پێویستە(ساڵنامەی نەورۆزیی)بکرێت بە فەرمی و بە جیهانی.. دکتۆر مەولود ئیبراهیم حەسەن

پێشەکی ..

یەکێ لە شارەزایانی مێژووی کوردستان دەنووسێ : ( کوردستان خەزنەیەکە هێشتا بە چاکی نە ناسراوە !) ئەگەر ئەو مێژوو نووسە بەم وتەیە ڕووی لە هەموو ئەوانەیە کە ئەو کوردستان نە ناسینە دەیانگرێتەوە ، ئەوا کورد خۆی بەشێ زۆری ئەو – نەناسین – ە دەیگرێتەوە ! مێژوونووسانی جیهان بە کۆن و تازەیانەوە بە ڕۆژهەڵاتی و ڕۆژئاواییانەوە زۆریان لە بارەی کوردو کوردستانەوە گوتووە ! چاکیشیان گوتووەو خراپێش ؛ بەگشتی ئێمەی کوردیش نە چاکگوتنەکانمان بەباشێ وەرگرتووە ! نە وەڵامێکی زانستیانەشمان بۆ خراپ گوتنەکان هەبووە ، هەر بۆیە دەتوانم بڵێم .. مێژووی کورد زۆری لە بارەوە گوتراوو نووسراوە ، ئەگەر لە نێو ئەم نووسراوانە بێین و بە پێی زەمەن و هەر لە کۆنەوە ڕاست و زانستیە بەڵگەدارەکان کۆبکەینەوەو بێانهێنەوە پاڵ یەک ، ئەوا نەخشەی مێژووی کورد زۆر بە جوانی خۆی دەردەخات . ئەو مێژووناسانەی نووسیویانە 🙁 کوردستان لانکەی مرۆڤایەتیە – کورستان لانکەی شارستانیەتە ) لەم ڕاستی گوتنەشیان خێریان بە کوردستان نەکردووە ، بە هەوڵ و ماندوو بوون و لێکۆڵێنەوەی زانستیانە بەم ئەنجامانە گەیشتوون ، فەرموون بزانن بیرمەندو لێکۆڵەری ئیرانی ( دکتۆر عەلی شەریعەتی )چ تاجێکی زێڕین و گرنگ و بە نرخ دەنێتە سەری کورد و دەنووسێ : (شارستانیەتی یۆنانی ئەویش شارستانیەتێکە باپیرانی کورد ئەوانەی کۆچیان کردو لەگەڵ گەیشتنیان – بە یۆنان – دروستیان کردووە ،(…) وەک پێشتر گوتمان بناخەی شارستانیەتی یۆنانی لەسەر شانی کورد هەڵنراوە ، ئەو کوردانەی لە نێوان دوو ڕووباران دەژین ، ئەو شوێنەی بنکەی ڕۆشنبیری وشارستانیەت و فەلسەفەی جیهانە ؛ یەکەمین جێگا زانستی بیرکاری تێیدا گەشەی کرد نێوان ئەو دوو ڕووبارە بوو ،) (١) بە خۆڕایی نیە شوێنەوارناسی گەورە (ڕالف سوالکی ) دەست بۆ دەرگای ئەشکەوتی شانەدەر درێژ دەکات و دەڵێ 🙁 هەموو شارستانیەتەکان لە دەرگای ئەم ئەشکەوتەوە هاتوونەتە دەرەوە !)،(٢) هەموو ئەمانەو زۆری تر دەیسەڵمێنن کە کوردستان سەرەتایەو مێژووێکی کۆنی هەیە بۆ ژیانی مرۆڤ و سەرهەڵدانی شارستانیەت ، ئەم کۆنی و دەوڵەمەندی و گرنگیەی کوردستان ئەرکی لێکۆڵەری کورد زۆرو وردو گران دەکات !
لێکۆڵەری کورد پێویستە بە لێکۆڵێنەوەی زانستی و وردو پشو درێژیەکی بەردەوام گەورەو بچووک وکۆن و نوێی مێژوو و جوگرافیای کوردستان و کلتورو شارستانیەتەکانی ساغ بکاتەوە ! ساغ بکاتەوەو بزانێ چێ ڕوویداوەو چێ دروست کراوەو چێ ئەمڕۆ ماوەتەوە ، ماوەتەوەو خۆی بکاتە خاوەنی ؛ میللەتانی پێشکەوتوو بستێک خاک و ڕووداوێکی مێژوویی و خشتێکی شووینەواری و دابێکی کلتوری وەک چاوی خۆیان دەپارێزن ؛ دەیپارێزن و شانازی پێوەدەکەن ! کەچی بەداخەوە .. ڕۆژانە لە چواردەورو لە ناوەخۆش !! بە بەرچاومانەوە خاکمان داگیر دەکرێ و مێژوومان دەشێوێندرێ وشوێنەوارمان تێکدەدرێن و فەرهەنگ و کلتورمان سوکایەتیان پێ دەکرێ و دەبردرێن و دەشێوێندرێن !؟
ئەگەر واز لە هەموو کلتورە دزراوو شیوێندراوو داگیرکراوەکانمان بهێنین ؛ بە تەنیا ( نەورۆز ) وەربگرین .. دەبینین چ بەزمێکی پێدەکرێ ! لە کاتێکدا ساڵانە داگیرکەرانی وڵات لەسەرو بەندی جەژنی نەورۆز ڕێ لە مۆڤی کورد دەگرن بە ئازادی نەورۆز بکات و هەستی خۆی دەرببڕێ ؛ گەنجەکانمان و دەخەنە بەندیخانەو بریندار دەکەن و دەیانکوژن ؛ کەچی لە نێوان خۆیان بە توندی ملە لە سەر ئەوە دەکەن و هەریەکەیان نەورۆز بە هی خۆیان دەزانن !؟ لە ساڵی( ٢٠١٠) ئێران چەند ڕؤژێکی پێش نەورۆز ..نەورۆزی بە حەرام ناساندو قەدەغەی کرد کورد نەورۆز پیرۆز بکات ، کەچی پاش چەند ڕۆژێک نەتەوە یەکگرتووەکان جەژنی نەورۆزی وەک (جەژنێکی جیهانی ) ناساندو ڕێشەکەی بە ئیرانی درایە قەڵەم ؛ هەر زوو پەشێمان بوونەوەو باوەشێان بۆ ئەو پیرۆزباییانە کردەوە کە سەرانی جیهان بە بۆنەی نەورۆزەوە بۆیان دەناردن و پیرۆزباییان لێ دەکردن !! (٣) ترکیا شەڕی ڕاگەیاندنی لە گەڵ ئیران دەستپێکردو خۆی بە خاوەنی نەورۆز دەزانی و وەزیری دەرەوەی ئەفغانستان کۆبوونەوەکەی نەتەوە یەکگرتووەکانی بە جێهێشت ، بە هۆی ئەوەی ڕێشەکەی بە ئیرانی ناوبردراوە ، هەموو ئەم کێشمە کێش و هەرایە کوردی لێ بێ ئاگا بوو !؟ لە کاتێکدا کورد لە هەمووان پتر خاوەنی نەورۆزە بە بەڵگەو بە مێژوو ! ئێستاش ساڵانە نەورۆزان سەرانی جیهان بەفەرمی و بە ئاشکرا پیرۆز بایی لە حکومەتی ئیران دەکەن وەک خاوەنی مێژوویی نەورۆز دەیناسێنن !؟
باپیرانی سۆمەر..
ئەگەر پێشتر ئەوەمان خوێندەوە کە پسپۆران کوردستان بە لانکەی مرۆڤایەتی و شارستانیەت دەزانن ، ئەوا ئەم – لانکە – یە بەردەوام مرۆڤی تێدا ژیاوەو قۆناغەکانی ژیانی تێدا بڕیوە ، هەر لە ڕاوچیەتی و ئەشکەوت نشینی و کشتوکال کردن و شوانکارەیی و شار دروستکردنەوە بیگرە تادەگاتە داهێنانی ئەفسانەو ئاین و فەڵسەفەو زانستەوە.. هەموو زانستەکان !
کوبیکلی تەپە ..ئەگەر بە وردی بۆ نموونە دوو شوێنی گرنگی وەک (دێرینکۆیۆ و کوبیکلی تەپ – گرێ مرازان) بیانکەین بە چەقی لێکۆڵێنەوەکەمان ، کە هەریەکە تەمەنیان بۆ (١٠ هەزار ساڵ) پێش زایین دەگەڕیتەوە ، دەبینین هەموو زانستەکان لەو ڕۆژگارە دا لە دروستکردنی ئەم دوو شوێنە دا بەکار هاتوون ؛ گرێ مرازان کە بە گەورەترین و کۆنترین پەرستگای جیهان ناسراوە و دەکەوێتە نزیک شاری( ئورفا)ی باکووری کوردستان ، وەک شووێنەوارناسی ئەلمانی ( کلاوس شمیدت ) باس دەکات و دەڵێ 🙁 ئەگەر بەتەواوی پشکنین لەم پەرستگایە دا بکرێ تیۆری دروستبوونی مرۆڤ گۆڕانی بەسەردادێ !)،(٤) کە تا ئەوکات (٦./.) شوێنەکە پشکنینی تێدا کرابوو! زانای شوێنەوارناس (کارۆل) لە بارەی ئەم شووێنەوە دەڵێ : ( بڕواناکەم ئەم شووینە تەنیا بۆ سروتی پەرستن بەکارهاتبێ ، ئەگەر ئەمە باوەڕت بێت سەرچێغ دەچێ و لە گرنگی کەم دەکەیتەوە ، (…) من لەو باوەڕەم ئەم ئاواییە تەنیا جێگای پەرستن نە بوووەو کاری زۆر تری تێدا کراوە .)،(٥) بەڵێ ..لێکۆڵەری کورد پێویستە بە دوای ئەو کارانە دابچێ کە جگە لە پەرستن ، لەم شووێنە دا کراون ، کە ئەم کارانە بەرەو ئەوەمان دەبات کە بەدوای دەزگاو سازی کۆمەڵایەتی جۆراوجۆری ئەوێ ڕۆژێ دا بگەڕێین !
ئەگەر سەیری ستوونە گەورەو لووس و گرانەکان بکەین و لە وێنەکان ورد بێنەوە ، دەبێ بپرسین ئەم ئەندازیارو هونەرمەندانە ئەو زانست و شارەزاییەیان لە کوێ وەرگرتووە ؟ لە کاتێکدا شووێنێکی لەم شوێنەکۆنترمان نیە کە ئەم جۆرە ئەندازیاری و هونەرەی تێدا کرابێت و بێژین ..بەڵێ پیاوانی ئەم کارە مەزنانە لەوێ ئەم زانست و هونەرەیان وەرگرتووە ! ئەم ستوونە لووس و گەورەوگرانانە بەچ ئامێرێک ئاوا ڕێکخراون ؟ چ کەسانێک و بە چ ئامێرێک ئاوا ئەندازەیی ڕایانگرتوون و توندیان کردوون؟ ئەو هونەرمەندانە کێ بوون و لە کوێ ئەم هونەرەیان بەدەست هێناوە ؟ هونەری کۆڵێن و هونەری بەرز کە لە وێنەکێشانی جۆراو جۆری گیانلەبەرەکان بەکاریان هێناون ! زۆر پرسیاری تریش ، کە وەڵامەکەیان تا ئێستا نەزانراوە .
دێرینۆکیۆ ..شاری ژێر زەمینی چێن لە ژێر چێن ، تا دەگاتە هەشت چین و هەندێک دەڵێن زیاتریشە ، ئەم شارە ژێر زەمینیە تەمەن ( ١٢ )هەزار ساڵە ، مەزەندەی ئەوە دەکرێ کە جێگای (٣٠ تا ٥٠ ) هەزار کەسی تێدا ببێتەوە بە مەڕوماڵات و کەرو ئەسپەوە ! پازدە هەزار کڵاو ڕۆژنەی هەواگۆڕێ تێدایە ، شەست دەرگای هەیە ، دەرگاکان لە ژوورەوە ڕا دادەخرێن و دەرگاکە بەردێکی خڕی یەک تەنی و نێو تەنیەوە هیچ کەس لەدەرەوە ڕا بۆی ناکرێنەوە ! لە ژوورەوەی ئەم شارە جێگای هەموو پێویستیەکانی ژیانی ئەوێ ڕؤژێی تێدایە ، تا دەگاتە پەرستگاش ؛ هەر بۆیە پسپۆران ئەم شارە بە ( شاری جنۆکان ) ناو دەبەن ، شوێنەوارناسان دەڵێن : ئەم شارە زۆر لە ئەهرامەکانی میسر گرنگترە ؛ لە بەر ئەوەی تەمەنی ئەم شارە ژێر زەمینیە (١٢) هەزار ساڵە ، کەچی تەمەنی ئەهرامەکان هەر( چوار) هەزار ساڵ دەبێت !(٦) ئەمەو لەگەڵ چەندین شوێنی تر لە کوردستان کە هەموویان تەمەنیان( دوازدە هەزار) ساڵ و بەسەرەوەیە وەک ( ئۆرهان تەپە – گرێ کچەڵ ) و( حەسەن کیف ) زۆری تریش کە هەموو ئەم شوێنانە پێمان دەڵێن : ( ئەو شارانە بەرهەمی سەر هەڵدانی شارستانیەتی بەردن )،(٧) بە چەندین هەزار ساڵ پێش ( شارستانیەتی قوڕ ) ئەم( قوڕو بەرد )ەش بە هۆی جیاوازی جوگرافیای شارستانیەتەکەیە ، دەنا هەر ئەو مرۆڤانەن کە( باپیرانی سۆمەر) یەکانیان پێ دەڵێن و ئەو باپیرانە بوون کە بە چەند هۆیەک لە کوردستانەوە بەرەو خوارەوە ڕؤیشتن و لەوێ( شارستانیەتی قوڕ) یان دروستکرد . کە چووونە خوارەوە کلتورەکەی خۆیان لە گەڵ خۆیان بردو چەند گۆڕانکاریەکیان تێدا کرد ، بەپێی پێویستی ئەو جوگرافیە تازەیە. بۆ نموونە : (کشتوکالی بارانی)یان کرد بە ( کشتوکالی ئاودێری ) بە شێوەی بەرزی شاخەکان بۆ پەرستگا ( زەقورە) یان دروستکرد ، ناوی شارە تازەکانیان بە هەمان کلتوری کوردستان ناونا؛ بۆ نموونە : ( ئوربل ) کە شاری هەولێری ئێستایەو پێشتر لە کوردستان بەم ناوەوە دروستیان کردبوو، هاتن شاری(ئور- و- ئورکو ئەرەک ) یان دروستکرد ، کە دەبینین( ئور)،(٨) وەک ناوی شوێن و شارلە هەردوو قۆناخ دووبارە بووەتەوە .. ئەمەو زۆری تر . دەبێ ئەوەش بزانین ئەوانەی چوونەتە خوارەوە هەموو خەڵکە کە نەبوون کە دواتر بە ( سۆمەر)یەکان ناسران ، بەو هۆیەەوە ئێستاش ساڵانە لە هەموو کوردستان شوێنەواری پێش چوونە خوارەوەو سەردەمی چوونە خوارەوەو دوای چوونە خوارەوەشیان دە دۆزرێنەوە ٠
سۆمەریەکان و کورد ..
لە سەت ساڵی ڕابردوو میللەتانی دەورو بەر( عەرەب و ترک و فارس ) و چەند میللەتێکی تریش زۆریان هەوڵدا سۆمەریەکان بەلای خۆیاندا ڕاکێشن و بیان کەن بە عەرەب و ترک و فارس . بەڵام ، خۆشبەختانە دواجار زاناکان و پسپۆران ڕێشەو بنەچەی سۆمەریەکانیان دۆزیەوە ! وەک ( نورەدین ئەبو حسین حسین ) دەنووسێ 🙁 ڕاکان جیاواز بوون لە بارەی بنەچەی سۆمەریەکان و لە کوێوە هاتوون ؟ بەڵام زۆرن ئەو زانا شوێنەوارناسانەی بە بەڵگەی ئەرکیۆلۆژی ئەوە دەسەڵمێنن کە ئەوانە لە چیاکانی زاگرۆسی ساردەوە هاتوونەتە خوارووی میزۆبۆتامیا لە قۆناغی یەک بە دوای یەکدا زانای شوێنەوارناس دکتۆر بەهنام ئەبوو سوف دەڵێ : سومەریەکان لەدەرەوەی وڵاتی دووڕووبارانەوە نەهاتوون، بەڵکە ئەو میللەتە لە سۆبارتوو بوون ، لە ڕۆژگارێکدا هاتوونەتە خوارەوەو شارستانیەتەکەیان لە گەڵ خۆیان گواستووتەوە ،)،(٩) ئەوەی ڕاکەی دکتۆر بەهنام ئەبوو سووف دەیسەڵمێنی ، کە درووستکردنی شارستانیەتێکی پێشکەوتوو وداهێنانی نووسین لە لایەن سۆمەریەکانەوە ، ئەوە دەسەڵمێنی کە سۆمەریەکان پێش ئەوەی بچنە خوارەوە بنەمای شارستانیەتێکی پێشکەوتوویان هەبووە ، ئەوەش جارێکی تر ئەوە دەسەڵمێنی کە سۆمەریەکان بەشێک بوون لە پێشینەی کوردەکانی زاگرۆس ، باشماوە شوێنەواریە دۆزراوەکانی کوردستان ، ئەوە دەسەڵمێنی کە کوردستان لانکەی شارستانیەتی یەکەمی هەموو مرۆڤایەتیە ، زانای ئەمریکایی پرۆفیسۆر (ڕۆبەرت .گ.براید وود ) دەنووسێ : ژیان لە ڕاوچیەتیەوە بۆ شارستانیەت و جێگیر بوون ، دوای ئەوە هات کە لە کوردستان کشتو کال و پیشەسازی دۆزرایەوەو پێشەکەوت و ماڵی کردنی گیانلەبەری کێوی و بە جێهێشتنی ئەشکەوت و ژیان لە ماڵێکدا دەرکەوت کە کەرەستەی پێشکەوتووی کشتوکالی تێدا دۆزرایەوە ، لە کاتێکدا ئەوکاتە خاکی خواروو لە ژێر ئاودابوون ، لوتکەی چیاکان پڕبوو لە جوڵەی ژیانێکی چاڵاک ، ئەوەی کە ئەمە دەسەڵمێنی دۆزینەوەی پاشماوە دێرینەکانە ئەوەی لە ئەشکەوتەکانی ( بێستوون ) لە ڕؤژهەڵاتی کوردستان دۆزراونەتەوە و تەمەنیان (١٠٠) هەزار ساڵە ،لە ( شانەدەر) لە ( ئاکرێ) و( چەرمو) لە خوارووی کوردستان و ئەشکەوتی ( جایۆنو) لە باکووری کورستان و ئەشکەوتی ( دوودەری ) لە ڕۆژئاوای کوردستان ، هەموو ئەوانەو زۆری تریش بۆ دەیان هەزار ساڵ دەگەڕێنەوە .) ،(١٠ ) ئەو مرۆڤانەی کە لە (١٠٠) هەزار ساڵ لەوە پێشەوە لە کوردستان بوون بە بەردەوامی ، هەر ئەوانیش لە سەرو بەندی (١٢) هەزار ساڵ پێش ئێستا لەگەڵ سەرهەڵدانی کشتوکال شارستانیەتی بەردیشیان داهێنا و بەردەوام بوون لە بەرەو پێش بردنی شارستانیەتیکەیان ، هەر ئەوانەن باپیرانی سۆمەریەکان و کوردبوون ، کە بەشێکیشیان دەچنە خوارەوەی دووڕووباران ، لەوێ بەردەوام دەبن و دەیان داهێنان دەکەن و زۆر پێشکەوتوو دەبن ، کە تا ئێستا مرۆڤایەتی شانازیان پێوە دەکات ، خاوەنی ئەو پێشکەوتنە ئەو باپیرانی یەو گروپە بوون کە دواجار بە( سۆمەری) ناسراون .
سۆمەرو زەگمەک..
ئەو سۆمەریانە وەک زاناکان دەڵێن : کە هاتوونەتە خوارەوە شارستانیەتەکەی خۆشیان لە گەڵ خۆیان هیناوە ، لە نێو ئەو شارستانیەتە زمان و کلتورو داب و نەریت و ئایینەکەشیان هاتووە ؛ کلتورێکی گرنگیان هەبووە کە جەژنی سەری ساڵ و ژیانەوەی دەمموزی بووە ، ئەو جەژنە لە ڕۆژی یەکەمی ساڵێ نوێی سۆمەریکان بووە ، جەژنی زەگمەک ..ئەو جەژنە پەیوەست بوو بە گۆڕانی سروشت و هاتنی بەهارو خوێندنەوەی فەلەک و هاوتا بوونی شەوو ڕؤژ لە کوردستان و زێندو بوونەوەی (دەمموزی ) و ڕێ و ڕەسمی پێشوازی و دەربڕینی خۆشی و شادی بە هۆی زیندوو بوونەوەی دەمموزی ، دەمموزی خوداوەندی( گیاو سەوزایی و مەڕوماڵات) …. هەر بۆیە ئەم جەژنە کۆنترین و گەورە ترین و پیرۆز ترین جەژنی ئەو سەردەمانە بوو ، لە کۆتاییەکانی سەدەی (١٩) زانای شوێنەوارناس ( هینری لایەرد ) تابلۆیەکی بازنەیی دۆزیەوە ، باوەڕ وابوو کە هی شای ئاشووری ( ئاشوور بانیبال ) ە ، بەڵام ، بە هۆی شیکردنەوەی تیشکی بە کۆمبیوتەر ، ئەوە سەڵمێندرا کە گونجاوە لە گەڵ سەقای ئاسمانی وڵاتی دوو ڕووباران و سەڵمێندرا کە سەر بە شارستاینەتی سۆمەرە .) ئەو تابلۆیە بۆ ماوەی (١٥٠) ساڵ مایەی سەرسامی زاناکان بوو ؛ تا لە ساڵی (٢٠٠٨) زاناکان بە پشت بەستن بە ئامیری تابلۆیی ، بۆیان دەرکەوت کە ئەو نووسراوەی لەسەر ئەو بەردە بازنەییە، بریتیە لە لێکۆڵێنەوەیەکی پێشکەوتووی ئەستێرەکانی ئاسمان ، لە گەڵ تێبینی سۆمەریەکان و کاریگەری بەریەککەوتین بچووکەمانگ لە ناوچەی (کۆفیلس) لە نەمسا . دەرکەوت ئەم تابلۆ بازنەییە ( یەکەمین ئیسترلاب) ە لە مێژوودا ، ئێستا ئەو تابلۆ بازنەییە لە مۆزەخانەی بەریتانی بە ژمارەی( ک٨٥٣٨ )،(١١) بە ناوی (نەخشەی ئەستێرەی سۆمەریەکان) ناسراوە و پارێزراوە . ئەو تابلۆیە ئەوە دەئسەلمێنی کە سۆمەریەکان زانستێکی فەلەکناسیی ئاڵۆزیان هەبووە . دیارە هەر ئەو زانستە فەلەکناسیەشە کە توانیویەتی (ڕۆژی هاوتا بوونی شەوڕۆژ) لە کوردستان بکات بە جەژنی سەری ساڵی سۆمەریەکان بە ناوی( زەگمەک )کە ئێستا ئێمەو جیهان بە ناوی – نەورۆز – دەیناسین !
دەمموزو نەورۆز..
تا ئێستا بۆ مان دەرکەوت کە ژیان لە کوردستان مێژووێکی زۆر کۆنی هەیەو ئەو مێژووەش هۆی دروست بوونی سەرهەڵدانی کشتوکال و گوندو شارە ، لە (١٢) هەزر ساڵ بەر لە ئەمڕۆلەم کوردستانەی خۆشمان بە بیروکاری مرۆڤەکانی ئەو وەختە (شارستانیەتی بەرد) سەری هەڵداوەو لە گەڵ پێشکەوتن و گۆڕانکاریەکان ، بەشێک لەو مرۆڤانەی کوردستان چوونەتە خوارەوەو لەوێ ( شارستانیەتی قوڕ) یان دروستکردووە هەر لەو وەختەش ئەو مرۆڤانە بە (سۆمەر) ناسرون ، وەک پێشتر گوتمان ئەو مرۆڤانەی کە لە کوردستان و باکووری دوو ڕووباران چوونەتە خوارەوە ، پێشینەی شارستانیەتێکی پێشکەوتوویان هەبووەو لەگەڵ خۆیان بردووە ، لە نێو ئەم شارستانیەتە ئایین و کلتوریش هەبووە ، لە نێو ئەم کلتورو ئایینە ( جەژنی زەگمەک) هەبووە ، ئەو جەژنە پەیوەست بووە بە زیندوو بوونەوەی دەمموزی لەو ڕؤژەدا ، زانای سۆمەرناس (جۆرج کەدەر) ڕای وایە زەمەنی ( داستانی دەمموزو عەشتار) بە ڕای هەندێک لە لێکۆڵەران دەمموزی یەکێکە لە زنجیرە پاشاکانی سۆمەر. پێش ئەوەی بە ناوی( سەردەمی لافاو) ناوبندرێ ، جۆرج کەدەر هۆکەی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە ، سەردەمی دەمموزی پاشا گەشانەوەو هات و بەرەکەت و هەرزانی بووە ، هەر بۆیە لە ئەفسانەی ( بەرەکەتی پیرۆز)،(١٢) ناوی بە زیندووێتی ماوەتەوە ، ئەو زەمەنەش هاوکاتە لە گەڵ زەمەنی سەرهەڵدانی کستوکال واتە (١٢) هەزار ساڵ بەر لە ئەمڕۆ . هەر بە هۆی ئەوەی دەمموزی ئەو سەردەم وەک خوداوەندێک ناسراوە ، بۆیە ڕۆژی زیندوو بوونەوەی کە هاوکات بووە لەگەڵ سەرەتای بە هار ئەو ڕؤژە زۆر پیرۆز بووەو کراوە بە جەژن ، جەژنێکی سروشتی ئایینی فەلەکی و کلتوری و ئەفسانەیی ، هەموو ئەمانەش لای خەڵکەکە نرخ و گرنگی و پیرۆزی خۆیان هەبووە ، هەر بەو بۆنەیەوە ڕۆژەکە کەدەکاتە ڕۆژی یەکەمی مانگی یەکەمی ساڵی نوێی سۆمەری کراوە بە سەرەتای ( ساڵنامەی سۆمەر)،(١٣) یەکان ، ئەو ڕؤژە پیرۆزە کراوە بە جەژنی زیندوو بوونەوەی دەمموزی خوداوەندو ژیانەوەی سروشت و هاتنی بەهارو کۆتایی بەفرو ساردی ، ئەمەش وای کردووە لە شەوی یەکەمی ئەم ڕۆژە ئاگرێکی گەورەو مەزن بکرێتەوەو وەک ڕاگەیاندنی هاتنی جەژن و زیندوو بوونەوەی دەمموزی و دەستپێکردنی جەژن ؛ هەموو ئەو هۆیانەی کەباسمان کرد ، وای کردووە جەژنی زیندوو بوونەوەی دەمموزی خوداوەند ( زەگمەک – نەورۆز ) گەورەترین و پیرۆزترین جەژنی خەڵکە کە بێت و ئەم گەورەیی و پیرۆزیەش هۆیەکی تری بەردەوامی ئەم جەژنەیە تا دەگاتە ڕۆژی ئەمڕۆ .
بە جیهانی بوونی جەژنی زەگمەک و نەورۆز ..
نەورۆز وەک جەژنی زەگمەکی کۆنی باپیرانی سۆمەریەکان ، لە سەردەمی کشتوکالی یەکەم واتە(١٠) هەزار ساڵ بەر لە زاین سەرهەڵدەداو لەگەڵ ڕۆژگار دێتە پێش ، تا دەگاتە سەردەمی پەیدا بوونی نووسین لەسەردەستی سۆمەریەکان لە (٣٢٠٠) ساڵ پێش زاین ، پاش پەیدا بوونی نووسین ئێتر داب و دەستووری نەورۆز لە باری زارەکی و سێنەبەسینەییەوە دەچێتە قۆناخی نووسینەوە ، سۆمەریەکان پاش ئەوەی نووسینیان لە قۆناغی تازیەیان ، واتە خوارەوەی دوو ڕووباران گەیاندە سەردەمی نووسێنەوەی کلتوەرە دەوڵەمەندەکەی خۆیان ، دەستیان بە نووسینەوەی داستان و ئەفسانەو پەندو ئەدەب و کاروباری ڕۆژانەی خۆیان کرد ؛ لە نێو ئەم نووسینانەدا (داستانی دەمموزو عەشتار) گرنگیەکی زۆری پیدرا ، خۆشبەختانەش ئەو داستانە (جەژنی زەگمەک – نەورز) ی بەتەواوی ڕوونکردەوەو هەمووان تێگەیشتن ..جەژنی نەورۆز – زەگمەگ چیەو کەی پەیدابووە ؟! ئەو جەژنە گرنگ و کۆن و مەزنە ، وەک گەورەترین جەژنی سۆمەریەکان و هەموو مێژوو ، دواجار هەر لە سنووری دەسەڵات و زەمەنی سۆمەر نەمایەوە ، هەر زوو بە چوار دەور دا بڵاو بووەوە ، هەر لەسەردەمی سۆمەر گەیشتە میللەتانی دەورو بەر وەک میسر لە سەردەمی فیرعەونەکان و یۆنان و هیندو ..تادوایی ! جۆرج کەدەر دەنووسێ (تەمموز لە ناو لێنانە سۆمەریەکەی واتە (کوڕی ئاوی مەزن ) هەر بۆیە لە نێو شارستانیەتە جیا جیاکان ناوی جیا جیای وەرگرت ، خۆی دێموزی سۆمەریە ، تەمموزی بابیلیە ، ئەدۆنیسی ئەغریقی وئادونی فینیقی و هەروەها ئەدۆنیس لە شارستانیەتی ئۆغاریتی .) ،( ١٤) ئەمەش مانای وایە داستانی دەمموزو عەشتار ئاوا زۆر بڵاو بووەتەوە ، کە داستانەکە گەیشتووەتە ئەم میللەت و وڵاتانە ، کەواتە جەژنی زەگمەک- نەرۆزیش گەیشتووەو پیرۆز کراوە ، ئەوە داستانە کە بە ناوی دەمموزیە ، دیسان هەر ئەو داستانە بە ناوی عەشتاریش زۆر بڵاو بووەتەوە ، ئەوەتە لە یۆنان بە ناوی ئەفرۆدێت و لە ئێرانی کۆن بە ناوی ئەنا هێتا بڵاو بووەتەوە ، دوا جار ئەم داستانە – عەشتارو دەمموزی – بە هەر ناوێک و لە هەر وڵاتێک و لە نێو هەر میللەتێک بڵاو بووبیتەوە ، جەژنی زەگمەک- نەورۆز ڕووە کارەکی و نەریتە بەردەوامەکەی بووە . ئەمە هەمووی لە پێش زایین بووەو ناوەکەشی واتە لە زەگمەکەوە گۆڕاوە بۆ ئەکیتۆو بۆ نەورۆزی بابیلی و لە ئێرانی کۆنیش 🙁 ناوی نەورۆز بە شێوەی نەوا سەرد واتە ساڵێ نو ناویان دەهێنا، خەڵکی ئێرانی ئاسیای ناوەڕاست ئەوانیش لەسەردەمی سەغدیان و خوارزمشاهیەکان نەورۆزیان بە نو سارد و نوسارجی بە واتای ساڵی نو ناودەبرد .)،(١٥ ) و لەسەردەمی ساسانیەکانیش بە نوک ڕۆژ و نوک ڕۆج ناودار بوو. تادەگاتە سەردەمی عەرب و ئیسلام ئەوانیش بە – نیروز و نوروز- باسیان کردووە .
ئەمانە هەمووی بۆ مان دەسەڵمێنن کە نەورۆز هەر زوو بە دنیادا بڵاو بووەتەوە ، شارستانیەتی سۆمەریەکان کاریگەری لەسەر زۆر وڵات و میللەت هەبووە ، لە وێشەوە جارێکی تر نەورۆز گەیشتووەتە ئەکەدی و بابلی و ئاشووەریەکان کە دەتوانین بڵێین : ئەم میللەتانە لەسەر شارستانیەتی سۆمەریەکان پێگەیشتن ، بۆ نموونە زمان و خەتی سۆمەری بۆ ماوەیەکی زۆر زمان و خەتی نووسینی ئەکەدی و بابیلی و ئاشووری بووە ، ئەوە جگە لە ئایین و پێشەو جۆری حکومکردنیان . هەروەها میللەتانی گوتی و ئیلامی و میتانی و لولوو حثی و هەموو ئاوانەی دواجار دێنەوە نێو مێژووی پێگەیشتنی کورد نەورۆزیان وەک جەژن و سەری ساڵ بۆ خۆیان یادکردوتەوەو بەرز ڕایانگرتووە .
ئەم زوو بڵاو بوونەوەی نە ورۆزو بەردەوام بڵاو بوونەوەی لە پاش زایینیش بەردوام بوو ، ئێستا مێللەتانێکی زۆر مێژووێکی دوورو درێژیان لە گەڵ ئەو جەژنە دا هەیە، هەر بۆ یە هەموو وڵات و میللەتێک مافی خۆیەت ئەو جەژنە بە هی خۆی بزانێ ، بۆ نموونە لەسەردەمی ساسانیەکان و بە ڕوونی لەسەردەمی (ئەردەشێری بابکان) پاشای یەکەمی ساسانیەکان ، لە ساڵی(٢٣٠) زایینی کە لەشەڕێکدا بەسەر پاشای یۆنان دا سەرکەوت ، لە فەرمانی سەرکەوتنەکە دا چەند خاڵێکی لەسەر پاشای یۆنان کرد بە ماڵ ، یەک لەو خاڵانە پێویست بوو ساڵانە شاو میللەتی یۆنان یادی – جەژنی نەورۆز – بکەنەوە ! ،(١٦) تا دواجار لە ساڵی (٢٠١٠) کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بە فەرمی نەورۆزیان کرد بە جەژنێکی جیهانی بە پێناسەی – کلتوری ئاشتی گەلان – لەو ڕؤژەوە ساڵانە نەتەوە یەکگرتووەکان و تەواوی وڵاتە مەزنەکان بە فەرمی پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز لە وڵاتی ئیران دەکەن و هەندێ جار لە کوردیش!!( ١٧ ) لە کاتێک دا وەک توێژەر (سەلیم مەتەڕ) دەنووسێ :(هەموو ساڵێک لە ٢١ی ئادار ، باپیرانمان بەردەوام لە (سۆمەر و ئاشوور و بابیل ) ئاهەنگیان گێڕاوە بۆ ماوەی ٣ هەزار ساڵ پێش ئەوەی (ئەخمینیەکان )بابیل داگیر بکەن و لە ساڵی ٥٣٩ی پ.ز و نەورۆز بکەن بە هی خۆیان !)،(١٨ )
ئیتر ئێستا نەورۆز بەو تەمەنی( دوازدە هەزار) ساڵیەوە لە هەموو جیهان بە کۆنترین جەژن ناسراوەو ساڵانە میللەتانی جیا جیاو وڵاتانی جیا جیا هەر یەکەو بە شێوەی خۆی ، بەڵام ، هەموویان لە یەک ڕؤژ دا ئەویش ڕۆژی یەکەمی ساڵێ نوێی( سۆمەری- کوردی) ە کە دەکەوێتە بەرامبەر ٢١/٣ی ساڵی زایینی ئاهەنگی تێدا دەگیڕن ! هەر بەو هۆیەوەش هەمووان مافی ئەوەیان هیە نەورۆز بە هی خۆیان بزانن؛ بەڵام ، ئەو ڕاستیە هەیە کە جەژنی نەورۆز هەر لە سەرەتاوە لە کۆردستان سەری هەڵداوە و هەر لە کوردستانیش بە دنیادا بڵاو بووە تەوە .(١٩)
ئێستا دەرکەوت کە سۆمەریەکان نەوەی ئەوانەن کە لە مێژووی کودستان پێیان دەڵێن : باپیرانی سۆمەریەکان ، ئەو باپیرانە لەو لانکەی مرۆڤایەتیەوە دەست پێدەکات کە مڕۆڤەکان لەدارستانەوە ڕوویا کردە ئەشەکەوت و پاش دەیان هەزار ساڵ لە ئەشکەت هاتنەدەرەوەو گوندیان دروستکرد ، دواتر شارو شارستانیەت ، ئەمەش هەمووی بەڵگەی مێژوویی و شوێنەواری و زانستی هەیە لە کوردستان ، کەواتە سۆمەریە کان نەوەی شێر حەلالی باپیرە کوردستانیەکانیان و کوردن ! ئەمەش بەر لەوەی لێکۆڵەرانی کورد ئەم ڕاستیە مێژووییە بزانن ؛ بیانیەکان پسپۆرو زاناو مێژوو ناس و شوێنەوار ناسەکان .. هەتا دەگاتە پسپۆرانی عەرەب و فارس و ترکیش ،کە پێشتر دەوڵەت و دەسەڵاتدارو هەندێک پسپۆر خەریک بوون مێژووی سۆمەریەکان پشێوێنن و بە دڵی دەسڵاتدارەکان پێناسەیان بۆ دروست بکەن ، بەڵام ، ئێستا زۆربەی سۆمەرناس و شارەزایانی مێژووی کۆن دان بەو ڕاستیە دادەنێن و سۆمەریەکان بە خەڵکێ دوو ڕووباران و چیاکانی زاگرۆش و کوردستان دەزانن ، جگە لەوە لێکۆڵێنەوە زمانی و فەرهەنگیەکانیش پشتگیری ئەو ڕایە دەکەن کە سۆمەریەکان بەشێکن لە مێژووی کورد . هنری فارنکفۆرد:( لە ساڵی ١٩٣٢ لە حەزەر سەرپەرشتی هەڵکۆڵێنی دەکرد ، ڕێککەوت شەوی نەورۆز کرێکارەکانی کە کوردی ئیزەدی بوون نمایشیکی کلتوری شەوی نەورۆز پێشکەش دەکەن ، ئەو شوێنەوارناسە سەرنجی نمایشەکە دەدات و توێژیێنەوی لەسەردەکات ، دەگاتە ئەو ئەنجامەی کە ئەوەی کوردەکان لە یادی نەوۆز دەیکەن ، هەمان شتە کە سۆمەریەکان لە جەژنی زەگمەک دەیانکرد ، هەر بۆیە ناو لە توێژینەوەکەی دەنێ ( سرووتە دەمموزیەکان لە کوردستان )،(٢٠) و لە توێژینەوەکەدا دەنووسێ : ئەوەی ئێستا کوردەکان لە نەورۆزدا دەیکەن هەمان شتە کە سۆمەریەکان لە جەژنی زەگمەک دا دەیانکرد ، لە تەواوی توێژینەوەکەدا زۆر نموونەی وەک یەک و پێکچوو لە گەڵ داستانی دەمموزو عەشتار بە بەڵگە دێنێتەوە ).ئێستا ئەگەر داستانی دەمموزی داستانێکی سۆمەریە ، سۆمەریەکانیش بەشێکن لە پێکهاتەی کورد ، ئەوا زمانی سۆمەریش بەشێکە لە زمانی کوردی ، یەكێ لە مێژوو نووسەکان دەنووسێ : ئەوانەی دەقە سۆمەریەکان وەر دەگێڕن ، ناتوانن بە تەواوی وەری بگێڕن ، چۆن زمانی کوردی نازنن !! ،

،(٢١) کوردە سۆمەرناسەکان بە توێژینەوەکانیان پەیوەندی زۆریان دۆزیوەتەوە لە نێوان زمانی سومەری و کوردیدا و هەشن بە یەک زمانیان دەزانن .دەکرێ سۆمەریەکان وەک هۆزێکی گەورەی کوردی پێش مێژوو بناسین ، چۆن لە دوای سومەر زۆر هۆزی تری کورد دەرکەوتن و خاوەنی مێژوو شارستانیەتی خۆیانن ، بۆ نموونە گوتیەکان ئیلامیەکان ، لولوەکان و میتانیەکان و حثیەکان میدیەکان و… تاد . ئەو هۆزانەی پێش مێژوو ڕێشەیان لە نێو هۆزەکانی کورد دا هەیە کە پآش زایین چەندین دەوڵەت و ئەمارەت و دەسەڵاتیان دروستکرد .
گرنگی نەورۆز بۆ کورد ..
لە مێژوودا هیچ ڕووداوێک و بۆنە و جەژنێک هێندەی نەورۆز ڕوون و پڕ لە زانیاری نیە ! جگە لەوی کە زۆر کۆنە ،وەک دکتۆر کۆزاد محەمەد ئەحمەد دەنووسێ 🙁 باوەڕ وایە کە ڕێشەی نەورۆز بۆ سەردەمە زۆر کۆنەکان دەگەڕیتەوە .)( ٢٢ ) هەر بۆیە دەسەڵات و میللەتان و پاشاکانی دواتر هەمیشە بەردەوام بە گەورەیی و بە پیرۆزی و بە فەرمیەوە پێشوازییان لە جەژنی نەورۆز کردووە و لە بەڵگە نووسراوە کۆنەکان باسیانکراوە .
ئێستا نەورۆز بە تەواوی و بە فەرمانی نێوەندێکی گرنگی جیهانی کە ( نەتەوە یەکگرتووەکان ) ە بووە بە جەژنێکی جیهانی ، ئەم جیهانی بوونەی نەورۆز ڕێگای ئەوە بۆ کورد خۆش دەکات کە کوردستان بکات بە ( نێوەندی نەورۆزی جیهانی ) و بەو نێوەندەوە پەیوەندی کلتوری و ئەدەبی و هونەری سینەمایی و وەرزشی لە گەڵ هەموو ئەو وڵاتانە ببەستێ و ساڵانە میهرەجانی گەورەو نێو نەتەوەیی بۆ بگێڕدرێ و (خەڵاتی نەورۆزیی ) تێدا بەسەرکەوتووەکان ببەخشرێ. دیسان سەرۆکایەتی کوردستان پیرۆزبایی لەهەموو جیهان بکات بە بۆنەی نەورۆزو پیرۆزبایی تایبەتیش لەو وڵاتانە بکات کە لە پێش زایینەوە ساڵانە جەژنی نەورۆز پیرۆز دەکەن و جیهانیش پیرۆزبایی لە میللەتی کوردسان سەرۆکایەتیەکانی حکومەتی کوردستان بکەن .
گرنگیی ساڵنامەی نەورۆزیی..

ئێستا ئەم ڕاستیە مێژووییانە لە بارەی نەورۆز ڕوون بووە وە ..
یەکەم : نەورۆز لە کوردستان سەری هەڵداەو هەر لە کورد ستانیش بە دنیا دا بڵاو بووەتەوە.
دووەم : جەژنی نەورۆز هەر لەسەرەتاوە ڕۆژەکەی ١/١ ساڵی نوێی – سۆمەری – کوردی – دیار بووە و هیچ گۆڕانێکی بەسەر دانە هاتووە و هیچ جەژنێکی کۆن ئاوا ڕۆژەکەی جێگیرو ناسراوو بڕوا پێکراوو جیهانی نیە .
سێیەم : مێژووەکەی ( دوازدە ) هەزار ساڵە بە پێی زانستی شوێنەوارناسیی سەرهەڵدانی کشتوکال یەکەم جار .
چوارەم : نەورۆز پێش زاین و دوای زاینیش جەژنێکی جیهانی بووە ، بەتایبەت ساڵی( ٢٠١٠) زاینی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بە فەرمی کردی بە جەژنێکی جیهانی وەک( کلتوری ئاشتی گەلان ).
پێنجەم :ئێستا کۆنترین و گەورە ترین و بەردەوام ترین بڵاوترین جەژنی جیهانە .
شەشەم : نەورۆزو کوردستان و مێژووەکەی زۆر لەگەڵ تیوری ( دکتۆر سیزارە ئیملیانی) و هاڕاکانی دەگونجێ ، کە داوای ساڵنامەی (دوازدە ) هەزار ساڵەیی دەکەن .
حەوتەم : هیچ میللەت و وڵاتێک بۆ خاوەنداریەتی نەورۆز هێندەی کوردو کوردستان بەڵگەیی مێژوویی و شوینەواری لە دەست دا نیە .
هەشتەم : تا ئێستا جەژنی نەورۆز بەم تەمەنی (١٢) هەزارساڵیەوە لە هەموو ساڵنامە ناسراوو پێشنیارکراوکانی تری کوردستان وجیهان کۆنترو بەڵگە دار ترە .

گێڕانەوەی نەورۆزی دزراو..
لە ساڵی (٢٠١٠) کە نەتەوە یەکگرتووەکان جەژنی نەورۆزی وەک جەژنێکی جیهانی ڕاگەیاند و ڕێشەکەی بە ئێرانی ناساند ، من لە توێژینەوەیەک دا ساڵی ٢٠١٠ بە ناونیشانی ( نەورۆز هەر لە سەرەتاوە لە کوردستان سەری هەڵداەو هەر لە کوردستانیشەوە بە دنیادا بڵاو بووەتەوە .)،(٢١) بڵاوکردەوە ، لەو ڕؤژەوە بەردەوام توێژینەوە دەکەم و لە هەر توێژینەوەیەکی تازە دا بەڵگەی تازە تر بۆ کۆنی و کوردستانی بوونی نەورۆز دەدۆزمەوە ، تا دواجار گەیشتمە ئەو کە شووێنی یەکەمی سەر هەڵدانی نەورۆز شاری ( دێرینکۆیۆ) ی باکووری کوردستانەو تەمەنیشی نەورۆز (١٢) هەزار ساڵە ،(٢٢) ، بە پشت بەستن بەو هەمووئەو بەڵگانەی کە جەژنی نەورۆز بە جەژنی دوو ڕووباران و کوردستان دەزانن ، بە پشتگیری تیوری(دکتۆر سیزارە ئیمیلیانی)و هاوڕێکانی کە پێیان وایە ساڵنامەی زایینی بەشی گرتنە خۆی قۆناخە گرنگەکان و ڕووداوە مێژوویە گەورەکان ناکات ، هەروەها ئەرکی بەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستانە هەوڵی گێڕاندنەوەی ئەم نەورۆزە دزراوە بدات ، بەم شێوەیەی خوارەوە :.
١-پێکهێنانی کۆنفرانسێکی زانستی و داوەتکردنی پسپۆرانی کوردو بیانی و ئەو بەڕێزانەی بە توێژینەوەی زانستی نەورۆز بە جەژنی کوردستان و دووڕووباران دەزانن و دەتوانن بیسەڵمێنن، ئەم کۆنفرانسە ئەنجامەکەی ئەوە بێت کە نەورۆز تەمەنی لە (٣٠٠٠) ساڵ پترەو ڕێشەکە لەسەردەمی باپیرانی سۆمەرەو بۆ داستانی دەمموزی و عەشتار دەگەڕێتەوە ، کە تەمەنی ئەو داستانە بۆ زەمەنی سەرهەڵدانی کشتوکال دەگەڕیتەوەوتەمەنەکەی دەکاتە (١٢) هەزار ساڵ .(٢٣)
٢-پێکهێنانی لێژنەیەکی یاسایی دبلۆماسی بە فەرمانی پەرلەمان و بە پشت بەستن بە خاڵی یەکەم داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بکات چاو بەم بڕیارە دا بکێشیتەوەو هەڵەکەی خۆی لە بارەی – ڕێشەو مێژووی نەورۆز – ڕاست بکتەوە .(٢٤)
٣- ئەو لێژنە یاسایی و دبلۆماسیە داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بکات کە دان بە (ساڵنامەی نەورۆزیی – ساڵنامەی هۆلۆسین ) دابنێ و وەک ساڵنامەیەکی جیهانی قبووڵی بکات .
٤-حکومەتی هەرێم سوێند خواردنی ئەندام و پێکهێنانی حکومەتەکەی بخاتە ڕۆژی نەورۆز و پەرلەمان کار بە ساڵنامەی نەورۆزیی بکات .
٥-ئەو لێژنە سیاسی دبلۆماسیە لە گەڵ لێژنە مێژووییە کەی نەورۆز پەیوەندی بە ئەو وڵاتانە بکات کە هەر لە کۆنەوە ڕێز لە جەژنی نەورۆز دەگرن ، ئەوانیش ساڵنامەی نەورۆزیی خۆیان هەبێت (٢٦)
٦-ئەگەر لەم هەوڵەمان دا سەربکەوێن ، کوردستان بە فەرمی و پشتگیری نەتەوە یەکگرتووەکان دەبێتە یەکەمین وڵات کە خاوەنی کۆنترین و گەورەترین جەژنی جیهانیە و هەر ئەو جەژنەش بووە بە جیهانی .
**
سەرنج و تێبینی :
بۆ ئەوەی باری ئەم لێکؤڵینەوەیە گران نەکەم ، لە نووسینەکەدا ناوی زاناو لێکؤڵەرو نووسەرەکانم نووسیوە ، ناوی سەرچاوەکان نانووسم و لە بەردەستن .
١- من لە دوو توێژینەوەی تر بە ناونیشانی (جیهان بەرەو(ساڵنامەی هۆلۆسین)
-.ی ساڵێ ١٢٠٢١-.. دکتۆر مەولود ئیبراهیم حەسەن
٢- دێرینکۆیۆ لە نێوان جیهانی ژێرەوەی داستانی دەمموزی و بەهه شتی ژێرزەمینی جەمشید دا…دکتۆر مەولود ئیبراهیم حەسەن – ئەوەم ڕوونکردوتەوە کە دێرینکۆیۆ شوێنی هاتنەوەسەر دنیای دەمووزییە. ن-
٣- نەوتەوە یەکگرتووەکان پێشتر ئەگەر هەستی بەوە کردبێت بڕیارێکی هەڵەی داوە ، دواتر کە ڕاستیەکەی بۆ ڕوون بووەتەوە ، هەڵەکەی خۆی ڕاست کردووتەوە ، کوردیش دەتوانی بە بەڵگە بیسەمێنی کە نەورۆز لە کوردستان سەری هەڵداوەو تەمەنیشی دوازدە هەزار ساڵە و ڕێشەکەی ئێرانی نیەو کوردستانیە ، ئەوا هەڵەکە ڕاست دەکرێتەوەو ماف بۆ خاوەنی دەگەڕێتەوە.

دکتۆر مەولود ئیبراهیم حەسەن
١/١/١٢٠٢٣ ی ساڵی نەورۆزیی – کوردی
٢١/٣/ ٢٠٢٣ ی ساڵی زایینی

—————————————
وێنەکان ..

١-شاژنی ئورکیش یان قنیتوم لە ئاهەنگێکی خواردنەوو گۆرانی و مۆسیقادا ، لەوەدەچی جەژنی سەری ساڵ بێت ،سەرچاوە توێژینەوەیەکی دکتۆر کۆزاد محەمەد .
٢-نوسراوێکی بزماری داستانی دەمموزی .
٣-تابڵۆیەکە سێ چێنی سۆمەریەکان دەردەخات ، چینی خوداوەنان ،چینی دەسەڵات ، چینی ڕەشەخەڵکەکە.
٤-وێنەی عەشتارو دەمموزی .



پەیامێک لە ھەڵەبجەوە بۆ ملا بەختیارو حمەی حاجی مەحمود!.. بەهادین حاجی بەکر دارتاش

پاش تێپەڕبوونی ٣٥ ساڵ بەسەر کیمیابارانی ھەڵەبجەدا بەبۆنەی ساڵڕۆژی ھەمان ڕووداوەوە، دوو کەسایەتی دیاری سیاسی و سەربازی ھاتوون” پەردە لەڕووی گۆشەیەک لە ڕاستیەکانی ئەم شارە ھەڵدەدەنەوە” کە لە یەکەمین بەرکەوتەدا ھەر بینەرێک ئەوەی بۆ پرسیارە کە ئەگەر ئەم دوو کەسایەتیە شارەزان وشتێکی نوێیان پێیە ئاخۆ ھۆی چیە پاش ٣٥ ساڵ ئەم بڵقی ژێر ئاوە دەتەقێت. باجارێ لەمەیان گەرین و بزانین زانیاریە تازەکانی ئەم بەڕێزانە چین و کلیلی کردنەوەی کام گرێ کوێرەی خەڵکی ئەم شارەو ئەو ڕووداو تراژیدیایەن کەشارێکی تیدا دفنکرد.
لەم گێڕانەوەدا کاک حمەی حاجی محمود پانۆرامای نەخشەی سەربازی ئەم ڕووداوەو دەورو جێگەو ڕێگەی حیزبە سیاسیەکانی بازاڕی کوردایەتی سەربە جمھوری ئیسلامیان بۆ دەگێڕێتەوە. بەناو بەڵگەوە ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێت کە چۆن لەو سەردەمەدا (بەرەی جود) دەبیتە بەشێک لە نەخشەی سەربازی ئێران و ستراتیجی شەرەکەی لە ناوچەکەدا، هەروەها چۆن ڕۆژێک پاش کیمیابارانەکە ئیدارەی ئەم شارە دەکەوێتە دەست جمھوری ئیسلامی و تەنانەت ڕێگە بە مانەوەو دواتر گەرانەوەی حیزبەکانی بەرەی جودیش نادەن.
کاک مەلا بەختیاریش دەڵێ…. یادی ھەڵەبجە دەکرێتەوە، جگە فاشیەتی بەعس لە ناخمدا برینێکی تر دەکولێتەوە ئەویش زامی ئەو تاوانبارانەیە کەلەکاتی کیمیاباراندا بەناو شاردا دەگەڕان و تەرمەکانیان ھەڵدەدایەوەو ملوانکەو ئەنگوستیلەو سعاتەکانی دەستیان کۆدەکردەوەو دەستی تاوانیان دەبردە گیرفانی قوربانیان….
ئەوەی لێرەدا جێگەی سەرنج و تیاڕامانە ھەڵوێستو تێڕوانینی ئەم دوو کەسایەتییە کە بەردەوام پێگەی باڵایان ھەبووە لە نێو ئەم حیزبانەی کەلەم ڕووداوەدا بەشداربوون، کەچی لێرەو لەم دەرکەوتنانەدا دەیانەوێ پاش ٣٥ ساڵ تازە ” زانیاری نوێ” بدەن و ئەستۆپاکی خۆیان بسەلمێنن. لەوەگەڕێن کە ھەرنەبێت بۆ خەڵکی ھەڵەبجە ئەم گێڕانەوانە تەنیا یەک ووشەی تازەی تێدا نیەو شتێک نەبوو کە تائێستە دەیان جار خەڵکی ھەڵەبجە ئەم داستان و گێڕانەوانەیان پشت سەر نەنابێت و ماندونەبووبن بە دەست چوینەوەی ئەم بنیشتەخۆی بندانیان. بەڵام با لێرەدا ئەو پرسیارە لە کاکە حەمە بکەین و بڵین ئایا ئەم دانپیانانەی ئێوە بەوەی کە لەو مێژووەدا لە دۆخی میلیتاریستی ناوچەکەدا چۆن بوون بە بەشێک لە جێبەجێکەری نەخشەکانی جمھوری ئیسلامی و تەنانەت قایمقامی خۆیان دانا بۆ ئەم شارەو لەمەش زیاتر تەنانەت ڕێگەیان نەدەدا بە گەڕانەوەی حیزبە ھاوپەیمانەکانیان کە بەرەی جودبوو.هەلبەتە بیرمان نەچیت تۆ لە بیرەوەریەکانتا زیاتر لە دە سال لەمەوەبەر زۆر لەمە زیاتر رۆشتوویت و دەلیت ئەگەر هیزە کوردەکان بەشدارنەبوونایە خەلکی هەلەبجە هەلدەهاتن، بەلام یەکیەتی ریگەی لە چوونە دەرەوەی ئەو خەلکە گرت.
بۆیە خەلکی کوردستان هەقیانە بەپێی ئەم قسانەی خۆشتان بێت ئێوەش وەک تەواوی حیزبەکانی بەرەی جوود بخاتە خانەی بەشداربوون لەو جینۆسایدەی کە بووە هۆی دفنکردنی شارێک، یان دەتەوەێ پاکانە بۆ ئەوە بکەیت کە ئەوە حیزبەکەی ئێوە نەبوو دواتر ئەو چەتەگەری و فەزاحەتەیان لەم شارەدا ئەنجامدا، ئەگەر گریمان ئەمە واشبێت ئایا ئێوە ئامادەن لەبەردەم دادگای کردنێکی عادلانەدا دانبنێن بەوەدا کە بەلێ ئەوە بەرەی جود بوو بە حیزبەکەی خۆشتانەوە کە بەشداربووە لە ویرانکاریەکانی ئەم شارەدا! .
بەڕاست کاک بەختیار پیاوە خوێنەوارو شرۆڤەکارەکەی یەکیەتی نیشتمانی ھەموو برینەکەی ناخی تۆ ئەوەیە کە چوار پێشمەرگەی حیزبەکەتان لە نێو شەتڵی لاشەی قوربانیاندا ئەلقەیان لە پەنجەی ژنانێک دەرھێناوە، یا ھێشتا ھیوایەکت ھەیە بەوەی کە بیتەوە بە ڕەقەمێک لە نێو ئەم حیزبەدا بۆیە ناتەوێ پاش ٣٥ ساڵ دان بنێی بەوەدا کە یەکیەتی نیشتمانی تەرەفەێکی بەرچاوی ئەنجامدانی ئەو تاوانەبوو کە لەم شارەدا خولقا، نەبادا ئەوەی کە ئێستەش وەریدەگریت بیبڕن و ئەوکاتە لە کوردەکەی ھەردوو جێژبن.
کیمیابارانی ھەڵەبجە چیمان پێدەڵبت؟!
بەلێ مەلا بەختیار دزینی ئەنگوستیلەکان ناخی ئازار دەدات و حەمەی حاجی مەحمودیش بەشەرمەوەو لەژێر لێوەوە دان بەوەدا دانێت کە ئەوانیش وەک حسک تیمێک بوون لەو سوپایەی کە جەڵەوی بەدەست جمھوری ئیسلامیەوە بوو کە پاش تاشینی سەروسمیلیان ئاوینەشیان دان بەدەستەوەو کەچی ئەوان هێشتا برابچکۆلەیان قبول بوو!
بەڵام ڕێگە بدەن با بزانین تاوانبارانی کیمیابارانی شاری ھەڵەبجە کێن و بۆ ھەموو تیرەکان ئاڕاستەی سەر سنگی بەعس و سەدام حسین دەکرێت ؟!.
ھەر لێکۆڵەرەوەو شرۆفەکارو سیاسەتمەدارو نووسەرو جۆڕنالیستێک دوای تێگەشتن لە ڕووداوی کیمیابارانی ھەڵەبجە بکەوێت، لەو بارو دۆخە حاڵی نەبێت کە چۆن ئەم ڕووداوە لە جەرگەی شەڕی ئێران و عێراق و میلیتاریزە بوونی ناوچەکەدا خولقاوە، لەوە حاڵی نەبێت کە ئەو جەنگە چ ئاراستەو ئامانجێکی وڵاتانی زلھێزی دنیا بەراورد دەکات و ھاوکات چۆن لەم دۆخی جەنگە مالویرانکەرەدا یاری بە ژیان و چارەنووسی خەڵکی ئەم ناوچە کراوە،ئەوا مەحاڵە قسەیەکی بۆ ووتن پێبێت کە بتوانێت شتێکمان لە ھەقیقاتی ئەم ڕووداوە نیشان بدات.
لیرەدا ئەوە بلین کە لە راستیدا باسەکە نەزانی و نا وشیاری ئەم زاتانە نیە، بەلکو جەوهەری ئەو مەسەلەیەی کە مەحالە ئەمانە بتوانن ئەنجامی بدەن پاراستنی ئەو بەرژوەندیەیە کە لە سایەی ئەم بارودۆخەدا بوونەتە خاوەنی، بۆیە هەر پرتەو بۆلەیەک ئەگەر بەقیمەتی سەرزنشتێکی کاتی هەر لایەنیکیش تەوابێت هیچ لە جەوهەری تاوانەکەو دەستنیشان کردنی تاوانباران ناگۆریت، کە لێرەدا لە چوار خالدا باسیان دەکەین!

تراژیدیای کیمیابارانی هەلەبجە لە جەرگەی کام بارودخی سیاسی ناوچەکەدا بوو ؟
ئەوەی لە کیمیابارانی هەلەبجەدا بە رەهای ئاماژەی پیدەکریت حزب و حکومەتی بەعس بووە، کە ئەمە تا ئەو شوینەی کە بەعتس فاکتەرێکی ئیجرائی و سەرەکی کیمیابارانی هەلەبجەدا بوو راست و رەواو واقعیە. بەلام کاتێک کە هەموو تیرەکان ئاراستەی سەر سنگی بەعسی فاشیست دەکرێتەوە، ئەمە هیچ نیە جیاواز لە پاکانە کردنێک بۆ داپۆشین و شاردنەوەی کارنامەی واقعی هەموو لایەنە تاوانبارەکانی تر لە ئەنجامدانی ئەو تاوانە مێژووییەدا. ئەمرۆ ئیتر پاش تێپەڕ بوونی 35 سال زۆرێک لە راستیەکان ئاشکرا بوون و ئەوە معلوم بووە کە حکومەتی بەعس تەنیا یەک تەرەفی ئەنجامدەری ئەم جینۆسایدە بووە، لەهەزارەی سیهەمدا بەهۆی ڕۆلی سوسیال میدیاوە بەرۆشنی ئاشکرابوو، کە زۆرجار لە زمانی خودی سەرانی ئەم حیزبانەوە، دانیان ناوە بەوەدا کە ئەوانیش بەشداربوون کیمیاباران کردنی ئەم شارەدا. بۆیە ڕۆلی حزب و لایەنەکانی بەرەی جود لە بەسەرئەنجام گەیاندنی ئەم تراژیدیایەدا فاکتۆرێکی زۆر ڕۆشنە بەدەلیلی ئەوەی کەبەکۆی گشتی بوونە بەشێک لەستراتیژی سەربازی حکومەتی جمهوری ئیسلامی ئیران لەو شەرە مالوێرانکەرەدا، بەتایبەت لە مەسەلەی هەلەبجەدا کەبووە هۆی کیمیاباران کردنی ئەم شارە. دەبێت ئەوەش بیربهێنینەوە کە سەرانی حیزبەکەی مەلا بەختیاردا بەرۆشنی دانیان بەوەداناوە کە حکومەتی عیراق راستەوخۆ لە سالی 1986دا پیان راگەیاندن گەر بیتوو بەهەر شێوەیەک لەشکری داگیرکەری حکومەتی جمهوری ئیسلامی بیننە هەر ناوچەیەکی شمالی عیراقەوە ئەوا هەرجۆرە چەکێکی کوشندە بۆ نابودکردنی ئەو شوێنە بەکاردێنین ئەگەر لەنێو شاری سلیمانیشدا بووبێت. ئایا بەراستی کەئێوەو هەموو بەرەی جود ئەو راستیەتان دەزانی لە کیمیابارانی هەلەبجەدا هێشتا خۆتان بە تەرفێکی جەنگەکەو ئەنجامدانی ئەو تاوانە نازانن؟!!

رۆلی ئەمریکاو ولاتانی زلهێز لە ئەنجامدانی کیمیابارانی هەلەبجەدا
کارەساتی هەلەبجەو ڕۆڵی هێزە نیودەوڵەتیەکان لە پرۆسەی کیمیابارانی هەلەبجەدا بە دوو مانا تەرفێکی تاوانەکەن، یەکەم لە چاونوقاندنیان لەو جینۆسایدە لەو سەردەمانەدا، کە ئەمەش بەشێکی لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە زۆرێک لە کۆمپانیاکانی ولاتانی وەک سویسرا، هولندە، ئەلمان، ئیتالیا، ئەمریکا کردوە پرچەک کردن و پێدانی موادی کیمیای کە تەنیا لەولاتیکی وەک نێجیریا لە سالی 1981دا 200 تەن مواد خامی کیمیای گەیاندە عیراق کە هاوکات لەو سالەدا وەزیری دەرەوەی عیراق سعدون حمادی لە دیدارێکی فەرمی کاربەدەستانی حکومەتی ئەمریکا ئۆکەی بۆ بەکارهێنانی چەکی کیمیایی وەرگرت بە پاساوی ئەوەی کە عیراق مافی خۆیەتی سیادەی خۆی بپارێزتو ئێمە دەخالەت لە مەسەلە ناوخۆیەکانی عیراقدا ناکەین. بۆیە دواجار ئەمریکاو زۆریک لە ولاتانی ئەوروپا وەک عیراق و ئیران و بەرەی جود دەچنە خانەی ئەو تاوانبارانەی کە دەبێت ڕۆژگارێک دادگاییەکی عەدالەتخوازانە هەر چوار لایەن بەتاوانی بەشداریکردن لە کیمیابارانی شاری هەلەبجە دادگای بکرێن!




ژیان لەنێو قاوەیەکی تاڵدا.. نوسینی: یوسف اسماعیل

  • کورتیلە چیڕۆک

لە پەیژەکەدا هاتمە خوارەوە بینم پەنجەرەی ژووری بەڕێوەبەرەکەم شکاوە، بەخێرای بێ گوێدان بە دەستەکانم خەریکی کۆکردنەوەی شوشە شکاوەکانی پەنجەرەکە بووم. لەوکاتدا بەڕێوبەر خۆی کرد بەژوورەوە، بێ سڵاو کردن دەستی کرد بە قسەی نەشیاو، پێنەدەچوو حاڵی باش بێت، بلوزە درێژەکەی لە پانتۆڵەکەیەوە دەرهاتبوو، سەرو قژی زۆر ناڕێک بوو. من خەریکی کۆکردنەوەی شوشە شکاوەکان بووم کە جێگری بەڕێوەبەر بێ گوێدان بە سنووری قسەکردن، کاغەزێکی بەپەلە خستە سەر مێزی بەڕێوبەر. گووتی: خێرا ئەم دۆسیە یە تەواو بکە، منیش نەجات بدە، پێویست ناکات ئیتر من لەم فەرمانگەیە کار بکەم، کاتی ئەوە هاتووە ئێرە جێ بهێڵم بۆ کەسانی وەک تۆ. بەڕێوبەر هیچ کاردانەوەی نەبوو قەڵەمەکەی لە گیرفانی چەپی دەرهێناو واژووی خۆی لەسەر لای چەپی خوار کاغەزەکە بەجێهێشت.
بەڕێوبەر ڕووی لە من کرد و گوتی: هێی تۆ. “من قوربان؟! “ “ بڵێ تۆ “. چووم بۆ خزمەتی و گووتی: گەر ڕۆژێک ببیت بە بەڕێوەبەری ئەم فەرمانگەیە چی دەکەیت؟ “هیچ قوربان من چۆن دەتوانم خەونێکی ئاوا ببینم، نـا ناتوانم “
تۆ کەسێکی ئاسوودەیی، بەڵام کە هاتی بۆ ئێرە دەبێت بە کەسێکی سەر لێ شێواو. شەوان ناتوانی لەگەڵ سەرکردن بە سەرین بخەویت و ئاسوودە بیت، ناتوانیت لەماڵەوە دڵ خۆش بیت، وا ناتوانیێت ئەندامی خێزانەکەت لە ژێر دەسەڵاتی خۆتدا بهێڵیتەوە، ئەو ڕۆژەش نایتەوە کە کاتێک دەگەڕێتەوە بۆ ماڵ، منداڵ و هاوسەرەکەت بە دەمتەوە بێن و بڵێن بە خێربێتەوە، باوەکە چیت بۆ هێناوین و هاوسەرەکەت بڵێت منداڵینە واز لە باوکتان بهێنن، ئەو تازە لە کار گەڕاوەتەوە ئەو پێویستی بە پشووە. بەڕێوبەر لەنێو قسەکردندا هەناسەیەکی قووڵی هەڵکێشا و مستێکی دا بەمێزەکەی بەردەمی و هەناسەیەکەی زۆر بە تووڕەی دایەوە.
بەپەلە و مشەوشی ژوورەکەم جێ هێشت و لە سوچێکدا بیرم لە قسەکانی ئەو کردەوە و کەوتمە خەیاڵ کردن، سەیرێکی ئاسمانم کرد و لەبەر خۆمەوە گووتم: خودایە تۆ ئەو کەسەی کە پاشاێک دەکەیت بە کۆیلە، هەر تۆشی کۆیلەیەک دەیکەت بە پاشا، من نامەوێت ببم بە هیچ یەک لەوانە، لە شوێن و پلەی خۆمدا بم هێڵەوە، منی خزمەت کار چیم داوە لەو ژیانە سەختە، چیم داوە کە ئەو ژیانە سادە و ساکارەم تێک بدەم بۆ کەمێک ناوبانگ و پارەی زیاتر…….

یوسف اسماعیل
٣٠/١/٢٠٢٣
باشوری کوردستان – هەولێر




شۆڕش و یەکڕیزی.. گفتوگۆ لەگەڵ حەمیدی تەقوایی

بە پشتبەستن بە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کەناڵ جەدید کۆکراوەتەوە

حەسەن ساڵحی: هەر لە سەرەتای شۆڕشی ئێستاوە پرسی یەکڕیزیی خەڵک هاتۆتە ئاراوە. لە بانگەشەی شەقامەکاندا دروشمی یەکخستنەوەمان بینیوە و هێزە سیاسییەکانیش هەوڵی نزیکبوونەوە و یەکگرتنیان دەدەن. بەڵام پێش ئەوەی ڕاستەوخۆ بچینە ناو ئەم پرسە، باشترە باسێکمان هەبێت لەسەر ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ڕۆژی چوارشەممە سوری. ئەم ناڕەزایەتیانەش دەرکەوتی یەکڕیزیی خەڵک بوو. سەرەتا حەز دەکەم بۆچوونی ئێوە سەبارەت بە چوارشەممەی ڕابردوو بزانم.

حەمید تەقوایی: هەروەک وتت ئەم چوارشەممەی سورە جگە لەوەی ناڕەزایەتی بەربڵاوی ناو کۆمەڵگەی نیشان دا، هاوکات یەکڕیزییەکی قووڵی نێوان خەڵکیشی نیشان دا. ئێمە لە جموجۆڵەکانی پێشوودا ئەوەمان بەدی کردبوو، بەڵام دوای ماوەیەک لە دابەزینی ڕێژەیی ناڕەزایەتییەکان، لە ٢٣ی ئەسفەندا، بە قەبارەیەکی زۆر بەرفراوان، لە دەیان شار و سەدان گەڕەک، خەڵک هاتنە سەر شەقامەکان و حیجابەکانیان سووتاند و سەمایان کردلە دەوری ئاگر. هەرخۆی هەڵپەڕکێ لە کۆڵاندا بە واتای لەرزاندنی جەستەی کۆماری ئیسلامیە ئەی ئەو دروشمانەی کە لە دژی حکومەت و دژ بە خامنەیی و دیکتاتۆریەت و سووتاندنی وێنەی ماڵ و لافیتەی حکومەت و ناچارکردنی هێزەکانی سەرکوت بە هەڵاتن و هەموو ئەو شێوازە خەباتکردنانەی کە لە شەش مانگی ڕابردوودا شاهیدی بووین.
لە ڕوانگەیەکی ترەوە ناڕەزایەتییەکانی چوار شەممەسوری نموونەی یەکڕیزی بوون. لەبیرمان نەچێت ئەم چوارشەممە سوورییە لە دڵی بانگەوازێکی سێ ڕۆژەدا بەڕێوەچوو، کە زیاتر لە پەنجا و پێنج ڕێکخراوی خوێندکاری، گەنجان، خوێندکار، پزیشک، ڕێکخراوەکانی بەرگری لە مافی ژنان و هتد بانگەوازیان بۆ کرا. دەمەوێت ئەوە بڵێم کە ئێمە شاهیدی یەکڕیزی بووین چ لە شەقام و چ لە خەباتی مەیدانیدا، و لەسەر ئاستی ڕێکخراو و دامەزراوەکانی بەشدار و بانگەوازی ئەو خەباتانە. پێشتریش لە ٢٧ی بەهمەن هەمان ڕێکخراوەکان بانگەوازێکی سەرکەوتوویان کرد، لە ٨ی مارس، لە ڕۆژی جیهانی ژنان و ئێمەش ڕۆژی چوارشەممە شاهیدی ئەوە بووین. دەکرێ بگوترێ لە دوو ئاستدا ئەم چوارشەممە سوورییە نوێکاری و هێمای یەکڕیزی بوو: چ لەسەر ئاستی شەقام و چ لەسەر ئاستی چالاکوان و ئەو ڕێکخراوانەی کە بانگەوازیان بۆ کردووە.

حەسەن ساڵحی: حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری هەمیشە جەختی لەسەر سیمای گشتگیری شۆڕش کردووەتەوە. ئایا باسکردنی پێویستی یەکگرتوویی کە ئەمڕۆ لە نێوان هێزە ئۆپۆزسیۆنەکاندا باسی لێوە دەکرێت، دەرکەوتەی هەمان سیمای گشتیی شۆڕشە؟

حەمید تەقوایی: هەمووان باس لە یەکتی و هاوکاری وهاوڕێی و هتد دەکەن، بەڵام باسی ئێمە هەرگیز لەسەر حیزب نەبووە. باسی ئێمە بە ڕوونی لەسەر یەکڕیزی ڕیزەکانی خەڵکە. شۆڕشێکی گشتگیرە، واتە زۆرینەی کۆمەڵگا، زۆرینەی خەڵک کە بەتەواوی بێزارن لەو هەلومەرجانە و بەرگەی ئەو هەلومەرجانە ناگرن، بە یەکگرتوویی دێنە سەر شەقام و هەڵدەستن و دەست بە تێکۆشان دەکەن. هەموو شۆڕشێک بەم شێوەیە دروست دەبێت. ئەم هەلومەرجانە تایبەت نین بە هەلومەرجە تایبەتەکانی ئێران، هەموو شۆڕشێک بەم مانایە گشتگیرە. واتە بەشێکی سەرەکی کۆمەڵگا کە ئەمڕۆ بەلە سەدا ٩٩ ناودەبرێت و هەموویان لە ڕووی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی لەژێر فشاردان و ئیتر ژیان بۆیان قابیلی بەرگەگرتن نیە، دێنە سەر شەقام.بۆ گۆڕینی بارودۆخ. ئەمە پێناسەی شۆڕشە. گۆڕانکارییەک کە گشتگیر نەبێت بەو مانایەی کە من ڕوونم کردەوە، بە هیچ شێوەیەک شۆڕش نییە. ئەگەری ئەوە هەیە لە مەیدانەکەدا بزووتنەوەی ناڕەزایەتی هەبن، چین و توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگا خەبات بۆ داواکارییەکان دەکەن، هەروەک لە ساڵانی ڕابردوودا لە کۆمەڵگای ئێراندا بینیومانە، بەڵام شۆڕش کاتێک دروست دەبێت کە زۆرینەی کۆمەڵگا لە دژی حکومەت و دژی سیستەم بێنە سەر شەقامەکان . لە کۆمەڵگای ئێراندا چەندین بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەمان هەبوو، چەندین ڕاپەڕینمان هەبوو، وەک لە ساڵی ١٣٩٦ یان ١٣٩٨. بەڵام ئەمڕۆ کۆمەڵگایەک لە هەموو کاتێک بەهێزتر و بەربڵاوتر و ڕادیکاڵتر سەریهەڵداوە. ئەم ڕاپەڕینە جەماوەرییەی خەڵک لەدژی حکومەت و بۆ گۆڕانێکی ڕیشەیی لە دۆخی ئێستایان هەر لە یەکەم ڕۆژەوە ڕایانگەیاند کە ئەمە ناڕەزایەتی نییە، پێی دەوترێت شۆڕش. لە کوردستانەوە تا زاهیدان و بەلوچستان، هەموومان پێکەوەین، کورد، بەلوچ، ئازەری دروشمی ئازادی و یەکسانی. واتە شەقام بە ڕوونی و یەکلاکەرەوە وەڵامی دایەوە تەنانەت بۆ ئەو دووبەرەکییەی کە حکومەتەکان هەمیشە هەوڵیان داوە لە نێوان خەڵکی پارێزگا سنوورییەکان و باقی خەڵکدا دروستی بکەن. ڕۆژی چوارشەممە لە سوریشدا هەمان شت بوو. بە گشتی لە هەموو ناڕەزایەتی و ڕێپێوان و مانگرتنەکانی سەر شەقامەکاندا ڕیزەکانی خەڵک پێکەوە دەبینین. ئەمەش بە شێوەیەکی بابەتیانە ڕاستی ئەو ئارگیومێنتەمان دەردەخات کە شۆڕش دیاردەیەکە کە هەموو کەس و زۆربەی کۆمەڵگا تێیدا بەشدارن.
ئەوەندەی پەیوەندی بە شۆڕشی ئێستاوە هەیە، لە ڕووی ژمارەییەوە ڕەنگە زۆرینە یان تەنانەت لەسەدا ٤٠ یان ٣٠ی کۆمەڵگا هێشتا لە شەقامەکاندا نەبن. ئەمەش لەگەڵ پێشکەوتنی شۆڕشیشدا ڕوودەدات، بەڵام گرنگ ئەوەیە کە لەمڕۆشدا ئەو بەشەی کە لە شەقامدایە نوێنەرایەتی هەموو خەڵک دەکات، ئەویش لەسەدا ٩٩. خەڵک بەم بزووتنەوەیە دڵخۆشە و بە شێوەیەکی بەرفراوان پشتگیری لە ناڕەزایەتی و دروشمی سەر شەقامەکان دەکەن. ڕاپرسییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە زیاتر لە سەدا هەشتای کۆمەڵگە پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەکان دەکەن. لە سۆشیال میدیادا کلیپەکان دەبینم کە ڕۆژانی شۆڕشی ١٣٥٧م بیردەخەنەوە. دەڵێن خەڵک لەگەڵ یەکتر میهرەبان بوون. کچێکی گەنج نووسیویەتی، شۆفێرانی تاکسیەکان بەڕێز بوون و یەکسەر خەڵک هەڵدەگرن، هەمووان لەسەر شەقامەکان لە شوێنە گشتییەکاندا زەردەخەنە بۆ یەکتر دەکەن. ئەمەش بە مانای گۆڕانکاری لە ڕەفتاری کۆمەڵایەتیدا دێت کە بەزۆری لە شۆڕشەکاندا ڕوودەدات.
زۆرینەی ڕەهای کۆمەڵگا بڕیاری یەکجاریانداوە کە ئەم حکومەتە دەبێت بڕوات و ئەمەش مانای ئەوەیە کە ئێمە هەمیشە گوتوومانە شۆڕشێکی گشتگیرە، لەوانەش لە کۆنگرەی حزب دروشمی “هەموومان پێکەوەین” مان وەک هاودەنگیی نێوان کرێکاران، مامۆستایان، خانەنشینان،خێزانی داخوازان و زیندانیە سیاسیەکان و پەلکەزێڕینەکان و هتد بەکارهێناوە و لێکداوەتەوە ، و مانای ڕاستەقینەشی هەرهەمان شتە. ئەمڕۆ دەبینین هەموو ئەمانە پێکەوەن.
هەروەها دەمەوێت ئاماژە بەوە بکەم کە ئەم لێکنزیکبوونەوەی کۆمەڵگا، ئەم پێکەوەگرێدانەی ئینسانەکان، بە تەواوی لە جاڕنامەی ٢٠ سەندیکا و ڕێکخراوی مەدەنیدا کە لە ٢٥ی بەهمەندا بڵاوکرایەوە، و هەروەها لە ئەو جاڕنامەی کە لە لایەن ژنانی پێشەنگەوە پێشنیار کرابوو، ڕەنگ دەداتەوە لە ٨ی مارسدا. ئەم دوو بەڵگەنامە ڕوونە مانای هاوپشتی و گشتگیری شۆڕش نیشان دەدەن. ئەم بەڵگەنامانە، لە ڕووی ناوەڕۆک و لە ڕووی ئەو ئامانجانەی کە ڕادەگەیەنن، گوزارشتیان لە دڵی زۆرینەی ڕەهای خەڵکی ئێران کردووە.

حەسەن ساڵحی: لە کۆتایی قسەکەتدا باسی یەکڕیزی نێوان خەڵکت کرد. پرسیاری من ئەوەیە، لە دەوری چ داواکارییەک دەتوانرێت ئەم یەکگرتووییەی نێوان مرۆڤەکان پێکبهێنرێت؟ بەڕاستی باسی جاڕنامە بڵاوکراوەکانت کرد. لەم بارەیەوە زیاتر ڕوونی بکەرەوە.

حەمید تەقوایی: خاڵێک کە پێش ئەم شۆڕشە جەختمان لەسەر دەکردەوە ئەوە بوو کە تا ئەو شوێنەی پەیوەندی بە لایەن و هێزە سیاسییەکانەوە هەیە، یەکڕیزییان و بە سادەیی پێکەوە وەستان و دامەزراندنی دیالۆگ لە نێوان لایەنەکاندا هیچ نیشان نادات. یەکگرتوویی کاتێک مانادارە کە خزمەت بە شۆڕش دەکات و هەربۆیە ئەو سیاسەت و دروشم و ئامانجانەی یەکگرتوویی لە دەوری پێکدێت، زۆر گرنگترن لەوەی کە کام لایەن و بە چ پانایی و درێژیی و بە چ پێگەیەکی کۆمەڵایەتی دەستیان بەو ئەرکە کردووە. بە واتایەکی تر، لە ڕوانگەی ئێمەوە یەکگرتوویی کۆی ژمارەیی و جەبرییانەی کەسانێک یان لایەنەکان نییە، بەڵکو ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە لە دەوری چ سیاسەت و ئامانجێک یەکدەگرن. ئەگەر بەڵگەنامەیەک هەبێت، ئەگەر بەیاننامەیەک یان مانیفێستێکی هاوپەیمانی هەبێت کە پێچەوانەی شۆڕشی خەڵک بێت، ئەم هاوپەیمانییە بە زیانی شۆڕش و بە زیانی جەماوەری خەڵکە کە داواکاری ڕەوایان هەیە و ڕاپەڕیون بۆ ئەوەی درک پێیان بکات. بەپێچەوانەوە ئەگەری ئەوە هەیە چەند هێزێک کۆببنەوە و هاوپەیمانییەک پێکبهێنن، بەڵام داواکارییە ڕوون و ڕوون و قووڵە ئینسانی و ئازادیخوازەکان بخەنە سەر مێز. دووەمیان کە ئێمە پەسەندی دەکەین.
ئێمە پێمان وایە یەکڕیزی لە دەوری سیاسەت مانادارە، لە دەوری مانیفێست و جاڕنامە و بەیاننامە مانادارە و بە بۆچوونی من ئەو دوو بەڵگەنامەیەی کە باسم کرد، جاڕنامەی ٢٠ ڕێکخراوی پیشەیی و مەدەنی و جاڕنامەی داواکارییە پێشکەوتنخوازەکانی ژنان، بریتین لە میحوەرێکی یەکێتی ڕیزەکانی خەڵک. بە بڕوای من ئەمانە بەڵگەنامەن کە بەڕاستی و بە کردەوە دڵی بەشێکی مەزنی کۆمەڵگان. بۆ نموونە جاڕنامەی ٢٠ڕێکخراوەکە گوزارشت لە داواکارییە ڕەواکانی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا، کرێکاران، ژنان، کۆلکەزێڕینەکان، ژینگەپارێزان، منداڵان، دادخوازەکان و تەواوی لەسەدا ٩٩کان بەیان دەکات و بەم مانایە بەتەواوەتی یەکخستنەوەیە. ئێمە پێمان وایە هاوپەیمانی نێوان لایەنەکان و هێزە سیاسییەکان لەم دۆخە تایبەتەدا، کە خۆشبەختانە ئەم بەڵگەنامانە بڵاوکراونەتەوە، ئەمڕۆ بنەمایەکی ڕاستەقینەی هەیە. هەر هێزێک خۆی بە شۆڕشگێڕ بزانێت، خۆی بە ئازادیخواز بزانێت، پێموایە پێویستە چالاکانە پاڵپشتی ئەم دوو بەڵگەنامەیە بکات و حیزبی ئێمەش لە بەرامبەردا بە بەردەوامی ئەم سیاسەتە پەیڕەو دەکات.

حەسەن ساڵحی: تا ئێستا هێزە ڕاستەکانی ئۆپۆزسیۆن هەوڵی زۆریان داوە بەرەو هاوپەیمانی و هاوپشتی نێوان هێزە سیاسییەکان. ڕات چییە لەسەر ئەم هەوڵانە؟

حەمید تەقوایی: ئەو هێزانە ماوەیەکە پرسی یەکڕیزیان وروژاندووە و هەوڵی جۆراوجۆریان داوە. لە سەردەمێکدا تویتەکانیان هاوبەش دەکرد، دواتر هەڵمەتی وەکالەت پیدانیان ئەنجامدا و ئێستا شەش کەسیان جاڕنامەیەکیان بڵاوکردووەتەوە. ئەمانە هەوڵدانێکن بۆ کۆکردنەوەی هێزی هاوچەشن و یەک بۆچوون و هاو هێڵی خۆیان. ئەوان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەمە لە بەرژەوەندی شۆڕشدایە. دەڵێن لەبەرئەوەی هەموومان دژی کۆماری ئیسلامیین، پێویستە یەکبگرین، ئەمەش بەڕای من زۆر ڕووکەشە. لەو بەڵگەنامەیەی کە داویانە، تەنانەت باسی ڕووخانیشیان نەکردووە. خەڵک دەڵێن ئێمە بەسیجی و داعشمان ناوێت، مردن بۆ خامنەیی و کۆماری ئیسلامی. بەڵام بەڵگەنامەیەک کە بڵاودەکەنەوە بۆ گواستنەوە و تەنانەت وشەی “ڕوخاندن” یشیان بەکار نەهێناوە و بۆ تێکەلکردنی سوپا لە شکردا! جێگای سەرنجە کە بڵاوبوونەوەی ئەم بەڵگەنامەیە تەنانەت لە نێو ڕیزەکانی خۆیاندا مشتومڕی لێکەوتووەتەوە. هەندێکیان لەگەڵ دەسەڵاتی پاشایەتی ڕەهان و هەندێکیان پاشایەتی دەستورین، هەندێکیان کۆمارین و هەندێکیشیان دەیانەوێت پاشایەتین لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە! ئەم بزووتنەوەیە بەڵگەنامەیەکی داوە تا لەخۆی دەوری خۆی کۆببێتەوە، بەڵام نەیتوانیوە تەنانەت ئەوە بکات. لە نێوان خۆیاندا جیاوازی دروست کردووە تا بگات بە ڕیزەکانی خەڵک؟

تایبەتمەندییەکی گرنگ یان ئاڵۆزی ئەم بەڵگەنامەیە، دابەشبوونە لە نێوان کەسانی سەر بە فارس و غەیرە فارس. ئەم بەڵگەنامەیە بە ڕوونی باس لەوە دەکات کە یەکێک لە ئەرکەکانی سوپا بەرگریکردنە لە یەکپارچەیی خاكی ئێران. ئەم یەکگرتنە مانای چییە؟ واتە ئەگەر ئەو خەڵکەی لە کوردستان یان لە پارێزگا سنوورییەکانی دیکەدا دەژین، ناڕەزایەتی دەرببڕن بەرامبەر بە ستەمی نەتەوەیی، حکومەتی ناوەندی بە بیانووی مەترسی خستنە سەر یەکپارچەیی وڵات، سوپایان بۆ دەنێرێت! هیچ حیزبێک لە ئێراندا جوداخواز نییە، بەڵامو مافی خەڵکی ژێر زوڵمی نەتەوەییە کە بیانەوێت جیاببنەوە. ئەم بەڵگەنامەیە دەڵێت ئێمە سوپا بۆ ئێوە دەنێرین. ئه و ئه زموونه ی که خه ڵکی کوردستان و خه ڵکی ئازه ڕبایجان و هه ندێک ناوچه ی دیکه ی ئێران له سه ڕده می شانشینی په هله وییه وه تا ئه مڕۆ هه یه ، سه رکوت کردنی هەر جۆره ناڕه زایه تییه ک له به ڕامبه ڕ زوڵم و هه ڵاواردنی نه ته وه یی له ژێر ناوی جوداخوازیدایه . جاڕنامەی وەهایی ٦ کەسی لە ڕاستیدا هەمان دیدگا دەخاتە بەردەم کۆمەڵگا، لە کاتێکدا خەڵک لە شەقامەکانی ئێران هاوار دەکەن کورد، بەلووچ، ئازەری، ئازادی و یەکسانی، یان کوردستان، چاو و ڕووناکی ئێران.
لە ڕووی واقیعی و کردارییەوە هیچ لایەنێک لە ئێراندا جوداخواز نییە، خەڵکی هەر پارێزگایەک جوداخواز نین، بەڵام کێشەکە ئەوەیە ئەگەر بیانەوێت جیاببنەوە، حکومەتی ناوەندی مافی ئەوەی نییە هێرش بکاتە سەریان و سەرکوتیان بکات. ناکرێ بە بەکارهێنانی هێز و هەڵمەتی سەربازی وڵات بە یەکگرتوویی بهێڵرێتەوە. پێویستە دان بە مافی جیابوونەوەدا بنرێت. وەکوو وڵاتانی شارستانی جیهان، یەکپارچەیی خاک تابۆ نییە. بۆ نموونە لە وڵاتی کەنەدا ویلایەتی کیوبیک دووجار ڕیفراندۆمی بۆ جیابوونەوە ئەنجامداوە. دەنگی نەداوە، بەڵام حزبی جوداخوازی کیوبیک فەرمی و چالاکە و نوێنەری لە پەرلەمان هەیە. ئەو وڵاتانەی بۆنی شارستانیەتیان کردووە بەم شێوەیە هەڵسوکەوت دەکەن. دەمەوێت بڵێم جگە لە ڕوخاندن و داواکارییە ڕەواکانی خەڵک، کە لە جاڕنامەی ٢٠ ڕێکخراودا دەیبینین، هیچ بەڵگەیەک لە جاڕنامەی نەفەرەدا نییە، بەڵکو بەڵگەنامەیەکی دابەشکەرە کە بنەماکانی نکۆڵی دەکات مافەکانی خەڵک بەتایبەتی لە کوردستان و پارێزگا سنوورییەکانی دیکەیە.
خاڵی دواتر ئەوەیە کە بنەمای ئەم بەڵگەنامەیە پابەندبوونە بە یاسا و ڕێککەوتننامە و پلاتفۆرمە نێودەوڵەتییەکان. خەڵکی ئێران بۆ پابەندبوون بە ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان نەهاتوونەتە سەر شەقامەکان. کۆماری ئیسلامیش ئەندامی زۆرێک لەم ڕێککەوتنە نێودەوڵەتیانە و هیچ گەرەنتییەکی کردەیی بۆ پابەندبوونی هیچ حکومەتێک بەو کۆنوانسیۆنانە نییە. بەڵام ئەگەر ئەمەیش نەبووایە، ئەم کۆنوانسیۆنانە هیچ پەیوەندییەکیان بە داخوازییەکانی شۆڕشی خەڵکی ئێرانەوە نییە. واژۆکارانی جاڕنامەی ٦ کەسی نەیاندەویست باسی ئازادی بکەن، نەیاندەویست باسی مافی خەڵک بکەن، خەڵکیان ڕەوانەی ڕێککەوتننامەی مافی مرۆڤ، ڕێککەوتننامەی ژینگە، ڕێککەوتننامەی مافی منداڵان، ڕێککەوتننامەی مافی کرێکاران و هتد کرد . ئەگەر ئەم کۆنوانسیۆنانە ئازاری خەڵکیان ساڕێژ بکردایە، ئێستا جیهان لەم دۆخەدا نەدەبوو.
ناونیشانی ئەم بەڵگەنامەیە لە بنەڕەتدا خەڵکی ئێران نییە، شەقام نییە. ئەمە مانۆڕێکی دیپلۆماسییە بۆ بەدەستهێنانی حکومەتەکان. لە بنەڕەتدا بۆ ئەم مەبەستە نووسراوە، بۆیە لە هەر گۆشەیەکەوە سەیری بکەیت، ئەم بەڵگەنامەیە هیچ پەیوەندییەکی بە شۆڕش و یەکگرتوویی خەڵکەوە نییە لەم شۆڕشەدا، کە بە پێچەوانەوە، بەڵگەنامەیەکی دابەشکەر و دژی خواستی ڕەوای خەڵکی ئێران.

حەسەن ساڵحی: لە بارودۆخی ئێستادا چۆن یەکڕیزی ڕیزەکانی شۆڕش مسۆگەر دەکرێت؟

حەمید تەقوایی: خۆشبەختانە ئەمڕۆ جاڕنامەی یەکگرتووی ڕیزەکانی شۆڕش ڕاگەیەندراوە. دەبوو پێش ٢٥ی بەهمەن هێڵ و سیاسەتێک بخەینە سەر مێز، بەڵام ئەم هێڵ و سیاسەتە ئەمڕۆ لە دەستدایە. جاڕنامەی ٢٠ ڕێکخراو، وەک وتم دەنگی خەڵکە، دەنگی هەموو چین و توێژە چەوساوە و ئازادیخوازەکانی کۆمەڵگە لەم بەڵگەنامەیەدا ڕەنگ دەداتەوە.
داواکارییەکانی ئەم جاڕنامەیە لە ئاسمانەوە نەهاتنە خوارەوە، بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان، بزووتنەوەی کرێکاری، بزووتنەوەی ژنان، بزووتنەوەی دادخوازی، خانەنشینان و مامۆستایان و دەمێکە خەباتیان بۆ ئەو داواکاریانە کردووە. پرەنسیپی ئەوەی لە دڵی ئەم شۆڕشەدا کردوویەتی ئەوەیە کە ئەو داواکاریانەی لە یەک شوێن کۆکردۆتەوە و وێنەیەکی ڕوون و شەفافی لە مانای سەرکەوتنی شۆڕشی ژن، ژیان ئازادی بەدەستەوەداوە. بەڕوشنی باسی حکوومەت و دیموکراسی ڕاستەوخۆی خەڵک و مافی خەڵکی کرد کە هەرکاتێک بیەوێت بەرپرسەکان لەکارلابەرن و ئیدارەی شورایشی پێشنیار کرد. ئیدارەی شوراکان پێشتر لەلایەن کرێکارانی هەفت تەپە پێشنیار کرابوو. ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی و بەرەنگاربوونەوەی سزای لەسێدارەدان بزووتنەوەیەکی ناڕەزایەتییە لە کۆمەڵگادا، ناڕەزایەتی بەرامبەر بە تۆمارە ئەمنییەکان و ئازادکردنی سەرجەم زیندانیانی سیاسی چەندین جار لەلایەن هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی دیکەوە ڕاگەیەندراوە، کەهەڵوەشاندنەوەی هەموو هێزە سەرکوتگەرەکان، دادگاییکردنی هەموو تاوانباران و فەرماندەرەکانی تاوانەکانی ٤٠ ساڵەی ئەم دواییە لە مێژە داواکاری بزووتنەوەی داوای خوازی بووە. هه موو ئه مانه له م جاڕنامەیەدا خراوه ته ڕوو و به م مانایه ، وێنه و ئاسۆیەکی ڕوونی دەدات بەدەستەوە لەمانای سه رکه وتنی شۆڕشی ژن، ژیان ئازادی ده. ئەم جاڕنامەیە لە دڵی کۆمەڵگاوە هاتووە دەرەوە، لە دڵی شۆڕش و بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان، بزووتنەوەی کرێکاری، دادخوازی، بزووتنەوەی ژنان و هتد. ئەمە مانیفێستی شۆڕش و بەڵگەنامەی یەکگرتوویی ڕیزەکانی خەڵکە. هەر هێزێک کە بانگەشەی ئازادی دەکات و بانگەشەی بەرگری لە مافی مرۆڤ دەکات و بانگەشەی پشتیوانی لە شۆڕشی ژن ژیان ئازادی دەکات، دەبێ لە دەوری ئەم جاڕنامەیە کۆببێتەوە. نەک تەنها بۆ ئەوەی بەیاننامەی پشتیوانی بدات، بەڵکو بڕگەبەبڕگەی بخاتە ناو دەستوری کاری خۆی و خەبات بۆ بەدیهێنانی بکات.
لەسەر ئاستی سەرتاسەریدا پێویستە جاڕنامەی ٢٠ ڕێکخراو بخرێتە سەر مێزی حکومەتەکان و ڕابگەیەندرێت کە ئەمە جاڕنامەیەکە کە لە دڵی کۆمەڵگا و شۆڕشی ئێرانەوە هاتۆتە دەرەوە و بە ڕوونی ئەو ئازادی و یەکسانی و خۆشگوزەرانییەی خستۆتە ڕوو کە خەڵک لە ئێران دەیانەوێت لە ١٢ بڕگەدا. ئەمە قسەی دڵی خەڵکی ئێرانە و پێویستە حکومەتەکان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان بزانن کە ئێمە حکومەتێکمان دەوێت کە ئەم یاسایانە و ئەم داواکاریانە جێبەجێ بکات.
ئەوەندەی پەیوەندی بە هاوپەیمانییەوە هەیە، میحوەری سەرەکی هاوپەیمانی، وەک جەختم لەسەر کردەوە، ئایدیاڵ و ئامانج و داخوازییەکانی شۆڕشە، کە ئەمڕۆ لە جاڕنامەی بیست ڕێکخراودا ڕوونکراوەتەوە و ڕادەگەیەنرێت و هاوشان لەگەڵیدا جاڕنامەی داخوازی پێشکەوتنخوازانە لە ژنان. یەکێک لە میحوەر و پایە سەرەکییەکانی ئەم شۆڕشی ئازادی ژنەیە و جاڕنامەی داخوازییە پێشکەوتنخوازەکانی ژنان بەشێوەیەکی هەمەلایەنە و ڕوون مانای ڕزگاریخوازی ژنانی خستووەتەڕوو. ئەم دوو جاڕنامەیە وێنەیەکی هەمەلایەنە لە ئامانجەکانی شۆڕش و ئامانجەکانی شۆڕش و ڕێگای گەیشتن بە سەرکەوتنی شۆڕش دەخەنە ڕوو. میحوەری هەر جۆرە یەکگرتوویی و هاوپەیمانییەک، ئەگەر بیەوێت خزمەت بە شۆڕشی ئێران بکات، لە دەوری ئەم جاڕنامەیانە مومکینە. بانگەوازی ئێمە بۆ هەموو هێزە چالاکەکانی شۆڕشی ئێستا ئەوەیە کە پەیوەست بن بەم بەڵگەنامانەوە کە لە دڵی شۆڕشەوە سەریان هەڵداوە.

١٦ی ئازاری ٢٠٢٣، ٢٥ی ئەسفەند ١٤٠١
سوپاس بۆ ئەمیر تەوەکولی بۆ ئامادەکردنی دەقی سەرەتایی ئەم چاوپێکەوتنە.




قەسیدەی ژنێک خۆشی دەوێم.. ستیڤان شەمزینی

ئای چەند ئەو ژنەم خۆشدەوێت
چارەنووسم بە دڵیدا دێتە خوارەوە
دەستە نوقاوەکانی تەنهاییم
لە مێرگی سینگیدا دەکرێنەوە
لە شەوانی رەنگ پەڕیوی فیراقدا
لە درزی موحیبەتەوە لێم دەڕوانێت
منداڵە لاسارەکەی هەوەسم
بە سەرنجێکی بەناز ژیر دەکاتەوە
پێکەنینە گڕگرتووەکانی رۆحی
لەنێو جانتای پەژارەکانم جێدەهێڵێت
گریانە ئاڵۆزکاوەکانی ئۆغرکردنم
لەنێو رەشایی پرچەکانیدا دەشارێتەوە
چەخماخە سەوزەکانی نیگام
لە چاوە خومارەکانیدا دەخوێنێتەوە
توند بە باوەشی خۆیەوە دەمنووسێ
کاتێ لورەی گورگی مەرگ دێت
لە تێپەڕینم بەناو مەرزەکانی سەرهەڵگرتن
بەرەو ناوەوەی خۆم
سنوورداشم دەکاتەوە
لە بن سێبەری دارگێلاسی ماچدا
دڵۆپ دڵۆپ رۆندکەکانم دەخواتەوە
ئەو دەمەی ستایشی هەتاو دەکەم
وەک چیایەکی بەفرین دەتوێتەوە
ئەو دەمەی باسی وشکبوونەوە دەکەم
چەشنی رووبارێکی بزێو دێتە بەردەمم
ئەو دەمەی عەشق لەمندا کاڵ دەبێتەوە
عاتیفەم بە ئەوینی خۆی تۆخ دەکاتەوە
ئەو دەمەی سەرم لە مەیخانە بزر دەبێت
لەناو ئاونگی مەمکەکانیدا دەیدۆزێتەوە
ئەو دەمەی لەشکری ماتەم وجودم تاڵان دەکا
ئاڵای ژیان لەسەر تەمەنم بەرز دەکاتەوە
ئەو دەمەی دەریالووشی بێدەنگی قووتم دەدا
لە سەحرای هەنسکەکانمەوە هاوار دەکات
ئەو دەمەی پەنجەرەی غەریزە تەڵخ دەکەم
بە ئاوریشمی شەوێکی لێکئاڵان دەیسڕێتەوە
ئەو دەمەی رۆژەکانم دەبنە گرێکوێرەیەک
وەک پرچی هزرێکی شێواو
یەک یەک دەیانکاتەوە
ئەو دەمەی لەسەر جوگرافیای عەشق ون دەبم
کون و قوژبنی شیعر بە دوامدا دەگەڕێت
ئەو دەمەی بڕیاری کۆچ دەدەم و دەڕۆم
سۆراخم لەو پاپۆڕە شکستخواردووانە دەپرسێت
لە لیتاوی کەناری خەونێکی بەدینەهاتوودا چەقیون
ئەو دەمەی دەروازەکانی ئەندێشەم دادەخەم
هەوڵی فەتحی شارە مێژووییەکانی خەیاڵم دەدات
ئەو دەمەی ئاگر لە خەڵوزی لێوەکانم بەردەدەم
مینا شنەبایەکی میهرەبان بەرەو رووم هەڵدەکات
ئەو دەمەی گەدەی فکرم
پڕ دەبێت لە کێمی پووچیی
خەیاڵدانم دەئاخنێت
بە دەیان پرسیاری گەشبین
ئەو دەمەی لەسەر شانۆیەکی مەلوول
بەردەبمەوە نێو دۆزەخی حەسرەت
دەستم دەگرێت بۆ نێو بەهەشتێک
لە رەنگی نیشتمان و
لە چەشنی ژنێتی خۆی و
بە نازێکی تەواو ژنانەوە
دەچرپێنێتە گوێم
ژیان هەر ئەوەندەیە
لەگەڵ من بەسەری ببەیت
ئاه، خودایە
من ژنێکی ئاوهام خۆشدەوێت
ژنێکی ئاوها خۆشی دەوێم

بیلەفێلد – نەخۆشخانەی گلیاد ئاینس
شتایسۆنی نۆرۆلۆگی




نەنە وباپیرە نەورۆز ڕۆژتان باش!.. د.هەژار عوسمان مەعروف

ئەسڵەن مێژو چیە جگە لە چەند پەڕەیەکی نوسراو لە لایەن چەند نوسەرێک کە مەگەر هەر خۆیان و پاشا و سەرۆکەکانیان بزانن چەند درۆ و چەند شێواندن و شاردنەوەی ڕاستیەکانی تێدایە! مەگەر مێژو چیە جگە لە نوسینەوەی بەسەرهاتی باشی و ڕاستی و دادپەروەی و جوامێریی سەرکەوتوەکان و ناشیرینی و ترسنۆکی و خراپیی شکستخواردووەکان ؟
نەنە وباپیرە نەورۆز! ئەوە گرنگ نیە هەمو ڕاستی و وردەکارییەکانی ئێوە نەزانین، مەگەر ژیان و بەسەرهاتی نەتەوە جۆراوجۆرەکانی ئەم دنیایە کە دەیبیسین یا بە فلیمە پرشنگدارەکانیان دەیانبینین هیچیان بە بەڵگەی DNA و بە بەڵگەی فۆتۆگرافیی فۆتۆشۆپ نەکراو و بە وێنە و دەنگی ڤیدیۆیی تەزویر نەکراو و بە دۆزینەوەی شوێنەواری خانوسازی و ئێسک و پروسکی پاڵەوانە ناودارەکانیان سەلمێنراون؟
نان ئەو نانەیە ئیمڕۆ لە خوانە! بێ گوێدانە ئەوەی کوردێک موسوڵمانی شیعەیە یا سونە، یا یارسانی (کاکەیی) و ئیزدیە یا زەردەشتی یا بڕوای بە هییچ ئاینێک نیە (ئاتێئیست) ئیمڕۆ بەدەگمەن کوردێک دەبینی لە هەر چوارپارچەکەی کوردستان و لە ناو کوردی ئاوارە و دەربەدەری هەمو ئەم دنیایە، کە دڵی بۆ نەورۆز و بە نەورۆز لێنەدا و نەکەوێتە پرتە پرت و خورپە، ئەسڵەن بە تایبەتی لە ئەوروپادا ئەم دۆخەیان ناوناوە (تا) ی نەورۆزی کوردان.
بەدەگمەن کوردێک دەبینی ئەگەر لێشی قەدەغەبکرێت لە نەورۆزدا لە ناو دڵی خۆیدا مۆمێک بۆ نەورۆز دانەگیرسێنێ.
ئەوە ڕاستە کە گەلانی تری ناوچەکە هەتا هیندستان و نەتەوە یەکگرتوەکانیش نەورۆز پیرۆزدەکەن، بەڵام پیرۆزکردنی گەلانی ناکورد بۆ نەورۆز پەیوەندیی بە پیرۆزکردنی وەرزی بەهارەوە هەیە کە چۆن پاڵ بە زستانی توش و سەرماوە دەنێ و خۆی بە هەتاوی گەرم و تاوەباران و چرۆی درەختان و خونچەی گوڵە کێویەکان دێتەوە مەیدانی ژیانێکی پڕ لە هیوا و کار و ئازادبون لە چواردیواری ماڵ.
بەڵام پیرۆزکردنی کورد بۆ نەورۆز جگە لە پیرۆزکردنی بەهار و گرنگتر لە مە واتا و ڕۆحی نەورۆزە بۆ ئینسانی کورد کە ئەمەیە:
لە ڕابوردوی نەتەوەی کورددا و لە سەر خاکی کوردستانەکەی وەک لە هەمو وڵاتانی دنیادا پاشا و سەرۆک و میر و بەگ و ئاغا و سان و… هەبون جا کوردی خۆجێی بوبن یا ناکوردی زاڵم و داگیرکەر. لە شوێن کات و لە بۆنەیەکی تایبەتیدا زۆرینەی خەڵک گەشتۆتە تینیان و بەرامبەر بە فەرمانڕەوا زاڵمە کوردە یا ناکوردەکە ڕاپەڕیون و دەستیان لێوەشاندوە و هەندێ جار سەرکەوتوبون لە لادانی یا لەناوبردنی کەسی ستەمگەر. ئەوە گرنگ نیە ئێمە ئێستا نەتوانین بیسەلمێنین کە زوحاک داگیرکەرێکی زاڵمی ناکورد بوە و کاوەی ئاسنگەریش کورد بوە وبە چەکوشەکەی زوحاکی لەناوبردوە و خەڵکە کوردەکەی ڕزگارکردوە. زوحاک ڕەمز و هێمایە بۆ دەسەڵاتدارێک کە باوان و دایانمانی چەوساندۆتەوە ، کاوەش سیمبۆلی پاڵەوانێکە خەڵکە ستەمدیدەکەی ڕزگارکردوە. ئێستا ئاوای لێهاتوە کە هیچ نەتەوەیەک و هیچ مرۆڤێکی تاک لەم دنیایەدا بە هێندەی کورد لەگەڵ بەسەرهاتی کاوە و زوحاک و چیرۆکی نەورۆز تێکەڵ نەبوە و بە هی خۆی نازانێ، تۆوی نەورۆز لە کۆهەست (اللاشعور الجماعي) و کۆبیری (الفکر الجماعي) (collective unconsciousness) ی هەمو ئینسانێکی کورد دا چێنراوە، تەنانەت لە دڵ و دەرونی زانایەکی ناوداری موسوڵمانی وەک ڕۆحشاد(مەلا عەبدولکەریمی مودەریس) یش دا کە لە سەردەمی سەدام دا فتوادەدات کە بە جەژن دانان و پیرۆزکردنی نەورۆز هیچ بەرکەوتنێکی نەباش و نەرێنیی نیە لەگەڵ بنەماکانی ئاینی ئیسلام دا.ڕۆحی نەورۆز ئەمەیە کە ئینسانی کورد هەتا سەر ناچەمێتەوە بۆ هیچ زاڵمێکی ناکورد یا کورد ، وە لە ئەستوربونی ئەو زوڵمەدا کاوەکان بە چەکوش و شمشێرەکانیانەوە هەڵدەکوتنە سەر زاڵمەکان و کوردستانیان لێ پاکدەکەنەوە.
لە ڕوی تەندروستیی دەرونیی تاکەوە زۆر گرنگە هەمو نەتەوەیەک کۆمەڵێک سونبول و ڕەمز و هێمای هاوبەشی هەبێت کە دەبێتە ناسنامە یا شوناسی (identity) ئایدیۆلۆجیی هاوبەشی هەمو تاکێکی ئەو نەتەوەیە ، بۆ کورد یەکێ لە سونبولە ئەرێنیە موقەدەسەکان جەژنی نەورۆزە کە نابێت هەرگیز لە ژێر هیچ بەهانەیەکدا لە دڵ و دەرونمان دا کاڵبێتەوە.
بەداخەوە سونبولی نەرێنیشمان هەیە بۆ نمونە (شەڕی براکوژی) و(ئەنفال و هەڵەبجە) و (کۆمەڵکوژی و دەسدرێژی سێکسیی کوردانی ئێزدی). وەک چۆن جولەکە (هۆلۆکاوست) لە بیرناکەن ئێمەش نابێت هەرگیز (ئەنفال و هەڵەبجە) و(کۆمەڵکوژی و دەسدرێژی سێکسیی کوردانی ئێزدی) لە بیربکەین کە بنی بنەوەی تاریکیی چەوساندنەوەی کورد دەردەبڕن و ساڵانە دەبێت یادبکرێنەوە.




ئۆپەرێتی: بۆ یادی نەورۆز.. عەلی حەمەڕەشید

منداڵان پێکەوە ئامادەکارییان کردبوو بۆ نەورۆز و بڕیاریان دابوو کە بۆ نەورۆزی ئەمساڵ جیاوازتر ئەو یادە بکەنەوە چونکە پێیان وابوو ئاهەنگ و گۆرانی وتن و خواردنی جۆراوجۆر ڕاستە خۆشە بەڵام خۆشییەکی کاتییە و بەشێوەیەک نامێنێتەوە کە لە ڕۆژان و ساڵانی داهاتوودا بیبینن و شانازیی پێوە بکەن بۆیە کەوتنە گفتوگۆکردن :
لیا:
هاوڕێیان وەرن بایـــادی نەورۆز…جیاوازتربێ لـە ســــاڵانی پێشوو
بەئەنجامدانی کــاری جـۆراوجۆر…بەخۆشییەوە بەشـداربین هەموو
کۆرس:
بایادی نەورۆز بەرز ڕابگـــــــرین…گشت ئامادەبین لـــە بۆ پێشوازی
چونکە لەمێژە کـە نەورۆزی کورد … بۆمــان بووەتە جێگەی شانازیی
ئاوان:
من دەمـــــەوێت ئەم نەورۆزە…هەریەکـــــــەو نەمامێک بێنین
لەشەقـــــام و باخچەو کۆڵان…زۆر بەجــــوانی بیانــــڕوێنین
ئایان:
من نەمـــــامێک تۆ نەمــامێک…با هەڵمەتمـــــان فــراوان بێ
لە شارۆچکە و گوند و شـــارا…تا کوردستان گەش و جوان بێ
ڕاسا:
من باخچەیەک تۆ باخچەیەک…گــوڵڕێژ دەکەین بەئاســــانی
هەتـا سبەی کوردستانمــــان…گوڵستانێک بێت لـــــەجوانیی
کۆرس:
هەمــوو وەک یەک دڵسۆزانە…بڵێین ئێمە دۆستی ژینگەین
هەتــــا ژینگە پارێزراو بێ…بەیەکــــەوە هــەوڵ دەدەین

با دوکـــەڵی تایە و لاستیک…ژینگەکەمان لێ پیس نەکەن
مرۆڤیش بـــە بۆنی ناخۆش…بەرەو نائـــــارامی نەبـــەن

هەوای خــاوێن بەردەوام بێت…وەکو پاکیی و سازگــاری خۆی
هـــــەوڵنەدەین بــەو پیسییە …بیشێوێنێن و ڕێگــر بین بۆی

نەورۆزیش وەک نازداریی خــۆی…شکــۆی زیاتر دەردەکــــــەوێ
چونکە وردو درشتی کــــــــورد…وەک یەک نەورۆزیان خۆشدەوێ

دەی باهەموو دەنگ و ڕەنگمان…تێکــەڵاوی یەکتر بکـــــــەین
بڵێین نەورۆز بەخێر هـــــــاتی…یەکدەنگی خۆمـــان دەربخەین

جــوانیی ژینگە و هاوکارییمان…بپـــــارێزین درشــت و ورد
پەیــامێک بێ جێی شــانازی…بۆ نەورۆز و بــۆ ئێمەی کورد

٨/٢/٢٠٢٣

رِيَذنةي ئازاريَكي زؤر و
شةثؤلي طرياني بةكولَ
هةموو طياني داطيركردووم
بؤية لةطةلَ ئيَوةم بةدلَ