قووڵکردنەوەی شۆڕش و خەباتی بێهودەی ئۆپۆزسیۆنی ڕاست.. حەمید تەقوایی

وەرگێڕانی بۆ کوردی:کاوە عومەر

لەسەر بنەمای سیمینارێک بە هەمان ناوەوە لە کەناڵی ئاسمانی کەناڵ جەدید ئامادەکراوە
ناونیشانی ئەم وتووێژە قوڵبوونەوەی شۆڕش و خەباتی بێهودەی ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستە. من بەجیا باسی ئەم دوو لایەنە دەکەم و دواتر پێوەندییان لەگەڵ یەکتر نیشان دەدەم.
قووڵکردنەوەی شۆڕش
سەبارەت بە پڕۆسەی شۆڕشیش، سەرنجی یەکەم ئەوەیە کە مەودای ناڕەزایەتی و گردبوونەوە و خۆپیشاندانەکان بە بەراورد بۆ نموونە بە مانگێک لەمەوبەر کەمی کردووە. ڕەنگە ئەم دۆخە ئەو بڕوایە ببەخشێت کە شۆڕش هێور بووەتەوە یان خەریکە کۆتایی دێت و کۆماری ئیسلامی توانیویەتی لە ڕێگەی سەرکوت و ئێعدامەوە پێش بە درێژەی شۆڕش بگرێت. بەڵام بەڕای من ئەم کەمبوونەوەی شۆڕشی شەقام بە مانای وەستانی شۆڕش یان تەنانەت لاوازکردنی شۆڕش نییە.
شۆڕش ڕێڕەوێکی هێڵی نییە کە لە سفرەوە دەست پێبکات و بگاتە سەد. شۆڕش هەوراز و نشێوی هەیە، سەردەمی جیاواز و قۆناغی جیاوازی هەیە. ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە پرۆسەی ئیرادەی کۆمەڵگا و هەڵوێستی حکومەت و پەیوەندیی خەڵک لەگەڵ حکومەت و تەنانەت پێگەی جیهانی حکومەت چییە؟ بۆ کوێ دەڕوات؟ ئایا کۆماری ئیسلامی بەرەو سەقامگیری زیاتر دەڕوات؟ ئایا نائومێدی و ڕەزامەندی بە حکومەت و ژیانی ئاسایی لە کۆمەڵگادا زاڵ بووە؟ یان بە پێچەوانەوە لاوازبوونی ڕیزەکانی حکومەت و ڕق و کینەی گشتی لە کۆماری ئیسلامی و ڕووبەڕووبوونەوەی خەڵک و حکومەت توندتر دەبێت؟
نموونە زۆرن کە نیشان دەدەن کە ڕەوتی پێشهاتەکان بۆ بەرژەوەندی خەڵک و بە زیانی حکومەتە. من ئەم پرۆسەیە بە قووڵبوونەوەی شۆڕش ناودەبەم. ئەمەش بەو مانایەیە کە تەوەری شۆڕش، تەوەری داواکاری و ناڕەزایەتیی خەڵک زیاتر ئاشکرا و شەفاف و ڕادیکاڵتر دەبێت.
لە چەند هەفتەی ڕابردوودا بینیمان کە کۆبوونەوەی گەورە لە ناوخۆی ئێرانەوە بە بانگەواز و لێدوانی ڕادیکاڵەوە هاتوونەتە گۆڕەپانەکە. لەنێویاندا نزیکەی دوو هەفتە لەمەوبەر بەیاننامەیەک بەناونیشانی “بەیاننامەی یەکڕیزی و تەبایی دژی سزای لەسێدارەدان” بڵاوکرایەوە، کە دژی تەواوی سزای لەسێدارەدان بوو و تەنها دژی سزای لەسێدارەدان نەبوو. واژۆکارە سەرەتاییەکانی ٢٣٥ چالاکوانی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان بوون کە تا ئێستا گەیشتووەتە نزیکەی دوو هەزار واژۆ.
ئەم لێدوانە زۆر ڕادیکاڵ و ڕوونە لە سێدارەدان بە کوشتنی دەوڵەت ناودەبات و داوا دەکات نەک تەنها سزای لەسێدارەدانی ئەم دواییانە هەڵبوەشێنرێتەوە، بەڵکو سزای لەسێدارەدان وەک ئامرازێکی سەرکوت و کوشتنی حکومەت، کوشتنی دەوڵەتە، و دەڵێت پێویستە هەڵبوەشێتەوە. واژۆکارانی ئەو بەیاننامەیە کەسایەتییە جەماوەری و ناسراو و دێرینەکانی بزووتنەوەی کرێکاری، دایکانی دادخواز، ئەکادیمی، مامۆستا، خانەنشین، و نووسەر و هونەرمەند و کەسایەتییەکانی دیکەی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانن.
بەڕای من ئەمە یەکێکە لەو نموونانەی کە نیشانی دەدات کە شۆڕش چۆن قوڵایی پەیدا دەکات و ئامانج و داخوازی و تۆمەتبارکردن و تەوەرە و ناوەڕۆکی ناڕەزایەتی دەربڕینەکەی بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی و لەدژی کۆی سیستم و بارودۆخی هەنووکەیی خەریکە ڕادیکاڵ.تروهەمەلایەنەتر دەبێت.
کۆمەڵێک نووسەر بەیاننامەیەکی دیکەیان دژی سزای لەسێدارەدان بڵاوکردەوە. هەروەها لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لێدوانی ڕادیکاڵ بۆ ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی بڵاوکراوەتەوە.
نموونەیەکی نوێتر لێدوانێکە سەبارەت بە دۆخی خراپی ئێستا بە هەمان ناونیشان کە هەفتەی ڕابردوو لەلایەن ئەنجومەنی ڕێکخستنی ناڕەزایەتی کرێکارانی گرێبەستی نەوتەوە بڵاوکرایەوە.
ئەم لێدوانە تەنها سنوردار نیە لە بوارێک یان دوو بواردا، بەڵکو بەشێوەیەکی هەمەلایەنە پرس و مەینەتی جۆراوجۆری وروژاندووە، وەک لەسێدارەدان، سەرکوت و گرتن، بێمافی ژنان و ئاپارتایدی جێندەری، هەڵاواردن و چەوساندنەوەی نەتەوەیی، جیاکردنەوەی ئایین لە حکومەت و پەروەردە.و سیستەمی دادوەری، ئازادی بێ مەرجی مانگرتن و ڕێکخستن، ڕادەربڕین و هتد. ئەم بەیاننامەیە ڕایدەگەیەنێت کە ئێمە دەمانەوێت “نەهێشتنی هەر جۆرە هەڵاواردن و نایەکسانییەکی مەدەنی و ئابووری و چینایەتی” و دەڵێت ئێمە هیچ جۆرە حکومەتێک لە سەرووی خەڵکەوە قبوڵ ناکەین و داوای بەشداری ڕاستەوخۆی خەڵک دەکەین لە بەڕێوەبردنی کار و بەرهەمهێناندا ناوەندەکان و هەروەها لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگادا. واتە هەمان بیرۆکەی بەڕێوەبردنی شورا کە چەند ساڵێک لەمەوبەر لە کاتی مانگرتنی کرێکارانی هەفت تەپەدا پێشنیار کرابوو. لە کۆتاییدا ئەو بەیاننامەیە زۆر ڕوونە ڕایدەگەیەنێت کە دەبێت لە دەوری ئەو داواکاریانە یەکبگرین و داوا لە هەموو کرێکاران و هەموو چین و توێژە ناڕازییەکانی کۆمەڵگا دەکات لە دەوری ئەم بەیاننامەیە یەکبگرن.
بەم شێوەیە کرێکارانی نەوت لە ئاستی ماکرۆ سیاسی و کۆمەڵایەتیدا ڕەخنە و ناڕەزایی خۆیان بەرامبەر بارودۆخی ئێستا ڕادەگەیەنن و بانگەوازی هەمووان دەکەن لە دەوری ئەم ئاڵایە یەکبگرن. ئەمەش نموونەیەکی نایابی قووڵکردنەوەی شۆڕشە.
لە لایەکی دیکەوە دەبینین کە پێگەی کۆماری ئیسلامی لە ئاستی جیهانیدا بەرەو دابەزین دەچێت و هەموو ڕۆژێک حکومەت و پەرلەمان و سیاسەتمەداران و لایەنە سیاسییەکان لە وڵاتانی ڕۆژاوایی ناڕەزایەتی دەردەبڕن بەرامبەر بە ئێعدامەکان و کۆماری ئیسلامی شەرمەزارکردن دەکەن و بە ڕاشکاوی بەرگری لە شۆڕشی ژن ژیان ئازادی دەکەن.ئەوان ئەم پێشهاتەی ئەم دواییە، کە پەرلەمانی ئەوروپا ئەوەی پەسەندی کرد کە سوپای پاسداران بخرێتە لیستی تیرۆریستانەوە، یەکێک لە دەستکەوتە گرنگەکانی شۆڕشە، کە یەکسەر لە زۆرێک لە شارەکاندا لەگەڵ دەربڕینی خۆشی و شادی خەڵکی بەرەوڕوو بووەوە.
لەم ڕوانگەیەوە پێگەی جیهانی کۆماری ئیسلامی لە دابەزیندایە و بە هۆی دەسەڵاتی شۆڕشەوە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر لە جیهاندا گۆشەگیرتر دەبێت.
جگە لەمەش کۆچبەرانی ئێرانی و خەڵکی ئازادیخوازی وڵاتان بەهەمان شێوە بەردەوام و بەردەوام، لە ناڕەزایەتی ڕۆژانی شەممە و ڕۆژانی دیکەی هەفتەدا لە زۆرێک لە وڵاتانی ئەورووپایی و ئەمریکایی و چەند وڵاتێکی دیکەدا، دوایین حاڵەتیش کۆبوونەوەی زیاتر لە دە هەزار کەسی لە ئیسترس بۆرگ بوو. ئەو گردبوونەوەیەی کە داواکاریی ناساندنی سوپای پاسدارانی وەک تیرۆریست تێدا خرایە ڕوو و هەر بۆیەش دەبێ بگوترێ کە خۆپیشاندانێکی سەرکەوتوو بوو. ئەم بزووتنەوەیە نیشانی دەدات کە ئێرانییەکانی دانیشتووی دەرەوەی وڵات لە فشار خستنە سەر حکومەتەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆماری ئیسلامی ڕۆڵێکی کاریگەر دەگێڕن.
لە ناوخۆی وڵاتدا دیوار نووسین و چل ڕۆژەکان و دروشمی شەوانە لە ماڵەوە یان کۆبوونەوەی هەزاران کەس لە ڕۆژانی هەینی لە زاهیدان هێشتا بەردەوامە، کۆمەڵگا هێشتا لە گێژاودایە.
خاڵێکی بنەڕەتیتر کە پێویستە جەختی لەسەر بکەمەوە ئەوەیە کە شۆڕشی ئێستا بەتەواوەتی پەیوەندی نێوان حکومەت و خەڵکی بە یەکجاری گۆڕیوە بە قازانجی خەڵک و بە زیانی حکومەت. ئیتر خەڵک حکومەت ، وەک دامەزراوەیەکی دەوڵەتی کە دەبێت کاروبارەکان بەڕێوە ببات یان تەنانەت بیەوێت بەوجۆرە بکات، بۆ نموونە بەرپرسیار لە تەندروستی و پەروەردە و ڕێکخستنی ئابووری و هتد سەیری ناکەن.ئیتر هەمووان حکومەت وەک بکوژی خەڵکەکە دەیبینن و نەک وەک بەرپرس لە کاروباری کۆمەڵگا.
ئەمە حکومەتێکە ستراتیجی “بکوژە و بمێنەرەوە” پەیڕەو دەکات! حکومەتێک کە کۆمەڵگا بە دوژمنی خۆیی دەزانێت و خۆشی وەک دوژمن مامەڵە لەگەڵ خەڵک دەکات. کاتێک خامنەیی شۆڕش بە پیلانی دوژمنان دەبینێت، ئەمە تەنیا بانگەشەیەکی پڕوپاگەندەیی نییە، بەڵکو ڕاگەیاندنی ئەو ڕاستییەیە کە خەڵک دوژمنی ئەو و ڕژێمەکەیەتی. ئەمڕۆ پرسی کۆماری ئیسلامی تەنیا پاراستنی دەسەڵاتی خۆیەتی لە بەرامبەر لەشکرکێشی و دەستدرێژیی ئەم دوژمنە و شۆڕشی ژن ژیان ئازادی و نەک هیچی تر. بە هەر نرخێک بێت، بە زیندانیکردن، ئەشکەنجەدان، کوشتن، لەسێدارەدان و دڕندانەترین شێوازەکانی سەرکوتکردن، هەوڵ ئەدات بۆ پاراستن ومانەوەی خۆی.
هەر لەبەر ئەم هۆکارانەشە کە خەڵک حکومەت بە بکوژی خۆیان دەزانن و تەواو. ئەم حکومەتە بکوژی خەڵکە و تەنها مەبەستی ئەوەیە خۆی لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە، هەر بۆیە قەیران لە دوای قەیرانمان دەبێت. ئێستا قەیرانی دابینکردنی غاز و نەوت و سووتەمەنی هەیە، سبەی کێشە و قەیرانێکی تریش دروست دەبێت، پیسبوونی هەوا گەیشتووەتە سنوورێکی تەحەمول نەکراو، هەژاری و نائەمنی بێداد دەکات، لە ڕووی ئابوورییەوە حکومەت بەتەواوی مایەپووچ بووە و هیچ ئاسۆ و چارەسەرێکی نییە. خەڵک دەزانن حکومەت خۆی دروستکەری ئەو نەهامەتیانەیە و چارەسەری ئەو نەهامەتیانە نییە. ئەم پرسانە لەپاڵ کوشتن و سەرکوتکردن و کوشتنی خەڵکی ناڕازیدا، ڕۆژانە سووتەمەنی زیاتر دەدەن بە ڕق و بێزاری و توڕەیی لە نێو خەڵکدا و وەک بزوێنەری شۆڕش کار دەکات.
ئەم پەیوەندییەی نێوان ئەو دوو دوژمنە نێوان حکومەت وخەڵک هەلومەرجی تەقینەوەی دروستکردووە کە ئیترلەبیر بکرێت و ناتوانرێت بگەڕێندرێتەوە دواوە. کۆمەڵگا ناگەڕێتەوە بۆ بارودۆخی ئاسایی.
ئەم بەشە کورت دەکەمەوە. وەک لە سەرەتادا وتم شۆڕش هەوراز و نشێوی هەیە. ئێمە ئێستا لە قۆناغێکداین کە مەودای ناڕەزایەتییەکان کەم بووەتەوە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە شۆڕش کوژاوەتەوە یان خەڵک بێهیوا بووە یان ورەی لەدەست داوە و بەم دۆخە ڕازییە. ئێمە هیچ کام لەمانە نابینین، بەپێچەوانەوە تووڕەیی و ڕق و کینەی لەحکومەت و خواستی ڕووخاندنی، ڕۆژ بە ڕۆژ گەشە دەکات. ئێمە ئێستا لە قۆناغ و سەدەمێکداین کە سەرمایەی ناڕەزایەتییەکانی کۆمەڵگا، واتە دامەزراوە و کەسایەتییەکان، کۆمیتە و شوراکان، و چالاکوانان و سەرکردە پراکتیکییەکان لە بزووتنەوەی کرێکاری، لە بزووتنەوەی دادگاییکردن، لە بزووتنەوەی ئازادیی ژنان، لە بزووتنەوەی خوێندکاریدا، هتد، دیارتر و ڕاشکاوانەترن، ڕوونتر دێنە گۆڕەپانەکە، لێدوان و بانگەواز دەدەن و بەم شێوەیە شۆڕش خەریکە ڕیزبەندیی خۆی بەهێزتر دەکات.
بە بڕوای من شۆڕش لە ڕووی ناوەڕۆکی داواکارییەکانەوە زیاتر ڕێکخراوتر و قووڵتر دەبێتەوە.
هەوڵەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ڕاست
ڕەنگدانەوەی ئەم دۆخە تەنیا لە ڕیزەکانی ڕژیمدا نابینین، لە ڕیزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستڕەویشدا دەیبینین. زۆر جار وتوومە ئۆپۆزیسیۆنی ڕاست، نەک هەر شاخوازەکان، بەڵکو هەموو ئەو هێزانەی کە نوێنەرایەتی سیاسەت و بەها ناسیۆنالیستەکان دەکەن، نوێنەرایەتی بەها نەتەوەیی- نیشتمانیەکان دەکەن وەک خۆیان دەڵێن، هەرگیز لە ڕووی کلتورییەوە لەگەڵ شۆڕشدا نەبوون سیستەم و ئایدۆلۆژیا و عەقیدە.ئەوان دژی شۆڕش بوون. کاتێک ئاماژە بە پڕوپاگەندە و ئەدەبیاتیان دەکەیت، بۆت دەردەکەوێت کە ئەوان هەمیشە شۆڕشیان وەک ئاژاوەگێڕی و توندوتیژی و نائارامی بینیوە. بۆیە ڕۆحی پێکهێنانی شۆڕش تەواوی ئۆپۆزسیۆنی ڕاستڕەوی گرتۆتەوە. لە دۆخێکدا گیراوە کە ناتوانێت نکۆڵی لە شۆڕش بکات و دژی بوەستێتەوە، چونکە لەم حاڵەتەدا بە تەواوی دابڕاوە و لە سیاسەت دەکشێتەوە، و ناتوانێت بچێتە ناو ناوەڕۆک و داواکاری و دروشمەکانەوە، و پێشکەشکردنی ئاسۆی سەرکەوتنی شۆڕش و ئەو ئامانجانەی کە دەبێت لەبەردەم کۆمەڵگادا بەدوایدا بگەڕێت بۆیە تاکە ڕێگە بۆی ماوە ئەوەیە کە گوتاری چەوساندنەوە و هەڵوەشاندنەوە و هاوشێوەکانی بە لایەکدا جێبهێڵێت و دواجار باسی جۆرێک لە ڕووخانی لانیکەم و مینیمالیستی بکات، بەڵام لە هەمان کاتدا، دەست بە مانۆڕ و چالاکییەکانی بکات لە سەرووی خەڵکەوە بۆ ئەوەی خۆی بخاتە ناوەند و بنچینەکەوە ، لە لای حکومەتەکانی ڕۆژئاوا و لە ڕای گشتیدا. باسی هاوپەیمانی و قۆناغی ئینتقالی و ڕابەری و یەکڕیزی دەکات.بەڵام کابرا لەبنەڕەتدا ڕوی دەمی لە دەوڵەتان و هەموو هیزە ڕاستەکانە و دەیەوێت ئەوان لەدەوریەک کۆیان بکاتەوە. ئەم مانۆڕانە هیچ پەیوەندییەکیان بە شەقامەوە نییە، نە لە ناوەوە و نە تەنانەت لە دەرەوەی وڵاتیش. لە دەرەوەی وڵات بانگەوازەکان لەلایەن کەسانی ترەوە دەدرێن، جوڵانەوەکانی تر سەربەخۆ لە مانۆڕی ڕاستەکان ڕوویانداوە و لە ناوەوەش هەمان شت. لەم نێوەندەدا هێزە ڕاستڕەوەکان پرسی هاوپەیمانی و تەبایی و یەکڕیزی و دەوروژێنن، لە بنەڕەتدا لەبەر ئەوەی ڕیزەکانیان پەرش و بڵاون و لەوەش گرنگتر بێ پلانن و پەیوەندیان بە ئامانجەکانی شۆڕشەوە نییە. حیزب و تەنانەت بەرەیەکیش نییە بتوانێت کۆیان بکاتەوە. ئەوان “شورای نیشتمانی ئێرانییەکان”یان پێکەوە دانا، بەرەی٧ ئابانیان دروست کرد، فەرشگێرد ناوی خۆی گۆڕی بۆ پارتی ئێرانی نوێ و هتد و هتد، بەڵام ئەو هەوڵانە نەگەیشتن و ناگاتە هیچ شوێنێک.
باسی هاوپشتی و هاوپەیمانی دەکەن چونکە خودی بەرەی ڕاست بەتەواوی سەرلێشێواوە. نەک هەر لەبەرئەوەی ناتوانن لەحزبێکدا کۆببنەوە، بەڵکو بەتایبەت لەبەرئەوەی بەرنامەو ئامانج و داخوازیەکانیان جگە لەسیستەمێکی بەهای پیرۆزی نەتەوەیی و تابۆی نەتەوەیی هیچی تر نین. لقێکی گرنگی ئۆپۆزسیۆنی ڕاستڕەو، واتە شاخوازەەکان، بە تەواوەتی دواکەوتوون. ئەم لقە لە مانای ڕوون و وردی وشەکەدا ڕابردوگەرا و کۆنەپەرستە. نوێنەرایەتی سەردەمی پاشایەتی دەکات. نۆستالژیای بۆ ڕابردوو و پاشا و شازادە هەیە، لە کاتێکدا هەمووان دەزانن کە لە شۆڕشی دەستوورییەوە تا ئەمڕۆش دیکتاتۆری لە دوای دیکتاتۆرییەت هەبووە و کۆمەڵگای ئێرانیش بە درێژایی مێژووی هاوچەرخ ڕوخساری ئازادی و تەنانەت دیموکراسی بە مانا لیبراڵەکەی وشەکەیان نەبینیوە. خەڵکی ئێران هەرگیز ئازادی چالاکییە سیاسی و مەدەنییەکان، پێکهێنانی حیزب و دەربڕینی بیروڕایان نەبووە. سەردەمانێک خەڵک بە مێژووی ٢٥٠٠ ساڵ و پیرۆزییەکانی باوباپیران و هتد دەخنکێنرا و ئەمڕۆش بە ئیسلام و قورئان و هتد، بەڵام لە هەموو حاڵەتێکدا هیچ هەواڵێک لە ئازادی نەبوو، تەنانەت لەگەڵ مینیمالیستیترین لێکدانەوەشدا.
شۆڕش خەریکە کۆماری ئیسلامی دەڕوخێنێت، بەڵام ئەمە ئامانجی دەستبەجێ و ڕاستەوخۆی شۆڕشە. خەڵک هۆکارێکی هەیە بۆ کە ڕوخاندنی حکومەت ڕاپەڕیوە. چەرمەسەری هەیە، نایەکسانی هەیە، هەڵاواردن و بۆشاییەکی گەورەی کۆمەڵایەتی و ئابووری و چینایەتی هەیە، هەر بۆیەش دروشمی “ژیانێکی شکۆمەند مافی بەڵگەنەویستی ئێمەیە” و “موچەی فەلەکیی نەهامەتی گشتی”، دروشمی دژ بە گەندەڵی و دزی و دژی ئایەتوڵڵا، ملیاردێرەکان بە شێوەیەکی بەرفراوان لە ناڕەزایەتیەکانی خەڵکدا بەفەاوانی باس دەکرێن. ئەو دروشمانەی کە ئەمڕۆ بوونەتە هۆی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی . ئەمانە ئەو پرس و داخوازییانەن کە شۆڕش بەرەو پێشەوە دەبەن. ڕاستە شۆڕش بە پرسی حیجاب و هەڵاواردن لە دژی ژنان دەستی پێکرد و ئەمەش پایەیەکی گرنگی شۆڕشی ژنانە، بەڵام ناڕازیبوونی خەڵک تەنها لەبەر ئەمە نییە. خەڵک پرس و کێشەی زۆریان هەیە و هەر جۆرە هاوئاهەنگی و یەکڕیزی و هاوڕێیەتییەک لە دەوری وەڵامدانەوەی ئەو پرسانە مانادارە.
سەرەکیترین شت ئەوەیە کە ئێمە لە دژی چی ناڕەزایەتی دەردەبڕین. بۆچی دەمانەوێت کۆماری ئیسلامی بڕوات؟ کێشەی خەڵک ئەوە نییە کە حکوومەتی ئیسلامی سنوورەکانی خستووەتە مەترسییەوە یان پیرۆزییە نەتەوەییەکانی لە ژێر پێناوە، بەڵکو ئەوەیە کە مرۆڤ و مرۆڤایەتیی خستوەتە ژێرپێوە. لە ڕووی کۆمەڵایەتی و کولتووری و ئابوورییەوە ٥٠٪ی کۆمەڵگا واتا ژنان زۆرترین بێ مافی و سووکایەتی و زەلیلی بەرکەوتووە و هەموو کۆمەڵگە واتە لەسەدا نەوەد و نۆیەکان لە بچووکترین ئازادی سیاسی و مەدەنی بێبەش کراون لەمافەکانیان و پاڵیان پێواوەنراوە بۆ ژێر هێڵی هەژاری. ئەم حکومەتە بچوکترین مافی مەدەنی و سیاسی و کۆمەڵایەتی بە هیچ کەسێک نادات. هەر جۆرە جموجۆڵێکی ڕاگرتووە و خەڵک بۆ لابردنی کۆماری ئیسلامی ڕاپەڕیوە، بەڵام نایانەوێت بگەڕێنەوە بۆ دیکتاتۆریەتێکی تر. مەسەلەکە هەڵبژاردنی نێوان خراپ و خراپتر نییە. مرۆڤەکان بۆ ئەوەی هەموو ئازادییەک، هەموو یەکسانییەک، هەموو خۆشگوزەرانییەکی، ئینسانی و مۆدێرن بەدەست بهێنن و چێژ لە ژیانێکی شایستەی مرۆڤانە وەربگرن، ڕاپەڕیون. ئەمە تەوەری ڕاستەقینەی دروشمی ژن ژیان ئازادییە. تەنانەت دروشمی بمرێ خامنەیی تەنیا بەو مانایە نییە کە ئیسلام یان مەلاکان بڕۆنە لاوە، بەڵکو بەو مانایەیە کە هەژاری و بێ یاسایی و هەڵاواردنی ئایینی، نەتەوەیی، میللی، ڕەگەزی و چینایەتی لەناوبچێت.
ئەمەمان نە لە لێدوانەکانی ڕاستدا بینیوە، نە لە هەڵوێست و گوتار و دروشمەکانیدا. خەمی ئەوان زیاتر لە یەکپارچەیی خاکدایە نەک هەژاری و برسێتی و بێمافی خەڵک. بەدیلێکی ئابووری ڕاستەکان چییە؟ دەیەوێت چی لە نایەکسانی بکات؟ دەیەوێت چی لە سەختی ئابووری بکات؟ ئەو دەیەوێت چی بکات لەو بۆشاییە گەورەیەی نێوان کەمینەی ملیاردێرەکان و ئەو خەڵکەی پاڵیان پێواوەنراوە بۆ خوار هێڵی هەژاری؟ ئەم جیاوازییە گەورەیە هەمیشە هەبووە. لە سەردەمی شادا هەزاران خزم و کەسی دەوروبەیانمان هەبوو، ئەمڕۆش ئایەتوڵڵای ملیاردێر و مافیای ئابووری و ئەوانەی وابەستەی نوسینگەی ڕابەرمان هەیە.
بە واتایەکی تر ئۆپۆزسیۆنی ڕاست لە ڕووی ناوەڕۆک و دروشم و ئامانجەکانی شۆڕش و داواکاری جەماوەرەوە زۆر قسەی نییە. تەنانەت لەو شوێنانەی کە قسەی هەبێت، ناڕەزایەتی و هەڵوێستەکانی قسەی خەڵک نین. کاتێک هێڵی سووری ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستڕەو ناکۆکی چینایەتی و هەژاریی بەربڵاو نییە بەرامبەر بە سامانی کەمینەیەکی سەربەرز، بەڵکو یەکپارچەیی خاکی بێت، یان تەنانەت کاتێک باسی مافی مرۆڤیش دەکات، دەبەستێتەوەبە ئیمپراتۆریەتێکی سەردەمی کۆیلایەتییەوە، تەنها بێ بنەمایی و دژایەتی خۆی نیشان دەدات لەگەڵ داواکارییە ڕەواکانی شۆڕشدا، شۆڕشی ژن ژیان ئازادی بە تەواوی لە فەزا و چوارچێوە و پارادایمێکی تردایە.
ئۆپۆزیسیۆنی ڕاست لە هەوڵدایە بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم نامۆبوونە لە فەزا و ناوەڕۆکی شۆڕش بە لێدوانێکی گشتی سەبارەت بە ئازادی و مافەکانی مرۆڤ، کە تەنانەت لەم ئاستە زمان گیراوی وناتەواوەشیداناکۆکە لەگەڵ ڕابردووگەرایی و نۆستالژیای شاهانەی ئەو دەکات و بە زنجیرەیەک کردار و مانۆڕی بێ ئەنجام کە بریتییە لە یەکگرتوویی، ڕابەرایەتی، قۆناغی گواستنەوە،هاوپەیمانی، وەکالەت و هتد قەرەبووبکاتەوە.
ئەوەندەی پەیوەندی بە گفتوگۆی هاوپەیمانییەوە هەیە، پرسیاری یەکەم ئەوەیە کە هاوپەیمانی لەسەر چییە؟ تۆ دەتەوێت کۆماری ئیسلامی بڕوات، بەڵام کۆماری ئیسلامی بە چی ناودەبەیت؟ تۆ بە چی دەڵێی ڕووخاندن؟ کۆماری ئیسلامی تەنیا حکومەت و کابینە و مشتێک مەلا نییە. سیستەمێکە، سیستەمێکە کە هەژاری و گرانی زۆر و نائەمنی ئابووری و زەوتکردنی هەر جۆرە مافێکی کۆمەڵایەتی و مەدەنی و لە ڕووی کولتوورییەوە، هەژموونی پیرۆزیەکان و ڕێسا و خورافاتەکانی سەپاندووە. ئەمانە دەبێ بڕۆن، دەبێت هەموو ئەم سیستەمە بنبڕ بکرێت. ئەوەی دەیەوێت ئەم ئازارانە بنبڕ بکات، ناتوانێت نوێنەری سیاسەتێک بێت کە پێشتر هەمان سیستمی بە فۆرمێکی ترەوە دامەزراندبوو، لەژێر دەسەڵاتی تاجدا لەبری عەمامە.
بەڕای من ئەمانە ئەو هەلومەرجە دژبەیەکانەن کە ئۆپۆزسیۆنی ڕاستڕەو ڕووبەڕووی دەبێتەوە. ئەگەر دۆخەکە بە گوێرەی قسەی ئۆپۆزسیۆنی ڕاستڕەو و ستراتیژەکەی بەرەو پێش بچووبا، ئێستا کەشی سیاسی ئۆپۆزسیۆن بە دانانی حکومەت لە سەرەوە و دەستوەردانی ڕۆژئاوا و ڕیفراندۆم و “ڕژێم گۆڕین” زاڵ دەبوو . مەبەست لەڕژێم گۆڕین هەرگیز ئەوە نەبووە کە بە دەسەڵاتی شۆڕشی خەڵک ڕژێم بڕوخێنرێت، بەڵکو گۆڕانکارییەک بوو لە سەرەوە، واتە هەمان دەستەواژە و هەمان واتا کە حکومەتی ئەمریکا هەمیشە بەکاری هێناوە. ئەگەر پێشهاتەکان بە پێی ئەجێندای ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستڕەو بەرەوپێش بچێت، دەبێ شاهیدی گوتارگەلێکی وەک پاراستنی سنوور و ڕەخنە لە کۆماری ئیسلامی وەک حکوومەتێکی “بێگانە”دەگرێت کە حوکمڕانی ئایینێکی “عەرەبی” سەپاندوە، کە دامەزرێنەرەکەی لە هیندستان لەدایک بووە، و سەرکردەکەی ئێستایشی دوژمنی ئێران و ئەو ئێرانی بوونە و هتد. لە ڕوانگەی تاکتیکییەوە، هێڵی ڕیفراندۆم و گۆڕینی دەستوور و لە هەندێک حاڵەتدا هاوڕێیەتی بزووتنەوەی سەوز و وەنەوشەیی، ڕێزگرتن لە ئایین و پیاوانی ئایینی باش و پیاوماقوڵانی سوپای وڵات، نۆ ستالژیای ڕابردوو و گواستنەوە بۆ حکومەتێکی وەک گۆڕستانی ئاریامێهری دوا قسەی ئەبێت.
ئەگەر دۆخەکە لە دەستی ڕاستدا بوایە، ئەم ئاسۆیەی دەخستە بەردەم کۆمەڵگا. بەڵام شۆڕش ئەم سیستەمەی تێکدا. شۆڕش لەدەرەوەی ئیرادەی هەرکەسێک ڕوودەدات و دەیەوێت ڕەگ و ڕیشەی ببڕێت و ئەوە ڕەگ و ڕیشەیە کە کێشەی هێزە ڕاستەکانە. ڕاستەکان دەیانەوێت حکومەت بڕوات و لە هەمان کاتدا بە کەمترین گۆڕانکارییەوە بڕوات. دەیەوێت سیستەمی زیندانەکان، سیستەمی هێزی سەرکوتکەر، سیستەمی بیرۆکراسی، ئیستغلال، کۆیلایەتی کرێ، و کەڵەکەکردنی سامان لەلایەن کەمینەیەکی مفتەخۆرەوە لەسەر حیسابی هەژاریی جەماوەری خەڵک بپارێزێت. من نەمبینی ڕاستڕەوەکان ناڕەزایەتیان بەرامبەر سیاسەتی سەختیی ئابووری نیشان بدەن یان چارەسەرێکیان بۆی هەبێت.
لە ڕوانگەی ئازادی و دیموکراسیەوە مەرج و مەرج و سنووردارکردن و هێڵی سووری خۆیان داناوە. لە فەرهەنگی ڕاستەکاندا ئەگەر کەسێک دژی یەکپارچەیی خاک قسە بکات، ئەوا بە تاوانبار دادەنرێت. بە بڕوای خۆیان ئەمە هێڵی سوورە. ئەمڕۆ هەموو خەڵک خەریکی تێکدانی پیرۆزییە ئایینییەکانن. پرسیارەکە ئەوەیە ئایا سبەی کەسێک دەتوانێت ڕەخنە لە نیشتمان نەتەوەیی بگرێت وڕەخنە لە باوباپیران بگرێت؟ ئایا کەسێک دەتوانێت بڵێت کوروشی گەورە ئیمپراتۆری سەردەمی کۆیلایەتی بووە؟ ئایا ئازادی قسەکردنی وا هەیە؟ یان بڕیارە هەمان ئەو پاشا ئیلاهییانەی ئەمڕۆ لە شەقامەکانی ئەوروپادا چالاکن، بەرببنەگیانی خەڵک؟
ئەمانە پرسیاری ڕاستەقینە. ئەمانە ئەزموونی ڕابردوون. کۆمەڵگا تەنیا لە چل ساڵی ڕابردوودا لەژێر خنکاندن و لەژێر قامچی و پێڵاوی دیکتاتۆریدا نەبووە، لە شۆڕشی دەستووریەوە لەژێر سێبەری ڕەشی دیکتاتۆریەت و ستەمکاریدا بووە. شۆڕشی ئێستا بۆ یەکلایی کردنەوەی چارەنوسی خۆیەتی لەگەڵ تەواوی ئەم دامودەزگا سەد ساڵەییەدا. لە هەر گروپێک و بە هەر ناوێک. وە لێرەدایە دەبینین کە باڵی ڕاست خۆی بەشێکە لە کێشەکە نەک چارەسەر.
هەوڵ و تێکۆشانی ئەم دواییەی ئۆپۆزسیۆنی ڕاست و ململانێی وەک دابینکردنی وەکالەت و هاوبەشکردنی تویت و هتد وەک بڵقی سەر ئاو وایە. تەمەنێکی کورتی هەیە. پەلەقاژێیە لە ناوکرۆکەی شۆڕشێکی مەزندا کە سەرقاڵی کارێکی ترەو ئاراستەیەکی تر و ڕەوەندێکی تری هەیە.
لەژێر پەردەی گوتاری هاوپەیمانی و داکۆکی و هتد، دەیانەوێت مشتومڕ لەسەر تەوەر و داواکاری و ئامانجەکانی شۆڕش بشێوێنن. هەر لەبەر ئەم هۆکارە ئەم هەوڵانە وەک بەشێک لە بەرەی شۆڕشگێڕانە ناخەمە ناوەوە. هەوڵە لە دژی شۆڕش و لە دژی ئەو گۆڕانکارییە ڕیشەییانەی کە زۆرینەی ڕەهای کۆمەڵگا پێویستیانە.
بەپێچەوانەوە باسی چەپ، چ چەپی کۆمەڵایەتی کە لە لێدوانەکانی ئەم دواییانەدا باسم کرد، یان چەپی حزبی وەک حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری لە بنەڕەتدا لەسەر تەوەر و مانای ڕووخان و ڕەخنەیەکی ڕیشەیی لە هەموو ئەم دۆخەیە . پەیوەندی بە لەناوبردنی سیستەمێکەوە هەیە، نەک تەنها حکومەتێک. لەناوچوونی سیستەمی کۆیلایەتی کرێ کە دوای دیکتاتۆر دوای دیکتاتۆر بەسەر کۆمەڵگەیدا سەپاندوە ، کۆمەڵگە تەنیا لەژێر ئەم ئاڵایەدایە کە دەتوانێت بەڕستی ئازاد و ڕزگار ببێت.

٢٢ی ژانویەی ٢٠٢٣،٢بەهمەنی ١٤٠١




نهێنی سەرکەوتنی ناڕەزایەتی خەڵکی پێنجوین.. عوسمان حاجی مارف

دەسەڵاتی زۆنی سەوز ناچارکرا وەڵام بە خواستەکانی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکەی شاری پێنجوین بداتەوەو بەزوویی داواکانیان جیبەجێ بکات. ئەمەش دەستکەوت و سەرکەوتنی ئەو ناڕەزایەتیە جەماوەریەی خەڵکی پێنجوینە کە توانیان بە یەکڕیزی و یەکگرتوییان وتواناو پێداگری و پێگەی چەند ڕۆژەی خۆپیشاندانەکانیان، ئەم سەرکەوتنە تۆمار بکەن.
چەندین ساڵە دەسەڵاتی کوردایەتی وەها ناسراوە کە لە نمونەی ئەو جۆرە دەسەڵاتانەیە بەهیچ جۆرێک ئاوڕی لە پێداویستی و خواستەکانی خەڵکی نەداوەتەوەو ناداتەوە. ژیان و گوزەرانی دانیشتوانی کوردستانی بە فەرامۆشکردن و بە قەدەر سپاردووە. لەلایەک جەردەیی و گەندڵی و کەڵەکەی بێشوماری سەرمایە، خەسڵەتی بێپەردەی تایبەتی سەران و لێپرسراوانی هەردوو حزبی پارتی و یەکێتیە. لەلایەکی تریشەوە داسەپاندنی نەبونی خزمەتگوزاری و وێرانکاری و نائاسودەیی و هەژارکردنی زیاتری کرێکاران و زەحمەتکێشان شێوازی بەرێوەبردنی کۆمەڵگەیانە.
ئەوەی جێگای سەرنجە بەدوای هێنانوبردنێکی کورتماوە، پەیمانیاندا وەڵام بە خواستەکانی خەڵکی پێنجوین بدەنەوە. لە ئاکامادا بێ گێرمەوکێشە خواستەکانیان جێبەجێکردن.
ئاخۆ نهێنی جیاوازی لە نێوان وەڵامدانەوە بە خواستەکانی خەڵکی ناڕازی پێنجوین و وەڵام نەدانەوەو فەرامۆشکردنی تەواوی خواستەکانی چەند ساڵەی ناڕەزایەتیەکانی فەرمانبەران و مامۆستایان و کرێکارانی ژینەگەپارێزو خاوەن پێداویستی تایبەت..هتد دەبێت چی بێت؟
ئایا ئەم هەنگاوە پەشیمانی و ئامادەیی و دڵ نەرم بونە لەبەرامبەر گوزەرانی خەڵک، یا بەرژەوەندیەکی ترو ناچاریەکی تر لە پشتی ئەم کردارەوەیە؟ گەر دڵ نەرم بون بێت، دەکرێ پێشبینی ئەوە بکەین چاوەڕوانی ئاڵوگۆڕ لە مانای بەرنامەی چاکسازیدا وەها ببینین کە بیردەکەنەوەو خەریکن هەوڵ ئەدەن ژیانی ئەو خەڵکە بەرەو باشی و ئاسودەیی و دابینکردنی خزمەتگوزاریەکان دەبەن؟ بەلام نیشانەکانی مامەڵەی پارتی و یەکێتی لە کێشمەکێشە سیاسیەکانی نێوان خۆیانداو بەرنامەڕیزی بۆ ئایندەیەک لە کوردستاندا و لە بەرامبەر پێداویستیە سەرەتایی و گرنگەکانی خەڵکی کوردستاندا، لەسەر هەمان ڕێچکەی پێشویان و بە چڕتر خەریکی زیاتر لەجەردەیی و گەندەڵی و کەڵەکەی زیاتری سەرمایەن و ئایندەی کوردستانیشیان سپاردووە بەقەدەری هەلومەرجێکی نادیارو جەنجاڵ لە بونی دەخالەت و کێشمەکێشی نێوان ووڵاتانی زلهێزی دنیاو ناوچەکەو ناکۆکی خۆیان لەگەڵ حکومەتی ناوەندیدا.
واتە ناسینەوەی ئەو نهێنیەی کە زۆنی سەوز بەدەنگ خواستەکانی خەڵکی پێنجوینەوە هات و داواکانی بۆ جێبەجێ کردن، دەتوانین بڵێین ئاکامی چۆنیەتی پێگەی ئەو ناڕەزایەتیە جەماوەریە بوو کە توانی سەرانی یەکێتی ملکەچ بە خواستەکانیان بکات. شێوازو چونیەتی ئەم ناڕەزایەتیە لەوەدایە هێزو توانای خۆی نیشانداین کە توانیان قۆرتمی بەرژەوەندی ئابوری سەرانی یەکیتی بگرن. گرتن و داخستنی خاڵی سنوری گومرگی باشماخ و سەیرانبەن مانای ڕاگرتن و زیان گەیاندن بەسەرچاوەیەکی دارایی گەورەی یەکێتی. بۆ ئەمەش ڕیزێکی بەرین و بەرچاوی جەماوەری ناڕازی پێنجوین هاتنە مەیدان و بەو کارە هەستان، هەر بۆیە لە وەڵامدانەوە بە خواستەکانیان سەرکەوتنیان بەدەست هێنا. واتە دەسەڵاتی زۆنی سەوز لە ناچاری بۆ پاراستنی سەرچاوەیەکی دارایی کە پڕاوپڕە لە مامەڵەی دزی و گەندەڵی، سەرشۆڕی و ملکەچی نواندوە، نەک لە بە تەنگ هاتنیەوەیە بۆ پێداویستی و خواستەکانی خەڵکی پێنجوین.
ئەم جۆرە لە ناڕەزایەتی پێویستە ببێتە تاقیکردنەوە و ئەزمونی تەواوی ناڕەزایەتیەکان و خەڵکی بزانن چۆن شادەماری سەرچاوە داراییەکانی دەسەڵات دەگرن و ئاستی پێگەی ناڕەزایەتیەکانیان بەرز ڕادەگرن. چۆن ئەتوانن دەسەڵاتداران ناچار بە خۆبەدەستەوەدان بۆ داواکاریەکانیان بکەن. لە مەش گرنگتر پێویستە لە هەنگاوەکانی دواترو داهاتودا خەڵکی ناڕازی ئامادەیی و خۆڕێکخستنی بگەیەنێتە ئەو ئاستەی کە جگە لە کۆنترۆڵکردنی سەرچاوە داراییەکان، بەڕێوەبردنی بودجە بەندیەکان لە داهات و خەرجی بخەنە ژێردەستی ڕێكخراوە جەماوەریەکانی خۆیانەوە.




لەزستانی گەرم و هاوینی ساردا.. نوسینی: یوسف اسماعیل عەزیز

ئەو دانیشت و بە پەلە پروسکێ کورسیەکەی لەبەردەم دانا، چاوەنۆڕی ڕوونیشتنەکەی نەکرد، بە ئاسپایی لێی پرسی: چیڕۆکی ژیانی تۆ چییە؟ ژیانی من وەک خامەیەک لە پیتەکانی ڕۆژگاری بەدبەختی تێک ئاڵاوە، هەر لە تەمەنی نۆزدە ساڵیدا هەست بە یەکەم جیاوازی تەمەنی خۆم کرد. کاتێک ڕووی کردە کتێبخانە و لە سوچێکی کتێبخانەکەدا دەستی بە خوێدنەوەی ڕۆمانێکی خەیەڵی کرد، من کتێبەکەی بەردەمم پشت گوێ خست، چاوەکانم پەیوەست بوون بە سەیرکردنی ئەو؛ کچێک بوو کە بە قووڵی چووبووە نێو دونیای ڕۆمانەکە و لەگەڵ وشەکانی دەجەنگا.
هەوڵەکانم بۆ خۆ نزیککردنەوە لەو زۆر سەرقاڵی کردم، لە کاتی دەرچوونم لە ئامادەیی، پاشان کە وەرگیرام لە بەشێکی هەرەباشی زانکۆیەکی ئەم شارە، لەبەر چاوەکانی ئەو، باشترین بەشم وەلاوە نا، تاکو بتواتم ڕۆژانە لە کلاس چاوم پێی بکەوێت. دوای تێپەڕینی نیوەی ماوەی خوێندن، ڕۆژێک لە کتێبخانەی زانکۆکەمان ئەو کچەی کە هەموو بیر و کارەکانمی بۆلای خۆی ڕاکێشابوو، بە نیگا و قسە شیرینەکەی پرسی ئاخۆ خوێنەری ئەم کتێبە بوویت؟ بەلای تۆوە تا چەند گرینگە خوێنەری ئەم پەرتووکە ببیت؟!
خوشەویستی ئەو بۆ کتێب زیات لە پێویست بوو، چاوە سەوز و جوانەکانی لەبەر خوێندنەوە هیلاکی کردبوو، هەتا زیاتر تێکەڵدەبووم لەگەڵی هەستم بە کەسەیەتی خۆم دەکرد، ساڵەکانم وەک هەفتێیەکی تەمەنم بەڕێکرد، جیاواز لە هاوڕێیەکانی ئەو من گرنگترین هاوڕێی ئەو بووم.
بوێری هەموو شتێکم هەبوو کە بۆ چاوەکانی باس بکەم، جگە لەوەی کە هەستێکی شارەوەی ناخم وەک ئاگڕێکی گەشی بە بەبڵێسە کە ترس و لەدەستدانی ئەو نەم دەتوانی بۆی دەرببڕم، ئاڵودەبوونی من بەس چاوەکانی ئەو نەبوو، لەگەڵ خۆیدا منی خستە نێو دونیای کتێبەوە کە زیاتر لە پێویست وەک ئەو خوێنەر بم و ئامادەیم هەبێت بۆ کتێبکە نوێکان.
من هەموو کاتەکانی تەمەنمدا ڕقم لە قوتابخانە و خوێندن دەبوویەوە، زۆرم دەخوێند بەهۆکاری ئەوەی کۆتایی بە ژیانی خوێندن بهێنم، بەڵام لەگەڵ ئەودا هەمیشە حەزم بەخوێندنەوە و چوون بۆ دەوام هەبوو.
ڕۆژە پشوەکانی دەوامم لەگەڵ ئەودا بەسەر دەبرد لە کتێبخانەکان، جیاوازی زۆرم لەو کچەدا دەبینی ئایە بۆچی وەک ئەوانی تر نییە؟ کە حەز بە جلی جوان و شوێنی خۆش و کڕینی هاندی چاک دەکەن.
هەرچی خۆشەویستە هەمووی لە کتێبەکانی کۆکردبویەوە، من نەم دەتوانی بەرگەی ئەو حاڵە بگرم چونکە ئەم ساڵ کۆتا ساڵی زانکۆ بوو، لەبەر خۆمەوە گوتم، ”ئاخۆ گەر ئەم ساڵ پێی نەڵێم لەدەستی دەدەم؟” هاورێیەکی کۆنی منداڵییم بیرهاتەوە کە هەمیشە کێشەکانی خۆمم بۆ باس دەکرد و ئەو زۆر بە دڵسۆزانە چارەسەری بۆ دۆدۆزیمەوە؛ لە شوێنێک بانگهێشتم کردو باسی ژیانی ئەم چوارساڵەی خۆم بۆ گێرایەوە، گوتم، ”دەبێت چارەیەکم بۆ بدۆزیتەوە کە بتوانم و بوێرم داوای خۆشەویستی لەم کچە بکەم…”
زۆر بە سادەی وەڵامی دامەوە، ”ڕۆمانێکی خۆشەویستی بۆ بکە دیاری لەگەڵیدا دەسکێک گوڵیشی بۆ بەرە، ڕۆژە پشوەکانیش بیبە بۆ شوێنە ئارامەکانی شار و تاقە گوڵێکی بۆ بەرە.”
من هیوایەک لە دڵم دروست بوو، لەگەڵ یەکەم بینینم دوای دانیشتنەکەمان گوڵم پێشکەشکرد، لەنێو زەرفێکی سووری نەخشێندراو، ئەویش زۆر بە خۆشحاڵییەوە وەریگرت، ڕۆژەکان تێپەڕ بوون و من بەپێی ئەو قسە و ڕێگایانەی هاوڕێیەکەم نەخشەی بۆ کێشام، توانیم ئەوەی لە دڵمدایە بۆی باس بکەم.
بەڵام مەودای خۆشەویستی نێوانمان زۆری نەخایەند، داوایی لێکردم کۆتایی بە خۆشەویستی نێوانمان بهێنم و هاوسەرگیری بکەین. من بووم بە دوو لەت، لایەکم ئامادەی هاوسەرگیری نەبوو، لەبەر هۆکاری ئەم وڵاتە، نیشتمانی ئێمە هەموو شتێکی خۆشدەوێت جگە لە ئێمەی هاوڵاتیانی ئەم خاکە! دوای تەواوبوونی زانکۆ هیچ ڕێگایەک نییە بۆ کۆتایی هاتنی نەهامەتیەکان و بحەسێیتەوە و ڕەنجی ئەو ساڵانەی خوێندن وەربگریتەوە، بە پێچەوانەی ئەم کارە دەبێت ملی ڕێگا بگری و لەسەرتای ژیان دەست بە کرێکاری بکەی، ژیانمان تا کۆیایی هەر سەرەتایە دونیاێکی پڕ لە کێشە کە هەمووی لە ژیانی مندا ئاڵاوە.
داوام لێکرد کەمێک پەلەنەکات چونکە من هیچ دەستکەوتێکی ئەوتۆم نییە کە ژیانێکی خۆش دروست بکەم، هەر پێم دەکرێت ژیانێک وەک کرێکارێکی شار دروست بکەم، کە ڕۆژێک نانێکم هەبێت ئاخۆ دەبێ سبەی نانێکم هەبێت!؟
دووبارەی لێکردمەوە، ”باوکم کەسێکی توڕەو توندە، کە قسەیەک دەکات کەس بوێری ئەوەی نییە کە وەڵام یاخوت ناڕازی بوونت هەبێت. ترسم لەوە هەیە کاتێک دووبارە داواکاری هاوسەرگیری هاتەوە پێشەوە من لەسەر قسەی باوکم هاوسەرگیری بکەم.
هەڵبەتە قسەکانی ڕاست دەرچوون و دوای سێ مانگ هەموو شتێک کۆتایی پێهات.
(ئەوجارە لێی پرسیم و گوتی: باشە هەر ئەمە بۆتە هۆکاری تەنهایی و بێ کەسیت؟)
من خۆم و وێنە کۆنەکانی ئەو بە قسەهاتین و گوتمان، ”نەخێر بەهۆی ئەوەی دوای ماوەیێک کە وەک بڵێی ڕاهاتبووم و ئەوم لەبیر دەکرد، تا ئەو ڕۆژەی هاتمە ماڵەوە و دایکم بەرەو پیرم هات و گوتی، ”کوڕی خۆم ئەمڕۆ کچێکی گەنجی زۆڕ جوان هات بۆ ماڵەکەمان و نامەی بۆ هێناویت. منیش خێرا نامەکەم لە زەرفەکەی دەرهێنا و دەستم کرد بە خوێندنەوە. بۆی نووسیبووم، ”خۆشەویستم، ئازیزی ژیانم، ئەی ئەو کەسی فێری خۆشەویستی پاکی ژیانت کردم، دوای ئەوەی هاوسەرگیریم کرد لەگەڵ ئەو پیاوەی کە تەنها بەناو پێی دەڵێن پیاو، هیچ شتێکی بۆ گرنگ نییە ئەوە نەبێت کە خۆی پێی خۆشە، داوام لەتۆ هەیە کە فریام بکەوی من لەو ژیانە ناتوانم چیتر بەرگەی بگرم، هەمیشە جنێو و قسەی نەشیاوم پێ دەڵێت، قسەکانی من هیچ گرنگییەکی نییە بۆ ئەو، من چاوەڕێی تۆ ناکەم تا خۆشت بوێمەوە، چونکە من ئەو شانسەی پێشووم لە دەست دا. بەیانی کاتژمێر دە سەر لە بەیانی، لای تاوەری حەمیدی دەلاک چاوەڕوانی دەبم.”
کاتێک ئەو نامەیەم خوێندەوە زۆر شۆک بووم، نەم دەزانی ئاخۆ بەیانی چی دەگوزەرێ و چی دەبێت، من هەتا بەیانیەکەی چاوم نەچووە خەو. کاتژمێرێک پێش ئەو کاتەی بۆی نووسیبووم لەوێ بووم، کە هیچ سەرو شوێنێکی ئەو دیار نەبوو، تا کاتێک هەموو بازار کۆبوونەوە و جموو جۆڵ کەوتە نێو خەلکەکە، گوتم چی بووە؟ وتیان کەسێک دەیەوێت لە بەرزی بالەخانەی حەمیدی دەلاک خۆی هەڵدەداتە خوارەوە. خێرا خۆم گەیاندەوە پێش باڵەخانەکە، بینم ئەوەی کە چەند ساڵە وەک جەستەیەکی خۆم خۆشم ویستووە لە بەرزیەوە هەوڵی ئەوە دەدات کە کۆتایی بە ژیانی خۆی بهێنێت، هەر کارێکی کردم بێ سوود بوو، لە چرکەیەکدا خۆی هەڵدایە خوارەوە، کاتێک گەیشتمە سەری هێشتا زیندوو بوو. هاوارم کرد و داوای هاوکاریم کرد، بەڵام خەلکەکە هەموو بەلایەکە بڵاوبوونەوە، کەس هەستی مرۆڤایەتی نەبوو! کەس نەیتوانی ڕزگارمان بکات و بیگەیەنمە نەخۆشخانە، هەر لەوێدا گیانی سپارد.
بۆیە ئێستا خووم بە تەنیایی گرتووە، دەبینم مرۆڤەکان چەند دڕندەن، چەندە بێ هەستن، چەندە ئاژەڵێکی خراپن… تەنهاییەکەم لەگەڵ هیچ مرۆڤێک بەش ناکەم؛ بێ دەنگیی و تاریکیی یەکەمین کاری منە.

١١/١/٢٠٢٣
باشوری کوردستان – هەولێر
یوسف اسماعیل




هەڵمەتی بەیعەت بۆ پێکهێنانی حکومەت لە سەروو خەڵکی لە قۆناغی دوای کۆماری ئیسلامیدا.. جەعفەر عەزیم زادە

دوای هەوڵەکانی خولی یەکەم و دووهەم لە ناوەڕاستی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانە و خوێناوی خەڵکی ئێراندا لە نێو لۆبیە دەسەڵاتدارە کان دا لە ڕۆژئاوا بۆ پێکهێنانی ئەڵتەرناتیڤێکی سیاسی لە سەر سەریانەوە، لە فەڕەنساوە دەستی پێکرد و بە تویتێکی هاوبەش و بەرجەستەکردنی خاوەن تویتەکان وەک دیارترین کەسایەتیەکانی ئۆپۆزسیۆن!! کۆماری ئیسلامی بەردەوام بوو، ئێستا خولی سێیەمی ئەم هەوڵانە بە بەیعەتدانەبە ڕەزا پەهلەوی لە نێو وەرزشوانان، هونەرمەندان و… دەستی پێکردووە.
عەلی کەریمی یان کەسانی تر دەیانتوانی بە شێوازە مۆدێرنەکانی ئەمڕۆ لە پشتی ڕەزا پەهلەویەوە ڕیزببن، بەڵام لە ژێر پەردەی پێدانی نوێنەرایەتی سیاسی بە ڕەزا پەهلەوی، دەستیان کردۆتە ڕاگەیاندنی بەیعەت بۆی بۆ ئەوەی پێشوەختە ڕکابەرەکانیان کەلە هەمان ڕەگەزن پەراوێز بخەن لە لایەک و لە لایەکی دیکەشەوە لە ئێران، سبەینێ بناغەی پێکهێنانی دەسەڵاتی سیاسی لە خوارەوە لە لایەن خەڵکی کۆماری ئیسلامییەوە پاڵ دەخرێتە دواوە.
زۆر ڕوونە کە ئەوان بە وەهمەوە وایان زانیوە کە وەرزش و هونەردۆستانیان عەشیرەتن و خۆیان وەک سەرۆکی هۆزەکەن و هەر لەبەر ئەم هۆکارەش پێش مردنی خەلیفەی مردوو، خەیاڵیان کردووە کە بە دانانی توانا خێڵەکییەکانیان لە خزمەتی ڕەزا پەهلەویدا، دەتوانن ئەو لە سەر تەختی دەسەڵات دابنیشن.
ڕوانگەیەکی لەم شێوەیە بریتییە لە هەڵبژاردنی خێڵێک لە ناو بەناو “پیاوە گەورەکانی خێڵدا” لە سەرەوەی خەڵکی موتەمەدن و ئازادیخواز و یەکسانیخواز کە لە سەد و بیست ساڵ لەمەوبەرەوە خەباتیان کردووە بۆ لەگۆڕنانی پەیوەندییە سیاسییەکانی ئاغا و ڕەعیەتی، و ئێستاش لە ڕووی گەشەسەندنی سیاسیی فیکری و کۆمەڵایەتییەوە ئەوان لە سەر لوتکەی بەرزی ئازادی و یەکسانیدا وەستاون کە بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەر سەرنجی جیهانیان بۆ خۆیان ڕاکێشاوە کە بۆ پشتیوانی کردن لێیان هاتونەتە مەیدان.
ئەوەی ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی پێشهاتە سیاسییەکانی ئێراندا دەگوزەرێت، “نەخێرێکی گەورە و مێژووییە” بۆ پێکهێنانی هەر دەسەڵاتێکی سیاسی لە سەرووی خەڵکەوە.
ئێرانی ئه مڕۆ، ئێرانی بزوتنه وه یه کی جه ماوه ڕی کۆمه ڵایه تی و خەڵکێکی وشیارو به توانایه که له پشت به ستن به پله باڵا و لۆبیه کانی ده سه ڵات له ڕۆژاوا و ڕۆژهه ڵاتدا تاڵی ناوکیان بڕیوه و چاویان له سەر ئه و بزوتنه وه خه باتگێڕ و ڕزگاریخوازه یه کەله نێو کرێکاران، مامۆستایان، ژنان و خوێندکاران.و گەنجاندا لە ماوەی سێ-چوار دەیەی ڕابردوودا چڕ بووه ته وە پێکهاتووە.
ئەم بزووتنەوەیە و کەسایەتی و ڕووخساری جەماوەریترین و پاکترین بزووتنەوەی ئازادی و یەکسانییە کە دەتوانێت و توانای دامەزراندنی ئێرانێکی نوێ لەسەر بنەمای بەرزترین ئاستی ئازادییە سیاسییە کۆمەڵایەتییەکان و خۆشگوزەرانی و بەختەوەریدا هەیە.

وەرگێڕانی بۆ کوردی:کاوە عومەر




سەردەمی کۆتاییهاتنی دیکتاتۆرییەت لە ئێران!.. عەبدولڕەحمان گەورکی،


ئاوڕدانەوەیەک لە راپەڕینی خەڵک و رەتکردنەوەی هەر جۆرە دیکتاتۆریەتێک لە ئێراندا!

خەڵکی ئێران چوارەمین مانگی راپەڕینیان تێپەڕاند. کۆدەنگی بیروڕای گشتی ئەوەیە کە دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئایینی بەرەو کۆتاییدایە! ئێستا لە رێڕەوی بەرەوپێشەوەچوونی راپەڕینی گەل، مشتومڕی گەرمی رۆژ لەسەر پرسی “ئەڵتەرناتیڤ”ی دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەتە. بەڵام سەرباری ئەم پێشکەوتنە گرنگە، هێشتا هەندێک شت ماون بۆ باسکردن و بیرکردنەوە و بڕیاردان. چونکە قۆناغی دووەم، واتە “ئەڵتەرناتیڤ”، کاتێک دێتە ئاراوە و وەڵام وەردەگرێتەوە کە “کەلێنەکان” پڕ کرابێتنەوە لە پێوەندی لەگەڵ رووخاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆریدا و هەموو رێگاکان بەسەر گەڕانەوە بۆ دیکتاتۆرییەت داخرابن.
دەسەڵاتی دیکتاتۆریی مەزهەبیی ویلایەتی فەقیهی بەو کارنامە رەشەی هەیەتی لەهەمبەر مافەکانی خەڵکی ئێران، نەک هەر بە ئاسانی مل بە “ڕوخاندن” نادات، بەڵکو دەستبەرداری هیچ پیلانگێڕییەک نابێت بۆ مانەوەی لە دەسەڵات. هەوڵ دەدات بە “دەمامک”ی جیاوازەوە و بە فێڵ و هەڕەشەکردن بەر بە راپەڕینی گەل بگرێت کە هەنگاو بەرەوپێشەوە نەنێت و نەچێتە قۆناغی دووەمەوە.
“ڕیفۆرمخوازی” و داتاشینی “ئۆپۆزیسیۆن” دەمامکگەلێکن کە ئێستایشی لەگەڵدا بێت دەسەڵاتی دیکتاتۆر بەکاری دەهێنێت دژ بە خەڵکی ئێران و نەیارانی دەسەڵات. یەکێکیان لە “ناوەوەی دەسەڵات” و ئەویتریان لە “دەرەوەی دەسەڵات”. دەسەڵاتی دیکتاتۆر جگە لە سەرکوتکردن و کوشتار لە ناوخۆی ئێران، هەوڵدەدات کەش و هەواکە تەمومژاوی بکات و “سەر” و “جەستە” لێک جیا بکاتەوە و هێزە رەسەنەکانی ئۆپۆزسیۆن، کە سەرچاوەی سەرەکیی بۆ “ئەڵتەرناتیڤی دیموکراتی”، بە شەیتان بکات و سیمای راستەقینەیان بشێوێنیت و جێگە و پێگەیان پێ لەق بکات و بیانخاتە پەڕاوێزەوە!
لە راپەڕینی جەماوەری ساڵی 2017دا دەمامکی “ڕیفۆرمخوازی” لە سەر روخساری دەسەڵاتی دیکتاتۆر لابرا و دیکتاتۆر ناچار بوو “ئیبراهیم رەئیسی” بخاتە سەر کورسی سەرۆکایەتیی کۆمار. لە راپەڕینی جەماوەری ساڵی 2019دا دەمامکێکی دیکە لە سەر روخساری دیکتاتۆر لادرا و لە لایەن خەڵکی ئێرانەوە، (بەدیلی دەستکرد)ی زلهێزە دەرەکییەکان، کە خۆی وەک “نەیاری دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئایینی”دەردەخست، بە تایبەت پاشماوەکانی دەسەڵاتی رووخێنداری حەمەرەزاشای دیکتاتۆر… ریسوا کرا. چونکە بە پێی زۆرێک زانیاریی حاشاهەڵنەگر، ئەو دوو جۆرە دیکتاتۆرییە هاوبیر و هاوکردارن لەسەر پێشێلکردنی ئازادییەکان و پێشێلکردنی مافەکانی خەڵکی ئێران و لە ئەنجامدا بە تاڵانبردن و کوشتارکردنی خەڵک.
ئەزموونێکی پڕ لە ئازارە کە ئێستا خەڵکی ئێران بۆ ئەوەی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی مەزهەبیی بڕووخێنن، دەبێ دەسەڵاتی دیکتاتۆریی پێشوو لە زبڵدانی مێژوودا بهێڵنەوە و هاوتەریب لەگەڵ شەڕی دژ بە دەسەڵاتی دیکتاتۆریی مەزهەبی، نەهێڵن پاشماوەکانی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی پێشوو بێن بەهانای دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئایینییەوە!
هەردوو رەوتی دیکتاتۆری وا خۆیان نیشان دەدەن کە خەڵک دەبێت یەکێک لە دوو بژاردەیە قبووڵ بکەن: “دیکتاتۆریی پاشایەتی” یان “دیکتاتۆریی ئایینی”. بۆ ئەم مەبەستە بە هەموو جۆرە فێڵ و دەمامکێکەوە دیمەنەکە هێندە ناڕوون دەکەن کە بە شێواندنی بەها و کولتوورە رەسەنەکانی گەل، دەیانەوێت پرۆسەی راپەڕین “خاو” بکەنەوە و ئەگەریش بتوانن راپەڕین بە “لارێدا” بەرن و “کپ”ی بکەن و دووبارە خەڵکی ئێران بێبەش بکەن لە گەیشتن بە دەسەڵاتێکی نیشتمانی و جەماوەری و دیموکراتی. هەربۆیە بە ئەزموون سەلمێنراوە کە رەوتە دیکتاتۆرییەکان هەمیشە تەواوکەر و یارمەتیدەری یەکتر بوون و لە لایەن رەوتە کۆلۆنیالیزمەکانیشەوە پشتیوانی و بەهێز کراون!
هەرچەندە لە سەرەتای مانگی پێنجی راپەڕینی جەماوەریدا، دیمەنی راستەقینەی راپەڕینی خەڵکی ئێران لە هەموو کاتێک زیاتر “شەفاف”تر و دیکتاتۆرییەتی مەزهەبی گۆشەگیرتر، و هێزە هەلپەرستەکان ریسوا کراون، بەڵام دۆخی سیاسی هێشتا “ناسەقامگیر”ە و پڕە لە شەپۆلی جۆراوجۆری پلان و بەرنامە کە “شوێن پێ”ی دیکتاتۆرییەت لەبەردەمیاندا هەستی پێدەکرێت.
گومانی تێدا نییە کە ئاسۆ روونترە لەوەی ئێستا دەبینرێت لە ئێران. ئەو هێزانەی “هەڵقوڵای گەل” و “دڵسۆزی گەل” نین، نامێنن. رەنگە هێشتا هەندێک دیمەنی سەرنجڕاکێش و هەندێکجاریش گاڵتەجاڕانەتر لە ئارادا بن کە رووی نەدابێت. بەڵام ئەوەی لە کۆتاییدا دەمێنێتەوە، هێزی رەسەن و جەماوەری و دیموکراتییە. خەڵکی ئێران بڕیاری شۆڕشی داوە لە کۆمەڵگادا دژ بە دیکتاتۆرییەت و ئەمکارەش دەکەن و ناکشێنەوە. هێزی کورتبین و کورتخایەن و بێ رەگ و ریشە لە مەیدانەکە دوور دەخرێنەوە! چونکە سەردەم، سەردەمی یەکلاییبوونەوەی هێز و لایەنە سیاسییەکانە و زۆریش خێرایە و بێ گومان راستیەکان رەحم به هیچ هێز و لایەنێک ناکات!
بەڕاستی ئایا دەکرێت بانگەوازی خەڵک بکرێت بۆ رووخاندنی دیکتاتۆری دەسەڵاتدار، بەبێ “نکۆڵیکردن لە دیکتاتۆریەتێک لە رابردوودا”؟ وە ئایا دەکرێت ئیدیعای سەرکردایەتی سیاسی راپەڕین بکرێت بە بێ هەبوونی “ڕێکخستن” و “دەزگای رێبەرایەتیکردنی راپەڕینی جەماوەری” و بە بێ “ئامادەبوون لە گۆڕەپانی راپەڕین” دا؟ ئایا دەکرێت بە بێ ئەوانە راپەڕین بپارێزێت لە پیلان و هێڕش و هەڕەشەی دیکتاتۆرییەت؟ یان ئایا دەکرێت بانگەوازی خەڵک بکرێت بۆ رووخاندنی دیکتاتۆر بەبێ ئەوەی خۆت دەستەویەخەی دیکتاتۆرییەت نەبیت؟
نەخێر، هەرکەس و هەر لایەنێک کە لە رووی تیۆری و پراکتیکییەوە و تا سەر ئێسک دژ بە دیکتاتۆرییەت نەبێت لە رابردوو و ئێستا و داهاتوودا، ناتوانێت هەڵقولاوی گەل و لە خزمەت گەلدا بێت. سەردەمی هەلپەرستی کۆتایی هاتووە و دۆخەکە هەرگیز ناگەڕێتەوە بۆ دواوە. رەوتی “بێ ریشە” و “هەلپەرستی” و “دیکتاتۆردۆستی”، کە بە ئیدیعا و دروشمی جۆراوجۆرەوە، گۆڕەپانی راپەڕێن و شۆڕش نادیار و تەمومژاوی دەکەن بە سوودی دیکتاتۆرییەت، نەک هەر برینە قووڵەکانی خەڵکی ئێران ساڕێژ ناکەن، بەڵکو دەبنە بەشێک لە برین و ئازارەکان خەڵکی ئێران!
لە کاتێکدا خوێنی خەڵک لەسەر شەقامەکانی ئێران دەچۆڕێت و دەڕژێت، داتاشینی ئەڵتەرناتیڤ، درووشمی لادەرانە، کردنەوەی میدیا و بەکارهێنانیان لە دژی “ئەڵتەرناتیڤی جەماوەری و دیموکراتی” جگە لە خزمەتی دیکتاتۆرییەت هیچی تر نەبوون و هیچی تریش نین. دیکتاتۆری دەسەڵاتداری ئێران بۆ مانەوەی لە دەسەڵات و پێشگرتن لە رووخاندن، بە هاندان و هەڕەشەکردن و شێواندنی راستییەکان و سانسۆر لە دژی راپەڕینی گەل، هەوڵی راکێشانی خەڵکان دەدات بۆ ئەوەی دژی موقاومەتی رەسەنی خەڵکی ئێران هەڵوێست لە خۆیان نیشان بدەن. لە فێڵەکانی دیکتاتۆری دەسەڵاتدار و کرێگرتەکانی دیکتاتۆر ئەوەیە کە لەژێر ناوی “ئۆپۆزسیۆن!”، “ڕاپەڕینی گەل بێ سەرکردایەتی”، “راپەڕینکاران بە توندوتیژ” بنوێنێت و داواکارییەکانی پێشووی خەڵک لە جێی “خواست و ویستی سەرەکیی گەل” (واتا رووخاندنی دیکتاتۆرییەت) دابنێت و بەمجۆرە رێگری بکات لە رووخاندی دەسەڵات و گەیشتنی خەڵک بە دەسەڵاتێکی نیشتمانی و جەماوەری و دیموکراتی.
بە خۆشییەوە خەڵکی ئێران ئێستا وریان و بە پێچەوانەی راپەڕینی دژە پاشایەتی ساڵی ١٣٥٧ (1979)، زۆر باش دەزانن (چییان دەوێت) و بۆچی ئامادە نین گۆڕەپانی راپەڕین بەجێبهێڵن. راپەڕینی جەماوەری کاتێک بەرز دەبێتەوە بۆ ئاستی شۆڕش کە (بەدیلی رەوا و جێ متمانە و دیموکراتی)، جێی ئەم دەسەڵاتە دیکتاتۆرە بگرێتەوە. ئەگینا هەروەک راپەڕینی دژە پاشایەتیی ساڵی ١٣٥٧، کەسێکی وەک (خومەینی) قوت دەکرێتەوە کە بە دزینی دەستکەوتەکانی راپەڕینی گەل، دیکتاتۆرییەتێکی خراپتر بەسەر ئێران و خەڵکی ئێراندا بسەپێنێت.
خەڵکی ئێران خوازیاری ئازادی و دێموکراسی، وەدیهاتنی مافی شارومەندی و شارستانییەت، بەدیهێنانی مافەکانی ژنان و مافی یەکسانی ژنان و پیاوان، مافە نەتەوەییەکان، مافی ئایین و ئایینزاکان، جیابوونەوەی دین و ئایین لە دەوڵەت (سکۆلاریزم) ، فرەچەشنی (پلۆرالیزم) و پێکەوەژیانی ئاشتیانەن لە ناوەوە و دەرەوەی سنوورەکانی ئێران و هەروەها ئاشتی لەگەڵ وڵاتان و بەتایبەت وڵاتانی دراوسێ.

کۆتایی

عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی




ئێوارانە ١٢.. سەردار جاف

ئەم ئێوارە دەمودووی سەفەرێکە،
ترپەی گەڕانەوەی دێ و کاروانە رێيەکە،
خۆشخوانی بولبولی دەم سپێدەی گرتووە
چەرخەی قوتوبوندی کريستاڵی
چاوانی ئێشکگر و خەواڵووی شەوی هەژاندووە
ئەم ئێوارە لەپەکان بۆ دەخسکێ و لە بری ئاو، ئەشکی بە دووی رشت
بە تامەزرۆی قامەتێ هەناسەوە بووە پەڵە هەور و بە حەسرەتەوە هەڵیرشت
خودا تەزين و چلورەی رەوانەوە و خووڕەی بارانی خۆی راگرت
خودا بەزەیی باران و هەناوەکانی تاو داوە
هێوری بووە سێبەر و کەفوکوڵی جارانیشی راگرت
بان کارێز ژوانێکی برسی و ئۆس کولەيەکی بانخانی و کراوە
قاوە تاڵەکە بە قامکە سارد و سڕەکانييەوە سەمبايەکە و لە کافييەکا
بە بەر ديدی رێبوارانا وا خوڵقاوە
سۆراغ و کنە و گەڕانێ لە حەژمەت جانتا رەشی رەشەکە
بە زەییەکە و دەيڕێژێ
پارکە بەستەڵەکی ئاوتۆ، بووە ڤيلا و ئەسرینی دابرانی کۆن دەنێژێ
مناڵەکان لە تەک بزەی لێوا پێکڕا لە قريوەن
چۆلەکەکان لە تەک ئاوێزان تەماسن وەلێ پڕ لە جريوەن
مناڵەکان لە قاوەقاو ناکەون ژاوەژاوێکی بێوێنە
مناڵەکان تەقەی خۆشیان دێ بۆ دوو تەليسمی ئاوێنە
چاوێ پەيگيری سەر رێگاو ئەوی دی لە سەر پشتەوە
نوقم بوون لە نێو هەور و قوتووبەندی کريستاڵی تەڵختەڵخ دەنيشتەوە
لە بەر چاوی رێبوارانا دوو خەسڵەت رووت رووتبوونەوە
وشترمل رۆحێ ئەبەدی بە جانتايەکی شەرمەوە
ميوانێکی ئێسک سووک و خەج و سيامەندێ دێنێ بە ئامێزێکی گەرمەوە
لەو ديو تەلبەند
شەمەندەفەرتاوناتاوێ دەوێستێت و بە ماچەکان پێدەکەنێ
جەژنی عيشقێکی نوێ بوو
لە پێ دەشت و سارا و دؤڵ و لە بن کەنێ
بيرت نەچێ ئەزيزەکەم تۆ هەر تۆ کەسمی گشت کەسەکەم

ئەڵمانيا
٢٥ / ١ / ٢٠٢٣




خـوێنـدنەوەیـەک بۆ رۆمـانی کـچی دورگـە بچکـۆلـەکە.. رەزا شـوان

رۆمـان کە بە زمـانی ئینگـلـیزی (نـوڤـيل) ە، جـۆرێکە لە جـۆرەکانی ئەدەب، بە ئەدەبی منداڵانیشەوە. هونەرێکی ئەدەبی پەخشان درێژە، لە بنەڕەتدا پشت بە خەیاڵ دەبەستێت. رۆمـان چـنراوێـکە کـۆمـەڵـێک رەگـەزی ئـەدەبی پـێـکەوە چـنـیوە کـە پەیـوەنـدییـان بە یەکترییەوە هـەیە. بە کورتی پێناسەی رۆمـان: نووسراوێکی ئەدەبی خەیاڵییە، درێژترە لە چـیرۆک. رۆمـان چەنـدین چەشنی هـەیە، هـەریـەکە لـەم چـەشـنانەش گوزارشـت لە زەین و هـزر و لە رووانینی رۆماننووس دەکەن. یا رۆمـان بـریتیـیە لـە گـێڕانەوەیەکی چـیرۆئـامـێزی درێـژ لە میانەی چـیرۆکـبێژ (رۆمـانـبێژ) ەوە، وێنـەی ژیـانی پاڵـەوان و کەسایەتییـەکان لە چەنـدین رووداودا، لە چەنـدین کـات و شـوێنی فـراونـدا دەردەخـات. بـێگـومـان خـەیـاڵ رۆڵـێکی سـەرەکی و گـرنـگی لە داڕشـتـنی رووداوەکـانـدا هـەیە.
رۆمـان لە چەنـد رەگەزێـکی گـرنـگ پێکهـاتـووە، لەوانـەش: خەیـاڵ، بیـرۆکە، بابـەت، گـرێ، کەسایەتییەکان ـ مەرجـیش نییە کەسایەتییەکان مرۆڤـبن، دەشێت ئاژەڵ و باڵنـدە و شتی تر یا خەیـاڵی بن، کـات، شـوێن، رووداوەکان، زمـان، شـێواز، دیالـۆگ، وەسف، گـۆشەنیـگا، گـێڕانەوەی رووداوەکـان لە لایەن (رۆمانبـێژ ـ نووسـەرەوە) ەوە. لە هەر رۆمانێکیشدا کـێشەیەک یا زیاتر هەیە، پێـویستە پاڵەوان یا کەسایەتییە سەرەکـییەکەی رۆمانەکە، چـارەسەری گـونجـاوی کـێشەکـان بـکات.
ئەدەبی کوردیمان، لە نووسینی رۆمان بۆ گەورەساڵان، قۆناغـێکی باشی بڕیوە. چەندین رۆمـاننوسی بە تـوانا و ناسراومان هـەیە. چەنـدین شـاکارە رۆمـانی نایـابمـان هـەیە کە لەسەر ئاستێکی جـیهانی دان. بەڵام رۆمانی منـداڵانمان بە نرخی نەبـوونە، لە دو و سێ رۆمـان تێناپەڕێـت. دێیـنە سەر کرۆکی باسەکەمان، کە دەربارەی “رۆمـانی کچی دورگە بچـولەکە” یە بـۆ مێـردمنـداڵان. کـە سەرەتـایەکی بەهـێزە بۆ بنـاغـەدانـانی ئـەم ژانـرە ئەدەبییـە لە ئەدەبی منـداڵانی کورد دا.
رۆمـانی (کچی دورگە بچـۆلەکە) لە نووسینی شاعـیر و چـیرۆکنووسی ناسراوی بـواری ئەدەبیـاتی منـداڵان، مامـۆسـتا (ئەمـین محـەمەد) ە، چـاپی یەکـەم ـ ســلـێمانی ـ ٢٠٢٢. لە چـاپخـانەی (بینـایی) چـاپکـراوە. کە (٥٠٠) دانـەی لێ چـاپکـردووە.
رۆمـانەکە (٧٤) لاپەڕەیە. دابەشی حـەوت بەشی کـردووە. لە لایـەن وێنـەکـێش (ئاڤـار ئومێد) ەوە، وێنەی بەرگەکەی و بۆ هەر بەشێکیش وێنەیەکی رەنگاوڕەنگ یا زیاتری بـۆ کـێشاون. کـواڵـیـتی وێنـەکان مامناوەنـدیـن.
پاڵەوانی رۆمانی (كچی دورگە بچکۆلەکە) کچۆلەیەکی هەشت ساڵانە بۆ خۆشەویستی و نـزیـک لـە زمـانی منـداڵانـەوە، نـووسـەر نـاوی (لـولـو)ی لـێـناوە. کە لە دورگـەیـەکی بچکـۆلەی جـوان و قـەشەنگی بەهـەشـت ئاسایی، کە پـڕە لە گـوڵـزار و نێـرگـزەجـاڕ و گـوڵـە هـێرۆ و وەنـەوشـە و گـوڵاڵـە سـوورە، لـە بـاخـی مـیوە و سـەوزایی، لـە کێـوی سـەرکـەش و بەفـریـن، پـڕە کەروێشکی گـوێ قـوت و ئاسکەی نەخـشـین و سـمۆرە و بەرخـۆلە و گورگ، لە باڵـندەی هەڵـۆ و نەورەس و مراوی و قاز و قوڵینگ و چۆلەکە و پەنگین (بەتریق) لە خاڵخـاڵۆکە و لە پەپـوولە. دورگـەکە کـەش و ئاو و هـەوایـەکی سازگـاری هـەیە، دەکەوێتـە نێـو دەریـایەکەوە، دەریـاکەش پـڕە لە مـاسی نـاوازە و لە کیسەڵ و قـرژانگ و دۆڵـفـین و هەشـتپێ و تیمساح و مایـنی دەریایی و لە ئەسـتێرەی دەریـای و.. هـتد. لـولـو ژیانی دورگەکەی زۆر پـێخـۆشـە و بە زێـدی خـۆی دەزانێت. هـەمـوو ئـاژەڵ و بـاڵنـدەکـانیشی خـۆشـدەوێـت و کردوونی بە هـاوڕێی خـۆی . لـولـو زیـرەک و ئـازا و چـاونەتـرسە و هیـواخـواز و گـەشـبینە و بـڕوای بە ئەسـتەم نییـە. هـاوڕێ دۆستە و خـۆێ بە هـاوڕێی هـەموو ئـاژەڵ و باڵنـدەکان دەزانێـت، بە دێـژیی رۆمانەکە كچۆلەیەکی چاکەخـواز و یارمـەتیـدەر و فـریاڕەسە. کچـۆلەیـەکی کـراوە و سۆسیالە و پەیـوەندیی هاوڕێتی لەگەڵ گیانەوەرانی ناو دەریـا و باڵـندە و ئاژەڵەکانی دورگـەکەدا هـەیـە. هـەمـوو ئەوانـەی لەنـاو دەریـا و دورگـەکەدا بە زمـانی کوردی لەگـەڵ لـولـودا دەدوێـن.
بێجـگە لە لـولـوی پاڵـەوانی رۆمـانەکە، چـەنـد کەسـایەتـییەکی تـریـش رۆڵـیـان لە رۆمـانەکەدا هـەیە، وەکـو: داپـیرە کیسەڵ، دایـکە هـەڵـۆ، ماسـیـیە ئـاڵتـوونیـیەکە، بـووکی دەریـا، هـەشـتـپێ شـین (ئەختـەبـووت).
کچی دورگە بچکـۆلەکە، رۆمانێکی خەیـاڵی فانتـازییە، ئەم جـۆرە رۆمـانە بڵاوتـرین جـۆری رۆمـانە. رۆمـاننـووس بێـجگە لە جـیهـانی سـەر زەوی، چـۆتە جـیهـانی نـاو ژێـر دەریـاوە، بەشێکی زۆری رووداوەکـان و کەسایەتییەکـان، لەسەر دەریـا و ژێـر دەریـادان. بەشێکـیشیان لەسەر دورگە بچکـۆلـەکـە دان.
رۆمانی کچی دورگە بچکۆلەکە، گەلێ رەهـەنـدی لەخۆگـرتـووە: پەروەردەیی، زانیاری، کـۆمەڵایـەتی، سیاسی، رەوشـتی، دەروونی، مـرۆڤـایەتی، ئاژەڵـدۆستی، ژینگەپـارێـزی، نیشتمانی. بە گەلی بەهای بەرز و جوانیش رازاندوویەتـەوە، وەک: هاوڕێتی، دڵسۆزی، خۆشەویستی، چاکەخـوازی، راستگـۆیی، هـاوکـاری، دلـۆڤـانی، تێکـۆشـان، کـۆڵـنەدان، ئـازایەتی، بـڕوا و مـتـمانە بەخـۆبـوون، گـەشـبیـنی، هـیـواخـوازی، ئیـرادەی بەهـێـز و نەبـوونی ئەسـتەم، پەشـیـمانی لـە بـەدکـاری و دڵـڕەقی، گەلێ خـەسڵەت و بەهـای تـر.
لولوی پاڵەوانی چـیرۆکەکە، کچولەیەکی ئەفسوناویییە، دەتـوانێت لەسەر شەپـۆلەکانی دەریـادا مەلـە و سەمـا بکات و بچـێتە قـووڵایی ژێـر دەریا و سـواری پشـتی مـاسی و مـایـنی دەریـایی بێـت و لە ئـاهـەنـگی جـەژنی (٢٠٨) سـاڵـەی لەدایکبـوونی داپـیـرە کـیسەڵـدا بەشـداربێـت. ببێـت بە هـاوڕێیەکی دڵسـۆز و خـۆشـەویستی بـووکی دەریـا.
لولو دەستی بەسەر گەوهەرە ئەفـسووناوییەکەی داپیرە کیسەڵـدا هـێنا، ئەو پەرجۆ و تـوانا ئەفـسووناوییەی پێبەخـشی، کە لە کاتی پێویست و تەنگانە و فـریاڕەسیدا، ئەم رستەیەیە بڵێت (گەوهەرە ئەفـسوناوییەکە بۆ یەک چـرکە جـوڵەی ئاسمان و زەوی و دەریـاکان رابگـرە) هەموو گەردوون رووناک دەبێتـەوە و داوا و مـرازیـش دێتـەدی.
پەنـابردنە بەر ئەفـسوون (جادوو) کارێکی تازە و داهـێنان نییە. لە زۆربەی چـیرۆکە میللیەکان و فـۆلکلۆرییەکان و ئەفـسانەییەکاندا، ئەفـسوون رەگەزێکی گرنگ بووە بۆ ئەنجامدانی کاری لە توانابەدەر. وەکو هـۆیەکیش بۆ چارەسەری کێشەکان و گەیشتنی پاڵەوانەکـانی چـیرۆکەکـان بە ئامانجـەکـانیـان. گـەڵی چـیرۆکی فـۆلکلۆری کـوردیـمـان هـەیە، کە چـیرۆکی ئەفـسانەیـین و خەیـاڵ و ئەفـسوون رەگـەزێ سـەرەکـین تێـیانـدا.
مامۆستا ئەمـین محـەمەد، تەنیـا رۆمـاننووسی منـداڵان نییە، کە بۆ گەیانـدنی پەیـام و مەبەستەکانی لە رۆمـانی کـچی دورگـە بچکـۆلـەکە پەنـای بـۆ ئەفـسوون بـردووبێـت. گـەلێ لـە کـەڵـە رۆمـاننـووسـانی ناسـراوی جـیهـانی، کـۆن و تـازەکـان، لـە شـاکـارە رۆمانەکـانیانـدا بۆ منـداڵان و مێردمنـداڵان، بـۆ گەیانـدنی پەیـامەکـانیان، پەنایـان بـۆ ئەفـسوون بـردووە. بـۆ نمـوونە:
(شـارل پیـرۆ) ی فـەرەنسی. لە رۆمـانی (سـانـدرێـلا ـ ١٦٩٧).
(دانیـال دیـڤـۆ) ی ئینگـلیزی. لە رۆمـانی (رۆبـنسـۆن کـروزۆ ـ ١٧١٩).
(لـویس کارۆل) ی ئینگـلیزی. لە رۆمانی (ئەلـیس لە وڵاتی عـاجبـاتییەکانـداـ ١٨٦٥).
(ئەستریـد لیندگـرین) ی سویـدی. لە رۆمـانی (پـیـپی گـۆرەویـدرێـژ ـ ١٩٤٥).
(جـوان رۆلینگ) ی ئینگـلیزی. لە زنجیرە رۆمانی (هـاری پـۆتـەر :١٩٩٥ ـ٢٠٠٧ ).
ئەمانە و چەندین رۆماننووسی رۆمان بۆ منداڵان، ئەفـسوون رەگەزێکی سەرەکییە لە رۆمانەکانیاندا. منداڵانی خۆێنەر چـێژ و خۆشییەکی زۆر لە خوێنـدنەوەی رۆمانەکانیان وەردەگرن. زۆربەشیان کراون بـە فـیلمی کارتـۆنی ئەنیمەیـشن و بە فـیلمی سینەمایی. بە ملیـۆنـان دۆلار دەستکەوتیـان بـوون.
لە رۆمانی کچی دورگە بچکـۆلـەکەدا، (بـووکی دەریـا). لە پێشا کچـۆلەیەکی دڵـرەق و بێبەزەیی و بەدکار بووە. ئازاری زۆری باڵندە و کەروێشکەکانی داوە و ئاوی کـردۆتە ناو شارە مێروولەکان. لە ئەنجامی ئەم بەدکارییانەی، مێروولەکان تۆڵـەی لێدەکەنەوە، جـادووی لێـدەکەن و دەبـێـت بـە بـووکی دەریـا. هـەشـتـپـێی شـینی دەریـا. کـە دانـا و پێشبینیکەرە، پـێی وتـن بـەو مەرجە دەگەڕێیتەوە بۆ کچۆلە ئاساییەکە، کە باوەش بە پەلـکـە زێـرینـەدا بـکەیـت و بـڵێیـت: ” هـەمـوو گـەردوونـم خـۆشـدەوێـت”. لـولـوی هـاوڕێی یارمەتی دا، داوای لە گەوهـەرە ئەفـسوونـاوییەکە کـرد و وتی:” گەوهـەرە ئەفـسونـاوییەکە بـۆ یـەک چـرکە جـوڵـەی ئاسمان و زەوی و دەریـاکان رابگـرە” لەم ساتـەدا بـووکی دەریـا، باوەشی بە پەلـکەزێـرینـەدا کـرد و وتی:” هـەمـوو گەردونـم خۆشدەوێت” یەکسەر گەڕایەوە بۆ باری ئاسایی و بووەوە. بە کچۆلە جـوانکـیلەکەی جـاران و وتـی بە (لـی لـی) نـاوم بـەرن. بوو بە کچێکی دلـۆڤـان و هـەمـوو ئـاژەڵ و باڵـندە و زینـدەوەرەکانی خۆشدەویـسـت و رقی لە هـیچیـان نەبـوو و ئـازاری نـادان.

رووماننووس لێرەدا ئەو پەیامە پەروەردەیی و رەوشتییە بە منـداڵان دەگەیەنێـت. کە خـراپە و ئازاردانی ئاژەڵان و باڵندەکان بەدکارییە، ئەنجـامێکی خراپیـان لێدەکەوێتەوە، بۆ راستکـردنەوەی هەڵـەکان و پەشیمانی بوونیش، هـەوڵ و قـوربـانـیـدانی دەوێـت.

ئەگەر بەراوردێک لە نێـوان رۆمـانی (گەشـتەکانی نیـلـز) لە نووسـینی رۆمـاننووسی سویدی (سەلما لاگیرلۆف) لەگـەڵ رۆمانی کچی دورگە بچکـۆلەکەدا بکەین، لە نێوان بووکی دەریا و نیلزی چەتوون کە ئازاری قازەکان و ئاژەڵانی دەدا، کورتەباڵیەکی بەند کرد، لە ئەنجـامی ئەم بەدکارییەی کورتە باڵاکە کە رزگاری بوو، تۆڵەی لێکـردەوە و ئەفـسوونی لێکـرد، نیـلـز بـوو بە بسـتە باڵایـەک، لە کـۆتـاییـدا پەشـیمان دەبـێتەوە و ئەفـسوون لێکـردنەکەی بە تـاڵ دەبـێـتـەوە، دەبـێتـەوە بە نیـلـزی ئاسـایی، بـەڵام بـە منـداڵـێکئ میهـرەبـان. دڵـڕەقـی و بەدکـاری و جـادوولـێکـردن و پەشــیمـانی، خـاڵی هـاوبەشن لە نێوان ئەم دوو رۆمانەدا. گەلێ رۆمانی جـیهانی لەم جۆرانە بۆ منداڵان هەن. کە بۆ سزادان و پەشیمانی پەنایان بۆ ئەفـسوون بردوون. نە ئەو نووسەرانە و نە مامۆستا ئەمین محەمەدیش، چاویان لە یەکتری نەکـردوون. بەڵکو زادەی خەیاڵ و بیرکـرنەوەی خۆیـانن. ئەگەر سوودیشیان لە چـیرۆکە ئەفـسانەیی و فـۆلکلۆرییەکانی گەڵەکانیان وەرگرتووبێت، کارێکی ئاساییە. زۆر لە کەڵە نووسەرانی جیهان سوودیان لە چـیرۆکە ئەفـسانەییەکانی وڵاتـەکانیـان و وڵاتانی تر وەرگرتـوون. بۆ نموونە: کەڵە نووسەری ناسراوی بواری ئەدەبی منداڵان (هانـز کریستیان ئەندەرسین) ی دانیمارکی، کە بە بـاوکی ئـەدەبی منـداڵان لـە جـیهـانـدا نـاودەبـرێـت. لە نـووسـیـنی چـیرۆک و رۆمـانەکانیـدا بۆ منـداڵان، سـوودێـکی زۆری لە ئەفـسانەکانی وڵاتـەکەی وەرگـرتـووە. مەبەسـتم ئەوەش نییە کە ئەفـسانەی کوردیـمان رەنگدانەوەی لە رۆمانی کچی دورگە بچکۆلەکەدا هـەبێت. مامۆستا ئەمین محەمەد باکگـراونـد و ئەزموون و شارەزاییەکی زۆری لە نـووسینی ئەدەبیـاتی منـداڵانی کـورد هـەیە. رۆمـانەکەشی زادەی خـەیـاڵ و بیـری خـۆیـەتی و چـاوی لە هـیچ نـووسەرێکی تر نەکـردووە. لە ژیـانی راستی و لە کێشەکانی گـەلی کـوردمـانەوە ئیلهـامی بـۆ هـاتـووە.
لە رووی داڕشتن و زمان و خستنە رووی کێشەکان، مامۆستا ئەمین زۆر بە جوانی و بە زنجیرەیی کێشەکانی باسکـردووە و چارەسەری کردوون، بە زمانێکی کوردی پەتی و سـووک و ئاسـان و رەوان، بێ گـرێ و گـۆڵ، بـە شـێـوە و شـێوازێـکی هـونـەری و فانتازی، رۆمانەکەی داڕشـتووە. وشـە و رسـتەکـانی لە فـەرهـەنـگی زمـانی منـداڵانی کوردەوە وەرگرتوون. ئەو مەرجەی بەدی هـێناوە کە چـیرۆکنووسان و رۆماننوسان و هەموو نووسەرانی کورد لە بوارەکانی ئەدەب، پێویستە شارەزای زمـان و رێـزمانی کـوردی بـن. ئـەو مەرجـەشی تێـدایە کە رۆمـان نابێـت لە (٧٠) لاپـەڕە کەمـتر بێـت.
مـن پێموایە مامۆستا ئەمین، لە نووسینی ئەم رۆمـانەیـدا، وەک یەکەم ئەزمـوونی، لە هەموو روویەکەوە سەرکەوتووە و توانیوێتی هەموو مەرج و رەگـەزە پێویستییەکانی رۆمان، لە رۆمانی (کچی دورگە بچکۆلەکە) دا بەرجەستە بـکات. وەک رۆماننوسێکی نووسەری رۆمـان بۆ منـداڵانی کورد بناسـرێـت. دڵنیام کە بیریش لە نووسینی رۆمانی دووەمی بۆ منـداڵان دەکـاتەوە. وەکو بەڕێزیشیان لە بارەی نەبوونی رۆمانی کوردی بۆ منـداڵان و مێردمنداڵانی کوردمان، دەڵێت:” کەلێنێکی گەورەیە بە کەس و دوو کەس پڕ نابێتـەوە”. تـا ئەمـڕۆش منـداڵانی کـوردمـان ئاشـنای خـوێنـدنەوەی رۆمـان نەبـوونـە، هۆیەکەشی بۆ نەبوونی رۆمـانی کوردی تایبـەت بۆ منداڵان و مێردمنداڵان دەگەڕێتەوە.
جـوانترین پیـرۆزبایی و دەستخـۆشی لە مامۆستا ئەمـین محەمـەد دەکـەم بـۆ نووسینی رۆمـانی (کچـی دورگە بچکـۆلەکە) کە شاکارێـکی ئەدەبی نـاوازە و نوێیـە بۆ منـداڵان.
چاوەڕوانی ئەوەم دەکرد، کە وەزارەتی رۆشنبیریی هەرێمی کوردستان، یان پارێزگاری سـلێمانی، بە فـەرمی دەستخۆشیان لە مامۆسـتا ئەمین محـەمەد بکـردایە و خەڵاتێکی شایستە و رێـزلێنان و پێزانینیان، بۆ ئەم دەستپێشخەرییەی لە بـواری ئەدەبی منـداڵان پێشکەش بکـردایە، بەداخـەوە. کە بانـگی گـۆرانـیبـێژێـکی تـورک یا لـوبنـانی دەکـەن چەنـدیـن رۆژ ریـکلامی بۆ دەکـەن و چەنـد دەفـتەر دۆلار دەخـەنە جـانتـاکەیـەوە و لە خۆشترین هـوتیلـدا جـێی بـۆ دەگـرن و خـوانی تایبەتی بۆ دەڕازێننـەوە. بەڵام هـیچیان تیا بەسەر نییـە. تەنـانەت گـەر بە نـووسـینێکـیـش بێـت، سوپـاس و دەسـتخـۆشی لە نووسەرێکی داهـێنەر و لە هـونەرمەنـدێکی کوردمان بکەن. کە لە پـارەی خەرجـیی مـاڵ و منـداڵەکـانیان دەگـرنەوە، تا کـتێبـێکی پێ چـاپ بـکەن. دەشزانـم کە مامۆسـتا ئەمـین محـەمـەد، نـووسـەرێـکی نەفـس بـەرزە و چـاوی لـە پـارە و خـەڵات نـییـە.

رەزا شـوان




پیتێک لە دەروازەی چەند ڕێگەیەکی وانە وتنەوەدا… عەلی حەمەڕەشید

وانە وتنەوە هونەرە و پێویستی بە خۆ ئامادەکردن و پلان هەیە،هەروەها گۆڕینی ڕێگەی وانە وتنەوەش گرنگی خۆی هەیە و پێویستە مامۆستا بزانێت کام ڕێگە بۆ بابەت و ئەو منداڵانەی کە وانەیان پێدەڵێت زیاتر گونجاوە ئەوەیان بەکار بهێنێت.دەبێت ئەوەش بزانین کە وانە وتنەوە لە باخچەی منداڵان و قوتابخانەدا جیاوازییەکی زۆریان هەیە،لەباخچەدا زیاتر ڕاهێنانی منداڵە و یاری پشکی هەرە زۆری دەبێت لە وانەکەدا،چونکە منداڵ بەتایبەتی لە باخچەی منداڵاندا پێویستی بەیاریکردن زیاترە و بە یاری و جوڵەی پەروەردەیی حەزی زیاتری بۆ وانە و باخچەکە زیاد دەکات و ئەو وزە زیادەش کە هەیەتی خاڵی دەبێتەوە.(ژان بیاژێ) دەڵێت: ( منداڵ فێر مەکە، هەلی بۆ بڕەخسێنە) چونکە هەل ڕەخساندن بەشێکە لە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن،لەوێوە هەنگاوەکانی فێرکردنی منداڵ دەستپێدەکات،وەک پرۆسەیەکی درێژخایەنی بەردەوام،بۆیە تا هەل بۆ منداڵەکە نەڕەخسێنرێت ناتوانرێت پرۆسەی پەروەردە و فێرکردنیش دەستپێبکەین….باخچەی منداڵان (پلەیەکە بۆ ئامادەکردن و گەشە پێدانی منداڵ کە لەوێوە بەرەو پلەی فێربوون یەکەم هەنگاوی سەرکەوتن دەنێت) هەروەها بەهرەو تواناکانی منداڵ بەهۆی ئەو چالاکییانەی کە لە باخچەدا بەشێوەی یاری ئەنجام دەدرێت گەشە دەکات و دەردەکەوێت.کەواتە باخچەی منداڵان هەرچەندە پرۆگرامی تایبەت بەخۆی هەیە بەڵام پێویستە ئەوەش بزانین کە نابێت وەک قوتابخانە هەڵسوکەوت لەگەڵ منداڵاندا بکرێت و وانەکانیش گونجاو نییە وەک ئەو وانانە بێت کە مامۆستا لە قوتابخانە بە قوتابیانی دەڵێت.کەسەردانی باخچەکان دەکەیت بۆ بینینی هەر وانەیەک ئەو ڕاستییەمان زیاتر بۆ ڕوندەبێتەوە کاتێک کە ئەو مامۆستایەی لە باخچە وانە دەڵێتەوە شارەزایی تەواوی لە شێوازی وانە وتنەوە لە باخچەدا هەبێت ،خۆ ئەگەر دەرچووی کۆلێژی پەروەردە و بەشی باخچەی منداڵان بێت و حەزی زۆری بۆ ئەو کارەی هەبێت ئەوە بەدڵنیاییەوە سەرکەوتووە و بەو شێوەیە وانە دەڵێتەوە و هەڵسوکەوت لەگەڵ منداڵاندا دەکات کە باخچەی منداڵان دەیخوازێت.(پیتێک لە دەروازەی چەند ڕێگەیەکی وانە وتنەوەوە) ناونیشانی ئەو چالاکییە یاری ئامێز و سەرنجڕاکێشە بوو کە مامۆستایان لە (باخچەی منداڵانی دەروازە) ی حکومی بە سەرپەرشتی لیژنەکانی باخچە ناحکومییەکان و بە هاوکاری هاوڕێی ڕەخنەگر و کارگێڕی باخچەکە پێشکەش بە مامۆستایانی بابەتی شارەزایی و چالاکییەکانی سەرجەم باخچە ناحکومییەکانی سنوری بەڕێوەبەرێتی گشتی پەروەردەی سلێمانی کرا،پیتی(پ) بە سێ ڕێگەی جیاواز لە سێ وانەی جیاواز و لە سێ ژووری جیاواز و لەلایەن مامۆستای جیاواز پێشکەش کرا،یەکەمیان بەڕێگەی چیرۆک کە دوو مامۆستا دەیان وتەوە، هەموو ئەو پێداویستییانەیان ئامادەکرد بوو کە لە گێڕانەوەی چیرۆکەکەدا ناویان دەهات و بە شێوەیەکی جوان و نەرمونیان و بەجوڵەی پێویستەوە مامۆستا چیرۆکەکەی دەگێڕایەوە( پەردە و ملپێچ و پانکە و پرتەقاڵ و پەنیر و پشیلە و پاشا و پەری و پەیڕەو و ئەسپ و باپیرە و داپیرە…….هتد) ئەم وشانە بەکار هاتبوون و وێنەکانیشیان ئامادەکرابوون و مامۆستا لەگەڵ ناوهێنانی هەر یەکێکیاندا وێنەکەی بەرز دەکردەوە.پرسیار و چالاکی بۆ جوڵەی منداڵیش ئەنجام دەدرا و کە سەرنجت دەدا منداڵان بەپەرۆشەوە تامەزرۆی وانەکە بوون و ئاوێزانی ڕوداوەکانی نێو چیرۆکەکەی مامۆستا بووبوون و لەگەڵ کەسایەتییەکانی ناویدا دەهاتن و دەچوون و هەڵسوکەوتیان دەکرد کەئەمەش سەرکەوتنی مامۆستا لە وانەکەیدا دەسەلمێنێت. مامۆستا لەکاتی گێڕانەوەی چیرۆکەکەیدا هەموو وێنەی ئەو کەسایەتی و شتانەی کە ناویان لە چیرۆکەکەدا هاتبوو بەو چەترەدا هەڵواسیبوو کە بەدەستییەوە بوو لەکاتی گێڕانەوەیدا دەستی لێدەدان و نیشان منداڵانی دەدا،لەکۆتاییشادا مامۆستا کۆمەڵێک پرسیاری دەربارەی چیرۆکەکە ئاراستەی منداڵان کرد کە منداڵان بەخۆشییەوە وەڵامیان دەدایەوە و وەک هەڵسەنگاندنێکیش بۆ بابەتەکەی وابوو.
لە وانەیەکی تر و بەڕێگەی شانۆ دوو مامۆستای تر بەهەمان شێوە پێشتر ئامادەکاری تەواویان بۆ وانەکە کردبوو،بێجگە لە دانانی ئەو پێداویستییانەی کە وانەکە دەیخواست، یەکێک لە مامۆستاکان وەک داپیرە و بە جل و بەرگی تایبەتی کوردییەوە و وەک داپیرەیەکی سەلار و خان و مان بەخۆی و دارێکەوە کە کردبووی بەهێزی ئەژنۆی بۆ ڕۆیشتن دەردەکەوت.دوای ئامادەکردنی منداڵەکان بۆ وانەکە و پێشەکییەکی کەم دەرگاکەیان لە داپیرە کردەوە و هاتە ژوورەوە کە بەشێوەیەکی زۆر جوان و سەرنجڕاکێش دەردەکەوت و قسەکانیشی هەر لەسەرەتاوە بەو وشانە دەستپێکرد کە پیتی(پ) ی تێدابوو( پاس، پەردە،پشت،پەنجەرە ،پەڵە هەور، ملپێچ، پرتەقاڵ،پەنیر، پشیلە و چەند وشەیەکی تر کە منداڵان بەپەرۆشەوە گوێیان لێگرتبوو و تەماشایان دەکرد.دواتر دانیشت و مامۆستاکەی تر بابەتەکەی تەواوکرد لێرەشدا بەهەمان شێوە وێنەی ئەو شتانەی کە داپیرە باسی کردن و پیتی(پ) ی تێدا بوو ئامادەیان کردبوو ..دواتر پرسیاریان لە منداڵەکان کرد و چالاکییشیان ناوە ناوە پێدەکردن تا بێزار نەبن و بەباشی گوێیان لێبگرن. لەناو سینییەکدا کە نیسکی سوری تێدابوو داوایان لە منداڵان دەکرد کە وێنەی پیتی(پ) دروست بکەن بەو شتە ورد و ڕەنگاوڕەنگانەی کە بۆ ئەو مەبەستە ئامادەیان کردبوو، کە ئەمەش هەر یاری بوو،پاشان داوایان لێکردن کە بچنە سەر ئەو مێزانەی کە بۆیان ئامادەکردبوون و بەپێی ژمارەی منداڵەکانیش پێداویستییان دانابوون بەشێوەی گروپ تا بە کاغەز وێنەی ئەو پیتزایە دروست بکەن کەخۆیان حەزیان لێیەتی،لەسەر کاغەزێکی بازنەیی و وێنەی ئەو شتانەش دانرابوو کە بۆ دروستکردنی پیتزا پێویستن،وەک(پەنیر،زەیتون،گۆشت،قارچک،تەماتە و شتی تر)وانەکە هەر بەشێوەی یاری بەڕێوە چوو کە منداڵ حەزی پێدەکرد و هەریەکەشیان بووبوون بە بەشێک لەوانەکە کە ئەمەش هێمای سەرکەوتنی مامۆستا دەردەخات.هەروەها مامۆستایان خۆیان پیتزاشیان بۆ هێنابوون کە منداڵەکان بیخۆن..
لە وانەیەکی تردا بەڕێگەیەکی سەردەمی و جیاواز بەهۆی ئامێری (داتاشۆ)وە بۆ هەمان پیت(پ)، دوو مامۆستا گشت پێداویستییەکانی وانەکەیان ئامادەکردبوو کە بۆ وانەکە پێویست بوو ،سەرەتا یەکێک لەمامۆستاکان و ناساندنی خۆیان قسەی کرد و بە یارییەکی وەرزشی دەستی پێکرد و کە ئەمەش زیاتر وای لەمنداڵەکان دەکرد کە حەزیان زیاتر لەوانەکە بێت و ئەو وزە زیادەش کەتێیاندایە بەشێوەیەکی دروست و پەروەردەیی خاڵی ببێتەوە.ئیتر لەڕێگەی داتاشۆوە کۆمەڵێک وێنەیان نیشان منداڵان دا کە وشەکانیان پیتی(پ)یان تێدابوو لەهەمان کاتیشدا شتەکان نزیک بوون لە منداڵ و بەشێکیشیان لە ژینگەی باخچە و ژوورەکەدا هەبوون (پانکە،گڵۆپ، ملپێچ،پەردە……) هەندێک شتی تریش وەک (پشیلە،پڵنگ،پیتزا، پرتەقاڵ،پەنیر،…..) کە وێنەکانیشان بەتێکەڵی لەسەر مێزێک دانرابوون دوای نیشان دانیان بەداتاشۆ داوایان لە منداڵەکان دەکرد کە چییان بینیوە بێن وێنەکەی لێرەدا بدۆزنەوە کەوەک یارییەکی خۆشیش وابوو،هەم تەرکیزیشیان زیاتر بەهێز دەبوو،ئەوەی جێگەی سەرنج بوو کە جوانی زیاتری دەدا بە وانەکە ،مامۆستایان سەرەتا خۆیان منداڵێکیان هەستان بۆ دۆزینەوەی وێنەی یەکێک لەو شتانەی کە بینیویەتی دواتر بە منداڵەکەیان دەوت خۆت یەکێک بانگ بکە با ئەو شتێکی تر بدۆزێتەوە ،بەهەمان شێوە منداڵەکەی تریش هەمان ڕێگەی بەکار دەهێنا،چالاکی و هاندان لەوانەکەدا هەبوو تا منداڵان هەست بەبێزاری نەکەن و چێژی زیاتر لەوانە یاری ئامێزەکەیان وەربگرن . مامۆستایان بەپێی ژمارەی منداڵەکان قاپی ڕەنگ پرتەقاڵییان ئامادەکردبوو لە ناویدا بەشێوەی کون کون پیتی(پ) یان نووسیبوو،کۆمەڵێک شتی جیاواز و ڕەنگاوڕەنگیان ئامادەکردبوو،وەک قەسەبی بڕراو،کاغەزی ڕەنگاو ڕەنگ،گوڵی بچوک بچوک و شتی تر ،هەر منداڵە و قاپێکیان دانێ بۆ ئەوەی بەئارەزووی خۆیان حەز بەچ دەکەن لەوە پیتی (پ) لەناو قاپەکەدا پڕ بکەنەوە کە ئەمەش هەر وەک یاری وابوو.هەروەها سینییەکی بچوک پاقلاوەشیان هێنا و بە منداڵەکانیان وت کێ دەزانێت ئەم شیرینییە ناوی چییە و بە پیتی (پ) دەست پێبدەکات، هەندێک شتیان وت و یەکێک لە منداڵەکان وتی پاقلاوە، کە مامۆستا خۆی دروستی کردبوو.کە دواتر دابەشی دەکرد بەسەریاندا.
ئەوەی پێشکەش کرا بووە مایەی سەرنجی مامۆستایانی ئامادە بوو،سودی زۆریان لێوەرگرت ،لەڕاستیدا ئەنجامدانی ئەم جۆرە چالاکییانە پەرەی زیاتر بە پرۆسەی پەروەردە و دواتر فێرکردن دەدات و ئەوشمان بەڕوونی پێدەڵێت کە وانە وتنەوە لەباخچەدا هەر زۆر جیاوزترە لە وانە وتنەوە لە قوتابخانەدا و یاری و چالاکی زۆرتر پێویستە لەناو وانەکاندا ئەنجام بدرێت و ڕێگەی جیاوازیش بەکار بهێنرێت لە وتنەوەی وانەکاندا و لەهەمان کاتیشدا مامۆستا دەتوانێت سەلیقە و توانا و لێهاتوویی خۆیشی تێکەڵ چالاکی و هەنگاوەکانی وانەکە بکات تا تایبەتمەندی خۆیشی پێوە دیاربێت و سەرکەوتنی خۆی مسۆگەر بکات..مامۆستا و پەروەردەکار عەزیز ئالانی لەبابەتێکدا دەربارەی سودەکانی یاریکردنی منداڵ ڕوودەکاتە مامۆستایانی باخچەی منداڵان و قوتابخانە بنەڕەتییەکانیش و دەڵێت: (پێویستە یاری بەشە سەرەکییەکەی مانەوەی منداڵ بێت لە باخچە و قوتابخانە،تەنانەت دەبێت فێرکردنی پیت و ژمارەکانیش بۆ منداڵانی باخچەی منداڵان هەر لەڕێی یاری و شانۆگەری و ئەنیمەیشن و وەرزش و گۆرانی و وێنەکێشانەوە بێت،نەک وانە وتنەوەی پۆل و شێوازی کلاسیکی).چونکە لەڕێی یارییەوە منداڵ کۆمەڵێک سود وەردەگرێت ،وەک مامۆستا عەزیز ئالانی لە هەمان نوسیندا دەستنیشانی کردوون، گرنگترینیان(چێژ وەرگرتن و دڵخۆشی وبەهێزکردنی توانای هزری و بەکارهێنانی هەست و توانا شاراوەکان وفێربوونی هونەری نواندن و بەهێزکردنی جەستەو توانای جەستەیی و توانای مێشک و بیرکاری و کرانەوەی کۆمەڵایەتی وبەهێزکردنی توانای داهێنان و توانای چارەسەرکردنی کێشەکان…….)
لەکۆتاییدا دەستخۆشیمان بۆ هاوڕێی ڕەخنەگر و کارگێڕی و مامۆستایان و فەرمانبەرانی باخچەی منداڵانی دەروازەی حکومی بەتایبەتی ئەو مامۆستایانەی کە وانەکانیان پێشکەش کرد.هیوادارین کە مامۆستایانی ئامادەبووی باخچە ناحکومییەکانیش سودیان لەم چالاکییە وەرگرتبێت و بتوانن بەشێوەیەکی باش لە باخچەکانی خۆیاندا پەیڕەوی بکەن و بەکاری بهێنن. ئێمەش هەوڵدەدەین کە دەروازەی چالاکی لەم شێوەیە زیاتر بۆ هەمووان بکەینەوە و وەک خەمخۆر و دڵسۆزی بواری پەروەردە و فێرکردن خزمەتی خۆمان بکەین بە سەرجەم مامۆستایانی ئازیز.منیش وەک سەرپەرشتیار و شاعیرێک لەکاتی بینینی وانەکاندا ئەم چەند دێڕەم نوسی و لەکۆتاییدا لەگەڵ چەند ڕێنماییەک بۆ مامۆستایانم خوێندەوە:
ئەمـــڕۆ پیتێکی تـــازە….لە نێو باخچەی دەروازە
بە چیرۆک و بـــە شـــانۆ…جـــــارێکیش بەداتاشۆ
بوو بە هـــاوڕێی منداڵان…یەک یەک ئەوانی دەدوان
بەچــالاکی و هـــاندانی…یاری و جوڵە و گــــۆرانی
مامۆستاکـــان بەجوانی…زۆر بەنــــەرم و نیــــانی
ژوور بوو بە شاری یاری…هـەر خــــۆشی لێدەباری

١٣/١/٢٠٢٣

عەلی حەمەڕەشید
سەرپەرشتیاری پەروەردەیی

تێبینی:
بۆ ئەم نووسینە سودم لەمانە وەرگرتووە:
• نووسێنێکی مامۆستا عەزیز ئالانی کە لە فەیسبوکەکەی خۆیدا بڵاوی کردۆتەوە.
• گۆڤاری پەروەردە و زانست…ژمارە(٣)ساڵی (٢) بەهاری ١٩٧٢.
• پەروەردەی هونەر..بۆ باخچەی منداڵان…ڕێبەری مامۆستا…ئامادەکردنی مامۆستا خەلیل عەلی عەبدوڵا..




وێژەیی… دڵشاد تاقانە

خەیاڵ و واقیعی شیعری..
دوو چمکی سەرەکی ناو بەرهەمی شیعریە، ئایا کۆی بیرۆکەکە ئەندێشەییە واتا هەڵبەستراوە لەڕاستیدا بوونی نیە تەنها لەوە یەکدەگرنەوە لێکچواندنە یان ڕووداوێکی ڕاستەقینە و لەقاڵبی شیعردرایتەوە. زۆربەی کاتان شاعیر خەیاڵیە و کەمتر واقیعیە، بەوە جوانترین وێنای شیعری لەمەزەندەی خوێنەر دروست دەکا چونکە مەودای ئەندێشە و بیری فراوانە چت بووێ دەتوانی بەرهەمی بینی ئەوجا بڕوای پێدەکرێ یان نا ئاساییە و هەموو دەڵێن: هەرشیعرە. بەڵام واقیع سنوردارە هۆنیار ناتوانی تەراتێن لەناو باگڕاوەندی وشەکانی بکات.

هۆنراوە..
خۆی بەداوەوەکردنی وشەکانە لەڕایەڵەی ڕسته و هۆنینەوەیان، پڕ لەبیر و ئەندێشەی ساکاری بەرچاوی نەدیتراو بەڵام بینینی خوێنەر و درک پێکردنی لێرەدا دەبتە پەیامەکی گەیشتووی هۆنیارەکە.

تێگەیشتنی خوێنەر پەیامی هۆنەرە..
جوانبینی خوێنەر واتا خۆدۆزینەوە لەکۆی شیعرەکە یا کۆپلە و دێڕەکیش نرخاندنی توانای نوسینی شیعری هۆنیارەکەیە.

هەست و نەست..
دەکرێ شاعیرەک هەستی خۆی بنوستەوە سەرتاپای شیعرەکەی هاوبەندی ژیانی خۆی بی واتا باسی خۆی بکات بەڵام ئەگەر باسی خۆی نەکرد و هەستی خۆی نەبوو خوێنەر خۆی تێدا دۆزیەوە ئەوا دەبێتە نەست.

هۆنیار خۆی دەنوسێتەوە؟
مەرج نیە، هەندەک دەرێن: هەرچی دەینوسی هەستی بیر و سۆزی خۆیتی. هەندەکیش دەرێن: شاعیر لەتوانا و بەردەوامیدا لەباری دەروونی شیعری دەژی وەک پیشەوەر هەموو بیرۆکەیەک دەنوسێتەوە کەهەرگیز باری تایبەتی خۆی نیە.

جۆرەکانی شیعر..
واتا بیرۆکەی کام بوارە لەدڵداری، نیشتمانی، سیاسی، فەلسەفی…..تد. هەرکامیانبی خوێنەری خۆی هەیە و دەیخونتەوە بەڵام شیعری گۆرانی تایبەتمەندیەکە پێویستی بەهەست و توانستی هونەریە.

شیعر پیشەیە؟
مادام بیرۆکە و داهێنانی تێدایە جگە لەتوانامەندی وێژەیی و ڕەوانبێژی لەسەر خەرمانەی زەوەندی وشە پیشەوەریە وەکو هەموو پیشەکان ئەگەر پارەشی پێ پەیدا نەکرێ.

                              دڵشاد تاقانە



هەورێکی پەرت.. عارف کوردە

گوێم..
بەمیوزیکی دەنگی تۆ
ئەزرینگێتەوە
هەندێ جار،
خەمبار ئەبم
هەندێ جاریش، شاگەشکە
بۆیە.. سەما ئەکەم و
زۆر بەکوڵیش ئەگریم
تێناگەم؟
ئاوازی هیچ بارانێک
دڵخۆشم ناکات و
شەماڵێکیش.. فێنکم ناکاتەوە
گڕەیەکی هێندە گەرمە..
مەگەر خۆم،
لەقوڕاو هەڵکێشم..
هەرچی ئەکەم
پارچە شکاوەکانی
خۆمم پێکۆناکرێتەوە
لەتۆش ئەڕوانم..
خڕکێک لەناو مشتتدایە!
ئەرێ چیبکەم؟
چۆن خۆم بپارێزم؟
خۆ چوار بەڕکەت هەن
لێ هەرچواریان
پڕن لەبەرد..
ئاوێنەی دڵم،
کوت.. کوت
خەونەکانم..پارچە..پارچە
هەورێکی پەرت.. پەرتم
ئەستەمە، دابکەمە باران.

عارف کوردە