بیری فاشیستی به‌عس و جینۆسایدی گه‌لی كوردستان.. سەلام عەبدوڵڵا

كۆمه‌ڵه‌ وتار..

1- چۆن فاشیزم پێناسە بكەین؟
2- حزبی بەعسی فاشی، لەباری ئیدۆلوژی،دەسەڵات و پەیوەندێكانی
3– ناوی ئەو شەركەت و رێكخراوە ئەلمانییانە كە پشتگیریان كردووه‌ له‌ رژێمی فاشیستی (ئیراق)
4- جینۆسایدی گەلی كوردستان، یاسا نیونەتەوەییەكان و ئەركەكانمان
5- بازرگانی به‌ قوربانیان

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە کلیکی ئێرەبکەن..




مانگرتنەکانی بەریتانیا بەردەوامە.. نوری بەشیر

ئەمڕۆ چوار شەممە ١٥ی مارس لە سەراسەری بەریتانیا مانگرتن ئەنجامدرا کە پیشتر راگەیەندرابوو. مانگرتنی ئەمڕۆ بۆ داواکاری موچە و هەلی کار و خانەنەنشینی و باشکردنی هەلومەرجی کاردنە. مانگرتنەکە لەسەراسەری بەریتانیا لەم بەشانەدایە؛ کرێکارانی شەمەندەفەر و ئیستگاکان، مامۆستایان، بەشی خزمەتگوزاری حکومی، پزیشکانی مقیم و ڕۆژنامەنووسانی بی بی سی. دکتۆرە مقیمەکان کە لە ١٣ی مانگەوە بۆ ماوەی ٧٢ کاتژمێر لەمانگرتندان تاکو ١٦ی مارس و مامۆستایان تەنیا لە ئینگلترەدا لەمانگرتندان لەبەر ئەوەی لە وێڵز و سکۆتلەند توانیویانە لە گفتۆکانیادا بەشێکی باش لە خواستەکانیان بسەپێنن.
لەسەر بانگەوازی؛ یەکێتی کرێکارانی شەمەندەفەر و دەریایی و گواستنەوە ( RMT ) مانگرتنی کرێکاران و کارمەندانی ئیستگاکان و شۆفێرانی شەمەندەفەرەکان لەندەنی توشی تەنگوچەڵەمەی هاتووچۆ کردەوە و دەرگای ئیستگاکان داخراون و کۆبوونەوەی فراوان لەبەردەم لە زۆرێک لە ئیستگاکانی شەمەندەر ئەنجامدراوە و هەروەها لە دوو لاوە کرێکاران مانگرتنەکانیا بە رێپێوان بەرەو ناوەندی لەندەن ترافڵگار سکوێر رۆشتن و لەوێدا کۆببنەوەو رابەرانی یەکێتیە کرێکاریەکان قسەوباسیان کردووە کە بە وتەی پۆلیس کۆبونەوەی ناوەندی لەندەن لە تراڤلگار سکویر چل هەزار کەس بووە و بە قسەی هەڵسوڕاوانی مانگرتنەکەزیاترە بووە.
ئەم مانگرتنە فشارێکی زۆری بۆ هاتوچۆ دروستکردوە بەتایبەت بۆ هاتوچۆی پاسەکان لەنەندا و یەکێتی کرێکارانی هاتوچۆ ئاگاداری داوە لەم رووەوە. RMT قەرارە لە رۆژەکانی ١٦، ١٨، ٣٠ مارس و ١ی ئەپریل ناڕەزایەتیەکانیان لە ئاستی سەراسەیدا بەردەوام بێت.
هاوکاتی ئەم مانگرتنەی کرێکارانی شەمەندەفەرەکان مانگرتنی دکتۆرەکان بەردەوامە کە هەزاران بەشدار دەبن لەم مانگرتنەدا و زۆرێک لە دکتۆرەکانی تریش پشتگیری خواستەکانیان دەکەن و ئەمەش کاریگەری زۆر لەسەر هەلومەرجی نەخۆشخانەکان و نەخۆش داناوە کە حکومەتی بەریتانیا و کۆمپانیاکان زۆر خەمساردن لە بەرانبەریدا.
کرێکارانی شەمەندەفەرەکان لەماوەی ساڵیکدا کە نزیکەی حەوت جار مانگرتنیان کردووە لە بەرانبەر ئەو هەڵئاوسانە گەورەیەدا کەبەریتانیا بەخۆیەوە دەبینێت لە بەرزبوونەوەی زۆری نرخی کاڵاکانداو بەتایبەت پێداویستیە رۆژانەییەکانی خەڵکدا، بەڵام موچە زیاد نەکراوەو ئەگەر لەژێر فشاری ناڕەزایەتیەکاندا کۆمپانیا تایبەت و دەزگا دەوڵەتیەکان ملیان دابێت بەکەمێک زیادکردن ئەوا بڕەکەی ئەوە نەبووە کە یەکێتیە کرێکاریەکان رازیبووبن پێی لەهەندی بەشی کەمدا نەبێت، بۆیە مانگرتنەکان تا مانگی داهاتووش لەچەند رۆژدا بەردەوام دەبێت.
ئەم مانگرتنانە لەبەریتانیا بەجیا لە کرێکارانی شەمەندەفەر لەچەندین بەشی تردا بەردەوام دەبێت لەوانە: پاسەکان، پۆست، پەرستاران و ستافی ئەمبولانس و مامۆستایان و دکتۆرەکان و کرێکارانی بەشی خزمەتگوزاری.
حکومەتی بەریتانیا کە لەگەڵ قەیرانێکی قوڵی ئابوری و سیاسیدا بەرەوڕووە ناتوانێت و نایەوێت وەڵامی خواستەکانی کرێکاران بەوەی دەیانەوێت بداتەوە یان لەبەرانبەر ئەو هەڵئاوسانە کە یەخەی بەخەڵک و کرێكاران گرتووە وەڵام بداتەوە، لە کاتێکدا خەڵک هاواری لێهەستاوە و چەندین ناوەندی یارمەتی خواردن دان و کۆمەک کراوەتەوە کە بەشێکی زۆری ئەو خەڵكانە کاردەکەن بەڵام لەبەرامبەر گرانیدا ئەو کرێیەی وەریدەگرن بەش ناکات، یان وەک لە یەكێک لەدروشمەکاندا هاتووە ١٧٩٠٠٠ هەزار کەس لەژەمە خواردنێکی رۆژ بێبەشن.
لەکاتێکدا جێرمی هانت وەزیری دارایی لەپەرلەماندا نەخشەی ماڵی خۆی بۆ ئەمساڵ دادەنێت بەڵام لەنزیک ئەوەوە دەنگی کرێکاران و رابەرانی یەکێتیە کرێکاریەکان نا بۆ ئەو هەلومەرجە دەڵێن کە ژیانیانی سەخت کردوە لەژێر سایەی حزبەکەی هانتدا کە حزبی پارێزگارانە ئەوپەڕی ژیانی سەخت بەسەردەبەن.
سکرتێری RMT میک لینچ وتویەتی: پیرۆزبایی لە هەموو ئەندامانی هێڵی شەمەندەفەرەکانی لەندەنمان دەکەم کە ئەمڕۆ بەشدارییان لەم چالاکییە مانگرتنەدا کردووە. وە وتی ” ئەمە ئەوە دەردەخات کە ئێمە چەندە ئیرادەمان هەیە بۆ ئەوەی بە دانوستان بگەینە یەکلاییکردنەوەی ئەم ناکۆکییە درێژخایەنە” و ئاماژەی بەوەشکردووە، ” تا ئەو کاتەی کە پێویستە دەبێ بەردەوام دەبین لە ناڕەزایەتیەکانمان”.
وە مارک سێروتکا، سکرتێری گشتی سەندیکای خزمەتگوزارییە گشتی و بازرگانییەکان PCS هۆشداری دا لەوەی ئەم کارە تەنها سەرەتای مانگرتنەکانە کە ڕەنگە تا کۆتایی ئەمساڵ بەردەوام بێت.
وە وتی ئێمە 2% زیادکردنی مووچەمان پێدراوە لەکاتێکدا هەڵاوسانی خۆراک هەفتەی ڕابردوو 16% بوو. ٤٠٠٠٠ هەزار فەرمانبەری حکومی یارمەتی خواردن لە بانکی خۆراکی وەردەگرن و ٤٥٠٠٠ داوای یارمەتی لە کاتی کاردا دەکەن چونکە زۆر هەژارن.
بەوهۆیانەوە کرێکاران لەساڵی رابردوەوە دەورەیەکی نوێیان لەناڕەزایەتی دەست پێکردوە کە زۆر کاریگەری لەبەشەکانی خزمەتگوزاری کۆمەڵگادا داناوە، هەربۆیە کێشەکە بووەتە کێشەیەکی گەورە لەنێوان کرێکاران و خەڵک لەلایەک بەگشتی کە گرانی تەنگی بەخۆیان خێزانەکانیان هەڵچنیوە، وە کێشەی سەرمایەداران و خاوەن کۆمپانیاکان و لەبەشەکانی حکومیدا کە نایانەوێت لەم دەورەیەی قەیراندا سودەکانیان بێتەخوارەوە، بۆیە ئەم کێشەیە لە ئاستی کۆمەڵگادا وەک کێشەیەکی چینایەتی گەورە دەبینرێت.
ئەوەی جێگای ئاماژەیە زۆرێک لە یەکێتیە کرێکاری و سنفیەکانیش بەشداری و هاوپشتی خۆیان لە مانگرتن و کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا کردوە لەوانە RMT و هەریەکە لە PCS و یەکێتی Prospect و هەروەها حزبە کۆمۆنیستیە کرێکاریەکانیش بەشداری و هاوپشتی خۆیان کردووە.

١٥ی مارسی ٢٠٢٣




یەک شۆڕش و دوو ستراتیژی.. حەمید تەقوایی

وەرگێڕانی بۆ کوردی: کاوە عومەر

لە چەند هەفتەی ڕابردوودا و هاوکات لەگەڵ سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی شەقامەکان بە تایبەت لە ٢٧ی بەهمەن و ١٦ و ١٧ی ئەسفەند و دواجاریش کۆبوونەوە و ناڕەزایەتییە توندەکانی ڕۆژی چوارشەمە سوری، ئێمە جموجۆڵمان لە کەمپی ڕاستڕەوی ئۆپۆزسیۆن بینی. ئەو جموجۆڵانەی کە بە کۆبوونەوەی جۆرج تاون دەستی پێکرد و بە بڵاوکردنەوەیجاڕنامەی ٦ کەسی و ئامادەبوون لە پەرلەمان و ڕاڕەوی دەسەڵاتی وڵاتانی ڕۆژئاوادا بەردەوام بوو. ئەم دوو جۆرە پێشهاتە بە ڕوونی ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ئەمڕۆ دوو ستراتیژی و دوو ڕوانگە لەبەردەم شۆڕشدا هەیە:
١- ستراتیژی گواستنەوە لە کۆماری ئیسلامی بە کەمترین گۆڕانکاری لە سیستەمی هەبوودا بە ڕاکێشانی پشتیوانی حکومەتەکانی ڕۆژئاوا، و
٢- ستراتیجی تێکشکاندنی کۆماری ئیسلامی و ته واوی سیستمی هەبوو به هێزی جه ماوه ری شۆڕشگێڕ
ستراتیجی یەکەم نوسخەی شکستی شۆڕش و مانەوەی کۆماری ئیسلامییە و ستراتیجی دووەمیش ڕێگای پێشکەوتن و سەرکەوتنە.
ستراتیژی گواستنەوە بە کەمترین گۆڕانکاری
هێزە ڕاستڕەوەکانی ئۆپۆزسیۆن کە دژایەتی گۆڕانی ڕیشەیی نەزمی هەبوون، ستراتیژی “گواستنەوە بە کەمترین گۆڕانکاری” پەیڕەو دەکەن. ئەمڕۆ ئەم هێزانە لە دەوری کەسێک کۆبوونەتەوە کە لە دوایین شۆڕشدا لەسەر تەختی پاشایەتی کەوتووە و هەوڵی گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی پاشایەتی و دەسەڵاتی خۆی دەدات و کۆمەڵگا بگەڕێنێتەوە بۆ بارودۆخی ٥٠ ساڵ لەمەوبەر.
ئەم هێزانە لەم دواییانەدا جاڕنامەیەکیان بڵاوکردەوە کە نەک هەر پەیوەندی بە شەقامەوە نییە، بەڵکو لە بنەڕەتدا بۆ حکومەتەکانی ڕۆژئاوا و بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی و بۆچوونی ئەوان نووسراوە. ئەم جاڕنامەیە بە پێچەوانەی ناوە بێ ناوەرکەکەیەوە،جاڕنامەی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی نییە، بەڵکو لە خاڵی پێچەوانەی شۆڕشدایە. لەم جاڕنامەیەدا هەواڵێک لە ڕوخاندن و تێکدانی نەزمی هەبوو نییە، نە هیچ کام لە داواکارییە ئینسانییەکان و مافەکانی بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگە لە دژی هەژاری و هەڵاواردن و نایەکسانی. ئەو بێ خەبەرەی کە بە پشتبەستن بەم جاڕنامەیە بیەوێت شۆڕشی ئێران بناسێت، ئەو وێنەیەی دەست دەکەوێت کە خەڵکی ئێران دەیانەوێت ڕەچاوی کۆنوانسیۆنە نێودەوڵەتییەکان بکەن و لە دیکتاتۆریەتی ئیسلامییەوە بگوازنەوە بۆ دیکتاتۆری شاهانە!
بێگومان نووسەرانی جاڕنامەکە مەبەستیان نەبووە ئامانج و ئایدیالی شۆڕش ڕوون بکەنەوە و ڕابگەیەنن. هەرچییەک بێت، شاخوازەکان و هەموو هێزە ڕاستەکانی ئۆپۆزسیۆن هەمیشە شۆڕش بوون وەک ئاژاوەو توندوتیژی بوون و ئەمڕۆش کە بە هۆی “ڕووداوە خراپەکان” ناچار بوون قسە لە شۆڕش بکەن، هێشتا هەوڵی پاڵ پێوەنانی بۆ دواوە و بەلاڕێدا بردنی دەدەن ئەوان لەبەرگی میللی نیشتیمانی خۆیانن و بە هەموو شێوەیەک هەوڵ دەدەن “خودای پاشا نیشتمان” لە ئاڵای ژن ژیان ئازادیدا بپێچنەوە و بیدەن بە خەڵک. تەنانەت بەشێک لە شوێنکەوتوە توندئاژۆکانیشیان بۆیان دەرکەوتووە کە دروشمی شۆڕش لە بنەڕەتدا “ژن ژیان پەهلەوی” بووە!
لە هەر حاڵەتێکدا هێزەکانی لایەنگری جاڕنامە، چ توندڕەو یان میانڕەو، لە بنەڕەتدا نەک بە خەڵکی ئێران یان تەنانەت هێزە پێشکەوتنخوازە جیهانییەکان کە بەرگری لە شۆڕشی ژن ژیان ئازادی دەکەن، بەڵکوڕووی دەمیان حکومەتەکانی ڕۆژئاوا دەکەن. بوونی یەک لە دوای یەک ئیمزاکارانی جاڕنامەکە لە ڕاڕەوی پەرلەمانەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوادا بە ڕوونی مەبەستیان لە بڵاوکردنەوەی وەها جاڕنامەیەک نیشان دەدات. پێیان وایە دەیانەوێت بە سوێندخواردن بۆ گواستنەوەی ئاشتیانە و پاراستنی زۆرترین سیستمی ئێستا و تەنانەت پاراستنی سوپای پاسداران و ڕاگەیاندنی پابەندبوونی خۆیان بە ڕێککەوتننامە و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان، پشتیوانی حکومەتەکانی ڕۆژئاوا ڕابکێشن بۆ خۆیان. بەڵام ئەمە لە بیرۆکەیەکی کرچ وکاڵ زیاتر نییە. تاکە ڕێگا بۆ گۆڕینی هەڵوێستی حکومەتەکان بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی و گۆشەگیرکردنی لە جیهاندا، هێزی خەباتی شەقامە. جگە لەوەش، لە یەک مانگی ڕابردوودا، لەگەڵ کەمبوونەوەی ڕێژەیی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران، حکومەتەکان دەستیان تەنانەت لە پشتیوانی زارەکیشیان شۆردووە و سیاسەتە تەقلیدییەکانی دانوستان و ئارامکردنەوەیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی دەست پێکردووەتەوە.
ئۆپۆزسیۆنی ڕاستڕەو هەوڵی ڕاکێشانی پشتیوانی حکومەتەکان دەدات، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوە دەسەڵاتی شەقامە کە هەم حکومەتەکان و هەم هێزی ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستڕەو کە ڕێبازو و باوەڕەکانیان هەمیشە شۆڕشی بەکارێکی نالەبارو وەک شتێکی نەخوازراو و نەرێنی لەقەڵەمداوە بەداوی خۆیدا ڕادەکێشێت.
ڕەخنەی بناغەیی لە ستراتیژ و سیاسەتی “گواستنەوە لە کۆماری ئیسلامی بە کەمترین گۆڕانکاری” نەک تەنیا وڵاتانی ڕۆژئاوایی و تەنانەت ئاوڕدانەوەی پاشەکشەی تێدا نییە، بەڵکو لە ڕاستیدا خزمەت بە پاراستنی کۆماری ئیسلامی دەکات. هەوڵدان بۆ لەباربردن و شێواندنی شۆڕشی ژن ژیان ئازادیدا لە شێوەی پیرۆزی نەتەوەیی-نیشتمانی و نۆستالژیا بۆ ئەوانەی لە تەخت کەوتنە خوارەوە، شێواندن و کەمکردنەوەی ڕووخان و لەناوبردنی سیستەمی هەبوو لەگەڵ گواستنەوەیەکی ئاشتیانە لێی، و لە کۆتاییدا، جێگرتنەوەی ئامانج و خواستی ئازادیخوازانە و یەکسانیخوازانەی خەڵک بە بە بەڵێننامەی نێودەوڵەتی، ڕێگەیەکی دیکەی ڕوخاندنی کۆماری ئیسلامی نییە، بەڵکو کۆپییەکی پاراستنی کۆماری ئیسلامییە. شۆڕش لە شەقامەکاندا سەردەکەوێت نەک لە ساڵۆنەکانی دەسەڵات لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا.
خاڵی کۆتایی ئەوەیە کە هێزە جاڕنامە ٦ کەسییەکان بە ئاڵای یەکگرتوویی ناوی دەبەن. بەڵام بە هۆی ناوەڕۆکی دواکەوتوو و ناپەیوەندیدار بە شۆڕشی ئێستایەوە، ئەم بەڵگەنامەیە نەک هەر فاکتەری یەکڕیزی و هاوپشتی نییە لەهیچ ئاستێکدا، بەڵکو لەو ماوە کورتەدا کە لە نێو هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی چەپ و کۆماریخوازدا بڵاوکراوەتەوە، لەنێوان هەڵسوڕاوانی شۆڕشگێڕ، و لە کۆمەڵگادا. بەتایبەتی خەڵکی کوردستان و پارێزگا سنوورییەکان، کە بە بەڕاستی ڕاگەیاندنی پاراستنی یەکپارچەیی خاکی ئێران لە لایەن ئەرتەشەوە بە درێژەی سیاسەتی سەرکوتگەرانەی هەر دوو ڕێژیمی پەهلەوی و ئیسلامی لە دژی هەر جۆرە ناڕەزایەتییەک بەرامبەر ستەم و جیاکاری نەتەوەیی دەزانن ، دژایەتی و ڕەخنەی زۆری لێکەوتووەتەوە. لەم نێوەندەدا ئەو شاهانە توندڕەوانەی شۆڕشیان تێکەڵ کرد بە هەڵمەتی دانانی شازادەکەیان لەسەر تەختی پاشایەتی ، هەروەها دژی جاڕنامەی ٦ ئەندامن کە لێرەدا بابەتی ئێمە نییە. ئەوان بە ڕوونی سەر بە ڕیزەکانی کۆنەپەرستانەن. بەڵام ئەوەندەی پەیوەندی بە یەکێتی ڕیزەکانی شۆڕشەوە هەیە، ئەمە تەنها لە دەوری داخوازییە جیهانیە ئینسانیەکانەوە مومکینە، داوا دەکات کە جاڕنامەی ٦ کەسی هیچ پەیوەندییەکی بەوەوە نەبێت.
ستراتیژی سەرکەوتنی شۆڕش
ستراتیجی سەرکەوتنی شۆڕش بریتییە لە تەرکیزکردن و پشتبەستن بە هەڵمەتە مەیدانییەکان، قووڵکردنەوە و ڕوونکردنەوەی داواکاری و ئامانج و ئایدیاڵەکانی شۆڕش و ڕێکخستن و ڕێنماییکردنی ڕیزەکانی. وە شۆڕش لە پرۆسەی شەش مانگی خۆیدا پێشکەوتنی بەرچاوی لە هەموو ئەم لایەنانەدا بەدەستهێناوە.
خۆپیشاندان و هێرشی جەماوەری بە بۆنەی ڕۆژی چوارشەممەی سورەوە لە دەیان شار و سەدان گەڕەک بە دروشمی دژ بە خامنەیی و تەواوی حکومەت، بە هێرشکردنە سەر بەکرێگیراوان و سووتاندنی وێنەی خامنەیی و خومەینی، هێما و تابلۆی حکومی، جارێکی دیکە نیشانی دا کە شەقام قسەی کۆتایی دەکات. وە شەقامی ئەمڕۆ هۆشیار و ڕێکخراوە، جاڕنامە و ئاڵای تایبەتی خۆی هەیە، و ڕێکخەر و سەرکردە کردارییەکانیشی هەیە. ئاڵای شۆڕشی جاڕنامە کە لە ٢٥ی بەهمەن لە لایەن ٢٠ ڕێکخراوی پیشەیی و ڕێکخراوی مەدەنییەوە بڵاوکرایەوە، ڕەوایە و مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە. ئەمجاڕنامەیە هاوکات لەگەڵ مانیفێستی داخوازی پێشکەوتنخوازانەی ژنانی ئێران کە ڕۆژێک پێش ڕۆژی جیهانی ژنان، لە ١٦ی مارسدا، لە لایەن ژمارەیەک لە چالاکانی دیاری بزووتنەوەی ئازادیی ژنان لە ئێراندا بڵاوکرایەوە، قسەی دڵی هەموو خەڵکی ئێرانە وگوزارشت لە ئایدیاڵ و ئامانجەکانی ئینسانی و ئازادیخوازانەی شۆڕش دەکات
لە لایەکی دیکەوە خۆپیشاندان و گردبوونەوەی ناڕەزایەتیی چەند هەفتەی ڕابردوو (دەرکەوتنی ٢٧ بەهمەن، کۆبوونەوەکانی ١٦ و ١٧ی ئەسفەند، ناڕەزایەتی جەماوەری لە ٢٢ تا ٢٤ی ئەسفەند، کە هێرشە گەورە و سەرتاسەرییەکەی شەوی چوارشەممە سوری لوتکە بوو) لەگەڵ ڕێکخستن، ئامادەکاری پراکتیکی، و بانگەوازی ٥٠ تا ٥٥ ڕێکخراو و دامەزراوە پێکهێنران. ئەم ڕاستییە تەشکیلاتی و ئیرادەی ڕێکخراوەیی شۆڕش نیشان دەدات. بە دڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین شۆڕشی ئەمڕۆ هەم جاڕنامەیەکی ڕوون و هەمەلایەنەی هەیە، هەم خاوەنی ڕابەری مەیدانی و کردەیی خۆیەتی کە متمانەی پێیەتی. ڕووخاندن و تێکشکاندنی تەواوی حکومەت و سیستەمی هەبوو، کۆتاییهێنان بە چەوسانەوەی ژان و جیاکاری ڕەگەزی، ئازادبوون لە نائەمنیی ئابووری، کۆیلایەتی هێزی کار، هەژاری و چەوساندنەوەی چینایەتی، چەوساندنەوەی نەتەوەیی و ئایینی و هەر جۆرە ستەمکارییەکی ئایینی و نائایینی کە بوون سەپاندووە بەسەر خەڵکی ئێراندا بۆ زیاتر لە سەدەیەکە بەسەر خەڵکی ئێراندا سەپێنراوە، هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی سەرکوت، زامنکردنی ئازادییە بێ مەرجەکان، بەرزکردنەوەی ئاستی حەقدەستەکان و ئازادکردنی چاودێری تەندروستی و خوێندن، دەستەبەرکردنی مافی پەلکەزێڕینەکان پاراستنی ژینگە، ڕەتکردنەوەی هەموو هەڵاواردنیکی سێکسی، جێندەری، نەتەوەیی ، هەڵاواردنی ئایینی و نەتەوەیی، کۆتاییهێنان بە پێکهێنانی هەر دەسەڵاتێک لە سەروو ئیرادەی خەڵکەوە و ئیدارەی شوراکانی کۆمەڵگە لە گرنگترین پایە و ئامانجەکانی شۆڕشی ئێستان، کە بە ڕوونی لە جاڕنامەی٢٠ ڕێکخراودا.ڕاگەیەندراوە شۆڕش لەسەر ئەو ئامانج و ئایدیاڵانە دامەزراوە و بە ڕێکخستنی مەیدانی و ڕێنمایی هێزەکانی پاڵپشتی ئەم جاڕنامەیە، سەقامگیر و بەردەوامە و تا سەرکەوتنی کۆتایی بەرەو پێشەوە دەڕوات.
لەسەر ئاستی جیهانیش شۆڕش سیاسەتێکی ڕوونی هەیە. دروشمی ژن ژیان ئازادی لە ئێستادا پاڵپشتی زۆرێک لە هێز و کەسایەتییە پێشکەوتنخواز و پێشڕەو و ڕای گشتی خەڵکی لە سەرانسەری جیهاندا بۆ خۆی ڕاکێشاوە. بە پشت بەستن بەم هێزە و گوشار خستنە سەر حکومەتە ڕۆژئاواییەکان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان، دەتوانێت و دەبێ کۆماری ئیسلامی لە جیهاندا گۆشەگیر بێت.
وەک تیرۆریست ناساندنی سپای ، دەرکردنی کۆماری ئیسلامی لە یونیسێف، دەرکردنی لە ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کار و دامودەزگا نێودەوڵەتییەکانی دیکە لە یەکەم هەنگاوە ڕوونەکانن کە دەتوانرێت و دەبێ بەرەو دابڕانی تەواوەتیی ئینسان کوژە دەسەڵاتدارەکانی ئێران. بۆ بەرەوپیش بردنی ئەم سیاسەتە، پێویستە لە هەر شوێنێک کە بتوانرێت پەنا بۆ چالاکییەکانی لۆبیکردن ببەین، بەڵام لێرەشدا خاڵی پشتیوانیمان دەبێت هێزی شەقام بێت لە ئێران و لەسەر ئاستی جیهانی، واتە خۆپیشاندان و ڕێپێوان لە شارەکانی ئێران و دەرەوەی وڵات . ئامانجی جیهانی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی، گەیشتن بە هەمان ئامانجە کە شۆڕشی دژە ئاپارتاید لە باشووری ئەفریقا بەدەستی هێنا: بایکۆتی سەرتاسەری ڕژێمی دەسەڵاتدار.
شۆڕش تەنیا بە فراوانکردنی دەسەڵات و کاریگەری ئەم ئاسۆ و سیاسەتە لە کۆمەڵگادا دەتوانێت سەرکەوتن بەدەست بهێنێت. ئەم هێڵە تاکە هێڵە کە بتوانێت تابلۆی سەد ساڵەی “خودا پاشا نیشتمان” کۆبکاتەوە و ئاڵای “ژن ژیان ئازادی” لە ئێران و لەسەر ئاستی جیهان هەڵبکات.
١٥ی ئازاری ٢٠٢٣، ٢٤ی ئەسفەند ١٤٠١




نامەیەکی ئەکادێمی دەکرێت بە پەرتووک.. کاروان محەمەد فەتاح

نووسەر و چیرۆکنووس (کاروان محەمەد فەتاح) پەرتووکێکی ئەکادێمی بە ناوی (کارەکتەر لە ڕۆمانی “ئەو هاوڕێیەی منداڵیم ببینمەوە؟”ی”کاروان عومەر کاکەسوور”دا) بڵاو کردەوە، کە لە بنەڕەتدا نامەیەکی ماستەرە و بە هەمان ناونیشانەوە بە سەرپەرشتیی (پ. د. شنۆ محەمەد مەحموود) پێشکەشی ئەنجوومەنی کۆلێژی پەروەردە و زمان لە زانکۆی چەرموو کراوە. ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکەوتی (٢٠/ ١٠/ ٢٠٢٢) دوای گفتۆکردن لەبارەیەوە، نامەکە پەسەند کرا.
ئەم کتێبە هەوڵێکی زانستییە بۆ ناساندنی توخمی کارەکتەر، کە لە ڕووی زاراوەوە لە بنەڕەتدا بۆ وشەی (Persona)ـی لاتینى دەگەڕێتەوە، کە بە ماناى ڕووبەند (القناع) دێت. کاتێک ئەکتەرەکان لەسەر تەختەى شانۆ ڕۆڵى کەسێتییەکانیان دەگێڕا، بەو مەبەستەى نەناسرێنەوە، ئەو ڕووبەندەیان بە کار دەهێنا و دەموچاوى ڕاستەقینەى خۆیانیان پێ لە تەماشاکەران دەشاردەوە. لە زمانى یۆنانییشدا بە کارەکتەریان گوتووە (Ethos)، کە واتاى ڕەوشت دەدات.
لەم کتێبەدا کار لەسەر پێشاندانی ئەو پێوەندییەی کارەکتەر لەگەڵ هەریەک لە توخم و تەکنیکەکانی تری ڕۆماندا هەیەتی، کراوە. هەروەها دەرخستنی ڕەهەند و جۆرەکانی کارەکتەر و نیشاندانی ئەو کاریگەرییەی توخمی کارەکتەر لە ڕووبەری ئەدەبی گێڕانەوە بە گشتی و ڕۆمان بە تایبەتیدا، دروستی دەکات.
کتێبەکە لە پێشەکی، سێ بەش، ئەنجام و لیستی سەرچاوەکان پێک دێت:
بەشی یەکەم: کارەکتەر لە ژانری ڕۆماندا
بەشی دووەم: ڕەهەندەکانی کارەکتەر لە ڕۆمانی “ئەو هاوڕێیەی منداڵیم ببینمەوە؟”
بەشی سێیەم: جۆرەکانی کارەکتەر لە ڕۆمانی “ئەو هاوڕێیەی منداڵیم ببینمەوە؟”
ئەم بەرهەمە لە دووتوێی (٢٦٦) لاپەڕەدا لەلایەن دەزگەی (کولتوور بۆ چالاکیی ئەدەبی و فەرهەنگی) بڵاو کراوەتەوە.




جگه‌ له‌ پیاڵه‌ شكاوه‌كان.. بڵند باجه‌لان

من له‌نێو ئاوێنه‌ی سزادا، پاداشتی هه‌ڵه‌كانی بینینم چه‌شت .
منیش وه‌كو باران،
ساردییه‌كی بێڕه‌نگم،
حه‌ز به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ ده‌كه‌م،
له‌ ماڵی كۆتره‌وه‌، به‌ره‌و ئه‌ستانه‌ی ونبوون .

ده‌بێ له‌ مشتی ده‌ریادا بمرم و ببم به‌ ئاو. تۆ خاوه‌نی ئاوی له‌وكاته‌ی، پێشده‌كه‌وێ دونیا و من له‌ ئاوێنه‌ی سزادا، پاداشتی هه‌ڵه‌كانی بینین و نه‌بینین ده‌چێژم! باش ده‌زانم، هه‌موو ئه‌ستێره‌یه‌ك له‌ ئاسماندا، هه‌موو كرمێك كه‌ تا سپێده‌ له‌نێو ته‌نیاییدا پیاسه‌ ده‌كه‌ن، پێویستییان به‌ تۆیه‌. به‌ لاری كه‌وانه‌یه‌ك، كۆتایی به‌ به‌سه‌رهاتی كه‌وتنی ئاوێنه‌كان دێت.

تۆ هه‌میشه‌ هه‌میشه‌یی!
دڵنیام گه‌ر سپێده‌ نه‌یه‌ت، خاڵخاڵۆكه‌ ده‌خه‌وێ. بیركردنه‌وه‌ له‌ ده‌نكه‌ خه‌رده‌لێك، هاوشێوه‌ی بیركردنه‌وه‌یه‌ له‌ هه‌موو دونیا.
ئه‌فسانه‌ له‌ گالیسكه‌كه‌ كه‌وت.
چوارچێوه‌ شكاوه‌كان،
كورسییه‌ بیماره‌كان، شایانی ئه‌وه‌ن بۆ هه‌ندێكیان نه‌گرین.
شه‌قامه‌كه‌، له‌ كۆتایی شۆسته‌كه‌ دانیشتووه‌ و سیگار ده‌كێشێ. تۆ سزای من مه‌ده‌ له‌ كاتێكدا یه‌كجار دڵته‌نگم و سپارده‌ی گوناهم. له‌ خه‌ونێكی كورتی زستاندا، نیازی هه‌ناسه‌یه‌كی تازه‌ و
فرمێسكێكی تازه‌ و
هه‌ناسه‌یه‌كی چاو به‌ فرمێسكم دۆزییه‌وه‌.

ئاو به‌بێ پاسه‌پۆڕت، ده‌ڕژێته‌ نێو ڕابردوومه‌وه‌. جارجار ژیان ئه‌و شكسته‌ گه‌ورانه‌ی خۆیم لێده‌شارێته‌وه‌.
وه‌ڵامێكی دروستم دایه‌وه‌،
به‌ خۆمم گوت: ئه‌گه‌ر ئاماده‌بووی، بڵێ: ئا .
ئاگر به‌بێ ناسنامه‌، ده‌مكا به‌ خۆڵه‌مێش، ئاگری جوانیت. ده‌بێ بگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ ئه‌و زه‌مینه‌ی، ناوی منی له‌ ڕێبواره‌كان پرسی. ته‌نیا هه‌ر كه‌وتنێك ماوه‌. ئه‌و گیا ناسكانه‌، نازانن چی ده‌كه‌ن؟!. نازانم من بۆچی ده‌بێ له‌باره‌ی هاتنی خۆمه‌وه‌ بنووسم؟. ده‌بێ بگه‌رێمه‌وه‌ بۆ ئه‌و زه‌مینه‌ی، ناوی منی له‌ ده‌ریادا ونكرد!.

به‌ر له‌ ئێمه‌، ته‌نها تۆ هه‌بووی.

ڕێزی چركه‌ سامناكه‌كانم تێبینی كرد. ساته‌كان بچوك ده‌بنه‌وه‌. هه‌ر كاتێك خوازیاری هه‌ر شتێك بم، ده‌زانم خاكی پرته‌قاڵه‌كان، هه‌رگیز ناتوانێ ببێته‌ به‌خشه‌ری خۆخه‌ تازه‌كان. له‌ نێوان هاتن و نه‌هاتندا، چلووره‌ ده‌توێته‌وه‌ به‌ ئاراسته‌ی هاتنی من و نه‌هاتنی شه‌و. له‌ لاپه‌ڕه‌ی كۆتایی هه‌موو كتێبه‌كانی قوتابخانه‌دا، تێبینی چركه‌ساتی ڕۆیشتنی زۆر شت ده‌كه‌م. چركه‌ساته‌ سامناكه‌كان، ڕێزی منیان نه‌گرت.

به‌ر له‌ باران، ته‌نها تۆ هه‌بووی.

من ڕووباری (سیروان) نیم. ئێستا له‌ هه‌فته‌یه‌كدا،
ته‌نها
ڕۆژێك
چۆله‌كه‌كان
دێنه سه‌ر گۆڕی شكسته‌كانم!
دیواره‌كان، تووڕه‌ن. هه‌وره‌كان، به‌شێكی ترن له‌ پێگه‌ ناوازه‌كانی ئاو. ده‌زانم هه‌موو خه‌تای من بوو له‌ ناكاو بڕیاری سزادانی چاویلكه‌ شكاوه‌كانمدا. خاك گیانی سپارد. مانگ و ئه‌ستێره‌، له‌ جوانی ئاوێته‌ی یه‌كتری، پیاڵه‌كان پڕ ده‌كه‌ن له‌ پرسیار، پیاڵه‌ شكاوه‌كان نه‌بن: من ڕووباری (سیروان) نیم.

به‌ر له‌ مردن، ته‌نها تۆ هه‌بووی!

وشه‌ ته‌نیاكان، بخه‌ینه‌ نێو گۆزه‌یه‌كی شكاوه‌وه‌.
خه‌یاڵم
ده‌بێ به‌ با.
چی له‌ دانه‌دانه‌ كه‌وتنی گه‌ڵاكانی پایزدا تێبینی ده‌كرێ؟ كه‌ ویستم بڕۆم، ده‌رگاكه‌م به‌ ڕووی خۆمدا داخست، با ئه‌وانه‌ی له‌ ژووره‌وه‌ن، هه‌ست به‌ سه‌رمای ناخی من نه‌كه‌ن. تۆ یه‌كه‌مین و دوواهه‌مینی. شه‌خته‌ به‌ر له‌ تووانه‌وه‌، بیری ده‌كه‌وێته‌وه‌ مه‌رگ نزیكه‌. چی ده‌بێت ئه‌گه‌ر له‌ ناكاو سه‌ر به‌رز بكه‌یته‌وه‌ و ببینیت كه‌ ئاسمان پڕه‌ له‌ ئه‌ستێره‌؟ ئه‌مڕۆ نه‌ ماڵه‌وه‌م گسك داوه‌ و نه‌ ده‌ستم بردووه‌ بۆ سێوه‌ سووره‌كانی په‌نجه‌ره‌ی وه‌ستان به‌ ڕووی بیره‌وه‌رییه‌كان. ده‌خوازم وێنه‌ی دارگوێزێك بكێشم له‌سه‌ر قه‌دی دارقه‌زوانه‌كه‌. به‌ هه‌ر حاڵ، هه‌موو كه‌سێك له‌ كۆتایی ته‌مه‌نیدا، بیری ده‌كه‌وێته‌وه‌ كه‌ زۆر شتی له‌ده‌ستداوه‌.

باران نم نم نابارێ.

تۆ
بێسه‌ره‌تا و
بێكۆتای. وجودم سووره‌ و به‌سه‌ر ئه‌و شووشه‌ شكاوانه‌دا ده‌نووزێته‌وه‌!

سه‌گ به‌ر له‌ تۆپین، بیری ده‌كه‌وێته‌وه، ئه‌و هه‌رگیز مه‌یموون نه‌بووه‌.

تا له‌ سه‌رابی ڕۆژه‌ مه‌ییوه‌كان غه‌رق نه‌بووین، با هه‌ست بكه‌ین ئازاره‌كان به ‌هۆی دووری وشه‌كانه‌ له‌و ڕستانه‌ی، چوون به‌ره‌و ئۆقیانووسی برین. تۆ بۆ هه‌میشه‌ و بۆ هه‌مووانی. كاتێكی زۆر تێپه‌ڕیوه‌ و هاوین له‌ ده‌ره‌وه‌ و ژووره‌وه‌ی ماڵه‌كه‌مان هه‌ر هاوینه‌.

كه‌ر به‌ر له‌ نه‌مان، بیری ده‌كه‌وێته‌وه‌ كه‌ ئه‌و هه‌رگیز ( داروین ) نه‌بووه‌.

من له‌نیو ئه‌و خه‌ڵكه‌دا، ویستم خۆم بدۆزمه‌وه‌ له‌ ساتی بیركردنه‌وه‌ له‌ ونكردنی شته‌ سه‌ره‌تاییه‌كان. دڵنیام من سه‌ر به‌ ڕه‌گه‌زی ئه‌و په‌شیمانییانه‌م،‌ زۆر دوور و بێسوودن. ئه‌و ڕۆژه‌ ده‌رده‌كه‌وێ خۆشتبوێم؟ كێ هه‌یه‌ وا بكا من سه‌رمام نه‌بێ له‌ بارێكدا دڵم پڕه‌ له‌ شه‌خته‌؟

باران نم نم نابارێ.




كە هەڵەبجە خنكا، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە خەوێكی قوڵدابوون.. سەلام عومەر

ئەوڕۆژەی هەڵەبجەیان خنكاند و خەڵتانی خوێنیان كرد، زامێكی هێندە قوڵ لە جەستەی وڵاتەكەمان هەڵكۆڵدرا، كە تاوەكو ئێستاش سارێژ نەبووەو لەگەڵ هەر یادەوەریەكدا دەكولێتەوە، ئۆپەراسیۆنەكانی ئەو رۆژانەی سوپای بەعس بۆ لەناو بردنی یەكجارەكی گەلی كورد بوو، بەتایبەت هەموو ئەو خانەوادانەی لەمشارەدا بوونە سوتەمەنی دووچاری قڕكردن بوون، ئەو پیرە پیاوو ژن و منداڵانەش كە رزگاریان بوو ئێستا پیرەكان زۆربەیان نەماون و منداڵەكانیش بەبێ كەسی بە هەتیوی و ماڵوێرانی، بەبێ پەناگەو شوێنە خۆشەكان بە نەخۆشی و كوێری خەریكی گوزەرانێكن باشتر نین لەو ونبوو و تاقانانەی ئیستاش لە خەیاڵدا رۆژدەكەنەوە.
جیهان بەگشتی و ریكخراوە مرۆ دۆستەكان لە ئاست ئەم تاوانە نێودەولەتیە كوێربوون و جڵەوی دەسەڵاتی بەعسیان بەجۆرێك شل كردبوو بەئارەزووی خۆی هەوڵی تەفروتوناكردنی نەتەوەیەكی دەداو كەسیش نقەی لێوە نەدەهات،رۆشنبیرانی كورد لەچیا هاواریان لێهەستاو پڕ بە گەرو دەیانناڵاند عەرەبەكانیش جگە لەچەند رۆشنبیرێكی چەپی زۆر كەم نەبێ‌ ئەوانی دی لە خەوێكی قوڵدا چووبوونە خەڵوەتەوە ، خۆ ئەدەبی جیهانیش لەم ساتە وەختەدا لەگەڵ رژێمە قەبەكانیان هەر خەریكی ساغكردنەوەی چەكو جبەخانەكانیان بوون بەو وڵاتانەی دەیانەویست سنوورەكانیان لەسەر حسابی نەتەوە بچوكەكان زیاد كەن، ئەو رۆژانە مردنێكی لەسەرخۆ بوو بۆ گەلێكی چەوساوە، كەلەوەتەی هەبوو سووتەمەنی یەك لەدوایی یەكی ئەو رژێمانەبوو كە بەئارەزووی خۆیان دەیانچەوساندینەوە، تاكە هیوایەكیش كە هاوڵاتیان و پارتە سیاسیەكان هەیانبوو ئەو چیا سەرسەخت و دژوارانەبوو كە سروشت وەك پەناگەیەك بۆ هێزی پێشمەرگەی دروست كردبوو، ئەو كات دوای وەستانی جەنگی نێوان عێراق و ئێران بەعس خۆی یەكلا كردەوە بۆ لەناوبردنی كورد و هەر هەموو تواناكانی خۆی بەئەنفالیشەوە تاقیكردەوە و نەیتوانی كورد لەریشەوە دەركێشێ كیمیا یەكێك بوو لەو نەخشە دۆزەخیەی بۆ كورد نەخشێنرا، ئەم وڵاتەی نوقمی تاوانێك كرد كە خۆی لەناو گۆڕی بەكۆمەڵ و سوتەمەنیەكانی كیمیاییدا دیتەوە، ئەوان وشەی ئەنفالیان لە كتێبە ئاسمانیەكان دەرهێناو كردیانە حیكایەتێك كەمرۆڤایەتی بۆ هەمیشە دەیگێڕێتەوە ،
وێنەكانی كیمیابارانی هەڵەبجە هێندە كاریگەرن پەردەكانیان بەڕوی تاوانباراندا هەڵدەماڵی و گەورەیی تاوانەكەیان دەردەخست، كەچی سەدام و عەلی كیماوی هەوڵیاندەدا هەموو ئەو خەتایانە بە سەروەری بژمێرن و بەڵام دواجار بە سزای خۆیان گەیشتن .
ئێستاش دیكۆمێنتەكانی كیمیاباران لەبەردەستدان دۆسیەو تاوانەكە لە سەرمێزی نەتەوە یەكگرتوەكان كەوتووە، دادگاكان كۆتاییان هات و هەڵەبجەش بووە پارێزگا، بەڵام كوان ئەو رێكخراوانەی هەڵەبجەیان بەجینۆساید ناساندو خزمەتێكی شایستەیان كردبێ‌ ئەوەی سیمای پارێزگا بێت بە روخساری هەڵەبجەوە نابینرێ‌، ململانێی پارتەكان و نوقرچە لێدان لە یەكتری خەریكە پانتایەكانی تیرۆر لەمشارەدا دەژیەنێتەوەو باشترین ژینگەش بۆ ئەو گروپانە درووسكا كە دژی جوانی و پێشكەوتنەكانن ،ئاخر هەڵەبجە ئیستا پەراگەندەیە ئەوەندەی لە كیمیایی رزگاریان بووە تەفرو تونان و زۆرینەی هەرە زۆریان لەشارەكانی دی خەریكی توانەوەن كوا ئەو هاندان و ژینگە لەبارەی لە كاتی هەڵبژارنەكاندا بە خەڵكی ئەم شارە دەدرا تاكەی هەڵەبجە ئەو پەراوێزە بێت كە شایەنی هەموو شتێكە، ئیدی كاتیەتی قورساییەكانی ئاوەدانكردنەوەو سارێژ بوونی برینەكان بچێتە واری جێبەجێ‌ كردنەوە و خەڵكی ئەم شارەش قۆڵی پیاوەتی خۆیان هەڵكەن و بەراستی داوای بە پاریزگا بوون بكەن نەك ئەو بڕیارانەی تەنها بوونەتە دیكۆمێنتو قسەی رووت.
ئاخر تەنیا وشەی بە پارێزگا بوون بەس نییە ئەگەر خسمەتگوزاری نەڕژێنێتە ئەم شارە، دەبێت بیر لەكار بۆ لاوەكان بكرێتەوەو هەلی كاریان بۆ بڕەخسێنرێ نەك ئەوانەی ماویشن خۆ بەئیجەدادەن و تواناكانیان لەو بەینە تێدا بچێ‌، هەروا دەبێت دامو دەزگای ئەوتۆ بچێتە ئەم شارە بەراستی سیمای پارێزگا بوونی پێوە دیار بێت، سروشتی ئەم دەڤەرە بەجۆرێكە دەكرێ‌ گەشتیار لەهەموو دنیاوە بۆ ئەوێ‌ رابكێشرێ‌، خۆ ئەگەر ململانێ‌ حزبیەكان هەر بەردەوام بێت ئەوە هەرگیز تەنیا وشەی بەپارێزگا بوون چارەسەری ئەو برینە قوڵانەی هەڵەبجە ناكات، ناشێ‌ بودجەی هەڵەبجە هەمان بودجەی شارۆچكەیەك بێت و جیاوازیەكەیان لەگەڵ سێ‌ پارێزگاكەی دی ئاسمانورێسمان بێت، هەڵەبجە پێویستی بە ئاوڕ لێدانەوەیە نەك پشگوێ‌ خستن و پەراوێزی ئەودیوی چیاكان بێت.




شوراکان و “کێشەی دیموکراسی” لە ئێران.. حەمید تەقوایی

وەرگیرانی بۆ کوردی کاوە عومەر

هەرکەسێک ئازادیی لە ئێران دەوێت، دەبێت لایەنگری شوراکان بێت. تەواوی مێژووی سیاسی سەدەی ڕابردوودالە ئێران و ئەمڕۆش لە هەلومەرجی سیاسی گشتی جیهانی دوای شەڕی سارددا بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە دێموکراسی پەرلەمانی ئازادی بۆ خەڵک ناهێنێت. شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ جەختکردنەوەیەکی دیکە بوو لەسەر ئەوەی کە ئازادی لە ئێراندانە بەستراوەتەوە بە دیموکراسیەوە بەڵکوگرێی خواردوە بە شوراکانەوە. ئه مڕۆ که بۆنی مەرگی کۆماری ئیسلامی به ڕز بووه ته وه و هه موو هێزه کانی ئۆپۆزیسیۆن هاتوون کەوتوونەتە بیری دێموکراسی و پیاوسالاری و ده نگی خه ڵک بۆ دیاریکردنی حکوومه تی ئاینده، جێگای خۆیەتی کەجارێکی دیکه ئه م ڕاستیه بخینەوە به رچاوی هه مووان.

دیموکراسی: کێشەی بۆرژوازی ئێران
لە مێژووی ئێراندا دێموکراسی و لیبرالیزم بەو مانا کلاسیکییەی کە لەگەڵ شۆڕشی گەورەی فەرەنسادا هاتە ئاراوە، جگە لە ماوەیەکی کورت لە شۆڕشی دەستوریدا، هەرگیز نوێنەرایەتی نەکرا و تەنانەت ئەو کاتەش پڕ بوو لە بیری ئایینی. هەمان ئاستی ئازادیخوازی و لیبرالیزم کە لەسەر ئاستی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتووری لەلایەن بیرمەندان و شۆڕشگێڕانی سەرۆکی دەستوورەوە نوێنەرایەتی دەکرا، لەگەڵ هەموارکردنەوەی دەستوور و گەڕانەوەی دەسەڵاتی پاشایەتی و شەرعیەت بۆ سەر گۆڕەپانەکە بەتەواوی کێشایەوە. دیموکراسی پەرلەمانی و لیبرالیزمی گشتی لە ئێرانی بەلەبارچووی لەدایک بوون؛ ئایین و پاشایەتی هەر لە سەرەتاوە نەیانهێشت هەناسە بدات. تەواوی مێژووی هاوچەرخی ئێران، چیرۆکی هەژموونی ئەم دوو دامەزراوە کۆنەپەرستانەیە، پێکەوە یان بە دژایەتی یەکتر، بەسەر چارەنووسی خەڵکی ئێراندایە. ئازادییە مەدەنی و سیاسییەکانی خەڵک، تەنانەت بە مانا لیبڕاڵییە سنووردارەکەیەوە، بە درێژایی ئەم قۆناغە، چ لە سەردەمی پەهلەوی یان کۆماری ئیسلامیدا، هیچ جێگەیەکیان لە سیاسەتی حکومەتدا نەبووە. شوراو و دێموکراسی پەرلەمانی لە مێژووی سیاسی هاوچەرخی ئێراندا زیاتر لە ڕووخساری خۆسەپێنی دەسەڵاتدار ڕۆڵیان نەبووە. لە سەردەمی شادا وابوو، ئەمڕۆش بەم شێوەیەیە و تا ئایین یان دەسەڵاتی پاشایەتی، تا خودا یان سێبەرەکەی، بەڕێوبەری شانۆی سیاسەتی ئێران بن، دۆخەکە هەر وەک خۆی دەبێت. ئەم دوو دامەزراوەیە لە بنەڕەتدا دژ بە ئازادین.
شوراکان: ڕەخنەی کۆمەڵایەتی لە دیموکراسی لە ئێران
لە بەرامبەر پرسی دیموکراسیدا، شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ ڕێگەیەکی دیکەی خستە بەردەم کۆمەڵگا، ئەویش شوراکانکانە. لە شۆڕشی ١٩٧٩دا چینی کرێکار کە لە دوای چاکسازییەکانی زەوی بووبوو بە هێزێکی گەورەی کۆمەڵایەتی، هەنگاوی نا بۆ ناو گۆڕەپانی سیاسی و بە ئاڵای شوراکان ڕووبەڕووی بۆرژوازی بووەوە. شۆڕشی ١٣٥٧ و لێکەوتەکانی، زیاتر لە هەر پێشهاتێکی دیکەی مێژووی هاوچەرخی ئێران، ئەو ڕاستییەی ئاشکرا کرد کە بۆرژوازی ئێران بە ئاڵا کۆن و ڕزیوەکەی “دیموکراسی شاهانە” و “دیموکراسی ئایینی” نەک هەر پەیوەندی بە ئازادییەوە نییە، بەڵکوو بە تەواوی دژایەتی دەکات.

هەر لەو کاتەوەی دروشمی شوراکان لەسەر ئاستی کۆمەڵگای ئێران بەرزکرایەوە و تەنانەت لە ماوەیەکی کورتدا شۆڕش لە ئاستە جیاجیاکانی کۆمەڵگادا جێبەجێ کرا، خەڵکی ئێران ئاڵا و پێوەرێکی نوێیان هەیە بۆ پرۆژەکردنی ئازادییە دڵخوازەکانیان ، بۆ دەربڕین و مومارەسەی بۆچوون و ئیرادەی خۆیان لە دیاریکردنی چارەنووسی سیاسی خۆیاندا.و لە کۆتاییدا بۆ پێوانەکردنی ئازادیخوازی هێز و لایەنە ئیدیعاکارەکان پشتیوانی خەڵکیان دۆزیەوە. پلانی فراوانی دروشم و داخوازیی شوراکان، بنبەستی دێموکراسی لە ئێراندا شکاند و ئەو هێز و لایەنانەی کە بە درێژایی ژیانی سیاسی خۆیان هیچ هونەرێکیان نەبووە جگە لە فڕێدانی پۆشاکی پاشایەتی یان عەبای ئایین بەسەر شانی دێموکراسی لیبراڵ لە ڕۆژئاوادا، و ئەمڕۆش هێشتا لە حکومەت یان لە ئۆپۆزسیۆن (و یان لە شوێنێکی نێوانیان!) بە تەواوی ڕسوا کە سەرقاڵی هەمان کارن. شۆڕشی ١٣٥٧ بە پلانی شوراکان، نەک هەر دیموکراسی لە فۆرمی شاهانە-ئاینییەکەیدا، بەڵکو دیموکراسی ڕۆژئاوایی لە بناغەکەیدا ڕەخنە لێگرت و فڕێیدایە لاوە.

خوازراوی و کاریگەریی شوراکان لە نێو خەڵکدا ئەوەندە فراوان بوو تەنانەت دژە شۆڕشی ئیسلامیش ناچار بوو ئۆرگانەکانی پۆلیسی خۆی بە شورای ئیسلامی ناوببات. شۆڕش و لەگەڵیدا شوراکان و بزووتنەوەی شوراکان شکستیان هێنا، بەڵامناکرێت مێژوو بگەڕێنیتەوە بۆ دواوە یان بیسڕیتەوە. شورا دوا وشەی بزووتنەوەی ئازادییە لە ئێران. چاوەڕوانییەکانی خەڵکی ئێران بۆ ئازادی، لە کۆمەڵگایەکدا کە لە ئەزموونی زیندووی و یادەوەرییەکەیدا تا ڕادەی دروستکردنی شورا و مومارەسەی ئیرادەی شوراکان پێشکەوتووە، ناتوانرێت لە فۆڕمی تەسکی دێموکراسی پەرلەمانیدا سنووردار بکرێت. ڕێگای ئازادی لە ئێراندا لە ڕێگەی شوراکانەوە تێدەپەڕێت.

داڕمانی دیموکراسی لە نەزمی نوێی جیهانیدا
خەبات بۆ ئازادی لە ئێراندا بەرەو شوراکان پێشکەوتووە و تەنیا لەم دوا سەنگەرەیەوە دەتوانێت بەرەو پێشەوە بچێت. سەرەڕای ئەم ڕاستیە ئەمڕۆ دەبینین ئەو هێزانەی کە لە بنەڕەتدا کەوتوونەتە ژێر فشاری بزووتنەوەی ئازادیخوازانە و سەرنگونیخوازی خەڵک بۆ ئازادی و ڕێزگرتن لە دەنگی خەڵک، هێشتا بە ئاڵای ڕزیو ئەزمون کراوی دیموکراسی پەرلەمانیەوە هاتوونەتە مەیدان. ئەمەش بە شێوەیەکی سەرەکی دەرئەنجامی دوو دیاردەیە کە دواجار پەیوەندییان بە یەکەوە هەیە، یەکێکیان لەسەر ئاستی ئێران و ئەوی دیکەیان لەسەر ئاستی سیاسەتی جیهانی.

لەسەر ئاستی ئێران، ٢٤ ساڵ دیکتاتۆری دڕندانە و ئەجێندای دژە ئینسانی کۆماری ئیسلامی مەیدانێکی بۆ نیشاندانی دێموکراسیی پەڕلەمانی شاهەنشایی خوڵقاندووە. هیوادارن خەڵکی بەمەرگ گیراو بە تا ڕازی بن. ئەوان پێیان وایە کە دەکرێت جارێکی تر چیرۆکی کۆمیدی تراژیدی ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لە نێوان ئایین و پاشایەتیدا لە ژێر ناوی ئازادیدا دووبارە بکرێتەوە ئەنجومەنی ئیسلامی بردەوە وئەنجومەنی شاهانەی هێنا و ئێرانی کردە دیموکراسی.

فاکتەری دیکە ئەو بارودۆخە جیهانییەیە کە سیناریۆیەکی وەهاشەرمەزارکراو دەکاتە کردەیی و جێبەجێکراو. دوای ڕووخانی دیواری بەرلین و کۆتایی هاتنی شەڕی سارد، دیموکراسی بە مانای سەدەی بیستەمی، بە مانای ئابووری بازاڕی ئازاد و دەسەڵاتی بێ ڕکابەری سەرمایە و پێداویستیە سودهێنەرەکانی سەرمایە بەسەر چارەنووسی خەڵکدا، بوو بە دوا وشە لە سیاسەتی جیهانی ئەمریکادا. ئەم جۆرە دێموکراسییە، تەنانەت بەبێ ڕوونکردنەوەی شاهانە-ئاینییانەی هاوسۆزی دیموکراسیە نیشتیمانیەکان، پۆشاکێکە کە پێدەچێت لەسەر جەستەی “دیموکراتەکانی” ئۆپۆزسیۆنی کۆماری ئیسلامی و تەنانەت “ڕیفۆرمخوازانی” ناوحکومەت دوریبێتیان. هەم کارەکتەری خاتەمی و گەنجیە، هەروەها داریوش هۆمایون و ڕەزا پەهلەویش. لە لایەک کۆمار بەڵام وەلی فەقێ خوێنی خەڵکی خستۆتە شووشە و لە لایەکی دیکەشەوە دیموکراسی کە لە شەڕی سارددا سەرکەوتووە، ئەو دیموکراسیەی کە ڕێژەگەرایی کولتووری دا بەدەستهێناوە و بە تەواوی ئامادەکراوە لە دواین خەوشە ئازادیخوازانەکان. مەیدانەکە پاکراوەتەوە،ئەگەر بۆرژوازی ئێران لە ماوەی تەواوی ژیانی سیاسی خۆیدا توانا و بوێری هەڵکردنی ئاڵای دێموکراسی پەرلەمانی ڕۆژئاوای نەبووبێت، ئەمڕۆ وا دیارە کە ئامادەیە ئەم ڕۆڵە بگێڕێت، تەنانەت لە قسەی کەسانی وەک گەنجی و سروشەوە. نەک لەبەر ئەوەی وازی لە پۆشاکی پاشایەتی و پۆشاکی ئایین هێناوە، تەواوبە پێچەوانەوە، بەو هۆکارەی کە لە نەزمی نوێی جیهانی دوای شەڕی سارد، دیموکراسی ڕۆژئاوا جێگای بۆ ئایین و پاشایەتی ڕەخساندووە. ئەمەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی هەموو جیهان بەرەو دواوە چووبێت. دیموکراسی ئەو ڕابردووەیە کە هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان کە لە شۆڕش زیاتر لە کۆماری ئیسلامی دەترسن، دەیانەوێت لە جیاتی داهاتوو بە خەڵک بیفرۆشن. ئەمە ڕابردوویەکی تاریکە کە وەک ئایندەیەکی گەش بەڵێن بە خەڵک دەدەن.
شوراکان و حکومەتی داهاتوو لە ئێران
به ڵام خه ڵکی ئێران ناچار نین جارێکیتر ببنه گۆره پانی گەمەی ئه م دێموکراسییه جیهانی و نه ته وه یییه . ئەو حیزبە چینایەتییەی لە شۆڕشی ١٩٧٩دا شوراکانی گشتگیرکردوە، حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ، ڕێگە بەم کارە نادات. بزووتنەوەی شورایی ڕێگای ئازادی لە ئێراندا ڕوون کردەوە و ئازادیخوازانی ڕاستەقینەی نیشان دا. میراتگر و ئاڵاهەڵگری ئەم بزووتنەوەیە حزبی ئێمەیە. لە بەرنامە و ئەدەبیاتی حزبەکەماندا بزووتنەوەی شورایی شوناسێکی سیاسیی دۆزیوەتەوە و نوێنەرایەتی کراوە و بەزیندویی ماوەتەوە. هەروەک چۆن ماف و ئازادییە مەدەنییە سەرەتاییەکانی خەڵک، کە هەمیشە لە لایەن هاوسۆزانی دیموکراسیەوە بێدەنگ کراون یان لەژێر تیشکی نیشتمان، ئایین، یەکپارچەیی خاک، سەربەخۆیی و هتد دانراوە، بە ڕوونی لە بەرنامەی حیزبەکەماندا پێناسە کراون و ڕاگەیەندراون. بەدیهێنانی ئەو ئازادییانە تەنیا لە ڕێگەی شوراکانەوە دەکرێت. شورا زامنی بۆچوون و ئیرادەی ڕاستەوخۆی خەڵکە لە بواری سیاسەت و حکومەت و بەڕێوەبردنی کاروبارەکانیان و بەم مانایەش ڕەخنەیەکی قووڵە لە لیبراڵ دیموکراسی، کە تەنانەت لە فۆرمێکی ئازاد و ئایدیاڵترینیشدا گوزارشت لە بۆچوونەکە دەکات و ئیرادەی تاک بە یەک دەنگ هەر چەند ساڵ جارێک جارێک دەیهێنێتە خوارەوە.

ئەمڕۆ حیزب و هێزە ڕاستڕەوەکان لە وەڵامی پرسی گۆڕینی کۆماری ئیسلامی بە دیموکراسی و ڕیفراندۆم و ڕێزگرتن لە بیروڕای خەڵک. و دیسانەوە، وەک هەمیشە، ئاڵای کاڵبووی دیموکراسی پەرلەمانی، بەپێی نەریتی لەمێژینەی خۆیان و مۆدەی نەزمی نوێی جیهانی دوای شەڕی سارد، کە بڕێکی دیاریکراو لە ئایین یان پاشایەتی نەرمکراوی ڕازاوە، وەک ” چارەسەر” بۆ ئازادی لە ئێران. بەڵام کرێکاران و جەماوەری خەڵک لە شۆڕشی ١٩٧٩ و حزبەکەیان، حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری، لە مێژە لە بەرنامەکەیاندا ڕایانگەیاندووە، ئازادی و بەشداری خەڵک لە چارەنووسی سیاسی خۆیان بە بێ شورا، لە فێڵێک زیاتر نییە. وەڵامی حیزبەکەمان بۆ پرسی سیستمی حکومەتی ئایندەی ئێران کۆمارێکی سۆسیالیستییە، واتە سیستمێکە کە ئەندامانی شوراکانی خەڵک پێکدەهێنن. کۆماری سۆسیالیستی سیستەمێکیشوراییە و بە دامەزراندنی ئەو بزووتنەوەی شوراییە کە لە شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ دەستی پێکردووە، سەردەکەوێت و دیموکراسی بە فۆرمەکانی ڕۆژئاوایی، ئایینی، یان شاهانە بۆ هەمیشە دەخرێتە مۆزەخانەی مێژووەوە. هەرکەسێک ئازادی لە ئێران دەوێت، دەبێت لایەنگری کۆماری سۆسیالیستی بێت.

جانیوەری ٢٠٠٣ لە هەفتانەی ئینتەرناسۆنالی ژمارە ١٤٤دا بڵاوکراوەتەوە




بە دەنگەکانی کورد هەڵـبژاردنەکانی داهـاتووی تورکیا یەکلایـدەکرێنەوە.. رەزا شـوان

بڕیـار وایە لە رۆژی یەکـشەممەی (١٤/ مای/٢٠٢٣) هەلـبژاردن بۆ پەرلەمـان و بـۆ سەرۆک کۆماری تورکیا بکرێت. پارتی دەسـەڵاتداری تورکیا (پارتی داد و گەشەپێـدان) ئەردۆگانیان کاندیدکردووە. هاوپەیەمانی ئۆپۆزسیۆن، کە بە ناوی (هاوپەیمانی نەتەوە) وەیە. لە شەش پـارتی ئایـدۆلـۆژیـای جیـاواز پێکهـاتـووە لە: نەتەوەییـەکان، ئیسلامییە سیاسییەکان، عـیلـمانییەکـان. لە رۆژی دوو شـەممەی (٦/ ئـادار/ ٢٠٢٣) هـاوپـەمـانی نەتـەوە، بە فـەرمی (کەمـال کـلیچـدار ئـۆغـڵـو) ی (٧٤) ساڵ، (سـەرۆکی (پارتی گـەلی کـۆماری) یـان بـۆ رکەبـەرایـەتی ئەردۆگـان، بـۆ هـەڵـبـژاردنی (سـیانـزەمـین سـەرۆک کۆماری) تورکیا کانـدیـدکرد، لەبەر ئەوەی کە پارتەکەی (جە هە پە) گەورەتـرین پارتی ئـۆپـۆزسـیۆنە لە تورکیادا.
کەمـال کـلیچـدار، بە رەسەن کوردێکی عـەلـەوییە و خـەڵـکی شـاری (دێـرسـیـم)ە لە باکـووری کوردسـتان. کـلـیچـدار لە ساڵی (٢٠٠٨) دا، وەکو سیاسییەکی بـوێـر ناوی هاتە ناوانەوە، کە بەبی تـرس گەنـدەڵییەکانی بنەمەڵەی ئەردۆگان و ئەنـدامانی باڵای حیزبەکەی ئاشکراکرد و بە توندی رەخنەی لـێیان گرت. کـلیچـدار سیاسەتمەدارێکی میـانـڕەوە. تا ئێستا چەنـد جـارێک هـەوڵی کوشـتـنیان داوە.
بـەڵام لـەو خـاڵانـەی کە هـاوپـەیمـانی نەتـەوە، وەکـو نەخـشـەڕێـگای داهـاتـوویـان لەسەری رێـکەوتن و بڵاویـان کـردەوە، ئەگەر دەسەڵات بگـرە دەست، جـێبەجـێیان دەکـەن. بە هـیج جـۆرێک نـاوی کوردیـان نەهـێـناوە.
هـەنـدێ لە بەرپـرسان و ئەنـدامانی (هـاوپەیـمانی نەتەوە) کانـدیـدکردنی کـلـیچـداریان پـێخـۆش نەبـوو، چـونکە کەسـایـەتیـیەکی کـاریـزمـا نییە. (ئەکـرەم ئـیمـام ئـۆغـڵـو)ی سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ و (مەنسور یاڤاس)ی سەرۆکی شارەوانی ئەنکەرەیان بە شایستەتـر دەزانـن. هەنـدێ لە ئەندامانی پارتی گەلی کۆماریش بە پێچـەوانەی ئەو ناڕازییانەوە، کەمال کـلـیچـدار بە ” گانـدی تـورکیا ” ناودەبەن. کە چەند خەسەڵەتێکی بە خەسـڵەتەکانی (گـانـدی ـ سەرۆکی هـیندسـتان) دەشـێوێـنن. وەکو خاکی و سادەیی.
بەپێی چەند راپـرسییەکی جیـاواز لەنـاو خـەڵکیـدا، رێـژەی لایەنگـیرانی دەنگـدان، بە ئەردۆگان یا بە کلیچـدار لە یەکەوە نزیکن. رێژەیەکی زۆری خەڵکی تورکیا بە هـۆی داتەپینی ئابووری و دابەزینی نرخی لیرەی تورکی و هـەژاری و بێکاری لە لایەکەوە، لایەکی کەشەوە دەسەڵاتی تاکـڕەوانەی ئەردۆگان و ستەم و سەرکوتکـردنی ئـازادی و دیمـوکـراتی و حوکمڕانی میللیتاری و تەشـنەکردنی گەندەڵی و بەنـدكردنی بە هەزاران کـەس، بە تـوومـەتی بێ بنەمـای هـەڵبەستراو. بـوومەلـەرزەکەی مانگی فـێـبرواریش هـێندەی تـر قـوڕەکەی خـەستر کـردۆتـەوە. خـەڵکـیـیەکە بێـزار بـوونـە. چـاوەڕوانی حکومەتـێکی خزمەتگـوزار دەکەن، کە چاکسازی لە سیاسەت و لە ئابووریدا بکات و خەڵکی لە کـوێـرەوەری رزگاربکات. دکتاتـۆری نەمێنێـت و هـەنـاسەی ئازادی بـدەن.
تا ئێستا شرۆڤـەکارانی سیاسی، پـێشبیـنی و رايـەکی تەواویـان لە سەر ئەوە نیـیە، کە لە هەڵـبژاردنەکانی داهـاتـووی تـورکیادا، کـلـیچـدار یا ئەردۆگان دەتـوانێـت زۆریـنەی دەنـگەکـانی دەنگـدەران، بە رێـژەی لە (٥١%) دا بە دەستـبهـێـنیـت، بـۆ ئـەوەی لە خـوولی یەکەمـدا ببێـت بە سـەرۆک کـۆمـاری تـورکیـا.
ئەردۆگان میدیا و راگەیاندن و پارەیەکی زۆری بۆ بانگەشەی هەڵـبژاردن لە بەردەست دایـە، هـەنـدێ لە دەوڵـەتە ئیسلامییەکـان و کەنـداوی عـەرەبیش، حـەزدەکەن ئەردوگان دەربچـێت و دژی سیستمی عـیلمانین لە تورکیـادا. لە چـوار بەش بەشـێکێ کوردیش لە باکووری کوردستان، وەکو ئیسلامی سـونیی ئەقـڵ شـۆراوە، دەنگ بە ئەردۆگان دەدەن.
کەمـال کـلـیچـدار، کـۆمەڵێک بەڵـێنی داوە، گـەر ببێـت بە سـەرۆک کـۆمـار جـێبەجـێیان دەکات، لە پێش هەمـوویـانەوە، هـەڵـوەشانـدەوەی سیستمی سەرۆکایەتی و گەڕانەوەی سستمی پەرلەمانی، چاکسازی ئابووری و سیاسی، خزمەتگوزاری و باشترکردنی ژیانی خەڵکی، نەهـێشتنی زوڵـم و نادادپەروەری، رەگـەهـەڵکـێشانی دزی و گەنـدەڵی،.. هـتد.
لە رۆژی دوای کانـدیدکردنی بۆ سەرۆک کۆمار، کـليچـدار وتی:”ئەمـڕۆ بۆ لەناوبردنی عـەرشی سـتەمکار زۆر نـزیک بووینـەتەوە”. وتیشی:”ئەردۆگـان لە وڵاتـدا زیـانی بە دیموکـرتی گەیانـدووە”. دەربارەی حوکمڕانیش، وتی:” گەلی خۆشـەویستم، پێکەوە بە راوێـژکـردن تـورکیا بە رێـوەدەبـەیـن”.

نیازیـش وایە کە کـلـیچـدار، بـۆ پێشانـدانی سـۆزی خـۆی بـۆ کورد و بـۆ بەدەستهـێنانی دەنگەکانی کـورد، سەردانی (پارتی گەلانی دیـموکرات) بکات کە زۆرینەی ئەنـدامەکانی کـوردن. بەڵام هـەردوو هـاوسـەرۆکی (هـەدەپـە) مەدحـەت سنجـار و پـەرویـن بـوڵـدان پێشتر رایـان گەیـانـد، بـۆ دەنگـدان بـە کانـدیـدی ئـۆپـۆزسـیـۆن بـۆ سـەرۆک کـۆمـاری تورکیا مەرجـیان هـەیە. مەدەحـەت سنجار و سەلاحـەدین دیمرتـارش، پێشحالێی خۆیان بۆ کانـدیدکردنی کـلیـیچدار دەربڕی. بابـزانین گـفـتوگـۆی نێـوان کلـیچـدار و هـەدەپـە بە چی دەگـات و چی بەڵـێنێک بە کورد دەدەن. ئەگەر بیانەوێـت ئەمـە هـەلـێکی باشـە بـۆ خـستـنەرووی دۆزی کـورد و چارەسەرێکی ئاشتیانە لە رێی گـڤـتوگـۆوە لە تـورکیـادا.
بە بۆچـوونی زۆر لە شرۆڤـەکارانی سیاسی تورک و بیانیش، لەو بـاوەڕەدان، کە بەبێ دەنگەکانی کورد، نە ئەردۆگان و نە کـلیچـدار ناتوانن لە خوولی یەکەمدا لە (٥١%)ی دەنگەکان بەدەستـبهـێنن و ببـن بە سەرۆک کۆمار. ئەمەش جـێی مەترسیـیە.

دووریش وەکو هەڵبژاردنەکانی پێشتر، ئەردۆگان بۆ بانگەشە بۆ پارتەکەی و بۆ خۆی سەردانی شاری ئامەد و وان بکات و بە زەردەخەنەیەکی دروستکراو هەنـدێ قسەیان بۆ بکات و داوا لە کورد بکات دەنـگی پێبـدەن. بەڵام بە درێـژایی بیست و یـەک ساڵی حـوکمڕانی دژایەتی کورد، لە کارە لە پێشیـنەکانی بـوو. تا ئەمـڕۆش دەستیان لە کورد کوشـتن وێـرانکردنی کوردستان، لە رۆژئـاوا و لە باشووری کوردستان هەڵنەگـرتووە.
کەواتە دەنگەکانی کـورد کـلیلی یەکلایکـردنەوەی هـەڵـبژاردنەکانی تورکیـا دەبێت. پارتی گەلانی دیموکرات (هە دە پە) سێـیەم پارتە لە تورکیادا، دووەمـین پـارتی ئـۆپـۆزسـیۆنە، سێیەم کیتلەی پەرلەمانە. پـێگە و سەنـگ و دەنـگی خـۆی هـەیە. زیـاتر لە (١٠%) ی کورسییەکانی پەرلەمانی بەدەسـتهـێـناوە. بـۆیـە کـلـیـچـدار و ئەردۆگان و سەرۆکەکانی حیزبەکانی کەش بە هەندی دەزانن. هەر ئەم هۆیەشە کە ئەردۆگان هەوڵی ئەوەی دەدا لە پێش هەڵبژادنەکاندا (هە دە پە) هەڵبوەشێنێتەوە. حـیزبەکەی و حیزبی بزووتنەوەی نەژادپەرست، بۆ تاوانبارکردنی، گـەلێ تـاوانی هـەڵبەستراوی ناڕاسـت و بێ بنەمـایان داوەنەتە پـاڵ (هە دە پە) و پـاڵ پەرلەمـانتـاران و ئەنـدامـەکانی. هـەوڵی ئەوەشـیان دا پارێزبەنـدی لەسەر هەموو پەرلەمانتارانی (هە دە پە) هەڵبگـرن. بۆ ئەوەی بیانگـرن. چـونکە نەیـانتـوانی بە چـاوسـوورکـردنەوە و بە هـەڕەشـە، دەمیـانیـان پێ دابخـەن و وسکـتیـان بکەن، لە هـەڵماڵـین و پـرۆتسـتـۆکـردنی ئەو هەموو تاوان و پێشێلکارییە قـێزەوەنـانەی کە دژ بە گـەلی کوردمـان کـران و دەکـرێـن.
پێـویستە کـورد بەوەش نەخـەڵـەتی کە (کەمـال کـلیچـدار) بە رەسەن کوردە و خەڵکی شاری دێـرسمی باکـووری کوردسـتانە، یـا بە بەڵـێنـەکانی، ئەوەیان هـیچ کە خـۆی بە کـورد نازانێـت،.. (تـورگـۆت ئـۆزال) یش ـ سەرۆکێکی پێشـووی تـورکیا ـ کـورد بـوو. (تەهـا جەزراوی) ش کورد بـوو. ئەتاتـورکیش بەڵـێنی شەرەفی بە کورددا، کە چی داوا و مافـێکـتان هەیە بە زیادەوە جـێبەجـێیان دەکەم. بەڵام کە دەسەڵاتی وەرگرت و خـۆی قـایمکـرد، بە دڕنـدەتـرین شێوە کەوەتە رەشەکـوژی و ژینۆسایـدکرنی کورد، تەنـانەت لە شـۆڕشی چیای ئاگـری (شـۆڕشی ئـارارات) و لە (شـۆڕشی دێـرسـیـم) دا، لە شـاری (ئاگری) و لە شاری (دێرسیم) دا و لە شارۆچکە و دێیەکانی دەڤەرەکانی تری باکووری کوردستان، زۆر دڕندانە ژیۆسایدی کوردیان کرد، تەنانەت منداڵانی ناو لانکی کوردیـان سەربـڕیـن. نکووڵییان لە بوونی نەتەوەی کورد کرد و زمـانی کـوردییـان قـەدەغـەکـرد. سیاسەتی وێـرانکـردن و خـاکی سووتماکیان لە کوردستانـدا جـێبەجێکرد. چی ناشێت بە کوردیان کـرد. تا ئەمڕۆش زۆربەی سەرکردە سیاسییەکانی تورکیا، هـەڵگری ڤـایرۆسی رەگەزپەرستین و لە تورک زیاتر هیچ نەتەوەیەکی تر بە شایستەی ژیان و مان نازانن.

سەدامی گۆڕبەگۆڕیش، بەڵـێنی جێبەجێکردنی مافـەکانی کوردی دا، بەڵام بە ئـەوپەڕی نامەردییەوە، کەوتە رەشەکوژی و ژینۆسایـد و ئەنـفالکـردن و ژەهـربارانکردنی کورد و وێـرانکـردنی کوردستان و بە عـەرەبکـردن و گـۆڕیـنی دیمـۆگـرافیـای کـوردســتان. کەواتـە بەڵـینی داگـیرکەران تەنیا بۆ خەڵەتانـدن و سـوود وەرگرتنـە لە کات. رەفـتار و کردەوەکانیان بە پێچەوانەی بەڵێن و قسەکانیانەوەن. بەداخەوە کە سەرکردەکانی کورد هەرگیز وانە و پەنـدیان وەرنەگرتوون و نەیانتوانیوە نیازی گڵاوی ناخی داگیرکەران و نەیـارانی گـەلـەکـەمـان، بە وردی بخـوێـنـنەوە. دووبـارە و دەبـارە هـەر خـەڵـەتـاون و هـەڵـدەخـەڵەتـێن. چـونکە لە هـونـەر و لە گەمـەی سیاسەتـدا، نابـەڵـەد و کـۆڵـەوارن.

کەمێک لە ناوەڕۆکی بابەتەکمان لامـاندا، بەڵام وەکو دەڵـێن قـسە قـسەی بەدوادا دێـت. مەبەستیشم ئەوەیە، کە چـتر دەنگـدەرانی کوردمان لە باکووری کوردستان، بە بەڵـێنی درۆ و بە زەردەخەنی دروستکراوی پاڵیۆراوانی سەرۆک کۆماری تورکیا نەخـەلەتـێن. گـەر راسـت دەکـەن، کـورد کـرداری لـێـیان دەوێـت، نەک بەڵـێن و درۆ. وەکـو دەڵـێن: هەنـدێ لە سەرکـردە سیاسییە بەربـژێـرەکان، بەڵـێـنی دروستکـردنی پـردێـک لەسـەر رووبـار لە شوێنێکـدا دەدەن، کە ئـەو شـوێنـە رووبـاری لـێ نیـیە.




شیعر\ حەلەپچە.. شێخموس سەفەر

تو هەسرێن من یێن چکیایی کو نکارم ل دوو تە بگریم
تو چیایێ منێ هەری بلندی کو بەرف لێ ناگرە
تو زارۆکتیا منا هەری مازلومی کو ب دوو ئەتارەکی وندا دبی
تو عەرشا دنیایێ کو هەموو ئەزمان ل تە هاتیە خەزەبێ
تو ماسیێ چەمێ خوە یی کو ناگهێژە تو بەحران
تو رەنگێ دنیایێ یێ هەری رەشی
تو پێ رە روورەشیا دنیایێ
تو زارۆکەکی هەمبێزکریی نە ل جەم تو کەسی
تو کالەمەرەکی ب سوودی د هێمبێزا زارۆکەکی

شێخموس سەفەر – ئامەد
سەرۆکی (پێشوتری) لقی پەن (PEN)ی کورد




نامــــــه‌.. لویز گلیك*.. و : نه‌ژاد عزیز سورمێ

شه‌و بۆ دواجار
بۆ دوایه‌مین جار
ده‌ستت به‌سه‌ر جه‌سته‌مه‌وه‌یه‌ ..
سبه‌ی پاییزه‌
پێكه‌وه‌ له‌ بانیژه‌ داده‌نیشین
ته‌ماشای ئه‌و په‌لكانه‌ ده‌كه‌ین وشك بوون و
با به‌ ئاسمانی گوندیدا ده‌یانبا
وه‌ك ئه‌و نامانه‌ی
یه‌ك به‌ دوای یه‌ك
هه‌ر یه‌كمان له‌ ماڵی خۆی ده‌یانسووتێنین ..
ئه‌م شه‌وه‌ چه‌ند ئارامه‌
ته‌نێ ده‌نگی تۆیه‌ به‌ خۆیدا ده‌ڵێ :
تۆ ته‌ڕ بووی . ئه‌وه‌ت ده‌وێ ..
منداڵه‌كه‌یش له‌ ناوه‌وه‌ نوستووه‌
ده‌ڵێی هێشتا له‌دایك نه‌بووه‌ ..
سبه‌ی
پاییز
پێكه‌وه‌ له‌ باخچه‌ بچكۆلانه‌كه‌دا
به‌ناو كورسی به‌ردین و دره‌ختاندا ده‌ڕۆین
‌ ته‌م دایپۆشیون
وێنه‌ی كه‌ل و په‌لێك
ڕۆژگارێ بێ
به‌جێ هێشترابن..
سه‌یر كه‌ !
گه‌ڵای داران
چۆن له‌ تاریكیدا بڵند ده‌بن
ئه‌وه‌ی له‌سه‌رمان نوسیبوون
سووتاندمانن .

(*) لویز ئێلێزابێس گلیك ساڵی 1943 له‌ نیۆرۆك له‌دایك بووه‌
1992 خه‌ڵاتی (پۆلیتزه‌ر)ی دراوه‌تێ‌ ، چه‌ندین كۆشیعری بڵاو كردووه‌ته‌وه‌ ، ، دوا كۆشیعری له‌ 2006 دا ‌ .
ئه‌م شیعره‌ی له‌ لاپه‌ڕه‌ 22 ی كتێبی ( عجله ‌مشتعله‌ تمر فوقنا ) بڵاوكردنه‌وه‌ی
ده‌زگای (الجمل) 2009 له‌ بێرووت .. كراوه‌ به‌ كوردی .




“کیسەڵەکانیش دەفڕن” لە دەرهێنانی “بەهمەن قوبادی” لە لیستی 30 فیلمی بەرچاوی دژی شەڕیی سینەمای جیهان

مەنسوور جیهانی

فیلمی سینەمایی کوردیی “کیسەڵەکانیش دەفڕن” لە دەرهێنانی سینەماکاری ناوداری کورد “بەهمەن قوبادی” لە تەنیشت دەرهێنەرە ناودارەکانی سینەمای دنیا لە لیستی 30 فیلمی بەرچاوی دژی شەڕیی سینەمای جیهاندایە.

فیلمی سینەمایی کوردیی “کیسەڵەکانیش دەفڕن” Turtles Can Fly لە دەرهێنانی سینەماکاری بەئەزموونی کورد “بەهمەن قوبادی” کە بە نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان، تا ئێستا زیاتر لە 100 فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلم لە ئاستی دنیادا بەشداریی کردووە و زیاتر لە 50 خەڵاتی جیهانی بۆ کوردستان بەدەستهێناوە و یەکێکە لە پڕشانازیترین فیلمەکان لە مێژووی سینەمای کوردستان و ئێران، بەمدوایانە لە لایەن ماڵپەڕی سینەمایی “ستار لۆکاڵ میدیا” Star Local Media لە لیستی 30 فیلمی بەرچاوی دژی شەڕیی سینەمای جیهاندایە کە تیایدا ناوی کۆمەڵێک شاکاری دەرهێنەرە ناودارەکانی سینەمای دنیا بەرچاو دەکەوێت، لەوانە: “ئستانلی کوبریک”، “میلیش فۆڕمەن”، “تڕێنس مالیک”، “چاڕلی چاپڵین”، “فڕانسیس فۆڕد کاپۆلا”، “ئۆلیوێر ئستۆن”، “پارک جان ووک”، “ئێرۆڵ مۆریس”، “ژان ڕێنوار” و … .

لە وتارێکدا کە لە لایەن “کاترینا سیرۆتا” Katrina Sirotta نووسەر و ڕخنەگری سینەمایی لە ماڵپەڕی “ستار لۆکاڵ میدیا” Star Local Media بە مانشێتی “30 فیلمی بەرچاوی دژی شەڕ” 30great anti-war movies نووسراوە، هاتووە: ئستاکێر سەبارەت بە میژووی ئەو فیلمانەی کە ناوەرۆک، شێواز و چۆنییەتی دەنگ یا هەستی زۆر قورسی دژی جەنگیان هەبێت تۆژینەوەی کرد و 30 فیلم لە باشترینەکانی جیهانی دەستنیشان کرد و گرینگی ئه‌وتۆی پێدان.

لە درێژەی ئەم وتارەدا نووسراوە: چ فیلم گەلێک یارمەتی بینەری داوە کە ئاکامەکانی شەڕ وەبیربێننەوە و بۆچی ئاشتی ئێستاش ئامانجێکی گرینگە. چونکە شەڕ بابەتێکی ناخۆشە و بەردەوام لە مێژوودا جێی باسە. ئەم 30 فیلمەی کە هەڵبژێردراون لە شیکردنەوەی شەڕی جیهانی یەکەم تەنیا چەند مانگ دوای کۆتایی هاتنی جەنگ تا ڕەخنەی شەڕەکانی ئەم دوایانە و هەروەها بیرووبۆچوونە مۆدێڕنەکان سەبارەت بە ڕووداوە مێژوویەکان لە خۆ دەگرن.

لە بەشێکی دیکەی وتاری “کاترینا سیرۆتا”دا هاتووە: ئەم فیلمانە دەریدەخات کە چۆن دەرهێنەرەکان ڕێگای جۆراوجۆر بۆ کێشانی پەتەکانی دڵ و گەیاندنی پەیامەکانی خۆیان، بە کەڵک وەرگرتن لە دڕام بۆ بە وێنەکردنی نەهامەتییەکانی شەڕ یا تەنانەت هۆگرایەتی بە کۆمیک یا کۆمێدیان دۆزیوەتەوە. ئەم لیستە ئەو چیرۆکە خەیاڵاویی، ئەو فیلمانەی کە لەسەر ڕووداوە ڕاستەقینەکان، بەڵگەفیلم، فیلمە ئەنیمەیشنییەکان و تەنانەت فیلمە موزیکییەکان لە خۆدەگرێت و دەیسەلمێنێت کە ڕێگای جۆراوجۆر بۆ پێشکەش کردنی بابەتێکی بەهێز بوونی هەیە.

لە لیستی 30 فیلمی بەرچاوی دژی شەڕیی سینەمای جیهان، کۆمەڵێک شاکاری دەرهێنەرە ناودارەکانی سینەمای دنیا تیایدا بەرچاو دەکەوێت کە هەندێک لە داهێنەرەکانیان بریتین لە: “ئستانلی کوبریک”، “میلیش فۆڕمەن”، “تڕێنس مالیک”، “چاڕلی چاپڵین”، “فڕانسیس فۆڕد کاپۆلا”، “ئۆلیوێر ئستۆن”، “پارک جان ووک”، “ئێرۆڵ مۆریس”، “ژان ڕێنوار”، “پیتێر وایێر”، “ئابێل گانس”، “تیێری جۆڕج”، “مایکێل چیمینۆ”، “ئیسائۆ تاکاهاتا”، “ئلێم کلیمۆف”، “کۆن ئیچیکاوا”، “میخائیل کالاتازۆف”، “پیتێر دێیویس”، “پائۆل وێرهۆفێن”، “ڕۆبێرت ئاڵتمان”، “ئێدواڕد بێرگێر” و … .

بۆ زانیاریی زیاتر:
https://starlocalmedia.com/lifestyles/entertainment/30-great-anti-war-movies/collection_f23095d5-7d0a-5241-9912-d4cc7ba99203.html#1




پان‌ئاخاوتن، بەڵغەمی زمانە نەک خودی زمان.. پێشەوا کاکەیی

زمانی شیعری، سیستەمی «ڕێکخستن» و «شانۆگەری» لەگەڵ خۆیدا هەڵدەگرێت، ئەگەر ڕێکخستن و شانۆگەری لەگەڵ خۆیدا هەڵنەگرێت، ناتوانێت پەیوەندی نهێنی نێوان شتەکان درووست بکات؛ بۆیە بەو ئەنجامە دەگەین کە بە بەراورد لەگەڵ زمانی باو، «زمانی شیعری» پەیوەندی نێوان «شتەکان»ـە نەک «وشە». هۆکارەکەی ئەوەیە کە شتەکان ژیانیان هەیە، بەڵام وشەکان ژیانیان نییە. بۆیە زمان پاککردنەوە و فڕێدان و غەڕغەڕەکردنە بە وشە، بەڵام وشە فڕێدراو و کەوتووی زمانە. پان‌ئاخاوتن و زمان، وەک زێراب وایە، زێراب وەک پاشەڕۆ بە کۆمەڵێک فلتەردا دەڕوات تا پاک دەکرێتەوە و دەبێتەوە ئاو و بە کار دەهێنرێتەوە، بەڵام زمان نەکەوتووە و بەردەوام لە خۆسوین و خۆتاشین و خۆپاکردنەوەدا بە دەوری خۆیدا دەسووڕێتەوە و دەچێتەوە ناو خۆی. پان‌ئاخاوتن و زمان، دوو چەمکی جیاوازن. بۆیە «زمانی شیعری» و «وشەی شیعری» یەک شت نین. شیعر، چەمکێکی یەکگرتووە تا نەگات بە کەماڵی خۆی لە زمان خۆی دەرناهاوێژێت.

زمان، سیستەمێکە لە هێماکانی «دەنگ و مانا»، هەروەها ئامڕازێکی پەیوەندیکردنە، کە مرۆڤەکان بە هۆیەوە دەستکەوتەکانی شارستانیەتی مرۆڤایەتی دەپارێزن و دەیانگوازنەوە. زمان، یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی نەتەوەیەک. بە گشتی نەتەوە جیاوازەکان زمانی تایبەت بە خۆیان هەیە. زمانە سەرەکییەکانی جیهان بریتین لە: [چینی، ئینگلیزی، فەڕەنسی، ڕووسی، ئیسپانی، عەرەبی، پورتووگالی و ئەڵمانی] لە نێویاندا زمانی چینی زۆرترین بەکارهێنانی هەیە و ئینگلیزی دوای ئەو و ئەنجا زۆرترین گەشەکردن لە ئێستادا پورتووگالی بەڕازیلییە.

پان‌ئاخاوتن/ قسەکردن، بەکارهێنان و دەرەنجامی تایبەتی زمانە. بۆیە دوو واتای هەیە؛
۱- بەکارهێنانی زمان، واتە «قسەکردن» یان «نووسین»، بەو هۆیەوە هاوتای «گوێگرتن» یان «خوێندنەوە»یە- کە پڕۆسەی «دەربڕین» و «تێگەییشتن»ـە.

۲. دەرئەنجامی بەکارهێنانی زمان، واتە بەرهەمی قسەکردنی زارەکی یان نووسراو، دەرەنجامی چالاکییەکانی قسەکردنە.

جیاوازی چەمکی نێوان «زمان» و «قسەکردن» لە زمانزانی سویسری فێردیناند دی سوسێر (1857-1913)، کۆرسی زمانەوانی گشتی (1916) وەرگیراوە.

سەبارەت بەوانەی سەرەوە، بە سەیرکردنی پەیوەندی نێوان شیعر و زمان و پان‌ئاخاوتن، بەسە بۆ دۆزینەوەی شیعر. شیعر، دەرەنجامی بەکارهێنانی زمانە لەناو زماندا، بەڵام کە وەک قسە وەرگیرا و شیعر چووەوە ناو قسە، لە شیعر دەکەوێت. بۆیە ئەگەر پەیوەندی هاوکێشەی [زمانی شیعری] لەسەر «شیعر + زمان» دامەزرابێت، کاتشوێن و زەمان دەخاتەوە ناو زمان و زمانیش وەرچەرخانی شیعرە. بۆیە زمانی شیعری، زمانێکی حەتمی شاعیرانەیە بۆ دەربڕینی هەستەکانیان و گەیشتن بە شیعر، تا ڕادەیەکی دیاریکراو ڕەنگدانەوەی شێوازی قسەکردنی شاعیرە.

کەواتە، ئایا دەکرێت «شیعر + گوتار» بۆ «قسەی شیعر» دابڕێژرێت؟ وەڵامەکە بەڵێیە. بەڵام ئەگەر ئەمە بە کار بهێنین بۆ درووستکردنی هاوکێشەیەکی تر، ئەوا دەبێتە «قسە + قسەکردن» = «قسەکردن + قسەکردن»، واتە پان‌ئاخاوتن = پان‌ئاخاوتن».

قسەکردن= قسەکردن، دیارە هەڵەیەکی پێناسەی بازنەییە لە لۆژیکی فەرمیدا. بۆیە تێگەییشتنەکە تیۆری «زمانی شیعری» هەیە بەڵام تیۆری «قسەی شیعری» نییە.

ڕاستییەکەی، کاتێک بازنەکانی شیعر و فێرکردنی شیعر باس لە شیعر دەکەن، سەرنجیان لەسەر زمانی شیعرە؛ چونکە تەنیا زمان ئەرکی پەیوەندیکردنە، کە «ئەرکی ڕەمزی» و «ئەرکی گشتاندن»ـی هەیە. لێکۆڵینەوە لە شیعر لە زمانەکەیدایە نەک قسەکەی، چونکە زمان گونجاندن و ئامڕازە.
….
ئازاری ۲۰۲۳




ئێوارانە ٢٢.. سەردار جاف

ئێوارانێ لە وێ بووم و
کاروانسەرا بووە خەڵوەتخانەکەی رێ و نەهاتمەوە
ناونيشانێ لە سۆراغمە، وڵاتێ لە ئاگر و منيش بەفر
کنەی گەوهەر و نيگايەک بولێڵييە
رەش و سپی ، تەڕەزن و دێم دەسووڕێ
بە چواردەوری کاتمەوە
کاتێ شەرم تۆزقاڵێکە و ئۆغر دەکا
بێ ئاکاری دەبێتە رەوت، بانگ سەڵایە بێ پەروايە
شەو و رۆژێ تێکدەشکێنێ
ژەمێ گريان
بە هەنسکی لەتە نانێکم گۆڕيوە
تەپوزێ لای نيشتيمان قووتيلەی چڕە دووکەڵی هەناسەيە
بە سەرمای دەر سپاردووە
دووگيانێکی شپڕێوييە
ئەو دەمەی مەيل ژان دەيگرێ
ئاوڵەمە خۆی دادەخزێنێ، منەی راست و چەپی دەکا
کەنار دەريا و رۆخی باغێ
تاريکایی و سرتەسرتی دۆراندۆرێ
کەژاوەی دەر تەختی مێخەک ژوانی خۆی نەژماردووە
دڵی شەو ئێوارەيەکی تيا روواوە
بريسکە و جوڵەی ئەستێرەی واگرتووە
نيگای حەزم، لالەييەکی شەهلاییە، بە دەشت و هەردی سينەما رادەکات و
سەڵتەنەی بيری بردووە
ئەم شەوبايەی توانەوە
هێشتان نازی ئەو بەنازەی نەبينيووە
ميلۆدی و سەدای بە جۆش و زەماوەندی ژنەفت نەبووە
کەمەی گۆچان
هێشتان پەرژێنبەندی رۆحە بە چناری ئەستوونەوە باڵا دەکا
لە ميحرابتا
کڕنووشی مەرام نەديووە
دوا ئاراستە، زەردەی خۆرە و کەنەفت نەبووە
تۆ بير دەکەی بۆ مەنزڵێ تۆ لە وێيت و من دێمەوە
تۆ ئەوکێکی پڕ ئازاری مەيلتە من دەتوێمەوە
تۆ شەپۆلی نانی دێيت و برسێتی من جاڕ دەدەی، من لەوێم و دەتوێمەوە
تۆ شەرابی ترێی منی، منيش مەستم لە کەنارتا بێ ئاگام و دەتلێمەوە
تۆ شەوبايت و هێشتا زووە من گۆرانی گۆزەبانە دەڵێمەوە
خۆشمدەوێی تۆ خۆشەويسترين کەسمی

١٧ / ٣ / ٢٠٢٣
ئەڵمانيا




مێژووی پەیوەندی نێوان کورد و تورکیا.. جبار عبداللە مهاجر

مێژووی هاوچەرخی نێوان کورد لەگەڵ تورکیا و ڕۆڵگێڕان لەهەماهنگیەکانی نێوانیان دەگەڕێتەوە سەردەمی تورکە عوسمانیەکان، لەو کاتەوە ئەو پەیوەندیە ئابوری و سیاسی و سەربازیانە بەردەوامیان هەبووە، هەرچەندە کورد ڕژدبووە لە بەردەوام بوونی هاوپەیمانی لەگەڵ ئەو دەوڵەتە، بەپێچەوانەوە تورکەکان زۆر گرنگی نادەن بەو پەیوەندیە ئەمەش هۆکاری خۆی هەیە کە تورکەکان نایانەوێت کورد لەناوچەکە دەربکەوێت و سەربەخۆیی خۆی ڕابگەیێنێت، سیاسەتی ئەو دەوڵەتە بەرامبەر بە گەلی کورد جگە لە چەواشەکاری هیچی تر نەبووە، لەلایەکی تر هاندانی یاساکانی دەوڵەت بەرامبەر بە ڕۆڵەی کورد و بەرهەم هێنانی ڕۆڵەیەکی توندوو تیژ، پەراوێزخستنی مافەڕەواکان لەنێو بنەماکانی ئەو وڵاتە بەڕوونی دیارە دژبەو دەستورەی کە دانیان داناوە بەکەمە نەتەوەکان، ئەمەش بەرچاوڕوونیەکە کەهەموو کورد ئەوە دەزانێت و خۆی لێ بێدەنگ کردووە، لەهەڵومەرجە نەخوارزاوەکان وادەخوازێت هەردوو لا وەکو یەک لەهاوکاری یەکتریدابن بەڵام کورد بەتەنیا دەبینرێت لەوناوە، ئەگەر لاینی ئابوری بکەینە تەوەرێکی گرنگ لە پەیوەندی نێوان ئەم دوو وڵاتە تورکیا وەکو وڵاتێکی بەرژەوند خواز دەردەکەوێت و پەیوەندی خۆی بەستۆتەوە بەولاینە ئابوریەی کە کوردستان خاوەنیەتی، کوردیش ناچارە دان بەو پەیوەندیەدابنێت و ئامادەبێت بەهەر جۆرێک بێت لەگەڵ ئەو وڵاتە بەردەوام بێت لەلایەنی ئابوری و بازرگانی، بواری سەربازیش تەوەرێکی ترە لەپەیوەندیەکانی نێوان هەردوولا بەڵام زۆر بەجیاوازتر لەتەوەری ئابوری، تورکیا لەم لاینەوە زیاتر زاڵترە بەسەر کوردا ئەمەش بە بەزاندنی ئاسمان و خاکی کوردستان بەهەبوونی چەکدارانی پەکەکە کە بەدوژمنی سەرسەختی خۆی دەزانێت، زۆر جار بێ ئەوەی گوێ بدات بە هەبوونی هاونشتیمانیان لەسەر سنورەکان و گوندەکان تورکیا هەڵدەستێت بەئەنجامدانی تۆپباران لەوناوچانە کە بۆتە هۆی شهیدکردن و بریندارکردنی خەڵکی سڤیل و بێتاوان، واتا ئەم شێوازە ڕەفتارانە بەمانای ئەوە دێن کە تورکیا هیچ حسابێک بۆ کورد و خاکەکەی ناکات و گوێ بە هاوپەیمانی نادات، تۆبۆگرافیای دەوڵەتی تورک وا هەڵکەوتووە کە بێمنەت بێت لەئاست داواکاری وڵاتانی ئەقلیمی لەلایەک ڕێگای بەیەکگەیشتنی هەردوو کیشوەری ئاسیاو ئەوڕوپایە سەرڕێگای بازرگانیە، ئەمەش وادەکات هەڕەشەی خۆی بەسەر هەردوو لادا بسەپێنێت، بەوهۆیەوە تەنەزولات بۆ داوڵەتانی تر ناکات و ملکەچی داواکاری خۆیان دەکات. ئیستاش ئەو پەیوەندیانە بەردەوامیان هەیە بەبێ ئەوەی هیچ گۆڕانکاریێکی بەسەردا هاتبێت و تورکیا لەسەر هەمان ڕێگای سیاسەتی کۆنی عوسمانی بەردەوامە، دەوڵەت هیچ یاسیێکی نەگۆڕیووە کەلەبەرژەوندی گشت نەتەوەکاندابێت و ئەوانیش مافی خۆیان هەبێت ئازادانە بڕیاربدەن یاخود بژین، تەنانەت کوردیان کردۆتە دوژمنی یەکتری و زەمینەیان خۆشکردووە بۆ کورد تاکو بەدەستی یەکتری خوێنی یەکتری هەڵمژن و یەکتری بکوژن،