چەوساندنەوەی ژنان یا لەناوبردنیان، دوو دیدگای جیاواز.. موئەیەد ئەحمەد

ستەمگەری و سەرکوت و هەڵاواردن دژی ژن بۆ هەر مرۆڤێکی ئازادیخواز و یەکسانیخواز و ئینساندۆست و لە سەروو هەموویانەوە بۆ هەر ژن و کچێکی گەنج، شۆکێکی بەردەوام و نەبڕاوەیە، و هەردەمیش بەدوای ئەو پرسیارەوەیە کە سەرچاوەی ئەم ستەم و تاوانکاریـیە دژی جنسی بەشەری ژن چیـیە و ئەسڵەن بۆچی لە ئارادایە؟
ئیسلامیستەکان و ناسیونالیستەکان و ڕەوتە بۆرژوا نیولیبرالەکان و ڕژێم و دەسەڵاتەکانیان لە هەرێمی کوردستان و لە عێراقدا، و هەریەکە و بە پلەی جۆراوجۆر لە بێشەرمی و بێباکی و وەحشیگەری، و بە بڕوبیانووی جۆراوجۆرەوە، ئەم ستەمکاریـیە و ئەم سیستمە لە سەرکوت ئەپاریزن و جیگیرتری ئەکەنەوە و دەسەڵات و کۆنترۆڵیان بەسەر کۆمەڵگەدا لەم ڕێگەیەوە، و وەک یەکێک لە ئامرازەکانی دەستیان، دابین ئەکەن.
‌بەڵام ئەم زۆڵم و ستەم و بەکۆیلەکردنەی ژنان چەندە ناڕەوایە و چەندە نامەعقولە و دژ بە بەها مرۆیـیەکان وعەقل و لۆجیک و بیری ئازاد و یەکسانیخوازە، هێگڵ وتەنی واقیعە، چونکە ڕەگوڕیشەی لە واقعیی کۆمەڵایەتی و پەیوەندیـیە کۆمەڵایەتیـیەکانی بەرهەمهێناندایە، لە ژیانی ماددی ئینسانەکاندایە و بەرژەوەندیـیەکی ماددی هەیە لە پشتی درێژە پێدانیەوە.
ئەو زەمینە ماددیـیە و هەروەها ئەو واقعیەتە کەلتوری و پیاوسالاریـیە کۆنەپەرستانەیەی کە لە کۆمەڵگەدا زاڵە، ئەو شوێنە و ئەو بارۆدۆخەیە کە ڕەوتە سیاسی و حزبەکانی ئیسلامی سیاسی و نەتەوەپەرستە پیاوسالارەکان و هێزە ئیمپریالیست و نیولیبراڵەکان و فاشیستەکان لێوەی دەردەچن بۆ فەرزکردنی ستراتیژە سیاسی و ئەجندە دیلـئاوەرەکانیان بە دژی ژن و شۆرشە پرۆلیتاریـیە سۆشیالیستیـیەکان.

زەمینەی مێژوویی سەرهەڵدانی ستەم لەسەر ژنان
سەرهەڵدانی ستەم لەسەر ژنان، وەک (فریدریک ئینگلز) ئەڵێ، لە پەرتوکەکەیدا “ئەسڵی فامیلی و خاوەنداریەتی تایبەت و دەوڵت”، لە ڕەوەندێکی میژووییدا سەریهەڵداوە و پەیوەندی بەسەرهەڵدانی خاوەنداریەتی تایبەت بۆ ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و تاک هاوسەرگیری و فامیلی پیکهاتووی ئەمجۆرە هاوسەرگیریـیە. واتە ئەم ستەمە لە قۆناغێک لە قۆناغەکانی بەرەوپێشچوونی پەیوەندیـیەکانی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتیدا هاتۆتە ئاراوە و هەر بەو پێیەش بەرهەمی پرۆسەیەکی ماددی مێژوویی نەوەستاوە و ڕابردوو و ئیستا و داهاتووی هەیە. لەمڕۆدا ئەم ستەمە بەردەوامە لە کۆمەڵگەی سەرمایداری هاوچەرخدا و مۆرکی ئەم قۆناغە و شیوەی چەوساندنەوەی ئەم فورماسیۆنە کۆمەڵایەتیـیەی پێوەیە.
هەندێک ئەو تیزەی ئینگلز ڕەت ئەکەنەوە و ستەم و جیاکاری لەسەر ژنان ئەگەڕێننەوە بۆ پیش پەیدابوونی خاوەنداریەتی تایبەت و تاک هاوسەرگیریی و جۆرە فامیلیەکەی، بەڵام ئەم ڕەخنەیە هێچ لەو مەسەلەیە ناگۆرێت کە لەگەڵ خاوەنداریتی تایبەت بۆ ئامرازەکانی بەرهەمهینان و تاک هاوسەرگیری و فامیلی لەسەر ئەم بنەمایە، ستەم لەسەر ژنان بە سیستماتیک و لە پەیوەند بەم ئاڵۆگۆڕیـیە لە شیوازی بەرهەمهینان و ژیانی کۆمەڵایەتیدا جێگیر بووە و سەرلەنوێ و هەردەم بەرهەم دەهێنرێتەوە و تا ئیستاش بەردەوامە.
لە کۆمەڵگەی سەرمایەداری ئەمرۆدا، بەتایبەت لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەوانەش عێراق و هەریمی کوردستان، ستەم لەسەر ژنان لە پەیوەند بەم سیستمە کۆمەڵایەتی و ئابوریـیەی سەرمایەداریـیەوە بەرهەم ئەهێنرێتەوە و لە پەیوەند بەم زەمینە ماددیـیەوەیە کە کەلتۆر و ئایدیای دژە ژن و پیاوسالاری و بەهای عەشیرەتی و تیۆری ئاینی دژە ژن کە هی سەردەمەکانی پێشووی میژووی بەشەریین، ئەتوانن بمێـنـنەوە. هەر لێرەشەوەیە زەمینە ئەخوڵقێ تا بەشیوەیەکی نەخشەداڕیژراو و سیستماتیک ڕەوت و حزب و هێزە سیاسییەکانی بورژوازی لە ئیسلامیستەکانەوە تا ناسیۆنالیستەکان و بورژوا ئیمپریالیستەکان ئەم چەوساندنەوە و ستەمکاریـیە لە سەر ژن درێژە پێ بدەن بەوپەڕی وەحشیـیتەوە.

بەکارهێنانی جیهانبینی ماددی دیالکتیکی و مێژوویی
مارکس لە شۆینێکدا بەم مانایە ئەلێ، بۆ ناسینی هەر دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی پێویستە ئەو هۆکارانە بناسین کە سەرلەنۆی ئەو دیاردەیە بەرهەم دەهێننەوە. بۆ ناسینی دیاردەی ستەمگەری لە سەر ژنانیش هەروایە و دەبێ ئەو هۆکارە ماددیـیانە بناسین کە دەبنە هۆی سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەی لەم سەردەمەدا.
بەکارهێنانی جیهانبینی ماددی دیالکتیکی و میژوویی لە پەیوەند بە ستەمکاری سەردەمەوە لەسەر ژنان، ئەمانگەێنێتە ئەو شوێنە کە بەرژوەندە ماددیـیەکانی پشتی چەوساندنەوەی ژنان و سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەی بناسین، ئەویش بە مەبەستی گرتنەبەری ڕەخنەیەکی ماددی شۆڕشگێڕانە لە پێناوی تێکشکاندن و لەڕیشە هەڵكێشانی چەوساندنەوەکە، و بە مەبەستی سنوربەندیکردنی لێبڕاوانە لەبەرامبەر جیهانبینی ئایدیالیستی و زەینگەرایی و ئیختیاریـیەت و تیۆری سەروو چینایەتی بورژاوزی لە بواری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی ژناندا. ئەم جۆرە بیرکردنەوە ئایدیالیستانە لەگەڵ ئەوەشدا هەندێکیان بەدروست ستەمکاری و چەوساندنەوەی ژنان لە ئاستی ئایدیا و سیاسەت و کەلتور، و بیر و بەها و ترادیسیۆنی دژە ژنی، و ڕق و کینە و سوکایەتیکردن پێیان، ئەبینن، و مامەڵە لەگەڵ دیاردەی ڕۆژانەی ئەم ستەمکاریانە دەکەن کە لە هەموو ئەو لایەنانەدا دەرئەکەون، بەڵام ناتوانن ڕێگەی شۆڕشگێڕانەی کۆتاییهێنان بەستەم و کۆیلایەتی ژنان بگرنەبەر، و لە باشترین حاڵدا ڕیفورمێک ئەنجام ئەدەن لە سیستمی زاڵی کۆیلایەتی ژناندا.

مەبەست چەوساندنەوەی ژنانە نەک لەناوبردنیان
لە بناغەیترین ئاستدا کە ڕۆژانە پڕاتیک ئەکرێت ئەتوانین ئەوە ببینین کە مەبەست لە ستەمکاری دژی ژنان و پیاوسالاری لەبەرامبەریاندا و هەڵاواردن دژیان بە مەبەستی چەوساندنەوەی ژنە وەک ئینسانێک کە کۆمەڵێ کارەکتەری فیزیکی و جەستەیی و توانایی خۆیی هەیە، نەک بۆ ئەوە بێت کە سوکایەتی پێبکرێ وەک ئامانجێک لەخۆدا، وە یا لەناوببرێ وەک ستراتیژیـیەتێک، چونکە سوکایەتی پێکردنەکەش هەر بۆ ڕاگرتنیەتی وەک کۆیلەیەک.
ئەم هەڵاواردن و ستەمکاری و پیاوسالاریـیە بە دژی ژنان لەناو هەر چین و تۆێژیکی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی سەردەمدا بێت، بۆرژوازی بێت یا کریکار یا هەر چین و تۆێژێکی تر، و لە هەر شوێن و جێگەیەک بێت، یا لەناو هەر حزب و ڕێکخراو و بزوتنەوەێک بێت، لە شار بێت یا لە لادێ، و لە پەرلەمان و کەمپێنەکانی هەڵبژرادن بێت یا لەناو بزووتنەوە سیاسیـیە شۆرشگێرە جەماوەریـیەکاندا بیت، …هتد ، هێچ لەو مەسەلەیە ناگۆڕێت کە هەموو ئەم کردەوانەی کە دژ بە ژنە لەناو ئەم کەس و گروپە کۆمەڵایەتی و سیاسیـیانەدا، لە دواشیکردنەوەدا سەرلەنوێ بەرهەمهێناننەوەی دیاردەی چەوساندنەوەی ژنان و ستەمکاریـیە دەرهەقیان و بەرژەوەندێكی ماددی بە ڕاستەخۆ یا ناڕاستەوخۆ لە پشتیـیەوە وەستاوە.
ستەمکاری و کۆیلەکردنی ژن لەپیناو بەهرەبەرداریـیە لەو وزە و تواناییانە و خەسڵەتە فیزیکیـیانەی ژن و بە دیاریکراوی بەو شیواز و شیوەیەی کە ستەمکار ئەیەوێت. ئەمە بە ڕای من بەردی بناغەیە بۆ تیگەیشتنی ماددی لە چەوساندنەوە و ستەمکاری لەسەر ژن، هەر لێرەشەوەیە ئەو سیستمەی کە ژن ئەچەوسێنێتەوە بۆخۆی سیستمێکی لەرزۆکە و بەو پلەیە ئەتوانێ بەردەوام بێت کە وەزە و توانای شۆڕشگێرانەی کۆیلەکان، کە مەبەستم ژنانە، بکوژێ و هەڵچوون و ڕاپەرین و بەرنگاریـی تاکیی و بەکۆمەڵیان لەباربەرێت بەهەموو شێوەکان؛ لەوانە دوورخستنەوەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی ژنان لەوەی کە تیۆری ماددی شۆڕشگێڕانە و ڕزگاریخوازانەی خۆی بگرێتە دەست.

دیارە ئەم جەختکردنە لەسەر ئەوەی کە ستەم لەسەر ژن لەپێناو چەوسادنەوە و بەهرەبەرداریـیە، بەو مانایە نیـیە کە دوژمنکاری ژنان و سوکایەتی پیکردنیان لە ئارادا نیـیە، وەیا تەنەنات فەرزکردنی بارودۆخێكی وەها نەبێت بەسەریاندا کە جینۆسایدێکی بێدەنگ بە دژیان لە ئارادا بێت لە زۆر شۆێنی جیهاندا بە دیارکراوی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
هەر بەو پێـیە، سیاسەت و ستراتیژی چینە باڵادەستەکان سەبارەت بە چەوساندنەوەی ژن بۆ لەناوبردنی ژنان و تەفروتوناکردنیان نیـیە لە چەشنی ئەوەی کە نازیـیەکان قەلاچۆی ئینسانە جولەکەکانیان کرد لە ئەڵمانیا و وڵاتەکانی تری ئەوروپا، بەڵکو بۆ سوود وەرگرتنە لەم هێزە ئینسانەیە لە ڕێگەی چەوساندنەوە و کەڵک وەرگرتن لە هەموو ئەو خەسڵەتە سروشتیانەی کە هەیەتی هەر لەوەی کە هێزێکی کاری بێ کرێـیە لەناو ماڵدا، و چیژبەخشی سێکسە بۆ پیاو، بەرهەمهێنەر و بەخێوکاری منداڵە و لێهاتووی بەڕێخستنی ژیانی ڕۆژانەی خیزانەکانە و لێوەشاوەیی هەیە لە بوارە جۆراوجۆرەکانی ژیاندا، …هتد.
ئەم بزوێنەرە ماددیـیانەی چەوساندنەوەی ژن بەشێوەیەکی وەها چەسپاوە لە ویژدان و هوشیاری کۆمەڵگەدا کە بەشێوەیەکی هەڵگڕاوە دەردەبڕدرێت و زۆربەمان دەیبیستین و دەیخوێنینەوە لە گوتاری هەلپەرستان و بەرگریکارانی نیوە و ناچڵ لە ماف و ئازادیەکانی ژنان، بۆ نمونە، کاتیک ئەم جورە کەسانە ئەیانەوێت ڕووخساری ستەمکاری لەسەر ژن و چەوساندنەوەی جوان بکەن و پاساوی بۆ بهێننەوە جا ئیسلامیستەکان بن یا نەتەوە پەرستەکان یا هەندێ ڕۆشنبیری شۆڤێنیستی دژە ژن و پیاوسالار، وەیا تەنانەت هەندی کەسانی بەناو چەپ. ئەم جۆرە کەسانە لە کاتی بەرگری لە مافەکانی ژناندا کارتەکەی دەستی خۆیان دەرئەخەن و ئەڵێن:
ژن کۆڵەکەی “وڵات” و “نیشتمان” و “نەتەوە”یە، ژن پیرۆزە، چونکە “دایکە” و “فیداکارە” و “لەخۆبوردەیی” کردووە و هەموومانی بەخێوکردووە، و ژن “بڕبڕەپشتی خێزانە” و ماڵ و منداڵ و خێزان ڕائەگرێ و ئەبی “ڕیزی لێبگرین” و ستایسشی بکەین، واتە ڕێک باس لەو مەسەلە ماددییانە ئەکەن کە لە سنفی بەهرەبەردارییە لە چەوساندنەوەی ژن. لێرەوە لە بەر ئەم خزمەگوزاریانەیە کە پێشکەش بە پیاو و کۆمەڵگە و یا وورد تر بڵیین لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا پێشکەش بە سەرمایەی ئەکات، ئەمان باس لە ڕێزلێنان لە ژن ئەکەن، نەک وەک ئیسنانێک کە ئازاد و سەربەخۆ و یەکسان بێت.
لە لای ئیسلامیستەکان ژن کاڵایەکی سێکسیـیە و بە ئاشکرا پیاوێک بۆی هەیە چوار ژن بە کۆیلە ڕابگرێت بە ناوی هاوسەرگیریەوە، و لە کاتی جەنگدا، هەر وەک چۆن داعش ئەو کارەی کرد، ژنان ئەکرێن بە (سەبایا) و نایان کوژن تا وەک دیلێک بەکاربهێنرێن بۆ کارکردن و سێکس، و فرۆش و كڕینیان پێوەبکرێت، ئەوەش بەهۆی ئەو بەرژەوەندیـیە ماددیـیەوەیە کە ئەتوانرێ لە ئاکامی چەوساندنەوەی ژن بەدیبهێنرێت. واتە ژن لەم سیناریۆیەدا کاڵایەکی بێ گیانە و بەهایەکی بەکارهێنانی هەیە وەک هیزێکی کار، و وەک ئۆبجێکتێکی سێکسی ئەتوانرێ چیژی سێکسی بگەیەنێت بەپیاو و هەر بەو پێـیەش وەک هەر کاڵایەکی تر کڕین و فرۆشتنی پێوە بکرێ و نرخێکی هەبێت.

جەنگی ڕزگاریخوازانەی ژنان لەم سەردەمەدا
گەر ئەو سیناریۆیەی داعش جەنگێکی ئەمڕۆیە و لەهەر شۆینێکدا دەسەڵاتیان هەبێ پیادەی دەکەن، بەڵام جەنگیکی تر لە پرۆسەی مێژووی بەشەریدا ڕوویداوە، کە وەک ئینگلز باسی کردووە جنسی بەشەری ژن لەو شەرە میژووییەدا تێکشکاوە و خاوەنداریەتی تایبەتی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و تاک هاوسەرگیری و فامیلییەکەی پەیوەندێکی ڕاستەوخۆی بە بەرهەمهێنانەوەی ژیانی ماددی ئینسانەکانەوە پەیدا کردووە.
ژن لەم شەڕە مێژوویـیەدا بەکۆیلەکراوە و بەو شیوەیەش مامەڵەی لەگەڵدا کراوە و لە پرۆسەی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی و سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەی ژیانی ماددی ئینسانەکاندا وەک کۆیلە جیگەوڕێگەی بۆ کراوەتەوە. ئەوەی کە چەند ژن ئازادی بەدستهێناوە لە دنیای ئەمرۆدا و لە پرۆسەی مێژووییدا مەسەلەیەکی ترە و جێگەی باس نیـیە لێرەدا، چونکە مەبەستم زیاتر ئەوەیە کە ئەوە بەرجەستە بکەمەوە کە بەرژەوەندی ماددی و چەوساندنەوە و بەهرەبەرداری لە ئارادایە لە مەسەلەی ستەمکاری لەسەر ژنان.
ژن بەم بارە قورسەی چەوساندنەوەوە لەسەری لەناو فۆرماسیۆنە کۆمەڵایەتیـیە جیاوازاەکاندا ژیانی بەسەربردووە و خەبات و هەوڵ و تێکۆشانیشی بۆ ڕزگاری خۆی هەر لە پەیوەند بە وەلانانی ئەوە چەوساندنەوەیە بووە و ئیستاش بۆ زۆربەی ژنان واتە ژنی کریکار و زەحمتکیش هەر وایە. هەرچی بیر و کەلتوری پیاوسالاری و دژە ژنی و بەها عەشائیرییەکان و باوەرە دینییەکان هەیە لە ئەمرۆدا هەر هەموویان ئەم بەدیلگرتنە مێژووییەی ژن تیۆریزە و یاسایی دەکەن و ئەم بەرژوەندە ماددییەی چەوسانددنەوەی ژن دەپارێزن و دە‌هۆڵی بۆ لێ ئەدەن.
گەر بەشێوەیەکی تر ئەم واقعیەتە دەرببڕم ئەلێم کە لە ئیستادا ژنان لە شەڕێکی نوێدا نین کە تازە دەرگیربووبن لە سەر یەکاڵاکردنەوەی چارەنوسیان، بەڵکو لەمێژە و لە پرۆسەیکی میژووییدا شەڕەکە کراوە و جنسی بەشەری ژن تێکشاوە و بەدیل گیراوە و بە درێژایی میژووی نیزامە چینایەتییەکان و سیستمە کۆمەڵایەتییەکان چەوسێنراوەتەوە.
جەنگێک کە ئیستا لە ئارادایە بە پلەی سەرکی جەنگی کۆیلەکانە و جەنگی ژنانی کریکار و زەحمەکێش و چەوساوەیە لە ناو فورماسیۆنێکی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی و کەلتوریدا کە سەرمایەداریە. ئەم جەنگە بە دژی خاوەن کۆیلەکان و ڕەوتە سیاسی و فۆڕمە کۆمەڵایەتییە عەشائیری و پیاوسالارەکانە کە لەناو سیستمی سەرمایەداریدا، بۆ دریژەدان بەم سیستمە و چەوساندنەوەی ژن، جێگەیان بۆ کراوەتەوە بە تایبەت لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا و لەوانەش لە عیراقدا، و هەر ژنانی کرێکار و زەحمەتکێش و نەدارانە کە بڕبڕە پشتی بزوتنەوەی ئازیخوازانەی سەرجەم ژنان پێکدەهێنن لە کۆمەڵگەدا و ئەمەش بۆ خۆی شەرێکی شۆرشگێڕانە و ئازادیبەخشە و بە دژی سەرجەم ئەو سیستمە ئابووری و کۆمەڵایەتییەیە کە ژنانی تێدا ئەچەوسینرێنەوە و جیاناکرێتەوە لە جەنگی پڕۆلیتاریای کۆمۆنیست لە سەرتاسەری جیهاندا بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی یەکسان و ئازاد.
(ئینیسا ئارمەند)ی کۆمۆنیست و بەلشەفیک و یەکەم ڕابەری دیپارتمێنتی ژنان لە شۆڕشی (١٩١٧)ی ڕوسیادا ئەڵێ: “ئەگەر ڕزگاربوونی ژن تەسەورناکرێت بەبی کۆمۆنیزم، ئەوا کۆمۆنیزمیش تەسەور ناکرێت بەبێ ڕزگاری ژنان”(١). هەر لەو فورمۆڵبەندیـیە دروستەی (ئینیسا ئارمەند)ەوە ئەوە ڕوونە کە پڕۆسەی ڕزگاربوونی کۆتایی ژن لە ستەمگەری لەو کاتەوە دەست پێدەکات کە کۆمەڵگەی چینایەتی و خاوەنداریـیەتی تایبەتی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان کۆتایی پێ بهێنرێت وهەموو ئەو فۆڕمە دیاریکراوانەی چەوساندنەوەی ژن لە کۆمەڵگەی بورژوازیدا هەیە لە داڕماندا بێت. هەر لەو ڕاستایەشدا ئەوە دروستە کە لە ئیستادا بزوتنەوەیەکی کۆمۆنیستی تەسەوەر ناکری بەبێ بزوتنەوەیەکی ڕزگاریخوازانەی ژنان، و خەباتی کۆمۆنیستی و خەباتی ڕزگاریخوازانی ژنان لێکهەڵپیکراون و ناتوانری لێک جیابکرێنەوە.

لە کاتیکدا کە جەخت لەسەر ئەم لێکهەڵپێکرانەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی ژنان و بزووتنەوەی پرۆلیتاریای کۆمۆنیست ئەکەین، لە هەمان کاتیشدا زەرورە کە جەخت لەسەر ئەوە بکەین کە کۆمۆنیزمێک ئەتوانی بەهیز و توانا بێت کە دیدگایەکی ماددی دیالێکتیکی زاڵ بێت بەسەریدا و جیهان لە پرۆسەی ئاڵۆگۆریدا ببینێ، و لە بواری بزوتنەوەی ڕزگاری خوازانەی ژناندا هیچ فۆڕموڵەیەکی میکانیکی نەگرێتەبەر. هەر چوونە پێشەوەیەک لە بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانە و ڕزگاریخوازانی ژناندا بەکردەوە بزوتنەوەی کۆمۆنیستی بەهێز ئەکات و ڕاگرتنی دیالەکتیکی پەیوەندی نیوان بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی ژنان و بزوتنەوەی کۆمۆنیستی مەرجی وەڕێخستنی بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخوازانەی بەهێزی کۆمۆنیستییە لە کۆمەڵگەدا.
زۆر جار لە ڕەخنە لە ستەم لەسەر ژنان ئەم ڕاستییە ماددییە سادەیە لە بیر ئەچێتەوە و هەر لیرەشەوە بوار ئەکرێتەوە بۆ چەمکە ئایدلیستییە فەلسەفییەکان و بیر و بۆچوونی سیاسی چینە ناکرێکارییەکان تر و ڕەوتە فیکری و سیاسیەکانی بورژوازی سەبارەت بە پرسی ژن.
هێزە سیاسیەکانی بورژوازی بە ئیسلامی و قەومی و لیبرالیەوە و.. هتد، هەر یەکەیان لقێکی کردۆتەوە بۆ پرسی ژن و “مافی ئافرەتان”! و بەم پێیە بزوتنەوەی رزگاریخوازانەی ژن لە ناوەرۆکە کۆمەڵایەتی و چینایەتیـیە ڕزگاریخوازانەکەی دوورخراوەتەوە و خراوەتە ناو بازنەی سیاسەتی بورژوازی کە لە سەرەوەی کۆمەڵگەوە کار ئەکات و جێگەیەکی کڵێشەیشی بۆ پرسی ژن داناوە. بەم جۆرە بزووتنەوەی سیاسی ژنان وەک بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی و بەشێک لە چینێکی گەوەرەی کۆمەڵایەتی خراوەتە لاوە و کراوە بەدەستکەلای سیاستە بورژوازیەکان و ئەجیندا و ستراتیژی سیاسی ئەو ڕەوت و حزبانە، و لە چوارچێوەی ئەواندا لە قاڵبدراوە. لەم ماجەرایەدا ژنان وەک “نیشتمانپەروەر” و “لیبرال” و”شۆڕشگیڕ” و”پێشمەرگە” لەقالب ئەدرێن. لە هەموو ئەم مەسەلانەدا ئەبینین کە شتیکی ماددی و کۆنکریتی سیاسی بورژوازی لە ئارادایە و پرسی ڕزگاری ژنان لە ناوەڕۆکەکەی بەتاڵکراوەتەوە و هەر بەو پێیەش بووە بە جەمسەرە ناکۆکەکەی واتە دژە خۆی.

شۆرش و دژە شۆرش لە پەیوەند بە بزوتنەوەی ڕزگاریخوازانەی ژنانەوە
لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٢ لە هەندی لە ولایەتەکانی ئەمریکا مافی منداڵ لەباربردن لە ژنان سەنرایەوە، کە نزیکەی پێنج دەیە پێشتر بەدەستهاتبوو، و هیزە کۆنەپەرستە مەسیحیە توندڕەوکان توانیان ئەم سەرکەوتنە بەدەستبهێنن لە کەمپینەکەیاندا. و هەروەها بزوتنەوەی ژنان لە ئەمریکا دژ بە سیاسەتەکانی ترامب و هەڵۆیستەکانی دژی ژنان دەریخست کە لە سەرمایەداری سەردەمدا و لە دەوڵەتێكی ئیمپریالیستی وەک ئەمریکادا چۆن ستەمکاری بەدژی ژنان دەرگای بۆ ئەکریتەوە و پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی هەیە بە ستراتیژی دژە شۆرشی بورژوایەوە لە لایەک، و لە لایەکی ترەوە چۆن ڕاپەرینی ژنان لەبەرامبەر ئەم ‌هێرشانەی ترامپدا توانی بزوتنەوەیەکی هەمگیر و کاریگەر بەڕێبخات بەناوی بزوتنەوەی میی توو (منێش).
لە کاتیکدا کە ئەم دێڕانە ئەنوسم تاڵیبان لە ئەفغانستان خۆیندنی زانکۆ بە بەرچاوی جیهانی ئەمڕۆوە قەدەغە ئەکات لە کچان، و لە ئیرانیشدا گڕی شۆرش بە ڕووی ڕژێمی جمهوری ئیسلامی و بە دژی حجابی ئیجباری سەردەمێکی تازەی هیناوەتە ئاراوە بۆ لەبنهەڵکێشانی ئەم ستەمکارییە لە بەرامبەر ژنان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
هەر لەم دوو نمونەیەدا ئەبینین کە پەلەقاژەی درێژەدان بە ڕژێمی کۆیلایەتی ژنان پایەیەکی ستراتیژی ئیسلامی سیاسییە لە لایەک، و لە لایەکی ترەوە خەباتی شۆرشگێرانە بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی ئیسلامی سەرمایە لە ئیران بە خەبات دژی چەوساندنەوەی ژنان و حجابی ئیجباری گرێدراوەتەوە و لەیەک داناپچرێنرێن. لیرەدا ئەبینین کە بەرەی شۆرش و دژە شۆڕش لە شەردان و دژ بەیەک ڕاوەستاون؛ بۆ دژە شۆرش ستەم و دریژەی کۆیلەکردنی ژنان ڕەگی ژیانی و هۆکاری مانەوەیەتی، و بۆ شۆرش، هەڵپێچانی ستەمکاری لە سەر ژنان پایە و کۆڵەکەیکی هەرە سەرەکیەتی. ئەمە خاسیەت و مۆرکی شۆرش و دژە شۆرشە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و لە هەموو شۆینێکی جیهانی ئەمرۆشدا و بە ئاستی جۆراوجۆر لە قورسایی هەر وەهایە.
بۆ هێزەکانی دژە شۆرش، هەر لە ئیسلامیستەکان و ناسیونالیستەکانەوە تا فاشیستەکان و هیزە ئیمپریالیستەکان و ڕەوتە سیاسیە پیاوسالارە دینییەکانی تری بورژوازی، ستەمگەری لەسەر ژنان و درێژە پیدانی و تیۆریزەکردنی و بەئایدیلۆژیکردنی کردەوەیەکی تاوانکارانە و قیزەوەنە کە سیاسەتی بورژوازی ئەمڕۆی دنیایە. ئیسلامیستەکان و ناسیۆنالیستە پیاوسالارکان بە ئاسن و ئاگر ژنانیان بەکۆیلەکردووە و ئەم ستەمکاریە ئەسەپێنن و لە پەراوێزیشد بیانوی ئەوەی بۆ ئەهێننەوە کە خاسیەتی وڵاتانی “خۆماڵی ئیسلامییە”!، و دەوڵەت و هێزە ئیمپریالیستەکانی ڕۆژئاواش بێشەرمانە بڕوبیانوی ڕیزگرتن لە کەلتوری تایبەتی وڵاتانی ئیسلامی بۆ ئەهیننەوە. هەردوو ئەم ‌هیزانە لەبەریەکی تێرۆریستی یەکگرتوودان دژی ژن ئەوێش بۆ چیبەجێکرندی ستراتیژی مێژوویان کە سەرکوت وخامۆشکردنی شۆرشە پرۆلیتایە سۆشیالیستەکانی سەردەمە و دامرکاندنەوەی شۆرشی چەوساوەکان و هەژاران و ستمەلێکراوانە کە نیوەیان بە سروشتی ژنان و کچانن.
ئیسلامی سیاسی هەر بە هۆی دەقە ئاینیەکان و شەریعەتەوە نییە کە هێرش ئەکاتە سەر ژنان و لە پرۆسەی کۆنترۆلی کۆمەڵگەدا ستەم ئەسەپێنی بەسەر ژناندا و ئەیانکاتە دیل، بەڵکو بۆ بەرژوەندە ماددییەکانیان وەک ڕەوت و بزوتنەوەوەیەکی سیاسی بورژوازی ئەو تاوانکاریە ئەکەن، گەر بەرژوەندیەکانیان ئەوەی بخواستایە کە دەقە ئاینەیەکانیان بگۆرن یا بیگونجێنن ئەوا ئەو کارەیان ئەکرد. بەڵام مەسەلەیەکی ماددی لە ئارادایە و ژنان وەک نیوەی کۆمەڵگە و نیوەی چینی کرێکار و زەحمەتکێش ئاسنترە کە بەکۆیلە بکرێنەوە تا فاشیزمی ئیسلامی بسەپینن و شۆرشی سۆسیالیستی لەم سەردەمەدا سەرکوت بکەن و بۆ ئەم مەبەستە گەر دەقە ئاینییەکانیشیان نەبی ئەوا شتیکی تری بۆ پەیدا ئەکەن هەر وەک ئەوەی کە چۆن حیجاب لە دەقەکاندا نییە بەڵام کراوە بە ڕەمزی کۆنترۆلی ئێسلامیزم.
٢٤-١٢-٢٠٢٢
-*-
https://socialistworker.org/2013/01/31/marxism-feminism-and-womens-liberation




کتێب: سەبارەت بە (دیالێکتیکی سروشت).. نووسین و ئامادەکردنی: کاوە کەریم

ناوی کتێب: سەبارەت بە (دیالێکتیکی سروشت )
بابەت: زانستی و فەلسەفی
نووسین و ئامادەکردنی: کاوە کەریم
پێداچوونەوەی: سەردار عبدللە، ئاراس ڕەشید
دیزاین: ئارام عەلی
بەرگ: سەردار عبدللە
سەرپەرشتیاری چاپ: کامەران لەتیف
تیراژ: ٥٠٠ دانە
نۆبەتی چاپ: چاپی یەکەم ساڵی ٢٠٢١
مافی لەچاپدانەوەی ئەم کتێبە پارێزراوە بۆ نووسەر.

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن..




ئه‌تڵه‌سی شوێنپێ.. سه‌باح ڕه‌نجده‌ر

په‌نجه‌ره‌ چاڵێكی دوور نییه‌
پاش خۆر و با خوداوه‌ند لێی دێته‌ده‌رێ
په‌نجاوچوار شوێنپێ له‌سه‌ر قوماشێكی سپیدا
چاوی سه‌رسامیی ده‌ترووكێنن
له‌گه‌ڵ به‌رهه‌می هه‌مه‌جۆری یه‌زدان
ته‌ورات و
ئینجیل و
قورئان و
خاڵی بێده‌نگییان دانیشتووم
هاواریش له‌ ده‌ورم ده‌ڕژێ
بووه‌ته‌ ئاوێكی خۆڵه‌مێشی
بچمه‌ ناوی هه‌موو نینۆكه‌كانی ده‌ست و پێم به‌رده‌ده‌ن
به‌هێزێكی زۆریشه‌وه‌ حه‌زی مه‌له‌ تا ئه‌وپه‌ڕی دڵی پشكواندووم
به‌ڵێ تریفه‌ی مانگ بزربوو
مووسا و
عیسا و
محه‌مه‌د
به‌ ئاوازێكی سه‌ره‌تایی
به‌سه‌ر شه‌قامی شار ده‌گه‌ڕێن و ئاهه‌نگ ده‌گێڕن
ڕۆژی خۆیانی پێ پیرۆزده‌كه‌ن و ته‌واوی ژیانیان برده‌وه‌
وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ به‌هه‌شت له‌دایكبووبن
***
به ناوی دایك و باوكم گه‌رمده‌بمه‌وه‌
وێنه‌یه‌كی بچووكیانم خسته‌ مه‌دالیایه‌كی شووشه‌ی ڕوونه‌وه‌
هێڵه‌كانی ناو ده‌ستیان دووباربووه‌وه‌
وه‌ك دوو كه‌وانه‌ی ڕووبه‌ڕوو حیكمه‌تێكیان ده‌ستنیشان كرد
دڵت هه‌ڵبگره‌ و له‌ خۆت مه‌تۆرێ
ڕوونترین شێوازی باڵ له‌ شان ڕوانه‌
***
بۆ مردووان گریاوم و زیندووانیش ماچ ده‌كه‌م
***
چرایه‌كم به‌ ناوچه‌وانی ماڵه‌كه‌مدا هه‌ڵواسیوه‌
گه‌رمی و مه‌ی شووشه‌كه‌یان سڕیوه‌ته‌وه‌
***
به‌لاڕێدا ڕێم نه‌كردووه‌
ئه‌ستێره‌ و كلیلی شووشه‌ییم به‌سه‌ردا به‌ربووه‌ته‌وه
زه‌وی و ئاسمان به‌سه‌ریه‌كدا هاواریان نه‌كرد
لانه‌ولان بوون
***
دڵی هه‌زار په‌ڕی كێڵگه‌ زۆر به‌جه‌رگ‌ و له‌خۆبوورده‌یه‌
له‌ناویدا له‌پێشوازیی ده‌وه‌ستم و ڕه‌نگی خۆشیی ده‌ناسم
براده‌ره‌كانیشم كه‌ میراتی ڕه‌سه‌نن به‌ره‌و لام دێن
بیر له‌ زه‌وی ده‌كه‌مه‌وه‌
داوای لێبووردنیشی لێده‌كه‌م
به‌پێی سووك و گران به‌سه‌ریدا چوومه‌ته‌ سه‌نگه‌ر و ژوان
چیم بینی سه‌رنجم دا
تا توانیم بانگی ناو خه‌ونی سه‌ره‌تام كردن
كردمن به‌ بۆنێك له‌ گوڵی زمان
بزه‌یه‌كم به‌سه‌ر شوێنپێكان ڕشت
پشوویه‌كم دا و له‌ خه‌یاڵ مه‌له‌م كرد
دنیام لێ ئاشكرابوو


دنیا دوو مانگ له‌ من منداڵتره‌
شیری ڕووه‌كمان خوارد
بۆ هه‌بوونی هه‌موو ژیان لانه‌ولان بووین
ئاسمان دوو خۆری نییه‌
چاو به‌ ته‌نیا ده‌مێنێته‌وه‌
***
به‌ زمانێك بۆ هه‌میشه‌ شاد ده‌مێنێته‌وه‌
چرپه‌یه‌ك ده‌كه‌م
له‌ ماوه‌ی گۆڕه‌شارم ته‌واوی فریوی ده‌مانكه‌كان ده‌نووسم
چیشم بینی بۆتان ده‌گێڕمه‌وه‌
چه‌په‌ڵه‌كان ده‌هێنمه‌ پێش چاوی ڕوونمه‌وه‌
دوای دوو خوله‌ك ده‌یانبه‌خشم
مانگ ئه‌و كاته‌ی خه‌مگینه‌
پڕه‌
وه‌ختێكیش ده‌فڕێ باڵه‌كانی ڕووناكی ده‌به‌نه‌‌ ماڵان
***
خۆر چاوی ترووكاند
كاتی دانپیانانه‌
ته‌په‌ی باڵ له‌ سینگمدا ده‌نگده‌داته‌وه‌
زایه‌ڵه‌یه‌كی دوور نییه‌ و ڕووگه‌نما بێسوود نامێنێته‌وه‌
***
دره‌ختی ئاده‌م و حه‌وا دڕك ناگرێ
بێ سه‌ره‌تا و كۆتایی و هێڵی ته‌واوبوونه‌
به‌ نه‌رمی له‌ ڕه‌گ و چڵیه‌وه‌ سه‌ماده‌كات
له‌و شادمانییه‌ ده‌گات كه‌ ئێمه‌ تێیناگه‌ین
باڵنده‌ هاوڕێی منداڵیمه‌
هاوڕێی نه‌مریی و ته‌نیایییه‌ ترسناكه‌كان
له‌ به‌رزایی دڵه‌ڕاوكێی سروشت به‌ره‌و بلیمه‌تی فڕیوه‌
به‌ ئاوازی خوێندنی گوتی
ده‌نگێك قسه‌ی‌ له‌گه‌ڵ چاندن و زه‌وی و نهێنییه‌ پیرۆزه‌كان كرد
بیستت
شووره‌ شه‌ڕانگێزه‌
خدری زینده‌ له‌ نیوه‌ی ڕێیه‌ و به‌تاو پێ هه‌ڵد‌ێنێ
كلیلی شووشه‌یی
هه‌ڵده‌داته‌ ناو ده‌ستت و ئه‌ستێره‌ی به‌سه‌ردا سه‌یوانه‌
هه‌سته‌ بڕۆ گه‌رمیی سینگی هه‌ویرێكی نه‌رم و شله‌
ده‌نگی وێرد و ڕۆشنایی هه‌وای بۆنخۆشكردووه‌
چوار توخمه‌ی گه‌ردوون
گۆزه‌ی كتێبه‌كانیان پڕ كردووم
كه‌ له‌ ئه‌فسوون و ئه‌فسانه‌ی ئه‌وان نووسیومن
یه‌ك له‌ یه‌كتری ڕاده‌مێنن و سه‌رسامن
كێ یه‌كه‌مه‌
ئه‌وانی تر له‌ خوێنی ئه‌ون
***
ئه‌و پرسیاره‌ گومانێكی گه‌رمه‌
ده‌با بیربكه‌ینه‌وه‌ به‌رهه‌مه‌ ناته‌واوه‌كان گومانن
یاده‌وه‌رییمان زیندوو ده‌كه‌نه‌وه‌
دره‌خت كه‌ میوه‌ی پێده‌گات له‌ هه‌موو كاتێكی هه‌ستیارتره‌
***
من پاڵه‌وانی ئه‌لفوبێم
زۆران له‌گه‌ڵ كێدا بگرم
په‌یكه‌رێكم بۆخۆم داڕشت
كاتژمێرێكی ڕه‌وانبێژم خسته ده‌ستی
ڕه‌نگی گه‌رمی به‌سه‌ردا ڕژا
شكۆ و نان و ئاو ده‌به‌خشێ به‌ هه‌ژاران
***
ئه‌شق ده‌بووایه‌ بتكوژم
پاشان بپاڕێمه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ئاسۆكان بتبینمه‌وه‌
هه‌بوو و نه‌بووی ئه‌م دنیایه‌
به‌ ده‌نگێكی مات په‌یكه‌ری نه‌مران ده‌دوێنێ
خانه‌ و پێستیان ڕۆشنایی ده‌ده‌ن
له‌سه‌رزه‌مین ده‌بنه‌ ڕه‌نگی به‌ره‌كانی دێگه‌ڵه‌
***
ناخی ئاگاداركرایه‌وه‌م وه‌ك چرا به‌ده‌سته‌وه‌ گرت
تا داگیرسا
هه‌بوونه‌بوو خۆی داڕیشت
***
تیشكی شێدار باڵی ماندووكرد
كێلێكی به‌تاڵ چاوه‌ڕوانی هه‌ڵكۆڵینه‌
ڕوخساری هه‌ولێر جوان ده‌بێت كه‌ تێیدا ژیاوم
ڕوخساری شاری‌ خانه‌دان مه‌ی ڕژاوی جامه‌
بۆنوبه‌رامه‌ی كه‌لله‌ ده‌باته‌ هه‌واری پڕ
كاتژمێریشی كه‌س فریونادا
***
به‌خته‌ سه‌یره‌كه‌م
كه‌شتی بچووكی مه‌ی
له‌ تێلدڕ گیرنابێت
ئه‌شق ده‌بووایه‌ بتكوژم
پاشان بپاڕێمه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ئاسۆكان بتبینمه‌وه‌
دڵ خۆی به‌ندكردووه
***
گوناهباری یه‌كه‌م
فرمێسك چاوی گرتووه‌ ده‌چێته‌ وانه‌ خوێندن
ئێستا نابینام له‌ پۆل ناچمه‌ ده‌رێ
ئاده‌م و حه‌وا میوه‌ بۆ خانمی هه‌ست لێده‌كه‌نه‌وه‌
***
شۆڕه‌بییه‌كی پرچ خومار سه‌ری شۆڕكردووه‌ته‌ ناو ئاو
چاوبازیی له‌گه‌ڵ ماسی ده‌كات
ترسنۆك و خۆپارێز و هه‌لپه‌رسته‌
خۆی له‌ قرش و حوت ده‌دزێته‌وه‌ و پرچی هه‌ڵده‌كێشێته‌وه‌
ماسی به‌ گومانه‌ نه‌كا سیخوڕی ماسیگران بێت
ئاوی ساكاریش نه‌رم نه‌رم ده‌ڕوانێ و ده‌ڕوات
له‌ نیازی شۆڕه‌بی و تۆقینی ماسی ناگات
له‌ ماڵ هاتوومه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ و دوو شه‌ونم
له‌سه‌ر ناوچه‌وانم ماوه‌ته‌وه‌
گه‌یشتوومه‌ته‌ كه‌ناری ئاو و سه‌یری ئه‌وبه‌ری ده‌كه‌م
قاز و قورینگ ده‌ستێكیان خستووه‌ته‌ سه‌ر شانم
ته‌ماشای شوێنێكی دره‌وشاوه‌ ده‌كه‌ن
ئه‌سپه‌كه‌م ئاوی لێده‌خواته‌وه‌
هه‌وا له‌سه‌ر ده‌ریا
ده‌جووڵێته‌وه‌ و بیره‌وه‌ری كۆن مه‌ستی كردووه‌
***
بۆ ئه‌وه‌ی بچمه‌ خه‌وێك باران به‌ توندی
نه‌بارێ و لافاو دروست نه‌كات
ده‌بێ خانه‌ و پێستی نواڵه‌ به‌ شیعری ڕۆمانسی به‌راورد بكه‌م
هێشتان نیوه‌م به‌ئاگایه‌
شیعر له‌ نیوه‌ی ڕسته‌یدا داكه‌وت و خانه‌ و پێستی داماڵدرا
لێوی بۆ گفتوگۆ وشكبوو
هه‌موومان به‌ هه‌ڵه‌ ته‌ماشای
شیعرمان كرد و ئازاری ترپه‌ و ئاوازیمان دا
ده‌ماری به‌رده‌ ڕه‌نگكراوه‌كانی دێگه‌ڵه‌ به‌ سووكی لێ ده‌ده‌ن
له‌پێشبڕكێدان ڕێگایان به‌ره‌و
گه‌رماوێكی بێ هه‌راوهۆریا دۆزیوه‌ته‌وه‌
خودایه‌ بێویستیان نه‌كه‌ی ویستیانه‌ خۆیان بشۆن
ته‌واو شێتییه‌ ئه‌گه‌ر خانه‌ و پێستیان دانه‌ماڵن
به‌رد سووپه‌رێكی كردارجوانه‌ له‌ دایكه‌ ساده‌كه‌ی ده‌چێت
ستایشی ئارایشی ناوێ
زه‌ویه‌كیان ده‌ستنیشان كردووه‌
شوێنپێی تێدا ده‌ستنیشان بكه‌ن و له‌و شه‌ونمه‌ بپرسن
له‌سه‌ر ناوچه‌وان ماوه‌ته‌وه‌

ئه‌یلوولی 2019 هه‌ولێر




دووبارە خوێندنەوەی سەرمایە.. مەنسور حیکمەت

وەرگێڕانی بۆ کوردی:کاوە عومەر

دەقی بڵاوکراوەی شریتی دووبارە خوێندنەوەی کاپیتاڵ لە ئەنجومەنی مارکسی لەندەن
شوباتی ٢٠٠١

بۆخوێندنەوەی ئەم بابەتە کلیکی ئێرەبکەن..




میتۆدی رەخنەی کۆمەڵایەتی و پراکتیزەکردنی لە شیعری (فایق بێکەسدا)دا.. ئامادەکردنی: یوسف سەردار حمەئەنین

بۆ خوێندنەوەی وەم بابەتە کلیکی ئێرەبکەن..




تەمەن.. سەلام عومەر

وەک چۆن شەپۆل
تەرم بۆ کەنارەکان دەبا
وەک چۆن هەور
باران بۆ کێڵگەکان دەبا
تەمەنی مەش
بەتەنافی ساڵێکەوە هەڵواسراوەو
بایەک دەیبا
دەیبا….دەیبا
لە نەدیوێک
یان لە چاڵ و چۆڵ و شیوێک
جێماندێڵێ
دەمانبات و لولمان دەدا
تا ئاسواریشمان ناهێڵێ.
٭ ٭ ٭
تەمەنی مە
بەتەنافی ساڵێکەوە هەڵواسراوە و
بایەک
کزەبایەک
رەشەبایەک
بۆخۆی دەبا
دەیبا….دەیبا
وەک چۆن چرکە هەموو کاتەکانمان دەبا

وەکو چۆن خەو نیوەی زیندەگیمان دەبا
بەمجۆرەش با
کراسی تەمەنی هەموومان
بۆ خۆی دەبا.
٭ ٭ ٭
خۆ هەر دەیبا
دەیبا ئەمساڵیشمان ببەو
بیدەرە چنگی هەڵۆیەک
تا بۆ بێچوەکانی ببا
بیبە سەر لوتکەی کێوێک و
هەڵیدێرە
بیبەو
وەک هەموو ساڵەکانی دی
بەقەدەری بسپێرە.




مانگرتنە کرێکاریەکانی بەریتانیا لە ساڵی نوێدا!.. نوری بەشیر

ساڵی نوێ لە بەریتانیا لە درێژەی ناڕەزایەتیە کرێکاریەکانی ساڵی پار بەرفراوانی بەشێوەی مانگرتنی گەورە بەرنامەی خۆیان خستۆتە ڕوو بەتایبە لەم مانگەدا تا ئێستا لە بەشە جیاوازەکانی: کرێکارانی شەمەندەفەرەکان، رێگاوبانە خێراکان، پەرستاران، ئەمبولانسەکان، پاسەکان و رێگاوبان و بەشەکانی تر، دەستپێدەکان کە لەچەند دەیەی رابردوودا بێوینە دەبێت بەتایبەت ئەگەر لەگەڵ خاوەن کۆمپانیا و دەوڵەتدا نەگەنە رێکەوتن.
ئەمڕۆ سێ شەممە ٣/١/٢٠٢٣ یەکەم رۆژی مانگرتنی کرێکارانی شەمەندەفەرەکان دەستی پێکرد کە بڕیارە شەش رۆژی تر بەردوام بێت. مانگرتنی ئەمڕۆ کە تەنیا لە پێنج شەمەندەفەر یەک دانەیان کاری کردبوو، بووە هۆی ئەوەی گەورەترین ئیستگاکانی شەمەندەفەر بەتایبەت لەلەندەن وەک لەندەن برج و کینکس کرۆس کە وەک رۆژنامەی سەن نوسیویەتی وڵاتەکە دەکاتە شارۆچکەیەکی جنۆکەیی
لیستی ناڕەزایەتیەکانی جەنیوەری تا ئێستا بەم شێوەیە دەبێت: کرێکارانی شەمەندەفەرەکان رۆژانی: ٣، ٤، ٥، ٦، ٧ و ١٢ی جەنیوەری. کرێکارانی پاسەکان: ١٠، ١٦، ١٨، ٢٥ و ٢٦ی جەنیوەری. ئەمبولاسەکان: ١١ و ٢٣ی جەنیوەری. پەرستاران: ١٨ و ١٩ی جەنیوەری. کرێکارانی رێگاو بان و بەشەکانی تر: ٨ی جەنیوەری. بەپێی هەندێ سەرچاوە کە بەسەدان هەزار کرێکار ماندەگرێت کاریگەری گەورە لەسەر هەم ئابوری وڵاتەکە دادەنێت، هەم کاریگەری لەسەر رێگاوبان و خزمەتگوزاریەکانی وەک نەخۆشخانەکان دەبێت.
لەگەڵ ئەوەی حکومەتی بەریتانیا و سەرۆک وەزیرانەکەی ڕیشی سوناک دەیەوێت لە ساڵی ٢٠٢٣ یاسای توند بۆ سنووردارکردنی مانگرتنەکان دابنێت، بەڵام ئەوە ناتوانێت رێگا لە مانگرتنەکانی کرێکاران تا ئێستا بگرێت، ئەگەرچی هەر لەئێستاوە نیەت بۆ ئەو یاسایانە تانەی زۆری لەسەرە.
حکومەتی بەریتانیا وەک حکومەتی سەرمایەداران و خاوەن کۆمپانیاکان تا ئێستا ئامادە نیە بەوجۆرەی کە کرێکاران لەبەرامبەر ئەو هەڵئاوسانە گەورەیەی کە ئەم وڵاتە بەخۆیەوە بینیوە و بەتایبەت کاریگەری گەورەی لەسەر ژیانی زۆرینەی کۆمەڵگەی داناوە، کە داوای زیادکردنی کرێ و باشکردنی هەلومەرجی کارکردن دەکەن وەڵامبداتەوە. حکومەتی پارێزگاران دەیەوێت لەرێگای زیادکردنی بڕێکی زۆر کەم لەهەندێک کەرتی تایبەتدا یان دانی بڕێک پارە لەم وەرزی سەرماو سۆڵەیەدا وەک یارمەتی بۆ دانی کارەبا و گاز، یان لە رێگای هەڕەشەی گۆڕینی یاسای توند بەدژی کرێکاران و مانگرتنەکان وەڵامبداتەوەو پاشەکشە بەکرێکاران و ناڕەزایەتیەکانیان بکات، بەڵام لە ئاخری ساڵی پارەوە یەکێتیە کرێکاریەکان و رابەرانیان و خودی کرێکارانیش پەیامیان دا بە حکومەتەکەی ڕیشی سوناک کە نامانەوێت پارەی بیڵمان بۆ بدەن بەڵکو موچەکەمان بۆ زیادبکەن و هەلومەرجی کارمان بۆ چاک بکەن.
لە ساڵی پارەوە کرێکارانی بەریتانیا دەورانێکی نوێی ناڕەزایەتی و مانگرتنیان دەستپێکردوە کە ئاسۆیەکەی خستۆتە بەردەم کرێکاران و یەکێتیە کرێکاریەکانەوە لە هاتنەمەیدان و سوربوون لەسەر خواستەکانیان و رۆژ دوای رۆژ بەشە جیاوازەکان پەیوەست دەبن بە ناڕەزایەتیەکان و خستەڕووی داواکانیان چ لەکەرتی دەوڵەتی یان کەرتی تایبەتدا، ئەمەش فشارو کاریگەری زۆری لەسەر حکومەتی پارێزگاران و هەتا ئۆپۆزیسیۆنیش کە خۆیان لەقەیرانێکی گەورەدان داناوە، بەتایبەت حکومەتی تازەی ڕیشی سوناک هاتووە وەڵام بەو قەیرانە بداتەوە کە حکومەت و حزبەکەی دەرگیریەتی وە دەیەوێت ئەزمەکە لەسەری خەڵکدا بشکێنێتەوە هەر بۆیە تا ئێستا لەبەرامبەر خواست و داواکانی کرێکاراندا بێوەڵامە.
٣/١/٢٠٢٣




ئێوارانە ٧.. سەردار جاف

عەيامێکە ئێوارانە بەر بۆتە وێزەم و دەمخوا
دەستی پێکەنينەکانت دەگرم و پياسەيەک بە نێو کاوڵاشی لەش و ناخما دەکەين
بە نێو گوژمی تاريکی شەوا
گەڕانێکی سەرەتاتکێیانە ديوەخانە ساراييەکەمان دەکەين
تۆ بە خۆت سيخناخم دەکەی
قريوەکانت بەرائەتێکن تک تک سيحری چاوچاوێنی لێ دەتکێ
پەنجەم ئاڵاندووە بە تاڵ تاڵی قژی سێبەرەکەتا
کەمێک لەو ديو مانگەوە يەکتر دەدۆزينەوە
خەون بە ماجی جريوەی چۆلەکەکانی گوێسەبانەی ماڵەکەتانەوە دەبينم
شەو نييە بە پاچێکەوە بەر نەبووبيتە رۆشناييە پەروانەييە ئاوييەکانم و بە بسکی تۆوە هەڕەشە ئامێز نەبووبم
دەمێک نييە
لە چەوەرێ و زيخەڵانی گوێ چەمی رۆخانە لێک دابڕاوين
تۆ شيرينی گريانەکانت دەبەخشييەوە منيش نانی پرسە
هەردوو لە نێو شەمەندەفەرێکين
تاپۆی دوا وێستگەمان لە تەنگەی باخەڵناوە
ئەوانيش زۆرن و ئيرەیی دەبەن، ئاخۆ کەنگێ دووکەڵی رەش لە فارگۆنەکەمانەوە هەڵسێ
کەچی ئێمە بە بەرگێکی سپييەوە غلۆر بووينەوە
چاوەکانم مەلۆتکەيەکن و بە قامەتی سپی رەنگت هەڵدەزنێ
بە تاڵێکی پرچتەوە دەبێتە شەونم و سينگت پڕپڕ دەکا لە دەفرە لێوم
کەچی دەرياچەکەی ئەوديوی باشماغ گۆمێکی بێ مروەتی دەنوێنێ
من ” ئووس ” دەکەمە ژوانێک و دەمکێڵێ و هەنسکەباوی فرمێسکيم بەرەژانێکە و هاوێربوونێکی نوێی لێ دەزێ
خاوبوونەوە دەبێتە رۆحێک و ئەسپاردەی کاتژمێرەکانی دوای نيوەشەو دەبێ
بە تەک نيگاکانتەوە
چۆڕی خوماری ئەم دەمانە دەبنە بزەو خەندەيەک و لە خەرەندی لێوەکانمەوە دادەکەوێ
بۆنی جووتبوونی لێ دێ
نازانم حەرفەکانی لە ميلی کيلۆمەترەکەدا دەبينم يا لە ترپەی هەنگاوەکانما شێلانی شەبەنگی شەبەيخونی شەختەيەکی شەوارەييە و شەويقمە کە شەهلەوەنديم بۆ دێنێتەوە
بيرت نەچی تۆ هەر خۆشەويسترين کەسمی کەسەکەم

ئەڵمانيا
٤ / ١ / ٢٠٢٣




خـەڵاتگـرانی (نـۆبـڵی ئـەدەبی منـداڵان ـ ٢٠٢٢).. رەزا شـوان

دوو ساڵ جارێک لە (کۆپنهـاگن) ی پایتەختی دانیمارک، بە بۆنەی رۆژی لەدایکبوونی کـەڵـە نـووسـەری بـواری ئـەدەبیـاتی منـداڵان (ھـانـز کـریـستـیان ئەنـدەرسـین) کـە بە (باوکی چـیرۆکی ئەفـسانەیی بۆ منـداڵان) لـە جـیهـانـدا ناسـراوە. دوو خـەڵاتی بەنـرخ، کە بەرزترین خەڵاتی نێودەوڵەتییە لە بواری ئەدەب و هـونەری وێنەکێشان بۆ منداڵان. بـە (خـەڵاتـی ئـەدەبی منـداڵان) یـا بـە (خـەڵاتـی نـۆبـڵی منـداڵان) یـش نـاودەبـرێـت، خەڵاتەکانیش بریتین لە (دوو میـدالیای زێـڕ ـ وێنەی هانـز کریستیان ئەنـدەرسین) یان بەسەرەوەیە، لەگەڵ (دوو بـڕوانـامەی دپـلۆم) لە لایەن شـاژنی دانـیمارک (مارگـرێتی دووەم)ەوە، لە ئاھـەنگـێکی شـایستەدا، پـێـشکەش دەکـرێـن بە باشـتریـن نـووسـەری کتێبی منـداڵان و بە باشـترین ھـونەرمەنـدی وێنەکـێشی کتـێـبی منـداڵان، کە لە مـاوەی ئەو دوو ساڵەی رابردوودا باشترین کتێبی منـداڵانیان چاپکردوون. کتێبەکەش لە لایەن (یەکـێتی جیهـانی بـۆ کـتێبی منـداڵان) لە شـاری (بـازل) لە سـویسرا، ئەوان کـتێبەکـان هەڵدەسەنگێنن و هەڵدەبژێرن و بڕیار لەسەر براوەی هەردوو خەڵاتی هانـز کریستیان ئەنـدەرسـین دەدەن و نـاوی بـراوەکـان رادەگـەیـەنـن. ئەگـەرچی تـا ئێـسـتا بە فـەرمی رۆژی لەدایکـبوونی نـووسـەر (ھـانـز کـریستـیان ئەنـدەرسـیـن) نـەکـراوە بـە (رۆژی جـیھـایی کـتێـبی منـداڵان) بـەڵام دانـیمارک و چـەنـد وڵاتـێکی تـر، بـۆ بەرزڕاگـرتـن و پێـزانیـنی ئەو خـزمەتـە زۆر و گـەورەیـەی کـە ھـانـز ئەنـدەرسین پێـشکەشی بـواری ئەدەبیـاتی منـداڵانی کردووە، لە ساڵـڕۆژی لەدایکبوونیـدا کە بە رۆژێکی میـژوویی و بە وەرچـەرخـانـێک لە ئـەدەبی منـداڵان لە جـیھـانـدا دادەنـرێـت، ئاھـەنـگ و چـالاکی شـایستە لـەم یـادەدا دەگـێڕن.
چـیرۆکـنووسی منـداڵان (ھـانـز کـریستیان ئەنـدەرسین) لـە رۆژی (٢/ ٤/١٨٠٥) لە لەدایکبووە. لە رۆژی (٤/ ٨/١٨٧٥) لە (کۆپنهاگن ـ دانمارک) کۆچی دوایی کردووە.
لە سـالی (١٩٥٦) وە، دەستکـرا بە خـشـیـنی (خـەڵاتی نـۆبـڵی ئـەدەبی منـداڵان) و لە ساڵی (١٩٦٦) یشدا، دەستکـرا بە بەخـشـینی خـەڵاتی وێنـەی رونکـردنـەوەی کـتـێبی منـداڵان، تا ئـێـستا هـەر دوو سـاڵ جـارێک دەدەرێـن. تـا ئـەمـڕۆ ژمـارەیـەکی زۆر لە نـووسـەرانی کـتێـبی منـداڵان و هـونـەرمەنـدانی وێنـەکـێشی روونکـردنەوەی وێنـەی کـتێبی منـداڵان لە جـیهـانـدا، ئـەم خەڵاتـەیـان وەرگـرتـوون.
لە نـووسـینـێکم دا کە لە (١٧/ ٦/ ٢٠١٢) دا لەژێـر نـاوی (کەڵـەنـووسەری جـیهـانی هـانـز کـریستیان ئەنـدەرسین) لە سایتـەکـانـدا بڵاوکـردەوە، بە درێـژی باسم لـەم کـەڵە نـووسـەرە کـردووە. بـۆێـە دووبـارەی نـاکـەیـنەوە.
دێینە سەر کورتە پێناسەیەکی خەڵاتـگـرانی (خـەڵاتی نوبـڵی ئەدەبی منـداڵان) لە ساڵی (٢٠٢٢) دا. کە پـێـشکەش بە دوو خـاتـوونی ناسـراوی بـواری نـووسـینی ئـەدەب و هـونـەری وێنەکـێـشانی کـتـێـبی منـداڵان لە جیهـانـدا کـران.
١ـ نووسەری بەنـاوبانگی فەرەنـسی دکتـۆر مـاریـا ئـۆد مـورایـل:
مـاریـا ئـۆد مـورایـل ۆورس، لە رۆژی (٦/ مایـۆ/١٩٥٤) لە شـاری (لـۆ هـاڤـرێ) لە فەرەنـسا، لە خـێزانـێکی ئـەدەبی و هـونـەری لەدایکـبـووە. بـاوکی (گـیراڵـد مـورایـل) شاعـیر بـوو، دایکی (مـاریـا تیرێـز) رۆژنامەنـووس بـوو، بـرا گەورەکەی (تـریستان) مـوزیکـژەن و ئاوازدانـەر بـوو، بـرایـەکی تری (لـۆریـس) و خوشکە بچـووکـەکەشی (ئـیـلـڤـیر) نووسـەری بـواری ئـەدەبیـاتی منـداڵانـن.
ماریا ئۆد لە ساڵی (١٩٧٣) دا، لەگەڵ فەرمانبەر (بیر رۆبەرت) دا هاوسەرگیری کرد. سێ کوڕیان هـەیە. (بنیامـین ـ ١٩٧٧) و (چـارلـز ـ ١٩٨٧) و (کـونستایـن ـ ١٩٩٤).
لە ئـێسـتادا تەمەنی مـاریـا (٦٨) سـاڵە.
مـاریـا ئـۆد مـورایـل لە (زانکـۆی سـۆربـۆن) دکتۆرای لە ئەدەبیـاتی نـوێـدا وەرگـرت. تـێزی دکتۆراکەشی دەربارەی (گـونجـانـدنی چـیرۆکە کـلاسیکـییەکـان بۆ منـداڵان ) ە. دکتـۆر ماریـا لەسـەر ئاستی فـەرەنسا و جیهـانـدا، نووسـەرێکی ناسـراوی ئەدەبیـاتی منـداڵان و مێـردمنـداڵانـە.
خاتـوو مـاریـا مـورایـل، رۆژنـامەنـووسێکی ناسـراو و سەرکـەوتـووە، یەکـێکـیـشە لە دەوڵەمەنترین رۆژنـامەنووسانی جیهـان، ناویشی لە لـیستی رۆژنـامەنـووسە ناسراو و ناودارەکـانی جیهـان تـۆمارکـراوە و پێـگەیـەکی بـاڵای لەنـێو رۆژنـامەنووسانـدا هـەیە.
ماریـا پارێـزگاری لە تایبەتمەندییەکانی کەسایەتی و لە سۆزداریی ژیانی دەکات و خۆی بێ دڵی نەکردووە. کەسایەتییەکی رێزدار و خۆشەویست و هـاوڕێ دۆست و سۆشیالە.
ماریـا مورایـل لە منـداڵییەوە هـۆگـری خوێندنەوە بـووە. لە تەمـەنی دوانـزە ساڵـییەوە، دەسـتی بە نووسـین کـردووە.
ماریـا لە نێوان ساڵانی (١٩٨٠ـ ١٩٨٧) دا، زیاتر لە (١٠٠) کورتە چـیرۆکی نووسی، بەشـێکی زۆریـان بـۆ منـداڵانـن، لە گـۆڤـارەکـانی ژنـانـدا بـڵاوی کـردوونـەتەوە.

ماریـا مورایـل لە ساڵی (١٩٨٥) دا، یەکـەم رۆمـانی بۆ گەورەکـان نووسی و چاپیکرد. لە ساڵی (١٩٨٧) تیشدا، یەکەم رۆمانی بۆ منـداڵان نووسی بە ناوی مـیسنـێر (نهـێنی) و چاپیکـرد و بـڵاوی کـردەوە. لـەم ساڵەوە خـۆی بـۆی نـووسـینی ئـەدەبیـاتی منـداڵان و مـێردمنـداڵان تەرخـانکـرد.
ماریـا مـورایل بەهـرەی ئەوەشی هەیە کە هـەمیشە هـەوڵی دروستکـردنی ئەوەی داوە، کە کارەکتەرەکانی چـیرۆک و رۆمانەکانی، پەیوەنـدییەکی نزیکی تایبـەتیـیان بە منـداڵان و مێـردمنـداڵانی خـوێـنـەرەوە هـەبـێـت. بابـەتی چـیرۆک و رۆمـانـەکـانـیـشی: سـیاسی، مـێـژوویی، خـۆشـەویـستی، رەخـنـەیی، کـۆمـەڵایـەتی، ئەدەبیـاتی منـداڵان، کـۆمـیـدی، سەرەکـێشی، فـانتـازی، خـەیـاڵـئامـێزی، گوزارشـتکـردن لە ژیـانی رۆژانـەی منـداڵان.
مـاریـا مـورایـل، تا ئێستا نـزیکەی (١٠٠) کـتـێبی نووسیوە و چـاپی کردووە، بەشێکی زۆری کـتێـبەکانی بۆ منـداڵانن. مـاریـا جەخـت لەوە دەکـات، پێویستە چـیرۆکی منـداڵان بە کۆتاییـەکی شـاد بێت نـەک بە کۆتـاییـەکی خـەمگـین. کـتێبەکـانی جـێێ رەزامـەنـدیی خوێنـەران و رەخـنەگـرانـە. هـەردەمیـش هـەوڵی باشـترکـردنیـانی داوە. زۆر جـاریـش پـێـش چـاپی دووەمیـان، چـاوخـشانی بە کـتێبەکانیـدا کـردوون و دەسـتکاری کـردوون. تا بـۆ خـوێنـدنـەوەی منـداڵان و مـێردمنـداڵانی ئـەم سـەردەمە گـونجـاوبـن. کـتـێبەکـانی وەریـانگـێڕاون بـۆ سـەر نـزیـکەی (٣٠) زمـانی جـیهـانی. بەشـێکـیش لـە چـیرۆک و لە رۆمانەکانی، سـیناریـۆیان بـۆ نووسیون و کراوان بە زنجـیرە درامـای تەلەفـزیـۆنی و بە فـیـلمی سـینەمـایی. بە ملیۆنـان دانـەش لە جیهـانـدا، لە کـتێبەکـانی فـرۆشـراون.
تا ئەمـڕۆ لە فەرەنسا و لە دەرەوەدا، خـەڵاتـێکی زۆریان پـێـشکەش بە ماریا کردووە.
ماریا زۆریش گەشتی وڵاتان دەکات و چاوی بە هـەنـدێ لەو خوێنەرانە دەکەوێت، کە کـتێبەکانیان خوێنـدوونەتەوە. دەیەوێت گـوێی لە را و لە رەخنـەکانیان بێت دەربـارەی کـتێبە چاپکـراوە وەرگـێڕاوەکـانی بـۆ زمانـەکانی تـر.
دکتـۆر مـاریـا، چـالاکـوانـێکی چـالاکـیـشە، لە بـواری قـەڵاچـۆکـردنی نەخـوێنـدەواری، لە گەشـەکـردن و بەرزکـردنـەوەی ئاسـتی خـوێـنـدوەی منـداڵان. داکـۆکـیکـەریـشە لە مـافـەکـانی منـداڵانی پـەنـابـەر و لە پـەنـابەران لـە فـەرەنـسـادا.
دکتۆر ماریـا مورایـل، لەم ساڵانـدا(١٩٩٦، ١٩٩٨، ٢٠١٨، ٢٠٢٠) نـاوی لە لیستی کۆتـایی ناوی نووسەرە هـەڵـبژێـراوەکان بـوو، بـۆ وەرگـرتنی خـڵاتی هـانز کریسـتیان ئەنـدەرسـین (خـەڵاتی نـۆبـڵی ئـەدەبی منـداڵان).
(دەستەی جـیهـانی بۆ کـتـێـبی منـداڵان) خەڵاتی هـانـز کـریسـتیان ئەنـدەرسـین (خەڵاتی نـۆبـڵی ئەدەبی منـداڵان) ی ساڵی (٢٠٢٢) یان بەخـشی بە دکتۆر ماریا ئـۆد مـورایـل و بە شـایەنی ئـەم خـەڵاتـەیـان زانی.
ھـیوادارین ئـەو رۆژەش ببینین کە نـووسـەرێک یا وێنەکـێـشێکی کوردمـان، لە بـواری نووسین و وێنەکـێـشانی کـتێـبی منـداڵان، شایەنی وەرگـرتنی ئەم خەڵاتـە جیهـانییە بـن.
من لە نـاخی دڵـمەوە دەڵـێم، کەڵەنـووسەری کوردمـان مامۆسـتا (لەتـیـف هـەڵمەت) لە بواری ئەدەبیاتی منـداڵان لە (چـیرۆک و هـۆنـراوە) دا شایەنی ئەوەیە کە بۆ وەرگـرتنی خەڵاتی (ھـانـز کـریـستـیان ئەنـدەرسـین ـ نـۆبـڵی ئـەدەبی منـداڵان) کـانـدیـد بکـرێـت. بە مەرجێک کۆمەڵێک لە چیرۆکەکانی بۆ منـداڵان، گوڵبژێـر بکرێن و لە کتێبێکـدا بە ناوی (هـەڵـبـژاردە لە چـیرۆکەکانـم بۆ منـداڵان)، لە لایـەن وەرگـێڕێـکی بە تـوانـای کوردمـان وەریانبگـێڕێت بۆ سەر زمـانی ئینگـلـیزی. گەر خەڵاتەکەش نەباتەوە، بەشـداریکـردن و کانـدیـدکـردن و تـۆمـارکـردنی نـاوی لەتـیـف هـەڵـمـەت لە (لـیـستی هـەڵـبـژێـراوان) بـۆ وەرگـرتـنی ئـەم خـەڵاتە، شـانـازییـە بـۆ نـووسـەران و بـۆ ئەدەبـیـاتی منـداڵانی کـورد.

٢ـ وێنەکێش سـوزی لـی، خەڵاتگـری باشترین وێنەکێشی کـتێبی منـداڵان:
سـوزی لی، هـاوڵاتیـیەکی کۆماری کۆریـای باشوورە. لە رۆژی (٩/ شوبـات/ ١٩٧٤) لە شاری (سیئۆل) ی پایتەختی کۆمـاری کۆریـای باشوور، لە ماڵـێکی هـونەردۆست و کـتـێبـدۆستی پـڕ لە کـتێـب لەدایـکبـووە. لە تەمـەنـێکی بچـووکـدا، هـۆگـری هـونـەری وێنـەکـێـشـان بـوو و دەستی بە وێـنـەکـێـشـان کـرد.
سـوزی لی، لە زانکـۆی نیـشـتـمانی سیـئۆل، بەکالۆریـۆسی لە هـونـەرە جـوانەکـان لە هـونـەری وێنـەکـێشـیدا وەرگـرتـووە. وەک هـونەرمـەنـدێـکی وێنـەکـێـشی پـیـشـەیی و لێهـاتـوو دەسـتی بە وێنـەکـێـشان کـرد.
سـوزی لی، وێنەکـێـش و نووسـەرێکی بە توانـای بـواری نووسـینی چـیرۆکی منـداڵانە. جەنـد چـیرۆکی جـوانی بـۆ منـداڵان نووسـیوە خـۆێ وێنـەکـانی بـۆ کـێـشاون. هـۆگـری نـووسینی کـتێـبی چـیرۆکی وێنـەییـە بۆ منـداڵان. هـەنـدێ لە چـیرۆکـەکـانی بۆ منـداڵان تەنیـا (چـیرۆکی وێنـەیی) ن، بێ ئـەوەی هـیچ وشەیـەکیـان تێـدابـێـت.
سـوزی لی هـەر لە بـواری هـونـەری وێنەکـێـشانی کـتێـبی وێنـەیی منـداڵان، لـە ساڵی (٢٠٠١) دا، لە کۆلـێژی هـونەری (کامـبەرۆیـڵ) لە لەنـدەن لە بەریتـانیـا، بـڕوانامەی مـاسـتەری وەرگـرت. پـرۆژەی مـاسـتەرنـامـەکـەشی کـتـێـبی (ئـەلـیـس لـە وڵاتـی سەرسوڕهـێنەردا) یە. چاپیکـرد و بڵاوی کردەوە. هـەر لە رێی ئەم کـتێبەشەوە ناسرا.
سـۆزی لی وەک وێنەکێشـێکی کتێبی منـداڵان، لە کۆریا و لە جیهـانـدا ناوبانگی هـەیە.
سوزی وەک هونەرمەنـدێکی داهـێنەر، بە دواداچـوون بۆ ئەو چـێژ و گـرژییانە دەکات کە لە نێـوان راستی و فـانتـازی دایـە. بە نووسـیـنی ئـەم سێ چـیرۆکە وێنەییـانەی بـۆ منـداڵان (ئاوێـنـە، شەپـۆل. سـێـبەر) سەرەنجی هەزاران هەواداری چیرۆکی منداڵان و رەخنـەگـرانی لە جـیهـانـدا بەدەستهـێـناوە. سـوزی لی، بە چـیرۆکنووسـێکی چـیرۆکی وێنـەیی بێ وشـە یا چـیرۆکی بـێـدەنـگ ناسـراوە.

سـوزی لی، تا ئێستا چەنـدین پێـشانگای تایبەتی لە کۆریا و لەوڵاتانی ئەوروپـا و ئاسیا و ئەمریکادا کـردۆتـەوە. لە کـۆریا و لە دەرەوەدا چەنـدین خەڵاتیان پێشکەش کـردووە. لەوانەش: هەردوو کتێبی ( شەپۆل، سێبەر) لە لایەن (نیۆیـۆرک تایـمز) ەوە، لە ساڵی (٢٠٠٨) و (٢٠١٠) دا. خـەڵاتی (باشـترین کـتێـبی وێنـەیی منـداڵان) یان پێـبەخـشی. کتێبی (شەپۆل) لە (٢٠٠٨) دا وەک باشترین دەق لە لایەن (کۆمەڵەی وێنەکێشان) وە، میـدالیای زیـڕی هـونەری رەسەنیـان پـێـبەخـشی. لە ساڵانی (٢٠٠٨) و (٢٠١٣) دا (خـەڵاتی کـتێـبی کـۆریـا) یان پێبەخـشی. لە ساڵی (٢٠١٣) دا، خـەڵاتی کـتێـبی گـلـوپ هـۆرن، بـۆ (باشـترین کـتێب لە ئەدەبیـاتی منـداڵان) یـان پێـبەخـشی.

ناوی سـوزی لی، لە ساڵی (٢٠١٦) دا، لەنـاو لـیستی کـۆتـایی هـەڵـبژێـراوەکـان بـوو، بۆ وەرگرتـنی خەڵاتی هـانـز کریستیان ئەنـدەرسـین (خـەڵاتی نـۆبـڵی ئەدەبی منـداڵان).

سۆزی لی، لە ساڵی رابـردوو (٢٠٢٢) کە وەکو باشترین وێنەکێشی کتێبی منـداڵان لە جیهـانـدا، لایـەن یەکـێتی نێـودەوڵەتی بـۆ کـتێبی منـداڵان هـەڵـبژێـراو. لەلایـەن شاژنی دانیمارگ، مارگرێتی دووەم خەڵاتی هانز کریستیان ئەندەرسین (نۆبـڵی ئەدەبی منداڵان) و (بـڕوانامەی دپـلـۆم) ی پـێـشکەش کـرا.
سـوزی لی، شۆڕەسوارێکی ناسراوی بواری نووسینی (کـتێبی وێنـەیی بۆ منـداڵان) نە لە جـیهـاندا. پەیوەندییەکی زۆریشی لەگەڵ خوێنەران لە زۆر لە وڵاتانی جیهـان هـەیە.
لـە سـاڵی (٢٠٢٢) دا، لـە لایـەن (دەسـتەی نێـودەوڵـەتی بـۆ کـتـێـبی منـداڵان) کە نووسینگەکەیان لە شاری (بـازل) لە سـویسرایـە. لە (٣٣) دەوڵـەت لە جیهـانـدا (٦٦) وێنەكـێـشیان بـۆ وەرگـرتـنی خـەڵاتی هـانـز کـریستیان هـەڵـبژێـرا بـوون. یەکـێک لەو وێنەکـێشانە سـوزی لی بـوو. لە دوا لیـستی نـاوی هەڵبژێـراوەکان کە (٦) وێنەکـێش بـوون (سـوزی لی) وەک باشترین وێنەکـێشی، وێنەی کـتێبی منـداڵان لە جیهـانـدا، لە لایەن (دەستەی نێودەوڵەتی بۆ کـتێبی منـداڵان) بۆ وەرگرتنی خەڵاتی (نـۆبـڵی ئەدەبی منـداڵان) هـەڵـبژێـرا.
لە لایەن شاژنی دانیمارک (مارگرێتی دووەم) ەوە، خەڵاتی هـانز کریستیان ئەندەرسین، میدالیای زێری (نۆبڵی ئەدەبی منداڵان) و (بڕوانامەی دپلۆم)ی بە سوزی لی بەخـشی.
سـوزی لی، یەکـەم کـۆرییە کە ئـەم خـەڵاتە وەربگـرێـت، دووەم ئاسیایشە کە لە دوای وێنەکێـش (میتسۆ ماسا ئانـۆ) ژاپـۆنی ئـەم خـەڵاتە وەربگـرێـت، کە میتسـۆ مـاسـا لە ساڵی (١٩٨٤) دا وەریگـرت.
سـوزی لی دەڵێت:”شانازی و شکۆدارییە بۆ من، کە لەگەڵ کاندیدکـراوانی مەزنـدا، بۆ بـۆ وەرگـرتـنی ئـەم خـەڵاتە کانـدیـد کـرام. رێـز لە هـەمـوویـان دەگـرم”.
وتیشی:”دڵخۆشیشم، کە ئەم خـەڵاتە وەک هـێمایەکی دانـانپێـنانە بە ئەدەبی منـداڵانی کـۆری لـە هـەمـوو جـیهـانـدا”.

رەزا شـوان
(*) بـۆ ئـەم نووسـینەم، سـوودم لە چـەنـد سـایتـێکی ئـینگـلـیزی وەرگـرتـووە.