ڕەمەزان مانگی ڕۆژوو گرتنە بۆ کەسێک کە ڕۆژوو بگرێت!.. ئیلهام مانیع.. وەرگێڕانی : حەسەن ڕازانی

“ڕەمەزان مانگی ڕۆژوو گرتنە بۆ کەسێک کە ڕۆژوو بگرێت!”

ڕەمەزان هاتەوە،
سەرلەنوێ،
بەیانی،
بەخێر بێتەوە.
ڕەمەزانیش مانگی بەڕۆژووبوونە بۆ کەسێک کە بیەوێت بە ڕۆژوو بێت!
بە زۆرنیە،
” دەبێ هەر بە ڕۆژوو بیت، بتەوێت یان نا، لە باوانتەوەیە”
ئەوەیە کە ئێمە دەیکەین،
جا ئینجا جنێویش دەدەین!
ڕەمەزان بەخشندەیە،
لە هەمووش بەخشندەترئەوەیە کە نەیسەپێنین بەسەر ئەوانەدا کە بە ڕۆژوونابن!
هەر وەک چۆن ئایین بە ئارەزوویە، واتە مرۆڤ ئەو ئایینە هەڵدەبژێرێت کە دەیەوێت!
کەواتە مافی خۆشیەتی کە بەڕۆژوو بێت یان نەبێت!
بە زۆر نیە،
(واجیب) نیە،
کێ دەیەوێت بەڕۆژوو دەبێت و کێش نایەوێت بە ڕۆژوو نابێت،
پەیوەندی بەخۆیەوەیەتی، مافی خۆیەتی.
مافێکی ئینسانییە،
دەچێتە ناو چوارچێوەی ئازادیی باوەڕو ئایین!
ئازادیی تاکە.


چەمکی ” مڕۆڤ ئازادە چ ئایینیکی هەبێ و ڕێوڕەسمەکانی بەجێبگەێنێ”
چەمکێکی نامۆیە، تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت، بە ئێمەمان!
ئەمەش پەیوەستە بە کاتەوە، بۆ ئاخیری هەر پێی ڕازی دەبین!
من بەهۆی ئەویاسایانەوەیە کە هەندیک دەوڵەت بۆیان داناوین ئەوە دەڵێم!
ئەوانەی بەڕۆژوو نابن سزا دەدرێن،
“دەبێ هەر بەڕۆژوو بیت، بتەوێ یان نا، لەباوانتەوەیە!”
“ئەگەر نەشیکەی زیندانیت دەکەین، پووڵت لێدەستێنین، سەرباری ئەوەش لێشت دەدەین و تف و لەعنەتیش لە باب و باپیرانت دەکەین!”
زۆرێک لە دەوڵەتەکانی ئیمە وا دەکەن.
بووە بە سیمایەکی شەرمەزاری.


یاسایەک کە قامچی جەلادی بەدەستەوەیەو دەڵێت:” ئەوانە ڕێکاری یاسایین و بە زۆر دەیسەپێنین بەسەرتاندا، دەبێ بەڕۆژوو بن بتانەوێت یان نا”
ئەو یاسایانە بۆیە داڕێژراون چونکە خەڵک ئیتر تێدەگات کە توانای هەڵبژاردن و دیاری کردنی هەیە!
ئەو یاسایانە بۆیە داڕێژراون چونکە دەسەڵاتداران و هێزە ئایین و ئیسلامیەکان ترسیان لە ئازادی مڕۆڤ هەیە!
ئەوان لە مڕۆڤی ئازاد دەترسن.
هەر بۆیەش سوورن لەسەر تێکشکاندنی ویستی مڕۆڤ.
ئەوان تێگەییشتوون کە دەسەڵاتیان نامێنێت، هەر بۆیەش پەنا دەبەنە بەر سەرکوت و تۆقاندن، بەڵام ئەوەش بۆ هەتا سەرنابێت!
چونکە ترس و تۆقاندن هەتا سەر نابێت و بەڵگەشمان لە مێژوودا بەدەستەوەیە!


لە وەڵاتی مەغریب لە مانگی ڕەمەزاندا چەندین گروپی گەنج و لاو بە ئاشکرا خواردن دەخۆن بۆئەوەی جەخت لە یەک شتی سادە بکەنەوە ئەویش ئەوەیە کە :
” مافی دەوڵەت نیە، هیچ دەوڵەتێک، کە ئایین بسەپێنێت و دەوڵەت نابێت ڕێوڕەسمەکانی هیچ ئایینێک بەسەر خەڵکدا بسەپێنێت. چونکە ئایین ئازادییەکی تاکەو مافێکی مرۆییە. بە تایبەتی دەربارەی فرە ئایینی و هەڵوێستی نا ئایینی.


ئەو بیانوەی کە دەسەڵتداران و هێزە ئایینی و ئیسلامیەکان و پارێزگارەکان بەدەستیانەوەیە ئەوەیە کە خواردن بە ئاشکرا لە نێو خەڵکدا هەستی ڕۆژووەوانانی موسڵمان بریندار دەکات !
بەرسڤی ئەو بیانوەش بریتییە لە :” ئەوەی کە بە ڕۆژوو دەبێت بۆ خۆی بە ڕۆژوو دەبێت و بۆخۆیەتی و بۆ خوای خۆیەتی. بەڵام کاتێک کە چاوەڕوانی لەخەڵک دەکات بۆ ئەوەی هاوکارو یارمەتیدەری بن لە ڕۆژووگرتنەکەیدا ، ئەوەیان شتێکی سەیرە!”
تۆ خۆت دەتەوێت ئەو کارە بکەیت و بەڕۆژوو بیت کەواتە دەبێ هەرخۆشت بەرگەی بگریت.!
کەواتە،
ڕەمەزان هاتەوە،
دووبارە،
بەیانی،
بەخێربێیت.
ڕەمەزانیش مانگی بەڕۆژووبوونە بۆ کەسێک کە بەڕۆژوو بێت!
“هەرکەسێک بیەوێت بەڕۆژوو دەبێت و هەرکەسێکیش نەیەوێت بەڕۆژوو نابێت”
مافی خۆیەتی.
وە ڕەمەزانیش بەخشندەیە،
بەخشندەتریش ئەوەیە کە نەیسەپێنین بەسەرئەوانەی کە بەڕۆژوو نابن!
کەواتە بەخێر بێی ڕەمەزان!
تێبینی: إلهام مانع مامۆستای یاریدەرە لە پەیمانگای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی زیوریخی سویسرا، نووسەر و چالاکوانی مافی مرۆڤەو لە بنچینەدا خەڵکی یەمەنە و ئێستا وەک شارەزایەک بۆ ڕێکخراوە سویسری و نێودەوڵەتییەکان کاردەکات. نووسەری چەندین کتێبە بە زمانەکانی ئەڵمانی و ئینگلیزی.

https://www.ahewar.org/debat/show.art.asp?

وەرگێڕانی : حەسەن ڕازانی
٢٤ی ئازاری ٢٠٢٣




دامەزراندنی کۆماری تورکیا لەساڵی ۱۹۲۳.. ناسکە گەیلان عبدلجبار

‎کۆماری تورکیا دوای لابردنی سوڵتان محمدی چوارەم وەحیدەددین لەلایەن پەرلەمانی کۆماریی نوێ لە ساڵی 1922 دامەزرا. ئەم ڕژێمە نوێیە کۆتا لێدان بوو لە ویلایەتی عوسمانیی کە دوای جەنگی جیهانی یەکەم هیچ شوێنەوارێکی لەسەر جیهان نەهێڵدرایەوە.

‎ئیمپراتۆریەتی عوسمانی کە پێکهاتبوو لە یۆنان، تورکیا و بولگاریلگا، لەوەتەی دامەزراندیەوە لە ساڵی 1299، بە سیستەمی پاشایەتی ڕەها (مەلەکی) فەرمانڕەواییەتی دەکرا. لە نێوان ساڵانی 1839 و 1876 ئیمپراتۆریەتیەکە بە سەردەمێکی چاکسازیدا تێپەڕی. عوسمانییە نوێیەکان کە ناڕازی بوون لەگەڵ ئەم چاکسازییانە، بەیەکەوە کاریان کرد لەگەڵ سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم بۆ هێنانەدی جۆرە رێکخستنێکی دەستووری لە ساڵی 1876. دوای هەوڵە کورتخایەنەکە لە پێناو گۆڕینی ئیمپراتۆریەتیەکە بۆ پاشایەتی دەستووری، سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم دووبارە گەڕاندییەوە بۆ سەر پاشایەتی ڕەها لە 1878 بە هەڵوەشاندنەوەی دەستوور و پەرلەمانەکە
‎دوای چەند دەیەیەک، جووڵانەوەیەکی نوێی چاکسازی لە ژێر ناوی عوسمانییە نوێیەکان پیلانیانگێڕا لە دژی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم، کە هێشتا لەسەر دەسەڵات بوو، بە دەستپێکردنی شۆڕشی عوسمانییە نوێیەکان. ئەوان سوڵتانەکەیان ناچارکرد بە گەڕاندنەوەی فەرمانڕەوایی دەستووری لە 1908. ئەمە بووە هۆی بەشداریکردنێکی چالاکانەی سوپا لە سیاسەتدا. لە 1909 سوڵتانیان لەسەر دەسەڵات لادا و لە ساڵی 1913 لە رێگەی کوتەدایەکەوە دەسەڵاتیان گرتە دەست. لە ساڵی 1914 ئیمپراتۆریەتی عوسمانی چووە ناو جەنگی جیهانی یەکەم لە بەرەی وڵاتە زلهێزە ناوەندییەکان وەکو هاوپەیمانێکی ئیمپراتۆریتی ئەڵمانیا و دواتریش جەنگەکەی دۆڕاند. ئامانجەکە بریتی بوو لە بەدەستهێنانی ناوچەکە لە رۆژهەڵات تاکو قەرەبووی زیانەکانی رۆژئاوا بکاتەوە لە ساڵانی پێشووتر لە کاتی جەنگی ئیتاڵیا و تورک هەروەها جەنگەکانی بەڵقان. لە ساڵی 1918 سەرکردەکانی عوسمانییە نوێیەکان بەرپرسیاریەتیان گرتە ئەستۆ بۆ جەنگە شکستخواردووەکە و لە وڵاتەکە ڕایانکرد بەرەو تاراوگە و وڵاتەکەیان لە ئاژاوە و پشێویدا جێهێشت.

‎لەگەڵ واژۆکردنی ئاگربەستی مودرۆس، لە رێگەی بڕگەیەکی یاسایی ناڕوون و فراوان مافی دەستبەسەرداگرتنی ئەناتۆڵیا “لە ئەگەری پشێویدا” بەخشرایە هاوپەیمانان. لە میانەی چەند رۆژێکدا، سەربازە فەڕەنسی و بەڕیتانییەکان دەستیان کرد بە دەستبەسەرداگرتنی ئەو ناوچانەی کە هێشتا لە ژێر دەسەڵاتی عوسمانییەکان مابوونەوە. مستەفا کەمال ئەتاتورک و چەند ئەفسەرێکی دیکەی سوپا دەستیانکرد بە جووڵانەوەیەکی بەرەنگاربوونەوە. دوای ماوەیەکی کورت لە گرتنە دەستی رۆژئاوای ئەناتۆڵیا لەلایەن یۆنانییەکان لە 1919، مستەفا کەمال پاشا پێی خستە ناو سامسون بۆ هەڵگیرساندنی جەنگی سەربەخۆیی تورکیی لە دژی داگیرکەر و چەوسێنەرانی موسڵمانان لە ئەناتۆڵیا. ئەو لە پاڵ چەند ئەفسەرێکی دیکەی سوپا زاڵبوون بەسەر ئەو وڵاتەی کە لە کۆتاییدا کۆماری تورکیایان دامەزراند لە پاشماوەکانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی.

‎لە ٦ تشرینی یەكەمی ١٩٢٣ دا هێزەكانی توركیا چوونە ناو ئەستمبۆڵەوە ، ئەنجوومەنی گەورەی نیشتیمانی یاسایەكی تازەی دەركرد تایبەت بوو بەوەی كە شاری (ئەنقەرە) ببێتە پایتەختی فەرمی توركیا لە جیاتی (ئەستەمبۆڵ) كە چەندین یاداشتی دەوڵەتی عوسمانی لە خۆ گرتبوو .
‎لە ٢٩ی تشرینی یەكەمی ١٩٢٣ دا ئەنجوومەنی گەورەی نیشتیمانی ، دانیشتنێكی مێژووی سازكرد و (كۆماری توركیا )ی ڕاگەیاند لە سەعات هەشت و نیوی ئێوارەی هەمان ڕۆژ ، مستەفا كەمال بەیەكەم سەرۆك كۆمار هەڵبژێردرا ، بۆ ڕۆژی دواتر مستەفا كەمال و هاوڕێكەی لە خەباتی چەكداریدا ، عیسمەت پاشا ڕاسپێردران بە پێك هێنانی یەكەم وەزارەت لە سەردەمی كۆماریدا , ئەم بڕیارە وەختێك درا كە ژمارەیەك لە كەسایەتییە ناسراوەكانی جەنگی سەربەخۆیی وەك حوسەین ڕەئوف ، عەلی فوئاد و هتد.. لە پایتەخت نەبوون ئەوان لە چاوپێكەوتنەكانیان دا جەختیان لەوە كردەوە كە ناوزەدكردنی دەوڵەت وەك دەوڵەتێكی كۆماریی مانایی ئەوەنیە كە ئازادیی لەگەڵ خۆیدا بێنێتە ئارا جا ئەو مەسەلەیە لە سایەی سیستەمێكی كۆماریدا بێت یاخود پاشایەتی ، ڕۆژنامەكانی ئەستەمبۆڵ ئەو رەخنەیان بە تین تاوەوە بڵاودەكردەوە لەم كاتەدا حكومەت لە ئەستەمبۆڵ فرە بێ جەماوەر بوو نەك لەبەر ڕاگەیاندنی كۆمار ،هێندەی لەبەر ئەوە بووكە بەر لە دوو هەفتە بە فەرمی ئەنكەرە وەك پایتەختێك لەبری ئەستەمبۆڵ ڕاگەیەندرا




وەڵامێک بۆ ره‌خنه‌ی پیاوسالاران دژی(كرێی كار بۆ كاری ناوماڵ).. سەلام عەبدوڵڵا

ژه‌هری بیر و هه‌ڵویستی پیاوساڵارانه‌ له‌ ریزی خودی بزووتنه‌وه‌ی ژنانی كۆنه‌پارێز، بۆرژوا و “مۆدێڕن”یش ده‌بینین و ده‌خوێنین. له‌م باره‌یه‌وه‌ بیانوی سه‌رسوڕهێنه‌رانه‌ ده‌خه‌نه‌ڕوو و پێیان وایه‌ كرێی كار‌ی ژنان:

  • حه‌قه‌ مۆچه‌ بێكاری بۆ ژنان ته‌رخان بكرێت.
  • ئه‌و بۆچوونه‌ گاڵته‌جاڕییه‌. ژنان دووبه‌رامبه‌ری پیاوان به‌بێ پشووی رۆژێك یان دوو رۆژ له‌ حه‌فته‌یه‌كیش كارده‌كه‌ن، واته‌ رۆژی 16 سه‌عات و له‌لانی كه‌م بۆ ماوه‌ی 18 ساڵ، ئیتر موچه‌ی بێكاری مانای چییه؟!
  • جێگیركردنی كاری ماڵ بۆ ژن
  • به‌بێ داواكارییه‌كه‌مان، هه‌زاران ساڵه‌ كاری ناوماڵ له‌سه‌ر ژن سه‌پێنراوه‌‌ و پێویستی به‌ ئێمه‌ ناكات هه‌وڵ بۆ جێگیركردنی بده‌ین!. ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت كاری(به‌رهه‌مهێنه‌ری و خزمه‌تگوزاری) ژن له‌ناوماڵ: 1- به‌رامبه‌ری هه‌بێت. 2- چیتر چاوه‌ڕوانی ده‌ستی پیاوه‌كان نه‌كه‌ن. 3- له‌ كوێلایه‌تی دارایی و به‌ گشتی ئابووری رزگاری ده‌بێت. ئه‌م داواكارییه‌ تا ئه‌و رۆژه‌یه‌ سۆسیالیزم به‌رقه‌رارده‌بێت و ژنانی سۆسیالیست و شۆڕشگێڕ رابه‌رایه‌تی ده‌كه‌ن بۆ به‌ كۆمه‌ڵایه‌تیكردنی كاری ناوماڵ.
  • كۆنه‌پارێزه‌كان به‌ ئه‌ركی سه‌رشانی ژنانی ده‌زانن و به‌ فه‌رمانی خوداش ده‌بێ ئیتاعه‌تی پیاو بكه‌ن، واته‌ به‌ ره‌وایه‌تكردنی كوێلایه‌تی ژن و به‌ئه‌ركی شه‌خسی پیاوی ده‌زانن پێداویستی ژن پڕ بكاته‌وه‌(پیاوی بێكار و كرێكاری كاره‌ هه‌رزانه‌كان ده‌توانن پێداویستی ژن پڕ بكه‌نه‌وه‌؟!)
  • هه‌ر ژنان مناڵ به‌خێوناكات، له‌ داینگه‌ و باخچه‌ی مناڵان و قوتابخانه‌ش به‌خێو و په‌روه‌رده‌ ده‌كرێن
  • بارگرانییه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ له‌سه‌ر دایكانه.
  • كاری ناو ماڵ كاری به‌رهه‌مهێنه‌ر نیه.
  • ئه‌مه‌ زۆر كورتبینانه‌یه‌، چونكه‌ دایكان هه‌موو ئه‌ركی رێكخستنی ژیانی خێزان له‌ ئه‌ستۆیانه‌ و به‌بێ كاری ژنان له‌ ماڵ مه‌حاڵه‌ پیاوان بتوانن درێژه‌ به‌ كاره‌كانیان بده‌ن و پشكێكی گرنگی زێده‌بایی سه‌رمایه‌داران له‌م كاره‌وه‌ سه‌رچاوه‌ وه‌رده‌گرێ.
  • گۆڕان پرۆژه‌ یاسای‌ دابینكردنی‌ بیمه‌ی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ بۆ كابانی‌ ماڵ‌ كه‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ یه‌كه‌می‌ بۆ كراوه‌.
  • 1- ئه‌مه‌ پڕۆژه‌ی به‌نده‌یه‌له‌ 20.4.20089 ده‌ستمان پێكرد و ئیمزا و پشتیوانی هه‌زاران ژن به‌ رێكخراوه‌كانیشیانه‌وه‌. 2- له‌ پشتخانی تیئۆری ماركسی سه‌رچاوه‌ی وه‌رگرتووه‌و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان‌ له‌مه‌یه‌ خافڵ بوو. 3- بیمه‌ی كۆمه‌ڵا‌یه‌تی چی؟ بۆچی كابانی ماڵ بێكاره‌؟‌. ئه‌وه‌ نیه‌ رۆژانه‌ 16 سه‌عات كارده‌كه‌ن؟!. 4- پڕۆژكه‌ له‌ وه‌ك مافی ره‌وای ژنانه‌وه‌ كردیان به‌ پڕۆژه‌ی خێرخوازی و به‌زه‌یی. 5- زه‌مینه‌یان خۆشكرد بۆ ره‌خنه‌ی ژنانی مۆدێڕن كه‌ به‌ فه‌رمی بوون به‌ ده‌مڕاستی حكومه‌تی پیاوسالار له‌ هه‌رێم به‌ناو جه‌نده‌ر. 6- نه‌زانی و شه‌رمه‌زارییه‌كی قورسه‌ بۆ به‌لارێبردن و ناونانی پڕۆژه‌كه‌ به‌(بیمه‌ بۆ كابانی ماڵ). 7- هه‌ڵبه‌ت من و هه‌ر كه‌سێك خاوه‌ن پڕۆژه‌ بێت، زۆری پێخۆشه‌ پشتیوانی لێ بكرێت و ئامانجه‌كه‌ی بپێكێت، به‌داخه‌و گۆڕان به‌و شێوه‌یه‌ نه‌یخسته‌ڕوو.
  • ژن فێری ته‌مه‌ڵی ده‌كات.
  • كاركردنی 16 سه‌عات له‌ رۆژێكدا به‌بێ كرێی كار، ته‌مه‌ڵی نیه‌، كه‌ وه‌ربگرێت ته‌مه‌ڵییه‌؟!
  • ئه‌وه‌ به‌خشینه‌وه‌ی پاره‌یه‌ و ژن فێری مشه‌خۆری ده‌كات‌
  • وه‌رگرتنی كرێی كاری كرێگرته‌یی هێزپڕۆكێنی به‌بێ پشوو به‌ درێژایی ته‌مه‌نیان مشه‌خۆری نیه‌، زێده‌بایی ده‌سه‌ڵاتی سه‌رمایه‌ی پیاوسالار‌ مشه‌خۆری و سته‌مه‌.
  • پڕۆژه‌كه‌ بیرێكی كۆنه‌خوازییه
  • كاری ناوماڵ به‌بێ كرێ كۆنخوازی و سته‌می عه‌قڵ و ده‌سه‌ڵاتی پیاوسالاریه‌.
  • ده‌بێته‌ هۆی ئاماده‌نه‌بوونی ژنان له‌ بواره‌كانی ژیانی گشتی
  • 1- ئاماده‌نه‌بوونی ژنان ده‌گه‌ڕێته‌ بۆ بیری كۆنه‌خواز و كاری كوێلایه‌تی ناوماڵ. 2- ده‌یان هه‌زار ژن له‌ فه‌زای گشتی كارده‌كه‌ن و كه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌ ده‌بێ باری شێتانه‌ی كاری ناوماڵ ئه‌نجام بده‌ن. كورتبینی ره‌خنه‌ی ئه‌و خانمانه‌ به‌ روونی دیاره‌.
  • به‌شێك له‌ ژنه‌ لیبڕاڵه‌كان و سۆسیالدیموكرات و كۆنه‌پارێزه‌كان هاوڕان له‌گه‌ل حزب و رێكخراوه‌ پیاوسالاره‌كان
  • 1- ئه‌م به‌ڕێزانه‌ نابینن ته‌واوی ژنان له‌ ئاوایی و سه‌دان هه‌زار ژنان‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ كارده‌كه‌ن و، ده‌بێ كاری ناوماڵیش به‌ بێ به‌رامبه‌ر ئه‌نجامبده‌ن، هاوكات زۆر ژنانی هه‌ژار و بێبه‌ش له‌ ده‌رامه‌ت هه‌یه‌ . 2- كێشه‌یان له‌ گه‌ل سیستێمی ده‌سه‌ڵاتی سه‌رمایه‌داری پیاوسالار‌ نیه‌ و به‌هۆی دابینكردنی‌ خه‌رجی و پله‌وپایه، یاسا و راگه‌یاندن‌ هاوپه‌یمانی موقه‌ده‌سیان له‌گه‌ل به‌ستووه‌. 3- دوورن له‌م بیرو بۆچوونانه‌: (پرسی ژن پرسی چینایه‌تیه، پرسی چینایه‌تی پرسی ژنه‌… پرسی ژن به‌ سۆسیالیزم چاره‌سه‌ر ده‌كرێت…به‌شێكی گرنگی قازانجی سه‌رمایه‌داری له‌سه‌ر ره‌نجی بێ به‌رامبه‌ری كاری ژنانه‌ له‌ ماڵ) 4- هێنانی ژن بۆ ناو خه‌بات و ناسینی سه‌نگه‌ری خۆی له‌ خه‌باتی شۆڕشگێڕانه‌ی دوورده‌خه‌نه‌وه‌.

ئێمه‌ رزگاری ژن له‌ رابه‌رایه‌تیكردنی خه‌باتی چینایه‌تی له‌ ریزی حزبه‌ شیوعییه‌كان ده‌بینین بۆ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و به‌ كۆمه‌ڵایه‌تیكردنی كاری ناو ماڵ، واته‌ به‌ كۆمه‌ڵایه‌تی كردنی داینگه‌، چێشتخانه‌، شۆردن، گواستنه‌وه‌ی مناڵ و هه‌ڵوه‌شاندنی كلتوری سته‌مكار و قیزه‌وه‌نی ئه‌وانه‌ی كاری ماڵ وه‌ك كاری ژن ده‌بینن و، ئه‌وه‌ی ده‌مینێته‌وه له‌ كاری ماڵ به‌ یه‌كسانی ئه‌نجام بدرێن. له‌م قۆناغه‌ كه‌ حكومه‌ت به‌رنامه‌ی لیبڕالیزمی نوێ به‌ شێوه‌ی توندڕه‌وانه‌ ده‌سه‌پێنێت، و ئه‌ركه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌سه‌ر شانی خۆی هه‌ڵده‌گرێت و راده‌ستی كه‌رتی تایبه‌تیان ده‌كات، باری ژنان قورستر بووه‌. بیركردن له‌ خزمه‌تگوزاری گشتی بۆ دایكان و ژنانیان كرد به‌ خه‌ون. یه‌كێك له‌‌ پڕۆژه‌ی‌ یه‌كسانخواز و ئازادی خوازی ئیمڕۆ بریتیه‌ له‌ : داوای كرێی كار بۆ كاری ناوماڵ نه‌ك ته‌نها لێره‌ به‌ڵكو له‌ هه‌موو وڵاتان.




سەرنجێک بۆ کتێبی شعیری ژنێک ژیانی گۆریم.. ئامادەکردن و نووسینی:- یوسف اسماعیل

کتێب: ژنێک ژیانی گۆریم
نووسەر: محسین شوانی
ژانـەر: شـیعـر
چاپ: یەکەم ساڵی ٢٠٢٢
لاپەڕ: پێکهاتووە لە ١٤٠ لاپەڕە

کەم کەس هەن لە ژیانە حەزیان بە شیعر و هۆنراوە نەبێت، جا چی دەربارەی شیعرێکی خۆشەویستی ( ئەڤینی ) بێت. هەڵسام و سەیری کتێبخانەی ماڵەکەم کرد و کتێبەکەی مامۆستا موحسین شوانیم بەرچاو کەوت، دووبارە هەستی خوێندنەوەم بۆ جوڵاو بە ناسکی لەنێو کتێبەکانمدا دەرم هێنا و دووبارە کەوتمەوە خوێندنەوەی، کتێبێک کە ئەوەندە بەجوان و لەسەرخۆی باسی عەشق دەکات،ئارەزووی خوێنەر زیاترە بۆ شعیرەکانی. کتێبکەکە لە کۆمەڵێک شیعری جوان و ناسک پێکهاتووە، کە خوێنەر دەبات بۆ هەستێکی خۆش و شارەوە کە بۆ ساتێک لەخەمەکانی دونیا دوورت دەخاتەوە، مامۆستا محسن شوانی جگە لەوەی شاعیرێکی بەتوانایە نووسەر و ڕۆژنامە نووس ، هونەرمەند ، مامۆستاشە. دە بەرهەمی چاپکراوەی هەیە و هەمیشە پێشەنگی کارەکانە.
ئەمڕۆ خۆشحاڵ بووم کە توانیم خوێندنەوەی بۆ بکەم و خامەکەم دەستی بە نووسین بکات سەبارەت بەم کتێبە پڕ لەجێژە کە ساڵی پار لەمانگی حەوت چاوم پێیکەوت و کتێبەکەی خۆی پێناساندین ئەوکات هەستێکی تر بوو بۆمن، شاعیری کێشە و خەمی لەباوەش کردووە و هیواێکی پڕ لە ئومێد بۆ خوێنەر دەدات، پێم باشە هەنێک لە شیعرەکانی نێو کتێبەکە لێرەدە ئاماژەی پێبکەم:-

  • یەکەم ناسین

کەی دێیتەوە؟
بەم زستانە دوو چای گەرم،
لەم کتێبخانەی تۆم ناسی
بخۆینەوە،
بەرامبەرم دابنیشی……
پڕ بەهەستم لێت بڕوانم،
شیعری تەڕ و
ناسکت بۆ بخوێنمەوە؟
…..

  • هاودەم

من پایزی تۆم پێ خۆشە
نەك بەهاری کەسێکی تر
گریانی تۆم لا خۆشترە
لەئاوازی دەنگێکی تر
ئەم ئێوارە چۆن بەڕێکەم؟
لەم شارەدا هەر خۆم و خەم
کەسێ نییە دەستی بگرێ
وەکو هاوڕێ، وەکو هاودەم.
……

وەک شاعیر موحسین شوانی دەڵێت: شیعری ئازاد و ڕاستگۆم خۆشدەوێت.
تێڕوانین بۆ شەعرەکانی دەتوانین ژیانێکی خۆش و ئاسوودە بەدی بکەین، بۆچی هەمیشە هەوڵی دڵتەنگی دەدەنین بە شیعر بۆچی شەعرێکی ئازاد و شادی نانوسین کە پێم وایە ئەم کتێبە شعریە ئازدا و شادی هێنەرە بۆ خوێنەر، زیاتر نەچینە قووڵای کتێبکە، هەڵبەتە خوێنەر خۆی دەبێ دەست و هەستی بۆ جێژەکانی شیعرەکە بکات و قسەی بۆ هەبێت، من کۆتایی بە قسەکردن دەهێنم دەربارەی ئەم کتێبە، با شعرێکی تریش بخێنینەوە.

  • ئالوودە

ئەم شیعرانە
بەڵگەی پاکی عەشقی منن
گەرچی لەئاستی جوانی تۆدا
زۆر شەرمنن
منت بوێ
منت نەوێ
بەلامەوە گرنگ نییە
وا تێکەڵی عەشقت بوومە
بوون و نەبوونت
هیچ جیاوازی بۆ من نییە!

نووسینی: یوسف اسماعیل ( کاتۆفیک )
yusufismail1708@yahoo.com




هەڵوەرینی یەکێتی نیشتمانی!.. عوسمان حاجی مارف

دەنگۆی ئەوە هەیە کە گوایە دامەزراندنی “کۆمەڵەی مارکسی لینینی” واتە ئەوەی کە دواتر بوو بە “کۆمەڵەی رەنجدەران”، پرۆژەیەکی تایبەت بە شەخسی جەلال تاڵەبانی بووە! لەهەمانکاتدا گەر واش نەبێت، لەگێڕانەوەی ئەو مێژووەدا ئەوە شاراوەنیە کە دامەزرێنەرانی کۆمەڵە بەئاگاداری و پرسوڕای جەلال تاڵەبانی کۆمەڵەیان دامەزراندووە.
بەدوای هەرەسی هێزەکانی بارزانی لە ساڵی ١٩٧٥دا، کە لێدانی گورزێکی قورس بوو بەسەر بزوتنەوەی کوردایەتیدا، تەشەنەکردنی پرۆژەی کۆمەڵە لەو دەورانەدا شێوازو چوارچێوەیەکی گونجاو بوو، تا تاڵەبانی و بزوتنەوەی کوردایەتی بەناوی مارکسی لینینی و “شۆرشی نوێ”وە، هێزێکی تری چەکداری بکێشنە ناو مەیدانی سیاسی دژی ڕژێمی بەعس بۆ هەڵسانەوەی بزوتنەوەی کوردایەتی.
دواتر هەر بەدەوری خودی تاڵەبانی “یەکێتی نیشتمانی کوردستان” ئەو چوارچێوەو ڕێکخراوە بوو، بە پێکەوەگرێدانی کۆمەڵەو حزبی سۆشیالست و خەتی گشتی دامەزرێندرا، کە شەخسی یەکەم و ڕابەریکردن و بڕیاردەری سیاسەتەکانی یەکێتی لە جەلال تاڵەبانی زیاتر تێپەری نەدەکرد. بۆیە ئەوە شاراوە نیە کە کۆمەڵە توایەوەو حزبی سۆشیالستیش جیابووەوە، بەڵام پێگەی یەکێتی وەک حزبێک و بنەماڵەیەک لەمەیدانی سیاسیدا تائێستا، هەڵسوڕانی رێکخراوەیی و سیاسی خۆی دەکات.
کاتێ جەلال تاڵەبانی لە سەرەتای ساڵانی شەستی سەدەی بیست، وەک جەلالی کەوتە بەرامبەر بەرزانیەوە، ئیتر کۆتایی یەکریزی بۆرجوازی کورد و کوردایەتی لە مێژوی بزوتنەوەی کوردایەتیدا بۆ هەمیشە تۆمارکرا. وەک دوو هێزی جیاواز و بەرامبەر بەیەک و بەرژەوەندی جیاواز، ململانێیان بۆ بەشداریان لەدەسەڵاتی حکومەتی سەرمایەداری عێراقداو خۆ هەڵواسینیان بەسەر مەسەلەی کورد لە عێراقدا، ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستانیان تەواو هەراسان و وێرانکرد.
هەرچەندە “شۆرشی نوێ” کەی تاڵەبانی بەناوی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەدوای ئەو داڕوخانە گەورەیەی بارزانی، وەک ئەلتەرنەتیفێک بۆ گەڕانەوەی دەوری بۆرجوازی کورد لەمەیدانی سیاسی کوردستانی عێراقدا هاتەمەیدانەوە، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان و بارزانیەکان وەک باڵێکی پێشینەی نوێنەری بورجوای کورد بەئاستێکی تر لە هاوسەنگی هێز، هەڵسانەوەی خۆیان سەلماندەوە. توانیان لەبەرامبەر یەکێتی نیشتمانیدا بوەستنەوەو کارەساتی هەکاری بەسەر یەکێتیدا بهێنن. هەربۆیە خەونی تاڵەبانی و ئومێدی بە “شۆرشە نوێ”کەی گۆڕدرا بەسەرقاڵبون بە شەڕی ناوخۆو بەردەوامیدانی وەستانەوە لەبەرامبەر بارزانیەکاندا، لە پێناو باڵادەستی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەسەرمەیدانی سیاسی کوردستاندا، کە هەرگیز نەگەشتە ئەو ئامانجە. ئەم دوو هێزە بەهەر ئاستێک لەشەڕی چەکدارییان لەبەرامبەر دەسەڵات و لە نێوان خۆیاندا، دواتر جارێکی تر لەساڵی ١٩٨٨دا کەوتنەوە بەر پاشەکشەو نزیکبونەوە لە هەرەسێکی تر.
بەڵام ئەو ئاڵوگۆرە جیهانیەی لەئاکامی شەڕی کەنداوی ساڵی ١٩٩١دا هەلومەرجی سیاسی عێراق و کوردستان و ناوچەکەی بەرەو ناجێگیر برد، فرسەتێکی گونجاوی بۆ باڵەکانی بۆرجوازی کورد بەتایبەتی بزوتنەوەی ناسیۆنالستی خولقاند، تا لەبری پاشەکشەو هەرەسهێنانێکی تر، گیانیان بەخۆیاندا هێنایەوەو بوونە بەشێکی سودمەند لەو ئاڵۆزی و گێژاوە سیاسیەی کە سێ دەیە زیاترە ناوچەکەی خنکاندووە.
گەر بەگشتی ئەوە ڕۆشن بێت، کە باڵەکانی بۆرجوازی کورد، وەک هێزی جیاواز لەئاکامی لاوازی و پەرشوبڵاوی پێگەی بزوتنەوەی کوردایەتیدا، هیچ کات نەیان توانیبێت سەربەخۆیی سیاسی خۆیان بپارێزن، لەهەمانکاتدا ناچار بوون بە پاشکۆبونیان بۆ بەرژەوەندی سیاسەتی ووڵاتانی تر بوونی خۆیان بسەلمێنن، تا بتوانن پێگەیەکی دیاریکراو بەدەست بهێنن. لەم واقعیەتەدا بەگشتی پلانەکانی پارتی و بارزانیەکان بەرجەستەترو سەرکەوتوتر بوە لە پلانەکانی یەکێتی و دەستکەوتیان زیاتر بووە. بەمانایەک ئاسۆی پرۆژەکانی تاڵەبانی لەبەرامبەر بارزانیەکاندا، هەرچەندە باڵادەستی خۆی لەزۆنی سەوزدا سەلماندوە، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە یەکێتی نەیتوانیوە ئاستی هاوسەنگیەکی گونجاوتر لەبەرامبەر پارتی و بارزانیدا بپارێزێت، بۆیە بەهەر ئاستێک لە هەوڵی ململانێ و دانوسان و ڕێکەوتنی نێوانیان، یەکێتی خەسڵەتێکی ئۆپۆزسیۆنی لەبەرامبەر پارتیدا نیشانداوە، هەڵبەتە خەسڵەتی ئۆپۆزسیۆنیش یەکێتی خستۆتە بەردەم پێگەیەکی لاوازو چاوەڕوانیەوە.
ئەم واقعیەتی ئۆپۆزسیۆن بونەی یەکێتی لەبەرامبەر پارتیدا، سەرچاوەی شکستی پلانە سیاسیەکانی یەکێتی بووە، لەهەمانکاتدا سەرچاوەی کەرتبون و پەرشوبڵاوی هێزەکانی بووە. یەکێتی نەیتوانیوە یەکدەستی و یەکریزی هێزەکانی بپارێزێت. جیابونەوەی نەوشیروان و گۆڕان لە تاڵەبانی گەورەترین گورزێکی گەورە بوو بەسەر ستراتیژیەک، کە تاڵەبانی لەگەڵ بارزانیدا واژۆیان کردبوو، چونکە ڕێکەوتنی ستراتیژی ساڵی ٢٠٠٨ی تاڵەبانی لەگەڵ بارازنیدا پاشەکشە بوو لەو ستراتیژەی کە تاڵەبانی هەر لەسەرەتاوە، بەدامەزراندنی یەکێتی و ڕێکخستنی هێزەکەی، خۆی لەبەرامبەر بارزانیدا پێ پێناسە دەکرد، بۆیە بەشێکی زۆری هێزەکەی لە تاڵەبانی تۆران.
‌بەمانایەک لەلایەک ڕێکەوتنی ستراتیژی یەکێتی و پارتی بە قازانجی پتەوکردنی پێگەی پارتی بوو، کە هاوسەنگی هێزەکەی تاڵەبانی خستە ژێر پرسیاری خۆڕادەستکرنی زیاتر بە بارزانی، لەلایەکی ترەوە لێکجیابونەوەی نەوشیروان و گۆڕانی لێکەوەتەوە، واتە گرفتێکی گەورە لە دەسەڵاتی زۆنی سەوزدا سەری دەرهێنا، کە لەهەر هەنگاوێکی تری دوای ڕێکەوتنی ستراتیژی، سەرکردایەتی یەکێتی و ڕێکخستنەکانی و هێزەکەی لێکترازان و پارچەپارچە بوونی خۆی نیشانداین، چارەنوسی شکست و هەڵوەرینی بزوتنەوەی گۆڕانیش دیاردەیەکی تەواو بەرچاوە، چونکە گۆڕان بەدوای سیناریۆی دژی پارتیدا، ڕێکەوتنی لەگەڵ پارتی ئەنجامدا.
هەوڵدان بۆ گەڕانەوەی پێکەوەنوسانی پارچەو باڵەکانی یەکێتی، گاڵتەجاری ئەو کۆنگرەیە بوو کە سەرکردایەتی یەکێتی ڕادەستی دوو هاوسەرۆک کرا، ڕادەستی بافڵ و لاهور کرا! لەهەمانکاتدا بێئیعتبارکردنی تەواوی سەرکردایەتی پێشوی یەکێتی لێکەوتەوە. ئەمەش ئەو هەنگاوە بوو کە هەڵوەرینی یەکێتی نیشتمانی دەورەیەکی تازەی خستە پێش خۆی. ئەو یەکێتیەی دەیویست وەک هێزێکی بۆرجوا ناسیۆنالیستی میلیشیایی لەبەرامبەر بارزانی و پارتیدا بجەنگێ، پرۆژەکەی نەک بە بنبەست گەیشت، بەڵکو لەبەردەم ناچاری ملکەچبونی بارزانیدا قەراریان گرتووە.
ئەم واقعیەتە مایەی هەڵوەرینی زیاتری یەکێتی نیشتمانی دەبێت لەم هەلومەرجەی ئێستادا، واتە نە یەکگرتنەوەی پارچەو باڵەکانی بە فریایان دەکەوێت، نە ملشکاندنی یەکتر. یەکێتی نیشتمانی و باڵەکانی بە بافل و لاهورەوە، ئەو دەورەیان تێپەڕاند کە بتوانن ڕەقیبی پارتی بن. لەهەمان کاتدا هەر ڕێکەوتنێکیش لەگەڵ پارتیدا ئەنجام بدەن، چەند هەنگاوێکی تر پاشەکشەیان پێدەکات و هێزەکەشیان هەڵوەرینی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت. یەکێتی نیشتمانی لەدەورانێکی تەواو بنبەست و بێئعتباری پێگەی هێزەکەیدا گەمەی سیاسی دەکات، بۆیە چاوەڕوانی ئاڵوگۆرێکە بەڵکو فرسەتی گەڕانەوەی پێگەو ئیعتبار بەدەست بهێنێتەوە. ئەم چاوەڕوانیەش ئاسۆکەی نادیارو بنبەستە، بۆ هەر یەک لە باڵەکانێشی ڕۆشن نیە دەبێت چی بکەن، هەربۆیە شەرمەزاریە بۆ هێزێک کە نەیتوانیوەو ناتوانێ یەکریزی خۆی بپارێزی، کەچی دروشمی یەکریزی کورد بەچارەسەری کێشەکان بەیان دەکات.
ئەوە ماوە بڵێین کۆتایهێنان بەم سەرگەردانیەی کە حزبەکانی کوردایەتی بەسەر دانیشتوانی کوردستاندا سەپاندویانە، تەنها هاتنەمەیدانی خەبات و ناڕەزایەتی بەرفراونی جەماوەریە بۆ دابینکردنی دەورو دەخالەتی ڕاستەوخۆی خەڵک لە دەسەڵاتی سیاسیدا.




چاو خشانێک بە ساڵی ژن ژیان ئازادیدا.. وەرگێڕانی بۆ کوردی: کاوە عومەر

دیمانەی حەسەن ساڵحی لەگەڵ حەمید تەقوایی

بە پشتبەستن بە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کەناڵی جەدید کۆکراوەتەوە
حەسەن ساڵحی: ساڵێک کە تێپەڕی ساڵێکی زۆر تایبەت بوو. ساڵی دەستپێکی شۆڕشێکی شکۆمەند کە ژماردنی پێچەوانەی بۆ ڕووخانی کۆماری ئیسلامی دەستپێکرد. شۆڕشێک کە سەرەڕای سەرکوتی توند و زیاتر لە ٥٠٠ کوژراو و هەزاران زیندانی هێشتا بەردەوامە. تەنانەت گۆڕینی ساڵی نوێش لەگەڵ دەنگدانەوەی دروشمی “مەرگ بۆ خامنەیی” لە زۆرێک لە شارەکان و هەڵپەڕکێی کچانی بێ حجاب و شادی و ئاهەنگی خەڵک لە شەقامەکاندا بوو. لە سەرەتای ساڵی نوێدا دەمانەوێت چاوێک بە ڕەوەندی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی و ئاسۆکەیدا بخشێنین.
حەمید تەقوایی، یەکەم پرسیارم سەبارەت بە تایبەتمەندییەکانی نەورۆزی ١٤٠٢ کە زۆر بە ئاشکرا هێرشێکی بەرفراوان بوو دژی حکومەت. ئایا دەکرێت ئاهەنگی ئەمساڵی نەورۆز وەک هێمایەک بۆ هەموو گۆڕانکارییەکانی ساڵی ڕابردوو سەیر بکرێت؟
حەمید تەقوایی: بە بڕوای من ڕێک ئەو هێرش و ئاهەنگگێڕان و خۆشی ناڕەزایەتی و سەرهەڵدانی کۆمەڵگە بەرامبەر بە حکومەت جارێکی دیکە لە شەوی سەری ساڵدا، لە ڕاستیدا تایبەتمەندی ئەو ئاڵوگۆڕە بوو کە لە شەش مانگی کۆتایی نیوەی دووەمی ساڵی ڕابردوودا شاهیدی بووین: کۆمەڵگە بە شێوازی جۆراو جۆر لەئاستێکی فراوانتردا هەمووبوونی کۆماری ئیسلامی خستە ژێر پرسیارەوە، بە دەنگی بەرز و بە ڕوونی ڕایگەیاند کە ئەو ئەم حکومەتەی ناوێت، تەحەمولی ناکات و قبوڵی ناکات، و دەبێت شەڕو بەڵای خۆیان بە سەر سەری خەڵکەوە کەم بکەنەوە. ئەوەی لە نەورۆز ڕوویدا لە ڕاستیدا دەرئەنجامی ئەم شەش مانگە خەباتە بوو.
بێگومان دەکرێ بگوترێ کە لە تەواوی سەردەمی کۆماری ئیسلامیدا ڕێوڕەسمی نەورۆز جۆرێک بوە لە بەرەنگار بوونەوەی حکوومەت. کۆماری ئیسلامی حکومەتی ماتەمینی و پرسەیە و دژی ڕۆحی نەورۆز و شادی و زیندووییە. بۆیە هەمیشە لە شەوی سەری ساڵ و لە چوارشەممە سوری و سیانزە بەدەر وهەڵپەڕکێ و دڵخۆشی خەڵک هەمیشە چقڵێک بووە لە چاوی حکومەتدا بووە. بەڵام ئەمساڵ لەهەناوی شۆڕشی ئێستادا نەورۆز ڕووبەڕووبوونەوەیەکی تایبەت و ئاشکرا بوو لەگەڵ حکومەت. خەڵک بە ئاستێکی بەرفراواندا بە دروشمی بمرێ خامنەیی و بە شادی و هەڵپەڕکێ بەبێ حیجاب لە شەقامەکانی زۆرێک لە شارەکاندا پێشوازییان لە نەورۆز کرد و گورزێکی دیکەیان لە کۆماری ئیسلامی دا. بەڕای من ئاهەنگی ناڕەزایەتی چوارشەممەی سور و جێگۆڕکێی ساڵی ئەمساڵ هێمای ئەو پێشهاتانە بوو کە لە نیوەی دووەمی ساڵی ڕابردوودا ڕوویاندا. ئەو ئاڵوگۆڕانەی کە هەموو دونیا بە شۆڕشی ژن ژیان ئازادی ناوی دەبەن.
حەسەن ساڵحی: ڕوونکردنەوە و هەڵسەنگاندنی گشتیتان بۆ شۆڕشی ئێستا چییە؟ دروشمی سەرەکی ژن ژیان ئازادی گوزارشتە لە چییە؟
حەمید تەقوایی: بە بڕوای من ئەم دروشمە گوزارشت لە قوڵایی ئینسانی و ئازادیخوازانەی ئەم شۆڕشە دەکات. ئەم سێ وشەیە لە بنەڕەتدا و لە نزیکەوە پەیوەندییان بەیەکەوە هەیە. کاتێک خەڵک دروشمی ژن ژیان ئازادی دەڵێنەوە بەجۆرێک ژیان، ڕێز و کەرامەت، ژیان، واتە ئەو بژێوی و شکۆیەی کە کۆمەڵگا، بەتایبەتی کرێکاران و خانەنشینان و مامۆستایان، هەمیشە ویستوویانە، دەبەستنەوە بە ئازادی ژنەوە. هەروەها ئازادیی هەموو کۆمەڵگە بە پلە و پێگەی ژنەوە دەبەستنەوە و ئەم پەیوەندییە بابەتییەت و واقیعێکە بە تایبەت لە کۆمەڵگای ئێراندا. دەکرێ بگوترێ کە لە هەموو جیهاندا ئەمە وایە، بەڵام بە تایبەتی لە ئێراندا زۆر ڕوونە کە کۆماری ئیسلامی پێشێلکردنی مافەکانی ژنان و تاوانەکانی دژ بە ژنان وەک شمشێر و چەکێک لە دژی هەموو کۆمەڵگا بەکار دەهێنێت. حیجاب و هەڵاواردنی سێکسی سبوڵ وهێمای حیجاب سەپاندنی زەبروزەنگە بەسەر کۆمەڵگەدا. دروشمی ژن ژیان ئازادی ، دەربڕینێکی تری ئەو ڕاستییەیە کە ئازادی کۆمەڵگا پەیوەستە بە ئازادی ژنەوە. ئێمەی کۆمۆنیستەکان هەمیشە ڕامانگەیاندووە کە هیچ کۆمەڵگایەک بەبێ ئازادی ژن ئازاد نییە. بە تایبەت لە کۆمەڵگەی ئێراندا، ئەمە سەدان جار زیاتر لە هەموو کۆمەڵگایەکی دیکە ڕاست دەبێت.
لە لایەکی ترەوە وشەی ژیان لەم دروشمەدا ئاماژەیە بۆ کەرامەت و بژێوی ژیان و ژیانێکی ئینسانی گونجاو بۆ مرۆڤی سەدەی بیست و یەک. ژیان بە ئاستێکی خۆشگوزەرانی کە هەموو مرۆڤەکان بتوانن بە ئارامی بژین و پێداویستیەکانیان دابین بکەن. خەمی نان چیتر ژیان بەم شێوەیە ناگوشرێت و ژیانی هەمووان لە سەرووی “هێڵی خۆشگوزەرانی”ەوە دەبێت و چەند جارێک لە ژێر هێڵی هەژاریدا نابێت. ژیان بەم مانایە بەشێکە لە دروشمی سەرەکی شۆڕش، و بەتەواوی پەیوەستە بە کەرامەتی مرۆڤ و ئازادیی هەموو کۆمەڵگا و بەتایبەت ئازادی و مافی ژنانەوە.
بۆ ئەم شانازییە پێویستە بگوترێ کە سێ وشەی ” ژن ژیان ئازادی ” پەیوەندییەکی ڕاستەقینە و ڕەگ و ڕیشەیان لەگەڵ یەکتردا هەیە و تەواوی دروشمی “ژیانی ئازادی ژن” کە بووەتە ئاڵا و هێمای شۆڕش، بە هەموو لایەک، بە هەمووخەڵکی جیهان ڕادەگەیەنێت، کە شۆڕش لەسەر سەرچاوەی خواستە ئینسانی و ئازادیخوازانەکان دامەزراوە،. وە بە بڕوای من نهێنی ئەو هێمای ڕێز و پشتیوانییە جیهانییەی کە شۆڕش بۆ خۆی ڕاکێشاوە، سروشتی قووڵی ئینسانی و گشتگیری ئەم دروشمەیە.
حەسەن ساڵحی: سەرەڕای وەسفەکانی ئێوە بۆ ئەم دروشمە، بەڵام هەندێک کەس پێیان وایە ئەم دروشمە بە شێوەیەکی پێویست گوزارشت لە جیاوازیی ئەو هێزە جۆراوجۆرانە ناکات کە بەشدارن لە شۆڕشدا. زۆر کەس لە چەپ و ڕاستەوە دروشمی ژن ژیان ئازادی دەڵێنەوە و هەندێک کەسیش لە ڕوانگەی ئەم تایبەتمەندییە سەرتاسەرییەوە باسی شۆڕشی نەتەوەیی دەکەن. وەڵامی ئێوە بۆ ئەم تەیفە لە هەڵسوڕاوان چییە؟
حەمید تەقوایی: لە فەرهەنگی سیاسی ئێراندا، نەتەوەیی بە مانای سەرتاسەری نییە. ناسیۆنالیزم میللەت و میللەتیلەجێگای خەڵک داناوە، بەڵام جەماوەری خەڵک وێنەیەکی جیاوازیان هەیە لەسەرتاسەری بوونی شۆڕشەکەیان. ئەگەر شۆڕشی ئێستا گۆڕانکارییەکی نەتەوەیی بووایە، بە ڕوونی ئەمەی ڕاگەیاند. ئەم شۆڕشی ژن ژیان ئازادییە و شۆڕشێکی نەتەوەیی ـ نیشتمانی نییە وەک ئەوەی شاخوازەکان بانگەشەی بۆ دەکەن. شاخوازەکان چاویان لە ڕابردووە و لەو کارەساتانەی کۆماری ئیسلامی هێناویەتییە ئاراوە، دەگەنە ئەو ئەنجامەی کە دەبێ بگەڕێنەوە بۆ ٥٠ ساڵ لەمەوبەر.
ئەم هێزانە بە مانای ڕاست و ڕەوانی وشەکە کۆنەپەرستن، چونکە دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ ڕابردوو. لە کاتێکدا ئەم شۆڕشە، بە ئاڵای نەوەی هەشتاکانەوە، هەمووی لەسەر داهاتووە. ئایندەیەک کە تەنانەت شارستانیترین وڵاتانی ئەمڕۆش تێدەپەڕێنێت. شۆڕشی ئێستا دەیەوێت ئازادی و ئینسانیەت و ژیان لە ڕەهەندی نوێدا پێناسە بکات و بخاتە بەرچاو بەدیبهێنێت. نە شۆڕشێکی نیشتمانییە، نە شۆڕشێکی ئیسلامییە، نە شۆڕشی سەربەخۆیی، نە شۆڕشی پیشەسازییە، نە شۆڕشێکە دژی ئیمپریالیزم، نە شۆڕشێکی دژە دەرەکییە. ئەمە یەکەم شۆڕشی ژنانە لە مێژوودا و شۆڕشێکە بە ئاڵای ژن ژیان ئازادیەوە. شۆڕشێکە کە حکومەتی کۆماری ئیسلامی لە ڕوانگەیەکی سەلبییەوەوە ناوێت و دژی ئەو سیستەمەیە کە بۆ پاراستنی خۆی پێویستی بە حکومەتێکی ئینسانخۆری لەو شێوەیە هەیە. واتە ئەو سیستەمەی کە بەرژەوەندی ئایەتوڵڵا ملیاردێرەکان و کەمینە ئیمتیازدارە سەرمایەدارەکان دەپارێزێت، کە لە چوار دەیەی ڕابردوودا خوێنی خەڵکی ڕژاندووە لە ژێر ئاڵای ئیسلام و پێش ئەوەش لە ژێر ناوی پاشایەتی و ئایکۆنی”خودا، پاشا نیشتمان”؛ لەگەڵ شتە پیرۆزەکانی وەک خاک پەرستی، ڕابردوو پەرستی ، خورافاتە ئیسلامییەکان، باوباپیران و هاوشێوەکانی.
سەیرکەن هەمووان بانگەشەی ئازادی دەکەن، هەمووان بانگەشەی بەرگریکردن لە دروشمی ژن ژیان ئازادی دەکەن، بەڵام شتێکی تریش بەوەوە دەبەستنەوە. وە ئەوە کێشەکەیە. کاتێک ئازادی ئینسان بە ڕێگەی فەرمانێکی پیرۆز و ئایدیاڵێکی تر پێناسە دەکەیت، لە ڕاستیدا ئامانجەکەت هەمان شتە. کەسێک کە بانگەشەی ئەوە دەکات کە بەرگریکردن لە نیشتمان واتە بەرگریکردن لە ئازادی، لە ڕاستیدا دەیەوێت بە ناوی ئازادییەوە جەخت لەسەر نیشتمان بکاتەوە و ئێمەش دەزانین بە ناوی بەرگریکردن لە نیشتمانەوە چ شەڕێک نەکراوە. بۆ پاراستنی نیشتمان، پێویستە مرۆڤ گیانی خۆی بکاتە قوربانی، دەبێت مرۆڤ بکوژرێت یان بکوژرێت، شەڕی جیهانی لە دەوری بەرگری لە نیشتماندا کراوە، هەموو حکومەتە ستەمکار و ملهوڕ و دیکتاتۆریە سەربازی و ناسەربازیەکان، لە سوڵتان و پاشاکانەوە تا سەرکۆماری بەدرێژایی تەمەنەکان، هەمیشە بەناوی نیشتمان و میللەتەوە، سەری ئازادییان بڕیوە، ئۆپۆزسیۆنیان بە ناوی ئاسایشی نەتەوەییەوە سەرکوت کردووە، لەژێر ئاڵای بەرگریکردن لە خاک و سنوور و ژینگە، شەڕی ناوچەیی و جیهانییان دەستپێکردووە. هەر لە هیتلەر و پینۆشەوە تا ئەردۆغان و سیسی و هەموو دیکتاتۆرێکی تر هەموویان نیشتمانپەروەر بوون.
لە کۆماری ئیسلامی ئێرانیشدا ئیسلامی دەسەڵاتدار هەمان ڕۆڵی هەیە. قوربانیدان لە ڕێگای خودا و بکوژن و بکوژرێن چونکە ئیسلام لە مەترسیدایە. یەکێکیان دەڵێت نیشتمان لە مەترسیدایە، یەکێکی تریش دەڵێت ئیسلام لە مەترسیدایە! ئێمە دەڵێین مرۆڤایەتی خۆی لە مەترسیدایە. وە بۆ ڕزگارکردنی مرۆڤایەتی دەبێت خەبات بۆ خودی مرۆڤایەتی بکەیت. مەسەلەکە بەقەد ئەم سادەیە. پێویست بە ئاڵایەکی تر ناکات کە لە ڕێگەیەوە بە ڕواڵەت بتوانیت بگەیتە خەڵک، یان لە ڕاستیدا بەسەر خەڵکدا زاڵ بیت. ژن ژیان ئازادی زۆر بە ڕوونی دەڵێت شۆڕش لەسەر چییە. باسی ڕزگاری ژنە، باس لە کەرامەت و بژێوی ئینسانییەدەکات، هەروەها باسی ئازادیی هەموو کۆمەڵگە و ئادی بێ کۆت ومەرجی بیروڕا و دەربڕین و ڕێکخستن و مانگرتن و حیزبایەتی و هتد و هتد. ڕێنێسانسی دژە ئایینی، دژە دەسەرکوتگەری، دژە پیاوسالاری، دژە دەسەڵاتی سەروخەڵکی لە ڕیشەی ئەم دروشمەدایە. دژایەتیکردنی ئەو ئاڵایانە کە هەمیشە نوێنەرایەتی بەرژەوەندیی لەسەد یەکەکان ، بەرژەوەندی چینی دەسەڵاتداریان کردووە، کرۆکی ئەم شۆڕشەیە. وە ڕوونە کە شۆڕشێکی لەو شێوەیە بە قووڵی یەکگرتووکەرە.
ئێوە دەپرسن بۆچی دروشمی ژن ژیان ئازادی جیاوازیەکان ناڵێت؟ بەڕای من لەوە ڕونتر ناکرێت جیاوازی نێوان ٩٩٪ کان ولە ١٪ لەوە دەرببڕیت. باسەکە لەسەر جیاکردنەوەی نیشتمانپەرست و غەیرە نیشتمانپەرست یان موسڵمان و ناموسڵمان، یان ئێرانی و بیانی نییە. بابەتەکە جیاکردنەوەی کەسێک نییە کە دەستوریی دەوێت و کەسێک کە دەسەڵاتی پاشایەتی ڕەهای دەوێت، یان کەسێک کە ئازادی بە پەرلەمان و دیموکراسیەوە گرێ بدات. شۆڕش خەرێکە دەڵێ ژن ژیان ئازادی و نەک “ژن ژیان نیشتمان” یان “ژن ژیان دیموکراسیی”. هەوڵیاندا تیشک بخەنە سەر “پیاو نیشتمان ئاسایش” بەڵام سەرکەوتوو نەبوو. کۆمەڵگا وەڵامی ئەرێنی بۆ ئەم جۆرە هەوڵانە ناداتەوە.
بەپێویستی دەزانم دروشمی ژن ژیان ئازادی بەبێ هیچ زیادکردن و وابەستەیەک ڕوون بکرێتەوە و ماناکەی ڕوون بکرێتەوە و ئاڵاکەی بەرز بکرێتەوە. ئەگەر دەتەوێت جاڕنامە بدەیت، ئەگەر دەتەوێت پلاتفۆرم و مانیفێستێک بۆ شۆڕش بنووسیت، تکایە لە هەمان چوارچێوەی ژن ژیان ئازادیدا قسەکانتان بکەن.
زیاتر لە سەد ساڵە کۆمەڵگای ئێران لە ژێر دروشمی “خودا پاشا نیشتمانی” لەخۆی پێچاوە. شۆڕشی ژن ژیان ئازادی بە واتای شکاندنی ئەم ئاڵای دیکتاتۆریەت و کۆنەپەرستیە و گۆڕینی بە ئاڵای جیهانی “ژن ژیان ئازادی “. تەوەر و ئایکۆنی کۆمەڵگەی ئازاد سبەینێ ژن ژیان ئازادییە و بە دڵنیایی نەک هیچی تر.
حەسەن ساڵحی: پرۆسەی شۆڕش تا ئێستا چۆن دەبینن؟ بەڕای ئێوە دەستکەوت و پێشکەوتنەکانی شۆڕش چین؟
حەمید تەقوایی: بە بڕوای من شۆڕش تا ئێستا دەستکەوت و پێشکەوتنی تەواو بەرجەستەی بەدەستهێناوە. من تەنیا مەبەستم لە دوایین پێشهاتەکانی ساڵی ڕابردووە کە دەتوانێ ڕەمزی تەواوی پڕۆسەی شۆڕش بێت.
با لە ٢٧ی بەهمەنەوە دەست پێبکەین، کە دوای ماوەیەک لە دابەزینی ڕێژەیی لە ناڕەزایەتی شەقامەکاندا، بە بانگەوازی نزیک بە ٥٠ ڕێکخراوی خوێندکاری، لاوانی گەڕەک، خوێندکار، پزیشک، ڕێکخراوەکانی ئازادی ژنان و هتد، کۆمەڵگا لە ئاستێکی بە ڕێژەیەک فراواندا هاتە گۆڕەپانەکە و دوای ئەوەی ئەو بۆنانەمان لە ١٦ی ئەسفەند و ١٧ی ئەسفەند، ڕۆژی جیهانی ژنان ئەنجامدا. ناڕەزایەتی شەقامەکان لە ١٦ی ئەسفەند بە بانگەوازی ئەنجومەنی هەماهەنگی سەندیکاکانی پەروەردەکاران وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە هێرشی کیمیاوی بۆسەر قوتابخانەکان لەلایەن حکومەتەوە دروستکرا، هەروەها لە ١٧ی ەسفەند یان ٨ی مارس بۆ یادی ڕۆژی جیهانی ژنان بە بانگەوازی زیاتر لە ٥٠ ڕێکخراو کە باسم کرد. دواین جوڵانەوەی ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژی چوارشەممە سوری و سێشەممەی پێشووتر بانگەوازی ئەو ڕێکخراوانە بوو. هەموو ساڵێک لە چوارشەممەی سوردا، کۆمەڵگە بە جۆرێک لە جۆرەکان ناڕەزایەتی دەربڕیوە، بەڵام ئەمساڵ بە بانگەوازی تۆڕی ٥٠ ڕێکخراو، خەڵک لە ڕۆژێک پێش ئێستاوە چوون بۆ پێشوازیکردن لەم مەراسیمە و وەک ئاماژەم پێدا، بە زۆرتر و ئاشکراتر لە هەموو ساڵێک تەحەدای حکومەتیان کرد.
ئەم دوایین ئاڵوگۆڕانەی ساڵی ڕابردوو ئەوەمان بۆ دەردەخات کە شەقامەکە نەک تەنها بانگەوازکەرێکی هەیە بەڵکو ڕێبەر و ڕێکخەرانێکی خاوەن متمانەی هەیە. ئەم پێشهاتانە کە باسم کرد بێ ئامادەکاری و ڕێکخستنی پێشوەختە ڕووی نەدا. وا نەبوو ڕێکخراوەکان بە سادەیی پەیوەندی بکەن و خەڵک هاتنە سەر شەقامەکان. گروپێک لە هەڵسوڕاوان لەسەر ئاستی سەرتاسەری بانگەواز و ڕێکخستنیان کرد. وە ئەم ڕێکخراوە نەک هەر لەم ڕۆژانەی ناڕەزایەتییەکاندا بەتەواوەتی شیاوی بینینە، بەڵکو لە مانگەکانی یەکەمی شۆڕشەوە دروست بووە و بەردەوام بووە، کە لە ئەنجامدا لەسەر دیوار نوسین و دڕاندنی لافیتە و تابلۆکانی حکومەت و سووتاندنی وێنەی خامنەیی و خامنەیی. وپەیکەری قاسم سولەیمانی دەتوانن لە دروشمی شەوانەدا، لە خۆپیشاندانی گەڕەکەکاندا و هتد دەتوانرێت ببینرێت. ئەم ئامادەکاری و ڕێکخستنەو ڕێکخراوکردنە هەرچەنێک شۆڕش بەرەوپێشەوە چوو وبەرچاوتر و فراوانتر بوو لەگەڵ پێشکەوتنی شۆڕش. ئەمڕۆ بە جورئەتەوە دەتوانین باس لە تۆڕێکی سەرتاسەری ڕێکخستنی خۆپیشاندان و جۆرەها شێوەی ناڕەزایەتی مەیدانیەوە بکەین.
ئەگەر ئەو بەڵگەنامە نهێنییەتان خوێندبێتەوە کە لەم دواییانەدا سەبارەت بە کۆبوونەوەی سەرکردەکانی سوپای پاسداران و خامنەیی ئاشکرا بووە، بۆتان دەردەکەوێت کە ئەوان بە ڕوونی ئاماژە بە “زیاتر لە چوار سەد گروپی چەکدار، پێنج سەد تۆڕی زانیاری ناوخۆیی بۆ هەماهەنگی کۆبوونەوە و پانزە هەزار گروپی گەڕەک” دەکەن “. ئەمە دانپێدانانی حکومەتە بە دەسەڵاتی شۆڕش. ئەمە ئەو سەرمایەیەکی خەباتکارانەیەکە شۆڕش لە ڕەوتی بەرەوپێش چونەکانی خۆیدا پاشەکەوتی کردووە.
لە لایەنێکی ترەوە هەنگاوی گەورەمان بۆ پێشەوە ناوە. لە ڕووی وردبینی و ڕوونکردنەوەی ڕوونتر و هەمەلایەنەتری ئامانج و داخوازییەکانی شۆڕش. دیارە مەبەستم لەو جاڕنامەیە کە لە ٢٥ی بەهمەن بە واژۆی ٢٠ ڕێکخراوی خاوەن پێشینەی سەلمێنراو بڵاوکرایەوە. ئەمەش دەستکەوتێکی گرنگی شۆڕشە. ماوەیەکی کەم دوای ئەمە و لە ١٦ی ئەسفەند و ڕۆژێک پێش ڕۆژی جیهانی ژنان، جاڕنامەی داخوازی پێشکەوتنخوازانەی ژنان لە لایەن چالاکانی دیاری بزووتنەوەی ئازادیی ژنان لە ئێران بڵاو کرایەوە. کە جۆرێک بوو لە ڕوونکردنەوە و فراوانکردنی بڕگەکانی پەیوەست بە ئازادی ژنان لەجاڕنامەی ٢٠ ڕێکخراودا.
ئەمە ئاڵایەکە کە لە ڕاستیدا زۆر بە ڕوونی و هەمەلایەنە تەوەر و ئامانج و داواکارییەکانی شۆڕش دەردەبڕێت. ئێمە لەم بەڵگەنامانەدا خواستی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا دەبینین و بەم مانایەش ئاڵای یەکڕیزی و پێکەوەگرێدانی خەڵک. تۆڕی ڕێبەری کردەییە کە باسم کرد، کە ئەمڕۆ زیاتر لە ٥٥ ڕێکخراو لەخۆدەگرێت، پەیڕەوی لە هێڵ و ئاراستەی جاڕنامەی ٢٠ ڕێکخراو دەکات. لە ڕاستیدا هەڵسوڕاوانی شۆڕش لە لایەک قۆڵی خۆیان بۆ ڕێکخستن لە ئاستی مەیدانیدا کۆکردۆتەوە و لە لایەکی دیکەوە بە ڕاگەیاندنێکی ڕوون ڕاشکاو و ئاشکرای ئامانجەکانی مانیفێستی شۆڕشیان بڵاوکردۆتەوە. ئەمانە بە دەستکەوتی گرنگی شۆڕشی ژن ژیان ئازادیدا دەزانم.
حەسەن ساڵحی: خەڵک ساڵی نوێیان بە ساڵی گواستنەوە لە کۆماری ئیسلامی ناوبرد. ئاسۆی شۆڕش لە ساڵی تازەدا چۆن دەبینن؟ بەڕای ئێوە مەرجەکانی سەرکەوتنی شۆڕش چین؟
حەمید تەقوایی: پێم وایە ئەم ناولێنانە زۆر گونجاوە. ئەمساڵ دەتوانێ و دەبێ ساڵی ڕووخانی کۆماری ئیسلامی بێت و تەنانەت ڕەنگە ئەمە زۆرپێش لە کۆتایی ساڵ ڕووبدات.
ئەمڕۆ ئەوەی لە خەیاڵدا نییە، بەردەوامبوونی ئەم حکومەتەیە. کەسێک لێی پرسیم ئایا دەکرێت لە ساڵی نوێدا سەرکەوتنی شۆڕش لە خەیاڵدا بێت؟ وتم پرسیاری ڕاستەقینەی وێنەکە ئەمەیە. ئایا دەکرێت خەیاڵ بکرێت کە کۆماری ئیسلامی لە پێنج شەش مانگی تردا هەر لە کاردا بێت؟ زۆر سەختە بیخەیتە بەرچاوت. هەمان بەڵگەنامەی نهێنی بەرپرسانی سپای پاسداران و خامنەیی کە باسم کرد، نیشانی دەدات کە چۆن هێزە ئەمنییەکان و هەموو خۆسپاردوەکانی ڕێژیم کە بۆ ئەو جۆرە ڕۆژانە قەڵەو و قەڵەویان کردبوو، چۆن بەرەو دابەزین دەڕوات. فەرماندەکانیان بە ئاشکرا دەڵێن کە ڕووخانی نزیکەی لەسەدا ٦٨ی هێزەکانی سوپای پاسداران و بەسیج دەستیپێکردووە. دەڵێن تەنانەت خوێندکارەکانیش ناڕەزایەتی دەردەبڕن و سەرپێچی دەکەن و جلوبەرگەکانیان لە مزگەوتەکاندا بەجێدەهێڵن. زۆرێک دەڵێن چارەسەر نییە و هیچ ناکرێ. حکومەت خۆی دان بەوەدا دەنێت کە ڕیزەکانی هەڵوەشاوە.
ئێوە لە ڕیزەکانی حکومەتدا ئەم دۆخە دەبینن، لە دیوەکەی تریشدا بەردەوامیی و فراوانبوونی خەباتی خەڵک بە شێوازی جۆراوجۆر دەبینن. کاردانەوەی کۆمەڵگا چی بوو بەرامبەر بە هێرشی کیمیاوی حکومەت بۆ سەر قوتابخانەکان؟ بۆ ماوەی چەند مانگێک کۆماری ئیسلامی بە کیمیاوی هێرشی کردە سەر قوتابخانەکان و زیاتر لە ٥٠٠ قوتابی ژەهراوی کرد و لە نەخۆشخانە خەواندنی و لانیکەم سێ خوێندکاری کوشت، بە مەبەستی ترساندنی خەڵک و بە تایبەتی لێدانی کچان، کە بە لابردنی حیجاب و کێشانی وێنەی خامنەیی و… خومەینی لە پۆلەکاندا لە هێڵی پێشەوەی شۆڕشدا بوون، پیشانیان بدەن، وایان لێبکەن لە ماڵەوە بمێننەوە و هتد. بەڵام کۆمەڵگا چۆن وەڵامی دایەوە؟ لەگەڵ سەمای کچانی ئێکبەتان! و فراوانبوونی لە زۆرێک لە شارەکاندا، لەوانەش لە قوم، لەبەردەم ناوەندە ئایدۆلۆژییەکانی حکومەتدا. وە لە مەراسیمی سەری ساڵ بە یادی شیراز و لە شارەکانی کوردستان و چەندین شاری تر. سەمای کچانی ئێکباتان هەڵمەتێکی بەرفراوانی دەستپێکرد کە تەنانەت ئەمڕۆ گەیشتووەتە ڕەهەندە جیهانییەکان. کچان لە هەموو شوێنێک بە یەک گۆرانی و هەمان جۆری سەما هاتوونەتە سەر شەقام. ئەمانە هەمان ئەو خوێندکارانەن کە لە ژێر کیمیاباراندان.
ئەمە وەڵامی کۆمەڵگایە بۆ نیشاندانی دەسەڵات لەلایەن حکومەتەوە. حکومەت، بەشێوەیەکی ئاژاوەگێڕانە و ئاژاوەگێڕانە، بە دژایەتی و دژایەتی و دژایەتی یەک لە دوای یەک، تاکتیکی تاوانکاری و بوختانکاری وەک ژەهراویکردنی منداڵان دەگرێتەبەر، و لەبەرانبەردا خەڵک بە یەکڕیزی و تەبایی پەلاماری دەدات و لە دەمیان دەدات.
ئەمە نیشاندەری چیە؟ ئەوە نیشان ئەوەیە کە جێگای باوەڕ نیە کە ئەم حکومەتە تا کۆتایی ئەمساڵ هێشتا لەسەر کاردا بێت. ئەوەی بە دڵنیاییەوە دەتوانرێت بگوترێ ئەوەیە کە شۆڕشی ئێمە سەردەکەوێت.
دەپرسیت،کەمەرجەکانی ئەم سەرکەوتنە چین؟ پێویستە چ هەنگاوێک بنرێت؟ ئاماژەم بە خاڵە بەهێزەکانی شۆڕش کرد، بەڵام خاڵە لاوازەکانیش بناسرێن و چارەسەربکەین. بەڕای من دوو شتی گرنگ هەن کە پێویستە ڕوو بدەن: یەکەم: ئەو دانیشتووانەی کە دێنە سەر شەقام دەتوانن زۆر گەورەتر بن. ئەگەر قەرەباڵغی خۆپیشاندانەکان کە لە بنەڕەتدا چەند هەزار کەسە، بگۆڕێت بۆ خۆپیشاندانی چەند دەیان یان سەدان هەزار کەس، دڵنیابە کە کۆماری ئیسلامی تەنانەت یەک هەفتەش ناخایەنێت. ئەگەر سەد هەزار کەس لە تاران و لە هەندێک شاری گەورەی دیکە بێنە سەر شەقامەکان، حکومەت بەچۆکدا دەهێنن.
خاڵێکی تر هێزی مانگرتنەکەیە. مانگرتنی سەرتاسەری و مانگرتنی کرێکاران و چین و توێژە جیاوازەکانی کرێکارانی کۆمەڵگا.
پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە میکانیزمی مانگرتنی کرێکاری جیاوازە لە خۆپیشاندانی سەر شەقامەکان. کرێکاران ناتوانن بە دروشمی مەرگ لە دژی خامنەیی مان بگرن. دەکرێ مانگرتنێک لە دەوری داخوازی تایبەت پێک بێت کە جەماوەری کرێکاران لەگەڵ خۆیان بهێنن و ڕێگەیان پێبدات بەردەوام بن لە کارکردن. جێبەجێکردنی زۆرێک لە داواکارییەکانی کرێکاران پەیوەستە بە ڕووخاندنی حکومەت و ئەمەش ئەو بەستەرەیە کە مانگرتنە بە ڕواڵەت پیشەییەکانی کرێکاران بە بزووتنەوەی ڕووخاندن و شۆڕشی ئێستاوە دەبەستێتەوە. لەگەڵ گۆڕانی هاوسەنگی هێز و پێشکەوتنی زیاتری شۆڕش، مانگرتنەکان فۆرمێکی سیاسی و دژە حکومەتی وەردەگرن.
ئەمڕۆ چڕبوونەوەی گوشارەکانی ژیان لەسەر خەڵک، بەرزبوونەوەی نرخ و ڕێژەی هەڵاوسان کە چەند هێندەی ڕێژەی حەقدەستی زیادەیە کە تازە بەڵێنیان داوە و نازانرێت کەی جێبەجێ دەکرێت، زەمینەیەکی لەباریان ڕەخساندووە بۆ پێکهێنانی مانگرتن. کرێکاران لە ئێستاوە دەستیان کردووە بە ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە زیادکردنی کەمی حەقدەست لە ساڵی نوێدا و داواکارییەک لە بزووتنەوەی کرێکاریدا دەسوڕێتەوە. کرێکاران و هەروەها مامۆستایان و خانەنشینان دەیانەوێت ناڕەزایەتی دەرببڕن بەرامبەر بەو دۆخە خراپە ئابوورییە. ئەم بزووتنەوەیە دەتوانێت سەرەتای مانگرتنی بەربڵاو بێت.
بەم دوو شێوازە، واتە دەستپێکردنی گەورەترین خۆپیشاندانی مومکین لەسەر ئاستی چەند دەیان هەزار کەسی لە شارە گەورەکاندا، هەروەها دەستپێکردن و فراوانکردنی مانگرتنی سەرتاسەری، دەتوانین گورزی کۆتایی لە حکومەت بدەین. حکومەت هیچ وەڵامێکی نییە بۆ داواکارییە ڕەواکانی خەڵک و ناچارە تەسلیم بێت و بکەوێتە سەر ئەژنۆ. هیوادارم لە ساڵی نوێدا ئەم هەنگاوانە بنێین. نابێ گومان لەوەدا هەبێت کە بە پشتبەستن بە تۆڕی ڕێنماییکردنی خەباتی شەقام و بە پشتبەستن بەو جارنامانەی کە لە لایەن ڕێکخراوەکان و هەڵسوڕاوانی شۆڕشەوە بڵاوکراونەتەوە و قبوڵکردن و پشتیوانی بەربڵاوی خەڵک و هێزی شۆڕشگێڕی زیاتر و زیاتر لەو بەڵگەنامانە، ئەمساڵ دەتوانێت ساڵی سەرکەوتنی شۆڕشی ژن ژیان.ئازادی بێت
٢٣ی مارس ٢٠٢٣، ٣ی فرووەردین ١٤٠٢




ئاڵای کوردستان و پرسیارێک.. فازیل شـــەوڕۆ

ئەنجومەنی نیشتیمانی کوردستانی عێراق، لە ١١/١١/١٩٩٩ یاسای ژمارە ١٤ی ئاڵای کوردستانی پەسندکرد. وەزاڕەتی ڕۆشنبیری بوو بە بەرپرسی ڕاستەوخۆی جێبەجێکردنی یاساکە و و چاودێریکردنی ئاڵای کوردستان.
ماددەی یەکەمی یاسایەکە تەرخان کراوە بۆ شێوەی ئاڵایەکە. لە خاڵی (٣) ئەم مادەییە، کە تایبەتە بە خۆرەکەی سەر ئاڵایەکە، دەڵێ)):خۆرێکی زەرد دەکەوێتە ناوەڕاستی لاکێشە سپییەکەوە و چەقەکەی خاڵی یەکتر بڕینی تیرەی لاکێشە سپیەکە دەبێت و تیرەی خۆرەکە ئەوەندەی پانایی لاکێشە سپیەکە دەبێت و (21) تیشکی لێوە دەردەچێت بە شێوەی سێگۆشەی دوولا یەکسان و بنکەکانی یەک لەسەر بیست و یەک لە چێوەی گۆی خۆرەکە دەبێت و درێژیشیان بگاتە نیوەی هەردوو لاکێشە سوور و سەوزەکە. خۆرە زەردەکە هێمای بەردەوام بوونی ژیان و زانست و هیوا و ئومێدە و (21) تیشکەکەیش هێمای جەژنی نەورۆزی نەتەوایەتییە، ڕۆژی بەرخودان و ڕاپەڕین و شۆڕش و ڕزگاریی دژ بە زوڵم و زۆر و چەوساندنەوە… .))
قسەم لەسەر (٢١) تیشکەکەی خۆرەکەیە، کە هیمایی (جەژنی نەورۆزی نەتەوایەتییە… .)
راستە (٢١)ی ئادار ڕێککەوتی یەکەم ڕۆژی مانگی نەورۆزە، کە دەکاتە سەری ساڵی نوێی کوردی. بەڵام ئەو (٢١)ی ئادار، نە بەشێکە لە مانگی نەورۆز، نە زادەی نەورۆزە، بەڵکوو ڕۆژێکی دیاریکراوەی ساڵنامەی زایینییە. بە واتایەکی دیکە، ڕۆژی جەژنی نەورۆز، ڕێککەوتی یەکەم ڕۆژی مانگی نەورۆزە، کەواتە دەبێ خۆرەکە هەر (١) تیشکی هەبێ. خۆ (٢١)یی ئادار ناکاتە (٢١)ی نەورۆز تا (٢١) تیشکی هەبێ.
ئایە گونجاوتر و لۆژێکیتر نییە کە ژمارەی تیشکەکانی ئەم خۆرەی سەر ئاڵا، (٣١) تیشک بێ، یەکسانە بە (٣١) ڕۆژەکەی مانگی نەورۆز، نەک (٢١) تیشکی مانگی ئادار کە دوور و نزیک هیچ پەیوەندییەکی بە کورد و کوردستان و ساڵنامەی ئێمەوە نییە؟ بێگومان ناکرێ خۆرەکە یەک تیشکی هەبێ (١ی نەورۆز)، بەڵام (٣١) تیشک، بۆ (٣١) ڕۆژەکەی مانگی نەورۆز شیاو و پەسندە.




بیرەوەریيەکانی فەقێیەکی گومڕا(54).. شەماڵ بارەوانی

ئەوەی نوێژی نەکرد، تەنها سێ ڕۆژ مۆڵەتی پێ دەدرێت!

لەو بەشەیشدا هەر باسی ئەو دوو هێزه فێندەمێنتاڵیستە(ئیسلامی سیاسی+سەلەفییەتی دینی)دەکەین و لەسەر چەمکی(تۆتالیتارییەت) دەوەستین.

بێگومان تا مەلای گەورە و شێخ مەحەمەدی خاڵ و مامۆستا عەلائەدین سەجادی و مەلا عەبدولکەریم مودەڕیس و نالی و پیرەمێرد و مەحوی، شێوازی ئایینداری تاكی كورد بوون و ئەوان تەفسیری ئایینیان بۆ كورد دەكرد، باوکان و مەلاکان كوڕ و كچەكانیان شیوعی و سفور و بێ لەچک نەتەوەیی و عیلمانی و هونەرمەند و تابلۆكێش بوون و هیچ یەكێك لەو مەلا ڕووناكبیر و شاعیر و نووسەر و كەڵەپیاوانە، كچ و كوڕەكانی خۆیان تەكفیر نەكرد و پێناسەی بێ ئەخلاقییان بۆ نەبڕینەوە و نەیانگوت نەورۆز جەژنی ئاگرپەرستییە و ئاگركردنەوە حەرامە و پەیكەر و تابلۆ و مۆسیقا و مۆدێل تابۆ و گوناحن و چیرۆكی عیشقی دەروێش عەبدی كفر و دژی ئایینە.

ئەوان كوردایەتی و مرۆڤایەتی و شیعر و ئەدەب و فەلسەفە و جوانییان لێ دەچۆڕا و شيعر و هۆزانیان بۆ سروشت و نەورۆز و دڵداری و ژیان دەهۆنییەوە.

ئەفسوس فێندەمێنتالیستەکان هاتن و هەموو شتێكیان هێنایەوە سەرخاڵی هیچ و ڕیسەكەیان كردەوە بە خوری و كۆمەڵی كوردیان بەرەو داخران و تاكی كوردیان بەرە و دووڵەتبوون برد و ئەوەندەی سیاسەتی بە عەرەبكردنی ناو و كولتوور و زمان و بوون و فەرهەنگی كوردیمان پەیڕەو دەكەن و خەریكی بڵاوكردنەوەی ڕق و دەمارگیری ئایینین و كار بۆ ئەجێندا و پڕۆژەی نەیاری نەتەوەكەمان دەكەن، سەدا یەك كار لەسەر لایەنە ڕۆحی و ئیمانییەكەی ئایین ناكەن!

هاوڕێیەکم گوتی: لەساڵی ١٩٧٧، مۆڵەتی کتێبخانەی (هودا)مان وەرگرت بە ناوی( مەلا ئەحمەد)ەوە٫ کتێبخانەکەمان بە کتێبخانەی ئاینی ناسراوبوو و ناوی دەرکردبوو.

هەرچەندە کتێبخانەکەمان هەموو جۆرە پەرتووک و بابەتێکی تێدا دەفرۆشرا. ڕۆژنامەکانی ئەو کاتەی حکومەتی عێراقمان بۆ دەهات و ئێمە وەکیلی (دار الوطنية للطباعة و النشر) بووین.

گوتی ڕۆژێک، حیزبی شیوعی کە هێشتا نەچووبوونە شاخ و بارەگاکەیان لە کانێسکان بوو، هاتن بۆ کتێبخانەکەمان گوتیان: ڕۆژنامەی (بیری نوێ)ی حیزبی شیوعی دێنین بۆ فرۆشتن؟ باوکم(مەلا ئەحمەد) گوتی بیهێنن زۆر ئاساییە.

گوتی هێنایان و ئێمەیش وەک ڕۆژنامەکانی تر دەمانفرۆشت.

گوتی دواتر لای خەڵکێک، گلەیی زۆر لە باوکم کرا بەوەی کە چۆن ڕۆژنامەی حیزبی شیوعی لە کتێبخانەکەمان دەفرۆشین !

گوتی باوکم پێی دەگوتن: ئەو ڕۆژنامەیەش وەک ڕۆژنامەکانی تری عێراق، با لە کتێبخانەکەمان هەبێت، چونکە کڕیارەکانمان لە هەموو بیروباوەڕێکن و با ئێمەش هەموو بابەتێکمان هەبێت.)٭

مەلای بەرێ ئاوا باوەڕیان بە پێکەوە ژیان و بۆچوون و ئایدیای جیاواز و یەکترقبوڵکردن هەبوو.

ئەفسوس، خەریكە ئەو كرانەوەو و پێكەوە ژیانە جوان و پلورالیەتە ئایینیەی كوردستان ئێستا دەكەوێتە ژێر هەڕەشە و مەترسیەوە.

بۆ ئەوەش سەیری سۆشیال میدیای كوردی بكەن. بەر لەوەی هێزە فێندەمێنتالیستەکان پێ بخەنە ناو کوردستانەوە، وەکو ئاماژەمان پێ کرد، مینبەری مزگەوتەكان و گوتاری مەلا و پیاوانی ئایینی پڕ بوون لە تەساموح و تولەرانس و جوانی و هاندان بۆ كاری چاكەخوازی و ڕەوشتی بەرز و میهرەبانی و مرۆڤدۆستی.

پیاوانی ئایینی و مەلای لە نموونەی ناڵی و مەحوی و قانع و پیرەمێرد و شێخ محەمەدی خاڵ و خانی و مەلاجزیری و مەلای گەورە و مامۆستا عەلائەدین سەجادی و…تاد. لەپاڵ مەلایەتی، شاعیر و ئەدیب و نووسەر و كوردپەروەر و مرۆڤدۆست بوون و شیعر و هەڵبەستیان بۆ دڵداری و نەتەوە و نیشتیمان و سروشت و جوانی دەهۆنییەوە و مەلا عەبدولكەریم مودەڕیس كچ و كوڕەكانی هەمووی چەپ و شیوعی بوون” لەكاتێكدا زانای مودەریس لە كونجێكی ماڵە سادەكەیدا سەرقاڵی نووسینەوەی كتێبی “رێگای پێغەمبەر بوو” كاكە حەمەی كوڕیشی لە كونجێكی تری هەمان ماڵدا سەرگەرمی نووسینی كتێبی “لینینی مەزن بوو” نیوەرۆش باوكی موسوڵمان و موفتی هەموو عێڕاق و كاكە حەمەی كوڕی، ماركسی خاوەن قەڵەمی بە بڕشت و هزری فراوان بەیەكەوە لەسەر هەمان خوان بەدەم ساغكردنەوەی شیعرە ئەفسوناوییەكانی ناڵی و سالم و مەحوی بەرنامەی كاری هاوبەشی داهاتوویان لەسەر بەرهەمەكانی ئەم كەڵە شاعیرانە دادەڕشت”٭

مەلای گەورەی كۆیە، یەكەم كەس بوو كچەكەی خۆی ناردە قوتابخانەی تێكەڵاو كوڕەكەی(مامۆستا مەسعود) بیرمەندێكی سیكۆلاریست و كچەكانی هەمووی سفوور بوون و ئێستاش نەوەكەی خاتوو(ڕەوا جەلی زادە)، هونەرمەند و تابلۆ كێشە.

ئەو مەلا ڕوناكبیر و شاعیر و نووسەر و كوردپەروەر و مرۆڤدۆست و جوانی دۆستانە، شیعر و پەخشانیان بۆ نەورۆز و دڵداری دەنووسی و كەسیان نەیگوت: نەورۆز جەژنی مەجووس(مەگوس) و ئاگرپەرستییە و دڵداری بێڕەوشتی و بەڕەڵاییە.

مامۆستا عەلائەدین سەجادی لە زانكۆی بەغدا وانەی دەگوتەوە، كە كچە خوێندەكارەكان و قوتابیەكانی هەمووی تەنورە سەر و ئەژنۆ و لاقڕووت و سینگڕووت بوون.

هەر بەڕاستی ئەوان مەلای بیركراوە و بیرمەند و مرۆڤدۆست و نەتەوەپەروەر و زانست پەروەربوون.

نەک وەكو بەعزێک واعیز و بانگخواز و مەلای ئێستا جوێندەربوون(ڕێزم بۆ باشەكان). یان وەک ئەو مەلا فێندەمێنتاڵیستانەی نەک هەر ڕەفزی مرۆڤی لائیک و سیکولار و چەپ و سەربەئایینەکانی تر دەکەن، بەڵکو لە ناوخۆشیان وەک لە دوو بەشی پێشووتر ئاماژەم بۆ کرد. ئیسلامی سیاسی، ئەم حزبە ئەوەیتری لا ڕەفزە و دەڵێت: دەری بکەن لە حوجرە و سەلەفییەک لەگەڵ سەلەفییەکی تر، لەسەر بۆچوونی جیاوازی سەلەفیانەیان، قسە بە یەکتری دەڵێن و هەڕەشەی دەمت بگرە، دەنا بە شەق دەتکەمە دەرەوە لە یەکتری دەکەن !

من وتاری دەیان کاهین و واعیز و بانگخوازی تری ئاڕاستە فێندەمێنتالیستم لایە، كە لە وتار و وەعز و ئامۆژگارییەكانیان هانی تیرۆر و توندوتیژی دەدەن و جوێن بە جودابیران دەدەن و بێڕێزی و سووكایەتی بە هەموو ئەوانە دەكەن كە وەكو ئەوان بیر ناكەنەوە و دژی پێكەوە ژیان و پلورالیەتی ئایینی و فرەیی كۆمەڵایەتی و مەدەنیەت و كۆمەڵی كراوە و ئایینەكانی تر و هەموو جیاوازییەک و ئازادی خەڵک قسە دەكەن. بۆ نموونە:

دانەیەکیان، بە كۆلێژی هونەرە جوانەكان دەڵێت: كۆلێژی هونەرە قەبیحەكان.

یەکێتریان دەڵێت: زانكۆ بە مەنبەع و شوێنی فسق و فجور و بەڕەڵایی و فەسادی دادەنێت.

بانگخوازێكیتر دەڵێت: ئێزدییەكان شەیتان پەرست و گڵاو و پیسن و خۆیان ناشۆن و تا ئێوارە كاریان پێ بكە و كرێكەشیان پێ مەدە و ئێوارە كە گوتی كوا كرێكەم؟ بڵێ ئەی بە نەعلەت بیت شەیتان، بیرم چوو!.. ئەوە وەكو سوكایەتییەک وایان پێ بڵێن.

کاهینێکیتر دەڵێت: لە ئایینی زەردەشتیدا هاوسەرگیری كەسەنزیكەكان ڕێگەپێدراوە و زەردەشتییەكان لەگەڵ دایک و كچ و خوشكی خۆیان سێكس دەكەن و ئاگر دەپەرستن.

یەکێکیتریان، هێرش دەكاتە سەر خانمانی سفور و بەڕووتوقوت وەسفیان دەكات و دژی شایی ڕەشبەڵەک دەدوێت و ئاهەنگی نەورۆز بە بێ ئەخڵاقی و جەژنی نەورۆزیش بە ئاگرپەرستی پێناسە دەكات.

واعیزێكی تر دەڵێت: ئەوەی نوێژی نەكرد، سێ ڕۆژ مۆڵەتی پێ دەدرێت و پێی دەگوترێت كوڕە نوێژ بكە، كوڕە نوێژ بكە، كوڕە لەگەڵ تۆمە نوێژ بكە، گەر هەر نەیكرد، دەبێت لە ملی بدرێت و سەری لە لاشەی جیابكرێتەوە.

یەكێكیتریان دەڵێت: سەلام و چاكوچۆنیكردن و چاكەكردن و جەژنە پیرۆزكردنی ئێزدی و مەسیحییەكان جائیز نییە.

دانەیەكیتریان دەڵێت: ئەو پیاوەی ڕیشی بتاشێت وەكو كچ وایە، (هەڵبەت من مرۆڤبوونم لا پێوەرە، لێرە مەبەستم مەغزای قسەی ئەو پیاوە ئایینیە سەلەفیگەرایەیە، كە چەندە سووک و نزم سەرنجی ژن دەدات).

وەک ئاماژەم پێ دا، لە دەرەنجامی زاڵێتی و بەربڵاوی ئەو جۆرە گوتارە چەق بەستوو و نا تۆلێرانس و پڕی لە ڕق و دەمارگیرییەی ئەو واعیز و مەلا و بانگخوازە فێندەمێتاڵیستانە، ئەوا ئێستا خەریكە باجەكەی دەدەین و زوو نەیەینەوە هۆش خۆمان و فریا نەكەوین لەپێناو نیشتیمان و مرۆڤایەتی و پێكەوەژیان ئەوا بەدڵنیاییەوە ئەو پلورالیەتە ئایینی و كۆمەڵەلایەتی و پێكەوەژیان و كرانەوە جوانەی كوردستان كە سەدان ساڵە لەكۆمەڵی كوردیدا هەیە، لەناو دەچێت.

سەیركەن بەرهەمی عەقڵییەتی ئەو هێزه کۆنخواز و فێندەمێنتاڵیستانە لە سۆشیال میدیا چی بە كورد كردووە و چۆن جڤاتی كوردییان تووشی ماڵوێرانی كردووە و لە سایەی حەشاماتێک لە كەناڵی جۆربەجۆر و پیاوانی ئایینی و بانگخواز و کاهینەکانیان، نەوەیەک درووست بووە هەرچی لەگەڵ زەوق و سەلیقە و میزاجی نەگونجێتن و لەگەڵ ئایدۆلۆجیاكەی یەك نەگرێتەوە، سەرودڵی پێ دەگیرێت و پێیدا هەڵدەشاخێت و شاڵاوی جوێن و هێرشی سوكایەتی بۆ دەبات، لە گۆڤەند، هونەر، شیعر، مۆسیقا، پەیكەر، تابلۆ، فاشیۆن، ئایین و بۆچوونی جیاواز …تاد.

تاكێك دروست بووە، كە خاوەنی نەفەسێكی زۆر كورت و ئایدیایەكی زۆر مەترسیناكە.

تاكێكی تاکڕەهەند و دووڕوو. تاكێک بە سەروسیما ئیمۆ، لە فیكر و ناخدا داعش و توندڕەو.

تاكێك بە جەستە و ستایل و فۆرم مۆدێڕن، بە بیركردنەوە و بە عەقڵییەت دواكەوتوو و كلاسیك. تاكێك، لە ڕوو بە موسیقا دەڵێ حەڕامە و لەژێرەوەیش لەگەڵ گرتە ڤیدۆی پۆڕن، خوی نهێنی ئەنجام دەدات. تاكێكی خۆسەپێن و تووڕە و هەڵچوو و خۆتێهەڵقورتێن. تاكێكی جیقڵدان تەنگ و بێ تەحەموڵ و ڕاڕا و ناجێگیر. تاكێك ڕقی لە هەر شتێكە كە پێچەوانەی ئایدیۆلۆژیاكەی ئەو بێت.

تاكێك بەرگەی بیستنی دوو دێڕە نووسینی دادە ئەحلام مەنسور و خاتوو مەهاباد قەرەداغی ناگرێت. بە تێكستە شیعرێكی شێركۆ بێكەس هێڵنج دەیگرێت. تابلۆیەكی ئیرۆتیكی فەرهاد پیرباڵ تووڕەی دەكات. لاقی ڕووتی مێینە زەوقی هەڵدەستێنیت. قژی بێ لەچكی ژن جەوی دەگرێت. جوێن بە فاشیۆن و مەیک ئەپ ئارتێست دەدات.

مۆسیقا میزاجی تێك دەدات. تاكێك تابڵۆی ئیرۆتیكی لا یەكسانە بە پۆڕن و شیعری ڕۆمانتیك بە بەڕەڵایی.

لە ڕوانگەی ئەو تاكە تێڕوانین شێواو و ئەقڵ بە بەستەڵەك بووە، پەیكەر بت و مۆسیقا میزی کەرێیە. مەیك ئەپ ئارتێست و كچە مۆدێلەكان سۆزانین. ژنە هونەرمەندەكان دەڵە سەگن. نەورۆز جەژنی مەگوس و ئاگرپەرستییە. ئێزدییەكان گڵاو و پیسن. زەردەشتییەكان داكی خۆیان لەخۆیان مارە دەبڕن، كاكەییەكان شەوەڕەشیان هەیە، شیوعی و بێ دینەكان قێزەونن، پیرۆزکردنی جەژنی کرێسمس لە مەسیحیەکان کفرە.

ئەوە ئەو نەمەت و شێوازە بیركردنەوە ناساخڵەم و تێڕوانینە هەڵەو تۆتالیتار و فاشیست و دەمارگیر و نامرۆڤانەیە، کە لەناوەڕاستی نەوەتەكانەوە لە كوردستان سەری هەڵدا و دەستی پێ كرد و بەردەوام و بە بەرنامە و پیلان بۆ لێدان لە هەناسەی پێكەوەژیان و كوشتنی گیانی لێبوردەیی، كاری لەسەردەكرێت.

تاكو تاكی كوردی پێ گۆش و لغاو بكەن و وای لێ بكەن دوو بست ئەولاتری لووتی تێڕوانین و جیهانبینیە نابیناكەی خۆی نەبینێت و بە جیاوازییەكان قەڵس و توڕەبێت و سەرودڵی بگیرێت.

———–

٭نامەیەکی (کامەرانی مەلا ئەحمەد) تایبەت بۆ بیرەوەرییەکانی فەقێیەکی گومڕای نارد، سوپاسی دەکەم.

٭ئەو نووسینەی ناو جووت کەوانەبچووکەکەم لە وتارێکی بەڕێز(د.ئارام ڕەفعەت)وەرگرتووە.