ئەودیووی جێندەر.. سامانی وەستا بەکر
سەرەتا نەمئەویست لەسەر ئەم بابەتە بڵاوکەمەوە، بەڵام ئێستا کاتێکی گونجاوترە دوای ئەوەی کە هەردوو بەرەی لەگەڵ و دژە جێندەر تا ئاستێک خاوبوونەوتەوە و ئەکرێ بەهەناسەیەکی ترەوە بۆ بابەتەکە بڕوانن، ئەم وتارە پەردە لەسەر بەشێک لە شاراوەکان هەڵئەماڵێ و هەردوو لایەنی ئەرێنی و نەرێنی ڕوونتر ئەخاتە بەردەستی خوێنەر.
پێناسەی جێندەر/ڕەگەز:
جێندەر زیاتر لە پێناسەیەک هەڵەگرێ و بەشێوەی جیاواز باسی لێوەکراوە هەربۆیە تێگەشتنی جیاوازیشی لەناو کۆمەڵگەی کوردیا هێناوەتە ئاراوە.
جێندەر واتە پێناسەی هەستی مرۆڤ بۆ دیاریکردنی ڕەگەز. هەستی مرۆڤ بەرامبەر بەخۆی نەک بوونە بایلۆجییەکەی، واتە هەرکەسێ ئەتوانێ ڕەگەز دیاربکات نەک بوونی بایۆلۆجی.
جێندەر ڕێگە ئەیا خود جۆری ڕەگەز بەپێی خواستی حەز و ئارەزووە سێکسییەکانی خۆی دیار بکات نەک بوونە بایۆلۆجییەکەی.
جنیندەر واتە دایرکردنی جۆری کۆمەڵایەتی وە دژی ئەو هەڵاوردەیەیە کە لەسەر بنەمای ڕەگەز ئەکرێ.
جێندەر ئەو ڕۆڵ و تایبەتمەندییە کۆمەڵایەتیانە ڕەتئەکاتەوە کە لەسەر بنەمای بوونی بایۆلۆجی و ئەو ڕەفتار و ڕۆڵ و چاوەڕوانیانە بنیاتنراون کە کۆمەڵگە بۆ بەهەریەک لە ژن و پیاو دیاری کردووە.
مەوسوعەی بەریتانیا بەم شێوە پێناسەی جێندەری کردووە: هەستی مرۆڤ بە خودی خۆی، ئەگەر نێرە یان مێ. ناسنامەی جێندەر جێگیرنییە بەو ڕەگەزەی مرۆڤ پێوەی لە دایک بووە.
پەیمانگەی کەنەدی بۆ توێژینەوەی تەندروستی بەم شێوە پێناسەی کردووە. جێندەر بریتییە لە ڕەگەزی کۆمەڵایەتی کەسێک نەک ئەو ڕەگەزە بایۆلۆجییەی کە پێوەی لەدایکبووە، بەڵکو بریتییە لەو ڕەگەزە کۆمەڵایەتییەی کە دەکرێت کارتێکراو بێت لەلایەن چەندین بارودۆخی کۆمەڵایەتیەوە.
وەزارەتی تەندروستی و خزمەتگوزاری مرۆیی ئەمریکا بەم شێوە پێناسەی کردووە: سێکس بریتیە لە جیاوازییە بایلۆجۆییەکانی نێوان نێر و مێ، کە خۆی لە کرۆمۆسۆم و ئۆرگانەکانی زاوزێ و جیاوازی هۆرمۆنەکان و چەند شتێکی دیکە ئەبینێتەوە، بەڵام “جێندەر” ئاماژەیە بۆ ڕۆڵ و ڕەفتارە کۆمەڵایەتییە بنیاتنراوەکان، یاساییەکان و کارتێکەرەکان کە لە چوارچێوەیەکی مێژوویی و کولتووریا ڕووئەیەن، لە سەرانسەری کۆمەڵگاکان، بە تێپەڕبوونی کات ئەگۆڕێن.
توێژینەوە و جێندەر/ڕەگەز:
جێندەر/ڕەگەز بریتییە لە، مەودای تایبەتمەندییەکانی پەیوەست بە مێینەیی و پیاوسالاری و جیاوازیکردن لە نێوانیانا. زۆربەی کولتوورەکان “دووانەی ڕەگەزی” بەکارئەهێنن، کە تێیا ڕەگەز دابەش ئەکرێت بەسەر دوو پۆلا، مرۆڤەکان بە (کوڕ/پیاو و کچ/ژن) دائەنرێت، ئەوانەی لە دەرەوەی ئەمانەن لەوانەیە بکەونە ژێر زاراوەی “چەتری نا-دووانەیی”. زۆربەی زانایان هاوڕان لەسەر ئەوەی کە ڕەگەز تایبەتمەندییەکی ناوەندییە بۆ ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی.
لە چوارچێوەی ترا زاراوەی جێندەر بۆ جێگرتنەوەی سێکس بەکارئەهێنرێت بەبێ ئەوەی نوێنەرایەتی جیاوازییەکی چەمکی ڕوون بکات. بۆ نموونە لە لێکۆڵینەوەکانی ئاژەڵە غەیرە مرۆییەکانا. جێندەر بە شێوەیەکی باو بۆ ئاماژەکردن بە ڕەگەزی بایۆلۆژی ئاژەڵەکانیش بەکارئەهێنرێت.
زانستە کۆمەڵایەتییەکان لقێکی تایبەت بە توێژینەوەی ڕەگەز/جێندەریان هەیە. زانستەکانی دیکەش وەک سێکسۆلۆژی و زانستی دەمار، گرنگی بەو بابەتە ئەیەن. زانستە کۆمەڵایەتییەکان هەندێک جار وەک بنیاتێکی کۆمەڵایەتی لە جێندەر/ڕەگەز نزیک ئەبنەوە، لە کاتێکا زانستە سروشتییەکان لێکۆڵینەوە لەوە ئەکەن کە ئایا جیاوازییە بایۆلۆژییەکان لە مێینە و نێرینەکانا کاریگەرییان لەسەر گەشەکردنی ڕەگەز لە مرۆڤا هەیە؛ هەردوو لێکۆڵینەوەکە ڕژد ئەکەنەوە کە جیاوازییە بایۆلۆژییەکان تا چەند کاریگەرییان لەسەر دروستبوونی “ناسنامەی جێندەری/ڕەگەزی” و “ڕەفتاری جێندەر/ڕەگەزی” هەیە. هەروەها لە هەندێک ئەدەبیاتی ئینگلیزیا، سێ بەش لە نێوان “سێکسی بایۆلۆژی، ڕەگەزی دەروونی و ڕۆڵی ڕەگەزی کۆمەڵایەتیا” هەیە. ئەم چوارچێوەیە بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٧٨ لە توێژینەوەیەکی فێمینیستیا سەبارەت بە ترانس سێکسوالیزم دەرکەوت.
هاوردەکردن:
جێندەر چەمکێکی کۆمەڵگە ڕۆژئاواییەکانە نەک بەرهەمی تێچەنی هزری کوردی، هاوشێوەی دیموکراسی، لێبرالیزم و سێکۆلاریزم. ئێمەی ڕۆژهەڵاتی بەتایبەتی کورد بەکاربەری ئەم چەمکانەین نەک خوڵقێنەر، بۆیە گرنگە پێش هەر شتێک بە زانکۆکانا تێپەڕینرێن و پاشان بخرێنە بەردیدی خەڵکی/عەوام.
بیرمانەچێ بەشێکی لایەنە ئیسلامییەکان کێشەی زۆریان لەسەر چەمکی دیموکراسی و پەرلەمان هەبوو وە بە کفر و حەرام و بەرەڵایی وەسفیان ئەکرد، پاشان هەر خودی خۆیان بوون بە ئەندام پەرلەمان لە ڕێگەی بەشداری کردنی هەڵبژاردنەکانەوە کە داهێنانێکی دیموکراسییە.
لە ئایستایا کار گەشتۆتە ئەوەی جێندەر/ڕەگەز وەک کفر و ئیلحاد بناسێنرێ و ناوهێنانی ببێتە ئابڕووبەر، هەروەک چۆن لە پێشترا ووشەی “تیاترۆ” وەک هەجوو بەکارئەهێنرا و تا ئێستاش هەروا باوە، لەکاتێکا “تیاترۆ” کە ئەکاتە “شانۆ” لە پەیمانگاو زانکۆکانا ئەخوێنرێ، چونکە ئەو سەردەمەش شانۆ بەکاريکی نەشیاو ئەبینرا تا کار گەشتە ئەوەی تیاترۆ ببێتە هەجوو بەرامبەر خانمان.
هۆکاری سەرهەڵدانی جێندەر:
زۆر گرنگە پێش هەر شتێک بگەڕێینەوە بۆ هۆکاری سەرهەڵدانی هەر چەمێک بەتایبەتی چەمکە هاوردەکراوەکان، چونکە بۆ هەر یەکێکیان کۆمەڵێک هۆکار و پێویستی وایکردووە کە هەر یەکێک لەم چەمکانە لەدایکبن.
جێندەر کاتێ سەریهەڵا کە لەڕێگەی داب و نەریتەوە جیاکاری نێوان نێر و مێ گەشتە ئاستی چەوسانەوە، کاتێک کە داهێنانە کۆمەڵایەتیەکانی مرۆڤ بوونە ئامرازێک بەدەستی نێرینەوە بۆ زاڵبوون بەسەر مێیەکانا، ئیتر لێرەوە بەپێویستزانرا کە جیاوازی بایۆلۆجی و ڕەگەزی/جێندەری مرۆڤ ناکرێ بکرێنە بنەما بۆ دابەشکاری ئەرک و ماف.
ئەمە هۆکاری هاتنە کایەی جێندەربوو، ئیتر لە دوای ئەمەوە هەندێک شتی لاوەکی تێکەڵکراوە کە تەنانەت لە ڕۆژئاواش تا ئێستاش بۆچوونی جیاوازی لەسەرە، هەر بۆ نمونە حیزبە ڕاستڕەوەکانی ئەوروپا یەکێک لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیان دژایەتی هاوڕەگەزبازییە و زۆربەشیان لە ئێستایا یان بوون بە پێکهێنەری حکومەت وەک پارتی “برایانی ئیتالیا” بە سەرۆکایەتی جۆرجیا مێلۆنی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی ئیتاڵیا، یان بوون بەدووەم گەورە حیزب لەسەر ئاستی وڵاتی سوید وەک پارتی “سویدیە دیموکراتەکان” بە سەرۆکایەتی ییمی ئۆکەسۆن.
جێندەر باکگراوندێکی قوڵی هەیە لە کۆمەڵگەی ڕۆژئاوا بەڵام تا ڕادەیەک نامۆیە بە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی، بگرە زۆرینەی ڕەهای خەڵک تەنانەت ناتوانن پێناسەشی بکەن.
هەندێک ئەڵێن جێندەر بابەتێکی هەنووکەی نییە، پرسی زۆر گرنگتر هەیە قسەو باسی لەسەر بکرێ، لەڕاستیا گرنگە هەموو ئەو چەمکانەی لە ئێستا و لە داهاتووا کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە دائەنێن بە خەڵکی/عەوام بناسرێن پێش ئەوەی لە ڕێگەی یاساوە کاری پێبکرێ یان بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە کە ئەمەش کاری زانکۆکانە.
جێندەر و هاوڕەگەزخوازی:
جێندەر ڕێگە خۆشکەرە بۆ دیارکردنی ڕەگەز بەو جۆرەی کەسەکە پێیخۆشە، واتا جێندەر کارئاسانی ئەکا بۆ هاوڕەگەزخواز تا نکۆڵی لەبوونی بایۆلۆجی خۆی بکات کە هەیە و ئەبینرێ، وە ناساندنی خۆی بەوەی کە خودی خۆی هەستی پێئەکا نەک وەک ئەوەی کە ئەبینرێ و دەرەکەوێ، لەکاتێکا لەسەرەتایا ئەمە بەشێک نەبووە لە مەغزا و ناوەرۆکی جێندەر، بەڵکو تێهەڵکێشکراوەتە ناوی، جا ئیتر ئەگەر بەرەی لەگەڵ جێندەر بڵێن هاوڕەگەزخوازی لە جێندەرا جێینابێتەوە، یان بەرەی دژ بڵێن جێندەر واتە هاورەگەزبازی ئەوا هەوردوولایان هەڵەن، چونکوم لە ئێستایا هاوڕەگەبازی تێهەڵکێشی جێندەر کراوە لە هەندێک شوێن ئەگەرچی لە ڕۆژئاواش بەرەیەک لەگەڵ و بەرەیەک دژن، واتە جێندەر بەسودی هاوڕەگەزبازی دانەهێنراوە بەڵام لە ئێستایا دژایەتیشی ناکا.
هاوارەگەزبازی بابەتێکە زۆر لە جێندەر کۆنترە، بگرە هێندە کۆنە هەندێک پێیان وایە ئەم دیاردەیە هەر لەگەڵ دروست بوونی مرۆڤەوە بوونی هەبووە و سەرەتا وەک نەخۆشی مامەڵەی لەگەڵ کراوە، تەنانەت لە پەڕتووکە ئاینیەکانیشا باسی لێوەکراوە.
هاوڕەگەزباز لە ئێستایا بۆتە بابەتێک کە بەزۆر جۆر و شێوەی جیاواز سودی لێئەبینرێ، هەر بۆ نمونە هەندێک حیزب و ڕێکخراو مافی هاوڕەگەزباز وەک بانگەشەی دیموکراسی بوونی خۆیان بەکارئەهێنن، هەندێکیش بەپێچەوانەوە لەڕێگەی دژایەتی و ناساندنی وەک دیاردەیەکی نامۆ و نەخۆشی باسی لێوەئەکەن، کە لەڕاستیا هەردوو بەرە سود و بەرەژەوەندی ئایدۆلۆژیا و کۆمەڵایەتی و ئاینییەکانی خۆیان هەیە ئەگەرنا ئەم دیاردەیە هەر هەبووە بەڵام ئێستا پەردەی شەرم و ترسی لەسەر لابراوە و کارێک کراوە و ئەکرێ هەندێک ئەگەر تێکچوونی هۆڕمۆنی و لادانی کۆمەڵایەتیشیان نەبێ بەڵام واخۆیان ئەناسێنن یان وەک هەر کاڵا و شتێکیتر تاقی ئەکەنەوە.
هاوڕەگەزبازی بۆ؟
یەکێک لە گرنگییەکانی ڕۆژئاواییەکان ڕاگرتنی زۆربوونی ژمارەی مرۆڤە، ئاشکرایە کە زۆر باس لەوە ئەکرێ کە ژمارەی مرۆڤەکان زیابووە، کۆمپانیا گەورەکان مەبەستیانە ژمارەکە لە هەشت ملیار نەک زیاتر نەکا بەڵکو باس لەوەئەکرێ کە لەڕێگەی ڤایرۆسی نمونەی کۆڤید یان جەنگی جیهانی سێیەمەوە کەمتری کەنەوە بۆیە ئەکرێ برەودان بە هاوڕەگەزبازی هۆکارێک بێت بۆ ڕاگرتنی زیادبوونی مرۆڤ “تحدید النسل”. ئاشکرایە پێکهێنانی خێزان تەنها لەبەر نەوە خستنەوە نییە بەڵکو ژن و پیاویش چێژی جەستەی لێوەرەگرن و لەو ڕێیەشەوە ژمارەی مرۆڤ بەرەو هەڵکشان ئەڕوا، یەکێک لە تێورییەکاان ئەوەیە کە چێژی جەستە لەنێوان دوو ڕەگەزی هاوبەشا بە ئاسای وەرگیرێ و لەڕێگەی نەریت و بەها باڵاکانەوە ڕێگەی پێنەگیرێ بەوجۆرەش ژمارەی مرۆڤ وەک ئێستا زیاناکا کە بەبۆچوونی بەندە ئەمە کارێکە دژی کۆی مرۆڤایەتی و نابێ ڕێگەی پێبیرێ.
سزا:
هەرشتێک پێچەوانەی سروشتبێ بەزەرەر ئەشکێتەوە، بۆ بەردەوامی ژیان هەمیشە دوو ڕەگەزی جیاواز ئەبێ بوونی هەبێ و بەتەنها یەک ڕەگەز بوون بەرەو کۆتای ئەچێ، جگە لە ئاژەڵ و باڵندەکان تەنانەت درەختەکانیش پێویستیان بە دوو ڕەگەزی جیاواز هەیە ئەگەرنا درەختێکی زڕ و بێ بەرهەم ئەبێ، لەو ڕوانگەیەوە هەرشتێ پێچەوانەی سروشتی بوونبێ ڕووبەڕووی ئاستەنگ و سزا ئەبێتەوە.
سزا دوو جۆری هەیە “فەرمی و نافەرمی”، سزای فەرمی لەڕێگەی دادگاکانەوە دیاری ئەکرێ و سزای نافەرمیش لە ڕێگەی کۆمەڵگەوە.
کاتێک بابەتێک یاسایبێ یان بە یاسا پارێزگاری لێبکرێ و دادگاکان نەتوانن سزای بەسەرا بسەپێنن بەڵام لە هەمان کاتیشا نامۆ و قبوڵکراوی کۆمەڵگە نەبێ، ئەوا لەو کاتەیا سزای دووەم جێبەجێئەکرێ “سزای نافەرمی نەریت و کلتور”، لێرەیا کۆمەڵگە خۆی سزا دیاریئەکا و هەرخۆشی ئەسەپێنێ بۆ نمونە، شاربەدەرکردن یان پچڕاندنی کۆی پەیوەندییەکان، دابڕان لە چواردەور، هەجو ناوونەتۆرە….هتد.
بەرگرتن:
هاتنی جێندەر وەک هاوردە تەکنۆلۆجیاکانە کە بەرپێنگرتنی ئاستەم نییە بەڵام ئاسانیش نییە، تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ئامێرە زیرەکەکان بوون بەپێویستییەکی کۆمەڵگە و لە هەموو ماڵێکا هەن بەجۆرێک ئیسلامی و باوەڕدار، بێ باوەڕ، مناڵ، گەورەم ژن و پیاو هاوشانی یەکتر بەکاریئەهێنن ، بوونی ئامێری زیرەک و تۆڕی کۆمەڵایەتی هۆکاری سەرەکی هاوردەکردن و گواستنەوەی چەمک و هەواڵ و داهێنانە نوێیەکانن بەبێ خواستی کۆمەڵگە و خود، هەر لەو ڕێگەیەشەوە چەمکەکان ئەخزێنێتە ناو کۆی کۆمەڵگە جیاوازەکان.
لە ئێستایا لە کۆمەڵگەی کوردیا جێندەر وەک واتا بنەڕەتییەکی خۆی دوور لە تێخزانە نوێیەکانی هاوشێوەی ڕەگەزبازی بە کردار جێبەجێئەکرێ و خەڵکی دەستخۆشیش ئەکا کەچی دژایەتی خودی چەمکەکە ئەکرێ بۆ نمونە کە خانمان لە بازاڕەکانا بوون بە چایچی و خاوەن چێشتخانە و شوفێر و دوکاندار و خاوەن کۆمپانیا، پۆلیس، پێشمەرگە….هتد لەکاتێکا پێشتر ئەم کارانە ڕێگەپێیرا و نەبووە بۆ خانمان.
لەبەر ئەوەی جێندەر پێناسەی جیاجیای بۆ کراوە و ئەکرێ تەنانەت لە ڕژۆئاواش بۆیە گرنگە زانکۆکان پێناسەیەک داڕيژن لەسەر مەغزا و ناوەرۆکی ووشەی جێندەر تا کاتێک بەکارهێنرا ئەو هەستیارییە دروست نەکا کە ئێستا دروستی کردووە ئەمەش لەپێناوی ئاشتی کۆمەڵایەتی.
جەستەم: My body
جەستە سەنتەرە، من و جەستەم، واتا دابڕان لەگەڵ دەرەوەی جەستە و لەو ڕاستییەی تیایا ئەژیت.
پرۆژەی جەستەم من خۆم خاوەنیم کە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی لە پشتەوەیە، بۆ گۆڕینی ستراکچەری کۆمەڵگە واتە گۆڕینی کلتور و نەریت و دەستەبرداربوونی سەپێنراوەکان، واتە شیوازی ژیانکردنی نوێ لەڕێگەی بەریەککەوتنی هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ. سەرەتا ئەم پرۆژەیە بەمەبەستی هاوکاری و پارێزگاری کردن لە مرۆڤی لاواز و کەم بەرگری و مناڵ و کچ و ژنان بوو بەڵام هەندێ ڕێکخراو و حیزب و وڵات بۆ مەبەستی هاوڕەگەزخوازی بەکاریانهێنا بووە پاڵپشتێکی یاسای بۆیان.
واتا “بوەستە جەستەی منە” دەستەواژەیەکی سویدییە و فێری مناڵان ئەکران.”Stopp min kropp”
ئەم دەستەواژەیە بۆ ئەوەبوو کە مناڵان و کچ و ژنان لەناو خێزان و دەرەوەی خێزانا ئازار نەیرێن و تووشی دەستدرێژی سێکسی نەبنەوە، دواتر ئەمەش بووە بەشێک لە چەکی دەستی هاورەگەزخوازەکان.
لێرەوە بۆمان ڕوونئەبێتەوە کە جێندەر دەروازەی هاوڕەگەزبازی نەبووە، بەڵکو دەروازەی هاوڕەگەزبازی سەرەتا لە ڕێگەی موئەسەساتی ئەکادیمییەوە بووە هەتا گەشتۆتە یاسا.
بۆیە گرنگە کاتێ ڕووبەڕووی هەر دیاردەیەک ئەبینەوە یان ڕووبەڕووی کۆمەڵگا ئەبینەوە گرنگە ئەوە لەبیرنەکەین کە پاکتاوی یەکتر نەکرێ و هەمووی نەخرێتە خانەیەکەوە، چونکوم زۆرینەی ڕەهای ئەوانەی قسەیان لەسەر دیاردەکان هەیە خەڵکانی دڵسۆزن و هەریەکەی لە تێگەشتنی خۆیەوە پێی باشە بەجۆرێک خزمەت بەکۆمەڵگا بکات.
بەختەوەری یان چێژ؟
دوو ڕێکخراوەیی کلتوری جیاواز هەیە ئەوانیش ژیانی بەختەوەر یان چیژ لە ژیان.
بەختەوەری واتا هەموومان بەختەوەرین بەیەکەوە و خۆشیی و ناخۆشی لەگەڵ یەکا دابەش ئەکەین، نمونەی شای و شین و سەیران و بۆنەکان. بەڵام جێژ بۆ تاکە واتا خود خۆی چێژ وەرەگرێ و دابەشی ناکا، نمونەی سێکس کردن واتە خۆت و جەستەت بەبێ چورادەور، بەلایەکی ترا واتا گۆڕینی نەریت و کلتوری پێکەوەیی کە بەختەوەریەکەی بۆ کۆمەڵگەیە بۆ چێژ کە تەنها بۆ خودە.
بەکورتی نزیکبوونەوەی دوو ڕەگەزی جیاواز ژن و پیاو یان یەک ڕەگەز بەمەبەستی سێکس هەر بۆ چێژە بەجیاوازی ئەوەی یەکەمیان سروشتییە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان پتەوتر ئەکات و سەرەنجام بەختەوەری ئەهێنێ، پێچەوانەکەشی ڕاستە.
کێ پارێزەری بەها باڵاکانە؟
خێزان، پەروەردە، سیستمی کۆمەڵایەتی، ڕێکخراوەی بەهایی کلتوری، خەڵکی ئایندار و بێ ئاین هەردوولا بەبێ بیرکردنەوە لە ئاین پارێزەی ئەو بەهایانەن، چونکە لە ماناڵییەوە تا هەرزەکاری بە سیستمی پەروەردەی کۆمەڵایەتی ئەشێلرێ و تیا ئەتوێنرێتەوە بۆیە کاتێ گەورەش ئەبێ ئەگەر کەسە باوەڕداربێ یان بێ باوەڕ ئەوا پێکەوە پارێزگاری لەهەمان بەهاو سیستمی کۆمەڵایەتی ئەکەن، بۆیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر دیاەدەیەک کە کۆمەڵگە پێی نامۆیە و ڕەتی ئەکاتەوە ئەوا ئەبێ تەنها پەنا بۆ پەروەردەی کۆمەڵایەتی ببرێ و لەو ڕێگەیەوە کار بکرێت بۆ ڕاگرتنی، چونکوم لەڕیکەی ڕامیاری و ئابورییەوە هەرگیز سەرکەوتوو نابی هۆکارەکەشی ئەوەیە کە ئەو دووانە سیستمێکی زەبەلاحی جیهانین و سیاسەت و ئابوری تەنها وڵاتێک یان کۆمەڵگەیەک توانای ڕاگرتن و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەوانەی نیە بەڵام لەڕێگەی پەروەردەی کۆمەڵاتییەوە ئەکرێ بەری پێبگیرێ.
چارەسەر:
کاتێ ئەتەوێ ڕووبەڕووی هەر دیاردەیەک ببیتەوە گرنگە سەرەتا بگەڕیی بەدوای هۆکارەکەیا، بۆ نمونە ئەگەر بۆشاییەک نەبێ جێندەر و فێمێنیزم نایەنە ئاراوە، خۆ ئەگەربشتەوێ ڕووبەڕووی جێندەر و فێمێنیزم ببیتەوە ئەوا ئەبێ جێگرەوەیەکی کلتوری پێشکەش بکەیت و ستایلی ژیان گۆڕانکاری بەسەرابێت، دەست لە زوڵم و چەوسانەوەی مناڵ، ژن و خاوەنپێداویستی تایبەت، پیر، گەنج تەنانەت پیاویش هەڵگیرێ، ستەم کەم بێتەوە، دادپەروەری جێبەجێ بکرێ ئەمەش تەنها بە دەسەڵات ناکرێ بەڵکو ئەرکی سەرشانی کۆمەڵگەشە، ئەبێ هەرکەسەو لە خێزانەکەی خۆیەوە دەست پێبکات بەمەش گۆڕانکاری لە ڕێکخراویی بەهایی کلتوریا ئەکرێ بەبێ دەستی دەرەکی و دەستبردن بۆ قبوڵنەکراوەکان، خۆ ئەگەر بڕیاریش وابێ کە جێندەرو فێمێنزم ڕەتکرێتەوەو جێگرەوەیەکی کلتوریش پێشکەش نەکرێت ئەوا ئیتر ئەکەویتە “دەرەوەی واقع” یان دەرەوەی مێژوو.
سامانی وەستا بەکر ٢٧-١٢-٢٠٢٢ سوید-ستۆکهۆڵم
سووکایەتی.. نووسینی: احمد مکیە.. وەرگێڕانی: پشکۆ ناکام
” نامەی ” قەحبە”یەک بۆ تەنز نووسی عێڕاقی احمد مکیە “
(( …. ئەمڕۆ نامەیەکی کەمێ سەیرم پێگەیشت ئیزن لە خاوەنەکەی وەر ئەگرم و بڵاوی ئەکەمەوە ، دەقی نامەکەش :
سڵاو و. ڕێز
مامۆستا احمد هەواڵت ئەپرسم،،، ببورە لەوەی کە بە بێ ئەوەی ئیزنت لێ وەرگرم ئەم نامەیەت بۆ ئەنێرم کە پێت بڵێم گلەییەکی زۆرم لێت هەیە ، چونکە هەردەم لە قسەکانتا
تۆ چەن نمونەیەک ئەهێنیتەوە لە جێ ی خۆیا نیە و سووکایەتی بە توێژێکی هیلاک لە
كۆمەڵگایا ئەکەیت و ئەم سووکایەتیەش زۆر هەم ئازارمان ئەیا وهەم بێزارمان ئەکا…….
من “قەحبە”یەکم کە جەنابت زۆر جار باس لە پەیوەندی سیاسییەکانەوە بە ئێمەوە ئەکەی
، ئەڵێیت :.. كوڕی قەحبە .. خوشک قەحبە..یان دایک ؛؛قەحبە!! ئەمەش بەڕاست قبوڵ ناکرێ ، چونکە قەحبە نە ووڵاتەکەی فرۆشتوە نە دزیوێتی ، قەحبە کڵاوی نەکردۆتە سەر
موشتەرییەک بیخەڵەتێنێ و پێ ی پێ بکەنێ و دزی لێ بکا ، ناپاکی نە کردوە و دەستی
بۆ موڵک و ماڵی گشتی نەبردوە،،،
قەحبە نە دزی کردوە و نە ئەیکا و نە خەریکی ماشینەوەیە…قەحبە ئیشەکەی دیارە و لە ژێر
پەردەی ” هاوسەر گیری سیغە ” ئیشەکەی ناکا بەڵکو بە ئاشکرا هاوار ئەکا و خۆی بە”معصوم” نیشان نایا و نکڵۆکی لە مێژووی خۆی ناکا……………………………….
مامۆستای بەڕێز :.
قەحبە نە کەسی ڕفانوە ..نە کەسی کوشتوە…نە هەڕەشەی کردوە..کەسی لە بەندی خانە قایم نەکردوە، بێ دادی نەکردوە و ڕێگری بەردەم کەس نە بوە ، خۆزگە ئەو قسانەی بە ئێمە
ئەووترێ بەوانەش بووترێ کە موشتەریمانن و زۆریش مەمنوونن…….. با چەن دێڕێکی تریشت بۆ باس بکەم :
مێردەکەم باوکی مناڵەکانم و “گەواد”یشە ، لە بیرم نایە ڕۆژێک بەرتیل یان سوێندی بە درۆ
خوارد بێ ، یان گفتی شتێکی بە کەسێ یابێ و خۆی لێ دزی بێتەوە ، ئێمەی قەحبە و گەواد بە ویژدانێکی ئاسوودەوە ئەخەوین چونکە خوێنی کەسمان لە ئەستۆیا نیە ، هەقی کەسمان نەخواردوە تا سکاڵای بەرامبەرمان هەبێ ، ئێمە ووڵاتەکەمان بە نەناس و غەریب نەفرۆشتوە، بازرگانی بە لەشی خۆمانەوە ئەکەین کە موڵکی خۆمانە ، قانعین و ڕازین بەو بیست و پێنج یان
پەنجا هەزارەی وەریئەگرین و هەموو دونیاشمان بەنێ دەست لە بێگانە پان ناکەینەوە………
خولاسە. :
بەو نیشتمانەی تیایا گەورە بووین ڕێزی پێک هاتەکانی ئەگرین سوێندت ئەیەم هیچ ڕۆژێ
قەحبەیەکی”تائیفی”ت دیوە کە ئەگەر لەگەڵ حەوت پیاوی ئەم لایە نووستبێ ئەبێ لەگەڵ حەوتی لاکەی تر بنوێ..!؟” ئەمە لێیانی بنی هەمانەکەیە..” هیچ ڕۆژێ ناوی قەحبەیەکت بیستوە ناوی لە سەفقەیەکی بازرگانی گەورە یا بێ کەل پەلی کۆن بە نرخی تازە بە خەڵک. ىفرۆشێتەوە..!؟ هیچ ڕۆژێ قەحبەیەکت دیوە مامەڵە لەگەڵ “داعش” بکا و
نەوتی لێ بکڕێ..!؟ هیچ قەحبەیەکت دیوە سەیەترە بۆ ڕووتانەوەی هەژار و بێ دەرەتان دانێ؟
هیچ قەحبەیەکت دیوە ماددەی سڕکەر”موخەدەرات” دروستکا و بیخاتە بازاڕەوە و بە گەلەکەی بفرۆشێ..!؟ هیچ قەحبەیەکت دیوە لە “عەممان” یان ” دوبەی ” یان “تورکیا”
دابنیشێ و پارەی دزراوی میللەت سپی کاتەوە…!؟ ئێمە هەرچییەکمان دەستکەووتوە ئارەقی
لەش و ماندوو بوونی خۆمانە ، ئەی لە “دزی سەدە” ناوی هیچ قەحبەیەکی تیایە..!؟
برایەکی هیچ قەحبەیەکت بیستوە لە سەر بەرتیل گیرا بێ ؟ هیچ گەوادێکت دیوە خۆی
بتەقێنێتەوە..؟یان بە دەمانچەی دەنگ کپ کراو تاوانبار بێ بە تیرۆر کردن ،! سوێندت ئەیەم هیچ گەوادێکت دیوە زیاتر لە بەرژەوەندی ووڵاتەکەی خۆی لە خزمەتی ووڵاتێکی ترا بێ….؟ووتت چی .. كوا وەڵام..
مامۆستا احمد. :
ڕاستە من قەحبە و مێردەکەم هاوکارمە ، بەڵام نیشتمانەکەی خۆمان خۆش ئەوێ و بە وەفاین بۆی و لە پێناویا چاوی خۆمان دائەنێین ، خۆ ئەوە ئێمە نین باشوور و باکووری
ووڵاتمان پڕ کرد بێ لە سوپای دراوسێ ی ڕۆژهەڵات و دراوسێ ی باکوور… ،، بە داخەوە
سیاسیە ساختەچییەکان وایان کردوە ڕوومان نەیە سەیری خەڵک بکەین………………))
….ئەمە ڕا و بۆچوونی قەحبەیەک بوو لەسەر سیاسییەکان ، بەڵام لە چاو ئەو سیاسییانە
چەنڵ شەریف”یت ئەی “قەحبە”… بۆیە ئەبێ بزانین ڕوو بکەینە کێ بۆ باسکردنی
سووکایەتی..
“””””””””””””””””””””””””””””””””””
لە پەیجی “احمد مکیە”وە وەەگیراوە
ڕانان و سەرنج بۆ ڕۆمانی کــاســا.. نوسین و ئامادەکردنی: یوسف اسماعیل عەزیز
ناوی کتێب: کـاسـا
بابەت: ڕۆمان
نوسینی: سەربەست سەعید
لاپەڕ: پێکهاتووە لە ٢٢٤ لاپەڕە
خوێندنەوەی کتێب: یوسف اسماعیل
ڕۆمانکە بە نیگارکێشێک بەناوی ( ئاشەوان ) یاخوت بە چاپە بادینیەکەی ( ئاشگێڕ ) دەست پێدەکات، کە تووشی نەخۆشی بیرچوونەوە بووە. وە تابلۆکە بە وێنەی خۆی دەنەخشێنێت و لەسەر دەی ڕەنگێنێت، وە وێنەکە لە چوارچێوەکەی خۆی دێتە دەرەوە و وەک ئێمە دەست بەژیان دەکات وە لەم ڕێگایەوە باسی زۆر شت دەکات. یەک لە وانە باسی هونەر دەکات کە چەندە بۆ ئێمە گرنگە و لەلای ئێمە بارودۆخی بۆچی وایە…..
لە لاپەڕە هەشتدا باسەکە دڕێژە بە ژیان و گرفت و ژیانی خۆی دەکات بەناوی ( گەڤەڕ )، گەڤەڕ کە کچێکی زۆر جوان دەبێت ئاشقی کوڕێک دەبێت بە ناوی ( میتان ) بەڵام بەهۆی بارودۆخی خراپی برایەکەی کە ناوی ” ئاشەوان ”ـە زۆر نەخۆشە و هیچارەیەکی نییە، ناچار دەست لە خۆشەویستی هەڵدەگرێت، تەنانەت ناتوانێت پەرە بەخوێندنەکەشی بدات. ساڵ دەڕوات ”گەڤەڕ” پیردەبێت و شوو ناکات و خۆشەویستێکیش نادۆزێتەوە و بچێتە ماڵ و ژیانی خۆیی. ”گەڤەڕ” بەهۆی بارودۆخی خراپی دارایەوە نەیدەتوانی کارێکیش بکات بۆیە کاتێک پیردەبێت هەڵدەستێت بە فرۆشتنی تابلۆکانی بۆ ئەوەی درێژە بە ژیان بدات بەهۆی نەخۆشی براکەیەوە…..
هەروەها نوسەر لەم ڕۆمانەیدا باسی کتێبخانەکانی بیرنەچووە وە هەروەها باسی { سەرکردە ، شاعیر ، نوسەرانی کورد و ئەوانی تر….} باسکردووە بەوردیەوە لە بارەیانەوە دواوە.
گەر سەیری زمانی نوسینەکە بکەین زۆر بەباشی بمان دەردەکەوێت تامی باکووری تێکەڵ کراوە، وە زۆربەی وشەکانی لەم ڕۆمانە بەکارهێناوە وشەی ڕەسەنی کوردی ڕەسەنە، ئەم وشانەش دەوڵەمەندیەکی دیکە بە ڕۆمان دەبەخشێت. وە لەڕووی ڕێزمان و خاڵبەندیەوە ئاستێکی باشی هەییە، وە زۆر وشەی جوان و ڕوون بەکارهێندراوە.
ئەم ڕۆمانە بەڕاستی شایەنی خوێندنەوەیە کە بە هەر دوو زاری ( سۆرانی و بادینی ) لەبەردەستی خوێنەران دایە، من نامەوێت زۆر بچمە نێو ناوەڕۆکی ڕۆمانکە چوونکە گەر ناوەڕۆک بۆ خوێنەر ئاشکرا بکرێت، ئەمە تام و چێژ لە خوێنەر وەردەگرینەوە، هەڵبەت حەزناکەم هیچ خوێنەرێک لەم چێژە بێ بەش بێت، ئەوی ماوە دەبێت بۆ خوێنەری خۆشەویشت جێ بهێڵم……
چەند دێرێک لە ڕۆمانی کـاسـا:-
” برسێتی خۆی چەکێکی زۆر بەهێزە کە هەموو شتێک لە بەردەمیدا دەشکێت ”
” دایکەکان بەهۆی برینەکانی خۆیانەوە نامرن، بەڵکو بەهۆی برین و نەخۆشیەکانی منداڵەکانیانەوە دەمرن”.
نوسین و ئامادەکردنی: یوسف اسماعیل عەزیز
زەنگیانەی ئاویی- ڕستی سیازدەم.. فەتاح حەسەن
( بەهەشت )
هەرکەسێك خوا خۆشیبوێ
دەیخاتە بەهەشت
گەر دەتەوێ خوا خۆشیبوێی
خۆت برسی بکە و
برسییەك تێر.
( جینۆساید )
بڵێی کورد .. وەکو ئەبرەهە
فیلکێشی کردبێت،
بۆ ڕوخاندنی کەعبە..
وا بەناوی ئیسلامەوە
جینۆساید دەکرێ و
مسوڵمانی هەموو دنیا..
لێیبێدەنگن؟!
( تاڵیی و شیرینیی )
بۆ هەر قومە قاوەیەك و
جگەرەیەك
ماچێکم بەرێ..
ئەوجا پێتدەڵێم
هەردوکیان چەند شیرینن
لەگەڵ ماج.
( پێڵاو )
خوێندکارێك بەپێخاوسیی
ساڵی خوێندنی بەڕێکرد،
بەر لەوەرگرتنی نمرەکەی
چی پارەی دەخیلەکەی بوو
دای بەجوتێك پێڵاو..
بۆ مامۆستاکەی.
( ڕاستییەکی تاڵ )
داپیرەیەك
دوای پێنج شوو
لەسەرەمەرگا
راستییەکی تاڵی درکاند
تاکە پیاو خۆشیویتبم
باوکم بوو.. چون
تەنها ئەو ئازاری نەدام.
( یادەوەرییەکی منداڵی )
لەمنداڵیمەوە
گوێم بەوە دەزرنگێتەوە
دادوەر، داد دەسەپێنێ
گوێ بە پول و پارە نادا..
کەچی ئەمرۆ
سزای دادوەرێکیان دا،
بەتێوەگلان لەگەندەڵیی.
( قومارچی )
قومارچییەك وتی
بەخت یاوەرم نییە لە قومارا
هاوڕێیەکی وتی:-
ئەی.. خۆشەویستیی
ئەویش وتی:-
هەر لێیگەڕێ.
( گوڵی ڕەزاگران )
گوڵم ئەو کاتە پێ جوان نییە
کە،لەسەر،
گوڵکۆی ئازیزێك دەیبینم.
( بەزەیی )
دەمەوێت
شوێنێك بدۆزمەوە
تیایدا بگریم،
ئەمن بەڕق ئاشنا نیم
وەلێ
ڕقی ئەستورم
لەو کەسانەیە
کەدەگرێم،
دەبمە جێگەی، بەزەییان.
فەتاح حەسەن
دانیمارك/ ڤالبی
لایەنە ئیسلامیەکان لەم هەلومەرجەدا بێدەنگ بن باشترە.!.. عوسمان حاجی مارف
پیادەکردنی “جیایی دین لە دەوڵەت و پەروەردە” لە هەر ووڵات و کۆمەڵگایەکدا چەسپابێت، بۆخۆی دەبێتە مەرجێکی گرنگ بۆ دابینبونی ئازادی بیروباوەڕ، بە پێچەوانەشەوە داسەپاندن و پیرۆزکردنی هەر ئایدۆلۆژیەک ئەو بەڵاو دەردیسەریەی ژیانی تەواوی کۆمەڵگایە کە ئینسانەکان دەخاتە ناو دۆزەخی ناچاری و بێئومێدیەکەوە، مافی هەناسەی ئازادی دەکاتە مەحاڵ و ژیانێکی تاڵ و ئەوپەڕی دۆخی نائینسانی و دەبێتە دیاریەکی ناحەز و تەوق بۆ دانیشتوانی ئەو کۆمەڵگەیە. گەربەشێکی زۆر لە بەشەریەت لەڕێڕەوی خەباتی جەماوەری بۆ ئازادی وەک دەستکەوتێک ڕزگاریان بوبێت لە جۆری دۆزەخی داسەپاندنی هەر ئایدۆلۆژیایەک، بەڵام ئەم داگیرکاریەی کە بەڵای زاڵکردنی ئایدۆلۆژیایە، تائێستا کابوسێکی گەورەیە بەسەر بەشێکی زۆری تر لە جیهاندا، بە تایبەتی بەڵای ئیسلامی سیاسی بە هەر شێوازو جۆرێکەوە لە مەیداندا بێت ناجۆرترین و نەرێنیترین نمونەی بێئیرادەکردن و تۆقاندنی بەشەریەتە. رەوتەکانی ئیسلامی سیاسی لە بەکارهێنانی ئاینی ئیسلامدا وەک هەر ئایدۆلۆژیایەکی تری زهنگەرایی پێش هەموشتێك بۆ پارێزەری سەرسەختی پەیوەندیەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریە، بەمانایەک ئەوە ڕاگرتنی پەیوەندی کارو سەرمایەیە کە لە جوگرافیایەکی دیاریکراودا پێویستی بە هێزو نفوزی ئیسلامی سیاسیە، تا فرسەتی کاری هەرزان بەردەوام بەرفراون کاتەوە. پێداویستی پەیوەندیەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریە کە دوای تێپەڕبونی هەزارو چوارسەد ساڵ لە مێژووی ئیسلام، پێویستی بەدەسەڵات و بەکارهێنانی شەریعەی ئیسلامیە، تا کرێکاران و زەحمەتکێشان ناچار بە قەبوڵکردنی ژیانێکی نابوت و ناشایستە بکات.
ئەو دەوڵەت و کۆمەڵگایانەی دەرگیرن لە گەڵ ئیسلامی سیاسیدا، لەسەرهەڵدانی هەر شۆرشێکی کۆمەڵایەتیدا، ئەرکێکی گرنگی ئەو شۆرشە سەنگەرگرتنی جدیە لەبەرامبەر ئیسلامی سیاسیدا بۆ چەسپاندنی ئازادی بیروڕا، کە خۆشبەختانە خرۆشانی جەماوەری ئێران و وەستانەوەی لەبەرامبەر ئیسلامی سیاسیدا خەسڵەتێکی پێشڕەوانەو سەنگەرگرتنێکە بەرەو شۆرشێك هەنگاو دەنێت کە تەواوی ناوچەی رۆژهەلاتی ناوەراست و ئەولاتریش، لە ئیسلامی سیاسی پاکدەکاتەوەو ناوچەکە دەخاتە ژێر هێژمۆنی دابینکردن و مسۆگەرکردنی “جیایی دین لە دەوڵەت و پەروەردە”
و ئاینیش وەک باوەڕی کەسەکان پارێزراو دەبێت. ئەنجامگیری لەم واقعیەتەی ڕاپەرینی جەماوەری ناڕازی ئێران پێشبینیەکی ڕۆشن دەخاتە بەرچاومان کەچی ڕوئەدات و چ ئاڵوگۆڕێک پێکدێت، کە خودی هەڵسوراوان و ڕێکخراوو هێزە ئیسلامیەکانیش زۆر باش درکی پێدەکەن کە شۆرشی ئێران چۆن ئایندەی ئیسلامی سیاسی تەواو دەخاتە ژێر پرسیارو لێپرسینەوەوە، بۆیە هەر لە ئێستاوە بانگەوازی شەڕی مان ونەمان لەگەڵدا دەکەن و بەرگریەکی تەواو قێزەوەنی دژی ئینسانی لە خۆیان دەکەن.
ئەو کەمپینانەی لایەنە ئیسلامیەکان ئێستا لەبەرامبەر مەسەلەی ژنان و جەندەرو ئازادی بیروراو هەر مەسەلەیەکی تردا، خۆیان پێوە سەرقاڵ کردووەو هەرایان لەسەر سازکردووە، هەوڵدانە بۆ هەڵخڕاندنی کۆمەڵگە بۆ بەرگرتن بەو ڕەوتانەی لە بەردەم بڕیاری ئاڵوگۆڕی ڕیشەیدا خۆیان ناساندووەو کاری لەسەر دەکەن، لایەنە ئیسلامیەکان ئارامیان وەها لێ بڕاوە بەرلەوەی کۆتایی رۆڵی سیاسیان بەرجەستە بێتەوە، خەریکن پێش وەخت تۆڵە دەکەنەوەو دۆخی شەرخوازی گەرم دەکەن، تا ئەو ئاستەی جگە لە دروستکردنی پەروەندەی بێماناو شکستخواردو لە دادگادا، لەهەمانکاتدا خەریکن جۆرێک لە هەرەشەو تۆقاندنشیان کردۆتە داردەستێک بۆ ئەو شەرەی کە دەیانەوێت پارێزگاری لە مانەوەو نفوزی سیاسی خۆیان بکەن. بەڵام پێویستە واقعیەتی ئەو هاوکێشەیەمان بۆ رۆشن بێت کە بارودۆخی ئیستا، دەورانی ئاوابونی ئیسلامی سیاسیە و شۆرشی جەماوەری رادیکاڵی ئێران زوو یا درەنگ ئەو ئەرکەیان خستۆتە سەر شان و یەکلایی دەکەنەوە.
چارەنوسی ئەوانەش کە دڕندانە و شەرەنگێزانە بەرگری لە کۆماری ئیسلامی و ئیسلامی سیاسی دەکەن، حەتمیە دەبن بە ژێر دەستوپێی لێشاوی ئەو شۆرشەوە، بۆیە پاراستنی ئارامی و بێدەنگی و دانیشتن بە قازانجیانە و پارێزراو دەبن، نەک ئەم پەلەقاژێ و هەراو هوریایەی دەستیان داوەتێ.
هەروەها پێویستە ئەوە بەهەند وەرگرین کە بەجیا لەوەی پێویستە تەواوی کەمپین و هەراوهوریاکانی ئیسلامی سیاسی جەسورانە پوچەڵ کەینەوەو لە شوێنی خۆیدا وەڵام وەرگرنەوە، لەهەمانکاتدا هەر هەوڵێکیان لە خولقاندنی مەترسی و تۆقاندن پوچەڵ کرێتەوەو بەزیادەوە بەرپەرچیان بدەینەوە، ئێمە هەوڵئەدەین و دەمانەوێت کۆمەڵگەیەکی ئازاد و خۆشگوزەران و یەکسان بەدەست بهێنین لە چوارچێوەی کۆمەڵگەیەکی ئارام و ئاسایشدا، گەر لایەنە ئیسلامیەکان و هەر لایەنێک ئەمە بەڕەواو شایان و مافی کرێکاران و زەحمەتکێشان نازانن و بەری پێدەگرن، ئەوە ڕاگەیاندنی شەڕە لەگەڵ بەرەی ئازادیخوازو یەکسانیخوازی و ئینساندۆستی و بزوتنتەوەی یەکسانی هەمەلایەنەی ژنان و پیاواندا، هەڵبەتە ئێمەش ئامادەین بۆ ئەو شەڕەو شکستیش هەر بۆ ئەوانە، چونکە لە ئاکامدا بەرامبەر شەپۆلەکانی شۆرش بۆ ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی خۆیان دەبیننەوە.
ئێران.. سەد ڕۆژ ڕاپەڕین دژ بە دیکتاتۆر!-1-.. عەبدولڕەحمان گەورکی
ئاوڕدانەوەیەک لە رابردوو و ئاسۆی ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران!
بەشی یەکەم
عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی
بە ڕاپەڕینی سەد ڕۆژەی ئێران، ئایا “گۆڕانکاری” لە دۆخی ئێراندا ڕوویداوە یان ڕوودەدات؟ ئاسۆی ئەم پێشهاتە گرنگ و مێژووییە چییە؟ ئایا خەڵکەکە دەتوانێت کۆتایی بە دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەت بهێنێت؟ یان دەسەڵاتی ئێران لە سەر حوکم دەمێنێتەوە؟ خاڵە بەهێز و لاوازەکانی ئەم ڕاپەڕینە چین؟ و لە کۆتاییدا “چی پێویستە بکرێت؟”
بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە، دەمانەوێت پێکەوە و بە روانینێکی راست و درووست، چاوێک بخشێنین بەسەر ئەو ڕێگایەی خراوەتە پشت سەر و پرۆسەی سروشتی و زانستی و لۆژیکی ئەم ڕاپەڕینە مێژووییە هەڵسەنگێنین و بزانین چ ئاسۆیەک بۆ ئەم ڕاپەڕینە لە پێشە!
بە ئاوڕدانەوەیەک لە رابردوو، سەرەتا دەبینین ڕێگایەکی دوور و درێژمان بڕیوە و دەستکەوتەکانی بەرخۆدانی ٤٤ ساڵە لە دژی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی مەزهەبی بنەمای گەیشتن بووە بەو ڕاپەڕینەی ئێستادا. ئەگەر خۆڕاگرییەکی لەو شێوەیە نەبووایە، بە دڵنیاییەوە ڕاپەڕینێکی لەو شێوەیەی ئێستا بەرپا نەدەبوو. ئەو ئەزموون و دەستکەوتانەی ساڵانی ڕابردوودا، تاکه فاکتەر بوون بۆ گەیشتن به خاڵی ئێستاکەی ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران لەم سەد ڕۆژه دا. هەرچەندە ماوەیەکی کورتی پێچوو تا “ڕووداوێک” بەرز بکرێتەوە بۆ “ڕاپەڕینێکی جەماوەریی بەرفراوان”، بەڵام کاریگەرییەکەی ئەوەندە بەربڵاوە و زۆرە کە بەردی بناغەی دەسەڵاتی ئێرانی هێناوەتە لەرزین!
سەرەتا هەموو شتێک نوێ دەهاتە بەرچاو. شەهیدبوونی ژینا ئەمینی “چەخماخە”یەک بوو، “بڵێسە”ی سەند و بوو بە “ئاگر”! لە ژێر ڕۆشنایی ئەوەدا، زۆرێک لە بەها و کولتوور و نامۆیی لە کۆمەڵگادا لەناوچوون و تەلیسمی “بێ باوەڕی” شکا. تابلۆی “دەکرێ و دەبێ” بوو بە سەرمەشقی هەنگاوە گەورەکانیتر، کە بە خێرایی، سەراسەری ئێرانی گرتەوە. “ئازاری هاوبەش” بوو بە “هاواری هاوبەش” و بەرەنگاری دیکتاتۆر و دیکتاتۆری بووەوە!
ئەگەر لەسەرەتاوە هەمووان هاتنە سەر شەقامەکان، بەڵام هەر کەس و لایەنێک ڕێبازێکی جیاوازی هەبوو، ئەگەر دروشم و داواکارییەکانی هەر تاک و لایەنێک فرەچەشن بوو، ئەگەر “ئاوەکە” لێڵ و “تێپەڕبوون” تێیدا سەخت، و”ئاسۆ” ناڕوون بوو، ئەگەر بژاردەکانی هەر کەس و لایەنێک، جیاواز بوو، ئەگەر مەحاڵ بوو “دۆست” و “دوژمن” لێک جیا بکرێتەوە، هاوکات لەگەڵ هەموو ئەمانەدا، دەسەڵاتی دیکتاتۆری و لایەنگرانی شاراوەی دەسەڵات و لۆبیی ڕۆژئاوایی دیکتاتۆر بە جل و بەرگی رازاوەوە، بە مەبەستی پێشگرتن بە جووڵەی خەڵک و رێگریکردنیان لە گەیشتن بە “ڕاپەڕینی جەماوەری” دزەیان کردبووە ناو ریزەکانی راپەڕین و خەریکی تەڕاتێنکردن ئەم و ئەو بوون و بە نیاز بوون هەر بەشێک لە خەڵکی ئێران بەرەو ئاقارێک رابکێشن، بەڵام جیهان بینی کە خەڵکی ئێران خوازیاری رووخاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی مەزهەبین و ڕاپەڕینی گشتی لە سەرتاسەری ئێران، سەرەڕای هەموو هەڕەشە و پیلانگێڕییەکان، نەک هەر نەسرەوت، بەڵکو بە سودمەندبوون لە گەنجینەی مێژوویی خۆی، توانی زیاتر لە جاران ڕێگەی خۆی بەرەو داهاتوو بکاتەوە و پیلانگێڕییەکان پووچەڵ بکاتەوە!
پووچەڵکردنەوەی پیلان و سیناریۆ ڕەشەکان!
خەڵکی ئێران بە درێژەدان بە ڕاپەڕین و پێداگریکردنیان لەسەر ڕووخاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەتی مەزهەبی، هەنگاوێکی مێژوویی و گەورەیان ناوە. ئەوان هاواریان کرد “مەرگ بۆ دیکتاتۆر” و بە کەمتر لەوە ڕازی نەبوون. ئەوان لەسەر شەقامەکان هاواریان دەکرد “ئێمە بۆ سازشتکردن قوربانیمان نەداوە کە ئێستا ستایشی رێبەر (واتا خامنەیی) بکەین” یان دروشمی “مەرگ بۆ ستەمگەر، چ شا بێت و چ رێبەر (واتا خامنەیی)”.
ئەم هاوار و درووشمانە کە باس لە “رەتکردنەوەی دیکتاتۆرییەت” و هەروەها “بەدیلی دەسەڵات” دەکات و نکۆڵی لە هەموو ڕێگایەکی هێمنانە و سازان و گەڕانەوە بۆ ڕابردوو دەکەنەوە، لایەنە ڕاستەقینەکانی گۆڕەپانی راپەڕینیش دەردەخات. لە لایەک “دیکتاتۆرییەتی مەزهەبیی دەسەڵاتدار”، کە ترسناکترین و سامناکترین دیکتاتۆرییەتی مێژووی ئێرانە و لە لایەکی دیکەشەوە، “خەڵک و رۆڵە گیان لەسەر دەستەکانی گەل” کە سەرەڕای (750) شەهید و زیاتر لە (30) هەزار دەستبەسەرکراو، ئامادە نین گۆڕەپانەکە بەجێبهێڵن.
خەڵکی ئێران بە ئەزموون فێری ئەوە بوون کە تاکە ڕێگە بۆ ڕزگاربوون لە دیکتاتۆرییەت و گەیشتن بە ئازادی، “بەرەنگاربوونەوەی دیکتاتۆریەت”ە و پێداگری و سووربوونە لەسەر “ڕووخاندنی دەسەڵات”، نەک تەنها دەربڕێنی ناڕەزایەتی هێمنانە و ناڕەزایەتیی مەدەنی و بە ناو”خۆدوورڕاگرتن لە توندوتیژی” کە هەندێک بانگەشەی بۆ دەکەن! چون ئەم بانگەشەیە کاتی بەسەرچووە. خەڵک هەروەها لەو باوەڕەدان کە بۆ پێشخستنی ڕاپەڕین و گەیشتن بە ئازادی، پێویستە لەسەر شەقام بمێننەوە و بەرەنگاری هێزەکانی دیکتاتۆر ببنەوە و نەترسن. ئەوان ئەوەیان داوەتە بەر خۆیان کە ملکەچی هەڕەشە و پیلانگێڕییەکان نەبن و سەر دانەنەوێنن. چونکە باش دەزانن گۆڕەپانی راستەقینەی رووخاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆری، “ناوخۆی وڵات” و سەر شەقامەکانە نەک لە “دەرەوەی سنوور”ەکان!
ڕێگای ڕاست و درووستی ڕابردوو و ئێستا و داهاتوو!
وریابوونی خەڵک لە بەرنەدانی ڕێگای ڕاست و درووستی ڕاپەڕین، دەستکەوتێکی بەرچاو و ناوازە بوو. خەڵک لە ڕاپەڕینەکانی پێشوویاندا، هەبوونی ئەڵتەرناتیڤ لە ناو دەسەڵاتیان رەت کردەوە و بە سەریدا تێپەڕین. خەڵک هەروەها ئەڵتەرناتیڤی ساخته و بێ بنەمای دەرەوەی دەسەڵات (و لەوانە گەڕانەوە بۆ سەردەمی دیکتاتۆرییەتی شا)یان لادا و پێداگرییان کرد لەسەر درێژەدان و بەردەوامی و تەواوکردنی شۆڕشی دژە پاشایەتیی 1979. چونکە خەڵکی ئێران خوازیاری دەسەڵاتێکی نیشتمانی و جەماوەری و دێموکراتین و لەو باوەڕەدان کە بۆ گەیشتن بە ئازادی دەبێ بەسەر لاشەی مردووی دیکتاتۆرەکاندا تێپەڕن. ئێران شوێنی دیکتاتۆرییەت نییە و دەبێ ئێران سەر لە نوێ بنیات بنرێتەوە!
رێبەڕایەتیی ڕاپەڕینە جەماوەرییەکە!
بە پێچەوانەی ئیدیعای هەندێک تاک و لایەن، کە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ “پێ”یەکیان لای دیکتاتۆرییەتە و سەرقاڵی “سووڕانەوە”ن، ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران خاوەن رێبەر و سەرکردایەتیی خۆیەتی. ئەگەر نەیبوایە، نەک هەر “سەد ڕۆژ”، بەڵکو تەنانەت هەفتەیەکیشی نەدەخایاند. ئەوانەی بانگەشەی ئەوە دەکەن “ڕاپەڕین بێ رێبەر و سەرکردایەتییە”، یان “نەزان”ن یان دڵیان بۆ مانەوەی دیکتاتۆر لێدەدات. بە گوتەی ڕێبەری موقاومەتی ئێران، کێشەکە لە نەبوونی سەرکردایەتیدا نییە، بەڵکو لە “کەمبوونی ئاگر” و “هەڵگیرسانی بڵێسەی ئاگر”دایە. “هەر کەسێک بیەوێت پرسی رێبەری و سەرکردایەتی بۆ راپەڕین چارەسەر بکات، پێویستە زیاتر و زیاتر ئاگر بەرداتە گیانی ڕژێمی خوێنڕێژ و کۆمەڵکوژ”. کەوایە تاکە وەڵامدانەوە بەرانبەر بە دەسەڵات “ئاگر بەرامبەر ئاگر”ە کە ئێستا هاتۆتە ناو فەرهەنگ و کەلتووری خەڵکی ئێرانەوە و هەموو تاک و لایەنێکی جەماوەری، بەدوای ئەوەوەن کە خۆیان ئامادە بکەن بۆ ئەم مەبەستە. بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی “کۆکتێلی مۆلۆتۆڤ” لە شارەکانی ئێران لە دژی هێزەکانی حکومەت، پەیوەندی بەمەوە هەیە.
کۆتایی بەشی یەکەم
بەرزبوونەوەی دۆلار سەرەتایێکە لە شکستی کابینەی سودانی.. جبار عبداللە مهاجر
دوای روخانی رژێمی بەعسی فاشیزم، گەلی عیراق لە چاوەڕوانی ئەوەدا بوون حکومەتێکی فیدڕالی لە عیراق دابمەزرێت کە ببێتە مایەی خۆشگوزرانی بۆ هاوڵاتیان. دوای تێپەڕبوونی چەندان کابینەی نوێ و سەرکردەی جیاواز بەڵام هیچ خۆشگوزەرانیەکی بەدوای خۆیدا نەهێنا گەلی عیراق بێ ئومێد بوون لە دەستاودەستکردنی دەسهەلات، هەموو شکستە یەک لەدوا یەکەکانی کابینەکانی پێشوو دەگەڕێتەوە بۆ مەسەلەی دووبەرەکی تائیفی و مەزهەبی خەمی گەورەیان وەرگرتنی پۆست و دامەزراندنی یەکە سەربازیەکانە لەدەرەوەی چاودێری حکومەت، ئەمەش مانای ئەوەیە کە هیچ حکومەتێکی دامەزراو بوونی نیە، بەنمونە ئەو کابینەی ئیستا وەربگرین کە ماوەی مانگێک دەبێت دەسبەکاربووە و دامەزراوە، هاوشێوەی کابینەکانی پێشوو هەرسێ سەرۆکایەتی دابەش کراون سەرۆکی حکومەت بۆ شیعەکان سەرۆکی کۆمار بۆ کورد سەرۆکی پەرلەمان بۆ سونەکان، بەڵام ئەوەی دەسهەڵاتی ڕەهای پێراسپێردراوە سەرۆکی حکومەتە، دەسپێکی ئەم کابینەیە بەکۆمەڵێک شعاری نەتەوەی و ئاشکراکردنی داهاتی دزراو و گەڕاندنەوەی بۆ خزێنەی دەوڵەت و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوخۆی و دەرەکی دەستی پێکرد بەڵام ئەو بەڵێنانە تاکوو ئیستا هیچیان کرداری نەبوونە تەنها بەڵێنی زارەکی بوون، بەرزبونەوەی دۆلار لەبەرامبەر دیناری عیراقی سەرەتایێکە لە شکستی ئەو کابینەیە حکومەتێک توانای بەرزڕاگرتنی دیناری دەوڵەتی نەبێت دەبێ چی لێ چاوەڕوان بکرێت، دابەزینی بهای دیناری عیراقی لەبەرامبەر دراوە بیانیەکان بەمانای ئەوە دێت کە دەوڵەت لەژێر حسارێکی دەرەکیدا بێت هاوشێوەی ئەو وڵاتانەی کە لەژێر حساری دەوڵەتە زلهێزاکان دا بێت، ئەم بەرزبوونەوەیە کاریگەری راستەوخۆی هەیە بەسەر بژێوی هاوڵاتیان و جموجۆڵی بازرگانی دەرەکی و ناوخۆی پەک دەخات، ئیتر هیچ ئومێدێک لای هاوڵاتی و بازرگان نامێنێ لەبەرامبەر دەوڵەت، کاری لەپێشینە دوڵەت چارەسەرکردنی دۆخە دژوارەکانە هەر دۆخێکی نەخوازراو ڕوو لە وڵات بکات پێویستە بەزوترین کات کەسی یەکەمی دەوڵەت بێتە سەر خەت ڕۆنکردنەوە بدات بۆ هاوڵاتیان بۆ ئەوەی لایەنی کەم دەرونی هاوڵاتیان ئارام ببێتەوە، ئەو نرخەی ئیستای دۆلار کاریگەری زۆری هەیە لەسەر بازار هەموو ئەو کەل و پەلانەی لەبازار مامەڵەی پێوە دەکرێت بەدۆلارە بۆیە ئەستەمە هاوڵاتیان بتوانن ئەو دۆخە تێپەڕێنن بەئاسانی، تاکو ئیستاش هیچ بەرپرسێکی حکومی لەحکومەتی عیراق نەهاتونەتە سەر خەت ڕۆنکردنەوە بدەن بۆ هاوڵاتیان، بۆیە هەموو کابینە یەک لەدوا یەکەکانی حکومەتی عێراق تەنها کەسانێک ڕێبەریان کردووە کەهیچ توانایێکی ئەوتۆیان نەبووە کەبتوانن گۆڕانکاری دروست بکەن لەئەرزی واقع، بۆیە چاوەڕوانی کردنی لەم دۆخە خراپتر بکەن لەداهاتوو.