خوێندنەوەیەک بۆ ڕۆمانی گێلەپیاو.. یوسف اسماعیل عەزیز

کتێب: گێلە پیاو
ژانەر: ڕۆمان
نوسین: عزیز نەسین
وەرگێڕانی: سەردار حەسەنخاڵی
ژمارەی لاپەڕ: ٣١٦ لاپەڕ
ئامادەکردن: یوسف اسماعیل

گەر سەرەتا بەکورتی باسی ژیانی نوسەری بەناوبانگ عەزیز نەسین بکەین.
عەزیز نەسین لە ساڵی ١٩١٥ز لە دوورگەی هیبلی کە لە دوورگە خانەداننشینەکانی تورکیایە، لە دایک بووە. وا نەبێت بڵێن ئەو سەری بە خێزانێکی خانەدان بووە، بەڵکو ئەو لەنێو خێزانێکی هەژاردا پەروەردە بووە. وە سالی ١٩٣٥ز ئامادەی بەشی سەربازی تەواو کردووە. وە عەزیز نەسین چەندان کتێبی لە بواری جیا جیادا نوسیون وەکوو، کورتە چیرۆک، چیڕۆک، ڕۆمان، شانۆنامە و بیرەوەری، جگە لەمانەش ڕۆژنامە نووسیش بووە.
عەزیز نەسین لە ٢٧ ساڵ بەر مردنی، دەستی بە نووسینی بیرەوەریی خۆی کردووە، کە دەکاتە ١٩٦٨ز، زۆر ڕووداوی نوسیووە، هەروەها لە بیرەوەرییەکانیدا دەڵێت: لەخێزانێک دا بڕیارم دا ببمە نووسەر، کە هیچ نووسەرێکیان تێدا هەڵنەکەوتبوو. نوسەر لە ساڵی ١٩٥٠ز بۆ ماوەی شازدە مانگ حوکم درا بەهۆی وەرگێرانی چەند بەشێکی کتێبی مارکس…..
ڕۆمانی گێلە پیاو یەکێکە لە ڕۆمانە بەناوبانگەکانی عزیز نەسین کە کاری وەرگێڕانی بۆ کراوە بۆ سەر چەندین زمانی زیندووی جیهان، بەیەکێک لە شاکارە هەرە گەورەکانی عزیز نەسین دادەنرێت، کە بەشێوەیەکی کۆمیدی تەنز ئامێز کۆمەڵێک کێشەی نێو نیشتمانی تورکیا دەخاتە ڕوو، وە عزیز نەسین بە یەکێک لە تەنزنوسە گەورەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت لەم بووارە،

گەر ئێمە بێین و سەیری ناوەڕکی ڕۆمانەکە بکەین باسی پیاوێک دەکات کە توشی چەندین کار و کێشەی سەیر و سەمەرە دەبێت، لە سەرەتادا ئەم پیاوە لە شوێنێک وەک چاودێری کەلوپەلی هاتوو و دەرچوو دەست بەکار دەکات، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئامادەنیە گەندەڵی بکات بۆیە دەردەکرێت.
یەکێکی تر لەو ڕوداوانەی کە توشی دەبێت لە نێو ڕۆمانەکەدا، ڕۆژێک شارەکەی خۆی جێدەهێڵێت ڕودەکاتە شارێکی تر هیچ شوێنێکی نیە لێی بخەوێت بۆیە ڕوودەکاتە مزگەوتێک و شەو لەوێ دەمێنێتەوە، بۆ بەیانییەکەی کە خەڵک دێن بۆ مزگەوت هەڵیدەستێنن و ئەویش خەواڵووە و چەند وشەیەکی سەیر دەردەبڕێت، خەڵکی ناو مزگەوتەکەش وادەزانن ئەوە زمانی ئەڵمانیە و ئەو کەسەش ئەڵمانیە و هاتوە موسوڵمان بێت، بۆیە بەخێرهاتنی دەکەن و خەڵک دێن بۆ پێشوازی، تاکوو دوای ماوەیەک ئەو کارە ئاشکرا دەبێت. ئیدی توشی ئەم ڕوداوانە و کۆمەڵێک ڕوداوی سەیر و سەمەرەی تریش دەبێ، کە تۆ خوێنەر کە بتوانی جێژ لەم ڕۆمانە ببینیت،

پەیامی ڕۆمانەکە لە دەقی نوسەرەوە:
عزیز نەسین لە ڕێگای ئەم ڕۆمانەوە دەیەوێت پێمان بڵێت ئەمە نەتەوەی تورک و وڵاتی تورکیایە کە پڕیەتی لە گەندەڵی و کاری گەوجانە، وە چونکە بەشێوەی کۆمیدیا بابەتەکانی باسکردووە بۆیە بەشێوەیەکی زیاتر و باشتر پەیامەکەی دەگات بە خوێنەران، جێژی زیاتر دەبەخشێت.
وە ئەم ڕۆمانە زۆر بڵاوە لەنێو کوردیشدا، زۆرینەی خوێنەرانی کوردی لەسەرەتاکانی ژیانی خوێندنەوەیاندا خوێنەری ئەم ڕۆمانە بوونە، هیوادارم تۆش بیخوێنیتەوە گەر خوێنەری نەبووبیت.

  • ئەو خەڵاتانەی کە عەزیز نەسین وەری گرتوون –
  • خەڵاتی گەڵای ئاڵتوونی لە ئیتاڵیا، ساڵی ١٩٥٦ و ١٩٥٧.
  • خەڵاتی سمۆرەی ئاڵتوونی لە بولگاریا، ساڵی ١٩٦٦.
  • خەڵاتی یەکەم لەسەر نووسینی سێ شانۆنامە لە تورکیا، ساڵی ١٩٦٨.
  • خەڵاتی کۆڕی زمانی تورکی، ١٩٦٩.
  • خەڵاتی تیمساحی یەکەم لە یەکێتیی سۆڤیەت، ساڵی ١٩٦٩.
  • خەڵاتی لۆتسی یەکەم لە لایەن یەکێتیی نووسەرانی ئاسیا و ئەفریقاوە، ساڵی ١٩٧٥.

یوسف اسماعیل




بۆ یار، له‌ شوێنی ناشوێن.. شیعری نەوزاد مدحەت

بڵێن به‌ یار، بڵێن به‌ یار
یاری نازدار
سه‌د هه‌زار جار خۆزگه‌م به‌ پار.*

ساڵه‌كان تێپه‌ڕین،
دوور، دوور،
له‌ كیشوه‌ره‌ دووره‌كان،
له‌و دیوی ئۆقیانووسه‌كانه‌وه‌
‌گیرسامه‌وه.
له‌و دووره‌وه‌
ژیان به‌ خۆیه‌وه‌
سه‌رقاڵم ده‌كا و
كار به‌خۆیه‌وه‌ شه‌كه‌تم ده‌كا،
خه‌ونه‌ ساده‌كان سه‌رابێكی هه‌میشه‌ین و
بونیان له‌ چاومایه‌و
ده‌ستی ماندووم هه‌رگیز پێیان ناگا.

ئه‌ی یار، یاری نازدار
من نازانم تۆ بۆچی هه‌میشه‌
له‌ناو ئه‌م دونیای بێكاتیه‌مدا
میوانێكی هه‌میشه‌یی ماڵی ڕۆح و
ده‌رگای كات بۆ تۆ
هه‌میشه‌ ئاواڵه و‌ له‌سه‌ر پشت.

ئه‌وه‌ چ سحرێكه‌
تۆ بۆ یه‌كجاریش
پێت نه‌وتم خۆشم ده‌وێی
كه‌چی من بۆ هه‌میشه‌ خۆشمویستی.

ئه‌ی یار،
من كوڕی عیشقم
من له‌ عیشقه‌وه‌
به‌ وجود هاتوم
من له‌پی ده‌ستم نه‌خسته‌ به‌ر چاوی به‌ختگره‌وه‌یه‌ك
نه‌ سه‌یری ناوچاوی خۆم كرد له‌ ئاوێنه‌ی فاڵچییه‌كدا
من به‌ چاوی ڕۆح چاوه‌كانتم خوێنده‌وه‌
له‌وێ بووم
له‌ناو بیلبیله‌ی چاوه‌كانت
بێ ئیجازه‌ له‌ تۆوه‌
هه‌واری عیشقم هه‌ڵخستبوو
بۆیه‌ چه‌نده‌ دووربی
یان بێ هه‌واڵ
كه‌چی دایمه‌ وهه‌میشه‌
خانه‌ خوێی ماڵی خه‌یاڵی منی.

ئه‌ی یار
یاری نازدار
ئه‌وكاتانه‌ی
كه‌ ده‌مبینی، تۆ بێئگا له‌ من و
منیش له‌ ناو تۆدا ده‌توامه‌وه‌
بۆ ئه‌وه‌ی ون نه‌بی له‌ چاوان
وه‌ك موخڵسێكی
به‌رده‌رگای عیشقت
بۆ دووباره‌ سوتانی
به‌رده‌رگای موحیبه‌تت
جارێكی تر ده‌ژیامه‌وه‌.

ئه‌ی ڕه‌فیقانم
بڵێن به‌یار، بڵێن به‌ یار
سه‌د هه‌زار جار
خۆزگه‌م به‌و ڕۆژانه‌ی
له‌ بێئاگایی ئه‌و
له‌ تینوێتی عیشقی خۆمدا
به‌ بێده‌نگی و
پڕ به‌ ڕۆحی خۆم
لێم ده‌ڕوانی.

بڵێن به‌ یار
یاری نازدار
ده‌بێت له‌ كامه‌ گۆشه‌ی بێده‌نگیدا
ئاوا بێده‌نگ، دوور له‌ چاوی ده‌نگ
ده‌ست له‌ ملانێی بێده‌نگی
بێده‌نگ…. بێده‌نگ
ڕۆحی پڕ له‌ هاواری بێ سه‌دام دەکرۆژێت؟

بڵێن به‌یار، یاری نازدار
سه‌د هه‌زار جار
خۆزگه‌م به‌پار
ئه‌وپاره‌ی
بۆمن هه‌میشه‌ هه‌ر پاره‌،
نه‌ ئه‌مڕۆیه‌، نه‌ پێراره‌
پار، هه‌ر پاره‌.

بڵێن به‌ یار، یاری نازدار
سه‌د هه‌زار جار خۆزگه‌م به‌ پار…….

تۆرۆنتۆ
هه‌مووڕۆژ و ساڵه‌كانی

————-

  • لە گۆرانییەکی هونەرمەند مەزهەری خالقی ەوە وەرگیراوە.



ئێوارانە ١٠.. سەردار جاف

فرمێسکەکانی ئەم ئێوارەم بە ئاوابوونی خۆر سپارد
خەياڵە پەرتەوازەکانم
بوون بە دەعبايەک و بە شەودا بۆ گزنگم نارد
شەو لە دەست من هەڵهات، نەبا بە ئەشکم باڵا تەڕ بێت و هۆگر و دەستەوئەژنۆی خەمم بێ
شەو هێندە تاريک و نووتەک بوو،
نايەوێ ديقەتی دەفتەری ياداشتەکانم بدا، نەبا بێدەنگی لە خەو بکرێ و ژاوەژاوی نەرم بێ
جريوەی ئەستێرەکانی دەم کزە بايەکی سەرما،
بە بەردەمما حۆل و دەبەنگ دێن و دەچن
شەو بە پەلە خۆی نوقمی ونبوون دەکا، نەبا چەپکێ لە پرياسەکەی ژانەکانم باوەشی پێدا بکا
لە ناو گرێکوێرەی شەوەزەنگدا بێن و بچن
ئەم ئێوارە بە تريفەی مانگەشەو،
باوەشێنی رووخساری ئەوم دەکرد
شۆڕەبييەکی سەوز سەوز لە کەبابخانەکەی عەلەتورکە ،
دوو نارنجی پێوە لکابوو
غەرقی شەپۆلەهاروهاجەکانی دەريا ببوو،
کەشتييە زەبەلاحەکەی تايتانيکی تێدا شکا بوو
من هەموو رۆژێ دەمەو ئێواران ون دەبم و هيچ کەسێکيش نە سۆراخ و عەوداڵم دەبێ نە دەمدۆزنەوە
هەموو رۆژێ دەمەو ئێواران بە سەر بەلەمە شکاوەکەی زرێبارا رێ دەکەم و گورج گورج لووشدراوم و دەمدزنەوە
غەرقی گوناهی لێوەکانيم،
مەگەر خودا بەر شەپۆلی دەريای بەزەیی خۆييم بخا
تا راپێچی کن حۆريان بم
ئيدی دەبمە وڕکگرتوويەکی نێومێرگوزاری خودایی و دەبێ ببمە عزرائيل و نوقمی تاوان بم
ماچەکانی ئەو ديو ئاڵدی ،
دەستەودامێنی دوعاکانی دايکم بوون ،
تا ئەبەد بە حەسانەوە نەگەم
قوتووبەندە کريستاڵييەکە، وێنايەکی خێوی بوو بۆ رێبواران،
تا هەناسەی ئۆخەيەکانم نەدەم
ئەم ژووانە ….
ديداری نيازمەندانەيە سەفەرێکی پێ دەکەين بۆ بەهەشت
ئەی نامان وت ماچەکانمان ئورلاوب ئاسايەکە بۆ گەشت
با پێکەوە بەرەو غوربەتی ماچ تەی بکەين خۆشەويسترين کەسم هەی کەسەکەم

ئەڵمانيا
١٦ / ١ / ٢٠٢




بیرەوەریيەکانی فەقێیەکی گومڕا(44).. شەماڵ بارەوانی

بەشی چل و چوار

فەقێیەکی ئاشق..!

ئیشق شتێکی لائیرادییە، ئاشق بوون لە دەرەوەی دەسەڵات و کۆنتڕۆڵی کەسی ئاشقدایە.

ئیشق ئاگرێکی زۆر دژوارە و گڕ لە ناخی ئاشق بەردەدات و وەکو مۆم دەیسووتێنێت و دەیتوێنێتەوە. لەخۆڕا نەبوو ئاگری ئیشق تۆبەی بەشێخی سەنعان بەتاڵ کرد. مەجنوونی شێت و سەرگەردانکرد. ئەو مەجنونەی ساڵێک بە دەوری ماڵی لەیلا دا دەسوڕایەوە، لەپێناو یەک نیگای لەیلا !

دەیگوت گەر سەگەکەشیان ببینم ئارامی بە دڵ و ئاسوودەیی بەدەروونم دەبەخشێت.

ئیشقی ڕاستەقینە، پڕیەتی لە پاکێتی و ڕاستگۆیی و قوربانیدان و توانەوە و بۆیەکتری سوتان.

ئیشق نابێت هیچ مەرجێک بخاتە نێوان ئاشقانەوە. وەلێ ئیشق ئاگرێکی هێندە دژوار و بەسوێ و سووتێنەرە، ئیشق ناخی ئاشق دەکات بە خەڵووز و ڕۆژانە و هەموو چرکە ساتێک، چوون مەرگێکی لەسەرخۆ دەیکوژێت.

بەتایبەتی دابڕان و ماڵئاوایی و نەگەیشتن و شاد نەبوون.

دەڵێن لە مامۆستایەکی زانستیان پرسی ئیشق چییە..؟

وتی: ئیشق تەنها مادەیەکە، کە بە بێ ئۆکسجین بسوتێت.

ئیشق چاوی ئاشق لە ئاست مەعشووق کوێر دەکات، مرۆڤ وەک کەسێکی هەرزەکار و مناڵێک لێدەکات، تەنانەت گەلێک جار ئاشق شێت دەکات.

ئیشق سنوورەکانی ئایین، مەزهەب، نەتەوەو ئیتن و ئیدەلۆژیا و ڕەنگەکان دەبڕێت. من بینیومە کچێکی باڵاپۆش و لەچك پۆش و ئیسلامی هاوسەرگیری لەگەڵ کەسێکی لائیک و لیبڕاڵ و سیکۆلار کردووە !

گوتویەتی باوەڕەکەمان شتێکی تایبەتە و هەرگیز، نابێتە ڕێگر لەبەردەم ئەو ئیشقەمان.

لەو بووارەوە گۆرانیەکی فۆلکلۆری کوردیمان هەیە، بەزاراوەی کورمانجی دەڵێت(لێ لێ لێ لێ، لێ لێ حنێ، هەرکەس سەر دینا خوە، تۆ یارامنێ).

هەموان چیرۆکی عیشقی(دەروێشی عەڤدی)مان کە بە ئەسڵ سەر بە ئاینی ئێزدییە، بیستووە، لەگەڵ (عەدولا) کە کچە موسڵمانیکە.

بۆیە ئیشقێک کە ڕاستەقینەبێت، تەنانەت زۆر جار بەرامبەر ئامادەبووە لەپێناوی دا، دەست لە نزیکترین کەس و ئازیزترین کەسەکانی هەڵگرێت و دەست بەرداری ئایین و بیر و باوەڕەکەی پێشووی بێت و هەموو شتێک لە دوای خۆی جێ بێڵێت و بڕوات و بەگەڵ ئەو کەسە بکەوێت کە ئاشقی بووە.

من ئەوەم بە نموونە لایەو لە نزیک ئەو دەڤەرەی ئێمەی تێدا نیشتەجێین لە بادینان، لەساڵی هەشتاکانەوە، کچێکی مەسیحی ئاشقی کوڕێکی موسوڵمان دەبێت لەکاتی خوێندن، ماڵەوەی کچەکە هەمووی دژی ئەو پەیوەندیە بوون. کچەکەیان سەرپشککرد، یان، ئیشقەکەت، یان، ئێمە. کچە بە چاوی پڕ لە فرمێسک و دڵی پڕ لە گریانەوە، سەرەنجام ئیشقەکەی هەڵبژارد.

ئەفسووس ئاخرییەکەی هەموان حاشایان لێی کرد و پەتی هەموو پەیوەندیەک و نێزیکیەک و شتێکیان لەگەڵی دا بچڕاند.

ئەوە بۆ نزیکەی چڵ ساڵ دەڕوات، ماڵی ئەو کچە، کە ئێستا بووەتە داپیرە و چەندین نەوەی هەیە، لەگەڵ ماڵی باوک و کەس و کاری چەند کیلۆمەترێک نێوانیانە، ئەوان لە دێیەک و ئەوانیتر کۆمەڵگایەکی نزیک ئەو دێیە، وا بۆچڵ ساڵ دەچێت، بۆ جارێکیش یەکتریان نەبینیوە !

بە قسەی کوڕی ئەو ژنەیەی کە دواتر ئایینەکەیشی گۆڕی و بوو بە موسوڵمان، ئەو کوڕە مەڵایە و هاوڕێی سەردەمی فەقێیاتیمە و زۆر جار چیرۆکی ئیشقی نێوان دایک و باوکی و تەواوی بەسەرهاتەکەی بۆ لە ئەلفەوە، تاوەکو یا، باسکردووم.

بەڕاستی ئەوەیە ئیشقی ڕاستەقینە.

ئینجا با سەرتان نەیەشێنم و بێمەوە سەر مەسەلەی موشتاق بوون و ئاشق بوونەی خۆم.

لەوەدەچێت ئەوەی من،هەڵچوونێکی هەرزەکارانە و هەستێکی سەرشێتانە و کاتی بووبێت، نازانم ! لەوانەیە هەر بە ڕاستی ئیشقیش بووبێت، کە خەریک بوو وەک پرێمز بمسووتینێت هاهاها

ئەوە لەکاتی فەقێیاتیم دا جارەكی مەلایەكی برادەرم گوتی: شەماڵ گیان وەرە بچۆره ئەو دیوی دێگەلە و دەشتی كۆیە و لە دێی… لە جیاتی من، وتاری جوعمەیان لۆ بدە، من كارم هەیە. منیش بەیانی لەگەڵ پاسی كۆیە زۆر زوو بەرێكەوتم و گەیشتمە دێیەکە و یەكەم پیاو لێم راست هات. گوتی وەی لەو مەلایە قشت و گچکەیەی ! خۆناكرێت لە جێگای مەڵا… هاتبیت؟

گوتم بەرێ وەڵا.

گوتی دەی فەقێ گیان، زووە جارێ بۆ مزگەوت، با برۆینە ماڵێ و چایەكی بخۆینەوە. كە رۆشتمە ماڵیان، چم بینی خودایه ! شاجوان ! حۆری بەهەشت، سبیل جان، ئەوە چبوو خودایە گیان تۆ دروستت کردبوو و بەو هەموو هونەرمەندی و نیگارکێشی و جوانییە وێنەت کێشابوو !؟ خوشكی كابرای، کچێکی ناسک و تیتك زەرد و لێو ئاڵ. یەکسەر لە دڵەوە ئاشقی بووم.

لەخۆڕا نییە گووتراوە: ئیشق ڤایرۆسێکە لە رێگای چاوەوە دەڕواتە ناو دڵەوە.

لە لایەک بە ئاگری ئیشق دەسووتام و لەلایەکەیتر سەرزەنشت و لۆمەی خۆمم دەکرد و بەخۆمم دەگوت: دەک داوەشێیت فەقێی گەمژە، کوڕە با خەجاڵەتی بگرێت و نمەک حەرام مەبە، ئەوە ناپاکییە، ئەو کچە وەک خوشکی خۆت سەیربکە، عەیبە کاکە عەیبە، بەسەرهەستی هەرزکارانەی خۆتدا زاڵ بە. دەی زوو بڵێ خودایه تۆبە.

من لەو بیرو خەیاڵانەدا بووم.

لەپڕ کچەکە هاتوو و پێی گوتم بەخێرهاتی مامۆستا.

گوتم سەرچاوەکانم خوشكی خۆم.

لە ناخەوەیش دەمگوت سوپاس گیانی مەلای، هەی بەخۆم و مەندیلەوە بە قوربانت بین. ماوەک لەوێ دانیشتم و دواتر لەگەڵ پیاوەکە ڕۆیشتین بۆ مزگەوت.

وەلێ مزگەوتی چی و حاڵی چی، وەکو کابرا منیش لەو چرکە ساتە دەمگوت(وڵاهی، وڵاهی، گیانی من، ئێستا چگە لە تۆ دڵی من، هیچیتری تێدانییە)و بیر و هۆشم هەر لەكن ئەو كیژەی بوو و کورد وتەنی:پیس ئاشقی ببووم. لەناو وتار یەكەم جارم بوو بگریێم. سەیرم كرد، دوو سێ مامە حاجی بە تەمەن و دڵپاک، لەگەڵ من دا دەستیان کرد بە گریان. بەستەزمانانە وایان دەزانی من لۆ حاڵی ئومەتی موحەمەدی و لە ترسی خودا و ئاگری جەهننەمێ دەگریم، وای گەردەیان زانی گریانی من لۆچیە و من موشتاقی کێ بوومە و ئاگری چ ئیشقێکی هەرزەکارانە، وا خەریکە گڕم تێبەردەدات و دەمسووتێنێت، دەم کات بە هەڵم، بە سەراب، بە ئاو، كو بەرد بارانیان دەكردم.

ئینجا دووای تەواوبوونی وتارەکە چوینەوە ماڵی كابرای و دیاربوو حەزی لێ بوو بڵێ وەرە خوشكێ خۆمت بدەمێ. گوتی:مەلا گیان مەوالیدت چەندە، بە تەما نیت ژنێ بینی؟ گۆتم

ناوەڵا جارێ خەریکی خیندنێ مەو هێشتا گچکەمە، وای كو پێم لە شانسێ خۆم ناو قوڕم کردە بەختی خۆم ! ئاخر بێ شانسی ئێمە بە ویراسییە و دەلێن باپیرە گەورەمان کاتی خۆی دوو نانی بە دڵۆپەی بارانێ خواردیە، لەوی وەرایە دۆشاوە.




حاڵم مەپرسە!.. شیعری زانا کوردستانی

خەبەرم لێ ئەگری؟

ئاه!

— ئازیەت‌بارم،

           ئازیەت‌بار!

ئاخر نابینی کە ئاێر گوڵۆڵه‌،

                     سینەی گوڵی دڕاند؟

بوو نابینی کە خەزانێکی گرتۆڵە و ترسناک

چنگ لە جەستەی گیان دارستان دەخاتۆ؟

مەرگی دانەدانەیان دێنێتە پێشەوا؟

ئەمڕوو،

گۆستاخێکی بێ‌خوا

جەستەی چوار خوەیشکی هیلاو و بێ‌تاوان

ڕووتەو کرد…

ئازیەت‌بارم

          ئازیەت‌باری برینەکانی وڵاتم!

        داخداری حەڵەبجەی ژاعردایش

                   و کۆبانیە خاپورکراوەکەم،،،

ئازیەت‌باری کوردیستانم.

زانا_کوردستانی