نامۆیی و بێگانەیی لە خاکی ئێراندا.. ڕزگار حەمە ڕەشید

١

بۆ ئەوەی لەخزمەتی ئەم نوسینەدا بتوانین نامۆبوون بناسێنین، پێویستمان بەوە دەبێت هەندێک چەمکی تریش بخوازین و لەم چوارچێوەیەدا شرۆڤەیان بکەین و لەوێوە بەرەو ئامانجی کۆتایی نوسینەکە بڕۆین.

لە زۆربەی بەکارهێنانەکاندا، نامۆبوون وەک بێگانەیی باسدەکرێت، یان لە سادەترین پێناسەدا وەک جیابوونەوە و دابڕان یان وەک دابەشبوون دەناسێنرێت. ئێمە کاتێک لە شتێک جیا دەبینەوە ئیتر دەبینە نامۆ پێی.
لەمڕۆدا زیاتر خوومان بەوەوە گرتووە وشەی “نامۆبوون” بۆ وەسفکردنی ئەو هەستی دوورکەوتنەوەیە بەکار بێنین کە بەری دەکەوین، بۆ نموونە دوورکەوتنەوە لە خێزان و کۆمەڵگەکەمان، یان دوورکەوتنەوە لە جیهان بەگشتی. زۆرجار گوێمان لە خەڵک دەبێت کە دەڵێن هەست بە نامۆبوون دەکەن لەبەرامبەر کەسێک یان دامەزراوەیەک. لێرەشدا دیسانەوە هەستی جیابوونەوە بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بوونی هەیە، لەبەر ئەوەی بیرۆکەکە ئەوەیە کە مرۆڤ هەست بە جیابوونەوە لە شتێک دەکات.

ئەگەر نامۆبوون بەمانای جۆرێک لە جیابوونەوە بێت، کەواتە پێچەوانەی نامۆبوون بریتییە لە ئاوێتە بوون . ئاوێتەبوون لەگەڵ خێزان یان ڕێکخراو یان کۆمەڵگە بە گشتی. بەم پێیە کاتێک کەسێک سەر بە یەکێک لەو شتانەیە، ئیتر نامۆ نییە، لانیکەم لەو پێوەندەدا. ئەمەش شوناسێکی تایبەتی دەبەخشێتە کەسەکە، وەک بڵێی، بەوە دەناسرێتەوە، سەر بەو خێزانەیە، یان لەو تیپەدا، لەو کۆمەڵەیەدا کار دەکات، سەر بە فڵان دەزگا یان ڕێکخراوە. ئەمانە هەریەکەو بە جۆرێک شوناسی کەسەکە دیاری دەکەن، پێبەپێی ئەوەش، ئەرک و پرنسیپەکانی دەستنیشان دەکەن. لەبەرامبەردا، کاتێک کەسەکە بە ڕۆڵی خۆی لەو چوارچێوە دیاریکراوەدا ناڕازی دەبێت، دەتوانێت ڕەتیان بکاتەوە و چیدی ڕۆڵیان تێدا نەبینێت. کاتێک هەستی نامۆبوونم هەیە، ناتوانم شانبەشانی چوارچێوەیەکی دیاریکراو خۆم بناسێنم و چیدی ئەو چوارچێوەیە ناتوانێت شوناسی من دەستنیشان بکات، بۆیە لەدەرەوەی ئەو چوارچێوەیەدا زیاتر هەست بە ئاسوودەیی دەکەم. بەڵام لەناو یان دەرەوەی ئەو جوارچێوەیەدا، مرۆڤ عەوداڵی ئەوەیە دانیپێدا بنرێت.

چەمکی ناسینەوە یان دانپێدانان”recognition” لەو چەمکە گرنگانەیە لەمڕۆدا گرنگییەکی زۆری پێدەدرێت. ئەم چەمکە پەیوەندی بەو شێوازەوە هەیە کە ئێمە وەک مرۆڤ، سیاسەتمەدار، یان ئەندامی کۆمەڵگەیەک تەماشای یەکتری پێ دەکەین.

وەک نامۆبوون، دانپێدانانیش کۆمەڵێک مانای جیاوازی هەیە کە دەتوانرێت لە چوارچێوەی جیاوازدا بەکار بهێنرێت. ڕەنگە لە سەرەتاییترین ئاستیدا بتوانین باس لە دانپێدانان بکەین وەک جۆرێک لە تێگەیشتن، بۆ نموونە کاتێک سەیری ئەو شتە زۆرانە دەکەین کە لە دونیادا دەبینرێن، یەکسەر دەتوانین جیاوازی نێوان مرۆڤ و شتەکانی تر یان مرۆڤ و بوونەوەرە زیندووەکانی تر دەستنیشان بکەین. بەم مانایە دەتوانین کەسێک وەک مرۆڤ بناسینەوە و دان بە مرۆڤبوونیدا بنێین.

یاخود داننان بە مافی دیاریکراوی کەسانیتردا، چونکە ئەگەر دان بە مافی کەسانیتردا نەنێین، پێشێلکارییەکان ئاسایی تێدەپەڕن، چونکە سنوورێک نامێنێت بۆ ناسینەوەی کەسانیتر. کەواتە ژیانی کۆمەڵایەتی خۆی، بە چەندین شێوازی جیاواز، وامان لێدەکات دان بە یەکتریدا بنێیین و یەکتر بناسینەوە. ئەگەر نەتوانین بەو شێوەیە دان بە بوون و کارەکتەر و مافەکانی یەکتردا بنێین، جۆری هەڵسوکەوتمان بەرامبەریان دەگۆڕێت، بۆ نموونە توندوتیژی و دیاردەکانی وەک ڕەگەزپەرستی و سێکسیزم یان زەبروزەنگی داگیرکەر بەسەر داگیرکراودا، خاوەن دەسەڵات بەسەر ژێردەستەکانیدا لە دانپێدانەنانی تەواوەتییەوە سەرچاوە دەگرن بە ماف و بوون و کارەکتەر و شوناسی کەسانیتر. وەک ئەوەی لەزۆربەی وڵاتانی دونیادا، لەسایەی کەپیتاڵیزم و لقوپۆپەکانییەوە دەیبینین، بەتایبەتیش لە ئێران و تورکیا و عێراق و سوریادا جگە لە پیادەکردنی هەموو جۆرەکانی زەبروزەنگ بەسەر تەواوی دانیشتواندا، بەشەوەیەکی توندتر بەسەر کوردە داگیرکراوەکاندا پیادە دەکرێن. ئەمەش ڕێگەیەکە بۆ دروستبوونی نامۆبوونێک کە وردە وردە ڕوخسارەکانی باس دەکەین.

دوای جەنگە جیهانییەکان، چەمکی “نامۆیی” گرنگییەکی زۆری پێدرا، لەزۆر بواری ئەدەبی و هونەری و فەلسەفی و دەروونیدا کاری لەسەر کرا. تا ڕاددەیەکی زۆر، هەموویان لەژێر کاریگەریی ئەو ئیشکردنە وردەی کارڵ مارکسدا بوون بۆ پێناسەکردنی نامۆبوون.

مارکس لە دەستنووسە ئابووری و فەلسەفییەکانی ١٨٤٤دا لە بەشێکدا لەژێر ناوی ‘نامۆبوونی کرێکاران”دا بەم شێوەیە مەبەستەکانی خۆی ڕوون دەکاتەوە: { لە ئابووری سیاسیی و زاراوەسازییەکەیدا، ئەوەمان پیشانداوە کە کرێکار تا ئاستی کاڵایەک نغرۆ دەبێت، لە ڕاستیدا دەبێتە نەهامەتبارترین کاڵا. نەهامەتیی کرێکار لە پەیوەندییەکی پێچەوانەدا وەستاوە لەگەڵ هێز و قەبارەی بەرهەمهێنانەکەی خۆیدا، کە ئەمە دەرەنجامی سروشتیی کێبڕکێی کەڵەکەبوونی سەرمایەیە لە چەند دەستێکدا، ئەمەش ترسناکترین جۆری قۆرخکارییە} ئەو باسی نامۆبوونی کرێکار دەکات لەبەرامبەر ئەو کاڵایەدا کە خۆی بەرهەمی دەهێنێت و ناتوانێت لە بەرهەمی کارەکەی خۆی بەهرەمەند بێت. بەپێی مارکس نامۆبوون لە کار بریتییە لە “کردنی کار بە شتێکی نامۆ بۆ کرێکار.”

بەهەرحاڵ، مانای ئەم وشەیە چەندین جار و بەپێی بەکارهێنانەکانی، گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە. بەڵام دەشێت وەک ناساندنێکی درشت و فەلسەفی، هیگڵ وەک سەرچاوەیەکی سەرکی وەر بگرین کە پێش مارکس ئەم چەمکەی بەکار هێناوە. هیگڵ لە فینۆمینۆلۆژیای ڕۆحدا (١٨٠٧) زاراوەکانی نامۆبوون و بێگانەیی بەکار هێناوە بۆ ئاماژەدان بەوەی کە ڕۆح لە کایەی بابەتگەراییدا ( Objectivity) دەبێت بە شتێکی جیاواز لەخۆی. ئەم پرسیارە لەلای هیگڵیە چەپەکان و لای فیورباخیش لە کتێبی “کرۆکی مەسیحییەت” دا بەشێوەی جیا جیا دێتەوە بەر باس. فیورباخ لەو کتێبەدا باسی نامۆبوونی ئایینی دەکات، پێشبینیکردنی مرۆڤ بۆ خودی خۆی بە پێودانگی خودایەکی دروستکراو.
هەرچەندە چەمکی “نامۆبوون” تا ساڵانێکی زۆر نەبووە چەمکێکی سەرەکی هیچ کام لە بیرمەندەکانی سەدەی نۆزدە، بەڵام زۆربەیان بە گرنگییەوە لەسەری وەستاون. دواتر هۆرکهایمەر زاراوەی “ئانۆمی”بەکار هێنا بە مانای ناتەریب و شاز یان (شذوذ)، تا دەستنیشانی کۆمەڵێک دیاردە بکات کە بەهۆیانەوە ئەو نۆرم و یاسایانەی یەکگرتوویی کۆمەڵایەتیی مەیسەر دەکەن، لەبەرامبەر درێژبوونەوەی سیستمی کاردا ڕووبەڕووی قەیران دەبنەوە. دوای مارکسیش چەندین بیریاری وەک هایدگەر و هێربەرت مارکۆز و ئێریک فرۆم و ڕێچکەی نا مارکسیی جان پۆڵ سارتەر تێزی جۆراوجۆریان لەبارەی نامۆبوون و بێگانەییەوە هێنایە بەر ڕۆشنایی گفتوگۆکانەوە. لە نامۆبوونی مرۆڤەوە بەرامبەر مەکینەکانی بەرهەمهێنان، نامۆبوونی کرێکار بەرامبەر بەرهەمی کار، نامۆبوونی تاک لەناو شیرازەی لێکترازاوی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا، نامۆبوونی مرۆڤ لەبەرامبەر ئایین و خودا و سروشت و تەکنەلۆژیا و… لەبەرامبەر خودی خۆیدا.

لێرەشدا ئێمە دەمانەوێت هەڵوێستەیەک لەسەر نامۆبوونی دەستەبژێرێکی کۆمەڵگە بکەین لەبەرامبەر سیستمێکی فەرمانڕەوادا. بۆ ئەمەش دەستەبژێرێکی کۆمەڵگەی ئێران و سیستمی فەرمانڕەوایی ئەو وڵاتە دەکینە نموونە.

٢

وزەیەک لەناو دڵی کۆمەڵگەی ئێرانیدا دەگەشایەوە و بەچەندین شێوە و ڕوخسارەوە دەردەکەوت و دەدرەوشایەوە، ئەو وزەیە ساڵانێکی زۆرە لەدەرەوە خەفە دەکرێت و دەشاردرێتەوە و نکووڵیی لێدەکرێت، بەڵام لەناوەوە زیاتر خۆی دەخەمڵێنێت. وزەیەکە بەدرێژایی چەندین ساڵی ڕابردوو بەدەستی دەسەڵاتی پاشایی و دواتر دەسەڵاتی ئیسلامییەوە هەوڵی خنکاندنی دەدرێت و دەئاخنرێتە ناو ماڵە داخراوەکان و زیندانەکانەوە، خۆپیشاندان و ڕاپەڕینەکانی بە دڕندانەترین شێوە وەڵام دەدرێنەوە، کەچی ئەو سوود لە کەوتنەکانی خۆی وەردەگرێت و بە شێوازێکی پێگەیشتووتر دێتەوە بەرچاوان.

ناوەوە بۆ گەلانی ناو ئێران و ئەوانەش کە بە وڵاتانیتردا بڵاوبوونەتەوە بریتییە لە ناو ماڵەکان و ناو دەروونی خۆیان کە ڕۆژانە لە نامۆیی و بێگانەییەکی سەختدا دەژین و ئەو وزەیە پەروەردە دەکەن. نامۆیی بەرامبەر سیستمێک کە سەدان فەرسەخ لە خەون و بیرکردنەوە و ئاستی هۆشیاری ئەمان دوورە. ئەوانەی لەناو ئێراندا و لەناو خودی سیستمەکەدا ژیان بەسەر دەبەن، لە بەرامبەر ئەو سندووقە داخراوەی ئەقڵی ئەو سیستمە ستەمکارەدا ژیانێکی نهێنییان بۆ خۆیان دروستکردووە کە دەستی جەللادەکانی نەگاتێ. نەک تەنیا بە لەبارکردنی ژیانێکی ئازاد و مۆدێرن و کراوە بۆ خانەوادەکانیان لەناو ماڵەکانی خۆیاندا و لەپشتی دیوارەکانەوە، بەڵکو لەناو قووڵایی دەروونی خۆشیاندا هەموو ئەو دیوارانەیان شکاندووە کە لەدەرەوە، لەژیانی واقیعدا، لەدەوریان هەڵچنراون. ئەمان خۆیان بە میراتگر و درێژەپێدەری شارستانییەتێکی گەلێک دێرینتر دەزانن، شارستانییەتێک کە وێڕای ئەوەی بەناو مێژوویەکی پڕ لە شەڕ و کوشتار و ململانێی هەزاران ساڵەییدا تێپەڕیوە، بەڵام هەمیشە پێچەوانەی دەسەڵاتەکان، وزەیەکی داهێنەرانەی لەناو خۆیدا پەروەردە کردووە و پاراستوویەتی، وزەیەک کە تا ئەمڕۆ نەک تەنیا شانازیی، بەڵکو ڕێچکەیەکیشی پێبەخشیوە تا بەردەوام پێچەوانەی ئاراستە و خواستی دەسەڵاتەکان هەنگاو بنێت. ناوە مەزن و درەوشاوەکانی ناو دونیای هونەر و فەرهەنگ و ئەدەبی ئێرانیی سەلمێنەری ئەم ڕاستییەن.
بەم هۆیەوە گەلانی ئێران لەناو نامۆیی و بێگانەییەکی سەختدا ژیان بەسەر دەبەن. وەک ئەو نامۆییەی لەناوەوە و دەرەوەی ژیانیاندا ڕوو دەدات – سیستمی داسەپیوو ژیانی ڕاستەقینەی خۆیان – ئاراستەی پێجەوانەی ئەوەی هەیە و دەبینرێت لەگەڵ ئەوەدا کە بەڕاستی هەیە و بەئاسانی نابینرێت.
“ئەم خوێندنەوەیە دەشێت لەزۆر شوێنیتری دونیادا کاربکات، بەتایبەتی لە خوێندنەوەی ژیانی ئەو گەنجانەدا کە ئازادانە لە شەقەی باڵ دەدەن و دوور دەفڕن، بەڵام لەناو ئەو سیستمە خنکێنەرەی باشووری کوردستاندا ژیان بەسەر دەبەن” .

دەرەوە ئاوێنەیەک نییە بۆ ئەوەی لە ناوەوە ڕوو دەدات. هەرگیز لەناو ئەو سیستمە تۆتالیتار و فاشییانەدا، ئایدیۆلۆژیای دەسەڵات نوێنەرایەتی ئایدیۆلۆژیا و فیکری باڵادەستی کۆمەڵگە ناکات “وەک ئەوەی مارکس بانگەشەی بۆ دەکرد”. دەشێ لەناو میدیا و ئەو جیهانە بەرچاوەدا کە زۆرتر دروستکراوو خۆپیشاندەرە، وا دەربکەوێت کە ڕاستییەکی باڵادەستە، بەڵام لەناو ژیانی واقیعیی تاکەکان و خێزانەکاندا ئەو ڕاستییە ڕوخسار پێدراوو ماکیاژکراوە کورت دەهێنێت. ڕاستەقینەیی ژیانی مرۆڤەکان لەناو وردەکارییەکانی ژیانی خۆیاندا دەبێتە پێوەر بۆ فەلسەفەی ژیانکردنیان.

لەوێدا کە پاسدارێک، ژەندرمەیەک، ئەمنێک، کۆماندۆیەک، زێرەڤانێک دەوەستێت و فۆرمێک لە ژیانکردن دەسەپێنێت بەسەر ڕووکەشی ژیانی مرۆڤەکاندا، هەر لەوێدا خەونی ژیانێکی جیاواز، ئازاد، لەناوەوەی ژیانی مرۆڤەکاندا چەکەرە دەکات.
نامۆیی و بێگانەیی لەژیانی ڕۆژانەی ژێردەستەکاندا دەبێتە داینەمۆی ئەندێشەیەک بۆ دروستکردنی ژیانێکی باشتر.
نامۆبوونی مرۆڤ لە کۆمەڵگەیەک و لەسایەی سیستمێکدا کە ژنان دادەپۆشێت و لە مرۆڤەوە دەیانکاتە کاڵا، بەشێوەیەکی سیستماتیک گەیشتە ئەو ڕاچەنینەی ئەمڕۆ کە گرنگترین دروشمی مێژوو بەرز دەکاتەوە:
ژن…ژیان…ئازادی

٣

پێشتر هەوڵماندا وێنەیەکی گشتی سەبارەت بە چەمکی نامۆبوون و بێگانەیی وە شوێنیان لەناو کۆمەڵگەکانی ئێراندا باس بکەین. لەم بەشەدا دەمانەوێت تیشکی قسەکردنەکانمان بخەینە سەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان و وەک بەشێک لە ڕاپەڕینەکانی ئێران باسی بکەین. لەم بەشەدا فۆکەسەکەمان نزیکتر دەکەینەوە و هەوڵدەدەین نامۆبوونی کوردەکان وەک داگیرکراوێک لەو نامۆبوونە گشتییەی ئێرانییەکان جیا بکەینەوە.
لەم بارەیەوە، وەک سەرەتایەکیش بۆ ڕاڤەکردنی ئەم پرسە، لە جیاوازی نامۆبوونی کۆڵۆنیانیاڵیست و کۆڵۆنیاڵیزەکراو (داگیرکەر و داگیرکراو) دەکۆڵینەوە. ڕاستە هەردوکیان (وەک هاوڵاتی) لەناو هەمان سیستەمی سەرکوتگەر و گەندەڵ و خۆسەپێندا ژیانێکی دوو ڕوو دەژین، ڕوویەکیان ئەو ژیانەیە کە سیستمەکە سەپاندوویەتی بەسەریاندا و ڕۆژانە بە ترس و تۆقاندن و کوشتن و زیندانیکردن ڕووبەری ئازادییەکانیان بچووکتر دەکاتەوە و زۆرتر دەیانخاتە ژێر ڕکێفی ئەو قامچییانەوە کە بەناوی مۆراڵ و پێودانگی کۆمەڵایەتی و دینیەوە کردوونیەتە یاسا، بەمەش مافی لێپێچینەوە و سزادانی کردۆتە پاساوێک بۆ سەرکورتکردنی هەر جۆرە دەرکەوتنێکی ناتەبا. ڕووی دووەمیش، ئەو ژیانەی مرۆڤەکانی ناو ئەو چورچێوە جوگرافییە لەناوەوەی خۆیاندا هەڵیدەگرن و پەروەردەی دەکەن و گەشەی پێدەدەن، ژیانێک کە زۆرجار لەگەڵ تەواوی ئەو شێوە ژیانکردنە باڵادەستەدا ناکۆکە و هەناسە ڕاستەقینەکانی خۆی دوور لەچاوی سیخوڕ و جەللادەکان دەدات. ناچارە عەشق و جوانی و سۆز و ڕوناکی و ئارەزوو تەنانەت خوداش لە شوێنە تاریکەکان و لەناو ڕەفە و ماڵە داخراوەکاندا بشارێتەوە ( لە شیعری ” روزگار غریبی ست، نازنین”ی شاملۆوە). بەڵام بۆ داگیرکراو، لەمەش دوورتر دەڕوات، جگە لە هەموو ئەوانە، ناچارە ناوو زمان و تەنانەت کەلتوور و شوناسی خۆشی بشارێتەوە، یان لە باشترین حاڵدا، بە تەماهی لەگەڵ کەلتوور و شوناس و زمان و ناوی داگیرکەردا خۆی پێناسە بکاتەوە و خۆی وەک پاشکۆی ئەو بناسێنێت و ددان بە ژێردەستەیی خۆیدا بنێت.

لەم ڕووەوە، ڕووبەرەکانی نامۆبوونی داگیرکراو زۆر لە ڕووبەرەکانی نامۆیی تاکەکانیتری ناو هەمان چوارچێوەی جوگرافی فراوانتر و بڕستلێبڕترە. ئەم وێنەیە لە هەموو شوێنە داگیرکراوەکانیتری سەر زەوەی هەمان ڕەنگ و هەمان کاریگەریی هەیە، بە هەندێک جیاوازییەوە کە پەیوەندی بە سیستمی بەڕەوەبردنی وڵاتەکەوە هەیە. بۆ نموونە داگیرکردنی ئەمەریکا و کەنەدا. لە کەنەدا یەکەم کارێک کە داگیرکەرە سپی پێستە ئەوروپاییەکان کردیان ئەوە بوو کە ڕەنگ و زمان و ئایینی خۆیان کردە ڕەنگ و زمان و ئایینی باڵا دەست. بەمەش، بەر لە خەڵکە ڕەسەنەکە (ئەوەی بە هیندییە سوورەکان ناسێنران و تا حەفتاکانیش هۆڵیوود بێشەرمانە هەمان تێرمی بەکار دەهێنا و ئەوانی وەک کێوی و “وەحشی” و دژە زانین و دژە مرۆڤ دەناساند) دەستیان بەسەر شێوەبیرکردنەوەی هەموو ئەو کەسانەیتریشدا گرت کە وەک ئەوان، بۆ بەدەستهێنانی ژیانێکی باشترو تا ببنە خاوەنی زەوی خۆیان، ڕوویان لەم وڵاتە تازە دۆزراوە چۆڵە دەکرد. هەنگاوی دووەمیشیان بریتی بوو لە سڕینەوەی تەواوی شوناسی خەڵکە ڕەسەنەکە. هەر لە زمان و کەلتووریانەوە تا باوەڕ و شێوە ژیانیان. بە هەموو شێوەیەک هەوڵی پاکتاوکردنیان درا، بەڵام ئەوان دوور لەچاوی سپییەکان ژیانی خۆیان دەژیان و وەچەیان دەخستەوە تا نەسڵەکەیان نەفەوتێت. بۆیە دوا چەکی کۆڵۆنیاڵیستەکان لە وڵاتێکی وەک کەنەدا ئەوە بوو کە منداڵەکانیان لێدەسەندن و دەیانخزاندنە خوێندنگە نیشتەجێ زۆرەملێکانەوە (residential school) تا بەتەواوی خڵتەی باوەڕ و زمان و کەلتوورەکەی خۆیانیان لێداماڵن (ئەم خوێندنگە نیشتەجێیانە لە ساڵی ١٨٨٠وە دەستیان پێکرد و تا کۆتاییەکانی سەدەی بیست بەردەوام بوون، لەم چەند ساڵەی دواییدا لەناو گۆڕەپانی ئەو خوێندنگەیانەدا تەرمی زیندەبەچالکراوی سەدان منداڵیان دۆزییەوە) دیارە هەر بەمەشەوە نەوەستان، لەو خوێندنگە نیشتەجێیانەدا کە کڵێسا دەیبردن بەڕێوە، هەموو جۆرەکانی زەبروزەنگیان لەسەر پیادە دەکردن، بە دەستدرێژی سێکسییشەوە. ئەمە دیوە قووڵەکەی نامۆبوونە. نامۆبوون بەرامبەر زمانی ئینگلیزی (فەرەنسی) کە هەرچەندە لەناویدا گەورەکران بەڵام هەرگیز نەبووە زمانی ئەوان، بەرامبەر بە وانە دینییەکان سەبارەت بۆ مۆراڵ و لێبوردەیی کەچی لەسەردەستی ئایینزادەکان ئەو هەموو زەبروزەنگ و دەستدرێژیانە کرایە سەریان.

بەم پێیە، نامۆبوون دەگاتە شوێنێک کە چیدی دیاردە نییە، یان شێوە ژیانێکی جیاواز نییە، بەڵکو خودی نامۆیی دەبێتە ڕیاڵیتی، دەبێتە ڕەچەڵەک و ڕەگی خۆی لە قووڵایی مرۆڤدا دادەکوتێت، دەبێتە نامۆبوونێکی ئەنتۆلۆژی کە تەواوی ژیانی مرۆڤ داگیر دەکات.

٤

لەم ڕووەوە ململانێی کوردانی ڕۆژهەڵاتیش وەک پارچەکانیتری کوردستان، بەرامبەر سڕینەوەی شوناس و کارەکتەر و بوونیان، لەلایەن دەوڵەتە داگیرکەرەکانەوە بە دڕندانترین شێوە وەڵامدراوەتەوە. جگە لە کوشتاری بەکۆمەڵ و زیندانیکردن و هەڵواسین و هەموو جۆرەکانیتری سەرکوت و ئازاردان و چەوساندنەوە، لەزۆر شوێن مافی قسەکردن و نوسینیشیان بە زمانی دایکیان لێ قەدەغەکراوە و لەسەری کوژراون و قەتڵوعام کراون.

لەبەرامبەریشدا، کاتێک کوردەکان بۆ مافەکانی خۆیان هاتنە دەنگ، ساڵانێکی زۆر لەلایەن کۆمەڵێک بنەماڵەو تاقمی چەکدارەوە نوێنەرایەتی دەکران. ساڵانێکی زۆر کوردی داگیرکراو بە دروشمەکانی “یا کوردستان یا نەمان” بەرگری لە مانەوەی خۆی دەکرد، لەم پێناوەدا هەزاران شەهیدیدا، بەڵام ئەزموونەکان بە گشتی و زۆر بەتایبەتیش ئەزموونی باشوور ئەوەی یەکلاکردەوە کە لەژێر ئەم دروشمەدا کوردستان بۆ بەرپرسە گەندەڵەکان و سەرکردە خۆوخاک فرۆشەکانە و نەمانیش بۆ قوربانییەکانە، دوژمنیش هاو خەبات و هاوبەرژەوەندی حیزبە بازرگانەکانە. (مەبەستم لە قوربانیی، جگە لە شەهیدەکان، هەموو ئەوانەشە کە هێشتا لەژیانێکی درۆیینەدا لەژێر سایەی بەرپرس و سەرکردە و سەرۆکە کوردە داگیرکەرەکاندا ژیان بەسەر دەبەن. مەبەستم لە ژیانێکی درۆیینە، پراکتیزەکردنی شێوازێکە لە “بوون” بەبێ بوونی مانایەکی ڕاستەقینەی ژیان، بەردەوامبوونێکی زۆرەملێیە لە جیهاندا، بەڵام بەبێ ژیانکردن).

جگە لەمە، ساڵانێکیش دروشمەکانی “یەکسانی و ئازادی” بوونە داینەمۆی بەردەوامبوون و کۆڵنەدان و بەرگری، ئەمەش، لای هەندێک لە گرووپە چەپەکان، بە ڕزگارکردنی سەراپای جیهان لەدەست سەرمایەداری و بەدیهێنانی ئازادی و یەکسانی بۆ سەرجەم مرۆڤایەتیی دێتە دی. کەچی ئەزموونەکان و زۆر بەتایبەتیش ئەزموونی ئەو بزووتنەوانەی بەناوی چەپ و مارکسیزم و کۆمۆنیزمەوە لە پارچەکانی کوردستان خۆیان نمایش دەکرد، نەک خۆیان بە خوێندنەوەی چەمکەکانەوە هیلاک نەدەکرد، بەڵکو هەرکەسێکیش بەو ئاراستەیەدا قسەی بکردایە ناتۆرەی “ڕۆشنفیکر” و “مەکتەبیی”یان دەخستە پاڵی. دوای ئەوەی حیزبی شیوعی شانبەشانی پاشەکشەی سۆڤێتی جاران لە ناوچەکەدا ئەستێرەی خەباتی پووکایەوە، ئەو بزووتنەوانەش کە بەناوی مارکسی – لینینی و کۆمۆنیزم و کۆمۆنیزمی کرێکارییەوە سەریان هەڵدا، نەیانتوانی شرۆڤەیەکی دروست بۆ بارودۆخی سیاسی ناوچەکە بکەن و ئایدیۆلۆژیاکەیان لەپەیوەند بە ململانێ ناوجەیی و جیهانییەکان پێشبخەن. تا کاتی ڕووخانی دیواری بەرلین و بلۆکی ڕۆژهەڵات بەشوەیەکی فەرمی (چونکە پێش ئەو بەروارەش دەمێک بوو لەناوەوە کرمێ ببوو)، بزووتنەوە سۆشیالیست و کۆمۆنیستەکان شێلگیرانە داکۆکییان لە شکست و هەڵەکانی سۆڤێت و تەنانەت چینیش دەکرد، چونکە وەک پشتوپەنایەکی بەهێز بۆ خۆیان و بزووتنەوەکەیان دەبینی، بەڵام لەدوای ئەو بەروارە، بەشێکی زۆریان وازیان هێنا و چیدی خۆیانیان بە پرسەکانی شۆڕش و شۆڕشی پرۆلیتارییەوە خەریک نەکرد، ئەوانەشی کۆڵیان نەدا، بەشێکی زۆریان لەبەرامبەر ئەو پرسیارەدا کە بۆچی سۆڤێت شکستی هێنا، شەرمنانە وەڵامیان دەدایەوە، کۆمۆنیستە کرێکارییەکانیش یەکدەنگ، ئەو وەڵامەی مەنسووری حیکمەتیان کردە قەڵغانی ڕووبوڕووبوونەوەی ئەو پرسە، ئەوەی ” له‌ کۆتایی ده‌یه‌ی بیست به‌دواوه‌ کۆمۆنیزم له‌ بنه‌ڕه‌تدا له‌ خه‌ت لایداوه‌. لێره‌ به‌دواوه‌ خودی مه‌سه‌له‌ی سۆڤیه‌ت له‌ ته‌نیشت مه‌سه‌له‌ی کاپیتاڵیزمه‌وه‌ به‌ شێوه‌ی گشتی، بووه‌ته‌ گیروگرفتێکی میحوه‌ری کۆمۆنیزمی ڕاسته‌قینه‌ی کرێکاریی. سه‌رنه‌که‌وتوویی تا ئێستای سۆشیالیزم وه‌ک ئامانجێک به‌رهه‌می ئه‌و ڕاستیه‌یه‌ که‌ ئه‌و تاکه‌ بزووتنه‌وه‌یه‌ی که‌ ده‌توانێت ئه‌م ئامانجه‌ به‌ ئه‌نجام بگه‌یه‌نێ به‌هۆی به‌ میللی کردن و ده‌ست به‌سه‌ردا گیرانی شۆڕشی کرێکارییه‌وه‌ له‌ سۆڤیه‌ت دووچاری لاوازی و لێک دابڕان هات.‌ سۆشیالیزمی کرێکاریی تا ئه‌مڕۆ له‌ ژێر باری ته‌جروبه‌ی سۆڤیه‌تدا پشتی ڕاست نه‌کردۆته‌وه” مەنسور حیکمەت، مارکسیزم و جیهانی ئەمڕۆ.
هەڵسوڕاوەکانی ئەو بزووتنەوەیە، وێڕای هەر تێبینییەک لەسەر ئەو زمانە نامۆ و شەقوشڕەی لەنێو کوردی و فارسی و عەرەبی و چەند زاراوەیەکی تێکشکاوی ئینگلیزی و لاتینیدا دەخولایەوە و تا ئێستاش پاکیان نەکردۆتەوە، بەجۆرێک، نەک زمانی نوسین و قسەکردنەکانیان لە واقیع نزیکنەدەکردەوە، بەڵکو زۆر بە ئاسانی ئەندامەکانیان بەو زمانە دەناسرێنەوە کە پڕە لە هەڵەی وشەسازی و ڕێزمانیی، ئەمەش دابڕانێکی ئاشکرای دروستکردوو. لەوەش زیاتر، (جگە لەو ئەندامە سەرکردایەتییانەی وازیان هێناوە) بەدرێژایی ٣٥ ساڵ زیاتری ئەو بزووتنەوەیە لەسەردەمی ڕێکخراوەکانەوە و نزیکەی ٣٠ ساڵی دروستبوونی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراقەوە، تا ئێستا هەمان ڕابەرایەتی و سەرکردایەتی هەیە و ئەو ناوانەی لەو سەردەمەدا هەبوون، تا ئێستا هەر ئەوانن. زۆری لەسەر نەڕۆین، زۆربەی هەرەزۆریان کەوتنە ناو داوەکەی نەوشیروانەوە و لە ١٧ی شوبات دا بەشێک بوون لە نەوشیروانی و ئەسلامییەکان، کەوتنە ناو یارییەکانی ڕیفراندۆمی بارزانییەوە، کەوتنە ناو یارییەکانی دیموکراتییەوە و لە هەڵبژارنەکانی شارەوانیدا بەشدارییان کرد.

تێپەڕیین بەناو ئەو ئەزموونانەدا، کە ئیسلامیزم و ناسیۆنالیزم و فاشیزم یارییان تێدا دەکرد و کۆمۆنیستێکی گۆشەگیری بێ ئاسۆ و داخراو بەسەر خۆیدا لە کەنارەکانیدا بوو، دەشێت ئاراستەی تێگەیشتنەکان لە پێویستیی و حەتمییەتی بوونی حیزبەوە بگۆڕێت بۆ پێداویستی خۆبەڕێوەبردنی سەربەخۆ لە کۆمەڵگەیەکی ناحیزبیدا کە هەموو سیستمەکە، لە خوارەوە بۆ سەرەوە، لە گەڕەک و شوێنی کارەوە تا نوێنەرایەتیکردنی سەراسەریی، بەشێوەی هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆی نوێنەرەکان، خۆی دامەزرێنێت.

ئەم خۆ ڕێکخستنەوە و خۆدروستکردنەوەیەی کە لە ڕووکەشدا خۆبەخۆ و عەفەوی دەردەکەوێت، ئەنجامی چنینێکی جاڵجاڵۆکەیی ناو ماڵەکان و ئیرادەی تاکەکانی ئەو کۆمەڵگەیە و کوردە داگیرکراوەکانە کە ساڵانێکە بەشەوەی جیاجیا خۆی دەردەخات و جاەبەجاریش گەشەکردووتر و پێگەیشتووتر دێتە پێشەوە. ڕۆژهەڵاتی کوردستان جگە لەوەی چەندین نوسەر و هونەرمەندی داهێنەری پێشکەش بە هەر چوار پارچەکە کردووە، جاڵجاڵۆکە ئاسا تەزووی شۆڕشێک دەهۆنێتەوە، کە ڕۆژ بەڕۆژ ڕۆشناییەکانی زیاتر بەدیار دەکەون، ئەوەتا دروشمی ژن…ژیان…ئازادی جێگەی دروشمە لەکارکەوتووەکانی گرتەوە و بووە دروشمێک نەک سەراپای کوردستان و ئێران، بەڵکو وردە وردە خەریکەهەموو جیهان دەتەنێت.

ڕزگار حەمە ڕەشید




ئه‌وكاته‌ی ئۆجا‌لان به‌ بووكچین گه‌شت.. نووسینی: دامیەن گرێبەر و شانن برینکات..

وه‌رگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: گۆران عه‌بدوڵڵا

تێبینی: ئەم نووسینە بەشێکە لە کتێبی: بونیادنانی ژیانی ئازاد، دیالۆگ لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجالان.

ئەم کتێبە لە کتێبخانەکانی کەرکوک و سلێمانی دەستدەکەوێت.

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە کلیکی ئێرەبکەن..




ڕەخنەی لە “بنەمای یەکپارچەیی خاکی”.. دیمانەی خەلیل کەیوان لەگەڵ حەمید تەقوایی

وەرگێڕانی: بۆ کوردی:کاوە عومەر
بە پشتبەستن بە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کەناڵ جەدید ئامادەکراوە

خەلیل کەیوان: بناوانی ئەو یەکپارچەیی خاکەی کە لەلایەن هێزە ڕاستەکانەوە پێشنیاردەکرێت مانای چییە؟ مانای پراکتیکی جێبەجێکردنی ئەم پرەنسیپە چییە؟ چۆن دەتوانرێت یەکپارچەیی وڵات بپارێزرێت؟ ئەزموونی وڵاتان بۆ چارەسەرکردنی هەڵاواردنی نەتەوەیی چی بووە؟ سیاسەتی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری لەم بوارەدا چییە؟ ئەم پرسیارانە لەگەڵ حامید تەقوای لە بەرنامەی وەڵامدانەوەی ئەمڕۆدا تاوتوێ دەکەین.
حەمید تەقوایی، بزووتنەوە ڕاستەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە یەکپارچەیی خاک هێڵی سووری ئەوانە. لە سەردەمی شۆڕشی ژن ژیان ئازایدا، خەڵک لە هەموو گۆشەکانی وڵاتەوە یەکگرتوو بوون. پشتگیری یەکتریان کردووە. خەڵکی کوردستان، ئازەربایجان، بەلوچستان و تاران پەیامی پشتیوانیان بۆ یەکتر ناردووە. ئایا لەم دۆخەدا پێویستە جەخت لەسەر یەکپارچەیی خاک بکرێتەوە؟ بۆچی حزب و ڕێکخراو و کەسایەتییەکانی هێزە ڕاستڕەوەکان لە ڕیکلام و سیاسەتەکانیاندا یەکپارچەیی خاک تۆخ دەکەنەوە؟
حەمید تەقوایی: هەروەک وتت خەڵکی ئێران هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ یەکتردا نییە. ئەوە ناسیۆنالیستەکانن کە لە ڕاستیدا خەریکی دابەشکردنی خەڵکن. کاتێک ڕەوتە پاشایەتییەکان و ئۆپۆزسیۆنی ڕاستڕەوەکان یەکپارچەیی خاک دەکەنە پرەنسیپێکی پیرۆز و دەڵێن هێڵی سوورە، لە ڕاستیدا ڕایدەگەیەنن کە ئێمە تەحەمول بە هیچ جۆرە ناڕەزایەتییەک ناکەین بەرامبەر بە چەوساندنەوەی نەتەوەیی و هەڵاواردنی نەتەوەیی و هەرکەسێک خۆی بە ئا غەیرە فارس و نەتەوەیەکی جیاواز لە ئێراندا.وە ئەگەر بوێری ئەوە بکات باسی جیابوونەوە بکات یان تەنانەت تەنها ناڕەزایەتی دەرببڕێت بەرامبەر بە هەڵاواردن و ستەم و چەوسانەوە و هەڵاواردنی نەتەوەیی کە کێشەیەکی ڕاستەقینە و ئازارێکی درێژخایەنە لە ئێراندا، بە گۆپاڵ وەڵام دەدرێتەوە یەکپارچەیی خاک. کاتێک یەکپارچەیی خاک وەک پرەنسیپێکی پێشێلنەکراو یان هێڵی سوور ڕادەگەیەنن، ئەوە مانای ئەوەیە کە ئێمە بەرگەی هیچ جۆرە مافخوازیێەک لەدژی ستەم و هەڵاواردنی نەتەوەیی ناگرین.
ئەوان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە جەختکردنەوە لەسەر یەکپارچەیی خاک بۆ پاراستنی یەکپارچەیی وڵاتە، لە کاتێکدا بە پێچەوانەوە ئەم دروشم و هەڵوێستە دژی پێکەوەژیانی خۆبەخشانەیە لە ڕاستیدا دوبەرەکی ئامێزە. واتای ئەم “بنەما”یە ئەوەیە کە بەشە جیاجیاکانی کۆمەڵگای ئێران بە هەر بڕە هەڵاواردن و چەوساندنەوەیەکی نەتەوەییەوە ناچارن بسووتێن و بنیات بنێن. دیارە ئەم دروشمە هەمیشە هەڕەشە و شمشێرێک بووە بەسەر سەری خەڵکی کوردستان و خەڵکی ئازەربایجان و پارێزگا سنوورییەکان بە گشتی؛ ئەو کەسانەی گوێڕایەڵی حکومەتی ناوەندن، پێیان دەوترێت پاسەوانی سنووری بە پەرۆش، بەڵام ئەگەر باس لە جیابوونەوە و تەنانەت لابردنی ئەو هەڵاواردن و چەوساندنەوەش بکەن کە تووشی دەبن، ئەوا بە گۆپاڵی جوداخوازی و یەکپارچەیی خاک دەخەنە مەترسییەوە دەڕۆن بەسەروکاریانەوە.
ئەم “بنەما” و هێڵی سوورەی ئۆپۆزیسیۆنی ڕاست بەتەواوی کۆنەپەرستانەیە، هەڵاواردنە و تەنانەت ناتوانێت ئامانجی یەکگرتوویی ئیدیعاکراوی ئەوانیش دابین بکات. “بنەمای پیرۆزی یەکپارچەیی خاکی” هەمیشە وەک شمشێرێک لە دژی خەڵک لە پارێزگا سنوورییەکانی وڵاتدا مامەڵەی کردووە.
خەلیل کەیوان: جێبەجێکردنی بنەمای یەکپارچەیی خاکی مانای چییە؟ لە سیاسەتداچۆن چۆنی مانای دەبێت؟ ئەزموونی تا ئێستا لە وڵاتانی دیکە و لە ئێران چی بووە؟
حەمید تەقوایی: خەڵکی کوردستانی ئێران و خەڵکی ئازەربایجان لە ماوەی سەدەی ڕابردوودا تامی مانا کردەییەکەیان کردووە و دەزانن مانای چییە. هەر لە کۆماری ئیسلامییەوە کە بۆ جێگیربوونی خۆی بە هێرش بۆ سەر کوردستان دەستی کرد ، تا دەگاتە شاکانی پەهلەوی کە کۆمارە ئۆتۆنۆمەکانیان لە کوردستان و ئازەربایجان سەرکوت کرد، هەموو جۆرە مافخوازییەک لە لایەن خەڵکی کوردستان و ئازەربایجانەوە هەمیشە لەگەڵ سەرکوت و هەڕەشە و گوڕەشەدا بەرەوڕوو بووەتەوە.
هەر لە شۆڕشی دەستوورییەوە تا ئەمڕۆ، هەمیشە ئەم بەگۆپاڵی یەکگرتوویی ئێران، گۆپاڵی پیرۆزی سنوورەکان، پیرۆزی یەکپارچەیی خاک و هتد لە هەر هاوارێکی حەقخوازانەی خەڵکی سەربە نەتەوەکانی تریانداوە . ئەمڕۆ دەبینین کۆماری ئیسلامی بە بیانووی ڕووبەڕووبوونەوەی هێزە جوداخوازەکان لە زاهیدان و شارەکانی دیکەی سیستان و بەلوچستان چ تاوانێک ئەنجام دەدات و بە چ دڕندەیەک هێرش دەکاتە سەر ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی کوردستان. پاساو و پڕوپاگەندەی کۆماری ئیسلامی، وەک ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستڕەو، پاراستنی یەکپارچەیی خاکی ئێرانە. لەم ڕوانگەیەوە ئۆپۆزیسیۆنی ڕاست بەتەواوی هاوتەریبە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا.
“بنەمای یەکپارچەیی خاک” بە کردەوە ئامرازێکە، پاساوێکە، وەسیلەیەکە بۆ سەرکوتکردنی هەر جۆرە هاوارێک بۆ مافەکان لە دژی هەر جۆرە ستەم و هەڵاواردنێکی نەتەوەیی. هەمیشە بەو شێوەیە کاری کردووە.
سەبارەت بە بەشی دووەمی پرسیارەکەت سەبارەت بە ئەزموونی جیهانی، پێویستە بگوترێ لەو وڵاتانەی کە دواجار بۆنی شارستانیەتیان کردووە و تیایدا جۆرێک لە دیموکراسی لیبراڵ دامەزراوە، وەک ئەوەی لە وڵاتانی ڕۆژئاوا دەیبینن، هەرچەندە هەموو حکومەتەکان دەیانەوێت پارێزگاری لە.یەکپارچەیی وڵاتەکەیان و جیابوونەوە بەجێگەی سەرزەنشت، ئەژمار دەکرێت، بەڵام یەکپارچەیی خاک پیرۆز نییە و پێشێل نەکراو نیە. لانی کەم لە مێژووی نوێدا بەوشێوەیە نیە. لە دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەر حکومەتی سۆڤیەت دانی بە جیابوونەوەی فینلاند لە ڕووسیەدانا، نەرویج لە سوید جیا بووەوە و دوای ڕووخانی دیواری بەرلین، کۆماری چیک و سلۆڤاکیا جیابوونەوە. لە کەنەدا، لە پارێزگای کیوبیک، دوو ڕیفراندۆم بۆ جیابوونەوە ئەنجامدراوە. تا ئێستا دەنگ لەسەر جیابوونەوە نەدراوە، بەڵام حکومەت بەڵێنی داوە بە هەر شێوەیەک بێت ئەنجامی ڕیفراندۆمەکە قبوڵ بکات. حزبێک بە ناوی پارتی کیوبیکۆیس حزبێکی جوداخوازە و دەیەوێت کیوبیک لە کەنەدا جیا بکاتەوە، بەڵام فەرمی و یاساییە و نوێنەری لە پەرلەمان هەیە. تا ئێستا دووجار ڕیفراندۆمی بۆ جیابوونەوە ئەنجامداوە، ڕەنگە بۆ جاری سێیەمیش بیەوێت ڕیفراندۆم ئەنجام بدرێت. ئەمە ڕێبازی دیموکراسییە لیبراڵەکانە بۆ پرسی یەکپارچەیی خاک. ئەمانە هێزە ڕاستڕەوەکان و ناسیۆنالیستە ئێرانییەکانن کە بە هەمان نەریتی دیکتاتۆری چەند دەیە دوای شۆڕشی دەستووری، لە یەکپارچەیی خاک گۆپاڵێکیان دروست کردووە بۆ سەرکوتکردنی خەڵک و لایەن و ئەو حزبانەی ناڕەزایەتی بەرامبەر ستەمی نەتەوەیی دەردەبڕن. لە نەریتی ناسیۆنالیزمی فارسدا، نەک هەر هیچ حزبێک ناتوانێ جوداخواز بێت، بەڵکو هیچ جۆرە ناڕەزایەتییەکیش لەچەشنی ئەوەی کە ئێمە داوای مافی خوێندن و چالاکی کولتووری بە زمانی خۆمان دەکەین، لە هەڵاواردنی ئابووری کۆمەڵایەتی نەتەوەیی و چەوساندنەوەی نەتەوەیی- کە ئەمەش کارێکی مێژووییە و کێشەی درێژخایەن لە ئێران – لە ئازاردا دەچێژین و پرسگەلێکی لەو جۆرە لەلایەن حکومەتی ناوەندییەوە تەحەمول ناکرێت.
دەمەوێت بڵێم تەنانەت لە چوارچێوەی دیموکراسی پەرلەمانی لە جۆری سیستەمی سەرمایەداری لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا یەکپارچەیی خاک تابۆ و پرەنسیپێکی پیرۆز نییە. یەکپارچەیی خاک یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ستەمکاری و دیکتاتۆرییەتە لە ئێراندا و بە ڕاماڵینی هەر جۆرە دیکتاتۆریەتێک لە کۆمەڵگەدا، پێویستە ئەم پرەنسیپەش وەلا بنرێت و پێکەوە ژیانی ئازادانەی هەموو خەڵکی دانیشتووی ئێران بە بەفەرمی ناسینی مافی هەموو خەڵک بۆ چێژوەرگرتن لە ژیانێکی ئینسانی و بە یەکسان دەستەبەر بکرێت.
خەلیل کەیوان: ئایانابێ شتێک لە دژی دابەشبوونی وڵات بکرێت؟ چۆن دەتوانرێت یەکپارچەیی وڵات بپارێزرێت؟
حەمید تەقوای: ئێمە لەگەڵ ئەوەداین کە وڵاتان تا دەکرێت گەورە بن. ئێمە لەگەڵ جیانەکردنەوەی هیچ بەشێکی ئێرانین و پێکهێنانی کۆمەڵگا و وڵاتی گەورە بە قازانجی هاوپشتیی فراوانترین بەشەکانی خەڵک و خەباتی هاوبەشیان بۆ ئازادی و ڕزگاری دەزانین. بەڵام بۆ ئەمەش دەبێت داوای یەکێتی خۆبەخشانەی هەموو مرۆڤەکان بکەیت و ئەم یەکێتییە خۆبەخشانە چیتر بە پرەنسیپی پیرۆزکردنی یەکپارچەیی خاک بەدەست ناهێنرێت. بەپێچەوانەوە وەک وتم ئەم پرەنسیپە ئامرازی هەڕەشە و چەوساندنەوە و دابەشبوونە. پێکەوە ژیانی خۆبەخشانەی مرۆڤەکان تەنیا بە بەفەرمی ناساندنی مافی یەکسان لە هەموو بوارەکاندا بۆ هەموو خەڵکی دانیشتووی ئێران بەبێ گوێدانە ئەوەی کە زمانی دایکیان چییە یان خۆیان سەر بە چ نەتەوە و میللەتێک دەزانن، مومکین دەبێت. پێویستە هەمووان لە هەموو بوارەکاندا مافی یەکسانیان هەبێت و هاوڵاتییەکی تەواو یەکسان بن. بۆ نموونە ئەگەر ئەو کەسانەی کە بە زمانی فارسی قسە دەکەن مافی خوێندنیان هەبێت بە زمانی دایکیان، هەموو ئەو کەسانەی کە زمانی دایکی تریان هەیە لە کوردستان، لە ئازەربایجان و لە هەر بەشێکی وڵات، ئەوانیش مافی ئەوەیان هەیە بە زمانی دایکی خۆیان بخوێنن زمانی دایک و ئیمکاناتە پێویستیە پەروەردەییەکانیان بۆ دەستەبەر بکرێت، وەک چۆن بۆ فارسی زمانەکان دابین کراوە، ئەم ئاسانکاریانەش بۆ زمانی کوردی، ئازەری و هتد دابین بکرێن. جگە لە لایەنی زمان و فەرهەنگی، نابێ جیاوازی لە نێوان خەڵکی کوردستان، ئازەربایجان، بەلوچستان و پارێزگا سنوورییەکانی دیکە لەگەڵ خەڵکی ناوچەکانی دیکەی ئێراندا هەبێت. بۆ ئه وه ی هه موو خه ڵکی ئێران به شێوه یه کی خۆبه خشانه پێکه وه بژین، پێویسته وه ک هاووڵاتیی خاوه ن مافی یه کسان به بێ لە به رچاوگرتنی هه ڕ پەێوه ندییه کی ئایینی، نه ته وه یی، میللی و نه ژادی بناسرێن. چارەسەری ئێمە ناساندنی مافی یەکسانە بۆ هەموو خەڵکی دانیشتووی ئێران. سەرەڕای هەموو ئەمانە، جوداخوازی لای ئێمە تابۆ نییە، ئەگەر بەشێک لە خەڵکی ئێران بۆ چارەسەرکردنی هەڵاواردن و چەوساندنەوەی نەتەوەیی و ئەو هەلومەرجە سەختانەی کە حکومەتی ناوەندی و ناسیۆنالیزمی باڵادەست بەسەریاندا سەپێنراوە، جیابوونەوەیان دەوێت، ئێمە دان بەو مافەدا دەنێین. ئەو کەسانەی لەژێر فشاری جیاکاری و چەوساندنەوەی نەتەوەیی جیابوونەوەیان دەوێت و لە ڕیفراندۆمێکی ئازاد و دیموکراسیدا دەنگ بە جیابوونەوە دەدەن مافی جیابوونەوەیان هەیە. لە هەندێک حاڵەتدا ڕەنگە ئێمە دژی جوداخوازی بین و بە چارەسەرێکی دروستی نەزانین بۆ باشترکردنی ژیانی خەڵک، بەڵام لە هەر حاڵەتێکدا ڕێز لە دەنگی خەڵک دەگرین، بەبێ گوێدانە دەرئەنجامەکەی، هەروەها بە توندی ئیدانەی هەر هەڵمەتێک و سەرکوتکردنی ئەو خەڵکە دەکەین کە.جیابوونەوەیان دەوێت. بۆ نمونە سەبارەت بە مەسەلەی نەتەوەیی لە کوردستان، لە بەرنامەی حیزبی ئێمەدا وتراوە کە ئێمە دان بە ئەنجامی ڕیفراندۆمێکی ئازاد و دیموکراسیدا دەنێین. بەڵام لە هەلومەرجی ئێستادا ئێمە پێشنیاری جیابوونەوە ناکەین چونکە پێمان وایە خەباتی خەڵکی کوردستان شانبەشانی خەڵکی ئێران ڕێگایەکی خێراتر و کەمتر سەختترە بۆ چارەسەری کێشەی نەتەوەیی و بۆ هەموو خەڵک لە هەموو بەشەکانی ئێران بۆ ئەوەی لە هەموویدا هەلومەرج و مافی یەکسان هەبێت، لەهەموو بوارەکانەدا هەیە.
بنەمای باسەکە ئەوەیە کە یەکپارچەیی وڵاتی ئێران وەک وتم یەکیەتیی خۆبەخشانەی هەموو مرۆڤەکان دەخوازێت و ئەم یەکیەتییە خۆبەخشەش پێویستی بە داننان بە مافی یەکسان هەیە بۆ هەموو هاووڵاتییان لە سەرتاسەری وڵاتدا.
خەلیل کەیوان: جەختکردنەوەکەتان ئەوەیە کە نەهێشتنی هەڵاواردن و یەکسانی مافی هاووڵاتیبوون گەرەنتی یەکگرتوویی خەڵکی وڵاتێک دەکات. لە هەمان کاتدا لە ڕیفراندۆمدا دان بە مافی جیابوونەوەدا دەنێیت. ڕای ئێوە چییە لەسەر ئەو فیدرالیزمەی کە لەلایەن هێزە قەومییەکانەوە پێشنیار کراوە؟
حەمید تەقوایی: فیدرالیزم لە بنەڕەتدا بە دوو واتا بەکاردێت: فیدرالیزمی ئیداری بەو مانایەی پارێزگاکان لە بەڕێوەبردنی کاروباری خۆیاندا خۆبەڕێوەبەرن یان پەرلەمانی ناوخۆیییان هەیە (وەک فیدراڵی ئەمریکا یان کەنەدا و ئەڵمانیا) و فیدراڵیزمی میللی-نەتەوەیی بەو مانایەی کە ئەمە بەو مانایەیە کە بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگا وەک میللەت و نەتەوە جیاوازەکان، بۆ نموونە نەتەوەی فارس، نەتەوەی کورد، نەتەوەی ئازەری، نەتەوەی بەلوچ و تورکمان و هتد، هەریەکەیان فیدراڵی یان دەوڵەتی خوبەڕێوە بەری خۆیان هەبێت- ئەم دووهەمەیان چارەسەر نییە، بەڵکو کێشەکە قورستر دەکات. هەڵاواردن و جیاوازی و ناکۆکیە نەتەوەییەکان لەژێر ناوی فیدراڵە جیاوازەکاندا دامەزراوەیی دەکات و سەقامگیری دەکات. کاتێک حکومەتێکی خۆجێیی ئازەری یان حکومەتێکی خۆجێیی کوردی لە ئێران دروست دەکەیت، بە سروشتی ئاڵاکەت ناسیونالیزمی کوردی دەبێت، و ناسیۆنالیزمی ئازەری دژی ناسیۆنالیزمی فارسی دەبێت و ئەمەش دەبێتە ڕەگ و بنەمای ململانێ و دەرگیری بەردەوام. بۆیە فیدرالیزم پێچەوانەی ژیانی خۆبەخشانە و بەیەکەوە گرێدراوی هەموو هاووڵاتیان پێکەوە لە وڵاتێکدا. چارەسەری ئێمە لەسەر بنەمای دانپێدانانی مافی هەموو مرۆڤەکان بەبێ گوێدانە میللەت، نەتەوە، زمانی دایکی، ئایین و هتد، هەروەها چارەسەرێکە لە دژی دابەشکردنی کۆمەڵگا بەسەر فیدراڵە میللی-نەتەوەیی-ئەتنیکیەکاندا.
دەبینیت خاڵی بەهێزی ئێمە پاراستنی یەکپارچەیی نییە، خاڵی دەستپێکمان دابینکردنی ئازادی، خۆشگوزەرانی، یەکسانی و ژیانێکی ئینسانی شایستەی مرۆڤێکی سەدەی بیست و یەکە بۆ هەموو دانیشتوانی ئێران. ئەگەر بتوانی ئەمە جێبەجێ بکەیت و پیرۆزی یەکپارچەیی خاک بگۆڕیت بە پیرۆزی یەکسانی نێوان هەموو مرۆڤەکان ، ئەوا تێدەگەیت کە پێویست بە خەمی جیابوونەوە و فیدرالیزم و هتد ناکات. ئەو کەسانەی کە ئازاد و یەکسان و خۆشگوزەران دەژین پێویست ناکات چارەنووسی خۆیان جیا بکەنەوە یان بە جیاوازییە میللی و نەتەوەییەکانەوە خۆیان پێناسە بکەن. هەرکەسێک خەمی یەکپارچەیی خاکی هەیە، پێویستە بزانێت کە یەکپارچەیی وڵات تەنیا بە ئاماژەدان بە مرۆڤەکان لەسەر بنەمای ناسنامەی مرۆیی گشتگیریان دەپارێزرێت.
خەلیل کەیوان: ڕەوتی ڕاستڕەو خۆیان وەک بەرگریکاری بەهاکانی ڕۆژئاوا پیشان دەدەن. وا خۆیان نیشان دەدەن کە بەرگریکاری بەها لیبڕاڵەکانن. تەنانەت لە لیبرالیزمیشدا پرەنسیپی یەکپارچەیی خاک بێمانایە. مافی جیابوونەوە دانپێدانراوە. بۆچی بزووتنەوە ڕاستەکان لە ئێران کە بانگەشەی بەرگری لە بەهاکانی ڕۆژئاوا دەکەن، دان بەم پرەنسیپەدا نانێن و لەبەرامبەر ئەو خەڵکەی کە هەوڵی نەهێشتنی هەڵاواردنی نەتەوەیی دەدەن پەنا بۆ گۆپاڵی یەکپارچەیی خاک دەبەن؟
حەمید تەقوایی: ئەم نموونەیە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ئۆپۆزسیۆنی ڕاستڕەو، چ پاشایەتیخوازەکان و هەم کۆماریخوازەکان، تەنانەت بە مانا لیبڕاڵەکانیشەوە پابەند نین بە پێوەرەکانی دیموکراسی. هێڵی سووری یەکپارچەیی خاک نموونەیەکە. نموونەی تریشمان هەیە. کاتێک مافی مرۆڤ دەگەڕێننەوە بۆ کوروش، لە ڕاستیدا ئاماژە بە جۆرێک لە گەورەیخوازی ئێرانی دەکەن، واتە سەردەمی ئیمپراتۆریەتی کوروشی هەخامەنشی، نەک مافی مرۆڤ. زۆر جار وتوومە کە گەڕاندنەوەی مافی مرۆڤ بۆ کوروش بە مانای ڕێزگرتن یان حورمەت گرتن لە مرۆڤایەتی و مافی مرۆڤ نییە، بە پێچەوانەوە ڕێزگرتنە لە ئیمپراتۆریەتی سەردەمی کۆیلایەتی. لەمەوە پرسی ململانێ لەسەر ناوی کەنداوی فارس و خاوەندارێتی سێ دوورگە و “ئەگەر ئێران نەبێت منیش جەستەم نابێت” و تەنانەت دژایەتیکردنی ڕەخنەگرتن لە ئایین وەک “لەدین دەرچویی”، لە کاتێکدا لە هەموو دیموکراسیەکانی ڕۆژئاوا ڕەخنە و تەنانەت تەنز لە ئایین ئازادە.و دانپێدانراوە. ناسیۆنالیزمی ئێرانی وا نیشان دەدات کە ئەم جۆرە پیرۆزیانە وەک پێکهاتەی دیموکراسی و کاروباری هەموو کۆمەڵگە دێموکراتیکەکانە، بەڵام واقیعەکە پێچەوانەیە. ئەمانە تایبەتمەندی دیکتاتۆریەت و حکومەتە سەرکوتکەرەکانن لە وڵاتانی جیهانی سێهەمدا. پرەنسیپی پیرۆزی یەکپارچەیی خاک تەنانەت لەگەڵ لیبراڵ دیموکراسیشدا ناگونجێت، چ جای ئازادی بە مانای قووڵی ڕزگاری، کە بە واتای گەڕاندنەوەی ئیرادە بۆ مرۆڤەکان و یەکسانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییە. پیرۆزییەکان و هێڵە سوورەکانی ناسیۆنالیزمی ئێرانی بە مانا مینیمالیستییەکەی بە تەواوی پێچەوانەی ئازادین. بە بڕوای من پێداگری و کێشانی هێڵی سوور بە دەوری یەکپارچەیی خاکدا، ئەوە نیشان دەدات کە ناسیۆنالیزمی ئێرانی ئەهلی دیموکراسی و ئازاد نییە، تەنانەت بە هەمان مانا مینیمالیستی و لیبراڵی ڕۆژئاوایی. ئەمانە لە حزبە توندڕەوە ناسیۆنالیست و فاشیستەکانی ڕۆژئاوا نزیکترن تا لە لیبراڵەکان. ئەوان پرەنسیپەکان لە نێو بەهاکانی خۆیان دادەنێن و لە نێو ئامانجەکانیاندا، هێڵە سوورەکان دادەنێن کە جگە لە ستەمکاری و چەوساندنەوە هیچ مانایەکی تریان نییە، چ بۆ ئەو خەڵکەی لەسەر سنوور دەژین لە ئێران و پارێزگا سنوورییەکان، چ بۆ هەموو ئەو خەڵکەی کە ئازادییان دەوێت هەستی ڕزگاری ڕاستەقینە و نەک تەنها وەک دەرکەوتنێک و بەرگێک، زەرفێک بۆ بە بە پیرۆزڕاگرتنی میللی-نیشتمانی لە ژێریدا، و گەورەیخوازیی. ئەم بەها ناسیۆنالیستیانە، بە پێناسە، لەگەڵ بەها مرۆییە گشتگیرەکان و ڕزگاری مرۆڤدا ناکۆکن. بەڕای من ئۆپۆزسیۆنی ڕاستڕەوی ئێران پەیوەندییەکی کەمیشی بە ئازادییەوە نیە، تەنانەت بە مانای لیبراڵی دیموکراسی ڕۆژئاواشەوە.

٢٥ی جانیوەری ٢٠٢٣
سوپاس بۆ ئەمیر تەوەکولی بۆ نوسینەوەی دەقی سەرەتایی ئەم چاوپێکەوتنە.




سوور.. نووسینی: د. فرج فودە.. وەرگێڕانی : پشکۆ ناکام

عوسمانی کوڕی عەفان بە دەستی ئیسلامییەکان کوژرا………….
دوای ئەو علی هەر بە دەستی ئیسلامییەکان کوژرا…………….
دواتر حسین بە دەستی ئیسلامەکان کوژرا و ملیشی پەڕێنرا…….
حسن بە دەستی ئیسلامییەکان زەهر خوارد کرا ……………….
دوان لە وانەی لەو دە کەسەی لە بەهەشتا جێیان بۆ حیجز کرابوو بە دەستی ئیسلامییەکان کوژران: طلحة و زوبیر
لەشەڕی حووشتر ” موقعة الجمل”ی نێوان عائیشە و علی، ئیسلامییەکان یەکتریان قڕ کرد..
لە شەڕی “صفین”ی نێوان علی و معاویە ، ئیسلامییەکان لە یەکترییان کوشت،،،،،،،،،،،،
شەڕی نێوان حسین و یزید بوە مایەی سەربڕینی حەفتا و سێ کەس لە کەس و کاری پێغەمەری ئیسلام..
لە دامرکانەوەی یاخی بوونی دانیشتوانی “مدینه” و دژ بە حوکمی ئومەوێکان حەوسەد ئیسلامی شارەکە بەدەستی دوانزە هەزار ئیسلامی سوپای ئومەوێکان کوژران……………………….
ابو لهب و ابو جهل جورئەتیان نەکرد بە “مەنجەنیق” لە کەعبە بەن و وێرانی کەن ،بەڵام حصین بن نمیر کە فەرماندەی لەشکرەکەی عبدالملک بن مروان بوو ، دوای ئابڵۆقەیانی ، کەعبەی وێران کرد…………….
نە جولەکە و نە کافرەکان ویستیان هەبوو زیان بە مزگەوتەکەی پێغەمەری ئیسلامییەکان بگەیەنن ، کەچی فەرناندەی سوپاکەی یزید بن معاویة داگیری کرد و بۆ سێ ڕۆژ کردی
بە “خان”ی ووڵاخەکانی سوپاکەی…….
لەسەردەمی هشام بن عبد الملک ، زید بن زیدالعابدین بن الحسین کە وەچەزادەی پێغەمەری ئیسلامەکانە هەر نەکوژرا ، بەڵکو بۆ ماوەی چوار ساڵ بە دەروازەی دیمەشقەوە هەڵیانواسی پێش ئەوەی بیسوتێنن……
بەڵێ ئومەوییە ئیسلامەکان یەکتریان کوشت…
مروان بن الحکم ، عمر بن عبد العزیز ، الولید بن یزید ، ابراهیم بن الولید ، کە هەموویان “امیر المؤمنین” ی ئیسلام بوون بەدەستی ئیسلام لە ناوچوون تا دوا خەلیفەی ئومەوێکان کە بە دەستی ابو المسلم الخراسانی کوژرا….. ابو العباس یەکەم خەلیفەی عەباسییەکان ، هەرچی لە وەچەی بنی امیة مابوو کوشتی ، تەنیا ساواکان و ئەوانەی هەڵهاتن بۆ ئەندەلوس نەبێ….
دوای کۆچی دوایی”ارتوغرول” ناکۆکی لە نێوان دوندار و عوسمانی کوڕی دروست بوو، بەوە کۆتایی هات کە عوسمان مامی خۆی کوشت و دەسەڵاتی گرتە دەست، بەو جۆرە دەوڵەتی عوسمانی دروست بوو…….
سولطان محمدی دووەم ” ئەوەی شاری ئەستەنبولی داگیر کرد”، فەتوایەکی بڵاوکردەوە کە کوشتنی براکەی خۆی لە پێناو یەکڕیزی ووڵات و بەرژەوەندییە بەرزەکانی ئیسلام بە “حەڵاڵ” لەقەڵەم یا..
سولطان مورادی سێیەم هەر لە گەیشتنی بە دەسەڵات لە دوای باوکییەوە ، هەر پێنج براکەی خۆی کوشت..محمدی کوڕی لەو بە بەزەیی تر نەبوە ، هەر کە دەسەڵاتی گرتە دەست هەر نۆزدە براکەی خۆی کوشت بەمەش تەغاری لە باوکی بردەوە… میدیاکاری تورکی”رحمی تروان”
لە ووتارێکیا بە ناوونیشانی”بیرەوەری پاشاکان” ئەڵێ : محمدی سێیەم هەر بەوەوە نەوەستا ، هەستا بە کوشتنی کوڕە شانزە ساڵەکەی تا دوای خۆی کۆڕە بچووکەکەی کە چواردە ساڵ بوو لەسەر عەرشی دەسەڵات دانیشێ کە بە سولطان احمد ناسرا و دواتر مزگەوتی سولطان احمدی “مزگەوتە شین”ەکەی لە ئەستەنبول دروست کرد……
كاتێ دەوڵەتی عوسمانی ویستی دەست بەسەر شاری”قاهرة”ەیا بگرێ پەنجا هەزار موسڵمانی میسرییان کوشت ، سولطان سەلیم داوای لە “تۆمان بای” کرد کە بەرامبەر مانەوەی لە حوکمی میسرا پاشکۆیەتی خۆی بۆ دەوڵەتی عوسمانی ڕابگەیەنێ ، بەڵام ئەو بەم داوایە قایل نەبوو ، سوپاکەی يێکخست ، بە چواردەوری شارا چاڵی لێ یا ،هەموو خەڵک بەشدارییان لە بەرنگاری عوسمانییەکانەوە کرد ، بەڵام شکستیان خوارد ، “تومان بای” هەڵهات و پەنای بردە بەر ” شيخ حسن بن مرعی ” هاوڕێ ی ، بەڵام ئەو هاوڕێیەی خیانەتی لێ کرد و کوژرا ، دواتر هەردوو براکەشی کوژران….
( ئەم ووتارە كە لە کتێبی”ڕاستیە دیار نەبوەکە-الحقیقة الغائبة” وەرگیراوە بەشێکی زۆر کەمی مێژووی ئیسلامە ، کە وامان لێ ئەکا سەبارەت بە غەرقی ئیسلام لە خوێنا پێ ی بووترێ دینە “سوور”ەکە……
“”””””””””””””””””””””””””””””””””””””””””””””””””””””””””””””””””
د.فرج فودة: مامۆستای زانکۆ ، ئەکادیمیستییەک و نووسەرێکی عیلمانی بەناوبانگی میسرییە ، کە لە سەر بۆچوونەکانی ساڵی 1992/بە دەستی گروپی تیرۆریستی” الجماعه الاسلامیە” تیرۆر کرا ..




مێگەل.. نووسینی: مەولود ئیبراهیم حەسەن

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە کلیکی ئێرەبکەن..




لە سفرەوە یان لە کفرەوە.. نەوزاد بەندی

ــگفت و گۆیەکی کورت ــ

لە وەڵامی ئەم پۆستەدا کە ووتەیەکی چیخۆف بوو :
( میللەت ئەگەر ڕۆشنبیر نەبێ ، ووڵات ئەڕوخێ ، وەک ئەوە وایە باڵەخانەیەک بە خشتی کاڵ دروستکرابێ و لە کوورەدا سوور نەکرابێتنەوە .. مامۆستا ئەبێ هونەرمەند بێ و عاشقی پیشەکەی بێ ، بەڵام لای ئێمە وەک کرێکارێک وایە ، لە ترسی نانبڕین و لە برسا مردن ، وانە دەڵێتەوە ..
ــئەنتۆن چیخۆف ـــ)

[[ مامۆستا اسماعیل یاسین ناوێک ئەم کۆمێنتەی نوسی :
بنەمای دروسکردنی وولاتێکی مەدەنی دێموکراسی سیکۆلار هه زم کر دنی دیموکراسیەت و پێکەوەژیانی بیروڕاجیاوازەکان و ئایینی یەکان و شارستانی یەکانە – دیموکراسیەت کە کلیلی کر دنەوەی دەرگا داخراوەکانی عەقلە کۆنەپەرستی یە پاوانخوازە دیکتاتۆری یە شموولی یە سەرمایەدارە قۆرخکارە بێویژ دان و بێرەحم و بێبەزەیییەکانە کە خۆیان لە خەلک جیاکردۆتەوەو دەکەنەوە دیموکراسیەتیان پێ هه زم نەکراوەبۆ بەرژەوەندی یەسەرمایەدارو ئۆلگاریشەکان بەرادان دراوەخۆیان ملیار دێرو بزنسمان خاوەن کۆمپانیاو قۆرخکاری بازارو سەرمایەبن- دەستیان بسەر کۆی جومگەکانی ژیان گرتووە و قۆرخیان کردووە میللەتیشیان فەرامۆش و پشتگوی خستبێت- بێکارو هه ژارو چەوساوەیە بە دە یان قەیرانیان بۆ دروستکردوون – کەبە هه لپەسێردراوی و بێ جارەسەر ماونەتەوە پرۆسەی دیموکراسیەت لەوولاتەکەمان و رۆژهه لاتی ناوەراست بە گشتی پڕۆسەیەکی ئالۆزو رووکەشی وهه زم نەکراوە دێموکراسیەتی رۆژ ئاوای چەواشەکراوی درۆزنانەی ناتۆو ئەمریکایە ریاکارانەیە خۆپەرستانەیە– شۆڕ نە بۆتەوە بۆ ناوچین و توێژەکانی کۆمەلگا بستە بالا یە نش و نمای نە کر دووە مندالە تازە رەورەویەتی بەسەر پێیان نەکەوتووە– لەولاتی ئیمە و ئیراق و ڕٶژ هه لاتیان دادیموکراسیەت بووەتە ڕۆتینیاتی حزبە دیکتاتۆری یە شموولیە خاوەن ملیشیا چەکدارەکانی کە بەهێزو پارە خۆیان سە پاندووە دەسەلات بۆ کە س چێنا هێلن- بۆ نەوەکانیشیان بەرادان داوە- وادەزانن پر ۆ سەی دیموکراسیەت و هه لبژاردن تەنها و تەنها رۆژی دەگدانی چوونەسەر سندووقەکانی هه لبژاردنەپڕ لە جەواشەکاری و تەزوێرو فرت فیل و جەواشەکاری یە– زۆ ربەداخەوە لە ماوەی حوکمرانی عێراق و هه رێمی کوردستان فیری ئەلف بای دیموکراسی نەبووین نەماتوانی دە ستوورو یا ساو دامەزراوەییمان هه بێت کەبتوانین حکوومەت ئیدرەدانیکی سەرکەوتوو دروست بکەین میللەتەکەمان لە خۆ ڕازی بکەیین دیموکراسیەتی ڕاستەقینە دەستەبەر پیادەی بکە ین کە تەنها لە م ریگایەوە دەتوانین بنەماکای دەولە تداری مە دەنی شارستانیەتی پێشکەوتوو پەرەسەندوو بینا بکە ین ئیمەش وەکو گەلانی جیهان وولاتێکی پێشکەوتوو پەرەسە ندووی دەستووری دیموکراسی دامەزراوەییمان هه بیت حکوومەتی دیموکراسی هاوولاتیبوون شوینی حکوومەتی حزبی بگرێتەوە کەسەرکەو توو نوبوونە لەئیداەو بە رێوەبردنی وولات و گەلە چەوساوەکەماندا لێرەو لەوێ بەداخەوەدیموکراسی یەتیان هه زم نە کردو پێیان هه زم نەکرا ]]

منیش ئەم چەند خاڵەم بۆ نوسی :

[[ دەستخۆش کاک اسماعیل بۆ خوێندنەوە و بەدواداچوونە چڕ و پڕەکەتان ..
چەند خاڵێکم لەلا گەڵاڵە بوو ، حەز ئەکەم ئاماژەیان پێ بدەم :
یەکەم : دیموکراسیی تێرمێکی داگیرکەرانە ، وەک سندوقی هەڵبژاردن و مافی مرۆڤ و سیکیولاریزم ، وەک فڕۆکەی سیخۆ و ئێف شانزە ، دوو دانەی هەیە، دانەیەکی ئۆریجیناڵ ، کە تایبەتە بە خۆیان ، دانەیەکی تەزویریش کە بۆ ئێمەی ئەنێرن و تەنها دروشم و درۆ و بە لاڕێدابردنە .
دووەم : دکتۆر عەلی شەریعەتیی ئەڵێ : مومکین نیە گەلانی ژێر چەپۆک و قوڕ بەسەر بتوانن بە تایتڵەکانی ڕۆژئاوادا هەڵبسنەوە و پێش بکەون و ببوژێنەوە ، مەگەر تەنها ڕێگایەک بۆ زیندووبوونەوەیان گەڕانەوەیە بۆ کولتوور و شارستانێتیی خۆیان .. شارستانییەک گەر هەمانبووبێ ، تەنها ڕێگایە بۆ ئەوەی لە ڕێگایەوە ڕاست بینەوە و خۆ لە داو و فرت و فێڵی ڕۆژئاوای کۆڵۆنیالیست ،قوتار بکەین .
سێیەم : ڕای تاکەکانی کۆمەڵگا کاتێک بە هەند وەرئەگیرێت، کە تاکگەلێکی ڕۆشنبیر و کارامە بن ، لە حاڵێکدا وەک پرس و ڕا بە مناڵگەلێکی باخچەی ساوایان بکرێ داخۆ چی باشە و ڕایان وەربگیرێ ، هەمووان پێیان باشە بڕۆنە دەرەوە و لە مارکێتەکان شەکرۆکە بخۆن و لە خیابانان فتبۆڵێن بکەن ..بە هەمان شێوە میللەتانێکی وەک ئەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوین ، ئەگەر ڕایان وەربگیرێت و ئازادی بۆچوونەکانیان بە هەند وەربگیرێت ، ئەوا وەک جووتیارەکانی سەردەمی دەرەبەگیی ئیسپانیایان لێ بەسەر دێ ، کە ئازاد کران و ..پاشان نەیانزانی چۆن چۆنی پارووە نانێک پەیدا بکەن ، هەر بۆیە گەڕانەوە بۆ لای دەرەبەگەکان و ووتیان بە کۆیلە ڕامانبگرنەوە ، مەمنونتانین ..
بە واتایەکی تر پڕۆسەی ڕای گشتی لە دوای پڕۆسەی ڕۆشنبیرکردنی گشتیەوە دێت ..ئەبێ میللەت گەیشتبێتە کایەی بیر و لێکدانەوە و داهێنان ، ئینجا چاک و خراپی خۆی ئەفامێ و ئینجا ئەبێ ببرێتە بەردەم سندوقەکانی هەڵبژاردن ..
لە وەها دۆخێکی قورس و ئاڵۆزدا ، ئەبێ پەنا ببرێتە بەردەم کۆمەڵێ زانا و دانای نیشتمانیی پەڕاوێز خراو ، هەتا ڕێگای ڕاست و دروستی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئایدیۆلۆژیی دیاری بکەن ، ئەوە ئیتر خاڵی سفرە بۆ کۆمەڵگا کە بتوانن هەنگاو هەڵبێنن و ..ڕۆشنبیری و بیر و بەرهەمهێنان و پێشکەوتن فەراهەم بکەن ..
چوارەم : نابێ بە کۆمەڵێک هەڵبخەڵەتێین کە پۆشاکی ڕۆژئاوایان پۆشیوە و ..مۆبایل و کۆمپیوتەر و کتێب لە ماڵەکانیانا هەیە و سەیری زنجیرە دراما ئەکەن و .. پیتزا و کۆکا کۆلا ئەخۆنەوە و لە کۆلێژ و پەیمانگاکان مامۆستا و فێرخوازن… ئەمانە ئەو توێکڵە هەڵخەڵەتێنەرەن ، کە ناخێکی ناحاڵی و نامەسئول و بێ ئینتیما و سەرلێشێواویان داپۆشیوە .. حاڵەتێکی شێرپەنجە ئاسایە ، کە ترسناکێکەی لەوەدایە ، ماکەکانی ئەو نەخۆشییە ، بە ماکیاژێکی ڕۆژئاوایی و مۆدێرن ، بۆیاخکراون .. سەیر دەکەی دەرچووی کۆلێژی ئەدەب
Nawzad Bandy
یاتە و نازانێ ڕێنیسانس خواردنە یان شۆڕش .. دەرچووی کۆلێژی ئەدەبیاتە و نازانێ دیستۆیڤسکی زێوانی کەنیسە بووە یان نووسەر .. هەروەک چۆن ئەو سیخۆ و ئێف شانزەیەی کە دەینێرن بۆ ڕۆژهەڵات ، تەنها لە شکڵ وشێوەدا ، سیخۆ و ئێف شانزەن و .. ناتوانن بە هیچ جۆرێ لە هەیمەنەی سیخۆ وئێف شانزەی کۆڵۆنیالیستەکان دەربچن …
پێنجەم : ترسناکترین شت ، لە کۆمەڵگای پێنەگەیشتوو و تێنەگەیشتوودا ، بیر و ڕای جیاوازە .. وەک ئەوە وایە لە قۆناغی سەرەتاییدا ، فیزیا و کیمیا و ئەتۆم بۆ مناڵەکان باس بکەیت ، لە کاتێکدا ئەوان هێشتا ئەلف لە باء جیاناکەنەوە ..بیر وڕای ئازادیش ، دوای قۆناغیی ڕۆشنبیرکردن و ئینتیمای کۆمەڵگا سەرچاوە ئەگرێت ، ئەگینا وەک ئەمڕۆی خۆمانی لێ دێ ، بیر و ڕای ئازاد بووە بە شەڕە پەڕۆ و شەڕە جنێو و سەنگەر گواستنەوە و براکوژیی .
دووبارە سوپاس ]]