لە ستایشی ئاشتبونەوە لەگەڵ مارکسدا.. ئاسۆ کەمال

کاتێک لە کەناڵەکەی “ڕوباری لی” دەستمکرد بە خوێندنەوەی کتێبی ” مارکس وەک فەیلەسوف” لە نوسینی دکتۆر محمد کمال، هەوایەکی فێنکی هاوینەی لندنی هەبوو. بۆ یەکەم جارم بوو نوسینێکی فەلسەفی بەزمانێکی پاراوی کوردی لەسەر مارکس لە زمانی کەسێکەوە بخوێنمەوە، کە دوای زویربونی چەندین ساڵە لە مارکس بەهۆی “مارکسیەکانی هەشتاکانی کوردستانەوە” بۆ ئاشبونەوە لەگەڵ مارکس نوسیویەتی . دکتۆرە کوردەکە لەگەڵ مارکسدا ئاشتبونەوەیەکی فەلسەفی وای کردبوو کە منی ڕاکێشا تا لەسەر ئەو بەلەمە گەشتیاریە گەشتێکی بە جیهانی شەخسی و فکری مارکسدا پێکردم بۆ چەندین سەعات. گوێم ڕادێرا بوو بۆ دکتۆر محمد کەمال، کە لە ڕوانگەی بونخوازی خۆیەوە، بەڵام بە ئەمانەت و تێگەیشتنێکی قوڵ و فراوانی فەلسەفیەوە ڕاڤەی فەلسەفەی مارکسی بۆ دەکردم.
ئەم کتێبە شایەنی خوێندنەوەیە بەوەی لە ڕاونگەیەکی گشتگیرەوە مارکس دەناسێنی.
لێرەدا وەک ڕانانێکی کورت چەند خاڵێکی گرنگ لەسەر ئەم ناساندنەی مارکس دەخەینە ڕوو. کتێبەکە خاوەنی ناوەرۆکێکی دەوڵەمەند و بەرفراوانە، کە بۆ خۆپاراستن لە درێژبونەوەی ناساندنەکە و هاندانی خوێنەران بۆئەوەی کتێبەکە خۆی بخوێننەوە، من نەمدەتوانی پەرەگراف و ژمارەی پەڕەکانی لێرەدا دابنێم.

مارکس بەرهەمی مێژووە نەک کەسایەتی ئەفسانەیی
لەم کتێبەدا مارکس وەک پێغەمبەرێک دەرناکەوێ کە پەیامێکی بۆ هاتبێ و ئەویش بە مرۆڤایەتی ڕاگەیەنێ، بەڵکو وەک کەسایەتیەکی مێژوویی کە لە ژینگەیەکی فەلسەفی و لە هاوشانی بیرمەندانی ئابوری و چالاکوانی سیاسیدا گەشەدەکا و تەعبیر لە دۆخی سەردەمەکەی خۆی دەکا. ئەمە لەوەدا گرنگە تا ئەو پەردە موقەدەسەی لاببرێت کە بەسەر بۆچونەکانی کەسایەتیە مێژوویەکاندا دەدرێ و بە نەگۆڕ و ڕاستەقینەی ڕەها دادەنرێ و دەوری هەر تاکێک لە پرۆسەی مێژووی سەردەمەکەی خۆی و مێژووی مرۆڤایەتیدا دەبینین.
لێرەدا ئاشنا دەبین بە پەیوەندی مارکس بە فەیلەسوفەکانەوە، وەک هیگڵ، فیورباخ، کانت و هیگڵیە چەپەکان و ماتریالیزمی کلاسیک دەبینین. پەیوەندی و کار لەگەڵیاندا ، ڕەخنە و کاریگەربون پێیان.
پەیوەندی مارکس بە ئابوری زانەکانەوە، بە شۆڕشی فەرەنسی و سۆشیالیزمی فەرەنسی.
کاتێک دوای وەستانێک لە خوێندنەوەی کتێبەکە جارجارە سەیری ئاوی “ڕوباری لی”م دەکرد کە بێ وەستان دەڕۆشت و هەر جارە گوژمێک ئاوی نوێی کۆدەکردەوە و دواتر دەیکردە شەپۆلێک تا بەرزدەبوەوە و شۆڕشێکی لەناو ئاوەدا دروست دەکرد و ئیتر ئاوەکەی دەگۆڕی، ئەم ڕوبارەم بەراورد کرد لەگەڵ پرۆسەی گەشەی فکری مارکسدا، کە کاریگەری تێزێکی نوێ بیرکردنەوەی دەوروژان و دوای تێڕامانی قوڵتر لێیان دەستی دەکرد بە ڕەخنەکردنیان تا دەگەیشت بە سەنتێزێکی نوێ. لە هیگڵە چەپەکانەوە بۆ فیۆرباخی ماتریالیست و دواتر بۆ جیهانبینیەکی بەرفراوانتر تا بتوانێ کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی پێ لێک بداتەوە و ڕێگای گۆڕینی پەیدابکا.

مارکس وەک شۆڕشگێڕ
ئەم کتێبە باسی مێژووی ژیانی شەخسی و سیاسی مارکس نیە، بەڵکو جێگای مارکس لە مێژووی فەلسەفەدا دەردەخا. باسی دەستکەوت و باربوی ئەوە بۆ پرۆسەی مێژووی فکری مرۆڤایەتی. مارکس بەووتەیەک خۆی دەکا بەناو دڵی ئەم مێژووەدا کە دەڵێ ” “فەیلەسووفەکان تەنیا جیهانیان بە شێوازی جۆراوجۆر لێکداوەتەوە، بەڵام زۆر گرنگە بیگۆڕین”.لێرەدا دەوری گرنگی کاتیگۆری پراکتیک لای مارکس جەختی لەسەر کراوە. پێچەوانەی دیدگای جەبر و دیترمینیستی کە کۆمەڵگە و مێژوو بەپێی سیستمێکی پێش وەخت و دیاریکراو لە دەرەوەی کاریگەری پراتیکی مرۆڤ دەڕواتە پێشەوە، مارکس ڕۆڵی پراتیکی مرۆڤ خۆی لە گۆڕانکاریە سیاسی و ئابوریەکانی کۆمەڵگە و مێژوودا دەخاتەڕوو.
دژایەتی مارکس لەگەڵ دۆگمای دین و ئایدیالیزم و ماتریالیزمی میکانیکی لەم تێگەشتنەدا لە ڕۆڵی پراتیکدا دەبینین. لای مارکس شۆڕش و پراتیک مێژوو دروست دەکەن، نەک تەنیا یاسای کوێر و سروشتی ئابوری و سیاسی. ئەم کتێبە بە نمونەیەکی جوان ئەم ڕاستیەمان پێ دەڵێ”کۆمۆنیزم وەک مانگ گیران نیە، چونکە بەرهەمی پراتیکی کۆمەڵایەتی چینێکە”. ئەم تێگەیشنە لە پراکتیک،سۆشیالیزم ئیتر نەک وەک یاسایەکی بڕاوە و ناچاری گەشەی هێزە بەرهەمهێنەرەکانی ناو سیستمی سەرمایەداری یان نەخشەیەکی ئابوری ناناسێنێ، بەڵکو وەک پراتیکێکی شۆڕشگێڕانەی ئاگایانە و گەشەی زانینی مرۆڤ بە ئازادی خۆی دەبینرێ .

ئازادی مرۆڤ مەبەستی مارکسە
لای مارکس ئابوری، سیاسەت ، فکر و فەلسەفە و کەلتور ئامڕازن بۆ گەیشتن بە ئازادی مرۆڤ و سەربەستی مرۆڤ مەبەستی سەرەکی هەوڵدان و خەباتە لای مارکس.
ئەم ئازادیە واتە کۆتایی هێنان بە نامۆبونی مرۆڤ لە بەرهەمی کارەکەی و لە چالاکیەکانی ژیان کردنی لە کۆمەڵگەدا. ئەمە ئازادی مرۆڤە وەک جۆری مرۆڤ و کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی، نەک تاکێکی ئەتۆمی و تاک گەرایی بەڵکو وەک مرۆڤێکی کۆمەڵایەتی ئازاد. ” کۆمۆنیزم ئەگەر نەتوانێ ئازادی مرۆڤ دابین بکا ئەوا ناکۆکە لەگەڵ شۆڕشی پرۆلیتاریادا کەدەیەوێ بنەمای ئەم نامۆبون و کۆیلایەتیە واتە خاوەندارێتی تایبەتی سەرمایەداران و دابەشکردنی کاردا هەڵوەشێنێتەوە. چونکە ئەم هەڵوەشانەوەیەی موڵکایەتی سەرمایەداران خۆی ئامڕازێکە بۆ گەیشتن بە مەبەستی ئازادی مرۆڤ”.
لەم ڕۆژە خۆرەتاوەدا کە ڕووی مرۆڤەکانم بە گەشی دەبینی بەکەناری ئاوەکەدا و بەلای بەلەمە وەستاوەکەی منەوە دەڕۆشتن، وە گوێیان هەڵخسبوو بۆ مۆسیقای جازی”چ دنیایەکی قەشەنگە”ی لویس ئارمسترۆنگ، کە لە باڕەکەی ئەو بەر ڕوبارەکەوە دەهات ، هەموو ئەمانە نەسیمی ئەو دنیایەی بە دەرونمدا گوزەر پێدەکرد کە مرۆڤایەتی ڕۆژانی ئازاد و خەیاڵێکی ڕاحەتی دەبێ لە کێشەکانی دنیای سەرمایەداری ئەمڕۆ. ئەمە زیاتر منی ڕۆ دەچاندە تێفکرین لە قسەکانی مارکسم لەسەر گەیشتن بە سەربەستی مرۆڤ، کە چەندە لەگەڵ خواستی هەر تاکێکی مرۆڤدایە و ئارەزووی هەمووانە بۆ ئێستا و خەونی پاشەڕۆژمانە.
مارکس میتۆدێکە بۆ تێگەیشتن لەڕاستی نەک دۆگما وموقەدەسێک
دیالکتیک وەک لۆجیکی هەموو دیاردە و پرۆسەکان، پرۆسەی فکریش دەگرێتەوە. لێرەوە فکری مارکس وەک هەر فکر و بۆچونێکی تر بە پێوەری زانستی و لۆجیک و میتۆدی دیالکتیکی هەڵدەسەنگێنین، نەک وەک تێکستێکی موقەدەس. ئەمە دەتوانێ لەو هەموو جۆرەی “مارکسیزم” ڕزگارمان بکات، کە هەموو ووتە و دەقەکانی مارکس دەکەنە موقەدەس و ڕاستەقینەی ڕەها، کە وەک مارکس وتەنی ئەگەر خۆی بمایە ئێستا دیسان دەیوتەوە “ئەگەر ئەو ڕانانە مارکسی بن ئەوا من مارکسی نیم”. لەم کتێبەدا میتۆدی دیالەکتیکی مارکس وەک گەشەپێدانی دیالکتیکی هیگڵ و گێڕانەوەی بۆ واقع و بۆ نێو کۆمەڵگە دەبینین. فکر و فەلسەفە و سروشت و کۆمەڵگە و کەلتور و سیستمی ئابوری و سیاسی و چینەکان و مێژوو لە لۆجیک و میتۆدی دیالەکتیکدا بە پرۆسەیەکی گۆڕانکاری بەردەوام دەبینین، کە پەیوەندی بە پراتیکی شۆڕشگێڕانەوە هەیە. ئەمە توانای ڕاڤەکردنی ڕاستەقینە و ماتریالی دەبەخشێتە میتۆدی دیالەکتیکی مارکس کە دەتوانین بەهۆیەوە ناکۆکیەکان و فرەجۆری و یەکێتی نێوان دیاردە و ڕوداوەکان و سیستم تێبگەین و زانستیانە لێک بدەینەوە.
لێرەدا کتێبی ” مارکس وەک فەیلەسوف” م داخست و دەستم کرد بە پیاسەیەکی ئێواران تا چێژێکی پڕ لە زانین کە نوسینەکەی دکتۆر محمد کمال پێی بەخشیم لەگەڵ سەمای مەلەکانی ئێوارە و بیرەیەکی ئای پی ئەی دا بەخۆشی بەسەر بەرم و حەزم دەکرد کە هەرچی زوتر ئەم پەیامە بە هاوڕییانی ترم بگەیەنم کە پێویستە ئەم کتێبەی ئەم فەیلەسوف ناسە کوردە بخوێننەوە.




دەسەڵات و جیاکاری ناوچەیی.. سامانی وەستا بەکر

گومانی تیانییە کە لە هەرێمی کوردستان بێجگە لە گەلی کورد، کەمینەیەکی زۆر کەمی پاشماوەی عوسمانییەکان و چەند ئاینزای جیاوازیش بوونی هەیە.
هەرێمی کوردستان کە خۆی سنورێکی دەستکرد و دروستکراوە و دوو زۆنی سەپێنراوی جیاوازیشی لێبەرهەم هێنراوە، زۆنی سەپێنراوی سەوز و زەرد “دروستکردنی ئەم دوو زۆنە سەپێنراو و سنورە دەستکردە کارێکە تەنانەت خراپترین دوژمنەکانی کورد، هاوشێوەی ڕژێمە دیکتاتۆرەکەی بەعسییەکانیش ڕێیان پێنەبرد و بۆیان نەکرا بەڵام پ.د.ک وە ی.ن.ک کردیان، چورایەکی ماڵێکی چوار پارچەکراو و بەشکراویان کرد بە دوو بەشەوە”.
ئەم کارەی ئەو دوو پارتە هێندە ناحەز و دوژمنکارانەیە هەرگیز مێژوو لەبیری ناکا و دوورنییە لە داهاتووا لە دوای دروستبوونی دەوڵەتی کوردی و حوکمڕانیەکی ڕەشید لە فێرگەکانا بخوێنرێ و ڕسواکرێ، تا نەوەکانی داهاتوو هەرگیز بوێری ئەوەیان نەبێ هەڵەی هاوشێوە دووبارە بکەنەوە.
دیسان گومانی تیانییە کە هەرێمی کوردستان لە دوو دەڤەری جیاواز پێکهاتووە ئەوانیش “زۆرینەیەکی سۆرانی و کەمینەیەکی بادینی.”
گومانیش لەوەیا نییە کە دەسەڵاتی هەرێم و حکومەتەکەی لە زۆرینەیەکی بادینی و کەمینەیەکی سۆرانی پێکهاتووە، واتا لیرەیا هاوکێشەکە پێچەوانە بۆتەوەوانێ کە کەمینە حوکمی زۆرینە ئەکات یان ڕاستتر بڵێین خێزانێکی بادینان-بارزان حوکمی موتڵەقی حکومەتی هەرێمیان بەدەستە.
هەروەک چۆن گومانیش لەوەیا نییە کە دەسەڵاتی هەرێم لە نێوان دوو بنەماڵە یان ڕاستتر بڵێین دوو خێزانەوە بەڕێوە ئەبرێ، زۆرینەیەکی بارزانی و کەمینەیەکی تاڵەبانی.
گومان لەوەشا نیییە کە کوڕانی مەسعود بارزانی پێگەو دەسەڵاتی فراوانتریان هەیە لە کوڕانی جەلال تاڵەبانی.
ئەم پێشەکی و ڕوونکردنەوەیەی سەرەوە بۆ ئەوەیە کە وێنەکە ڕوونتر دیاربێ لەو لێڵیەی مێدیای هەردوو حیزب دروستی ئەکەن بۆ چەواشەکردن و سەرلێشێوانی خەڵک.

دابەشکردنی دەسەڵات و نایەکسانی:
هەڵبەتە سۆران، بادینان، گۆران، کرمانجی، زازاکی، کەلهوڕ و لۆلۆ….هتد هەمووی هەر کوردە و خاوەنداری کوردستان ئەکەن بێ جیاوازی بەڵام، ئەمە ئەوە ناگەیەنێ کە یەکێک یان دووان لەو پێکهاتانەی گەلی کورد تایبەتمەندی زیاتر و موڵکداری و دەسەڵاتی زیاتری لەوانیتر هەبێ تەنها لەبەر ئەوەی کە باپیر یان باوکیان بەشداری خەباتی بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی کوردی کردووە.
ڕاستە دەسەڵات و حکومەت لەڕێگەی سنوقی دەنگان و پرۆسەی “دیموکراتی”وە لەلایەن پارتێک یان زیاترەوە پێکئەهێرێ بە لەبەرچاوگرتنی ڕێژەی دەنگی بەدەستهاتووی هەر یەکێک لەو پارتانە بەڵام، ئەمە ئەوە ناگەیەنێ کە خەڵکی بە هەر کار و کردەیەکی لایەنی پێکهێنەری حکومەت ڕازیبێ ئەگەرچی بێدەنگەشی لێبکات تا تەقینەوە و گۆڕینی دەسەڵات لەکاتی گونجاوا.

دەزگاکانی بەڕیوەبردنی هەرێمی کوردستان:
زۆر ڕوون و ئاشکرایە کە لە هەرێمی کوردستان سێ دەزگای خاوەن دەسەڵات هەیە بۆ بەڕیوەبردنی هەرێمی کوردستان، لەپاڵ هەردوو ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم و ئەنجومەنی دادوەری، یەکەمیان بەدەسەڵاتی ڕەها و دووەمیشیان بێدەسەڵات و ژێردەسەتەی حیزب.

دابەش بوونی دەسەڵات:
١. سەرۆکی هەرێم، بارزانی.
٢. سەرۆکی حکومەت، بارزانی.
٣. سەرۆکی پەرلەمان، سۆرانی.
٤. ئەنجومەنی ئاسایش، بارزانی.
٥. ئەنجومەنی دادوەری، پارتی-یەکێتی.
لە هەر حکومەتێکیشا لە دوای سەرۆک وەزیرانەوە وەزارەتی ناوخۆ گرنگترین و بەدەسەڵاترینە ئەمیشیان هەر “بارزانی”ە.
لەسەرو هەمووشیانەوە بارەگای بارزانی بوونی هەیە کە قسەی کۆتای لەسەرو حکومەتیشەوە ئەگەڕێتەوە بۆ بارزانی باوک.

هەڵبەتە ئەگەر زیاتر هەنگاو بەهەنگاو بەپلەبەندی دابەزی بۆ خوارتر ئەوا ڕێژەی سۆرانی زیاتر ئەبێ لە پلە و پۆستی حکومییا کە هۆکاری ئەمەش ئەوەیە کە ڕێژەی دانیشتوانی سۆرانی زیاترە لە بادینی لە پێکهاتەی هەرێمی کوردستانا بەڵام سەرەنجام یان دەسەڵاتێکی سنوردار و کەم بایەخ یان وابەستەکراو و گرێدراوی سەرۆکی حکومەت، واتا ئەبێ فرمانی ڕاستەوخۆ لە خودی سەرۆک وەزیران یان سەرۆکی هەرێم یان وەزیری ناوخۆ وەرگیرێ “سێ کەسایەتی بارزانی” هەمووشیان لە بارزانی باوک.

خێزان و جیاکاری ناوچەیی:
هەڵبەتە سەرنجەکە لەسەر ئەوە نییە کە بادینان دەسەڵاتی زیاتری لە سۆران هەبێ هێندەی ئەوەی کە سەرنجەکە بۆ ئەوەیە کە بنەماڵەیەک و خێزانێک کۆی دەسەڵاتەکانیان لای خۆیان هێشتۆتەوە و ئەو هەموو پێکهاتە و ئاینزا و ناوچە فراوانەی دەڤەری سۆرانی لێ بێ بەشکراوە، ئەمە وێڕای دەسەڵاتە ڕەها و نافەرمی و هەڵتۆقیوەکانی تریان نمونەی گەنجە هەرزەکارەکەی کە بە مەلا مستەفا ناسێنراوە، ئەمەش هۆکاری سەرەکی و بنچینەیی تێنەگەشتنی ئەوانە بەتایبەتی سەرۆکی حکومەت لە داواکاری و دابینکردنی خزمەتگوزاری سلێمانی، گەرمیان، ڕاپەڕین و هەلەبجە چونکوم ئەوان نەک هەر خەڵکی ناوچەکەنین بەڵکو تەنانەت بۆ سەیران و گەشت و ڕاوکردنیش ڕێیان ناکەوێتە ئەو ناوچانە، ئەوان بەجۆرێک بێئاگان لەو ناوچانە کە ناتوانن لەوە تێبگەن کە لەگەڵ ئەوەی سلێمانی لە هەولێر گەورەترە بەڵام تا ئێستاش هەر شەقامی ٦٠ مەتری سەردەمی حکومەتی بەعس گەورەترینە و هیچ شەقامێکی تری تیایا دروستنەکراوە، ئەمە لەکاتێکا شەقامی ١٠٠، ١٢٠و ١٥٠مەتری لە هەولێر دروستکراوە و ئێستاش باس لە شەقامی ٢٠٠ مەتری ئەکرێ، ئەمە ناگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەوان هەولێریان لە سلێمانی خۆشترەوێ بەڵکو ئەگەڕیتەوە بۆ ئەوەی کە دەڤەری بارزان سەر بە بەڕێوبەرایەتی هەولێرە و ئەشکەوێتە سنوری جوگرافیای شارەکەشەوە، پاشان ئەوان خۆیان لەوێ ژیان بەسەر ئەبەن و پێگەی دەسەلاتیان لەو شارەیە و هێزو توانا و دەسەڵاتی خۆیان لەوێ ئەنوێنن و بەرجەستەی ئەکەن، لەکاتێکا ئەمەیان لە سلێمانی بۆناچێتەسەر.
واتا ئەمە بەڵگەنەویستە، ئەوان تەنها گرنگی بە شوێنێک ئەیەن کە خۆیانی لێبن و تیابژین ئەگەرنا هەر پاساوێکیتر بۆ خزمەتنەکردنی سلێمانی بەتاڵ و بێ مانایە چونکوم حکومەت ڕۆڵی خێزانێک ئەگێڕێ، ئایا ئەبێت باوک پۆشاک بۆ یەکێک لە مناڵەکانی نەکڕێ و کەمترین خورادنی باتێ و دەنگی لێدابڕی و بەردەوام هەڵەیەکلی باتەوە بەچاوا کە مناڵەکە هەر بەهۆی نەزانی و ناکارایی باوکەکەوە گرفتاری بووە؟ لەبەرامبەریشا یەکێکی تر لەمناڵەکانی بە پۆشاکی زێڕین و خواردنی شاهانە و ناز بلاوێنێتەوە!
ئەوەی کە سەرۆکی حکومەت ئەیکا کت و مت ڕۆڵی ئەو باوکە ئەبینێ کە لە سەرەوە باسکراوە، حکومەتەکەی نەیتوانیوە و سەرکەوتوو نەبووە لەوەی کە دەسەڵاتی خۆی بسەپێنێ بەسەر کۆی ناوچەکانا و دووبەرەکی و ڕقی حیزبایەتی بووە بەپێناسەی حکومەتەکەی کەچی باجەکەی بە خەڵکی سلێمانی ئەیا. ئاخر خەڵکی سلێمانی تاوانی چییە ئێوە هەردوو لاتان گەندەڵ، نابەرپرس، دەست پیس، ناڕاست، پەیمان شکێن، دڵ پڕ لەقین، ناوچەگەر و خێزان-خۆپەرستن؟

داماڵینی زۆنی سەپێنراوی سەوز لە دەسەڵات:
ڕاستە لەو دیووی دێگەڵەوە کە بە زۆنی سەپێنراوی سەوز ناسراوە کوڕانی بارزان هیچ دەسەڵاتێکی ئەوتۆیان نییە لە بەڕێوەبردن بەڵام دەسەڵاتی ڕەهای دابەشکردنی سامان و داهاتی وڵات هەر لای ئەوانە، ناڕاستەوخۆ هەر ئەوان جوڵێنەری بازاڕ یان مرادنین، مەخابن لەمەیانا زۆر بەناشرینی دەسەڵاتەکەیان بەکارئەهێنن و بەتەواوەتی مۆرکی جیاکاری و گرنگیان بە زۆنی سەپێنراوی زەرد و گەمارۆدان و خنکان و وەلانانی زۆنی سەپێنراوی سەوزیان بە ئاشکرا لێئەبینرێ.
کاتێک کە کۆی پۆستە هەستیارەکان لەلایەن یەک خێزانەوە بەڕێوەببرێن، ئەبێتە هۆکاری ئەوەی کە لەکاتی کێشەکانا هاوشێوەی ئەو کێشەیەی کە ئێستا لە نێوان هەردوو زۆنی سەپێنراوی سەوز و زەردا بوونی هەیە چارەسەری ئەگەر مەحاڵیش نەبێ ئەوا زۆر قورس و دژوارئەبێ چونکە ئەو کاتە لەبری ئەوەی کێشەکان لە نێوان دوو ئایدیای حیزبی و بەڕێوەبردنی جیاوازابێت ئەوا لە نێوان دوو خێزان و چەن گەنجێکی کەم ئەزموون و خاوەن بەرژەوەندی تایبەتا ئەبێ، لە بوونی ڕەوشێکی ئاواشا کەلەڕەقی و خۆبەزلزانی و شان لە شان گیرکردن یەتە ئاراوە نەک دیالۆگ و لۆجیک بۆ لێکتێگەشین.

ماڵباتی تاڵەبانی و زۆنی سەپێنراوی سەوز:
هەڵبەتە خراپی بەڕێوەبردن و گەمارۆی سەر سلێمانی لەلایەن خێزانی بارزانییەوە نابێتەوە شفاعەت و پاساو بۆ خێزانی تاڵەبانی، بەپێچەوانەوە ئەوەی ئەوان بە سلێمانیان کردووە با بەدەواڕی شڕی نەکردووە.
کوڕانی تاڵەبانی و ئامۆزاکانیان و ماڵی باپیریان هۆکاری ئەو نەهاماتیی و پاشەکشێیەن کە سلێمانی بەدەستییەوە ئەناڵێنێ، ئەمانیش بۆ ڕکابەرایەتی و شان لەشاننانی خێزانی بارزانی تەڕو ووشکی سلێمانی هەڵەڵوشن و لەڕێگەی جۆراوجۆری نایاساییەوە داهاتی سلێمانی دیزەبەدەرخوونە ئەکەن، بەهۆی ئەمانەوە کار گەشتۆتە ئەوەی کە سلێمانی وەک شارێکی مەنکوب و هەژار پێناسە بکرێ لەکاتێکا کە ئەگەر سلێمانی بەدەست خەڵکی ڕەسەنی شارەکە و خەمخۆرەوەبێ، ئەوا داهاتی لە زۆربەی شارەکانی عێراق زیاترە و خاوەنی زۆرترین سامانی سروشتی و کشتوکاڵی و چینی ڕۆشنبیر و خەڵکی داهێنەرە کە نەک سلێمانی پێ ئاویان ئەکرێتەوەو خەڵکەکەی لێ بەهرەمەند ئەبێ بەڵکو ئەتوانێ هاوکاری شارەکانی تریش بکات.
ئاخر کوڕانی تاڵەبانی و ئامۆزاکانیشیان هاوشێوەی کوڕانی بارزان خەڵکی سلێمانی نین بۆیە هەست بەئازاری خەڵکی ڕەسەنی شارەکە ناکەن، مەخابن ئەوانەی حاکم و دەسەلاتداری هەرێمن تەنانەت یەک کەسیشیان خەڵکی سلێمانی نین، ئەوانەش کە حاکم و دەسەڵاتداری سلێمانین هەر خەڵکی ئەو شارەنین.
تێبینی/ حاکم و دەسەڵاتدار مەبەست لەوانەن کە قسەی کۆتاییان لایە نەک وەزیر یان پارێزگارێک کە فەرمان لە سەرو خۆیانەوە وەرەگرن.

سامانی وەستا بەکر
١٨-١-٢٠٢٣
سوید-ستۆکهۆڵم




لێکدانەوەی ناسیۆنالیستی و سۆسیالیستی بۆ ڕووخاندن و شۆڕش.. وەرگێڕانی بۆ کوردی: کاوە عومەر

دیمانەی خەلیل کەیوان لەگەڵ حەمید تەقوایی
وەرگێڕانی بۆ کوردی کاوە عومەر
بە پشتبەستن بە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کەناڵ جەدید کۆکراوەتەوە

خەلیل کەیوان: ڕووخانی کۆماری ئیسلامی لە ڕوانگەی هێزی چەپ و ڕاستەوە مانای چییە؟ ناسیۆنالیست و سۆسیالیستەکان هەریەکەیان چۆن سەرکەوتنی شۆڕش لێک دەدەنەوە و شی دەکەنەوە؟ چارەسەر و بەرنامەی ناسیۆنالیست و سۆسیالیستەکان چین بۆ ئەو مەینەتی و هەڵاواردنانەی کە شۆڕش بەهۆیەوە دروست بوو؟ لە بەرنامەی وەڵامدانەوەی ئەمڕۆدا لەگەڵ حەمید تەقوایی باسی ئەم پرسیارانە و زیاتر دەکەین.
حەمید تەقوایی چەپ و ڕاست لە ڕووی ڕوانگە و سیستەمی بەها، لە ڕووی ئامانج و بەرنامەی ئیجابیەوە جەمسەری دژ بەیەکن، بەڵام هەردووکیان دژی کۆماری ئیسلامی خەبات دەکەن. لە هەلومەرجی ئێستادا و بەهۆی ئەو شۆڕشەی کە ڕوویداوە، تەنانەت هێزە ڕاستڕەوەکانی ناو ئۆپۆزسیۆن کە لە ڕووی ستراتیژییەوە هاوتەریب نین لەگەڵ شۆڕشدا، بوونەتە لایەنگری شۆڕش. جیاوازی ڕاست و چەپ لە شەڕی دژی کۆماری ئیسلامیدا چییە؟
حەمید تەقوایی: بەڵێ لە ململانێی ڕووخاندنی ڕاست و چەپدا، تەواو جیاوازن و تەنانەت لە زۆر حاڵەتدا ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە. هەروەک ئاماژەت پێکرد ئێستا بەهۆی شۆڕشەوە هەموو هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن باسی ڕووخاندن دەکەن و کڵاوەکانیان بۆ شۆڕش دادەکەنن و بە شێوەیەکی زارەکی بەرگری لە شۆڕش دەکەن. ئەمە یەکێکە لە پێشکەوتنەکان و یەکێک لە دەرئەنجامەکانی ئەو شۆڕشە مەزنە کە زیاتر لە سێ مانگە لە ئێراندا بەردەوامە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە یەک تێڕوانین و لێکدانەوە و تێگەیشتنیان بۆ ڕووخاندن هەبێت.
پێش ئەم شۆڕشە هێزە ڕاستڕەوەکان خۆیان بەدوور دەگرت تەنانەت لە هێنانی ناوی ڕووخاندن. زۆرترینیان وشەکانی وەک چەوساندنەوە یان تەسفیەکردن و ئەم جۆرە دەستەواژانەیان بەکارهێناوە و ئێستاش زۆرتر هەمان ناونیشان بەکاردەهێنن، لەکاتێکدا شۆڕشی خەڵک دەیەوێت ئەم حکومەتە خشتی بەسەرخشتەوە نەمێنێتەوە. خەڵک دەیانەوێت کۆماری ئیسلامی لەناو بچێت. نەک هەر ئەمڕۆ و لە ناو دڵی شۆڕشی ئێستادا، بەڵکو لە مانگی بانەمەڕی ساڵی ١٣٩٨ەوە کە دروشمی “دەبێت کۆماری ئیسلامی لەناوببرێت” لە زانکۆکاندا دەوترێتەوە، فەرمان و ئامانجی خەڵک تێکشکانی تەواوی سیستەمی کۆماری ئیسلامی بوو . لە ڕاستیدا باسی ڕوخاندنی حکومەت لەلایەن شۆڕشەوە بەسەر ئۆپۆزسیۆنی ڕاستدا سەپێنراوە.
پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە ئۆپۆزیسیۆنی ڕاست لە ڕووی ستراتیژییەوە دژایەتی لەناوبردنی نەزمی هەبوو دەکات. لە سەردەمی وەک ١٣٩٦ و ١٣٩٨ کە بزووتنەوەی ڕووخان لە هەڵکشان بوو، هێزە ڕاستڕەوەکان هەوڵیاندا ڕێگری لە “پشێوی” بکەن وەک خۆیان دەڵێن. بۆ نموونە لە ساڵی ١٣٩٨دا پەیامێکیان ئاراستەی هێزە چەکدارەکانی حکومەت و وەک خۆیان دەڵێن بۆ سەرۆکانی وڵات و سوپا و بەرپرسە “ژیرەکان” – ئەمانە ئەو دەستەواژانە بوون کە بەکاریان دەهێنا – پێشتر بێن و پەیوەندیمان پێوە بکەن زۆر درەنگ بووە بۆ ئەوەی ڕێگری لە پشێوی و ئاژاوە بکرێت ئەمە هێڵ و ئاراستەی ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستە سەبارەت بە شۆڕش. ئەمڕۆش خۆشبەختانە ئەم گفتوگۆیانە باس ناکرێت، بەڵکو هەمان هێڵ و هەمان سیاسەت هێشتا هێزە ڕاستڕەوەکان بەڕێوەدەبات.
پرسیاری بنچینەیی ئەوەیە، مەبەستی ئۆپۆزیسیۆنی ڕاست لە ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی چی یە؟ ڕاستڕەوەکان تێڕوانین و ڕوونکردنەوەیان چییە سەبارەت بە کۆماری ئیسلامی ؟ ئەگەر کۆماری ئیسلامی تەنیا بۆ بەرپرسانی باڵای حکومەت و کابینە و سەرکردایەتی و کورت بکەیتەوە، ڕووخاندنی یەک مانای هەیە و ئەگەر کۆماری ئیسلامی بە هەموو دامودەزگاکانی حکومەت و ئۆرگانەکانی سەرکوت و زیندان و هێزە چەکدار و بێ چەکەکانیە وە کورت بکەیتەوە ، بیرۆکراسی، یاساکانی تەواوی دارودەستەی وابەستە بە حکومەتەوە لەبەرچاو بگرن و هەوڵبدەی لەڕیشەی هەموو ئەمانە بدەیت، ئەو کاتە ڕووخاندن مانای تەواو جیاوازی دەبێت. ئەو ڕوخاندنەی کە خەڵک و ئێمەی چەپەکان دەمانەوێت لەم جۆرەی دووەمەیانە. لە ڕوانگەی ئێمەوە، و لە ڕوانگەی بەرژەوەندی ڕاستەقینەی جەماوەرەوە، ڕووخاندن واتە هەڵوەشاندنەوەی هەر جۆرە حکومەتێک کە لە سەرووی خەڵک و سەرکردە و هەر جۆرە بیرۆکراسی و ئیداری و هێزی چەکدار و زیندان و پەیوەندییەکان بێت و ئەو یاسایانەی کە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا بخەنە دەستی کەمینەیەکی ئیمتیازدار. ئێستا ئەم کەمینە مفتەخۆرە دەبێ ئایەتوڵڵا یان کراواتی نوێنەرایەتی بکەن. باسەکە لەسەر فۆرم و ناو نییە، باسەکە لەسەر ئەو ڕاستییەیە کە کاتێک خەڵک دەڵێن پێویستە کۆماری ئیسلامی بڕوات، مانای ئەوەیە ئێمە نامانەوێت لە سەرەوە هیچ شتێک بەسەرماندا بسەپێندرێت؛ واتە مرۆڤەکان لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان و لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا و لە هەموو حاڵەتەکاندا ووشەی یەکەم و کۆتایان هەبێت و ڕۆڵی ڕاستەوخۆیان هەبێت. ڕووخاندن بەو مانایەی کەحزبی ئێمە دەیخاتە پێشەوە و هێزە چەپ و ڕادیکاڵ و شۆڕشگێڕەکان بە گشتی دەڵێن واتەتێکشکاندنی تەواوی ماکینەی حکومەت و نەک تەنها لەکارلابردنی بەرپرسانی چینی دەسەڵاتدار.
لە ڕوانگەی ڕاستەوە ڕووخاندن لەکارلابردنی دارودەستەی دەسەڵاتدارە ئەویش هەموویان نا ، بەڵکو هەندێکیانن. پەیام دەنێرن و هیوادارن بەشێک لە بەرپرسە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە بچنە پاڵیان. لە ڕوانگەی ڕاستەوە، ئەگەر هێزی جێبەجێکردنی یاسا و سەربازی و هتد، بەر شۆڕش بکەوێت، یەکپارچەیی خاک دەکەوێتە مەترسییەوە، نیشتمانی دایک دەکەوێتە مەترسییەوە، ئاژاوە دروست دەبێت و ئەو نەزمەی هەبووە دەڕوخێت! بە گشتی کاتێک شۆڕشێکی وەک شۆڕشی ئێستا ڕوودەدات، هەوڵی دروست ئەوەیە کە بە کەمترین گۆڕانکاری بەسەریدا تێپەڕین. لە کاتێکدا شۆڕش بەئامانجی ڕیشەییترین و هەمەلایەنەترین گۆڕانکارییە.
بە یەک وشە ئۆپۆزسیۆنی ڕاست دەیەوێت کۆماری ئیسلامی بڕوات، بەڵام هەموو سیستەمەکە نەگۆڕێت. حیزبی ئێمە و چەپی شۆڕشگێڕی کۆمەڵگا دەیانەوێت هەموو سیستەمەکە بڕوخێنن، ڕاستەکانیش دەیانەوێت کەمترین گۆڕانکاری لە سیستەمەکەدا بکرێت. وە ئەمەش جیاوازییەکی بنەڕەتی و ستراتیژییە لە نێوان ڕاست و چەپ لە مامەڵەکردن لەگەڵ شۆڕشی ئێستادا.
خەلیل کەیوان: شۆڕش جگە لە ڕووخاندن، چارەسەری هەڵاواردن و ئازارە جۆراوجۆرەکانە. جیاوازی نێوان چەپ و ڕاست چییە لە مامەڵەکردن لەگەڵ هەژاری و بێمافی و جیاکاریە جۆراوجۆرەکاندا؟
حەمید تەقوایی: ئەمە لایەنێکی گرنگە. خەڵک دەیانەوێت کۆماری ئیسلامی بڕوخێنرێت، چونکە مامەڵە لەگەڵ زۆر پرس و کێشەدا دەکەن و گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە کۆماری ئیسلامی هۆکاری هەموو نەهامەتیەکانیانە. زیاتر لە چل ساڵە خەڵک بەجۆرێک لەجۆرەکان خەریکە تەحەمولی حکومەت دەکات. زۆر جار بۆ ڕوخاندنی ڕاوەستاون، زۆر جار بە دروشمی “کۆماری ئیسلامیمان ناوێت” هاتنە گۆڕەپانەکە و شۆڕشی ئێستا شەڕی کۆتاییە. بەگشتی کاتێک کۆمەڵگایەک حکومەتێکی ناوێت، لەبەر ئەوەیە کە ڕووبەڕووی کێشە و هەڵاواردن و بێمافەکان و سەرکوتکردن و هەموو ئەو ئازارانەی کە دەزانێت ڕەگ و سەرچاوەکەی ئەو حکومەتەن و تا ئەم حکومەتە هەبێت، ئەم کێشانەش بوونیان ئەبێت. لە ئێراندا نەهامەتی چییە؟ بێ مافی و هەڵاواردنی بەربڵاو بە مانایەکی فراوان و قووڵ لە هەموو کۆمەڵگاکاندا، واتە هەڵاواردنی ئاشکرا و فەرمی و یاسایی بەرامبەر بەلە سەدا پەنجای کۆمەڵگە، بەرامبەر بە ژنانە. بێ هۆ نییە شۆڕش لە پرسی حیجابەوە دەستی پێکرد و پرسی بێمافی ژنان و هەروەها هێزی ژنان پێگەیەکی بنەڕەتیی هەیە تێیدا. زیاتر لە چوار دەیە سووکایەتی و بێ ڕیزی بە ژنان دەکرێت و ئەمەش پریشکی شۆڕش بوو. بەڵام مەودای هەڵاواردن و نایەکسانی زۆر لە پرسی هەڵاواردنی جێندەری زیاترە. بۆ نموونە، کەلێنی گەورەی نێوان هەژاری و سامان، یان وەک ئەوەی لەسەر شەقام لە دژی ئەو جیاوازییە گەورەی نێوان “موچەی فەلەکی و نەهامەتی گشتی” دەوترێتەوە، کێشەیەکی توند و بەربڵاوە. ئەم دروشمە و هەروەها دروشمەکانی تری وەک بژێوی ژیان مافێکی سەلمێندراوی ئێمەیە، ئەوەمان بۆ دەردەخات کە کۆمەڵگا نەک هەر دژی هەژاری و نەهامەتییە، بەڵکولە دژی تاڵانی و کەڵەکەکردنی سامانی کەمینەیەکە لە کار و زەحمەتی زۆرینەی ڕەهای کرێکاران و کارکەرانییشە . دژی دابەشبوونی چینایەتی و دژی جیاکاری ئابووری و کۆمەڵایەتییە.
مشتێک لە مەلای چاچنۆک و ئایەتوڵڵای ملیاردێر و هاوکارەکانیان دەستیان بەسەر هەموو سەرچاوەکانی سەروەت و سامانی کۆمەڵگادا گرتووە. سوپای پاسداران و بەسیج و بەیت ڕەهبەری و ئەستان قودس ڕەزەوی و نوسینگەی جێبەجێکردنی فەرمانی ئیمام و هتد موڵتی ملیاردێرمان لە سەدا یەکەکانمان هەیە بە دۆلار، و گروپێک کە داهاتیان یەک لەسەر پێنجی هێڵی هەژارییە لە ئێران. ئەمە ئاماری خۆیانە. ئەم هەڵاواردن و نایەکسانیە قووڵە پرسی بژێوی ژیان و نەبوونی دابینکردنی ئابوری و پرسی مانەوە بە واتای بەردەوامیی فیزیکی ژیانی کردۆتە پرسێکی توند و بەپەلە لە کۆمەڵگادا. ئەوەی بە وشەی “ژیان” لە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی”دا نوێنەرایەتی دەکرێت.
لە لایەکی ترەوە مافە مەدەنی و سیاسییەکانی هەمووان لێ زەوت کراوە و پێشێل کراوە. کرێکار مافی ڕێکخستنی نییە، هیچ بەشێک لە کۆمەڵگا تەنانەت ناتوانێ چالاکی مەدەنی و ڕۆشنبیری ئازاد هەبێت، ئازادی بیرکردنەوە و قەڵەم بە تەواوی پێشێل کراوە، ناتوانیت بە ئاین بڵێین پشتی چاوت برۆیە. نەک هەر ئاتەئیست و بێ خوداکان کە پێویستە بە یاسا بکوژرێن، بەڵکو تەنانەت هەر ئایینێکی تر جگە لە دوانزە ئیمامەکەی شیعە لە ژێر هەموو جۆرە فشار و جیاکارییەکدان و لە هەمان مافە ئابوورییە کۆمەڵایەتییەکان بێبەشن کە خەڵکی شیعە هەیانە. هەڵاواردنی ئایینی بەم مانایە قووڵ و بەربڵاوە لە کۆمەڵگادا پەرەی سەندووە. منداڵانی وردە بۆ ئەم حکومەتە هیچ نرخێکیان نیە، ئێمە دیاردەی کار و منداڵانی سەر شەقاممان هەیە، دیاردەی ئەو منداڵانەمان هەیە کە لەناو زبڵ و خاشاکەکاندا دەگەڕێن، دەستدرێژیکردنە سەر کچانی تەمەن ٩ ساڵ و خوار ٩ ساڵمان هەیە لەژێر ناوی هاوسەرگیری شەریعەت، و ئێستا ئێمە کوشتن و لەسێدارەدانی منداڵانمان هەیە. پێویستە بابەتی پیسبوونی ژینگەی کوشندە و توندترین ستەم لە دژی هاوڕەگەزبازان و پەلکەزێڕینەکان و پرسی جیاکاری ڕەگەزی و نەتەوەیی و هتد بخرێتە سەر ئەم لیستە. ئەمانە هەمووی ئەو بابەتە کۆمەڵایەتیانەن کە کۆمەڵگایان بەرەو شۆڕش بردووە.
لایەنێکی دیکە ئەوەیە کە تەنانەت ژیانی تایبەتی تاکەکان و ژیانی تاکەکان لەسەر ئاستی بنەماڵە لە هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی ڕزگاری نەبووە. خەڵک دەبێت لە میوانیەکانیان و لە ژیانی تایبەتی خۆیاندا و لە پەیوەندییە تایبەتەکانی وەک هاوسەرگیری و تەڵاق و هتد و تەنانەت لە ژووری نوستنیشیاندا لە ژێر سایەی ڕەشی حکومەت وشەلاقی ئیسلامیدا ژیان بەسەر بەرن. ئەمانە هەموو هاواریان لەکۆمەڵگە هەستاندوە.
خەبات لە دژی ئەم دۆخە لە شۆڕشی ئێستاوە دەستی پێنەکرد. پێش ئەم شۆڕشە لە هەموو ئەو بوارانەدا خەباتی بەرفراوان و بەردەوام هەبووە. بزووتنەوەی کرێکاری، بزووتنەوەی خوێندکاری، بزووتنەوەی مامۆستایان و خانەنشینان، بزووتنەوەی دژی سزای لەسێدارەدان و بۆ ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی، بزووتنەوەی دژی حیجاب و ئاپارتایدی سێکسی، بزووتنەوەی داواکاریی، بزووتنەوەی منداڵانی کرێکار و سەرشەقام، بزووتنەوە دژی لەناوبردنی ژینگە و وشکبوونەوەی ڕووبارەکان و هتد و هتد. ئەمانە هەمووی بزووتنەوەی مێژوویین.
بەتایبەتی ناڕەزایەتی بە بێ مافەکانی ژنان چل و سێ ساڵە بەردەوام دەبێت. هەر لە یەکەم ڕۆژەوە تەنانەت مانگێکیش بەسەر دەسەڵاتی ئەم حکومەتەدا تێنەپەڕی، کۆمەڵگا دژی حیجابی ئیجباری ڕاپەڕی. ناڕەزایەتی کرێکاری و خوێندکاران و خەباتی خەڵکی کوردستان و زۆر بزووتنەوەی تر مێژووکەیان بەقەد تەمەنی کۆماری ئیسلامی کۆنە.
پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا لەم هەموو خەباتە کۆمەڵایەتیانەدا کە بزووتنەوە مەزنەکان و دواجار شۆڕشی ئێستایان پێکهێناوە ڕاست لە کوێدا وەستاوە؟ لەم خەباتانەدا ڕاست نابینیت، نە حزبە ڕاستڕەوەکان، نە نوێنەری ڕاستڕەو یان کەسایەتی ڕاستڕەو. لە داکۆکیکردن لە مافی کرێکاران، لە داکۆکیکردن لە مافەکانی ژنان تەنانەت کاتێک کە تووشی هەموو جۆرە هەڵاواردنێکی ئایینی و حکومی دەبن، لە نێو کەسایەتی و ڕێکخراوە کرێکارییەکان، کۆمەڵەی نووسەران و هونەرمەندان، مامۆستایان، بزووتنەوەی خانەنشینان، بەرگریکردن لە منداڵانی شەقام و مافی منداڵان، لە بەرگریکردن لە مافی ئێڵ جی بی کیوەکان، چالاکوانانی هەموو ئەم بوارانە بە گشتی ٩٩% چەپن. چالاکیی ڕاستڕەوەکان لە بنەڕەتدا بەرەو سەرەوە بووە، لە پێوەندی لەگەڵ حکومەتەکاندا، لەگەڵ گوتارەکانی وەک ڕیفراندۆم، یەکپارچەیی خاک، پیرۆزی ئاڵا، کوروشی گەورە و هتد. تەنانەت لە کاتە جیاوازەکاندا لە تەنیشت هێڵی گۆڕانکاری و لە تەنیشت دووی خوردادیەکان و بزووتنەوەی سەوز و وەنەوشەییەکاندا دەوەستان.
بە یەک وشە ڕاست لە بەرەنگاربوونەوەی هەڵاواردن و نایەکسانی و بێمافیدا بەتەواوەتی غیابی هەیە، کە چەندین بزووتنەوە و دامەزراوە و کەسایەتییەکانی ناو کۆمەڵگای هێناویانەتە دەرەوە و چالاکی کردوون و بەم مانایەش جیاوازییەکی گەورە هەیە لە نێوان ئەوچەپە چالاکەی کە زیاتر لە چوار دەیە خەبات دەکات، دەستوەردان دەکات، ڕۆڵ دەگێڕێت، کاریگەری لەسەر هەموو ئەم لایەنانە هەیە، لە ڕاستیدا هێزی زەمینەسازو پێکهێنەری شۆڕش بووە، لەگەڵ ئەو هێزە ڕاستڕەوەی کە لە بنەڕەتدا چاودێری ئەم دۆخە دەکات و خەریکی چالاکییەکانی بوو بۆ لۆبیکردنی دیپلۆماسی بۆ گۆڕانکاری لە سەرووی خەڵکەوە بوو و هیچ پەیوەندییەکی بە شەقام و شەڕ و خەباتی خەڵکەوە نەبوو.
خەلیل کەیوان: ئاماژەت بەوە کرد کە کۆمەڵگا بەدەست چەندین هەڵاواردن و بێمافیەوە دەناڵێنێت و بەهۆی ئەمەوە بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی جۆراوجۆر دروست بووە کە ڕاست تێیدا ئامادە نییە. با زیاتر باسی هەندێک لەو بابەتانە بکەین، بۆ نموونە لە لایەنی ئایینیەوە. ئێران دژە ئایینیترین کۆمەڵگایە لە جیهاندا. هێزە جۆراوجۆرەکانی ئۆپۆزسیۆن، لەوانەش ناسیۆنالیستەکان، عەلمانیەتیان دەوێت. ئایا جیاوازی لە نێوان چەپ و ڕاستدا هەیە لە ڕەخنەگرتن لە ئایین؟
حەمید تەقوایی: بەڕای من یەکێک لە بوارە گرنگەکانی جیاوازی نێوان چەپ و ڕاست مامەڵەکردنە لەگەڵ ئایین. دەبینیت سەبارەت بەم سکۆلاریزمەی کە بەهۆی ناڕەزایەتییەکان و شۆڕشی ئێرانەوە بەربڵاو بووە و هەمووان باس لە سکۆلاریزم دەکەن، ڕوونکردنەوە و هەڵوێستی چەپ و ڕاست تەواو جیاوازن. مانای ڕاستەقینەی سکۆلاریزم ئەوەیە کە ئایەتوڵڵاکان و لایەنگرەکانیان لە حکومەت بکشێنەوە. دەڵێن ئێمە پێشەوای ئاینی باشمان هەیە وپێشەوای ئاینی خراپمان هەیە. خەڵک لەگەڵ ڕۆحانییە باشەکاندا شەڕیان نییە ئەگەر ڕۆحانییە خراپەکان بڕوات. لە سەردەمی شادا، دواجار مەلای دەربارمان هەبوو، دەرباری ئیسلام. ئەوان کێشەیان لەگەڵ ئیسلام بە گشتی نییە، بەڵکو کێشەیان لەگەڵ مەقولەیەکی دیاریکراوی پیاوانی ئایینی هەیە.
بەڵام ئێمەی چەپ مەبەستمان لە عەلمانیەت لەبنەڕەتدا جیاوازە. ئێمە پێمان وایە پێویستە ئایینی فەرمی هەڵبوەشێتەوە. هەبوونی ئایینی فەرمی خۆی بنەما و خاڵی دەستپێکی جیاکارییە لە دژی ئایینەکانی دیکەی کۆمەڵگا. بەڕای ئێمە هەڵوەشاندنەوەی ئایینی فەرمی پایەی نەهێشتنی تەواوەتی هەڵاواردنی ئایینییە. لە هەمان کاتدا ئەمە بەرپەرچدانەوەی ئەو گوتارەیە کە کۆمەڵگەی ئێران ئیسلامییە و ئیسلام بەشێکە لە ئایینی خەڵک، ڕێزی لێدەگیرێت و هتد. بۆچوونێک کە هەموو حکومەتەکان و هێزە ڕاستڕەوەکانی ئۆپۆزسیۆن هاوبەشن.
ئێمە دەڵێین دین لە یاسا و پەروەردە جیا بکرێتەوە، لە کاتێکدا لە سەردەمی شادا فێری فیقه و شەریعەتیان دەکرد. نەمبیست کە ئارگومێنتەکەیان ئەوەبێت کە ئایین لە سیستەمی پەروەردە لاببرێت.
خەلیل کەیوان: لە سەردەمی شادا سوپای ئایین دەستی پێکرد.
حەمید تەقوایی: ڕاستە. لە ئاستێکی بنەڕەتیتردا، ئایکۆن و دروشمی سەرەکی دەسەڵاتی شا “خودا، پاشا، نیشتمانی دایک” بوو. خودا بەرزە و پاشا سێبەری خودایە. دەمەوێت بڵێم هەم خودا و هەم ئایین لە ڕوانگەی ستراتیژی و ئایدۆلۆژییەوە ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە سیستەمی بیرکردنەوەی دروستدا. من تەنها باسی پاشایەتیخوازەکان ناکەم، کۆمارییەکانیش پێیان وایە کە پێویستە ڕێز لە ئایین بگیرێت، ئێران کۆمەڵگەیەکی ئیسلامییە و هتد. بۆیە ئەو عەلمانییەی کە ڕاستەکان بانگەشەی بۆ دەکەن، ئەو عەلمانیەت نییە کە چەپ و بە بڕوای من زۆرینەی خەڵکی ئێران دەیانەوێت.
بەڵام مەسەلەکە لە دەرەوەی عەلمانییەتدایە. کۆمەڵگای ئێران یەکێکە لە کۆمەڵگا دژە ئایینییەکان. دەبینین، خەڵک لەسەر شەقام گاڵتە بە پیرۆزە ئایینییەکان دەکەن، دەبینن لە سۆشیال میدیا چی دەڵێن، بزانن خەڵکی ئێران لەم هەفتەیەی ڕابردوودا چۆن پێشوازییان لە کارتۆنەکانی چارلی عەبدۆ کردووە، و بزانن چ گاڵتە و نوکتەیەک لە دژی ئیمامەکان دەکرێت و شتە پیرۆزەکان لە میدیاکاندا ئاڵوگۆڕ و ڕەوتی کۆمەڵایەتی. دایکی کیان پیرفەلاک دەڵێت کوڕەکەم ڕقی لە قورئان بوو، مەجیدرەزا ڕەهنەوارد، مەحکوم بە مەرگ، دەڵێ قورئان و نە نوێژ لەسەر گۆڕەکەم مەخوێنن. لە پرسەی ئازیزانیاندا خەڵک کێک و شیرینی دابەش دەکەن و چەپڵە لێدەدەن و سەما دەکەن. لە لایەکی ترەوە، لە مێژە مرۆڤەکان بە هاوسەرگیری سپی و پێکەوەژیانی ئازاد، ئایینیان لە ڕێوڕەسمی هاوسەرگیری دوور خستووەتەوە. دەبینین کۆمەڵگە تەنانەت لە پەیوەندییە تایبەتیەکانیدا، لە زەماوەند و پرسە، تادەگاتە بە پەیوەندییە حکومی و کۆمەڵایەتییەکانیشدا، وازیان لە ئایین هێناوە.
ئەم ڕۆحە دژە ئایینییە، ئەم ئاراستە دژە ئایینییەی کۆمەڵگە چەپ نوێنەرایەتی دەکات. چەپ بەتەنها باسی عەلمانیەت ناکات، بەڵکو باسی ئایینیش دەکات. پێویستە لە ڕوانگەی حکومی و یاساییەوە دین قەدەغە بکرێت، بەڵام لە ڕوانگەی فیکرییەوە ڕەخنەی لێ بگیرێت و پەردەی لەسەر هەڵماڵێت. پێویستە ئایین وەک باوەڕێکی خورافات سەیر بکرێت کە دژی ئازادی و ڕزگاری مرۆڤە، کۆمەڵگە بەرەو خراپە دەبات، کە هەزار و یەک جار بۆ چەوساندنەوە بەکاربهێنرێت، وەک چۆن چینە دەسەڵاتدارەکان بە درێژایی مێژوو و تا ئەمڕۆش کردوویانە، تەنانەت لە کۆمەڵگەکانی ڕۆژئاواشدا، بە پەنابردن بۆ ئایین، ڕووبەڕووی هێزە چەپ و ڕادیکاڵەکان دەبنەوە، تا بە ئازادی گفتوگۆیان لەسەر بکرێت و ڕەخنەیان لێ بگیرێت و پەردەیان لەڕوهەڵماڵردرێت. کاتێک باس لە کۆمەڵگایەکی عەلمانی دەکەین، مەبەستمان تەنها یاسا نییە، بەڵکو دەڵێین ئایین کەرەستەیەکی ئیندۆکترینەکردنە، بیرکردنەوەیەکی خورافات و کۆنەپەرستانەیە کە مرۆڤایەتی خستووەتە تەڵەوە و تەیفێکە بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگە تا ئەو جێگایەی کە دەکرێت لەلایەن کۆنەپەرستانەوە هێزەکان. ئەمەش پێویستە لە کۆمەڵگە دوور بخرێتەوە. ئەمەش پێویستی بە کارێکی بەردەوامی ڕۆشنبیری و هۆشیارکردنەوە هەیە، کە کاری بەردەوامی حیزبی ئێمە بووە.
لە ئێراندا ئایین و ناسیۆنالیزم هەمیشە شانبەشانی یەکتر بوون و ئیمتیازیان بە یەکتر داوە. ئایکۆنی “خودا و پادشا و نیشتمان” ئەمە نیشان دەدات و لە لایەکی دیکەوە چەپ و کۆمۆنیستە شۆڕشگێڕ کان هەن کە ئەم شتە پیرۆزانە قبوڵ ناکەن. نە لە ڕووی سیاسییەوە، نە لە ڕووی کۆمەڵایەتی و کولتوورییەوە، نابێ لەگەڵ ئایندا سازش بکرێت و نابێ بواری پێبدات.
پێم وایە کۆمەڵگای ئێران دووگیان بووە بە ڕێنێسانسێکی قووڵی دژە ئایینی. هەمان زاراوەی دژە ڕێنێسانسی ئایینی لەلایەن چەپەکانەوە پێشنیار دەکرێت. ڕاست دژی ئەم ڕێنێسانسەیە. ڕەزا پەهلەوی جارێک ڕایگەیاند کە ئەگەر بڕیار بێت دوای کۆماری ئیسلامی ئیسلام لاببرێ، من دژی کۆماری ئیسلامی نیم! واتە ئەگەر بڕیارە ئیسلام لاببرێت، ئەوا پێی باشترە کۆماری ئیسلامی بمێنێتەوە. ئێستا کۆمەڵگە بەتەواوی دژی ئەم هەڵوێستە مامەڵە دەکات و ئەم ڕەوتە قووڵە دژە ئایینییە لەلایەن چەپەکانەوە نوێنەرایەتی دەکرێت.
خەلیل کەیوان: یەکێکی تر لە کێشەکانی کۆمەڵگە پرسی هەڵاواردنی نەتەوەییە. جیاوازی چەپ و ڕاست لەبارەی هەڵاواردنی نەتەوەییەوە چییە؟
حەمید تەقوایی: لەم حاڵەتەدا هێزی ڕاستڕەو و ناسیۆنالیزم بە گشتی سەرچاوەی کێشەکەن. تەنانەت کۆماری ئیسلامیش لە ڕووبەڕووبوونەوەی خەڵکی کوردستان، سیستان و بەلوچستان، ئازەربایجان و هتد، پەنا بۆ پیرۆزی نەتەوەیی – نیشتمانی دەبات.
پایەیەکی ناسنامەی هێزە ڕاستڕەوەکان ناسیۆنالیزمی فارسە. ئەرکی ئەوان بەدواداچوونە بۆ گەورەیی فارس. کاتێک دەڵێن ئێرانی مەبەستیان فارسە. ڕەچەڵەکی خۆیان بۆ کۆڕەش کەبیر دەگەڕێننەوە. ناسیۆنالیزمی کوردی خۆی بە جێنشینی مادەکان دەزانێت نەک هەخامەنییەکان و ناسیۆنالیزمی ئازەری و عەرەب خاوەنی ناسنامە و کەسایەتی مێژوویی تایبەت بە خۆیانن، وەک حەمورابی و بابەک خوڕەمدین و هتد. لە پەرستنی کوروشدا بە ناسیۆنالیزمی فارسەوە پەیوەست نین.
لە ئاستێکی تایبەتتردا، کاتێک ناسیۆنالیزمی فارس باس لە یەکپارچەیی خاک دەکات، ئەوە مانای ئەوەیە کە غەیرە فارسەکان ناتوانن و نابێ و ڕێگەیان پێنادرێت باسی جیابوونەوە لەبارەی یان تەنانەت ئۆتۆنۆمییش بکەن. تەنانەت ئۆتۆنۆمی بە دابڕان دەزانن، ئەی ئەگەر کەسێک بڵێت ڕیفراندۆم ئەنجام بدە، ڕەنگە ئێمە نەمانەوێت بەشێک بین لە ئێران. ئەمە یەکێکە لە هێڵە سوورەکانی ڕاستەکان. غەیرە فارسەکان بە گشتی بە پاسەوانی بە پەرۆش سنووری ناودەبرێن، واتە دەبێت دڵسۆز بن بۆ سنوورە نیشتمانییەکان. کورد، بەلووچ، ئازەری و … ئەگەر گوێڕایەڵی دەسەڵاتی ناوەندیی ناسیۆنالیزمی فارس بن، سنوورپارێزە بە پەرۆشەکان ئەبن و ئەگەر بیانەوێت شتێکی تر بڵێن، ئەوا دەبنە جوداخواز، ئەو کاتە شایانی ئەوەن کەسەرکوت بکرێن، ئەو کاتە دەتوانرێت لەگەڵ ئاڵای بەرگری لە یەکپارچەیی خاکی ئێران سەرکوت بکرێن. بۆیە هەر خودی وشەی یەکپارچەیی خاک کە یەکێک لە پیرۆزیەکانی ڕاستڕەوەکانە، وەسیلەیەکە بۆ ملکەچکردنی هەموو ئێرانییە غەیرە فارسەکان و هەر لەبەر ئەم هۆکارەش زۆرێک لە حیزبەکانی کوردستان، ئەو حیزبانەی کە دژی هەڵاواردنی نەتەوەیی دەجەنگن، دژی ناسیۆنالیزمی فارس دەوەستنەوە.
من ناچمە ناو باسی ئازادی زمان، ئازادیی کولتووری و ئەوەی کە خەڵکی هەر نەتەوەیەک بتوانن بە زمانی دایکی خۆیان بخوێنن و چالاکیی میدیایییان هەبێت و هتد. لە هەموو ئەو بوارانەدا ڕاست کێشەی هەیە و بەم مانایە هەڵاواردنی نەتەوەیی خاڵی لاواز و هاوبەشی ڕاستەکانە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا.
خەلیل کەیوان: پرسێکی تری بنەڕەتی کە باست کرد ئازادی ژنە، کە بە ڕوونی لە دروشمی ژن،ژیان ئازادیدا، تیشکی خستۆتە سەر. ئازادی ژن لە ڕوانگەی ناسیۆنالیستەکان و لە ڕوانگەی سۆسیالیستەکانەوە چۆن لێکدەدرێتەوە؟
حەمید تەقوایی: لەم حاڵەتەدا جیاوازی زۆر لە نێوان چەپ و ڕاستدا هەیە. لە ئایدۆلۆژیای ناسیۆنالیستی و لە قاموسی حزبە ناسیۆنالیستەکاندا، پیاوسالاری و شۆڤێنیزم شتێکی بنەڕەتی و دامەزراوەییە، لەگەڵ هەر ئەڵتەرناتیڤێکی حکومەتی کە هەیانە، نیشتمان هەمیشە پەیوەست بووە بە پیاوسالاری نیشتمان و پیاوسالاری و جوامێری و بەرگری پیاوانە لە ئاو و خاک و هتد. هەموو پاڵەوانە ڕاستڕەوەکان بە درێژایی مێژوو پیاو بوون. پادشاکانی ئێران هەموویان پیاو بوون. تەنانەت لە دوایین قۆناغی شانشینی، لە سەردەمی محەممەد ڕەزا شا، خوشکەکەی نەگەیشتە شانشینی. هەروەها بۆ درێژەدان بە بنەماڵەی پەهلەوی پێویستیان بە منداڵێکی نێر هەبوو.
جگە لەم بەها و لایەنە ئایدیۆلۆژییە، بە ڕوونی ئەم پیاوسالارییە ناسیۆنالیستییە لەو یاسایانەی پەیوەست بە ژنانەوە دەبینیت. لە سەردەمی شادا بەشێک لە یاساکانی پەیوەست بە ژنان بە پێی شەریعەتی ئیسلامی و دژە ژن بوون. لە لایەکی ترەوە، لە ڕووی سیستەمی فەرهەنگی و فیکرییەوە، ژنان هەمیشە بە کەمتر هەژمار دەکران. شا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئۆریانا فەلاچی، بە ڕوونی باسی لەوە کرد کە ژنان لە ڕووی دەروونییەوە کەم و کوڕییان هەیە.
لە لایەکی ترەوە ئێمەی کۆمۆنیست دەڵێین کۆمەڵگا بەبێ ئازادی ژن ئازاد نییە. ئازادی ژن تەنها ئەوە نییە کە ژن و پیاو لەسەر کاغەز یەکسان ڕابگەیەنرێن. هەرچەندە لەسەر کاغەز لە سەردەمی شادا ژن و پیاو یەکسان نەبوون. بە گشتی لە هەموو وڵاتانی ڕۆژئاوادا کە ناسیۆنالیزم ئایدۆلۆژیای باڵادەستە، هێشتا ژن بە ڕەگەزی دووەم دادەنرێت. بۆ نموونە لە زۆر وڵاتدا مووچەی یەکسان بۆ کارێکی یەکسان بەڕەسمی نەناسراوە. ئەمە پەتایە. دیارە لە ئێراندا ناسیۆنالیزم وەک ئایین ڕوانگەیەکی تەواو شۆڤێنیستی هەیە بۆ ژن تەنانەت لە ڕوانگەی کولتووری و ئەخلاقییشەوە. پاکیزەیی و خۆپاریزی و داوێن پاکی، بە جیاوازی و پێچەوانەی ئازادیی سێکسی پیاوان، کە تەنانەت بە سیفەتێکی ئەرێنی دادەنرێت، بەشێکە لە بەهای ڕاستەکانە. ناسیۆنالیزم پێی باشە ڕۆژی دۆزینەوەی حیجاب ڕەزاخانی بە هێماکانی وەک ئێراندۆخت* و هتد بەرز ڕابگرێت نەک ڕۆژی جیهانی ٨ی مارس. دەمەوێت بڵێم لە پەیوەند بە دۆسیەی ژن و ڕزگاری ژنیشەوە، وەک زۆر حاڵەتی تر، ڕاست لەگەڵ لە بەها نەتەوەیی- نیشتمانیەکان بڕیاردەدات و چەپ لەسەر بنەمای بەها مرۆییەکان مامەڵەدەکات.
لە لایەکی تریشەوە ئازادی ژن، نەک تەنها بە مانا کولتووری و یاسایی و مافەکانەوە، بەڵکو بە مانا کۆمەڵایەتی-ئابوورییەکەی و جێگای ژن لە کۆمەڵگادا لە پۆستەکاندا، بەرپرسان لە وەرزشدا، لە چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان و هتد، یەکسانی جێندەری بەمانای قووڵی وشەکە، هەمیشە ئاڵای چەپ بووە و ئەمە بە تایبەتی لە شۆڕشی ژنانەی ئێستادا ، جیاوازییەکی گرنگە لە نێوان ڕاست و چەپدا.
خەلیل کەیوان: هێزە ڕاستڕەوەکان بەرگری لە مافەکانی مرۆڤ دەکەن و داوای بەدیهێنانی لە ئێران دەکەن. چۆن بیر ئەکەیتەوە دەربارەی ئەمە؟
حەمید تەقوایی: خاڵی یەکەم ئەوەیە کە مافی مرۆڤ تەواو و گشتگیر نییە، تەنیا دوو نموونە دەهێنمەوە. یەکەم: هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان لە ڕاگەیاندنی مافی مرۆڤدا نییە و دووەم: لەم بەیاننامەیەدا باسی عەلمانیەت نەکراوە. ئەمەش بەو مانایەیە کە ڕاگەیاندنی مافی مرۆڤ، کە لایەنە ڕاستڕەوەکان ئەوەندە شانازی پێوە دەکەن، بە تەواوی بێدەنگە لەسەر دوو بابەتی ڕەها و بنەڕەتی کە هۆکار و سەرچاوەی هەزار و یەک بەڵای دیکەن، پرسی لە سێدارەدان و پرسی جیاکردنەوەی ئایین لە دەوڵەت. لەوەش گرنگتر یەکسانی کۆمەڵایەتی و ئابووری لە بنەڕەتدا بابەتی ڕاگەیاندنی مافی مرۆڤ نییە. بۆیە ئیتر کێشەی بنەڕەتی هەژاری و نەهامەتی و تەنگانەی بژێوی زۆرینەی خەڵکی ئێران و کەلێنی گەورەی نێوان “موچەی فەلەکی و نەهامەتی گشتی” و مافی مرۆڤ وەڵام نادرێتەوە.
به هه موو ئه و هۆکارانه ئاڵای مافی مرۆڤ زامنی ئازادی گه لی ئێران ناکات. ڕاستە کۆماری ئیسلامی هیچ پەیوەندییەکی بە مافی مرۆڤەوە نییە، بەڵام کاتێک دەتەوێت بەرەنگاری حکومەتێک ببیتەوە کە کۆمەڵگاکەی بەرەو قووڵایی دۆزەخ بردووە، تەنیا هەنگاوێک بەرەو پێشەوە نانێیت، دەچیت لەسەر جەمسەری پێچەوانە دەوەستیت، و ئەم جەمسەرە پێچەوانەیەش بە مافی مرۆڤ نوێنەرایەتی ناکرێت.
خاڵی دووەم ئەوەیە کە ڕاستڕەوەکان بە شێوەیەکی نالەبار ناسیۆنالیزمی خۆیان لەم مافە جیهانییەی مرۆڤدا ناساندووە. دەڵێن باوکی مافی مرۆڤەکەمان کوروشی گەورەیە و بەم شێوەیە مافی مرۆڤ بە مێژووی باوباپیرانەوە دەبەستنەوە، بە مێژووی ئیمپراتۆریەتەکەوە و ئێرانیزەی دەکەنەوە. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە چۆن مافی مرۆڤ لێکدەدەنەوە. نازانم ئەو مافی مرۆڤەی کە ئیمپراتۆریەتێک لە سەردەمی کۆیلایەتیدا ڕەمزی چییە و چ پەیوەندییەکی بە مرۆڤایەتییەکەوە هەیە کە لە سەدەی بیست و یەکدا دەژی! من هەمیشە وتوومە کە گەڕاندنەوەی مافی مرۆڤ بۆ کوروشی هەخامەنشی، ڕێزنواندن وڕێزگرتن نیە لە مافەکانی مرۆڤ، ڕێزگرتنە لە ئیمپراتۆریەت. ئەمە مرۆڤدۆستی نییە، بەڵکو گەورەییخوازی فارسە کە لکاندنی مافی مرۆڤ بە کۆڕەشەوە خەون بەزیندووکردنەوەی گەورەیی ئێران دەبینێت.
ڕاستییەکەی ئەوەیە کە ناسیۆنالیزم دەست لەهەرچی دەدات ژەهراوی دەکات و بەتاڵی دەکاتەوە لە ناوەڕۆکە ڕاستەقینەکەی. وەک چۆن لە چوارچێوەی نەتەوەیی و نیشتمانیدا پرسی ئازادی و پرسی ژن و پرسی جیاکاریی نەتەوەیی و عەلمانییەت سنووردار دەکەن، لە چوارچێوەی ناسیۆنالیزمیشدا سنووردارن و لە ڕاستیدا شێوێنراون و لە ئەنجامدا خاڵی دەبن لە هەر مانایەک، ئەوانیش هەمان هەڵوێستیان هەیە بەرامبەر بە مافەکانی مرۆڤ.
ئێمە پێش هەموو شتێک دەڵێین، مافی مرۆڤ بەس نییە، دەبێ زۆر لەوە زیاتر بڕۆین دووەم: ئاستی ناتەواوی مافی مرۆڤتان شێواندووە و کردووتانەتە وەسیلەیەک بۆ ئاهەنگگێڕان بۆ گەورەیی ئیمپراتۆریەتی فارس. ڕێباز و تێڕوانینیان بۆ مافەکانی مرۆڤ زۆر جیاوازە لەوەی مرۆڤێکی ئازادی سەدەی بیست و یەکەم چاوەڕێی دەکات.
خەلیل کەیوان: تۆ باسی هەندێک لایەنی سیستەمی بەهای ناسیۆنالیزمت کرد. وتت ناسیۆنالیزم لەسەر بنەمای نیشتمانپەروەری و شەرەف و بەهای نەتەوەیی- نیشتمانپەروەرانە دامەزراوە. بەڵام ناسیۆنالیستەکان بیروباوەڕەکانیان بە ناکۆکی لەگەڵ ئازادی و مافەکانی مرۆڤ و خواستی مرۆڤ نازانن. دەڵێن خەڵکی هەموو وڵاتان بەها و باوەڕێکی لەو جۆرەیان هەیە. یەکپارچەیی خاک، سروودی نەتەوەیی و سنووری تەواو، ئاڵای شێر وخۆر، کۆنەپەرستی، باوباپیران و کوروشی گەورە و هتد لەم شتە پیرۆزانەن. بەم سیستەمە بەهایە، دەتوانن چ چارەسەرێکیان هەبێت بۆ کێشە و ئازارەکانی کۆمەڵگا؟
حەمید تەقوای: پێموایە ئەم خاڵەی ئێوە لەسەر سیستەمی بەها دەیڵێن پرسێکی ناوەندییە و جەوهەری مەسەلەکە لێرەدایە. دەبینیت، ڕەنگە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان سیاسەت و تاکتیک و هەڵوێستی جیاوازیان هەبێت، بەڵام ئەوەی دەیانکاتە بزووتنەوە، ئەم سیستەمە بەهایە. هیوا و خواست و جیهانبینی و مرۆڤ دەتوانێ بڵێت دیدگا و ئامانجە ستراتیژییەکان بزووتنەوە چینایەتییەکان پێناسە دەکەن و جیایان دەکەنەوە.
بزووتنەوەی ڕاستڕەو لە چوارچێوەی هەر حیزب و هێزێکی سیاسیدا، کۆماریخواز، پاشایەتی، دیموکرات، عەلمانی یان هەر ناو و نازناوێکی دیکە، سیستەمی بەهاکەی لەسەر چەمکی نەتەوە و نیشتمان و پیرۆزییە نەتەوەیی-نیشتمانی-مێژووییەکانی دامەزراوە. بەهاکانی وەک یەکپارچەیی خاک، پیرۆزی ئاو و خاک، پیرۆزی ئاڵا، مێژووی باوباپیران، هونەر تەنها بەلای ئێرانییەکانەوەیە و هتد. ئەم بابەتە بۆ هەموو ناسیۆنالیستەکان هاوبەشە. بزووتنەوەی ڕاست لە دەوری ئەم بەهایانە پێناسە دەکرێت و ئەم بەهایانە هەموویان دژە مرۆڤن. من دەزانم کە ڕاستەکان دەڵێن کە ناسیۆنالیزم پارێزەری بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانە، پارێزەری بەرژەوەندییەکانی خەڵکە لە وڵاتێکدا و هەموو وڵات و نەتەوەکان بەهای وایان هەیە. بەڵام بەڕای من ئەم جۆرە بەهایانە هیچ پەیوەندییان بە خەڵکەوە نییە. میللەت بەتەواوەتی شتێکی جیاوازە لە خەڵک. حکومەتەکان هەمیشە لە ژێر ناوی بەرگری لە بەرژەوەندییە نەتەوەییەکاندا بەرگرییان لێکراوە، بە ناوی بەرژەوەندی نەتەوەییەوە شەڕیان کردووە. هیتلەر پشتگیری لە بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی ئەڵمانیا دەکرد، جەنگیز بەرگری لە بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی مەغۆلەکانیش دەکرد. دوو شەڕی جیهانی لەسەر بەرژەوەندی نەتەوەیی کرا، لە کاتێکدا مانا و ناوەڕۆکی ڕاستەقینەی ئەو هەموو شەڕ و کوشتارانە بەرگریکردن بوو لە بەرژەوەندی چینی دەسەڵاتداری وڵاتێکی دیاریکراو لە بەرامبەر حکومەتەکانی تردا. بەرژەوەندی نەتەوەیی ئاڵایەکە بۆ چینی دەسەڵاتدار بۆ پێشخستنی کاروباری خۆی بەناوی میللەتەوە. بەم مانایە، بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان بە تەواوی دژ بە بەرژەوەندییەکانی خەڵکن. کاتێک حکومەتێکی وەک ئەمریکا بە بۆمبی ئەتۆمی دوو شاری ژاپۆن وێران دەکات و سەدان هەزار کەس دەکوژێت و بۆ نەوەکانی داهاتوو دەبێتە هۆی هەموو جۆرە نەخۆشی و کەمئەندامییەک، ئەم کارەساتە لە لیستی شەرەفە نیشتمانییەکانی خۆیدا دەنووسێت! شانازی دەکات کە وەڵامی ژاپۆنییەکانی دایەوە بۆ هێرشەکەی سەر پیرڵ هاربەر! یان کاتێک هێرشیان کردە سەر عێراق، یان لە یەکەم جەنگی کەنداو یان جەنگی بوشدا، هەزاران کەسیان لە ئاسمان و زەویەوە کوشت و بە خەڵکی ئەمریکایان فرۆشت وەک بەرگریکردن لە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان. میدیا و سیستەمی فیکریی زاڵ و ڕای گشتی ئەمریکا دەنگی خۆیان لە دژی ئەم تاوانە بەرز نەکردەوە، بەڵام کاتێک تەرمی سەربازە ئەمریکییەکە گەڕێنرایەوە، کۆمەڵگای ئەمریکی دەستی کرد بە هاوارکردن کە دەبێ کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت! چیرۆکەکە لە جەنگی ڤێتنام و شەڕەکانی دیکەدا هەمان شتە. ناسیۆنالیزم واتە باڵادەستی نەتەوەیی مرۆڤ بەسەر ئەوانی تردا، بەسەر بێگانەدا. لە فەرهەنگی ناسیۆنالیزمدا بەرژەوەندی نەتەوەیی لە پێشینەی کاردایە تەنانەت ئەگەر هەموو بێگانەش لەناو ببات.
بەتایبەتی لە شەڕەکاندا ناسیۆنالیزم شوناسی ناشیرین و دژە مرۆڤایەتی خۆی نیشان دەدات، چونکە ئەو ڕاستییە ناشیرین و دژە ئینسانیە ئاشکرا دەکات کە مرۆڤەکان تەنانەت لە هەبوونی مافی ژیانیشدا یەکسان نین بە یەکتر؛ کە ژیانی یەک هاوڵاتی لە ژیانی هەزاران غەیرەهاو نیشتیمانی بەنرخترە! ئەگەر ئەو نیشتیمانیە تاوانبار بێت، ئەگەر شەڕفرۆش بێت و ئەو هەزاران کەسە بێ تاوانە کوژراوانە خەڵکی سڤیل بن، ئیتر ئەوانەگرنگ نییە! ناسیۆنالیزم لە هەموو شوێنێک و لە هەموو حاڵەتەکاندا جگە لەمە هیچ مانایەکی تری نییە. ناسیۆنالیزم بەرگری لە خەڵکی وڵاتێک ناکات، بەڵکو کەسانی خۆییەکان لە بیانییەکان بە باڵاتر دەزانێت.
بەزۆری نیشتمانپەرستی بەراورد دەکرێت بە خێزان. دەڵێن ئێمە زیاتر خێزانەکەمان خۆشدەوێت ئاخر. بەڵێ هەر کەسێک بە هۆکاری ئینسانی و بە تەواوەتی شیاوی تێگەیشتن حەزێکی تایبەت و زیاتری بۆ خێزانەکەی هەیە، بەڵام ئەگەر ئەم تایبەتمەندییە بگاتە ئاستێک کە کەسێک پێی وابێت منداڵەکەی لە منداڵی هەموو مرۆڤەکان باشترە. وە ئامادەیە هەزاران کەس بکوژێت بۆ بەرژەوەندی منداڵەکەی خۆی، ئەمە نامرۆڤانەیە. ناسیۆنالیزمیش بەتەواوی هەمان شت دەکات.
ناسیۆنالیزم پەیوەندی بە باڵادەستییەوە هەیە. لەسەر گەورەییخوازی چینە دەسەڵاتدارەکانە. کە ئێمە تامەزرۆی ئەو سەردەمەین کە کوروشی گەورە لە ئاسیای ناوەڕاستەوە تا ڕۆژهەڵاتی دوور هەمووی لە ژێر ئەنگوستیلەکەی خۆیدا هەبوو، ئەم باڵادەستی و گەورەیی نەتەوەییە بە تەواوی دژایەتی بەرژەوەندییە مرۆییەکانی نەک تەنها خەڵکی وڵاتانی دیکە، بەڵکو تەنانەت ئەو نەتەوەیەیش کەبە ناویەوە شەیپوری گەورەییخوازی لێ دەدەن.
ناسیۆنالیزم بناغەی فاشیزمە. هەروەها هیتلەریش دەیویست دەست بەسەر جیهاندا بگرێت. ئەویش گەورەیی ڕەگەزی ئەڵمانی لەکەلەیدا بوو. لە زۆر حاڵەتدا ناسیۆنالیزم شانبەشانی ڕەگەزپەرستی دەڕوات. هەروەک ڕوونم کردۆتەوە کۆڕەش هێمای ناسیۆنالیزمی فارسە و بەهۆی ئەم ڕاستییەوە فاشیزمی ئاریایی لە ناخی ئەودا هەڵکەوتووە. لە ڕووی سیستەمی بەهاکانەوە، ناسیۆنالیزم تەنیا دژایەتی لەگەڵ سۆسیالیزمدا نییە، بەڵکو لەگەڵ مرۆڤدۆستی و هۆمانیزمیشدا لەدژایەتیدایە. وەک لە مێژوودا چەندین جار بینیومانە، لە ژێر ئاڵای ناسیۆنالیزم و بەرژەوەندیی نەتەوەییدا، هەر تاوانێک بەرامبەر بە کەسانی دیکە ڕێگەپێدراوە. لەم ڕوانگەیەوە دیدگای ناسیۆنالیستی بە تەواوەتی بە دژە ئینسانی و کۆنەپەرستانە دەزانین.

١٣ی ژانویەی ٢٠٢٣
سوپاس بۆ ئەمیر تەوەکولی بۆ نوسینەوەی دەقی سەرەتایی ئەم چاوپێکەوتنە.




فیلمی سینەمایی “ئەزموون” له شاری ئه‌بووزه‌بی لە وڵاتی ئیماڕات نمایش کرا

مەنسوور جیهانی ـ

فیلمی سینەمایی “ئەزموون” لە دەرهێنانی “شەوکەت ئەمین کورکی” و نوێنەری وڵاتی عێراق لە ئاکادیمیای ئۆسکاری ساڵی 2023 لە ناوه‌ندی هونه‌ری “العین القطره” له شاری ئه‌بووزه‌بی لە وڵاتی ئیماڕات نمایش کرا.

فیلمی سینەمایی “ئەزموون” The Exam چوارەمین فیلمی بڵندی سینەماکاری کورد “شەوکەت ئەمین کورکی”، لە بەرهەمهێنانی “مەمەد ئەکتاش”، بەرهەمی هاوبەشی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ئەڵمانیا و قەتەر؛ بۆ یەکەمین جار لە ناوه‌ندی هونه‌ری “العین القطره” Al-Ain’s Al-Qattara له شاری ئه‌بووزه‌بی لە وڵاتی ئیماڕاتی یه‌کگرتووی عه‌ڕه‌بی پێشکەش کرا. کۆمپانیای سینه‌مایی میسری MAD Solutions مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م به‌رهه‌مه کوردییه‌ی له وڵاتانی عه‌ڕه‌بی له ئه‌ستۆدایه.

ئه‌مه بۆ دووهه‌م جاره که یه‌کێک له فیلمه‌کانی “شەوکەت ئەمین کورکی” به ئاکادیمیای ئۆسکار ده‌ناسێندرێت؛ بۆ یه‌که‌مین جار، فیلمی سینەمایی “بیره‌وه‌وه‌رییه‌کانی سه‌ر به‌رد” Memories On Ston له ساڵی ٢٠١٦ به هه‌شتاو و هه‌شته‌مین خولی خه‌ڵاتی ئۆسکار به ناونیشانی باشترین فیلمی زمانی بیانی به شێوه‌ی فه‌رمی له لایه‌ن وڵاتی عێراقه‌وه ناسێندرابوو.

“ئەزموون” لە یەکەمین نمایشی جیهانی خۆیدا لە بەشی “پێشبڕکێی سەرەکی” Crystal Globe لە پەنجا و پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کاڕلۆڤی ڤاری” Karlovy Vary لە وڵاتی کۆماری چیک نمایشکرا و توانی خەڵاتی فیدڕاسیۆنی نێودەوڵەتی ڕخنەگرانی فیلم واتە “فیپێڕشی” FIPRESCI ئەم ڕووداوە گرینگ و پلە یەکەی سینەمای جیهان بەدەست بێنێت.

ئەم فیلمە کوردییە لە درێژەی بەشدارییە جیهانییەکانی خۆیدا خەڵاتی باشترین فیلمی نێودەوڵەتی لە سی و حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “سانتا باڕباڕا” Santa Barbara لە وڵاتی ئەمەریکا، خەڵاتی باشترین سیناریۆی بەشی “پێشبڕکێی سەرەکی” لە نۆزدەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “تیرانا” Tirana لە وڵاتی ئەڵبانیا، خەڵاتی “سندووقی جەماوەری ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان” UNFPA لە بەشی پێشبڕکێی “پانۆڕامای نێودەوڵەتی” لە چل و سێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “قاهیرە” Cairo لە وڵاتی میسر، خەڵاتی باشترین فیلمی بەشی “پێشبڕکێی نێودەوڵەتی” لە بەشی سەرەکی بیست و حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “ڤیکتۆریا” Victoria لە وڵاتی کەنەدا و هەروەها خەڵاتی تایبەتی ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی “پێشبڕکێی نێودەوڵەتی” لە سی و حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “مۆنس” Mons لە وڵاتی بەلژیکای بەدەستهێناوە.

“ئەزموون” بەرهەمی کۆمپانیای “میتۆس فیلم”ی بەڕلین و کۆمپانیای “مەستی فیلم”ی سلێمانی کە بە پاڵپشتی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرهەمهاتووە و لە لایەن کۆمپانیای ئەڵمانی “ئاڕت هوود” ArtHood لە جیهاندا بڵاودەبێتەوە.

لەم فیلمە سینەماییەدا کۆمەڵێک ئەکتەری بەئەزموونی هەرێمی کوردستان لەگەڵ چەندین ئەکتەری گەنجی کوردستان تیایدا ڕۆڵیان بینیوە، لەوانە: ئاوان جەماڵ، ڤینا سالار، حوسێن حەسەن، شوان عەتووف، هوشیار زێڕۆ نێروەیی، نیگار عەسمان، کاوە قادر، عادڵ عەبدوالڕەحمان، حەمە ڕەشید هەرەس و یانا توانا.

فیلمی سینەمایی “ئەزموون” له دوایین به‌شداریی نێوده‌وڵه‌تی خۆیدا بە ئامادەبوونی “ئاوان جەماڵ” یەکێک لە ئەکتەرە سەرەکییەکانی ئەم فیلمە، بۆ یەکەمین جار لە کاتژمێر 4ی دوانیوەڕۆی ڕۆژی 3ی دیسەمبەری 2022 لە شاری لۆس ئانجلێس و لە کاتژمێر 1ی نیوەڕۆی ڕۆژی 6ی دیسەمبەری 2022 لە شاری نیۆیۆرک لە وڵاتی ئەمەریکا نمایش کرا و هەروەها لە درێژەدا کاتژمێر 4ی دوانیوەڕۆی ڕۆژی 8ی دیسەمبەری 2022 لە شاری بەڕلین لە وڵاتی ئەڵمانیا پێشکەش کرا.

بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی گشتی فیلمی سینەمایی “ئەزموون”.




خاک فرۆش.. شیعری شوان عەباس بەدری

خاکەکەم ئاسمانەکەی قاوەیی و
کانیاو و ڕووبارەکانی بەردین و
سەوزایی و دەشت و دەوەنی
بە چیمەنتۆ زیندانی کراوە و
مرۆڤەکانی
لە سەرەی ژیاندا ڕۆح دەسپێرن و
شاخ و داخی بە کڵبەی شۆفڵ و دەراق
تاشراوە و
هێلانەی چیمەنتۆیی کوندەپەپوو و
داڵەکەرخۆرەکانی لەسەر بنیات نراوە

ئەم خاکە ئیتر نەجێی زیرەک و دیلان و کابانی تیا ئەبێتەوە و
نە مەردان و تاهیر تۆفیق و چالاک
لە سووچ بە سووچی
گورگ و کەمتیار خۆیان مەڵاس داوە و
گوێی بە دەنگی قەلە ڕەشەکانی ووشە و موزیک
کاس کراوە و
بەرگی بووکێنی بەبەردا دادڕاوە!
ئێمە لێرە
لە ئامیزی تاریکیدا وون بووینە و
هەموو ساتێ
جرجێکی بۆگەنی نێو زێرابەکانی کۆمەڵگە
سەر بەرزئەکاتەوەو
بەرەو ئامێزێکی بۆگەنی پڕ لە دۆلار
خۆی هەڵئەدات و
مشتێک خاکی گرانبەهای نیشتمان
لە خۆی مارە ئەکات!
ئەی خودایە
ژانی بێ دەرەتانی چ ئازارێکە!
لێرە جەستەی مرۆڤەکان دەمێ ساڵە مردووە و
دەروونیان یەخسیری دەستی نائومێدی و
ژیانیان بە دەستی بازرگانەکانی خوێن و مۆدێل کەلەپچە کراوە!
چەند جوان فەرمووی
بەکر عەلی کاتێ نووسی:
((ئەم سەدەیە ، سەدەی دۆلار و قەحبەیە))
لێرە مرۆڤ
وەک سەگی ڕاو بۆن بە پارەوە ئەکەن و
لە هەچ شوێنێک بۆنەکەی بێت
دەبێتە قیبلەگەیان و
مشتێ دۆلار وەک تەوق لە ملیان ئەئاڵێنن و
حەپە حەپی بەردەم هێلانەی خاوەنەکەیان
وڕ و کاست ئەکات!
هۆۆۆۆۆۆۆ مرۆڤەکانی سەر گۆی زەمین
لێرە بستێک خاک هەیە
عاقڵەکانی شێت و شێتەکانی عاقڵن
زۆربەی سیاسییەکانی کۆتر باز و کۆتربازەکانی سیاسیین
زیندانییەکانی لە خەڵکە ئازادەکەی دەرەوەی زیندان
ئازادترن !
هۆۆۆۆۆۆۆ مرۆڤەکانی سەر گۆی زەمین
خاک ئەفرۆشم
کەسێک هەیە کە ئەم خاکەی
بە هەناسەیەکی پاک و چکێ دڵنیایی و سەرپەنایەک و زەردەخەنەیەک
پێ بفرۆشم !؟




پێشێلكردنی كه‌رامه‌تی مرۆڤ به‌سه‌

داواده‌كه‌ین له‌ 21.2.2023به‌ ده‌ستپێشخه‌ری مه‌ده‌نی له‌ رۆژی جیهانی زمانی دایك له‌ هه‌موو شار و دێهاته‌كانی باكوور و رۆژهه‌ڵات به‌ ره‌مزی وانه‌یه‌ك به‌ زمانی كوردی بووه‌ترێت.
پێشی 11 ساڵ له‌ رۆژی جیهانی زمانی دایك ده‌ستمان كرد به‌ كەمپه‌ینی(مامۆستایان عەزیز پشتیوان، نەسرەدین مەجید، محیدین داییزادە و عەبدولمەجید لوتفی):
یونسكۆ رۆژی21/2/2011 بە رۆژی زمانی دایك لە جیهان دیاریكردووە. ئێمە ئەم بۆنەیە دەكەین بە رۆژی هاوپشتی لەگەل ملیونان هاوزمانمان لە شارە كوردستانییەكان لە سایەی حكومەتی توركیا، ئیران و سوریا كە هێشتا لە مافی خوێندن لە قوتابخانە بە زمانی دایكیان بێبەشكراون.
ملیونان كوردستانی به‌ هه‌موو ره‌وت و لایه‌ن و رێكخراو و حزب به‌شداریان كرد له‌م هه‌ڵمه‌ته‌ (https://www.facebook.com/media/set/?set=a.1706459382881…) .

سواره‌ مه‌حه‌مه‌د(چالاكوانی مه‌ده‌نی و وه‌رگێر)، فه‌رمان سابر(سیاسه‌تمه‌دار)، توانا خه‌لیل(خوێندكار)، وریا حه‌سه‌ن(مامۆستا)،ئومید عه‌بدولمه‌جید(چالاكوانی مه‌ده‌نی)، سه‌لام عه‌بدوڵڵا.