فەلسەفەی ئازادیی و ئاودیوبوون لە ئەدەبی دۆستۆیڤسکی دا.. نووسینی: هیوا محەمەد ئەمین

ئەگەر جیهان ی ئەدەب ؛ بریتیبێت لە سێ کوچکە ی شێوەهەڕەمیی ، ئەوا بێ هیچ گومان ونووسی هەڵوێستەیەك ، ئەدەبی ( دۆستۆیڤسکی )گۆشەیەك ی پتەو وبنەڕەتیی ئەو جیهانەیە ، کە دەشێت زۆرێك لە کێشە و دۆزە مرۆڤایەتییەکان لەوێ دا بەرجەستە بووبێتن ٠ ئەدەب ی دۆستۆیڤسکی قوتابخانە ، ڕەوت و شێوازێك ی ئەدەبیی دەگمەن ، دانسقە و بێوێنەیە ، کە هەم خاوەن ی فەلسەفە و تایبەتمەندێتیی خۆیەتی هەمیش هەڵگری ڕەگەز و هێز ی کارلێك و کاریگەریی ٠ جیهان ی فەلسەفە ی ئەدەبیی دۆستۆیڤسکی ، لە هەر دەروازە ، گۆشەنیگا و دیدێکەوە بۆیبڕوانیت دەگەیتە ئەو باوەڕ و ڕاستیە ی کە نەك تەنیا هەڵگر ی دۆزێك ی مرۆڤایەتییە ، بەڵکو دەربڕ ی پەیامێك ی مرۆڤایەتییشە کە پێویستە بە ڕۆچوونێك ی قوڵ ، بیرێك ی وردبینانە و هەستیارانەوە هەم مامەڵە ی لەگەڵ بکەیت هەمیش تێیڕابمێنیت . ئەم تایبەتمەندییە لە شێواز و فەلسەفەی ئەدەبیی دۆستۆیڤسکی دا ، بەجۆرێك ڕەنگدانەوە و کاریگەریی لەسەر دەرون ( سایکۆلۆژیی ) و ویژدان ی خوێنەر دروستدەکات کە بخوازێت یان نا ، حەز بکات یان نا ، یەکانگیریی ئەو جیهانە بێت یان نا ، کێش دەکرێتە نێو ئەو جیهانە و سەرئەنجام هەست ی لێپرسراوێتیی ، بەرپرسیارێتیی و خەمخۆرێتیی تیای دا دروست یان زیندو دەکاتەوە ٠ ئاکار ی ئاقار و ئاراستە ی فەلسەفە ی ئەدەبیی دۆستۆیڤسکی ، کێشکردنی مرۆڤە بەرەو گەیشتن بە ئامانجی جیهانێك کە ( حەقیقەت ) ە ، حەقیقەتێك کە مرۆڤ تیای دا بە ئازادیی تەواو دەگات ، ئازادییەك کە دواجار ڕوناکایی یەزدان لە ڕوخسار و ناخی دا دەدرەوشێتەوە ٠مرۆڤ لەپێناوی گەیشتن بە ئامانجێك ی وەها دا ، ئازارێك ی ڕۆحیی و مەعنەویی زۆر دەچێژێت ، کە بە باوەڕ ی دۆستۆیڤسکی پێویستە مرۆڤ لەو پێناوە دا ، بە ئیمانێك ی پتەو ، و ئارامیی و سەبرێك ی تەواوەوە پێشوازیی لێبکات ٠
سیفات و تایبەتمەندیی ئەم جیهانە دەبێت لە چی و کوێ دا بێت کە فەرمان دەکات بە پێویستبوون لەسەر مرۆڤەکان کە لەپێناوی گەیشتن بە ئامانجێك ی وەها دا هێند لێبڕاوانە و شێلگیرانە ئازارێك ی وەها سەخت و ئاڵۆز لە ئەستۆ بگرن ؟ ! من لێرە دا ، و بەبێ لایەنگیرییم لە هیچ فەلسەفە و ئایدیایەك دەخوازم بەنێو ئەم جیهانە دا شۆڕببمەوە و خوێنەر بە جیهانێك ی ئەدەبیی ئاشنا بکەم ، کە کەمتر لە ئەدەبیات ی کوردی دا ئاماژەی پێکراوە ؟! پێویستە ئاماژەیەکیش بەوە بدەم کە ، ئەگەر لە ڕەوت ی نوسین و شڕۆڤەکانم دا باس لە دوو جیهان ی ئایدیالیستیی و ماتریالیستیی دەکرێت ، ئەوە دەربڕ و باوەڕی من نیە ، بەڵکو ئەوە خولیا و باوەڕ ی فەلسەفە ی نوسەر ، واتا دۆستۆیڤسکیە کە پێویستە خوێنەر هێندە بزانێت ، کە ڕوبەڕوی فەلسەفەیەکی ئەدەبییە و هیچیتر ٠جیهانی ڕۆمانەکانی دۆستۆیڤسکی جیهانێك ی پڕ سەیر و سەرسوڕهێنەرەن ، جیهانێک کە ڕوخسار و ڕۆح ی خەماویی ، کاراکتەر ی ناقۆڵا و ناوبازاڕیی ، جیهانێك کە دانیشتوانەکە ی هەژار و کڵۆڵن ، واتا ئەو کەسانە ی کە دۆستۆیڤسکی بەرەو خۆیان و ئەو جیهانە کێش دەکەن ، و دواجار هەرخۆیشیان دەبنە ڕێنیشاندەری ئەو ، جیهانێك کە کچۆڵەیەکی زۆر هەژار و کزۆڵە خۆی بە خاتو شازادەیەك ناگۆڕێتەوە ، جیهانێك کە دەرۆزەکەر ، سەرمەست ، ژنان و پیاوانی دەروننەخۆش تیای دا دەژین ٠ ئەم جۆرە جیهانە ، جیهانێکە کە بە تاوان و کار ی ناپەسەند تەنراوە ، کە لە هەرساتێك لە ساتەکان دا چاوەڕوانی کەوتنەوەی کارەسات ی مەترسیدار و خەماویی لێبکرێت ٠ دۆستۆیڤسکی پەپولە ی دەور ی ئەو گۆشە تاریکانە ی نێو کۆمەڵە ، کە تیای دا کەسایەتییەکان ی هەژار ، دڵپاك و سادەن ، واتا کەسانێك کە خاوەنی ویژدانێك ی پاك و بێگەردن و بەوپەڕی لەخۆبوردەیی و میهرەبانییەوە فرمان و فەرمان ی لێپرسراو وکوێخاکانیان جێبەجێ دەکەن ٠
نوسەر (( دۆستۆیڤسکی )) لە خولیا ی گەڕان بەدوا ی ئەو حەقیقەت و ڕوناکاییانە ی یەزدان دا ، پێویستی بە کات و شوێنێك ی گونجاو و لەبار هەبوو کە بتوانێت هەم لێیان تێبگات و هەمیش بەدەستیانبهێبێت ٠ زیندان لەبارترین ئەو شوێنە بوو کە نوسەر توانا ی گەیشتن بەو جیهان و ئامانجانەی هەبوو ٠ دۆستۆیڤسکی لە هەلومەرجێك ی نائارام و ناجێگیریی سیاسی دا دەستگیردەکرێت و بۆ چەندین ساڵ ژیانی بە دەستبەسەریی و مەحکومکراویی لەژێربار ی سەخت و دژوار ی کارکردنی زۆرەملێ ی زیندانەکان ی سیبریا دا تێدەپەڕێنێت ٠ زیندان چاکترین و لەبارترین ئەو شوێنە بوو کە دۆستۆیڤسکی بتوانێت ئەو جیهانە سەیر و پڕ تەراژیدییە بناسێت و ئەزمونی بکات ٠ ئەو لە زیندان دا توانی بەرزترین ڕەوشت ، دەگمەنترین و بەویژدانترین مرۆڤ ، واتا مرۆڤ ی ڕاستەقینە بدۆزێتەوە ، کەسانێك کە نە دەستەبژێرێك ی کۆمەڵایەتیی و ڕۆشنبیرن نە کەسانێك ی زانا و خوێندەوار ، بەڵکو کەسانێکن کە بەدەستی خۆیان کاردەکەن و بەڵام بیر ناکەنەوە ، ئەو جۆرە کەسایەتییانەش هەم لەلایەك ئەو ، واتا نوسەر بەرەوخۆیان کێش دەکەن و هەمیش ئازاری دەدەن ٠ دۆستۆیڤسکی باوەڕی وابوو کە نزیکبوونەوە لە خەڵك ی وەها سادە و ڕەشۆکیی ، نزیکبوونەوە بوو لە یەزدان ، چەمک ی یەزدانیش بەرزترین و پەسەندترین ئەو ئامانجە بوو کە نوسەر دەیویست خۆی و گشت مرۆڤایەتیی پێیبگات ٠ زیندان سەرەڕای ئەوەی کە زۆر توانا و بەهرە ی لەو دا کوشت بەڵام لەهەمان کاتیش دا گرنگترین ، هەستیارترین و گەشاوەترین قۆناخێك بوو لە ژیان ی ئەدەبیی و بیرکردنەوەی دۆستۆیڤسکی دا کە توانی تیرۆژێك لە حەقیقەت ی یەزدانیی بەدەستبهێنێت ٠ ئەو لە سەرەتای ژیان ی زیندانێتیی خۆی دا ڕووی لە ئایین کرد و بووە قوتابیەکی گوێڕایەڵی قوتابخانە ی مەسیح کە بەهۆی پەڕتوکی پیرۆز ( ئینجیل ) فێری ڕەوشت و فەلسەفە ی مەسیح دەبوو ٠
ئینجیل بۆ ئەو سەرکەوتنی دڵ بوو بەسەر هوشیاریی و ژیان دا ، ئەو دەیویست هەمیشە ئەو جۆرە سەرکەوتنانە بەدەستبهێنێت ، واتا ببێتە خاوەن ی فەلسەفە و ویژدانێك ی تۆکمە و پایەدار کە دووربێت لە جۆر ی ژیان ی ڕۆتین و ماتریالیستیی ، کە دواجار ئەو بەپشتیوانی باوەڕێك ی وەها سەرجەم ژیانی خۆی کردە دژایەتیکردن ی فەلسەفەی ماتریالیزم ٠ ئەو باوەڕی وابوو کە ئەم جۆرە فەلسەفەیە ، فەلسەفەیەکی وێرانکاریی و ئەهریمەنییە کە گیانی مرۆڤبوون لە مرۆڤ دا دەپوکێنێتەوە ؟ ! دۆستۆیڤسکیی دەروێش ی ڕێگە ی بەدەستهێنان ی حەقیقەتێك بوو کە پەیکەر و دیوی دەرەوەی مرۆڤی ڕەت دەکردەوە ، ئەو بەجۆرێك پێی لەم باوەڕ و بیرکردنەوەیە ڕۆدەچێت کە بگاتە ئەو ڕایە ی کە گشت بیر ، بیردۆز و یاسا زانستییەکان پوچ و بێمانان ٠ نوسەر باوەڕی وابوو کە تەنیا لەودیو جیهانی ماتریالیزم { جیهان ی ئەودیو سروشت } ەوە مرۆڤ توانا ی بەدەستهێنانی چەمکی مرۆڤایەتیی و فەلسەفەی مرۆڤبوونی هەیە ٠ ئەو تاکو بڕ و ئەندازەیەکی زۆر لە نامومکین بوون دا دەژیا ، ئەو باوەڕی وابوو کە نزیکبوونەوە و باوەڕبوون بە زانست وەکو بنەمایەك بۆ داڕشتنی فەلسەفە ی ژیان ، ئەوا مرۆڤ بێ ئەوەی ئاگای لەخۆی بێت ، دیوارێك ی پتەوی لەبەردەم ژیانی دا هەڵدەچنێت , کە ئاسۆ و مەودا ی بیرکرنەوە ی ئەو ، واتا مرۆڤ دیاری دەکات ، لەچوارچێوەی ئەم دیوارانەش دا زانست زیندانێك ی دروستکردووە کە مرۆڤەکان جگە لە کار و ژیان بیر لە هیچی دی ناکەنەوە ، ئەوانەیشی کە بیردەکەنەوە هەمیشە لەژێر بارێكی سەخت و دژوار ی دەرونیی دا دەژین ؟ ! دۆستۆیڤسکی لەڕاستیی دا چێژ لەو سەختیی و دژوارییانە وەردەگرێت ! ئەو ، ئەو دژواریی ، سەختیی و ئازارانە لەشێوە ی دیوارێك دا وێنا و بەرجەستە دەکات کە زۆر بە گران توانا ی بینینی ئەودیویان دەبێت ٠ ئەو حەزدەکات ( ئاودیو ) ی ئەو دیوارانە ببێت ، کە چیترلەودیویانەوە شوێنپێیەك لە دنیا ی ماتریالیزم و یاساکانی سروشت نابینرێن ٠ جیهان ی ماتریالیزم لای دۆستۆیڤسکی مۆتەکەیەکە کە لەسەر سنگی مرۆڤایەتیی دەنیشێت و بڕستی لێدەبڕێت ، نوسەر دەخوازێت ڕێك ئێمە بەرەو ئەو مۆتەکەیە بانگ بکات ٠ ناوبراو لە ناخی خۆی دا هەست بە واتای تەواو ی ئازادیی لەو مۆتەکەیە دا دەکات ، و باڵادەستیی نرخ و کاریگەریی ئەو ئازادییەش زیاتر دەدات بەسەر جیهان ی ماتریالیزم و خۆشیی دنیایی دا ٠ دۆستۆیڤسکی لە { بیرەوەریەکانی پیاوێك ی ژێرزەمینیی } دا دەڵێت : ( مرۆڤ تەنیا پێویستی بە ئیرادە ی ئازادە ، ئەگەر بەهەرچی نرخێك لەسەریبکەوێت یان بیکوژن ، لەوباوەڕەدام مرۆڤ هەرگیز ئازاری ڕاستەقینە ، واتا گەیشتن بەو مۆتەکەیە لەبیرناکات )) ٠لەڕێگە ی ناسین ، ئەزمونکردن و پەیڕەوکردن ی ئازار و سزایەك ی لەوجۆرەشە ، کە مرۆڤ توانای نزیکبوونەوە و باوەڕهێنانی بە غەیبیات ، موعجیزەکان و شتە هەستپێنەکراوەکان بەدەستدەهێنێت ، هەر لەم ڕێگەیەشەوەیە کە دەتوانێت هەست بە جیهان ی ئەودیو بوونی خۆی بکات ٠ ڕێگە ی ئازار و ئازادیی ، کار یان بە دۆزینەوە ی یەزدان کۆتایی دەهێنێت یان دروستکردن ی مرۆڤی یەزدانیی ! لە دید و جیهانبینیی دۆستۆیڤسکی دا باوەڕێك خۆی بەرجەستە و ڕادەگەێنێت ، کە کاتێك تەبایی لە نێوان مرۆڤ و یەزدان دا دروستدەبێت ، ئیدی نە یەزدان مرۆڤ هەڵدەلووشێت ، و نە مرۆڤیش لە یەزدان دا موستەحیل و نامومکین دەبێت )) ، واتا هەم یەزدان هەیە و هەمیش مرۆڤ ٠ بۆ ڕاگرتنی ئەم هاوسەنگیەش نێوبژیکەر یان نێوەندگیرێك ی چاکەخواز ی وەکو مەسیح پێویستە ، لەم نێوەندە دا مەسیح هەم ڕێنیشاندەر و شفابەخشە هەمیش کەرەستە و قوتابخانەیەکی ڕۆحیی ، کە مرۆڤ بەرەو ئامانج ی حەقیقەتێك دەگەێنێت کە ڕوناکایی یەزدان تیای دا درەوشاوەیە ٠ مەسیح لە ڕۆمانەکانی دۆستۆیڤسکی دا لە دوو جیهان ی جیاواز دا ڕۆڵ ی چاکەخوزانە دەبینێت ، یەکێکیان جیهان ی ئەمدیو دیوارێکە کە زانست و لۆژیك ڕێنوێنیی دەکات ، ئەویدیان جیهانێکە کە دابڕ لە هەر کات و شوێنێکە و دەکەوێتە ئەودیو جیهان ی زانستەوە ، ئەو دیوارانەش بریتین لەو لەمپەر و بەربەستانە ی ، کە ڕێگە لە ئازادیی مرۆڤ دەگرن ٠ دیوارەکانی دۆستۆیڤسکی بەرجەستەبووی وێنە و بارێك ی دەرونیی و کۆمەڵایەتیین کە لەناواخنیان دا هەڵگری ئەو نەریت ، کولتور و یاسا دنیایی و ئەخلاقییانەن ، کە ناهێڵن و لەتوانای مرۆڤەکان دا نابن کە ئاودیویان ببن ؟ ! لێرە دا کردار و پڕۆسە ی گەیشتن بە ئاودیوبوون ، کارێك ی سانا و بێکێشە نیە ، بەڵکو ڕێگەیەک ی پڕکێشە و نشێوییە کە دەبێت لەپێناوی دا ڕەنج و تێکۆشانێك ی ڕۆحیی و مەعنەویی بەکارببرێت ، تێکۆشانێك دواجار لێوانلێو لە ئازار و ئەشکەنجە ی دەرونییە ، کە سەرئەنجام مرۆڤ بەهۆیەوە ئامانجێك ی زیندو ، مانادار و ناوەڕۆکدار یان وێرانکەرانە بەدەستدەهێنێت ، گەیشتن بە ئامانجێك ی لەوجۆرەش لە میان و ڕەوت ی تەنیا یەك قۆناخ ی دیاریکراو دا نایەتەدی ، بەڵکو لە ڕەوت ی چەند قۆناخێك ی شێوە پەیژەیی شەقوشڕ و لەقولۆق دا پێکدێت ، کە لە پلە ی یەکەم دا سەردەکەویت و لەدواپلە ش دا توانای بینینی جیهان ی ئەودیو دیوارەکان بەدەستدەهێنیت ، دیوێك کە تیای دا ئازادیی لە ناخ و قوڵایی دەرون ی مرۆڤەکان دا بەرقەرار ، و بیر و فیکریش ئارام و ئاسودە ٠کەسایەتیەکانی دۆستۆیڤسکی دەیانەوێت بەهەرچی نرخێك بێت ئاودیوی ئەو سنورە یاسایی ، کۆمەڵایەتیی و ئەخلاقییانە بن کە مرۆڤ بەهۆیانەوە پێخوست و بێئیرادە بوونە ، بۆئەمەش کارگەلێك ی وەها ئەنجام دەدەن کە نائاسایی و لەسەروی وزە ، کار ، ڕەوشت و هەڵسوکەوت ی مرۆڤی ئاساییەوەن کە سەرئەنجام کار بە دانپێدانان ( ئیعتیراف ) ، تاوان ، خۆکوژیی و دوورخستنەوە ی سیبریا کۆتایی دێت ؟ ! ئا لەوێدایە کە ئیدی مرۆڤەکان یان بە ڕوناکایی یەزدان دەگەن یان بە کۆتایی و لەناوچوونی خۆیان ٠ ڕۆمانەکانی دۆستۆیڤسکی دەتوانین بیانکەینە دوو بەش ی سەرەکیی ، بەڵام بە دوو ئاراستە و ئاقار ی دوو جیهان ی جیاواز : یەکێکیان دنیا ی ڕۆتین و ڕۆژانەیەکە ، کە تیای دا پارەوپول ، تەماع ، چەپەڵیی ، دزیی ، گەندەڵیی ، ئێرەیی ، بێڕەوشتیی و بەرژەوەندیی تایبەت ڕۆڵ ی سەرەکیی دەگێڕن ٠ دنیا ی دووهەمیش ، دنیا ی دراما ڕاستەقینەکە ی مرۆڤە کە تیای دا مرۆڤەکان وێڵ و گەڕیدە ی دۆزینەوە ی یەزدان و هەوڵدانن بۆ بەرهەمهێنان و بەدەستهێنان ی مرۆڤ ی نوێ ٠ تەراژیدیا ی ڕاستەقینە لای دۆستۆیڤسکی نەبوون و ئاوابوون ی خۆر و دنیا ی مرۆڤبوون و ڕەوشتە ، ئامانجی ئەو لە نوسینەکانی دا پارە و پلە ی کۆمەڵایەتیی نیە ، شادیی و بەختەوەریی و سەرکەوتن ی مرۆڤ لە ژنهێنان و هەبوون ی سامان وگەنجینە دا نیە ، بەڵکو وێڵبوونە لەدوای یەزدان ؟ ! لە ڕۆمانەکانی ئەو دا پاڵەوانەکان عەوداڵ و هەڵوەدا ی هیچ سامان و پلەیەک ی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی نین ، دواجار ئەوانن کە سنورێك لەنێوان واقیع و خەیاڵ دا ناناسن ، دیارترین و ڕونترین بەڵگە بۆ ئەم سیفات و دیاردانە ڕۆمانەکەی دۆستۆیڤسکی { تاوان و سزا } یە٠ لەم ڕۆمانە دا خوێندکارێك ی زانکۆ پیرەژنێك ی سوخۆر ، ڕژد و چاوچنۆك ی پارەدار لەپێناوی بەدەستهێنان ی پارە و سامانەکەی دا دەکوژێت ، بەوئامانجە ی کە بتوانێت بەهۆیەوە ژیان ی خۆی و دایك و خوشکە دەستکورتەکەی لە برسێتیی و کڵۆڵیی ڕزگار بکات و بەختەوەریان بکات ٠
( ڕاسکۆڵ نیکۆف ) ی پاڵەوان ی تاوان و سزا باوەڕی وەهایە کە ، ئایا بوونی پیرەژنێك ی لەوجۆرە لە ژیان دا ، چی لە تەرازوی ژیان دەگۆڕێت یان لاسەنگ دەکات ؟ ! داڕشتن ی ئەم بیرۆکەیە کە لەسەرەتا دا بەشێوەی لێکدانەوە ی ناوەوە و لۆژیکیانە خۆی دەنوێنێت ، بەڵام پاشان دەبێتە پلان و دواجار کردار ٠ درام ی واقیعیی مرۆڤەکە ، واتا ڕاسکۆف لەوێ دا دەستپێدەکات کە سزادان ی دەرونیی خۆیەتی ٠ پاڵەوان پاش تاوتوێکردن ی ئەم دۆز و پرسە لە ناخی خۆی دا ، بزوێنەر و هاندەر ی سەرەکیی تاوانەکە دەدۆزێتەوە ! ! ئەو سەرەتا لای سۆنیا ی کچە هاوڕێی دان بە تاوانەکەی دا دەنێت و پێی دەڵێت کە لەپێناوی بەختەوەریی کەسوکار و مرۆڤایەتیی دا ئەوی نەکوشتووە ، بەڵکو تەنیا لەبەرخۆی بووە و هەرگیزیش پێویستی بە پارە نەبووە ؟ ! ئەو لە ئەنجامدان ی تاوانێك ی وەها دا هۆ و هۆکارێک ی دی پاڵیپێوەدەنێت ، تاکو لە دەرونی خۆی دا بزانێت و بیچەسپێنێت کە ئەو ، واتا ڕاسکۆڵ نیکۆف ، ئایا مرۆڤە یاخود تەنیا جانەوەرێك ؟ ! ئەو دەخوازێت بزانێت کە ئایا دەتوانێت ئاودیوی دیوارە ئەخلاقیی و یاساییەکان ی ناو کۆمەڵگەکەی ببێت ؟ ! ئەو وەك پیاوی ژێرزەمینیی ، دڵی لەنێو چوارچێوە ی دیوارە نەریتیی ، یاسایی و ئەخلاقییەکان ی کۆمەڵگەکەی خۆی دا دەگوشرێت ، ئەو لە خەیاڵی خۆی دا وادەزانێت بەو کارەی دەتوانێت لە خەڵکان ی دەوروبەرەکە ی داببڕێت و ئەوەی کە ئەنجامیداوە رەوایەتیی پێبدات ، بەڵام ئەو دواجار دەگاتە ئەو ڕاوبۆچونە ی کە ، بە ئاودیوبوون ی دیوارەکان خۆی بەرەو چارەنوسێكی ترسناك کە بەدەستهێنان ی ئازادیی و ئازادبوون ی بیر و ویژدانە دەبات ٠ ڕاسکۆل بەلێکدانەوە و ئەنجامبەندیکردن ی بیرۆکەکانی خۆی دەگاتە ئەو باوەڕە ی کە ئەو ، واتا پیرەژن لەمپەر و بەربەستێکە لەبەردەم ڕوخاندن و ئاودیوبوون ی ئەو دیوارانە دا ، بەڵام ئەو لەمپەرێک ی گۆشت و ئێسقانە و ، دەبێت کەوڵ و وردوخاش بکرێت ، ئەو سەرئەنجام دەگاتە ئەو ڕاستییە ی ، کە مرۆڤێك ی بە تەنیا نەکوشتووە ، بەڵکو یاسایەک ی ئەخلاقییشی شکاندووە ! ! پاڵەوان ی ڕۆمانەکە ڕاسکۆڵ پاش ئەنجامدان ی تاوانێك ی لەوجۆرە ، دەخوازێت ڕاوبۆچونی خۆی دەربارە ی یەزدان بزانێت تاکو لەو ڕێگەیەوە بتوانێت ئازادیی خۆی بەدەستبهێنێت ، بەڵام ئەو لەوکاتەوەی کە لە هەلومەرج ی مرۆڤایەتیی دووردەکەوێتەوە ، ناتوانێت کەسێك ی ئازاد بێت ٠ ئەو لە سەرەتا دا باوەڕی وەها بوو ، کە بەپەڕینەوە لە سنورەکان ی ڕەوشت و ئەنجامدان ی تاوان ی کوشتنێك ، ئازادیی بەدەستدەهێنێت ، بەڵام بەپێچەوانەوە ، ئەو خۆیدەخواتەوە و شەو و ڕۆژ لەبیرکردنەوە و خۆدادگاییکردندایە ، ئەو چیدی دووکەرت بووە و بووەتە مرۆڤ و ڕەگەزێك ی دووانە و نامۆ ، ڕاسکۆڵ نیکۆف بەوکارەی هەم خۆی دەپوکێنێتەوە هەمیش ڕوناکایی یەزدان دەکوژێنێتەوە ٠ ترسناکیی پاڵەوانەکە لەوێ دا دەردەکەوێت ، کە ئەو ، واتا پیرژنەکە بە ئەسپێیەك دەچوێنێت ، بەڵام هەرچی و چۆنێك بێت ئەو بوونەوەرێكی مرۆڤایەتییە و هیچ مرۆڤێك ی تر شایانی ئەوە نیە کە مرۆڤێك ی دی لەپێناوی کەسێك ی تر دا بکرێتە قوربانیی ، چونکە لەدواجار دا مرۆڤ بەرجەستە ، شەقڵ و وێنە ی سروشت و دەستەڵاتێکە لە بوونی یەزدان ٠ ئەو هێزە دەرونیی و مرۆڤایەتییە ی پاڵ بە ڕاسکۆڵەوە دەنێت کە تاوانێكی لەوجۆرە ئەنجام بدات ، دواجار ناپاکیی لەگەڵ دەکات و دەیکاتە مرۆڤێك ی نائاسایی و توشی گۆشەگیریی و تەنیایی دەکات ، ئەو ئازادییە ی ئەم لە ناخ و نائاگایی خۆی دا لەچاوەڕوانیی و بەدەستهێنانی دا بوو ئێستا توشی سەرلێشێواویی ، دەرونلاوازیی و نامۆیی بووە ، دواجار ویژدانی ئەوە کە ناتوانێت لە سایە ی تاوانێك ی لەوجۆرە دا ئاسودە و ئۆقرەگرتوو بێت ، کاردانەوەیەك ی لەو چەشنەیشە کە ئەو هاندەدات دان بە تاوانەکەی دا بنێت و خۆی ڕادەستی یاسا کۆمەڵایەتیی و دنیاییەکان بکات ٠
یەکێك لە تایبەتمەندییە هەرەدیارەکان ی فەلسەفەی دۆستۆیڤسکی دەربارەی مرۆڤ باوەڕبوونی بوو بە ( دووانەیی – ثنائیە ) سروشتی مرۆڤایەتیی ! لە سروشت ی مرۆڤایەتیی دا لەنێوان چاکە و خراپە ، ئارەزوی ئاژەڵیی و مرۆڤایەتیی ، هۆکاری یەزدانیی و ئەهریمەنیی دا ناکۆکیی و ململانێی هەمیشەیی و بێبڕانەوە هەیە ، دۆستۆیڤسکی ئەم ناکۆکیی و دژانە بە یەکێك لە سیفات و تایبەتمەندییەکان ی کرۆک و سروشتی مرۆڤایەتیی دەزانێت ٠ تایبەتمەندایەتییەك ی لەوجۆرە هانی دۆستۆیڤسکی دەدات کە باری دەرونیی کەسایەتیەکانی توێکاریی و شیکاریی بکات و پاشان ڕاپێچی ئەنجامدان ی کار ی نائاسایی ، بێڕەوشتیی یان چاکەخوازییان بکات ، ئەم کارانەش کە لە کەسایەتییەکانی ئەو ، واتا نوسەر دا ڕەنگدەدەنەوە و لە کردار دا ئەنجام دەدرێن پەیوەندییان بە جیهان ی واقیعیاتەوە نیە و هیچ کار وکاردانەوەیەك ی ئەوتۆیان لەسەر یەکتری نیە و پابەند بە هیچ سنور یان کات و شوێنێکەوە نین ، بەڵکو بەشێوەی لێکدانەوە ی ئاڵۆز ، شاراوە و دوور لە لۆژیك ئەنجام دەدرێن ، ئەم جۆرە کەسایەتییانەش بریتین لە : خەڵکی بێڕەوشت ، نەفسنزم ، هەڵخلیسکاو ، توڕە ، شەهوەتباز ، ئەڤیندار ، سۆزدار و …تاد ٠
ئەم جۆرە مرۆڤ و کەسایەتییانە لە جیهان و ژینگە ی مرۆڤایەتیی ئێمە بەدوور نین و بە جیهان ی ئێمە ئاشنان ، جیاوازیمان تەنیا لەوێ دا دەردەکەوێت کە ئەوەی ئێمە لە گۆشە ی تاریك و تەریککەوتووی نائاگایی و ویژدان ی خۆمان دا دەیشارینەوە ، ئەوان ڕاستەوخۆ دەیڵێن و لە کرداریش دا ئەنجامی دەدەن ، دۆستۆیڤسکی : { ئەوەی کە تۆ ناتوانیت ئەنجام ی بدەیت ، من تاکو ڕادەی ئێسقان بردم } ٠ داخۆکەسایەتیی نەخۆش و حاڵەتە نائاساییەکانی نوسەر دەبێت کێ و چی بن ؟ ! دیارە نەخۆشێك بۆئەوەی کارێك ئەنجام بدات دەبێت خاوەنی جەستەیەك بێت ، بەڵام تایبەتمەندیی کەسایەتییەکان ی نوسەر ڕێگەپێدراو نین کە خاوەنی لەش یان جەستەیەك بن ، بەڵکو زیاتر دەربڕێکن لە جیهان ی فیکر و خەیاڵ ی ئێمە ، بەڵام کاتێك کە هەڵسوکەوت ، بیرکردنەوە و کاردانەوە ی کەسایەتییەکان لە واقیع و جیهان ی فیزیکیی و دەرونیی ئێمەوە نزیك دەبن ، ئەوا دەشێت تەنیا دەربڕی جۆرێك لە دەستەڵات ی هونەر ی ئەدەبیی دۆستۆیڤسکی بن ٠ بەڵام ئەوەی سەیر و جێگەی سەرسوڕمانە دەرنەکەوتنی ڕۆڵ ی کەسایەتیی ئافرەتە وەك کاراکتەرێك ی گرنگ و کاریگەر ، ئەم دیاردەیەش بەگشتیی لە سەرجەم ڕۆمانەکانی دا ڕەنگیداوەتەوە ٠ بەهەمان شێوەش دۆز و باس ی خۆشەویستیی و سێکسیش لە بیر و فەلسەفەی فیۆدۆر دۆستۆیڤسکی دا تاکو ڕادەیەك شاراوە و ئاڵۆزن ٠ خۆشەویستیی لای ئەو نیشانەیەك لە ئارامیی و پایەداریی جەستە و گیان نیە ٠ لە دیدی دۆستۆیڤسکی دا ئافرەت وەك نێوەندکارێك دێتە گۆڕەپانی ڕوداوەکانەوە ، ژن لە جێگە و پلە و پایە ی خۆی دا دەخوازێت تەنیا دەرد و ئازار لە پیاو دا بەئاگابهێنێت و ئاودیوی سنورە ئەخلاقیی و یاسا دنیاییەکانی بکات ، و پاشان لاوازی بکات دواجار بەرزی بکاتەوە و بیخاتە نێو جیهانێك ی نوێ و ئازادەوە ٠ ژنان ی دۆستۆیڤسکی ڕۆڵ ی ئاناکارنینا ی تۆڵستۆی ، دایك ی مەکسیم گۆرگی و ژنان ی یەشار کەمال ناگێڕن ، ژن جێگە ی ئامانج و مەبەست نیە ، بەڵکو کەرەستەیەک ی بێبایەخە و دەبێتە هۆی دووکەرتبوون ی کەسایەتیی پیاو کە یەکێکیان ئەو بەرەو عەشقی شەهوانیی و ئەوی دیان عەشقی بەزەیی دەبات ٠لە ڕۆمانی ( گێلە ) دا ، کەسایەتیی ( گێلە ) عاشقی دوو ئافرەت دەبێت :یەکێکیان عەشق ی شەهوانێتیی (ئاگلای ) ڕایدەکێشێت ، ئەوی دیان ڕوخساری خەمگین و ئازاراویانە ی ( ناستازیا ) یە کە ئەو هەست بە سۆز و هاودەردیەکی لەڕادەبەدەر بەرامبەری دەکات ، واتا ئەوی وەكو عەشق خۆشناوێت ، بەڵکو لە سۆنگە ی بەزەییپێداهاتنەوە دا ئەو لەبەرچاودەگرێت ، ئاشکرایشە کە دوو عەشقی شەهوانیی و بەزەیی هیچیان دوو مرۆڤ پێکناگەێنن و هیچیشیان عەشقی ڕاستەقینە نین ٠ عەشق پێش هەرشتێك خۆفیداکردنە ! بەڵام بەزەیی ، سەلماندن و سەپاندن ی باڵادەستیی کەسێکە بەسەر کەسێك ی تر دا ٠ پێویستبوون ی تێرکردن ی غەریزە ی شەهوانیی و جینسیی ، دەربڕی جۆرێك لە دەرکەوتە ی دنیا ی خۆپەرستییە ، کاتێك هەرزەکارێك دوای دۆستیی و جووتگیریی دەکەوێت ، بێ لە بیانویەك بۆ چێژوەرگرتنی جینسیی هیچیدی ناگەێنێت . کەواتە شەهوەتبازیی کامڵترین دیاردە ی جۆرێك لە گۆشەگیریی و تەنیاییە ، کە لەوانەیە ڕوبەڕوی هەموو کەسێك ببێتەوە ، مرۆڤ لەم تەنیایی و گۆشەگیریە دا خۆی وون دەکات و دەبێتە دوو کەرتەوە ٠ ڤێرسیلۆڤ لە ڕۆمان ی ( هەرزە – المراهق ) دا : { دڵم پڕ لە قسەیە بەڵام ناتوانم بیهێنمە سەرزمان ، لەوەدەچێت بووبێتمە دوو کەرتەوە } ٠
ژنان لە تەمەن ی پڕچاوەڕوانیی خۆیان دا ؛ لەپێناوی گەیشتن بە مەرامی خۆیان و خۆدانەدەست پیاوان دا ، خاوەنی چەندین چیرۆك و بەسەرهاتی تفت و تاڵن ، بەڵام هەر کە بەدەستتهێنان سەرزەنشتت دەکەن ، هەندێكجار دڕندە و دڵڕەقن و هەندێکجاریش دلۆڤان ، ئەوان لەو دلۆڤانییە چێژوەردەگرن ، ژنان خاوەن شەرمێكی ناقۆڵا و پیس و شەهوەتێك ی بێگوناهن ، ئەوان درۆ لەگەڵ پیاوی خۆیان و یەزدان و تەنانەت خۆیشیان دەکەن ، ڕوبەڕوی ژیان نابنەوە بەڵکو وەك لەیستۆکێك یاری پێدەکەن ، ژیان لایان ئاوێنەیە و هەرجارەی بەشێوەیەك خۆیانی تێ دا دەنوێنن هەرجارەش شێوە و ڕەفتارێك ی جیاوازیان هەیە ، تاکو لەو ڕێگەیەوە هەست بە بوونی خۆیان بکەن ٠ بەڵام تایبەتمەندیی پیاو بریتیە لە سەقامگیریی و پایەداریی ! پیاو کاتێك هەست بە هێزی خۆی دەکات کە ئێستێك بەرامبەر گونا‌ح و هەڵە و چاکەکانی خۆی دەکات ، بەڵام ئافرەت هەست بە هێز و توانای خۆی ناکات ، مەگەر لە نائاگایی دا ، پەیوەندیبەستن لەگەڵ ئافرەتان چاوەڕوانیی گشت ڕوداو و کارەساتێك ی ناپەسەند و ناقۆڵای لێدەکرێت ، کە چاکترینە لەدەستی هەڵبێیت ٠ کورت و کرمانجیی ، دۆستۆیڤسکی باوەڕی وایە : کە عەشقێك یەزدانیی نەبێت عەشقێك ی لەرزۆك ، نەڕسکاو و ئازاربەخشە ٠ نوسەر هێز و توانا و بیر و کاریگەریی فەلسەفەی خۆی لە (مەسیح )و پەڕتوکی پیرۆز ( ئینجیل ) وەردەگرت ، کە بەهۆیانەوە دەیخواست بەئاودیوبوون ی سنورە ئەخلاقییەکان ئازادیی بەدەستبهێنێت ٠ ئەم جۆرە فەلسەفەیە لە دنیابینیی دۆستۆیڤسکی دا بەڕادەیەك ی قوڵ و بە بەرفراوانیش لە هەناو ی گەل ی ( ڕوس ) دا ڕیشە ی داکوتا بوو ٠ دۆستۆیڤسکی باوەڕی بەوە بوو کە ڕۆح و ویژدان ی گەل ی ڕوس خەڵوەتگەیەک ی ئارام و ئاسودەیە کە تیای دا گیان ی مەسیح شادە ، واتا مەسیح لەنێو دەرون ی هەر مرۆڤێك و هەر گۆشە و کەلێنێك ی کۆمەڵگە ی ڕوسیی دا دەژیا ٠ دۆستۆیڤسکی لەبەرامبەر ئەو دەرککردنە دا تاکو لەژیان دا بوو نەفرەتی لە کولتور ی ڕۆژئاوا دەکرد ، ئەو پێی وابوو ، سیستەمی ڕۆژئاوا ناکۆك و ناتەبایە لەگەڵ ڕۆحیەت و فەلسەفە ی مەسیح ، دۆستۆیڤسکی باوەڕی وابوو ، کە بەدەستهێنان ی ئازادیی بەبێ بوون ی یەزدان نایەتەدی ، بەجۆرێك کە هەر گەلێك باوەڕی پێچەوانە بێت لەنێودەچێت ، هەربۆیە نوسەر تاکو مردیش بەرگری لەو باوەڕ و شێوەڕێبازە کرد ، دەتوانین بڵێین ڕۆمان ی ( شەیتانەکان ) ی دۆستۆیڤسکی بەرجەستەیەکی تەواوی ئەو باوەڕ و هەلومەرجە بوو کە نوسەر پێشبینیی دەکرد ! ئەم ڕۆمانە چیرۆك ی نەتەوەیەکە کەوا هاوکێشە ی کۆمەڵایەتیی ناهاوسەنگ بووە ، کە لەشوێن ئەوەی خۆی ڕزگار بکات ، بەڵام لەنێودەچێت . دۆستۆیڤسکی دژی ئەو کەسانە بوو کە باوەڕیان بە گۆڕان ی کۆمەڵایەتیی هەبوو ، ئەو ترسی لەو گۆڕانانە هەبوو ، گۆڕانێك کە ئاکامەکەی بەباوەڕنەبوون بە یەزدان کۆتایی بێت . نوسەر کۆمانەوە و تلیساندنەوە لەژێر بار ی قورس و کار ی دژوار و زریان و سەرما ی سیبریای پێ چاکتر بوو لە دەوڵەتێك ی سۆسیالیستیی ٠
شۆڕشگێڕان ی سۆسیالیست و جیهان ی زانست و یاساکان لە دیدی دۆستۆیڤسکی دا کەسانێك ی دووڕو و هەلومەرجێك ی هەڵفڕیوێنەرن ، ئەوانە زیاد لەپێویست گرنگیی و قەبارە بە گەل و مرۆڤ دەدەن ، دەیانەوێت بەکوشتن و قوربانیی ، خەڵك بگەێننە ئازادیی ، هەروەها دەخوازن لەجێگەی باوەڕبوون بە یەزدان ، باوەڕی کوفر و بێباوەڕیی بە خەڵک بسازێنن ٠ ڕاسکۆڵ لە ڕۆمان ی ( تاوان و سزا ) دا کاتێك ڕادەپەڕێت و لەپێناوی بەدەستهێنان ی ئازادیی خۆی دا دەستدەداتە ئەنجامدان ی تاوانێك ، ئەو ئیدی ئازادیی خۆی لەدەستدەدات و سەرئەنجام دەبێتە کۆیلە ی بیرێك ی سەلماو ؟ ! بەوپێ و پێوانەیە و لەو ڕوانگەیەوە ، کاتێك گەلێك لەپێناوی دامەزراندنی سۆسیالیستیی و سیستەمێك ی نوێی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان ڕادەپەڕێت ، بێ لە بەدەستهێنان ی کۆیلەیی و شێواویی و نائارامیی هیچی دی بەدەستناهێنێت ٠ ئەم دوو جۆرە ڕەهاگەرایی ( موباحیەت ) ە ی جیهان ی ئایدیا و واقیع لای دۆستۆیڤسکی لەوانەیە بوعد و لایەنێك ی مێژویی ، کۆمەڵایەتیی ، سایکۆلۆژیی و یاسایی خۆیان هەبێت ، ئەم دوو تاقیکردنەوەیە هاوشان ی یەك هەنگاو دەنێن و لەدواجاریش دا هەریەکەیان تووشی جۆرێك لە تێکشان دەبن ٠

سۆسیالیزم پێش هەرشتێك دۆزێك ی مەزهەبییە کە سەرچاوە ، کرۆك ، بنەما و ئاراستەی فەلسەفە ی خۆی لە جیهان و دنیابینییەك ی ئایدیالیستانەوە هەڵدەگۆزێت ، هەربۆیە سۆسیالیزم ناتوانێت بەتەنیا چاککەر ی ژیانی کرێکاران بێت بەڵکو چاککەر و ڕێکخەر ی جیهان ی مرۆڤایەتییشە ، سۆسیالیزم شانبەشان ی مەسیحێتیی ناڕوات بەڵکو جێنشینی ئەوە ٠ بەڵام خەوش و کەموکورتیەك کە دۆستۆیڤسکی تیای دا دەرکی پێکردبوو ئەوەبوو ، کە لەم قوتابخانەیە دا یەزدان بوونی نیە ، ئەبەدییەت شاراوەیە و زیندوبوونەوە و بەختەوەریی لە دواڕۆژ دا بوونی نیە ، واتا جگە لە بەختەوەریی سەرزەوی کە هەموو کەسێك توانای بەدەستهێنانی دەبێت ، ئەوا دنیایەك ی دی لەگۆڕێ دا نیە ، هەمووشتێك لەم جیهان ی سەرزەویە دا دەستپێدەکات و هەر لەم جیهانەیش دا کۆتایی دێت ، نرخ ی تاك ، کەس ، ژیان ی تایبەتیی ، هێز ی مەعنەویی و ئومێدە مەزن و نەمرەکان و … گشتیان لەم شیو و دۆڵ ی پوچ و تاریكی ژیان و نائاگاییە ی ئێمە دا لەنێودەچن ٠ سۆسیالیزم لێپرسراو ی پەیداکردن و دابینکردن ی ڕۆزیی و بژێویی خەڵکە ، بەڵام خواردن و خواردەمەنیی مانا ی ئازادیی نین ، بەڵکو مرۆڤ هەردەم برسیی و تینوی جیهان ی مەعنەویاتێکە کە مایە ی شادیی ، چێژبەخشیی و بەختەوەرییە بۆ مرۆڤ ، ئەمەش کارێکە کە نە بەئیشکردن دێتەدی نە بە گفتوگۆ و یاسا مرۆڤایەتییەکان ، لە دوابار دا خەوشی گشتیی سۆسیالیزم ئەوەیە ، کە نرخێك ی زیاد لە پێویست بە مرۆڤ دەدات ٠ شەیتانەکان پێشبینیەك ی ترسناك و بەخشینی شێوەیەك ی کاریکاتێریی بوو بە ڕۆژگار ی ئەوکاتە ، بەڵام هیچ کەسێك نەیدەزانی و سەرەدەرەی ئەوەی نەدەکرد ، کە دواتر و ڕۆژگارێك ئەو کاریکاتێرییە دەبێتە تابلۆیەک ی واقیعیی ؟ ! شۆڕش ی ئۆکتۆبر ی سۆسیالیستیی ئەو سەرئەنجامە شومە بوو کە شەیتانەکان باس ی لێوەدەکرد ٠ ئەوانەی خوازیاری ئەو شۆڕشە بوون لە گەل و پێداویستیەکانیان تێنەدەگەیشتن ، هەر ئەو باوەڕەیش بوو دۆستۆیڤسکی هاندا کە تاکو مردن دوژمنی سەرسەختی ئەوانە بێت ٠ ئەو باوەڕی بە ڕوسیایەك ی پێشکەوتوو هەبوو ، بەڵام دوور لە گیان ی ئەوروپاییبوون ، ڕوس ئەوەی لە توانا و بار دا هەیە کە خاوەنی مێژو و ئەزمون و ئامانج ی تایبەت بەخۆی بێت ٠ دۆستۆیڤسکی دوای ئەوەی سەردەمانێك تێکەڵ بە باس ، کۆڕوکۆبوونەوە و چالاکیەکان ی بەرهەڵستکارانی تەزار و حوکمڕانیی قەیسەر دەبێت پاشان دەکەوێتە نێو زیندانەکان ی دەوڵەتی تەزارەوە و فەرمانی لەسێدارەدانی بۆدەردەچێت ٠ ئەو ؛ ئەو بڕیار و فەرمانە ی بەشیاو و شایان ی خۆی دەزانی ، کاتێکیش ئەو فەرمانی سزاکەی هەڵدەوەشێتەوە ، هەرگیز ئەو چاکەیەی تەزار ی ڕوسیا ی لەبیر نەکرد و لەوێ بەدوا ژیانی بەوەوە گرێدا ، هەرئەم وەفا و چاکەلەبەرچاوبوونەش بوو کە پاڵی بە دۆستۆیڤسکیەوە نا کە نرخ و بایەخ ی گەل ی ڕوس بە ئەرتەدۆکس و تەزاریزمەوە گرێبدات ، واتا ئەو هەم باوەڕی بە ئەرتەدۆکس ی مەسیحێتیی هەبوو هەم بە گەل ی ڕوس ، ئەم باوەڕە هەست ی نیشتیمانپەروەرێتیی لەناخی دۆستۆیڤسکی دا دادەکوتێت ، جەنگ ی نێوان ڕوس و عوسمانیەکان ئەم هەستە لە ئەو دا دەگەێنێتە دواپلە ی جۆش و هەژانی خۆی ! نوسەر باوەڕی وابوو کە جەنگێك ی وەها ڕۆح وگیانی گەل ی ڕوس دەگەشێنێتەوە و دواجار جەنگێك ی پیرۆز بوو لەخزمەت بە مەسیح و مەسیحێتیی دا ، ئەو بەجۆرێك لە بیر و باوەڕێك ی لەوجۆرە دا ڕۆدەچێت کە لە ساڵ ی ١٨٧٠ دا بنووسێت : ( ئەوەی بە زەبر ی شمشێر نەیەتەدی ، پایەدار نابێت ) ٠ بەڵام بۆ ئەوێك کە کاتێك لە تاوان و سزا دا بڵێت : { بونەوەرێك ی کۆمەڵایەتیی نەکوشتووە ، بەڵکو ڕێبازێك ی کوشتووە } ئەوا باوەڕێک ی وەها لەگەڵ فەلسەفەی جیهانگیربوون ، مرۆڤایەتیی ، ویژدان و بیر و هزری مەسیح دا یەک نەدەهاتەوە ؟ ! ! لە دید ی دۆستۆیڤسکی دا ، بۆگەیشتن بە بیری یەکگرتن ی جیهان لە مەسیحێتیی دا گشت هۆکار و کەرەستەیەك ی بەڕەوا دەزانیی ، لە ڕۆمان ی ( برایانی کارامازۆف ) دا دەڵێت : { ئەگەر خوایەك لەئارا دا نەبێت هەموو شتێک ڕێگەپێدراو ( موباح ) ە } ، بەڵام نوسەر خاوەنی یەزدان و مەسیح بوو ، هەربۆیە بیر و هەڵوێستێك ی وەها دژ و ناکۆك بوو کە بتوانێت جەنگێك ی وەها خوێنین بەڕێوەبەرێت ؟ ! مەسیح لەپێناوی ڕزگارکردنی مرۆڤایەتیی دا خوێنی خۆی ڕشت ، بەڵام دیار بوو ئەو خۆی لە بەرامبەر هەڵوێست و بۆچونێك ی وەها دا ناچار دەبینی کە ئێسقانەکان وردوخاش بکات ، ئەوەش بەڵام ئەو و ویژدانی ئەوی ئازار دەدا ، لەئەنجام دا ئەو نەفرەت لە شارستانییەتێك دەکات کە دەبێت لەپێناوی دا پێست ی خەڵك بگوریت ، دۆستۆیڤسکی بەم جۆرە لە وەڵامەکان ڕادەکات : ( ئەگەر بەشێوەی تیۆریی لێیبڕوانیت لەوانەیە کارێك ی نەشیاو و ناشایستە بێت ، بەڵام لە کردار دا هەرئەوەیە کە هەیە ٠ ) نوسەر لێرە دا بێئاگایە لەوەی کە دروستکردن ی نەتەوەی ڕوس وەك گەلێك ی سەردەست و باڵادەست لە جیهان دا ، چەندێك لە نرخ ، پایە و شوێنی مەسیح کەمدەکاتەوە ؟ ! گشت مرۆڤایەتیی کۆمەڵێك ی هەڵبژاردە ، باڵا و دەستکردی یەزدانە ، ئەمە مەسیح گووتی ! بەڵام هەرچی و چۆنێك بێت ئاقار ی بیری دۆستۆیڤسکی ڕووە و هەڵکردنی چرا ی مەسیح و بەرجەستەکردن ی سیفات ی یەزدان بوو لە مرۆڤ دا ٠
وەک ئاماژەم پێی دا ؛ دۆستۆیڤسکی باوەڕی بە گۆڕانی کۆمەڵایەتیی نەبوو ، بەڵکو بە پەرەسەندن و کامڵبوون ی شێوە پەیژەیی یان پلەپلەیی مرۆڤ هەبوو ٠ ئەو لە ڕەوت ی کامڵبوون ی مرۆڤ دا دوو جۆر دەستەڵاتی دەخستەڕوو ، یەکێکیان دەستەڵات ی مادیی و ئەوی دیان مەعنەویی ، ئەم دوو دەستەڵاتەش خۆبەخۆ مرۆڤ بەرەو جۆرێك لە ئارامیی یان پەشێویی دەگەێنێت ٠
ڕاسکۆف بە کوشتن ی یەکێك و گێلە بەشێتبوون ، و شەیتانەکانیش لە ڕەوتی شۆڕش دا وێڵ ی دەستەڵات بوون ، دەستەڵات دەشێت هۆکار یان کەرەستەیەك بێت کە توانا ی بەرجەستەکردن ی ئازادیی لەخۆی دا هەبێت ، ڕۆمان ی ( هەرزە ) چاکترین نمونەیە کە دەستەڵات و ئازادیی تیای دا بەرجەستە کراوە ! ! هەرزە لەوێ دا دەیەوێت ئازادیی بەدەستبهێنێت ، ئەو لەوباوەڕەدایە کە سامان دڵنیاترین و نزیکترین ڕێگەیە بۆگەیشتن بە هێز و دەستەڵات ٠ ئەو کەسێك ی زۆڵە و لەئەنجامی زۆرگیریی – اغتصاب کردنی دایکە کارەکەرەکەی لەلایەن کەسێک ی بەناو ڤێرسیلۆڤەوە هاتۆتە دنیاوە ٠ هەرزە نە دایك ی هەیە و نە باوك ، ئەو دوورە لە هەر بەسەرکردنەوەیەکی سۆز و خۆشەویستیی ٠ ئەو لەلایەن پیاوێك ی دڕندە و نەزان ی فەڕەنسیی بەناوی تۆچاردەوە دەچەوسێتەوە ، تۆچارد ئەتکی ڕۆحی دەکات ، دەیبوغزێنێت ، ئازاری دەدات ، ڕیسوای دەکات ، سوکایەتیی بە کەسایەتیی دەکات و بە نۆکەر و بێنرخی دەنرخێنێت ، بەڵام هەرزە بەپێچەوانەوە ڕێزی لێدەگرێت ، لێیدەپاڕێتەوە و تکاکار ی دەبێت ، بەڵام ئەوانە هەمووی بێسود دەبن ٠ لێرە دا پێویستە بگوترێت کە مرۆڤ چەندێك پوچ و بێنرخیش بێت ئەوا خاوەنی جۆرێك لە غرور و و هەست ی شانازییە ، ئەم نۆکەرە دەخوازێت لەیەك سات دا هەم نۆکەر و هەم گەورە و کوێخاش بێت ؟ ! ئەو کەسێك ی سوککراو و ڕیسواکراوە بەڵام لەگەڵ ئەوەش دا بیردەکاتەوە ، بەڵام ئاخۆ بیرکردنەوە چی لە ژیانی ئەو سەوز دەکات ؟ ! ئەو لەئەنجامی بیرکردنەوە دا خەڵك بە هیچ دەزانێت ، دەیەوێت تۆڵەی خۆی بکاتەوە و خەڵکیی ڕێزیبگرن ، ئەو دەیەوێت ئاودیوی دیوارە ئەخلاقییەکان بێت ، تاکو هەم ئیعتیبار بۆ کەسایەتیی خۆی بگەڕێنێتەوە هەم بەدەستهێنانی ئازادیی و دەستەڵات ٠ ئەو لە سەرەتا دا دەخوازێت بزانێت کە ، ئایا ڕۆڵ ی سامان لە ژیان ی کۆمەڵایەتیی دا چیە ؟ ! ئەو دەیەوێت بەهۆی پارە و زێڕەوە لەچوارچێوە ی ئەو دەوروبەرە شێواو ، ماندوکەر و ئازاربەخشە دا ڕابکات ٠ لێرە دا ڕاسکۆڵ و هەرزە بەرەو یەك مەبەست و ئامانج شۆڕدەبنەوە ، و یەك تێکشکانیش ڕوبەڕوی هەردووکیان دەبێتەوە ، واتا بەرەو ئەنجامدان ی کارێك کە لەسەروی توانای کاری مرۆڤێك ی ئاساییە ٠ لە ڕۆمان ی هەرزە دا ، کەسایەتیی هەرزە جولەکەیەك ی دەوڵەمەندی ساماندار بەبۆگەن و بێڕەوشت دەچوێنێت ، لە تاوان و سزایش دا پیرەژنێك بە مێرو یان جانەوەرێك ٠ بێگومان ئەم دوو پاڵەوانە لەو کارانە ی کە ئەنجامی دەدەن ، هیچ سود و بەرژەوەندییەك ی بەرزی مرۆڤایەتیی تێ دا ڕەچاو ناکرێت ، بەڵکو تەنیا هەڵوەدای دەستەڵاتن ! هەرزە دەڵێت : { من پێویستم بە پارە نیە } ، ئەو وێڵ و عەوداڵی دەستەڵات بوو ، دەستەڵاتێك کە لە سایەی دا دەتوانێت گشت ویست ، ئارەزو و داخوازێك ی خۆی بەدەستبهێنێت ٠ هەرزە دەیەوێت لەسەر شارایەك ئاڵتون خۆی لەناوبەرێت و بەئازادیی خۆی بگات ، ئەو دیمەن ی خەون و خەیاڵەکانی خۆی لە ساتێك لە ساتەکان و لە هزر و بیرکردنەوەی خۆی دا وەها دەهێنێتەپێشچاو ، کە ئەو ئیدی کەسێك ی ساماندار ی خاوەن دەستەڵاتە ، و بەهۆیەوە پارە دەبەشێنێتەوە ، لەوێ دا ئیدی ڕاستییەکانی ناخی ئەو دەردەکەون ، واتا لەوێ دایە کە پارە و سامان هیچ ڕۆڵێك لە ژیان ، هەڵسوکەوت و بار ی دەرونیی ئەو ناگۆڕێت ٠ هەرزە لە وێستگەیەك ی شەمەندەفەر دا : { ئەگەر ئەم جەنەڕاڵە بێئەدەبە بیزانیایە من کێم ، ئەسپ ی لە عەرەبانە دەبەست و لەسەرکەوتنم دا دەست ی دەگرتم } ٠ ڕاسکۆڵ لە دید و باوەڕی خۆی دا ، بەدەستهێنانی ئازادیی و دەستەڵات لە کوشتنی کەسێك ی بێتاوان و سزا و چەشتنی ئازار ی سیبریا دا بەدەستدەهێنێت ، بەڵام هەرزە بەپێچەوانەوە ، و لەشوێن ئەو کارە پارە کۆدەکاتەوە ! ئەو لە شوێنێك دا : { پارە تەنیا هۆیەکە کە بەسوکترین و بێنرخترین کەسان ڕێگەدەدات کە بە بەرزترین پلە بگەن } ، ئەو پول بە پول کۆدەکاتەوە ، بەڵام لەجێگە ی ئەوەی کەسێك ی ئارام و بەختەوەر بێت ، هەمیشە لە حاڵی بیرکردنەوەیەک ی قوڵ دایە ، کە سەرئەنجام توشی نۆچدان و تێکشکان دەبێت ؟ ! تێکشکانی هەرزە لە مردنی (( ڕێنۆچکا )) دایە ، ئەو منداڵێك ی هەتیو و بێکەسە و هەرزە دەیگرێتەخۆی ، هەرزە لەپێناو ی گەورەکردن و بەختەوەریی ئەو دا تەواوی سامانی خۆی دەبەخشێت ، ئەو لە سەرئەنجام دا پاشەکشە لە ئامانجێك دەکات کە دارونەداری لەپێناوی دا کردووەتە قوربانیی ٠ دواجار ئەو لەکاردانەوە ی ئەو تێکشکانە دەرونییە دا دەستدەداتە قوماربازیی ، بەرەڵایی و پەیوەندیبەستن لەگەڵ خەڵکان ی نەفسنزم و بێبەهرە دا ، واتا بارێك کە ئەو ڕوبەڕوی پوچیی و تەنیایی دەکاتەوە ٠
دۆستۆیڤسکی لەدواتەمەنەکان ی ژیانی خۆی دا دەبێت ! واتا ئەو ئیدی ڕووە و پیریی دەڕۆیشت ، زەبری گورچکبڕی چەندساڵە ی زیندان و دژواریی و سەختیی ژیان ، ئەو هێدی هێدی دەچەمێنێتەوە ، و ماندوێتیی لە ڕوخساری دا وەدەردەکەوێت ! بەڵام ئەو ئێستا خاوەن تاقیکردنەوە و ئەزمونێك ی قوڵە ، دەستەڵاتی ژیریی دەستی بەسەر توانایی هزر و بیری ئەو دا گرتووە ، ئەو ئیدی خاوەن پەیامێکە و دەخوازێت بیگەێنێت ٠ دۆستۆیڤسکی لە دواڕۆژەکان ی تەمەنی خۆی دا ، ناو و ناوبانگێك ی زۆر ی پەیداکرد ، ئەو لە بەشداریکردنی یاد و ئاهەنگ ی پەردە هێنانەخوارەوە لەسەر پەیکەر ی شاعیر ی ناودار ی ڕوس (( پۆشکین )) ، پلەوپایە ی گەیشتە فەیلەسوف و پەیامبەرێك ، پەیام ی ئەو بۆ گەل ی ڕوس و گشت مرۆڤایەتیی بوو ! ڕۆمان ی (( برایانی کارامازۆف )) کە ماوەی سێ ساڵ ی بۆ نووسینی خایاندووە ، ئەو دوا پەیامە بوو کە بە ئەمانەت و ڕاستگۆییەوە گەیاندی ، ئەو دوای تەواوکردن ی ئەم ڕۆمانە چاوەکانی بۆهەمیشە لێکنا و لە ساڵی ٣١. ٦ . ١٨٨١ دا دنیا ی پڕئازار و ئەشکەنجە ی جێهێشت ٠ لێرە دا بەگرنگی دەزانم کە چەند دێڕێکی کورت سەبارەت بە پەیام ی ئەو مەزنە ناودارە کە ڕۆمان ی ناوبراوە بنووسم ، چونکە ئەم ڕۆمانە دوابەشی زنجیرەژیان ی فیکریی و فەلسەفیی ئەدەبیی دۆستۆیڤسکیە . هیوادارم خوێنەر ی هێژا بە حەوسەڵەی زیاترەوە لەخوێندنەوەی بەردەوام بێت ٠

برایانی کارامازۆف
خێزانی کارامازۆف لە شارۆچکەیەك دەژین ٠کارامازۆف پیرەمێردێكە کە سەرتاسەر ی تەمەن و ژیانی بە ڕەوشتنزمیی ، شەهوەتبازیی ، دڵڕەقیی و شاراوەیی بەسەربردووە ٠سێ ژنی هێناوە ؛ لە ژن ی یەکەمی کە هەمیشە دارکاریی کردووە کوڕێك ی لێیدەبێت بەناوی ( دیمیتری ) ، دیمیتریش کەسایەتیەکی هەرزە ، کاڵفام ، هەڵخلیسکاو و هەندێکجاریش دەم لە فەلسەفەی ئایدیالیستیی دەدات ٠ لە ژنی دووهەمیان ، کە کەسایەتییەکی شاتەشاتکەر و هاش و هوشکەر ی هەبووە ، کوڕێك ی لێیدەبێت بەناوی ( ئیڤان ) ، ئەمیش کەسایەتییەکی ڕۆشنبیری ترسناکە و گیانێك ی ئاژاوەچیانە و وێرانکاریانەی هەیە ، ئەو دەشێت بگوترێت قارەمان ی باوەڕ و فەلسەفە ی (( ڕەتگۆیی – نهێلزم )) ە ٠ هەروەها لەهەمان ژن کوڕێك ی تری بەناوی ( ئەلێکس ئالیۆشا ) دەخاتەوە کە کەسێكی خێرخواز و چاکەکارە و لەجیهان ی یەزدانناسیی دا قوڵدەبێتەوە و کەسایەتیی خۆی پێوەی گرێدەدات ، کە دەتوانین بڵێین ناوەندی فەلسەفەی چاکە و خێرخوازییە لە ڕۆمان ی برایانی کارامازۆف دا ، ناوەندێك ی ڕوناك کە تەواوی کەسایەتیەکان ی تری ناو ڕۆمانەکە لە دەوری دەئاڵێن ٠ کەسێك ی دی لەنێو ئەم خێزانە دا دەژێت بەناوی ( سێمەرد یاکۆف ) ، ئەو پیاوێکە و بەرهەمی زۆرگیریی – اغتصاب ی کارامازۆف ی پیرە لە کچێك ی هەژار ی کەڕولاڵ ، ئەمیش کەسایەتییەكە ، کە تایبەتمەندیەكی پوچ ، بێئابڕو ، فێڵباز و هاشوشکەری هەیە و نۆکەر ی ماڵەکەیە ، ئەم مرۆڤە پەیوەندیی لەگەڵ ئیڤان ی زڕبرای خۆشە و ستایسی دەکات ٠ لەنێوان ئەم باوك و چوار کوڕە دا ، ژنێك بەناوی ( گرۆشینکا ) هەیە ، کە هەریەکەیان بۆبەدەستهێنانی ئەو دژی یەکتری دەجەنگن ٠
سێمەردیاکۆف بەو خەیاڵ و باوەڕەی کە گوایە داوایەکی ناوەکیی یاخود ناخ و دەرون ی ئەو واتا ئیڤان جێبەجێ دەکات ، کارامازۆف ی باوك دەکوژێت ، بەڵام لەشوێن ئەو دیمیتری بە تاوانبار دەناسرێت و و دادگە لەپای سزاکەی دا ڕەوانەی سیبریا ی دەکات ٠
دوو بیری سەرەکیی بەسەر جەستەی ڕۆمان ی برایانی کارامازۆف دا شۆڕدەبنەوە ، یەکێکیان عەشق و ئەوی دیان یەزدانە ، شیاو و گونجاویشە بگوترێت گرۆشینکا و مەسیح یاخود شەیتان و فریشتە ٠ ئێمە پێویستە ئەم ڕۆمانە وەك ڕوداوێك ی ڕۆژانەیی سەیرنەکەین ، بەڵکو وەك سیمبۆل ، نیشانە و ئاماژەیەك بۆ گەیاندنی فەلسەفە و بیرێك یان پەیامێك لێیبڕوانین ! ! لێرە دا هەریەکێك لە کەسایەتییەکان سیمبۆلن بۆ دیاردەیەکی مرۆڤایەتیی و قۆناخێك لە کامڵبوونی ڕەوشت و ویژدان ی مرۆڤ کە خاوەنی تایبەتمەندیی و پێناسی خۆیەتی : کارامازۆف ی پیر یاخود باوك ، کەسایەتیەکی سروشت ئاژەڵییە ، کە هەڵوەدای سێکس و بەدەستهێنانی دنیا ی شەهوانیەتە ! ! دیمیتری ، ئالیۆشا ، ئیڤان و سێمەردیاکۆف تێکڕا و پێکەوە سیمبۆلن بۆ قۆناخێك لە گۆڕانەکان ی کەس یان ، مرۆڤێك کە وردە وردە لە سیفەت ی ئاژەڵییەوە ڕووەو پاکبوونەوەی گیان و باڵابردنی ڕەوشت و ویژدانی مرۆڤ دەڕوات ، واتا دروستبوونی مرۆڤ ی نوێ ٠ ئالیۆشا لە شوێنێك دا بە دیمیتری برای دەڵێت : { پەیژە ی شەقوشڕ بۆ هەموومان یەك شتە ، گریمان تۆ لە پلەی سیانزە دا وەستاویت و منیش لە پلە ی یەکەم دا ، لای من هیچ جیاوازیەکیان نیە } لەسەر ئەم پەیژەیە و لە دواپلە ی سیانزە دا ژنێك هەیە واتا گرۆشینکا کە لەژێر دەستی بازرگابێك ی پیر ( کارامازۆف ) دایە ، کە ئەوی لە نەهامەتیی هەژاریی و نەبوونیی ڕزگارکردووە ٠ ئەم ژنە هەرکەسە لە دید ، تێڕوانین و بەرژەوەندیی خۆیەوە لێیدەڕوانێت و پێناسی دەکات ، خزمێكی ژنەکە : کچێك ی هەرزە و بەرەڵایە ، کارامازۆف : سۆزانیی ، هەندێك ی دی : ئاژەڵە ، کەسانێك ی تر : نەخێر فریشتەیە ، دیمیتری : ژنێك ی ئاگرئاسا و بێئامانە ، ئالیۆشا : کەسێك ی سادەیە ٠ لێرە دا دەتوانین بڵێین ئەم ئافرەتە هەموو ئەو سیفەتانەی تێ دا هەیە یان بەجۆرێك ی دی : ئافرەتێك ی گەنج ، سێکسیی ، بۆگەن ، سیفەت ئاژەڵیی ، سۆزدار ، ئازاربەخش ، سەرشێت و …تاد ە ٠ کارامازۆف ی پیر گشت سامان و موڵکی خۆی دەکاتە میراتەبەش و بەسەر منداڵەکانی دا دابەشی دەکات ، بەڵام ئەو بەشی دیمیتری کوڕی بە گرۆشینکا دەبەخشێت ٠ گرۆشینکا کەسایەتیەکە وەك ئاگر لەدوی پوش دەگەڕێت ، نەهەنگێکە و دەوروبەرەکەی خۆی هەڵدەلوشێت ، ئەو ئارەزوی ئاودیوبوون ناکات ، بەڵکو لەیستۆکێکە و یاری پێدەکرێت ، و لەبەرامبەر دا ئەویش یاری بەخەڵك دەکات ٠ کارامازۆف لە دیدی ئەم ئافرەتە دا کەسایەتیەکی سوك و بێنرخە ! ، ئەم پیرەمێردە گشت شەوێك لەپەرێز ی ڕاوکردنی ئەو دا دەبێت تاکو لەگەڵی دا سەرجێگەیی بکات ، بەڵام گرۆشینکا نەخۆی دەداتە دەست ئەو و نە کەسێك ی وەك دیمیتری کە شێت و شەیدای بووە ٠ ئەم ئافرەتە بەهەردووکیان ڕادەبوێرێت ، تاکو کار دەگاتە ئەو شوێنە ی ، کە ململانێی نێوان باوك و کوڕە دەگاتە مریشکەڕەشە یان ئەوپەڕی توندوتیژیی و کۆڵانێك ی داخراو ٠ کارامازۆف ی باوك بەجۆرێك شەیدای ئەو ژنە دەبێت کە گشت ئازادییەکی لێزەوت دەبێت و دەبێتە کۆیلە ی ئافرەتێك ، دیمیتریش لەلایەکی دیەوە بەجۆرێك شەیدا ی جوانیی و سەرنجڕاکێشیی گرۆشینکا دەبێت ، کە کەسایەتیی ئەو دیل و شەتەك دەکات ٠
ئارەزو و شەهوەتی دنیایی و بەدەستهێنان ی ژیان بەجۆڕێك لەو کەسایەتییانە دا قوڵدەبێتەوە کە دەیانکاتە ئاژەڵێك و بەئەنجامدان ی تاوان و کاری ناشایستە خۆیان ئاودیوی سنورە ئەخلاقییەکان دەکەن ، باوك دەڵێت : { ئەو وەکو قالۆنچەیەك پاندەکەمەوە } ، دیمیتری بەرامبەر بە باوکی : { نازانم لەوانەیە بیکوژم و لەوانەیشە نەء ، دەترسم کاتێك بێت و نەتوانم تەحەمولی چڕوچاوی بکەم …. } کار لەپێناوی بدەستهێنانی ئەم ژنە دا بەڕادەیەك دەگات ، کە دیمیتری لەنیوەشەو دا دەسکە هەمەوانەیەك بەسەری باوکی دا بکێشێت و ( بیبورێنێتەوە ) ، سێمەرد یاکۆف کە چاودێریکەر و خۆلەمەڵاسدەر ی ڕوداوەکە ی نێوانیان دەبێت ، دەڕوات و لە پشتەوە کار ی لێدانەکە دەگەێنێتە ئەنجام و کارامازۆف ی باوك (دەکوژێت ) ، دیمیتری لەدوای ئەو ڕوداوە هەڵدێت و ڕەدوی گرۆشینکا دەکەوێت ، سەرئەنجام بەڵام پۆلیس ئەو واتا دیمیتری لەکاتی لوتکە ی مەستیی ، شادیی ، عەشق و دڵداری دا دەستگیردەکەن و دواجاریش تاوان ی کوشتنەکە بەسەری دا ساخدەبێتەوە ، پاشان بۆ بەسەربردنی شوێنی سزاکەی ، بەسزای کار ی بەزۆر وگران ڕەوانەی سیبریا دەکرێت ، گرۆشینکاش لەلایەکەوە فریوی پارەی باوکە و لەلایەکی تریشەوە پەیمانی هاوسەرگیریی بە کوڕ واتا دیمیتری دەدات ٠
ئەو شادیی و سەرمەستیە ی دیمیتری و گرۆشینکا دەیچێژن و زۆرجاریش کە لە ژیان و دەوروبەر ی کەسایەتیەکانی ناو ڕۆمانەکانی دۆستۆیڤسکی دا دێنەبەرچاو و وێناکردن ، نیشانە و ئاماژەیەکن بۆ هەستکردن و پێشبینیکردن ی ڕوداو یان کارەساتێك ؟ ! ئەم جۆرە شادیانە لای نوسەر مانا و مەغزا ی قوڵ دەبەخشن ، بەو واتایە ی کە هەر شادییەك مەعنەویی نەبێت شادیەک ی لەرزۆك ، کاتیی و تێکشکێنەرە کە ئەنجام بە لەناوچوون ی مرۆڤەکان کۆتایی دێت ٠دۆستۆیڤسکی هەروا بێ هۆ ، لەخۆڕا و بێبناغە کەسایەتیی و پاڵەوانەکانی خۆی بەسزا نەدەگەیاندن و لەنێوی نەدەبردن ، ئەو لەڕێگە ی سەلیقە و نەریت ی ئەدەبیی خۆیەوە بەجۆرێك زەمینەسازیی بۆ خوڵقاندن ی ڕوداوە پێشبینینەکراوەکان خۆشدەکرد کە ئاوس بێت بە کەرەستەی شادیی ، خۆشیی ، ڕابواردن ، مەستیی ، و عەشق ، واتا نوسەر لە لوتکە ی شادیی ، مەستیی ، عەشق ی سوتێنەر و چێژ ی دنیایی دا کەسایەتیەکانی خۆی دەگلاند بە ئەنجامدان ی تاوان ٠ دیمیتریش لەهەمان لوتکە ی ئەو شادییە دا بوو کە هەوڵی کوشتنی باوکی دابوو ، ئەو هەرچەندە لە دادگە دا بەرگریەکی زۆری لە بێتاوانیی خۆی دەکات ، بەڵام بێسود دەبێت ، و کەوتنەوەی ڕوداوەکان گشتی شایەتیی لە ئەنجامدەری تاوانەکە کە دیمیتریە دەدەن ، بەڵام لەڕاستی دا سێمەردیاکۆف ئەنجامدەری ڕاستەقینە ی تاوانەکەیە ! کەسایەتیی سێمەرد ڕۆڵێکی ترسناك و دۆزەخیی لە برایانی کارامازۆف دا دەگێڕێت ، ڕۆڵێك کە زۆر جێگە ی مەبەستی دۆستۆیڤسکیە ! ! هەر ئەو جێمەبەست و خواستلەسەربوونەیشە هانی نوسەر دەدات کە سێمەردیاکۆف بکاتە سیمبۆل و ناوەندی ڕوداوێك ی گرنگ ، کاریگەر و هەژێنەر٠ سێمەردیاکۆف بۆچی هێندە جێگە ی بایەخ و گرنگیپێدانی دۆستۆیڤسکیە ؟ ! سێمەرد دەربڕی چەشنێك لە جیهان ی ناوەوەی ئیڤان کارامازۆفە ، ئەو واتا سێمەردیاکۆف گیاندارێك ی بێزارکەر و نەفرەتلێکراوە ، ئەو ، ئەو بێزاریی و نەفرەتبەرکەوتنانە بەشایستەی خۆی دەزانێت و لەزۆر شوێنی ڕوداوەکان دا دان بەوە دا دەنێت ، لەڕاستیی دا ئەو حەزی لە نەفرەتبەرکەوتن و ڕیسوابوونە . ئەو بەهۆی بێبەشبوونی ئیڤان ی زڕبرای لە میراتی باوکی ، کارامازۆفی باوکیان دەکوژێت ، بەبێئەوەی ئیڤان ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ داوای ئەو کارەی لێکردبێت ٠ ئەو کاتێك کە ئەم کارە ئەنجام دەدات ، لەدید و بۆچوونی خۆی دا وادەزانێت کە داوا ، تکا و ئارەزویەک ی گەورەکەی خۆی کە ئیڤانە بەجێهێناوە ، واتا ئەوەی لەدەریا ی دڵی ئیڤان دا بەشێوەیەکی زۆر ئاڵۆز و پێچاوپێچ مەلەی دەکرد ، لەواقیع دا ئەنجام درا ، ئیڤانیش بەوکارە توشی سەرلێشێواویی ، سەسوڕمان ، دۆشدامان و دەرونلاوازیی دەبێت ! دەتوانین بڵێین ، سێمەردیاکۆف سیمبۆل و خاڵ ی پێکگەیشتن ی ئایدیا و کردارە ، یان تەواوکەری کەسایەتیی ئیڤان ٠سێمەردیاکۆف نیشانە و هەڵگری مانا و بوعدێك ی زۆر قوڵ و پێچاوپێچ ی مرۆڤایەتییە واتا ئەوەی کە لە جیهان ی نائاگایی ( لاوعی ) ئێمە دا دەردەکەون ، نالێپرسراو ، جیا و سەربەخۆ لە کردار و ویژدانمان نین ، هەر لەو دید ، ڕوانگە و باوەڕەیشەوەیە کە سێمەرد لە شوێنێك دا بە ئیڤان ی برای دەڵێت : { تۆ زۆر حەزت لە کوشتنی باوکت بوو ، بەڵام تۆ نەتدەتوانی ئەو بکوژیت ، ئارەزومەند و خوازیار ی ئەوە بوویت کە کەسێك ی دی ئەو کارە ئەنجام بدات ٠ } ٠

ئیڤان لەناخی خۆی دا هەرگیز هەستی بەوە نەکردبوو کە ئارەزو یان خواستێك ی لەوجۆرە لە ناخ و ویژدانی دا چەکەرەی کردبووبێت ، بەڵام کاتێك ئەو ڕوبەڕوی واقیعێك ی لەوجۆرە دەبێتەوە ، دەشێوێت و لەدەرونی خۆی دا و پاش لێکدانەوە و تاوتوێکردن ، دەگاتە ڕاستییەك کە لە شوێنێك دا بڵێت : { بەڵێ ، من چاوەڕێ ی ئەو کارە بووم ، لەبەرئەوە ڕاستە من دەمخواست ئەو بکوژم } ٠ بەڵام ئەوەی کە سەری ئیڤان لەم هێنان و بردنانە دەسوڕمێنێت ئەوەیە کە : { ئایا من تاکو ئەو ڕادەیە حەزم لە مردن ی باوکم بوو ؟ ! } سێمەردیاکۆڤ لەوێ دا و ڕاستەوخۆ بە ئیڤان دەڵێت : { بەڵێ تۆ کووشتت ، پیاوکوژی ڕاستەقینە تۆیت ، من تەنیا یارمەتیدەرێكی تۆ بووم … } سێمەرد لە دادگاییکردنی ئیڤان و لە بیر و ویژدانی خۆی دا تەنیا یەك بەڵگە دەبینێتەوە ، ئەویش دەقی قسەیەکی ئیڤان خۆیەتی کە لەکاتیخۆی و لە میانە ی گفتوگۆیەکی لەگەڵ سێمەردیاکۆف دا بەگوێی دا دەدات و پێی دەڵێت { ئەگەر یەزدانێك نەبێت ، ئەوا هەمووشتێك ڕێگەپێدراو ( موباح ) ە } سێمەرد ڕێك لەسەر بنچینە و هێزی کاریگەریی ئەو قسەیە ی ئیڤان دەبێت کە تاوانێك ئەنجام دەدات ٠ ئیڤان لە ڕوانگە و دید ی یاسا ی مرۆڤایەتی و زانست دا کەسێكی بێتاوانە ، بەڵام لە دیدگە و دنیابینیی ئەخلاقیاتەوە هیچ دەرفەت و ڕێگەیەك نابەخشرێت ، کە ئیڤان بەدەر و دوور لە تاوانێك ی لەوجۆرە بێت ٠ سەرئەنجام ئیڤان لە شوێن و پاداشتی نکۆڵیکردنی لە یەزدان ، خۆی لەناو زبڵدان و زۆنگاوی بۆگەنبووی گیانی ئێمە ، واتا سێمەردیاکۆف دا دەبینێتەوە ، لەبەرامبەر گەیشتن بە دواپلە ی پەیژەیەک ی پتەو و تۆکمەدار لەپێناوی بەدەستهێنانی جیهانێك ی ڕوناك ، ڕەوشت و ویژدانێك ی باڵاتر ، خۆی لەنێو شیو و دۆڵێك ی تاریك دا دەبینێتەوە ، لەشوێن بەدەستهێنانی ئاوەزێك ی ڕۆشنتر و تەندروستتر ، دوچاری جۆرێك لە ناهاوسەنگیی دەرونیی و ویژدانیی دەبێت ٠ ئیڤان لە بیرکردنەوە ، ڕامان و ناسینی دەرون و ویژدانی خۆی دا ڕوبەڕوی ئازارێك ی قوڵ دەبێتەوە ، کاردانەوە و کاریگەریی ئەنجامبەندیی و گەیشتنی ئەو بەو ڕاستییە ی کە خۆیشی بەشێکی گرنگە لە تاوانەکە ، بەجۆرێك لەو دا ڕەنگدەدەنەوە ، کە هەست بە دووکەرتبوونی کەسایەتیی خۆی بکات و ڕوبەڕوی شەیتان ببێتەوە ، ئەو شەیتانەش خۆیەتی : { تۆ خۆمیت ، بەڵام بە ڕوخسارێك ی تر، تۆ ڕاگەیەنەری بیری تایبەتی منیت ، تۆ پڕوپوچتریین بیر و خەیاڵ هەڵدەبژێریت } ٠ زۆرێك لە بار ی ژیان و کاردانەوە دەرونییەکان ی کەسایەتیی و پاڵەوانەکان ی دۆستۆیڤسکی ڕەنگدانەوەی بار ی کەسایەتیی و بەسەرهات ی ژیان ی واقیعیی دۆستۆیڤسکی خۆی بووە کە ڕۆژگارانێك لەگەڵیان دا ژیاوە ٠ لە ڕۆمان ی (( قومارباز )) دا هۆنینەوە و وەسفکردن ی بار ی دەرونیی پاڵەوانەکە ی ڕێك و کتومت وەسفی بیرکردنەوە و ژیان ی تایبەتیی دۆستۆیڤسکی خۆی بووە کە سەردەمانێك کاتەکان ی ژیانی خۆی بە قومارکردن لە گازینۆکان ی نەمسا ، ئەڵمانیا ، ئیتاڵیا و سویسرا دا بەسەربردووە . لێرە دا دەتوانین بڵێین کەسایەتیی ئیڤان هەڵگر ی باری کەسایەتیی و فیکریی دۆستۆیڤسکی خۆی بووە کە ماوەیەک ی زۆر بیر ی یەزدان بەخۆیەوە سەرقاڵ دەکات ، واتا بیرێك کە سەرتاسەر و بۆهەمیشە ژیانی خستووەتە ئازارەوە ، نکۆڵیی ئیڤان لە یەزدان هەمان نکۆڵیی دۆستۆیڤسکی بووە لە یەزدان ، کە سەردەمانێك ی زۆر ئەویش ئاڵاهەڵگری دەبێت . لەدید و تێڕوانینی دۆستۆیڤسکی دا ئیڤان هەمان ڕۆڵ ی سێمەردیاکۆف دەبینێت ، واتا ئیڤان بەرجەستەیەکە لە ڕۆح و ویژدانی ئەو ، بەڵام ئەو مەودا دور و جیاوازیە ی کە لەنێوان ئیڤان و دۆستۆیڤسکی دا دروستدەبێت تەنیا ئەو بارە مەجازییەیە کە ئیڤان هان دەدات تاوانێك بە ناڕاستەوخۆ ئەنجام بدات ، دەنا نوسەر لە ژیان ی خۆی دا هەرگیز ئەنجامدەر و نەخشەداڕێژەر ی هیچ تاوانێك نەبووە ، واتا ئیڤان کەسایەتییەك ی دادگاییکراوی خەیاڵ و ویژدان ی دۆستۆیڤسکی خۆی بووە و هیچی تر ٠
ئالیۆشا و قەشە زیسیم دوو ڕوخسار ی ڕوناك و نورانین لەبەرامبەر ئەو کەسە دەروننەخۆش و دووکەرتانە دا ٠ئالیۆشا قوتابی یان ئیماندارێك ی بیر و فەلسەفە ی مەسیحە لە خەڵوەتگەیەک ی ئارام دا ، ئەو نە ئەولیایە و نە سۆفی ، بەهەمان شێوەش نە کەسێك ی خەیاڵیی یان فریشتەییە ، بەڵکو مرۆڤ یان کەسێك ی ڕیالیستییە و ئاشنایی بەو دەوروبەرە بۆگەنبووەوە هەیە کە تیای دا هەست بە بەرپرسیارێتیی ، لێپرسراوێتیی و پابەندبوونێك ی ویژدانیی و ئەخلاقیی دەکات ، ئەو کەسێك ی مرۆڤدۆستە کە لە ڕۆژگاری خۆی زیاتر هەنگاوی بیروباوەڕ و ئاکار ی چاکەخوازیی و مرۆڤدۆستیی هەڵهێناوەتەوە ، بەڵام ڕاستییەك هەیە ، کە ئەو ، واتا ئالیۆشا ناتوانێت هەوەسبازیی و شەهوەتپەرستیی کەسایەتییەکان لە دنیا ی ماتریالیی دا خامۆش یان لەناوبەرێت ، ئەو کەسێکە کە لە جیهان ی واقیعیات دا گەورە بووە و باوەڕێك ی ساخ و دروستی بە بوون ی یەزدان و موعجیزات هەیە ، بەڵام موعجیزە بنچینە و کۆڵەکە ی بیر ، بیرکردنەوە و ڕەوشتی ئەو نیە ، بەڵکو هۆکار و هەوێنی پڕشانازیی بیروباوەڕی ئەوە ٠ موعجیزە باوەڕ دروست ناکات ، بەڵکو بەپێچەوانەوە ٠

ژیان لای دۆستۆیڤسکی بەهەشتێکە ، کە ئێمە لەناوی دا دەژین و بەڵام ناخوازین لە مانا ی ڕاستەقینەی ئەو ژیانە تێبگەین ، هەروەها هەریەکێك لە ئێمە لەم ژیانە دا گوناهبارین بەرامبەر گشت کەس و هەر ڕوداو یان دیاردەیەکی مرۆڤایەتیی کە ڕودەدەن ! ژیان ی مرۆڤ لەنێوان ئەم جیهان ی بەهەشت و هەستی گوناهبارییە دا دەکرێت بەدەربڕی جۆرێك لە جیهانیبوون ی ئازاری مرۆڤایەتیی وێنابکرێت ، کە دۆستۆیڤسکی لە ڕۆمانەکانی دا هەوڵی بەرجەستەکردنیان دەدات ٠ تاوان بەتەنیا پەیوەست نیە بە قوربانییەکەی و تەواو ، بەڵکو پەیوەستە بە گشت لایەنەکان ی کۆمەڵگە و هەر تاکێكی ئەو کۆمەڵگەیەشەوە ، کاتێك کەسێك کە لە خەیاڵ و هزری دا حەز یان ئارەزو ی تاوانێك دەکات ، ئەگەر لە کرداریش دا ئەنجامی نەدات هەر بە تاوان دەژمێردرێت ، بۆ نمونە : لەگەڵ چەتە یان گەندەڵکارێك کە هێشتا ڕوخساریمان نەبینیوە ، ئەوا چەتەیی یان گەندەڵییمان ئەنجامداوە ، لەگەڵ بابکوژێک کە بەهۆی خوێندنەوەمان لە ڕۆژنامەیەك دا ناسیومانە ، دیارە بابکوژییمان کردووە ، لەگەڵ شەهوەتبازێکیش دا زۆرگیرییمان کردووە …. تاد بەخشینی ئەم بوعدە یاسایی ، دەرونناسیی ، فەلسەفیی و ئەخلاقییە پێچاوپێچ و ئاڵۆزە بە کۆمەڵگە یان ئاکار و ویژدان ی هەر تاکێك ی کۆمەڵگە ، دەرخەر و بەڵگە ی ئەوەیە کە ئێمە ی مرۆڤ دابڕ و ناپەیوەست نین بەو تاوان و کارە ناپەسەندانەی کە لە کۆمەڵگە و دەوروبەر ی هەریەکێك لە ئێمە دا دەگوزەرێن ، واتا ئێمە ی مرۆڤایەتیی لێپرسراو و بەرپرسیار ی هەموو ئەو ڕوداو و کارانەین کە کۆمەڵگە بەرەو زۆنگاوی وێرانیی و نادادپەروەریی دەبەن ٠ دۆستۆیڤسکی دەخوازێت ئەو پەیامەمان پێبگەێنێت ، کە بۆ ڕزگاربوونمان لەو بار و هەلومەرجە سەخت ، دژوار و ئازاربەخشانە ، دەبێت خاوەن عەشقێك ی یەزدانیی بین ، عەشقێك کە بێکۆتا و بێسنورە ، عەشقێك کە گەردونییە ، و لە دیدی نوسەر دا تەنیا ڕێگە و دەرچەیەکە کە دەتوانێت هەم شفابەخش و ڕزگارکەر بێت هەمیش هێز ی ئەوەمان پێدەبەخشێت کە توانا ی خۆهاوسەنگکردنمان لەنێوان دنیا ی مادیی و مەعنەویی دا هەبێت ! ئالیۆشا وەك مۆمێك لەنێو تاریکایی دەرون ی مرۆڤ و جەنگەڵستان ی کۆمەڵگە ی مرۆڤایەتیی دا دەسوتێت ، ئەو بەڵام لە ڕوناکاییەكی پڕشادیی و بەختەوەریی دا دەژێت ، هەر ئەو ڕوناکییەشە کە هانی منداڵان ، ویژدانپاك ، هەژاران و زوڵملێکراوان دەدات کە لە دەوری ئەو بسوڕێنەوە ٠ بەڵام ئایا ئیڤان لەبەرامبەر بیری ئایینیی و یەزدانپەرستیی ئالیۆشا ی برای دا چ ڕێگەیەك ی دی دەگرێتەبەر ، و چۆن بیر لە دۆز ی یەزدان دەکاتەوە ؟ ئیڤان باوەڕی وایە کە ڕاڤەکردن و ڕونکردنەوەی دۆزە دنیایی و کێشە مرۆڤایەتییەکان لە دیدگە و دەروازەی خواوەندێتیی ( ئیلاهیات ) ەوە هەڵە و بەدوور لە لۆژیك دەزانێت ، ئەو باوەڕی وایە پاداشتی مرۆڤ لەودنیا دا دەشێت چ سود و مانایەك ی هەبێت ، لەکاتێك دا کە لەم دنیایە دا ئەو سەرتاپێی ژیانی بە بێچارەیی و ئازار و سزا بەسەربردووە ؟ ! چ چێژ و خۆشییەك لەوە دا دەبینرێت ، کە ئەم لە پەنجەرە ی بەهەشتەوە بۆ ئەو کەسانە بڕوانێت کە لە دۆزەخ دا دەسووتێن و ئازار دەچێژن ؟ ! ئایا ئیدی بوون ی یەزدان و یاساکان ی ئەو چ مانایەك دەبەخشن ، لەکاتێك دا ، کە ئەو ڕۆڵ ی میرغەزەب ( جللاد ) ێك دەگێڕێت ؟ ! لەڕاستیی دا ئیڤان دەخوازێت هیچ دۆزەخ و سزایەك لەئارا دا نەبێت و گشت جیهان و مرۆڤایەتیی ئاشت بکاتەوە ! ! ئیڤان لە گفتوگۆیەكی دا لەگەڵ ئالیۆشا دا : { من چۆن دەتوانم لە یەزدانێك تێبگەم کە لەسەرو ی تێگەیشتنی منەوەیە } . ئەم جۆرە بیرکردنەوانە ی کە لە مێشك و دنیابینیی ئیڤان دا دێن و دەچن ، دەربڕی واتایەکە کە ئەو یەزدان ڕەت ناکاتەوە ، بەڵکو لەبەرامبەری دا خۆی بەلاواز دەبینێت ٠

ئیڤان دژی کڵێسا و یاساکانیەتیی ، دژی خوای فەرمیی ، ئیداریات ، خێزانیی و دژی فەرمانڕەوایانە ، ئیڤان ناخوازێت هەرگیز یەزدانێك پەسەند بکات کە بەزۆر بەسەری دا بسەپێنن ، دواجار ئەو باوەڕی بە یەزدانێك نیە کە کەلەلایەن مرۆڤەوە دروستکراوبێت ، ئەم جۆرە یەزدانە ناتەبا و نەگونجاوە لەگەڵ بیرکردنەوە و ڕۆح ی مرۆڤ . ئیڤان بەو باوەڕ و ڕاستییە گەیشتووە ، کە بیر ی یەزدان لە نێو گیان و ویژدانی هەموومان دا دەژێت ، بەڵام لەبەرامبەر ئەو پرسیارەی کە ، ئایا یەزدان مرۆڤ ی دروستکردووە یان بەپێچەوانەوە ، نایەوێت وەڵام ی ئەو پرسیارانە بداتەوە ، چونکە ئەو عاشقی مرۆڤە و عەشق ی یەزدانیی پشتگوێ دەخات ، ئەم جۆرە ئاقار و شەقڵەش لە فەلسەفە ی ئەدەبییی دۆستۆیڤسکی دا کار بە باوەڕهێنان بە شەیتان کۆتایی دەهێنێت ٠ ئیڤان لەوێ دا دەبێتە دەرکەوتە و بەرجەستەیەك لە شەیتان ، ئەو لەکات ی تالێهاتن وڕێنەکردن دا بەرکەوتن لەگەڵ شەیتان دا دەکات ، ئەو شەیتانەش ئیڤان خۆیەتیی و لە ناخ و دەرونی دا خۆی دەردەخات و دەکەوێتە گفتوگۆ و دیالۆگەوە لەگەڵی دا ٠ شەیتان یەزدان دەناسێت ، بەڵام نکۆڵیی لێدەکات ، ئەنجام ئیڤان لەسەربنچینەی چەند بۆچوون ، بیرکردنەوە و هەڵوێستێك ی شەیتانەوە بەڵگەی نەبوونیی یەزدان بەدەستدەهێنێت ٠ بەڵام ئەو وەنەبێت لەم بێباوەڕیی و نکۆڵییکردنە ی خۆی ئاسودە و دڵنیا بێت ، کاتێکیش شەیتان ڕوبەڕوی دەوەستێت توشی ڕاچڵەکاندن دەبێت و ڕادەکات ، چونکە سەخت ، دژوار و ناتەبایە کە کاتێك مرۆڤ هەست بەپێویستبوون ی شتێك لەنێو ناخ ، دەرون و ویژدانی خۆی دا بکات و نکۆڵیی لێبکات ٠ ئیڤان کەسێکە بەپێی خۆی دەچێتە دۆزەخەوە ، ئەو نەخۆشە ، واتا نەخۆشیی یەزدان ، ئالیۆشا لەئەنجام دا دێت و ناوچاوان ی ئیڤان ی برای ماچ دەکات ، ماچیش تەنیا وەڵامێك ی شیاو و تەندروستە کە مەسیحییەك دەتوانێت بە بێباوەڕێك ی بداتەوە ، چونکە لەبەرامبەر لۆژیك ، بەڵگە و سەلماندن دا دەتوانرێت تەنیا عەشق دەرببڕدرێت ٠ باوەڕ و ئیمان نە بەڕێگە ی لۆژیك بەیان دەکرێت نە بە فێڵ و ئیرادەش دروستدەبێت ، ئالیۆشا باوەڕی وایە کە سەرئەنجام هەر یەزدان سەردەکەوێت ، ئیڤانیش یان بە ڕوناکایی حەقیقەت و بەدەستهێنانی ژیانێك ی نوێ دەگات یان لەنێو بێباوەڕیی و نکۆڵیکردن دا لەنێودەچێت ، لەبەرامبەر ئەمەش دا ئالیۆشا نزا ی خێر و چاکە بۆ ئیڤان ی برای دەکات ٠

ئەم ڕۆمانە مەزنە دەربڕی شێوازێكە لە جیهان ی بیرکردنەوە و خاوەندارێتیی فەلسەفە ی ئازادیی و ئاودیوبوونی دۆستۆیڤسکی کە دەگاتە دوالوتکە ی کاکڵداریی و ماناداریی خۆی ٠ نوسەر بۆبەرجەستەکردن ی ویژدان ، ڕەوشت ، ڕۆحیەت ، بیرکردنەوە ، باوەڕ و کاردانەوەکان ی مرۆڤ دەبینین کەمتر گرنگیی بە ژیان ی ڕواڵەت و جیهان ی دەرەوە ی کەسایەتییەکانی دەدات ، کەسایەتییەکانی دۆستۆیڤسکی نە نان دەخۆن نە پیاسە و گەشت و گەڕان ٠ ئەو جیهانە ی کە نوسەر لە دیدگە ی خۆیەوە بۆیدەڕوانێت ، جیهانێكی جەنجاڵ و شێواوە کە هەرکەس دەخوازێت باوەڕ بەخۆی بهێنێت و بەئامانجە ڕوکەش و دنیاییەکانی خۆی بگات ، ئەم جیهانە شپڕێو و لەقولۆقەش بەشێوە ی هروژمەشەپۆلێك خۆی دەکوتێتە نێو قوڵایی بیر ، ویژدان و مەعریفە ی خوێنەرەوە و بەپێویست ڕایدەچڵەکێنێت ٠ ئەوەی ئازار ی کەسایەتییەکانی دۆستۆیڤسکی دەدات ترس لە پاشەڕۆژ یان نەخۆشیی نیە ، ترس لە پەیداکردنی ڕۆزیی و هەژاریی نیە ، بەڵکو تەنیا دۆز ی یەزدانە ، یەزدانیش لە دیدی ئەو دا ئەو خەسڵەت و تایبەتمەندییە موتڵەقەیە کە تەواوی دۆزە سروشتیی ، مرۆڤایەتیی و گەردونییەکان لە بوونیی ئەو دا ڕەنگدەدەنەوە و سەرچاوەدەگرن ! دوورکەوتنەوە و نکۆڵیکردن لە یەزدان و سروشتی ئەو دەبێتە هۆکاری ناهاوسەنگبوون و لاسەنگبوون ی ژیان ی مرۆڤ ٠ئەو دراما واقیعییە ی کەئێمە ئەمڕۆ لە سەدەی بیست و یەکەم دا دەیبینین و لەناوی دا دەژین ، نیشانە و هێمای دوورکەوتنەوەی ئێمەیە لەو ڕاستیی و حەقیقەتەی کە هاوسەنگیی ئێمە ی ڕاگرتووە ، لەهەمان کاتیش دا ئێمە ئەو بونەوەر و دیاردە مرۆڤایەتییەین کە نوسەر دۆستۆیڤسکی وزەی بیرکردنەوە و هێز ی داهێنانی خۆی لە ناسینی دنیا ی دەرونناسیی و ناوەوەی ئێمە دا بەخشیوە ، بەڵام ئەم حاڵەتەش نابێت ئێمە بگەێنێتە ئەو باوەڕەی کە نوسەر کەسێك ی دەرونناس بووە و لەو دید و ڕۆژنەیەوە بۆ مرۆڤ وکەسایەتییەکانی ڕوانیوە ، هەروەك خۆیشی دەڵێت : { هەندێك کەس من بە کەسێك ی دەرونناس ناودەبەن ، بەڵام دوور لەڕاستییە ، من تەنیا کەسێك ی ڕیالیستییم لە بەرزترین ویژدان دا ، واتا من قوڵترین حاڵەتی ڕۆحیی مرۆڤ پێشان دەدەم ٠ } ئەوەی لای نوسەر جێگەی بایەخ و گرنگییپێدان بووە ، جیهانی ناوەوە و دنیا ی نائاگایی مرۆڤ بووە نەك جیهان ی دەرەوەی ئەو کە جیهانێکە وەك تێڕوانینێك ی شاراوە و نادیار وایە کە هەر سات و کاتە بەپێی واقیع ی جیهان ی ماتریالیی گۆڕانی بەسەر دا دێت ٠ ئەو دەخوازێت ، کە ئەوەی لە دەریا ی ویژدان و نائاگایی ئێمە دا مەلە دەکات بیخاتە نێو دنیا ی ئاگایی ئێمە ، و دواجار وێنە و دیمەنێك بەو جیهانە ببەخشێت کە ناوی دنیا ی ناوەوەی ئێمەیە ٠ کار و ئامانجی دۆستۆیڤسکی ئەوە نیە کە شتێكمان لەنێو دنیا ی واقیع و خەیاڵ دا بۆبەرجەستە بکات ، بەڵکو کاروانی ئامانج و فەلسەفە ی ئەو ڕووە و دوو جیهان ی جیاواز و دژبەیەك ڕێدەکات ، ئەو کۆتاجار دەخوازێت ئەو دوو جیهانە پێكبگەێنێت و ململانێ لەئاشتینەهاتووەکان لەگەڵ یەکدی تەبا و ئاشت بکاتەوە ٠
جیهان ی ئەم کەڵە نوسەرە ناودارە ی نێو دنیا ی ئەدەب جیهانێك ی سەیر ، سەرسوڕهێنەر و ئاڵۆزە کە خوێنەر و هۆگران ی بەپێویست دەبێت بەشێنەیی ، هەستیاریی ، هوشیاریی و تێگەیشتنەوە هەڵسوکەوت و مامەڵە ی لەگەڵ دا بکەن ٠ لەدواجار و دوا وشەم دا دەڵێم : ئەوکەسەی بتوانێت بەتێگەیشتنی تەواوەوە سەر لە کۆد ی نهێنیی ، بیرە شاراوە و دنیا ئاڵۆزەکەی دۆستۆیڤسکی دەربکات ، ئەوا دڵنیام دەرك بە مانا ی ئەو ئازادییەش دەکات کە نوسەر دەخوازێت بۆ هەر مرۆڤێك و گشت مرۆڤایەتیی بەرهەمیبهێنێت ، دواجار ئەوە خوێنەرە کە لە میانە ی ئاودیوبوون ی مرۆڤەکان دا دەتوانێت هەم یەزدان و هەمیش ڕوناکایی ئەو بەدەستبهێنێت ٠

کۆتایی

——————————————-
سەرچاوەکان
١- دۆستۆیڤسکی / لێکۆڵینەوە – فارسی
٢- ڕۆمانی برایانی کارامازۆف / دۆستۆیڤسکی – فارسی
٣- ڕۆمانی تاوان و سزا / دۆستۆیڤسکی – فارسی
٤- ڕۆمانی گێلە / دۆستۆیڤسکی – فارسی
٥- ڕۆمانی قومارباز دۆستۆیڤسکی – فارسی
٦- یاداشتی خانەی مردوان / دۆستۆیڤسکی – فارسیP
٧- دربارەی ادب / فارسی
٨- دربارەی ادبیات / مەکسیم گۆرگی / فارسی
٩- گۆڤاری ڕوناکبیریی / سوید – کوردی
١٠-گۆڤاری یەکگرتن / دانیمارك – کوردی
١١- گۆڤاری پ م / ئەڵمانی ساڵی ١٩٩٨ ژمارە یەك لاپەڕەکانی ٨٢ ، ٨٣ ، ٨٤ ، ٨٥ ، ٨٦، ٨٧ و ٩٧
ئەڵمانی – James N. Frey / Wie man einen verdammt guten Roman schreibt -١٢




(كۆمه‌ڵه‌ی ته‌عالی ژنانی كورد) (1919).. د. فاخر عالی

(كۆمه‌ڵه‌ی ته‌عالی ژنانی كورد) (1919)،
یه‌كه‌مین كۆمه‌ڵه‌ی ڕێكخراوه‌یی ژنی کورد له‌ سه‌ده‌ی بیسته‌مدا

هه‌ر له‌ كۆنه‌وه‌ ڕه‌گه‌زی مێینه‌ پێكهاته‌یه‌كی سه‌ره‌كی كۆمه‌ڵگه‌و پێكهێنه‌ری مێژووی جیهان بووه‌، به‌گوێره‌ی هه‌لومه‌رجی سه‌رده‌مه‌ مێژووییه‌كان و جۆرایه‌تی نه‌ته‌وه‌كان ڕۆڵی خۆیان بینیوه‌، له‌ خراپترین و باشترین دۆخدا ڕه‌گه‌زی مێینه‌ جێده‌ستێكی باڵایان هه‌بووه‌. وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ سه‌رچاوه‌ مێژووییه‌كانیشدا تێبینی ده‌كرێت، به‌ره‌وپێشچوونی ڕۆڵی ئافره‌تانیش له‌گه‌ڵ ڕه‌وتی ڕووداوه‌كاندا بووه‌، په‌ره‌سه‌ندنه‌ فكری و سیاسییه‌كانی وڵاتانی جیهان له‌ چ ئاستێكدا بووبێت، ئافره‌تانیش له‌ژێر ئه‌و كاریگه‌رییانه‌دا چالاكی و جوڵانه‌وه‌یان ئه‌نجامداوه‌. ئافره‌تانی كوردیش له‌نێو ئه‌م گۆڕانكارییانه‌ی جیهاندا بێبه‌ش نه‌بوونه‌، ڕاسته‌وخۆ له‌ دوای ئه‌و هۆشیارییه‌ سیاسی و نه‌ته‌وه‌ییه‌ی كه‌ له‌ دوای جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی سه‌ری هه‌ڵدا، ژنانی كوردیش تێكه‌ڵ به‌كارو چالاكی ڕێكخراوه‌یی ده‌بن.‌

سه‌باره‌ت به‌ مێژوو ڕۆژی دامه‌زراندنی یه‌كه‌مین كۆمه‌ڵه‌ی ژنانی كورد چه‌ند بیروبۆچوونێكی جیاواز هه‌یه‌، سه‌رچاوه‌یه‌ك ئاماژه‌ی به‌ دوو بۆچوون كردووه‌، له‌ بۆچوونێكیاندا ده‌ڵێت: ” یه‌كه‌مین كۆمه‌ڵه‌ی ژنانی كورد له‌ 20 حوزه‌یرانی 1919 به‌ ناوی (كۆمه‌ڵه‌ی ته‌عالی ژنانی كورد) له‌ ئه‌سته‌مبوڵ دامه‌زراوه‌، له‌ هه‌مان بابه‌تدا ئاماژه‌ به‌ ڕۆژی (22 مایسی 1919) ده‌كات. نووسه‌ر و توێژه‌رێكی كوردیش به‌بێ ئه‌وه‌ی ڕۆژی دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵه‌كه‌ ده‌ستنیشان بكات، له‌ باسكردنی مێژووی دروستبوونی كۆمه‌ڵه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌ وه‌رزی به‌هار ده‌كات. له‌گه‌ڵ هه‌بوونی ئه‌م بۆچوونانه‌دا ڕۆژی 20 حوزه‌یرانی 1919 له‌ بۆنه‌و داوه‌تننامه‌یه‌كی فه‌رمیدا ژنانی كورد له‌ مه‌یدانی سوڵتان ئه‌حمه‌دی ئه‌سته‌مبوڵ كۆده‌بنه‌وه‌ ئاهه‌نگی دامه‌زراندن ئه‌نجام ده‌ده‌ن. وردەکارییەکانی ئه‌م مەراسیمە لە ژمارە بیستی گۆڤاری ژیندا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.

کۆمەڵەی ته‌عالی ژنانی کورد، یەکەمین ڕێکخراوی دیارو ناسراوی ژنانه‌ له‌ مێژووی کورد دا. دروستبوونی ئه‌م كۆمه‌ڵه‌یه‌ی ژنانی كورد لە دوا قۆناغه‌كانی دەوڵەتی عوسمانیدا بووه‌، له‌و سه‌رده‌مدا ژماره‌یه‌كی زۆری وه‌قف و كۆمه‌ڵه‌ی ژنان دامەزراون، له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و بارودۆخ و گۆڕانكارییانه‌ی كه‌ له‌ ده‌وڵه‌تی عوسمانی به‌ گشتی و ئه‌سته‌مبوڵ به‌تایبه‌تی دروستبووه‌، ژنانی کورد له‌ ئه‌سته‌مبوڵ بیریان له‌ دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌خۆیان كردۆته‌وه‌، بە مەبەستی دەربڕینی خواست و کێشەکانی خۆیان چالاکییان ئەنجام داوه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی چالاكییه‌كانی کۆمەڵەکە زۆر به‌ کەمی تۆمار كراون، جگه‌ له‌ مەراسیمی کردنەوەی كۆمه‌ڵه‌كه‌ كه‌ لە گۆڕەپانی سوڵتان ئه‌حمه‌د كراوه‌، چالاكی دیكه‌ی فه‌رمی هاوشێوه‌ی مه‌راسیمی دامه‌زراندن به‌رچاو ناكه‌وێت.
ئه‌نجوم یامولکی، كه‌ یەکێکبووه‌ لە ئەندامانی كۆمه‌ڵه‌كه‌ لە خوێندنه‌وه‌ی مەولودی مەیدانی سوڵتان ئه‌حمه‌د دا قسەی کردووه‌، له‌ وتاره‌كه‌یدا ده‌ڵێت: “پێویستە ژنانی کورد کار بۆ هێنانی عەقڵیەتێکی سەردەمیانە بکەن و هەموو ژنان به‌ بێ جیاوازی نێوان ڕه‌گه‌زی، زمان و ئایین، ئەم خەباتە لە باوەش بگرن”. هه‌ر له‌ وتاره‌كه‌یدا ئه‌نجوم یامولکی دەڵێت: دەرگای کۆمەڵەکە بۆ هەموو ژنان کراوەیە، ئه‌وانه‌ی دەیانەوێت لە کاری خێرخوازیدا بەشداری بکەن و یارمەتی ئەو ژن و منداڵانە بدەن کە لە “دیپۆرتکردنەوەی ئەرمەنییەکان”دا لەناوچوون، له‌م كاتی ته‌نگانه‌یه‌دا باوه‌ش بۆ هه‌مووان كراوه‌یه‌. له‌ چالاكییه‌كی کاری خێرخوازیدا لە ساڵی ١٩١٩ کۆمەڵەکە ٢٥٠ منداڵیان لە نەخۆشخانەی شیشلی منداڵاندا بەبێ بەرامبەر خەتەنەکردن. ئه‌م وتاردانه‌ی ئه‌نجوم یامولكی و سونه‌تكردنی منداڵه‌كان دوو له‌ چالاکییە دیاره‌كانی کۆمەڵەكه‌ن.

كۆمه‌ڵه‌كه‌ پەیڕەوی ناوخۆیان هەیە کە تێیدا مەبەستی خۆیان و ئەو کارە باس دەکەن کە دەیانەوێت بیکەن. لەم میساقەدا چوارچێوەیەک بەو شێوەیە داڕێژراوە کە ئێنکوم یامولکی لە وتارەکەی سەرەتاییدا ئاماژەی پێکردووە. هه‌ر له‌م میساقه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت که کۆمه‌ڵه‌كه‌ سه‌ڕۆک، دوو جێگر، شه‌ش ئه‌ندام، سکرتێر و ژمێریارێكی هه‌بووه‌. به‌ گوێره‌ی به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی ساڵی 2017 دا ئاماژه‌ بە (ئه‌مینه‌ خانم) ناوێك كراوه‌ كه‌ سەرۆکی کۆمەڵەکە بووبێت. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌ ناوی ئه‌م چه‌ند ئافره‌تانه‌ كراوه‌ كه‌ لە بەڕێوەبەرانی كۆمه‌ڵه‌كه‌ بوونه‌: (عه‌دویه‌ به‌درخان، نازلی به‌درخان، زەریفە به‌درخان، سه‌عاده‌ت به‌درخان، به‌لقیس به‌درخان و نه‌زیره‌ خانم). شوێنی كۆمه‌ڵه‌كه‌ له‌ باڵه‌خانه‌ی دەمیرجیانی نزیک گۆڕەپانی یەڵدێرمەنی ته‌علیمخانه بووه‌.‌ به‌ گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی كه‌ ده‌ستكه‌وتون، وا تێبینی دەکرێت چالاکییەکانی كۆمه‌ڵه‌كه‌ نزیکەی ساڵێکی خایاندووە. هه‌روه‌ها هیچ زانیارییەک لەسەر چۆنیەتی کۆتایی هاتنی چالاکییەکانی كۆمه‌ڵه‌كه‌ له‌به‌رده‌ستدا نین. بەڵام زانیاری له‌سه‌ر داخستنی كۆمه‌ڵه‌كه‌ هەیە، ئه‌م زانیارییه‌ش لە ڕۆژنامەی (زاریا ڤاستۆکا) كه‌ لە ساڵی ١٩٢٩ لە تفلیس دەرچووە، بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، هەواڵەکە بە واژۆی کۆمیتەی ژنانی کورد بەم شێوەیەی خواره‌وه‌ باس له‌ داخستنی كۆمه‌ڵه‌كه‌ ده‌كات:
“ساڵی ١٩١٩ ڕووداوگه‌لێكی گەورە ڕوویاندا، کۆمیتەی پێشکەوتنی ژنانی کورد كه‌ بە پشتیوانی ڕۆشنبیرانی کورد، لەگەڵ چەند ڕێکخراوێکی ڕۆشنبیری دامەزرا. بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی فیکری ژنانی کورد و کارکردن بۆ گۆڕینی باری دارایی، ژیانی کۆمەڵایەتییان و هاوکاریکردنیان دامەزرا بوو، بەهۆی لێپرسینه‌وه‌و بەدواداچوونەکانی ناسیۆنالیستەکانی قوستەنتینیە، کاره‌كانیان زۆری نەخایاندو سه‌رئه‌نجام كۆمه‌ڵه‌كه‌ بە هەموو لقەکانیەوە داخرا. لەم کورتە هەواڵەدا وا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ کۆمەڵەکە یەک لقی نه‌بووه‌و لقی دیكه‌شی هه‌بووه‌، لە پەیڕەو پڕۆگرامەکانیاندا باس لەوە كراوه‌ کە دەیانەوێت ئەم لقانە بکەنەوە. بەڵام هیچ زانیارییەک لەسەر ئەم لقانە نییە. خاڵێکی دیكه‌ی گرنگ کە لە هەواڵەکاندا ده‌رده‌كه‌وێت، باس له‌ داخستنی كۆمه‌ڵه‌كانی ژنان كراوه‌. لەو سه‌رده‌مدا مشتومڕێكی توند له‌سه‌ر دەوڵەتی نەتەوەیی هه‌بووه‌، ئیتحاد و ته‌ره‌قییه‌كان جگە لە ناسنامەی تورکی هەموو ناسنامەیەکی دیكه‌یان ڕەتكردۆته‌وه‌، زۆرێک لە کۆمەڵە و ڕێکخراوە سیاسییە نه‌ته‌وه‌ییه‌كان داخراون، هه‌ر كه‌س و كۆمه‌ڵه‌یه‌ك چالاکییان ئەنجام دابوایه‌ ڕووبەڕووی سزاکانی وەک: دەربەدەری، زیندانیکردن و لەسێدارەدان ده‌بوونه‌وه‌.

به‌شێوه‌یه‌كی گشتی دروستبوونی (كۆمه‌ڵه‌ی ژنانی كورد له‌ ئه‌سته‌مبوڵ) (1919) به‌رهه‌می لێكه‌وته‌كانی دوای جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی و په‌ره‌سه‌ندنه جۆراوجۆره‌‌كانی ئه‌سته‌مبوڵ بووه‌. ئه‌و مه‌به‌ست و ئارمانجانه‌ی كۆمه‌ڵه‌كه‌ له‌ پێناویدا دروستبووه‌، بۆ ئه‌و سه‌رده‌م وه‌رچه‌رخانێكی گرنگ بووه‌، لەم سەردەمە زووەی مێژووی رێكخراوەییدا لە نێو كورداندا هەنگاوێكی به‌ دیقه‌ت و باڵكێشه!‌، چونكه‌ ئه‌ندام و به‌ڕێوه‌به‌رانی كۆمه‌ڵه‌كه‌ تێگه‌یشتنێكی تازه‌یان بۆ بارودخ و پێشهاته‌كان هه‌بووه‌، ئه‌م جۆره‌ تێگه‌یشتنه‌ش زاده‌ی ڕووداوگه‌لێكن كه‌ به‌سه‌ر دانیشتوان و نه‌ته‌وه‌كانی ده‌وڵه‌تی عوسمانیدا هاتوون.

د. فاخر عالی
زانكۆی سۆران / فاكه‌ڵتی ئاداب / به‌شی مێژوو

——————————————–

بۆ زانیاری زیاتر له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ بڕوانه‌ ئه‌م سه‌رچاوانه‌ی خواره‌وه‌:

Rojda Yıldız, 20 Haziran 1919: Kürt kadınlar ilk örgütünü kuruyor https:// catlakzemin.com/20-haziran-1919-kurt-kadinlar-ilk-orgutunu-kuruyor/7. 2. 2023.
د. جه‌بار قادر، ژنانی كورد له‌ مێژوودا. https://www.nuche.net/post-271.html . 7. 2. 2023.




روونکردنەوەیەک لە بارەی کتێبی دەستەێڤسکی.. ئەردەڵان عەبدوڵڵا

پێش چەند رۆژێک دەزگای سەردەم لە سایتەکەی خۆیاندا بڵاویان کردەوە کە کتێبێک بەناوی ” دەستەێڤسکی” چاپ بووە و لە پێشانگەی نێودەوڵەتی کتێب لە هەولێر بڵاودەکرێتەوە. ئەمەش چاپی دووەمی کتێبی دۆستۆیڤسکییە کە من نووسیومە. لێرەدا پێمخۆشە روونکردنەوەیەک لە بارەی ئەم کتێبەوە بددەم.
پێش 12 ساڵ کتێبێکم لە بارەی ژیان و فیکر و بەرهەمەکانی نووسەری روسی دۆستۆیڤکسی نووسی و دواتریش بە سوپاسەوە لە دەزگای سەردەم چاپ بوو. کتێبەکە لە سەرەتادا باسی ژیانی شەخسیی و کاریگەری ماڵ و دەوربەر و خاڵە جوان و ناشیرینەکانی کەسایەتی دۆستۆیڤسکیم دەرخستووە. لە بەشێکی تری کتێبەکەدا باسی شێوازی نووسینیم کردووە، چ داهێنانێکی لە بواری نووسینی رۆماندا کردووە. بەشێکی تری کتێبەکە باسی ئەو تەوەرە گرنگانەم کردووە کە دۆستۆیڤسکی لە کاروبەرهەماکانیدا باسی کردووە، لە بەشێکی تریشدا باسی کاریگەری ئەم کەڵە نووسەرەم کردووە بەسەر ئەدەب و فیکر و فەلسەفەی جیهان، بەتایبەتی کاریگەرییە فیکرییەکانی بەسەر نیتشە و فرۆیدەوە، ئەوان چیان لەم وەرگرتووە. دواجاریش خوێندنەوەم بۆ 11 رۆمانی کردووە کە ئەوانیش: هەژاران، برایانی کارامازۆڤ، تاوان و سزا، گەمژە، هەرزەکار، شەیتانەکان، شەوە سپییەکان، یادەوەرییەکانی ژێرزەمین، قومارچی، خاتوونی خاوەنماڵ. دڵێکی لاواز. خوێندنەوەکانیش ناساندنێکی کورتی رۆمانەکانە و شرۆڤەکردنیان بە شێوازی ئاسان.
هەندێك رۆمانی سەرو 1500 لاپەرە بووە ، هەموو ئەمانەش کاتێکی زۆری لە من گرتووەو ماوەی چەندین ساڵ، هەزاران لاپەڕەم بە زمانەکانی ئەڵمانیی و عەرەبی خوێندۆتەوە، تا ئەم کتێبە لەدایک بووە. من قسە لەسەر باشی یان خراپی کتێبەکە ناکەم، چونکە ئەوە دەبێت خوێنەران بڕیاری لەبارەوە بددەن.
دواجار ساڵی پار دووبارە پێداچوونەوەم بۆ کرد، خوێندنەوەم بۆ چەند رۆمانێكی تری کرد و کۆمەڵێک وتاریش کە لە بارەی ئەم کەڵە نووسەرەوە لە زمانەکانی عەرەبی و ئەڵمانییەوە وەرمگێڕاوە، لە چاپی دووەمدا جێمکردەوەو دام بە دەزگای سەردەم و ئەوانیش رەزامەندییان دەربڕی کە چاپی دووەمی بکەنەوە.
بەداخەوە نازانم بۆ ناوی ئەم نووسەرە بۆتە کێشە و مشتومڕی ناو نووسەرانی کورد، لە جیاتی ئەوەی بێن قسە لە بارەی کاروبەرهەمەکانییەوە بکەن، قسە لەسەر ناوەکەی دەکەن.
من خۆم هەر دۆستۆیڤسکیم بەکارهێناوەو ناوی کتێبەکەش دۆستۆیڤسکیم نووسیوە و لە کتێبەکەشدا کە بۆ سەردەمم ناردووە، هەر وام نووسیوە، لە چاپی یەکەمیشدا هەر بە دۆستۆیڤسکی لە سەردەم چاپ بووە، بەداخەوە ئەمجارە کتێبەکە چاپ بوو، ئینجا من زانیم کە ناوی ” دەستەێڤسکی” لەجیاتی “دۆستۆیڤسکی “دانراوە، هۆکاری ئەم گۆڕانکارییەش دەگەڕێتەوە بۆئەوەی کە دەزگای سەردەم، پرسیاریان لە کەسێک کردووە کە شارەزای زمانی روسییە، ئەو پێی وتوون کە بە زمان روسی ئاوا دێتە گۆ، ئەوانیش ئەمەیان داناوە. هەرچەندە من خۆم لەگەڵ ئەو ناوەدا نیم، ئاگاداری گۆڕینی ناوەکەش نەبووم. باشتریشە کە پێشتر ئاگاداری نووسەر بکەنەوە لە هەر گۆڕانکارییەک کە بەسەر کتێبەکەدا دێت و رەزامەندیی وەربگرن ئینجا چاپ بکرێت،بەڵام بەداخەوە بەو شێوەیە نەبوو، ئەمەش یەکێکە لەو گلەیی و رەخنانەی کە لە دەزگای سەردەم دەگیرێت.
لە پاش بڵاوبوونەوەیە کتێبەکە، هەندێک دۆست و هاوڕێ، سەرنج و تێبینی خۆیان لەبارەی ناوی کتێبەکەوە بۆ نووسیم، بەداخەوە هەندێک کەسیش ئەم ناوەیان کردە بیانوو، تاوەکو بە ئارەزووی خۆیان، زۆر بێ ویژدانانە و نابەرپرسیارانە قسەی ناشیرین جنێو لە دژمان بنووسن، هەموو ئەمانەش بەناوی رەخنەوە بڵاودەکرێتەوە. لەکاتێکیشدا من خۆم ئاگاداری چاپکردنی کتێبەکە بەو شێوە نیم و دەزگای سەردەم ئەو ناوەی داناوە، ئەوانیش بەرپرسن لە هەڵبژاردنی ئەو ناوە.




کتێب\ سەرزەمینی هەموو ناوەکان.. سەباح رەنجدەر

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن..




کتێبی ڕەخنەیی ئاست و ئاستەنگ لەبەردەم ڕۆمان و چیرۆکی نوێی کوردی چاپ و بڵاو دەبێتەوە

کتێبی ئاست و ئاستەنگ کتێبێکی ڕەخنەیی ئەدەبییە، کە خوێندنەوە و سەرنجی ڕەخنەیی دەخاتە سەر ژمارەیەک ڕۆمان و چیرۆکی نوێی کوردی و بە دیدگایەکی ڕەخنەییەوە لێیان دەڕوانێت. ئەم کتێبە لە نووسینی نووسەر و ڕەخنەگر دڵشاد کاوانی یە و بۆ یەکەم جار لە لەلاین ناوەندی ڕۆشنبیری مەموزین چاپی یەکەمی لە ساڵی ٢٠٢٣ چاپ و بڵاو دەبێتەوە.
کتێبی ئاست و ئاستەنگ پێنجەمین کتێبی چاپکراوی نووسەرە، کە وابڕیارە لە پێشەنگای نێودەوڵەتی کتێب لە هەولێر بۆ یەکەم جار بکەوێتە بەردەستی خوێنەرانی ئەدەبی کوردی و بۆ ئەم مەبەستە دڵشاد کاوانی نووسەری کتێبەکە راگەیاند: کتێبی ئاست و ئاستەنگ لەپاڵ ئەوەی بە چاوێکی ڕەخنەیی خوێندەوەی بۆ ژمارەیەک لە ڕۆمانەکانی چوار دەیەی ڕابردووی ئەدەبیاتی کوردی کردووە و لێکۆڵینەوەیەکی وردی لەسەر مێژوو و قۆناغەکانی ڕۆمان لە جیهان بە گشتی ئەنجامداوە.
ئاست و ئاستەنگ لە کۆمەڵە وتارێک دا ڕاڤەی بۆ دە ڕۆمانی نوێی کوردیی کردووە کە ناوەڕۆک، زمان، گێڕانەوە، تەکنیکی ڕۆمانەکانی خستۆتە بەر ڕەخنە و کەموکوڕییەکانی ڕۆمانەکان بە زمانێکی ڕەخنەیی دەخاتەڕوو و ئاستی ڕۆماننووسان لە نووسینەکانیان دەردەخات.
هەروەها دڵشاد کاوانی لە کتێبی ئاستەگ و ئاستەنگ جگە لە ڕۆمانەکان دوو کۆمەڵە چیرۆک و ڕۆمانێکی وەرگێڕدراوی تۆلستۆی خستۆتە بەر چاوی ڕەخنە و بۆیە گوتی: ڕەخنەگرتن و دەرخستنی کەموکوڕییەکان ئەرکی ڕاستەقینەی کار ڕەخنەیە، ئەمەش بۆ پێشخستنی دەقەکانە نەوەک لێ کەمکردنەوە و شکاندنیان. بۆ گرنگی کتێبەکەش گوتیشی: لە کتێبخانەی کوردیی دا، کەلینێکی گەورەمان لە بواری ڕەخنەسازییەوە هەیە، بۆیە هەوڵم داوە، لەم کتێبەدا بێلایەنانە تێڕوانینەکانم سەبارەت بە ڕۆمانەکان بخەمەڕوو.
ئەم ڕۆمان و بەرهەمانەی کە کتێبی ئاست و ئاستەنگ خوێندەوەیەکی وردی بۆ کردوون، پێکهاتوون لە ژنێکی منگن، شێرزاد حەسەن. کتێبفرۆش، سابیر ڕەشید. شەوانی باکۆ، کەمال سەعدی. ڕۆمانی میدیا، هۆشەنگ شێخ محەمەد. نیشتمانی سارا، میران ئەبراهام. مرۆڤی هەرزان، گۆران سەباح. ڕۆژێک لەو ساڵانە هەڵدەگرم، ئارام محەممەد. كۆمه‌ڵه‌ چیرۆکی تابلۆکانى قاوەخانە بەلاشەکە، هێمن زه‌ندی. خەون و ئاێنە كورتە چیرۆکی زرار سەرتاش. ڕۆمانی مەرگی ئیڤانی لیۆ تۆلستۆی، وەرگێڕانی ئەمین گەردیگلانی. ڕۆمانی چارەنووس و دونیای نادیار، رێبوار وەلی كاوانی.
کتێبی ئاست و ئاستەنگ لەپاڵ ناوەڕۆکە ڕەخنەییەکەی لە دووتوێی بەرگێکی جوان و قەبارەیەکی مامناوەند و سەت و پەنجا و هەشت لاپەڕە پێکهاتووە.




هەڵوێست لە کاتی خۆیدا دەبێت وەرگیرێت، بڕیار لە کاتی خۆیدا دەبێت بدرێت.. زاهیر باهیر

هەڵوێست ، بڕیار، قسە هەر هەموو ئەمانە دەبێت لە کات و شوێنی خۆیاندا بن، نە درەنگ و نە زوو، گەر وانەبێت ئەوە سوودیان نابێت، بەڵکو زۆر جاریش بە زیان دەگەڕێنەوە. ئەمەی کە دەییڵێم نەك هەر لە کار و کاردانەوەی حیزبەکان و بزوتنەوەکاندا ڕاستن بەڵکو لە کاروبار و کاردانەوەی یاخود ڕووداوە کەسییەکانیشدا هەر ڕاستن. کورد دەڵێت کنر و ماست بە وادەی خۆیان.
لە دوای بوومەلەرزە گەورەکەی تورکیا و سوریا پارتی کرێکارانی کوردستان، پەکەکە، یەكلایەنانە ئاگربەستییان ڕاگەیاند وەکو هەڵوێستێکی مرۆیانە و نییازباشیی، دواتریش هەر یەك لە سەرکردەکانی پەکەکە لەم بارەیەوە، لێدوانیان لەسەر ئاگربەستییەکە دا. لەم ڕۆژانەشدا جەمیل بایك هاوسەرۆکی کەجەکە ڕونتر لەو بارەوە ڕایگەیاند و هەڵوێستی ئاگربەستییەکەی و دانوستاندنی لەگەڵ حکومەتی تورکیا بە چەند مەرج و بەندێکەوە بەستەوە.
من لێرەدا ستایشی ئەو هەڵوێستە دەکەم ، نەك هەر دەڵێم کارێکی زۆر باشە و هەنگاوێی ئیكجار سوودبەخش و گەوەرەیە ، بەڵکو دەشلێم گەر پەکەکە نەیانتوانیایە لە مانگی تەمووزی ساڵی 2015د خۆیان بپارێزن لە داوەکەی ئەردۆگان لە هەڵگیرساندنەوەی شەڕەکەدا، ئەوە دەبوایە هەر لەو ساڵەدا ئەم هەنگاوە گەورە و گرنگەیان بنایە و بۆ هەمیشە ڕاگەیاندنی ئاگربەستی ، نەك ڕادەستبوونەوەیان، ئیدی گرنگ نەبوو تورکیا حسابی بۆ دەکرد یا نەیدەکرد.
ناکرێت تۆ بەردەوام بیت لە یارییەك کە هیچ هیوایەکی سەرکەوتنی تێدا نەبێت هەتا ئەگەر بە زۆریش بەسەرتا سەپێنرابێت. ناشکرێت بەردەوامی بدەیت بە بزوتنەوەیەك کە بە درێژایی 8 ساڵی رابووردوو تاکە سوودێکی لە زیان زیاتر نەبووبێت.
من لێرەدا نامەوێت جارێکی دیکە خۆم دووبارە و دەبارە بکەمەوە سەبارەت بە بزوتنەوەی چەکداریی، بەتایبەت بزوتنەوەکەی پەکەکە، زۆرم لەسەر ئەمە نوسیوە و زۆریش پاساوی بێ سەروبەرەی بوونی ئەو بزوتنەوە چەکدارییەم بیستوە. زەرەر و زیانی بوونی بزوتنەوەکەم لە زۆر پۆست و وتاردا نوسیوە. ئەوەی کە لەم نوسینە کورتەدا دەمەوێت بیڵێم دوو خالە:
یەك: ئایا ئاگربەستی ئێستا کارایی لە سەر بڕیاری ئاکەپە و خودی کەسی ئەردۆگان دادەنێت؟
ڕاگەیاندنی ئاگربەستیی، ئاشتەوایی، کاتیی بێت یاخود دائیمیی لە هەموو ڕویەکەوە کورد واتەنی هەزاری خێرە و دووهەزاری بەرەکەت، بەڵام هەرگیز ئەردۆگان و حکومەتەکەی نەك وەڵامی ئەرێیانەیان نابێت بەڵکو هەر ئاوڕیشی لێنادەنەوە. هۆکارەکەشی ڕوونە یەك: زۆر زۆر درەنگە، پاش 8 ساڵی دوورودرێژی وێرانکاری و قوربانی زۆر. دووش : حکومەتی فاشی تورکیا دەزانێت کە بڕیارەکەی پەکەکە لە لاوازییانەوەیە نەك لە بەهێزییانەوە. لە حاڵەتی ئاواشدا وەکو مێژوو پێماندەڵیت سازش لە هەڵوێستی لاوازەوە تەنها کەوڵەکەت دەپارێزێت.
دوو: بۆچی ئەردۆگان و حکومەتەکەی بەدەم بانگەشە مرۆیانەکەی پەکەکەوە ناچن؟
ڕایسزیزم و فاشیزم و ڕیگرتن لە ئازادیی و مافە ڕەواکانی کورد بە مافی فەرهەنگ و زمان و سیاسەتی و کولتورییەوە سیستماتیکییە واتە کراوە بە سیستەم و ئەمەش هەر لەسەر دەمی ئەتاتورکەوە تاکو ئێستا هەر ئاوا هاتووە. ڕوونتر ڕایسیزم و فاشیززم لە تورکیادا پایەیەکی گەورەی ڕاگرتنی حکومەتە یەک بەدوایەکەکانی تورکیا بووە هەر ئەم هۆکارەش بووە کە چارەسەری پرسی کورد لەوێ لە لولەی تفەنگەوە نەکراوە و ئێستاش ناکرێت و پایەکە درز پێنابات، بەڵکو بەهێزتری دەکات .
جەنگ دابڕان و دورخستنەوە لە یەکدی، کوشتن و ماڵوێرانکردن و نیشتمان و سروشت خاپورکردن، چاندنی ڕك و کینەی زیاتر، زۆری تر دەخولقێنیت، ئەمەش لە درەوەی ویست و خواستی کەسان و سەرکردەکانی بزوتنەوە چەکدارییەکەیە، جونکە ئەمە سروشتی بزوتنەوە و شەڕی چەکدارییە لە هەر شوێنێکدا ڕوویدابێت هەر ئەمەی بەستۆتەوە.
ئەوەندەی جەنگ، بە تایبەت جەنگێك بەهۆی بزوتنەوەی نەتەوەییەوە هەڵگیرسابێت، ئەوەندەی حکومەتەکە بەهێز دەکات، ئاشتی ئەوەندە بەهێزی ناکات. بەهێزکردنی دەوڵەتی عەسکەرتاریی بەهۆی بوونی دەسەڵات و دروستکردنی دەیەها دەزگەی تیرۆر و سەرکوتکردن و سیخوڕی و میدیا و قەڵەمفرۆش لە تەك بوونی ساماندا دەیهێنێتە ئاراوە و کارێکی زۆر گران نییە. نمونە لەو بارەوە حکومەتەکانی کۆنی عێراق ، ئێران ، سوریا ، ئیسرائیل، سریلانکە، کۆڵۆمبیا …تد کە بزوتنەوەی چەکداریی هەمیشە سوودمەندو و بەهێزی کردون.
زۆر جاریش جەنگ دەبێتە زەروورەی وەختیی/هەنووکەیی بۆ دەوڵەت کە لە کاتێکدا دەکەوێتە قەیرانەوە، بە حساب، بۆ لاوازکردنی قەیرانەکە دروستکردنی جەنگ زۆر زەروورە لەو نموونانەش کە لە 50 ساڵی رابوردوودا بووە ، جەنگی ئێران و عێراق ، هێڕشی بریتانیا بۆ سەر دوورگەی فۆكلاند، داگیرکردنی کوێت لە لایەن صەدامەوە، بەرپەرچدانەوەی توندی وەحشیانەی ئیسرائیل بۆ سەر فەلەستینیەکان… تد
هەر ئاواش حوکمڕانانی ئێستای تورکیا بەردەوامیدانی شەرەکەی لەگەڵ پەکەکەدا هەناردەی قەیرانە وبە قازانجیانە و بە ملیار دۆلار بزوتنەوەیەکی ئاوا دەکڕن [ تکایە مەبەستم ئەوە نییە کە پەکەکە ئەیجنتی ئەوانە و کڕراوە] چونکە هەرچی خواست و ئامانجی ئاکەپە و لەسەرو حیزبەکەشەوە ئەردۆگان و فاشییەکان و گورگەبۆرەکانی تورکیایە دەچنێتەوە.
بزوتنەوە چەکدارییەکەی پەکەکە بۆ ئەوان ئەو پەیژەیەیە کە دەتوانن پێیدا هەڵزنێن بۆ گەیشتن بە مەرامەکانیان، ئەو پاساوەیە بۆ مانەوەیان و وەسفکرنیان بە دژە تیرۆر و تیرۆریسیت لە لایەن ئەوەی کە ناونراوە کۆمێنێتی نێودەوڵەتیی، ئەو خێرەیە کە زۆرێك لە کارگەکانی دروستکردنی چەك و تەقەمەنی و تانک و فڕۆکەی جەنگی بەکراوەیی دەهێڵێتەوە و کرێکارەکانیان بێ کار نابن، ئەو بیانوەیە کە کوردستانی باکور و بەشێك لە کوردستانی باشووریشی پێ خاپوور بکات، هەدەپە و ڕۆژئاواشی پێ لاواز بکات، ئەو دەستەیە کە سەرکوتی نەیارانی نێوخۆشی پیدەکات بە هەر پاساوێك کە حکومەت دەیەوێت، ئەو فیتنەییە کە نێوانی ڕەش و ڕوت و چەوساوانی کورد و تورکی پێ تێكدەدات و دووبەرەکی دەخاتە ناویانەوە خۆشی سوودمەند دەبێت، ئەو بانگەشەی هەڵبژاردنەیە کە دەنگی زیاتر بۆ ئاکەپە بە ناوی جەنگ دژ بە تیرۆ و تیرۆریستان و بەکرێگیراوانی بێیانەوە دەهێنێت، تا ئەو ڕادەیەی بە هۆی میدیای دەوڵەتییەوە بە ڕشتنی ژەهری بڕواهێنانی خەڵکی بەو پاگەندانە.
بەردەوامی شەڕی پەکەکە لەگەڵ حکومەتی تورکیادا هەمیشە مایەی زیادبوونی دەنگدان بووە بە حکومەتەکانی تورکیا، ئەگەر ئەمجارەش ئاکەپە هەڵنەبژێررێتەوە هۆکارەکە وەستانی جەنگی یەکلایەنەی پەکەکە نییە بەڵکو بوومەلەزەکەیە کە تا ڕادەیەك لەسەر ئاکەپە دەکەوێت.

06/03/2023




چەکی کاریگەر لە دژی هێرشی کێمیاوی حکومەت بۆ سەر قوتابخانەکان مانگرتنی مامۆستایان و خوێندکارانە!.. حامید تەقوایی

وەرگێڕانی بۆ کوردی:کاوە عومەر

تا ئێستا زۆرێک لە دامەزراوە و ڕێکخراوەکان ئیدانەی کیمیابارانی قوتابخانەکانیان کردوە و داوای کۆبوونەوە و ناڕەزایەتیان دەکەن. لە نێویاندا شورای هەماهەنگی ڕێکخراوەی پەروەردەکاران، کۆمەڵێک لە خوێندکارانی زانکۆی شەریف، زانکۆی ئازادی تاران، خوێندکارانی ئازادیخوازی زانکۆی خواریزمی، یانەی نووسەران، خوێندکارانی شۆڕشگێڕی تاران، سەندیکای کرێکارانی قامیشی شەکری هەفت تەپە، ڕێکخستنی خوێندکارانی پێشکەوتنخواز، و چەند دامەزراوە و ڕێکخراوێکی تر. ئەم بانگەوازانە ماوەی لە ڕۆژی شەممە ١٣ تا ١٧ی ئازار، ڕۆژی جیهانی ژنان دەگرێتەوە و دەکرێت سەرەتای هێرشێکی بەرفراوان بێت بۆ سەر حکومەت، بەڵام پێویستە لەوە زیاتر بڕوات. کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە بەردەم قوتابخانەکان و لە حەوشەی زانکۆکان و شەقامەکاندا میحوەرێکی گرنگە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێرشی کیمیاوی ڕوو لە زیادبوونی حکومەت بۆ سەر قوتابخانەکان، بەڵام ئەمە بەس نییە. ئەم سیاسەتە تاوانکارییە دەکرێت و دەبێ بە مانگرتنی سەرتاسەری لەناو بچێت. بەتایبەتی چاوەڕوان دەکرێت مامۆستایان وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەرهێرشی کیمیاوی قوتابخانەکان لەلایەن حکومەتەوە مان بگرن و ڕای بگەیەنن کە ناگەڕێنەوە ناو هۆڵەکانی خوێندن تا ئەوکاتەی فەرماندەران و ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە دەستنیشان نەکرێن و ئاسایشی قوتابخانەکان نەپارێزرین. هەروەها پێویستە خێزانەکان خۆیان لە ناردنی منداڵەکانیان بۆ قوتابخانە بەدوور بگرن. ئەم کارە دەکرێت بە مانگرتنی قوتابیان تەواو بکرێت و تەواوی سیستمی پەروەردەیی حکومەت بخەوێنرێت.
لە لایەنی ئینسانیەوە مانگرتن کارێکی بەپەلە و دەستیجێیەە. قوتابخانە و بەشەناوخۆییەکانی خوێندکاران کە ڕۆژانە زیاتر و زیاتر دەکرێنە ئامانجی هێرشی کیمیاوی، شوێنێکی سەلامەت نین بۆ خوێندکاران. پێویستە قوتابخانەکان دابخرێن بۆ ڕزگارکردنی ژیانی منداڵەکانمان.
دەگوترێ مەبەست لە ژەهراوی کردنی زنجیرەیی ڕژیم بۆ قوتابیان داخستنی قوتابخانەی کچانە و هەر بۆیە نابێ مانگرتن بکرێ. هەندێک کەس هۆکاری ژەهراویبوونەکان دەگەڕێننەوە بۆ باندی ماددە هۆشبەرەکانی حکومەتی تاڵیبان و پێیان وایە ئامانجی حکومەت بێبەشکردنی کچانە لە خوێندن. بەڵام ئەمانە بۆچوونی دروست نین. ئێران ئەفغانستان نییە و کچان لە ماڵەوە ناهێڵرێنەوە، ئەوەش لە دڵی شۆڕشی ئێستای ژناندایە. حکومەتیش ئەمە دەزانێت. ئامانجی سەرەکی دەسەڵاتداران وەک لە حاڵەتی هێرشکردنە سەر فڕۆکەی نەفەر هەڵگر و سووتاندنی زیندانی ئەڤین، ترساندن و بەلاڕێدابردنی زەین لە قەیرانێکەوە بۆ قەیرانێکی تر. پێیان وایە دەتوانن کۆمەڵگا بترسێنن. بەڵام ئەگەر نوخبە دەسەڵاتدارەکانی ئێران لەگەڵ ئەفغانستانیش تێکەڵیان کردبێت، پێویستە بە مانگرتن وەڵامیان بدرێتەوە. مانگرتنێکی یەکگرتووی مامۆستایان و خوێندکاران بە داواکارییەکی ڕوون بۆ ڕاگرتنی دەستبەجێی ژەهراویکردنەکان و دەستگیرکردن و دادگاییکردنی تاوانباران و بەرپرسانی ئەم تاوانە و پاراستنی ئاسایشی ژینگەی پەروەردەیی گورزێکی بەهێز دەبێت لە حکومەت.
هەندێک مانگرتن بە پێچەوانەی کۆبوونەوە و خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی دەزانن. ئەمەش تیۆرێکی دروست نییە. بەپێچەوانەوە مانگرتنی قوتابخانە و زانکۆکان هێزی قوتابیانیش دەهێنێتە مەیدان و گردبوونەوە و خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی لەبەردەم قوتابخانەکان و حەوشەی زانکۆکان بەهێزتر دەکات. داخستنی سیستەمی پەروەردە، کە ئەمڕۆ بۆتە سیستمی تاوان بەرامبەر بە خوێندکاران، توانای ئەوەی هەیە کە مانگرتنی چینەکانی دیکەی کۆمەڵگا، کرێکاران و بازرگانان و هتد، سەرەتای دەست پێکی مانگرتنی گشتی و لێدانی گورزی کۆتایی بێت لە دەسەڵاتی تاوانکاری کۆماری ئیسلامی.
هیوادارم ئەو دامەزراوەو و ڕێکخراوانەی داوای ناڕەزایەتی دەکەن، بەتایبەتی ئەنجومەنی هەماهەنگی یەکێتییەکانی پەروەردە، هەنگاوێکی تر بەرەو پێشەوە بنێن و بانگەواز و ڕێکخستنی مانگرتن و داخستنی قوتابخانەکان بخەنە کارنامەی خۆیانەوە. ئەمە بابەتێکی بەپەلەیە. ئاخر ژیان و تەندروستی منداڵەکانمان بەستراوەتەوە بەم کارەوە. تا ئێستا زیاتر لە هەزار منداڵ و تازەلاو ژەهراوی بوون و کەوتونەتە نەخۆشخانە و دوو کەسی ئازیزمان بە ناوەکانی فاتمە ڕەزایی و ساناز جەمشیدی بەهۆی ژەهراوی بوون گیانیان لەدەستداوە. با نەهێڵین هێرشی کیمیاوی دەسەڵاتداران بۆ سەر قوتابخانەکان منداڵ و لازەلاوانی زیاتر بکاتە قوربانی.
١٣ی ئەسفەند ١٤٠١، ٤ی مارسی ٢٠٢٣




چیرۆک\ شەوەکی.. مەریەم کاکایی

هەموومان به دەور ئاگرێكى هێڵ له نێو تەنەکە ڕۆنى نەباتى “قو” كۆبووينەتەوه . پياوەكان جزمەى درێژ و ڕەشيان له پێيه. ژنەكان به فۆته سپييەكانيان بان دەميان داوه و لەگەڵ قسەكردنياندا هەڵاوى سپی دێتەدەر . من دەسته هەڵقليشاوەكانم لە پێش ئاگرەکە ڕائەگرم و به پەنجە بچووکەکانم هەوڵ ئەدەم گەرماى ئاگرەكه بگەیەنمه لووته ڕچيوەكەم. پياوەكان جامانەيان بەسەر و گوێلاكيانەوه پێچاوه و شەرواڵى كوردييان له پێيه. “سيف زەمينى” وشەيەكى تازەيه بۆ من. يەکێك له پياوەكان به دەسته ئەستوورەكانى چوار پێنج دانه پەتاتە فڕێ ئەداتە ناو ئاگرەكەوە و چاوى ئەنووقێنێ تا ئەو پزویزکانەى لە کاتی هەڵدانى سيف زەمينييەكاندا تێكەڵی دوكەڵى ئاگره كه بوون، به چاويا نەچن. ددانێکی زۆر، بە بۆچوونی من زياتر له پێويست، له ناو دەميدان. به پێكەنينێكى ميهربانەوه به من ئەڵێ : بچكۆڵ وەره پێشەوە. ئەها ئەم سیف زمینیانەش بۆ نیوەرۆجەمان ئەبرژێنین…. پێئەکەنێ و ئەڵێ : قاش قاشیان ئەکین و خوێان پێیا ئەکەین و بە نانەوە ئەیخۆێن.
من له شەرما سەرم ئەخەمه خووارەوه، خۆم لە پشت پورە بەهێ ئەشارمەوە. له ناخەوەش خۆم سەرزەنشت ئەكەم كه بۆچى سەیری ئەوم كرد.
دەنگى مەڕ و ماڵات له كوشتارگەکەوه دێت. پياوێكى باڵا بەرزی سمێڵ ئەستوور له ساڵۆنى كوشتارگەکەوه دێته دەرێ و به ئەرەقگيرێكى کەسك و مۆر دەستى ئەسڕێ. جزمه ڕەشە لاستیکیەكانى تەڕن و ئەبریقێنەوە، بەمانى تر ئەڵێ: وەرن كوشتەكان ئامادەن. پياوەكان به گەپ و قسه و پێكەنينەوه له نێو كيسه گونييه سپييەكانى دەستيان چەقۆ و ساتوورەكانيان دەرئەهێنن. پياوه ميهرەبانەكەش بەدەم جگەرەکێشانەوه، چەقۆكەى تيژ ئەكات و بەرەو ساڵوونى كوشتارگەكه ئەڕوات. ئاگری نێو تەنەکەكە كز بووەتەوه و پشكۆكان سوور سوور ئەبريسكێنەوه. دوای چەند چرکەیەک ژنەكانیش به شوێن پياوەكاندا ئەچن و ئێمەيش پۆلێک مناڵى قەدو نيوقەد دووایان کەوتووین. هەموو ئەرزی ساڵوونەكه پڕه له خوێناو. ئەختيارێک به سۆندە ئاوێکەوه زەويەكه ئەشوات. ژنەكان پاڵدمی گجی و چەمکی کەواکانیان کۆ ئەکەنەوە و ئەیکەنه نێو تلیشی کەواو و گیرفانەکانیانەوە. ئەو بڕە پیم و بەزانه كۆ ئەكەنەوه كه بەدەم ئاوەكەوه بەرەو جۆگەلەكە ئەرۆن. ئەم بەزانه به خۆڕايين و ژنه ئاوارەكانى ئۆردوگاى كامياران رۆژانه دێن و بۆ مناڵەكانيان ئەيبەن. قەسابەكان سپڵ و سییەكانيشيان ئەدەنێ. من دەستى ميم بەهێم گرتووه. ميم بەهێ پێم ئەڵێ: ئابەقوربانت بم ڕوڵە… بڕۆ ئەو سپڵەم بۆ بێنه نيوەڕۆ بۆت سوورى ئەکەمەوه. من به قسەى ئەکەم لەگەڵ ئەوەشدا حەز ئەکەم نيوەرۆ لە سيف زەمينیە برژاوکانی نێو ئاگرەکە بخۆم.




شۆڕەشی دەرسیم ساڵی ۱۹۳۷ز.. سوهەیبە ٲبراهیم عبدالقادر

لەڕابردوودا زۆربەی کات هەرێمی دەرسیم سەربەخۆی خۆی پاراستوە ، تەنانەت لەسەردەمی عوسمانیەکاندا مەوەیەک لەلایەن دەوڵەتەوە بەویلایەتی (کوردستان ) ناو دەبرا .

دووای جەنگی یەکەمی جیهانیش خەلکی هەرێمەکە بۆ بەدەست هێنانی سەربەخۆیان ڕاپەڕینێکیان دژی کەمالیەکان بەناوی ڕاپەرینی (کۆچگیری) یەوە بەرپاکرد ، لەگەڵ سەرەتای هاوینی ‌١٩٣٦ بارودۆخی هەرێمی دەرسیم تێکچوو هەروەها ئەو گرانی و برسیەتی و بێکاریەی کەلەئەنجامی قەیرانی ئابووری جیهانی سالانی( ١٩٢٩ – ١٩٣٢ ) درووست بوو ، کوردستانیشی گرتبۆوە.  سەید ڕەزا بۆئەوەی ناوچەکە لەشەڕ دوور بخاتەوە چەند جارێک نامەی بۆ (ئاڵب دۆغان ) نارد ، تەنانەت جارێکیان کورێکی خۆی نارد بۆ وتوئێژ ، بەڵام بەفێڵ گرتیان و دواتر کوشتیان بۆیە شۆڕەش لەزستانی ١٩٣٧ز دا دەستی پێکردو . شۆڕەش گێران چەندین سەرکەوتنی گەورەیان بەسەر هێزەکانی تورکیادا بەدەست هێنا بۆیە تورکیا بڕیاری دا هێزێکی گەورەی پڕمەشق پشت ئەستوور بەچەکی قورس و فرۆکەی جەنگی ڕەوانەی دەرسیم بکات ، تەنانەت سەرۆک وەزیران (عیسمەت ئینۆنۆ) خۆی سەرکردایەتی سوپای تورکیای گرتە ئەستۆ ، لەپەلەمارێکی گەورەدا  رووبەرێی فراوانی دارستان و کێلگەو گوندەکانی دەرسیم ئاگرتێبەردا بەوبیانووەی شوێنی خۆحەشاردانی شۆڕەشگێرانە . ئینجا چەندین شەڕی قورسی نا هاوتان لەنێوان هەردوولادا هەڵگیرسا کەتیایدا کوردەکان ئازایانە بەرگریان کرد ، بەڵام لەبەرامبەر لەشکری گەورە و پڕچەک و مەشق پێکراو فرۆکەی جەنگی تورکیا نەیانتوانی خۆیان ڕابگرن  و تەنانەت لەشەرێکیاندا سەید ڕەزا خۆی کەتەمەنی (٧٥) ساڵ بوو بە قورسی برینداربوو .

زستانی سالی ١٩٣٧ زۆر سەخت بوو ، خەلکێکی زۆریش ئاوارە و دەربەدەر ببوون بێ جێگاو شوێنی حەوانەوەو بوون  و ، شۆڕەشگێرانیش ئازووقە و تەقەمەنیان زۆر کەم ببوو  لەچیا سەختەکانی دەرسیم . لەوکاتانەدا (ئاڵب دۆغان ) نەمەیەکی بۆ سەید ڕەزا ناردوو بەناوی حوکمەتی تورکیاوە ئامادەی خۆی بۆ گفتوگۆ دەربڕی ، بۆیە سەید ڕەزا بۆ گفتووگۆ چوو بۆ شاری (ئەرزنجان ) لەوپەڕی باکوری کوردستان ، بەڵام لەوێ یەکسەر دەزگیریان کردوو دوای دادگایەکی روکەشانە خۆی و ( یازدە ) لەهاوڕێکانی لەسێدارەدران




با ٨ مارسی ئەمساڵ بکەینە رۆژی پشتیوانی لە ژنانی ئێران، بزوێنەری ڕاماڵینی دەسەلاتی سەرمایە!

٨ی مارس، رۆژی جیهانیی ژنان‌، رۆژی خەبات‌ و تێکوشانە بەدژی نایەکسانی ‌وجیاکاری وستەمکێشی ژنان. ڕۆژی وەستانەوەیە دژ بە بیروباوەڕ و نەریت‌ و کەلتور و دەسەڵات‌ و یاسای چینی دەسەڵاتدار. دەسەڵاتێک کە بۆ پاراستن ‌و ڕاگرتنی پایەکانی خۆی بەسەر کۆمەڵگادا، ژنانی لە جێگاورێگایەکی کۆمەڵایەتی خوارتر‌و لە ژێردەستەیی‌ وپێشێلی ماف و ئازادیە فەردی ومەدەنیەکاندا ڕاگرتوە.

ئەمرۆلە کاتێکدا ژنان نمایشی ناڕەزایەتی خۆیان دژ بە ستەمکێشی وجیاکاری بەرز ڕادەگرن کە جیهان لە نێوکاریگەری جەنگ وگرانی وبێکاری وبرسێتی و ئاوارەیی هێزە ئیمپریالیستەکاندا قەراریان گرتووەو کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیان لە نێو دەورەیەکی تازە لەگێژاو و بنبەست و بێ ئاسۆی و قەیرانی کوشندەدا گیرکردووە. رۆژ بەرۆژ لێکەوتەکانی قەیرانی ئابووری سەرمایەداری و جەنگ لە ئۆکرانیا کاریگەری زۆری لەسەر ژیان و گوزەران وماف و ئازادیەکان داناوە و لەو نێوەشدا ژنان قوربانی سەرەکی ئەم دۆخەن و لەگەڵ ئەوەشدا سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیەکان دژ بە گرانی و سیاسەتی و سك هەڵگوشین وبێکارسازی، تەوژمێکی نۆیی بەخۆیداوە دژ بەسیستەمی زاڵمانەی سەرمایەداری . لەڕیزی پێشەوەدا هاتنە مەیدانی بزووتنەوەی شۆرشگێڕانەی ژنان و لاوان و کرێکاران بە پێشرەوی و ڕۆڵی بەرجەستەی ژنان لەژێر دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی “دا دژ بە حیجاب، بۆ ئازادی و یەکسانی ،کۆماری ئیسلامی خستۆتە بەردەم گورزێکی گەورەوە. بەدڵنیایەوە سەرکەوتنی ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران و ژنان لەم شۆرشەدا کاریگەری راستەخۆی دەبێت لەسەر هەلومەرجی عێراق و کوردستان و ناوچەکە جیهان و خەباتی ژنان بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان و دژ بە ئیسلامی سیاسی و دەسەڵاتی چەوسێنەری سەرمایە.

ترس لە نەسیمی شۆرشی ژنان لە ئێراندا هەر زوو سەلەفیەکان وڕەوتە ئیسلامیەکانی لەکوردستان بە پشتبەستن بە ئەحزابی دەسەڵاتدار لەکوردستان هەراسانکردووەو کەوتنە هەڕەشە و پەلاماردانی ماف و ئازادیە مەدەنی وفەردییەکانی ژنان. لەپاڵ سوکایەتی و بێرێزی بەژیانی ژنان وکۆمەڵگەی مەدەنی کوردستان ، دەرکردنی فتوا و هەڕەشەکردن لە هەڵسوڕاوانی ژنان. هەربۆیە پشتیوانی و ڕاوەستان لە پاڵ ڕەوتی شۆرشگێڕانەی ژنان و لاوان وکرێکارانی ئێران هەنگاوێکی گرنگە لەڕاستای تەکاندان و بردنە پێشەوەی بەرەی پیشکەتووخواز و بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان بەرەو کۆمەڵگایەکی ئازاد و یەکسان خۆشگوزەران. کۆمەڵگایەك کە سەرجەم ماف و ئازادییەکانی ژنان دەستبەربکات و دین لە دەوڵەت و یاسا جیابکاتەوە، وە قانون وسیستەمێك بهێنێنتە پێشەوە کە لە ڕوانگەی یەکسانی هەمەلایەنەی ژنان و پیاوانەوە داڕێژراوبێت . لە گەڵ ئەوەشدا مافەکانی ژنان لە هاوسەرگیری و جیابوونەوە ، پەیوەندی مناڵ و میرات و سزا تیادا جێگرکرابێت. سنوریك بۆ ئەوسوکایه‌تیکردنانە به‌ژنان دابنرێت وزمانی سوکایه‌تی کردن به‌ ژنان به‌یاسا قه‌ده‌غه‌ بکات. وە کۆتایی بهێنێت بەم ژینگە دژی ژن بوونەی کە دەسەڵاتداران لە ناوخۆی کوردستاندا گواستویانەتەوە بۆ دەرەوەی ووڵاتیش کە هۆکاری دەیان تراژیدیای ناخهەژێنە لەنێو ڕەوەندی کوردی لە توندوتیژی خێزانی و فەرهەنگی پیاوسالاری لەپاڵ یاسا دژە په‌نابه‌رییه‌کانی ووڵاتی به‌ریتانیا و ئه‌وروپا لێکەتۆتەوە.

فیدراسیۆنی سه‌راسه‌ری په‌نابه‌رانی عێراقی له‌ ڕۆژی 8مارس رۆژی جیهانی ژنان سەرباری پشتیوانی خۆی بۆ ڕاپەڕینی ژنان و لاوان و کرێکارانی ئێران بانگه‌وازی سه‌رجه‌م ژنان وپیاوانی ئازادیخواز و یه‌کسانیخواز و ڕێکخراوه‌کانی داکۆیکار لە مافه‌کانی ژنان وپه‌نابه‌ران ده‌کات لە پێناو سەرکەوتنی ئەو جوڵانەوە مەزنەدا لە ئێران ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تیان یه‌ك بخه‌ن.
بژی ٨مارس رۆژی جیهانی ژنان
سەرکەوێت جوڵانەوەی شۆرشگێڕانەی ژنان لە ئێران

فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی
٧/٣/٢٠٢٣




٨ی مارس، ڕۆژی ڕاوەستانەوەیە بەدژی جیاکاری و ژنئازاری، ڕۆژی توندکردنەوەی خەباتە بۆ ئازادی و یەکسانی!

یەکێک لە تایبەتمەندیەکانی نیزامی سەرمایەداری، دروستکردن و پەرەدانە بەجیاکاری و ناکۆکی لەنێوان ئینسانەکاندا. هێشتنەوە و قوڵکردنەوەی جیاکاری جنسی لەنێوان ژن و پیاودا لەبواری ئابوری و سیاسی و یاسایی و فەرهەنگی و تاد. یەکێك لەو مەیدانانەی جیاکاریە کە لەلایەک بۆ پارچەپارچەکردنی ڕیزەکانی کرێکاران و لەلایەکیتریشەوە بۆ هێشتنەوەی دەسەڵاتی بۆرژوازی و کەڵەکەی سەرمایە دەستی بۆدەبرێت.
بۆژوازی کوردیش وەکو بەشێکی لێکهەڵپێکراو لەگەڵ بۆرژوازی جیهانیدا، جیاکاری نێوان ئینسانەکان بەگشتی و جیاکاری ڕەگەزی نێوان ژن و پیاو بەتایبەتی، کردۆتە یەکێک لەپایەکانی دەسەڵات و سیستەمەکەی. بۆ ئەم مەبەستەش نەک هەر ژنانی کوردستانی لەگەڵ بێمافی وسەرکوت وستەمگەری بەرەوڕوو کردۆتەوە، بەڵکو لەڕیگای دەمەزەردکردنەوەی بیروباوەڕی خێڵەکی وپیاوسالاری و تێکەڵکردنی دین لەگەڵ یاساکاندا و شۆڕکردنەوەی بۆناو ژیانی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی، ڕەشەکوژی ژنان و ناچارکردنیان بەخۆسوتاندن و خۆکوژی کردۆتە دیاردەیەکی قێزەون و باوی نێوکۆمەڵگا.
لەسایەی دەسەڵاتی چەند دەیەی ڕابردووی حزبە بۆرژوا ناسیونالیستەکانی کورددا، سەرەڕای ئەو توندوتیژی وسوکایەتی و بەکەم سەیرکردن وهەڕەشەیەی کە بەئاشکرا لەمیدیاکانەوە دەکرێتە سەریان، گرانی و بێکاری و هەژاری لەو هەلومەرجە سەختە ئابوریەدا بۆتە هۆی ئەوەی باندەکان و بازرگانەکانی سێکس بکەونە ڕاوکردنی ژنانێك کە ناچارن بۆ تێرکردنی سکی خۆیان و مناڵەکانیان پەنا بۆ لەشفرۆشی بەرن، یاخود ئەو ژن و کچانەی دۆخی شەڕو نائارامی بێکەس و بێسەرپەرشتی کردوون، ڕاپێچی کاری لەشفرۆشی بکەن. کە بەشی هەرەزۆری ئەو باندانە دەستیان لەگەڵ حزبە دەسەڵاتدارەکاندا تێکەڵە.
لەلایەکی ترەوە ژنانی کوردستان بەگشتی نەک لەکاری ناوماڵ و لەدەورانی دایکایەتیدا، هیچ بیمەیەکیان پێنادرێ و کاری خۆڕاییان بەسەردا دەسەپێندرێ، بەڵکو ژنانێک کە کاردەکەن، لەئاستی کرێ و بەدەستهێنانی کارو پسپۆڕیدا، جیاکاریان لەگەڵ دەکرێ و لەبچوکترین ماف و ئیمتیازات بێبەری دەکرێن. لەمانەش زیاتر، حزبەکانی نێو دەسەڵات هەرکاتێک لەگەڵ قەیران و تەنگژەو ناکۆکی نێوانیان بەرەوڕووبونەتەوە، دەستیان بۆ ڕەوتە ئیسلامیەکان درێژکردەو فرسەتی ئەوەیان پێداون تا هێزی کۆنەپەرستانەو پیاوسالاریان بۆسەر ژنان و مافە فەردی و مەدەنیەکان لەکۆمەلگادا وەگەڕبخەن و فەزای کۆنەپەرستی لەدژی ژنان و ڕێکخراوەکانیان هەڵخڕێنن.
بەڵام ژنانی کوردستان ئەمساڵ، لەکاتێکدا خۆیان بۆ پێشوازی لە ٨ی مارس ئامادە دەکەن، کەبزوتنەوەیەکی جەماوەری شۆڕشگێرانە لەشارەکانی ئێران پێیناوەتە مەیدانەوەو ئەوە ژنانن کە لەڕیزی پێشەوە ئاڵای ڕزگارکاردنی ژنانی لەکۆتوبەندی کۆنەپەرستی و پیاوسالاری و دەسەلاتی ئیسلامی سەرمایە، بەرزکردۆتەوە. بزوتنەوەیەکی ئاوا کە ڕاستەوخۆ قەڵای کۆنەپەرستی لەناوچەکدا لەرزاندوە، بەدڵنیایەوە کاریگەریەکی قوڵ لەسەر بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنانی کوردستان و خەبات بۆ پاشەکشەپێکردن بەڕەوتە ئیسلامیەکان دادەنێت. ئەو شۆڕشەی کە کرێکاران و لاوان و ژنانی ئێران، بروسکەیان لێداوە، فرسەتی کردۆتەوە بۆ ژنان و بزوتنەوەی یەکسانیخوازی لە کوردستان تا خەباتی خۆیان چڕبکەنەوە بۆ گەیشتن بەماف و ئازادییە فەردی و مەدەنیەکانیان. هاوکات دەرگاش بەڕووی کۆتاییهێنان بەدەسەڵاتی بۆژوازی کورد و پاشەکشەپێکردن بەکۆنەپەرستی، بخەنەسەرپشت. ٨ی مارسی ئەمساڵ، جێگایەکی تایبەتی هەیە لەڕاوەستانەوە بەڕووی سیاسەتی دژەژن و پیاوسالاری دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد و کەنارخستنی رەوتە ئیسلامیەکان و هەڵوەشاندنەوەی هەموو ئەو یاساو ڕێسایانەی کە بۆتە ناسنامەی دژە ئازادی و دژە ژنی کە بەسەر کۆمەڵگای ئەمڕۆی کوردستاندا داسەپێندراوە.
ژنان و پیاوانی ئازادیخواز!
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، کەرزگاری و یەکسانیی هەمەلایەنەی ژنان و پیاوان بە بەشیک لەخەباتی دانەبڕاوی چینی کرێکار بۆ گەیشتن بەئازادی و یەکسانی و کۆمەلگایەکی خۆشگوزەران، دەزانێت و بۆی تێدەکۆشیت. هاوکات حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان لەئێستادا دیفاع لەماف و ئازادیە فەردی و مەدەنیەکانی ژنان و هێنانەکایەوەی سیستەمێکی سکولاری نادینی و ناقەومی، کە یەکسانی هەمەلایەنەی نیوان ژن و پیاو بکاتە بنەمای بەڕیوەبردنی کۆمەڵگا، بەبەشێک لەخەباتی جەماوەری ناڕازی کوردستان بۆ کۆتایی هێنان بەدەسەڵاتی ئەحزابی بۆرژوازی کورد دەزانێ و لەڕیزی پێشەوەی ئەم خەباتەدا بەتەواوی توانایەوە ڕادەوەستێت. دەبا لە٨ی مارسی ئەمساڵدا ژنان و بزوتنەوە یەکسانیخوازەکەی وەک بەشێک لەنارەزایەتیە جەماوەریەکان بۆ ئازادی و باشبژێوی، بەپێکهێنانی دەستەکانی ژنانی ناڕازی و بەخواستی خۆیانەوە پێبنێنە مەیدانەوە. با ٨ی مارسی ئەمساڵ بکەینە ڕۆژێک بۆ خەباتی یەکگرتوانەی ژنان و پیاوان، لەدژی ژنئازاری وکۆنەپەرستی، باچیتر ڕیگا نەدەین دەستی پیاوسالاران و کۆنەپەرستان و دەسەڵاتداران بۆسەر ژیان و کەسایەتی و حورمەتی ئینسانی ژن درێژ بێت، با ٨ی مارس ڕۆژێک بێت بۆ شەکاندنەوەی ئاڵای ئازادی و یەکسانی.
بژی ٨ مارس، بژی یەکسانیی هەمەلایەنەی ژن و پیاو!

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
مارسی ٢٠٢٣




ئێوارانە ٢٠.. سەردار جاف

ئێوارەيەک
بە لێوڕێژی لە خۆم تۆ دەبينم
وای لە ئينجانە جوانەکانی هەشتی سێ
وەک لانەيەکی خۆر دەتبينم ، تەڕتەڕ
لەرەبايەک دەتشنێنێ و
هەر تۆی دەبييە هەموو کەسێ
شنەبايەکی ئەوينیی، وا نوقمی لوولبوونت دەکا
گێژەڵوکەيش ناتترسێنێ
ئەم دەماغی پووچە، کەنگێ لە خەو ڕا دێ
هێدی هێدی لە کەنارت
ئارامبوون بۆ خۆی بسێنێ
ئێوارەيەک
رەدووی مەزنی تۆ کەوتم
هەتا ترۆپک چووم و دەچووم
لە نێو تۆدا ئەستوندەگی ژينم بينی
دوێنێ دييەم ناساغ و لێڵ
لە مەرکانەی دۆراندۆرم تێکشکابوو
جگە لە خود درۆ و رک و شينم بينی
ئێوارەيەک
ئاکنجی سارای سەرابيیم،
نامەوێ لێی قورتار ببم
هەر دەڕۆم و من پێت ناگەم
دوا وێستگەی پاسی لای ماڵتان شەڕانگێزی ئاوەزمە
لە کام کونجی رەحيماوا ئۆغر دەکەی
نابەڵەدم لێت تێناگەم
ئێوارەيەک
بە جانتاکەی بەرسينگتەوە
بە يەکپۆشاکی بەرتەوە
بە لەنجەی جوانی رێتەوە
بە نيگای سيحر و بيرتەوە
بە بزە و خەندەی خەياڵتەوە
بە باوەشێ ترس و هزری پڕ شۆکتەوە
لە ڕێی مەکتەب کە دێيتەوە
من لە کوێ بووم
لە نێو دەفتەر و جانتا، رێ دەرببڕم
ببمە قەڵەم بە دەستەوە
خەياڵدانت چراتۆڕی ژووری پياوێ
ئافاتی بير خرمژنی حەسرەت باوێ
خەونەکانت پوولەکەی رەنگاوڕەنگ تاوێ
ونبوونی رێی عيشقی دڵت
هەورازێکە و هيچ بێنەو بەردەی پێ ناوێ
من لە کوێ بووم
لە بری تۆ، نەک دەپەنجەم
هەموو لەش و هەست و نەستم، گڕ بگرێت و تيشکهاوێ
ئەم ئێوارە
لە غوربەتا تۆم ديتەوە
بووين بە ئيسکان، بە شۆريجە و رەحيماوە
بووين بە گەنجێکی سەرەڕۆ
بووين بە شارێ
بووين بە کەرکووک
لە ترۆپکی ئاوابوونا، نيگاکانت بوون بە خۆرێکی زەرد زەرد
بەر لە نغرۆیی و ئاوابوون
بەر لە دارەدارە و گۆچان
بەرلە رێگای زەهايمری
بەرەو دارا دوو داری دی گەڕايتەوە و بوويتەوە بووک
ئێستايش دەڵێم ئازيزەکەم خۆشمدەوێی خۆشەويسترين کەسم

ئەڵمانيا
٥ / ٣ / ٢٠٢٣




تاریکەڵان.. نەوزاد بەندی

لەمسەری هەتا ئەوسەری ، تف لە کورد بێ، چاکی نییە ..
لە زوڵم و سەرشۆڕیی و دزی و خۆخۆریا باکی نییە ..
میللەت نین ، کۆمەڵێ نەفسی نزم و خۆپەرست و کۆیلە ..
لە ملی یەکشکاندنا ، بێ وێنەیه ، تاکی نییە ..
خەریکی حەرامخۆرین و گیرفانی یەکتری ئەبڕن ..
دواڕۆژی دز ، ڕیسوا بوونە ، بۆیە ئاڵا و خاکی نییە ..
هەتا تێگەیشتوو و زانا بێ ، زەبرەکانی توندتر ئەبن ،
فرزەندی ماڵی حەرامە ، دایک و باوک و کاکی نییە ..
بەدەست ئەو بێ هەوایش ئەبڕێ لە خزم و هاوڕێ و یارانی ..
عەقڵی کورد چۆڵ و تاریکە ، یەک تیشکیش ڕوناکی نییە..
گەر پیاوێکیان تیا هەڵکەوێ ، ئەوەندە بەردی تێ ئەگرن ..
مەردایەتی تیا ناهێڵن ، ئێ کەچەڵ دەلاکی نییە ..
ئەوەی بیەوێ قوتاربێ لە ناو ئەو مار ومێرووە ،
لەو ڕێیە ڕۆحیشی دەرچێ ، زەرەر و هیلاکیی نییە ..
کەس پاکانە بۆ خۆی نەکا ، خۆی ئاو دیو نەکا لەم وەسفە ..
سەرلەبەری بەو جۆرەیە ، دوور لەڕوو ، حاشاکی نییە ..

ـــنەوزاد بەندی ــــــــــــــــ