غازی غەفوورکاراکتەرێکی مرۆڤ و شۆڕشگێڕ.. حەیدەر عەبدولڕەحمان

لەهونەری نواندندا هەمیشە بەهرەو توانستی خورسکی لە پێشەوەی ڕەگەزە ڕیشەییەکانی ئەکتەرە، بۆیە غازی غەفوور ئەگەرچی ئەکتەرێکی ئەکادیمی نەبووە، بەڵام توانیویەتی سوود لەو توانست و بەهرە خورسکەی ببینێ و لەزۆرینەی ڕۆڵەکانیدا وەک پێویست، بەکاری بێنێ،
بەتایبەت لەڕووی پێرفۆرمانسەوە نواندنێکی هاوسەنگ دروست بکات ، لەشانۆو دراماو سینەمادا.
ئەوانەی( غازی)یان وەک ئەکتەر ناسیووە، دەزانن ئەو لەڕووی جەستەو دەنگ و ئیلقاوە ،پڕە لەتوانستی سروشتی گەرم، دەزانن کە کاراکتەرەکانی، هەمیشە لەخودی خۆی نزیکن، دۆستایەتی و لێک تێگەیشتن و ئاوێزان بوونیان لەگەڵ یەکدا زۆرە.
ئەوەش دەزانن هەمیشە غازی ئارەزووی لە بژارکردنی کاراکتەرە شۆڕشگێڕو خاوەن بیروباوەڕە نیشتمانی و نەتەوەییەکان هەبووە، بۆ ئەوەی لە ڕێگەی ئەو کاراتەرانەوە، گوزارشت لە ناخی خۆی بکات، ئازارە مرۆییەکانی هەڵڕێژێ،
لەو لێکچوونەی نێوان غازی و کاراکتەرەکانی وێنەی زۆر هەیە، ئەوەتا لەشانۆگەری (ڕاوچی) دەرهێنانی (سەفوەت جەراح)غازی ڕۆڵی( پیرەمێرد) دەبینێ، کە باوکی چوار کوڕە، بە هێمای چوار پارچەی کوردستان، لەوێ کاراکتەرێکی بەهێز و خۆڕاگرە، دژی زوڵم وستەمکاری و چەوسانەوە دەوەستێت، تووشی بێ ئارامی دەبێت لەسەر ناتفاقی و ناتەباییان لەگەڵ یەکتر، تا لە ئەنجامدا پیرەمێرد لەخەمی ئەواندا دڵی دەوەستێ.
لەفیلمی (کچی کافرۆش) غازی ڕۆڵی باوکی کچی کافرۆش دەبینێ، کە لەتاو ڕفاندنی کچەکەی لەلایەن ئەفسەرێکی بەریتانی، تووشی داڕمانی دەروونی دەبێت.
لە زنجیرەی زنجیرە درامای (ئاسکە) غازی غەفوور ڕۆڵی خزمەتکاری دەرەبەگێک دەبینێ، کە زوڵم قەبوڵ ناکاو لە بەگ یاخی دەبێت و کلیلی خانوو دوکانەکانی فڕێ دەداتە پێشی و بەجێێ دێڵێ .
گرنگ خواستی غازی غەفوور ئەوە بووە کە کاراکتەرەکانی لەخۆی بچن..بە تایبەت لە ڕۆژە سەخت و ستەمکارییەکاندا کە شانۆ قسەی خۆی هەبووە لە ڕووداوەکاندا، هەر یەکێ لەو کاراکتەرانە، ڕۆڵی خۆیان هەبووە لەڕووی بیروباوەڕو هزری کوردایەتی و وروژاندنی جەماوەر.
ئەو هەمیشە شانازی بەو خەسڵەتە دیارانەی خۆی کردووەو قوربانی لە پێناو بەرز ڕاگرتنیانی داوە، لەنواندنیشدا ئاشقی ئەو کاراکتەرانە بووە، کە هەڵگری ئەو هەستە بەرزە نیشتمانی و مرۆڤ پەروەریانە بوونە.
لەو ڕۆژانە غازی غەفورم لەسەر پێخەفی نەخۆشیەکی سەخت دا بینی،
هەستم کرد بەهەموو هێزو دەسەڵاتی خۆیەوە ، دەیەوێت بەزەردەخەنە زەرد هەڵگەڕاوەکانی ئەو ئازارانەم لێ بشارێتەوە کە لەناخیدا گینگڵیان دەخواد،
وەک ئەوەی پێم بڵێ بڕوا بکە من هەر غازی غەفوری جارانم،
کە هەرگیز بەرامبەر بە نەهامەتیەکانی ژیان و ئازارەکانی چۆکم نەداوە،
ئەو چۆک نەدان و سەرفیرازیەیە بەها مرۆییەکانی ئەوی پاراستووەو لەنێوان زۆر لەوانی تر جیاوازی دروست کردووە.
تا ئێستاش غازی غەفوور ناخی پڕە لەو خۆزگانەی ئارەزووی ئەوە دەکەن جارێکی تر خوا دەرفەتی پێ ببەخشێت بگەڕێتەوە سەر تەختەی شانۆو بەردەم کامێرا،
وەک ئەوەی ئێمەش ئاواتی بینینەوەی بۆ دەخوازین.




ناوی كتێب: دێڕێك دارستان و تاڵێك چۆلەكە.. نووسەر: رۆژ هەڵەبجەیی

بابەت شیعر..

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن..




خەونی خودایی لە كۆشیعری: (ڕووەكەكانی خواوەند)ى سه‌باح ڕه‌نجده‌ردا.. دكتۆر مارف خه‌زنه‌دار

لەكاتی خۆیدا شیعری (چرا هەڵگر)یان بۆ هێنام، لە كۆواری (ڕامان)ی ژمارە (32)ی شوباتی 1999، ل (111 – 113) بڵاوكرابووەوە. (كەمال غەمبار) شیعرەكەی وەگێڕابووە سەر زمانی عەرەبی، دیاربوو وای بەباش زانی، منیش پێشەكییەكی بە عەرەبی بۆ بنووسم. وابوو وەرگێڕان و پێشەكییەكەی ئێمە لە كۆواری (گولان العربي)، (ژمارە – 40، (25)ی ئەیلوولی 1999، ل 135- 138) بڵاوكرایەوە.
زۆری پێنەچوو كۆشیعری: (ڕووەكەكانی خواوەند) لە لایەن (سەباح ڕەنجدەر)ـەوە بڵاوكرایەوە. ئەم كۆشیعرە، پۆیێمێكی گرتبووە خۆ بە ناوی (خەونی خودایی)یەوە، لە سێ بەش پێكهاتووە.
لەدوای خوێندنەوەی، ئەو ڕاستییەم بۆ دەركەوت كە بەشی دووەمی پۆیێمەكە بریتییە لە (چراهەڵگر)، ئەوەی گۆڕاوەتە سەر زمانی عەرەبی و من پێشەكیم بۆ نووسیوە.
لەپاش خوێندنەوەی پۆیێمی (خەونی خودایی)هەرسێ بەشەكەی بەسەر یەكەوە جۆرە یەكێتییەكم تێیدا بەدی كرد. ئێستاش لەم ماوەیەدا هەوڵ دەدەم هەندێ بیروڕا دەرببڕم لەبارەی پۆیێمی (خەونی خودایی)و ئەو بیروڕایانەی لەبارەی بەشێكیان بە عەرەبی بڵاو كراوەتەوە، بە كوردی دووبارەیان بكەمەوە.

  • * *
    بەشی یەكەم (خەونی خودایی)خەریكی جموجووڵیی گیاندارانە، بەهەردوو بەشیەوە، سێیەمی لەگەڵ نییە كە ئادەمزادە، دووبەشەكە ئاژەڵی دڕەندە و باڵدارن. نیشتيمانی باڵداران فراوانە، بێ پایانە، بەڵام نیشتيمانی ئاژەڵ دارستانە، ئەمە هەرچەندە بەقەوارە گەورەبێ, ناگاتە گێتیی باڵدار كە ئاسمانی بێ دواییە.
    سروشت نەك لێرە لای (سەباح ڕەنجدەر)، بەڵكو لەلای هەموو كەسێك و لەهەموو جێیەك ڕەمزە بۆ ئادەمزاد. ڕەوشت و جموجووڵ و خۆشی و ناخۆشی هەموو دیاردەیەكی سروشت ڕەنگدانەوەیەكە بۆ دەربڕینی كردەوەی ئادەمزاد. ئێمە وەك بڵێی خۆمان هەڵدەخەڵەتێنین، یان مێشكمان بچووك دەكەینەوە و خۆمان دەكەین بە منداڵ بۆ ئەوەی بزە و پێكەنین بنیشێتە سەر لێومان, كە باس لە ئاژەڵی كێوی و باڵندە دەكەین، كاری وا دەكەن هی ئادەمزادە و هی خۆیان نییە. لە كۆندا بۆ ئەوەبوو، زۆردار لەسەر بیروباوەڕ حسێبت لەگەڵدا نەكات، بۆیە شاعیر و نووسەران وەك كورد دەڵێ: (بووكێ لەگەڵ تۆمە خەسوو گوێت لێ بێ)، ئەم بەزمە تا ئێستاكەش ماوە، چونكە دیكتاتۆرییەت و یەك ئاخوڕەیی و تاك پەرستی و سانسۆر لە هەموو جێیەك هەیە، لەهەر شوێنێك بەجۆرێك خۆی دەنوێنێ، بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ئێمەدا هەر مەپرسە.
    ئەم بەشەی (خەونی خودایی)پێشەكی، یان ڕێ خۆشكەرێك بوو بۆ بەشی دووەم.
  • * *
    (چرا هەڵگر)بابەتێكی شیعری نوێیە لە بابەتەكانی ئەدەبی كوردی سەردەم. پێم خۆشە ناوێكی تری پێ ببەخشم (قەندیلۆكە هەڵگر)، یان ناوی سێیەم (لامپا هەڵگر)، یان ناوی زۆری تری كە وەك سەرچاوەی ڕووناكی و تیشك و شەوق و نوور بەكار دەهێنرێن. هەر چۆنێك بێ, خاوەنی (قەسیدە)ی پێ دەڵێ. بەڕاستی ئەم كارە ئەدەبییە قەسیدە نییە بەمانای ڕۆژهەڵاتی (عەرەبی)، لەوانەیە لە ئەدەبیاتی ئەورووپادا مانای قەسیدە بدا، ئەوان (پۆیێم)ی پێ دەڵێن، ئەم بابەتە شیعرە لە هەموو دەمێكدا بەچیرۆكی شیعری ناژمێردرێ، لەگەڵ ئەوەی پۆیێم بەمانا ئەورووپاییەكەی هەندێ جار ناوەرۆكی چیرۆكئامێز دەگرێتە خۆ.
    با لە لووتبەرزی و لە لەخۆباییبوونی ئەكادیمی هەندێ دووربكەوینەوە، مەسەلەكە گاڵتە نییە، بەڵكو ئەكادیمییە، زیاتر لەوەی فەیلەسووفی ئەفسانەیی ئەكادیمۆس لەو دارستانەی لەدواییدا ناویان نا ئەكادیمییە موحازەراتی دەدا، ئێمە لێرەدا ناتوانین لە پێناوی ڕێكخستنی بەرهەمی ئەدەبیدا، تیۆری و یاسا دابنێین، بەڵكو ڕێگە بەچێژ و بینین و بیرمان دەدەین لەپێناو سنوور كێشانی جۆر و قەوارەی جوانی ئەوەی پێویستە لە بەرهەمی هونەروەر و نووسەر به‌ڕوونی دیار بێ.
    ئەوی ڕاستی بێ، دەتوانم بڵێم لە قەسیدەكە نەگەیشتم، ئەم قسەیەی من دەچێتە خانەی نیسبییەوە، چونكە لەوە دڵنیام خاوەنی قەسیدە سەری سووڕدەمێنێ، لەبەر ئەوەیە چونكە ئەوەی ئەو مەبەستیەتی ئەوە نییە كە من تێی دەگەم، بەڵام تێگەیشتنی من بۆ قەسیدەكە ڕەنگە لەوەی ئەو دەیەوێ بەرزتر و ڕاستتر بێ!
    ئەگەر شیعر لەپێش هەموو شتێكدا بریتی بێ لە تیپ و وشە، كه‌ هۆنراوەیەك دروست دەكا, جیایە لە (ناشیعر). من دەڵێم كە شاعیر بینای دیواری باڵەخانە (قەسیدە) بەرز دەكاتەوە وەك ئەوەیە هۆنینی (مۆسیقا و ڕیتم) ڕەق و بەهێز بێ و ناسكی تێدا نەبێ.
    لەوانەیە شێوازی (ڕەمزی و ڕۆمانتیكی و ئینتیباعی و ئەفسانەیی) ئەوەی شاعیر بە كاری هێناوە بۆ دروست كردنی قەسیدەكەی، ئەمە لە بابەتەكەدا مەبەستی سەرەكی بێ، چونكە مەسەلەكە قووڵ و جدییە، مەبەستی قسەكردنە لەگەڵ بیر و هۆشی منداڵ، یان دڵی دڵدارانی پەشمردە، وەك خاوەن قەسیدە بۆی دەچێ.
    لە قەسیدەكەدا ناماقووڵی ئێستێتیكی هەیە، ئێمە لێرەدا بەرامبەر بەمە لە حاڵەتێكدا دەبین وەك دیاردەیەك بێ بۆ شیعری سەردەم. ناماقووڵ لەسەر ڕەمز دادەمەزرێ، هەندێ جار خاوەنی قەسیدە لە بەكارهێنانی سەركەوتوو دەبێ، لەجاری دیكەدا وەك ئەوەی بەبێ هەست كردن وەرگیرابێ، لە جاری تردا ڕەمز وەردەگیرێ و خاوەن قەسیدە ئاگادارە وەك بەڵگەكانی (ڕەمزی كەونی) بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەتمۆسفیری (كه‌ش – جەو)ی قەسیدەكە بگونجێ، دیارە خاوەنی قەسیده‌كه‌ كوردە، پێش ئه‌وەی خۆی بە وجوودی كەونی، یان وجوودی مرۆڤایەتی بۆیاغ بكا. بەم هۆیەوە دەڵێین ئایا ئەو ڕەمزەی دەچێتە ناو تاقیكردنەوەی شیعری و دەیكا بە بەرهەمێكی ئەدەبی، ئەمە بە (تضمین) حسێب دەكرێ وەك لە قەسیدەی كۆن لەبەرچاوماندایە؟
    یان بەشێوەیەكی دیكە؟ ئایا (تضمین) دیاردەیەكی ماقووڵە لە قەسیدەی تازەدا؟ پرسیارێكە وەرامدانەوەی پێویستی بە لێكۆڵینەوەیەكی قووڵی تیۆری و پراكتیكی بەراوردكاری هەیە لەنێوان ئەدەبی كوردی و ئەدەبی ئەو نەتەوانەی شیعریان بۆ كوردی وەردەگێڕین.
    ئەوە ماوە قسەیەك لەبارەی ئەم بەرهەمەوە بكەم، وەك من تێی دەگەم. لەپاش خوێندنەوەی تێكستە كوردییەكەی، لە دواییدا وەرگێڕانی عەرەبی ئەوەم بۆ دەركەوت كە (سەباح ڕەنجدەر) هەوڵ دەدا بوونی سێ سووچەكە وەك خۆی هەستی پێدەكا لە سێ شتی تردا بیدۆزێتەوە كە خۆی دروستیان دەكا (سووپەرمان) و (ڕووناكی هەڵگر) و (حاجی لەقلەق). یەكەمیان (سووپەرمان) ئەمە ئەنجامی خەونی هەمیشەیی هەموو مرۆڤایەتییە ئەوەی دیانەوێ خەڵكی ڕووی ئەم زەوییە هەموویان (سووپەرمان) بن، (ڕووناكی هەڵگر) دەسەڵات بەدەستە، (حاجی لەقلەق) مێژووە.
    بەڵام لەلای من گۆڕانێكی تر پەیدا بوو كە قەسیدەكەم خوێندەوە، لێرەدا بەپێویستی دەزانم هەندێكی بخەمە ڕوو.
    بەلای ئێمەوه‌ منداڵانی ئەو سەردەمە (قەڵا) ڕەمزی یەكەم و (منارە) ڕەمزی شار نەبوو، بەڵكو ڕەمزی سێیەم هەبوو، ئەمە خۆی لە (حاجی لەقلەق) دەدۆزییەوە. حاجی لەقلەق لە مزگەوتی خانەقا دەژیا، پێش ئەوەی قەڵا و منارە بینا بكرێن، وەك ئێمە بیرمان دەكردەوە.
    بەلای منەوە حاجی لەقلەق ڕەمزی یەكەم بوو، چونكە من وام دەزانی یەكەمین كەسە كە نیشتەجێی ئەم شارەیە، هەرچی منارەش بوو، ڕەمزی دووەم بوو، چونكە تەمەنی چەند سەد ساڵێكە، ئەوەمان دێنێتەوە بیر دەوڵەتی سەڵاحەدین لەچ پلەیەكی شارستانیەتیدابوو.
    قەڵا لەڕێزی سێیەمدا بوو، ئەوەش لەبەر ئەوەبوو، چونكە قەڵا هەرچەندە تەمەنی چەند هەزار ساڵێكە، بەڵام تەمەنی كۆنترین یادگاری ئەركیۆلۆجی لە سەد و پەنجا ساڵ تێپەڕ ناكا. هەرچۆنێ بێ ئەمانە بەڵگەیەكن نەتەوەی كورد شانازییان پێوە دەكا، چونكە لەوەوە دروست بوون و سەر بە ئەون و بەڵگەی شارستانیەتی ڕابوردوون.
    بەم جۆرە ڕۆژگار تێپەڕی، لەمێژوو نا، بەڵكو لە خەون، سۆمەر پەیدا بوو، ئینجا شارستانیەكانی تر تا گەیشتە میدیا، لە پاشاندا ئیسلام، لەسەرووی ئەمەوە عەباسییەكان، سەڵاحەدین و عوسمانییەكان، لە پاشاندا ئینگلیز و مەلیك و كۆمار و… و… ڕێگە هەمووی كوشتار و غەدر و خیانەت و تاڵان و پیسكردنی قەڵا و منارە بوو. تەنیا ئەوە بوو حاجی لەقلەق ئازاری پێنەگەیشت، چونكە ئازاری بەكەس نەگەیاندووە، بەڵام لە دواییدا بۆ یەكەمین جار لە مێژوودا ئازاری پێگەیشت، چونكە تاكە ئادەمزادێك تاكە شتێك نەبوو لەم ناوەدا ئازاری پێنەگا، لەبەر ئەوە زۆر ئاسایی بوو حاجی لەقلەق قازیفەیەكی پێ بكەوێ و خۆی بریندار ببێ و بێچووەكانی بكوژرێن و هێلانەی بڕووخێ. ئێمە چاوەنۆڕی حاجی لەقلەقێكی ترین، چونكە شار بەبێ ئەو بێ (ڕەمز) دەمێنێتەوە.
    بەشی سێیەمی پۆیێمی (خەونی خودایی)كاروكردەوەی زۆری تێدایە، قەڵەباڵغە، بەڵام هەرچۆنێ بێ (چرا هەڵگر)، لەناو هەموو ئەم كەس بەكەس نییەیە ون نابێ، جێگەی دیارە، شوێنی دەدۆزرێتەوە.
    داپیرەیەك لەو ناوەدا پەیدا دەبێ پاك و خاوێن بەڵگەی مێژووە، مێژووی هەموو لایەك نا، بەڵكو تەنیا مێژووی ئەم مەرز و بوومە.
    داپیرە مێژووی ڕاستەقینەیە، دەوری حاجی لەقلەق دەبینێ، ئەوەی چۆن ڕوو دەدا وایە، نەك ئەو مێژووە ساختەیەی چۆنیان دەوێ وا دروستی دەكەن و وا لێكی دەدەنەوە. مێژوو بە دڵی ئێمە نەبووە، خۆمان دروستمان كردووە، دەبێ وای لێ بكەین بەدڵی ئێمە بێ. ئەگەر بێگانە بەلیسی كوێری دەستی تێوەردابێ، یان هوشیارانە و بۆ بەرژەوەندی خۆی دروستی كردبێ، خەتای بنچینەیی و پشتشكێن، خۆمان بووین.
    (چرا هەڵگر)هێشتان قارەمانی مەیدانە، حاجی لەقلەق هێشتان ترسی ئەوەی ماوە جارێكی تریش بریندار بێتەوە، تەنگوچەڵەمە گرنگەكە ئەوەیە حاجی لەقلەق لەترس چۆتە دەرەوە، لەوە نەماوە گوللەیەكی پێ بكەوێ و كۆتایی بەژیانی بێ، بەڵام ترس لەوەیە هەموو دەمێك ئامادە بێ بۆ بریندار كردن، هەندێ جار برینی قورس، هەندێ جاری تر برینی سووك دەبێ.
    هەرچۆنێ بێ پیاو كە پۆیێمی (خەونی خودایی)دەخوێنێتەوە بیری لێدەكاتەوە، ناتوانی هەروا سەرپێی تێی بگا. هه‌ولێر: مه‌ڵبه‌ندی ڕووناكی
    16ی تشرینی دووه‌می 1999

سه‌رچاوه‌:
گۆڤاری ڕامان، ژماره‌ (45) 5/3/2000. ل: 295 – 296.




گۆڤاری زمان و زار- ژمارە ٦

بۆ خوێندنەوەی ژمارە ٦ بە رێنووسی کوردی.. کلیکی ئێرەبکەن..

بۆ خوێندنەوەی ژمارە ٦ بە رێنووسی لاتینی.. کلیکی ئێرەبکەن..




نیگــا(*).. نه‌ژاد عزیز سورمێ

ئه‌وین هه‌میشه‌ بڕێك شێتایه‌تی تێدایه‌
لێ شێتایه‌تیش ‌ بڕێك عه‌قڵی تێدایه‌
نیتچه‌

• ئاوازی شه‌كه‌ت ..
ئیكسیری خۆشه‌ویستی ، تا بڵێی قووڵ ، تا حه‌ز بكه‌ی ساده‌ ،
له‌ كوانووه‌ سارده‌كانه‌وه‌ نایێ ..
چرات هه‌میشه‌ هه‌ڵبێ ..
هه‌رده‌م تا تێتدا بێ به‌ ته‌نیا نیگایێ ڕه‌شانگی ئه‌و بۆره‌ دڵانه‌ ببینی ،
ته‌نیا له‌سه‌ر كاغه‌ز و ڕووی ڕۆژنامه‌كاندا سپی ده‌چنه‌وه‌ ،
ئه‌وانه‌ی نه‌ له‌زمانی ته‌نیایی ده‌گه‌ن ، نه‌ سیپاره‌یه‌كی خه‌میان خوێندووه‌ته‌وه‌ ،
نه‌ باده‌ی سپێده‌ و ڕۆژپه‌ڕییان ڕۆژێ له‌ ڕۆژان هه‌ڵداوه‌ ..

• ئه‌مجاره‌ش ئه‌و نیگایه‌ له‌ زرنگانه‌وه‌ی شكۆفه‌ نایلۆنییه‌كانی پاراستم ..
به‌رده‌وام ده‌بم له‌ سه‌ما ..
خۆشه‌ویستی به‌بێ شه‌ره‌نگی جودایی و ئه‌سته‌می ژوانان له‌ لێڕه‌وارێكی
سووتاو ده‌چێ ..
مرۆڤه‌ به‌ عیشووه‌كان ، ئه‌وانه‌ی (( له‌ مانای گریه‌ نازانن)) و
به‌ هێزی پێناوی و خۆهه‌ڵخستن به‌ڕێوه‌ ده‌چن ، گوناهه‌ ده‌ستی له‌رزۆكیان بگیرێ و به‌ بازی كێویان و نمه‌ی باران بسپێررێن ..

• له‌وه‌ته‌ی مرۆڤ هه‌یه‌ ئه‌و نیگایه‌ هه‌یه‌ .
سترانێك له‌ شارای (نان)ـه‌وه‌ تا سه‌ما و له‌یزینی جیهانایه‌تی ..
ئه‌وه‌ی به‌ ڕاستی عاشق بووبێ ، قه‌ده‌ر باهۆزێكی له‌ لایه‌ك هه‌ر بۆ هه‌ڵ كردووه بایی دوو ڕێژنانی هه‌ور بۆ هێنابێ و ژه‌نگی به‌ردیده‌ی ڕاماڵیبێ ..
نیگاكانی تۆ له‌ به‌دخه‌ویدا دژوار ، پشێو و بێ نه‌خش ده‌بیندرێن ، به‌ڵام بارانی نوورن ، كانیی له‌زه‌ت و تێكه‌ڵاوبوون ده‌ته‌قێننه‌وه‌ ..
ئه‌وه‌ی ده‌ڕوانێ ، هیچ وه‌ختێ بێ هیوا نییه‌ ، هه‌میشه‌ ئاسۆیه‌كی لێ دیاره‌ ،
هه‌میشه‌ پڕشنگی لێ ده‌بنه‌وه‌ ..
ئه‌وان له‌ تاریكیدا گۆش كراون و به‌ په‌نجه‌ره‌دا دزه‌یان بۆ ژووره‌وه‌ كردووه‌ ، لێ خۆشبه‌ختانه‌ دیارن .. نه‌ مه‌مله‌كه‌تی عه‌شقیان لێ ده‌كه‌وێ ، نه‌ ده‌توانن بۆ ته‌نیا ساتێك ئاشنای نهێنییه‌كانی سووتان بن .

                                                               به‌هاری 2005

(*) ئه‌م نووسینه‌ به‌ داوای سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری (شاوشكا) د . كوردستان موكریانی ساڵی 2005 به‌ تایبه‌تی بۆ ئه‌و گۆڤاره‌ نووسراوه‌ .




ئێوارانە ١٣.. سەردار جاف

ئەم ئێوارە چاو نێرگزێ خومارييە
پرچی لوولی بسکانەيە ستارييە
شەرابی من وا لە لێوت لوتفت هەبێ
کوشتەی ناز و لەنجەکەتم، عەيارييە
کە شەو داهات سێبەرت بێ تا کازێوە
ياخی بوونی رۆح شەهلایی غەددارييە
نهانخانەی دڵت بۆتە جێ خەڵوەتم
رووبەندی رووت خێزاو ناکشێ ئازارييە
خان و مان تۆی چيت لە خانی سەردار داوە
قامەتی تۆ نەخشەيەکی ميعمارييە
ڕنوی بەفرە سپی رۆحە لار و لەنجەت
قژی ژاکاو کۆتی قامکە جوانکارييە
رەوشی ئاڵت ئەستێرەيە بۆ ژووری من
برۆ و برژانگ تیربازێکی دڵدارييە
گەردن ناسک شيرين دەکەی لێوەکانم
ئاشقەوماشقەی تێکئاڵانمان وەک مارييە
لە سەر سينەت کە رای دەخا روومەت رەشيم
پەنجەکانم شێت شێت دەبن، لاسارييە




ڕەوینەوەی ترس لەدەسەڵات.. عوسمان حاجی مارف

هەوڵدانی ئەو دەسەڵاتە سیاسیانەی بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا ڕێگای ئەوپەڕی توندوتیژی و سەرکوت و دڕندەیی دەگرنە بەر، هەروەها هەرچی تواناو ئیرادەو ئومێدی خەڵکە دەیکەنە ملکەچی هێژمۆنی عەقیدەو سیاسەتەکانی حزبێک، هێزێکی سیاسی، بنەماڵەیەک، کەسایەتیەك، یا هێزێکی مافیا ئاسا وەک باڵ و ڕەوتێکی بۆرجوازی…کە بۆخولقاندنی ئەو دۆخ وهەلەیە تاپێگەی دەسەڵاتی هێزەکانیان بۆ بە دەستهێنانی زۆرترین قازانج لە ناو بازاڕی سەرمایەداری جیهانیدا جێگایان بێتەوە.
ئەم جۆرە دەسەڵاتانە لە ڕێگەی بەکارهێنانی جۆرەها دامودەزگای داپڵوسێنەوە لە پانتاییەکی فراواندا، بێئیرادەکردنی جەماوەری کرێکاران و زەحمتکێشان وەها نائینسانی و بە بەرنامە دەسەپێنن، کە ڕێگای ڕزگاربونی خەڵک لەو هەلومەرجەدا دەکەنە ئەفسانەیەک لە ئاسۆی دانیشتوانی ئەو ووڵاتەداو ژیانی خەڵک دەخەنە بەر دۆخ و چاوەڕوانیەک، کە کەسەکان وەها بیرکەنەوە، مەگەر فریادڕەسێک، موعجیزەیەک، کارەساتێک کۆتایی بەو کابوسەی سەر سەریان بهێنێت، یان دۆخێک دەخولقێنن کە خواستی ئازادی سیاسی و ڕزگاری دەچێتە جێگای ئامانجی بزوتنەوەی یەکسانخوازیەوە.!
ئەم جۆرە دەسەڵاتانە قێزەوەنترین دۆخی مەترسی و دڵەڕاوکێ دەخولقێنن و قەبوڵکردنی هەژاری و برسیەتی دەکەنە ژیانی نۆرماڵی ڕۆژانەی زۆرینەی دانیشتوانی ووڵاتەکەیان. ئارامی و ئاسودەیی بۆ خەڵکی دەبێتە ئومێدێك خەونی پێوە دەبینن و ڕێگای ڕزگاریش تا ئەو دەسەڵاتە نەگریسە لە ژیاندا مابێت، تەنها هەڵاتن و کۆچکردن و ئاوارەییە. ئەم واقعیەتەش لە نێو پەیوەندیەکانی کۆمەڵگەی سەرمایەداری جیهانیدا نەک هیچ پەرچەکردارێکی عەمەلی بۆ نیشان نادرێت، بەڵکو وەک پێداویستیەک بۆ پاراستنی پەیوەندی کارو سەرمایە مەقبولیەتی هەیەو وەک بەشێک لە پێداویستی دەسەڵاتی چینی بۆرجوازی بێدەنگی لێکراوە.
دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران نمونەیەکی بەرجەستەی ئەو جۆرەیە لە دەسەڵاتی سیاسی کە چل ساڵ زیاترە کورەی دۆزەخی بۆ جەماوەری کرێکاران و زەحمەتکێشان و ژنان و ئازادیخوازان گڕتێبەرداوەو ناوبانگی دەرکردووەو ناونراوە دەسەڵاتی سێدارە! ئەم دەسەڵاتە بە بەکارهێنانی عەقیدەی ئیسلامی و هێزی چەکدارو تەواوی پێکهاتەو دامودەزگاو ڕێکخراوەکانیەوە، گەورەترین مۆتەکە و کابوسێکی سەرسەخت و مەترسیدارە کە جگە لە دانیشتوانی ئێران ناوچەکەشی بە ئاشکرا ئاگر تێبەرداوە. لەهەمانکاتدا لەم چلوسێ ساڵەشدا لە نێو پەیوەندیەکانی بازاڕی سەرمایەداریدا کۆماری ئیسلامی ئێران بە هەموو ناشرینی و ڕیسوابونێکەوە جێگاو ڕێگای تایبەتی و پێویستی خۆی هەبووە بۆ پاراستنی هێزی کاری هەرزان لە ئاستی دەوڵەتانی جیهاندا.
ترس لە دەسەڵات بە جۆرێک دەکەنە واقعیەتێك و فەزای کۆمەڵگە، کە دەبیستین لە نێو خەڵکیدا چەندین دەستەواژەی ئاگادارکردنەوە دەوترێت “دارو دیوار گوێیان هەیە”، “درواسێ خەبەر لە درواسێ ئەدات”، “پێویستە لە هەموکەس بتریست و بڕوات بە برای خۆشت نەبێت”! بە مانایەک پەیوەندی دۆستانەو هاوکاری نێوان ئینسانەکان بەجۆرێک دەشێوێنرێت، بەزەحمەت ناڕەزایەتیەکان دەچێتە سەر ڕەوتی ئامادەیی و هاودەنگی و یەکڕیزی و ڕێکخستن. هەر بۆیە ماوەیەکی زۆر تا ئەوکاتەی ناڕەزایەتیەکان ڕێگای هێز کۆکردنەوە دەگرێتە بەرو فراون دەبێتەوە، چاوەڕوانی لە فریادڕەسێک یا موعجزەیەک حاڵەتێکی نەگونجاوو نەرێنی دۆخی ناڕەزایەتیەکان دەبێت. کۆمەڵگەی ئێران چلوسێ ساڵە گیرۆدەی دەسەڵاتێکە وەک ئەختەبوت خۆی کێشاوە بەسەریانداو بەری هەوای پاکی لێگرتون و یەکریزی چینە نەدارەکانی پەرش و بڵاوە پێکردووە.
ئەم ئەختەبوتە دەبێت پارچەپارچەبکرێت و لە ڕێگای هێزی واقعی ناڕەزایەتی جەماوەری ناڕازی ژنان و کرێکاران و زەحمەتکێشان و ئازادیخوازنەوە کۆتایی پێبهێنرێت، چونکە چاوەڕوانی لە فریادڕەس و موعجزە، وەلانان و گۆڕینی ئەختەبوتێکە بە ئەختەبوتێکی تر.
پاکردنەوەی ئەم جۆرە دەسەڵاتانە بە خۆی و پێکهاتەو بۆچونەکانیانەوە لە هەر شوێنێکی دنیادا تەنها لەڕێگای خەباتی جەماوەریەوە دەبێتە هەلومەرجێکی شۆڕشگێرانە کە ترس لە بەرامبەر دەسەڵاتدا پێچەوانە دەکاتەوە. واتە دۆخی ترس لە دەسەڵات دەگۆڕدرێت بەترسی دەسەڵات لە جەماوەری ناڕازی. ئەو ناڕەزایەتیانەی کە چوارمانگە لە ئێراندا نمایشدەکرێت، پێش هەموو شتێک ئەوەمان نیشان ئەدات بەلای جەماوەری ناڕازیەوە، دوای چلوسێ ساڵ لە ژیانی خەفەقان، بە پێشڕەوی ژنان و بە ڕۆڵی کرێکاران و خەڵکی هەژارو ئازادیخوازان، ترس لە دەسەڵات بەڕادەیەک چۆک دانادات بە خەڵکی نارازی، کە بە هەر ئاست و شێوازێک، بۆیان گونجاو بێت ڕێگایەک پەیدا دەکەن تا گورز بەدوای گورز بە دەسەڵاتدا بکێشین و پاشەکشەی پێبکەن.
بەڵانسی ئێستای ناڕەزایەتیەکانی جەماوەری ئێران گەر بەوە بناسینەوە کە ترس لەم ئەختەبوتە تا ڕادەیەکی ئەرێنی و گونجاو ڕەویوەتەوە، لە هەمان کاتدا ئەو ڕێگایانەش کە لەم هەلومەرجەدا بەم شێوە فراوانە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی زیاتر دەیگرێتەبەر لە توندوتیژی و ئەشکەنجەو سێدارەدان، پێویستە ڕۆشن بێت بۆمان کە ڕەنگدانەوەی ترسی دەسەڵاتە لە ئایندەیەک کە لە فراوان بونەوەی زیاتری ناڕەزایەتیەکان و بەردەوامی لە هاویشتنی تەواوی گورزەکاندا بەرەوڕوی بۆتەوە. ئیتر کۆماری ئیسلامی بۆی ناکرێت و ناتوانێت دەسەڵاتی سیاسی بە قازانجی پەیوەندیەکانی سەرمایەداری بپارێزت. هەروەها ئیتر عەقیدەکەشی بۆ ئەو مەبەستە پولێکی قەڵب ناکات. واتە ئەم دۆخە ئەوەمان نیشان ئەدات نەمانی ترس لە دەسەڵات و بەردەوامی ناڕەزایەتیەکان لە هەر ئاست و شێوازێکدا بێت هەنگاوێکی لە پێشە بۆ هاتنە مەیدانی ڕابەرانێک کە بتوانن لە ئامادەکردن و بردنە پێشی ئاستی ناڕەزایەتیەکاندا، ڕۆڵی ڕێکخستن و چونیەتی بەهێزکردنی هەنگاوە عەمەلیەکان بگێڕن و هەژمونی و سەربەخۆیی ئیرادەی جەماوەر لە پێکهاتنی دەسەڵاتی سیاسیدا بنەمای هەر هەنگاوێکی عەمەلی و شۆڕشگێرانەیان بێت.
سەرکەوتنی شۆرش لە ئێراندا دنیا دەخاتە دۆخێکی تازەوە کە پێش هەموشتێک پاشەکشە بە نەخشەو دارشتنی بەرنامەی ترس لە دەسەڵات دەخاتە بەردەم پاشەکشەیەکی گەورەوە.




چەند زانیاریەک دەربارەی جم وجۆڵی نازم زەهاوی لە کوردستان.. و: عەبدوڵا ساڵح

وەک خۆی

ڕۆژنامەی تایمزی بەریتانی ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە کە لەلایەن کۆمەڵێک ڕۆژنامەنووسەوە ئامادەکرابوو لەسەر سەرۆکی پارتی پارێزگاران نازم ئەلزەهاوی و پەیوەندییەکانی لە کوردستانی عێراق.
ڕۆژنامەی تایمزی بەریتانی باس لەوە دەکات کە ئەلزەهاوی بڕی یەک ملیۆن و ٣٠٠ هەزار پاوەنی ئیستەرلینی لە پەیوەندییەکانی لە کوردستانی عێراق کۆکردۆتەوە، دوای ئەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ بنەماڵەیەکی کاریگەر لە ناوچەکەدا پتەوتر کردووە، ئەو کاتەی بە دوای داڕشتنی سیاسەتی دەرەوەی بەریتانیا بوو لە ناوچەکەدا.
ئەم وەزیرە پێشووترە ڕووبەڕووی پرسیار دەبێتەوە سەبارەت بەو بڕە پارەیەی کە بۆ خزمەتگوزاری “نێوەندگیری” بۆ کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێم وەریگرتووە، ئەو کاتەی جێگری پەرلەمان بووە.
ئەو ڕۆژنامەیە درێژە بە باسەکە دەدات و دەشڵێت، پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەی بارزانی دامەزراندووە، کە لەگەڵ بنەماڵەیەکی دیکەدا ژیانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان کۆنترۆڵ دەکەن. بوو بە “ڕاوێژکاری پەسەندکراو” بۆ ئەو کۆمپانیایانە کە بەدوای پەیوەندیدا دەگەڕێن لەگەڵ بنەماڵەی بارزانی.
هەروەها ماوەی ڕاهێنانی لە بەریتانیا بۆ منداڵی بەرپرسانی کوردستانی عێراق ڕێکخستووە، هەروەها لە کۆمپانیایەکی بەریتانیدا بەشدار بووە کە کوڕی بەرپرسێکی عێراقی خاوەنی پشکێکی زۆری پشکەکانە.
ڕۆژنامەکە باس لەوە دەکات کە ئەلزەهاوی وەک یاریدەدەری لۆرد جێفری ئارچەر گەڕاوەتەوە بۆ عێراق، کە خەریکی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ پەنابەرانی کورد بوو، بەڵام بەگوێرەی ڕۆژنامەی تایمز، دەنگۆی دیارنەمانی بڕە پارەی ئەو ئۆپەراسیۆنە خێرخوازییە بڵاوبووەتەوە.
ئەو سەرکردەیە کە ناوی مەسعود بارزانییە، لە ئارچەر تووڕە دەبێت، دوای ئەوەی ڕەتیکردەوە بانگهێشتی ئێوارەخوانێکی بکات، و کارەبای لەو هوتێلە بڕی کە ئەوی تێدا نیشتەجێ بوو.
لە ساڵی 2011دا ئەلزەهاوی لانیکەم چوار جار سەردانی کوردستانی عێراقی کردووە، لەگەڵ بارزانی و بەرهەم ساڵح کە بوو بە سەرۆک کۆماری عێراق و چەند بەرپرسێکی دیکە کۆبوونەوەی ئەنجامداوە. لە یەکێک لە سەردانەکانیدا ٧٠ بازرگان بۆ هەولێر یاوەری بوون.
دوای چەند هەفتەیەک گەڕایەوە بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسێکی عێراقی-کوردی تایبەت بە نەوت و گاز، کە ئامانج لێی ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانی بوو.
ئەلزەهاوی لە ساڵی 2012 فەرمانبەری کۆمپانیای نەوتی ئەفرین بووە، کە هەوڵی فرۆشتنی کێڵگە نەوتییەکانی خۆی لە کوردستاندا دابوو و تا ساڵی 2015 تا داڕمانی کۆمپانیاکە لەو کۆمپانیایە کاری کردووە، هاوکات ڕاوێژکاری کۆمپانیای تالیسمانی کەنەدی بووە.

وەرگێڕان لە عەرەبیەوە بۆ کوردی – عەبدوڵا ساڵح




کورتەچیرۆک/ لێبووردنی گشتی.. رەسوڵ بەختیار

هەردوو چاوانی فرمێسک تیایدا زابوو، نەیدەوانی هیچ قسەیەک بکات، لەخۆشیاندا دەیویست باڵ بگرێ، لەکاتێکدا ئەو بۆیە لەبەندینخانە بوو، سێجار بەسەر چەند ماڵێکی دادابوو بۆ دزیکردن، لەنێو بەندینخانە کاتێک هەواڵیان پێدا، لەم نزیکانە ئازاد دەبێ، هەر لەدڵی خۆیدا دەیگوت: ئازاد بوون بۆ کەسێکی سیاسییە، نەک بۆ دزێکی وەک من، کەسێک پانزدە ساڵە لەنێو کونجی زینداندا بێ، سی ساڵیشم ماوە.
ئەو دزە سێ دزی بچووکی کردووە ئەگەر بەراوردی بکەی بەدزە هاوڕێیەکانی نێو بەندینخانە، هەر دزییەکی بەجیا دادگایی کراوە، بۆیە نزیکەی چل و پێنج ساڵ حوکم دارابوو، لەماوەی ئەو پانزدە ساڵەدا کەس سەردانی نەدەکرد، هیچ کاتێک خواردنێکی خۆشی لەدەرەوەی بەندینخانە بۆ نەدەهات، هەر تەنیا خواردنی بەندینخانەی دەخوارد، لەگەڵ ئەوەی لەنێو بەندینخانەدا ئەو بەدزێکی بچووک ناسرابوو، دزە گەورەکان هەموو کات گاڵتەیان پێدەکرد، پێیاندەگوت: تۆ تەنیا چەند مریشکێک و کەڵەشێرێک و مەڕی شوانەکان دەرەوەی شارت دزیووە، ئەوەندە ساڵە لەژوورەوە بیت، ئێمە چەند سەد دەفتەرێکمان دزیووە و وەک تۆ حوکممان بەسەرد دراوە، دەوەرە لەدەرەوە چەند نەفەر کەبابێکمان بۆ هاتووە، وەرە لەگەڵمان بخۆ.
دزەکە:راستە منیش وەک ئێوە دزم، لەگەڵ دزیەکەی من وەک خۆتان دەڵێن، هیچ نییە، بەڵام ناتوانم نانی ئێوە بخۆم، راستە دزم، بەڵام ناتوانم لەگەڵ دزە ناقۆڵاکان تێکەڵ بم.

  • هەر وا بیر بکەوە، بۆیە کاتێک چوویە دەرەوەش هەر نابیت بەهیچ.
  • گرنگ نییە، ببم بەشتێک، من لەبەر برسییەتی دزیمکردووە، بەڵام ئێوە لەتێریدا دزیتانکردووە.
    لەنیو ئەو گفتوگۆیانەدا، دووبارە چووەوە ناو خەیاڵەکانی، ئەمجارە ئەگەر لێبوردنی گشتی بمگرێتەوە، ئەگەر خۆم و هەموو ماڵەوە لەبرسانا بمرن ئەوا دزی ناکەم، ئەگەر هەر کاریشیان پێ نەدام ئەوا خۆم و خوشک و براکانم دەکوژم، تا چیتر خەم بەم دونیایە نالەبارە نەخۆین، چەند مانگێک لەنێو ئەو خەون و خەیاڵانە دابوو، رۆژێک نەیدەزانی چ باسە چەند پۆلیسێکی بەندینخانە، لەگەڵ کۆمەڵە بەندییەک یان چەند دزێکی ناقۆڵای ناو زیندانەکە، دەستیان بەگۆرانی گوتن کرد، ئەویش لەکونجێکی بەندینخانەکە چاوی زەق بۆوە، پرسیاری نەکرد، چی بووە؟ پۆڵیسێک، کە زۆر لێی نزیک بوو بووە برادەری و کەمێک ئاگادار بوو، لێی چووە پێش و پێیگوت: هەڵسە ئەوە بەبۆنەی تۆوە ئاهەنگ دەگێڕین، تۆ ناوت لەو لیستی لێبوردنی گشتیدایە و بەر دەبی، چیتر لەو کونجەدا ناتبینمەوە!
    دزەکە کاتێک گوێی لەقسانە بوو، هەموو رابردووی وەک شریتێکی سینەمایی هاتەوە بیر، لەخۆشیانا نەیدەتوانی لەجێگەی خۆی هەڵسێ، نەیدەزانی لەخۆشیانا پێبکەنێ یان بگرێێ..لەشوێن خۆیدا بەبێ دەنگی مایەوە، کەچی شایی و بەزمی پۆلیس و بەندییەکان هەر بەردەوام بوو.
    کاتێک دەروازە گەورەکەی زیندانیان بۆ کردەوە هێشتا باوەڕی نەدەکرد، دوای ماوەیەک لەئازاد بوون. یەکێک لەپۆلیسەکان لەنزیکەوە دەیناسی بینیبووی، کە ئێستا کەسێکی ماقووڵە و خاوەن ماڵ و منداڵ، بەشێوەیەکی لێهاتوو چووەتەوە ناو کۆمەڵگە، ئەو چەند ساڵەی ناو بەندینخانە و لێبوردنە گشتییەکە زۆر کاریگەر بووە لەسەری، بۆتە کەسێکی بەسوودی کۆمەڵگە.



شەماڵ بارەوانی/ بیرەوەریيەکانی فەقێیەکی گومڕا(46)

بەشی چل و شەش

باشە ئەو کەربابانە بۆ زەکات و سەرفیترەم نادەنێ..!؟..
ساڵی یەکەمی فەقێیاتیم بوو، مانگی ڕەمەزان لە قوتابخانەی ئیسلامی(محەمەدیە)بۆ زانستە شەرعیەکان، پێیان گوتین بڕۆنەوە تا دوای جەژن، منیش کەهاتمەوە، بە سەردان، رۆژەکی لە بادینان چوومە گوندی ماڵی باپیرم ناو زێباری و گۆرانان.
موختاری گوندەکە، کە منی لە مزگەوت بینی، گوتی: فەقێی بچیک و قەنج، خودێ مە چ مەڵا نینە ب ڤی ڕەمەزانا مبارەک، لازمە تۆ ئەڤی ڕەمەزانێ ببیە مەلایێ مە، گوتم بەسەرچاو. تا ڕەمەزان خەریکبوو تەواوبێت وتارم بۆدان و هەر چاوەڕێی زەکات گیان و سەرفیترەی هەناسەمم دەکرد.
کوڕە گەیشتین بە عارەفە و یەک دیناری ئازیزم لۆ نەهات ! دڵم وەخت بوو لە داخان شەق بەرێ و لەدڵی خۆم دا هەرجوێنم پێ دەدان و دەمگوت: باشە ئەو کەربابانە بۆ تائێستا هیچ زەکات و سەدەقە و سەرفیترەیەکیان نەداومەتێ !؟
لەلایەک بەخۆمم دەگوت: بە کەعبە وەزع وابڕوات دینارت وەرنەگرت.
لەلایەکەیتریش هەر خۆم دڵی خۆمم دەدایەوە و دەمگوت: دەی دیارە ئەو دێیە عادەتیان وایە، لە ڕۆژی عارەفەی عەیب نەبیت دەیدەین بە مەلای.
لەوتاری جەژن گوتم: کاکە ئەوەی سەرفیترە و شتی نەداوە و لە بیری چووە، دروستە ئێستاش بیداتە ئەو کەسەی پێی دەچێت( تەبعەن مەبەستم خۆم بوو)،بۆکێ دەڵێیت کاکە،.بەرد بجووڵێت، گیرفانی ئەو خەڵکەی نەجوڵا !
سەرتان نەیەشێنم، ئاخریەکەی کورد وتەنی(دەست بەتاڵ و گیرفان بە تاڵ لێی هاتمە دەر) و یەک عانەیان نەدامێ. تەنها داپیرەی کۆچکردووم نەبێت، پەنجا هەزاری خۆشەویستی داپێم.
ئای کە لە دڵەوە دووعام لێکردن و جوێنم پێدان و لێیان پەستبووم.
خەنجەریشت لێدابام لە بێزاری و توڕەییان خوێن لە لەشم نەدەهات!
خەفەتم بۆئەوەدەخوارد و بۆ گاڵتە دەمگوت گەر دەمزانی وان، چما یەک نوێژم بە دەستنوێژەوە بۆ دەکردن هاهاها.