هاشم ساڵح پیاوێکی خۆرهەڵاتی و فیکرێکی خۆرئاواپەرستی.. ئەردەڵان عەبدوڵڵا

یەکێک لەو بیرمەند و رووناکبیرانەی عەرەب کە بە نووسینەکانی سەرسام بووم، نووسەرو بیرمەندی سوری هاشم ساڵح بوو، بەشێکی زۆری وتار و کتێبەکانیم خوێندۆتەوە، تەنانەت پێش چەند ساڵێک کۆمەڵێک وتاریم وەرگێڕاو لە کتێبێکدا بە ناونیشانی “کۆمەڵی مەدەنی” چاپم کرد. راستە من پێشتر دەمزانی کە هاشـم ساڵح زۆر هۆگری شارستانی خۆرئاواییە و بە چاوێکی رەخنەگرانەشەوە سەیری دونیای خۆرهەڵات دەکات و بەتایبەتی کۆمەڵگەی عەرەبی دەکات، بە قەولی فارسەکان کەسێکی ” غەربزادە” یە.
بەڵام لە پاش خوێندنەوەی دوایین کتێبی بەناونیشانی ” لە دیمەشقەوە بۆ پاریس” کە نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد کردوویەتی بەکوردیی و دەزگای جەمال عیرفان چاپی کردووە. کاتێک هەندێک بیروبۆچوونیم خوێندەوە، تووشی نیگەرانی کردم بەتایبەتی کاتێک هەستم بەو خۆبەکەمزانینەی کرد بەرامبەر خۆرئاوا.
ئەم کتێبە بریتییە لە کۆمەڵێک وتار کە تێیدا نووسەر وەکو بیرەوەری نووسیویەتی لەپەنا ئەوەشدا بەڕوونی بیروبۆچوونی خۆی لە بارەی شارستانی خۆرهەڵات و خۆرئاوا دەرخستووە. لە هەندێک شوێندا هەست بە بێزاریی و تووڕەیی ئەم نووسەرە دەکەیت لە وڵاتەکەی بەتایبەتی و خۆرهەڵات بەگشتی، لەبەرامبەریشدا زۆر بەسەرسامیی و باشییەوە باسی شارستانی خۆرئاوایی دەکات. لەهەمووشی سەیرتر بەلای منەوە، ئەو کەبتە سێکسییە زۆرەیە کە لە نووسەردا دەردەکەوێت، ئەمەش مایەی سەرنج و تێڕامانی زۆرم بوو.

خۆرئاواپەرست
ئەڵمانییەکان وشەیەکیان هەیە ” Westorientierung ڤێستئۆرەینتیرونگ” ئەوانەی کە ئاڕاستەی خۆرئاواییان هەیە، وشەی orientierung زیاتر بۆ ئاڕاستەی شوێن بەکاردێت، West مانای خۆرئاوا دەگەیەنێت. بەڵام هەردوو وشەکە پێکەوە لەرووی فیکرییەوە مەبەستێکی تری هەیە، بۆ ئەو کەسانە بەکاردێت کە بە هەموو شتێکی خۆرئاوا سەرسامن و بەسەرچاوەی شارستانی مرۆڤایەتی دادەنێن. من وشەی ” خۆرئاواپەرست” دادەنێم، پێموایە ئەم وشەیە زیاتر دەگونجێت، چونکە وەکو چۆن خوداپەرست و نەتەوەپەرستمان هەیە، خۆرئاواپەرستیش هەیە، چونکە تۆ هەموو شتێكی باش و جوانت لە خۆرئاوا بینییەوە، ئەوا دەچێتە قاڵبی پەرستنەوە، هاشم ساڵحیش دەچێتە قاڵبی خۆرئاواپەرستەکانەوە.

خۆرهەڵاتی خراپ و خۆرئاوای باش
ئەوەی هەستم پێکرد نووسەر رقی لە هەموو شتێکی خۆرهەڵات دەبێتەوە، تەنانەت رقیشی لە بنەماڵەکەی دەبێت، لەبەرامبەریشدا زۆر شەیدا و هۆگر و سەرسامی خۆرئاوایە. لای ئەو خۆرهەڵات مانای بیری توندڕەویی، دواکەوتوویی، ستەمکاریی، لەبەرامبەریشدا خۆرئاوا مانای ئازادیی” بەتایبەتی ئازادی سێکسی” خۆشگوزەرانی، پێشكەوتن، لێبوردەیی و کۆمەڵی مەدەنی دەگەیەنێت.
نووسەر دەڵێت:
ماوەی نێوان دیمەشق و پاریس بە فرۆکە، چوار سەعاتە، بەڵام بە حیسابی زەمەن و پەرەسەندنی مێژوویی، چوار سەدەیە!ل9

لەوانەبێت ئەو قسەیە راست بێت کە ئەمڕۆ خۆرئاوا لە زۆر بواردا پێشكەوتنی بەدەستهێناوە بەتایبەتی لە رووی ” پیشەشازیی،ئابووریی، تەکنۆلۆژیا” هەروەها لە رووی مافە مەدەنیی و سیاسییەکانیشدا، پێشكەوتنی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە، لەهەمانکاتیشدا خۆرهەڵات هێشتا بەدەست کۆمەڵێک کێشەی گەورەوە دەناڵێنێت و بەو شێوەیەی خۆرئاوا نییە. بەڵام خاڵی گرنگ لێرەدا ئەوەیە، ئایا ئەمە مانای ئەوەیە کە دەبێت ئێمە کە خەڵکی خۆرهەڵاتین، خۆمان لێ بێبەری بکەین و رقمان لێی بێتەوە؟ لەهەمانکاتیشدا هەموو شتێکی خۆرئاوا بە جوان و باش ببینین، خۆرهەڵاتیش بەسەرچاوەی هەموو ناشیرینی و خراپەیەک دابنێین؟ ئەی باشە هەر خۆرئاوا نییە کە سەرچاوەی فیکری فاشیزم و پۆپۆلیزم و دیکتاتۆریی و میلیتاریزم وکۆڵۆنیالیزمە ؟ هۆکاری سەرەکی دوو جەنگی گەورەی ماڵوێرانی جیهانی بووە، کە ملیۆنان کەسی تێدا کوژراوەو بریندارو ئاوارە بووە. هەرچی شێوازی دڕندانە بووە لە دژی نەتەوەو گەلانی کیشوەری ئەمریکا و ئەفریقا و ئاسیا بەکاریانهێناوە. دەبێت لایەنە ناشیرینەکانیشیان باس بکەین و رەخنەشیان لێبگرین، لەهەمانکاتیشدا ئاساییە کە ستایشی لایەنە جوانەکانیان بکەین، بەڵام نەک هەموو خۆرئاوا بە جوان و خۆرهەڵاتیش بە ناشیرین دابنێیت، ئەمە ناچێتە هەڵوێست و تێڕوانینی کەسێکی رۆشنبیر و ئەکادیمییەوە.

راکردن لە منداڵیی و خۆرهەڵات
پاش دوورکەوتنەوەم لە نیشتمان بۆ ماوەی چل ساڵ، ئەوەم بە بیردا نایەت تەنانەت بۆ پێنچ خولەکیش بگەڕێمەوە،،ل13

نووسەر لەم کتێبەیدا لە چەندین شوێندا باس لە ژیانی ناخۆشی منداڵی خۆی دەکات، بەتایبەتی ئەو ئازارانەی کە بەدەست باوەژنەکەی و باوکییەوە جەشتوویەتی. ئەمەش کاریگەری ئێجگار خراپی بەسەر کەسایەتی و فیکری نووسەرەوە بەجێهێشتووە. دیارە نووسەریش وەکو هەموو تاکێکی تری کۆمەڵگە، دەوروبەر کاری تێدەکات بەتایبەتی خێزان، قۆناغی منداڵیش رۆڵی گەورەی هەیە بۆ پەروەردە و کەسایەتی تاک.

نووسەر دەڵێت:
منداڵی من، تەنانەت لە دوای پەنجا ساڵیش هێشتا ناوچەیەکی ترسناکە، بۆمبێکی کاتییە، منداڵیم تا ئێستاش مۆتەیەکی مەترسیدارە، بەردەوام لە دەستی هەڵدێم و بەردەوام بە دوامەوەیە، ئایا من ئەو کەسەم قەپ لە خۆم دەگرم؟ ل92
بەڵام ئایا دەتوانین لە مێژووی خۆمان رابکەین؟ دەتوانین لاپەڕەی مێژووی ژیانی شەخسی خۆمان لە مێشکماندا بسڕینەوە؟ پرسیاری لەویش گرنگتر ئەوەیە، ئایا راکردن رێگە چارەیە؟ یان دەبێت هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان بددەین؟

نووسەر دەڵێت:
ناه، نەخێر، هەرگیز ناگەڕێمەوە، ئامادەم سەفەر بۆ ئوسترالیا و مەریخ بکەم، چونکە هێشتا زۆر دوور نیم لە سوریاوە، دەمەوێ بچمە دوورترین شوێن، دووربکەوەمەوە لە منداڵی و لە ژینگەی یەکەم، هەموو رۆژێک حەسودی بەخۆم دەبەم کە من لە دەرەوەم و لەناوەوە نیم، هەموو رۆژێک بەخۆم دەڵێم، تۆ گەورەترین شانست هەیە لە مێژوودا،،،96
ئەمە هەمووی گوزارشت لەو رۆحی راکردنە دەکات کە لەناو ئەم رۆشنبیرەدایە، نازانم ئایا رۆشنبیر دەبێت لە کێشەکانی گەلەکەی رابکات، یان دەبێت لەگەڵیدا بژی؟ وەکو ئەوەی ” گرامشی “فەیلەسوفی ئیتالیا ناوی لێناوە ” رۆشنبیری ئۆرگانییک ” کە هەڵگری خەم و کێشەکانی گەلەکەی بێت و لەناویدا بژیت، ئەگەر بشتوانێت رابەرێتی بزووتنەوەیەکی جەماوەری بکات بۆ باشکردنی ژیانی خەڵکی.
یەکێک لە هۆکارەکانی سەرهەڵدانی داعش و ئیسلامی توندڕەو لە سوریا، دەرچوون و راکردنی بەشێکی زۆری نووسەران و رووناکبیرەکانی سوریا بوو، هەرچەندە هەموویان هەمان هەڵوێستی هاشم ساڵحیان نییە، بەڵام ئەوەی دەیبینین ئەوەیە کە بەشێکی زۆری نووسەرە ناسراو و رووناکبیرانی سوریا وڵاتەکەیان بەجێهێشت، ئەمەش وایکرد، کە مەیدانەکە بۆ فیکری فاشیستی بەعسیی و ئیسلامی توندڕەو بەجێبهێڵڕێت، لەکۆتاییشدا هەموو گەلانی سوریا باجی بڵاوبوونەوەی فیکری توندڕەیی ئایینی و نەتەوەیی بوونەوە.

وێنەی گشتگیری
هەرچەندە هاشم ساڵح خۆی دژی حوکمی توندڕەویی و تاکڕەوییە، بەڵام لەهەمانکاتیشدا زۆرجار حوکمی گشتگیریانە بەرامبەر بە هاووڵاتیانی خۆرهەڵات دەدات، حوکمی گشتگیریش زیاتر لە فاشیستییەوە نزیکە، چونکە تۆ بەیەکجار بڕیار لەسەر کۆمەڵێک کەس بددەیت جا بە باش یان بە خراپ، ئەمە هەڵوێستێکی ئەکادیمی و کامڵیش نییە. ئەوەی هەستی پێدەکەیت، نەک لەم کتێبەیدا بەڵکو لە کتێبەکانی تریشیدا نووسەر حوکمێکی گشتگیری داوە بەسەر خۆرهەڵات و خۆرئاوادا. خۆرهەڵاتی خراپ، خۆرئاوای باش.
نووسەر دەڵێت:
گرفتی رۆشنبیری عەرەبی ئەوەیە، کە رۆشنبیری رووت کردنەوە نییە، رۆشنبیری هەڵوەشاندنەوەو راشکاویی و شۆک نییە وەکو رۆشنبیری ئەوروپا، بەڵکو بریتییە لە رۆشنبیری ملکەچیی و کڕنۆش بردن، رامکردن و ماڵیکردن و وتنەوەیەکی بە بەغایی و تەسلیمبوون کۆڵدان،،ل122
ئەمەش حوکمێکی گشتگیرییە بەسەر رۆشنبیرانی عەرەب، چونکە زۆر نووسەر و رووناکبیری عەرەبمان دیوە، کە لەسەر هەڵوێستی خۆیان، رووبەڕووی زیندان و زوڵمی میرغەزەبەکانی خۆرهەڵات بوونەوە.

ئایا خۆرئاوا هەروا جوان بووە
نووسەر دەڵێت:
سوپاس لیسینک، هیگل، کانت، سوپاس بیرمەندە مەزن و گەورەکان کە چاوەڕێ دەکەین، کەسانی لەو چەشنە لای ئێمەش لە جیهانی عەرەبیدا دەربکەون تا لە تاریکییەکانی سەدەکانی ناوەڕاست ئازادمان بکەن ل 52
نووسەر لەبیری چووە نازیەتی ئەڵمانی کە دڕندەترین شێوازی حوکمرانی سیاسیی و ئایینی توندڕەو بوو، چ دۆزەخێکی بۆ گەلانی ئەوروپا نایەوە. چۆن بەناوی ئایینەوە ملیۆنان جوویان سووتاند. قسەی گرنگ لێرەدا ئەوەیە، خۆ سەدان ساڵ بوو رۆشنگەری لە ئەوروپا و ئەڵمانیا کرابوو، بەڵام ئەمەش نەبووە رێگر لە هاتنە سەرکاری دڕندەترین و توندڕەوترین رژێم کە ئەویش نازیەتی ئەڵمانی بوو.

چەپاندنی سێکسی
بە حوکمی ئەوەی کە لە خۆرهەڵات و گێتی ئیسلامیدا، ئازادی سێکسی نییە، وایکردووە کە بەشێکی زۆری خەڵکی تووشی چەپاندنی سێکسی بن، ئەمەش بەشێکی زۆری چین و توێژەکانی گرتۆتەوە. لەوانەبێت بۆ هەندێک کەس هەتا کۆتایی ژیانی لەگەڵ ئەم کەبتە سێکسییەدا بژی لە نموونەی هاشـم ساڵح.
نووسەر دەڵێت:
هەر کە پێم خستە خاکی فەرەنساوە، یەکەمین شت بۆی دەگەڕام ئافرەت و سێکش بوو،
من ماوەی چارەکە سەدەیەک، بەهۆی چەپاندنی سێکسی و ئایینی و ئامۆژگارییەوە، زەینم لە کار کەوتبوو. من کەمی رەوشت و کەمی پەروەردە نەیانکوشتوم، بەڵکو زۆری ئەخلاق و زۆری پەروەردە کوشتیانم، ل118
هەموو شتێک لە شەقامەکانی پاریسدا جوان و سەرنجراکێشە، ژنان لە هەموو لایەکەوە رێکپۆشن و جوانپۆشن، بەناو خۆبادانەوە رێدەکەن، جلی کورت لەبەردەکەن، ئەو هەموو پەیکەری ژنە رووتانە چەند جوانن لێرەولەوێ بڵاوبوونەتەوە،ل112
من زۆر بە شەقامەکانی پاریسدا گەڕاوم، راستە شەقامی جوانی تێدایە، بەڵام لەهەمانکاتیشدا هەموو شەقامەکانی جوان نین، لەهەمانکاتیشدا نابێت جوانی شەقامەکانی پاریس لە دیمەنی رووتی ژنەکانیان ببینیتەوە، جوانی لە شتی تریشدا هەیە، ئەمەش گوزارشت لەو کەبتە سێکسییە دەکات کە هاشم سالح هەیەتی.
دواتر هەموو شتێکی پاریس جوان نییە، بەشێکی زۆری گەڕەکەکانی بەدەست هەژاریی و بێکارییەوە دەناڵێنن. هەروەها لەو شەقامانەی پاریسدا زۆرجار بێگانەکان، رووبەڕووی سووکایەتی و جوداکاری دەبنەوە لەلایەن ئەو فەرەنسیانەی هەڵگری بیری فاشیستین، پاریس ئەم دیمەنە ناشیرینانەشی تێدایە.

دوا قسە
هاشـم ساڵح یەکێکە لەرووناکبیرە ناسراوەکانی سوریا و خۆرهەڵات، هەمیشە داکۆکی لە ئازادی بیرورا و دژایەتی بیری توندڕەوی ئیسلامی کردووە، هەموو ئەمانەش هەڵوێست و فیکری جوانن، بەڵام ئەوەی مایەی رەخنە و قبووڵکردن نییە، دژایەتییکردنی هەموو شتێکی خۆرهەڵات و وێناکردنی هەموو شتێکی جوان و باشی خۆرئاوایە، بەجۆرێک خۆرئاوا بە بەهەشتێک دابنێیت و خۆرهەڵاتیش بە دۆزەخ. لەوانەبێت ئاسایی بێت ئەگەر کەسێکی ئاسایی خۆرهەڵاتی وا سەیری خۆرئاوا بکات، بۆیە بەلێشاو گەنجی ئەم خۆرهەڵاتە بەرەو ئەوروپا دەچن، بەڵام ئەگەر کەسێکی نووسەر و رووناکبیر، ئەم تێڕوانینەی هەبێت، مایەی پرسیار و گلەییشە.

ئەردەڵان عەبدوڵڵا




پوختەی کتێبی ویلیام جەیمس “ئایا ژیان شایەنی ژیانە؟”.. یووسف ئیسماعیل

ویلیام جەیمس (١٨٤٢ – ١٩١٠) وەک پزیشکی پزیشکی ڕاهێنراوە، یەکێک بووە لە کەسایەتییە گرنگەکانی مێژووی فەلسەفەی ئەمریکی، هەروەها دەروونناسێکی پێشەنگ بووە. برای ڕۆماننووس هێنری جەیمس و هاوڕێی چەندین ڕۆشنبیرە لەوانە: ”ڕالف والدۆ ئیمێرسۆن، چارڵز ساندەرز پیرس، بێرتراند ڕوسیل، جۆسیا ڕۆیس، ئێرنست ماک، جۆن دیوی، مارک توین، هێنری بێرگسۆن و سیگمۆند فرۆید”. تەواوی ژیانی خوێندنی لە زانکۆی هارڤارد بەسەر بردووە. ئەمەی خوارەوە کورتەیەک لە وتارێکە کە جەیمس لە ساڵی ١٨٩٥دا بۆ زانکۆی هارڤارد YMCA کردبووی بە ناونیشانی: “ئایا ژیان شایەنی ژیانە؟” جەیمس سەرەتا بە ئاماژەدان بەوەی کە هەندێک بە گەشبینییەکی میزاجی وەڵامی ئەم پرسیارە دەدەنەوە کە نکۆڵی لە بوونی خراپە دەکات. بۆ نموونە شاعیر واڵت ویتمان و فەیلەسوف ڕۆسۆ. بۆ هەردووکیان هەناسەدان، ڕۆیشتن، یان خەوتن خودی خۆشی یان بەختەوەرییە. بە بڕوای جەیمس، کێشەی ئەم ڕێبازە ئەوەیە کە ئەم جۆرە مەزاجانە نا هەمیشەیی و ئەو کەسایەتیانەی کە ئەزموونی دەکەن، گشتگیر نین، ئەگەر ئەوان بوونایە پرسیاری ئەوەی کە ئایا ژیان شایەنی ژیانە یاخوت نا، سەرهەڵنەدەدا. بەڵکو زۆربەمان لە نێوان خۆشی و خەم، لە نێوان ئیکستازی و نائومێدیدا دەلەرزین و هەر بۆیەش بۆ زۆربەمان ئەو بیرکردنەوە کە ژیان شایەنی ژیان نییە ناوبەناو سەرهەڵدەدات. نزیکەی هەر کەسێک لە ناوەڕاستی هەندێک خۆشی و لەناکاودا ڕووبەڕووی مردن و نەخۆشی و ئازار بووبێتەوە، بۆی دەردەکەوێت کە گەشاوەیی بێ وەستانیان لەبارەی ژیانەوە بە خێرایی لەناو دەچێت.
خۆکوشتن بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە هەموو تاکەکان لە ڕووی میزاجەوە گەشبین نین و زۆرێکی تریش دوای بیرکردنەوەیەکی فەلسەفی تووشی نائومێدی دەبن. ئەگەر بیرکردنەوەیەکی لەو شێوەیە سەبارەت بە سروشتی کۆتایی شتەکان نائومێدی بەخێو بکات، چۆن ڕەنگدانەوەی دەتوانێت بەرەنگاریی ئەو تاریکییە ببێتەوە؟ جەیمس پێشبینییەک بۆ وەڵامەکەی دەخاتە ڕوو: “با یەکسەر بڵێم کە دوا بانگەوازی من بۆ هیچ شتێک نییە کە لە باوەڕێکی ئایینی چەسپاوتر بێت.” هۆکاری ئەمەش ئەوەیە کە ڕەشبینی لە ئەنجامی داواکارییەکی ئایینییەوە سەرچاوە دەگرێت کە جێبەجێ نەکراوە. سەرچاوەی سەرەکی ئەم ڕەشبینییە، تێگەیشتنی ڕەنگدانەوەی ئێمەیە لە دژایەتی نێوان ڕاستییەکانی سروشت و خواستی ئێمە بۆ ئەوەی باوەڕمان بەوە هەبێت کە شتێکی باش لە پشت ئەو ڕاستیانەوە هەیە. بۆ باوەڕپێنەکراوەکانی ڕەشبینی ڕەنگدانەوەی لەو شێوەیە سەرهەڵنادات، بەڵام بۆ کەسانی زانستیتر تەنیا دوو چارەسەری ئەگەری هەیە بۆ ئەو ناتەباییە ڕواڵەتییە: یەکەم: دەستبەرداری خوێندنەوەیەکی ئایینی یان شیعریی واقیع بن و ڕاستییە ڕووتەکانی سروشت قبوڵ بکەن. دووەم: وەرگرتنی بیروباوەڕی نوێ یان دۆزینەوەی ڕاستی نوێ بۆ ئاشتکردنەوەی خوێندنەوەیەکی ئایینی بۆ واقیع لەگەڵ ڕاستییە سەختەکانی زانست. بەڵام چ بیروباوەڕێکی ئایینی نوێ ڕەنگە ئەم ئاشتەواییە خێراتر بکات؟ جەیمس بانگەشە دەکات کە جەوهەری سەروو سروشتی ئایینی ئەو بۆچوونەیە کە نەزمی سروشتی بەشێکە لە واقیعێکی گەورەتر کە لە بەرامبەردا گرنگی بە بوونی ئاسایی ئێمە دەدات و مەتەڵەکانی جیهان ڕوون دەکاتەوە. ئەمانە ئەو جۆرە باوەڕانەن کە ڕەنگە یارمەتیدەرمان بن لە گەڕان بەدوای مانادا.
ئێستا جەیمس پێشبینییەک بۆ ئەنجامەکەی دەخاتە ڕوو: “کە ئێمە مافی ئەوەمان هەیە باوەڕمان بەوە هەبێت کە نەزمی فیزیکی تەنیا فەرمانێکی بەشەکییە؛ کە مافی ئەوەمان هەیە بە فەرمانێکی ڕۆحی نەبینراو تەواو بکەین کە لەسەر متمانە گریمانە دەکەین …” بۆ ئەوانەی کە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ڕێبازەکەی عیرفانییە یان نازانستییە، جەیمس وەڵامی دەداتەوە کە زانست و کەسانی بیری زانستی نابێت خۆبەزلزان بن.

زانست وردەکارییەکمان پێدەبەخشێت کە ڕاستەقینە چییە، بەڵام زانستەکەی بە بەراورد بە فراوانی نەزانیمان بچووکە. ئەگنۆستیکەکان دان بەو شتەدا دەنێن بەڵام نەزانییەکانیان بەکارناهێنن بۆ ئەوەی هیچ شتێکی ئەرێنی دەربارەی نەزانراوەکان بڵێن، ئامۆژگاریمان دەکەن کە ڕەزامەندیمان لەو بابەتانەدا ڕابگرین کە بەڵگەکان بێ ئەنجامن. جەیمس لە ئەبستراکتدا بۆچوونێکی لەو شێوەیە قبوڵ دەکات، بەڵام بێلایەنی بە شێوەیەکی کردەیی ناپارێزرێت. ئەگەر خۆم لە باوەڕبوون بە سەروو سروشتی بەدوور بگرم، خۆبەدوورگرتنەکەم بە مامەڵەکردن وەک ئەوەی سەروو سروشتی ڕاستەقینە نەبێت، دەرئەبڕم؛ بە مامەڵە نەکردن وەک ئەوەی ئایین ڕاست بێت، مرۆڤ بە شێوەیەکی کاریگەر مامەڵە دەکات وەک ئەوەی ڕاست نەبێت. بەڵام زانست هیچ دەسەڵاتێکی نییە ئینکاری بوونی جیهانێکی نەبینراو بکات کە ئەوەی جیهانی بینراو نایبەخشێت پێمان دەبەخشێت. زانست تەنیا دەتوانێت بڵێت ئەوەی هەیە، ناتوانێت باسی ئەوەی نییە، و ڕەچەتەی ئەگنۆستیک بە ڕێژەی ڕەزامەندی بەڵگەکان تەنیا بابەتی تام و چێژە.

سوودەکانی باوەڕبوون بە جیهانێکی ڕۆحی نەبینراو بەکردەوە و ئەگەر ئەم ئاسوودەییە لە مرۆڤەکان لاببەین، ڕەنگە بێ هیوایی خۆکوژی لە ئەنجامدا بێت. سەبارەت بەو بانگەشەیەی کە ئەم جۆرە باوەڕە تەنها خەیاڵکردنە، جەیمس بیرمان دەخاتەوە کە ئێمە چەندە کەم لە واقیع دەزانین بە بەراورد بە هەموو زانست. لە کاتێکدا ئەم جۆرە باوەڕە لەسەر ئەگەری شتێک دامەزراوە نەک واقیعی پشتڕاستکراوەی، بەڵام ژیان و کردارەکانی مرۆڤ هەمیشە بە نادڵنیاییەوە ئەنجام دەدرێن. ئەگەر تاکە ڕێگا لە شاخێک بازدان بێت، ئەوا دەبێت متمانە بە خۆت بکەیت و باز بدەیت. ئەگەر زۆر دوودڵ بیت دەرئەنجامەکەی مردنی دڵنیایە. هەرچەندە ناتوانین لە زۆر شت دڵنیا بین، بەڵام باشتر وایە باوەڕمان بە پراکتیکی هەبێت، بەو شتەی کە یارمەتیمان دەدات بژین. بۆ جەیمس پرسی ئەوەی کە ئایا ژیان شایەنی ژیانە یان نا، هاوشێوەیە.

دەتوانیت ڕوانگەیەکی ڕەشبینانە بۆ ژیان قبوڵ بکەیت و تەنانەت خۆت بکوژیت. دەتوانیت شتێک بۆ خۆت ڕاست بکەیتەوە بە باوەڕکردن. بەڵام گریمان لەبری ئەوە تۆ بەو بۆچوونە دەلکێیت کە شتێکی باش هەیە لە دەرەوەی ئەم جیهانە؟ زیاتر گریمان سوبژێکتیڤیەت خۆت بەدەست تاریکییەوە نادات، کە تۆ خۆشی لە ژیاندا دەدۆزیتەوە. ئایا ئەو کاتە ژیانت نەکردووە بە شایەنی ژیان؟ بەڵێ دەتوانین بە گەشبینی خۆمان ژیانمان شایەنی ژیان بکەین. کەواتە ئەوە باوەڕمانە بە جیهانێکی نەبینراو، لە جیهانێکی ئایینی یان ڕۆحیدا، کە باوەڕمان بە شایستەیی ئەم جیهانە زەمینەسازی دەکات.

بوێری واتە مەترسی خستنە سەر ژیانی مرۆڤ لەسەر ئەگەرێکی تەنها و دڵسۆزەکان باوەڕیان بەو ئەگەرە هەیە. یاقوب بەم ئامۆژگارییە لە کۆتاییدا دەڵێت: کەواتە ئەمانە دوا قسەی منن بۆ ئێوە: لە ژیان مەترسن. باوەڕت بەوە هەبێت کە ژیان شایەنی ژیانە، باوەڕەکەت یارمەتیدەر دەبێت بۆ دروستکردنی ڕاستییەکە. ڕەنگە ئەو ‘بەڵگەی زانستی’ کە تۆ ڕاست دەکەیت ڕوون نەبێتەوە پێش ئەوەی ڕۆژی دادوەری بگات. بەڵام شەڕڤانانی دڵسۆزی ئەم کاتژمێرە، یان ئەو بوونەوەرانەی کە ئەو کاتە و لەوێ نوێنەرایەتیان دەکەن، لەوانەیە دواتر ڕوو لە دڵ بێهێزەکان بکەن، کە لێرەدا ڕەتیدەکەنەوە بەردەوام بن، بە وشەکانی وەک ئەوانەی کە هێنری چوارەم دوای گەورەیەک سڵاوی لە کریلۆنی دواکەوتوو کرد سەرکەوتن بەدەست هاتبوو: “خۆت هەڵواسەوە، کریلۆنی ئازا! ئێمە لە ئارکێس شەڕمان کرد، تۆش لەوێ نەبوویت. پوختە ( پێویستە گەشبین بین و باوەڕمان بە جیهانێکی ڕۆحی نەبینراو هەبێت بۆ ئەوەی ژیان مانادار بێت).

سەرچاوەکان:
[1] William James, “Is Life Worth Living? in The Search For Meaning In Life, ed. Robert F. Davidson (New York: Holt, Rinehart, & Winston, 1962), 240.
[2] William James, “Is Life Worth Living? 241.
[3] William James, “Is Life Worth Living? 245.




شێوازی کار لە کورتە چیرۆکی ‘ماڵێک لە ئاو’دا.. بازیان موسلح زرار*

شێواز: بەو ڕێگا تایبەتە دەگوترێت کە کەسێکی دیاریکراو بۆ جێبەجێکردنی کارێکی دیاریکراو دەستیپێوەدەگرێت.
کاتێک کەسێک دەیەوێت کارێک ئەنجامبدات، دەبێت ڕێگایێک و شێوازێک بۆ ئەنجامدانی کارەکە بەکاربێنێت، بێگومان ئەو ڕێگا و شێوازەیش کە لە هەر کەسێکی تر جیاوازە کە بەکاریدێنێت، چونکە هەمووان خاوەن بیرکردنەوە و تێگەیشتنی جیاواز و گۆشەنیگای جیاوازیان بۆ دەوروبەر هەیە؛ جۆری بەکارهێنان و چۆنیەتیی بەکارهێنان دەبێتە شێواز. هەر کەسێک لە شتێکدا ڕێگایێکی باش بەکاربێنێت ئەوا شێوازێکی جوان بۆ خۆی دروستدەکات و سەرەنجام پێیدەڵێن: “کەسێکە شێوازێکی باش و جوانی هەیە”، بە پێچەوانەوە کە کەسێک ڕێگایێکی خراپ بەکاردێنێت ئەوا شێوازێکی ناشرین بەدەستەوەدەدات، سەرەنجام بە کەسێکی خراپ ناوزەنددەکرێت، بۆیە شێواز زۆر گرنگە کە چۆن و چ ڕێگایێک بەکاردەهێنرێت، چونکە ئەمە بۆ هەر کەسێک دەبێتە پاشخان و بە هۆیەوە دەناسرێتەوە، نووسەر بە بەکارهێنانی یەکێک لە مۆدێل/ژانرە ئەدەبییەکان و بە سوودوەرگرتن لە ڕەگەزەکانی سۆز، فیکر و ئەندێشە، ئەو بیرۆکە و شێوازەی هەیەتی تیایدا دادەڕێژێت و پێشکەشی خوێنەری دەکات. شێواز لە لێکۆڵینەوە و وەسفی دەقدا، دەستی خوێنەر دەگرێت تاکو بتوانێت کاری لەسەر بکات و بنیاتی زمانیی دەق دەستنیشانبکات، بۆیە پێویستە سەرەتا بزانین شێواز چییە ئەو کاتە لەو پەیوەندییانەی کە نووسەر هەیەتی لەگەڵ بیر، هەست، مەعریفە و تێگەیشتنەکانی… تێدەگەین.
ئاستی پێکهاتەیی: کە ئاستێکی سەرەکیی شێوازە، هەر دەقێک خاوەن پێکهاتەی تایبەت بەخۆیەتی کە بە هۆیەوە لە دەقەکانی تر جیادەکرێتەوە، بە شێوەیەک کە هەم نووسەر هەم پێویستیی بابەت وا دەکات بە جۆرێک بنووسێت کە هەم لە بابەتەکانی تر هەم لە نووسەرەکانی تر جیابکرێتەوە.
چۆنیەتیی پێکهێنانی پێکهاتەکان و چۆنیەتیی بەکارهێنان و پەیوەندیی نێوانیان وا دەکات کە دەقەکە خاوەن سیمایێکی تایبەت بێت، لە هەمان کاتدا دەلالەتێک دەبەخشێت. پێکهاتەی ئەدەبی سیستەمێکی هونەریی تەواوە، بە جۆرێک ئەگەر لێکۆڵەر بیەوێت لە دەقێک بکۆڵێتەوە پێش هەموو شتێک دەبێت بچێتە سەر ئاستی پێکهاتەییەکەی، بزانێت کە پێکهاتنی چۆنە و لە پەیوەندییە ناوەخۆییەکانی تێبگات کە بۆ چ مەبەستێک بەکارهاتوون ئەو کات دەتوانێت کاریان لە سەر بکات و ئاستەکانی تریش دەستنیشانبکات؛ هەر ئەمەیشە وا دەکات نووسەران لە یەکتری جیاواز بن ئەگەر لە یەک سەردەمیش بن. دەبینین شێوازگەری زیاتر گرنگی بە دەلالەت دەدات چونکە زیاتر دەلالەتە وا دەکات نووسینە ئەدەبییەکان لە نائەدەبییەکان جیابکرێنەوە، بێگومان ئاستی دەلالیی هەر دەقێکیش لە ڕێگەی ڕێزمانی ئەو زمانەوە دروستدەبێت و خاوەنداری بۆ خۆی دەستەبەردەکات، پێویستیی سەرەکی ڕێزمانیش بریتییە لە ئاستی پێکهاتەیی، چونکە ئاستی پێکهاتەییە بڕیاردەدات چ پێکهاتەیێک لە ناو ڕستەدا بەکاربێت و پەیوەندییەکان لەگەڵ یەکتری چۆن بن. لێرەوە ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە ئاستی پێکهاتەیی بۆ جیاکردنەوەی دەقە، نووسەر و سەردەم زۆر گرنگە، هەروەها پێویستە شارەزایی هەبێت لەسەر بابەتەکە بۆ ئەوەی بتوانرێت لە دەق بکۆڵرێتەوە، هەم لە ئاستەکەیدا هەم لە ئاستەکانی تریشدا، چونکە دواجار ئەوەی دەق پێکدەهێنێت بریتییە لە پێکهاتەیی ڕێزمانی و ئەوەیشی بۆ لێکۆڵینەوە لە ئاستەکانی تر یارمەتیدەرە بریتییە لەئاستی پێکهاتەیی.
شێوازی کار لە دەقی ‘ماڵێک لە ئاو’دا؛ نووسەر لە دەقەکەدا باسی ئەوە دەکات کە خێڵێک لە دورگەیەکدا دەژین و پێویستە ساڵانە بەشێکیان ببنە قوربانی بۆ ئەوەی ژمارەی دانیشتوانیان کەم ببێت، چونکە ساڵانە ژمارەیان زۆر دەبێت و شوێن و خواردنیان بەشی هەمووان ناکات، بۆیە قوربانیکردن لە لایاندا کارێکی پیرۆزە، سەرۆک خێڵ بڕیاردەدات کە دەبێت بەشێکیان خۆیان ئامادەبکەن بەڵام کەس ئامادەنابێت بۆیە ناچاردەبێت خۆی هەڵیانبژێرێت و لەو کارەدا کوڕە لاوێکی عاشق بە کچێک دەکەوێتە ڕیزەکە و هەڵدەبژێردرێت و دەبێت لەگەڵ ئەوانی تر ببێتە قوربانی.
ئەگەر سەرنجبدەین دەبینین نووسەر لە بەکارهێنانی کارەکاندا جۆرە جوانییەکی بەخشیوە، بە جۆرێک لە کاتی خوێندنەوەیدا بێ_ئەوەی سەرنجیشیبدەیت جۆرە هەستێكت لە لادا دروستدەبێت کە لە خوێندنەوەی بابەتەکەدا و تێگەیشتن لە ناوەڕۆکەکەی دەبینین هەموو ڕستەکان کردارکۆتا نین، بەڵکو بەشێکیانی بۆ پێش گرێیە بەندییەکە بردووە.

ئەوانەی کە ڕۆژانەن و دووبارەن: سەرۆک خێڵ بە پەلە هەر هەموو خێڵەکەی کۆکردەوە، ئێمە لەو دوورگەیەدا گیرمان خواردووە، چەند ساڵ جارێک ژمارەمان زیاد دەکات، نە خۆراک بەشمان دەکا نە ئەو خاکەی لەسەری دەژین، ئەمساڵ هەم ژمارەمان زیادی کردووە هە، خۆراکمان روو لە کەمییە، خۆم قوربانییەکان هەڵبژێرم، شەپۆڵەکان سەری خۆیان بە تاشە بەردەکنا دەشکاند… .

نووسەر لەو کارەیدا سەرنجی ئەوە دروستدەکات، مەبەستی لەو جۆرە بەکارهێنانەی کاردا ئەوەیە کە لەو کارانەی دووبارەن، ڕۆژانەن و شێوەیەکی ئاساییان هەیە بە شێوەی ئاسایی و ڕێزمانی بەکاریهێناون، بەڵام لەو کارانەی کە دەبێت لەو بڕیارەیدا ڕووبدەن، زیاتر دەستکاریی شوێنی کارەکەی کردووە و لە شوێنی خۆی کە کۆتا بەشی ڕستەیە بەکارینەهێناوە، ئەمەیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە مەبەستی ئەوەیە خوێنەر لە کاتی خوێندنەوەی دەقەکەدا زیاتر سەرنجی بچێتە سەر کارەکان و ویستوویەتی جەخت لەو کارانە بکاتەوە کە دەبێت بکرێن، ویستی نووسەر وا بووە خوێنەر بباتە ناو قوڵایی بابەتەکە کە خودی بڕیارەکەیە، چۆنیەتیی ڕێکخستنی ڕستەکانیش وای کردووە کە لە کاتی خوێندنەوەدا زیاتر سەرنجت بۆ سەر کارەکان بچێت کە دەبێت چی بکەن و چۆنی بکەن، چونکە ئەوە لەو دوورگەیەدا هەلی مانەوەیانە؛ دواجاریش ئەوەی ئەو بابەتە تەواودەکات لە ڕستەدا کارەکانن، چۆنیەتیی بەکارهێنانیان کاریگەریی بابەتەکە دەردەخات. واتە ئەگەر لە لایەنی ڕستەسازی لە بابەتەکە بڕوانین سەرنجی زیاترمان بۆ ئەنجامدانی کارەکان دەچێت، کە لە ڕستەسازیدا هەر بەشێک چووە پێش بەشێکی تر ئەوە مەبەست جەختکردنەوەیە لە بەشی پێشەوە و کاریگەریی زیاتر دروستدەکات و بە گرنگیی زیاتر بەرچاودەکەوێت، هەروەک لەم دەقەدا، بەڵام ئەگەر بەپێی هێمابۆکراوەوە سەیریبکەین سەرنجمان بۆ بەشی دوای کارەکە دەچێت، چونکە کاتێک کارەکان دەچنە دواوە بەشی کۆتایی دەردەخەن و سەرنجی خوێنەر بۆ دنیای دوای کارەکە دەبەن کە چۆنە و دەبێت چۆن بێت. ئەگەر کارەکانی دەقەکە وەربگرین دەبینین کاتێک بە کارەکان دەگەین هێمایێک دروستدەبێت کە هێمابۆکراوەکەی بەشی دوای کارەکەیە، بۆ نموونە کە نووسەر دەڵێت: “لەو دونیا دەگەنە بەردەمی خوداوەند” کاری گەیشتن دنیایێک دروستدەکات کە گەیشتن بە خوداوەند چۆنە و دەبێت چۆن بێت؟ ئەمەیش وا دەکات کە لەو دەقەدا شێواز بەپێی خوێنەر دیاریبکرێت نەک نووسەر، چونکە خوێنەر بە هۆی دنیابینی و تێڕوانینی دنیایی و ئاستی تێگەیشتنی، سەرنج لە بابەتەکە دەدات بەبێ ئەوەی کە نووسەر بناسێت، کاتێکی دەڵێین دیاریکردنی شێواز بە پێی ڕستەسازی یاخود هێمابۆکراو دواجار ئەوە خوێنەرە دیاریدەکات کە لە چ لایەنێک سەیری بابەتەکە بکات و تێڕوانینی بۆی هەبێت، لەوانەیە نووسەر هەر درکی بەوە نەکردبێت کە خوێنەر بۆ بابەتەکە هەیەتی یاخود لەوانەیە بە مەبەست تێگەیشتنی جیاوازی دروستکردبێت، خوێنەریش دەوری دەگۆڕێت، بۆ نموونە کە نووسەرەکە ناناسێت بەپێی دەقەکە بڕیاردەدات، بەڵام ئەگەر نووسەر بناسێت لەو کاتەدا زیاتر دەکەوێتە ژێر کاریگەریی فیکر و تێگەیشتنەکانی نووسەر، بەڵام دواجار ئەوەی بڕیار لەسەر شێوازی دەق دەدات خوێنەرە. هەموو ئەوانەیش بەسەریەکەوە شێواز پێکدێنن، واتە دەکرێت نووسەر شێوازێکی هەبێت و خوێنەر هەمان ئەو شێوازەی نووسەر بەکاریهێناوە بە شێوەیەکی تر بەکاریبێنێت و سەیریبکات، شێوازی خوێنەرەکانیش جیاوازدەبێت لەگەڵ یەکتریدا، شێوازی هەمان کەسیش لە سەردەمێک بۆ سەردەمێکی تر دەگۆڕێت ئەگەر هەمان دەقیش بێت.

ئەو کارانەی کە پێویستە ڕووبدەن و کاتین: ببنە قوربانی خوداوەند، هەندێکتان دەخەینە نێو بەلەم و بێ سەول دەتاندەین بەدەم ئاوەوە، خۆشبەختە ئەو کەسەی دەبێ بە قوربانی، لە پاڵ قوربانیانی پیر و پەککەوتە گەرەکە چەند کوڕو کچە لاوێک خۆ تەیار بکەن بۆ سەفەری ئەو دونیا قوربانی، لە کەنار دەریاوە فڕێمان دانە ناو گێژەلووکە و شەپۆڵەکانەوە، لەو دونیا دەگەنە بەردەمی خوداوەند، لە گوشادبوون بە دیداری خوداوەند، تاکە کەسێک کە جێما بەسەر بەردێکی لووس و خزی رۆخانەی دەریاوە کچەی عاشق بوو… .

ئامادەکردنی قوتابی: زانکۆی سۆران
بازیان موسلح زرار فاکەڵتیی ئاداب
بەشی زمان و ئەدەبی کوردی – قۆناغێ سێیەم




ئایا ژیانی دانیشتوانی بریتانیا ئێستا باشترە لە ساڵانی حەفتا و هەشتاکان؟-2.. زاهیر باهیر

2-2

هەشت: هەڵاواردن/ جیاوازی و پرسی ڕایسیزم و مامەڵەی ژنان لە لایەن کۆمپانیاکان و پۆلیسەوە:
بریتانیا بە گشتی و لەندن بە هۆی هەبوونی ئیتنیکئیەکی زۆری فرە نەتەوە کە لە زۆربەی وڵاتانەوە ڕویانکردۆتە بریتانیا، لەندەن بە شارێکی کۆسمۆپۆلێتی دادەنرێت. گەرچی خەڵکانی ڕەشپێست و کەمایەتییە نەتەوەییەکانی خۆیان توانیویانە جێگای خۆیان بکەنەوە و بەشداری بکەن لە بزنس و لە سپۆرت و لە بواری میدیا و کۆمیدی و پەروەردە و تەندروستی و بوارەکانی دیکەدا و کلتوری ئەم وڵاتە دەوڵەمەند بکەن، لەگەڵ ئەوەشدا جیاوازای و هەڵاواردنێکی زۆریان لەگەڵدا دەکرێت بە تایبەت بەرانبەر خەڵکانی ڕەشپیست و خەڵکانی ئاسێوی. جیاوازی و هەڵاواردن و بەکەمگرتنی ئەوانەی کە لە سەرەوە باسمکردن زۆربەی لایەنەکانی ژیانییانی گرتۆتەوە چ لە دەستکەوتنی کار و بەرزکردنەوەی پلەیان و چ لە دانی کرێ و موچەدا لەگەڵ خەڵکانی سپیپێست و خەڵکە ئەسڵییەکەدا جیاوازییان دەکرێت.
ئەم جوداکاری و جۆری مامەڵەیە کاردانەوەی گەورەی لەسەر ژیانی ڕەشپێستەکان و ئیتنیکییە جیاوازەکاندا هەبووە و هەیە تا ئەو ڕادەیەی کە ژمارەی بێ کاری و یاخود کاری خراپ لە ڕوی وەختی چوونە سەر کار و لە ڕوی شوێنی سەر کارەوە و نیشتەجێبوونیان لە شوێنی خراپ و خراپ مامەڵکردنیان لە لایەن خاوەنخانووەکانەوە هەروەها پۆلیسیشەوە، ئەمانەی هەموو گرتۆتەوە.
بەڵگەکان و ئامارەکان ئەوەندە زۆر و حاشا هەڵنەگرن کە تەنانەت خودی حکومەت و میدیا و پۆلیس- یش لەم دواییەدا نەیانتوانی نکوڵی لێبکەن و سەلماندیان.
مامەڵەی پۆلیس بەو ڕادەیە خراپە لەگەڵ ژنان و هاوڕەگەزخواز و ترانسەکان [ ئەوانەی کە ڕەگەزی خۆیان دەگۆڕن] و هەروەها خەڵکانی ڕەشپێست و ئیتنیکییەکان تا ڕادەی ئەوەی کە پۆلیس تاوانبار کراوە بەوەی کە دەزگایانە ڕایسستن و سێکسیستن ، واتە دامەزراوەی پۆلیس لە ڕوی دەستورییەوە ڕایسستن . تا ئەو ڕادەیەی تەنانەت هەندێك لە پەڵەمانتارەکان و پایەبەرزان داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو دەزگەیە دەکەن و دروستکردنەوەی لە شێوەیەکی دیکەدا.
ڕاپۆرتیێکی نوێ کە لە مانگی مارتدا کە ماوەی چەند مانگێکە کاری لەسەر دەکرێت لەسەر داوای خودی حکومەت، نیشانی دەدات کە زیاتر لە 1500 پۆلیس تۆمەتبارن بە توندوتیژی دژی ژنان لە ماوەی تەنها شەش مانگدا. هەر ئەم ڕاپۆرتە بەدواچونی لە هەموو لایەنەکانی کاروباری پۆلیسەوە کردوە و دەڵێت ئەو کەیسانەی داخراون لە سەدا 70 کەیسەکانی خراپی مامەڵەی پۆلیس بوون کە 136 کەیس بوون داخراون. لە سەدا 91 کەیسەکانی سکاڵاو گلەیی بوون کە 290 کەیس بوون فڕێدراون، واتە لێکۆڵینەوەیان لەسەر نەکراوە. سەبارەت بەم پێشێلکردنەی مافی خەڵك تەنها 13 پۆلیس بە هۆی نادروستی مامەڵەیانەوە، لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە بەڵام کەسیان دەرنەکراون .
ڕاپۆرتەکە ئاماری وردی تر دەدات، ڕایگەیاندووە لە سەرانسەری ئەو 40 هێزی پۆلیسەی کە زانیارییەکانیان لەبەردەستدا بوو، 428,355 کەیس دەرئەنجامێکی تۆمارکراویان هەبوو، بە واتایەکی دیکە سکاڵاکان تۆمارکراون، ڕێژەی ئەو پۆلیسانەشی کە تۆمەتبارکراون هێزی پۆلیس تەنها بە ڕێژە لە سەدا 6 لێپێچینەوەیان لەگەڵدا کراوە . لە زۆربەی حاڵەتەکاندا پۆلیس کێشەی لەگەڵ بەڵگەکاندا هەبووە، یاخود قوربانییەکان لەبەر هۆیەك لە دۆسیەکە کشاونەتەوە.
ڕۆژنامەی ئۆبزێرڤەر توانی ئەم ئامارە بە ساڵی 2018 بەراورد بکات . لە بەراوردەکەدا ئاشکرای کرد کە لە ساڵی 2018ەوە نزیکەی 80 ئەفسەری پۆلیس لە 22 هێز لە ئینگلتەرا و وێڵس ڕووبەڕووی ڕێکاری دیسپلینیی بوونەتەوە بەهۆی پەیوەندی سێکسی نەشیاو یان بەرکەوتنی سێکسی لەگەڵ قوربانییەکان و شایەتحاڵان و گومانلێکراوەکاندا. بارو دۆخەکە بەو ڕادەیە خراپە کە لە ئێستادا هەفتانە دوو تا سێ پۆلیس ڕووبەڕووی دادگایکردن دەنبەوە.
ئەوە نەبێت پۆلیس هەر مامەڵەی ژنان و دانیشتوان ئاوا نادروست بکات، بەڵکو پۆلیس هاوەڵانی خۆشیان هەر ئاوا مامەڵە کردووە. لە ڕاپۆرتێکی دیکەدا دەرکەوتووە کە نیوەی پۆلیسی ڕەشپێستی بەریتانیا بەدەست ڕووداوی مامەڵەی ناشیرین و ڕایسستییەوە لەلایەن هاوکارە پۆلیسەکانیانەوە دەناڵێنن. دەرکەوتووە کە لە سەدا 49% هەستیان بە دوورخستنەوە لە گفتوگۆ کۆمەڵایەتییەکان یان چالاکییەکان و کارەکانیانەوە کردووە بەهۆی ڕەگەز یان نەتەوەوە خراپ مامەڵە کراون. بەڵام بۆ ئەوانەی گلەیی و مامەڵە ناشیرینەکانیان ڕاپۆرت کردووە بۆ ڕێژەی بۆ لە سەدا 70 بازی داوە.
سەبارەت بە سیاسەت و مامەڵەی پۆلیس –یش دەربارەی خەڵکانی ڕەشپێست و ئیتنیکی لێرەدا هەر بە کورتی چەند ئامارێك و بەڵگەیەك دەخەمە بەرچاو.
بەگوێرەی راپۆرتێکی پشکنین و تاقیبکردن و توێژینەوەی مانگی مارتی ئەمساڵ کە 363 لاپەڕەیە پڕە لەو کارانەی کە بە وتەی تۆێژەرەوەی ڕاپۆرتەکە کە خودی پۆلیس بۆ پاراستنی ئاسایش و کەرامەتیان دانراون ، کەچی خۆیان بکەری ئەوانەن . لانی کەم لە سەدا یەك پۆلیس تاوانبارکراوە بە شکاندنی دووجاری ستاندەری پۆلیس، هەروەها گلەییەکان و سکاڵاکان 400 ڕۆژی خایاندووە بۆ لابەلاکردنەوەیان.
پۆلیس هەمیشە چاوی لەسەر گەنجانی ئاسێوی و ڕەشپێستەکانە و دەسەڵاتی ئەوەیان پێدراوە کە یاسای وەستان و پشکنین چۆنیان بوێت بیسەپێنن. لەم بارەدا پۆلیسیش درێخی نەکردوە لە مامەڵەی جوداخوازیی، کردەوەی ناشیرین و گوێنەدان بە سکاڵای کەسی وەستێنرا و یا پشکێنراو کە زۆر جار بە گرتنیان هەر لە ناو ڤانەکەدا کەسی گیراو گیانی لە دەستداوە، یاخود لە مەرکەزی پۆلیس بە بەستنەوەی و ڕاگرنتی لەسەر دەم، گیانی دەرچووە ، ئەمە جگە لەوەی کە گەلێك لە کەسانی گەنجی ڕەشپێستیان کوشتوە بە بیانوی ئەوەی چەکی پێییە دواتریش دەرکەوتووە کە بێ تاوان بووە.
وەستان و پشکنین کچانی گەنجی ڕەشپێستیشی گرتۆتەوە . بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی نوێوە کە لە لایەن کۆمیساری منداڵانەوە لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە کچانی ڕەشپێست سێ هێندە زیاتر ئەگەری ئەوەیان هەیە کە لەلایەن پۆلیسیەوە ڕابگێرین ڕوتیان بکەنەوە و بیانپشکنن. لەم بارەدا سەدەها کەیس هەیە کە لێرەدا ناکرێت باسیان بکەم .
هەر بە گوێرەی ئەو ڕاپۆرتە لە نێوان ساڵانی 2017 بۆ 2018، 110 منداڵ و گەنجانی مێینە تووشی ڕوتکردنەوە، واتە داماڵینی پۆشاك لە لایەن پۆلیسەوە بوونەتەوە کە زۆریان کچانی گەنجی رەشپێست و ئیتنیکییەکان بوون، بەپێی ئەو زانیاریانەی لە ڕێگەی داواکاری ئازادی زانیارییەوە بەدەست هاتوون و لەلایەن کۆمپانیای ئازادی لێکۆڵیەنەوە شیکراونەتەوە بە شێوەیەکی ناڕێژەیی، نزیکەی نیوەی (47%) ئەوانەی کە تووشی ئەم مامەڵە ناشیرینە بوونەتەوە ڕەشپێست بوون. لە نێوانی کچانی گەنجی تا تەمەن 19 ساڵ و سەروتر بە ڕێژەی لە سەدا 36 ڕووبەڕووی ئەو پشکنین و ڕووتبوونەوەیە بوونەتەوە .
دۆزینەوی ئەم بەڵگە و ئامارانە کە لە ڕاپۆرتێکی کۆمیساری منداڵاندا دەرکەوتووە منداڵانی ڕەشپێست 11 هێندە زیاترە لە هاوتەمەنە سپیپێستەکانیان کە لەلایەن پۆلیسەوە ڕادەگیرێن و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت .
بێ متیمانەیی خەڵکی بە حکومەت و پۆلیس و دادگا بە ڕادەیەکە کە تەنها 20%ی دەنگدەران متمانەیان بە حکومەت هەیە بۆ ئەوەی بە سەرکەوتوویی ڕووبەڕووی تاوانەکان ببێتەوە و کەمبکاتەوە، لەکاتێکدا 71% متمانەیان بە حکومەت نییە. تەنها 27% متمانەیان بە دادگا و سیستەمی دادوەری هەیە بۆ کەمکردنەوەی تاوان و تەنها 31% متمانەیان بە پۆلیس هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و کەمکردنەوەی تاوان.

نۆ : ئازادیی و دیمۆکراتی لە بریتانیادا:

گەر بە دیقەتەوە لەبەشەکانی پێشتری ئەم وتارە بڕاوانیت ڕەنگە دەرك بەوە بکەیت ئەو هەموو شتانەی کە ڕووی داوە و ڕوودەدات بناخەکەی نەبوونی ئازادیی و دیمۆکراتیەتە.
ئازادیی و دیمۆکراتییەت هەر ئەوە نیە کە لە 4 یا 5 ساڵدا جارێك بچیت زاڵمەکانی خۆت هەڵبژێریتەوە و زەرەرمەندی یەکەم و کۆتایی بیت لە کارەکەت. ئازادی و دیمۆکراتی لە سای سەروەری دەسەڵات و چینایەتی و کۆمەڵی هیرراشیدا هەر جۆرە دەسەڵاتێك بێت لە خێزانەوە تاکو دەوڵەت خەیاڵێکی خۆش و بابەتێکی تامەزرۆیە.
لەگەڵ ئەوەشی کە وتم هەندێك ئازادیی بە ڕەهایی هەیە لەوانە ئازادیی ئەوەی کەخۆت یەکەمیت و خەڵکی دیکە دووەم ، واتە خۆت گرنگیت و دەرەوەی خۆت لە پلەی دووهەمدا. ئازادیی هاندانی تاک سەبارەت بە ڕەهایی و خۆشی و باشی ئەم سسیتەمە گوایە ئەمە دوا قۆناخی بەشەرییەتە. هاندانی تاکی کۆمەڵە کە هۆگری شۆپینگ و بازارکردنی ڕۆژانە ببن، کە وەکو مادەی هۆشبەر وایە کە ئالودەی بوویت زۆر زەحمەتە لێی ڕزگارت بیت، بەمەش ببنە کۆیلەی خاوەنکار و بانقەکان و بەهۆی قەرزار بوونیانەوە. ئەم خووە بەردی بناغەیییە بۆ نەهامەتیەکانی کە بەسەر تاکدا دێت کاتێك کە دەکەوێتە بەر هێڕشی بێ رەحمانەی بەرردەوامی ڕێکلامەکان و کارایی بازاڕ و کێبڕكێ لەگەڵ هاوتەمەن و دراوسێ و خزم و کەسی خۆی کە ئەم نابێت لەوان کەمتر بێت.
وەکو لە سەرەوە وتم پرسی ئازادیی و دیمۆکراتی نە لەویوە دەستی پێکردوە و لەوێشدا کۆتایی دێت. بۆیە هەموو دامەزارەوەیەك لەم وڵاتەدا، هەموە شتێك هەموو بڕیارێك و هەموو یاسایەك جێگای هەڵوێستە و تێڕامان و پرسیارە.
من بە بەردەوامی لەسەر ئەم بابەتەم بە بەڵگە و بە ئاماریشەوە نوسیوە. بۆیە هەر لێرەدا تەنها هەندێك شت دەڵێم .
ئەم ولاتە لەسەر ئەساسی کۆڵۆنایزکردنی دەیەها وڵات و ملیۆنەها کۆیلە و زوڵم و زۆری پاشا و دام و دەزگەکەی بنیاتنراوە. ژمارەی هێنانی کۆیلە و بازرگانی کردن پێیانەوە لە نێوانی ساڵانی 1640 وە تا 1807 3.1 ملیۆن کۆیلە بووە کە دەسگیرکراون و هەندێکیا بۆ کۆڵۆنییەکانی دیکە گوازراونەتەوە کە لە مانە تەنها 2.7 ملیۆنیان ژیاون ئەوانی دیکەیان بە هۆی بارودۆخی نێو پاپۆڕ و ژینگەی نوێیان و خراپی مامەڵەی سەروەرانیان گیانیان لەدەستداوە .
ئەم وڵاتە دایکی پەڕلەمان و شۆڕشی پیشەسازی بووە. هۆکاری برسیکردن و قڕکردنی ملیۆنەها خەڵکی بووە. لەوانە لە وڵاتانی کاریبیا و ئەفریقا و دە ملیۆن لە پەنجاب و ملیۆنانی دیکەی ئیرلەندەییەکان و کوشتن و بڕینیێکی زۆر بووە . خاوەنی ئەزموونی گەورەی تاڵانی و شەڕ و دزینی سەرەوەت و سامانی نەتەوەکانی دیکە بووە. بە مشتێك خەڵكەوە بەڵام بە عەقڵێکی گەورەوە سەروەری ئەم دونیایە بوون و تایبەتمەندی خۆیان و زمان و خاکیان تا ئەم سەردەمەش هەر وایە و پاراستووە . پاش تێپەربوونی 3 چەرخ بەسەر کۆیلایەتی و بڕیاری قەدەخەکردنی لە سالی 1807 داو هەڵوەشاندنەوەی بازرگانی کۆیلایەتی لە ساڵی 1832 دا، هێشتا ئەم وڵاتە بە عەمەلی پۆزشیان بۆ وڵاتانی کۆڵۆنایزکراو نەهێناوەتەوە و ئامادە نین قەرەبووی ئەو وڵاتانە بکەنەوە گەرچی لەژێر فشارێکی گەورەی کەمپەین بە قەرەبووکردنەوە و دانی پارە بە نەوەکانی ئەو وڵاتانە کە “کاریکۆم” کە کورتەی کەمپەینی کاریبیان کۆمۆنیتییە بەم کارە هەڵساوە.
وڵاتێك ئەوە پاشخانەکەی بێت ئاسان نییە تەنانەت بە تێپەڕینی چەند چەرخێكیش پێشبینی تێپەڕکردنی تەواوی ئەوەی کە کۆن کردویەتی بیکات. لە ئێستاشدا دەزگەی سیخوڕی و هێزی پۆلیسی و عەقڵی سیاسی ڕۆڵی گەورەی لە بەڕیوەبردن و سەرکوتکردنی خەڵکان و زەوتکردنی ماف و ئازادییەکانیاندا هەیە.
لە ساڵی 1968 وە لانی کەم تاکو کۆتایی 2010 ، 139 پۆلیس وەکو سیخوڕ بە پلانی داڕێژراوی سەروی خۆیانەوە دزەیان کردۆتە ناو زیاتر لە 1000 گروپی چەپ و ژینگە و ئەنارکست و سۆشیالیست وەرکەر پارتیی و سەراپای کەمپەینە جۆراوجۆرەکانەوە. هەندێك لەمانە خۆیان ئەوەندە نزیک کردۆتەوە بونەتە برادەری نزیکی کچە گەنجەکانی ئەو گروپانە و باوکی منداڵیان و پاش ماوەیەك کە جاری واهەبوو چەند ساڵێکی خایاندووە و لەبەر چاو ونبوون. ئەمانە ئەوەندە چالاک بوون کە زۆر جار ئامادەکاری و دابینکردنی ڤان و پۆشاکی پێویست و کەرەسەی تریان کردوە بۆ چونە ناو خۆپیشاندان و پرۆتێست و یاخود کردنی چالاکیەیەك تا وای لێهاتوە ڕۆژانە متمانەی زیاتریان پەیدا کردووە .
ئەم سیخوڕانە تەنها ناوی یەکەمی خۆیان لای چالاکوانەکان ئاشکرا بووە ناوی دووانی و سیانییان گۆڕاوە کە زۆر جار ناوی منداڵانی مردوو بووە .
لە دوای ساڵی 2012 وە دەرکەوت کە چی ڕویداوە بەو هۆیەوە ئەو ژنانەی کە پەیوەندی جنسیان هەبوو لەگەڵ سیخوڕەکاندا و یا باوکی منداڵیان بوون کەمپەینێکی گەورەیان کرد بە هاوکاری هەموو چەپەکان و نقابییەکان و زۆرێك لە ئەکادیمییەکانیش دەوڵەتیان ناچار کرد کە لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە لەو بارەیەوە بکرێت. بۆ ئەمەش دادگا و لێکۆڵینەوە دەستیپێکرد بۆ قۆناخی 1968 تا 1982. دواتریش لە ڕؤژی 21/04/2021 وە دەستی پێکردەوە و بۆ لێکۆڵینەوەی ساڵانی دواتر. ئەگەرچی زۆرێك لە کەیسەکان برانەوە بەڵام چاوەڕوانی دوا بڕیار و تەواوبوونی ئەم لێکۆڵینەوەیە، دەکرێت تا ساڵی 2026 بخایەنێت.
سەبارەت بە ئازادییەکان بە بەردەوامی لە کەمبوونەوەدان. ئەمەش لۆژکانەیە کە لە کاتێکا ژیانی خەڵکی ساڵ بە ساڵ خراپتر دەبیت و سەرەنجامیش ناڕەزایی و خۆپیشاندان و جار و باریش کاری توند و تیژ دەکرێت، دەوڵەت لە بری ڕادەستبوون بە داخوازییەکانی خەڵک لەڕێگای بەکارهێنانی یاساوە بەرگری دەکات لە خۆی و لەو چین و توێژەڵانەی کە نوێنەرایەتییان دەکات و دژ بە داخوازی خەڵکی دەوەستێتەوە. بۆیە یاساکانی دژ بە ئازادیی ساڵانە بڕگەی زیاتری دەخریتە سەر و گەر بۆشاییەکی تێدا بیت پڕدەکرێنەوە ، توند تۆڵ دەکرێنەوە.
بە گوێرەی توێژینەوەیەکی نوێ بریتانییەکان لە پرسی ڕادەربڕین ڕووبەڕووی دەرگیرییەکی زۆر دەبنەوە. ئەو توێژینەوەیە بەریتانیا لە پلەی سێیەمی پێوەرەکانی جیهانی دەربڕینی ئازاددا داناوە کە زۆر نزیکە لە وڵاتانی وەکو ئیسرائیل، شیلی، جامایکا و بە شێوەیەکی بنەڕەتی هەموو دەوڵەتەکانی دیکەی ڕۆژئاوای ئەوروپا، هەموویان لە پێش بەریتانیاوە بوون لەو پێوەرەدا کە لەلایەن گروپی داکۆکیکاری Index on Censorship کۆکراوەتەوە.
لەم وڵاتەدا پۆلیس دەسەڵاتی ڕەهای هەیە لە گرتن و ڕاوەستاندنی خەڵکی و گرتن و دەستبەسەرکردنی تاکەکانی کۆمەڵ کە پێویستی بە هیچ بیانویەك نییە. دەتوانێت بە پشتی بڕگەیەکی یاسایی گردبوونەوەیەکی چوار کەسی بڵاوەپێبکات و هەر ئاواش دەتوانێت بە بڕگەیەکی دیکە بە هۆی وێنەی کەسێکی وەکو گێڤارا کە لەسەر تی شێرتەکەتە بتگرێت و سوکایەتیت پێبکات. دەتوانێت ڕێگات پێبگرێت و نەهێڵێت بگەیت بە خۆپیشاندان و ناڕازاییەکاندا و دروشم و لافتە و مێگە فۆن و قەڵەم و کاغەز هەرچیت پێبە دەستی بەسەردا بگرێت.
ئەو کەسانەی کە دەگیرێن وەکو لەم دوایەدا ڕوویان دا ڕێگایان پێنادرێت کە بەرگری لە خۆیان بکەن و سزایان دەدرێت گەر قسە بکەن و چالانجی دادوەر بکەن، لەو بارەدا دادوەر دەتوانێت سزاکەی بۆ زیاد بکات. کەسە چالاکەکانی سەر شەقام و ناو نقابەکان و ناو کۆمۆنێتییەکان ناویان لە لیستی ڕەشدا هەیە و پۆلیس زۆر جار ئەم لیستە دەفرۆشێتەوە بە کۆمپانیاکان گەر یەكێك لەمانە داوای کاری کرد نایاندرێتی. ئەم لیستە بە لیستی ڕەش بەناوبانگە.
ئازادیی مانگرتنی کرێکارانی نقابەکان زۆر زیاتر لە سەردەمی مارگرێت تاچەر تەسكتر بووەتەوە. لە سەردەمی ئەودا کە یاسای دژە نقابە دانرا کرێکاران هاوپشتی هاوەڵە کرێکارەکانی کە ماندەگرن قەدەخە کرا، پێش دەستپێکردنی مانگرتن نقابە دەبوایە 2 هەفتە پێش ئەوە خاوەنکاری ئاگەدار بکردایەتەوە تاکو خۆی بکەوێت و کرێکار لە نوسینگەی تایبەتەوە بهێنێت بۆ شکاندنی مانگرتنەکە ، خاوەنکار بۆی هەبوو کە نقابە بەرێتە داداگە و مانگرتنەکەی پێ هەڵوەشێنێتەوە ، هەروەها حکومەت مافی گرتنی سەرانی نقابە و سڕکردنی دارایی نقابە لە بانقەکاندا کردە یاسا گەر پێویستی کرد . ئەمانەو زۆری تر لە بڕگەی یاسای دژە نقابەدا هاتووە.
یاسای دژە نقابە بەردەواومە لە ئێستاشدا لائیحەیەك لەبەردەستی ئەنجومەنی پیران و پەڕلەماندایە کە ئەوەندەی دیکە گرفتی بۆ مانگرتنی کرێکاران زیادکردووە. بە گوێرەی ئەو لائیحەیە کرێکارانی ئاگر کوژانەوە، مامۆستایان و بەشی هاتووچۆو خەستەخانەکان و پەساپۆرت و سەر سنورەکان و گەلێکی تر کە دەبیت لە کاتی مانگرتنیاندا ژمارەی تەواو لە کرێکارەکان لە ڕۆژانی مانگرتن دا دابین بکەن. سەرپێچیکردنیش لەمە لێپێچیەنەوەی یاسایی لەگەڵدا دەکرێت تا ڕادەی دەرکردن. ئەمە جگە لەوەی کە ڕێژەیەكی بەرز دانراوە کە ئەگەر ڕێژەی ئەوانەی کە دەنگ بە مانگرتنەکە دەدەن لەوە کەمتر بیێت ئەوە مانگرتنەکە یاسایی نییە و نابێت بکرێت.
ئەم یاسایە ئەوەندە توندوتیژە بەرانبەر بە کرێکاران تا ئەو ڕادەیەی کۆمەڵێک لە پارێزەرانی باڵای دامەزراوەکان ڕایانگەیاندووە، یاسا نوێەکەی ڕیشی سوناک دژی سەندیکاکان، بەریتانیا دەکاتە یەکێک لە سەختترین وڵاتەکانی جیهانی دیموکراسی کە تێیدا مانبگرێت و ڕەنگە پابەندبوونەکانی پەیماننامەکان پێشێل بکات.

دە: پرسی ژینگە:

باوەڕ ناکەم کەس نکوڵی ئەوە بکات کە ئێستا ژینگە باشتر و پاکژتر و کەم گرفتتر بێت لە ساڵانی حەفتاکانی چەرخی رابوردوو. ئەو کارەساتە سروشتیانەی کە سروشتی نین بە بەردەوامی لەم وڵاتەدا دەیانبینین هەمووشی بە هۆی گۆڕینی کەش و هەواوەیە کە لەم چەند ساڵەی ڕابورددودا کاردانەوەیان زۆر بە ئاشکرا دەبینین. بوونی ئەم کارەساتانەش وایکردووە کە بزوتنەوەیەکی گەورەی ژینگە و ئیکۆلۆجی لەسەر ئاستی جیهان دروستکردووە کە بریتانیاش پشکی شێری خۆی بەرکەوتوە.
سەرەڕای گۆران لە کەش و هەوادا بە دروستکردنی کارەسات، کۆمپانیا زەبەلاحەکانیش درێغیان لە پیسکردنی ژینگە نەکردوە کەڵەکەکردنی پارەی زیاتر و زیاترکردنی پارەی پشکی پشکدەران ڕۆڵی گەورەیان هەیە لە خراپبوونی ژینگەدا. هاوکاتیش ژمارەی فڕینی فڕۆکەکان و گەورەکردنی فڕۆکەخانەکان و خستنە ناو بازاڕی ژمارەیەکی زۆر لە سەیارەوە هەروەها دەستگرنتەوەی حکومەت لە فەندی ئامرازەکانی هاتووچۆی کەرتەکانی دەوڵەت هەر هەموو ئەمانە ئەوەندەی تر ژینگەیان پیس کردووە کە ساڵانە زیاتر لە 5 هەزار منداڵ و مێردمنداڵ بە نەخۆشی ڕەبووە گیان لەدەست دەدەن بەو ڕادەیەی کە خەڵکی ناچار بووە کەمپەینی گەورە بکات دژ بە سەیارە و دانانی یاسای ژینگە و خەڵك پارێزیی.
ئەوە ڕاستییە کە زۆر کات سیاسییەکان و کاربەدەستان و گەورە بەڕێوەبەرانی کۆمپانیاکان قسە لەسەر چارەسەرکردنی ئەم بارودۆخەی کە خۆیان هێناویانە بەسەر ژینگە و خەڵکیدا دەکەن و ساڵانە لوتکەی گردبوونەوەی گەورەی نێودەوڵەتیشی بۆ دەگرن بەڵام مەگەر هەنگاوی بچوك لەو بارەوە بە کردەوە نرابێت، دەنا شتێکی ئاوا نەکراوە. من لێرەدا بۆ بەڵگەی قسەکانم لینکی وتارێکیم کە لە مانگی نۆڤەمبەری پاردا لە ژێر ناوی” کۆبوونەوەکانی لوتکەی کەش و هەوا چارەسەری گرفتی ژینگە ناکەن” نوسیوە سەبارەت بە لوتکەی گردبوونەوەی پارساڵی ” ژینگە دۆستاندا” لە دامێنی ئەم وتارەو دایدەنێمەوە . هیوادارم گەر بە دوای ڕاستیدا بۆ ئەم بەشەی وتارەکەم دەگەڕێیت بە بەڵگەوە، بیخوێنیتەوە.

ئەنجامگیریی:
دیارە ئەوەی کە من نوسیومە لە سەرەوە کورتەیەکی هەر زۆر کورتی ئەوانەیە کە لەم وڵاتەدا، بریتانیا، ڕوویان داوە و ڕوودەدەن کە من بۆ ئەمە زیاتر لە 30 وتار و ڕاپۆرت و توێژینەوەم بۆ خوێندۆتەوە و بەرپرسم لە هەموو وشە و ئامارێك کە لەم وتارەدا هاتوون.
ئەوەی کە لێرەدا نوسراون تەنها ڕووداو و بارودۆخ و کەلێن کەلەبەرەکانی نێو کۆمەڵی بریتانییە تا 31/03/2023 . وەکو زانراوە مانگی نیسان مانگی سەرەتای ساڵی دارایی نوێیە، ساڵی 2023 ، کە سەر لەنوێ باج و خەراج و زیادکردنی نرخی تەلەفون و کارەبا و غازو باجی سەر خانوو کرێی خانوو و سەرکەوتنی نرخی بیتاقەی هاتووچۆ و سەفەر و زۆری تر لە کولفەی ژیانی خەڵکی بۆ جارێکی دیکە بەرزدەبێتەوە. بە واتایەکی دیکە ژیانی دانیشتوانی بریتانیا خراپتر دەبێت نەك باشتر.
گەشەی ئابوری بریتانیا ساڵی 2022 لە دامێنی گەشەی ئابووری زۆرێك لە وڵاتانی ئەوروپا و یابان و چین و ئەمەریکا و هیندستانەوە بووە. بە گوێرەی راپۆرتی ئەم ڕۆژانەی صندوقی دراوی نێودەوڵەتیی، ئەمساڵ گەشەی ئابووری بریتانیا بە ڕێژەی لە سەدا 0.3 دەبێت. ئەم ڕێژەیەش لە دوای وڵاتانی وەکو ئەڵمانیا و فەرەنسا و سوید وڵاتانی دیکەی ئەوروپا و سکەندناڤیاوەیە .
لەو باجانەی کە لەم مانگەوە زیادکراون باجێکە کە شارەوانییەکان لەسەر خانووەکان دایدەنێن، کە پێی دەڵێن کەنسڵ تەکس. ئامارە نوێیەکان و نامەکانی شارەوانی بۆ دانیشتوانی خانووەکان نیشانی دەدەن کە تێکڕای ئەو باجە ” کەنسڵ تەکس” لە یەکی مانگی نیسانەوە بە ڕێژەی 99 پاوەند زیاد دەکات و بۆ یەکەمجارە 2 هەزار پاوەندی تێپەڕاندووە.
هەر ئاواش لەم هەفتەیەدا دەرکەوت کە نرخی کەرەسەی مارکێتەکان لە بەریتانیا بەرزترین ئاستی تۆمارکراوی دیکەی تۆمارکردووە کە 17.5% بووە و تێکڕای پارەی ساڵانەی بازاڕیی ماڵان بە ڕێژەی 837 پاوەند بەرزکردووەتەوە بۆ 5617 پاوەند.
کڕیارانی برۆد باند و تەلەفونی دەستی [مۆبایل فۆن] ڕووبەڕووی زیادبوونی نرخ لە گرێبەستکانیاندا دەبنەوە کە لە زۆر حاڵەتدا لە نێوان 14% بۆ 17% – لە پارەی گرێبەستی مانگانەیان لە مانگی نیسانەوە بەرزدەبێتەوە.
توێژینەوەیەکی Centre for Economics and Business Research ، سەنتەری توێژینەوەی ئابووری و بازرگانی، پشکنینی لە مانگی ڕابوردوودا کردووە باسی ئەو تێچوونە زیادانەی کردووە کە ڕووبەڕووی سێ ماڵی ئاسایی دەبنەوە کە داهاتی ساڵانەیان لە ئاستی جیادایە : 12,570 پاوەند، 50,270 پاوەند و 125,140 پاوەندە. ئەو ڕاپۆرتەش ئەوەی پشتڕاست کردۆتەوە کە ژیانی خەڵکی لە ئەم مانگەوە گرانتر دەبێت .
ئەمە لە کاتێکدا ئاستی موچەی ژیانکردن بۆ کرێکارانی تەمەن 23 ساڵ و سەروتر لە 10 پاوەندەوە بۆ 10.42پاوەند بەرزدەبێتەوە ئەمە لە کاتێکدا کە بە گوێرەی پشکنین و تاقیبکردنی نقابەی مەرکەزیی تێچوی ژیانی خەڵکی 67 پاوەند لە مانگێکدا زیادی کردووە، ئەمە بێ لە بەرزبوونەوەی نرخی وزە و باج و بیتاقەی هاتووچۆ و کرێی خانوو و سلفە عەقار و مەسرەفەکانی دیکە.
هەر ئاواش بە گوێرەی توێژینەوەکانی KPMG، کە کومپانیایەکی گەورەیە و خاوەن 22 ئۆفیسە لە بریتانیا و 14 هەزار کارمەند و کرێکار کاری بۆ دەکات لە تازەترین توێژینەوەدا دەڵێت نیوەی بەکاربەرانی بەریتانیا لە سەرەتای ئەمساڵەوە بژاردەی [ ئیختیاری] خەرجییەکانیان کەمکردووەتەوە، نزیکەی دوو لەسەر سێیان ئەوەیان هەڵبژاردووە کە ئەو بڕە پارەیەی کە بۆ خواردن لە دەرەوە خەرجی دەکەن کەمبکەنەوە، ئەمە لە کاتێکدا ماڵەکان لەگەڵ بەشێکی زۆری زیادبوونی تێچوی ژیان و بەرزبوونەوەی کرێ یا سلفەی عەقار و وزە دەجەنگن کە لە سەرەتای ئەم مانگەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. ڕاپرسییەکەی 3000 بەکاربەری گرتۆتەوە. هەروەها دەرکەوتووە کە لە 49%یان پلانیان کەمکردنەوەی خەرجییە لە شتە ناپێویستیەکان لە کاتێکدا کە ئەو هاوکارییەی کە حکومەت بۆ وزە دەیکرد لە سەرەتای مانگی تەموزدا کۆتایی دێت ئەمەش وایان لیدەکات کە لە 30% پاشەکەوتەکانیان بەکاردەهێنن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم گرفتە.
هەر ئەو توێژینەوەیە دەریخستووە تا ئێستا ئەمساڵ 55%ی بەکاربەران خەرجییە ناپێویستەکانیان کەمکردووەتەوە، بەتایبەتی لە خواردنی دەرەوەدا. نزیکەی یەک لەسەر سێ (34%) وتوویانە کە ئەم مانگە پاشەکەوت بەکاردەهێنن بۆ یارمەتیدانی دابینکردنی تێچووی سەرەکییان.
پاش خستنەرووی ئەو هەموو ئامار و بەڵگانە لە هەموو لایەنەکانی ژیانی دانیشتوانی بریتانیاوە کە بار و گوزەرانیان نەك هەر ساڵ بە ساڵ خراپتر دەبێت بەڵکو مانگ بە مانگ ئەمە ڕوودەدات لە سای دەوڵەتێکی پایەداری کۆنی وەکو بریتانیا و پەڕلەمانێنی چەند سەدەیەك بە تەمەن و لوتکەی ئابووری لیبراڵ و نیولیبراڵ، پرسیارەکە ئەوەیە ئایا چی تر دەتوانرێت / دەکرێت کار لەسەر باشکردن و ڕیفۆرمکردنی ئەم سیستەمە بکەین تاکو ژیانمان باشتر بیت؟
هیوادارم وەکو چۆن من بە بەڵگە و ئامارەوە کە زیاتر لە 30 وتار و ڕاپۆرت و توێژنیەوەم بۆ خوێندۆتەوە بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە و دواتریش بێ ئومێد بووم هەر ئاواش کەسانێک هەبن بە بەڵگەوە پێمان بسەلمێنن کە پێچەوانەکەی ڕاستە و کارکردن لە چاککردنی سیستەمەکەدا زەروورە و چارەسەرێکی دیکە نییە.

کۆبوونەوەکانی لوتکەی کەش و هەوا چارەسەری گرفتی ژینگە ناکەن *

zaherbaher.com
زاهیر باهیر
16/04/2023




سێبه‌ری ئایینده‌.. نه‌ژاد عزیز سورمێ

تۆ بڵێی كێ خۆی به‌ به‌رپرسیار بزانێ له‌وه‌ی وه‌چه‌كانی دادێش به‌هه‌مان پێوه‌ر و ئه‌ندازه‌ سه‌رگه‌رمی هێنانه‌دیی هه‌مان هیوا و ئومێد نابن و هه‌مان خه‌ون نابینن..؟
به‌ چ به‌ڵگه‌ و گه‌واهییه‌ك نه‌وه‌كانی ئایینده‌ ، له‌وانه‌ی ئه‌مڕۆ بێ خاوه‌ن و بێ سه‌رپه‌رشت و دوور له‌ قوتابخانه‌ و فێرگه‌ی سیسته‌مداری فه‌راهه‌م بۆ هه‌مووان نه‌ك خوێندنگه‌ی تایبه‌ت كه‌ جێی داخه‌ لای ئێمه‌ به‌ مه‌به‌ستی وه‌به‌رهێنان دامه‌زرێنراون ؛ ئه‌وانه‌یش كه‌ له‌ سێبه‌ری شه‌قامدا پێ ده‌گه‌ن ، سبه‌ینێ له‌ توانایاندا ده‌بێ خه‌ونی نوێ ببینن؟

له‌ ڕاست ئه‌م پرسه‌دا بڵێی كێ خۆی به‌ به‌رپرس بزانێ و به‌رگه‌ی لێپرسینه‌وه‌ی مێژوو بگرێ؟

بڵێی – ئه‌مڕۆ – هیچی بۆ – سبه‌ینێ – له‌سه‌ر نه‌بێ؟ یان – سبه‌ی – زاراوه‌ و چه‌مكێكه‌ ته‌نیا له‌ خزمه‌ت ئه‌مڕۆماندایه‌ و هیچی تر..
كامانه‌ن نه‌خشه‌ و پلانه‌كانمان به‌ نموونه‌ بۆ چه‌ند ده‌یه‌یه‌كی دی ؟
یا هه‌روا به‌خشكه‌یی و ‌هه‌نگڵه‌شله‌وه‌‌‌ بۆ پێشه‌وه‌ به‌ره‌و دواوه‌ ده‌چین؟!!
ده‌مانگوت: گونده‌كانمان جوانتر دروست ده‌كه‌ینه‌وه‌..
ده‌مانگوت: قوتابخانه‌كانمان ڕێكوپێكتر بنیات ده‌نێینه‌وه‌..
ده‌مانگوت: كوردستانمان وڵاتێكی ده‌وڵه‌مه‌نده‌ ، ئه‌گه‌ر شه‌شده‌رمان لێ نه‌گیرابووایه ‌، ده‌تبینی چ ئابوورییه‌كی به‌هێزمان ده‌بوو
ده‌مانگوت : متمانه‌مان به‌ خۆمان و له‌‌سه‌رخۆمان ده‌بێ ، پشت به‌خۆمان ده‌به‌ستین ..

ده‌مانگوت: ته‌نها به‌یانیی بدا و خۆرمان هه‌ڵبێ ، ئه‌وجا ده‌زانن به‌ چ تێن و تاوێك ڕووه‌و پاشه‌ڕۆژ ده‌چین..
ده‌مانگووت و ده‌مانگووت…
به‌داخه‌وه‌ ئێستاش هه‌ر ده‌ڵێین و به‌ داختریش وا ده‌رناكه‌وێ ، ته‌نانه‌ت په‌ند و عیبره‌تمان له‌ مێژووی نزیكی خۆیشمان وه‌رگرتبێ.
ئه‌وه‌تا به‌ كیسه‌ڵڕۆیی له‌ ئومێد نزیك ده‌بینه‌وه ‌، له‌ كاتێكدا خه‌ریكین به‌خێرایی لێی دوور ده‌كه‌وینه‌وه‌..
ئه‌و منداڵ و هه‌رزه‌كار و تۆلازانه‌ی – ئه‌مڕۆ – كه‌ وه‌چه‌ی به‌رپرسیاری – سبه‌ی – پێكدێنن ، به‌داخه‌وه‌ شه‌قام له‌ ماڵ و قوتابخانه‌ باشتر ده‌ناسن ، ئه‌وه‌نده‌ی شاره‌زای چه‌ك و بازاڕی ڕه‌ش و دونیای ڕاوه‌ستاوی مۆبایل و دیجیتاڵخانه‌ن ، نیو ئه‌وه‌نده‌ و كه‌متریش ئاشنای قوتابخانه‌ و فێرگه‌ و كتێب و كێشه‌ و چاره‌نووسی خۆیان نین!
هه‌رگیز نه‌ده‌بووایه‌ په‌روه‌رده‌ و خوێندن له‌ وڵاتێكی وه‌ك وڵاتی ئێمه‌ – كه‌ مرۆڤی پێ بنیات ده‌نرێ – بدرێته‌ ده‌ستی ئه‌وه‌ی ناوی لێندراوه‌ – كه‌رتی تایبه‌ت – كه‌ زۆرینه‌یان له‌ وه‌به‌رهێنانی قازانج مه‌به‌ستدا ده‌رناچن.
پرسیار ئه‌وه‌یه‌: كێ له‌و مه‌سه‌له‌یه‌دا خۆی به‌ به‌رپرسیار ده‌زانێ؟ یان ئێمه‌ له‌ هه‌نیه‌مان نووسراوه‌ تا هه‌تایه‌ هه‌ر هه‌مان خه‌ون ببینین؟




پێویستە دایکان و باوکان پێشەنگی باشـبن بۆ منـداڵەکانیان.. رەزا شـوان

دایکان و باوکانێکی زۆر نیگەرانی ئەوەن، کە منـداڵەکانیـان لە قـوتـابخـانەدا، بـوونە بە پاشکـۆی هـاوڕێکانیـان و ناتـوانن کەسایـەتی خۆیـان بسەلـمێـنن و لە کارەکـانیانـدا رابـەری و سەرکـردەیی بکەن و تەوای بەهـرە و توانـاکانیان بۆ کەسـانی تر دەربـخەن. ناشتوانـن بە ئاسانیش گوزارشت لە را و لەبهـزری خۆیـان بکەن. چـونکە بێ ئیـرادەن و بـروایـان بە تـواناکانی خۆیـان نییە. لەوانە هـۆی سەرەکی لاوازیی منـداڵەکانیان لەم رووەوە، ئەوەبێت کە دایکان و باوکانیان رێـنـیشانـدەر و پـێشەنگـیان نەبـوونە و نیـن.
پێویستە دایـکان و باوکـان، وەکو یەکـەم مامـۆسـتای منـداڵەکانیان، لە پەروەردەکـردنی دروسـت و رێـنمـایی پێـویسـت، هـەسـت بە بەرپـرسیارێـتی ئەستـۆیـان بـکەن. چونـکە کاریگەری و رۆڵێکی گرنگ و سەرەکییان لە بنیاتنانی کەسایەتی دروست و هاوسەنگی منداڵەکانیانـدا هەیە. زۆربەی ئەو شتانەی منـداڵان لە قـۆناغی بەرایی ژیانیانـدا فـێریان دەبن و وەریان دەگرن، ئەرێنی بن یا نەرێنی بن، لە دایکان و باوکانیانەوە فـێریان دەبن و وەریان دەگرن. چونکە منداڵان لەو قۆناغـە هەستیار و چارەنووسسازەدا، کە بناغەی کەسایەتییان دروست دەبێت. چـاولێکەر و لاساییکەرەوەن، بە وردی چاودێـریی رەفـتار و هەڵسوکەوت و کردەوەکانی دایکان و باوکانیان دەکـەن و چاویان لێدەکەن و لاساییان دەکـەنەوە. ئـەم راسـتییەش ئەوە دەخـوازێت، دایکان و باوکان ئەو بـزانن کە کسەنگی مەحـەکی پەروەردەکـردنی دروستی منداڵەکانیـانـن. بۆیـە پێویسـتە لە قـسە و لە کـار و رەفـتارەکانیانـدا، هـەمیشە راستگۆ و هـاوسەنگبن و پێشەنگ و نموونە و سەرمەشـق و رابـەر و رێـگانـیشانـدەری باشـبن بـۆ جگـەرگـۆشـەکـانیـان. پێـویسـتە قـسەکانیان و کـردارەکانیان یەکـبن و نابێـت بە پێچـەوانـەی یەکـترییـەوەبـن. تا منـداڵەکانیان چاویان لـێیانبکـەن. کە گەورەشبوون هەمان خەسڵەتی جـوان و باشیان هـەبێت. وەکو دەڵـێن: “فـێربـوون لە منـداڵیـدا وەک نەقـشی سەر بـەرد وایە” کوردیش دەڵێـت: “خـوویـەک گـرتـت بە شـیری.. تـەرکی ناکـەیـت بە پـیری”.
ئایـا ئەوە راسـتە کە باوکـێک ئامـۆژگـاریی منـداڵەکـانی بـکات و بڵـێت: جـگەرەکـێـشان سەرەڕای زیـانی ئابووری، زیـانێکی زۆری بۆ تەنـدروستی مـرۆڤ هـەیە. کەچی خـۆی لە ماڵەوە، لە بەرچـاوی و منـداڵەکانیانـدا، مـژ لە جـگەرە دەدات و دووکەڵەکەی بە بـادا دەدات؟ کەواتە ئەم باوکە قـسەکانی لەگەڵ کـردارەکانیدا پێچەوانەی یەکـترین. یا یەکێک لە دەرگایان بدات، بە منداڵەکەی دەڵێت: بـڕۆ بـزانە کـێیە؟ ئەگەر وتیان باوکت لە ماڵـە؟ پێی بـڵی لە مـاڵ نییە و هـێشـتا نەهـاتـۆتـەوە. منـداڵەشی وەکـو خـۆی فـێرە درۆدەبـێت. ئـەم بـاوکە نمـوونـەیـەکی خـراپـە بـۆ منـداڵـەکـانیان. خەسـڵەتی پێـشەنـگی تێیـدا نیـیە.
لە سایەی خۆشەویستی و میهـرەبانی و رێـز و تەبـایی و لێبووردن و پەیونـدیی ئەرێنی نێـوان دایکان و باوکان و منـداڵەکانیانـدا. ژیـانێکی خـۆش و ئاشـتی و ئاسـوودەیی بـاڵ بەسـەر خـێزانـدا دەکـێشێـت. دەتوانـن بە هـاوکاری و بە هـێمـنی و بە هـاوڕایی، لغـاوی کـێشە و گرفـتەکانیان بکەن و چارەسەری گونجـاویـان بۆ دابنـێن. ئەمەش رازی شادی و بەخـتەوەریی و خـۆشنوودیی خـێزانە.
دایـکان و باوکانی بەڕێـز، تا رادەیـەکی زۆر چارەنـووس و داهـاتووی منداڵەکانتان، لە ئەستۆی ئێـوە دایـە. بە شێوەیەکی کـردەوەیی و زانستییانە، بە بەها و میتـۆدی بەرز و بە دروستی منـداڵەکانتان پەروەردە بکەن و رایان بهـێـنن. منداڵەکانتان کرداریـان لێتان دەوێـت نەک هـەر قـسە و بەڵـێن رووت.
(ویـن دایـەر ) دەڵێـت:” منـداڵەکانتـان دەڕواننـە هـەمـوو ئـەو کـردارانەی لە ژیـانتانـدا دەیـانکەن.. نـەک لـەو قـسانـەی دەیـانـکەن”.
رێی ئـازادی لە منداڵەکانتـان مەگـرن، سەرکـوێـریان مەکـەن و با بە راشکاوی و بەبێ تـرس، گوزارشت لە راز و لە نیازە پاکەکانیان بکەن. بە هـەنـدیـان بـزانن و لە بـڕیارە خـێزانییەکانتانـدا، فـەرامۆشـیان مەکەن و پـرسیان پێـبکەن و سوود لە را و بۆچوون و پێشنیارەکانیان وەربگـرن. بە تایبەتیش لەو بـڕیارانەی پەیوەنـدییان بە خۆیانەوە هەیە.
بەڵام کـۆنترۆڵکـردن و پابەنـدبـوونیيش بە دەستوور و بە یاسـا و رێـسای خـێزانییەوە، پێویستە جێبەجـێبکـرێن. بۆ ئەوەی منـداڵەکانتان سەرپێچی نەکەن و سنوور نەبەزێـنن. هەمیشە هەوڵی رەخـسانـدنی زەمـینەیەکی خـێزانی شاد و بەختەوەر و کەشوهەوایەکی خـۆشـەویستی و رێـز و سـۆزداری و دلـۆڤـانی و هـاوسـەنـگی بـدەن.
پێویستە ئێوەی دایکان و باوکان ئەوەش بـزانن، کە ئەمڕۆ دوێـنێ نییە. لەم سەردەم و رۆژگارە جەنجاڵەی ئەمڕۆی پڕ لە گۆڕانکاری و داهـێنانی مۆدێـری سەیر و سەمەردا، هـێندەی تـر ئەرک و پێویستـیی پەروەردەکـردنی دروستی منـداڵەکانتان قـورستر بووە. پێویستییەکی زیـاترتـان بە زانیاری و بە شارەزایی و هـۆشـیاری و بە شـێوا و رێبازی تـازە هـەیە، بۆ ئەوەی بتوانـن لە پەروەردەکـردنی دروستی نـوێ و لە مامـەڵەکـردن و رەفـتارکـردنی راسـت لەگـەڵ منـداڵـەکانتـانـدا بەخـتـەوەر وسـەرکـەوتـووبـن.
رەزا شـوان
نەرویـج: ٢٠٢٣




دانپیانانێکی درەنگوەخت.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

پێی لێ دەنێم
ئەژدیهای کارەسات لوشی داوم
ژیان چەواشەی کردووم
گەرنا مردن هێندە خراپ نییە
دوای فیشکەی ماری غوربەت کەوتم
نەمزانی
لەملاوە ژار لە لەشی نیشتمان دەکرێ
حەزحەزەکانی ناخم
ناهێڵن لەسەر رانی وڵات وەنەوزێک بدەم
ناوبژیی لە نێوان خۆم و ژیاندا دەکەم
لەولاوە زەمەن خۆی بەتاڵ دەکاتەوە
لە لاوکە شیرینەکانی خۆشنودی
سەرم هەندێجار لە رەقیدا گاشەبەردێکە
زۆرجاریش باوڵێکی پڕ حیکمەت
هەمیشە گۆرانییەکی هیلاک لەناویدا
بیر لە خۆکوشتن دەکاتەوە
چاوم زینا لەگەڵ سەفەر دەکات
گوڵە شەوبۆی تێڕامانم
ملی لە چەقۆی دابڕان دەسوێت
یاساوڵەکان چاودێریی شیعرەکانم دەکەن
نەکا بێ رووخسەت وەرگرتن
کۆدەکانی عەدەم
لە باوەشی وجوددا بکەنەوە
زەمەنێکە زەینم کوێر بۆتەوە
تەنانەت ئەو شەوانەشی نایەتەوە یاد
ئاسمانم دەتەکاند و
ئەستێران بەردەبوونەوە نێو چاوەکانم
ماڵی چۆڵی خەونەکانم
سێڵاوی زەمەنێکی سۆزانی بردوویەتی
لەسەر خاکی ئایندەیەکی مات دەگیرسێتەوە
چاوی رۆژگارم سوور هەڵگەڕاوە
گوێم لە کزەی جەرگی پەروانەی رۆحمە
لەناو گڕی قەدەردا قرچە قرچی دێت
دەریای ئارەزووەکانم بێدەنگە
مرواری خۆزگەیەک تێیدا نادرەوشێتەوە
لە فارگۆنی دواوەی شەمەندەفەری ژیاندا
وەک بەردێک لە شوێنی خۆم رەق هەڵاتووم
بیرم لە هیچ شتێک پێ ناکرێتەوە
هیچ شتێک بیرم پێ ناکاتەوە
هەموو رێگاکانی لەززەت خۆڵاوین
بەهەر کامیاندا هەنگاوم نا
سییەکانم پڕ بوون لە تەپوتۆزی وەڕزیی
کاتێک نیشتمان ببوو بە ئاو
وازیم بە ئاگری سەرهەڵگرتن دەکرد
کاتێک نیشتمان ببوو بە ئاگر
ببوومە چەمێکی بێ ناز لە مەنفا
لەسەر قەرەوێڵەی کەنەفتی پاڵ کەوتووم
پزیشکەکان بەدوای نەخۆشییەکەمدا دەگەڕێن
بیریان چووە ژیان خۆی نەخۆشە
ئەگەر فریای نەکەوین جوانەمەرگ دەبێت
لەوەتەشی بیرم دێت
غەمێکی ئەزەلی بەخۆیەوە دەمگوشێت
پەراسووی حەزەکانم وردوخاش دەکات
لەناو ئارەقاوی خەونێکی نەبینراودا دەخنکێم
خۆ ئیدی خەونێک نەماوە بیبینم
من نەماوم خەونێک بمبینێت
مەرگ هەموو رۆژێک پەنجەی هەڕەشە
بۆ تەمەنم بەرز دەکاتەوە
من دەلەرزم و لێی دەپارێمەوە
پێش ئەوەی وەک دووپشکە پێمەوە بدات
بەرلەوەی رەشەبا ئاسا گسکم بدا
مۆڵەتم بدا سەر بنێمە سەر سینگی یار
خۆم دەستی بگرم و بڵێم دەی بابڕۆین
لەوەتەشی هەست بەبوونی خۆم دەکەم
لۆمە دەکرێم لەسەر شێتییەکانم
بەهۆی ئەوەی سەرخۆشم لە رۆژدا
هەمیشە بێدارم لە نیوەشەوەدا
ئەوان نازانن رۆژانە لەگەڵ خۆمم
شەوانیش لەگەڵ ئەو خەیاڵانەی
دەمگەیەننە باوەشی مەعشوق
نهۆ دان بە هەموو شتێکدا دەنێم
پەنجەی پەشیمانی دەگەزم
نەمتوانی وەک دڵۆپە شەونمێک
بڕژێمە نێو مەمکەکانی یارەوە
نەمتوانی وەک ئاوازێکی بۆنخۆش
بخزێمە قورگی ژنێکی چاوەڕوانەوە
نەمزانی چۆن سەرەتای یەکترناسینمان
بکەمە دوماهی رابردوویەکی خەواڵوو
نەمزانی چۆن کۆتایی ئەم شەرمنییە
بکەمە سەرەتای هەڵسانی زێی ماچ
پێی لێ دەنێم
رستەیەک هەیە لە دەمدا زیندانم کردووە
نەدەتوانم کەلەپچەکەی بکەمەوە
نەدەتوانم قووتی بدەمەوە
ئاه چ رستەیەکی ئاگراوی
ناو رێزمانی ئیرۆسە
خۆزگە دەمتوانی
لەبەردەم ئەو ژنە بوەستم
رووقایمانە پێی بڵێم
هەروەک رۆحت
وەک پێکەنینەکەکەت
وەک میهرەبانیت
لەشی رووتتم خۆش دەوێت




پیاسەیەک لە “یونڤانشتیک”.. شوان شەفیق

ڕابووم لە خەوە پچڕ پچرەکەم
سەرتاپا ئارەقی ترسم لێ دەتکا!
لە خەونمدا
چرنووکی ناسکم لێ دەگرت
ئەو گازی تووندی لێ دەگرتم!

تەزبیحێکی قەزوان بەدەستییەوە
هەر دەنکێکی دەیان نزا
لەو ساتەدا
هێدی…هێدی دەیگوت:
مرۆڤ لە دوو ڕووی وازیهێنا
ڕێگای چەوت ڕاست
دۆست…دۆست
نەیاریش خەنجەری فڕێدایە بەر پێی
نەماوە کۆست!
ڕووبەڕوو دەجەنگێ!

خۆ دەزانم هەریەك لە ئێمەی مرۆڤ
هێندەی شەڕی “چاڵدێران” خەنجەر لە پشتمان چەقیووە

چرنوکێکم لە خۆ گرت
ئای لەو ژانە
چ خەوێك!

خەمی نانی نەبوو دایك
پیر
پەپوولە ئاسا نازك
کۆرپەلە بۆ شیر نەدەگریا
چ ژیانێك دەگووزەرا
لەو ساتەدا؟

دەزانی هاوڕێ
بە نوستوویش ئەو دیمەنانە دەبینی
شەرم لە بە ئەگابوون دەکەیتەوە
خواز ویست، نیت خەبەرت بێتەوە

پەیتا…پەیتا
هەستامە سەر پێ و
هەستم بە قوورسی پێکانم دەکرد
ئەوەندەم ڕێگا بڕیووە
بەشی خولانەوەیەك دەکا بەدەوری زەویدا.

بۆ کوێ دەچم
ناگەمە جێ
دەڕۆم و دەڕۆم
کیسەیەك بە دەستمەوە دەگرم لە “شتایندام”
چەپکێك ماچ
دوو باوەشی گەرم
سێ دڵۆپی تازەی شەرم
چوار نیگای تەڕ
پێنج هەناسەی قشتۆکە
بۆ ژوورەکەم دەبەمەوە
چاوەڕێمە!
دەزانی گشت ڕەنگێك ناشرینە
جگە لە پێکەنینی تۆ ئەی “پشیلە”

شوان شەفیق
٤/٤/۲٠۲۳




تابلۆی سرووشت.. هێدی گەڵاڵی

سەمای گەڵای دارەکان و
هاژەی تاڤگە
دڵۆپە زیوینەکانی
ئاوی سازگار و
نەغمەی بولبوول
جریوەی پاساری و
قاسپەی کەوی گوێی رووبار
بریسکەی ئەستێرەکان
لە ئاسمانی مانگەشەوێکی
ڕوونی زیویندا
ئەو ناوەی هەموو تەنیووە…
ئۆرکسترایەک لە سەدا و سەمفۆنیای دروستکردبوو.
چەند دڵگیر و دڵڕفێنە دیمەنی سەوزایی ئەو درەختە باڵا شەنگانە لە کەنار ئەو چەمە ڕوون و بێگەردەدا دەشەکێتەوە..
چاو: بە بینینی ئەو دیمەنە ڕەنگ سەوز و زیوین و ئاڵتوونیە تەژی دەبێ لە ڕوانین و ڕامان.
دڵ ؛ هەستێکی ناسک و پڕ لە بەرائەت داگیری دەکات و گەش و گەشتر دەبێتەوە…
دەروون ؛ ئارامی و هێمنی دەبێتە میوانێکی ڕەزا سوک ئاسوودە دەبێت….
جەستە ؛ خاو خاو خۆی دەنوێنێ و لۆکە ئاسا بەرجەستە دەبێت…..
هەموو هەستە ناوەکی و دەرەکیەکان لە ماڵی عەقڵدا جێی خۆیان دەکەنەوە….
دواجار عەقڵ و لۆژیک فەرمانڕەوایی هەموو هێز و هەستەوەرەکان دەکات.
ئەوکاتە مرۆڤێکی ناسک بە قەد
باڵی پەپوولە
بێگەرد وەک مناڵی ساوا
لە بەرائەت و بێدەنگیدا
ژیان دەکات.

هێدی گەڵاڵی