جمهوری شیعر و جمهوری تۆپانێ!.. سەدیق سەعید ڕواندزی

لە هەرێمی کوردستاندا، دەیان و بگرە سەدان ڕێکخراوی بە ناو کۆمەڵگەی مەدەنی و ئین گی ئۆ هەن، کە گوایا ئەرکیان بە مەدەنیکردنی کۆمەڵگە و پێشخستن و هوشیارکردنەوەی تاکەکان و داکۆکیکردنە لە مافە پیشەیی و جەماوەرییەکانی هاووڵاتییان، کە بەشێکی کەمیان لێ دەرچێت، ئەوانیتر بارگرانیەکی گەورەن بە سەر بودجەی ئەم هەرێمەوە. ئەگەر ڕووپێوێکی مەیدانی لە پەراوێزی ئەرک و ڕۆڵی ئەو ڕێکخراوانە لە کۆمەڵگەی کوردی بکەین، هیچ گومانی تێدا نییە وێرای بوونی سەدەها ڕێکخراو، بەڵام هێشتا وەک پێویست بە ئەرک و ڕۆڵی ڕێکخراوەییانەی خۆیان هەڵنەستاون و زۆربەیان بنەمای کاری ڕێکخراوەیی خۆیان نازانن و کار و چاڵاکییەک دەکەن، کە ڕەنگە پەیوەندی بەوانەوە نەبێت. ساڵانێکی زۆر لەمەو بەر، بە سەدان فەرهەنگخانە، لە شارەکانی کوردستان بە مەبەستی برەودان بە چاڵاکییە ڕۆشنبیرییەکان دامەزران. ئەو فەرهەنگخانانە دواتر چییان لێ هات؟ کەلوپەلەکانییان کە بە سەدان ملیۆن دۆلار مەزندە دەکران، چی لێ هات؟ بۆچی ئەو فەرهەنگخانانە نەمانەوە؟ کەواتە ئەوە گرنگ نییە چەند ڕێکخراوی کۆمەڵی مەدەنی هەن، بەڵکو ئەوە گرنگە، چەند خزمەت و ڕۆڵیان لە بەرەو پێشەوە بردنی کۆمەڵگە و بە مەدەنیکردنی جومگەکانییەوە دیارە. بۆیە گەلێک لەو ڕێکخراوانە، ستراتیژ و کاری ڕاستەقینەی خۆیان ونکردووە و دەچن بە چاڵاکییەکەوە سەرقاڵ دەبن، کە هیچ ئەرزشێکی نەبێت. لەو ڕۆژانەدا، تۆڕی ڕێکخراوە ناحکومییەکانی سۆران کۆڕێکی شیعریان بە ئامادەبوونی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بۆ شاعیرێکی سادەنووس سازکرد. پرسەکە ئەوە نییە، کە ئاخۆ ئەم برادەرە شاعیرە یاخود نا، کە وەک شێخ ڕەزا گوتەنی شاعیر زۆر بووە لەم عەێڕە ، بەڵکو پرسەکە ئەوەیە، ئەم چاڵاکییە پەیوەندی بە ئۆرگانێکی گەورەی وەک تۆڕی ڕێکخراوە ناحکومییەکانی سۆران هەیە؟ ئایا کار و ئەرکی دی نییە بیکەن؟ ڕێکخراوەکانی ئێمە بە گشتی، بۆچی نابنە چاودێر بە سەر کاری دەزگاکانی حکومەت و داکۆکی لە مافە مەدەنی و پیشەیەکانی توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە ناکەن؟ بۆچی ڕەخنە ناگرن و ئەو کێماسیانەی لە بواری بەڕێوەبردن و خزمەتگوزاریدا هەن، نایخەنە ڕوو؟ بۆچی پاڵپشت و هاوکاری جەماوەری خەڵک ناکەن، کاتێ داواکاریەکی ڕەواو جەماوەریان هەیە؟ بۆچی نابنە چاودێر بە سەر پێشلکارییەکان کە لە بواری مرۆیی و ڕۆنامەوانی و مافدا دەکرێن؟ مەگەر سازکردنی کۆرێکی شیعری بۆ شاعیرێکی سادە نووس کە نیوەی کوردستان نایناسێت، هیچ داهێنان و بوێریەکی تێدایە ئەگەر هەزاران خوێندکاری زانکۆش تێیدا بەشدار بن؟ بێگومان شیعر هیچ کاتێک ژانرێکی جەماوەری نەبووە، بەو مانایەی، وەک چۆن تۆپانێ جمهورێکی بێ شوماری هەیە، ئەوا کام شاعیریش جمهورێکی بێ شوماری هەبوو، ئەوا شاعیری پلە یەکە. هەر کاتێک شیعر هێندە سادە و ڕۆژانەیی بووەوە، کە هەمووان تێی گەیشتن و چەپڵەیان بۆ لێدا، بە دڵنیاییەوە ئەو کاتە ئێمە لە بەردەم شیعر بە مانا هونەریی و بابەتییەکەی نین، بەڵکو لە بەردەم زمانێکی ئاسایی و ڕۆژانەیی داین کە جۆرێک لە میکیاژی هونەری و وشە سازیی ڕۆمانسی بە ناوی شیعرەوە بۆ کراوە. زۆرجار دەگوترێت (مانای شیعر لە دڵی شاعیر دایە) واتا نەک هەموو کەسێک نابێ لە شیعر بگات، بەڵکو لە خودی شاعیر بەو لاوە، هیچ خوێنەرێکیش پەی بەو مانایە نابات کە لە دوو توێی دەقێکی شیعری دایە؟ شیعر ژانرێکی بژاردەیە، نەک جەماوەریی و چەپڵەڕێزیی، هەڵبەتە ڕەنگە خوێنەرانێک بڵێن، مەگەر شیعری شێرکۆ و پەشێویش، شیعری جەماوەریی و چەپڵە ڕێزی نین؟ بەڵام ئایا پەیامی شیعری شێرکۆ و پەشێو بەراورد بە پەیامی شاعیرێکی سادەنوس دەکرێت؟ لەو سۆنگەیەشەوە، کاتێ هەزاران گەنج و خوێندکاری زانکۆ، لە هۆڵێکدا جمەیان دێت و بە چەپڵە ڕێزان پێشوازی لە شیعری شاعیرێکی نەناسراو دەکەن ئەوا بە داخەوە دەبێ ئێمە نیگەران و نائومێد بین لە دنیای شیعری کوردی، چونکە ئەمە مانای وایە، شیعر بۆتە زمانێکی ڕۆژانەیی و ئاسایی و هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ زمانی شیعریی کە زمانی مانایە نەماوە. بەمەش شیعر وەک تۆپانێی لێ دێت و دەیان هەزار هاندەری بۆ دروست دەبێت.بەڵام ئایا ئەدەب بەگشتی و شیعریش بە تایبەتی، ژانری هەموو کەس و جەماوەرێکە؟ ئاسایە ئەم جۆرە چاڵاکییانەش بکرێن، بەڵام دەبێ ڕێکخراوەکانی ئێمە، زۆر پیشەییانە ئەرک و کاری ڕاستەقینەی خۆیان بناسن و کار بکەن. بەرپرسانیش دەبێ ئەو ڕاستیە بزانن، دواین ئەرکییان دەبێ گوێگرتن بێت لە شیعر، چونکە ئەوان ئەرک و بەرپرسیاریەتی گەورەتریان لە سەرشانە، کە ئەویش خزمەتکردنی خەڵک و گوێگرتنە لە کەموکورتی و داواکاریەکانییان ! مەرجیش نییە ئەوەی لە ڕێزی پێشەوەی کۆڕێکی شیعری دانیشت ئیدی شیعرناس بێت. بە پێچەوانەوە نزار قەببانی دەڵێت:_( ئەوانەی لە ڕێزی پێشەوەی کۆڕێکی شیعری دادەنیشن، دواین کەسن کە لە شیعر دەگەن).

*ئەم بابەتە لە ڕۆژنامەی ڕێگای کوردستان، ژمارەی ڕۆژی 31/1/2023 بڵاوکراوەتەوە.

‌ ‌




لەبارەی نۆڤڵێتی “کچەی خوێنەر” کەمێ دەدوێم-2-.. نوسینی: تەلار تاهیر

بەشی دووەم

یه‌كێك له‌ نه‌زانین و گه‌مژه‌یی ئافره‌تان ئه‌وه‌یه‌ به‌ جۆرێك ڕه‌فتار بكه‌ن كه‌ به‌رانبه‌ره‌كانیان هه‌میشه‌ وه‌ك كاڵایه‌ك لێیان بڕوانن. ئه‌دۆنیس له‌ گوته‌یه‌كدا ده‌ڵێت: هیچ كات ئازادی و بێ ئابڕووییم تێكه‌ڵ نه‌كردووه‌، زۆر كه‌س ده‌ناسم به‌هۆی به‌هه‌ڵه‌ تێگه‌یشتن له‌ واتای ئازادی ڕێز له‌ جه‌سته‌ ناگرن.

ڕه‌نگه‌ له‌م ساڵانه‌ی دوایدا كۆمه‌ڵێ شت به‌ناوی ئازادییه‌وه‌ هاتبنه‌ ئاراوه‌ و دنیای مه‌عریفه‌ی ناشیرین كردبێت، وه‌ك ده‌یشزانین سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی ئازادی بریتییه‌ له‌ مه‌عریفه‌، ڕه‌نگه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی داخراودا خه‌ڵكانی ناڕۆشنبیر و كه‌سانی ئاسایی، هه‌نگاوێك له‌ پێشتر بن به‌راورد به‌ توێژی ڕۆشنبیران، به‌ حوكمی ئه‌و كولتووره‌ داخراو و پیاوسالارییه‌ كه‌ تا ئێسته‌ باڵی به‌سه‌ر توێژه‌ جیاجیاكانی كۆمه‌ڵگه‌دا كێشاوه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی ئه‌و كولتووره‌ داخراوه‌ پیاوسالارییه‌ به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان كاریگه‌ری نه‌رێنی كردووه‌ته‌ سه‌ر ڕۆشنبیران.

ڕه‌نگه‌ هه‌ر ئه‌و لێكچوواندنه‌ شوومه‌ نامۆیه‌ خاڵی به‌هێزی جیاكه‌ره‌وه‌ی نێوان ڕۆشنبیر و ناڕۆشنبیر بێت، ده‌بێت سنووری ئه‌و جه‌هله‌ بشكێنی بێ ئه‌وه‌ی كاریگه‌ری نه‌رێنی بكاته‌ سه‌ر به‌ها و ئاكاره‌ جوانه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگه‌، ڕه‌نگه‌ هه‌ر ئه‌و خاڵه‌ به‌هێزه‌یش وایكردبێت كه‌سایه‌تییه‌كی وه‌ك “كچه‌ی خوێنه‌ر” له‌ نێوان پردی دوودڵیدا هێشتبێته‌وه‌ و نه‌یتوانیبێت به‌پێی پێویست شته‌كان به‌ ته‌واوی له‌ یه‌ك جیا بكاته‌وه‌، تا له‌ كۆتادا بووبێت به‌ قوربانی.

ئه‌گه‌رچی كچه‌ی خوێنه‌ر كاره‌كته‌رێكی سه‌ره‌كییه‌، به‌ڵام وا هه‌ست ناكه‌م كه‌سایه‌تییه‌كه‌، به‌ڵكو هه‌ست ده‌كه‌م ڕۆحێكه‌ به‌ ناخی ئازاره‌كاندا دێت و ده‌چێت، یاخۆ ڕۆحێكه‌ ماوه‌ی جارێك خۆی له‌ جه‌سته‌ی ئافره‌تێكدا مه‌ڵاس ده‌دات و ئه‌و ئافره‌ته‌ ده‌بێت به‌ قوربانی ده‌ستی رۆحه‌ تاریكه‌كان.

فردریك نیچه‌ له‌ گوته‌یه‌كدا ده‌ڵێت: ئه‌وه‌ی تێكمده‌شكێنێت، به‌هێزم ده‌كات. واته‌ زۆربه‌ی كات ئازاره‌كان مرۆڤ پته‌وتر دروست ده‌كه‌نه‌وه‌، رۆحی یاخیبوون له‌ ناخی مرۆڤدا ده‌خوڵقێنن، هاوشێوه‌ی ڕۆمانه‌ به‌ناوبانگه‌كه‌ی (موبیدیك) كه‌ ڕۆماننووسی ئه‌مه‌ریكایی (هێرمان ملڤیل) نووسیویه‌تی، كاتێك له‌گه‌ڵ قرژه‌كه‌ شه‌ڕ ده‌كات، ئه‌گه‌رچی قرژه‌كه‌ پێیه‌كشی ده‌خوات، به‌ڵام ڕۆحی مانه‌وه‌ی له‌ ژیاندا، وا ده‌كات له‌ كۆتادا هه‌موو هێزی خۆی كۆ بكاته‌وه‌ و قرژه‌كه‌ بكوژێت. یاخۆ وه‌ك “داستانی سیزیف”ی ئه‌لبێرد كامۆ كه‌ یاخی ده‌بێت له‌ مردن، ژیان به‌ هه‌موو ناخۆشی و نه‌هامه‌تییه‌ك قبووڵ ده‌كات.

كافكا ده‌ڵێت: كتێب ده‌بێت به‌سته‌ڵه‌كی ناخمان بشكێنێت. ڕه‌نگه‌ كایه‌ی ڕۆشنبیری له‌ كۆمه‌ڵگای ئێمه‌ له‌و ئاسته‌دا نه‌بێت كه‌ بتوانێ تاكه‌كان پێبگه‌یه‌نێت، واته‌ كه‌سانی به‌ناو ڕۆشنبیری وه‌ك (ساڵح یاسینی ڕۆماننووس، مه‌حموود قادری شاعیر، عه‌زیز ناسری شانۆكار). واته‌ به‌شێوه‌كی گشتی كتێب و خوێندنه‌وه‌ نه‌یتوانیوه‌ ببێت به‌ ده‌روازه‌یه‌ك به‌سته‌ڵه‌كی ناخمان تێكبشكێنێت و ڕزگاری بكات له‌ جه‌هل.

كه‌ژاڵ ئیبراهیم له‌ دیمانه‌یه‌كدا ده‌ڵێت: كاتێك یه‌كه‌م شیعرم بڵاو كرده‌وه‌، باوكم به‌ قژ سووڕاندمیه‌وه‌ به‌ ناو مه‌تبه‌خه‌كه‌ماندا و ده‌یگوت ده‌ته‌وێ حه‌یامان به‌ری وا شیعر بڵاو ده‌كه‌یته‌وه‌. ڕه‌نگه‌ كچیش هه‌بن ژیانی له‌وه‌ ناخۆشتر بێت و ئاماده‌یی ئه‌وه‌ی تێدا نه‌بێت به‌و شێوه‌یه‌ باس له‌ ژیانی خۆی بكات، واته‌ كه‌ژاڵ ئیبراهیم وه‌ك فریادڕه‌سێك له‌ پاڵ خه‌می ژیانی خۆیدا، باسی خه‌می كچانی تری كۆمه‌ڵگه‌كه‌یشی كردووه‌، یاخۆ شه‌هره‌زاد له‌ ڕۆمانی “هه‌زار و یه‌ك شه‌وه‌”دا، جگه‌ له‌وه‌ی خۆی له‌ تووڕه‌یی و زاڵمی شاریار پاراست و مردنی خۆی دواخست، كچانی تریشی له‌ ده‌ستی زاڵم ڕزگار كرد.

كچه‌ی خوێنه‌ریش ئه‌گه‌رچی سه‌ره‌تا ده‌بێته‌ قوربانی، به‌ڵام له‌ دواییدا به‌ فیلمێكی دۆكیۆمینتاری ده‌ست ده‌خاته‌ سه‌ر ئازاره‌كانی كه‌ ڕه‌نگه‌ باسكردنیان ئه‌سته‌م بێت، وه‌لێ پێویستی به‌ بوێرییه‌. واته‌ به‌شێوه‌یه‌كی گشتیی له‌ پاڵ خه‌می خۆیدا، ڕه‌نگه‌ باسی خه‌می كچانی تریشی كردبێت و تا ئێسته‌ نه‌یانتوانیبێت په‌رده‌ له‌سه‌ر باسكردنی هه‌ڵبده‌نه‌وه‌. به‌ مانایه‌كی تر، هه‌ندێك جار باسكردن و ناوهێنانی ئازار و خه‌مه‌كان، ئاسووده‌یی به‌ ڕۆح ده‌به‌خشن، لێره‌دا ئه‌وه‌مان بۆ ڕوون ده‌بێته‌وه‌ هه‌موو سه‌ركه‌وتنێكی یاخیبووانه‌، ئازارێكی سه‌ختی له‌ پشته‌وه‌یه‌.

له‌ كۆتادا ئه‌وه‌مان بۆ ڕوون ده‌بێته‌وه‌ ئه‌گه‌رچی كچه‌ی خوێنه‌ر سه‌ره‌تا ده‌بێته‌ قوربانی، به‌ڵام له‌ دوایدا به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ورد بینه‌وه‌ له‌ كتێبه‌كه‌دا، ڕووداو و قوربانییه‌كانی زۆر زاڵتره‌ به‌سه‌ر لایه‌نه‌ سه‌ركه‌وتوو و ئه‌رێنییه‌كانی كچه‌ی خوێنه‌ردا.

پێم وایه‌ ده‌بوو نیهاد جامی نووسه‌ری كتێبه‌كه‌، شانبه‌شانی ڕووداو و قوربانییه‌كان، بڕێ زیاتر درێژیی به‌ خاڵه‌ (ئه‌رێنی)یه‌كانی ناو نۆڤلێته‌كه‌ی بدایه‌، چونكه‌ پێویست ده‌كات چاوێكی زه‌ق بخه‌ینه‌ سه‌ر خاڵه‌ ئه‌رێنییه‌كانی، له‌پێناو كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی تۆكمه‌ و ته‌ندروست.

نوسینی ــ تەلار تاهیر

ناوى ته‌واوى: نیهاد جامى محه‌مه‌د عه‌بدوڵایە 5/3/1972 لە گەرەکی حەمام عەلی بەگ له‌ شاری کەرکوک لە دایکبووە، ئێستا لە وڵاتی پۆڵندە دەژێت

  • چەندین وتار و لێکۆڵینەوەى لە رۆژنامە و گۆڤارەکاندا بڵاوکردۆتەوە
  • دەرهێنانی بۆ (30) سى کاری شانۆیی کردووە
  • سەرنوسەری گۆڤاری شانۆکار بووە
  • دامەزرێنەری سایتی شانۆکار بووە

خاوه‌نى چه‌ندین به‌رهه‌مى چاپكراوه‌، له‌وانه‌:

  • خودی کوردیی لەنێوان کەسێتی دوو فاقی و تراژیدیای ئەنفالدا (کۆمەڵناسی)
  • لەبارەی شێخ زاناوە – بە هاوبەشی د. زیرەک عەبدوڵڵا (کۆمەڵناسی)
  • ڕەخنەگرتن لەمۆدێرنیتی (فەلسەفە)
  • نائومێدیەکانی شانۆ (توێژینەوەی شانۆیی)
  • پەراوێزەکانی شانۆ (توێژینەوەی شانۆیی).
  • ئەنتۆلۆژیای شانۆی ئەزموونگەری (توێژینەوەی شانۆیی).
  • نوسەر ونووسینەوەی زمان (توێژینەوەی ئەدەبی)
  • شانۆی پۆست مۆدێرنیتی (توێژینەوەی شانۆیی)
  • گوتاری ڕەخنەی شانۆی کوردیی (رەخنەی شانۆیی)
  • کۆمەڵناسی شانۆ (توێژینەوەی شانۆیی)
  • شانۆی فێمێنیستی (توێژینەوەی شانۆیی)
  • پلەی سفری شانۆ (توێژینەوەی شانۆیی)
  • ئەرکیۆلۆژیای شانۆ (توێژینەوەی شانۆیی)
  • لەئۆکتۆبەردا کوژرام (کورتە ڕۆمان).
  • من لەماڵی سەرۆک بووم (نۆڤلێت).
  • کچەی خوێنەر (نۆڤلێت)
  • شانۆناسى.

    کتێبەکانی نیهاد جامی:
    http://dengekan.com/kteb_nihad.htm




هەڵبژێراو.. پشکۆ ناکام

….رەنگە باسکردنی ئەو هۆکارانەی کاریگەرییان هەیە لە مانەوەی سیستەمی حوکمڕانی بەتایبەتی دیکتاتۆرییەتی حیزبی بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ بێ ئەوەی خەڵک کاردانەوەی لا بە لاکەری هەبێ بۆ گۆڕینی ئەو بارە ناهەموارەی تیایا ئەژی زۆر هەڵبگرێ و وەکو هەویرێکە چەن تەنەکەیەک ئاوی بوێ ، چونکە دیکتاتۆریەتی درێژ خایان نەوەیەکی ڕاهاتوو لەسەر وەزعە باوەکە ئەهێنێتە کایەوە کە پێیان وایە گۆڕانکاری زەحمەتە ، واتا لەگەڵ سیستەمی دیکتاتۆرییەتی حیزبی/ بنەماڵەیی خۆیان ڕا هاێناوە و “ماڵی”بوون ، ئەم سیستەمانە کە لە ووڵاتانی ئیسلامیا زۆرتر و دیارترن ، جۆرە هاووڵاتیەک بەرهەم ئەهێنێ کە ئەکرێ بە “هاووڵاتی جێگیر” یان” هاووڵاتی نەجوڵاو” ناو بنرێ کە گرنگی بە سێ بابەت ئەیات و بەلای وەزعە سیاسیەکەیا ناچێ لەسەر نەزەرییەی” ئاگرە سوورە لە خۆم دوورە” خوو ئەیاتە ئەو سێ شتە و خۆی پێوە مەشغوڵ ئەکا : دین ، قووتی ڕۆژانە لەگەڵ فوتبۆڵ…
() هاووڵاتی نەجوڵاو لە دونیا تایبەتە داخراوەکەیا خوو ئەیاتە دین و خۆی پێوە مەشغوڵ ئەک ، لەبەر ئەوە نا بە هەق و ڕەوایەتی و عەدالەت ئەیبینێ ، بەڵکو بە مەراسیمە” طقوس” دینییەکان کات بەسەر ئەبا و نایەوێ لە هاوڕێکانی دوا کەوێ ، لەسەر مەسەلەی “خوا” و میسداقیەتی ناەوەڕۆکی دینەکە گومانەکانی خۆی ئەڕەوێنێتەوە و حەز بەباس کردنیان ناکا و نایخاتە ناو هەڵس و کەوتی ڕۆژانەیەوە ” دیارە کەسانی مێشک ووشک بوو و داخراو” بەشی زۆری هاووڵاتی نەجوڵاو پێک ئەهێنن ، ئەمانە لە کاتێکا بەرگری لە دینەکەیان ئەکەن کە بزانن ناڕەحەتی و سەریەشەی بەدواوە نیە، دەنا بزانن هەر قسە و جوڵەیەکیان باجێکی قورسی لەسەرە ، مێش میوانیان نابێ و لاڵ ئەبن ، هەر نموونەیەک کاتێ لە ووڵاتی دانیمارک چەن وێنەیەکی گوایە “نەشیاو” !!ی پێغەمەری ئیسلامەکان بڵاو ئەبێتەوە ، لە ئەوروپا ئەیکەن بەڕۆژی حەشر ، ئەوەنە هاوار ئەکەن قوڕگیان ئەگیرێ ، بەقەد تۆپە قوماشێ عەلەم ئەسووتێنن ، بیتاقەی جەهەنەم ئەیەن بە هەموو دانیمارکیەک ، بەڵام لە ووڵاتەکەی خۆیانا ڕۆژانە هەزار سووکایەتی بە خۆیان وەک هاووڵاتییەک و بە دینەکەیان و بە سیمبولی دینەکەیان بکرێ ، نوتقیان لێوە نایە و “دەست بگرە بە کڵاوەکەی خۆتەوە حیزب نەیبا” ئەبێ بە دروشمی سەرەکییان ، جگە لەمانە هاووڵاتی نەجوڵاو کە هەر خەریکی دزی و گەندەڵی و ساختەچێتیە ، هیچ شتێ لەوانە وای لێ ناکا کە هەست بە تاوان کردن”الشعور بالذنب”بکا ، ئەو نوێژێکی لە کیس بچێ قوڕی دونیا لەسەریا کۆبێتەوە و نازانێ چۆن خۆی لەو گوناحە گەورە و خەتەرە نەجات بات و خۆی وەک ئوتوی بوخار پاک بکاتەوە ، بەڵام ساختەچێتی و غەدر کردن لە خەڵک بەشێکە لە ژیانی ڕۆژانە وەک نەرکە دینیەکانی…..

() بە حوکمی ئەوەی هاووڵاتی نەجوڵاو لە ژێر کاریگەری دینەکەیا هیچ ئینتمایەکی بۆ نیشتمانەکەی نابێ و لە لایەنە کۆمەڵایەتییەکەشەوە “سۆسیۆلۆجی”، تەنها خوو ئەیاتە ماڵ و مناڵ و قووتی ڕۆژانەی و مناڵاکانی بە جۆرێک پێ بگەیەنێ کە وەک خۆی لە ژێر چەتری دینا لە بەرژەوەندی گشتی و داهاتووی ووڵاتەکەی دوور کەونەوە و توخبی سیاسەت نەکەوون و قەناعەتیان وابێ ئەو سیستەمە دیکتاتۆریە قەدەری خوایە و هیچی لەگەڵ ناکرێ و کەی خوا ویستی ئەیگۆڕێ !! واتا قووتی ڕۆژانە دەروازەیەکە بۆ بەستنەوەی مناڵەکانی بە پرینسیپەکانی خۆی کە لە دین و جێ بەجێ کردنی ئەرکەکانی کۆئەبێتەوە .. هاووڵاتی نەجوڵاو پاساوی هەموو نەهامەتییەکانی بەرهەمی سیستەمی دیکتاتۆری حیزبی لەوەیا کۆئەکاتەوە کە هیچ شتێ بێ ڕەزامەنی خوا نیە و ناکرێ بە جۆری حوکمڕانیشەوە….

() کاتێ هاووڵاتی جێگیر/ ناجوڵاو ئەو هەموە ناعەدالەتی و وون بوونی یاسا و گەندەڵیە ئەبینێ و نە ئەوێرێ و نە حەزیش ئەکا خۆی تێ هەڵقورتێنێ ، خوو ئەیاتە فوتبۆڵ، یارییەکی یانەکەی لە کیس ناچێ ، باکگراوندێکی وەرزشیانەی نیە و دینەکەشی لە هیچ قوژبنێکەوە باسی وەرزشی تیا نیە ، تەنها ئەوەیە لە دوو گۆڵیا بۆ نموونە یاسای خۆی هەیە و یاریکەر و ڕاهێنەر و هەنێ جار هاندەرەکانیش یەکسانن بەرامبەری ، ئەم کە ئەو هەموو ناعەدالەتیە لە دەرەوەی ماڵەکەی خۆی ئەبینێ و قسەی لەسەر ناکا ، تەسکینی بەوە یەت کە لە یارییەکا گەر کەسێ خوار جۆڵایەوە و کاری کردە سەر مەجرای گشتی یارییەکە ئەوە بە “کارتی زەرد یان سوور” یاسای یارییەکە جێ بە جێ ئەکرێ ، هیچ یاریکەرێکیش لەسەرووی یاسا و ڕێنماییەکانەوە نیە ، بەڵام لەدەرەوەی ماڵەکەی خۆی ئەو هەموو گەندەڵی و ” فاوڵ”ە ئەکرێ کێ ئەوێرێ باسی
كارت بکا ، ڕەنگە بەرپرسی حیزبی هەبێ نەک کارتی سوور بەڵکو ئەبێ “کارت سووری جگەر”ی وەربگرێ ، لە لایەن حیزبەوە پاداشت ئەکرێ و بە زۆر پەنالتیەکی بۆ دروست ئەکەن تا گۆڵێک بکا و خەڵکی وەک هاووڵاتی/نەجوڵاو چەپڵەی بۆ لێ با، بە مانایەی یەکسانی هەمووان بەرامبەر بە یاسا لە فوتبۆڵا ئەبێنێ و تەسکینی بەخۆی ئەیا کە ئەڵێ : فاوڵ ئەکەی! دەبخۆ ئەوە کارتی سوور. ئافەرم حەکەم … بەڵام بۆ ئەو سیستەمە دیکتاتۆرە حیزبییەوە بێ دەنگە گەر چی ئەزانێ حەکەمەکە لەپێش هەموو کەسەوە ئەبێ کارت وەر بگرێ………………..

ئەم جۆرە خۆ خستنە بەرەی نەجوڵان و بێ دەنگییەوە کۆیلایەتییەکە بۆ خۆی ، بەڵام کۆیلایەتیەکی هەڵبژێراو…..
“””””””””””””””””””””””””””””””””””””””””””””””””””””””””””””””””
()فیکرەی ئەم ووتارە کتێبێکی بیرمەندی فەڕەنسی” ئیتیان دولا یەبوسیە”یە بە تایتڵی “العبودیة المختارة” لە وەرگێڕانی “مصطفی صفوان” بۆ سەر زمانی عەرەبی..




( پۆل ئیلوار ).. یه‌کێک له‌ شاعیره‌ پێشه‌نگه‌کانی سوریالیزم.. له‌ ئینگلیزیه‌وه: ناڵه‌ حه‌سه‌ن

_ چه‌پکێک له شیعره‌کانی ( پول ئیلوار )

( من نه‌مده‌توانی بیزانم )

من نه‌مده‌توانی بیزانم
باشتر له‌وه‌ی تۆ من بناسیت
چاوه‌کانت له‌ خه‌ودان
ئێمه‌ پێکه‌وه‌ بۆ دره‌وشانه‌وه‌ی
چاره‌نووسێکی باشترمان له‌ شه‌وه‌کانمان دروست کرد
چاوه‌کانت له‌ کام سه‌فه‌ری من
به‌ درێژایی ڕێگاکان ،
هێماکانی
مانایه‌ک به نامۆیی زه‌وی ده‌به‌خشێ
له‌نێو چاوه‌کانی تۆدا
کێ کۆتا‌یی ئه‌م ته‌نیاییه‌مان
بۆ ئاشکرا ده‌کات
که‌ خۆشیان
ئیتر نازانن چاره‌نووسیان به‌ کوێ ده‌گات
تۆش نه‌تده‌توانی بیزانی
باشتر له‌وه‌ی من تۆ بناسم … !

( کچی عه‌شق )

ئه‌و له‌سه‌ر پێڵووی چاوه‌کانم وه‌ستاوه‌
پرچی له‌نێو پرچی مندایه‌
ڕه‌نگی چاوه‌کانی منی گرتووه‌
شێوه‌ی ده‌ستەکانم …
ئه‌و له‌نێو سێبه‌ری من قووت ده‌درێت
وه‌کو به‌ردێک به‌ڕووی ئاسماندا

ئه‌و هه‌رگیز چاوه‌کانی داناخات
یان هه‌رگیز لێناگه‌ڕێت من بخه‌ووم
یان خه‌ونه‌کانی ئه‌و له‌ڕۆژێکی پرشنگی دا
واده‌کا خۆره‌تاو ون ببێ
منیش پێده‌که‌نم و ده‌گریێم
یان پێده‌که‌نم و قسه‌ده‌که‌م
ئه‌و کاتانه‌ی هیچ شتێکم پێ نییە بۆ گوتن !

( زه‌نگی ئێواران )

ده‌مانتوانی چیتر بکه‌ین ، بۆ ده‌رگاکان ئێشکگری کرابان
ده‌مانتوانی چیتر بکه‌ین ، بۆ زیندانی بوونمان
ده‌مانتوانی چیتر بکه‌ین ، بۆ ئه‌و شه‌قامانه‌ی له‌ ئێمه‌ قه‌ده‌غه‌ کرابوون
ده‌مانتوانی چیتر بکه‌ین ، بۆ ئه‌و شاره‌ی که‌ خه‌وتبوو
ده‌مانتوانی چیتر بکه‌ین ، بۆ ئه‌و ژنه‌ی برسی و تینوو کرابوو
ده‌مانتوانی چیتر بکه‌ین ، بۆخۆمان که‌بێ به‌رگری بووین
ده‌مانتوانی چیتر بکه‌ین ، بۆ ئه‌و شه‌وه‌ی که‌ بێبایه‌خ کرابوو
ده‌مانتوانی چیتر بکه‌ین ، بۆ خۆمان که‌ یه‌کتریمان خۆش ده‌ویست … ؟

( له‌ په‌نجه‌ره‌وه‌ )

هه‌میشه‌ من ئه‌و دڵنیاییه‌م نه‌بووه‌ ، ئه‌و ڕه‌شبینیه‌ی که‌ باشترین دڵنه‌واییه‌ له‌ نێوان ئێمه‌دا . له‌وێدا کاتی ئه‌وه‌بوو که‌ براده‌ره‌کانم به‌ من پێبکه‌نن . من زرینگ نه‌بووم بۆ وشه‌کانم ، دڵنیاییه‌کی جیاواز ، من هه‌میشه‌ نازانم که‌ ده‌مه‌وێت بڵێم چی ؟ به‌ڵام زۆرجاران که‌ هیچم نه‌بووه‌ تا بیڵێم‌ . گرینگی قسه‌کردن یان مه‌یلی ئه‌وه‌ی که‌ زۆر به‌ زه‌حمه‌ت نه‌بیت . ژیانی من ته‌نها به‌ داوه‌ ده‌زوویه‌ک هه‌ڵواسراوه‌ .
له‌وێدا کاتی ئه‌وه‌بوو ، ئه‌وکاته‌ی وا دیاربوو من له‌هیچ تێنه‌گه‌یشتبووم . زنجیره‌کانی من سه‌ر ئاو که‌وتبوون . هه‌موو حه‌زه‌کانم له‌نێو خه‌ونه‌کانم له‌دایک ده‌بن . من به‌ وشه‌کانم عه‌شقی خۆم ده‌سه‌لمێنم . بۆ چ مه‌خلوقه‌هایه‌کی نایاب من متمانه‌م به‌خۆم کرد . له‌ چی دڵته‌نگیه‌کی ئازاربه‌خش و دنیایه‌کی ڕه‌نگین دا خه‌یاڵه‌کانم بازنه‌یان به‌ چوارده‌ورم کێشابوو . من دڵنیا بووم که‌ عاشق بووم له‌ زۆربه‌ی بواره‌ ترسناکه‌کانی خۆم . زمانی عه‌شقی من سه‌ر به‌ زمانی مرۆڤ نییه‌ ، جه‌سته‌ی مرۆیی من ده‌ست له‌ گۆشتی عه‌شقم نادات . خه‌یاڵه‌ ئیرۆسیه‌کانیشم هه‌میشه‌ و به‌ به‌رده‌وامی له‌ ئاستێکی به‌رزی گونجاو دا بوون ، که‌ ئه‌وه‌ش هه‌وڵدانێکی ئه‌وتۆ نییه‌ بۆ ڕازیکردنم له‌سه‌ر چه‌وتی … !

( ونبوون )

من قسه‌ت بۆ ده‌که‌م به‌ده‌م بڕینی شاره‌کانه‌وه‌
من قسه‌ت بۆ ده‌که‌م به‌ده‌م بڕینی ده‌شته‌کانه‌وه‌
ده‌مم له‌سه‌ر سه‌رینی تۆ دایه‌
ده‌نگم ده‌تدۆزێته‌وه‌
من قسه‌ت بۆ ده‌که‌م له‌ ئه‌به‌دیه‌ت دا
ئای شاره‌کان یاده‌وه‌ریه‌کانی شاران
شاره‌کان به‌ ئاره‌زووه‌کانی ئێمه‌ پێچراون
هه‌ندێک له‌ شاره‌کان زوو هاتوون هه‌ندێکیان تۆزێک له‌مه‌و پێش
هه‌ندێک له‌ شاره‌کان به‌هێزن هه‌ندێکیان په‌نهان
به‌تاڵان چوون بۆ مرۆڤە به‌ڕێزه‌کانیان
بۆ هه‌موو بیرمانده‌کانیان و بۆ هه‌موو دێو و خێوه‌کانیان !
کێڵگه‌کان شێوازێکن له‌ ئه‌ڵماس
ژیانێکی ڕه‌ونه‌قانه‌ ده‌ژیێن
وه‌رزی دروێنه‌ی ئاسمان له‌ودێو زه‌وییه‌کانی ئێمه‌وه‌یه‌
ده‌نگم تێرکه‌ن منیش ده‌گرییم و شیوه‌ن ده‌که‌م
من له‌نێو گڕ و بڵێسه‌دا خه‌ون ده‌بینم و پێده‌که‌نم
له‌نێو ‌هێشوه‌کانی خۆره‌تاو
یان جه‌سته‌ی تۆ بڵاوبۆته‌وه‌ به‌نێو جه‌سته‌ی مندا
وه‌ک چه‌رچه‌فی سه‌ر ئاوێنه‌ ڕوونه‌کان .

ڕاستیه‌کی ڕووت ( من باش ده‌یزانم )

نائومێدی هیچ باڵێکی نییه‌
عه‌شقی نییه‌
ڕوخساری نییه‌
قسه‌ش ناکات
من نایجوڵێنم
من نایگرمه‌ باوه‌ش
من قسه‌ی بۆ ناکه‌م
به‌ڵام به‌ئه‌ندازه‌ی ڕاستی
عه‌شقم پڕه‌ له‌ نائومێدی … !

_ کورته‌یه‌ک لە ژیان و بەرهەمەکانی ( پۆل ئیلوار )

پۆل ئیلوار له‌ ١٤ ی دیسه‌مبه‌ری ١٨٩٥ ، له‌ ” سه‌ینت دلێنیس ” سه‌ر به‌ شاری پاریس له‌ دایکبووه‌ ، خێزانه‌که‌یان سه‌ر به‌ چینێکی مامناوه‌ندی بوو ، باوکی فه‌رمانبه‌ر و دایکیشی ژنی ماڵه‌وه‌ بووه‌ و له‌ماڵه‌وه‌ ئیشی به‌رگدرووی کردووه‌ . پۆل ئیلوار له‌ سه‌رده‌می ڵاوێتیدا قوتابیه‌کی‌ زیرەک و چاڵاک بووە له‌به‌ر نه‌خۆشی و باری ته‌ندروستی جارجاره‌ له‌ خوێندن دابڕاوه‌ ، له‌ ته‌مه‌نی شازده‌ ساڵی به‌ هۆی نه‌خۆشی ( سیل ) ه‌وه‌ ده‌نێردرێت بۆ ” سویس سه‌نه‌تۆریه‌م ” . له‌و ته‌مه‌نه‌یدا بێئه‌ندازه‌ هۆگر و حه‌زی له‌ شیعر ده‌بێت .‌ ساڵ و نیوێک له‌و شوێنه‌دا ده‌مێنێته‌وه‌ ، کاتێک ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ پاریس یه‌کسه‌ر ده‌چێته‌ ڕیزی سوپا بۆ خزمه‌تکردنی سه‌ربازی . پاش ماوه‌یه‌ک بریندار ده‌بێت به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی غازی تۆکسیک . دوای ته‌واوبوونی ئه‌زموونی شه‌ڕ ، له‌ساڵی ١٩١٧ ماوه‌ی خزمه‌تکردنی سه‌ربازی ته‌واو ده‌بێت و ئازاد ده‌بێت ، هه‌ر له‌م ساڵه‌دا یه‌که‌م کۆمه‌ڵه‌ شیعری خۆئ به‌ ناوی ( Le Devior et ) بڵاو ده‌کاته‌وه‌ . ئیلوار خۆی وای هه‌ست ده‌کرد له‌ ” وات وێتمان ” ی شاعیری ناوداری ئه‌مریکی زۆر نزیکه‌ ، وات وێتمان نووسه‌ری دیوانه‌ شیعری ( گه‌ڵاکانی گیا ) ئێلوار ئه‌م دیوانه‌ شیعره‌ی زۆر ده‌خوێنده‌وه‌ . هەروەها به‌شداری له‌ بزووتنه‌وه‌ی داداییه‌کانیش کردووه‌ ، له‌گه‌ڵ ” تریستان تزارا و ئه‌ندری بریتۆن و لویس ئه‌راگۆن و فلیپ سۆپات و زۆرێک له‌و نووسه‌ر گه‌نجانه‌ یه‌کتریان ده‌دیت و له‌گه‌ڵ یه‌کتریدا کۆده‌بوونه‌وه‌ . پاشان له‌گه‌ڵ چه‌ند نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ند و ڕۆشنبیرێکی تر وه‌کو سو‌ریالیسته‌کان خۆیان ڕاده‌گه‌یه‌نن . پۆل ئیلوار یه‌کێک له‌و که‌سانه‌ ده‌بێت که‌ مانیفێستی سوریالیزم ئیمزا ده‌کات . ئیلوار له‌ساڵی ١٩١٢ ژنی هێناوه‌ و کچێکی له‌و ژنه‌ی هه‌یه‌ به‌ ناوی ” سیسه‌یل ” ، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌و ژنه‌ی به‌یه‌که‌وه‌ زۆر به‌خته‌وه‌ر نابن بۆیه‌ له‌ ئاکامدا له‌یه‌کتری جیا ده‌بنه‌وه‌ . ئیلوار له‌ ساڵی ١٩٢٤ بۆ ماوه‌یه‌ک ون ده‌بێت ، ده‌نگ و باس وا بڵاو ده‌بێته‌وه‌ گوایه‌ مردووه‌ به‌ڵام ، دوای حه‌وت مانگ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ پاریس ، وا ڕاده‌گه‌یه‌نێت که‌وا‌ له‌ سه‌فه‌رێکی دوور و درێژ دا بووه‌ ، له‌ مارسلیس ه‌وه‌ بۆ تاهیتی ، ئه‌نده‌نووسیا ، سیلان ، ئوسترالیا ، چه‌ند شوێنێکی تر . پاش ده‌رکه‌وتنه‌وه‌ی له‌ چوارچێوه‌ی سوریالیزم درێژه‌ به‌ هه‌وڵه‌کانی ده‌داته‌وه‌ . هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا بۆی ده‌رده‌که‌وێت که‌ گاڵه‌ی خێزانی پێشووی له‌گه‌ڵ ( سلفادر دالی ) په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ ! ئیلوار له‌ساڵی ١٩٢٦ به‌هۆی چاپکردنی دیوانه‌ شیعری (Capital de la Doluer ) ناوده‌نگێکی شیعری باش په‌یدا ده‌کات . له‌ ده‌وروبه‌ری ساڵی ١٩٣١ له‌گه‌ڵ ( Nusch ) ه‌ی هونەرمەندی شێوەکاری سوریالیست یه‌کتریان خۆشده‌وێت ، که‌ یه‌کێکه‌ له‌و خوێنه‌رانه‌ی ئیلهام له‌ شیعره‌کانی وه‌رده‌گرێت ! هه‌ر له‌وکاتانه‌ زه‌ماوه‌ند ده‌که‌ن و ده‌بن به‌ هاوسه‌ری یه‌کتری و له‌گه‌ڵ یه‌کدا زۆر به‌خته‌وه‌ر ده‌بن ، بۆیه‌ هه‌تا دواچرکه‌کانی ته‌مه‌نی بەیەکەوە دەژین ، واته‌ تا ساڵی ١٩٤٦ چونکه‌ له‌وساڵه‌دا ژنه‌که‌ی ده‌مرێت . ئیلوار له‌ساڵی ١٩٣٩ جارێکی تر بۆ خزمه‌تکردنی سه‌ربازی بانگ ده‌کرێته‌وه‌ ، له‌سه‌رده‌مانی ده‌ست ڕۆیشتوویی ئه‌ڵمانیا به‌سه‌ر فه‌ڕه‌نسا ئه‌و ڕیزه‌کانی سوپای جێهێشتووه‌ و به‌نهێنی خه‌ریکی کاری ئه‌ده‌بی و خه‌ریکی ئیشکردنه‌ به‌ دژی شه‌ڕ و دوژمنکاریه‌کانی ئه‌ڵمانیا ، له‌ ساڵی ١٩٤٢ ده‌چێته‌ ڕیزی پارتی کۆمۆنیستی فه‌ڕه‌نسی . به‌شێوه‌ی نهێنی چاڵاکی و کاره‌ سیاسیه‌کانی ئه‌نجام ده‌دات . له‌و سه‌رده‌مانه‌ ئیلوار سه‌فه‌ر بۆ زۆرێک له‌ وڵاتانی دونیا ده‌کات له‌وانه‌ ( به‌ریتانیا ، بیلگیه‌م ، چیکیسلۆفاکیا ، مه‌کسیکۆ ، ڕوسیا … ) به‌ڵام له‌ وڵاته‌یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا ڕێگه‌ی پێناده‌ن و ڤیزه‌که‌ی ڕه‌تده‌که‌نه‌وه‌ به‌ پاساوی کۆمۆنیست بوونی ! له‌ نۆڤه‌مبه‌ری ١٩٤٦ له‌ومانگه‌ی” نووچه‌”ی خێزانی ده‌مرێت دیوانه‌ شیعرێک به‌ناوی ( Le Dur Desir de durer ) به‌چاپ ده‌گه‌یه‌نێت ، که‌ له‌ پێنج قه‌سیده‌ پێکهاتووه‌ . پۆل ئیلوار وا بیری ده‌کرده‌وه‌ و پێیوابوو ، په‌یامی شیعر ئه‌وه‌یه‌( ده‌بێ داهێنان له‌ زمان بکات و زمان نوێ بکاته‌وه‌ ) ، بۆ مه‌به‌ستی به‌دیهێنانی ئاڵوگۆڕی ڕادیکاڵانه‌ له‌ ژیان و ڕووبه‌ری بووندا ! وه‌ پێی وابوو شیعر هۆکارێکه‌ ده‌توانێت خوێنه‌ران هۆشیار بکاته‌وه‌ و گه‌شه‌یان پێ بدات ! له‌م ڕاستایه‌دا له‌پاڵ داهێنانه‌ ئه‌ده‌بیه‌کان و به‌رز ڕاگرتنی ناسنامه‌ سیاسیه‌که‌ی ، هه‌وڵیده‌دا بۆ گۆڕانی کۆمه‌ڵایه‌تی و به‌ ده‌ستهێنانی ئازادییه‌کانی تاک هاوکات ئازادی سێکسیش . ئیلوار له‌ ماوه‌ی هه‌موو ژیانیدا زیاتر له‌ حه‌فتا کتێبی جۆراوجۆری ده‌رباره‌ی شیعر و بابه‌تی ئه‌ده‌بی و گۆشه‌نیگای سیاسیه‌وه‌ بڵاوکردۆته‌وه‌ . وه‌ له‌ ساڵی ١٩٥٢ له‌ ته‌مه‌نی پەنجا و شه‌ش ساڵیدا ده‌مرێت ، ئه‌وکاته‌ له‌گه‌ڵ ژنی سێیه‌می دا بووه‌ .

_ سه‌رچاوه :‌ ئه‌نته‌رنێت

  • Poets.org- poetry,poems- Bios&more
  • Pual Eluard- poems.Biography,Quotes



ڕۆمانی (کچی دورگە بچکۆلەکە) و چەند سەرنجێک.. عــەلی حەمــە ڕەشید

کاتێک پێناسەی ئەدەبی منداڵان دەکەین، لەگەڵ ژانری چیرۆک و شیعر و شانۆ و ئۆپەرێتدا، ژانرێکی گرنگی تریش هەیە کە ناوی دەبەین لەگەڵ ژانرەکانی دیکەدا، ئەوانە هەن و هەریەکەیان پانتاییەکیان داگیرکردووە، بەڵام دەتوانین بڵێین رۆمان وەک ئەوەی کە مەرجەکانی رۆمانی لەخۆ گرتبێت، وەکو پێویست نیمانە. با ئەوەشمان لەبیرنەچێت کە رۆمانی ( گورگ و بزن) و( بۆرە)ی عەزیزی مەلای رەش کە یەکەم کەسە ئاوڕی لەو ژانرە داوەتەوە، بەڵام کە دەیخوێنیتەوە باڵی فۆلکلۆر تێیدا زاڵترە وەک لە خەیاڵ، کە ئەو کار و دەستپێشخەرییە جێگەی دەستخۆشییە.
هەروەها خاتوو پەیام ئیبراهیم-یش لەگەڵ بڵاوبوونەوەی رۆمانی (کچی دورگە بچکۆلەکە)دا ئەویش رۆمانێکی بڵاوکردەوە بەناوی (نازیلێی مانگ و شازادەی خۆر). من نازانم ئەگەر بێجگە لەوانە شتی تر نووسرابێت، چونکە ئێمەی نووسەر کە بەرهەمێکمان چاپ دەکەین، بە تیراژێکی کەم چاپی دەکەین، چونکە تێچووەکەی لەسەر گیرفانی خۆمانە، بۆیە وەکو پێویست بە هەموو لایەک ناگات و زۆر جار وەکو پێویست بە دەستی هەموو ئەوانە ناگەن کە کار لە بواری منداڵاندا دەکەن بەتایبەتی و نووسەرانی دیکە بە گشتی.
هەروەها چۆن بەرهەمەکانی ئێمە ناگاتە دەست هەموان، بەهەمان شێوە بابەتی ئەوانەش کە بۆ منداڵان دەنووسن ناگات بە ئێمە.
ئەوەی من مەبەستمە بیڵێم ئەم کارەی کاک ئەمین محەمەد کە جیاوازە و پێویستی بە ئاوڕلێدانەوەیە و قسەی زۆریشی دەوێت دەربارەی بکرێت.
کاک ئەمین پێشتر شیعری بۆ گەورە دەنووسی و لە کتێبێکدا بەناوی (هەڵوێست) چاپی کردووە و زیاتر لای هاوڕێکانی بە شاعیرێکی بەرگری و نیشتمانیی و ئەوین و خۆشەویستی ناسرابوو، کاتێک دەستی کرد بە بڵاوکردنەوەی شیعری منداڵان، لای هەندێکیان سەیر بوو کە ئەمین بەو شێوەیە بۆ منداڵان دەنووسێت.
ئیتر ئەو شیعرانەی کە دەینووسی وردە وردە لە گۆڤاری پەپوولە و جگەرگۆشەکان و گوڵەکان و خەندەدا بڵاوی دەکردنەوە، دواتر لە نامیلکەیەکدا بەناوی (ماڵی باران) چاپی کرد و بڵاوی کردەوە.
بیرمە چەند دێڕێکم وەک پێشەکییەکی کورت بۆ نووسی کە بەداخەوە تائێستا چەند بەڕێزێک دەربارەی (ماڵی باران) نووسیویانە، بەدێڕێکیش باسیان نەکردووە، چونکە من لەوێدا نووسیومە کاک ئەمین هەوڵی داوە بێ دووبارەبوونەوە و سواوی، شیعر بۆ منداڵان بنووسێت و بە جیاوازتر لەوانەی بۆ منداڵان دەنووسن. دوای ئەوە بەشێوەیەکی ورد و جیاواز شیعر و دواتر بە چیرۆک و وەرگێڕان و رەخنە و لێکۆڵینەوە وەک دەنگێکی تایبەت لە بوارەکەدا کاک ئەمین بوونی خۆی زیاتر سەلماند و لەهەمان کاتیشدا هاوکار و یارمەتیدەری زۆر لەو کەسانەش بوو کە بۆ منداڵانیان دەنووسی.
رۆمانی( کچی دورگە بچکۆلەکە) کە دوا بەرهەمی کاک ئەمین محەمەدە و وەک یەکەم ئەزموونی خۆی لەو بوارەدا توانی جارێکی تر لە کارێکی ئەدەبی نوێدا دەربکەوێت و بڵێ بەڵێ ئێمەش وەک کورد دەتوانین رۆمانی تایبەت بۆ منداڵان بنووسین.
لە ڕاستیدا دەستبردن بۆ ژانری رۆمان و بۆ منداڵانیش خۆی لە خۆیدا کارێکی تابڵێی قورسە و لەگەڵ شارەزایی تەواو لە ئەدەبی منداڵاندا بوێریشی دەوێت. من دوای خوێندنەوەی ئەم رۆمانە کە بە کارێکی باش و نوێی دەزانم و هیوای بەردەوامیی بۆ دەخوازم، خوازیارم نووسەرانی دیکەش لایەک لەم ژانرە گرنگە بکەنەوە کە ئەمین لە (کچی دورگە بچکۆلەکە) دا کردوێتی. دەتوانم بڵێم کە (کچی دورگە بچکۆلەکە) لە رووی داڕشتن و نووسینەوە، کارێکی نوێیە و توانیوێتی لە سنووری کوردستان دەربچێت و لە چوارچێوەیەکی جیهانیدا خۆی نمایش بکات هەروەها:
*کارێکە کە خەیاڵ و فەنتازیا سەرتاپای داپۆشیووە و جوانیی زیاتری پێداوە.
*دەستپێکێکی تا بڵێی جوانە و دەکرێت ببێتە رێنیشاندەر بۆ ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت رۆمان بۆ منداڵان بنووسن.
*کۆمەڵێک زانیاری و بەهای گرنگی تێدایە کە بۆ ژیانی منداڵان زیاتر پێویستن.
*خەیاڵی منداڵ زیاتر فراوان دەکات و ئاسۆی بیرکردنەوەشیان بەهەمان شێوە.
*تەکنیکی چنینی رۆمانەکە بە وشە و دێڕی وێنە ئامێز وا لە خوێنەر دەکات کە پەرۆشی خوێندنەوەی بێت.
*کارێکی باش و گرنگی تێدا کراوە لەسەر زمان.
*ئەگەر ئەم رۆمانە بکرێت بە هەر زمانێکی تر، زۆر ئاساییە و دەگونجێت، چونکە نووسەر لەکاتی نووسینیدا بەشێوەیەک نووسیوێتی کە ئەگەر بۆ هەر زمانێک وەرگێڕدرا، ئاسایی بێت، تەنانەت ئەگەر ئێستا بە کوردی ناوی ئەمینی لەسەر نەبێت، خوێنەر وادەزانێت کە لە زمانێکی ترەوە کراوە بە کوردی کە ئەمەش یەکێکە لە سەرکەوتنەکانی نووسەر.
*هەموو بەشەکان بەشێوەیەک تێکهەڵکێشن کە تەواوکەری یەکترن و کات و شوێن وەکو پێویست کاریان لەسەر کراوە.
*بەڕای من ئەگەر دەرهێنەر یان کەسانێکی شارەزا و بەتوانا کاری لەسەر بکەن بەشێوەی ئەنیمەیشن، فیلمێکی تایبەت بە منداڵانی لێ دەردەچێت، کە سەرنجڕاکێش دەبێت و منداڵ بە پەرۆشەوە تەماشای دەکەن و لەگەڵ زانیارییدا چێژیشی لێوەردەگرن.
*ئەگەر وشەی (مێر) لە مێرمنداڵ بکرێتەوە و تەنها بنووسرێت (رۆمان بۆ منداڵان) گونجاوتر دەبێت، هەروەها وێنەکانیش هەر گونجاو دەبن، چونکە ئەگەر بە وردی سەرنج بدەین لە نووسینە وێنە ئامێزەکانی، زیاتر بۆ تەمەنی خوار 14 ساڵی دەبێت.




حەسەن زیرەک و ژاڵە.. یان فاتیمە زەرگەری؟!.. مەولود ئیبراهیم حەسەن

ماوەیەکی زۆرە لە نێو تۆڕەکۆمەڵایەتیەکانی کوردی فارسی و ترکی و ئازەری دا چیڕۆکێک – کە بەڕای ئێمە هەڵبەستراوە ! – بۆ گۆرانیەکی بەناوبانگ و پڕ لە داهێنانی – هونەرمەندان حەسەن زیرەک و خانم ژاڵە – دروستکراوەو بڵاو بووەتەوە..

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە کلیکی ئێرەبکەن..




گفتوگۆكه‌ی د. كاوه‌ له‌ مێزگردەکەی(دره‌و).. سەلام عەبدوڵڵا

ئه‌م تێبینیانه‌ له‌گه‌ل ڤیدیوكه‌ بڵاوده‌كه‌مه‌وه‌ و خۆتان گوێ له‌ بۆچوونه‌كانی د. كاوه‌ بگرن له‌گه‌ڵ رێزم.

1- له‌ پێناسه‌كردنی‌ ده‌سه‌ڵات كورتی هێناوه‌: أ- به‌ڕاشكاوی ناڵێ وابه‌سته‌ی ئیمپریالیزمه و خزمه‌ت به‌ ئه‌جندای ده‌كات له‌سه‌ر حیسابی خه‌ڵكی كوردستان. ب-‌ ته‌نها له‌ ئاست گه‌شه‌سه‌ندنه‌وه‌ دواكه‌وتوو نیه‌، به‌ڵكو پاش ئه‌زموونی 30 ساڵ له‌ حوكمڕانی نموونه‌ی سته‌مكاری و ناپاكیه‌ له‌ گه‌ل و نیشتمان.

2- كه‌ ده‌وڵه‌ته‌ زلهێزه‌كان هاتوون و سنووریان داناوه‌ و ئه‌م سته‌مه‌ له‌ خه‌ڵكی كوردستان كراوه‌‌، ئه‌ی گوتاری(ئه‌نتی ئه‌مپریالیزم)ی سه‌رجه‌م چه‌په‌كانی دنیا كوا؟

3- یان ناوه‌ندی فراوان بۆ چه‌پ یان (له‌گه‌ل رێگای هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ل لایه‌نه‌كانی تر كه‌ (مۆركی دیموكراتی و گه‌شه‌پێدان)نیان هه‌یه‌. ئه‌و حزبانه‌ چ سته‌مكارییه‌كیتر بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی چیتر بیر له هه‌ماهه‌نگیان له‌گه‌ل نه‌كرێت؟

4- ‌  (ئێمه‌ تیئۆرییه‌ سۆسیالیستیه‌كه‌‌مان هه‌ڵبژردووه به‌ قوتابخانه‌ جیاوازییه‌كانی) مانای چییه‌؟

5- به‌دیل چییه‌؟ ئه‌مه‌ ناوه‌ڕۆكی هه‌موو مه‌سه‌له‌كانه‌. بۆچی هێشتا نازانن هێزی بزوێنه‌ر و مه‌به‌ست له‌ گۆڕانكاری كێیه‌؟ بۆچی هێشتا روون نیه‌؟ كامه‌ به‌رنامه‌؟ ناوی نیه‌؟ ئه‌م شه‌ڵه‌ژان و‌ ناڕوونیه‌ چییه‌؟

6- باسكردن له‌ ره‌سه‌نایه‌تی‌ بزووتنه‌وه‌ی فێمنستی له‌ كوردستان نیوه‌ی راستییه‌كانه‌ و نیوه‌كه‌ی تری بریتیه‌ له‌ كاریگه‌ری ژنه‌ شیوعییه‌كانه‌ له‌ دنیا‌.

7- ‌هه‌ر(ناسه‌قامگیری ئاسایشی ناوخۆ، هێرش دژ به‌ ژنان و قورسی ژیان)؟. ئه‌ی هێرش بۆ سه‌ر مافی ئه‌و چینه‌ كه‌ حزبی شیوعی بۆی درووستبووه‌؟ بۆچی به‌رژه‌وه‌ندی چینی كرێكار و بێكاری و مه‌رجه‌ شڕه‌كانی كاركردن له‌ وته‌كان ره‌نك ناداته‌وه‌؟

8- حزبی شیوعی كه‌ی ده‌ست له‌ هه‌وڵی دیالۆكی نیشتمانی له‌گه‌ل ئه‌و حزبانه‌ هه‌ڵناگرێ؟

9- پاش ئه‌زموونی 30 ساڵ له‌گه‌ل ئه‌و حزبانه‌، هێشتا هه‌ر یه‌كه‌م هه‌نگاوتان له‌گه‌ل ئه‌و حزبانه‌یه‌‌؟ مه‌عقوله‌؟

10- نه‌ ئه‌زموونی كۆمۆنه‌ی پاریس و یه‌كێتی سۆڤێت تاقی ده‌ینه‌وه‌. ئه‌زموونی چینیش دووباره‌ ناكه‌نه‌وه‌. ئێمه‌ باسی مه‌تریالیزمی دیالێكتیك ده‌كه‌ین و ئه‌مه‌ش موڵكی كه‌س نیه‌…. ئه‌مه‌ واتای چییه‌؟! واته‌ بۆ نموونه‌: ئه‌م حكومه‌ته‌ سه‌رمایه‌داری وابه‌سته‌یه‌. كرێكاران و بێكار و هه‌ژار و كارمه‌نده‌كانی كوردستان وه‌رن له‌گه‌ل حزبه‌ ده‌سه‌تداره‌كان دیالۆكی نیشتمانی بكه‌ین! ئه‌مه‌ مێتۆدی مه‌تریالیزمی دیالێكتیكی و مێژوییه‌؟

11- ئه‌ستفاده‌ له‌ هه‌موو فكرێك ئه‌كه‌ین. فكرێكی مرۆڤایه‌تی‌، فكرێكی تێكۆشه‌رانه‌. یه‌عنی چۆن؟

12- (‌له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌ركه‌كانی خۆتدا). ئه‌ركه‌كانی حزبی شیوعی و چه‌پ له‌م رۆژه‌ چییه‌؟

13- له‌ خوێندن و بدواچوون بۆ هه‌ڵویستی حزبه‌ شیوعییه‌كانی دنیا(ئه‌ڵمانیا یان یونان و وڵاتانیتر…) هه‌مان گوتاری چینایه‌تی و ئه‌نتی ئیمپریالیستیان هه‌یه‌‌.

14- به‌دیلی كۆمونیستی و سوسیالیستی، گۆڕانكاری به‌سه‌ر نه‌هاتووه‌.‌

15- كه‌س له‌ده‌ره‌وه‌ نه‌هاتووه‌ بۆ ته‌لقینی ژنانی كوردستان، به‌ڵام  كاریگه‌ری دیدی ژنانی سۆسیالیست و ره‌وته‌كانیتریش كاریگه‌ریان هه‌بووه‌.

16- كه‌وابێ، بۆچی ژن له‌ناو حزبی شیوعی رۆڵی كاریگه‌ری نیه‌؟ ئه‌و هه‌موو پیاوه‌ به‌ڕێزانه‌ چییه‌؟

17- ئه‌مه چۆن به‌رهه‌ڵستكارییه‌كی چه‌په‌ هه‌ر هه‌وڵ بۆ یه‌كڕیزی و هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ل راستڕه‌و كۆنه‌پارێز و سه‌رمایه‌دار و كرێگرته‌كان ده‌دا و پێشتریش به‌شداریشی كردووه‌ له‌ حكومه‌ته‌ سته‌مكاریه‌كان و سه‌پاندنی لیبڕالیزمی نوێ؟!

18- خانمێك پێی وایه‌(چینی كرێكار و سه‌رمایه‌دار)ی ئێمه‌ نیه‌! چۆن نیه‌؟ ئه‌ی كرێكارانی كه‌رتی نه‌وت و گاز و بیناسازی و تواندنی ئاسن و كشتوكاڵ و ده‌رمان….هتد چیین؟

19- براده‌رێك ئه‌ڵێ: 1-(فكری چه‌پ له‌ ده‌ره‌وه‌ بۆمان هاتووه‌). به‌داخه‌وه‌ له‌بیری چووه‌ كه‌ بیر و فكری عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵاییه‌تی له‌ هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌كان هه‌یه‌ و له‌وانه‌ له‌ كوردستانیش به‌ نموونه‌ی كاری هه‌ره‌وه‌زی له‌ ئاواییه‌كان وه‌ك له‌ وڵاته‌كانی تر. 2- به‌پێچه‌وانه‌وه‌. راگه‌یاندنی چه‌پ به‌شێوه‌ی جۆرادۆر هه‌یه‌.

20- عه‌داله‌تی كۆمه‌یه‌تی لا‌ی حه‌قه‌ و باڵی(حه‌مه‌سوور) له‌ ئاست عه‌مه‌لی له‌ چیدا به‌رجه‌سته‌ بوو؟

21- عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی پێشی(بزووتنه‌وه‌ی حه‌قه) وباڵی (حه‌مه‌سووری) و(ئبیراهیم خانی ده‌لۆ) له‌ كورستان وه‌ك هه‌موو گه‌لان به‌ دید و كارو چالاكی هه‌ره‌وه‌زی هه‌بووه‌. بۆ نموونه‌ ماركس له‌ باسی كۆلۆنیالیزمی ئه‌فریقا ده‌ڵێ كۆلۆنیالیسته‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی دڕندانه‌ كۆمه‌ڵه‌ هه‌ره‌وه‌زییه‌كانیان له‌ناوبرد. ‌خه‌بانی چینایه‌تی و عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵا‌یه‌تی له‌ مێژووی مرۆڤایه‌تی بوونی هه‌بوو و هه‌یه‌. له‌ مانیفێستی كۆمۆنیستی باسی سۆسیالیزمی ده‌ره‌به‌گایه‌تی و خه‌یاڵی و بۆرژوایش كردووه‌. ماركسیزم هێشتا لووتكه‌ی هوشیاری چینایه‌تی مرۆڤایه‌تییه.‌

22- وڵامه‌كه‌ی بۆ پرسی چینایه‌تی له‌ كوردستان درووست نیه‌، چونكه‌ ده‌مێكه‌‌ چینی كرێكار وخه‌بات و داخوازی و گیانبه‌ختكه‌رانی هه‌یه‌(كرێكارانی گاورباغی، نه‌فتخانه‌ و پاڵاوگه‌ی ئه‌ڵوه‌ن، جووتیارانی هۆرین و شێخان(لینین جووتیاره‌ هه‌ژاره‌كانی رۆژهه‌ڵات به كرێكار ده‌زانێ)و ئێستا سوپایه‌كمان هه‌یه‌ له‌ كرێكارانی نه‌وت و گاز و هه‌زاران كارگه‌‌.

23- 1-پێشی 2016 به‌رنامه‌ی فرۆشتنی كه‌رته‌ گشتیه‌كان ده‌ستپێكردووه‌: ده‌رهێنان و گواستنه‌وه‌ی نه‌وت، پۆست، پاره‌، بازرگانی، خانوبه‌ره‌، كاره‌با، ئاو…هتد. 2- به‌ ئه‌هلیكردن به‌سه‌رپه‌ره‌شتی صندوقی دراو له‌ بڕیاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایش 1483له‌ 2005 هاتووه‌.

24- (خانمێك ده‌ڵێ: تاك‌ به‌ هۆی كاڵا نامۆ نابین، به‌ڵكو به‌ هۆی خێڵ و نه‌ریت و ئاین توشی نامۆبوون ده‌بیت). ئه‌ی به‌ هۆی كاڵا و كار و بێكاری هه‌ست به‌ چی ده‌كات؟!

25- له‌سه‌ر هه‌ڵویستی ژنانی سۆسیالیست و ماركسی له‌باره‌ی پرۆژه‌ی لیبڕالی (جه‌نده‌ر)كه‌ پڕۆژه‌ی حكومه‌ته‌ و ئیمزای مه‌سعود بارزانی و په‌رله‌مان و ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران له‌ 2010بازده‌دا. ده‌بوو به‌ڕاشگاوی هه‌ڵویستی ماركسی له‌باره‌ی جه‌نده‌ر و كۆنه‌پارێزان ده‌ببڕێ. هێزی ئێمه‌ لێره‌یه‌. ژنانی ده‌وروبه‌ری هاوپه‌یمانی و ئه‌نجومه‌نی خانمان و رێكخراوه‌ ئیسلامییه‌كانی ژنان دووڕوون و به‌شدارن له‌ سته‌مه‌كان دژ به‌ ژنان به‌و مانایه‌ كه‌ پشتیوانی له‌ حزبه‌ پیاوسالار و سته‌مكاره‌كان ده‌كه‌ن.

26- ترامپ نوێنه‌رایه‌تی‌ لیبڕالیزمی نوێیه‌(بۆ ناو ئه‌مریكا)و جیهانگیر، نه‌ك ته‌نها بۆ ناو ئه‌مریكا  

27- هه‌زار خۆزگا به‌و شێوه‌ نه‌هاتبانه‌ جواب. ئه‌وه‌ ئه‌ركی چه‌پ نیه‌ پشتیوانی له‌ پڕۆژه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و حكومه‌ته‌كانی یه‌كێتی ئۆروپا و كۆمپانییه‌كانیان. ئه‌ركی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ كار بۆ بره‌ودان به‌ كلتوور و خه‌بات و دیدی ژنانی سۆسیالیست بده‌ین.

له‌دواییدا هیوادارم ئه‌م پرسیاره‌ له‌ خۆمان بكه‌ین: چه‌په‌كانی ئه‌مریكای لاتین چۆن توانیان كیشوه‌ره‌كه‌یان بكه‌ن به‌ كیشوه‌ری سوور؟




کاری پەرلەمانە کاتێک قەیرانێک دێتە ئاراوە کۆبونەوەی بەپەلە ئەنجام بدات.. جبار عبداللە مهاجر

دەیان و سەدان قەیران بەرۆکی ئەو وڵاتەی گرتووە کەس خۆی ناکاتە ساحێب و هەریەکەو بە کۆمەڵێک ئمتیازاتی حزبی پاڵکەوتون و وەزعی لەو پەڕی باشیە هیچ کەم و کوڕیێکی نیە، بگرە لە ڤێلاو ئۆتۆمبێلی ئاخیر مۆدێڵ و بەنزینی بە وەسڵ و موچەیێکی خەیاڵی، ئەویان بیرنایێت کاتێک پاڵێوراو بوون کۆڵان کۆڵان دەرگا بەدەرگا گەڕان و سوڕانیان دەکرد بۆ بەدەستهێنانی دەنگ بۆ ئەوەی سەربکەون و خزمەتی ئەو ملەتە بکەن، بەڵام بەپێچەوانەوە هیچ ئاگایان لە وەزعی هاوڵاتیان نیە و تەنها کار کە کردوویانە بەکارهێنانی زمانی تەشهیر و خۆ فەڕزکردنە، بەگشتی پەرلەمان شوێنی کۆبونەوەی چارەسەریەکانە ئەو چارەسەریانەی کە بونەتە گرفت لەبەردەم هاوڵاتیان و هاونشتیمانیان، ڕۆژانە لەسەر شەقام چەندان پرسیار دەکرێن لە دەسهەڵاتداران و کاربەدەستان، هەموو ئەو پرسیارانە ڕەوان و لەجێگای خۆیاندان، دەپرسن ئەگەر بەرزبوونەوەی دۆلار سیاسی نیە بۆچی بە تەوقەیەکی نێوان دوو بەڕێوبەری بانکی عیراقی و ئەمریکی دۆلار دەهەزار بۆ پانزە هەزار دابەزی، لەلایەکی تر هاوڵاتیان دەپرسن و دەڵێن” ئەگەر کاربەدەستان توانای بەرزکردنەوەی بهای دیناری عیراقیان نیە خۆ دەتوانن سنورێک بۆ بازرگانان و دوکانداران دابنێن کە بونەتە هۆی شێواندنی بازار و ترس دەخەنە نێو هاوڵاتیان بەوەی کە لەداهاتوودا ئەو بەرهەمانەی دەفرۆشرێن لەبازار دووبەرامبەر بەرزدەبنەوە، ئەوەی سەیر و سەمەرەیە بەشێکی کەل و پەلی بازار بەرهەمی خۆماڵیە هیچ پەیوەندیێکی نیە بەدەرەوە، بگرە ئەو بەرهەمانە گرانتر بوونە بەبەراورد بەو بەربومانەی کە لەدەرەوە هاوردە دەکرێن، پەڕلەمانتاران تاکەی لەماڵەوە سەیری ئەو قەیرانە یەک لەدوا یەکانە دەکەن کە ڕۆژانە هاوڵاتیان بەدەستیانەوە دەناڵێنن، پێویستە هەرچی زووە پەرلەمان کۆببێتەوە هندێ بڕیاری گرنگ و چارەنوساز دەربکات لەبەرژەوەندی هاوڵاتیان بێت نەک بەرژەوەندی حزبی، لەو ساتە وەختە پێویستە لایەنەکان بچنە ژێرباری یەکتری و قبوڵی یەکتری بکەن لەسەر هندێ لەو پرسانەی کە بونەتە بارگرانی بەسەر هاوڵاتیانەوە، ئەو پرسە تەنها بوسەر دەوڵەتی عیراق خەتەرناک نیە بگرە هەرێمی کوردستانیش بەو بارەدا تێدەپەڕێت و نابێت دەستەوەستان بن و هیچ کۆبونەوەیێکی گرنگ ئەنجام نەدرێن، ئەمجارەیان شەقامی عیراقی جوڵە بکات یاخود زەنگی مەترسی لێبدات ئابوری عیراق بەرە و داڕوخانی کۆتایی هنگاو دەگرێتەبەر، لەبنەڕەتدا حزبە عیراقیەکان بوونە هۆکاری سەرهەڵدانی ئەم دۆخە، قەیران و تەنگەژە سیاسیەکان بە چارەسەر نەکراوی مانەوە درێژەیان کێشا و تا ئەمڕۆیان بەرهەم هێنا، ئەگەر بیر لەوە بکەنەوە کە وڵات لە چ لێوارێکی داڕوخان دایە ئەوە بەبێ یەک و دوو هەوڵی چارەسەیان دەدا و دەبوونە ڕێگر لەبەردەم قەیرانەکان، هیچ هەوڵێکی جدی نەدراوە بۆ چارەسەر کردنی ئەو پرسە، مانەوەی ئەو دۆخە بەو شێوازە بە ئەگەرێکی زۆرەوە قەیرانی بێ حکومەتی ڕوو لە عیراق دەکات و ناچار دەبن ئەو حکومەتە هەڵبوەشێتەوە کە بەزۆرینەی شیعە و کورد و سونە پێکهێنراوە.