یەکی ئایاری خوێناویی, قەتڵوعامی شیوعییەکان لە پشتئاشان.. بەدواداچوون: ستیڤان شەمزینی

پشتئاشان گوندێکی چەپەک و دوورەدەستی بنای قەندیلە، تا ئەو ساتەی لە یەکی ئایاری 1983 نەبووە جێگەی شەڕێکی خوێناویی کە بە کوژرانی 82 کەس لە ئەندامانی حزبی شیوعی کۆتایی هات هیچ ناوبانگێکی نەبووە بە تایبەت ناوبانگی سیاسیی. تەنانەت هەروەک قادر رەشید “ئەبو شوان” لە کتێبەکەیدا “پشتئاشان لەنێوان ئازار و بێدەنگیدا” باسی دەکات تا ساڵی 1982 کەس بیری لەوە نەکردبووە، ئەو گوندە بکاتە بنکەی سەربازیی یان سەرەکی خۆی، کاتێک حزبی شیوعی ئەم گوندەی هەڵبژارد، وەک پەناگەیەکی ئارام دڵی پێخوش کردبوو، بەڵام هەرگیز بە خەیاڵیاندا نەدەهات، دوای کەمتر لە ساڵێک پشتئاشان بۆ شیوعییەکان دەبێتە گۆڕستانێکی گەورە.

یەکی ئایاری خوێناویی

تا ساڵی 1983، حزبی شیوعی کە ئەندامێکی بەرەی جووت بوو، لە شەڕی شاخی براکاندا بێلایەن وەستابوو، بەڵام لە کۆتاییەکانی نیسانی ساڵی 1983 گرژییەکی زۆر لە نێوان شیوعی و یەکێتی دروستببوو، یەکێتی تا دەهات لە نزیکی بارەگا سەرەکییەکانی حزبی شیوعی لە بناری قەندیل هێزی کۆدەکردەوە، بەڵام حزبی شیوعی بە بیریاندا نەدەهات هێرشە زەبروەشێنەکەی یەکێتی پشتئاشان بکاتە ئامانج، چوونکە پێیانوابوو ئەوانەی لە پشتئاشانن زیاتر ژن و منداڵن.
رۆژی یەکی ئایاری ساڵی 1983 کە هاوکاتە لەگەڵ جەژنی جیهانی کرێکاران، یەکێتی بە بەشداریی سەدان پێشمەرگە بە سەرکردایەتی “نەوشیروان مستەفا” پەلاماری بارەگانی شیوعی و پاسۆک و حسک لە پشتئاشان، قەڕناقا، بۆڵێ، ئاشقۆڵکە و رەزگە، دەدەن، پاش بەرگرییەکی کەم هێزەکانی یەکێتی دەتوانن پشتئاشان و تەواوی ئەو گوندانە بگرن کە هێزەکانی حزبی شیوعیان تێدابوو، تەنانەت توانیان بەشێک لە سەرکردەکانی حزبی شیوعی وەک “کەریم ئەحمەد، ئەبو سەرباز، قادر رەشید” بە دیلی بگرن.
بەیانی رۆژی یەکی ئایار، ئێستگەی دەنگی شۆڕشی عێراق، کە رادیۆی فەرمی یەکێتی بوو، بەمشێوەیە سەرکەوتنەکەیانی لە پشتئاشان و قەرناقا بڵاوکردەوە “ئاشبەتاڵە، ئاشبەتاڵە. تۆڵە بە سەبرە، ئەمما بەزەبرە، بەڵێ بە زەبر بوو. مارکس گۆڕ هەڵتەکێنە، بزانە چۆن تەحریفییەکانی ئاخر زەمان، بە قاعیدە و قیادەوە بەرەو دیوی ئێران هەڵهاتن. بیانکوژن، بیانبڕن ئەوانەی دەیانەوێ کێوەکانی کوردستان تەعریب بکەن. حسک و شیوعی و قیادە مەوقەتە رەنجی کورد بە با دەدەن. کوردستان لە قاعیدە و قیادەی تەحریفییەکان پاککرایەوە”.
قادر رەشید لە کتێبەکەیدا “پشتئاشان لەنێوان ئازار و بێدەنگیدا” نووسیویەتی “هێزەکانی یەکێتی بە سەرکردایەتی نەوشیروان مستەفا لە بەهاری 1983 هێرش دەکەنە سەر بارەگاکانی حزبی شیوعی و پاسۆک و حسک لە گوندەکانی پشتئاشان، قەڕناقا، بۆڵێ، ئاشقۆڵکە و رەزگە. نزیکەی 90 کەس بە دڕندەترین شێوە دەکوژرێن و چەندین کەس بریندار دەکرێن. ئەوەی جێگای سەرنجە شێوەی هەڵسوکەووتی نەوشیروان و هێزەکەیەتی لە شەڕەکەدا. نەوشیروانییەکان پەنجەی کچێکیان بەناوی “ئەحلام” بڕیوە بۆ ئەوەی ئەڵقەکەی لێ ببەن، تەرمی پێشمەرگەیەک بە ناوی عەلی حوسێن لە ژێر خاک دەردێنن بۆ گەڕان بە دوای چەکەکەیدا و تەرمەکەشی لە رۆخی رووبارەکە بە جێدێڵن، کەسێک بە ناوی ئەبو مەکسیم کە خاوەنی 7 منداڵ دەبێت بە بێ ئەوەی دەست بکاتەوە دەدرێتە بەر رێژنەی گوللە و دەکوژرێت، ئەو دیلانەی پارەیان پێبووە رووتدەکرانەوە و دەکوژران”.

رۆڵی نەوشیروان مستەفا

قادر رەشید “ئەبو شوان” لە دیمانەیەکدا کە رۆژنامەنووس “ستیڤان شەمزینی” لە کۆتایی ساڵی 2009 لەگەڵیدا ئەنجامداوە دەربارەی رۆڵی نەوشیروان مستەفا دەڵێت “لەبەرئەوەی نەوشیروان مستەفا بڕیادەر و ئەندازیاری راستەوخۆی خوێنڕشتنەکەیە، لە رادیۆکەیانەوە هاواری دەکرد من دیلم ناوێت! پەرێزتان پاک بێت! تۆڵە بەسەبرە ئەمما بەزەبرە! نەوشیروان دەیتوانی ئەو دیلانە نەکوژێت! لەچیرۆکی (‌زەماوەن ئەگێڕین)دا، فازیل کەریم ئەحمەد (جەعفەر) کادری پێشکەوتووی راگەیاندنی یەکێتی، دەیگێڕێتەوە نەوشیروان بە‌ دەستی خۆی دیلەکانی کوشتووە! ‌هەربۆیە راستەوخۆ هەموو ئەر‌کێکی حزبی بەجێدەهێڵێت ‌و روو دەکاتە سوریا، قارەمانی چیرۆکەکە نەوشیروانە و ناوی لێناوە شێرۆ!”.
پێشمەرگەیەکی بەشداربووی حزبی شیوعی لە شەڕی پشتئاشان کە دواتر بە دیلی دەکەوێتە دەست یەکێتی لە دیمانەیەکدا کە رەحمان غەریب لە ساڵی 2008 ئەنجامیداوە، دەڵێت “ئێمە چەند دیلێک بووین، لە پڕ لەو دیوی زیندانەکەوە گوێمان لە هاوار بوو، کە سەرنجماندا دەبینین، نەوشیروان مستەفایە، لە مەفرەزەیەک پێشمەرگە تووڕە دەبوو کە بۆچی دیلیان بۆ هێناوە، ئێوە رێککەوتنەکان شکاند”.
ئەبو شوان سەرکردەی ئەوسای حزبی شیوعی پێیوایە سەرکردایەتی یەکێتی هەموویان بەرپرسن لەو تاوانە، بەڵام بەشی شێری بەر نەوشیروان مستەفا دەکەوێت. بۆیە دەڵێت “هەموو سەرکردەکانی یەکێتی بڕیاردەری رووداوەکەی پشتئاشانن، بەڵام پشکی شێر بەر نەوشیروان مستەفا و تەواوی ئەوانەی راستەوخۆ بەشداریی شەڕەکە بوون، دەکەوێت. حزبی بەعس تاوانبارە لە داڕشتنی نەخشەی لێدانی پشتئاشان. کۆمەڵەی ئێران و حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بەرپرسیارن لەو خوێنڕشتنە”.
بەپێی سەرچاوە مێژووییەکانیش نەوشیروان مستەفا سەرکردەی مەیدانی هەموو هێرشە سەربازییەکانی یەکێتی بووە بۆ سەر تەواوی حزب و لایەنە کوردستانییەکان. تەنانەت پشکۆ نەجمەدین لە بیرەوەرییەکانی خۆیدا “ئەزموون و یاد” ئەوە بە بیر دەهێنێتەوە کاتێک دیل بووە لای یەکێتی، نەوشیروان مستەفا پێی وتووە “حزب نەماوە لە کوردستان سەرکردەیان لێ نەکوشتبێت، بۆیە تۆش دەکوژین و لە تۆڵەکردنەوە ناترسین”.

رۆڵی حکوومەتی بەعس

ئەبو شوان، لە چاوپێکەوتنێک کە لە دیسەمبەری 2009 کە لەلایەن رۆژنامەنووس “رزگار چوچانی” لەگەڵیدا ئەنجامدراوە دەڵێت “خدر مەعسوم لە چاوپێکەوتنێکدا، بە ئاشکرا دەڵێت (پەلاماردانی پشتئاشان بە بڕیاری سەرکردەکانی یەکێتی بووە). ئەوە راستییەکی مێژووییە و چووە لاپەڕە رەشەکانی مێژووی یەکێتییەوە، بەڵام دەبووایە خدر ئەوەشی بووتایە ئەو هێرشە بۆ سەر پشتئاشان، بڕیار و هاوکاریی بەعسیشی تیادا بوو”.
سەید کاکە، کە ئەوسا سەرکردەیەکی دیاری سۆسیالیست بوو، هاوکات یەکێکە لە بەشدارانی شەڕی پشتئاشان پێیوایە کارەساتی پشتئاشان بە بڕیاری بەعس بووە و دەڵێت “یەکێتی لەگەڵ حکوومەت رێککەوتبوو، رۆژی پێشتر حکوومەت 500 تۆپی لێداین، کە یەکێـتی هجومیان کرد شکان، ئێوارە بوو، من لەبەردەمیان بووم، فیشەکمان نەما، ناردم فیشەک بێت، گوتیان فیشەک نییە، کە فیشەک نەبێت سبەی هجوم بکات چی دەکەی؟ گوتم سەحب بکەن، بە شیوعییەکانیشم گوت لێرە ئاوا دەبین دەچینە قەندیل، هەمووتان سەحب بکەن”.
قادر رەشید باس لەوە دەکات چەند رۆژێک بەر لە کارەساتە خوێناوییەکەی پشتئاشان کاتێک نوێنەری ئاشتی نێوان پارتی و یەکێتی بووە، چەند گەورە بەرپرسێکی عێراقی بینیوە لە بارەگای سەرکردایەتی یەکێتی بوونە، بەڵام یەکێتی وەک فەلەستینی پێیان ناساندوون. بەبڕوای قادر رەشید ئەم وەفدەی حکوومەت لەگەڵ یەکێتی تاوتوێی لێدانی شیوعییەکانیان کردووە.

تێبینی: ئەم بەدواداچوونە لە ژمارە “20”ی گۆڤاری “شەپۆل” لە رۆژی 1-5-2013 بەناوێکی خواستراوەوە بڵاوکرابووەوە. بە پێویستم زانی لە چل ساڵەی ئەو کارەساتەدا دووبارە بیخەمەوە بەر دیدی خوێنەران.

بە دواداچوون: ستیڤان شەمزینی




پێشکەوتنی ” زیرەکی دەستکرد” دەتوانێت شارەستانییەت لە ماوەی بیست ساڵدا بەرەوە نەمان بەرێت*.. زاهیر باهیر

ئەمە قسەی دکتۆر جێفری هنتن-ە، Geoffrey Hinton ، کە بە باوکی ڕۆحی زیرەکی دەستکرد ناونراوە . دکتۆر هنتن کە بۆ ماوەی چەند دەیەیەکە لەو بوارەدا کار دەکات و لەگەڵ چەند پسپۆڕێکی دیکەدا کاریان لەسەر ‘ زیرەکی دەستکرد’ ” Artifical Intelegence ” دەکرد لەم ڕۆژانەی پێشوودا لەو پرۆژەیە لە گووگڵ پاشەکشەی کرد.
هۆکاری پاشەکرشەکردنەکە بە دێڕێک خستە بەرچاو ئەویش گەیشتنێتی بەو قەناعەتەی کە پشێەوەچونی ‘ زیرەکی دەستکرد’ مەترسیدارە لە سەر ژیان و کۆمەڵ کە دەگاتە پلەی زیرەکتر لەوەی کە دروستی کردووە ، واتە لە خۆیان .
بە کشانەوەی لەو پرۆژەکەی گووگڵ دەنگ و سەدایەکی گەورەی دروست کرد کاتێك کە جیهانی بە ئاگاهێنایەوە لە مەترسی دیجیتەڵ زیرەکیی . ئەم ئاگەدارکردنەوە وای لە هەر یەك لە ئیلون میسك، کۆشکی سپی و بێرنی سەندێرس ” Elon Musk ، White House ، Bernie Sanders ” کرد داوای یارمەتی و کۆمەکی لێبکەن، بەڵام ئەو رەتیکردەوە.
ئەو کە لەم ماوە زۆرەدا بە تایبەت لە ساڵی 2018 و بە یارمەتی هاوکارەکانی زۆر بە چڕی و بێ ماندووبوون لە پێشەوەبردنی ‘ زیرەکی دەستکرددا’ گەیشتە قەناعەتی ئەوەی کە مێشکی دیتجیتەڵی ڕەنگ مێشکی بایۆلۆجی سەرکوت بکات ، واتە پێشی بداتەوە.
دکتۆر جێفری هنتن کە خۆی بە سۆشیالیست دەزانێت ڕەنگە وەڵامەکەی بۆ کەسان و لایەنانی بەدەسەڵات قەناعەتکەر نەبێت و نەیانەوێت بیبیستن. لە وەڵامی پرسیارەکانی ڕۆژنامەی گاردیاندا وتی ” حکومەتی ئەمریکا بە ناچاری نیگەرانییەکی زۆری سەبارەت بە ئاسایشی نیشتمانی هەیە . مەیلی منیش ناکۆکە لەگەڵیانا………بۆ نموونە، دڵنیام کە وەزارەتی بەرگری پێی وایە کە تاکە دەستی سەلامەت بۆ ئەم شتانە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا خۆیەتی ، تاکە گروپێك لە خەڵك کە لە ڕاستیدا چەکی ئەتۆمی بەکاردەهێنن”
دکتۆر هنتن درێژەی بە قسەکانی داو وتی ” من سۆسیالیستم ” بوو وتی “پێموایە خاوەندارێتی تایبەتی میدیا و ‘ ئامرازەکانی حیسابکردن’ ، باش نیین”.
“ئەگەر لە چوارچێوەی سیستەمێکی سەرمایەداریدا سەیری ئەوە بکەیت کە گووگڵ چی دەکات، ئەوا بەو شێوەیە بەرپرسیارانە ڕەفتار دەکات کە چاوەڕێی دەکەیت. بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە هەوڵدەدات زۆرترین سوود بۆ هەموو خەڵک بەدەستبهێنێت، بەڵکو لە ڕووی یاساییەوە پابەندە بە زۆرترین سوود بۆ خاوەن پشکەکانی، ئەوەش شتێکی زۆر جیاوازە.”

ئەو بە بەردەوامی لە دیمانەکانیدا کە پرسیاری زیاتری لێدەکرێت وەڵامی زیاتر دەداتەوە. کاتێك کە پرسیاری ئامۆژگاری لێدەکەرێت قسەیەکی وای لا نییە و دەڵێت “من کەسێکی سیاسی نیم ” “من تەنها کەسێکم کە لەناکاو ئاگادار بوومەوە کە مەترسی ئەوە هەیە شتێکی بەڕاستی خراپ ڕووبدات. خۆزگە چارەسەرێکی جوانم هەبوایە، وەک: ‘تەنها واز لە سووتاندنی کاربۆن بێنە و باش دەبیت.’ بەڵام ناتوانم چارەسەرێکی سادەی ئاوا لەو جۆرە ببینم.”
درێژە بە قسەکانی دەداو دەڵێت ” لەماوەی 50 ساڵی ڕابردوودا هەوڵم داوە مۆدێلی کۆمپیوتەر دروست بکەم کە بتوانێت شتەکان فێربێت کەمێک وەک شێوازی فێربوونی مێشک، بۆ ئەوەی باشتر تێبگەم کە مێشک چۆن شتەکان فێردەبێت، بەڵام بەم نزیکانە بڕیارمدا کە ڕەنگە ئەم مۆدێلە گەورانە لە ڕاستیدا زۆر باشتر بن لە مێشک…… “پێویستە ئێستا زۆر بیر لەوە بکەینەوە، و ئەگەر شتێک هەبێت کە بتوانین بیکەین. هۆکاری ئەوەی کە من ئەوەندە گەشبین نیم ئەوەیە کە هیچ نموونەیەک نازانم کە شتە زیرەکترەکان لەلایەن شتە کەمتر زیرەکەکانەوە کۆنتڕۆڵ بکرێن……..- پێویستە لە خەیاڵی ئەوەدا بیت کە لە ئێمە زیرەکتر بێت بە هەمان ڕادە کە ئێمە لە بۆقێك زیرەکتر بین. ئەوە زۆر باشە کە بڵێین: ‘باشە، مەیانبەستنەوە بە ئینتەرنێتەوە ’، بەڵام هەر ئەوەندەی قسەمان لەگەڵ دەکەن، دەتوانن وامان لێبکەن شتەکان بکەین.”
” “ئەم شتانە یارمەتی حکومەتە دەسەڵات سەپێنەرەکان دەدەن لە لەناوبردنی ڕاستییەکان، یان دەستکاریکردنی دەنگدەران.. مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم هەڕەشانەدا، لە دۆخێکدا کە ئەمریکییەکان تەنانەت ناتوانن ڕازی بن کە چەکی هێرشبەرانە نەدەن بە کوڕانی هەرزەکار، ئەوە شتێکی قورس نییە بیری لێبکرێتەوە.”
” لە ئۆڤاڵدە، Uvalde ، [کۆمەڵکوژییەکەی ساڵی 2022ی 21 کەس لە قوتابخانەیەکی سەرەتایی لە تەکساس کوژران]، 200 پۆلیس هەبوون کە نەیاندەوێرا لە دەرگایەکەوە تێپەڕن، چونکە کابراکەی دیوەکەی تر تفەنگی هێرشبەری هەبوو و تەقەی لە منداڵان دەکرد. لەگەڵ ئەوەشدا، ناتوانن بڕیار بدەن کە چەکی هێرشکردن قەدەغە نەکەن . ئا لەم بارەدا سیستەمێکی سیاسی تەواو ناکارامەی لەو جۆرە، سیستەمێکی دروست نییە بۆ ئەوەی ناچار بێت مامەڵە لەگەڵ ئەم هەڕەشانەدا بکات”.

مەترسییەکانی زیرەکیی دەستکرد
بە گوێرەی دیمانە و قسەکانی جێفری هنتن کە من هەنێکیانم لە سەرەوە داناوە کە خودی ئەویش لە هەموو کەس باشتر لە وردەکاری و وەزیفەکانی ‘ زیرەکی دەسکرد’ دەزانێت گەر بەو شێوەیە بێت کە ئەم دەیڵێت زۆر بەترسیدارە. ئەم مەترسییەش زیاتر دەبێت ل کاتێکدا کە کار بەو بکرێت ئەرک و وەزیفەکانی و توانای فراونتر دەبێت ، لە حاڵەتێکی ئاوادا مەترسییەکانیش گەورەترن .
دکتۆر هنتن لە شوێنێکی دیکەدا دەڵێت ” حکومەتە دەسەڵات سەپێنەرەکان گەورەترین ئاڵای سوورن کە ئەوە پیشان دەدات کە مرۆڤایەتی ناتوانێت دەستی بە مەترسییەکانی ‘ زیرەکی دەستکرددا ‘ بگرێت پێش ئەوەی درەنگ بێت.”

پێشبڕکێی ‘زیرەکی دەستکرد’ لە ئێستاوە کەمبوونەوە بەرهەم دەهێنێت. ڕۆژی سێشەممە، 02/05، کۆمپانیاکانی پەروەردە کە لە بۆرسەکانی لەندەن و نیویۆرک بازرگانی دەکەن، سەدان ملیۆن دۆلاریان لە بەهایان سڕراوەتەوە، دوای ئەوەی کۆمپانیای چێگ ” Chegg ، کۆمپانیایەکی ئەمریکی کە یارمەتی ئۆنلاین دەدات بە خوێندکاران بۆ کاری نووسین و بیرکاری، ڕایگەیاند کە ChatGPT کاریگەری لەسەر گەشەی کڕیاران هەیە.

ترسەکان سەبارەت بە دەرئەنجامە چاوەڕواننەکراوەکانی پەرەپێدانی ‘ زیرەکی دەستکرد’ کۆنترۆڵنەکراو، بووە هۆی ئەوەی لە مانگی ئازاردا نامەیەک بڵاوبکرێتەوە – کە واژۆکارەکانی بریتی بوون لە ئیلۆن ماسک و ستیڤ وۆزنیاک، هاوبەشی دامەزرێنەری ئەپڵ – کە داوای وەستاندنی دروستکردنی ” زیرەکی دەستکرد بکەن” لانیکەم بۆ شه‌ش مانگ . پرسیاری ئەوەش کراوە کە ئایا پێویستە “هەموو کارەکانی کە بە ئۆتۆماتیکی دەکرێن دووربخەینەوە، لەوانەش ئەوانەی کە بەدیهێنراون”.

کۆڕبەندی ئابووری جیهانی ، WEF ،کە ڕێکخراوێکە لە پشتی کۆبوونەوەکانی داڤۆسەوەیە ، لەم هەفتەیەدا ڕایگەیاند کە پێشبینی دەکەن گۆڕانکارییە تەکنەلۆژییەکان لەوانەش’ زیرەکی دەستکرد’ ببنە هۆی جۆرە پشێوییەكی “بەرچاو” لە بازاڕەکانی هەلی کاردا. کۆمپانیای WEF ڕاپرسییەکی لە زیاتر لە 800 کۆمپانیا کردووە کە 11.3 ملیۆن کرێکار و کارمەندیان هەبووە، 25%یان ڕایانگەیاندووە کە پێشبینی دەکەن’ زیرەکیی دەستکرد’ لەدەستدانی هەلی کار دروست بکات، هەرچەندە 50% ڕایانگەیاندووە کە پێشبینی دەکەن گەشەی هەلی کارەکان هان بدات. لە مانگی ئازاردا، گۆڵدمان ساشە ڕایگەیاندبوو، پێشکەوتنەکانی ئەم دواییە لە بواری ‘ زیرەکی دەستکرددا’ دەتوانێت ببێتە هۆی ئۆتۆماتیکیکردنی نزیکەی 300 ملیۆن فولتایم کار، واتە جێگایان بگرێتەوە کە ئەمەش بەشی پارێزەران و ئەدمین لەنێو ئەو کەسانەی کە کاراییان لەسەر دادەنێت دەگرێتەوە.
لە کاتێکدا کە ‘زیرەکی دەستکرد’ لەوانە کە دروستیان کردووە زۆر زیرەكتر بێت ئیتر کۆنترۆڵکردنیشی زۆر گران دەبێت بۆیە مەترسییەکان هەر لەو ئاستەدا کە لە سەرەوە و لە لایەنکانی دیکەی ژیاندا دەردەکەوێت ئاسان نابێت. وێڕای ئەوانەش کە ئەو لیدوان و شیکردنەوانە بۆ بارودۆخی زیرەکی دەستکردە کە تا رادیەك هێشتا لە سەرەتادایە ، دیارە بە تێپەڕبوونی زەمەن و کاری زیاتر لەسەر دروستکردنی و پڕۆگرماکردنی زیاتری مەترسییەکانیش گەورەتر دەبن .

بەشەرییەت بەرەو کوێ؟

ئەمە پرسیارێکە کە کەس ناتوانێت بە دەقیقی وەڵامی بداتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەمومان مافی ئەوەمان هەیە کە ڕای خۆمان و پێشبینیمان بخینە بەرچاو.
من وا پێشبینی دەکەم کە لە ماوەی چەند دەیەیەکی دیکەدا زۆربەی کارەکان جگە لەهەندێك کاری دەستی کە دەگمەن دەبن هەمووی لە لایەن ڕۆبۆت و ‘ زیرەکی دەستکردەوە’ ئەنجام دەدرێت. بە واتایەکی دیکە ژمارە و ڕێژەی کرێکاران بەرەو کەمی و کەمتر دەڕوات . لەو حاڵەتەشدا توانای کڕینی خەڵکی زۆر کەم دەبێتەوە بۆ ئەو کاڵایانەی کە لە بازاڕدا دەبن . کاتێك کە کاڵا پێویستی بە سەرفبوون هەیە کڕین هەیە بەڵام زۆربە کاریان نییە ، دەوڵەت گەر لەناونەچێت دەبێت بڕێك پارەی شیاو بۆ هاووڵاتیانی زامن بکات تاکو پێی بژین بە کڕنیی کاڵاکان و پێداویستییەکانیان .
لەو بارەشدا نرخی پیداویستییەکان و کاڵاکان زۆر زۆر هەرزان دەبن چونکە خاوەنکار و کۆمپانیاکان بڕی تێچوونی کاڵاکانیان ئێکجار کەم دەبێتەوە . هۆکارەکەش نەدانی کرێ و مووچەی کرێکارە، نەدانی پارەی نەخۆشی و هۆڵیدەیی و خانەنشینی بیمەکانی، و کە ئێستا کرێکاران و کارمەندان شایستەین .
هاوکاتیش دەوڵەت ڕێژەیەك کە بتوانێت بیمەی ئەم هەموو خەڵکە بەتاڵەی پێبداتەوە باج لەسەر کاڵاکان و خاوەنکار و کۆمپانیاکان و قازانجیان دادەنێت .
لە کۆتاییدا ئەوە دووبارە دەکەمەوە کە زۆر زەحمەتە بتوانین پێشبینی ئایندە بکەین و ڕێکخستنەوەی کۆمەڵ و بەڕیوەبردنی لە سای سیستەمی سەرمایەداریدا کە ئامرازەکانی بەرهەمهێنان، کرێکارانی زیندوو بە مردوو دەگۆڕێت، زۆر زۆر زەحەمەتە.

*سەرچاوەی ئەم نوسینە لە چەند وتارێکی ڕؤژنامەی گاردیانەوە وەرگیراوە

Zaherbaher.com
زاهیر باهیر
04/05/2023




هەڵوێستی کودەتاچییەکان لەنیوان سالی( 1980 _1983)بەرامبەر بەکورد لە تورکیا.. ڕەشاد زرار احمد

هەرچەندە کودەتای 12ی ئەیلولی 1980بەپاساوی گێرانەوەی دیموکراتی و پاراستنی ئارامی و سەقامگیری وڵات ئەنجام درابوو دوای کودەتاکە سیاسەتی حکومەتی تورکیا بەرامبەر بە کورد شێوازیکی نوێی گرتە خۆ و سەرکردە سەربازەکان، وەک ئەوانەی پێش خۆیان، رایانگەیاند: کەدان بەهیچ مافیکی نەتەوەی کورددا نانێن،ئەم هەڵوێستەش بەروونی لە قسەکانی جەنەڕاڵ ئێڤرینی سەرکردەی کودەتاچییەکان دەردەکەوێت:کەلەسەرەتای سالی 1981دا وتی:هەموو لایەنە جوداخوازەکان بێبەزەییانە تیکدەشکێنرێن هەروەها وتی: کورد چەند جارێک لەسەردەمی ئیمپراتۆری عوسمانی،سەردەمی ئەتاتورک شۆرەشی کردووە هەولی جوداخوازی داو هەرکاتیک تورکیا لاواز بووە کوردەکان پلانیکی جەهەنەمیان داناوە بۆ ئەوەی تورکیا دابەش بکەن”هەروەها وتی بەڵێ”کورد هەن،بەڵام لێناگەرێین وڵات دابەش بکەن ناتوانن هیچ شتك لەئێمە بستێنن، ئیمە بە هەموو تواناوە کار بۆ ئەوە دەکەین کەئەم کیشەیە لە ڕەگوڕیشەوە هەڵکێشین”دوابەدوای ئەم قسانەو دوژمنایەتی تورکەکان بۆ کورد کودەتا چییەکان هەڵسان کۆمەڵێ ڕێگایان گرتە بەر بۆ توندنەوەی رەگ وریشەی کورد کەلەهەردوو کودەتای 1971-1960جیاواز بوو بەگرتنە بەری کۆمەڵێک رێگا بۆ رەشکردنەوەی شوناسی جوگرافیاو کلتوری کوردی:
1- هەر لە سەرەتاوە لەکوردستاندا هەڵمەتێکی فراوانی دەستگیرکردنی نیشتیمانپەروەرانی کوردیان دەست پێ کرد وباری نائاسای لەشارەکانی بە وتەی تورک”رۆژهەڵات وباشوری رۆژهەڵاتی وڵات”ڕاگەیاندرا، سەرجەم چالاکی و ساسی وکۆمەڵایەتی رۆشەنبیرییەکان قەڕدەغەکران وسەرجەم بلاوکراوەکوردیانەی کەنوسینیان بەکوردییە قەدەغەکران خاوەنەکانیان دەسگرکران بەوەتۆمەتبارکران کە گوایە هەوڵی بارچەبونی یەکیتی نەتەوەی کوردیاو داوە.
2- کاربەدەستان ئابڵوقەی ئابووری وتەندروستیان دژی دانیشتوانی گوندەکان کوردستان توندترکرا مامۆستاو فەرمانبەرو دکتۆر بۆناوچە تورکنیشینەکانیان دوردەخستنەوە بۆ کۆچکردنی دانیشتوانی گوندەکان.
3- قەدەغە کردنی زمانی دایک و ونوسینی بە کوردی گوێگگرتن لە مۆسیقای کوردی قەدەغە کردنی پۆشینی جلوبەرگی کوردی گەر هاتوو هاوڵاتی پابەندی ئەم رێنمایانە نەبوو ئەوا بە1-3ساڵ زیندانی دەکرێت.
4- لەدرێژەی سیاسەتە شۆڤێنیەکانیدا بەرامبەر بەکورد هەڵسان بە راگواستنی دانیشتوانی گوندەکان بەرەو رۆژئاوای تورکیا بەپاساوی پاراستنی سنوریان لە هەوڵی جوداخوازی گۆرینی ناوی گوندو شارۆچکە کوردییەکان تەنانەت ناولینانی منداڵانیشیا بەناوی کوردی قەدەغە کردبوو.
5- لەدرێژەی کارەکانیان کوردستانیان کرد سەربازگەی فراوان بۆیەکەکانی سوپای دووەم وسییەم یەکە تایبەتییەکانی کۆماندۆ و دەزگای هەوڵگری (میت)کەکاریان کوشتن و تۆقاندنی کورد ورفاندنیان بوو.
6-رژێمی سەربازی بۆراوە دوونانی گروپەسیاسیە کوردییەکان بەقۆستنەوەی رێکەوتن لەگەڵ هەردوو وڵاتی ئێران وعێراق توانی لەساڵی 1982بەقوڵای( 30)کم هاتە ناو سنوری باشوری کوردستان، دوای چەند پێکدادانێك لەگەڵ پارتی کرێکاران ئامانجی تورکیاش لەم هێرشانە تەنگهەڵچنین بوو بە جوڵانەوەی نەتەوەیی رزگاریخوازی کورد و بۆئەوەی کار نەکاتە سەر بزاڤی کوردەکانی تورکیا، کە لە ئەنجامدا روبەرووی بەرگریەکی سەختی پێشمەرگەبوونەوە دوای سەرزەنشتکردنیان لەلایەن کۆمەڵەی نێودەوڵەتییەوە تورکیا ناچاربوو ناوچەکوردیەکان جێ بهێڵن و لەعێراق پاشەکشێ بکەن.




ئازادی رادەربڕین هەموومان جوان دەکا.. رەسوڵ بەختیار

نامانەوێ بچینە ناو گوتار و چەمکە فەلسەفییەکان، وەک ئەوانەی شتێکی وای لێ نازانن، کەچی خۆیان کردۆتە دەمڕاستی ئەو گرووپ و لایەنانەی باس لەئازادی دەکەن، کەچی دوای ماوەیەک دەردەکەوێ ئەوانە خزێندراونە ناو تۆڕەکانی ئازادی، یان دوای ماوەیەک لەهەموو خاڵ و پرۆسەی ئازادی پاشگەز دەبێتەوە، بەو پێیەی بەپۆستێک پۆستێکیان پێ بەخشی.
کەس تۆمەتبار نییە سەر بەچ ئایدۆلۆژیا و رێباز و لایەنێکی، گرنگ ئەوەیە تۆی مرۆڤ بتوانی وەک مرۆڤ قسە بکەی، وەک مرۆڤ مامەڵە بکەی، ئێمە دەزانین زۆرێک لەپڕێک بوونەتە کوڕێک، بەڵام مافی کەسانی دیکە موڵکی تۆ نییە تا بەئارەزووی خۆت، قسەی لەسەر بکەیت.
لەسەرتادا باسمان لەوەکرد پێویست ناکات شەن و کەوی فەلسەفە و ئایدلۆژیایەکان بخەیتە روو، ئەوەی هەیە بەپێی بە پێی ئەزموونی رۆژانە دەبیندرێ، نەک فڵان و فیسار وایانگوت.
تۆ دەبینی لەو وڵاتانەی جۆرێک لەژیاری پێوە دیارە، لەمامەڵە و قسەکردنی رۆژانەدا بەدەردەکەوێ، کاتێک قسان لەتەک یەکتردا دەکەن زۆر بەسانایی و بێ گرژی لەتەک یەکتردا بەیەک دەڵێن بەیارمەتیت دەتوانم لەم کورسییەوە بچمە کورسییەکی دیکە، (یەکەم رێگەی گرتووە) ، دووەم کەمێک ماندووە و شوێنەکەی ناخۆشە.
دەسەڵات و تاکیش دەکرێ زۆر بەهێمنی و بێ توندوتیژی هیچ لایەک و بەپێی ئەو یاسا و رێنوێنانەی هەموو لایەک ئاشنان پێی.
ماوەیەکی زۆر لەرۆژنامە و گۆڤارەکان کارم کردووە، زۆرجاڕ و بەردەوام ئەو کێشەی ئازادی رادەربڕین لەنێوان تاک و دەسەڵاتدا بۆتە جێگەی پرسیار، بەڵام هیج کات لەم دوو لایەنە بەهێمنی لەگەڵ یەکتردا ئاخاوتنیان نەکردووە، تاک زوڵملێکراوەکان وا دەزانن بەهێرشکردنە سەر دەسەڵات ئەوا دەتوانێ هەموو ئامانجەکانی بەدەست دێنێ، ئەو نازانێ ئەو وشنانەی ئەو دەریدەبڕێ تەنیا لەکەدارکردنی بەرامبەرەکەیەتی، دیارە دەسەلاتیش لەبەرامبەر ئەو قسانە چەندین دامودەزگا و پارێزەری هەیە، ئەمجارەیان تاکی قوڕبەسەر سەرەڕایی نەسەندنی مافەکانی تۆمەتبارە بەلەکەدارکردن، کاتێک رووزەڕووی دادگا دەبێتەوە سەری سوڕ دەمێنێ و ریاتریش رق ئەستوور دەبێ، دوای کێشمەکێشمێکی کەم و زۆر تاکی خاوەن ماف دەخرێتە زیندانەوە، چونکە دەکرا تاکی زوڵملێکراو یان وستوویەتی ئازادانە رای خۆی دەربڕێ، کەچی ئەو هێرش دەکات.
لێرەوە دەکرێ عەقڵ بکەینە سەنگی مەحەک، شتێک هەیە پێی دەڵێن : دەکرێ بەنەرم و نیانی لەگەڵ یەکتردا بدوێین، ئەگەر دەسەڵات بەنەرم و نیانی بەرامبەر ئازادی رادەربڕین بجوولێتەوە مانای ئەوە نییە لاوازە، بەڵکو لەسۆنگەی هێزەوە قسە دەکات، هاووڵاتییانی خۆشی رادێنێ بەوەی هەڵسوکەوتەکان نەرم و نیان بێ، چونکە کۆمەڵگەی ژیار بەگەڕانەوە بۆ عەقڵ پێشدەکەوێ.
لەکۆتایدا ئازادی رادەربڕین هەموومان جوان دەکا رێگە نادا گرژی و توندوتیژی ببێتە لەمپەر لەبەردەم مامەڵەکردنی ژیارانە.
کۆمەڵگەی کوردستان بەهەموو پێکاتەکانەوە، جۆرێک لەگرژی و توندی لەهموو ئاکار و رووخساریدا زۆر بەروونی بەدەردەکەوێ، ئەگەر کەمێک پێداچوونەوە بکەین، ئەوا جوانترین نموونە لەم ناوچەیە دەخەینە روو، ئەو ناوچەیەی لەئێستادا لەگوگڵ ئێرسیشدا بەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوی دەهێندرێ.




بەقەد دوری نزیکین!.. هێدی گەڵاڵی

ئێستا لە شەمەندەفەری درێژی تەمەنا
سەرکەوتم …
بە دەستێکم
خوا حافیزی لە خۆمی منداڵی و
یەکەم وێستگەی شارو نیشتیمانەکەم دەکەم
بە دەستەکەی ترم
عەینەکەکەم لە چاوە کزەکانم چێ دەکەم
بۆئەوەی ژیاننامەی ئەوسا و ئێستام بە پەنجە لەرزۆکانەم بنوسمەوە!
سروشتی ژیان پانتا فراوانە؛
وەک ئەو دەریایەی تا چاو بڕ دەکا دوور دوور ئەنوێنێ …
وەک ئەو ئاسمانەی لە قوڵایی بەرزیدا بێ وێنەیە…
وەک ئەو زەمینەش سەرتاپا سەراب دایپۆشیوەو
ئەوسەری نابینرێت…!
تەنیا و بێ حەوسەڵە خۆمی ڕابردوو و خۆمی ئێستا
لە فارگۆنێکداین
ئەوەندە لەگەڵ یەکتریدا ناکۆک نین زۆریش تەباین؛
ئەوی بچکۆلەو منی گەورە
هاوبیر و هاوخوێن و یەک ڕەگەز
تەنیا ئەوەی لە یەکتری جیامان دەکاتەوە
ڕووخسار و باڵامانە!!!
سەیر نیە منی ڕابردوو لەگەڵ منی ئێستادا
هاوڕێ و هاوسەفەربین ، چونکە لەیەک کاتدا
ئەو مێژوویەک لە ڕابردووی
پێشکەش بە مێژوویەک لە داهاتووی
تەمەنێک کردووە….
لەیەک کاتدا:
هەم ڕابردووی ئەم و
هەم ئێستای من بەقەد دووری لە یەک نزیکن و
یەکسانیشن بە یەک !!




گەورەترینەکان.. نەوزاد بەندی

گەورەترین درۆزن ئەو کەسەیە،

کەسێکی خۆشویستوە و

هاوسەرگیریی لەگەڵ کەسێکی تردا ئەکا ..

*     *     *

گەورەترین گەمژە ، ئەو کەسەیە ، خەڵک لە خۆی کۆ ئەکاتەوە و

خوا لە خۆی دوور ئەخاتەوە ..

٭     ٭     ٭

ناپیاوترین کەس ،

کەسێکە بڕوای بە بیر وباوەڕێک نییە و ..

بۆ دەستکەوتنی ماڵ و سامان ،

بانگەشەی بۆ ئەکا ..

٭      ٭       ٭

گەورەترین سەرکردە ،

کەسێکە هەموو جیهان ،

بە سەرکردەی خۆیانی ئەزانن ،

نەک تەنها تیرە و بنەماڵەیەک  ..

٭        ٭         ٭

گەورەترین بازرگان ،

ئەو بازرگانەیە

کە بیر لە مرۆڤەکان ئەکاتەوە نەک گیرفانی مرۆڤەکان ..

٭         ٭          ٭

گەورەترین سەرلێشێواو ،

کەسێکە ، لە دوای شەست حەفتا ساڵ تەمەن ،

هێشتا بە دوای دنیادا ڕائەکا و

بە تەمایە ئاسوودەیی دەستکەوێ ..

ــنەوزاد بەندی ــــ

بیرم نەبوو ..!

گەورەترین بێ ڕەوشت ،

دەعبایەکە ،

دیکتاتۆرێ ئەڕوخێنێ  ،

بۆ ئەوەی خۆی بچێتە جێگاکەی و

درێژە بە دیکتاتۆریی بدا ..!! )