كۆمێدیاكانی شكسپیر.. حه يده ر عه بدولره حمان

وەك چۆن شكسپیر لەتراژیدیادا نووسەرێكی شانۆیی كەم وێنە بووە، لەهەمان كاتیشدا لە نووسینی شانۆی كۆمێدیشدا باڵا دەست بووە.
ئەو لەتەمەنی خۆیدا 17 شانۆگەری كۆمێدی نووسیووە، هەندێ‌ جار كۆمێدیای شكسپیری، بەكۆمێدیای رۆمانسیش ناودەبرێت.
لەسەردەمی ئەلیزابیسی دا كۆمیدیا مانایێكی جیاوازی هەبوو، جێگەی بایەخی پاشاکان و زۆرینەی خەڵکی بووە، زۆر جاران کە دەبوا شانۆگەرییەكان بەئەنجامێكی بەختەوەر كۆتاییان پئ بێت، بەڵام شكسپیر بەحەزی زۆرینەی بینەرانی كردووە، كە ئارەزوویان ئەوە بووە تراژیدیاكانی شكسپیر بەو كۆتاییە مەرگەساتانە نێت، كە دووچاری جۆرێك لەدڵگرانی و خەمۆكی دەكردن، بەلەناوچوونی كاراكتەرە ئەرێنی و رۆمانسیەكانی و سەركەوتنی خیانەت كاران و چاوچنۆك و تەماع كارانی دەسەڵات.
ئەگەرچی شسكپیر ویستویەتی درۆ لەگەڵ واقیع دا نەكات و رووداوەكان وەك خۆی بەرجەستە بكات، لەگەڵ بینەرانی خۆیدا راستگۆ بێت، بەڵام هەمیشە بینەر ویستویەتی ئەوەی لەواقیع دا دەیبینی لەشانۆو سینەمادا دووبارە نەبێتەوە، خوازیاری ئەوە بوو، شتێ‌ ببینێ‌ كە ئاواتی بۆ دەخوازێ‌ و بەشێكە لەخەون و ئاواتەكانی.
بۆیە شكسپیر ویستی لەرێگەی نووسینی شانۆی كۆمێدی ئاواتی بەشێك لەو بینەرانە بەدی بێنێ‌، بەرەچاو كردنی ئەوەی كە هەموو بینەران لەبۆچوون و دنیا بینیدا وەك یەك نین، وەك چۆن زۆرێك لەبینەران بەشانۆگەرییە تراژیدییەكانی كاریگەر دەبن، بەڵام بەشێكی تر هەن ئارەزووی شانۆی كۆمێدی دەكەن .
لەلایەكی ترەوە شكسپیر بەم چەند شانۆگەرییە كۆمێدییە ویستویەتی بڵێ‌ ئەو دەسەڵاتی بەسەر هەمووفۆرمێكی شانۆییدا دەشكێ‌ و بە تەنیا تراژیدیا نەبەستراوەتەوە.
بۆیە خۆی لەزۆر فۆرمی جیا جیای شانۆیی داوە، بەهەمان ئاستی شانۆگەرییە تراژیدیاكانی.
ئەم حاڵەتە هەر تەنها لەشانۆدا نەبووە، بەهەمان شێوە لەسینەماشدا، هەر تەنها شانۆگەرییە تراژیدیاكانی شكسپیر نەكراون بەفیلم، بەڵكو زۆرێك لەشانۆگەرییە كۆمێدی و رۆمانسییەكانیشی.
ئەو شانۆگەریانە لەسینەماشدا هەمان سەركەوتنیان بەدەست هێناوە كە لەشانۆدا هەبووە.
گرنگترین شانۆگەرییە كۆمێدیەكانی شكسپیر بریتی بوون لە :
(خەونی نیوەشەوی هاوین، كارەكان بەكۆتاییەكانیانەوە، وەك حەزی لێدەكەیت، سیمیلین، خۆشەویستی هەوڵێكی بێ‌ هودەیە، هاوار بەهاوار، بازرگانی ڤینیسیا، هاوسەرە خۆش بەزمەكانی وندرسون، ژاوەژاوێكی بێ‌ ئەنجام، بیرسیلیس، میر تیر، راهێنانی پلنگ، كۆمێدیای هەڵەكان، گێژەڵوكە، شەوی دوانزەهەم، دوو خزمە باشەكان، حیكایەتی زستان.
هەندێ‌ لەرەخنەگرانیش پێیان وابووە، ئەو شانۆگەریانەی بەكۆمێدیا ناونراون، لەرەسەندا شانۆگەری رۆمانسین.
شكسپیر هەوڵی داوە لەرووی زمان و دیالۆگەوە، بەشێوازێكی كەمێك شەفاف ترو ساناتر شانۆگەرییەكانی داڕێژێ‌ و زمانێكی میللییانەیان بداتێ‌، كە بەشی زۆریان لەم خاڵانەدا گرد دەبوونەوە:

  • لەو شانۆگەرییە كۆمێدیانە بەپلەی یەكەم پشتی بەدیمەن و رووداو بەستووە ، كە لەرێگەی دروست كردنی هەندێ‌ دیمەن و جوولەی كۆمێدی بینەر بێنێتە پێكەنین .
  • ململانێ‌ ی گەنجە دڵدارەكان كە زۆرجاران كێشەیان لەگەڵ گەورەكانییان دابوو .
    *لێك جودا بوونەوەو پاشان گەڕانەوە بۆ باوەشی یەكتر، لەچوارچیوەی كۆمەڵێ‌ دیمەنی سەرەژێرو تەنز ئامێزدا.
  • تەڵەكەبازی و ئەنجامەكانی، كە بینەر زۆرجاران بەهۆی ئاشكرابوونی ئەو تەڵەكە بازیانەو ریسوا بوونی كاراكتەرەكانی دڵخۆش بووەو كەوتۆتە پێكەنین.
    *كێشەو گرفتەكانی ناو خێزان، كە هەندێ‌ جار بینەر لەگەڵ ئەو واقیعە پێكەنیووە، رەنگە زۆر جاران واقیعی خۆی تێدا دۆزیبێتەوەو ئەویش بووبێتە بەشێك لەرووداوو كاراكتەرەكانی.
    یەكێك لەدیارترین شانۆگەرییە كۆمێدیەكانی شكسپیر (خەونێك لەنیوەشەوی هاوین دا ) ی شكسپیرە، كە دەكەوێتە نێو چوارچیوەیەكی خەیاڵی،هاوكوف لەگەڵ واقیع داو رووداوەكانی لە(ئەسینا) روودەدەن.
    لەو نمایشەدا كاراكتەری (بۆتۆم ) دەبێتە گوێ‌ درێژو ئاشقی تیتانیای شاژن دەبێت، بۆیە هەندێ‌ جار نمایشەكە بەناوی( خەونی بۆتۆم ) یش ناونراوە.
    هەروا نمایشی ( شەوی دوانزەهەم) شانۆگەریەكی كۆمێدی نەبووە كە هەر تەنها خەڵك بهێنێتە پێكەنین، بەڵكو لەبنەچەدا شانۆگەریەكی تراژیدی بووە، بەڵام شكسپیر بەرگێكی خەیاڵی لە بەر كردووە.
    شانۆگەریەكی لەناو شانۆگەریەكی تر داڕشتووە و دابەشی كردووە بۆ چەند بەشێك لەهەر یەكێكیان خەونێكی دیاری كردووە و هەموو خەونەكانیشی بەیەك بەستۆتەوە.
    بۆیە زۆرێك لەرەخنەگران ئەو شێوازەی نێوان تراژیدیاو كۆمێدیایان لەشانۆگەریەكانی شكسپیر بەشێوازی ( كۆمێدیای تراژیدی Tragicomedy ) ناو ناوە.
    فیلمی سەردەمی ون بوون
    ساڵی 2015 دەرهێنەری ناسراو ( ریتشاردبراسیول) فیلمێكی كۆمێدی دەربارەی ژیانی شكسپیر بەرهەم هێنا كە تێیدا سوودی لەچیرۆكێكی واقعی شكسپیر بینیووە ، دەرهێنەر ئەو سەردەمەی لە ژیانی شكسپیر ناو ناوە ( سەردەمی ون بوون) و تێیدا باس لەژیانی سادەی رۆژانەی شكسپیر دەكات بەر لەوەی ئەو ناوداریەتیە جیهانییەی هەبێ‌، لەوانە باسی ئەوە دەكات كە چۆن شكسیپیر چۆتە تیپێكی گۆرانی رۆك، بەڵام دواتر لە تیپەكە بە دەریان ناوە، بۆیە بەناچاری لەجلو بەرگێكی نەناسراودا، دەستی كردووە بەكاسبی تەماتە فرۆشی لەبازاڕەكانی لەندەن.
    دەرهێنەر شكسپیری كردووە بەپیاوێكی بێ‌ كارو كاسبی، كە ئەو بێ‌ كاریەی زۆر جاران هەڕەشەی لەژیانی خێزانی كردووە، بۆیە سەری خۆی لەگوندەكەی خۆیان(ستراتفۆرد) هە ڵگرتووە، بەو ئاواتەی بچێتە شارو دەست بكات بەكاری نووسینی شانۆگەری.
    دەرهێنەر بۆ وێنگرتنی ئەم رووداوانەی ژیانی شكسپیر رووی كردۆتە شوێنی لەدایك بوونی شكسپیر كە پێشتر بەناوی ( ولیەم ) ناو نرابوو، بۆ ئەوەی لەوێ‌ شوێنەوارەكانی ئەو نووسەرە بلیمەتە بەسەر كاتەوە.



منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت.. محەمەد بەرزی

بە گشتی منداڵی خاوەن پێداویستی تایبەت ، ئەو منداڵەیە لە ڕووی دەروونی و پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی و توانای جەستەیی و زمانەوانییەوە ، لە منداڵی ئاسایی جیاوازە . لە هەموو ڕوویەکەوە پێویستی بە یارمەتی و چاودێری و خزمەتکردنی زیاترە . هەر بۆیە کاتێک خێزانێک و بە تایبەتیش دایکێک هەست بەوە دەکات منداڵەکەی خاوەن پێداویستی تایبەتە ، خەمێکی گەورە و گران دایدەگرێ و تووشی ترس و نائارامی و دڵەڕاوکێ دەبێ . بێگومان ئەم حاڵەتەش پێویستی بەوەیە دایک خۆڕاگربێ و زانیاری تەواوی هەبێ و لە هەموو ڕوویەکەوە شارەزای بارودۆخی منداڵەکەی بێ و بە شێوەیەکی ڕاست و دروست مامەڵەی لەگەڵدا بکات . تا منداڵەکەی لەگەڵ دەورووبەرەکەیدا ڕابێت و ئاسودە بژی و هەست نەکات لە هاوڕێ و هاوتەمەنەکانی جیاوازە . جا جێگای خۆیەتی لێرەدا ئاماژە بۆ چەند ئامۆژگارییەک بۆ دایکێک بکەین ، تا لە کاتی مامەڵەکردن لەگەڵ منداڵێکی خاوەن پێداویستی تایبەتدا بیزانێ :
١ – لە منداڵەکەت تێبگە ، هەندێک لە دایکان چاوپۆشی لەوە دەکەن ، یان پێیان شەرم و شورەییە منداڵەکەیان خاوەن پێداویستی تایبەتە . واتە وەک پێویست مامەڵەی لەگەڵدا ناکەن و پشتگویێ دەخەن . ئەمەش یەکێکە لە هەڵە باو و بڵاوەکان و پێویستە خۆیانی لێ بە دوور بگرن . زۆر گرنگە وەک دایکێک بەڕێز و هاوسۆزیی و زمانێکی زۆر شیرین و ئاسان و سادەوە قسە لەگەڵ منداڵەکەدا بکەی ، هەر چۆن قسە لەگەڵ منداڵێکی ئاساییدا دەکەی . تووڕە مەبە و تۆنی دەنگت بە شێوەی نەگونجاو مەگۆڕە ، تا تێبگات و بزانێ لە تۆ کەمتر نییە . هەوڵبدە لە هەموو شوێنێک پێکەوەبن . کاتێک کارێکی باش دەکات ، ستایشی سەرکەوتنەکەی بکە ، ئەگەر چیش کارەکە گەورە ، یان بچووکیش بێ . با لە ماڵدا دەست و تام و بۆنی شتەکانی دەورووبەری بکات ، چونکە بەکارهێنانی هەموو هەستەکانی گرنگن . تۆ و هەموو ئەندامانی خێزانەکە ، لە مامەڵە کردن لە گەڵ منداڵەکەدا ، پابەندی یەک بۆچوونی یەکگرتووبن . کاتێک شێوازێک لە فێربوونی منداڵەکەدا سەرکەوتوو نابێ ، هەوڵبدە ڕێگەی باشتر تاقی بکەیتەوە ، هانی منداڵەکەت بدە پشت بە خۆی ببەستێت . ڕێگای بدە پەیوەندی کۆمەڵایەتی لەگەڵ هاوتەمەنەکانی ناو خێزان و گەڕەک و باخچە و قوتابخانەدا دروستبکات و یارییان لەگەڵدا بکات . چونکە تۆژینەوە پزیشکی و دەروونییەکان ، گەیشتوونەتە ئەو ڕاستییەی : ( تێکەڵکردنی منداڵی خاوەن پێداویستی تایبەت لەگەڵ منداڵی ئاساییدا ، یارمەتیدەرێکی زۆر بە سوودن بۆ پەرەپێدانی توانا جیاوازەکانی ) . پاشان کاتێک یارییەک دەشکێنێت وخراپی دەکات ، سەرکۆنە و هاواری بەسەردا مەکە ، دەکرێ ئامۆژگاری بکەی یارییەکانی بیپارێزێ . بەردەوام چاودێری تواناکانی منداڵەکەت بکە و تێبکۆشە تا پەرەی زیاتری پێ بدەی .
٢ – ئاگاداری ئەوەبە لە کاتی قسەکردندا ڕاستەوخۆ سەیری چاوەکانی بکەیت ، چونکە ڕوانینی ڕاستەوخۆی قسەکەر بەرامبەر گوێگر ، دەبێتە هۆی تێگەیشتنی زیاتر لەو بابەتەی باسی دەکرێت . سەرباری ئەوەی منداڵی کەمئەندامی دەروونی لە ڕێگای نیگاکانی چاوەکانی تۆوە درک بە گرنگی ئەو شتانە دەکات کە دەتەوێ بۆی باسبکەی . دووربکەوەرەوە لە ڕستەی درێژ ، ناوە ناوە لە نێوان وشەکانی ڕستەکەدا بوەستە و تا دەتوانی ڕستەی کورتیشی بۆ بەکاربهێنە ، تا تێبگات باسی چی بۆ دەکەی . پاشان توڕەیی خۆت لەدەست مەدە ، چونکە پێویستە ئەوە بزانیت هەندێکجار کەسی خاوەن پێداویستی تایبەت ، ناتوانێ بە زوویی قسەکانت وەربگرێت و لێت تێبگات . بۆیە ئارام بە و دان بە خۆتدا بگرە ، چونکە تووڕەیی و هەڵچوون دۆخەکەی خراپتر دەکات ، خۆشت لە ناو و ناتۆرە و وشەی سووکایەتی بە دووربگرە ، کە دوو هێندە زیان و ئازاری پێدەگەیەنێت .
٣ – بۆ بارودۆخی منداڵەکەت لە ڕۆژنامە و گۆڤار و بڵاوکراوەکاندا ، کات بۆ خوێندنەوە تەرخان بکە و زۆر بخوێنەرەوە ، بە دوای چەندین سەرچاوی باوەڕپێکراودا بگەڕێ و زۆرترین زانیاری کۆبکەرەوە ، خۆت
بکە بە کەسێکی شارەزای دڵنەرم بۆی . فێری شێوازە ڕاستەکانی مامەڵە کردن بە لە گەڵیدا . شان بە شانی ئەو چالاکییانەی بۆ ئەو لەبارن ، بەردەوامیش پەیوەندی لەگەڵ پزیشکەکەیدا بکە . تا بەردەوام ڕادەی گەشەکردنی بزانی و ئاگاداری ئەو هۆکارانەش بی ، کە یارمەتیدەرن بۆ بەرەوپێشچوونی حاڵەتەکەی . پاشان لە داواکردنی یارمەتیدا لە ئەندامانی خێزان و هاوڕێکانت سوود وەربگرە و شەرم مەکە ، تا کەمێک ئەرکی سەرشانت سووک بکەن و بە شێوازی جیاواز یارمەتی و هاوکاریت پێشکەش بکەن ، هەروەها دەتوانی بە دوای ئەو شوێنانەدا بگەڕێیت ، کە یارمەتی و ئامۆژگاری و خزمەتگوزاری پێشکەش بەو دایک و باوکانە دەکەن ، کە منداڵی خاوەن پێداویستی تایبەتییان هەیە . بێگومان بە گەڕانیش لە ئینتەرنێتدا ، دەتوانی هەندێک ماڵپەڕی باوەڕپێکراو بدۆزیتەوە ، کە بە بەردەوامی ئامۆژگاری پیشکەش بەو جۆرە خێزانانە دەکەن . دیارە هەر تۆ بە تەنها نیت ، جیهانە فراوانەکەی ئینتەرنێتیش تۆ بە تەنها جیێ ناهێڵێ ، دەتوانی کۆمەڵێک دایک و باوک بدۆزیتەوە ، کە هەمان کێشەی تۆیان هەیە ، ئەو دەمە ئاشنای کۆمەڵەی پشتیوانیش دەبی ، چ لە ناو شارەکەی خۆتدا و چ لە جیهاندا .
٤ – لەوانەیە بەبێ مەبەست منداڵەکەت بە کەم بزانی ، یان وا سەیری بکەیت هەست بکات لە ئاستی هاوتەمەنەکانیدا نییە . دەبێ زۆر باش ئاگاداری ئەوەبی ، پەرۆشی زۆرت بۆ پاراستن و ڕێگرتن لە یاریکردنی لەگەڵ هاوتەمەنەکانیدا ، لەترسی ناو و ناتۆرە و قسەی ناشیرین و زیانی دەوروبەرەکەیدا، وا دەکات هەست بە کەمی و لاوازی بکات و نەتوانێ بە تەنیا ڕووبەڕووی ژیان ببێتەوە .
٥ – هەموو هەوڵەکانت تەنها بۆ خوێندنەوە و لایەنی تەندروستی منداڵەکەت تەرخان مەکە و لایەنی گرنگی کۆمەڵایەتیش لە بیر بکەی ، کە هۆکاری سەرەکی تێکەڵبوونی منداڵەکەتە لەگەڵ هاوڕێکانیدا . چونکە لە بیرکردنی ئەم لایەنە گرنگە ، کاردانەوەی زۆر خراپی بۆ منداڵی خاوەن پێداویستی تایبەت هەیە . هەر بۆیە پێویستە لە چالاکی و بۆنە و سەیران و گەشتەکاندا هاوبەشی بکات . پاشان بەدواداچۆنیش بکە ، تا لەوەش دڵنیابی مامۆستاکانیش پەیوەندی باشییان لەگەڵ منداڵەکەتدا هەیە .
٦ – تا دەتوانی بە دەم و لەبزێکی زۆر شیرینەوە باسی کەسە سەرکەوتووەکانی پێداویستی تایبەت بۆ منداڵەکەت بکە ، کە بەو حاڵەتەشەوە توانیویانە دەستکەوتی مەزن و پڕ بەها بە دەستبهێنن ، باسی چیرۆکی سەرکەوتن و بڵاوبوونەوەی ناو و ناوبانگییانی بۆ بکە ، کە بوونەتە هاندەر بۆ کەسانی تر . بەم ڕێگایەش منداڵەکەت هەستدەکات ، کە ئەویش وەک ئەوان دەتوانێ کاری گرنگ بکات و هیچ شتێک نییە بتوانێ ڕێگا لە سەرکەوتنی بگرێ .
٧ – هەوڵبدە گەشە بە بوارەکانی تەکنەلۆژیا بدات : بۆ پەرەپێدانی تواناکانی منداڵەکەت ، سود لە پیشکەوتنی تەکنەلۆژیا وەربگرە . چونکە ئەمڕۆ زۆر بەرنامە و یاری تایبەت بۆ منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت و ئەوانەی کیشەی فێربوونیان هەیە دروستکراون ، کە دەتوانن گەشە بە توانا و جموجۆڵە جیاوازەکانییان بدەن .
٨ – پێویستە منداڵەکەت فێربکەی شەرم لەو کەرەسانە نەکات ، کە
بەکاری دەهێنێ . پاشان هەوڵ نەدات وەک باقی هاوڕێکانی بە شێوەیەکی سروشتی دەربکەوێ . بەڵکو پێویستە ڕێز لە جیاوازییەکان بگرێ و بارودۆخی خۆی وەک منداڵێکی خاوەن پێداویستی تایبەت قبوڵ بکات ، ئەوانەش فێربکرێن ، کە لە دەورووبەرین بارودۆخ و جیاوازییەکانی ئەویش قبوڵ بکەن .
٩ – بە وردی چاودێری بکە ، لەوانەیە منداڵەکەت کیشەی پەیوەندیکردنی لەگەڵتدا هەبێ . یان داوا و ئارەزوو ، یان تووڕەی خۆی دەربارەی شتێک دەرببڕێ . بۆیە چاودێریکردنی ڕەفتاری منداڵەکەت ، هۆکاری سەرکییە بۆ پەیوەندیکردن لە گەڵیدا و زانین و ڕاهاتن لە هەڵسوکەوتەکانی . ئەمەش وادەکات بزانیت گۆڕانکاری دەروونی بەسەردا هاتووە ، یان هەڵسوکەوتەکانی ئاساییە .
١٠ – هەوڵبدە کاری سووکەڵەی پێ بسپێرە و چاودێری بکە . با خۆی کراسەکەی لەبەر بکات و سەری خۆی دابهێنێت و میوە و خواردنی خۆی بخوات . هەموو جارێکیش بۆ ئەو کارانەی بە باشی ئەنجامی دەدات بە گەرمی دەستخۆشی و ستایشی بکە . چونکە ورە و هێز و توانای پێ دەبەخشێ .
١١ – زۆر گرنگە بە هۆی بارودۆخەکەیەوە خۆڕاگر بی و نا ئومێد و گلەیی لە بەختی خۆت نەکەی . بەردەوام ئارام و گەشبین بە ، چونکە بە ئارامی باشتر دەتوانی مامەڵە لەگەڵ کێشەکانیدا بکەی . مەهێڵە هیچ شتێک سەرقاڵت بکات لەوەی گرنگە . واتە تا زیاتر هاوکاری بکەیت و بە سۆزە و خۆشەویستییەوە هەڵسوکەوتی لەگەڵدا بکەیت و بەرامبەر کێشەکانی خۆڕاگربی ، کاردانەوەی گەورەی لەسەر منداڵەکەت دەبێ .
١٢ – هانی منداڵەکەت بدە منداڵانی دیکەی خاوەن پێداویستی تایبەت بناسێت و ئاشنای چیرۆکەکانیان بێ ، تا بزانێ منداڵی پێداویستی تایبەتیش دەتوانی زیرەک و ژیانی خۆشی هەبێ .
لە دواجاردا زۆر پێویستە خزم و کەسانی نزیکی دایک و باوکی ئەم جۆرە منداڵانە ، ڕێز لەو دایک و باوکانە بگرن و هەستییان بریندار نەکەن و هەرگیز ئەم جۆرە پرسیار و قسانەیان ڕووبەڕوو نەکەنەوە : ئ – منداڵەکەت ئاسایی دەردەکەوێت و هیچ شتێکی نائاسایی تێدا نابینم . ب – ئایا منداڵەکەت ئەنجامی بۆماوەییە ؟ . پ – دڵنیام ئەو چاکدەبێتەوە ، وایە ؟ . ت – بۆچی دوای منداڵی یەکەم وازت لە منداڵبوون نەهێنا ؟ . ج – بە ڕاستی تۆ دایکێکی مەزنی ، نازانم چۆن بەرگەی ئەو هەموو کێشانەی دەگریت . چ – دامەنیشە باسی خزمێکی خۆتی بۆ بکەی ، کە هەمان دۆخی ئەوی هەیە و مەکەوە بەراوردکردنی نێوانییان .

تێبینی : بۆ ئەم باسە سوود لە چەند سایتێکی عەرەبی و ئینگلیزی وەرگیراوە .




هەڵبژاردەیەک لە شیعرەکانی ( جیویل کێلچێر ).. نووسین و وەرگێرانی: ناڵە حەسەن

  • ( ڕزگاربوون لە خۆم )
    چەندجار بە بێدەنگی گریاوم
    کە دەبێ لەخۆم ڕزگارم بێ
    لە ناوەڕاستی شەودا
    جووڵەکردن
    بێحەد ترسناکە
    وەڵامە تۆقێنەرەکەش
    لەوانەیە
    لەدەرەوەی تواناکانی من بێ
    کە هەردوو دەستم
    زۆر بچووکن
    کەس نابێت بە تەنیا هەست بەوە بکات ..!
  • ( دەی تەنها ماچم بکە )
    دەی تەنها ماچم بکە
    لێگەڕێ با قژی شێواوم
    بەنێو پەنجەکانتا بڵاوبێتەوە

پێم بڵێ هیچ شتێک پێویست بە تەواوبوون ناکات و
هیچ کاتژمێرێکیش پێویستی بە گەڕانەوە نییە

تۆ کە دەنگی منت هەیە
هیچ زەنگێک بێدەنگ نییە
لە جیاتی ئەوە با باوەش بە تۆدا بکەم و
لەوێشدا بمێنمەوە

پیاوێک داوام لێناکات ببم بەکەسێک
کە ئەو دەیەوێت
بەڵام ڕێگەم دەدات کە خۆم بم
وەک ئەوەی کە هەم

گڕێکی زەردی هەوەس
لە جەستەیەکی باریک ئاڵاوە
ئیدی دەچێتە نێو باوەشی
وەک سەلامەتترین بەندەر
بۆ چاودێری و دڵنیایی ..!

  • ( شیعری خۆشەویستی )
    دوێنێ شەو عەشقمان کرد
    لەژێر ئەستێرەکاندا
    مانگیش ڕووەو خوارەوە
    چاوەکانی دەتروکاندن و دەیبینین
    بە جەستەی رووتەوە لەنیو تاریکیدا
    ڕاکشابووین
    وەک ڕەگە رووتەکانیش
    بەنێو قەد و ئەنیشکی ڕووەکە گەییوەکان
    چوبووینە خوارەوە
    ببووین بە قەستانەی زستانە بریقەدارەکان
    جەستەی ئەو پیاوەی من خۆشمدەوێ
    بە دەم داخراوەیی و لێو لەسەروەک دانان
    زمانی گوڵەکان پڕ دەکات لە شاگەشکەیی
    بە تامەزرۆیی و بەبێ وچان
    دەمتوانی
    وێڵی نێو کیشوەری
    دۆڵە زێڕیینیەکانت بم
    تا ڕۆژگارە دڵگەشەکان
    بەیانییەکی نوێ
    بە هەڵکشان بە نێو قووڵاییەکانی
    نهێنییەکانی بوونت / بدۆزێتەوە …!
  • ( لەبیرکردن )
    ئەو بە پێستی بەردەوە دەڕوا
    بۆ ئەوەی خوێنی لێنەڕژێ و
    سەر شۆستەکان پیس نەکا

بە مەبەست چاوەکانی دادەخا و
هەوڵدەدا
شتەکانی بیرکەوێتەوە

خوێنبەرەکانی پشت چاوی
بە نەخشە ڕێگایەکی شین
وەک هەر کەسێکی تر
بەرەو دەریای دەبەن …!

  • ( هەست گۆڕینەوە )
    کە زمان بە جەستەمدا
    دەهێنی
    دڵم لەنێو ئارەزووەکانت دەتوێتەوە

گوێچکەکانم دەبن بە با
ڕەگی دەمارەکانم دەگۆڕێن
جەستەم دەتوێتەوەو
گەدەم دەبێت بە دووانەیەک
لەگەڵ مانگدا

تەڕمکە تا ئەو دەمەی
ون دەبم لەنێو تیشکێک
وەک ڕیشاڵی سەر بەردە بچووکەکان
بە باڵی زۆرەوە
هێلانە دەکەن لەنێو دەستەکانی تۆدا …!

  • ( ونبوون )
    ونبوون
    مەتەڵێکی ئەستێرەییە
    کە وەک ئاو
    هەناسە دەدات و
    وەکو بەردیش دەهاڕدرێ …!
  • ( خۆت کۆکەرەوە )
    لە کەنار دەریایەک خۆت کۆکەرەوە
    منیش دێم و لەوێدا خۆشمدەوێی
    خۆت کۆکەرەوە لەگەڵ شتە کێوییەکان دا
    لەگەڵ گۆرانییەکانی چۆڵەکە و کەفی دەریا
    لێگەڕی با جوانییەکی شێتانەش خۆی کۆبکاتەوە
    لەنێو چاوەکانت بدرەوشێتەوە و بانگم بکا
    چونکە من ئارەزووی پیاوێک دەکەم
    لەنێو قژیدا بۆ شتە کێوییەکان هێڵانە چێبکا
    ئەو پیاوەی گڕو بڵێسە ماچ دەکا …!

_ کورتەیەک لە ژیان و بەرهەمەکانی ( جیول کێلچێر ) :
جیول کێلچێر یەکێکە لە شاعیرە مۆدێرنەکانی ئەمریکا ،، بە فۆرم و ڕوئیایەکی نوێوە شیعر دەنووسێت ، لە لە ٢٣ی مەی ساڵی ١٩٧٤ لە ( پەیسۆن ) لە دایک دەبێ و لە ( ئەلیسکا ) ژیان بەسەر دەبات . لە تەمەنی شەش ساڵیدا ئەوەی لەخۆی هەستپێکردووە کە حەزێکی تایبەتی بە شیعر و گۆرانی و مۆسیقا هەیە .. هەر لە تەمەنی گەنجێتییەوە بە وشیارییەوە هەنگاوی بەرەو گەیشتن بە خەونەکانی ناوە ،، لەم نێوەندەشدا دایک و باوکی پاڵپشت و هاوکاری بوون . جیول خاوەن بەهرەیەکی فرەڕەهەند بووە .. لەپاڵ شیعر نووسین ، خولیای مۆسیقا و گۆرانی گوتن و کاری ڕۆژنامەگەری و هاوکات تێکستی بۆ گۆرانیش نووسیوە و کاری نواندنیشی کردووە . جیول لە ساڵی ١٩٩٨ یەکەم کۆمەڵە شیعری خۆی بەناوی ( شەوێک بەبێ زریپۆش ) بڵاودەکاتەوە .. ئەم کتێبەی دەنگدانەوەیەکی زۆرباشی دەبێت بە پێی سەرچاوەکان دەبێت لە یەکێک پڕفرۆشترین کتێبی ئەوساڵەی ( نیۆرک تایمز ) لە ( کالیفۆرنیا ) شیعرەکانی ( شەوێک بەبێ زریپۆش ) .. شیعری ناسک و پڕ چێژن ، لەڕووی زمان و وشە و دەستەواژەی شیعریەوە لە ئاستێکی بەرزی جوانکاریدان .. لەنیو شیعرەکانی ، بە قووڵی تەعبیری لە هەستەکانی خۆی کردووە .. پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ ناوەوەی خۆی و دەرەوەی خۆی رەسم کردووە .. جیول بۆ پێشەکی کتێبە شیعرییەکەی دەنووسێت ( من بۆ تەقاندنەوەی ئەو بێدەنگییەی ناوەوەی خۆم دەنووسم ، بۆ کردنەوەو دۆزینەوەی کایەکانی ڕۆح و ئاشکراکردنی هەستەکانی بینین و گەیشتن بە ئاشتی و ئارامی ، هاوکات بە چڕی هەستەکانی یەکەمین ئەزموونی خۆشەویستی خۆی و وانەکانی ڕاستی و متمانە و وانەکانی خیانەت و ساڕێژبوونەوەی برینەکان باسدەکات . هەر لەو پێشەکییەی ( شەوەکانی بێ زریپۆش )دا لە پەرەگرافێکیتر ،، پێ لەسەر قسەکانی ( دیلان تۆماس ) ی شاعیر دادەگرێ و دەڵیت / شیعری جوان لەنێو واقیعەوە هەڵدەقووڵی دونیا هەرگیز وەکو خۆی نامێنیتەوە ، شیعری جوان لە هەوڵی مانەوەی جوانیەکان دا دەبێت . یان شیعری باش یارمەتی ئەوە دەدات کە گەردوون بە ناوازەترین شێوە دەرکەوێت ، یان یارمەتیدەری هەرکەسێک دەبێت بۆ فراوانکردنی مەودای مەعریفە و زانین لەنێو ئەو رووبەرەی کە دەورەیداوە .) .. وەکو گوتمان جیول کەسێکی پڕ وزە و خاوەن توانا و بەهرەیەکی فرە ڕەهەند بوو .. لە شەش ساڵییەوە دەستی بە گۆرانی گووتن کردووە . لەگەڵ دایک و باوکی لە ( قاوەخانەیەکی ساندیاگۆ ) بەردەوام مۆسیقا و گۆرانییان پێشکەس کردووە ، لە تەمەنی پانزە ساڵی یەکەمین ئەلبوومی گۆرانی لە ساڵی ١٩٩٥ بەناوی ( pieces of you ) بڵاوکردۆتەوە . ئەم ئەلبوومەی ڕیکۆردێکی باشی شکاند زێتر لە سیی ملیۆن دانەی لێ فرۆشرا .. لەدوای ئەوە چەندین ئەلبوومی تری بەرهەم هێناوە ،، جیول کاری نواندن و ئەکتەریشی کردوە لە ساڵی لە ساڵی ١٩٩٩ وەک کارەکتەری سەرەکی بەشداری لە فیلمی ( Rides with the devil ) کردووە ، کە بەم کارەی لە ئاستێکی بەرین دەناسرێ و دوای ئەوەش لە چەند کارێکی تری نواندن بەشداری دەکات .. جیول لە ساڵەکانی دوای دوو هەزار بە تایبەت لە دەوروبەری ساڵەکانی دووهەزار و چوار و دووهەرار و شەش ، لەو دەورانە بە چڕی ئیش لە سەر مۆسیقا دەکات و چەندین ئاواز یان مۆسیقای سەما بەرهەم دەهێنێ .. جیول لەبواری مەدەنی و مافی مرۆڤ و ئازادییەکانی تاک ئاکتیڤیست و چالاکوانێکی پڕ وزە بووە .. لەبارەی ژیانی تایبەتیش / جیول لە مانگی ئابی ٢٠٠٨ لە ( باهاماس ) هاوسەرگیری لەگەڵ خۆشەویستە دێرینەکەی دەکات ، کە پاڵەوانی ( ڕۆدیۆ تای مۆرایە ) ، لە تەموزی ٢٠١١ بە لەدایکبوونی کوڕەکەی ( کاسێ ) جیول دەبێ بە دایک ، دوای ئەوە لە ساڵی ٢٠١٤ لەگەڵ هاوسەرەکەی پلانی جیابوونەوە دادەنین .. ئەوەی شایانی باسە جیول هێشتا لە ژیان بەردەوامە .

                                                          جانیوەری ٢٠٠٣



بە هاناوەچوون بۆ یارمەتیدانی دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئێران!.. نووسینی: عەبدولڕەحمان گەورکی

ئاوڕدانەوەیەک لە پڕۆژەی (کۆلۆنیالیزم و کۆنەپەرستان) دژ بە راپەڕینی خەڵکی ئێران!

هاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوەی رووخاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئایینی لە ئێران، سازشتکارانی رۆژئاوایی وەخۆکەوتوون لە سەر ‌هێڵی سازان لەگەڵ دیکتاتۆرییەت، “کوڕەکەی شای دیکتاتۆری پێشوو” بخەنە سەر کورسی “وەکالەت(!)” بۆ خەڵکی ئێران، هەتا رێگە خۆش بکەن بۆ سەپاندنی جۆرێکیتری دیکتاتۆرییەت بەسەر خەڵکی ئێراندا. میدیای (فارسی زمان)ی سەر بەو سیاسەتە قێزەونەشیان چالاک کردووە، بۆ پێشخستن و سەرخستنی ئەم پڕۆژەیە، بۆ ئەوەی بڵێن خەڵکی ئێران جگە لە (دیکتاتۆرییەت) هیچ بژاردەیەکیتریان لەبەردەمدا نییە!

دامەزرێنەران و پشتیوانانی سیاسەتی سازان لەگەڵ دیکتاتۆری لە یەکێتیی ئەورووپا، هەر بەمەوە نەوەستاون و لە کردەوەیەکی بێشەرمانەدا، رێگریان کرد لە ناوزەدکردنی سوپای پاسداران لە لیستی تیرۆری ئەم یەکێتییەدا، کە دژ بە خواستی زۆرینەی هەرەزۆری ئەندامانی پەرلەمانی ئەوروپایە. پێش ئەمەش شاهیدی لێدوانەکانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بووین لە پێوەند لەگەڵ راپەڕینی سەراسەریی خەڵکی ئێراندا کە وتی: “ئێرانییەکان خوازیاری چاکسازین لە وڵاتەکەیاندا، نەک رووخاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆری(!)”

دیمەنە سەرنجڕاکێشەکانی سیاسەتی سازان لەگەڵ دیکتاتۆر و، دووریش نیە لە چاوەڕوانی کە دیمەنە سەرنجڕاکێشترەکانیتریشی بێتە بەر چاو!، پێش هەموو شتێک ئاماژەن بۆ بەرەوپێشەوەچوونی راپەڕینی خەڵکی ئێران و سەرکەوتنی بەسەر دەسەڵاتدا و نیشانەی نزیکبوونەوەی رووخاندنی ئەم دەسەڵاتەیە. بۆیە سەرهەڵدانی دیاردەی (وەکالەتخوازی بۆ کوڕی شا) و، “هەنگاوە سازشتکارانی ئەوروپی” دوو رووی پڕۆژەیەکی “کۆنەپەرستی-کۆلۆنیالیزم”ن لە دژی خەڵکی ئێران و بۆ بەردەوامیدان بە “دیکتاتۆرییەت لە ئێراندا.

لە کولتوری سازشتکاراندا “بەرژەوەندخوازی” جێگرەوەیەکی باشە بۆ “شەرەف” و “دادپەروەری” و “مافەکانی مرۆڤ”. هەر بەم هۆیەشەوەیە بە ئاسانی چاوپۆشی لە تاوانەکانی “تیرۆر” و (بانکەوانی تیرۆریزم لە جیهاندا) دەکەن و سوپای پاسدارانی دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئێران بە “تیرۆریست” نازانن. چون لەم کولتۆرەدا و لە روانگەی ئەوانەوە بڤەیە!

بۆ هەموو لایەک روونە کە سیاسەتی “سازان لەگەڵ دیکتاتۆر” زۆر زیانبەخش و قێزەونانەیە و دژی شارستانیەتی مرۆڤ و کۆمەڵگای مرۆڤایەتییە. چونکە بە هەماهەنگی و هاوکاریکردن لەگەڵ دەسەڵاتی دیکتاتۆر هەوڵ دەدات کۆمەڵگای مرۆڤایەتی لە جووڵە و پێشکەوتن و بەرەوپێشەوەچوون بخات. دژایەتیکردن و رێگریکردن لە ناوزەدکردنی سوپای پاسدارانی لە لیستی تیرۆر لەلایەن یەکێتیی ئەورووپاوە، سازان لەگەڵ دەسەڵاتێکی دیکتاتۆرییە کە شەرعیەتی جەماوەریی نییە و هەر بەو سوپای پاسدارانە، هەموو خاکی ئێران (هەروەها زۆرێک لە وڵاتانی ناوچەکە و جیهانیش)ی خەڵتانی خوێن کردووە. بێ هۆ نییە کە دەسەلاتی دیکتاتۆریی ئایینی لە ئێران لە لایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیەوە وەک (بانکەوانی گەورەی تیرۆر لە جیهان) و (گرنگترین هۆکاری نائەمنی) لە ناوچەکە و جیهاندا ناسراوە.

ڕێگریکردن لە ناوزەدکردنی سوپای پاسداران لە لیستی تیرۆری ئەکێتیی ئەورووپا، نەک هەر قێزەونانەیە، بەڵکو دژی پرۆسەی شارستانییەت و مرۆڤایەتی و بیروڕای گشتییە لە جیهان و بەتایبەتی خەڵکی ئەوروپادا و دەبێتە هۆی هاندانی دەسەڵاتی ئایینی لە ئێران بۆ توندوتیژی و خوێنڕشتنی زیاتر. ئەم هەنگاوەی یەکێتیی ئەوروپا ئەوە دەردەخات کە پشتیوانیکردنی زارەکی دەوڵەتانی ئەوروپا لە راپەڕینی خەڵکی ئێران، “فریودەرانە” و، وەستانیان لە تەنیشت خەڵکی ئێران “رواڵەتی” و، گەڕاندنەوەی ناوزەدکردنی سوپای پاسداران وەک تیرۆریست بۆ دادگا “قێزەونانە” و هەڵەیە. چونکە لە زۆر نموونەیتردا، ئەم یەکێتییە و ئەم دەوڵەتانە بەبێ ئەوەی روو لە دادگا بکەن و بڕیار بۆ دادگا جێبهێڵن، ئەمجۆرە ناوزەدکردنانەیان لە دژی “ئۆپۆزیسیۆنی ئێران”ی ئەنجام داوە و بە پێچەوانەوە، ئەوە دادگاکانی ئەوروپا و رۆژئاوا بوون کە بەرانبەر بە سازان و سات و سەودای دەوڵەتانی ئەوروپایی لەگەل دیکتاتۆری ئێران، (داد)یان هەڵبژارد و ئەو دەوڵەتانەیان ناچار کرد ملکەچی یاسا بن و ناوزەدکردنی ئۆپۆزسیۆنی ئێران بسڕنەوە!

ئەوەی کە شەرمەزاربوونی یەکێتی ئەوروپا و رەهەندەکانی زیاتر دەردەخات، “هاوکاتبوونی پێچەوانە”ی ئەو هەنگاوەیانە لەگەڵ راپەڕینی خەڵکی ئێران دژ بە دەسەلاتی ئایینی لە ئێران و هەروەها هاوکاتبوونیەتی لەگەڵ پڕۆژەی (کۆنەپەرستان) و (کۆلۆنیالیزم) بۆ رزگارکردنی دەسەڵاتی ئێران لە رووخاندن. هەروەک چۆن خەڵکی ئێران بە کەمتر لە رووخاندنی دیکتاتۆر رازی نەبوون و رازی نابن، لەدەرەوەی ئێرانیش خەڵکی ئێران بە “پشتیوانیکردنی زارەکی” و “سەرکۆنەکردنی رواڵەتی و بێ کردەیی دیکتاتۆری ئێران” و “سزادانی دڵۆپ بە دڵۆپ”ی ئەم دەسەڵاتە فریو نادرێن و بە کەمتر لە ناوزەدکردن و هەڵوەشاندنەوە و لە ناوبردنی تەواوەتی سوپای پاسداران و وەزارەتى بەدناوى ئیتڵاعات و هەموو داو و دەزگاکانی دەسەلاتی خوێنڕێژى ویلایەتی فەقیهی رازی نابن!

ئەزموونەکانی گەل بە درێژایی مێژوو ئەو راستییە دەسەلمێنن کە خەڵک بەسەر دیکتاتۆرییەتدا سەردەکەون و دیکتاتۆرەکانیش فڕێ دەدرێنە زبڵدانی مێژووەوە. چارەنووسی ئەو کەس و لایەنانەی (سازان لەگەڵ دیکتاتۆر)یان کردۆتە پیشەی خۆیان یان خزمەتکردن بە دیکتاتۆر، زۆر بە ئازار دەبێت! یەکەم دەرەنجامی ئەو هەنگاوەی یەکێتیی ئەورووپا ئەوەیە کە سازشتکاران لە (شۆڕش) و (گۆڕانکاری) لە ئێران دەترسن. چونکە ئەوان لە مانەوەی دیکتاتۆرییەتدا بەدوای بەرژەوەندی خۆیانەوەن و لە سەرهەڵدان و سەقامگیربوونی ئازادی و دیموکراسی لە ئێران، سیاسەتی خۆیان بە مردوویی دەبیننەوە.

شارەزایانی سیاسی و کۆڕ و کۆمەلە کارناسەکانی پێوەندیدار بە کار و باری ئێران لەسەر ئەو باوەڕەن کە رێژەیەی بەرفراوانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بە پشتبەستن بە کارنامەی رەشی دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەت لە هەردوو دیوی سنوورەکانی ئێران، خوازیاری ناوزەدکردنی سوپای پاسدارانن لە لیستی تیرۆر و و نەهێشتنەوەی ئەو هێزە تیرۆریستییە. خانمی مریەم رەجەوی لەم پێوەندییەدا رایگەیاند: “تاوان لە ئێران کەمتر هەیە کە سەرچاوەکەی سوپای پاسداران نەبێت. تا ئێستا لە ناوچەکەدا هیچ شەڕخوازی و تاوانێکی گەورەی تیرۆریستی رووی نەداوە کە پاسداران هۆکاری راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی نەبن”.

دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئێران دەیەوێت وا نیشان بدات کە “بەدیلێکی دیموکراتی” لە گۆڕەپانی راپەرینی گەلدا بوونی نییە و “ڕووخاندنی ئەم دەسەڵاتە” بە مانای گەڕانەوەیە بۆ “دیکتاتۆرییەتی حەمەرەزاشای پەهلەوی” یان “بشێوی و ئەنارشی” لە ئێران و ناوچەکە. بەڵام راستییەکانی گۆڕەپانەکە بە توندی ئەم فرت و فێڵ و چەواشەکارییەی دیکتاتۆرییەت رەتدەکاتەوە. یەکگرتوویی خەڵک و ئیرادەی پتەویان بۆ گۆڕانکاری لە ئێراندا، هەروەک بەردەوامبوونیان لە راپەڕین بە گرژی، بۆ ماوەی چەندین مانگ، بەڵگەیە لەسەر ئەو راستییە کە ئەم راپەڕینە بۆ رووخاندنی دیکتاتۆرییەت، خاوەنی رێبەرایەتی و رێکخستنە و مەبەستدارە و، سازشتکارانی رۆژئاوایی بێهودە هەوڵی یارەمەتیدانی دیکتاتۆرییەت لە ئێران دەدەن.

کۆتایی

نووسینی عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی




خۆڵە مێشی.. پشکۆ ناکام

()..گەر “اسماعیل خەیات” بە فڵچەکەی خۆی ، بە ڕەنگەکانی ئەندێشەی خۆی چەن پۆرترێتێکی ئەم سەرکردە و ئەو بنکردە ، ئەم سەرۆک و ئەو هەڤاڵ بکێشایە ، هەڵبەتە لە کۆچی دواییا بە هەزاران کەس ڕێ ی گۆڕستانیان ئەگرتە بەر و وەک دروشمی مەراسیمەکان ئەیانووت:…حەیف کۆستمان کەوت !!…..بەڵام ئەو ئەیزانی بەکار هێنانی فڵچە بۆ تابلۆی
بازرگانەکان وەک فڵچەی پێڵاو وایە ، هەر شەوقی هەیە و ئەرزشی نیە…

().. گەر “ئاسۆی سەلطە” کاتی خۆی لەبەر دەم حەدیقەی شەعب و لە “یوم المحافظة”
ببوایە بە مایسترۆی ئەو ڕۆژە ، هەڵبەتە پێش کۆچی دوایی لە سێ چوار لاوە معاش و مەکرەمەی حیزبی ئەبوو …بەڵام ئەو کەمانچەکەی لە دوو هەڵبژاردنا ئەبینی : كەمانچە وەک دەنگی خەڵکی چەوساوە و ئازار کێش یان کەمانچە وەک”لۆتی”یەک بۆ هەڵپەڕاننی ئەم یان
ئەو..؟ بێ پەیام و دوور لە ئەخلاقیاتی هونەرمەند ؟..ئاسۆ یەکەمیانی هەڵبژارد و لە دوورە
ووڵاتا جگە لە ئاو و هەوای غوربەت کەس ماڵ ئاوایی لێ نەکرد…

() …گەر” عمر چاوشین” بە دەهۆڵێکەوە لە “دوا ڕۆژی ئابا” قۆڵی بە قۆڵی “برا حرس جمهوری”یەکەی بکرادیە ، دیارە مەراسیمی پرسەکەی لە هۆڵێکی شایستە بەو و لە چەن مزگەوتێکەوە لە یەک کاتا ئەبوو ، بەڵام ئەو هەموو ساڵانی خزمەت کردنی خۆی لە هونەرا
كردە “قەرەوێڵەیەک” تا شەوانە لە خەڵوەتخانەی پیرە بێ کەسەکان لەسەری ڕۆژ بکاتەوە..

() گەر “عوسمان چێوار ئەوەنە دوکەڵی جگەرەکەی نەکرایە بە ناخیا و لە جیاتی ئەحەی
كڕنو “زێڕە”یەکی بنووسیایە ، بێ شک بە مستێک تاج و نەجمەەوە خانە نشین ئەکرا …..
بەڵام هەیهات،، دیدی چێوار وابوو کە ئەو خۆی جگە لە ئەحەی کڕنو شایەتی سەردەمێکی
تەڵخی تێکەڵی کۆمیدیا و تراجیدیای میللەتەکەیەتی و بەهاکانی ئینسان لەوە شکۆمەن ترن کە بۆ ئەوەی “قەرزاری” چایخانەکەی تەلەفزیۆن نەبوایە ، خۆی بکردایە بە “قۆشمەچی” ئەم لا یان ئەولا …بەڵام بازبازێنی ئەقڵ ئەنجامەکەی بەڵانس تێک یان و کەوتنە ، بۆیە ئەو کۆچی دوایی کرد لە مێژووی شانۆی کوردیا هەر بە پێوە وەستاوە..

میللەتێک حورمەتی کەسە بە توانا و ئەقڵ بە دونیا شکاوەکانی خۆی نەگرێ، میللەتێکی کەنەفت و ئیفلیجە ، هیچ گڵۆپێکی ڕۆشنایی ڤیللا و باغە تایبەتییەکان ناتوانێ ڕەنگی تار و تاریکی
فەرهەنگەکەی ڕووناک کاتەوە ،،،تیایا ڕەش و سپی تێکەڵ ئەبێ ، سەرتاسەر یەک ڕەنگ
ئەنوێنێ : خۆڵە مێشی..’..




پشتیوانی مانگرتنی ڕۆژی ١ی شوباتی كرێكارانی به‌ریتانیا ئه‌كه‌ین!

پاڵپشتی ته‌واوه‌تی خۆمان بۆ مانگرتنی كرێكارانی كه‌رتی گشتی له‌ به‌ریتانیا كه‌ ساڵی پار ده‌ستی پێكرد و بۆ ئه‌مساڵیش سه‌رهه‌ڵئه‌داته‌وه‌ ڕائه‌گه‌یه‌نین. كۆنگره‌ی یه‌كێتیه‌ كرێكاریه‌كان (TUC) بانگه‌وازی بۆ ڕۆژێكی تایبه‌تی ئاكسیۆنێك كردووه‌ له‌ ڕۆژی ١ ی شوباتدا وه‌ك ناڕه‌زایه‌تیه‌ك دژ به‌و یاسایه‌ی كه‌ پێشكه‌ش كراوه‌ بۆ به‌رته‌سككردنه‌وه‌ی مافی مانگرتن. ئه‌م یه‌كێتیه‌ كرێكاریانه‌ له‌ ڕۆژی ناوبراودا مانگرتنه‌كانیان ڕائه‌گه‌یه‌نن: یه‌كێتی زانكۆ و كۆلێژه‌كان (UCU)، یه‌كێتی سه‌راسه‌ری په‌روه‌رده‌كاران (NEU)، یه‌كێتی شۆفێری شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كان (ASLEF)، یه‌كێتی خزمه‌تگوزاریه‌ گشتی و بازرگانیه‌كان (PCS) و یه‌كێتی گشتی كرێكارانی هێڵی ئاسن و گواستنه‌وه‌ و ده‌ریایی (RMT). هه‌مووان داخوازی زیادبوونی كرێیان پێ به پێی هه‌ڵاوسان هه‌یه‌ و له‌ مانگه‌كانی داهاتووشدا چالاكی فراوانتر ئه‌گرنه‌ به‌ر.

سه‌رمایه‌داری كه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا له‌سه‌ر دزینی به‌رهه‌می هێزی كاری ئێمه‌ به‌نده‌، ئێمه‌ كرێكارانی به‌جۆرێك خستۆته‌ ژێر فشاره‌وه‌ كه‌ زۆر به‌ سه‌ختی ته‌حه‌مولی زه‌حمه‌ته‌كانی ژیانی ڕۆژانه‌مان ئه‌كه‌ین. هێشتاش كاتێ داوای مافه‌كانمان ئه‌كه‌ین له‌پێناو باشكردنی ژیانماندا، ڕووبه‌ڕووی سه‌ركوت ئه‌بینه‌وه‌ و ئه‌یانه‌وێ به‌ یاسا پاشه‌كشه‌مان پێ بكه‌ن. به‌ڵام ئێمه‌ له‌پێناو داهاتووی مناڵه‌كانمان و خۆماندا پێویسته‌ به‌ ده‌سته‌جه‌معی ڕووبه‌ڕوویان بینه‌وه‌.

مانگرتن و ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی كرێكارانی هێڵی ئاسن و كرێكارانی فریاكه‌وتن، كرێكارانی ئاگركوژێنه‌ره‌وه‌، شۆفێرانی پاسه‌كان، په‌رستاران، مامۆستایان و كارمه‌ندانی حكومی و زۆری تر له‌پێناو كه‌مكردنه‌وه‌ی فشاری قه‌یرانی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی پێداویستیه‌كانی ژیان و هه‌روه‌ها دژ به‌ یاسای نوێی دژه‌ مانگرتنه‌ كه‌ ئازادی ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین و مانگرتن بۆ كرێكاران به‌رته‌سك ئه‌كاته‌وه‌ و ئه‌یانخاته‌ به‌رده‌م هێرشه‌كانی خاوه‌نكاره‌كانه‌وه‌.

وا دیاره‌ كه‌ سیاسه‌تی سكهه‌ڵگوشین و زیادبوونی بێكاری و خراپبوونی خزمه‌تگوزاریه‌ گشتیه‌كان و خۆدزینه‌وه‌ له‌ زیادكردنی كرێ و بڕینی بیمه‌كان و هه‌ڵاوسان و به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی پێداویستیه‌كانی ژیان و … هتد. به‌س نین بۆ حكومه‌ت تاكو هێرشه‌كانی پێبكاته‌ سه‌ر كرێكاران. ته‌نانه‌ت ئه‌یانه‌وێ هه‌ر ده‌نگێكی ناڕازی كپ بكه‌ن و توڕه‌ییمان دژ به‌و سه‌ختیانه‌ی به‌سه‌ریاندا سه‌پاندووین، له‌ڕێی یاسای دژه‌ مانگرتنه‌وه‌، دابمركێننه‌وه‌.

به‌ڵام ئێوه‌ هیچ ڕێگه‌یه‌كی ترتان له‌به‌رده‌مدا نییه‌، جگه‌ له‌ به‌رده‌وامی دان به‌ ناڕه‌زایه‌تی و مانگرتن هه‌تا حكومه‌ت ناچار ئه‌كه‌ن له‌و یاسا تازه‌یه‌ پاشگه‌ز بێته‌وه‌ و له‌وه‌ش زیاتر ڕێبگرن له‌وه‌ی ژیانتان زیاتر به‌ره‌و خراپی ببه‌ن.

ئێوه‌ له‌م خه‌بات و تێكۆشانه‌تاندا به‌ ته‌نها نین!

ڕێكخراوی ده‌ره‌وه‌ی حزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی كوردستان
٢٨\١\٢٠٢٣




فەیسبووکەچیرۆك/ بەشی حەڤدەم.. فەتاح حەسەن

مەممكگرتن
بەمڕۆژی جەژنە ، ئەمە دوەمجارێتی دەستبخاتە بنی مەمکی و لە سوخمە تەنگەکەی مەمکێکی دەربهێنێت، لەمەراقا خەریکە دڵی بتەقێت، نازانم بۆ نایگرێت.. بۆ؟ بەناچاری دەیخاتەوە شوینی خۆی، وەنەبێت شۆڕبوبێتەوە یا شلوشێواو بێت، هێندە توندوتۆڵ و قوت بوون دەستەخوشکەکانی ئیرەییان پێدەبرد. چیدەسەڵاتە، وەکو خۆی دەیگوت من هەر بێبەختو شانسم ئەگەر بەختم ببوایە دەیگرت و دڵم ئاوی دەخواردەوە ئێستاماڵەکەچۆڵە.. هەرخۆیو ئەو ماونەتەوە دیسان بۆی دەرهێنا،هەردووچاوی نوقاندو کەوتە دەمەلەرزەکردن ئەوەندەی نەخایاند ئاهبەدڵیداهات،بە دەمەقوتیلەییەکەی گرتی،ناوچەوانی ماچکرد،ئۆخەی ئۆخەی جەرگەکەم مەمکیگرت.

خۆبەخش
هێندە گورجوگۆڵ کاری دەکرد گەر لە دەمی خۆیت نەبیستایە بڕوات نەدەکرد کە، نەنکە، لە دوکانێکی ( خاچی سور )* ئیشی دەکرد، سەرپەرشتیاری دوکانەکە چاوی پیادا هەڵنەدەهات،( ئیرەیی لەناو ژناندا دەردێکی کوشندەیە) ، بەئاواتەوە بوو هەڵەیەك بکات و لەقافدا بیگرێت تا ڕووشکێنی بکات، ئەو ڕۆژە ( کاشێر ) بوو، بەدەم خەندەو پێکەنینەوە کڕیارەکانی بەڕێدەکرد، کڕیارێك پارەکەی لەسەر مێزەکەی بەردەمی دانا و بەداوای لێبووردنەو پێنج کرۆنیشی کەمە، بەخەندەیەکەوە پارەکەی هەڵگرت و هیوای ڕۆژێکی خۆشی بۆ خواست، سەرپەرشتیارەکە بە خنەخن بەلایاندا دەهات و دەچوو، هەرهێندەی کڕیارەکە ئاودیوی دوکانەکە بوو، بەڕویەکی تاڵەوە بەرمێزەکەی لێگرت و پێیوت تۆ کەڵکی کاشێریت پێوە نییە باشتر وایە خەریکی ڕێکخستنی کەلوپەلی ناو دوکانەکە بیت، ئەویش خۆی پێنەگیرا بەدەنگێکی بەرز هاتە دەنگ کاروابڕوات کەس بەخۆتانەوە ناهێڵن لەم دوکانە دوای خانە نشین بوونم ئەوە بۆ چوار ساڵ دەچێت خۆبەخش لێرەو لەوێ کار دەکەم، دیارە تۆ حەز بەچارەی من ناکەیت ماوەیەکە هەستم پێکردوە، لەسبەینێوە ئێرە بەجێدێڵم، هەر شوێن زۆرە کاری خۆبەخشی تیادا بکەم.

گۆڕینەوە
دوای بەفربارین ئەگەر بیکاتە سایەقە و کزەبایەکی لەگەڵدا بێت، هێندە سارد دەبێت مرۆڤ ناچارنەبێت سەرناکشێنێتە دەرەوە، بروسکەیەك بە مێشکمدا هات بۆ وەك ساڵی پار ئەو جلکانەی لەخۆم زیادن نەشۆم و ئوتوو نەکەم و نەیبەم بۆ دوکانی ( خاچی سور ) ، لەکاتی ئووتوکردنی دوو قەمسەڵەو سێ بلوسدا بەخۆمم وت خۆ ئەمانیش ( دانیمارکی ) هەژاری خۆیان هەیە ، ئەی ئەوە نییە کوشکی بچوك بچوك لە هەندێك گۆڕەپان و کتێبخانەکاندا کراوەتەوە و لەسەری نوسراوە بازاڕی گۆڕینەوە ( شتێك دانێ و شتێك بەرە )، ئاسایشە ئەگەر هیچیش دانەنێیت و پێویستییەك بۆ خۆت بەریت، جلکەکانم گەیاندە نزیکترین کوشك لە کتێبخانەیەك، قاوەخانەیەك بەرامبەری بوو بەدیار قاوەیەکەوە دوو جگەرەم کێشا لە هاتنە دەرەوەمدا پاسکیل سوارێك بەلای مندا پێچی کردەوەو لەبەردم کوشکەکەدا پاسکیلەکەی ڕاگرت، قەمسەڵەکەی داکەند و یەکێک لەوانەی منی لەبەرکرد، خۆشییەك بەدڵمدا هات چیژی ئەو خۆشییەم مەگەر بەمنداڵی چەشتبێت کە جوتێك پێڵاویان بۆ دەکڕیم بۆ جەژن شەوەکەی دەمخستە ژێر پشتییەکەم .

*خاچی سور / ڕێکخراوێکی ناحکومیی مرۆڤدۆستانەیە لە ٢٦ی مارتی ١٨٧٦ لە دانیمارك بنیاتراوە، ئەو پارەیەی پێیان دەگات یان لە ئەنجامی چالاکییەکانیانەوە دەستیان دەکەوێت تەرخانی دەکەن بۆ هاوکاری پەنابەر و کارەساتی سروستی و لێقەوماوانی جەنگ و ولاتە هەژارەکان،٢٢٠ ناوەندیان هەیە، نزیکەی ٢٥٠٠٠ خۆبەخش کاری تیادا دەکەن.

فەتاح حەسەن
دانیمارك/ ڤالبی
مارتی ٢٠٢٢




گلەیی بێت ئەی خودا..!.. شەماڵ بارەوانی

١
دەمزانی ڕۆژێک دێت
هەموو ڕەنگەئەرخەوانییەکانمان دەڕۆنەوە سەر ڕێڕەوی هەڵوەرین و خەونەکانمان نەزیف دەبن

دەمزانی دواجار هەموو قاقاکانمان دەچنەوە سەر نەسەبی گریان و ئینجانەی خەندەکانمان درز دەبات

٢
ئازیزەکەم، مانگەشەوی عیشقی ئێمە، سەر لە ئێوارەوە دیاربوو

تۆ بیستووتە لە مەملەکەتی چەقۆدا
هێشووی خۆزگە پێ بگرێت و درەختی ئاوات چرۆ بکات؟

بینیوتە لە بیابانی هیچ مەجنونێکدا گژوگیای لەیلایەک سەردەربکات ؟

٣
لێرە ئیشق کراوە بە پردی سیرات و بە قەد تاڵە مووێکیش باریک کراوە !
ئێ کوا لۆژیکی دەربازبوون؟

٤
لەوەتەی بیرم دێت، فەرهەنگی دڵداری تژی برینە.
لەوەتەی ئیدیۆمی ئیشق لە دایکبووە، بەشی عاشقان هەر فیراق و شینە

دەنا کێ بەقەد من و تۆ، نزای بۆ سەرکەوتی تەریقەتی خۆشەویستی بەسەر مەزهەبی وەهم دا کرد

کێ بە قەد من و تۆ، پەیمانی بۆ پەرستگەی ماچ دووپاتکردەوە و بەرماڵی بۆ نوێژی باوەش ڕاخست

٥
ئەفسوس، شانسمان لێی نەدا و چرای خۆشباوەڕیمان لە نیوەی ڕێگا کوژایەوە

هەر دەڵێیت تاریکی دەستی لێوەشاندووین !

٦
ئۆه دە لێم گەڕێن با بە دەم ژەنینی فلوتی ئازارەوە بتلێمەوە.

ئەرێ خودایە تۆ پێم ناڵێیت ئەو ئاشبەتاڵییە چی بوو گیرۆدەی ئەو ئیشقەت کردین؟

٧
خەتای ئێمە بوو، فاڵمان بۆ ئایندەی خەونەکانمان گرتەوە و باوەڕمان بە قاوەی بەخت کرد

خەتای ئێمە بوو، شوێن سەراب کەوتین و کاڵفامانە ڕادەستی قامچی قەدەر بووین

٨
تازه هەموو ڕێگاکان کوژانەوە و ئێمە شکستمان خوارد و عەزاب سەرکەوت، عەزاب

٩
دەی ئازیزەکەم باچیتر لەو قاوغی دۆڕانە بێینە دەر و دەستبەرداری گەمەی گەمژەیی بین

ئەوە تێزی عیشقە عیشق.

١٠
جا کێ لە عیشقا براوەبووە؟
فەرهاد و شیرین، لەیل و مەجنون و ڕۆمیۆ و ژۆلێتمان جوانە

١١
سەیرکەن، ئەوەتا، تا بینەقاقامان نغرۆبووین لە سەراب

بۆ هەر دەشتێک دەڕۆین، پڕییەتی لە سەحرا
و
دەست بۆ هەر هەورێک دەبەین، دەبێت بە ڕەشەبا !

دەی ئازیزەکەم کەوشی ئەم وجودە یەعاویە داکەنە، خێرا بارگەی ماڵئاوایی تێک بنێ و کات زۆر درەنگە.

١٢
دەی با بڕۆینەوە بۆ دوورگەی دابڕان و چیتر چاوەڕوانی هاتنی فەسڵێکیتری هەڵوەرین نەکەین

١٣
ئەوە من ڕۆشتمەوە بۆ سەر سنوورەکانی عەدەم
و
تۆیش بە فیراق دەسپێرم

١٤
ماڵئاوا ئەی ئومێد، گلەیی بێت ئەی خودا