لە ناوی کارڵ پۆپەرەوە بەرەو فەلسەفەکەی.. کاروان عومەر کاکەسوور

پێشەکی:
لە بەرهەمەکانی پێشوومدا چەند جارێ ئاماژەم بە فەلسەفەی (کارڵ پۆپەر) کردووە. بۆ نموونە لەو گفتوگۆیەی (گۆران عەبدولڵا)ی بەڕێوەبەری (دەنگەکان) لەبارەی (کارڵ مارکس)ـەوە لەگەڵیدا کردووم، گوتوومە: {(کارڵ پۆپه‌ر) ئایدیۆلۆجیاکانی به‌ دوژمنی کۆمه‌ڵگەی کراوه‌ زانیون‌، به‌وه‌ی ئه‌وان هه‌ڵگری حه‌قیقه‌تی ڕه‌هان و ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌ ڕه‌هایه‌ش به ‌زۆر و له‌ ڕێگای زه‌بروزه‌نگه‌وه‌ به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگەکاندا ده‌سه‌پێنن، وه‌ک له‌ کتێبی (کۆمه‌ڵگەی کراوه‌ و دوژمنانی)دا ده‌یبینین. (پۆپه‌ر) ڕه‌خنه‌ی توند له‌ فه‌لسه‌فه‌ی مێژووگه‌رایی ده‌گرێت، که بە شێوە‌یه‌کی کۆنکریتی مه‌به‌ستی فه‌لسه‌فه‌ی (پلاتۆن)، (هیگڵ) و‌ (مارکس)ـه‌. واته‌ ئه‌و فه‌لسه‌فانه‌ی وا له‌ مێژوو ده‌ڕوانن، که‌ ڕه‌وتێکی ڕێک و ڕاسته‌ و له‌ژێر زه‌بری حه‌تمیه‌تدایە‌، به‌و مانایه‌ی هه‌ر ده‌بێت به‌پێی ئه‌و پێشبینییه‌ی ئه‌وان بچێته‌ پێشه‌وه‌. له‌ کتێبی (هه‌ژاریی مێژووگەرایی)دا ئه‌و پێشبینییانه‌ به‌ خورافه‌ ده‌زانێت و پێی وایه‌ ناکرێت نه‌ له‌سه‌ر ئاستی عەقڵ و نه‌ له‌سه‌ر ئاستی زانستدا پێشبینیی چۆنیه‌تیی ڕه‌وتی مێژوو بکرێت، به‌و پێیه‌ی مێژووی مرۆڤایه‌تی له‌ لایه‌ک پێوه‌ندیی به‌ خێراییی گه‌شه‌کردنی مه‌عریفه‌وه‌ هه‌یه‌ و له‌ لایه‌کی دیکه‌یش مه‌حاڵه‌ نه‌ له‌ ڕێگای زانست و نه‌ له‌ ڕێگای عەقڵه‌وه‌ پێشبینیی ئه‌وه‌ بکرێت، که‌ مه‌عریفه‌ی زانستیی مرۆڤ له‌ ئایینده‌دا چۆن گه‌شه‌ ده‌کات}. لە شوێنێکی دیکەی هەمان گفتوگۆدا ئاماژە بەوە دەکەم، کە {ئێمه‌ نه‌مانده‌توانی ڕه‌خنه‌ی ڕه‌خنه‌گرێکی وه‌کو (کارڵ پۆپه‌ر) به‌ هه‌ند هه‌ڵبگرین و ناومان لێ ده‌نا ڕه‌خنه‌گری بۆرجوازی}.

مەبەست لەو ڕۆژگارەی سەردەمی بەعسە، کە کۆمەڵێک لاوی یاخی بووین و فەلسەفەی (مارکس) کۆی دەکردینەوە. هەر بە ڕاستی خۆم لەو ڕۆژگارەدا (پۆپەر)م ناسی، کە دەمویست بزانم ئەو ڕەخنەگرەی (مارکس) چیی نووسیوە و چۆن تیۆرییەکانی داڕشتوون. لە گفتوگۆکاندا بەردەوام ناوی دەهات و هەوڵ دەدرا بەرپەرچی ڕەخنەکانی بدرێتەوە، بگرە دەمانگوت ئەو کۆمەڵگە کراوەیەی دەیهێنێتە بەر چاو، هەر ئەو یۆتۆپیایانەیە، کە (مارکس) خۆی ڕەخنەی توندی لێ گرتوون. بۆ نموونە ئەو شەوەم لە بیرە، کە لەگەڵ کۆمەڵێک فێرخوازی دیکەی چەپی زانکۆی مووسڵ لە ماڵی فێرخوازان (student houses)دا بە سەر برد و بەشداریم لەو گفتوگۆیەدا کرد، کە لەبارەی (مارکس)ـەوە کرا. وەک هەمیشە ناوی (پۆپەر)یش هات. یەکێ لەو هاوڕێیانە لە کاتی گفتوگۆکەدا تێبینییەکانی خۆی لەسەر کاغەزێکدا دەنووسینەوە، بەو مەبەستەی ئەو دەمەی نۆرەی دێت، لە بیری نەچنەوە و بە چاکی دەریانببڕێت. ئینجا چونکێ هەر لە قۆناغی سەرەتایییەوە بە عەرەبی خوێندبووی، بەو زمانە تۆماری دەکردن. ئەوەی تەنیشتی ملی ڕادەکێشێت و دەیانخوێنێتەوە. وا ڕێک دەکەوێت لە پێش ئەوەوە قسە بکات. دەڵێت: (کارڵ بووبووز ڕەخنەی زۆری لە مارکس گرتووە). واتە (پۆپەر)ی لێ دەبێتە (بووبووز). بۆمان دەرکەوت ئەو برادەرە یەکەمجارە ناوی (پۆپەر) دەبیستێت، ئەویش بە هەڵە.

لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا نووسەر و ڕەخنەگرە میلـلییەکان بەردەوام کۆمەڵێک چەمکیان فڕێ داون و ناوی زۆر فیلۆسۆفیان هێناون، بێ ئەوەی ئاگایییەکی ئەوتۆیان لە بارەیانەوە هەبێت، کە خۆم لە ڕێی پرسیارەوە ڕووبەڕووی هەندێکیان بوومەتەوە. نوێترین بەرهەمم، گوتارێکە لە ژێر ناونیشانی (ڕەخنەگری میلـلی و پەزپەزەی چەمکی خوێنەر)دا بڵاو کراوەتەوە.
لەم ڕۆژانەدا هاوڕێیەکم دەقی گوتوبێژێکی (ئارام کاکەی فەلاح)ی بۆ ناردووم، کە وەک ئەوەی پێی ڕاهاتووە بە زمانی میلـلی، ئەو زمانەی ڕۆژانە خەڵک لە ناوەندە کۆمەڵایەتییەکاندا پێی دەدوێن، چەند شتێکی لەبارەی نووسینەوە گوتووە. ناوی کۆمەڵێک نووسەر و فیلۆسۆفی هێناون، کە یەکێکیان (پۆپەر)ـە. لێیان پرسیوە چ کتێبێک بۆچوونی گۆڕیوە. ناوی ئەوی لە پاڵ سێ نووسەری دیکەدا هێناوە. لێرەدا پەرەگرافەکەی وەک خۆی دەنووسینەوە:
(کۆمەڵگای کراوە و دوژمنەکانی- کارڵ پۆپەر کە ساڵی 1945 نووسیوێتی لە دوو بەشی کتێبێکی گەورەدا کە ڕەخنەی گرنگ لە فیکری پڵاتۆن و هیگڵ و مارکس دەگرێ بۆ پێکهێنانی سیستمێک بۆ کۆمەڵگا و چۆن ئەم بیرە گەورانەش لە نووسینەکانیاندا کۆمەڵگای کراوەیان کردووەتە دەرەوە، زۆر شت لەو کتێبەوە فێر بووم).

بۆ کەسێک کەمێک ئاگای لە فیکری (پۆپەر) بێت، دەزانێت نووسەری ئەم وشانە شتێکی ئەوتۆی لەو بارەیەوە نەگوتووە. با بۆ ئەو پەرەگرافە بگەڕێینەوە، کە من لە سەرەتای ئەم نووسینەمدا لەو گفتوگۆیەی خۆمەوە وەرمگرت، کە دە ساڵ لەمەبەر لە (دەنگەکان)دا بڵاو کراوەتەوە و دواتریش لەگەڵ گفتوگۆی کۆمەڵێک نووسەری تر لە شێوەی کتێبدا چاپ کراوە. ئەمڕۆ لەوە ئاسانتر نییە هەر کەسێک ئەم چەند وشەیەی لەبارەی (پۆپەر) و چەمکی (کۆمەڵگەی کراوە)وە دەست بکەون: (ڕەخنەی گرنگ لە فیکری پڵاتۆن و هیگڵ و مارکس دەگرێ). چاکە، بەڵام دوای ئەوە چیی دیکە هەیە؟ ئایا ئەو پەرەگرافەی بە دروستی داڕشتووەتەوە؟ نووسیویەتی: (بۆ پێکهێنانی سیستمێک بۆ کۆمەڵگا و چۆن ئەم بیرە گەورانەش لە نووسینەکانیاندا کۆمەڵگای کراوەیان کردووەتە دەرەوە). (پێکهێنانی سیستمێک بۆ کۆمەڵگا)؟ (پۆپەر) ئەوەی کردووە؟ ئەوە زمانی نووسینە؟ (چۆن ئەم بیرە گەورانەش لە نووسینەکانیاندا کۆمەڵگای کراوەیان کردووەتە دەرەوە)؟ ئەوە دەربڕینی نووسەرێکە، ئاگای لە (پۆپەر) و ئەو فیلۆسۆفانەی تر بێت، کە لەم گوتوبێژەدا ناوی هێناون؟ گوتوویەتی: (زۆر شت لەو کتێبەوە فێر بووم). ئایا وایە؟
لەم نووسینەمدا تەوەرەیەک بۆ ناساندنی فەلسەفەی (پۆپەر) تەرخان دەکەم و دواتر بۆ ئەم پەرەگرافە دەگەڕێمەوە، بەڵام ئێستا پێم خۆشە ئەوە بڵێمەوە، کە هەمیشە لە ڕووبەڕووبوونەی فیکری میلـلیدا دوو ڕێگە دەگرمە بەر. یەکەمیان، لە ئاستی بابەتەکەدا هەندێ پرسیار دەورووژێنم. وا پێویست دەکات پەنا بۆ ڕەگەزی پارۆدی ببەم. واتە گاڵتە بەو بیرۆکە ڕووکەشانە دەکەم، کە هەن. دیارە مەبەست لە نووسینی نووسەرە، نەوەک نووسەر خۆی، لە کاتێکدا هەر فیکرێک، ئینجا هیی سەرۆکی حیزبە، یان هیی سەرۆکی دەستگەیەکی کولتووری، هیی ڕۆماننووسی بەناوبانگە، یان هیی شاعیری ناسراو، بۆ ئەوەیە بکرێتە بابەتی نوکتە و پێکەنین. ئەوەی لە لای من نەکراوە و ناکرێت، گۆڕینی بوونی مرۆڤە بۆ بابەت، کە پێشتریش گوتوومە ئەوەی بوونی کەسێک دەکاتە بابەت، هاوکات بەوە ڕازییە بوونی خۆیشی بۆ بابەت بگۆڕێت. (ئەوەتە لێرەیشدا جەختم لێ کردەوە). دووەم، هەوڵ دەدەم ئەو چەمکانەی فڕێ دراون، کە زۆرینەی کات بۆ فریودانی خوێنەرە، دروستتر بۆ فریودانی جەماوەرە، هەڵبگرمەوە و لە ڕێی دایەلۆگەوە ڕەهەندەکانیان دەربخەم. مەبەست لە دایەلۆگ، بەسەرکردنەوەی ئەو کەناڵە فیکرییانەیە، کە لەو بارەیەوە دواون. دەمەوێت بڵێم چۆن ئەو چەمکانەی لە کاتێکدا کۆمەڵێک ڕەگیان لەناو فەلسەفەدا هەن و کۆمەڵێک بیرمەندیش پێوەیانەوە خەریک بوون، لە لای ڕەخنەگری میلـلی، یان نووسەری میلـلی دەچنە ئاستی میلـلی و بە زمانی ڕۆژانە وەسف دەکرێن.

لێرەدا بیرەوەرییەکی منداڵیم دەگێڕمەوە:

سەرەتای حەفتاکانە و تەمەنم شەش ساڵە. لەسەر شەقامی شەستمەتری بە پۆلێک یاریکەر دەگەم، کە بە شۆرت و فانێلاوە ڕا دەکەن. ژنێک دەبینم، لە ژنێکی دیکە دەپرسێت، کە لە بەردەرگەی خۆیاندا وەستاوە، ئاخۆ ئەوانە کێن و چی دەکەن. ئەو بەم شێوەیە وەڵام دەداتەوە: یاریکەرن (لاعیبن). ئەگەر دەیانبینی لە تەلەڤیزیۆنیشدا چۆن گۆڵ دەکەن!
ژنی یەکەم مستێک بە سینگیدا دەکێشێت و بە خەمبارییەوە دەڵێت: هەی کوێراییم دابێت! هەی بمرم! وای نەمێنم!
هەندێک نووسەر و ڕەخنەگری میلـلی بێ ئەوەی بزانن ئەو چەمکانە چین و چۆن کاریان پێ کراوە، وەسفیان دەکەن و دەیانەوێت وامان پێشان بدەن، کە خۆیان پێوە ماندوو کردوون و بۆ هەر یەکێکیان چەند کتێبێکیان خوێندوونەتەوە. ئایا ئێمە ئەگەر بۆ بەرهەمەکانی (ئارام کاکەی فەلاح) بگەڕێینەوە، هەم ئەوەی لە بواری ئەدەبی گێڕانەوەدا نووسیونی، هەم گوتوبێژ و هەم گوتارەکانی، ئاماژەیەکی کاڵیش دەبینین، کە دەریبخات ئەو نووسەرە پێوەندیی بە خوێندنەوەی فەلسەفەوە هەیە؟ پاشکۆی کتێبی (گەڕانەوەیەکی کاتی بۆ دایەلۆگێکی بەردەوام)م بۆ بابەتێکی ئەو تەرخان کردووە و خوێنەر دەتوانێت بۆی بگەڕێتەوە. ئەو پرسیارانەم لە لا نەدەورووژان، ئەگەر پێشتر بەو زمانە ڕۆژانەیییەی نەنووسیبووایە.
وەک گوترا دواتر بۆ ئەو پەرەگرافە دەگەڕێینەوە.

  • * * *
    کارڵ پۆپەر فیلۆسۆفی عەقڵ

    ئەو فیلۆسۆفی عەقڵە، بگرە بە یەکێک لە فیلۆسۆفە دیارەکانی عەقڵ دادەنرێت لە سەدەی بیستەمدا، کە (92) ساڵی تێدا ژییا، بەڵام لەو بوارەیشدا ڕێگەیەکی تایبەت دەگرێتە بەر و فەلسەفەیەکی تایبەتیش دادەمەزرێنێت، بە ڕادەیەک لە هیچ کۆمەڵناسێکی دیکە ناچێت. (پۆپەر) نەک هەر مەبەستی نییە لە ڕێی توێژینەوەی زانستییەوە بە حەقیقەتی ڕەها بگات، بەڵکوو دەیەوێت ئەوەیش دەربخات، کە هەر عەقڵانیەتێکی زانستی بەرهەمی مێژوویەکی دیاریکراوە، بۆیە ناکرێت لە سەردەمێکی دیکەدا پەنای بۆ ببرێت، بەوەی زانین لە پەرەسەندنی بەردەوام و خێرادایە، کە ئەو گۆڕانکارییانە وامان لێ دەکەن گومان بە پێشڕۆی خۆمان بزانین و هەمیشە تیۆرییەکان بخەینە بەردەم تاقیکردنەوەی سەختەوە، ئاخۆ دەردەچن، یان دەکەون؟ ئەوە هەر تاقیکردنەوەکانن پەرە بە تیۆرییەکان دەدەن و دەیانخەنە ئاستی بەرزترەوە، بێ ئەوەی بهێڵن بگەنە خاڵی کۆتایی، تا خۆیان بە حەقیقەتی ڕەها دابنێن. بەم شێوەیە تیۆرییەکان کاتێ دەتوانن درێژە بە خۆیان بدەن، کە لە تاقیکردنەوە بەردەوامەکان دەردەچن، دەنا لە کەڵک دەکەون و بە هیچ پاساوێک ناتوانرێت ژیانیان بە بەردا بکرێتەوە. ئەم پرۆسێسە ناوی پووچەڵکردنەوە، یان ڕەتکردنەوە، یان بەدرۆخستنەوە (Falsifiability)ـەیە، کە ڕاستییەکەی مەبەست لە بوونی توانای بەدرۆخستنەوەیە و پێوەرە بۆ ئەوەی چی زانستی و چی نازانستییە. دواتر بەشێکی تایبەتی بۆ تەرخان دەکەین.
    دەکرێت بگوترێت (پۆپەر) مێتۆدێکی ڕەخنەییی تایبەت بە خۆی لە فەلسەفەی زانستدا دەگرێتە بەر، کە لەسەر پرینسیپی عەقڵانیەت دامەزراوە و لەوەدا بەرجەستەیە، ئایا چی ڕووی لە کرانەوەیییە و چی داخراوی بەرهەم دێنێت؟ بە مانایەکی دی، زانین (مەعریفە)ی زانستی لەو زانینە جودا دەکاتەوە، کە نەیتوانیوە بەو تاقیکردنەوانەدا تێبپەڕێت، تا زانستێتیی خۆی دەربخات.
    پرسیاری (پۆپەر) ئەوە نییە، ئاخۆ زانین سەرچاوەکەی عەقڵە، یان هەستەکان، بەڵکوو ئەوەیە، ئایا دروستە، یان نادروست؟ زانستییە، یان نازانستی؟ لە ڕێی لۆجیکی دۆزینەوەی زانستی (The Logic of Scientific Discovery)یەوە دژی هەر لۆجیکێک دەوەستێتەوە، کە مەبەستیەتی بە شێوەی نازانستی پاساو بۆ ڕاستیی تیۆرییەکان بێنێتەوە. ئەو دەیەوێت بەو پێوەرە ڕاستگۆیانە بگات، کە بۆ عەقڵانیەت و زانست دەست دەدەن. ئینجا بەوەدا مێژووی مرۆڤایەتی بە شێوەیەکی سەیر دەکەوێتە ژێر کاریگەریی پەرەسەندنی زانینەوە، ئەوە سەختە چۆنیەتیی گەشەکردنی ئەو زانینە بیهێنینە بەر چاو، لە کاتێکدا سروشتی زانین وایە، لە دۆخێکەوە بۆ دۆخێکی قووڵتر گەشە دەکات، بێ ئەوەی بوەستێت، بۆیە هەر پێشبینییەکی ئاییندە لەم ڕووەوە کورت دەهێنێت و هیی ئەوە نییە پشتی پێ ببەسترێت. کاتێکیش ڕێگەکانی گەشەکردنی زانین نازانین، ئەوە حەتمیەتی مێژوویی (historical determinism) جۆرێکە لە خورافە، بگرە تێگەیشتنێکی تیۆلۆجییە و ئەویش بە هەمان شێوەی حەقیقەتی ڕەها دەداتە دواوە. ئەو ئەگەر بە گشتی دژی حەتمیەتە، ئەوە لە بەرانبەردا ناحەتمیەت (indeterminism) دەخاتە ڕوو، کە زانینی زانستییانە دەیخوازێت، بەوەی زانینی زانستی پێویستە خاوەنی خەسڵەتی نزیکەیی بێت، نەوەک ڕەهایی، بگرە لەوەیش دوورتر دەچێت و بەردەمی بە کراوەیی جێ دەهێڵێت، تا هیچ شتێک ڕێ لە گەشەکردنی نەگرێت. وەک لە کتێبی (هەژاریی مێژووگەرایی: The Poverty of Historicism)دا پێی لەسەر دادەگرێت، کە مێژوو دەستنیشان ناکرێت. واتە سنووری بۆ دانانرێت و ڕێ نادات پێشبینی بۆ ئاییندە بکەین. لە کتێبی (کۆمەڵگەی کراوە و دوژمانانی)دا ڕەخنەی توند لە چەمکی حەتمیەت (determinism) دەگرێت، کە لە فەلسەفەی (پلاتۆ)، (هیگڵ)، (مارکس) و هیی دیکەدا بە زەقی دەبینرێت و بە مێژووگەرایی (historicism)یەوە گرێ دراوە. واتە مێژوو بە هێڵی ڕێکدا دەڕوات و قۆناغەکان بەپێی ئەو پێشبینییە دەبڕێت، بۆی کراوە. (پۆپەر) پێی وایە ئەمە دژی خوێندنەوەی ڕەخنەیییانەیە و ئەوانە دەیانەوێت بە شێوەیەک مێژوو ببینن، تەنیا بە یەک شێواز دەچێتە پێشەوە. دواتر بۆ ئەم چەمکە دەگەڕێینەوە و قسەی زیاتری لێوە دەکەین، کە بەشێکی گرنگی فەلسەفەی (پۆپەر)ی لەسەر دامەزراوە.

    ئەو بەوەدا فیلۆسۆفی ئەنتیگەوهەرگەرا (anti-essentialism)یە، نەوەک گەوهەرگەرا (essentialism)، ئەوە چەمکەکان ناخاتە ناو چوارچێوەی دیاریکراوەوە، تا لە گەوهەریان بکۆڵێتەوە، بەڵکوو لە ڕووی ئەرک و ئامانجەوە لێیان دەڕوانێت. لە کتێبی (گریمانەکان و پووچەڵکردنەوەکان: گەشەی زانستی زانین: Conjectures and Refutations: The Growth of Scientific Knowledge)دا دەڵێت گەوهەرگەرا وا لە دنیای ئاسایی (ordinary world) دەڕوانێت، کە تەنیا ڕووخسارە و لە پشتیەوە دنیای ڕاستینە (real world) دەدۆزرێتەوە. ڕەگی گەوهەرگەرا بۆ (ئەرستۆ) دەگەڕێنێتەوە، کە پێی وایە ئەم ئاڕاستەیە بەرپرسیارە لەوەی زانستی کۆمەڵایەتی بە بەراورد لەگەڵ زانستی فیزیادا گەشەی نەکردووە. بەم شێوەیە چەمکە کۆمەڵایەتییەکانی وەک خێزان، کۆمەڵگە، نەتەوە، دەوڵەت و زۆری دیکە لە لای ئەو لەو شوێنەوە گرنگن، کە چ کارێک لە تاک دەکەن و بە چ ئەنجامێکی دەگەیەنن. واتە ئامانجی زانستی کۆمەڵایەتی توێژینەوەی دیاردەی کۆمەڵایەتییە.
    پۆپەر و کێشەی ئیندەکشن (The Problem of Induction)
    ئیندەکشن واتە سەرنجدانی توێژەر لە دیاردە و ڕووداو، بەو مەبەستەی لە ڕێیانەوە بە ئەنجامێک بگات. لەو ئەنجامەوە تیۆرییەک دادەمەزرێنێت و بە هۆیەوە هەوڵی توێژینەوەی ئەو شتانە دەدات، تا چارەسەریان بۆ بدۆزێتەوە. بە مانایەکی دی، لەو بەشە سەرنجدراوانەوە گشتێک پێک دەهێنێت. بەکورتی خوێندنەوەی گشت بە هۆی ئەو ئەنجامە تایبەتەی توێژەر لە ڕێی سەرنج و ئەزموون (observation and experiment)ـەوە بە دەستی هێناوە. وەک لە سەرەتای کتێبی (لۆجیکی دۆزینەوەی زانستی)دا دەڵێت بەو بەئەنجامگەیاندن (inference)ـە دەگوترێت ئیندەکتیڤ (inductive)، کاتێ لە باری کەسێتیی (singular statements)ـەوە گوازرایەوە، کە هەندێجار باری تایبەت (particular’ statements)یشی پێ دەگوترێت، وەک ئەوەی ئەنجامی سەرنج و ئەزموون لە ئاستی بابەتە گشتییەکاندا لە شێوەی گریمان (hypotheses) و تیۆری دەردەخات.

    دیدەکتیڤ (deductive) پێچەوانەی ئیندەکشن لە گشتەوە بۆ تایبەت ئاڕاستەیە، بەو مانایەی ئەو ئەنجامەی پێی دەگەین، لە پێوەرێکی لۆجیکییەوە هاتووە و کەمتر گشتییە لەو پێشەکییە گەورەیەی، کە لێیەوە دەرچووبووین. دیدەکتیڤ ناوەرۆکی ئاڕاستەی فەلسەفەی عەقڵ (rationalism) پێک دەهێنێت، لە کاتێکدا ئیندەکتیڤ هیی ئاڕاستەی فەلسەفەی ئەزموونگەریی (empiricism)ـە. (پۆپەر) ڕەخنەی توند لە دووەمیان دەگرێت و بە ڕێی تایبەتی خۆی دیدەکتیڤ پەسەند دەکات. ئەگەرچی سەرنج و ئەزموون بە تەواوی دوور ناخاتەوە، بەڵام بە سەرەکییان نازانێت، بەڵکوو بە شێوەیەک لێیان دەڕوانێت، کە یارمەتیدەرن لەوەی تیۆرییەکان تۆکمەتر بکەن. پێی وایە پرینسیپی ئیندەکشن (induction principle) نایەوێت یاسا گشتییەکان لە بەرچاو بگرێت، بەڵکوو دووریان دەخاتەوە. بەکورتی کێشەی ئیندەکشن، ئەوەیە، کە ئاییندە وەک ئێستا دەبینێت و وای دادەنێت هەمان ئەو بارودۆخەی لەم ئێستایەدا هەیە، لە ئاییندەیشدا دەمێنێت، لە کاتێکدا زانینی مرۆڤ لە گۆڕاندایە، کە مانای وایە بارودۆخ نەگۆڕ نییە. وەک لە کتێبی (لۆجیکی دۆزینەوەی زانستی)دا ئاماژە بە (نیوتن) و (ئاینیشتاین) دەکات، کە هەردووکیان لە بواری فیزیادا تیۆرییان داڕشتووە، بەڵام لە دوو بارودۆخی جیاوازدا. ئەوەی دووەمیان لە بواری کێشکردندا ئەوەی یەکەمیانی کردە گریمانەیەکی ڕووت. دەگوترا خۆر لە بیستوچوار سەعاتدا جارێک هەڵدێت و ئاوا دەبێت، کەچی دەرکەوت ئەو خۆرە لە زەریای بەستەڵەکی باکووردا لە نیوەی شەودا دەردەکەوێت. دەگوترا ئەنجامی تێکڕای بوونەوەران مردنە، کەچی دەرکەوت بەکتریا نامرێت، بەڵکوو لە شێوەی دابەشبووندا زۆر دەبێت.
    ڕاستییەکەی (داڤید هیۆم) پێشتر بە چڕی خۆی لە قەرەی ئیندەکشن داوە و لەم ڕووەوە دوو کێشەی دیاری کردوون: یەکەم، کێشەی لۆجیکی و دووەم، کێشەی سایکۆلۆجی. یەکەمیان لەوەدا خۆی دەبینێتەوە، کە پێی وایە هەمان ئەو ڕووداوانەی ئەمڕۆ دووبارە دەبنەوە و ئێمە سەرنجیان دەدەینێ، لە ئاییندەیشدا ئەو سیستەمی دووبارەبوونەوەیەی خۆیان دەپارێزن، لە کاتێکدا ئەمە تەنیا باوەڕی ئێمەیە و لەسەر بنەمای خوو (habits)، یان ڕاهاتن (customs) دامەزراوە. واتە پەنابردن بۆ پرینسیپی یەکێتیی سروشت (principle of Uniformity of Nature)، بەو مانایەی یاسا و میکانیزمەکانی سروشت ئێستا چۆنن، لە ڕابردوودا هەر وا بوون و لە ئاییندەیشدا هەر وا دەمێنێنەوە، هەڵەیەکی لۆجیکییە و بە بەڵگەی بازنەیی (circular argument) ناسراوە. مەبەست ئەوەیە بۆ ئەوەی ڕاستێتیی شتێک بسەلمێنێت، لە ناو خۆیدا بەڵگەی بۆ دەهێنێتەوە. بۆ نموونە ئەم دەرمانە باشە، چونکە لەسەر پاکەتەکەیدا وا نووسراوە. کێشەی دووەمیان، کە سایکۆلۆجییە، (هیۆم) بۆ پرینسیپی پێوەندگەرایی (principles of association)ی دەگەڕێنێتەوە. وا ڕاهاتووین شتەکان پێکەوە دەبەستینەوە. لەبەر ئەوە نا پرسینسپی هۆکار دەیخوازێت، بەڵکوو لەبەر ئەوەی پێی ڕاهاتووین. ناکرێت بەبێ دووکەڵ، بیر لە ئاگر بکەینەوە، کە (هیوم) پێی وایە لێرەدا خەسڵەتی عەقڵ ونە. واتە دۆخی هۆکاری (causation) بریتییە لەو ڕاهاتنە هزرییەی، کە بەرهەمی پێکبەستنەوەیە، دەنا هیچ ڕاستییەکی ئۆنتۆلۆجیی لە پشتەوە نییە. بەم شێوەیە هەر مەعریفەیەک لەم هۆکارییەوە سەرچاوە بگرێت، دوورە لەوەی خاوەنی خەسڵەتی حەقیقەت بێت. ئەو فیلۆسۆفەی سەدەی هەژدەم ئەوە نییە بڵێت ئەزموون هەر بە هیچ شێوەیەک لە پێکهێنانی بیرۆکەکانماندا گرنگ نییە، بەڵام ئایا کاریگەرییە هەستییەکان (sense impressions)، کە ئەزموونی خۆمانیان لەسەر دادەمەزرێنین، تەنیا وێنەی هزریی ئەو شتانەن، دەیانبینین و حەقیقەت نانوێنن، یان هەر زانینی ڕاستی پێشان دەدەن؟ ئایا دەکرێت ئەو دۆخە ئەزموونکراوانە بەسەر ئەوانەیشدا بگشتێنین، کە هێشتا ئەزموون نەکراون؟ نەخێر، لە ڕووی لۆجیکییەوە ناکرێت، چونکە شتەکان زۆرینەی کات پێکەوە نەبەستراونەتەوە، مەگەر ئەوانەی لە ڕێی دووبارەکردنەوەوە پێیان ڕاهاتووین، بۆیە (هیۆم) لە ڕووی لۆجیکییەوە ئیندەکشن دەداتە دواوە و تەنیا لە ڕووی سایکۆلۆجییەوە دەیهێڵێتەوە، کە بە هۆشیاریی کەسێتیمانەوە بەندە. هەرچی (پۆپەر)ـە لە ڕووی ئەپستمۆلۆجییەوە، واتە لە ڕووی تیۆریی زانینەوە ڕەخنەی لێ دەگرێت، کە هاوکات ئەوەی (هیۆم)یش بە ناعەقڵانی (irrational) دادەنێت.

    (پۆپەر) لەم ڕووەوە سوود لە بۆچوونەکانی (هیۆم) دەبینێت و پەرەیان پێ دەدات، کە یەکەم فیلۆسۆفە گومانی لە پرینسیپی ئیندەکشن کردبێت، بەڵام ڕەخنەی توندیشی لێ دەگرێت، بەوەی لە ئاستی سایکۆلۆجیدا دەیهێڵێتەوە.
    دەکرێت بگوترێت لە لای (پۆپەر) مێتۆدی زانستی بە پلەی یەکەم پشت بە گریمان دەبەستێت، نەوەک بە سەرنج و ئەزموون، چونکە ئەوەی ڕێمان دەدات ڕاستی و چەوتیی شتەکان دەربخەین، گریمانەیە، بەوەی هەر تیۆرییەک کاتێ وەک زانست دەناسرێت، کە توانای هەبێت بخرێتە بەر تاقیکردنەوەوە، بێ ئەوەی خۆی لە دەست بدات. ساتێ دەگوترێت گریمانە، واتە ئێمە بۆ سەلماندنی ڕاستیی تیۆرییەک ڕێگەیەکی دیاریکراومان نییە، بەڵکوو لە دۆخی دۆزینەوەی ڕێی گونجاوداین، کە دەشێ زیاتر لە تیۆرییەک بدۆزینەوە، لە کاتێکدا ئەوانەی پشت بە ئیندەکشن دەبەستن، پێیان وایە تیۆریی زانستی، ئەوەیە، لە ڕووی ئەزموونەوە دەرکەوتووە، زانستییە، کە بە بڕوای (پۆپەر) ئەوانە دەرگە لە بەردەم کرانەوەی زانست دادەخەن و ڕێ نادەن قسەی دیکەی لێوە بکرێت. ئەزموون دەتوانێت لایەکی ئەو شتەمان پێشان بدات، بەڵام لاکانی دیکە دەشارێتەوە. واتە ئەگەر بێژمار بەڵگەمان دەست کەوت و سەلمێنرا لایەکی ئەم تیۆرییە دروستە، هێشتا لاکانی دیکە وەک خۆیان ماونەتەوە و نەسەلمێنراون. وەک لە سەرەتای کتێبی (لۆجیکی دۆزینەوەی زانستی)دا نموونە بە مەلی قوڵینگ (swan) دێنێتەوە، کە دەگوترێت هەموویان سپین، بەڵام کاتێک ڕەنگێکی دیکەمان دەست دەکەوێت، ئەوە تێکڕای ئەو بەڵگانەی بۆ ئەوە دەهێنرانەوە، گۆیە تەنیا قوڵینگی سپی هەیە، بەو دانەیە پووچ دەبێتەوە. بەکورتی هەزار قوڵینگی سپی ناتوانن بیسەلمێنن سەرجەم قوڵینگەکان سپین، بەڵام یەک قوڵینگی ڕەش دەتوانێت (یاسای گشت قوڵینگەکان سپین) بە درۆ بخاتەوە. پێی وایە لەم دۆخەدا پێویستە تیۆریست هەوڵ بدات تیۆرییەکەی بە لاوە بنێت (disprove) لە جیاتیی ئەوەی بیەوێت بەردەوام بیسەلـمێنێت. لەو ڕووەوە دەڵێت زانست یارمەتیمان دەدات وردەوردە (progressively) لە حەقیقەت نزیک ببینەوە، بەڵام هەرگیز ناتوانین دڵنیا ببین بە ڕاڤەی کۆتایی (final explanation) گەیشتووین.
    پۆپەر و پرینسیپی پووچەڵکردنەوە، یان بەدرۆخستنەوە (Falsifiability)

    لە سەرەوە کەموزۆر ڕوانینی (پۆپەر)مان لە مەڕ تیۆریی زانستییەوە دەرخست، بەڵام لەم بەشەدا هەوڵ دەدەین وردتر لەبارەی ئەو میکانیزمانەوە بدوێین، کە ئەو لە پێکهێنانی تیۆریدا لە بەرچاویان دەگرێت. کاتێ دەڵێین تیۆری، ئەوە هاوکات ئاماژە بە کێشەیەک، یان چەند کێشەیەک هەیە، بەوەی تیۆرییەکان لە پێناوی ڕووبەڕووبوونەوەی کێشەکان دادەمەزرێن، تا چارەسەری گونجاویان بۆ بدۆزنەوە. لە لای (پۆپەر) شتەکە سەیر و تایبەت دێتە بەر چاو. پێشتر گوترا ئاڕاستەی ئیندەکشن مەبەستیەتی لە ڕێی سەرنج و ئەزموونەوە ڕاستێتیی تیۆرییەک بسەلمێنێت، کە لەم ڕووەوە بەردەوام بەڵگەی بۆ دێنێتەوە. بە مانایەکی دی، ڕێیەکی پۆزەتیڤ دەگرێتە بەر و پشت بە پرینسیپی بەدروستزانین (verification) دەبەستێت، لە کاتێکدا (پۆپەر) نایەوێت ئەو بەڵگانە بدۆزێتەوە، کە تیۆرییەکە بە دروست دەزانن، بەڵکوو بە دوای ئەوانەدا دەگەڕێت، توانایان هەیە بە درۆی بخەنەوە. تا ئەودەمەی نەیدۆزیونەتەوە، ئەوە تیۆرییەکە زانستییە و بە دروست دادەنرێت. هەر تیۆرییەک ئەو پرینسیپە هەڵنەگرێت و نەتوانێت پێشبینیی ئەوە بکات ڕۆژگارێک بە درۆ دەخرێتەوە، مانای وایە نازانستییە. واتە بوونی ئەگەرەکانی بەدرۆخستنەوە (Potential falsifiers) تیۆریی زانستی لە هیی نازانستی جودا دەکەنەوە. وەک دەبینین بە شێوەی نەگەتیڤ مامەڵە دەکات، تا نەگاتە یەقین، بەڵکوو بەردەوام لەناو گریمانەدا بمێنێتەوە، چونکێ هیچ سەرچاوەیەک بە جێگەی بڕوای تەواو نازانێت، تا زانینی لێ وەربگرێت. وەک پێشتر گوترا ئەو سەرنج و ئەزموون بە تەواوی بە لاوە نانێت، بەڵکوو بەپێی پێویست و وەک ڕەگەزی یارمەتیدەر بۆ تۆکمەکردنی تیۆری پەنایان بۆ دەبات. واتە عەقڵ و ئەزموون پێکڕا بە سەرچاوەی زانین دەزانێت، بەڵام دەست لە گومان و ڕەخنە هەڵناگرێت. ئەوەی پرینسیپی بەدرۆخستنەوەی پەسەند کرد، زانستە و ئەوەی نەیکرد، مێتافیزیکە. دەکرێت بگوترێت بەدرۆخستنەوە، یان پووچەڵکردنەوە (Falsifiability) سنووری نێوان زانست و نازانست، یان زانست و مێتافیزیکا دیاری دەکات. وەک گوترا لە دژی پرینسیپی بەدروستزانین (verification) دەوەستێتەوە. ڕاستییەکەی بیرمەندانی ئاڕاستەی پۆزیتیڤیزمی لۆجیکی (Logical positivism)، کە دواتر ناویان بۆ ئەزموونگەراییی لۆجیکی (Logical empiricism) گۆڕا، لە بیستەکان و سییەکان لە نەمسا و ئەڵمانیادا چالاک بوون، پشتیان بەو پرینسیپە دەبەست. ئەوانی ئەندامی بازنەی ڤییەنا (Vienna Circle) وا لە زانینی زانستییان دەڕوانی، کە بریتییە لە کۆمەڵێک گشتاندنی ئەزمونییانە (empirical generalization). واتە چەند شێواز و سیستەمێکن، لە بارودۆخی جۆراوجۆردا دووبارە دەبنەوە و بە ڕێگەی ماتماتیکی، گرافیکی، یان سیمبۆلی وەسف دەکرێن. بە مانایەکی دی، یاساکانیان بەپێی لۆجیکی بەدروستزانین لە پوختەی پێکهاتە بەشییەکانەوە، کە بە پرۆسێسی کەڵەکەبووندا تێپەڕیون، وەردەگرن، بەو مانایەی ڕەزامەندی، یان جەختکردنەوە (confirmability)ی زۆریان بە دەست هێناون. لێرەدا پشت بە سەرنج (observation) دەبەستن، کە تێیدا هەستەکان ڕۆڵ دەبینن و بایەخیش بە پێوان (measurement) دەدەن. ئەوان بەوەدا توند پێ لەسەر مانای شت دادەگرن، ئەو ڕەزامەندی و جەختکردنەوەیە بە گرنگ دەزانن. دەیانگوت هیچ دەربڕینێک دروست نییە، ئەگەر بە پرۆسێسی بەدروستزانیندا تێنەپەڕێت، بەو مانایەی پێویستە بزانرێت، ئاخۆ دروستە، یان نا، کە هەر ئەوەیشیان بە پێوەری زانستی و نازانستی، لۆجیکی و نالۆجیکی دەزانی. واتە مانای ڕەهای شتیان دەخستە سەرووی هەر بابەتێکی دیکەوە. بۆ ئەو مەبەستەیش پەنایان بۆ ڕاڤەی زمانی زانست دەبرد، کە کاریگەریی کتێبی (نامەی لۆجیکی فەلسەفی: Tractatus Logico-Philosophicus)ی (لودڤیگ ڤیتگینیشتاین)یان بەسەرەوە بوو، لەوەی ئەو دەڵێت ئامانجی فەلسەفە بریتییە لە ڕوونکردنەوەی لۆجیکی بیرۆکەکان، بەو مانایەی فەلسەفە پراکتیکە، نەوەک تیۆری، کە ڕوونکردنەوەی لۆجیکی مانای بیرۆکەکان هاوکات ڕوونکردنەوەی بابەتە فەلسەفییەکانە. (پۆپەر) کتێبی (لۆجیکی دۆزینەوەی زانستی)ی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەوانە تەرخان کردووە و پێی وایە ئەرکی فەلسەفە نە ڕاڤەکردنی لوغزەکانی زمانە و نە ڕوونکردنەوەی دەربڕین و دەستەواژەکانیشیەتی، بەڵکوو ئەرکەکەی گەڕانە بە دوای تیۆرییە دروستەکان. ڕاستە (پۆپەر) ڕۆژگارێک بە شێوەیەک لە شێوەکان لەو ئاڕاستەیەوە نزیک بووە، بە تایبەتی خۆی بە هاوڕێی (هێربەرت فیگل)، (ڤیکتۆر کرافت)، (فریدرێک وەیزمان) و (کورت جیودل)ی ئەندامانی زانیوە، بەڵام بەوەدا ئەو ئاڕاستەیە وا لە زانست دەڕوانێت، ڕەهایە، ئەوە لەگەڵی ڕێک ناکەوێت، لە کاتێکدا ئەو پێی وایە زانست هەمیشە پێویستی بە گەشەکردن هەیە و ناگاتە خاڵی کۆتایی، بۆیە گریمانە و قەبڵاندن (guessing) خەسڵەتی زانستی ڕاستینەن. لە گوتاری زانست وەک بەدرۆخستنەوە (Science as Falsification)دا، کە پێشتر لە کۆرسێکدا پێشکەشی کردووە و لە (1963) لەگەڵ چەند گوتاری دیکە لە کتێبی (گریمانەکان و پووچەڵکردنەوەکان: گەشەی زانستی زانین)دا چاپ کراوە، دەڵێت لە پاییزی (1919)ـەوە ویستوویەتی ڕووبەڕووی ئەو گرفتە ببێتەوە: (کەی دەکرێت تیۆرییەک وەک زانستی پۆلێن بکرێت؟: When should a theory be ranked as scientific?)، یان (ئایا پێوەرێک بۆ خەسڵەتی زانستییانە و پایەی تیۆرییەک هەیە؟: “Is there a criterion for the scientific character or status of a theory?). دەڵێت ئەوەی ئەوسا تووشی نیگەرانیی کردووە، ئەوە نەبووە، ئاخۆ (کەی تیۆرییەک دروستە؟)، یان (کەی تیۆرییەک پەسەندکراوە؟)، بەڵکوو ئەو پرسیارانەی سەرەوەن، کە لەوێوە ڕەخنەی لە ئیندەکشن گرتووە و هەوڵی داوە تیۆریی زانستی لە هیی نازانستی جودا بکاتەوە. لە کتێبی (ئەفسانەی چوارچێوە: The Myth of the Framework)دا، کە دوا بەرهەمیەتی و تێیدا باس لەو تاوانانە دەکات، بە هۆی بوونی باوەڕی ڕەهاوە ڕووبەڕووی داهێنەرانی زانست بوونەتەوە و هاوکات پێ لەسەر بایەخی زانست دادەگرێت، کە چۆن لە ڕێی ڕەخنەوە بەرپەرچی هەموو جۆرە ئەفسانەیەکی داوەتەوە. لەوێدا دەڵێت: (ئێمە ئەگەر تیۆرییەکەمان تاقی کردەوە و دەرمانخست چەوتە، پێویستە دیاری بکەین چ بەشێک لەو بەشانەی پێکیان هێناوە، لە سەرنەکەوتنەکەیدا بەرپرسیارە). بەم پێیە ئێمە لە ڕێی بەدرۆخستنەوەوە زانینمان پێش دەخەین، کاتێ لە کێشە کۆنەکانەوە بەرەو کێشە نوێیەکان دەچین، بەو مانایەی لە هەڵەکانمانەوە فێر دەبین و ئەوەیشە هێزی بەردەوامیمان پێ دەبەخشێت).

    (پۆپەر) لە ڕێی ئەم چوار هێمایەوە بۆچوونی خۆی دەخاتە ڕوو: (P1 » TT » EE » P2.). (P) واتە کێشە (problem). (TT) کورتکراوەی تیۆریی کاتی (tentative theory)یە. (EE)ی بە مانای بنەبڕکردنی هەڵە (error-elimination) دێت، کە ڕاستییەکەی واتای هەوڵە بۆ نەهێشتنی هەڵە ( stands for ’attempted’ error-elimination)، بە تایبەتی لە ڕێی گفتوگۆی ڕەخنەیییەوە. مەبەست لە (P2) دانانی کێشەیەکی نوێیە، کە پێویستە چارەسەری نوێیشی بۆ بدۆزرێتەوە. بەکورتی مەبەست لەوەیە چۆن زانین گەشە دەکات و لە وەستان ناکەوێت. پێچەوانەی ئاڕاستەی ئەزموونگەراییی لۆجیکی، کە وای دەبینێت ڕەوتی زانست بریتییە لە کەڵەکەبوون، ئەو پێی وایە شۆڕشگێڕییە، بەو مانایەی پێشکەوتنی زانست تیۆرییەک دەخاتە شوێنی یەکێکی ترەوە و ئامانجیشی نزیکبوونەوەیە لە حەقیقەت. نزیکبوونەوە، نەوەک گەیشتن. واتە گەڕانی بەردەوام بە دوای ئەو تیۆرییانەی پتر لەگەڵ واقیعدا دەگونجێن و دەتوانن گۆڕانی تێدا بکەن. لێرەوەیە پێ لەسەر زانینی بابەتییانە (Objective knowledge) دادەگرێت، کە لەسەر بنەمای قەبڵاندن دادەمەزرێت و ڕێ دەدات بخرێتە بەردەم تاقیکردنەوەوە. زمان تێیدا خاڵی گەوهەرییە، بەوەی زانین تەنیا کاتێ لە بواری خودەوە بۆ بواری بابەتی دەگوازرێتەوە، کە لە شێوەی زمان دادەڕێژرێتەوە، بە مەرجێ تاقیکردنەوە و ڕەخنە لەو پرۆسێسەدا چالاک ببن. پێی وایە لەم ڕووەوە (کانت)ی فیلۆسۆف یەکەمجار پێی لەسەر بابەتێتی بابەتی زانستی داگرتووە، کە ئەوەیش پێوەندییەکی پتەوی بە دامەزراندنی تیۆرییەوە هەیە، لە ڕێی گریمان و بابەتی گشتی (universal statements)یەوە، لە کاتێکدا (پۆپەر) لە کتێبی (لۆجیکی دۆزینەوەی زانستی)دا دەڵێت خۆی بە شێوەیەکی جیاواز چەمکی بابەتی (objective) و تایبەتی (‘subjective)ی لە هیی (کانت) بە کار دەهێنێت. لە لای (کانت) وشەی (تایبەتی) ئاماژەیە بۆ ئەوەی، کە زانینی زانستی پێویستە پاساوی هەبێت (justifiable) و تەواو لە هەوەس (whim)ی کەس سەربەخۆ بێت. پاساو پێویستە بابەتی بێت، ئەگەر لەسەر ئاستی پرینسیپدا بگونجێت لەلایەن کەسەوە ئەزموون بکرێت و لێی تێبگەیشترێت. (کانت) دەنووسێت: (ئەگەر شتێک ڕاست بوو) لە لای هەر کەسێک بە گوێرەی ئەو بیرۆکەیەی هەیەتی، ئەوە بنەماکەی بابەتی و تەواوە. (پۆپەر) هەر لێرەدا دەڵێت بەڵام تیۆریی زانستی هەرگیز بە تەواوی قەبووڵی ناکات پاساوی بۆ بهێنرێتەوە و بەدروستزانین (verifiable)ی بۆ بکرێت، بەڵکوو تەنیا تاقیکردنەوە دەخوازێت.

    (پۆپەر) لەم ڕووەوە پشت بە تیۆریی هەوڵ و هەڵە (trial and error) دەبەستێت، کە پێشتر (ئێدوارد تۆرەندایک: Edward Lee Thorndike)ی دەروونناس لە بواری سایکۆلۆجیای پەروەردەیی (Educational psychology)دا پەنای بۆ بردووە. مەبەست ئەوەیە چۆن بوونەوەر لە ڕێی هەڵەکانیەوە فێر دەبێت چارەسەر بدۆزێتەوە. پرۆسێسێکە، دەکەوێتە پێش سەرنجەوە، بەوەی هەر کاتێ هەستمان کرد هەڵەیەک هەیە، هەوڵێکی تر دەدەین، تا هیی ڕاست دەدۆزینەوە. لێرەدا سوودی لە هەڵبژاردنی سروشتی (natural selection)ی (چارلز داروین)یش بینیوە، کە چەمکێکی بنەڕەتییە لە تیۆریی پەرەسەندندا و مەبەستی ئەوەیە سروشت پەنا بۆ کرداری هەڵبژاردن دەبات، تا لە ڕێی بۆماوەوە ئەوانە بهێڵێتەوە، کە لەگەڵ گۆڕانکارییەکاندا توانای خۆگونجانیان هەیە و هاوکات ئەوانەی لەم خەسڵەتە بێبەشن، بە لاوەیان دەنێت. لەمەوە بوونەوەر دۆخێک جێ دەهێڵێت و دەچێتە دۆخێکی باڵاترەوە. لە کتێبی (گەڕان بە دوای جیهانێکی باشتردا: In Search of a Better World)دا دەنووسێت: (بەپێی داروینیزم بوونەوەر لە ڕێی هەڵبژاردنی سروشتییەوە خۆی لەگەڵ ژینگەکەیدا دەگونجێنێت، کە ئەوەمان فێر دەکات ڕۆڵی بوونەوەر لەم پرۆسێسەدا نەگەتیڤە، بەڵام لێرەدا ئەوەی زۆر گرنگ دێتە بەر چاوم، ئەوەیە، کە بوونەوەر لە ژیانێکی باشتر دەگەڕێت. بەم شێوەیە داهێنان دەکات و ڕێکخستنێکی نوێ لە ژینگەدا دێنێتە دی). (پۆپەر) بە هەمان شێوە لە پرینسیپی هەوڵ و هەڵەدا ئەوە دەبینێت، کە تیۆرییە گونجاوەکان دەمێنێنەوە و گەشە دەکەن. پێی وایە لەمەدا هەم مرۆڤ و هەم ئاژەڵ هاوبەشن، بەوەی لە ئەمیبای یەکخانەوە بیگرە تا مرۆڤی بەرزترین ئۆرگانیزم پەنای بۆ دەبەن. ئەمیان بە شێوەی میکانیکی و ئەویان بە شێوەی هۆشیاری. بەوەدا مرۆڤ خاوەنی زمانە، ئەو زانینەی خۆی بابەتییانە و لە شێوەی بیردۆزە دادەڕێژێت. لەو گوتارەی ناوی ناوە (دایەلکتیک چییە؟)، پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت، کە لە ڕێی (هەوڵ و هەڵە)وە بیری مرۆڤایەتی گەشە دەکات، بۆیە هەر کاتێ ئەو دۆخە ونە، ئەوە تیۆرییەکان بە شێوەی دۆگمایانە پارێزگاری لە مانەوەی خۆیان دەکەن.

    (پۆپەر) لە بواری زانینی بابەتییانە (Objective knowledge)دا باسی سێ جیهان دێنێتە گۆڕێ و مەبەستیش لە ڕێگەی پەرەسەندن (evolutionary approach)ـە، بەو مانایەی زانینیش وێنەی بوونەوەر بە پرۆسێسی هەڵبژاردنی سروشتیدا تێدەپەڕێت، کە ڕاستییەکەیشی لە بەرهەمە درەنگەکانی ئەو فیلۆسۆفەیە. سێ جیهانەکە ئەمانەن:
    جیهانی یەکەم، جیهانی شتی ماددی (physical objects)یە، کە ئەوانەن، هەستیان پێ دەکرێت، چ زیندوو و چ بێگیان. جیهانی دووەم، ئەزموونی خودی (subjective experiences)یە، کە لایەنی هەست و نەست دەگرێتەوە. لە پاڵ هەست و سۆزدا، کرداری عەقڵییش سەر بەم دنیایەیە. دەکرێت بگوترێت لایەنی سایکۆلۆجیایە. جیهانی سێیەم، هیی فیکرە، بەو مانایەی بەرهەمی مرۆڤە و ڕەگەزی زمانی تێدا دەردەکەوێت. داهێنانی هونەری، ئەدەبی، فەلسەفی، زانستی، مۆڕاڵی و زۆری دیکە لەم دنیایەدا سەر هەڵدەدەن و گەشە دەکەن. جیهانی کولتوورە. ئەو سێ جیهانە نەک سنووری کۆنکریتبەندییان لە نێواندا نییە، بەڵکوو بەسەر یەکیشدا کراوەن و ئەمیان کار لەویان دەکات. جیهانی دووەم ئەڵقەی پێکبەستنەوەی جیهانی یەکەم و جیهانی سێیەمە، بەو مانایەی جیهانی خودە، کە لە ڕێی هەست و عەقڵەوە جیهانی یەکەمی ناسیوە و هەر خۆیشی جیهانی سێیەمی بە پێکهاتەی جیهانی یەکەم ئەفراندووە. لە جیهانی یەکەمدا مرۆڤ ڕووبەڕووی کێشەکان دەبێتەوە و بە سروشتی خۆی بە دوای چارەسەردا دەگەڕێت، کە لێرەوە بۆ جیهانی دووەم دەپەڕێتەوە، کە جیهانی ئەزموونی خودی (subjective experiences)یە. ئەو ئەزموونە بەردەوام گەورە دەبێت، مادام پاڵی پێوە دەنێت لە حەقیقەت نزیک ببێتەوە. هۆشیاریی زیاتر پەیدا دەکات و دەبێتە خاوەنی یادەوەریی تایبەتی خۆی. ئینجا جیهانی سێیەم دەردەکەوێت، کە تێیدا لە ڕێی زمانەوە تیۆری دادەڕێژێت و بە هۆیەوە ڕووبەڕووی جیهانی ماددی، واتە ڕووبەڕووی جیهانی یەکەم دەبێتەوە.
    (پۆپەر) تیۆریی زانستیی لە شێوەی هیی (ئاینیشتاین) لە هیی کۆمەڵایەتیی (مارکس) بە نموونە و هیی سایکۆلۆجیی (فرۆید) و (ئەدلەر) بە نموونە جودا دەکاتەوە، کە ئەوەی (ئاینیشتاین) دەخرێتە بەر تاقیکردنەوەوە، بەڵام هیی ئەوانەی دی نا. دەشێ ململانێی کۆمەڵگە لە چینایەتییەوە سەرچاوە نەگرێت، یان فڵان کێشە دەروونی نەبێت، بەڵام بەوەدا ناخرێنە بەردەمی ئەو تاقیکردنەوەیەوە، ئەوە سەختە بە لاوە بنرێن، بەوەی هەمیشە لایەنگرانیان پاساویان بۆ دێننەوە. دەروونشیکاری (psychoanalysis) لە لای (پۆپەر) زانست نییە، با لە ئاستی فرەواندا کاری پێ بکرێت و لایەنگرانیشی زۆر بن. تیۆریی (ئاینیشتاین) لەگەڵ ماددەدا مامەڵە دەکات، کە ڕووناکایییە، بۆیە ئاسانە بخرێتە بەردەم تاقیکردنەوەوە و ئەنجامەکەی ببینیت، یان ڕاستی و ناڕاستیی تیۆریی ڕێژەیی بسەلمێنرێت. کاتێ دەڵێت تیشک لار دەبێتەوە، ئەگەر بە تەنێکی قورسدا بڕوات، زانست سەلماندوویەتی، کە دروست بۆی چووە، لە کاتێکدا بابەتی فەلسەفەی کۆمەڵایەتی و هیی تیۆریی سایکۆلۆجی ماددە نییە، بەڵکوو مۆڕاڵە، کە ڕێگرن لەوەی تاقی بکرێنەوە. هەر ئەوە وا لە (پۆپەر) دەکات بە نازانستییان لە قەڵەم بدات. ئەوانە دەتوانن خۆیان لەگەڵ بارودۆخەکاندا بگونجێنن و درێژە بە ژیانیان بدەن. پێیان دەکرێت وەهم لە لای مرۆڤ دروست بکەن و هەر بەو وەهمەیشەوە لێیان بڕوانن. هەندێک لەو تیۆرییانە کاتێ لە تاقیکردنەوەدا کورت دەهێنن، هێشتا لایەنگرانیان بەرگرییان لێ دەکەن و هەوڵ دەدەن هەندێک گریمانەی یارمەتیدەریان بۆ دابنێن، یان بە شێوازی وا ڕاڤەیان بکەنەوە، کە بە لاوە نەنرێن. ئەوە بە فێڵی کۆنەخوازانە (conventionalist twist) ناو دەبات. ئەو سەرەڕای سەرسامیی بە تیۆریی (پەرەسەندن)ی (داروین)، کە دەڵێت تیۆرییەکی بەهێزە، بەڵام هێشتا پێی وایە چوارچێوەیەکی مێتافیزیکیی هەیە و ناکرێت بڕوا بێنین بە شێوەی زانستی پەرەسەندنی لێک داوەتەوە. لەگەڵ ئەوەیشدا بە پرینسیپی مانەوە بۆ گونجاوترینەکان (survival of the fittest) سەرسامە، بەوەی دەکرێت لێیەوە بڕوانینە تیۆرییەکان، تا بزانین کامیان زیاتر بەرگەی تاقیکردنەوەکان دەگرێت و پتر مانەوەی خۆی دەسەلمێنێت. ڕاستییەکەی (پۆپەر) بەو مەبەستەی زانست لە نازانست جودا بکاتەوە، هەمیشە دڵڕەقانە لە تیۆرییەکان دەڕوانێت.

    ئەگەر (پۆپەر) ڕەخنەی توند لە (پلاتۆ) دەگرێت و پێی وایە بیرۆکەکانی (سۆکرات)ی شێواندووە، بگرە ناپاکیی لە فێرکارییەکانی کردووە، ئەوە لایەنگرێتیی خۆی بۆ (سۆکرات) ناشارێتەوە، بە تایبەتی لەوەدا، کە ڕوانینێکی زانستییانەی بۆ زانین هەیە و پێی وایە هەموو زانینەکەی لەوەدا کۆ دەبێتەوە، دەزانێت نەزانە. واتە بەردەوام پێویستی بە گەڕان، لێکدانەوە و فێربوون هەیە. ئەوە هەر ئەوەیە (پۆپەر)یش پێی لەسەر دادەگرێت و لەو تێگەیشتنەوە دەیەوێت تیۆرییەکان هەمیشە تاقی بکرێنەوە و هەرگیز بە خاڵی کۆتایی نەگەن. ئایدیۆلۆجیاکان بانگەشەی ئەوە دەکەن کلیلی زانینی گەردوونیان دۆزیوەتەوە و چارەسەری هەموو گرفتەکانیان لە لایە، لە کاتێکدا ڕێ نادەن بخرێنە بەردەم تاقیکردنەوەوە. بەر لەوەی نەمسا جێ بهێڵێت و ڕوو لە نیوزلاند بکات و دواییش لە لەندەن بگیرسێتەوە، بە هۆی نەدارییەوە لە دارتاشخانەیەکدا کاری دەکرد. دەڵێت هێندەی لە (وەستا ئۆلبێرت)ـەوە فێری تیۆریی زانین بووە، لە هیچ یەکێ لە مامۆستاکانی تری فێر نەبووە، لە کاتێکدا ڕۆڵەی خانەوادەیەکی ڕۆشنبیری ئۆرستۆکراتی بووە، کە هەم دایکی و هەم باوکی بە کەسانی ئەکادیمی و هونەردۆست دادەنران. ئەو وەستایە وای کردووە هەست بکات شاگردی (سۆکرات)ـە. ئەوەی (سۆکرات) دەڵێت پێویستە مرۆڤی دەوڵەتدار، واتە ئەوەی لە سیاسەتدا کار دەکات، زانا بێت، وای لێک دەداتەوە، کە دەبێت ددان بەوەدا بنێت هیچ نازانێت. (پۆپەر) لە پێشەکیی کتێبی (ئەفسانەی چوارچێوە: The Myth of the Framework)دا دەنووسێت: (خۆمم بە پسپۆر دانەناوە، نە لە زانست و نە لە فەلسەفەیشدا، بەڵام بە درێژاییی تەمەنم هەوڵی ڕاستیم داوە شتێک لەم دنیایە بگەم، کە تێیدا دەژین. باوەڕم وایە زانینی زانستی و عەقڵانیەتی مرۆڤایەتی، کە هەمیشە ئەو زانینە بەرهەم دێنن، هەمیشە هیی ئەوەن بکەونە هەڵەوە). ئەو بەردەوام پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت زانین فریومان نەدات و بەردەوام چاومان لە ئاستی هەڵەدا کراوە بێت. هەر لەو کتێبەدا دەڵێت: (دەکرێت من هەڵە بم و دەشێ تۆ ڕاست بیت. بە هەوڵدان زیاتر لە حەقیقەت نزیک دەبینەوە). ئینجا ئاماژە بەوە دەدات، کە لە ساڵی (1945) ئەو دوو دێڕەی بە هێڵی لار لە کتێبی (کۆمەڵگەی کراوە و دوژمنانی)دا نووسیوە. ئەوە دەڵێت، بەڵام لە بیریەتی، کە نابێت هەرگیز بە حەقیقەت بگەین. ئینجا ئاماژە بەوە دەکات، کە ڕەخنەگرانی ئەو کتێبە هیچ کاتێ نەیانویستووە ئەو دوو دێڕە ببینن، بەڵکوو هەندێکیان گوتوویانە ئەو کتێبە خاڵییە لە ڕەوشت، یان لە تیۆریزەی ڕەوشت. هەندێکیشیان دەڵێن ئەو کتێبە دۆگماتیزمی هێناوە.
    لە کتێبی (گەڕان بە دوای جیهانێکی باشتردا)دا ڕەخنە لە چەمکی ڕێژەیی (Relativism)یش دەگرێت و پێی وایە ناپاکییە لە ئاستی حەقیقەت و مرۆڤایەتی (betrayal of reason and of humanity)دا، بگرە یەکێکە لەو تاوانانەی ڕۆشنبیران کردوویانن، کە مانای حەقیقەت و مانای یەقینیان تێکەڵ کردووە. هەر لە کتێبەدا خۆی وا دەناسێنێت، کە کەسێکی عەقڵانییە و باوەڕی بە عەقڵی مرۆڤایەتی هەیە. ئەگەر خۆی بە دوایین عەقڵانی دەزانێت، کە پاشماوەکەی مابێتەوە، ئەوە مەبەستی ئەوەیە بە ئاسانترین ڕێگەی زمان دەدوێت، وەک ئەوەی مامۆستای مەزن (بێرتراند راسێل) پێی دەدوا، چونکێ ئامانجی سادەییی زمان، ڕۆشنگەرییە، نەوەک پاوانخوازی. هەر لەو کتێبەدا
    لەگەڵ ئەوەیشدا زمانی (پۆپەر) ئەگەر سادەیە، وەک خۆی دەڵێت، مانای وا نییە ڕووکەشە، بەڵکوو بەوەدا بە مەبەستی ڕەخنەیەکی توند ڕۆ دەچێتە ناو بوارەکانی فەلسەفە، سایکۆلۆجیا، مێژوو، فیزیا، بایۆلۆجیا و ئەوانەی دیکەوە، ئەوە ئەم زمانە ئاستی زانراو جێ دەهێڵێت، بۆیە تێگەیشتنی بابەتەکانی، وردبوونەوەی قووڵ دەخوازێت. هەندێک لەگەڵ (گاستۆن باشولار)ی فیلۆسۆفی فرانسیدا بەراوردی دەکەن، بەوەی ئەویش فیلۆسۆفی عەقڵە، بەڵام من لە ڕێی خوێندنەوەی بەرهەمەکانیەوە (پۆول ڕیکۆر)م هاتووەتە بەر چاو، کە ئەویش بە شێوەیەکی چڕ مێژووی زانینی مرۆڤایەتی لە گریکەوە تا سەردەمەکەی بە سەر کردووەتەوە. دیارە ڕێگە و ئامانجی هەر یەکەیان لە هیی ئەوەی تریان جیاوازن.

    پۆپەر و ڕەخنە لە مێژووگەرایی

    لە بەشەکانی پێشوودا بە شێوەیەک لە شێوەکان بینیمان (پۆپەر) ددان بە ڕاستێتیی فەلسەفەی (پلاتۆ)، (هیگڵ) و (مارکس) دانانێت، بەوەی هەر یەکەی بە ڕێی خۆی پێی وایە ئەو یاسایانەی دۆزیونەتەوە، کە مێژوو دەبزووێنن و بەرەو ئەنجامی دیاریکراو (certain outcomes) ئاڕاستەی دەکەن. لە دیدی ئەودا یاساکانی مێژوو لە هیی سروشت (laws of nature) جیاوازن و ڕوانینێکی لەم شێوەیەی هیی ئەوان لەسەر بنەمای دۆگماتیزم دامەزراوە، کە هەموو شتێک ڕەها دەبینێت، بگرە ملکەچی حەتمیەتە مێتافیزیکییەکانیان دەکات. ئەوان باوەڕیان وایە، کە دەکرێت هاوشێوەی بواری سروشتی لە بواری کۆمەڵایەتیدا پێشبینی بکرێت و بە ڕوونی بێتە دی، لە کاتێکدا (پۆپەر) بە توندی لە دژی ئەو باوەڕەدا دەوەستێتەوە، بۆیە دەیەوێت جینیالۆجیا بۆ فیکری سیاسیی هەر یەک لەو فیلۆسۆفانە بکات، کە ئەوە پێوەستە بە ڕەخنەی توند، بە مەبەستی هەڵتەکاندنی پایەی تیۆرییەکانیان. لە سەرەتای کتێبی (هەژاریی مێژووگەرایی)دا دەنووسێت باوەڕهێنان بە چارەنووسی مێژوو، خورافەی ڕووت (sheer superstition)ـە، کە ناکرێت بە ڕێی زانستی و عەقڵی ڕەوتی مێژووی مرۆڤایەتی پێشبینی بکرێت. بۆ نموونە لە دیدی (مارکس)دا دەتوانیت پێشبینیی شۆڕشی سۆشالیستی بکەیت، وەک ئەوەی لە زانستی ئەسترۆنۆمیی نیوتنی (Newtonian Astronomy)دا پێشبینیی خۆرگیران و مانگیران دەکرێت. ئەو جۆرە بیرکردنەوەیە بە زانستی ساختە (pseudoscience) دادەنێت، کە تۆتالیتاریانیزم هان دەدات دەست بەسەر کۆمەڵگەدا بگرێت و تاکەکان بچەوسێنێتەوە. ئەو کتێبەی پێشکەش بە سەرجەم مرۆڤی جیهان کردووە، کە بوونەتە قوربانیی باوەڕی کۆمۆنیزم و فاشیزم. هەر لە پێشەکییەکەدا دەڵێت چەمکی ناباوی مێژوگەرایی (هیسترۆسیزم) خۆی دایهێناوە، تا بتوانێت لە ڕێیەوە ئەوەی پێ دەرببڕێت، کە مەبەستیەتی.
    لەو کتێبەدا (پلاتۆ) بە باوکی ئەو باوەڕە میلیتاریستییە مۆدێرنە دادەنێت، کە نازیزمی ئەڵمانیا، فاشیزمی ئیتاڵیا، میلیتاریزمی ژاپۆن، ستالینزمی سۆڤیەتی پێ دەناسرێتەوە. ئەو فیلۆسۆفەی گریک لە پێناوی پاراستن و هێشتنەوەی دەوڵەتدا قوربانی بە تاک دەدات، کە ئەو تێگەیشتنە ناوەرۆکی ئایدیۆلۆجیای تۆتالیتاریانیزم پێک دەهێنێت. لە کۆمارەکەیدا پاشا فیلۆسۆفەکان دەخاتە سەرەوە، کە بە هۆی سەربازی دەستەبژێر و بە یارمەتیی چینی فرەوانی کرێکاران دەپارێزرێن. ئەوانی هەمووشتزان لەو جیهانە ئایدیالەدا لە یاساکانی کۆمەڵگە دەزانن و هەر خۆیشیان پلانی سیاسەت دادەڕێژن. لێرەدا زانین بەرهەمی سروشت و کۆمەڵگە نییە، بەڵکوو بە بوونەوەری ئایدیالییەوە پێوەستە، کە لە دنیای ڕووت (ئەبستراکت)، واتە دنیای ئایدیالی ئەبەدیدا هەیە. بەپێی تیۆریی شێوەکان (theory of forms) شتەکانی دنیای مەتێریەل و هەستەکان لە گۆڕاندان، بەڵام لە دنیای ئایدیالدا وەک خۆیان پارێزراون، چونکێ ئەوەیان دنیای ڕاستینەیە و ئەوانەی دنیای هەستپێکراو وێنەی لاساییکەرەوەی ئەوانن. لەم دنیایەدا پێویستە تاک دەست لە ئازادیی خۆی هەڵبگرێت و ملکەچی سەرۆکەکانی ببێت، دەنا ئارەزووە نەگریسەکانی، کە بە کۆکردنەوەی سامان و دەستەڵاتەوە پێوەستن، ململانێیان لێ دەکەوێتەوە و دەبێتە هۆی نەمانی کۆمەڵگە. بەم شێوەیە (پلاتۆ) بەو ڕوانینە بەرزگەرایییە خوداوەندییەی دژایەتیی ڕوونی خۆی بۆ بیرکردنەوەی ئازادیی تاک ڕادەگەیەنێت و بە ڕەوای دەزانێت تاکەکان بخرێنە ژێر چاودێرییەوە، کە لە دیدی (پۆپەر)دا (پلاتۆ) نایەوێت ئەندامانی چینی ژێرەوە بگۆڕێن، بەڵکوو دەیەوێت هەر لەم دۆخەدا بمێنێنەوە، کە بەم شێوەیە مێژوو ملکەچی یاسای پۆڵاین دەکات، بە جۆرێک مرۆڤ لە سایەیدا زەلیل ببێت. پێی وایە شتەکان چەسپاو و ڕاستین، کە هیچ گومان هەڵناگرن. هەر لەو کتێبەدا، واتە لە (کۆمەڵگەی کراوە و دوژمنانی)دا پرسیاری (پێویستە کێ فەرمانڕەوایی بکات؟)ی (پلاتۆ) بۆ {چۆن دەتوانین دامودەستگەی سیاسی بە شێوەیەک ڕێک بخەین، کە ڕێ لە فەرمانڕەوا بەدەکان، یان فەرمانڕەوا دەستەپاچەکان (incompetent rulers) بگرین، زیانی زۆر بگەیەنن؟} دەگۆڕێت.

    (پۆپەر) کاتێ دەگاتە لای (هیگڵ)، ڕەخنەکانی توندتر دەبن، کە لە کتێبی (کۆمەڵگەی کراوە و دوژمنانی)دا پێی وایە نوێنەرایەتیی ئەڵقەی ونبوو (missing link)ی نێوان (پلاتۆ) و فۆرمی مۆدێرنی تۆتالیتاریانیزم دەکات. زۆرینەی تۆتالیتاریەنە نوێیەکان (modern totalitarians) نازانن بۆچوونیان بۆ (پلاتۆ) دەگەڕێتەوە، بەڵام گەلێکیشیان دەزانن قەرزداری (هیگڵ)ن. بەم شێوەیە (هیگڵ) بە باوکی ئەو باوەڕە نەتەوەیییەیە دادەنێت، کە دواتر تۆتالیتاریانیزمی لێ بەرهەم دێت. گوتەگەلی وەک (گەل تەنیا بەوە خودی خۆی دروست دەکات، کاتێ جەنگ لە دژی گەلێکی دیدا هەڵدەگیرسێنێت)، (بیری گەلان ئەوپەڕی دەربڕینی خۆی لە دەوڵەتدا دەبینێتەوە، کە لە سەرووی هەموو ڕەوشت و دادپەروەرییەکەوەیە)، (تاک تەنیا ئامێرێکە لە خزمەتکردنی دەوڵەتی نیشتمانیدا)، (نکووڵی ناکرێت جەنگ لە پەرەسەندنی مرۆڤدا گرنگە) و هیی دیکەی لەم شێوەیە ڕۆڵی بەرچاویان لە هەردوو جەنگی گێتیدا بینیوە. ئەوانە بە شێوەیەک (پۆپەر) تووڕە دەکەن، کە لە (هیگڵ)دا مەترسیی گەورە ببینێت.

    (هیگڵ) پێی وایە ڕووداوە مێژوویییەکان ئامانجیان لە پشتەوەیە، ئامانجی عەقڵانی (rational aim)، کە عەقڵی گشتگیر هەڵیاندەسووڕێنێت. عەقڵی گشتگیر خواوەندە و دەستەڵاتی تەواوی بەسەر ئەو ڕووداوانەدا هەیە، بۆیە چاکە و خراپە وەک یەک بەشداری لە بزوواندنی ڕەوتی مێژوودا دەکەن، لە کاتێکدا کارەکتەرەکانیش بە چاک و بە خراپیانەوە لەلایەن ئەو عەقڵە گشتگیرەوە ڕۆڵیان پێ دراوە. مێژوو بە شانۆی تراجیدی دەزانێت، نەوەک بە شانۆی بەختیاری، بەڵام هاوکات وای دەبینێت هەموو ئەو ڕووداوە تراجیدییانە بە ئاڕاستەی ئازادیدا دەجووڵێن. هەر لە سەرەتای کتێبی (فەلسەفەی مێژوو)دا ڕایدەگەیەنێت، کە مێژووی جیهان شتێک نییە، جگە لە پەرەسەندنی هۆشیاریی پێوەست بە ئازادییەوە. مێژوو بۆ ئەوە دەچێتە پێشەوە، تا بە ئازادیی زیاتر بگات. ئەو ڕووداوانە ئەگەرچی بۆ‌ ماوەیەک وەک فاکتەری نەگەتیڤ لە مێژوودا دەردەکەون، بەڵام دواجار ڕۆڵ لە جووڵاندنی ڕەوتی ئەو مێژووەدا دەبینن و هۆشیاری دێننە ئاراوە، بۆیە پێی وایە مێژوو بوونەوەرێکە و گیانی لە بەرە، کە ئەو گیانە لە لایەک ئازادییەکەیەتی و لە لایەکی دیکەیش تێگەیشتنی ئەوە بۆ ئەو ئازادییە. بەم شێوەیە ڕەوتی مێژوو بەرەو ئازادیی زیاترە، کە هەر ئەم ڕووداوە تراجیدییانەن ئەو ڕەوتە درێژە پێ دەدەن، بەڵام بەوە‌دا مێژوو گیانلەبەرە، تووشی وەستان، لادان، لێژی و هەورازی دێت، کە وەک گوترا لەوانەوە هۆشیاریی خۆی بە دەست دەهێنێت. دیارە ئەو تێگەیشتنەی (هیگڵ) دواتر بە گشتی دەکەوێتە بەر ڕەخنە، بەوەی سەروەریی (بیری مێژوو) بەسەر بیرکردنەوەی مرۆڤی هاوچەرخدا کۆمۆنیزم و فاشیزمی بەرهەم هێنا، یەکەمیان وەک لایەنی عەقڵ و دووەمیان وەک لایەنی ناعەقڵ، بەڵام ڕەخنەی (پۆپەر) لەوەدا چڕ دەبێتەوە، کە ئەو ڕۆڵی گەورەی لە بەرهەمهێنانی کۆمەڵگەی داخراودا بینیوە، بەوەی پێی وایە دەوڵەت هەموو شتێکە و تاک هیچ نییە. تاک هەم لە ڕووی ماددی و هەم لە ڕووی ڕۆحییەوە قەرزداری دەوڵەتە، بۆیە نابێت هیچ ڕەخنەیەک لەو خوداوەندە بگرێت، مادام ئەو ڕەخنەیە وەک ئەوە وایە ناتەواوێک لە تەواوێکی گرتبێت. ئەوە دەوڵەتە تاک و هەموو شتێکی دیکە لە خۆی دەگرێت، نەوەک تاک بێت دەوڵەت لە خۆی بگرێت. تاک بەو ملکەچییەی بەشداری لە بەدیهێنانی دادپەروەریدا دەکات، کە بە شێوەیەکی ڕەها لە دەوڵەتدا بەرجەستەیە. (پۆپەر) بەشی پانزدەی کتێبی (گریمانەکان و پووچەڵکردنەوەکان: گەشەی زانستی زانین)ی بۆ چەمکی دایەلەکتیک تەرخان کردووە و لە ژێر چوار ناونیشانی وەک (دایەلەکتیک چییە؟: What is Dialectic?)، (ڕوونکردنەوەی دایەلەکتیک: Dialectic Explained)، (دایەلەکتیکی هیگڵییانە: Hegelian Dialectic) و (دایەلەکتیک پاش هیگڵ: Dialectic After Hegel)دا تاوتوێی دەکات. لەوێدا هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی سێکوچکەی دایەلەکتیک (dialectic triad) دەدات و بە داخراوی دەزانێت، کە لەسەر بنەمای تێز (thesis)، دژەتێز (antithesis) و ئەنجام، یان (synthesis) دامەزراوە. سەرەتا بیرۆکەیەک، یان بیردۆزێک، یان جووڵەیەک هەیە، کە پێی دەگوترێت تێز و زۆرینەی کات دژەکەی بەرهەم دێنێت، چونکێ وەک نزیکەی هەموو شتەکانی دیکەی دنیا خاوەنی بەهای سنووردارە و خاڵی لاوازی هەیە، کە ئەوەیان بە دژەتێز ناسراوە، چونکێ دژی ئەو تێزەیە. ململانێی ئەو دووانە بە ئەنجامێک دەگات، بەو مانایەی ددان بە بەهای یەکتردا دەنێن و دەست لە سنووردارکردنی یەکتر هەڵدەگرن. بەم شێوەیە هەردووکیان لە ڕایەڵێکی دیکەدا یەک دەگرن، تا لەگەڵ دژەتێزێکی دیکەدا بکەونە ململانێیەوە. لەم ڕوانگەیەوە زانست و زانین بەپێی ئەو پرینسیپە گەشە دەکەن. لێرەوە ڕوانینی بۆ مێژوو لەوەدا بەرجەستە دەبێت، کە هەر قۆناغێکی نوێ لە ڕێی ئەو ململانێیەوە دێتە دی، کە بەرهەمی دژایەتی و ڕەتکردنەوەی قۆناغی پێشووە. مێژووی جیهان بریتییە لە دەرخستنی ئەوەی بە ڕۆح ناسراوە، کە لە ڕێی دایەلەکتیکەوە بەرهەم دێت. وەک گوترا (هیگڵ) پێی وایە مێژوو چارەنووسێکی حەتمی (predetermined)ی هەیە و تێکڕای مرۆڤایەتی هەر لە سەرەتاوە بەرەو ئەو چارەنووسە بە ڕێوەیە. لێرەدا دوو خاڵی بنەڕەتی هەن: یەکەم، ململانێیەک، کە زنجیرەیەک قۆناغ دەبڕێت. دووەم، هەر ڕووداوێک هۆکاری هەیە. واتە ئەو دوو خاڵە ناوەرۆکی حەتمیەتی مێژوو پێک دەهێنن. ڕەگەزەکانیشی دەوڵەت، جەنگ و پاڵەوانی مەزنن. ڕەوشتی بەرزی تاک لەوەدایە لە پێناوی سەروەریی دەوڵەتدا بجەنگێت و پاڵەوانبازێتیی نموونەییی خۆی پێشان بدات. لە بەشی (دایەلەکتیکی هیگڵییانە)دا دەڵێت فەلسەفەی (هیگڵ) تایبەتە بە شوناس، کە بە فەلسەفەی شوناسی عەقڵ و ڕاستینە (philosophy of the identity of reason and reality) ناسراوە، یان ئەگەر کورت بکرێتەوە، دەبێتە فەلسەفەی شوناس (philosophy of identity)، کە دەڵێت عەقڵ دنیایە (the mind is the world)، بەوەی مەعقووڵ ڕاستییە، چونکێ ڕاستینە و عەقڵ هاوڕێکن (the reasonable is the real; because reality and reason are identical). واتە فیکر بە حەقیقەتەوە پێوەست دەکات. هەر شتێ فیکر نەبێت، حەقیقەتیش نییە و ئەوەی فیکر دەرک بە قووڵایییەکەی ناکات، دەکەوێتە دەرەوەی بواری ئەپستمۆلۆجییەوە. بە مانایەکی دی، پێی وایە، ئەوەی فیکرییە واقیعییشە، ئەوەی واقیعییە فیکرییشە. بەم شێوەیە حەقیقەت خەسڵەتی کۆتایییانەی هەیە و ڕۆحیش، کە هاوواتای عەقڵە، سەرچاوەی هەموو حەقیقەتەکانە. ئەو ڕوانینەی (هیگڵ) لە چەمکی دەوڵەتدا ڕەنگ دەداتەوە، کە بەرژەوەندیی بەش بە لاوە دەنێت و بەرژوەندیی کۆ دەخاتە سەروی هەموو شتێکەوە. ئەوە وا دەکات (پۆپەر) بە تۆتالیتاریەنی بزانێت، بەوەی شوناسی تاکەکان لەناو ئەو گشتەدا دەشارێتەوە.

    (پۆپەر) لە کتێبی (کۆمەڵگەی کراوە و دوژمنانی)دا پشتگیریی خۆی بۆ (شۆپنهاوەر) دەردەخات، کاتێ گوتوویەتی (هیگڵ) (لە پیاوێكی فریودەر زیاتر، شتێکی دی نییە، کە توانیویەتی نەوەیەک بە تەواوی بشێوێنێت). خۆیشی بەوە تۆمەتباری دەکات، کە مرۆڤێکی بێباکە و لە پێناوی خزمەتکردنی (فریدرێکی سێیەم)دا، ویژدانی خۆیی فرۆشتووە. شۆڕشگێڕیش نییە، بەڵکوو چەوسێنەرە. دەسا ئەگەر ئەنجامی فەلسەفە وێرانکەرەکەی نەبووایە، هەر بە شایەنی ئەوەی نەدەزانی لێی بکۆڵێتەوە، کە ئەوە وای لێ دەکات بپرسێت چەند ئاسانە قەشمەرێک ببێە دروستکەری مێژوو (how easily a clown may be a ‘maker of history’).
    ئەمجارەیان ڕەخنەی (پۆپەر) ئاڕاستەی (مارکس) دەکرێت. فەلسەفەی ئەو لەوەدا بەرجەستەیە، کە سەرمایەداری قۆناغێکە و دەبێت وەک قۆناغەکانی پێش خۆی تێبپەڕێنرێت، چونکێ لە سایەیدا دۆخی کرێکار ڕۆژبەڕۆژ خراپتر دەبێت، بۆیە بەم شێوەیە ڕووخانی خۆی لە کۆڵ کردووە. واتە مێژوو بەپێی پرینسیپی حەتمیەت هەر بەو شتانە دەگات، کە زانینی مرۆڤ پێشبینییان دەکات، لە کاتێکدا (پۆپەر) پێی وایە ڕەوتی مێژوو بە شێوەی بەرچاو دەکەوێتە ژێر کاریگەریی زانینمانەوە. بەوەدا ناتوانین پێشبینیی ئەوە بکەین ئەو زانینەمان بە کوێ دەگات و چەند گەشە دەکات، ئەوە سەختە پێشبینیی مێژوویشمان بکەین. کۆمەڵگەی داخراویش بەرهەمی ئەم تێگەیشتنەیە، کە ڕاستییەکەی ئەو کۆمەڵگەیە لە بوونەوەرێکی ئۆرگانیکی بایۆلۆجی دەچێت و تا ڕادەیەکی زۆریش تیۆریی ئۆرگانی، یان تیۆریی بایۆلۆجیی دەوڵەت (organic theory of the state)ی لەسەر جێبەجێ دەبێت. بەم شێوەیە کۆمەڵگەی داخراو لە مێگەل، یان خێڵ دەچێت، بەوەی یەکەیەکی نیمچە ئۆرگانیکە و ئەندامانی بە شێوەی نیمچەبایۆلۆجی پێک بەستراونەتەوە. لە دیدی (پۆپەر)دا (مارکس) یەکێکە لە دوژمنەکانی کۆمەڵگەی کراوە، نەک تەنیا لەبەر ئەوەی باوەڕی بە حەتمیەتی مێژوو هەیە، بەڵکوو لەبەر ئەوەیش عەقڵی ژمارەیەکی زۆر مرۆڤی خستووەتە خزمەتی بیرۆکەی پێشبینیی ئاییندەوە، گۆیە ڕێگەیەکی زانستییانەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکان. لەبەر ئەوەیشە پەنا بۆ شۆڕش دەبات، لە کاتێکدا لای (پۆپەر) شۆڕش ئاشووب و گێرەشێوێنی دەهێنێت. (پۆپەر) خۆی باوەڕی بە گۆڕانی هێواش هەیە. پێی وایە (مارکس) لە لایەک یۆتۆپیا دادەمەزرێنێت، بەوەی مژدەی کۆمەڵگەیەک دەدات، تێیدا جیاوازیی چینایەتی نەماوە و مرۆڤەکان یەکسان دەژین، لە لایەکی دی دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا دەسەپێنێت، کە بینرا چ ستەمێکی گەورە لە ژێر ئەو ناوەدا لە مرۆڤ کرا. کەواتە تیۆرییەکی گشتگیرییانەی مێژووە. لە کتێبی (کۆمەڵگەی کراوە و دوژمنانی)دا دەگاتە ئەوەی بڵێت پێویست ناکات لێکدانەوەی (مارکس) بۆ مەتێریەلیزمی دایەلەکتیک بە هەند وەربگرین، بەڵکوو دەکرێت وا لێی بڕوانین پێشنیازێکی بەهادارە و لەوەدا یارمەتیمان دەدات، کاتێ لە شتەکان دەڕوانین، بزانین ئەوانە پاشخانی ئابوورییان هەیە. لەگەڵ ئەوەیشدا ئەو ڕەخنەیەی لە (مارکس)ی دەگرێت، بە بەراورد لەگەڵ ئەوەی (هیگڵ)دا، سووکترە، بەوەی ددانی پێدا دەنێت، (مارکس) لە پێناوی مرۆڤی چەوساوەدا کاری کردووە و ئەوەیش لە بەرچاو دەگرێت، کە ڕاڤەی ئەو بۆ کۆمەڵگەی سەدەی نۆزدەم، بایەخدارە، بگرە هەوڵی داوە پەنا بۆ مێتۆدی عەقڵانی ببات.

    ڕەخنەی توندی (پۆپەر) لە ئاڕاستەی مێژووگەرایی لە سنووری ئەو سێ فیلۆسۆفەدا ناوەستێت، بەڵکوو بۆ هەموو ئەو ئاڕاستانەیش دەپەڕێتەوە، کە ئەوان تێیدا کاریگەرن. لێرەوەیە (فێرگەی فرانکفۆرت)یش پڕیشکی ئەو ڕەخنەیەی بەر دەکەوێت، بەوەی هەر لە سەرەتاوە بە (هیگڵ) و (مارکس) سەرسامن. بۆ نموونە لە کۆنگرەی کۆمەڵناسانی ئەڵمان لە ساڵی (1961)دا بەشدار دەبێت و ڕووبەڕووی (تیۆدۆر ئادۆرنۆ)ی هیگڵی و مارکسی دەبێتەوە. لە کتێبی (ناکۆکی پۆزیڤیستەکان لە کۆمەڵناسیی ئەڵماندا: The Positivist Dispute in German Sociology)دا، کە لەم ناوانە: (تیۆدۆر ئادۆرنۆ، هانس ئەلبێرت، ڕالف داریندرۆف، یۆرگن هابرماس، هارالد پیلۆت و کارڵ ر. پۆپەر) پێک هاتووە و (گلین ئەدێی: Glyn Adey) و (داڤید فریسبی: David Frisby) بۆ ئینگلیزی وەریانگێڕاوە، (پۆپەر) باس لەو ڕووبەڕووبوونەوەیەی خۆی و ئەندامانی ئەو فێرگەیە دەکات. دەڵێت تێزی خۆی بە شێوەیەک داڕشتووە، کە سەخت بووە هیگڵی و مارکسییەکی وەک (ئادۆرنۆ) پەسەندی بکات. ڕاستییەکەیشی ڕەخنەی لە دایەلەکتیک گرتووە. کار بەوە گەیشتووە (ڕالف داریندرۆف)ی کۆمەڵناس نائومێدیی خۆی ڕابگەیەنێت، کە دوو تەوەرەی دژبەیەکی بواری کۆمەڵناسیی لەم کۆنگرەیەدا بانگهێشت کردووە و ئەم ململانێیە ئایدیۆلۆجییەی لێ کەوتووەتەوە. (پۆپەر) خۆی بەشی سێیەمی کتێبی (ئەفسانەی چوارچێوە)، کە ناوی ناوە (عەقڵ یان شۆڕش) بۆ ئەو باسە تەرخان دەکات. دەڵێت دەمەوێت مێژووی ئەو کتێبە و ناونیشانە فریودەرەکەی بگێڕمەوە. ساڵی (1960) بە مەبەستی گفتوگۆ لەبارەی (لۆجیکی زانستی کۆمەڵایەتی)یەوە بانگهێشت دەکرێت. پێی ڕادەگەیەنرێت (ئادۆرنۆ)ی پرۆفیسۆری فرانکفۆرتی لەبارەی باسەکەی ئەوەوە قسەی دەبێت. ئەوە بوو وەک پێشتر گوترا لە (1961)دا بەشدار دەبێت. دیارە پێویست نییە ئێمە لێرەدا هەموو ئەو شتانە بنووسینەوە، کە (پۆپەر) دەیانگێڕێتەوە، چونکێ باسێکی سەربەخۆی دەوێت، بەڵام گرنگە بگوترێت، کە ئەم دەڵێت هەوڵی داوە باسەکەی بە بەڵگەی تۆکمە بخاتە ڕوو، بە شێوەیەک ئەوێکی هیگڵی و مارکسی نەتوانێت پەسەندی بکات، لە کاتێکدا ئەم، واتە (پۆپەر) بەهایەکی گەورەی بۆ ئەندامانی فێرگەی فرانکفۆرت لە چەشنی (ئادۆرنۆ)، (هۆرکهایمەر)، (هابرماس) و ئەوانەی دی دانەناوە، بەڵکوو تەنیا ویستوویەتی لە بواری سیاسەتدا ئاوڕیان لێ بداتەوە. هەر لەوێدا (هابرماس) هێرش دەکاتە سەر (پۆپەر) و بە فیلۆسۆفێکی پۆزیتیڤیستی دادەنێت، کە لەگەڵ ئەوەدایە دۆخەکە بەم شێوەیە بمێنێتەوە، بە مەرجێ (پۆپەر) خۆی لە کتێبی (کۆمەڵگەی کراوە و دوژمنانی)دا ڕەخنەی توندی لە پۆزیتیڤیزم گرتووە و فەلسەفەی (هیگڵ)ی لە ژێردا ناونووس کردووە. وەک گوترا پێی وایە ناونیشانی کتێبەکە، (ناکۆکی پۆزیڤیستەکان لە کۆمەڵناسیی ئەڵماندا)، فریودەرانەیە.

    پۆپەر و کۆمەڵگەی کراوە و دوژمنانی

    هەموو ئەوانەی لەم بەشانەی سەرەوەدا گوتران، لەبارەی کۆمەڵگەی کراوە و کۆمەڵگەی داخراوەوەن. واتە بۆچوونی (پۆپەر) لەبارەی ئەو دوو چەمکەوە تەنیا بریتی نییە لەو کتێبەی ناوی ناوە (کۆمەڵگەی کراوە و دوژمنانی)، کە لە ساڵی (1945)دا چاپی کردووە، بەڵکوو سەرجەم بەرهەمەکانی، بە گفتوگۆکانیشیەوە تایبەتن بەو دوو چەمکە. مەبەستیەتی لە ڕێی ئەو کتێبەوە چارەسەر بۆ لیبرالیزم بدۆزێتەوە، کە ئەودەم بە هۆی سەرکەوتنی کۆمۆنیزم، نازیزم و فاشیزم کەوتبووە بەر هەڕەشە. ئەو کۆمەڵگەی کراوە وا دێنێتە بەر چاوی، کە ڕووبەرێکی ئازادە و تێیدا تاک ناکرێتە قوربانیی ئایدیۆلۆجیای تۆتالیتاریانیزم، بەڵکوو هەموو ئازادن و دەتوانن ڕەخنە لە هەر دامودەستگەیەکی دەوڵەت بگرن. ئەوان مافی پرسیار و ڕەخنەیان هەیە. ڕێیان دراوە هەر دەستەڵاتێک بدەنە دواوە، ئینجا ئەو دەستەڵاتە بە میرات ماوەتەوە، یان لە ڕێی پرۆسێسی سیاسییەوە هاتووە. بەوەدا پانتاییەکی فرەوانی بۆ ڕەخنە جێ هێشتووە، کۆمەڵگەیەکی دینامیکییە، بەو مانایەی لە ڕێی پرینسیپی هەوڵ و هەڵەوە گەشە دەکات. گۆڕانەکەی سروشتییە و بە شێوەی هێواش ڕوو دەدات. بە مانایەکی دی، گۆڕانکاریی ڕیشەیی دەداتە دواوە. شۆڕش و کودەتاکان لەم کۆمەڵگەیەدا شوێنیان نییە، بەوەی تەنیا ئاشووب و گێرەشێوێنی دەهێنن، وەک چۆن لە ئاستی ئاڕاستە ڕەگەزپەرستییەکانیشدا بەرگری دەکات. واتە باوەڕی بە ئەندازەی پارچەپارچەی کۆمەڵایەتی (Piecemeal social engineering) هەیە، بەو مانایەی ڕێفۆرمی دامودەستگەکانی کۆمەڵگە لە ڕێی پلانەوە بکرێت، زانست پشتیوانیی بکات و ڕەخنە تێیدا چالاک بببیت، پێچەوانەی ئەندازەی گشتگیرییانەی کۆمەڵایەتی (holistic social engineering)، کە دەیەوێت بە زۆر و خێرا دامودەستگە کۆمەڵایەتییەکان بگۆڕێت، کە پێی وایە ڕێیەکی یۆتۆپییانەیە و هەڵەی گەورەی لێ دەکەوێتەوە. لە کۆمەڵگەی کراوەدا هیچ پێشبینییەک لەسەر بنەمای تیۆرییە نازانستییەکان بۆ ئاییندە ناکرێت. لەو کتێبەدا بەرگری لە بنەماکانی دیمۆکراتیزم و لیبرالیزم کراوە، کە زەمینە بۆ گۆڕانکاریی هێواش خۆش دەکەن و ڕێگرن لە خوێنڕشتن. کۆمەڵگەی کراوە وەک کۆمەڵگەی داخراو نییە، تەنیا یەک بۆچوون تێیدا زاڵ ببێت، بەڵکوو گفتوگۆ لەبارەی هەموو کێشەکانەوە دەکرێت و هەوڵی چارەسەرکردنیان دەدرێت، کە ئەمە هەر خۆی توانای تاکەکان دەتەقێنێتەوە و داهێنانی لێ دەکەوێتەوە.

  • * * *
    لەم نووسینەدا مەبەستمان نەبووە ئەوە دەربخەین، ئاخۆ ئەو ڕەخنانەی (پۆپەر) ئاڕاستەی فیلۆسۆفانی دیکەی کردوون، دروستن، یان نادروست، لە کاتێکدا کەم نین، ئەوانەی ڕەخنەی توندیان لە فەلسەفەکەی گرتووە، بەڵام ئێمە لێرەدا بە لای ئەو باسەدا نەچووین، بەڵکوو مەبەستی سەرەکیمان ناساندنی فیکری ئەو بووە، تەنانەت نەمانویستووە وەک توێژینەوەیەکی فەلسەفەکەی بیخەینە ڕوو. هەوڵی ناساندیمان داوە، تا لەوێوە بڕوانینە ئەو پەرەگرافەی (ئارام کاکەی فەلاح) و بزانین، ئاخۆ کەموزۆر پێوەندیی بەو فەلسەفەیەوە هەیە. ئەگەر لە ئاییندەدا پێویستی کرد، بە خۆشحاڵییەوە بۆی دەگەڕێینەوە. خاڵێکی دیکە گرنگە، هەڵوێستەی لەسەر بکرێت، کە ئەویش، ئەوەیە، (پۆپەر) لە ڕووی پرینسیپی پووچەڵکردنەوە، یان بەدرۆخستنەوەوە لەو فیلۆسۆفانەی ڕوانیوە، دەنا سەرسامیی خۆی بە ئاشکرا، یان بە ئاماژە بۆ هەر یەکێکیان دەربڕیوە. سروشتی فەلسەفە وایە، کە ئاڕاستەی قووڵ و جیاواز لە فیکری مرۆڤایەتیدا پێک دەهێنێت، بە ڕادەیەک ئاڕاستەکان چەند دژی یەک بن، هێشتا بەشداریی ئەو ئاڕاستە جیاوازانە دەمێنێن و لە کۆنتێکستی دیکەدا دەردەکەونەوە. بۆ نموونە فەلسەفەی فیلۆسۆفێکی وەک (مارکس) دوای ڕەخنەکانی (پۆپەر)یش هێشتا توانای خۆی لە دەست نەداوە. تا ئەمڕۆیش (هیگڵ) بە هێزێکی گەورەوە لەناو فیکری فیلۆسۆفانی دیکەدا ئامادەیە. ئەوە بۆ (فرۆید)، (ئەدلەر)، (ئادۆرنۆ) و ئەوانەی دیکەیش هەر دروستە. ئەوە فیکری میلـلی و زمانی میلـلین ناتوانن شتێکی جیاواز لەوەی هەیە، دەرببڕن. ئێمە ئەگەر جاروبار نموونەیان لێ دەهێنینەوە و لەسەریان هەڵوێستە دەکەین، لەبەر ئەوەیە بوونەتە بەشێک لە کەلتووری بیرکردنەوەی گشتی، دەنا لەبەر ئەوە نییە ئاڕاستەی جیاوازن و لە ڕێی هەوڵەوە پێ گەیشتوون. بەو مەبەستەیش ڕووبەڕوویان دەبینەوە، تا نەک خۆیان، بەڵکوو ئەو دۆخەیش تێبپەڕێنین، کە ڕایگرتوون. (ئارام کاکەی فەلاح) وێنەی زۆرینەی نووسەرە میلـلییەکانی دیکە ئەوانەی گوتوون، کە هەر کەسێکی تریش، بێ ئەوەی وەک ڕۆشنبیر خۆی ناساندبێت، دەتوانێت بیانڵێت، بەڵام بەوەدا دامودەستگەی کۆمەڵایەتیی لە شێوەی گۆڤار، ڕۆژنامە، تیڤی و هیی دیکە هەن و ئەو وشە ڕووکەشانە دادەڕێژنەوە، کە هەمان قسەی خەڵکی ئاسایین، بەو مەبەستەی وەک شتی جیاواز پێشانیان بدەن، ئەوە دەکرێت لە ڕێی مێتۆدی پرسیارەوە ڕووبەڕووی خۆیان و ئەو دامودەستگە کۆمەڵایەتییانەیش ببینەوە، کە برەویان پێ دەدەن. لەم نێوەدا نووسەری و میلـلی و ڕەخنەگری میلـلی هاوپەیمانێتییان پێک هێناوە، تا لە لایەک یەکتر لە ئاستی ڕەخنەدا بپارێزن و لە لایەکی دی بە یەکدا هەڵبڵێن. دیارە تۆ کاتێ دەتەوێت شتی ڕووکەش تێبپەڕێنیت، ئەوە بە شێوەیەک لە شێوەکان ئەو ڕووکەشییە لە زمان و مێتۆتدا ڕەنگ دەداتەوە، بەڵام مادام دەست لە ویستی تێپەڕاندن هەڵناگریت، ئەوە بوارێک دەڕەخسێنیت بۆ گوتنی شتی جیاواز، بە مەرجێ ئەو چەمکانە هەڵبگریتەوە، کە فڕێ دراون، بەو مەبەستەی لە ڕێی دایەلۆگەوە ڕایەڵەکانیان بدۆزیتەوە و ڕەهەندەکانیان دەربخەیت، بە شێوەیەک نەهێڵیت ئەو نووسەرە فڕێدەرە (thrower) بۆ هەمان ئاستت بباتەوە، بەو مانایەی ئەو تەنیا کاتێ بتوانێت بۆ ئەو چەمکە بگەڕێتەوە، کە بیەوێت ئەوەی تۆ تێبپەڕێنێت، نەوەک ئەوەی خۆی پاتە بکاتەوە. لێرەدا من خۆمم لە ئاستی تێکستێکدا بینیوەتەوە، کە نووسەرەکەی بە هەمان زمانی خەڵک، بەڵام فریودەرانە دەیەوێت پێم بڵێت (پۆپەر)ی نەک ناسیوە، بەڵکوو فەلسەفەکەی ئەو لە پاڵ هیی فیلۆسۆفانی دیکەدا زۆر شتی فێر کردووە، لە کاتێکدا ئەوەی نایبینین، ئەو فیلۆسۆفە و کاریگەریی فەلسەفەکەیەتی. ئەگەر لە ماوەی ئەو سێ دەیەی ڕابردوودا فەلسەفەی (پۆپەر) بووبووایەتە ئاڕاستەیەک لە ئاڕاستەکانی فیکری ئێمە، ئایا ئەمڕۆ کاریگەرییەکەیمان نەک لەسەر ئاستی نووسین، بەڵکوو لەسەر ئاستی واقیعیشدا نەدەبینی؟ ئایا خوێندنەوەی فەلسەفەی (پۆپەر) وامان لێ ناکات دەست لە فڕێدانی چەمک هەڵبگرین؟ ئایا ڕێگر نییە لەوەی بە ئاسانی بۆچوونی نووسەرانمان بەسەردا تێبپەڕێت؟ ئایا دەهێڵێت دەست بە خورافەوە بگرین، لە کاتێکدا دنیای نووسینمانی داپۆشیوە؟ ئایا نووسینی ئەو نووسەرە بەناوبانگ و دیارانە کاتێ دەخرێنە بەردەمی تاقیکردنەوەوە، دەردەچن؟ ئایا بەشێکی زۆری نووسینی ئەوانە لە ماوەی سی ساڵدا کاریگەرییەکی ئەوتۆیان بەسەر عەقڵی ئێمەدا جێ هێشتووە؟ لە کاتێکدا (پۆپەر) لە ڕێی ڕەخنەی عەقڵانییەوە ڕووبەڕووی سەرجەم فیکری فەلسەفی بە گشتی و ئاڕاستەی مێژووگەرایی بەتایبەتی دەبێتەوە، کە لە (پلاتۆ)، (هیگڵ)، (مارکس) و ئەوانەی دیکەدا بەرجەستەیە، ئایا لەو سێ دەیەیەدا فیکری ڕەخنەیی لەناو نووسینماندا دەرکەوتووە؟ ئایا ئەو گومانە چڕەی (پۆپەر)، کە دەگاتە ئەوەی تیۆریی سایکۆلۆجیی (فرۆید)، (ئەدلەر) و ئەوانەی دیکە بە نازانستی بزانێت، وای لە ئێمە کردووە پرسیار لەو تێگەیشتنەی نووسەرانمان بکەین، ئاخۆ داهێنەرانەیە وەک بانگەشەی بۆ دەکەن، یان هەمان فیکریی میلـلییە و بەو چەمکە فڕێدراوانە ڕازێنراوەتەوە؟ ئایا بە گشتی لە لای ڕۆشنبیری ئێمە هەوڵی دامەزراندنی کۆمەڵگەی کراوە هەیە؟ ئایا بەشێکی زۆریان دوای پڕۆژەی سیاسەتمەداران، یان فەرمانڕەوا دەستەپاچەکان (incompetent rulers) بە دەربڕینی (پۆپەر)، نەکەوتوون؟

    لێرەدا بۆ پرسیارەکانی تەوەرەی یەکەمم دەگەڕێمەوە و هەندێکی دیکەیشیان دەخەمە پاڵ. ئەگەر (ئارام کاکەی فەلاح) بە ڕاستی ئەو نووسەر و فیلۆسۆفانە دەناسێت و بەرهەمەکانی خوێندوونەتەوە، بۆچی هێشتا زمانی نووسینەکانی هێندە سادەن؟ لەبەر چی کاریگەریی بۆچوونی ئەو نووسەرانەی بەسەرەوە نابینین؟ ئایا تازەبەتازە دەڵێت فڵان ڕۆمانم خوێندووەتەوە و گریاندوومی؟ کوا ڕەخنەی عەقڵانیی (پۆپەر) و کوا شەپۆلی گومانی؟ وەک لە سەرەتادا گوترا ئایا ئەگەر بۆ بەرهەمەکانی بەر لەم گوتوبێژەی بگەڕێینەوە، هیچ ئاماژەیەک دەبینین، کە پێشانی بدات ئەو خوێنەری فەلسەفە بە گشتی و هیی (پۆپەر)ـە بە تایبەتی؟ ئایا خوێنەری سەرەتاییش لە خوێندنەوەی چیرۆکەکانی ئەودا تووشی بەربەست دەبێت، یان وەک هەر تێکستێکی دیکەی فۆلکلۆری لێیان تێدەگات؟ ئایا دەتوانم وەک خوێنەرێک داوای لێ بکەم بە ئارەزووی خۆی یەکێ لەو نووسەر و فیلۆسۆفانە هەڵببژێرێت و چەند دێڕێکیان لە بارەوە بنووسێت؟
    لێیان پرسیوە: (تایبەتمەندییە باشەکانی پیاوان کامانەن؟) ئەمە وەڵامەکەیەتی: {پیاوان تایبەتمەندیی باشەیان زۆر کەمە و لای من پیاو بوونەوەرێکی زۆر مشەخۆر و خۆویست (ئەنانی) و نەگبەتە، هەرچی نەگبەتیی ئەم گۆی زەوییەیە هی پیاوانە و تەواو دونیای خۆرهەڵاتیان داگیر و ناخۆش کردووە، بەڵام بەختەوەرە ئەو کەسەی باوکێکی باش، یان بە ڕێکەوت مێردێکی باش، یان برایەکی باشی هەیە، ئەوەیان شتێکە ئینسان ناتوانێ لە کەسی بسەنێت. وەک یانسیب وایە}.
    دوای ئەوە وەڵامی پرسیاری (تایبەتمەندییە باشەکانی ژنان کامانەن؟) دەداتەوە و دەڵێت: (ڕاستت بوێ ئەم دونیایە ژن ڕایگرتووە، بە جوانی و میهرەبانی و ناسکیی خۆیەوە هەموومانی بەم دونیایەوە بەستووەتەوە، گەر ژن نەبووایە دونیا دەبووە چایخانەیەکی گەورەی پڕ لە دووکەڵ و قیژەقیژ).

    وەک پێشتر گوترا گوتوویەتی زۆر شت لە کتێبی (کۆمەڵگەی کراوە و دوژمنەکانی)ی (کارڵ پۆپەر)ەوە فێر بووە، لە کاتێکدا ئەوانەی گوتوون، بە مەرجێ کەسێ چەند دێڕێکی ئەو فیلۆسۆفەی خوێندبێتەوە، قوڵینگەکانی دەناسێت و دەزانێت ئەوە پێچەوانەی فەلسەفەی ئەوە. وەک گوترا (پۆپەر) بەشی زۆری تەمەنی بۆ تێکشکاندنی پرینسیپی ئیندەکشن تەرخان کرد. ئەو نووسەرەی ئێمە لە چ ڕێیەکەوە بۆی دەرکەوت ژن و پیاو بەو خەسڵەتانە دەناسرێنەوە؟ لە ڕێی سەرنج و ئەزموونەوە، کە تێکڕای ڕەخنەی (پۆپەر) لەوانەیە. وەک گوترا ئەو دووانە شتی سەرەکی نین لە پێکهێنانی تیۆریدا، بەڵکوو تەنیا یارمەتیدەرن. لە قۆناغی ئامادەییدا ئەوەمان دەزانی، چونکێ ئەلفبێی فەلسەفەی ئەو فیلۆسۆفەیە. کوا گریمان و قەبڵاندن؟ کوا پرینسیپی هەوڵ و هەڵە؟ چەمکی پووچەڵکردنەوە، یان بەدرۆخستنەوە بۆچی دیار نییە؟ ئەگەر یەک ژنمان دۆزییەوە وەک پیاو بە لای دووکەڵ و قیژەقیژدا چوو، ئەودەم ئەو گریمانەیەی تێک دەشکێت و هەڵناستێتەوە، هەتا ئەگەر بێژمار پیاوی تر بە نموونە بێنێتەوە. گوتمان (پۆپەر) نموونە بە مەلی قوڵینگ دێنێتەوە، کە دەگوترێت هەموویان سپین، بەڵام کاتێک ڕەنگێکی دیکەمان دەست دەکەوێت، ئەوە تێکڕای ئەو بەڵگانەی بۆ ئەوە دەهێنرانەوە، گۆیە تەنیا قوڵینگی سپی هەیە، بەو دانەیە پووچ دەبێتەوە. بەکورتی هەزار قوڵینگی سپی ناتوانن بیسەلمێنن سەرجەم قوڵینگەکان سپین، بەڵام یەک قوڵینگی ڕەش دەتوانێت (یاسای گشت قوڵینگەکان سپین) بە درۆ بخاتەوە، یان پووچەڵ بکاتەوە.

    دابەشکردنی ژن و پیاو بۆ دوو بەرەی جیاوازی دژبەیەک، پێوەندیی بە دوالیزمەوە هەیە، کە هەر دەبێت شتەکان لە یەک جودا بکاتەوە، تا بە ئاسانی سەری لێیان دەربچێت و وەسفیان بکات. ئایا هەموو ئەو خەسڵەتە خراپانەی داونیەتیە پاڵ پیاو، ناکرێت لە هەندێک ژنیشدا هەبن، بە لاکەی دیکەیشدا ناکرێت هەموو ئەو خەسڵەتانەی بۆ ژنی ڕیز کردوون، لە هەندێک پیاویشدا دەربکەون؟ ئەم گوتانە نوێ نین، بەڵکوو بەردەوام لە ئاستی میلـلیدا گوتراوە ژنان خراپ و پیاوان باشن، یان پیاوان بەد و ژنان چاکن. من خۆم زیاتر لە جارێک گوتوومە ژن لە دنیای مندا هەموو ئەو شتانەی لە دەست دێت، کە پیاوی پێ دەناسرێتەوە. وەک پیاو دەتوانن تاوان بکەن و وەک پیاویش نەیکەن. ئەگەر ژنان و پیاوان بەو شێوەیەیەن، لە تێگەیشتنی گشتیی میلـلیدا هەیە و (ئارام کاکەی فەلاح)یش لێی وەرگرتووە، مانای وایە هیچ ویستێکی خۆیانی تێدا نییە، کە ئاوان، بەڵکوو هەر لە ئەزەلەوە وا هاتوون. ئەوە نەک هەر بەرگریکردن نییە لە ژن، بەڵکوو کەمکردنەوەی بەهایشیەتی. من کاتێ بە ڕاستی دژی کوشتنم، کە توانای ئەوەم هەیە بیشکوژم. واتە هەردوو هەڵبژاردەم لە بەردەمدان و خۆم یەکێکیان هەڵدەبژێرم، دەنا کاتێ سەرچاوەیەک پێی گوتووم نابێت بکوژم، یان توانای ئەوەم نییە بکوژم، یان نامەوێت ڕووبەڕووی سزا ببمەوە، بۆیە ناکوژم، ئەوە من کۆیلەم و ئەوەی دەیکەم، تەعبیر نییە لە ویست (will)م. (سۆرێن کیەرکەگۆرد)ی فیلۆسۆف و تیۆلۆجن (Theologian) ئەوە لە ڕێی هه‌ردوو چه‌مکی (ڕه‌وشت) و (نیگه‌رانی)یه‌وه‌ لێک دەداتەوە. پێی وایه‌ ئه‌وه‌ی شێوازی ژیانی تاک دیاری ده‌کات، هه‌ڵسوکه‌وتیه‌تی‌، که‌ هه‌ر ئه‌مه‌یشه‌ ده‌یخاته‌ به‌رده‌می هه‌ڵبژاردنی ئه‌وه‌ی ده‌یه‌‌وێت. به‌م شێوه‌یه‌ بڕیاردان له‌ لایه‌ک پێوه‌ندیی به‌ ڕه‌زامه‌ندیی خود (self-gratifying) و له‌ لایه‌کی دیکه‌‌ به‌ ڕه‌وشت (Ethical)ـه‌وه‌ هه‌یه‌. واتە تاک خاوه‌نی ئازادیی ته‌واوه‌ له‌وه‌ی‌ چی هه‌ڵده‌بژێرێت، که‌ هه‌ر ئه‌وه‌یشه‌ بڕیاره‌کانی‌ دیاری ده‌کات، به‌ڵام ئه‌وه‌‌ هاوکات له‌گه‌ڵ خۆیدا نیگه‌رانی ده‌هێنێت. وه‌ختێ که‌سێک له‌سه‌ر لووتکه‌ی شاخێکدا ده‌وه‌ستێت و بۆ خواری خواره‌وه‌ ده‌ڕوانێت، دوو جۆر ترسی لا دروست ده‌بن، ترس له‌ که‌وتن و ترس له‌وه‌ی هۆکارێک پاڵی پێوه‌ بنێت خۆی هه‌ڵبدات. ترسی دووه‌میان له‌وه‌وه‌ دێته‌ کایه‌وه‌، که‌ ئازادیی ته‌واوی هه‌یه‌ چی هه‌ڵببژێرێت. واته‌ خۆی هه‌ڵبدات، یان نا؟ خۆی ئه‌و بڕیاره‌ ده‌دات و یه‌کێکیان هه‌ڵده‌بژێرێت، که‌ ناوی (سه‌ره‌سووڕه‌ی، یان ماخۆلانی ئازادی: dizziness of freedom)ی لێ ده‌نێت، به‌وه‌ی دوودڵه‌ کامیان هه‌ڵببژێرێت. واته‌ تاک بوونێکی مۆڕاڵیی هه‌یه‌. پێی وایە نیگەرانی حەقیەتی ئازادییە، بەو مانایەی نیگەرانی بەو شتەوە پێوەستە، کە مرۆڤ دەیکات. لێرەدا تەنیا ئەو خواری خوارەوەیە نییە نیگەرانیی بۆ دەهێنێت، بەڵکوو چاوی خۆیشیەتی. با وای دابنێین لە خوارەوە ناڕوانێت. کەواتە سەرەسووڕێ کاتێ دروست دەبێت، کە مرۆڤ ئەگەرەکانی خۆی دەبینێت. لەو سەرەسووڕێیەدا ئازادی دادەبەزێت و هەر لەم کاتەیشدا هەموو شتێک ڕوو دەدات. کاتێ ئازادی بەرز دەبێتەوە، بۆی دەردەکەوێت گوناهبارە. مرۆڤ لە دۆخی نیگەرانیدا بە شێوەیەکی دووفاقییانە گوناهـ دەکات. بە مانایەکی دی، لە کاتی لەهۆشچووندا دەست بۆ گوناهـ دەبات.

    (ئه‌لبێرت کامیۆ) لە سەرەتای کتێبی (مرۆڤی یاخی)دا لەبارەی ڕۆمانی (به‌رزایییە‌کانی وێزه‌رینگ)ی (ئیمیلی برۆنتی)یەوە دەنووسێت: (هیسکلیف ئاماده‌یه‌ له ‌پێناو به‌ده‌ستهێنانی کاترینی خۆشه‌ویستیدا هه‌ر که‌سێکی گێتی بکوژێت، بێ ئه‌وه‌ی له‌ خۆی بپرسێت ئاخۆ ئه‌و کوشتنه‌ ڕه‌وایه‌، یان بیه‌وێت به‌ پاڵپشتی تیۆرییه‌که‌وه‌ پاساوی بۆ بهێنێته‌وه‌). ڕاستییەکەی (هیسکلیف: Heathcliff) ده‌یه‌وێت له‌ ڕێی هاوسه‌رگیریی له‌گه‌ڵ (ئیزابێلا لینتۆن)ـه‌وه‌ خۆی و خانه‌واده‌که‌ی تێک بشکێنێت، به‌و مه‌به‌سته‌ی تۆڵه‌ له‌ (ئێدگارد لینتۆن)ی برای بکاته‌وه‌، که ئێستا مێردی‌ (کاترین ئیرنشۆ)ی خۆشه‌ویستیه‌تی و هه‌ر له‌ منداڵییشه‌وه‌ پێکه‌وه له‌ ماڵێکدا‌ گه‌وره‌ بوون، به‌وه‌ی (میسته‌ر ئیرنشۆ)ی باوکی (کاترین) کاتێ زانیویه‌تی (هیسکلیف) منداڵێکی بێکه‌سه‌، یان فڕێدراوە‌ و له‌ شه‌قامه‌کانی لیڤه‌رپوولدا ده‌سووڕێته‌وه‌، هه‌ڵیگرتووه‌ته‌وه‌‌ و وه‌ک دیاری بۆ هاوسه‌ره‌که‌ی هێناوه‌ته‌وه‌. لێرەدا (کامیۆ) بەرگری لە کوشتن ناکات، بەڵکوو دەیەوێت ئەوە پێشان بدات، کاتێ ئێمە تیۆرییەکمان لە بەرچاو گرتووە و ئەو تیۆرییە فەرمانمان پێ دەکات، چی بکەین و چی نەکەین، ئازادیمان لە دەست داوە. بۆ ئەوەی تۆ خەسڵەتی مۆڕاڵی بدەیتە پاڵ کەسێک، وەک ئەوەی (ئارام کاکەی فەلاح) کردوویەتی، ئەوە سەرچاوەت لە بەرچاو گرتووە و پێوەرەکانت لەو سەرچاوەیە هێناون. باشە و خراپە تەنیا لە ڕێگەی پێوەرەوە دەستنیشان دەکرێن، کە سەرجەم بەرهەمە فەلسەفییەکانی (نیتشە) بریتین لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو سەرچاوە و پێوەرانە. بەگشتی فەلسەفە لانی کەم لەوەوە دژی هەموو دابەشکردنێک وەستاوەتەوە، بەوەی لە هەر دابەشکردنێکدا کۆمەڵێک مانا لە پێناوی دەستەڵاتدا دەکوژرێن، تا حەقیقەتی چەسپاوی ئەو دەستەڵاتە بمێنێتەوە. ئەو پرۆسێسی جوداکردنەوەیە دەیەوێت هەموو شتێک ئاسان بکاتەوە و بە خێرایی بە ئەنجامێک بگات، کە پێشتر لای جەماوەر زانراوە. لە ئەفۆریسمی پێنجی کتێبی یەکەمی (مرۆڤی قاڵبوو لە مرۆڤایەتیدا: Human, All Too Human)، لە ژێر ناونیشانی (خراپتێگەیشتنی خەون)دا دەنووسێت: (مرۆڤی شارستانیەتە سەرەتایییە زبرەکان وای دەزانی لە خەوندا دنیای دووەمی ڕاستی دەدۆزێتەوە. ڕێک ئێرە بنکەی سەرجەم مێتافیزیکایە. بەبێ خەون نەدەکرا مرۆڤ پاساو بۆ دابەشکردنی جیهان بدۆزێتەوە. جوداکردنەوەی ڕۆح و جەستەیش هەر پێوەندیی بەم ڕاڤە کۆنەی خەونەوە هەیە).

    لە بەرهەمەکانی پێشوومدا بۆ نموونە لە کتێبی (کوشتنی فیل و پاراستنی دووکانی شووشەوات)دا هەوڵم داوە بە وردی لەو بارەیەوە بنووسم، بۆیە نامەوێت لێرەدا بۆچوونەکان پاتە بکەمەوە.
    تۆ لەم هەڵسەنگاندنەدا تەنیا ئەوانە سنووردار ناکەیت، کە هەڵیاندەسەنگێنیت، بەڵکوو ئازادیی لە خۆیشت دەستێنیتەوە و بەو سەرچاوەیەی دەدەیت، وا پێوەرەکانت لێ هەڵهێنجاون. ئەو پرۆسێسی جوداکردنەوەیە دەیەوێت هەموو شتێک ئاسان بکاتەوە و بە خێرایی بە ئەنجامێک بگات، کە پێشتر لای جەماوەر زانراوە. (ژنەکان بێگەرد و پیاوەکان بەدن)، بەرهەمی ئەو دابەشکارییەیە و تێیدا پێوەر خراوەتە گەڕ، کە نەک لە ئاستی میلـلیمان دوور ناخەنەوە، بەڵکوو پتر بەوێمان گرێ دەدەنەوە.
    ئەم گوتوبێژەی (ئارام کاکەی فەلاح) دەربڕینێکی سادەی فیکری میلـلییە، با ناوی کۆمەڵێک فیلۆسۆف و نووسەریشی تێدا هاتبن. ئەوەی دەڵێت، گۆیە پیاوان (خۆرهەڵاتیان داگیر و ناخۆش کردووە)، هەمان هەڵەی لۆجیکییە و فیکری میلـلی سەپاندوویەتی، هەمان دابەشکارییە و بە مەبەستی ئاسانکردنەوە، پەنای بۆ برراوە، دەنا ئایا نموونەی ئەو پیاوانە لە خۆرئاوایش نین؟ دابەشکردنی دنیا بەسەر خۆرهەڵات و خۆرئاوادا، بەو مەبەستەی یەکێکیان بەرز بکەیتەوە و ئەوەی دیکەیان نەوی، ئەو هەڵە لۆجیکییەیە، کە بە (جەختکردنەوەی لایەنگرانە: confirmation bias) ناسراوە. واتە پێشتر بڕیارەکە دراوە و سەرچاوە لە بەرچاو گیراوە.

    یەکێ لەو پرسیارانەی لێ کراون، لەبارەی ڕەنگەوەیە، کە حەزی لە کامیانە. ئەمە وەڵامەکەیەتی: (من هەموو ڕەنگەکانم پێ جوانە، بەڵام لە ناویاندا گەر هەر دەبێ یەکێکیان هەڵبژێرم، ئەوا شەکەری هەڵدەبژێرم). یان پرسیاری: (زیاد لە هەر شتێک ڕقت لە چییە؟)، وەڵامەکەی: (لە درۆ)یە.
    لە سەرەتای هەشتاکاندا بەرنامەیەکی تیڤی هەبوو، کە دەچووە ماڵان و کۆمەڵێک پرسیاری لە خەڵک دەکرد. دووانیان ئەوانە بوون، وا لەم نووسەرەی ئێمە کراون و هەمان وەڵامی ئەوانیشی داونەتەوە. جیاوازەکە لەوەدایە، ئەوان ناوی یەک نووسەر و فیلۆسۆفیان نەدەهێنا. لە بیرمە بینەران بە گشتی ڕەخنەیان لەو بەرنامەیە دەگرت و دەیانپرسی: (ئەرێ ئەو پرسیارانە نەسووانەوە؟).

    دیارە من نەمدەویست لەسەر ئەم وەڵامانەی دواییدا بوەستم، ئەگەر ناوی ئەو هەموو نووسەر و فیلۆسۆفەی لە گوتوبێژەکەیدا نەهێنابوونایە، چونکێ ئەم زمانەی لەگەڵ زمانی بەرهەمەکانی پێشوویدا ڕێک دێتەوە. ئایا مرۆڤ بەو مەبەستەی وەڵامی ئەم پرسیارانە بداتەوە، پێویستی بە خوێندنەوە دەبێت؟ ئایا نووسەری ئەم گوتانە، (پۆپەر) و فیلۆسۆفانی دیکەی ناسیون؟ بۆ خوێنەرێکی فەلسەفە سەختە بڵێت من بە فڵان فیلۆسۆف سەرسامم و لە فەلسەفەکەی ئەوەوە فێر بووم. ئاڕاستە فەلسەفییەکان چەند دژی یەکیش بن، هێشتا پێوەندییان پێکەوە هەیە، بەوەی فەلسەفە لە ڕێی دایەلۆگ لەگەڵ ئەوانەی ترەوە دادەمەزرێت. (پۆپەر) هەر خۆی ئەوەی کردووە. وەک بینیمان کۆمەڵێک فیلۆسۆف و نووسەری بوارە جیاوازەکان، هەم هیی پێش خۆی و هەم هاوچەرخەکانی لە پێکهێنانی فەلسەفەکەیدا بەشدارن، با ڕەخنەی توندیشی لێ گرتبن. من لەو ناگەم، ئەگەر هاوکات لەگەڵ ئەوانیشدا ئەو پێوەندییە دایەلۆگییەم نەبێت. ئێمە لە دایەلۆگی فەلسەفییەوە فێر دەبین، نەوەک لە فیلۆسۆفێکی دیاریکراو.

سەرچاوەکان:

  • Popper, Karl R. The Open Society and Its Enemies, Complete: Volumes I and II, Fifth edition (revised) 1966.
  • Popper, Karl, The Logic of Scientific Discovery, Routledge classics London and New York, 2002
  • Popper, Karl R., Conjectures & Refutations, Growth of Scientific Knowledge, Karl R. Popper, 1962.
  • Popper, Karl, The Poverty of Historicism, ARK PAPERBACKS, London and New York
  • Popper, Karl, The Myth of the Framework: In Defence of Science and Rationality, Edited by M. A. Notturno, Routledge London and New York, 1995.
  • Popper, Karl, In Search of a Better World: Lectures and Essays from Thirty Years, 1995.
  • Adorno, Theodor W.; et al. The Positivist Dispute in German Sociology, translated by Glyn Adey and David Frisby. London: Heinemann, 1977.
  • Brandt, Frithiof, Søren Kierkegaard, 1813-1855; HIS LIFE – His Works, (Danes of the Present and Past), Copenhagen, 1963.
  • Camus Albert, The Rebel, translated by Anthony Bower WITH A FOREWORD BY SIR HERBERT READ , Penguin Modern Classics, 1982.
  • Nietzsche, Friedrich, Human, All Too Human, Part I, translation of Helen Zimmern with an introduction by J. M. Kennedy, T.N. Foulis (13 & 15 Frederick Street, Edinburgh and London 1910.



ناڕەزایەتیەکانی ژنانی ئەفغانستان بەدژی یاسا ئیسلامیەکانی تاڵیبان.. نوری بەشیر

بەدوای یاسای قەدەغەکردنی خوێندنی کچان لە زانکۆکاندا لە هەفتەی رابردوودا، تاڵیبان یاسا ئیسلامیەکان توندتر دەکاتەوەو یاسای کارکردنی ژنان لە ڕێکخراوە ناحکومییەکان – NGO– دەردەکات. بەپێی ئەم یاسایەش ژنان نابێ لە رێکخراوە نا حکومیەکاندا کار بکەن چونکە لەو رێکخراوانەدا رەچاوی یاسای پۆشینی حجاب ناکرێ یان شل دەبێتەوە.
داسەپاندنی ئەم بڕیارە دژە ژن و دژی ئینسانیانە ناڕەزایەتیەکی زۆری ژنانی ئازادیخواز و یەکسانیخوازی بەدوای خۆیدا هێنا. ژنان لە ٢٢ی دیسەمبەردا بەرامبەر بڕیاری بێبەشکردنی کچان لە خوێندن لە زانکۆکاندا، دروشمی خوێندن، کارکردن و ئازادی، خوێندن مافێکی سەرەتاییە بەرزکردەوە، بەڵام بەدوای بڕیاری قەدەغەکردنی کاری ژنان لەناو رێکخراوە ناحکومیەکاندا چوارچێوەی ناڕەزایەتیەکان فراوانتر بوەوە و زۆربەی ناوچەکانی ئەفغانستانی گرتەوە. چونکە بەپێی ئەم بڕیارەی تاڵیبان ژمارەیەکی زۆر لە ژنان ڕەوانەی ماڵەوە دەکرێن و خێزانەکانیان ڕووبەڕووی برسێتی دەبنەوەو ژنانێك کە پێشتر ئازادی کارکردن و چونەدرەوەیان بەدەستهێناوە دەکرێنە کۆیلەی ناو چواردیواری ماڵ!
ژنانی ئەفغانستان لە ناڕەزایەتیەکانیادا داوایان لە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی کرد کە هاوپشتی لە ژنانی ئەفغانستان بکەن لەبەرامبەر ئەم بڕیارە قەرەقوشیەی تاڵیبان دا بەرگری لە مافی خوێندن و کارکردنی ژنان بکەن.
ئەم یاسا دژە ژنانەی تاڵیبان دەیەوێت بیسەپێنێت بەسەر ژنان و کۆمەڵگای ئەفغانستاندا لەکاتێکدایە کە یاساکان و شەریعەتی ئیسلام لەئێران کەوتۆتە بەر نەفرەت و زەبری شۆڕشگێڕانەی ژنان و لاوان و کرێکارانی ئێرانەوە و ژنانی ئەفغانستانیش وەکو سەنگەرێکی خەباتی خۆیان دژی دەسەڵاتی دڕندانەی دژە ژنی ئیسلام و ئیسلامی سیاسی بەچاوی ئومێدەوە لێی دەڕوانن، بۆیە ئەوان لە بەشی ئەو کەسانە بوون کە لەسەرەتای دەستپێکردنی خرۆشانی شۆرشگێڕانەی ژنان و لاوان و خەڵکی زەحمەتکێشی ئێرانەوە هاوپشتی خۆیان بۆ خواستەکانی ژنان و ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی ئێران دەربڕیوەو لەیەكێک لە خۆپیشاندانەکاندا دروشمی “ژنانی ئێران ڕاپەڕیون ئیتر نۆرەی ئێمەیە”بەرزکردبۆوە. دەسەڵاتی تاڵیبانیش هەروەکو سەرجەم بزوتنەوەو رەوتەکانی ئیسلامی سیاسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا ترسی روخانی جمهوری ئیسلامی ئێران هەراسانی کردوەو بەمجۆرە یاساو بڕیارە کۆنەپەرست و دژە ژن و دژە مرۆییانە دەیەوێ فریای خۆی بکەوێ و دەسەڵاتەکەی لە زەبری شۆڕشێكی جەماوەری ژنان و پیاوانی ئازادیخوازی ئەفغانستان بپارێزێ.
دەسەڵاتی تاڵیبان بەم بڕیارانەی دەیەوێت جێگاوڕێگایەک کە ژنانی ئەفغانستان لە دنیای شارستانی ئەمڕۆدا بەدەستیان هێناوە، پاشەکشە پێبکات و بەوجۆرە کۆمەڵگای ئەفغانستان لەناو زەلکاوی کۆنەپەرستی ئیسلامیدا و دەسەڵاتی شەریعەتدا نغرۆ بکات و هەموو تروسکاییەکی ژیانی هاوچەرخ لە خەڵکی ئەفغانستان بکوژێنێتەوە.
گومان لەوەدا نیە کە دوای ڕوخانی تاڵیبان لەلایەن ئەمریکاوە، بەهۆی ئەوەی کە نەدەکرا هەمان یاساو رێسای تاڵیبان بەسەر سەری خەڵکدا ڕابگرنەوە، سەرباری ئەوەی کە دەسەڵاتی قەبیلەیی بۆرژوازی کۆنەپەرستیان بەسەر سەری خەڵکی ئەفغانستاندا سەپاند، بەڵام دەرفەتێكی بچووک پەیدابوو تا ژنان هەناسەیەك بدەن و کەمێك لە ئازادیە فەردیەکانیان بەدەست بهێنن، بەڵام دوای ڕادەستکردنەوەی دەسەڵات بە تاڵیبان لەلایەن ئەمریکاوە، هەمان یاساو رێسای شەرع و ئیسلام دوبارە بەسەر خەڵکی ئەفغانستاندا دادەسەپێتەوەو دوبارە و دوای قوربانیەکی زۆر ژنان راپێچی کونجی ماڵەوە دەکرێن! بەڵام ئەوەی کە رێگادەگرێت لەوەی تاڵیبان بەهەمان هەوسارپچڕوای پێشووەوە دەسەڵاتی رەهاو دژە ئینسانی و دژە ژنی خۆی بەسەر خەڵکدا زاڵبکاتەوە، ئەزمونێکی خەباتکارانەیە کە لەماوەی روخانی دەسەڵاتی تاڵیباندا بەدەستیان هێناوە سەرباری ئەو دەروازەی هیواو ئومێدەی کەلەناو ژنان و خەڵکی ئەفغانستاندا لەئاکامی خرۆشان و هەڵسانی شۆڕشگیڕانەی ژنان و لاوان و خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی ئێراندا دروست بووە.

٢٤/١٢/٢٠٢٢




ڕێگای بڕاو و ڕێگای پێشڕەوی.. وەرگێڕانی بۆ کوردی: کاوە عومەر

دیمانەی خەلیل کەیوان لەگەڵ حەمید تەقوایی

هەڵسەنگاندنی شۆڕشی ژن ژیان  ئازادی لە سەروبەندی ١٠٠هەمین ڕۆژدا

بە پشتبەستن بە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کەناڵی جەدید ئامادەکراوە

خەلیل کەیوان: شۆڕشی مەهسا، شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە چیدایە؟ ئایا کەم بووەتەوە؟ بۆچی مانگرتنەکان هێشتا بەشین و بۆچی لەسەر ئاستی وڵات نین؟ تەوەری شۆڕش چییە و دروشمەکانی چین؟ ڕۆڵی بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگا لە شۆڕشدا چییە؟ کاریگه ڕی شۆڕش له سه ڕ ڕیزه کانی ڕژیم و هێزه کانی سه ڕکوت چ بوو؟ کاریگەرییە جیهانییەکانی شۆڕش چی بووە؟ شۆڕش بە چ پرۆسەیەکدا تێپەڕیوە؟ هەنگاوەکانی داهاتوو و ئەو دیدگایەی کە لەبەردەم شۆڕشدایە چین؟ لە سەروبەندی سەدهەمین ڕۆژی شۆڕشدا لەگەڵ حەمید تەقوایی باسی ئەو پرسیارانە دەکەین.

حەمید تەقوایی، لە هەفتەکانی یەکەمدا کۆبوونەوەی خوێندکاران و ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی گەڕەکەکان زیاتر بەربڵاوتر بوو. لە کوردستان شاهیدی ڕاپەڕینێکی بەربڵاو بووین، کە ئێستا پانتایی و چڕیی کەمی کردووە. هۆکارەکە چیە؟ ئایا سەرکوتەکان ڕۆڵی هەبووە لە کەمکردنەوەی ناڕەزایەتییەکان یان هۆکاری دیکە هەیە؟

حەمید تەقوایی: بێگومان سەرکوت و کوشتن لەلایەن حکومەتەوە ڕێگرییە، بەڵام بە هیچ شێوەیەک ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی نەبووە. دەکرێ بڵێین حکوومەت تا ڕادەیەکی زۆر لە سەرکوتەکانیدا سەرکەوتوو نەبووە. پێم وایە ئەم تێبینییەی ئێوە هۆکاری دیکەی هەیە. خاڵی یەکەم ئەوەیە کە هەموو شۆڕشێک هەوراز و نشێوی هەیە. شۆڕش لە سفرەوە بۆ سەد ڕێچکەیەکی هێڵی بەردەوام پەیڕەو ناکات، بەڵکو هەوراز و نشێوی هەیە، بەردەوام خۆی نوێ دەکاتەوە ، بەدوای میتۆدی نوێدا دەگەڕێت، بیردەکاتەوە، ڕێگەی نوێ بۆ هێرشکردن دەدۆزێتەوە، بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگا پێیەوە پەیوەست ئەبن و ڕێکخراوتر دەبن. لە ڕاستیدا دەتوانین بڵێین پڕۆسەی شۆڕش، نەک تەنها شۆڕشی ئێستا بەڵکو هەر شۆڕشێک، لە بنەڕەتدا پرۆسەی قووڵکردنەوەی و ڕێکخستنی و هۆشیاربوون لێی و ڕێکخستنی زیاترە. لە شۆڕشی ئێستادا، بە وردی دەتوانن ئەم پرۆسەیە ببینن.

لە هەفتەی یەکەم یان سەرەتای ڕاپەڕینەکەدا تەقینەوەیەکمان هەبوو، جۆرێک لە بڵێسەی سەرەتایی. خوێندکاران و گەنجان و ژنان ناڕەزایەتیان دەربڕی و ئەمەش چاوەڕوانکراو و سروشتی بوو. تووڕەیی کۆمەڵگا لەسەر کوشتنی مەهسا سەرەتا گەنجانی کۆکردەوە و ئەم بزووتنەوەیە بوو بە توخمێکی چالاک بۆ هێنانی بەشەکانی دیکەی کۆمەڵگا بۆ گۆڕەپانەکە. شێوازی نوێ بەکارهێنرا، ناڕەزایەتییەکان زیاتر ڕێکخراوتر بوون، چیتر خۆیان بە ناڕەزایەتی ناونەدەبرد بەڵکو بە شۆڕش، توێژی نوێ هاتنە گۆڕەپانەکە و شەڕی نوێ دروست بوو، ڕووبەڕووی ناڕەزایەتی بەربڵاو و گشتی و ڕادیکاڵ بووەتەوە لەلایەن کەسایەتییە ناودارەکان و چەندین ڕوبەڕوبونەوەی نوێ دروست بوو. توێژە نوێیەکانی کۆمەڵگا پەیوەست بوون بە شۆڕشەوە و شۆڕش زیاتر پێکهاتووتر و ڕێکخراوتر بووە. ئێمە شاهیدی ڕادیکاڵبوونی دروشمەکانیشین.

  فۆرمێکی نوێ لە خەبات کە لە ناڕەزایەتییە پێشوەختەکانی ١٤ و ١٥ و ١٦ی ئازەرەدا بینیمان، ڕێپێوان بوو لە شەقامە سەرەکییەکان و گردبوونەوە لە گۆڕەپانەکاندا. لە لایەکی ترەوە مانگرتنەکان بەرەو فراوانبوون دەچن، دوای مانگرتنی سەرتاسەری کاسبکاران، ئێستا شاهیدی فراوانبوونی مانگرتنی کرێکاران دەبین. هەروەها بەشەکانی تری کۆمەڵگا وەک پارێزەر، پزیشک، پەرستار، وەرزشوان، سینەماکار و هتد دەچنە ناو شۆڕشەوە. بەکورتی دەتوانین بڵێین ئەگەرچی شۆڕش لەڕووی چەندایەتییەوە فراوانبوونێکی هێڵکاری و بەردەوامی نەبووە، کە لەهەر شۆڕشێکدا چاوەڕوان دەکرێت، بەڵکو لەڕووی قووڵی و گەشەی چۆنایەتییەوە، لەڕووی فۆرمەکانی خەبات و لەڕووی لە ڕووی ڕێکخستن و زیاتر هۆشیاربوونەوە، پێشکەوتووە و بەهێزتر بووە.وە بەهێزتر بووە.

خەلیل کەیوان: هەڵسەنگاندنی ئێوە بۆ بەشداریی چین و توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگا لە ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەدا چییە؟ ئایا دەیەیەی هەشتاییەکان، گەنجان و خوێندکاران هێشتا ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن ؟ کرێکاران چ ڕۆڵێک دەگێڕن؟

حەمید تەقوایی: گەنجان و ژنان تا ئێستاش لە هێڵی پێشەوەی شۆڕشدان، قوتابیان و بەتایبەتی ژنانی گەنج ڕۆڵی دیار دەگێڕن. هۆکارەکەی ڕوونە. سروشتییە لە ڕووبەڕووبوونەوەی حکومەتێکی سەدەی ناوەڕاست و بەردبوو و ژنکوژدا، حکومەتێک کە یەک پایەی هەژموونی بەسەر هەموو کۆمەڵگادا و یەک پایەی دیکتاتۆری و چەوساندنەوە و ئازارەکانی بەسەر کۆمەڵگادا سەپاندووە، ژنکوژی و ئاپارتایدی جێندەرییە، گەنجان و ژنان لە ڕیزدان لە پێشەوە بن ئەمە خاڵێکی بەهێزی شۆڕشە، بەڵام تا زیاتر هاتووین، بەشەکانی تری خەڵکیش چالاک بوون و پەیوەندییان بە شۆڕشەوە کردووە. ئەمڕۆ دەبینین شۆڕش تەنها لە گەنجان و هەشتاییەکان و قوتابیاندا سنوردار نییە. با نموونەیەکتان بۆ باس بکەم. چلەکان لەبەرچاو بگرن. دەتوانن ببینن کە مەراسیمی یادی ٤٠ ساڵەی هەزاران کەس بەڕێوەدەچێت و هەموو نەوەکان و هەموو چین و توێژەکان دێنە گۆڕەپانەکە بۆ یادکردنەوەی ئازیزانی کۆچکردوو. یان ئەو ناڕەزایەتیانەی کە ئێستا سینەماکاران دەستیان پێکردووە، ئەو بزووتنەوەیەی کە ماوەیەکە وەرزشوانان دەستیان پێکردووە. مەرج نییە ئەمانە لە نەوەی گەنجەوە بن، ئەوان بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگان کە دێنە مەیدان و ناڕەزایەتی دەردەبڕن لە پێگەی کۆمەڵایەتی خۆیاندا وەک بەشێک، وەک هونەرمەند، نووسەر، وەرزشوان، کرێکار، پزیشک، پارێزەر و هتد. بەم مانایە دەبێ بڵێین ئەگەرچی لەڕووی تەوەرەی شۆڕشەوە، بە هۆی مۆدێرنیزمەوە دەستی پێکرد، بەهۆی ڕزگارکردنی ژنانەوە، بەهۆی ڕووبەڕووبوونەوەی جیاکارییەکی بنەڕەتی لە نێوان ٥٠٪ی کۆمەڵگا و ٥٠٪ کەی دیکە، کە دژی جیاکاری جێندەرییە، و هێشتا پایەیەکی گرنگی شۆڕشە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە تەنها ژنان یان تەنها گەنجان لە ناڕەزایەتییەکاندا چالاکن. وەک دەبینین بۆ نمونە ئەو ڕۆڵەی بازرگانەکان دەیگێڕن، ئێستا کرێکارانی نەوت دەیگێڕن، یان ئەو ناڕەزایەتیانەی کە کەسایەتییە ناودارەکان و کەسایەتییە هونەری و ئەدەبییەکان و پارێزەران و پزیشکان دەیگێڕن، بەشێکی گرنگی شەڕی خەڵکن لەگەڵ حکومەت. بەم مانایە شۆڕش ئێستا بە مانای ڕاستەقینەی وشەکە گشتگیرە و بەشێکی گەورەی کۆمەڵگا لەخۆدەگرێت.

خەلیل کەیوان: باست لەوە کرد کە مانگرتنی کرێکاری تەشەنە دەکات، بەڵام هێشتا نەبووەتە سەرتاسەری، بۆچی ئەو داواکاریانەی لە مانگرتنەکاندا وروژێنراون کە پەیوەندییان بە سەندیکاکانەوە هەیە؟ مانگرتن لە چ هەلومەرجێکدا دەبێتە سیاسی و سەرتاسەری؟

حەمید تەقوایی: بە بڕوای من مەرج نییە بە سەرتاسەری بوون بە مانای سیاسیکردن بێت. مانگرتنەکان دەبێتە هۆی داخوازی سیاسی، و دەکرێت داواکاری سیاسی بخرێتە سەر مێز، بەڵام لەم بارودۆخەی ئێستادا هەر مانگرتنێک، تەنانەت ئەگەر تەنها پرسی سەندیکاکان بوروژێنێت، بە کردەیی ناڕەزایەتییەکی سیاسییە. کاتێک لەسەر بنەمای شۆڕشی کرێکاری تەنانەت بۆ زیادکردنی حەقدەستیش مانگرتن دەدات، لە ڕاستیدا دەزانێت کە لە ڕوانگەی سیاسییەوە فشار دەخاتە سەر حکومەت. شۆڕش حکومەتی لە سێ گۆشەدا چەقاندووە و لەم دۆخەدا هەموو مانگرتنێک مانای سیاسی و هەڵوێستێکی سیاسی هەیە. بە لەبەرچاوگرتنی هاوسەنگی هێز، ڕەنگە کرێکاران بیانەوێت بەشێکی فراوانتر  کێش بکەن بۆ مانگرتنەکەو بەهێزتر دەربکەون و هەر لەبەر ئەم هۆکارەش، داواکارییەکانی سەندیکای کرێکاران بخەنە سەر مێز، بەڵام لەم دۆخەدا وەدیهاتنی هەمان داواکارییەکان بە مانای ڕووخاندن دێت. لە هەلومەرجی ئێستادا کە هەموو کۆمەڵگا دەکوڵێت و دروشمی مەرگ بۆ خامنەیی و ڕووخاندن و هتد بەربڵاو بووە، بە بڕوای من هەر مانگرتنێک بە بەشێک لەم بزووتنەوەیە دادەنرێت. بۆیە لەڕووی ستاتۆی کردەیی و ڕاستەقینەی مانگرتنەکانەوە، پێویستە بگوترێ کە هەموو مانگرتنەکان لەم بارودۆخەی ئێستادا سیاسین، تەنانەت ئەگەر بە ئاشکرا داواکارییە سیاسییەکان نەخەنە سەر مێز. ئێستا با ئەو ڕاستییە پشتگوێ بخەین کە لە یەکەم ڕۆژی مانگرتنیان لە عەسەلویە، بەشێک لە کرێکاران، وەکوو کرێکارانی نەوت، بە دروشمی مەرگ بۆ خامنەیی کۆبوونەوە و ئێمەش جگە لە کۆبوونەوەی… کرێکاران بە دروشمی سیاسی، بەڵام ئەگەر ئەم فاکتەرە نەبوایە، لە ڕووی هەڵوێستی ڕاستەقینەوە مانگرتنەکانی ئەمڕۆ سروشتێکی سیاسییان هەیە.

خەلیل کەیوان: ڕاتان چییە لەسەر ناوەڕۆکی داواکاری و دروشمەکان؟ خواستی هاوبەشی هەموو مرۆڤەکان ڕوخاندنە، بەڵام دروشمەکان ئامانجی تایبەتتر دەردەبڕن وەک ڕاگرتنی لەسێدارەدان و ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی و هتد. هەڵوێستیان لە پڕۆسەی شۆڕشدا چییە؟ چ پەیوەندییەکیان بە ڕووخاندنەوە هەیە؟

حەمید تەقوایی: بە بڕوای من ئەم داواکاریانە لە پڕۆسەی شۆڕشدا جێگەیەکی گرنگیان هەیە و پەیوەندییان بە ڕووخاندنەوە تەواو ڕوونە. لە ڕاستیدا کۆمەڵگا بە پێشنیار کردنی ئەم داواکاریانە دەڵێ چی دەبێت لەگەڵ ڕووخاندن ڕووبدات و چی دەبێت نکۆڵی لێ بکرێت. بەم دروشمانە، لەگەڵ داواکاری ئازادکردنی هەموو زیندانیانی سیاسی، بە دروشمی هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان – نەک تەنها ئەم یان ئەو سزای لەسێدارەدان، بەڵکو سزای لەسێدارەدان وەک کوشتنی دەوڵەت – کۆمەڵگە خەریکە ڕایدەگەیەنێت کە چی دەوێت و چییە لە ڕووخاندن تێدەگات. ئەمڕۆ چالاکوانان لە ڕاگەیاندن و لێدوانەکانیاندا داواکاری ڕیشەیی دەردەبڕن و لە ڕاستیدا دەڵێن تێگەیشتن و ڕوونکردنەوەیەکی باشترمان هەیە بۆ ڕووخاندن.

  لە لایەکی ترەوە ئەمانە بەرەی شەڕی تایبەتن بۆ ڕووخاندنی حکومەت. ڕووبەڕووبوونەوەی حکومەت بەمەبەستی لابردنی ئامرازەکانی لەسێدارەدان لە دەستی، بۆ ڕێگریکردن لە دەستگیرکردن و پێدانی سزای زیندانیکردن بەو شێوەیە بێ سنوور و هتد. ئەمانە هەنگاوی ئەرێنین، هەنگاوی گرنگن، شەڕی گرنگن، بۆ ئەو شەڕە سەرتاسەرییەی کە ئێمە پێی دەڵێین شۆڕش بۆ ڕووخاندن. ئەم داواکارییە تایبەتانە و ئەم ناڕەزایەتیانە دەبێ بە بەرەی تایبەت و شەڕی ڕووخاندنی حکومەت هەژمار بکرێن.

  دوا شت کە لەم بارەوە دەبێ بیڵێم ئەوەیە کە شۆڕش بە گشتی ڕێکخراوتر بووە، هەروەها لە ڕووی ناوەڕۆک و داواکاری و ڕێکخستنەوە زیاتر چەپگەرایی بووە. ئێستا دەتوانن بزانن کە هەموو جوڵەیەک بە پەیوەندی پێشوەختە ڕێکخراوە. وەک ئەو سێ ڕۆژەی کە ئێستا دەگوزەرێت – ٢٨ و ٢٩ و ٣٠ی ئازەر – یان ١٤ تا ١٦ی ئازەر کە هەموویان پەیوەندی سێ ڕۆژە بوون، یان ئەو پەیوەندییەی کە بۆ ٣ تا ٥ی دی ماە، ئەو بانگەوازە سێ ڕۆژیانە بوون کە کرێکارانی پاڵاوگە بانگەوازیان بۆ مانگرتن کردووە. بەم مانایە دەمەوێت بڵێم شۆڕش زیاتر ڕێکخراو و پلان بۆ داڕێژراو بووە. تەوەری ئەم بانگەوازانە زۆر چەپ و ڕوون و ئاشکراو و شەفافە بەرامبەر هەموو سیستەمەکە و دژی هەموو ئەو سیاسەتە دژە مرۆییانەی کە ئەم حکومەتە نوێنەرایەتی دەکات. بە گشتی لە هەڵسەنگاندنێکی گشتیدا دەبینیت کە شۆڕش لە ڕاستیدا ڕێکخراوتر و ڕێکخراوتر و چەپتر بووە و بەرەو پێشەوە دەڕوات.

خەلیل کەیوان: کاریگەرییە جیهانییەکانی شۆڕش سەرسوڕهێنەر بووە. سەرنجێکی زۆری بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە. چ گۆڕانکارییەکی لە ڕەهەندی جیهانیدا کردووە و چ ئەنجامێکی هەبووە؟

حەمید تەقوایی: پێموایە ئەم شۆڕشە زۆر ناوازەیە و تەنانەت بێ وێنەیە. شۆڕشێکە بە دروشمی ژن و ژیان و ئازادی  سەرنجی ڕای گشتی جیهانی ڕاکێشاوە چونکە ئازادی ژن بە ژیانەوە دەبەستێتەوە و بە ئازادیی هەموو کۆمەڵگاوە دەبەستێتەوە. وەک ئێمەی چەپەکان هەمیشە دەمانگوت کۆمەڵگا بەبێ ئازادی ژن ئازاد نییە. شۆڕشی ئێستا بە کردەوە ئەمەی خستۆتە سەر مێز. لە ڕاستیدا ئەمەی پەروەردە کردووە و دونیاش لەوە تێدەگات و خۆی بەم شۆڕشەوە دەبەستێتەوە. تەنانەت لە پێشکەوتووترین و پیشەسازیترین وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژئاواشدا، ئەم داواکاریانە، ئەم دروشمانە، ئەم ئامانج و ئایدیاڵە پێشکەوتنخوازانە و بەربڵاون. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ​​شۆڕش بانگەوازێکی جیهانی هەیە.

هەروەها ئەو ڕۆڵە قارەمانانەی ژنان و گەنجان بەرامبەر بە حکومەتێک کە لە ڕووی دڕندەیی و  سەرکوتکردنەوە لە جیهاندا بێ وێنەیە، و هەموو سنوورەکانی تاوانی تێپەڕاندوە، سەرنجی جیهانی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە. ئەم ڕووبەڕووبوونەوەی قارەمانانە لە ڕوانگەی جیهانەوە جێگەی ستایش و سەرسوڕهێنەر و ئیلهامبەخشە. هەر لەبەر ئەم هۆکارانەشە کە دەبینین شۆڕش هێزی پاڵپشتی زۆری لە گۆڕەپانی جیهانیدا دۆزیوەتەوە. نەک هەر کەسایەتیەکان، ناودارەکان ، هونەرمەندان و هتد لە بەرامبەر پشتیوانی خەڵکی ئێران وەستاون، نەک هەر ئێستا “ژن، ژیان، ئازادی” بووەتە دروشمێکی جیهانی و بەچەندین  زمانێک سروودی “بەرایی” پێشکەش دەکرێت یان مەهسا ژمارەی پێوانەیی تویتەریی شکاندووە، جگە لەمانە دەبینن تەنانەت سیاسەتمەداران و ئەندامانی مەجلیس پشتگیری لە شۆڕشی ئێران دەکەن، دەیان نوێنەر و بەرپرسی حکومەت بەرپرسیارێتی ئەو زیندانییە سیاسیانەیان لە ئەستۆ گرتووە کە گیراون یان سزا دراون و بەدوایدا دەگەڕێن کەیسەکانیان.

لە لایەکی دیکەوە دەبینیت کۆماری ئیسلامی لە کۆمیسیۆنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پێگەی ژنان دەرکراوە، لەلایەن پەرلەمان و بەرپرسانی حکوومەتی ڕۆژئاواوە شەرمەزار دەکرێت و هتد و هتد. بەم مانایە دەبێ بگوترێ کە بەرەیەکی جیهانی بۆ پشتیوانی لە شۆڕش و دژی حکوومەت کراوەتەوە. ئێمە لە ئاستی جیهانیدا شاهیدی گۆشەگیری و پەرواێز کەوتنی کۆماری ئیسلامیین و ئەمەش بەشدارییەکی گرنگ و کاریگەرە لە شۆڕشی خەڵکدا لە پێناو ڕووخاندنی ئەم حکومەتە خێراتر و بە تێچووی کەمتر.

خەلیل کەیوان: نیشانەکانی ناڕێکخراوی هێزەکانی حکومەت و داڕمانی هێزەکانی سەرکوت هەیە. بەڵام هێشتا ئەو دابەشبوونە لە لوتکەی حکومەت و ڕووخانی هێزەکانی سەرکوت نابینین. دابەشبوون و لەدەستدانی دەسەڵات لە چ بارودۆخێکدا و کەی ڕوودەدات؟

حەمید تەقوایی: وەک وتت ئەم پرۆسەیە دەستی پێکردووە. بۆ نمونە دەبینین بەشێک لە پێشکەشکاران و کەسانی بەشدار لە ڕادیۆ و تەلەفزیۆن دەست لەکار دەکێشنەوە، بەرپرسانی ئێستا و پێشوو دژایەتی خۆیان ڕادەگەیەنن یان هەندێک جار دەست لەکار دەکێشنەوە یان ناڕەزایەتی دەردەبڕن لەم دۆخە، هەرچەندە بە زمانێکی دیپلۆماسی و نەرم و نیان، بەڵام دەسەڵاتیان لە ناوەندی دەسەڵاتەوە هەیە .واتە خامنەیی و تیمی ماددە هۆشبەرەکانی حسابی خۆیان جیا دەکەنەوە و دەیانەوێت خۆیان لە حکومەت دوور بخەنەوە. ئەم پرۆسەیە دەستی پێکردووە، بەڵام ئەو کەوتنەی کە ئێوە دەیڵێن و چاوەڕێی دەکەین هێشتا ڕووی نەداوە و ئەمەش شتێکی تێگەیشتووە. شۆڕش هێشتا گەنجە. ئێمە لە مانگەکانی یەکەمی شۆڕشدا دەژین، شۆڕش بەرفراوانتر دەبێت و لەگەڵ فراوانبوونی بەدەنەی هێزە سەرکوتکەرەکان خۆیان لە حکومەت دوور دەخەنەوە، جیا دەبنەوە، سەرپێچی دەکەن، فەرمانی فەرماندە و فەرماندەکانیان پێشێل دەکەن. ئەمەش ڕوودەدات. چەند نموونەیەکمان لەم بارەیەوە بینی، بەڵام بەربڵاوتر دەبێت.

ئەوەندەی پەیوەندی بە هەموو حکومەتەوە هەیە، گریمان کەسێکی وەک خاتەمی بە ستایشی دروشمی ژن ،ژیان . ئازادی قسە بکات، یان بەرپرسانی دیکە هەڵوێستی دژ بەیەک دەگرنەبەر، هەندێک لە حکومەتەکان بە قسەی خۆیان لە سێدارەدانەکان  لەڕووی شەرعیەوە دەخەنە ژێر پرسیار و بەرەنگار بوونەوە و ڕەخنە و ناڕەزایەتی لە هەندێک میدیای حکومی و نیمچە حکومیدا زیادی کردووە و هتد. تێکەڵکردنی ئەمانە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ڕیزەکانی حکومەت بە تەواوی ناڕێکخراون، ئەو هێڵەی کە لە حکومەتی ئێستادا دارکاری دەکات و لێدەدات، لە ڕاستیدا ئەم شمشێرەی بەسەر سەری کەسانی ناوخۆیشیادا بەرزکرددوەتەوە، هەڕەشە و فشاریان لەسەر کراوە و ئەمەش ئەوە دەردەخات کە  تەواوی دەسەڵات تەمنی کۆتایی هاتووە. حکومەت ناتوانێت درێژە بەو هێڵە بدات و بەڕای من شاهیدی گرژیی زیاتر و لەدەستدانی هێزی زیاتر دەبین لە ڕیزەکانی حکومەتدا، تەنانەت لە هێزە سەرکوتکەرەکانیشدا.

خەلیل کەیوان: لە سەروبەندی سەدهەمین ڕۆژی شۆڕشدا هەڵسەنگاندنی ئێوە چییە، ڕوانگەی شۆڕش چییە؟ هەنگاوەکانی داهاتوو و گەشەکردنی لە ڕووی فۆرم و ناوەڕۆکەوە چین؟

حەمید تەقوایی: لە ڕووی فۆرمەوە، وەک وتم شۆڕش زیاتر ڕێکخراوتر و هۆشیارتر دەبێت و بە بانگەوازی پلان بۆ داڕێژراو دێتە گۆڕەپانەکە. ڕێکخراوە شۆڕشگێڕەکان دروست دەبن و هەڵدەستن؛ وەک گەنجانی شۆڕشگێڕ، وەک ئەنجومەنی سازدانی ناڕەزایەتی کرێکارانی نەوت، وەک ئەو گروپانەی ئێستا وەک خوێندکار یان قوتابی چالاکن و بە ناو و نیشانی خۆیانەوە بانگەواز دەکەن، ڕۆژەکان دیاری دەکەن، تەنانەت شێوازی خەباتیش دیاری دەکەن و هتد. لەو بانگەوازە سێ ڕۆژەدا، واتە ١٤ بۆ ١٦ی ئازەر، سێ ڕۆژ بە ڕیز ڕۆژی مانگرتن و ڕۆژی خۆپیشاندانی گەڕەک و ڕۆژی خۆپیشاندان و ڕێپێوانی مەیدانییان ڕاگەیاندبوو و هەمان شت ڕوویدا. ئەمەوێت بڵێم شۆڕش خۆی ڕێکخستووە و خۆی لە قاڵب داوە و ئەمەش فراوانتر دەبێت. بەڕای من گردبوونەوەی زیاتر دەبرێتە پێشەوە، شۆڕش ئۆتۆریتەی نوێ دەدۆزێتەوە، لە بزووتنەوەی کرێکاریدا، بە تایبەتی شاهیدی سەرهەڵدانی گردبوونەوە، شورا، دامەزراوە، ئەنجومەن دەبین کە ڕۆڵێکی کارا دەبینن لە ڕێکخستنی مانگرتنەکاندا. ئێستا تۆوی ئەم پێشهاتانە دەبینین. بۆ نموونه له مانگرتنی ئه م دواییه ی کرێکارانی نه وتدا، کرێکارانی نه وتی فه ڕمییش هاتوونەتە گۆڕەپانەکە و هاوشانی کرێکارانی گرێبەست مانگرتنیان ڕاگەیاندووە و پێشبینیش دەکرێت ئەنجوومەنی ناڕەزایەتیی کرێکارانی نەوتی گرێبەست فراوانتر بێت و ئێمەش وای لێدەکەین بینینی شورای سەرتاسەری لە تەواوی پیشەسازی نەوت و پترۆکیمیایی. ئەمانە هەموویان لە بەرچاو دایە.

شۆڕش خەریکە زیاتر ڕێکدەخرێت و لەگەڵ ڕێکخستنیشدا خەریکە چەپگەرایی زیاتریش دەبێت. دەستەجەمعی و شورای کرێکاری هەڵدەستن و تا زیاتر چینی کرێکار و مانگرتنی کرێکاری زیاتر بەرچاو بکەوێت، جەمسەری چەپ لە کۆمەڵگادا بەهێزتر دەبێت، جا چ بێت یان نا. گوتار و ڕوونکردنەوە و شیکردنەوە، ڕەخنە و ناڕەزایەتی و گۆشەی خواستی قووڵی ئینسانی چەپ و چینی کرێکار بەربڵاوتر دەبێت و شۆڕش نوێنەری نوێ لە ڕیزی کەسایەتییەکان، هەڵسوڕاوانی ڕێکخراوە کرێکارییەکان بە ئاڵای ڕەخنەی قووڵ سۆسیالیستیەوە دەدۆزێتەوە  لە دۆخی ئێستا. مەبەستم ئەوەیە کە مەرج نییە دروشمەکە ڕاستەوخۆ سۆسیالیستی بێت، بەڵام ئەوەی من مەبەستمە ئەوەیە کە ڕەخنە لە کۆیلایەتی کرێ، ڕەخنە لە هەژاری، ڕەخنە لە کەلێنی چینایەتی بە تەواوی پەیوەستە بە بزووتنەوەی ڕووخاندن و ڕەخنەگرتن لە حکومەتێکی دژە ژن،  دژە ژیان و دژە ئازادیە. وەستانەوە لەبەرانبەردژە ژنی و ستەم و دیکتاتۆرییەت لە گۆشەیەکی قووڵی ئینسانی و ڕادیکاڵی چەپەوە دەدۆزرێتەوە و فراوانتر دەبێت.

  بەڕای من شۆڕش هاوتەریبە لەگەڵ ڕێکخستن، هاوتەریبە لەگەڵ بەهێزکردنی ڕۆڵی کرێکاران لە شۆڕشدا، هاوتەریبە لەگەڵ پێشخستنی گشتیی بیروڕای گشتی و ڕەخنەی گشتی و گوتاری گشتی، لەڕووی وتنی نەخێر بۆ دۆخی ئێستا، لە ڕووی مانای ڕووخاندن و شکاندنی دۆخی ئێستا، لە هەموو ئەم بۆچوونانە زیاتر چەپ و ڕادیکاڵ دەبن و ئێمە چاودێری ئەم ڕەوتە دەکەین.

خەلیل کەیوان: حیزب لە سەرەتای چالاکییەکانیەوە مژدەدەر و پڕوپاگەندەکاری شۆڕش بووە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە ڕزگاری خەڵکی ئێران تەنیا بە شۆڕش مومکین دەبێت. ئایا پێشبینی شۆڕشێکی واتان کردووە؟ ڕۆڵی حیزب لە پێکهێنانی شۆڕشی ژنان و ژیان و ئازادیدا چی بووە؟ لە داهاتوودا چ ڕۆڵێکی دەبێت؟

حەمید تەقوایی: ئەم پرسە دەکرێ لە لایەنی ئیمکان و خوازراو و زەروورەتی شۆڕشەوە لێی بکۆڵینەوە. لە ستراتیجی حیزبەکەماندا شۆڕش لە هەر سێ لایەنەکەدا جێگەی یەکلاکەرەوەی هەبووە.

لە ڕووی ئیمکاناتەوە، هەر لە سەرەتای پێکهێنانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریەوە، ڕامانگەیاند و مژدەدەر و بانگەشەکار بووین کە شۆڕش تاکە ڕێگەی مومکینە بۆ ڕزگاربوون لە خراپەی ئەم حکومەتە و هیچ ڕێگەیەکی تر نییە، و بینیمان کە هیچیان نەبوو. هێڵی گۆڕانکاری، هێڵی گۆڕان وردە وردە، ڕیفۆرمخوازی حکومی و ناحکومی، گۆڕینی ڕژێم و گۆڕانکاری لە سەرەوەی دڵخوازی ئۆپۆزیسیۆنی ڕاست و هتد ئێمە لەبەنبەر هەموو ئەمانەدا وەستاین و ڕەخنەمان لێگرت و وتمان  ئەمە تەنها ئەیەوێت تەمەنی ڕژێم درێژ کاتەوە وە ئێستا کۆمەڵگە لە ئاستی ملیۆنیدا گەشتوەتە ئێرە کە هێچ گۆڕانکاری وچاکسازیەک یەک لەسەرەوە ئیمکانی نیە.

خاڵێکی تر ئەوەیە شۆڕش واتە پشتبەستن بە توانای خۆی و ئەمڕۆ هەموو خەڵک ئەمە دەزانن. دەزانن کەس لە سەرەوە،لە دەسەڵات یان هێزێکی دەرەوەی کۆمەڵگا، دەرەوەی دەسەڵاتی شەقام، بەفریامان ناکەوێت. مرۆڤەکان لە ئاستێکی بەرفراوان تێگەیشتوون کە دەتوانن بە دەسەڵاتی خۆیان و بە شۆڕشێکی سەرو ژێرکەر و ئینسانی و گشتگیر ئازاد بکرێن. و ئەمە گوتاری حیزبی ئێمە بوو بۆ دەیان ساڵ. هەر لە سەرەتای چالاکییەکەمانەوە، هەر لە شۆڕشی ١٣٥٧ەوە، کە دامەزرێنەران و زۆرێک لە تێکۆشەرانی ئەم حیزبە مێژووی خۆیان هەیە، باسەکە ئەوە بوو کە تەنیا بە شۆڕش دەتوانین ئازاد بین. ئەمەش لە ڕووی شیاوی پێکهاتنەوەیە.

لە ڕووی خوازراویشەوە شۆڕش پێشەنگە بۆ بەدیهێنانی ئایدیاڵە ئینسانییەکانی جەماوەری خەڵک. مژدە خۆشەکە ئەوەیە کە هەموو خواست و ئامانجێکی ئینسانی کە هەمانە بە ژێرەوژوورکردنی ئەو دۆخەی کە هەیە دەتوانین بەدی بهێنین. هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان، ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی، نەهێشتنی قەڵەشتی نێوان دۆڵی قووڵی هەژاری و سەروەت و سامانی کۆمەڵگا، لەڕووی خۆشگوزەرانی گشتییەوە، لەڕووی بەهرەمەندبوونی تەنانەت خەڵک لە ماف و ئازادییە مەدەنییەکانیان، هەموو ئەمانە پشت بە شۆڕش دەبەستێت. ئەمەش بە واتای خواستراوی جەماوەری شۆڕش لە ڕووی تەوەرەکەی و ئەو داهاتووە گەشاوەی کە دابینی دەکات.

لایەنی دووەمی خواستراوی شۆڕش ئەوەیە کە شۆڕش جۆرێکە لە گۆڕینی هەلومەرجەکان، کە ٩٩٪ لەگەڵ خواست و ئامانجە ڕزگارکەر و ئینسانی و یەکسانیخوازەکاندا دەگونجێت. لەم فۆرمەی گۆڕانکاریدا، تێکشکاندنی ماشێنی حکومەت و دەسەڵات بەسەر خەڵکدا شاراوەتەوە. تەنیا لە ڕێگەی شۆڕشەوە خەڵک  دەتوانن ڕۆڵێکی ڕاستەوخۆ بدۆزنەوە لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆیاندا. شێوازەکانی تری وەک کودەتا، هەڵبژاردن، ڕیفراندۆم، گۆڕانکاری لە سەرەوە خەڵک لە پەراوێزدا دەهێڵنەوە. ئەم کێشەیە بە واتای دیاریکردنی چارەنووسی کۆمەڵگا لە سەرووی خەڵکەوەیە و لە ڕێگەی چینی دەسەڵاتداری یەک لەسەدی مفتەخۆر. تەنیا شۆڕش، بە پێی پێناسەی جەماوەری خەڵک، دەسەڵاتی کرێکاران، زەحمەتکێشان، دەسەڵاتی ٩٩٪ دەهێنێتە سەر شەقام و بە کردەیی دەست چارەنووسی خۆیان بەدەستەوە دەگرن. تەنیا لەگەڵ شۆڕشدایە کە ئارەزووی قووڵی مرۆڤایەتی بەدی دێت. تەنیا بەم شێوەیە ڕزگاری بە مانا ڕاستەقینەکەی دەتوانرێت بەدی بهێنرێت.

و لە کۆتاییدا باسەکە لەسەر پێویستی شۆڕشە. بەو مانایەی کە کۆمەڵگا چیترناتوانێت بەرگەی ئەو بارودۆخانە بگرێت. ئەمە شەڕی مانەوەیە. شۆڕش لە دۆخی ئێستای ئێراندا دیارە شەڕی مانەوەیە. لە ڕوانگەی حکومەتەوە شەڕێکە بۆ مانەوە و پاراستنی دەسەڵات و سەروەت و سامان و غەنیمەت. حکومەت دەیەوێت زاڵبوون و دەسەڵاتی دۆزەخی خۆی بپارێزێت. وە لە ڕوانگەی کۆمەڵگاوە شەڕێکە بۆ مانەوەی ژیان. ژیان لە ژێر دەسەڵاتی ئەم تاوانبارانە ئیتر مومکین نییە! خەڵک ئەمەی بینیوە، بە چاوی خۆی بینیویەتی، ئەزموونی ئەم چارەکە زیاتر لە جاران دەرکەوت کە ئەم حکومەتە بکوژی خەڵکە. ئێمە هەمیشە ڕامانگەیاندووە کە کۆماری ئیسلامی بکوژی خەڵکە نەک نوێنەری خەڵکی ئێران و ئەمەش ئاڵای ئێمە بووە لەسەر ئاستی جیهانی بۆ بایکۆتکردنی ئەم حکومەتە و ئێستا کۆمەڵگا گەیشتووەتە ئەم ئاستە.

لەسەر ئاستی جیهانی ئێمە هەمیشە ئاڵای بایکۆتکردنی ئەم حکومەتەمان بەدەستەوە گرتووە و ئەمڕۆش دەبینین کە جیهان لەمەوە نزیک دەبێتەوە و ڕای گشتی جیهان، هێزە پێشکەوتنخوازەکانی جیهان، کەسایەتییە ئازادیخوازە کان و تەنانەت سیاسەتمەدارانیش، بەهۆی بەرژەوەندی و سیاسەتی حکومەتەکەی خۆیانەوە، درکیان بەوە کردووە کە پێویستە خۆیان لەم حکومەتە دوور بخەنەوە، شەرمەزاری بکەن، لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان  دەریبکەن و ئەمە ئەو پرۆسەیە کە هەمیشە وەک بایکۆتی کۆماری ئیسلامی پێشنیارمان کردووە.

وەک دوا خاڵ پێویستە جەخت لەوە بکەمەوە کە شۆڕش لە مەسەلەی حیجابەوە دەستی پێکرد و ناڕەزایەتی لەدژی حیجاب ئاڵای خەباتی بەردەوامی حیزبەکەمان بووە. ٨ی مارس تا ٨ی مارس، و نەک هەر لە ٨ی مارسدا، بەڵکو بە درێژایی چالاکییەکانمان، شەڕی حیجابمان کردووە وەک ئاڵایەکی بێ مافی نەک تەنها لەدژی ژنان بەڵکو لەدژی هەموو کۆمەڵگا، وەک ئامرازێک بۆ کۆیلایەتی ژنان و بە لغاوکردنی هەر هاواریکی ئازادیخوازانە  لەگەڵیدا ڕووبەڕووبوو بوینەتەوە و ئەمڕۆ هەموو کۆمەڵگا گەیشتووەتە ئێرە. ئەمڕۆ لابردنی حیجاب هێمای شکاندنی دیواری ئاپارتایدی سێکسی و شکاندنی کپکردنە لە کۆمەڵگادا.

خاڵی دواتر، کارەکتەری ژنانەی شۆڕشە. حزبی ئێمە دوو دەیە لەمەوبەر ئەم ئاڵایەی هەڵکرد. زیندویاد مەنسوور حیکمەت، ڕێبەری حیزبەکەمان، بیست ساڵ لەمەوبەر پێشبینی ئەوەی کردبوو کە شۆڕشی ئێران شۆڕشی ژنان دەبێت و ئەمڕۆش هەموو جیهان باس لە شۆڕشی ژنان دەکات لە ئێراندا. ساڵانێک لەمەوبەر ڕێکخستنی شۆڕشی ژنان و هەڵمەتی شۆڕشی ژنانمان ڕێکخست و بەرەو پێشەوە برد و ئەمڕۆش ئەمە پایەیەکی گرنگ و مزگێنیدەری ئەم شۆڕشە و ڕێبەری شۆڕشە.

لە هەموو ئەم لایەنانەشەوە حزبی ئێمە ڕۆڵێکی بنەڕەتی بینیوە لە دروستکردنی کەشێکی گونجاو و پارادایمی دروست و ئەو پرۆسە و ئاراستەیەک  کە شۆڕشەکە لەسەر بنەمای ئەو دروست بووە و پێشکەوتووە و هیوادارین لە ڕەوتی داهاتووی شۆڕشدا، حزبمان بتوانێت هەمان ڕۆڵ بگێڕێت.

٢١ی دێسەمبەری ٢٠٢٢

سوپاس بۆ ئەمیر تەوەکولی بۆ نوسینەوەی دەقی سەرەتایی ئەم چاوپێکەوتنە.




ڕێگەکانی وانە وتنەوە لە باخچەی منداڵاندا.. ئامادەکردنی:عەلی حەمەڕەشید*

وانە وتنەوە بە چەند رێگەیەکی جیاواز لەگەڵ ئەوەی کارامەیی و سەلیقەی مامۆستا دەردەخات، چێژ و خۆشییەکی زیاتریش بە منداڵ دەبەخشێت بە تایبەتی لە باخچەی منداڵاندا. باخچەی منداڵان کاتێک دەبێتە شوێنێکی ئارام تا منداڵان بە ئاسودەیی کاتەکانی خۆیانی تێدا بەسەر بەرن و وەک ئامێزێکی واڵا هەمیشە کراوە بێت بۆیان، دەبێ نمە بارانی سۆز و شنەبای خۆشەویستی بدات لە رووی منداڵان و لە دڵەوە پێشوازی لەو سۆز و خۆشەویستییە بکەن، نەرمونیانی مامۆستایان وەک شیلەی هەنگوین منداڵان چێژی لێوەردەگرن و بێ ترس و دوو دڵی بە باوەڕ بە خۆبوونەوە لەگەڵ مامۆستاکاندا بدوێن و رازی دڵە بچکۆلەکانیان لایان بدرکێنن. بە ئارەزووی خۆیان بەشداری وانە و یاری و چالاکییەکان بکەن و بەهرە و تواناکانیان پێشکەش بکەن و مامۆستا بەڕێزەکانیش لەلایەن خۆیانەوە پەرە بەو بەهرە و توانایانەی منداڵان بدەن تا بە شێوەیەکی دروست گەشە بکەن.
وانەیەک لە پەرتوکی شارەزایی و چالاکییەکان لە یەکەی (ئاژەڵ) بە سێ رێگەی جیاواز (چیرۆک و شانۆ و داتاشۆ) یەکێکی تر بوو لەو چالاکییانەی کە بەسەرپەرشتی لیژنەی باخچە ناحکومییەکان و هاوڕێی رەخنەگر و کارگێڕی باخچەی منداڵانی ئەستێرەی حکومی بۆ مامۆستایانی باخچە ناحکومییەکان کرا. ئەو دوو مامۆستایەی وانەکەیان دەوتەوە هۆی روونکردنەوە و فێرکردنی جیاواز و پێویستیان بەکار دەهێنا بە هاوکاری وانەکەیان پێشکەش بە ئامادەبوان کرد، بێجگە لەو دوو مامۆستایە، مامۆستای مۆزیک و شانۆ بە کارەکانیان بەشێک بوون لە وانەکە و چالاکییەکانی ئەوانیش وەک مۆزیک و گۆرانی و شانۆ وای لە منداڵان کردبوو زیاتر بیر و هۆشیان لای وانەکە بێت و چێژی لێوەربگرن و زانیاری فێر ببن، سەرەتای وانەکە بەچالاکی و وەرزش دەستی پێکرد و بەخێرهاتنی میوانەکان، ئەمەش وادەکات منداڵ چالاکتر بێت بۆ وەرگرتن و گوێگرتن لە وانەکە و فێری ئەوەش ببێت میوان یان کەسانێکی تر روویان کردە باخچە یان ماڵەوەیان بەخێرهاتنیان لێبکەن، ئەمەش بەهایەکی جوانە منداڵ فێری دەبێت. بەکارهێنانی دوو جۆر کاتژمێری رەنگ جیاواز، یەکێکیان رەش بوو بۆ شەو مامۆستا منداڵێکی هەستان و سەعات نۆی دیاری کرد بۆ خەوتن لەشەودا، ئەمەش رۆژانە دووبارە دەکرێتەوە و منداڵ وای لێدێت لە ماڵەوە پابەند بێت پێوەی. هەروەها کاتژمێرەکەی تریان رەنگی شین بوو بۆ کاتی لەخەو هەستان بەکاری دەهێناو بەهەمان شێوە منداڵێکی هەستان بۆ دیاری کردنی کاتی لەخەو هەستانی بەیانیان ئەویش سەعات 7 بوو، ئیتر باسی ئەو کارانەش کرا دوای هەستان لەخەو پێویستە منداڵ بیکات، ئەمەش وا لە منداڵ دەکات بڕوای بەخۆی ببێت لە کردنی کارەکانی و پشت بەخۆی ببەستێت نەک هەر چاوەڕوانی دایکی یان کەسێکی تر بکات یارمەتی بدات و بۆی بکات.
چەند خۆشبوو دوا بە دوای ئەم کارە موزیک و گۆرانی (چۆلەکە) منداڵەکانی زیاتر خستە خۆشی و هەموان پێکەوە دەیان وتەوە، هاندان و چەپڵە و ئافەرینی مامۆستا زیاتر خۆشی دەخستە دڵی منداڵەکانەوە. ئەوەی سەرنجڕاکێش بوو مامۆستا منداڵێکی هەڵدەستان بۆ کردنی کارێک وەک ماسی بە شێوەی مەلە، یان کەروێشک بەقونەقون دەڕۆیشت بۆ لای مامۆستای گۆرانی ئەو گیاندارەشیان دەوت، ئەمانەش وایدەکرد وانەکە بەتەواوی یاری ئامێز بێت و منداڵ بێزار نەبێت لە گوێگرتن لە وانەکە. کارێکی تر لە ناوەڕاستی وانەکەدا جێیان کردبوەوە باسکردن و دووبارەکردنەوەی دید و پەیامی باخچە بوو لەلایەن مامۆستایەکی ترەوە بێجگە لەو دوو مامۆستایەی وانەکەیان دەوتەوە پێشکەش کرا، بە باشی بەشێوەی گفتوگۆ و دواتریش بە گۆرانی پێکەوە وتیان سەرجەمیان بەشداربوون لە گۆرانییەکەدا. بەشێکی تری وانەکە بەرێگەی چیرۆک بوو، یەکێک لە مامۆستاکان چیرۆکەکەی دەگێڕاوە. بۆیە پێویستە ئەو چیرۆکانەی بۆ منداڵانی باخچەی منداڵان دەنووسرێن جیاواز بن و بەتەواوی لەگەڵ ئاستی تەمەنیاندا بگونجێت. چونکە ئەو چیرۆکانەی منداڵان دەیبیستن، چ پێش خەوتن یان لە رۆژدا بە گشتی و بەتایبەتی لە کاتی وانەدا لە باخچە، لەو شتانەن چێژێکی زۆریان پێدەبەخشن.
جگە لەو دیمەن و وێنە خەیاڵییانەی لە کاتی بیستنی ئەو چیرۆکانەدا دەیکێشن، چەندین بەهایان فێر دەکەن، وەک گرنگی راستگۆیی، متمانە پێکراوی، جێبەجێکردنی بەڵێنەکان، باوەڕ بەخۆبوون. مامۆستا لە چیرۆکەکەدا باسی گوندێکی دەکرد چۆن ئاژەڵیان هەیە و بەرهەمی چییە و جیاوازی نێوان ئاژەڵی ماڵی و ئاژەڵی کێوی بەشێوەیەکی ورد و جوان شیکرایەوە و مامۆستا لە میانی چیرۆکەکەیدا خۆی نووسیبووی و ئامادەی کردبوو خرایە روو، چەند جوان و سەرنجڕاکێش بوو ئەو خانوە بچکۆلانەیەی دروستکرابوو، مامۆستا وەک هۆی روونکردنەوە بەکاریدەهێنا و هەموو ئەو گیاندارانەی باسی دەکردن داینابوون بە شێوەی گیاندارەکە و بە بچووکی و لەگەڵ ناوهێنانی بەرزی دەکردنەوە تا بە جوانی بیبینن. باسکردنی جیاوازی نێوان گیانداری ماڵی و کێوی بەشێوەیەکی زۆر جوان روونکردەوە، (مانگا)ی وەک گیانداری ماڵی لەچیرۆکەکەیدا باسکرد و باسی شیر و هەموو ئەو بەرهەمانەشی کرد کە لە شیر دروست دەکرێت. هەروەها هەمان بابەت بە رێگەی داتاشۆ نیشاندانی کۆمەڵێک باڵندە و گیاندار بوون زیاتر خۆشی دەدا بە منداڵان و تەماشایان دەکرد، دواتر مامۆستا کۆمەڵێک وێنەی بە هەڵگەڕاوەیی دانا و یەک یەک منداڵانی بانگ دەکرد بۆ ئەوەی وێنەیەک هەڵبگرن تا بزانن چییە، وەک یارییەک وابوو. لە بەشێکی تری وانەکەدا شانۆییەکی بچووکیان ئامادەکردبوو باسی لە هەمان بابەت دەکرد بە هاوکاری مامۆستای شانۆی باخچەکە، کارکردن بە گروپ لە پێناو سەرکەوتنی هەمواندا کارێکی پڕ لە گیانی هاوکاری بوو لە دواجاریشدا دەبێتە خاڵی گەش بۆ سەرکەوتن، هەموان هەوڵی بۆ دەدەن.

تێبینی:
• هەردوو مامۆستا بەڕێزەکە لەم وانەیەدا هەوڵیاندا یەکەی ئاژەڵ بەکورتکراوەیی بڵێنەوە کە خۆی لەڕاستیدا چەند رۆژێکی دەوێت بۆ وتنەوەی، بەڵام ئەمان لەبەر ئەوەی وانەکەیان بۆ راهێنان بوو بۆیە توانیان بەسەرکەوتوویی بە سێ رێگەی جیاواز بیڵێنەوە.

*سەرپەرشتیاری پەروەردەیی




خەون ژیانم نوێ دەکاتەوە.. شوان حەسەن

بۆ وێنەگرتن نەھاتووم ھاوڕێ
ئەم شەو خەونەکان، کۆڵەپشتی ڕابردوویان ھەڵڕشتم و
پەنایەکم نەمابوو بۆ خۆحەشاردان
لەبەردەم ئەشکەفتێ جگەرەت دەپێچایەوە
لەسەر کەڤرێ ڕاکشابوویت
لەبەردەم ئاوێنە بچوکەکە، جەمەدانیت دەبەست
کلاشینکۆفەکەت خاوێن دەکردەوە
لە پشتی پیکابێک بە نەرمی
گۆرانیەکەی شەھید شاڵاوت دەگوتەوە
” مەرحەبام دوێنێ لەیارکرد، بە غەم وەڵامیدامەوە
وەکو کۆتر دەناڵم، بەو دڵەی پڕ زامەوە”
سپێیدەیە و
بۆنی نانی تەندووری ژنە ڕەشپۆشەکە
بەدوای خۆیدا ڕاماندەکێشێت
نزیکتر دەبینەوە
پیاوێک بانگمان دەکات” برایان وەرنە ئێرە”
دیسان بە ئاگادێم
ڕابردوو وێرانیکردووم ، ڕابردوو ھاوڕێم
چ ئازارێکە؟
نازانی کەی و چۆن دەتبڕێت
ڕۆژێ وەک مۆرانە لە وشەکان دەدات
ڕۆژێ ھەنگاوەکان کزدەکات و
ڕۆژێک بە چڕنووکانی روح ھەڵدەکۆڵێ
ھاتووم
ئەو شتانەت بۆ باسبکەم
کە بۆ ئێمە، واتادار و خۆشبوون
تا لەبیرم نەچوویتەوە، دەزانی لەدوای شەھید بوونتەوە
جوانتر بوویت ؟
خواری کەپووت
چالەکانی ڕوومەتت پڕ بۆتەوە و
ڕیشیشت پڕ و جوانتربووە
جگە لە بەھرەی وەستانت بۆ وێنەگرتن
تۆ ھەروا لەوێیت و
وێنەیەک لەگەڵ ھاوڕێیانت
وێنەیەک لە سەر لووتکە شاخێ
وێنەیەک لە تەنیشت ساردترین کانی ناوچەکە
وێنەیەک لەگەڵ باڵای گیا و
داخی ئەو وێنانەی کە نۆرەی تۆ بوون و
چەند ھاوڕێیەکیتر دەیگرن و
فیلمەکە بەشی تۆ ناکە
حەز و خۆزگەکانت، چەند جار پێیان گوتووم
ھێشتا وێنەی زۆرت مابوو بۆ گرتن
چەند جوانبوو، چاوەڕوانیت بۆ ھاتنەوەی وێنەکان
بێ ئۆقرەیی سیمایی بە چەند ڕەنگێ دەگۆڕیت
ھەڵە و وێناکردنەکانتی نیشاندەداین
ھەر کە دەگەیشتن
پەنجەکانت پێکەنینان لێ دەتکا
ھاتووم و پێت بڵێم
خۆزگەم دەخواست بمتوانیبوایە
بۆ سەفەرێکی ئەودیوو سنوورت ببەم
لە ئامێزی جوگرافیا
لە کتێبە بۆن باروتیەکان و
لە بەسەرھاتە شەرمنەکەی ئەو کچەت دەربێنم
کە بەس لە شاییەک دەستی کووشی بوویت
پڕ خەون بوویت ھاوڕێم
سوڕ دەتزانێ جارێک دەژی و
ئەویشت…
ئای چەند دڵت بەوە خۆش بوو
کە دوو بەھار لەمن گەورەتری
کەچی ئێستا، ئەمن سی بەھار لە تۆ گەورەترم و
چێژی باوکبوون دەچێژم
ھاوڕێم ئەوڕۆژە ھەربە یادی جاران
دوو کراسم کڕی لەیەک ڕەنگ!
لە گۆڕە بێ نازەکەت دەڕوانم و
بۆنی جلەکانتم بۆ دێت
لە دڵی دایک و باوکت ناگەم
دەبێت دڵنییابن کە تۆ لێرەیت؟
یاخود بووی بە دڵنەواییەک بۆ ئەوان
دەزانی ھەر بەنازناوەکەت سوێند دەخۆن و
باست دەکەن؟
ئەو شەوەی تۆمان ناشت
ھاوڕێیەک بە دوو نیشانی سپاردیت
ھەشت ھەنگاو، بە ھەنگاوە بچوکەکانی بۆ لای ڕێگە
سێ ھەنگاویش لە لای قاچت بۆ لای درەختێک
کە نەمزانی چی بوو؟ کە ئێستا نەماوە
بە چرپەی پێ گوتم:” ئەو نیشانە بگەینە بە کەسوکاری،
گۆڕی بێ خاوەن زوو وون دەبێت، لەو دەشتە”
ئەرێ بەڕاست پرسیارێک
لەگەڵ ھەڵکەندنی نێرگزەکانی سەر سینگت ئازارت پێ نەگەیشت؟
ھاوڕێم
ھاتووم بە دەنگە ناخۆشەکەم
سەردوڵکەکەی دایکت، بۆ بڵێمەوە
ئەو ژنەی نێرگزی چاوەکانی گەڕەکی ووشک کرد
“دەلێ وایێ، دەلێ وایێ
خۆزگەکان نەیانکوشتم لاوێ من
فرمێسکەکانیش نەیخنکاندم روحێ من
دەنا ئەو ڕۆژەی ھەواڵی مەرگی تۆیان پێ گەیاندم
دەبا ئەمنیش تەسلیم بە خاک بکەن باوانم
لەو ڕۆژەوە فرمێسکەکان ھەر” خاڵکوتانی” وێنەی تۆیانە
لە ڕووخسارم
لەسەر سینگم
لە دەست و سێبەرم
کزەی جەرگم
ئەو ڕۆژەی گوڵە نێرگزەکەی سەر گۆڕەکەیان ھەڵەکەندی
(ھەموو جارێ باسکەکانی دەکات بە بازنە)
قانێکی ئەوەندەیان لەسەر سینگت جێھێشت
خۆزگە چی دیکە بۆنم نەکردبایە
خۆزگە چیتر دنیام نەدیتبایە
نەک گوڵەکانم لەسەر گۆڕێکی کەسێکیتر بدیتبوایە
با دۆست و نەیار بزانن
ئەمن نێرگزەکانی لاوێ خۆم دەناسمەوە
ئەتوش دەزانی ئەوان خۆیی بوون کزەی جەرگم
دەنا چۆن لەسەر گۆڕەکەی ئەوان دەمدۆزیەوە
ھێشتا بۆنی سینگی تۆی پێوەیە
لەو ڕۆژەوە گرێیەک لە سینگی ھەیە
دەلێ وایێ، دەلێ وایێ
ئای خوایە
ئەو ھەموو غەدرەت دیت و
ھیچت نەگوت
ھیچت نەکرد
دەلێ وایێ دەلێ وایێ
پاشێ بەژنا زراڤێ خۆ
نەمینێم لە دنیایێ”
دەزانی ئەوڕۆژە ” ئەو” م دیت، زۆر بەختەوەر دیاربوو
لەگەڵ ھاوسەرەکەی؟
مەگەر ئاواتی تۆ
بەختەوەری ئەو نەبوو، لە ھەر شوێنێک بێت؟
تۆ بەدوای شیعرێکی” ھبمن” کەوتبوویت و
عەشقی کێو و تەڵانت بەلاوە
گرنگتر بوو، لە گەردنی ئەو
دەزانی” کتان” ھێشتا خوەکەی ھەرزکاری بەرنەدایە؟
ئەو ڕۆژە بەسەردان ھاتبۆوە
بۆسەی بۆ دانابووم، ئەو قاتیلە
ویستم بە ” سڵاو” ێک ڕابردووی لە بیرببەمەوە
کەچی بۆسەی بۆ دانابوومەوە، ئەو قاتیلە
کە نزیک بوومەوە
بە توڕەیی سەیری کردم و ڕوویی خۆی وەرگێڕا
دەرگەکەی بە قایم بەڕومدا پێوەدا
تا ڕەتیشبووم، لە رینەوەی دەرگەکەیان
ببوو، بە باگراوەندێک بۆ ھەنگاوەکانم
ئای لە ئازارەکانی ئەو دەرگەیە ھاوڕێم؟
چۆن لە نێوان توڕەی ئەو و پێکەنینی ئێمە
ھەتا ئێستاش ھەر بە پێوە وەستاوە؟
ھاوژینەکەم جارێک بە گاڵتە گوتی:
ئەو ناھەق نەبوو، کە گوتوویەتی” پیاو نەمینێ لەو شارە، شوو بەو دوو کوڕە ناکەم”
بێ ئەوەی ھیچ بڵێن
بێ تۆی، ھێڵێکی ڕەشی بەسەر بزەکانمان دا ھێنا
لە زۆر شوێنیتریش، ئەو ھێڵە ڕەشە دەڕوێت
ئارام بنوو ھاوڕێم
چیتر ئێرەیت پێ نابەم
ھەرچەندە تۆ لە زەمەنێکی جوان مردیت
کەچی ئێستا
تادێت زەوی ماندووتر دەبێت بەدەستمانەوە
بەرگەی ئەو ھەموو ڕەگە خنکاوە ناگرێت
مەرگ، لە شوێن و کات ڕەھاترە
مەرگ ، بەتەواوی بێ مانا بووە
دوودڵم لە وێنەیەک لەسەر گۆڕەکەت
دەزانی چەند حەزدەکەم
ھاوشێوەی تۆ بوەستم و
لقێ لە جوانیت بدەم لەیەخەم؟
تکایە، زوو زوو وەرە خەونم




ڕاکردن و دانیشتن.. نەوزاد بەندی

کاکە گیان ، لێرە دوو جۆر ژیان دەست ئەکەوێ ، ڕاکردن یان دانیشتن .. ئیتر کامیانت ئەوێ ،یان ڕاستتر کامیانت بۆ ئەگونجێ ، ئەوەیان ئارەزووی خۆتە .. ڕاکردنەکەیش جۆری هەیە ، سەد وبیست ، هەشتا ، نەرمەغار ، هەروەڵە ، گرنگ ئەوەیە نابێ ڕاوەستیت .. دانیشتنەکەیش ،هەژدە سەعاتیی هەیە ..دوانزە سەعاتیی ، شەش سەعاتیی ، سێ سەعاتیی ..گرنگ ئەوەیە جوڵەی بۆ نەکەیت ، بەڵام ئازادیت لەوەی قەپرغەکانت بگۆڕی ، لە قەپرغەی ڕاست بۆ قەپرغەی چەپ .. بۆ چوار مشقی ، قاچ ڕاکێشان ، قاچ لەسەر قاچ ، هەڵتروشکان ..یان بە جیچکانەوە ..ئارەزووی خۆتە ..
تێلیان بۆ کردم ، کوڕەکەت نەخۆشە ، یەکسەر کەوتمە ڕاکردن …لە نەرمە غارەوە بۆ سەد و بیست …کە گەیشتینە عیادەی دکتۆر ، دووسەد تا چوارسەد نەخۆش دانیشتبوون ، چاوەڕوانیان ئەکرد ..هەندێکیان لەسەر قەپرغەی چەپ ..قەپرغەی ڕاست ، قاچ لەسەر قاچ ، بە جیچکانەوە .. جەنابی دکتۆر وسکرتێر و ستافەکەیشی ڕایاندەکرد .. هەتا بتوانن دووسەد بۆ چوارسەد نەخۆشی دانیشتوو چارەسەر بکەن …کە سکرتێرە ڕاکردووەکە ئێمەی بینی بە پێوە و لەسەر سەری ڕاوەستابووین ، تووڕە بوو ..لووتە چرچەکەی خوراند و ..ووتی : ( بەو ئاسانییە نۆرەتان نایەت ، بڕۆن دانیشن .. چل و پێنج خولەکی تر ناوتان ئەنووسم و ئەتانخەمە ڕیزەوە )
کە ووتم خۆیشم دکتۆرم ..پێکەنینی هات ، وەک بڵێی بڵێ بڕوانامەکەت خەسار کردووە ، ئەگینا لە دکتۆرە ڕاکردووەکان ئەبوویت ..
خەڵکەکەیش بە ناڕەزاییەوە تەماشایان ئەکردین ، وەک شتێکی سەیر وابووین ،چونکە نە لە ڕاکردووەکان بووین و نە لە دانیشتووەکان ، ئەمەیش وەک بڵێی شتێکی نایاسایی و تەنانەت یاساغیش بوو ..دەرچوون بوو لە کولتوور وداب و نەریت وتەنانەت ئاینیش .. خەڵکەکە تا دەهات بێزار تر ئەبوون ..سەرەتا کەوتنە بڵمە بڵم .. دوایی یەکێکیان ، کە لەوە ئەچوو کۆنە ئامر سریە بوو بێ ، هاواری کرد : پارچە برا ، یا ڕاکە یان دانیشە ، ئێوە نیازی چیتان هەیە ؟
یەکێکی تریان ، کە لەوە ئەچوو پێشمەرگەی کۆن بوو بێ ، قسەکەی لێ وەرگرتەوە و..ووتی : ( ئەگەر بە تەمان حوکمەت بڕوخێنن ، حوکمەت وا ناڕوخێ )
لەو سەرەوە ، کوڕی سیکیوریتیەکە بە ڕاکردن گەیشتە سەرمان ، جلێکی ئاودامان ڕەشی لەبەر دابوو .. دوو دەمانچەی تاریقی بە هەردوو قەپرغەیەوە هەڵواسیبوو . . دوو جیهازی بێ تەل و کەلەپچەیەک و سۆندەیەکی ڕەش و کێبڵێکی کارەبا و تەسبیحێکی سوور و..زۆر شتی تری پیا هەڵواسرابوو .. کوڕەکەم هەرچەند نەخۆشیش بوو ،پێکەنیی ..ووتی : ئەمە پیکابی ووردە و واڵا فرۆشە ؟ یان پیاوی ستارتریکە ؟
کوڕی سیکیوریتی وەک ئەوەی کەڕ بێ ، یان هێدفۆن لە گوێچکەیدا بێ ، ئاگای لە پێکەنین و قسەکانمان نەبوو .. وەک ئەوەی دەست بداتە گوێچکەی فەردە برنج ،ئاوا شانی چاکەتەکەمی ڕاکێشا و لەگەڵ خۆی بردمی بۆ لای دەرگاکەوە ، ووتی : ( بەقەدەر دنیایەک شەرمەزارم ، کە وا بێ ئەدەبم لەگەڵتا ، چونکە ئیشی من وایە ..ئەگینا چاکم لە بیرە تۆ پورت چاککردمەوە ..تۆ فریای نەکەوتیتایە حەوت زەمان بوو مردبوو ، دوو سێ قاپ خوێنت لە ڕێی خوا بۆ ئامادە کردین)
کەوتینەوە ڕاکردن ، بۆ لای دکتۆر زمزم ..زیرەکترین دکتۆری شار بوو .. حەوت هەشت زمانی ئەزانی .. مەلەوان بوو ..ڕاوچی بوو ..بیست شانەی هەنگی هەبوو .. سێ ژن و..چوار لۆری لە خەتی ئوم قەسر و برایم خەلیل ئیشیان ئەکرد ..
کە چووینە ژوورەوە، سکرتێرەکەی خەوتبوو .. ڕەنگە بڵێم سی وپێنج ساڵ زیاتر بێ فیکەم لێ نەدابێ ، بەڵام لەو کاتەدا ناچار بووم هەردوو پەنجەی دۆشاو مژەم خستە دەمم و فیکەیەکم لێدا .. چونکە زۆر دەمێک بوو فیکەم لێ نەدابوو ، فیکەکە سەرەتا وەک ئەوە وا بوو کورسیەکی قورس ڕاکێشی ،دوایی بەرەبەرە نەرم بوو ، فیکەیەکی تیژ دروست بوو ..ئای !یادی بەخێر! وەستایەکم بیر کەوتەوە ٤٨ ساڵ پێش ئێستا ، لە سابونکەران بولبولی لە قوڕ دروست ئەکرد ، بولبولی بچووک بچووک ، هەر هێندەی ڤنسێک ئەبوون ، بە جۆرێک ڕێڕەوی لەناو بولبولەکاندا دروست ئەکرد ،فوت پێدا بکردایە ، فیکەیەکی لێ دەدا ڕێک ئەو فیکەیەی من.. خەڵک بێ ویژدانن ، وەستاکەیان ناو نابوو بولبولی قوڕ .. ئەوەندە پێیان وتبوو بولبولی قوڕ ، سەری خۆی هەڵگرت ، خوا نەبێ کەس نەیزانی بۆ کوێ چوو ..
سکرتێرەکە داچڵەکی ، بە ناڕەزاییەکەوە دەستێکی بە هەوادا بەرز کردەوە و ..ویستی درێژە بە خەوەکەی بداتەوە ، ووتم : ئەمانەوێ دکتۆر زمزم ببینین ..
ووتی : ڕۆی !
ووتم : بۆ کوێ ؟
ووتی : بردیان ..
ووتم : بۆ کوێ ..
سکرتێرەکە خەوی زڕا ، ناچار بە کاوەخۆ هەستایەوە ، وەک قسە لەگەڵ بابکوشتەکەیدا بکات ، ئاوا پێی وتین : ئەرێ تۆ خەڵکی کوێی ؟ دکتۆر زمزم ، شەش سەعاتە لە ژوورەکەی دانیشتووە ، یەک نەخۆش نەهاتووە بەم دەور و بەرەیا ..ئێستا دێی ..؟ ئەرێ تۆ خەڵکی کوێی ؟
ووتم : تۆ واز لەو شتانە بێنە ، بۆ بردیان ؟ کێ بردی ؟
ووتی : ئەمبوڵانس بردی .. وابزانم مرد ..
بێ ئەوەی بزانم چی ئەڵێم ، پێم وت : باشە ، سوپاس ، بولبولی قوڕ ..!
نازانم چی لە گوێچکەیدا بوو ، تێنەگەیشت ، زۆر دڵی خۆش بوو ..
لە ڕێ کوڕەکەم ووتی : بابه چاکبوومەوە ، با بە ڕاکردن بڕۆینەوە ..
نەگەیشتبووینە ماڵەوە ، خێزانم بە ڕاکردن هات بەرەو ڕوومان ، ووتی دوو هەواڵم پێیە .. جارێ ڕاکە بۆ گەڕەکی ئەو دیو ، لۆری غازەکە لەوێیە ..
پەلاماری بتڵێکی غازم دا و خستمە سەر شانم و ڕامکرد بۆ گەڕەکی ئەو دیو .. سەرنجم دا ، خەڵکێکی زۆر بە بتڵە غازەوە ڕائەکەن .. کوڕی مەنگۆڵ ئەوەی لەبەر دڵی خەڵکی مەنگۆلیا پێی ئەڵێن داون سیندرۆم .. پیاوی خانەنشین .. پیاوی ئیفلیج بە خۆ و عەرەبانە و ڕاکێشانی گوێچکەی بتڵە غازێ وەک چۆن کوڕی سیکیوریتیەکە گوێچکەی شانی چاکەتەمی ڕاکێشا .. ژنی جل ڕەش ،ئەوەی عەبدوڵای مەلا نوری لە پەرلەماندا کردی بە شەڕ لەسەریان ..کچ بە ماکسی و بتڵە غازەوە .. عەرەبی هاوردە بە چەفیه و عەگاڵ و بتڵە غازەوە .. مناڵی پۆلی پێنجی سەرەتایی ..پیاوی پیر ، بە کەوا و سەڵتەوە کە نزیکەی ٣٢ ساڵ بوو کەوا وسەڵتەم نەبینی بوو ..پیرەژنی تەشی ڕێس ، بە دەستێ تەشی وخور
Nawzad Bandy
ی و بە دەستەکەی تر بتڵێ غاز .. مامۆستا بە چاکەت و بۆینباخ و بیجامەی بازەی خەتخەت و بتڵی غازەوە .. کرێکار بە چەکوس و بتڵە غازەوە .. دارتاش بە مشار و بتڵی غازەوە .. تەنانەت کوڕە نەخۆشەکەیشم بینی ئەویش پەلاماری بتڵە غازێکی بەتاڵی دابوو ، لە سەعید عوەیتە خێراتر ڕایئەکرد . بە دەست خۆم نەبوو ، شۆڕشی فەڕەنسا و .. تابلۆکەی یۆجین دیلاکروام بیرکەوتەوە ، تابلۆی ئازادی فەرمانڕەوایی میللەت ئەکا ..
کە گەیشتینە لای لۆرییە غازەکە ، خاوەنەکەی هاواری کرد : مەوەستن ، غاز تەواو بوو ..
لەو کاتەدا ویستم بڕۆمە سەر لۆرییەکە و ..ووتارێک بۆ خەڵکەکە بدەم ..کەچی پێش من کوڕێکی تازە پێگەیشتوو ، چووە سەر لۆرییەکە و .. هاواری کرد : میللەتی خەوتوو ، ڕاپەڕن.. هەر ئەوەندەی پەلاماری ئەم لۆرییە غازەتان دا ، پەلاماری داگیرکەران بدەن ، بار و دۆخەکە باش ئەبێ ..
کابرای غاز ترسا .. بە ڕاکردن سواری بارهەڵگرەکەی بوو ،پێی پیا نا .. کوڕە تازە پێگەیشتووەکە کەوتە خوارەوە .. کۆمەڵێ دەمامکدار گەیشتنە سەری و بردیان ..
کە لەگەڵ کوڕەکەم ، بە دوو بتڵ غازی بەتاڵەوە ، بۆ ماڵەوە ، بە کاوەخۆ ئەگەڕاینەوە ، کوڕەکەم لێی پرسیم : بابە ، خۆ نەخۆشی کۆرۆنا نەماوە ، ئەو پیاوانەی کوڕەکەیان بە شەق برد ، بۆچی دەمامکیان کردبوو ؟
ووتم : ئەوانە پێش کۆرۆنایش هەر دەمامکدار بوون .. ڕەنگە بڵێم لە سکی دایکیشیاندا هەروا بوون .. کە مردیشن ، هەر بە دەمامکداریی ئەیاننێژن ..
بە خێزانم ووت : هەواڵی دووەم چی بوو ؟
ووتی : پێش غازەکە ، پۆلیسێ بە ڕاکردن هات ،ئەم نووسراوەی دامێ و ڕۆیشت ..
نووسراوەکە باسی لەوە دەکرد ، گوایا من بێڕێزیم بە دکتۆرێکی زۆر دڵسۆزی شارەکەمان کردووە و هەڵمکوتاوەتە سەر بیمارستانەکەی و دانەنیشتووم و کوڕی سیکیوریتیەکە نەبووایە ، دکتۆر و سکرتێرەکەیم ئەخنکاند .. هەر بۆیە ئەبێ یان بە عەشایەریی خۆم ئەو کەیسە چارەسەر بکەم یان ئەبێ سبەینێ بڕۆم بۆ بنکەی پۆلیس ، خۆم ڕادەست بکەم ..
ئەوسا خەریک بوو تێدەگەیشتم لەوەی کە بۆچی هەندێ دکتۆر ڕائەکەن و ئەوانەی تر دانیشتوون .. هەندێ پاقلاوە فرۆش لە هەموو کۆڵانەکان لقیان هەیە و ڕادەکەن و هەندێکی تریان دانیشتوون و پاقلاوەکانیان وشک وڕەق بوونەتەوە . . تێگەیشتم لەوەی بۆچی دەرمانساز و تاقیگەساز هەیە ،بیست سی دەرمانخانەو تاقیگەیان هەیە و هەر ڕائەکەن ..ئەوانی تر ، دانیشتوون و چاوەڕێن حوکمەت دایانمەزرێنێ ..میللەتێکی دانیشتووم بۆ دەرکەوت ، لەگەڵ دەسەڵاتدارانێکدا کە بەناو سەدان و هەزاران پڕۆژە و مۆڵ و ڤێلا و کۆمپانیای نەوت و پاپۆڕ و یەخت وملیارەها دۆلاری تایبەت بە خۆیاندا لە ڕاکردنێکی یەکبینەدان ..
هەر ئەوەندەم زانی ، زرمەیەکم لێ هەستا و لەسەر شەقامەکە بە پشتا کەوتم ..لەناو چاڵاوێکی پڕ لەسەر مێکوتەدا ، کراسە سپیەکەم پیس بوو کە لۆگۆی پۆڵۆی لەسەر بوو ، زۆرم خۆش گەرەک بوو ..سەرم بەرز کردەوە ، پیاوێکی شێت ، بە خۆی و بتڵە غازێکەوە تامپۆنی لەگەڵ کردبووم …وویستم پێی بڵێم : سەڵا لە عەقڵت ، سەعات زیاتر ئەبێ ، بارهەڵگری غاز قەلفڕی لێکردووە ..
کەچی ئەو بە هانکە هانک پێی ووتم : بۆ لەو ناوەڕاستی جادەیەدا ڕاوەستاوی ؟ بۆ ڕاناکەی یان دانانیشیت ، بولبولی قوڕ !!
کە لێی وورد بوومەوە ، هەستم کرد ڕەنگبێ نەوەی وەستا کۆنەکەی سابونکەران بێ ..یان نەوەی هاوڕێیەکی .. ئەوەی نزیکەی ٤٨ ساڵ پێش ئێستا لە قوڕ بولبولی دروست ئەکرد .. بولبولی زۆر بچوک ، هەر ئەوەندەی باڵندەیەکی ڤنس .




شیعر\ ناڵەی شەو.. کەماڵ رازی

بە ئیجازەی حەزرەتی(( نالی ))

دڵ گیرۆدەی ئازار و ژانە ئەم شەو
لە دیدەی من بەخوڕ بارانە ئەم شەو
کەژینم ئەسیری دەردی دووریە
قەڵای بیرم پاکی وێرانە ئەم شەو
کەسەدای دێ دەنگی هاوارم وەک نەی
ڕەنگی سورم ئەمێستا ڕەنگی وەک بەی
فەلەک سەبرم نەما سەبر هەتاکەی
کە گریەم بۆ یادی جارانە ئەم شەو
ڕەفیقانم وەرن ببینن حاڵم
بەچەشنی مەلی تەریوی یەک باڵم
تازە لەدەستم دا جوانی و کەماڵم
کەلەدەست چوو زادەی هیجرانە ئەم شەو
گەردەپرسن وەزعی بێ وەزعی بەندە
هێندە تاڵە بەچەشنی چای بێ قەندە
کەدڵ لەقەفەزی سینەدا بەندە
دوور لە ویصاڵی ئازیزانە ئەم شەو
توخوا مەچن بۆناو گوڵزار بەبێ من
مەچنە ژووان بۆلای دڵدار بەبێ من
مەچننەوە گوڵی بۆندار بەبێ من
کەدڵی من دوور لەسەیرانە ئەم شەو
کەنەگەشتم نەهاتەدی ئاواتم
پڕنشێوە ڕێگەی دوری نەجاتم
بۆسەردانم توخوا وەرنە ساباتم
کە لانەی دوایم گۆڕستانە ئەم شەو

——————

کەمال ڕازی