گەندەڵی، توێژی بۆرژوازی گەورە و پەیوەندیی بە سەرمایەی کۆمەڵایەتییەوە لە عێراقدا.. موئەیەد ئەحمەد

لەگەڵ داگیرکردنی عێڕاق لە لایەن ئەمریکاوە و ڕووخانی ڕژێمی (بەعس) و دامەزراندنی “دەسەڵاتی هاوپەیمانی کاتی” لەژێر ئیدارەی (پۆڵ بریمەر) فەرمانڕەوای دانراو لە لایەن دەوڵەتی ئەمریکا، و پاشان “ئەنجومەنی حوکمڕانی”، هەروەها بە درێژایی ماوەی داگیرکاری ڕاستەوخۆی ئەمریکیـیەکان و حکومەتە یەک لە دوا یەکەکانی ئەو ماوەیە و دواتری و تا ئێستاش، سیاسەتی ئابووریی فەرمی هێزە داگیرکەرەکان و ڕەوتی بۆرژوازی ئیسلامی و ناسیۆنالیستی دەسەڵاتدار، گۆڕینی ئابووری سەرمایەداری بووە لە عێراق بۆ ئابوورییەکی سەرمایەداریی نیولیبراڵ و چەسپاندنی بە شێوەیەکی قووڵ و هەمەلایەنە و خێرا.

لە ماوەی “دەسەڵاتی هاوپەیمانی کاتی” و ئەنجوومەنی حوکمڕانیدا، (پۆڵ بریمەر) سەد بڕیاری دەرکرد کە بەشێکی زۆریان ڕێکاری ئابووری بوون بۆ ئەنجامدانی ئەم گۆڕانکارییە لە ئابووری عێراقدا. بەشێک لەو فەرمانانە جێبەجێ نەکران، بەهۆی بوونی ئۆپۆزیسیۆن بەرامبەریان و ترس لە ڕووبەڕووبوونەوەی جەماوەریی بە دژیان. لەنێو ئەم بڕیارانەدا دەرکردنی “یاسای وەبەرهێنانی بیانی” لە لایەن ئەنجومەنی حوکمڕانییەوە لە (٢٠ی ئەیلولی ٢٠٠٣)دا، بوو، کە بەپێی ئەو بڕیارە “هەموو ئەو دامودەزگایانەی کە دەوڵەت خاوەنداریـیەتیان دەکات، دادەنرێن بۆ فرۆشتن و بەتایبەتکردن…” .

ئەمە، و حکومەتە یەک لە دوا یەکەکانی عێراق درێغییان نەکرد لەوەی کە هەموو ئەو سیاسەت و یاسا و ڕێکارانەی کە بۆرژوازی ئەمریکی و ڕۆژئاوایی پیادەیان کردبوو بۆ چەسپاندنی سەرمایەداریی دارایی (مالی) نیۆلیبراڵ (Neoliberal financialised capitalism) لە وڵاتەکانیاندا و لە ئاستی جیهانیدا لە ماوەی زیاتر لە دوو دەیە پێش داگیرکردنی عێراق و دەکران بگۆێزرینەوە بۆ عێراق بیانگۆێزێتەوە و جیبەجێیان بکات لەم وڵاتدا. لەوانە، ئەزموونەکانی تایبەتکردنی پیشەسازی و خزمەتگوزارییە سەرەتاییە گشتیەکان، لابردنی قەید و بەند لەسەر نرخی کاڵاکان، دامەزراندنی سەربەخۆیی بانکی ناوەندی، دەرکردنی یاسای بانکەکان، کردنەوەی “بانکە ئیسلامییەکان”، کەمکردنەوەی بودجەی سیستەمی پەروەردە و تەندروستی گشتی و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی تر، و تێکشکاندنی دەسەڵاتی سەندیکا و ڕێکخراوە کرێکارییەکان.

لەم ڕاستایەدا، “هەر لە یەکەم ڕۆژی داگیرکارییەوە، بەشێوەیەکی سیستماتیک، کار کرا بۆ کردنەوەی بازاڕی عێراق بە فراوانی، بۆ هاوردەکردنی سەرجەم کەرەستەی کشتوکاڵی و پیشەسازی، بە بیانووی دابینکردنی کەلوپەل بۆ عێراقییەکان، هاوکات لەگەڵ زیادکردنی مووچە و دروستکردنی مەفاهیمی بەکاربردن و گۆڕینی کۆمەڵگا بۆ کۆمەڵگەیەکی بەکاربەر (استهلاکی). وە بۆ سەقامگیرکردنی ئابووری ڕەیع (رینت)، هیچ هەوڵێک بۆ نۆژەنکردنەوە و دەستپێکردنەوەی پڕۆژەی ئابووری، پیشەسازی، کشتوکاڵی و خزمەتگوزاری گشتی نەدرا، حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق پێداگرییان لەسەر ڕێگریکردن لە وەبەرهێنانی حکومەت لە پرۆژەکانی کەرتی گشتیدا کرد…” . جگە لەوەش دەسەڵات بە ئەنقەست کاری کردوە لەسەر دروستکردنی قەیران سەبارەت بە دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی دەوڵەت وەک ئاو، کارەبا، تەندروستی، پەروەردە و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان، ئەمەش وەک بەشێک لە هەڵمەتی بڵاوکردنەوەی خۆشباوەڕی و پڕوپاگەندەی سیاسی بۆ بە تایبەتکردنی ئەو دامەزراوانەی حکومەت کە ئەم خزمەتگوزارییانە دابین دەکەن.

لە (حکومەتی ئەیاد عەلاوی)ەوە تا حکومەتەکانی (جەعفەری) و (مالیکی) و (عەبادی) و (عەبدالمەهدی) و (کازمی) و حکومەتی ئێستای (محەمەد شیعاع ئەلسودانی) لە پیادە کردنی ئەم سیاسەت و ڕێبازە نەوەستاون و ناوەستن.

حیزبە بۆرژوازییە ناسیۆنالیستەکانی دەسەڵاتدار لە هەرێمی کوردستان تەنانەت پێش ڕووخانی ڕژێمیش دەستیان کرد بە جێبەجێکردنی سیاسەتە ئابوورییە نیولیبراڵییەکان، بەڵام نەیانتوانی بە قەبارەیەکی فراوان و هەمەلایەنە پەرەیان پێبدەن هەتا دوای ئەوەی کە دەرگاکان بە فراوانی کرانەوە بۆ دابەشکردنی داهاتی نەوت لەسەر بنەمای پشکی تائیفی و قەومی، و تاڵانکردنی ئاشکرای پشکی هەرێم لە لایەن ئەو دوو حزبە گەندەڵە میلیشیاییەی لەسەر حوکمن، (پارتی) و (یەکێتی).

ئەوەی لێرەدا پێویستە ئاماژەی پێبدرێت، ئەوەیە کە هێزەکانی ڕژێم لە هەموو قۆناغەکاندا و لە هەموو ئەو هەلومەرجە سیاسی و ئەمنییە کارەساتبارانەی کە عێراق پێیدا تێپەڕیوە، جێبەجێکردنی ئەو سیاسەتانەیان درێژەپێداوە، لە کاتی شەڕەکانی هێزەکانی ئەمریکا، شەڕی تایفەگەری، ئۆپەراسیۆنە تیرۆریستییەکان، شەڕی (داعش) و داگیرکردنی یەک لەسەر سێی خاکی عێراق. هەموو ئەمانە بە هەماهەنگی سیستماتیک و ملکەچ بوون بۆ مەرجەکانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و بانکی نێودەوڵەتی ئەنجام دراوە بە ئامانجی لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم سەرمایەداریی بازاڕی ئازاد لە عێراق و “داڕشتنەوەی ئابووری” بەو پێیە.

هێزەکانی ڕژیم و لایەنگرانیان لە وڵاتانی ئیمپریالیستی و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانیان درێژەیان بەم هەڵمەتەی “داڕشتنەوەی ستراکچەری ئابووری”دا لە عێڕاقدا لە دوو دەیەی ڕابردوودا، و سیاسەت و پڕۆژەی یاساییان خستۆتەڕوو و جێبەجێیان کردووە، کە دواترینیان “لاپەری سپی”یە لەم ڕووەوە. ئەم هێزانە و بەرگریکارانی سەرمایە و سەرمایەداری، لە حیزبە ئۆپۆزسیۆنە ناسیۆنالیست و ئایینی و نیولیبراڵەکان و تەنانەت بەشێک لەوەی کە خۆیان بە چەپ ناودەبەن، هەروەها ڕەوتە فیکریـیە بۆرژوازییەکان و ڕۆشنبیرانی ئەم چینە، هاوکات لەگەڵ ئەم هێرشە بۆ “دووبارە داڕشتنەوەی سترکچەری ئابووری”، هەڵمەتی پڕوپاگەندەیی بەردەوامیان دژی سۆسیالیزم و یەکسانی ئابووری نێوان هاووڵاتیان دەستپێکرد کە ئێستاش بەردەوامە. هەموو ئەمانە بەو بیانوەی کە مۆدێلی ئابووری سەرمایەداری نیولیبراڵ باڵادەستە لە ئاستی جیهانیدا، و گوایا “سیستەمی سۆسیالیستی” نەیتوانیوە گەشەی ئابووری و خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی بەدەستبهێنێت، دیارە مەبەستیشیان لەم سیستمە “سەرمایەداری دەوڵەتی” بلۆکی ڕۆژهەڵات و ڕژێمی فاشیستی بەعسە لە عێراق.

ڕاوێژکارە ئابورییە فەرمییەکانی ڕژیم و ئەو بەشە لە ئابووریناسەکانی بۆرژوازی کە نوقمی ملکەچی سیاسەت و مۆدێلەکانی ئابووریی سەرمایەداری نیولیبراڵن، دەستیان کرد بە تەپڵ لێدان بۆ ئەم گۆڕانکارییە ئابوورییە سەرمایەدارییە نیولیبراڵیە و ئەم هەڵمەتانە بۆ لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم بازاڕ و لە ئەنجامدا لەبەردەم سەرمایەی تایبەت و جووڵەکەیدا بەجۆرێک کە پابەندی هێچ قەیدوبەندێک نەبێت. ئەوەی کە چی ڕوودەدا لە ئەنجامی کەڵەکەبوونی سەرمایە و گەشەی ئابووری سەرمایەداری لە عێراقدا بەپێی ئەم مۆدێلە نوقمبووە لە گەندەڵیدا و کاریگەرییە کۆمەڵایەتییە وێرانکەرەکانی لە هەژاری و زیادبوونی بێکاری و تێکچوونی گوزەران و باری تەندروستی و پەروەردەیی زۆرینەی دانیشتووان، نەبووە و نابێتە هۆکاری نیگەرانی بۆ ئەوان، چونکە وێنەی خۆشخەیاڵی باو لە نێوانیاندا، یان باشتر بڵێین ئەو وێنەیەی کە دەیانەوێت جەماوەری پێ فریوو بدەن، سەبارەت بە گەشەی ئابووری سەرمایەداری، بەدەرە لە ناکۆکیـیەکان، ئەوان دەیانەوێت وامان تێبگەیەنن کە ئەم جۆرە گەشە ئابوورییە خۆی توانای سەرکەوتنی هەیە، لە ڕێگەی میکانیزمی بازاڕ و ئازادکردنی دەستی سەرمایەوە، بەسەر ئەو کاریگەرییە کۆمەڵایەتییە “نەگەتیڤانەی” کە لە ئەنجامی ئەوەوە دروست دەبن.

سەبارەت بە گەندەڵی بەربڵاو لە تەواوی ستراکچەری سیستمی پشکپشکێنە، و کاریگەرییە وێرانکارەکانی لەسەر ئابووری و ژیان و گوزەرانی زۆرینەی دانیشتوان، ئەو ئابووریناسە بۆرژوازیـیانە، گەندەڵی بە دیاردەیەکی نەخوازراوی لاوەکی ناودەبەن کە گوایا دەتوانرێت تێپەڕێنرێت لە پرۆسەی ئەنجامدانی گەشەی ئابوری و چەسپاندنی بناغەکانی سەرمایەداری بازاری ئازاد. لەم ڕاستایەدا ئاماژە بەوە ئەدەن کە سەرمایەداری و بنکە کۆمەڵایەتییەکەی لە بۆرژوازی ناوەنجی (متوسط) بە شێوەیەکی سروشتی “دیموکراسی”یە! بۆیە سیستەمە ئابوورییەکە خۆی میکانیزم بۆ لێپرسینەوە دەڕەخسێنێت و دەسەڵاتی “هەڵبژێردراوی خەڵک”! بە تێپەڕینی کات سنوور بۆ نەخۆشی گەندەڵی دادەنێ. پاساویان بۆ سەرمایەداری نیولیبراڵ و گەندەڵی و ئاسەوارە وێرانکەرەکانی، کە خەسڵەتی لێکهەڵپیکراون لەگەڵ ئەم سەرمایەداریـیە کۆنکرێتە لە عێراق، وتنەوەی هەمان ئەو قسە پوچ و خوڕافاتانەی بۆرژوا ئیمپریالیست و لیبراڵ و بەرگریکارانی سەرمایەداری سەردەمە کە لە سەرەوە ئاماژم پێدان، بەبێ هیچ باسکردنێکی ئەو ڕاستیە کە سەرمایەداری، بە دانپێدانانی هەندێک لە ئابووریناسە بۆرژوازییەکان خۆیان، قەیرانێکی کارەساتباری خوڵقاندووە کە خەریکە هەڕەشە لە مرۆڤایەتی ئەکات لە ڕیگەی هەژاری و نابەرابەری بێ ئەندازە و جەنگ و ماڵوێرانی و هەڵکشانی فاشیزم و کارەساتی ژینگەیی وێرانکەر.

یادەوەرییەکانی تێپەڕاندنی یاسای بە تایبەتکردنی بەرهەمهێنان و فرۆشتنی نەوت هێشتا لە بیرنەچوونەتەوە کە چۆن پەرلەمانی عێراق، واتە ئەوەی پێی دەوترێ پەرلەمانی “هەڵبژێردراوی گەل”!، ویستی لە ساڵی (٢٠١٨)دا ئەم یاسایە تێپەڕێنێت لە ڕیگەی دامەزراندنی کۆمپانیایەکی تایبەتیـیەوە کە بەپێی ئەو ئەجیندەیە بەرهەمهێنان و فرۆشتنی نەوت لە ڕیگەیەوە ئەبێت واتە لە ڕیگەی “کۆمپانیایەکی نیشتیمانی”وە دەبێت و بەشیوەیەک لەسەدا (٩٠)ی داهاتەکانی دەگوازرێتەوە بۆ دەوڵەت لە شێوەی باج و ڕێگەی تری پڕ پێچوپەنای نیولیبراڵانە لە بواری بە تایبەتکردندا. ئەم یاسایە، کە (برێمەر) نەیتوانی بیسەپێنی، کەچی پەرلەمانی عێراق، دوای (١٥) ساڵ، دەرفەتی قۆستەوە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە پەسەندی بکاتەوە و بیسەپێنی بە سەر جەماوەردا. دادگای فیدراڵی بە بیانووی ئەوەی کە یاساکە نادەستوورییە، ڕەتیکردەوە، بەڵام بە شێوەیەکی سەرەکی ڕەتکردنەوەکە ئەنجامی ترسی ئەم دامەزراوەیە و ترسی هێزەکانی ڕژیم بوو لەوەی کە جێبەجێکردنی یاساکە ناڕەزایەتی جەماوەریی لێ دەکەوێتەوە.

بە کورتی، گەورەترین هێرش بۆ سەر هەلومەرج و ژیان و گوزەرانی جەماوەر لە عێراق لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا لە ڕێگەی سیاسەتی ئابووریی فەرمی ڕژێم و حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانییەوە ئەنجام دراوە، کە جگە لە سیاسەتی ئابووری نیولیبراڵ و دامەزراندنی مۆدیلە ئابووریەکەی شتیکی دیکە نەبووە. ئەو مۆدیل و سیاسەتە ئابوریانەی کە زۆرێک لە کۆمەڵگاکان و وڵاتانی وێران کرد و گەورەترین هێرشی بەرێخست بۆ سەر ژیان و گوزەرانی پرۆلیتاریای جیهانی کە ئێستاش بەردەوامە. سەرمایەداری نیولیبرالی جیهانی لە بنەڕەتدا و هەر لە دەستپێکیەوە لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە، وەک وەڵامێک بۆ قەیرانی سیستەمی سەرمایەداری سەریهەڵدا، و ئامانجی چڕکردنەوەی چەوساندنەوەی کرێکاران و کەمکردنەوەی ئاستی خۆشگوزەرانی و بژێوی چینی کرێکاری جیهانی بوو، و ئامانجی ڕاکێشانی بژێوی و چارەنوس و کار و خۆشگوزەرانی ئینسان بوو بۆ ژێر ڕکێفی میکانیزمەکانی بازاڕ، و هەروەها کۆتاییهێنان بوو بە ڕۆڵی دەوڵەت لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە گشتییە خۆڕاییەکان بۆ هاوڵاتیان و کەمکردنەوەی ئەو خزمەتگوزاریانە، ئەمە سەرباری سرەواندنی گورزێکیش لە هێزی سەندیکا و فیدراسیۆنە کرێکاریـیەکان.

ستراتیژی ئابووری بۆرژوازی و فاکتەری خەباتی چینایەتی
گرنگترین شت لە هەموو ئەم ڕەوندە ئابووریانەدا، دەستنیشانکردنی توخمی خەباتی چینایەتییە لەناویاندا. ئەوە ئاشکرایە کە ئابووری بەگشتی و ئابووریی سەرمایەداری بە تایبەتی لە پەیوەندی چینەکان و ناکۆکی چینایەتی و ململانێی نێوان ئەم چینانە جیا نییە، و هەر بەوپێیەش جیا ناکرێتەوە لە هاوسەنگی هێزی چینایەتی لە هەر دۆخیک لە دۆخەکانی پڕۆسەی پەرەسەندنی سەرمایەداریدا. بۆرژوازی جیهانی و لۆکاڵی و داکۆکیکارانی بەرژەوەندییەکانی ئەم چینە و نوێنەرانی، خەباتی نیوان چینەکان وەک فاکتەرێک ناهێننە ناوەوە لە داڕشتنی سیاسەت و ستراتیژی ئابووریدا، تەنها بۆ ئەوە نەبێ کە هەمان ئەم خەباتە کۆنترۆڵ بکەن. ئەوان لە پێشدا ململانێی چینایەتی بەردەوامی نێوان کرێکاران و سەرمایەدارن و نێوان کرێکاران و دەوڵەت لە چوارچێوەی یاساکانی خاوەندارێتی بۆرژوازیدا لە قاڵب دەدەن، و دواتر لە ڕێگەی یاسای کارەوە و بە ئامانجی دروستکردنی کەشێکی گونجاو بۆ پرۆسەی چەوساندنەوەی کرێکاران یان ئەوەی ناوی ئەنین “پرۆسەی وەبەرهێنان” ئەو ململانێیە کەنەڵایزە ئەکەن. ئەمە جگە لە دامودەزگای دەوڵەت خۆی کە لەبنەڕەتدا ئامرازی چەوساندنەوەی دەستی چینی بۆرژوازی دەسەڵاتدارە لە دژی چینی چەوساوە.

بۆیە دەبینین بۆرژوازی دەسەڵاتدار و ڕاوێژکارە ئابوورییەکانی، و بانک و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی لە پلانە ئابوورییەکانیاندا خەباتی چینایەتی لەبەرچاو دەگرن و فاکتەری ململانێی نێوان چینەکان لە ستراتیژی ئابووری خۆیاندا جێگە دەکەنەوە. هەروەک دەبینین لە عێراق بەردەوامن لە بەکارهێنانی یاسای ڕژێمی فاشیستی بەعس بۆ ڕێگریکردن لە پێکهێنانی سەندیکای کرێکاران لە کەرتی حکومیدا، لە لایەک، و لە لایەکی تریش قبووڵ دەکەن کە ئەم ململانێ و خەباتە لە چوارچێوەیەکدا دابنێن و ڕێکبخەن ئەویش لە باشترین حاڵەتدا لە ڕێگەی یاسای کارەوە کە ئێستا کاری پێدەکرێت، و بەهۆی ڕۆلی بەشێک لە چالاکوانە کرێکارە سەندیکایـیەکان لە عێراق توانیان هەندێک بڕگەی تێدا جێبکەنەوە لە بەرژەوەندی کرێکاران.

هەروەها شایانی باسە لیرەدا ئەماژە بەوە بدەین کە بە هۆی ئەوەی تای هاوسەنگیی هێزی چینایەتی نیوان کرێکاران و بۆرژوازی بە ڕادەیەکی زۆر لە قازانجی ئەمەی دووەمیان شکاوەتەوە لە هەرێمی کوردستاندا، بۆرژوازی قەومی دەسەڵاتدار لە هەرێم، کە نوقمی دوژمنایەتیـیە لە دژی سۆسیالیزم و بزووتنەوەی کرێکاری، نەک هەر ڕێگری لە پێکهێنانی سەندیکای کرێکاری سەربەخۆ دەکات و تا ئێستاش هەر بەردەوامە لەو کارە، بەڵکو ئەو یاسای کارەش کە حکومەتی ناوەندی پیادەی ئەکات ئەم دەسەڵاتەی هەرێم وەلای خستووە و کاری پێ ناکات. فەرمانڕەواکانی هەرێم هەوڵ دەدەن، لەبری ئەوە، یاسایەکی کاری تایبەت بۆ هەرێم بسەپێنن کە بەپێی پیداویستیەکانی بۆرژوازی کورد، بەتایبەتی بۆرژوازی دەسەڵاتداری میلیشیای گەندەڵ و سەرمایەی بیانی و “وەبەرهێنانەکانیان” دادورابێت، کە تاسەر ئێسک دژ بە بەرژەوەندیەکانی کرێکارانن.

وەک ئاشکرایە، یەکێک لەو پاساوە ئایدیۆلۆژیانەی کە بۆرژوازی نێودەوڵەتی و داکۆکیکار و نوێنەرە جۆراوجۆرەکانی سەرمایەداریی نیولیبراڵ بەکاریان هێنا و ئێساتش بەکاریدەهینن بۆ پاساوهێنانەوە بۆ هێرشی سیستماتیکی و بەردەوام بۆ سەر چینی کرێکار و ڕێکخراوە خەباتکارانەکان و سەندیکاکانیان، لابردنی هەموو قۆرخکارییەکی بەردەم میکانیزمەکانی بازاڕە و بە تایبەتی ڕێگریکردن لە دەستێوەردانی دەوڵەت و خەباتی بەکۆمەڵی کرێکاران و سەندیکاکانیان لەم میکانیزمەدا. ئەوان بەم شێوازە فریودەرانەیە هاندان بەڕێ ئەخەن دژی ڕۆڵی سەندیکاکان و خەباتی بەکۆمەڵی کرێکاران، هەر بەم پێیە خەباتی سەندیکایی وەک قۆرخکارییەک پێناسە دەکەن کە ڕێگری لە بازاڕی ئازادی کار دەکات تا کرێکاران هێزی کاری خۆیان ئازادانە بفرۆشن وەک “تاکی ئازاد”، و خۆشباوەڕی لە نێوان کریکاران و ڕیزەکانی دانیشتووان بڵاودەکەنەوە وەک بەشیک لە ئامادەکاریی و ڕیگەخۆشکردن بۆ جێبەجێکردنی یاساکانیان دژی کرێکاران و سەندیکاکانیان.

لە عێراقدا هێزە داگیرکەرەکان و ڕەوتە بۆرژوازییە دەسەڵاتدارەکان پێویستیان بە هەوڵێکی زۆر نەبوو بۆ وەهمدارکردنی کۆمەڵگا و جەماوەری کرێکاران و قەناعەت پێکردنیان بە پلانە ئابوورییەکانیان و دوژمنایەتییان بەرامبەر بە کاری سەندیکاکان و خەباتی دەستەجەمعی ڕێکخراوەی کرێکاران، چونکە ڕژێمی بەعس پێش تر لە ساڵی (١٩٨٧)دا بە هەڵوەشاندنەوەی کاری سەندیکاکان لە دامەزراوە حکومییەکان و پیشەسازییەکانیدا ئەم ئەرکەی بۆ ئەنجامدابوون، بە بیانووی گۆڕینی کرێکاران بۆ فەرمانبەر. نابێ ئەوەمان لە بیر بچێت کە ڕژێمی بەعس یەکێک بوو لە دەستپێشکارانی جێبەجێکردنی سیاسەتە نیولیبراڵییەکان لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا لە عێراق لە ڕێگەی بە تایبەتکردنی بەشێک لە پڕۆژە پیشەسازییە حکومییەکان و قەدەغەکردنی کاری سەندیکاکان لە کەرتی گشتیدا، بەڵام لە هەلومەرج و بارودۆخی سیاسی و ئابووری و سەربازی جیاوازی ئەو کاتەدا.

بەم پێیە، چیتر هێزەکانی ئەمریکا و ڕژێم پێویستیان بەوە نەبوو شتیک بکەن جگە لە کارکردن، بەبێ هیچ شەرمێک، بە یاسای (صەدام) و جێکردنەوەی لە ستراتیژی چەسپاندنی میکانیزمەکانی بازاڕ و سەرمایەداریی نیولیبراڵدا، و بەم شێوەیەش ڕێگری بکەن لە هەر چالاکیـیەکی ڕێکخراوەیی سەندیکایی یان چالاکیی بەکۆمەڵی کرێکاران لە کەرتی حکومیدا. ئەمش بە دەرئەنجامەکانیەوە هەر لە سزادانی چالاکوانانی کرێکار لە کەرتی پیشەسازی و خزمەتگوزاری لەسەر هەر ناڕەزایەتی و چالاکیـیەکی ڕێکخراو کە لەدژی تاڵانکردن و فرۆشتنی کۆمپانیاکان و دەرکردنی کرێکاران ئەنجامی دەدەن، و سزای سەرکوتگەرانەی دیکە بەرامبەریان. ئەمەش ئارگومێنتی هێزەکانی دەسەڵات و بەرگریکارانی شێوازی ئابووری نیولیبراڵ لە عێراقدا تێکدەشکێنیت کاتێک دەڵێن سەرمایەداری “دیموکراسییە” و لە هەمان کاتدا یاساکانی فاشیستەکان دژی کرێکاران جێبەجێ دەکەن بۆ چەسپاندی “سەرمایەداری دیموکراسی”!

تۆێژی گەورە سەرمایەداران، سەرمایەی کۆمەڵایەتی
و گۆڕانی چۆنایەتی لە پەیوەندی ئابووری و سیاسەتدا

لە سەردەمێکدا کە عێراق لە گێژەڵوکەی کارەساتەکانی داگیرکاری و شەڕی تائیفی و ئۆپەراسیۆنی تیرۆریستی و کێشمەکێشی میلیشیادا دەژیا و تا دەهات دەبووە گۆڕەپانێک بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێ جیۆسیاسی و سەربازی و جیۆئابوورییەکانی وڵاتانی جۆراوجۆری ئیمپریالیستی و ناوچەیی بەتایبەتی ئەمریکا و ئێران، و جەماوەر بەدەست کارەساتەکانی ئەو ڕەوەندە سیاسی و سەربازی و ئەمنییەوە بەردەوام دەیناڵاند، لەجەرگەی ئەو بارودۆخەدا بوو ئازارەکانی زیاتر و زیاتر دەبوون بەهۆی هەژاری، نەخۆشی، نەبوونی، بێکاری، فراوانبوونی نەخوێندەواری، داڕمانی خزمەتگوزاری تەندروستی، پەروەردە و خۆیندن، و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی دیکە، لە ئاکامی سیاسەتە ئابوورییەکانی دەوڵەت و ئەو گۆڕانکارییە ئابوورییە سەرمایەدارییە نیولیبراڵانەی کە وڵات شاهیدی بوو.

هاوکات و وەک لایەنێکی تری “پڕۆسەی سیاسی”، هەمان ئەو ڕەوەندانە ڕژێمێکی سیاسی سەربازی و میلیشیایی لە وڵاتدا بەرهەم هێنا، و ئەمەش زیاتر لە ژێر دەسەڵاتی حزب و هێزە میلیشیاکانی ئیسلامی سیاسی شیعەدا، کە تیایدا حزبە میلیشیا ناسیۆنالیستەکانی کورد و هێزەکانی ڕەوتی ناسیۆنالیستی عەرەبی لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای عێڕاق، لەگەڵیان هاوبەشن. لە ئەنجامی بیست ساڵ تاڵانکردنی سیستماتیکی سەروەت و سامانی وڵات و دابەشکردنی داهاتی نەوت بە شێوەیەکی سەرەکی لەنێوانیاندا و بەپێی سیستمی پشکپشکێنە و لەڕێگەی میکانیزمەکانی دابەشکردنی حوکمڕانی و بەڕێوەبردنی کاروباری دەوڵەت لەسەر دەستی ئەو حزب و ڕەوتە دەسەڵاتدارانە، تۆێژیک لە بورژوازی گەورە سەریهەڵداوە لەناو سیستەمەکە و لە ئاستی کۆمەڵگادا کە فراوانە و ڕەگ و ڕیشەی قووڵی هەیە و گرێدراوە بە تۆڕێکی ئاڵۆز لە ئەوانەی بە دەوروبەریەوەن. ئەم تۆێژ کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە بازنەی چەتە سیاسیەکان و خاوەن میلیشیا و کەسە گەندەڵە کاریگەرەکان و سەرکردەی حیزبەکانی دەسەڵات و بنەماڵەکانیان و سەرمایەدارە گەورەکانی دەورووبەریانن، ئێستا خاوەنی نەک سەدان ملیۆن دۆلار، بەڵکو دەیان و دەیان ملیار دۆلارن. بەرژەوەندی چینایەتی سەرمایەداریانەی قووڵ و ڕیشەدار ئەم زلهێزە ئابوریانەی بەیەکەوە گریدەداتەوە بەدەر لە ململانی بەردەوامی نێوانیان لە ئاستی سیاسی و پەیوەندیەکانیان بەم هێزی نێودەوڵەتی و ناوچەیی یان ئەوی تریان و بەدەر لە کێشمەکێشەکانیان لەسەر بەشکردنی سامان و دەسەڵات.

لە دەوری ئەم تۆێژە بۆرژوازیـیە گەورەیە تۆڕێکی بەرفراوان لە بریکار و سەرمایەدارەکانی تری هەمەچەشنە هەیە کە زۆربەی جومگە سەرەکییەکانی ئابووری و پڕۆژە ئابوورییەکانی حکومەتیان بە دەستەوە گرتووە. سپیکردنەوەی پارە و دزینی ملیارەها دۆلار و بەقاچاخ ناردنی بۆ دەرەوە بۆ پاڵپشتیکردنی ڕژیم لە ئێران، یان وەبەرهێنانیان لە لایەن ئەوانەوە دوای ئەوەی لە پرۆسەیەکی ئاڵۆزی مامەڵەی دەرەکی و ناوخۆدا سپیکراونەتەوە، ئێستا بە ئاستیکی وەها گەیشتووە کە وێنەی کەمە لە جیهانی گەندەڵیدا و هەڕەشەیەکی کارەساتبارە لە کۆمەڵگا و خۆشگوزەرانی جەماوەر.

وەبەرهێنانەکانی مافیاکانی ناو دەسەڵات و دەوروبەریان لە بوارەکانی جێبەجێکردنی گرێبەست و پڕۆژەی مەدەنی و سەربازی حکومی، و بازرگانی دەرەوە و ناوخۆی عێراق، یان سپیکردنەوەی پارە لە ڕێگەی جێبەجێکردنی پڕۆژەی خانووبەرە، مۆڵ، زانکۆ ئەهلیەکان و خزمەتگوزاری تر، هەروها وەبەرهێنانەکانیان لە کەرتی پیشەسازی، گواستنەوە و کۆمۆنیکەیشن و کشتوکاڵ لە ناوخۆی عێراق، ئەمە سەرباری وەبەرهێنانی دارایی لە بانکە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان و دامەزراوە داراییەکان، هەموو ئەمانە نەک تەنها ڕیزێکی بەرینی لە خاوەن پارە، بەڵکو تۆێژێکی سەرمایەداری گەورەی دروست کردووە. ئەم تۆێژە ئێستا وەبەرهێنان لە کەرتە جیاوازەکانی بازرگانی و پیشەسازی و داراییدا دەکات و جوڵە و کەڵەکەبوونی سەرمایەکانیان و خولەکانی بە ڕوونی دەرکەوتووە، و لە سەرمایەی بازرگانی و پیشەسازی (کشتوکاڵ و گواستنەوە و کۆمۆنیکەیشن، بەشێکن لە پیشەسازی) و داراییدا بەرجەستە بوتەوە.

بنچینەی کۆمەڵایەتی سەرمایە و بزووتنەوەکەی تەنیا لەم تۆێژە بۆرژوازییە گەورەیەدا قەتیس نییە، بەڵکو لە ئاستی کۆمەڵگادا لە بواری بازرگانی و پیشەسازی و داراییدا کارلێک و تێکەڵاوبوونی هەیە لەگەڵ ئەو سەرمایەی کە لە کۆمەڵگەدایە و نیوەی کۆی “بەرهەمی گشتی وڵات” پێک ئەهێنێ.

باسی وردەکارییەکانی ئەم پرۆسە ئاڵۆزەی جوڵەی سەرمایە و کەڵەکەبوون و گۆڕانکارییە چۆنایەتییەکانی لە بازاڕی ناوخۆیی و پەیوەندییە جیهانییەکانیدا، پێویستی بە لێکۆڵینەوەی وردی ئابووریی و ئامارهەیە، و ئەمەش لە دەرەوەیی فۆکۆسی ئەم وتارەیە.

ئەوەی مەبەستە لێرەدا ڕۆشنایی بخەمەسەر ئەوەیە کە لە ئاکامی پرۆسەی ئەو گۆڕانکاریە ئابووریە سەرمایەداری و مۆدێلە نیولیبراڵەی جێگیر بووە لەسەرانسەری عێراقدا لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا، تۆێژێک لە سەرمایەدارانی گەورە هاتۆتەئاراوە کە لە بناغەدا لە نێو هێزەکانی ڕژێمەوە سەریهەڵداوە. ئەم تۆێژە قۆرخکاری جومگە سەرەکیەکانی ئابووری کردووە و پەیوەندی توندوتۆڵی هەیە لە ناوخۆیدا و سنووری دابەشکردنی “پێکهاتە”یی تائیفی و قەومی شکاندووە، ئەمە جگە لەوەی تێکەڵە لەگەڵ سەرمایەی ناوخۆیی چالاک لە کەرتە ئابوورییە جیاوازەکاندا. ئەو بەرژەوەندییە ئابوورییە بنەڕەتییانەی کە ئەم دەستودایرە دەسەڵاتدارە گرێدەداتەوە بەیەکەوە، بواری کردۆتەوە و ئەو ئیمکانیەتەی ڕەخساندووە کە ئەو ململانێیانەی ناوبەناو لە نێوان بەشە پێکهێنەرەکانیدا سەرهەڵدەدەن کۆنترۆڵ بکات و نە‌‌هێڵێ تەشەنە بکەن، وەک ململانێی نێوان (ڕەوتی سەدر) و هێزەکانی (چوارچێوەی هەماهەنگی)، یان نیوان (پارتی) و (یەکێتی)، یان ململانێی نێوان هێزە قەومی و تائیفیەکانی تر.

بنکەی کۆمەڵایەتی سەرمایە و چینی سەرمایەدار بەرفراوان و ڕیشەدار و پتەوە لە ناوخۆی وڵاتدا، و پڕۆسەی چەوساندنەوەی چینی کرێکاریش لە سەرتاسەری عێراقدا لە ڕێگەی وەبەرهێنانی سەرمایە لە لایەنە ئابورییە جۆراوجۆرەکاندا بەردەوامە و ناوەستێت. ئەو پارەیەی لە گەنجینەی دەوڵەت دەدزرێت و دەگۆڕێت بۆ سەرمایە لە ئابووریدا، جەستەیەکی بیانی پێکناهێنی لە پێکهاتەی سەرمایەی کۆمەڵایەتی لە ئاستی کۆمەڵگادا، بەڵکو ئەو بەشە قۆرخکارە پێکئە‌‌هێنێ کە ئەتوانێ پەیوەندیی جۆری تایبەت لەگەڵ سەرمایە تاکە تایبەتەکاندا دامەزرێنی لە کەرتە ئابووریە جوراوجۆرەکاندا و بکەویتەگەڕ وەک بەشی سەرەکی سەرمایەی کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگەدا. ئاشکرایە، سەرمایە لێپرسینەوە لەخۆ ناکات کە کەڵەکەبوونی سەرەتایی خۆی لە کۆێوە هاتووە بۆ ئەوەی ببیتە سەرمایەی وەبەرهێنەر و گرنگ نیە بۆی لەڕێگەی چەتەیی، یان ڕاوڕوتی دەریایی، یان تاڵانکردنی داهاتی نەوتەوە ‌هاتبێت.

گەندەڵی و سەرمایەداریی نیولیبراڵ لە عێراقدا بەجۆرێک تێکەڵاون کە لەیەکتر جیا ناکرێنەوە، بۆیە کاریگەریی گەندەڵی و ڕۆڵی بەرجەستەی ئەو تۆیژەی سەرمایەی گەورە کە لێیەوە سەریهەڵداوە، لە پێکهاتەی سەرمایەی کۆمەڵایەتیدا، هیچ گۆڕانکارییەکی جەوهەری لە خەسەڵەتی دژە کرێکاری سەرمایەداری لە عێراقدا پێکناهێنی لەڕووی ئەوەی کە سیستەمێکی چینایەتی دوو چینی دژ بەیەکە.

ئەو سیتسمە ئابوریەی لە عێراقدا هەیە و زاڵە سەرمایەداریە و مۆدیلی ئابوری نیولیبرالیزمی هەیە، بەڵام ئەوەی کە فۆڕمێکی کۆنکریتی داوە بەم سەرمایەداریە جوڵەی سەرمایەیە لە بازاڕێک کە سەرمایەی گەورە و قۆرغکراو تیایدا بە شیوەیەکی سیستماتیک لە پەیوەند بە دەسەڵات و پرۆژە ئابوری و سەربازی و سیاسیـیەکانیـیەوە خۆی بەرهەم ئەهێنێتەوە و جیگە و ڕێگەیەکی مۆنۆپۆڵی بۆ خۆی دابین کردووە لە بازاری سەرمایە و ململانێ نیوان تۆێژەکانی سەرمایەی کۆمەڵایەتیدا. ئەم ململانێیەیەش لەسەر دابەشکردنی زیادەبەهای بەرهەمهاتوو یا بەرهەمهێنراوە لەئایندەدا، زیادەبەهایەك کە لە ئاکامی چەوساندنەوەی چینی کرێکار لەناو پرۆسەی “وەبەرهینانی” سەرمایە لە بواری بازرگانی و پێشەسازی و خانووبەرە و مالییدا بەرهەم دەهێنرێ.

ئەوانەش هەمووی بەو مانەیەیە کە جەوهەری سەرمایەداری لە عێراقدا هەمان ئەوەی نیزامی سەرمایەداریە لە هەر وڵاتێکی تر، واتە ئەوەی کە سەرمایەی کۆمەڵایەتی لە بەرامبەر چینی کریکاردا بەگشتی لە پەیوەندێکی ناکۆک و چەوسێنەرانەدایە و هەموو تۆیژەکانی سەرمایە بەگەوەرە و بچوکەوە هاوبەرژوەندن لە چەوساندنەوەی چینی کرێکار. هەر بەو پێیەش، باسکردن لە تۆیژی سەرمایەی “نیشتمانی” و “نا نیشتمانی” و “بەرهەمی نیشمانی” و “نا نیشتمانی” و لە دوا شیکردنەوەدا “نیشتمان پەروەری” و “خەباتی نیشتمانی” مانایەکیان نیە بۆ چینی کرێکار جگە لە خەسڵەتی چینایەتی بورژوازیانەی ئەو کۆنسێپتانە کە بە مەبەستی بەلاڕێدابردنی خەباتی چینایەتی سەربەخۆ و یەکگرتووی خۆیان و چەوساوەکان و نەگرتنەبەری کۆنسێپتی سۆشیالیزم و ئینترناسێۆنالیزمی پرۆلیتاری، داڕێژراون.

گۆڕانکارییە ئابوورییە نیولیبراڵەکان و کرانەوەی بازاڕەکان بەڕووی بەرهەمی وڵاتانی جیاوازدا، بە شێوەیەکی سەرەکی ئێران و تورکیا، و تێکەڵبوونی ئابووری وڵات لەگەڵ جوڵەی سەرمایەی جیهانی و وەبەرهێنانە جۆراوجۆرەکانی، بەتایبەتی لە بەرهەمهێنان و فرۆشتنی نەوت وغاز، بەرهەمهێنانی وزە، کۆمۆنیکەیشن، بیناسازی و کەرەستەی بینا و… هتد، بۆ خۆیان و بەشێوەیەکی سروشتی گۆڕانکاریەکی ئابووری هەمە لایەنەن کە سەرمایەی ناوخۆی بە جۆڵەی سەرمایەی جیهانی و گێژەلوکەکانی و سیستمە مالیـیەکەی، گریداوەتەوە.

لەژێر کاریگەریەکانی ئەو پێشهاتە ئابوری و گۆڕانکاریانەیدا، پەیوەندیی دیالکتیکی نێوان ئابوری و سیاسەت، و لێرەدا مەبەستم پەیوەندی نێوان سیستەمی سیاسی قەومی و ئیسلامی و ئەو واقیعە ئابوورییە سەرمایەدارییە نیولیبراڵەی کە ئەم سیستەمە دەپارێزێت، لە ئێستادا فۆرمێکی دیاریکراوی بەخۆوە گرتووە و لە قۆناخێکی پێشکەوتووتردایە، کە دەتوانین بڵێین گۆڕانکارییەکی چۆنایەتی بەسەرداهاتووە. گۆڕانکاریەکی لەو چەشنە و بەجۆرێک کە فاکتەری ئابووری ڕاستەوخۆ و بەشێوەیەکی ڕوونتر لە جاران کاریگەری لەسەر سیستەمی سیاسی هەبێت، واتە کاریگەری هەبێت لەسەر بەرهەمهێنانەوەی سیستماتیکی ڕژێمی سیاسی ئێستا و پەیکەرە (ستراکچەرە) پشکپشکێنکەی و دابەشبوونە تائیفی و قەومیـیەکەی.

بە واتایەکی تر، دوای ئەوەی گۆڕانکارییە ئابوورییە نیولیبراڵەکان لە ڕێگەی سیستەمی سیاسی و هێزە داگیرکەرەکانی ئەمریکاوە چەسپێنران، ئەم پرۆسەیە ئەمڕۆ و دوای بیست ساڵ لەم گۆڕانکاریـیانە گەیشتووەتە دۆخێکی دیکەی باڵاتر، ئەویش ڕاوەستانی ڕژێمی سیاسییە زیاتر و زیاتر لەسەر زەمینەی واقیعی ئابووری نوێ و تەنانەت بەردەوامی پرۆسەی بەرهەمهێنانەوەیەتی لەسەر بنەمای ئەم واقیعە. من پێم وایە پاشەکشەی (سەدرییەکان) و پڕۆژە پۆپۆلیستییەکەیان کە نەگونجا بوو لەگەڵ پێداویستییەکانی جووڵە و کەڵەکەی سەرمایە بەو شێوە کۆنکریتەی ئێستای لە عێراقدا، هەروەها بوونی یەدەگی دارایی زەبەلاحی دەوڵەت لە ئەنجامی زیادبوونی بەرهەمهێنانی نەوت و گرانبوونی نرخی ئێستای لەو هۆکارانەن کە بەدیهێنانی ئەم گۆڕانکارییە چۆنایەتییەیان لە پەیوەندی سیاسەت و ئابووریدا خێراتر کرد. دیارە هەموو ئەمانە بەدەر لە فاکتەری ئاڵۆزی جیۆ سیاسی و ململانێی ئایدیۆلۆژیای ئایینی نیوان (سەدریـیەکان) و هێزەکانی (چوارچیوەی هاوئاهەنگی) و ململانێیان لەسەر دابەشکردنی سامان و دەسەڵات کە بە شیوازی جوراوجۆر بەردەوامن.

بنەمای کۆمەڵایەتی سەرمایە لە ناوخۆی هەر وڵاتیکدا لایەنی جیهانی هەیە و سەرمایەی ناوخۆیی پەیوەستە بە جوڵەی سەرمایەی جیهانییەوە، هەر لەم ڕاستایەشدا بورژوازی لە هێزی کۆمەڵایەتی جیهانی سەرمایە بەهرمەندە بەڕووی پرۆلیتاریادا و ئەمە لە کاتیکدا زیاتر دەر ئەکەوێت کە پرۆلیتاریا‌ بێەوێت سەرمایە بڕوخێنێ. ئەم پەیوەندییە بەیەکەوە گرێدراو و لێکئاڵێنراوە جیهانیـیە لە بواری ململانێی سەرمایەی نێو بازاڕی جیهانیدا خۆی بەرجەستە ئەکاتەوە و ڕەنگدانەوەی خۆی لە سیاسەت و ململانێی جیۆ سیاسی و ستراتیژی و شەڕەکاندا دەردەخات.

خەسڵەتی چینایەتی کرێکاری لە خەباتی شۆڕشگێڕانەدا
لەژیر سایەی ئەو هەلومەرج و گۆڕانکاریە ئابوری و کۆمەڵایەتیانەدا، ئێستا چینی کرێکار و جەماوەری هەژار و پەراوێزخراو ڕووبەڕووی کاریگەرییەکانی دابەزینی نرخی دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی بوونەتەوە، بەتایبەتی لەم دواییانەدا، و کاریگەریـیە ئابووریـیەکانی گەندەڵی و سەرمایەداری نیولیبرال لەسەر داڕمانی ئاستی ژیان و گوزەرانی بە پێست و خوێنیانەوە ئەیچێژن. هەر بۆیە بەناچاری ئەبێ بە سەروکاری هەوڵەکانی نرخی ئاڵوگۆڕی دراو و ڕۆڵی پارە و قاچاخ و سپیکردنەوەی پارەوە بن و لە ڕۆڵیان بكۆڵننەوە لەناو ئابووری سەرمایەداری و کاریگەریـیەکانیان لەسەر ژیانیان.

سەرەڕای هەموو بانگەشەکانی بۆرژوازی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئابووری سەرمایەداری لە ڕووی حیساباتی قازانج و زەرەر و تێچووی بەرهەمهێنان و کۆنسێپت و هاوکێشە بیرکارییەکانی دیکەی ئابووری و ئاڵۆزییەکانی پاکێج و مۆدێلی دارایی و بابەتی تەکنیکی دیکە، ئاشکرایە کە ئابووریی سیاسی لە دواشیکردنەوەدا هەر لە جیگەی خۆیەتی و پەیوەستە بە خەباتی چینایەتی لەناو فۆرماسیۆنی ئابووری-کۆمەڵایەتی سەرمایەداری لە هەر وڵاتێکدا لە ئاستی جیهاندا.

هاوسەنگی هێزی چینایەتی لە نێوان پرۆلیتاریا و بۆرژوازی فاکتەر و هۆکارێکی گرنگە بۆ دیاریکردنی باری ئابووری و گوزەرانی جەماوەری کرێکاران و زەحمەتکێشان. هەر لەم ڕاستیەدا، ئاشکرایە کە سیاسەتە نیولیبراڵییەکان بە هۆی کارامەتربوونیان لە بواری گەشەسەندنی ئابووری و پڕوپاگەندە درۆینەکانی لەم چەشنە کە لەلایەن بۆرژوازی جیهانییەوە بڵاوکرایەوە و ئێستاش دەوترێتەوە، نەهاتۆتە ئاراوە، بەڵکو لە ئەنجامی قەیرانی سەرمایە و سیستەمی سەرمایەداری جیهانی لە ناوەڕاستی ‌‌هەفتاکانی سەدی پێشووەوە و لە بەرژەوەندی بەهێزکردنی کەڵەکەبوونی سەرمایەدا گیراونەتەبەر. لە عێراقدا لە لایەن دەسەڵاتی ئەمریکا و هێزەکانی ڕژێمەوە سەپێندراوە، بەو پێیەی سیاسەتێکی ئابوری دارێژراوە بۆ سەپاندنی مۆدێلێکی دیاریکراوی ئابووری لە سەرمایەداریدا.

گۆڕینی هاوسەنگی ‌هێزی چینایەتی نیوان کرێکاران و بۆرژوازی دەسەڵاتدار بە قازانجی یەکەمیان کەفیلە بە وەڵامدانەوەی ئەو نەهامەتی و وێرانکارییەی سەرمایەداریی نیولیبراڵە کە بەسەر چینی کرێکاردا سەپاندوویەتی. جێبەجێکردنی سیاسەتە نیولیبراڵییەکان و سەپاندنی بەسەر کرێکاران و زەحمەتکێشاندا لەگەڵ ئاڕاستەکردنی گورزی یەک لە دوای یەک لە دژی خەباتی یەکگرتووی چینایەتی کرێکاران و جەماوەری هەژار بووە و هەمیشەش هەروا دەبێت، ئەم هێرشە ڕێکخراوانەی بۆرژوازی تەنیا بە خۆڕاگری و پێداگری زیاتر لەسەر بەرگریکردن لە بەرژەوەندییە چینایەتییە سەربەخۆکانی کرێکاران و یەکخستن و پتەوکردنی ڕیزەکانی خەباتیان دژی چینی دەسەڵاتدار وەڵام دەدرێتەوە. و ئەمە کاریگەری لەسەر گۆڕێنی ڕەوەندی ئابووری بە قازانجی چینی کرێکار و بێبەشان دەبیت و لە بەرژەوەندیان ئەشکێنێتەوە، بەدەر لە زەبەلاحی هێزی بۆرژوازی دەسەڵاتدار.

هەریەک لە دوو چینە کۆمەڵایەتییە سەرەکییەکەی کۆمەڵگەی سەرمایەداری، بۆرژوازی و پرۆلیتاریا، بەدیلێکی ئابووری جیاوازیان هەیە. بەدیلی پرۆلیتاریا سۆسیالیستی جیهانی بریتییە لە ڕووخاندنی سەرمایە، هەڵوەشاندنەوەی خاوەندارێتی تایبەتی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و كۆمۆنیکەشن، ڕزگارکردنی کاری کۆمەڵایەتی لەو فۆرمە سنووردارەی کە لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا وەک سەرمایە دەیگرێتەبەر و گێڕانەوەی بەرهەمی هێزی کاری کرێکاران بۆ بەرهەمهێنەرانی ڕاستەوخۆ و ئازاد لە چوارچێوەی میکانیزمەکانی کۆمەڵگایەکدا کە لەسەر بنەمای ئازادی تاک و یەکسانی ئابووری نێوان تاکەکان دامەزراوە.

ڕوونی زیاتر لە پەیوەندی نێوان چین و توێژەکان لە عێراق و پەرەسەندنی جەمسەرگیری چینایەتی لەسەر بنەما و زەمینەی گۆڕانکارییە ئابووری و کۆمەڵایەتییە نیولیبراڵەکانی سەرمایەداری دوو دەیەی ڕابردوو، و هەروەها توندوتیژتربوونەوەی دژایەتیی بەرژەوەندی کرێکاران و زەحمەتکێشان و زۆرینەی جەماوەر لەبەرامبەر چینی بۆرژوازی و هێز و ڕەوت و حزبە ناسیۆنالیستی و ئیسلامییە دەسەڵاتدارەکانیدا، بێگۆمان کاریگەری لەسەر تایبەتمەندییەکانی خەباتی سیاسی شۆڕشگێڕانە لە کۆمەڵگادا بە گشتی دادەنێت.

ئیتر ناکری لاوانی شۆڕشگێر لە خولگەی سیاسەت و گۆڕانکارییە سەرەوەیـیە (فەوقی) سیاسییەکاندا بمێننەوە، تەنانەت ئەگەر ڕادیکاڵیش بن، و خەباتیان دابراو بێت لە ململانێی نێوان چین و توێژەکان لە وڵاتدا. هەر لەم ڕاستایەشدا ئیتر ناکرێ بەبێ بەرگری و بەرجەستەکردنەوەی، سەربەخۆیی چینایەتییان وەک گەنجانی کرێکار و بەشێک لە چینێکی کۆمەڵایەتی کە بەدیلی سۆسیالیستی خۆی هەیە، خەباتیان بەرەوپێش نەبەن. بەهەمان شێوە، بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی ژنان و ژنانی کرێکار و زەحمەتکێش لە خەباتی چینایەتی خۆیاندا و لە خەباتیاندا دژ بەو ستەم و چەوساندنەوەیەی کە بەسەر ژناندا سەپێنراوە، دەبێ سەربەخۆیی چینایەتی خۆیان وەک ژنانی کرێکار و بەشێک لە خەباتێکی کۆمەڵایەتی و چینایەتی سۆسیالیستی زامن بکات بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بێت.

پەرەسەندنی خەباتی چینایەتی کرێکاران و زەحمەتکێشان کە ناوەستێ لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا، و هەر گۆڕانکارییەکی جددی لە هاوسەنگی هێز لە بەرامبەر بۆرژوازی دەسەڵاتداردا بە قازانجی ئەوان و سەپاندنی چاکسازی ئابووری و کۆمەڵایەتی بەسەریدا، ڕێگا بۆ گەشەسەندنی زیاتری خەباتی ڕزگاریخوازانە و ئاسۆ و بەدیلی ڕەوتی سۆسیالیستی لەناو ڕیزەکانی جەماوەری کرێکاراندا دەکاتەوە.

هەر لەم ڕیگەیەوە ئاسۆی سۆسیالیستی پرۆلیتاری و بزوتنەوەی سۆشیالیستی ئەم چینە ئەتوانی سەرمەشق و پێشەنگی مارشی ڕزگاریخوازانەی ڕیزی بەرینی هەموو جەماوەری بێبەش و ئازادیخوازن بێت بۆ ڕزگاری و خۆش گوزەرانی و یەکسانی و دەرچوون لەم بنبەستەی کە کۆمەڵگە دەرگیری بووە لە ژیردەستی کەپیتالیزم و نوێنەرە ئیسلامی و قومیـیەکانی.

٨-٢-٢٠٢٣




جوینەوە و چاڵ لە ڕۆمانی پەپوولەکانی تاریکی.. گۆران سەباح

کەیفم بە دەق لەنێو دەق دێ. نووسینی ڕۆمان لەنێو ڕۆمان کارێکی ئاسان نییە. پێویستی بە چنینێکی تۆکمە و سەرەداوە. ئەم ڕۆمانە سەرەداوی زۆرە، نووسەر سەرکەوتوو بووە لە پێکگەیاندنی سەرەداوەکان. ئارام حەمە بۆنخۆش چەند زەمەنێک تێکەڵ دەکات (نەوەتەکان، ٢٠١٤، ٢٠٥٠) بێ ئەوەی سەر لە خوێنەر بشێوێنێت. (ڕەنگ)ی وەک سیمبولێک بەکار بردووە بۆ دابەشبوون (لا١٧)، ناوازەیە. فرەدەنگیی سەحەر، ئەسکەندەر، ساسان، مامەند بەردەشانی، هتد. کارێکی جوانە.
پێش هەموو شتێک با ئەوە ببڕێنمەوە: پەپوولەکانی تاریکی خەز نییە. خەیاڵی زانستی پێویستی بە دروستکردنی جیهان هەیە. ڕۆمان بەوە نابیتە خەز بڵێی من لە ساڵی ٢٠٥٠ی زاینیم و ڕۆبۆت هەیە و خەڵک سێکس لەگەڵ ئامێر دەکەن و دنیا پێشکەوتووە. یان باسی ئامێری کات بکەی (لا٦٦). لە کتێبێکدا بە وردی باسی چۆنییەتی نووسینی خەز دەکەم. کتێبەکە ئامادەیە و هێشتا چاپ نەکراوە. هیوادارم چاپخانەیەک چاپی بکات. پێش ئەوەی ببێتە خەز ڕۆمانەکە تەواو دەبێت. “. . . بە نهێنی شەو دزەم کردە ناو ئامێرەکە و ١ی ئۆگەستی ٢٠١٤م هەڵبژارد و بزوێنەرەکەم داگیرساند” (لا٢١٠). پەپوولەکانی تاریکی سەتا پێنج توخمی خەیاڵی زانستی تێدایە، بەڵام ئەمە نایکات بە خەز.
ڕستەی یەکەم ڕووی ڕۆمانە. ڕستەی یەکەمی پەپوولەکانی تاریکی کرچ و ناتەواوە: “بە مەیدانی شاردا ڕادەبورام لەبەر ئاپۆڕا و هەراوزەنای خەڵکی، کە هەموو حەپەساو دەستیان بە دەموچاویانەوە گرتبوو، هەر خەڵك بوو بەسەر خەڵکیدا خۆی هەڵدەزنا تا لە ناوەڕاستی شار تەماشای ئەو دیمەنە قێزەوەنە بکەن کە دواتر زانیم چیە..”
ئەگەر خەڵک دەستیان بە دەموچاوییانەوە گرتبێت، چۆن دەتوانن بەسەر یەکتریدا هەڵبزنێن؟ وشەی “لەبەر” پێویستی بە تەواوکەرە، بۆ نموونە، دەڵێی، “لەبەر هەراوزەنای خەڵکی، نەمتوانی باش ببیستم”. بۆیە ئەم ڕستەیە ناتەواوە و دیمەنەکەش بە کرچی دەگاتە مێشکی خوێنەر.
خەڵک بەسەر خەڵکی هەڵدەزنێ تا تەماشای شتێک بکات. پێویست ناکات خۆت بشێوێنی چونکە لە دوورەوە دیارە کابرایەکیان لە خاچ داوە. دە مەتر بەرز کراوەتەوە، کەواتە پیویست ناکات خەڵك بەسەر خەڵکیدا هەڵبزنێ (لا٧).
لە لاپەڕە (٧) دەڵێ خولیای مێژووە، پاشان لە لاپەڕە هەشت هەمان شت دووبارە دەکاتەوە. لە دوو لاپەڕە (٧ و ٨) سێ جار دەڵێ دە مەتر بەرز بوو. لە لاپەڕە (٧، ٨ ٩) سێ جار دەڵێ حەپەسام بە دیمەنەکە، دواتر دەڵێ سەیریش نەبوو چونکە ئەوە سزای ئەو سەردەمە بوو (٢٠٥٠). لە سێ لاپەڕەدا، سێ جار دەڵێ چەند پەپوولەیەکی ڕەشی لەسەر نەخشێنرا بوو. جوینەوەی شتەکان ڕۆمان بێتام دەکات.
کابرا بیست مەتر دوورە، خەڵکێکی زۆر لە پێشییەوە وەستاون، چۆن کتێبێک پەڕی و کەوتە لای ئەو، دەڵێ چوار مەتر لێیەوە دوورە (لا١١). ئەم دیمەنە قەناعەتی پێ نەکردم.
“دونیا وێران ببوو” (لا١٤). دیمەنەکە ڕوونە. وشەیلی پاش ئەمە زیادەن (٢٩) وشە.
مادام کەسی یەکەمی تاکە، پێویست ناکات بڵێی، لە خۆمم دەپرسی، ئەوە لەبەرکوڵەکەشدا هەیە. لە لاپەڕە ٢٢یشدا دووبار بووەتەوە. گۆشەنیگای کەسی یەکەمی تاک لە کۆڵ ئەو شتانەت دەکاتەوە بێو وەستایانە بەکاری ببەی.
“لە ڕابردوودا کەسێک بووم حەزم نەدەکرد پەپوولەیەکیش بمرێت . . . دونیا جەنگەڵێکی گەورەیە و بەشی هەموو مەخڵووقەکان دەکات” (لا١٥). پاشان لە هەمان لاپەڕە دەلێت، “ئەم هاوکێشەیە تەنیا بیرۆکەیەک بوو . . .” چۆن؟ دواتر سەیری لا(٥٩) بکە، دیارە تەنیا هاوکێشەیەک یان بیرۆکەیەک نەبووە.
پەرەگرافی پاشتر یەکسەر دەڵێ، “ڕۆژێک هات دەستم بە خوێن سوور بوو . . . بووم بە جەللاد”. چۆن؟ دواتر لە کۆتایی (لا١٦) دەبێتە ئەمیر. لە (لا١٢٨) لەوە تێدەگەین کاتێ دەچێتە چیچان.
“ڕۆژی ٤ی نیسان ١٩٩٤ بوو، کە هێدی هێدی بەهار ئەیوب خەریک بوو هەستی بۆم دەبزوا و خۆشی دەویستم . . .” هێدی هێدی خەریک بوو؟ بە یەک ڕۆژ؟ چۆن؟
“‌هێدی هێدی ئارەزووم دەکرد کە ڕیش درێژ بکەمەوە . . .” (لا٥٣). لا(٥٥) من ئێستا وا خەریکە ڕیژم درێژ دەبێت” چ زوو بەری داوە و درێژ بوو؟
“من تەیموری بەدبەخت . . . ” (لا٥٨) پێویست بەوە ناکات تەیمور خۆی وا بڵێ، هەر ڕووداوەکان و ژیانی ئەوە پێشان دەدەن.
دوو جار وەسفی بەهار دەکات (لا٢١). هێندە وەسف پێویست ناکات. لە لاپەڕە ٣٤ و ٦١دا وەسفی بەهار دووبار ە دەبێتەوە. لێدانەوەی هەمان قەوان خوێنەر بێزر دەکات.
تیشکی پەپوولەکە زۆر کەمە، چۆن توانی لە دووری بیست مەتر لەوسەری تیشکەکە ببینێت؟ (لا٢٣ و ٢٤). قەناعەتی پێ نەکردم.
ساسان قسە لەگەڵ ئەسکەندەر دەکات. زۆر شتی سواو و دووبارەی تێدایە. دایەلۆگەکان زۆر درێژن.
وەسفی ئەسکەندەر لە لاپەڕە (٣١)دا هیچ پێویست نییە. دواتر وەسفی پیاوەتی و شەهامەتی زۆر دووبارە دەبێتەوە.
“دواجار هێزی کێشکردنی ژنان . . . لەسەر زەوی ئەنجام دراوە” ( لا٣٧ و ٣٨) زیادەیە، وتارە.
“یەکەمین دڵۆپە خوێنە (لا٣٩ و ٤٠) شەڕی هابیل و قابیل”؛ “ئەو هەسارەی زەمینە . . . ‘خوادا سەرقاڵی چییە’؟” لا(٧٥، ٧٦، ٧٧)؛ عەزازیل (لا٩٥-١٠١) چیرۆکی دروستکردنی ئادەم و هەڵگەڕانەوەی شەیتان. ئەم چیرۆکانە زیادەن. بێو لایانبەرین هیچ لە ڕۆمانەکە کەم ناکانەوە.
مێژووی شەڕی براکوژی (لا٤٣) زیادەیە، وتارە. پاشان لا (٤٤) دۆخی دەروونی و باسکردنی لاکان، وتارە و زیادەن.
ئیبلیس لەگەڵ مامەند بەردەشانی قسە دەکات لە مەیخانە. دواتر لە لاپەڕە (١٥٢)دا ئادەم و ئیبلیس دێنە لای. شەیتان پێی دەڵێ لە ناخیدا کەسایەتییەکی باشە، ئەگەر باشە چۆن ئیبلیش هاتووەتە لای؟ ئادەم و ئیبلیس ڕێک دەکەون لەسەر پەشیمانبوونەکەی، چۆن ئیبلیس لێ دەگەڕێت پەشیمان بێتەوە. شتەکان قەناعەتپێکەر نین.
“منیش کوڕێکی شەرمن بووم، بەڵام لەبەردەم عەشقی ئەودا نەمدەتوانی شەرم بکەم . . .” (لا٦٠ تەیموور). بەڵام لە لاپەڕە (٦١)دا دەڵێ، “خەریک بوو لە ترس و شەرم دەبوورامەوە.” دواتر یەکێک لە شەرمان ببورێتەوە چۆن دەبێت بە شاعیر لەهیکڕا؟
پێویست ناکات خوێنەری کتێبەکەی غەمگین ئیلیاس دیسان باسی تەیمور بکات، دەبێتە شتێکی دووبارە بۆ خوێنەری پەپوولەکانی تاریکی (لا٦٤). مادام لە سەرەوە مێژوو نووسراوە، پێویست ناکات بڵێی من ئێستا لە ساڵی ٢٠٥٠ زاینیدام، لە لاپەڕە (٢٠٨)یش، هەروا دەڵێ. دیسان “مرۆڤ چۆن ئالوودەی ئامێرەکان بووە” سێبارەیە چونکە لە بەشی یەکەم لەوە گەیشتین.
“لە ڕاستیدا گەلی کورد . . .” (لا٨٠) وتارە و زیادەیە. هەموو ئەمانە لە قسەی ئەسکەندەردا دیارە، پێویست ناکات لە شێوەی وتار دووبارەی بکەینەوە.
“عەشق مرۆڤەکان وێران دەکات . . . ” (لا٨٣)، زیادەیە، وتارە.
“من بە هاوەڵی ساسان ئارەزوومان لە پیاسە بوو . . .” (لا٨٤)، ئەمە جوینەوەیە، پێشتر ساسان باسی کردبوو.
ئەگەر قسەی زیادە، وتار، جوینەوە، دووبارەکردنەوە، چیرۆکەیلی ئادەم و شەیتان، دایەلۆگی درێژو بەشێکی سەفەری چیچان لابەرین، ڕۆمانەکە پوخت دەبێ و تامی خۆشتر دەبێ.




چەمکی پیاوسالاری لە شیعری ( لە بەردەم دیوارەکان ) ی ( سارا فەقێ خدر ).. نووسینی: تەلار تاهیر

خوێندنەوەی ئەزموونە شیعرەکانی خاتوو “سارا فەقێ خدر” کۆمەڵێك بیرۆکەی جیاواز و خەیاڵی جوانیان لە لادروست کردم ، بەڵام کەمێك ئەستەم بوو هەموو بیرۆکە و خەیاڵەکانی خۆم یەك بخەمەوە وەك ئەوەی دەمەوێ بینوسمەوە، لە نێو جەنجاڵی ئەو کۆمەڵە بیرۆکەیە ئەو شیعرەی “عەبدوڵا گۆران”م بیرکەوتەوە کە دەڵێت:

هەرچەن ئەکەم ئەو خەیاڵەی پێی مەستم
بۆم ناخرێتە ناو چوار چێوەی هەڵبەستم

منیش ئەوەی لە بیرو هزرمدا بوو خۆی ڕادەستی پێنووسەکەم نەدەکرد بە پێی پێویست تا لە کۆتادا بوو بەوەی کە ئێستە هەیە.
ئەوەنەی شیعرەکانی “سارا فەقێ خدر”م خوێندۆتەوە لە ئەزموونی شیعرییەکانی ڕابردوو تاکو ئێستەی تایبەتتر لەبەرهەمی (سروودی فڕین)، بە زمانێکی زۆر سادە و بە هەستێکی زۆر جوانی ژنانە دەنووسێت، دەتوانم بڵێم زمانی شیعر و نووسینی وەك باڵندە کردۆتە دوو باڵ بەسەر ئاسمانی ڕوحە تاریکەکان پەیامی ئاشتی و ئارامی و خۆشەویستی و ئازادی دەگەیەنێت، ڕەنگە خوێنەرێکی ئافرەت یاخۆ ڵێکۆڵەرێکی ئافرەت زیاتر درک بەم بابەتە بکات، هەرچەندە نامەوێ ئەمە بکەمە پێوەرێک بۆ درێژدان بە بابەتەکە، بەڵام ڕەنگە بە جۆرێک لە جۆرەکان کاریگەری خۆی هەبێت، چونکە دواجار لە ژێر سایەی کۆمەڵگایەکی پیاوسالارین
کارڵ مارکس لە گوتەیەکدا دەڵێت:
( ئەگەر ویستت ڕۆشنبیری کۆمەڵگایەکت بۆ دەربکەوێت سەیری ژیان و باردۆخی ئافرەتەکانی بکە، ئەو کات بۆت دەردەکەوێ لەچی ئاستێکی ڕۆشنبیری دان ) ،
لە بەرهەمی”سروودی فڕین” سارا فەقێ شیعرێکی کاریگەری هەیە بە ناوی( لەبەردەم دیوارەکان)، کە باسی ژیان و بارودۆخی ئافرەت دەکات کە چۆن لە ژێر چەتری عەقڵەیەتی پیاوسالاریە هەوڵی رزگاربوون دەدەن ئەگەر لە خەونیشدا بێت.

بۆ نموونە کاتێ دەڵێت:
دیوارەکان ئەستەمن
ناشتوانم لەو دیوی دیوارەکانەوە سەیرتکەم
دوو ڕیانێکە ..
ژیانێکی رووکەش لەتەک دیوار و
مەرگێکی دەستکردی نەفرەت لێکراو

واتە کۆمەڵگایەکی پیاوسالار وەک دیوار وان ئەستەمە ڕزگار بوون لێیان ئەو دیوارانە وەك زیندان تا ڕزگار نەبیت لێیان بۆ ئەبەد بۆنی ئازادی و هەناسەی ئازادی هەڵنامژیت و ناتوانین بوونی خۆمان بسەڵمێنین ژیانێکی دژوار و سەختە و هەر رۆژێك و مردنێکە.
لە هەمان کۆپلەکە دەڵێت:
ژیانێکی ڕووکەش لە تەك دیوار و مەرگێکی دەستکردی نەفرەت لێکراو

واتە شاعیر لێرەدا مەبەستی ئەوەیە کە دەیەوێت پێمان بلێ قەدەغە کردنی ئازادی جۆرێکی دیکەی مردنە، ئەم جۆرە مردنەیش دەستکردی خودی مرۆڤەکانە ، کە مرۆڤە باڵا دەستەکان دەیسەپێنن بەسەر مرۆڤە ژێر دەستەکان، چونکە دواجار خودا هەموو مرۆڤێکی بە ئازادی خوڵقاندووە.

سەیری ئەم شیعرە و پارادۆکسەکەی لەوەدایە! گلەیی و ڕەخنە لە ڕەگەزی بەرامبەر و عەقڵیەتی پیاو سالاری دەگرێت، بەڵام لە هەمان کاتدا دەگەڕێتەوە بۆ لای ڕەگەزی بەرانبەر بۆ ئەوەی بەختەوەری بکات و ژیانێکی ئاسودەیی لەگەڵ دروست بکات
بۆ نموونە لە کۆپلەیەکی دیکە دەڵێت:
هۆ کورەکە
دەستت بدە دەستم
با ئەم دیوارە بروخێنین
واتە گلەیی و ڕەخنە دەگرێت، بەڵام سەر لە نوێ دەگەرێتەوە بۆ لای، چونکە لە عەقڵیەتی پیاو سالاری تەنیا ئافرەت نابێت بە قوربانی ڕەگەزی بەرامبەریش هەندێجار قوربانیە، بۆ نموونە:
شێرزاد حەسەن دەڵێت: کاتی خۆی قسەم لەگەڵ هەر کچێ بکردبایە دایکم دەیگوت (کوڕم ئەو کچە وەک خۆشکت وایە وای لێهات هەموو هەولێر بوو بە خوشکم و تا وای لێهات لە سلێمانی ژیانی هاوسەریم پێک هێنا)
واتە لە عەقڵیەتی پیاوسالاری هەندێجار کوڕانیش قوربانین، بەڵام بە ئەندازەیی ئافرەت نا..!
واتە لێرەدا ئاماژە بەوە دەکات هەردوو قوربانی پێکەوە دژی ئەو عەقلێتە کۆنەپەرستە پێویست دەکات بوەستنەوە
یاخۆ بە مانایەکی دیکە ئافرەت داوا لە ڕەگەز بەرامبەر دەکات بۆ ژیانێکی پڕ لە ئاسوودەیی و پێکەوە ژیان هاوکاری یەکدی بن بۆ ئەوەی دیواری جیاوازەکان و کۆنەپەرستی بروخێنن.

بەڵام، لەعەقلێیەتی پیاوسالاری و باڵادەستیان رێگرە و لە شێوەی گاڵتەجاڕی پەرپەچی دەداتەوە بۆ نموونە کاتێك دەڵێت:
قاقایەکی گاڵتە ئامێزم بیست
دەمخاتە قەفەزی وەهم دەڵێ:
ئازادی ، پێبکەنە
پۆشاکی ڕەشبینی مەپۆشە
شاعێرێکی ناسك بنوسە
واتە وەڵامی داواکارییەکانی دەداتەوە، بەڵام لە شێوەی گاڵتەئامێزانە و دان بە مافەکانی بەرامبەری دانانێت پەرچی ڕووی راستەقینەی داواکارییەکەی دەداتەوە.

لە کۆمەڵگای داخراودا یەکێك لە پەیوەندییە جوان و پیرۆزەکان هەمیشە قوربانیە
بۆ نموونە لە کۆپلەیەکدا دەڵێت:
دیوارەکان ئەستەمن
لە ساتەکانی لەزەتیشدا ناڕوخێن
لە تەک ئەم دیوارانە
خۆشەویستی ئیفلیجە و پەیوەندی میکرۆباوی!
دڵدارێک دوڵبەرەکەی ئەکوژێت و
گوارەکانی بۆ سەفەر لێدەکاتەوە
واتە لێرەدا پێمان دەڵێت لە دەوروبەری ڕوحە تاریکەکان عەشق و خۆشەویستی هیچ بەهایەکی نیە، تاکە شتێك لە نێو عەقڵێتە داخراوەکان بوونی نەبێت نەبوونی ئازادییە.
لە کتێبی(مارکسیزم یان ئیسلام)ی مستەفا مەحمود دەڵێت: ئازادی گیانی هەموو ئەو هەڵوێستانەیە کە لە ڕەوشتەوە سەرچاوەی گرتووە بەبێ ئازادی نەڕەوشت نەدڵسۆزی نەداهێنان نەکار دروستی نەهیچ لە کەس چاوەڕێ دەکرێ )، واتە ئەگەر ئازادی خۆشەویستن و یەکتر ویستنی لە تاکەکانی کۆمەڵگا زەوت بکرێ ئەو کاتە کەسەکانیش ڕێگای کۆچ و سەفەر کردن ئەگرنە بەر ، کاتێك لە ژوورێکی زینداندا دەبیت ژوورەکە هەمیشە دەرگایەك یان پەنجەرەیەکی بچووکی لێیە، واتە ژیان هەرچەندە سەخت و دژوار بێت هەمیشە ئومێدێك هەیە، لە کۆمەڵگایەکی پیاوسالارە یاخی بوونیش سمبوڵی ئەو ئومێدەیە ، بۆ نموونە لە کۆپلەیەکدا خانمی شاعیر دەڵێت:
لە تەنیشت دیوارێک دانیشتبووم
بەسەر ڕۆژنامەکەدا خەوم لێکەوت
لە خەومدا دەنگێک بە کۆڵانەکاندا دەگەڕا
یاخی بوونی مێیەکانی مەملەکەتە
واتە ئاماژە بە دەنگی یاخیبوون دەکات و بیری یاخیبوون لە ناخی مێیەکانی مەملەکەت چەکەرە دەکات دژی عەقلێیەتی کۆنەپەرستی و دژی ئەو مافانەی کە لێیان زەوت کراوە.

یاخۆ دەڵێت:
کارەساتێک لە ڕێدایە! هەر مێیە و وندەبێ
تەوارەکان دەبنە بۆمب و دەتەقنەوە
واتە کاتێك دەنگی یاخیبوون بەرز دەبێتەوە، هیچ شتێك وەك خۆی نامێنێتەوە ژیانی مرۆڤەکان تەوژمێکی دیکە وەردەگرێت دوور لەو ژیانە سادە و دووبارانەی کە تەنیا لە چوارچێوەی چوار دیوارە بە رێی دەکات
ئاگری توڕەیی و یاخیبوون لە ناخیدا چەکەرە دەکات یاخی دەبێت لەو ژیانە دووبارەیی کە خێزانێکی داخراو لە ژێر چەتری عەقڵیەتی پیاو سالاری دەیسەپێنن، بۆ نموونە کاتێك دەڵێت:

بێوەژنەکانی ئەنفال و کۆ مەرگ
کراسە ڕەشەکانیان دڕراندووە و
بازاڕی کوتاڵ فرۆشان وەر بوون
لە قوماشی خاکی دەپرسن
دوو ڕۆژی تر هەتیوەکان جێ دەهێڵن دەڕۆن

یاخۆ دەڵێت:
مەتبەخەکان چۆڵن
بۆنی خواردن لە هیچ ماڵێکەوە نایەت

واتە خۆیان دادەماڵن لەم ژیانە دۆزەخیەی کە بەسەریان سەپێنراوە، کە زۆرێك پێیان وایە کاری ئافرەت تەنیا بریتی یە لە خواردن دروستکردن و منداڵان بەخێو کردن هتد..
ڕەنگە بەشێکی سەرەکی ئەو کارانە پەیوەست بن بە ئافرەتەوە، بەڵام جۆرە جیاوازیەك و خۆسەپاندنێك لە کارەکەیە دەبینێرێت، سەپاندنی بەزۆر جۆرە ناڕەزایەك و یاخیبوونێك دەهێنێتە ئاراوە
لە “ڕۆمانی کەژاڵ”ی(مەندانە موعینی)، خەسرەو دەڵێت: ( ئەگەر مرۆڤ زۆری بۆ هات یاخیبوون هەڵدەبژێرێت )

لە کۆپلەیەکی دیکەدا شاعیردەڵێت:
چی دەبینم
کاروانێک لە تەواری خاکی، گوڵی خاکی
تاوسی خاکی ، ماکەوی خاکی
لەگەڵ هەزاران هەزار
زەینەب و ژیلا و لیسی و مادلینی بەرگ خاکی
لە لوتکەوە بەرو پێدەشت دەهاتنە خوار
بوو بە بروسکە و هەورە تریشقە باران دایکرد

لێرەدا شاعیر ناوی کۆمەڵێك کەسایەتی هێناوە، ئەگەرچی ڕەنگە بە شێوەی جیا جیا مردبێتن، بەڵام وەك ڕەمزی یاخیبوون ناویانی هێناوە، دەیان شوبهێنێت بە هەورە تریشقە.
لە “ڕۆمانی کەژاڵ”ی(مەندانە موعینی) کاتێك کەژاڵ دژی عەقلێتی پیاوسالاری ئەجەنگێ و شوو بە پیرە پیاوێک ناکات و لە کۆتاییە بە دەستی باوکی دەکوژێت ، لە کۆتاییدا لە بەزرایی و ئەو شاخ و کێوانەی کە تیایاندا دەجەنگە سەر لە نوێ دەردەکەوێتەوە ئەمەیش نیشانە و ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە هەمیشە شۆرشی بەرنگاربوونەوە دژی عەقڵێیەتی کۆنەپەرستی بەردەوامە و ئەو شۆرشە وەك باران ئاو پژێنی ژیانی ئافرەت دەکات و شکۆمەندی بۆ ژینی ئافرەت دەگەرێنێتەوە.

لە کۆپلەکانی کۆتاییدا دەڵێت:
ماڵە بێ دیوارەکان پڕ بوون لە ڕۆشنایی
دڵەکانیش لە خۆشەویستی
واتە کاتێ لە ژێر شۆرشی یاخیبوون ئازادی بە دەست دێت دڵەکان پڕ دەبنەوە لە خۆشەویستی.

بەڵام کاتێك دەڵێت:
لە خۆشیان هاوارم کرد، بە ئاگا هاتم
بینیم کچەکەم بەتانیەکەی لەسەر لاچووە و لەسەرمان دەگری

دەتوانین بڵێین شاعیر لێرەدا مەبەستی ئەوەیە خەونی ئازادی دژی ئەو ستەمە هەمیشە هەر هەبووە یاخۆ دەتوانین بلێین ڕزگار بوون لە واقیعیشدا بوونی نەبێ، بەڵام لە خەودا دەتوانرێت ببینرێت.

مخابن! عەقڵیەتی پیاو سالاری لە کۆمەڵگای ئێمە بوونی هەر ماوە، ئەگەر نەماوە ..؟! بۆ تا ئێستا ئافرەت دەکوژێت ..؟! بەڵام، ڕەنگە کاڵەوە بوو بێت بە جۆرێك لە جۆرەکان و جۆرە ئازادیەکیش بوونی هەیە، بەڵام لە ئەنجامی ئەو ئازادییە ڕۆژانە و مانگانە و ساڵانە هەواڵی نامۆ و نەخوازاو دەبیستین و دەبینینن.
لە کۆتادا دەڵێم هەندێجار ئازادی کارەساتە و دەبێت لە ئازادی بترسین.
بۆ نموونە لە “ڕۆمانی حەسار و سەگەکانی باوکم”ی شێرزاد حەسەن
(کاتێ برا گەورەکەیان دەستی دەچێتە خوێنی باوکی و باوکی دەکوژێت بۆ ئەوەی خوشك و برا و خێزانەکەی ڕزگار بکات، ئیدی بەجۆرێك خوشك و برا و خێزانەکەیان پەرتەوازە ئەبێ تەنانەت براگەورەکەیانیش ناتوانێ بە ئاسانی کۆیان بکاتەوە دەگاتە ئاستێك برا گەورەکەیانیش لە ماڵ دەردەکەن ..) ئەگەر بولبولێکیش بۆ هەمیشە لە قەفەسدا بێت و لە ناکاو ڕزگار بکرێت هەم لە قەفەسەکە دەبێت، هەم بە تەواوی لە “فڕین”یش دەکەوێت.




خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی(بیرەوەرییەکانی فەقێیەکی گومڕا.. لەتیف ئەمین

دەرهاتن لە قاوغ و قەپێلکی جەهالەت و ڕزگاربوون لە دۆگم و دواکەوتوویی و چەقبەستوویی هزری و بێداربوونەوە لە خەوی خورافە، ئاسان نییە، بەڵام ئەستەمیش نییە. وشکەباوەڕی و وەستان لەسەر یەک دید و تێڕوانین و بۆچوون و باوەڕ، عەقلی مرۆڤ پەک دەخات، بیری مرۆڤ پووچ دەکات. بەپێچەوانەوە، گومان و گەڕان و خوێندنەوە و لێکۆلینەوە و کنە و پشکنین و بەدواداچوون، دەرگا بۆ بیرکردنەوەی مرۆڤ دەخەنە سەر پشت، مرۆڤ لە توونێلی تاریکی و زەلکاوی نەزانی ڕزگار دەکەن.
نووسەر(شەماڵ بارەوانی) بە زمانێکی سادە و ڕوون و ڕەوان و بێ گرێوگۆل، بیرەوەری و بەسەرهاتی قۆناغێکی دیاریکراوی ژیانی خۆیمان لە دوتوێی کتێبێکدا، بە ناونیشانی(بیرەوەرییەکانی فەقێیەکی گومڕا) بۆ دەگێڕێتەوە. باسی ئەوسەردەمە دەکات کە لە حوجرە و قوتابخانە ئایینییەکانی شاری هەولێر فەقێ بووە، ساڵانێکیش لە گەلێک ناوچە و گوند و شوێنە جیاجیاکانی کوردستان پێشنوێژ و وتاربێژی مزگەوت. نووسەر، وەک خۆی ئاماژەی پێ دەکات، سەرەتا فەریکەفەقێیەکی تەکفیری و ڕادیکاڵ و توند و دەمارگیر بووە، بەڵام فەقێیەکی پرسیارکەر بووە، تاسە و تامەزرۆیی بۆ زانین و خۆپێگەیاندن و خۆ پەروەردەکردن هەبووە. فەقێیەکی خوێنەر و کونجکۆڵ(فزوولی) بووە، وەک خۆی باس دەکات، سلی لە خوێندنەوەی هیچ کتێبێک نەکردۆتەوە، بێ ترس و دوودڵی، لەوپەڕی ڕاستەوە بۆ ئەوسەری چەپ، لە خوێندنەوەی کتێبەکانی مارکس و نیچە و شۆپنهاوەر و کافکا و سارتەر و هەرچی سەرچاوە و کتێب هەیە سەبارەت بە مارکسییەت و ئیلحاد و عەدەمیەت نووسراون، تا زۆربەی ئەو کتێبانەی کە ڕادیکاڵییەکانی وەک ئیبن تەیمییە و ئیبن قەییم و عەبدوللا عەزام و زۆری دیکەشی خوێندووەتەوە.

نووسەر، سەرکێشی لەگەڵ فیکر و فەلسەفە و ئایدیا جیاوازەکان کردووە، لە ڕووباری بە خوڕی زۆر مەزهەب و بیروباوەڕ پەڕیوەتەوە، لە زۆر پێدەشتی باوەڕی دڕ و دڕکاوی دەرباز بووە، لە دەرگای هەرچی قوتابخانەی فیکری و فەلسەفی هەیە چووەتە ژوور، سەری لە ماڵی هەموو دژەباوێک داوە.
نووسەر، وەک لەبیرەوەرییەکانیدا باس دەکات، دوای خوێندنەوە و گەڕان و بەراوردکاری نێوان ئایینەکان و بیرکردنەوە و تێڕامانێکی زۆر، بە میتۆد و لۆژیکی زانستی، نەک بەهۆی ڕق و کاردانەوە، تووشی گۆڕانی فیکری بووە. گۆڕانێکی کتوپڕ و لەخۆڕا نا. وەک شێخی سەنعان، بەهۆی سۆز و ئەڤین و شایدابوونەوە نەگۆڕاوە، شێخی سەنعان، شێخێکی دیار و ناودار بووە و(٥۰۰) موریدی هەبووە، (٥۰) جار حەجی کردووە، لەپڕێکدا عاشقی کچە مەسیحییەک دەبێت و لە دین وەردەگەڕێت و بەگەل دڵبەرەکەی دەکەوێ و دەبێتە بەرازەوان.
وەک لە بیرەوەرییەکانیدا ئاماژەی پێ کردووە، قۆناغی یەکەمی گۆڕانە فیکرییەکەی نووسەر، بە قورئانیبوون دەست پێدەکات. قورئانییەکان ئەوانەن کە بۆ تێگەیشتن لە ئایین، تەنها پشت بە ئایەتەکانی قورئان دەبەستن، فەرموودە و سەرچاوەکانی کەلەپوور و ڕای ئیمام و پێشەوای مەزهەبەکان ڕەت دەکەنەوە، تەنها قورئان بە سەرچاوەی تەشریع دادەنێن.

نووسەر لە قۆناغێکی تردا بە موعتەزیلەکان سەرسام دەبێت. موعتەزیلەکان گرووپێکی کەلامی بوون، بڕوایان بە پشتبەستن و گەڕانەوە بۆ عەقل هەبووە بۆ شیکردنەوە و تێگەیشتن لە دەقە ئاینییەکان و بڕیاردان لەسەر کاروبارەکانی ژیان.
نووسەر لە بەشێکی یادداشتەکانیدا باس لەوە دەکات، لە حوجرەکاندا وانەی فەلسەفەی بە هاوڕێ فەقێکانی گوتووەتەوە و کاریگەریشی هەبووە لەسەر هزر و بیرکردنەوەی هاوڕێکانی و چەندین فەقێ بەهۆی ئەوەوە تووشی گۆڕانی فیکری بوونە. بەهۆی ئەمەوە تووشی کێشە بووە لەگەڵ مەلاکان، چونکە خوێندنی فەلسەفە و لۆژیک و ئەو بابەتانە لای پیاوانی ئایین مەترسیدارە، وەک باوە، دەڵێن: “من تمنطق، تزندق” ئەوان پێیان وایە فەلسەفە هەڕەشەیە بۆسەر ئایین، گوایە مێشکی مرۆڤی بڕوادار تێک دەدات و تووشی گومان و گومڕایی دەکات.
ئەم فەقێیە، ڕۆژبەڕۆژ هەوڵی داوە خۆی لە کۆتوبەندی ئایین و ئایدیۆلۆژیا ڕزگار بکات، هەوڵی داوە بێ ماسک و ماکیاژ ڕا و سەرنجەکانی خۆی لەسەر ئایین و ئیمان و ئازادییەوە دەڕبڕێت. وەک لە بیرەوەرییەکانیدا ئاماژەی پێداوە، لە فەقێیەکی حافزقورئانەوە بازی داوە بۆ کەناری لائیکبوون، لە ئیسلامییەکی پابەند و داخراو و دەقگەراوە بۆ مرۆڤێکی ئازادیخواز، کە بڕوای بە پێکەوەژیان و پلوراڵییەتی ئایینی و کۆمەڵایەتی هەیە. دواجار، بەهۆی نەچوونە ژێر باری عەقلی مێگەل و ئەنتی باوی و یاخیبوون و هۆشیاری و بوێری و سلنەکردنەوە لە گوتنی ڕاستییەکان، تۆمەتی مولحیدبوون و بێدینی و کافربوون و زەندیق و زەردەشتی و ئێزدی و گومڕایی ئاراستە کراوە. بەڵام ئەو کۆڵی نەداوە و ئەم تۆمەتانە کاریان لێی نەکردووە. ڕەنگە هەر لەبەر ئەم تۆمەتانە بێت، وەکو تەنزێک، ناسناوی فەقێی گومڕای بۆ خۆی داناوە.
لەگەڵ هەڵدانەوەی هەر لاپەڕەیەکی ئەم کتێبە، گوزەرێک بەنێو ژیان و بەسەرهات و یادداشت و بیرەوەری و فیکری فەقێیەک دەکەین، فەقێیەک لە لوتکەی دۆگمایی و فێندەمێنتالیستییەوە، بۆ مرۆڤێکی سیکۆلار و لیبراڵ و عەقلگەرا. فەقێیەک، لە دژایەتی ژنەوە بۆ سەنگەری فێمێنیستان و هەوڵدان بۆ سەربەستی ژن و دژایەتیکردنی عەقلی نێرسالاری و جیاکاری ڕەگەزی و چەوساندنەوە و بە کەنیزەککردن.

ئەم کتێبە، بیرەوەری فەقێیەک دەگێڕێتەوە، کە تا سەر ئێسقان دژ و دوژمنی ئازادیخوازان و ڕۆشنگەران و شاعیران بووە، تەنانەت خۆزگەی ئەوەی خواستووە کە ئەگەر بێت و ڕۆژێک دابێت دەوڵەتی ئیسلامی دابمەزرێت، بۆئەوەی بەدەستەکانی خۆی سەری فلان نووسەر و کەسایەتی ببڕێت، بەڵام دوای گۆڕانە فیکرییەکەی، شتەکان پێچەوانە دەبنەوە، دەبێتە هاوڕێ و هاوبیر و هاوسەنگەری هەمان ئەو کەسەی کە بەڵێنی بەخۆی دابوو سەری ببڕێت.
لەگەڵ بیرەوەرییەکاندا، نووسەر شیکردنەوەی بۆ چەمکەکانی ئیلحاد و ئەتایست و لائیکبوونیش دەکات. هەروەها باس لە ڕوانگە و جیهانبینی موعتەزیلەکان و قورئانییەکان و عەدنانییەکان و ئەشعەرییەکان و مەزهەبی شافیعیش دەکات.
ئەم کتێبە پێمان دەڵێت، گۆڕانی فیکری ئەستەم نییە، هەژانی هزری ئەگەری ڕوودانی دوور نییە. ئەم کتێبە پێمان دەڵێت، دەکرێ لە قۆناغێک، لە ڕۆژگارێک، لە وێستگەیەکی ژیاندا، مرۆڤ لە گۆمی مەنگی نا ئاگایی و نەزانیدا مەلە بکات، لە خەون و خەیاڵی خورافەدا ڕۆ بچێت، لە بەستەڵەکی ئایدیۆلۆژی بتەزێت و بخزێت، هزر و بیری سڕ ببێت، بەڵام تا هەتایە نا، بۆئەبەد نا، ڕۆژێک هەردێت، تیشکی خۆری ڕۆشنگەری، شەختەبەندی دەمارگیری و ئایدیۆلۆژی بتوێنتەوە، ڕۆژێک هەر دێت، چرای زانست و زانیاری، ئەشکەوتی بیری کۆنخوازی پڕکاتەوە. وەکچۆن ئێستا شەماڵ بارەوانی، دوای خوێندنی حوجرە و تەواکردنی کۆلێژی شەریعە و بەدەستهێنانی بڕوانامەی ماستەر لە فەلسەفەی ئیسلامی، خاوەنی سەدان وتار و بابەتی ڕەخنەیی و فیکری و سیاسی و ڕۆشنبیری و ئەدەبی و کۆمەڵایەتی و باس و بابەتی جۆراوجۆرە و لە گۆڤار و ڕۆژنامە و ماڵپەڕەکوردییەکان بابەتەکانی بڵاو دەبنەوە. جگە لەمانە، نووسەری ئەم کتێبە تا ئێستا خاوەنی سێ بەرهەمی شیعرییە، ئەم کتێبەشی بەرگی یەکەمی(بیرەوەرییەکانی فەقێیەکی گومڕا)یە، بەرگی دووەمیشی لەژێر چاپدایە. داوا لە خوێنەرانی کتێب و شەیدایانی ئازادی بیروباوەڕ و ڕۆشنگەری و عەقلانییەت دەکەم، ئەم کتێبە بخوێننەوە.




ئەمە شۆڕشی ئێمەیە!.. حەمید تەقوایی.. وەرگێڕانی بۆ کوردی:کاوە عومەر

وتاری دەستپێکی پلینۆمی ٥٦ی کۆمیتەی ناوەندی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری

ئەم پلینۆمە لە دڵی شۆڕشێکدا بەڕێوەدەچێت. ئەو شۆڕشەی کە نزیکەی ٥ مانگە بەردەوامە. ئەم شۆڕشە دروشم و ئاڵا و ئایکۆنی تایبەتی خۆی هەیە. شۆڕشی ژن ژیان ئازادییە، چونکە دژی حکومەتێکە کە دژە ژن و دژە ژیان و دژە ئازادییە. لە کۆماری ئیسلامیدا ژنێک بە حیجاب و بە ئاپارتایدی جێندەری و بە بەکەمزانین و سوکایەتی ڕۆژانە و بە یاساکانی شەریعەتەوە، بە فەرمی و ئاشکرا بە مرۆڤ نازانرێت. ژن وەک کاڵایەکی سێکسی سەیر دەکرێت. و هەر بۆیەش ئەم شۆڕشە ژنانەیە. ژنان هێزی سەرەکییەتی و داواکارییەکی گرنگی کۆمەڵگا یەکسانی تەواوەتی نێوان ژن و پیاوە.
شۆڕشێکە دژی دەسەڵاتێکی دژە ژیان. حکومەتی ئێعدام، حکومەتی پرسە و ماتەمینی، حکومەتی مردوو پەرستن و شەهیدبوون! حکومەتی کرێی خوار هێڵی هەژاری، حکومەتی نەهامەتی گشتی و مووچەی فەلەکی. بەرگریکردن لە ژیان و چێژوەرگرتن لە ژیان و گەڕانەوە بۆ ژیانێکی شایستەی مرۆڤی سەدەی بیست و یەک یەکێکە لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەم شۆڕشە.
و لە کۆتاییدا ئەم شۆڕشە شۆڕشێکە بۆ ئازادی. دژی حکومەتێک کە هیچ جۆرە بۆچوون و دەربڕینی بیروڕا و ڕێکخستن و حزب و هەر چالاکیەک کە لە چوارچێوەی پێوەر و یاساکانی سەردەمی بەردینی ئیسلامیدا نەبێت قبوڵ نەکات و لە دژی ئەو پەنا بۆ ئێعدام و ئەشکەنجەدان ، ئازاردان، سەرکوتکردن، و جۆرەکانی تری تاوان دەبات.
شۆڕش دەیەوێت ئەم دۆخە هەڵبوەشێنێتەوە. ئامانجی ئەم شۆڕشە وەک هەر شۆڕشێکی تر، ڕوخاندنی حکومەتە، بەڵام هۆکارێک هەیە کە خەڵک بۆ ڕوخاندنی حکومەت ڕاپەڕی. کاتێک خەڵک ڕایدەگەیەنن کە دەبێت حکومەت بڕوخێنرێت، ئەوە مانای ئەوەیە کە دەبێت حوکمی ئایین بڕوخێنرێت، واتە دەبێت ئایین لە حکومەت، لە یاسا، لە پەروەردە بسڕدرێتەوە. واتە دامەزراوەی ئایینی تەنانەت مافی ئەوەی نەبێت دەستوەردان لە ژیانی تایبەتی خەڵکدا بکات. شۆڕشی ئێستا لە ناخ و ناوەڕۆکیدا دژە ئایینە. کۆمەڵگای ئێران یەکێکە لە کۆمەڵگا پێشکەوتنخوازەکان دژ بە هەموو جۆرە بیروباوەڕ و خورافاتێکی ئایینیە و خەڵک لە دروشمەکانیاندا، لە سۆشیال میدیادا، لە ڕێوڕەسمەکانی یادکردنەوەی گیانبەختکردوەکانیانداا بە هەزار و یەک قسە و کردار ئەمەیان نیشانداوە. کۆمەڵگا پەیوەندی بە قورئان و دین و ئەم جۆرە خورافاتەوە بە تەواوی پچڕاندووە. شۆڕش بۆ ژن، ژیان ئازادی خۆی لە خۆیدا شۆڕشگێڕانەیە، دژە ئایینییە.
ئەم شۆڕشە شۆڕشێکە بۆ یەکسانی و دژی هەژاری و نەهامەتی و هەر جۆرە کۆیلایەتییەکی کرێ کە لە کۆمەڵگادا بەربڵاوە. دژی ساختی کێشی ئابووری، لە بەرامبەر بۆشایی قووڵی نێوان هەژاری و سامان. شۆڕش لەسەر ئاڵای خۆی ژیانی نووسیوە، چونکە دەیەوێت لەدژی ئەو هەموو هەڵاواردن و نایەکسانییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییە، لەدژی هەژاری و نەهامەتی و بێکاری و گرانی نرخ، بێ ماف و نائەمنی بێنە مەیدان و لە کۆمەڵگا ڕایانماێت.
شۆڕش بۆ ئازادییە، واتە ڕزگاری مرۆڤ. نەک هەر بە مانای ئازادی یاسایی و ئازادییە یاساییەکان، بەڵکو بە مانای ڕزگارکردنی مرۆڤ و گەڕاندنەوەی ئازادی بۆ مرۆڤ. مرۆڤ بتوانێت چارەنووسی خۆی دیاری بکات، لە ئیدارەی کۆمەڵگا و لە شوێنی کار و شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیدا بەشدار بێت، بڕیار بدات و بڕیارەکانی جێبەجێ بکات. مانای شۆڕش ڕزگاری هەمەلایەنەی مرۆڤەکانە. لە شۆڕشی ١٣٥٧دا ئازادی بە مانا لیبراڵەکەی پەرلەمان و دیموکراسی نوێنەرایەتی نەکرا، بەڵام زۆر لەوە زیاتر بوو. خەڵک لە هەموو شوێنێک شوراکانیان پێکهێنابوو. وە دەیانویست لە ڕێگەی بەکارهێنانی دەسەڵاتەوە، لە ڕێگەی بەشداری شوراکانەوە ئازادی بپارێزن. وە شۆڕشی ئێستاش بە هەمان ئاراستەدا دەڕوات.
ئازادی واتە ڕزگارکردنی مرۆڤ و گەڕاندنەوەی ئازادی بۆ مرۆڤ لەسەر پێشەوەی ئەم شۆڕشە نووسراوە.
کاتێک گرنگی بەم خاڵانە بدەیت، بۆت دەردەکەوێت کە ئەم شۆڕشە شۆڕشی ئێمەیە. شۆڕشی ئێمەیە، نەک لەبەرئەوەی شۆڕش بووەتە مۆد و هەر هێزێک کە تا دوێنێ شۆڕشی بە ئاژاوە دەزانی و دژی قسەی دەکرد، ناچارە ئەمڕۆ لەسەر شۆڕش قسە بکات. نەک لەبەرئەوەی دونیا هەڵسا و کڕنۆش بۆ شۆڕش دبات؛ نەک لەبەر ئەوەی ئێستا تەنانەت ئەوانەی پێشتر لە سیاسەتدا نەبوون و هیچ پەیوەندییەکیان بەو ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییانەوە نەبوو کە ڕۆژانە دەگوزەرا، خۆشبەختانە ئەمڕۆ چالاک بوون و ناڕەزایەتی دەردەبڕن؛ ئەمە شۆڕشی ئێمەیە، چونکە ئێمە ڕۆڵێکی کارامان هەبوو لە ئامادەکارییەکەیدا، لە بناغەکردنیدا، لە هاتنی بۆ مەیدانەکەدا.
حیزبی ئێمە لە سەرەتای چالاکییەکەیەوە، لە ڕۆژی دامەزراندنیەوە تا ئەمڕۆ، بەردەوام لە دژی هەڵاواردنەکان لە بوارە جیاجیاکاندا خەباتی کردووە، کە ئەمڕۆ بە ملیۆنان کەس لە ئێران و دەرەوەی وڵات لە شەقامەکاندا ئاڵایان لە دژی هەڵکردووە، دروشمەکانیان دەوتەوە، پلاکارد و لافیتەکانی دەنووسن.وە بە پردەکانی شەقامەکانی تاران و شارەکانی ترەوە هەڵیدەواسن. ئەمە حیزبێکە کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەموو کۆماری ئیسلامی دامەزرا. وە ئەوە هەمووکارنامەکەیەتی. ئەمە حیزبی خەباتی بەردەوامە لە دژی حیجاب نەک هەر لە ٨ی مارس، لە ڕۆژی جیهانی ژنان، بەڵکو لە هەموو ڕۆژەکانی ساڵدا. ئەو حیزبە لە دژی ژنکوژی و ئاپارتایدی جێندەری و حیجاب چالاک بووە. ئەمە حیزبێکی دژ بە ئیسلامی سیاسییە لەسەر ئاستی جیهانی و هەر بەم هۆیەشەوە ماوەیەکی زۆرە ئاڵای بایکۆتکردنی کۆماری ئیسلامی بەرزکردۆتەوە کە خۆشبەختانە ئەمڕۆ بووەتە گوتارێکی گشتی. ئەمرۆ تەنانەت لە پەرلەمان و حکومەتەکانیشدا باس لە بە تیرۆریست ناساندنی سوپای پاسداران دەکەن ، باس لە دەرکردنی کۆماری ئیسلامی لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و داخستنی باڵیۆزخانەکانی و هتد دەکەن. ئەمە ئەو ئاڵایەیە کە زیاتر لە دە ساڵە حیزب هەڵیکردووە و خەباتی کردووە بۆ بەدیهێنانی.
ئەم شۆڕشە تایبەتە بە ئازادی وحزبی کۆمۆنیستی کرێکاری هەمیشە لەگەڵ ئازادی بێ مەرج بووە. ئازادی بیروڕا، ئازادی ڕۆژنامەگەری، ئازادی حزبەکان، ئازادی چالاکیی کۆمەڵایەتی و مەدەنی و خەباتی کۆمەڵایەتی و مەدەنی. سنووردارکردنێکی مێژوویی و هەمیشەیی، بە تایبەت لەم چل ساڵەدا، لە ڕێگای ئازادی پیرۆزی ئایینیدایە. ناتوانی بە ئاین بڵێی پشتی چاوت برۆیە چونکە لە شتە پیرۆزەکانە، ئەوە “کلتووری گشتی خەڵکیە ” و ئەم جۆرە قسە بێمانا و پاساودانەوەیە. نەک هەر لە ئێران بەڵکو لە هەموو جیهان. لە ڕووی مێژووییەوە ئەوەی ئازادی مەرجدار کردووە هەمیشە ئایین بووە. هەمیشە خەڵک ئازاد بووە لە قسەکردن لەسەر کەش و هەوا و بابەتی لەو جۆرە، بەڵام کاتێک باس لە باسکردنی دەسەڵات و پیرۆزییەکان دەکرێت، بەتایبەتی کاتێک باس لە دوو سیستەمی پیرۆزی ئایینی و پیرۆزی نەتەوەیی- نیشتمانی دەکرێت، ئەوا تەنانەت لە وڵاتە ڕۆژئاواییەکانیشدا بەهەمان شێوە هەزار و یەک سنووردارکردن لە ڕێگاکەتاندا دایاندەنێن. لە کۆماری ئیسلامیدا بە ڕوونی ئەوە ئایینە کە قوڕگی ئازادیی گرتوە و خنکاندووە. بۆیە کاتێک باس لە ئازادی بێ مەرج دەکەین و کاتێک کۆمەڵگا دروشمی ئازادیبەرزدەکاتەوە، پێش هەموو شتێک مانای ئازادی ڕەخنەگرتن لە ئایین، واتە ئازادی هەجووکردنی دین، گاڵتەکردن بە ئایین. ئازادی نووسین و قسەکردن و نمایشکردن و فیلم و سینەما و کولتوور و هونەر دژی پیرۆزی و تابۆ و بیروباوەڕی ئایینی. بەبێ ئەمە ئازادی ئازادی نییە.
ئەمانە ئەو دروشم و گوتار و تێکۆشانانە بوون کە حیزبی ئێمە پەیڕەوی کردووە.
حیزبی ئێمە هەمیشە ئاڵای شۆڕش، ئاسۆی شۆڕشی وەک شتێکی پێویست، وەک شتێکی خوازراو و وەک شتێکی مومکین لە کۆمەڵگادا، قسەی لەسەر کردووە و تێپەڕاندووە. وە ڕایگەیاندووە کە تاکە ڕێگا بۆ ڕزگارکردنی کۆمەڵگا و هەموو خەڵکی ئێران شۆڕشێکی قووڵی کۆمەڵایەتییە، نەک هەر دژی حکومەتێک بەڵکو دژی سیستەمێکیش. سیستەمی دابەشکاری، سیستەمی هەڵاواردن، سیستەمی دژە ئینسانی کە کۆماری ئیسلامی نوێنەرایەتی دەکات. ئەم مافیایە ئابوریانە، ئەم ئایەتوڵڵا ملیاردێرانە لە قورئان نەهاتنە دەرەوە، لە سیستەمی سەرمایەدارییەوە هاتوون، سیستمی لەسەدا یەکەکان، سیستەمی کەمینەیەکی سەربەرز، و ئەوە بۆ پاراستن و پارێزگاری لە ئەم سیستەمەیە کە براونەتە پیشەوە وزیاتر لە چل ساڵە.کە خوێنی خەڵک دەخەنە ناو شووشە. شۆڕشی ئێستا شۆڕشێکە دژی ئەم نەزمە. نەک هەر دژی کۆماری ئیسلامی، بەڵکو دژی ئەو پێداویستییە ئابووری و کۆمەڵایەتیانەی کە حکومەتێکی وەک کۆماری ئیسلامی دێننە ئاراوە و بەم شێوەیەش بەرد بە خەڵکی ئێران دەکێشێت. پێویستە ئەم سیستەمە بڕوخێنرێت بۆ ئەوەی کۆمارە ئیسلامیەکانی تر ئەمجارە بە ناوێکی ترەوە دەسەڵات بەدەست نەهێننەوە. سەد ساڵە لە مێژووی ئێراندا یەک لە دوای یەک دیکتاتۆریەتمان هەبووە و ڕۆڵی هەموویان بەرگریکردن لە سیستەمی چینایەتی هەلپەرستانی ئیستغلالکار بووە. هەندێک جار لەژێر ناوی قاجار، هەندێک جار بە ناوی پەهلەوی، هەندێک جار بە ناوی قورئان و ئیسلام و کۆماری ئیسلامی.
ئەم شۆڕشە شۆڕشێکە بۆ یەکلاکردنەوەی حیساباتی مێژوویی لەگەڵ هەر جۆرە دیکتاتۆریەتێک، بەو سیستەمەی کە لە ئێراندا دیکتاتۆری دەخوازێت و پێویستی بە دیکتاتۆری هەبووە. پێویستە لە ڕەگەوە لێی ببڕدرێت و ئەم شۆڕشە شۆڕشێکە لە دژی ئەو نیزامەی کە پێویستی بە کۆماری ئیسلامییە بۆ بەرگریکردن لە خۆی. بۆ بەرگری لەخۆی پێویستی بە دیکتاتۆریەت هەیە. شۆڕش دەیەوێت ئەم نیزامە لەناو ببات.ئەمە مانای ژن ژیان ئازادیە.
باشە لەمەودوا چی ڕوودەدات؟ بۆ کوێ دەڕۆین؟ ئەو وێنەیەی ئەمڕۆ هەیە ئەوەیە کە خۆپیشاندان و مانگرتن و گردبوونەوە و ناڕەزایەتی خوێندکاران و توێژە جیاجیاکانی وەک کاسبکاران و خۆپیشاندان لە شەقامەکانی شارەکان و هتد کەمبووەتەوە. کەم بووەتەوە هەندێک کەس دەگەنە ئەو ئەنجامەی کە شۆڕش کۆتایی هاتووە. یان خەریکە کۆتایی دێت. وە کۆماری ئیسلامی بە ئێعدام و سەرکوت سەرکەوت. بەڕای من هیچ کام لەمانە ڕاست نین.
یەکەم: شۆڕش لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا بەردەوامە. هێندەی تر بەهێزتر لە دەرەوەی وڵات دەجوڵێت و لە ناوخۆی وڵاتیشدا هێشتا دروشمی شەوانە و دیوار نووسین و چلەکان و مانگرتنی گشتی هەیە. بەڵام ئەمە تاکە پرس نییە. بنەمای بابەتەکە ئەوەیە کە کۆمەڵگا چووەتە قۆناغێکەوە کە چیتر ئەم حکومەتە قبوڵ ناکات. ڕق و تووڕەیی خەڵک نەک هەر کۆتایی نەهاتووە یان کەم نەبووەتەوە، نەک هەر ڕازی نەبووە بەم دۆخە، نەک هەر بێ هیوا نەبووە، بەڵکو زۆر زیاتر لە ڕابردوو لە گۆڕەپانەکەدایە و بە ڕق و یاخیبوونێکی زۆر زیاتر لە سەرەتای ئەم شۆڕشە وە دەیانەوێت کۆماری ئیسلامی لە ناو ببەن.
شۆڕش هەوراز و نشێوی هەیە. لە ڕووی جوڵەی مەیدانییەوە، ڕەنگە فراوانتر یان تەسکتر بێت. بەڵام ڕۆحی کۆمەڵگا، ئاسۆی کۆمەڵگا، خواستی کۆمەڵگا هێشتا ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامییە.
فاکتەری بنچینەیی ئەوەیە کە بە بڕوای من ئەمڕۆ و نەک هەر لە شۆڕشی ئێستادا، بەڵکو لانیکەم لە ساڵی ١٩٩٦ تا ئەمڕۆ حکومەت و کۆمەڵگا وەک دوو دوژمن ڕووبەڕووی یەکتر وەستاون. لە ئێران هیچ کەسێک حکومەت بە بەرپرسیار لە کاروبارەکان ناناسێت، چونکە لە هیچ شتێک بەرپرسیار نییە. حکومەتێک کە بۆ نمونە نان و بژیوی خەڵک دابین بکات، هەلی کار بڕەخسێنێت، ڕێگری لە پیسبوونی ژینگە بکات، دادپەروەری بەرقەرار بکات، ڕێگری لە تاوانەکان بکات، ڕێگری لە دزی و گەندەڵی بکات و هتد. حکومەت نەک هەر ئەم کارانە ناکات، بەڵکو سەرچاوەی ئەو هەموو خراپەکاریانەیە. سەرچاوەی ئەو هەموو ئازارانەیە. خەڵک ئەمەیان بینیوە. بە فەرمی حکومەت لە زمانی خامنەییەوە خەڵک بە دوژمن ناو دەبات. دەڵێ شۆڕش پشێوی و پیلانی دوژمنانە. واتە مرۆڤەکان دوژمنی منن. وە خەڵک ماوەیەکی زۆرە ڕایگەیاندووە کە دوژمنەکەمان ڕاست لێرەدایە. خەڵکیش دەڵێن بمرێ خامنەیی. بە بۆچوونی من لە ساڵی ١٩٩٦ تا ئەمڕۆ و بەتایبەت لەم چوار پێنج مانگەی شۆڕشی ژن ژیان ئازادیدا، لە هەموو کاتێک زیاتر ڕوون بووەوە کە حکومەت و خەڵک وەک دوو دوژمن ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە. ئەوە “ئاژاوەگێڕەکان” نین کە دەگیرێن و ئەشکەنجە دەدرێن و لە سێدارە دەدرێن. ئەمانە دیلی شەڕی دەستی دوژمنی خەڵکن. وە خەڵک بریندارەکانی نابەن بۆ نەخۆشخانەکان چونکە نەخۆشخانە هی دوژمنە. لە ماڵەوە ئاگاداری بریندارەکانن. خەڵک دەمێکە حسابی خۆیان لەم حکومەتە جیاکردۆتەوە.
کاتێک ئەم پەیوەندییە لە نێوان حکومەت و خەڵکدا لە کۆمەڵگایەکدا دامەزرا، ئەوە ڕوونە کە ئەوە خەڵک نییە کە شکست دەهێنن. ناتوانی هەموو کۆمەڵگا بکوژیت، ناتوانی کۆمەڵگا بڕوخێنیت، بەڵام حکومەت دەتوانرێت بڕوخێنرێت و پێویستە بڕوخێنرێت. لە کۆمەڵگای ئێراندا پەیوەندییەک، کەشێکی سیاسی، گوتارێک و پارادایمێک هەیە کە دوو دوژمن لە دژی یەکتر ڕاگرتووە:٩٩٪ی کۆمەڵگا بەرامبەر بە ١٪ی دەسەڵاتدار.
لەم شەڕەدا مانەوەی کۆمەڵگەیە کە سەردەکەوێ. حکومەت بە ستراتیژی کوشتن و مانەوە شەڕ دەکات، بۆ مانەوەی خۆی لە دەسەڵاتدا، بۆ پاراستنی دەسەڵاتی دۆزەخی خۆی، خەڵک بۆ ڕووخاندن و مانەوەی ژیان، کۆمەڵگە بۆ درێژەدان بە ژیان خەبات دەکات و کۆماری ئیسلامیش بۆ درێژەدان بە جەهل و تاوان و خورافات و ستەم و کوشتار دەجەنگێت.
براوەی ئەم شەڕە تەنیا دەتوانێت خەڵکی ئیران بێت،وە حزبێکی وەک حزبی ئێمە لە مەیداندایە تا هەروەک چەند دە ساڵی هەڵسوڕانی خۆیدا نیشانی داوە، لەهەموو مەیدانەکاندا ئاڵای خەباتی لە دژی هەر جۆرە جیاکارییەک، لە دژی هەر جۆرە نادادپەروەرییەک، دژی هەر جۆرە چەوساندنەوەیەک بەرزکردوەتەوە و بە هەموو هێزی خۆیەوە شۆڕش بەرەو پیشەوەببات و بەهێزتری بکات. دڵنیام شۆڕشی ژن ژیان ئازادی، بە سەرکەوتنی خەڵکی ئێران، نەک تەنیا لە دەستی کۆماری ئیسلامی، بەڵکوو ڕزگاری کۆمەڵگە لەو سیستمە کە پێویستی بە حکومەتێکی دۆزەخی ئاوا هەیە، بەدی دێنێت.
بژی شۆڕشی ژن، ژیان ئازادی.

١ی شوباتی ٢٠٢٣




بیرەوەریيەکانی فەقێیەکی گومڕا(49).. شەماڵ بارەوانی

بەشی چل و نۆ

موسلیمم بە ئەفلاتۆن گۆڕییەوە..!

لەبەشی یەکەم دا باسم لەوەکرد. فەقێیەک بووم کە بێ ئەندازە موتاڵای کتێبانم دەکرد و دەمخوێندەوە.

دایکم زۆر جار پێی دەگوتم:کوڕم شێت دەبیت شێت، هێنده مەخوێنەوە لۆ مێشکت خراپە بە خوای.

هەرپارەیەکی لە فەقێیاتی لە ڕێگای زەکات و سەرفیترە و خێر و سەدەقەوە، دەستم دەکەوت، یەکسەر هەموویم بە کتێب دەدان و دەشمخوێندنەوە.

فەقێی تری هاوڕێشم هەبوو، بە زمانە بازاڕیەکەی گوتەنی:(ژنی پێ دەهێنا). پارەی زەکات و سەرفیترە و خێر و سەدەقە دەڵێم.

جا بە بۆنەی زۆر موتاڵاکردنم و کتێب کڕینی زۆرەوە، زۆربەی کتێبفرۆشەکانی هەولێر، ببوون بە هاوڕێم.

هەندێک لە هاوڕێ فەقێیەکانم پێیان دەگوتم: تۆ کەسێکی قرچۆک و ڕەزیلیت. لە ڕاستیدا قیچەک قرچۆک بووم، بەڵام ئێجگار واش نەبووم.

من بۆ کتێب کڕین، گەر بهاتبواو بە دەفتەریش دۆلارم هەبوایە، هەموویم بە کتێب دەدا و بۆ کڕینی کتێب، کورد گوتەنی پارەم دەڕشت. لە ماوەی ئەو چەند ساڵەی کە مەلایەتیم تێدا کرد، هەڵە نەبم نزیکەی دەفتەرێکم وەرگرت و هەموویشم بە کتێب دا.

من بە حوکمی ئەوەی بەو دواییە کتێبی فیکری و فەلسەفی و سیاسی و ئەدەبیم زۆر دەکڕین، ئەو کتێبانەش هەندێکیان نرخەکەیان زۆر گران بوو.

بیرمە جارێک چل و پێنج هەزارم بە یەک کتێب دا !

جا دایکم ڕەوانی شاد بێت، بەردەوام پێی دەگوتم ئەو هەموو کتێبەت لۆچییە؟ ئەوە نافرۆشرێتەوە بیانفرۆشیتەوە؟

منیش دەمگوت:ئەوانە ڕۆحی منن، هیچ کەسێک هەیە ڕۆحی خۆی بفرۆشێت!؟

سەرەتا زۆر کتێبی ئایینیم دەکڕین، کتێبی سەلەفیزمەکان و ئیسلامیەکان، کتێبەکانی ئەقیدە و کتێبە مەزهەبی و فیقهیەکان، کتێبی مێژوویی سەبارەت بە مێژووی ئیسلامی ..تاد.. هەموویشم دەخوێندنەوە.

وەختێک زۆر قەرەزاوی ئیخوانیم دەخوێندەوە، نزیکەی سەت کتێبی ئەو پیاوە ئیخوانیەم سەبارەت بە ئەقیدە و سیاسەت و فیقه و سیکۆلاریزم و ڕەوتی ئیسلامی سیاسی و ..تاد. لە حوجرە دا خوێندەوە.

ئەوکات من فەقێیەکی زۆر دوگمایی بووم، ڕوانینێکی زۆر سەقەت و هەڵەم بۆ چەمکی سیکۆلاریزم هەبوو.

بەهۆی ئەوەی ئەوکاتە ئیخوان بووم و سیکۆلاریزمم بەو تەفسیرە سەقەت و تێگەیشتنە خوار و خێچەوە، لەو پیاوە ئایینیە ئیخوانییەوە ناسی.

هەڵبەت ئەو پیاوە ئایینیە ئیخوانیەی کە ئێستا کۆچی دوایی کردووە و تا لە ژیاندابوو وەکو ڕووناکبیر و نووسەری کۆچکردوو( شاکرنابلسی)دەڵێت، دەم لە هەموو بابەتێک دەکوتێت.

ئەو قەرەزاویەی کە کوڕەکەی خۆشی “عبدالرحمن ڕازی نەبوو بە فەتواکانی وەك لە نامە بە هێزەکەی گوزارشی لێکرد.

بە باوکی گوت تۆ سیاسەت تێکەڵ دەکەیت بە دین، کاتی هاتووە بوەستی و قسە لەسەر دین بکەیت وەك فەقیهێك، لە باسی سیاسەتیشدا بوەستی چونکە تۆ سیاسی نییت.”٭

ئەو قەرەزاویەی لە کتێبەکانی، زۆر بەسەقەتی و چەواشەکارانە، باس لە سیکۆلاریزم دەکات. لە فەقێیاتی کتێبێکی(عەلی باپیر)یشم خوێندەوە، لەژێرناوی(تەوژمی ئیسلامیی و عەلمانی، خاڵە هاوبەش و جیاوازەکانیان)، ئەمیش هەمان شێوەی قەرەزاوی زۆر سەتحیانە و چەواشەکارانە و بە سەقەتی، باس لە سیکۆلاریزم دەکات.

کتێبێک: دەتگوت فەقێیەکی تازە هاتووی حوجرە نووسیویەتی. خۆزگە هەر نەی نووسیبوایه.

سیکۆلاریزم هیچ کاتێک بە واتای دژایەتی کردنی ئایین و قەدەغەکردنی ئایین و مورادیفی ئیلحاد و بێ دینی نایەت، وەکو ئەوەی قەرەزاوی و عەلی باپیر و ئیسلامگەراکان و سەلەفیەتی دینی، وای پێناسەدەکەن و بە هەڵە و مەبەست و نەزانانە، بۆ دەروێشەکانیان و خەڵکێکی سادە لەوح، ئیعراب و شرۆڤەی دەکەن.

ئەو سەلەفیزم و ئیسلامگەرایانەی بە هەڵە و چەواشەکارانە، دیسان بە مەبەست بۆ لێدان لە سیکۆلاریزم، دێن و کۆمۆنیست و ماتریالیست لەگەڵ سیکۆلاریزم تێکەڵ دەکەن و عەلمانییەت، هاوتای بێ دینی و یەکسان بە ئیلحاد و بێ بڕوایی دەکەن !

ئەو فێندەمێنتاڵیستانەی «زۆر چەواشەکارانە پڕۆپاگندەی بێ بنەماو بەتاڵ دەکەن، نەخێر، هەرگیز، عەلمانیەت بە هیچ شێوەیەک دژایەتی کردنی دین نییە، بەڵکو عەلمانیەت دەیەوێ. ئیتر دیانەت، خواپەرستی، نوێژ، زکر، تەهلیلە، مزگەوت، تەکیە، خانەقا و ئەو شتانە پتر بخرێنە قاڵبێکەوە کە ڕێگە لەگەشەکردنی کۆمەڵایەتی نەگرن.»٭

ئەو فێندەمێنتالیستانەی « وائەزانن لەوڵاتی ئێمە خەڵک زۆرتر خوا پەرستە، لەوڵاتە دیموکراتی و ئازادی و مەدەنیەکانا خەڵک زۆر لە خوا هەڵگەڕاوەتەوە، بە پێچەوانەوە، لەوییا مەسائیلی خواپەرستی و ئازادی عەقیده زۆرترە لەلای ئێمە، زۆر زیاترە.٢١٢»٭

ئەو فێندەمێنتاڵیستانەی وا حاڵی بوونە کە «عەلمانیەت ئیلحاد ئەگەیەنێ..گوایە عەلمانیەت دژی ئایین، خواو، یەکتاپەرستی، پێغەمبەر، ئەسحابەکان، قورئان دڕاندن و سوتاندنە.١٦٢»٭

لێرە چیتر لەسەر ئەوە ناڕۆم. من بو ئەو چەواشەکاریانەی سەبارەت بە چەمکی(سیکۆلاریزم)، نووسینێکی درێژم لە ژێرناونیشانی(سیکۆلاریزم و چەندسەرنجێک) نووسیوە و ب(١٥) بەش، لە ڕۆژنامەی(بۆ پێشەوە) و ماڵپەڕی(دابران) بڵاوبووەوە. خوێنەر دەتوانێت بۆیان بگەڕێتەوە و بیانخوێنێتەوە.

ئینجا با بگەڕێینەوە سەر بنچینەی بابەتەکە.

من بەو شێوەیە سەلیقەیەکی بێ ئەندازەی کتێب خوێندنەوەم هەبوو. ئێستاش هەروام.

دواتر کە ئاسۆی بیرکردنەوەم تۆزەک واڵابوو و خەریک بوو لە هەندەک شت تێدەگەیشتم. ئینجا دواتر کتێبی سیاسی و دەروونناسی و کۆمەڵناسی و فەلسەفی و فیکری و ئەدەبیم کڕین. دەیان و سەدان ڕۆمانی جیهانی و عەرەبی و کوردیم خوێندەوە، تۆلستۆی، دۆیستۆڤیسکی، چیخۆف، پاولۆکۆیلۆ، میلان کۆندێر، گابریل گارسیا مارکیز، جۆرج ئۆروێڵ، کامۆ، سارتەر، کافکا، سادق هیدایەت، نەجیب مەحفوز، بەختیار عەلی..تاد. زۆربەی رۆمانەکانی ئەو ڕۆماننووس و نووسەرانە و دەیان نووسەر و ڕۆماننووسی ترم لە حوجرە خوێندەوە.

مارکس و فەلسەفە ماتریاڵەکەی و دیالیتکی مێژووییم خوێندەوە، لەوێوە هاوسۆزیم بۆ چینی کرێکار و مەیل و عەشقم بۆ عەدالەتە کۆمەلایەتییەکەی مارکس لە ناخدا دروست بوو.

بەرهەمەکانی فرۆید و داروین و کتێبی دەیان زانایترم خوێندەوە.

بەڵام دواتر کە هێدی هێدی خەریکبوو دەگۆڕام و باوەڕم بە هەندێک شت لەق دەبوو، دەستم کرد بە فرۆشتی زۆرێک لەو کتێبە ئایینی و فقهیانەی کە سەرەتای ژیانی فەقێیاتیم کڕیبوومن. هەڵبەت هەموویم خوێندبوویەوە، لەگەڵ ئەوەی دەمفرۆشتن یەکسەر پارەکەیم بە کتێبی تری فەلسەفی و ئەدەبی و فیکری و سیاسی و دەروونناسی کۆمەڵناسی دەدا.

هەندێک جاریش لەگەڵ خاوەن کتێبخانەکان ڕاستەوخۆ کتێبەکانم دەگۆڕییەوە.

بۆ نموونە(سەحیحی موسلیم بە شەرحی ئیمامی نەوەوی) لە پشووی هاویندا هەڵەنەبم هەژدە بەرگ بوو، جگە لە باسی حەج و هەندەک شتی ترنەبێت، ئەوەیترم زۆربەی خوێندەوە.

دواتر ڕۆیشتم ڕێک بە سەرجەمی بەرهەمەکانی ئەفلاتوونم گۆڕییەوە، لە یەکێک لە کتێبخانەکانی پشت پارێزگا.

جا کۆمەڵێک هاوڕێم لە کۆلێژی شەریعە و فەقێ دۆگماییەکان، ئەوانەی دژی خوێندنەوەی فەلسەفەبوون و تێڕوانینێکی زۆر نا ساخڵەم و هەڵەیان لە بەرامبەر فەلسەفە هەبوو، ئەو کارەی منیان زۆر پێ سەیربوو !

هەرچەندە هاوڕێ بووین و یەکتریشمان زۆر خۆشدەویست، بە تەنز و گاڵتەوە پێیان دەگوتم: هەی زەندیک، چۆن ئەو کارەت کردووە؟! گاڵتەیان پێدەکردم.

منیش لە وڵامدا دەمگوت:دەی من زۆربەی سەحیحی موسلیمم خوێندووەتەوە، ئینجابردوومە و گوڕیومەتەوە. بـەڵام ئێوە، هەندێکتان کێبێب دەکڕن، تەنها بۆ جوانی لەنێو ڕەفە ڕیزی دەکەن.

بگرە زیادەڕەوی ناکەم گەر بڵێم: زۆربەتان کتێب ناکڕن و ناشخوێننەوە.

دەی بەشەربن و یەک بەرگی سەحیح موسلیم بخوێننەوە، ئەفلاتۆن و فەلسەفەکەی بۆمن لی بگەڕێن.

تێبینی: لە دوای قورئان، لە ئیسلام ، لای هەموو ئەم گرووپ و مەزهەبانەی ناویان لەخۆیان ناوە(اهل السنە والجماعە)، هەردووک کتێبى سەحیحی بوخاری و موسلیم بە دوو بڕوا پێکراوترین کتێب دێن و زۆرێک لە فەتواو ئەحکامە شەرعیەکان، لەو دوو کتێبەوە هەڵێنجراون و ئەو دوو کتێبە دایکی ئەحکامەکان و سەرچاوەی ئەحکامەکانن.

…….

٭عەدنان ئیبراهیم، حەسەن بەنای ئیخوان مامۆستای فەشەل و شکست! و:محەمەد هەریری.

٭مەلابەختیار، (دیموکراسی و دوژمانی)، ل١٦٣.

٭سەرچاوەی پێشوو، ل٢١٢.

٭هەمان سەرچاوە، ل١١٢.




پەردەلادان له پۆستەری “دەروازەی خەونەکان” لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی بەرلین..

پۆستەری به‌ڵگه‌فیلمی “دەروازەی خەونەکان” بە وێنەیه‌ک له‌ کچانی جەنگاوەری کۆبانێ

مەنسوور جیهانی ـ

پۆستەری ئینگلیزیی به‌ڵگه‌فیلمی سینه‌مایی دۆکیۆمێنتاری “دەروازەی خەونەکان” لە دەرهێنانی “نێگین ئەحمەدی” و له‌ بەرهەمهێنانی “ئیلاهه‌ نه‌وبەخت” هاوکات لەگەڵ به‌شداری له‌ بەشی رکابه‌ریی “نەوەکان”ی حەفتا و سێهەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “بەرلین” لە وڵاتی ئەڵمانیا پەردەی لەسەر لادرا.

بەڵگەفیلمی سینەمایی “دەروازەی خەونەکان” (دروازە رویاها) DREAMS’ GATE لە دەرهێنانی سینەماکاری پاوەیی “نگین ئەحمەدی” و لە بەرهەمهێنانی خاتوو “ئیلاهە نەوبەخت” لە یەکەمین نمایشی جیهانی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی “نەوەکان” Generations لە حەفتا و سێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “بەڕلینالە” Berlinale لە وڵاتی ئەڵمانیا نمایش دەکرێت و بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی ئەم بەشە، لەگەڵ بەرهەمی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان ڕکابەری دەکات.

پۆستەری ئینگلیزیی “دەروازەی خەونەکان” به‌ وێنەیه‌ک له‌ کچانی جەنگاوەری کۆبانێ لە خه‌بات دژی تاقمی تیرۆریستی داعش؛ لە لایەن “ئیحسان بەرئابادی” بۆ بەشداری کردن لە بەرلیناله‌ دیزاین و داڕشتنی بۆ کراوە و بە ئامانجی ئاشناکردنی بینەران و به‌رده‌نگه‌کان له‌گه‌ڵ ئەم به‌رهه‌مه‌ سینه‌ماییه‌ بڵاوکراوەتەوە.

ئەم فیلمە کە بەرهەمهێنانەکەی زیاتر لە شەش ساڵی کات خایاندووە، چیرۆکی کچێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ بینەر دەگێڕێتەوە کە بە دوای بەشێک لە شووناسی خۆیەوە بە کامێڕاکەی دەچێتە ناو کچە شەڕڤانەکانی کۆبانییەوە؛ کچانێک کە نە تەنیا لەگەڵ داعش، بەڵکوو بۆ جیهانی خۆیانیش شۆڕشیان کردووە.

ئەمجارە، خودی فیلمساز و کامێڕاکەی هاوڕێی دەبن لە ڕووبەڕوبوونەوە لەگەڵ جیهانی دەورووبەری ژنانی خەباتکار و ئەو بایخانەی کە شەڕی بۆ دەکەن.

بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوەی نێودەوڵەتی ئەم بەرهەمە بەڵگەفیلمە سینەماییە، لە ئەستۆی ڕێکخراوەی سینەمایی “تەسویر گوستەر ئیلاهەی پارسی” (ئیلی ئیمەیج) Eli Image بە بەرپرسیارییەتی خاتوو ئیلاهە نەوبەختە.

ئەمە سێیەمین ئامادەبوونی “ئیلاهە نەوبەخت” وەکوو بەرهەمهێنەر لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “بەڕلین” دێتەئەژمار؛ ساڵی پاریش ئەو بە بەرهەمهێنانی فیلمی سینەمایی “ڕۆژی سێو” (روز سیب) The Apple Day لە دەرهێنانی “مەحموود غەفاری” لە “بەڕلینالە” ئامادەبوو.

ستافی ئامادەکردنی بەڵگەفیلمی سینەمایی “دەروازەی خەونەکان” بریتین لە:
دەرهێنەر: نگین ئەحمەدی، بەرهەمهێنەر: ئیلاهە نەوبەخت، وێنەگر: نگین ئەحمەدی، مۆنتاژ: لوقمان سوخەنوەر، نووسەران: نگین ئەحمەدی، فەرزانە فەتحی، مۆسیقا: حوسێن میرزاقولی، دەنگهەڵگر: بێهنیا یۆسفی، چاککردنی ڕەنگ و لابڕاتوار: سامان مەجدوەفایی، بەرپرسی بەرهەم لە ڕۆژئاوا: تەیم حوسێن Taim Hussein، بەڕێوەبەری نێودەوڵەتی: مینا عەلیخانی، بەرهەمێهنەرانی هاوکار: حەمیدڕەزا تەبەرایی (ئاوا ستۆدیۆAva Stadios پاریس)، ستێفان لێبۆڕن Stephanie Lebrun له کۆمپانیای بابل داک Babel doc، هاوارد وێتلەند کۆسێ Håvard Wettland Gossé، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی گشتی: مەنسوور جیهانی، بەرهەمی هاوبەشی وڵاتانی ئێران، فەڕەنسا و نۆڕوێژ، ساڵی بەرهەهێنان: 2022.

حەفتا و سێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “بەڕلین” بە بەرپرسیاری خاتوو “ماریتێ ریسێنبێک” Mariette Rissenbeek و بە دەرهێنانی هونەری “کاڕلۆ چاتریان” Carlo Chatrian لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لەوانە؛ بەشی پێشبڕکێی “سەرەکی”، بەشی پێشبڕکێی “نەوەکان” Generations، بەشی پێشبڕکێی “فڕۆم” Forum، بەشی پێشبڕکێی “کورتە فیلم”، بەشی پێشبڕکێی “بەڵگەفیلم” و چەندین بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی لەوانە؛ بەشی “پانۆڕاما”، بەشی “نمایشی تایبەت”، بەشی “نمایشی سینەمای کلاسیک” و … لە ڕۆژانی 16 تا 26ی فێبریوەری 2023 لە شاری بەڕلین لە وڵاتی ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت.

بۆ زانیاری زیاتر:
https://www.berlinale.de/en/2023/programme/202302234.html

بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی گشتی فیلمی “دەروازەی خەونەکان”.




هەپی بەیاز.. پشکۆ ناکام

کە مناڵ بووین لە ساڵانی شەستەکانا ، فیلمێکی کاوبۆی”عصابة” هەبوو کە زۆر لامان خۆش بوو ناوی”الشجعان الخمسة” واتا “پێنج کوڕە ئازاکە” بووکە یەکێکیان “جولیانو جیما” ئەکتەری ناوداری ئیتالی ئەو سەردەمە بوو ، ، ، ئەم پێنج کوڕە ئازایە ئەچوونە شارێکەوە کە زەلالەتی بوو بەدەست کۆمەڵێ چەتە و شەڕفرۆشەوە ، بەکوردییەکەی”سەرسەری” بوون، دەستیان بەسەر شارا گرتبوو و پارەی”بانک”ەکە شیان داگیر کردبوو ، ئێمە بەوانەمان ئەووت خائینەکان و بەر هێرشی پێنج کوڕە ئازاکە ئەکەوتن و هەر هەموویان تیا ئەچوون و ئێمەش بە چەپڵە ڕێزان بۆ پێنج کوڕە ئازاکە تا دوا دەقیقەی فیلمەکە سەیرمان ئەکرد… ئەم یادگارییەم بۆیە هاتەوە یاد ئەمڕۆ بەناو حکومەتی هەرێم لەگەڵ بەغا ئەگەنە وەزعێکی چەقیوو ” کە زوو زووش ئەچەقن !!” بە پەلە وەفدێکی پێنج کەسی ئەنێرێتە بەغا گوایا بە عەقڵ و ئیدراکی خۆیان لەو سەرسەرییانەی بەغا نەجاتمان ئەیەن ،!! و پێنج کوڕە ئازاکەی هەرێم ئەوەنە چوون بۆ بەغا کە هەر یەکەیان جانتایەکی سەفەری لە شوێنی ئیشەکەیەتی هەر کە تەلەفۆنیان بۆ کرا یەکسەر بەو فایلانەی نە کەم و نە زیای کردوە تا بەغا ناوەستن..لە هەموو خەڵکی کوردستان جگە لەم پێنج کوڕە ئازایە کەسی تر شک نابرێ کە بتوانێ لەسەر مەسەلەی نەوت و گاز قسە لەگەڵ بەغایا بکەن ، یەکێکیان ئەوەنە لە نەوتا شارەزایە بەیانیان بە موەزەفەکانی ئەڵێ “نەوتتان باش” ، ئەوەی تریان ئەوەنە مەعلوماتی ئەکادیمی لەسەر”گاز” هەیە کە زۆر جار گازی ڕێخۆڵە و مەعیدە و گازی سروشتیی ژێر ئەرزی لێ تێک ئەچێ !! كوڕە ئازایەکی تریان بەرپرسی کارەبای هەرێمە کە ڕۆژانە شەش سەعات هەیە ، واتا ئەتوانین بڵێین بەرپرسی یەک لەسەر چوار”ڕوبعێکی” کارەبای هەرێمە ، کوڕە ئازایەکی تر هەر ئەوەنە ئەزانێ کە سۆپا بە نەوت ئیش ئەکا ! ئازایەکی تریان بۆ مەسەلەی زمان و لە یەکتر گەیشتنیش کوردییەکەی ئەوەنە باشە کە” کاڵا” و “کاڵەک” لەیەک جیاناکاتەوە ، جا نازانم گەر بیکا بە عەرەبی لە جیاتی ” بضاعة” ئەڵێ ” بطیخ” …

….لەو هەموو گرفتە گەورە و قورسانەی بەهۆی سیاسەتی ناشیانەی نەوت و ئابووری هەرێم ئەو خەڵکە قوڕبەسەرە تووشی بوە بەناو حکومەتیش جگە لە پێنج کۆڕە ئازا (نە)گۆڕەکە کەسی تری نیە بە تەنگییەوە بێ ، ئەمانە ئەوەنە شارەزان بۆ چوون بۆ نان خواردنیش تەلەفۆن بۆ هەولێر ئەکەن ،، ئەم پێنج کوڕە ئازایە ئەوەنە دوورن لەو کارەی پێیان ڕاسپێراوە كە هەر لە خۆتەوە و لە توڕەییا حەز ئەکەی خائینەکان بیبەنەوە ، چونکە هەردوو لا و هەر یەکەی بە نەوعێ قوڕی کردوە بەسەر شارەکەیا ، “شەریف” ەکەی خائینەکان هیچ نەبێ کە دزی ئەکرد شتێکی بۆ خەڵکی شارەکە سەرف ئەکرد ، گەر” جولیانو جیما” چوار کوڕە ئازاکەی تر بە دەمانچە شارەکەیان ڕزگار ئەکرد ، پێنج کوڕە ئازاکەی هەرێم هیچ دەسەڵاتێکیان نیە بۆ دەرهێنانی خەڵک لەو میحنەتەی تیایا ئەژین…

لەوانەیە چارەسەرێک ئەوەبێ کە پێنج کوڕە ئازاکەی هەرێم بگۆڕدرێن بە پێنجی”تورک” چونکە دوا جار شەریفی شارەکە پارەی بانکی شارەکەی لە “تورکیا” شاردۆتەوە ، بەشی پێنج کوڕە ئازاکەی لێ یاوە و باقیاتی ڕەوانەی ئەوێ کردوە !! یەگجاری ئەوان ئەبن و ئەتوانن ببن بە پێنج کوڕە ئازاکە ، پێنجە ئازاکەی لای خۆمان تەنیا وەک”حەمەی بەرید” ئەچن بۆ بەغا و دەسەڵاتیان مساوییە بە “هەپی بەیاز”…..