شوعییه‌ت و پرسی عیشق و خۆشه‌ویستی.. سەلام عەبدوڵڵا

كۆلنتای ده‌ڵێ: (خۆشه‌ویستی ده‌بێت به‌ عیباده‌تی مرۆڤایه‌تی) و ده‌بینین پیاوسالاره‌كان:

  • ‌(خه‌ج و سیامه‌ند، شیرین و فه‌رهاد)یان خۆشده‌وێت و هاوسۆزیانن، به‌ڵام وه‌ك كه‌سوكار قبووڵیان ناكه‌ن.
  • له‌به‌ر خۆیان گۆرانی عیشق و خۆشه‌ویستی ته‌نانه‌ت بێشه‌رمانه‌(مه‌مكی خڕ كرد)ده‌ڵێنه‌وه‌ و بانگه‌وازی كوشتنیش ده‌كه‌ن(ئه‌گه‌ر به‌ خۆت رازی بیت، دایكت ده‌رمانخوارد كه‌م) و سێكسیترین گۆرانی ده‌ڵێن و هه‌ڵپه‌ڕكێی له‌سه‌ر ده‌كه‌ن!
  • به‌ شان و باڵای خۆشه‌ویسته‌كانیان هه‌ڵده‌ڵێن، به‌ڵام قوڕ به‌سه‌ر ئه‌و‌ كه‌سه‌ هه‌مان گۆرانی بۆ مێیینه‌‌ خزمه‌كانی بڵێت.
  • هه‌ر چۆن له‌ مزگه‌وت ژن و پیاو جیاده‌كه‌نه‌وه‌، به‌هه‌مان شێوه‌ له‌ ناو خێزان و قوتابخانه‌ و…هتد.
    سیستێمی پیاوسالاران به‌ زه‌بری نه‌ریتی قه‌ده‌غه‌، توندكردنی مێینه‌ له‌ ناوماڵ و سزادانی كه‌سایه‌تی و هه‌ست و سۆزیان له‌ فه‌زای دووڕوویی، ناپاكی، درۆ و قینه‌ و غیره‌…هتد، وه‌ك موڵك و(شت)ی تایبه‌ت ره‌فتاریان له‌گه‌ل ده‌كه‌ن و‌ ژان و خه‌م و نائومیدی و خوێنی ژنان لێكه‌وتۆته‌وه‌.
    خۆشه‌ویستی (دانایی و به‌هه‌ره‌ی بوونی مرۆیی)، كه‌چی ده‌سه‌ڵات و ئاینزاكان له‌ دژیدا راده‌وه‌ستن و به‌ ره‌وشت و به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی پاشماوه‌ی ده‌ره‌به‌گایه‌تی و سه‌رمایه‌داری به‌ بێڕه‌وشتی و به‌ڕه‌ڵایی و شه‌رم و”بێشه‌ره‌فی”مۆریان كردووه‌:
    یه‌كه‌میان ده‌یه‌وێت رابردوو به‌ زیندوویی رابگرێت، دووهه‌مه‌كیان وه‌ك بازرگانێكی ساخته‌چی له‌گه‌لیان یه‌كده‌گرێته‌وه‌و هاوكات كۆت و زنجیری هاوچه‌رخ له‌ مل ژنان ده‌كه‌ن.

ژنان به‌ بێده‌نگی و بێده‌سه‌ڵات له‌ ئاستیاندا رانه‌وه‌ستاون‌ و هه‌موو شێوه‌كانی خه‌باتی ئازادیان ‌گردۆته‌ به‌ر و هه‌وڵده‌ده‌ن له‌‌ زۆره‌ملی و سته‌م و فرتوفێڵ و فه‌نتازیای پیاوسالاران رزگاریان ببێت.
ئه‌لكسه‌نده‌ر كۆلنتای له‌باره‌ی خۆشه‌ویستی پێیانده‌ڵێ:(خودی خۆشه‌ویستی وزه‌یه‌كی داهێنه‌رانه‌ی مه‌زنه‌، ئاسۆی روحی ئه‌وه‌ی ده‌یبینی و ئیلهامی پێده‌به‌خشێ، ده‌وڵه‌مه‌ند و به‌رینده‌كات. گه‌ر خۆشه‌ویستی نه‌بێت مرۆڤایه‌تی هه‌ستی ده‌كرد دزراو و ئينكار و نه‌فره‌لێكراوه‌. هیچ گومانم نیه‌ له‌وه‌ی كه‌ خۆشه‌ویستی له‌ دواڕۆژدا ده‌بێت به‌ عیباده‌تی مرۆڤایه‌تی.)
خۆشه‌ویستی هه‌ر به‌(وزیه‌كی داهێنه‌ر) بۆ ژیانی مرۆڤایه‌تی نه‌زانراوه‌:
لینین له‌ وته‌یه‌كید ده‌ڵێ: شوعییه‌ت ده‌بێ له‌ گه‌ل خۆیدا زاهدی نه‌هێنێ، به‌ڵكو شادی و خۆشییه‌ك كه‌ پله‌ی كه‌ماڵی ژیانی خۆشه‌ویستیش بیورووژێنێ….نه‌ وه‌ك خۆشه‌ویستی پیاوانی ئاینی و نه‌ وه‌ك دۆن جوان و نه‌یش وه‌ك به‌كارهێنانی لووتبه‌رزێكی دووڕوو بۆ خۆسه‌رقاڵكردن.)
لێره‌ به‌هۆی فشاری كۆمه‌ڵایه‌تی، زۆربه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان به‌ناچاری بۆ ده‌ربازبوون له‌ كۆت و زنجیره‌‌كانی پیاوسالاری كه‌‌ هاوشێوه‌ی پۆرنۆگرافیه‌‌ وهوشیاری تێكده‌دا‌، په‌نا بۆ دووڕووی ده‌به‌ن و، ئه‌وه‌ی له‌ زۆربه‌ی وڵاتانی دنیا ئاساییه و كه‌س په‌یوه‌ندی پێوه‌ نیه‌‌، لێره‌ وه‌ك”جنۆكه‌”به‌ هه‌زار شێوه‌ به‌ نهێنی ئه‌نجام ده‌درێن. زۆر هه‌یه‌ ئیراده‌ی و ویستی پیاوه‌كه‌ی جێبه‌جێ ده‌كات، به‌ڵام روحی له‌ شوێنێكی تره‌. له‌ زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری گۆرانییه‌كان ژن ده‌هێنرێنه‌ ئاستی جه‌سته‌ی. ئه‌ی كه‌سایه‌تی، كه‌رامه‌ت، ویژدان و بیر و هه‌ڵویست و هوشیاری و ئاره‌زووه‌كانی؟!
له‌ ژێر ئه‌و فشاره‌ شێتانه‌یه‌، كچان ناچاركراون خۆیان له‌گه‌ل دنیابینی پیاوان بگونجێنن و به‌ ره‌واڵه‌ت ملكه‌چی”فه‌رمان و سنوره‌”درۆزنه‌كان ببن، ژیانی خۆیان ده‌خه‌نه‌ مه‌ترسی. ئه‌وجا هه‌زاران خێزان هه‌یه‌ هیچ شتێكی سۆزداری ژن و پیاوه‌كه‌ به‌یه‌ك نابه‌ستێته‌وه‌(هه‌ر چركه‌یه‌كی مه‌رگێكی راسته‌قینه‌یه‌، هه‌ستی خۆبه‌كه‌مزانین، خه‌مۆكی و بێزاری و وێرانی كه‌سایه‌تیه‌ و جووتبوون وه‌ك ئه‌ركێكی بێتام به‌ هه‌ستی زه‌وتكردن). كه‌م نین ئه‌و كچانه‌ كه‌ بوون به‌ قوربانی ساده‌ترین مافی مرۆڤ.
تێگه‌یشتنی لیبڕاڵی و به‌ناو”ئازاد”بووه‌ به‌ ته‌واوكه‌ری پیاوسالاری شێوه‌ كۆنه‌كه‌ی( له‌شفرۆشی به‌نهێنی، فره‌ژنی، گه‌شتی سێكسی بۆ وڵاتانیتر، لاقه‌ی كچان له‌ شوێنه‌ گشتیه‌كان، شێوه‌ زۆره‌كانی هاوسه‌رگیری كاتی”حه‌ڵاڵ”، سێكس به‌ نهێنی له‌پال هاوسه‌ری فه‌رمی). ئه‌و دووڕووییه‌ به‌ زه‌بره‌ به‌ مه‌لها، له‌شفرۆشی، كچانی قومارخانه‌ و مه‌یخانه‌ و دوكان و سه‌نته‌ری نه‌رگیله، سه‌نته‌ره‌كانی مه‌ساج وته‌نانه‌ت و صالۆنه‌كان به‌شێوه‌ی جۆراوجۆری ناڕاسته‌وخۆ به‌كارده‌هێنرێن بۆ بازاڕی سێكس.‌ ئه‌وجا لایه‌كیان به‌ ناوی”شه‌رف و نه‌ریت و ئاین” هه‌ڕه‌شه‌ و گوڕه‌شه‌ ده‌كه‌ن و هه‌زار تانه‌ و ته‌شه‌ر هه‌ڵده‌واسن و خۆیان به‌ پارێزه‌ری پیاوسالاری كۆنه‌كه‌ پیشانده‌ده‌ن كه‌ دژی ژنانه‌ و لاكه‌ی تر به‌ناوی”شارستانیه‌ت و ئازادی ومافی مرۆڤ” بێڕه‌شترین و خوێڕیترین نموونه‌ی پیاوسالاری ئه‌نجامده‌ده‌ن دژ به‌ ژنان: دنیایه‌ك له‌ درۆ، دنیایه‌ك به رۆژانی ساخته‌ی دڵته‌زێن.‌
ژنان له‌ دنیای پیاوسالاری به‌ هه‌ردوو رووكه‌یه‌وه‌ له‌ بواری خۆشه‌ویستی و هاوسه‌رگیری له‌ناو كاره‌سات، ئاژاوه‌، پشێوی، نامۆیی، شكاندنی كه‌رامه‌ت، كه‌سایه‌تی و وێرانی رۆژه‌كانیان به‌رێ ده‌كه‌ن.
كۆلنتای ده‌ڵێ: ئه‌م چه‌رخه تایبه‌تمه‌نده‌ به‌ غیابی”هونه‌ری خۆشه‌ویستی”. مرۆڤ به‌ته‌واوه‌تی نازانن په‌یوه‌ندییه‌كی روون و پرشنگداریان هه‌بێت و له‌ شه‌قه‌ی باڵ بدا، به‌های هاوڕێتی سۆزداری نازانن. خۆشه‌ویستی ئیمڕۆ یان تراژیدیایه‌كی جه‌رگبڕه‌ یان سه‌ڕه‌ڕۆییكی سووك و رووكه‌شه‌. ده‌بێ مرۆڤایه‌تی له‌م قه‌یرانه‌ رزگار بكه‌ین. خه‌ڵك رابهێنین بۆ ژیان له‌ كاتژمێره‌ دڵخۆش و روونه‌كان به‌بێ ئه‌وه‌ی خه‌مه‌كان باریان گران بكات. سایكلۆژیای مرۆڤ ئاماده‌ نابێت بۆ پێشوازی له‌ خۆشه‌ویستی مه‌زن‌ و پاكژ له‌ لایه‌نه‌ تاریكه‌كانی گه‌ر به‌ قۆتابخانه‌ی هاوڕێتی عاشقانه‌ تێنه‌په‌ڕێت.)
خۆشه‌ویستی گه‌وره‌ترین بیرمه‌ند بۆ خۆشه‌ویسته‌كه‌ی له‌ چه‌ندین هۆنراوه‌ ره‌نگی داوه‌ته‌وه‌‌و مرۆڤ سه‌رسام ده‌كه‌ن:

(جێنی! ئایا چاكه‌ی پایه‌به‌رز‌ هی منه‌؟ ئه‌ی روح شیرین، تۆ منت خۆشده‌وێت؟
ئای جێنی جێنی تۆ منت خۆشدەوێت‌…) و
(…ئه‌م گۆرانیانه‌ ببه‌
كه‌ تژین له‌ ئاوازه‌كان.
ئه‌م خۆشه‌ویستیه‌ ببه‌ كه‌ له‌به‌رده‌م پێكانت
به‌ ساده‌ییه‌وه‌ به‌ ئه‌ژنۆدا ده‌چن)….
(ده‌بینی؟
ره‌نگه‌ هه‌زاران به‌رگ بنووسم
و له‌ هه‌ر رسته‌یه‌كدا بنووسم”جینی”
له‌گه‌ل ئه‌وه‌شد تێدا دنیایه‌ك له‌ فكر،
گرێبه‌ستێكی ئه‌به‌دی و ئیراده‌یه‌كی نه‌گۆر شاراوه‌ته‌وه‌.)
نووسه‌ری ئه‌و شیعره‌، كاڕڵ ماركسه‌، پێش ئه‌وه‌ی سەرمایە بنووسێت، شیعری به‌ باڵای خۆشەویسته‌كه‌ی(جینی) دەگوت. به‌داخه‌وه‌ له‌ بڵاوكردنی به‌رهه‌مه‌كانی ماركسی، بایه‌خ به‌ به‌رهه‌مه‌ شیعرییه عاشقانه‌كانی نه‌درا.
وزه‌ی خۆشه‌ویستی كرده‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌، به‌داخه‌وه‌ هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو له‌قاو و سه‌ركوت و سووكده‌كرێ. نه‌ لایه‌نه‌ ره‌شه‌كانی ره‌وشتی كۆن له‌ گۆڕنراوه‌و نه‌ ئه‌مه‌ی ئێستا بره‌وی هه‌یه‌، كه‌رامه‌ت بۆ ژنان ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌. خۆشه‌ویستی و ره‌وشتی نوێ پێویستی به‌ سیستێم و ده‌سه‌ڵاتی نوێ هه‌یه‌ كه ‌ئێستا دوژمنانی سه‌رسه‌ختی هه‌یه‌ و پایه‌كانی زۆر لاوزن و تا رۆژگاری ده‌سه‌ڵاتی پیاوسالاری باڵاده‌ست بێت‌، ژنان باجێكی بێوێنه‌ ده‌ده‌ن، به‌ڵام ده‌سته‌و ئه‌ژنۆ له‌به‌رده‌می دانه‌نیشتوون و موقاوه‌مه‌تیان دژ به‌ كۆمه‌ڵگه‌ی چینایه‌تی ده‌مانگه‌یه‌نێ به‌‌ كۆمه‌ڵگای سۆسیالیستی كه‌ تێدا سه‌ربه‌خۆیی ئابووری و، كه‌سایه‌تی ده‌بێته‌ خاوه‌ن بڕیاری یه‌كه‌م نه‌ك دووهه‌م و پاشكۆ و، ئازادبوونی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ ئازادبوونی له‌ كاری ناوماڵ و رۆڵی سه‌ره‌كی له‌ به‌ڕێوبه‌ردنی كۆمه‌ڵگا ده‌بینێت(چیتر ژن كه‌رت كه‌رت ناكرێت بۆ رۆڵه جیاجیاكان) و له‌گه‌لیدا مرڤایه‌تی بوونی مرۆیی وه‌ك ئینسان ده‌بێته راستی‌ و له‌ به‌ڕه‌ڵایی و كوشتن و خۆكوشتن و هه‌ژاری و به‌ ریكلامكردنی كه‌سایه‌تی و بێكاری و ئه‌ركی به‌خێوكردنی مناڵ و خۆسه‌پاندنی پیاوسالار رزگارمان ده‌بێ.
بۆ گه‌یشتن به‌م ئامانجه‌ پێویسته‌‌ پرسی ژن له‌ رێكخراوه‌كانی ژنانی ده‌سه‌ڵات و به‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و ئه‌كادیمیه بۆرژواكان‌ رزگارببن و پێگه‌ی و توانا و هێزی هوشیاری، كلتور، رێكخستن و خه‌باتی سه‌ربه‌خۆی ژنانی شیوعی له‌ناو حزبێكی شیوعی به‌هێزببێت.




گرینگی مانگرتنی ئێستای پەرستاران لە بەریتانیا، ڕۆڵی لەسەر ژنانی کرێکار و مافەکانیان.. شیرین عەبدوڵڵا

کۆلیژی شاهانەی پەرستاری لە بەریتانیا* لە ڕۆژی ١٥.١٢.٢٠٢٢، بۆ یەکەمجار لە مێژووی (١٠٦) ساڵەی خۆیدا، دەستیکرد بە ڕێکخستنی گەورەترین مانگرتنی ستافی پەرستاری لە سەرانسەری وڵاتدا، کە نزیکەی سەد هەزار (١٠٠.٠٠٠) لە ئەندامەکانی لە (ئینگلتەرا) و (ئێرلەندای باکوور) و (وێڵز) بەشداری دەکەن. پێشبینی دەکرێت ئەمە قۆناغی یەکەمی مانگرتن بێت لەسەر مووچە و بارودۆخی کارکردن و سەلامەتی نەخۆش بۆ دوو ڕۆژی ١٥ و ٢٠ی (دیسەمبەر)ی ئەمساڵ، و پێشبینی دەکرێت ئەمە تەنها سەرەتای مانگرتنێکی درێژتر بێت، ئەگەر دانوسانە فەرمیەکان ئەنجام نەدرێ، یان ئەنجامێکی جێگەی ڕەزامەندیی بەدەست نەهێنن، هەروەها تیمەکانی فریاگوزاری و ئەمبوڵانس و ئاگرکوژێنەوە و بەشێک لە پزیشکانیش دواتر پەیوەندییان پێوە دەکەن.

(کۆلێژی شاهانە) بە سوودی ئەندامەکانی، لە زمانی پات کۆڵین، سکرتێری گشتی سەندیکاکەوە، داوای زیادکردنی مووچە بە ڕێژەی (%١٩) دەکات واتە لەسەدا پێنج (%٥) سەروو ڕێژەی هەڵاوسان، هەروەها داوای باشترکردنی بارودۆخی کارکردن دەکات بۆ دڵنیابوون لە دەست لەکار نەکێشانەوەی کادرەکان، و ڕاکێشانی کارمەندی نوێ بۆ ئەو پیشەیە، و دڵنیابوون لە سەلامەتی نەخۆشەکان.

ئەم مانگرتنانە بەشێکن لە زنجیرە مانگرتنێک کە ئەمڕۆ زۆرێک لە دامەزراوە گەورەکانی بەریتانیایان گرتۆتەوە، بە کۆی گشتی زیاتر لە یەک ملیۆن و (٤٠٠) هەزار ڕۆژی کارکردن کە بریتین لە کرێکارانی تۆڕی شەمەندەفەر، کرێکارانی خوێندنی باڵا، وانەبێژ و غەیرە ئەکادیمی، کرێکارانی ڕۆیاڵ مەیل، فەرمانبەرانی حکومی لە وەزارەتی ناوخۆ، شۆفێران، هەندێک هێڵی هاتووچۆی پاس، کرێکارانی دادگا و هەندێکی تر. ئەم شەپۆلە مانگرتنە لەسەر پاشخانێک سەریهەڵداوە کە زیاتر لە دە ساڵە مووچەی کەرتی گشتی خەوێنراوە و خزمەتگوزارییە گشتییەکان و چاودێری کۆمەڵایەتی و بەنەفیتەکان کەم کراونەتەوە و سیاسەتی نیولیبراڵ و ملکەچکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان بۆ یاساکانی بازاڕ و کێبڕکێ و کەڵەکەکردنی قازانج لەسەر حیسابی ملیۆنانی خەڵکی هەژار پیادە دەکرێت.

ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە سەرەتای ئەمساڵدا نزیکەی (%٢٢)ی خەڵک لە بەریتانیا لە هەژاریدا دەژین. چەند ملیۆنێک لەمانە، لەنێوانیاندا نیو ملیۆن منداڵ، دۆخی (هەژاری لەڕادەبەدەر) یان بەسەر بردووە لە ماوەی (١٢) مانگی پێش پەتای کۆڕۆنا. “هەژاری لەڕادەبەدەر” خراپترین حاڵەتی هەژاریە کە مرۆڤ هیچ توانایەکی دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوون و خواردن و پۆشاک و خۆ گەرم کردنەوەی نییە. دۆخەکە بەرەو خراپتر دەڕوات و مەترسی ئەوە هەیە کە ئەم زستانە بە هەموو مانایەک تاریک و سەخت بێت بۆ بەشێکی گەورەی کۆمەڵگای بەریتانیا.

هۆکار و کاردانەوەکانی مانگرتنی پەرستاران،

کرێ و بارودۆخی کارکردن:

ژمارەیەکی زۆر لە پەرستاران لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی کەمی مووچەوە پیشەکەیان بەجێهێشت، بەڵام کرێ تاکە هۆکار نەبووە. ئەندامانی (کۆلێژی شاهانە)، وەک هەموو کارمەندانی چاودێری تەندروستی و کۆمەڵایەتی لە بەریتانیا، بەهۆی فشاری کارە بێوچانەکانەوە بەدەست ماندوێتییەکی زۆرەوە دەناڵێنن و ئەم فشارە تاڕادەیەکی زۆر لە ماوەی پەتای کۆڕۆنادا توندتر بووە. بەهۆی ئەم مەرجانەوە پڕکردنەوەی پۆستە بەتاڵەکانی کار قورسە، ئەمەش بارگرانی لەسەر ئەو کرێکار و فەرمانبەرانە زیاد دەکات کە لە پیشەکەدا دەمێننەوە.

بەیاننامەیەک کە لە لایەن کۆلێژەکەوە لە مانگی یەکی ساڵی (٢٠٢٢) پێشکەش بە پەرلەمانی بەریتانیا کراوە، ئاماژە بەوە دەکات کە لە ئێستادا زیاد لە (٣٩.٨١٣)، تێکڕا لەسەدا دە و نیو (%١٠.٥) پۆستی بەتاڵ لە هێزی کاری پەرستاری لە ئینگلتەرا هەیە.

هەروەها بەیاننامەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ستافی پەرستاری تەندروستی گشتی (ناشناڵ هێڵث سێرڤس- ان اچ اس) بە شێوەیەکی عادلانە پاداشت نادرێنەوە بەرامبەر بە پلەی بەرزی لێهاتوویی پیشەیی و مەترسی پیشەیی بە بەراوورد بە کەرتەکانی تر و کەرتی تایبەت.

داواکاری زیادکردنی مووچە بە ڕێژەی (%١٩) بۆ قەرەبووکردنەوەی لێبڕینەکانە کە بە شێوەیەکی ڕاستەقینە لە ئەنجامی سیاسەتەکانی (پاشکەوتکردن بۆ زیادکردنی کارایی) و خەواندنی مووچەی کەرتی گشتی لە ساڵی (٢٠١٠) ەوە تا ئێستا، کە مووچەی ڕاستەقینەی پەرستارانی خاوەن ئەزموونی خراپتر هێشتۆتەوە بە ڕێژەی (%٢٩)، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە تەنانەت ئەگەر پەرستاران (%١٩) زیادبوون وەربگرن، هێشتا بەهای ڕاستەقینەی مووچەکانیان کەمتر دەبێت لە ساڵی (٢٠١٠).

پەرستاری و مافی ژنانی کرێکار:

پیشەی پەرستاری لە مێژوودا پیشەیەکی ژنان بووە، کە تێیدا بەرزترین سیفەتە مرۆییەکان تێکەڵ بە لێهاتوویی پیشەیی و بەکارهێنانی زانستی دەبن. سەرەڕای گۆڕانی ئەم شێوازە لە سەردەمی ئێمەدا کە زۆرێک لە پیاوان لەم پیشەیەدا کار دەکەن، و سەرەڕای ئەو هەموو پێشکەوتنە زانستییە زەبەلاحانەی کە لە سەردەمی فلۆرانس نایتنگەیل (پێشەنگی پەرستاری مۆدێرن) ەوە بەدەست هاتوون، ئەو بۆچوونە نەریتییە هەر ماوتەوە کە پیشەکە وەک خزمەتگوزاری یان “بانگەوازێکی مرۆیی” یان “ئەرکێکی خێرخوایی” دەبینێت کە ژنان بە خۆبەخش و بۆ یارمەتیدانی ئەوانی دیکە کاردەکەن، لەبری ئەوەی وەک پیشەیەک سەیر بکرێت کە هەردوو جەندەر کاری تیا دەکات و ئاستی بەرزی لێهاتوویی و توانایی جەستەیی و دەروونی، و زیهنی دەوێت. ئەمەش بووەتە هۆی بەکەم نرخاندنی پیشەکە و بێزارکردنی مۆڕاڵی کادرەکانی.

ڕێکخستنی مانگرتن بۆ کارمەندانی تەندرووستی هەمیشە زەحمەتە، بەو پێیەی ڕاگرتنی دەوام تەنانەت بۆ ماوەیەکی کورتیش، ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ژیانی نەخۆشەکان دەبێت. بەو پێیەی کە پاڵنەری زۆربەی ئەوانەی لەم بوارەدا کار دەکەن حەز بە یارمەتی و هەستی ئینسانییە، زۆر قورسە بۆیان نەخۆشەکانیان بەجێ بهێڵن لەکاتێکدا کە ئەو نەخۆشانە پێویستیان بەمانە. مانگرتن لە نەخۆشخانە یان کلینیکێکی پزیشکی وەک مانگرتن بۆ نموونە لە کارگەیەکی ئۆتۆمۆبیل نیـیە.

سیستەمە تەندرووستییەکان، نەک هەر لە بەریتانیا، بەڵکو لە هەمو جیهاندا، بەهرەبەردارییەکی خراپ لە دڵسۆزی و گیانی ئینساندۆستانەی کادیرەکانیان دەکەن، و مافە پیشەییەکانیان پێشیل دەکەن و هەروەها پلە نزمی ژن لە کۆمەڵگای پیاوسالاردا ڕێگە بۆ ئەم پێشێلکاریە خۆش دەکات و ئاسانتری دەکات.

نایەکسانی حەقدەست و مافەکانی ژنان لە هەموو سێکتەرەکاندا زۆر بە زەقی لە کەرتی پەرستاری و تەندروستیدا دەبینرێت، بەڵام ژنی پەرستار وەک هەر کرێکارێکی تر ژنێکی کرێکارە، و مافی خۆیەتی مانبگرێت و داوای مافی یەکسان بکات و کارەکەی بەو پێیە هەڵسەنگێنرێت کە شایەنیەتی.

سیاسەتەکانی جیاکاری لەنێوان مانگرتوان و جەماوەردا:

حکومەتەکان بەتایبەتی سوود لەم خاڵە وەردەگرن بۆ ئەوەی بیروڕای گشتی بەدژی مانگرتوان بورووژێنن و هاوسۆزی خەڵک کەم بکەنەوە بۆ هەر مانگرتنێکی ستافی پزیشکی و بڵاوەپێکردنی ڕیزەکانیان، وەک ئەوەی لە مانگرتنی گشتی پەرستاراندا لە ساڵی (١٩٨٨)دا ڕوویدا، کاتێک (تاتشەر) کرێکارانی مانگرتووی تۆمەتبار کرد بە وەی کە “بە ئەنقەست دژە نەخۆشن” و ” بارگرانی لەسەر شانی ئەو پەرستارانە زیاد دەکەن کە هەرگیز خەونیش بە مانگرتنەوە نابینن چونکە واز لە نەخۆشەکانیان ناهێنن”!

(ڕیشی سوناک)، سەرۆک وەزیرانی ئێستای بەریتانیا، مانگرتنەکانی ئێستای ئیدانە کرد و ڕایگەیاند، مانگرتنەکان “مەترسییەکی گەورەن بۆ سەر خێزانە زەحمەتکێشەکان”، وەک ئەوەی کارمەندانی تەندروستی، پەرستاری، ئەمبولانس، هێڵی ئاسن، گواستنەوە و پۆست خێزان و کەسانی زەحمەتکێش نەبن لە دەرەوەی ئەم پۆلێنکردنە بن. بەم شێوەیە حکومەتەکان هەوڵ دەدەن ناتەبایی لەنێوان سێکتەرەکانی جەماوەری ناڕازیدا بچێنن و ڕیزەکانیان بڵاوە پێبکەن، بەڵام جەماوەر ئاگاداری ئەوە بووەتەوە و هاوسۆزی بۆ پرسی مانگرتووان بە گشتی ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت.

پەرستاران تۆمەتبار دەکرێن بەوەی کە سەلامەتی نەخۆشەکانیان پشتگوێ دەخەن و بایەخیان بپێنادەن، بەڵام مانگرتووان دەڵێن، هەر ئێستا ژیانی نەخۆشەکانیان لەمەتریسدایە و دەمرن، بەهۆی خراپی بارودۆخ و قورسی کارەکە و فشاری کار و کەمی ژمارەی کرێکاران بە بەراورد لەگەڵ ژمارەی نەخۆشەکان و بیرۆکراسی زیاد لە پێویست. وە ئەوان خۆیان بەرپرسیار دەزانن کە ئێستا دەبێت دەنگیان بەرز بکەنەوە لە پێناو پاراستنی نەخۆشەکانیان و داهاتووی پیشەکەیان و پاراستنی خزمەتگوزاری تەندروستی گشتی.

مانگرتن و ڕێکخستن وەک ئامرازێکی گرینگ بۆ گەیشتن بە داواکارییەکان

 و گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی یەکسانیخواز:

مانگرتووان باش دەزانن کە مانگرتن ڕێگەیەکی سەلمێنراوە بۆ هێنانەدی گۆڕانکاری. مانگرتنی ئەندامانی (کۆلێژی شاهانەی پەرستاری) لە (ئێرلەندای باکوور) لە ساڵی (٢٠١٩) یارمەتیدەر بوو بۆ بەدەستهێنانی یەکسانی مووچە لەگەڵ (ئینگلتەرا) و (وێڵز). هەرچەندە مانگرتنی ساڵی (١٩٨٨) نەیتوانی یەکسانی مووچە لەگەڵ پیشەکانی دیکەدا بەدەستبهێنێت، یان بارودۆخی کارکردن باشتر بکات، بەڵام (تاتشەر) لەو کاتەدا ناچار بوو کرێ بە ڕێژەی لەسەدا پانزە و لەدەدا سێ (%١٥.٣) بەرز بکاتەوە.

ئەمە و سنووردانانیش بۆ کاتی دەوامی ڕۆژانە و مافی پشووی کۆتایی هەفتە دەستکەوتی خەباتە ڕێکخراوەکانی دوو سەدەی ڕابردوون.

گەیشتن بە داواکارییەکانی پەرستاران لە بەریتانیا دەبێتە دەستکەوتێکی گرنگ و هۆکاری بەهێزکردنی مۆڕاڵی سێکتەرەکانی دیکە، بە ئەگەری گەیشتن بە داواکارییەکانیان. جگە لەوەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەرزکردنەوەی پێگەی پیشەی پەرستاری وەک پیشەیەک کە پلەیەکی بەرزی لێهاتوویی هەبێت کە تێیدا زانست لە پێناو سەلامەتی و خۆشگوزەرانی مرۆڤدا بەکاردەهێنرێت و بەو پێیەی ژنان زۆرترین ڕێژەی کرێکارەکانین، دەبێتە هەنگاوێک بەرەو سەپاندنی یەکسانی لە مووچە وماف و بارودۆخی کرێکارانی ئەم کەرتە یەکجار گرنگە، و هەروەها دەبێتە ئیستانداردێک کە کرێکاران و ژنانی کرێکار لە ووڵاتانی جیهان و سیستەمە تەندروستیەکانیان سوودی لێ وەربگرن بۆ پەرەپێدان بە مافەکانیان.

دەبێت هەمومان پشتگیری تەواوی مانگرتنی پەرستارانی بەریتانیا بکەین.

١٨-١٢-٢٠٢٢

شیرین عەبدوڵڵا

****************************

 * (کۆلێژی شاهانەی پەرستاری) لە بەریتانیا گەورەترین سەندیکای پەرستارییە لە جیهاندا. هەم دەزگایەکی پیشەیی و هەم سەندیکایەکی کرێکارییە. زیاتر لە ٤٥٠ هەزار ئەندامی ستافی پەرستاری و مامان و خوێندکار و یاریدەدەری پەرستاری هەیە.

شایانی باسە کە ئەم کۆلیژە تا ساڵی ١٩٩٥ سیاسەتی مان نەگرتنی پەیڕەو کردوە وتەنانەت مانگرتنی ساڵی ١٩٨٨ی ئیدانە کرد، کە لەلایەن پەرستارانی تەندروستی دەروونییەوە دەستیپێکرا و لە سەرانسەری وڵاتدا تەشەنەی سەند.




ویترین.. ئلهام مورادی

داهاتووم پڕدێکە لە ویترینی رابردوومدا

دوو پاتم ئەکا لە پەراوێزی شار

تا ونبوون لە شەقامی شەیدایی

تا نغرۆبوون لە ئاسمان

هەلوەرینی ئینجانەکان 

تا پیاسەکردنی گوڵ بەلاوکوو حەیران

هیچ شتێ گرنگ نییە 

من بە تۆ ڕا هاتووم

شێتبوون لەژێر چەقۆی شەرع

ڕاکشان لە ژێر ستەمی ئایین

لە ژێر چاودێری خێلی ژنکوژ

چیم ئەوێ لە داعش

ئاساییە هەلوەدابوون

لەقوژبنی ساردوو سڕی 

بێ یاسایی 

ماف وشەیکی نامۆە

لە قووڵایی ڕۆحمدا چاوەڕوانی

پچراندنی ئەو زنجیرە درۆیانەم 

تاجوانتر ناسینی خۆم

سنە

ئلهام مورادی




خەڵکێک.. نەوزاد بەندی

پۆلیسەکە هەتا بڵێی قەڵەو بوو ، سمێڵێکی تیژی باڵە فڕۆکەیی ماش و برنجیی لێ بەردابۆوە ،  لە ناوەڕاستی دەرگاکەدا وەستابوو .. خەڵکێکی زۆر سەرەی گرتبوو ، بۆ چوونە ژوورەوە ..

یەک بە یەکیانی ئەپشکنی .. کە ئەیپشکنین ، سمێڵی بەر تەپڵی سەر ..    ناوچاو ..ڕوومەت ..لێو ..چەناگە ..گەردن ..سنگ ..وورگی پشکنراوەکە ئەکەوت .. ئەوەیش پەیوەندی بە باڵای پشکنراوەکەوە هەبوو ، باڵای زۆر بەرز بووایە ، سمێڵەکان بەر سنگی یان وورگی ئەکەوتن ..ئیتر هەتا باڵاکە نزمتر بووایە ، باڵە تەیارە ماش و برنجییەکان بەر شوێنی بەرزتر ئەکەوتن ، نزمترین باڵا   تەپڵی سەر بوو ، ئەبوو بە جێکەوتە یان لێکەوتەی دوو باڵەکە .. چونکە باڵای پۆلیسەکە نەگۆڕ بوو ..

خەڵکەکە ڕێزێکی زۆریان پیشان ئەدا  و سڵاوی جۆرا و جۆریان لێ ئەکرد :

سڵاوت لێ بێ ..

بێوەی بی ، باش بمانپشکنە ، پیاو خراپ زۆرن ..

لە تەمەنی ئێمە بچێتە سەر تەمەنی تۆ ..

ئێوە نەبوونایە ، جەردە تاڵانی ئەکردین ..

بینینتان دڵ ئەکاتەوە ، هەناسە!

شایانی هەموو ڕێزێکی ،عەزیزم ..

داو دەرمانەکەم ، چاوت ماچ ئەکەم ..

سەر و ماڵ ! ، سەلامەت لێ بێ ..

دڵخۆش و سەربەرزبیت ، وڵاتپارێز‌ ..

پیاوی مەرد ، نمونەت زۆر بێ ..

دنیایەک خۆشەویستیمان هەیە بۆت ..

دەستت نەئێشێ ، ئازیزم ..

هەموو کاتێکت باش بن ، دڵەکەم ..

قەڵاچۆکەری دز و مافیا ، حورمەتت هەیە ..

خوا بۆ ئێمەت بهێڵێ ..

سەلامون عەلەیکوم ..

هەلەو ڕۆحی من ..

چاومانی ، گەورەم ..

خوا دەست بە باڵتانەوە بگرێ ..

بە بێ ئێوە ، چیمان بکردایە ؟

بەیانیت باش ..

تەمەن درێژ بیت  ..

تەندروست باش بی ..

خوا پاداشتی بەخێرت باتەوە ..

ئەک دەست و چاوت خۆش بن ..

جەزاکەڵڵا ..

ئەم کاتەت باش برای بەڕێز ..

سڵاوت لێ بێ بیلبیلە ..

وەشەنی .. خاثەنی ..؟

خۆش بیت ، خوا قەرزا ..

دەمباش ، هەڤاڵ گیان ..

بابی بابم کوی ؟

لە بەرت مرم ، براگەورە ..

دەستەکانت ماچ ئەکەم ، بارەکەڵڵا فیکوم ..

مانی نەبی ، باشچاوەش ..

چ حالە سەیدا ..

سڵامەلێک ..

تاجی سەر ، چۆنی ؟ ..

ڕۆژ باش ، سەروەرم ..

سەباحلخێر ، گلێنەی چاو منی ..

زۆر زەحمەتمان دای ، برالە ..

جەرگ و دڵ ، خوا بتهێڵێ ..

لوتف و کەرەمتان فەرموو ..

دەستخۆش ، مەعزەرەتم هەیە ..

بە قوربانی کوڕ بم ، چاو ڕەشەکەم !

خەجاڵەتم براگیان ، خوا سەلامەتت کا ..

جۆرەها  چاک و خۆشیی تریان دەدا بە گوێچکەکانیدا ، ئەویش وەڵامی نەدەدانەوە و ڕۆبۆت ئاسا ،لەگەڵ مژی پچڕ پچڕی جگەرەکەی لا لێویدا ، بە توندی دەستی ئەکوتایە بن باخەڵ و ..گیرفان و ..پانتۆڵ و.. لای ناوگەڵ و ..شوێنە نامۆکانیان  ، بە جۆرێ هەندێکیان ئەیانووت : ( ئاخ) یان موچڕکێکیان پیا ئەهات و .. هەندێکیشیان کە زنجیری قەڵەمسەڵەکەی ، یان نقێمە گەورەکەی ئەنگوستیلەکەی بەر شوینێکی هەستیاری ئەکەوت ، ژان ئەچووە دڵی و هاوارێکی لێ هەڵئەستا ، بە دوایدا زەردەخەنەیەک و دەستخۆشییەک و هەندێکیشیان بەو ئازارەیشەوە ئەیانووت : قایم .. قایمتر .. وا نەبێ وڵاتەکە دز و حیز وێرانی ئەکەن ..

دوا جاریش دوو دەستی ئەهێنا بە سمتیانا …

ئەو خەڵکە کە دەچوونە ژوورەوە ، نەدەچوونە ژوورەوە  بۆ ئاهەنگ ..هەروەها شانۆ نەبوو .. مەلەوانگە یان مۆزەخانە و دیسکۆ نەبوو .. فڕۆکەخانە و ..مۆڵی گەورە و ..دەعوەتیی مەڕخواردنی بە کۆمەڵ و سەیرانیش لە گۆڕێ نەبوو .. مزگەوت و تەکیە و زانکۆ و حوجرە و ئەو شتانەیش نەبوو ..

خەڵکەکە ئەچوونە ژوورەوە باج بدەن .. هەر هەموویان گیرفانیان لە پارە ئاخنرا بوو ..پۆلیسەکە هەر بە دەست پیاخشاندنێک ، ئەیزانی پارەیە یان ڕۆژنامەی قەدەغە .. بەیاننامە و نوسینی تووڕە و وەرەقەی کۆنکەن و شیعری دڵداری و بایکۆت و هەموو شتێکی  بە بێ بینین ، لە یەکتری جیا ئەکردەوە ..تەنها بە دەست پیاهێنان ..پێی ووترا بوو تەنها کاغەز کە ڕێپێدراوە بێتە ژوورێ ، کاغەزی پارەیە ..

باجەکان جۆرا و جۆر بوون : باجی عەرەبانە ، باجی خوشکێکی بەساڵا چوو کە هاوسەرگیریی نەکردووە و لە ماڵی براکەی ئەژی ، ئەمە باجی کرێچی بوو ..باجی دایکێک لە ماڵی کوڕەکەی ئەژی .. باجی خانوویەک چۆڵە و خاوەنەکەی سەری خۆی هەڵگرتووە ..باجی سەعاتی کارەبا ..باجی خانوویەک کە کابرا نەیزانیوە بڵێ هی خۆمە و بە کرێچی حیسابیان بۆ کردووە .. باجی ناوساجی فرۆشێک سێ ساڵە مردووە ، بەس کەس و کارەکەی بیریان چووە بڕوانامەی مردن ببەن بۆیان و جاڕ بدەن کە ناوساجی فرۆشەکە مردووە .. باجی باوکێک ، کوڕەکەی لەئاوی ئیجە خنکاوە و ..ئەو بووە بە کەفیلی و ..هەندێ پارەی پڕۆژەی بچوکی قەل بەخێوکردنی لەسەر کەڵەکە بووە .. باجی ئەو خانووانەی دە ساڵە باڵێک ئەڵێ لێتانخۆش بووین و باڵەکەی تر ئەڵێ ئەبێ دوا بە فلسی بدەن ..باجی ئەو جوتیارانەی چوار ساڵە وڵاتیان جێهێشتووە و هێشتا ناویان لە تۆمار نەسڕاوەتەوە ..ئەو کرێکارانەی کۆمپانیاکانیان مایەپوچ بوون و زۆربەیان خۆیان کوشتووە و هەندێکیشیان دوای نوێژی عەسر هێلکەی قوڵەفڕە ئەفرۆشن ..باجی ئەو ماتۆڕانەی مقەبای بەلاش و حەلاشی مارکێتەکان کۆ ئەکەنەوە ..باجی ئەو تەسبیحفرۆشانەی داشبۆردی مزگەوتەکانیان تەنیوە .. باجی ئەو عەلاگە فرۆشانەی لە دوانزە عەلاگە ، عەلاگەیەک لوش ئەدەن ..باجی ئەو دەستگێڕانەی لە کۆڵانەکان ، بە مەقام وئەڵڵاوەیسییەوە کاڵاکانیان هەڕاج ئەکەن ..باجی ئەوانەی بێ ئیشن ، بەڵام مۆڵەتنامەی ئیشیان هەیە و هەموو ئاسانکارییەکیان بۆ کراوە بۆ وەرگرتنی ئەو مۆڵەتنامەیە ، لەگەڵ گرانبوونی لاپەڕەی ئەی فۆڕ و مرەکەبی ستامپا و …هەموو ئەو خزمەتگوزاری و مافە باشانەی خەڵکەکە بە گوڕ و تینەوە هاتبوون لە بەرامبەریاندا ، ئەرکەکانی سەرشانیان جێبەجێ بکەن ..




پرسی جێندەر و ئیسلامی سیاسی.. نەوزاد بابان

لەم ڕۆژانەدا، لە هەرێمی کوردستانی عێڕاق، پرسی جێندەر و بازاڕی فرۆشی سێکس، کراونەتە بۆنە وبەهانەیەک بەدەست بەرەی کۆنەپەرستییەوە بۆ هێرش کردنەسەر هەر ڕواڵەتێکی پێشکەوتنخوازی ویەکسانخوازی نێوان ژن و پیاو لە کۆمەڵگەدا بەتایبەتیش هێرش کردنەسەر ماف و ئازادییەکانی ژنان.
لەم نێوەدا ناسیونالیستی کۆنەپەرست چ لە دەسەڵاتدا بێت و چ خۆی بە ئۆپۆزیسیۆن بزانێت، هاوسەنگەرو هاوبەرەی ئیسلامی سیاسی کۆنەپەرستە لەو هێرشە قێزەوەنەدا کە لەئارادایە.
ئەم هێرشە هەم بۆ حزبەکانی دەسەڵات و حکومەتی هەرێم بەسودە بۆ دروستکردنی کەش و هەوایەک بۆسەرکوتی هەرچی زیاتری خەڵکی زەحمەتکێش و پاشەکشە پێکردنی ناڕەزایەتی و خواستە ڕەواکانیان،وە هەم بەسودە بۆ بەرەی ئیسلامی سیاسی؛ کە لەم ڕێگەیەوە کۆنەپەرستییەتی خۆیان برەو پێدەدەن ودەیانەوێت قەرەبووی ئابڕووچوون و تێکشانی بەهێزترین قەڵای ئیسلامی سیاسی پێ بکەنەوە کەجمهوری ئیسلامییە لە ئێراندا و ئێستا دوای زیاتر لە چل ساڵ کەوتۆتە بەر نەفرەتی ژنان و کچانیئازادیخواز و جەماوەری زەحمەتکێش.
ئەوانەی لە ڕێگەی دژایەتی مەسەلەی جێندەرەوە شەڕ لە دژی ئازادی و یەکسانی دەکەن، گەرەکیانە لەمڕێگەیەوە بەربگرن بە پاشەکشەی بزووتنەوەکەیان لە تەواوی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەر لەعێراقەوە بیگرە تا تورکیا و میسر و سۆماڵ و تونس … ئێمە هەر لەم هەرێمەی کوردستانی خۆماندا،بەچاوی خۆمان بینیمان کە بارەگا و مەکتەب و لقی حزبە ئیسلامییەکان لە لایەن خەڵکی خۆپیشاندەرەوەسوتێنرا، ئێستا دەیانەوێ بەچەواشەکاری لەسەر مەسەلەی جێندەر و چەند پرسێکی تری بێ ناوەڕۆکباڵانسی خۆیان بەرزکەنەوە. لە دیدگای خەڵکی ناڕازی ئەم هەرێمەوە ئیسلامی سیاسی و دەسەڵاتلەیەک تای تەرازودان و یەک چارەنوس چاوەڕوانیانە.
بەدڵنیایـیەوە ئەم هێرشە قێزەوەنە دەبێ بەرپەرچ بدرێتەوە، هەم لە ڕێگەی ڕەخنەی فکری ئازادیخوازانە ویەکسانیخوازانەوە، وە هەم لە ڕێگەی پتەوکردن و هێنانەمەیدانی بزووتنەوەی ئازادیخوازانە ویەکسانیخوازانەی ژنانەوە، بەڵام داسەپاندنی پاشەکشەی یەکجاری بەسەر کۆنەپەرستیەتیناسیونالیستی کورد و ئیسلامی سیاسی لە کوردستان و پاکردنەوەی کۆمەڵگە لێیان گرێی خواردووە بەوەڕێخستن و هاتنەمەیدانی بزووتنەوەی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش بە ئاسۆیەکی سۆشیالیستیشۆڕشگێڕەوە.
نەوزاد بابان
دێسمبەری ٢٠٢٢




شیعری مناڵان\ پــیــاوی بــەفــر.. محەمەد بەرزی

ئەمڕۆ بەفر باریوە

ساردە دەستم تەزیوە

دەستکێشم بۆ لە دەستکرد

پیاوی بەفرم  دروستکرد

کڵاوم کردە سەری

پاڵتۆکەم کردە بەری

لووتیم کرد بە گێزەرێ

خۆزگە دەمبردە ژورێ

سمۆرەیەکی وریا

سوڕایەوە بە دەوریا

برسی بوو منی نەدی

لووتی ڕفان و خواردی

١ / ١ / ٢٠٢٣

تێبینی : بەڕێزان لە لاپەڕە ( ٣٠٢ ) ی فەرهەنگی خاڵدا بۆ مانای شێرەبەفرینە نووسراوە : ( شێرێکی گەورەیە دروست دەکرێ لە بەفر ) . واتە ئەگەر : پیاوێک ، ژنێک ، مناڵێک ، بەرخێک  دروست بکەین ، ناوی شێرە بەفرینەیان بۆ گونجاو نییە . خۆ ئەگەر کەسێکی بیانی مناڵێک ببینێ کە لە بەفر دروستکرابێت و پێی بڵێیت ئەمە شێرە بەفرینەیە ، دڵنیام  بەلایەوە سەیر دەبێت ..  هەر بۆیە لەم هۆنراوەیەدا پیاوی بەفرم بەکارهێناوە ، واتە ئەو پیاوەی لە بەفر دروستکراوە ، لەم نموونانەشمان زۆرە وەک : بازنی ئاڵتون ، گوارەی زیو ، کراسی ئاوریشم ، قاپی شووشە ، دەرگای ئاسن و … هتد .  پاشان پیاوی بەفر ڕێک بەرامبەر ناوە ئینگلیزییەکەیە ، کە بە ( snowman) ناوی دەبەن .




بیرەوەریيەکانی فەقێیەکی گومڕا-43-.. شەماڵ بارەوانی

بەشی چڵ و سێ

دایە دایە، باوکم مزگەوتی لەگەڵ خۆی هینایە..!

وەک لە بەشەکانی تری بیرەوەرییەکانی فەقێیەکی گومرادا ئاماژەم دا، کە لە فەقێ یاتیم ساڵەكی لای کەرکوک و مەنتیقەی شێخ بزێنی و شوان و ساڵەییان مەلابووم. جومعە کە وتارم تەواو دەبوو هەرجارە و کەسێک دەیگوت مامۆستا دەبێت لەگەڵ ئێمە بێیت و بە زاراوە شیرینەکەی کەرکوکیان وتەنی (لە ماڵ ئێمە ئاش بخۆیت).

هەرچەندە من سەرەتای چوونەماڵانم هێندەى چیایەک لاقورس بوو. خۆم سەرەتا شەرمن بووم هەندەک، بۆیە لە هەردێیەک لەو دێیانەی کە مەلایەتیم بۆ دەکردن، کاتێک دەڕۆشتمە هەرماڵێک، شەرمم دەکرد بە تەواوی تێری نان بخۆم. خەڵکەکە هەر دەیانگوت:وەڵاهی مەلا ئەتو ئەوهابکەیت، وشک دەبیتەوە لە برسان !

خۆتۆ هیچ ناخۆیت، دوای کە لەو ماڵەی نانم دەخوارد، کاتێک دەڕۆشتمەوە حوجرە، کێک و شەربەت و شتم دەخوارد تا تێردەبووم.

بەڵام دوای چەندین ساڵ، لە مەلایەتی و فەقێیاتی، لێڕاهاتم و چەرمی ڕووم هێندە قایم بوو، شمشێر نەیدەبڕی و دەڕۆشتمەوە هەرماڵەکی، کورد گوتەنی:هێندەی یەک کەریم دەخوارد هاهاها کاکەگاڵتەم کرد بەخوا من هەر لەوەتەی بە بیرم دێت و خۆم ناسیوە، کەسێکی خۆریارنیم.

سەرتان نەیەشێنم و زۆر لەسەری نەڕۆم، ئەوە لەو دێیەی لای کەرکوکێ،جومعەکی پیاوەک گوتی مەلاگیان دەبێت لەگەڵ من بێیت، دەی بابڕۆین.

ڕۆیشتین کو گەیشتینە حەوشەی ماڵی پیاوەكەی، دوو منداڵی دوانەی کچی هەبوون، کە منیان بینی لەگەڵ باوکیاندا، یەکسەر ڕایانکرد بۆ ژوورەوە و پڕ بە دەنگ هاواریان کرد: دایە دایە، باوکم مزگەوتی لەگەڵ خۆی هینایە ! کە ئەوەم بیست، تا هێزم تیابوو دامە قاقا.

من دیشداشەیەکی سپی عەرەبانیشم لە بەردابوو. گوتم هەرباش بوو نەیانگوت: دایە، دایە، باوکم سەلاجەی لەگەڵ خۆی هینایە.

فەقێیەکی هاوڕێم، کە ئێستا لای پێنجوێن لە مزگەوتێک مەلایه، گوتی: ڕۆژێک دوو منداڵ منیان بینی، زۆر لەوەی توو عنتیکەتریان پێ گوتم ! گوتی گوتیان:ئەها خوا هاهاها