه‌ز(سرووشت و كلتووره‌)؟
لێره‌وه‌ بۆ ره‌فتارو بۆچوون و نه‌ریت و دابه‌شكردنی ئه‌ركه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌ دنیابینی ده‌ره‌به‌گایه‌تی و سه‌رمایه‌داری به‌ چاوی(جه‌سته‌، سۆز، لاواز، سێكس…هتد)ی ژن و(عه‌قڵ، ده‌سه‌ڵات، ئازا…هتد)بۆ پیاو ببینن كه‌ جێگای دژایه‌تی و نه‌فره‌تی سۆسیالیسته‌كانه‌ و رۆڵی كار و به‌رهه‌مهێنان ره‌ش ده‌كه‌نه‌وه‌ و له‌بریدا سه‌رخان له‌ شوێنیان داده‌نێن. Buttler Judithده‌ڵێ: (ئه‌نه‌تۆمی، بیۆلۆگی، سرووشتناسی به‌ خۆیشمه‌وه‌ ته‌نها زمانه‌ و كاریگه‌ری دیسكۆسه‌) و هه‌روا: (هه‌مووی كلتووره‌، هه‌مووی زمانه‌-هه‌مووی بیره(فكر). ‌سه‌رچاوه‌: Yola Kipcak، Marxismus vs. Queer Theory ) و شوێنی سۆسیالیزم ده‌سڕنه‌وه‌و ده‌یده‌ن به‌(فێمینیزم) له‌سایه‌ی سه‌رمایه‌داری!
كاتێ تاتشه‌ر سه‌رۆكی بریتانیا بوو، هاوكات پارێزه‌ری له‌نده‌نیش ژنێك بوو و له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی شاژن ئه‌لیزابێت، به‌ڵام خه‌رجی دایكپارێزی و خزمه‌تكردنی مناڵ و ژنه‌ بێكاره‌كان و مافه‌كانی تری ژنان كورت كرانه‌وه‌: ژن له‌ خزمه‌تی سه‌رمایه‌. بیرمه‌نده‌كانی ئه‌م ره‌وته‌ له‌ فێمێنیزم نه‌ك فێمێنیزمه‌ ماركسیسته‌كان(هه‌موو ژنه‌كان به‌یه‌ك شێوه‌ بیرناكه‌نه‌وه و سه‌ر به‌ یه‌ك چین نین‌ وه‌ك چۆن پێاوان به‌یه‌ك شێوه‌ بیرناكه‌نه‌وه‌ و سه‌ر به‌ یه‌ك چین نین) پێیان وایه‌ به‌بێ تێگه‌یشتن له‌ جه‌نده‌ر، ناتوانرێت له‌ سته‌می ره‌گه‌زی و ئازادیان تێبگه‌ین و تازه‌ به‌ تازه‌ هاتوون جیاوازی ژن و پیاو و رۆڵی كۆمه‌ڵایه‌كان و تێڕوانینی رۆشنبییری و پیشه‌ییه‌كانی هه‌ر لایه‌كیان بۆمان روونده‌كه‌ن و ئه‌م پرسیاره‌ ده‌ورووژێنن(بۆچی ئافره‌تان له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا ژێرده‌سته‌؟)و(په‌یوه‌ندی ره‌گه‌ز و ده‌سه‌ڵات چۆنه‌ و چۆن رێكی ده‌خاته‌وه‌؟)و(بڕیاره‌ سیاسییه‌كان چ كاریگه‌رییه‌كیان هه‌یه‌ له‌سه‌ر ژن و پیاو)و(ئایا ژنان له‌ رووی یاساییه‌وه‌ یه‌كسانن؟)
به‌ ئاشكرا به‌ر‌ژه‌وه‌ندی تایبه‌ت دژ به‌ خه‌باتی ژنانی سۆسیالییست له‌پشت ئه‌م ره‌وته‌وته‌یه‌. ئه‌ پرسیار و وڵامه‌كانی سه‌رتاپای ئه‌ده‌بی سۆسیالیستی گردۆته‌وه‌. ئه‌م دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ راستی و خه‌باتی ژنانی شیوعی گواهیده‌رن و دوا نووسینی(من ژنه‌ و مرۆڤم Eve Mitshell- I am Woman…and a Human) نموونه‌یه‌كی نوێیه‌.
دوو كه‌س ناكۆك نابن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ رۆڵ و بیر و كاری ژن و پیاو مرۆیین و له‌ مێژووی مرۆڤایه‌تیدا به‌نده‌ به‌ خودی مرۆڤ و زاڵبوونی پیاو له‌سه‌ر ژن وه‌ك سیستێم پاش درووستبوونی كاڵا، موڵكایه‌تی تایبه‌ت، ناكۆكی چینه‌كان دابه‌شكردنی كار له‌لایه‌ن پیاوه‌وه‌ دیاری كرا. بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م هاوكێشه‌یه‌ هه‌ڵوه‌شێنینه‌وه‌، شیوعییه‌كان بۆ مافی یه‌كسانی ژن و پیاو خه‌بات ده‌كه‌ن‌ له‌ بنیاتنانی سۆسیالیزم و په‌روه‌رده‌ و كۆمه‌ڵناسی سۆسیالیستی،‌ واته‌ كاری ژن له‌ناو ماڵ ده‌كه‌ن به‌ كاری كۆمه‌ڵگا(چێشلێنان و په‌روه‌رده‌ی مناڵ و پاككردن و شوشتن)و به‌(‌كاری ره‌وه‌زی) رێكیده‌خه‌ن و له‌ئاستیدا ژن و پیاو له‌ ئه‌نجامدانیان وه‌ك یه‌ك به‌رپرسیارن و له‌گه‌لیدا جیاوازی ره‌گه‌زی له‌ناو ده‌برێت. رۆزا لركسمبۆرگ له‌باره‌ی ژنانی بۆرژوا ده‌ڵێ: زۆرێك له‌و ژنانه‌ كه‌ وه‌ك جه‌نگاوه‌ر دڕ له‌دژی(ئیمتیازاتی نێرینه‌) ده‌جه‌نگن وه‌ك به‌رخ له‌ كه‌مپی كۆنه‌په‌ره‌ست و ئاینی ده‌ڕۆن، ئه‌وه‌ش ئه‌گه‌ر مافی ده‌نگدانیان پێدرا). ئه‌م وته‌یه‌ دووباره‌ رێكخراوه‌كانی ژنانی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتمان به‌بیرده‌خه‌نه‌وه‌ وه‌ك ئۆڵبرایت و هیلاری كلنتۆن و ژنه‌ به‌رپرسه‌كانی ده‌زگا جاسووسی و بازرگانانی نه‌وت و گاز …هتد.
ئه‌م ره‌وته‌ له‌ئاست ئیدۆلۆژی ئیدیالیسته‌، له‌ئاستی سیاسه‌ت دژ به‌ سۆسیالیزمه‌ و له‌ خزمه‌تی سه‌رمایه‌ و موڵكایه‌تی تایبه‌ته‌ و ده‌یانه‌وێ شوێن بزووتنه‌وه‌ی ژنانی شیوعی بگرنه‌وه‌.

  • ئايا مناڵهێنان به‌شێكه‌ له‌ ژێرخان یان سه‌رخانی كۆمه‌ڵگه‌؟
  • ئايا كاری ناو ماڵ ته‌نها(به‌های به‌كاربردن)یان(به‌های ئاڵوگۆڕی(هێزی كار)یش؟
  • ره‌گی چه‌وساندنه‌وه‌ی ژنان له‌ بیولۆژیا و ناكۆكی ژن و پیاوه‌‌ یان دابه‌شكردنی كار و هۆكاره‌ ماددی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان؟
  • ئایا به‌بێ ده‌ستگرتنی ژنان به‌سه‌ر ئامراز و كه‌ره‌سته‌كانی به‌رهه‌مهێنان ده‌توانن ئازادبن؟
  • ئایا سه‌رمایه‌داری ته‌نها ژن له‌ بواری كار و كرێی كار ده‌چه‌وسێنێته‌وه‌ چونكه‌ ژنن؟
  • ئایا سیستێمی سه‌رمایه‌داری ته‌نها سوود وه‌رده‌گرێت له‌ كاری ناوماڵ یان پیاویش؟
  • هه‌ر پیاوسالاری ژن ده‌چه‌وسێنێته‌وه‌ یان سه‌رمایه‌داریش؟
  • چه‌وسانه‌وه‌ی ژنان به‌شێوه‌ی جیاواز وه‌ك ئیدلۆژیای‌ پیاوسالاری له‌ بواری مناڵهێنان و جنس و په‌روه‌رده‌ی مناڵه‌ و ته‌نها له‌ بازاڕ چینایه‌تیه‌؟
  • بنه‌مای ماددی پیاوسالاری له‌ باڵاده‌ستی پیاوان به‌سه‌ر هێزی كاری ژنان به‌ گشتی؟
  • ئێمه‌ له‌ به‌رامبه‌ر(سه‌رمایه‌داری پیاوسالار)ین یان(پیاوسالاری سه‌رمایه‌داری)ین؟
    و ده‌یان پرسیاریتر كه‌ ده‌بێ ببن به‌ بابه‌تی گفتوگۆ و باسی ناو كۆمه‌ڵ و ماسمیدیا، نه‌ك ئه‌و جنێوفرشی و ئه‌خلاقفرشتنه‌ سووك و جاهیلانانه‌.
    به‌ بڕوای ماركس و ئه‌نگلس: یه‌كه‌م دابه‌شكردنی كار له‌نێوان ژن و پیاو له‌پێناو به‌رهه‌مه‌هێنانی مناڵ بوو) و له‌ درێژه‌ی ئه‌م بۆچوونه‌ ده‌ڵێن: ده‌ركه‌وتنی یه‌كه‌م ناكۆكی چینایه‌تی له‌ مێژوو رێكده‌كه‌وێت له‌گه‌ل تاك هاوسه‌رى و یه‌كه‌م چه‌وساندنه‌وه‌ی چینایه‌تی و كوێلایه‌تی ره‌گه‌زی ژنه‌ له‌لایه‌ن ره‌گه‌زی پیاو. تاك هاوسه‌ری پێشكه‌وتنێكی مێژوویی گه‌وره‌ بوو، به‌ڵام له‌هه‌مان كاتدا له‌پاڵ كوێلایه‌تی و سه‌روه‌تی تایبه‌تدا.، ئه‌و قۆناغه‌ هێشتا تا ئیمڕۆ هه‌ر درێژه‌ی هه‌یه‌ كه‌ مانای وایه‌ هه‌ر پێشكه‌وتنێك پاشكه‌وتنێكی رێژه‌ییه‌ و گه‌شه‌سه‌ندن و پێشكه‌وتنی هه‌ندێك به‌ ئازاری تر و سه‌ركوتكرنی ئه‌وی تره‌- بنه‌چه‌ی خێزان و موڵكایه‌تی تایبه‌ت و ده‌وڵه‌ت، لاپه‌ڕه‌ی 82)

به‌ڵام له‌ زۆربه‌ی نووسین و راگه‌یاندنه‌كانی جه‌نده‌رییه‌كان به‌ئاراسته‌یه‌كی تر ده‌ڕۆن: زاراوه‌ی(شوناس) بووه‌ به‌ سحری لێدوان و نووسینه‌كانیان و وه‌ك توتی ده‌یڵێن و ده‌یڵێنه‌وه‌. ئه‌مه‌ ره‌خنه‌ و خیتابی پۆستمدێره‌نه‌یه‌ دژ به‌ ماركسیزم، چونكه: 1-‌ ماركسییه‌كان جه‌خت له‌سه‌ر(گشت- توتالیتی)ده‌كه‌ن، تێڕوانینی چینایه‌تی. 2- بڕوا ناكه‌ن كه‌ زمان واقیع پیشان بدات، به‌ڵكو واقع درووستده‌كات. لێره‌وه‌ رووی ئیدیالیستان ده‌رده‌خه‌ن: دڵنیانین كه‌ حه‌قیقه‌تی ماددی بوونی هه‌بێت!
له‌ جیهانی ئیسلام و زۆر شوێنی دنیاش نموونه‌ی شێوه‌ی كۆتایی خێزانی رۆمانییان وه‌رگرت(خێزانی تاك). ئه‌نگلس له‌ هه‌مان سه‌رچاوه‌ روونی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ وشه‌ی(Familia) له‌ ئه‌صڵدا مانای نموونه‌ی به‌رزی بۆرژوازی بچووكى بێبایه‌خی هاوچه‌رخ نه‌بوو كه‌ سۆز و شه‌ڕ و ئاژاوه‌ی ناوماڵ له‌خۆی كۆكردۆته‌وه‌. سه‌ره‌تا لای رۆمانییه‌كان مانای خێزانی ژنی و پیاو و مناڵ نه‌بوو، به‌ڵكو ته‌نها مانای كوێله بوو. وشه‌ی‌(Famulus)واته‌ كوێیله‌ی ناوماڵ و وشه‌ی(Familia) كۆمه‌ڵێك كۆیله‌ كه‌ تایبه‌تن به‌ پیاوێك(ئه‌نگلس، هه‌مان سه‌رچاوه‌، لاپه‌ڕه‌ی 71و72 به‌ زمانی عه‌ره‌بی).
ئه‌نگلس به‌ سوودوه‌رگرتن له‌ نوسوینه‌كانی باسی خێزان ده‌كات له‌ میتۆدۆلۆژیای ئه‌غرق كه‌ چۆن له‌و سه‌رده‌مه‌ خواوه‌نده‌كان ئازادی و رێز و حورمه‌تیان هه‌بوو، به‌ڵام ژنان له‌سه‌رده‌می پاڵه‌وانییه‌تی پله‌وپایه‌یه‌كی بێبایه‌خی هه‌بوو به‌هۆی باڵاده‌ستی پیاو و كێبركێی كه‌نیزه‌كان. هۆمیرۆس له‌ رووداوه‌كانی ئه‌لیازه‌، باسی ژن ده‌كات(كچه‌ دیله‌كان له‌ خزمه‌ت ئاره‌زووی جنسی سه‌ركه‌وتووان بوون و به‌ گوێره‌ی پله‌وپایه‌یان، پله‌داره‌ سه‌ربازییه‌كان جوانترین كه‌نیزه‌یان هه‌ڵده‌بژارد و هه‌موو رووداوه‌كانی ئه‌لیازه‌ له‌باره‌ی ململانێی ئه‌خیل و ئه‌غنه‌موون بوو بۆ ده‌ستكه‌وتنی كه‌نیزه‌یه‌ك). هه‌مان ئه‌م ره‌فتاره‌ پاوسالارییه‌ پاش هه‌زاران ساڵ له‌لایه‌ن داعش و به‌عس و هێزه‌كانی ناتۆ له‌ ئه‌فغانستان و وڵاتانی تر دووباره‌ ده‌نه‌وه.
رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی له‌ سیمینار و كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌كانیان له‌گه‌ل خه‌ڵك و نووسینه‌كانیان قه‌ت باسی فێمیساید له‌لایه‌ن سه‌ربازه‌كانی ناتۆ و له‌ناو سیستێمی سه‌رمایه‌داری‌ وڵاته‌كانیان ناكه‌ن.
باسی یه‌كسانی ژن و پیاوه ده‌كه‌ن‌؟ كه‌س هه‌یه‌ نه‌زانێ تێڕوانینی شیوعی كه‌متر له‌ مافی یه‌كسانی ژن و پیاو قبووڵ ناكا و له‌ ره‌گه‌وه‌ دژ به‌ شۆفێنستی پیاوسالاریه‌(به‌ ده‌یان و هه‌زاران رابه‌ری سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌كادیمی ژن له‌سه‌ر ئاستی دنیا هه‌یه‌: نه‌زیهه‌ دلێمی یه‌كه‌م وه‌زیر له‌ مێژووی عیراق، ادیلا بانكهۆرست دامه‌زرێنه‌ری حزبی شیوعی ئوسترالیا، ئه‌شره‌ف ده‌هقانی سه‌رۆكی چریكه‌های فیدائی خه‌ڵك ئێران، ئۆلریكا ماینهوف دامه‌زرێنه‌ری سوپای سوور له‌ ئه‌ڵمانیا و له‌ناو زیندان تیرۆكرا….هتد. كه‌س هه‌یه‌ نه‌زانێ شیوعییه‌كان له‌ پێشی پێشه‌وه‌ی مافی یه‌كسانی ژن و پیاون؟ كه‌س هه‌یه‌ نه‌زانێ شیوعییه‌كان له‌پێشه‌وه‌ی خه‌باتن دژ به‌ شۆفێنستی پیاوسالاری؟ به‌ڵێ بۆ مافی یه‌كسانی ژن و پیاو له‌ هه‌موو رووییه‌كه‌وه‌و هه‌ر به‌ رابه‌رایه‌تی ژخودی ژنانی شیوعی!
‌ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستی جه‌نده‌ر(مافی یه‌كسانی ژن و پیاوه‌) له‌ مێژوو و بۆ ئێستا، بۆچی له‌م باره‌یه‌وه‌ پێگه‌ و هه‌ڵویست و ئه‌ده‌بیات و خه‌باتی شوعییه‌تیان‌ په‌راوێزخستووه‌؟ رێك وه‌ك یادی 8ی مارس: پێش چه‌ند ساڵێك ئه‌مه‌شیان تاپۆكرد له‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و رۆڵی ژنانی شیوعیان سڕیه‌وه‌!




ڕاستگۆیی لە یاداشتنامەی تێکۆشەرێکی چەپدا.. گۆران هەڵەبجەیی

یەکێک لە ئارەزوەکانم پەیوەست بەخوێندنەوەوە، یاداشتنامەیە، لەهەر شوێنێک یاداشتنامەم کەمەرکێشم بکات خوێندومنەوە.

لەنێو بابەتی یاداشتنامەدا پتر ئارەزووم لەوجۆرەیە کە کەسانی سیاسی بەئەزموون، پێشمەرگەی سەرقاڵی جەنگی پارتیزانی، تێکۆشەرانی ڕۆژانی خەباتی نهێنی و قارەمانە خۆڕاگرەکانی بەندیخانە بەدناوەکانی بەعس نووسیویانەتەوە.

گرنگی ئەم جۆرە یاداشتانە لەوەدایە کە وێرای[ گێڕانەوەیە دەربارەی خود ]، هاوکات تیشک خستنە لەسەر بەشێک یا قۆناغێک لە دیرۆکی خەباتی نەتەوەیەک بە سلبی و ئیجابیاتیەوە، بەسەرکەوتن و شکستیەوە، بەجۆرێک خوێنەر دەتوانت لە { کڵاوڕۆژنەی} ئەو جۆرە نووسینانەوە ئاشنایەتیەکی باش و پڕ بایەخ سەبارەت بە زۆر شتی نەبیسراو و نەزانراو بزانێت.

سەرکەوتووترین یاداشت یا بیرەوەری لەوەدایە کە هەموو چەمکەکانی خەبات لەخۆ بگرێت و بەسەلیقەوە بەیەکەوە ئەڵقە ئەڵقە وەک زنجیرێک بەیەکەوەیان ببەسترێن.

جا هاوڕێ و هاوشاریم بەهادین حاجی بەکر ناسراو بە { ریبوار عارف}، لە کتێبەکەیدا بەنێوی [دەنگێک لە کڵاوڕۆژنەی زیندانەوە]، ئەو کارەی کردوە کە ئاماژەم پێداوە . قۆناغەکانی کاری ریکخستن لە هەڵەبجەو سلیمانی بەنهێنی، پێشمەرگایەتی، قۆناغی خۆڕاگری ڕۆژە سەختەکانی زیندانەکانی بەعس، پاشان دووبارە پێشمەرگایەتی، لەنێو ئەو قۆناغەشدا سەرهەڵدانی ناکۆکی فیکری و تەخوینکردنی لەلایەن هەڤاڵانیە ودواجار ناچاربوون بەسەنگەر گواستنەوە بۆلای حیزبێک کەتاڕادەیەک تینوەتی فکری شکاندوە.

پێناسەیەک بۆ کتێبەکە

بەر لەخوێندنەوەی یادەوەریەکانی هاوڕێ بەها، بە ناونیشانی کتێبەکەدا خوێنەر وادێت بەخەیاڵیدا کە کتێبەکە تایبەتە بە قۆناغی زیندانی و گێڕانەوەی ئەزموونی تاڵ و پڕ ئازارو ئەشکەنجەی خۆی لەوێدا، بەڵام لەڕاستیدا وانیە، وەک ئاماژەم پێدا کتێبەکە گشتگیرە و زۆر لایەنی ژیانی خودی خۆی تێدا یاداشت کردوە، کەپتر سیاسەت و چەرمەسەریەکانی دەگرێتەوە.

گەرەکمە ئەوەبێژم کە کتێبی سەرکەوتوو ئیدی لەهەر بوارێکدابێت، ئەو کتێبەیە کە بەشەوق و زەوقەوە بیخوێنیتەوە پەلەتبێت لەوەی کە لاپەڕەکانی ئەودیو چیمان پێدەڵێن، جا ئەم کتێبەی هاوڕێ بەهادین لەوجۆرەیە کە خوێنەر بەئەستەم دەنواتیت دەستبەرداری بێت.

لەهەندێک وێزگەدا دەمێک نووسەر کەوتوەتە ڕەوشێکی مەترسیدارەوە، هێشتا ڕوون نەبووەتەوە کە ئایا دەربازی دەبێت یا دەرگای دۆزەخی بە روودا دەکرێتەوە، لەوکاتانەدا بەشبەحاڵی خۆم لێدانی دڵم خێراتربووە، وام چاوەڕێ کردوە کە دووچاری کێشەی گەورەبووبێت، چونکە نەهامەتی و دەردی سەری کورد هێندە زۆرە هەر ئەوەشم بۆ هاوەڕێ بەها چاوەڕێ کردوە.

کتێبەکەی هاوڕێ بەها نزیکەی [٣٥٠] لاپەڕە لەخۆ دەگرێت، چاپێکی جوان و نایابە، لەچەندین بەش پێکهاتووە کە لە سەردەمی منداڵیەوە دەست پێدەگات، دوابەشیش سەفەر کردنیەتی لەتورکیاوە بۆ فینلاند وەک پەنابەرێکی سیاسی، ئەوجا سەردانی باشوور و کێشمەکێشی ئەو سەردانەی لەگەڵ دەسەڵاتی کوردیدا.
لەڕاستیدا گەر کەسێک بخوازێت لەڕووی شرۆڤەو ناساندنەوە هەق بە کتێبەکە بدات ،گەرەکە قسە لەسەر هەموو وێستگەو قۆناغ و بەشەکانی کتێبەکە بکات، چونکە هەموو وێستگەکان گرنگی خۆیان هەیە، بەڵام لەڕووی واقیعەوە ئەو کارە بڕێک زەحمەتە، چونکە ئەودەمە زۆر درێژ دەبێتەوە و پێویستی بە نامیلکەیەک دەبێت نەک چەند لاپەڕەیەک.

جا بۆیە ئەز هەوڵدەدەم ئەو خاڵانەی بەلامەوە گرنگ و زۆر سەرنجڕاکێشن تیشکیان بخەمەسەر.

لەڕووی زمان و داڕشتنەوە ،وەستایانە کاری لەم بەرهەمەدا کردووە، پەیڤ و بڕگەی جوانی خۆماڵی لە سەرەتاوە تا کۆتایی بوونیان هەیە، هەوڵی داوە خۆی بەدوور بگرێت لەدەستەواژەی سواو و کلاسیک، جا ئەمەش تەڕاییەکی بە یاداشتنامە بەخشیوە.

ئاوارەبوون
ئاوارەبوون و رووکردنە ئیران و ژیانی کەمپەکان دەروازە لەرووی خۆناسینەوەیدا دەکانەوە، وەک هەرزەکارێک هاوکاری بابی دەکات لە دابینکردنی بژێوی خێزانەکەیاندا، ئەویش بەفرۆشتنی تەلی حاجەت شتن و هەندێک جاریش پاقلاوە و پرتەقال.

چالاکی شانۆیی وەک دەسپێک
زۆربەی مێردمنداڵ و گەنجانی هەڵەبجە گەر ئیمکانیەت هەبووبێت لە بوارە چالاکیەکاندا خۆیان بینیوەتەوە، وەک وەرزش، شانۆ، موزیک و بواری ئەدەبی، جا هاوڕێ بەهاش خولیای شانۆی هەبووەو لەوێدا تواناکانی خۆی بەرجەستە کردوە، هەر لەوێشەوە خۆی کردوە بە دەروازەی سیاسەتدا.

دەست پێکردنی ژیانێکی نوێ
گەڕانەوە بۆ هەڵەبجەو دەست پێکردنی ژیانێکی نوێ، ئەمەش یەکێکە لەوێستگە یەکاڵاکەرەوەکانی ئایندەی سیاسی هاوڕێ بەها .
بەهۆی چەوساندنەوە و فشارو زەبروزەنگی بەعسەوە، هەستی نەتەوایەتی هاوکات چینایەتی لەکن هاوڕێ بەها چەکەرە دەکات، بۆ نمونە بەباوکی دەڵێت بۆ کرێکارێک ناگریت ئاوڕشێنی خانوە نوێکە بکات؟ من ناخوازم مافی کرێکارێک بخۆم، هەر لەو سەردەمەدا پەیوەست دەبێت بە یەکێک لە حەڵقەکانی کۆمەڵەی مارکسی نێو شار.

یەکەم ئەزموونی زیندانی
گرتنی لەلایەن ئەمنەوە بەڕێکەوت لە چایخانەکەی مام علی لە سلیمانی یەکەم ئەزموونی دەبێت هەم لەبەندیخانەو هەم لەگەڵ ڕەفتاری فاشیانەی بەعسدا. ڕاستە زۆر نەمایەوە بەڵام پەندو وانەی بۆ ئایندە لێوەرگرت، ئەوەی سەیرە لای کەس باسی نەکردو خۆی نەکردە پاڵەوان.

سەرەتایەک بۆ ناڕەزایی
یەکەم بەرکەوتنی لەگەڵ ئەقڵیەتی باوی شۆڕشگێڕە بێ ئەزموونەکاندا ئەو دەمەبوو کە کەسێک لەبەرپرسانی شار کە بڕیارێکی بەپەلەی بۆ هاتبوو بۆ کووشتنی چەند ئافرەتێک، گوایە ئەمانە زانیاری دەدەنە بەعسیەکان. هاوڕێ بەها بەم بڕیارە تووشی شۆک دەبێت، هەر بۆیەش ئەوکارە ڕەتدەکاتەوە ، هاوکات کەسانی دیکەی هۆشیار هەمان ڕایان دەبێت، بۆیە لێی پاشگەزدەبنەوە.

ڕووکردنە شاخ
قۆناغی پێشمەرگایەتیش بۆخۆی وەرچەرخانێکی نوێیە لەڕێڕەوی خەباتی هاوڕێ بەهادا. گەنجێک بە باوەشێک ئومێد و بەگیانێکی ڕۆمانسی شۆڕشگێڕانەو پڕچەک بەهزرێکی چەپ کە لەو دەمەدا لەترۆپکدا بووە، چەکی پێشمەرگایەتی دەکاتە شان. مەخابن زۆر نابات وێنە جوانەکەی زهنی دەربارەی شۆڕش و شۆڕشگێڕان کاڵ دەبێتەوە، دەبینێت ئەو شۆڕشە تژیە لە کەمووکووڕی، ئاستەنگی، کاری دزێو ،ناکۆکی و ململانێی نادروست لەنێو شۆڕشگێڕاندا. لێ بەهۆی ئومێد بە چاکبوونی ڕەوشەکە وزاڵبوون بەسەر تەنگەشەو کێشەکاندا، لەوش گرنگتر وەک ئیلتزامێکی ئەخلاقی و مەبدەئی بەردەوام بووە لە تێکۆشان و لەچەندین نەبەردیدا بەشداری هەبووە.

دەستگیرکردنی لەهەڵەبجە
دەمێک لەگەڵ هاوڕێیەکی پێشمەرگەیدا، بەمەبەستی سەردانی خێزانەکانیان هاتبوونە شار، لەلایەن جاشەکانی ڕەشەی ساڵحەوە دەستگیر دەکرێن. ئەمەش سەرەتایەک بوو بۆ کردنەوەی چەند لاپەڕەیەکی پڕ لەئازارو ئەشکەنجە کە وەک شانۆیەکی درێژ هەر ڕۆژەی مەشهەدێکی لێ نمایش دەکرا.

قۆناغە گرنگەکە
ئەم بەشە یاخود ئەم قۆناغە کە هاوکات ناونیشانی کتێبەکەیشە، پانتاییەکی زۆری لە یاداشتنامەکەدا داگیرکردوە، لەمەدا هاوڕێ بەها مافی خۆیەتی و چاکی کردوە چونکە ئەم بەشە هێندە سەخت و دژوارو پڕ تراژیدیایە، نەدەکرا سەرپێی باسی بکات، بەڵکو گەرەک بوو هەر ڕۆژێک لە ڕۆژانی ئەو دۆزەخە هەڵوەێستەیەکی لەسەر بکات و لە هەموو گۆشەکانیەوە پێناسەیەکی شایستەو پڕ پڕاوپڕی بۆ بکات، کە بەڕای من هاوڕێ بەها لەمەدا سەرکەوتووبووە.

هەموومان خوێندومانتەوە یا بیستوومانە کە زیندانیە سیاسیەکان یا پێشمەرگەی بەدیلگیراو بەچ شێوازێکی وەحشیانە لەلایەن جەلادەکانی بەعسەوە ئەشکەنجەدراون و چ خۆڕاگریەکیان نیشانداوە، ئەوەش دەزانین کە زۆرن ئەوانەی قارەمانانە لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان بەخشی.

بۆیە لەم ڕوانگەوە دەڵێم گەر کەسێک بۆ تەنها ڕۆژێکیش بەر ئەشکەنجەی بەعس کەوتبێت و نهێنی نەدرکاندبێت، ئەوە پاڵەوانێکە بۆخۆی، جا هاوڕێ بەهاش وەک زۆرێک لەو زیندانیە ئەشکەنجەدراوانە بەو پرۆسە بەدناوەدا گوزەری کردوە. دەمێک مرۆڤ ئەو بڕگانە دەخوێنێتەوە کە تایبەتن بە ئەشکەنجە، مچوورک بەجەستەیدا دێت، هاوکات سەرسام دەبێت بە خۆڕاگری و هێزو وزەی هاوڕێ بەها. بیهێننەبەرچاوی خۆتان کەسێک لەبەرگەرمای پلە لەسەروو چلەوە هەڵواسن، بۆی نەبێت بجوڵێت، سەرباری ئەمەش شیلە بکەن بەسەریداو مێرومەگەز تێبدەن، بەڵام ئەو خۆڕاگر دەبێت و ئەشکەنجەدەران شەرمەزار دەکات.
لەگەڵ هەموو خۆڕاگریەکیدا لەپاڵ ئەو گشت ئەشکەنجەشدا هێشتا بەلەسێدارا حوکمی دەدەن.

دەمێک هەستی ئینسانی دەبزوێت
هاوڕێ بەها لە کتێبەکەیدا ئاماژەی بەزۆر وردە ڕووداو داوە کە لە ژیانی تایبەتیی و تێکۆشانی سیاسی و پێشمەرگایەتیدا ڕوویانداوە، ئەمەش نووسینەکە یاخود یاداشتنامەکەی زەنگین کردوە، جا ناکرێت لێرەدا هەموویان یاداشت بکەم، بۆیە بەپێویستی دەزانم ئاماژە بەدوو حالەتی گرنگ بدەم کە لە دەمی بەندی و ئەشکەنجەدانیدا ڕووینداوە.

کاتێک کە بۆ یەکەم جار لە ئەمنەکەی سلیمانی دەگیرێت ، یەکیک لە ئەمنەکان بەجۆرێک دەست دەخاتە سەرشانی کە بەها هەست بە دلنیایی و ئارامیەکی گەوەرە دەکات، بەتایبەت لەکاتێکدا پێیدەڵێت ( بۆ واتیکچووی هیچ نیە؟) ئەم دوو ووشەیە بۆ ئەو لەوکاتەدا دنیایەک دلنەوایی کردن بوو، بۆیە وەک خۆی دەلێت ئێستەشی لەگەلدا بێت تێنەگەشم کە چۆنە لەناو دەزگا حکومییەکانیشدا کەسانێکی ئاوا شەرافەتمەند هەن؟ کە لەراستیدا ئەم جۆرەکەسانە کەمنین بەلام ژیان پالَیان پێوەدەنێت کەخۆیان لەو شوێنانەدا ببیننەوە.

دووهەم جار ئەوکاتە دەبێت، کە هاوڕێ بەها لەتەک پێشمەرگەیەکی هاوڕێیدا لە هەڵەبجە یەخسیر دەکرێن، دەیانبەن بۆ دائیرەی ئەمن، لەوێ جۆرەها ئەشکەنجەیان دەدەن، بەڵام هەردووکیان خۆڕاگردەبن و هیچ نادرکێنن. لە پشوی نێوان دوو جەولەی ئەشکەنجەدا هاوڕێ بەها بەیەکێک لە ئەمنەکان دەڵێت پێویستم بە سەرئاو هەیە، ئەویش ڕەزامەندی دەردەبڕێ، بەڵام کێشەکە لەوەدا هێندە کێبڵ دراوە بە بنپێیدا ناتوانێت لەسەر پێکانی بڕوات، ئەویش واتە ئەمنەکە پێشنیاری بۆ دەکات کە لەسەر لاپێ بڕوات ، هاوکات دەچێتە ژێر باڵی و ئامۆژگاریشی دەکات کە خۆڕاگربێت ،ئەم رۆژە سەختانە تەواو دەبیت.

ئەم دووحاڵەتە ئەوەمان پێدەڵێت لەناخی مرۆڤدا هەردەم دوو جۆر هەست دوو جۆر ڕەفتار هەن، [ئینسانی و شەڕانگێز] ئەم دوولایەنە بەردەوام لە ململانێدان ، لەکۆتایدا لایەنێک زاڵ دەبێت بەسەر لایەنەکەی تردا.خۆشبەختانە لایەنی ئینسانی و میهرەبانی پتر زاڵە بەسەر مرۆڤدا . ئەو دوو نمونەیە ئەوەمان پێدەڵێت ئەو کەسانەی لەگەڵ ڕژێمە دیکاتۆرو چەوسێنەرەکاندا کاردەکەن ئەوانەش لەکۆتایدا مرۆڤن و هەموو کات ناتوانن هەستە ئینسانیەکە بشارنەوە.

لە چاوەڕێی سێدارەوە بۆ تەخوین
دوای ئەوەی لەدەمی دانووستاندی نێوان یەکیەتی و بەعسدا [١٩٨٣] بەندکراوەکانی سەربە یەکێتی بەر بڕیاری لێبووردن دەکەون، هاوڕێ بەهاش یەکێک دەبێت لەوانە. پاش ئەوەی دانووستان شکست دێنێت ئیدی شەڕدەست پێدەکاتەوە، هاوڕێ دەیتوانی لەشار بمێنێتەوەو واز لەسیاسەت بهێنێت و ژیانێکی ئارام و ئاسودە هەڵبژێرێت، بەڵام مەخابن ئەو دیسان ڕێگەی خەباتی هەڵبژاردوە، بۆ دووەمجار چەکی کردەوە شان.

زۆری نەبرد بۆی دەرکەوت ئەوشۆڕشەی ئەم ئامادەبوو لەپێناویدا پەتی سێدارە بکاتە ملی، ئەوە نیە کە چاوەڕێی دەکرد، هەستدەکات زۆر خراپتربووە بەبەراورد لەپێش گرتنی.

بۆی ڕوونبووتەوە کە ئەو چرایەی بۆ ڕووناکردنەوەی ڕێگایەک هەڵیگرتبوو ئەو ڕێگایە نیە، دەبینێت نە لەڕووی فکر نە لە ڕووی ئامانج نە لەڕووی ڕەفتارەوە هەرگیز لەگەڵ قەناعەتی ئەودا یەکناگرنەوە و بگرە زۆریش دژبە قەناعەتی ئەون.

ئەو خەوی بە شۆڕشێک و بزافێکەوە دەبینی کە هەڵگرانی مەشخەڵەکەی کەسانێکبن پەیڕەوکەری شۆڕشگێڕترین ڕێبازی فکریبن، ئەویش فکری {مارکسیە}، ئارەزووی دەکرد پڕچەکبن بە ئەزموونی شۆڕشگێڕی، خوازیاربوو ڕەفتاری ڕۆژانەیان چ لەنێو یەکداو چ لەگەڵ خەڵکی دیکەدا ڕەنگدانەوەی خەسڵەتی شۆڕشگێڕانەدابێت.

بەهۆی ئەو ڕەوشە نا سەغڵەمەوە کە لەنێو شۆڕشدا لەئارادابوو، هاوکات بەهۆی ڕەخنەو تێبینی بەردەوامی لەسیاسەتی چەوتی کاری پێشمەرگایەتی، ئیدی زوومی {چاودێری} و هاوکات تاڕادەیەکیش ناپاکی دەخرێتەسەر، هێدی هێدی ناڕەحەتی دەکەن، جێگەی پێلێژ دەکەن، تۆمەتی [ئاش]ی دەدەنە پاڵ کە وەک خۆی ئاماژەی پێداوە لەهاوسۆزیەک بەولاو قەناعەتی بەوانیش نەبووە.
کاردەگاتە تەخوین کردنی بەئاشکرا، ئەمەش تۆمەتێکی مەترسیداربووە لەوسەردەمەدا، لەئەنجامدا لەپاداشتی ئەو گشت تێکۆشانەیدا بەندی دەکەن.
پەیوەست بەم بڕگەیەوە، دەمێک هاوڕێ بەها لەگەڵ یەکێک لە فەرماندەکانی پێشمەرگەدا دەکەونە گفتووگۆ سەبارەت بە هەڵوێستی خۆی،کابرای سەرکردە تا ڕادەیەک بەزمانێکی بازاڕی هەڕەشە ئامێز لەگەڵ هاوڕێ بەها دەدوێت، یەکێک لە پێشمەرگەکان ڕوودەکاتە فەرماندەکەو پێی دەڵێت[ئایا دەزانیت ئەو هاوڕێیە لە سێدارەی بەعس ڕزگاری بووە؟] ئەویش بەسوکایەتیەکەوە دەڵێت { جا چیە}؟

بیهێنە بەرچاوی خۆت کەسێک جوانترین ساڵانی تەمەنی خۆی لەپێناوی شۆڕشێکدا بەسەربردبێت، خەباتی نهێنی ناوشار، پێشمەرگایەتی بەدەردەسەری و ناڕەحەتیەکانیەوە، بەندیخانە بە ئەشکەنجەو ئازارە جەستەیی و دەروونیەکانیەوە، چاوەڕێکردنی لەسێدارەدان بەورە بەرزیەوە، کەچی تەنها بەهۆی جیاوازی لە بیروبۆچووندا، یابەهۆی ڕەخنەگرتن لە شێوازی ئاراستەکردنی { شۆڕشدا}،بێن زەربێکی گەورە بەسەر هەموو ئەمانەدا بهێنن وسفری بکەن، ئیدی ئەمە ناودەنێێت چی؟
مەخابن زۆرێک لە بزافە سیاسی و شۆڕشەکانی گەلانی ڕۆژهەڵاتی نێوین ئەم ڕەفتارە ناشیرینە پەیڕەو دەکەن.

تۆ تا لەتەکیاندایت شۆڕشگێڕ، دڵسۆز، ئازاوبەجەرگ، خۆڕاگر، پاک، گوێڕایەڵ و چی و چیت، لێ هەر هێندە لەسەر کارە دزێو وسیاسەتە چەوتەکانی سەران وڕابەرانی جڵەو گرتووی ئەو حیزبە یا ئەو شۆڕشە ڕەخنەت گرت یا تێبینیتدا، ئیدی تۆ ڕوخاو، لادەر، بودەڵە، ترسنۆک ،ناپاک و چەندین تۆمەتی تر دەدەنە پاڵت.
ئەوەی لەگەڵ هاوڕێ بەها کرا پەیڕەوکردنی هەمان ئەقڵیەت وهەمان کەلتوورە کە ئاماژەم پێداوە.

گواستنەوەی سەنگەر
پاش بەسەربردنی ماوەیەک لە بەندیخانەی هاوخەباتاندا، هاوڕێ بەها ئازاد دەکرێت، بەڵام هیچ بڕواو ئیمانێکی بەو بزافە نامێنێت و ناخوازێت لەگەڵیاندا درێژە بەخەبات بدات. بۆیە بەدووی بزافێکدا دەگەڕێت کە وەک کەسێکی چەپی شۆڕشگێڕ، وەک مارکسیەک تینوێتی بشکێنێت، ئەوەش لە کۆمەڵەی ئێراندا خویدەبینێتەوە.

لەوێ بۆی دەردەکەوێت ژیان، سیاسەت، پەروەردە، دیسپلین بەمانای هەقیقی لای ئەوانە، دەرک دەکات شۆڕش لەوێ تام و بۆن و پێگەی جیاوازی هەیە لەوەی کە لەڕابردوودا دیبووی، دەبینێت جیاوازی نێوان سەرکردە یا ڕابەر ئیدی سیاسی بێت یا سەربازی لەگەڵ پێشمەرگەو ئەندامانی خوارەوە هیچ واتاو گرنگیەکی نیە، بەڵکو تێکۆشان و بەرخورد سەنگی مەحەکە. لەوێ بەمەلموسی هەستی پێکرد کە ئەم بزافە بە تیئۆری و پراکتیک پەیڕەوی هزری مارکسی دەکات، نەک وەک شۆڕشەکەی باشوور کە بۆ لەخشتە بردنی گەنج ئەو درووشمەیان بەرزکردبووەوە و پاشانیش هەرخۆیان خنکاندیان.

ماڵئاوایی لە کۆمەڵەو گرتنەبەری ڕێگەی هەندەران
بەهۆی فشاری بەعسەوە بۆسەر کۆمەڵەو حیزبی کۆمۆنیستی ئێران کە نابێت کوردی عێراقی لە ڕێزەکانیاندا هەبن، بۆیە کۆمەڵە ناچار دەبیت بەوەی کە دواین بریار بدات لەوبارەوە ،ئەوەبوو کە مەکتەنی سیاسی حیزب بریاری ناردنە دەرەوەی هەموو ئەو کەسانەی دا کە عیراقین و لە ریزەکانی کۆمەلەو حزبی کۆمۆنیستدان،بۆیە ئەوانیش پێکەوە وەک گروپیک ڕوودەکەنە هەندەران.

ئەم ڕێگەیە چەندین مانگی خیایاندوە، پڕبووە لە موجازەفەو مەترسی و گرتنی لەلایەن جەندرمەو حەرەس سنوور و مانەوەیان لەزێوێ لای پارتی وەک دەستبەسەر، پاشان بێڕەوشتی پارتی لەبری هاوکاریان بۆگەشتن بەهەندەران تەسلیمکردنیان بە ئیتڵاعات، لەوێش پاش بەندکردنیان بۆ چەند ڕۆژ تەسلیم کردنیان بەکەمپی جەهرووم لە ژیرچاودێریدا.
لە کەمپی جەهرووم زۆر نامێننەوە و بڕیاردەدەن بەزووترین کات لەوێ دەرچن، ئەویش بەهۆی بوونی خۆفرۆشێکەوە لەکەمپەکەدا کە پێشتر لە ریزەکانی کۆمەلەدا بووە، ئەمانی ناسیوەتەوە و ئیخباری کردون.

گەشتن بە تورکیا ،سەفەر بۆ فینلاند
دوای ئەوەی بە هەر زەحمەتیەک بێت و بێ شارەزایی ،دیسان ڕێگەی سنووری تورکیا دەگرنەبەر، بەکۆمەڵک گوندو شاخ و شوێنی دژوارو پڕمەترسیدا گوزەردەکەن، لەم ڕێگە پڕ موجازەفەیەدا قیبلەنمایان تەنها ئەستێرە بووە.

پاش چەند هەفتەیەک و بڕینی چەندین کم بە پێ و بەبرسیەتی و ماندوویی دەگەنە باژێڕی وان لە باکوور، لەوێ بەڕێکەوتیکی زۆرسەیر هەمان ئەو کەسە دەبیننەوە کە لەسەرەتای هاتنە تورکیاوە وەک قاچاحچیەک هاوکاریانی کردوون. لە باژێڕی {وان} بە خێرایی پەیوەندیان کردوە بەکەسانیکەوە کە چالاکەوانی کۆمەلە دەبن لە ئەنقەرە، لەوێ هەر لەڕێگەی هاوڕێیانی کۆمەڵەوە ئاسنانکاریان بۆ دەکریت بۆ خۆناساندن بە نووسینگەی کۆمیسیۆنی پەنابەران و دۆسیەیان بۆ دەکەنەوە.
خۆشبەختانە زۆر ناخایەنێت لەلایەن فینلەنداوە وەردەگیرێن.
بەمجۆرە هاوڕێ بەها لەفینلەندە قۆناغێکی نوێ لەخەبات و لەژیان دەست پێدەکات کە تا ئێستاش درێژەی هەیە.

دەرئەنجام
ئەو مرۆڤانەی کە یاداشتنامە یا بیرەوەرژیەکانی خۆیان لەدووتوێی کتێبدا دەنووسنەوە، ئیدی هەرچیبن، پێویستە ڕەچاوی خاڵێکی گرنگ بکەن، ئەویش ڕاستگۆییە.
ڕاستگۆیی متمانە دەبەخشێتە خوێنەر و هاوکات سوود بەخشە بۆ نووسەریش، ڕاستگۆیی یانی دوورکەوتنەوە لە زیادەڕۆیی لە پیاهەڵدانی ناپێویست، لە باسکردنی ڕووداوەکان بە ناواقیعیانە، تاوانبارکردنی کەسان بەبێ بەڵگە، خۆبەپاڵەوان کردن.

بەشبەحاڵی خۆم لەکاتی خوێندنەوەی یاداشتنامەی هەندێک لەو کەسایەتیانەدا بەتایبەتی {کوردەکان}، تێبینم کردوە کە لەهەندێک شوێن و بڕگەدا ڕاستگۆییان نەپاراستوە، دیارە ئەمەش لەنرخ و بەهاو مەسداقیەتی ئەو یاداشتنامانەی کەم کردوەتەوە.

سەبارەت بە یاداشتنامە یاخود یادەوەریەکانی هاوڕێ بەها[ دەنگپک لە کڵاوڕۆژنەی زیندانەوە]، خوێنەر هەست بەڕاستگۆیی دەکات، هەست ناکات لەشوێنێکدا زیاد لەپێویست ستایشی خۆی کردبێت، بەزمانێکی سادەو دوور لە گەورەکردنی شتەکان موخاتەبەی خوێنەردەکات، هەوڵی بەقارەمانکردنی خۆی نەداوە،ئەوەی لە ڕێڕەوی خەباتیدا ڕوویداوە، بێزیادوکەم ئەوەی تۆمار کردوە. هەرئەم ڕاستگۆیەیشە بووەتە خاڵی جوان و پرشنگداری کتێبەکەی.

بە هیوای سەرفرازی بۆ هاوڕێ و هاوشاری و هاوڕێبازم، هاوڕێ بەها [بەهادین حاجی بەکر دارتاش]




چاوپێکه‌وتنێکی بڵاونه‌کراوه‌ له‌گه‌ڵ شاعیر و هونه‌رمه‌ندی کۆچکردوو خالید دلێر.. سازدانی: هیوا ناسیح

پێشه‌کییه‌کی پێویست: ئه‌م چاوپێکه‌وتنه‌ رێک بیست ساڵێک له‌مه‌وبه‌ر و له‌ شاری سه‌تگالنی وڵاتی سویسرا واته‌ ساڵی ٢٠٠٢دا له‌‌و شوقه‌یه‌ی مامۆستا خالید دلێری نه‌مر تیایدا ده‌ژیا، به‌ چه‌ند جارێک و به‌ شێوه‌ی ده‌ستنوس ئه‌نجام دراوه‌. ئه‌و کات من په‌ناخواز بووم له‌و وڵاته‌، هێشتا جێگیر نه‌بووبووم و نه‌مده‌زانی شه‌پۆله‌کانی ژیان به‌ره‌و کام که‌ناری ئاواره‌یی پاڵم پێوه‌ ده‌‌نێت و له‌ کوێ له‌نگه‌ر ده‌گرم و چاره‌نوسم چی لێ دێت، بۆیه‌ دواتر په‌ڕه‌ کاغه‌زه‌کانی چاوپێکه‌وتنه‌‌که‌ له‌ نێو کتێب و کاغه‌ز و ئه‌رشیفی خۆمدا وون بوون، پێش چه‌ند ساڵێک چه‌ند دانه‌یه‌ک له‌‌و په‌ڕانه‌م دۆزیه‌وه‌، به‌و هیوایه‌ی که‌ له‌ داهاتوودا ئه‌وانی تریش بدۆزمه‌وه‌، ئه‌مساڵ کاتێک خه‌ریکی رێکخستنه‌وه‌ی کتێبخانه‌که‌م بووم، به‌ ڕێکه‌وت سه‌رجه‌م په‌ڕه‌‌کانی تریشم دۆزیه‌وه‌، بۆیه‌ دواکه‌وتنی بڵاوبوونه‌وه‌ی له‌ده‌ست خۆمدا نه‌بووه‌ و داوای لێبوردن له خوێنه‌رده‌که‌‌م. پیشه‌کیه‌که‌ش هه‌ر هی ئه‌وکاته‌یه‌‌. دیاره‌ ڕووداوه‌کان، گۆڕانکارییه‌‌کان له‌ بیست ساڵی ڕابردوودا زۆرن و شتی نوێ و ڕووداوی تر هاتونه‌ته‌ ئاراوه‌، به‌ڵام من نه‌مویستوه‌، وه‌ک ئه‌مانه‌تێکی مێژوویی، ده‌ستکاری ناوه‌ڕۆکی چاوپێکه‌وتنه‌که‌ بکه‌م. بۆیه‌ مرۆڤ ده‌بێت به‌ پێی بارودۆخ و هه‌لومه‌رجی ئه‌وکات هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ بیروڕا و بۆچوون و پرسیار و وڵامه‌کانی ناوی بکات. به‌داخه‌وه‌ مامۆستای ناوبراو دوای ئه‌وه‌ی گه‌ڕایه‌وه‌ کوردستان و له‌ ١٦/١٢/٢٠١١ له‌ کۆیه‌ کۆچی دوایی کرد و گۆڕه‌که‌شی هه‌ر له‌وێیه‌.

لە نهۆمی دووەمی باڵەخانەیەكی ناوەندی شاری سەتگالنی سویسرادا مامۆستایەكی سەرسپی بە ئەزموون و دنیادیدەی شاعیر، هونەرمەند، نوسەر و سیاسەتمەدار، قاڵبوی جیهانی ئەدەب، سیاسەت و كوردایەتی، بە تەنیا و بێ هاودەم و كەس و كەنەفتی نەخۆشی و پیری و (دەردە ‌كورد) بێدەنگ و دڵ پڕ لە هیوا و كەسەر ژیان بەسەر دەبات.
كێ بێت لە ئێمە رۆژێك لە رۆژانی خەباتی شاخ گوێچكەی بە سرودی (پێشمەرگەی بە هەڵمەتین/ پاڵەوانی میللەتین) زاخاو نەدابێت، كە ببوە مارسلیزی كوردایەتی… ئەی كێ بێت گەر بۆ تەنها رۆژێكیش ئەڤینی لە گەڵ (حەبیبە)یەكدا كردبێت و گوێی لە گۆرانی (وەی وەی، گیانە خوا بتكا بێوەی) بوو بێت، هەستی نەكردبێت ئەم دەقە بۆ دولبەرەكەی ئەو وتراوە… كێ بێت هەر تۆزێك حەزی بە خوێندنەوە كرد بێت، رۆژێك لە ڕۆژان لە یەكێ لە ڕۆژنامە و گۆڤارە كوردییەكاندا وتارێكی پڕ لە هەڵوێستی چاونەترسی و بوێرانە و دژ بە خیانەت و كۆنەپەرستی ئەم مامۆستا بەڕێزەی نەخوێندبێتەوە. ئەم دەروێشەی ڕێگای پێشكەوتوخوازی و كوردایەتییە، كە خەرمانی بەرهەمەكانی بریتین لە دە كتێب و دە دەستنوسی چاپنەكراو. با پێكەوە لە نزیكەوە (خەرمان بەرە‌كەت)ێك لە‌م مرۆڤە تێكۆشەر و ماندوە بكەین و گوێ لە ڕاز و نیاز و وتە بەنرخەكانی بگرین و دەرگای دڵی بكەینەوە تا بزانین ئایا (دەردی دووری و وشیاری و سەبوری) وزە و هەست و بیری لاواز نەكردوە؟ ئەی نامۆیی و نەخۆشی لێگەڕاوە ئە‌م مرۆڤە مەزنە لە داهێنان بەردەوام بێت؟

دەقی چاوپێكەوتنی مامۆستا خالید دلێر؛
پرسیار: پێشەكی حەز دەكەین (خالید دلێر) لە دەمی خۆیەوە بناسین؟
خالید دلێر: من لە ٢٠ ئابی ساڵی ١٩٣٣دا لە گەڕەكی بەفری قەندی كۆیە لە دایكبووم، كوڕی پیاوێكی سۆڵدروە بووم، باو و باپیرم لە كۆیە ژیاون و گەورەبوون و مردون، دایكم ناوی ئامینە چاوشین بوو، ژنێكی هێمن و لەسەرخۆی جوان، دڵسۆز، كەیبانوی ماڵ و مناڵی خۆی بوو. خالد ناوی خۆمە، دلێر نازناوی شاعیرێتییە، حوجرەی مەلایان خوێندوومە، سەرەتایی و ناوەندیم لە كۆیە تەواوكردوە. ئامادەیی بەشی ئەدەبی-یم لە ‌بەغدا و كەركوك بەشەو تەواو كردوە. هەر لە مناڵییەوە لە ساڵی ١٩٦٤ ەوە لە رێكخستنی قوتابیان كە سەر بە پارتی دیموكراتی كورد بوو بەشداریم كردوە، ناوی رێكخستنەكە كۆمەڵەی پێشكەوتنی خوێندەواریی (KPX)بوو. هەر لە ڕێبازی كوردایە‌تی و پێشكەوتوخوازایانە و چەپدا ژیاوم و خەباتم كردوە و تا ئێستاش لەو رێگایە‌دام. خوێندنی باڵام بۆ ڕێككەوت بەڵام دەرچوونی ناوم بۆ دەسگیركردن ساڵی ١٩٦١ ماوەی نە‌دا لەو خوێندنە بەشدارم. بە درێژایی تەمە‌نم لە پلەكانی سەركردایەتی پارتیدا خەباتم كردوە، بە نوسین و بەرێكخستن و هۆشیاركردنەوەی ئەندامانی پارتی و جەماوەرەكەی ڕۆڵم هەبووە، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان بووم/ باڵی مەكتەبی سیاسی.
هەر كە ئەو پارتە هەڵوەشایەوە هەندێ لە سەركردەكانی چوونەوە‌ لای سەرۆكی پارتی مەلا ماستەفا، هەندێكیان بە هەر رێگایەك بێت پاكانەیان بۆی كرد، هەندێكی تریان وڵاتیان جێهێشت و چوونە هەندەران، من تاكە ئەندامێكی كۆمیتەی ناوەندی بووم، كە هیچ پەیوەندییەكم بە مەلا مستەفاوە نەكردەوە. لەوساوەش لە هیچ رێكخستنێكی سیاسییدا بەشدارم نەكردوە، ئەوە نەبێت ماوەیەك ئەندامی لیژنەی هاریكاریی چەپە كوردستانییەكان بووم، كە ساڵی ١٩٩٣ پێك هات لە سێ حزب و رێكخراوێكی چەپی كوردستانی، پاش ماوەیەك بە بنبەست گەیشت. بەڵام خالد دلێر لە كوردایەتی و بڵاوكردنەوەی بیروباوەڕی چە‌پ و ئەدەب و هونەرێكی شۆڕشگێرانە درێغی نەكرد، بەڵكو لە جاران زیاتر لەم بوارەدا قوڵتر بۆمەوە.
لە بارەی ئەدەبەوە هە‌ر لە پۆلی چواری سەرەتاییەوە دەستم لە دانانی هۆنراوەدا هە‌بوو، تا نیسانی ١٩٤٥ یەكەمین شیعرم لە رۆژنامەی (هەولێر)دا بڵاوكراوەتەوە بەناوی (بەهاری ساڵی تازە) كە ئەوساكە تەمەنم هەژدە ساڵی تەواو نەكربوو.‌ تا ئێستا بیست كتێبم لە سیاسەت و فۆلكلۆر و هونەر و شیعر نوسیوە، لەبەر ئەوەی دەوروبەری ماڵەوەمان تاڕادەیە‌ك نزیك بە هونەری گۆرانی بوو بە گۆرانی ئاشنا بووم. باوك و مام و ئامۆزا و پورزایەكیشم كە تایەر تۆفیقە گۆرانیبێژ بوون، خالید دلێر لە مناڵییەوە ئارەزووی گۆرانی گوتنی لە مێشك و دەرووندا جێگیر بوو. هەتا ئێستا (٣٠) دانە سرود و گۆرانی بەشیعر و ئاوەزی خۆم داناوە. هەندێكیان لە ئیزگەكان و هەندێكیان بە دەنگی هونەرمەندەكان بڵاوكراونەتەوە. بەم جۆرە لە مندا سیاسەت و هونەر و وێژە یەكتریان تەواو كردوە و یەكتریان جێنەهێشتوە، لەلای ئەم پیاوە پێكەوە هەنگاویان ناوە و بەرەو پێشەوە چوون.
بە لای ئەم پیاوەوە هەڵوێستی سیاسی و نیشتمانپەروەری و پێشكەوتووخوازیانە لەگە‌ڵ هونەر و وێژە نابێت جیابكرێنەوە، بە پێویستی دەزانێ شاعیر و هونەرمە‌ند بەلای كەمیەوە نیشتمانپەروەر بن. ئەگەر ئەم خەسڵەتانە لە هونەرمەند و شاعیردا نەبێت ئەوا شاعیر و هونەرمەند نین.
لە مانگی مایسی ساڵی ١٩٥٤ دا یەكەمین كەس بوون داوای دامەزراندنی یەكێتی نوسەرانی كورد و كۆڕی زانیاری بۆ كورد كردوە، ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەكێتی نوسەرانی كورد بووم لە هەردوو دەورەكەیدا لە ١٩٦٨ و ١٩٩١.
ئەندامی دەستەی نوسەرانی رۆژنامەی (نور) بووم، ئەم رۆژنامەیە ئۆرگان و زمانحاڵی پارتی دیموكراتی كوردستان / باڵی مەكتەبی سیاسی بوو. ئێستا ئەندامی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان (KNK ) م. لە ئێستادا بە تاكوتەنیا لە هەندەران دەژیم لە ژێر باڵی كۆمەڵێ نەخۆشی گرانەوە، لە وڵاتی سویسرا لە شاری سەتگالن لە ١٩٩٨ەوە، خەمی دوورە وڵاتی پرزەی لێ بڕیوم.
پرسیار: مامۆستا یەكێك لە ئەندامانی خێزانەكەتان پاشناوی (بابان)ی بۆ خۆی داناوە، ئایا ئێوە دەچنەوە سەر بابانەكان؟
خالید دلێر: خێزانی ئێمە لە باپیرانی كەسوكاری باوكم و دایكم لە كۆیە ژیاون لە گەڕەكی بە‌فری قەندی ئێستاش خانوە‌كەیان ماوە، باپیرم باوكی دایكم هەروەك لە پێشدا گوتم ناوی ئەمین چاوشین بووە و هیچ نازناوی دیكەی نەبووە. هەتا لە باوكیشمەوە هەتا باوكی باوكم كەسیان نازناویان نەبووە، باوكیشم لە پێشدا نازناوی سۆڵدروی پیشەكەی خۆی هەبوو، دوایی بووبە كوێخای گەڕەك، نازناوی بووە واحیدی موختار، ئەمن لەبەر ئەوەی پیشەكە‌ی لام پیشەیەكی كرێكاری پیرۆزە و ڕەنجی شانی لەگەڵدایە، ئەو نازناوەم بۆ هەڵبژاردوە، ئیدی ئێمە هیچ نازناوی دیكەمان نەبووە، و هیچ پەیوەندییەكی خزمایەتیمان بە (بابانییەكان)ی نیشتمانپەروەرەوە نەبووە و نییە. من لەگە‌ڵ زۆر كەسی ناوداری خێڵی بابان پەیوەندی برایانە و دۆستانەم هەیە و شانازی پێوە دەكەم، وەك كاك تەها بابانی پارێزەر و ئەكتەر، دكتۆر فوئاد ئەحمەد بابان، كاك عەبدوڵا بابان سیاسەتمەداری خەڵكی سنە و هی تریش.
پرسیار: ئایا مامۆستا دلێر چۆن هونەر و سیاسەت و شیعری كۆكردۆتەوە؟
خالید دلێر: ئەمن بە منداڵی لە (قوتابخانەی سەرەتایی یەكەمی كۆیە)‌ لەگەل سرود راهاتم، مامۆستاكانمان سرودی نیشتمانیان فێردەكردین، ئیزگەی كۆماری مەهابادیش سرودی ئەی رەقیب و خوایە وەتەن ئاواكەی زۆر بڵاودەكردەوە، لەبەر ئە‌وەی لە رێكخراوێكی سیاسی سەر بە ڕێبازی كوردایەتیدا ئیشم دەكرد لە‌ ساڵی ١٩٤٦دا حەزم لەو سرودانە بوو، زوو فێریان دەبووم، لە تیپەكانی سرودی قوتابخانە دەستی باڵام هەبوو، لە ڕیزی پێشەوەی قوتابییەكان، مومارەسەی سرود و گۆرانی گوتن دەنگیان كردمەوە، دەنگم خۆش دەرچوو.
پرسیار: مامۆستا چەند سرودتان هەیە و یەكەم سرودتان كەی و لە كوێ چڕیوە؟
خالید دلێر: لەبەر ئەوە‌ی كاتی خۆی سرود نەمابوو فێری نەبم حەزم دەكرد سرود دابنێم، بەڵام سەرنەكەوتم تا ساڵی ١٩٥٦ لەو ساڵەدا یە‌كەم سرودم دانا، كە دەڵێ:
كە ئێمە كوڕی شاخ و كێو و كەژین وڵات فێری كردوین بە مەردی بژین
بەدەرسێ كە هەوڵ و خەباتە لە ژین قەڵای سەختی دوژمن دەخەینە هەژین
ئەم سرودەم ساڵی ١٩٥٦ دا لە كەركوك دانا، كە ماڵمان لە گەڕەكی ئیمام قاسم بوو، یەكەمجار سرودەكەم بۆ كاك عەبدولرەحمانە ڕووتە خوێندەوە، ئیتر مایەوە و بڵاونەكرایەوە تا شۆڕشی ١٩٥٨ لە عێراق بە سەرۆكایەتی عەبدولكە‌ریم قاسم ڕویدا، بە پێی گۆڕانی ئەو وەختە، هەندێك دەسكاریم لە شیعرەكەدا كرد، لەگەڵ سرودی سەربازانی ئازادی كە دوای شۆڕش داماننا، لە ئیزگەی بەغدا بەشی كوردی بڵاومكردەوە، ئێستا لەو ئیزگەیە‌ سڕاوەتەوە و نەماوە، لە هیچ جێگەی دیكەش تۆمار نەكراوە، بە هەمووی نزیكەی پانزە سرود و گۆرانی سیاسیم هەیە‌.
یەكێك لە برادەر‌ە نزیكەكانم ناوی لێناوم (باوكی سرودی كوردی) جا نازانم شایەنی ئەو نازناوەم یان نا، لە بارەی سرودەوە هەندێك قسەی دیم هەیە، ئەویش ئەوەیە كە من سرود و گۆرانییە سیاسییەكانم بە شیعر و ئاوازەوە بۆخۆم داناون، لەبەر ئەوە وا پێدەچێت، كە من چاكترین دانەری سرود و گۆرانی كوردی سیاسی كوردی بم، لێكۆڵینەوە‌م لەوبارەوە نە‌كردوە، دەزانم دانەری شیعری سرود زۆرن وەك بێكەس و بەختیار زێوەر بەڵام شیعر و ئاوازدانان بەیەكەوە لە لایەن یەككەسەوە زۆر كەمە. وابزانم كەس ناگاتە ئەو ژمارە‌یەی من دامناوە.
پرسیار: بیرەوریتان لەگەڵ دامەزراندنی یەكێتی نوسەرانی كورددا چییە، ئەی پێشتنیازتان بۆ داهاتووی ڕێكخراوەكە چییە؟
خالید دلێر: پێشەكی ئاماژەمدا، كە یەكەم كەس بووم داوای دامەزراندنی یەكێتی نوسەرانی كوردم كردوە و ئەندامی دەستەی دامەزرێنەریشی بووم لە هەردوو دەورەكەیدا، پێشنیازم ئەوەیە كە یەكێتی نوسەران بكرێ بە ڕێكخراوێكی پیشەیی، لەوەی كە نیشتمانپەروەر بێ و خزمەتی مەسەلەی كورد بكات زیاتر سەر بە هیچ حزبێك نەبێت، نوسەری هەموو لایەنەكان لە نێو یەكێتییەكەدا خزمەتی بیروبڕوای خۆیان بكەن، شاعیر و نوسەر لە نێو یەكێتییەكەدا سەربەستی تەواویان هەبێت، یەكێتی هەوڵدا ژیانی نوسەر و وێژەوانی كورد دابین بكات.
پرسیار: ئەم وشانە لای مامۆستا چی دەگەیەنێت؛ (كوردستان، ئازادی، غوربەت، هونەر، مرۆڤی رۆشنبیر، ئەنفال، كەركوك)؟
خالید دلێر: كوردستان؛ بێشكەی باووباپیر و دایكان و كەسوكار و برادەر و خۆشەویستەكانم، گۆڕەپانی زۆرانی سەخت و خەباتی چینەكانی كوردستانە لەلایەك بەرامبەر داگیركەران. باخچە‌ی گوڵ و گوڵزار و گیابۆنخۆشەكان. ئازادی؛ یەكەمین هۆی ژیانی مرۆڤی تێكۆشەر، غوربەت (ئاوارەیی)؛ هەڵكێشانی داری تەمەن لە جێگەی خۆی و هەوڵدانی چاندنەوەی لە ئاووهە‌وایەكی نامۆدا. هونەر؛ یە‌كێ لە خۆراكە پێویستیەكانی گیانی مرۆڤی هەستیار. مرۆڤی ڕۆشەنبیر؛ چرای رێگای ئازادی و دیموكراسییەت و بەختیاری مرۆڤ. ئەنفال؛ تاوانی هەرە گەورەی بەعس لە سەدەی بیستدا. كەركوك؛ ئەو دارخورمایەی كورد چاندویەتی و خزمەتی دەكا و هەتا ئێستاش د‌ەنكێكی لێ نەخواردوە.
پرسیار: مامۆستا خۆشترین و ناخۆشترین ڕۆژی ژیانتان؟
خالید دلێر: خۆشترین رۆژی ژیانم رۆژی رودانی شۆڕشی ١٤ی تەموزی ١٩٥٨ بوو، ئەو روداوە روینەدایە، هەر ئەو رۆژە لەسەر پاكانە ‌نەكردن لە شویعیەت لە شەریكەی نە‌وت دەردەكرام، ماڵۆكەمان لێ تێكدەچوو، منیش دەكرامە سەرباز، ئیتر نازانم چیم بەسەر دەهات. ناخۆشترین رۆژی ژیانم، بە درێژایی ژیانم هەر لە ناخۆشیدا ژیاوم، بەڵام ناخۆشترینیان رۆژی جاڕدانی ئاشبەتاڵ لە شەوی ١٩/٢٠ ی ئاداری ١٩٧٥ بوو.
پرسیار: وەك نوسەر و سیاسەتمەدارێك چ وتەیەكتان بۆ سەركردەكانی كورد هەیە؟
خالید دلێر: بەرژەوەندی پێشكەوتنی كوردایەتی و كۆمەڵایەتی بخەنە پێش بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان و بنەماڵەكەیانەوە، ئەمە‌یە ڕێگەی هەمیشە مان و نەمردن.
پرسیار: سەرەڕای ئە‌وەی مێرگی گوڵاڵە سورەی شەهیدانی كورد هەر سور بووە، كەچی كورد نەگەیشتوە بە ئاواتەكانی، بەڕای مامۆستا هۆی سەرەكی ئەمە چییە؟
خالید دلێر: هۆی سەرە‌كی كە میللەتەكەمان تا ئێستا بە ئاواتی خۆی نەگەیشتوە زۆرن، لەوانە، دەوڵەمەندی كوردستان و شوێنە ستراتیژییەكەی كە وایكردوە هێزەكانی سەردەمە جیاجیاكان چاویان تێبڕیوە و داگیریانكردوە، ئێستاش هەر ئەنجامی ئەو هۆیانە لە نێوان چوار پێنج داگیركەر دابەشكراوە، هەر ئەو هۆیە وایكردوە رژێمی دەرەبەگایەتی و هۆز و بنەماڵە و تیرەپەرستی لە كوردستان تا ئێستاش درێژەی كێشاوە، نەیانهێشتوە میللەتەكە یەكبگرێت، میللەتی كوردیان دوور لە شارستانی و ڕۆشنگەری سەردەم گرتوە، هۆشیاریی سیاسی نێوان ریزەكانی نەگەیشتۆتە رادەی پێویست، چینی كرێكار نەشونمای نەكردوە.
پرسیار: بەڕێزتان كە ئەندامی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان (ك ن ك)ن، بۆچی ئەم دەزگایە نەیتوانیوە سەرجەم پارتەكانی هەموو پارچەكانی كوردستان بگرێتە‌خۆ و وەك پێویست ئەركە نیشتمانی و نەتەوایەتییەكی باشتر جێبەجێ بكات؟
خالید دلێر: دابەشكراوی كوردستان وایكردوە كە حزبە كوردییەكان هەریەكە بە جۆرێ پەیوەندی تایبەتییان بەو داگیركەرانە‌و‌ە هەبێت، چ لە پەیوەندییە هەرێمایەتییەكان و چ لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، ئەمە كار دەكاتە سەر ئەو پەیوەندییانەوە بە كۆنگرەی نەتەوەیی، كە دەیەوێت بە راستی و بەواقعی نوێنەرایەتی هەموو میللەتی كورد بگرێتە خۆیەوە، لەم بوارەشدا هەندێ هەنگاوی ناوە و سەركەوتنی بەدەستهێناوە، كۆنگرە ئێستا گەورەترین كۆبونەوە‌ی سیاسیی كوردە، كە تا ئێستا لە مێژووی كورددا رویدا بێت.
پرسیار: هەر یە‌ك لە‌م شاعیرانە (نالی، حاجی قادری كۆیی، شێركۆ بێكەس، پەشێو، مەهاباد قەرەداغی، كەژاڵ ئەحمەد) لای مامۆستا چی دەگەیەنێت، چۆن پێناسەیان دەكەی؟
خالید دلێر: نالی، هێندە گەورەیە نازانم چۆن باسی بكەم، پیاوێكی وا گەورە بە رستەیەك و دوو رستە باسی ناكرێت، مامۆستای ئەدەبی كوردییە، عاشقترین شاعیر بووە. حاجی قادری كۆیی، یەكەمین شاعیری شۆڕشگێری كوردە، من لە حەفتاكاندا ئەمەم گوتوە و ئێساش هەر وا دە‌ڵێم. شێركۆ بێكەس، شاعیری وشەی جوان و وێنەی جوان. پەشێو، شاعیرێكە رەخنەی زۆرە، بەڵام ئەلتەرناتیڤێكی پێ نییە بەرامبەر رەخنەكانی بیداتە خەڵك. مەهاباد قەرەداخی؛ شاعیرێكی پێشكەوتوخوازە. كەژاڵ ئەحمەد؛ شاعیرێكی چاكە.

پرسیار: مامۆستا دوا ئاواتت چییە لە ژیاندا؟
خالید دلێر: كوردستانێكی ئازاد و سۆسیالیست، كە هەر كەس هەقی خۆی پێ بگات.
پرسیار: داهاتوی میللەتی كورد چۆن دەبینن، گەشبینن یان ڕەشبینن پێی؟
خالید دلێر: داهاتوی كورد ڕوناك دەبینم، بەرەو ئاسۆیە‌كی فراوان هەنگاو دەنێین، هۆشیاری نەتەوایەتی و شۆڕشگێڕی لەنێو ڕیزەكانی میللەتدا لە گەشەكردندایە، ڕیزەكانی كۆمەڵ خێراتر لە جاران بەرەو یەكگرتن دەڕۆن، ئەمانەن دەستەبەركەری پاشەڕۆژێكی ڕوناكتر بۆ میللەتی كورد.
پرسیار: لە ژیانی حزبی و سیاسییدا تا چ پلەوپۆستێك ڕۆیشتون؟
خالید دلێر: لە پارتی دیموكراتی كوردستاندا، مەبەستم باڵی مەكتەبی سیاسییە، بە پلەی ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی گەیشتم. لەم دواییەشدا (نەوەدەكان) ئەندامی لیژنەی هاریكاریی چەپە كوردستانییەكان بووم و وەك حزبێك قبوڵكرابووم، مافی من وەك مافی هەر حزب و رێكخراوێكی ئەندامی لیژنەی هاریكاریی چەپە ‌كوردستانییە‌كان وا بوو. ئێستاش ئەندامی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستانم.
پرسیار: مامۆستا وەك هونەرمەند و ئاوازدانەرێك ئەم هونەرمەندانە (شیڤان پەروەر، بەهجەت یەحیا، مەرزیە رەزازی، عەزیز شاروخی، محەمەد رەوف كەركوكی، شەهرەبان كوردی) بە كورتی چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
خالید دلێر: شڤان، هونەرمەندێكی بەتوانایە، بەڵام لە ‌سیاسەتدا توشی سەرلێشێوان بووە. بەهجەت یەحیا، هونەرمەندێكی تازەیە، زوو وڵاتی بەجێهێشت، ناسیاریشم لەگەڵیدا نییە، هەڵەیەكی لەبارەی منەوە لە چاوپێكەوتنێكدا بڵاوكردۆتەوە، وەكو بۆمیان گێڕایەوە، دیارە بۆخۆم چاوپێكەوتنەكەم نەدیوە، لە بارەی خەڵاتی كچمەوە گویا گوتویەتی” چاكترین دەنگی ئافرەتی كوردی هەیە، بەڵام مامۆستای نییە” لەبارەی هەڵنانی كچەكەمەوە هەڵنانەكە ڕاست بێت یان هەڵە، سوپاسی دەكەم، بەڵام لەبارەی ئەوەوە، كە مامۆستای نییە، ئەوە گلەییەكە ئاڕاستەی من كراوە، من بە گلەییلێكردن دڵگران نیم، كاك بەهجەت هەقی خۆیەتی چۆن تێدەگات یان باسم بكات و منیش مافی خۆمە، گەر بە هەڵە باسم بكەن، هە‌ڵەكانیان بۆ ڕاست بكەمەوە، بۆیە دەڵێم كچەكەم بە هۆی ئەوەی شوی كرد، مێردەكەی گۆرانی گوتنی لێ قەدەغە كرد، دەنا من حەزم دەكرد بەردەوام بێت، چۆنیش توانای هونەرییەكەیم بەدەرخست، ئەگەر وردە وردەش بوایە، دەمتوانی پێشی بخەم و مومارەسەش یارمەتی دەدات، بۆ پێش خستنی. مەرزیە ڕەزازی، هونەرمەندێكی ئازایە، لەگەرمەی بەندوباوی كۆنەپەرستیدا پەردەی گۆرانی وتنی دڕی، هاتە كۆڕی هونەری كوردییەوە، دەنگی خۆشە، گۆرانی دەربڕینەكانیشی جوانە داوای سەركەوتنی زیاتری بۆ دەكەم. عەزیز شاروخی، بولبولی كوردستانە، من ئەو بە حەزرەتی داود بانگ دە‌كەم، تایەربەگی جاف دەڵێت: ( حەڵقەیی زوڵفت لەگەڵ حەڵقەی زرێ نابێ بدەی/ لەحنی داودی چ دەخلێكی بە دەنگ و سەوتەوە) بەڵام هەندێك لەخۆباییبوونی تێدا بەدی دەكەم، هیوادارم بەسەریدا زاڵ ببێ و نەیهێڵێت، گرنگی زیاتریش بە ڕۆشەنبیری گشتی خۆی بدا. محەمەد ڕەوف كەركوكی، كوڕێكی باشە، لە دوكانەكەی چایەكم خواردۆتەوە، هونەرمە‌ندێكی باشە، دەركەوتنێكی باش بەدەركەوت، حەزم دەكرد ئاوازێكی خۆمی بدەمێ، بەڵام بارودۆخ ماوەی نەدام، هیوادارم سەركەوتنێكی باش سەركەوێ. شەهرەبان كوردی، بەلای منەوە ئێستا چاكترین گۆرانیبێژی ئافرەتی كوردە، بەدڵ و دەرون و دڵنیایی و توانایەكی تەواوەوە گۆرانی دەچڕێ، سرود و گۆرانییەكانی كۆڕی خەباتی نەتەوایەتی بەتایبەت لە باكور جۆش دەدەن.
پرسیار: زۆر بە كورتی بۆچی هاتنە دەرەوە كوردستان و وڵاتتان جێهێشت؟
خالید دلێر: زۆر هەوڵمدا وڵاتەكەم جێنەهێڵم بەڵام نەخۆشی و هەندێ هۆی تر ناچاریان كردم، كە بەداخ و خەفەتێكی زۆرەوە وڵاتەكەم جێبهێڵم.
پرسیار: چ ئامۆژگاری یان رێنوێنییەكتان هەیە بۆ خەباتگێڕان و تێكۆشەرانی كورد؟
خالید دلێر: با هەموومان وەكو كورد ڕەفتار بكەین، نەك وەكو ئەندامی ئەو حزب و ڕێكخراوانەی تێیاندا ئەندامین، وەك كورد داوای مافی كورد بكەین، هەر شتێ جیاوازی دەخاتە نێوانمانەوە بۆخۆمان هەڵیگرین، حزبایەتی بۆ حزبەكان بەكاربهێنین، لە سنوری كوردایەتیدا نەتەوەیی بین، بەدڵ و بەگیان و‌ەكو كورد بۆ كورد ئیش بكەین، بۆ یەكتر باوك و برا و كەس بین.
پرسیار: چ یادگارییەكتان لەگەڵ مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەددا هەیە؟
خالید دلێر: یادگارییەكانم لەگەڵ م. برایم كۆتاییان نایەت، لەشیعرەكانی، وتارەكانی، لەو كردەوانەی بەكردەوە لێم دیون، وزە و تینی خەباتكردنم وەرگرتوە، خۆم بە قەرزاری دەزانم.
پرسیار: ‌ڕوداوی ساڵی ١٩٧٥ی شۆڕشی كورد چی ناودەنێن، نوشست، نسكۆ یان ئاشبەتاڵ، وە بۆچی؟
خالید دلێر: لەبارەی كارەساتی ئاداری ١٩٧٥ دوو بۆچوونی لەیەكجیام هەی، یەكێكیان؛ بزوتنەوەی كوردایەتی چەند ساڵ بوو بە هۆی بوونی سەركردایەتی مەلا مستەفاوە توشی هەڵدێر و بنبەستی گەورە ببوو، هەتا مەلا مستەفا لەسەركردایەتی بزوتنەوەكە بمایە، ئەو هەڵدێر و بنبەستانە كۆتاییان نەدەهات، هەر قوربانیدان و خوێنڕشتن و ئارەق ڕشتنە تا كۆتایی بەردەوام دەبوو، لەبەر ئەوە رزگاربوونی بزوتنەوە لەسە‌ركردایەتی ئەو سە‌ركەوتنێكی گەورەی كوردایەتی بوو. بزوتنەوەی كوردایەتی بە هۆی سەركردایەتییەكە‌‌یەوە وەكو لاشەیەكی مردوی لێهاتبوو، نەهەڵد‌ەستایە سەرپێ و نەدەشنێژرا، كورد بەدیاریەوە دەستەوئەژنۆ دانیشتبوو، چاوەڕوانی ئەوە بوو بنێژرێت. بە ‌ڕزگاربوونی بزوتنەوەكە لە سەركردایەتیەكەی، جۆش و خرۆشێكی دیكەی تێگەڕا، میللەتی كورد لە ناخەوە هەژا، دۆست و دوژمنی زیاتر بۆ دەركە‌وت، ڕاپەڕینە پیرۆزەكانی ساڵی ١٩٩١ زادەی ئەو هەژان و ئەزمونە بوو.
دووەمیان؛ گەورەترین ئاشبەتاڵی مێژوویی بوو لە مێژووی كوردایەتی، ئاشبەتاڵ لە مێژووی كوردایەتی زۆربووە، لەوانە، بزوتنەوەی بارزان ساڵی ١٩٤٥ كە بە یارمەتی حزبی هیوا و مەلا بەڕێوەدەچوو، دوایی باشوریان بەجێ هێشت و چوون بۆ كۆماری مەهاباد، پاشان ئاشبەتاڵی هەڵوەشاندنەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، مەبەستم ئەو باڵەیە، كە بە باڵی مەكتەبی سیاسی ناسرابوو، دیارە ئەمە ئاشبەتاڵێكی ئەوەندە گەورە نەبوو خەڵك هەستی پێ بكات، بەڵام لە لایەنی سیاسییەوە كاریگەریەكی قوڵی خستە سەر كۆمە‌ڵگە و پاشەڕۆژی بزوتنەوەی كوردایەتی. بزوتنەوەی كوردایەتی كە دەبوو بە سەركردایەتی كۆمەڵ بەڕێوە ببرێت، مەلا مستەفای كردە تاكە سەرچاوەی بڕیار، لەبارەی مەسەلە چارەنوسسازەكانی میللەتی كوردەوە. ئەوەبوو بارزانی توانی رۆژی ١٩/٢٠ی مانگی سێی ١٩٧٥ ئەو ئاشبەتاڵە گەورەیە بە بزوتنەوەی كوردایەتی و شۆڕشی ئەیلول بكات، بە حزبەكەی خۆشیەوە، بەبێ ئەوەی تەنانەت هەر بۆ ڕواڵەتیش بێت كۆنفرانسێكی بچكۆلە ببەستێ و ئەو بڕیارەی ئاشبەتاڵەی بەسەردا بسەپێنێ. لەبیرمان نەچێت بڵێین ئاشبەتاڵی ١٩٧٥ گەورەترین ئاشبەتاڵ بوو لە مێژووی میللەتی كورددا، كە بوو بە هۆی وێرانبوونی كوردستان و لەناوچوونی سەدان هەزار كورد.
پرسیار: تیرۆر لای ئێوە مانای چی دەگەیەنێت، بە كێ دەكرێت بڵێین تیرۆریست؟
خالید دلێر: تیرۆر بەلایەنی منەوە، یانی كوشتنی كەسانێك، كە خاوەن مەسەلەی ڕەوان یان خەڵكی بێتاوانن، یان بێبەشكردنی میللەتێكی چەوساوە و زۆرلێكراو لە ‌بەكارهێنانی هۆیەكان و شێوازەكانی خەباتكردن بە ناهەق.
پرسیار: ئێستا دەبینین لە باشور دوو حكومەتی نایەكگرتومان هەیە، ئەگەر ئێستا هەردوو حكومەتەكەی باشور یەكبخرێن و بەرێزت بكەنە سەرۆكی هەرێم، ئایا یەكەم كارێك پێی هەڵدەستن چی دەبێت؟
خالید دلێر: هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، هەڵبژاردنێكی دیموكراتییانە‌، هەڵبەت دوای هەڵسان بە ئامارێكی خەڵكی هەرێمی كوردستان.
پرسیار: پاشەڕۆژی سۆسیالیزم چۆن دەبینن، ئایا پێتان وایە كۆمۆنیزم رابوونێكی نوێ بە خۆیەوە دەبینێ و جارێكی تر جەمسەرێكی دژ بە سەرمایەداری دروست دەبێتەوە، بەتایبەت پاش دەركەوتنی سەرەتای ڕۆچوونی ئیسلامی سیاسی؟
خالید دلێر: ئەمن پاشەڕۆژی سۆسیالیزم ڕوناك دەبینم، هەموو كردەوەیەك كە دادپەروەری تێدا بێت بەشێكە لە سۆسیالیزم، حزبە سۆسیالدیموكراتەكان پێشكەوتووخوازییەكەیان لە بەشە سۆسیالیستییەكەیاندایە، زۆر و كە‌می بوونی سۆسیالیزم لە ناویاندا رێژەی دادپەروەری كۆمەڵایەتی‌ تیایاندا دیاری دەكات. دادپەروەریی كۆمەڵایەتی خاسیەتێكی مرۆڤانەی ڕەسە‌نە، رۆژ بەرۆژ لە ناو ریزەكانی مرۆڤایەتی زیاتر جێگیر دەبێت، هەمووشیان بەرەو بنەمای (هەر كەس بە پێی پێویستی و هەر كەس بە پێی جۆری كاری) ئەڕوا، جا حەز بكەن یان نا، كە ئەمەش جەوهەری سۆشیالیزمی زانستییە.جۆری کاری) ئه‌ڕوا، جا حه‌ز بکه‌ن یان نا، که‌ ئه‌مه‌ش جه‌وهه‌ری سۆشیالیزمی زانستییه‌…

(دوا وێنه‌ له‌گه‌ڵ مامۆستا دلێر ٢٠٠٢)




چەند ترسناکە، پێکەنین.. ئەحمەد ڕەسوڵ

لەم زەمینە پان و بەرینەدا،
کە هەمووی لەسەر ڕەوشتپاکیی ئێوە طاپۆ کراوە،
تەنیا ماڵۆچکەیەکیان بۆ مابووەوە،
لەوێش دەرتان کردن.
چەند سەیرە،
زەمینە پان و بەرینەکەی ڕەوشتپاکیی ئێوە،
تەحەممولی ماڵۆچکەیەک، تەنانەت ئەگەر بۆ بەدڕەوشتییش بێت، نەکات!
لە مەملەکەتە ئاکار بەرزەکەی ئێوەدا،
تەنیا ئەو کوخەیان هەبوو تێیدا لاواز و شکاو بژین،
کوخەکەتان بەسەردا ڕووخاندن.
چەند سەیرە،
لە مەملەکەتی ئاکاربەرزیی ئێوەدا،
کوخێک تەنانەت ئەگەر بۆ بەدئاکارییش بێت، جێی نەبێتەوە!
ئەو شەوە،
ئاه ئەو شەوە،
کە سەرۆکەکەتان بە ئاپۆڕای چەکدارەکانییەوە،
بە هەموو ڕەوشتپاکیی و ئاکاربەرزیی خۆیانەوە،
هەڵیانکوتایە سەر کوخەکانی بەد ڕەوشتیی،
بۆ ئەوەی ئەوانە تێکبشکێنن کە خۆیان لە بنەڕەتدا تێکشکاو بوون،
من گریام،
ئەو شەوە زۆر گریام.
گریام بۆ ئەو کچانەی کە کەوتنە سەر شەقامەکانی ئاکاربەرزیی ئێوە،
بۆ ئەو ژنانەی ڕوخساری خۆیان دەشاردەوە لە کامێرا بەڕەوشتەکانی ئێوە.
ئەو شەوە من چاوم ماندوو و بینینم تەڵخ بوو بوو.
بەڵام ڕوون دەمبینین، ئەوان دایک و خوشکی من و تۆ بوون،
خودایە، ئەی خودای بە ڕەوشتەکان، چەند شکاو و غەمگین بوون.
دایک و خوشکەکانمان، تۆش تەنانەت تۆش خۆت بۆ نەدەگیرا و دەگریای، ئەگەر بتبینیبان.
من بە ڕوونی دەمبینین، ئەوان کچ و هاوسەری من و تۆ بوون،
خودایە، ئەی خودای ئاکار بەرزەکان، چەند تەنیا و بێکەس بوون،
کچ و هاوسەرەکانمان، تۆش تەنانەت تۆش خۆت بۆ نەدەگیرا و دەتدا لە پڕمەی گریان، ئەگەر بتبینیبان.
ئەوان مەعشوقەکانی من و تۆ بوون،
ئەوان هاوڕێکانی زانکۆی من و تۆ بوون.

ئەوان ئاوارە و دەربەدەر بوون،
ئەو شەوە لە هەموو ژیانیان ئاوارەتر و دەربەدەرتر.
ئەوان ترساو، بێداڵدە و بێپەناگا بوون،
ئەو شەوە لە هەموو ژیانیان ترساوتر، بێداڵدەتر و بێپەناگاتر.
ئەو شەوە،
ئاه ئەو شەوە،
تۆم بینی پێدەکەنیت،
تۆم بینی وەکو جیهادییەک وەها بوویت بۆ یەکەم جار بە دەم تەکبیرەوە پێدەکەنیت،
تۆم بینی سەلەفییەک بوویت، دەستت بە ڕیشتدا دەهێنا و بە غرورەوە پێدەکەنیت،
تۆم بینی بانگخوازێک بوویت، دکتۆرێک بوویت چەپڵەتلێدەدا و پێدەکەنیت،
تۆم بینی نووسەرێک بوویت،
لەوێنەیەکدا بەدەستێکت قەڵەم و دەستەکەی ترت وەکو مشتەکۆڵە بەرزکردبوونەوە و پێدەکەنیت.
تۆم بینی خوێندکاری زانکۆ بوویت،
دەرچوویەکی بێکار بوویت،
گەنجێک بوویت،
گیرفان گەرم، پۆشتە و پەرداخ، مێشک بەتاڵ،
یان شڕۆڵە و گیرفان سارد و بە بێئومێدیی و بێخەیاڵ،
پێدەکەنیت.
تۆم بینی مامۆستای زانکۆ و پڕۆفیسۆر بوویت،
تۆم بینی سیاسیی لە پلە یەکەوە تا پلە دە بوویت،
چالاکوان و میدیاکار بوویت،
پێدەکەنیت.
لە تیڤی و ڕادیۆوە هەر قاقای پێکەنین بوو،
لەسۆشیاڵ میدیاوە هەر وێنە، ڤیدیۆ و ئیمۆجیی پێکەنین بوو،
خودایە چ پەتایەک بوو ئەو شەوە بڵاوبووەوە!
پەتای پێکەنین!
ئێوە هەموو پێکڕا بە دەم پێکەنینەوە هاوارتان دەکرد:
بژی ڕەوشتپاکیی و ئاکاربەرزیی.
بمرێ بەدڕەوشتیی و ئاکارنزمیی.
ئێوە بە هەموو ڕەوشتپاکیی و ئاکاربەرزیی خۆتانەوە،
هیستیرییانە پێدەکەنین.
ئەو شەوە بۆم دەرکەوت،
چ ئاپۆڕایەکە پێکەنین،
چەند تەڵخ و کوێرە پێکەنین،
چەند ترسناکە پێکەنین!

ئەحمەد ڕەسوڵ




بیرەوەریيەکانی فەقێیەکی گومڕا..(41).. شەماڵ بارەوانی

بەشی چل و یەک

سێ قول هواللە و دوو فەقێ و فێڵێک..!

بەحوکمی ئەوەی هەم فەقێ و هەم ئیسلامی بووم کاتی خۆی، ئەوە لەقۆناغی ژیانی فەقێیاتیم و سەردەمی ئیسلامی بوونم دا، فەقێیەکمان لەگەڵدابوو، ئێستا لە یەکێک لە مزگەوتەکان لەهەولێری پایتەخت مەلایە، زۆر بە تووندی ئیسلامیبوونی گرتبوو و تابڵێیت ئیسلامیزمێکی دۆگمایی بوو. زۆرجار دەیگوت: لەپێناو ئەو ڕێبازی پیرۆزەی(ئیسلامی سیاسی) و کاری دەعوە و بانگخوازی، ئەنجامدانی هەموو شتێک دروست و ڕێگە پێدراوە. هەندێک جار بۆ شۆخی و گاڵتە کاتێک تووڕەمان دەکرد، دەیگوت: تەنانەت زینا(سێکسی ناشەرعی)یش درووستە.

واتا ماکیافیلی وتەنی(الغایة تبرر الوسیلة) و ئامانجەکان ئامڕازەکان ڕەوا دەکەن، جا هەر لەو سۆنگە میکیافێلیانەیەوە، ئیسلامیەکان زۆر شتیان ڕەواکردبوو. لەپێناو گەیشتن بە ئامانجەکەیان گەلێ شتیان دەکرد و زۆر شتیان لەسەرخۆیان قبوڵ دەکرد، بۆ نموونە دەیانگوت:ئێمە ئێستا لەقۆناغی دەعوە و بێ دەسەڵاتیداین، مەسیح وتەنی شاپێکیان لەلاى ڕوومەتی ڕاستێت دا، تۆ لای چەپیشیان بۆ ڕابگره. یان گەر کراسەکەی بەرتیان لێ دزی، تۆ دەرپێکەشتیان وێبدە.

تا دەگەین بە قۆناغی تەمکین و دەوڵەت داری و جێ بەجێکردنی ئەحکامەکانی شەریعەت و ڕۆنانی دەوڵەتی سیوکراتی، ئەوسا بە کاهی دڵی خۆمان دەتوانین دۆگم و ئایدیاکانی خۆمان، ئایدیۆلۆژیا و بیر و باوەڕ و ئەقیدەی خۆمان بسەپێنین و چی ویستمان بیکەین و بیڵێین و کەسێک کاتی خۆی و لە کاتی دوو ڕوویی و لاوازی و بێ دەوڵەتیماندا، شاپێکی تیاهەڵدابین، لە تۆڵە و جێگایدا دوو شاپی تیاهەڵدەدەینەوە.

بۆیە ناچارین ئێستا لەگەڵ بڕیارەکانی دیفاکتۆ دا خۆمان بگونجێنین و هەندەک شت بکەین و بڵێین و بچینە ژێر باری ئەمری واقیعەوە.

ئەو هێزه ئیسلامیەسیاسییەی من ئەندامیان بووم و لە ڕیزی حزبەکەیاندا کارم دەکرد، زۆر کاریان دەکرد و چەندین چاڵاکییان ئەنجام دەدا، لەحەقیقەتدا بڕوایان پێی نەبوو، وەلێ بۆ سەرنج ڕاکێشانی ئەویتر و خستنە ژێر کاریگەری خەڵکی بۆ ژێر ئایدیۆلۆژیاکەیان ئەنجامیان دەدا.

لە کارکردنیشدا زۆر زیرەک و فێڵباز و هەتابڵێیت تاکتیک باز و هونەرمەند و لێزان بوون، لە جوڵاندنی هەست و سۆزی خەڵکێک بۆ لای خۆیان و وەرچەرخاندنیان بە ئاڕاستەی ڕێباز و ئایدیۆلۆژیاکەی خۆیان.

جا فەقێیەکی هاوڕێم هەبوو، ئێمەش لەو دێیەی تێدا بووین، دەستمان کردبوو بە کاری دەعوە و بانگخوازی و گەمەی ڕاکێشانی سەرنجی خەڵک بەلای خۆمان و بە ئیسلامیزم کردنیان.

یان هەر هیچ نەبێت دەمانگوت بیانکەین بە هاوسۆز و لایەنگر، یان دژایەتیمان نەکەن. جا ئێمەش بە حوکمی ئیسلامی بوونمان و خوێندنی دەرس و وانە لای ئیسلامیەکان و مانەوە لەحوجرەی ئیسلامیەکان، زۆر لێزان و فێڵبازبووین. دوو قوتابیی قوتابخانەی ئیسلامیەکان بووین و لە تاکتیک و فریودان و، زۆر بە حەماسەتیشەوە دەعوەمان لۆ ئیسلامیەکان دەکرد. جا هەموو شێوازێکمان دەگرتە بەر، تەنها لەپێناو سەرنج ڕاکێشانی خەڵکی بەڵای خۆماندا و بتوانین هەست و سۆزیان بە ئاڕاستەی بیر و باوەڕە ئیسلامیە سیاسیەکەماندا بجووڵێنین. وەکوو سەردانی کردنی خەڵکی دێ، قسەی نەرم و لێوبەخەندەیی و ڕوو خۆشی، تێکەڵاوی گەنج و هەرزەکارەکان و ..تاد. ڕۆژەکی خەریکی پیاسەبووین و ژنەکمان دیت لەپێش دەرگای حەوشەی ماڵەوەیان دانیشتبوو،

یەکسەر من ئەو فەقێیە بە یەکتریمان گوت: چۆن بتوانین و چی بکەین تا مەیلی بۆ ئیسلامیەکان ڕابکێشین؟

ڕێککەوتین کە هەردووکمان بڵێین یەکە و ختمەکی قورئانمان لۆت کردیە و تۆ ئاگادار نیت!

دوای ئەوەی سڵاو چاک و چۆنیمان لەگەڵ ژنەکە کرد و پێمان گوت: پلکە ختممان لۆت کردیە. ژنەی بەستە زمان خەریک بوو لە خۆشیان باڵبگرێت و بفڕیت. تا خوا حەزکات کەیفی هات و یەک گونیە دووعای مراز حاسڵ بوون و خێری بۆکردین. لە ڕاستی دا بەرلەوەی بگەین بە ژنەکە و سڵاوی لێبکەین، یەکەو سێ قولهو وەڵامان خوێند.

لە ئیسلامدا ڕیوایەتێک لە چەند ڕێگەیەکەوە هاتووە و دەڵێت: خوێندنی سورەتی(الإخلاص)، سێ یەکی قورئانە٭ واتا: سێ قل هواللە بخوێنە، بارتەقای خوێندنی هەموو قورئانە و لۆت بە ختمەکێ حیسابە.

….

٭روى البخاري (6643) عَنْ أَبِي سَعِيدٍ أَنَّ رَجُلًا سَمِعَ رَجُلًا يَقْرَأُ قُلْ هُوَ اللَّهُ أَحَدٌ يُرَدِّدُهَا فَلَمَّا أَصْبَحَ جَاءَ إِلَى رَسُولِ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فَذَكَرَ ذَلِكَ لَهُ ، وَكَأَنَّ الرَّجُلَ يَتَقَالُّهَا [أي يراها قليلة] فَقَالَ رَسُولُ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ : (وَالَّذِي نَفْسِي بِيَدِهِ إِنَّهَا لَتَعْدِلُ ثُلُثَ الْقُرْآنِ) .

وروى مسلم (811) عَنْ أَبِي الدَّرْدَاءِ عَنْ النَّبِيِّ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ قَالَ : أَيَعْجِزُ أَحَدُكُمْ أَنْ يَقْرَأَ فِي لَيْلَةٍ ثُلُثَ الْقُرْآنِ ؟ قَالُوا : وَكَيْفَ يَقْرَأْ ثُلُثَ الْقُرْآنِ . قَالَ : قُلْ هُوَ اللَّهُ أَحَدٌ تَعْدِلُ ثُلُثَ الْقُرْآنِ .

وروى مسلم (812) عَنْ أَبِي هُرَيْرَةَ قَالَ : قَالَ رَسُولُ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ : احْشُدُوا فَإِنِّي سَأَقْرَأُ عَلَيْكُمْ ثُلُثَ الْقُرْآنِ فَحَشَدَ مَنْ حَشَدَ ، ثُمَّ خَرَجَ نَبِيُّ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فَقَرَأَ قُلْ هُوَ اللَّهُ أَحَدٌ ثُمَّ دَخَلَ ، فَقَالَ بَعْضُنَا لِبَعْضٍ : إِنِّي أُرَى هَذَا خَبَرٌ جَاءَهُ مِنْ السَّمَاءِ ، فَذَاكَ الَّذِي أَدْخَلَهُ ، ثُمَّ خَرَجَ نَبِيُّ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فَقَالَ : إِنِّي قُلْتُ لَكُمْ سَأَقْرَأُ عَلَيْكُمْ ثُلُثَ الْقُرْآنِ ، أَلَا إِنَّهَا تَعْدِلُ ثُلُثَ الْقُرْآنِ .