ئەو ڕۆمانە جوانەی، کەم خوێندرایەوە.. شوان حەسەن

رۆمانی ” پیاوێکی بێچارەنووس” لە نووسینی ( ئیمرە کیرتێز) ە لە وەرگێڕانی( ڕووناک شوانی).

زۆر جار لە ڕێگەی ھەندێک وشەوە، دەڕوانمە ئاستی زانیاریی( مەعریفە) نووسەر، بەرپرسیاریەتیی و بوێرییەکەی، بەرانبەر چەند چەمک و دەستەواژەییەک بۆ من زۆر گرنگ و سەرنجڕاکێشن. چەند ساڵێک بەر لە ئێستا، ناونیشانی ئەو کتێبە، سەرەتا وەک فیلم کەوتە بەرچاوم، بەدوای نووسەرەکەدا گەڕام و بەشێک لە چاوپێکەوتنەکانم خوێندەوە، لە نێوان فیلمەکە و چاوپێکەوتنەکان، نزیکبوونەوەیەکی زۆرم بۆ ئەو نووسەرە دروستبوو، زۆر دڵنییا نیم کە کتێبەکەم بە سویدی خوێندبێتەوە، چونکە کتێبی دیکەی ئەو نووسەرەم خوێندیتەوە. بەڵام ھیندەی پێمکرابێت چاوپێکەوتن، ئەو نووسینانەی لەسەری نووسراوە بخوێنمەوە. دڵخۆشم کە ئێستا بەزمانێکی جوان و دەوڵەمەندی کوردی ڕۆمانەکەی دەخوێنمەوە، ڕاستیەکەی ھەموو کتێبێک گرنگە، بەزمانێکی دەوڵەمەند وەربگێڕدرێت، ھەتا نزیکبوونەوە و ئاشنابوونێک دروست بێت، لە نێوان زارەوە و بنزاراوەکان، خۆشبەختانە ئەو کتێبە دڵخوازەی من ، ئەو شانسەی پێ بڕایە، بۆیە لە دڵەوە سوپاسی وەرگێڕ دەکەم.
بەگشتی لە سوید گرنگیەکی زۆر بە نووسینەکانی ( ئیمرە کیرتیز) دەدەرێت، باوەڕم وایە، تەنیا پەیوەندی بەوەوە نییە، کە “خەڵاتی نۆبڵ”ی وەرگرتووە، بەڵکو شاھێدێکی زیندوویی ھۆلۆکۆستیش بووە.
ئەو پێچەوانەی وتە بەناوبانگەکەی (تیودۆر ئەدۆرنۆ) کە دەڵێت” لە دوای ئاوشڤیتز ناتواندرێت چیتر شیعر بنووسرێت” ئیمرە کێرتیز دەڵێت ” نەخێر لەدوای ئاوشڤیتز تەنیا دەتواندرێت ئەدەب لەسەر ئاوشڤیتز بنووسرێت” خۆی ھەردووکیان گوزراشت لە گەورەیی پرۆسەی “کۆمڵکوژی جوولەکەکان” دەکەن، چونکە ئەوان ئەگەر لە ئامرازیش ھاوڕانەبن، ئەوە لە ئامانجە گەورەکە، قەت دژی یەکتر ناوەستنەوە، بۆیەش توانیان ئەو مێژووە بە زیندوویی بھێڵنەوە، نەک ھەر بۆ میللەتەکەی خۆیان، بەڵکو بۆ شەرمەزارکردنی ئەو میللەتانەش کە بەشداربوون لە کۆمەڵکوژیەکە، وەھەروەھا ئەوانەش کە بێدەنگیان ھەڵبژارد. بەڵام ئیمرە کیرتیز ووریایە، وەک خۆی دەڵێت:” ھەرگیز نەمویستووە ببم بە نووسەری گەل” لە شوێنێکیتر دەڵێت:” نامەوێت ھۆلۆکۆست بنووسمەوە، بەڵکو دەمەوێت ڕۆمان بنووسمەوە” نایەوێت دەقە ئەدەبیەکەی لەناو مێژوودا بتوێنێتەوە، بەڵکو ئەدەب بنووسێتەوە، بە بڕوای من ئاگایی نووسەر لەسەر ئەو جۆرە بابەتانە زۆر گرنگە، واتە کە لەسەر بابەتێک دەنووسی، بزانی چەند بۆ خۆت گرنگە، نەک گەرمی بازار.
دەچینە لای ناونیشانەکە و لە ڕێگەی وشەی ” چارەنووس” خوێندنەوەیەک بۆ دنیابینی نووسەر دەکەین.
با سەرەتا ئەوە بڵێم، لە مێژە بۆم یەکلابۆتەوە، کە سەرچاوەی ئەو وشەیە لە میتۆلۆژیاوە پەڕیوەتە ناو ھەندێک لە داستان ، ھۆنراوە، ئاینە ئیبراھیمیەکان و …
چارەنووس بەکوردییەکی پڕ بە پێستی وشەی قەدەرە.کە بەھۆی کاریگەری ئاینی ئیسلامەوە، پەڕیتەوە ناو زمانی کوردی و بووە بە وشەیەکی کوردی.
بۆ تێگەیشتن لە چارەنووس، دەکرێت بگەڕێینەوە سەر حیکمەتی چیرۆکە ئەفسانەکەی ” گرێی ئۆدیب” لە یۆنان، کە ئامانج تێیدا ئەوەیە، ئەوەی لەچارەت نووسرابێت ھەر ئەوەیە، ئەگەر کۆتاییەکەی بە کووشتنی باوکت و ھاوسەرگیری لەگەڵ دایکشت کۆتایی بێت، ناتوانی لەوەی بۆت نووسراوە ڕزگارت بێت.
بەڵام جوانیەکەی ئەو ڕۆمانە لەوەدا دەست پێدەکات، نووسەرێک زۆر بە ووریایی مامەڵە لەگەڵ ئەو چەمکە دەکات و بەسەر ڕابردوودا پازدەدات و لە زەمەنێکی مۆدێرن دەنشێتەوە، ڕاستگۆیانەترە ئەگەر ناونیشانەکەی بڵێم کە دەکەوێتە ناوەڕاستی ئەو بازنەیەی کە کافکا لە ” دادگایی” بۆی دیارکردووین، لەوێ پێمان دەڵێت لەژێر سایەی دەسەڵاتێکی ستەمکار، تۆ خاوەنی خۆت نیت، بەڵکو دەسەڵات چارەنووست دەنووسێتەوە، واتە قەدەرێک لە دەرەوەی دەسەڵاتە غەیبیەکەی ناو ئەفسانە و ئاینەکان، بوونی ھەیە. بەھەڵە خوێندنەوەی بۆ مەکە؟ نووسەر لە چاوپێکەوتنێک دەڵێت” باوەڕم بە ئاین و دەوڵەت نییە” بەڵام ئەوەمان لە بیرنەچێت لە ژێر سایەی دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر، ھاوڵاتی خاوەنی شکۆ، لە ئێستا و داھاتووێکی نادیاردا دەژی . ھەر بۆ بە بیرھێنانەوە( ئوریانا فالاچی) لە چاوپێکەوتنێک لە قەزافی دەپرسێت” تۆ باوەڕەت بە خودا ھەیە؟
معەممەر قەزافی: روون و ئاشکرایە. بەڵێ بە دڵنیاییەوە! بۆچی ئەم پرسیارە دەپرسیت؟
ئۆریانا فالاچی: لە بەر ئەوەی لام وابوو تۆ خۆت خودایت!
ئۆریانا باش دەزانێت، ئەو جۆرە دەسەڵاتدارانە، پەیڕەوی دەسەڵاتی خوایی دەکەن و، چارەنووسی ھاوڵاتیەکانیان خستۆتە ژێر دەستەڵاتی خۆیان.
پاڵەوانە بچکۆلانەکەمان دەڵێت” چما نایانەوێت ئەمە حالی ببن. گەر چارەنووس ھەبێت ئەوە ئازادی شیاو نییە…بە پێچەوانەوە گەر ئازادی ھەبێت ئەوا ھیچ چارەنووسێک نییە”
ڕێگە چارەیەکترمان نییە، جگە لەوەی پێکەوەگەشتێک، بەناو ئەو ڕۆمانەدا بکەین، بزانین کێ چارەنووسی کارەکتەرەکان دەنووسێتەوە؟ ئایە چارەنووسێکی پارچە پارچەکراوی مرۆڤێک، یەکدەگرێتەوە؟ گریمان بەچارەسەرییە دەروونیەکان لێک نزیکیش بکرێتەوە، بەڵام ئایە ھێزێک ھەیە، ئەو زەمەنەت بۆ بگەڕێنتەوە؟
نووسەر بۆ زەمەنێکمان دەگێڕتەوە، کە تەمەنی چواردە ساڵە، بە ھۆکارێک زیندانی دەکرێت، کە بەلای ئەو قەت بابەت نەبووە، ئەویش “جوولەکەبوونیەتی” کە بۆ ئەو تادەشمرێت واتایەکی نییە، بەڵام ئەو کاتە بۆ دەسەڵاتێکی نازی کە ( ھەنگاریا) داگیردەکات زۆر گرینگە، لەڕوانگەی نازییەکان لەبەر ئەوەی ئەو جوولەکەیە کەواتە مافی ژیانی نییە، ڕاپێچیی دەکەن بەرەو تاقیگەکانیان، ئیمرە لە چاوپێکەوتنێک دەڵێت:” ئاوشوێتز منی کرد بەجوولەکە” لەوێوە بێچارەنووسی کارەکتەرەکەمان دەست پێدەکات، بەڕێککەوت ھێزی سۆڤیەت ئەو ڕزگاردەکەن و دەگەڕێتەوە ناو کۆمەڵگەکەی خۆی، کە لێی دەپرسن” کە گەڕایتەوە ناویان ھەستت بەچی کرد؟” دەڵێت” ڕق” ئەوەی چاوپێکەوتنی لەگەڵ دەکات، دەیەوێت ھۆکاری ڕقەکە بزانێت، نووسەر دەڵێت” پێیان ناخۆش بوو، کە ڕزگارم بوو، دیاربوو بۆ ھەنگارییەکان دەرفەتێکی باشبوو، ئێمە نەھێڵن” تۆ سەیربکە، ئەوە ڕەوشتی کۆمەڵگەیەک بێت تۆ لە نێوایانیاندا گەورەبووببیت و ڕەگت لەو نیشتیماندا ڕۆچۆوبێت، ئایەچۆن دەتوانی ژیان لە نێویاندا بکەیت؟ لە کاتێکدا دۆست و دراوسێیەکانی دوێنێت، دەستی دوژمن بگرن و ماڵە و ماڵی پێبکەن، ھەتا ژیان و ماڵ و موڵکت لێ بستێنن، ئەوە چ چارەننووسێکە؟ ئیمرە کیرتێز ھەر ئەوە دەخاتە سەر ناسنامەکەی” نەخۆم بە جوولەکە دەزانم نە بە ھەنگاری”
بۆمن زۆر خۆشبوو، کە لە دەمی پاڵەوانەکە ئەو ھەستەم خوێندەوە، کەپێشوتر کرێتیز لە چاوپێکەوتنێک باسیکردبوو، ئاخر ھەندێک ئازار وەک کووتانی خاڵ وان، لەوانەیە گونجاوتربێت بڵێم، وەک ژمارە کوتراوەکانی دەستی جوولەکەکانی، زیندانی دەستی نازییەکان وابێت” گەرەکی بوو بزانێت- چ ھەستێکم ھەبوو کاتێک بۆ وڵات گەڕامەوە و ئەو شارەم بینیەوە کە جێم ھێشتبوو؟- ،،گوتم، “ڕک” بڕێک بێدەنگ بوو… بگرە باش دەزانێت ڕکم لە کێیە، گوتم،” گشتیان”دیسانەوە بێدەنگ بوو”بێ گومان ھەمووتان دەزانن پاش ئەوەی نازییەکان دەردەکرێن، سۆڤیەتیەکان دێن، ئەوجارە چارەنووسی ” ئیمری ” دەکەوێتە دەست سۆڤیەتیەکان، ئەوە چ نەھامەتیەکە، لە نیشتیمانێک بژیت حەز لە زمان و خەڵکەکەی نەکەی؟ نەشتوانی بەجێی بھێڵی وەک خۆی باسی دەکات .سۆڤیەتیشی سەرەتا وەک ڕزگارکەرێک و پاشان وەک داگیرکەرێک سنووری ژیان و ھزرت بۆ دیاری بکەن؟ئەوە چارەنووسە یا داھاتووێکە بۆ خۆت دیاری دەکەیت؟ پاش ماوەیەک کێشەی لەگەڵ ئەوانیش بۆ دروست دەبێت، حەز لەوانیشی ناکات،.ئاخر ئیمرە کیرتێز دەڵێت:” نووسین ناسنامەی منە” کەواتە زۆر زەحمەتە نیشتیمانێکی دادپەروەر بۆ زمان بدۆزێتەوە، ھەتا ئیسرائیلی مەملەکەتی جوولەکانیش نابێت بە ماڵێک بۆ ئەو.
لە چاوپێکەوتنێک باسی ئەوە دەکات کە حەزناکات منداڵ بنێتەوە( بێ گومان ئەو پەیوەندی بە یەکێک لەو دەرئەنجامانەوە ھەیە، کە لە پاش خوێندنەوەیەک وورد، لەسەر کۆمەڵکوژییەکە دەیگاتێ)بەڵام خۆشبەختانە ھۆکار نییە، بۆ ( ماگدا)ی ھاوژینی ، چونکە ئەو چوار منداڵی لە پیاوەکەی پێشوتر ھەیە، بەڵام دەڵێت” کتێبەکانم دەمھێڵنەوە” خاڵێکی جوانە کە باوەڕی بە بەردەوامبوون ھەیە، لە ڕێگەی کتێبەکانیەوە.وەک گوتم ئەوە چارەنووسی نووسەرەکەی ئێمەیە.لە چاوپێکەوتنێک زۆر بە خراپی باسی مێژووی کۆن و ئێستای ئەوروپا دەکات، ھۆکاری ھۆلۆکۆستیش بۆ مێژووە دڕندانەکەیان دەگەڕێنیتەوە و ھەنووکەی ئەوروپاش بە پاسیڤ و لە دەرەوەی مێژوو وەسفدەکات، بەکورتیەکەی دەڵێت” ئەوروپا کاریگەری ئەرێنی لەسەر دەرەوەی خۆی نەمایە” ئەو باوەڕی وایە ” ڕک” ھەر بەردەوامە بەڵام ناسیۆنالیستە ئەوروپیەکان ، ناوەکەیان لە” جوولەکە” کردووە بە” موسلمان”، مەبەستی ئیسلامیەکان نییە، چونکە جیاوازییەکە باش دەزانێت. بەداخەوە مێژوو پێمان دەڵێت” ڕق بەرانبەر بەگروپێک، ھەمیشە ھەبووە، ھەتا ئێستاش ھەر بەردەوامە” .
پاش ئەوەیە کەمێک نووسەرە دڵخوازەکەی منتان ناسی، ئایە مرۆڤ چارەننووسی بەدەستە خۆیەتی یان نا؟
ڕۆمانی ” مرۆڤێکی بێ چارەنووس” ھێندە جوان و ڕاستگۆییانە نووسراوەتەوە، لەھەندێک شوێن وەک خوێنەر ئارامییەکەی پاڵەوانەکەمان ماندووت دەکات، بەڵام کە بە ببیرت دێتەوە پاڵەوانەکەمان منداڵێکە، دیسان بەردەوام دەبیت لە خوێندنەوەی. ئەو ڕۆمانە، وێنەیەکی تەواو جیاوازت دەداتێ لەسەر ( ئاوشفێتز- بۆشڤەڵد) ئەوانەی کە بۆ خۆی دیتیتی، وەک منداڵێکی چواردەساڵ، چۆن ھەستی پێکردووە، لەشوێنێک ئەوھا باسی سەربازە ئەڵمانەکان دەکات” دەبێت دان بەوەشدا بنێم، کە بە بڕوای من یەکزەڕە ترسناک نەبوون، بەڕەوتێکی ئارام دەھاتن و دەچوون، پاسەوانی ڕیزەکانیان دەکرد، وەڵامی پرسیاریان دەدایەوە، سەریان دەلەقاند، تەنانەت دۆستانە بەسەر شان و پشتی ھەندێکمانیان دەدا” کۆمەڵناسەکان ئەوەیان یەکلاکردۆتەوە کە منداڵ بەگشتی لە ئێستادا دەژیت، ڕەھا نییە، چونکە منداڵیش جیاوازیان تێدایە،بەڵام پاڵەوانە گچکەکەی ئێمە زیاتر لەزۆرینەی منداڵەکان دەچێت.بۆیە وەک منداڵێک چی دیتەوە ئەوە دەگێڕتەوە، لەو کاتەی لە بڵندگۆکەی ھەواڵی ئازادبوونیان بە کۆمەڵێک زمان دەگوترێتەوە، دەڵێت:” ئەمیش دروست وەکوو ئەوانی پێش خۆی، لە ئازادی بەولاوە باسی ھیچ شتێکی دیکە ناکات، تەنانەت بە وشەیەک، نە بە ئاماژەیەک باسی ئەو شۆربایە ناکات، کە وەختە سوێمان بۆی بێتەوە و بۆمان نەھاتووە” لە شوێنێکیتر وەک بڵێیت شتێکی نوێی ئاشکراکردبێت دەڵێت” بە بوێرییەوە دەڵێم، نەمبیستووە لە ھیچ شوێنێکی دیکەی جیھاندا ھێندەی نێو گرتووان باسی ئازادی بکرێت”وەک گوتم ئەوە نیشاندانی خەیاڵی منداڵێکە کە لە ئێستادا دەژی و ئەوەی پێویستی پێی ھەیە لە ھەموو شتێکی دیکەی پێ گرنگترە، برسیەتی کەواتە خواردنی دەوێت” ھەروەھا سەرتاشەکانیشی لێ بووە و سابوونیان دراونەتێ، پاشان ئەوانیش چوونەتە گەرماوەکە و لەوێدا – وەکوو بیستم- ھەمان بەلوعە و دووشی ئاوی لێ بووە، لێ لەوێدا لە جیاتیی ئاو، گازیان بەسەردا پژاندوون” بێ گومان ئەوە یەکلابۆتەوە کە گازیان بەسەر جوولەکەکاندا پژاندوو، بەڵام پاڵەوانە بچکۆلانەکەی ئێمە ئەو ڕاستیە نازانێت، بۆیە دەڵێت” وەکوو بیستم” ئەوە گرنگی گێڕانەوەیە، چی دەبینیت و چی دەبیستیت لێک جیابکەیتەوە. ” ئەمە ئەو شوێنەیە، کە لە ئاوشفتزدا باسیان لێوە دەکرد، شیر و کەرە دەرخواردی دەدرێن تاوەکوو – بۆ نموونە- ھەموو ئەندامەکانی ناوسکیان بۆ لێکۆڵینەوە و کەلکی زانستی دەر دەھێنن. لێ دیارە ئەمە تەنێ بۆ چوونێکە” وەک گوتم نووسەر لە زۆر کەس ڕاستیەکان باشتر دەزانێت بەڵام ئەو دەیەوێت ئەو کاتمان بۆ بگوازێتەوە کە بەخۆی دیتیتی و بیستیتی، بۆیە زۆر بەڕاستگۆیانە دەڵێت:” تەنێ بۆچوونێکە” بە بڕوای من ئەو جۆرە ڕاستگۆییە پێگەی نووسەر و نووسین بەرزتر دەکاتەوە، چونکە منداڵێک کە کۆمەڵێک لێکدانەوە ببینێت، نایەت یەکێک ھەڵبژێرێت و بیکات بە یەقین، ئەگەر بەڵگەی بە ھێزی نەبێت، بۆیە گرنگە وەک بۆچوونێک ئاماژەی پێ بکات و خۆی ناکات بەشارەزا.
ئەو ڕۆمانە، ھەموو ئەو تێڕوانینە کەم زانیارییانەی بەشێک لە ڕەخنەگرانی کوردی ھەڵدەوەشێنتەوە، کە بۆ کەمکردنەوەی کتێبێک وشەی “ژیاننامەی نووسەر” بەکار دەھێنن، ئیمرە لە چاوپێکەوتنێک دەڵێت” دوای چەندان ساڵ، لەخەیاڵی نووسینیبووم ، ھەتا ڕۆژێک ڕۆمانی ” نامۆ”ی ( ئەلبێرت کامۆ) دەرگایی خەیاڵیکردمەوە، سێزدە ساڵی پێچوو تا لەو ڕۆمانە تەواو بووم” بەدڵنییایەوە ئەو تەکنیکە بەرزە، پێویستی بە کاتێکی زۆرە، ئەمن تێبینم کردیە، بەشێک لە خوێنەر و ڕەخنەگرەکانمان نووسینەوەی ھەقیقەت و ژیاننامە لێک جیاناکەنەوە.
جارێک لە کۆڕێکی ( susanna alakoski ) بووم، گوتی:” زۆریان نووسی و گوت کە ڕۆمانەکەم ژیاننامەی خۆمە، ھیچم نەگوت، تا ڕۆژێک بێتاقەتبووم بە ڕۆژنانەمەنووسێکم گوت” تێگەیشتم، بەڵام ئایە ڕۆمانە یاخود نا؟” بە بەڵێ وەڵامی داوە، گوتم ئێ تەواو” وەک گوتم ھێندەی بەدوای ئەوەن بە وشەیەک یا بە ڕێنووسێک نووسینەکە بکوژن، ئەوە بەدوای ئەوەنین بزانن نووسەرەکە چی پێبەخشیوون، بێگومان ئەوەش پاشماوەی مالوێرانی شەڕە ئایدلۆژییەکانە، وەک ئەو، بەزەوقی ئەو نەنووسیت، کەواتە نووسینەکەت باش نییە و لە تەکنیکی ھونەری ڕۆماننووسی نازانیت.ڕاستە ڕۆمانی ” پیاوێکی بێچارەنووس” ژیاننامەی ( ئیمرە کیرتێز) ە بەڵام کتێبێک نییە، نووسەر بە چەند دەمژمێرێک کۆتایی پێ ھێنابێت. بەلای منەوە گرنگی ئەو ڕۆمانە لەوەدایە، دەروونی منداڵێکت بۆ شیدەکاتەوە کە لەژیر کاریگەری جەنگ و زینداندا ژیاوە. ڕۆمانێکە بە ووردی باسی شێوازی بیرکردنەوەی جووەکانت بۆ دەکات” گرنگ ئەوەیە نائومێد نەبین، چوون شتەکان بە شێوازێک بەسەر دەچن” بوونی ئەو ھیوا و ئومێدە بناغەیەکی گرنگی کەسایەتی جوولەکە دروستدەکات، بۆیە( سیگمۆند باومان) کە یەکێکە لە کۆمەڵناس و بیرمەندە گەورەکانە، خەڵک بەگشتی بۆ ئەو خاڵە ھاندەدات و دەڵێت:” لە ھۆلۆکۆستیش خەڵک بێ ھیوا نەببوو” بێ گومان پاڵەوانی ئەو ڕۆمانەش لەگەڵ گواستنەوەی ئازارەکان ئەو ھیوا و ئومێدەمان بۆ دەگوازێتەوە” خۆکوژەکان، ئەمانیش دەگمەن بوون” دەسەڵاتی ستەمکار لەو ھیوا و ئومێدە زۆر دەترسێت، بڵاوبوونەوەی بێ متمانەیی و ڕەشبینی گەورەترین سەرکەوتنە بۆ ئەو، بۆیە وەک ( داڤید بنگۆرین) گوتەنی:” ئەگەر چووی بۆ لای یەکێک وشەی موستەحیلی بەکارھێنا، بەجێی بێڵەو بڕۆ لای یەکێکتر” ئەگەر لێرە شوێنیشی نەبێتەوە، ئەو ڕستەیە دەڵێم، بەداخەوە بەشێکی زۆر لەو نووسەرانەی دژە دەسەڵات، بێ ئومێدی بڵاودەکەنەوە، بۆیە کاتیان ھاتووە، بۆ وەرگرتنەوەی کۆمەڵێک وەڵام پشتیان لێ بکەین و بچینە لای کەسانیتر، چونکە ھیچیان پێ نەماوە.
زۆر حەزدەکەم زیاتر باسی ئەو ڕۆمانە جوانە بکەم، ڕاستیەکەی وەرگێڕانی کتێب ڕادەی و زیرەکی وەرگێڕ نیشاندەدات، بۆیە زۆر سوپاسی بەڕێز( ڕووناک شوانی) دەکەم.کارێکی زۆر گرنگی کردووە.وەرگێڕ لە بەراییەکە دەنووسێت” ڕەنگە ھاندەرم بۆ وەرگێڕانی ئەم ڕۆمانە، جگە لە ناوەڕۆکە ئینسانییەکەی، ئەوە بێت، کە لە نێو دێڕەکانیدا پڕۆسەی قڕکردنی کورد( ئەنفال) م لە لا بەرجەستە دەکات” ھاوڕای وەرگێڕم، لە نێوان دێرەکان، بۆ ئەوەی لە ئازارەکان بگەین، دەبێت لە ھونەری گێڕانەوە لێھاتووبین، جوولەکەکان جگە لەوەی خاوەن سەدان کاری گرنگن لەسەر کۆمەڵکوژییەکەیان، ئەوە ھەتا ئێستا پێنج کەسیشیان لە ڕزگاربووانی ھۆلۆکۆست خەڵاتی نۆبلیان وەرگرتووە.




کۆڕبەندی کۆڵن و جاڕنامەی ٢٠ ڕێکخراو.. و: کاوە عومەر

بە پشتبەستن بە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کەناڵ جەدید ئامادە کراوە

حەسەن ساڵحی: لە ٢٢ی نیسان کۆڕبەندێکی گرنگ بۆ پشتیوانی لە میساقی ٢٠ ڕێکخراو لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا بەڕێوەچوو. لەم کۆڕبەندەدا ٧٣ ڕێکخراو و حزب و دامەزراوەی سیاسی بەشداریان کرد و پشتیوانیان لە جاڕنامەکە کرد و زیاتر لە هەزار و ٣٠٠ چالاکی کۆمەڵایەتی پشتیوانیان لە بەستنی کۆڕبەندێکی لەو شێوەیە کرد. لەم چاوپێکەوتنەدا دەمانەوێت لایەنە جۆراوجۆرەکانی ئەم کۆڕبەندە و گرنگی پێگەکەی بخەینە بەر باس و جارێکی دیکە پێداچوونەوە بە جاڕنامەی ٢٠ ڕێکخراودا بکەین.
حەمید تەقوایی، کۆڕبەندی کۆڵن بۆ پشتیوانی لە جاڕنامەی کەمترین داواکارییەکانی ٢٠ ڕێکخراوی پیشەیی و مەدەنی لە ئێران بەڕێوەچوو کە چەند مانگ لەمەوبەر بڵاوکرایەوە و پێشوازییەکی زۆر باشی لێکرا، هەروەها پێشوازییەکی باشی لێکرا. حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری یەکێک بوو لەو حزبانەی کە پاڵپشتی و بەشداری کۆڕبەندەکەی کرد. بەڕای ئێوە گرنگی ئەم کۆڕبەندە چی بوو و بۆچی حیزب بەشداری تێدا کرد؟
حەمید تەقوایی: بەڕای من گرنگی ئەم کۆڕبەندە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە گرنگی و پێگەی میساقی ٢٠ ڕێکخراوی ناو کۆمەڵگەوە هەیە. بڵاوبوونەوەی ئەم جاڕنامەیە هەنگاوێکی گەورە بوو بۆ پێشەوە بۆ شۆڕشی ئێستا و بۆ هەموو ئەو خەڵکێک کە بەڕاستی ئازادی و ڕزگارییان لەم هەلومەرجە دەوێت. جاڕنامەکە داواکاری بنەڕەتی زۆر ڕوون و ئاشکرای وروژاندووە کە داواکاری کرێکاران و داواکاریی تەواوی خەڵکی پاڵنراوە بەرو خوار هێڵی هەژاری، داواکاری هەموو ئەو خەڵکەیە کە ئازادییان دەوێت، داواکاری ژنانی خوازیاری یەکسانی و مافە سەرەتاییە ئینسانیەکانی خۆیان دەوێت. لەم جاڕنامەیەدا دەتوانن خواستی گەنجان و خانەنشینان و هەموو چین و توێژەکانی ژیان ببینن. لە جاڕنامەکەدا پرس و ئازارەکانی بەشێوەیەکی زۆر ڕوون و بنچینەیی وروژاند و زۆر بە ڕوونی داواکاری پێشکەوتنخوازانە و پێشڕەویان ڕاگەیاند، کە دەکرێت بڵێین دەنگی شۆڕشی ژن و ژیان ئازادی و ئاڵای ئەم شۆڕشەیە.
گرنگییەکی تری جاڕنامەکە ئەوەیە کە ئەو هێزانەی بڵاویان کردۆتەوە، ڕێکخراوی ناسراو و متمانەپێکراوی کرێکاران، خوێندکاران، خانەنشینان، مامۆستایان، ڕێکخراو و چالاکوانانن کە مێژوویەکیان لە کۆمەڵگادا هەیە و ئەمەش شکۆیەکی تایبەت و سەنگێکی تایبەت. دەدات بە جاڕنامەکە دوای بڵاوبوونەوەی جاڕنامەی ٢٠ ڕێکخراو ، دەیان گرووپ و ڕێکخراوی خوێندکاری و یەکێتیی پزیشکان و گەنجانی گەڕەک و ڕێکخراوەکانی داکۆکی لە مافی ژنان چالاک و بەشدار لە بزووتنەوەی شۆڕشی ئێستاشدا لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا پشتیوانی خۆیان بۆ میساقەکە ڕاگەیاند. ئه م مانیفێسته له دڵی کۆمه ڵگاوه و له ناخی ناڕه زایه تییه کۆمه ڵایه تییه کانه وه سه رهه ڵده دات که زۆر پێش شۆڕشی ئه م دواییه به رده وام بوون.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەم هەڵوێستەی جاڕنامە، بە سروشتی خۆی هەر جۆرە بزووتنەوەیەک بۆ پشتیوانیکردن لێی هەنگاوێکی ئەرێنییە و بە بۆچوونی من کۆڕبەندی کۆڵن یەکێک بوو لە خاڵە بەرزەکانی ئەم پشتیوانییە. وەک ئاماژەت پێدا دەیان حزب و ڕێکخراوی جیاواز پاڵپشتی و بەشدارییان لە کۆنفرانسی کۆڵن کرد. زیاتر لە هەزار کەس پشتیوانی خۆیان بۆ ئەم گردبوونەوەیە ڕاگەیاند. هەندێکیان لە خودی کۆنفرانسەکەدا بەشدارییان کرد. خەڵکێکی زۆر لە ڕێگەی سۆشیال میدیاوە بەشداری کۆنفرانسەکەیان کرد. بەهەمان شێوە لە ئێرانەوە، لە زیندانەوە، چالاکانی بزووتنەوەی کرێکاری و بەشێک لە دامودەزگاکانیش کە جاڕنامەکەیان بڵاوکردەوە، پەیامیان بۆ کۆنفرانسەکە نارد و پێشوازییان لێکرد. بەم مانایە دەمەوێت بڵێم کۆنفرانسی کۆڵن بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی بوو بۆ بەرگریکردن لە جاڕنامەی ٢٠ ڕێکخراو؛ بزووتنەوەیەک کە بە شێوەیەکی بەرفراوان ئەم جاڕنامەی بەرز کردەوە، خستیە سەر مێز، سەرنجی بۆ خۆی ڕاکێشا، سەرنجی میدیاکانی ڕاکێشا و هتد. ئەمانە هەموو دەستکەوتەکانی ئەم کۆبونەوە بوون.
بەپێی ئەو وەسفانەی کە دامن، وەڵامی ئەو پرسیارە زۆر ڕوونە کە بۆچی حیزب بەشداری و پشتیوانی کرد. هەر لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی جاڕنامەی ٢٠ ڕێکخراوەوە،حزبی ئێمە بە بەردەوامی و هەمەلایەنە پشتیوانی لێ کردووە و بڕگەکانی وروژاندووە و ڕوونی کردووەتەوە و شرۆڤەکردوە. جاڕنامە لە بانگەشەی حیزبدا جێگەی گرنگی هەبووە، لە تەلەفزیۆنی کەناڵ جەدیدەوە جێگەی تایبەتی هەبووە، ناساندن و پشتیوانی جاڕنامە، چاوپێکەوتن لەگەڵ دەیان کەس کراوە، پانێلی لەسەر ئەم بابەتە ساز کراوە و هتد ., هتد. بە پەیڕەوکردنی ئەم سیاسەتە، حزبی ئێمە پاڵپشتی و بەشداری کۆنفرانسی کۆڵنی کرد.
ئێمە پحزبێکی بەرگریکاری خۆڕاگر و یەکلاکەرەوەین، بێ هیچ گومانێک. ئێمە ئەو حیزبەین کە وەک مانیفێستی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی بەرگریمان لە جاڕنامەش کردووە. بەڕای من هەڵوێستی ڕاستەقینەی جاڕنامەکە ئەمەیە. ئەمە زمانی شۆڕش و مانیفێست و ئاڵای شۆڕشە، هەربۆیە هەر جۆرە بزووتنەوەیەک بۆ پشتیوانی لەم جاڕنامەیە، بزووتنەوەیەکی پێشکەوتنخوازانە و ڕادیکاڵە بە ئاراستەی بەهێزکردنی شۆڕشی ژن ، ژیان، ئازادیدا.
حەسەن ساڵحی: باست لە ڕووماڵی میدیای گشتی کرد. لە بی بی سی ڕاپۆرتێکم بینی کە دەڵێ چەپەکان لە ژێر یەک سەقفدا کۆبوونەتەوە. بەڵام ئەو جاڕنامەیەک کە دراوەتە دەرەوە تایبەت نییە بە چەپ. واتە مەساتێکە کە بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگە لە دژی کۆماری ئیسلامی یەکدەخات. ڕێکخەرانی ئەم کۆنفرانسەش بەدواداچوونیان بۆ چاوپێکەوتنەکان کرد و ڕایانگەیاند کە ئەمە جاڕنامەیەکە بۆ شۆڕش. بە لەبەرچاوگرتنی ئەمانە ئایا دەکرێ ئەم جاڕنامەیە بە بەڵگەنامەیەک هەژمار بکرێت بۆ دژایەتیکردنی ڕاست؟
حەمید تەقوایی: وەک ئاماژەم پێدا، جاڕنامەی ٢٠ ڕێکخراو مانیفێستی شۆڕشە. لانی کەم ئەمە هەڵسەنگاندن و ڕوونکردنەوەی حزبی ئێمەیە. ئەم جاڕنامەیە لە لایەن ٢٠ ڕێکخراوی دژ بە ڕاستەوە بڵاونەکرایەوە، دژی کۆماری ئیسلامی، دژی ئەو حکومەتەی کە دەیانەوێت بیڕووخێنن، بڵاوکراونەتەوە. کۆتایی تەوەرەکەی ئەوەندە قووڵ و ئینسانی و ڕادیکاڵە کە لە بەرەی چەپی کۆمەڵگادا دادەنرێت. سەرئەنجام داواکاری شۆڕشگێڕی و ڕادیکاڵ لەلایەن چەپ و سۆسیالیست و کۆمۆنیستەکانەوە دەوروژێنرێت. بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە ئەم جاڕنامەیە تایبەتە بە چەپ. بەو مانایەی کە تەنیا هێزەکانی چەپ دەبێ یان دەتوانن پشتیوانی لێ بکەن. تەنها هەر ئەوەندە بەسە کە شەریف و ئازادیخواز بیت بۆ ئەوەی بەرگریکاری ئەم جاڕنامەیە بیت. تەنها پێویستە بەڕاستی یەکسانیت بوێت، دژی هەر جۆرە جیاکاری و ئیستغلالێک بیت بۆ ئەوەی بەرگریکاری جاڕنامەکە بیت.هەر ئەوەندە بەسە کە خوازیاری ڕووخانی تەواوی سیستمی کۆماری ئیسلامی و حوکمڕانی یەک لەسەدەکان و حوکمی مفتەخۆر و تاڵانچی و دز و چەوسانەوە و ئیستغلالکردنی کرێکاران و ڕاکێشانی زۆرینەی کۆمەڵگا بۆ ژێر هێڵی هەژاری بیت .خوازیاری ژێروو ژوورکردنی هەموو سیستەمەکە بیت تا ببیتە پشتیوانی جاڕنامەکە و ئەمەش بە مانای زۆرینەی ڕەهای خەڵکی ئێران دێت. ئەو خەڵکەی هەستانەوە و ئاڵای شۆڕشی ژن ژیان ئازادیان هەڵکرد، لەوانە ژن، گەنج، هەشتاکان، کرێکار، خانەنشین، مامۆستا، کۆلکەزێڕینەکان، نەیارانی سزای لەسێدارەدان، لایەنگرانی ئازادی زیندانیانی سیاسی و هتد..هتد. ئەم بەشە مەزنەی کۆمەڵگا مەرج نییە هەمووی چەپ و کۆمۆنیست بێت بە بەرنامە و ڕوانگەیەکی سۆسیالیستییەوە، هەروەک دەکرێ لە بارەی حیزبێکی وەک حیزبی ئێمە و کۆمۆنیزم بە گشتی بگوترێ. بەڵام هەمووان لەگەڵ ئازادی و یەکسانیدان و لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی هەر جۆرەچەوسانەوە و هەر جۆرە ئیستغلالێک و هەر جۆرە دزی و تاڵانییەک و حکومەتی کاک ئاغای باڵای سەر و…هتد.
لە جاڕنامەکەدا هاتووە کە مرۆڤەکان هەرکاتێک بیانەوێت بتوانن دەسەڵات بڕوخێنن. واتە باسی حکومەتی شورایی کرا. باس لە تێکدانی هەر جۆرە دیکتاتۆریەتێک دەکرێت. باسی ئازادییە بێ مەرجەکان کراوە. ئەمانە داواکاری زۆرینەی زۆری خەڵکی ئێرانن کە ئەمڕۆ پێی دەوترێت ٩٩٪، هەربۆیە پێویستە بگوترێ جاڕنامەکە هی شۆڕشە. بۆ شۆڕشی ژن ژیان ئازادی دژی نەک هەر کۆماری ئیسلامی، بەڵکو دژی هەر جۆرە دیکتاتۆریەتێک، هەر جۆرە حکومەتێک لە سەرووی خەڵکەوە، هەر جۆرە ئابوورییەک لەسەر بنەمای چەسانەوە. ئەم جاڕنامەیە دژی ئەم دۆخەیە و بەم مانایە بە بڕوای من جاڕنامەیەکی شۆڕشگێڕانەیە لە دژی کۆماری ئیسلامی.
ڕوونە کە ئۆپۆزسیۆنی ڕاستڕەو و حزبە ڕاستڕەوەکان و هێزەکان بە گشتی ستراتیژێکی جیاواز پەیڕەو دەکەن کە پێویست ناکات لێرەدا بچمە ناو ئەم باسەوە. ئێمە پێشتر زۆر شتمان لەم بارەیەوە پێوتوون. بێگومان ئەو هێزانە هیچ نزیکایەتیەکیان لەگەڵ جاڕنامەی بیست ڕێکخراوەوە نییە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە ئێمەجاڕنامە تەنیا بە ئاڵای حزب و تێکۆشەرانی چەپ دەزانین، بەڵکوجاڕنامە لە ڕاستیدا ئاڵای هەموو کرێکاران، هەموو ژنان، هەموو لاوانە و هەموو خەڵکی ئازادیخوازی ئێران. جاڕنامە بەڕاستی و بە شێوەیەکی بابەتیانە ئاڵای شۆڕشی ژن ژیان ئازادییە لە بەرامبەر دەسەڵاتدارە سمفتەخۆرە لە سەدا یەکەکاندا.

حەسەن ساڵحی: لە سەرەتای قسەوباسەکەتاندا حاماژەتان بە گرنگی جاڕنامە کرد. ئەو پرسیارەی من هەمە ئەوەیە، ئایا ئەو هێزانەی بەشداریان لەم کۆڕبەندەکەدا کردووە، ئایا هەمان هەڵسەنگاندنیان بۆ پێگە و ڕۆڵی ئەم جاڕنامەیە هەیە؟

حەمید تەقوایی: پێموایە هەموو هێزەکان لە گرنگی ئەم جاڕنامەیە تێدەگەن. بەڵام لەڕووی ئەو هەڵوێستەی کە دەیدەن بە جاڕنامەکە، ڕوونکردنەوەیان چییە بۆ پەیوەندی نێوان جاڕنامە و شۆڕشی ئێستا، هەڵسەنگاندنیان چییە و هتد، بۆچوونەکان جیاوازن. وەک ئاماژەم پێدا هەڵسەنگاندنی حیزبی ئێمە ئەوەیە کەجاڕنامە ئاڵای شۆڕشە، مانیفێستی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی و مانای سەرکەوتنەکەیەتی. مانای ڕاستەقینەی ڕووخاندن لەم جاڕنامەدا دەربڕدراوە، مانای ڕاستەقینەی ئازادی، مانای ڕاستەقینەی یەکسانی، لەم جاڕمەدایە، هەرچەندە لە ئاستی تیۆری و شیکاریدا نییە، بەڵکو وەک بەڵگەنامەیەکی سیاسیە.
ئەمە هەڵسەنگاندنی ئێمەیە. هیوادارم هێزەکانی تری چەپ هەمان هەڵسەنگاندنیان هەبێت. لەوەتەی جاڕنامەکە دەرچووە، حزبی ئێمەش بەهەمان ڕوونکردنەوە پاڵپشتی دەکات، بەڵام نەمبینیوە حزبەکانی تریش بەو جۆرە ڕوونکردنەوە و هەڵسەنگاندنە پشتگیری میساقەکە بکەن. وەک چۆن هەڵسەنگاندنی شۆڕشی ژن ژنان ئازادی لە نێوان هێزەکاندا جیاوازە و تەنانەت ڕەنگە بۆچوونی جیاوازیان هەبێت سەبارەت بە دروشمی ژن ژیان ئازادی ، ئەم جیاوازییانە لە ڕوونکردنەوەی جاڕنامەکەدا دەبینین.

حەسەن ساڵحی: باس لەوە کرا کە بە شێوەیەکی سەرەکی هێزە چەپەکان بەشداری کۆنفرانسی کۆڵنیان کردووە. پرسیاری من ئەوەیە، ئایا ئەم جاڕنامەیە دەتوانێت ببێتە بنەمایەک بۆ یەکخستنی هێزە چەپەکان؟

حەمید تەقوای: ناکرێ جاڕنامە وەک بنەمایەک بۆ یەکڕیزی لایەنەکان هەژمار بکرێت، چونکە یەکڕیزیی هێزە چەپەکان پێویستی بە بەڵگەنامەی زۆر ستراتیژی و بنەڕەتیتر هەیە، هەروەها یەک میتۆدۆلۆژیا و یەک هێڵی ئاراستە ، کە لەم زمینەیەدا جیاوازی بوونی هەیە لە نێوان حزبەکاندا. بەڵام جاڕنامەکە دەتوانێت یەکێک بێت لە تەوەرەکانی چالاکیی پراکتیکی هاوبەشی نێوان هێزەکان. به هه مان شێوه ڕۆحی به ڕێوه چوونی ئه م کۆبەندە دواجار کارێکی هاوبه ش بوو له نێوان ئه و هێزانه ی که کەمتر بینیومانن پێکه وه دانیشتبن. ئەم هێزانە کە بەزۆری جیاوازییەکانیان لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ یەکتردابەرجەستە دەبن بۆ پشتیوانیکردن لە جاڕنامەکە کۆدەبوونەوە و ئەمەش جارێکی دیکە گرنگی ئەم جاڕنامەیە دەردەخات. کەواتە بەکورتی دەبێ بڵێم کە هەموو هێزە چەپەکان دەتوانن و پێم وایە دەبێ، ڕێکبخەن، یەکتر بگرن و بە هەمان ئاراستە لە دەوری میساقی کار و چالاکیی هاوبەش بە شێوازی جیاواز کار بکەن. لە هەمان کاتدا ناکۆکیەکانیان لە شوێنی خۆیاندایە و هەر لایەنێک و هەر هێزێک دواجار ئەجێندای خۆی پەیڕەو دەکات. جاڕنامەکە دەتوانێت ئەم ڕۆڵە بگێڕێت و هیوادارم کۆڕبەندی کۆڵن یەکەم هەنگاو بێت بەرەو پشتیوانی هاوبەشی زیاتر بۆ جاڕنامەکە.
حەسەن ساڵحی: چ کردەوە و چالاکییەکی دیکە بۆ پشتیوانی لەم میساقی 20 پێکهاتە دەکرێت. باست لەوە کرد کە کۆنفرانسەکە هەنگاوێکی گرنگ بوو، بەڵام چ چالاکیەکی تر دەتوانرێت ئەنجام بدرێت؟
حەمید تەقوایی: بە بۆچوونی من پشتگیریی جاڕنامەکە لە زنجیرەیەک چالاکیی کرداریدا نیشان بدرێت. بەس نییە کە ڕاگەیاندنێک بکەین یان کۆنفرانسی پشتیوانی ڕێکبخەین و دواتر لە سیاسەتی ڕۆژانەماندا باسی جاڕنامەکە نەکرێ. وەک وتم هەر حزبێک بەرنامەی تایبەتی خۆی هەیە، بەڵام پایەیەکی گرنگی چالاکییە کردارییەکانی حزبەکان دەبێت ئەوە بێت کە ئەم جاڕنامەیە بە شێوازی جیاواز بەرزبکرێتەوە، لە کۆمەڵگادا بە زیندوویی بهێڵێتەوە، ڕوونی بکاتەوە، بڕگە جیاوازەکانی بکەنە ئاڵای بزووتنەوە جیاوازەکان.
هەر بڕگەیەکی ئەم جاڕنامەیە پەیوەندی بە بزووتنەوەیەکی دیاریکراوی ناو کۆمەڵگەوە هەیە. داواکارییەکانی بزووتنەوەی ژنان، بزووتنەوەی دژ بە سزای لەسێدارەدان، بزووتنەوەی کرێکاری، بزووتنەوەی خانەنشینان، مامۆستایان، ژینگەپارێزان، پەلکەزێڕینەکان و هتد، هەموو ئەمانە لەم جاڕنامەەدا دەربڕدراون. لایەنگرانی ڕاستەقینە و بەردەوامی دیموکراسی و ئازادی، تێکۆشەرانی دژ بە دەزگای سەرکوتکەر، دژی زیندان و پۆلێنی زیندانیانی سیاسی، دژی لەسێدارەدان، خەباتکارانی دژ بە سوپای پاسداران و مادەی هۆشبەرە ستەمکارەکانی حکومەت، نەیارانی ئەم دۆڵی قووڵەی نێوان هەژاری و سەروەت و سامان، نەیارانی هەر جۆرێک لە دەسەڵات لە سەرووی خەڵکەوە و سەروو خەڵکەوە ، هەموو ئەمانە لە بڕگە جیاوازەکانی ئەم جاڕنامەدا نوێنەرایەتی کراون.
پشتیوانیکردن لە جاڕنامە واتە پلانێکی دیاریکراوی کارکردن بۆ بەرزکردنەوە و بڵاوکردنەوەی تەوەر و بڕگەکانی جاڕنامە لە هەریەکێک لەو بزووتنەوەیانەدا. لە خۆپێشاندانەکانی دەرەوەی وڵات، لە شێوەی گرافیتی و دروشمی گردبوونەوە ناڕەزایەتییەکان و خۆپیشاندانی شەوانە لە ناوخۆی وڵاتدا، وەکو لافیتە و هاشتاگ و تراکت و ئایکۆنی ڕیکلام لەسەر پلاتفۆرمە جیاوازەکانی سۆشیال میدیا، دەتوانرێت بڕگەکانی جاڕنامەکە و خودی جاڕنامەکە وەک… مانیفێستێکی شۆڕش بە شێوازی جیاجیا، بخرێتەروو و ببرێتە دڵی کۆمەڵگەوە. پشتگیری لە جاڕنامەکە تەنها لە ڕاگەیاندنی هەڵوێستێکدا سنووردار نەبێت. ناوەڕۆکی جاڕنامەکە بکرێتەوە و ڕوون بکرێتەوە. پێویستە هەڵوێستی دەربخرێت و پەیوەندییەکەی لەگەڵ شۆڕشی ژن ژیان ئازادیدا نیشان بدرێت و چین و توێژە بەرفراوانەکانی کۆمەڵگا بانگهێشت بکرێن بۆ ئەوەی بچنە ناو ئەم جاڕنامەوە. ئەم جاڕنامە دەتوانێ نەک هەر هەزاران، بەڵکو سەدان هەزار و ملیۆنان لایەنگری هەبێت. ئەمەش بە ئەگەرێکی زۆرەوە تەواو ئەگەری هەیە. پێویستە ئەمە بکرێتە واقیع و هەموو لایەنگرانی جاڕنامەکە و بە تایبەت چەپی حزبی کە پشتیوانی جاڕنامەکە دەکەن، لە چالاکییەکانی ڕۆژانەیاندا ئەمە بکەنە ئامانج و ئەم جاڕنامەیە بکەینە ئاڵای زۆرینەی خەڵکی ئێران و ئاڵای بزووتنەوە.ناڕەزایەتییەکان لە کۆمەڵگەی ئێراندا. ئەمە مومکینە و ئەمە ئەو ئامانجەیە کە پحزبی ئێمە بەدوایدا دەگەڕێت و هیوادارم هەموو ئەو هێزانەی بەرگری لە جاڕنامەکە دەکەن ئەم ئامانجە کردەییە بخەنە کارنامەی خۆیانەوە.
حەسەن ساڵحی: لە کۆتاییدا باشە کە ئاڕاستەی میساقێکی دیکە بکرێت کە ئەویش گرنگە. مەبەستم لە جاڕنامە “داواکارییە پێشکەوتنخوازەکانی ژنانی ئێران”، کە دوای بڵاوبوونەوەی جاڕنامەی ٢٠ ڕێکخراو بڵاوکرایەوە. وە ژمارەیەکی بەرچاو لە چالاکانی کۆمەڵایەتی بەتایبەت داکۆکیکارانی مافی ژنان واژۆیان لەسەر کرد. شۆڕشی ئێستا شۆڕشێکی ژنانە و داخوازییەکانی ژنان بەشێکی گرنگ لە شۆڕشی ژیانی ئازادانەی ژنان پێکدەهێنن. لەم ڕوانگەیەوە ئەم جاڕنامە شایەنی سەرنجە. بۆچوونی ئێوە چییە لەسەر چۆنیەتی بەهێزکردنی ئەم جاڕنامەیە؟
حەمید تەقوایی: بەڵێ، وەک خۆت وتت، بەڵگەنامەیەکی دیکە هەیە کە پێگەیەکی گرنگی هەیە لە شۆڕشدا، ئەویش “جاڕنامەی داواکارییەکان بۆ پێشخستنی ژنانی ئێرانە”. ناوی تەواوی ئەمەیە. ئەم جاڕنامەیە ڕۆژێک پێش ڕۆژی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانی ژنان بڵاوکرایەوە و پێشوازی لێکرا، بەڵام پێویستە زیاتر لەمە بزانرێت. پێویستە زیاتر لەمانە بەرز بکرێنەوە. دەتوانرێت هێزی زیاتر لە دەوری ئەم بەڵگەنامەیە ڕابکێشرێت.
دوای بڵاوبوونەوەی ئەم جاڕنامەیە،حزبی ئێمە هەر لە سەرەتاوە پشتیوانی لێکرد و بە بەڵگەنامەیەکی تەواوکەری جاڕنامەی ٢٠ ڕێکخراوی زانی. ئەم بەڵگەنامەیە بە شێوەیەکی کردەیی بڕگەکانی پەیوەست بە مافەکانی ژنان لە جاڕنامەی ٢٠ ڕێکخراودا فراوانتر کرد و داواکارییەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ژنانی بە شێوەیەکی هەمەلایەنە و بە تەواوی خستەڕوو. دەکرێت بۆ بڕگەکانی تریش هەمان شت بکرێت، بەڵام وەک خۆت وتت ئاخر پرسی ژن مەسەلەی سەرەکی شۆڕشە و ئەم شۆڕشە بە دروشمی سەرەکی ژن ژیان ئازادی و ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بێ مافی ژن دەستی پێکرد. ئێستاش دەبینین بزووتنەوەی بێ حیجابی بزووتنەوەیەکی بەربڵاو و بەهێزە لە کۆمەڵگادا، کە بەڕاستی دەسەڵاتی بێ ئومێد و بێدەسەڵات کردووە. ڕوونە کە بەرەنگاربوونەوەی بێمافی ژنان پرسێکی هەنووکەیی و گرنگە و جێی خۆیەتی کە بە تایبەتی لەم دۆخەدا بە هەمان هێزی جاڕنامەی٢٠ ڕێکخراو پشتیوانی لە جاڕنامەی داخوازی پێشکەوتنخوازانەی ژنان بکرێت. هیوادارم بتوانین پلان و ڕێکخستنی کۆنفرانسێکی هاوشێوەی کۆنفرانسی گشتی بۆ پشتیوانی لە جاڕنامەی پێشکەوتنخوازانەی داواکارییە پێشکەوتنخوازەکانی ژنان دابنێین. ئەم جاڕنامەیە لە چالاکی و خەباتی ڕۆژانەماندا پێگەیەکی تایبەتی هەبێت. زۆر گرنگە سەرنجی هەموو کۆمەڵگا لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات بۆ ئەم جاڕنامەیە ڕابکێشین. بەڕای من دوو بەڵگەنامەی جاڕنامەی کەمترین داواکاری بیست ڕێکخراو و جاڕنامەی داواکاری پێشکەوتنخوازی ژنان دەتوانن بەباشی نوێنەرایەتی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی بکەن و ئاڵای پێشەنگی ئەم شۆڕشە بن.

٢٥ی ئەپرێلی ٢٠٢٣، ٥ی ئەردیبەهەشتی ١٤٠٢




پەیوەندیەکانی تورکیا بە وەلاتانی دراوسێ.. ئەیهان جادر سۆفی

دوای راگەیاندنی کۆماری تورکیا لەساڵی ١٩٢٣ پەیوەندی دیبلۆماسی لەگەڵ وەلاتانی دراوسێ بەسترا چەندین پەیمانی لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەری بەستی بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکان و پێشکەوتنی تورکیا بەستبوو .

پەیوەندی تورکیا لەگەڵ عێراق: دەکەم پەیوەندیەکە ئەوە بوو کە کێشەی ویلایەتی موسل بوو چونکە موسل لە ساڵی ١٩١٨ لە لایەن بەریتانیا داگیر کرابوو . موسل ناوچەیەکی دەولەمەند بوو لە نەوت وە ھەرووھا ئەم کێشەیە لە ساڵی ١٩٢٤ بەریتانیا جەختی لە گرێدانی موسل بە عێراقەوە کرد پێشنیازی تورکیایان کرد بەڵام رەتیکردەوە کاتێکلایەنەکان رێکەوتن مەسەلەکە راوەنەی کۆمەڵەی گەڵان کرا لە جنێڤ کە ھێشتا تورکیا تێدا ئەندام نەبوو وە لە ١٩٢٤ چەندین پێکدادان لە نێوان تورکیا و ھێزەکانیبەریتانیا  روویدا کەبەریتانیا داوای کێشانەوەی تورکیا کرد لە ناوچەکان وە سنورێکی کاتی لە نێوان ھەردوو لا پێکھێنا  ١٩٢٥ کۆمەڵەی گەڵان بریاری دا کە موسل بخرێتە سەر عێراق وە تورکیا ئەم بریارە پەسەندکرد لە ساڵی ١٩٢٦  لەبەرامبەر وەرگرتنی سەدی ١٠ نەوتی موسل بۆ ماوەی ٢٥ ساڵ.

پەیوەندی لەگەڵ ئیران : پەیوەندیەکی دۆستایەتی لە نێواندا ھەبوو ئەم پەیوەندیە لە ٢٢نیسانی ١٩٢٦ واژۆ کرا وە ھەردوو لا لە پەیمانەکەدا رێکەوتن لەسەر رێگەنەدان بۆ دامەزراندنی رێکخراووە گروپێک ھەرووھا پێش ئەم پەیمانە واژۆبکرێت پەیوەندیەکە پێشکەوتنی بەخۆوە بینیوە سەردانی وەزیری دەروەی ئیران تەیمورتاش لە پایزی ١٩٢٦ واژۆکردنی پرۆتۆکۆلێکی کاتی لە ٢ی کانوونی دووەمی ١٩٢٧ لە نێوان تورکیا وئیران دامەزراند وە پەیوەندی تەلەگرافیی لە نێوان ئەنکەر و تاران لە ساڵی ١٩٢٨ دامەزراند . ھەرووھا بە ھۆی جموجۆلی گرپی چەکدارەکان لە سەر سنورەکان بەتایبەتی جموجۆلی گروپە کوردەکان بۆ سەر بنکەی تورکیا ئەم پەیوەندی لەساڵی ١٩٣٠ توشی تەنگەژە بوو تورکیا ئیرانی تۆمەتباری دەکرد بە فەرمۆشکردنی بەرپرسیارەتی لەسەر سنورەکان بەڵام زۆری پێنەچوو پەیوەندیەکە وەکو جاران لێھاتەوە وەزیری دەروەی تورکیا لە ١٧ی کانوونی دووەمی ١٩٣٢ سەردانی تارانی کرد لە ٢٣ی ھەمان مانگ پەیمانی سنور لە نێوان ھەردوو لا بەسترا بۆ نەھێشتنی کێشەکان لە نێوانیاندا.

رێکەوتننامەی سەعد ئاباد :ئەم پەیمانە لە نێوان تورکیا و ئیران و عێراق و ئەفغانستان لە ٨ی تەموزی ١٩٣٧ بەسترا ئەم پەیمانە بە پەیمانی چوار قۆلی دادەنرا ئەم پەیمانە بەسترا بە مەستی گفتوگۆ بکەن بۆ چارەسەر کردنی ئەو کێشانەی کە زیان بەرژەوەندی ئەو لایەنانی دەگەینێن ھەرووھا پەیمان بدەن ھیچ لایەنێک پەنا نەبات  بۆ لایێکی تر ھیچ چالاکیەکی سیاسی پەیرەو نەکات ھەمیشە لە ئاشتی دابن.

پەیوەندی لەگەڵ سوریا :کێشەی ھاتای کە لە ساڵی ١٩٣٦ فەرەنسا رایگەیاند کە سەربەخۆی سوریا کە ھاتای بخاتە سەر دەوڵەتی نوێی سوریا ئەمەش بۆ کۆمەڵگەی تورکیا قوت نەدەچوو کێشەکە خرایە بەردەم کۆمەڵەی گەڵان لە١٩٣٧ رەوانەی هەرێم کرد بەریتانیا لەوە نیگەران بوو کەلەئاست مەترسی ئیتالیەکان  کەلێن بکەوێتە  نیوان تورکیا وفەرنسیەکان هەر بۆ یەکدی نێوانیان تا گەیشتە ڕێکەوتنێک کە هاتایی بوە قەوارەیەکی سەربەخۆ پارێزەرانی نێودەوڵەتی دەستورێکیان بۆدانا بۆ هەلبژاردن لە ئەیلوولی ١٩٣٨ئەنجام دا بەزۆرینەیەکی کەمی تورکی واتە ٢٢لە ٤٠ کورسی پەرلەمان کۆتای هات پەرلەمانی نوێ سەربەخۆی ھاتای راگەیاند نزیکە ساڵێک لە ١٩٣٩ ئەو دەوڵەتە لەگەڵ تورکیا راگەیاند ئەوەی تۆرەیی مەزنی سوریەکانی لێکەوتەوە تا ئەمرۆش ئەم ناوچەیە بەشک لە سوریا دادەنێن لەسەر نەخشە.

پەیوەندی لەگەڵ یۆنان : کۆتایی١٩٢٠کان  و سەرتایی  ١٩٣٠کان پەرسەندنێکی پلەبەپلەچاکبوونی پەیوەندیییەکانی تورکیای لەگەل ولاتانی دەوروبەردا بەخۆوەبینی پەیمانێکی هێرش نەکرد سەریەک،لەگەل ئیتالیا لە ساڵی ١٩٣٨مۆرکرا . هەوروەها بە تێکۆشانی  رێژەیی دپلۆماتی ئیتالی .ئاشتیش لەگەل یۆناندا پێکهات . لە ئۆکتوبەری ١٩٣٠ دوا سۆنگەی ترس هاوبەش لە یەکێتیخوازیی بولگارییەکان . رێکەوتتنامەیکی دۆستایەتی لەگەل یۆناندا مۆرکرا . پاش  چەند کۆنفرانسێک لە بالکان،. لە  لەسالی  ـ١٩٣٤دا، پەیماننامەی بالکان لەگەل یۆناندا . یۆگۆسلاڤیا.  رۆمانیا. تۆرکیاش  وەک ئەندامێکی مۆرکرا .

دەرئەنجام:

لێرەدا بۆمان دەرکەوت کە یەکەمین پەیمانی دۆستایەتی لە نێوان تورکیا و ئێران لە ٢٢ ی نیسانی ١٩٢٦ هاتە واژۆ کردن ، وە بەهۆی شۆرشەکانی کوردەوە لە تورکیا لە سالی ١٩٣٠ پەیوەندیەکانی نێوان تورکیا و ئێران دوچاری تەنگەژە بوەوە . بەهۆی ئەوەی تورکیا ئێرانی تۆمەت بار کرد بە کەمتەرخەمی لە پاراستنی سنورەکانیان ، وە بۆمان دەکەوت کە رێکەوتن نامەی سەعد ئاباد لە نێوان چوار ولات لە سالی ١٩٣٧ کۆشکی سەعد ئاباد لە تاران مۆر کرا بۆ دروست بونی هاوپەیمانیەتیە ئەو ولاتانەی ئاماژەمان پێ کردن ، هەروەها کێشەی ویلایەتی موسل کە ئەو کێشەیەبوو تورکیا لەگەل بەریتانیا لەسەر موسل هەیبوو کە ئەو هەرێمە بە نەوت دەولەمەند بوو هەروەها بریاری کۆمەلەی گەلان لە سالی ١٩٢٥ بریاری دا کە تورکیا لە سەدا ١٠ی نەوتی ویلایەتەکەی بۆ ماوەی ٢٥ سال پێ بدرێ لە ئەوش لە بەرامبەردا واز لە خواستەکانی ئەو هەرێمە بێنێت لەکۆتایدا ھاتای خرایە سەر سوریا وتورکیاش ناچاربوو کەقبوڵێ بکات.

تورکیا لەئەنجامی ڕیکەوتنامەی دۆستانە لەگەڵ یۆنان توانی مەترسی لەسەر خۆرئاوای تورکیا دوربخاتەوە.




ڕۆڵی تورکیا لە دیاریکردنی هێلی 36.. شەوقی ملا احمد

لە 23 کانونی دوەمی ساڵی 1980 سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا جێمی کارتر لەبەردەم کۆنگرێسی ئەمریکا وەستا گوتی ” هەر هەوڵێک لە هەر لایەنێک بێ بۆ دەستگرتن ودروست کردنی هێزێک لەناوچەی کەنداو لە تێڕوانینی ئەمریکا هێرشە بۆسەر بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا بۆیە بەهەر شێوەیەک بێت دژی دەوەستینەوە هەتا ئەگەر بژادەی بەکار هێنانێ هێزیش بێت”.
وتەانی کارتر ئەوکات ئاماژە بوون بۆ جولەکانی حکومەتی عێراق کە لە هەوڵی فراوانکردنی هێز وسنوری دەدا، لەو هەوڵانەش هێرش کردنە سەر ئێران و دواتریش کوێت ئاماژەی ڕوون بوون بۆ وتەکانی کارتر، عێراق لە تێڕوانینی ئەمریکا بەخالی گرینگی بەرژەوەندیەکانی دەدەنرا چونکە بە ستراتیژترین ناوچەی کەنداو هەژمار دەکرێت بەتایبەت بەهۆێ بەرزترین یەدەگی وزە لە خاکەکەیدا.
هەربۆیە پاش جەنگی کەنداوی دووەم و شۆرەش وڕاپەرینەکانی کوردستان وکۆڕەوە مڵیۆنیەکەی کووردانی باکوری عێراق ئەمریکا هەڵی ئەوەی بۆ ڕەخسا کە دەرگایەک بۆ بەیهێنانی بەرژەوەندیەکانی بکاتەوە بەهاوکاری ئەنجوومەنی ئاسایش. دوای ئەوەی وولاتی فەرەنسا پڕۆژەی ناوچەی دژە فرینی پێشکەشی ئەنجومەنەکە کرد بۆ سەپاندنی ناوچەی دژە فڕین بەسەر بەشێک لە ناوچە جیاوارەکانی عێراق. لەوانەش باکوری وڵات کە ئێستا ناوچە سنوریەکانی هەرێم دەگرێتەوە. بڕیارەکە بە زۆرینەی دەنگ چووە بواری جێ بەجێ کردن.
ئێستا سی ودوو ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر بڕیاری (688 )ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی. دوای ئەوەی خەلکی کوردستان بڕیاری ڕاپەرینە مەزن وشکۆدارەکەی ئاداری 1991 دا، توانی هێزە داگیرکەر ودڕندانەکەی بەعسی شۆڤینی لە کوردستان وەر بنێت، دوای قوستنەوەی دەرفەتی شڵەژاوی حکومەتی عێراق لەدوای شەڕی داگیرکردنی وڵاتی کوێت. سوپای عێراقی ئەوکات لە بەهاری 1991 دا خۆی ڕێکخستەوە بۆ گەڕانەوە بۆ باشور و ڕایگەیاند دەگەڕێتەوە و تۆڵە دەکاتەوە، ئەمە کارێکیکرد کە زۆرینەی خەڵکی هەرێم بەرەو وڵاتانی دراوسێ بەڕێکەوتن و کە بە کۆڕەوە گەورەکە ناسراوە هەر ئەم کۆڕەوە بووە هۆکاری سەرەکی کۆبوونەوە و بڕیاردانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بوو.لە ڕۆژی ٥ی نیسانی 1991 بڕیارێکی گرنگ و مێژوویی بە ژمارە (688 ) دەرکرد بۆ پاراستنی کورد لە هێرش و هەڕەشەکانی رژێمی عێراق، له‌ دانیشتنی ژمارە (2982 ) ئەنجومەنی ئاسایش به‌ زۆرینەی (10 ) ده‌نگ بڕیاری (688 )ی دەرکرد و تەنها سێ وڵات لەگەڵ بڕیارەکە نەبوون و دوو ئه‌ندامیش بە بێلایەن بوون دەنگیان دا.
ئەم بڕیارە بەتەنها بریتی نەبوو لە پاراستنی کورد لەهەڕەشەکانی سەدام لەعێراقدا، بەڵکو هێڵێکی جیاکەرەوەشی لەنێوان کوردستان و بەشەکانی تری عێراق کە بە هێڵی (36 ) ناسراوە، ئەم بڕیارە بە دەستپێکێکی گرینگ دادەنرێت بۆ بەدیهێنانی مافە ڕەواکانی کورد کە دواتر زۆرینەیان بەدیهاتن، بەتایبەت دروست کردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان دروست کردنی حکومەتێک کە زۆرینەی دەستەڵاتەکانی بۆنی سەربەخۆییان لێ دەهات.
دەرکردنی ئەم بڕیارە کوردی لە کوردستانی عێراقدا بردە قۆناغێکی نوێوە بەجۆرێک توانی هەر سێ پارێزگای هەولێرو سلێمانی و دهۆک وەک هەرێمێکی سیاسی و ئیداری جیاواز لە دەسەڵاتی حکومڕانی سەدام پێکبێنێت و کەوتە ژێر چاودێری ئەمریکاو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە.
ئەگەر باس لە ڕۆڵی ولاتانی دراوسێ بکرێت لە ڕووداوەکانی ئەو کات دا دەبینین ئێران هەر لەسەرەتاوە پێشوازی له‌ ئاواره‌کان کرد بێ هیچ ڕێگریەک سنورەکانی بۆ واڵا کردن، به‌ڵام تورکیا سەرەتا دەرگای بەسەر ئاوارەکاندا نەکردوە کە کە په‌نایان بردبوه‌ بەر سنورەکانی باکوری کوردستان و تورکیا، بەهۆیەوە ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ ئاواره‌کان به‌هۆی دۆخی نه‌گونجاوی ته‌ندروستی وسەختی وساردی بێ خۆراکی گیانیان له‌ ده‌ستدا، دواتر ڕێگای بۆ کردنەوە
هەروەها حکومه‌تی تورکیا دوای ماوه‌یه‌ک ژماره‌یه‌کی زۆر لە ئاواره‌کانی گه‌ڕانده‌وه‌ بۆ عێراق و ریکخراوه‌ی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی له راپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە؛‌ لە مانگی ئازار تا مانگی ئایاری (1991) نزیکەی (2584) ئاواره‌ به‌بیانوی لێبوردنی گشتی حکومه‌تی سەدام، لەلایەن تورکیاوە ره‌وانه‌ی عێراق کراونه‌ته‌وه‌.
هەموو ئەمانە پێمان دەڵێن کە حکومەتی ئەوکاتی تورکیا هیچ ڕۆلێکی ئەرێنی وەهای نەبینی لە بەهاناوە چوونی کوردانی باکوری عێراق تەنها ئەوە نەبێت کە ڕێگەی دا کە فڕۆکەکانی هاوپەیمانان لە نێو خاکی تورکیا چاودێری جموجۆلی حکومەتی عێراقی بکەن لە ناوچەی دژە فڕیندا




بارودۆخی سیاسی تورکیا لەنێوان ساڵانی ١٩٤٦ تا ١٩٥٠.. فێنک ڕەمەزان حمد

دوای سەرهەڵدانی ئۆپۆزسیۆن لە ٢١ ی تەمموزی ١٩٤٦ یەکەم هەڵبژاردن ئەنجامدرا . ئەم هەڵبژاردنە لە چوارچێوەی فشارێکی زۆری پارتی گەلی کۆماری بەڕێوەچوو ، بەهۆی پێدانی بەرتیلی زۆر بە خەلک و ترساندنی خەلک . لە ٢٣ ی تەمموزی سالی ١٩٤٦ ئەنجامی هەڵبژاردن ئاشکرا کرا ، کە پارتی گەلی کۆماری ٢٩١ کورسی و پارتی دیموکرات ٦٢ کورسی و سەربەخۆکان ١٢ و پارتەکانی تر هیچیان بە دەست نەهێنا . دوای هەڵبژاردن کازم قەرەبەکر بە سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانی و ڕەجەب بەکر بە سەرۆک وەزیران دانرا . سەردەمی ڕەجەب بەکر بە نوێنەری باڵی توندڕەو لە ناو پارتی گەلی کۆماری ناسرابوو . ئامانجی حکومەتەکەی لێدانی دەنگی رۆژنامەکانی ئۆپۆزسیۆن و دژایەتی کردنی دیموکراتی بوو ، لەم رووەشەوە توندەرەوەکانی ناو پارتی گەل پاڵپشتیان دەکرد .لەرووی سیاسەتی دەرەکی پەیوەندی توندی لەگەڵ ئەمریکادا هەبوو، لەپرۆژی ترومان هاوکاری لە ئەمریکا وەردەگرت. لە١٢ی تەموزی ١٩٤٧رێکەوتنی لەگەڵ ئەمریکا بەست ،لەرووی سیاسەتی ناوەخۆی بریاری دا پەیوەندی نێوان کەرتی تایبەت و کەرتی حکومەت بەهێز بکات،دابەزاندنی نرخی لیرە بەرامبەر دۆلار، درێژکردنەوەی حوکمی عورفی، دەکرکردنی یاسای یەکێتی سەندیکای کارو خاوەنکارەکان لە١٩٤٧،لەئابی ١٩٤٧دەستی لەکارکێشایەوە.
لە تشرینی دووەمی ١٩٤٧حسن ساکای بووە سەرۆک وەزیران ،لەسیاسەتی دەرەکی هەوڵدان بۆ نزیک بوونەوە لە ئەمریکا. لە تەموزی ١٩٤٨رێککەوتننامەیەکی لەگەڵ ئەمریکا بەست بۆ وەرگرتنی هاوکاری لەپرۆژەی مارشال. دانانی بابەتی ئاینی لەقوتابخانەکان، ئەمەش لە حوزەیرانی ١٩٤٨ بەهۆی ململانێ وە دەستی لەکارکێشانەوەی خۆی راگەیاند.
حکومەتی شەمسەدین گۆناڵتای لەکانوونی دووەمی ١٩٤٩پێکهات ،هەولیداوە شکۆ بۆ پارتی گەلی کۆمار بگێرێتەوە، لەگەڵ پارتی دیمرکرات ڕێکەوتننامەی بەست لەشوباتی ١٩٥٠.
سیاسەتی تورکیا بەرامبەر بەئایۆن
لەنێوان ساڵانی ١٩٤٧و١٩٥٠ بەهۆی سەرهەڵدانی ئۆپۆزسیۆن، رێگای خۆش کرد بۆ زیاد بوونی جموجۆلی ئاینی لە تورکیا. گەشەکردنی ئیسلامی سیاسی لەژیانی سیاسی تورکیا، باشترین رێگابوو بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی بیری کۆمۆنیزم و گەرانەوە بوو بۆئاین.




عوزر خوایی بۆ شیعر.. نەوزاد بەندی

دەمێکە شیعرم نەنوسیوە ..
دەمێکە لەم شەقامەدا،
شیعری جوانتان نەبینیوە ..
شەقامەکەم ،
پڕ بووە لە دز‌ و جەردە ..
هەر فریای ئەوە ئەکەوم ،
ئاگادارتان بکەمەوە و
لە ڕوویان هەڵماڵم پەردە ..

٭ ٭ ٭
ئەوان حەز ئەکەن خەڵکەکە ،
دەست لەو خاکە هەڵگرن و
بە هەڵبەستەوە سەرقاڵ بن ..
بۆ ئەوەی هەر دەربەدەر و ..
هەر جەردە خاوەنی ماڵ بن ..

٭ ٭ ٭
ئەوان لاوانیان ڕاهێنا ،
لەسەر سوکایەتی و جنێو ..
میدیایان پڕ کرد لە درۆ و ..
ڕۆژنامە نوسی وەکو دێو..

٭ ٭ ٭

ئەبێ شیعر
جلی سەربازی لە بەرکا ..
کاسکێت و
بێری لەسەر کا ..
ببێ بە فیشەک
بە بڕنەو ..
هەر هیچ نەبێ ،
خەڵکەکە هەڵسێنێ لە خەو ..

نەوزاد بەندی




بەیاننامەی هاوبەشی هەردوو حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق و کوردستان، سەبارەت بەپشتیوانیکردن لەمانگرتنی کرێکارانی ئێران!

بەپێی هەواڵێک کە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێران/ حیکمەتیست ( خەتی ڕەسمی)، بڵاویکردۆتەوە، چەندڕۆژ دەبێ شەپۆلێکی تازەی مانگرتنی کرێکارانی ئێران لەبەشێکی زۆر لەناوەندە پیشەسازیەکان، کە تا کاتی نوسینی ئەم بەیانە نزیکەی ٨٥ ناوەندی گرتۆتەوە، سەریهەڵداوە. مانگرتنە کرێکاریەکان ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی نەوت و گاز و پترۆکیمیایی و ئاسن و پۆڵا، لەشارەکانی عەبادان، بوشەهیر و یەزد و دەیان شاری پیشەسازی تری گرتۆتەوە و کرێکاران پشتیوانی و یەکریزی خۆیان لەدەوری خواستی زیادکردنی کرێ بەڕێژەی ٧٩٪، بەدەستهێناوە و وەک هێزێکی یەکپارچەی چینایەتی لەبەرامبەر کۆمپانیاکان و کۆماری ئیسلامی ئێران ڕاوەستاون.
ئەم شەپۆلە لەمانگرتنی کرێکاران لەگەڵ ئەوەدا کە دەورەیەکی تازەو بەرەبەیانێکی نوێ و لاپەڕەیەکی تر لەخەباتی چینی کرێکاری ئێران لەپێناو ژیانێکی ئازاد و شکۆمەندانە بەرەوپێش دەبات. هاوکات لەدرێژەی خۆیدا پایەکانی دەسەڵاتدارێتی چینی بۆرژوازی و حکومەتی ئیسلامی لەئێراندا لەرزاندوە.
بێگومان بەرەوپێشچونی چینی کرێکار لەئێران لەم خەباتەیدا، دەتوانێ نەک ڕابەریەکی چینایەتی و شۆڕشگێرانە و ئاسۆیەکی ڕۆشن بۆ سەرکەوتنی جوڵانەوەی شۆڕشگێرانەی جەماوەری زحمەتکێش دابینبکات، کە ڕۆژانە بۆ یەکسانی و بەدەستهێنانی خۆشگوزەرانی یەخەی کۆماری ئیسلامی گرتوە، بەڵکو نمونەیەکی سەرکەوتوانە و ئومێدبەخش لەخەباتی یەکگرتوانەی کرێکاران لەئاست ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بدات بەدەستەوەو لەلایەن کرێکاران و جەماوەری ناڕازیەوە، لەخەباتی خۆیاندا لەدژی دەسەڵاتە سەرکوتگەرو کۆنەپەرست و گەندەڵەکانی ناوچەکە بەدەستیەوە بگرن و وەک مەشخەڵێک بۆ گۆڕینی هاوکێشەی چینایەتی و بەدیهنانی گۆڕانکاری ڕیشەیی بەدەستیەوە بگرن.
هەردوو حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق و کوردستان، سەرەڕای ئەوەی پشتیوانی بێدرێغی خۆیان لەم شەپۆلە لەمانگرتنی کرێکارانی ئێران و داخوازیەکانیان رادەگەیەنن، هاوکات سەرکەوتنی کرێکارانی ئێران و بەدیهاتنی خواسەتەکانیان بەسەرکەوتنێکی گەورە بۆ چینی کرێکار لەعێراق و کوردستان دەزانن. هەربۆیە هەردووحزب بانگەوازی چینی کرێکار لەعێراق و کوردستان دەکات کە پشتیوانی لێبکەن و لە سەنگەری خەباتی کرێکارانی ئێران لەدژی دەسەڵاتی سەرمایە لەئێراندا ڕابوەستن. نابێ کرێکارانی ئێران و مانگرتنەکانیان لەم جەنگە چینایەتیەدا بەتەنیا جێبهێڵرێن، بەربۆیە هەردوو حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق و کوردستان بە ئەرکی خۆیان دەزانن کە هاوپشتیەکی فراوانی کرێکاریی لەئاستی ناوخۆ و جیهاندا بۆلای ڕابکێشن و بەوپەڕی توانایانەوە بەم ئاڕاستەیە دەستبەکاربن. ئێمە خۆمان بەبەشێک لەئۆردوی کار و خەباتی ئەنتەرناسیونالیستی کرێکاری دەزانین و بەتەواوی توانامانەوە لەپاڵ کرێکارانی ئێران و خەباتەکەیاندا رادەوەستین.

بژی هاوپشتی جیهانی کرێکاریی
سەرکەوێت خەبات و مانگرتنە کرێکاریەکان لەئێران
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
٢٥ی نیسانی ٢٠٢٣