وێرانەکانی جیهان.. ڕوشدی جەعفەر

لە ئەوروپای سەدەی هەژدەدا، لە لایەکەوە “گەشبینیی لایبنیزی” و لە لایەکی ترەوە “ڕەشبینیی ڤۆڵتێری” هەیە. هەرکام لەم گەشبینی و ڕەشبینییەش بەستراونەتەوە بە دوو تێڕوانینی جیاواز لەمەڕ خراپە، ئازار و جیهانی ڕێتێچوو. لایبنیز پێی وابوو ئەو ڕاستییەی کە ئەم جیهانەی ئێمە لێی دەژین پڕە لە خراپە و ئازار، عەدالەتی خودا تووشی گرفت ناکات. خراپە بەشێکە لە سووڕی عەدالەتی خودا خۆی. لایبنیز لە ئەرگۆمێنتێکی پێنج هەنگاودا، دەگاتە سەر ئەو بۆچوونە ناودار (و بەدناو)ەی کە ئەم جیهانەی ئێستا “باشترین جیهانی مومکین و ڕێتێچووە (the best of all possible worlds)”: “یەکەم، خودا کائینێکی هەمەتوانا و هەمووشتزان و سەراپا چاکە؛ دووەم، خودا ئەو جیهانەی درووستکردووە کە ئێستا ئێمە لێی دەژین؛ سێیەم، خودا دەیتوانی جیهانێکی جیاوازتریش درووست بکات، یان هەر هیچ جیهانێک درووست نەکات (با بڵێین، کۆمەڵێک جیهانی مومکین و ڕێتێچووی دیکەش هەن)؛ چوارەم، چونکە خودا هەمەتوانا و هەمووشتزانە، ئەوا دەیزانی کامە جیهان باشترینە و دەشیتوانی بیئافرێنێت، چونکە سەراپا چاکەیشە بڕیاری دا ئەم جیهانەی ئێستا بئافرێنێت؛ پێنجەم، هەربۆیە، ئەم جیهانەی ئێستا، واتە ئەو جیهانەی خودا ئەفراندوویەتی، باشترین جیهانی مومکین و ڕێتێچووە”. (کورتەی ئەم ئەرگۆمێنتە لە ئینسایکلۆپیدیای بریتانیکا وەرگیراوە). بەم جۆرە، لەم تێڕوانینە تیۆلۆژییەدا، خراپە شتێکی ناچاری و زەروورە. ئەو شەڕ و ئازار و خراپەیەی لەسەر ئەم دونیایەدا هەن گومان ناخەنە سەر توانا، زانین، بەخشندەیی و چاکەکاریی خودا. تەنانەت ئەگەر بوترێت خۆ دەکرێت وێنای جیهانێک بکەین خراپەی کەمتر تێدا بێت، ئەوا لەم ڕوانگە لایبنیزییەوە، بانگەشەیەکی هەڵەیە، چونکە مادام ئێمە ئەو جیهانە وێنانەکراوەمان تاقینەکردۆتەوە، دەشێت لەم جیهانەی ئێستاش خراپتر بێت.

چل و شتێک ساڵ دوای داکۆکییەکەی لایبنیز لە خودا، واتە لە ساڵی 1755دا، بوومەلەرزەیەکی گەورە شاری لیشبۆنە، پایتەختی پرتوگالی هەژاند، و بووە هۆی مردنی دەیان هەزار کەس و تەختبوونی شارەکە. هەندێ لە مێژوونووسانی فیکر، بە بوومەلەرزەیەکی تیۆلۆژی-فەلسەفیش دایدەنێن. بوومەلەرزەیەک کە وادەکات بە مانای “گەشبینی”، “عەدالەتی خودا”، “خراپە”، “ئازار” و هتد بچنەوە (هەڵبەت بە پلەی یەک لەناو بازنە فەلسەفییەکاندا، نەک ئەوەی هەموو کونج و کەلەبەرەکانی ژیانی گشتی گرتبێتەوە.) بوومەلەرزەکەی لیشبۆنە لە سیاقێکدا ڕوویدا کە تازە خەریک بوو دەوڵەت-نەتەوەکان درووست بن، مۆدێرنە و ترادیسیۆن هەر لە سەرەتای ململانێدا بوون. وێڕای ئەوەی کە بوومەلەرزەکە لە پایتەختێکی ئەوروپای مەسیحینشین ڕوویدا (چونکە بۆ نموونە ئەگەر ئەم بوومەلەرزەیە هی شارێکی نا-ئەورووپی و نا-مەسیحی بووایە، نەدەبووە مایەی “بوومەلەرزەیەکی فیکری”ش، بەڵکو یان نادیدەدەگیرا یان بە سزای خوا بۆ بێباوەڕان دەبەسترایەوە).

هەر لەو ساڵەی بوومەلەرزەکە ڕوویدا، ڤۆڵتێر شیعرێکی درێژی دەربارەی نووسی، بە ناونیشانی “شیعرێک دەربارەی بوومەلەرزەکەی لیشبۆنە”. ڕەنگە لەبەر ئەوە تێڕوانینەکەشی بە شیعر خستبێتەڕوو، چونکە شیعر هاوخەمییەکی پڕخرۆشتری تێدایە، لە فۆرم و ناوەڕۆکیشدا، بە پێچەوانەی ئەو فەلسەفەیەی کە ڤۆڵتێر بە خەمسارد و بێباک و “هەڵە” دەیزانی (وەکو فەلسەفەی لایبنیز). چەند ساڵێک دواتریش ڕۆمانی “کاندید”ی بڵاوکردەوە کە تەوسێک بوو لەم “گەشبینییە” تیۆلۆژییە. ڕەخنەی فەیلەسووفانی ڕۆشنگەری لە تیۆلۆژیای مەسیحی لە ڕەخنە لەم گەشبینییە جیانابێتەوە.
ڤۆڵتێر تێڕوانینێکی ڕەشبینانەتری دەرهەق بە ژیان هەیە. دۆخی ئاسایی ژیان، بەدەر لە کارەساتەکانیش، پڕە لە ئازار و چارەڕەشی، بەڵام کە کارەساتێک ڕوودەدات ئەم ئازارە چەند قات دەبێتەوە.

لە یەکەم دێڕی شیعرەکەدا ڤۆڵتێر وشەی “فانی (mortal)” بەکاردێنێت: هەر ئەوەی کە ئێمە بوونەوەرێکی کۆتادار و فانین سەرچاوەی ڕەشبینییە فەلسەفییەکەی ڤۆڵتێرە. مادام ئێمە بوونەوەرێکی ڕووەو مەرگ و لەناوچوونین، ئەوا لە کۆتا لێکدانەوەدا تێکڕای ئەو ئازارەی دەیچێژین بێهودە و بێسوودە. بەڵام ئەم ڕاستییە وا لە ڤۆڵتێر ناکات بانگەشە بۆ بێباکی و دەستهەڵگرتن بکات. بەڵکو لە هەناوی ئەم ڕەشبینییەوە، هیوایەک دێتەدەر: ڤۆڵتێر وای دەبینێت ئەگەر بڵێین لە ئێستادا، واتە لەو ڕۆژگارەی ڤۆڵتێر تێیدا دەژیا، هەموو شت باشە، خۆمان فریوداوە و کەوتووینەتە تەڵەی وەهمەوە، بەڵام ئەگەر بڵێین ڕەنگە لە داهاتوودا، لە ڕۆژگارێکی تر هەموو شت باش بێت، ئەوا هێندە بەهەڵەدا نەچووین. ئەم داهاتووە، هەمان باوەڕی ناسراوی ڕۆشنگەرەکانە بە بەرەوپێشچوون- و دواجار دەرکەوت ئەم باوەڕەش هەر بەلاڕێدابەرە، گەرچی حەتمی و خۆلێلانەدراویشە.

دۆخی چارەڕەشی مرۆڤ وا لە ڤۆڵتێر دەکات لەو گوزارشتە تیۆلۆژییە بپێچێتەوە کە دەڵێت “هەموو شت باشە” (All is well) یان “هەر شتێک بوونی هەبێت، حەقە” (whatever is, is right). بەپێی ئەم ئەکسیۆمە، هەر شتێک، هەر خراپەیەک، هەر هەڵەوپەڵەیەک لەم جیهانەدا هەبێت پاساوی خۆی هەیە، تەنانەت کارەساتەکانیش لەسەر ئیرادەی خودا ڕوودەدەن، مەرامێکی شاراوەیان لەپشتە، بەشێکن لە عەدالەتی خودایی، سزای گوناحی مرۆڤەکانە و هتد. ڤۆڵتێر دەپرسێت، ئەگەر بڵێین خودا سزای گوناحباران دەدات، ئەی خۆ مناڵانی شیرەخۆرەش لەم کارەساتانەدا دەمرن؟ مەگەر ئەوان چ گوناحێکیان هەیە تا بکەونە بەر غەزەبی خودا؟ یان ئەگەر بڵێین خوا ئەم یان ئەو شار لەبەر خراپەکاری سزا دەدات و ئافاتیان بەسەر دەبارێنێت، ئەی چی بڵێین دەربارەی ئەوەی شارگەلێکی خراپەکارتر لە شارە نەفرەتلێکراوەکان هەن و کەچی هەر بەپێوەن؟ لە شیعرەکەدا ڤۆڵتێر دەڵێت خۆ پاریس و لەندەن لە لیشبۆنە باشتر نین، بگرە ئەوان زیاتریش لە چێژە دونیاییەکان نوقمن، ئەی بۆچی خوا بەتەنیا لیشبۆنەی تەفروتوناکرد و لە پاریسدا خەڵک هەر خەریکی سەما و هەڵپەڕینن؟ کارەسات، پرسی خراپە زەقدەکاتەوە و تێڕوانینی تیۆلۆژی تووشی قەیران دەکات. واتە لەم شیعرەدا ڤۆڵتێر داکۆکییەکەی لایبنیز دەخاتە ژێر پرسیارەوە: بیرۆکەی ئەوەی کارەساتەکان شتێکی ناچارین لەڕاستیدا ناکۆکە لەگەڵ ئایدیای خودای هەمەتوانا، چونکە ئەم ناچارییە دژە لەگەڵ قودرەتی خودا؛ گەر باوەڕدارێک بڵێت ئەم کارەساتە هەر دەبووایە ڕووبدات، ڤۆڵتێر واتەنی “سنوور”ی بۆ توانای خودا داناوە. بەڵام بەهەمانشێوە گەر بوترێت کارەساتەکان بە ئیرادەی خوا ڕوودەدەن، دیسانەوە ناکۆکە لەگەڵ بیرۆکەی بەزەیی و میهرەبانی و عەدالەتی خودا، چونکە ئەوە چۆنە لەمیانی ئەم کارەساتەدا بێتاوان و مناڵانیش دەمرن؟ ئەم گومانە لەم وێنایەی خودا گومانێکی مۆدێرن و ڕۆشنگەرانەیە.

ئەو شتەی ڤۆڵتێر و کەسانی دیکەش لەمیانی کارەساتەکاندا دەهەژێنێت نەک تەنیا مردنی بێشوماری مرۆڤەکان بەڵکو شێوازی کارەساتاوی مردن و ئازارچەشتنیشە: هەلاهەلابوون، لێبوونەوەی ئەندامەکانی جەستە، گیرخواردن لەبن داروپەردووی کەلاوەکان تا گیان دەرچوون. بەدەر لە بیرۆکەی عەدالەتی خودا و باشترین جیهانی مومکین، ئەم جۆرە مردنە لێدانە لەو فەنتازیایەی دەربارەی مەرگی ئارامیش هەیە: مردنێکی بەکاوەخۆ و تۆقێنەر. مردووانی چنگی کارەساتەکان نەک تەنیا ژیان بەڵکو مردنێکی ئارامیش لەدەستدەدەن. لە کارەساتدا، کەوڵە هارمۆنیەکەی سرووشت دەکەوێت، و لەجیاتییەکەیدا وەک بێگانەیەک، وەک “ڕیاڵ”ێک هەڵدەکوتێتە سەرمان. کارەسات، پەلاماری ڕیاڵە بۆ سەر پانتایی ڕەمزیی مرۆڤەکان.

“ئارامیی تەماشاکاران” ئەو شتەیە کە ڤۆڵتێر بە خەمساردییەکی نامرۆیی دایدەنێت، و دەیداتەپاڵ فەیلەسووفێکی وەک لایبنیز و میراتگرانی. بەڵام لێرەدا دەبێ ئێستێک بکەین: ئاخۆ ئەو کەسانەی وا ئەرز لەبن پێیان دەهەژێت، ئامادەن هێندە بەسانایی وێنای ناو سەریشیان بهەژێنن؟ ئەم “ئارامییە” میکانیزمێکی دەروونییە تاکو بەر بە بوومەلەرزەی فیکری بگیرێت. بۆ نموونە کەسێکی باوەڕدار کە شایەتحاڵی کارەساتێکە ڕەنگە لەباتی ئەوەی چیتر لە مانای خودا بکەوێتە گومان، خودی ئەم کارەساتە بە تاقیکردنەوە و ئیرادەی خودا ببەستێتەوە. ترسی باوەڕدار لە لەدەستچوونی ئاسمان کەمتر نییە لە ترسەکەی لە لەدەستچوونی زەوی.




لەبارەی نۆڤلێتی(کچەی خوێنەر) کەمێ دەدوێم-3.. نووسینی: تەلار تاهیر

  • بەشی سێیەم

    ئەو ڕۆشنبیرانەی کە زەفەریان بە کچەی خوێنەر برد ، جۆرێکی تری قوربانین ، چونکە چەند ڕۆشنبیر بیت ، ئەگەر لە کۆمەڵگایەکی دواکەوتووە گەمارۆ بدرێیت کاریگەری نەرێنی لەسەر بیروباوەڕت هەر بەجێدەهێڵن ، ( فیۆدۆر دۆستۆڤسکی ) لە ڕۆمانی ( شەیتانەکان ) ئاماژە بەوە دەکات ( بیروباوەڕیش وەك ڤایرۆس واهایە، ڤایرۆس بەتەنیا توشی جەستە نەبێت، بەڵکو دەکرێت توشی عەقڵیش بێت ) .
    یاخۆ لە کیمیابارانی هەڵەبجە باسی ئەو کەسانە ناکەم کە شەهید بوون ، بەڵکو باسی ئەو کەسانە دەکەم کە ڕزگاریان بوو لەو کارەساتە ، ئەگەرچی ڕزگاریان بوو بەڵام ، بە ئێستەیشەوە کاریگەری نەرێنی لەسەر دڵ و دەروونیان جێهشتووە، واتە دەتوانین بڵێین عەقڵێتی پیاوسالاریش جەنگێکە دەبێت هەمیشە لە ڕوو بەڕوو بوونەوەیە بیت.
    لە مێژووی کتێب و مەعریفەیە نەمبینیووە کەسێك بوبێتە قوربانی هاوشێوەی کچەی خوێنەر، مەگەر کەسێکی وەك جاحز کاتێك کتێبخانەکە دەڕوخێت بەسەریدا، بەڵام ئەمە لەدوو حاڵەتی جیاوازن، بەڵام ئەمە هەرچۆنێك بێت لەکۆتادا عەشقە، عەشقیش بەبێ قوربانیدان بوونی نییە.
    تاوانی کتێب چیە؟ئەگەر قوتابیەکە بەهۆی گەمژەیی مامۆستایەکەوە دڵی لە قوتابخانە و ڕێگای بەرزی مەعریفە بتۆڕێت.
    تاوانی قورئان چییە ؟ ئەگەر کەسێك هاوشێوەی نوسەری گەورە تەها حوسێن بەهۆی چەند مەلایەکی نەزانەوە دڵی لە پاکی و جوانی ئاینی پیرۆزی ئیسلام بتۆرێت.
    یەکێك لەهەڵە دیارەکانی کچەی خوێنەر ئەوە بوو ویستی لە ڕێی جەستەوە مانەوەی هەمیشەی خۆی لە دنیای مەعریفەیە بۆ خۆی مسۆگەر بکات ، بێئاگا لەوەی دنیای ڕۆشبیری لەگەڵ دنیای سۆز و عاتفیەتدا بۆ هەمیشە یەك ناگرێتەوە، چونکە لە دنیای ڕۆشنگەری هەمیشە عەقڵ باڵادەستە، هەر بۆیە بە کچێکی خراپ لە قەڵەم درا، هەرچەندە ڕۆشنبیر ئەو کەسە نییە کە هەڵە نەکات، بەڵکو ئەو کەسەیە هەمیشە وانە لەهەڵەکانی خۆییەوە فێر بێت.
    لە خوڕەم سوڵتانیان دەپرسن: چۆن پیربوویتە لەکاتێکدا سوڵتان سلێمان هەر خۆشیدەوێی؟
    ئەویش لەوەڵامدا دەڵێت: ( جوانی ڕوخسار هەر ماوەیەك دەتوانێت حوکم بکات، بەڵام جوانی عەقڵ بۆ هەمیشە، ئەگەر بتەوێت جێگات لە دڵی بەرانبەرەکانت بهێڵیتەوە دەبێت عەقڵ هەمیشە سەنتەر بێت ) .
    کاتێك هەر جارەو ڕۆشنبیرێك بۆ حەزێکی کاتی خوی بەڵێنی درۆ بە کچەی خوێنەر دەدا، ئەم جۆرە ڕەفتارە جۆرە حاڵەتێکی دەروونی ناخۆش و بەئازاری لەلای کچەی خوێنەر دروست کرد تا دەگاتە ئاستێك دەستی دەچێتە خوێنی مەولوود ئەحمەدی چیرۆکنوس و دەیکوژێت، لە چیرۆکی ئەو مەڕەی بوو بە گورگی عەزیز نەسین، باسی مەرێك دەکات کە خاوەنەکەی هەمیشە ئازاری دەدات، لە ئەنجامی ئەو ئازارانە مەڕەکە دەبێت بە گورگ و دڕەندە، لە دوایدا دەڵێت: تکایە شتێك مەکەن مەڕەکان ببن بە گورگ.
    کچەی خوێنەریش لە ئەنجامی ئازارێکی زۆرەوە دەبێت بە مرۆڤکوژ ، لێرەیشدا مەبەستم ئەوە نییە ئافرەت بیشوبێنم بە مەڕ ، بەڵکو مەبەستم ئەوەیە کە بوونی ئەو ئازارە سەختانەیە کە مرۆڤ و بوونەوەرەکان لە پەڕی سادەیی و میهرەبانیەوە دەیانکاتە بە دەڕندە.
    مەرجیش نییە هەموو نوسەرێك ڕۆشنبیر بێت، بەڵام ڕەنگە زۆرینەی تاکەکان کۆمەڵگە ناتوانن قەناعەت بەوە بکەن، کە ناکرێت نوسەرو شانۆکار هتد..
    ڕۆشنبیر نەبن، هەر بۆیە کچەی خوێنەریش دەکەوێتە ناو ئەو هەڵەیەوە، لە حاڵەتێکدا ئەگەر ڕۆشنبیریش بن شێوازی پەیوەندی و جۆری نزیکبوونەوەی ناهۆشیارانە لەبەرزی و شکۆمەندی مرۆڤ دەخات.
    ئەم نۆڤلێتە هەر ڕەخنە لە دنیای مەعریفە ناگرێت، بەڵکو ئاماژەییە بۆ ئەو ناخۆشی و نەهامەتیی ئافرەتان لە کۆمەڵگایەکی دواکەتوودا.
    وەك لە بەشی دووەمی کچەی خوێنەر ئاماژەم بەوە کرد، کە دەکرا بڕێکی تر درێژەیی بابەتەکە بکردایە، بەڵام هەندێجار نووسەران دەیانەوێت هەندێ بابەتی نووسینەکانیان بۆ خوێنەری بەجێبەهێڵن، واتە خوێنەر ئاوێتەو تەواوکەری دنیای نوسینەکانی خۆیانیان بکەن، بەڵام ئەمە هەرچۆنێك بێت نیهاد جامی ڕەچکەشکێنە، بەوەی ئەو بابەتانەی نەوتراوە تا ئێستە ئەم ئاماژەیی بۆ دەکات، کورد گوتەنی: ئەوەی لە ژێر بەڕەیە، دەیخاتەسەر بەڕە .
    ئەو کەسەی یارمەتی کچەی خوێنەری دا لە فیلمە دۆکۆمێنتارەکە لەکۆتادا حەز لە کچەی خوێنەر دەکات، بەهەموو خاڵە نەرێنیەکانەوە کچەی خوێنەر قەبووڵ دەکات، بۆ نموونە لە شوێنکدا دەڵێت:
    ئێستە لە دوا گرتەی فیلمەکە من پێی دەڵێم(( من عاشقی تۆم، دەمەوێت ببیتە هاوسەرم ..تا کچێکمان هەبێت بە ناوی باران ))
    باران، ڕەنگە مەبەستی بارانی ئەو بەختەوەرییە بێت، کە لە ژێر سایەی تێگەیشتن و خۆشەویستیەکی ژیرانە هاوشێوەی چیرۆکی گوڵی بەربارانی هێمن بەرزنجی کۆیان دەکاتەوە، لەمەوە بۆمان دەردەکەوێت، ئەگەرچی نوسەر لەم نۆڤلێتە ڕەخنە لە پیاو دەگرێت، بەڵام لە هەمان کاتە دەیەوێت بڵێت مەرج نییە هەموو پیاوێکی ڕۆشنبیر ئاستی تێگەیشتنیان بۆ ژن و ژیان وەك یەك بێت، لەلایەکی ترەوە فیلمە دیکومینتارەکە ئاماژەیە بۆ شۆرش دژی عەقلێتی پیاوسالاری، چونکە شۆرش هەر ئەوە نییە بڕژێتە سەر شەقام، بەڵکو بەپێی ڕەخساندنی باردۆخەکەیە کە چۆن لەو ڕوانگەیەوە بۆت دەگونجێت ئەسپی خۆت تاو بدەیت، وەك چۆن شەهرزاد لە ڕۆمانی هەزار و یەكشەوەیە لەناو کۆشکێدا شۆرشی کرد.
    بە بۆچوونی منیش ئەگەر بریار بێت لە داهاتووە شۆرشێکی عەقڵانی بکرێت، لە پێناوی کۆمەڵگەیەکی تەندروست، دەبێت ئافرەت پێشڕەوی ئەو شۆڕشە بێت، چونکە مادام ئافرەت توانای ئەوەی هەبێت ببێت بەدایك و لە پێناوی ڕۆڵەکانی باکی نەبێت بە سەختی ژیان، ئەوە دەتوانێت گەورەترین گۆڕانکاری بکات، چونکە هیچ هێز و توانایەك ناگاتە هێزی ئەو میهرەبانیەی کە لە ناخی دایكە وەك ئاگرێك بڵێسە دەدەت، مەگەر ئاگرەکەی باوەگوڕگوڕ هێندەی ناخی دایك بڵێسەدار بێت.




ئه‌م دنیا و ئه‌و دنیا به‌ده‌ر له‌م دنیایه‌.. سه‌باح ڕه‌نجده‌ر

بڵێی جارێكی تر خۆمان له‌ خۆمان ڕابمێنین
ژیان درێژببێته‌وه
ئه‌مه‌ دوودڵی ئه‌م پیاوه‌یه‌ له‌پێش گوڵ و ئاوێنه‌ وه‌ستاوه‌
دڵی ناكه‌وێته‌جێ و به‌ملا و ئه‌ولای په‌راسووی ده‌كه‌وێت
* * *
هه‌ڵم تاوده‌ده‌م به‌ره‌و ئاسمان
با ببارێ
به‌ڵا لاده‌دا و وێنه‌ی ناو كاتی مردوو
ده‌كاته‌وه‌ به‌ هەنگ
بۆ بەهێزكردنی شیلە دەیان ڕژێنێتە كۆڵانە ڕووپێوه‌ نه‌ماوه‌كانی شار
شارێك له‌ بیره‌وه‌ریدا خوێنی ناو برینی ده‌رده‌كه‌وێ
كاتژمێریش ده‌به‌مه دواوه
ڕوخساری نوێژكه‌رێك گه‌ڕایه‌وه‌ ناو یه‌كه‌م گزنگ
شان و ملی دایكی تامه‌زرۆیی شێلا
له‌ شێوه‌ی شیر هه‌وێنبوو
خوێنی ناو برینی ناسی و شمشێری ڕووتی دراده‌ست
نه‌بووه وێنه‌ی ناقۆڵا و په‌ڵه‌یه‌كی هه‌ڵبزڕكاو
له نزیك ڕێگایه‌ك دانیشتووم و هێز ده‌خه‌مه‌وه ئه‌ژنۆم
ڕۆژ سپێده بدات
به‌ ڕوونییه‌كی ته‌واو ڕوون ده‌چمه ناو شار
ڕووه‌كی تیشكی سه‌رسووڕهێنه‌ر
ڕه‌گی ده‌هێنێته‌ ناو ده‌ستی و گه‌ڵاكانی ناكه‌ون
ده‌شتایییه‌ك كه خاوه‌نی كلیله‌كانی دنیایه
ڕوخساری گه‌رمی باپیرانی هه‌واڵ كوژراویش
ده‌رگای شار كلیل و قفڵی نه‌كه‌وتووه
له‌ سێبه‌ری كلكی ئه‌ژدیها داندراوه‌
هاتوچۆ تێیدا ده‌ستی به‌ تاج
بۆ سه‌ری كه‌س درێژ ناكات
جگه له نه‌ریت و ڕێوڕه‌سمی پشیله‌
نامۆ و ناكام له‌به‌ر ئاگری حه‌وت ماڵان
به‌چكه‌ی‌ چاونه‌پشكوتووی گه‌رم ده‌كاته‌وه‌
مۆسیقای پێی ئاشنا نابیسترێ
ئاوی شار لێڵ و گرانه
به‌ڕۆژوو ناتوانێ بیخواته‌وه
شیعر و نوێژی هاوڕێ خاكییه‌كه‌م
دواڕكات له‌ به‌ره‌به‌یاندا ناسینه‌ له چاوێكی گه‌رمدا
ئاسۆی تێدا سوورده‌بێت و ده‌بێته‌ هێلانه‌ی قه‌تێ
یان شكۆی ئاهه‌نگێكه‌
دڵی بۆمان ده‌كاته‌وه‌ و لاله‌ی ده‌ستی خوماران ده‌هێنێته‌ ناومان
ده‌ستێك ده‌بێته‌ هه‌ڵگری
هه‌موو ناو و میوه‌ی دره‌خته‌ به‌ ته‌مه‌نه‌كان
به ده‌شتایییه‌كی تابڵێی ڕوون ڕاده‌كا
هه‌ناسه‌یه‌ك وه‌رده‌گرێ
چاوی به‌رزده‌كاته‌وه و ده‌بینێ سوارێك
نهێنی ڕاگرتووه‌ و بۆ لای دێ
بێپه‌روایی چووه‌ته‌ ڕه‌گیه‌وه‌ و له‌ناو گه‌شه‌ی ده‌ژی
ئێمه‌ین به ده‌ورییه‌وه گه‌رمایی گیانین
هێز ده‌خاته‌وه ئه‌ژنۆی و دێته‌وه شار
په‌یكه‌ری ناوداران كه‌سمان ناناسنه‌وه
ده‌پرسن ئێوه پشتێنی كام پشتن
پێش به‌رزكردنه‌وه‌ی ده‌ستی دوا ماڵئاوایییان
سه‌رتاساو برینیان پاراو نه‌كراون
خۆیان له‌بیرچووه‌ته‌وه و ته‌ماشای باڵنده‌یه‌ك ده‌كه‌ن
به‌سه‌ر هێلكه‌ی به‌سه‌رچوودا كڕكه‌وتووه
ناوچه‌وانی دره‌وشاوه‌ی ده‌بێته ده‌شتایییه‌ك كه
خاوه‌نی كلیله‌كانی دنیایه
باڵنده‌یه‌كی هاوه‌ڵ خراپ دێته‌وه ناوی و سه‌رگه‌ردان نامێنێته‌وه‌
له‌ گه‌رمایی باڵیدا
بۆنی خۆشی قه‌ڵه‌متۆز و
گوڵدانی زه‌ماوه‌ند و
له‌خه‌و هه‌ستانی دوای هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی گه‌زۆی خه‌ون و
ڕۆژی هه‌ستانه‌وه‌ دڵیان بۆمان ده‌كه‌نه‌وه‌
دژی باڵ شه‌ڕ ڕاناگه‌یه‌نین
فڕین سێبه‌ره‌ به‌سه‌ر ڕێگاكانه‌وه‌ و ئاواتت ده‌دا
باخی میوه‌ له به‌یانییه‌وه چاوه‌ڕوانه‌ ببیندرێ و هێڵه‌كان ڕوونتربن
به ته‌نیا ده‌نكه هێلێك بشكێنه ناو
چاپه‌ست و ئاگری حه‌سره‌تێكی كۆن خۆشكه
به‌ سه‌د هه‌زار زمان قسه‌ ده‌كات
بابه‌گوڕگوڕ دايكى دووگیان به‌ كوڕ كوڕی له‌بارچوو
شه‌رابێكی به‌ تێكشكاوی خه‌وتوو
ئه‌سپی خولیا یاڵی یه‌كپارچه‌ بریسكه‌یه‌ و به‌ئاگای دێنێ
ده‌یخاته‌ دڵی هەموو خاوەن پرسەیەك
ده‌ركه‌وتن دێت و ده‌بێته خاوه‌نی ئاگری پاگژكراوه‌
ئومێد له هێڵه‌كانی ئه‌مپه‌ڕ و ئه‌وپه‌ڕت ده‌ڕژێنه
ناویه‌ك و له‌ بۆنی گوڵ ناترسی
مشتێك گه‌نم له‌بن كووپه‌ی ماڵ ده‌چێنیت
زانیت چی له بیرخۆت ببه‌یته‌وه
چیش به‌بیر خۆت بهێنیته‌وه
دوورییه‌ك وه‌ك ساده‌یی گوێت لێ ده‌گرێ
له‌ناو چاوتروو‌كان وه‌رت ده‌گرێ و ده‌تباته ماڵێك
به‌خته‌وه‌ری تێدا نووستوون و ته‌زووڕێژێك له‌ ڕاسپارده‌
ڕژاوه‌ته‌ ئه‌و سندووقه‌ی ناڵه‌ و لاوانه‌وه‌ی دایكانی پاراستووه‌
جانتاكه‌ت له شانت داگره و كه‌لوپه‌لی پێویست جیابكه‌ره‌وه
دوودڵ به‌سه‌ر پرددا‌ مه‌وه‌سته‌
تكا ده‌كه‌م په‌له‌ بكه‌ كاتژمێر بخوێنه‌وه‌ و بپه‌ڕه‌وه‌
كیژانمان كه‌زییان به‌ ئاڵای
به‌ سێبه‌ر و هه‌تاوی تۆوه‌ ده‌نووسێنن
له‌ ئاواز و یه‌كه‌م ته‌زووی دره‌وشانه‌وه‌دا نقوومن
كه‌وان ده‌شكێن و تیر ده‌كه‌ونه‌ خوارێ
فه‌رمانێك له‌ باڵدا ده‌نگ هه‌ڵدێنێ
له‌قله‌ق له‌ هه‌ولێر هه‌ڵفڕه‌
دڵه‌ڕاوكێت هه‌رگیز دوایی نایه‌ت
زێد ناوكی‌ سێوێكه‌ میوه‌ی تر هه‌وێن ده‌كا
وه‌ك منداڵ گه‌وره‌ ده‌بێ و چیاش
لانه‌ی كه‌روێشكی گۆشتنه‌
دیواری ره‌ش نییه‌
كاتێك خه‌ریكین ته‌ماشا ده‌كه‌ین
مردن به‌لاماندا تێپه‌ڕیبوو
مانگیش لەسەر كانیی په‌یام و ئیلهام خەوتووە
ڕوخساری جه‌ربه‌زه‌یه‌كه‌ لەسەر په‌رداخی پڕی به‌رزكراوه‌ دێتە دەنگ
دەیەوێ هه‌موو ئه‌وانه‌ ببینێ به‌ر له‌و مردوون
* * *
ئه‌ی مۆزه‌خانه‌ و شه‌مێ و مۆمێ
ڕسكان له‌ گوڵه‌ئه‌ستێره‌ی هه‌مووان و
مه‌ند و كه‌مدووی خه‌مڵین و
هۆگری ئه‌زه‌لی و
تاجی ره‌نگ و شێوه‌ گرتوو
كاتی هاتووه‌
ده‌شتایییه‌ك كه‌ خاوه‌نی كلیله‌كانی دنیایه‌
له‌ خۆی دڵنیابێ و وشه‌ به‌ وشه‌
سه‌روه‌ریی په‌روه‌رده‌ بكا و كۆیله‌كان بكڕێته‌وه‌
چیا به‌ هه‌ڵدێر كۆتایی نایه‌
تفه‌نگی دووربیندار تانه‌ی له‌سه‌ر چاوه‌
ئاوازی تایبه‌تی نییه‌
ئه‌سپی خولیا سواری گه‌یاند و زه‌وی فراوانتر بوو

كانوونی یه‌كه‌می 2018 هه‌و‌لێر




دەقی تەمەن / ٣٤.. ناڵە حەسەن

١
لە شەوێکی خامۆش
خامۆش وەک خەوتنی
ژێر کەپرەکانی مردن
بە شازادەیەکی ڕووتی
نێو کۆشکە شووشەبەندەکانی شیعرم گوت / ئەی شازادە
تۆ دەتوانی لەسەر جەستەی خۆت لە خاچم دەی
ئەویش گوتی / ئەی شاعیرە ڕۆژهەڵاتییەکە
من دەمێکە لەسەر جەستەی خۆم لەخاچم داوی
بەڵام حەیف / کەتا ئێستا پێت نەزانیوە …!
٢
ئاوێنە تاریکەکانی شەوم شکاندن
چونکە وێنەکانی تۆیان تەلخ
پێشان دەدا
ئێستا من
لەناو ئاوێنەکانی خۆرەتاودا
سەیری تۆ دەکەم
لەوێدا
سەماو جوانییەکانی ڕوخسارت
کتومت وەک خۆیان دەردەکەون
٣
خاڵخاڵۆکە خاڵنەخشینەکەی خەونەکانم
لەنێو لەپی دەستەکانت خەوتووە
پەنجەرەکانی دڵت مەکەرەوە بۆ ڕەشەبا و
نینۆکەکانیشت
بە ڕەنگەکانی نیو تابلۆکانی مردن ڕەنگ مەکە
لێگەڕێ با
خاڵخاڵۆکەی خەونەکانم / خەون
بە دونیایەکیتر و
بە ژیانێکی تر و
بە زەمەنێکی زێڕینی ڕووناکەوە ببینێ
٤
من کەسێکم
بە چەندین هەوراز و نشێو تێپەڕیوم
بەسەرپشتی شەپۆلەکان بازمداوە و
بەنێو خەرەندە چڕەکانی ئایدیۆلۆژیاکاندا
چوومەتە خوارەوە
لەنێو چوارچێوەیەکی دیوار ئەستوور
بۆ زەمەنێکی دوور و درێژ ماومەتەوە
لەوێدا بێئاگا لە خۆم
بە قووڵایی سییەکانم
قومم لە جگەرەی دۆگمایی داوە
هەمیشەش / تابلۆی نائومێدییەکانم
بە درەختی تەنیشت ڕێگاگان هەڵواسیوە
جارجارەش خۆم داوەتە
بەر بارانی عەبەسییەت و وجودییەت
بەڵام بەوە دڵخۆش و دڵفرازم کە
بۆ تەنها جارێک و چرکەیەکیش
پەنجەکانم بە تەنییە ڕەشەکەی
دەورەی مەنجەڵە گەورەکەی
دانووی ڕەشبینی ڕەشنەکردووە
دەستم لە چارۆگەی خەونەکانم و
لە پشدێنی ژیان بەرنەداوە …!
٥
وەک گۆزەیەکی بەر باران
پڕم لە بێدەنگی
بێدەنگیم پڕە لە گەردەلوول
گەردەلوولی عەشقم
پڕە لە پشکۆ
پشکۆی خەونەکانیشم
ئاوسن بە تۆ …!

٦
چ خەیاڵێکی کوشندە و مەرگئامێزە
کاتێک لە نیشتیمانی من
فریشتەکان دەبن بە شەیتان و
شەیتانەکانیش بە فریشتە
منیش وەک شاعیرێکی نەفرەت لێکراو و
وەک ئادەمێکی لە بەهەشت دەرکراو
دەبێ تائەبەد
غوربەت بکەم بە ماڵی هەمیشەییم و
هەر لەوێشدا سەر بنێمەوە
٧
بۆ بینینی ڕووناکی لە درزێکەوە
تەمەنێک لە نێو
شەوەزەنگە تاریکەکان ماومەتەوە
بە گلۆرە و داوە ڕەنگاوڕەنگەکانی عەشق
دەیەها مافووری ڕەنگینم بۆت نەخشاندووە
تا بەنەرمی بەسەریا بڕۆیت و
ژیانیش لەگەڵ لەنجەو لارت
جوانتر و ئیرۆسیانەتر بدرەوشێتەوە
٨
وەتەرەکانی دڵم
هێندە گۆرانی
بۆ مرۆڤە بەشمەینەتیەکان و
عاشقە نامورادەکان پێ ژەنراوە
وەک دارتەلی کارەبای گەرەکەکەمان ماندووە
ماندوو ماندوو ماندوو
ناوە ناوەش بە شریخەیەکی شێتانەوە شۆت دەکات و
کەسێکیش نییە بیت چاکی بکاتەوە
هێندە نەبێ جاروبار
کۆڵارەی دەستی منداڵە پێخاوسەکان و
کۆترە شینکە کێوییەکان
بە ئارامی لەسەری دەنیشنەوە …!
٩
من ناتوانم لە هیچ شوێنێ ئۆقرە بگرم
هەر دەبێ / بڕۆم و برۆم و بڕۆم
چونکە / لە هەوڵەکانم بەو هاوکێشەیە گەیشتم
پڕم لەتۆ و بەتاڵبوومەوە لە خۆم … !
١٠
جوانیت لە چێژی ئەو دەقە شیعرییانە دەچێت
کە / سەرکەشانە و سەرچڵانە سەرمەستم دەکەن
شیرینی گوفت و ڕوخساریشت
لە هەنگوینەکەی لای خۆمان
ئەی شێتۆکە نیگا شەبەنگییەکەی نێو شەوەکانی خەیاڵم
١١
هێندە گوتم
تۆ لەنێو قووڵایی دڵم دای
تا / قافی قووڵایی و دالی دڵم
بوون بە دوو پیتە تۆخەکانی
ئەو مرۆڤە ( ق ە ل ە ن د ە ر )ە ی
ئێستا لەنێو قووڵاییەکانی
دۆزەخی عەشق دا دەسووتێ …!
١٢
غەریبی
وەک کاغەزێکیی گەچراو وایە
فڕێدرابێتە سەر گوفەکەکانی ژیان
من لەسەر ڕووی ئەم کاغەزە گەچراوانە
هەمیشە /
وێنە شێواوەکانی خۆم دەبینمەوە
١٣
هەرگیز بیرم لەوە نەکردۆتەوە
کە ڕۆژێک دێ
ژەنگی تیشکەکانی ڕووناکی
لەنیو چاوەکانم کۆدەبنەوە و
خۆڵەمێشی خەونە خەنەییەکانیشم
بیناییم لێڵ دەکەن
هەور هەموو جەستە وشکهەڵاتووەکەم دادەپۆشێ و
خۆرەتاویش لەودیو جەستەی ئەستێرە ڕەشەکانەوە
خۆی لێم دەشارێتەوە

١٤
ژیان هێندە ناشیرین بووە
من لە هێماکانی تاریکی
ڕۆشنتر تێدەگەم
ئەو شاعیرەشم ماوەیەکە
بە ڕێنووسە ڕەش ڕەشەکانی
تاریکی دەنووسم
بۆیە / هەرکاتێک منت لێ ونبوو
لەنیو تاریکایی هەورە ڕەشەکان و
لەنێو سێبەرەکانی خۆت دا
بەدوای مندا بگەرێ …!
١٥
لەنێو خەیاڵ و بیرکردنەوەکانم دا
بەدوای فۆرمێکی تردا دەگەڕێم بۆ عەشق
کە لە ژێر ڕۆشنایی مانیفێستێکی شین
بەختەوەری گالیسکەیەک بێت بۆ ژیان و
ژیانیش شکۆفەیەکی پرشنگی بێت بۆ جوانی
کات بە هێلێکی بازنەیی نەسووڕێتەوە و
خەونیش لەنێو دەفتەرێکی نارنجی
بە قەڵەمی ئاگر بنووسرێتەوە
مرۆڤەکان ( شاعیرانە بژین ) و
شیعریش
بۆ خۆرەتاو خۆی رووت بکاتەوە
گەردوونیش وەک زەردەخەنەی
سەر ڕوخساری گوڵەگەنم
سەمفۆنیایەکی نوێ بێت بۆ خۆشەویستی …!

                                                    بەفرانباری ٢٠٢٣



پێویستە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی هەڵوەشێتەوە.. عوسمان حاجی مارف

ئەو نوسراوەی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیەوە بە واژۆی چەند ئەندامێکی ئەو ئەنجومەنە بڵاوکراوەتەوە، دەربارەی ئەو مشتومڕەی لەنێوان چالاکەوانانی کۆمەڵگای مەدەنی و ڕێکخراوەکانی ژنان و ئیسلامیەکان کە لە سنوری پارێزگای سلێمانی و پارێزگاکانی تری هەرێم لە ئارادایە دەربارەی جەندەر، ئەوە دەسەلمێنێت ئەو ئەندامانەی ئەنجومەن کە نوسراوێکی لەو چەشنەیان واژۆ کردووە، لەلایەک خەریکن زیادەڕەوی لە سنوری دەسەڵاتی کاری خۆیاندا دەکەن، لەلایەکی تریشەوە دەبنە هۆکاری گێرەشێوێنی و نمونەی پێشێلکردنی ئازادی بیروڕا.
بەجیا لەوەی نوسراوەکەیان نابەجێ و نایاساییەو هەتا دەرچوونیشە لە سنوری کاری خۆیان، لەهەمانکاتدا بەو کارە نایاساییە دەیانەوێت لە ڕێگای ئەو نوسراوەوە فەزایەکی کۆنەپەرستی بەسەر شاری سلێمانیدا بسەپێنن و مشتومری ئازاد بەبنبەست بگەیەنن. واتە ئەو کەسانە شایانی ئەوەنین ئەندامی ئەنجومەنی سلێمانی بن، چونکە لەبری ئەوەی خەریکی کاروباری بەڕێوەبردنی پارێزگای سلێمانی بن، بە ویست و ئارەزو و بەپێی بۆچوونی خۆیان دەیانەوێت نوسراوو بڕیارو یاسا بڵاوکەنەوە، هەر بەو شێوەیەش هەوڵئەدەن دەرگای ئازادی و چالاکی بیروڕای جیاواز ببەستن.
سەرەتا هەواڵەکە وەها بڵاوبوەوە کە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بڕیارێکی لەسەر وەستانی مشتومرو قسەوباس لەسەر جەندەر دەرکردووە، دواتر ڕونکردنەوەیەک بڵاوکرایەوە کە ئەوە “تەنها نوسراوێکە لە لایەن چەند کەسێکەوە واژۆ کراوە، بەڵام بۆئەوەی ببێتە بڕیار، دەبێت لەکۆبونەوەی فەرمی ئەنجومەندا دەنگدانی لەسەر بدرێت”.
بەجیا لەوەی هەڵوێست و بۆچونی من چیە لە بەرامبەر پێکهاتەی پارێزگا و ئەنجومەنەکەیان لەسایەی دەسەڵاتی حزبەکانی کوردایەتیدا، بەڵام لەگەڵ ڕێزم بۆ ئەو ڕونکردنەوەیە، پێویستە ئەوە بۆ تەواوی ئەندامانی ئەنجومەن ڕۆشنبێت، کە پارێزگا و ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەچوارچێوەی پێکهاتەی خۆشیاندا، دەزگایەکی جێبەجێکەرن و بەشێکن لەوەزارەتی ناوخۆ، واتە نە پارێزگا و نە ئەنجومەنەکەی و نە وەزارەتی ناوخۆش ڕێگەپێدراو نین بڕیارو یاسایەک دەربکەن باز بەسەر دەستورو یاسایەکەیاندا بدەن کە لەپەرلەماندا پەسەندکرابێت. ڕاستە هەرێم لەئێستادا دەستوری نیە، بەڵام هیچ بەندویاسا و ڕێسایەکیش پەسەند نەکراوە لەلایەن پەرلەمانەکەیانەوە کە سنور بۆ ئازادی سیاسی و ئازادی بیروڕاو مشتومر دانرابێت. بۆیە هەرلەوچوارچێوەیەی کاروباری بەرێوەبەرایەتی خۆشیاندا بێت، ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا بەهیچ جۆرێک بۆیان نیە نوسراوێکی لەوچەشنە بخەنە ناو کۆبونەوەو دەنگدانەوە.
هەڵبەتە خولقاندنی دۆخێکی لەم چەشنە بە واژۆی کەسانێک لەسەر نوسراوێک و بەڕونکردنەوەیەکی ناڕۆشنەوە کە لەلایەن ئەندامێکی ئەنجومەنەکەوە بڵاوکراوەتەوە، بەشێکە لەچۆنیەتی پێکهاتەو بێسەروبەری و ئەو گێژاوەی حکومەتی هەرێم دەرگیریەتی لە بەڕێوەبردنی کاروباری حکومەت و کۆمەڵگادا.
هەرێمی کوردستان نەیتوانیوەو ناتوانێ لە چوارچێوەی دوو زۆنی زەردو سەوزو دەسەڵاتی بنەماڵە بێتە دەرەوەو هیچ دەزگاو دامەزراوەیەکیش بەجیا لەوەی بەهیچ جۆرێک لەخزمەتی خەڵکدا نیە، لەهەمانکاتدا لەچواچێوەی یاساکانی خۆشیاندا ناڕوات بەڕێوە. بۆیە کەسانێک بەناوی ئەنجومەنەوە فرسەت دەهێنن ئەوەی خۆیان مەبەستیانە بۆ کۆتاییهێنان بەو مشتومڕە بە قازانجی سیاسەتی ئەو حزب و لایەنەیە کە کاری بۆ دەکەن، وەکو نوسراوێکی “فەرمی” کە وەڵام بەنیازی خۆیان ئەداتەوە واژۆ بکەن، دواتریش ڕێگایەکی بۆ پەیدا دەکەن بیکەنە بڕیار.
بۆیە دەکرێ پێشنیاری ئەوەیان بۆ بکەین گەر وەک چاکسازیەکێش بێت لەئێستادا، پێویست دەکات هەرلایەنێکی دەسەڵاتداری پەیوەندیدار چۆن بەگونجاوی دەزانێت، متمانە لەو ئەنجومەنە وەرگرێتەوەو کاری ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕاگرێت و هەڵوەشێنێتەوە، دواتریش لەو چوارچێوەیەی کە خۆیان ئێستا کۆمەڵگە بەرێوەدەبەن هەڵبژاردنێک بکەن کە ئەندامانی هیچ حیزبێكی تێدانەبێت، دەنا لەراستیدا ئەوەی پێوویستەو دەبێ ئەنجام بدرێت نارەزایەتی جەماوەری و ئامادەیی دەورو دەخالەتی راستەوخۆی خەڵکە کە تەواوی دەمودەزگاو پێکهاتە و حکومەتەکەیان راماڵێت، لە رێگەی ئاڵوگۆرێکی ریشەییەوە دەسەڵاتێک دامەزرێنرێت نوێنەرایەتی راستەقینەی خەڵک بێت.




(من)ـایه‌تی له‌ تۆغیانی هه‌ڵكه‌وتنیدا.. نه‌ژاد عزیز سورمێ

خه‌یاڵ بۆ ئه‌وه‌ ده‌چێ له‌وه‌ته‌ی ئاده‌مزاد قۆناغی كۆكردنه‌وه‌ی بژێوی به‌جێ هێشتووه‌ و گه‌یوه‌ته‌ قۆناغی جێگیربوون و عاقڵی به‌ پاوان و پاوانخوازی شكاوه‌ ، كه‌ڵكه‌ڵه‌ی منایه‌تی تێدا بزوتووه‌..

با شاش نه‌چین ، مه‌به‌ست لێره‌ هه‌ر ئه‌و (منایه‌تی)یه‌ ‌‌ نییه‌ كه‌ بیریارانی چه‌پ و ڕاست لێكیان داوه‌ته‌وه‌ ، به‌قه‌د ئه‌وه‌ی باس له‌ دڵتاریكی و كینه‌جوویی و چزوو وه‌شێنی و فشار پێكهێنانه‌ به‌ خۆدیده‌یی و هه‌موو ئه‌و ده‌رگا و بانه‌ ئاشكرا و نهێنییانه‌ی ده‌چنه‌وه‌ سه‌ری.

ئێستا منایه‌تی به‌ هه‌ڵپه‌یه‌ك له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا ته‌شه‌نه‌ی كردووه ‌، ده‌رفه‌تی لێكهه‌ڵاوێردنی نه‌وه‌كانیشی وێكهێناوه‌ته‌وه‌ ، تۆ ده‌توانی (منایه‌تی) چۆن له‌ به‌ناو ته‌مه‌ندا چوویه‌كدا ببینی ، ئاوه‌هاش له‌ تۆلازێكی هه‌رزه‌كار ، له‌ گه‌نجێكی كامڵدا هه‌ست پێ بكه‌ی..

با خه‌یاڵمان دوور نه‌ڕوا كه‌ له‌وه‌ حاڵی نین به‌شێكی ڕواڵه‌تی پێشكه‌وتن له‌خۆ خوێندنه‌وه‌دایه‌ كه‌ ڕه‌گه‌زی كێبه‌ركێ و ململانێ دروست ده‌كا و ئیكسیری پێشكه‌وتنه‌ ، به‌ڵام ئه‌و دیارده‌یه‌ش كه‌ ده‌گاته‌ سنووری به‌خۆوه‌ژییه‌تی و حیساب نه‌كردنی به‌رامبه‌ر ته‌نانه‌ت له‌وه‌نده‌ی له‌ توخمی ئاده‌میایه‌‌تیدا كۆده‌بنه‌وه ‌، شیرازه‌ی ژیان له‌ باڵ یه‌ك ده‌ردێنێ ، بنیاده‌م ئه‌و بوونه‌وه‌ره‌ جوانه‌ ، له‌ باتی ئه‌وه‌ی ببێته‌ كانگه‌ی كۆڕگه‌رمی و جوانیی ژیان و دره‌وشانه‌وه‌ی ، زۆر له‌و گیانه‌وه‌رانه‌ دڕنده‌تر ده‌رده‌كه‌وێ كه‌ ئێمه‌ وه‌ك ئاده‌می و مرۆڤ به‌ دڕنده‌یان ناو ده‌به‌ین هه‌ر ئه‌و منایه‌تیه‌شه‌ ‌ له‌ به‌ته‌نێی و یه‌ك یه‌ك ژیاندا سه‌رچاوه‌ ده‌گرێ و ڕاده‌ی ئه‌م په‌ڕی )عه‌داله‌ت)یش به‌ زیندووی چاوان ده‌نێژێ ، به‌و ئاسته‌ی )منایه‌تی) خودی خۆیشی له‌بیر ده‌باته‌وه‌ ، ئینجا تۆ بیری لێ بكه‌وه‌..
ئه‌وه‌ش تیوراندن و پرسیارپێچكردن نییه ‌، دیارده‌یه‌كه‌ ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ سرووشتی ئاده‌مزادیشدا بێ ، هیچ وه‌ختێك وه‌ك ئێستا دیار و هه‌ڵكه‌وتوو دوور له‌وه‌ی پێی ده‌گوترێ ویژدان په‌ره‌ی نه‌سه‌ندووه‌ ‌، به‌و چه‌شنه‌ هه‌موو چین و توێژ و ئاست و وه‌چه‌ جیاوازه‌كانی گرتووه‌ته‌وه‌..
هیچ وه‌ختێكیش به‌و جۆره‌ ئاسۆی به‌ نادیاری نه‌شاردووه‌ته‌وه‌ و به‌ لێڵی ده‌رنه‌خستووه .‌
لێره‌ڕا ده‌خوازێ تا ئاسۆمان به‌دوایی لێ ون نه‌بووه‌ بڕیار بده‌ین به‌ هه‌ر ڕاده‌یه‌كی وه‌ك مرۆڤ له‌سه‌ری كۆك ده‌بین پێكه‌وه‌ بین..
با تاقیی بكه‌ینه‌وه‌ ، ئه‌گه‌ر بۆ ماوه‌یه‌كی كورتیش بێ .




بیرەوەریيەکانی فەقێیەکی گومڕا-(48).. شەماڵ بارەوانی

بەشی چل و هەشت

کاکە مەلا لەخەمی برا موسڵمانەکانیەتی، یان گیرفانەکەی خۆی..!؟

لەبەشەکانی پێشوو ئاماژەم بەوەکرد کە لە کاتی خوێندنی ئیسلامی و سەردەمی حوجرە و ژیانی فەقێیاتیم دا، هەموو ساڵێک مانگی ڕەمەزانێ، بە مەبەستی مەلایەتی ڕەمەزانێ، هەرساڵە و دەچوومە گوندەکی.

کەم وابوو دوو ساڵ لەهەمان دێی پێشووتر دووبارە ببمەوە بە مەلای ڕەمەزانێ. جا هەر کە دەڕۆیشتمە هەر دێیەکی تازە، زۆر زوو کۆمەڵە هەرزەکاری وەک خۆم دەم ڕووت و بێ ئەزموون لێم خڕ دەبوونەوە و دەبووين بە برا و برادەری گیانی بە گیانی و تا ڕۆژی جێژنەی، گەلێک جار لە مزگەوت شەو ڕۆژ پێکەوە دەماینەوە.

ئەوە ساڵەکی چوومه دەشتی کەندێناوە و لای دیبەگەی. عەیب نەبیت هێندەی دەمهێنا و دەمبرد و بیرم لێیدەکردەوە، قەت بڕوام نەدەکرد دێیەکی چەور بیت و زەکات و خێر و سەرفیترەیەکی وای تێدا وەربگرم، جێگای دڵ خۆشی و ڕەزامەندیم بێت.

گوتم دەبیت شتەکی بکەم، تا لەو خەم و قەڵەقیە ڕزگارم بیت و لۆم یەکلایی ببیتەوە، بزانم چەندی وەردەگرم بۆ ئەم ساڵ.

ئەگەر وانەکەم، ئەوە دڵم شەق دەبات.

بۆ ئەو مەبەستە فێڵ و تاکتیکێکم دۆزییەوە.

بۆ جێبەجێکردنی پیلانەکەم و گەیشتن بە ئەنجامێکی جا دڵ خۆشکەربێت، یان، خوا نەخواستە بێزارکەر و ماڵوێران کەربێت، دەبیت زوو ئەو کارە بکەم و ئەوە یەکلایی بکەمەوە.

خێرا به دەرفەتم دەزانی و قەڵەم و وەرەقەیەکم دەرهێناو دەمگوت: یەلە دەی لۆم بڵێن چەند خێزان و نەفەر لەو گوندەیەی هەن؟ ئینجا بە حاسیبەی ماڵ بە ماڵ و خێزان بە خێزان و نەفەر بە نەفەر جوان جوان لێکمان دەدایەوە.

(هەندە جاریش و لەهەندەک دێ، خۆم به تەنها ماڵەکانم دەژمارد و هەرماڵەی بە تەخمینی خۆم بەسەر چەند کەسێکم دابەشدەکرد و پارەکەم لێکدەدایەوە)هەرکە لێیان دەپرسیم و دەیانگوت: ئەو حیسابات و کیتاباتەت لۆچیە مامۆستا؟ دەمگوت لۆ ئەوەی بزانم براو خوشکە موسڵمانەکانم چەندن. دڵخۆشم که دەبینم ئومەتی موحەمەدی لە زیادبووندان.

ئەی نەتان بیستووە پەیامبەرمان چەندە گرنگی بەو بابەتە داوە و هەمیشە دەیگوت(تزوجوا فإني مكاثر بكم الأمم،) و چەندە لە خەمی ئەوەیدابوو، ڕێژەی ئومەتەکەی بەردەوام هەر لەزۆری و هەڵکشان و گەشەدابیت.

ئای ئەو هەرزەکارانە چەندە گوناح و دڵپاک و خەشیم و بەستەزمان بوون و چەند زوو و خێرا هەرچیم بگووتبا، وەکوو کەلامی خوا و ئایەتی قورئان و فەرموودەی پێغەمبەری لێیان وەردەگرتم!

ئەوجە با سەرتان نەیەشێم و لە کورتی بیبڕمەوە، جاکاتێک حیساب و کیتابەکەمان تەواو دەبوو،

گەر ژمارەیان کەم بوایە، جەوم سفر دەبوو و بێ تاقەتی و بێزاری هەموو بوونی دادەگرتم و لە داخان دەهری دەبووم و ئیمان لەکەلەما نەدەما.

دەمزانی زەکات و سەرفیترەی ئەوساڵیشم فت.

دووبارە بێ شانسی ڕووی تێکردمەوە و قوڕم بەسەری وەربوو و داهاتی ئەو ساڵەیشم هیچی وا نابێت، کە شایەنی دڵ خۆشی و باس کردن بێت.

جا لەگەڵ برادەرە فەقێیەکانی دیکەشم، کەهەر یەکەو بەسەر دێیەکی دابەش ببوون، بەردەوام لەسەر خەت بووم، بە تایبەتی کاتی زەکات و سەرفیترە دانێ، عەیب نەبیت، بە تەلەفۆن هەواڵی یەکتری و دۆخەکەمان دەپرسی و دەمانگوت: دێیەکەت چەورە؟ خەڵکەکەی سەخی و دەست کراوەن؟ ئەمڕۆ چەندت وەرگرت؟.