فەلسەفەی ئەرەبی-ئیسلامی.. گێرت هێندریش.. کاوە جەلال لە ئەڵمانییەوە

نوێپلاتۆنییە مەزنەکانى خۆرهەڵات: ئەلفارابى و ئیبن سینا

فەلسەفەى ئەرەبى-ئیسلامى لە کۆتایى سەدەى نۆیەمى زایینیدا دێتە نێو قۆناغێکى نوێوە. ئێستا سەردەمى وەرگێڕانەکان تا ڕادەیەکی زۆر کۆتایى پێهێنرا بوو و فەلسەفە لەسەر بناغەی ئەو بابەتە وەرگێڕراوانە ئەدگارێکی سەربەخۆی وەرگرت: ئێستا هەوڵ دەدرا بەرهەمەکانی وەرگرتنی (ڕێسەپسیۆنى) ئەنتیکە ڕێکبخرێن و بە توخمە پێوارەییەکانى ئایین تێکهەڵکێش بکرێن. فەلسەفەى پێشین بەزۆریى ناتەواو بوو، جا گەرچى لە هەندێک ڕەوشی تایبەتیدا پرشنگدار بوو و هاوشێوەى ئایینى شێوەوەرگر هەستى بەدووداگەڕانێک بێدار دەکاتەوە، وەلێ فەلسەفەى دواى ئەو بە پێچەوانەوە دەرچەیەکی یەکانەیی هەیە. ئەم دەرچەیە وایدادەنێت کە هزرى پلاتۆن و ئەڕیستۆتێلیس لە پرنسیپدا یەکدەگرنەوە، ئەوەش بە فۆرمولەکراوى لە نوێپلاتۆنیزمدا دەبینێتەوە. نوێپلاتۆنیزم گریمانەی “یەک”ى (ئەلئەحەدی – و) سەرەتایی دەکات وەک بنەڕەتی جیهان، وەلێ ئەم تێزە هاوکات پنتى گەیاندنە بە ئایینى سروشیانەى ئیسلام و دەرفەت بۆ هێنانەگۆڕێی یەکێتییەک لە نێوان مەئریفەی فەلسەفەیی – کە بەڕێی ئاوەزەوە چێدەبێت – و ڕاستییەکانی ئاییندا – کە مرۆڤ وەک ئەزەلی لێیان تێدەگات – دەڕەخسێنێت. جێی سەرنجە ئێستا فەلسەفە بەم هەوڵە کامیلبوونى تاکەکەسییانەی مرۆڤ کە بە یاریدەی ئاوەز بەدیدەهێنرێت، وەک لەبرییەک دادەنێت بۆ “شێوازى ژیانى” (واتا بۆ “سیرە”ی) ترادیسیۆنیانەى پەیامهێن و لایەنگرەکانى کە وەک نموونە و پێوەر بۆ هەموو ئیمانداران دانرابوو و باڵادەستانی ئایینی پێشەنگی بوون. ئەوە بێ هۆ نییە کە ڕازى یەکێک لە نووسینەکانى خۆى ناو دەنێت “سیرە فەلسەفییە”، واتا شێوازى ژیانى فەلسەفەیی. ڕازى بەم نووسینە خۆى ئاگامەندانە لەو کۆنسێپتە دەپچڕێنێت کە گۆیا مرۆڤ ژیانێکى سەرکەوتووی پێبەدیدەهێنرێت گەر شوێن باڵادەستانی ئایینی بکەوێت، نەخێر، ڕازی لەبریى ئەوە هومانیزمێکى تاکەکەسی بە ڕێبەرایەتیی ئاوەز دەخوازێت. ئەم داواکارییە بوو بەهۆی ڕەخنەی توندی زانایانى ئایینی کە خۆیان بە پارێزەر و ڕاڤەکەرى “کۆنسێپتى سیرە” لە ڕۆشنایى ئایینى سروشییەوە دادەنا. جگە لەوە فەلسەفەى ئەرەبى-ئیسلامى سەرجەمی مەئریفە زانستییەکانى سەردەمەکەى بەکارهێنا، کەواتە نزیکەى پانتاییەکى ئێنسیکلۆپێدییانەى هەبوو، لەمەشدا دەگەڕێتەوە بۆ زەخیرەیەکى سەرچاوەى فەلسەفەیى و زانستیی زۆر دەوڵەمەندتر لەو زەخیرەیە کە لە ئەوروپاى کریستیانیدا هەبوو. فەلسەفە و زانست بەردەوام لەنێو چێوەى دامەزراوەکانى فێرکارى و توێژینەوەدا دەگۆڕران، بۆ نموونە لە “بەیت ئەلحیکمە”، وەلێ بەتایبەتى لەو جێیانە کە لایەنگرانى بەدەسەڵات و دەوڵەمەند دەیانپاراستن.
بێگومان فەلسەفەى ئەرەبى-ئیسلامى پەرچەکرداریشە لەسەر دۆخگۆڕییەکانى سەردەم. هەر لەم ڕوانگەیەوە دەتوانین هەوڵى فارابى و ئیبن سینا، وەک نوێنەرە مەزنەکانى ئەو فەلسەفەیە، تا ڕادەیەک پابەند بە کەشى دۆخگۆڕیوى جیهانى ئیسلامییەوە ڕوونبکەینەوە: ئەوان هەوڵیان دا بۆ ئەوەی نوێپلاتۆنیانە ڕاڤەی فەلسەفەى ئەڕیستۆتێلى بکەن و بەم شێوەیە چارەیەک بۆ دەلاقەی سەرهەڵداوى نێوان هزرى ڕاسیۆنال و ئیمانى سروشى بدۆزنەوە. جیهانى “ئیسلامى” هەمیشە پتر گەلان و کولتوورانى دیکەى لە خۆ دەگرت، کشانى گەیشت بە ڕادەیەک کە ئیدی لە ئەوروپاوە بەقووڵی تا نێو ئاسیاو و ئەفریکا بڕی دەکرد، بەم ڕێیەشەوە توخمى ئەرەبی هەمیشە کەمتر دەبووەوە. گەرچی گەلانى دیکە و کولتوورە تایبەتییەکانیان بەئیسلامی کرابوون، سەرەڕای ئەوە هەمیشە پتر رۆڵى گرنگیان دەگێڕا. جگە لەوە هۆى پەرەسەندنى واتاى زانایانى ئایین، واتا ئولەماکان، کە لە دەستەبژێرانی شارییەوە پێگەیشتبوون و پەیوەندیشیان هێشتا هەر بەچڕی بەو دەستەبژێرانەوە مابووەوە، دەگەڕێتەوە بۆ لاوازبوونى دەوڵەتى خەلافەت. سەردەمى مەزنە دەوڵەتێکى ئەرەبى-ئیسلامى بە سەنتەرێکەوە کە بەڕوونى پێناسە کرابێت، لە ڕووى سیاسییەوە کۆتایى پێهات و دەوڵەتانى ناوچەیى جێیان گرتەوە. هەروەها کۆچى پەرەسەندووى گەلە تورکییەکان کە مەزنە دەوڵەتى ئەرەبى-ئیسلامییان لە ناوچە کەنارییەکانەوە ناسەقامگیر کردبوو، رۆڵى خۆی لە لاوازکردنى دەوڵەتى خەلافەتدا گێڕا. ئەوجا جیهانى ئەرەبى-ئیسلامى لە ڕووى ئابوورى-جڤاکیشەوە بەنێو پرۆسەیەکى دۆخگۆڕیدا تێپەڕى. ئەو دەوڵەتانە کە بە جیابوونەوە لە خەلافەتەکەى بەغداد سەریان هەڵدا، بەزۆریى پشتیان بە سوپاى دەرەبەگان دەبەست؛ ئەوان مافى بەکارهێنانى زەوییان بۆ کشتیارى دەبەخشی تاکو بەو ڕێیەوە موچەی سەربازان و فەرماندەکانیان، هەروەها کارمەندانى بەڕێوەبەرایەتى، دابین بکەن، ئەمەش توێژى کشتیارە سەربەخۆکانی لاواز کرد، هەروەها کاریگەرییەکى ئەوتۆى نواند کە ئابووریی شارییانەى ڕووکردووە پارە و بازرگانى گوڕ ڕووەو دەرەبەگایەتى بسێنێت. تا ڕادەیەکى زۆر ئابووریى کشتیاریانەى گوزەراندابینکەر جێى ئابووریى پێشینى بازرگانى و مانوفاکتورى گرتەوە، بەمەش کۆتایى بە گۆڕانیک هێنا کە پاش چەند سەدەیەک لە ئەوروپا، لە شارەکانى ئیتالیا و فلاندریادا، بوو بە ڕێخۆشکەر بۆ سەرهەڵدانى جڤاکی بۆرژوازى-سەرمایەگەرى. بێگومان لە کۆنتێکستى ئیسلامیدا هەمیشە سەرلەنوێ سەردەمانى گەشانەوەى ناوچەیى دەهاتنەوە گۆڕێ کە تەنانەت واتاى ئابوورییان هەبوو، وەلێ مۆرکى ئەو سەردەمە بەگشتى بریتی بوو لە تەنگژەیەکى ئابوورى و جڤاکى و سیاسى کە هەروەها لە ڕەوشە هەنووکەییە سەختبۆوەکانى دێباتى هزریشدا خۆی نواند. سەرهەڵدانی بەردەوام بەهێزتربووی ئۆرتۆدۆکسییەکى ئایینى و لەتەکیدا کاریگەریی جڤاکییانەی زۆرتری نوێنەرەکانی، پتر فەزاى ئازادیان بۆ زانستەکان و فەلسەفە تەسککردەوە.

ئەلفارابى

ژیانى ئەبو نەسر محەمەد ئیبن تەرهان ئیبن ئوزلوغ ئەلفارابى (نزیکەى 870 تا نزیکەی 951) وێنەى ئەم گۆڕانانە دەداتەوە. ڕەچەڵەکى فارابى نەدەگەڕایەوە بۆ سەنتەرەکانى جیهانى ئیسلامى: بۆ بەغداد یان لایەنی کەم بۆ وڵاتى کولتووریى دێرینی فارس، بەڵکو دەگەڕایەوە بۆ ئەوپەڕى چێوەى ناوچەى دەسەڵاداریى ئیسلامى. ئەو لە فاراب هاتە جیهانەوە کە دەکەوتە سەر کەنارەکانى ڕوبارى سیر دەریا لە باکورى ڕۆژئاواى تەشکەند لە کازاخستانى ئەمڕۆ. باوکى فارابی ئەفسەرى میرنشینی سامانییەکان بوو کە هۆزە تورکییەکانى کارلوک و ئۆگوزى لەوێ نیشتەجێ کردبوو و ئەوانیش لەباتی ئەوە دەبوو وڵاتەکە لە هێرشى گەلە دەشتەکییەکان بپارێزن. پێدەچێت باوکى فارابى بە ڕەچەڵەک بگەڕێتەوە بۆ دانیشتوانى تورکڕەگەزى ئەو وڵاتە و یەکەم کەسى خانەوادەکەى بووبێت کە بڕواى بە ئیسلام هێنابێت. زمانى دایکی فارابى دیالێکتێکى تورکى بوو، ئەو هەروەها زمانى فارسیشى دەزانى. ئەو درەنگتر فێرى زمانى ئەرەبى بوو کە زمانى باڵاى دەوڵەتە ئیسلامییەکان و هاوکات زمانى فەلسەفە و زانستەکان بوو. فارابى سەرەتاى سەدەى دەیەم ڕۆیشت بۆ بەغداد و حەرران و بوو بە فێرخوازى زانایانى کریستیانی، بۆ نموونە یوحەننا ئیبن حەیلان (910 مردووە) و (بەگوێرەى هەندێک سەرچاوە) ئەبو بیشر ماتتا ئیبن یونیس (940 مردووە). جگە لەوە فارابى وەک پزیشک پێگەیەنرا، وەلێ بە پێچەوانەى ڕازى و ئیبن سیناوە هەرگیز ئەم پیشەیەى پراکتیزە نەکرد، چونکە پزیشکی بە دیدی ئەو “پیشەى دەستى” بوو، بۆیە وەک زانستێک بۆ توێژینەوە لە ڕاستى نەیدەبینی. تەنیا تیۆریى پەتى توانای بە مرۆڤ دەدا لە ڕاستی بتوێژێتەوە. ئەمە بە هەمان شێوە موزیکیشى دەگرتەوە. گەرچى فارابى بە موزیکییەکى ئاستباڵا دادەنرا، لەم بوارەشدا بە نووسینى “کتێبى مەزن لەبارەی موزیک” وەک یەکێک لە واتادارترین تیۆریارانى موزیک لە جیهانى ئیسلامیدا دەرکەوت، سەرەڕای ئەوە توانستەکانى خۆى نەکرد بە پیشە. فارابى بەگشتى لە بەغداد ژیانێکى سادە و دوورەپەرێزی بەسەربرد، بۆیە هیچ سەرچاوەیەکى هاوچەرخى یان درەنگتر زانیاریی زۆری سەبارەت بە ژیانى ئەو نییە. وەک دەگێڕرێتەوە، ئەو گوزەرانی خۆی وەک پاسەوانى باخچەیەک دابین کردووە، ئەم کارەشى گۆیا هەڵبژاردووە، چونکە کاری شەوانە دەرفەتی بۆ ڕەخساندووە کە بپەرژێتە سەر هزرین بەئارامی. ئەم جۆرە چیرۆکانە تێڕوانینێکى ئەوتۆیان سەبارەت بە فارابى هێنایە گۆڕێ کە گۆیا ئەو دانایەکى سادە و پشتکردووە جیهان بووە و ڕێى نەداوە بخزێنرێتە نێو ناکۆکییە جڤاکییەکانى سەردەمەکەیەوە. وەلێ ئەوەی ڕاستی بێت فەلسەفەى فارابى زۆر ڕوونتر لە فەلسەفەى پێشین ئاوێنەى وەرچەرخانە جڤاکییەکانە.

لە سەدەی دەیەمدا بۆ یەکەم جار بەفراوانی دانوستانی ئەوە کرا کە داخۆ کولتووری گریکی، کەواتە کولتوورێکی “نامۆ”، چیی پێ بێت بیدات بە کولتووری ئیسلامی و داخۆ ئەو کولتوورە لادان نەبێت لە ئیسلامی پاکژ کە گەرەکە ترۆپکی کولتووری مرۆڤایەتی بێت. ئەم گرنگیدانە نوێیە بە “پاکژێتی” و “خاڵسێتی” ی ئیسلام پەرچەکردارە لەسەر تەنگژەی بەردەوامی سیاسی و جڤاکییانەی دەوڵەتی خەلافەت. خەلیفە بوو بوو بە بووکەسەماکەرەی فەرماندە سەربازی و خانەوادە بەگزادییەکان، بەوەش ئەو، وەک پارێزەری ئیمانی پەتی، لە چاوی موسڵماناندا مافی ڕێبەریکردنی ئوممەی ئیسلامیی لەدەستدابوو. “گەڕانەوە بۆ ڕیشەکان” (واتا بۆ ئاییندارییەکی خاڵس) وەک بناغەی زاڵبوون بەسەر تەنگژەیەکی جڤاکیدا، لەو کاتە بەدوواوە تا ئەمڕۆ وەک کۆنستانێکی (نەگۆڕێکی) مێژووی ئیسلامی ماوەتەوە. گەڕانەوەکە لە سەدەی دەیەمدا ئاماژە بۆ پەڕگەیەک دەدات لە نێوان دوو بەرەدا: کولتوورێکی زانین کە هاوکات بۆ هزرینی فەلەسەفەییش کراوەیە، هەروەها پەرچەکردارێکی جڤاکی-سیاسی وەک هەڕەشەیەک لەسەر کەلاخستنی فەلسەفە.

ئەوە هیچ جێى سوڕمان نییە کە فارابى بەغدادى بەجێهێشت و لە جێى دی کەوتە گەڕان بۆ چاودێری و دەستى پارێزەرى دەسەڵاتدارێک، ئەوەشی لە ئالێپۆ (حەلەب) لاى سەیف ئەلدەولە بینییەوە کە دەسەڵاتدارى دەوڵەتى ئەرەبیى حەمدانییەکان بوو. ئەم دەسەڵاتدارە لەنێو کەشێکى کراوەدا بۆ هونەر و زانست هەندێک لە بەواتاترین زانا و هەڵبەستڤانانی لە دەورى خۆى کۆکردەوە، فارابیش یەکێک بوو لەوان. کاتێک فارابى ساڵى 950 یان 951 مرد، وەک دەگۆترێت، سەیف ئەلدەولە مەرگگۆتارى ناشتنەکەى لە دیمەشق خوێندەوە. وەلێ هیچ گومانى تێدا نییە کە نوێنەرانى ئولەما خۆیان بەئاشکرا لە ناشتنى ئەو بەدوور گرت. پاش مەرگى فارابى شتێکى هاوشێوەى “فێرگە”یەکى فەلسەفەکەى هاتە ئاراوە و لە نێویدا بەتایبەتى ئەرەبە کریستیانییەکان چالاک بوون، ئەوەش بە چەشنێک کە هەر یەکەیان بەجیا و بە دەرخستنی خۆیی کەوتە داڕشتن و پتر گۆڕاندان بە هزرى فارابی. هەندێکی ئەو زانایانە بریتى بوون لە یەحیا ئیبن ئادى (893-974)، ئەبو سولەیمان ئەلسیجیستانى (913-988)، یوسف ئەلئامرى (992 مردووە)، هەروەها ئەبو حەیان ئەلتەوحیدى (نزیکەى 925-1021). ئەم زانایانە خۆیان لەسەر بناغەى فەلسەفەى فارابى بە فیزیک و لۆگیک، تیۆریى مەئریفە یان تیۆریی زەینەوە خەریک دەکرد.

پێکەوەگرێدانى مێتافیزیک و ئێتیکى سیاسى

بەرهەمە فەلسەفەییەکەى فارابى پەرچەکردارێکى ڕاستەوخۆ بوو لەسەر دۆخگۆڕییەکانى سەردەمەکەى. لەبەر ئەم هۆیە دەشێت ئەو بە یەکەمین هزرڤانى ئەرەبى-ئیسلامى دابنرێت کە ئاگامەندانە ڕاڤەیەکى نوێپلاتۆنییانەى جیهان بە فۆرمولەکردنى تیۆرییەکى سیاسییەوە گرێدەدات. کاتێک مێتافیزیک و تیۆریى ئێتیکیانەى سیاسى لاى فەیلەسوفانى پێشین بەپاڵ یەکدییەوە بوون و سیستەماتیکییانە پێکەوە گرێنەدرابوون، ئەوا بە پێچەوانەوە لاى فارابى یەکێتییەک پێکدەهێنن و دەچنە نێو یەکدییەوە. فارابى تەقەلایەکى زۆرى دا بۆ ئەوەى سەرلەنوێ بە فەیلەسوفە کلاسیکییەکانى گریکدا بچێتەوە، پێدەچێت تەنانەت خۆی بۆ ئەم مەبەستە هەندێک تێکستى وەرگێڕابێتەوە. بە هەر حاڵ، فارابى بەشێکى زۆرى نووسینەکانى ئەڕیستۆتێلیس و زۆرینەى دیالۆگەکانى پلاتۆنى دەناسى. لە یەکێکى نووسینە سەرەکییەکانیدا بە ناونیشانى “فەلسەفەى پلاتۆن و ئەڕیستۆتێلیس”، هەردوو فەیلەسوفى کلاسیکى سەربارى جیاوازییەکانیان دادەڕێژێت بەبێ ئەوەى هەوڵ بدات جیاوازییەکانیان پێکەوە بسازێنێت. وەلێ فارابى لە بەشى ڕێبەرییەکەی ئەو نووسینەیدا نەک تەنیا جەخت لەوە دەکات کە کامیلکردنى مرۆڤ ئامانجى هاوبەشى هەردوو فەیلەسوفە، بەڵکو هاوکات سیستەمە فەلسەفەییەکەى خۆیشى وەک پردێک لە نێوان هەردوو فەیلەسوفى نموونەییدا بنیات دەنێت. لێرەدا دەبێت ڕەچاوی ڕەوشێکی گرنگ بکەین: ئەو کورتەیەی “ئێننێئادەکان”ى پلۆتین (IV-VI) کە لە چەرخى نێڤیندا وەک “تیۆلۆگیى ئەڕیستۆتێلیس” ناسرابوو، فارابی بە هەمان شێوە وەک کارێکی ئەڕیستۆتێلیس وەریدەگرێت. بەم ڕێیەوە ئیدی باری سەر یەکێتیى سیستەماتیکییانەى فەلسەفەى فارابى سووک دەبێت کە بریتییە لە: گەردوونناسى کە لە گەردوونى دەرەکیدا (ماکرۆکۆسمۆسدا) ڕێکخراوى گەردوون دادەڕێژێت، هەروەها تیۆریى زەین کە بەڕێیەوە ئەم ڕێکخراوەى گەردوون وەک شیاوى ناسین دەسەلمێنرێت، ئەوجا تیۆریى سیاسى کە کامیلێتیى ئەم ڕێکخراوەى گەردوون بەسەر شیمانەکانى جڤاکی مرۆڤدا بەکاردەبات. بە دیدى فارابى مێتافیزیک، گەردوونناسى، تیۆریى مەئریفە و سیاسەت، پەیوەندییەکى چڕیان بە یەکدییەوە هەیە، لێرەشدا پێناسەکەى ئەڕیستۆتێلیس بۆ مێتافیزیک وەک مەئریفەى بوونەوەر، دەرچەی هزرینی فارابییە. بوونى کردەکییانەی شتەکان، واتا ناسینی سروشتى ئۆبژێکتیڤییانەى شتەکان، بریتییە لە ئەرک و شیمانەى مرۆڤ. ئەمە واتایەکى ئەوتۆ دەگەیەنێت کە مەئریفەى بوونەوەر هەروەها شیمانەى ڕێنومایی بۆ مرۆڤ لە خۆ دەگرێت. واتای ئەم تێڕوانینە بە دەرئەنجاماندنێکى ئاوەژوو بریتییە لە: مرۆڤى سەر چەوتەڕێ یان کردارنوێن لە نەزانییەوە، ڕێبەر و ڕاوێژکەرێکى نالەبارە بۆ جڤاک. کەواتە کامیلکردنى مەئریفەى خۆیى، سەروەری بەسەر بەکارهێنانى ئاوەزدا، پێشمەرجى ڕێکخراوێکى سەرگرتووى جڤاکین. هەر بەم شێوەیە تیۆریى “دەوڵەتى چاک” لە تیۆریى مەئریفەى ڕاستییەوە سەرهەڵدەدات، بە پێچەوانەشەوە تیۆریى سیاسى وەک تیۆریى دەوڵەت بریتییە لە تەکمیلەکردنى مێتافیزیک. کەواتە فەلسەفە سیاسییەکەى فارابى نەک تەنیا دەیەوێت فەلسەفەى تیۆرییانە و پراکتیکى پێکەوەبلکێنێت، بەڵکو هەروەها دەیەوێت تێیان بپەڕێنێت. ئەمە لە گرنگترین نووسینەکانیدا ئاشکرا دەبێت کە سێ دانەن: “کیتاب تەحسیل ئەلسەئادە” (کتێب لەبارەى گەیشتن بە بەختیارى)، “ئاراء ئەهل ئەلمەدینە ئەلفازیلە” (تێڕوانینەکانى هاوڵاتیانى شارى فەزیلەمەند – بەکورتى: “مەدینە”)، هەروەها “ئەلسیاسە ئەلمەدەنییە” (لەبارەى بەڕێوەبردنى دەوڵەت – بەکورتى: “سیاسەت”).

بە تێڕوانینى فارابى مرۆڤ دەتوانێت ئاوەزمەندانە ڕێکخراوى سیاسى بنیاتبنێت، ئەویش چونکە خودی جیهان ڕێکخراوە و ئاوەز دەتوانێت لێی تێبگات. ئەم ڕێکخراوە بەندە بە پێشبینیی گەردووندیدییەکی جیۆسەنترییەوە کە تێیدا کایەکانى ئاسمان (مانگ، خۆر، پلانێتەکان) لەسەر هێڵى چەسپیو بە دەورى زەمیندا دەسووڕێنەوە. ئەڕیستۆتێلیس گۆتبووى، کایەکان (سفێرەکان) لە لایەن بزوێنەرانەوە دەبزوێنرێن، پاشان فەیلەسوفانى موسڵمان ئەم بزوێنەرانەیان ناو نا “ئینتەلیگێنسەکان”. وەلێ ئێستا فارابى ئەم گەردوونناسییە ئاسان دەکاتەوە، ئەویش بە وەرگرتنى ڕاڤەى نوێپلاتۆنیانەى خودی گەردوونناسییەکە: یەکەم بزووتن لە لایەن یەکەم بزوێنەرەوە، واتا لە لایەن “یەک”ـە (ئەلئەحەدە – و) سەرەتاییەکەى پلۆتینەوە، واتا لە لایەن خوداوە دەهێنرێتە گۆڕێ. ئەوجا لە خوداوە کە هۆشى پەتییە، کەواتە زەینە (ئینتەلێکتە)، هۆش بۆ کایەکەى دی “دەڕژێت”، لەوێشەوە بەردەوام دەبێت بۆ نێو کایەکەى دی. بێگومان ئەم زەینە سەربارى ڕژانى هەمیشە هەر هەمان زەین دەمێنێتەوە. ئاوەزى ڕەهاى (ئەبسولوتی) خودا جیاوازییەکى توخمیى (زوبستانسیەلی) لە ئاوەزى مرۆڤ نییە، بەڵکو جیاوازییەکەى کردەکییە (ئەکتوێلە). ئەمەش بەواتای: کاتێک دەروونى خودا هەمیشە هەر هۆشى پەتییە، ئەوا دەروونى مرۆڤ دەبێت بە پێچەوانەوە بۆ ئاوەزمەندێتیى خۆى تێبکۆشێت. کاتێک ئاوەزى مرۆڤ خۆى بەکردەکی (ئەکتوالیزە) دەکات، لێرەشەوە توانا بۆ ناسینی ڕێکخراوی گەردوون و بەمەش بۆ ناسینی خودى خۆی وەردەگرێت، ئیدی لەم ڕەوتەدا خۆى لە لێرەبوونە ماتەرییە پەتییەکەى بەر دەدات و دەگات بە ژیانێک لەنێو تێڕامان و داناییدا. لێرەدا پێویستە ڕەچاوی دوو تایبەتمەندی بکەین کە فارابى دەیانخاتە سەر نەخشەى ڕژانەکەی پلۆتین: گەرچی پرۆسەى ڕژان لە هۆش-دەروونى پەتییەوە ڕەوتێکی “بەرەو ژێر”ی هەیە، وەلێ گەر لێرەبوونی ماتەریانە نەبایە، ئەوسا ئەم هۆشە یان ئەم زەینە نەیدەتوانى خۆى بەرجەستە بکات. فارابى لە نووسینەکەیدا بە ناونیشانى “لەبارەى زەین” دەبێژێت: “نەشیاوە زەینى چالاک پرنسیپى سەرجەم شتە هەبووەکان بگرێتەوە، چونکە ئەو خۆى بۆ چالاکییەکەى پێویستی بە هەبوونى کەرەسەیەکە، هەروەها پێویستی بە نەبوونی ئاستەنگێکە، کەواتە لەنێو سروشتى ئەودا هێزى کافى نییە کە وا بکات سەرجەمی شتەکان کامیل ببن” (al-Farabi، 1892، 78). لەم ڕوانگەیەوە دەبێت یەکەم بزوێنەر، وەک یەکەم هۆکار، دوو پرنسیپ لەنێو خۆیدا یەک بخات: ئەو نەک تەنیا دەبێت هۆش-دەروون یان زەینى پەتى بێت، بەڵکو هەروەها دەبێت پرنسیپى کەرەسە لە خۆ بگرێت. کەواتە یەکەم هۆکار کە خودایە، تەنیا ئەوەکەیەکی هۆشەکى نییە بەبێ هیچ پەیوەندییەک بە ماتەرییەوە، واتا بەو ماتەرییەوە کە لاى کندى هێمای خراپە بوو، هێمای نا-هۆشەکێتى بوو.
دووەم تایبەتمەندیى فارابى بریتییە لە پەیوەندیى مرۆڤ و زەینى ئەو بە زەینى ڕەهاوە، یان بە زەینى خوداوە. نەخشەی نوێپلاتۆنیانەى ڕژان هەمیشە وایدادەنا کە ڕژانى “یەک-ی سەرەتایی”، یان ڕژانى خودا، بەرەو پلەکانی ژێرەوە دەڕوات و لە دوایەمین پلەشدا مرۆڤ و زەینى ئەو خۆیان دەبیننەوە. لەم تێڕوانینەوە دەرفەت ڕەخسا بۆ دەرئەنجاماندنی سەروەرى و کامیلێتیى زەینى خودا. وەلێ فارابى ئەم بەڵگەهێنانەوەیە هەڵدەگێڕێتەوە: پرۆسەى ڕژان کەمبوونەوەى زەین نییە لە پلەیەکەوە بۆ پلەیەکى دی، بەڵکو ئەدگارێکە کە پێگونجاو دراوە بە هەر پلەیەک و هەر فۆرمێکى بوون: “هەبووی بەرجەستەیی لە ئەوەوە ڕێکخستن وەردەگرێت و هەر هەبوویەک، بەگوێرەی پلەکەی، کارایی ڕاستینەى خۆی لە بووندا دەنوێنێت. جگە لەوە ئەو بەدادە و دادپەروەرییەکەشى بەگوێرەی گەوهەری خۆیەتی” (al-Farabi، 1985، 26). هەروەها پێگەی تایبەتی زەینى مرۆڤیش بەو ڕێیەوە ڕووندەبێتەوە کە پرۆسەى ڕژان بە دادپەروەرى و خۆشەویستیى خودا بنیاتنراوە. هەموو مرۆڤێک “لە سروشتەوە، هەر لە سەرەتاوە”، زەینى پێدراوە، زەینیش بەگوێرەی کرۆکى ئامادەیە بۆ “ناسینی ئەدگارانی تایبەتى بابەتەکانی زەین” (das Intelligible)” (هەمان سەرچاوەی پێشوو، لا 69). وەلێ بابەتەکانی زەین هۆشەکێتیى پەتین، ئەوجا بەو ڕێیەوە کە زەینى مرۆڤ لە توانایدایە یەک-ی سەرەتایی یان خودایەتی بناسێت، ئیدی لە هۆشی پەتیی خودا نزیک دەکەوێتەوە، جا گەرچى بە پێچەوانەی خوداوە ناتوانێت بوون بئافرێنێت. لە بنەڕەتدا هەموو مرۆڤێک ئەم توانستەى ئاوەزى پێدراوە، بێگومان هێندە نەبێت کە تەنیا فەلسەفە باڵاترین پلەى ڕاستینەى مەئریفەیە. ئەوجا گەر هاتوو فەیلەسوفێک هاوکات پەیامهێن بێت، ئەوسا دەتوانێت مەئریفە فەلسەفەییەکان کە بەڕێى ئاوەزەوە بەدییهێناون، بە توانستى ئەندێشەوە گرێبدات تاکو ئیدی بە لێچواندن و ئانالۆگى و سیمبۆل بەو کەسانەشیان ڕابگەیەنێت کە فەیلەسوف نین. ئەمەش هیچی دیکە نییە جگە لە سروش، ئاخر سروش مەئریفەى ئاوەزە کە ڕەوانبێژیانە بە کەسانی دی گەیەنراوە. فارابى لە “مەدینە”دا دەنووسێت:
“گەر زەینى ئافرێنەر لە هەردوو بەشى هێزى هزرینیدا، واتا لە هەردوو بەشى تیۆرى و پراکتیکیدا، ئەوجا پاشان لە هێزى پێشبینییدا، کارایی وەربگرێت، ئەوسا ئەم مرۆڤە کەسێکی سروش وەرگرە، ئەوەش خوداى مەزن و پەروەردگارە کە بە یاریدەی زەینى ئافرێنەر سروشى بۆ دەنێرێت. (…) ئەوسا ئیدی مرۆڤەکە لەو زەینە ناچالاکەوە بە یاریدەی ڕژان دەبێت بە دانایەک، بە فەیلەسوفێک، بە لایەنگرێکى تەکامول، وەلێ مرۆڤەکە هەروەها بەو ئەوەکەیە کە لە ئەوەوە (خوداوە – و) بەسەر هێزى پێشبینیی خۆیدا ڕژاوە، پەیامهێنێکە، بەئاگاهێنێکە سەبارەت بەوە کە لە هاتندایە، هەروەها ڕاگەیەنەرێکە سەبارەت بەوە کە چۆن تاکە شتەکان هەنووکە لەنێو بووندان. بەڵێ مرۆڤەکە لەنێو بوونێکدایە کە دەتوانێت تێیدا خودایەتى بهزرێنێت” (هەمان سەرچاوەی پێشوو، لا 93).
کەواتە پەیامى خودایانەى سروش بەگوێرەی کرۆکی تەنیا مەئریفەى ئاوەزە کە فەلسەفە پێیدەگات. ئەمەش بەواتای، ئایینى وەک سروش نێرراو هیچى دیکە جگە لە فەلسەفە لە خۆ ناگرێت، وەلێ هێندە نەبێت کە سروش بۆ نا-فەیلەسوفانیش دەرووی گەیشتن بە ئاوەزى پەتى دەکاتەوە. فارابى هاوکات دەبێژێت کە هاوشێوەییەک هەیە لە نێوان جۆرە جیاوازەکانى مەئریفەى ئاوەز لاى مرۆڤ و فۆرمەکانى زەیندا کە بەڕێى ڕژانى خوداییەوە کاریگەرى لەسەر گەردوون دەنوێنن. لەم ڕوانگەیەوە مرۆڤ “گەردوونێکى بچووک”ـە (Marmura) کە تێیدا هارمۆنى و ڕاسیۆنالێتیى گەردوون دیاردەداتەوە.

دەوڵەتى ئیدیال و فەیلەسوفەکان

تەواو وەک زەروورەیەکی لۆگیکی دەبێت هارمۆنیى جیهانى ئاوەزمەند هەروەها لە پێکەوەژیانى مرۆڤاندا، کەواتە لە دەوڵەتدا، وێنەبداتەوە. هەر تاکە مرۆڤێک کە خودا ئاوەزی پێداوە، گەرەکە تێبکۆشێت بۆ گەیشتن بە کایەى “هۆشەکێتیى کردەکى (ئەکتوێل)”، واتا بە کایەى ئاوەزى پەتى، چونکە هەروەها کایەى ئازادیى پەتى و خوددیاریکردن و باڵاترین بەختیارى شیاو بەتەواوى لەم کایەیەدایە. ئەمە لە هزرى فارابیدا بۆیە زەروورەیەکی لۆگیکیشە، چونکە ئاوەزى پەتى ئاوەزى خودایە و ئەوجا دەبێت کە چە ئەوەکەیەک لە خودا ئازادتر و بەختیارتر بێت. بێگومان ئاشکرایە مرۆڤان توانستى جیاوازیان لە یەکدی هەیە، بۆیە ئەوە بیرۆکەیەکی ئاوەزی پراکتیکییە کاتێک مرۆڤان خۆیان بە بوونەوەری جڤاکی دادەنێن. فارابى، هاوشێوەى ئەڕیستۆتێلیس، مرۆڤ وەک سۆۆن پۆلیتیکۆن (بوونەوەرى جڤاکی – و) دەبینێت: مرۆڤ بڕیار بۆ جڤاک دەدات، چونکە ئەوە ئاوەزمەندانەیە. هاوکات ئاوەز هەمیشە واتاى مەئریفەى ڕاستى دەگەیەنێت، ئەمەش بۆ فارابى تەنیا دەشێت مەئریفەی ڕێکخراوی بوون بێت. کەواتە ڕێکخراوى “چاک”ى جڤاک ى مرۆڤ لاسایى ڕێکخراوى “چاک”ى گەردوون دەکاتەوە، کەواتە دەوڵەتى ئیدیال (نموونەیى) لاسایى بونیادى گەردوون دەکاتەوە کە بێگومان بونیادێکی هیرارشییانەیە: یەک-ى سەرەتایى، واتا خودایەتى، لە ترۆپکی هیرارشییەکەدایە و تەنیا بە ڕژانى ئەو شیمانەکانى (die Potentiale) تاکە پلەکان دەبن بە کردەکی (ئەکتوالیزە دەبن). فارابى تەواو بەم شێوەیە لە ڕێکخراوى سیاسیى نێو دەوڵەت تێدەگات: لە ترۆپکى دەوڵەتدا پاشا-فەیلەسوفێک خۆى دەبینێتەوە (بە ئەرەبى: ڕەئیس، کەواتە سەرۆکێک، ڕێبەرێک) کە هاوکات پەیامهێنە، چونکە تەنیا بەم شێوەیە گەرەنتى دەدرێت کە سەروەر تەنیا پێڕەوی مەئریفەکانی ئاوەز بکات و بتوانێت ئەم مەئریفانە لە فۆرمێکى ئەوتۆدا ڕابگەیەنێت کە تەنانەت نا-فەیلەسوفانیش لێیان تێبگەن.
کەواتە ئایین و فەلسەفە دژبەرى یەکدى نین، یان ڕاڤەى بەیەک نەسازى (کۆنترێری) جیهان نین، بەڵکو لە کۆتاییدا هەمان مەبەستیان هەیە، بۆیە فارابى دەتوانێت ڕێبەرى دەوڵەت ناو بنێت “فەیلەسوف” و هاوکات “ئیمام”، واتا ڕێبەرێکى ئایینى. سەرباری ئەوە فارابى هیچ گومانێک لەسەر ئەوە ناهێڵێتەوە کە ئایین و پەیامهێنى تەنیا لاساییکردنەوەی مەئریفە فەلسەفەییەکانن، واتا مەئریفە ئاوەزمەندانەکان، بێگومان لاساییەک کە بە شێوازە سیمبۆلییەکانى یان ئاسانکەرەوەکانى داڕشتن ئەنجام دەدرێت. ئەوجا لەبەر ئەوەى شێوازەکانى داڕشتن بە زمانى ڕەوانبێژی دەدرێنەوە و ئەم زمانەش لە کولتوورێکەوە بۆ یەکێکى دیکە جیاوازە، ئیدی ئایینە جیاوازەکانیش سەرهەڵدەدەن. بێگومان لەمەدا نەک ئەوە جێی سەرنجە کە ڕەنگە سەرجەمی ئایینەکان هەمان هزرى کرۆکى لە خۆ بگرن و تەنیا بە سیمبۆلى جیاواز گەیەنرابن، بەڵکو ئەوە جێی سەرنجە کە هەموو ئایینێک تەنیا گۆزارەی سیمبۆلییانەى ڕێکخراوێکى ئاوەزە کە فەلسەفە سەربەخۆ بنیاتی ناوە. کەواتە لای فارابی فەلسەفە پێشتریی لە ڕاستییەکانى ئیمان هەیە، ئەمەش نەک لە مەغزایەکى ناوەرۆکیدا (ئاخر فەلسەفە و ئایین بە هەمان ڕاستییەوە خەریکن)، بەڵکو لە مەغزایەکى ئێپیستێمۆلۆگییانەدا: لەبەر ئەوەى ڕێکخراوى جیهان ئاوەزى پەتییە، ئەوا مەئریفەی گونجاوی جیهان تەنیا بەڕێى ئاوەزەوە دەشێت. هەر لێرەوە ئەو دەربڕینەش لەبارەى “ڕاستیى جووتەنى” ڕوون دەبێتەوە کە دەدرێتە پاڵ هەندێک بەشى فەلسەفەى ئیسلامى و هەروەها هەندێک بەشى فەلسەفەى چەرخى نێڤینى کریستیانى.

لە بنەڕەتدا بە تێگەى “ڕاستیى جووتەنى” جیاوازیى نێوان ڕوانگەى فەلسەفەیى و تیۆلۆگییانە دەردەبڕرێت. ئەوە کە فەلسەفە باوەڕ دەکات وەک “ڕاست” ناسیبێتى، پێدەچێت لە ڕوانگەیەکى تیۆلۆگییەوە هەڵە بێت (و بە پێچەوانەشەوە). وەلێ ئەم تێڕوانینە فارابى و فەیلەسوفە مەزنەکانى کولتوورى ئیسلامى کە پاش ئەو هاتن، ناگرێتەوە: گەرچی هەرگیز ناشێت ڕوانگەى ئیمان و ڕوانگەى فەلسەفە دژبێژیی یەکدی بکەن، سەرباری ئەوە فەلسەفە پێشتریى هەیە، چونکە ئەو ئەرگومێنتانە دەخاتەوە کە شیاوى تێگەیشتنن، ئەوە لە کاتێکدا کە ڕاستیى ئایینى خۆی لە پشتى شیفرە و سیمبۆلانەوە حەشار دەدات. بۆیە دەبێت سەروەرى دەوڵەتێکى فەزیلەمەند سەرەتا فەیلەسوف بێت تاکو پاشان بتوانێت وەک پەیامهێن ڕاستى بگەیەنێت.

ڕێبەرى دەوڵەت بە دیدی فارابى سەرجەم فەزیلەکان لە خۆیدا یەکدەخات: فەزیلەی تیۆرییانە کە لە مەئریفەی زانستییانەى جیهاندا خویا دەبێت؛ فەزیلەی هۆشەکى کە دەرفەت دەڕەخسێنێت مەئریفەی زانستى لە کرداردا بەگەڕبخرێت؛ فەزیلەی مۆرالى کە توانا بە ڕەئیس دەدات ژیانى خۆى و تەقەلادانى تەنیا پابەند بە کاتێگۆرییەکانى ئێتیکەوە ئاڕاستە بدات؛ لە کۆتاییدا فەزیلەی پراکتیکى کە نەک تەنیا حوکمڕانییەکەی بەداد و دانا دەکات، بەڵکو هەروەها توانستى بۆ پەروەردەکردنی ئەندامانى دەوڵەت پێدەدات. بێگومان فارابى دەزانێت کە ڕەئیسێکى بەو چەشنە، یان ئیدیالى دانایەک، بەزەحمەت دەبینرێتەوە، بۆیە واى بەچاک دادەنێت کە لە ڕەوشە نادیارەکاندا ڕێبەرایەتیى دەوڵەت بدرێتە دەست ژمارەیەکى فرەى کەسان وەک لەوەی دەسەڵاتدارێکى بێتوانا دابنرێت:
“گەر پیاوێک نەبێت کە تێیدا هەموو ئەم مەرجانە بەدیهاتبن، بەڵکو دوو پیاو هەبن کە یەکێکیان دانا بێت و لە ئەوى دووەمیاندا مەرجەکانى دیکە بەدیهاتبن، ئەوا هەردووکیان ڕێبەرى شارن. وەلێ گەر ئەم مەرجانە تەنیا بەپەرشى لەنێو کۆمەڵەیەکدا ببینرێنەوە، (…)، ئەوا هەموویان پێکەوە چاکترین ڕێبەران پێکدەهێنن” (Al-Farabi 1985, 97)
لێرەدا مەبەستى فارابى بە هیچ شێوەیەک ڕێکخراوێکى دێموکراتى نییە، ئەمەش پەیوەست بە دەوڵەتە نا-فەزیلەمەندەکانەوە ڕووندەکاتەوە و لە نێویاندا بەئاشکرا دەسەڵاتدارییە دێسپۆتى و دێمۆکراتییەکان دادەنێت. لە دەسەڵاتداریی دێسپۆتیدا بەرژەوەندییەکانى تاکە مرۆڤێک چواندنی ڕەهایان هەیە، جا گەرچى ئەو مرۆڤە تەنیا گرنگى بە سوودى تایبەتى خۆى دەدات و نە مەئریفەی فەلسەفەیی و نە بەهرەى پەیامهێنییانەى هەیە. بە پێچەوانەشەوە دانیشتوان لە دێمۆکراتیدا تەنیا بۆ ئازادى تێدەکۆشن، ئەوە بە چەشنێک “کە ئیدی هەر یەکێک ئەوە ئەنجام دەدات کە خۆى دەیەوێت” (هەمان سەرچاوە، 99)، بەمەش مانەوەى جڤاک دەخاتە مەترسییەوە. وەلێ دەسەڵاتداریى پەیامهێنانى ناڕاستینە، بەسەهوودانانی سوودى ماتەریانە بە فەزیلە، یان بەرپاکاریى جەنگ و دەردى ناوبانگ، نموونەن بۆ “دەوڵەتانى گەمژەیى و بەدکاری”. ئەوجا گەرەکە ئاماژە بۆ ئەوە بدەین کە تێڕوانینی دەوڵەت لای فارابى جیاوازە لە تێڕوانینی فەیلەسوفانی پێشەنگی ئەنتیکەش. بۆ نموونە پلاتۆن پۆڵیسى گریکیى وەک زەمینەى ئیدێى دەوڵەت دانابوو، کەواتە هەمیشە لە مۆدێلى شارەدەوڵەتێکى بەئاشکرا سنووردارکراوەوە دەردەچوو. بێگومان فارابیش لە “مەدینە” دەدوێت کە وشە ئەرەبییەکەى شارە، وەلێ ئەو لە یەکگرتنى کۆی شارەکان بۆ سەرجەمێک دەهزرێت. تەنیا کاتێک دانیشتوان دەتوانن بە کامیلێتى بگەن، گەر “ژمارەیەکى زۆرى کۆمەڵان” یەکبگرن کە لە سەرئەنجامدا ئوممەیەک وەک “کۆمەڵەى فەزیلەمەند” سەرهەڵدەدات (هەمان سەرچاوە، 54). ئەوها دەنوێنێت هەروەک ئەمە گەڕانەوە بێت بۆ ئیدیالەکانى سەردەمى سەرەتاى ئیسلام و بەمەش بۆ هێزى پێوارەیی ئایین، وەلێ دەتوانین پتر وەک پەرچەکردار لەسەر تەنگژەى جیهانى ئیسلامى ڕاڤەی بکەین کە لە سەردەمى فارابیدا قووڵ بووبۆوە. داوەشانى مەزنە دەوڵەت بۆ کەرتە دەوڵەتانى جەنگگێڕ لە دژى یەکدى، وەک بەڵگەیەک بۆ ئەو تێزە دەردەکەوت کە دەبێژێت، جڤاکێکى فەزیلەمەند تەنیا لەنێو پەیوەندییەکى فراوانتردا شیاوى بەدیهێنانە. ئەوجا گەر بۆ پاڵ ئەمە ئاوەزگەراییە توند جەختلێکراوەکەی فارابى بەهەند وەربگرین، ئەوسا ناشێت تێگەى “ئوممەت ئەلفازیلە” هاوتاى “کۆمەڵەى فەزیلەمەندی ئیمانداران” دابنرێت، بە پێچەوانەوە دەشێت هاوتاى “کۆمەڵەى فەزیلەمەندی” دەوڵەتى فەیلەسوفان بێت. وەلێ فارابى، بە پێچەوانەى پلاتۆن، گەرەنتیى مانەوەی ئەم کۆمەڵە فەزیلەمەندە تەنیا لە هاوکاریى نێویەکییانەى هەموواندا دەبینێت کە پێکڕا بەگوێرەی فەزیلە کردار دەنوێنن، کەواتە لە کۆتاییدا لەنێو دەوڵەتێکى گشتگیری جیهانیدا دەیبینێت.

مێژووى کاریگەریى ئیدیالى فارابییانەى دەوڵەت

جێی سەرنجە کە کاریگەریی فارابى کەمتر لە تیۆرییە سیاسییەکەیدا بوو، بەڵکو پتر لە پێکەوەگرێدانى مێتافیزیک / کۆسمۆلۆگى و پراکسیسى ژیاندا بوو. ئەو کامیلبوونى هۆشەکییانەی بە ئامانجى کۆششى مرۆڤ دانا و هاوکات زەینى چالاکى ڕێکخراوى کۆسمۆلۆگییانەى لکاند بە جیهانى ماتەرییەوە، بەمەش شتێکى زیندوو و واتامەندى بە نەخشەی ئەبستراکتى ڕژان بەخشى. گەر دەوڵەتێک بتوانێت هێندە چاک بێت و بەو ڕێیەوە دەرفەت بۆ هاوڵاتیانى بڕەخسێت کە کارایی لە هۆشاندنى لێرەبوونی خۆیاندا وەربگرن، ئەوسا تێکۆشین بۆ دانایى تەنیا بریسکانەوەی ڕێکخراوى گەردوونییانەى خودا نابێت، ئەوسا تەنیا کامیلکردنى مۆرالییانەى هەر تاکەکەسێک نابێت، بەڵکو هەروەها بریتیش دەبێت لە چاککردنى ژینجیهان. فارابى لە “مەدینە” و “سیاسەت”دا خۆى هەروەها بۆ تێڕوانینى ئێشاتۆلۆگییانەى کۆنسێپتەکەی لەمەڕ دەوڵەت تەرخان دەکات. گەر پرسەکە بریتی بێت لە “دوایەمین شتەکان”، لە ئامانج و مەبەستى ژیانى مرۆڤ، ئەوسا ئەو مرۆڤە کە لە دەوڵەتێکى فەزیلەمەنددا دەژی، دەرفەتی هەیە خۆی هێندە بهۆشێنێت و لێرەبوونێکى ئەوتۆی مۆرالى بەڕێوەبەرێت، کە ئیدی دەروونى دوای مردنی لە لەشی جیادەبێتەوە تاکو لە بەختیارییەکى هۆشەکییانەى ئەبەدیدا بژی. وەلێ هاوڵاتیانى دەوڵەتێکى نامۆرالى ئەم هەلەیان بۆ ناڕەخسێت، بەڵکو پاش مەرگیان بە نەفرەتى ژانى ئەبەدی دەبن. بێگومان لەو دەوڵەتانەدا کە نەزانى سەروەرە، ناشێت هاوڵاتیانیان لە شکستیان بەرپرسیار بکرێن، چونکە ئەوان تەنیا کەرتێکى پرۆسەى ئەزەلییانەى سەرهەڵدان و لەناوچوونن، یان دەشێت بە بەختیاری بگەن گەر هاتوو خۆزگەى لێرەبوونێکى مۆرالییان هەبێت، سەرباری ئەوە بۆیان نالوێت ئەم لێرەبوونە لەژێر مەرجەکانى دەوڵەتەکەیاندا بژێنن. ئەم جۆرە بیرۆکانەن لە پابەندییاندا بە کۆسمۆلۆگییەکەى فارابییەوە کە دیسانەوە کاریگەرى لەسەر دێباتە نێوخۆیى-ئیسلامییەکان دەنوێنن.

دابەشبوونى ئیسلام بەسەر زۆرینەیەکى سوننى و کەمینەیەکى شیئیدا پێش سەردەمى فارابی ڕوویدابوو. جگە لەوە لەنێو ئەم دوو گرووپەشدا کەرتەگرووپى دى هاتنە ئاراوە، بەتایبەتى لەنێو شیئەکاندا. ئیسمائیلییەکان یەکێک بوون لەم کەرتەگرووپانەى نێو شیئیزم کە بەتایبەتى پەیوەندییان بە دەوڵەتى فاتیمییەکانەوە لە تونس هەبوو و لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتەشدا سەدەى یازدەیەم و دوازدەیەم لە میسر و سوریا بۆ ماوەیەک باڵادەست بوون.

وا دادەنرێت سەیف ئەلدەولە کە پشتیوانى فارابى بوو، لایەنگرى شیئیزمى ئیسمائیلی بووبێت و هەر لێرەشەوە کاریگەرى لەسەر فەلسەفەکەى چێبووبێت. وەلێ ئەوەى ڕاستی بێت زۆرینەى نووسینەکانى لە کاتى ژیانیدا لە بەغداد سەریانهەڵدا، بۆیە کاریگەرییەکە بە پێچەوانەوە بوو: ئیسمائیلییەکان توخمى کۆسمۆلۆگی و ئێشاتۆلۆگییەکەى فارابییان وەرگرت، ئەوەش سەرئەنجامێکى ئاسایی بوو، چونکە شیئیزم بەگشتى و ئیسمائیلییەکان بەتایبەتى وایان دادەنا کە پێشبینییەکانیان سەبارەت بە خەڵاس و کامیلبوون ئامانجى خودی ڕێکخراوى گەردوونن. هەر لەم پەیوەندییەدا زۆر جار ئاماژە بۆ نزیکیی نێوان ئیسلامى شیئی و ئایینى کریستیانی دراوە، وەلێ هەروەها لایەنى کەم پەیوەندییەکیش بە پێشبینییە گنۆستیکى و نوێپلاتۆنییەکانى دەمەو کۆتایى ئەنتیکەوە گرنگە. ئیسمائیلییەکان لەو بڕوایەدا لەتەک فەیلەسوفانی نوێپلاتۆنیدا یەک دەگرنەوە، کە ئەوانیش خەڵاسى مرۆڤان بەند دەکەن بە کامیلبوونیانەوە، هێندە نەبێت کە ئاوەزى مرۆڤیان وەک سنووردار دەبینى، بۆیە دەیان گۆت مرۆڤان پێویستیان بە ڕێبەرایەتیى پەیامهێنێک یان ئیمامێکە. سەربارى ئەوە هزرڤانانى ئیسمائیلى هەوڵیان دەدا ئاوەزمەندانە لە ڕێکخراوى گەردوون تێبگەن، لەم پەیوەندییەشدا گەرەکە یەکگرتنەوەیەکى سووڕهێنەر لەتەک نەخشەی ڕژاندا دەربخەین: ئیسمائیلییەکان پێڕەوی کۆسمۆلۆگیى نوێپلاتۆنییان دەکرد، بۆ نموونە لەو شێوەیەیدا کە لاى فارابى داڕێژراوە. “پردى نێوان فەلسەفە و ئایین” (HI, 226) کە بەم نەخشەیە ڕادەکێشرێت، پێگەى ئیمام و هەروەها ئیماندارانیش دەگرێتەوە. پێگەى ئیمام گەیاندنێکە لە نێوان: یەکەم زەین کە پەیامهێنە، و مرۆڤان کە وەک بوونەوەرى دەرووندار سەر بە ئاستى باڵاترى هۆشەکییانەى پەتین، وەلێ هاوکات تووشی جیهانى ناپاکژی سەرهەڵدان و لەناوچوون بوون. گەر مرۆڤ خۆى بەڕێى داناییەوە لە جیهانى ماتەری بەربدات، ئیدی بە دۆخى بەختەوەریى ئەبەدى شاد دەبێت. بێگومان ئێشاتۆلۆگیی ئیسمائیلی، بە پێچەوانەی قورئان و حەدیسەوە کە تەواو ڕەنگین و پڕژین وەسفی بەهەشت دەکەن، تەنیا سیمبۆلیانە، واتا وەک پرۆسەى هۆشاندن، لە بەهەشت تێدەگەیشت.

ئیخوان ئەلسەفای بەسڕە

هۆشاندن تەواو پراکتیکییانە واتای وەرگرتنی زانینیش دەگەیەنێت، وەک سەرئەنجامی ئەمەش “سێکتە” شیئییەکان بەرانبەر فەلسەفە و زانستەکان زۆر کراوەتر بوون لە ئولەما: لە زانایانی سوننەمەزەبی ئایین. تێکەڵبوونی فەلسەفەی نوێپلاتۆنی و ئەنتیکە و زانستە سروشتییەکان بە پێشبینییە ئایینی و ئێشاتۆلۆگییەکان ئەدگارێکی تایبەتی کولتووری شیئی-ئیسلامییە لەم سەردەمەدا. ئەمە بە نموونەی فێنۆمێنی “برایانی بێگەردی بەسرە” (ئیخوان ئەلسەفا) ڕووندەبێتەوە کە کۆمەڵەیەکی فەیلەسوفان و زانایانی سروشتی بوون. هاوکارانی ئەم کۆمەڵەیە دەمەو کۆتایی سەدەی دەیەمی زایینی لە شاری بەسرەی باشووری ئێراق دەژیان و پێدەچێت پێکرا پێڕەوی بیروباوەڕی ئیسمائیلییان کردبێت. نووسینە بەناوبانگەکەیان بە ناونیشانی “ڕەسائیل” داڕشتنێکی سەرنجڕاکێشی فەلسەفە (پێکەوە لەتەک لۆگیک و ئێتیکدا)، ماتماتیک و فیزیک، گەردوونناسی و تیۆریی زەین، لە خۆ دەگرێت. سەرجەمی ئەم بوارانە تێکەڵ دەبن بە ناوەرۆکە غەیبییەکانی (ئێسۆتێرییەکانی) ئەلخێمی، ئەسترۆلۆگی و ئەفسونگەری، ئەوجا هەروەها داڕشتنی ڕێبازی شیئییانەی (ئیسمائیلییانەی) ئیمامەت و ئێشاتۆلۆگی دێتە پاڵیان. ڕەنگە ئامانجی ئەوان کەمتر داڕشتنێکی ئێنسیکلۆپێدییانەی زانین بووبێت، چونکە داڕشتنی مەئریفە زانستییەکان لە زۆر بەشیدا رواڵەتییە و بە بیرۆکەی غەیبانی شێوێنراوە، نەخێر، پتر پێدەچێت ئامانجی ئیخوان بریتی بووبێت لە گەیاندنی پراکتیکییانەی پێشبینیی فارابییانە و نوێپلاتۆنیانە، لێرەشدا بێگومان ڕێگەی ڕووەو خەڵاس بەسەر مەئریفە و تێڕوانینی فەلسەفەییدا تێدەپەڕێت. کەواتە مەسەلەی ئەوان داڕشتنی دانایی بوو، وەلێ دانایی نەک وەک مەبەستێکی پێشتریپێدراو، بەڵکو وەک ڕێبەرییەک بۆ گەیشتن بە بەختەوەری و هەروەها بۆ گەیاندنی ڕێگەیەکی خەڵاس. ئەوجا پێشبینییەکی بڵاوی نێو ئیسمائیلییەکانیش سەر بەم مەسەلەیە بوو کە وای دادەنا، ئایینی پۆزەتیڤ بە ئیسلامیشەوە تەنیا خاوەنی ڕاستییەکی ڕێژەییە. تەنیا کاتێک مرۆڤ ناوکی قووڵتری ئەم ڕاستییە دەناسێت، گەر ئەو بە لێرەبوونێکی هۆشەکی بگات، بەمەش خۆی لە سەرجەم زەبر و فریودانەکانی ژیانی ماتەریەل بەربدات. لەم ڕوانگەیەوە نووسینی “ڕەسائیل” کەمتر نیشانەی هەڵوێستێکی تایبەتی ئیسمائیلی بوو، بەڵکو پتر هێڵێکی ترادیسیۆنی بوو کە لەکاتی ئەنتیکەوە بڕوای ئێشاتۆلۆگیانەی خەڵاسی بە پێشبینییە فەلسەفەیی و گەردوونناسیەکانەوە گرێ دەدا. باوەجو لەنێو بازنەی ئەم پێشبینییانەوە هەروەها “سێکتە” ئیسلامییەکانی زەیدییە شیئی و دروز و ئەلەوییەکان سەریانهەڵدا.

ئیبن سینا (ئاڤیسێنا)
...

سەرچاوە:
Geert Hendrich, Arabisch-Islamische Philosophie, Frankfurt / M 2005

گلۆساری وەرگێڕ

ئایینی پۆزەتیڤ (religio positiva): تێگەیشتنە لە ئایین وەک سروش و دامەزراوە، بە پێچەوانەی “ئایینی سروشتی” یان “ئایینی ئاوەز”ەوە وەک جیهانبینی کە سەربەخۆیە لە ئایینە ناونراو بە ئاسمانییەکان و دەشێت ببێت بە فۆرمی ژیانی تاکەکەسێک.
ئێشاتۆلۆگی: وشەیەکی گریکییە، بەواتای: پاشەڕۆژناسی کە بەندە بە ڕۆژی قیامەتەوە.
ئیسمائیلییەکان: (ئەلئیسمائیلییە)، شیئەی حەوت ئیمام، بە پێچەوانەی شیئەی دوازدە ئیمامەوە، کە وا باوەڕ دەکات گۆیا ئیسمائیل کە پێش جەئفەر ئەلسادیقی باوکی مرد، حەوتەمین ئیمامە، نەک موسا ئەلکازم کە دووەم کوڕی ئەلسادیق بوو.
گنۆستیک، زانینومای ئەو جەرەیانە هزری-ئایینییەی سەرەتای کریستیانەتی بوو کە جیهانی سەرمەدیی لە تێڕوانینی خوداوە ئەزموون دەکرد.
ئەلخێمی: خیمییا وشەیەکی گریکییە کە پاشان چووە نێو زمانی ئەرەبییەوە. ئەلخێمی لکێکی فەلسەفەی سروشت و دەرمانسازی بوو کە سەدەی حەڤدەیەم لە کیمیای مۆدێرن جیاکرایەوە، شێوازێکی هزرین بوو سەبارەت بە کارایی جیهان، ئامانجیشی ئەوە بوو کە کەرەسەکان لە یەکدی جیابکاتەوە یان گۆڕانیان بەسەردا بهێنێت، بۆ نموونە قوڕقوشم یان مێتالی دیکەی کەم بەها وەربگۆڕێت بۆ ئاڵتون.
ئەسترۆلۆگی: ڕێبازی ڕاڤەکردنی ڕووداوە زەمینییەکان بەگوێرەی هەڵکەوتەی ئەستێرەکان و ڕووداوەکانی نێویان.
زەیدییەکان (ئەلزەیدییە): باڵێکی شیئی بوون و خۆیان دەگەڕاندەوە بۆ زەیدی کوڕی ئەلی، کە نەوەی حسێنی کوڕی ئەلیی ئەبی تاڵیب بوو. زەید، بەگوێرەی گێڕانەوەکان، ساڵی 740 لە دەسەڵاتداریی ئەمەوییەکان یاخی بوو و تێیدا خۆیشی کوژرا.
زەینی چالاک: ئەم تێگەیەی ئەڕیستۆتێلیس کە تا ئێستا لە داڕشتنی هزری هەندێک فەیلەسوفی ئیسلامیدا بەردەوام ئاماژەی پێدەدرێتەوە، ڕوونکردنەوەی وردتری بۆ پتر لێتێگەیشتن گەرەکە.
ئەڕیستۆتێلیس سەرجەم جیهان و کەرتەکانی وەک زوبستانس (گەوهەر) دەبینێت، وەلێ جیاوازی دەکات لە نێوان یەکەم و دووەم گەوهەردا. یەکەم گەوهەر لە تاکەکاندا دەردەکەوێت، بۆ نموونە یەک تاکى مرۆڤ، وەلێ دووەم گەوهەر گشتییە و جۆر و ڕەگەزى یەکەم گەوهەر دیارى دەکات، بۆ نموونە: مرۆڤ، زیندەوەر. کەواتە گشتێتی / کرۆک / فۆرم کە ئامانجی توێژینەوەی زانستییە، لە لێرەبوونی تاکە شتەکاندا دەردەکەوێت، ئاخر لە نێوان تاکێتی و گشتێتیدا، کەرەسە و فۆرمدا، پەیوەندییەکی هۆئەنجامی (تێلیۆلۆگیانە) هەیە. لێرەشدا دەرککردن دەستپێکی پرۆسەی مەئریفەیە.
سەرەتا دەرککردن فۆرمێک بە هۆش (دەروون) دەناسێنێت کە لەنێو شتێکى جیهانى ماتەریدایە. ئێمە لێرەدا گشتێتییەکى سەرەتاییمان لەنێو هۆشدا هەیە کە بریتییە لە پێشبینییەکی سێنسی و ئەڕیستۆتێلیس ناوى دەنێت “فۆرمى سێنسى”. ئەوجا گەر ڕیزێک پێشبینیى هاوجۆر لەنێو یادەوەریماندا کۆببنەوە، ئەوسا لێوەیان پێشبینیى دیکە دەسازێنین و گشتێتییەکەیان بەرزترە لە گشتێتیی پێشبینییە سێنسییەکان. بۆ نموونە سەرەتا پێشبینیى ئاژەڵێکى تایبەتیمان هەیە کە ئەسپێکە. ئەم پێشبینییە بریتییە لە گشتێتییەک. گەر پاشان کۆمەڵێک پێشبینیى دیکەى لەم جۆرە کۆ ببنەوە، بۆ نموونە پێشبینیى ئەسپ، کەر، شێر، گورگ و هتد، ئیدی بەڕێی کارایی زەینەوە دەگەین بە پێشبینیى ئاژەڵ کە ئاستێکی باڵاى گشتێتیی هەیە و تەنانەت تەواو لە خودى تێگەى گشتێتى نزیک دەکەوێتەوە. ئەڕیستۆتێلیس ئەم پێشبینییە ناو دەنێت “تایبەتمەندیى زەینى”، وەلێ جارێ لە ناوەرۆکدا پێشبینییەکی سێنسییە و لەنێو دەروونى نزمى بمردایە. ئەمە بریتییە لە زەینی ناچالاک کە پاشان زەینى چالاک دەستى بەسەردا دەگرێت و لێوەى کرۆکی تێگەیى (ئیدیەل) دەردەکێشێت. بێگومان کرۆکی تێگەیی بەشیمانەیی (پۆتێنسیەل / هێزەکییانە) لەنێو پێشبینییەکاندایە کە ئاوەزی پەتی (نووس) دەیکات بە کردەکی (ئەکتوالیزەی دەکات)، ئاوەزیش هەمیشە لە خۆیەوە چالاک دەبێت، جا گەرچی بەبێ پێشبینییەکان ناهزرێت. لەم ڕوانگەیەوە ئاوەزی پەتى کە تێگەکان چێدەکات، خۆی پرنسیپێکى ئافرێنەرە و لەنێو خۆیەوە بەبێ کاریگەریى پێشبینییە ماتەرییەکان گۆڕان بە کرۆکی تێگەیى دەدات، چونکە هیچ شتێک پێی تێکەڵ نەبووە، بەڵکو سەربەخۆیە. هەر لەبەر ئەم هۆیەشە کە ئەڕیستۆتێلیس زەینی چالاک بە ئەزەلى و نەمر دادەنێت.




لە نێوان ئازاری دڵنیایی و ئازاری گوماندا لە شیعری ” تەم و مژ”ی محەمەد عومەر عوسماندا.. نووسینی/ عەتا قەرەداخی

” تەم و مژ” شیعرێکی محەمەد عومەرعوسمانە کە لە ساڵی ١٩٨٣ دا نووسیووێتی و لە لاپەڕە (٨٣-٨٧) ی دیوانەکەیدا کە بەناوی “لە غوربەتدا”یە بڵاوبووەتەوە. ئێمە پێشتر چەند جارێک لەسەر ئەزموونی شیعری ئەم شاعیرە دواوین و باسی ئەوەمان کردووە جیهانبینی شیعری ئەم شاعیرە بەگشتی لە چوارچێوەی ناونیشانی دیوانەکەیدا ( لە غوربەتدا )بەرجەستە دەبێت. کە ئەمەش بە زمانێکی روون و دوور لە تەم و مژ و بە ئاستێکی بەرز لەشیعریەت و بە رەهەندی قوڵی جیهانبینی ئینسانیەوە بەرجەستە دەکات.
” تەم و مژ” ناونیشانی ئەم دەقە شیعریەیە، کە لە راستیدا وەکو لەسەرەوە ئاماژەمان بۆ کرد، لە ئاستی زمانی شیعریدا نەک لەم دەقەدا بەڵکو لە سەرجەم شیعرەکانی ئەودا تەم و مژ بوونی نیە یان نابینرێت. بەڵام جیهانبینی قوڵ و فەلسەفیانەی دەقەکانی و بەکەرەستەکردنی چەندین توخم و رەگەزو هێمای جۆراوجۆر لە دەقەکانیدا و کردنیان بە پایەی بەرهەمهێنانی شیعرو شیعریەت لای ئەم شاعیرە دەشێت لە رووی پرسیاری دەقەکانی و جیهانبینیانەوە هەم تەم و مژ و هەم ئاڵۆزی دروست بکات، ئەویش بەهۆی مەودا قوڵی پرسیارو جیهانبینی فیکری و فەلسەفی دەقەکانیەوە. سەرباری ئاستێکی باڵا لە جوانی، بەرهەمهێنان و بەخشینی چێژێکی دەوڵەمەند بەخوێنەر لە ئاستی بینراوی دەقەکاندا، دەقەکانی وەکو کۆمەڵیک تابلۆی نەخشێنراو و سەرنجڕاکێش پێشکەش دەکات. جوانی دەقەکانی لە ئاستی بینراوداو بەرهەمهێنانی چێژی جوانی لە جوانی زمان و وێنەو میتافۆرو لێكچوون و رەگەزەکانی تری رەوانبێژی و مۆسیقای باڵای شیعریی دەقەکانی بەرهەم دەێت. سەرباری زمانی روونی دەقەکانی، گەیشتن بە ئاشکراکردن و دۆزینەوەی ئەو پرسیارە مەودا قوڵانەی کە دەقەکانی بەرزیان دەکاتەوە، دەشێت نەک هەر تەم و مژاوی و ئاڵۆز بێت، بەڵکو کارێکە بەبێ قوڵبوونەوەو شیکارکردن و هەڵکۆڵین دەست پێگەیشتنیان ئاسان نییە.
ئایا ” تەم و مژ” وەکو ناونیشان کۆکەرەوەی ئاستی بینراو و نەبینراوی دەقەکەیە، واتە کۆکەرەوەی ئاستی زمان و ئاستی دەلالی دەقەکەیە؟ هەڵبەت پرسیارو جیهانبینی دەقەکە لەم ئاستەیاندا ئاشکرا دەکرێت. رەنگە وەڵامدانەوەی خوێنەری ئاسایی بۆ ئاستی بینراوی دەقەکەو چێژ لێ وەرگرتنی وەڵامێکی روون بێت چونکە لە ئاستی زمانی یەکەم یان زمانی بینراوی دەقەکەدا تەم و مژ بوونی نیە. هەربۆیە دەشێت لەم لایەنەوە بگوترێت ئەم ناونیشانە دەربڕین نییە لەم دەقە. بەڵام دەشێت لە روانگەی ئاستی نەبینراوی دەقەکەوە بگوترێت بەڵێ ئەم ناونیشانە دەربڕی دەقەکەیەو لەم رووەشەوە دەکرێت ببێتە کلیل بۆ کردنەوەی دەرگای دەقەکەو شۆڕبوونەوە بۆ ئاستە نەبینراوەکانی و ئاشکراکردنی کۆدەکانی و دۆزینەوەی ماناو دەلالات و جیهانبینیەکەی. کەواتە لەم رووەوە ناتوانرێت بگوترێت ئەم ناونیشانە پەیوەندی نییە بە پێکهاتەی دەقەکەوە وەکو یەکەیەکی یەکگرتووی زمانی کە خاسێتی دەقبوون و دەقی زیندووی هەیە.
” تەم و مژ” کە نووسینی بەم شێوەیە دوو وشەیە و” تەمومژ” وشەیەکی لێکدراوەو لە هەردوو بارەکەدا وەکو یەکەیەکی زمانی دەلالەتی جێگیری هەیە کە بریتیە لە لێڵی، ناڕوونی، نائاشکرایی. ” تەمومژ” لە ئینجیلدا وێنەیەکە لەپێش دەرکەوتن یان ئاشکرابوونی رووداو یان دیاردەیەکی گەورەوە دێت. هەروەها ئەم زاراوەیە وەکو رووبەرێکی خۆڵەمێشی دادەنرێت لە نێوان راستی و ناڕاستی، یان لە نێوان دڵنیایی و نادڵنیاییدا سەبارەت بە داهاتوو. ” تەمومژ” لای براونینگی شاعیری دیاری قۆناغی رۆمانسی شیعری ئینگلیزی پێشهاتە بۆ مردن یان مردن و لەناوچوون دەنوێنێت. کەواتە بابزانین تا چەند دەلالەتی ئەم ناونیشانە لە پێکهاتەی دەقەکەدا دەبینرێت. دەقەکە بەم کۆپلەیە دەست پێدەکات:
من هاواری ملیۆن داری / بەر رەشەبای لەپەل کەوتوو-و هەڵوەریوم / من زایەڵەی ملیۆن مەلی../ لانە روخاو-و تەریوم / لە پەنجەرەی پایزێکی ئەبەدییەوە../ ئەڕوانمە دنیای تەم و / خوێنی رژاوی گەڵاکان / ئەڕوانمە چرای کوژاوەی ماڵەکان./
لە دەستپێکی ئەم دەقە شیعریەدا، کەسێک دەدوێت و بە راناوی کەسی یەکەمی تاک خۆی پێشکەش دەکات و لێرەوە خۆی بە خوێنەر دەناسێنێت. ئەم باسی پاڵەوانێتی و ئەو رووداوانە ناکات کە خۆی بکەرو دروستکەریان بووە. بەڵکو باسی ئەوە دەکات کە خۆی چییەو چی دەبینێت. ئەم خۆی وەکو دەنگ، یان هاوار دەناسێنێت، بەڵام دەنگ و هاواری کێ، یان دەنگ و هاواری چی؟ ئەم چەند وێنەیەکمان پێشکەش دەکات بۆ ئەوەی زەمینەیەک ئامادە بکات هەتا ئێمە وەکو خوێنەر یان بیسەر بۆ بینینی ئەو دیمەنە، یان بیستنی دەنگ و هاواری دەرئەنجامی ئەوەی روویداوە ئامادە بکات. ئەم وێنەی ملیۆن دارمان بۆ دەگرێت، کە رەشەبا خستوونی و هەڵی وەراندوون. دارەکان لە بەربەرەکانێی رەشەبادا بوون و بەئاسانی خۆیان نەداوە بەدەستەوە، تا سەرئەنجام رەشەبای بەهێز زاڵبووە بەسەریانداو شکاندوونیەتیەوەو ئێستا لە ئازارو ژانی شکاندنەوەو هەڵوەرین و کەوتندا دەناڵێنن. ئەم خۆی وەکو ئەو هاوارو ناڵینەی دارەکان پێشکەش دەکات کە ئازاری شکاندنەوەو کەوتن سەرچاوەکەیەتی.
جارێکی تر وێنەی ملیۆن مەل بەرجەستە دەکات، کە هیلانەکانیان نغرۆ بووەو ئێستا بێ لانەو ماڵن. مەلەکان لە ئازاری لانە وێرانی و سەرلێشیواوی و بێ ماڵیدا دەنگی بێزاری، دەنگی نزاو پاڕانەوە، بەرزدەکەنەوە. رەنگە بیانەوێت ئەم دەنگە بە شوێنێک بگات بەو ئومێدەی دەستگیرۆییان بکات. ئەم، ئەو دەنگەیە، ئەو زایەڵەیە کە مەلەکان بەرزی دەکەنەوە. لێرەدا لەم دوو وێنەیەدا دەردەکەوێت، کە ئەم وەکو دەنگ و هاواری ئەوانە خۆی پێشکەش دەکات، کە بەهەر شێوەیەک بێت سروشت، یان مرۆڤ غەدری لێکردوون. واتە ئەم دەنگ و هاواری ماف خوراوان و ماف زەوتکراوانە. لە لایەکی ترەوە ئەم خاسێتی مرۆڤ بەم رەگەزانەی سروشت، کە لێرەدا دارو مەلەکانن دەبەخشێت. دارەکان لەبەردەمی رەشەبادا ئازار دەچێژن، هاواریان لێ بەرزدەبێتەوە، کە ئەمەش خاسێتی مرۆڤە، یان بەگشتی خاسێتی زیندەوەرانە. بەخشینی خاسێتەکانی مرۆڤ بە رەگەزەکانی سروشت مانای بەرزکردنەوە، یان بەرزدانانی ئەم رەگەزانەیە بۆ ئاستی مرۆڤ، یان وەکو مرۆڤ. ئەمەش خاسێتێکی دیاری ئەزموونی شیعری ئەم شاعیرەیە، کە هەمان شێوەی مرۆڤ دەڕوانێتە رەگەزە نامرۆییەکانی سروشت، بەتایبەتی ئەو رەگەزانەی دەتوانن جوانی و بەهاکانی جوانی بەرهەم بهێنن.
ئەم لە کاتێکدا خۆی وەکو هاواری ملیۆن داری بەر رەشەباو وەکو زایەڵەی ملیۆن مەلی تەریوو پێشکەش دەکات، هیچ جوڵەیەک ناکات، بەڵکو لە شوێنی خۆیەوە دەڕوانێت، ئەویش لە پەنجەرەی پایزێکی ئەبەدیەوە دەڕوانێتە دنیای تەم و خوێنی رژاوی گەڵاکان و چرای کوژاوەی ماڵەکان. ئەم سێ شت دەبینێت کە هەرسێکیان فەزای جۆرێک لە تراژیدیا پێکدەهێنن. تەم یان تەمومژ هێمای لێڵی و ناڕوونی و نادڵنیایی و پێشهاتی مەرگە. خوێنی رژاو ئاماژە بۆ کوشتن دەکات. چرای کوژاوەی ماڵەکان دەلالەتی چۆڵی و نەبوونی ژیان و خامۆشی و وێرانەیی هەڵدەگرێت. ئەم سەیری ئەم دیمەنانە دەکات کە کارەسات نیشان دەدەن. لە کوێیشەوە دەڕوانێت، لە پەنجەرەی پایزێکی ئەبەدیەوە. بێگومان دیسان پایز دەلالەتی زەردبوون، بەرەو کۆتایی چوون و کەوتن و مردن هەڵدەگرێت. ئەم لە پەنجەرەی، یان لە روانگەی ئەم وەرزەوە دەڕوانێت و خاسێتی ئەبەدی یان هەتاهەتایی دەدات بە پایز. بەمانایەکی تر ئەم لە نێو ئەم دیمەنی هەتاهەتایی زەردبوون و بەرەو کۆتایی چوون و مردنەوە دەڕوانێتە ئەو دیمەنە خەماوی و تراژیدیانەی کە باسیان دەکات. هەروەک ئاشکرایە پایز نەک هەروەک وشە، یان وەکو دالێک، یان وەکو وەرزێکی بێ لایەن، بەڵکو پایز وەکو فەزای گشتی و وەکو رەگەزێکی بەرهەمهێنانی دەق و کەرەستەی بنیادنانی دەق بە هەموو ماناو دەلالاتەکانیەوە رەگەزێکی هەمیشە ئامادەیە لە ئەزموونی شیعری ئەم شاعیرەدا.
لە دەقەکەدا هاتووە:
ئیسماعیلێکم ئێستاکە..نەک چەقۆی ئیبراهیمی باوک../ چەقۆی دەستی دێوی غوربەت سەرم ئەبڕێ / چ فریشتەیەک ئەگاتە هانای زریکەی بەر لە مەرگ و سەربڕینم؟/ چ فریشتەیەک گیاندارێ ئەکاتە قۆچی قوربانیی ئەم غوربەتە؟/ ئەی خوای گەورە نایەتە دەنگ؟/ لە گەرووی کەنیسەکانا../ خنکاوە پەیامی عیساو زایەڵەی زەنگ / مەسیح هەر بە خاچەوەیە../ ئێسک و گۆشتی لەگەڵ تەختەو بزماری خاچ تێکەڵ بووە / خوێنی هەڵمی لێ هەڵئەسێ../ ئەی نابینن هەڵمی خوێنی../ چیاو دەشتی سوور کردووە؟ / هەوا بۆنی مەرگی لێ دێ../ مەرگ رەشەبای هەڵکردووە./
ئەم دەگەڕێتەوە بۆ ناو چیرۆک یان ئەفسانەی ئایینی و هەندێک لە دیمەنی ئەو چیرۆک و ئەفسانە ئایینیانە دەکاتە کەرەستەی بەرهەمهێنانی دەقەکەی و ئەو رەگەزانەش بەشداری دەکەن لە بەرهەمهێنانی شیعریەتی دەقەکەدا کە ئەوەش لە ئاستێکی تردا بەشداریکردنە لە بەرهەمهێنانی جیهانبینی دەقەکەدا. لە ئەفسانە ئایینیەکەدا خودا فەرمان بە حەزرەتی ئیبراهیم دەکات ئیسماعیلی کوڕی بکات بە قوربانی. ئیبراهیم بە فەرمانەکەی خودا رازی دەبێت و ئەوە بە کوڕەکەی دەگەیەنێت، کوڕەکەشی فەرمانی خوداو باوکی رەتناکاتەوەو ئامادە دەبێت بۆ ئەوەی بکرێتە قوربانی. لە ئاستی نەبینراودا دەلالەتی ناڕازیبوون بەم کارەی ئیبراهیم بەرهەم دێت، کە لە راستیدا کارێکی ناعەقڵانیەو تەنیا لە سنووری ئەفسانەدا جێگای دەبێتەوە، بەتایبەتی هەردوو رازیبوونەکە، رازیبوونی باوکێک بۆ ئەوەی کوڕەکەی سەرببڕێت. هەروەها رازیبوونی کوڕێک بەوەی باوکی سەری ببڕێت. سەرئەنجام کۆتایی ئەفسانەکە دەزانین کە گوێڕایەڵی باوک بۆ فەرمانی خوداو رازیبوونی کوڕ بە فەرمانی خوداو فەرمانی باوکی، دەبێتە هۆی بەخشینی ئیسماعیل و بەوەش لە سەربڕین رزگاری دەبێت.
ئەمی شاعیر باسی چەقۆیەکی ترسناکتر لە چەقۆی ئیبراهیمی باوک دەکات، کە ئەویش چەقۆی غوربەتە، کە ئەم غوربەت وەکو دێو باس دەکات. ئاشکرایە کە دێو هێمایە بۆ زیندەوەرێک یان ئاژەڵێکی ترسناک، کە زیاتر روویەکی ئەفسانەیی هەیە. ئەم چەقۆی دەستی ئەو هێزە ترسناکە سەری دەبڕێت، کە لە بەراورددا نیشانی دەدات ئازاری چەقۆی دەستی ئەم دێوی غوربەتە زۆر لە ئازاری چەقۆی ئیبراهیم پڕ ئازارترو ترسناکترە. لێرەدا ئەم راستەوخۆ پێمان دەڵێت کە غوربەت چ هێزێکی هەیەو چۆن ئازاری غوربەت لە هەموو ئازارێک ترسناکترەو نەک رۆح بە تەنیا بەڵکو جەستەی مرۆڤیش دەهاڕێت.
لە ئەفسانە ئایینیەکەدا خودا فەرمان بە فریشتە دەکات بەرانێک بخاتە بەردەم چەقۆکەی ئیبراهیمی باوکی. ئێستا ئەم خۆی دەچوێنێت بە ئیسماعیل، بەڵام ئیسماعیلی ژێر دەمی چەقۆی ئیبراهیم نا، بەڵکو ئیسماعیلی ژێر دەمی چەقۆی ئەو دێوی غوربەتەی کە باسی دەکات. ئێستا ئەم چاوەڕوانی ئەوەیە فریشتەیەک بێت و فریای ئەو بکەوێت بەر لەوەی سەرببڕرێت و بمرێت. هەر بۆیە دەپرسێت ئایا فریشتەیەک هەیە بێت و ئاژەڵێک بخاتە بەردەم چەقۆی دێوی ترسناکی غوربەت و بەمەش ئەم لە سەربڕین رزگاری ببێت؟ کەواتە ئەم نەک هەر چاوەڕوان دەکات فریشتەیەک، هێزێک، فریادڕەسێک بێت و لە دەمی چەقۆی دێوی غوربەت رزگاری بکات، بەڵکو تەنانەت ئەم دەپرسێت، ئایا خودا بەرامبەر هێزی ترسناکی غوربەت نایەتە دەنگ و ئەم لە هەڕەشەو ئازاری ئەو هێزە ترسناکە ناپارێزێت؟ واتە لە پشتی ئەو پرسیارەشەوە ئەو دەلالەتە بەرهەم دێت کە ئەم چاوەڕوانی ئەوەیە خودا بەدەنگ بێت و لەم بارە ناهەموارە رزگاری بکات.
ئەم چاوەڕوانی ئەوەیە خودا بە فریای بکەوێت، بەڵام ئەم رووبەڕووی جۆرێک لە بێ ئومیدی دەبێتەوەو لەوە تێدەگات خودا بێ باکە لە ئازارەکانی نەک هەر ئەم بەتەنیا، بەڵکو لە ئازاری هەموو بنیادەم . ئەم ئەوەی یاد دەکەوێتەوە کە عیسای کوڕی مریەم سەرباری ئەوەی پێغەمبەرو رەوانەکراوی خودا بوو، لە خاچدراو پەیامەکەی و دەنگی زەنگی کڵێساکانیش وەکو پەرستگای عیساو ئایینەکەی خنکێنران و ئێسک و گۆشتی تێکەڵاوی بزمارو تەختەی خاچ کران، کەچی خودا بەدەنگ نەهات. ئەم باسی تراژیدیای لە خاچدانی مەسیح دەکات بەو ترسناکیەو ناڕاستەوخۆ ئەم بارە ناهەموارەی غوربەتی خۆی دەچوێنێت بە کارەساتی لە خاچدانی مەسیح. ئەم باسی ئەوە دەکات کە خوێنی تێکەڵاوبووی مەسیح بە تەختەو بزماری لەخاچدان هەڵمی لێ هەڵدەسێت، واتە هێشتا ئەو لەخاچدانە نوێیەو خوێنەکەی سارد نەبۆتەوە، هەڵمی خوێنەکەیشی چیاو دەشت سوور دەکات. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت تاوانەکە هێندە گەورەیە مەترسی و کاریگەری تۆقێنەری و ئاستی ناحەقیبوونی هەموو دنیای گرتۆتەوە، بەجۆرێک لە هەموو شوێنێک بۆنی مەرگ دێت و مەرگ وەکو رەشەبا دێت و هەموو لایەک دەگرێتەوەو هیچ نابوێرێت. لێرەدا لە ئاستی قوڵی دەقەکەدا ئەوە دەردەکەوێت کە تاوانی لەخاچدانی مەسیح هێندە گەورەو ترسناکە سیماو روخساری ژیاندۆستی لەم گەردوونەدا خستووەتە بەردەم هەڕەشەوەو مەرگ بووەتە فەزای گشتی و هەڕەشە لە ژیان دەکات. لە بارودۆخێکی لەم جۆرەشدا خودا تەنیا سەیری کارەساتەکە دەکات و هیچ هەڵوێستێک وەرناگرێت و هەرگیز بەدەنگ نایەت. شاعیر ئەم رووداوە دەگێڕێتەوە بە مەبەستی قسەکردن لەسەر ئەو باری غوربەتەی کە تیایدایەو هەمان شێوەی چەقۆکەی ئیبراهیم هەڕەشە لە ژیانی ئەم دەکات، یان هەمان شێوەی لەخاچدانی مەسیح هەڕەشە لە کۆی ژیان دەکات، کەچی خودا بەدەنگ نایەت. ئەمەش بەجۆرێک دەبێتە هۆی بێ هیوابوونی ئەمی شاعیر لەوەی کەسێک، فریشتەیەک، رزگارکەرێک بە فریای بکەوێت.
بۆ جارێ خوا نایەتە دەنگ؟ / بۆ جارێ خوا نابێ بە رەنگ؟ / ئابڕوی مرێمیان بردو / وێنەکەی وا بە دیواری باڕو مەیخانەکانەوە / نوقمی ژەهری حەشیشە و توتن و تلیاکە../ گوڵێکی هەڵپروکاوە بەدەست لیکی شەمەزاریی و /نیگای بەدمەستەکانەوە./
ئەمی شاعیر بە بینینی دیمەنێکی تری ئەو رووداوە ناجۆرانەی کە بینیوونی، یان دەیانبینێت نیگەرانە. بەڵام بە ئەندازەی نیگەرانبوونی لە روودانی ئەو کارەساتە تراژیدییانە، لە بێدەنگی خوداو بێ باکیەکەی نیگەرانە. مەسیحی هەڵگری پەیامی ئەو بۆ مرۆڤایەتی سێ مێخە دەکێشرێتەوە، پەیامەکەی دەخنکێنرێت و زەنگی کەنیسە کە پەرستگای ئەو کپ دەکرێت، کەچی ئەو هەر بێدەنگە. ئەم چاوەڕوان دەکات خودا بێتە دەنگ و لە رووی بەدەنگ هاتن و رەتکردنەوەی ئاشکرای ئەو رووداوانەوە بوونی خۆی بنوێنێت، بوونێک کە وەکو رەنگ ئامادەبوونی خۆی لە بەرچاو و خەیاڵ و بیری مرۆڤایەتیدا ون نەکات و هەمیشەش وەکو وریاکەرەوەیەک لەبەرچاو و خەیاڵی مرۆڤایەتیدا بمێنێتەوە بۆ ئەوەی بوێری ئەوەیان نەبێت نەک دەست درێژی بکەنە سەر پیرۆزییەکان و بەهاکان بڕوخێنن، بەڵکو نەوێرن دەست درێژی بکەنە سەر یەکتریش.
ئەم دیمەنێکی تری ئازاربەخش دەخاتە روو ئەویش بۆ دوو مەبەست. یەکەمیان بۆ دەرخستنی ئەوەی کە خودا بێ باکە لەو هەموو کارە ناجۆرانەی کە روودەدەن. دووەمیان ئەوەیە مرۆڤ زۆربەی کات هەموو سنوورێک تێدەپەڕێنێت و گوێ بە هیچ یاساو رێساو نەریتێک نادات و خۆی دەداتە دەستی حەزو ئارەزووەکانی. دەشێت هەندێ جار ئەم حەزو ئارەزووانە بە ئاراستەی دروستکردن و بنیادنان بجوڵێن، بەڵام زۆر کاتی تریش خۆدانە دەستی ئەم حەزو ئارەزووانە دەبێتە هۆی شێواندن و ناشیرینکردن و وێرانکردن و لەناوبردن و لەناوچوون. ئەم یەکێک لەو سنووربەزاندنانە بە هەڵواسینی وێنەی مرێم ناودەبات بەسەر دیواری باڕو مەیخانەکانەوەو وای وێنا دەکات کە ئەوە ئابڕوو بردنی ئەوە، ئەوێک کە دایکی عیسایە. بە بۆچوونی ئەم مرێم دووجار سوکایەتی پێکراوە، یەکەمیان وەکو خۆی کە مرۆڤەو مێینەیەو دایکە تەنانەت دایکێک کە بە پاکیزەیی عیسای بووە، کە پێویستەو دەبێت لە هەر سێ رووەکەوە رێزی لێ بگیرێت. دووەمیان دایکی عیسایە یەکێک لەو چەند کەسە دەگمەنەی کە خودا پەیامی خۆی بۆ مرۆڤایەتی لە رێگای ئەوەوە رەوانە کردووە. ئێستا وێنەی ئەم کەسێتە کە لە روانگەی ئایینەوەو لە رونگەی مرۆڤایەتیشەوە دەبێ رێزی لێ بگیرێت و تەنانەت ئەگەر وێنەکەشی هەڵبواسرێت، دەبێت لە کڵێساو شوێنی خودا پەرستی و لە شوێنە پیرۆزەکاندا هەڵبواسرێت، کەچی ئێستا وێنەی ئەم بە دیواری باڕو مەیخانەکانەوە هەڵواسراوەو بەردەوام دووکەڵی جگەرەو بۆنی حەشیش و تلیاک دەکرێت بەسەریداو بەدمەستان لەژێر سایەی وێنەکەی ئەمدا چەندین رەفتاری نەشیاو دەکەن. دەشێ لەباری بەدمەستیشیاندا بەخەیاڵی پیس و چڵێسانەیانەوە بە چاوی ناپاکی و حەزی ئاژەڵانەیانەوە لێی بڕوانن. شاعیر لە دەقەکەدا ئەم وێنەیەمان بە شێوەیەکی هێندە کاریگەر بۆ بەرجەستە دەکات، دەشێت ئێمەی خوێنەر بکاتە هاوبەشی خۆی لە روانینداو هەمووان واهەست بکەین بەڵێ ئەوەی ئەو وەکو سوکایەتی کردن بە مرێم وێنای دەکات، جۆریکە لە سوکایەتی کردن بە هەمووان، بە هەموو مرۆڤایەتی. کەچی لە پای ئەو هەموو سوکایەتی و نادادپەروەرییەی کە لەم سەر زەمینەی خودادا دەکرێت، خودا بۆ تەنیا جارێکیش بەدەنگ نایەت و تواناو دەسەڵات و هێزی لەبن نەهاتووی خۆی نیشان نادات و بێ باکە لە هەموو ئەوانەی روودەدەن.
شاعیر دەڵێت: لەو رۆژەوە.. قابیل هابیلی برای کوشت / لەو رۆژەوە.. دەرگای شەهوەت کرایەوە../ دەرگا لە خوێن کەوتە سەر پشت / لەو رۆژەوە.. زەمین خوێنی.. / بەردو درەختی بەربووە / لەو رۆژەوە.. خاک بۆ پەیامێکی عیسا.. / ئاگر لە جەرگی بەربووە / عیسا تەمە، عیسا تەمە / گەرچی گەڕانەوەی خەونی هەزارەها رەش و رووت و/ دڵ روخاوی ژێر خەمە / کە قابیل تەرمی هابیلی لە کۆڵا بوو../ بۆ خوا قەلەڕەشی بۆ نارد؟ تا فێری کا چۆن بیکا بەژێر خۆڵەوە / چی ئەبوو گەر قابیل هەر تەرمی هابیلی بگرتایە بەکۆڵەوە؟
شاعیر جارێکی تر دەگەڕێتەوە بۆ ناو پانتایی مێژوو ئەفسانەو یەکەمین رووداوی رشتنی خوێنی مرۆڤ لەسەر زەوی دێنێتەوە یاد کە ئەویش کوشتنی برایە بەدەستی برا. قابیل و هابیل برابوون. قابیل خەریکی کشتوکاڵ بوو، هابیل مەڕو ماڵاتی بەخێودەکرد. بەپێی ئەوە لە سورەتی “المائدە” دا هاتووە، جووت برا بڕیار دەدەن قوربانی بۆ خودا بکەن. قابیل کە بڕوای لاواز دەبێت خراپترینی بەروبوومە کشتوکاڵیەکەی دەکات بە قوربانی. هابیل کە بڕوادارێکی بەهێز دەبێت، باشترین مەڕی ناو رانەکەی دەکات بە قوربانی. خودا قوربانیەکەی هابیل وەردەگرێت بەڵام قوربانیەکەی قابیل وەرناگرێت، چونکە قوربانی کەسێکی بڕوا لەق و لاوازە. ئەمە دەبێتە هۆی دروستبوونی رق و کینەی زۆری قابیل لە هابیلی برای و بڕیار دەدات براکەی بکوژێت. بە پێی ئەفاسەنەکە قابیل سەری هابیل لەسەر بەردێک دادەنێت و لەسەرەوە بەردێکی تری پیا دەکێشێت و دەیکوژێت. پاشان کە دەبینێت براکەیی کوشت، زۆر پەشیمان دەبێتەوەو نازانێت چی بکات و تەرمەکەی چی لێ بکات. بە ناچاری تەرمی براکەی لەکۆڵ دەکات و نازانێت چی لێ بکات. لەو کاتەدا خودا قەلەڕەشێک دەنێرێت کە کەلاکی قەلەڕەشێکی مردارەوەبووی بە کۆڵەوەیە. قەلەڕەشە زیندووەکە چاڵێک هەڵدەکەنێت و قەلەڕەشە مردارەوەبووەکەی تێدەخات و بەخۆڵ دایدەپۆشێت بۆ ئەوەی قابیلیش بەهەمان شێوە تەرمی براکەی بشارێتەوە. بەو جۆرەی قەلەڕەشەکە، قابیل چاڵێکی هەڵکەندو تەرمی هابیلی برایی تێدا شاردەوە. بەڵام بۆ هەتاهەتایە، قابیل پەشیمان بوو لەو کارەی و هەستیکرد ئەو یەکەم دۆڕاوە، چونکە دەستی چووە خوێنی براکەیی و بوو بە یەکەم پیاوکوژ لە مێژووی مرۆڤایەتیدا. بێگومان لە روانگەی ئایینەوە کوشتن گەورەترین تاوانە. هەروەک لە هەمان سورەتدا هاتووە ئەوی کەسێک بەدەستی ئەنقەست بکوژێت وەکو ئەوە وایە هەموو مرۆڤایەتی کوشتبێت. دوای ئەم کارە نادروستەی قابیل تا دەمرێت بە ئازارەوە ژیان بەڕێداکات.
شاعیر ئەم یەکەم چیرۆکی تاوانی کوشتنە دەکاتە کەرەستەی بنیادنانی دەقەکەی و دەیەوێت پێمان بڵێت لەو رۆژەوە برا دەستی خۆیی بە خوێنی براکەی سوورکرد لەسەر غیرەکردنێکی ناڕەوا، کە دەشێت رەگوڕیشەکەی خواست و ویستی کاتیی یان دنیایی بووبێت، رۆحی مرۆڤایەتی بە توخم و رەگەزەکانی تاوان و ناپاکی بارگاوی بووە. ئەم پێیوایە یەکەم تاوانی کوشتن، مانای کردنەوەی دەرگای شەهوەتە، کە مەبەست لەوەش کردنەوەی دەرگای حەزو ئارەزووی دنیاییە. کەواتە لێرەدا لە ئاستی نەبینراوی دەقەکەدا ئەو دەلالەتە بەرهەم دێت، کە پاڵنەری سەرەکی هەموو تاوانێک لەم گەردوونەدا، کە کوشتنی هابیل یەکەمین تاوانی دیارە، هەموویان لەژێر کاریگەری پاڵنەری دنیاویستیدا بەهەموو رەهەندەکانیەوە روودەدەن. بە بارێکی تردا ئەو مرۆڤەی گەیشتووتە پلەی زاهید و دەستی لەم دنیا شۆردووەو هەموو حەزو ئارەزووە دنیاییەکانی خۆیی کوشتووە، هیج پاڵنەرێکی نییە بۆ ئەنجامدانی هیچ تاوانێک. ئەمەش لەگەڵ ئەو بۆچوونەدا یەکدەگرێتەوە کە حەزو ئارەزووە دنیاییەکانی مرۆڤ وەکو بەشێک لە غەریزەی ئاژەڵی مرۆڤ سەیر دەکات. بێگومان ئەگەر غەریزە ئاژەڵیەکانی مرۆڤ بەسەر ویژدان، یان هوشیاری یان تەنانەت بەسەر غەریزە مرۆییەکانیدا باڵادەست بن، ئەوا رەفتاری باڵادەست لە مرۆڤدا دەبێتە رەفتاری دڕندانەو ئەوکاتەش هیچ بەربەست و رێگرییەک لەبەردەم تاوانکردندا نامێنێت.
ئەمی شاعیر هۆکاری هەموو ئەو تاوانانەی لە دوای کوشتنی هابیل لە لایەن قابیلەوە دەخاتە ئەستۆی قابیل و پێیوایە ئەم رچەشکێن بوو بۆ ئەوەی مرۆڤایەتی فێری تاوانی کوشتن بکات. هەروەها ئەو سەرەتای تریش لەپاڵ ئەم تاوانەدا بۆ سەرهەڵدانی تاوان دیاری دەکات. ئەو باسی ئەوە دەکات لەو رۆژەوە دەرگای شەهوەت کراوەتەوە، خوێنڕشتن بووەتە کارێکی ئاسایی. ئەمەش مانای ئەوەیە لەو ساتەوە مرۆڤ خۆی دایە دەستی حەزو ئارەزووەکانی و بەجۆرێک بوو بە کۆیەلەی ئەو حەزو ئارەزووانە، ئیتر دەرگای تاوان و خوێنڕشتن کەوتە سەرپشت. ئەم پێیوایە نەک هەر خوێنی مرۆڤ لەم سەر زەویە دەڕژێت، بەڵکو درەخت و تەنانەت رەگەزی بێ گیانی وەکو بەردیش خوێنیان بەربووە. لێرەدا جارێکی تر خاسێتی زیندەوەر بە رەگەزە نازیندووەکانی لە جۆری بەرد دەبەخشرێت. واتە لە ئەنجامی یەکەم تاوانی کوشتن و کردنەوەی دەرگای حەزو ئارەزووە ئاژەڵیەکانی مرۆڤدا تاوان و خوێنڕشتن بووەتە دیاردەیەکی ئاسایی لەم گەردوونەدا.
ئاشکرایە پەیامی عیسا، سەرباری بنەماکانی خوداپەرستی و بڕوابوون بە جیهانێکی تر لە دوای مردن، پەیامی ئاشتی و برایەتی و راستگۆیی بوو. عیسا لە خاچ درا و ئامانجی سەرەکیش لە پشتی ئەم تاوانە نامرۆڤانە گەورەیەوە، لەناوبردنی پەیامەکەی عیسا بوو. خاک نیگەران بوو بۆ ئەوەی بەسەر عیساو پەیامەکەیدا هێنرا. ئەم وەها وەسفی ئەو تاوانە دەکات کە خاک ئاگر لە جەرگی بەربووە. ئەمەش وێناکردنی خاکە وەکو دایک و عیساو پەیامەکەشی وەکو نەوەی خاک، کە دایک بۆ لە دەستدانی نەوەکەی بە جەرگ سووتاو ناودەبرێت. ئەوەش قورسی ئازاربەخشی و گەورەیی تاوانەکە نیشان دەدات. ئەم لەو ساتەوە کە عیسا لە خاچ دراوە، وەکو تەم باسی عیسا دەکات، کە ئەمەش مانای ونبوون و لێڵی و نادیاری چارەنووسی ئەو و پەیامەکەیەتی. ئەو پەیامەی کە زۆرێک لە بێنەوایان و رەش و رووت و ئەوانەی لەژێر باری خەمدا دەناڵێنن، خەون بە زیندووبوونەوەی پەیامی ئاشتی و برایەتی و راستگۆیی عیساوە دەبینن.
ئەمی شاعیر سەبارەت بە یەکەمەمین تاوانی کوشتن ناڕاستەوخۆ باسی هەوڵێک دەکات بۆ شاردەنەوەی دەرئەنجامی ئەو تاوانەو ئاشکرا نەکردنی کە ئەویش ناشتنی تەرمی هابیلە. ئەم باسی ئەوە دەکات کاتێ کە قابیل تەرمی براکەی کە بەدەستی خۆی کوشتبووی لە کۆڵ دەکات و نازانێت چی لێ بکات، خودا قەلەڕەشێک وەکو رێنوماییەکەر بە قەلەڕەشێکی مردارەوەبووەوە دەنێرێت تا لەبەرچاوی قابیل لە ژێر گڵدا قەلەڕەشە مردارەوەبووەکە بشارێتەوە. ئەم پرسیار دەکات و دەڵێت ئایا بۆچی خودا ئەو رێنوماییکەرە بۆ قابیل دەنێرێت؟ لە کاتێکدا ئەو یەکەمین تاوانبارە بە کوشتن لە مێژووی مرۆڤایەتیدا و ئەو بەرپرسە لە هەموو تاوانی کوشتنەکانی دواتر. ئایا تاوانبارێکی لەم جۆرە بێ وێنە دەبێت لەو بارە ناهەموارەی تێیکەوتووە رزگار بکرێت؟ یان پێویستە بەجۆرێکی هێندە تووند سزا بدرێت کە کەسی تر بوێری ئەوەی نەبێت تاوانێکی تری لەو شێوەیە ئەنجام بدات؟ ئەگەر خودا ئەو قەلەڕەشەی بۆ قابیل نەناردایەو فێری نەکردایە چۆن تەرمەکە بشارێتەوەو خۆیی لێ رزگار بکات، ئەوا مانەوەی تەرمەکە بۆ هەتاهەتایە بە کۆڵی قابیلەوە وەکو نیشانەی تاوانکردن، گەورەترین سزا بوو بۆ ئەو. ئەگەری ئەوە هەبوو ئەگەر سزای لەکۆڵکردنی تەرمەکە بۆ هەتا هەتایە بەسەر قابیلدا بسەپێنرایە، ببوایەتە عیبرەت و دوای ئەو کەسی تر بوێری ئەوەی نەبوایە تاوانی کوشتن ئەنجام بدات. بەڵام وەکو دەبینرێت خودا قابیل لەو ڕوو زرەدیەی دنیا رزگار دەکات و سەرئەنجام لە بری ئەوەی مرۆڤ عیبرەت وەربگرێت و جارێکی تر بوێری ئەوە نەکات تاوانی کوشتن ئەنجام بدات، بەجۆریک ئەو ئاماژەی پێدەدرێت کە کوشتن کارێکی ئاساییە. لێرەدا لە ئاستی هەستپێکراو بەڵام نەبنراودا، جۆرێک لە ناڕەزایی لە ئاستی قوڵی دەقەکەدا بەرامبەر بە رزگارکردنی قابیل لەو بارە نیگەرانیەی تێیدابوو دەبینرێت. ئەمی شاعیر لایەنگری ئەوەیە کە نەدەبوو ئەو قەلەڕەشە بنێردرایە تا قابیل فێرنەبووایە تەرمەکە بشارێتەوەو بۆ هەمیشە بە کۆڵیەوە بوایە وەکو پەڵەی تاوان و ریسوایی و رووڕەشی، چونکە بە پێی تێڕوانینی هەموو ئایینە ئاسمانی و زەمینیەکان مرۆڤ شایانی کوشتن نییەو گەورەترین تاوانیش تاوانی کوشتنی مرۆڤە کە جێنشینی خودایە لەسەر زەوی.
بێگومان دەشێت ئەو پرسیارەی دەقەکە بەرزی دەکاتەوە ئەمە بێت: ئایا دەشێت کەسێک تاوانی کوشتنی بە ئەنقەست ئەنجام بدات، کە وەکو گوتمان لە روانینی ئیسلامەوە وەکو ئەوە وایە هەموو مرۆڤایەتی بکوژێت، کەچی رێنوماییکەری بۆ بنێردرێت بۆ ئەوەی لەو بارە ناهەموارەی کە تێیکەوتووەو رەنگە رزگاربوونی ئەستەم بێت، رزگار بکرێت؟ لە پشتی ئەم روانینەوە کە دەقەکە بەرجەستەی دەکات، ئەو دەلالەتە بەرهەم دێت، کە یاساکانی ئەم گەردوونە سەرباری رێکخستنیان بەجۆرێکی گونجاو و پڕ لە هارمۆنی، بەڵام ناجۆری و نادادپەروەری زۆریان تێدایەو ئەو ناجۆری و نادادپەروەرییەش دەرهەق بە مرۆڤ دەکرێت، کە لەراستیدا دەبوو لەم گەردوونەدا هەموو جوڵەیەک لە بەرژەوەندی مرۆڤ و لە پێناوی سەروەری مرۆڤدا بووایە وەکو ژیرترین و پەرەسەندووترین بوونەوەرو وەکو نوێنەری خودا لەسەر زەوی.
لە دەقەکەدا هاتووە:
ئەی سەردەمی قەلەڕەش و کونەبەبوو../ من ئەمرم و لەناو دەریای دوودڵیی یا../ شەپۆلێکی دڵنیایی بۆچی مێشکم ناپژێنێ../ بەسەر تاشەبەردێکەوە؟ / شەپۆلێکم ئەسوتیم و نابمە هەڵم../ لە دارستانێ تاشەبەرد../ هەڵئەنوتێم و سۆز ئەکەم بە عەزرەت کەنارێکەوە / گشت گیانم لەت و پەت بووە / لەهەر چایخانەو شەقام و بن دارێکا../ پارچەیەک لە دڵم ونبووە / من یوسفم..یەعقوبیشم../ نیوەم لە بنی بیرایەو نیوەم ئەگری / کوانێ ئۆقرە؟.. کوانێ ئارام؟../ کراسی یوسف بۆ یەعقوب../ یەعقوبێکی ژێر هەرەس و ملیۆنێ زام./
شاعیر راستەوخۆ قسە لەگەڵ سەردەم، یان بارودۆخ دەکات و لە رێگای دانەپاڵی چەند خاسێتێکەوە دەیەوێت ناجۆری و خراپی سەردەمەکە نیشان بدات، بەڵام لە پشتەوە وەسفی سەردەمەکە ناکات، بەڵکو راستەوخۆ دەیدوێنێت و پێی دەڵێت تۆ سەردەمێکی خراپ و ناجۆریت. ئەوەش لە بەکارهێنانی هەردوو ناوی قەلەڕەش و کونەپەپوو-وە نیشان دەدات. قەلەڕەش هێمای کاولکاری و وێرانبوون و چۆڵەوانی و رووتکردنەوەیە لە هەموو سیمایەکی ژیان. هەروەها کونەپەپوو هێمای خراپەو بەدبەختی و هەواڵ و راگەیاندنی شەڕو کارەسات و نەهامەتیە. لە رێگای بەکارهێنانی ئەم هێما نادڵگیرانەوە، کە هەڵگری ماناو دەلالاتی کارەسات و لەناوچوونن، شاعیر بە کات، یان بەسەردەم دەڵێت تۆ کات و سەردەمێکی بارگاوی کراویت بە رەگەزەکانی کارەسات و مەرگدۆستی. واتە ئەو دەیەوێت بڵیت کە ئەو سەردەمەی دەقەکەی تیادا بەرهەمهاتووە، سەردەمێکی ناهەموارو تراژیدی بووە.
ئەم باسی ئەوە دەکات لەم سەردەمە ناجۆرەدا دەمرێت، بەڵام سەرباری ئەوەش ئەم لە بارێکی دوودڵیدایە، کە مەبەستی لە باری شلۆق و گومان و نادڵنیاییە. ئەوەش بێگومان وای لێ دەکات ئارام نەگرێت و هەمیشە نیگەران بێت و لەبەردەم ترسدا بێت. ئەم لەباری دوودڵیدا دەمرێت، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە بە گومانەوە سەیری مردن و دوای مردن دەکات و شتێک نییە دڵنیای بکات و بیگەیەنێت بە دڵنیایی، یان بە زاراوەی ئایینی بیگەیەنێتە یەقین. چونکە ئاشکرایە گەیشتن بە یەقین مانای حەوانەو ئاسودەیی رۆحی و دەروونی. ئەم ئێستا خوازیاری ئەوەیە بگات بە دڵنیایی. هەربۆیە دەپرسێت بۆچی شەپۆلێکی دڵنیایی مێشکی ناپژێنێت. کە ئەم دەربڕینە دەشێت وەها لێکبدرێتەوە کە ئەم زۆر پەرۆشی دڵنیاییە، یان بە بارێکی تردا، دەخوازێت دڵیایی وەکو هێزێکی وێرانکەر یان وەکو هێزێکی یەکلاییکەرەوە لە مێشکیدا بتەقێتەوە. کە ئەوەش دەیگەیەنێت بە دڵنیایی، یان بە لوتکەی دڵنیایی، کە ئەویش یان دڵنیابوونە لە مردن و چارەنووسی دوای مردنی، یان دڵنیابوونە لە مردن و کۆتاییهاتنی هەموو شتێکە لە دوای مردن، .واتە گەیشتن بە یەقینی ئەوەی کە دوای مردن ژیانێکی ترو دنیایەکی تر هەیەو دەشێت ئەم بە ئومێدی ئەو ژیانەی تر بێت و لەبەرئەوەش گوێ بە مردن نەدات و وەکو دەستپێکی لەناوچوون و سڕینەوەی هەتاهەتایی سەیری نەکات، یان وەها لە مردن نەڕوانێت کە بریتیە لە گەیشتن بە یەقینی ئەوەی کە مردن دوا خاڵە کە ئەم بیگاتێ و دوای ئەو هیچ شتیکی تر نییە. بێگومان ئەم ئێستا لە گومانی نێوان ئەم دوو بۆچوونە، یان ئەم دوو لێکدانەوەدایەو تاکو ئێستا نەگەیشتووە بە هیچ کام لەو دوو یەقینە، کە بێگومان گەیشتن بەهەر کامێکیان بۆ ئەم رزگاربوونە لەو بارە شلۆقی و نیگەرانییەی کە تیایدایە. هەربۆیە دەخوازێت بگات بە ئاستی دڵنیایی بۆ ئەوەی ئارام بگرێت و بحەوێتەوە.
ئەم خۆی وەکو شەپۆلێک دەناسێنێت نەک خۆی بە شەپۆل بچوێنێت. باسی ئەوە دەکات کە دەسوتێت، بەڵام نابێت بە هەڵم. لە راستیدا هەموو ئەو شتانەی، یان هەموو ئەو مادانەی کە دەسوتێن، دەبن بە دوو جۆر پاشماوە، کە یەکێکیان دوکەڵەو پەرش و بڵاودەبێتەوەو سەرئەنجام هیچی نامینێتەوە. دووەمیان خەڵوزو سوتووە کە وەکو پاشماوە بەجێدەمێنن و دەشێت لەگەڵ رۆیشتنی کاتدا لەناوبچن، یان بگۆڕێن بۆ شتی تر چونکە ئاشکرایە لە رووی زانستیەوە مادە لەناو ناچێت، بەڵکو لە دۆخێکەوە یان لە شێوەیەکەوە دەگۆڕێت بۆ دۆخ یان شێوەیەکی تر. ئەم خۆی وەکو شەپۆلێک نیشان دەدات کە دەسووتێت. لە راستیدا شەپۆل خاسێتی ئاو یان خاسێتی دۆخی شلی مادەکانە، بە تایبەتی ئاوی دەریاو زەریاکان لە شوێنی خۆیاندا شەپۆل دەدەن. کە دۆخی مادەش ئەگەری ئەوەی هەیە بە دوو ئاراستە بگۆڕێت بەپێی بەرزبوونەوەو نزمبوونەوەی پلەی گەرمی. لەبەرزبوونەوەی پلەی گەرمیدا ئاو یان دۆخی شڵی دەگۆڕێت بۆ هەڵم. لە نزمبوونەوەی پلەی گەرمیدا ئاو دەگۆڕێت بۆ دۆخی رەقی، واتە دەبێتە سەهۆڵ. بەڵام ئەم دەسوتێت کەواتە پلەی گەرمی بەرزدەبێتەوەو بەوپێیەش دەبێ ببێتە هەڵم، بەڵام ئەو باسی دەرچوونی خۆی لە جوڵەی ئەم یاسا سروشتیە دەکات.
ئەم لەم بارودۆخە خراپەی کە تیایدایە باسی ئەوە دەکات وەکو شەپۆلێک دەسووتێت و بە نیگەرانیەوە بەسەر دارستانی تاشەبەرددا هەنگاودەنێت و هەڵدەنوتێت. دارستان لە لایەک هێمای چڕی و سەوزاییە و زەمینەیەکە بۆ شاردنەوەو حەشاردان و تەنانەت زەمینەیەکە بۆ ترس و دڵەڕواکێ و ونبوون. بەڵام ” دارستانێ تاشەبەرد” دەلالەتی وشکی و سەختی و ئاڵۆزی و نەبوونی ژیان و زیندەگانی و هەڵدێران و ملشکان و لەناوچوون هەڵدەگرێت. ئەم لەم بارە ناجۆرەی خۆیدا لە تاشەبەردی ئاڵۆزو سەخت هەڵدەنوتێت، جەستەی پارچە پارچە دەبێت، بەڵام لەوکاتەدا گۆرانی بە باڵای کەنارێکدا دەڵێت، یان خەون بەکەنارێکەوە دەبینێت. هیواخواستن لەو چرکەساتە ترسناکەی هەڵنوتاندا بە کەنارێکەوە دەلالەتی خەونبینن بەرزگاربوون و گەیشتن بە یەقین هەڵدەگرێت کە ئەویش گەیشتنە بە یەقینی بوونی ژیانێکی تر لە دوای مردنەکەی، یان گەیشتن بە یەقینی کۆتاییهاتنی هەموو شتێک لە مردندا. گەیشتن بە کەنار مانای گەیشتنە بە یەکێک لەو دوو یەقینە.
کاتێ ئەم لە تاشەبەرد هەڵدەنوتێ، لەت و پەت دەبێت و هەر پارچەیەکی دەکەوێتە شوێنێک و ناتوانێت بیاندۆزێتەوە. ئەم سەرباری ئەوەی باسی لەت و پەتبوونی گیانی دەکات، بەڵام گیان لە دەقەکەدا بە مانای جەستە و دەشێت بە مانای ژیانیش هاتبێت، چونکە ئەو باسی لەت و پەتبوونی گیانی و ونبوونی پارچەکانی دڵی دەکات، کاتێ باسی ئەوە دەکات لەهەر شوێنێک پارچەیەک لە دڵی ونبووە. دڵ بە مانای ژیان و بە مانای خۆشەویستیش دێت. بۆیە لێرەدا ئەوە دەردەکەوێت کە ئەم لە ئەنجامی مانەوە لەسەر خاڵی شلۆقی نێوان گومان و دڵنیایی، گیان و جەستەی لەت و پەت و پارچەپارچە دەبن و هەر پارچەیەکی لە شوێنێک ون دەبێت. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە ئەمی قسەکەر لەپێناوی ئەوەی لەت و پەت نەبێت و ون نەبێت، دەیەوێت بگات بە یەقین، واتە دڵنیایی یان یەقین وەکو چارەسەر یان رزگاربوون لە دەستی ونبوون و لەناوچوون سەیر دەکات. لێرەدا ناڕاستەوخۆ لە ئاستی نەبینراوی دەقەکەدا ئەو دەلالەتە بەرهەم دێت کە گومان و مانەوە لەسەر هێڵی باریکی شلۆقی نێوان گومان و یەقین دەبێتە هۆی لەت و پەت بوون و ونبوون. کەواتە هەوڵی ئەم بۆ رزگاربوونە لە لەناوچوون. لەناوچوونێک کە ئەم واینیشان دەدات کە سەردەمی ناهەموارو نالەبار هێناویەتیە پێشەوەو ئەم خۆی چ وەکو تاکەکەس و چ وەکو نموونەیەک بۆ مرۆڤایەتی ناتوانێت لە هەژموونی مەترسیداری ئەو سەردەمە ناجۆرە دەربازبێت و بگات بە دڵنیایی. واتە نیگەرانی و ترسی ئەم تەنیا نیگەرانی و ترسی تاکەکەسیی خۆی نییە، بەڵکو ترس و نیگەرانیە لەو بارودۆخە ناهەموارەی جوڵەی گەردوون کە مرۆڤایەتی لەسەر هێڵی شلۆقی نێوان گومان و یەقین راگرتووەو ئەوەش بووەتە هۆی لەت و پەتبوون و ونبوونی.
شاعیر دەگەڕێتەوە بۆ ناو مێژوو، هەوڵدەدات لەو رووبەرەدا هاوشیوە بۆ خۆی بدۆزیتەوە. هەربۆیە دەمێک خۆی بە یوسف ناودەبات و دەمێک بە یەعقوب. مەبەست لەم خۆچواندنە بە باوک و کوڕێک کە هەریەکەیان بەجۆرێک قوربانیە بۆ ئەوەیە کە بڵێت ئازارو خەمەکانی دوو قوربانی لەخۆیدا کۆکردووەتەوە. یوسف کە لە لایەن براکانیەوە فڕێدەدرێتە بنی بیرەوەو یەعقوب کە کوڕی ئیسحاقی کوڕی ئیبراهیم خەلیلە قوربانی دیارنەمانی کوڕە هەر خۆشەویستەکەیەتی. پێشتریش ئیسماعیل کە مامی یەعقوبە بە فەرمانی خودا بڕیاربوو بکرێت بە قوربانی، بەڵام لەبەر گوێڕایەڵی خۆی و ئارامی و دانبەخۆداگرتنی باوکی، بەخشرا. یەعقوبی برازای ئیسماعیل و یوسفی کوڕی نموونەی تری دیاری قوربانین لە مێژوودا. بەڵام دیسان یوسف پاداشتی قوربانی بوونی وەردەگرێتەوەو دواجارو دوای فێڵ و ناپاکی براکانی دەبێتە عەزیزی میسر کە گەورەترین دەسەڵاتدارێتی لە دۆڵی نیل دادەمەزرێنێت لە دوای فیرعەونەکان. یوسف کوڕی یازدەهەمینی یەعقوب بوو، کە دوانزە کوڕی هەبوو. بەڵام یەعقوب ئەمی لە هەموویان خۆشتر دەویست. ئەوەش وایکردبوو براکانی ئیرەیی پێبەرن و رقییان لێی بێت. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی بیخەنە بنی بیرەوەو کراسەکەی خوێناوی بکەن و بە باوکیان بڵین یوسف گورگ خواردوویەتی.بێگومان یوسفی قوربانی دواتر دەبێتە یەکیک لە کەسێتیە دیارەکانی مێژوو. ئەمەش بەجۆرێک وەکو ئەوە وایە هێزو دەسەلاتی خوداوەند پاداشتی بداتەوە لەپای ئەو ناپاکیەی براکانیلەگەڵیان کرد.
ئێستا شاعیر نیوەی یوسفە کە لە بنی بیردایەو براکانی رایانگەیاندووە کە گورگ خواردوویەتی. نیوەکەی تری یەعقوبە کە وێڵی دوای دۆزینەوەی کوڕەکەیەتی و دەشزانێت کە کوڕەکەی بە پیلانی کوڕەکانی تر سەرنگون کراوە. بۆیە یەعقوبیش لە ئازارێکی سەختدایە. ئازاری دیارنەمانی خۆشەویستترین کوڕی لە لایەک و هەستکردنی بە ناپاکی کوڕەکانی تری لە لایەکی ترەوە. ئێستا ئەمی شاعیر ئازاری ئەم دوو قوربانیەی پێکەوە لەخۆیدا کۆکردووەتەوە. سەرباری ئەوەش هێشتا بە دوای ئارامی و حەوانەوەدا دەگەڕێت. ئەم پێشتر خۆی وەکو یوسف و لە هەمان کاتدا وەکو یەعقوبیش دەناسێنێت، بەڵام ئێستا زیاتر خۆی دەخاتە شوێنی یەعقوب و ئازاری دیارنەمانی کوڕەکەی رۆحی دەکرۆژێت و بەدوای نیشانەیەکی دڵنیاییدا دەگەڕێت. وەکو ئاشکرایە براکانی یوسف کراسەکەی یوسف خوێناوی دەکەن و دەیکەن بە بەڵگە بۆ نیشاندانی ئەوەی کە براکەیان گورگ خواردویەتی. ئێستا یەعقوب بە دوای سۆراخی کوڕەکەیدا ئارامی لەبەربڕاوە. ئەو دەیەوێت لە چارەنووسی کوڕەکەی دڵنیابێت، تەنانەت ئەگەر چارەنووسێکی رەشیش بێت. واتە ئەو بەدوای دڵنیاییدا وێڵە، تەنانەت ئەگەر ئەو دڵنیاییە بە نەمانی کوڕەکەیشی بێت باشترە لەوەی لەو گومان و نیگەرانیەدا بمینێتەوە. بۆیە بینینی کراسی خوێناوی یوسف سەرباری ئەوەی کە گەورەترین کارەساتە بۆ ئەو، بەڵام هێشتا جۆرێک لە دڵنیایی پێدەبەخشێت بەڵام دڵنیاییەکی تفت وتاڵ و پڕ لە ئازار. لێرەداو لە پشتی ئەم بۆچوونەوە، دەقەکە لایەنگیری ئەوە دەکات کە گەیشتن بە دڵنیایی هەرچەندە دڵنیاییەکی پڕ لە ئازاریش بێت باشترە لە مانەوە لە باری گومان و نیگەرانی و چاوەڕوانیدا.
ئێستا بە ئاشکرا دیارە کە ئەم دەقە لەسەر بنەمای دووانەی گومان / دڵنیایی بنیادنراوە، کە ئەمەش بارێکی ئاشکراو باڵادەستە لە ژیانی مرۆڤدا. هەرچەندە گومان رێگایەکی دیارە بۆ ئاشکراکردن و بۆ دۆزینەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەدا بارێکی ناجێگیر و شلۆقە، هەموو ناجێگیریەکی دەروونی و رۆحی ئازاربەخشە. ئاشکرایە نەک هەر مرۆڤ بەڵکو کۆی زیندەوەران هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی لە ئازارچەشتن بەدووربن. هەر لەژێر کاریگەری ئەم هۆکارەدایە کە مرۆڤ وەکو پەرەسەندوترین بوونەوەر بەدوای دڵنیایدا دەگەڕێت، بەو ئومێدەی لەوباری نیگەرانی و گومانە دەربازبێت و ئەوەش ببێتە هۆی رزگارکردنی لە ئازاری رۆحی و دەروونی و ویژدانی. بەڵام گەیشتن بە دڵنیایی یەعقوب لەگەڵ خۆیدا ئازارێکی سەخت دەهێنێت، چونکە کراسی خوێناوی و قسەی کوڕەکانی دڵنیای دەکەن کە کوڕەکەی گورگ خواردوویەتی.
ئەم پێشتر ئازاری گومانکردن لە چارەنووسی کوڕەکەی رۆحی دەخوارد، بەڵام ئیستا ئازاری دڵنیابوون لە نەمانی کورەکەی و لەناوچوونی بەو شێوە تراژیدیە ئازاری دەدات. پێشتر ئازاری گومانی دەچەشت، بەڵام ئیستا ئازاری دڵنیابوون لە چارەنووسی کارەساتباری کوڕەکەی ئازاری پێ دەچێژێت. بەڵام ئەمەی دووەمیان ئومێدبڕە، بۆیە سەرباری سەختی ئازارەکە لەگەڵ رۆیشتنی کاتدا لە لایەک بەناچاری و لەلایەک بەهۆی خو و سروشتی راهاتنی مرۆڤەوە، لەگەڵ ئەو بارە رادێت. لێرەدا گەیشتن بە دڵنیایی، بەڵام دڵنیاییەکی پڕ ئازار شوێنی ئازاری گومانکردن دەگرێتەوەو دڵنیایی ئارامی پێدەدات، بەڵام ئارامیەکی پڕ لە ئازار.




دەنگ و دایەلۆگ و شتی تریش لە ڕۆمانی کچەی کافرۆشدا.. گۆران سەباح

نەبەز گۆران وەستایە لە هەڵبژاردنی بابەت بۆ ڕۆمان. کێ بیری بۆ کچی کافرۆش دەچێت ڕۆمانێکی لەسەر بنووسێت؟ جێی دەستخۆشییە ئاوڕێکی لەو بابەتە دانسقە دایەوە و کردی بە دۆکیومێنت تا هەتایە بمێنێتەوە. خۆزگە وەک پڕۆژەیەکی نیشتیمانی، بودجەیەکی دەبوو و دەکرا بە ئینگلیزی و بڵاو دەکرایەوە.
لە زمانیش وەستایە، نەبەز. سادە، ڕەوان، خۆش، بێ گرێ. سادەنووسین قورسترین کارە. ئاڵۆزنووسین ئاسانە، هەموو کەس دەتوانێت ئاڵۆز بنووسێت و کەس لێی تێ نەگات.
هەندێ هەڵەی ڕێنووس، چەند ڕستەیەکی ناڕوون و کۆ و تاکی بکەر و فرمانی بەسەردا تێپەڕیوە، خۆزگە لە چاپی دووەمیدا ئەوانیشی چاک دەکرد. بۆ نموونە لە لاپەڕە (٢٨٨ و ٢٨٩)دا، (پیشانم دا) و (… بەردەکەمان پیشاندا) هەن، ئەوەی یەکەم ڕاستەکەیە. لاپەڕە (١٨٧)، (بەژدار) یان (بەشدار)؟ هۆردووکیان تەواون، بەڵام دەبێ نووسەر خۆی یەکلا بکاتەوە یەکیان بەکار ببات. نمەنمە یان نمە نمە (لا٢٨٨)؟
هەندێ ناوی کەرت کردووە وەک: خوازبێنیکەر نەک خوازبێنی کەر (لا٢٠٦، ٢٠٧)؛ دەردەسەری نەک دەردە سەری (لا٢٦٤)؛ بەسەربردن نەک بەسەر بردن (لا٣١٩). کاکڕەکان نەک کا کڕەکان (لا٣١٩)؛ ژێردەستەیی نەک ژێر دەستەیی (لا٢٢١)؛ باپیرە نەک با پیرە (لا٢٦٠).
ئەم ڕستەیە لە لاپەڕە (١٨٤)دا هاتووە: “لەناو ئەفسانەکاندا پاڵەوانەکان و ڕووداوەکان و شوێنەکان، خەیاڵ و خەون و بینینی تایبەتی تێدابوو.” ئەم ڕستەیە (لا٢١٦): “دوو کوڕەکەی باڵیان گرت و ڕۆیشت.”
لە زمانی کوردیدا، دەبێ بکەر و فرمان لە تاک و کۆدا کۆک بن. ڕاستەکە ئاوایە: لەناو ئەفسانەکاندا، پاڵەوانەکان و ڕووداوەکان و شوێنەکان، خەیاڵ و خەون و بینینی تایبەتیان تێدا بوو. دوو کوڕەکەی باڵیان گرت و ڕۆیشتن. (هەرچەندە باڵگرتن بۆ فڕینە نەک بۆ ڕۆیشتن).
“. . . ئەو پیاوە مەبەستێکی خراپیان هەبێت” (لا٢٤٨). ڕاستەکە: “ئەو پیاوە مەبەستێکی خراپی هەبێت.”
لە لاپەڕە (٢٣٧)دا دەڵێ: “. . . چاوە گەورە و قورس و نەرمەکانی”. چاوی گەورە هەیە. بەس چاوی قورس و نەرم چۆنە؟
“گەیشتمە سەر شەقامەکە ڕێبوارەکان دەردەکەوتن بۆ ئیشوکار و چوون بۆ سەرکار پەلەیان بوو” (لا٢٨٨). لە مەبەستی تێ دەگەم، بەڵام ڕستەکە کرچە.
دەنگەیلی نێو ڕۆمانەکە تێکەڵن. نەشازن. دەنگی کارەکتەر دەبێ یەک بکاتەوە لەگەڵ کولتور و ناوچەی جوگرافی و پێگەی کۆمەڵایەتی. دەنگی ئەلبێرت هێندە نەشازە، حەزم نەدەکرد قسە بکات.
“تۆ چرای ماڵەکەی منی. هەرچیم هەیە و نییە لە پێناو تۆ و دایکتدایە. بۆ ئەوە دەژیم بتوانم دڵخۆشتان بکەم. کە لەماڵ دوورم، بەبیری خۆمی دەهینمەوە کەسێک لە دوامەوەیە، کەسێک لە خونچە دەچێت و بووە بە وزەی ژیانم. تۆ تەواوی بوون و خەونی منیت.” (لا١٠).
ئەلبێرت ئەمە بە (خاڵان)ی کچی دەڵێت. سەربازێکی دڵڕەق و بەدڕەوشتی ئینگلیز قەت وا قسە ناکات، تەنانەت لەگەڵ کچەکەیشی. هەر بەگشتی، ئینگلیز وا قسە ناکەن. ئەم قسەیە لە باوکێکی کوردی پڕ سۆز دەچێت.
“گریانێک لە قوڕگمدابوو نە ئەوەبوو بێتە دەرەوە، نە ئەوەبوو لەناوەوە بتەقێتەوە و . . .” (لا ٣٤، ٣٥).
پیرەژنێکی ئینگلیز قسە دەکات (لا٢١٥): “خزمانی منم، بەڕەحمەت بێت برازای من بوو!” دەڵێی پیرەژنێکی خەڵکی عەربەتە.
“خوا عەفویکا، تۆ خۆشبیت گیانی سپارد” (لا٢٦٣). ئەمە خەسووی کۆلیارە لە ڕووسیا. پیرەژنێکی ڕووس وا قسە ناکات.
“. . . کۆمەڵێک هاوڕێی خوێندکارم لە خوارەوە دەستیانکرد بە هاوارکردن و بژی بژییەکیان لێکردم” (لا ٣١٤). ئەمانە ئینگلیزن و هاوڕێی خاڵانن. ئینگلیز بۆ پیرۆزبایی ناڵێ “بژی”.
دەنگی کەشی (كچەی کافرۆش) بە یەکێک ناچێت خەڵکی شارێکی ڕۆژهەڵات بێت. چەند جارێک لە ڕۆمانەکە وشەی (بەرسڤ) بەکار دەبات. ئەم وشەیە لە شاری منارەکان نایەتە بەکاربردن.
دەنگی ڤەگێڕ (خاڵان) بە دەنگی کچێک ناچێت لە بەریتانیا لەدایکبووبێت لە دایکێکی کورد و بابێکی ئینگلیز. بە دەنگی نووسەر دەچێت. دەنگی نووسەر (نەبەز گۆران) تەواو زاڵە لە نێو ڕۆمانەکەدا. کاتێ دەنگی نووسەر تێکەڵی دەنگی ڤەگێڕ و کارەکتەرەکانی تر دەبێ، دەنگەکان نەشاز دەبن.
“لەوانەیە زیادەڕەوی بێت، بەس بڕوام وایە، ئەو زمانانەی زیاتر خۆیان دەبەستن بە هونەری موسیقا و شیعرەوە، زمانێکی شیرینتر و گەرمترن . . .” (لا٩، خاڵان).
“کەسانێک هەن هەموو دنیاشت بۆ بخەنە سەر سینییەک . . .” (لا١١، خاڵان).
“ژیانی بەشێک لە مرۆڤەکان هێندە سەرنج ڕاکێش و . . .” (لا١٤، خاڵان).
“هەستدەکەم لە ناخی هەموویاندا نەخۆشێک هەیە . . .” (لا٣٢، کەشی).
“وەک خاکەکەی مانگا بێت شیرە ڕەشەکەیان دەخۆن . . .” (لا٣٦، خاڵان).
“پێناچێت گیانەوەرەکانی تر لە مرۆڤ بچن . . .” (لا٤٢، ئەلبێرت).
“یەکێک لە هونەرەکانی کچان و ژنان . . .” (لا٥٤، کەشی).
“بۆ سەردەمەکەی خۆی جوڵەیەکی گرنگ بووە . . .” (لا٦٥، خاڵان).
“بەشێک لەو خوێندەوارانەی خۆیان بە نوێنەری ڕۆشنبیری دەزانن . . .” (لا٢٤٠، خاڵان).
ئەمانەی سەرەوە چەند نموونەیەکن لە دەیان نموونەی وا لە نێو ڕۆمانەکە. دەنگی نووسەر ئاشکرایە و بە دەنگی کارەکتەرەیلی نێو ڕۆمانەکە ناچێت.
یەکێ لە پێوەرەکانی ڕۆمان، واقیعیبوونی شوێن و کات و کارەکتەر و ڕووداوەکانە. واقیعیبوون لە نێو خەیاڵ کارێکی ئەستەمە. ڕۆمان خەیاڵە، بەڵام هەر شتێک باس دەکەی، دەبێ واقیعی بێت و لەگەڵ جیهانی ڕۆمانەکە و خەیاڵەکەدا بێتەوە. دەبێ درۆیەکان هێندە ڕاست بن، قەناعەت بە خوێنەر بکەن. لەم ڕۆمانەدا، شتەیلی ناواقیعی زۆرن. ئەمەی خوارەوە یەکێکە لە دەیان نموونە.
“كچەی کافرۆش… ئیتر تۆ یەکێکی لە جوانەکانی ئەم شارە . . .” (لا٤٨، کەشی). کەشی (کچی کافرۆش) قسە لەگەڵ خۆی دەکات. ئەم لەبەرخۆدووانەی ناواقیعییە. هەروەها، ڕفاندنی کچەی کافرۆشیش قەناعەتی پێ نەکردم.
ئەم ڕۆمانە هەندێ (چاڵ)ی تێدایە کە لە تام و ئاستی هونەریی ڕۆمانەکە کەم دەکەنەوە. چاڵ لە نێو ڕۆمان واتە شتەکان یەک ناکەنەوە.
“ئازاری شکانی دەستی شێت و هاریدەکەن. بەشەق بەردەبێتە گەنجەکان” (لا٢٥٥). ئەلبێرت مەستە و دەکەوێتە ناو حەوزێکی ئاو و دەستی دەشکێ. هیچ سەرخۆشێکت بینیوە، دەستی بشکێ و وەرگەڕێتە چەند گەنجێک بە شەقان؟ جا گەنجی یاخی و تووڕە ش.
ئەلبێرت و کەشی، خاڵان دەبەنە دوکانی هەمبەرگرێک. خاڵان خۆیشی، دوای مردنی دایبابی، دەچێ هەمبەرگر دەکڕێت. سەردەمی ڕۆمانەکە ئەسپ و عارەبانەیە. هەمبەرگر نوێیە، تەنانەت بۆ بەریتانیاش. لە کۆتاییی حەفتاکان، هەمبەرگر دەچێتە بەریتانیا.
کۆڵیار (بابی کەشی) بیری مانیان (داکی کەشی) دەکات. کەشی لە لا(٢٦٠) بە باوکی دەڵێ، “جا خۆ وەزعی ئێمە لێرە زۆر باشە، بۆچی ناچیت بە شوێنیدا و بیهێنی بۆ ئێرە.” کۆڵیاریش دەچێ بە دوایدا. ئەمە لە کاتێکدایە وەزعیان زۆر خراپە.
یەکێک بڕفێنی، بەخێرایی ناڕۆی. غار دەدەی. کاتێ کەشی دەڕفێنن، غار نادەن، بەخێرایی دەڕۆن. (لا٢٧١). لە لاپەڕە (٢٧٥)، ئەلبێرت کەشی ڕفاندووە و پێی دەڵێ بچێ خۆی بشوات و بێ نان بخوات. (کەشی)یش بە ئاقڵی دەچێ خۆی دەشوات و دێتە سەر مێزی نانخواردن. یەکێک تازە ڕفێنرابێت، ئاوا بە ئاسانی دەچێ لە حەمامی ڕفێنەر خۆی بشوات؟
هەندێ پرسیاری تر:
سیستمی پۆستە هەبووە. نامەیان بۆ هاتووە. بۆچی کەشی یان خاڵان بیریان بۆ ئەوە نەچوو نامەیەک بۆ شاری منارەکان بنێرن، یان پێوەندی بە پۆلیسەوە بکەن؟ ئاساییە نووسەر وای کردووە، بەڵام دەبێ هۆیەل هەبن قەناعەتت پێ بێنن.
دوای مردنی دایبابی، خاڵان دەتوانێت سەردانی خاڵی بکات، هەر هیچ نەبێ دەتوانێت نامەیەک بنێرێت. بۆ نایکات؟ هیچ هۆیەک نییە لە ڕۆمانەکە قەناعەتم پێ بکات.
ماڵی کەشی لە ژێر چاودێریدان، بۆیان ڕوونە کە ئەلبێرت نیازی خراپە، ئەی بۆچی بیریان بۆ ئەوە نەچوو، کۆیانی برای نان بۆ باوکی ببات؟ ڕاستە کۆیان دەچێتە کنێسە و دەخوێنێت، بەڵام دەیتوانی یەکشەمان و دووشەمان و ڕۆژانی تریش نان بۆ باوکی ببات.
لە لاپەڕە (١٣٨-١٤٩)، مامۆستای خاڵان وێنەیەکی شاری منارەکانی بۆ دەنێرێت. کەشی سەیری دەکات. چۆن لەم وێنەیەدا توانی ماڵی خۆیان و کۆڵانی نیگارکێشیی دێوار و دوکانی باوکی ببینێ؟ خۆ گووگڵ ماپ نییە؟
بە شێوەیەکی سەیر کەشی چیرۆکی خۆی بۆ خاڵان باس دەکات. ئاساییە دایک و کچ دڵیان بۆ یەکتری بکەنەوە و باسی زۆر شت بکەن، بەڵام هیچ کچ و دایکێک بە وردی باسی هەست و سۆز و لایەنی سێکسی بۆ یەکتری ناکەن، بەتایبەتی لەو سەردەمیدا. نووسەر ئازادە لە باسکردنی وەها پێوەندییەک لە نێوان کچ و دایک، بەڵام دەبێ قەناعەت بە خوێنەر بکات بۆچی پێوەندییەکە وایە.
لە لاپەڕە (٢٣٧)دا، ئەلبێرت جلی کوردی لەبەر دەکات و جەمەدانیش دەبەستێت. ڤەگێڕ دەڵێ کەس نەیناسییەوە؟ چۆن؟ سوورەیەکی ئینگلیز لە هەر جلێکدا بێت یەکسەر دێتە ناسینەوە، بەتایبەتی لە شارێکی کورداندا.
نووسەر دەرەقەتی دایەلۆگ نەهاتووە لە ڕۆمانەکە. نووسینی دایەلۆگ بەشێکە لە هونەری گێڕانەوە. وەک زۆربەی ڕۆمانی کوردی (سەتا ٩٩)، دایەلۆگ بەشێکی زۆری ئەم ڕۆمانەی سەقەت کردووە. بە سێ شێوازی جیاواز نووسراون (-…؛ :…؛ “…) و هەرسێکیان هەڵەن.
لە ئەلف و بێی نووسینی دایەلۆگ ئەوەیە کە کۆتەیشنت (quotation) کردەوە، لە کۆتایی دایەلۆگەکە دەبێ دایخەی. لە هەندێ شوێن نووسەر داینەخستووە.
دایەلۆگی درێژی زۆرە. پێویست ناکات نموونە بهێنمەوە، هەر کووی ڕۆمانەکە بکەیەوە، دەیبینی. درێژی دایەلۆگ واتە لە کۆڵخۆکردنەوە، واتە فڕێدانی زانیاری بە لێشاو، کە پێویست ناکات. خۆ نووسینی ڕۆمان بە شەرتی پڕکردنەوە نییە، بە شەرتی ئەوە نییە بڵێی ئیللا دەبێ بیگەیەنمە پێنجسەت لاپەڕە. لەبەر هەندێ ڕۆمانی کوردی بێتامە.
کاتێ دایەلۆگی درێژ دەکەیتە چەند پەرەگرافێک، دەبێ کۆتەیشن بکەیەوە، لە کۆتاییی پەرەگرافی یەکەم دایناخەیت، سەرەتای هەر پەرەگرافێک کۆتەیشن دەکەیەوە، بەڵام تەنیا لە پەرەگرافی کۆتایی دایدەخەی. لەم ڕۆمانەدا، کۆتەیشن کراوەتەوە، بەڵام لە سەرەتای پەرەگرافەیل کۆتەیشن نییە، هەندێ جاریش دانەخراوە لە پەرەگرافی کۆتاییدا. بۆیە تێکەروپێکەر بووینە.
دایەلۆگ لەناو دایەلۆگ هەیە. ئەویش وەستای خۆی دەوێ. دەبێ بەم شێوەیە بێت: “کە چوومەوە مالێ دایکم گوتی، ‘بۆ ئاوا تاخیر هاتییەوە’، بەڵام من وەڵامیم نەداوە.” لێی وردبینەوە، دایەلۆگی سەرەکی بە “کە” دەست پێ دەکات و بە “نەداوە” کۆتایی دێت. دایەلۆگی دووەم کە ئی داکیتی تاک کۆتەیشنە. لەم ڕۆمانەدا، لەبەرئەوەی ئەوها نەنووسراون، دایەلۆگەیل تێکەروپێکەر بوونە و تامی ڕۆمانەکەیان نەهێشتووە.
کێشەیلی دەنگ و دایەلۆگ لەم ڕۆمانە بە ئاسانی چارەسەر دەبێ بێو بە فرەدەنگی بێتە گێڕانەوە. بە گۆشەنیگای کەسی یەکەمی تاکی سنووردار (خاڵان) ڕووداوەکان دێنە گێڕانەوە. خۆزگە ئەلبێرت، کەشی، دێوار و کۆڵیار وەک خاڵان ڤەگێڕ دەبوون. شتەکان ڕوونتر دەبوون و خوێنەریش زێتر تامی لێیان دەکرد.
نووسەر هەقی چیرۆکی کچەی کافرۆشی نەداوە لەبەر لایەنی مێژووییی سوارەی شکاک و داگیرکاریی ئینگلیز و شاری منارەکان. پێچەوانەکەشی ڕاستە: لەبەر کچەی کافرۆش هەقی مێژووی نەداوە. سوارەی شکاک و بەرهەڵستی و کوژرانی بۆ خۆی ڕۆمانێکە. داگیرکاریی ئینگلیز و شاری منارەکان ڕۆمانێکی ترە. ڕاستە بۆ تێگەیین لە چیرۆکی کچەی کافرۆش، دەبێ نووسەر هەندێ لایەنی مێژوویی باس بکات تا لە سیاقەکە بگەین، بەڵام درێژەی داوەتێ و لە زۆر شوێن دوور دەکەوینەوە لە کڕۆکی ڕۆمانەکە. هەر دەبنە وتاری مێژوویی.
بەشی (٢٣) گرنگە، باسی مردنی کچەی کافرۆشە. هێندە گرنگی پێ نەداوە و بەخێرایی باس کراوە. ئەو دەمەی کەشی دەڕفێنن، زۆر خێرا باس کراوە. دەبایە یەک دوو جار ڕایکردبا، هەست و سۆز و هەوڵ و کەسایەتیی کەشی ببینین. بەشەیلی (٧، ٩، ١٢، ١٣، ١٤، ١٨) لەگەڵ ئەو بەشانەی پێوەندییان بە داگیرکاریی ئینگلیز و مێژووی سوارەی شکاکەوە هەیە، زیادەن، هەر فڕێدانی زانیارییە. دوورمان دەخەنەوە لە ڕۆمانەکە و بێزاریشمان دەکەن.
وێڕی ئەم کێماسییانە، ڕۆمانەکە شایەنی خوێندنەوەیە. من زۆر سەرسامم بە کۆڵیاری کافرۆش. نووسەر بە هونەرێکی باڵای گێڕانەوە کەسایەتیی کۆڵیارمان پێ پێشان دەدا. بێ ئەوەی پێمان بڵێت کۆڵیار پیاوێکی مێشک کراوە و ئازا و تێگەیشتووە، لە ڕێی کار و هەڵسوکەوت و قسەکانی، پێشانمان دەدات چ مرۆڤێکە، بەتایبەتی لە لاپەڕەیلی (١٠٩، ١١١، ٢٠٩، ٢٥١ ). لێرە نووسەر وەستایانە تەکنیکی “پێم مەڵێ، پێشانم بدە” لە هونەری گێڕانەوەدا بەکار بردووە.




ئێوارانە ١٥.. سەردار جاف

ئێوارانێ بۆنی بەخوردەکەی بەر ماڵان دێ
شەو دەنگی چرکەی کاتژمێری تاريکی و
قرچە قرچی خەياڵەکان دێ
ئێوارانێ دەبنە بۆن و خۆ لە نێو شين باوەکەدا نغرۆن
سەمفۆنيای بسکی لە تامە ژەهرە مارەکەی ” نالی ” دەچی
ئەمە کەی چەکەرەی گوڵ و خونچە و چرۆن
ئافاتێکن وڵاتێکيان کردۆتە گوڵ
قريوەکان دەڵێی لەنجەی شەنگەبێرييە تێکەڵ بە دەنگی بەرخەلن و
لەولايشەوە زايەڵەی رانە مەڕی دێنە خوار زەنگوڵ زەنگوڵ
زۆر دەمێکە شەکەت و ماندووی ئێوارانێکم
دەستم بگرێ و لە سۆراغم بخا
نوقمی زەردەی خۆرەتاو بم،
تا لە دامێنی خەرەندێکەوە قورتارم بکا
نازانێ ئەو خۆيەتی يا بووە بە من
دەڵێي دۆلفينن لە يەک بەستە ئاڵاون
ئەو سۆراخ و کنەی هزر دەکا
لێچوونێکە لە مينا رستەيە خنکاون
ئەشکەکانی دەمەو ئێواران لە شەوە ئەنگوستەيەکدا دەبنە ئازار
هەست و هەناسەيەکن
گريانی دەم رووناهی خونچەن و
کەچی نێرگزەجاڕێکە لە گوڵعوزار
خەونەکان دەچنە خەياڵدانی يەکەوە و شکۆفەکان دەبنە دڕک و داڵەکەی جەوەڵبۆر و رێگر
ئەم شەوە بۆ دانايەت
تاريکی لوولمان دەکا و خۆر لە زەردبوونی ژێوانە
ئيدی رۆژە و بۆ شەو دەبێتە جێگر
هەموو جارێ لە سەفەرەکانی ئەو رێيە
بۆن و بوخورد و گوڵ دەبەخشمەوە
کە ديققەيەکی ئەو عيشقە دەدەم
لەو بەريشەوە
دڕک و داڵ و تەلە دڕکاوييەکان هەڵدەوەرن و لێدەبنەوە
ئەو بووە تەليسمێکی سيحراوی و پەشمەک ئاسا دەتوێتەوە
غوباری ئەم ئێوارە
بووە تەمتومانێک و لە ئاونگی سپێدان دەچێ
چراتۆڕمان هەر پێکەوە خەفە دەبێ و دەسڕێتەوە
داڵانێکی تاريکتر لە تاريکی
هەموو دەمێ لە ئاوێنە بوونی يەکداين
من هەر شين و تۆ شينتری
لە بيرت بێ خۆشمدەوێی تۆ کەسم و شيرينتری

ئەڵمانيا
٩ / ٢ / ٢٠٢٣




ژیژك راستڕه‌وێكی گاڵته‌جاڕه‌ یان فه‌یله‌سوفێكی جیهانی؟!.. سەلام عەبدوڵڵا

ماوه‌یه‌كه‌ ژیژك وه‌ك فه‌یله‌سوفێكی(چه‌پ، رادیكاڵ، ماركسی، شیوعی، لینینی)به‌ وێنه‌یه‌كی ستالین له‌ ژوور سه‌ریه‌وه‌ ناوی كه‌وتۆنه‌ ناوان، به‌ڵام نازانم بۆچی به‌و شێوه‌یه‌ لێی تێنه‌گه‌یشتم. سوپاس بۆ هاوڕێم دلیر زه‌نگه‌نه وتارێكی(گابڕیل روكهێل- فه‌یله‌سوف و ره‌خنه‌گرێكی فه‌رنسی ئه‌مریكیه‌ و مامۆستای فه‌لسه‌فه‌یه‌ له‌ زانكۆی فینوفا) بۆ سه‌ر زمانی عه‌ره‌بی وه‌رگێڕا و له‌ سایتی(الحوار المتمدن، له‌ 29.1.2023)بڵاوكراوه‌ته‌وه‌. ئه‌م وتاره‌ پشتی به‌ 99 سه‌رچاوه‌ به‌ستووه‌ و له‌ سایتی-Counterpunch.org-)بڵاوكراوه‌ته‌وه‌
له‌م وتاره‌ دوور ودرێژه‌ به‌شێوه‌ی زانستی حه‌قیقه‌تی كه‌سایه‌تی، په‌یام و ئامانجی ژیژك ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ مرۆڤ له‌به‌رده‌می سه‌رسام ده‌بێت كه‌ چۆن ماركسییه‌كه‌ و ئه‌م هه‌موو هه‌ڵویسته‌ رقئامێزه‌ی هه‌یه دژ به‌ ماركسیزم(له‌بیرتان نه‌چێت چۆن به‌ناو رۆشنبیرانی سه‌ربه‌خۆ، پۆپه‌ر و فه‌رنسیه‌ بلیمه‌ته‌كانیان له‌ خه‌ڵك كردبوو به‌ بیرمه‌ندی گه‌ور و ئه‌مه‌ش به‌شێكه‌ له‌و راستیانه له‌باره‌ی ژیژك‌‌:
– ژیژك له‌ گۆڤاری(فۆرین پۆلیسی)وه‌ له‌ ساڵی 2012 به‌ یه‌كێك له‌ باشترین 100 بیرمه‌ندی جیهانی هه‌ڵبژێردرا. دیك تشینی، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، نه‌ته‌نیاهو، ئه‌ئیر داغان(به‌رپرسێكی مۆساد) هاوبه‌شی ئه‌و ‌هه‌ڵبژارده‌یه‌ن.

  • به‌شداری كردووه‌ له‌ دامه‌زراندنی حزبی لیبڕال دیموكرات (LDS)و یه‌كێك بووه‌ له‌ قسه‌كه‌ره‌كانی. یه‌كێك بووه‌ له‌و 4 ئۆپۆزیتسیونه‌ بۆ سه‌ركایه‌تی یه‌كه‌م كۆماری سلۆڤینیا جیابوو.
  • ئاره‌زووی جێبه‌جێكردنی سیاسه‌تی(دووباره‌ داڕشتنی ئابووری لیبڕالی. داوای(خصخصه‌)ی كردووه‌ و وه‌ك ئایدولۆچییه‌كی سه‌رمایه‌داری به‌شێوه‌یه‌كی لابه‌لاكه‌رانه‌ داوای(سه‌رمایه‌داری زیاتر بۆ حاڵه‌ته‌كه‌مان كه‌ مانای بیمه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی زیاتری هه‌یه‌)
  • به‌ گوێره‌ی بۆچوونی تۆمی مایرز(نووسه‌ری ژیاننامه‌كه‌ی)، ژیژك له‌ وڵاته‌كه‌ی رقی له‌ رۆشنبیری شیوعی هه‌بوو.
  • یه‌كه‌م كتێبی له‌باره‌ی هایده‌گه‌ر كه‌ نازییه‌ك بوو و له‌ لێی په‌شیمان نه‌بوو. ئه‌م كتێبه‌ بوو به‌ سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی ئۆپۆزیتسیونی سلۆڤینی دژ به‌ شیوعییه‌ت.
  • به‌شداربوو له‌ دامه‌زراندنی لقی فه‌ره‌نسی ده‌زگای فێركاری(جان هوس) و سپۆنسه‌ره‌كانی بۆیتین بوون له كۆمپانیا و سه‌رچاوه‌ی حكومه‌تی رۆژئاوایی و لیستێك له‌‌ پاڵپشتانی كارى تێكده‌رانه‌ دژ به‌ شیوعییه‌ت و له‌وانه‌ ده‌زگای مارگریت تاتشه‌ر، صندوقی كۆمه‌ڵگه‌ی كراوه‌(سۆرۆس)، ده‌زگای قۆرد، سی ئای ئه‌ی، نید.
  • دكتۆرای دووهه‌می له‌ پاریس له‌ 1985 گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ یوگسلاڤیا و سه‌رنجی رای گشتی وه‌رگرت وه‌ك ئۆپۆزیتسیونێك خاوه‌ن ئاراسته‌ی رۆژئاوایی سه‌ر به‌ تیئۆری فه‌ره‌نسی دژ به‌ شیوعییه‌ت و رایگه‌یاند(وه‌ك كه‌سێك به‌شداربووم له‌ هه‌ڵوه‌شاندنی ده‌سه‌ڵاتی سۆسیالیستی له‌ یوگسلاڤیا). نووسه‌ری ستونی سه‌ره‌كی حه‌فته‌نامه‌ی(ملادینا) كه‌ به‌شێك بوو له‌ لایه‌نه‌ به‌رهه‌ڵستكاره‌كانی حكومه‌ت.
  • له‌ راپۆرتێكی دووروودرێژی حزبی شیوعی یوگسلاڤیا كه‌ پشتیوانی له‌ سی ئای ئه‌ی وه‌رگرتووه‌ و له‌و راپۆرته‌ تیشك خراوه‌ته‌ سه‌ر سه‌ر بڵاوبوونه‌وه‌ی دژ شۆڕشی ئه‌وانه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ مانه‌وه‌ی یوگسلاڤیای یه‌كگرتوو ده‌كه‌ن.
  • دوای ئه‌وه‌ دانی ناوه‌ به‌وه‌ی كه‌ رێك ئه‌وه‌ ئاراسته‌ی بووه‌ وه‌ك ئۆپۆزیتسیونێك به‌شداری كردووه‌ له‌ روخاندنی شیوعییه‌ت.
  • به‌شداره‌ له‌ پاراستنی مافی مرۆڤی 4 تاوانباره‌كه‌ كه‌ داوای هه‌ڵوه‌شاندنی سیسستێمی سۆسیالیستیان كردبوو و روخاندنی وڵاته‌ سۆسیالیسته‌كان. ئه‌م ئاراسته‌یه‌ هاوتای رێنمایه‌كانی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مریكایه‌ ژماره‌ 133(NSDD) سه‌رۆك رۆناڵد ریگان كه‌ له‌ 1984 بانگه‌وازی كرد بۆ به‌رفراوانی هه‌وڵه‌كان بۆ”شۆڕشێكی هێمنانه‌” بۆ روخاندنی حكومه‌ت و حزبه‌ شیوعییه‌كان له‌ یوگسلاڤیا و وڵاته‌ سۆسیالیستیه‌كان.
  • بوو به‌ سه‌فیی زانستی وڵاته‌كه‌ی پاش تێكدانی یوگسلاڤیا
  • به‌ دڵسۆزی مایه‌وه‌ بۆ لیبڕالیزم و دژایه‌تی شیوعییه‌ت و وتی: كارێكم كردووه‌ له‌پێناویدا نزیكه‌ی هه‌موو براده‌ره‌كانم دۆڕاند. هه‌رگیز چه‌پێكی بائیشی وا ناكات.
  • به‌ته‌واوه‌تی پشتیوانیم كرد له‌ حكومه‌تی سلۆڤاكیا. حزبی (LDS) وه‌ك حزبێكی سه‌رمایه‌ هه‌وڵیدا بۆ هه‌ڵوه‌شاندنی خۆماڵیكردن و جێبه‌جێكردنی(خصخصه‌). ئه‌مه‌ له‌ سیاقی پاڵنانی صندوقی دراو و بانقی جیهانی بوو بۆ ریفۆرمی ئابووری سه‌خت و كه‌رتی پیشه‌سازی وێران كرد و ده‌وڵه‌تی خۆشگوزه‌رانی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌ و كرێی كاری حه‌قیقی هه‌ره‌سی هێنا. كرێكاران به‌ شێوه‌یه‌كی ترسناك بێكاركران(614000 هه‌زار كرێكار له‌ كۆی هێزی كاری پیشه‌سازی 2.7ملیون كرێكار له‌ نێوان 1989-1990 له‌سه‌ر كار لابران.
  • پشتیوانی سه‌ره‌كی بوو بۆ ئه‌ندامبوونی سلۆڤاكیا له‌ یه‌كێتی ئۆروپا و ناتۆ.
  • ئه‌م رۆشنبیره‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی سه‌ر به‌ رۆژئاوابوو كاتێ وڵاته‌كه‌ی سۆسیالیستی بوو.
  • له‌هه‌ڵمه‌تهی بۆ هه‌ڵبژاردنی به‌ سه‌رۆكی حكومه بانگه‌وازی كرد بۆ پاكسازی ده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت له‌ سۆسیالیسته‌كان و وتی: له‌ سفره‌وه‌ ده‌ست پێده‌كه‌م بۆ ئیداره‌دانی كاروباری ناوخۆ و پۆلیسی سیاسی. ئه‌و بانگه‌شانه‌ خه‌ونی سی ئای بوو.
  • له‌ ژیاننامه‌ی ئه‌م گاڵته‌جاڕه‌(لاكان)یه ‌هاتووه: له‌(سلۆڤینیا) من وه‌ك كه‌سێكی بێهه‌ڵویستی تاریك، شووم، سیاسه‌تمه‌دارێكی پیلانگێڕ‌. من ئه‌م پیاهه‌ڵدانه‌م پێخۆشه‌ و له‌لا‌مدا زۆر دڵگیره‌.
  • له‌ وڵامی بۆدمانكردنی یوگسلافیا به‌ڵێ یان نا، وه‌ك چه‌پێك ئه‌مه‌یه‌: هێشتا هه‌ر بۆمبارانكردن به‌س نیه كه‌رچی زۆر دواكه‌وتووه‌….من هه‌میشه‌ ئه‌مویست رۆژئاوا ده‌ستوه‌ردان بكه‌ن.
  • گه‌رچی خۆی به‌ توندڕه‌و پیشانده‌دا، به‌ڵام پاپه‌ندی درووشمه‌كه‌ی مارگریت تاتشه‌ره‌(ئه‌ڵته‌رناتیڤ نیه‌).
  • سه‌رمایه‌داری له‌ هه‌موو سیستێمه‌كان خراپتره‌، به‌م سیستێمێكی باشترمان نیه‌.
    ئه‌م گاڵته‌جاڕه‌ نیو‌لیبڕاله”ماركسیه‌”‌ به‌ناوبانگه‌ له‌ دنیای سه‌رمایه‌داری… لاده‌رێكی هه‌ڵپه‌رسته‌ بۆ دوا وشه‌كه‌ی مانیفێستی كۆمونیستی: ئه‌ی رۆشبیره به‌كاره‌كانی سه‌ر به‌ رۆژئاوا یه‌كگرن و كتێبه‌ داهاتووه‌كه‌م بكڕن یان فیلمه‌ یان هه‌ر شتێكم، هه‌ر شتێك.
    گاڵته‌جاڕی ژیژیك له‌ راگه‌یاندنی كوردی وه‌ك رزگار و پیامبه‌ری ئازادی پیشانده‌درێ. ئه‌وه‌ نیه‌ له‌ سایتی وشه، 17.4.2019‌) هاتووه‌: ( له‌باره‌ی ئازادییه‌وه‌ش ژیژك له‌و بڕوایه‌دایه‌، كه‌ ئازادی له‌ تۆڕی پێوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ دروست ده‌بێ، كه‌ سه‌ره‌تا له‌ خانه‌واده‌ و دواتر له‌ بازاڕه‌ دواتر دێته‌ ژێر ده‌ستی حكوومه‌ت و سیسته‌مه‌ جیا جیاكانی فه‌رمانڕه‌وایی، ئه‌و سووره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ هیچ شتێك ڕوون نابێ و حه‌قیقه‌ت نییه‌، ئه‌گه‌ر له‌ پشته‌وه‌ی پێوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیسته‌می سیمبۆل و هێماكان بوونیان نه‌بێ، كه‌واته‌ ئه‌و دوو شته‌ی پێناسی مرۆڤن، له‌ هه‌مان كاتدا وه‌دیهێنه‌ری ڕووناكی و ئازادین بۆ ژیانی مرۆڤه‌كان.)
    ئه‌مانه ئه‌ڵێی میمونن، به‌ سه‌رسامیه‌وه‌ بۆ ئه‌م جۆره‌ گاڵته‌جاڕانه‌ ده‌ڕوانن و لێیان بووه‌ به‌ په‌یامبه‌ر. هه‌ر راستیانه‌ ئازادی له‌ تۆره‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان سه‌رچاوه‌ وه‌رده‌گرێت؟ تۆ بڵێ ئازادی له‌ رزگاریمان له‌ كاردا نه‌بێت؟!
    سایتی(رۆژنیوز، 29.9.2022) به‌بێ ئه‌وه‌ وردببنه‌وه‌، وته‌یه‌كی ژیژكیان وه‌رگرتووه‌ و له‌ پێشه‌وه‌ وه‌ك فه‌یله‌سوف و ره‌خنه‌گری به‌ناوبانگ پێهه‌ڵده‌ڵێن: ئەو ڕاپەڕینەی بە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” لە دوای كوژرانی ژینا ئەمینی لە وڵاتی ئێران سەریهەڵداوە، جیاوازە لەگەڵ بزوتنەوە و فێمینیزمی وڵاتانی پێشكەوتوو و دژە پیاو نییە.)
    ژیژیك له‌و وته‌یه‌ش: 1- راستی نه‌پاراستووه‌، چونكه‌ تووشی گشگیركردن بووه‌(بزووتنه‌وه‌ی فێمینسته‌كان). 2- هه‌موو فێمنیسته‌كانی رۆژئاواش دژی پیاو نین. چه‌ندین ره‌وت و بۆچوونی جیاوازیان هه‌یه‌ و ناكرێ هه‌ڵویستی فێمێنستێكی سۆسیالیست و فێمنستێكی راستڕو و كۆنه‌پارێز و دیموكرات و ئه‌نارشی و لیبڕال به‌ یه‌ك چاو ته‌ماشایان بكرێ. 3- مه‌عریفه‌تێكی نوێ نیه‌ كه‌ داخوازی ژنان و شێوه‌ی خه‌باتیان له‌ ئێران یان هه‌ر وڵاتێكی تر جیاوازن. نه‌ داخوازایان گشتگیر ده‌كرێ و نه‌ ناوه‌ڕۆكی بزووتنه‌كانیان.
    له‌ نامیلكه‌یه‌كی ده‌زگای ئایدیا(100 كتێب) تایبه‌ت به‌ كابرای قه‌شمه‌ر، له‌ گفتوگۆی تاتس تسایتوونگ، به‌ راشكاوی نه‌زانی خۆی درخستووه‌ له‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی(به‌هاری عه‌ره‌بی): ئەوەی ئێمە لەم شۆڕشانەدا دەیبینین بریتییە لە، بزووتنەوەیەکی ئونیڤێرساڵ« جیهانی، کە خەبات بۆ ئازادیی و هاوکاری زیاتر دەکات«.
    ئه‌م قه‌ره‌قوشه‌”چه‌په‌” له‌باره‌ی كۆمونیزم به‌م شێوه‌یه‌ ده‌دوێ: (- لە ڕوانگەی منەوە، كۆمۆنیزمی سەدەی بیستەم، مەزنترین كارەساتی ئەخلاقی- سیاسییە لە مێژوودا، كارەساتێكی گەورەتریشە لە فاشیزم، بەڵام لە سەرەتای رۆژانی شۆڕشی ئۆكتۆبەر دا وێڕای بوونی چەمكی (دڕندەیی سور)، ئازادیی تایبەتی و تەقینەوەی ئەدەبی بەرلەوەی ببێتە كابوس(
    ژیژك به‌ خۆی گه‌مژه‌یی خۆی ده‌رده‌خات كاتێ دوو سیستێمی جیاواز به‌ ناو و ناوه‌ڕۆك و ئامانج و پێكهات و فه‌لسه‌فه‌ و بۆچوون به‌یه‌ك ده‌شوبهێنێ، به‌داخه‌وه‌یه‌ سووپای سووری سۆڤێت سه‌ركه‌وتنی به‌سه‌ر نازیزم به‌ده‌ستهێنا و ته‌نانه‌ت سوڤێت به‌ خراپتر له‌ رژێمی نازی هیتله‌ی ده‌زانێ:
    “ئەگەر ئاستێکی دیاریکراوی ئازارەکان بپێویت، ستالینیزم لە نازیزم خراپتر بوو”، وادیارە بە داخەوە دەڵێت کە سوپای سووری ستالین شکستی بە ئامێری جەنگی نازی هێنا. [4] ئەو پێداگری دەکات کە ڕەیخی سێیەم لە توندوتیژییەکانیدا وەک کۆمۆنیزم “ڕادیکاڵ” نەبووە و “کێشەی هیتلەر ئەوە بوو کە ئەو بەس توندوتیژ نەبووە”. [5] ڕەنگە بتوانێت هەندێک ئامۆژگاری لە ماو تسیتۆنگ وەربگرێت کە بە گوێرەی ئەم تیۆریستە گەورەیە “بڕیاری بێبەزەییانە بۆ برسیکردنی دەیان ملیۆن کەس و مردنی” داوە. [6]
    له‌ڕاستیدا هه‌ڵپه‌رستێكی لیبڕاڵ و گاڵته‌جاڕ له‌ ده‌زگای رۆشنبیری ئیمپریالیسسته‌كانه‌ و له‌به‌رچاوی رۆشنبیره‌ كارتۆنییه‌كان بووه‌ به‌ فه‌یله‌سوف.
    ئه‌م بابه‌ته‌ زۆر هه‌ڵده‌گرێت و هیوادارم هاوڕێ و براده‌ری تر خه‌می نووسینێكی تری هه‌بێت له‌م باره‌یه‌وه‌.



حەصانە.. پشکۆ ناکام

سەرکردەی هەچ ووڵاتێک پەلاماری کاروانی بازرگانی لە دەریا یان لەسەر ئەرز بدات ئەوە بێ یەک و دوو کردن پێ ی ئەڵێن “چەتە/قرصان”، محمدی قوڕەیشی کاروانی بازرگانی قوڕەیش نەما بوو پەلاماری نەیا و تاڵانی نەکا ، کەس هیچی نەووت چونکە ئەو:
پێغەمەری خوا بوو…!!!

() هەر سەرکردە یان فەرمانڕەوایەک یەک لەسەر پێنجی داهاتی میللەتەکەی بەرێ بۆ خۆی ئەوا ئەو زاتە بە “دزی کردن” لە داهاتی گشتی تاوانبار ئەکرێ ، بەڵام محمدی قوڕەیشی بەناوی “یەک لە پێنج / خمس”ی خوا و پێغەمبەرەکەی ،یەک لەسەر پێنجی هەموو داهاتی قوڕەیشی بۆ خۆی لوش ئەدا و هیچی پئ نەووترا چونکە ئەو: پێغەمەری خوا بوو…!!!

() لە شەڕی دوو وڵات یان دوو لایەن ، سەرۆکی لایەنە سەرکەووتوەکە چی کچی شۆخ و شەنگی لایەنە دۆڕاوەکە بۆ “ڕابواردن” بۆ خۆی ببات ، ئەو سەرۆکە پێ ی ئەووترێ “شەهوانی” ، کەچی محمدی قوڕەیشی لە داگیر کردنی خێڵە جولەکەکا نا چی کچی دەگمەن وەک” سەفیە کچی حوەی”و “ریحانە کچی شمعون” هەیە بردنی بۆ خۆی و ناوی لێنان “دەستکەوتی جەنگ/ غنیمة”،
لەگەڵ ئەوەیشا کەس فزەی لێوە نەهات چونکە ئەو: پێغەمەری خوا بوو…!!!

() گەر سەرکردەیەک ووڵات و گەلەکەی دووچاری نەشەڕێ و نە دووان بکا ، بە کەسێکی “خوێن ڕێژ” ئەناسرێ ، محمدی قوڕەیشی لە تەنها هەشت ساڵا “27” جەنگ و (56) پەلاماری سەربازی بە جێ گەیانوە ، کەسیش هیچی نەووتوە چونکە ئەو:
پێغەمەری خوا بوو…!!!

() هێنانی کچێکی (9) نۆ ساڵان لەلایەن فەرمانڕەوایەکی پیرەوە بە “نەخۆشی سێکس” ناو ئەبرێ ، سەرەڕای ئەمە محمدی قوڕەیشی “عائشە”ی بە (6)شەش ساڵی بردە لای خۆی و كە بوو بە (9)ساڵ هێنای کە تەمەنی وەک باپیری وا بوو.! كەس ناڕەزا نەبوو چونکە ئەو: پێغەمەری خوا بوو…!!!

() کاتێ سەرکردەیەک یاسا یان فەرمانێک دەرئەکا نابێ خۆی لە سەروو ئەو یاسایەوە بێ ، کە وای کرد ئەبێ بە “دیکتاتۆر”، بەڵام محمدی قوڕەیشی کە یاسای ئیسلامی حەڵاڵ بوونی چوا ر ژنی بۆ پیاوەکانی بە دوایەوە بوون دەرکرد خۆی (11) ژنی “ئاشکرا”ی هەبوە ، هەمووش بێ دەنگ بوون ، چونکە ئەو : پێغەمەری خوا بوو…!!!

() یەکێ لە سیفەتەکانی “مافیا”ئەوەیە کە نەیارەکانی خۆی لەناو ببات و هەرکەسێ لێ ی جیابوە بە”خائین”ناوی ئەبات، کەچی محمدی قوڕەیشی فەرمانی کوشتنی بە هەموو ئەوانە دەرکرد کە بەجێیان هێشت و بە “مورتەد”ناوی بردن و ووتی: ( ئەو کەسەی دینەکەی بگوڕێ ئەبێ بکوژرێ)… و هەموو لێ ی بێ دەنگن ، چونکە ئەو: پێغەمەری خوا بوو…!!!

() هەر سەرکردەیەک پێکهاتە و کەمە نەتەواتییەکان لەناو بەرێ یان بە کۆچ کردن ناچاریان بکا ئەوە بە”تاوانباری جەنگ”ئەا ژمێرێ ، بەڵام ئەبینین محمدی قوڕەیشی “یهود بنی قوریة”ی قەتڵ و عام کرد و”یهود بنی نظیر”ی ناچار بە ڕاکردن و پاشان بە کۆچ کردن کرد ، بڕیاریشی دەرکرد : جگە لە ئیسلام نابێ یەک مەسیحی یان جولەکە لە جەزیرەی عەرەبیا بمێنێ ،، ئێستاشی لەسەر بێ کەس نوتقی نەکرد چونکە ئەو: پێغەمەری خوا بوو…!!!

() سەرکردەیەک بڵێ ئەو لەلایەن خواوە ڕاسپێدراوە هەرچی نەبێ بە ئیسلام ئەبێ بکوژرێ ، یان پەشیمان ببنەوە و شایەتمان بە تەنهایی خوا و گەورەیی خۆی وەک پێغەمەر بێنن ، ئەو کاتە بەر لێبوردن ئەکەون و لەناو ناچن.. بەو سەرکردەیە ئەووترێ” کەم ئەقڵ /شێت”، کەچی محمدی قوڕەیشی ئەوانەی کرد و شەڕی دونیای کرد و کەس باسی لێوە ناکا ، چونکە ئەو:
پێغەمەری خوا بوو…!!!

….. ئاخۆ بۆچی چاوپۆشی لەو هەموو تاوانانەی ئیسلام و پێغەمەرەکەی ئەکرێ ؟ تەنها لەبەر ئەوەی پاساوێکی ئایینی لە پشتەوەیە ؟ بۆ هەر ووڵاتێک و هەر لایەنێک بە جۆرێک باسی لێوە ئەکا ؟
ئایا ترسیان لە فرۆشتنی نەوتەکەیان هەیە..؟ ..تۆ بڵێ ی سازش لەسەر”مێژوو” بکرێ و کەی مێژوو خراوەتە تەرازووی پارە و توند و تیژی و باز بە سەردانا ..؟..گەر محمدی قوڕەیشی وەک پێغەمەرێک بۆی هەبووبێ ئەو هەموو کوشت و کوشتار و تاوانانە ئەنجام بات ، خۆ هیتلەر.. و.. ستالین.. و مۆسۆلینی.. و صدام..و..و.. لای بەشێک خەڵک بۆ ئەوان پێغەمەرێک بوون بۆ خۆیان ، کەواتە ئەوانە لە پێغەمەرە مەزنەکانی خوا و مێژوون و شەرعییەتێک هەیە لە تاوانەکانیانا ..!!
یان ئەبێ هەر هەموویان بە “محمد”یشەوە تاوانبار بکرێن ، وەک یەک سەیر بکرێن، بۆ ئەمە ئیسلام و محمد یش پارێزراو نین و ناخرێنە لیستی : “حەصانە” ەوە




پەیام ئیبراهـیم و رۆمانی نازیلـێی مانگ و شازادەی خـۆر.. رەزا شـوان

باسکـردن لە رۆمـان، باسکـردنـە لە جـۆرێـکی گـرنـگ و بـاو و بـڵاوی ئـەدەبی، کە شـوێـنـێکی بـەرزی لە ئـەدەبی نـوێـدا هـەیە. رۆمـان هـونـەرێـکی خەیـاڵی تـازەیـە لە هـونەرەکـانی ئـەدەب. کە لە رۆژئـاوادا سەری هـەڵـدا. رۆمـان لـە چـیـرۆک درێـژتـرە، یا لە زنجـیرە چـیرۆکـێک پـێکهـاتـووە. بە شـێوەی پەخـشـان دادەڕێـژرێـت و بـاس لە کـۆمەڵـێک رووداوی هـەمەجـۆرە دەکـات. بـێجـگە لە پاڵـەوانی سـەرەکی، ژمـارەیەکی زۆری کاراکتەری (کەسایەتی) تێـدا بەشدارن و رۆڵیان لە رووداوەکانی رۆمانـدا هەیە. دەشێ رووداوەکان لە لە شوێـن و دۆخێکی نامۆ و خەیاڵیدابـن. دەشێش کارەکتەررکان راستیبن یا خەیـاڵیبن، مەرجیش نییە کە تەنیا مرۆڤـبن، دەکرێ باڵندە و ئاژەڵ، یا شتی خەیاڵی و ئەفـسانەیی بن، بە تایبەتیش لە رۆمانی منداڵاندا. خەیاڵ رۆڵێکی سەرەکی و گرنگی لە نووسینی رۆماندا هـەیە. لە سەردەمی ئەمـڕۆدا، بەراورد بە ژانـرەکانی تری ئەدەب، رۆمـان گرنگـترین ژانـری ئەدەبیـیە و زۆرتـرین خوێنـەری هـەیە. جیـوازیشی لەوەدایـە، کە چـێژ و خـۆشی و جـوانی و هـونـەر و زمـان و ئەنـدێـشـە و فـانتـازی و ئەفـسوونی لەخـۆگـرتـووە و باس لە کـێـشەکـانی ژیـان و لە مـلملانـێی نێـوان بـاش و خـراپ و شەڕ و ئاشتی و لە هیـوا و لە خەونەکانی مـرۆڤ دەکات. رۆمان خـوێنەران دەهـێنێتە ناو جیهـانێکی بەرینەوە. وایان لێدەکات کە دەست لە خوێندنەوەی هەڵنەگرن تا بـزانـن رووداوەکان بە کـۆێ دەگـەن و بە چی کۆتـاییـان دێـت.
ئەگـەرچی رۆمـان بە هـونـەرێکی ئەدەبی تـازە دادەنـرێت. بەڵام رۆمـان مـێژوویـەکی دانەبـڕاوی هـەیـە. کـە دەگـەڕێتـەوە بـۆ زیـاتـر لـە دوو هـەزار سـاڵ بـەر لـە ئەمـڕۆ. رەسەنـایـەتی سەرهـەڵـدانیـشی بـۆ یـۆنـانییەکـان و رۆمـانییەکـان دەگـەڕێتـەوە.
گەورەکـان زیـاتر حەز لە خوێنـدنەوەی رۆمـانی ریالـیزمی دەکەن، کە شتی لـۆژیکیان لەخـۆگرتوون. بەڵام منـداڵان هـۆگری خوێنـدنەوەی چـیرۆک و رۆمـانی خەیـاڵـین، کە پاڵەوان و کاراکتەرەکانیان منداڵانن یا ئاژەڵ و باڵنـدەن یا شتی خەیاڵی و ئەفـسانەیین. چـێژ لە سەرەکـێـشییەکانی پاڵەوانەکانی چـیرۆک و رۆمـانەکان وەردەگرن. لەمە زیاتر درێـژە بـەم پـێشەکـییە نـادەیـن و دێـیـنە سـەر کـرۆکی ناونیـشانی ئـەم نووسـینەمـان.
خوشبەختانە لە کۆتـایی ساڵی پار (٢٠٢٢) و لە ئەمساڵدا (٢٠٢٣) دا لە لایـەن دوو نووسەری ناسـراوی کوردمان لە بـواری ئەدەبیـاتی منـداڵان، دوو رۆمـان بە زمـانی کـوردی بـۆ منـداڵان چـاپکـران. رۆمـانی (کـچـی دورگـە بچـکـۆلـەکـە) لـە نـووسـینی مامۆستا (ئەمـین محەمەد) بۆ مێردمنداڵان. رۆمانی (نازیـلێی مانگ و شازادەی خـۆر) لە نووسینی خاتوو (پەیـام ئیبـراهـیم) بـۆ نەوجـەوانان. پێموایە هەردووکیان بە هـەڵە نەچوونە کە نووسیویانە بۆ مێردمنداڵان و نەوجەوانان. چونکە منداڵانی خوار تەمەنی سیانزە ساڵان، ئەو پشوودرێـژییەیان نییە کە رۆمان بخوێننەوە و لە هـێماکان تێبگەن.

هـەردوو رۆمـانەکەش لە چـوارچـێوەیـەکی کلاسـیکی خەیـاڵئـامێزدان و بە شێوازێکی فانتـازی ئاسان داڕێـژراون. بـۆ گەیـشتـنی پاڵـەوانی رۆمـانەکانیـان بە خـەونـەکانیـان، پەنایان بۆ ئەفـسوون (جـادوو) بـردوون، بۆ ئـەوەی بەسـەر ئەسـتەم و لە تـوانابـەدەر سەرکـەون و خـەونـەکانیـان بـەدی بهـێـنن. گـەلێ لە کـەڵە رۆماننووسانی جیهانیش لە شاکارە رۆمانەکانیان بۆ منـداڵان و مێردمنـداڵان، بۆ رووبەڕووبوونەوە و سەرکەوتنی پاڵەوانەکانیان بەسەر کـێشە و تەگەرەکانـدا و گەیـشتـنیان بە خەونەکانیـان پەنیـان بـۆ جـادوو بـردوون. زۆرن گـەر ناویـان بهـێنـین.
پاڵەوانی هەردوو رۆمانەکەش (لـولـو) و (نـازە) دوو کچی جوانکـیلە و ئازا و ژیـر و سەرەکـێشن. هـێنانەدیی خەونەکـانیان دەبەنە دوو جیهـانی نمـوونـەیی دروستکـراوی زادەی خەیاڵی هەردوو رۆماننووسەکە. تەمەنی هەردوو پاڵەوانەكەش لە یەکترییەوە نزیکن. هەردوو رۆمانەکە دوو ئەزموونی تازەن لە بـواری نووسینی رۆمـانی کوردی بۆ مێردمنـداڵانی کورد. دوو دەستپێشخـەریی ترسشکـێنن بۆ نووسین و چاولێکـردنیان و بۆ سەرهەڵدانی رۆمانی تازەی کوردی بۆ منداڵان. مـژدەبەخـشن بۆ پێشکەوتن و بۆ داهـاتـوویـەکی باش بـۆ رۆمـانی منـداڵانی کورد. ئـەوەی بە وردی هـەردوو رۆمـانەکە بخـوێنێتەوە. هەست بەوە دەکـات کە چەنـد خاڵێکی هـاوبەش و لەیەکچـووی نـزیک لە نێوان ئەم دوو رۆمانە کوردییەدا هەیە. مەبەستیشم ئەوە نییە کە ئەم دوو رۆماننووسە چـاویـان لە یەکـتری کـردووبێـت.

دوو هـەفـتە پێـش ئێـستا، نـووسـینێکـمان لەژێـر ناوی (خـوێنـدنەوەیـەک بـۆ رۆمانی کچی دورگـە بچکـۆلـەکە) نووسی و بـڵاومان کـردەوە. پـێمخـۆشە کە بە کورتی و بە چـڕی باس لە رۆمــانی (نـازیـلـێی مـانـگ و شـازادەی خـۆر ) یـش بـکەم.
رۆمانی (نازیلێی مانگ و شازادەی خـۆر) لە نووسینی چـیرۆکنووس و راگەیـاندکار و سەرپەرشـتیکار و ئامادەکەر و پێشکەشکەری بـەرنامەی (چـیرۆک بـۆ منـداڵان) لە تەلەفـزیـۆنی پەروەردەیـی. خاتـوو (پەیـام ئیـبراهـیـم عـەبـدولـڕەحـمـان)ە. کە یەکـەم ژنـی کوردە کە رۆمـان بـۆ منـداڵانی کورد بنووسێت. بەمـەش نـاوی چـووە مێـژووی سەرهەڵـدانی رۆمانی منـداڵانی کورد و تا هەتـایە شانازی و شکـۆداری و نەمریی بۆ خـۆی تـۆمـارکـرد.
پەیـام خان لەدایکبووی شاری سلێمانییە و هەر لە سـلێمانی دەژی. دەرچـووی بەشی ژمێریارییە. لە پۆلی چواری قـوتابخانەی بنەڕەتییەوە، هـۆگری نووسینی شیعـر بووە. دوایی دەستی بە نووسینی چـیرۆک بۆ منـداڵان کـردووە. لە (٢٠١٠) وە، چـیرۆک بۆ منـداڵان دەنـووسێ و لە گـۆڤـارەکانـدا بڵاوی کـردوونەتەوە. تا ئێستا بەم رۆمـانەیەوە شەش کتێبی چاپکـراوی هەیە ناوەکانیان ( سمـۆرەی میهـرەبان، ژینگەکەم دەپارێـزم، قـاپی خـواردنەکەی یەسـنا، ئـۆتـیزمـم هـاوکاررم بە، ددانی ورچـە، نازیـلـێی مانگ و شـازادەی خـۆر) خـاتـوو پەیـام ئـەنـدامـێکی چـالاکــیشـە لـە چـەنـد رێـکـخـراوێـکی پـەروەردەیی و ژیـنـگەپـارێـزی لـە سـلـێـمانی.
خـاتـوو پەیـام هـاوسەرگـیریی کـردووەدایـکی (دوو کـوڕ) و (دوو کـچ) ە.
رۆمانی نازیـلـێی مانگ و شـازادەی خـۆر، نۆبـەرەی رۆماننووس پەیـام خانە، هیـوای نـووسینی رۆمـانی تـری بـۆ منـداڵانی کـورد بـۆ دەخـوازیـن.
وێـنـەی بـەرگی رۆمـانـەکە و (١٣) وێنـەی روونـکـردنەوەی رەنـگاوڕەنـگ لـەلایـەن وێنەکێش (جـێژوان عـەبـدوڵڵا) وە کێشراون. کوالـێتی وێنـەکان باشن. بەڵام خـۆزەگە شێوەیەکی کوردی بە نازەوە دیاردەبـوو، جـلێکی ساکاری کوردیی لەبەربـوایە، زیـاتر سەرنجی منـداڵانی کوردی رادەکێشا. گەر لە وێنەی ژمارە (٢) بڕوانین. وێنەکە هـیچ شـێوەیەکی کـوردی پێـوە دیـارنییە. هـەڵـەیەک لە وێنـەکانـدا هـەیە. نـازەی پاڵـەوانی رۆمانەکە لە یەکەم وێنەوە تا دوا وێنە هەر هەمـان شێوە منداڵی هـەیە، وەک ئەوەی کات وەستابێ و نەگـۆڕابێـت. لە کـاتێکـدا ئـەو گەورەدەبێـت و هـاوسەرگـیری لەگـەڵ شازادەدا دەکات و دووگیان دەبێت. دەبوایە کاک جێژوانی وێنەکێش. دوا وێنەی نازەی لایـەنی کەمەوە لە شـێوەی کچـێکی نەوجـەوان بکـێـشایە. شـازادەش لە وێنەکـەدا لە تەمەنی منداڵـێکی یانـزە بـۆ دوانـزە ساڵی دایـە، دەبـوایە خاتـوو پەیـام هـەستی بـەم هەڵەیە بکردایە. من وەکو خوێنەرێک لە وێنەکان دەڕوانم، نەک وەک رەخنەگرێک.
دکتۆر (ماجـد خەلیـل) پێشەکییەکی جـوانی بۆ رۆمـانەکە نووسیوە، هـۆی دواکەوتـنی نووسینی رۆمانی کوردی بۆ قۆناغە سیاسییە نالەبارەکان دەگەڕێنیتە. بەڵام گرنگترین هـۆی دواکەوتـنی رۆمـانی منـداڵانی کورد بۆ داگـیرکردنی کوردسـتان دەگەڕێتـەوە. کە زیـاتر لە سـەد سـاڵە داگـیرکەران بـواری کوردیـان نەداوە سەری خـۆشی بخورێنێـت. هـەمیشە هـەوڵی قـڕکردن و سـڕینەوەی ناسنامەی نەتـەوەیی کوردیان داوە و دەدەن.
دکتۆر ماجـد لە پێشەکییەکەیدا، سەرهەڵـدانی دەستپێکردنی رۆمانی منـداڵان لە جیهاندا بۆ (جـۆن نیـوبـەری) دەگـەڕێـنێتەوە، بە دروسـتـیش بـۆ ساڵی (١٧٤٤ز). بەڵام جـۆن نیـوبەری لە سەرەتـادا، شـاکارە رۆمـانی (رۆبـنـسون کـرۆزو ـ ١٧١٩ز) لە نـووسینی (دانیال دیـڤـو)، کە بۆ گەورەساڵان نووسـیوێـتی. ئـەو کـورتی کـردەوە و بە زمـانـێکی ئاسانـتر و بە شـێوازێکی ناسکـتر و شـیرینـتر بـۆ منـداڵانی داڕشـتەوە.
رۆمانی (گەشتەکەکانی گۆلیڤـەر) لە نووسینی رۆماننووس (جوناسان سویـفـت) کە لە ساڵی (١٧٢٦) نووسیوێتی، بە کۆنترین و بەناوبانگترین رۆمان بۆ منداڵان دادەنرێت.
خاتـوو پەیـام ئیبراهـیم، لە رۆمـانی نازیـلـێی مانگ و شازدەی خـۆردا، بە شـێوازێکی فـانتازی و بە تەکـنیکـێکی تـۆکـمە و بە زمـانێکی کـوردیی ناسک و شـیرین و ئاسان رۆمانەکەی داڕشتووە. لە میانەی نازیـلێی پاڵەوانی رۆمانەکەی، کاری لەسەر زجـیرە رووداوەکانـی کردووە، کاری لەسەر رەهەنـدی پەروەردەیی دروستی منداڵان کردووە. کۆمەڵێک بەهـای بەرزی بەرجەستەکردووە، کە دەیەوێت لە دەروونی منداڵانی کوردا بیان روێنێت. وەک: رەوشت بـەرزی، خۆشەویستی، هـاورێتی، دڵسۆزی، هـاوکاری، سـوزداری، متـمـانە بەخـۆبـوون، ئـازایـەتی، مـرۆڤـایـەتی، بـاڵـنـدە و ئـاژەڵـدۆسـتی، ژینـگەدۆستی، بـەزەیی و دلـۆڤـانی، حـەزی سـەرەکـێـشی، گەشـبیـنی، هیـواخـوازی، چـاکەخـوازی، یارمـەتی، تێکـۆشـان، کۆڵـنـەدان، فـریـاڕەسی، سەرکەوتن، … هـتد.
فانتازیش بە شێوەیەکی ئەدەبی دەوترێـت، کە مەیـلی ئەوەی هـەیە لە جیهـانی داب و نەریتی باودا دابڕێت و کاری لە لۆژیک بەدەر بکات. فانتازی یەکێکە لە فاکتەرەکانی پێـشکەوتـن و داهـێنـان لە جـیهـانی رۆمـان و چـیرۆک و هـونـەردا.
خاتوو پەیام، خەونی منـداڵان لە هـێنانەدیی داهاتوویەکی باشتر و ژیانێکی خۆشتر، لە نازەی ئازا و دلۆڤـانی پاڵەوانی رۆمانەکەیدا بەرجەستە دەکات و دەیکات بە نوێنەریان. نـازە خەونی ئەوەی هـەیە کە بفـڕێـت و سـوورە لەسەر هـێنـانەدیی خەونـەکەی. ئـەم خەونەش پێویستییەکی هەمـوو منـداڵانە، بۆ ئـەوەی ئاشـنای جیهانێکی فـراوانترببن و شتی تازە بدۆزنەوە و زانیاری زیاتر وەربگرن و ئەزمـوونی تـازە فـێرببن. هـێنانەدیی ئەم خـەون و خواستەش، پێـویستی بە بـڕیـارێکی تـۆکـمە و بە ئازایـەتی جەسـتەیی و دەروونی و بە سەرەکێشی و سووربوون و کـۆڵنەدان و هـەنگاونـانی کـرداری هـەیە. بە هـاوکاری و هـاوڕێتی و بە هــێزی لە توانەبـەدەر هـەیە. رۆماننووس خاتوو پەیام بۆ هێنانەدیی خەونەکەی نازە، جەخـتی لەسەر هەمـوو ئەو فـاکتـەرانە کـردووە. ئەو هـەستەی لە ناخی نازەدا روانـدووە، کە لە سـایـەی ویسـتن و متمـانە بەخـۆبـوون و سووربـوون و ئیـرادەیـەکی بەهـێز و پـۆڵاییندا، لە سـایەی هـەوڵ و کۆششکـردنـدا، شتێک نییە کە ناوی ئەسـتەم بێت. هەموو خەون و هـیوایـەک دێتـەدی گـەر مـرۆڤ دەست لە خواست و خـەون و هیـواکانی هەڵنەگـرێـت. شاعـیرێـکی عـەرەب دەڵێـت:
ئـەوەی ویـستی بە خـۆر بگات، بە تیشکەکانیـدا سەرکەوت بـۆ گەیشـتن بە هیـوای.
حەزەکەم بە کورتی، ئامـاژە بە دوو نمـوونـەی ئیـرادەی راسـتی بـدەم:
لە سەرەتاکانی ساڵی شەستەکانی سەدەی رابردوودا، لە گەرمەی ململانی و پێشبڕکێی نێـوان ئەمـریکا و یەکـێتی سۆڤـیەتـدا. بۆ باڵادەستی لـە بـواری پـشکـنیـنی ئاسمانیـدا. ئەمریکا ویستی پێش سۆڤیەت مـرۆڤ بنێرێتە سەر مانگ و بە ساغیش بیگەڕێنێتەوە بۆ سەر زەوی، ئەوبوو کە (جـۆن کەنەدی) سەرۆک کۆماری ئەو کاتەی ئەمریکا، لە ساڵی (١٩٦١) دا بڕیاری ناردنی مرۆڤی بۆ سەر مانگ دا. کە زۆربەی سەرکردەکانی جیهـان گاڵتەیان پێکـرد و بە خەونێکی ئەستەم و نەزۆک ناویـان برد. بەڵام لە سایەی هەوڵدان و سووربووندا، خەونەکەی کەنەدی هاتەدی و لە ساڵی (١٩٦٩) دا ئەمریکا لە رێی کەشـتیی ئاسمانی (ئەپـۆلـۆ ـ ١١) ەوە، مـرۆڤـیان گەیـانـدە سـەر مـانـگ کە هـەردوو کەشـتیوانی ئاسمانی ئەمـریکی (نیـل ئارمسـترۆنگ) و (باز ئاڵدرین) بوون، لەسـەر مانـگ دابـەزیـن و بە سـاغـیش گـەڕانـەوە بۆ سـەر زەوی. خـەونی ئـێسـتای ئەمـریکا ناردنی مـرۆڤـە بۆ سەر هەسارەی کەیـوان (مەریخ) ئەمەش ئەستەم نییە و دێتـەدی.
زیاتر لە (٧٥٠) ساڵ بەر لە ئێستاش بیرمەنـد و زانـای ئینگـلیزی (رۆجـەر بایکـۆن) کە هـێشتا باڵـۆن و فـڕۆکە دروست نەکرابوون، وتی:” لە داهاتوودا مرۆڤ دەتـوانێت ئامێرێک دروست بکات و پێی بفـڕێت” کە چی بە شێت و گـومـڕا و دژ بە ئاین ناویان برد و لە کەنیسە دەریان کرد. ئەوەتا خەونەکەی رۆجەر هاتەدی و فرۆکە دروستکرا.
ئـەو خەونانەی کە لە ئەمـڕۆدا دەمانەوێـت، پێویستە لە خەیـاڵ و لە هـزری منداڵانی ئەمـڕۆمـدا بەرجەستەیان بکەیـن. چـونکە دواڕۆژی گەلەکەمان لە دەستی منـداڵانی ئەمڕۆمـان دایـە. هەموو بیـرێـکی نوێـش بە قـۆناغـێکی دژایەتیکـردنـدا تێدەپەڕێت.
نـازەی پاڵەوانی رۆمـانەکەی خـەونێکی گەورەی هەیە، خەونەکەشی (فـڕیـن) ە، بۆ ئەوەی بە جیهـانێکی فـراونتـر و بە گیانلەبەرانی زۆرتر و بە ژینگەیـەکی گەورەتـر ئاشنابێ. لە پێناوی هێنانەدی ئەم خەونەشیدا، توانی بەسەر ئەستەمدا سەربکەوێت و خەونـەکەی بهـێنێـتەدی. ئامـانج لە فـڕینەکەی خاتـوو پەیـام. ئەوەیە کە ژیـان نابێـت بـوەستێـت و بچـەقـێـت، چـونـکە وەسـتان مـردنە. دەبـێـت خـەون بە داهـاتـوویـەکی باڵاتـرەوە بـبیـنـین. بـویە رۆماننووس بە دەمی ژولیـای یەکـێک لە کاراکتەرەکـانەوە دەڵێت:”هەموو جیهان خەون بە فڕینەوە دەبینن، ئیمە خەونی هەموو جیهانمان بەدی هـێنا” ئامانجی ژان و ژولیا، ئەوەبـوو کە شارێک لە مرۆڤـە باڵدارەکان دروستبکەن. کە هـەمـوویـان تـوانـای فـڕینیـان هـەبێـت، وەک و نمـوونە و سـەرمـەشـق، چـەنـد منـداڵـێکیـان لە نێو ئەشکەوتـەکەدا فـێری فـڕین کردوون. رۆماننووس خەونی فـڕین بەر گوێی کۆرپـەلە جوانەکەی ناو سکی نازیـلێ دەدات. شاژنی مانگ دەڵێت: “دەبێت منداڵەکەم خەونی هەبێت، چونکە مـرۆڤ بەبێ خـەون وەک ئەوەیە هـەر نەژیـابێت”.
هـەردوو هـاوسەری زانـای جـێنەتیک (رەگەزی) ژان و ژولیـا، کە دوو کەسایەتین لە رۆمـانەکەدا دەڵـێن:”لە وڵاتی خـۆمـان ئـەم خەونەمـان هـەبـوو، کاتێـک پـێیان زانـین ویستیان بـمانگـرن و ئەشکەنجەمان بـدەن. بۆیە ئێمە بـڕیارمادا شارەکە بەجـێبهـڵێن، هـەڵهـاتـوویـن بـۆ ئـەم ئەشکەوتە”.
بۆچی خاتوو پەیام ئیبراهـیم و مامۆستا ئەمین محەمەد پاڵـەوانی چـیرۆکەکانیان کچـن؟
لە نووسینێکمدا لەژێر ناوی (نایەکسانی رەگەزی لە ئەدەبی منداڵاندا) کە لە (٢٠٢١)دا لە سایتەکانـدا بـڵاوم کردۆتەوە. جەخـتـم لە نایەکسانی و ناهـاوسەنگی و نادادپەروەری لە رۆڵی رەگەزی کچـان کردووە، کە بە زەقی بە دیـدەکەین. کوڕسالاری لە چـیرۆک و رۆمـانەکـانـدا رەنگـدانەوەی هـەیە، بە زۆری پاڵـەوانی چـیرۆک و رۆمـانەکان کـوڕن. هەمـوو هـێز و تـوانا و ئازایـەتی و قـارەمانێتی و هیـوا و سەرەکـێشی و فـریـاڕەسی و سەرکـەوتـنێک دراونـەتە پـاڵ کـوڕان. بـەڵام سـۆزدای و بێ دەسـەڵاتی و لاوازی و بێ هیـوایی و بەدبەخـتیش دراونەتە پـاڵ کچـان. ئەمەش جیـاوازیییەکی زەقی رەگـەزییە و ناڕەواییـەکی گـەورەیە بەرانبـەر بە کچـان. ئـازادی و پێشکەوتـنی گـەل و نیشـتمان لە هەموو بوارەکانـدا، بەنـدن بە بەدیهـێنانی یەکسانی و هـاوسەنگی رەگەزیـیەوە لەسەر بنەمای توانـا و لـێهاتـوویی و شایستەیی.

نووسەرانی بـوارەکانی ئەدەبیاتی منـداڵان، دەتـوانن رۆڵیکی گـرنـگ و کاریگەریـان لە چـاندنی تـۆوی یەکسانی جـێندەریـدا هەبێت. بۆیـە بەشێکی زۆری نووسەرانی منـداڵان لەم سەردەمەدا، بە زۆری پاڵەوانی بابەتە ئەدەبییەکانیان کچـن، دەیانەوێـت قـەرەبووی ئەو سـتەم و نایەکسانییەیان بۆ بکەنەوە. بێ سەلـمێنن کە ئازایەتی و هـێز و تواناکانی کچان لە کـوڕان کەمـترن نیـن. خاتـوو پەیـام دەڵێت:”لە رۆمـانـەکەدا بـەدوور لە هـەر بابەتێکی ئایدۆلۆژی و رەگەزی و نەتەوەیی، تەنها ئامانجـم پێشانـدانی توانای کچـە و هـانـدانییەتی بـۆ سەرکەوتـن”.
رۆمانی نازیلـێی مانگ و شازادەی خـۆر، تا رادەیەک لەبیرۆکەی رۆمانی (ئەلـیس لە وڵاتی عـاجبـاتییەکانـدا ـ ١٨٦٥) نـزیکە. کە رۆماننووس (لـویس کارۆل) نووسیوێتی، کە باس لە کچـێکی بچووک دەکات، کە ناوی (ئەلـیس)ە. دوای کەروێـشکـێکی سـپی دەکـەوێت و دەکـەوێتـە نـاو چاڵـێکی قـووڵەوە و لە جـیهـانێکی خەیـاڵی و عـاجـبـاتی سەیـر و سەمەرەی ژێـر زەویـدا خـۆی دەگـرێتەوە. لەگـەڵ ئـاژەڵان و شـتی بێ گیـان دەبێت بە هـاوڕێ و ئاشنایان. تا لە دواییدا جادوولێکردنەکەی بە تاڵ دەبێت و لەسەر زەویـدا خـۆی دەبـینێتەوە. گەلێ بیرۆکەی جـوان و بەهـای بەرز لەم رۆمانەدا هـەیە. زۆر لە رۆماننووسانی منـداڵان ئیـلهـام و سـوودیـان لـەم رۆمـانە وەرگـرتـوون.
جـادوو و هـێـزی لەتـوانابـەدەریـش، ئـامـانـج نـین لـە رۆمـانـدا، بەڵکـو هـۆیـەکـن بـۆ گەیـشتن بە ئامـانج. جـادوو و هـێزی لە تـوانابـەدەر، بوونـەتە بەشـێک یا رەگـەزێـک لە رەگـەزەکـانی چـیرۆک و رۆمـانی فـانـتازی و ئەفـسوونـاوی تـازەدا. بۆ هـێـنانەدیی خـەون و ئامـانجـەکـانی پاڵـەوانی رۆمـانـەکـان و سـەرکـەوتـنیـان بەسـەر ئـەسـتەم و کـاری لەتـوانـابـەدەردا. لە زوربـەی چـیرۆک حـیکایەت و ئەفــسانە و داسـتانەکانـدا، جـادوو رەگـەز و هـۆیـەکی سەرکەوتـنی پاڵـەوانەکـانیـان بـووە.
لە بارەی داڕشتنی رۆمانی نازیلێی مانگ و شازادەی خـۆر، خاتوو پەیـام ئیبراهـیم بە شـێوازێـکی ناسک و ئاسان دایـڕشـتووە، وشـە و رسـتەکانی لە فـەرهـەنـگی زمـانی منـداڵانی کوردەوە وەرگرتـوون، هـیچ گرانی و ئاڵـوزییەکیان تێـدا نییە. بێگومان هەر نووسەرێکـیش تا رادەیـەک، شـێواز و سـتایـلی تایبـەتی خـۆی لـە نـووسـیـندا هـەیە. شێوازیش بریتییە لە رێگەی نووسین و داڕشتنی نووسەر، رێگەی گوزارشتکردن لە خەیـاڵ و بـیر و هـزر بەهـۆی زمـانەوە.
چەنـد سـووکە تـێبینیـیەکـم دەربـارەی رۆمـانەکەی هـەیە:
خاتوو پەیـام نووسـیوێـتی نازە تاقانەی ماڵەوەیـانە. نازەیەک کە دوو بـرای هـەبێـت بۆ تاقـانەی ماڵەوەیە؟ پـێموایە وشەی تاقانەکەی هەڵەیە. لە بەشی (گەڕان بە دوای ژیانی گیانداراندا) لە دێڕی (٨) نووسیوێتی:”لەگەڵ خوشک و براکانیـدا پێکەوە لەسەر سفرە هەمـوو کـۆدەبوونەوە”. لـێرەدا وا دەردەکەوێت کە نازە خوشکی هەیە. کـەچی لە هـیچ شـوێـنێکی کەی رۆمانەکەیـدا باسی لەوە نەکـردووە کە خـۆشکی هـەیە. گـەر خوشکی هـەبێـت بـۆ تـاقـانەیـە؟
کە وشـەی (خـوان) ی کوردیمان هـەبێـت پێـویست نیـیە وشـەی (سـفـرە)ی عـەرەبی بەکاربهـێنین. خۆزگەش ناوی باوکی نـازە (ئەحمەد) نەبوایە و ناوێکی کوردی بـوایە.
لە رۆمانەکەدا نازە باس لە (رۆژی هەنـار) دەکات لە گونـدە جـوانەکەیـان. وابـزانـم لە ئێستادا (رۆژی هەنار) بووە بە بۆنەیەکی ساڵانە لە شاری هەڵـەبجەدا بەڕێـوەدەچـێت. ئەم رۆژەم زۆر پێ جـوانە. من لە وڵاتی نەرویـج ـ لە شاری (ڤـۆس) دووجار ئامادەی (رۆژی سـەروپـی) بـووم. لـەو رۆژەدا لـە سەنـتـەری شـارەکـەدا مـەقـاڵـەی گـەورە و درێـژ دادەنـێن و سەروپـێی لەسەر دەبـرژێـنن. لە مەنجـەڵی گەورەشدا جـۆرەها گیاو و روەکی سـروشتی وەکـو دەرمـان دەکـوڵـێنن. هـەرکەسێک بچـێت بە لایانـدا فەرمـووی لێدەکەن کە تامیان بکەن. سەیـر لەوەدایـە کە خۆیـان زۆر حەز لە خـواردنی سەروپێ ناکەن. بووە بە نەریتێکی کولتووری تایبەتی خەڵکی ئەو شارە و شانازی پێوەدەکەن.
لە بارەی رێنـووسی رۆمـانەکەوە، لە زۆر شـوێنی رۆمـانەکەدا، رۆماننووس ئامـرازی پەیوەندیی (لە) ی نووساندووە بە وشەکەی دوایـەوە. ئەمە بە هـەڵـەیەکی رێنـووسیی دەزانـم. چـونـکە ئامرازی پەیـوەنـدی (لە، بە، و) نابێ بە وشەکەی دواوە و پێشەوەی بنووسـێنین، نابێت بنووسـین (لەکوردسـتان) بەڵکو (لە کوردسـتان) نابێت بنووسـین (بەبـەرد) دەبێ بنووسین ( بە بـەرد) نابێت بنووسین ( هەنـارو هەنجـیر) دەنـووسین (هەنار و هەنجـیر). گەر ئەو ئامرازانە نووسانە وشەوە دەبن بە بەشێک لە وشەکان.
کۆتـایی رۆمانەکەشی وەکو مەرجێک لە مەرجەکانی چـیرۆک و رۆمـان بۆ منـداڵان بە خۆشی کۆتایی پی هـێناوە. هەمـوو شاکارە رۆمانەکانی جیهـانیش بـۆ منـداڵان، کۆتایی رۆمـانەکانیان بە سەرکــەوتـنی پاڵـەوانەکە و بەخـۆشی و شـادی کـۆتـاییـان پێهـێناون.

حەزەکەم ئەوەش بڵـێم، تەنانەت شاکارە رۆمـانە جـیهـانییەکانیش بۆ منـداڵان لە سەدا سـەد لە هـەمـوو روویـەکەوە پێـرفـێکـت نیـن، خـاڵی لاواز و هـەڵـەشـیان تێــدایە.
لە کۆتاییـدا، جـوانتریـن پیـرۆزبـایی و دەستخـۆشی لـە خاتـوو پەیـام ئیـبراهـیم دەکـەم. بۆ ئـەم ئەزمـوونە سەرکەوتـوویـەی لە بـواری نووسـینی رۆمـان بـۆ منـداڵانی کـورد.

رەزا شـوان
٨/ فـێـبروار/ ٢٠٢٣




چوار کتێب لەبارەی ئەدەبی منداڵان.. ڕۆستەم خامۆش

زۆرجار ئێمەی نووسەرانی بواری ئەدەبی منداڵان، گلەیی ئەوە دەکەین و دەڵێین: کتێبمان لەبارەی ئەدەبی منداڵان لەبەر دەستدا نییە، یان وەک پێویست گرنگیی بەو بابەتە نەدراوە، چونکە نووسین و چاوپێکەوتن و لێدوان و دید و بۆچوون لەبارەی ئەدەبی منداڵان، دەبێتە ڕێنیشاندەرێکی باش بۆ (چۆن و چی)نووسین بۆ منداڵان، ئەگەر ئەدەبی منداڵانی کورد، تا ئێستا وەک پێویست بەرەوپێش نەچووبێ، یەکێ لە هۆکارەکان نەبوونی سەرچاوەیەکی باش و ئەکادیمییە. وە لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانیش کەمتر باس و توێژینەوە و ڕەخنە لەو بارەوە دەکەونە پێش چاو، ئێمە ناڵێین هەر نییە، بەڵکو دەڵێین وەک پێویست نییە و کەمە، هەر چەندە جێی پێزانین و دەستخۆشییە کە لە ساڵانی ڕابردوودا هەندێ کتێب لەو بارەوە چاپ و بڵاو کرانەوە، وەلێ نەیان نەیاتنوانی داخوازیی و خواستی نووسەرانی ئەدەبی منداڵان پڕ بکەنەوە، بەڵام خۆشبەختانە لە ساڵی (٢٠٢٢)دا، چوار کتێب لەبارەی ئەدەب و هونەر و ڕۆشنبیریی منداڵان چاپ و بڵاو کرانەوە.
بۆیە دەمەوێ بە کورتی و پوختی، باسی ئەم چوار کتێبە بکەم و بیانناسێنم بە خوێنەرانی ئازیز، کتێبەکانیش ئەمانەن:
١- ئەدەب و هونەری منداڵان: د. هاوژین سڵیوە و ڕۆستەم خامۆش
٢- ئەدەب و چیرۆکی منداڵان: د. کەیفی ئەحمەد
٣- دیداری ئەدەبی منداڵان: کۆمەڵێک نووسەر
٤- ڕۆشنبیریی منداڵان: ڕەزا شوان

یەکەم: ئەدەب و هونەری منداڵان

ناوی کتێب: (ئەدەب و هونەری منداڵان).
بابەت: چاوپێکەوتن لەبارەی ئەدەب و هونەری منداڵان.
دیمانە و ئامادەکردنی: د. هاوژین سڵیوە و ڕۆستەم خامۆش.
نەخشەسازیی بەرگ: برەو شێخ تاڵب.
سەرپەرشتیاری هونەری و چاپ: شێخ تاڵب.
سەنتەری لێکۆڵینەوە و پەخشی کۆیە، بە تیراژی (٥٠٠)دانە چاپ و بڵاوی کردووەتەوە. کتێبی (ئەدەب و هونەری منداڵان)لە دوو تووێی (٥٥٢)لاپەڕەدا چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکە هەموو بوارەکانی تایبەت بە منداڵانی لە خۆگرتووە، لەوانە: (ڕۆڵی فۆلکلۆر لە ئەدەبی منداڵاندا، لەبارەی ئەدەبی منداڵان، لەبارەی شیعری منداڵان، لەبارەی چیرۆکی منداڵان، لەبارەی شیعر و چیرۆکی مێرمنداڵان، دەقی شانۆ و شانۆی منداڵان، نووسین بۆ منداڵانی باخچە، نیگارکێشانی منداڵان، کاریکاتێری منداڵان، مۆزیک و گۆرانی منداڵان، ئەفلام کارتۆنی منداڵان، ڕۆژنامەنووسی منداڵان، ڕۆژی جیهانیی کتێبی منداڵان، لەبارەی کتێب و گۆڤاری منداڵان، وەرگێڕان لە پێشخستنی ئەدەبیاتی منداڵانی کورددا، لەبارەی بەرنامەی منداڵان لە ڕادیۆ و تەلەفزیۆندا).
کتێبەکە لە پێشەکی و ناساندنی کتێبەکە و لە دوو بەشی سەرەکی پێکهاتووە: بەشی یەکەمی پێکهاتووە لە (١٦)تەوەر، بەشی دووەمی کتێبەکە (٣٦)دیمانەی لە خۆگرتووە، ئەم بەشە زۆربەی بوارەکانی تایبەت بە منداڵانی لە خۆگرتووە و زۆربەی بابەتەکانی لەبارەی ئەدەب و هونەری منداڵانە. هەروەها (٩٠)کەسی شارەزا و شاعیر و نووسەر بەشدارییان لەم کتێبەدا کردووە، کە (١١١)لێدوان و چاوپێکەوتن لەم کتێبەدا بڵاوکراوەتەوە.
لەو (٩٠)کەسەی کە بەشدارن (١٠)کەسیان ژنن.
زۆربەی بەشداربوانی کتێبەکە، دانیشتووی باشووری کوردستانن، وە (٦)کەسيان خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن، هەروەها (١١)شاعیر و نووسەر و هونەرمەندانی دەرەوەی وڵات، کە نیشتەجێن لە وڵاتانی (ئەمریکا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ئایرلەندا، ئیتاڵیا، سوید، نەرویج)بەشدارن.

دووەم: ئەدەب و چیرۆکی منداڵان

کتێبی (ئەدەب و چیرۆکی منداڵان)لە نووسینی: “د. کەیفی ئەحمەد”ە، کە (١٩٠)لاپەڕەیە و بە تیراژی (٥٠٠)دانە لە چاپخانەی زانکۆی سەلاحەددین – هەولێر، چاپکراوە، ئەم کتێبە لەلایەن ئەکادیمیای کوردی، بە ژمارە (٤٤٧)بڵاوکراوەتەوە، لە پێشەکی و پێنج بەش پێکهاتووە، کە بەم شێوەیەیە:
بەشی یەکەم: (ئەدەب و ئەدەبی منداڵان، ئەدەب، گرنگترین ڕەگەزەکانی ئەدەب، ئەدەبی منداڵان و ئەدەبی گەوران، ئەدەبی منداڵان، چۆن بۆ منداڵان بنووسین؟، کورتەیەکی مێژوویی ئەدەبی منداڵان، سیماکانی ئەدەبی منداڵان، قۆناغەکانی گەشەی منداڵ، کاریگەری ئەدەب لەسەر کەسێتی منداڵ، هۆکارەکانی خوێندنی ئەدەبی منداڵان، ئامانجی ئەدەبی منداڵان، ئەرکی ئەدەبی منداڵان، گرنگی ئەدەبی منداڵان).
بەشی دووەم: (چیرۆکی منداڵان، بنەمای هەڵبژاردن و دانانی چیرۆکی منداڵان، مەرجەکانی نووسینی چیرۆکی منداڵان، ڕەگەزەکانی بنیاتی هونەریی چیرۆک، جۆرەکانی چیرۆکی منداڵان بەپێی ناوەڕۆکیان، جۆرەکانی چیرۆک لەڕووی ڕوخسارەوە، ئامانجە پەروەردەییەکانی چیرۆکی منداڵان، گرنگی خوێندنەوەی چیرۆک بۆ منداڵان).
بەشی سێیەم: (شیعری منداڵان، شیعری منداڵان و گەوران، سیماکانی شیعری منداڵان، ئامانجەکانی شیعری منداڵان).
بەشی چوارەم: (گۆرانی و سروودی منداڵان، جۆرەکانی سروود و گۆرانی، بابەتەکانی سروود و گۆرانی، سیماکانی گۆرانی منداڵان، ئەرکی گۆرانی منداڵان، مەرجە دەروونیی و پەروەردەییەکانی گۆرانی منداڵان، ئامانجی سروود و گۆرانی لەباخچەی ساوایاندا، ئامانجی سروود و گۆرانی منداڵان).
بەشی پێنجەم: (شانۆی منداڵان، شانۆ، شانۆی منداڵ، کاریگەری شانۆ لەسەر منداڵ، ڕوخساری شانۆی منداڵان، ئەرکی بنیاتنەرانەی شانۆی منداڵ، میکانیزمی کارکردن لە شانۆی منداڵدا، دەرهێنان لە شانۆی منداڵاندا، ڕۆڵی منداڵ لە شانۆی منداڵاندا بەم شێوەیە جێبەجێ دەکرێت).

سێیەم: دیداری ئەدەبی منداڵان

کتێبی (دیداری ئەدەبی منداڵان)چەند توێژینەوەیەکی ئەدەبیی و ڕەخنەیی، کەوتە بەرچاوی خوێنەرانی ئازیز و کتێبخانەی کوردیی ڕۆشنکردەوە.
کتێبی (دیداری ئەدەبی منداڵان)، لە بڵاو کراوەکانی یەکێتیی نووسەرانی کورد – لقی سلێمانییە، کە بەرهەمێکی هاوبەشی (١٠) نووسەری بواری ئەدەبی منداڵانە و بە تیراژی (٥٠٠)دانە لە دوو توێی (١٦٢) لاپەڕەدا چاپ و بڵاوکرایەوە.
لە ناوەڕۆکی کتێبەکەدا هاتووە، کە ناوی توێژینەوە و نووسەرەکان، بەم شێوەیە دانراون.
١- چەند سەرنج و وردبوونەوەیەک لە مێژووی ئەدەبی منداڵانی کورد، ئەمین محەمەد.
٢- گرنگیی و بایەخی ئەدەبیاتی منداڵان و کاریگەری لەسەر پێشکەوتنی گەلان، پەیام ئیبراهیم.
٣- گرنگیی نووسینی تەمەن لەسەر بەرگی کتێبی منداڵان، د. هاوژین سڵیوە.
٤- شیعر بۆ منداڵان نووسراو و شیعر دەرخکردن، محەمەد فەریق حەسەن.
٥- ڕۆڵ و بایەخی ڕەخنە لە ئەدەبی منداڵاندا، زیاد ڕەشاد قادر.
٦- بەراوردی ئاستی ئەدەبیاتی منداڵان و کاریگەریی لەسەر کەلتووری کۆمەڵایەتی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نەتەوەکان، د. ماجید خەلیل.
٧- ڕۆڵی ئەدەبی منداڵ لە کارامەییە کۆمەڵایەتیەکاندا، مەحمود عەبدولکەریم باجەڵان.
٨- ڕۆڵی نووسەری ژن لە ئەدەبیاتی منداڵانی کورددا، زارا ئەحمەد جاف.
٩- ڕۆڵی ڕاگەیاندن، لە ئەدەبیات و ڕۆشنبیریی منداڵاندا، ڕۆستەم خامۆش.
١٠- چۆن منداڵ هۆگری خوێندنەوە بکەین؟ فەوزیە مەنمی.

چوارەم: ڕۆشنبیریی منداڵان

ناوی کتێب: ڕۆشنبیریی منداڵان
ناوی نووسەر: ڕەزا شوان
نەخشەسازی بەرگ و ناوەوە: ئومێد محەمەد
نۆبەتی چاپ: یەکەم، ساڵی: ٢٠٢٢
بە تیراژی (٥٠٠)دانە لە چاپخانەی کارۆ لە سلێمانی چاپکراوە.
ئەو کتێبە (٢٤٤)لاپەڕەیە، کە (٨٤)ناونیشان و بابەتی لەخۆگرتووە، لەبەر زۆریی ناونیشانەکان، تەنها ئاماژە بە چەند ناونیشانێک دەکەین، کە ئەمانەن:
(چەمک و پێناسەی ڕۆشنبیری، گرنگی و سوودەکانی ڕۆشنبیریی گشتی، ڕۆشنبیری ڕاستی کێیە؟، ڕۆشنبیریی منداڵان، چەمک و ڕۆشنبیریی منداڵان، گرنگترین ئامانجەکانی ڕۆشنبیریی منداڵان، سوودەکانی ڕۆشنبیریی منداڵان، هۆیەکانی دواکەوتنی ڕۆشنبیریی منداڵانی کوردستان، منداڵانی کورد و فرە ڕۆشنبیریی لە هەندەران، سوودەکانی پەروەردەکردنی منداڵان بە فرە ڕۆشنبیری، گرنگترین هۆکارەکانی ڕۆشنبیریی منداڵان، کتێخانەی ماڵەوەی منداڵان، ڕۆژنامە وگۆڤاری منداڵان، ئەدەبی منداڵان، چیرۆکی منداڵان، شیعری منداڵان، پێگەی سروود لە ئەدەبی منداڵانی کورد، سوودەکانی گۆرانی بۆ منداڵان، شانۆی منداڵان، ڕۆژی جیهانی منداڵان، جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی منداڵان… هتد).

کۆتایی:
لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین خوێندنەوەی ئەو چوار کتێبە لەبارەی ئەدەب و هونەر و ڕۆشنبیریی منداڵان، گرنگ و پێویستە بۆ ئەوانەی، کە لە دنیای منداڵان خزمەت دەکەن و دەیانەوێ باشتر کار بکەن، چونکە ئەو چوار کتێبە بریتین لە: (١١٤٨)لاپەڕە، بۆیە لە ئەنجامی خوێندنەوەی ئەو چوار کتێبەدا، لایەنی ڕۆشنبیریی و زانیارییت زیاتر دەبێ لەبارەی جیهانە ڕەنگین و جوانەکەی منداڵان.




پشکنینی ئێنزایمی G6PD.. رەهەند سابیر

G6PD test
Glucose-6-Phosphate Dehydrogenase Deficiency

ناچینە ناو لوبی باس و رەنگڕێژکردنی، تا ئەم راستڕەوییە لە ئەندێشەماندا هەڵنەتۆقێنین! وشەی Enzyme، لە کوردییدا بە “ئەنزیم” و تا رادەیەکیش بە “ئێنزیم”، جێکەوت کراوە، لەکاتێککدا ئەبوو بە “ئێنزایم”! لە فیکر و خەیاڵ، ئاخاوتن و نووسیینماندا، جێیەکی بۆ خۆی سازبدایە!! کاتێ وشەیەکی بیانیی ئەخزێتە ناو زمانی کوردییەوە، ضەرورە تا بکرێ زمانی گۆکردنی وشەکە، لە زمانی نووسیین و ئاخاوتنی کوردییەوە نزییک بکرێتەوە. لە ئینگلیزییدا، Enzyme بە “ئێنزایم” ئەخوێنرێتەوە، لەم روانگەیەوە بە پێویست ئەزانرێ کە شێوازە دروستەکە بخرێتە سەر سکە! “
ئەگەر بە ساناگۆیی و سانانووسییەوە پەخشانی بکەین، ئەوا فەحسی ئێنزایمی G6PD کە بە عیللەتی پاقلە(نەخۆشیی پاقلە) لە ذیهنماندا پایەدار بووە، باوتریین ئێنزایمە کە جەستە دووچاری کەمبوونەوەی ئەبێت، نزییکەی چوارصەد میلیۆن ئادەمیزاد لە جیهاندا، ناڵەناڵ و گرفتارن بەدەست کەمیی ئەم ئێنزایمەوە، هۆکارەکەیشی جێنەتیکییە کە بڕی پێویست لە ئێنزایمەکە بەرهەم ناهێنرێ لە خوێندا. ئێنزایمێکی گرنگە و رۆڵی هەیە لە نەظمی هەندێ چالاکیی ناو لەش، هاوکات مەسئولی پاراستنی خڕۆکە سوورەکانە، هەروەها مانەوەیان بە ئەکتیڤیی، تا گەیشتن بە دوا کەناری تەمەن( تەمەنی خڕۆکەی سوور، نزییکەی ١٢٠ رۆژە). ئەو نەخۆشانەی ئێنزایمیان لە بڕی نۆرماڵ کەمترە، لە ساتی هەوکردن و خواردنی پاقلەمەنییەکان و چەند دەوایەک، ئەبنە هۆی توناکردنی خرۆکە سوورەکانی خوێن، لەگەڵ کەمخوێنیی توند. دابەزیینی بڕی خڕۆکە سوورەکان، وائەکات بڕێکی کەم لە ئۆکسجین، لە سییەکانەوە گوزەشت و بکات بۆ شانە و ئۆرگانەکانی جەستە، بەهۆی کەمیی ئەم ئێنزایمەوەیە منداڵانی نەوا لەداییکبوو، دووچاری زەردووییەکی توند، یان مامناوەند ئەبنەوە.

هۆکاری کەمیی ئێزایمەکە
کەمیی G6PD، هۆیەکی جێنەتیکیی هەیە کە جینە تووشبووەکە ئەکەوێتە سەر کرۆمۆسۆمی (X Chromosome)، لە یەکێک یان هەردوو باوانەوە ئەگوازرێتەوە بۆ نەوەکانیان. پیاوان تەنیا یەک (X Chromosome)یان هەیە، ئەگەر جینە تووشبووەکەی هەڵگتبێت و لە خۆی بار کردبێت، ئەوا کەسەکە تووشبوو ئەبێت بە کەمییG6PD ، بەڵام لە خانماندا، دوو (X Chromosome)یان هەیە، ئەبێت هەردوو ( X Chromosome)ەکە، هەڵگری جینی تووشبوو بن، ئەوکات ئینسانەکە گرفتاری کەمیی G6PD، بەڵام ئەگەر خانمەکە تەنیا یەک ( X Chromosome)ی هەڵگری جینی تووشبوو بوو، خۆی قوتاری ئەبێت لەو دەردە وکەسێکی نۆرمال ئەبێت، بەڵام ئەکرێ بگوازرێتەوە بۆ نەوەکانی. لێرەوە بۆمان بەیان و تەخشان ئەبێ کە ریسکی تووشبوون بە کەمیی G6PD، لە پیاواندا زیاترە، هەروەها لەو کەسانەیشدا زیاترە کە لە خێزانەکەیاندا، کەسانی گییرۆدەبوو بە چەڵەمەی کەمیی ئێنزایمی G6PDیان تێدایە.

نیشانەکانی کەمیی G6PD
لە زۆر کەسدا، ئەکرێ دیدەنیی هیچ نیشانەیەک نەکەین، تا ئەوکاتەی دەرداویی ئەبێ بە هەوکردن و بەرکەوتن بەو خۆراک و دەرمانانەی کە بۆ ئەم جۆرە کەسانە ئەبێتە باعیثی مەترسیی، نیشانەکان ئەکرێ دوای چەند هەفتەیەک نەمێنن، بەڵام هەندێجار مەترسیی گەورە چێ ئەکات و بە تیکراربوونەوەی هۆکارەکان، نیشانەکان سەرهەڵئەدەنەوە. نیشانەکانیش لە چەند دانەیەکدا گل دراونەتەوە کە خۆی ئەبینێتەوە لە کەمخوێنیی، پەلەپەلکردنی دڵ، هەناسەبڕکێ، یان توندبوونی هەناسە، هیلاکیی، سەرگێژخواردن، رەنگپەڕیین و زەردهەڵگەڕان، زەردوویی

هۆکارەکانی تووشبوون بەم نیشانانە
ئەو کەسانەی زەلالەتیانە بە دەست کەمیی G6PD، پرۆسێسی هیمۆڵیسز( واتە تێکشکاندی خرۆکە سوورەکانی خوێن- Hemolysis) لە رووئەدات، دوای تووشبوون بە هەوکردن و بەرکەوتن و خواردنی پاقلەمەنییەکان( لۆبیا، ماش، پاقلە، فاسولیا)، یان خواردنی هەندێ دەرمان.

دەستنیشانکردنی عیللەتەکە، لە رێگەی شیکاریی خوێن ئەبێت بۆ تەحدیدکردنی

  • فەحسی ئێنزایمی G6PD
  • بینیین و دەستنیشانکردنی جۆری کەمخوێنیی لە رێگەی (Blood Film Examination)، ئایا چیی جۆرە تێکشکاندێکە؟ دیارییکردنی جۆر و شکڵی هەیکەلیی خڕۆکە سوورەکان، هەرەوەها دەستنیشانکردنی ژمارە و جۆری خڕۆکە سپییەکان و خەپلەی خوێن، چونکە هۆی دووەم وەکو هەوکردن و نەخۆشیی تر، ئەبێتە باعیثی تێکشکاندنی خڕۆکەکانی خوێن
  • شیکاریی Reticulocytes Count زۆر ئەبێت
  • ئەنەڵایزی Direct Coombs Test، لەوانەیە پێویست بێت، نەوەکو هۆکاری بەرگریی لەش بێت و ببێتە هۆی تەفرکرنەکە
  • شیکاری فەرمانی جگەر Liver Function Test

لە کۆتاییدا، چارەسەر و خۆپاراستن لە رێگەی دوورکەوتنەوە لەو خۆراک و دەرمانانەوە ئەبێت کە ئەبنە هۆی سەرهەڵدانی نیشانەکان و مەترسیین و بۆ ئەو کەسانەی کە کێشەدارن بە کەمیی G6PD. هەروەها دیارییکردنی لیستی ئەو خۆراک و دەوایانە، لە لایەن دکتۆری تایبەتمەندەوە.

سەرچاوە:- زانستی تاقیگە




نامەی کچێکی ئامەدی بۆ خودا..!.. شەماڵ بارەوانی

لەگەڵ دایکم و برا دوو ساڵییەکەم لە شیرینی خەو دابووین،
لەپڕ دۆزەخ ڕوویدا.
گوێم لە دەنگێک بوو دەیگۆڕاند:
ئیمادارینە خۆڕاگربن، ئەوە غەزەبی خودایه خودا.

یەکەم جارم بوو ببیسم کە خوداش توڕە دەبێت !

بەڵێ، مەلای گەڕەکەکەمان بوو،
ئەو بە دیار تەرمی دایکمەوە وەستابوو و هێشتا ئامەدی برام لە ژێر دار و پەردوو بێ سەر و شوێن بوو.

خۆ دایکم بەردەوام دەم بە زیکر و دەست بە دەستنوێژ و ڕوو لە ئاسمان بوو،
من لەو موعادەلەیە تێناگەم ئەی خودا !

دایکم خوێندەواری نەبوو، بەڵام بەردەوام دەیگوت:
کچەکەم،
خودا هیچ کاتێک توڕە نابێت و ئەو یەک پارچە جوانی و بەزەییە.

کچەکەم،
خودا هەرگیز، ژن و منداڵ ناکوژێت و باڵەخانەکان بەسەر هیچ کەسێکدا ناڕووخێنێت

کچەکەم،
نەکەیت لەو ڕوانگە نزمەوە له خودا بڕوانیت،

بە درێژایی مێژوو، ئەوەیە کێشەی خوداناسەکان، لەگەڵ خودا پەرستەکان.

کچەکەم،
لە سنوورەکانی دەمارگیری دوور بکەرەوە.
هەرکاتەک هەستت بە قەڵەقی کرد، خۆت بە عیشقی خودا مەست بکە.

کچەکەم
لە بیرت نەچێت، هەمیشە هەموانت قبوڵ بێت.
نەکەیت بەهۆی بیر و باوەڕی جیاوازەوە، بەکەم سەیری ئەویتر بکەیت،
ئەوەیه تەریقەتی خودا.

کچەکەم
خودا خۆشەویستی دروستکرد و، مرۆڤیش ڕق !

بۆیە لە تەریقەتی ئێمە، ڕق حەرامە.
کەواتا کچەکەم، گەر منت خۆش دەوێت، هەموانت خۆش بوێ

خودا خۆشەویستییە خۆشەویستی

خودایە با ئەوەشت پێ بڵێم:
گەر تا ئێستا دڵم لێت نەشکاوە،
تەنها بە هۆی نزاکانی دایکمەوەیە.

شەماڵ بارەوانی